جیهان لە چنگى ئیمپڕاتۆردا -2- …. سمکۆ عەبدوڵکەریم


بەشى دووەم…..

ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئیمپراتۆریەتى جیهانى سلێ لە هیچ نەکردەوە، لە چوارچێوەى ئەو نەخشەرێگایەى رۆزڤێلت کێشاى ئەمریکا لە رێگەى کۆمپانیاکانەوە دەستى بە هەموو کون و کەلەبەرێکى ئەو جیهانە گەیشت. لە دەرەوەى پڕۆسەى سەربازى ئەمریکا شەڕى لە بەین بردنى دوژمن و نەیارەکانى دەست پێکرد، هەر لە وڵاتانى ئەمریکاى لاتینەوە بگرە، تا دەگاتە ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و ئاسیاى دوور، لە سەروى هەمووشیانەوە لێدانى پێگەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران، کە ئەمەیان بۆ ئەمریکا لە سەرووى هەموویانەوە بوو، چۆن بتوانێ گەورەترین و مەترسیدارترین کۆسپى بەردەم ئیمپڕاتۆریەتەکەى بڕوخێنێ، لەم روانگەیەوە بە پشت بەستن بە بیردۆزى (دۆمینۆ، کە ئەیزنهاوەر لە ساڵى 1954 لە یەکێ لە وتارەکانیدا ئاشکراى کرد) پەناى بردە بەر سەرکوتکردنى هەر وڵاتێکى هەڵگرى بیروباوەڕى شیوعییەت، چونکە بە پێى لێکدانەوەى ئەو (بیردۆزەى ئەیزنهاوەر) هەر وڵاتێکى شیوعى لە ناوچەکەیدا، دەکرێ کاریگەرى لەسەر وڵاتانى دەوروبەرى دابنێ و وایان لێبکات دواى بیرەباوەڕى شیوعیەت بکەون، بە پێچەوانەشەوە هەر لە روانگەى بیردۆزى (دۆمینۆ) وە سەرکوتکردن و روخانى هەر وڵاتێک لە ناوچەیەکى دیاریکراودا، دەبێتە هۆى رووخانى وڵاتانى دوروبەرى، یەک بە دواى یەکدا، (وەک پوولى دۆمینە).

ئەمریکا بۆ بە ئاکام گەیاندنى خواستەکانى، هەنگاو بەهەنگاو لە رووخانى شیوعییەت نزیک بووەوە، کە ئەوەیان بۆ ئەو خواستێکى هەرە لە پێش بوو، بە جۆرێک، بۆ لێدانى شوعییەت بە شێوەیەکى گشتى پەناى بردە بەر هەمووشتێک، هەر لە لەنێوبردنى سەرۆکى چەند وڵاتێک، کە گومان دەکرێ ئەمریکا ناراستەوخۆ لە پشتیانەوە بووبێت، وەک (عومەر تۆریجۆس سەرۆکى پەنەما و جیم رۆلدوس سەرۆکى ئیکوادۆر) کە هەردووکیان لە یەک ساڵدا لە رێگەى سووتان و کەوتنە خوارەوەى فڕۆکەکانیان لە ساڵى (1981) گیانیان لە دەستدا. ئەمە جگە لە دەست هەبوون و رێکخستنى کودەتاکان و پاڵپشتى کردنى گروپ و بزووتنەوە ئیسلامییەکان، ئەمەش هەر هەموو بە ئامانجى لێدانى شیوعییەت و خۆشکردنى زەمینە بۆ دروستکردنى ئەو ئیمپراتۆریەتەى ئێستا بە هۆى سەرهەڵێنانەوەى روسیا خەریکە ئەو پێگەیەى جارانى نامێنێ و جارێکى دیکە بارودۆخەکە بەرەو قۆناغێکى دیکەى ملمڵانێ هەنگاو دەنێ.

ئەگەر پێشهاتەکانى، دواى یەک لە دواى یەکى روخانى رژێمەکانى، تونس و لیبیا و میسر و یەمەن، وا لێکبدەینەوە کە دەرفەتێکى دیکە بوو بۆ ئەمریکا، بۆ ئەوەى خولێکى دیکەى یارییە سیاسییەکەى دەست پێبکات، بە ئامانجى زیاتر چەسپاندنى دەسەڵات و هەیمەنى خۆى بەسەر جیهاندا، ئەوە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو رۆژەى کە لە (11 ى سپتێمبەرى 2001) ئوسامە بن لادن لە رێگەى چەند فڕۆکەیەکى مەدەنى پەلامارى ئەمریکاى-دا، بە شێوەیەک تا ئێستاش لە (40%) سەدا چلى دانیشتوانى ئەمریکا باوەڕ بەو چیڕۆکە ناکەن و بە سیناریۆ و گوومانەوە لەو رووداوە دەڕوانن و پێیان وایە ئەمە بەشێک بووە لە سیاسەت و گەمەى سیاسى، کە مێژووى ئەمریکا پڕیەتى لەو جۆرە یاریانە، کاتێک ویستبێتى چنگى لە شوێنێک گیرکات و ئابورییەکەى هەڵلوشێت، سیناریویەکى داڕشتووە.

پەنەما یەکێکە لەو وڵاتانەى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە ساڵى 1989 بە بیانووى بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەى پارە داگیرى کرد، بەڵام بە گوێرەى هەندێ سەرچاوە هۆکارى ئەم داگیرکارییە ئەوە بوو کە پەنەما و سەرۆکەکەى (مانویل نوریێگا ) بەرهەڵستى تاقمێک لە سیاسییەکان و بەڕێوەبەرى کۆمپانیا ئەمریکییە خاوەن دەسەڵاتەکانى دەکرد.

ئەمەش وەک بەربەستێک وابوو لەبەردەم جێبەجێبوونى نەخشەى سیاسى ئەمریکا لە جیهاندا، بەومانایەى ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئیمپڕاتۆرییەت، لە هەر شوێنێک لە لایەن هەرسەرکردەیەکەوە بەرەنگارى کرابێت، ئەو کەسە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە نێوبراوە، بە پێى هەندێ سەرچاوە ئەمریکا لە ماوەى (111) ساڵدا لە ساڵى 1890 تا 2001 (134) دەست تێوەردانى سەربازى ئەنجامداوە .
لەو کاتانەى ئەمریکا زۆر سەرسەختانە رووبەڕووى بیرى شوعییەت و ئەو وڵاتانە بووەو کە رۆژ بەرۆژ لە هەڵکشاندا بوون و مەترسى ئەوە هەبوو ئەو وڵاتانە یەک لە دواى یەک بکەونە ژێر دەسەڵات و فیکرى کۆمۆنیزم.

ساڵى (1969) ئیندۆنیزیا بووە چەقى ئەو رووبەڕوبوونەوانە، بۆیە دەبینین ئەمریکا لە رێگەى کۆمپانیاى (مەین) و جێبەجێکردنى پڕۆژەى کارەبا لەم وڵاتەدا، پلانێکى گشتگیرو تۆکمەى داڕشت بۆ لانى کەمى کۆنترۆلکردنى باشوورى رۆژهەڵاتى ئاسیا ، مەبەستیش لەوە ئەوەبوو(سۆهارتۆ) خزمەتى سیاسەتى دەروەى ئەمریکا بکات و ببێتە نمونە و سەرمەشق بۆ وڵاتانى دیکەى ناوچەکە، بە شێوەک رەنگدانەوەیەکى باشى هەبێت لە سەر ئاستى وڵاتانى ئیسلامى بە تایبەتى و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بە شێوەیەکى گشتى، کە لەم سەردەمەدا خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لەبەردەم تەقینەوەیەکى جۆریدا بوو، لەم رێگایەشەوە لە یەک کاتدا ئەمریکا هەم لە رووى سیاسییەوە پێگەى خۆى لەم ناوچەیەدا بەهێز بکات بۆ لێدانى کۆمۆنیزم، هەم لە رووى ئابوورییەوە دەست بەسەر نەوتى ئەم وڵاتدا بگرێت کە تا ئەم کاتەش کەس ئاگادارى رێژەو جۆرى نەوتى ئەم وڵاتە نەبوون.

دەکرێ بڵێن لە دواى ئیران، ئیندۆنیزیا دووەم تاقیکردنەوەو پەلهاویشتنى ئەمریکا بوو بەرەو دروستکردن و گەیشتن بە ئیمپراتۆریەتى جیهانى لە ناوچەى ئاسیا و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، کە زۆر لە سیاسییەکان و شارەزایانى بوارى ئابورى لە نێو ئەو کۆمپانیایەى بە مەبەستى ئەنجامدانى پڕۆژەى کارەبا روویان کردبووە ئیندۆنیزیا ئەو راستییەیان دەزانى و هەندێکیان دانیشیان پێدا ناوە، هەمیشە ئەو بیانووەیان بۆ خۆیان هێناوەتەوە کە دەیانگووت: ” ئێمە لێرەین بۆ ئەوەى وڵات لە چنگى کۆمۆنیزم رزگار بکەین” .




هێزی گوشار و مانەوەی دەسەڵات …. شوان حەسەن

بۆ ئەوەی زیاتر لە یەکترى تێبگەین و بۆشایى لە نێوانمان دروست نەکەین، پێویست ناکا خۆمان لە میللەتەکەمان جودابکەینەوە. هەر چۆنیک بێت ئێمە منداڵی ئەو کۆمەڵەین، ئەگەر خۆشمان نەفرۆشتبی و کەسێکی پڕ شکۆش بین، بەڵام شکانی نەتەوەیەک بۆ شکانی تاکەکانیش دەگەڕێتەوە، مانەوە وەک کەمینە بۆ ماوەیەکی زۆر بارودۆخێکی دەروونیی خراپ دروستدەکا، مەبەستم ئەوە نیە خۆت لەگەڵ کۆمەڵگە بگونجێنی، بەڵام کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ کەمینە بووی، پێویستت بە بەخۆداچوونەوەیەک هەیە تا لە هۆکارەکان بگەی.

گوایە دوو مەرج دیارکراوە بۆ راپەڕین دژی نایەکسانیی و نادادپەروەریى؛ یەکێکیان هەژارییە و ئەویتریشیان هۆشیاریی، من وا هەست دەکەم ئەو پێوەرەش ئیمە ناگرێتەوە، چونکە بە واتاى وشە نە ئەو هەژارەین نە ئەو هۆشیارەش.

کوردێکی زۆر لە دەروەی وڵات دەژی و لە ژینگەیەکی تا رادەیەک ئازاد، خۆیان و منداڵەکانیان گەشەدەکەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى ئەو خەڵکە زۆرەی لە دەرەوەی وڵات دەژین نەیانتوانی ببن بە هێزی گوشار بەسەر دەسەڵاتى کوردى؟

– نایانەوێ لێیان تێکبچی، لەبەرئەوەی حەز بە سەردانی نیشتیمانەکەیان دەکەن.
– توانای خۆگونجانیان نییە نە لە وڵاتە ئەوروپاییەکان نە لە وڵاتەکەی خۆیشیان.
– بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی باشوور هەیە، لە مووچەوە تا دەگاتە ئەو پڕۆژانەی میللەت دادەدۆشن، دەسەڵاتیش کارێکى زۆر دەکا بۆ مانەوەی ئەو پەیوەندییە و رازییکردنیان.
– خەڵكانێکیش هەن هەر بەسروشتی خۆیان وان کە تێکەڵ بە کێشەکان نابن و بەرپرسیاریی وەرناگرن.
– بێ هیوایی و بێ باوەڕیی لە نێوان تاکەکان و لە نێوان خەڵک ودروستبوونی حیزب و ریکخراوەکان ( بۆ نێوخۆی وڵاتیش هەر رااستە).

بە کورتیی ئەو کوردانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین نەیانتوانی ببنە هێزی گوشار.

لە دەڤەری سەوز تا رادەیەک ئازادیی قسەکردن هەیە، بەڵام بۆ نەکرا ئەو هێزی گوشارە لەوێ دروست ببێ؟

خنکاندنی دەنگە ناڕازییەکان لە بازنەی جەلالی و مەلایی.

بە بڕاوی من یەکێک لەو خاڵانەی بزووتنەوەی گۆڕانی کوشت و دەنگە یاخییەکانی ناو ئەو بزووتنەوەشی خنکاند، زیندووکردنەوە و درێژەدانینان بوو بە ململانێی جەلالی و مەلایی، لە کاتێکدا هیچ پێویستیان بەو زیندووکردنەوەیە نەبوو، چونکە ئەو تاوانانەی هەردوو باڵ کردبوویان – مەبەستم یەکێتی و پارتییە – بەشی ئەوەی دەکرد بە بەرنامەیەکی تۆکمە هەڵیانوەشێنیەوە، نەک بە بێ ئەوەی هەستی پێبکەی شەڕێک لە قازانجی لایەنێک بکەی.

شارچیەتی و ناوچەگەریی.

شارچیەتی و ناوچەگەریی گەیشتونەتە قۆناغێکی هێندە ترسناک کە دەکرێ بە ورژندانیان زۆرترین جەماوەر لە خۆت کۆبکەیەوە. لە کەسێکیان پرسی: ”بۆ خۆت بە شایەنی پۆستی پارێزگا دەزانی؟” لە وەڵامدا گوتی: ”چونکە کوڕى ئەو شارەم” ئیتر تەواو لەو شیاوتر نیە. ئەمن لەبەرئەوەی شوێنی لە دایکبوونم هەولێرە، کە لێم دەپرسن ئەرێ بۆ هەولێر راناپەڕێ؟ یەکسەر دەزانم ئەو کەسە یان ڤایرۆسی شارچیەتی لێیداوە.. یان هیچ لە سیاسەت نازانێ!

گیانە پێکهاتەی شار گۆڕاوە، تۆ سەیرێکی دەوروبەری خۆت بکە، ئایە بۆ تاران راناپەڕێ؟ بۆ دیمەشق راناپەڕێ؟ بۆ ئێستا کەتەلۆنیا داوای سەربەخۆیی دەکا، هەرێمەکانیتر پشتیوانیی ناکەن، ئایە ئەوانیش کێشەیان لەگەڵ حکومەتی نێوەند نیە؟ (بنغازی)ش رزگاردەکرێ کەچی هیچ خۆپیشاندانێک لە تەرابلوس ناکرێ، سەیرەکە لەوەیە لە هەر کوردێک بپرسی دەیان هۆکارت بۆ پایتەختی ئەو وڵاتانە بۆ دێنتەوە، بەڵام نایەوێ لەبارودۆخی پایتەختەکەی خۆی بگا (ئەمە ئەگەر بە پایتەختی خۆشی بزانێ!).

ئەوەی کە هەولێرى داگیرکردوە و نایەڵێ خۆپیشاندان بکرێ تەنیا پارتی نییە، بەڵکو کۆی ئەو حیزبانەن کە لە گۆڕەپانەکەدا هەن، چونکە بەرژەوەندەییان لەگەڵ مانەوەی ئەو سیستەمەیە. بۆیە ئەوانەی باسی راپەڕینی شاری هەولێر دەکەن خۆیان تووشی هەڵەیەکی گەورە دەکەن، واتە لە روانگەی شارچیەتی و ناوچەگەرییەوە خوێندنەوەی بۆ دەکەن، چونکە راپەڕینی ئەو شارە پەیوەندیی بە فەرهەنگی ئەو شارەوە نییە، بەڵکە بۆ چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شارە دەگەڕێتەوە، لە لایەکیتریش بۆ هەلپەرستیی ئەو هێزانە دەگەڕێتەوە کە گوایە بەرهەڵستکارن.. رێگرییان لە شکاندنی کۆدی ئەو تۆقە کرد.

دیارە لە دەڤەری زەرد مەترسییەکی دیکەش هەیە، ئەویش کۆنتڕۆڵکردن و دابڕاندنی بادینانە لە سۆران، ئەو مەترسییە گەورەیە گەیشتۆتە ئاستێک کە لەگەڵ ئەوەی هەولێریش لە ژێر دەسەڵاتی رەهای پارتی دایە.. کەچی هێشتا رێ نادا ئەو سنوورە بشکێ و ئەو تێکەڵییە دروست ببێتەوە.

کە باسی گوشار دەکەین ناکرێ ئاماژە بە دەسەڵاتی نووسەرانیش نەکەین – کە هەندێک جار بە رۆشنبریش ناویان دەبەین – نووسەران پەرژینێکی پۆڵاینیان دروستکردوە بۆ پارستنی ئەو سیستەمە.

رێگرییکردن لە دروستبوونی نەوەیەکی نوێ.

ئەوەی نەیەتە ناو بازنەی دەسەڵات یان سێبەری ئەو دەسەڵاتەی بەسەرەوە نەبێ ناهێڵن دەربکەوێ و بناسرێ، لە گۆڤار و رۆژنامەکانیان گرنگیی پێنادەن، تەنیا گرنگیی بەوانە دەدەن کە رێز لەوان دەگرن.. ئەگەر ئەوانی پێ نووسەر نەبێ ئەوە بە نووسەریان دانانێن!

هێزی دەرەکیی.

ئێمە لەبەرئەوەی میللەتێک نین فێری داواکاریی بووبین – دیارە ئەو دۆخە بۆ کۆی ناوچەکەی ئێمەش هەر راستە – بۆیە دەبینین گۆڕانکارییەکانیش لە دەست هێزە دەرەکییەکانە، لەبەرئەوە لەو کوردستانەی خۆشمان ئەوانەی ئەو دەسەڵاتە دادەنێن و پەسەندیان دەکەن هێزە دەرەکیەکانن، دەسەڵاتدارنیش بۆ ئەوەی بمێننەوە کار لەسەر شکاندنی شکۆمەندیی تاکەکان دەکەن، چونکە ئەگەر کار لەسەر دروستکردنی خواستی میللەت بکەن ئەوە لە دەست هێزە دەرەکیەکان دەردەچن، بۆیە کۆی ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی خەڵکە دڵسۆزەکە پێشکەشی دەسەڵاتەکەی خۆیان دەکەن.. نەک بە هەندی وەرناگرن بەڵکە کار لەسەر تێکدانیشیان دەکەن، ئەمەش بەو ئامانجەى تا وابەستەییە نیشتیمانییەکەت لێبستینەوە و هەست نەکەی تۆ بەشێکی لەو نیشتمانە، لە لایەکیتریش بۆ ئەوەی ئەو سیستەمە نەکەوێتە سەر رێڕەوێکی باش.. دامەزراوەکان تێکدەشکێنن و لە جێیدا دامەزراوەی حیزبیی و خێڵەکیی لە شوێنیان دادەنێن، بۆیە تۆ کە دەڵێی ئەوهایان بکردبایە یان ئەوها بکەن.. لە راستییدا هیچ نییە جگە لە قسە.

کەمێک بۆ دواوە دەگەڕێینەوە، زۆرینەی چەپ و پێشکەوتنخوازانی رۆژەڵاتی ناوین دۆستایەتییەکمان بۆ خۆمان دروستکردبوو، بەڵام لە رووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی ئێمە هیچ کاریگەرییەکی راستەوخۆی نەبوو، ئەو دۆستایەتییە لەگەڵ ئەو هێزە گەورە بوو کە پێی دەگوترا یەکێتیی سۆڤیەت.

یەكێتیی سۆڤیەت هەر لەسەرتاوە سەرقاڵی پاراستنی ئەو کۆمارانەبوو کە یەكێتییەکەی پێ دروستکردبوو، پاشان لە جەنگی دووەمی جیهانیی بە یەکجاریی پشت لە رۆژەڵاتی ناوین دەکا و لە خەمی پاراستنی ئەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەبێ کە لە جەنگدا داگیریان کردبوون. ئەوەی یاری بە چارەنووسی رۆژەڵاتی ناوین دەکرد ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا بوون. خەڵکە چەپ و پێشکەوتنخوازەکە خۆی بە دۆستی سۆڤیەت دەزانی و سۆڤیەتیش بە پشتیوانیی خۆی دەزانی، دەسەڵاتەکەشی دەبێتە ئامرازێک بە دەست ئەو سێ وڵاتە زلهێزە و بەرە بەرە بە تەواویی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەوان.. ئیدی ئەوانیش هەر چیان لە دەست بێ بۆ تاواندنەوەی ئەو هێزە پێشکەوتنخوازانە کردیان، کەواتە ئێمە هەر لە سەرەتاوە لە ناو یارییەکی دۆڕاودا بووین.

هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک بووین رێک پێجەوانەی ئەو بارودۆخەی کە خۆمان هەمانبوو، حیزبێکی شیوعی بە گوێرەی ئایدیۆلۆژیایەکەی دەبا خەباتی لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات بێ، کەچی دەبینی کۆی مێژووی ئەو حیزبانە زیاتر وەک حیزبی ریفۆرمیست خۆیان نمایش دەکرد، هەر ئەو ئاوەز و تێڕوانینە بە ناو چەپەش ماڵی کورد وێران دەکا و لە مافە رەواکەی خۆی دووری دەخاتەوە، بۆ نمونە دروشمی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دەیخاتە بازنەی رازییبوون وەک هاوڵاتییەک لە وڵاتێک کە داگیرکراوە، بەو هزرە وەک خەباتکارێک هەنگاوەکانت سنووردار کراوە و هەموو کات چاوەڕوانی دانوستانی لە گەڵ نەیارەکانت، دانوستانەکانیش پتر لەسەر دابەشکردنی ماف و خاکی هاوڵاتییانی خۆمان بووە، تا ئێستاش هەرئەو ئاوەز و تێڕوانینە نوێنەرایەتی ئەو نەتەوەیە دەکا.

بێگومان پەکەکەش لە باشوور لە دروستکردنى جێگرەوە شکستى هێناوە و چەندان حیزبی بێ دەرئەنجامی دروستکرد و سەرنەکەوتنی ئەو حیزبانەی پەکەکەش دروستیکردن کاریگەریی نەرێنیی لە ناو خەڵک جێهێشت و نەیتوانی ببێتە هێزی گوشار، من تا ئێستا هیچ خوێندنەوەیەکی بەخۆداچوونەوەی پەکەکەم نەبینوە دەرهەق بەو هەڵانەی کردوویانە لە پرۆسەی رزگارکردنی باشوور، بەڵام دەرئەنجامەکەی دیارە، خەڵکانێک هەن هیوایان پێیەتى ببێتە جێگرەوەی ئەو بارودۆخە.. ئەوەش وەک پەکەکە نەك وەک ئەو رێکخراوانەی لە باشوور دروستیکردن.

گشتپرسیی ئەوەی سەلماند کە هێشتا خەڵکەکە هیوایەکیان بەو دەسەڵاتە ماوە، زۆربەی ئەو بەڵگە و نووسینانەی پێشتر دەرهەق بەو دەسەڵاتە گوترابوو دەرکەوت کەمترین کاریگەرییان هەبوو.

کەواتە پرسیارە گەوهەرییەکە ئەوەیە چۆن ئەو دەسەڵات دەڕووخێ کە هێزی گوشار نەبێ؟

ئەو رستەیەى کۆتاییم لە رەشبینیی نییە، بەڵکە پرسیارێکە بۆ دەرچوون لە رەشبینیی.

دوو تێبینیی بچووک: یەکەم قسەکانم تایبەتن بە باشووری وڵات، دووەم بۆیە ئاماژەم بە لایەنی دینیی نەکرد چونکە دین هەرگیز لە کوردستان نەیتوانیوە ببێتە هێزێکی گوشار، بەڵکە پتر خۆی لە گەڵ دەسەڵاتەکان گونجاندوە، ئەوەشمان لەبیرنەچێ کورد وەک نەتەوە ناتوانێ بە هیچ شێوەیەک سوود لە دین وەربگرێ، چونکە یا دەبێ لە بەرەی سونە خۆی بتوێنتەوە یاخود لەبەرەی شیعە، ئەوەش دەرئەنجامەکەی دیارە بەرەو کوێى دەبا.

Shwanhassan@hotmail.com




بەرەی”حەشد، بدر، ئەهلی حەق، حزبوڵا، خراسانی، ئەلشوهەدا، کتایبی ئیمام عەلی” و داهاتووی کورد!؟

ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی …….

وێرای ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی عیراق، ناکۆکیی و ناتەبایی نێوان قەوارە و پێکهاتە سیاسیەکان و بنبڕنەکردنی داعش لە ڕەگەوە و بوونی مەترسی، هێشتا دەستکەوتی پۆستی سیاسی لە نێو پەیکەری دەسەڵاتی حوکمدا مایەی مسۆگەرکردنی مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات، پاراستنی بەرژەوەندی، دەوڵەمەند بوون و دابین کردنی ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانیە بۆ تاکی بەژداربوو.
دەسەڵاتداران، سەرانی پارتەکان، قەوارە سیاسیەکان بە گەورە و بچووکییانەوە، گروپی چەکداری فەرمی و نافەرمی، بە سونە و شیعە و کەمە نەتەوەکان، سەرقاڵی خۆ ئامادە کردنن، بۆ چوونە هاڤرکێ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی عیراق. بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردن، هەر یەک لە، پارت، گروپ و کەسایەتییە دەسەڵاتدار و ناسراوانە، لە ململانێ دان، بۆ هاوپەیمانیەتی دروست کردن و چوونە بەرەیەک لەگەڵ لایەن و گروپی دی، بۆ بە دەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکان.

سەرانی پارتە عەرەبی و مەزهەبیەکان، دەزانن کورد دووەم نەتەوەیە و لە ٢٠%ی دانیشتوانی عیراق پێکدەهێنێت. ئەوەش دەزانن، کە کورد لە پەرلەمانی عیراق، بەهۆی کەمی رێژەی دەنگەکانی، ناتەبایی نێوان گروپ و پارتەکانی، ئەو سەنگەی نییە لە نێو پەرلەمانی عیراق، تا لە هەموو حاڵەتەکاندا، بتوانێت بە دەنگ یاسایێ سەربخا کە لە بەرژەوەندیی دەستەکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد بێت. وێرای ئەوەش، هەموو لایەنەکان، بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان، دەیانەوێ سوودمەندبن لە دەنگی کورد و بەکاری بهێنن بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان.

دەسەڵاتدارانی عیراق و لایەنە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردن، ڕوونە لایان کە کەسایەتییە کوردەکان و سەرانی پارتەکان، ئامادەیی ئەوەیان هەیە، بەشداری بکەن، لە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان، هەروها دەرکیان بەوەش کردوە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی تاکی کورد، دەبێت لە سەران و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم نزیک ببنەوە. بۆ ئەو مەبەستە، هەنوکە، هەست بەوەدەکرێت، کە هەندێک لە پارت و کەسایەتیی عیراقی، کەوتونەتە جموجۆڵ، خۆ نزیک کردنەوە لە سەرانی پارتەکان و کڕینی هەندێک کەسی کورد لە نێو پەرلەمانی عیراق بۆ پێکانی مەبەستەکانیان.

سەرانی شیعە، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە، لە پیادە کردنی سیاسەتی عیراق و ڕووداوەکان، لە هەوڵی ئەوەدان زیاتر ڕەگ دابکوتن، دەسەڵاتەکانیان سەقامگیرتر بکەن لە بەغداد، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدەدەن لە گشت سەرانی پارت و لایەن سیاسییە عیراقی و کەمەنەتەوەکانی دی وەک نەتەوەی کورد نزیک ببنەوە. بۆ ماوەیەکی کاتی و کورت، گەلێک بەڵێن و گفتی دڕۆ دەدەن دوای هەڵبژاردنەکان دووبارە پشت لە کورد دەکەنەوە. ئەم جۆرە ئەزموونە هەموو جارێک لە بازنەیەکی داخراودا خۆی دوپات دەکاتەوە و سەرانی پارتەکانی باشوور “پرسی کورد” دەکەن بە ئامرازی دەستی سەرانی شیعە و سونە، میللەتی کورد هەڵدەخەڵەتێنن، بەوەی کە فڵانە سەڕۆک ئەگەر سەربەکەوێت ،ئەوا لە بەرژەوەندیی دەستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردە!

نوری مالکی، سەڕۆک وەزیرانی پێشووی عیراق و داشی ئیران، تا ئێستا جەمسەرێکی دیار و بەهێزە، لە بەلا خستنی ڕووداوەکان، بەشێوەیەکی کارا لە مەیدانەدا دەبینرێ، تا هەنوکە لە جوڵەدایە، بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی و مانەوەی لە دەسەڵات. عەبادی بەهەمان شێوە.
سەڕۆک وەزیرانی هەنوکە و پێشووی عیراق، توانیویانە خۆیان لە پارتە کوردییەکان نزیک بکەن، بەڵینی مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیی کۆمەڵێک کەسیان داوە، لە ئەنجامدا دەنگی کورد دابەش بووە بەسەر هەر دووکیان! مالکی و عەبادی، لە میدیاکان ڕایدەگەیەنن، کە پەیوەندیان لەگەڵ کورد لە ئاستێکی باڵا دایە!؟

بەدرێژایی ئەزموونی بەشداریی سەرانی پارتە کوردیەکان، لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و چوون بۆ پەرلەمانی عیراق، ئەو ڕاستیەی سەلماندوە، کە هەموو جارێک سەرانی پارتە کوردییەکان و کەسەکان لە بازنەیەکی داخراودا خولاونەتەوە. لە دەستکەوتی تایبەتی زیاتر، بەشداریبوونیان هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانیی نەتەوەیی کوردی تێدا نەبووە. هەروها، هەر جارێکش کە چوونەتە نێو هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراوی عەرەبی و عیراقی، یان پشتیوانیان لە سەرکردەیەکی عیراقی کردوە، دواتر بە دۆڕاوی لێی دەڕچوون! بۆ نمونە جارێک پشتیوانیان لە مالکی کرد بە فیتی ئیران و دواتر کەوتنە لێدوان دژی. جارێکی تر دووبارە بە فیتی ئیران پشتیوانیان لە عەبادی کرد، دووبارە کەوتنە لێدوان دژی ئەویش. لەم هاوکێشەیەدا یەک ئەنجام بۆ میللەتەکەمان وەک یەک بوو، ئەویش ئەوەیە کە هاتنی هەردووکیان هیچ دەستکەوتێکی سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەی مسۆگەر نەکرد و خۆشگوزەرانی بۆ میللەتی کورد فەراهەم نەکرد.

عەبادی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، دژ بە هەوڵەکانی مالکییە. حەشەد، لە قۆناغی دەسەڵاتی عەبادیدا، ئامرازێکی کارا بوو، بۆ جێبەجێ کردنی مەبەست و مەرامەکانی عەبادی! بەڵام ئێستا عەبادی، دژ بە پێشنیاری مالکییە لە بەشداری پێکردنی حەشد لە هەڵبژاردنەکاندا.
هەنوکە، نوری مالکی بە فیتی ئیران، پێش هەڵبژاردنەکان، تەقەلای ئەوە دەدات بەرەیەک پێک بهێنێت لە “حەشدی شەعبی، رێکخراوی بدر، عەسائبی ئەهلی حەق، کەتائیبی حزبوڵا، سەرایەی خراسانی، سەید ئەلشوهەدا، کتایبی ئیمام عەلی” و چەند هێز و گروپێکی دی، وەک عەشایری سونی و شیعی، لە ژێر ناوی “بەرەی موجاهدین”. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە، ئایا لە بەرەیەک و پێکهاتەیەکی لەو جۆرەدا، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەسەڵات بگرنە دەست لە عیراق، ئاخۆ چارەنووسی میللەتی کورد دەبێت چی لێ چاوەڕوان بکرێت و چی بەسەر بێت!؟




ئاوڕێک له شێعری “گوڵخونچه‌ی سوور”ی(1) ڕۆبرت بێرنز(2)

پێشه‌کی و وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌‌وه: زانکۆ یاری (کارناسی زمان و ئه‌ه‌بی ئینگلیزی)

1-A Red, Red Rose 2-Robert Burns (1759-1796)

ڕۆبرت بێرنز (1863-1759)، ناسراو به ڕۆبی، شاعێرێکی لیریک و ھۆنراوەنووسێکی سکۆتلەندی بووە که وەکوو پێشەنگخوازی بزووتنەوی ڕۆمانتیک یادی لێ دەکرێ و له دوایی مەرگی بۆ داهێنەرانی هەر دوو قوتابخانەی لیبڕالیزم و سۆسیالیزم بوو به کەسایەتییەکی سهرۆبهخش.
خۆشەویستی بێرنز بۆ سروشت خۆشەویستییەکی هەستی بوو، تەنیا لە پێناو جوانییەکەیی و بەس، جوانی کێڵگه و دارستان و گوڵ و ئاسمان و دەریا.. لە لای ئەو سروشت ڕەمزی دۆستایەتی و سۆز و بایەخی ڕۆحییە،وادیاره بێرنز شێعرەکانی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە و شێعرە بەسۆزەکانی لە ئەدەبی ئینگلیزیدا ناوازەن و تەنانەت مامۆستا گۆران؛ هۆزانڤان و ڕۆژنامەوانی کورد (1904-1962) که بە سەر چەند زمان وەکوو ئینگلیزی زاڵبووه و بەدوای داهێنان و گەشەکردن و بەرهەمی ڕەساتردا وێڵ و سەوداسەربووە، تەنیا بە زمان و ئەدەبی زگماکی خۆی پەسەندەی نەکردووه و لە شیعرێکدا دەڵێ: “دیوانەکەی برۆنس کە نەغمەی شێعری ئەڵێی کچە پێئەکەنێ یا ئەگری” کە لێرەدا مەبەست لە برۆنس، ڕۆبرت بێرنزه و ئەگەر گۆران بە شیعرەکانی مەست نەبووبێ بەم شێوەیە تێهەڵکێشی بەرهەمێکی خۆی ناکات و وەک کچێکی نازدار ناوی نابات کە لە هەر دوو دیمەنەکەدا جوانن، چ پێکەنین یان گریان. شاعێرانی دەورەی ڕۆمانتیکی ئەدەبیاتی ئینگلیزی (1785-1830) رۆڵێکی ئێجگار گەورەیان لە ژیان و رەوتی شێعر و کار و بەرهەمی بێرنز بووه و ئیلهامی شێعری لە جوانی وەرگرتووە و لە هەموو شتێکدا جوانی پشکنیوە و پەرستوویە، زۆرتر جوانی ئافرەت هێلانەی شێعری وروژاندووە، لە ئافرەتیشدا ئەو جوانییانە تینوێتی شکاندووە کەنایەن بە دەستەوە، بەڵکوو تەنیا لەکانی دڵ و گیاندا بوونیان هەست دەکرێ.
————-
گوڵخونچه‌ی سوور

ئاخ که خۆشه‌ویستی من وەکوو گوڵخونچه‌ی سووره
هاوشێوەی بەهاری نوێ لە مانگی بانەمەڕ
ئاخ که خۆشه‌ویستی من وەکوو ئاوازێکە
بە شیرینییەوە لە هەوایەکی ئاهەنگین دەیژێنن
کە چی تۆ جوانی، کیژۆڵەی جوانڕوخسار
نوقمی عەشقی تۆم
تۆم خۆش دەوێ، دڵی من
تاکوو ئەو سەردەمەی کە دەریاکان وشک دەبن
دڵی من تاکوو دەریاکان وشک دەبن و
هەتاو شاخەکان دەتاوێنێتەوه
ئێستایش تۆم خۆش دەوێ نازاره‌کەم
تا ئەو سەردەمەی کە زێخی کاتژمێر ژیان لەگەڕاندایه
ماڵئاواییت پێ دەڵێم تەنیا خۆشه‌ویستم!
تەنیا بۆ ماوەیەک ماڵئاواییت لێدەکەم و
دیسان دێمەوە، خۆشه‌ویستم
گەر هەزاران فەرسەخ دووریش ببێ..
———————

A Red,Red Rose

O My Luve’s like a red, red rose,
That’s newly sprung in June;
O My Luve’s like the melodie
That’s sweetly played in tune.
As fair are thou, my bonnie lass,
So deep in luve am I;
And I will luve thee still, my dear,
Till a’ the seas gang dry.
Till a’ the seas gang dry, my dear,
And the rocks melt wi’ the sun:
O I will love thee still, my dear,
While the sands o’ life shall run.
And fare thee weel, my only luve,
And fare thee weel awhile!
And I will come again, my luve,
Though it were ten thousand mile.

———————
zanko.yari@yahoo.co.uk
(چاپ کراوه له حه‌وته‌نامه‌ی ڕۆژان، ژماره‌ی 170،ساڵی شه‌شم/شه‌ممه 9ی به‌فرانبار 2716)




هەرێمی کوردستان لە نێوان مانەوە وەک هەرێمێکی سەربەخۆو موچەدا …. ئامانج کەریم

هەزاران هەزار ساڵە میلەتی کورد خاکی داگیرکراوەو ژێردەستە کراوە لە لایەن گەلانی ترو نەتەوەی تروە کوردیش وەک نەتەوە بە درێژای ئەو مێژووە قوربانی و خوێنی داوە لەپێناو ئازادی و کیانی سەربەخۆی . لەو پێناوەدا چەندین شۆڕش بەرپا کراوەو هەر لە دەسپێکی شۆڕشەکانەوە خوێن فاکتەری گەشتن بە ئامانج بووە و لە کۆتایشدا نەیاران بە کایەیەکی سیاسی کپ و خامۆشیان کردۆتەوەو گیان فیدای و شۆڕش گێڕ تەنها و تەنها بونەتە مێژوو هیچی تری لێ سەوز نەبووە ، لەم کۆتاییانەی سەدەی بیستدا شۆڕشی نوێ لەدوای هەرەس و کارەساتی ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلول وێڕای جیاوازی بیروڕا و وێڕای بەرنامەو کار لە دروشمدا و جیاوازی لە ئەجێندای جێبەجێ کردندا . بەڕوبارێک خوێن ،بە بیرو باوەڕی تێکۆشەرانە و دڵسۆزانەی هەمو ئەو شۆڕشگێڕانەی سەرو ماڵ و گیانی خۆیان و کەس و کاریان دەکردە قوربانی بەیرو باوەڕ بۆ گەیشتن بە کەنارەکانی ئازادی و سەربەخۆی لە باشوری کوردستاندا بۆ یەکەم جار گەلی کورد توانیوێتی هەرێمێکی سەربەخۆ لە حوکم ڕانی کورد خۆیدا دروست بکات.

گەر مرۆڤ بەویژدانەوە قسە بکات وێڕای شەڕو شۆڕی لایەنە سیاسیە کوردیەکان و وێڕای گەندەڵی و نەزانی و شەڕی پلەو پۆست و دەست بەرنەدانی کارەکتەرە سیاسیەکان لە کورسی حوکم ڕانی و ئاڵو گۆڕ نەکردنی دەسەڵات لە ڕێگای پڕۆسە دیموکراتیەکانەوە ،کە هەر ئەم هۆکارانەیش بونەتە هۆی دروست بونی دۆخی نا هەموارو قەیرانی سەخت و دژوار بەڵام هێشتا ژیان و گوزەران لە ژێر دەستەی بێگانەو چەوساندنەوەو ڕەشبگیری و کیمیا باران کردن و ئەنفال کردن و کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆساید کردن هەزارن قات باشترەو خۆشترە . ئەو دۆخە سەختە قەیراناویە دروست کراوەی کە لە ئیستادا بەسەر گەلی باشوردا هاتوە زەمینەی بۆ ئەو دەوڵەتە دروست کردوە کە پێی دەوترێ دەوڵەتی عیراق و هەرێمی کوردستانیش وەک هەرێمێکی سەربەخۆ بەشێکە لەو دەوڵەتە . هەڵبەت بە هاوکاری هاوبەشی بەرژەوەندی لەگەڵ دراوسێکانی وەک ئیران و تورکیا کە هەرسێک وڵات گەر هەزاران گێرمەو کێشەی سیاسی و بەرژەوەندی لەنێوانیاندا هەبێ بەڵام وەک نەیار لەبەرامبەر دۆزی نەتەوەی کورد کۆک و تەبان و مو بە نێوانیاندا ناچێ ،لەم نێوەندەدا دەیانەوێت ئەوەی گەلی کورد بەهەزان ساڵە بەرهەمی هێناوە بە زەبری فشار لەڕوانگەی ئابوری و سەربازیشەوە کیانی هەرێمی کوردستان لەناو بەرن و ئەو هەرێمە سەربەخۆیەی کە چوار پارێزگا پێک دێت بە پارێزگای هەڵەبجەیشەوە حکومەتی عیراق وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ سێ پارێزگا سەرەکیەکەیدا بکات و پشکی پارێزگای هەڵەبجەیش کە کارەسات بار ترین پارێزگای کوردستانە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ، ڕاستە فەشەلی سیاسی کارەکتەرە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەت ئەوانەی لە حوکم و لەدەسەڵاتدا بون غرورو خۆ بەزل بینین و قۆرخ کار بون .

ئەوە ئەوان بون ئاڕاستەی میلەتێکیان لە بیری ئازادی و ڕۆشن بیری و کرانەوە بەڕوی دونیادا گۆڕی بۆ ئەو خەباتەی کە ئێستە میلەت دەیکات کە خۆی لەداواکردنی موچەدا دەبینێتەوە . ئەوەیش ئەو بەغدادەیە کە تەواوی هەوڵە سیاسی و ئابوری و دبلۆماسیەکانی خستۆتە گەڕ لەپای ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی سەر بەخۆ بە پێدانی موچە بکڕێتەوەو بیکاتەوە بە پارێزگای سەر بە حکومەتی ناوەند ،گەلی کورد دەبێ ئەوە لەبیر نەکات و بزانێت گەر کیانی هەرێمی کوردستانی بە ناردن و پێدانی موچە فرۆشت بەبەغداد دەبێ ئەوەیشی لەبەرچاو بێ سبەی هەر ئەو بەغدایە لە مەرکەزەوە پارێزگار و بەڕێوەبەری ئاسایش و هەمو بەڕێوەبەرایەتیەکانی تری لێ وەردەگرێت و کەسانی عەرەبی بۆ دەنێرێت و سوڵتەی تەنفزی و سوڵتەی قەزای و دارو بەرد لەم هەرێمەی ئێستادا دەکەوێتەوە ژێر دەستی ئەوان ، ڕەنگە ئیستە کەسانێک هەبێ بڵێت جا بۆ نەبێ ؟ ڕەنگە ئێستە کەسانێک هەبێ بڵێ چ خێرێکمان لەمانەی خۆمان بینیوە ئیتر بۆ ناڕازی بم گەر عەربێک بێت و حوکم بکات ، ڕەنگە ئەوانەی بەغدادیش کە ویستیان وایە ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کیانی هەرێمی کوردستان بە موچە بکڕن لە سەرەتاوە مرونەت بنوێنن و دەست شل بکەنەبەڵام ئەوانەی حوکمی عەربیان بینیوە لەڕابردودا لەم ناوچەیە ئەوانە هەست بەو مەترسیانە دەکەن نەک جیلی دوای ڕاپەڕین کە حوکمی عەرەبیان نەبینیوە ، کەواتە ئێستە دەبێت بڵێین لەنێوان موچەو کیانی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی سەر بەخۆ کامیان ؟!!




لاڤه‌ له‌خۆی باییبوو … فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

لاڤه‌ قوتابییه‌كی زیره‌كبوو،له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا به‌جوانی كۆششی ده‌كردونمره‌ی به‌رزی به‌ده‌ست ده‌هێنا. ڕۆژێك مامۆستا ڕێنمایی لاڤه‌و هاوڕێكانی كرد كه‌خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆتاقیكردنه‌وه‌وپێویستیه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ له‌پێنووس ولاستیك وڕاسته‌وپێنووسداده‌ر له‌گه‌ڵ خۆیان بهێنن،هه‌تاله‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌دا داخوازیی هیچ پێویستیه‌ك له‌هاوڕێكانیان نه‌كه‌ن و بێزاریان نه‌كه‌ن. لاڤه‌ ڕۆشته‌وه‌ بۆماڵه‌وه‌و ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێكردووبۆڕۆژی دوایی خۆی ئاماده‌كرد‘كاتێك چوو بۆقوتابخانه‌‘ته‌نها پێنووسه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی بردو له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یوت: لاستیكم بۆچییه‌؟خۆمن جوان كۆششم كردووه‌،هیچ شتێكم لێ هه‌ڵه‌نابێت،چونكه‌ زۆر زیره‌كم. لاڤه‌ به‌دڵخۆشییه‌وه‌ چووه‌ پۆله‌كه‌یه‌وه‌ بۆتاقیكردنه‌وه‌. له‌كاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كاندا زۆر به‌خێرایی و له‌خۆباییبوونه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌دایه‌وه‌، كه‌ته‌واوبوو جارێكی تر به‌پرسیاره‌كاندا چووه‌وه‌،سه‌یریكرد وه‌ڵامی پرسیارێكی به‌هه‌ڵه‌ دابووه‌وه‌،به‌په‌له‌ كه‌وته‌ ڕه‌شكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان به‌ پێنوسه‌كه‌ی و به‌جارێ په‌ڕاوی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی پیسكردو زۆر شڵه‌ژا،له‌شه‌رمیشدا ڕووی نه‌ده‌هات داوای لاستیك له‌هاوڕێكانی بكات… كاتی تاقیكردنه‌وه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌هات و قوتابییه‌كان یه‌ك..یه‌ك په‌ڕاوی تاقیكردنه‌وه‌كانیان ده‌دا به‌مامۆستا،له‌پاش چه‌ند ڕۆژێك مامۆستا ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كانی بۆقوتابییان هێنایه‌وه‌ و له‌ناو هه‌موویاندا ته‌نها لاڤه‌ نمره‌كه‌ی نزمبوو ،وتی:به‌ڕاستی هه‌ڵه‌ی خۆم بوو،ئه‌گه‌ر له‌خۆم بایی نه‌بوومایه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌م نه‌ده‌بوو.




تابلۆی شار …. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

من بۆ گەشــتی ئەمجـــارە
بۆ بینینی ئـــەم شـــــارە
ســـواری پشتی (بـا) دەبم
دەگـــــەڕێم تــــا ئێوارە

@@@

دەچم بۆ لای ھـــەورەکـــان
بۆ نێو فوڵایی ئاســـــــمان
لەوێ دەبم بە ھـــــــاوڕێی
مانگ و ئەستێرەی جوان جوان

@@@

ئەوســـــا ھـەتا دەتوانم
بۆ خـــۆم تێر تێر دەڕوانم
ھەتا جوانی شـــــارەکەم
ببینم بە چـــــــــاوانم

@@@

دوایی لە تریفەی مـــانگ
لەگەڵ جلــــوەی ئەستێرە
تابلۆی شــــار دەنەخشێنم
دەیھێنمـــەوە بـــۆ ئێرە

٢٩/٦/٢٠١٦




گەردوون لە ڕوانگەی باوەڕدار و بێباوەڕانەوە …. بیانوو و بەڵگە … ئەردەڵان قەرەبای

گەردوون لەوەتەی هەیە جێگای لێکدانەوەو مشتو مڕی مرۆڤە. چۆن پەیدا بووە؟ کێ دروستی کردوە؟ چۆن دروست بووە؟ ئایا دروستکەری هەیە یان هەر لە خۆیەوە هەیە؟ ئایا سەرەتا و کۆتایی هەیە؟ ئەو پرسیارنە لەگەڵ مرۆڤدا دەرکەوتوون و تا ئەمڕۆ نەبڕاونەتەوە.
هەتا زانست و فەلسەفە زیاتریان گەشەیانکردبێ ڕوانینی مرۆڤ بۆ گەردوون زیاتر گۆڕانی بەسەرداهاتووە. زیاتر ئەو لایەنە بەهێز بووە کە پێی وایە گەردوون دروسکەری نیە بەڵکە لە خۆڕا (Randomly) درەکەوتوەو درێژەی هەیە. ئەمە مانای وا نیە باوەڕدارەکان تەواو دەستیان لە باوەڕی خۆیان هەڵگرتوە. تا ئەمڕۆش ئەوانە دژایەتی زانست و فەلسەفە دەکەن و پێیانوایە گەردون خواوەندی هەیە. بۆ ئەمەش چەند بیانوێک دەهێننەوە کە زۆر لاوازن.

بۆ نمونە بیانووی گەردوونی (Cosmological argument). ئەوانە وای دەبینن بزوێنەری یەکەم (prime mover) هەیە. واتە هێزێکی غەیبی نەبنینراو هەیەو هەر لەسەرەتاوە ئەم گەردوونەی دروست کردوەو ناوی لێ دەنێن خودا. (ئارێستۆ) ئەمەی فۆرمەڵە کردوەو لەویشە گەیشتۆتە موسڵمانەکان. ناوی هۆکاری یەکەمی گەردونی لێدەنێن (The First Cause Argument). بەکورتی هەموو شتێک لەم گەردونەدا هۆکاری هەیە. مادام گەردوون هەیە ئەوە دەبێ هۆکارێک هەبێت کە ئەویش خودایە. ئەوانەی بەشێوەی زانستی فەلسەفی ڕەخنە لەم ئارگۆمێنتە دەگرن دەڵێن زۆر ئارگۆمێنتێکی یان بیانوێکی لاوازە چونکە ئەگەر هەر شتێک هۆکاری هەیە بۆ دەبێت ئەو لۆگیکە بەسەر خوداشدا نەسەپێت؟ کەواتە خواوەندیش هۆکاری هەیە. کە دەڵێن ئەمە تەنیا خوا ناگرێتەوە کەواتە دەکەونە هەڵەی پەنابردن بۆ تایبەت (special pleading fallacy). باوەڕدارەکان دەڵێن وەرن بۆ ئەوەی باوەڕ بەمە بکەن بڕواننە کتێبەکانمان کە نووسراوە خوا دروستکەری هەموو شتێکە. ئەمە شتێکی پێکەنیناویە. پرسیار ئەوەی ئایا هەموو شتێک هۆکاری هەیە؟ نەخێر مەرج نییە هەموو شتێک هۆکاری هەبێ. لە بواری فیزیادا شتێک هەیە بەناوی میکانیکیای چەندێتی (Quantum mechanics) کە لە کۆمەڵێک تیۆری فیزیا پێکدێ. ئەوانە دەیانەوێ لەو دیاردانە بکۆڵنەوە کە تایبەتن بە پارتیکڵ و ئەتۆمەوە. بەکورتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە فیزیای کلاسیک نەیتوانیوە خۆیان لێبداو چارەسەریان بکات. بەم شێوەیە ئەوەی ئەوان دەڵێن هەموو شتێک هۆکاری هەیە لێرەدا ئەو هۆکارە دەبێتە مەحاڵ. (هاوکینگ) وەڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوەو باوەڕی بە « non–boundary state» هەیە. واتە هیچ خاڵێکی دەستپێکردنی گەروون نییە. گەردون ئەزەلیە واتە ئینفینیتیە و بێکۆتایە. هەر چەند بگەڕێینەوە دواوە ناگەینە خاڵی سەرەتا چونکە ئەو خاڵە هەر نییە.

بیانوێکی تری بڕواداران (Teleological argument)ە کە هەر بە ئینگلیزی بە کۆمەڵێک ناوی تر ناسراوە وەک (the argument from design) و (intelligent design argument). بەکورتی مانای ئەوەیە هێزێکی غەیبی هەیە زۆر بەزیرەکی و لێهاتوویی نەخشەی گەردونی داڕشتوە. ئەوانە پێیان وایە ژیان لەمەوە دەست پێدەکا. زانایانی فیزیا دەپرسن کامە ژیان؟ ژیان بە کام مانەیە؟ ئایا دەتوانن پێناسەی ژیان بکەن؟ نەخێر. ئەوانە باس تەنیا لەوەندە ژیانە دەکەن کە لە سنوری تێگەیشنیاندایە بەڵام ئایا ژیان هەر هێندەیە؟ ئایا ژیان هەمووی ئاشکراکراوە؟ ئایا ئاشکراکردنی ژیان وەستاوە یان درێژەی هەیە؟ ئەو بیانووە لێرەدا تەواو لاوازی خۆی دەردەخات کە هەموو شتێکی گەردوون دەخاتە پاڵ هێزێک نە دەبینرێت و نە هەستی پێ دەکرێ. هیچ بوونێکی نییە. لۆگیکی ئەوانە لینگەو قووچە؟ بۆچی؟ چونکە ئەوانە هەموو ئەو شتانەی هەن بێنرخ دەکەن بەڵام نرخی گەورە بەوە دەدەن کە نییە. (ئاینستاین) دەڵێ بیرۆکەی خواوەند لای ئاینی ئیبراهیمی واتە ئاینی جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام زۆر منداڵانەیە. وەک دەبینین هەموو سیفەتەکانی خودا سیفەتی خودان کە منداڵێک هێنابێتیە بەرچاوی. تووڕە دەبێت، دڵی خۆش دەبێت، سزا دەدات، دەبوورێت، پێویستی بەوەیە بیپەرستیت، نوێژی بۆ بکەیت، لێی بپاڕێیتەوە و زۆری تریش.

بیانوێکی تری بڕوادارن بە (ontological argument) ناسراوە کە مانای بیانووی بوون دێ. لایەنی ڕەوشتی مرۆڤ دەگرێتەوە کە خودا بۆی دیاری کردووە. ئەوانە پێیان وایە خودا لەو ڕوەوە ڕۆڵی سەرەکی هەیە. ئەپیکۆری فەیلەسوفی یۆنانی سێ پرسیاری کردووە کە هەتا ئەمڕۆیش ئەو بڕوادارنە نەیانتوانیوە وەڵامی بدەنەوە. یەکەم ئایا خوا چاکەیە و خراپەی ناوێ؟ ئەگەر وایە بۆ لە دەستی نایەت خراپە لەناوببات؟ ئایا چاکەیە و ڕێگا دەدات خراپە هەبێت؟ کەواتە خراپەکارە. ئایا هەردووکیانە؟ ئەگەر وایە بۆ ناوی خودایە؟ ئەی ئەو خراپەیە لە کوێوە دێ؟
ڕۆژێکیان لە فلۆریدا لەگەڵ قەشەیەکدا گفتوگۆم دەکرد. لێم پرسی ئەو خوایە جوانەت کە تەنیا لایەنی چاکەی هەیە چۆن شەڕی دروست کرد؟ وەڵامەکەی ئەوە بوو کە خودا و شەیتان یەک سەرچاوەیان نییە. واتە خوا شەڕی دروستنەکردوە.

ئەگەر ڕەوشتی مرۆڤ خوا دیاری دەکات بۆچی ئەو ڕەوشتە لە گۆڕانی بەردەوامدایە لەکاتێکدا خودا و بڕیارەکانی جێگیرن. ئایا ئەوەی سەدەیەک لەمەوبەر بە ڕەوشتی باش دادەنرا ئەمڕۆش هەر وایە؟ ئایا ئەگەر موسڵمانێک لە فرانسا بڵێ ژنەکەم کچی مامم یان کچی خاڵمە چی پێ دەڵێن؟ پێی ناڵێن ئەوە بەد ڕەوشتیە؟ ئایا ئەگەر چەند کچ و کوڕێکی سوێدی بچن لە دۆکان خۆیان ڕووتبکەنەوە و خۆیان بدەنە بەر هەتاو، خەڵک بە خاکەناز دوایان ناکەون و بەردبارنیان ناکەن؟ ئایا سەد ساڵی تر هەر لە دۆکان ئەو کارە نابێتە ئاسایی؟ کەواتە ڕەوشت پەیوەندی بە کات و شوێنی دیاریکراوەوە هەیەو دەگۆڕێ. ئایا کۆیلایەتی مرۆڤ و بازرگانی بە مرۆڤ کە لە ئیسلامدا ڕێگای پێدراوە لای کەسێکی تر کە ئەو باوەڕەی نییە ڕەوشتی باشە؟ ئایا دانانی دوو ژن لەبەرامبەر یەک پیاودا چ لە شایەتی و چ لە وەرگرتنی میراتدا ڕەوشتی باشە لای کەسانێک باوەڕیان بەوە نییە؟ ئەگەر بەسەر وڵاتێکدا بدەیت تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە دینەکەت نییە، پیاوەکانیان بکوژیت و ژنەکانیان بکەیتە موڵکی خۆت ئەوە ئەگەر لای خۆت ئاسایی بێت چونکە لەگەڵی گەورە بوویت بەڵام لای کەسانێکی تریش هەر ئاساییە؟




________________________________________




ئایا کۆڵۆنیالیزمە ئابووریەکەی ئەمەریکا چۆن نەوتمایەداریەکەی هەرێمی کوردستانی شۆک کرد ؟!


نیگار نادر \ ٢٠١٧
……

لەو سەردەمەدا ئابووریمەدارە نیولیبڕالەکانی ئەمەریکا بەهەماهەنگی لەگەڵ بانکی نیودەوڵەتی و دەزگا هەواڵگریەکان کرۆکی پلانی ستراتیژی درێژخایەن بۆ سیاسەت و ئاسایش و ئابووریەکانی سێیەکی جیهان دادەرێژن، لەو دەزگایانەش بترازێ لەو جیهانەدا جودا لە زلهێزەکان زۆربەی هەرەزۆری سیستەم و تیۆرو پێودانگی هێزەکان ڕۆلێكی ئەوتۆیان نیە و دروشمێکی لاوەکین لەژێر چەتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەروەها هەموو رێکخراوەکانی وەک ئەنجوومەنی ئاسایش و دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان وەک نیمچە توێکڵیکن بۆ داپۆشینی نادادپەروەریەکان و ناراستەخۆ ڕیگەدان بە ناسەقامگیریە سیاسەکان و بەردەوامیدان بە تەنگەژەو قەیران و جەنگەکان لە سەرتاسەری جیهاندا…

ئەوەی جێگەی تێڕامان و کەموکورتیە و پێویستە دانیپێدابنینن ئەوەیە کە تائێستاش سەرکردایەتی سیاسی کورد بناغەی سیاسەتیان لەسەر هیچ تیۆرو پارادایمێکی زانستی سیاسەت بونیادنەناوە، بەڵکو ئەوبنەما وستونانەی هزری سیاسی کوردو سیاسەتی حوکـمڕانیان لەسەر هەڵچنراوە چ لەڕووی ئیدۆلۆژی و فەلسەفەی سیاسی و گوتاردا، چ لەڕووی ئەزموون و سروشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جێۆپۆلیتیکدا ناڕوون و ئاڵۆسکاون ،بەومانایەیی تا ئێستاش سیاسەت بە پێوەری کۆلکە بەرژەوەندی حیزبی لۆکاڵی و پەیوەندی خێڵەکی و کەسی و ناوچەیی دارێژراوە،هەربەهەمان پێوەری سیاسیش ئەو سەرکردایەتیانە کردارو پەرچەکرداریان لەگەڵ هێزو هاوکێشە سیاسی و ئابووریە نێودەوڵەتی و جیهانیەکان کردوە، بە پشتبەستن بەو پێوەرانەش لە حوکمڕانی دا پەیوەندی و جوڵەی دیبلۆماسیان کردوەو لە قاڵبێکی یاسایی و فەرمی کردویانەتە سیاسەتی حکوومەت.
هەربەهەمان تێهزرین و دیدەگاش زۆربەی نوسەرو رۆشەنبیرو ئەکادیمیەکانیش ،سیاسەت و ئابووری و بەرژەوەندیەکانی هەرێمیان لەچوارچێوەی گوتاری لۆکاڵی دا گوزارشت لێکردوە ، بەبێ گرینگیدان و خوێندنەوەی سەردەمی بۆ سیستەمە ئابووری و سیاسیەکان و دەستنیشانکردنی سەرچاوە سەرەکیەکان ،جەنگ و تەنگژەکانیان بە دیدێکی کورتبین و کوردبینانەی سواغکراو بەکینەی دووبەرەکی و حیزبپەروەی ڕاڤەکردوە …

هەرێمی کوردستان هەستیارترین هەرێمە لەناو خاکی دەوڵەتێکی بەزەبر پێکەوەنوسێندراو و فرەئایدۆلۆژی و توندڕەوی تاییفی بە پەتڕۆڵ زەنگین دا ، لەبەرئەوە هەڵکەوتە جوگرافیەکەی لەڕووی جیوپۆلیتیک و جیۆئابووری و جیۆئاسایش دا، جێگەی قازانج و بەرژەوەندی رۆژئاوایە بەتایبەت ئەمەریکا کە سیاسەتی گۆڕانکاری باڵانسی زلهێزی خۆی تێدا نیشاندەدات ، چەند ساڵێکیشە پایە سەربازی و ئابووریەکانی خۆی بە بەلاش تێداچەقاندوە، گەواهیش بۆ ئەو سیاسەتە ئەوەیەکە دەبینین چۆن ئەمەریکا لە پاش ساڵی (٢٠٠٤) وە هەرێمی کوردستانی لەژێر ناوی فیدڕاڵیەکی ناتۆکمەی بە ناڕاستەوخۆیی کردۆتە کۆڵۆنیایەکی سەربازی و ئابووری بۆ پتەوکردن و چەسپاندنی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی لەناوچاکەدا ..

هەرێمی کوردستان چۆن و بە چ ستراتیژیەتێژێک بە بازاڕکراوە؟

ئەو کۆلۆنیالیزمە ئابووریە نزیکەی چواردەساڵە ئەجێنداو ئەرکی سەرەکی پیادەکردنی سیاسەتی بازاڕی ئازاد و بەبازاڕکردنی هەرێمی کوردستان بووە بەهەموو جۆرو شێوازێک ، لەسەرەتای هاتنیدا، ئەجیندای خۆی لەڕێگەی بەبازاڕکردنی پرسی نەتەوەیی و سیاسی دەستیپێکرد ، هەمووشمان دەزانین لەو هەلە هەڵکەوتووەدا بۆ جودابوونەوەی کورد لە عێراق پاش ڕمانی رژێمی بەعس ، چۆن پۆل برێمەر سەرکردەکانی کوردی بەناوی عێراقی فیدراڵی و کڕکەدەستورێک ڕەزامەندکردن، پاشان بە پێدانی دوو پۆست یەکیان وەکو سەرۆککۆماری عێراقێکی هەڵوەشاوو،دووەمیان وەک پۆستی سەرۆکی هەرێمێکی هەرزە لە سیاسەتی ئابووری و کارگێریدا، لەو هەلە هەڵکەوتەی پاش ڕوخانی عێراقدا خواستی سەربەخۆیی جودابوونەوەی نەتەوەی کوردی زیندەبەنەوت کرد! ئەوە زۆر ڕوونە کە پۆل برێمەری ڕاسپێردراو و دارێژەری هەموو نەخشە سیاسی و ئابووریەکانی هەرێم و عێراق بوو تاوەکو مەرامەکانی ئەمەریکای تەواو جێبەجێکردن بۆ بەدەستهێنانی نەوتێکی بێخاوەن و بەلاشی دەستەبەرکرد، هەتا لە عێراقیشدا سیاسەتی تەواو بەبازارکرد ئەوجار خاکی عێراقی بەجێهێشت..
دروست لەو ساڵەوە کۆلۆنیالیزمی ئابووری نیولێبڕاڵەکانی ئەمەریکا ڕابەرایەتی تاڵانکاریەکانی سامانی سروشتی کوردستان دەکا بەناوی جیاواز لەڕێگەی کۆمپانیای فرەڕەگەزی جیاوازدا و ئەجێندای جیاوازدا ، ئەگەر ئێمە وورد ئاوڕ بۆ ئەو رابردووە بدەینەوە دەبینین، پیادەکردنی سیاسەتی بازاڕی ئازاد و ئابووری ئازاد لەو ساڵەوە چۆن بەبەرنامە و هاوشێوەی سیستەمێک و کوولتورێک هەموو ژیانی کۆمەڵگەی لەناوخۆیدا وەک ئاش هاڕی و بێسەنگ کرد ، لە ڕێگەی سیاسەتی نەوت و وەبەرهەمهێناندا توانی سیاسەتی بەناو گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بسەپێنێت، بەناوی جۆرەها ماستەرپلان و بەرزکردنەوە و هەڵچنینی باڵەخانەکانی هەرێم کە لەزۆر ڕوەوە خاڵین لەکوولتوری ژیاری و ستانداری بیناسازی ، لەبەرامبەرئەوەشدا ئامانجی خۆی پێکا بە داڕوخاندنی مۆراڵی سیاسی و مۆڕاڵی کۆمەڵایەتی و هەستی نەتەوایەتی و سەرهەڵدانی دەسەڵات و ئەزمونێکی نیشتیمانی بەهێزی خۆکردی کوردانەی بەتەواوەتی نەوتمردار کرد !

لەسەرەتادا حەوجە بەوەدەکا ژیرانە سەرنج بدەین و بزانین ئەو بەرنامەیە چۆن سیاسەتی کردۆتە بازاڕ ، دەبینین لەوکاتەوە بە چ ستاندارێکی نزم و هەرزان و لاواز سیاسەت و پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان دا گەشەی کرد لەڕێگەی بەبازاربوونی حیزبەکان ، هەڵبژاردنەکان ، نوێنەرانی پەرلەمان ، دەسنیشانکردنی وەزیرەکان ، سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن ، پێکهێنانی کابینەکانی حکوومەت ، پلەدارە سەربازی و ئەمنیەکان ، نوێنەرایەتیەکانی دەرەوەی هەرێم ، کە دەکرێ بڵێن هەر هەموویان لە ژێر خاڵی سفری ستانداری جیهانیدا بۆ سیاسەت نەخشەرێژکراون، بەرپرسیاریەتی و پۆستەکان کراونەتە مامەڵەی بازرگانی و بەرژەوەندی ، سیاسەت لە کوردستان کراوەتە بازارێکی شێواو و قەرەباڵغی بێ ئیتیک و بێ بەها ..

پرۆسەی بە بازاڕکردنەکان وەک زنجیرێکی قوڵفەلێکدراو پێکەوە بەستراو پیادەکراوە ، بۆنموونە پاش بەبازاڕکردنی سیاسەت لەهەرێمی کوردستاندا، بەبازاڕکردنی سیستەمی پەروەردە دەستیپێکردوە ، لەڕێگەی دامەزراندنی جۆرەها قوتابخانەو زانکۆی بیانی بە ستانداردی سفری پەروەردە ، بە ئاراستەی لاوازکردن و پوکاندنەوەی زمانی کوردی بیناکراون ، پەکخستنی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن ، دواتر سەرهەڵدانی دزێوترین جۆری گەندەڵی فێرکردن و پەروەردەیی دەبینرێت بەمەبەستی بەدەستهینانی بڕوانامەی بەرز بەلێشاو سنووری تێپەڕاندوە ، بەبازرگانیکردنی زانکۆکان و ئاستی زانستی ،بە ساختە بەرزکردنەوەی پلەی زانستی و ئەکادیمی لەناو زانکۆیەکان دا، بەدڵنیایەوە تێکرای ئەو دیاردانە بونەتە هۆی لاوازکردنی ئاستی زانستی وکوولتووری پەروەردەو فێرکردن و زمانی کوردی، دەرئەنجامیش دروستکردنی لەشکرێکی گەورە لە بەناو پسپۆرو بڕوانامەداری نەخوێندەوار و نەوەیەک قوتابی کەلۆرو خاڵی بە ستانداردی زانست و پەروەردەیی ..

قوڵفەی دواتر بەبازاڕکردنی سیستەمی تەندروستی یە لە هەرێمی کوردستاندا کە کوشندترین زەبری لە گیانی هاوولاتیان و ئاسایشی نیشتیمانی داوە ، لەڕیگەی هێرشێکی بێئەژماری بازرگانیکردن و هێنانی دەرمانی قاچاغ و بێکوالیتی بۆ بازاڕەکان ، دامەزراندنی جۆرەها نەخۆشخانەوە کلینیکی بێ مۆڵەتنامەو بێ ستانداردی تەندروستی ، ڕێگەدان بە هاتن و دەستەبەکاربوونی جۆرەها پزیشکی بازرگان کە هاشێوەی قەساب بێ هیچ بەرپرسیاریەتیەک کەتوونەتە بازرگانیکردن بە گیانی هاووڵاتیان ، هێرشی بازرگانیکردن بەدەرمان و دامەزراندنی دەرمانخانەکان کە کۆی شەقام و ستراکچەری شارەکانیان تەنیوە ، ئەو هەناردەکردن و بەبازارکردنی دەرمان و کەرتی تەندروستیە کارەساتێکی گەورەیی تەنسازی بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا هێناوە و جۆرەها شێوەی نامۆی لەگەندەڵی لەناو سیستەمی تەندروستیدا بەرهەمهێناوە کە دە هێندەی کردەوەی تیرۆریستی هەڕەشەن بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی ئەو هەرێمە ..
دواتر قوڵفەی ئەو زنجیرەیە بەبازاڕکردنەش لەژیر ناوی میدیای ئازاد بوو کە ئامانجی بە بازاڕکردنی، میدیا ، ئەدەب ، هونەر، رۆشەنبیری بوو، هەموو دەزانین لەو ساڵەوە دامەزراندنی کەناڵی میدیایی بەهەموو جۆرەکانیەوە هاوشێوەی لافاوێک هەڵڕژایە ناو فەرهەنگی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ، ئەو بەبازاڕکردنەی میدیا خاڵی بوو لە زۆربەی زۆری ئیتیکەکانی میدیاو رۆژنامەگەری ئازاد لەجیهاندا، هاوکاتیش هێرشێکی دیجیتاڵی بێزەوەری سۆشیاڵ میدیاش دەستیپێکردوە، بەبێ بوونی هیچ جۆرە چوارچێوەیەکی یاسایی و فەرهەنگی ،کە دەکرێ ئەو شەپۆلە وەکو چەکێکی دیجیتاڵی بێدەنگ بژمێردرێن بۆ لاوازکردن و زەبر وەشان لە پەروەردەی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی، ئەو دیاردانە سەدان بەناو رۆشەنبیری مەکینە ئەدگار و رەفتاریان یان دروستکردوە کەلە شێوەی داینەمۆیەکن بۆ بەردەوامیدان بە بازارکردنی رۆشەنبیری و تەواو فەرهەنگی کۆمەڵایەتیان دەستەبەسەرداگرتوە ، ئەو بەرژەوەندی پەرستانە لەزۆر ڕووەوە وەک سەرچاوەیەکیشن بۆ تێکچوونی بارودۆخی دەروونی هاووڵاتیان و شێواندنی پەروەردەو زمانی کوردی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی ..

پاشان لەسەرەتای ساڵی( ٢٠٠٦) وە دروشمی ئابووری و بازاڕی ئازاد بووەتە هۆی سەرهەڵدانی سەدان جۆرو شێواز لە گەندەڵی ، گەندەڵی بۆتە فەرهەنگ و لەگەڵ جۆرەها سیاسەت و یاسا تیکهەڵکێشکراوە،بەتایبەت لەدوای پەسەندکردنی یاسای وەبەرهەمهێنان لەهەرێمدا گەندەڵی جۆرەها بازرگانی سیاسی پێوەدەکرێ ،ڕەگهاویشتنی کوولتووری گەندەڵی وەک هێڵێکی ستراتیژی تێکرای پرۆسەی ژیانی سیاسی وئاینی و کوولتوری و پەروەردەیی گرتۆتەوە، هەروەها ژیانی زۆربەی هەرەزۆری سیاسیەکان، رۆشەنبیرو ئەکادیمیستەکان و چەند چینێکی تایبەت لە هاوڵاتیانیشی بە قورسی داپۆشیوەو داڕزاندوە ، لەدوای ساڵی ٢٠١٣ وە دروشمی( دژە گەندەڵی ) کراوەتە بازرگانیەکی سیاسی و رێگەخۆشکەربووە بۆ سەرهەڵدانی چەندین پارت و باڵی سیاسی تر لە نەخشەی سیاسی هەرێمدا …

لەبەرهەندێ دەبینین لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دا گەندەڵی سەدەها مرۆڤی بودەڵەی کردۆتە کەسایەتی و فیگەری ناسراو و خاوەن هێزو سەرمایە، ناوبانگی سیاسی و ئەکادیمی و رۆشەنبیری بۆ هەزارەها مرۆڤی گەمژە ونەخوێندەوار داتاشی ، لەبەرامبەریشدا هەر نەوت نەبوو کە بەتاڵان فرۆشرا، لەبەر سەرمەستی حکوومەت تەنها بەبازرگانیکردنبە سیاسەتی نەوتەوە، وە نغرۆبوونی هەموو هێزە سیاسیەکانی تر لە سوێی گەیشتن بەنیعمەتی نەوتدا،گەلێک جۆری تر لە سامانی سروشتی بەپێزی دیکە لە هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵانەدا بە نهێنی بە فەرهودو بەتاڵان بردراون لەوانەش، پارچەی مێژوویی و بەهادار ، شوێنەوار ، ڕووەکی سروشتی لە چیایەکان ، بەرد و کانزا و… هتد.

ئەڵقەی دواتری ئەو زنجیرەیەش بەبازارکردنی جەنگ و سوپا بوو بۆ نموونە سەرەڕای ئەو هەموو توانا داراییە، هەرێمی کوردستان نەیتوانی چوارچێوەیەک بۆ هێز دابرێژێت هەروەها نەبوونی هیچ ستراتیژیەتێک بۆ دامەزراندنی سوپایەکی نیشتیمانی بە ستانداردی سەردەمی بۆ هێزو سوپای کوردستان،لەوەش کارەساتبارتر بەخشینەوەی پلەوپایەیی سەربازی ساختەیە، کە گوایە و وامەزەندەش دەکرێ( ٨٠٠٠ ) هەزارکەس بوونەتە خاوەن پلەی ( لیوا) و سەدان ئافرەتی پوچی بێزەوەر پلەی (عەمیدیان) وەک بەخشیش پێبەخشراوە لە سوپای هەرێمی کوردستاندا! وە جۆرەها ساختەکاری تری وەک خانەنشین و بندیوار لە پلەکانی سوپایی وەزارەتی پێشمەرگەدا ، هەروەها سەرهەڵدانی جۆرەها گەندەڵی و بازرگانی چەک و قازانج ودەسکەوتی نوێ بەدەستهاتوون هەم بۆ هاوپەیمانان و هەم بۆ هاوبەشەکانیان بازرگانی بەبڕشت و خەونئامێز دەستەبەربوون لە رێگەی ئەو گەندەڵیەوە..
ئەڵقەی دواتریش سەرهەڵدانی تەنگەژەوە قەیرانەکان بوون لەگەڵ هەڵایسانی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش ،ئەوکاتیش بەهۆی ئەگەری داگیرکرن کورد نیمچە شۆکێک کرا ئەوجار وەکو سەرەکیترین هێزی بەرەنگاری ئەو جەنگە نەگریسە دەستنیشانکرا،هاوکاتی ئەو جەنگەش قەیرانەکان سەریانهەڵدا کە سەرەکیترینیان قەیرانی ئابووری بوو، بەتایبەتیش زەبردان لە درامەتی موچەخۆرانی هەرێم لەوانەش چینی مامۆستایان ،دواتریش سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەردەوامیدان بە نیومووچەو پاشەکەوت و زۆر ستایلی تر لە ڕەزیلکردنی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری سیاسی و بازار ، دەرئەنجام سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکی سینارێۆ شێوەدا لەگەڵ ستافەکانی بانکی نێودەوڵەتی لە هەرێم دەرکەوتن و قەرزکردنی حکوومەتیان لەبانکی نیودەوڵەتی بە فەرمی ڕاگەیاند!

لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی داعش ئەو کۆلۆنیالیزمە سەربازیە ناراستەوخۆ و بە خێزەرە بزاوتی بە جۆرەها هێزکرد بۆ ناو هەرێمی کوردستان ، کە پێشبینی دەکرێ لەناو مارینزەکان دا جۆرەها هێزی وەک سوان و سەوات هێزی هەواڵگری هەن، کە بێگوومان ئەوانە دارێژەری بەشێکی گرنگ لە نەخشەی ناسەقامگیری و تێکدانی ئاسایشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتین لە هەرێمدا ، لەگەڵ ئەوەی ئاراستەی ئەو جۆرە زانیاری و تێهزرینە بەهەند وەرگرتنی لە ئێستادا جێگای بایەخ نیە نە بۆ سیاسەتمەدارانی کورد نە بۆ رۆشەنبیرانی کورد ،هەروەها گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی ئەو هەڵخەڵەتاندنانە، وە دانپێدانان بە بیرکۆڵی سیاسی کورد وەکو هەڕەشەیەک دەژمیردرێت لەبەرژەوەندی کەس دانیە.!

بەڵام ئەو ڕاستیە لەلایەن شارەزایانی ئاسایشی نیودەوڵەتیەوە نکۆڵی لێناکرێ کە ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری لەهەر کۆمەڵگەیەک دا دەبێتە لاواز بوونی ئاسایشی نیشتیمانی و تێکشکاندن و ناوبانگ شێواندن و کەوتنی هەر ئەزموونێکی حوکـمرانی ، ئەگەر بە جیهانبینیەکی سەردەمیانەوە و بە دیدێکی ئاسایشی جیهانیەوە لە هەرێمی کوردستان بڕوانین ، دەبینین هەموو ئەو ڕوداوانەی لە دەورمان ڕودەدەن ، گەواهیدەری راستەقینەن بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە سیاسەتجۆکەری و رۆشەنبیرجۆکەری ئەورۆ لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر چ بنەمایەک راوەستاوە و لە چ قوناغێکی لۆکاڵی لاوازدا پەرچەکرداریان هەیە و چەندە لۆکالی و هزرجۆکەرانە بەدەوری خۆیاندا دەخولێنەوە! ….

هەرێمی کوردستان پاش تێپەراندنی پێنج ساڵ قەیرانی هەمەجۆر قەرزداری و سڕکردنی پەرلەمان و کۆمەڵێک تەنگەژەی سیاسی ناوخۆیی و دووبەرەکی کارگێری، ریکۆرد شکاندن لەگەندەڵی و ناڕوونی لەداهاتدا و دەستکورتی لە دیبلۆماسیەتدا، وەختێک بەتەواوی سیاسەتەکانی لەگەڵ بەغدادا گەیشتە بنبەست، پرسی رێفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کورستان ڕاگەیاند، بەلام تا ئێستاش ڕوون نیە جوڵاندنی ئەو پرسە پێشنیاری ناڕاستەوخۆی دەزگا هەواڵگریەکانی هاوپەیمانانی کورد بووە یان بڕیارێکی ڕاستەقینە بە ئێرادەیەکی نەتەوەییەوە؟! لەگەل ئەوەشدا ئەنجامدانی ریفراندۆم چونکە خواستی نەتەوەیی کەوتەپاڵ بە خۆرسکی خەریک بوو ببێتە هۆی رسکانی هێزێکی نەتەوەیی و پرسی کورد بگوازێتەوە قوناغێکی تر! بەڵام بەداخەوە لەبەر هەرزەئەزموونی ناوخۆیی و شۆککرنێکی تر بە قەیران ئەو هەلەش مردارکرا!

ئەوەی لێرەدا دەمەوێ دروست سەرنجی وردی بخەمە سەر ئەو شۆککردن و سیاسەتلەرزەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو ، کە لەو شەوو ڕۆژەدا ڕووداوگەلێکی تەموومژاوی بروسکە ئاسا ،لەهەرێمی کوردستان و چواردەورەی ڕوویاندا و تێکرای ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانیان تۆشی کۆمەڵە شۆکێکی بەزەبر کرد، وەکو شۆکی هێرشی سەربازی ، شۆکی داگیرکردنەوە ، شۆکی ڕێکەوتتنامە و ڕادەستکردنەوە ، شۆکی پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە، شۆکی ڕاگەیاندنی دووبەرەکی قوڵی هەردوو هێزی دەسەڵاتدارانی هەرێم ،شوکی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان و تێکەڵکردنەوەی بە پارێزگایەکانی عێراق!
لە جەنگی کەنداوەوە بەتایبەت لەپاش جەنگی کوەیت ئەوە چوارەمین شۆکە لەوناوچەیە دەدرێ ، شۆکی جەنگی عێراق بەداگیرکردنی کوەیت، شۆکی رۆخانی رژێمی بەعس، شۆکی جەنگی داعش ، شۆکی جەنگی کەرکووک ، کە لەهەموو یاریەکانیش دا کورد بزوێندراوە سنوری خاکی خۆی بەدەستهێناوەتەوە و لێی سەندراوەتەوە !

ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە لە ١٦ ئۆکتۆبەرەوە ئاراستەیەک دەبینرێ بۆ بەبازارکردنی نیشتیمان و خاک و هەستی نەتەوەیی کورد، پاشان بە شۆکێکی پر لەترس و تۆقاندنی داگیرکردنەوە چواردەوری کورد تەنراوە ، هێزەکان یەکتری تۆمەتباردەکەن بە ڕێکەوتتنامەی لەگەڵ حکوومەتی بەغداو کشانەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان ! عێراق کۆمەڵە سزاو ئابڵۆقەی بەسەر هەرێمی کوردستان دا سەپاندوە کە زۆربەیان پەیوەندیدارن بە باری ئابووریو بژێوی هاوولاتیان، هێزە ناوخۆییەکان یەکتری تاوانبار دەکەن بەناپاکی و بە خاک فرۆشی ، بەشێک لە نوێنەرانی کورد لەعێراق پشتگیری میلیشیاکان دەکەن تا هەرێم داگیربکەنەوە ، پێشمەرگە نەبەردانە بەرگری لە سنوورەکانی هەرێم دەکات، جەنگێکی تری ناوخۆیی سەرەتاتکی دەکا!

ئایا ئێستا کاتی ئەوەنیە بپرسین سەرهەڵدانی ئەو هەموو قەیران و تەنگژانە لەیەک کاتدا! بەرنامەیەک نیە لە پیادەکردنی سیاسەتی*( شۆککردنی باوەڕە) کە نیولیبڕالەکان سەرکردایەتی دەکەن لەجیهاندا؟؟
وەک لە زۆربەی سەرچاوەوە جۆرناڵە سەربەخۆیەکانی جیهاندا ئاماژەپێدراوە کە چۆن نیولیبڕاڵەکان بەیارمەتی (سی ئای ئەی) سیاسەتی ئەمەریکا دادەرێژن بۆ دەستپێکردن یان گۆڕینی هەر نەخشەیەکی بەرژەوەندیداری خۆیان لە جیهاندا، هەروەها گۆرینی رژێمی سیاسی و ئابووری و باڵانسی هێز بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیادا ئەفەریقادا و هەر وڵاتێکی تری کە مەبەستیانە بەهەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی، لەسەرەتادا ستراتیژیەتی شۆککردن پیادەدەکەن بەسەریدا، ئەویش لەڕێگەی جوڵەی هێزی سەربازی ،کارەساتی سروشتی ، کودەتا، داگیرکاری ، خۆپێشاندان دژی دەسەڵات ، جەنگی ناوخۆ، هەموو سیستەمەکانی ئەو دەوڵەتە توشی شۆک دەکەن و ترسێکی گەورە دەخەنە دڵی سیاسەتمەداران و هاووڵاتیان وە بەتەواوی سایکۆلۆژیەتی حوکمرانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ترسدا دەهەژێنن و ئەو کۆمەڵگەیە دەستەمۆ دەکەن دواتر بەرنامەو بەرژەوەندی سەپێنراوی خۆیان دەستپێدەکەن….

ئەگەر وردتر سەرنجبدەین دەبینین لە ئەزموونی سیاسەتی ئابووری کوردستان سەرمایەداری وەرگێڕدراوە بۆ نەوتمایەداری ،چونکە یەکەمجارە لەمێژوودا دەسەڵاتێکی کوردی بەوشێوەیەو بەو ئاستە گەیشتۆتە ترۆپکی سامانداری و سەرمایەداری! بەڵام لەبەرنەبوونی هیچ ستراتیژیەتێک بۆ داڕشتن و پاراستنی بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکان و پشتگوێخستن و بوژاندنەوەی سامانەکانی تری هەرێم ، هەروەها نەڕسکاندنی ویست و هێزێکی خۆکردی خۆبەرێوەبەری ئابووری ، ئەو سیاسەتە لەبری سەرمایەداری بوو بە نەوتمایەداریەکی لاوازو مایەپوچ ، تەنها نەوتفرۆشیەکی زەرەرمایەی کردە تاکە سەرچاوەی داهاتی خۆی و بەتایبەت لە کەرتی ئابووریدا ئابووریجۆکەربووە ، لەوڕێگەیەشەوە زۆرترین سامانی نیشتیمانی ئەو نەتەوەیە نەزانانە بەهەدەردراو لەدەستچوو ….
ئێستا ناوەڕاستی دیسەمبەری ( ٢٠١٧ ) یەو لە هەرێمی کوردستان چ روودەدا؟!!

ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەڕوونی جۆرێک لەشڵەژان و پەککەوتەیی دیپلۆماسی و سیاسی دەیبینین، دوای ئەوەی تەڵەی نیولیبراڵەکان سەرکردایەتی سیاسی کوردی پەلبەست و هەرێمی کوردستان بە ترس شۆککرا ، لەرووی دینلپماسیەوە سڕکرا ،ئێستا دوای لەدەستدانی خاک و سامان و شکۆی نەتەوەیی و سیاسی،بە ئیرادەیەکی لەرزۆک و سامەرستۆوە ئەوە سێ مانگە چاوەڕێی وەڵامی بەغدایە بۆ دانوساندن لەسەر وەرگرتنی بودجەو مووچە ! هەروەها سەردانی ووڵاتانی ئەوروپا بۆ رازیکردنی نێوەندگیری لەگەك بەغدا، بەغداش رۆژ بەرۆژ بەهێزەوە مەرجی زەلیلکردن بەسەر کورددا دەسەپێنێت و ئەمەریکاش بەشێوەکی لاوەکی لەدورەوە تەنها رۆڵی تەماشاکەر دەبینێت .

لە ئێستادا گەندەڵی وەک مۆرانە خانە بەخانەی ژیانی کۆمەڵگەی داتەنیوە ، دەسەڵاتی کارگێری و دادوەری و سەررێژن لەگەندەڵی،کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت نغرۆ بوون لەناو گەندەڵی،پارتە خاوەن دەسەڵاتەکان و ئۆپۆزسێۆن و رکابەرانیان گیربوون لەناو گەندەڵی، ئەو کۆمەڵگە تەزیوەش دابەشبووە بەسەردوچین دا چینی نەوتمایەدارەکان و کلک و باڵەکانیان کە بەدەر لە قەیرانن و پشتاوپشتیان لەڕووی ئابووریەوە تاقەت کراون بەڵام چینی کەمدەرامەت و مووچەخۆرە پلە نزمەکای کە بەسەختی کەوتونەتە ژیر زەبری قەیرانەکان ، سەرەڕایی ئەو دۆخانەش سروەی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان و هەڵپەو بانگەشەی هەڵبژاردن وەکو تاکە فریادرەس لەو تەنگەژانە دەبینرێ !

کۆمەڵگەیەک لە ترۆپکی گەندەڵی سیاسی و دووبەرەکی کارگێری دا وەک پاشماوەی بازارێکی ستۆککراوو داخراو بەرامبەر ئەو شۆکە حەپەساوە و لە ترۆپکی ماندویەتی دەروونی و دوودڵیدا دەجمێ ، قەیرانەکان دوخێکی کوشندەیان سازاندوە،پاشماوەی ئەو هەموو بەبازاڕبوونە بارێکی قورسە بۆ کۆمەڵگەیەکی وا نەوتمرداری وەک کۆمەڵگەی کوردستان،حکوومەت لەوپەڕی پەشێوی کارگێریدا چەقیبەستووە و دەخولێتەوە زۆر کەمتەرخەمانە تائیستاش نەیتوانیوە هەر ستراتیژیەتێكی گچکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە ڕابگەێنێت هەربە پلانێکی سەتبەجێ و سەرەتاییش خەرجی لەسەر لەسەرشانی هاووڵاتیان کەمبکاتەوەو نرخەکان داببەزینێت ؟!! هەروەها دۆخی ناوخۆی سیاسی هەرێم دروست هاوشێوەی گەڕەلاوژێیەکی سیاسی پەرتەوازەیە کە هیچ ئومێدێک بۆ دەربازبوون لەو کۆمەڵە قەیرانە کینەسازیە سیاسیە بەدیناکرێت .

بەهەمەحاڵ ئەوەی ئێستا ڕودەدات دروست لەهەرێمی کوردستاندا گەواهیدەرە بۆئەوەی چۆن ستراتیژیەتی کۆلۆنیالیزمە ئابووریەکەی نیولیبراڵەکان سەرکەوتوو بووە ، بەچ شێوازێک سەرکردایەتی سیاسی کوردی بە پشتگوێخستن شۆک کردو سڕکرد ،چواردەوری هەرێم بە هێز تەنراوە ، هێزو بەیسە سەربازیەکانی ئەمەریکا ، هێزە تایفی و تێکەڵکراوەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە .

قۆناغی دواتریش بۆ کورد قۆناغێکی زۆر تەموومژاویە، دروست نازانرێ داخوا بۆ نیولیبرالیزمە سوخۆرەکەی ئەمەریکا، ئایا بە هەڕەشەو ترسی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان و زاڵکردنی بەغدا دەیەوێت چۆن کورد پەرتەوازەبکات و چ مودێلێکی تر لە گوێڕایەڵی ئابووری و سیاسی بهێنێتە گۆڕێ بۆ بەردەوامیدانی بە تاڵانکاری نەوت لەناوچەکەدا؟! یا سەرکوتکردنی خواستی نەتەوەیەکە بۆ سەربەخۆیی ؟ یا جەنگە مەزهەبیەکان گەرممتر دەکا ؟! یان بەدروستکردنی هەندێک جەنگی ترو گوڕێنی سنووری دەوڵەتەکانی ئەو ناوچەیەیە دووبارە هەرێمی کوردستانی بەدەر لەهاوکێشەکان سڕ دەکا ؟یان دەیخاتە ناو هاوکێشەیەکی ترو نەخشەیەکی نوێی سوخۆری ئابووری بۆ قازانجی خۆی لێ دروست دەکا؟!

* (شۆککردنی باوەڕ) کتێبیکی نایابی خانمە نووسەرو چالاکوانی کەندایی (نوامی کلاین) ە لەوێدا ئاماژەی دروست بە سیاسەتی نیولێبرالەکان دەدات کە لە رێگای بازاری ئازادەوە چی لەهەر وڵاتێک دەکەن کە مەبەستیان بیت تا سیاسەتی ئابووری خۆیانی تێدا بچەسپێنن و بسەپێنن.
*http://beautifultrouble.org/theory/the-shock-doctrine/
*https://www.youtube.com/watch?v=v6yceBTf_Vs

*(نەوتمایەدارەکان )*( زیندەبەنەوت) *(نەوتمردار) ، ئەوچەند فریزە نوێیە کوردین و تایبەتن ستراتیژیەتی نیولیبرالەکان و دەرئەنجامەکانی سیاسەتی نەوت لەو چەند ساڵەدا هەروەها تایبەت بۆ ئەو ووتارە دروستکراون ..




(شیعر له‌ پێناو _هیچ_ دا)… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

_له‌ نێوان شیعری دوێنێ ‌و ئه‌مڕۆ سه‌رنجێك_ ….

به‌درێژایی مێژووی شیعر وه‌ك ژانرێك له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا، هه‌میشه‌ شیعرهه‌ڵگری ناوه‌ڕۆك‌و گوتارێك بووه‌،كه‌ له‌ شێوه‌ی په‌یامێكی سیاسی یاخود كۆمه‌ڵایه‌تی، گوزارشتی لێكراوه‌.ئه‌زمووی شیعری ئێمه‌ له‌ قۆناغی كلاسیكه‌وه‌ تاكوشیعری ئازاد كه‌ له‌ گۆرانی شاعیره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و ئیدی كێش‌و قافیه‌ له‌ شیعردا نامێنێت‌و فۆڕمێكی ئازاد وه‌رده‌گرێت، هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌ بووه‌. شاعیرانی ئێمه‌ گه‌رچی ده‌رچووی هیچ نێوه‌ندێكی ئه‌كادیمی‌و مه‌عریفی نه‌بووینه‌، بگره‌ ده‌رچووی ته‌كیه‌ خانه‌قاو مزگه‌وته‌كان بووینه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام دیدێكی ڕه‌خنه‌یی‌و په‌یامێكییان پێبووه‌ به‌ ئامانجی ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگا. به‌ شێك له‌ شاعیرانی ئێمه‌ به‌ هۆی ئه‌و ڕۆشنبیرییه‌ ئایینییه‌وه‌،خاوه‌نی پاشخانێكی فه‌رهه‌نگی‌و كلتووری بوونه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ده‌قه‌كانیان ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌. بیرمه‌ندی دیاری كورد كۆچكردوو مسعود محمد، له‌ باره‌ی ناڵییه‌وه‌ ده‌ڵێت:( یه‌ك دێڕ شیعری ئه‌و شاعیره‌، ڕه‌نگه‌ زه‌مه‌نێكی درێژی بووێت تاكو بتوانین ڕاڤه‌ی بكه‌ین). چونكه‌ ده‌قه‌كانی زۆرتر له‌ مانایه‌ك‌و پتر له‌ یه‌ك گوزارشتكردن له‌ خۆ ده‌گرن.

بۆیه‌ ده‌بینین له‌ ڕه‌خنه‌ گره‌ كۆن‌و ئه‌كادیمییانی ئێستاشدا، ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی له‌ شیعری كلاسیكی ده‌كۆڵنه‌وه‌و ڕاڤه‌ی ده‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌و ده‌قانه‌ هه‌ڵگری گوتار‌و مه‌دلولی شیعری بووینه‌. شاعیرانی ئێمه‌،له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌روه‌رده‌ییه‌ی تیایدا ژیاون، شیعریان نووسیوه‌و كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ڕووداوه‌كان‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسی‌و په‌روه‌رده‌ییه‌كان. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و وابه‌سته‌ بوونه‌ی ده‌قی شیعری بو دیارده‌كانی بوون‌و ژیانی مرۆڤه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ ماناو فۆڕمی شیعره‌كه‌ی تاڕاده‌یه‌ك كه‌مكربێته‌وه‌و زۆرتر دروشم‌و گوتاری واقیعیانه‌ له‌ شیعره‌كاندا ببینین، به‌ڵام له‌ پاڵ ئه‌مه‌شدا،ئه‌و ده‌قانه‌ هه‌ڵگری دیدێكی ڕه‌خنه‌یی‌وپه‌یامێك بوونه‌. واته‌ شیعرله‌ پاڵ ئه‌وه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بییه‌ هاوكات مانفێستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌شه‌، به‌ ئامانجی هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وهاتنه‌وه‌ به‌ گژئه‌قڵی دواكه‌وتوویی‌وترادیسیۆن خوازانه‌. شیعر لای ئه‌و شاعیرانه‌ی ئێمه‌، دیدێك بووه‌ بۆ بینینی دیارده‌كانی كۆمه‌لگه‌و هوشیار كردنه‌وه‌ی تاك. شیعری ئه‌و قۆناغانه‌ هه‌ر ته‌نها ده‌قێكی ئاسایی ئه‌ده‌بی نه‌بووه‌، به‌ڵكو میتۆدێكیش بووه‌ بۆ ڕوانین له‌ ژیان‌و ده‌وروبه‌رو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سۆسیۆلۆژییه‌وه‌. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، چه‌ندین وێنه‌ی شیعری جوان‌و گوزارشتكردنی ئه‌ده‌بیانه‌ی جوان،له‌و ده‌قانه‌دا ده‌بینین، كه‌ توانای شاعیران‌و دنیابینی شیعریانه‌یان ده‌رده‌خات. بۆنموونه‌: ناڵی دووسه‌د ساڵ زیاتر به‌رله‌ ئه‌مڕۆ له‌ شیعرێكیدا ده‌ڵێت:

له‌ ترسی ته‌ڵعه‌تت ڕۆژ هه‌ر وه‌كو شێت
به‌ڕوو زه‌ردی هه‌ڵات‌و كه‌وته‌ كێوان.

شاعیر وه‌سفی ده‌ركه‌وتنی كه‌سێك ده‌كات، كه‌ ڕووی ئه‌وه‌نده‌ گه‌ش ‌وجوان بووه‌، خۆر له‌ ترسی ڕووی ئه‌و شێت بووه‌و كه‌وتۆته‌ كێوان. له‌ نێوان خۆر‌و‌و ڕووی یاردا، كه‌ هه‌ردووكییان دروستكراوی په‌روه‌ردیگارن‌و خۆر سه‌رچاوه‌ی وزه‌و گه‌رمییه‌كی یه‌ك جار به‌تینه‌، كه‌ مرۆڤ ناتوانێت، له‌ به‌رامبه‌ری بوه‌ستێت، كه‌چی ئه‌و خۆره‌ گه‌وره‌یه‌،هێنده‌ بچووك ده‌بێته‌وه‌و وزه‌و سه‌رچاوه‌ی گه‌رمی‌و ڕووناككردنه‌وه‌ی نامینێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌ به‌رامبه‌ر ڕووی كه‌سێكدا، بوونی نامێنێت. ڕووی ئه‌و كه‌سه‌ خاوه‌نی جازبیه‌تێكی وابووه‌، زۆر به‌ هێزتر له‌ جازبییه‌ی دیارده‌ سرووشتییه‌كانی گه‌ردوون. ناڵی به‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی ساده‌وبه‌ ده‌ربڕینێكی ساكار، جوانترین ‌و پڕ چێژترین وێنه‌ی شیعری خوڵقاندووه‌. خوێنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند دێڕانه‌، كه‌به‌شێكن له‌ شیعرێكی درێژ‌و له‌لایه‌ن (قادر زیره‌ك)ی نه‌مره‌وه‌ كراوه‌ به‌ گۆرانی، له‌ پاڵ ماناكه‌ی چیّژی خوێنه‌وه‌ش به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت. خوێنه‌ر كه‌ ئه‌و ده‌قه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، زه‌مه‌ن له‌ بیر ده‌كات. به‌و مانایه‌ی واهه‌ست ده‌كات شیعرێك ده‌خوێنێته‌وه‌، كه‌ له‌ ئێستادا نووسراوه‌. له‌ به‌رامبه‌ ئه‌مه‌دا، نموونه‌ له‌ شیعرێكی ئێستا وه‌رده‌گرین، نه‌ك بۆ به‌راورد كردن، نه‌ك بۆ هاوتا كردنی شاعیره‌كان به‌ یه‌كتری، كه‌ ئه‌مه‌ كارێكی نه‌كرده‌ییه‌، به‌ڵكۆ بۆ ناساندنی به‌ شێكی زۆری ناوه‌ڕۆكی شیعری ئێستا و نه‌وه‌ی ئێستا، كه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌نگی داهێنه‌رانه‌شیان تێدا بێت. لێره‌وه‌ش نموونه‌ له‌ یه‌ك شیعری( رامیارمحمود) دێنینه‌وه‌. ئه‌و شاعیره‌ له‌ دێڕه‌ شیعرێكیدا ده‌ڵێت:

خودایه‌ هێنده‌ بێزارم
خه‌ریكه‌ گو له‌ ده‌م‌و قینگم دێته‌ ده‌رێ..

ئه‌م ده‌ربڕینانه‌، كه‌ به‌ده‌رن له‌ هه‌موو جۆره‌ ئاماژه‌یه‌كی واتایی، نه‌ك ناچنه‌ خانه‌ی شیعره‌وه‌ به‌ڵكو له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی گشتی‌و ئاسایی نێوان مرۆڤه‌كانیشه‌. بیرمان نه‌چێت له‌ قسه‌ كردندا، په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی له‌ نێوان وشه‌كاندا هه‌یه‌و دواجار له‌ ڕسته‌یه‌كدا مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نن. به‌ڵام ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی ڕامیار محمود، ناچێته‌ خانه‌ی هیچ جۆره‌ پۆڵێنكردنێكی وشه‌و ماناوه‌. چونكه‌ نه‌ یه‌كێتی بابه‌تی نێوان وشه‌كان‌و نه‌ وێنه‌ی هونه‌ری‌و نه‌هیچ چێژو ئستاتیكایه‌كی شیعریشی تێدایه‌. ته‌نها ڕێزكردنی چه‌ند وشه‌یه‌كی به‌دوا یه‌كتری داهاتووه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌لاله‌تێكی شیعری بگه‌یه‌نن. ئاخر شیعر داهێنانه‌، گوتار‌و ماناو په‌یامه‌، ئه‌م جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌، له‌ پێناو هیچدان. باله‌وانه‌ش هه‌مووی بگه‌ڕێین، بابپرسین مرۆڤ كه‌ بێزاربوو، گو له‌ ده‌می دێته‌ ده‌ر؟ بێزاری‌و ته‌نهایی زۆرجارده‌بنه‌ پاڵنه‌ری سایكۆلۆژی‌و هزری و كه‌ داهێنان دروست ده‌كه‌ن. مرۆڤ كه‌ بێزاربوو، نابێ بكروزێته‌وه‌، نابێ هێنده‌ زه‌لیل بێت گو له‌ ده‌می بێته‌ ده‌ر، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ یاخی بێت‌و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و دۆخ‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ بدات، كه‌ بێزاریان كردووه‌.

نابێ ده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستێ ‌و چاوه‌ڕوان بێت بڕشێته‌وه‌و گوله‌ ده‌می بێته‌ ده‌ر. ئێستا ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر بۆ مانای شیعر‌و په‌یامی شیعر بگه‌ڕێت، له‌و جۆره‌ ده‌قانه‌ به‌ چی ده‌گات؟ جگه‌ له‌ هیچ؟ ئه‌مانه‌ نووسین نین، به‌ڵكو ڕێزكردنی كۆمه‌ ڵێك وشه‌ی بێ مانایه‌، كه‌ خوێنه‌ر له‌ شیعر ده‌تۆرێنن. بێگومان وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له‌ شیعری شاعیرانی دوێنێ، واته‌ له‌ قۆناغه‌كانی شیعری كوردی له‌ كلاسیزمه‌وه‌، تاكو ریالیزم‌و شیعری ئازاد له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌، تاكو كۆتایی هه‌فتاكانیش ‌و سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕین، شیعری كوردی په‌یامێكی هه‌بووه‌. سیاسی یا كۆمه‌ڵایه‌تی. شاعیرانی ئێمه‌ به‌ شێك بوونه‌ له‌ تراژیدیای خاك‌و مرۆڤی كوردو به‌ شیعر هه‌وڵی به‌ گژهاتنه‌وه‌یان داوه‌،بۆ هه‌موو ئه‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هزریانه‌ی وه‌ك نۆڕمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌شێك بوونه‌ له‌ پاشخانی فیكری‌و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگای كوردی.ڕه‌خنه‌ گرتنی دیارده‌كان‌و هوشیاركردنه‌وه‌ی تاك، له‌ ڕێی گوتاری ئه‌و شیعرانه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی تاكییان كردووه‌، مه‌به‌ستییان بووه‌ كۆمه‌ڵكه‌ له‌ دواكه‌وتوویی رزگاربكه‌ن‌و تاك هوشیار بێته‌وه‌. ئه‌مه‌ سیمایه‌كی سه‌ره‌كییه‌ له‌ شیعری كوردیدا.

بێكه‌س له‌ ڕێی شیعره‌كانییه‌وه‌، هه‌وڵی یه‌كسانی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌ ده‌دات‌و ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌قڵی لاهوتی تاكه‌كان ده‌گرێت‌وداوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كات، چاو له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی ڕۆژئاوا بكات.داوای لابردنی په‌چه‌ی شه‌رم له‌ ژنی كوردده‌كات. قانح دیدگایه‌كی مرۆڤدۆستی هه‌یه‌و به‌شیعر هه‌وڵی یه‌كسانی‌و دادپه‌روه‌ری مرۆڤه‌كان ده‌دات‌و به‌ گژ ئه‌قڵی بۆرژوازی‌وسه‌رمایه‌داری دادێته‌وه‌. گۆران وه‌سفی جوانییه‌كانی سرووشت‌و ژن ده‌كات. شێخ ڕه‌زا به‌ شیعر هه‌جوی پیاوانی ئایینی ده‌كات. شێركۆبێكه‌س كوردبوون‌و شانازیكرن به‌ كوردبوون، ده‌كاته‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی تاكه‌كان. زێوه‌رباس له‌خوێندن‌و خوێنده‌واری ده‌كات. ئه‌مانه‌و ده‌یان نموونه‌ی تر، كه‌ شاعیرانی كورد له‌ ڕابردوودا، له‌ ڕێی گوتاری شیعرییه‌وه‌، هه‌وڵی ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگاوهوشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كانیان پێداوه‌و شیعر ئه‌و كاتانه‌ هه‌ڵگری ده‌لاله‌تێك‌و ئاماژه‌یه‌كی بابه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی بووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ به‌شێكی زۆری گوتاری شیعری ئێستامان بڕوانین، ده‌بینین هه‌ڵگری هیچ په‌یام‌و ئاماژه‌یه‌ك نییه‌.

ڕاسته‌ له‌ نێوان شیعری دوێنێ‌و ئه‌مڕۆ جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌و شیعر له‌ ئێستادا، هه‌ڵگری گوتارێكی خودگه‌راییه‌وبه‌شێكه‌ له‌ ئه‌زموونی تاكانه‌ی شاعیر, به‌وپێیه‌ی زۆربه‌ی شیعره‌كان، له‌ بڕی بابه‌ت له‌ خود ده‌دوێن. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌، كه‌ زۆر جار شیعر هێنده‌ ساده‌و لاواز بێته‌وه‌، تاڕاده‌ی ده‌ربڕینی چه‌ند ڕسته‌یه‌ك، بێ هه‌موو چێژ‌وشیعریه‌تێك. به‌شێك له‌ شاعیرانی ئێستا، شیعر وه‌ك نووسینه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ تایبه‌تییه‌كانی ژیانی خۆیان ده‌بینن، ئه‌مه‌ش ده‌كه‌نه‌ گوتارێك له‌ شیعردا، له‌ ژێر ناوی شیعری نوێ‌وخودگه‌رایی‌و چه‌ندین ناونیشانی تر. له‌ كاتێكدا، شیعری ئێستا ئه‌گه‌ر وه‌ك شیعری ساڵانی بیسته‌كان، ڕۆلی هوشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان‌و ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگاش نه‌بینێ، به‌ڵام ده‌بێ ده‌قێكی ئستاتیكی بێت‌و چیّژی خوێنه‌وه‌، له‌ ڕووی شیعریه‌ت‌و وێنه‌ی هونه‌ری، به‌ خوێنه‌ر ببه‌خشێ.زۆربه‌ی شیعره‌كانی ئێستا،چیّژی خوێنه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ر نابه‌خشن‌و هه‌ندێكییان ته‌نها قسه‌ ڕێزكردنێكی بێ ماناونابابه‌تییه‌. بۆیه‌ ده‌بینین، خوێنه‌ری شیعر به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ خوێنه‌رانی ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب،یه‌كجار كه‌مبۆته‌وه‌. ئه‌وه‌نده‌ی ڕۆمان‌و چیڕۆك ده‌خوێنرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ شیعرنا. لێره‌دا، ئاماژه‌ بۆ ده‌قێكی شیعری ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌ویش ده‌قێكی( ڕۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی‌و پێشه‌وا كاكه‌یی)ه‌و به‌هاوبه‌شی نووسیویانه‌و له‌ ژماره‌ (3)ی گۆڤاری (باران) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و دووكه‌سه‌له‌ سه‌ره‌تای ده‌قه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن:-

قرژال نیوه‌ڕۆیان ده‌عوه‌تی كیسه‌ڵ بوو…
به‌س هێنده‌ به‌خاوخلیچكی چێشتی حازرده‌كرد..
ده‌بوو به‌ عه‌سر..
له‌داخی گه‌رما قارچكی ده‌كرد به‌ كه‌پر..

بێگومان، ده‌سپێك له‌ سه‌ره‌تای هه‌ر ده‌قێكدا، گرنگی‌و كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ بۆ سه‌رنج ِراكێشانی خوێنه‌ر‌وبه‌رده‌وامبوونی له‌ خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌دا. زۆر جارناونیشان یاخود ده‌سپێكی ده‌قێك،سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشێ. به‌شێكیشیان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، چیّژی خوێنه‌وه‌و به‌رده‌وامبوون له‌ خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ ده‌كوژن. ئه‌م چه‌ند دێڕانه‌،نه‌ك هه‌رچێژ به‌ خوێنه‌ری شیعر نابه‌خشن، بگره‌ ناچنه‌ خانه‌ی قسه‌كردنی ئاساییشه‌وه‌. وشه‌كان له‌و كۆپڵه‌ به‌ناو شیعریه‌دا، نه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكییان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌و نه‌یه‌كێتی بابه‌تییانه‌ی نێوان وشه‌كان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ وێرای نه‌بوونی هیچ جۆره‌ ماناو مه‌دلولێكی شیعریش. خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م چه‌ند وشه‌یه‌كی ئاسایی دایه‌،كه‌ كۆكردنه‌وه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ڕسته‌یه‌كدا، هیچ مانایه‌ك ناگه‌یه‌نن.ده‌عوه‌تی قرژال بۆ كیسه‌ڵ چییه‌؟ عه‌سر‌و كه‌پر چ په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی‌و شیعریان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌؟ گرفته‌كه‌ له‌وه‌نییه‌ ئه‌وانه‌ باسی ئاژه‌ل ده‌كه‌ن، گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌یانتوانیوه‌ هیچ مانایه‌كی بابه‌تی‌و مه‌دلولێكی شیعری بده‌نه‌ پاڵ وشه‌كان. بۆنموونه‌: ڕۆمانی (كێڵگه‌ی ئاژه‌له‌كان)ی (جۆرج ئۆرێل) سه‌رجه‌می كاره‌كته‌ره‌كانی گیانه‌وه‌رانن، به‌ڵام جۆرج ئۆرێل له‌و ڕۆمانه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ شۆرش ‌و شۆڕگێڕان ده‌گرێت. به‌ڵام له‌و كۆپڵه‌ شیعریه‌دا، هیچ مه‌دلولێكی شیعری‌و مانایی نه‌دراوه‌ته‌ پاڵا وشه‌كان. سه‌ره‌تاییترین ئاماژه‌ی هه‌ر ده‌ربڕین‌و ڕسته‌سازییه‌ك، گه‌یاندنی مانایه‌ به‌ به‌رامبه‌ر. ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ئۆرگانیكی وشه‌كان به‌ یه‌كترییه‌وه‌.

به‌ڵام به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌و چه‌ند په‌راگرافه‌دا، خوێنه‌ر به‌به‌ر هیچ مانایه‌ك ناكه‌وێت. له‌وه‌ شۆخیتریش هه‌ردوو شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی باری لاسه‌نگی شیعره‌كه‌یان ڕاستكه‌نه‌وه‌، هاتوونه‌ وشه‌ی(كه‌پر)‌و(عه‌سر)یان چونكه‌ هاوكێش‌و قافییه‌ن، هاوتای یه‌كتری كردۆته‌وه‌. ئه‌م دوو وشه‌یه‌، ته‌نها له‌ ڕووی كێش‌و قافییه‌وه‌ له‌ یه‌كترییه‌وه‌ نزیكن. ده‌نا ماناكانیان هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌.به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ودێڕه‌ شیعریه‌دائه‌م دوو وشه‌یه‌ نه‌ شیعریه‌ت دروست ده‌كه‌ن، نه‌ فۆڕمێكی ئستاتیشكش به‌ ده‌قه‌كه‌ ده‌ده‌ن. ته‌نها به‌ ئامانجی هاوتاكردنی یه‌كتریان له‌ ڕووی كێش‌و هاتنه‌وه‌ی زمانه‌وانییان له‌ گه‌ڵ یه‌كتریدا، له‌ شیعره‌كه‌ داندراون.ده‌نا مه‌دلولێكی ئه‌و تۆیان نییه‌ كه‌ چ به‌ دانانیان چ به‌ لابردنیان، ڕیتمی ده‌قه‌كه‌ تێك بچێت. ئه‌م دوو شاعیره‌ له‌ نووسینی ده‌قه‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بن‌وئه‌م جاره‌یان ده‌ڵێن:_

قرژاڵ كه‌ ئاوماندووی ده‌كرد..
پاڵی ده‌نا به‌ نیوه‌ڕۆ‌و..
له‌ عه‌سرێكی فێنكدا..
به‌دوای تراویلكه‌ ده‌گه‌ڕا..

باله‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ قرژاڵ ئاو ماندووی ناكات. چونكه‌ خۆی زینده‌وه‌رێكی ئاوییه‌و هه‌میشه‌ له‌ نێو كون‌و كه‌لێنی به‌ردی نێو ئاوه‌كان‌و قه‌راغ ئاوه‌كان ده‌ژیت. به‌ڵام هه‌ركه‌سێك شیعربنووسێت، ده‌زانێت تراویلكه‌ كه‌ به‌مانای سه‌راب دێت، له‌ كه‌شی فێنك دروست نابێت. ئه‌م دیارده‌ سرووشتییه‌ ده‌ره‌نجامی گه‌رمایه‌كی به‌تینه‌ كاتێ ڕۆژله‌ زه‌وی ده‌دات‌و هاڵاوێك به‌رزده‌بێته‌وه‌ له‌ شێوه‌ی كارێزه‌ ئاوێك. به‌ زۆریش له‌ بیابان‌و شوێنه‌ گه‌رمه‌كان ڕووده‌دات.سه‌راب دیارده‌یه‌كی بینراوی نابه‌رجه‌سته‌یه‌. ده‌ره‌نجامی دانه‌وه‌ی گه‌رمی زه‌وییه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی ستوونی. ئه‌مه‌له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌كرێ خوێنه‌ری ئه‌و ده‌قه‌ بپرسێت، قرژاڵ بۆچی به‌ دوای تراویلكه‌دا ده‌گه‌ڕێت؟ چ كاری به‌ سه‌رابه‌؟ دواتریش ئه‌و زینده‌وه‌ره‌ هه‌رگیز له‌ ئاو دوورناكه‌وێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ كه‌سانێك خه‌یاڵی ئه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ شیعره‌و مانای شیعریش له‌ دڵی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی. به‌ڵام شیعر گوتارێكه‌،به‌ ڕووی خوێنه‌ران. ناشێ شیعرێك له‌ پێناوی هیچدا بنووسین. وه‌ك ئه‌وه‌ی داداییه‌كان‌و سوریالییه‌كان،ئه‌گه‌رچی ئه‌ویش ڕێبازێكی شیعری بوو، به‌رمه‌بنای كاره‌سات‌و ڕووداوه‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م بوو ده‌یاننو‌وسی.كاتێ شیعریان خاڵی كرده‌وه‌ له‌ هه‌موومانایه‌ك. بونیادی شیعر به‌ر له‌وشه‌، ماناو په‌یامه‌، ئاماژه‌و بابه‌ته‌، ئه‌گه‌ر شیعرنووسین كۆكردنه‌وه‌وخستنه‌ پاڵ یه‌كتری په‌یڤه‌كان بێت به‌ته‌نها، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان، ئاماژه‌ بابه‌تی‌و واتاییه‌كان،ده‌ربڕین و ئستاتیكای وتن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێستا هه‌موو كه‌سێك شاعیر ده‌بوو. كه‌خوێنه‌ری شیعر كه‌مبۆته‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ شیعر جوانی نه‌ماوه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ شیعر مه‌دلولی شیعریانه‌ی خۆی نه‌ماوه‌، شیعریه‌ت‌و ڕیتم‌و جوانی له‌ شیعر نه‌ماوه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانێك هه‌ن، وشه‌ ڕێزده‌كه‌ن ‌و وه‌ك شیعر ده‌یناسێنن. له‌وه‌ كاره‌ساتریش، كه‌سانێكی دیكه‌ هه‌بن داكۆكی له‌و وشه‌ ڕێزكردنانه‌و قسه‌ بێ مانایانه‌ بكه‌ن‌و به‌شیعر ده‌رخواردی خوێنه‌ری بده‌ن. به‌ڵام ئاخۆ ده‌توانن ئه‌مه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌موو خوێنه‌رێكی شیعر بكه‌ن؟ بێگومان مه‌حاڵه‌…




بارەگا… بارێ گا …. کارا فاتیح

بارەگا: بوون بە بار بە سەر كۆمەڵگاوە
بارەگا لە خەیاڵدانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا شوێنە، شوێنی ئەندامەكانی پارت، ڕێكخراو، كۆمەڵە و سەندیكای جۆراوجۆرە… شوێنی كاری میر، پاشا، سەرۆك، بەرپرس و…هتد، ـەكانە، ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە، لە كوردستان پارت، ڕێكخراو، كۆمەڵە و سەندیكاكان ئاوێنەی خەڵك و ئەو توێژانەی خەڵك نیین كە بە زۆر خۆیان كردوون بە نوێنەریان، سەرۆك و بەرپرس و لێپرسراوی یەكەم و دوەم و سێیەم …هتد،ـی شار و شارۆچكەكان، هێندە دوورن لە ژیانی ئاساییی خەڵكەوە، كە قسە دەكەن، وەك لە هەسارەی جووداوە هاتبن بەو شێوەیە دەدوێن، لەم ڕاستییە سادەیەوە بارەگاكان دەبن بە دومەڵی دڵی شار و شارۆچكەكان، دەبنە سیخوڕخانە و گەندەڵخانە و تەمەڵخانە و شوێنی ئینسانی زیادە و بێكەڵك، شوێنی ئەو كەسانەی جگە لە بوون بە عەبد و دۆزینەوەی ڕێچكەی دزێو بۆ پارە و دەسەڵات و مفتەخۆری و چڵێسی، هیچ سەنعەتێك، بەهرەیەك، خولیا و بیركردنەوەیەكی تریان نییە، لێرەوە لە خەیاڵدانی خەڵكدا بارەگا چیتر شوێنێكی ئاسایی نییە.

بارەگا ئێستا لە خواست و ئارەزووی خەڵكدا بە تایبەت خەڵكانی خۆپیشاندەر، وەك بینا پێویستە دابخرێت، بسووتێنرێت، چۆڵ بكرێت، ئاڵا و تابلۆكەی بخرێتە ژێر پێوە، وشەكەیش لە بیركردنەوەی خەڵكدا وەك وشەیەكی پتەو كە مانای خۆی بدا نەماوە، خۆبەخۆ بە بێ ئەوەی بە ئەنقەست بێت، وشەكە هەڵدەوەشێت: بار+ە+گا… [بار] لە زمانی كوردیدا مانای زۆرە و دەیشچێتە پێكهاتەی زۆر وشەی ترەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا خەیاڵ بۆی دەڕوا دوو مانایە: 1-بارستایی، قورسیایی، ئەندازەیەك لە شتێك (كەلوپەل و خۆراك) وەك: بارەترێ، بارەدار. 2-مزاحم، بارستێكی ناقۆڵا كە ڕێ لە ڕیتمی ئاساییی شتەكان و ئیشوكار دەگرێت، وەك: ئەو كەلوپەلانەم لێ بوون بە بار نازانم چییان لێ بكەم. دوو مانای [گا]یش زەق دەكەینەوە: 1-نێرەی ڕەشەوڵاخ. 2-وەك پاشگری ئەو ناوانەی كە دەبنە ناوی شوێن [اسمی مەكان] وەك: یاریگا، خەڵوەتگا…. ئێستا لەم مانایانەوە، بارەگا دەبێتە بارێك لە گا. بار وەك گوتمان بڕ یان ئەندازەیەكە لە شتێك، [گا]یش ئەگەر چی ناوی ئاژەڵێكە، بەڵام بە هۆی سروشتی ئەم ئاژەڵەوە لە بەر دیدی كورددا، جووڵەی خاو، قەڵەوی، دەنگی ناساز، پیسوپۆخڵی، ئەگەر چی مرۆڤدۆستی و ئاژەڵدۆستیی مرۆڤی كورد دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام وەك جنێو بە كەسانی تەمەڵ و گێل و پیسخۆر و چەنەباز و دەنگ ناساز بە كاردێت، كەواتە ئێستا بارەگا شوێنی كەسانی تەمەڵ و گێل و پیسخۆر و چەنەباز و دەنگ ناساز و هەموو سیفەتێكی نزیك لەم بابەتانەیە. لە مانای دوەمیشیدا بارەگا، شوێنی ئەو كەسانەیە كە بارن بە سەر كۆمەڵگاوە، كۆسپن لە بەردەم ژیانێكی باش، ڕێگە لە پێشكەوتنی وڵات دەگرن، لەمپەرن لە سەر ڕێی داهێنان و خۆشگوزەرانی و دۆخی شاییستە بە مرۆڤ.

دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كامە بارەگا ئەو مانایانەی بە سەردا دەچەسپێت، ڕەنگە لە خەیاڵی زۆربەماندا كە ئەم ڕۆژانە بارەگاكانی حزب كەوتنە بەر پەلاماری خۆپیشاندەران و هەندێكیان سووتێنران، وا بزانین ئەوە تەنها ئەو بارەگایانە وان، بەڵام ئەگەر وردتر بڕوانین، دەبینین ئەوەی بارە بە سەر كۆمەڵگا و ئەوەی شوێنی خەڵكانی بێ كار و پرۆژەیە و بوەتە شوێنی كۆیلە و پارەپەرست و چڵیس و پیسخۆر و لە سیخوڕخانە و گەندەڵخانە و تەمەڵخانەیەك زیاتر نیین تەنها بارەگاكانی حیزب نیین، بەڵكو بارەگاگانی: دوكتۆران، یاساناسان، تەلەبە، مامۆستایان، هونەرمەندان، نووسەران، ئەندازیاران، ژنان، لاوان، كرێكاران، كەمئەندامان و هەموو ئەوانی تر بێ جیاوازی هەمان سیمایان لە كۆمەڵگای كوردیدا هەیە.




كيشوەرێكی نەدۆزراوەی شیعر … نووسینی: پێشڕه‌و ئه‌حمه‌د فایەق

بۆ یەکەمجارە لە ماوەیەکی درێژدا کتێبێکی شیعریی چاپ بکرێت و لە یەک کاتدا دەق و لیکۆڵینەوەی لە خۆگرتبێت، وێڕای بابەتی تیۆریی دەربارەی تەکنیکی شیعرو بابەتگەلێکی دی لەمەڕ کێشەکانی جیهانی شیعری مۆدێرنی کوردی ..هەروا ختوکەدانی هزری خوینەر بە دەرگا واڵاکردن لەسەر هەندێك بابەتی مێژوویی و زانستی و هزریی و فەلسەفی و گرێدانیان بە ئەدەبەوە.
پەڕتوکی ‘ ئەزموونێکی جیاوازی شیعر’ لە قەوارەی ٢٢٤ لاپەڕەدا ١٩ دەق و ٥ لێکۆڵینەوەی لە خۆگرتووە، لەگەڵ چەندان وتەی جۆراوجۆری پەیوەندیدار بە واقیع و کێشەکانی شیعری کوردی. نەك تەنیا جیاکاریی ئەم کتێبە لەم خاڵانەدایە، بەڵکو دەقەکان وەكو زمان و بابەت و ستایڵ و تەکنیك تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەوەی شاعیر لەم دەقانەیدا کە مێژووی نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ کەم تا زۆر ئەم شێوازو تەکنیکانەی تیادا پەیڕەو کردووە:

* بەکارهێنانی زمانی ناڕاستەوخۆو هێمادار و هونەریی لە دەربڕیندا.
* ڕەچاوکردنی فرە ڕەهەندی و نووسینی دەقی کراوە.
* خودی شاعیر بزرە لە ناو دەقەکانداو زۆر بە ئەستەم دەبینرێتەوە، گەر دیاریش بێت ئەوا خودێکی گشتی و مەوزوعییە.
* کارکردن لەسەر پانتایی جیهانيبوون و ڕەهەندەکانی مرۆڤایەتی.
* تازەگەریی و جیاوازیی وەكو داهێنانێکی ڕەسەن ئاودراو بە زمانی ڕاستگۆی ناخ، کە دەبێتە سەرچاوەی ئیلهامی خوێنەران.
* جارانێکیش لێسەندنەوەی سیفاتەکانی مرۆڤ و بەخشینی بە ڕووەك و ئاژەڵان و بێگیانەکان، یان بە پێچەوانەوە.. وەك ستایڵێکی ناوازەو مەبەستدار.
* ئەمەو وێڕای مانا و دنیابینیە قوڵ و فەلسەفییەکانی ناو شیعرەکان … و زۆر خاڵی سەرنجڕاکێشی تر..

نه‌جات حه‌میدی ره‌خنه‌نووس، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی لە دنیای رەخنەی کوردیدا لەسەر جۆرەکانی فۆرمی شیعری هاوچەرخ دەکات و تیۆری بونیاتی شاراوەی دەق لەمبارەوە پراکتیزە دەکات و ٤ جۆر فۆرمی جیاوازی شیعریی لەشیعرەکانی سۆران محەمەد دا کەشف دەکات، تیایدا دەڵێت:
” به‌داخه‌وه‌ له‌كولتوورو ئه‌ده‌ب و نووسينى كورديدا تاكو ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گرنگ سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌ له‌ شيعردا نه‌نووسراوه‌…”
” ئەو لە گەڕانێكى بەردەوام و لەسەرخؤدايە بۆ دؤزينەوەى شێوەيەك لە داڕشتنى جياواز بؤ مانا، بەڵام ئەو سيفەتە زمانەوانيەى كە زاڵە لە نێو شيعرەكانيدا جوانكاريى زمانەوانيە لە چوارچێوەى شێوەیەكى جياواز لەشيعردا كە ئەمەش خەسڵەتێكى ديارى ناو شيعرەكانيةتى “.
جێی ئاماژەیە کە شاعیر پێشتر ٤ پەڕتوکی شیعریی تری چاپکردوون، کە تەنیا یەکێکیان بە کوردی بووە بە ناوی (مردن لە ئاوێنەکانا- ٢٠٠٤)، بەڵام هیچییان وەك ئەم پەڕتوکە لەم ٣ تێکەڵە جۆراوجۆرە پێكنەهاتوون، گریمانی ئەوەی هەیە شاعیر ویستبێتی شیعری مۆدێرن و هاوچەرخ بە خوێنەرانی کورد ئاشت بکاتەوە، نهێنی دەقە ئاڵۆزەکان ئاشکرا بکات، بە پشت بەستن بە هەموو باکراوندە ئەزموونیی تیۆری و پراکتیکییەکانی خۆی کە لە دنیای واقیع و نووسیندا هەی بوون.
نەك هەر ئەوانەی شیعر دەنووسن جێی بایەخە ئەم پەڕتوکە بخوێننەوە، بەڵکو خوێنەرانی شیعری هاوچەرخ و ئەکادیمیستەکان پێویستە ئاگاداری ناوەڕۆکی ئەم پەڕتوکە بن، کە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی تێدا هەست پێ دەکرێت لە نێوان شیعرو ژیان و خوێنەران و شاعیرانی هاوچەرخدا.
جگە لەم چینانەش، بەڵکو چینەکانی تری کۆمەڵگاش پێویستە ئاوڕێکی جدی لێبدەنەوە… جا بۆ ئەوەی بە چاوێکی جیاوازترەوە بڕوانینە ژیان، لانی کەم ڕۆژانە پێویستمان بە خوێندنەوەی پڕ ڕامانی شیعرێکی هاوچەرخ هەیە، تاکو بە تەنیا تێڕوانینەکانی خۆمان لە خشتەمان نەبات، وەك ئەحمەدی مەلا لە جێیەکدا دەنووسێت:

“بۆ ئەوەی سەیری جیهان بکەی بە چاوێکی تر
ئەو جیهانەی بۆ نەوەکانی دیکەی جێدەهێڵی،
پێش نووستن
هەموو شەوێ لاپەڕەیەک لە شیعری هاوچەرخ بخوێنەوە
بۆ ئەوەی کاتێ لە خەو هەڵسای
لە کاتی ڕیشتاشیندا هەندە سەیری قۆزیی خۆت نەکەی
تا بیر بکەیتەوە
ئەی پیاوی سیاسیی…”

ئەم هاندانەی ئەحمەدی مەلا ڕەنگە زۆر واقیعیی بێت، لە کاتێکدا سەرۆکی فەرەنسا (ئیمانۆیل ماکرۆن) دەبینین موتابەعەی نوێترین ڕۆمانی جیهانی و فەرەنسی دەکات و لەسەفەرەکانیشیدا دەیانخوێنێتەوە، ئەی بۆ ئێمە داببڕێین لە سەرچاوەکانی هۆشیاری و خۆ نوێکردنەوە؟
ئەگەر رەخنەنووس عەبدوڵلا تاهیر بەرزنجی پیرۆزبایی خۆی لەم پرۆژەکتێبە بکات و بڵێت ” زۆر پێمخۆشبوو، سەرنجى ڕاكێشــام، پرۆژەیەكى جوانه..
خۆزگه كاتم ئەبو بەشــداريمبكردايه. حەزناكەم به ئاسانى خۆم لەو جــــۆره پرۆژانه بدەم. پيرۆزبايى .. شـــــــتێكى جوان و نـــوێ دەردەچێت ” ئەوا ئارام سدیق ئەسەفی خۆی دەردەبڕێت لە دیدگای خاکێتی و لەخۆبوردوییەوە کە ناتوانێت بەشداری ئەم پرۆژە کتێبە بێت و دەڵێت” بەداخەوە من ناتوانم بەشدار بم لەم پرۆژەیەدا.. من خۆم لە ئاستی ئەوە نابینم کە پێشەکی بۆ هیچ شاعیرێک بنووسم… بێگومان ئەمە پەیوەندی بە خۆ بچووکبینینەوە نییە”..

شاعیر لە شیعرەکاندا فەزایەکی پڕ جادوویی سەیر بۆ خوێنەران دروست دەکات و هەرواش پەیوەستیان دەکاتەوە بە مەعریفەو بەها جوانەکان، ڕایاندەپسکێنێت و کەسایەتی ونی ناخمان پێ دەناسێنێتەوە، ئاشنامان دەکاتەوە بە سروشت و دەوروبەرو مرۆڤایەتی … بە زمانێکی قوڵ لەگەڵمان ڕادەمێنێت تا لە خۆمان و دەوروبەرو رابردوو و داهاتوومان بیر بکەینەوە، ئیتر لە شوێنێکدا جێمان دێڵێت کە داوای زیاتر دەکەین و نایبینینەوە، بۆیە دەبێت خوێنەریش لێرەوە ببێتە کەسێکی کاراو بەشداربێت لە تەواوکردن و نووسینەوەی دەقەکان.
بۆ ئەوەی چیدی شەهاب زەنگەنەی شاعیرو هونەرمەند بێدەنگ لەناو تەمدا بزر نەبێت لە قرچەی هاوینێکی ئابدا، ئەوا دانا عەسکەری ستەمدیدە کە خەمی نەك شارێك، بەڵکو میللەتێکی داوە بەشانیداو لەگەڵ ئەنیشتایندا دەیەوێت لە نهێنی زەمەن تێبگات و پێکهاتە زانستییەکانی هەڵبوەشێنێت، بۆیە گفتوگۆی بیردۆزی ڕێژەیی لەگەڵ دەکات، تاکو کات لە شوێنی خۆیدا رابگرێت و چیدی مرۆڤەکان نەکوژرێن و خۆشیان نەکوژن.. ئەمە لە شیعری (ناکات)دا درك پێدەکرێت.

لە لایەکی ترەوە و هەر لەم پەڕتوکەدا شاعیری ناوداری فرەنسی (جین نیکۆلاس ئارسەر ڕامبۆ ١٨٥٤-١٨٩١) سەفەرەکانی خۆی دەست پێدەکاتەوەو دەچێتەوە بۆ یەمەنی تەنراو بەتاعون و جەنگ و لەوێش بە گەرمی پێشوازی لێدەکرێت، وەك چۆن نایەوێت میکرۆبە مشەخۆرەکانی ناو دارستانەکەی شارلفێڵ پێستی بخۆن و لەگەڵ خۆیاندا بینێژن، هەرواش حەزناکات زوو بە تاعون ماڵئاوایی بکاتەوە، بۆیە بەسەر شەپۆلە زێڕینەکانی دەریای سووردا دەفڕێت و لە بازرگانەکانی قاوە دەگەڕێت کە سەردەمێکی درێژە نەیبینون، ئەو عاشقی خۆری بیابانێکە خەمەکانی بتوێنێتەوەو وردو خاشیان بکات، دوای ئەوەی یاخی بوو و هەڵهات کە بۆی دەرکەوت چیدی شیعر ناتوانێت جیهان بگۆڕێت. ئەمەش لە شیعری (ڕامبۆی یاخی)دا دەخوێنیتەوە.

لە دەقێکی تردا نهێنی زیاتری کەسایەتی (ڕێنوار)ی ‘تۆ مەچۆ بۆ شەڕ’ی ناو خەونەکانی ماردین ئیبراهیم دەکەوێتەوە بەر تیشکی مەعریفەو دێتەوە مەیدان و پێمان دەڵێت بۆچی ڕێنوار لەسەر ئەو هەورانە نایەتە خوار؟ پێمان دەڵێت بۆچی شاڕڵ بۆدلێر نایەوێت پێ بەسەر گەڵا زەردو وەریوەکانی پارکە ڕۆمانسییەکاندا بنێت؟ بۆچی ئەم گەڵایانە کۆ بکەینەوەو بینێرین بۆ خومخانەچییەکان؟ ئەی نهێنی نوقڵی کورسینەعناکانی ناو گیرفانی کۆتەکەی شاعیری کرواتی ‘ میلۆراد کریستانۆڤیچ’ چییە کە هەمیشە یاوەری بوو، ئەو لە کوێ چاوی بۆ دنیای پڕ ناسۆر هەڵهێناو لە کوێش دوا زەردەخەنەی کرد بۆ ژیان؟ ئەمەش لە شیعری (لە کرۆنۆسەوە) دەخوێنیەوە.
بۆ ئەوەی ڕوو بکەینەوە سروشتی تۆراو، لەوێشەوە بگەڕێینەوە ناو خودی ڕاستەقینەی خۆمان و پێچوپەناکانی زیاتر کەشف بکەین، تا ڕێگایەکی نوێی ژیان لەبەردەمماندا بکرێتەوە، ئەوا شاعیر بەم گوتەیە دوا لاپەڕەکانی ئەم پەڕتوکە بە چێژە پێوە دەدات و رووی خامەکەی دەکاتە هەموو خوێنەران بێ جیاوازیی و دەڵێت:

” خوێنەری هێژا ! گەر نەفامیی و نەزانیی دووانەیی(موڕەککەب)، چاوچنۆکیی، شەڕەنگێزیی، بەرژەوەندیخوازیی و بێوەفایـی مرۆڤەکان نیگەرانیان کردیت، لە سپێدەیەکی بولێڵدا کە هێشتا هەناسەی پاکی گژو گیاکان لەسەر توێژاڵی خاكی دەربەندو گردۆڵکەکان قەتماغەی بەستووە؛ ئەم کتێبە وەدەستەوە بگرەو لەو کەڵەمێرووە ڕابمێنە کە پەنجەی خۆرێکی نەرم وەئاگای هێناوەتەوەو لاشەی گەڵایەکی وشکی داوە بەشانیداو بزانە بۆ کوێی دەبات؟ تۆش لەگەڵ بۆنی سروشتدا ئاوێزانی دونیای شاردراوەو ئاماژەکانی پشت وشەی شیعرە سرکەکان بە ، ئومێد بکە.. ڕەنگە خودی ڕاستەقینەی ناخت بۆ بدۆزێتەوەو ڕێگایەکی نوێشت نیشانبدات – بزانە بۆ کوێت دەبات؟”.




وانه‌یه‌ك له‌ سپێده‌وه‌ …. نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

ئه‌ی ئێستا !
(ئێستا)ی له‌تاراوگه‌ی ڕه‌هاوه‌ هاتوو
وه‌ك قسه‌ ساده‌ و قووڵه‌كانی مندڵان ..
خه‌یاڵی ئێواره‌ خه‌مباره‌كانی ئاو و
كه‌زیی ئه‌ستێره‌ داڕژاوه‌كان ده‌كه‌ی ..
نیگه‌رانییه‌گی برووسكه‌دار
به‌سه‌ر ڕۆژ و مانگ و ساڵمان تێده‌په‌ڕێ‌ ..
زه‌ماوه‌ندێك بوو
قه‌سیده‌ی
به‌كڵاوڕۆژنه‌ی كۆڵیتان
به‌رده‌دانه‌وه‌ ..

ئه‌ی ئێستا !
سوڵتانی ون بووی بیابانان ..
كه‌شتی بێ چارۆگه‌ ،
نامۆی له‌گه‌ڵ ئاودا ئێشكگر ..
شه‌وی گڕگرتووی
جه‌سته‌ی ڕووتی
ئاوازه‌ جه‌نازه‌ییه‌ كڵۆڵه‌كان ..
له‌وێ‌ ،
له‌به‌رزایی وه‌حشه‌تناكی ئیرۆتیكادا
بوارێكی دژوار چاوه‌رێمانه‌
ده‌نگ و ڕه‌نگی
له‌بۆشایی مێینه‌تیدا ده‌له‌رێنه‌وه‌ ..

ئه‌ی ئێستا !
گوایه‌ تێشتت له‌ (هه‌زارمێرد) و
فراڤینت له‌ (چه‌رمۆ)دا خواردووه‌ و
شه‌و له‌ مه‌یخانه‌كانی (ئوور)دا
مه‌ست بووی ..
كوا ؟
كوا تێزی ئیرۆتیكا ؟
كوا باڵای ئه‌به‌نووسیی
ساقییه‌ چاوكاڵه‌كان
زرنگانه‌وه‌ و كێشمانه‌ی شارستانییه‌ت كوانێ‌ ؟

ئه‌ی ئێستا !
به‌ كه‌نارێكدا ده‌ڕۆین
تاریكیمان به‌پێش كه‌وتووه‌
تاریكیمان له‌ دوو ده‌ڕوا ..
هاوارمان ،
له‌ هاواری ناو مۆته‌كان ده‌چێ
به‌ هه‌ناسه‌بڕكێی خۆمان ڕاده‌په‌ڕین ،
بێدار ده‌بینه‌وه‌ .

ئه‌ی ئێستا !
مێینه‌تی مێژوو چی لێ هات ؟
پیاوه‌تی جوغرافیا كوانێ ؟
به‌ سۆزی (ئێستا)ی ئه‌وساوه‌
گوڵێكمان بداتێ
ماچێكمان بكا
له‌ ڕووناكییه‌وه‌ هه‌ڵێنجرابێ .

كه‌ ئێستا ،
په‌رچه‌می به‌رده‌داته‌وه‌
ته‌نیا ڕه‌شایی
له‌ ئاوێنه‌دا ده‌بینێ‌ ..
ئه‌وه‌ تۆی ئێستا
ئێرۆتیكانه‌
له‌سه‌ر كلیلی ژه‌نگاوی
بانكه‌كان
به‌ دیار گۆڕی
چه‌ند جار هه‌ڵدراوه‌ی مێژوو و
نگینی چێژ
ڕاكشاوی ..
بیر له‌ ئاگره‌ی ده‌به‌نگایه‌تی ده‌كه‌یه‌وه‌ ..
**

پڕشنگی خۆر
به‌ناو قژی ئاڵۆزكاودا
ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر
ئه‌و تووله‌ ڕێیانه‌ی
بانگی په‌رستگایانی ناگاتێ‌ ..
(ئێستا) له‌وێدا
به‌ هێمنی ،
غه‌ریبانه‌ گیان ده‌سپێرێ‌ ..
له‌وساوه‌ وێنه‌ی لێچووه‌ته‌وه‌
له‌وساوه‌
به‌ لاپرسه‌نی نه‌دیتكان
له‌گه‌ڵ ئاودا ده‌نوێ و
له‌گه‌ڵ ئاودا
خۆی به‌ تاشه‌به‌رد و
ڕه‌گی سپیداره‌كانی كه‌نار داده‌دا
ئه‌نكیدۆیانه‌ ،
به‌جه‌سته‌ی ژنێكی ڕشكاو هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێ‌ ..
له‌وساوه‌ (ئێستا)
بووه‌ به‌ مه‌مله‌كه‌تێكی كه‌س به‌ كه‌س نه‌بووی
بێ ته‌خت و بێ ناونیشان ..
له‌ غه‌فڵه‌تی بارانی ئێواران و
ئاسمانه‌ی نه‌سیمێكی له‌ریو
له‌ شه‌وێكی نووته‌ك ده‌كا ..
هه‌راهه‌رایه‌تی مردووانی
تێدا زیندوو ده‌بێته‌وه‌.
**
ئه‌ی ئێستا !
وێنه‌ی هاوچه‌رخی دێرینی
له‌ خوێنێكدا گه‌وزاو
ڕه‌نگدانه‌وه‌ی مانگه‌
به‌ئاسمانی تۆراوه‌وه‌ ..
له‌و ئاوێنانه‌ی
له‌ شه‌ڕه‌كاندا شكێنران و
له‌ دیمه‌نێكی نه‌دیتراودا
(ئێستا)ی دێرین
دێرینی (ئێستا)
ده‌ده‌نه‌وه‌ ..

ئه‌ی ئێستا !
تۆ نووكه‌ ڕووناهییه‌كی سپی
به‌ لووتكه‌ بێباك و ماندووه‌كانه‌وه‌ شۆڕ ده‌بییه‌وه‌ ..
گه‌ردانه‌یه‌كی پچڕاوی
به‌سه‌ر جه‌سته‌ ڕاشكاوه‌كان وه‌ربووی ..
جوانییه‌كی ،
نه‌ لار ده‌بێته‌وه‌ ، نه‌ ده‌شكێته‌وه‌ ..
به‌ڵام هه‌رگیز ساف نابێته‌وه‌ ..
ئه‌وه‌ دووكه‌ڵی په‌رت بووی سپێده‌ده‌مانی شاره‌
له‌ نهێنی هه‌ڵدێ
بچێته‌وه‌ ناو نهێنی ..
خه‌ون به‌ خه‌ونه‌وه‌ ده‌بینێ ..
ئاهه‌نگ له‌ ئاهه‌نگدا ده‌گێڕێ ..
گریان به‌گریان دێنێ ..
له‌وێ
له‌ په‌ژموورده‌یی جه‌سته‌ ئیرۆتیكاییه‌كاندا ،
له‌بن باخه‌ڵی سۆزاوی مێینایه‌تیدا
ژیان گوناهێكی به‌رده‌وامه‌
له‌ پرسیاره‌ بێ وه‌ڵامه‌كان ..
شێوازێكه‌ له‌ شێتیی
به‌ناو هاڕمۆنیای ڕه‌نگه‌ گه‌رمه‌كانی
تابلۆیه‌كدا تێده‌په‌ڕێ ،
ڕووت ..
ئاسوده‌ ..
دڵخۆش به‌ كورته‌ خه‌ونه‌كان ..
دڵخۆش به‌و ئایكۆنانه‌ی
نه‌ وێنه‌ی دێرینیان پێوه‌ ماوه‌
نه‌ ڕووناكی ئێستا !!

ئه‌ی ئێستا !
بۆشاییه‌
بۆشاییه‌
بۆشاییه‌ (ئێستا)
به‌ ڕووباران خوێنی
له‌به‌ر ده‌ڕوا ..
ده‌شته‌ به‌ پیته‌كانی سۆمه‌ر
له‌ (ئێستا)ی ئه‌وسادا
له‌قووڵایی سه‌قامگرتووی زه‌وی
ده‌گیرسێته‌وه‌ ..
شه‌وی بۆیه‌كراو به‌ خۆڵ و خاشاكی
شه‌قامی مه‌یخانه‌كان
به‌ تریفه‌ی وه‌هم ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ ..

ئه‌ی ئێستا !
تاجه‌گوڵینه‌ی
وه‌سوه‌سه‌ی جه‌سته‌ پاڵكه‌وتووه‌كان !
مه‌ڕۆ.. بمێنه‌وه‌
شه‌به‌نگی ئه‌به‌دییه‌ت
به‌كوێریش ده‌بینرێ ..
چاو ،
هێزی بینین
له‌ ڕووناكی نا
له‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی خوداوه‌ندان وه‌رده‌گرێ ..
قه‌سیده‌كان به‌ ڕێگاوه‌ن ..
ئێش ..
له‌ززه‌ت ..
هێڵه‌ چه‌ماوه‌كانی ئیرۆتیكا ..
ئاسمان و زه‌وی
سێبه‌ری شارستانییه‌تیان
حه‌شار داوه‌ ..

ئێواره‌ت باش
په‌لكه‌زێڕینه‌ی هه‌وكردوو !
ئێواره‌ت باش
بێده‌نگی دێرین !
هێزی تۆ
له‌ (ئێستا)وه‌ هاتووه‌
(ئێستا)ی دێرین ،
دوا قسه‌ی به‌ گوێی
دار و دره‌ختان ده‌چرپێنێ ..
ئه‌مه‌ ئه‌و (ئێستا)یه‌یه‌
ڕۆژانه‌ له‌ دێرینی ده‌خوازین
تا له‌ باڵ (ئێستا)ی ئێستای بكه‌ین
ئه‌و سرووته‌ نه‌خشه‌ بۆ كێشراوانه‌یه‌
ڕۆژانه‌ دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ..
ئه‌و قوولكه‌ به‌ردانه‌ن
لێمان بوون به‌ گۆڕستانی
بارانه‌ مردووه‌كان ..
لێمان بوون به‌ دروشمی ئه‌فسانان
له‌ گۆشه‌گیرییه‌كی خۆڵه‌مێشیدا كۆ ده‌بنه‌وه‌
نیگایان له‌و چاوانه‌یه‌
گلێنه‌یان تیا نه‌ماوه‌
خاچی تێدا بچه‌قێنن ..
ڕێ له‌ په‌پووله‌ی بناران و
كارمامزی دوندان بگرن ..

ئه‌ی ئێستا !
خۆش بوو هه‌میشه‌
به‌ گه‌نجیمان دیتبای
گه‌رم .. به‌ شه‌نگ ..
ئه‌فسووس
نه‌ (ئێستا)ی ئێستای
نه‌ ئێستای دێرین
خۆت دیوه‌
به‌ناوی گه‌شت
به‌ناوی ئایینده‌
به‌ناوی هه‌ناسه‌ی كوێستانان
سواری چ كه‌شتییه‌كی ڕه‌شیان كردووی
ده‌تبه‌ن
له‌ به‌حری زوڵوماتدا به‌جێت دێڵن ..
قاقای پێكه‌نینیان
ده‌ریایان ته‌ی ده‌كا
ئۆقیانووسان ده‌بڕێ‌ ..
درێغ تۆیش
ئێستایه‌تی خۆت
له‌ ئێستادا نه‌كرد ..
ئه‌ی ئێستا !
سوڵتانی بێ ته‌ختی ون بووی لمی بیابانان.

حوزه‌یرانی / 2017




ڕەشەبا … ن.ریزان فەتاح

چۆن بزانین ڕەشەبا
لە کوردستان هەڵدەکا؟

هەرکاتێ درەختەکان
لە شەقام و ماڵەکان

بەخێرایی دەجوڵان
گەڵا و لقیان دەهەژان

ئاسمان ڕەنگی بگۆڕێ
هەندێک خۆڵاوی ببێ

نیشانەی ڕەشەبایە
وژە وژی لەگەڵدایە

بۆیە دەبێ وریا بین
هەتا بەبێ زیان بین

********************




جیهان لە چنگى ئیمپڕاتۆردا -1- … سمکۆ عەبدوڵکەریم

بەشى یەکەم

بەر لە گەشتەکەى کۆلمبوس و دۆزینەوەى هەردوو ئەمریکاکە، دەستەواژەى جیهانى نوێ لە فەرهەنگى سیاسیدا ناوى نەبوو، جیهان هەر ئەوە بوو کە پێى دەوترا، جیهانى کۆن، هەرچەندە چۆمسکى لە کتێبەکەیدا ” ساڵى ( 501) داگیرکارى بەردەوام” ساڵى (1992) وەک تێپەڕبوونى 500 ساڵ بەسەر سیستمى جیهانى کۆن وەسف دەکات و پێى وایە هێشتا جیهانى نوێ دەستى پێنەکردوە، بە پێچەوانەوە بەر لە چۆمسکى، ئادم سمیس ساڵى (1776) لە کتێبکەیدا بە ناوى (توێژنەوە لە سروشت و هۆکارەکانى سامانى گەلان) دەڵێت: “دۆزینەوەى ئەمریکا و دۆزینەوەى رێگاى خۆرهەرلاتى هیند لە رێگەى (رەئس ئەلرەجا ئەلسالح) دوو گەورەترین و پڕبایەخترین رووداو بوون لە مێژووى مرۆڤایەتیدا ” بەومانایەى هەروەک سمیس ئاماژەى بۆ کردوە دۆزینەوەى ئەمریکا یارمەتیدەرێکى بنچینەیی بوو بۆ ئەوروپا، بە ئامانجى ئەوەى ئەوروپا لە رێگایەکى کورتتر و خێراترەوە دەستى بگاتە ئەوپەڕى ئاسیا، بە مەبەستى دروستکردنى بازاڕى نوێ بۆ ساغکردنەوەى کالاکان، لەم رێگایەشەوە دەست بەسەرداگرتن و گەیشتن بە ئاسیاى دوور.
دەکرێ کۆمپانیاى خۆرهەڵاتى هیند کە لە ساڵى (1600) بە مەڕسومێکى فەرمى لە لایەن ئەلیزابێ یەکەم مەلیکەى بەریتانیا راگەێنرا بە یەکەم و گەورترین کۆمپانیا دابنرێ، کە بەریتانیا پاڵپشتى سیاسى و سەربازیی لێدەکرد، تا ئەو شوێنەى وەک دەسەلاتدارى سەرەکى سەرجەم هەرێمەکانى هیند خۆى سەپاند.

لێرە بەدواوە ملمڵانێى لە سەر دەست بەسەرداگرتنى دونیا رۆژ بەرۆژ لەبرەودا بوو، لە ئەنجامى ئەو ململانێیەش ئەوروپا بە سەختترین شەڕو ملمڵانێى نێوخۆیدا تێپەڕى، هەوڵەکانى ناپلیون پۆناپارت بۆ دەست بەسەرداگرتنى تەواوى ئەوروپا، بە دیارترین و بەرفراوانترین خواستى لەم شێوەیە دادەنرێ، ئەگەرچى لە کۆتیشدا شکستى هێنا.
جەنگى یەکەمى جیهان یەکەم قۆناغى وەرچەرخان بوو لە مێژووى جیهاندا، کە پڕۆسەى داگیرکارى پێى نایە قۆناغێکى نوێ، بە کۆتایى هاتنى جەنگى دووەمى جیهانیش، کە بۆ یەکەمجار ئەمریکا وەک وڵاتێکى زلهیز و خاوەن قودرەتێکى ئابورى و سیاسى و فەلسەفى دەرکەوت، دونیا پێى نایە قۆناغێکى دیکە، دواتر هەنگاو بەهەنگاو باڵادەستى بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپى کە لە رێگاى دەست بەسەرداگرتنى وڵاتانى دیکەوە دروست ببوو، بەرەو پووکانەوە دەچوو، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى گۆڕانکارى بەسەر ناو و ناوەڕۆکى پڕۆسەى داگیرکاریدا بێت، گەلانى ئازادیخواز لە دژى داگیرکردنى وڵاتەکانیان، لە نێوەى دووەمى سەدەى بیستدا کەوتنەخۆ، دژ بە داگیرکەران راپەرین، هەندێکیان لە رێگەى شۆڕش و هەندێکیشیان لە رێگەى فشارى جەماوەرى و لێدانى بەرژەوەندى ئابورییان، داگیرکەرانیان ناچار بە پاشەکشە کرد، وایان لێکردن بە هەر شێوەیەک بێت دان بە سەربەخۆیى ئەو وڵاتانەدا بنێن، تا ئەو دەمەى بە تەواویى کۆتایى بە سیاسەتى داگیرکارى بە مانا کلاسیکییەکەى هات و ئازادى گەلان و گەیشتن بە سەربەخۆیى باڵى کێشا بەسەر بەشێکى جیهان، ئەو جیهانەى دواتر بە تایبەتى لە ماوەى جەنگى سارد-دا ناونرا جیهانى سێ.

هەرچەندە دابەش بوونى جیهان لەو سەردەمدا، بەسەر دوو جەمسەرى سەرەکی، سۆڤیەتى و ئەمریکى کۆى ملمڵانێکانى ئەو قۆناغ لە خۆ دەگرێت، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنى ئەنجامى ملمڵانێکان، کە بەروخانى بلوکى خۆرهەڵات بە سەرکردایەتى سۆڤیەت کۆتایى هات، هەوڵمداوە لەم نوسینەمدا ئەمریکا وەک یاریکەرى سەرەکى و پاڵەوانى مەیدانەکە بخەمەڕوو، کە چۆن وەک دیدێکى نوێى سیاسى جێ پێى بە هەموولایەک چۆل کرد و شوێنى هەموو ئەوانەى گرتەوە کە رۆژێک لە رۆژان پالەوانى مەیدانەکە بوون، لە سەرووى هەموشیانەوە وڵاتانى ئەوروپى، ئەو وڵاتانەى رۆژێک لە رۆژان هاوکێشە سیاسى و ئابورییەکانى جیهان لە دەستى ئەواندا بوو.

کۆمپانیا زەبەلاحەکانى ئەمریکا رۆلى کاریگەرو سەرەکیان گێڕا لە ئیدارەدانى سیاسەتى ئەمریکا لە سەرتاسەرى جیهاندا، بە ئامانجى ئەوەى ئەمریکا بکەن بە ئیمپڕاتۆرى جیهان، هەروەک “جۆن پێرکینز” نووسەرى کتێبى” دانپێدانانەکانى بکوژێکى ئابورى” لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیونی-دا دەڵێت: “توانرا بۆ یەکەم جار بونیادى یەکەم ئیمپڕاتۆریەتی راستەقینەى جیهانى دابنرآ، بەبێ پەنابردنە بەر هێزى سەربازى، بەبێ فراوانکردنى سنوورى جوگرافیاکەى، تەنیا لە رێگاى بەکارهێنانى کەرستەکانى ئابورى، یان بەکارهێنانى ئەو شێوازە ناسراوەى کە پێدەوترێت (دارو گێزەر)”
سیاسەتى نوێى ئەمریکا لە رێگەى پێکهێنانى دەسەڵاتێکى یەکگرتوو لە “کۆمپانیا و بانق و حکومەتەکان” بووە سەرچاوەى توانایەکى دارایى بەهێز، بۆ خستنەکارى سیاسییەکان و سەرەنجام گەیشتن بە ئیمپراتۆریەتى جیهانى، لە چوارچێوەى ئەو تێگەیشتنە نوێیەى ئەمریکا کە بۆ ئاوێتەکردنى سیاسەت و ئابورى هەیەتى و پێى وایە لە ئێستادا ئەم دووانە بەسن بۆ باڵکێشانى هەیمەنەى ئەمریکا بەسەر دونیادا، تێگەیشتنیشى بۆ بەکارهێنانى هێزى سەربازی ئەویە، کە دەکرێ لە کاتى سەرنەکەوتنى هاوکێشەى یەکەم کە بریتییە لە سیاسەت و ئابورى، پەنا ببردرێتە بەر بەکارهێنانى هێزى سەربازى، ئەگەرنا، ئەمریکا بەردەوام هێزى سەربازى وەک هێزێکى یەدەگ داناوە.

هەردوو ئابورى ناسى ئەمریکى (جۆزیف و شابلى) کە هەردوکیان خەڵاتى نۆبلیان وەرگرتووە، ئەوەیان سەلماند کە بە هیچ شێوەیەک ئابورى زانست نییە، بەشێوەیەک ئەوە سیاسەتە ئابورى بەڕێوە دەبات، هەروەک (جۆن پێرکێنز)یش پێى وایە کە لە ئێستادا کۆمپانیا و خاوەن کۆمپانیا گەورەکان حوکمى سیاسەت دەکەن، بەومانایەى ئەوە ئەوانن سیاسەت دەجولێنن، هەروەک سیاسەتیش ئابورى دەجولێنێ .
رۆلى ئەمریکا بە شێوەیەکى سەرەکى لە سەرەتاى پەنجاکانى سەدەى بیستدا لە ئیران دەرکەوت، کاتێک سەرۆک وەزیرارنى ئیران “محەمەد موسەدەق” کە ساڵى (1951) نەوتى خۆمالى کردو ویستى ئەو سامانە گەورەیە بۆ خەڵکەکەى بگەڕێنێتەوە و لەم رێگەیەوە ببێتە سەرۆکێکى راستەقینەى گەلانى ئیران، هەروەک گۆڤارى تایم-یش، ئەوى بە کەسایەتى ساڵى (1951) دانا. بەریتانیا لە بەرامبەر ئەو هەوڵەى موسەدەق بێ هیوا بوو نەیتوانى رووبەڕووى بێتەوە، سەرەنجام گەورەترین کۆمپانیاى نەوتى بەریتانى (بریتش بترولیوم) ناچارکرا یان ئەوەتا داهاتێکى زیاتر بداتە ئیران، یان ئیران بە جێبێلێ، ئەمەش سەرەتاى خۆمالیکردنى نەوت و شکستى بەریتانیا و کۆمپانیاکەى بوو، چونکە لەو سەردەمەدا، بەریتانیا لە ئیران، خاوەنى دەسەڵاتێکى سیاسى بە هێز نەبوو، بۆیە بەناچارى هاناى بۆ ئەمریکا برد.

ئەیزنهاوەر سەرۆکى ئەودەمى ئەمریکا، زۆر وریایانە مامەلەى کرد، چونکە هەر جۆرە هەنگاوهەڵێنانێکى سەربازى و دەست تێوەردان لە کاروبارى ناوخۆى ئیران ئەگەى لێکەوتنەوەى شەڕێکى گەورەى ئەتۆمى لێدەکەوتەوە، بە هۆى ئەوەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران لە ناوچەکەدا لە بەرامبەر هەنگاوێکى لەو شێوەیە بیدەنگ نەدەبوو، ئەمەش دۆخەکەى بەرەو رووبەڕووبونەوەیەکى مەترسیدار دەبرد. دەکرێ بڵێین ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە ئیران، هەنگاو و سیاسەتێکى تازەى موخابەراتى سەرکەوتووى تاقیکردەوە، کاتێک لە جیاتى پەنابردنە بەر هێزى سەربازى، پەناى بردە بەر کارى سیخوڕى دەزگاى نێوەندى هەواڵگرى و (کیرمیت رۆزڤێلت) ى بە کۆشێک دۆلارەوە ناردە ئیران، بۆ ئەوەى لە رێگەى دروستکردنى خۆپیشاندان و نانەوەى پشێوى کۆتایى بە دەسەڵاتى سەرۆک وەزیرانێک بێنێ کە لە چوارچێوەى پڕۆسەی هەڵبژاردنێکى دیموکراتیانەدا دەسەڵاتى گرتبووە دەست.
ئامانج و پەیامى ئەمریکا لە خۆپیشاندانەکاندا، کە بەسەرپەرشتى سیخوڕەکەى و گرووپى بچووک بچووکى دیاریکراوەوە رێکخران، ئەوبوو، بەڕاى گشتى بڵێ موسەدەق جەماوەرى لە گەڵدا نییەو پێویستە لە دەسەڵات نەمێنێ، سەرەنجام موسەدق لە ساڵى( 1953) دواى دووساڵ لە فەرمانڕەوایى لە دەسەڵات کەوت، کە لە مێژووى ئیراندا بە (ئینقلابى 28 مرداد) ناسراوە، دواى سێ ساڵ زیندانى، بەشەکەى ترى ژیانى بە زۆرەمڵێ لە ماڵەکەى خۆیدا گوزەراند، تا ئەو کاتەى لە ساڵى 1967 کۆچى دوایى کرد .

بە هێنانە سەرتەختى (محەمەد رەزا شا) پێگەی سیاسى ئەمریکا لە ئیران چەسپا، هەروەها ئەو کارەى (کیرمیت رۆزڤێلت)بووە سەرەتایەکى نوێ بۆ سیاسەتی نوێى ئەمریکا لە جیهاندا، سەرەتایەک، بۆ کردنەوەى رێگایەک کە ئەمریکا دەگەێنێتە لوتکەى باڵادەستى و سەرنگومکردنى نەیارەکانى بێ ئەوەى مەترسى هەڵگیرسانى شەڕ لە ئارادا بێت، ئەمەش لە رێگاى کۆمپانیاکان و ئەو گروپەى لە نێو کۆمپانیاکاندا رۆلى بکوژى ئابورییان دەگێڕا.




لەبارەی کورتە فیلمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” … خەندە حەمید

بەپەرۆشییەوە چاوەڕێی دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بووم. لەوێدا زۆر کەسی بەتوانا و جوانم ناسی. لەو ڕۆژانەی دەچووم بۆ بینینی فیلمەکان زۆر فیلمی باش و خراپیشم بینین، لەوانەیە ڤیستیڤاڵی سلێمانیش وەک هەر ڤیستیڤاڵێکی تر بەدەرنەبێت لە نمایشی فیلمی خراپ. ئەمە شتێکی ئاساییە بەو مەرجەی کە فیلمی هونەری ئاست بەرزیشی تێدا نمایش بکرێت. من تا ئەو ساتەی فیلمەکەی دەرهێنەری بەتوانا و چێژمەند پەروێز ڕۆستەمی ”دا‌هۆڵەکانیش دەمرن” (The Scarecrows Also Die)م نەبینی، هیچ بڕیارێکم نەدابوو کە لەسەر فیلمێکی ئەم ڤیستیڤاڵە بنووسم.

پەروێز ڕۆستەمی فیلمسازێکی کوردە، لە هەورامانی تەخت، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٧٥ەوە بە کاری هونەرییەوە خەریکە و هونەرە بینراوەکانی لە زانکۆ خوێندووە. ڕۆستەمی زیاتر لە ٢٥ خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە. یەکەمین فیلمی خۆی بەناوی ”گۆرانی وتن بۆ ڕووبارەکە” لە ساڵی ١٩٨٠دا دەرهێناوە. پاشان زیاتر لە فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکیۆمێنتاری)دا ئیشی کردووە، تاکو ساڵی ١٩٨٥ شەش کورتە فیلمی دروستکردووە. دواتر فیلمی داستانی دەرهێناوە کە فیلمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” یەکێکە لە فیلمە درامی و داستانییەکانی.

دوای لێڕوانین لەم فیلمە بەتەواوی کاریگەری لەسەردانام بەهۆی ئاست بەرزی و قاڵبوونەوەی توانای دەرهێنەر لەم کورتە فیلمەدا. دواتر پەیوەندیم بە دەرهێنەرەوە کرد، بۆ ئەوەی هەندێ قسە لەبارەی فیلمەکەیەوە بکەین ئەویش بە خۆشحاڵییەوە ئامادەیی خۆی نیشاندا و هەر لە ڕۆژانی ڤێستیڤاڵەکەدا گفتوگۆی فیلمەکەیمان کرد. باسی زۆر لایەنیمان کرد، ئەوەی جێی سەرسورمان بوو وەک خۆی باسی کرد زەحمەتی و ماندووبوونی دەرهێنەربوو، کە هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەمە، بە ئیمکانیەتێکی کەمەوە فیلمێک لەو ئاستە بەرزە دروست بکات. ئەمە یەکەم نووسینمە کە لەسەر فیلمێکی کوردییە و لەسەر دەرهێنەرێکی بەتوانای کوردە، کە بۆ من جێگەی شانازی و خۆشحاڵییە. دوای گفتوگۆکەمان هیوام خواست و بە شایەنی ئەوەم زانی کە فیلمەکەی خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی کوردی ببات. بەخۆشحاڵییەوە دیارە دادیارانی ڤیستیڤاڵەکەش بەشایەنی ئەمەیان زانی و خەڵاتەکەی بردەوە.

ڕەنگە زۆرێک بپرسن ئایا کورتە فیلمێک شایەنی ئەوەیە کە نووسینێکی لەو شێوەیەی لەسەر بنووسرێ؟ بەلای منەوە لە سینەمادا کورتە فیلم گرنگی و بەهای خۆی هەیە، چونکە سەرەتای مێژووی سینەما بە کورتە فیلم دەستی پێکردووە، لە ئێستاشدا بووە بە بەشێکی گرنگ لە سینەما. هەروەها بە بۆچوونی من کورتە فیلم کارەکەی زۆر سەختترە لە فیلمی درێژ، چونکە کورتە فیلم زۆر دوور ناڕوات، دەبێت دەرهێنەر لە کەمترین ماوەدا پەیامی خۆی بە لێڕوانەر بگەیەنێ و کاریگەری لەسەر دابنێت، بۆ ئەوەی لێڕوانەر هەست بکات لە کارێکی هونەری دەڕوانێت. هەربۆیە کورتە فیلم ئیشکردنێکی پڕ وزە و زۆر چڕ و وردی هونەرییانەی دەوێت. کورتە فیلمی (دا‌هۆڵەکانیش دەمرن) هەموو ئەو ئەدگارانەی تێدایە، بۆیە ئاستێکی هونەری زۆر باڵای هەیە.

فیلمەکەی پەروێز ڕۆستەمی کورتە فیلمێک بوو بە زمانێکی بێدەنگ، بەبێ دیالۆگ، بەڵام پەیامێکی زۆری پێدام کە پڕ وتەی نەوتراو بوون. لەم فیلمەدا دیمەنەکان سام و سەنگینییان هەیە، بەجۆرێک لێڕوانەریان هۆشسام دەکرد کە لە ئاستیاندا بوەستێ. ئەم فیلمە سەرەڕای بێدەنگییەکەی، بەڵام هەموو دیمەنەکانی بەشێوەی سینەماتۆگرافی خۆیان دەدوێن و هۆشی لێڕوانەر دەبزوێنن.

ئەم فیلمە ناونیشانێکی سیمبولی هەیە ”داهۆڵەکانیش دەمرن” ئەم ناونیشانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەکاتی جەنگ و هەژەندەکاندا سروشت، ژینگە، ئاژەڵ و باڵندەکانیش دەمرن، لێرەدا داهۆڵ بووە بە سیمبول بۆ ئەم مردنە. ئاخر لە جەنگدا کاتێک مرۆڤ دەمرێت، ئەوا ئاژەڵ و باڵندەکان، تەنانەت داهۆڵەکانیش لەگەڵیدا دەمرن. دەرهێنەر لە هەڵبژاردنی ناونیشان و ئەکتەرەکاندا سەرکەوتووبووە، لە ڕێگەی ناونیشانەکەیەوە توانیویەتی ناوەڕۆک و پەیامی فیلمەکە بە لێڕوانەر بگەیەنێت. هەروەها هەردوو ئەکتەرەکە ئەماتۆرن بەو واتایەی ئەکتەری ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ نین، ئەکادیمیانە خوێندبێتیان، بەڵکو ئەمە دەرهێنەرە ڕووحی کوردی لەناو ئەواندا ڕۆشن و بێدارکردۆتەوە.

”داهۆڵەکانیش دەمرن” فیلمێکی درامی داستانییە بە چیرۆکێکی کوردییانەی کامڵەوە باس لە دووهاوژینی پیر دەکات کوڕەکەیان و هاوژینەکەی لە ڕۆژی هاوسەرگیرییان لە بۆردومانێکدا لەکاتی جەنگی عێراق و ئێراندا لەدەستداوە، سەرەڕای ئەم هەژەندە هاوژینە پیرەکان ئومێدی ژیانیان لەدەست نەداوە. ئەمە مردن نییە دوای مردنی کەسی ئازیز کە لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆر باوە، بەڵکو ژیانە بۆ جوانکردنی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەژین. بەبێ ئەوەی ئەو هەژەند و مردنە لەبیربکرێ. لەو دیمەنەدا کە دایکەکە داهۆڵەکانی هەڵگرتووە، ئەمە وەک یادکردنەوەی لەدەستدانی کوڕ و بوکەکەی دەردەکەوێت.

لەم فیلمەدا پەیوەندی مرۆڤی کورد لەگەڵ سروشت لەگەڵ ژیان، پەیوەندییەکی ساغە بەو هەموو سەختی و شەڕەی لەنێویدا دەژین. هەروەک چۆن دەرهێنەر ویستویەتی وێنەیەکی جیاواز نیشان بدات، مرۆڤێکی بەقوربانیکراو نیشان نادات لە بەرگی کارەکتەرەکانیدا، بەڵکو ئەو وێنە گشتییە تێدەپەڕێنێت کە هەندێ لە دەرهێنەر و فیلمسازەکان بۆ تاکی کوردیان وێناکردووە و لەنێویدا بەچەقبەستوویی ماونەتەوە، بەوەی کە تاکی کوردی مەرگخوازە یاخود وەک قوربانی نیشانی دەدەن. بە پێچەوانەوە دەرهێنەر ویستویەتی دیوێکی تری ژیانی کورد نیشانبدات، تاکێکی پڕ ئیرادە و ژیاندۆست نیشان بدات، بەو غەمگینییەی لە ڕووخساریاندا دیارە بەڵام ئومێد و هیوای داهاتوو لەنێو چاوەکانیاندا دەدرەوشایەوە. تۆ کاتێ ئەو ئیرادە و هێزە پڕ ژیانە دەبینیت لەنێو ڕۆڵی کارەکتەرەکاندا تێدەگەیت لەو هێزە بەرەنگارییەی تاکی کوردی کە بەرانبەر بە داگیرکارانی و شەڕ و سەختییەکان هەیەتی، سەرەڕای هەموو ئەمانە توانیویەتی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.

دوو کارەکتەرەکە پاشماوەی ئەو چەکانەی بەجێماون یاخود گوللە تۆپەکان کۆدەکەنەوە و ڕەنگیان دەکەن و گوڵ و سەوزایی تێدا دەچێنن، یاخود گوللەکان دەکەنە کەرەستەی پێوستی و سادەی ڕۆژانە وەک تەپلەکی جگەرە، کەواتە هونەر دەتوانێت ئەرک و کارایی کەرەستەکان بگۆڕێ، ئاخر گوللە تۆپەکان پێشتر بۆ کوشتن و لەناوبردن بەکارهاتوون، ئێستا کراون بە کەرەستەی ڕۆژانە. هەموو ئەمانە ئیشکردنێکی وردەکارانەی دەبەخشییە فیلمەکە.
لەم فیلمەدا، هەست بە هاوسەنگی و هاوتایی جێندەری دەکرێت، چونکە (دوو هاوژینە پیرەکە) وەک یەک ڕۆڵیان لەنێو ژیانیاندا هەیە. هەردووکیان هاوشانی یەکدی قەوانی گوللە تۆپەکان ڕەنگ دەکەن و گوڵی تێدا دەچێنن. هەروەها دەکرێ بڵێم ئەمە ژیاندۆستی، ژینگەدۆستی و ئاشتیخوازی مرۆڤی کورد پیشان دەدات. هەروەک چۆن دیمەنەکان بەشێوەیەکی زۆر وردچنراون هیچ پچڕان و کەلێنێکیان تێدانییە کە لەپڕ بکەویت بەسەر دیمەنێکی تردا، چونکە لە هەندێ فیلمی کوردیدا ئەم پچڕانە زۆر بەڕوونی بەدیدەکرێ، ئەمەش باگراوەندی هونەری و مەعریفی دەرهێنەر نیشاندەدات. هەروەها بۆ مۆنتاژکردنێکی باش دەگەڕێتەوە هەروەک تیۆریزانی فیلم ڤێرتۆڤ ئایزنشتاین دەڵێ: ”مۆنتاژ شادەماری فیلمە”. بۆ من جووڵەی کامێرا و نیشاندانی دیمەنەکان بەو ڕیتمە هونەرییە لێکگرێدراوە زۆر جێی سەرنج بوو، دواجار گشت دیمەنەکان لە فەزایەکی پڕ ڕەنگدا نیشاندەدرێن، چونکە شوێن و فەزای فیلمەکە زۆر پڕ ڕەنگ و سادە و جوان بوو. هەروەها دەنگی سروشت هاوسەنگییەکی جوانی لەگەڵ نیشاندانی دیمەنەکاندا هەبوو.

Daholakan

داهۆڵەکان

داهۆڵەکان دەفڕن




بەردی سەبووری … حەیدەر عەبدولڕەحمان

كە دەچیتە نێو هۆڵی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بۆ بینینی نمایشی ( بەردی سەبووری ) لە نووسینی دلشاد حوسێن و دەرهێنانی (بارزان محەمەد) لە چوارچیوەی چوارەم فیستیڤاڵی شانۆیی هەولێر،لە بەر جەنجاڵی هۆڵە بچووكەكەو دانیشتنی هەندێ لە بینەران لە سەر زەوی،خەمی ئەوەتە چۆن شوێنێك بۆ خۆت بدۆزیتەوە بۆ دانیشتن،كە رووناكیش دەكوژژێتەوە و نمایش دەست پێ‌ دەكات،لە گەڵا دەنگی هۆرەیەكی هەورامی نادیار فەزایێكی رەش دەبینی،كە هەر چوار دەوری شانۆی تەنییووە،ئەو فەزا رەشە تەواو لەگەڵ رەنگی جلو بەرگی رەشی ئەو ژنەهاوكوفە كە ژیانێكی نا ئارامی پڕ لە نیگەرانی و بەد بەختی لە گەڵ پیاوێكدا بە سەر بردووە كە ئەوەتا ئەمڕۆكە قەدەر وای بۆ هێناوە، وەك مردووییەكی رۆح لە بەر لە سەر چوارپایەكی سپی خەوتن بێ‌ هۆش بكەوێت و بە هۆی موغەزییەك كە لە تەنیشت چوارپایەكەیەوە داندراوە هەناسە بدات ..
ئەو ژنە بەد بەختە بە كەفو كۆڵێكی ئاگرین و بە جەستەو ئیمایێكی سرنج راكێش، بە فرمێسك و گریانێكی بە كوڵ و هەناسەیەكی سارد، سەربوردەی تاڵی رابووردووی خۆی لە گەڵ ئەو پیاوە دڵ رەقە بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە كە ئەو بە بەردی سێبوری ناوی دێنێ‌،ئێمەش لە نێو ئەتمۆسفیری سیحری نمایشەكە، بێدەنگی دامان دەگرێ‌ و كپ وخامۆشییەك سەراپای هۆڵەكە داگیر دەكات ،ئیدی ناچاری ئەوە دەبین ،هەناسەكانمان قوت دەینەوە، بۆ ئەوەی چاوەكانمان تێر كەین و گوێ‌ بیستی دیالۆگە كاریگەرەكانی بین ..

كاراكتەری یەكەم ..ژنەكە

هەر لە رۆژانی كچینییەوە لەجەورو ستەمە گەورەكانی باوكێكی قومار بازی كەو دەناڵێنێ‌،باوكێك كە هەموو ژیانی بریتی دەبێت لە شەڕە كەو ،شتێكیش بە لای ئەو باوكە كەللە رەقە لە كەو بازی بەهادار تر نیە، بۆیە بەلایەوە ئاساییە لە گرەوێكی شەڕە كەودا كچێكی خۆی بدۆڕێنی ئەوەتە ئەو كاراكتەرە ژنە دەگێڕێتەوە دەڵێت :

خوشكە گەورەكەمی لەبری پارە دانا و دۆراندی خوشكەكەم ناچار بوو ببێتە ژنی پیاوێكی چل ساڵان، منیش زۆر ترسام لەوەی ببمە قوربانی گرەوەكانی باوكم …
بەڵام دواتر دیسان وا هەڵكەوتەوە كە چارەنووسی لە چارەنووسی خوشكە گەورەكەی باشتر نەبێت، نسیب بە پیاوێكی كەللە رەقترو دڵ رەقتتر لە باوكی بوو، ئەو كات تەمەنی حەڤدە ساڵان بوو، كاتێ‌ دایكی پیاوەكەی هاتۆتە خوازبینی، كە ئەو كات خوازیارەكەی پێشمەرگە بووە،دەڵێت : من ئەو كات شانازیم بەوە دەكرد كە دەزگیرانەكەم قارەمانێك بێت ..
راستە ئەو كەسێكی شۆڕشگێر بوو، بەڵام هیچ مافێكی مرۆیی بە ژنەكە نەداوە و گوێ‌ ی لە ژنەداماوەكەی ڕانەگرتووە،بۆیە ژنەكە دەیەوێت خەمە خەفەكراوەكانی دڵی هەڵڕێژێ‌و ئەگەر لە سەرە مەرگیش بیت ، گوێ‌ ی لێ‌ بێت یان نا ..پێی بڵێت : تۆ هیچت لە مەڕ ژانی ژن و مێر دایەتی نەدەزانی، دێتە یادت كە شەوانە دوای سەرجێكردن بەشێوەیەك جێت دەهیشتم . پوورم ناهەق نەبوو دەیگوت ئەوانە سەرجێیی نازانن بەس بۆ حەنگ باشن …
ئینجا گلەییە پڕ لە سۆزدارییەكانی خۆی لێ‌ دەكات :

تۆهەرگیز ڕێگات نە دەدا باوەشت پیا بكەم من هەرگیز تۆم ماچ نەكردوە (ماچی ئەكا) یەكەم جار كە ویستم ماچت بكەم خۆت دورخستەوە .
ئیدی ئەوە قەدەرەو رۆژێ‌ هاتە پێشەوە ئەو پیاوە لە خۆ باییە لە شەڕدا بریندار بێت و بە بێ‌ هۆشی لە جێدا بكەوێت، كەس بە سەریەوە نەبێت تەنیا ئەو ژنە ستەم لێكراوە بە وەفایە نەبێت كە وێڕای هەموو دڵ رەقیەكانی ناتوانێت بە جێی بێڵێ‌، ئەوەتا باسی ئەو تەنیاییەی خۆی و بێ‌ وەفایی براكانی بۆ مێردە بێ‌ هۆشەكەی دەكات و دەڵێت :

براكانت هەمیشە تەمەننای ئەوەیان دەكرد لەگەڵم بخەون،ئەوان بە دزییەوە لەمنیان دەڕوانی..
تەنانەت گلەیی لە دایكەكەشی دەكات : ئەی دایكت لەكوێ یە كە هەمیشە خۆی دەكردە قوربانی تاڵە مویەكی تۆ ..
وێڕای هەموو ئەو رۆژە سەختانە،بەڵام ئەو ژنە خۆگرە،هەرگیز دەست بەرداری مێردەكەی نابێت و ناتوانێت بە جێی بێڵێ‌، بەو لاشە مردووە دەیەوێت قەرەبووی رابووردوو بكاتەوە ، بە ئارەزووی خۆی قسەی لە گەڵً پیاوەكەی بكاو دەست لە جەستەی بداو ماچی بكات ..
دەڵێ‌ : تەنیا سێ‌ هەفتەیە هەمووشتێكت بۆباس ئەكەم .ئەتوانم دەستت لێبدەم جاران جاران تۆهەرگیز ڕێگات نە دەدا باوەشت پیا بكەم .. (دەست بە پیاوەكە دادێنێ‌ و ماچی دەكات هەوڵی سەر جێكردن دەدات لەگەڵی دا
قەت ئاواتی ئەوە ناخوازێت لە مێردە نیمچە مردووەكەی جیا بێتەوە،پاڕانەوەو تەزبیحات كردن و زكرو نزاكانی وەك مەلا بۆی دانابوو ئومێدێكی پێ‌ نەبەخشی ، بۆیە بە دەم گلەییەكانی خۆیەوە ، روو لە ئاسمان دەكاو دەڵێت : هەرگیز تۆ مافی ئەوەت نیە بەم جۆرە دەست لە ئێمە بەربدەی؟
بەڵام دواتر هەموو ئاوات و خەونەكانی زیندە بە چاڵ دەبن و پیاوەكەی بۆ دوا جار هەناسەكانی دەوەستێت و گیان لەدەست دەدات،ئیدی بە دەم تەقسێكی ماتەمینیەوە، جلە رەشەكانی هەڵدەزڕێنێ‌ و رووتی دەكاتەوەو بە دەستەكانی خۆی تەرمی پیاوە مردووەكەی دەشوا و وەك ئەوەی بیەوێت لە گوناهەكانی پاكی بكاتەوە ،بە كفنێكی رەش دایدەپۆشێ‌ و كۆتایی بە تراژیدیا بەردەوامەكانی ژیانی دێت ..
بێگومان هەڵبژاردنی تێكست لای دەرهێنەر یەكەم هەنگاوی دیاری كردنی چارەنووسی نمایشە لە نێوان سەركەوتن و شكست هێناندا، دەرهێنەر چەند ئەوەندەی هوشیارو ورد بین بێت لەو هەڵبژاردنە، ئەوەندە دەتوانێت بڕی سەركەوتنی خۆی لە نمایشدا مسۆگەرتر بكات، ئەو توخمانەش كەلە تێكست دا خاڵی زیندوون ئەوەیە ئاخۆ ئاستی فەلسەفی و ئامانجی تێكست چەند لە گەڵ باری كۆمەڵایەتی و كێشەو ئاریشاكانی كۆمەڵگا نزیكە، یان تا چەند ئێمە لەو تێكستانەدا دەتوانین دەست لە سەر برینەكان دابنێین و چارەسەرییەكان دیاری بكەین ،دواتر دەرهێنەر لەو تێكستەدا تا چەند دەسەڵاتی دەڕوا لە بونیاتنانی وێنەی درامی و روداوەكانی و زۆر پرسی تر .

تێكستی( بەردی سەبووری) كە پانتاییەكی بەرفرەوانی لە ئاستی هونەری و هزری نمایشەكە داگیر كردووە،وێڕای ئەوەی تیشك دەخاتە سەر كێشەو ئاریشا كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگەیەكی دوا كەوتووی پیاو سالاری، كە تێیدا ژن لە هەموو بەها مرۆییەكانی رووت دەكرێتەوە و پیاویش دەبێتە دڕندەیەك، زۆر لەو خەسڵەتانەی رەخساندووە كە یاریدەی دەرهێنەر دەدەن بۆ دروست كردنی ئەو بنەما درامیانەی نمایش بە زیندوویی را دەگرن و زەمینە خۆش دەكەن بۆ دروست كردنی چەندین تابلۆی درامی و دیمەنی وروژێنەر و بەكارهێنانی سینۆگرافیا كە بینەر چێژێكی هزری و ستاتیكی لە بینینیان وەربگرێت ،بۆیە تێكستەكە چ لە رووی فەلسەفەو ئایدیاوە، چ لە رووی زمان و ریتم و داڕشتنەوە ، تێكستێكی ئێجگار دەوڵەمەندە، كە سەرچاوەكەی رۆمانێكە، بەڵام ئامادە كردنێكی ئەوتۆی بۆ كراوە ، كە هەست بكەیت نمایشێكی سەر بەخۆیەو تایبەتمەندی خۆی دراوەتێ‌ لە رووی نمایشی شانۆییەوە، ئەزموونی ئێمە لە رووی سوود وەرگرتن لە رۆماندا زۆر لاوازە، بەڵام ئەگەر ئەو ئەزموونە هاو شێوەی ئەو ئەزموونەی دلشاد حوسێن پەرە پێ‌ بدەین، ئەوە رەنگە زۆر لە گرفتەكانی نەبوونی دەقی شانۆیی كەم كەینەوە .
دووهەم فاكتەری سەركەوتن لە نمایشدا ئامرازەكانی بەرجەستە بوونی تێكستە،لە سەرووی هەموشییانەوە ئەكتەر ..لەوانەی دەسەڵاتی ئەو بەرجەستە بوونەیان هەیە چ لە رووی جەستەو ٍچ لە رووی ئەداو بوێری دا، بۆیە هەڵبژاردنی هەردوو ئەكتەر ( شیلان عەبدوڵڵا و ئۆرڤان ئاراس) بۆ نمایش كردنی رۆڵە سەرەكییەكان،تێكستەكەیان بە ئاستێكی سەركەوتووانە بەرجەستە كردووە و زۆرێك لە مافی تێكستەكەیان داوە .

توخمی سێیەم: دەرهێنەر دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت هەردوو توخمی یەكەم و دووەم بە تێكست و ئەكتەرەوە بخاتە نێو چوارچیوەی سینۆگرافیایێكی تەكنیكی كاریگەر بۆ رەخساندنی ئەتمۆسفیری نمایش بە موزیك و رووناكی و دیكۆرو ئامرازەكانی دیكەی نمایش .
دەرهێنەر تێكستەكەی بە شێوەیەك بەرجەستە كردووە، كە جگە لە نووسەر ئەویش بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبێت،بە تایبەت لە رووی چارەسەر كردنی درامی كۆتایی دیمەنەكە،لە تێكستەكەدا بە شۆرینی مردووەكە نمایش كۆتایی دێت ، بەڵام دەرهێنەر دیمەنێكی دیكەی زێدە كردووە، بەوەی پیاوە مردووەكە لە پڕێكا زیندوو دەبێتەوە و دەست دەخاتە هەوكی ژنەكە و وێڕای ئەو هەموو خۆشەویستی و دڵسۆزی و قوربانی دانە دەیخنكێنێ‌، بۆ ئەوەی بڵێت پیاو بێ‌ وەفایەو لە هەموو حاڵەتێكا چەند ئەوەندەی ژن وەفادارو دڵسۆز بێت ، ئەو لە ئاكامدا دەست لە جەزرەبە دان و كوشتنی ئافرەت هەڵناگرێ‌،هەر ئەو دڕندەیەدەمێنێتەوە كە بۆ ئازاری ژن خوڵقاوە ..
بەڵام ئەو دیمەنە ئەگەر لە رووی فەلسەفیشەوە خوێندنەوەی جۆراو جۆریشی بۆ بكرێت، بەڵام لە رووی هونەرییەوە دەبێتە دیمەنێكی نا مەعقول و ناوازە كە لە گەڵ ستایلی نمایشەكە نەگونجێ‌، وێڕای ئەوەی ریتمی نمایشی لە دوا دیمەندا كوشت و زۆر لە بەها جوانەكانی لە بار برد.

دەرهێنان :

لەم نمایشەدا دەرهێنەر بارزان محەمەد ..خۆی لە فۆرمە تەقلیدییەكان بە دوور گرتووە و نمایشەكەی كردووە بە چەند تابلۆیەك،كە هەر یەك لەو تابلۆیانە چەندین دەلالاتی جوان ببەخشن،بە تایبەت لە رووی جەستەییەوە ، بە بەردەوامی بینەر تینوو بكات بۆ بینین و ریتمی نمایش لە ئاستێكی ئەوتۆدا رابگرێ‌ كە بوار بۆ بینەر بە جێ‌ نەهێڵێ‌ هەناسەش بدات .
ئەو لە هەموو ئەو نمایشانەی لە شارەكانی سلێمانی و دهۆك و هەولێر پێشكەشی كردوون لە رووی فۆرمەوە لە گۆڕانكارییەكی بەردەوام دایە و فۆرمێكی چەسپاوی نیە، ئەمەش نیشانەی بە زیندوو راگرتنی نمایش و گەڕان بە دوای فۆرمێكی جوانتر لەوی ترە .. بەڵام رەنگە ئەو گۆڕانكارییانە جیاوازی لە ئاستی هونەریدا دروست بكەن،هەر بۆ نموونە ئەو فۆرمەی لە سلێمانی و دهۆك نیشان دران، زۆر لەو فۆرمە جوانتر بوو كە لە هەولێر نمایش كراو زۆر لە سینۆگرافیا جوانەكان لە هەولێر لە دەست دران، بە تایبەت لە رووی دیكۆرەوە، ئەو پەیكەری سینگەی كە تەواوی فەزای نمایشەكەی داگیر دەكردو هەموو رووداوەكان لە ناو ئەو سینگە بەڕێوە دەچوون ،لە هەولێر وەك ئەوە وابوو بوونی نەبێت ، بۆیە پارچەیەكی هەرە زیندوو لە فۆرم و جەستەی نمایشەكە كاڵ بۆوە و ئاڕمی نمایشەكە كە پەیكەری سینگەكە بوو لە دەست دەرچوو ..بەرپرسیاری گەورەش دەرهێنەرە كە رازی بوو، نمایشەكەی بەم كەم و كوڕیەشەوە نمایش بكرێت …
نەك هەر تەنها دیكۆر بگرە رووناكیش بە هەمان شێوە زۆر لە دیمەنە جوانەكانی وەك خۆی بەرجەستە نەكرد، بە هۆی جیاوازی هۆڵ و گرفتی خۆ ئامادە كردنەوە .

موزیك

بە گشتی لەو نمایشەی ئێمە لە هەولێر بینیمان هەستمان بەوە كرد، دەرهێنەر ئەوەندەی پشتی بە ئەكتەر بەستووە ئەوەندە بایەخی بە فۆرم و تەكنیكی شانۆیی نەداوە، بەڵام ئەلتەرناتیفی دیكەی بۆ وروژاندنی بینەر داناوە، لەوانەش ئەو موزیك ژەنەی لە لای چەپی شانۆ(ئەركان عەبدولقادر) بە فۆرمێكی زیندوو ،خۆی و ئامێرێكی ریتم دانیشتووە كە لە دروست كردنی خۆیەتی و لە پارچە چەك دایهێناوەو هەموو جۆرە ریتمێكی پێ‌ لێ‌ دەدرێت، لە سەرەتاوە تا كۆتایی نمایش ئەو ریتمە لە گەڵ نمایش دا دەڕوات، لە هەندێ‌ دیمەن نەبێت كە موزیك ژەن دەف بەكاردێنێ‌،لە گەڵ سەمای ئەكتەر، بە تایبەت لە دوا دیمەندا ریتمی نمایش بە هۆی جەستەی ئەكتەرو ریتمی دیمەنەكە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە لوتكە .
بۆیە موزیك شان بە شانی ئەكتەر رۆڵی سەرەكی بینی لە وروژاندنی بینەر، هونەری هەرە گەورەش لەوە دابوو كە بۆ یەكەمجار ئەو ئامێرە نەناسراوەو ئەو ریتمە نوێ‌ یە لە شانۆدا بەكار دەهێندرێت ..
وێرٍای ریتمی ئەو ئامێرە موزیكییە(دەف) لە هەندێ‌ دیمەندا، بە تایبەت لە دیمەنە ماتەمگێڕیەكەی كۆتایی دا رۆڵێكی كارای هەبوو بۆ بەرجەستە كردنی روداوەكان و وروژاندنی بینەر، دەشكرا دەرهێنەر سوودی زیاتر لە دەف ببینێ‌ ، بە تایبەت لە دیمەنی سەمای ژنەكە لە سەر جەستەی پیاوەكە، كەچی دەرهێنەر ئەوەندە دیمەنی سەماكەی كورت كردەوە، بواری جوانتر كردنی دیمەن و وروژاندنی بینەری نەدا چێژی زیاتر لە سەماكە وەرگرێ‌، بەمەش دیمەنی سەماكە زۆر بە سەرپێیی تێپەڕی .

ئەكتەر :

راستە دەرهێنەر زۆرینەی كەرەستە هونەرییەكانی بۆ بەرجەستە كردنی نمایش ئامادە كردووە ،كە هەریەك لەوان كاریگەری تایبەتی خۆیان هەیە لە سەر ئاستی نمایش، بەڵام كرۆكی نمایش لای ئەكتەرە، كە جێگەی بایەخی سەرەكی دەرهێنەرە لەو نمایشەدا، چونكە ئەكتەر چەقی تێڕامانی بینەرە لە سەر شانۆ و ئامرازەكانی دیكە تەواوكەرن .
دەرهێنەر دوو ئەكتەری سەرەكی ( شیلان عەبدوڵڵا و نۆرڤان ئاراس) ی هەڵبژاردووە بۆ بەرجەستە كردنی نمایش و بینەر درك بەوە دەكات كە هەردوو ئەكتەر هوشیارانە ئەدای رۆڵەكانی خۆیان دەكەن و تێگەیشتنێكی باشیان بۆ كاراكتەرەكانی خۆیان هەیە،
ئۆرڤان ئاراس .پیاوەكە :
ئۆرڤان رۆڵی مێردی ژنەكە دەبینێ‌ ، وەك ئەكتەر لە نمایشەكەدا رۆڵەكەی وای لێ‌ كردووە كە نەتوانێت هیچ توانستێكی خۆیمان نیشاندا،چونكە لە سەرەتاوە تا كۆتایی نمایش هیچ ئەكشنێكی ئەوتۆی نیە، ئەوەندە نەبێت كە جار جارە كە لە گیان كێشان نزیك دەبێتەوە، هەناسەكانی دەبڕێ‌ و ژنەكەی یاریدەی دەدا هەناسەكانی بۆ بگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی مەرگی ئەو بە چاوی خۆی نەبینێ‌، بەڵام دەرهێنەر لە دیمەنی كۆتاییدا غەدری لە ئۆرڤان كردووە ، كاتێ‌ زیندووی دەكاتەوە و ژنەكەی دەخنكێنێ‌، بواری ئەوە هەبوو دیمەنەكە تێر تر بكات و رق و قین و دڕندایەتی ئەو زێتر نیشان بدات و خنكاندنی ژنەكەی ترسناكتر نیشان دابووایە، بۆ ئەوەی ئێمە وەك بینەر هەقیقەتی دڵ رەقی ئەو كاراكتەرەمان بە چاو بینیبوایە،بوارێكیشمان بۆ ئۆرڤان رەخساندایە توانستەكانی خۆیمان نیشان بدات.
لە نێو ئەكتەرەكاندا هاوسەنگی نیە لە رۆڵ بینیندا،چونكە نمایشەكە لە رەسەندا دەچێتە چوارچیوەی مۆنۆدراماو تەنیا ئەكتەرێك رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینی ،بەڵام دەرهێنەر بۆ هەندێ‌ لەو گێرٍانەوانە كاراكتەری دروست كردووە و ئەكتەری لاوەكی بۆ داناوە،بۆ ئەوەی كەسایەتیەكان بە وێنە نیشانی بینەر بدات ..بۆیە شیلان لە نمایشەكەدا وەك پاڵەوانی سەرەكی ماوەتەوە لە گۆڕەپانی نمایشەكەدا .

پیاوی ئایینی:

كەسایەتی پیاوە ئاینییەكە كە كاری رانموونی ژنەكەی پێ‌ سپێردراوە ، بۆ ئەوەی دوعاو نزاو تەزبیحات كردنو زكركردنی بە بەرنامە جێ‌ بە جێ‌ بكات، بۆ چارەسەر كردنی مێردەكەی، بوون و نەبوونی ئەو كاراكتەرە لە سەر شانۆ وەك یەك وابوو، رەنگە ئەگەر نەبوایە باشتر بوو ،بەڵام ئامانج لە دروست كردنی لای دەرهێنەر دەرخستنی هەندێ‌ كولتووری دوا كەوتووی كۆمەڵایەتی بوو، بە تایبەت لای ژنان، ئەگەرچی ئەقلیەتی ئەو ژنە لەوەندە گەورەتر بوو ، بەڵام بۆ رزگار بوونی مێردەكەی ئامادەی هەموو هەوڵێك بوو ئەگەر بڕواشی پێ‌ نەبوایە .

شیلان عەبدوڵڵا ..ژنەكە

قورسایی هەرە زۆری نمایشەكە دەكەوێتە سەر ئەستۆی شیلان عەبدوڵڵا،بە هۆی وەستانی بەردەوامی لە سەر شانۆو پاراستنی ریتمی نمایش، وێڕای سەختی نواندن وئەدا .
ئەو لە زۆر دیمەندا وای كرد هۆڵێكی گەورەی پڕ لە بینەر، بێدەنگی باڵی بە سەردا بكێشێ‌ و هەناسەی خۆی ببرَێت، بۆ ئەوەی چێژ لە نواندنی شیلان ببینێ‌، كە زۆر لە سنوورە تەقلیدیەكانی شكاند و زۆر وێنەی جوانی نیشانی بینەردا، بە تایبەت لە دیمەنە سێكسیەكان وئەو دیمەنەی قاچەكانی پیاوە لە هۆش خۆ چووەكە دەخاتە سەر شانی ، دیمەنی هەڵًزڕاندنی جلی رەشی پیاوە مردووەكەی ، دیمەنی شۆرینی مردووەكە و دیمەنی تەزبیح پساندنەكە، دیمەنی سەماكان لە سەر لاشەی پیاوەكە و چەندین دیمەنی تر ، كە وای كردبوو ریتمی نمایشەكە بە بەردەوامی بە زیندوویەتی رابگرێ‌ و لە كۆتاییشدا بگاتە ترۆپ.

من وای بۆ دەچم نهێنی هەرە بەرچاوی زاڵ بوونی شیلان بە سەر رۆڵەكەی ئەوەبوو، وەك ئەكتەرێكی ئافرەت بە جەستەی خۆی بەرگری لە مافی مرۆیی خۆی بكات بەرامبەر بە پیاوێك كە ژیانی خستۆتە قەفەز و دەیەوێت گوتارێك بگەیەنێتە پیاوو بڵێ‌ : ئەگەر بتانەوێ‌ ببن بە خاوەنی راستەقینەی ئەوەی پێی دەڵێن پیاوەتی بەرامبەر بە ژن، بە ناونیشان و نازناوی پیاوەتی لاف و گزاف لێ‌ مەدەن و ژن لە مافە مرۆییەكانی خۆیان داچۆڕێنن، هەموو خۆشەویستییەكی لێ‌ زەوت بكەن و خۆپەرست بن لە كردەی ژن و مێردایەتی و چێژ وەرگرتن،هاندەر مەبن بۆ ئەو كردانەی ئێوە لە پشت دروست بوونیدان و بە گوناهو تاوان و خیانەتكاری لە قەڵەمی دەدەن ، بەڵكو وا باشترە ئێوە لەوە تێ‌ بگەن، تەنها شتێك ئێوە لە ژن جودا بكاتەوە ئەندامە نێرو مێیەكانتانە،تا ئەو كاتەش ئێوە لەوە دەگەن .. رەنگە زەمەن تێپەڕی بێ‌، كەچی شتێ‌ لە چمەكەكانی ژیانی ژن و مێردایەتی تێ‌ نەگەن ، بەڵام رەنگە دواتر تێ‌ بگەن كە ئێوە چەند نابەڵەدو ستەمكارو خۆپەرست بوون بەرامبەر بەو رابووردووەی تێ‌ پەڕێ‌ و چەند مانای جوانیشتان لە ژیان لە گەڵ ژندا لە دەست داوە ..




دنیاى بەتاڵى شیعر، دنیاى بەتاڵى زمان …. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

لە دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)

لە گۆڕستاندا بەفر ببارێ،
مردووەکان،
سەرمایان دەبێ.

لە گۆڕەکەم دێمە دەر،
چاکەتم لە سەر گۆڕێکى دى
دادەنێم،
هەوا پڕ دەبێ لە ئاسن…

ئانیشکم لەسەر کێلى خۆم دادەنێم،
رۆژانى دوور
دەبدەبەن
هەڵیان بدەم
دەتەقن.

کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
جولەى تەرمێک، لە گەردووندا بەردەوامە،
بڵێى من بم، لە بەردەم ئەوانیدیکەدا؟!
ل39-42
کۆمەڵە شیعرى (بێ ئەو پەیڤانە، رابەر فاریق، هەولێر 2012)

پێشەکى:

پەیوەندى دیالێکتیکى نێوان زمان و فیکر وەک (مۆریس میرلۆپۆنتى 1908-1961) جەختى لێدەکاتەوە، بیرکردنەوەى بێدەنگیش وەک ژیانى ناوەوە یان مۆنۆلۆگى نێوان خود و دەروون دەبینێ، بەو مانایەش زمان و فیکر بوونێکى پەیوەندار و هاوپەیوەست و بەنێویەکداچوو پێکدەهێنن… لێرەوە وەک تێزە زمانەوانییە هاوچەرخەکان دانیپێدادەنێن هیچ زمانێک بێ فیکر نییە و هیچ فیکرێک بێ زمان بەڕێوە ناچێت، لە سەر ئەو بنەمایە لە خوێندنەوەى قەسیدەى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى (رابەر فاریق)دا دەتوانم بڵێم کۆپلەى یەکەم وەک (دەسپێک) پێمان دەڵێت لێرە مردن و ژیان وەکو یەکن؟! بەفرى زیندوو بە سەر گۆڕستانى مردوواندا دەبارێت، بەڵام مردووەکان سەرمایان بێت، یان گەرما، خەمبار بن بە بەفر بارین، یان دلشاد…. هیچ بە ئێمە ناڵێن؟! مردووەکان بجولێنەوە یان نەجولێنەوە نە هیچ لە کۆپلەى دووەم، نە هیچ لە شێوەى ئەبسترکتى ئاسن، نە هیچ لە کۆپلەى سێیەم و شێوەى ئەبسترکتى میزڵدان دەگۆڕن…

ئاسن ژەنگ دەگرێ و دەبدەبە با دەگرێ، یەکەمیان دەنگدانەوەى ئاسایى خۆى هەیە و دووەمیان کە زۆر پڕ بێت، دەتەقێ… دەنگدانەوە و تەقین، ئاسایى و نائاسایى، لە کۆپلەى چوارەم لە ئاسن و میزڵدان دەبێتەوە و دەکەوێتە نێوان (من) و (ئەوانیدیکە)، ئەوەى دەبدەبەیە منم، ئەوەى ئاسنە ئەوانیدیکەیە! منى نائاسایى و ئەوانیدیکەى ئاسایى… ئەوەى دەتەقێ منى نائاسایى و ئەوەى دەنگدانەوەى هەیە ئەوانیدیکەى ئاساییە؟! بەڵام ئاسایى و نائاسایى شێوەى رووتى زمانە، لەو شێوە رووتەى زماندا نە (ئەوان) دەبنە ئاسن نە (من) دەبێتە دەبدەبە…
پەیامى ئەو دەقە ئەوەیە من دەمرم، ئەوانیدیکە دەژین؟ پرسیارى زمان ئەوەیە بڵێى کەس بیر لە منى (شیعر)، منى (بەتاڵ) بکاتەوە؟ ئەوەى پرسیار قبول ناکات، دەشێ منى (شیعر) منى (مردوو) لە هزرى ئەوانیدیکەدا تواناى ژیانم هەبێت؟ ئەوەى پرسیار قبول ناکات، ئەوەیە شیعر بە مردوو دانانرێت، ئەوەى پرسیار قبول دەکات پەیوەندى منى مردوو و ئەوانیدیکەى زیندووە…

دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى رابەر فاریق لە رووى جولە و ریتم و داڕشتنەوە تەعبیرییە و گوزارشت لە گۆڕینى شێوەى پەیوەندى مردووان و زیندووان، شیعر و زمان دەکات، بەڵام لە رووى ماناى وشەوە شێوەى ئاسن، شێوەى میزڵدان ئەبستراکتە و پشت بە خەیاڵى خوێنەر دەبەستێ، واتە جولەیەکى تەعبیرى لە رێگاى مردووە/ زیندووەکانەوە دەکێشى و ماناکانیان لێ دادەماڵێ و رووتیان دەکاتەوە، بۆ ئاسن و میزڵدان، هەر لەو رێگایەشەوە جولە بە گومان و خەیاڵەکانى خوێنەر دەدات…

کەواتە قەسیدەى لە گۆڕى کەسێکدا دەچێتە خانەى شێوازى تەعبیرى ئەبستراکتەوە… شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵى هەستکردن بە واقیع و بە وشەى رووت و بەرکەوتنى خەیاڵى خوێنەر بگات، بەڵام ون نابێت و پشت بە کەلەپورى درەوشاوەى دنیایى دەبەستێت، پشت بە بەردەوامى جولەى گەردوون لە لایەک و جولەى شیعر لە لایەکى دیکە دەبەستێت… دەمەوێ بڵێم ئەو قەسیدەیە ئەبستراکتى تەعبیرى درەوشاوەیە، واتە لە رووى گوزارشتەوە رۆناک خۆى نیشان دەدات و لە رووى رووتى ماناوە شێوەکانى بوون دیارى دەکات، ئەگەر ئەو قسەیە تەرجەمەى قەسیدەکە بکەم دەڵێم گوزارشت لە مردن لە چاوى زیندووان دەکات… بە مانایەکى دیکە ئەوە بونیادى جولەى ئەبستراکتە، پێکهاتەى رستە لە بوونى (گۆڕستان، مردن، ئاسن، دەبدەبە، چاکێت) دیارى دەکات، دووبارە دەڵێم لە دنیاى بەتاڵى شیعرییٍدا نەخشکردنى کارى ئەدەبى لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ (جولەى جێگیر بوون لە چاو جێگیر نەبوون)دا، بەڵام لە گێڕانەوەى واقیعى دەرەوە (وەک خۆى) دوور دەکەوێتەوە.

من شیعرم، ئەوانیدیکە زمان

داڕشتنى چیرۆکى من شیعرم و ئەوانیدیکە زمان لە میانى ئەو دەقەدا بەشێکى زۆرى پەیوەندى بە دوو رووى شیعر و زمان وەک دوو رووى دراودا هەیە، پەیوەندى بە سنورەکانى مەعریفەى شیعرى و سنورەکانى خەیاڵى زمانەوە دەکات، مرۆڤ دەکەوێتە نێو زمانەوە، شیعر دەکەوێتە نێو جوانى… دەمەوێ بڵێم هەتا ئەوانیدیکە وەک زمان نەبینین، هیچ ئەرکێکمان بەرانبەر (شیعر) لەسەر شان نییە، بە دیوەکەى دیکە (زمان/ ئەوانیدیکە) بە خۆڕایى خۆیان دەخەنە بەر دەستمان، هەتا بە کاریان بهێنین، هەر ئەوەندە قبوڵمان کردن ئیتر داگیرمان دەکەن، کەواتە وەک چۆن دەکەوینە نێو زمان، لە هەمان کاتدا دەکەوینە نێو ئەوانیدیکە… وەک دەبینین لە مامەڵەى نێوان من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان خاڵى ناکۆک ناچاربوونە، مرۆڤ بە ناچارى دەکەوێتە نێو زمان، مرۆڤ بە ناچارى دەکەوێتە نێو ئەوانیدیکە، مرۆڤ بوونەوەرێکى زمانییە، وەک چۆن بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە، کەواتە کاتێک ناچار دەبین ئەو شتەى بەسەرماندا سەپێنراوە قبوڵى بکەین، ئیتر کۆنترۆڵکراوین، زمان کۆنترۆڵمان دەکات، ئەوانیدیکە کۆنترۆڵمان دەکەن، شیعر جوانى لێدەڕژێ… ئەو هاوکێشەیە پەیوەندى بە نەستەمانەوە هەیە، پەیوەندى بە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان هەیە، یان پەیوەندى بەوەوە هەیە کە ئێمە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان یان چەپێنراوەکانمان دەخەینە (نەست – ناهۆشمەندى)یەوە، هەتا ناهۆشمەندى پاڵمان پێوەنەنێت، هەتا ئارەزووەکانمان پاڵمان پێوەنەنێت، بە هیچ شتێکەوە پابەند نیین!

وەک دەزانین ئارەزوو ئاڕاستە و رووییەکى دیاریکراوى نییە، بەڵام کە ئارەزوو پاڵى پێوەناین، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات، دەزانین زمان ئاراستە و رووییەکى دیاریکراوى نییە، بەڵام کە کەوتینە ناوییەوە، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات … هەموو ئەو قسانە لاى (ژاک لاکان 1901-1981) لە رستەى (نەست لە زمان رسکاوە) کورت دەکرێتەوە، بەو مانایەش زمان وەک ئارەزوو ئاڕاستە و روویەکى دیاریکراوى نییە، وەک چۆن شیعرى داهێنەرانە ئاڕاستە و روویەکى دیاریکراوى نییە، مرۆڤ نە ئارەزووەکانى تەواو دەبن و نە ئارەزووەکانى پڕ دەبنەوە! زمان نە تەواو دەبێت، نە پڕ دەبێتەوە…
کەواتە ئەوەى من و ئەوانیدیکە بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئەوەى شیعر و زمان بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئارەزووەکانمانن! ئارەزووەکانمان بۆ شیعر لە جوانییەوە هەڵدەقوڵێ، ئارەزووەکانمان بۆ ئەوانیدیکە لە فیکرەوە هەڵدەقوڵێ، بەڵام ئەوەى شیعر و زمان، من و ئەوانیدیکە لێکجیا دەکاتەوە، ناکۆکییە شاراوەکانى زمان و ناکۆکییە شاراوەکانى ئەوانیدیکەیە، زمان کۆمەڵێک شاراوەى خۆى هەیە، مرۆڤ کۆمەڵێک شاراوەى خۆى هەیە، شیعرى زیندوو ناکۆکییەکانى لە ناوەوەى خۆیدا هەڵگرتووە، مرۆڤ لە ژیاندا هەڵگرى ناکۆکییە، ئەو ناکۆکییانە لە ناوەوەماندایە و هەمیشە داگیرمان دەکات، ئەوەى هەمیشە داگیرمان دەکات، فیکر و جوانییە…
چاکەتم لە سەر گۆڕێکى دى
دادەنێم
ئانیشکم لەسەر کێلى خۆم دادەنێم
شەڕى نێوان وشە و واقیع
کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
کەسى نێو ئەو قەسیدەیە، کەسى نێو گۆڕستانە و لە رێگاى خەیاڵى وشەوە هەستى پێدەکەین، بەڵام ئەوانیدیکە لە واقیعەوە هەستیان پێدەکەین، شەڕى نێوان وشە و واقیع، شەڕى نێوان زمان و شیعرە… کەسى نێو واقیع و کەسى نێو خەیاڵى وشە دوو هەستى جیاوازمان دەداتێ، یەکەمیان دەستى لێدەدەین، دووەمیان بیرى لێدەکەینەوە… بەڵام نەک بەو مانایەى کە زمان خەیاڵییە و شیعر واقیعییە، بەڵکو بەو مانایەى کە مەوداى زمان هەمیشە لە خەیاڵى بەرەوپێشچووندایە و مەودا شیعر لە جێگیربوونى جوانیدایە!
زمان لە خەیاڵى دوور مەودا دایە، بەو مانایەى کە شیعر دەکەوێتە سنورى مەعریفەیەکى دیاریکراو و جوانییەکى بەرجەستەکراوەوە، زمان دەکەوێتە بێ سنورییەوە، شیعر لە راڤەکردنى جیاوازیدایە، زمان قسە بە جیاوازییەکان دەکات، جیاوازییەکان قسە بە شیعر دەکەن، زمان هەمیشە ماناکان بە جێدەهێڵێ، شیعر هەمیشە ماناکان کۆ دەکاتەوە، زمان هەمیشە لە خۆ بەتاڵ کردنەوەدایە، شیعر هەمیشە جیاوازییەکان کۆ دەکاتەوە، ئەگەر بشێ تێگەیشتنێکى (لاکان) لە بارەى گوتەزاکەى (رێنێ دیکارت 1596-1650، من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم) تەرجەمەى سەر شیعر و زمان بکەین، ئەوە دەشێ بڵێین شیعر بیر دەکاتەوە، لە شوێنێ کە هەیە! بەڵام زمان لەو شوێنە نییە کە بیر دەکاتەوە، زمان بیر دەکاتەوە لە شوێنێ کە ئەوى لێنییە! کێ بیر دەکاتەوە شیعر یان زمان، زمان لە شیعردا بیر دەکاتەوە؟ یان شیعر لە زماندا بیر دەکاتەوە؟
ئەو کاتەى شیعر بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (کۆپیکردن) شتێکى دیکە نییە، کاتێک زمان بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (داهێنان) شتێکى دیکە نییە، هەرگیز شیعر رێگایەکى نوێى بۆ بیرکردنەوە نییە، بەڵکو هەمیشە زمانێکى دیکە رێگاى بیرکردنەوەى پێنیشان دەدات، شیعر دەبێ ملکەچى زمان بێت… شیعر و زمان هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە ئاو دەخۆنەوە، بەڵام بە دوو شێوەى جیاواز، دەشێ زمان سیفەتى هەڵم وەرگرێ، شیعر سیفەتى هەور، هەڵم دەچێتە ئاسمان دەبێت بە هەور، هەور دەبارێ و جوانى دەبوژێنێتەوە…
کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
شیعرى پڕ، زمانى بەتاڵ
منى شاعیر بەر لەوەى منى شیعر لە پێناو شتێ ئاڕاستە بکات، بەر لەوەى شیعر پڕ بکات لە شت، بەر لەوەى شیعر بار بکات، لەسەریەتى بڕیار بدات کەوا بە شێوەیەکى شاعیرانە لە ماڵى زماندا نیشتەجێیە، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە قسان دەکات، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە لە پێشکەوتندایە، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە کار لەسەر دواخستنى ماناى کۆن و دۆزینەوەى ماناى نوێ دەکات، هەمیشە بیرکردنەوەى مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەیاڵى زمانەوە، بەڵام زمان تەواوى دنیاى خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات، شیعر پڕشنگى جوانى پارچەکانى خەیاڵە! دەتوانم بڵێم دابەشبوونى ئەو دەقە لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێ و لە سەر ئەو بنەمایە خۆى دەنەخشێنێ!

لە کۆپلەى یەکەم بەفر خەیاڵى خوێنەر بەرەو ژیان و مردن کێش دەکات، بەفر زیندووە مردووەکان تووشى سەرما دەکات، لە کۆپلەى دووەم مردووییەک وەک زیندوو دەرگاى ماڵى مردن دەکاتەوە و چاکێتەکەى لە سەر دیوارى ماڵە دراوسێیەکەیان دادەنێ و هەوا پڕ دەکات لە ئاسن… شاعیر هەموو ئەو پارچانەى دنیا لە یەکنزیک دەکاتەوە بۆ ئەوەى ئێمە خوێنەر ئاوڕ لە جوانییەکانى ژیان بدەینەوە؟! لە کۆپلەى سێیەم کەسێ لە بەر دەرگاى ماڵەکەى ئانیشکى خستۆتە سەر ژیان و بیر لە رابردوو دەکاتەوە و لە پڕ مردن وەک دەبدەبە روو بە رووى دەتەقێتەوە! لە کۆپلەى چوارەم ژیان و مردن بەردەوامە، مردن لە ژیان و ژیان لە مردن نابێتەوە ، ئەو بیرکردنەوەیە ژیان لە خەیاڵ و مردن لە واقیع دەنەخشێنێ، ئەو خەیاڵ و بیرکردنەوەیە رەشدەچێتەوە.
کەواتە بەردەوام هەمووان وەک ئەکتەر لە نێوان بەفر و گۆڕستان و بیرکردنەوە رۆڵەکانى مردن و ژیان دەگێڕین، ئەو دیدە مەیلێکى رۆحى تێدایە، لەوێوە کە هەوڵدەدات خوێنەر درەوشانەوەى بینراو لە پێناو نەبینراو بەرجەستە بکات، بەو مانایەش رۆناکى خستنە سەر بینراو لە پێناو بینینى نەبینراو گوزارشت لە دنیابینییەک دەکات، کە بایەخى مردن لە ژیان وەک وێنەیەکى بێ پەردەدا ئاشکرا دەکات، بە مانایەکى دیکەش دنیاى خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات و لە رێگاى لادانى زمان و درەوشانەوەى وشە و خرۆشانى خەیاڵ هەوڵى خۆ دۆزینەوە دەدات، بۆ ئەو خۆ دۆزینەوەیەش پشت بە کەلەپورى درەوشاوەى دنیایى دەبەستێت، پەیوەندییەکى بوونگەرایى لە نێوان ژیان و مردن، من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان… دروست دەکات!

بە کورتى:

دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى (رابەر فاریق) دەکەوێتە نێو دنیاى بەتاڵى شیعر و شێوازى نوسینى تەعبیرى ئەبستراکتى (درەوشاوە)ەوە و لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ و لە گێڕانەوەى واقیعیانە خۆى بە دوور دەگرێ، واتە لە رێگاى گوزارشتکردنەوە دنیابینى و لە رێگاى جولە و پڕشنگى وشەوە جوانى شیعرى بەرجەستە دەکات.
ئەو قەسیدەیە، لە رووى تەعبیرییەوە خۆى رۆناک نیشان دەدات، لە رووى ئەبستراکتەوە تەمومژى لەخۆدا هەڵگرتووە! شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵى هەستکردن بە واقیع و هەستکردن بە وشەى رووت و بەرکەوتنى خەیاڵى خوێنەر بگات، بێ ئەوەى ون بێت، پشت بە بەردەوامى جولەى گەردوون لە لایەک و جولەى شیعر لە لایەکى دیکە دەبەستێت… پێماندەڵێت مردن و ژیان وەکو یەکن؟!

هەولێر 12/9/2017




هه‌راسانییم … مەولود ئیبراهیم حەسە ن

دە ستی منداڵیە تی خۆم دەگرم و
بەم سەری سپیمەوە
سە ری ساڵ پێکە وە
پیاسەیەک
بە ڕابردوودا دەکەین و
چیڕۆکە نەهاتووە کان
بۆ یەکتر دەگێڕینە وە.

***

پیربووم..
هێندەی بە دوای
ئە و منداڵیە تیە دا بگە ڕێم و
لە چاوە ڕوانی
پیریە تی دا
بە م منداڵیە وە ..گە ورە نابم .

***
بە وهه موو..
هیوای منداڵیە تیمە وە
بە رە و پیریی خۆم
ڕادە کە م
پیربووم و نایگە مێ
بە م هه موو..
شارە زایی پیریە تیمە وە
ڕێگای منداڵیە تی خۆم
نادۆزمە وە .

***
لە نێوان ..
پیریی و منداڵیە تیدا
(گە نج )ی هه بوو
بە پیریی( گە نج )یە تی خۆم
ڕانە گە ێشتم
(گە نج)ی منداڵیە تیم لە دە ست دا.

***
ئە وە ی
من لێی دە ترسێم و
هه راسانم دەکات
مردن نیە !
لە دە ستدانی
پاکیە تی منداڵیی و
هیوای گە نجیە تی و
حیکمە تی پیرییە
هه ڤاڵ.

——————- ١٢/١٢/٢٠١٧ – هه ولیر




یەکێتی و پارتی چۆن جیادەکرێنەوە؟ … چالاک ئـاغجەلەری

خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە کوردستانی عێراق وەک بژاردەیەکی وەڵامگەرا بە ڕووی نادادیی و ھەڵە بەدەوامەکانی ڕژێمە سەردەستەکانی ووڵات ھەڵتۆقی ، ئـەمھەستان و بەگژا چوونەوەیە پێش ئـەوەی داکۆکی بێت لە نەژادێک داکۆکی بوو لە تەواوی ئـەو بەھایانەی کە پێچراوە بە ھەر مرۆڤ و کۆمەڵگەیەکەوە ، ھەرچەندە بۆ خۆیئـەم بەھایانە شکڵ بەندی ئـەزەلی لە خۆدەگریت ئـیمکانی دوورکەوتنەوە لێی وێنەیەک لە ناتەواوی مرۆڤەکان پێشکەش دەکات ھەر بۆیە دەست بردن بۆ ئـەم بەھایانە ودژایەتی کردن و دوورکەوتنەوەیە لە ھەقیقەتی خود ، بەواتایەکی تر ڕووبەڕوو بوونەوەیە لەگەڵ یاساکانی ژیان لە پەیوەند بە بوونی مرۆڤ.

ھەرچەندە بۆ ھەندێک ئـەم پێناسەیە لە تێکۆشان و بەدەستھێنانی مافە زەوتکراوەکان دوور لە کاتەگۆری عەقڵانیەتە چونکە دەرئـەنجامی ئـۆپۆزیسێونی دوێنێ ، گەیشتن بەدەسەڵات و بەردخورد لەگەڵ ئـاکامە دژوارەکاندا ، بوارێک ناھێڵێتەوە بۆ ڕاڤەکردن و تێگەیشتن لەیەکتر ، ھاوکات گەیشتنە بە وێستگەیەش بەشێکە لە ئـەنجامە ناکامەکان،لێرەدا بۆ ئـەوەی نەبینە بەشێک لە خۆڵەمێش و جێگەیەک بگرین لە فەزاکە دەبێت بە زیندو بمێنینەوە ئـەنجامەکان بە ژینگەیەک بسپێرین کە کۆمەڵ بەرپرسیارێتی تەواویفەزاکە بکاتە شان نەک بەتەنھا نوخبەیەک.

بە ھاتنە سەرباسی ھێدلاینی بابەتەکە پێویستە قسە و باسێک سەرێ بخەین بۆ ئـەوەی بە ھەمووان ئـەنجامێک بەدەست بھێنین بە ئـەندازەی کۆک بوونمان لەمەڕعوارچێوەی بابەتەک.
وەکو ئـاشکرایە کەم تا زۆر ھەموو شارەزای مێژووی ئـەم دوو ھێزە سیاسیەن ، شوێن و پێگەیان ڕۆژھەڵاتی ناوینە ھاوکات گەرمترین شوێنی لە ھەڵچونە سیاسی وعەسکەریەکانی پێبڕاوە کە ( ووڵاتی عێراقە)، ناوندێکە لەیەکەم خۆناسیندا ئـەوەی گوێی لێنەگیرا پێکھاتە کۆمەڵایەتیەکەی بوو ، بەڵێ چەرخاندنی ئـەم شەمەندەفەرە سیاسیەبە ھێزی سەربازە گوێڕایەڵەکان ئـاراستەی ئـەجنداکەی بەجوڵە خست،ئـەنجامی ئـەو نادادیە ئـەم ھێزە سیاسیانەش (پارتی و یەکێتی) بەرھەمێکە لە نموونەی ئـەو ھێزەبەرھەڵستکارانەن بۆ وەستاندنی ئـەو جوڵە سیاسیە کە ویستی نەژادیان تێدا فەرامۆش کرا.

ڕەواتی یان ناڕەوایەتی ئـەم حزبانە کە ھەریەکە لە ساتە وەختێکی مێژووییدا خۆی ناساند پرسی ئـەم بابەتە نیە، بەڵام ئـەوەی دەبینرێت ھەردوولا لەسەر یەک فەلسەفە وئـەجیندای قەومگەرایی پەیڕەوو و پرۆگرامی سیاسیان خستەکار، بەڵام بەشکڵ و شێوەی جیاواز، پارتی دیموکرات ھەرچەندە لەسەر دەستی موعەلیمە نەتەوەییەکان شکڵیگرت بەڵام ئـەنجام سیاسەت گەڕایەوە دیوەخان و بوو بە بەشێک لە تەریقەت، ئـەمە وەک یەکەم ھەڵە تێکەڵ بە ژیانی سیاسی پرسی کورد بوو ، بەدوای ئـەمەشدا تەسلیمبوونی موعەلیمە سیاسیەکان بەو حەقیقەتە ھێندەی تر قوڕەکەی خەستکردوە، ئەو پرسەی خەڵک ھەوڵی بۆدا و لە پێناویدا خۆی کردە قۆچی قوربانی بۆ تەریقەت بوو لەبناغەدا ، شۆڕش بوو بەشێک لە زیکری دەروێش ئـاسا بە موناجاتی کوردایەتی گردبوونەوەی سیاسیان پێگەرم کرد دوور لە ھەستی خۆیان .
وەک دەبینرێت ھێزێکی وەکو پارتی ٧٠ ساڵە تا وەکو ئـەم ساتەش خوانەکەی بەشێوەیە گوزەر دەکات، بەسەر ھەموو فەزاکەشدا زاڵە، حزبی پارتی زۆرباش مامەڵە بەژیانی سیاسی خۆی دەکات و دەزانێت لەکوێ و چی کۆمەڵگەیەکی دەروێش ئـاسادا ئـاراستەی ئـەجینداکەی دەکات، وەک چۆن عەقلی تۆتالیتاری و ھەژموونی خۆسەپاندنبەشێکی دانەبڕاوی ئـەو ناوچەیەیە، لە ھەر ئـەنجام گیریەک بۆ تەواوی ھەڵچوونی کێشە سیاسی و عەسکەریەکان بە لادانی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر و ھێنانی فێرژنێکینوێە بۆ ھەمان فەزا ، ئـەمە ئـەو ڕاستیەیە خۆگێلکردن لێی ئـەو ئـەنجامە دەدات بەدەستەوە کەھەیە.

بە دوای ئـەم ھێزەدا دوای ماڵئـاویکردن لە دیوەخانی سیاسەت یەکێتی بووە شێونگرەوەی ئـەم ھێزە( پارتی)، ھێزێک قەرار بوو ئـاراستەیەکی جیاواز لە پارتی بجوڵێنێت، لەچوارچێوەی ھێزێکی فرە بەرەییدا لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە خۆی ناساند، ئـەم ھێزە فرە ئـاراستەیە بە دیدگاو تێڕوانینی جیاواز بۆ یەک ستراتیژ کە دۆزی کورد و کێشەکەیوەکو خۆی بناسێنن ، ھاوکات بۆ دەرباز بوون لەو ھەڵەیەی موعەلیمەکانی دەیەی ٤٠ و ٥٠ کان کردیان ، قەراریان گرت ئـەو لەنگیە ڕاست بکەنەوە بەڵام ئـەفسوسنەکەوتە ڕێ چونکە ھەر زوو پارتی کەوتە خۆی بە نەفەسی( شۆڕشمان پێنەکرێت ، پێمان تێکدەدرێت)، کەوتنە خۆ و کەوتنە وێزەی ئـەم ھێزە ساوایە ، بە جۆرێک ئـەوەیمەبەستیان بوو وەکو مۆراڵی سیاسی بیر چوەوە ، شەڕی یەکتر بوە دیفاکتۆ تەواو ی خەون وھەوڵەکان کە پێویست بوو سەر پێخرێت بە ئـیفلیجی بە جوڵە کەوت، ئـەنجام بێھێزی ھەموولایەنەکان بەرامبەر بە ڕژێمی سەردەست و دوور کەوتنەوە لە خەباتە بنچینەییەکە بەرەیەکی ئـیجباریان لە نێو خۆدا پێکھێنا، دوای شەڕی کوەیت و عێراق ئـەمبەرەیە وەکو زمانحاڵی دەسەڵاتی کوردی خۆیناساند.
ئـەم بەرەیە تەنھا لە یەک ئـەزموندا سەرکەوتوبوون ئـەویش(شەڕی یەکتر)بوو، نەھاتن وەک بەرەیەکی شۆڕشگیر باری تێکشکاوی کۆمەڵگەی کوردی ڕاست بکەنەوەئـەوە بوو لەسەر ھەمان فەرھەنگی شاخ دوای ئـەوەی یەکتریان پێھەزم نەکرا کەوتنەوە وێزەی یەکتر و لەم جەولەیەدا تەواوی خەڵکیان کرد بەگژ یەکەدا کرد ، ئـاسەواریئـەم دژایەتیە تا ئـەم ساتەش لە ئـامادەیەکی چالاکدایە.
وەکو لە پەرەگرافەکانی پێشترئـاماژەم پێکرد ھێزێکی وەکو پارتی تەریقەت ئـاسا گرەو لەسەر مانەوە و دەنگەکانی خۆی دەکات، ئـەوەش بە حوکمی خوێندنەوەیان بۆدواکەوتوویی کۆمەڵگاکە سیاسەتی حزبییان بەرھەمدارە و دەروێشەکانی ئـەم تەریقەتە بە ھەموو فەزایەک ڕازین و گوڵ لە دەستیان دەرناچێت و بەردەوامن.

ھەرچی پەیوەندی بە یەکێتی یەوە ھەیە وەکو ھێزێکی نوێی بەرەیی، ئـەم فرەییە وەکو تێزێکی نوێ لە سیاسەتی حزبی کوردییدا، دەکرا بەرەو پێش ببرێت، بەڵام بەھۆیھەزمنەکردنی ئـەم ڕەوتە لە خەبات و تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی بەرەیی ، توشی چەندین جیابوونەوە و گوێ نەگرتن لەیەکتریانی کرد، کردنەوەی دەروازە بەم ئـاراستەیەدانادیدەگرتن و کەوتنە ژێر بەرپرسیارێتیەکەوە نەفەسێکی درێژی دەویست خۆی بۆ بگرێت، وەک دەیبینن توانای ئـەم فرەییە کورتی ھێنا ، لە نوێترین دوورکەوتنەوەدابزتنەوەی گۆڕان(کاک نەوشیروان) بوو ماڵی خۆی جیاکردەوە ، لە پێناوی ھەرچی گەیشتن بەو ئـامانجەی مەبەستی بوو سەرکەوێت.

ئـەم خەسڵەتە لە یەکێتیدا بە ئـێستاشەوە بەردەوامی ھەیە ، فۆرمی فرە میمبەری بە شێوەیەک بچوک و قێزەوونکراوە ، دۆخی دەستەگەری باڵی کێشاوە بەسەر ئـەم ھێزەدا،ئـەم دەستە دەستانە ھەریەکە خۆی بە خانەخوێ و بەرامبەر بە مورتەزیقە ئـەژمار دەکات، کار گەیشتۆتە ئـاستێک پێشمەرگەیەکی دێرینی ئـەم ھێزە کە ھەموو تەمەنیخەباتی لەم ھێزەدا بەسەر بردووە ئـومێدی چاک بوونی بەم حزبە نەماوە، بۆ ھێزێکی سیاسی کارەساتە کەسە دڵسۆزەکانی نەفەسی ڕەشبینی ھەڵمژن، بە دیوێکی ترداھێزێک فەرھەنگی دیموکراتی بە شاڕێگەی خۆی وێنا بکات و بەزمان دونیایەکی جوان پیشان بدات و بە کردەوەش شوێن پێی ھێزە تەریقەت ئـاساکە بێت، مایەی پرسیار وگومانە ، ئـێستا کاتی ئـەوەیە یەکێتی خۆی بناسێنێت وەکو چۆن پارتی یەکلا بۆتەوە، دەبێت بەلای کەمەوە کادیر ولایەنگرانی لەم ھەڵوێستەی بگەن، ھەرچەندە ئـەم فۆرمەپێویستی بە ڕامانی سیاسیە ئـەوەش لە چوارچێوەی گۆنگرەیەکدا بەرجەستە دەبێت، ھەر بۆیە ھەرچی زووە دەست و برد لەم ھەوڵەبکرێت جەماوەرەکەی پێش چاویان ڕوونبێتەوە بە فیعلی ھێزێکی سیاسی بێ خەوشە و داکۆکیکاری سەرسەختی خەڵک و پشتیوانیانە ،یان ئـەو ھێزە تەریقەت گەراییەیە لەسەر ھەمان میتۆدی ھێزە تۆتالیرستەکانەگرە و لەسەر نوخبەیەکی دەست ڕۆیشتوو دەکەن، چاوەڕانی ڕۆژێک دەکەن کە پێیان بڵێن بڕۆن !! نمونەی سەدام و قەزافی ئەوانی تر، ئـەمە جیاوازی نێوان یەکێتی و پارتییە ، دەشێ لە سبەی ڕۆژدا جوانتر خۆی نمایش بکات.

لە کۆتاییدا بە پشت بەستن بەو کۆمەڵە دەنگە جوانەی ناو یەکێتی و جەماوەرە ماندووەکەی نوسەر گەشبینە بە ئـاراستە ڕاستەکەی ، ھەرچەندە کەشی ئـاڵۆزی ناوچەکەدژوارە ترسی کەوتنیشی ھەیە بەڵام ئـەنجام دەست گرتن بە داکۆکی لە خواستەکانی خەڵک کلیلی دەروازەی ئـایندەیەکی گەش و مێژوویەکی ڕوو سورە بۆ ھەر کایەکیسیاسی.




له‌ نێو دڵم … ئاری زێندینی

له‌ نێو دڵم ناڕوات یادگاریه‌كان
رێگام دووره‌
كات زۆر بێ باكانه‌ خێرا ده‌ڕوات
ته‌مه‌ن به‌ یه‌ك قه‌ڵه‌م خه‌تی سپی له‌سه‌ر سنگم ده‌نه‌خشێنێ‌
ته‌مه‌ن به‌ دوو خودكار ئاگری سپی به‌رداوه‌ته‌ تاڵی سه‌رم
پێتان ده‌ڵێم
دڵنیابن
له‌ دڵمدا ناڕوات یادگاریه‌كان
هیچ خامه‌یه‌ك ناتوانێ‌ دڵی سورم كاڵ بكاته‌وه‌
به‌فری سپی هیچ وڵاتێك ناتوانێ‌ دڵی گه‌رمم ساردبكاته‌وه‌
دوێنێ‌ دایكم له‌ خه‌و بینی
ئه‌مرۆش كوردستان
به‌یانیش نیشتمان
شه‌و له‌گه‌ڵ پیتی (س) ده‌دوام
دڵم گه‌له‌یی له‌ پیتی (ژ) ده‌كرد
پیتی (ژ) به‌ چاو مۆنی گووتی:
من بۆ ژانی كورد له‌ دایك بووم
بۆ ئه‌و ژانه‌ سه‌رقاڵكراوه‌
دڵنیابن,
له‌ دڵمدا ناڕوات یادگاریه‌كان
رۆژگارێك دێت به‌یه‌كه‌وه‌ به‌خه‌نده‌وه‌
یادگاریه‌كان بۆ نه‌وه‌كان ده‌ڵێنه‌وه‌ !




بابەنوێلێکی دڵشکاو … حەمەی شانۆ

واساڵی نوێ هاتەوە
تکایە بەسەرۆک بڵێن
بەتۆپ هاوێژەکان و جەنگاوەرکان
پێیان بڵێن بێدەنگبن
تەقە مەکەن
ئەمشەو مناڵێ
چاوەڕوانی
بابە نوئێڵیەتی
لەئاسمانەوە بە دیاریەوە بێ
تفەنگەکەنتان دابنێن
دوو عاشق دەیانەوێ
ئەمشەوی سەری ساڵە
لەژێر ئەم دارسنۆبەرەی ژیان
پەیمانی عەشق ببەستن
چاکەکەنتان دابنێن
دەنا ئەمجارە
ئاسمان دڵی بشکێ
بەئیسمی تەعەلا قەسەم
جارێکی تر هەرگیز هەور وباران نابینەوە
جارێکی تر حاجی لەق لەقەکەن نایەنەوە
جارێکی تر نە عشق ژیانە و نە ژیانش جوانە
جارێکی تر ئێرە ببێتە بەهەشتیش هیچ موسافرێک ڕووی لێ ناکەتەوە
جارێکی تر گەر هەزارجار غوسڵی سۆز و هەستیش دەرکەن دڵ لەخوێن و خیانەت خاڵی نابێتەوە
بۆیە جارێکی تر و جارێکی تر و جارێکی تر و جارێکی تریش پێتان ئەڵێم تفەنگەکەنتان دابنێن

“حەمەی شانۆ”




کاتی تاقیکردنەوە … ڕۆستەم خامۆش

کـاتــی تـاقـیـکـــردنــــەوە
جـارێـکـــی تــر هــاتـــەوە
خــــۆم ئــامـــادە کــردووە
مــن زۆر باشـم خوێندووە
لــە هـەوڵ و تـێکـۆشـانــم
بــــــۆ ئـایـنــدەی ژیـــانــم
دەزانـــم هــەر بــە زانست
دەگەم بـە هیواو مەبەست
تـا یەکـەم بـم وەک سـاڵان
شــاد بـم لــە نێـو منـداڵان
بـێ پشـوو هـەر دەخوێنـم
تــا ســـەرکــەوتـن دەبینـم

ڕۆستەم خامۆش هەولێر 2017




ئیسلامی توندئاژوێ، ئەمریکا، رووسیا … شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای ئەهەوەنی نەتەوەیی کۆشکی سپی لەسەردەمی سەرۆک کۆماری جیمی کارتێردا بوو. بەناوبانگترین پلان و ستراتژی بێرژنێسکی کەڵک وەرگرتن لە ئیسلامی سیاسی و رێکخراوە ئیسلامێکان وەک کەرەسە بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ هێژمۆنی یەکێتی سۆڤییەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بوو، کە بەشیوەیەکی بەربڵاو لەلایەن دەسەڵاتە چەپەکان لە عێراق، سووریا، میسر، یەمەن ئەو هێژمۆنیە بەروپێش دەچوو، بێرژنێسکی بە هاوکاری عەرەبستان و پاکستان دوو لە وڵاتە ئیسلامێ تووندئاژوێکان و ناوەندی هزری بەرهەم هێنی ئیسلامی سەلەفی و جەهادی ئەو سەردەم، پلانی پرچەک کردنی ریکخراوە ئیسلامێکانی بە دژ حکوومەتی سەربە سۆڤییەتی ئەفغانستانی دەست پی کرد. پاکستان لەو سەردەم‌دا لەژێر کۆنترۆڵی ئیسلامێ بناژۆخوازەکان‌دا بوو کە بە کۆدەتای ژنراڵ موحەممەد زیائولحەق پەرەیان ئەستاندبوو، ژێنراڵ زیائولحەق ساڵی ١٩٧٧ کۆدەتای لە زولفەقار عەلی بۆتۆ کرد و ئامانجی خۆی ئەتۆمی کردنی پاکستان و پێکهێنانی وڵاتیکی ئیسلامی و حاکم کردنی ئیسلامی راستەقینە راگەیاندبوو، دیارە عەرەبستانیش کە ناوەندی هزری و فکری سەلەفییەت و بناژۆخوازی ئیسلامی بوو.

بناژۆخوازانی ئەفغانستانی:

ساڵی ١٩٧٨ نوورموحەممەد تەرەکی یەکێک لە رێبەرانی حیزبی دێموکراتیکی گەلی ئەفغاسنتان بەهاوکاری ئەفسەرانی کۆمۆنیست بە کۆدەتایەکی سەربازی توانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و حکوومەتێکی چەپی سەر بە سۆڤییەت لە ئەفغاسنتان بێنێتە سەرکار، لەپاش ئەو کۆدەتایە بزاڤێک بەدژ ئەو دەسەڵاتە کۆمۆنیستە سەری هەڵدا لەژێر ناوی موجاهیدنی ئەفغانستان کە لەخۆگری هزر و شووناسیکی ئایینی ئیسلامی بوو، لەوەها دۆخێک‌دا کە تازە لە ئێران بەهۆی شۆرش، دەسەڵاتێکی ئایینی هاتبوە سەرکار و لەپاکستاینش هەر بەو شێوەیە بە هۆی کۆدەتای زیائولحەو دەسەڵاتێکی ئیسلامی لەسەر کار بوو، ئەو دوو وڵاتە هانی موجاهدینی ئەفغانستانیان دەدا بۆ بەربەرکانی بەدژ دەسەڵاتی کۆمۆنیستی حاکم بەسەر ئەفغانستان‌دا، لەوەها دۆخێک دا کە هێژمۆنی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین هەم بە هۆی دەسەڵاتەکانی نزیک لە یەکێتی سۆڤییەت و هەمیش بە هۆی کۆدەتای چەپەکان لە ئەفغانستان و لەدرێژەشدا بە هۆی دەسەڵاتی ئیسلامی تازە پێگەیشتوو لە ئێران لەژێر هەرەشە و لەناو چوون دا بوو، بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای جیمی کارتێر گەڵاڵەی پرچەک کردنی رێکخراوە ئیسلامێکانی ئەفغانستان دەخاتە بەردەم کۆشکی سپی و بەم شیوەیە، پشتیوانی بەربڵاوی ئەمریکا دەست پێ‌دەکات و لە کۆتایی دا ئەو رەوتە لەتەنیشت پلانەکانی تری ئەمریکا دەبنە هۆی لاواز بوونی یەکێتی سۆڤییەت و لەدرێژەش‌دا لەگەڵ گەڵاڵەکانی گۆرباچۆف دوایین سەرۆک کۆماری یەکێتی سۆڤییەت بۆ چاکسازی لە وڵاتەکەی، حکوومەت کۆمۆنیستی لە ئەفغانستان دەرووخێت و دکتۆر نەجیبوڵڵا وەک دوایین سەرۆک کۆماری کۆمۆنیست دەسەڵاتەکەی دەرووخێت و دیارە یەکێتی سۆڤییەتیش هەر لەناو دەچیت.

پەرەی هێژمنۆی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین و رۆژهەڵاتی ئورووپا:

لەپاش سەرهەڵدانی شۆرشەکانی بەناوی بەهاری عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، بەشیکی زۆر لەو دەسەڵاتانەی نزیک لە ئەمریکا بوون وەک تونس و میسر تووشی بشیوەی و ئاڵوگۆری هاتن لەوەها دۆخیک دا کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەوتبۆە دەست دیموکراتەکان، ئەوان هیچ گەڵاڵە و پلانیکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوین نەبوو، بەجۆرێ کە ئەو ناوچەیە بەگشتی تووشی بۆشایی دەسەڵات هاتبوو، دەسەڵاتێکی نەزم‌دەر کە بتوانێت هاوسەنگی هێز و دەسەڵات بپارێزێت، لەو ناوەدا ئێران و رووسیا رۆژ بە رۆژ هێژمۆنتر دەبوون و هەر لە درێژەی ئەو رەوتەش‌دا رووسیا توانی پێش بە سەرکەوتنی شۆرشی گەلی لە سووریا بگرێت و بۆجاریکی دیکە دەسەڵاتی بەشارئەسەدی لە سووریا حاکم کردەوە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە ماوەیەکی زۆرە رووسیا خەریکە جێ پێی خۆی لە سنوورەکانی رۆژئاوایی و باشوری وڵاتەکەی مسۆگەرترو بەرفراوانتر دەکاتەوە، رووسیا توانی لەشەریکی نیزامی یەکلایەنە گورجستان و ئوکرایینی نزیک لە رۆژئاوا و ئەمریکا بە چۆک دابنێنێت و هێژمۆنی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە رووسیا ناراستەوخۆش خەریکی هەرەشە بۆسەر ژێئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناویە، بەجۆری کە سەرۆکی چەکدارانی دەریای ئەمریکا لەو ناوچەیە لە لێدوانێک‌دا بۆ چەکدارانی ئەمریکایی نۆروٶژ بەوانی راگەیاندوە کە خۆیان بۆشەریکی گەورە ئامادە بکەن.

لەوەها دۆخێک‌دا رێکخراوە تووندئاژۆکانی ناو ئەفغانستان خەریکن خۆ لە سنوورەکانی تاجیسکستان بەهێز دەکەن و لە هەمان کاتیش‌دا خەریکی خۆرێکخستن لە سنوورەکانی باشووری روسیان ئەوە لەکاتێک دایە کە بەشیکی زۆر لەو شەرکەرانەی ئێستا لە سورریان لە ناوچە قەوقاز و ئەبخازیا و کۆمارە خودموختارەکانی باشووری رووسیاوە هاتوون و شیمانەی وەی دەکرێت کە ئەمریکا پلانێکی تری هاوشیوەی پلانەکەی بێرژنێسکی هەبێت بۆ بڵاوە پێ کردنی چەکدارانی گرووپە ئیسلامێکان لە سنوورەکانی باشووری رووسیا و بەو شیوەیە رووسیا لە شەرێکی فەرسایشی لەگەڵ گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامێکان تێوەگەلێنێت، تا هەم بتوانێت لە هێژمۆنی رووسیا لە رۆژهەلاتی ناوین کەم بکاتەوە، هەم هەرەشەیەک بۆسەر ئیران بێت و هەمیش پێش بگرێت بە زێدەرۆییەکانی روسیا لە سنوورەکانی ئوکرائین و ژیئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناوی.




باشوری کوردستان: هۆکارەکانی داڕمانی خانووە دوو دیوەخان و بناغە ساختەکە


شاخەوان شۆڕش
21-12-2017

لەماوەی رابردوودا زۆرهەروەستە لەسەر دەنگی بەڵی و نەخێر کران و زۆرگوتران، هەروەها زۆر لەسەر بوون و ونەبوونی ریفەراندەم و دەرئەنجامەکان گوتران. لە زۆربەی بارەکاندا هۆکاری داڕمان و کەوتنەکە سۆزدار و لایەنگرانە لێکدرانەوە. پێویستە بگوترێت، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە لە گشتپرسیدا دەنگ لەسەر پرسیارێک دەدەن کە پرۆسەیەکی رامیاری دروستی کردووە. لە وڵاتی نادیموکراسیدا نوێنەرانی گەل پەراوێزخراون، بڕیاردەر نین و کاریگەریان لەسەر پرۆسە رامیاریە گرنگەکاندا نییە. هەروەکو ریفەراندەمەکەی ٢٥ ی سێپتەمبەر دەرئەنجامی پرۆسەیەکە کە لە مانگی ژونی ٢٠١٧ ـەوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکو دەرهاویشتەیەکی ناکایی و ناجێگیری ئەو ئاراستە میلیتسگەرایە رامیاریەیە کە لە دوای راپەرینی ١٩٩١ ـەوە جلەوی رامیاری لە باشوری کوردستاندا زەوت کرد. ئەو ئاراستەیە لەسەرەتاوە سەپێندراوە و دوورە لە کاریگەری دەسەڵاتی گەل، بەرژەوەندیە تایبەتەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پارتگەرا گڕی دەدا و ‌‌هەڵیدەسورینێ. لە سایەی دەسەڵاتی خۆسەپێنەردا بەئەگەری زۆر پرۆسەی هەڵبژاردن یا گشتپرسی ملکەچی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە، چونکە بوونی خودی پرۆسەکە بەرژەوەندی دەسەڵاتدار دروستیکردووە. دیارە دەسەڵاتی خۆسەپێنەر لەرێگەی دامەزراوە سەرکوتکەرکاندا درێژە بەبوونی خۆی و بەرژەوەندیەکانی دەدات. هەرچۆنی بێت جۆری دەنگدان لە سەر سەربەخۆیی لە ریفەراندەمەکەدا بۆ گروپێک ئەرکێکی کوردستانی بوو و دەربڕینی ئاوات بوو، بۆ هەندێک هەڵویست بوو دژی دەسەڵات، بۆ هەندێک پشتگیری بوو لە دەسەڵات، بۆ هەندێک ملکەچی بوو لەترسی گەماڕۆکان، بۆ هەندێکیش گرنگیەکی نەبوو.

پرۆسەی دروستکردنی ناسیۆن لە وڵاتێکی داگیرکراودا، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و سەختە هەروەکو پرۆسەکە بە کۆمەڵێ فاکتەری هەرێمی و نێوەنەتەوەییەوە بەندە. پێویست دەکات نەتەوەی ژێردەست هەروەها هەڵگرانی ئەو پرۆژەیە لە ئاستی داخوازیەکان و مەرج و تێگەیشتنە نێوستاتی، هەرێمی و نێونەتەوەیەکاندا بن. لەباری باشوری کوردستاندا پرۆسەی بنیاتنانی ناسیۆن بە بەراورد لەگەڵ گەلانی ژێردەستەی دیکەدا، بەهۆی مەرج و بەربەستە جوگرافی، دیمۆگرافی، ئابوری و رامیاریەکان پرۆسەیەکی ئاڵۆزتر و سەختترە. کێشەوبەربەستە سەرەکیەکان کە تایبەتن بە کوردستان: کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە و کێشەی رامیاری کورد کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئەو وڵاتانەوە هەیە، کوردستان چواردەوری بەسنوری ولاتی داگیرکەر دراوە، ئێران و تورکیا کە بەشێکی گەورەی کوردستانیان لەژێردەستدایە زلهێزی رۆژهەڵاتی ناوەراستن، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەمووی وڵاتی نادیموکراسی و دیکتاتۆرن، نەبوونی وڵاتی دۆست لەسنور یا دۆستی بێمەرج و راستەقینە لە ئاستی جیهانیدا، گۆڕینە زۆرەملێ دیمۆگرافەکان و تێکەڵی ئەتنیانە لەگوند و شارە سنوریەکاندا، کوردستان بەسەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندە و وڵاتانی داگیرکەر نایانەوێ دەستبەرداری بن، هتد. بۆیە ئاڵۆزی و سەختی پرسی کێشەی کورد دەخوازێت توانای کوردەکان لەهەر پارچەیەکدا لەوانە لە کوردستانی بندەستی ئێراقدا نمونەیی بێت، بتوانێ بەتەواوی لە ئاستی داخوازی و مەرجە دانپێندراوە نێونەتەوەیەکاندا بێت.

دوای دەستێوەردانە نێونەتەوەیەکە لە دوای ڕاپەڕین و کۆڕەی بەهاری ١٩٩١ دا، بەرەی کوردستانی کە ئەوسا ٨ پارتی لەخۆی دەگرت، خاوەنی بەرنامەیەکی ستراتیژی بنیاتنەر نەبوو، بەڵکو کۆمەڵیک بیر و ئایدیای جیا لەئارادا بوون، لەکاتێکدا هەموو پارتەکان لەژێرکاریگەری بەرژەوەندی حزب و رەوتی ئێراقچیانەدا بوون (جگە لە پاسۆک کە ئێراقچی نەبوو). جگەلەوە لای پارتی و یەکێتی بەرژەوەندی تایبەتی سەرۆک و پارت گرنگی یەکەم و لەپێشیان هەبوو، بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خەونی دێرینەیان خۆیان ئامادەدەکرد و سوودیان لەبارە ناکاییەکە وەرگرت. دوای هەڵبژاردنی ١٩٩٢ پارتی و یەکێتی تەنها خۆیان وەکو دوو هێزی کاریگەر مانەوە. ئەوان دوو هێزی پاوانخواز و میلیتسگەرابوون و لەسەر بنچینەی مۆدێلی کلاسیکی سەرۆک و پارتی دیکتاتۆر پێکهاتبوون، هەر لەسەرەتاوە کاریان بۆ بەهێزکردنی ئەو سترەکتورە سەپێنەر و نادیموکراسیە بە خەستی کرد و گرنگیان پێدا. ئەوش لەسەر حسابی بنیاتنانی ناسیۆن بەپێی هەنگاوی ستراتیژیانەی تاوتوێکراوەوە. بەمجۆرە لەجیاتی داڕشتنی دەستوری کوردستانی، بنیاتنانی دامەزراوە بەریوەبەری، ئابوری و رامیاریەکان لەسەر بنچینە و تێگەیشتنێکی مۆدێرن و کوردستانیانەدا، دروستکردنی سوپای نیشتیمانی، پیادەکردنی ستراتیژێکی نیشتیمانی هاوبەش، بنیاتنانی کۆڵەگە گرنگە دیموکراسیەکان، ئارەزووەکانیان لە ئامانجە بنەماڵەیی و پارتگەرا تایبەتەکان چڕکردەوە هەر لایەنە بەجیا بەدوای ئامانجە تایبەتەکانی خۆی کەوت. ئەوەش بووەهۆی شەڕی ناوخۆ، دابەشبوونی باشوری کوردستان بەسەر دوو زۆنی میلیتسگەرای زەرد و سەوز و دوو بەڕێوەبەریدا، هەروەها راکێشانی وڵاتانی داگیرکەر ئێران و تورکیا و ئێراق بە سوپا و دامەزراوەکانی تریان بۆ ناو باشوری کوردستان، بەمجۆرە بەرزبوونەوەی کاریگەری ئەو وڵاتانە بەسەر ئاراستە و چارەنوسی کوردستاندا.

لەدوای دەستێوەردانی دووەمی نێونەتەوەیی بەسەرپەرشتی ئەمەریکا و رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، دەرفەتێکی دیکەی کەموێنە هاتەوە بەردەم، یەکەم بۆ بەخۆداچوونەوە و هەڵتەکاندنی دامەزراوە حزبی و نادیموکراسیەکان، بەمجۆرە دیموکراتیزەکردن و لە هەمانکاتدا هەلهێنانی هەنگاوە گرنگەکانی بنیاتنانی ناسیۆن، دووەم (لە کاتێکدا مەبەستی جیابوونەوەیان نەبوو) کارکردنی ستراتیژیانە لەسەر دابینکردنی مافە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکان لە چوارچیوەی ئێراقدا و بەدەستورکردنی مافی جیابوونەوە لە رێگەیەکی دیموکراسیانەوە. هەردوو پرۆسەی رامیاری کوردستان و ئێراق بەیەکەوە گرێدراون و تەواوکەری یەکترن. هەروەکو ناسەرکەوتوویی لە پرۆژەی بنیاتنانی ناسیۆن لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ئێراقدا بەئەگەری زۆر بەدوایخۆیدا بێگومان دێنی.

بەپێچەوانەوە هەردوو بەرەی زەرد و سەوز لەسەر بەحزبیکردنی کۆمەڵگە و سەقامگیرکردنی دامەزراوە سەرکوتکەرە حزبی و نانیشتیمانیەکان درێژەیان بە کارەکانیاندا. باشوری کوردستان هەرگیز دیموکراتیزە نەکرا و هەنگاوە سەرەتایەکانی بنیاتنانی ناسیۆن بە دروستی نەنران، دامەزراوە نیشتیمانیەکان لەهەر بەرەیەکدا وابەستەی حزب کران و خرانە خزمەت بەرژەوەندیە تایبەتەکانی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار. بەکردەوە باشوری کوردستان بەپارچەیی مایەوە و لەهەرلایەکدا پارت و بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان پیادەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کرد. حزبی چەکدار دەستی بەسەر بوارەکانی هەواڵگری و ئاسایش و بەرگریدا گرت و هێزی میلیتسگەرا کۆمەڵگەی بەهەموو جومگەکانیایەوە خستەژێرچنگی خۆی. مرۆڤەکانی کۆمەڵگە کرانە کۆیلەی موچە یا خرانە ژێر گەمارۆکانی پارت، ژێرخانی ئابوری نابووتکرا و کۆمەلگە خەسێندرا، لەجیاتی هوشیارکردنەوەی مۆدێرن و کوردستانیانە گۆمەڵگە بەخەستی نووقمی کۆنەپارێزی ئیسلامیکرا، لە بزری ستراتیژی نیشتیمانیدا هەربەرەیە بەجۆر و شێوەیەک هەنگاوی حزبیانەی نا، سەرچاوەی سروشتی لەجیاتی ئەوەی کوردستان دەوەڵەمەندکا، لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە دەستیبەسەرداگیرا و بەکارهێندرا، بەرزرترین ئاستی گەندەڵی لەو بوارەدا تۆمارکرا و لەئەنجامدا ملیارەها دۆلار لەسامانی گەل بەفیڕۆ چوو و کۆمەڵگە کەوتە ژێر قەرزی گەورەی کۆمپانیا بێگانەکان. واتە لە ئاستی پەروەردەیی، بەڕێوەبەری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، ئابوری و رامیاریدا جگەلە ناسەرکەوتوویی زیان بە بەرژەوەندیەکانی گەل کوشندانە گەنەیەندرا.

لە ئاستی ئێراقدا بەهۆی بوونی کاریگەری هێزی دەرەکی ئەمەریکا و سەرپەرشتیکردنی لە پرۆسەی دروستکردنەوەی ئێراقدا، تواندرا پشک لەدەسەڵاتی ناوەندا بەپێی قەوارە هەبێت، چارەسەرێک بۆ کێشەی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان بەدەستور بکرێت، بەڵام دەسەلاتداران نەیاتوانی مافی چارەنوس بەدەستوربکەن، لەراستیدا گرنگیەکی ئەوتۆیان پێ نەدا. جگەلەوە لەبەر دوو ئاراستەیی بەرەی زەرد و سەوزدا سیاسەتێکی پارتگەرای دوو بەرەیی و ناتەبا لە ئاستی ئێراقدا پیادەکرا و نەیانتوانی وەکو نوێنەری ناسیۆنێک لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند لە هەموو بوارە گرنگەکاندا کۆنسترەکیڤانە یا پریمۆدالانە مسۆگەری دانپێنان و گەرەنتیەکان لە بوارەکانی ماف و بەرگری و چارەنوسدا بکەن و ستراتیژیانە کاریان لەسەر بکەن.

دووبەرەیی و زاڵی بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حزبی ڕۆڵی گرنگی لە خراپترکردنی باری ئابوری و ڕامیاری کوردستان، هەروەها پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی کوردستاندا گێڕا بە جۆرێک کە بووەهۆی قەیرانی ئابوری و ڕامیاری بنبەستوو. جگەلەوەی کە بۆشایی نێوان گەل و دەسەڵاتداران ڕوو لە هەڵکشاندا بوو، خەڵک متمانەیان بە دەسەڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر نزم و یا نەما. دەبوایە لە هاوینی ٢٠١٣ دا ماوەی سەرۆک نایاسایانە درێژنەکرێتەوە، ئۆپۆزیسیۆن کە تازە دەرکەوتووبوو کار لەسەر ئۆپۆزیسیۆنبوون و ئامانجەکانی خۆی شێلگیرانە بکات. بەلام بەپێچەوانەوە سیستەمی ناسەرکەوتووی دووبەرەیی و بێمتمانەیی پێشوو ماوەی درێژکرایەوە و ئۆپۆزیسۆنیش ملی کەچکرد و چووە ناو دەسەڵات. پێداگرتنی سەرۆکی سەپێندراوی هەرێم لەسەر مانەوەی لە دەسەڵاتدا لە ٢٠١٥ دا و وەستانەوەی بەرەی زەرد دژ بە گۆڕانی بنەڕەتی رامیاری لە باشوری کوردستاندا بارەکەی تەنها خراپتر کرد و شەقبوونە رامیاریەکە کوشندەترکرا. لەجیاتی دەستلەکارکێشناوەی سەرۆک و چارسەری کێشەکان لە رێگەیەکی دیموکراسیانەدا، ڕیفەرەاندەم وەکو جۆرێک لە چارەسەری قەیرانی ناوخۆی باشوری کوردستان و ئێراق هێنرایە پێش و بەرزکرایەوە. بۆیە ریفەراندەم دەرئەنجامی بەرنامەیەکی نیشتیمانی تاوتوێکراوی ستراتیژیانە نەبوو، بەڵکو دەرهاویشتەی قەیرانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ئێراق بوو. شکست و ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا، لەهەمانکاتدا ڕزگارکردنی بەرژەوەندیە کەسی و بنەماڵەیی و حزبیەکان دروستیانکرد. ریفەراندەم نکۆڵیکردن بوو لە قەیرانی ڕامیاری و شەقبوونە کوشندەکە، لە قەیرانە ئابوریەکە، هەروەها لە بێزاری و توڕەیی خەڵک. هەوڵێک بوو دەیوست بە خۆلێگێلکردن و چاوپۆشیکردن قەیرانەکان تێپەڕێنێ و بە هەوارێکی ئەستەم و دوورەدەست بگات، لەوێوە گەورەیی سەرۆک و سەرکەوتن بە خەلک بفرۆشێتەوە، بەمجۆرە مسۆگەری درێژی خەونە ڕەنگاوڕەنگە تایبەتەکانی بکات.

بەڵام کیشەی سەرۆک و دەسەڵاتی بەرەی زەرد ئەوەبوو، ئەو پرۆسەی بەناو جیابوونەوەیەی دەستیپێکردبوو، لە بزری فاکتەرە گرنگەکاندا پرۆسەیەک بوو نامۆ بە تێگەیشتنە نێونەتەوەیەکان. سەرکەوتنی ریفەراندەم بە سەرکەوتنی دەسەڵاتی کوردی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا و هەروەها نێونەتەوەیدا وابەستەبوو، کە بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی کوردی لەهەرسێ ئاستدا ژێرکەتوو و ناسەرکەوتوو بوو. لەئاستی هەرێمی و نێونەتەوەیشدا هیچ کارێکی گرنگی کۆنسترەکتیڤانە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ نەکرابوو، بەپێچەوانەی فاکتەرەگرنگەکان، بەبێ گوێدانە هۆشداریەکان، جەختی سەرەکی خرایە سەر پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، پەرەدان و ملکەچبوون بە بەرژەوەندیەکانی تورکیا. لەلایەکیتر خەرجکردنی ملیۆنەها دۆلار بۆ هەندێ “ڕاوێژکاری” بێگانە. دەسەڵاتی هەرێم لەخۆباییانە بەپێچەوانەی شەپۆڵەکان سەوڵی لێدەدا.

پشتکردن لە ئەمەریکا و رۆژئاوا، کە باش یا خراپ ئەو هێزەن هۆکاری سەرەکی بوونی دەستکەوت و ئازادی باشوری کوردستانن، هەنگاوێکی خۆکوژانەی بێئەملاو ئەولا بوو. هەر دوای ئەنجامدانی ڕیفەراندەمەکە کە پشتگیری رۆژئاوا کشایەوە و گەماڕۆ و هەڕەشەکان لەهەموو لایەکەوە سەریان هەڵدا، دەسەڵاتی لاوازی باشوری کوردستان کەوتە لەرزە و لە بێ پلانی و نائامادەییدا دەرئەنجامێکی نادیار چاوەڕێی بوو.

ڕێکەوتنی ژێربەژێری باڵی دەسترۆیشتووی بەرەی سەوز، ڕێکەوتنی ١٥ ئۆکتۆبەر و پەسندکردنی مەرجەکانی ئێراقێکی لاواز، دواتر دارمانی ١٦ ئۆکتۆبەر، دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتە دووبەرەییە بوو کە لە ٢٦ ساڵی رابردوودا سەپێندرا، دەرئەنجامی ناسەرکەوتووییە لە ئاستی ناوخۆیی، ئێراقی، هەرێمی و نێونەتەوەییدا کە لە وتارەکەدا ئاماژەمان بۆکردن.

قەیرانی رامیاری و ئابوری ناوخۆی کوردستان کە هۆکارەکەی بوونی دووبەرەیی و دەسەڵاتی نانیشتیمانیە بەربەستی بنچینەیی و سەرەکی تێکشکان و دارمانەکەیە، کە بەبێ گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستەمی دووبەرەیی بنەماڵەیی و میلیتسگەرادا مەترسی دەرئەنجامی خراپتر بێگومان زۆر کراوەیە. هەروەکو کلیلی سەرکەوتن لەسیستەم و دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی رەوا و مۆدێرندایە لە ئاستی باشوری کوردستاندا. بۆیە بەبێ بوونی سیستەمێکی سەرکەوتووی رامیاری، باشوری کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و لەئاستە دەرەکیەکاندا ناتوانێ سەرکەوتووبێت.




ئەو کاتەی بەغدا بە هەمووانەوە جوان بوو … ئیسماعیل تەنیا

هەر وەک لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە شوێن و پێگەی ڕەسەنی عەرەبەکان، جەزیرەی عەرەبی و سەنتەری سەرەکیشیان، میرنشینی عەرەبستانی سعودی ئێستا، بووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، ئیدی وردە وردە، سنوور و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتداریەتی خۆیان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلامەوە، فراوان کردووە. ئەوان؛ لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدی گەیشتوونەتە باشووری (عێراقی ئێستا). لە سەردەمی دوا خەلیفە، ( عەلی کوری ئەبو تالیب) و کوڕو نەوەکانی، بە شێوەیەکی فراوانتر هاتوونەتە باشووری عێراق، بە تایبەتیش شارەکانی نەجەف و کەربەلا و کوفە و، تیایاندا نیشتەجێبوون و ، کردیانە هەواری تازەی خۆیان. بە درێژایی قۆناغەکانی دوای ئەم مێژووە، وردە وردە بەرەو سەروو، بە تایبەتیش سنوورەکانی بەغدای ئێستا، هەڵکشآن و ئەوێشیان کرد بە نیشتیمانیی خۆیان.

بەغدا لە سەردەمی ساسانییەکاندا، سەرەتا گوندێکی بچووک بووە. ئەو کات؛ زمانی فارسی زمانی فەرمی وڵات بووە. لە سەردەمی خەلافەتی دەوڵەتی عەباسییەکاندا، بۆتە شارو پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی. عەبدوڵلای کوڕی محەمەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵلا کوڕی عەباس عەبدولموتەلیبی هاشیمی قوڕەیشی، ناسراو بە ؛ ( ئەبو جەعفەری مەنسوور ٧١٤ـ ٧٧٥ ز)، دامەزرێنەری دەوڵەتی عەباسییەکان، بەغدای دروست کردووە. ئەبو جەعفەر، خۆیشی لەدایک بووی سنووری ئێستای عێراق نەبووە، ئەو؛ لە شام لە دایک بووەو، لە شاری (مەککە)ی زێدی باب و باپیرانی، بە نەخۆشی، لە ساڵی (٧٧٥ ز)، کۆچی دوایی کردووە. بەغدا لە سەدەی هەشتەم (٧٥٣ـ ٧٧٠)، بنیات نراوە.

کە عەرەبەکان هاتوونەتە ئەم شارە تازە دروستکراوە، خەڵکی تریش لە نموونەی؛ پاشماوەکانی ئاشوری و بابیلی و ساسانییەکانی لێ بووە. بەغدا، هەر لە ناوەکەی ڕادیارە ، ناوێکی عەرەبی نییە، ئەگەر کوردی نەبێت، ئەوا سەد دەر سەد فارسییە.
جوولەکەکانیش وەک گەلانی تری ناوچەکە( ئەرمەن و کورد )، بە درێژایی مێژوو، چەوساونەتەوەو ئارامییان بەخۆوە نەبینیوە. لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کوشت و بڕ، تاڵان، جینۆساید، کراون. لێیان نەگەڕاون لەسەر زێدی باب و باپیرانیان، ئارام بژین و هەردەم نوونەی ( تۆپی پێ )، تۆپ تۆپانێیان، پێکراوە.

ئەوەی هەتا ئێستاکە زاندراوە؛ جوولەکەکان بە درێژایی مێژوو لە نێوان بابل و ئۆڕشەلیم (قودس)، لە هاتوچۆ کردن و ڕاگواستندا، بووینە. هەشت سەدە پێش لەدایکبوونی مەسیح، لە ئۆرشەلیمەوە، بە زەبری هەڕەشەو هێزەوە، بۆ بابل، دوور خراونەتەوە. لەوێ؛ بە ناچاری، ئەم دەڤەرە تازەیان کردووە بە نیشتیمانیی خۆیان. لە دەورو بەری ساڵی (٥٣٩)ی پێش زایین، کاتێک کە کۆڕشی گەورە، پادشای فارسەکان، بابلیان داگیر کرد، ئارەزوو مەندانە، ڕێگایان بە جوولەکەکاندا کە بگەڕێنەوە زێدو کۆنە هەواری خۆیان (ئۆڕشەلیم). ئەوان؛ ئەو کاتەی کە گەڕانەوە، ژمارەیان (٢٤٣٦٠) کەس دەبوون. هەروەها لەگەڵ خۆشیاندا نزیکەی (٣٣٧٧) خزمەتکاریشیان بۆ ئۆڕشەلیم بردەوە. ئەوان؛ هەر ئەوەندە گەڕانەوە. ئەوانەی تر، لە بابل مانەوەو درێژەیان بە ژیان و جێبەجێ کردنی مەراسیمە ئایینی و کولتورییەکانی خۆیاندا. دوای ئەم مێژووە، ئیدی بە درێژایی (١١٠٠) ساڵی داهاتووەوە ( دوای ساڵی ٥٣٩ ی پێش لەدایکبوونی مەسیح)، شاری ئۆڕشەلیم کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی (ساسانی و گریک و ڕۆمان و سەلجووقی)یەکانەوە. هەر یەکەیان چەند ساڵ و قۆناغێک، حوکمڕانی ئەوێیان، کردووە.

لە سەدەی هەشتی زایینییەوە، شاری بەغدا بوو بە سیمبۆڵێکی دیاری ئایینی ئیسلام. ئەو کاتە؛ جوولەکەکان تەبای گەلان و نەتەوەکانی تر، بە ئارامیی و ئاسوودەییەوە، ژیاون. لە ڕووی خوێندەواریشەوە، میللەتێکی کارکردەو پێشکەوتوو بووینە. (بنیامین تەلیتەلی)، گەڕیدەی جوولەکە، سەردانی شاری بەغدای کردووە.لە ساڵی (١١٦٨) ی زایینی ڕاپۆرتێکی لەسەر بەغدا نووسیوە. لەوێدا هاتووە؛ نزیکەی چل هەزار جوولەکە لە شاری بەغدا، لە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی خەلیفەی ئیسلامەکاندا، دەژین. کاتێک کە ( هۆلاکۆ )ی نەوەی جەنگیز خان، لە ساڵی (١٢٥٨)، بەغدای داگیر کردووە، سوپاکەی ، بە شێوەیەکی دڕندانە، دەستی کردووە بە کوشتن و بڕین و تاڵان کردن و سووتاندنی هەموو جۆرە ژییارێک لە بەغدا. ئەو کاتە؛ بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی لە ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، ئاوارە بووینەو، بەغدایان بەجێهێشتووە. هەندێک لە جوولەکەکان، ئاوارەی ئیسپانیا بوون. لە ساڵی (١٣٣٦)دا، مەغۆڵەکان بەغدایان بەجێهێشت و لە ساڵی (١٤٩٢)، کەوتەوە دەست ئیمپراتۆریەتی عوسمانی( ئاک قۆینلوـ مەڕی سپی)ەکان.

ئەوان؛ زۆر نەرم و نییان بوون. ڕێگەیاندا، ئەو کەسانەی ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، کە لە ترسی مەغۆلەکان بەغدایان بەجێهێشتبوو، بگەڕێنەوە بەغدا. بۆیە ئەو جوولەکانەی کە چووبوونە ئیسپانیا، جارێکی تر گەڕانەوە. لە ساڵی (١٥٣٤)، کاتێک کە سوڵتان سلێمان قانوونی، پادشای عوسمانییەکان، هاتە بەغدا، کۆمەڵێک زانا و دکتۆرو فەلەکناسی جوولەکەی لەگەڵ خۆیدا هێنایە بەغدا… بە هۆی ڕەفتار نەرمو نیانی سوڵتانەوە، جوولەکە بەغدا نشینەکان، زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە سوڵتان و سوپاکەی کردو، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ئەو کاتە؛ سەرەڕای نەتەوەی عەرەب،( جوولەکە، مەسیحی،فارس، کورد، تورک)یش، لەم شارەدا، پێکەوە ژیاون. تورکەکان، زێتر ئەو کەسانە بوون کە لەگەڵ هاتنی مەغۆل و عوسمانییەکان، بە شێوەی فەرمانبەرو سەرباز هاتنە بەغداو، نەگەڕانەوەو لەوێ نیشتەجێبوون. ئەوان؛ زێتر بە تورکمان، ناسران، نەک تورک.

لە ساڵی (١٨٦٤)دا، کۆمەڵگای جوولەکەکان لە بەغدا، یەکەمین قوتابخانەی سەردەمییانەیان لەم شارەدا، کردۆتەوە، کە بووە یەکەمین قوتابخانە لە هەرسێ ویلایەتەکەی عوسمانی ( موسڵ و بەغدا و بەسرە). هەروەها بە هۆی کرانەوەیان بە رووی پێشکەوتن و شارستانی و ژیانی سەردەمییانە، لە ساڵی (١٨٩٣) یەکەمین قوتابخانەی کچانیان لەم شارەدا کردۆتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا، دوو قوتابخانەی تری کوڕانیان، لە بەغدا کردۆتەوە. ئەوە جگە لە دوو قوتابخانە لە ویلایەتەکانی ( موسڵ و بەسرە).

لە بواری بنیاتنانی قوتابخانەی مۆدێرندا، ئەم کۆمەڵگایە، زۆر لە هاوسێ موسڵمانەکانیان، پێشکەوتوو تر بوون. لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەشدا، بیریان لە دامەزراندنی چاپخانەش کردۆتەوە. ( بارۆخ مۆشێ مزراحی ) کە یەکەم کەس بووە کە چاپخانەی بە زمانی عەرەبی لە ساڵی (١٨٥٣)، لە بەغدا دامەزراندووە. دوای ئەو، چەندین کارسازی جوولەکەی تر لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، چەند چاپخانەیەکی تریان دامەزراندووە کە کتێبیان بە عەرەبی و عیبری، بڵاوکردۆتەوە. لە کۆتاییەکانی ساڵی (١٩٠٩)دا، ڕۆژنامەی (ئەلزهور)ی تورکی و عەرەبی، سەرنووسەرەکەی ( نەسیم یوسف سومیخ و ڕەشیدە فەندی سەفار)، بووە. ڕۆژنامەی (بەین ئەلنەهرەین)، کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، ( ئیسحاق حەسقیل و مەناحیم عانی )، دەریان دەکرد. ڕۆژنامەی ( تەفەکور)، سلێمان عەنبەر لە ساڵی (١٩١٢)دا، دەریکردووە. ئەوانە؛ ڕۆژنامە پێشەنگەکانی بەغدا بوون.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، نزیکەی دە هەزار جوولەکە لە بەغداو هەزارو پێنج سەد، لە شاری بەسرەدا، ژیاون. لە ساڵی (١٩٠٨)دا، ئەو کاتەی کە بەغدا ژمارەی دانیشتوانی (١٥٠) هەزار کەس بووە، (٥٣) هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ سێیەکی دانیشتوانەکەی. بە گوێرەی دوا ساڵنامەی عوسمانییەکان، کە لە ساڵی (١٩١٧)دا، بڵاویان کردۆتەوە، ژمارەی دانیشتوانی بەغدا (٢٠٢،٢٠٠) هەزار کەس بووە. لەوانە؛ هەشتا هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ بە ڕێژەی لە سەدا سی و نۆی دانیشتوان. ئەوانی تریش؛ (١٢) هەزار مەسیحی، هەشت هەزار کورد، (٨٠٠) فارس، (١٠١،٤٠٠)، عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تر بووینە.

کاتێک کە ئینگلیزەکان عێراقیان داگیر کرد، لە ساڵی (١٩٢٠)دا، سەرژمێرییەکیان کرد، ئەو کات، ڕێژەی جوولەکەکان لە بەغدا لە سەدا بیست بوو. هەروەها لە سەرژمێری نیشتیمانیی دەوڵەتی تازەی عێراق لە ساڵی (١٩٤٧)دا، سەرجەم دانیشتوانی عێراق چوار ملیۆن و نیو بووە، سەدو هەژدە هەزار، بە ڕێژەی لە سەدا دوو و نیو زێتر، جوولەکە بووینە. بەغدای پایتەختیش ئەو کاتە، بە گوێرەی یاداشتەکانی (د. جەمال نەبەز، لاپەڕە ٢٤٧)، نیوەی پتری عەرەب نەبوون، بەڵکو ؛ کورد ( فەیلی)، جوولەکە، مەسیحی، فارس، بووینە. ئەم پێکهاتە سەرەکییەی بەغدا ( جوولەکە)، لە بواری هونەرو ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوەش، ڕۆڵێکی کاراو بەرچاویان، گێڕآوە. لە ڕووی ڕۆژنامەگەرییەوە؛ چەندین ڕۆژنامەیان دەرکردووە. لەوانە؛ ( ئەلمیسباح)، کە بە زمانی عەرەبی لە نێوان ساڵانی (١٩٢٤ـ ١٩٢٧)دا، دەرچووە. چەند ژمارەیەکیشی لە ساڵانی (١٩٢٨ـ ١٩٢٩)دا، دەرچووە، ئیتر وەستاوە.

هەروەها گۆڤاری ( ئەلحاسد)، کە لە ساڵی (١٩٣٨)دا، داخراوە. ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانە، خاوەن ئیمتیاز، یان سەرنووسەرەکانیان جوولەکە بووینە، یان بە پارەی ئەوانەوە دەرچووینە. هەر لە سەدەی بیستەمی ڕابردوودا، چەندین نووسەری عێراقی بە بنەچەکە جوولەکە، دەرکەوتن. لەوانە؛ ( ئەنوەر شائول ١٩٠٤ـ١٩٨٤) ، ( عزرا حەداد ١٩٠٩ـ١٩٧٠) ، ( سەلمان شینە ١٨٩٨ـ١٩٧٨). ئەوەی دواییان، پارێزەرو ئەندام پەرلەمانی عێراقیش بووە. لە بواری هونەری مەقاماتی عێراقیشدا، جێ پەنجەی ئەوان دیار بوو. ( نوری سەعید)یش، زۆر هاندەر و پشتیوانیان بوو. ( سەلمان مۆسێ١٨٨٠ـ١٩٥٥ ) و ( حەسقیل قەساب)، لە مەقام بێژە ناودارەکانی عێراق بوون. هەروەها خانمە گۆرانیبێژ ( سەلیمە موراد١٩٠٠ـ١٩٧٢ )، هاوسەری ( نازم غەزالی)، ئەویش جوولەکە بوو…ئەوە سەرەڕای چەندین کەسایەتی دیاری سیاسی لە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق و، حزبە نیشتیمانیی و دیموکراتەکانی تر.

لە بواری بازرگانی و بازاڕی کاردا، بەشی هەرە زۆری بازاڕەکانیان، کۆنترۆڵ کردبوو. لە سنعەتی کاری دەستی، جێ پەنجەیان دیار بوو. لە دامەزراوە مالیی و بازرگانییەکانی هاوردەو هەناردە کردندا، ئەوان پێشەنگ بوون. بۆیە سەیر نییە ئەگەر لە ساڵانی (١٩٣٨ـ١٩٣٩)دا، لە بیستو پێنج ئەندامی ژووری بازرگانی بەغدا ، دە کەسیان جوولەکە بووبن… هەروەها لە ساڵی (١٩٣٦)دا، لە کۆی سی و نۆ سەڕاف، ( ئەوانەی مامەڵەیان بە دراو دەکرد)، سی و پێنجیان جوولەکە بوون.

لەم سەرو بەندەدا، خانەوادەی ( ساسۆن )، ناودارترین بازرگانی جوولەکە بوون لە بەغدا. لەبەر ئەوەی تەواوی بازاڕەکان لە دەستی ئەواندا بوو، هەڵبەتە ڕۆژی پشووی جوولەکەکانیش، ڕۆژی شەممە یە. لەم ڕۆژەدا تەواوی بازاڕەکان دادەخران. هەر لەبەر ئەمە، عەرەبە شیعە مەزهەبەکانیش، لە جیاتی ڕۆژی هەینی، ئەوانیش پشووی خۆیان دەکردە ڕۆژی شەممە. لەم کاتەدا، ئەو کەسانەی کە کاری پاسەوانی شەوان و پاککردنەوەیان دەکرد، بریتی بوون لە عەرەب و مەسیحییەکان. ئەو کوردانەی کە لە شارەکانی کوردستانیشەوە بۆ کاسبی دەهاتنە بەغدا، زۆربەیان بە کاری کۆڵهەڵگرییەوە خەریک بوون. هەموو پەرستیاری نەخۆشخانەکانیش، جوولەکەو مەسیحی بوون.

لەگەڵ هاتنە سەر کاری نازییەکان لە ئەڵمانیا لە کانوونی دووەمی (١٩٣٣) و، پاشان بەرپابوونی جەنگی دووەمی جیهانی (١٩٣٩ـ١٩٤٥) و، جینۆساید کردنی جوولەکەکان، وردە وردە هەستی نازییەت لە نێو زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانیشدا، چەکەرەی کرد. عێراق یەکێک بوو لەم وڵاتانە. لەژێرئەم فکرو ئاڕاستەیەوە، ( ڕەشید عالی گەیلانی ١٨٩٣ـ١٩٦٥)، یەکێک بوو لەو عەرەبە ڕەگەزپەرستانەی کە زۆر بە حەماسەتەوە لایەنگیری لە هیتلەرو نازییەکان دەکرد. خەریکی بڵاوکردنەوەی فیکری نەتەوەیی عەرەبی ڕەگەزپەرستانە بوو.

هەر لەژێر ئاڕاستەو ئەم کاریگەرییەش کودەتای مایس (١ـ٤ـ١٩٤١)ی هەڵگیرساندو تا (٣١ـ٥ـ١٩٤١) دەوامی کرد. ئەم کودەتایە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پشێوی و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانەو، ڕق هەستان لە جوولەکەکان. لە ڕۆژی (١ـ٦ـ١٩٤١)دا، عەرەبە شۆڤینییەکان، لایەنگرانی ڕەشید عالی و دۆستانی نازییەت لە ئەڵمانیا و فاشییەت لە ئیتالیا، بە تفەنگ و داس و تەورو خاکەناس و خۆترمە، هێرشیکی فراوانیان کردە سەر گردبوونەوەیەکی ئایینی جوولەکەکان ، زێتر لە (١٧٥) کەسیان لێ کوشتن و نزیکەی هەزار کەسێکیشیان لێ بریندار کرا.

وێرای ڕوخاندن و وێرانکردن و تاڵان و بڕۆی (٩٠٠) ماڵ و دوکان و شوێنی کارکردنیان. ناوەندە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانیان، تەقێندرایەوە. بزووتنتەوە مایس (گەیلانی)، زوو سەرکوتکراو دامرکایەوە، بەڵام هەستی نەتەوایەتی لە فۆرمی ڕەگەزپەرستی، لای عەرەبەکان، بەرەو هەڵکشان دەچوو…لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٤٨) و، یەکەم هێرشی شکست خواردووی سوپای دەوڵەتە عەرەبییەکان لە مایسی (١٩٤٨)، بۆ سەر ئەم قەوارە تازەیە، کە سوپای عێراقیش یەکێک بوو لەم سوپا بەشداربووە شکست خواردوانە، هەستی نازییەتی عەرەبی گەیشتە لووتکە. لەم کاتەدا، فراوانترین هێرشی کوشتن و ڕفاندن و شونبزر کردن و تاڵانکردن و تۆقاندن دژی جوولەکەکان، لە بەغدا دەستی پێکرد.

لە ژێر فشاری ئەم ‌هێرشانەو بڵاوبوونەوەی بێ نیزامی، حکومەت باری نائاسایی لە بەغدا ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، جوولەکەکان، بە قاچاغ و بە ناچاری، ئەوەندی بۆیان کرا، بەغدایان بەجێهێشت. لە (٧ـ١٢ـ١٩٤٩)دا، باری نائاسایی هەڵگیرا، کە بووە هۆی ئەوەی جوولەکەکان بتوانن لە دوو ڕێگاوە بەغدا بەجێبهێڵن؛ـ
ـ حکومەتی عێراقی ماڵ و سامانی ( مەنقولەو غەیر مەنقولەی) لێ زەوت دەکردن، ڕەگەزنامەی عێراقی ڵی دەستاندنەوەو ڕەوانەی ئیسرائیلی دەکردن.

ـ هەندێکی تریان، لە ڕێگای باشوور ( بەسرە )و، باکور (کوردستان)ەوە، بە قاچاغ، عێراقیان بەجێدەهێشت. لە باشوور دەچوونە شاری بەسرە، لەوێوەش ، لە ڕێگای باندە قاچاخچییەکانەوە، ئاودیوی ئێران ( شاری عەبادان )، دەکران. لە ڕێگای کوردستانیشەوە، بە هەمان ڕێگای قاچآغ ، ئاودیوی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکران. لەوێوەش ( ئێران )، ڕیکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل، لە ڕێگای فڕۆکەخانەوە، بۆ ئیسرائیل، دەگوازرانەوە.

ئیدی بە هۆی هەڵکشانی هەستی ڕەگەزپەرستێتی، بەغدایان خاڵی کرد لە هەزاران هاونیشتیمانی جوولەکە لە؛ ( بازرگان،پارێزەر، سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆژنامەنووس،دکتۆر، هونەرمەند، کاسبکار،….تاد). لە ساڵی (١٩٥١)دا، لە سەدا هەشتای جوولەکەکان، عێراقییان بەجێهێشت. ئیدی لەمە بەدواوە، فرە کولتوری و فرە ڕەنگی ، لە زۆنی (بەغدا)دا، بەرەو کاڵبوونەوە ڕۆیشت.

ئەمجارەیان لە هەشتاکان (١٩٨١)دا، نۆرە هاتە سەر کوردە فەیلییەکان. ئەمانیش وێنەی جوولەکەکان، بازاڕی بەغدایان کۆنترۆڵ کردبوو. ئەوەی ناوی بازرگانی و کاری بازاڕ بوو لە دەست ئەوان بوو…ئەمجارەیان؛ ( ڕەشید عالی گەیلانیی)ەکی تر، بەڵام بێ بەزەییانە تر ( سەدام حوسێن)،کەوتە گیانی کوردە فەیلییەکان.

ئەوەی دەستی کەوت؛ گرتی، هەندێکیانی لە سێدارە دان. ئەوانەی تریشی بە جلکی بەری ڕەوانەی سنوورەکانی ئێرانی کردن… بەشی زۆریان بەهۆی نەخۆشی و بەساڵدا چوونەوە، بەرگەی گەرماو سەرمایان نەگرت و لەسەر سنوورەکان، بوونە قوربانی. ئەگەر بەغدا لەسەردەمی هۆلاکۆدا، وێران و تاڵان و قەتلوعام کرا، ئەوا لە سەردەمی گەیلانی و سەدام و شوێنهەڵگرانیان، بە بەردەوامی درێژەی پێدرا…ئیتر ئەو بەغدایەی جاران نەما، کە شوێنی هەڵکردنی کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان بوو.

ئەگەر لە بیستەکان تاوەکو پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، بەغدا ئەستێرەیەک بوو، تیشک و ڕووناکی بەسەر شەپۆڵەکانی دیجلەو دارخورماکان، دەبەخشییەوە، ئەوا لە پەنجاکان بە دواوە ئەم ئەستێرە پرشنگدار و ڕەونەق ڕێژە، بەرەو کز بوون و داڕژان ڕۆیشت… ئیتر لەمە بەدواوە، بەغدانشینەکان، جارێکی تر، ئەستێرەیەکی تریان ، بە ئاسمانەکەیانەوە، نەبینییەوە.

ئێستاش، بەهۆی هەڵکشانی هەستی نازییەت لە بەرگی مەزهەبدا، دەسەڵاتداران خەریکن، ئەوەندەی ماوە وێرانتری بکەن…کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان،ڕیشەکێش و شاربەدەر بکەن. ئێستا هاووڵاتییە کوردەکان، (هەتا بەشێک لە مەسیحی و عەرەبە سوونی مەزهەبەکانیش)، هاوشێوەی جوولەکەکانی کۆتایی چلەکان و کوردە فەیلییەکانی سەرەتای هەشتاکان، لەژێر ڕەحمەتی شمشێری ترس و تۆقاندن، بە نائارامی و دڵەڕاوکێ وترس و لەرزەوە، دەگوزەرێنن و ڕۆژ دەکەنەوە. هەموو چرکەیەکی ژیانیان، لە چاوەڕوانی دووبارە کردنەوەی هەمان تاس و حەمام، بەسەر دەبەن.

* ئەم بابەتە لەژێر کاریگەریی خوێندنەوەی کتێبی؛ ( نسیم رجوان،آخر الیهود فی بغداد ذکریات وطن مفقود، ترجمە: د. رمضان مهلهل سدخان، الطبعة الاولی، لبنان ـ کندا ـ بصرە، ٢٠١٦)دا، نووسراوە.

ئیسماعیل تەنیاـ هانۆڤەر




كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه‌ – 72 – …. كه‌ریم كاكه‌

رۆژه‌كی له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدی، له‌ ئاقاری قه‌ڵاقومری، چ ببینم! له‌ دووره‌وه‌ سوارێك تۆز ده‌كات، هات هات، وا تێگه‌یشتم زه‌رده‌په‌ڕه‌ و به‌ كلكه‌ی هه‌وردا دابه‌زیوه‌، یان بووكێكی خانه‌دانه‌ و قه‌یسه‌ریه‌ك زێڕی پێوه‌، نزیكتر بۆوه‌، زه‌رده‌په‌ڕی چی، زێریِ چی! مارگرێته‌، كچه‌ كورده‌ فه‌له‌یه‌ و له‌ فیشه‌كان زه‌رد ده‌چێته‌وه‌،

72

له‌ كۆڵانی سینه‌ما حه‌مرا سووڕاینه‌وه‌، كه‌وتینه‌ ناو كۆتر و مریشك و په‌له‌وه‌ران، پێشترێ ئێره‌م دیتبوو، هه‌نده‌ك مه‌یدانی مریشكانیان ده‌گۆتێ، هه‌نده‌ك هی كۆتران، برا گه‌وره‌ی رێحانه‌ پرسی:
حه‌زتان له‌ چ ره‌نگه‌؟
رێحانه‌ به‌ زه‌رد و من به‌ سپی وه‌ڵاممان دایه‌وه‌، به‌ دوو كۆتری سپی، له‌ به‌فر سپیتر هاتمه‌وه‌ ماڵێ، برای رێحانه‌ سه‌ره‌ باڵی كۆتره‌كانی به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ست كه‌ تینی فڕیان هه‌ر تا سه‌ر دیوار بڕبكات، دایكم چه‌ند گۆتی:
دمۆره‌، كوڕم، كۆتر دمۆره‌.
دمۆری چی دایه‌! حه‌زم له‌ كۆتره‌.. له‌و جووته‌ كۆتره‌ی له‌گه‌ڵ فازیل رێحانه‌ كڕیمن، حه‌وشه‌ و سه‌ربان پڕبوون له‌ كۆتر، چ تشتت هه‌ڵدابا به‌ر كۆتر ده‌كه‌وت، بڵێم چه‌ند ته‌نه‌كه‌ له‌ سه‌ر دیواری حه‌وشه‌ روو له‌ حه‌وشه‌ ریزبوونه‌! له‌ هه‌ندێ جێ لیس له‌ سه‌ر لیسه‌، به‌ هێلانه‌ی كۆترمان ده‌گۆ لیس، هه‌موو ده‌یانگۆ لیس، وشه‌كه‌ له‌ سه‌ر زاران ناسك بوو، هی ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر گمه‌گمێكی كۆتر، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵفڕینێكی كۆتر بیڵێیه‌وه‌، به‌ڵام مه‌لای جه‌هه‌نده‌مێ لیسی به‌ زاریدا نه‌ده‌هات، هه‌ر هێنده‌ش نا، له‌ ده‌ستی هاتبا لیسی له‌ زمان ره‌شده‌كرده‌وه‌، ئاخر هه‌ر جارێ به‌ نزیك ماڵێ مه‌دا تێده‌په‌ڕی، منداڵ، كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانیش له‌ گه‌ڵمان ده‌یگۆته‌وه‌:
مه‌لا و مه‌لا ژن كۆتری سه‌ر لیسی
پێم له‌ مه‌لا نا، مه‌لاژن فسی
مه‌لا جوێنی پیسی ده‌دا، هێند پیس، رووی نووسینه‌وه‌ی نیه‌:
دایكتان له‌ شه‌یتان بای خواردووه‌، سه‌گ بتره‌كێ، هی وه‌ك ئێوه‌ی لێ ده‌رده‌په‌ڕێ، به‌راز تفی له‌ ناو گه‌ڵی دایكتان رۆكردووه‌.
ئیدی به‌ره‌ به‌ره‌ بوومه‌ كۆترباز، ده‌مكڕی و ده‌مفڕۆشته‌وه‌، زۆر جۆری كۆترم په‌یداكرد، هینداوی، ئورفه‌، شه‌كرلی، سابوونی، سه‌ر لووس، سه‌ر به‌ كڵاوه‌، پێ به‌تووك، بێ تووك…. شه‌ش حه‌فت ساڵێ ماڵی ئێمه‌ كه‌وته‌ بن كۆتران، ته‌ماشای هه‌ر لیسێكت ده‌كرد، هێلكه‌ت ده‌دی، فه‌رخه‌ت ده‌دی، یان تازه‌ له‌ گژ پووشكێشان بوون، كاتێ پووشم به‌ دندووكی كۆترێكه‌وه‌ ده‌دی له‌ خۆشیان له‌ باڵم ده‌دا، ده‌مزانی هێلكه‌ و به‌چكه‌ی به‌ دواوه‌یه‌.. جار جاره‌ كۆمه‌ڵێكم پێكه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستاند، سێبه‌رێكی جوانیان به‌ سه‌ر حه‌وشه‌ و باندا ده‌نه‌خشاند، جاریش هه‌بووه‌ كۆترێكم هه‌ستاندووه‌، هه‌ر ئه‌و هه‌ستانه‌ بووه‌ و نه‌هاتۆته‌وه‌، وای خه‌فه‌تم له‌و كۆتره‌ ده‌خوارد كه‌ هه‌ڵمده‌دا و نه‌ده‌هاته‌وه‌.
هه‌ندێ كۆتر له‌ كنه‌ من زوو جه‌رد ده‌بوون، ئه‌و كۆتره‌م هه‌رگیز له‌ بیرناچێته‌وه‌، له‌ بنی دنیا ده‌هاته‌وه‌، له‌ بیرمه‌ جاری یه‌كه‌م له‌ بن حه‌سارۆكانی رێی كه‌سنه‌زان و دڵۆپه‌ به‌ره‌للام كرد، كاتێ هاتمه‌وه‌، له‌ ماڵێ بوو، شاگه‌شكه‌ بووم، جاری دووه‌م، ده‌چووینه‌ كۆیێ له‌گه‌ڵ خۆم هێنامه‌ ناو ترومبێل، دایكم وای زانی بۆ ماڵی پلكمی ده‌به‌م، له‌ پشت كه‌سنه‌زان له‌ راستی ئاوی دڵۆپه‌ له‌ جامی ترومبێله‌وه‌ هه‌ڵمدا، كاتێ له‌ كۆیێ گه‌ڕاینه‌وه‌، كۆتری جه‌رد له‌ حه‌وشه‌ دانی ده‌خوارد، جاره‌كیدی هه‌ر له‌ رێی كۆیێ له‌ كن به‌رده‌كه‌ی ئیمامی عه‌لی هه‌ڵمدا، جاری چواره‌م له‌ سه‌ر پرده‌كه‌ی دێگه‌ڵه‌، باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد بێته‌وه‌، هاته‌وه‌، دواتر له‌و كۆتره‌ی خۆمه‌وه‌ باوه‌ڕم به‌ ئه‌فسانه‌ی كۆتر هێنا، ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی كۆتر نامه‌به‌ری دنیا بوو، له‌ نێوان وڵاتان ته‌ته‌ریی ده‌كرد.
له‌ دڵی خۆم دامنابوو، له‌ سه‌ردانی دادێ، كۆتر ببه‌مه‌ كۆیێ، له‌ بن په‌یكه‌ره‌كه‌ی حاجی قادر، به‌ره‌للای بكه‌م، فازیل رێحانه‌ گۆتی:
ئه‌گه‌ر له‌وێ هاته‌وه‌، له‌ حه‌جێش دێته‌وه‌.
هه‌ر ئه‌ویش ئه‌و رۆژه‌ نازناوی كۆیێی به‌ كۆتره‌كه‌وه‌ نا..قسه‌كه‌ی رێحانه‌م زۆر له‌ دڵ خۆشه‌، وه‌رزه‌كه‌ش وه‌رزی چوونه‌ حه‌جێیه‌، بیرمده‌كرده‌وه‌ داخوا خزمێكی نزیك ناچێته‌ حه‌جێ كۆتره‌كه‌م ببات و له‌ سه‌ر گۆڕی پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵیدات.
دڵنیابووم، له‌ كن حاجی قادر دێته‌وه‌، ئێ، ئێستا وا ده‌ورو سوڕی كۆتری كۆیێ ده‌ده‌م، وه‌ك بڵێی ئاماده‌ی ده‌كه‌م بۆ گه‌شتی دوور، دانی بۆ رۆده‌كه‌م، ده‌مه‌وێ تێروپڕ بێ، نه‌ك له‌ رێیێ برسی بێ، ناو لیسه‌كه‌شم بۆ پڕكرد له‌ گه‌نم..
وه‌بیرمدێ رۆژی پێش سه‌ردانێ، له‌ سه‌ر بانێ چاوم بڕیبووه‌ كۆتری هه‌ڵنیشتوو، كۆتری ئاسمانێ، له‌ پڕ به‌ردێ نه‌مزانی له‌ كیهه‌ لاوه‌ هات، كۆتره‌ هه‌ڵنیشتووه‌كانیشی هه‌ڵدایه‌ ئاسمانێ، شه‌قه‌ی باڵیان لیسیان له‌رانده‌وه‌، ده‌بینم كۆتری كۆیێ، به‌ لا باڵێ، فڕ فڕ ده‌فڕێ، ئێستا نا كه‌مێكیتر ده‌نیشێته‌وه‌، دیتم له‌ سه‌ر ماڵی حه‌یده‌ر كه‌لاباز نیشته‌وه‌، یان كه‌وته‌ خوارێ، غارده‌.. ده‌بینم مام برایم نه‌رم نه‌رم ده‌ست به‌ پشتی دادێنێ و ده‌ڵێ:
ئه‌وه‌ كێ به‌ردی لێدای، ده‌ستی بشكێ.
سه‌ری هه‌ڵبڕی و گۆتی:
ئه‌وه‌ تۆ لێت دا؟ چۆن دڵت هات!
گۆتم:
هی منه‌، نازانم كێ لێیدا.
باوه‌ڕی پێمكرد و دامیه‌وه‌، وه‌یش! ده‌ڵێی رانی شكاوه‌، شكابوو، كۆتری كۆیێ سه‌ردانی كۆیێ و حه‌جێی له‌ ده‌ستچوو، زۆری نه‌برد، مرد، تێروپڕ بۆی گریام، چ گریانێ! ژنێك گوتی:
ئه‌وه‌ چیه‌، ده‌ڵێی ده‌زگیرانت مردووه‌، بۆ وا ده‌گری؟
له‌بیرمنه‌چێ سه‌ربرده‌ی كۆتری كۆیێ له‌وانه‌یه‌ دوو ساڵێ دوای كڕینی جووته‌ كۆتری یه‌كه‌م بووبێ، ئاخر هه‌راشتر بووم، ره‌نگه‌ پێم خستبێته‌ ته‌مه‌نی شه‌یتانیبوون..ئێ، پتر خه‌مم له‌وه‌ ده‌خوارد، دارلاستیقهاویژه‌كه‌م نه‌دیته‌وه‌، نه‌مزانی كێ بوو، گومانم بۆ ئه‌نۆ قه‌یسی چوو، به‌ڵام ئه‌و ده‌رنه‌چوو، هه‌زار سوێندی خوارد و درۆشی نه‌ده‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ له‌گه‌ڵ منیشی نه‌ده‌كرد و براده‌ر بووین.
ئه‌و ژنه‌ی ده‌ڵێم تازه‌ ماڵیان هاتبووه‌ گه‌ڕه‌كێ، خه‌ڵكی كوێستانێ بوون، مێرده‌كه‌ی كه‌ دوو ته‌مه‌نی وی هه‌بوو، وه‌ك ده‌یانگوت قسه‌شی هه‌ڵده‌بڕكاند،گوتبووی:
خودایه‌، تا نه‌مبه‌یته‌وه‌ كوێستانی كێله‌شینێ، داوای نوێژ و رۆژووم لێمه‌كه‌.
به‌ڵام ژنه‌كه‌ شاری به‌ هه‌زار كوێستان نه‌ده‌گۆڕیه‌وه‌، زۆر جار ده‌یگۆ:
حوكمه‌ت ئۆنده‌ ئیشه‌ باشه‌ی كردووه‌، مێرده‌كه‌می له‌ چیاو چۆلێ هه‌ڵقه‌ندووه‌.
له‌ كێشه‌ی ژن و پیاوه‌ كوێستانیه‌كه‌ گه‌ڕێ، قسه‌م له‌(ده‌زگیران)ی زاری ژنه‌كه‌یه‌، ئه‌و ژنه‌ی ده‌تگوت هه‌ر ئێستا له‌ ئاسمانێ دابه‌زیوه‌ و هێشتا بای سه‌ر زه‌وی وێنه‌كه‌وتووه‌، ئه‌و ژنه‌ له‌ جلكوبه‌رگی له‌ چ ژنه‌كی گه‌ڕه‌ك نه‌ده‌چوو، چه‌فیه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌به‌ست، جوانیه‌كی وای ده‌دایێ، پیاوی دین و حه‌یران ده‌كرد.. به‌ ده‌زگیرانه‌كه‌ی زاری ژنه‌ كوێستانیه‌كه‌، یه‌كسه‌ر كه‌ویار هاته‌ ناو دیده‌ی خه‌یاڵم، جارێ له‌و خه‌یاڵه‌ش گه‌ڕێ و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ زێوه‌ر و ده‌بمه‌ پۆلی پێنجه‌می سه‌رتایی، واته‌ ساڵی (75-76)، له‌و ساڵه‌ی خوێندن سێ چوار گرته‌ هه‌یه‌، به‌ ده‌نگ و ره‌نگه‌وه‌ هی له‌بیرچوونه‌وه‌ نین: مستی من، تفی یاریده‌ده‌ر، زنجیری پانتۆڕی مامۆستایێ.. ئه‌گه‌ر له‌بیرتان مابێ، من به‌ وشه‌ی سووسكه‌ تووڕه‌ ده‌بووم، تووڕه‌بوونێ پتیان لێدابام ده‌ته‌قیم، مه‌گه‌ر سێ براكه‌ به‌ (پاپا) هێنده‌ تووڕه‌بان، بابی سێ برا كڵاوێكی وه‌ك هی پاپای ناو ته‌له‌فزیۆنی له‌ سه‌ر ده‌نا، كابرایه‌كی ره‌قه‌ڵه‌ی ده‌موچاو باریكی لووت كه‌مێ درێژ بوو، منداڵ به‌و سێ برایه‌یان ده‌گۆ: كوڕانی پاپا، ئه‌وان به‌ پاپاو منیش به‌ سووسكه‌ شێت و هار ده‌بووین.
چه‌ند قوتابیه‌ك زوو زوو به‌و وشه‌یه‌ تووڕه‌یان ده‌كردم، رۆژه‌كی له‌ نزیك تانكی ئاوێ، ئه‌و جێیه‌ی ده‌تگوت جێی كۆلی بزنانه‌، قوتابی ئاویان لێ ده‌خوارده‌وه‌، قوتابیه‌ك ، تا ئه‌و ساڵانه‌ش ناوه‌كه‌یم له‌ یاد بوو، دامیه‌ به‌ر ده‌سڕێژی (سووسكه‌، سووسكه‌، سووسكه‌) هه‌ر خۆم كڕكرد، هه‌ر گۆتیه‌وه‌، ئیدی چۆن تانكیه‌كه‌ كه‌ پڕ ده‌بوو، له‌ سه‌ری ده‌ڕژا، ئه‌وها له‌ سه‌رم رژا، بۆی چووم و تا هێزم تێدا بوو مستێكم راوه‌شاندێ، بۆ ناو چاویم راوه‌شاند، به‌ڵام ده‌م و كه‌پووی گرت، خوێن، چ خوێنێ! رژانی وام نه‌دیتبوو، وه‌ك به‌لووعه‌ی ئاوێ خوێن هاته‌ خوارێ، یه‌كێ گوتی:
وه‌لڵا كوشتی..
یه‌كێ:
بابی گا..
یه‌ك دوانێك هه‌ڵاتن، هه‌ر ده‌بێ هه‌واڵی شه‌ڕه‌كه‌ بگه‌یه‌ننه‌ به‌رێوه‌به‌ر، چ بكه‌م خوایه‌! هه‌ڵاتن، بیری هه‌ڵاتن هاته‌ سه‌رم، به‌ سه‌ر دیواردا ئاودیو بووم، ئه‌و دیو یه‌كه‌م ریزه‌ ماڵی ئیسكانه‌، دیواره‌كه‌ بڵند بوو، خۆم شۆڕكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێم زۆر ئێشا، له‌ كاتی كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی، قۆڵم كه‌وته‌ ناو ده‌ستی پیاوێك:
ئه‌وه‌ چت كردووه‌، هه‌ڵدێی؟! خۆم راپسكاند و هیچم و نه‌گوت و ده‌رپه‌ڕیم، تاژیه‌كه‌ی ماڵی راوچیه‌كه‌ كه‌وته‌ دوام، نه‌یگرتم، له‌ په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و جاده‌یه‌ی كه‌ ئامانه‌ی لێوه‌ ده‌سووڕایه‌وه‌، هێنده‌ی نه‌مابوو بن ترومبێل بكه‌وم، شوفێر سه‌ری ده‌رهێناو جوێنێكی مزری هاویشت، له‌ دڵی خۆم جوێنێكی مزرترم تێیگرته‌وه‌، نه‌چوومه‌وه‌ ماڵێ، چووم له‌ سه‌ر گۆڕی پیری سوارچاكان پشووێكم دا، له‌ كاتی به‌ربوونێ چوومه‌وه‌، له‌ ماڵێ شه‌ڕه‌كه‌م نه‌گێڕاوه‌، دره‌نگ جه‌بار جانتاكه‌ی بۆم هێنایه‌وه‌، به‌ڵام چ هه‌واڵێكی وای نه‌دامێ، گوتی:
نازانم، چ بوو، وابزانم، هیچ نه‌بوو، مامۆستا هیچیان نه‌گۆت.
سبه‌ی به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ چوومه‌وه‌ قوتابخانه‌، دڵنیام به‌رێوه‌به‌ر بانگمده‌كات و داركاریم ده‌كا، وانه‌ی یه‌كه‌م چوو، هیچ نه‌بوو، وانه‌ی دووه‌م، سێیه‌م، زه‌نگی ماڵێش لێیدا كه‌س نه‌هات بڵێ تۆ بۆ له‌و كوڕه‌ت دا، به‌ڵام كوڕه‌كه‌ له‌ بن چاوانه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كردم و وه‌ك بڵێی لێوم لێ بكرۆژێ و لۆی له‌ له‌ ناو نارنی گه‌رم هه‌ڵگرتبم، له‌ دوای ئه‌و مست و خوێنه‌وه‌، له‌ زاری كه‌س گوێم له‌ (سووسكه‌) نه‌بۆوه‌، نازانم كێ بوو گوتی:
مسته‌كه‌ت دره‌نگ راوه‌شاند.
به‌ر له‌ گێڕانه‌وه‌ی زنجیری مامۆستا، با چاوێ به‌ پۆلدا بگێڕم و هاوپۆله‌كانم به‌سه‌ربكه‌مه‌وه‌، له‌بیرمبێ له‌ پۆلی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا ئێره‌، له‌ هه‌ر پۆلێك سێ چوار هاوپۆلم به‌ جێهێشتووه‌ و له‌ پۆلی نوێ به‌ سێ چوارێكی به‌جێماو گه‌یشتووم، براكه‌ی خۆمم به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ له‌ پۆلی دووه‌م جێهێشت، سه‌رهه‌نگی كوڕی مامۆستا حه‌مه‌ سالح، بابی به‌ ده‌ستی خۆی ئێخستی، هه‌ڵه‌نه‌بم ئه‌و كوڕه‌مان له‌ پۆلی پێنجه‌م به‌جێهێشت، بابی گوتی:
كوڕی من له‌ كوڕی خه‌ڵكی زیاتر نیه‌، به‌ هه‌قی خۆی نه‌بێ، ده‌بێ هه‌ر له‌و پۆله‌ بێ.
كرده‌ و گوته‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ ده‌نگی دایه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی مامۆستایه‌كیدی كه‌ له‌بیرمه‌ كوڕه‌كه‌ی گه‌یشته‌ پۆڵی پێننجه‌میش نه‌یده‌زانی ناوی بابی بنووسێ، له‌بیركاریش ئه‌وهابوو:
یه‌ك كۆ یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
ده‌یگۆ: مامۆستا، ده‌كاته‌ یه‌ك.
+یه‌ك كه‌م یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
– مامۆستا، ده‌كاته‌ یه‌ك.
+ئه‌دی یه‌ك جاران یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
– مامۆستا، ده‌كاته‌ دوو.
منداڵ ناویان له‌و كوڕه‌ی مامۆستا نابوو(یه‌كودوو)، پۆلی شه‌شه‌میشی له‌گه‌ڵ من ته‌واوكرد.
ئێ، له‌ هه‌مووان پتر خه‌می شوكری حاجی مرادمه‌، نه‌گه‌یشته‌ پۆلی پێنجه‌م، ئه‌و له‌ ته‌مبه‌لی نه‌بوو، ده‌ستكورتی گه‌ڕاندیه‌وه‌ و وا له‌ سه‌یداوه‌ عاره‌بانه‌ راده‌كێشێ، ئیدی زۆرمان به‌جێهێشت، زۆریش له‌ سه‌رمان راوه‌ستان تا گه‌یشتینێ، ئه‌وه‌ قسه‌ی برا گه‌وره‌ بوو، ئه‌وانه‌ سێ برا بوون، كه‌س له‌بیری نیه‌ له‌ كه‌یه‌وه‌ ده‌خوێنن، برا گه‌وره‌ هه‌ر زۆر كۆنه‌، من هێشتا له‌ زگی دایكم بووم، ئه‌و چۆته‌ به‌ر خوێندن، هه‌ر پۆڵێكی به‌ دوو ساڵ و پتر بڕیوه‌، تا گه‌یشتۆته‌ پۆڵی پێنجه‌م ده‌ ساڵی پتر پێچووه‌،مامۆستایه‌كی (موته‌بیق) گۆتبوویه‌ یه‌حیا:
له‌بیرته‌، له‌ پۆلی یه‌كه‌م به‌ یه‌كه‌وه‌ داده‌نیشتین؟
برا گه‌وره‌ گۆتبووی:
ئێ چ بكه‌م مامۆستا، ئه‌من واسیته‌م نه‌بوو!
پۆڵی پێنجه‌م قوتابیی زۆر هێتشتبۆوه‌، زۆریشیان له‌ ئینگلیزی، بیركاری ، عه‌ره‌بی مابوونه‌وه‌، دیدار له‌ ته‌نیشت برا گه‌وره‌ دانیشتووه‌، ئه‌و كوڕه‌ به‌ به‌ژن نا، به‌ سه‌روریش زه‌لامێكی ته‌واوه‌، مامۆستا ناوه‌ ناوه‌ ده‌ڵێ:
دیدار، ردێنه‌كه‌ت بتراشه‌ و سمیڵیشت كه‌مێ كورتبكه‌وه‌.
ئه‌وه‌ش لوقمانه‌ له‌ ریزی ناوه‌ندێ له‌ پشتی پشته‌وه‌ داده‌نیشێ، ئه‌و كوڕه‌ش ته‌واوێك له‌ من هه‌راشتره‌، وا بزانم سێ ساڵه‌یه‌، ئه‌و كوڕه‌ پێكه‌نینێكی هه‌بوو، هه‌ر مامۆستایێ ده‌ستی لێ به‌رزده‌كرده‌وه‌، پێكه‌نین ده‌ستی شلده‌كرد و راسته‌كه‌ی رانه‌ده‌وه‌شاند، مامۆستا تایه‌ری مێژوو، ده‌یگۆته‌ لوقمان:
تۆ به‌ پێكه‌نین بردۆتته‌وه‌..
ئه‌و لوقمانه‌ دواتر به‌ خۆی و به‌رد و پلاریه‌وه‌ دێته‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌.

ئێ، زنجیری مامۆستاكه‌م له‌بیرنه‌چێ، ئه‌و مامۆستایه‌، له‌ به‌ر خاتری منداڵه‌كانی ناوی ناڵێم، زوو زوو ده‌یگۆت:
بخه‌ون..
ده‌خه‌وتین، سه‌رمان به‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ ده‌كرد، خه‌ومان له‌ خۆمان ده‌خست، رۆژێك نازانم كێ بوو، گۆتی قسه‌كت پێده‌ڵێم به‌ڵام به‌ كه‌س نه‌ڵێی:
مامۆستا… شتی قۆڕ ده‌كات
گۆتم: كوو ده‌زانی؟
گۆتی: من له‌ كاتی خۆ خه‌واندنێ به‌ دزیه‌وه‌ ته‌ماشام كردووه‌.
چه‌ندی گۆتم، شته‌ قۆڕه‌كه‌ چیه‌؟ نه‌یگۆت، بووه‌ مه‌راق، منیش هه‌رچه‌نده‌ زۆر ده‌ترسام، به‌ڵام به‌ دزیه‌وه‌ كه‌رته‌ چاوێكم ده‌كرده‌وه‌، ده‌مدیت، مامۆستا له‌ دوو سێ قوتابی نزیكده‌بۆوه‌، سه‌ری قوتابیه‌كه‌ی ده‌خسته‌ بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌ی ، باشه‌ ئه‌وه‌ چ ده‌كات، من ئه‌و دیمه‌نه‌م سێ چوار جار، له‌گه‌ڵ دوو قوتابی دی، خوایه‌ ئه‌وه‌ چی ده‌كات! ده‌مویست له‌و دوو قوتابیه‌ بپرسم، له‌ رووم نه‌ده‌هات، به‌ سه‌ر خۆم نه‌هاتبا ئێستاش نهێنیی بن چاكه‌ته‌كه‌ی مامۆستام بۆ ئاشكرا نه‌ده‌بوو، نووستین و هات، سه‌رم كه‌وته‌ بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌ی، خوایه‌، ده‌بێ به‌ ته‌مای چ بێ؟ ئای! خۆ زنجیری پانتۆڕه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌، نازانم زنجیره‌كه‌ی تا كوێ هێنایه‌ خوارێ، له‌گه‌ڵ خۆم كه‌وتمه‌ قسه‌، ترس و شه‌رم ده‌یانگۆ:
كڕبه‌..
سووكه‌ زاخێكیش گوتی:
داڕزێی شتی بكه‌..
وه‌بیرمه‌ پاڵم به‌ زگیه‌وه‌ نا، ره‌نگه‌ ویستبێتم هاواربكه‌م، مامۆستا ده‌ستی راستی خسته‌ سه‌ر زارم، به‌ ده‌ستی چه‌پیشی زنجیره‌كه‌ی هه‌ڵكێشایه‌وه‌، دووركه‌وته‌وه‌ و گوتی:
هه‌ستنه‌وه‌.
پێده‌چوو مامۆستا هه‌ستیكردبێ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌ی كردبێ، ئاخر تا زێوه‌ریشم به‌جێهێشت، چاوی له‌ ئاستم هه‌ڵنه‌هێنا.
تف، تف، تفه‌كه‌م قه‌تقه‌تۆكێ له‌بیرناچێته‌وه‌، ئه‌و تفه‌ی یه‌كه‌م تف و دوا تفی قوبخانه‌یه‌، ئه‌وه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌، نازانم نیوه‌ی ساڵ بوو یان مانگانه‌، له‌پڕ له‌ پژمین و لێبه‌ربوون و كۆخه‌ش له‌پڕتر، مامۆستا(…..)، ده‌فته‌ره‌كه‌ی له‌ بن ده‌ستم راپسكاند و تفێكی له‌ ناو چاوم كرد، هۆپێكم له‌ خۆم زانی و به‌رچاوم تاریك بوو، هاته‌ سه‌رم تفه‌كه‌ی لێبكه‌مه‌وه‌، هاته‌ سه‌رم مستێكی لێده‌م، خۆم گرت و هیچم نه‌گۆت، له‌ حه‌ژمه‌تا زمانم له‌ گۆ كه‌وت و قسه‌شم بۆ نه‌هات، تا بپرسم، بۆ؟
وه‌ك بتم لێهات، پاش كه‌مێ ده‌فته‌ره‌كه‌ی دامه‌وه‌ و گوتی:
تۆ زیره‌كی، چۆن قۆپیه‌ ده‌كه‌ی؟! كتێبه‌كه‌ت داخه‌..
ته‌ماشاده‌كه‌م، له‌ بنه‌وه‌، له‌ نزیك پێم كتێبێك كراوه‌ته‌وه‌، زمانم بۆوه‌ و گوتم:
ئاگام له‌و كتێبه‌ نیه‌ و منیش نه‌مكردۆته‌وه‌.
ئێستاش تێنه‌گه‌یشتم نهێنیی ئه‌و كتێبه‌ چی بوو، كوڕه‌كه‌ی ته‌نیشتم هه‌زار سوێندی خوارد ده‌ستی ئه‌وی تێدانیه‌، ئیدی ئه‌و مامۆستایه‌ بووه‌ دوژمنی بابه‌كوشته‌م و زۆر جار ده‌مویست بچمه‌ سه‌ر رێی و به‌ دارلاستیقێ تۆڵه‌ی تفه‌كه‌ی لێبكه‌مه‌وه‌، له‌ نیوه‌ی رێ په‌شیمانده‌بوومه‌وه‌، ئیدی من له‌ زێوه‌ر رقم له‌ سێ مامۆستا ده‌بۆوه‌: (….)، (……)، ئه‌و مامۆستایه‌ش كه‌ سه‌ری قوتابیی ده‌خسته‌ بن لچكی چاكه‌ته‌كه‌یه‌وه‌.
ئا، (حه‌مام و ئه‌مام)ه‌كه‌شم بیركه‌وته‌وه‌، ره‌نگه‌ له‌ باب و باپیرانتانه‌وه‌ ئه‌و درووشمه‌تان بیستبێت كه‌ بۆ كه‌ریم قاسم ده‌گۆترا(( زه‌عیم زه‌عیم لیلئه‌مام.. دیموقراتیه‌ وه‌ سه‌لام) له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێرێش ببووه‌: ((زه‌عیم زه‌عیم لیئه‌مام دوو مه‌تره‌ق و سێ زه‌لام)) خورشید هات ئه‌و درووشمه‌ی گۆڕی، بابی سێ براكه‌ی له‌ جێی كه‌ریم قاسم دانا، سه‌لام و زه‌لامه‌كه‌شی كرده‌ حه‌مام:
عه‌بدلقادر لیلئه‌مام
به‌ قوون رووتی لۆ حه‌مام
براكان تووڕه‌بوون و گه‌یاندیانه‌ به‌رێوه‌به‌ر، له‌بیرمه‌ مامۆستایه‌ك درووشمه‌كه‌ی لا جوان بوو، نه‌یده‌ویست ئه‌و قوتابیه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌ خۆشه‌ سزا بدرێ، بۆ به‌رێوه‌به‌ری روون ده‌كرده‌وه‌، كه‌ (قوون)ه‌كه‌ (قۆڵ)ه‌ ، ئه‌و قۆڵی گوتووه‌، به‌ قۆڵ رووتی بۆ حه‌مام، به‌رێوه‌به‌ر ده‌یگۆت:
با قۆڵیش بێ، ئیشی ئه‌و نیه‌، بابی خه‌ڵك بنێرێته‌ حه‌مامێ!؟
هه‌روابێته‌وه‌، هه‌ر له‌و ساڵه‌ی خوێندن، مامۆستای وه‌رزش بردمیه‌ تیپی باڵه‌وه‌، دیاره‌ من له‌ یاریی تۆپتۆپانێ، تۆپی پێ، چ له‌ قوتابخانه‌ چ له‌ گه‌ڕه‌كێ خراپترین بووم، له‌ تۆپانێ پێكیان نه‌ده‌كردم، هه‌بوو ده‌یگۆ:
لۆ تۆپ هێنانه‌وه‌ خراپ نی.
به‌ڵام له‌ یاریی باله‌ له‌ زۆربه‌یان باشتر بووم، ئیدی چوومه‌ تیپی زێوه‌ر، دوو سێ جاریش له‌ گۆڕه‌پانی گه‌وره‌ی شار یاریمان كرد و بردمانه‌وه‌، له‌ بیرمه‌ جاری یه‌كه‌م كه‌ به‌ جلكی وه‌رزشه‌وه‌ له‌و گۆڕه‌پانه‌ گه‌وره‌ چوومه‌ ناو گه‌مه‌، شه‌رم ده‌ست و پێی به‌ستم، وه‌ك بڵێی سه‌رما به‌ستبمی، بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێ له‌ جێی خۆم نه‌بزووتم، تۆپ ده‌هات زه‌ق زه‌ق ته‌ماشام ده‌كرد، رسته‌ گه‌رمه‌كه‌ی مامۆستا نه‌با، له‌وێ به‌ ره‌قهه‌ڵاتووی ده‌مامه‌وه‌:
ده‌ی، شێره‌كه‌ی زێوه‌ر، هه‌ڵمه‌ت.
به‌و رسته‌یه‌ی تایه‌ره‌ فه‌ندی ده‌ست و پێم بۆوه‌، گه‌مه‌یه‌كی باشم كرد.
له‌وه‌وه‌ ئاشنایه‌تیم له‌ گه‌ڵ گۆڕه‌پانی یاری په‌یداكرد و زوو زوو له‌گه‌ڵ فازیل رێحانه‌ و زۆریدی ده‌چووینه‌ ته‌ماشای تۆپانێ و زۆر جار له‌ رێیێش پرته‌قاڵمان ده‌دزی، ماڵه‌كانی گه‌ڕه‌كی كۆماری بن دارپرته‌قاڵ كه‌وتبوون، ده‌چووینه‌ سه‌ر شانی یه‌كتر و پرته‌قاڵمان لێده‌كرده‌وه‌ و هه‌ڵێ، جارێك گیرام و تێهه‌ڵدرام، نه‌وه‌ك له‌بیریكه‌م، ده‌یگێڕمه‌وه‌: سێ چوار كه‌س بووین، رێحانه‌ له‌ سه‌ر ملی من بوو، خێرا خێرا پرته‌قاڵی لێده‌كرده‌وه‌ و ده‌یخستنه‌ باخه‌ڵیه‌وه‌، له‌ پڕ خۆی هه‌ڵدایه‌ خوارێ و گوتی:
كوڕه‌، هه‌ڵێن، هات..
من به‌ هه‌ڵاتن رانه‌گه‌یشتم، قۆڵم كه‌وته‌ ناو ده‌ستێكی گه‌وره‌، چ له‌ ده‌ستی ئه‌فه‌ندی نه‌ده‌چوو، ده‌تگوت ده‌ستی دێوه‌، وه‌رگه‌ڕایه‌ سه‌رم، ده‌ستمپێنه‌كرایه‌وه‌، دیتم رێحانه‌ له‌ دووره‌وه‌ پرته‌قاڵان داوێ، به‌ پرته‌قاڵ دایگرتووین، قلێك به‌ر منیش كه‌وت، كابرا له‌ ترسی خركه‌ پرته‌قاڵان به‌ریدام و هه‌ڵاتم، له‌ رێیێ گۆتی:
+ له‌ به‌ر تۆ ئه‌و هه‌موو پرته‌قاڵه‌م له‌ ده‌ستچوو!
– باشه‌ لۆ به‌ردت تێنه‌ده‌گرت؟
+ ترسام سه‌ری تۆ بشكێ.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ پیشه‌ یان گه‌مه‌ی قوڕ و زه‌نگیش فێربووین، له‌بیرمنیه‌ كێ فێری كردم، به‌ڵام له‌بیرمه‌ كێ وایكرد وازی لێبهێنم، كه‌ویار كاتێ بیستیه‌وه‌ من و رێحانه‌ش به‌شداری له‌ گه‌مه‌ی زه‌نگ و قوڕ ده‌كه‌ین، گوتی:
وازنه‌هێنن، به‌ دایكتان ده‌ڵێم.
وازمهێنا، وا بزانم من ته‌نێ یه‌ك دوو جارێ ئه‌و پیشه‌ شه‌یتانیه‌م كردبوو، ئه‌و ناو لێنانه‌ هی بابمه‌، دوای وازهێنانم له‌ پیشه‌كه‌، له‌گه‌ڵ بابم له‌ جێیه‌ك ده‌هاتینه‌وه‌، دیتمان كوریژگه‌یێ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی من ده‌بوو، تۆپه‌ قوڕێكی په‌یتی به‌ زه‌نگی ده‌رگایه‌كه‌وه‌ نووساند و هه‌ڵات، بابم گوتی:
ئه‌ها، پیشه‌ی، پیشه‌ی شه‌یتانه‌.
ئێمه‌ش پێشتر وامان ده‌كرد، له‌ سه‌ره‌ كۆڵان، له‌ په‌نا دره‌ختێك خۆمان ده‌گرت، خاوه‌ن ماڵ ده‌هاته‌ ده‌رێ، چاوی ده‌گێڕا، كه‌س دیار نیه‌، ده‌چۆوه‌ ژوورێ، دیاره‌ ده‌نگی زه‌نگ نه‌پساوه‌ته‌وه‌، دێته‌وه‌ ده‌رێ، ده‌بینێ ئه‌وه‌ ده‌ست نیه‌، قوڕه‌ زه‌نگ لێده‌دا، لێیده‌كرده‌وه‌ و چه‌ند جوێنێكی مزری ده‌نارد و ئێمه‌ش له‌ دڵی خۆمانه‌وه‌ ده‌مانگوت:
هه‌ر به‌ خۆت..
بیستم، به‌ڵام نه‌مدیت، لوقمان ئه‌و كوڕه‌ی پلاری هێنده‌ی بڕنۆیه‌ك ده‌ڕۆیشت، جارێك له‌و گه‌مه‌یه‌ ده‌گیرێ، كابرا ده‌یباته‌ مه‌خفه‌رێ و له‌وێ تێروپڕ تێهه‌ڵده‌درێ.
لوقمان پاشان دێته‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌، كچه‌ فه‌له‌م بیركه‌وته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی نیشانده‌ده‌مه‌وه‌:
به‌ری به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌ له‌ ماڵی بڕنۆ ئه‌و كچه‌ چه‌كداره‌م له‌ ناو چێوه‌یه‌كی گچكه‌ كه‌ به‌ ته‌نیشت ئاوێنه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو، دیتبوو، به‌ڵام له‌ من وابێ ئه‌ویش وێنه‌ی كچه‌كه‌ی ته‌ڕوارێ بۆ جوانی و وێنه‌ بڕنۆ و فیشه‌كدانی له‌ خۆ به‌ستووه‌، ئاخر ئه‌و كچه‌ی ده‌ڵێم، جاروبار له‌ نواندنێكی پڕ ناسكی، پڕی ده‌دایه‌ بابی و چه‌كی ده‌كرد و له‌ خۆی ده‌به‌ست.
دره‌نگ پێكه‌وتم كچه‌ی ناو چێوه‌، نواندن ناكات و به‌ راستی پێشمه‌رگه‌یه‌، نازانم ئێوه‌، به‌ڵام من ئه‌وهام ناسی، رۆژه‌كی كچه‌كه‌ی پلكه‌ به‌ندبێژ، گه‌وره‌ش بوو، ژن گۆته‌نی، پڕ باخه‌ڵی مه‌مك بوو، ئه‌و كچه‌ی ماری به‌ ده‌ست ده‌گرت، چه‌قۆی ده‌وه‌شاند، له‌ دنیایێ جگه‌ له‌ مشك له‌ هیچ نه‌ده‌ترسا، له‌و به‌ری كه‌ندێ له‌ سه‌ر پشتی كه‌رێكی سپی به‌ چوارپه‌له‌ دێ، فۆته‌كه‌ی سه‌ری له‌ شێوه‌ی جه‌مه‌دانی به‌ستووه‌، تێپه‌ڕی و وه‌ختابوو پانمان بكاته‌وه‌، له‌و سه‌ره‌وه‌ گوێمان له‌ شاتكه‌ شێته‌:
داكێ داكم، ده‌ڵێی مارگرێته‌، مارگرێت..
ئازادی هاورێم:
+ده‌زانی مارگرێت كێیه‌؟
– نا
+ كوو! ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه‌ كوشتیان و وه‌خته‌كی وێنه‌ی له‌ زۆر ماڵان هه‌بوو.
– كێ كوشتی؟ جاش!
نه‌ هاوڕێكه‌م و نه‌ كه‌س وه‌ڵامی (كێ كوشتی؟)یان نه‌دایه‌وه‌، لێ من به‌ (كێ كوشتی؟)م گرتبوو، له‌ بن زمانم حه‌شارم دابوو، له‌گه‌ڵ خۆمم ده‌گێڕا، له‌ هه‌ر جێیه‌ك مارگرێت ده‌هاته‌ ناو قسان، ئه‌گه‌ر شه‌رمم نه‌كردبا، كێ كوشتی؟ خۆی به‌ ناو قساندا ده‌كرد، وه‌ڵامی (كێ كوشتی؟)م له‌ ماڵی بڕنۆش ده‌ستنه‌كه‌وت، به‌ڵام شتێكم له‌ (بۆ كۆشتیان؟) بیست، جارێ له‌وه‌ گه‌ڕێ، هه‌وكه‌ به‌ دوای خۆیدا ده‌گه‌ڕێبن، به‌ دوای یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی كچدا ده‌گه‌ڕێین، ژنی بڕنۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وێنه‌ و هه‌ندێك فیشه‌ك له‌ حه‌وشه‌ خستبوونیه‌ بن عه‌رد، به‌ جێیه‌كه‌ی ناكه‌وێته‌وه‌، ئه‌كره‌م بڕنۆ دیاره‌ ئێستا له‌ جیاتی بڕنۆ گه‌سكی ده‌سك داری درێژی له‌ ده‌سته‌، ده‌یگۆته‌ ژنێ خۆ:
ژنێ، سه‌ر به‌خه‌نێ، تۆ ته‌نێ گه‌سكدانی ژۆرێ و حه‌وشه‌ و پێش ده‌ركێت له‌ سه‌ره‌، به‌ڵام من جاده‌ و كۆڵانی چه‌ند گه‌ڕه‌كێ گه‌سك ده‌ده‌م، ماندووم، ببینه‌وه‌، وێنه‌كان ببینه‌وه‌، با به‌ خه‌یاڵ بگه‌مه‌وه‌ سه‌رده‌می بڕنۆ كه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كرم به‌ سه‌پان نه‌ده‌زانی، ببینه‌وه‌، منی بڕنۆ و مارگرێت ببینه‌وه‌.
بڕنۆ دوایوه‌ی شۆڕش به‌ خۆیدا ریا، ببووه‌ ئه‌و شته‌ی كه‌ سه‌رده‌مانێ هه‌ندێ كه‌س به‌ گووڕێژ و هه‌ندێكیش به‌ گوڵی شار و جاده‌ ناویان ده‌هێنا، بڕنۆ جارێ دوو مارگرێتی دیتبوو، ئه‌وهای گێڕایه‌وه‌:
رۆژه‌كی له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدی، له‌ ئاقاری قه‌ڵاقومری، چ ببینم! له‌ دووره‌وه‌ سوارێك تۆز ده‌كات، هات هات ، وا تێگه‌یشتم زه‌رده‌په‌ڕه‌ و به‌ كلكه‌ی هه‌وردا دابه‌زیوه‌، یان بووكێكی خانه‌دانه‌ و قه‌یسه‌ریه‌ك زێڕی پێوه‌، نزیكتر بۆوه‌، زه‌رده‌په‌ڕی چی، زێریِ چی! مارگرێته‌، كچه‌ كورده‌ فه‌له‌یه‌ و له‌ فیشه‌كان زه‌رد ده‌چێته‌وه‌، له‌ بابێ لوقمانێ پتر خه‌ریته‌ی به‌ستووه‌.
ئه‌رێ مه‌به‌ستی بڕنۆ له‌ بابی لوقمان كێ بوو؟
ئه‌من چۆن دڵنیابووم كه‌ ئه‌للا خودایه‌، ئه‌وهاش زانیم مه‌به‌ست مه‌لا مسته‌فایه‌، پێش به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌، له‌ كۆلانێ ده‌مانگۆته‌وه‌:( بژی بابێ لوقمانی شه‌ش خه‌ریته‌ی له‌ شانی)، وه‌لێ كوڕه‌كه‌ی بڕنۆ كه‌ ئه‌ویش لوقمانی ناو بوو، ده‌ گومانێی راكردم و گوتی:
بابێ لوقمان بابمه‌ و كه‌سیدی نیه‌، بابم شه‌ش نا، حه‌فت خه‌ریته‌شی ده‌به‌ست.
منداڵێك ده‌ڵێ:
وه‌ی بابه‌ له‌و شێلمانه‌! لۆ، بابت گایه‌؟ سینگی گاش جێی حه‌فت خه‌ریته‌ی لێ نابێته‌وه‌!
ئه‌رێ چیمان داوه‌ له‌ بابێ لوقمان و خه‌ریته‌! باسمان له‌ مه‌ڕ مارگرێته‌، ئه‌و كچه‌ی به‌ رسته‌یه‌ك رچه‌یه‌كی شكاند، شۆڕش وێنای نه‌ده‌كرد، له‌ وه‌ڵامی به‌رپرسی گه‌وره‌ فه‌رمووی:
ئه‌ز هاتمه‌ بچمه‌ شه‌ڕێ، نه‌ك رونیشم له‌ نك خوانه‌ و سێرێ، من تیرۆگ نا، تفه‌نگم ده‌وێ.
مارگرێت، تفه‌نگی كرده‌ شانی، دواتر پێكه‌وتم كه‌ له‌ دیرۆكی نوێ، دیرۆكی پێشمه‌رگایه‌تی یه‌كه‌م كچه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، به‌ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌ عیسا درووشمی (كوردستان یان نه‌مان) گوته‌وه‌، گوتنه‌وه‌یه‌ك به‌ر له‌و له‌ گه‌رووی هیچ ژنێكه‌وه‌ كه‌س نه‌یبیستبوو.
كه‌وتمه‌ سۆراخی وێنه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ كچه‌ عیساییه‌، ئازاد هه‌رێی پێدام و زۆری نه‌برد بۆی هێنام، وه‌ی وه‌ی چه‌ند جوانه‌، كار له‌ گوگوش و ئه‌وانه‌ نیه‌، ده‌ڵێی ئه‌ستێره‌ی زه‌رده‌ و له‌ سه‌ر قه‌ڵاتێ هه‌ڵهاتووه‌، له‌ فیشه‌ك و تیشك زه‌ردده‌چێته‌وه‌ حه‌زمده‌كرد له‌ چێوه‌ی بگرم و له‌ نێوان كچی كافرۆش و گوگوش به‌ دیواریه‌وه‌ بكه‌م، نابێت، وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ستی هه‌ر كه‌سێ بگیرێ، رێی مووسڵ و قه‌ناره‌ی دێته‌ پێشێ، هاتم ئه‌ستێره‌ی زه‌ردم، تۆ بڵێ مارگرێت، له‌ نێو مه‌م و زین شارده‌وه‌، مه‌به‌ستم داستانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانیه‌، ناو ناوه‌ كتێبم ده‌كرده‌وه‌، ته‌واوێك ته‌ماشای ئه‌ستێره‌م ده‌كرد و ده‌مپرسی:
كێ ده‌ستی چووه‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ و به‌ ده‌ستی كێ كوژرا؟
كه‌وتمه‌ پرسیار، هه‌بوو ده‌یگۆت:
شۆڕِش به‌ ده‌ستی خۆی كوشتی
هه‌بوو ده‌یگۆت:
شۆڕ شتی وا ناكات.
وه‌ڵامم ده‌ستنه‌كه‌وت، دوای چه‌ند سالێكیدی ده‌گه‌رێمه‌وه‌ لای ئه‌و كچه‌ فه‌له‌یه‌ی له‌ نێوان مه‌م و زینم حه‌شار داوه‌، ئێستا سه‌رێ له‌ كاوڕه‌كانی بابم ده‌ده‌م.

به‌ دوویدا دێ ……




کاریکاتێر .. هونەری ڕەخنەگر … هەندرێن خۆشناو

هونەری کاریکاتێر یان کاریکاتۆر پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕەخنەوە هەیە، بە تایبەتی رەخنەی گاڵتەجاڕ (النقد الساخر)، تا ئەو رادەیەی کە هەندێک بە دیوەکەی تری گاڵتەجاڕیی یان داشۆرین ناوی دەبەن، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت کە کاریکاتێر لە ناخەوە هەڵگری رەخنەیەکی توندی داغکارە بۆ هەڵسوکەوتی نابەجێ و لەڕێ لادەری مرۆڤەکان. لە کاتێکدا کە هونەری کاریکاتۆر بریتیە لە وێنەکێشانی سیمایەک بە زێدەڕۆیی لە وەدەرخستنی کەموکوڕییەکان، ئەمڕۆ کارتۆنی سیاسی لە هەموو بوارەکانی تری کارتۆن بەربڵاوتر و جەماوەری زۆرترە، ئەویش لەبەرئەوەی رەخنە و هەندێک جار رەخنەی توند دەگرێت لە واقیعی سیاسی و حکومەتی ناوخۆ یان حکومەتان و کەسانی سیاسی جیهانی.

بە بیروڕای من کاریکاتێر بریتییە لە وتارێکی بەپێزی پڕ مانا، لە جیاتی وشە وێنە و هێلکاریی جێگای خۆیان دەکەنەوە، بریتییە لە دەڕبڕینێک لە رووداوێک یان حاڵەتێک یان بیرۆکەیەک بەهۆی بەکارهێنانی بەهرەی وێنەکێشانەوە، دەربڕینێکی لۆجیکانە کە توانای وەرگێڕانی بیرۆکەکانی هەبێت بۆ وێنە و ئاماژە، بەمەبەستی سەرەنج ڕاکێشانی بینەر بۆ کارێکی پۆزەتیڤ، کە ئەویش فۆکەس خستنەسەر دیاردەیەکی دزێوە یان کەسێکی نەفس نزمە، کە پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە.

لەم رۆژگارەماندا هونەری کاریکاتۆر هونەرێکی گرنگی شێوەکاریی و رۆژنامەگەرییە، ئەڵقەی گرێدانی ئەو دوو بوارە گرنگەیە، هۆکارێکی گرنگی دەربڕینە لە زۆرێک لە رەهەندە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، کاریکاتێر ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە وروژاندن و خستەڕووی بابەتە سیاسیەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانی تاک و کۆمەڵگە و زەقکردنەوە و وەدەرخستنی کەموکوڕییەکان و ڕەخنەگرتن لێیان، ئەو وێنە کاریکاتێرییەش دەبێتە هۆی هێنانەکایەی جولەیەکی کاریگەر لە نێوان نێردەر و وەرگر، بەمەش ئاسۆیەکی نوێ بۆ واقیع و هەروا بۆ دواڕۆژیش دێتەکایەوە، یان بە هەوڵدان بۆ گۆڕین و گۆڕانکاریی یان هەوڵدان بۆ نوێکاریی بۆ واقیع لەسەر بنەما کۆمەڵایەتی ومرۆڤایەتییە نوێکانەوە.

ئەو هونەرە بەهێز و کاریگەرە خاوەن گیانێکی گاڵتەجاڕە لە وەدەرخستنی کەموکوڕییە دزێوەکانی نێو کۆمەڵگە کە بانگهێشتەی چاکسازی و گۆڕینیان دەکات. هونەرمەندانی کاریکاتێر توانیان ئەو هونەرە بکەنە زمانێکی زیندوو، کە پێویستی بە وشە نەبێت بۆ وەدەرخستن و گەیاندنی ئەو ناوەڕۆکەی کە دەیانەوێت.
کاریکاتۆر و کاریکاتێریستان بوونەتە هۆکارێک بۆ برەوسەندنی بازاڕی بڵاوکراوەکان، تا ئەو ڕادەیەی کە خوێنەر پێش هەموو شتێک بەدوای کاریکاتێردا دەگەڕێت لەسەر رووبەری لاپەڕەکاندا، بەداخەوە ئەمە کوردستان ناگرێتەوە، کە هەتا حکومەت و حزب خەرجی ئەو بڵاوکراوانە بکێشن حاڵیان لەوە باشتر نابێت.
بۆ نمونە لە فەڕەنسا کاریکاتێریست و رۆژنامەنووس (چاڕل فیلیپۆن) پێشەنگ بوو لە هەنگاونانێکی بەرچاو لە مێژووی هونەری کاریکاتێر لە فەڕەنسا بە وەشانی گۆڤاری (کاریکاتێر) ساڵی 1806 کە گۆڤارێکی کاریکاتێری هەفتانە بوو، دوای ئەویش گۆڤاری (شاریڤاری) بڵاوکردەوە.
نمونەیەکی تر (یەعقوب سەنوع) کە رۆژنامەنووسێکی جووی میسری بوو، ئەویش پێشەنگ بوو لەو بوارەدا، کە رۆژنامەیەکی هەفتانەی گاڵتەجاڕی کاریکاتێریی دامەزراند ساڵی 1877 لە قاهیرە بە ناوی (ئەبو نەزاڕە)، تا ئەو ڕادەیە ئەو رۆژنامەیە کاریگەریی هەبوو، کە خەڵکی هەر بە ئەبو نەزاڕە بانگیان دەکرد.

لە کوردستانیش هەردوو گۆڤاری (سیخورمە) و (مەلامەشهور) کە دووگۆڤاری کاریکاتێریی رەخنەیی بوون لە ساڵی 1997، کاریگەریی خۆیان هەبوو لە بواری رۆژنامەگەریی کوردیدا، و یەکێک بوون لە پڕ فرۆشترین بڵاوکراوە لە کوردستاندا.
هەر لەو کاتەوەی دەرگای رۆژنامەگەریی کاریکاتێریی کرایەوە، وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش دەرچوونی چەندین رۆژنامە و گۆڤاری کاریکاتێرییان بەخۆوە دیتوە، خوێنەرێکی زۆریان بەدەوری خۆیاندا کۆکردۆتەوە، کە لە وێنەی کارتۆنیدا چێژ و ئەو بابەت و ناوەڕۆکە زۆرانەی کە بەدوایدا وێڵن لە رۆژنامەگەریدا دەیدۆزنەوە. بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ بازنەی هونەری کاریکاتۆر فراوانتر و ژمارەی کاریکاتێریستانی خاوەن بەهرە لەو هونەرەدا زیاتر دەبن، ئەو هونەرەی کە بەوە لە بابەتەکانی تری رۆژنامەگەریی و راگەیاندن جیادەکرێتەوە، کە رۆح سوکترە و زیاتر لەلایەن خوێنەر و بینەرەوە هەرس دەکرێت و کاریگەریشی زیاترە لە گەیاندن و جێگیرکردنی بیرۆکەکان لە هزری خوێنەردا، تا ئەو ڕادەیەی کە وەرگر وا هەست دەکات کە زمان حاڵی خۆی و کۆمەڵگایە، بۆیە ئێستا رۆژنامەی سەرکەوتوو بەبێ کاریکاتێر نابێت، هەر رۆژنامەیەک کاریکاتێریستێک یان دووان کاری بۆ دەکەن.

ئەو کاریکاتێریستانەی کە پێگە و جێ پەنجەیەکی بەرچاویان هەیە لە بواری رۆژنامەگەریدا، لە زۆربەی وڵاتاندا وەک ئەستێرەی سینەمایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەداخەوە کە لە کوردستاندا وانیە، زۆربەی رۆژنامەکان بێبەشن لە کاریکاتێر، و ئەوانەی کاریکاتێریش بڵاودەکەنەوە، بە شێوەیەکی ناشیرین کارتۆنێک یان کاریکاتێرێکی بیانی لە لاپەڕەکانی ئینتەرنێتەوە دەدزن و زۆرجاریش ناوی خاوەنەکەشی قووت دەکەن و بابەتەکەشی بۆ دەگۆرن، ئەمەش بۆتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین و پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی رۆژنامەگەریی کوردیەوە.

شارەزایانی شیکردنەوەی ناوەڕۆک، لە توێژینەوە شیکارییەکانیان بۆ هونەری کاریکاتێر پشتیان بە چەندین بنەما بەستووە لەوانە:
* شێوە: بریتیە لەو شێوە هونەرییەی کە کاریکاتێر پێوەی بەدەردەکەوێت، ئەو داڕشتنە هونەرییە لەخۆ دەگرێت کە ناوەڕۆکی پەیوەندی کاریکاتێر بە بینەرەوە پێکدێنێت. شێوەی کاریکاتێریش چوار جۆرە:
1- شێوەی ڕاستەوخۆ: پشت بە ئاماژەیەکی ڕاشکاو و سادە لە داڕشتندا دەبەستێت لەگەڵ توانج.
2- شێوەی تۆمارکراو: پشت بە وێناکردنێکی نیمچە سروشتی بۆ چەند دۆخێکی مانابەخشی دیاریکراو.
3- شێوەی سیمبولی: پشت بە بەکارهێنانی سیمبول و ئاماژە دەبەستێت بۆ دەربڕین لە چەندین مانا لە هەمان کاتدا.
4- شێوەی دابەشکردنی جوگرافی: لەمەشدا شوێنی رووداوەکە کە کاریکاتێرەکە بە ڕەخنە و چارەسەرکردن باسی لێوەدەکات.ئەمەش دەبێتە سێ بەش:
ڕ_ ناوەخۆ: باس لە کێشە و دیاردە ناوەخۆییەکان دەکات.
ب_ ناوچەیی: باس لە کێشە و دیاردەکانی ناوچەکە دەکات.
ج_ جیهانی: باس لە کێشە و دیاردە جیهانیەکان دەکات.

* کەسیایەتییە باوەکان: بریتییە لەو کەسایەتیانەی کە وێنە کاریکاتێریەکان لە خۆیانی دەگرێت، کە سێ جۆرە:
1- کەسایەتی ناوەخۆ: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی کوردی پۆشیوە.
2- کەسایەتی ناوچەیی: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی وڵاتانی ناوچەکەیان پۆشیوە.
3- کەسایەتی بیانی: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی دیاریی وڵاتانی جیهان دەپۆشێت.
* جۆری بیرۆکە: ئەویش یان بیرۆکەی سادەیە، کە وەرگر بە خێرایی وەریدەگرێت و بە سانایی تێیدەگات، یان بیرۆکەی ئاڵۆز و تێکهەڵکێشە، کە وەرگر پێویستی بە وشیاریی زیاترە بۆ تێگەیشتن و زانینی ماناکان و ئامانجەکانی کاریکاتێرەکە.




ڕووه‌و هه‌ڵدێر.. ڕووه‌و خه‌ڕه‌ند … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

خانووه‌كه‌ی عه‌ونی یووسفیان
ڕێك له‌گه‌ڵ زه‌وی، ته‌خت كرد
ئه‌و خانووه‌ جوان و گه‌وره‌یه‌ی
چه‌ندین جار به‌به‌رده‌میدا
ڕه‌ت بووبووم و هه‌مووجارێ‌
تێر تێر ته‌ماشایم ده‌كرد
زه‌نگی ده‌رگاكه‌یم هه‌رگیز
له‌نێو دیده‌ بزر نابێ
كه‌ ئاسنێكی زه‌ردی پڕ بریقه‌ بوو
له‌ شێوه‌ی ده‌ستی بنیاده‌م.
هه‌ر بۆ خۆشی: چرق.. چرق.. چرق..چرق
لێمانده‌دا و هه‌ڵده‌هاتین..
خانووه‌كه‌ی كه‌ریم شاره‌زاشیان هه‌ر ڕوخاند
هه‌مووجار له‌به‌رده‌م ئه‌وێ
له‌ پاس ده‌هاتمه‌ خواره‌وه‌ و
تا ده‌گه‌یشتمه‌ ماڵه‌وه‌
هه‌تا له‌چاوم ون ده‌بوو
ته‌ماشای جوانییم ده‌كرد
بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌
بریا منیش له‌ خانووێكی
ئاوا ژیابام.
ئه‌وه‌ی یووسف و شاره‌زا
ئێستاكانێ‌
كراونه‌ته‌ پاركی وه‌ستانی تڕومبێلان..
هیی حه‌یده‌ره‌كه‌چه‌ڵیشیان
حه‌واڵه‌ی بڵدۆزه‌ران كرد
ئاتاریان له‌سه‌ر پاتاری ئه‌ویش نه‌هێشت
ئێستا كراوه‌ته‌ كۆمپانیای زیاد قه‌ساب..
هه‌رسێكیان پیاوی گه‌وره‌ بوون
یه‌كه‌میان
تێكۆشه‌ر و كوردپه‌روه‌ر
دووه‌میان
كۆڵه‌گه‌یه‌كی زراڤی ئه‌ده‌بی كوردی
سێیه‌میان
بولبولێكی خۆشخوانی پڕ چریكه‌
قوڕگ پڕ گۆرانیی كوردی و توركمانی..
عه‌ونی
به‌ خه‌بات و به‌ زیندان و شه‌ونخوونی
ماڵه‌ جوانه‌كه‌ی خۆی چێكرد.
مامۆستا كه‌ریم شاره‌زاش
تا بڵێی شه‌كه‌ت و بگر
به‌ قه‌ڵه‌م و وشه‌ی پاكی
خشتی هه‌تا بنمیچ ڕۆنا.
حه‌یده‌ریش به‌
شه‌ومه‌ستی و ئه‌گله‌نجه‌ و ئاهه‌نگ
به‌ هونه‌ر و كه‌سابه‌ت و خۆشیی ده‌نگی
ماڵه‌ قشته‌كه‌ی بونیادنا..
ئێستاكه‌شی له‌گه‌ڵدابێ.. وامده‌زانی
دوابه‌دوای مه‌رگه‌مووشنۆشی
ڕاسته‌وخۆ دوای سه‌ر ئاودیو بوون
ته‌نیا كتێبخانه‌كانمان
ده‌ده‌نه‌ سه‌نته‌ره‌ زڕڕۆشنبیرییه‌كانی
لاوان و نیمچه‌ خوێنده‌واری دژه‌ كتێب
ئه‌وه‌تا، تێگه‌یشتم كه‌
جێوڕێ و ماڵ و سوكناكانمان
حه‌واڵه‌ی نه‌مان و نغرۆیی ده‌كه‌ن
مانه‌ندی خۆت
هیچت به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نایه‌ڵن
ئۆۆۆف..
بۆ ئه‌وه‌نده‌ پاته‌خۆرین؟
ئه‌وه‌نده‌ دوژمنی نێو ماڵی خۆمانین!
دوژمنی سه‌رسه‌ختی مۆزه‌خانه‌ و كتێب
ڕق له‌ جوانی و ڕق له‌ ئه‌نتیك،
ته‌نیا سه‌وداسه‌ری پاتاڵ
ته‌با و تفاق بۆ تاڵانی
عیشقی گه‌وره‌ی به‌لاشلووشیین!




كوردی هائیم و حەیران – (4) … هێمن عومه‌ر خۆشناو

بارەتەقای ئەو بەفرە ئەستوورە، ئەو دڵ و زمانە چكۆڵەیەی كورد شەرمیان لێ باركراوە، شەرمێك كە لە خۆبەكەمزانین و هەستكردن بەوەی ئاخر چما ئەز كوردم؟! كوردێك لەو بازاڕەی دونیادا هەر لە سیپارە و لە ئەلف و بێیانەوە، وەختێ زمانی بەرەو ڕووی عیلمەوە دەپژێ، سوێندان دەخوا بە یاڕەززاق كە ڕزقی بدا و بە یا فەتتاح فەتحی بداتێ تا لەوسەری دونیاوە بۆ ئەوسەری بۆزمان تێهەڵچێتەوە و هەر بەو زمانەش وەڵامی قەبرێ بستێنێتەوە و لێرەش مەرگ و ژین بكاتە دەسرۆكی سەری زمان و قوڵایی ناو دڵە چكۆڵانەكەی.

كوردی هائیم لە بەدبەختیان لە دوورەوە دیارە و هەر حەیرانە هەر حەیران، لە بۆ زمانی دایكی لە كنی وایە نە بای دێت و نە باران.
بە عیشوە و لەخۆبایی بوونێكەوە بەرەو ڕووم هات، تەلی قورقوشمی مەستی ستران و گۆرانی بێگانە دەناو قوڵایی گوێی خۆی خستبوو و لەگەڵیشیدا سەری ئەنگوستی پێیانی لە عەردی دەدا و هەر دەتگوت لەگەڵ جندووكان دەدوێ و دەگەڵیشیان سەما دەكا. هەر كە نزیكم كەوتەوە، ئیستێكی كرد و قەوانی لە گوێیان دەرهێناو چاوی ڕەشكە و پێشكەی كرد و بە هەردوو لەپان چاوی هەڵگوشین و وەك ئەوەی تازە لە خەو و ڕازانی تا هەتایە وە ئاگاهاتبێتەوە، ئەوجار بێ ئەوەی خۆی شێلوو بكات، بە نەرمە توركییەكەوە دەستی پێكرد.
لێی حاڵی بووم كە قوتابییە و لە بەشی كوردی دەخوێنێ و لە مامۆستاكەی خۆی دەگەڕێ، دیارە هەفتەكە نەهاتووە و دەیەوێ تەوازۆی بۆ بێنێتەوە.
ئەزیش هەڵمدایێ:
-كوردی بئاخڤە!
+بە توركی: نازانم كوردیی قسەبكەم!
-كورد نیت؟
+بە توركی: بەدیكو!
-چما كوردیی نائاخڤی؟
+بە توركی: داك و بابم لەماڵێ هەر بە توركی قسان دەكەن، ئەو دەمی منداڵ بووم، تاك و تەرا جاروبار لە كۆڵانێ ئەگەر وشەیەكی كوردیم بەرگوێ كەوتبا، ئەگەرنا چش!
سەد ساڵ لەمەوبەر كوردی هائیم و حەیران، كوردێك بوو تا بن پیلان هائیم و داماو، چونكە لە غەیری زمانی دایك حەشتەبای زمانی دونیای نەدەزانی، بمردبای و بسوتابای پەیڤێكی لە زمانی خۆی لەبیرنەدەكرد، بە چاوی سووك و بێ باكانەش نە لە زمان و نە لە ڕانك و چۆغە و مشكی و جامانەكەی نەدەڕوانی و بە دڵ هائیم و حەیران بوو، لێ بە ویست و ئیرادەوە خەمخۆر و زمان پەروەر و بەڕووممەت بوو.
كوا لۆ ئەوێ رۆژێ حاجی قادر هاتباوە و ئەوجار دەناو مۆدێرن و پۆست مۆدێرنی گەنج و لاوی كورد هەر ڕاما با و ڕاما با و لە جیاتی بەوان بێژێ هائیم و حەیران، خۆی بە هائیم و حەیرانەوە قەبرەكەی خۆی لێدەداوە و لێی ڕادەكشاوە، تا چ جاری دی چاوی بەو نەسلە پەرپووتە نەكەوێتەوە و تۆبەشی دەكرد جارێكی دی بەحسی زمانی داك و بابان بكاتەوە!




کاتێ کە ماڵە گەورەکە ماڵی هەموومان بوو …. چرۆ زەند

کاتێ زۆر پێش دروست بوونی کۆمپیوتەر بوو
لەوکاتەدا باوکم نیشتمان بوو،
دایکم پایتەختی نیشتمان
باوکم بەريوەبەر بوو،
دایکیشم کابان
هەندێ جارچاکەتی خوشکێکم لەبەردەکرد
سوراوی خۆشکەکەی دیم دەکرد
برایەکم سیاسەتی دەکرد، ئەوتر ئەدازیار
برای بچووکەم سەرقاڵی گەمەکان.
ئەوسا ماڵە گەورەکەمان ماڵی هەموومان بوو
ماڵی سیاسی، نەدار، شاعرو بەهرەدار، ماڵی هاوڕێ و هی خاڵوان
لەبەر فرە میوان، جیگەمان نەدەبوو لە سەرخوان
حەوش و بان ،سەر سەکۆ و داڵان دەبوە جيی نوستنمان
ئيستا دایکم، ڕادەوەستی لەبەردەم ژوورە چۆڵەکان
بۆنی عەتری هەریەکەمان بۆشایی ژورێک پڕدەکات
لێوانی پەرداخيک سوراوێک و جێی یادگاری ئەوی دیمان
پەرتووک و پارچە مۆسیقایەك بۆشاییەکی دی ماڵەکە داگیر دەکات.
لەبەردەم ژوورەکەی باوکمدا ڕادەبوري، بەڕوحی ئەو شاد دەبێت
بەخەیاڵ لەگەڵ باوکم بە دزەیەک لەو قەرەباڵخیەدا، سەمایەك دەکات
لەو خەیاڵەدا دایکم زەردەخەنەیەکی لەسەر لێو بوو
لەو خەیاڵەدا دایکم لە هەموو کات دڵخۆش تربوو
لە خەیاڵی ئەوکاتەی مالە گەورەکە ماڵی هەموومان بوو.

Dec 11, 2017
Canada

Zandchro@hotmail.com




ئێستا ئێمە؛ هەر زەنگێکمان هاوارێکین لەزاری وشەی خوداوە … بۆتان لەتیف عەبدولقادر(پـایــان)

کاتێ گیان گیان لەباوەش دەگرێ
کاتێ گیان دائەمێنێ بۆدابڕانی ئازیزێ..
وەختێکە؛
پێنوس هاوار ئەکات بۆ ئازادی ولەپڕ نوکی ئەشکێ!..
وەختێکە؛
وشە ئەبێ بەخاچ و
خاچ نوێژی سەر سینگی دولبەرو
سینگی دولبەریش سێدارەی گیان !..
ئەرێ لەماڵی گیان ئاسودەیی هەیە؟!
ئەرێ گیان سێبەری هەیە؟!..
لەو پرسیارانەم بووم
دیتم بەرائەت بووە بەباسکێکی خاچ و
لەوشەی خودا بەژنی خاچ پەیکەر کراوە!..
باڵای مەسیح و بەژنی خاچ!..
ئەوێ ڕۆژێ؛
جیهان دیتی وشەی خودا
لەجیاتی خوێن خۆشەویستی ولێبوردەیی لێ دەچۆڕێ..
هەر لەو ڕۆژەش
خاچ نوێژی سەر سینگی مەریەمی حەیرانە!..
هەر لەو ڕۆژە؛
لێدانەکانی دڵ زەنگی نوێژن..
زەنگی نزان..
بونەتە ئاوازی ڕوحی ماڵەکەی مریەم خاتوونێ!..
پاڕانەوەن بۆ لێبوردەیی لە دوژمن
لەزرینگانەوەی هەر زەنگێ؛
دەنگی کۆتایی هاتنی تاهەتاییم گوێ لێ ئەبێ!
لەهەر زەنگێ؛
گێڕانەوەی ئازارێکی مەسیح هەیە
هەموو دەڵێن:
مەسیح فرمێسکەکانی بۆ ئازار نەبوون..
فرمێسکەکانی نزا بوون..
نزا بۆ لێبوردەیی وبێگەردی!..
ئەو میوەیەی بەردەمت مریەم
مەودای مرۆڤینی ئەکێشێ..
ئەو میوەیەی دەستت مریەم
برسیەتی هەژاران خاو ئەکاتەوەو
ئەبێ بەڕستەی جۆلانەی
فرمێسکی مەسیح وێناکان..
ئێستا ئێمە؛
هەر زەنگێکمان هاوارێکین لەزاری وشەی خوداوە..
هەموو جارێ وەختی نوێژێ؛
لەچاوی مریەمی حەیران ئەبینەوە بەفرمێسک..
ئێستا ئێمە؛
هەر زەنگێکمان هاوارێکین لەسۆزی گیانی خوداوە
لەژێکانمان فوی لێبوردەیی پەخشەکەین..
لەدەنگمانا خۆشەویستی پەخش ئەبێ!..
ئەی خودایە مەسیح کێیە؟!..
(إنَّ مثل عیسی عند الله کمثل آدم…)
ئای لە ئادەم!..
ئای لە عیسا!..
هەموو ساڵێ لەگەڵ هاتنە کۆشی مەسیح
لێبوردەیی وخۆشەویستی لێزمە ئەکەن
بێگەردیی مریەم خاتوونێ تۆختر دەردەکەوێتەوە..
وەلێ نازانم بۆ؟!..
هێشتا نوێژ هەر خاچەو
هەموو ڕۆژێ شەش حەوت جارێ
مەسیح؛
لەسەر سینگی مریەمی حەیران لەخاچ ئەداتەوە!…

بۆتان لەتیف عەبدولقادر(پـایــان)
کۆماری میسر/ ئیسکەندەریە
گەڕەکی شاتبی ١ ی ١ ی ٢٠١٤




هه‌وڵ و تاقیكردنه‌وه‌ … نوسینی / فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

دیلان ته‌مه‌نی چوار ساڵان بوو،تازه‌ باوكی پاسكیلێكی سێ‌ تایه‌ی بۆكڕیبوو. دیلان زۆر حه‌زی له‌لێخوڕینی بوو،به‌ڵام ته‌نها سوكانه‌كه‌ی ده‌گرت وده‌یسوڕانده‌وه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كوشنه‌كه‌ی دابنیشێت. هه‌رچه‌ند دایك وباوكی هانیان ده‌دا،به‌ڵام دیلان كه‌مته‌رخه‌مبوو هه‌وڵی نه‌ده‌دا. ئێواره‌یه‌كیان دایك وباوكی دیلان بڕیاریاندا بچن بۆماڵی خاڵی دیلان ‘كه‌نزیك ماڵی خۆیان بوو.هه‌رزوو دیلان وتی: بابه‌ ده‌توانم پاسكیله‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆم بهێنم. باوكی كه‌زانی ڕێگه‌كه‌ چۆڵ وخۆشه‌ ،زۆری پێخۆشبوو،بۆیه‌ به‌په‌له‌ وتی:به‌ڵێ‌ دیلان گیان ده‌توانی.

دیلان بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆی لێی بخوڕێ‌، سوكانه‌كه‌ی گرت وهه‌ربه‌ پاڵ پاسكیله‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدابرد. باوكی لێی پرسی: دیلان ئه‌م ڕێگه‌یه‌ زۆر خۆشه‌ ،بۆچی سواری پاسكیله‌كه‌ نابیت وپایده‌ر لێناده‌یت؟؟ تافێری لێخوڕینی ببیت.دیلان وتی: ئاخر ناتوانم! باوكی وتی:باشه‌ دیلان تۆهیچ هه‌وڵتداوه‌ لێبخوڕیت،تادڵنیابیت كه‌ناتوانی؟؟؟ دیلان وتی:نه‌خێر ،چونكه‌ لێی نازانم! باوكی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بۆكردو وتی: تۆ سواربه‌،دڵنیام فێرده‌بیت. دیلان به‌ دوو دڵییه‌وه‌ سواری پاسكیله‌كه‌بوو ده‌ستیكرد به‌پایده‌رلێدان.. چه‌ند دڵخۆشبوو!؟پاسكیله‌كه‌ له‌سه‌رخۆ بۆپێشه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت وئه‌میش تاده‌هات خێراتر پایده‌ری لێده‌دا. دیلان به‌پاسكیله‌كه‌ پێشی دایك وباوكی دایه‌وه‌وبه‌ده‌م پایده‌رلێدانه‌وه‌ ئاوڕی دایه‌وه‌و وتی:باوكه‌گیان به‌ڕاستی من نه‌مده‌زانی كه‌توانای پاسكیل لێخوڕینم هه‌یه‌. باوكی به‌خه‌نده‌وه‌ پێیوت: كه‌واته‌ له‌مه‌ودوا به‌بێ‌ تاقیكردنه‌وه‌وهه‌وڵدان بڕیار له‌سه‌ر لاوازی خۆت مه‌ده‌.




یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار … نەبەز سەمەد

تۆتالیتاریانیزم ئیدیۆلۆژییەکی سیاسی مۆدێرنی توندڕەوە، لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەی ئاپۆرەوە (mass society) بەڕێی تیرۆر و تۆقاندنی بەردەوام و سیستەماتیکەوە دەیەوێ زاڵبوونی تەواو (total domination) بەسەر سەرجەم کۆمەڵگەدا بەدەستبهێنێ. تۆتالیتاریانیزم جیهان بەگوێرەی دوالیزمی دۆست و دوژمن، ڕەش و سپی، … هتد دابەش دەکات. تۆتالیتاریانیزم ئیدیۆلۆژییەکە دژەفرەیی )پلوڕالیزم(یە لەسەر بنەمای دوژمنی ناوەکی و دەرەکی خۆی دیاردەهێنێت. بۆیە ئیدێی دوژمن ڕۆڵێکی کڕۆکی لەنێو ئیدیۆلۆژیی تۆتالیتاریانیزمدا دەگێڕێت. تۆتالیتاریانیزم خاوەن خەسڵەت، ئەدگار و تایبەتمەندی خۆیەتی کە لە ستەمکاری، دیکتاتۆری، و دەسەڵاتگەرێتی جیای دەکاتەوە.

فریدریک و برزێنسکی (Friedrich and Brzezinski) باس لە پێنج ئەدگاری تۆتالیتاریانیزم دەکەن، کە بریتین لە ١. پرنسیپی سەرۆک ٢. تیرۆری پۆلیس (ی نهێنی) ٣. قۆرخکردنی چەک و سوپا ٤. قۆرخکردن و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان ٥. قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری. لەم وتارەدا دەمەوێ لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی ئەم پێنج ئەدگارەی تۆتالیتاریانیزمەوە ئارگومێنتی ئەوە بکەم کە یەکێتی و پارتی (بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی) دوو حیزبی تۆتالیتارن. بەڵام لێرەدا گەرەکە بێژم کە یەکێتی و پارتی خۆیان خاوەن ئیدیۆلۆژی تۆتالیتار نین، واتا خۆیان ئیدیۆلۆژی و تیۆرییەکەیان داڕشتبێت و تیۆرزانیان هەبێت، بەڵکو ئەوان لاساییکەرەوەن. یەکێتی و پارتی لاسایی بەعس دەکەنەوە و تۆتالیتاریانیزمی بەعس بۆ ئەوان بووە بە مۆدێل.

یەکەم، پرنسیپی سەرۆک: فریدریک و برزێنسکی ڕوونی دەکەنەوە کە پرنسیپی سەرۆک یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان، کە سەرۆک لە هەمووان باڵاترە و دەبێ هەمووان لە خزمەتی سەرۆکدابن. ئەم پرنسیپە بە ڕوون و ئاشکرایی لەلای یەکێتی و پارتی (بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی)دا خۆی دیار دەخات، بۆ نموونە لە یەکێتیدا جەلال تاڵەبانی سەرۆکە و لە هەمووان باڵاترە، یەکێتییەکان مانەوەی نەک تەنیا یەکێتی وەک حیزب بەڵکو هەموو کورد بە مانەوەی جەلال تاڵەبانییەوە دەبینن، بۆیە کاتێک کە نەخۆش بوو و هیچ توانستێکی بەڕێوەبردنی حیزبەکەی نەمابوو، تەنانەت دوای مردنیشی هەروەک سکرتێری گشتی ماوەتەوە و کەس ناوێرێ باس لە جێگرەوەیەک بۆ تاڵەبانی بکات. بە هەمان شێوە لەنێو پارتیدا مەسعوود بارزانی سەرۆکە و لە هەمووان باڵاترە و دەبێ هەر ئەو سەرۆک بێت نەک تەنیا هی پارتییەکان و هی حیزبەکەی، بەڵکو هی هەموو کورد و کوردستان. هەروەک دەزانین بارزانی ئەگەرچی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچوو بوو بەڵام ئامادە نەبوو کورسییەکەی چۆڵ بکات. بۆیە لەلای یەکێتی و پارتی تا مردن هەر دەبێ تاڵەبانی و بارزانی سەرۆک و سکرتێری گشتی بن.

دووەم، تیرۆری پۆلیسی نهێنی (police terror): هەرچەندە ناوەکەی ڕەنگە بەگوێرەی حیزبەکان و وڵاتەکان بگۆڕێت وەک ئۆڤرا (OVRA) لە ئیتاڵیای فاشی، ئێس ئێس (SS) لە ئەڵمانیای نازی و (MVD) و (KGB) لە یەکێتی سۆڤییەتی کۆمۆنیستی. ئەم دەزگایانە ئامرازن بەدەست ڕژێم و حیزبی تۆتالیتارەوە بۆ ترساندن، تۆقاندن، تیرۆر و لەناوبردنی نەیارەکانیان. لەبەرئەوەی ڕژێم و حیزبی تۆتالیتار دژی فرەیییە، بۆیە هەبوونی دەزگا و دامەزراوەی هەواڵگری و پۆلیسی نهێنی شتێکی کڕۆکییە بۆ کوشتن و تیرۆرکردنی نەیارەکانیان. یەکێتی و پارتی هەردووکیان خاوەن دامەزراوە و دەزگای هەواڵگرین دەزگای زانیاری یەکێتی و دەزگای پاراستنی پارتی کە ئیشیان ترساندن، تۆقاندن، تیرۆرکردنی ئەو کەسانەیە کە نەیاری بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانین، وەک لە کەیسی کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی وەک سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و خۆپیشاندەران … هتد بینیمان.

سێیەم، قۆرخکردنی چەک و سوپا: پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان قۆرخکردنی چەک و سوپا لەگەڵ ئەدگاری تیرۆری پۆلیسی نهێنیدا هەیە، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی چەک و سوپا دەبێتە سەرچاوەی هێز و ئاسانکارییە بۆ تیرۆر و لەناوبردنی نەیارەکان. بۆیە لە ڕژێمە تۆتالیتارییەکاندا سوپا و هێزی چەکدار ڕۆڵێکی سەرەکیان هەیە. یەکێتی و پارتی هەردووکیان چەکیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و خاوەنی هێزی چەکدارن، لە هەرێمی کوردستان سوپایەکی نیشتیمانیمان نییە، بەڵکو هێزی چەکداری حیزبیمان هەیە کە لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە قۆرخکراون و بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی خۆیان و وەک ‌هەڕەشەیەک بۆ نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنن.

چوارەم، قورخکردن و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان: کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە زانیاری و ڕێگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی حیزب و بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان. حیزب و بزووتنەوەی تۆتالیتاری لە ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیە دژی نەیارەکانی و هەروەها بڵاوکردنەوەی ئیدیۆلۆژییەکانی خۆیەتی، لەپاڵ ئەمەشدا شێواندنی ڕاستییەکان و تەمومژاویکردنیان. یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار میدیا و ڕاگەیاندنەکانیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و سەرچاوەی زانیاریان کۆنتڕۆڵکردووە. لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەن دژی نەیارەکانیان و ڕێگرن لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕین و رێگە نادەن ڕۆژنامەنووسان دەستیان بە سەرچاوەکانی زانیاری بگات. لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیانەوە ڕاستییەکان دەشێوێنن و زانیارییەکان تەمومژاوی دەکەن.

پێنجەم، قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری: کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەی ئابووری و داهاتی وڵات یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی تۆتالیتاریانیزم. کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بزووتنەوە تۆتالیتارییەکاندا. دەستبەسەرداگرتنی ئابووری لەلایەن حیزبی تۆتالیتارەوە مەبەستمەندە واتا مەبەستی لە پشتە، ئەویش کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوونی تەواوە بەسەر کۆمەڵگەدا. کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری دەبێتە هۆی هێنانە گۆڕێی بیرۆکراسییەکی هیرارکی (hierarchic bureaucracy). یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار دەستیان گرتووە بەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان و کۆنتڕۆڵیان کردووە و داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و سەرجەم داهاتەکانی کوردستانیان کۆنتڕۆڵکردووە و لە نێوان خۆیاندا دابەشیان کردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن. دەیانەوێ لەم رێگەیەوە بەتەواوی کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا کۆنتڕۆڵ بکەن.

لە کۆتاییدا، بۆمان دەردەکەوێ کە هەر پێنج ئەدگارەکەی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان کە فریدریک و برێزنسکی باسیان کردووە لە یەکێتی و پارتیدا بوونیان هەیە. بۆیە بەم ئەنجامە دەگەین کە یەکێتی و پارتی دوو حیزبی تۆتالیتارن.




دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردوەکان, عێراق و کوردستان بە نمونە … هەورامان عەلی

دەتوانین دەولەتەکانی ئەمڕۆیی جیهان بکەین بە سێ بەشی سەرەکیەوە : بەهێزەکان ، فشۆلەکان و شکستخواردوەکان .
– بەهێزەکان بەو دەوڵەتانە دەوترێت کە دەسەڵاتێکی ڕەهای بەسەر سنوری جوگرافی وڵاتەکەیدا هەیە و دەتوانێت هەلومەرجێکی شیاو بۆ هاوڵاتیەکانی دەستەبەر بکات . ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتیان بپارێزێت و مافە سەرەتایەکانیان دەستەبەر بکات. ئەم جۆرە دەوڵەتە دەتوانێت ژیانی هاوڵاتیەکانی لە ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەپارێزێت ، یاسا لە وڵاتدا بەرقەرار دەکات و ئازادیەکان بۆ تاکەکانی دەستەبەر دەکات . فرسەتی یەکسان بۆ کار و بەشداری سیاسی و فەرهەنگی تاکەکانی فەراهەم دەکات . دامودەزگا دادوەریەکان سەربەخۆن و هیچکەس و لایەنێك لە سەروی یاساوە نیە. خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان فەراهەمکراون و ژێرخانی ئابوری گەشەکردووە و مرۆڤ لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا بەهرەمەندە لە خوێندن ، چاودێری پزیشکی ، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەیاسا مافەکانی مسۆگەرکراوە. بەکورتی دەولەت و کۆمەڵگە بەهێزە ئەوانەن کە مرۆڤ تێیدا بە ئاشتی و ئارامی و لە چوارچێوەی یاسادا مافەکانی دەستەبەردەکرێت.

– دەولەتە فشۆڵەکان بەو دەوڵەت وکۆمەڵگایانە دەوترێت کە نیشانەکانی ڕۆچون بۆ دەولەتی شکستخواردوی تێدا دەردەکەوێت. ئەم جۆرە دەوڵەت و کۆمەڵگایانە لە دوڕیانێکدا ، کە هەم دەتوانن بە چەند هەنگاوی سیاسی ، ئابوری ، دادوەری و….هتد پەیوەستبن بە کۆمەڵگە ئارام و بەهێزەکانەوە ، یان ڕووەو کۆمەڵگەیەکی داڕوخاو هەڵوەشاوە مل دەنێن.

– دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردووەکان
یەکێك لە دیاردە و کێشە سەرەکیەکانی جیهانی ئەمڕۆ، دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردوەکانە ، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان لە فراوان بوندایە. دەوڵەتە شکستخواردوەکان بەو دەولەتانە دەوترێت کە دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای لاواز ، لە زۆر شوێنی دنیاشدا ئەو دەوڵەتانە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان بە سەر تەواوی وڵات یان بەشێکیدا ناشکێت . شەڕی ناوخۆ ، ناکۆکی قوڵی پێکهاتە نەتەوەیی ، مەزهەبی و چینایەتی و ئەتنیکیەکان تایبەتمەندیەکی ئەو دەوڵەتانەیە.
لە دنیایی ئەمڕۆدا ، ڕۆژانە گوێمان لە زاراوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە شکستخواردوەکانە کە لەلایەن ئاژانسەکانی هەوڵ و ڕۆژنامەنوس شرۆڤەکارە سیاسیەکان بەکاردەهێنرێت. ” سندوقی یارمەتی ئاشتی جیهانی ” بۆ پێناسەی دەولەتە شکستخواردوەکان چەند پێوەرێکی دیاری کردووە:

– ئەو دەوڵەتانە کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان بەسەر هەموو وڵات یان بەشێکی وڵاتدا ، لەدەستت دەدەن.
– لاوازی دەسەڵاتی یاسادانان
– لەدەستدانی توانایی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان
– ناکامی لە دروستکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی ، نەتوانینی پابەندبوون بە ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ناوبراو ، نزیکەی شەست دەوڵەت و زیاتر لە ملیارێك مرۆڤ لەو جۆرە کۆمەڵگە و دەوڵەتە شکستخواردوانەدا دەژین ، زۆربەی ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانە یان بە تەواوەتی شکستیان هێناوە یان زۆرێك لە تایبەتمەندیەکان بەسەریاندا دەچەسپێت و لە لێواری داروخانی گەورەی کۆمەڵایەتی ، ئابوری ، سیاسی و حوکم ڕانیدان. کە مەترسیەکی گەورە لەسەر ئایندەی ئاسایش و ئارامی نێودەوڵەتی ، دادەنێن.
لە ڕاستیدا گەلێك دیاردە هەن کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کۆمەڵگە و دەوڵەتە لە خانەی دەوڵەتە شکستخواردوەکاندا بژمێردرێت لەوانە:

– نەمانی کۆدەنگی سیاسی لەسەر پرسە بنەرەتی و نیشتمانیەکانی کۆمەڵگە ، بەجۆرێك نوخبەی سیاسی دابەش دەبن بەسەر هێزە هەرێمایەتی و جیهانیەکاندا ، کە ئەمەش زەمینە بۆ دەست تێوەردانی ناوچەیی و جیهانی خۆش دەکات.
– هێزەکانی دەولەت چ پۆلیس و چ سوپایی نیشتمانی ڕووبەڕووی ڕاپەڕین و یاخیبونی چەکداری بەردەوام ببنەوە بەجۆرێك هاوسەنگیەك پێكبێت کە هیچ لایەك نەتوانی بە قازانجی خۆیی لە ڕوی سەربازی و سیاسیەوە کێشەکان یەکلایی بکاتەوە. لەدرێژەی ئەو کەش و هەوا خوێناوی وتوندوتیژیەدا ، ڕێگە بۆ جۆرەها دەستەو تاقمی چەکداری توندڕوی ئاینی و فاشستی خۆش دەبێت کە تاوانی ڕێکخراو دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام بدەن .

– جەنگی ناوخۆیی: لە سەر جیاوازی نەتەوەیی ، ئاینی و مەزهەبی ، چینایەتی و کۆمەڵایەتی. بەبێ جیاوازی هەموو دەوڵەتە وکۆمەڵگە شکستخواردوەکان هۆکاری سەرەکی کارەساتەکانیان ، نەبونی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نێوان پێكهاتە جۆراوجۆرەکانیەتی لەسەر ئەرك و مافەکانیان ، دابەش نەکردنی سامانی گشتی وڵات بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر دانیشتوانی ئەو جوگرافیا سیاسیەی سنوری وڵاتەکەیان پێك دەهێنێت.

– دژایەتی کوێرانەی دەوڵەت لە دژی هەرێمێکی وڵاتەکەی: زۆربەی دەوڵەتە شکستخواردوەکان بەهۆکاری جیاوازی نەتەوەیی ، ئەتنیکی، ئاینی و مەزهەبی بەشێوەیەکی سیستەماتیك سیاسەتی سەرکوتگەرانە و داپلۆسێنەرانە لە دژی ناوچە و هەرێمێکی دیاریکراو دەگرنەبەر ، زۆرجار ئەم سیاسەتە تا ئاستی جینۆسایدی جەستەیی و کولتوری و تاوانی جەنگ ، پەرەدەستێنێت.

– گەشەکردنی توندوتیژی : کە کۆمەڵگە و دەولەتێك ڕووەو شکست ملدەنێت، یەکەمین ئاماژەکانی زیاتبونی توندوتیژی سوپا و پۆلیس بەرامبەر هاوڵاتیانی و لە بەرامبەریشدا توندوتیژی هاوڵاتیان بەرامبەر دەزگا ئەمنیەکان ، بە جۆرێك دەولەت کۆنترۆڵی کۆمەڵگە لەدەست دەدات.

– شکستهێنانی دەوڵەت لە دابینکردنی پێداویستیە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگەدا: کاتێك دەوڵەت نەیتوانی ئاسایشی سەرو ماڵی هاوڵاتیان بپارێزێت ، ئەوکات زۆر ئاسیە کە نەتوانیت خزمەتگوزاریە گشتیەکان لەوانە کارەبا ، ئاو ، تەندروستی ، خوێندن و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دابین بکات.

– شکست و لاوازبونی دامەزراوەکانی دەوڵەت: هەڵوەشانەوە یان یاخیبونی بەشێکی سوپا ، لاوازبون و بێ کارابونی پۆلیس و دەزگای ئاسایش ، لاوازی و بە سیاسی بونی دامەزراوە دادوەریەکان ، هەڵوەشانەوە یان ئیفلیچ بوونی دامەزراوە یاسایەکان لەوانە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانیەکان .

– وێرابونی ژێرخانی ئابوری: لە کۆمەڵگە و دەوڵەتە شکستخواردوکاندا دەولەت ڕێگەوبان ، تۆڕەکانی گەیاندن و پۆست، ئاو ئاوەڕۆ ، کارەبا دابین ناکات . دامەزراوەکانی خوێندن وپەروەردە، دامەزراوەکانی تەندروستی ڕادەستی کەرتی تایبەت دەکرێت دور لە چاودێری و لێپرسینەوە کە زەمینە بۆ گەندەڵی و بێسەرەوبەریی و دابەزینی مەترسیداری ئاستی خزمەتگوزاریەکان ، خۆش دەبێت.

– گەندەڵی : لە هەموو کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا گەندەڵی ئابوری و بەڕیوە بردن بە ڕادەی جۆراوجۆرهەیە ، بەڵام لە دەوڵەتە شکستخواردوەکاندا ، گەندەڵی سەراپایی دامەزراوەکانی بەرێوەبردنی کۆمەڵگە دەتەنێ ، بە جۆرێك خودی گەندەڵی دەبێتە دەسەڵات و چارەنوسی کۆمەڵگە دیاری دەکات و دەوڵەت بۆ بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانەی کۆمەڵگە پشت بە گەندەڵی دەبەستێت.

– بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بە شێوەیەکی گشتی شکست دێنێت ، بەجۆرێك هاوڵاتیان بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەیان پشت بە کاڵا هاوردوەکان دەبەستن. هەڵاوسانی ئابوری و داڕوخانی نرخی دراو ، دروستبونی قڵشتی گەورەی چینایەتی و بڵاوبونەوەی هەژاری و بێکاری کە سەر دەکێشێتە تاوانی کۆمەڵایەتی گەورە.

ئێستە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دیاردە و نیشانانەی لەسەرەوە ئاماژمان پێکردن، بەهەموو پێوەرەکان عێراق و کوردستان دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی شکستخواردوون . بۆیە هەر بزوتنەوە و جوڵانەوەیەکی سیاسی بیەوێت ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لەو وڵاتەدا ئەنجام بدات ، لەپێشدا دەبێت دان بەم واقعیەتەدابنێت و دواتر پڕۆژە و نەخشە ڕێگای خۆیی بۆ ڕزگاری لەو داڕوخانە گشتیە بخاتە روو.

.




سنوورداریی وشەسازییەکانی شیعر لای یونس ڕەزایی … ئیسماعیل بابانی

ئەمن سەرەتا حەز دەکەم ئەوە بڵێم نە شاعیرم و نە نووسەر، بەس وەکو خوێنەرێکی شیعر سەودایەکی زۆرم هەیە بۆ هەموو ئەو شاعیرو شیعرانەی وەستانی بۆ دەکرێت، جارانێك دەگەمە ئەو قەناعەتەی کە دنیا جوانەکانیشمان وێرانن و ئێمەی کورد هەر بەدبدبەختی و پاشکەوتەییمان بۆ ماوەتەوە، ئەم قسەیەش کە دەکەم دەزانم کێشەی ئێمەی خوێنەران زۆر قوڵە، کە ناتوانین قوڵ بە جیهانی شیعرەکاندا رۆبچین، ئەوەی کە پشت بە بەهرە دەبەستێت لە هەموو ژیانیدا زۆر بە هەڵەدا دەچێت لە برەوی داهێنان نزیک بێتەوە، چونکە کانی بەهرە زیاتر لەسەرەتاکانی نووسیندا بۆ شاعیر دێت، ئەنجا دەبێت کار لەسەر (تەکنیك- هونەرکاریی) بکات بە خۆ سازاندن لەسەر ستایڵێك هاوتەبا بێت لە زانینی چۆنییەتی بەکارهێنانی دەستەواژەو زاراوەکان.
لێرەدا قسە لەسەر بەشێکی تەجروبەی شیعریی زۆر بەڕێز کاک یونس رەزایی دەکەم وەك نموونە، من کە چاوم خشاند بە بەرهەمە شیعریەکانی نزیکەی ٣ ساڵی ئەم شاعیرەدا بۆم دەرکەوت نەك هەر کەموکورتی لە چۆنییەتی بەکارهێنانی زمانی کوردیدا لای ئەم شاعیرە هەیە، بەڵکو تەنیا لە خولگەی کۆمەڵە زاراوەیەك دەسوڕێتەوەو لەو قەناعەتەشدام گەر ئەو زاراوانە لە شیعرەکانی دەربکرێت زۆر کلۆر دەردەچن.
زاراوەکانیش ئەمانەن:
(( وڵات و نیشتمان، ئاڵا، شیعر، ئاور، گورگ، با- نا، ون، سەرباز، باران ، دەریا، گوللـه))
بەڵێ ئەم سنوورداریە دەستی شاعیر دەگرێت لە داهێنان، وەك چۆن مەلی خەیاڵی بێ سنوور دەفڕێت، هەرواش دەبێت توانای وشەسازیی شاعیر هەمیشە جیاواز و لە نوێبوونەوەدا بێت، ئەم خولانەوەیە لە بازنەی ئەو چەند زاراوەیەدا دنیابینی شاعیریش زۆر سنووردار دەکەن.
جا لێرەدا بۆ پاڵشتی ئەم گوتەیە ئەوا هەر لە ناو شیعرەکانی شاعیرەوە نموونەکان دەهێنینیەوەو شەش شیعری ماوەی ٣ ساڵی شاعیر دەکەینە مەیدانی تاوتوێکرنەکەمان، خۆزگە کاک یونس وەڵامی ئەم خاڵەشی دەداینەوە،تا بمانزانیایە چۆن بێئاگا لەو کەلێنە ئەو هەموو شیعرەی هەر بەو کەرەسانە نووسیوە؟ وشەکانیش خەت بەژێردا دەهێنین تا زیاتر تەرکیزی خوێنەر بکەوێتە سەر دووبارەبوونەوەکانیان.

شیعری یەك:
(نازانم لە کوێ بدۆزمەوە ..ئەو باڵەی … بەشێک لە ئاسمانی تێدا …ونتر)
زاراوە دووبارەکان:

پەنجەکانت وڵاتێکی بێ ناو نیشانن
ئەو نیشتمانەی تۆ
بۆ ون بوون لە ناونیشانی تەڕی دەریا دا
گورگانەدا
کچانی لە شیعرم دا.
بە سەربازێکی ونەوە
وە ئاڵا دەشەکێتەوە
لە بادا
بێ وڵاتیی دارەکان
لە باران

شیعری دوو:
(کاتژومێری سیفری ئاور)
زاراوە دووبارەکان:

شیعر چی بەسەر
سەربازانی بێ ناو
گەمەی ئاور
زیاتر نا
پاشگەز دەبمەوە لە باران … نا
لە گورگ نا
بە با..دا
بە دوای باران دا
بە گورگێک دەسپێرم
لە هەڕەتی … گوللەدا
زمان…بە با..دا
رەوە گورگێک
لە سەر ئاڵایەکی کەون
شیعر چ فڕێکی بایە
پۆتینەکانتان ون کرد
هێڵی ئەو شیعرەی

شیعری سێ:

(سروودی شاربەدەرێک)
زاراوە دووبارەکان:

قەتیسی با
لە بەرۆکی دەریا
ئاڵایەک هەڵکەم
کوێرە رێیەکی دەریا
گۆڕم دا ون
دەریایەکی سوور
شیعڕێکی رۆمانتێکیش
دزانی دەریایی دا
گوللەیەک لە گەرووی
بێ وڵاتیی بم
نیشتمانی لە ئاوردا
نیشتمانێکی بێ بن

شیعری سێ:
(وانەی سیزێف..لە سنوورەکانی رۆژائاوا
لە سنووری بادا)…
زاراوە دووبارەکان:

پەنجەکانی ئاور
خەفەتباری دزانی دەریا
.ماندوو نا
لە شیعرم دا
رێگای گولڵەکانیش
دەریایەکی تینوو
لە با
دزانی دەریا
بەرەو دارەکان نا
بۆ گوللەکان
سەربازە خەمینەکانی
وڵات لە باڵی
لە سەر شانم نا
گوللەیەک مەستی باڵەکان
لە نیشتمانم دا

شیعری چوار:
(ئه‌وشه‌و له‌ شمشیره‌کانت ده‌په‌ڕمه‌وه‌ خاتوون)
زاراوە دووبارەکان:

نیشتمانم ده‌کێڵێ
ئه‌و شیعره‌ شێتانه‌
مێترۆدا ون ده‌بێ
به‌ ته‌نیشت مندا ونی
که‌ نیشتمانم ده‌کێڵێ
که‌ ئاورت کردۆته‌وه‌
ئه‌ی با
ئه‌و شیعره‌ شێتانه‌
به‌ با ده‌فرۆشێ
داده‌به‌زی له‌ باران دا
ئاورێکی خه‌مۆکه‌
لاپه‌ڕه‌ی شیعره‌کان

شیعری شمارە پێنج:‌

(٣٦ده‌ره‌جه‌ی گرینویجی خوێن)

زاراوە دووبارەکان:

پێشه‌وه‌ی –با–دام
ده‌وامه‌ی باران
به‌ رووی نیشتمان
بۆ تاریکی نا
وه‌ستان نا
زه‌رده‌ی ئاڵا
سه‌رله‌ نوێ ده‌کاته‌وه – با-
ئه‌و شێعره‌ی من
وه‌ ده‌ریا؛ پڕ له‌ خه‌ونی دارستانی ئاور
به‌ سبه‌ینێی ده‌ریا
من شێعره‌کانم

شیعری شەش:
(کێشی ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)
زاراوە دووبارەکان:

گورگێک فەرز کەن
لە ئاور
گورگێکتان بەو زستانە
رێ داوەتە شیعرەوە
ناڕەسەن نا
وەرزی شیعر
پێستی بادا
دەریای سوور
لەنگەری بە ئاورەوەیە
گورگێک لە ژێر
ئەی نیشتمانی
تاڵانی -با-
جوگرافیای دەریاکانم
گوللەکانی بەرەو شیعرەکانی ئێوە،
لە بادا
دەنگ دەدەم بە بادا
شیعرێکیش داگیرساو
سەرەتای گورگە
کێشی ئەو شیعرە

لە کۆتاییدا هەر ئەوە ماوە بڵێمە کاکە یونس کورد پیتی (و) لە جیاتی (وە) بەکادێنێ و هەروەها دووبارەبوونەوەی پیتی(کە)ش رەونەقی شیعر تەڵخ دەکات، جگە لەوەی هەر لەمەڕ وشەسازیەوە، ئەسڵ لە کۆپلە و دەستەواژە شیعریەکان (ئەرێنییە) نەك (نەرێنیی) وەك بەڕێزتان زۆر ئەو ستایڵە دووبارە دەکەنەوە کە بێزارکارە، گەر لە شیعرێکدا بەکاربێت وەك تەکنیك جوانە ، بەس کە لەزۆر شیعردا دووبارە بێتەوە بێزارکارە، ئەو پیتەش بۆی بەکاردێنن (نا)یە.
دستی ئێوەش خۆش بێت و منیش زۆر ماندووبووم بەم تێڕامان و سەرنجەوەو هەر بژین و حورمەتمان قبوڵ بفەرموون.




حەوت هۆکار لەپشت سوتاندنی دامودەزگاکان؟…. شێرکۆ کرمانج

یەکێک لەو دیاردانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەدوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لە ١٩٩٢ ـەوە تا ئێستا بەرچاودەکەوێت سوتاندنی دامودەزگاو بارەگا حیزبییەکانە. پرسیار ئەوەیە کە هۆکاری پشت ئەم کارە توندوتیژییە چییە، بەتایبەتی ئەگەر بێت‌و ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە بەشی هەرە زۆری بەشداربووان لەپێش‌و لەکاتی خۆپیشاندانەکان داوای ناتوندوتیژییان دەکرد لە خۆپیشاندانەکان.

ھۆکار زۆرن لەپشت کارە توندوتیژییەکان بەڵام دەکرێت گرنگترینیان لەم خاڵانەدا کۆبکرێنەوە:

یەکەم، کورد ھیچ کاتێک لە مێژوودا دەوڵەتی سەربەخۆی نەبووە تا هاوڵاتیانی دەزگاکانی دەوڵەت‌و حکومەتەکە بە ھی خۆی بزانێت‌و بیپارێزێت. ئەو حکومەت‌و پەرلەمان‌و دامودەزگایانەش کە لە ١٩٩٢ دروستبوون هەر زوو لەگەڵ شەڕی ناوخۆ لەسەرەتای نەوەتەکان کران بە دامودەزگای حیزبی، چاکتر بڵێین کران بە دامودەزگای یەکێتیی‌و پارتی کە سەرانی دوو بنەماڵە بەسەریاندا زاڵبوون. لەوەش گرنگتر، میدیای هەر دوو حیزب تەواوی سەرکەوتن‌و شکستەکانیشیان بە حیزبی کردوە. بۆنمونە، ناردنی هێز بۆ ڕۆژاڤا کرابوو بە دەستکەوتی یەکێتیی‌و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە هەرێم‌و بە دەستکەوتی پارتی؛ دۆڕانی کەرکوک‌و ناوچە دابڕاوەکان کرابوون بە شکستی یەکێتیی‌و دزینی نەوت‌و تەخشان‌و پەخشان کردنی سامانی گشتی بە شکستی پارتی. هێزەکانی ئاسایش‌و پێشمەرگەش وەک چۆن لەسەرەتاوە حیزبییبوون دوای ٢٥ ساڵ لە حوکمڕانی هەروا بە حیزبیی ماونەتەوە. ئەمەش وایکردوە کە هاوڵاتی کوردستان هەستی ئینتیمای نەک هەر بۆ دامودەزگاو حکومەت نەبێت بەڵکو لە ڕقی حیزب ڕقی لە خاک‌و نیشتیمانیش بێتەوەو لە دەرفەتێک بگەڕێت لە ڕقی پارتی‌و یەکێتیی نیشتیمان‌و وڵات‌و دامودەزگا حکومییەکانیان بسوتێنێ.

دووەم، لە کوردستان داڕشتەی (ستراکتۆری) خێڵ لاوازبووە بەڵام عەقڵی خێڵ (tribalism) هێشتا زۆر بەهێزە، ئەمەش بۆتە زادەی زاڵیی کەلتوری ڕق و قینە کە بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەلتورو عەقڵی خێڵ. لێرە دەبێت ئەوە بڵێین کە عەقڵی خێڵ مەرج نیە لە فۆرمی خێڵ دەرکەوێت بەڵکو دەکرێت لە فۆرمی ناوچە، شار، حیزب، بنەماڵە یان گوند دەرکەوێت. ئینسانی کورد ئەوەندەی ئینتیمای بۆ خێڵ، بۆ شار، بۆ حیزب، بۆ بنەماڵە، بۆ گوند هەیە ئەوەندە ئینتیمای بۆ خاک‌و نیشتیمان‌و نەتەوە نیە. ئەم وردە-شوناس‌و ئینتیمایانەش خەڵک کۆوەناکەن بەڵکو دابەشدەکەن، دابەشبوونەکانیش لە غیابی شوناس‌و ئینتیمایەکی کۆگیر دەبنە زادەی دروستبوونی ململانێ‌. لە غیابی دامودەزگای دەستوری‌و پەرلەمانی‌و دادگایی بۆ ڕێکخستن‌و یەکلایکردنەوەی کێشمەکێشەکان، ئەوە ململانێکان بەرەو ئاقاری ناتەندروست دەڕوات‌‌و ڕق‌و قینە بەرهەمدێنێت‌. ڕق لە خەڵکی ئەم ناوچەیەو ئەو ناوچەیە، ڕق لە ئەندامانی ئەم حیزبەو ئەو حیزبە …هتد. ڕقیش بەلەناوبردنی ئەوی دیکەو سیمبولەکانی ئەوی دیکە دادەمرکێتەوە. لەدەرئەنجامدا کاتێک پێکدادان ڕوودەدات لایەنەکان‌و کەسەکان لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکەدا دەبن، سڕینەوەش لوتکەی توندوتیژییە.

سێیەم، خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی گەڕی ئەمجارە، نە ڕابەری ھەیە نە ڕێکخراوە نە هیچ لایەن‌و گروپێکی ڕێکخراو سەرپەرشتی دەکات. کەسێک و لایەنێک نیە خەڵک ئاراستەبکات، ئامانج و میکانیزم دەستنیشان بکات‌و ھەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان بهاوێت. لەغیابی ڕابەری مەیدانی‌و گروپێکی ڕێکخەر، گەڕەلاوژەو فەوزا لە خۆپیشاندانەکان پەیدادەبن‌و ناعەقڵانی بەسەر عەقڵ‌و سۆزو عاتیفە بەسەر لۆجیک زاڵدەبێت. کاتیکیش ناعەقڵانی‌و نالۆجیک زاڵبوون، ئیدی چاوەڕوانی کرداری توندوتیژیی دەکرێت.

چوارەم، دەسەڵات لەڕێگەی کۆمەڵێک بەڵتەجی بۆ ناشیرکردنی خۆپیشاندەران‌و ئامانجەکانیان دەسیسەکانی خۆی خستۆتە ڕیزی خۆپیشاندەران و ھانی توندوتیژیی دەدەن. توێژینەوەکانیش سەلماندویانە لەکاتی خۆپیشاندانەکان بەشداربووان لاسایی یەکدی دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە ئەو کەسانەی باوەڕیان بە توندوتیژییش نیە یان نیازی کاری توندوتیژییان نەبێت کارگەلێک ئەنجامدەن کە بەهیچ شێوەیەک بەتەنیا کارگەلی وا ئەنجامنەدەن. بەواتایەکی دیکە هەر هێندە کەسێک یان چەند کەسێک لەنێو گروپێکدا بەردیان هاوێشت یان هێرشیانکردە سەر دامەزراوەیەک ئیدی ئەوانی دیکەش بێ بیرکردنەوە ڕەدویان دەکەون‌و هەمان کار ئەنجامدەدەن، بەکاری توندوتیژییشەوە.

پێنجەم، ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە ئەوەیە کە توڕەیی‌و بێزارییەکانی خەڵک چەند ساڵێکە گەیشتونەتە ترۆپک. هۆکاری هەرە سەرەکی توڕەییەکانیش تەنیا بێ موچەی‌و بێ کارەبای‌و بێ ئاوی‌و بێ خزمەتگوزاری نیە؛ هاوکات، تەنیا دزی‌و گەندەڵی‌و تەخشان‌و پەخشانکردنی سامانی گشتیی نیە؛ هەروەها، تەنیا شکست‌و خیانەتەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەرو ٣١ ی ئاب نین، بەڵکو ئەمانە هەموویان بەسەریەکەوەش، بەڵام لەسەروی هەموو ئەمانەوە نەبوونی یەکسانیە. خەڵک توڕەیە چونکە دەبینێت کەسانێک هەن موچەیان هەیەو ئەو نیەتی؛ کەسانێک ئاو کارەبای بیست چوار سەعاتەیان هەیەو ئەو نیەتی؛ کەسانێک تەعین دەکرێن‌و ئەو تەعین ناکرێت. هەموو ئەم هۆکارانە توڕەیی‌و بێزارییەکی لەڕادەبەدەری بەرهەمهێناوەو ساڵانێکیشە پەنگدەخواتەوە ئێستاش لەبەرابەر دەسەڵاتێک کە ھیچ ئامادەیی گوێگرتنی لە خەڵک‌و دانوسانی لەگەڵ نوێنەرەکانی نیە تەقیوەتەوەو توندوتیژیی لێکەوتۆتەوە.
شەشەم، کەلتوری توندوتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کوردستانیشەوە زادەی زاڵیی سێ گوتاری شۆڕشگێریی زاڵە لە ناوچەکە کە گوتاری شۆڕشگێڕیی ناسیونالیزمی‌و شۆڕشگێڕیی کۆمۆنیستی‌و شۆڕشگێڕیی ئیسلامیین. گوتاری ئەم سێ ڕەوتە بەگشتی بانگەشەی ڕاپەڕین‌و ڕوخان‌و سەرلەنوێ دروستکردنەوە دەکەن. ئەم سێ ڕەوتە بەگشتیی باوەڕیان بە شۆڕشە بۆ گۆڕانکاری. مەبەستی من لێرە ئەوە نیە کە خۆپیشاندەران سەر بەو ڕەوتانەن بەڵکو قسەی من لەسەر زاڵیی ئەم سێ گوتارەیە لەسەر عەقڵی خەڵک سەرەڕای لاوازی ئەم ڕەوتانە وەک هێز.

حەوتەم، هیچ گومانی تێدا نیە کە دەسەڵات لە کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆکاری هەرە سەرەکیە لەپشت دەستبردنی خەڵک بۆ توندوتیژیی. پارتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی مەنفەزێکی نەهێشتوە بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکان، ئەویش لە ڕێگەی سەرکوتکردن‌و داپڵۆسینی دەنگە ناڕازییەکان. خەڵکی ناوچەکانی دیکەش چاک ئەو ڕاستییە دەزانن بەبێ تێگەیاندنی پارتی لە پەیامەکانیان هیچ گۆڕانکارییەک لە کوردستان ناکرێت، ئەوەش دەزانن کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ئەگەرەکانی خۆپیشاندان‌و دەنگ هەڵبڕین زۆر کەمە بۆیە لە هەر شوێنێکی دیکە پارتی‌و بارەگاکانی ببینرێن خەڵک بەوپەڕی توڕەییەوە بەرەو ڕوویان دەڕۆن بۆ دەربڕینی بێزارییەکانیان. پارتیش بۆ ترساندنی نەک هەر ئەوانەی کە هێرش دەکەن بەڵکو بۆ تۆقاندنی هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەوپەڕی بێ بەزییانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو تەقەیان لێدەکات‌و توندوتیژیی دروستدەکات. لە ئاکامدا خەڵک ئەو باوەڕەی لا دروستبووە کە چەک‌و شۆڕش‌و ڕاپەڕین‌و توندوتیژیی تاکە ڕێگەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی‌و دەسەڵات.

سەرەڕای بوونی ئەو هەموو هۆکارە بۆ توندوتیژیی بەڵام خەباتی ناتوندوتیژیی تاکە شێوازی خەباتە کە نەک تەنیا سەرکەوتن بەڵکو حکومەتێکی مەدەنی تەندروست بەرھەمبێنێت. توندوتیژیی‌و ڕاپەڕین‌و شۆڕش سەدان ساڵە نەک ھەر کوردستان بەڵکو تەواوی وڵاتانی ناوچەکە وێراندەکات. مەترسیە گەورەکە ئەوەیە کە ھەر کەس‌و لایەنێک بەھێز بێتە سەر حوکم تەنیا بەھێز حوکم دەکات‌و تەنیا بەھێزیش دەبێت لاببرێتەوە. ئەمەش سوڕێک دروستدەکات کە دەکرێت بە سوڕی توندوتیژیی ناوببرێت. سوڕەکە بەردەوام دووبارە دەبێتەوەو بەردەوام توندوتیژیی بەرهەمدێنێتەوە. کورستان ئێستا لە گێژاوی سوڕی توندوتیژییدا دەخولێتەوە.

بۆ پچڕاندنی ئەم سوڕە دەبێت بۆ ھەتا ھەتایە، تەنیاو تەنیا، شێوازی خەباتی ناتوندوتیژی پەیڕەوبکرێت. ڕابەرانی ناڕەزاییەکان‌و خۆپیشاندانەکان نابێت بھێڵن بە ھیچ شێوەیەک نە دەسەڵات نە کەسانی دیکە خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاقاری توندوتیژیی ببات چونکە توندوتیژیی دەبێتە مایەی لەکەدارکردنی خۆپیشاندانەکان و زەمانەتی مانەوەی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان دەکات چونکە پاساوی سەرکوتکردنی پێدەدات. خەڵکی کوردستان لاسایی ئەزمونی تونس بکەن باشترە لەوەی ئەزمونی سوریا و لیبیا دووبارە بکەنەوە.
لەکۆتاییدا دەبێت لەسەر دوو خاڵی دیکەی گرنگ هەڵوەستە بکەین. یەکەم، هۆکارەکانی توندوتیژیی نابێت بەهیچ شێوەیەک بکرێن بە پاساو بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژیی. توڕەیی‌و زوڵم و چەوسانەوە ھەڵە ناکەن بە ڕاست، ناڕەوا ناکەن بە ڕەوا. دووەم، ئەگەر خەڵک بارەگای حیزبی یان دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوتاند ئەوە نابێت‌و ناکرێت دەسەڵات ئەمە بکات بە پاساو بۆ تەقەکردن لە خەڵک. کاری دەسەڵات‌و دامودەزگا ئەمنییەکان کوشتنی خەڵک نیە بەڵکو پاراستنیانە، خەڵک دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێن نە بەر گولە بدرێن.
هەرچۆنێک بێت، تاکەڕێگا خەباتی ئاشتیانەو مەدەنیانەو ناتوندوتیژییە. دەبێت توندوتیژیی کاتەگۆریکەری، واتە لەبنەڕەتەوە، ڕەتبکرێتەوە.




لە بارەی نائومێدیەوە … وریا مەعروف

نائومێدی مرۆڤ بەگەڕدەخات تاکوو بەدوایی ژیانێکی چاکتر و باشتردا بگەڕێت، دەیکاتە کەسێکی ناڕازی و وای لێدەکات بکەوێتە ھەوڵ و کۆشش بۆ گەڕان بەدوای دەستکەوتنی بەھای ئینسانیەوە، تاکوو لەڕێگەیەوە ڕۆح و دەروونی ئازاد و سەربەست بکات. ئەوەی مرۆڤ دڕدۆنگ و دەستەوەستان دەکات نائومێدی نیە،‌ بەڵکو لاوازی و ڕووخانە. نائومێدی پێویستە مرۆڤ بەجوڵە بخات و بیباتە قۆناغێکی تر و ژیانێکی شیاوتر.

مرۆڤ کە نائومێدبوو دەستھەڵدەگرێت و بەدوای ڕێگا چارەیەکی تردا دەگەڕێت، وای لێدەکات بەدوای بوونێکی باشتردا بگەڕێت، تاکو بگات بە شوناسێکی تایبەت و ژیانێکی باشتر و گونجاوتر کە شیاوی ئینسان بێت، کاتێک ھەمووان وەکو یەک وان، ھەست بە بوونی خۆیان ناکەن وادەزانن مردوون و شکۆ و ڕێزیان نەماوە، ڕەنگە بتوانن بۆشاییەک پڕبکەنەوە بەڵام گرنگ نین، لێرەدا نائومێدی لەدۆخی خۆت – ھێزت وەبەر دەدات و وات لێدەکات ھەنگاو بنێیت و ھەوڵبدەی ببیتە کەسێکی گرنگ، توانا ڕاستەقینەکەی خۆت دەخەیتە گەڕ بە حەز و عەشقەوە سەر لەنوێ دەستپێدەکەیت..

پێویستە نائومێدی بتگەیەنێتە ئازادی و سەربەخۆیی ئەوە وەزیفەی ڕاستەقینەی نائومێدیە نەک وەستان.

نائومێدبوون وات لێدەکات لەو زەلکاوەدا مەلە نەکەیت کە بۆگەنەکەی کاسی کردووی و دەست و قاچەکانت لە قەوزەکانی گیربووە، وات لێدەکات خۆت ڕاوەشێنی و دەرپەڕی لە وێستگەیەکی تر دەست پێبکەیتەوە. بوونی ئومێد لە زەلکاودا دەتخنکێنێت و دەتڕزێنێتەوە و، بوونی خۆت لەدەست دەدەی، پێویستە خۆت دەرباز بکەیت، ئەمەش چۆن ھەنگاوی بۆ دەنرێ؟ ئەوکاتە ھەنگاوی بۆ دەنرێ کە تۆ نائومێدبیت، بەدوای ڕێگایەکی تر و ژیانێکی دیکەدا دەگەڕێت، بوونی ئومێد دەتخاپێنێ و، چاوەڕوان دەتھێڵێتەوە دەتکاتە کەسێکی دەستەوەستان کە پشت بە کەسانی تر ببەستی و دوورکەویتەوە لەخۆت.

تا نائومێد نەبین ناتوانین ھەنگاوی نوێ بھاوێژین و ڕێگایەکی نوێ بگرینەبەر، نابێت بوەستیت ھەم لەباری خراپی و ھەم باش-یشدا، وەستان چێژی ژیانت لێدەستێنێتەوە، ڕەنگە وەستان ئارامیت پێببەخشێ، بەڵام چێژت لێدەستێنێتەوە، وەستان تەنھا بۆ پشوودان پێویستیە،‌ بەڵام درێژخایەن بزرت دەکات، دڵخۆشی و چێژت لەناو دەبات، ڕەنگە لەھەموو ھەستێکی ئیسنانیش خاڵیت بکاتەوە، مرۆڤ سنورێکی ڕۆحی فراوانی ھەیە تەواو نابێت، ھەمیشە لەگەڕاندایە بۆ ئەوەی بگاتە زۆرترین و باشترین، نائومێدی وزە و ھێزی گەڕانیەتی.

نائومێدی بە مانای کۆتایی ھاتن نایەت،‌ بەڵکو سەره‌تایی دەستپێکێکی نوێیە بەرەو باشتر، کاتێک خەمگینی و ئازار و نا ئارامی تا بینە قاقات ھاتووە ھەناسەی تەنگ کردووی و پێویستە بەرزبیتەوە، بجووڵێیت.. وات لێدەکات لەو دۆخە دەرچیت کە نائومێدی کردووی، لە شوێنێکی دوورتر بڕوانی بەدوای ڕێگایەکی باشتردا بگەڕێی…




بڕوخێ.. و .. ھەنگاوەکانی دواتر!! … چالاک ئـاغجەلەری

بڕوخێ بەڕووی کەسێکی فاشل یان دەسەڵاتێکی کرمن و خۆسەپێن جوانترین دەسەتەواژەیە کاتێک لەلایەن شەقامەوە ئـاراستە دەکرێت ، لە کاتێکدا ئـەم فۆرمە ھەڵگریدروستکرنەوەی سبەی ڕۆژی ئـومێد و داخوازیە ڕەواکانی شەقامە ھاوکات ستۆپێکە بەڕووی ئـەوانەی ھەڵگری ھەمان فۆرمی بڕوخێی شەقام بوون بەڵام ویستەشەخسیەکان و حەز و ئـارەزووی کورسی بە ئـاراستەیەکی تری گەیاندن. خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە دوو وێستگەی جیاوازدا ، سەردەمانێک دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەریوەکو سەدام و دارو دەستەکەی ھەژموونی باڵادەستی خۆیان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەکرد ، ھەرچیەکیان پێبکرایە دەیانکرد بەرامبەر ڕوخانی شکۆی تاک بە تاکی ئـەمنیشتیمانە، ئـەو بوو بڵێسەی گڕی دەنگی شەقام لە ڕانیە و قەڵادزێیەوە بوە سەرمەشقی دەستەواژەی بڕوخێیەک ، دار وبەردی بەعسی کردە دۆزەخ وەک نموونەیەک ھیچ دەسەڵاتێک نەوێرێت دەست بۆ شکۆ و مۆرڵی گەل بەرێت ھەروەھا مێژوویەکی پڕ لە شکۆ یە لە ڕاپەڕینی خەڵک بە گژ نادادی و جەور و ستەمدا، بە تێپەڕاندنی ئـەوقۆناغە لە دوای ڕاپەڕین خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکان بوون کار گەیشتە ئـەو ئـاستەی بە گەورەییەوە پشتیان دانەواند بۆ ھێزەکانی شاخ و کردیاننبە دەمڕاست و دەڵەمەتدار ، ئەوە بوو ھێزە سیاسیەکان بوون بە میراتگری ئـەو دەنگانەو جەماوەر متمانەی تەواوی پێیان بەخشی لە پێناوی بیناکردنەوەی دەسەڵاتێکیتەندروست و خزمەتکار.

بەڵێ قۆناغی نوێ بەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی ئـاوێزان بوو ، خەڵک بڕوای وابوو سەرەتای دەستپێکی ژیانێکی نوێ ژیانێک شایستەی ئـەو ھەموو ئـێش و ئـازارە بێت کەئـەو ڕۆژانە پێوەی دەتلانەوە، وەک بینرا دوای ٢٦ ساڵ لە چاوەڕانی شەقام سەرباری تەواوی نەھامەتیەکان ، نادادیەکان، دروست بوونی نوخبەکەی بەدەسەڵاتبەجیاوازیەک کە پێوانەناکرێت لەگەڵ کەسانی ئـاساییدا، ھیسترا و پاوانخوازی ئـەم دەستەیە گەیشتنە ئـاستی دیکتاتۆرە بەناوبانگاکان ، سەرکردە و حزب ھەرکاتێک پێگەیانلەسەروو یاساوە بێت بێشک دۆخی فیرعەون ئـاسا لە خۆ دەگرێت ، تەواوی بە ھاکان لە خەڵک دادەماڵێت و بە خۆوەی دەپێچێت، ئـێستا ئـەو ساتەیە خەڵک چیتر ناتونێتبێدەنگ بێت ، سوکایەتی نەما گەل تاقی نەکاتەوە، کار گەیشتە ئـەو ئـاستەی دەستیان بۆ قوتی تاکەکانی ئـەم نیشتیمانەش برد لە کاتێکدا ڕژێمی پێشتر ئـەم ھەنگاوەی نەنا،لێرەدا شەقام بە ئـەرکی ئـەخلاقی خۆی ھەڵدەستێت، مەبەستێتی زوخای ئـەم چەند ساڵە بە تەنھا ووشەیەک پێناسە بکات .. ھاواری بڕوخێی بە گوێی دەسەڵاتی کوردییدابدات، ئـەمە ئـەو چرکەساتەیە درۆی پاراستنی مۆراڵی کوردبوون و کوردایەتی تووڕ دەدرێت، درۆی باوەش کردن بە بەھا دینیەکاندا دەگەڕێنرێتەوە بۆ تاک و لەچنگی حزبیسیاسی دەسێنرێتەوە ، داکۆکیە لە بەھا ئـینسانیەکان، لە ژیانێکی باشتر و داھاتویەکی ڕوون .

ھاوکات تەوژمی بڕوخێی دەسەڵات دەبێت چوارچێوەیەکی ھاوچەرخ ئـاراستە بکات ، دامو دەزگاکان وەک بەشێک لەماڵەکانی خۆیان پێناسە بکەن وەک بیبیلەی چاوپارێزگاری لێبکەن چونکە دەسەڵاتی خۆسەپێن بەردەوام لە ھەوڵی ناشیرین کردنی ئـێوەدان ، ناکرێت دەزگای ئـاسایش و پێشمەرگە بکەن بەبرەی دەسەڵات ، دەستی سۆزوخۆشەویستیان بۆ درێژ بکەن داوای ھاوکاریان لێبکەن، پێویستە کار بۆ جوڵاندنی زۆنی زەرد بکرێت وەک ھەموو دەزانین سەری مارەکە ئـەو ناوەندەیە، ئـەگەر تەماشایمێژووی گۆڕانکاری و بەدەرنانی دەسەڵاتی ستەمکار بکەین پایتەخت چەقی یەکلاکردنەوەی کێشەکانە، بۆیە ھەرچی زووە ئـەم خەباتە ڕەوایە سنوری دێگەڵە ببەزێنێت ،چونکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئـەم جۆرە ناڕەزایەتیانە تاقیکراوەتەوە بە شکت کۆتایی ھاتووە، بگرە پارتی و دەسەڵاتەکەی گەزو بەزی پێگرتووە.ئـەمە لە کاتێکداچەقبەستنی لە چواچێوەی دەسەڵاتی یەکێتی و زۆنی سەوزدا فۆرمی بڕوخێ و داخوازیەکانی شەقام بە دوو ئـاراستە خۆی دەناسێنێت ، یەکەمیان .. تەواوکردنی پلانەکانی١٦ی ئـۆکتۆبەرە ، پارتی بە پیلان کار لە سەر توڕەیی شەقام دەکات بۆ ھەرچی زیاتری نانەوەی ئـاشوب لەو سنورە ، دووھەم … ھەوڵدان بۆ دروست بوونی دوو ئـیدارەییکە خەونی پارتیە ، لە ھەردوو ئـەگەرەکەدا یەکێتی دەبێت قسەی ھەبێت و ڕاستگۆیانە بکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکەکەدا، ھاوکات وەڵامی ھەڕەشە و چاوسوکردنەوەیەکدادیی یەکێتی نادات لەگەڵ ئـەوشدا ھەلێکە بۆ ئـاشتکردنەوەی خەڵک ، شەقامیش دەبێت زۆر بە ووریاییەوە ھەڵسوکەوت بکەن بە بەرنامە داخوازیەکانیان بەدەست بھێنن ،لەئـەگەری بەدەنگەوە ھاتنی دەسەڵاتی زۆنی سەوز و نیلی سەقفێک بۆ داواکاریەکان دابنرێت لەسەرو ھەموویانەوە پێکھێنانی حکومەتێکی ئـینتیقالی بە نوێنەرایەتی دەنگیشەقام، ئـەم جۆرە ھەنگاوە لە ڕۆژانی داھاتودا باشترین بژاردەیە کە خەڵکی بێگرێتە بەر، ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت ، لە ئـێستادا پێویستە داوا لە دەوڵەتی ناوەند(عێراق ) بکرێت ئـەرکی پاراستنی شەقام لە ئـەستۆ بگرێت لە حاڵەتی ملھوڕی دەسەڵاتی ھەرێمدا لە ئـازاردانی خەڵک، تەواوی ئـەم کارانەش پێویستی بە بەرنامەڕێژییە ولە ھەر یەکەیەکی ئـیدارییدا دەبێت دەست و برد لە دروستکردن لیژنەی سەرپەرشتی شەقام بکرێت، بە پێچەوانەوە ھەوڵەکان ئـاکام گیر نابێت.




شێعرێک له ئالێن ئۆستین .. نووسینی سۆزان پۆلیس شووتز


(1)شێعرێک له ئالێن ئۆستین
له کتێبی “بەرادەوام بەدوای خەونەکانت به”(2) نووسینی سۆزان پۆلیس شووتز(3)
وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌وه: زانکۆ یاری
(کارناسی زمان و وێژه‌ی ئینگلیزی)

دەتوانی وا بکەی
بڕوانه دەروونی خۆت و
گوێ بدە بە دەنگی دڵت.
دەتوانی وا بکەی
دەتوانی بەو ئامانجه بگەی.
دەتوانی ڕاستییەکی نوێ بخوڵقێنی
بەجێگەی ملدان لە ئاستی ڕاستییەکاندا
ئەوانەی کە هەموو کاتێک بوونە.
دەتوانی وا بکەی.
گشت هومێده گەشەکانت
لەگەڵته.
هیچ شیتێک له هەمبەری تۆدا نییه
بێجگە لە ترسەکانت.

————————

1-Alin Austin, 1983
2-Allways follow your dreams
3- Susan Polis Schutz

———————————————-
You Can Do It . . .

Look within.
And listen to your heart.
You can do it.
You can reach that goal.
You can make that new reality
instead of accepting things
the way they used to be.
You can do it.
All of your highest hopes are
with you.
Nothing hold you back but
your own fears.




گه‌ڕانه‌وه‌بۆنیشتمان … نوسینی/زهیر رسام

وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌{فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی}….

دوای زیاترله‌ساڵێك ئاواره‌یی،چۆله‌كه‌(جوجو)گه‌ڕایه‌وه‌ بۆناوباخه‌كه‌.(جوجو)كه‌وته‌گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و دره‌خته‌ی كه‌له‌سه‌رلقه‌كانی له‌دایك بووبووله‌گه‌ڵ خوشك وبراكانیداله‌باوه‌شیداژیابوون.
جوجو له‌كاتی گه‌ڕانداقسه‌كانی دایكی بیركه‌وته‌وه‌،كه‌ده‌یوت”دڵنیام ڕۆژێك ده‌یدۆزیته‌وه‌”دارسێوێكی گه‌وره‌یه‌ولقه‌كانی چڕوپڕن،نزیك ئاواییه‌كه‌یه‌و ڕووبارێك به‌لای چه‌پیدابه‌ره‌وخوارده‌ڕوات.

دوای گه‌ڕانێكی پڕخۆشه‌ویستی،جوجو دره‌خته‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌وله‌سه‌رلقێكی نیشته‌وه‌،هێلانه‌كه‌وه‌ك خۆی مابوو.جوجو فڕییه‌ ناوی وبه‌هه‌ستێكی خۆشه‌وه‌ وتی:ئای!له‌م هێلانه‌یه‌داچاوم هه‌ڵهێنا،دایكم له‌ژێرباڵی
خۆیداله‌گه‌ڵ خوشك وبراكانم ده‌یپاراستین وخواردنی ده‌داینێ‌ وبه‌ده‌نگه‌خۆشه‌كه‌ی گۆرانی بۆده‌وتین.

ئه‌م دره‌خته‌پیرۆزه‌ش له‌ڕه‌شه‌باوباران ده‌یپاراستین وئێوارانیش به‌رله‌خه‌وتن چیرۆكی بۆده‌گێڕاینه‌وه‌.
پاش كه‌مێك چووه‌ قه‌راغ ڕووباره‌كه‌،خۆی فێنك كرده‌وه‌وكه‌مێك ئاوی خوارده‌وه‌،ئینجابه‌ده‌م گۆرانی وتنه‌وه‌ باڵه‌كانی به‌یه‌كدادا وكه‌وته‌سه‌ماكردن.

چۆله‌كه‌كانی ناوباخه‌كه‌ لێی كۆبوونه‌وه‌وبه‌خێرهاتنیانكرد،ئه‌میش گۆرانی{گه‌ڕامه‌وه‌بۆهێلانه‌كه‌م)ی بۆووتن.
چۆله‌كه‌یه‌كی مێینه‌ لێی نزیك بووه‌وه‌وپێی وت:ڕێگه‌ده‌ده‌یت له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هێلانه‌كه‌تداهاوكاریت بكه‌م؟؟؟!!
جوجو به‌خۆشییه‌وه‌ وتی:ئای له‌وجوانییه‌!دڵنیام تۆكچی پوره‌ مێخه‌كیت،چونكه‌چاوه‌كانت له‌چاوه‌كانی ئه‌وده‌چن.
ئه‌ویش وتی:به‌ڵێ‌ من كچی پوره‌مێخه‌كم وناوم(گوڵێ‌)یه‌.

جوجو وتی:گوڵێ‌ گیان،دایكم زۆرباسی ئێوه‌ی بۆكردووم.گوڵێ‌ خه‌نده‌یه‌ك گرتی .
دارسێوه‌كه‌ پێكه‌نی ووتی:وه‌رنه‌ باوه‌شم،چۆن له‌ڕابردوودا جێگه‌ی ژیانی دایك وباوك وخوشك وبراكانتان بووم،ئێستاش جێگه‌ی ئێوه‌و خێزانه‌ تازه‌كه‌تان ده‌بم،چونكه‌ من هه‌رله‌كۆنه‌وه‌ نیشتمانی ئێوه‌م.


ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ژماره‌(193)ی گۆڤاری {په‌پوله‌}بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




زیندانی ده‌ستور.. دڵشاد تاقانه‌

ده‌ستوری عێراقی عه‌ره‌بیان لێکردین به‌کتێبی ئاسمانی و گوایه‌ پیرۆزتر له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌یه‌! له‌کاتێکدا ئه‌و ده‌ستوره‌ په‌تی قه‌ناره‌ی تاکی کورده‌، هیچ ڕاستیه‌کی تێدانیه‌ باش و به‌سودبی. له‌هه‌موو سه‌رێکه‌وه‌ وه‌ک سندم له‌پێمان ده‌که‌ن هه‌نده‌ک جاریش لغاوه‌کی شه‌ویلاک شکێنه‌. زۆرینه‌ی مافه‌ ده‌سکه‌وته‌کانیان لێستاندینه‌وه‌ له‌ڕێگای هاتووچۆی ئاسمانی، په‌یوه‌ندی به‌دنیای ‌ده‌ره‌وه‌، نه‌فت فرۆشی، ته‌نانه‌ت خه‌ونی هاوسۆزی خه‌باتی پێشتر و هیوا به‌شیعه‌کان هه‌ربه‌ده‌ستور.

یه‌کێتی خاکی عێراق..

هه‌رگیز عێراق خاکێکی یه‌کگرتووی نه‌بووه‌ تا بتاندرێ بپارێزرێ چونکه‌ له‌بنه‌چه‌وه‌ به‌هه‌ڵه‌ نه‌خشه‌کراوه‌. هه‌میشه‌ له‌لایک شۆڕش به‌رپاکرایه‌ جا چ له‌کوردستان بی یا باشوری شیعه‌ستان یان ئێستای سونه‌ستان که‌هه‌موو سنوره‌کانی به‌رگری بڕی و چووه‌ زبڵخانه‌ی تیرۆرستیه‌وه‌! قه‌تیش ئه‌و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و خاکه‌ نایه‌ته‌ به‌رهه‌م هه‌رده‌بێ هه‌ڵوه‌شێ و هه‌رکه‌س به‌شی خۆی بباته‌وه‌.

یه‌کێتیه‌کانی دنیا..

سیسته‌می ئه‌وڕۆی جیهانی یه‌کگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌کانه‌ له‌به‌ره‌ و کیشوه‌رایه‌تی له‌لایه‌ک لۆ خۆپارێزی له‌هێزه‌ ئابوریه‌ گه‌وره‌کان له‌لایه‌کیش بڵاوبوونه‌وی ئاینی مرۆڤانی و ژیان له‌بن تاکه‌ ئاڵایه‌ک نه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌ک ئاڵا و ئاڕمی خۆی. له‌ناو ئه‌و گێژاوه‌ی یه‌کگرتنه‌وانه‌ تازه‌ کورد جیابوونه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وێ له‌سه‌رده‌مێکی ناجۆردا.

ڕیفراندۆم..

مافه‌ یان ئامرازێکی تری سه‌رخاپاندن و هه‌ڵه‌پێکاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی؟ تا ئێستاش هه‌ریه‌که‌و به‌دۆیه‌که‌ی خۆی نارێ ترشه‌ له‌کاته‌ک گه‌نیوه‌ته‌وه‌ پڕ پڕ له‌به‌کتریای ترشێنه‌ره‌. ده‌رێن: ئه‌وی ده‌ست له‌سیاسه‌ت با شه‌قیش ئه‌خوا و سجنیش ئه‌چێژێ. ئه‌وجا ئه‌وه‌ ئه‌مه‌بووین شه‌قیشمان خوارد سجنی ده‌ستوریش ده‌چێژین.

شیعه‌ و سونه‌؟

جیاوازیان چیه‌ به‌رامبه‌ر به‌کورد؟ کاته‌ک سونه‌ ده‌سه‌ڵاتداربوو تاڤی زێڕینیان سه‌رده‌می سه‌دام بوو ئه‌نفالیان کردین. ئێستا شیعه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ به‌عه‌بادی جینۆسایدی کردین. هه‌رکه‌سه‌ک پێیوابێ ئه‌وانه‌ دۆستی کوردن له‌پێشه‌وه‌ فێڵ له‌خۆی ده‌کا ئه‌وجا له‌خه‌ڵک و نیشتمانه‌که‌ی.

مووچه‌ و بودجه‌..

ده‌رێن: مندار نه‌ژی له‌گوه‌که‌ی دیاره‌! ئه‌وجا نه‌فت فرۆشیه‌که‌ی کورد دزی و فزی بوو به‌قسه‌ی گه‌وره‌ی نیشتمانیش تڕاندیانین، که‌ عه‌ره‌بیش نه‌فته‌که‌ی برده‌وه‌ لۆمه‌ هه‌ربه‌ڕبه‌ی ته‌قته‌قیه‌. که‌س نیه‌ ئه‌من ده‌رێم ڕۆژێ جاره‌ک، ئه‌تو برێ سه‌دجار باسی مووچه‌ و بودجه‌ نه‌کا، ته‌له‌فزیۆنی هه‌موو ماڵه‌کانیش وا ده‌ڵی ‌زه‌رد و شین، سۆر و مۆر، سه‌وز و فـــــــــرته‌قاری هه‌رکه‌س به‌زه‌وقی خۆی ده‌یکاته‌وه‌. عه‌بادیش وه‌ک وته‌بێژی حیزبه‌کانی خۆمان ده‌ستاڕی درۆ ده‌گێڕی ده‌ینێرم ناینێرم، ده‌ینێرم ناینایرم…..تاد.

قه‌یران و حه‌یران..

کورد ته‌نگاوی که‌ی حه‌یران ده‌رێ. له‌وبه‌زمه‌ی ئێستا ڕووده‌دا له‌کوردستان ڕاپه‌ڕه‌ و ده‌رپه‌ڕه‌، ده‌یخۆی؟ وه‌ڵاهی نایه‌لم بیخۆی؟ لۆ هه‌نده‌کان قه‌یرانه‌ سه‌ریان چوویته‌ هه‌شێ بابیان، لۆ هه‌نده‌کانیش حه‌یران پاردانه‌وه‌ی بن که‌پرێیه‌ له‌سه‌ر لاگونه‌کی! هاهاهایه‌کی ده‌وێ پێشمه‌رگه‌ نه‌فره‌ت ده‌کرێ له‌لایه‌ن گه‌نجی کوردی به‌دبه‌خت و هیچ نه‌دیته‌ی ناو زیندانی ده‌ستوری عێراق به‌ردباران ده‌کرێ، جونی پێده‌درێ، ڕیسواده‌کرێ، مێژووی پاراستنی پیس ده‌کرێ به‌کوشتن و ته‌قه‌. له‌لایه‌کی دی پێشمه‌ر‌گه‌ گه‌نجی برسی ده‌داته‌ به‌رشه‌ق و قۆنداغ و گوله‌، گه‌نجێک چه‌ند مه‌تره‌ک به‌رپێی خۆی نابینی له‌تاوی برسیه‌تی و باغه‌ربۆشی مل له‌چه‌قۆ ده‌خشێنێ، فه‌رمانگه‌ ده‌سوتێنێ، شار ده‌سوتێنێ، جام و په‌نجه‌ره‌ ده‌شکێنێ دڕنه‌ی گرتیه‌ و ده‌یه‌وێ برێ: هه‌م، ئه‌وتا ئه‌منم.

ده‌نگده‌ر و ده‌نگبه‌ر..

نه‌عبێنیان هاوکێشه‌کی گه‌ڕه‌لاوژه‌ییه‌ وه‌ک ماتماتیک چاوی ساغ و کۆرت لۆ یه‌کسان ده‌ک. هاکا هه‌ڵبژاردن بوو بایده‌ده‌ن ئه‌وجاره‌ ده‌نگ ده‌ده‌ینه‌ تۆران و دۆڕان و درۆزان. ده‌ی ده‌ی پاش بارانان هه‌رقوڕێنیه‌! چاک گه‌مه‌ به‌هه‌ست و سۆزی خه‌ڵک ده‌که‌ن به‌هه‌موو سه‌ره‌کی براوه‌ن. سه‌یره‌که‌ له‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی له‌کۆیه‌ ده‌یرێ له‌هه‌لێرێ ناوێری ئه‌وجا جونان ده‌دا ده‌سوتێنی ده‌شکێنی، ئێ کاکه‌ ئه‌ویش لێت ده‌دا و ده‌تگرێنی! ئێستا کامه‌یان ڕه‌وایه‌؟ جون و به‌رد و هێرش و سوتان یان ته‌قه‌ و کوشتن و گرتن و لێدان؟ مه‌ته‌ڵه‌کی کوردی هه‌یه‌ ده‌رێ: ئه‌ولام تات و ئه‌ملام تات، وه‌ی بابه‌ جیقم ده‌رهات، ئه‌وه‌چیه‌؟ پێموایه‌ ئه‌مه‌ی کوردی کێچ و ئه‌سپێیه‌ له‌ناو زیندانی ده‌ستور.




ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی سۆشیالیست ئاکشنی کەنەدی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دووایەی کوردستان


هاوپشتی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان

ڕێکخراوەی کاری سۆشیالیستی ( Socialist Action ) لە کەنەدا هاوپشتی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ خەڵکی وەدەنگ هاتوی کوردستان لە بەرانبەردواکەوتنی موچە، ئازادی زیندانیانی سیاسی، دانانی سنورێک بۆ دەزگا سەرکوتگەرەکان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە گەندەڵکارەکەی هەرێم.
لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، بە دەیان هەزار کەس لە شارەکانی سلێمانی و دەوروبەری ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای گۆرینی بنەڕەتی دەکەن لە دەسەڵاتدا، دەسەڵاتێک ٢٦ ساڵە خەریکی سەرکوت و گەندەڵییە. لە بەرانبەردا هێزە ئەمنێکانی هەرێم بە توندترین شێوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە بە کوشتنی دەیان کەس و بریندارکردنی زیاتر لە حەفتا کەس و گرتن و دەست بەسەرکردنی ڕۆژنامە نووسان و داخستنی کەناڵی تەلەڤزیۆنی. دیارە ئەم ژمارانە ڕوولەسەرە لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتێکاندا.
بەکارهێنانی توند و تیژی بەرانبەر بە هاتنە سەر شاقامی خەڵکی ناڕازی کارێکی تەواو دژ بە مافەکانی مرۆڤە. داوا لە ئۆتاواو هاوپەیمانەکانی دەکەین کە لە ڕابردودا بە چەک و تەقەمەنی یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان داوە بە پەلە سنورێک بۆ ئەم کارە توندو تیژیانە دابنێن لە بەرانبەر خەڵکی ناڕازیدا.

٢٦ ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم هەرێمە دەسەڵاتدارن و لە ٢٠٠٣ شەوە ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەو خۆ لە ڕێی مالی و تەقەمەنییەوە یارمەتی داون، هەروەها وەزارەتی بەرگری کەنەدیش بە شداری هەبوو لەو یارمەتیدانە.
هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی دەسەڵاتیاندا دەستیان هەبوە لە وێرانکردنی بنەما ئابوری و ئیدارێکانی ئەو هەرێمەدا و بەرتەسکردنەوەی کایە دیموکراتێکان و تێوەگلانیان لەگەندەڵییەکی بێوێنەدا، لە بەرانبەریشدا هەموو دەنگە ناڕازێکانیان بە ڕێگای جۆراو جۆر کپ کردۆتەوەو دەستیان هەیە لە تیرۆرکردنی دەیان ڕۆژنامەنووس و کەسانی سیاسی وە فەشەلێکی تەواویشیان هێناوە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتێکان لە چەشنی ئاو و کارەبا.
ئەم دەسەڵاتە لە ئاکامی خراپ بەکار هێنانی سەروەتی گشتی و داهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا، ئێستا بە قەیرانێکی گەورەدا تێپەر دەبێت و توانای دابینکردنی موچەی کرێکاران و فەرمانبەران و خانەنیشینانی نەماوەو دەیەوێت لەڕێی زەبرو زەنگەوە خەڵکی بێدەنگ بکات و درێژە بە دەسەڵاتە شکستخواردۆکەی خۆی بدات.

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ شەرعیەتی خۆی پاراستووە لە ڕێی ئەو یارمەتیە نێو دەوڵەتیانەوە کە پێی گەشتووە، بەتایبەت لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئێستاش ئەو چەک و دەسەڵاتەی لە سەرکوتو کوشتاری هاووڵاتیانی خۆیدا بەکاری دێنێت.
ئێمە لێرەدا سەرباری ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆمان بۆ داخوازێکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی عێراق، ئەم داخوازیانەشمان لە حکومەتی کەنەدا هەیە:

لەسەر حکومەتی کەنەدایە ئەم داخوازیانەی خوارەوە ڕوبەڕووی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بکاتەوە لە کوردستانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

١- وەستانی دەست بەجێی هێرشکردنە سەر خەڵکی ناڕازی.
٢- کۆتایهێنان بە کاری سەربازی.
٣- ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی سیاسی.
٤- وەکار خستنەوەی پەخشی تەلەڤزیۆنی NRT .
٥- وەڵام دانەوەی دەستبەجێ بە خواستەکانی خەڵکی ناڕازی.

لێرەشەوە داوا لە هەموو ڕێکخراوە کرێکارێکانی کەنەدا دەکەین پشتیوانی خۆیان دەربڕن بۆ خوشک و برایانی ناڕازیمان لە کوردستان.


کاری سۆشیالیستی

Socialist Action / Ligue pour l’Action socialiste

Dec 21,2017




مەرگى سەگ … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


کۆمەڵە چیڕۆکێک نزیک لە واقیع بە شێوازى هونەرى ….

سەرەتا:

کورتە چیڕۆکى کوردى لە باشورى کوردستان دواى حوسێن عارف و حەمە فەریق حەسەن و رەووف بێگەرد و ئەحلام مەنسور و دکتۆر کاوس قەفتان و محەمەد موکرى و شێرزاد حەسەن و حەمە کەریم عارف و جەلیل کاکەوەیس و شیرین ک و سەلاح عومەر و رەووف حەسەن و رەزا سەید گوڵ و سابیر رەشید… ئەگەرچى بەرەو جۆرێک لە بێ نازى بۆوە، بەڵام لە سەر دەستى چیڕۆکنوسانى وەک جەبار جەمال غەریب و عەتا محەمەد، ئارام کاکەى فەلاح، سیامەند هادى، کاروان کاکەسور، دانا فایق، فاروق هۆمەر، ئاکۆ کەریم مەعروف، یوسف عیزەدین… بە شێوازێکى جیاوازى هونەرییەوە درێژەى هەبوو… دواى ئەو نەوەیە لە چیڕۆکنوسان چیڕۆکى کوردى تا ئەندازەیەک پشتگوێ خرا، زۆربەى چیڕۆکنوسان بیریان لەوە کردەوە لەبەر ئەوەى رۆمانى کوردى لە حاڵى نەبووندایە بڕیاریاندا رۆمان بنوسن، ئێمە رۆمانمان نییە، با رۆمان بنوسین… پرسیار لەوە ناکەم بڕیاردان و حوکمدان و ئاڕاستەکردن و… هەموو ئەو تێگەیشتنانە بەهاى هونەرى نوسین دەشێوێنێ، بەڵکو پرسیارى من ئەوەیە، بۆ چیڕۆکە هونەرییەکانى (حوسێن عارف) و دواتر (عەتا محەمەد)… نەیانتوانى لە بوارى چیڕۆکنوسیدا هێزى دیکە و نەوەى دیکەى جیاواز لە چیڕۆکنوسان پەروەردە بکەن؟! ئایا لە هەموو دنیا ژانرى کورتە چیڕۆک کەوتۆتە قەیرانەوە؟!

ئەو پرسیارە و هیدیکەش هەڵدەگرم، نەک لەبەر ئەوەى بە دواداچوونى جیدى و بەرفرەوان هەڵدەگرێ، بەڵکو چونکە قابیلى قسەى جیاواز و توێژینەوە و تێڕامانە… نەک لەبەر ئەوەى قسە لە (مەولود ئیبراهیم حەسەن) وەک چیڕۆکنوسێکى سەردەمى حوسێن عارف و شێرزاد حەسەن… دەکەم، بەڵکو چونکە مەعریفە و توانا و شارەزایى و خۆتەرخانکردنى زۆرى پێویستە و کاتى دەوێت.

(1)

(مەرگى سەگ، کورتە چیڕۆک، دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن، هەولێر چ 1، 2017) ئەگەرچى لە کاتى خۆى چاپ نەکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى لە شێوە ناشیرینەکانى دەسەڵاتى بەعس و بونیادى دڕندەیى بەعس دەدوێ، لەبەر ئەوەى دڕندەیى بەعس هەرگیز نابێتە رابردوو، بابەتى نێو ئەو کۆمەڵە چیڕۆکەش هەرگیز نابێتە رابردوو… ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە فێرمان دەکات بەرەنگارى ستەم ببینەوە، لە پێناو حەقیقەتدا بمرین، بەڵام بەو تێگەیشتنە نا کە مرۆڤ وەک قوربانى تەماشا بکرێت، ئەو بیرکردنەوە (مارکسییە) ئەگەرچى ماوەیەکى زۆر بە سەر کلتورى مرۆڤایەتیدا زاڵ بوو، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ بیرکردنەوەى سەردەم ناگونجێ، ئەمڕۆ هەموو رووەکانى حەقیقەت پابەندى ژیاندۆستییە، نەک مەرگدۆستى، بەهاى مرۆڤایەتى لە ژیاندۆستیدایە، نەک پابەندبوونى سیاسى…

ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە پێماندەڵێت مەرگ پێویستى بە ئازایەتى هەیە، بەڵام هاملێت پێماندەڵێ بیرکردنەوە وامان لێدەکات ترسنۆک بین… لە نێوان ئازایەتى و بیرکردنەوەدا ژیان فێرمان دەکات بڕوامان بە جیاوازى هەبێت، لە نێوان ئازایەتى و ترسنۆکى ژیان هەڵدەبژێرین…

بنەماى گێڕانەوە لەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا لە رێگاى راناوى قسەکەر یان بەکارهێنانى شێوەکانى دیکەى راناو وەک خۆدواندن و خۆپێشخستن و خۆدواخستن بەرجەستە دەبێت، لە رێگاى رووداو و بابەت و تەکنیکەوە ئەوەندە تێکەڵ ئازارەکانى مرۆڤ و یاخیبوون و چەوسانەوەى نەتەوەیى و بەسەرهاتەکانى ژیانى رۆژانە و ژیانى کولەمەرگى کوردى دەبێت، خوێنەر وا دەزانێت کارێکى واقیعى لە پێناو (بەرەنگاربوونەوە)دا دەخوێنێتەوە! بەڵام دەتوانم بڵێم کۆى ئەو چیڕۆکانە لە وەشاندنى سیحرى هونەرى و لە بەجێهێشتنى جێکەوتەى بابەت گەشە دەکات، لە کۆى ئەو چیڕۆکانەدا تواناى گێڕانەوە و چنین و رووداو… بەرجەستەیە! ئەو توانا و سیحر و جێکەوتە هونەرییە لە چیڕۆکى (بخوێنە خەمت نەبێت) نەک هەر راستەوخۆ لە ناونیشانى چیڕۆکەکەوە دیارە، بەڵکو راستەوخۆ سیحرى خۆى لە کارى داخوازى (بخوێنە)دا دەوەشێنێ…

بە دیوەکەى دیکە شاردنەوەى ئاکامى چیڕۆکەکان و ئاڕاستە نەکردنى خوێنەر، سیحرى هونەرى خوێندنەوە بە تامتر دەکات، نهێنى چنین و تەکنیکى چنینى بابەت لەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا مەتەڵێکە هەتا کاراکتەرى سەرەکیش دەرئەنجامەکانى بە تەواوى بۆ یەکلا نابێتەوە، بۆ نموونە پرسى (بخوێنە) لە ساڵانى حەفتاکان و لە کوردستان و بە تایبەت لە شارى هەولێر قسەى سەر زارى گەوران بوو، بەڵام بە گشتى زارى گەوران لە بارەى خراپى سیستمى پەروەردە داخراو بوو، زارى گەوران لە بارەى سیستمى دەسەڵات و دڕندەیى بەعس نەدەکرایەوە، زارى گەوران ئەگەر باسى کەموکوڕییەکانى دەسەڵاتى کردبا، چاپخانەى بە چاوى خۆى نەدەدیت؟!

جێکەوتەى رووداو، وەک بڕبرەى پشتى چیڕِۆکەکانى (سەرهەڵدانەوە، ئایشە گوڵ، خاچ، بژاردن، مەرگى سەگ) دەبینرێت، کۆى جێکەوتەى رووداوەکان پەیوەندى بە واقیعى کوردى و نهێنى چنینى بابەتەوە هەیە، هەرگیز چیڕۆکنوس هونەرى ئەو نهێنیانە ئاشکرا ناکات، نهێنى یاخیبوون، رەسەنایەتى، بەرەنگاربوونەوەى زوڵم و زۆردارى… پرسیارى جۆراوجۆرى لە خۆدا هەڵگرتووە! دەشێ سەردەمى نوسینى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە، سەردەمى یاخیبوون لە دەسەڵات و بەرەنگاربوونەوەى چەوسانەوە و گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتى وەک جیاوازى بنوێنێ، دەشێ هەموو ئەوانە مرۆڤێکى بە جەرگ و جەربەزە و یاخى پەروەردە بکات، دەشێ بەرجەستەکردنى بەهاى مرۆڤایەتى و هەستى نەتەوایەتى و ئاسودەیى ویژدان و بەرەنگاربوونەوەى چەوسانەوەى مرۆڤ بێت…

(2)

زەمەنى کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ، رەگەزە گرنگەکانى گێڕانەوە تێکەڵ بە رەگەزى شوێن دەکات و فەزایەکى غەمگین بۆ ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە دەنەخشێنێ، کۆى کات و شوێنى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە لە رووى هەستەکییەوە ناکەوێتە نێو کۆى ئەزموونەکانەوە، واتە خوینەر ناتوانێ لە ناو ئەزموونە هەستەکییەکانى ئەو چیڕۆکانەوە کۆى کات و شوێن بناسێ، ئەوەش دەمانخاتە بەرامبەر چەمکى داهێنانەوە، بەو مانایەى داهێنان کات و شوێن ناس ناکات! بە دیوەکەى دیکە دەتوانم بڵێم زەمەنى گێڕانەوە لەو چیڕۆکانەدا ئەوەندە بایەخ بە زەمەنى گوتار دەدات، ئەوەندە بایەخ بە زەمەنى رووداوەکانى گێڕانەوە نادات، ئێمە دەزانین زەمەنى گوتار زەمەنى خودى رووداوەکانیشە، بەڵام چیڕۆکنوس بە شێوەیەکى هونەرى و لە رێگاى تەکنیکە ئیستێتیکییەکانى خۆدواخستن و خۆپێشخستن و فلاش باک و پەلەکردن و خاوبوونەوە، ئەو فەزایە لە گوتارى یاخیبوون، بەرەنگاربوونەوە، رەسەنایەتى رەکاژۆ دەکات…

ئەگەر پاراستنى نهێنى لە کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ پرسى تەکنیکى لە خۆدا هەڵگرتبێ، بەو مانایەى رووداوە واقیعییەکانى هەڵبژاردووە، ئەوە لە رووى هونەرییەوە کاراکتەرەکان، جیاواز لەوەى لە دنیاى واقیعدا هەیە، دەبینرێن! بۆ نموونە کاراکتەرى چیڕۆکەکانى (سەرهەڵدانەوە، خاچ، خۆنەدانە دەست) ئەگەرچى کاراکتەرى یاخیین، بەڵام یاخیبوونى ئەوان زۆر بە جوانى پەیوەستە بە سروشتى چیرۆکەکانەوە!

مرۆڤى یاخى زێتر هەڵگرى مانایەکى سایکۆلۆجییە، مرۆڤى یاخى کەسێکە دژ بە دەسەڵات، بەڵام دەست بەردارى دەسەڵات نابێت، دەیەوێ خۆى دەسەڵات بگرێتە دەست! جیاوازى نێوان مرۆڤى یاخى و مرۆڤى شۆڕشگێر ئەوەیە، کە مرۆڤى شۆڕشگێر ئازادى دەوێت، هەنگاو بەرەو تەجاوزکردنى دەسەڵات دەنێ و پابەندى دەسەڵات نییە. مرۆڤى یاخى دژى دەسەڵاتێکە کە پێى رازى نییە، کەچى بەرانبەر دەسەڵاتێک کە پێى رازییە ئیجابییە. بەڵام شۆڕشگێر دەیەوێ سەربەخۆیى حەقیقى بە دەست بهێنێ و تێنووى دەستبەسەراگرتنى دەسەڵات نییە… لە رووى سیاسییەوە یاخى بە چاککارى رازییە و شۆڕشگێر گۆڕانى ریشەیى مەبەستە… لە کۆى ئەو قسەکردنانە دەمەوێ بڵێم کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ سیحرى خۆى لە چاککاریدا دەبینێتەوە.
بە دیوەکەى دیکە دەشێ لە کۆى ئەو چیڕۆکانەدا چەمکى یاخیبوون، وەک چەمکێکى کامۆیى تەماشا بکەین، کامۆ (لە لاپەڕە 49ى- مرۆڤى یاخى- وەرگێرانى ئازاد بەرزنجى، کتێبخانەى ئەندێشە- سلێمانى 2012)دا دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەى هەبێ دەبێ یاخى بێ، بەڵام لەو یاخى بوونە دەبێ رێز لەو سنورانە بگرێ، کە لە خۆیدا دەیاندۆزێتەوە، ئەو سنورانەى کە تیایدا مرۆڤەکان بەیەک دەگەن و بەم بە یەکگەیشتنەش بوونیان دێتە ئاراوە… دەمەوێ بڵێم دەشێ کاراکتەرەکانى مەرگى سەگ هەوڵبدات لە رێگاى یاخیبوونەوە سنورى ئەویدیکە دیارى بکات، هەوڵبدات لە رێگاى یاخیبوونەوە بوونى خۆى بسەلمێنێت، هەوڵبدات لە رێگاى یاخیبوونەوە بە دژى چەوسانەوە و زۆردارى و ستەمکارى بێتەوە…

(3)

سیحرى رەسەنایەتى لە سەر گەڕانەوە بۆ ئەسڵێکى بنچینەیى دادەمەزرێ، رەسەنایەتى لە کلتورى رۆژهەڵاتدا زێتر ماهییەتێکى ئایینى هەیە، بەو مانایەش هەموو سروتێکى گەڕانەوە و ئامادەکردنەوەى رووداوە سەرەتاییەکان، هەموو گەڕانەوەیەک بۆ دامەزراوەکان، هەموو سروتێکى گەڕانەوە بۆ یادەوەرى نەتەوە… هەمان دنیابینى ئایینى دەنوێنێ؟! دەمەوێ بڵێم وشەى رەسەن وشەیەکى ئەدەبى نییە، چونکە ئەدەب داهێنانە، نەک گەڕانەوە…

دەشێ چیڕۆکەکانى مەرگى سەگ بانگەشەى جۆرێک لە رەسەنایەتى بکەن، لە پێناو خۆ جیاکردنەوە لە گەمژەیى سیستمى دەسەڵات، دەسەڵاتێک کە کەسانى بندەست وەک کۆیلە تەماشا دەکات… بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە لە بیرمان بچێت، رەسەنایەتى گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵێکى کۆن، بۆ رووداوى یەکەم!! لە پشت رەسەنایەتییەوە دنیابینییەک هەیە، ئەو دنیابینییە هێزى نادیارى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکەیە، دەبێ ئەو هێزە خوێنەر ئاشکراى بکات! دنیابینى کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ پابەندى وێنەى خۆیەتى، وێنەى مرۆڤى چەوساوەى رۆژهەڵاتى (یاخیبوون و بەرەنگاربوونەوە و خۆنەدانەدەستە)، پابەندى زمانە شاراوەکە و ئەزموونى زمانە رەوانەکەى دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەنە! دەمەوێ بڵێم پابەندى شێوازى گێڕانەوە و کەشفکردنى ئەو دنیایەیە کە تێیدا ژیاوە.

بە بۆچوونى من هێزى نادیارى چەمکى رەسەنایەتى لەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا بە مانا هایدگەرییەکەى چەمکى ناڕەسەنمان یاد دەخاتەوە! هایدگەر دوو جۆر بوون دیارى دەکات، کە بریتین لە بوونى رۆژانە و بوونى تایبەتى، مەبەست لە بوونى رۆژانە بوونى ناڕەسەن یان ساختەیە، بوونى تایبەتیش بوونى رەسەنى کەسەکە دەگرێتەوە. بوونى ناڕەسەن ئەو بوونەیە کە کۆمەڵێک کارتێکەرى دەرەکى پێکى دەهێنێ، ئەو کەسە ژیانى رەسەنى خۆى ناژى و واز لە هەڵبژاردنى خۆى دەهێنێ و بوار بەوانیدى دەدات ئیمکانەکانى بوونى بۆ دیارى بکەن، بەڵام بوونى رەسەن، ئەو بوونەیە کە تیایدا خود هەست بە تاکێتى خۆى دەکات.

بە کورتى:

لە کۆمەڵە چیڕۆکى (مەرگى سەگ)ى چیڕۆکنوس (مەولود ئیبراهیم حەسەن) بنەماى گێڕانەوە، رووداو، کات و شوێن، کاراکتەر، خۆى لە نێوان وەسف و مەنۆلۆگ و دیالۆگدا دەبینێتەوە و چیڕۆکنوس توانیویەتى لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا چەمکى یاخیبوون، خۆنەدانە دەست، رەسەنایەتى، بەرەنگاربوونەوەى زوڵم و زۆردارى لە سروشتى چیڕۆکەکانیدا بنەخشێنێ! کەواتە ئەگەرچى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە لە کاتى خۆى چاپ نەکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى بە شێوەیەکى هونەرى وەسفى زەمەن و شوێنێکى دیاریکراو دەکات، لەبەر ئەوەى بەهاى مرۆڤایەتى و هەستى نەتەوایەتى و ئاسودەیى ویژدان و بەرەنگاربوونەوەى چەوسانەوەى مرۆڤ بەرجەستە دەکات، لەبەر ئەوەى شێوە ناشیرینەکانى دەسەڵاتى بەعس و بونیادى دڕٍندەیى ستەم بیر دەخاتەوە… ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە هەرگیز کۆن نابێت و قابیلى خوێندنەوەى جۆراوجۆرە.

هەولێر 14/10/2017




بڕوخێ.. و .. ھەنگاوەکانی دواتر!! … چالاک ئـاغجەلەری

بڕوخێ بەڕووی کەسێکی فاشل یان دەسەڵاتێکی کرمن و خۆسەپێن جوانترین دەسەتەواژەیە کاتێک لەلایەن شەقامەوەئـاراستە دەکرێت ، لە کاتێکدا ئـەم فۆرمە ھەڵگری دروستکرنەوەی سبەی ڕۆژی ئـومێد و داخوازیە ڕەواکانی شەقامەھاوکات ستۆپێکە بەڕووی ئـەوانەی ھەڵگری ھەمان فۆرمی بڕوخێی شەقام بوون بەڵام ویستە شەخسیەکان و حەز وئـارەزووی کورسی بە ئـاراستەیەکی تری گەیاندن. خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە دوو وێستگەی جیاوازدا ،سەردەمانێک دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەری وەکو سەدام و دارو دەستەکەی ھەژموونی باڵادەستی خۆیان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەکرد ، ھەرچیەکیان پێبکرایە دەیانکرد بەرامبەر ڕوخانی شکۆی تاک بە تاکی ئـەم نیشتیمانە، ئـەو بووبڵێسەی گڕی دەنگی شەقام لە ڕانیە و قەڵادزێیەوە بوە سەرمەشقی دەستەواژەی بڕوخێیەک ، دار وبەردی بەعسیکردە دۆزەخ وەک نموونەیەک ھیچ دەسەڵاتێک نەوێرێت دەست بۆ شکۆ و مۆرڵی گەل بەرێت ھەروەھا مێژوویەکیپڕ لە شکۆ یە لە ڕاپەڕینی خەڵک بە گژ نادادی و جەور و ستەمدا، بە تێپەڕاندنی ئـەو قۆناغە لە دوای ڕاپەڕینخەڵکی کوردستان تێکەڵ بە خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکان بوون کار گەیشتە ئـەو ئـاستەی بە گەورەییەوە پشتیان دانەواندبۆ ھێزەکانی شاخ و کردیانن بە دەمڕاست و دەڵەمەتدار ، ئەوە بوو ھێزە سیاسیەکان بوون بە میراتگری ئـەودەنگانەو جەماوەر متمانەی تەواوی پێیان بەخشی لە پێناوی بیناکردنەوەی دەسەڵاتێکی تەندروست و خزمەتکار.

بەڵێ قۆناغی نوێ بەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی ئـاوێزان بوو ، خەڵک بڕوای وابوو سەرەتای دەستپێکی ژیانێکینوێ ژیانێک شایستەی ئـەو ھەموو ئـێش و ئـازارە بێت کە ئـەو ڕۆژانە پێوەی دەتلانەوە، وەک بینرا دوای ٢٦ ساڵلە چاوەڕانی شەقام سەرباری تەواوی نەھامەتیەکان ، نادادیەکان، دروست بوونی نوخبەکەی بەدەسەڵاتبەجیاوازیەک کە پێوانەناکرێت لەگەڵ کەسانی ئـاساییدا، ھیسترا و پاوانخوازی ئـەم دەستەیە گەیشتنە ئـاستیدیکتاتۆرە بەناوبانگاکان ، سەرکردە و حزب ھەرکاتێک پێگەیان لەسەروو یاساوە بێت بێشک دۆخی فیرعەون ئـاسالە خۆ دەگرێت ، تەواوی بە ھاکان لە خەڵک دادەماڵێت و بە خۆوەی دەپێچێت، ئـێستا ئـەو ساتەیە خەڵک چیترناتونێت بێدەنگ بێت ، سوکایەتی نەما گەل تاقی نەکاتەوە، کار گەیشتە ئـەو ئـاستەی دەستیان بۆ قوتی تاکەکانی ئـەمنیشتیمانەش برد لە کاتێکدا ڕژێمی پێشتر ئـەم ھەنگاوەی نەنا، لێرەدا شەقام بە ئـەرکی ئـەخلاقی خۆی ھەڵدەستێت،مەبەستێتی زوخای ئـەم چەند ساڵە بە تەنھا ووشەیەک پێناسە بکات .. ھاواری بڕوخێی بە گوێی دەسەڵاتی کوردییدابدات، ئـەمە ئـەو چرکەساتەیە درۆی پاراستنی مۆراڵی کوردبوون و کوردایەتی تووڕ دەدرێت، درۆی باوەش کردن بەبەھا دینیەکاندا دەگەڕێنرێتەوە بۆ تاک و لەچنگی حزبی سیاسی دەسێنرێتەوە ، داکۆکیە لە بەھا ئـینسانیەکان، لەژیانێکی باشتر و داھاتویەکی ڕوون .

ھاوکات تەوژمی بڕوخێی دەسەڵات دەبێت چوارچێوەیەکی ھاوچەرخ ئـاراستە بکات ، دامو دەزگاکان وەک بەشێکلەماڵەکانی خۆیان پێناسە بکەن وەک بیبیلەی چاو پارێزگاری لێبکەن چونکە دەسەڵاتی خۆسەپێن بەردەوام لە ھەوڵیناشیرین کردنی ئـێوەدان ، ناکرێت دەزگای ئـاسایش و پێشمەرگە بکەن بەبرەی دەسەڵات ، دەستی سۆزوخۆشەویستیان بۆ درێژ بکەن داوای ھاوکاریان لێبکەن، پێویستە کار بۆ جوڵاندنی زۆنی زەرد بکرێت وەک ھەموودەزانین سەری مارەکە ئـەو ناوەندەیە، ئـەگەر تەماشای مێژووی گۆڕانکاری و بەدەرنانی دەسەڵاتی ستەمکار بکەینپایتەخت چەقی یەکلاکردنەوەی کێشەکانە، بۆیە ھەرچی زووە ئـەم خەباتە ڕەوایە سنوری دێگەڵە ببەزێنێت ، چونکەلە چەند ساڵی ڕابردوودا ئـەم جۆرە ناڕەزایەتیانە تاقیکراوەتەوە بە شکت کۆتایی ھاتووە، بگرە پارتی و دەسەڵاتەکەیگەزو بەزی پێگرتووە.ئـەمە لە کاتێکدا چەقبەستنی لە چواچێوەی دەسەڵاتی یەکێتی و زۆنی سەوزدا فۆرمی بڕوخێ وداخوازیەکانی شەقام بە دوو ئـاراستە خۆی دەناسێنێت ، یەکەمیان ..

تەواوکردنی پلانەکانی ١٦ی ئـۆکتۆبەرە ، پارتیبە پیلان کار لە سەر توڕەیی شەقام دەکات بۆ ھەرچی زیاتری نانەوەی ئـاشوب لەو سنورە ، دووھەم … ھەوڵدان بۆدروست بوونی دوو ئـیدارەیی کە خەونی پارتیە ، لە ھەردوو ئـەگەرەکەدا یەکێتی دەبێت قسەی ھەبێت و ڕاستگۆیانەبکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکەکەدا، ھاوکات وەڵامی ھەڕەشە و چاوسوکردنەوەیەک دادیی یەکێتی نادات لەگەڵئـەوشدا ھەلێکە بۆ ئـاشتکردنەوەی خەڵک ، شەقامیش دەبێت زۆر بە ووریاییەوە ھەڵسوکەوت بکەن بە بەرنامەداخوازیەکانیان بەدەست بھێنن ، لەئـەگەری بەدەنگەوە ھاتنی دەسەڵاتی زۆنی سەوز و نیلی سەقفێک بۆ داواکاریەکاندابنرێت لەسەرو ھەموویانەوە پێکھێنانی حکومەتێکی ئـینتیقالی بە نوێنەرایەتی دەنگی شەقام، ئـەم جۆرە ھەنگاوە لەڕۆژانی داھاتودا باشترین بژاردەیە کە خەڵکی بێگرێتە بەر، ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت ، لە ئـێستاداپێویستە داوا لە دەوڵەتی ناوەند (عێراق ) بکرێت ئـەرکی پاراستنی شەقام لە ئـەستۆ بگرێت لە حاڵەتی ملھوڕیدەسەڵاتی ھەرێمدا لە ئـازاردانی خەڵک، تەواوی ئـەم کارانەش پێویستی بە بەرنامەڕێژییە و لە ھەر یەکەیەکیئـیدارییدا دەبێت دەست و برد لە دروستکردن لیژنەی سەرپەرشتی شەقام بکرێت، بە پێچەوانەوە ھەوڵەکان ئـاکام گیرنابێت.




وەڵامێك بە زوڕنا ژەنەكانی دەسەڵاتی بەسەرچووی ھەرێمی كوردستان ! … نزاڕ ئاكرەیی

لە ھەموو ھەڵسان وخڕۆشانە جەماوەریەكان لە دژی دەسەڵات، یەكێك لەو ئامرازانەیكە دەسەڵات دەستی بۆ دەبات و بەكاری دێنێت وەك كاردانەوەیەكی دەستبەجێ بۆ پوچەڵكردنی ئەو خڕوشان و خۆپێشاندانە جاماوەیانەی كە لەدژی دەسەڵاتیان و شەرعیەتسەندن لێیان بۆ حوكمڕانی كۆمەلگا وە ھەر وەھا بۆ دەربەست دورستكڕدن لە بەردەمتەشەنەكردنی بۆ گشت شارەكانی وەڵات، لە ڕێگای پەنا بردنیان بۆ ھینانە مەیدانیھەرچی زوڕناژەنەكان و تەپڵ لێدەرەكان و قەلەم فروشەكان و دەروێشەكان و ھەڵپەرستەترسنوكەكانی دەوری خۆیان ، و بەكارھێنانی دەزگا ڕاگەیندنە بۆگەن و دروزنەكانیخۆیەیان بۆ چەواشەكردنی خەڵكی ناڕازی و خامۆشكردنی توڕەیی ئەو خەڵكە ناڕەزیە لەدژی دەسەڵاتی گەندەڵی ئەوان ، بەڵام ئەم ھەوڵ و تەقەلای دەسەڵاتێك كە ماوەیەكیزۆرە ، بووە جێگای نەفرەتێ زوڕبەی ھەرەزۆری خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان ،وئێكسپایەر بووە، و دەورانی بەسەر چووە ، ناگات بە ھیچ شوێنێك ، لە شاردنەوەی ئەوڕاستیانەی كە بوونەتە ئاكامی ئەم خڕوشانەی جەماوەری خەڵكی كۆردستان، و خەڵكگێل بكەن ، كات بەسەر چووە كە بتوانن ئەو ڕاستیە حاشاھەڵنەگرە داپۆشن كە لەسەرتاپای ئەم سەر زەویە گەوریە ھیچ دەسەڵاتێك بەقەد دەسەڵاتی عیراق و كوردستانبۆگەن و گەندەڵ و دز و بێ ویژدان و فاشیل نەبووە و نیە و نابێتیش ، ٢٦ ساڵسەركۆت ، تیرور، برسیكردنی خەڵكی ھەژار و بەشمەینەت، بڕینی موچەی كرێكاران وكارمەندان و خێزانە شەھیدەكان و كەم ئەندامان ، دابین نەكردنی كارەبا و نەوت و غاز ،و تەنانەت ئاوی خواردنەوەش بە پێی پێویست ، دەستبەسەرگرتنی ھەرچی سەروەت وسامانی ژێڕ زەوی و سەر زەوی خاكی كوردستان بۆ خۆیان و بنەماڵەكانیان و كەس وكارو دارودەستەكانیان و سەروكەكانیان لە توركیا وئێران و ئەورۆپا وئەمریكا، ئەمانەئەو ڕاستیانەن كە ھیچ نوكەرێك یان زوڕناژەنێكی سەر لێشێواو وترسنوكی لەبرسامردوو بیتوانن بیشارنەوە یان دایپۆشن، چ لەڕێگای ترساندن و توقاندنی خەڵكی ناڕازیوشۆرشگێر ، یان تەخوین كردنیان بە تومەتكردنیان بە نوكەرایەتی ئەم یان ئەو دەوڵەتەداگیركەرانەی كۆردستان بەو قسە قوڕانەی بێ ئابڕو و بێ ویژدان خەڵكی شوڕشگێر وناڕازی كوردستان خائین و جاش و خۆفڕوش نیین ، بەڵكو
ھەموو ڕۆژێك لە ژیان و مێژویی ئەحزابی دەسەڵاتی كوردایەتی كونەپەرست پڕە لەخیانەت و نوكەرایەتی و بازرگانی كردن بە ژیان و چارەنووسی خەڵكی بەشمەینەت وچەوساوەی كۆردستان ھەر لە ١٩٦٦ و ١٩٧٥ و ١٩٩١ و ١٩٩٦ تا دوایینیان لە١٦/١٠/٢٠١٧ نەك كۆتاییان ، چ بێ ویژدانیە كە بە خەڵكانێك بڵێی خائن ونوكەر كەداوای موچەی خۆیان دەكەن ، یان داوای كارەبا و غاز و نەووت لەو سەرمایەكۆشندەیەی كە خەڵك دووچاری بووە دەكەن، داوای دەواو دەرمان دەكەن ، داوای كۆتاییھێنان بەدزی و جەردەیی زوڕبەی ھەرەزوڕی سەروەت و سامانی نیشتیمان دەكەن ،كەچی ھێشتا بەعزە كەسێك زوڕ بێ شەرمانە بەرگری لە دەسەڵاتێك دەكەن كە ھەموومێژووی خۆی نەخشاندووە بە خیانەت و خۆفروشی و سات و سەوداكردن بە ژیان وچارەنووسی خەڵكی كۆردستان ، كە ٢٦ ساڵە خەڵك بڕسی دەكەن، تیرور دەكەن ،ئاوارەیان دەكەن بە كۆشتنیان دەدەن ، ٢٦ ساڵە چەسپاوون بە كورسی دەسەڵات وفریودانی خەڵك ، ھەر ڕۆژە و ھەر دەورانێك بە سیناریویەكی دورستكراو بۆ پاراستنیدەسەڵاتی نەفڕەتی خۆیان ، دەورانێك بە وەی كە سۆپای ڕژێمی سەدام كیمیاباران وئەنفالتان دەكەنەوە، دەورانێك بە شەڕی ناوخۆ ، دەورانێك بە ھاتنی داعش ، ئێستاش بەعبادی و خۆ ئامادەكرنی بۆ پەلاماردانی كۆردستان لە قوڵی مەخمورەوە ، خەڵكانێك كەتوانای لابردنی ئەم دەسەڵاتەی كە عبادی كردە نێڕەكەر بەسەریانەوە ، دەتوانن بەرگریشلە كۆردستان بكەن و پاشەكشەش بەعبادی بكەن بۆ پشت ئەو سنورانەی كە خۆیانفروشتیان بە عبادی و قاسمی سولێمانی ، خەڵكانێك كە توانای ڕۆخاندنی دەسەڵاتێنگریسی ئەاون ھەبێت دەتوانن بەرگری لە كۆردستان و دەستكەوتەكانی شوڕشكەیانبكەن . چیتر ڕێگە نادەین خوڵ بكەنە چاوی خەڵك ئەمجارە… ناڕوینەوە ژوڕەوە بە ڵكودەبێت ئەوان بڕونە دەرەوەی كوردستان ، خەلكی برسی وھەژاری دەستی دەسەڵاتیبزوتنەوەی كونەپەرستی كوردایەتی ورنە گوڕەپانی خەبات بۆ كوتایی ھێنان بە سەركۆتو نا بەرابەری بۆ ھەمیشە.

نزاڕ ئاكرەیی
19 October 2017




بەرپرسی حیزب و خەڵك … فەرەیدون کونجرینی

لە باشوری کوردستان دیموکراسی تەنها بەدیوێکدا نیشان ئەدرێت کاردانەوەی ئەوتۆی نەبوە بەوەی گرێدراوی یاسای نیشتمانی بێت” کاتێك هاوڵاتیەك ئازادانە قسە دەکات و بیروڕای تایبەتی هەیەو دەری ئەبڕێت بۆ لەکەدار کردنی پارت و بەرپرس نیە بەڵکو بۆ باشترکردن و وازهێنانە لەو کردەوانەی ئەنجام ئەدرێن و ئاراستەی نایاسایی گرتوە لەلایەن حیزب و بەرپرس، بەڵام لایەنەسیاسیەکانی ئەم دەڤەرە کاتێك روبەڕوی رەخنەگرتندەبنەوەو بەڵگەکان ئاشکرا دەکرێن دادگای حیزب بەسزای خۆی ئەگەیەنێت بێ ئەوەی دادوەری گشتی بەئاگابێت، چیرۆکمان زۆرە لەم ڕوانگەیەوە و نمونەکان لەفراوانبوندان و وێنەکان ئەدوێن. ئێمە دەنوسین و رەخنە ئاراستەی کاربەڕێکاران دەکەین و دەبێت ئامانجیش بپێکێت هەرلەوەدا نەبێت قسەکراو گفتی خۆمان واژو بکەین و پێمان بگوترێ تۆ ئازادی لەوەی دەیڵێیت، ئایا کاردانەوەی دەربڕینمان تاچەند بڕی کردوەو ئاماچی پێکاوە؟ لەدەڤەری لای ئێمە دیموکراسی تەنها لەڕوی قسەکردنەوە پانتایی هەیە، بەڵام لەچوارچێوەی دیکتاتۆریدا گەمارۆدراوە.

بە دەیان پارتی نیشتمانیمان هەیە لەرێگەی میدیاکانیانەوە رایدەگەیەنن کە چەند دڵسۆزن بۆ خەڵکەکەی بەناوی دیموکراسیەوە بەوەی حیزبەکەی وشەی دیموکراسی هەڵگرتوە گرەوی سیاسیان بردۆتەوە و خەڵکیان گەوچکردوە، لەهەمانکاتدا نایاسایی بازرگانی دەکەن بە خاک و ئاوی وڵاتەوە، بەشێک لە پارتەکان دەیان بازرگانی تێدایە گەندەڵی و ناپاکی دەکات لەناو پارتەکەیدا، زۆرێک لە بەرپرسان چەندین راوێژکارو پاسەوانی بندیواری هەیەو سەرقاڵی خۆجێگە خۆشکردنیەتی تەنانەت ئامادەیی رفاندن و تیرۆرکردنی هاوڵاتی مەدەنی هەیە هەروەک بینراو بیسترا بەبەڵگەوە”

ئەمانە هەموی یەك رێگە چارەسەریی هەیەو بەپڕیارێکی یەك دەنگ یەك هەڵوێستی خەڵك بنەبڕدەکرێت بەوەی راستگۆیانە بێنە سەرخەت و هەمو دەسەڵاتێکی لێپرسینەوە بگەڕێندرێتەوە ناو دۆڵابەکانی دادوەرو وەك خۆی کاربکات، تەواوی سزای نیشتیمانی لەدادگای سەربەخۆی خۆیەوە ئەتوانێ ئەم چاکسازیە بەسەرکەوتویی فراوان بکات و ریشەکێشی گەندەڵکاران بکات بەئاستێکی باش کاڵ بکرێتەوە لەهەرێمی کوردستان ” دەبێت بەیەك دەنگ هەرکس لای خۆیەوە بڵێت بەرپرس و پارت و ریکخراوە حزبیەکانــ ” لەبەرگی گەندەڵی بچنە دەرێ و مەبنە هەڕەشە بۆ دادوەرو چیدی یاسا نیشمانیەکان قۆرخ مەکەن و چەمکە دیموکراسیەکان تێکــمەشکێنن.

ئەوەی گرنگەو پێویستە لەهەرێمی کوردستاندا کاری بۆ بکرێ لەچوارچێوەی دیموکراسیدا دادگایەو دەبێت دەسەڵاتی حیزبی و بەرپرسی تێدا ریشەکێش بکرێت، بمانەوێ خۆمان بەهاوشێوەی وڵاتانی دیموکراســخواز ئاشـناکەین دەکرێت سزاکان بکەینە بەرگمان هەروەك رەنگەکان لەبەرچاودا دیاربن و بە ئاشکراو بێجیاوازی رەنگدانەوەو سڵکردنەوەی خۆی هەبێت لەناو خەڵکدا بەگشتی.

هەژمونی ئێستای هەرێمی کوردستان بەهۆی زانین و شارەزایی ئەو کەسایەتیانەوە بەدەست هاتوە کە لەماوەی ٢١ساڵی رابوردودا توانیویانە لەجیهانی دەرەوە سود لە وانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەرگرن بەوهۆیەوە ئیدارەی حکومەت دوای ئەو ماوە شکستخواردوە دەکەوێتە سەر چۆك ئاراستەی گەندەڵیەکان چەماونەتەوەو لە سەرەتای بنەبڕکردندایە، هەرچەندە زۆری ماوە تا ئەستونی یاساکان وەرگرێت و ئاراستەی بەرەو شارستانی سەردەم بگۆڕێ .


چۆن بەرپرسێك خۆی نیشان ئەدات راستەوخۆ ”

لەهەرێمی کوردستاندا بەرپرسی حیزبی و حکومەت هەیە دەسەڵاتی پێ بەخشراوە، هەشمانە سەربەخۆیانە کاردەکات و بڕوای بەیاسانیە فەرمانی جەنگی لەدەستدایەو موچەیەکی تەواوی هەیە لەسەر دارایی حکومەتی هەرێم و بازرگانێکی گشتیە و بازاڕی قۆرخکردوە لە دیمانە میدیایەکاندا باس لە دیموکراسی ئەکات و هەروەکو خــــۆی بنەما یاسایەکانی دیموکراسی داڕشبێت، لە کۆمەڵگەی کوردیدا چەمکەکانی دیموکراسی ئاشکرایەو هاوڵاتیەکی ئاسایی داینەڕشتوە بازدانێك بەسەر یاسای دیموکراسیدا دەکات” لە هەمو وڵاتێکی دیموکراسیدا هەرلایەن و ڕێکخراویک و فەرمان بەرێکی ئاسایی لەیاسا نیشتمانیەکان لابدات و ببێتە هۆکاری بەرەنگاری و پەیڕەو نەکردنی سزای تایبەت بەبڕەگەی ژمارە ئەوەندە سزادەدرێت و دەبێت نمونەی تاوانبارێك بۆ دانیشتوانی ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بیرمەندان دەبێت داخی بۆ بخۆن لەو پێشێلکاریە بەوەی یاسایەک نیە سەربەخۆ دادوەر دەریبکات.
خەڵکی هەرێمی کوردستان هێشتا لە سەرەتای ئازادی قسەکردن و ئازادی رادەربڕیندان و چەمکە دیموکراسیەکان قۆرخ کراون” دیموکراسی مەکەنە تفەنگی سیاسی خۆتان و چەواشەکاری لە یاساو رێنمایەکانی دیموکراسیدا ئەنجام مەدەن.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هەرێمی کوردستان بەتایبەت ، شتێک نەماوە بازرگانی پێوە نەکرێ تەنانەت وشەی دیموکراسیش بۆتە وشەیەکی بێزارکارو خەڵک متمانەی بە چەمکەکانی نەماوە ، وەهایان لێکردوین هەڵبێین و ولات جێبهێڵین بۆ ئەوجێیەی دیموکراسی لەتەلاری دادگاوە بۆتە یاساو لێ پێچینەوە دەکات لە نادیموکراسەکان.




گوڵ، لەگەڵ ڕاوکەر و جۆرى «با»دا … پێشەوا کاکەیی

-1-

«با» هەیە خەڵووز دەگەشێنێتەوە؛
دووکەڵیش هەیە چاومان دەکوژێنێتەوە.
«با» هەیە پەڕەى سپیی دەفتەرەکان… لێ دەکاتەوە و،
دەیانباتە سەر دەریا و،ڕیزیان دەکات.
شەپۆلى دەریاش هەیە، پەڕەکان… بەرەو کەنارى دەریا دەبات و،
لەسەر لم بە جێیاندێڵێت.
«با» هەیە تۆز و خۆڵى بیابانەکان… لەگەڵ خۆیدا دێنێت و،
دەیکاتە گەردەلوول،
تا وێنەى گەردەلوول، بەرەو ئاسمان ببات.
چاڵیش هەیە لە نێوان دڵى من و تۆدا…
گەردەلوول قووت دەدات و، دەیخاتە نێو دڵ،
تا دڵمان زێدەتر درزى تێ بکەوێت.
«با» هەیە ڕقى لە تیشکى خۆرە و، هەور ڕادەماڵێت…
تا زەوى بێبەش بکات لە ڕووناکیی.
سینەش هەیە حەزى لە بارانە و، پێی خۆشە لە ئاسمانەوە:
هەورەبرووسکە بدات لە دڵى.
«با» هەیە تەورى پێیە و، دەچێتە نێو جەنگەڵەکان…
تا دارى قەد ئەستوور ببڕێتەوە و، بیخات.
مرۆڤیش هەیە هاوار دەکات و، دەڵێت: ئەو دارانەى تۆ…
قەت بەشى سووتانى دڵى من ناکات.
«با» هەیە باغەکان وێران دەکات و،
ڕۆحى گوڵەکان دەکێشێت…
گەرچى قەتیش پرسەى بۆ دانانێت.
باغەوانیش هەیە بانگم دەکات و، پێم دەڵێت:
«با» ڕۆحى گوڵەکانى کێشا و،
دەبێت تۆ لە پرسەى گوڵدا حزوورت هەبێت.
ئیدى گەر پرسە و شیوەن هەر بۆ من بێت و،
بەشى کەس نەکات…
ئەى گوڵ دۆستەکان چۆن حزووریان هەبێت؟.

-2-

ڕاوچییەک لەوسەرەوە دێت،
چیرۆکى کاڵحاڵیبوونى ڕاو دەگێڕێتەوە؛
دەڵێت: ئەو تیرانەى من دەیانهاوێژم،
لادەدەن و دێنەوە سەر دڵى من.
ماسیگرێک لە بەندەرەوە دێت،
قوڵاپى دەمکوولى خۆى دەفرۆشێتەوە؛
دەڵێت: ئەو ماسیانەى من دەیانگرم،
مردوون و، لە لاى بەندەرەکەوە کەوتوون.
بێوەژنێک، بە دووکەڵى سیگارەکەى،
وێنەى پیاوە ئەنفالکراوەکەى دەکێشێتەوە.
منداڵێک، بە هاوارى گریانى،
دەنگە ژێکانى مۆسیقا دەنووسێتەوە.
کچێکى جوانیش لەوسەرەوەڕا دێت…
بە چەپکێک گوڵ عیشقى من ڕاو دەکات؛
منیش دەڵێم: ئەى ڕاوکەر،
لەمێژە گوڵ ئەم سیحرەى تۆى بە من گوتووە.

کۆتایی 2009




ژنان چۆن دەتوانن سیاسەت بکەن … هەرمێ ئەحمەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن




چاوپێکەوتنی ڕەزا ئاڵتون …. گفتوگۆی: عبدالله العضوی

لە یۆنیۆ(حوزەیران)دا داوای چاوپێکەوتنی سەرکردەی دیاری پارتی کرێکارانی کوردوستان په‌كه‌كه‌ جەمیل بایکم کرد، بەڵێنێکم بۆ ھەوڵدان بۆی پێدرا، بەڵام بەڵێنی دڵنیاکەرەی چاوپێکەوتنم پێنەدرا، کارەکەم لەبیرکرد و گومانم وابوو لەبیرکراوە، بەتایبەتیش چونکە سەرکردەکانی ئەم پارتە – بە تیرۆریست پۆلێنکراوە- لە ئەنجامی بارودۆخی ئاسایشی شاخەکانی قەندیلەوە لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی دووردەکەونەوە. ناوەڕاستی مانگی نۆ (سیپتەمبەر)، “یەکێک لە ڕێکخەرانی چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکان لەناو په‌كه‌كه‌” مژدەیەکی پێدام کە دەتوانم چاوپێکەوتن ئەنجامبدەم، پرسیارمکرد ئایا بایک ڕازیبووە، وەڵامیدایەوە نەخێر، [بەڵکو] چاوت بە ڕەزا ئاڵتون دەکەوێت، ئەوەی –

پێیدەوترێت- وەزیری دەرەوەی پارتی کرێکاران، و یەکێک لە ھاوڕێکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لەماوەی مانەوەیدا لە سوریا، وەک ڕۆژنامەنوسێک ھەلێک بوو بۆم تا چاوم بە پیاوێک کە بە تیرۆریست ناسێنراوە و لەسەرەوەی داواکراوەکانی دەسەڵاتەکانی تورکیایە بکەوێت، و لە ناوەڕاستی ڕەقاییەکانی کوردستانی عێراقدا گفتوگۆیەکی درێژی لەگەڵدا ئەنجامبدەم، لە بەخت خراپی من، بەھۆی ڕیفراندۆم و لێکەوتە ھەرێمیەکانیەوە جوڵەی ئاسمانی لە نێوان ھەرێم و تورکیادا وەستاوە، ھەڵبژاردەی بەردەمم ئەوەبوو کە ئەو ڕێیە درێژە تەی بکەم، لە ئەستەنبوڵەوە بەرەو باشور ڕومکردە فڕۆکەخانەی شرناخ، لەوێشەوە بەرەو دەروازەی ئیبراھیم خەلیل (سنووری تورکیا لەگەڵ کوردستاندا)، پاشان بەرەو زاخۆ و دوای ئەویش ھەولێر، ئینجا سلیمانی. نیوەی شەو گەیشتمە سلێمانی – گەشتەکە ٣٢ کاتژمێری خایاند- پێویست بوو پشوو بدەم، تا ڕۆژی دواتر بڕۆم بۆ چیا سەختەکانی قەندیل؛ بارەگانی پارتی کرێکاران و شوێنی چاوپێکەوتنەکە لەوێیە. کاتەکە بەگوێرەی ڕەزا ئاڵتون بە خولەک حسابکرابوو، چونکە بارودۆخی ئاسایش بەسەریدا دەیسەپێنێت کە لە یەک شوێندا بۆ ماوەیەکی درێژ نەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەزا ئاڵتون بەرگەی فزوڵیە ڕۆژنامەوانیە بێزارکەرەکەمی گرت تا ٣ سەعات و ٤٠ دەقیەقەی لەگەڵمدا بەسەربەرێت، لە گفتوگۆیەکدا تیایدا باسی ھەموو ئەوەی پەیوەندی بە ڕێکخراوەکە و پەیوەندی [ڕێکخراوەکە] بە پارتی یەکێتی دیموکراتی په‌یه‌ده‌ و دۆخی ئێستا لەگەڵ تورکیا و ئێران و ڕژێمی سوریدا کرد، ئەوەی توشی موفاجەئەی کردین ئەوەیە کە تا ئێستاش لە پەیوەندی ئاسایشی دان لەگەڵیدا[لەگەڵ ڕژێمی سوریا]… گفتوگۆکە وەڵامی بۆ زۆر لە پرسیارەکان لەبارەی پارتی کرێکارانی کوردوستانەوە تێدایە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی باڵەکانی لە سوریاو عێراقدا ڕوونبوەتەوە..

بۆ وردەکاری ئەم گفتوگۆیە:
• ئایا پێتوایە ئەوەی لەکەرکوکدا ڕوویدا و دەرچوونی “پێشمەرگە” شکستێکە بۆ مەسعود بارزانی؟

– بارزانی ھەر لەسەرەتاوە ھەنگاوێکی ھەڵەی ناو لەسەری سووربوو، سەرەڕای ئەوەش کە دەیزانی ھێزەکانی ناتوانن بەرگری لە ھەنگاوەکانی بکەن، بەھۆی ئەم بڕیارەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیاو ئێراندا خراپ بوو پاش ئەوەی پێشتر جێگیربوو. ڕێمبدە بڵێم کە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ڕووداوە سیاسیەکان چاودێرەکانیان فریودەدەن، بۆ نمونە لایەنێک سەرکەوتنێکی سەرتاپاگیر بەدیدەھێنێت، بەھۆی ئەوەوە نەشوەی سەرکەوتن دەیگرێت، بەڵام پاش دوو ڕۆژ ئاشکرادەبێت کە ئەو شکستیخواردووە.

•لە کەرکوک شتێک ڕوویدا ھاوشێوەی ئەوەبوو لەکۆبانێ ڕویدا، بەڵام لە کەرکوک پارتی کرێکارانی کوردستان تەڤڵ نەبوو وەک ئەوەی لە کۆبانی تەڤڵ بوو؟

– چونکە دۆخی کەرکوک جیاوازە، کێشەکە ئەوەیە کە ڕووداوەکان ھەموویان لەو خاڵەدا تەقینەوە کە کەرکوک ھی کێیە؟ ھی عەرەب یان کوردەکان یان ھی تورکمانەکان.
ئێمە ناتوانین ببینە لایەنێک بڵێت کە کەرکوک [شارێکی] کوردی پوختە، ھەروەھا عەرەبی پوخت و تورکی پوختیش نیە، شارێکە بۆ ھەموو گەلان، شارێکی مۆزایکە، ھەڵوێستیشمان ئەوەیە کە چارەسەری کێشەکان نابێت لەسەر بنچینەی دەمارگیری نەتەوەیی بێت. ئەگەر لە کەرکوک تەڤڵ بوینایە ئەوا بەدڵنیاییەوە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی و پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی پاشەکشەیان نەدەکرد لێی، و دەستکەوتە سیاسیەکانیش بۆ ھەردوولا دەبوو، ئەۆ دوانەی کە دۆخەکان بەشێوەیەکی ھەڵە دەخوێننەوە و ھەنگاوی سیاسی ھەڵە دەنێن، ئێمەیش دەبوینە بەیدەقێک لە خزمەتی سیاسەتە ھەڵەکانیاندا.

• ئایا پەیوەندیەکی باش ھەیە لەنێوان حەشدی شەعبی و کرێکارانی کوردستاندا لە موسڵ.. لەوێ ناوچەگەلی دراوسێ یەک ھەن؟

– بەدڵنیاییەوە ھیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ بوونی نیە، لە ناوچەکانی بەریەککەوتن پەیوەندی ھەیە بەبێ بوونی تێگەیشتنی سیاسیی و سەربازی لەنێوان ئێمەو ئەواندا.
حەشدی شەعبی کۆپیەکی لەرزۆکی داعشە، مەبەستم ئەوەیە میلیشیاگەلێکە ڕێکخستنی تێدا نیە، ئەم ناوە موقتەدا سەدر لێیناوە.

• پارتی کرێکاران پارتێکە ماوە ماوە دەگۆڕێت، ئۆجەلانیش پێداچوونەوەی زۆری پێشکەشکردووە، ئایا لەم ماوە زۆر گرنگەی ڕۆژھەڵاتی ناوین دا، [پەکەکە] وایدانانێت کە دووبارە بیرکردنەوە لە شوێنگرتن(التموچع) لەنێوان تورکیا و ئێران و سوریا و عێراقدا باشتر بێت لە مانەوە لە شاخەکاندا؟

– مانەوەمان لە شاخەکاندا بە خەندەقێکی ستراتیژی دادەنێین، دۆزی کوردیش ئاڵۆزترین دۆزە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین دا، ئەگەر چارەسەرنەکرێت ئەوا شاخەکان جێناھێڵین، بەڵام ئێمە لە شاخەکاندا گەمارۆنەدراوین، سیاسەتەکانمان کاریگەری لەسەر ھەموو ئەو شوێنانە ھەیە کەو بوونمان تیایدا ھەیە، لەبەرئەوە بوونمان تەنھا لەسەر شاخەکان کورتنابێتەوە، لە ئێستادا ھیچ وڵاتێکی لە رۆژھەڵاتی ناوین یان جیھاندا نیە ئێمەی تێدا نەبین، پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەکانی تردا ھەیەوە بۆ ھەموو پەیوەندیەکیش کراوەین.

• بەڵام ئایا پارتی کرێکاران ھەر لەشاخ دەمێنێتەوەو بە نھێنی لە ھەموو شوێنێک کاردەکات؟

– دەوروبەری ٨٠٪ ی کوردەکان لە تورکیا لە پشتیوانان و لایەنگرانی ئێمەن، زۆرینەی دەستکەوتەکانیش لە تورکیا و باکور بەھۆی بەرخۆدانەکانی ئەوانەوەیە، ھەرچی پەیوەندی بە ئێران و تورکیاوە ھەیە پەیوەندی ھەیە لەگەڵیاندا، پێشنیاریش ھەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەگەڵیاندا بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراتی، لە حاڵەتی وەڵامدانەوشدا ئەوا ئێمە ئامادەین، بەڵام لە حاڵەتی نەبوونی وەڵامدا وەکو ئێستا، ئەوا ئێمە لە ڕێگەی ھێزی سەربازیەوە بوونمانە ھەیە.
ئەگەریش لەلایەن ئەو حکومەتانەوە داننەنرێت[بە دۆزی کورد دا] یان پەرژاندنی(قبوڵکردن) دانوساندن و چارەسەری دیمۆکراتانە، ئەوا ھەموو بەریەککەوتنێکی سەربازی بەر ئەنجامی نەپەرژاندنی لایەنەکەی ترە بۆ چارەسەری دۆزەکەمان، بەڵام لە حاڵەتی داننانی ئەم لایەنانە بە چارەسەر و بە ھەنگاوی بەرجەستە – با وادابنێین ئەم شتە ڕوویداوە – ئەوا مانەوەمان لە چیا ھیچ مانایەکی نامێنێت، بەڵام ھیچ ھەنگاوێک بەم ئاراستەیەدا بوونی نیە چونکە لەوێ نکۆڵیکردنی مافەکانی کورد ھەیە.

• لە ھەولێر قەوارەیەکی کوردی ھەیە لە سلێمانیش قەوارەیەکی تر، ھاونیشتیمانیانی کوردیش بەرژەوەندیگەلێکی ئابووریان ھەیە، ئایا پێتوانیە کە تاکە زەرەرمەند ئێوەن لە ھاوکێشەی کوردید ھیچ بەرژەوەندیەکتان نیە؟

– ئێمە لەم گۆشەیەوە لە شتەکان ناڕوانین، ئەگەر لە گۆشەیەی کوردی پەتیەوە بیربکەینەوە ئەوا بەھەڵەداچوون ھەیە، بە نزیکبوونەوەمان لە قەوارەی فیدراڵی عێراقی، ئەوا دۆخی کورد و دەستکەوتەکانی لەدایکبووی چرکەساتێک نین، بەڵکو ئەنجامی کۆمەڵێک ژانگرتنی درێژن کە دەگاتە سەت ساڵ لە تێکۆشان لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا، بەڵام چۆن دەتوانین تابلۆی ئەم فیدراڵیەی کە ئێستا لە باکور[ی عێراق] ھەیە بخوێنینەوە، ئەم کوردە ھیچ ئیرادەیەکی نیە ، بووە بە بووکەشووشەیەک بەدەست ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە نە توانای گۆرێن و نە ھێزی ھەیە لە ڕووی سیاسیەوە، لە ڕووی سەربازیشەوە تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش لە کەرکوک یان موسڵ نەیتوانی خۆیڕابگرێت.

لە میانەی خوێندنەوەیەکی خێرای مێژووی نوێی کوردەوە دەتوانین بڵێین؛ کە یاخیبوونە کوردیەکانی ئەم دوو سەدەیەی دوایی.. بە پشتبەستن بە ھێزی خودی ڕووینەداوە، ئێستا ئەنجامەکەش ئەوەیە ئەم لایەنە خۆی ھەڵدەداتە ئامێزی ھێزێکی ترەوە( ڕوسیا، ئێران، تورکیا) و پشت بەو ھێزە دەبەستێت و پاشان سەرشۆڕدەبێت و دەکشێتەوە، پاشان پاڵ بە ھێزێکی ترەوە دەدات و ھێرشدەکات و دەشکێت و دەکشێتەو ئا بەم شێوەیە بەردەوامدەبێت، تا ئەوەی گەیشتینە قەوارەیەکی کوردی لە کوردستانی عێراق.. بەڵام لە سایەی نەبوونی ئیرادەی سیاسیدا، تا چ ڕادەیەک دەتوانین بڵێین بەڕاستی ئەمە دەستکەوتە، ئێمە بەلایەنی کەمەوە لە ھیچ شوێنێک بەبێ پێکھەڵپژان نەکشاوینەتەوە، چونکە ئێمە پشت بە ھێزی خۆمان دەبەستین… لێرەوەیە دەڵێین “ئێمە شکستخواردوو نین” .

• ئێران دەوڵەتێکی (شێوێنه‌ره‌ – العابپه‌) لەناوچەکەدا.. حاڵەتە کوردیەکەی شوێنکەوتەی پارتەکەشتان لە ئێران جوڵەی کەمترە لە سوریا و عێراق و تورکیا.. ئایا ئەمە پشوویەکی ستراتیژی مەدروسە بەلای پارتەکەتانەوە یان بارودۆخەکە لە ئێران جیاوازە؟

– وەک پارت ڕاستەوخۆ گرنگی بە ئێران نادەین، ڕاستە ئێمە چاودێری پەرەسەندنەکان لە ھەموو پارچەکانی کوردستان و ناوچەکەدا دەکەین، بەڵام قورساییەکانمان زیاتر خستووەتە سەر تورکیا بەو ئیعتیبارەی گەورەترین بەشی ئێمە لەخۆدەگرێت و شەڕمان بەردەوامە لە دژی، ئێمە گرنگی بە پەرەسەندنەکان گە ئێران دەدەین، بەتایبەتیش لە پانتایی کوردیدا، بەردەوامیش چارەسەری دۆزی کورد لە ئێران لە سەر بنچینەیەکی دیمۆکراتی و ئاشتی پێشنیار دەکەین و لەسەری سورین، ھێزگەڵێکی کوردیش ھەن باوەڕیان بەم ڕێبازە ھەیە و ھەوڵی خەباتدەدەن لەپێناو دۆزی کورددا و ئێمەش لە پەیوەندیداین لەگەڵیاندا.
ئەگەریش دۆزی کورد بەشێوەیەکی گشتی چارەسەرنەکرێت، ناتوانین بگەینە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێراندا کە داننان بە بوونی کورددا ناپەرژێنێت(قبوڵناکات)،
لەبەرانبەریشدا ناتوانین ڕیککەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا بکەین داننان بە دۆزی کورد ڕەتبکاتەوە.

• بۆچی جوڵەی ھاوشێوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئێراندا نیە؟

– سەرەتا دەتوانرێ بابەتی ڕێکخستنەکان و ئەو پارتانەی لە سوریا و ئێران ھەن جودابکرێتەوە، ھاوشێوەیی ڵەنێوان ئەم پارتانەی ئێران و سوریادا نیە، بەڵکو دەتوانیت بڵێیت ئەوان بە ڕێباز و فەلسەفەی “ئۆجەلان” سەرسامن و بەگوێرەی تایبەتمەندی ساحەکە خۆیان دەگونجێنن و لەسەر ئەم بنچینە جێگەدەگرن.
سیاسەتی ئێران لە سوریا لەپاڵ ئەسەدەوە دژی کوردە، کار گەیشتە دروستبوونی پێکھەڵبژان لەگەڵ ئێراندا لە قامیشلی و حەسەکە و ناوچەکانی ئێرانیش، ئێران سیاسەتێکی ھەیە دژی “پژاک” پەیڕەویدەکات، ئەوانیش داخوازی سیاسیان ھەیە، ئێمەش ھەموو ئەم دۆخانە دەتوێژینەوە و ھەوڵدەدەین ھەڵیبسەنگێنین، جگە لەمە ھیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بوونی نیە.
ئەگەریش ھەر بەرەوپێشچوونێکی ئێرانی دەستکەوتەکانی کورد لە ھەر جێیەک بکاتە ئامانج، وەک ھێرشی قڕکردن بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەسەد دا، ئەوکاتە ئێمەش دووبارە دۆخەکە دەخوێنینەوە.

• ئێستا شێوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا یان بارودۆخ بۆ پارتەکەتان ئارامە؟

– ڕاستە ئارامی ھەیە، بەڵام ئەوەی باسدەکرێت ڕێگری لە ڕوودانی ھیچ شتێک ناکات، ڕەنگە ئەوە ئارامی پێش گەردەلوول بێت.

• پێش کەمێک باسی پشتبەستن بە ئەویترت کرد، بزوتنەوەی کوردیش لەنێوان ئەمێریکا و ڕوسیا و دەوەڵەتانی تردا دێت و دەچێت، ئەو ڕۆڵەی ئێستا په‌یه‌ده‌ دەیگێڕێت ئایا پشتبەستن نیە بە دەوڵەتە دەرەکیەکان؟

– بۆ یەکمجار کوردەکان لە ” ڕۆژئاڤا” بەناوی خۆیانەوە مومارەسەی سیاسەتیانکرد؛ کاتێک پشتیان بە ڕێبازی ئۆجەلان و فەلسەفەکەی بەست و کاریگەربوون پێی، ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ گرتنەبەری ئەم سیاسەتە.
کاتێک دەڵێین ڕوسیا بوونی ھەیە، مانای ئەوە نیە تەنھا ڕووسیا بەڵکو ھێڵی ئۆراسیایی و ھاوپەیمانەکانی لە سوریا بوونیان ھەیە، ھەروەھا ئەمەریکاش نوێنەرایەتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە ئەوروپیەکان دەکات.

دەپرسین، بۆچی ئەم ھەموو دەوڵەتە لە سوریادا ھەن سەرەڕای بچوکیەکەی؟ وەڵامەکەش ئەوەیە شەڕێک لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوین بەرپایە، ھەموو ئەو دەوڵەتە پەیوەندیدارانەش ھەوڵدەدات شوێن پێی خۆی لە ناوچەکەدا بدۆزێتەوە، ھەموو حساباتی خۆی ھەیە بۆ دووبارە [نەخشە] کێشانەوەی ناوچەکە.
ئەگەر ھەوڵی خوێندنەوەیەکی خێرای سیاسەتی په‌یه‌ده‌ بدەین، ناتوانین بڵێین ھەمان سیاسەتە کوردیە ناسراوە تەقلیدیەکە پیادەدەکات؛ چونکە پشت بە شوێنگەکەیی و ھێزەکەی دەبەستێت، پشتیش بە لایەنێکی یارمەتیدەر نابەستێت بەشێوەیەک ئەگەر ئەم لایەنە پاشەکشەیکرد تێکبشکێت.

نمونەی کۆماری مھاباد پشتی بە یارمەتی یەکێتی سۆڤیەت بەست، کاتێکیش یارمەتیەکە وەستا تێکشکا، ئایا دەتوانین بڵێین بۆ پەیەدەش ھەمان شتە، ئەگەر یارمەتی ئەمێریکی بوەستێت و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکشێتەوە؟ لە سوریا ھەموو ھێزەکان دژی کوردبوون، سەرەڕای ئەوەش خۆیان بەدەستەوە نەدا و خۆیان نەخستە باوەشی ھیچ ھێزێکەوە، لەسەر ڕێبازە تایبەتەکەی مایەوەو پشتیان بە ھێزی خۆیان بەست، ئەوەی کە دواتر ھاوپەیمانی نێودەڵەتی ناچار بە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆیان کرد پاش ئەوەی لێھاتووی خۆیان سەلماند.

جگە لە پەیەدە نە ڕوسیا و نە ئەمێریکا و نە ھیچ ھێزێکی تری کاریگەر شتێکی بەرجەستەیان پێشکەشنەکردووە، ھەسەدەش تاکە ھێزە کە پرۆژەیەک بۆ سوریای داھاتوو پێشکەشدەکات، ئەویش سوریایەکی دیموکراتی فیدراڵە کە پشت بە ڕەھەندی ئیتنی نەتەوەیی نابەستێت بەڵکو پشت بە ڕەھەندی جوگرافی دەبەستێت.
لە ڕووی سیاسیەوە ئێمە جیاوازین لە ئەمێریکا، پەیەدەش پەیوەندی لەگەڵ ھەموو پێکھاتە کاریگەرانەدا ھەیە کە ئێستا لە سوریادان، بەڵام پاڵناداتە لایەنێکەوە دژی ئەویتر، لە نێوان ئەم پەیوەندیانەشدا پشت بەو پرۆژەیە دەبەستێت کە پێشکەشیکردووە.

• بەڵام پرۆژەی پەیەدە ڕازیبوونی گشت لایەکی بەدەست نەھێناوە، کێشەکەش ئەوەیە بەبێ ڕاوێژکردن بەو کۆمەڵگایانە دەست بەجێبەجێکردنی کرا.. ئایا کاتی پرۆژەکە لە سوریا گونجاوە، ئایا بە تەرحەکەی بارزانی ناچێت بۆ ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردوستاندا؟

– بەراورد لەنێوان کاتی ڕیفراندۆم و پرۆژەکەی پەیەدە ناکرێت، ئەوەی لە “ڕۆژئاڤا” ڕوودەدات پرۆژەیەکی کوردی نیە، بەڵکو ڕێڕەوێک بۆ ھەموو پێکھاتەکانی گەلی سوری دەکێشێت لە داھاتووی سوریادا، ئەم پرۆژەیەش لەسەرەتایدایەو تا ئێستاش نیشانەکانی ڕوون نین، وەکو نمونەیەک تەرحکراوە کە دەشێت ناوچەکانی تریش پەیڕەویبکەن، چونکە جەنگ ھێشتاش بوونی ھەیە بۆیە پرۆژە سیاسیەکە بە تەریبی لەگەڵ جەنگە سەربازیە ناوچەییکە دا دەڕوات، کاتێکیش کە جەنگ کۆتایی دێت گفتوگۆی سیاسیی دەبێت، قۆناغی سیاسی بنچینەکەیە، لەداھاتوودا ھەر ھێزێک بەپێی قورسایی سیاسیی خۆی قسەی خۆی دەڵێت، زۆربەی ھێزەکانیش لە بێژنگ دراون، میحوەرێک ھەیە پشت بە ئەمەریکا دەبەستێت و ئەویتریش ڕوسیا، سەرباری [ھێزی] کوردی ” ھەسەدە” کە ڕێگای سێیەم دەگرێت.

• ئایا پێتوانیە کە شەڕڤانەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبنە بەشێک لە کێشەکە لە سوریای داھاتوودا؟

– ئۆجەلان ماوەیەکی درێژ لە سوریادا ماوەتەوە، لەوێ کاریگەریشی ھەیە لەسەر بنکە جەماوەریەکە، کاتێکیش دەستمان بە ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا کرد ھەزاران کەس لە گەلی کوردی سوریا یارمەتیان داین و لەگەڵماندا جەنگان.
لەسەرەتای ڕووداوەکانیشدا لە سوریا گەڕانەوە بۆ سوریا بۆ جەنگ، چونکە ئەوان بەشێوەیەکی زۆر پشت بە فەلسەفەی ئۆجەلان دەبەستن ئێمە یارمەتی ئایدۆلۆژیان پێشکەشدەکەین، ئێمە زۆر نزیکین و لە یارمەتیدانی سەربازیان بەردەوام دەبین، ئەمەش مانای ئەوە نیە کە ئێمە کارەکان لە سوریا بەڕێوەدەبەین، ئێمە ئەوە ناپەرژێنین(قبوڵناکەین)، بەڵکو ئەوان خۆیان ئەوە دەکەن، ئێمە یارمەتیان دەدەین و ڕێز لە بڕیارەکانیان دەگرین ھەرچیەک بێت تەنانەت ئەگەر بەدڵیشمان نەبێت.
لە حاڵەتی ڕێککەوتنیشدا (التسویه‌)، ئەوا ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە لەوێ دەجەنگن نابنە ڕێگر لە ڕێگای چارەسەریدا، لەبەرئەوەی لەوێ کادری کوردی سوری لەسەر ئەو خاکە ھەیە و دەزانێت چی دەوێت، لەوکاتەدا ھیچ پێویست بە بوونمان ناکات، بەدڵنیاییشەوە دەکشێنرێنەوە.

• پەیوەندی نێوان پەکەکە و پەیەدە چیە؟

– سەرەتا، پەکەکە دەنگدانەوەی لە ھەموو ناوچەکانی کوردوستان ھەیە، بنکە جەماوەریەکەشی گەورەیە و ھەندێک پیرۆزیشی دەکەن بەھۆی ئەوەی ڕێبازی پێچەوانەی ئەو سیاسەتە کوردیە تەقلیدیە کە ھەیە و ڕێبازی ئێمەیان پەسەندنەکردووە، بەڵام ڕێبازمان لەسەر ئاستی گەل پەرژێنراوە(قبوڵکراوە).
لە ڕۆژئاڤا سۆز و خۆشەویستی بەدیدەکەین چونکە ئۆجەلان نزیکەی ٢٠ ساڵ تیایدا ماوەتەوە، و پەیوەندی لەگەڵ کورد و عەرەبدا ھەبووە، لەم ماوەیەشدا ھەزاران کەس لە ڕۆژئاڤاوە تەڤڵی پەکەکە بوون و تیایاندایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیادا کوژراوە و ئەمەش کاریگەریدەکات و بەستەری سۆزداری لەنێوانماندا پێکدەھێنێت، ئێمەش جوانیەکە بۆ ڕۆژئاڤا دەگەڕێنینەوە، بەجێیانناھێڵین و مەعنەویانە پشتیوانی مافەکانیان دەبین نەک مادیانە، ئەوەش متمانەی گەلی لەنێوانماندا زیادکردووە.

• پەیوەندیەکانی نێوان ڕژێمی سوریا و پارتی کرێکارانی کوردستان ئایا ھێشتاش بەرپایە؟

– بەڵێ پەیوەندی ھەیە لەگەڵ سیستەمی ڕژێمی سوریادا، بەردەوامیش دەبێت تا ئەوان پەیوەندیان بوێت بەو شێوەیەی بۆ ئێمە دەگونجێت، ئێمە ئامادەین بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا، بڕیاری جەنگ و دوژمنایەتیش بەگوێرەی لایەنەکەی ترە.

• تەنانەت لەگەڵ تورکیاشدا ئامادەن بۆ گفتوگۆ؟

– بەداخەوە دۆخی تورکیا ئێستا جەنگە، و پەیوەندی نیە لەگەڵیدا، لە حاڵەتێکیشدا تورکیا گفتوگۆی تەرحکرد ئێمە ئامادەین.

• لەم ساتەدا ئەگەر بارودۆخ لەباربێت تۆ خودی خۆت دەڕۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا؟
– من نا، لەگەڵ ئەوەشدا.. بڕیار لای من نیە بەڵکو لای سەرکردەکانی پارتە، لە حاڵەتی ڕوودانی ئەوەشدا قسەکەری سەرەکی و ناونیشان عەبدوڵا ئۆجەلانە.

• ئایا پەیوەندی لەنێوان پەیەدە و ڕژێمی سوریادا ھەیە؟

– بەپێی زانیاری من پەیوەندی لەنێوانیاندا ھەیە.

• ئایا متمانە بە ئەمەریکا دەکەیت؟

– نەخێر، ئێمە بزوتنەوەیەکی بەرھەڵستکاری ئیمپریالێزمین، ھیچ لێدوانێکیش لەلایەن پەکەکەوە نەدراوە بڵێت ئێمە متمانەدەکەین و ئامادەین بۆ ھاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکادا، ھەروەھا لەلایەنی ئەمێریکیشەوە ئەوە نیە، ئەمێریکاش دەمانخاتە ناو لیستی تێرۆرەوە بۆیە پشتیوانی تورکیا دەکات لە دژمان، جەنگیش دژی تورکیا جەنگە دژ بە ئەمێریکا، ھەرچی بە نسبەت دۆخی ڕۆژئاڤاوەیە ئەوە تایبەتە.

• ئایا پەکەکە ئامادەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەمێریکادا؟

– لەسەر ئاستی ستراتیژی ناشێت لەگەڵ ئەمێریکادا بجوڵێیت، ئەو پەیوەندیانەش لە ڕۆژئاڤا ھەیە لەسەر ئاستی تەکتیکی و پشتیوانی سەربازیە، ڕوونیش نیە ئەم پەیوەندیە تا کوێ دەگات، ناشکرێت فاڵبگرینەوە و کە سیاسەتی ئەمێریکا لە سوریای داھاتوودا چۆن دەبێت و پەیەدەش لەبەرانبەریدا چۆن مامەڵەدەکات، لەوانەشە لەسەر ئاستی سوریا پەیوەندیگەلێکی تەکتیکی لەگەڵ ئەمێریکا و ڕوسیا ھەبێت لەسەر بنچینەی چارەسەرکردنی دۆخی کورد لە سوریا ئەمەش شتێکی ترە.

• ئایا پێشبینی پەیوەندیەکی درێژ دەکەیت لەنێوان پەیەدە و ئەمێریکادا؟

– لەم حاڵەتەدا پێویستە بوترێت کە پەیەدە لەسەرێتی ڕێبازی ئایدۆلۆژی و فیکری خۆی بگۆڕێت، ڕێبازی پەیڕەوکراو لەیەکناچن، بەڵکو لەگەڵ ڕێبازی ئایدۆلۆژی ئەمێریکادا لەناوچەکە جیاوازدەکەونەوە، ئێمە ئەم پەیوەندیانە ناودەنێین ناچاری، خۆشویستراو نیە و بژاردەی دووەمیش نیە.

• بۆچوونت لەسەر کەوتنی ڕژێمی سوریا و ڕۆیشتنی ئەسەد چیە، لەگەڵی یان دژ؟

– نزیکبوونەوەی بنچینەیینمان بە مانەوە یان ڕۆیشتنیەوە نیە، پەیوەست نیە بە کەسێک یان بە سیستەمێکەوە بە ئەندازەی ئەوەی داننانە بە مافی خۆمان لە جێبەجێکردنی پرۆژەی دیموکراتی فیدراڵی، با وادابنێین کە داننرا بە بە پرۆژەی دیموکراتی فیدراڵیدا.. ئەسەد تیایدا دەبێت و ڕۆڵی دەبێت سەرباری پێکھاتەکانی تر، ئەمەش مانای کۆتاییھاتنی ئەسەدە وەک زھنیەت، بەڵام بە داواکردنی ڕۆیشتنی دەبینە بزوتنەوەیەک ئامانجی کەسێتیەکە، ئەمەش بزوتنەوەیەکی سیاسیی نیە.

• عەفرین لە دۆخێکی زۆر سەخت دایە، پێشبینیدەکەن چی لەوێ ڕووبدات و بژاردەکانتان چین؟

– چوونەناوەی تورکیا بۆ ئیدلب و گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییە، لە ئەنجامی ھاوپەیمانی ڕووسی- تورکی و بڕیارەکانی ئەستانەوە، و جوڵەی ھاوبەشیان لە ئێستادا مانای ھاوپەیمانیان نیە بەڕاستی.
تورکیا دەخوازێت کۆتایی بە پەیەدە بھێنێت لە سوریا، بەڵام ڕوسیا بەکاریدەھێنێت بۆ کۆتاییھێنان بەو گروپە توندڕەوانەی ئارەزووییان ناکات، لە ڕێگای تورکیاوە زۆرینەی ئەم گروپانە لە ئیدلب جێگیرکراون، پاش ئەوەی گروپە ئیسلامیەکان لە ئیدلب کۆبوونەوە ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژیان ڕاگەیاند، ئەوەش سیاسەتێکی ژیرانەیە، چۆن ڕوسیاو ئێران لە ڕێگای تورکیاوە وایانلێکرد گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕژێمی سوریا بکشێنێتەوە بەبێ ھیچ بەریەککەوتنێک لەگەڵیاندا، لەبەرانبەریشدا ڕوسیا وتی کوردەکان ناڕۆنە ڕۆژئاوای فوراتەوە، بەمشێوەیەش تورکیا وایدانا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆی لەبنەڕەتدا سەرکەوتن بوو بۆ ڕژێم و ڕوسیا، ڕوسیا و ئێرانیەکان دەزانن ئەگەر ئەوان دەرگایان کردەوە بۆ تورکیا، ئەو مەترسیەکی گەورەیە لەسەریان.
چوونە ناوەی تورکیا بۆ عەفرین بەبێ پەسەندکردنی ڕوسیی – ئێرانی نابێت، لە ھەمان کاتیشدا لە حاڵەتی ڕوودانی ئەم شتەدا دەبێتە ھۆی بەریەککەوتنی توند، سەرئەنجامیش دابەشبوونێک دەبێت لە سوریادا، پێموانیە بەئاسانی وتنی بەڵێ و پێدانی گڵۆپی سەوز دەبێت بۆ ھێرشکردنە سەر عەفرین، ناکرێت بڵێین ئەستەمە، چونکە گریمانەیەکە ڕێی تێدەچێت، بەڵام لە ئێستادا قورسە، لەحاڵەتی بوونیشیدا مەترسیدار دەبێت.

• چی دەبێت ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە کرا کە باستکرد و تورکیا چووە عەفرینەوە؟

– ڕەنگە، لە حاڵەتێکدا ھەموو دەوڵەتە مەزنەکان ڕێککەوتن، ھیچ شتێک ئەستەم نیە، بەڵام لەسەر ھەمووانە بزانن کە بەرخۆدان ھەر دەمێنێت تا کۆتا ھەناسە، بە شکستێکی لەمشێوە ڕازینابین و کۆبانێیەکی تر دەژینینەوە.

• چی دەبێت ئەگەر تورکیا وێرای ئۆجەلان لەسێدارە بدات؟

– ئەم ئەگەرە ڕێیتێدەچێت، لە حاڵەتی ڕوودانیشیدا سەرەتای گۆڕانێکی مێژوویی دەبێت و دەگەینە خاڵێک کە ھەرگیز گەڕانەوەی تێدا نیە ئەویش جەنگە، سەرەڕای ھەموو ئەمەش ھەر دەڵێین پێویستە گفتوگۆ و دانوستاندن ھەبێت، لە حاڵەتی گەیشتنیدا بەم خاڵە و لەسێدارەدانی ئۆجەلان، ئەم دەرگایە دادەخرێت.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی عوكاز.

گفتوگۆی: عبدالله العضوی (شاخەکانی قەندیل – باکوری عێراق).




لە قوولایى ستراتیژیەوە بۆ قوولایى کیشەى کورد …. سمکۆ عەبدولکەریم

بەشى شەشەم

کردنەوەى چەند پەنجەریەک بەڕووى کورد-دا، نەخشەو پلانێکى حەکیمانەى ئەحمەد داود ئۆغلۆ بوو، بۆ لانى کەم بەدەست هێنانى متمانەى کورد و بردنەوەى هەڵبژاردن و گەیشتن بە لوتکەى دەسەڵات، چونکە بە پێچەوانەى نەریتى پێشتریان، کە سەرە زلەکانى ئەم وڵاتە هەر کاتێک ئارەزوویان کردبێ لە رێگەى کودەتاوە فەرمانڕەوایى تورکیایان گرتۆتە دەست، بەڵام ئەمجارەیان لە رێگەى پرۆسەى هەڵبژاردن، شێوازێکى دیکەى کودەتایان ئەنجامدا، بەومانایەى کە پێشوەخت بڕیاریان دابوو دەبێ دەنگى زۆرینە بەدەست بێنن و تاک لایەنە بتوانن حکومەت پێک بێنن، ئەمەش گەواهیدەرى ئەو تێگەیشتنە بوو، کە دەبێ ئەنجامى هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندى پارتى داد و گەشەپێداندا بێت.
ئەمەش هەمووى لە ئەنجامى گەیشتن بەو ڕاستییە بوو، لەوەى مومکین نەبوو لە دەرەوەى پڕۆسەیەکى سیاسى دیموکراتیانەدا پارتى داد و گەشەپێدان بتوانێ دەسەڵات بگرێتە دەست، لە کاتێدا ئامانجى ستراتیژى لە کردنەوەى چەند لایەک بەڕووى کێشەى کورد لە تورکیادا تەنیا و تەنیا بەدەست هێنانى زۆرینەى دەنگەکانى کورد بوو، لە بەرژەوەندى دادو گەشەپێدان، ئەگەرچى ئەحمەد داود ئۆغلۆ زۆر فراونتر لەوە دیڕوانییە کێشەى کورد، بەتایبەتى کاتێک هەست دەکات کیشەى کورد پێیناوەتە قۆناغێکى زۆر پێشکەوتوو ترەوە.

ئۆغلۆ لەو کتێبەیدا ” قوولایى ستراتیژى” ئاماژە بۆ هەڵکشانى کورد دەکات و پێى وایە لە دواى کۆتایى هاتنى جەنگى سارد، کێشەى کورد بە شێوەیەکى زۆر سەرسورهێنەر هەڵکشاوە، بۆیە ئاوڕدانەوەیەکى وردو حەکیمانە لە کورد لەسەر ئاستى ناوخۆ بە پێویستییەکى زۆر گرنگ دەزانێ، هەر لەم چوارچێوەیەشدا پەنا بۆ سەرجەم هۆکارەکانى سەرخستنى ئەجنداکانى دەبات، لەسەر ئاستى ئابوورى لادەرگایەک بەڕووى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا دەکاتەوە، لەسەر ئاستى روناکبیرى و راگەیاندیش، بەهەمان شێوە ئەلقەیەکى سەقافى دروست دەکات و لە چەند قۆناغێکدا دەستە دەستە هەڵبژاردەیەک لە راگەیاندکارو روناکبیرانى باشورى کوردستان داوەتى سەر خوانەکەى دەکات لە تورکیا.

ئۆغلۆ زۆر دووربینانەتر و سیاسیانەتر لە ئەردۆگان دەڕوانێتە کێشەکە، بەڵام بەهۆى ئەوەى تورکیا هەرگیز خوازیارى ئەوە نەبووە لە ڕووى سیتمى سیاسییەوە، بە تایبەتى دیموکراتییەتەوە بچێتە سەر هێلە دیموکراسییەکەى خۆرئاوا، چونکە ئۆغلۆ-ش هەمیشە پێى وابووە تورکیا دەبێ دەست بە باڵاى خۆیەوە بگرێ و نابێ نزمتر لە ئاستى وڵاتانى خۆرئاوا لێیبڕوانرێ، وەک بەخۆى دەڵى ئەو خۆرئاوا باش دەناسێ( خۆبەگەورەبینى خۆرئاوا باش دەناسم، ئامادەین لە ئاستى یەکساندا گفوگۆبکەین. بەڵام کەس ناتوانێ بە سووکایەتییەوە هیچمان پێ بڵێت، هەر کەسێک بێت، بەمە ڕازى نابین).

دواى هەردوو هەڵبژاردنە یەک لە دواى یەکەکانى یونیو و نۆڤێمبەرى 2015، ئەردۆگان دەست بەسەر کۆى گشتى پرۆسەى سیاسى تورکیادا دەگرێ و ئەحمەد داود ئۆغلۆ دەخاتە دەرەوەى بازنەکە، ئەگەرچى هەموو ئەوەى تورکیا لەو ماوەیەدا لە ڕووى ئابورى و کۆمەڵایەتییەوە پێدەگات لە سایەى ئەحمەد داود ئۆغلۆ بووە، بەڵام تێزەکەى ئۆغلۆش هەرگیز بە ئامانجى چارەسەرکردنێکى بنەڕەتیانەى کێشەى کورد نەبووە، بەقەد ئەوەى ئامانجى ئەوە بووە کیشەى کورد بە شێوەیەک لە شێوەکان بخاتە خزمەتى پرۆسەى سیاسى تورکیا، چونکە ئەو دەمێک بوو دەرکى بەوە کردبوو کە کێشەى کورد لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەرەو پێشچوونى زۆرى بە خۆوە بینیوە، بۆیە ناکرێ تورکیا ئاوڕ لە کورد نەداتەوەو لێگەڕێ وڵاتانى دیکەى هەرێمى و نێودەوڵەتى کارتى کورد لە دژى تورکیا بەکار بێنن.

بێهیوابوونى ئەردۆگان لە ئاوڕدانەوەى خۆرئاوا لە تورکیا، بەتایبەتى دواى هەڵپەساردنى وەرگرتنى تورکیا لە یەکێتى ئەوروپا، کە ساڵانێکى زۆر بوو خەونى پێوە دەبینى، هەروەها نەمانى متمانەى بە ئەمریکا، بە تایبەتى دواى سەرهەڵدانى راپەرینەکانى سوریا، لەسەرووى هەموو ئەمانەشەوە سەرهەڵدانێکى دیموکراسیانەى کورد لە ناوخۆى تورکیادا بەسوود وەرگرتن لە سیاسەتى کرانەوەى تورکیا بەڕووى دیموکراسیەتدا. بەتێگەیشتن لەوەى هیچکام لەو رووداوانەى لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، هاوتەریب نین لەگەڵ ئەجنداکانى تورکیا، ئەمەش وایکرد تورکیا پاشەکشەیەکى خیرا بکات، پاشەکشە لەهەموو ئەو بنەمایانەى تورکیایان بەرەو کراوەنەى زیاتر دەبرد، بۆیە ئەردۆگان بەگرتنە دەستى جومگە ئەساسییەکانى دەوڵەت نەک هەر تورکیاى لە کرانەوەى زیاتر ڕاگرت، بەڵکو گێڕایەوە نێو بازنە داخراوەکە، هەموو ئەو ڕووداوانەش ئەگەر وا لێکبدرێنەوە پێچەوانەى تێز و تێڕوانییەکانى ئەحمەد داود ئۆغلۆن و ئەو سیاسەتەى ئۆغلۆ پێڕەوى لێدەکرد شکستى خوارد، ئەوە بەهیچ شێوەیەک ناکرێ خوێندنەوەیەکى ورد بۆ سیاسەتى ئێستاى تورکیا بکرێ بەبێ خوێندنەوەى کتێبى “قوولایى ستراتیژى” داود ئۆغلۆ.

چونکە مومکین نەبوو بەبێ ئۆغلۆ ئەردۆگان بیتوانیبا دەسەڵاتى کوللى تورکیا بگریتە دەست و لە 16 ابریل 2017 دەستوریش وەک خۆى دەیەوێ هەموار بکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا حزبەکەى لە دواین هەڵبژاردنى یونیوى 2015 نەیتوانى دەنگى پێویست بێنێ و تاک لایەنە حکومەت پێک بێنێ، بۆیە بڕیارى دووبارە ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن دراو لە نۆڤیمبەرى 2015 پارتى داد و گەشە پێدان توانى بۆ یەکەم جار ژمارەى پێوانەیى بشکێنێ ئەو سەرکەوتنە تۆمار بکات، کە بتوانێ یەکسەرە حکومەت پێک بێنێ و 18 ماددەکەى دەستوریش هەموار بکاتەوە

بەهەر هۆیەکەوە بێت لەم هەڵبژاردنەدا پارتى داد و گەشەپێدان ژمارەى کورسییەکانى لە 259 کورسى بەرزکردەوە بۆ 317 کورسى کوردیش لە چوارچێوەى پارتى گەلانى دیموکرات ژمارەى کورسییەکانى لە 80 کورسى دابەزى بۆ 59 کورسى.
لێرەوە سیاسەتى تورکیا لەسەر ئاستى ناوەخۆ و دەرەوەدا گۆڕانکارى زۆر دیارو بەرچاویان بەسەردا هات، ئەمەش بە تێگەیشتن لەوەى تورکیا هیچ دۆستێکى واى نەماوە جگە لەخۆى، بەومانایەى وەک چۆن کوردەکان هەمیشە ئەوە دەڵێن “جگە لە شاخاکان کەس دۆستمان نییە” تورکیاش ئێستا جگە لە خۆى کەس دۆستى نییە.




ڕۆژی جیهانی كۆچبه‌ران … ئامادەکردنی: هەژار

18 كانونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك ڕۆژی جیهانی كۆچبه‌رانه‌ و سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ په‌یامێكدا به‌شداری كۆچبه‌ران له‌ پێشخستنی سه‌رجه‌م بواره‌كاندا له‌ جیهاندا به‌رز ده‌نرخێنێت.
به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی كۆچبه‌رانه‌وه‌ ، ئه‌نتۆنیۆ گوتیرێس ، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگترووه‌كان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت به‌ڵگه‌كان ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ كۆچبه‌ران بونه‌ مایه‌ی سودی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگاكاندا. به‌ڵام سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانی خۆشی ده‌رده‌بڕێت له‌ باره‌ی ئه‌و هه‌سته‌ دوژمنكارانه‌ی كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر له‌ كۆچبه‌ران له‌ جیهاندا بوونی هه‌یه‌.

كۆچ به‌ گشتی و كۆچی نایاسایی به‌ تایبه‌تی كۆمه‌ڵگاكانی جیهانی دابه‌شكردوه‌ و له‌لایه‌ك ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ژیانیان له‌ ڕێگه‌ی كۆچی نایاسایی له‌ده‌ستداوه‌ هێشتا ژماره‌یه‌كی به‌رچاوه‌ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ڕێوشوێنه‌كانی زۆربه‌ی ووڵاتان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مافه‌كانی كۆچبه‌ران داناڕێژرێن.
یه‌كێتی ئه‌وروپا تا ئێستا نه‌گه‌شتووه‌ به‌ ڕێكه‌وتنێك له‌باره‌ی په‌نابه‌ر و كۆچبه‌رانه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌ر ڕۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی په‌نابه‌راندا داڕێژرا بێت و ئیداره‌ی ئێستای ئه‌مریكاش له‌ هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی په‌نابه‌رانن بۆ نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ پێشتر له‌ سه‌رده‌می باراك ئۆبامادا وه‌رده‌گیران و ئوسترالیاش به‌رده‌وامه‌ له‌ سیاسه‌تی گرتن و گێڕانه‌وه‌ی كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخ بۆ ئه‌و ووڵاته‌ی كه‌ لێوه‌ی هاتوون.

یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژی جیهانی كۆچبه‌ران له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌ره‌ نایاساییانه‌ی كه‌ له‌ جیهاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌ ساڵی 2017 دا گه‌شتۆته‌ 5 هه‌زار و 323 كه‌س كه‌ زۆربه‌یان له‌ ئاوه‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 295 كه‌سیشیان له‌ ناوچه‌كانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا مردوون.




ئاڵاکەم؛ مەشخەڵێک لەورە …. بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پـایــان”

کوردستانم..
هەموو جارێ لەساڵێکا
وەختی ئێمە ئەبین بەپەیکەرو
لەئاستی ئاڵا ئەچەمێینەوە؛
چوارچرا پێدەکەنێ و
چوار ڕەنگ ئەکاتە کراسی نیشتیمان و
چوار ئاواز بۆ سرودی کوردستانم دائەڕێژێ..
ئەم ئاڵایە تاڤگەیەکە..
جەستەی شەکەتی مێژووی نیشتیمانە..
ئەمڕۆ ناوی پێشمەرگەیەو
لەپێدەشتی تەم تومانا
دەستەویەخەی سازکردنی دۆزەخە بۆ دوژمنانی..
لەدامێنی چیادا..
چیای سەفین.. کارۆخ.. هەندرێن.. هەڵگورد..
بەرماڵە..
بەرماڵی کوردانە، شەکاوەیە لەئاسمانا..
لەوەتەی هەم؛ ئەمە پێناسەی بوونی من بووە..
جوگرافیایەکی شەقکراوی هەڵبەستووە..
لەوەتەی هەم؛ ئەمە چیڕۆکی ئازارو
پەیامی شەختەی ڕێبەندان و
ڕەنگی مان وسرودی بەفرە..
دەست دەست
دەسکەچیلەی چرای پێ بەستراوەو
لەڕەگ و ڕوحی مێژووەوە
ئەم چیڕۆکە پەیژە بەپەیژە.. هێناویەتی و
ئەمڕۆ بەژنی پێشمەرگەیەو
مەشخەڵێکە لەباڵای بەورو
داعش خورد ئەکاتەوەو
لەهەیوانی لای خوارەوەی شاخی شنگال
گڕی گەڕەلاوژەیە..
ئەم ئاڵایە؛ ئەمڕۆ ئاهەنگی هەمووانە
پێکەنینە لەئامێزی خۆشەویستی و ئازادیدا..
قاتی بەژنی پێشمەرگەیە..
لەیەک کاتدا بەرگی هوجام و
ڕەفتەی ئاڵی جەیلان و
قردێلەی نیگارو
کراسی یەکینەی شەڕڤانە.. ئەم ئاڵایە..
برینی شەنگال وکوبانێشی پێچاوە..
هەر گاف لەشەکانەوەیدا
شەپۆلی سڵاوە بۆ گیانی بێگەردی پێشەوا
بزەی لەسەرپێ وەستانە بۆ ڕوحی شەهیدان..
سڵاو لەئازادی سڵاو لەپێشمەرگە، بژی کوردستان..

بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پـایــان”

١٧-١٢-٢٠١٥
هــەولـــێر




سیاسه‌ت و ناسیاسه‌ت له‌ به‌رانبه‌ر ڕۆشنبیردا … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

– ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت له‌ بواری كار و جوڵه‌ی خۆیدا شكست بێنێ‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
– ئه‌گه‌ر ئابووری له‌ بواری مامه‌ڵه‌ و دانوستانی خۆیدا داڕمێ‌ و هه‌ره‌س بێنێ‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
– ئه‌گه‌ر دین له‌ فه‌زای هه‌ڵسووڕان و كایه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆیدا زیاد یا كه‌م بێنێ‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
– ئه‌گه‌ر هاڕمۆنیه‌ت و نه‌زمی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ شێوانی تێبكه‌وێ‌ و له‌سه‌ر ئاوازێكی سیمفۆنیك نه‌بێ‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
– ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ نه‌یتوانی له‌ ده‌رچه‌ی كرده‌كانی خۆیدا كه‌سێكی هوشیار به‌ خۆی و به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و به‌ نه‌ته‌وه‌ و به‌ دنیا و به‌……..تاد به‌رهه‌م بێنێ‌، ئۆباڵی هه‌ره‌ زۆری له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.

– ئه‌گه‌ر هونه‌ر و وه‌رزش و ئه‌ده‌ب و ……… نه‌یانتوانی له‌ بازاڕی نێوخۆی كورده‌واریدا ڕه‌واج بۆ خۆیان په‌یدا كه‌ن و نه‌شتوانن بپه‌ڕنه‌وه‌ ئه‌ودیو سنووره‌كانی خۆیان و له‌ بازاڕی نێو نه‌ته‌وه‌ییدا ببنه‌ ده‌نگ و ڕه‌نگ، دیسان ئۆباڵی هه‌ره‌ زۆری له‌ ئه‌ستۆی كولتووره‌.
كولتوور بۆ هه‌ر ده‌سته‌ و تاقم و كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌ك مه‌رجی بوون و هه‌ڵبڕینی ده‌نگی سه‌لماندنی بوونێكی ئینسانی دیاریكراوه‌. كێشه‌كانی ئێمه‌ هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ له‌ نێو كولتوورماندا ڕیشه‌یان هه‌یه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ڕیزمانكردن له‌ ئاستی ڕه‌زامه‌ندی نه‌ خۆمانین نه‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان.
سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی خۆی له‌ قه‌ره‌ی كولتوور و وه‌به‌رهێنه‌رانی كولتوور كه‌ ڕۆشنبیرانن نه‌دا و هیچ كاتێك چاره‌ی ڕۆشنبیری جیددیان نه‌ویست و فیشه‌كێك و ده‌مانچه‌ و تفه‌نگێكیان له‌ ڕۆحی ڕۆشنبیرێك پێ‌ بایه‌خدار تر بوو.

سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی نه‌یتوانی كه‌سێتیه‌كی سیاسی كوردی بێنێته‌ ئارا بۆ چه‌ند خوله‌كێك قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ و دۆزی گه‌له‌كه‌ی بكا له‌و ئاسته‌ی به‌رانبه‌ره‌ یار و نه‌یاره‌كانی له‌وه‌ بگه‌یه‌نێ‌ كه‌ دۆزی كورد نه‌ك په‌یوه‌سته‌ به‌ كورد خۆیه‌وه‌ بگره‌ به‌ ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌یی و جیهانیه‌وه‌ به‌ند و په‌یوه‌سته‌.سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی نه‌یتوانی به‌رنامه‌ بۆ بایه‌خی په‌روه‌رده‌ی سیاسی و شۆڕشگێڕی دابنێ‌ و تاكی خۆی بكاته‌ بوونه‌وه‌رێكی سیاسی هوشیار توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ‌ به‌رانبه‌ره‌ یار و نه‌یاره‌كانی به‌ دۆزی خۆی سه‌رسام بكا.

سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی چه‌كی خسته‌ پێش كتێب و قه‌ڵه‌م و هه‌رده‌م عه‌قڵ كه‌ له‌م دوانه‌ ده‌چۆڕێ‌ له‌ دوای كوته‌ك كه‌ له‌ تفه‌نگه‌وه‌ نمایش ده‌بوو ده‌ڕۆیشت و ده‌هات و ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا هاوكێشه‌ی عه‌قڵ و كوته‌كی به‌ره‌واژوو كردبۆوه‌ و هه‌میشه‌ كوته‌ك و كوته‌ك به‌ ده‌ست هۆكاری چاره‌سه‌ر و بردنه‌ پێشه‌وه‌ی پرسه‌كان بوون و قه‌ڵه‌م و كتێب به‌ ده‌سته‌كان له‌ دواوه‌ی ئه‌وان هه‌وڵی جوانكردنی ڕه‌فتار و گوفتاری ئه‌وانیان ده‌دا.
سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی له‌ هه‌رێمێك یا به‌شێكی بچووكی كوردستاندا ماڵێكی ئارامیان چ له‌ شاخ و چ له‌ شار پێ‌ ئاوا نه‌كرا و نه‌ خۆیان و نه‌ كوردستانیانیشیان له‌ دڵه‌ڕاوكێی مانه‌وه‌ و سه‌قامگیری خاترجه‌م كرد.
سیاسه‌تی كوردی جگه‌ له‌ دۆخێكی سایكۆلۆژی نارسیزم و كارگه‌یه‌ك بۆ هێنانه‌ ئارای كه‌سێتی هه‌لپه‌رست و هه‌ڵلووش كه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تی دۆزێكی ڕه‌وای ئاوه‌ها گه‌وره‌ و جیهانی نه‌ده‌شیان چیتریان نه‌كرد.

زانست هه‌میشه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجام و ده‌ركه‌وته‌ی هۆكاره‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌نجامه‌ خه‌مناكانه‌ پێمان ده‌ڵێن بریتین له‌ ڕێچكه‌ گرتنێكی په‌رت و بڵا و شێواوی ئه‌وتۆ كه‌ هیچمانی نه‌گه‌یانده‌ جۆرێك له‌ ڕازیبوون چ له‌ ئه‌نجامی كاری خۆمان وه‌ك تاك و چ له‌ ئه‌نجامی كار و خه‌باتی خۆمان وه‌ك جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی.
په‌رته‌وازه‌یی له‌ سیاسه‌تی كوردی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فورموله‌ نه‌بوونی كولتووری كوردیه‌ له‌ هۆشێكی ده‌سته‌جه‌معیدا كه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوایه‌ هه‌موو ده‌نگه‌كان بخاته‌ سه‌ر ڕیتمێكی سیمفۆنیك به‌ هاڕمۆنیه‌ته‌كه‌ی هه‌م خۆی و هه‌م دنیاشی سه‌رسام كردبایه‌.
په‌رته‌وازه‌یی ده‌نگ و ڕه‌نگی سیاسی قالبنه‌گرتوو له‌ فۆڕمێكی ناسیونالیستی مۆدێرن به‌ درێژایی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ كردوونیه‌ته‌ هه‌م گاڵته‌ جاڕی خۆمان و هه‌میش گاڵته‌جاری ده‌ر و دراوسێ‌ و دنیا.

سیاسه‌تی كوردی بۆ سه‌ده‌یه‌ك ده‌چێ‌ دوژمنایه‌تی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران ده‌كا، ڕۆشنبیره‌ جیدیه‌كان هه‌ر به‌ته‌نها قوربانی نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمان نه‌بوون به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌ نێو خۆی فۆڕمه‌ بێ ده‌موچاوه‌ سیاسیه‌كه‌ی خۆشماندا دژایه‌تیان كراوه‌ و هه‌میشه‌ سیاسه‌ت و سیاسی كورد تاوه‌كو ئه‌مڕۆ فۆبیای ڕۆشنبیریان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌شیان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ گرێی كێماسی زانستی و ڕۆشنبیریه‌وه‌ بووه‌.

ترس له‌ ڕۆشنبیری له‌ نه‌ستی ئه‌واندا ڕیشه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش نه‌ له‌ شاخ و نه‌ له‌ شار ئیشیان بۆ پڕۆژه‌ی بونیادنانی كه‌سێتی كولتووری كوردی كه‌ دواتر كه‌سێتی سیاسی كوردی و نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانی لێ‌ درووست ده‌بێ‌ نه‌كردووه‌. (ترس له‌ ڕۆشنبیری) لای سیاسیه‌كان بازنه‌یه‌كی پارێزه‌ری له‌ دژی ڕۆشنبیرانی جیددی به‌ ده‌وردا كێشاون نه‌وه‌كا به‌ ده‌نگ و ڕه‌نگیان قه‌ڵس بن و تووشی ئیشی عه‌قڵ و عه‌قلانیه‌تیان كه‌ن و بیانخه‌نه‌ نێو پڕۆژه‌كانی بیركردنه‌وه‌ له‌ پێناو بونیادنانی دامه‌زراوه‌ی عه‌قلانی درووستكردنی عه‌قڵی سیاسی و ئابووری و كولتوری و دینی كوردی.

ڕۆشنبیر كه‌سێكی سیستماتیكه‌ و سیستم به‌رهه‌م دێنێ‌، ئه‌وه‌ی خۆشیی له‌ ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیری نه‌یه‌ت ئاره‌زووی سیستم ناكات و ئاره‌زوونه‌كردنی سیستمیش له‌ نه‌ستی ناڕۆشنبیری سیاسیدا هێشتنه‌وه‌ی مه‌ودایه‌كی دوور و درێژه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قلانیه‌ت و به‌مه‌ش زۆرترین خزمه‌ت ته‌نها به‌ (ئاید- ئه‌نباری غه‌ریزه‌) ی خۆی ده‌كات و منێكی فوودراوی هه‌وكراومان ده‌خاته‌ پێش هه‌موو گیانی نه‌خۆشی و په‌تایه‌.

ڕۆشنبیره‌ دوور بینه‌كان بۆ ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ‌ له‌ كاردان نیتشه‌ وته‌نی دوای سبه‌ینێ‌ ئه‌نجامی ئیشه‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێ‌، ڕۆشنبیری زانا و وه‌به‌رهێن له‌سه‌ر كولتوور ئیشی ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌ڵه‌كانی ئه‌م تایپه‌ له‌ سیاسیه‌كان پینه‌كات و هات و چوونه‌كانیان شیبكاته‌وه‌، ئه‌وان ئیشیان ڕێكخستنی بوونێكی سرووشتی كوردیه‌ له‌ فۆڕمێكی ڕێكخراوی سیستماتیكدا، بوونی به‌سته‌ زمانی نه‌ته‌وه‌یی كوردی تا ئێستا هه‌ر له‌ بوونه‌ سرووشتیه‌كه‌ی نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ڕاستیدا هه‌ڵه‌ی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی كوردایه‌تیه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش عه‌قڵی ڕۆشنبیر ده‌توانێ‌ ئه‌م ڕۆحه‌ زیندووه‌ چالاكه‌ كه‌ عه‌قلانیه‌ت و هۆشه‌ بخاته‌ جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌وه‌ و له‌ وه‌همه‌ خه‌ته‌رناكه‌كانی پاڵه‌وانبازی و شۆڕشگێڕی ده‌ربازی بكا.
ئه‌م هه‌ڵه‌ سیاسیانه‌ی ئه‌مڕۆ ڕوویانداوه‌ تازه‌ نین كاره‌كته‌ره‌ سه‌به‌بكاره‌كانیان په‌روه‌رده‌ی كه‌ڵچه‌رێكی كاڵی ئیش له‌سه‌ر نه‌كراون، په‌روه‌رده‌ی دۆخێكی ناسیاسی ڕێك نه‌خراون، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ڵه‌كان به‌ دوا یه‌كدا و له‌ دیمه‌نی جیاجیادا ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌ و ده‌بن به‌ شۆك بۆ ئه‌وانه‌ی یادگه‌یان ڕووداوه‌كانی دوێنێیان نه‌پاراستووه‌.




نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ جه‌لال به‌رزنجی … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

كاكه‌ جه‌لال به‌رزنجی، كه‌ گوێت له‌ هاوار بوو، ئاگرت كرده‌وه‌. ئاگر زه‌وی له‌ پیسی پاك ده‌كاته‌وه‌ و هێڵێكی داگیرساو به‌رز ده‌كاته‌وه‌. كۆشیعری: (به‌یه‌كه‌وه‌ ته‌نیاین)، كه‌ ساڵی 2015 له‌ خانه‌ی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، چاپ كرا. هه‌ستی ڕاگرتم، هه‌ست هه‌موو توانا نیشتووه‌كانی له‌ قووڵاییه‌كانه‌وه‌ن پاڵیان پێوه‌ ده‌نێت و سه‌ریان ده‌خات و ئاراسته‌یان ده‌كات بۆ بینین، كه‌ بیندراش فۆرمێكی گونجاو وه‌رده‌گرێت. فۆرمی نووسین، كه‌ ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌م ئاراسته‌ی هه‌سته‌كانی خۆم كرد. هه‌ستم كرد كۆمه‌ڵێك شیعری تۆ له‌ هه‌سته‌كانی مندا نیشتوون و سه‌رده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌م كۆشیعره‌تدا دوا خراون و گفتوگۆم له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن، به‌ڵام زه‌ینم ده‌یبردمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی به‌ر زه‌ینم كه‌وتوون، له‌ ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێدا گه‌ڕام پێنج شیعرم دۆزییه‌وه‌.

1- هه‌ڵبزڕكانی بڵندایی
2- ئاشتبوونه‌وه‌
3- شه‌وێكی تر نه‌چوومه‌وه‌ گوێ‌ چه‌می منداڵیم
4- وه‌ره‌ تا زووه‌ شوێنێك له‌ مردن بۆ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌
5- شته‌ ئاسایییه‌كان و شته‌ نائاسایییه‌كان

تایپ و هه‌ڵه‌گری و ڕێنووسیشم كردوون. ئه‌وه‌ بۆ ئیمێله‌كه‌تی ده‌نێرم. خۆزگه‌ له‌و دانیشتنه‌ی 18/1/2017، كه‌ نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌ و تۆ و من له‌ یانه‌ی (سیپان دوو) له‌ هه‌ولێر دانیشتین ئه‌و پرسیارمه‌م بهێنابووایه‌ گۆڕێ‌، ئایا ئه‌م شیعرانه‌ بۆ نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ ناو كۆشیعره‌كه‌ته‌وه‌، كه‌ شیعری جوانیشن. به‌دڵنیاییه‌كی ڕوونه‌وه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌م شیعرانه‌ی له‌ كۆشیعره‌كه‌تدان جوانترن. له‌ ژیانی شاعیری داهێنه‌ردا ئامانجێك هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ به‌ دوایدا ده‌چێت و به‌ چیادا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ‌. له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ لووتكه‌دا نا، له‌ پێناو به‌رده‌وام كۆششكردن و بنیادنانی كه‌سایه‌تیی ئه‌ده‌بی و به‌سه‌ر خۆداكرانه‌وه‌.

ئه‌م شێوازه‌ی (شته‌ ئاسایییه‌كان و شته‌ نا ئاسایییه‌كان) بۆ ساڵی 1995 له‌ ئه‌زموونی تۆدا خۆگۆڕینێكه‌ و شتێكی تر هاتووه‌ته‌ ناو دنیاكه‌ته‌وه‌. واته‌: شتێك له‌ به‌هره‌ی تۆدا ڕووی داوه‌. گونجاندنێكی ئه‌فسوونیت له‌ نێوان ئه‌م دژانه‌ به‌كار هێناوه‌، كه‌ ته‌نیا ناوت بردوون و له‌ ناوه‌كه‌شدا ئیحات داوه‌. واته‌: وشه‌كه‌ت له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ گه‌رم و هه‌ستیار كردووه‌ و هه‌وڵت داوه‌ له‌ وشه‌دا ئیحا بدرێت و وشه‌كه‌ش وه‌ك ڕسته‌یه‌كی شیعری خۆی پێشكێش بكات، كارایی شاعیرێكه‌ بنیادی توانای ئه‌ده‌بی ناوه‌ و وشه‌كه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ تا ئاستی خۆدركاندن و بژاركردن بۆ هه‌ڵبژاردن و پڕ ئیحاكردنی.

ئه‌م كۆشیعره‌ت بریتییه‌ له‌ بنیادی گه‌ڕان به‌دوای نیشتیمانێكی دیارنه‌ماو، یان هه‌ستێكی سه‌رگه‌ردان و بزربوو تێیدا. تۆ و عه‌بدۆڵڵا په‌شێو به‌شێكی زۆری شیعره‌كانتان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نووسیوه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌زموونی تۆ، ئه‌و بنیادی نیشتیمانێك دیار ده‌كات و هه‌ستی تێدا ده‌جۆشێنێت. شوناس له‌ ئه‌زموونی هه‌ردووكتان هاوبه‌ش نییه‌. هی تۆ گه‌ڕانه‌ به‌دوای شوناسی هه‌ستی و هی ئه‌و پێشكێشكردنی شوناسی به‌ڵگه‌ییی. هه‌ست له‌ گه‌ڕان به‌دوای شوناسدا به‌هێزتره‌ له‌ شوناس پێشكێشكردن. هه‌ردووكیان گوزارشت له‌ مانای بوون ده‌كه‌ن و خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كه‌ن. یه‌ك بوونێكی هه‌ستی و ئه‌وی تر بوونێكی به‌ڵگه‌یی.

كۆشیعری یه‌كه‌مت: (سه‌مای به‌فری ئێواران – 1979). دوو تایبه‌تمه‌ندیی گرینگی تێدایه‌:
یه‌كه‌م: له‌م كۆشیعره‌دا په‌خشانه‌ شیعری كوردی ته‌واو ده‌رده‌كه‌وێت. پێشتر وه‌ك تاڵه‌تیشك هه‌بووه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌ركه‌وتن ئه‌م كۆشیعره‌ ده‌ستپێكه‌. دواتر شیعری: ( هاتیت – ی محه‌مه‌د موكری – گۆڤاری به‌یان، ژماره‌ (59) 1980 و سووتانی ڕه‌نگه‌كان – ی دڵشاد عه‌بدوڵڵا – گۆڤاری به‌یان، ژماره‌ (95) 1984) تیشكی زیاد و به‌هێزتریان خسته‌ سه‌ر په‌خشانه‌ شیعری كوردی.
دووه‌م: یه‌كه‌م كۆشیعری نه‌وه‌ی ئێوه‌یه‌ ته‌واو له‌ كه‌شوهه‌وای شاعیرانی پێشه‌ خۆیان چووبێته‌ ده‌ره‌وه‌ و قه‌ڵه‌مبازێك بێت بۆ خۆجیاكردنه‌وه‌ و نوێبه‌خشییه‌كی تر، له‌م كۆشیعره‌دا، شیعری كوردی پرسیاری قووڵتر له‌ خۆی ده‌كات.
ژیان پڕ به‌هره‌یه‌، ده‌توانیت به‌هره‌ له‌ به‌هره‌كانی ژیان وه‌رگریت به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ تواناییه‌كانت بیكه‌یت به‌ پاڵپشت و نیشانه‌ی كاركردنی به‌رپرسیارێتی و قوربانیدان، ئه‌م توانینه‌ هێزێكی پێگه‌یشتووی پێویسته‌ بۆ پڕ ئیحاكردنی وشه‌ی به‌رپرسیارێتی و قوربانیدان. ده‌ست به‌ داهێنانه‌ جوانه‌كانمانه‌وه‌ ده‌گرم و وه‌ك نموونه‌ی باڵا ده‌یانهێڵمه‌وه‌ و ده‌یانهێنمه‌وه‌ به‌رچاوی نه‌وه‌ی نوێ‌ و خوێنه‌ری نموونه‌یی. قه‌ت ناتوانم پشت له‌ جوانییه‌ ڕاسته‌قینه‌كان بكه‌م. ئه‌زموونی تۆ له‌ناو شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا جوانییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هانی داوم و هاوكاریی كردووم بۆ جۆش و گه‌ڕانی بێسره‌وت و خۆشه‌ویستیی زیاترم بۆ شیعر و خۆلادان له‌ زمان و فۆرمی باو.

كاكه‌ جه‌لال شیعرم یه‌كجار خۆش ده‌وێت، چونكه‌ خودی خۆمه‌. تا ڕاده‌ی توانه‌وه‌ له‌ناویدا تواومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ی هونه‌ری نووسین نازانن و قسه‌وقسه‌ڵۆكه‌كانیانه‌وه‌ ئازاری زۆرم تێیدا چه‌شت و سته‌میان لێ‌ كردووم و به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ماندوو بووم و ماندووم. ئێمه‌ ئازاری زۆری ئه‌وانه‌ ده‌ده‌ین، كه‌ داهێنه‌ران. له‌و مه‌یله‌ ناقوڵایه‌وه‌ چه‌ندان به‌هره‌ و خولیا تێكده‌شكێن، به‌ڵام من وه‌ك بڕوادارێك بڕوام به‌ تۆڵه‌ی خودایی هه‌یه‌، كه‌ خودا پارێزه‌ری هه‌موومانه‌. ئه‌وه‌ی چاكه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووم، له‌به‌ر چاومه‌. ئه‌وه‌ی خراپه‌شی له‌گه‌ڵدا كردووم. له‌بیری ناكه‌م، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ خۆمی دوور بخه‌مه‌وه‌. به‌رانبه‌ر شیعر چاوه‌كانم كردوونه‌وه‌ و ئه‌ویش سه‌یری من ده‌كات.

له‌ 4/1/1983 تازه‌ چه‌ند شیعرێكی سه‌ره‌تاییم له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا بڵاو كرابوونه‌وه‌. له‌ ده‌فته‌رێكی به‌رگ ئاسمانیدا به‌ دڵوداو نووسیبوومنه‌وه‌. ناوم نابوو : (قووڵایییه‌كانی ئا و نا: ئا = مردن، نا = ژیان). پێشانی یه‌ك له‌ شاعیره‌ به‌ئه‌زموونه‌كانی شاره‌كه‌م، مه‌دحه‌ت بێخه‌وم دا. به‌ جۆرێك ستایشی شیعره‌كانی كرد، هه‌ر هێنده‌م مابوو خۆم لێ‌ بگۆڕێت و خۆم به‌ پاشای بێ‌ تاج بزانم. ناونیشانی ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردیم وه‌رگرت و چوومه‌ به‌غدا. له‌ گه‌راج ته‌كسییه‌كم بۆ ناونیشانی وه‌رگیراو گرت و یارمه‌تیم له‌ پرسگه‌ وه‌رگرت و به‌ژوور كه‌وتم. له‌ مه‌مه‌ڕه‌كه‌دا ڕووبه‌ڕووی پیاوێكی باڵا به‌رز بوومه‌وه‌، به‌ كه‌م ئه‌زموونی و ساده‌ و ساكاریی خۆم گوتم: ( من شاعیرم و له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتووم و دیوانم هه‌یه‌ ده‌مه‌وێ‌ چاپی بكه‌م). ئه‌میش به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ بایه‌خم پێ بدا و قسه‌یه‌كم له‌گه‌ڵدا بكات، چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ من دووركه‌وته‌وه‌ و سه‌ری به‌ ژوورێكدا گرت، به‌ ده‌نگێكی ته‌وساوی و گاڵته‌ئامێزه‌وه‌، گوتی: (مه‌حموو، مه‌حموو ئه‌و گه‌نجه‌ هه‌ولێرییه‌ هاتووه‌ و ده‌ڵێ‌ شاعیرم و دیوانم هه‌یه‌). جا نازانم له‌ هه‌ڵزه‌قینه‌وه‌ی گاڵته‌ئامێزی ئه‌و پیاوه‌ بوو، یان هه‌ر خۆی مێوان دۆست بوو. منی زۆر به‌ گه‌رموگوڕی وه‌رگرت و له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی داینام و چایه‌كیشی به‌ ده‌ستی خۆی بۆ هێنام. ده‌فته‌ره‌كه‌ی لێ‌ وه‌رگرتم، لێره‌ و له‌وێ‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی خوێنده‌وه‌ و گوتی: (ئه‌مانه‌ شیعر نین، ئه‌مانه‌ سۆزن، بڕۆره‌وه‌ ماڵی خۆت و بخوێنه‌وه‌، تا هه‌ست نه‌كه‌یت شیعر پێویستی به‌ تۆیه‌ بینووسیت مه‌ینووسه‌، كه‌ هه‌ستت كرد پێویستی پێت هه‌یه‌ بینووسیت بینووسه‌). دوای تاوێ‌ بێده‌نگی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕدا بێ‌ دووباره‌ گوتییه‌وه‌: (وه‌ك گه‌نجێك ئه‌گه‌ر داهێنه‌ر بووی، هه‌رچی یارمه‌تییه‌ك پێویست بوو، ده‌تده‌م. ئه‌گه‌ر داهێنه‌ریش نه‌بووی، یه‌ك دوو بڵمه‌ بڵمی كرد، زانیم ناڕه‌زایی بوو، به‌ڵام به‌ ئاڵۆزی گوتی نه‌یهێشت من تێیگه‌م). ته‌نیا به‌ ناونیشانه‌كه‌ی گوت جوانه‌ و زۆریش پێی كاریگه‌ر بوو.

منیش به‌دڵی شكاوه‌ و بێ‌ ماڵئاوایی له‌ ژووره‌كه‌ی چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ی. له‌ ده‌رگاوه‌ دووباره‌ ته‌كسیه‌كی ترم گرت و یه‌كسه‌ر بۆ گه‌راج. له‌ ڕێگادا، هه‌ر له‌ به‌غداوه‌ تا هه‌ولێر هه‌رچی جوێنی دنیا هه‌یه‌ به‌ مه‌حموود زمدارم دا، نه‌ك هه‌ر خۆی تا هه‌ژده‌ پشتیشی. ئێستاش ده‌فته‌ره‌كه‌مم پاراستووه‌. هه‌ر چه‌ند جارێك ته‌ماشای ده‌كه‌م. ئه‌وجا ده‌زانم مه‌حموود زامدار چ یارمه‌تییه‌كی منی تازه‌كووره‌ی داوه‌ و چ ڕاستگۆ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی نووسین. سوپاس بۆ ئه‌و به‌ ڕه‌قییه‌ هه‌ڵسوكه‌وت كردنه‌ی له‌گه‌ڵمدا. به‌ ڕێگای خۆمدا ڕۆیشتم و دروود بۆ ئه‌و، دروود بۆ ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی نووسین. قسه‌كانی به‌ پیرۆز ده‌زانم. دوای ماوه‌یه‌ك كاره‌كه‌ی گواسته‌وه‌ لقی هه‌ولێری ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی، به‌شی پێنجه‌می (زێوان)م پێشان دا، پێی گوتم (حه‌ڵاڵزاده‌)ی شیعر و شیرپاكی نوێبه‌خشی، چاك به‌سه‌ر شێواز و زماندا زاڵ بووی.
سه‌ڵاح شوان و عه‌بدوڵڵا عه‌باس كۆڕێكی شیعرییان له‌ 16/2/1983 له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕۆشنبیری جه‌ماوه‌ری له‌ هه‌ولێر پێشكێش كرد. له‌ كۆڕه‌كه‌دا، ئه‌وجا زانیم ئه‌و پیاوه‌ی له‌ مه‌مه‌ڕه‌كه‌دا پرسیارم لێی كرد عه‌بدوڵڵا عه‌باس بوو، ئه‌و شاعیره‌ی پێشتر دوو كۆشیعریم. (1- سێ‌ سه‌مفۆنیه‌ و شه‌ش سروود. 2- تۆ له‌ نێوان كۆچی شه‌و و ماچی ڕۆژدا)م خوێندبووه‌وه‌ و خۆشم ویستبوو.

ئێستا خه‌ریكی ئاماده‌كردنی سه‌رجه‌م شیعره‌كانی خۆمم و ته‌نكه‌ ده‌ستكاریه‌كیشم كردوون. به‌نیازم ده‌رفه‌تێكم بۆ هه‌ڵكه‌وێت چاپیان بكه‌م. له‌ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م شیعره‌كانمه‌وه‌ زۆر به‌ ڕوونی ڕووبه‌ڕووی ئه‌وه‌ بوومه‌وه‌. باڵنده‌ و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ و گیانه‌وه‌ر و ڕووه‌ك شانبه‌شانی مرۆڤ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌ده‌بی منن و قورسایی خۆیان داناوه‌ و به‌بایه‌خه‌وه‌ ده‌ركه‌وتوون و هێمای ساده‌یی جوانین. هه‌ندێك غه‌فڵه‌تی وێنه‌شم به‌دی كرد، ئه‌وانیشم چاره‌ كردوون.

زۆربه‌ی خوێندنه‌وه‌ و نووسینم له‌ناو دانیشتنه‌كانی ماڵ و منداڵه‌وه‌یه‌. نه‌ بێزار ده‌بم، نه‌ ده‌كه‌ومه‌ بارێكی نائاساییه‌وه‌ش. ته‌نیا هه‌ندێ‌ جار له‌ ناوه‌ختدا بانگم ده‌كه‌ن. ئه‌رێ‌ قاوه‌یه‌كت بۆ بكه‌ین، یان میوه‌یه‌كت بۆ بهێنین. حه‌زم له‌و بانگكردنه‌ نییه‌، به‌ڵام بێزاریم به‌ڕوویانه‌وه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌. تا هه‌ست به‌ تووڕه‌ییم، یان دڵگرانیم بكه‌ن. ته‌نیا قه‌ڵه‌مه‌كه‌م به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌ خۆیان ده‌زانن ئاماژه‌ی به‌ڵێیه‌.

چه‌ند ساڵێكه‌ تووشی سێ‌ نه‌خۆشیی درێژ خایه‌ن، شه‌كره‌ و پاڵه‌په‌ستۆی خوێن و له‌رزه‌یه‌كی دڵ بوویمه‌. كاتێك میوه‌ داده‌نێن ئه‌و میوانه‌ی بۆ نه‌خۆشیه‌كه‌م زیانیان هه‌یه‌ داینانێن، یان له‌ پێشه‌ من نایخۆن. نه‌ك من حه‌زم بچیتێ‌ و نه‌توانیشم بیخۆم. له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆر دڵڕاگریم ده‌كه‌ن. نزیكه‌ی 1300 لاپه‌ڕه‌یه‌ك شیعر و 700 لاپه‌ڕه‌یه‌كم له‌باره‌ی شیعره‌وه‌ نووسیوه‌. له‌ هیچیان نه‌ك په‌شیمان نیم، به‌ڵكو دوودڵیش نیم. ته‌نیا له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پاشناوه‌م نه‌ك هه‌ردوو دڵم، به‌ڵكو په‌شیمانشم. وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری باوكم بووبم. ناوی سیانیم زۆر مۆسیقییه‌. (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن). نازانم ئه‌و مه‌یله‌ ناقۆڵایه‌ چی بوو فریوی دام.

ئه‌و شه‌وه‌ی هه‌رسێكمان: نه‌ژاد و تۆ و من دانیشتبووین. دانیشتنێكی ئێجكار ڕۆشنبیریی بوو، هه‌رسێكمان به‌ هێمنییه‌كی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی یه‌كتری و شیعری كوردی ده‌دواین، بۆ خۆپاراستن له‌م و له‌و نموونه‌شمان ده‌هێنایه‌وه‌. هیچ بارگرژییه‌ك له‌ گفتوگۆكانمان ڕووی نه‌دا. ته‌نیا تۆ گله‌ییه‌كت له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌بوو، كه‌ گه‌نده‌ڵی ناقۆڵا له‌ به‌ڕێوه‌بردن كراوه‌ و سته‌م و كه‌مته‌رخه‌میش له‌ خانه‌نشینییه‌كه‌ی تۆ. ده‌سه‌ڵات وه‌ك تراژیدیایه‌ك تێكه‌ڵ به‌ كۆمیدیا ده‌بێت.

قه‌ت خه‌م له‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ مه‌خۆ، كه‌ به‌رانبه‌ر یه‌ك له‌ داهێنه‌ره‌كان ڕووی داوه‌ و قوربانی زۆریشی داوه‌ و زیندانیش كراوه‌. بێ‌ هیچ دڵ له‌ دڵدانێك ئه‌وان سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسین و تۆش سه‌ركردیه‌كی ئه‌ده‌بیت. ئه‌وان به‌ بڕیار بوونه‌ته‌ سه‌ركرده‌. تۆش به‌ به‌هره‌ و سرووش. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زۆر گرینگتره‌. به‌ختیار به‌ و فیكه‌یه‌ك به‌ ڕوویاندا بكێشه‌. شاعیرم دیوه‌ له‌ ئاست به‌رپرسی پله‌ پازده‌دا لێوی ته‌ته‌ڵه‌ی كردووه‌. ئه‌مانه‌ نه‌ك ناتوانن بێگه‌رد و خاوه‌ن خۆبوونی خۆیان بن، به‌ڵكو ناتوانن له‌ناو پانتۆڵه‌كه‌ی خۆشیاندا تڕێكی به‌ ئیسراحه‌ت بكه‌ن و ته‌ماشای ده‌وروبه‌ری خۆیان نه‌كه‌ن.

كوردستان وڵاتێكی ژیان گرانه‌، نه‌ك هه‌ر له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ڕووی قسه‌وقسوڵۆكی نامه‌ردانه‌وه‌ش، جۆره‌ ژیانێكی سۆفیانه‌م بۆ خۆم هه‌ڵبژاردووه‌ و له‌ ده‌وروبه‌ر دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه‌. خۆم كردووه‌ به‌ ناوه‌ندێك هه‌میشه‌ بۆ ئه‌و ناوه‌نده‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش له‌ جووڵه‌ی ڕۆحیدام و له‌َگه‌ڵ خۆمدا كار ده‌كه‌م. واته‌: له‌گه‌ڵ نووسین و خوێندنه‌وه‌ و خودادا، نه‌ ته‌ورات، نه‌ ئینجیل، نه‌ قورئان نه‌یانتوانیوه‌ خودا بۆ بوونه‌وه‌ر ئیكتیشاف بكه‌ن. هه‌میشه‌ش ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ خولیام گه‌رم و هه‌ستیار ده‌كات، هه‌موو داهێنه‌رێك وه‌ك كۆلاره‌ هه‌ڵده‌ده‌مه‌ ئاسمان تا له‌ ئه‌سێره‌كان نزیك ببنه‌وه‌، داهێنه‌ر ئه‌گه‌ر بێگه‌رد و خاوه‌ن خۆبوونی خۆی بوو، نه‌ببووه‌ پێخوستی ده‌سه‌ڵات، ده‌توانێت ببێته‌ ئه‌ستێره‌.

له‌م ڕۆژانه‌دا: (دڵشاد عه‌بدۆڵڵا) له‌ ژماره‌ (3)ی گۆڤاری (باران)دا شیعرێكی پڕاوپڕی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و خۆگۆڕینێكه‌ له‌ خۆی، ورده‌كاریی گه‌رم و هه‌ستیاری تێدا به‌كار هێناوه‌، دڵم پێی خۆش بوو. حه‌زده‌كه‌م تۆش هه‌وڵ ده‌ی بیبینی و له‌و بڕوایه‌دام وه‌ك نموونه‌یه‌كی باش دڵت پێی خۆش ده‌بێت.
هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا هه‌لێك وه‌رده‌گرم و قسه‌یه‌ك ده‌كه‌م: هیچ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و دانه‌په‌یڤێك ناسوێ‌ و له‌ سوانیدا بێزراو نابێت. ده‌بێ‌ ڕوانینێكی تر بۆ ئه‌م بۆچوونه‌ به‌رهه‌م بهێندرێته‌وه‌. سوان و نه‌سوان له‌ هێزی به‌كاربردنیدا ده‌رده‌كه‌وێت. دڵشاد ناونیشانێكی یه‌كجار سواوی بۆ شیعره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌: (گۆرانییه‌ك بۆ باوكم)، كه‌ چه‌ندان ساڵه‌ ترپه‌ و ئاوازی ئه‌م ناونیشانانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. تا ئاستی سوانێكی بێزاركه‌ر، به‌ڵام ناونیشان له‌م شیعره‌دا هێزێكی ئه‌فسووناوی له‌بابه‌ته‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ و كردوویه‌تی به‌ خوێ‌ و ڕۆنی نانێكی تر و له‌ هه‌موو سوانێك ده‌ربازی كردووه‌، ده‌ڵێی یه‌كه‌م جاره‌ ئه‌م ڕسته‌یه‌ ده‌بیندرێت و گیرۆده‌ی ئه‌فسوونی خۆیت ده‌كات، شاعیری دۆخگۆڕ هێز ده‌داته‌ وشه‌ و ئه‌فسوون له‌ په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان په‌یدا ده‌كات

كاكه‌ جه‌لال: ساڵی 1985، كه‌ كۆشیعری: (گه‌رم نه‌بوونه‌وه‌)ت چاپ كرد. هه‌ڵه‌ی چاپی تێدابوو، داوات له‌ من و فه‌یسه‌ڵ دیهاتی كرد یارمه‌تیت بده‌ین و هه‌ڵه‌كان له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ ڕاست بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وجا دابه‌شی سه‌ر كتێبخانه‌كانی بكه‌ی. به‌ سێ‌ دانیشتن به‌ هه‌موو كتێبه‌كاندا هاتینه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كانمان به‌قه‌ڵه‌م ڕاست كرده‌وه‌. ئه‌و كات (ئێوار) منداڵێكی بچووك بوو، وه‌ك كه‌روێشكێكی خرپن له‌ناومان ده‌هات و ده‌چوو. خودی تۆیه‌، ئومێدم ئه‌وه‌یه‌ به‌ قووڵی پێبگات و له‌ هه‌موو ته‌مه‌نی له‌ڕووناكیدا ئۆقره‌ بگرێت و وزه‌ی پێ‌ بدات. وا به‌ره‌به‌یانه‌. خه‌ریكه‌ نامه‌كه‌ ئیمزا ده‌كه‌م و به‌سه‌ر دڵمدا دێمه‌وه‌، گه‌رمایی ئه‌و ئاگرم پێ ده‌گات، كه‌ داهێنه‌ریی تێدا ده‌سووتێت. قاوه‌م خستووه‌ته‌ سه‌ر ئاگر، كتێبی سۆفیگه‌رێتی نیكۆس كازانتزاكیس، كه‌ جه‌لیل كاكه‌وه‌یس وه‌ریگێڕاوه‌ داده‌نێم. بۆ جاری دووه‌م ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ی بكه‌م. ئای ئه‌فسوونی ئه‌و كتێبانه‌ چه‌ند بكوژن. ئاگاشت له‌ خۆت نییه‌ ناچارت ده‌كه‌ن دوو جار و سێ‌ جار بیانخوێنیته‌وه‌، یان ده‌بنه‌ كتێبی هه‌موو ته‌مه‌ن. ته‌نیا ئه‌و كتێبانه‌ن ده‌توانن وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دڵ بده‌نه‌وه‌ و به‌سه‌ر دڵیشماندا بێنه‌وه‌.

19/4/2017 هه‌ولێر




پرسیارکردن لە تاریکى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


” لە هیچ دنیایەکەوە رەوانە نەکراوم”

رامبۆ: وەک دەزانین خۆشەویستى دەبێ لە نوێوە دابهێنرێتەوە. قەسیدەى بەشێک لە دۆزەخ
خوێنەرى خۆشەویست ئەو دەقەى بەردەستتان یادەوەرى نییە، چونکە گێڕانەوەى ژیانى کەسى نییە، وەک چەمکى یادەوەرى داواى دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەى لەسەر راستبێژى وەستا بێت، بەڵکو زمانێکى دیکەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەى کە کارى چارەسەرکردنى یەکیەتى زمان بکات، بەڵکو بەو مانایەى کە زمان دەیەوێت.

نەخشى منداڵى

دەڵێن بیرى منداڵى تیژە، (زانین)ى قۆناغى منداڵى وەکو نەخشى سەر بەردە، بەشێک لەو بەهرەیە بەر منیش دەکەوێت، چونکە زۆر شتان دەگێڕمەوە دایکم سەرى سوڕ دەمێنێ! هەموو ئەوانەى پەیوەندى بە قۆناغى منداڵى و چالاکى میمیۆرى و گەشەکردنییەوە هەیە… جگە لە بیرخستنەوەى زانیارییەکان، هەندێک لە منداڵان تواناى یادکردنەوەى دەنگیان لەلا بە هێزە و هەندێکى دیکە وێنە و بینین! بەبیرهاتنەوە لە دوو ساڵى یەکەمى تەمەنى منداڵدا کۆپیکردنى شتەکانە و تێگەیشتنى لەگەڵدا نییە، دواتر درککردن دێتە ئاراوە، بۆیە فێرکردنى منداڵ لە رێگاى شتە بەرجەستەکانەوە باشتر دەچێتە مێشکەوە! گەشەپێدانى بیرهێنانەوە هەر تەنها شارەزایى زیاد ناکات، بەڵکو لە رووى عەقڵییەوە تواناى وەرگرتنیش بە هێز دەکات.

دەزانم لە قسەکردندا پێش هەموو شتێک تاکێتى خۆم لە دەست دەدەم، چونکە (من) دەبێتە راناوێکى رێزمانى و دەچێتە رستەوە. ماوەیەکى زۆر لەگەڵ خۆم بووم، ئەو هەموو ماوەیە بۆم دەرکەوت لەگەڵ خۆبوون لە بیابانێکى وشکوبرینگ، کە ئێمە پێى دەڵێن وڵات، شتێکى ئەستەمە، لە رێگاى لەگەڵ خۆبوون ناتوانین خۆمان بدۆزینەوە، لێرە لەو وڵاتە وێرانەیەدا دەبێ پارچە پارچە بیت… یەکێک پێمدەڵێت چاى دەخۆیتەوە؟ بۆشاییەکانم لە رێگاى ئەویدیکەى وشەوە پڕ کردەوە، وشە دەکەمە کێلى قەبرى ئەو منەى کە نەکرا بیپارێزم! ئەو قسەیە بەرەو یەکێک لە رستە بە ناوبانگەکانى (لاکان) دەبێتەوە، کە دەڵێت (ئارەزووى مرۆڤ ئارەزووى ئەوانیدیکەیە) ئەو رستەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتێک من دەبێتە راناوى رێزمانى هەر تاکێتى من ناکوژرێ، بەڵکو ئارەزووەکانیشى لە دەست دەدات. نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام دەزانم لەو وێرانەییەدا حەقیقەتى من لە دەرەوەى منەوەیە… نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام دەزانم دەسەڵاتى کوردى لە ناوەوە کلۆرە… نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام لە نێو خەیاڵم بە رستەیەک بە دایکم دەڵێم: کاتێک لەسەر دیوار بەربوومەوە و ناوەڕاستى لووتم لە بەردێک چەقى و شکا، ئازارى لە خوێن لەبەر رۆیشتنەکەى زۆرتر بوو… ئەو دەڵێ هەر بە جلى خوێناوییەوە تۆم بۆ لاى (ئەحمەد تەبیب) برد، هەر بە یەکجار تەداوى کردن، بۆ خۆت چاک بوویتەوە! ماڵى ئەحمەد تەبیب لە نزیک ئەو ماڵانە بوو، کە لە وێستگەى شەمەندەفەر بە دار و درەخت داپۆشرابوون، پاشان دایکم دەڵێ ئەوە تۆ چۆن هەموو ئەو شتانەت لە بیر ماوە، خۆ ئەو کات هێشتا پێنج ساڵانت تەواو نەکردبوو؟ من دەڵێم ئەوە دووەمجارم بوو ماڵى ئەحمەد تەبیب ببینم، جارى یەکەمم بە هۆى دومەڵى بن گوێچکەى چەپمەوە لەگەڵ باوکم منتان بردە لاى و ئەویش هەر بە یەکجار تەداوى چاک بوومەوە. دایکم لەسەرەخۆ دەڵێ ئەوەیان من بۆم گێڕایتەوە، نیشانەکەشى بە بن گوێچکەى چەپتەوە ماوە.

بۆ هەموو دەردێ دەستى ئەحمەد تەبیب بە شیفاى عاجل دادەنرا، دەڵێن ناوبانگى تەبیبى ئەو لە شەستەکان و سەرەتاى حەفتاکاندا تەواوى هەولێرى گرتبۆوە، هەمیشە ماڵى ئەوان نەخۆش و زامدارى جۆراوجۆر رووى تێدەکردن، لەبەر ئەوەى ئێمە زۆر لەوان دوور نەبووین، بۆیە وەک دراوسێ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردین… دواى ئەوەى باوکم لە رێگاى ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) کە یەکێک بوو لە خواپێداوەکانى شارى هەولێر و تێکەڵاوییان لەگەڵ ماڵى (مستەفا حوزێرى) هەبوو، لە کارگەى شیرى هەولێر وەک کرێکار بە شێوەیەکى فەرمى دامەزرا، ماڵمان بۆ گەڕەکى کوران، بۆ ئەو خانووە گوازرایەوە کە میرى بۆ کرێکارانى کارگە دروستى کردبوو، دواى چەند ساڵێک لە پشت ئەو چوار خانووەى کارگەى شیر، واتە لە شوێنى باخچەى وێنجەى مانگاکانى کارگەى شیرى پێشان و شوێنى دەزگاى ئاسایشى گشتى ئێستا، میرى ریزێک خانووى بۆ کاربەدەستانى هێزى ئەمنى و کارمەندانى خۆى دروست کرد، دووەم خانوو بەلاى شەست مەترى و غاباتى کوران و روو لە کۆگاى تووتن بەر گۆرانبێژى بە توانا (فواد ئەحمەد تەبیب) کەوت، راستە ئەوجارە دراوسێیەتیمان نزیکتر کەوتبۆوە، بەڵام ئەحمەد تەبیب و شەستەکان ئاواببوو، حەفتاکان بوو، بۆیە چیتر ئەو ماڵە تەبیبى ماڵى ئێمە نەبوون.

کاتێک ماڵمان لە نزیک حەسارى عیزەدین ئاغا بوو، خۆشترین رۆژەکانى منداڵى من ئەو کاتانە بوو، کە لەگەڵ نەنکم دەچووینە ئەوبەرى ماڵەوە و لە خوار قەبرستان و ئاشى ئەحمەد جەڵەبى باپیرم بیستانى گوندۆرە و ئاروو و تەماتە و بامیە … چێکردبوو، زۆرجاران من بەشى خۆم لە نێو جەمەدانییەک دەکرد و دەمهێنایە ماڵەوە، بەڵام هەمیشە بیرم لاى هەڵاتن بوو، بەر لەوەى لە (جۆگەى میرى) بپەڕمەوە و (هەیاس) رێگام پێبگرێت… هەیاس ئەگەرچى شێتێکى بە هێز و ترسێنەر و بە ناوبانگى شارى هەولێر بوو، بەڵام پیاوێکى کەم وێنە بوو، بۆ ماڵى ئێمە وەک پەرژین وابوو، هەیاس حیکایەتى زۆرە، من ئەگەر لە دوورى ماڵەوە هەیاسم دیتبایە، هەمیشە بیرم لە مەسافەیەک بۆ راکردن دەکردەوە، بەڵام لە نزیک ماڵەوە وەک ناسیاوێک نان و ئاوم بۆ دەبرد. شوێنى زۆربەى کاتەکانى ئەوساى هەیاس بن دیوارە بەرزەکانى ئاشى ئەحمەد جەڵەبى بوو، کە ئێستا ماڵى چەند لێپرسراوێکى باڵاى پارتى و یەکێتى شوێنیان گرتۆتەوە… ئەوسا و ئێستاى هەولێر بە شیشى هەیاس و شیش و کۆنکریتى پارتى و یەکێتى کۆنترۆڵکراوە! شیشى یەکەمیان بۆ بەرگریکردن لە خۆ بوو، دووەمیان بۆ ئارایشکردنى خۆ… هەیاس رۆیشت و حیکایەتى هێزى لەگەڵ خۆى بۆ گۆڕستان برد، بەڵام پارتى و یەکێتى رۆژ بە رۆژ لاواز دەبن و بڵاچەى هێزى جەماوەر لە دەستت دەدەن… هێزى سیاسى کوردى بەردەوام بۆ بەرگریکردن لە مردن، (کۆنەپەرستى و پەڕگیرى) برەو پێدەدەن!

شتەکان وەک چۆن هەن، ئەوە نین، یان مەرج نییە وابن… ژمارەى دانیشتوانى ئەمریکا لە شەش پۆینت سێى دنیا تێپەڕ ناکات، بەڵام ئەو بانگەشەیەى کە بۆ مافى مرۆڤ دەیکات هەموو دنیاى لەخۆگرتووە، بیر لەوە ناکاتەوە کە لە سەدە پەنجاى سامانى هەموو دنیا لە ئەمریکایە، بیر لەو جیاوازییە گەورەیە ناکاتەوە لە نێوان ژمارەى دانیشتوانى دنیا و خۆى…. ئەو قسەیەم لەوێوە دێت، کە ناکۆکى سیاسى هەموو شتێکى بەخۆوە گرێ داوە و هەموو شتێکى بە رەمزکردوە. دەزانم هەموو ناکۆکییەک بەرئەنجامى ناهاوسەنگى هێزە، ئەى خۆگونجانى خەڵکى ماناى چییە؟ خۆگونجانى خەڵکى پەیوەستبوونێکى درۆزنانەیە! ئەو قسەیەم گشتگیر و هەندێ رەقە، بەڵام خەڵکى بە بێ ئاگایى بوون باوەڕ بە ئایدیۆلۆژیا دەهێنن، بەر لەوەى بیر لە راستییەکان بکەنەوە… خەڵکى هەمیشە بە کارێک هەڵدەستن کە حەزى لێناکەن، چونکە دەیانەوێت لە واقیع دوور بکەونەوە، ئەوە ئایدیۆلۆژیایە! ئایدیۆلۆژیا مانا بە هەموو شتێک دەبەخشێت بە تیرۆر و کۆنەپەرستیش… ئەوەى خەڵکى بێ ئاگا رێست دەکاتەوە ئایدیۆلۆژیایە، ئەوەى ماندوویان دەکات ئایدیۆلۆژیایە، ئەگەرچى ئایدیۆلۆژیا وەک ئەوەى هەیە، درۆزنانەش بێت.

وەک دەزانین ئاگایى درۆزنانە لاى (مارکس) و (ئەنگڵس)ى هاوڕێى فۆرمى زاڵى ئایدیۆلۆژیایە، چونکە (ئەوان نازانن چى دەکەن، بەڵام هەر دەشیکەن) ئەوەى نایزانن و دەیکەن، ئایدیۆلۆژیایە. ئەو پێناسە مارکسییە لاى (پیتەر سلۆتەردایک) تەواو ئاوەژوو دەبێتەوە، چونکە ئەو بە پێچەوانەى مارکس دەڵێ (ئەوان دەزانن چ دەکەن، بەڵام هەر دەشیکەن)… ئەو قسەیەى سلۆتەردایک جەخت لەوە دەکاتەوە کە فۆرمى زاڵى ئایدیۆلۆژیا ئاگایى درۆزنانە نییە، بەڵکو گومانبردنە، بە مانایەکى دیکە نیودژى بوونى ئاگایى درۆزنانەیە لە رووى مەعریفى و رۆحییەوە. ئایدیۆلۆژیا هەمیشە کار لە پێناو ئاراستەکردنى غەریزە و ئاراستە دەروونیەکانى تاک دەکات! ئایدیۆلۆژیا ئەو راستییەیە کە تێگەیشتنمان بەرانبەر واقیع بە لارێدا دەبات، کەواتە راستە خەڵک دەزانن ئایدیۆلۆژیا هەمیشە فێڵییان لێدەکات و بە کاریان دەهێنێت، بەڵام وێڕاى ئەوەش وازى لێناهێنن. سلۆتەردایک ئەوە بە زمانحاڵى مرۆڤى گومانبەر دادەنێت، بوونەوەرى گومانبەر بەرهەمى بیرکردنەوەى دیکارتى نییە، بەڵکو بەرهەمى ناکۆکیەکانى ئایدیۆلۆژیاى سیاسییە! ئەوەى دووەمیان لەسەر بڕوابوون دەوەستێ، نەوەک بیرکردنەوە و راستییەکان. بوونەوەرى گومانبەر هەمیشە پێیوایە لە بەر ئەوەى دەوڵەمەند و دزەکان پارێزگارى لە یاسا دەکەن، ئیتر رووبەرووبوونەوەى دەسەڵات هیچ سوودێکى نییە؟!

من بە درێژایى ژیانم هەوڵمداوە وەک مرۆڤێکى بێ زیان دەربکەوم… موتەلیب بە منداڵى زۆر جوان و لەبەر دڵان بوو، پێنج ساڵانى تەواو نەکردبوو، کوڕێکى خرپن و رۆح سووک بوو، ژنانى حەسارى عیزەدین ئاغاى دراوسێ بۆ ئەوەى نیگەرانمان بکەن زۆرجاران لێیان دەشاردینەوە، دڵمان دەکەوتە لەرزە، ئەوەندە لە خۆمان دەردەچووین وەک شێتانمان لێدەهات، کە دەیانزانى ئیتر کارمان تەواوە، یەکێک خۆى وا نیشان دەدا زۆر ماندووە، دەستى تۆى دەگرت و دەیگوت دۆزیمەوە! ئەوە قسەى نەنکم بوو و جاروباریش دایکم بۆى دەگرتەوە و دەیگوت هەموو دەرو دراوسێ لە رۆحى خۆیان خۆشتریان دەویست، هەمیشە لە باوەشیان بووى و دەیانشاردییەوە. بە دایکم دەڵێم ژنێک هەبوو ناوى (زارێ) بوو، زێتر لە باوەشى ئەو بووم نەک هى تۆ، دایکم دەڵێ زارێ نەبوو، ئەوە کچەکەى بوو (سێوێ)ى خوشکى (محەمەد)… کە ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) لە قەسرەکەى خۆیان ژوورێکیان پێدا بوون و لە بەر هەژارى و بێکەسى لەخۆیان گرتبوون… دایکم دەڵێ تۆ لەگەڵ زارێى خێزانى (حەسەن پۆلیس) لێتتێکچووە، کە نەخۆش کەوتى تۆم بردە ماڵى ئەوان و یەکەمجار لە ژیانتدا ئەو دەرزى لێدایت، ئەوە ئەو کاتە بوو، کە هاتینە گەڕەکى کوران، زارێ دایکى شێرزاد حەسەنى چیڕۆکنوس ماڵییان لە بەرانبەر ماڵى مەلا هەمزەى شیوعى بوو. لە خوار کارگەى شیر و لە بەرانبەر ماڵى ئێمە و لە شوێنى کوورەکانى کوران (فازیل)ى برا گەورەى هەیاسیش خانووى دروست کرد.

دڵدارى شاعیر لە یادەوەرییەکانیدا باسى (گوندى تیمار)ى نزیک هەولێر -سەر رێگاى مەخمور- و دەمودووى ئەو مەلا هەمزەیە دەکات و دەڵێ لە نێو جوتیارانى گوندى تیمار کە باس دەهاتە سەر ئاغا و ستەمکارى پیاوێک زۆر خوێندەوارانە قسەى رێک و بەجێى دەکرد، ناوى مەلا هەمزە بوو، من هەمیشە هانى ئەوانەم دەدا، بۆ ئەوەى دژى ستەم و زوڵمى ئاغاکان بوەستن، هەمیشە لە دەورم کۆ دەبوونەوە و گوێیان لە قسەکانم دەگرت و پەسەندییان دەکرد، ئەگەرچى من جاروبار دەچوومە گوندى تیمار بەڵام ببوومە خۆشەویستى جوتیار و رەنجدەرانى ئەو ناوە. خۆشەویستى پاڵە و رەنجدەران… بۆ دڵدارى شاعیر و خۆشەویستى دەرودراوسێ بۆ منى منداڵ کاریگەرى تایبەتى خۆیان هەبوو، دڵداریان بەرەو شیعرى جوان و بەرز برد، منیش بەرەو دڵناسکى و سۆز… دڵدار و سروودى ئەى رەقیب دوو دیوى یەک دراون، من و دڵناسکیش… ئەى رەقیب بۆ بەرگریکردن لە نەتەوە قەڵغان بوو بەڕووى دوژمنان، دڵناسکى منیش بوو بە نەخۆشى و رووبەرووى پزیشکانى کردمەوە، ئەوانە کەمن، کە بۆ ئەى رەقیب هەڵناستنە سەر پێ، ئەو پزیشکانەش نەزانن کە دەیانەوێ دڵى من بە داو و دەرمان چاک بکەنەوە! دڵدار کەوتە سەردەمێ کە ئەى رەقیب لەبرى ئەوەى وەک جوانکارى شیعریى سەیر بکرێت، وەک دژ بوونەوە پێناسەى دەکرێ، منیش کەوتمە دنیایەک کە دڵ بەرگەى ئازارەکانى ناگرێ، نە دڵدار لە شیعر دەبێتەوە، نە منیش بەرگەى نەخۆشى دڵ دەگرم!
بەشێک لە ناسنامەى ئەدەبیم




ئایا فەڵەستین موڵکی موسڵمانە یان موڵکی یەهود؟ … ئەردەڵان حەکیم قەرەبای

لە ساڵی ١٩٤٨ەوە هەتا ئەمڕۆ موسڵمان و یەهود لە یەکتر دەکوژن و دەبڕن. شەڕەکەیان لەسەر ئەوە نییە خۆشگوزەرانی دابین بکەن کە خۆشگوزەرانی بە شەڕ و خوێن دابین ناکرێت، بەڵکو شەڕە لەپێناوی سەرخستنی ناوی خودادا. هەر یەکە و دەیەوێت قسەی خوای خۆی سەربخات بەتایبەتی موسڵمان کە هەموو کاتێ خەون بەوەوە دەبینێ سەرجەم یەهود بخاتە دەریاوە. فەڵەستین بۆتە ئایکۆنێک و هەر حزب و گروپێکی ئاینی دەتوانێت بازرگانی پێوە بکات. ئەوەی دەبێتە قوربانی خەڵکی موسڵمان و یەهودە بەتایبەتی موسڵمان چونکە زیاتر لە خەڵکی یەهود فریو دەدرێ و دەکرێتە سووتەمەنی شەڕ. لە ساڵی ١٩٤٨ەوە سەدان گوندی فەڵەستینی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە تەخت کراوە و بە ملیۆن فەڵەستینی دەربەدەر کراون. لەولاشەوە بزوتنەوە ئیسلامییەکان بە بەرزکردنەوەی چەند دروشمێک درێژە بە بەڵێنەکانیان دەدەن، ئەو بەڵێنانەی خۆشیان دەزانن مەحاڵە بێنە دی. ئەوانە بوونەتە کۆمەڵێک بازرگان و لەگەڵ هەر ڕوداوێکدا زیاتر پارەیان دێتە دەست و دەوڵەمدنتر دەبن. لەولاشەوە ژن و منداڵی ئیسرائیلی، پیر و بێتاوان دەتەقێنڕینەوە و خوێنیان دەڕژێ. بەم شێوەیە دین هۆکاری سەرەکی ئەو هەموو وێرانیەیە.

ڕەنگە زۆر موسڵمانی سادە تەنانەت موسڵمانی خوێنەواریش وا بزانن فەڵەستین کە کراسی ئیسلامی بەبەردا کراوە لە قورئان و حەدیسدا شوێنی تایبەتی هەیە بەڵام نازانن یەک جاریش ناوی نەهاتوە. ئەوە لە کاتێکدا دەیان جار ناوی ئیسرائیل هاتووە. بەپێی زۆرێک لە ئایەتەکانی قورئان نەک هەر ئەو شوێنەی ئەمڕۆ ناوی فەڵەستینە بەڵکە میسر و ئەردەن و سوریا و لوبنان و بەشێکی عێراقی ئەمڕۆش موڵکی یەهودە. بۆ نموونە لەم ئایەتانەدا بە ڕوونی دەیبینی و موفەسیرەکانیش لەوانە تەبەری و ئیبن ئەلکەثیر و ئەلقورتوبئ و زۆری تر تەئکید لەوە دەکەنەوە. ئایەتی ٢٠ و ٢١ لە سورەتی ئەلمائیدە:

” وإذ قال موسى لقومه يا قوم اذكروا نعمة الله عليكم إذ جعل فيكم أنبياء وجعلكم ملوكا وآتاكم ما لم يؤت أحدا من العالمين
” يا قوم ادخلوا الأرض المقدسة التي كتب الله لكم ولا ترتدوا على أدباركم فتنقلبوا خاسرين.

هەروەها لە ئایەی ١٣٧ لە ئەلئەعرافدا:

وأورثنا القوم الذين كانوا يستضعفون مشارقَ الأرض ومغاربها التي باركنا فيها وتمت كلمة ربك الحسنى على بني إسرائيل بما صبروا ودمرنا ما كان يصنع فرعون وقومه وما كانوا يعرشون.
ئەمەش ئایەتی ٥٩ لە سورەتی ئەلشوعەرائدا (كذلك وأورثناها بني إسرائيل) ، کە بەڕونی دیارە ئەو خاکە بۆ بنی ئیسرائیلە و ناوی موسڵمان نایەت.
ئەگەر بمانەوێ دەتوانین زۆر نمونەی تر هەر لە قورئاندا بهێنینەوە بەڵام با هێندە بەس بێ. بۆچی ناوی فەڵەستین لە قورئاندا نەهاتووە؟
ڕەخنەگرانی ئیسلام ئاماژە بە دوو هۆکار دەدەن.

یەکەم وەرەقەی کوڕی نەوفەڵ کە ئەگەر نوسەری ڕاستەقینەی قورئانیش نەبێت ئەوە ڕۆڵی گەورەی تیا هەیە مەسیحیە. بەپێی ئەو شارەزایەی هەیەتی باسی ئەو ناوچەیەی کردووە. لە تەوراتیشدا وا نووسراوە. دووەم وای دادەنێن محەمەد لەو ڕێگایەوە ویستویەتی یەهود بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.

دیارە لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا لەشکری ئیسلام دەگاتە قودس کە ناوی ئیلییە و داگیری دەکات. ناوەکەشی دەگۆڕێت. نزیکەی حەفتا ساڵ دوای مردنی محەمەد خەلیفەی ئومەی عەبدولمەلیک بن مروان قبە الصخرە دروست دەکا. بۆیە ئایەتی (سبحان الذي أسرى بعبده ليلا من المسجد الحرام إلى المسجد الأقصى الذي باركنا حوله لنريه من آياتنا) وەک زۆر لە موفەسیرەکان دەڵێن لە قورئانی عوسمانی کوڕی عەفان و ئەوانەی تردا نەبووە. ئەو خەلیفەیەی ئەمەوی بە مەبەستی بازرگانی ئەو مزگەوتەی دروست کرد و ئەو کێشە مێژوییەی نایەوە. دیارە ئەو باسێکی درێژە و پێویستە بە جیا باس بکرێت بەڵام ئاماژەمان پێ دا تا بزانین فەڵەستین لە سەردەمی محەمەد و خەلیفەکانی دوای خۆیدا کە بە ڕاشدی ناسراون نەبووە بەڵکە لە سەردەمی ئەمەویدا دەست پێدەکات.

ئیسرئیل بەهەمان شێوە پشت بە تەورات دەبەستێت تا بیسەلمێنێ ئەو خاکە موڵکی خۆیەتی. هەر دوو لایان پشت بە کتێبی ئەفسانە دەبەستن. لە واقیعدا کەسێک نییە بە ناوی یەعقوب و ئیبراهیم و موسا هەتا ئیسرائیل پشتیان پێ ببەستێت و ئەو خاکە لەسەر خۆی تاپۆ بکات. یەک بەڵگەی مێژوویی نییە پێمان بڵێ ئەو ناوانەی تەورات و ئینجیل باسیان دەکات و ئەم دنیا و ئەو دنیایان پێ دەبەستێتەوە هەن بەڵکو چیرۆکی ئەفسانەیین.

ئەمڕۆ بڕیارەکەی ترامپ کە پایتەختی ئیسرائیل لە تەلئەڤیەوە بۆ ئۆرشەلیم یان قودس دەگوازێتەوە و دەیکاتە موڵکی ئەو بڕیارێکی ئیمپریالیانەیە و بە مەبەستی تێکدانی زیاتری پەیوەندی نەتەوە و پێکهاتەکان دەرکراوە. ئیمپریالیزمی جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕۆژێک لە ڕۆژان لە خەمی بەدیهێنانی خەونی گەلاندا نەبووە بەڵکو بۆ دروستکردنی پەشێویە تا بە ئاسانی بەرژوەندییەکانی درێژە پێ بدات. تا ئەو ڕۆژەی سیستێمی سێکۆلاریزم لەم وڵاتانەدا نییە لە شەڕی دینی و ڕەگەزی زیاتر شتێکی تر نابینین. ئەوانەی پێیان وایە ئیسرائیل وڵاتێکی سێکۆلاریزمە زۆر بە ڕوکەشی لێی دەڕوانن. ئیسرائیل دەوڵەتێکی دینییە و ناوەکەشی لە دین وەرگیراوە. دەوڵەتێکە پشتی بە ئەفسانەی تەورات بەستووە لە کاتێکدا ئەو کتێبە وەک وتمان لە کۆمەڵێک چیرۆکی خەیاڵی زیاتر شتێکی تر نییە.

هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی لەسەرەوە وا دەردەکەوێت خەمی فەڵەستینیانە بەڵام لە ژێرەوە هەموویان پەیوەندی بازرگانی و سیاسی و دەیان پەیوەندی تریان بە ئەمەریکا و ئیمپریالیزمی جیهانییەوە هەیە. ئەردۆگان کە بە فشەکەرترین سەرۆکی دنیا ناسراوە وەک هەمو جارێ کۆمەڵێک قسەی هەرزەکارانەی فڕێ داوە بەڵام وای لێ هاتووە گوێی لێ ناگیرێت. لەولاوە وڵاتانی خەلیج بوونەتە دوو بەرە، بەرەی سعودیە و بەرەی قەتەر کە هەر یەکەیان بە شێوازی خۆی بازرگانی بەو مەسەلەیەوە دەکات. ئێران لە هەمویان ڕوونترە چونکە دژایەتییەکەی لەگەڵ ئەمەریکاو ئیسرائیل بەڕاستییە. ئیران بازرگانی یەکەمی مەسەلەی فەڵەستینە و دەیەوێت لەژێر دەستی هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکانی دەربهینێت بەتایبەتی دوای ئەوەی لە سوریا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و توانیویەتی هێزێکی گەورە دروست بکات.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەو ڕووداوە لەچاو ئەوەی چاوەڕوان دەکرا زۆر کەم ناڕەزایی لێ کەوتەوە بە ڕادەیەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە (CNN)ی وت چاوەڕێی کاردانەوەی زۆر گەورە بوون بەڵام وا دەرەنەچوو. ڕاستە لێرە و لەوێ ئاڵای ئەمەریکا سووتێنرا و هەندێک خۆپێشاندان کرا بەڵام ئەگەر ئەوە بێنینە بەرچاومان قودس لای موسڵمانی بێ ئاگا چەند پیرۆزە ئەوە دەکرێ بڵێین کاردانەوەکە زۆر کەم بوو کە بە بڕوای من بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:

یەکەم: هیچ کاتێ وەک ئەمڕۆ دنیای ئیسلامی پەرش و بڵاو نەبووە. دوای سەرنەگرتنی خەونی سعودیە و قەتەر لە سوریا و درێژە کێشانی شەڕی یەمەن، گەورەترین نائومیدی و بێزاری لە دنیای ئیسلامیدا سەری هەڵدا و بووە هۆی ئەوەی چەند بەرەیەکی دژی یەک دروست ببێت. هەتا لەناو فەڵەستین بزوتنەوە ئیسلامیەکان ئەو کاریگەرییەی جارانیان نەماوە بۆیە ناتوانن هێزی گەورە لە خەڵک دروست بکەن و بۆ شەڕیان بنێرن.

دووەم: لاوازبوونی ئیخوان موسلمین کە بزوێنەری هاندانی موسڵمان دادەنرێ.

سێێەم: دەرکەوتنی ئیسلامی ڕاستەقینە بە هۆی داعشەوە. ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو خەڵک وازیان لە ئیسلام هێناوە بە ڕادەیەک ئەوانە لە سۆشیاڵ مێدیادا بوونەتە هێزێکی گەورە. وڵاتێکی وەک سعودیە بە دەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەناڵێنێ کە یەکێکیان هەڵگەڕانەوەیە لە ئیسلام و دانیان پیا ناوە. دەرکەوتنی محەمەد بن سەلمان وەک ڕیفۆرمخوازێک هەر پەیوەندی بەم مەسەلەیەوە هەیە. هەتا لە کوردستان ئەو کاریگەرییە گەورەیەمان لای ئیسلامیەکاندا نەبینی کە پێشتر بۆ شتی زۆر لەوە کەمتر هاواریان لێ بەرز دەبۆوە. ئەمڕۆ لە کوردستان بە ئاشکرا هەست بە لاوازبوونی ئیسلام دەکرێت. حزبە ئیسلامییەکان ئەو کاریگەرییەی جارانیان نەماوە. کۆمۆنیستەکانی هەشتاکان و نەوەدەکان کە ئەمڕۆ لەناو بزوتنەوەی گۆڕانی ئیسلامیدا پاڵیان بە ئیخوانییە کۆنەکان داوە ئەو توێژەن زۆر ئومێدی بە ئیسلام هەیە و بانگەشەی بۆ دەکەن ئەگینا زۆرێک لە کادیرەکانی یەکگرتوو و ئەوانەی تریش ئەمڕۆ وازیان هێناوە و بونەتە خاوەنی تێروانینی تر.
لە کۆتایدا دەڵێم ئەمڕۆ لە هەر کاتێکی تر زیاتر سێکۆلاریزم بۆتە پیویستییەکی گەورەی کۆمەڵگا. تەنیا سێکۆلاریزمە دەتوانێ مافی نەتەوە و تاکەکان دابین بکات.

12.12.2017




ئایا جەنگی “سوریا” و” کوردستان”، لە ساڵی ٢٠١٨دا کۆتایی دێت؟ … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

لە ساڵی ٢٠١٧ دا جەنگ و ناتەبایی لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئەوپەڕی بەهێزیدا بوو. بە ملیۆنان خەڵکی بێتاوان ئاوارە و دەربەدەر بوون و بوون بە قوربانی ململانێی نێوان زلهێزە ناوچەییەکان و جیهانییەکان بۆ مەبەستی دەستکەوت و بەرژەوەندیی. کە لە ئەنجامدا، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی، ناهێمنی و ناسەقامگیریی باری ئابووریی و ئاسایشی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی باڵی بەسەردا کێشابوو.

مەیدانی گەرمی ئەو جەنگە بە تایبەتی لە “سوریا، عیراق و کوردستان” بوو. لە میدیا جیهانییەکاندا ئەو جەنگە بە “جەنگی مەدەنی سوریا” ناسراوە! کە لە ڕاستییدا ئەو جۆرە زانیاریی و ئاماژەیە تەنیا ئەگەری ئەوەی هەیە کە لە ١٥% هەقیقەتی تیایددا هەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەو شەڕە تەنیا لە سەر خاکی “سوریا” نەبوو بەڵکو لەسەر خاکی “عیراق و کوردستان”یش بوو.

ئەو شەڕە”جەنگی مەدەنی سوریا” نەبوو بەڵکو “جەنگی جیهانی سێیەم” بوو بە شێوەیەکی تر بەڵام لە هەمانی فۆرمی” جەنگی یەکەم و دووەمی جیهان”ی بوو، بەهۆی ئەوەی زۆربەی زلهێزەکانی دنیای وەک “روسیا و ئەمریکا و ئەوروپا” و زلهێزەکانی ناوچەکە وەک “تورکیا و ئیران و ئیسرائیل” یارییکەری سەڕەکی بوون لەو “جەنگە”دا و توڕەیی و ناکۆکیی و ناتەبایی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی نێوان زۆرینەی سادەی ناوچەکەیان وەک ئامرازێک بەکارهێنا بۆ مەرام و بەرژەوەندیی سەربازیی و ئابووریی خۆیان، کە لە دەرئەنجامدا ناکرێت جەنگێکی لەو جۆرە ناوبنرێت بە “جەنگی مەدەنی سوریا”!

سەرانی وڵاتانی وەک “روسیا و ئەمریکا” و “تورکیا و ئیران و ئیسرائیل” خاكی خۆیان پاراست و نەیانهێشت ببێت بە مەیدانی جەنگ. بۆ ئەو مەبەستە سوپای فەرمیی و هێزی چەکداری نافەرمیی و میلیشیای خۆیان سازدا و ناردیانن بۆ “سوریا، عیراق و کوردستان”.

سەرانی تورکیا و ئیران، سەرکەوتوو نەبوون لەوەی کە باری ئابووریی و ئاسایشی نێو وڵاتی خۆیان بپارێزن و بیانەوێت یان نەیانەوێت ئەوا ئەو جەنگە کاردانەوەی هەبوو لەسەر وڵاتەکەیان بە تایبەتی لە ڕووی ئاسایش و ئابووریی بۆ نمونە، هەنوکە میللەتانی “ئیران” لە بارودۆخێکی نالەبار و هەژاری گوزەران دەکەن، بەهۆی ئەوەی هەرچی دەرامەتی ئەو وڵاتە هەیە لە بری ئەوەی خەرج بکرێت بۆ خۆشگوزەرانی میللەتەکەیان، بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی “ئیران” بەکاریدەهێنن بۆ بەهێز کردنی سوپای فەرمیی و دەدرێت بە چەک و تەقەمەنی و سەفەقاتی پارەی خەیاڵی و دەدرێت بە هێزی سیاسیی و هێزی میلیشایی سەر بە دەسەڵاتدارانی “ئیران”.

بە گوێرەی گەلێک سەرچاوەی بیانی کە ئاماژەیان پێداوە ئەویش ئەوەیە کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ دا، “ئیران” دەستێکی باڵای هەبوو لە دروست کردنی “حزبوڵڵا” و مەشق پێکردنی هێزی چەکداری ئەو ڕێکخراوە و دەوڵەمەند کردنی بە چەک و تەقەمەنی، هەروها ساڵانە زیاتر لە ١٠٠میلیۆن دۆلاری ئەمریکای “ئیران” تەرخانی کردوە بۆ ئەو هێزە وە لە هەندێک ساڵدا ئەو بودجەیەیی زیاد کردوە بە گوێرەی پێویست و گەرمبوونی “جەنگ”، جگە لەوەش “ئیران” یارمەتی رێکخراوی “حەماس”ی داوە بەهەمان شێوە هەروها دەسەڵاتدارانی “ئیران” یارمەتیەکی بێ هاوتای سەرانی پارتەکانی باشووری وڵاتیان داوە و وەک بەکرێگیراو مامەڵەیان لەگەڵدا کردون، بێگومان ئەو بوون بە “جاشە” بێ بەرابەری سەفەقاتی دۆلار نەبووە!

هەوڵەکان و گفتوگۆکانی “روسیا و ئەمریکا و ئیران و تورکیا” بۆ راگرتنی جەنگی “سوریا” لە ساڵی ٢٠١٧دا چەند جارێک بگرە لە دانیشتنی “ئاستانە و سوچی و جونیف” هەمووی بێ ئەنجام بوون و سەرانی ئەو وڵاتانە نەیانتوانی بگەن بە ڕێککەوتنێک لە دابەشکردنی “پشک و تاڵانی جەنگ” و نووسراوێکی هەمە لایەنی واژۆ بکەن و بیگەیەنن بە ڕای گشتی جیهانی و تیایددا خاڵەکان ریزبەند بکەن و ڕاوەستانی” جەنگ” بە فەرمیی رابگەیەنن. تا ئەو ساتە سەرانی هەندێک لەو وڵاتانە ڕایانگەیاندوە کە “داعش” کۆتایی پێهاتووە، بەڵام هیچ لایکیان ڕایانەگەیاندوە کە “جەنگی سوریا” کۆتایی پێهات!

سەنتەری لێکۆڵینەوەی “پیو”ی ئەمریکی، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامداوە لە “ئوردن، تونس، ئیسرائیل، لبنان، تورکیا و میدیان” و پرسیاریان کردوە کە ئایا پێت وایە جەنگی سوریا لە ماوەی چەند ساڵدا کۆتایی دێت؟ سەنتەری “پیو” لە ئەنجامدا داتەیەکی خستۆتە بەردەست کە تیایددا هاتوە، ٨٠% پێیان وایە کە “جەنگی سوریا” لە پێنچ ساڵی داهاتودا کۆتایی دێت، ٣٢% پێیان وایە دوای ساڵێکی تر “جەنگ” کۆتایی دێت. بەڵام ئەو “سوریایانەی کە ئاوارەی “ئوردنن” ٦٤% پێیان وایە ساڵێکی تر “جەنگی سوریا” کۆتایی دێت، بڕێکی تریان کە لە ٢٦% پێیان وایە لە نێو پێنچ ساڵدا کۆتایی دێت، بەڵام لە ١٠% پێیان وایە کە پێنج ساڵ زیاتر دەبات بۆ کۆتایهاتنی “جەنگ”.

pew
گەلێک لە چاودێرانی سیاسیی بیانی لەو بڕوایەدان کە کێشەکان و گرفتەکان بەو ئاسانییە کۆتاییان ناێت، ڕێککەوتنی زلهێزە جیهانییەکان و ناوچەییەکان بۆ دابەش کردنی “تاڵانی” دوای جەنگ کاتی زیاتر دەوێت. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧، کۆتای “جەنگ” و گرفتەکان نییە و هاتنی ساڵی ٢٠١٨ش، هاتنی بەرقەرار بوونی ئەمن و ئاسایش نییە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە “سوریا و عیراق و کوردستان”!




میولەر و پشیلە ئەڵمانیا داگیر دەکەن … ئیسماعیل تەنیا

ئەڵمانیا، لەڕووی پێشکەوتنی پیشەسازی وتەکنۆلوژیاوە، یەکێکە لەو پێنج وڵاتە زلهێزەی جیهان، کەوا خەریکە هەموو بازاڕەکانی جیهان کۆنترۆڵ دەکات. لەشەڕی دووەمی جیهانیدا، گورزێکی گەورەی کەمەرشکێنی بەر کەوت، بەڵام لەبەر ئەوەی میللەتەکەی کارکردەو خۆنەویست بوون، توانییان بەزووترین کات هەڵبستنەوەو پێش بکەون. زۆر جاران لەکاتی خوێندنەوەی بابەتی تەرفیهی، یان حەسانەوەی مێشک، شتی سەرنج ڕاکێش و سەیرو سەمەرەت بەرچاو دەکەوێت، کەلای ئەوان ئاسایین و بوونەتە ترادسیۆنی میللەتەکەیان، وەلێ لەوانەیە لای ئێمەی لایدەو میوان، مایەی سەرنج و تێڕامان بن… لەگەڵ ئەمانەشدا شتی هاوبەش زۆرن، بەتایبەتیش لە پەندی پێشینان و مەتەڵ و ئیدیۆم گەلێک، کە لەکاتی کارو خوێندن و هەڵسووکەوتدا، گوێمان لێی دەبێت. هەندێک لەو بۆچوون و روداوو خاسیەتانەی کەلای ئەوان ئاسایین و لای ئێمە، مایەی تێڕامانن، ئەمانەن؛

ـ ژمارە سێزدە:

هەر وەک چۆن لەلای زۆربەی گەلانی دنیا، سێزدە ژمارەیەکی نەویستراو و شوومە، لای ئەڵمانەکانیش، بەهەمان شێوەیە.بۆیە؛ لەشارەکان، لە وێستگە سەرەکییەکانی شەمەندەفەردا،(گلایس) شوێنی سواربوون و دابەزینی ژمارە سێزدە بوونی نییە. لەژمارە دوازدەوە یەکسەر باز دەدرێتە سەر ژمارە چواردە. گەر لە زانکۆکان، ڕۆژی تاقیکردنەوەی خوێندکاران، بکەوێتە ڕۆژی سێزدەی مانگ، ئەوا کاتی تاقیکردنەوەکە بۆ ڕۆژێکی تر دوادەخەن، یان پاش و پێشی پێدەکەن. جگە لەمەش لە هوتێلەکاندا، ژووری ژمارە سێزدە بوونی نییە. ئەم جۆرە باوەڕبوونە لای گەلانی؛ ( یۆنان و تورک و ئێران و ئەفغان و پاکستان و ڕووس و مەکەدۆنیا و هەندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و…..)، بەکەمێک جیاوازییەوە، هەمان بۆچوون و باوەڕ بوون، بەرقەرارە….کەچی لای ئیتالییەکان، ژمارەیەکی زۆر نۆرماڵەو هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ژمارەکانی تر. بەڵام ژمارە حەڤدەیان لا شوومە.بۆیە گەر حەڤدەی مانگ بکەوێتە ڕۆژانی پشوو( شەممەو یەک شەممە)، ئەوا بە دیقەت و ئاگاییەوە، کارەکانیان دەکەن. نەوەک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات. چونکە حەڤدە بە شووم و نەگبەت هێن دەزانن.

ـ (نازناو)، یان (پاشناو):

هەموو تاکێکی ئەڵمانی، پاشناوێکی خانەوادەیی هەیەو لەناو خەڵک و شوێنە فەرمییەکان، پێی دەناسرێتەوە. کەلاو ئێمەش، جاران، لە عەشیرەت و پیشەی بنەماڵەو شوێن و دەڤەری نیشتەجێبوون و…..تاد، خۆی دەبینییەوە.بە گوێرەی داتا فەرمییەکان، کۆمەڵێک (پاشناو)، لەلای ئەڵمانەکاندا، لەڕیزی پێشەوەن،وەکو؛ ( میولەر: ئاشەوان)، (شمیت: ئاسنگەر)، (شنایدەر: بەرگدروو)، (فیشەر: ماسیگر)، (ڤێبەر: جۆڵا). کە هەموو ئەم پاشناوانە، لە پیشەی بنەماڵەکانەوە بۆ نەوەکانیان، ماونەتەوە. لەکۆی نزیکەی شەست ملیۆن ئەڵمانی؛ ( حەفت سەد هەزار کەس، پاشناوی میولەر، پێنج سەدو هەژدە هەزار کەس شمیت ، سێ سەدو سێزدە هەزار کەس شنایدەر، دوو سەدو شەست و حەفت هەزار کەس فیشەر، دوو سەدو سی و چوار هەزار کەس ڤێبەر )یان هەڵگرتووەو پێیەوە دەناسرێنەوە.

ـ خەوتن:

ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیا، نزیکەی (٨١ـ٨٢) ملیۆن کەسە. بۆ مەسەلەی خەوتن، ڕێژەی ئەوانە وەرگیراوە کە تەمەنیان لە سەرووی هەژدە ساڵییەو دەبێت کار بکەن، یان کارێکیان هەبێت. هەر یەکێک، تێکڕا (معەدەل) ڕۆژانەهەشت کاتژمێرو بیستودوو خولەک دەخەوێت. سێ کاتژمێرو چوار خولەک کار دەکات. شەش خولەک بە پاککردنەوەی ئۆتۆمبیلەکەی خەریک دەبێت. لە خوێندنەوەو تێگەیشتن لەم رێژانە، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ؛ ئەوانەی کار دەکەن؛ لە ساڵێکدا بیستو یەک ڕۆژ مافی مۆڵەت وەرگرتنیان هەیە. لە هەفتەیەکیشدا پێنج ڕۆژ، واتە چل کاتژمێر،کار دەکەن… چەندین موناسەبەو بۆنەی نیشتیمانی و ئایینیش هەیە و دەکەونە ڕۆژانی کار کردنەوەو دەبنە پشوو و کاریان تێدا ناکرێت. جگە لەوەش چەند ملیۆنێکیش هیچ کارێکیان نییە. بۆ دیاریکردنی ئەم ڕێژەیە، هەموویان لەبەرچاو گیراون. مەسەلەی خەوتنیش لە تاکێک بۆ تاکێکی تر دەگۆڕێت. بۆ نموونە؛ لە خوێندنەوەی بیۆگرافییای (ئەلبێرت ئەنشتاین) و (ناپلیۆن پۆناپێرت)دا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ؛ یەکەمیان لە ماوەی بیستو چوار کاتژمێردا، چواردە کاتژێر خەوتووە. دووەمیشیان تەنها چوار کاتژێر خەوتووە. هەر تاکێکیش بە هۆی جۆراو جۆرەوە، لە هەفتەیەکدا، سێ جار تووشی خەوزڕان، دێت.

ـ ڕاگرتن و بەخێوکردنی ئاژەڵ و تەیروتاڵ:

لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری ئەڵمانەکان لە ئێستادا، لە خێزانی بچووک بچووک پێکهاتوون، یان زۆریان بە تەنیا دەژین، بۆ فەرامۆشی و ئاوەدانی، لەماڵەوە ئاژەڵێکی ماڵی، یان تەیروتاڵ، بەخێودەکەن. زۆر جارانیش بەهۆی خۆشەویستییان بۆیان، ئەم کارە دەکەن. ژمارەکان ئەوە دەردەخەن کە؛ خۆشەویسترین ئاژەڵی ماڵی لای ئەڵمانەکان (پشیلە)یە. هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار پشیلە بە نازو نیعمەتەوە لەم وڵاتەدا دەژین.واتا لە هەر دە کەسێک، یەکێک لە ماڵەوە پشیلەی هەیە. دوای پشیلە ئاژەڵ و تەیروتاڵی بچووکی وەک؛ (سمۆرە، کەروێشک، مار، کۆتر، بولبول، کەناری، بەبەغا، ……)، بە پلەی دووەم دێتن. (سەگ)یش بە پلەی سێیەم دێتن.

ـ لە ئەڵمانیادا، بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوان و لەباری داهاتی تاکەکەس، بەشی زۆری تاکەکان، خاوەن ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیانن، ئەمە جگە لە ئۆتۆمبێلی جۆر بەجۆری کۆمپانیاو کارگەو دامەزراوەکان…لە شەقام و هێلە سەرەکییەکان، زۆر جاران، بەتایبەتیش لەکاتی چوونە سەرکاریان لە بەیانیان و دەست هەڵگرتن، جۆرە قەرەباڵغی و تێکچڕژان و ڕاوەستانێک دروست دەبێت، کە ئەڵمانەکان پێیدەڵێن (شتاو)… ئەم دیاردەیە رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، ڕادیۆکان وەک ئاگادارکردنەوەی شۆفێرەکان ئاگاداری بڵاودەکەنەوە کە لە فلان شوێن، ماوەی ئەوەندە کاتژێر یان خولەک، (شتاو)، هەیە. گەورەترین و درێژترین (شتاو)ی ئۆتۆمبیل لەمێژووی ئەڵمانیادا، ئەو (شتاو)ە بوو کە لەدوای یەکگرتنەوەی هەردوو بەشەکە ( ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)، لە ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی مانگی نیسانی ساڵی (١٩٩٠)دا، ڕوویدا. لەم ڕۆژەدا هەژدە ملیۆن ئۆتۆمبیل، لەسەر شەقامی گشتیدا لەریز وەستابوون، چاوەڕوانی پەڕینەوەیان لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا، دەکرد.

ـ ئەوەی تا ئێستاکە کە لە کتێبی (سەیرو سەمەرەکان)دا، تۆمارکرا بێت، ئەوەیە؛ کە بچووکترین کتێب، کتێبێک بووە لە وڵاتی چین، چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دوای ئەمە؛ بچووکترین کتێب، ئەم کتێبەیە کە ژمارەی لاپەڕەکانی بریتییە لە (٣٢) لاپەڕەی قەبارە پانی: (٢،٤) دوو ملیۆن و چوار لەدەیاو درێژی (٢،٩) دوو ملیم و نۆ لە دەیا، لەشاری ( لایبزیگ)ی ئەڵمانیا چاپ و بڵاوکراوەتەوە…( دەبێت چ چاوێک و بە چ جۆرە چاویلکەیەک بتوانیت بیخوێنیتەوە !!).ئەم چاپخانەیە چۆن چاپی کردووە؟!!.
مرۆڤ هەموو کاتێک پێویستی بە خوێندنەوەی جدی و تاقەت پروکێن نییە، زۆر جاران بۆ فزولییەت و جۆرە پشوودان و زاخاودانەوەی مێشک، ئەم زانیارییانەشی پێویستە.

ئیسماعیل تەنیاـ هانۆڤەر




دوو شەو و دوو ڕۆژ تەرمی پێغەمبەر نەنێژرا، داخۆ چی دەگوزەرا؟ … شێرکۆ کرمانج

سادەگۆیی نیە ئەگەر بڵێین پڕۆسەی بەسیاسییکردنی ئیسلام‌و ململانێ سیاسییەکان لەناو موسڵمانان بەچڕی لە ڕۆژی مردنی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکرد. ئەم بابەتە هەوڵدەدات تاوتوێ ئەم ئارگیومێنتە بکات.

حەسەن بەننا، کە دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئیخوانی موسلمین،‌ هەروەها قەرەزاوی، باوکی ڕۆحی ئیخوانیەکان لە دنیا، هەردووکیان باس لەوە دەکەن کە یاوەرانی (ئەسحابەکانی) پێغەمبەر، دەستنیشانکردنی خەلیفەیان لە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان پێگرنگتر بوو، بۆیە تا خەلیفەیان دیارینەکرد پێغەمبەریان نەناشت. قەبوڵکردنی ئەو گۆتانەی حەسەن بەننا ‌و قەرەزاوی، بۆ هەر کەسێک کە تۆزێک شارەزای ڕێوڕەسم‌و دابونەریتی ناشتنی تەرمی مردو‌و لەلای موسڵمانان بێت، شتێکی مەحاڵە. بەپێی نەریتی ئەوساو ئێستای موسڵمانان، کە پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی ڕۆڵی هەرە سەرەکی هەبوو لە پێشنیازکردنی، لاشەی مردوو دەبێت بە زووترین کات بنێژرێ. لە یەکێک لەو فەرمودانەی کە بوخاری‌و موسلم بە ڕاستیان داناوە پێغەمبەری موسڵمانان دەفەرموێت “أسرعوا بالجنازة، فإن تک صالحة فخیر تقدمونها، وإن یک سوی ذلک، فشر تضعونە عن رقابکم”، واتە: پەلەبکەن لە ناشتنی مردوەکانتان ئەگەر کەسانی باش بن ئەوا باشترە بۆیان زوو پێشکەشی گۆڕ بکرێن، ئەگەریش خراپەکارن ئەوا شەڕێکەو لە کۆڵتان دەبێتەوە.

پرسیار ئەوەیە داخۆ دەکرێت کە حەسەن بەننا و قەرەزاوی ئاگاداری ئەم فەرموودەیە نەبن، خۆ ئەگەر حەسەن بەننا مەلاو عالیمێکی دینی نەبێت ئەوە قەرەزاوی نەک هەر مەلایە بەڵکو بە یەکێک لە شارەزاترین کەسانی بواری قورئان‌و سوننەت هەژماردەکرێت. ئەی ئەگەر وایە چۆن‌و بۆچی ئیسلامییەکان دەیانەوێت پرسی ناشتنی لاشەی پێغەمبەر بێ بایەخدارتر بکەن لە پرسی دانانی جێنیشین‌و فەرمودەکەی پێغەمبەری موسڵمانانیش لەم نێوەدا پشتگوێبخەن.

ڕاست پێچەوانەی تێگەیشتن‌و قسەکانی قەرەزاوی‌و حەسەن بەننا، بەبنەما لەسەر ئەو فەرمودەیەی پێغەمبەری موسڵمانان‌ کە ئاماژەیپێکراو نەریتی باو، لەناو موسڵمانان دانانی تەرمی مرد‌وو و تەماشاکردنی پەسند نیە. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی تاوەکو خەموپەژارە دەستبەسەر هۆش‌و عەقڵ‌و ڕەفتاری خاوەنتازییەدا نەگرێت. لۆجیکی ئەمە ئەوەیە کە هەتا زووتر لاشەی مردوو بشاردرێتەوە کەسوکاری مردوەکە خێراتر دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە. هەندێک سەرچاوە پێیانوایە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان شەو ‌و ڕۆژێکی پێچوە هەندێکی دیکە بە دوو شەو‌و دوو ڕۆژی دەزانن. ئەگەر ناشتنی تەرمی مردوو بەپێی سوننەتی پێغەمبەری موسڵمان‌و نەریتی موسڵمانان وا بخوازێت بەزووترین کات بنێژرێت، ئەی بۆچی تەرمی خۆشەویسترین کەس لەلای موسڵمانان ئاوا دواخرا؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەکرێت بڵیین کە پێش مردنی پێغەمبەری موسڵمانان کۆمەڵگەی موسڵمانان گەشەیەکی بەرفراوانی بەخۆوە دیبوو، چ وەک ژمارە چ وەک قەڵەمڕەویی. لەو سەروبەندا زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەب ببوونە موسڵمان. پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی لە بنەماڵەی هاشمی خێڵی قوڕەیش بوو کە بەهێزترین‌و گەورەترین خێڵی مەککە بوو. کە دەشڵێین زۆربەی خێڵ‌و تیرە عەرەبییەکان ببوونە موسڵمان ئەوە وادەگەیەنێت کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەسەڵاتی قوڕەیشیان قبوڵکردبوو، چونکە پاش گرتنی مەککە خێڵ‌و تیرە عەرەبییەکان ترسیان لە گەورەیی دەسەڵاتی موسڵمانان‌و قوڕەیش لێنیشتبو‌و و هەڵپەی هاتنە ژێرباری ئیسلامیان دەکرد. ئەوە بۆ قوڕەیشییەکان بارودۆخێکی تازە‌و بێوێنە بوو لە مێژوویاندا.

لەبەرئەوە، پاراستنی ئەو ڕەوشە هەنوکەییە (الوضع الرا‌هن) بۆ قوڕەیش‌و پیاوماقوڵانیان (ڕعیان) گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. ئەوان دەیانزانی ڕاگرتنی ئەو بارە تەنیا بە هەڵبژاردنی یەکێک لەناو خۆیان وەک خەلیفەی پێغەمبەرەکەیان دەکرێت بەردەوامیی پێبدرێت. بۆیە کاتێک دوای مردنی پێغەمبەری موسڵمانان بەچەند ساتێک مقۆمقۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە ئەنسارەکان خەریکی دانانی کەسێکن بە خەلیفە، پیاوەناودارەکانی قوڕەیش بە هەڵەداوان کەوتنەخۆ‌و هاواریان گەیاندە ئەبو بەکر‌و عومەری بن خەتاب. پرسی چۆن‌و کێ بە خەلیفەی پێغەمبەری موسڵمانان دانێن باڵی بەسەر هەموو شتێکی ئەوسای مەدینەدا کێشا، بە ناشتنی تەرمی پێغەمبەریشەوە.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی خەلیفە کێشمەکێشێکی ئەوەندەی لێکەوتەوە کە بە تێپەڕبوونی زەمەن بووە مایەی دابەشبوونی موسڵمانان بەسەر شیعە‌و سوننەدا. سوننەکان ئەوانەن کە دانانی ئەبوبەکر وەک یەکەم خەلیفەی موسڵمانان قەبوڵدەکەن‌و پڕۆسەکە بە ڕەوا دەزانن، هەرچی شیعەکانن ئەوانەن کە ئەوە ڕەتدەکەنەوە‌و پێیانوایە کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی بن ئەبی تالیبی وەک جێنشین، پێش مردنی خۆی، دیاریکرد کەچی یاوەرانی پێغەمبەری موسڵمانان ئەو وەسیەتەی ئەویان بەجێنەگەیاند. ئەوە بێجگە لەوەی یەکەم کێشمەکێش لە سەر خەلیفە لەنێوان قوڕەیشییەکان‌و ئەنسارەکان بوو نەک بنەماڵەکانی ناو قوڕەیش. بۆیە دەکرێت بگوترێت کە پڕۆسەی دانانی خەلیفە ئەوەندە سوک‌و سانا نەبوو وەک ئەوەی ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بەڵکو گرفتی هێندە ئاڵۆزی لێکەوتەوە کە موسڵمانانی لەسەر خەتی مەزهەبی، ئایدیۆلۆجی‌و سیاسیی هەر لەو کاتەوە بەش بەش کرد کە ئاسەوارەکانی تا ئێستا بەردەوامن.

بە تێڕامان لەو ڕووداوە مێژووییانەی لە ئانوساتی مردنی پێغەمبەری موسڵمانان، بەتایبەتی ئەوانەی لە مەدینە هاتنەپێش، ئەوە دەردەکەوێت کە دواخستنەکە پەیوەندی بە چەند هۆیەکەوە هەبووە. یەکەم: لاوازی چاوگە سەرەکییەکانی ئیسلام، قورئان‌و سوننەت بەتایبەتی، لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ پرسی حوکمکردن‌و بەڕێوەبردن‌و جێنشین دیاریکردن. نە قورئان نە سوننەت لە دوور یان لە نزیک باس لە پڕۆسەی حوکمکردن یان ئەوەی لەوکاتەوە بە خەلافەت ناویدەرکرد، ناکەن. دیارە لەوانەیە هۆی سەرەکی ئەوەش بگەڕێتەوە بۆئەوەی کە قورئان لە کۆمەڵگەیەکی بێ‌دەوڵەت دابەزیوەو حوکمکردنی فەرمی لەناو کۆمەڵگە خێڵەکییەکەی ئەوکاتی عەرەبان باوی نەبووەو پراکتیزنەکراوە. پێغەمبەری موسڵمانانیش سەرەڕای ئەوەی کە بە گۆتەی شیعەکان لە حەجی ماڵئاوایی فەرمویەتی “من کنت مولاە فهذا علی مولاە”، واتە: “ئەو کەسەی من مەولای بووم، ئەوە عەلی مەولایەتی” کەچی وەک دەردەکەوێت کە فەرمودە ڕوون نییە مەبەستی پێغەمبەر چی بووە، جێنشینی دینیی یان دنیایی.

بەهەرحاڵ، شیعەکان ئەو “فەرمودەیە” بەوە لێکدەدەنەوە کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی بن ئەبی تالیبی وەک خەلیفەی خۆی دیاریکردوە. لەبەرابەردا سوننەکان بۆ پاڵپشتی لە دانانی ئەبوبەکر ئەو ڕووداوە بە نمونە دێنەوە کە جارێک پێغەمبەری موسڵمانان زۆر نەخۆش دەبێت‌و ناتوانێت پێشنوێژی موسڵمانان بکات، بۆیە ئەبوبەکر دەنێرێت بۆ پێشنوێژیکردن. ئەوەی یەکەم لەلایەن سوننەکان ڕەتکراوەتەوە‌و ئەوەی دووەمیش تەنانەت سوننەکان بەخۆشیان وەک بەڵگەیەکی ڕەها بۆ دانانی خەلیفە وەریان نەگرتوە بەڵکو تەنها بۆ بەهێزکردنی کەیسی ئەبوبەکر بۆ خەلافەت پشتی پێدەبەستن. ئیبن خەلدون لەو باوەڕەدایە پێغەمبەری موسڵمانان قەت باسی لەوە نەکردوە کێ جێگەی دەگرێتەوە چونکە پێیوابووە ئەوە شتێکی”بێنرخ‌و ئیمتیازێکی بێباوەڕانە”. ئەوە بەڵگەیەکی دیکەی ئەوەیە کە پێغەمبەری موسڵمانان زۆر بایەخی بە مەسەلە دنیاییەکان، لە چوارچێوەی ڕۆڵی وەک پێغەمبەرێک، نەداوە.

هۆکاری دووەمیش سەرقاڵبوونی موسڵمانان بوو بە کێشمەکێشی نێوان موهاجیرەکان بەسەرکردایەتی ئەبوبەکر‌و عومەری بن خەتاب لەلایەک‌و ئەنسارەکان بەسەرکردایەتی سەعد بن ئەبی عوبەیدە لەلایەکەی دی‌، هاوکات، کێشەی بنەماڵەی بەنی هاشم بە سەرکردایەتی عەلی بن ئەبی تالیب لەلایەک‌و بنەماڵەکانی دیکەی خێڵی قوڕەیش، دیسانەوە بەسەرکردایەتی ئەبوبەکر‌و عومەر لەسەر دیاریکردنی خەلیفە، لەلاکەی دیکە بوو.

هەراوهۆریا بەدانانی سەعد بن ئەبی عوبەیدە وەک جێنشینی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکردو بە بەرەنگاربوونەوەی قوڕەیشییەکان گەیشتە ترۆپک. لایەنە سەرەکییەکان لە سەقیفەی بەنی ساعیدە، کە وەک هۆڵێکی گەورەی کۆبوونەوە وابوو، کۆبوونەوە‌و دەستە‌ویەخەی یەکدی بوون. ئەم کێشەیە دواتر لە مێژووی موسڵمانان بە کێشەی سەقیفە ناویدەرکرد. بەگوێرەی گێڕانەوەکەی تەبەری (الطبري)، یەکێک لە بەناوبانگترین مێژوونوسانی سەرەتای ئیسلام، لە کتێب “تاریخ الطبري” دا، کار گەیشتە ئەوەی هاواری “ئەمیرێک لە ئێمە‌و ئەمیرێکیش لە ئێوە” بەرزبێتەوە. گفتوگۆیەکانی ناو سەقیفە لەسەر خەلیفە ململانێیەکی دینی نەبوون بەڵکو ناوەڕۆک سیاسیی بوون. مەبەست لەو ڕاکێش ڕاکێشکردنەش وەرگرتنی دەسەڵات‌و زاڵبوونی سیاسییانە بوو، ئەوەبوو لەجیاتی دین، گەیشتن بە دەسەڵات، بوو بە تەوەری سەرەکی ململانێکان.

بەگشتی باس لەوە دەکرێت کە پێغەمبەری موسڵمانان کەسێکی تەگبیرکەر‌و لێهاتوو شارەزا بووبێت، کەچی پرسیار ئەوەیە ئەدی بۆچی ئەو کەسە شارەزایە درکی ئەوەی نەکرد کە تەگبیرێک‌و ڕێوشوێنێک بۆ موسڵمانان پێش مردنی پێشنیاز بکات لەپەیوەند بە پرسی جێنشین. دیارە ئیسلامییەکان پێیانوایە پێغەمبەری موسڵمانان ئەو ئەرکەی بۆ موسڵمانان جێهێشت، بەڵام ئەوە بەمەزەندەی من زۆر لە ڕاستیی دوورە. هۆی سەرەکی ئەم ئاماژەپێنەکردنە ئەوەیە کە لەسەردەمی پێغەمبەری موسڵمانان شتێک نەبوو بەناوی دەوڵەت‌و پڕۆسەیەکی فەرمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نەچەسپی بوو. کۆمەڵگە عەرەبییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی پێش ئیسلام، بە کۆمەڵگە تازە-دروستبووەکەی موسڵمانانیشەوە دوای هاتنی ئیسلام، لەسەر بنەمایەکی خێڵەکی بەڕێوەدەچوون، بەها ئیسلامییە نوێکان‌و خێڵەکییە کۆنەکان گرێبەستی کۆمەڵگەکە بوون نەک یاساو ڕێسا.




ڕووسیا و كورد … ڕه‌سوڵ بۆ سكێنی

هه‌ڵوێستی رووسیا له‌ ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری دا

ڕووداوه‌كانی دوای ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان خه‌مساردی و بێده‌نگی دۆستانی كوردی پیشاندا، له‌به‌رامبه‌ر گوشاره‌كان بۆ سه‌ر باشووری كوردستان، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س هاتنه‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كورد واز له‌ دۆستایه‌تی و پشتیوانی ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا بێنێ‌ و ڕوو له‌ ڕووسیا بكات، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش كردی هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ هاتبێ‌، كه‌ دووه‌م ڕۆژی دوای ڕیفراندۆم گرێبه‌ستی نه‌وتی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (ڕووس نه‌فت)ی ڕووسیا ببه‌ستێت، كه‌ پێیان وایه‌ ڕووسیا دۆستێكی ڕاسته‌قینه‌تری كورده‌ و پێویسته‌ كورد ڕووی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی به‌ره‌و ڕووسیا وه‌رگێڕێ‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و وته‌یه‌ی كه‌ (ئاینده‌ له‌سه‌ر ڕابردوو بنیات ده‌نرێت)، پێویسته‌ ئاوڕێك له‌په‌یوه‌ندی ڕابردووی ڕووسیا له‌گه‌ڵ كورد بده‌ینه‌وه‌ و چاوێكی خێرا به‌قۆناغه‌كانی په‌یوه‌ندی ڕووسیا له‌گه‌ڵ كورد بگێڕین.

سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، ڕووسه‌كان له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردیان ڕوانیوه‌ و هه‌میشه‌ كوردیان به‌جه‌نگاوه‌ری ئازا و قاره‌مان زانیوه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ بۆ فراوان كردنی سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ گه‌یشتن به‌ ئاوه‌گه‌رمه‌كان له‌ كورد نزیك ببنه‌وه‌، بۆیه‌ ڕووسیای قه‌یسه‌ری له‌ جه‌نگ و ململانێكاندا له‌گه‌ڵ ئیمپڕاتۆریه‌كانی فارس و عوسمانیدا هه‌وڵی داوه‌ كورد به‌لای خۆیدا ڕاكێشێت. یان لانی كه‌م له‌ جه‌نگدا بێلایه‌نیان بكات، به‌رامبه‌ر به‌وه‌ هه‌ندێ‌ به‌ڵێنیان پێ‌ بدات، به‌ڵام دواتر له‌ به‌ڵێنه‌كانی پاشگه‌زبۆته‌وه‌ و هیواو ئاواته‌كانی كوردی كردووه‌ به‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی.

كورد هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووسیا زیاتر كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر پێوه‌ندی نێوان كورد و رووس، و كورد و ئه‌رمه‌ن هه‌بووه‌، سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌ ڕووسه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كورده‌كانی یێریڤانِِ باش نه‌بووه‌ و باجی زۆریان لێ‌ سه‌ندوون، به‌ڵام باجی له‌ئه‌رمه‌نه‌كان وه‌رنه‌ده‌گرت و له‌هه‌موو شوێنێك فه‌رمانداری ئه‌رمه‌نه‌كانی به‌سه‌ر موسوڵمانه‌كانه‌وه‌ دانابوو، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆری كورد بۆ په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نه‌كان، به‌ڵام به‌فیتی ده‌وڵه‌ته‌ بێگانه‌كان به‌تایبه‌ت ڕووسیا زۆرجار ئه‌رمه‌نه‌كان ده‌ستیان له‌تاڵان و سوتاندنی دێهات و بردنی مه‌ڕوماڵاتی ناوچه‌ كوردییه‌كان هه‌بووه‌، هه‌تا ساڵی (1853) كورد له‌دژی ده‌زگاكانی یاسایی ناوچه‌ی ئه‌رمه‌ن ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام ڕووس زیاتر گرنگیان به‌ ئه‌رمه‌ن داوه‌، له‌ساڵی (1854) ئه‌و كوردانه‌ی كۆچیان ده‌كرد بۆ ڕووسیا مه‌رجیان بۆ دانا بوون، كه‌سانی ئه‌رمه‌نیان ده‌كرده‌ فه‌رمانده‌یان، به‌ڵام كورده‌كان ڕازی نه‌بوون، به‌ڵكو یان ڕووسی یان ده‌بێ‌ كورد بێت، كه‌واته‌ ڕووسه‌كان هۆكارێكی تێكچووونی په‌یوه‌ندی نێوان كورد و ئه‌رمه‌ن بوون، ساڵی (1855) ڕووسه‌كان ئاگاداری ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ش بوون له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ له‌ئه‌رمه‌ن ده‌كرا، به‌ڵام چاره‌سه‌ریان نه‌ده‌كرد.

بایه‌خدانی ڕووسیا به‌ئه‌رمه‌نه‌كان جگه‌له‌ ئاینێكی هاوبه‌ش نه‌بێت، هیچ شتێكی دیكه‌ كۆی نه‌ده‌كردنه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌راورد به‌كورد هیچ سوودێكی بۆیان نه‌بووه‌، سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی ڕووس (پ.ی. ئه‌ڤریانۆڤ) ده‌ڵێت:” له‌كاتی پێكدادانی شه‌ڕی ئێمه‌ و عوسمانیه‌كاندا پۆلیسه‌ ئه‌رمه‌نه‌كان هیچ قازانجێكیان بۆ ئێمه‌ نه‌بووه‌، ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ له‌كاتی هێرش كردنه‌كاندا هه‌ڵده‌هاتن، وه‌ك دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌وانه‌ دوای شه‌ڕه‌كان ته‌نیا بۆ كوشتن و سه‌ربڕینی موسوڵمانه‌كانی شاره‌كان ئاماده‌ بوون.”

له‌كاتی جه‌نگی ڕووسیا- عوسمانی له‌ ساڵی (1877-1878) سه‌رۆكه‌ كورده‌كان سه‌ره‌تا خۆیان بوارد له‌ به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌، به‌ڵام له‌ دواتر به‌هۆی گوشاری ده‌وڵه‌تی عوسمانی و بانگه‌شه‌ی غه‌زا و به‌شداری موسڵمانان به‌ناوی دینه‌وه‌ له‌و شه‌ره‌دا هه‌ندێكیان به‌شداریان كرد به‌تایبه‌تی سه‌رۆكه‌ كورده‌ دیاره‌كه‌ی ئه‌و كات شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، به‌ڵام به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای به‌شداری كردنیان هێزه‌كانی (شێخ عوبه‌یدوڵڵا) بێزاری خۆیان له‌بارودۆخه‌ ده‌ربڕی و به‌ره‌كانی شه‌ڕیان به‌جێ‌ ده‌هێشت، بێ‌ گومان ململانێ‌ و جه‌نگی رووسی – عوسمانی بۆ كورد زیانی زۆر بوو ژیانی لێ‌ تێكدان، كاتێك كورد خراپه‌كاری و زوڵم و سته‌می عوسمانیه‌كانیان بۆ ده‌ركه‌وت ورده‌ ورده‌ به‌خۆیان و چه‌كه‌كانیانه‌وه‌ به‌ره‌كانی جه‌نگیان به‌جێ‌ هێشت. رووسه‌كان ویستیان قارس داگیر بكه‌ن، كورده‌كان هاوكاری رووسه‌كانیان ده‌كرد له‌ (6)ی تشرینی دووه‌می (1877) قارس گیرا، پاش ئه‌وه‌ی رووسه‌كان قارس و باریه‌زیدیان گرت، هه‌ستیان به‌بێزاری كورد كرد به‌رامبه‌ر به‌عوسمانیه‌كان، وه‌ك (ئیڤانۆڤ)ی كونسۆڵی رووسیا له‌ئه‌رزڕۆم له‌پاش داگیركردنی قارس ده‌نووسێت: ” بڕوام وایه‌ كوردستان بیر له‌ ڕاست بوونه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ و بگره‌ خۆی بۆ ئاماده‌ ده‌كات.” كوردی ناوچه‌ی ده‌رسیم دوای سه‌ركه‌وتنی ڕووسیا له‌به‌ره‌ی قه‌فقاسدا ڕاپه‌ڕینیان به‌رپاكرد.

شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رووسیای تزاری پێ‌ باشتر بوو له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كانی تر، ڕه‌نگه‌ هۆی ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ بووبێ‌ رووسیا هاوسنوور و هه‌میشه‌ كێشه‌ی شه‌ڕ و سنووری له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بوو، له‌لایه‌كی تریش ده‌وڵه‌ته‌كانی تر به‌تایبه‌ت به‌ریتانیا له‌كوردستانه‌وه‌ دوور بوو، هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌كورد باش نه‌بوو. شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ ساڵی (1879) نوێنه‌ری خۆی بۆ كونسۆڵگه‌ی رووس له‌ئه‌رزروم نارد بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ‌ هه‌ڵوێستی رووس چی ده‌بێ‌ ئه‌گه‌ر شێخ شۆڕش بكا، نوێنه‌ره‌كه‌ بۆ كونسۆڵی ڕوون كرده‌وه‌، شێخ یارمه‌تی و كۆمه‌كی ڕووسه‌كانی له‌هی هه‌ر لایه‌نێكی تر پێ‌ باشتره‌. كاتێك شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئاماده‌كاری ده‌كرد بۆ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی، رووسیا به‌وردی چاوێری ده‌كرد، كاربه‌ده‌ستانی رووس هه‌وڵیان ده‌دا پشتیوانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ نه‌كرێت، له‌نامه‌یه‌كی نهێنیدا كه‌ بۆ سه‌رۆكی قه‌زای ئیچمیازدین نێردرابوو، ئامۆژگاری و ئاگادار كردنه‌وه‌ی تێدا بوو” به‌بۆنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كورده‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌وه‌، گومانی تێدا نیه‌ له‌ته‌ك ناوه‌رۆكی سیاسی ناوه‌رۆكێكی ئاینیشی هه‌یه‌، داوا له‌ جه‌نابی پایه‌به‌رزتان ده‌كه‌ین كورده‌كانی قه‌زاكه‌ له‌چاو ون مه‌كه‌ن و به‌هیچ جۆرێك ڕێگا مه‌ده‌ن به‌شداری ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ بكه‌ن، نه‌به‌پاره‌ و نه‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیان نه‌ده‌ن” به‌ڵام شێخ له‌ناو كورده‌كان ناو و پایه‌یه‌كی به‌رزی هه‌بوو، خه‌ڵكی به‌خۆشیه‌وه‌ پێشوازی بیرو ئامانجی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان ده‌كرد.

پاش ئه‌وه‌ی رووس كونسۆڵگه‌ی له‌شاری وان كرده‌وه‌، شێخ نوێنه‌ری خۆی سه‌ید محه‌مه‌د سه‌عید بۆ لای (كامساراكان) نارد، نوێنه‌ره‌كه‌ بۆ كونسۆڵی ڕوون كرده‌وه‌، كورد ده‌توانێ‌ ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بێ‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌نێوان رووسیا و عوسمانی هه‌ڵبگیرسێ‌. چونكه‌ هه‌موو ناوچه‌ گرنگه‌كان له‌به‌رده‌ستی كوردایه‌. به‌ڵام (كامساراكان) به‌خه‌مساردییه‌وه‌ گووتی: باشێخ داواكانی بخاته‌ به‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی. چونكه‌ له‌وكاته‌دا رووس و عوسمانی په‌یوه‌ندی باشیان هه‌بوو. پێده‌چێ‌ (كامساراكان) دژی هاوكاری كورد بووبێ‌ زیاتر له‌گه‌ڵ هاوكاری مه‌سیحیه‌كاندا بووه‌.

له‌كاتیكدا داواكاری و پشتیوانی كوردله‌سه‌ر حیسابی ڕووسیا نه‌بووه‌ و ته‌نیا داوای هاوكاری بووه‌ له‌ ڕووسیا له‌به‌رامبه‌ر دا كوردیش هاوكاری ڕووسیا بكات، (ئه‌ڤریانۆڤ) له‌كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ” هه‌میشه‌ كورده‌كان پێشنیاری ئه‌وه‌یان كردووه‌ هاوكاریمان بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌(رووس) هیچ كاتێك نه‌مانتوانی له‌گه‌ڵ كورده‌كان پێكه‌وه‌ بچین به‌گژ توركدا و نه‌مانتوانی له‌هیچ كاتێكدا نرخی ئه‌و داخوازیانه‌ی كورد هه‌ڵسه‌نگێنین”
شێخ عوبه‌یدوڵڵا پلانی دانا تا هێشتا ناڕازیه‌كان له‌خۆی كۆبكاته‌وه‌ و له‌ خاكه‌لێوه‌دا ده‌ست به‌جه‌نگ بكاته‌وه‌. (ژانویه‌ی 1881). به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ته‌قه‌للایانه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و فه‌رمانده‌كانی كورد، ته‌قه‌للای گه‌وره‌تر و سامناكتری گه‌له‌كۆمه‌كێی ده‌وڵه‌تان له‌ دژی به‌رنامه‌كانی كورد هه‌بوون، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ئێران، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شۆڕشه‌كه‌ و بگره‌ پێش هه‌ڵایسانی شۆڕشه‌كه‌، ده‌رباری قاجاری و خودی (ناسره‌دین شا)، به‌په‌له‌ و هه‌ڵپه‌ له‌گه‌ڵ: ڕووسیا، ئینگلستان، و عوسمانی به‌گه‌رمی كه‌وتبووه‌ ته‌قه‌للای كاری دیپلۆماسی و ڕاوێژ و نامه‌ و نوێنه‌ر ناردن و گۆڕینه‌وه‌، بۆ لای یه‌كتری و ڕێگا گرتن له‌ ته‌نینه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، له‌م پێناوه‌شدا ئێران تكا و داخوازی له‌ ئینگلستان بۆ ئه‌وه‌ بوو، داوا له‌ ڕووسیا بكه‌ن، هێز و له‌شكری خۆی، بۆ سه‌ر سنووری ئازه‌ربایجانی خواروو بنێرێ‌، و گوشار بخه‌نه‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی، تا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگا له‌هه‌وڵی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و ڕابه‌رانی تری كورد بگرێ‌.

دوای شگستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشماوه‌ی هێزه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ ناو وڵاتی عوسمانی بوو به‌هۆی كێشه‌یه‌كی دوور و درێژ له‌نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و قاجاریدا، حكومه‌تی ئێران داوایان له‌حكومه‌تی عوسمانی كرد بوو، شێخ عوبه‌یدوڵڵایان بداته‌ ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی سزای بده‌ن. له‌وه‌دا رووسیا و به‌ریتانیا لایه‌نگیری ئێران بوون، به‌جووته‌ به‌توندی داوایان له‌ كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی كرد بوو سزای شێخ عوبه‌یدوڵڵا بدات.

دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ و شكانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا، له‌جیاتی هاوكاری كردنی شێخ بۆ به‌رده‌وامی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی، رووس و ئینگلیز گوشاریان خسته‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی، پشنیاز بكات بۆ شێخ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات، تا ناچاری بكات له‌وێ‌ بمێنێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مه‌رامه‌كانی خۆی به‌كاری بێنێ‌.
له‌ساڵی1881 دوای وتوێژ و كۆششێكی زۆر ده‌وڵه‌تانی رووسیا و به‌ریتانیا شێخ عه‌به‌یدوڵڵایان گه‌یانده‌ ئه‌و بڕوایه‌ی پێویسته‌ له‌ڕێگای وتوێژه‌وه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد بدۆزێته‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ شێخ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات، ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا هه‌ستا به‌نێوانگیری له‌نێوان شێخ عوبه‌یدوڵڵا و ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی بۆ ڕازی كردنی شێخ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات هه‌ڵوێستێكی ناحه‌زانه‌ی له‌گه‌ڵ كورد دا نواند و له‌پایزی (1882) بزوتنه‌وه‌كه‌ی تێكشكاند شێخ له‌ ئه‌نجامی زۆر لێ‌ كردن و سه‌ركردنه‌ سه‌ری ناچار بوو بچێت بۆ لای سوڵتان و له‌وێ‌ یه‌كسه‌ر ده‌سبه‌سه‌ر كرا.

پاش ده‌ستبه‌سه‌ری و ڕاكردنی شێخ له‌ ئه‌سته‌مبوڵ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان، شێخ عوبه‌یدوڵڵا نوێنه‌ری خۆی عه‌لی قاسم ئۆغلی نارد بۆلای (كامساراكان) جێگری كونسۆڵی روس له‌ ورمێ‌، داوای لێ‌ كرد پشتگیری شێخ بكه‌ن و هیچ داوای مه‌عنه‌وی و دارایشی له‌رووس نیه‌، به‌ڵام ڕای رووسه‌كان وابوو پێویسته‌ شێخ داوای لێ‌ بكرێ‌ گوێڕایه‌ڵی حكومه‌تی عوسمانی بێ‌ قه‌ید و شه‌رت بێ‌. ئه‌مه‌ش وای له‌ شێخ كرد هیچ ئومێدێكی به‌رووس نه‌بێ‌.
حكومه‌تی رووسیای تزاری و به‌ریتانیا ده‌مارگیریه‌كی مه‌سیحیگه‌ری توندیان به‌رامبه‌ر به‌چاره‌نوسی ئه‌رمه‌نیه‌كانی توركیا و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستانی توركیا ده‌ژیان نیشان ده‌دا. مه‌به‌ستیشیان هه‌ر ئه‌وه‌بوو پاراستنی مافی ئه‌رمه‌نیه‌كان به‌ناوی مه‌سیحیگه‌ریه‌وه‌ بكه‌نه‌ بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌باری سیاسیه‌وه‌ تین بۆ سوڵتان بێنن. ئه‌وه‌ندی په‌یوه‌ندی به‌كوردیشه‌وه‌ هه‌بوو ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ مه‌سیحی كوردیان هه‌ر به‌ مرۆڤ نه‌ده‌زانی.

ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپیه‌كان گوشاریان ده‌خسته‌ر سه‌رده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ناوی چاكسازی بۆ ئه‌رمه‌نه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی توڕه‌ بوونی عوسمانی له‌ساڵی (1880) عوسمانیه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵیان ده‌دا كورد به‌گژ ئه‌رمه‌ندا بكه‌ن، وه‌كو ئامرازێك دژی چاكسازی به‌كاری بهێنێت. به‌ڵام شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕێگای نه‌دا ئه‌و ویسته‌ی عوسمانیه‌كان بێته‌دی. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی كورد بۆ په‌ڕۆشی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئاسوورییه‌كان، به‌ڵام حوكمدارانی له‌خۆبایی ئاسووری هه‌میشه‌ مه‌یل و ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵات بوون به‌سه‌ر كورددا، له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی له‌گه‌ڵ كورد خه‌ریك بوون، هه‌میشه‌ زیانیان پێ‌ گه‌یاندووه‌ و خۆشیان زیانیان كردووه‌.

بۆ زیاتر پته‌و كردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ شێخ ڕووی كرده‌ (مارشه‌معون) و داوای لێ‌ كرد لابداته‌لای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد. به‌ڵام ئه‌ویش وه‌ڵامێكی دایه‌وه‌ هیوای ڕێك كه‌وتنی تێدا نه‌بوو. له‌ كۆتایی مایسی ئه‌و ساڵه‌دا (كامساراكان)ی یاریده‌ده‌ری كونسوڵی رووسیا له‌گه‌ڵ (مارشه‌معون) یه‌كیان دی، (مارشه‌معون) به‌ئاشكرا ئه‌و ڕاستیه‌ی بۆ دركاند و گوتی:
” شێخ هه‌وڵیدا به‌لای خۆیدا ڕای بكێشێت، به‌ڵام ئه‌م ڕازی نه‌بوو به‌شداری بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ بكات، چونكه‌ ڕای وابوو ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كان ئه‌مڕۆ بێ‌ یان سبه‌ی باری سه‌رشانی گاوره‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی سووك ده‌كه‌ن”.

یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی بووه‌ هۆی شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا، رووسیا و ئینگلته‌ره‌ و توركیا هه‌ڵوێستی دژ به‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كوردیان گرته‌به‌ر. رووسیا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر بوو له‌ئیران، ئینگلته‌راش له‌وكاته‌دا كاریگه‌ری زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌سته‌مبوڵ.

پاش دوورخستنه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد كه‌وته‌ كزی و هێمن بووه‌وه‌، ئه‌سته‌مبوڵ گه‌لێك له‌و سه‌رۆكه‌ كوردانه‌ی كڕی ڕۆژی خۆی پشتگیری ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی عوبه‌یدوڵڵایان كرد بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان (1880) به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بایه‌خێكی گرنگی هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، به‌ڵام هه‌نگاوێكی گرنگ بوو بۆ به‌ره‌و پێش بردنی كێشه‌ی كورد. له‌ڕاستیدا ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ له‌ هه‌موو ڕاپه‌ڕین و بزووتنه‌وه‌كانی پێشووی كورد به‌تواناتر بوو له‌هه‌ردوو لایه‌نی سیاسی و ڕێكخستنه‌وه‌. دامركاندنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌بووه‌ مایه‌ی ئارامی له‌ كوردستاندا، هه‌رچه‌نده‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌یتوانی ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ كورد به‌دیبێنێ‌، به‌ڵام توانی جۆرێك یه‌كێتی كوردستانی ژێر سایه‌ی تورك و فارس نیشان بدات و یه‌كخستنی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌گوێی داگیركه‌رانی كوردستاندا بچرپێنێ‌.

هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی كورد هه‌میشه‌ به‌باوه‌ڕی پته‌وه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ڕووسیا هه‌بێت، به‌ڵام ڕووسیا هه‌میشه‌ پشتی له‌كورد كردووه‌، خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆشی هاوكارییه‌كی كه‌می كوردی كردبێت، له‌ناوه‌ڕاستی ڕووداوه‌كاندا به‌جێی هێشتوون و پشتی تێكردوون، له‌به‌رئه‌وه‌ كورد پێویسته‌ وانه‌ له‌ڕابردوو وه‌ربگرێ‌ و ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی بارودۆخی سیاسیش داوای په‌یوه‌ندی و پشتیوانی له‌ڕووسیا بكات، به‌ڵام هه‌رگیز نابێت ئه‌وه‌نده‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌ كشانه‌وه‌ و پشت تێكردنی ڕووسیا ببێته‌ هۆی كاره‌سات و سه‌ربڕینی خواسته‌كانی كورد.

ڕه‌سوڵ بۆ سكێنی
3011- 2017

—————————-
بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:

1- دكتۆر عبدوللا عه‌لیاوه‌یی، كوردستان له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا، چاپی سێیه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر 2004.
2- دكتۆر جه‌لیلی جه‌لیل، ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان ساڵی 1880، وه‌رگێڕ له‌رووسی یه‌وه‌: دوكتۆر كاوس قه‌فتان، چاپخانه‌ی الزمان-به‌غدا، 1987.
3- محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاوار، كوردوباكوری كوردستان له‌سه‌ره‌تای مێژووه‌وه‌ هه‌تا شه‌ری دووهه‌می جیهان، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، 2006.
4- هه‌ستیار كه‌مال كوردی، سیاسه‌تی رووسیای قه‌یسه‌ری به‌رامبه‌ر به‌كورد(1850- 1914)، سلێمانی 2011.
5- نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا، شۆرشی عوبه‌یدوڵاڵای نه‌هری له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی فه‌ره‌نسیدا (1879-1882)، سلێمانی 2004.
6-كامه‌ران محه‌مه‌د حاجی، كوردستان له‌بازنه‌ی كێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا 1800- 1900، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر 2007.




شوناس … جیهاد محەمەد

شوناس، بە واتای خۆ ناساندن و خۆپیشاندان، بە واتای شکۆمەندیی و ڕێز و پێگەی دیار و ئاشکرا دێت.
کاتێک مرۆڤەکان شوناسیان نامێنێت، هەست بە ونبوون و جۆرێک لە مردن دەکەن، هەستدەکەن بوونییان نییە، پێگە و شکۆمەندی و ڕێزییان نەماوە، ئەمەش ئەبێت بە پاڵنەرێکی بەهێز بۆیان تا خۆیان بدۆزنەوە و پێگە و ڕێز و شکۆمەندی خۆیان دیاریبکەن، لە ناو کۆمەڵگەیەکدا، یان لە ناو کۆمەڵگەکانی جیهاندا.

ئەمریکییەک، بەریتانییەک، ئەڵەمانییە، فەرەنسییەک بە نموونە، خۆیان لە ناو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا و لە ناو کۆمەڵگەکانی دنیاشدا بەوە دۆزیوەتەوە کە دەوڵەتیان هەیە و وڵاتەکانییان پێشکەوتوون و خاوەن هێز و توانان. بە گشتی ئەم باری دروونییە باڵدەکێشێت بەسەر گشتی کۆمەڵگەدا، تەنانەت بەسەر ئەوانەشدا کە وەک تاک بێبەشن لە خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی، یان بەردەوام وەک ئامێرێکیان لێهاتووە بەدست کار و کرێگرتەییەوە، کەچی ئەم کار و کرێگرتەییە چەند ستەماکریش بێت بۆیان، وەلێ لە ڕێگەی ئەو باجەی دەیدەن بە دەوڵەت خۆیان دەکەن بە هاوبەش لە پێشکەوتنی وڵات و دەوڵەتەکانییاندا، لە ڕاستیشدا وایە، ئەمانیش هاوبەشن لەو پێشکەوتنەی کە لە ڕووی زانست و ئیدارە و ئابووریی و فەرهەنگییەوە وڵاتەکەیان بەخۆیەوە بینیوێتی. پێشکەوتنی هەرچ وڵات و دەوڵەتێک وابەستەی بەجێهێنانی ئەو ئەرکانەیە کە دەکەوێتە سەرشانی تاکەکان، دیارە هەرچ تاکەو بە گوێرەی پاشخانە زانستیی و توانا جەستەییەکانی خۆی ئەو ئەرکە بەجێدەهێنێت.

بەڵام لە دابەشکردندا(توزیع)دا سیتمێکی بەڕێوەبردن هەیە کە زۆر با نادادپەروەرانە ئەو دابەشکارییە دەکات. بۆیە زۆر جار مرۆڤەکان لەگەڵ ئەوەی کە هەستی خۆ دۆزینەوەیان بۆ دروستبووە، هەستدەکەن کە سەربە وڵات و دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوون. بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەست بە نامۆبوون دەکەن، چونکە ئەو کەلوپەلەی کە بەدەستی خۆیان بەرهەمیان هێناوە نامۆن پێی و بۆ ئەمان نییە. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا شانازیکردن بە دەوڵەتەکەیانەوە بە وڵاتەکەیانەوە کە پێشکەوتوو و بەهێزە کەوتۆتە سەرو هەستکردنییان بە نامۆبوونەکەیان، واتە نامۆبوونەکەیان وایان لێناکات کە ڕاپەڕین وشۆڕش بەرپا بکەن دژی دەوڵەتە سەرکوتکەر و حوکمڕانە دڵڕەق و چەوسێنەرەکانیان.

ئەم بارەدەروونییە، کە ناسراوە بە باری دەرونیی کۆمەڵگە، لە لای هەموو خەڵکانی هەرچ وڵات و دەوڵەتێک چ پێشکەوتوو چ دواکەوتوو هەروایە، تەنانەت لای ئەو گەل و کۆمەڵگەیەش وەک کورد کە هێشتا وڵاتی سەربەخۆ و دەوڵەتی نییە.

لە ڕاستیدا، شوناسی هەرچ مرۆڤێک لەم جیهانەدا، ڕووە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە مرۆڤێکی گەردوونیە، دواتر مرۆڤێکە سەر بە میللەتێک یان گەلێک یان کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، ئەگەر وردتریشی بکەینەوە دەتوانین بڵێین مرۆڤێک سەر بە شار و شارۆچکە و گوندنێکە. بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی تا ئێستا وا هاتووە کە مرۆڤەکان بەم شوناسە ڕازی نین و خۆیان بۆ نادۆزرێتەوە، بەڵکو بەو جۆرە ڕازین کە سەر بە دەوڵەتێک و وڵاتێکی سەربەخۆ بن. واتە مرۆڤی گەردوونی بوونی نییە، بەو واتایەی کە شکۆمەند و بەڕێزبێت و هەست بە ونبوون و تاریکایی ژیان نەکات. مرۆڤی گەردوونی لە ئەنجامی دادپەروەریی و یەکسانی و ئازادی و مافی مرۆڤدا دێتە ئاروە. مرۆڤی گەردوونی ئەنجامی پەروەردەیەکی مرۆیی باڵایە، پەروەردەی مرۆڤی گەردوونی وا بونیادنراوە کە دەبێت بە خاوەنی ڕەوشت و مۆراڵێکی باڵای وا کە سەیری هەموو مرۆڤەکان وەک یەک دەکات و هیچ جۆرە جیاوازییەکی شوناسی ڕەگەزیی و دینیی و ڕەنگی پێست و زمان هەڵیناسوڕێنێت و بیری لێناکاتەوە و نایکات بە جیاوازی و پێگەی هەموو مرۆڤەکان وەک یەک وایە.

ئەم حاڵەتەی کە مرۆڤی تێکەوتووە و نابێت بە مرۆڤێکی گەردوونی باڵا، هێزێکی گەورەیە، ئامرازێکی زۆر کارایە، چەکێکە لە چکە کوشندەکان بەدەستی ستەمکارانەوە، کە دەتوانن بەکاریبهێنن و خۆیانی پێ پڕچەک بکەن. لێرەوە بێ ئەوەی مرۆڤەکان هەست بە خۆیان بکەن، بە تایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، دەبن بە کۆیلەی دۆزینەوەی شوناسیان، شوناسێکیان پێدەدرێت لە لایەن حوکمڕانان و دەوەڵەتەکانیانەوە کە هیچ سوودێکی لێ نابینن بۆ ژیانی ڕۆژانەیان. هەزاران لەمرۆڤەکان، سەدان خێزان لێیان، دەیان گروپ و کۆمەڵیان لەناودەچن و دەفەوتێن بەدەست ئەم ستەمکارانەی کە بە دەستی خۆیان دروستیانکردوون. کەچی لەگەڵ ئەوەشا شوناسی وڵاتبوون و دەوڵەتبوون و دین و ئاینزا بووە بە ئەفیونێک هۆشی بردوون، زۆر بە دەگمەن دێنەوە هۆشی خۆیان، ئەوەی دروستیان کردووە بە ناوی شوناسی خۆیانەوە بووە بە دەرد و مەرگێک هەموو ژیانی ڕۆژانەیانی پڕکردووە لە مەرگ و کارەسات و تاوان.

دین و ئاینزاکان و بیروباوەڕە دینییەکانی ئاسمانی و زەوینی بە هەمان شێوەی ستەمکارانی دەوڵەت و حکومڕانەکانی وڵاتان بوون بەو شوناسە ساختەییەی کە بە ملوێنان مرۆڤیان هەڵخەڵەتاندووە. بە ملوێنان مرۆڤ شوناسی خۆی لە شیعەگەرایی و سوننیگەرایی و شینی حەسەن و حسەین دا دەدۆزێتەوە. بە ملوێنان مرۆڤ شوناسی خۆیان لە کریستیانیی یان جووپەرستییدا دەدۆزێتەوە.

هەموو ئەو هێزە بەشەرییە گەورانە خۆیان بوون بە دووژمنی سەرسەختی یەکتری و ساڵانە بە دەیان هەزار لە یەکتری قاتوقڕ دەکەن. ئەمە گەورەترین هێزو بە تواناترین ئامارزی دەستی چەوسێنەرانی جیهانە، ئەو جیهانەی کە کۆمەڵێک کۆمپانیای چاوچنۆک ساڵ بە ساڵ و دەیە بە دەیە بەری ڕەنجی هەموو خەڵکی جیهان دەدۆشن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەکەن. وەک تریش ئەم هێزە گەورەیە بووە بە دەرد و مەرگێک بۆ چەندین کۆمەڵگەی هەژار و داماو کە ساڵانە بە هەزاران منداڵیان لە برسدا لێ دەمرێت، بە هەزاران کەسیان بە دەست نەخۆشییە کوشندەکانەوە دەناڵێنن، بە دەیان و سەدان و ملوێنان مرۆڤیش بە دەست بێکاری و، یان بە دەست بوون بە ئامێری کار، دەناڵێنن. لە لایەکی دیکەوە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە شەرقیی و ئاسییا و ئیسلامییەکان بەردەوام لە شەڕو شۆڕ و جەنگدان و، تەنها پاڵنەریش شوناسێکی دینیی یان نەبوونی دەوڵەت و سەربەخۆییە بۆ میللەت و گەل و کۆمەڵگەکانییان.




چەند کۆپلەیەک لە شیعری ” نامەیەک لەژ ێر ئاوە وە” ی نزار قبانی…. و: پشکۆ ناکام

نامەیەک ….

بیرت ئەکەم ….
فێرم کە چۆن بیرت نەکەم..!
……فێرم کە
چۆن ڕەگی عەشقت بن بڕکەم
فێرم کە
چۆن ” فرمێسک” لە ” پێک” ێکا
ئەمرێ
و……فێرم کە
چۆن خۆشەویستی لەناو ئەچێ
و
چۆن” بیر کردن” خۆی
ئەکوژێ..!
دونیات وەک تابلۆیەکی شیعری
هێنایە پێش چاوم
و
ئازاری خۆشەویستیت
لە ناو دڵما چاند
و
لە “ئارام گرتن”یش بێ بەشت
کردم….
گەر منت خش ئەوێ
دەستم بگرە…
دەستم بگرە ، من سەرتاپا گیرۆدەی
خۆشەویستی تۆم
گەر خۆشەویستی منی
یارمەتیم بە لێت دوور بم
گەر تیمارکەری منی
یارمەتیم بە
لە دەردی “ئالودە” بوونم پێت
ڕزگار بم…
گەر دەردە سەرییەکانی
خۆشەویستیم بزانیایە
خۆشم نە ئەویستی
گەر قوڵایی
دەریام بزانیایە
هەرگیز مەلەم نەئەکرد
گەر عاقیبەتی
خۆم بزانیایە
ئەم ڕێگایەم
دەست پێ نەئەکرد
…………
فێرم کە
چۆن بیرت نەکەم…!

…………………………..
بە کەمێک دەستکارییەوە
پشکۆ ناکام
Dec/ 2017




پرۆژەی ئەنسۆلۆژیای شیعری کرێکاری کوردستان … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لەپێناو ئاشناکردنی چینی کرێکار و خوێنەری کورد بە شیعری کرێکاریی و هەروەها لەپێناو کۆکردنەوە و لەفەوتان ڕزگارکردنی ئەو خەرمانە لە شیعری کرێکاریی کەلەگۆشە و کەنارەکانی کۆمەڵگەی کوردستان هەن، وەک ئەرکێکی سەرشان هەڵدەستم بە ئامادەکردنی کتێبی ئەنسۆلۆژیای شیعری کرێکاریی کوردستان. ئەم پڕۆژەیە دیارە لە توانای کەسێک زیاترە بەڵام تا ئەو جێیەی کەس دەست بۆ کارێکی وا نابات، بەناچار شانی دەدەمە بەر. جا لێرەوە ڕایدەگەێنم کە :

یەک : هەر شاعیرێک کە دەخوازێ لەو ئەنسۆلۆژیایە بەشدار بێت دەتوانێت یەک تا پێنج شیعری کرێکاریی و سۆشیالیستی خۆی (دیارە شیعری وەرگێردراو جێگای لەم پرۆژەیەدا نابێتەوە) لەگەڵ بایۆگرافیای (ژیاننامە) و وێنەی خۆی بنێرێت بۆ پڕۆژەکە.

دوو : هەر بەڕێزێک هەر شیعرێکی کرێکاری یان سۆشیالیستی هەر شاعیرێکی کورد زمان شک دەبات دەتوانێ بینێرێ بۆ پڕۆژەکە. دیارە دەبێ سەرچاوەی شیعرەکە دیار بێت، ئەمە جگە لە وێنەی شاعیرەکە و کورتەیەک لە ژیاننامەی شاعیر.

سێ : ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە سەرجەم شاعیرانی کوردستان (باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) هەروەها ئەو شاعیرانەی لە تاراوگە یان هەندەران دەژین.

چوار : مەرجە شیعرەکان بە زمانی کوردی نووسرابن، جا بەهەر شێوەزار و شێوە نووسینێک بێت(ئەلفوبێی عەرەبی یان لاتینی)

پێنج : مێژووی کۆن و تازەی شیعرەکان گرنگ نین. گرنگ نییە کەی نووسراون و لە کوێ نووسراون، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئەو شیعرانە چەند کرێکاریی و سۆشیالیستین.

شەش : مەرج نییە ئەوەی شیعری کرێکاریی نووسیوە بۆ پڕۆژەکەی دەنێرێت وەک شاعیر ناسرابێت. لەوانەیە ئەو بەڕێزە چیرۆکنووس یان هونەرمەند یان ڕۆژنامەنووس بێت. چونکە دەشێ یەک دەق بە تەنها ئایدێندتی نووسەر دەستنیشان بکات.

حەوت : مەرج نییە شاعیرەکە خۆی کرێکار بێ ئینجا شیعرەکە بە کرێکاریی حیساب بکرێ..نەخێر ڕەنگە شاعیرەکە ڕۆژێک چییە کرێکاری نەکردبێ و شیعری سۆشیالیستی و کرێکاریی جوانی نووسیبێت.

هەشت : ئەم پڕۆژەیە هەر تەنها شاعیرانی نوێ ناگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم شاعیرانی کورد دەگرێتەوە چ ئەوانەی لە ژیاندا مابن یان نەمابن.

نۆ : ئەم پرۆژەیە پرۆژەی نوخبە نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی گشتیگیرە و بەپانتایی ژیان و خەباتی چینی کرێکار پەلوپۆ دەهاوێ و دەیەوێ کۆکەرەوەی دەنگی کرێکار بێت لە کوردستان.

دە : مەرج نییە شاعیرەکە خاوەنی کتێبی چاپکراو و یان دیوانی شیعری بێت. ڕەنگە لە هەموو ژیانیدا یەک شیعری کرێکاریی نووسیبێت و بیداتە پڕۆژەکە.

یانزە : سەرپەرشتیاری ئەم پڕۆژەیە گەرچی ئێستا بە تەنها منم، بەڵام دەرگا لەسەر پشتە بۆ هەر بەڕێزێک کە دەیەوێت سەرپەرشتی ئەم پڕۆژەیە و کۆمەکیم بکات.

دوانزە : ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی گەورەیە و دوای قۆناغی تەواو بوون، ئینجا دەبێتە کتێب و چاپ دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە.

سیانزە : بابەت و بەرهەمەکان دەتوان بەم ئیمەیڵ ئەدرێسەی خوارە بنێرن، یان هەر پەیوەندییەکی تر بۆ نموونە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

abdullahsulaimanmashxal@gmail.com

ئیتر هیوادارم شاعیران و نووسەران و ڕۆشنبیرانی کرێکاریی پشتیوانی ئەم پڕۆژەیە بن و بە هیمەتی هەر هەموومان بتوانین ئەم پڕۆژە ئەدەبییە چینایەتییە سەرکەوتووانە ئەنجام بدەین.

بەهیوای کۆمەکی ئێوەی ئازیز

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرپەرشتیاری پرۆژەی ئەنسۆلۆژیای شیعری کرێکاریی کوردستان
کانوونی یەکەمی ٢٠١٧




Bourdieu,Pierre پیێر بۆردیۆ … نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

پیێر بۆردیۆ کۆمەڵناس و فەیلەسووفێکی فەرەنسی بوو کە لە نێوان ساڵانی (1930-2002 ) دا ژیاوە . وەکو پرۆفیسۆر لە کۆلیجی دو فرانس کاری کردووە .
کارەکانی / بۆچونەکانی
پیێر بۆردیۆ وەک کۆمەڵناسێک لە رووانگەیەکی مارکسییەوە رەخنەی لە سیاسەتەکانی سیستەمی سەرمایەداری دەگرت بەڵام سەبارەت بە ناکۆکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی بە پێویستی دەزانی کە رۆڵی کولتوریش (یان رۆشنبیریش ) لەبەرچاو بگیرێت نەک بەتەنیا رۆڵی ئابووری .
بۆردیۆ زۆر بایەخی بە کۆمەڵناسی پەروەردەو فێرکردن Educational Sociology دەدا و قوتابخانە یان خوێندنگە بە فەزایەکی کێبڕکێ و بەربەرەکانی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و چینایەتی دەزانێت .
بۆردیۆ لەخستنە بەرچاوی تێزەکانی سوودی لە چەندین چەمک وەرگرتووە کە لای ئەم ناوەڕۆکێکی تایبەتیان هەیە .لێرەدا ئاماژە بە چەند چەمکێکی گرینگ دەدەین کە بریتین لە :

١- هابیتۆس Habitus

ئەم چەمکە پێشتر لەلایەن هەندێک فەیلەسوفەوە بەکار هاتووە بەڵام لای بۆردیۆ ئەم چەمکە ئاماژەیە بە کۆمەڵە خەسڵەتێک کە لە عەقڵ و جەستەی مرۆڤدا ریشەیان داکوتاوە . بەدەربڕینێکی دیکە هابیتۆس واتە کۆمەڵێک بەهرەی هەمیشەیی و لێهاتوویی کە مرۆڤ بە دەستی دەهێنێت بە درێژایی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی .
هابیتۆس هەروەک چۆن لەسەر ئاستی تاکەکەسدا هەڵوێست و تێروانین و بەهرەکان و ئارەزووەکان دیاریدەکات ئەوا لەسەر ئاستی دەستەجمعیش شێوازەکانی بیرکردنەوە و هەست و رەفتارەکان ئاراستە دەکات کە لە ژیانی رۆژانەدا بە شێوەی دابونەریت ، هونەر ، جلو بەرگ و هتد خۆیان دەردەخەن . بۆردیۆ پێیوایە کە بونیادی خود و بونیادی دەستەجەمعی هاوشێوەو هاوجووتن و هەردووکیان لەلایەن هابیتۆسەوە ئاراستە دەکرێن . بە دەربڕینێکی دیکە بونیادی ناخەکی تاکەکەسەکان ( خۆیی ) تا راددەیەکی زۆر هاوجووت و هاوئاهەنگە لەگەل رێکخستنی کۆمەڵایەتی و دینامیکیەتی جیهانی دەرەوە ( بابەتی ) .

٢- بەرهەمهێنانەوە Reproduction

بۆردیۆ لەگەل کۆمەڵناسی فەرەنسی جان کلاود پاسیرۆن ئەم چەمکە لە بواری کۆمەڵناسی پەروەردە بەکاردەهێنن و پێیانوایە کە ئەو رۆشنبیریەی کە قوتابیان یان فێرخوازان وەریدەگرن لە قوتابخانەکانی فەرەنسای سەرمایەداری رۆشنبیریەکی بابەتی و بێلایەن و پاراو نییە بەڵکو دەربڕی رۆشنبیری چینی دەسەڵاتدار و خۆسەپێنە ، بۆیە پەروەردەی کۆمەڵایەتی قوتابی رزگار ناکات بەڵكو گرێیدەدات بە کۆمەڵگەوە لە چوارچێوەی هەلومەرجی سەپاودا و پابەندیەتی کۆمەڵایەتییەوە . بۆ نموونە منداڵێک لە چینی بۆرژوازی لە قوتابخانە لە هەمان فەزای رۆشنبیریدا دەژیت کە لەماڵەوە هەیەتی کە بێگومان بۆ ئەو ئاسانترە کە تیایدا باڵادەست بێت بەڵام بۆ منداڵێک لە چینی کرێکار هەمان بارودۆخ نییە سەرەرای ئەوەی کە بەهرەی تاکەکەسیش فاکتەرێکە کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت .لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بۆردیۆ باوەڕی وابووە کە سیستەمی پەروەردە هەمان دابەشبوونی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا بەرهەم دەهێنێتەوە .

٣- توندوتیژی سیمبۆلی Symbolic Violence

ئاشکرایە کە توندوتیژی دوو جۆری هەیە یەکەمیان توندوتیژی جەستەییە کە بەمانای ئازارگەیاندن دێت لە رووی جەستەیی و ماددی . دووەمیان توندوتیژی سیمبۆلی ( یان هێمایی ) دێت کەبەمانای ئازارگەیاندن دێت لە رووی دەروونی هەستوسۆز و بیرەوە کە پیادە دەکرێت لە رێگەی جوێندان ، بێڕێزی کردن ، خۆسەپێنی ، ئایدیۆلۆجیا و هتد .
بۆردیۆ پێیوایە کە توندوتیژی سیمبۆلی توندوتیژیەکی نەرم و هەست پێنەکراوە لەلایەن قوربانیەکانەوە و هەروەها بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتداریەتی و خۆسەپێنی و بوارە کۆمەڵایەتیەکان . ئەو دەڵێت کە دەوڵەت ئەم جۆرە توندوتیژییە دژی تاکەکان و گروپەکان پیادە دەکات لە رێگەی کۆمەڵێک دامودەزگای فەرمی و رەوادارەوە (یان شەرعیەوە ) وەکو دەزگاکانی راگەیاندن ، پەروەردە ، ئاین ، هونەر و هتد .
بۆردیۆ ئەم جۆرە توندوتیژییە بە کاریگەرتر دەزانێت لەو توندوتیژیانەی کە بۆ نموونە پۆلیس بەکاری دەهێنێت چونکە توندوتیژی سیمبولی سادە و ئاساییە و کار لە نائاگایی ( یان نەستی ) مرۆڤ دەکات و لەلایەن کۆمەڵگەوەش بە توندوتیژی لە قەڵەم نادرێت چونکە خەڵک لێی راهاتوون .

٤- بوار / کێڵگە Field

بۆردیۆ پێیوایە کە لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا دابەشکردنی کار جیهانی کۆمەڵایەتی دابەش کردۆتە سەر کۆمەڵێک بوار و فەزای کۆمەڵایەتی لاوەکی وەکو بواری سیاسی ، بواری ئابووری ، بواری رۆشنبیری و هتد .، هەریەک لەم بوارانەش نیمچە سەربەخۆییەکیان هەیە بەگوێرەی کۆی کۆمەڵگە . لەناو هەر بوارێكیش کێبڕکی و بەربەرەکانی توند هەیە لەنێوان تاکەکان و گروپەکان هەروەها لەنێوان نەوەی نوێ و نەوەی کۆن بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازی ماددی و مەعنەوی .

٥- سەرمایە Capital

بەڕای بۆردیۆ بنچینەی ناکۆکی چینایەتی بەتایبەت ناکۆکی نێوان چینی بۆرژوازی و چینی پرۆلیتار مەرج نییە هەمیشە و بەتەنیا مۆرکێکی ئابووری هەبێت بەڵكو فاکتەری رۆشنبیریش رۆڵی هەیە . ئەو پێیوایە کە ئێستا دوو جۆر سەرمایە هەن کە کۆمەڵگە هاوچەرخەکان دەجوڵێنن کە بریتین لە سەرمایەی رۆشنبیری و ١- سەرمایەی ئابووری . بەگشتی بۆردیۆ چوارجۆر سەرمایەی دەستنیشان کردووە کە بریتین لە :
٢- سەرمایەی ئابووری : واتە سامانی ماددی و دارای تاکەکەس لەگەل داهاتی مانگانەو ساڵانەی .
٣- سەرمایەی رۆشنبیری : واتە سامانی رۆشنبیری تاکەکەس وەکو بڕاونانە و پلەی زانستی و پیشەیی ، بەرهەم و داهێنانە ئەدەبی و رۆشنبیری و هونەریەکان ، بەهرەو شارەزایی و تواناکان لەرووی رۆشنبیری و پیشەییەوە .
٤- سەرمایەی کۆمەڵایەتی : واتە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و هاوڕێیەتی و ناسیاوی و هتد کە تاکەکەسێک هەیەتی لەفەزای کۆمەڵایەتیدا کە ئەمەش وەستاوەتە سەر توانا و لێهاتوویی تاکەکەسەکە .
سەرمایەی سیمبولی : ئەمەش هەر سێ جۆرە سەرمایەکان دەگرێتەوە کە تاکەکەسێک هەیەتی و بەم هۆیەوەش لە تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە جیا دەکرێتەوە .

٦- چێژ / زەوق Taste

بۆردیۆ پێیوایە کە توانای چێژوەرگرتن ( یان زەوق ) بەهرەیەکی غەریزی نییە یان پێدراوێکی سروشتی نییە لە مرۆڤدا بەڵکو زەوق پەیوەندی هەیە بە ژینگە و پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤ . ئەو ڕای وایە کە کە فاکتەری ئابووری رۆڵی سەرەکی هەیە لە دیاریکردنی زەوقی تاکەکەس چونکە ئەم فاکتەرە پێگەی تاکەکان دیاریدەکات لە کۆمەڵگەدا . رۆڵی فاکتەری ئابووریش وەستاوەتە سەر ئەمانەی خوارەوە :
١- قەبارەی ئەو سەرمایەی کە تاک هەیەتی .
٢- رێژەی سەرمایەی رۆشنبیری و سەرمایەی ئابووری لەکۆی ئەم سەرمایەیە .
٣- چۆنیەتی گۆڕانکاری لەم دوو جۆرە سەرمایەی سەرەوە و چۆنیەتی بە گەڕخستنیان لەکۆمەڵگەدا لەلایەن تاکەوە .
بۆ نموونە چێژوەرگرتن لە گۆرانی و موزیک ، وەرزش ، شانۆگەری ، جلوبەرگ ، چێشت لێنان و هتد لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بە پلەی جیاواز دەگۆڕێت هەروەها لە چینێکەوە بۆ چینێکی دیکە و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە.




ڕوه‌تی سوننه‌ی سیاسی و شیعه‌ به‌ره‌و كوێ؟* … سه‌لام ناوخۆش

ڕۆژێك له‌ ڕۆژان تاكی سوننی مه‌زه‌ب له‌ خۆی پرسیوه‌ ، ئه‌و هه‌موو دروشمه‌ی ئیران : مرگ به‌ر ئه‌مریكا و مرگ به‌ر ئیسرائیل له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ ، بۆچی كردارێكی چه‌كداری شیعه‌ مه‌زه‌بی به‌رانبه‌ر ئه‌و دووه‌ ڵێنه‌كه‌وتۆته‌وه؟ هه‌روه‌ها بۆچی له‌ خۆمان ناپرسین : بۆچی ئه‌و هه‌موو ته‌قینه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و رۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌كرێت ، هه‌موو بزاڤه‌ سوننی مه‌زه‌به‌كانن له‌ ڕواڵه‌تدا؟
چه‌ندان كتێب هه‌ن كه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌كه‌ن ، یه‌كێك له‌وانه‌ كتێبی المصالح المشتركه‌** .

له‌ نێو به‌ره‌ی سوننی مه‌زه‌بدا ڕه‌وتی جیاواز هه‌ن بۆ نموونه‌ كه‌نداویه‌كان ده‌یانه‌وێ ناوچه‌كه‌یان له‌ هه‌ژموونی عه‌سكه‌ری شیعه‌( ئیران) بپارێزن و په‌ره‌ به‌ ره‌فاهیه‌تی خۆیان بده‌ن ، ئه‌وانه‌ قه‌بوڵی ده‌سه‌ڵاتی كۆماریی ناكه‌ن و ده‌یانه‌وێ سیسته‌مێكی ویراسی –بنه‌ماڵه‌یی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بێت” كه‌ زه‌ره‌ری بۆ ئه‌وان نه‌بێت، بۆ نموونه‌ هه‌ر كاتێك له‌ مصر ئیخوان له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ركه‌وت و مورسی به‌ هه‌ڵبژاردن بووه‌ سه‌رۆك ، قیامه‌ت ڕوویدا ده‌وڵه‌تی وه‌ك سعودیه‌ و ئیمارات توانیان به‌ پاره‌ مورسی شكست به‌و ئه‌زموونه‌ بێنن و به‌شدار بن له‌ ڕوخاندنی ، مصرێكی لاواز و په‌ككه‌وته‌ به‌ ده‌ست سیسی گیانه‌لا بكات ، باشتره‌ له‌ ئیخوانێك به‌یانی به‌ زه‌ره‌ری ئه‌وان ته‌واو بێت . ئه‌و خه‌ته‌ كه‌نداوییه‌ هه‌ر دوژمنی شیعه‌ نییه‌ ، به‌ڵكو دژی هه‌موو ڕه‌وتێكی سوننیشه‌ كه‌ وا بزانن كورسی ده‌سه‌ڵات و ڕه‌فاهیه‌تیان ده‌له‌رزێنی .
توركیا به‌ناوی تر و ئامانجی تر له‌ به‌ره‌ی سوننی بوو . ئاكپارتی ده‌یه‌ویست جارێكی تر ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیی له‌ توركیا و عێراق و سوریا…زیندوبكاته‌وه‌ و به‌ ئیمپراتۆریه‌تێكی سوننی به‌رانبه‌ر ئیمپراتۆریه‌تی شیعه‌ ڕاوه‌ستێت!
هه‌ر له‌ ڕێگای توركیا به‌ پله‌ یه‌ك و كه‌نداو به‌ پله‌ دوو ، مه‌سعود بارزانی چوو بووه‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌وه‌ ، چونكه‌ ده‌یزانی جگه‌ له‌ ئیران خۆی ، به‌ڵكو عێراق و سوریاش به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی شیعه‌ ده‌چن . شیعه‌ش ده‌سه‌ڵاتی ببێت به‌رانبه‌ر كورد چی به‌ سه‌ر كوردانی ڕۆژهه‌ڵات هێنا ، ئه‌مه‌ش به‌ سه‌ر باشوور ده‌هێنێت.

خه‌ڵك وا زه‌ن ده‌با له‌ ڕواڵه‌تدا ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی كه‌نداو و توركیا و كوردی دابوو به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی شیعه‌گه‌ریی . له‌ ڕاستیدا ئه‌مریكا و ئیران به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان زیاتره‌ نه‌ك به‌ره‌ی ئه‌مریكا و سوننه‌ .
ئه‌مریكا و ئیران یه‌ك ئامانجی سه‌ره‌كی كۆیان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویش لێدانی ئیسلامی عه‌قیده‌ییه‌ ، هه‌رچی ئه‌مریكا و به‌ره‌ی سوننه‌یه‌ به‌ به‌هێزكردنی به‌ره‌ی سوننه‌ كۆتایی ده‌هات ، له‌مه‌شدا ئه‌مریكا ته‌نیا قازانجی ماددیی له‌ كه‌نداو ده‌بینی نه‌ك ئامانجی عوسمانی و ده‌وڵه‌تداری كوردیی ! به‌ڵكو ئه‌و دووانه‌ سه‌رئێشه‌بوون بۆ ئه‌مریكا !له‌و هاوپه‌یمانیه‌ی ئه‌مریكا –ئیران ، ئیسرائیلیش هه‌یه‌ ، پرسی ئیران گێت له‌ هه‌شتاكان ده‌سپێكی به‌ دیاركه‌وتنی په‌یوه‌ندیه‌كانه‌ ، ئیسرائیل نه‌ ده‌یه‌وێت ئیران بڕوخێت یا له‌ شه‌ڕدا بكه‌وێت ئه‌وه‌ته‌ سه‌رۆكی موساد به‌ ئاشكرا ده‌ڵێت : چه‌كه‌كانی ئه‌وان بوو نه‌یهێشت ئیران بكه‌وێت ***

ئه‌مریكا و به‌ره‌ی سوننه‌ی سیاسی

ئه‌مریكا چۆن توانی به‌ره‌ی كۆمۆنیزم به‌بێ شه‌ڕ ببه‌زێنێ ، ویستی و ده‌یه‌وێت به‌ هه‌مان ستراتیژ به‌ره‌ی سوننه‌ ببه‌زێنێت و به‌ پێوه‌ری جیسكی هه‌یاسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی شیعه بكات .
ئه‌مریكا هه‌وڵیدا له‌ هه‌ر سێ ڕه‌وتی به‌ره‌ی سوننه‌ی سیاسی بدات . سه‌ره‌تا له‌ توركیا ده‌ستیپێكرد و كوده‌تای ته‌موزی 2016 سازكرد ، به‌ڵام كوده‌تاكه‌ سه‌ری نه‌گرت هه‌روه‌ها دوای گه‌شتی تره‌مپ بۆ كه‌نداو ، هه‌رزوو به‌ره‌ی كه‌نداوی كرده‌ دوو ، سعودیا و ئیماراتی كرده‌ دژی قه‌ته‌ر . دروستكردنی ئه‌و ناكۆكیه‌ چاوه‌ڕێ كراو بوو ، ته‌نیا كه‌نالی جه‌زیره‌ كۆشك و كورسی ئیمارات و سعودیه‌ هه‌ژاندبوو !
پێش ڕیفراندۆمی ئه‌یلول ، زۆربه‌ی ڕۆناكبیری كورد ده‌ركی به‌ درزی نێوان به‌ره‌ی كوردی ده‌كرد . به‌ره‌ی شیعه‌ و به‌ره‌ی سوننه‌ی سیاسی زۆر به‌ زه‌قی ده‌بینران ، له‌ نه‌زه‌ر خودی مه‌سعود بارزانیش چاوه‌ڕێ نه‌ده‌كرا ، كه‌سانی سانه‌وی له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی شیعه‌ ڕێكبكه‌ون زه‌برێكی كوشنده‌ له‌ ئه‌زموونی ڕیفراندۆم بده‌ن ، به‌مه‌ش گره‌و له‌ سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو یا به‌زیو بكه‌ن . ئه‌مریكا نه‌یتوانی له‌ كه‌نداو و توركیا هیچ بكات ، بۆیه‌ له‌ ڕه‌وته‌ لۆكالیه‌كه‌ی كوردی باشووری دا . بۆ خۆشبوونی سیناریۆكه‌ ، هه‌ر له‌ دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه ری 2017 توانی ڕه‌وتی مه‌سعود بارزانی بێده‌نگ بكا و به‌ره‌ی لایه‌نگرانی ئیران و عێراق سه‌ربكه‌ون ، به‌ جۆرێك كه‌ركوك به‌ ته‌نیا ڕۆژێك بكه‌وێت .

چاره‌نووسی دوو ڕه‌وته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی سوننه‌ درزێكی تری تێكه‌وت . توركیا وازی له‌ بیرۆكه‌ی عوسمانیه‌ت هێنا و بووه‌ هاوپه‌یمانی ڕووسیا هه‌ر له‌ ڕێگای ڕووسیاوه‌ش لوتكه‌ی سێ قۆڵی پۆتین-رۆحانی – ئه‌ردۆگان گرێدا . ئه‌و پاشه‌كشه‌ی ئه‌ردۆگان له‌ به‌ره‌ی سوننی به‌ زه‌ره‌ری كوردی ڕۆژئاوا ته‌واو ده‌بێ ، دوور نییه‌ به‌ر له‌ ساڵی نوێ ڕووسیا و ئیران هیچ به‌رهه‌ڵستیه‌ك نه‌كه‌ن له‌وه‌ی توركیا عه‌فرین له‌ ڕووی بگرێت !
سعودیه‌ و كه‌نداویه‌كانی تر بێ پاڵپشت ماونه‌ته‌وه‌ ، ئه‌مریكا له‌م پرۆسه‌یه‌ قازانجێكی دوو لایه‌نه‌ ده‌كات : ده‌وڵه‌تی وه‌ك سعودیا و ئیمارات ناچار ده‌كات به‌ ملیاره‌ها دۆلار له‌ كڕینی چه‌ك له‌ ئه‌مریكا خه‌رج بكه‌ن ، ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ش بێته‌دی كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ماڵی خوا بۆ موسڵمانان ئه‌سته‌م ده‌بێت ! به‌مه‌ش خه‌ونی ئه‌مریكی و شیعه‌ دێنه‌ دی :

– ئه‌مریكا ته‌واو ڕاسته‌وخۆ تر ده‌ست به‌ سه‌ر كه‌نداو ده‌گری و خه‌ونی عوسمانییه‌ت له‌بار ده‌بات.
– خامه‌نه‌ئی ڕابه‌ری شیعه له‌ ناوچه‌كه‌ ، وه‌ك موحه‌مه‌د سه‌لمان وتی : ده‌یه‌وێ ببێته‌ هیتله‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
– پرسی كوردیش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین وه‌ك سه‌رده‌می دوای ( سیڤه‌ر)ی لێدێت ، چونكه‌ هاوپه‌یمانی ژێر به‌ ژێری ئه‌مریكی-ئیرانی هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرێ ، دكتۆره‌ شیرین فوئاد مه‌عصومیش وته‌نی : ئه‌مریكا ڕۆژه‌ك له‌ ڕۆژه‌كان لایه‌نگری حكومه‌تی كوردی نه‌كردووه‌ هه‌تا ئه‌وه‌ی 16ی تشرینی یه‌كه‌م ڕوویدا به‌ خیانه‌تی ئه‌مریكا له‌ كورد لێكبده‌ینه‌وه‌!
– هه‌ر بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێ له‌ ساڵی نوێدا ، ئیران شه‌ڕێكی عه‌سكه‌ری دژی سعودیا بكات و ره‌وشی باشووری كوردستان –عێراق به‌ قازانجی شیعه‌ ته‌واو بێت ، توركیاش خاڵه‌ ستراتیژیه‌كانی رۆژئاوای كوردستان بگرێت ، له‌ ئه‌نجامدا ڕوه‌تی ڕوداوه‌كانیش به‌ قازانجی شیعه‌ ته‌واو ببێت و ئه‌مریكاش وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێك بێ له‌و شه‌ڕه‌دا هه‌تا هه‌ردوولا ته‌واو ماندوو ده‌كات! ‌‌‌‌
– * ڕوه‌ت : واجهه‌ ، ئاراسته‌
– ** حلف المصالح المشتركه، تریتا بارزی
***
AddThis Sharing Buttons
Share to Facebook40Share to TwitterShare to Google+Share to ارسال ايميل
مقالات:ماذا تعرف عن التعاون الخفيّ بين إيران وإسرائيل؟


سه‌لام ناوخۆش \ مامۆستای زانكۆ




ئایا بۆرژوازیەت لەڕێگەی هێزی چەکداریەوە دەڕوخێنرێت یان پێی بەهێز دەکرێت؟

مارکس کۆی شرۆڤە سیاسی و ئابوریەکانی تەواو واقعیانە داوەتە بەر لێکۆڵینەوەی زانستیانەو دوور لەیۆتۆپیایەک کەلەخەون و خەیاڵەوە بۆی چوبێت و دایهێنابێت.
لەکاتێکدا بۆ سیستەمی سەرمایەداری دەڵێت؛ئەو سیستەمە بەدەستی خۆی گۆڕ هەڵکەنی بۆخۆی دروست کردوە،یانی چینی پرۆلیتاریا. دیارە ئەوەیشی کەسیستەمی سەرمایەداری بەئاگای بێت یان بەنائاگای،لەوەی چۆن و بۆچی گۆڕ هەڵکەنی خۆی دروست دەکات. هیچ کات واقعی نیە،هێندەی ئەوەی گەر خودی سیستەمەکە وانەبێت،ئەوا ناتوانرێت جیاوازتر ببینرێتەوە لەچاو سیستەمی کۆیلایەتی و سیستەمی دەرەبەگایەتی. بۆرژوازیەت وەک چینێکی خاوەن دەسەڵاتدارو خاوەن دەوڵەت و لەیەک ووشەدا،دەست بەسەرا گەری کۆی ئابوری وئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ ژێر چنگی خۆی. ئەوا هەر لەو ڕێگەیەیشیەوە،بۆ گەشەکردن و بردنەپێشی بازاڕو پیشەسازی و بەرهەمهێنان و زیاد کردنی سەرمایە،هەمیشە پێویستی بەبونی زێدەبەها هەیە،کەئەویش لەڕێگەی چەوساندنەوەی چینی بەرهەمهێنەران و خودی ململانێی نێوان بازاڕەکانەوە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵا بەرهەم هاتوەکان،وەدەست دەخات. لەم نێوەدا،ئەم چینە بۆرژوا خاوەن سەرمایەدارانە،لەنێو خودی خۆیشیاندا پێک نایەن و هەمیشەو بەردەوام لەنێو ململانێ و دژایەتی و جەنگدان لەدژی یەکتری. گەر چینی بۆرژوازی بۆ پاراستنی خۆی و بونیادە چەوسێنەرەکەی نەبێت،ئەوکات نەدەستی دەبرد بۆ دروست کردنی دەوڵەت وئەو دامودەزگایانەی کەدەوڵەت ڕاگیر دەکەن،وەنەدەستی دەبرد بۆ دروست کردنی کارگەی چەک دروست کردن بەگشت جۆرو چۆنیەتیەکانیەوە.

وەک وتم جەنگ وەک بەشێک لەماهیەتی سیستەمی چینە چەوسێنەرەکان دەبێت ببینرێت،نەک وەک خواست و ئامانجی زۆرینەی ئەو چینەی کەلەڕێی چینی دەسەڵاتدارەوە دەچەوسێنرێتەوە،بۆیە جەنگەکان و هەڵسوڕێنەرانی دەتوانین تەنها یەک شوناسیان پێ بدەین،ئەویش جەنگ تەنها خواست و ئامانجی چینە چەوسێنەرە دەسەڵاتدارەکان بوە،نەک خواست و ئامانجی چینە چەوساوەکان. بۆیە ڕزگار بونی چینی کرێکارو گشت بەرەی ڕەنجدەرو زەحمەتکێش تەنها لەڕێی هاتنەمەیدانی شۆڕشگێڕانەوە دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت نەک لەڕێی هێزی چەکداریەوە.

خودی دەوڵەتانی بۆرژوازی لەم سەرەمەدا،هیچ کات باکیان بەشەڕی چەکداری نیە،بەڵکو زۆریشیان پێ خۆشە،چونکە ئەوان لەڕێی شەڕی چەکداریەوە تەواو تێک ناشکێنرێن،بەڵکو دەتوانن لاواز ببن،بەپێچەوانەوە،لەڕێی شەڕی چەکداریەوە دژی دەوڵەتانی بۆرژوازی،ئەوەی زەڕەرمەند دەبێت خودی چینە بەرهەمهێنەرەکانن،چونکە لەو ڕێگایانەوە،بێ کاری زیاد دەبێت و بەرهەمهێنان بەرەو داکشان دەڕوات،عێراقی دەورەی ڕژێمی بەعس نمونەیەکە لەسەدان نمونە،چەندین ساڵ هێزی چەکداری بزوتنەوەی کوردایەتی بونی هەبو،کەچی بەهیچ شێوەیەک نەیتوانی زەرەرێکی والەو ڕژێمە بدات کەناچاری بکات تەسلیمی ببێت،بەپێچەوانەوە،ڕژێمی بەعس هێندەیتر دڕوهارتر بو بۆسەر گیانی خەڵکی سیڤیل و شۆڕشگێڕی کورد زمان. دواتر لەنێو ئەو شێوە بزوتنەوە چەکداریانەیشدا،لێکپچڕانی زیاتری نێوان قڵشتی چینایەتی دروست دەبێت. ڕژێمی بەعس دوای هیلاک بونی لەجەنگی هەشت ساڵەیدا لەبەرانبەر دەوڵەتی ئاخوندەکانی ئێرانداو دواجار بەناچاری پەلاماردانی کوێت و داگیر کردنی،بوە ئەو هۆکارو دەرئەنجامەی کەهەلی دابەدەست ئیمپریالیزمی ئەمریکی و لەڕێی جەنگی کاول کاریانەوە،هەم لەلایەک مەدی شۆڕشگێڕی خەڵکی عێراقیان تێک شکاندو هەم لەلایەکیترەوە خودی ڕژێمیشیان ڕوخاند،ڕوخاندنێک نەک لەپێناو چونەسەری مەدی هۆشیاری سیاسی چینایەتی چینی زەحمەتکێش و بەرهەمهێنەر،بەڵکو ڕوخاندنێک لەپێناو سەپاندنی هێزوهەیمەنتی هێز لەڕێگەی جەنگ و ئامرازەکانی جەنگەوە. ئەو چەمکە،بۆیە لەلایەن خودی چینی سەرمایەداریەوە بەردەوام وەک بونی هەناسەدانیان درێژەی پێدەدەن و کۆی زانستی بەدەست هاتو دەخەنە ئەو پێناوە،تابەکۆمەڵگەکان و خودی چینی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگە بڵێت،گەر هەرکەس و چینێک خاوەنی چەک نەبێت ئەوا ناتوانێت دەست ببات بۆ ڕوخانی هیچ دەوڵەتێک،بەڵام لەڕاستیدا وانیەو ئەو فەلسەفەیە تەنها چەواشەکارانەیەو گەر خودی چینی کرێکاری بەرهەمهێنەرو ئەو ملیۆنان لەکرێ وەرگرانە،دەست ببەن بۆ وەستاندنی چەرخەکانی بەرهەمهێنان،ئەوا،هیچ چەکێکی مرۆڤ کوژ فریای خودی خاوەنەکەیشی ناکەوێت.

بۆرژوازیەت تەنها لەهاتنەمەیدانی سیاسیانەی سەرشەقام و وەستانی کارگەران دەترسێت کاتێک بەشێوازی ڕێکخراوبونی خۆیان ودەست دەکەن بەمانگرتن و بەرهەمهێنان و کۆی چالاکیەکان دەوەستێنن،کەگەر ئەو چینە نەبێت بەبۆرژواکان هەڵناسوڕێت.
دەست بردن بۆجێگا هەستیارەکان خاوەن دەوڵەتە چەوسێنەرەکان دێنێتە لەرزین،نەک پەنابردن بۆ دروست کردنی هێزی چەکدارو ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریانە. دیارە ئەوە ڕونە کەدەوڵەتانی بۆرژوازی هەروا بەئارەزوی خۆیان دەست لەدەوڵەت داریەکانیان هەڵناگرن،بەڵام پێم وانیە لەڕێگەی چەکداریشەوە بتوانرێت بڕوخێنرێن.

بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ڕژانە سەرشەقامەکان و ڕێکخراوبونی هێزی چینایەتی بەبونی پارتی شۆڕشگێڕی سەربەو چینە،بۆیەک جار هاتنە مەیدانی،دەیان هێندەی ساڵانێک دەبێت کەبەهێزی چەکداری ڕوبەڕوی دەوڵەت ببێتەوە.
ئێستا پارتی و یەکێتی کەخاوەنی حکومەت و دەسەڵاتن،بەو بارە لاوازەی خۆیشیانەوە،زۆریان پێ باشترە کەهێزێکی چەکداری نەیاریان هەبێت و شەڕی سەنگەر بەسەنگەریان لەگەڵ بکات،بەڵام نەک هێزێک و خرۆشانێکی جەماوەری سەرتاسەری خاوەن یەک هەڵوێست بینن کەلەشەقامدا لەمەیدان و خەباتدا بن لەدژیان. ئەوان بەرگەی ئەوی یەکەمیان دەگرن،بەڵام ناتوانن بۆماوەی مانگێک بەرگەی هاتنە مەیدانێکی سەرتاسەری جەماوەری بگرن. جائەو نمونەیە دەکرێت بگونجێت بۆ هەردەوڵەتێک کەچەندێکیش دڕندەو داپڵۆسێنەربێت. دەڵێت کاتێک زۆر هات قەواڵە بەتاڵە،ئەو وتەیە،بۆ خاوەنانی دەوڵەتی چەوسێنەرانیش هەر ڕاست دەبێت،کاتێک زۆرینەی کۆمەڵگە هاتنە مەیدان و دەستیان برد بۆبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئیتر ئەو چینە دەسەڵاتدارە هەربەناچارانە ناچار دەبێت واز لەدەسەڵات بهێنێت،بەتایبەتیش لەوکاتانەی کەهێزی سوپاو پۆلیس دەچنە پاڵ جەماوەری شۆڕشگێڕەوە.
مێژوو زۆر نمونەی وای تێدایە. شۆڕشی کۆمۆنەی پاریسی ساڵی 1871بۆخۆی بەئەزمونترین و پڕ لەواقعێانەترین شێوازی شۆڕشگێڕانەو بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوو لەدژی دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر. دواتر شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 و ئێستایش لەم سەدەیەدا،گەرچی سیستەمی زلهێزانی سەرمایەداری خاوەنی داهێنانی زۆرن لەچەکی کۆکوژو وێران کەردا،بەڵام گەر مرۆڤایەتی وابزانێت کەئەو زلهێزانە و بەرهەمهێنەرانی چەک لەڕێی هێزی چەکداریەوە دەڕوخێنرێن،ئەوا من بڕوام بەکارێکی وانیەو دەتوانم بەیەقینەوە بڵێم کەدەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری و کۆی دەوڵەتانی دیکەی سەرکوت گەری بۆرژوازی،تەنها و تەنها لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە دەتوانرێن بڕوخێنرێن و دەسەڵاتی چەوسێنەرانەیان کۆتای پێ بهێنرێت.

تاهیر حاجی حەسەن
09/12/2017




کرێکارێک مێژو دەخوێنێتەوە … برتۆڵد برێخت

وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا ….

کێ بوو حەوت دەروازەی تبسی1 درووستکرد؟
کتێبەکان پڕبوون لە ناوی پادشاکان
هیچ پادشایەک پارچەیەک لەو گابەردانەیان هەڵگرت؟
بابل چەندین جار خاپورکرا
کێ شارەکانی هەموو جارێک بنیات نایەوە؟
لەکامە ماڵەکانی لیمایا2،
ئەوشارەی وەکو ئاڵتون دەبریسکێتەوە،
ئەوانەی درووستیان کرد تێیدا ژیان؟
ئەو ئێوارەیەی دیواری چین تەواو بوو
بەناکان بۆ کوێ ڕۆشتن؟
ئیمپراتۆری ڕۆم پڕە لە کەوانەی سەرکەوتن
کێ لە پشتی ئەوانەوە وەستاوە؟
قەیسەر بەسەر کێدا سەرکەوت؟ بێزەنتین لە ناو گۆرانیدا دەژی.
هەموو ماڵەکان کۆشکی بوون؟ تەنانەت لە ئەفسانەی ئەتڵانتاش
ئەو شەوەی دەریا هروژمی هێنا
پیاوە خنکاوەکان دەیانبۆڕاند بۆ کۆیلەکانیان.

ئەلکساندەری گەنج لە هیندستان سەردەکەوێت.
بەتەنها بوو؟
قەیسەر گۆڵسی3 بەزاند
ئەرێ چێشت لێنەرێکیش لە سوپاکەیدا نەبوو؟
فلیپی ئسپانیا گریا وەک ئەوەی کەشتێکەی نوقم بوبێت.
ئەرێ فرمێسکێکی ترلەوێ نەبوو؟
فردریک سەرکەوتنێکی مەزنی لە شەڕی حەوت ساڵەدا بەدەست هێنا.
کێ لەگەڵیدا سەرکەوت؟

هەمولاپەرەیەکی سەرکەوتن
کێ پاداشتی سەرکەوتنی داوە؟
هەر دەساڵ جارێک پیاوێکی مەزن
کێ پارەی زورناژەنی داوە؟

زۆرێک لە تایبەتمەندی
زۆرێک لە پرسیار.

Bertolt Brecht

—————————————
1- شارێک لە ناوەراستی یۆنان
2- پایتەختی پیرۆ
3- ناوچەیەک بوو لە کۆندا لە ڕۆژئاوای ئەوروپا




كوردی هائیم و حەیران (3) … هێمن عومه‌ر خۆشناو

هێشتا پێم نەخستبووە بێرایی دەستخەتخانە، (حاجی)م لەبەرچاوان بوو لەبەرخۆیەوە دەیگوت:
لە ڕۆما كەوتە بەرچاوم كەسێكی هائیم و حەیران
بە هەیئەت تێگەییم كوردە، بە شێوە ئەهلی كوردستان
لەناو ئەو هەموو ڕەنگانەدا دڵم دادەخورپا، وەك ئەوەی جەرگ و هەناو و زگ و ڕوحمم بجوڵێنن و یەك یەك خزمی پشتێ و برای خوێن و گۆشتێم بناسمەوە. برای گۆشت و خوێنم هەمووی داماو و ڕەقەڵە و باریكەنە، دەم و چاویان پێكداقوپاینە و كت و مت هەر بە جحێڵی پیربوونە، لە سیمایاندا هەزار و یەك خەم و هەزار و یەك ناسۆر و دەردەدڵ هەست پێدەكەی، ئەوێن دیكەش سۆر و سپی و جوان، وەك ئەوەی جارێك خەم بە قاسی مێشێكیش میوانیان نەبووە، ئەوهان.
دوو پیاو لەپشتی مێزەكەوە ڕوونشتینە، یەكیان ڕەنگی ڕەنگی كرمانجانە و خوێن و گۆشتی بانگمان دەكات، ئەوی دیشیان بەرغەبابەی بە بن لمووزیدا هاتیتە خوارێ و كورد گوتەنی ملی بە نۆ بیوران ناشكێ. دەستخەتێکمان پێش دوو مانگان لەوێ بەجێهێشتبوو، تەڵەبمان كرد بماندەنەوە، بابای تەنگەستوور چووە سەر كەلی شەیتانی و نەهاتە خوارێ، مردین و سووتاین نەهاتە خوارێ و نەهاتە خوارێ. ئەوی ڕەقەڵە و باریكەش لە چاوانیدا دونیایەك ڕامان هەبوو، هەر لێمان ڕادەما و نەیدەتوانی قسەیەكی خێر بكات، ئەمنیش بە كوردی بە ڕەفیقەكەم گوت كە ئیدی بچین و با زۆری لۆ كەمی نەڵێین.

كابرای ڕەقەڵە هەر كە زانی كوردم، تا دەرێ لەگەڵمان هات، بە نەرمی و بە پەنهانی، بە توركییەكی شەرمنانەوە گوتی: ئەز ژی كوردم!
بە ئاخ هەڵكێشانێكەوە هەڵمدایێ:
ئیدی چوو، زمانی كوردی چوو، كوردی بێ خودان، كوردی هائیم و حەیران…!
كابرا بە توركی قسەكانی پێ بڕیم و گوتی تێگەیشتم، كورد چوو، زمان چوو، مخابن!
نەیتوانی قسەكانی تەواو بكات، سۆر هەڵگەڕا، ڕەنگێكی هێنا و ڕەنگێكی برد، چاوی پڕ لە ئاو بوون، بە قوڕگی پڕ لە هەنسكەوە، دەستی گرتم، هەموو بێدەنگ بووین، لە چاوی هەردووكمان ڕاما، دەستی گەرم داهاتن، ئاخێكی وا گەرمی هەڵكێشا بەفر و شەختەی هەناوانی دەتاواندەوە. دەستی بەردام و گوتی من عیلاجی دەكەم!
كارەكەی جێبەجێ كرد، ئەو ڕۆژانەی لەوێ بووم، هەر كە دەچوومە لای تا ئیمزایەك بكات، نەیدەوێرا یەك قسەم لەگەڵ بكات، نووسراوەكەی لێ وەردەگرتم و بە خەمەوە تەماشایەكی دەكردم، وەك ئەوەی پێم بڵێ چەند پێم خۆشە لەگەڵت بپەیڤم، لێ نكارم نا!
ئەزیش هەر قسەكەی (حاجی)م بە فكردەهاتەوە و لەبەرخۆمەوە دەمگوت سەد و بیست ساڵ تێپەڕی و كورد هێشتا هەر هائیم و حەیرانی جارانە!
ئێرە ستەنبۆڵە، باژێڕێكی چەندی بڵێی مەزنە، لە دەستخەت و بەڵگەنامەكاندا ناوی بە (درسعادت، درتعالییە، ئاستانە…) هاتووە، هەموو ڕەنگان دەبینی، خڕ دەنگان دەبیستی، جێی وای تێدایە دەرزی باوێی وە عەردی ناكەوی، لێرە جوانییەكی بێ وێنە، هەوارێكی دڵڕفێن و مەڵبەندێكی مێژوویی و كولتووری گرنگ دەبینی، ئەمما ئەمن هەر كە پێ لەو خاكە دادەنێم، نالی و حاجی و شێخ ڕەزا و میری كۆرە و مەحوی و باقیی كوردانم وەبیردێنۆ، هەر دەڵێی زەمەنم بۆ قورمیش دەكەنەوە و سەد ساڵم دەبەنەوە پاش! سەد ساڵی پڕ لە خەم و داماوی و حەیران!




پیلانێک لە دژی خوێندنی کوردی لە کەرکوک … رەزا شوان

لە دوای پیلانە سێ قۆڵییەکەی رۆژی (١٦ی/ ئوکتۆبەر/٢٠١٧) دا، کە کەرکوک لە لایەن سوپای عێراقی شیعستان و (الحشد الوحشي) و پاسدارانی ئێرانی سێدارە و میتی تورکیای زیندانستانەوە، بە تازەترین و قورسترین چەک شاری کەرکوک و خورماتوو و چەندین ناوچەی تری باشووری کوردستانیان داگیرکرد.. لە یەکەم رۆژەوە تا ئەمڕۆش ئەوەی بەعسی شۆڤێنی و داعش پێی نەکرا بە کوردی بکەن، ئەم بەعسییە مەزهەبی و رەگەزپەرستە تازانە، بە شێوەیەکی زۆر دڕاندانە تر و قێزەوەنتر و بێڕەوشتانەتر، بە کوردیان کرد و دەیکەن.. لەم رووەشەوە ناکۆکی و ململانێ و ناتەبایی و دژایەتیکردنی یەکتری و نایەکڕیزی و نایەک وتاری و فرە کوێخایی کوردیان قۆستوونەتەوە.

لە ئەمڕۆدا، کورد لە شاری کەرکوک و خورماتوو و خانەقین، هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و داگیرکەران بە چاوێکی سووک و بێڕێزییەوە لە کورد دەڕوانن، زۆربەی ئەو تاوانە قێزەوەنانەش کە لە شاری خورماتوو دەرهەق بە سڤیلی بێتاوانی کورد ئەنجام دران، لەوانەش دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتی کورد، کە لە لایەن بێڕەوشتانی (الحشد الوحشي التروکماني) یەوە ئەنجام دران، کە هێزێکی رەگەزپەرستی و شیعەپەرستی توندڕەوی رق و کینەپیسی تیرۆریستن، هەرگیز قابیلی بیدەنگی و قبوڵکردن نییە، نابێت لێیان بەسەربچێت. ئەگەر پێشمەرگەی کوردستان بەری لە پەلاماردانەکانی داعش نەگرتایە لەو ناوچانەدا، ئابڕووی ئەم تورکمانانە توندڕەوانە، دەکەوتە ژێردەستی داعشەوە، چونکە ئەو غیرەت و توانایەیان نەبوو، کە بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. بە دەیان پێشمەرگەی قارەمانمان لە پێناوی پارستنی خوورماتوودا بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان پێکهاتەکان دا، بوونە قوربانی و شەهیدبوون، کەچی ئەم رەگەزپەرستە ناپیاو و نامەردانە، بە ئەوپەڕی نامەردی و بێڕەوشتی و بێ ئەمەکییەوە. تاوان و خراپە بەرانبەر بە کوردی خوورماتوو و کەرکوک دەکەن.. ئەمەش بێڕەوشتی و نامەردی و ناپیاویان دەگەیەنێت، ئەمەیە راستی خەسڵەتی رەسەنی ناڕەسان و نامەردان.

دێینە سەر کرۆکی بابەتەکەمان، کە دەربارەی داڕشتنی پیلانێکی تری داگیرکەرانی کەرکوکی کوردستانییە، بۆ شکستیهێنان و نەهێشتنی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەکانی شاری کەرکوک دا، کە بەپێی پیلان و پلانێکی داڕێژراو دەیانەوێت جێبەجێی بکەن.. بە لای منەوە ئەمە پیلانێکی چاوەڕوان کراوبوو.. دووبارەکردنەوەی سیناریۆی هەمان پیلانی بەعسییە شۆڤێنییە رەگەزپەرستەکانە، کە لە ساڵی (١٩٧٣) دا، دژ بە خوێندنی کوردی لە کەرکوک دا جێبەجێیان کرد و، خوێندنیان بە زمانی کوردی لە کەرکوک دا قەدەغەکرد. من وەکو مامۆستایەکی شایەتحاڵ ( مامۆستا بووم لە کەرکوک) ئاگاداری چۆنییەتی بە عەرەبکردنی خوێندنی کوردی بووم لە کەرکوک، بە کورتی دەیگێڕمەوە:

لە ساڵی (١٩٧٢) وە وە، بەعسییەکان لە شاری کەرکوک دا، کە پۆستی پارێزگار و بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردە و زۆربەی بەڕێوەبەرێتی و فەرمانگاکانی پارێزگای کەرکوکیان قورخکردبوون و، لە لایەن بەعسییەکانەوە بەڕێوە دەبران.. بە پێی پیلانێکی داڕێژراوی هەنگا و بە هەنگاو، کوتنە پڕوپاگەندە و دژایەتیکردنی پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک.. ئەوەیان بڵاوکردەوە کە خوێندنی کوردی هیچ داهاتووی نییە و، خوێندن لە زانکۆکان دا بە زمانی عەرەبییە.. زمانی عەرەبی زمانی قورئانە.. لەم جۆرە پڕوپاگەندانەیان بڵاودەکردەوە.. قوتابخانە کوردییەکانیش کێشەی زۆری کەمی ژمارەی مامۆستای کوردییان هەبوون، بەڵام بەعسییەکان مامۆستای کوردیان لە کەرکوک دا دانەدەمەزراند.. مامۆستایانی عەرەبیان لە باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ کەرکوک هێنا و دەیانخستنە قوتابخانە کوردییەکانەوە.. ئایا مامۆستای عەرب چۆن دەتوانێت وانەکان بە کوردی بڵێتەوە؟! بێجگە لەوەی جێگری بەڕێوەبەری زۆربەی قوتابخانە کوردییەکان درانە عەرەب، کە زیاتر لە بەڕێوەبەرە کوردە قسە و دەستی دەڕۆیی و دەیخوڕی، لە ساڵی (١٩٧٤) بەدواوە (خوێندنی کوردی لە کەرکوک نەما) ئەوەشیان کرد بە مەرج دەبوایە بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی کەرکوک بەعسێ بوونایە.. هەندێ مامۆستای کورد و تورکمان کە وەکو بەڕێوەبەر مانەوە، ئەوانە ببوون بە بەعسی، ئێمە لە نێوان خۆمان دا دەمان وت:” ئەوانە حەپە سەوزەکەیان قووت داوە ـ واتە بوونە بە بەعسی ). لە ساڵی (١٩٧٣) دا لە ئەنجامی ئەو پڕوپاگەندانەی بەعسییەکان کە لە کەرکوک دا بڵاویان کردەوە، وایان کرد کە هەندێ لە دایک و باوکانی کورد منداڵەکانیان لە خوێندنی کوردییەوە بگوێزنەوە بۆ خوێندنی عەرەبی.. کە لە دایک و باوکێکی کوردم دەپرسێ بۆ منداڵەکەت دەگۆازیتەوە بۆ خوێندنی عەرەبی؟ لە وەڵام دا دەیوت: بۆ ئەم پرسیارە لە کاربەدەست و لە بەرپرسە حیزبییە کوردییەکان لەم شارەدا ناکەیت.. کە ئەوان هەر لە سەرتاوە منداڵەکانیان خستنە خوێندنی عەرەبییەوە؟ قسەکەشەیان راست بوو.

بێجگە لەو هۆیانە، هۆی تریش هەبوون وەکو: کەمی ژمارەی قوتابخانە کوردییەکان، کەمی پەرتوک و دابین نەکردنی پیداویستییە پێویستییەکانی سەرکەوتنی خوێندنی کوردی لە کەرکوک.. وەرنەگرتنی قوتابییە کوردەکانی کەرکوک لە زانکۆکان دا.
بەعسییەکان ئەوەیان دەوت کە باوک و دایکی منداڵە کوردەکان خۆیان داوایان کردووە کە قوتابخانەکانیان لە خوێندنی کوردییەوە بکرێن بە عەرەبی. بەڵام لە راستیدا ئەمە راست نەبوو.. دوا قوتابخانە کە لە کۆتایی ساڵی (١٩٧٣) دا، لە کەرکوک دا کرا بە عەرەبی قوتابخانەی (مەشخەڵ) بوو لە کەرکوک کە من مامۆستای زمانی کوردی بووم لەو قوتابخانەیەدا، باوک و دایکی هیچ قوتابییەکمان منداڵەکانیان نەگواستەوە بۆ خوێندنی عەرەبی و کەسیشیان نەهاتن، کە بڵێن دەمانەوێت خوێندن لەم قوتابخانەیەدا بکرێت بە عەرەبی، کەچی پەروەردەی کەرکوک نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی قوتابخانەکەمان کرد کە تێدا نووسرابوو، لەسەر داخوازی هەموو باوکان و دایکانی قوتابییەکانی قوتابخانەی مەشخەڵ، لە بەرواری ئەم نووسراوەوە، لەم قوتابخانەیەدا خوێندن بە عەرەبی دەبێت و ناوی قوتابخانەکەش دەگۆڕین.. ئەوەبوو لە سەرەتای ساڵی (١٩٧٤) ەوە، بە تۆبزی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دا نەما، ناوی هەموو قوتابخانە کوردییەکانیانیش، ناوی عەرەبیان لێنان.

بەعسییە شیعە رەگەزپەرست و مەزهەبپەرستەکانیش، وا خەریکن هەمان سیناریۆ و پیلانی رژێمی لە ناوچووی بەعس دووبارە دەکەنەوە، دووبارە پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە خوێندن بە کوردی هيچ داهاتوویەکی نییە.. هانی هەندێ لە دایک و باوکانی کوردییان داوە، کە داواکاری بنووسن و بە فەرمی داوابکەن کە منداڵەکانیان بگوازنەوە بۆ خوێندنی عەرەبی.. بە نیازیش هەموو رێوشوێنێک بگرنە بەر و هەموو کۆسپێک بخەنە رێی خوێندنی کوردی تا شکستی پێبهێنن و بە تەواویش خوێندنی کوردی لە کەروک دا نەهێڵن و دووبارەش ناوی قوتابخانەکانیش دەگۆڕن.. ئاشکراشە لە پرۆگرامەکانی خوێندنی عەرەبی دا، هیچ تایبەتمەندییەکی کوردییان تێدا نییە. بەڵکو بریتییە لە پرۆگرامێکی رەگەزپەرستی و ئاینیی شیعە مەزهەبه کۆنەپەرست. بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی کەرکوکیش بە دەستی تورکمانەوەیە، ئەوانیش زۆر دژایەتی خوێندنی کوردی دەکەن. بەشێکی شكستی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی پەروەردەی کوردستان وەکو پێویست ئاوڕیان لە خوێندنی کوردی لە کەرکوک نەدایەوە، ململانێ و ناکۆکی و نەسازانی پارتە کوردییەکانیش لە کەرکوک دا هۆکارێکی ترە.. هەموو قوتابخانە کوردییەکانیش کێشەی کەمی مامۆستا و کتێب و تەختەی دانیشتن و نەبوونی قوتابخانەی تازەیان و پێویستیەکانی خوێندنیان هەیە.. کردنەوەی قوتابخانە ئەهلییەکانی” کـتاب” و “قلـم” لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک کە خوێندن تێیاندا بە زمانی عەرەبییە، بە داخیشەوە لە (سەدا نەوەتی) ئەو مامۆستایانەش کە لە قوتابخانەکانی کتاب و قلم وانە دەڵێنەوە کوردن.. مەبەستیش لە کردنەوەی ئەم قوتابخانانە بە عەرەبی لە نێو گەڕەکە کوردییەکان شاری کەرکوک دژایەتیکردن و تەنگپێهەڵچنینی خوێندنی کوردییە لە کەرکوک دا.

ئەمەش یەکەمین کاری گڵاوی بەعسییە مەزهەبی و رەگەزپەرستە تازەکانی ئەمڕۆی عێراق نابێت لە کەرکوک دا لە دژی گەلی کوردمان.. بەڵکو من پێشبینی تاوان و پیلانی قێزەوەنتریان لێدەکەم، چونکە ئەمانە بڕوایان بە دیموکراتی و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی و مافی گەلان و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و ئاشتی نییە.. ئەوەتا بە ئاشکرا نەوتی کەرکوک بە تاڵ دەنێرن بۆ ئێران.. چونکە عێراق بۆ بە بەشێک لە ئێران و لە تاران،. ئێران عیراق بەڕێوەدەبات پلانی بۆ دادەنێت و رێنمایی سەرکردەکانی دەکات. کە چی بکەن و چی نەکەن ئێرانە (الحشد الوحشي ) بە ڕێوەدەبات و ئاراستەیان دەکات.

بێگومان زمان ناسنامە و گرنگترین کۆڵەکەی نەتەوەییە، کاڵبوونەوەی زمان لە لای تاک، کاڵبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی و کزبوونی سۆز و هاوبەستەبوون بۆ گەل و نیشتمان.. زیاتر لە سەد ساڵە داگیرکەرانی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە گڵاوەیان، دژایەتی زمان و کەلتووری کوردییان کردووە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. بە تۆبزی و زۆرداری دەیانەوێت زمان و کولتوورێکی رەگەزپەرستی و مەزهەبی بەسەر گەلەکەمان دا بسەپێنن، کە لە لای ئێمە نامۆن و پێمان هەرس ناکرێن. داگیرکەرانی کوردستان مەبەستیان ئەوەیە خۆشەویستی زمانی کوردی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە لای منداڵانی کوردمان کاڵ بکەنەوە، لە کورد و کوردستان هەڵیان بگەڕێننەوە.. ئەمەش پیسترین شێوازی بە عەرەب کردنە. ئەوەی ئەمڕۆ لە سیمای شاری کەرکوک و خورماتوو بە دیدەکرێن، بریتین لە دروشمی رەگەزپەرستی و مەزهەبپەرستی عەرەب و تورکانە شیعە توندڕەوەکان.. ئەو دروشمانەن کە زیاتر لە (١٤٠٠) پێش ئێستا بەرزیان کردنەوە، تا ئەمڕۆش دەستیان لە خوێنڕشتن هەڵنەگرتووە.

بە داخەوە پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردمان، کە جار وبار بۆ موزایدەی سیاسی و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان کەرکوکیان کردبوو بە ( قودس ) و بە ( دڵی کوردستان) کەچی ئەم پاڵەوانانەی بەردەم مایکەکان و نێو سەتەلایتەکان، لە سلێمانی و هەولێر دا پاڵیان لێداونەتەوە، دەستە چەورەکانیان بە یەکتری دا دەسڕن و یەکتری تاوانباردەکەن، کە لە راستیدا هەردوو لایان تاوانبارن، باجی نابەڵەدی و هیچ لەباری و دۆڕاندنیان، خەڵکی کەرکوک و خانەقین و خورماتوو و شوێنەکانی تری گەرمیان دەدەنەوە. لە ئەمڕۆدا ـ ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام کراوە ـ رۆژ نییە سوکایەتی بە کەرکوک و بە کەرکوکییەکان نەکرێت. تا ئێستا زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار ئاوارەی کەرکوک و خۆرماتوو لە بارودۆخێکی خەراپ دا، لەژێر چادردا دەژین و منداڵەکانیان لەخوێندن دابڕاون.. لە ترسی جەجەویدە عەرەبە شیعە رەگەزپەرستەکان و حەشدی وەحشی بێڕەوشتی تورکمانی لە خورماتوو ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی هەزاران ساڵەی باوباپیرانیان.. بەرپرسانی کورد هەر وەکو ـ نە بایان دیبێت نە باران ـ ئاوڕ لە کەرکوک و لە کەرکوکییەکان نادەنەوە و هێچ لایەکیان خۆیان بە خاوەنی کەرکوک نازانن.. تا ئەمڕۆش هیچ پەند و وانەیەکیان لە شکستییەکانی گەلەکەمان وەرنەگرتوون.. گەر کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاودا دەسەڵاتداربێت لە حکومەتی کوردستان دا، گەر کەس نەبێت و رەجەب سەرپاڵەمان بێت.. لەمەش خراپترمان بەسەردێت.. تا کەی کورسی و پۆست پەرستی و خۆپەرستی؟ تاکەی بنەماڵەیی و فرە کوێخایی؟ خزم خزمێنە؟ تاکەی مەحسووبییەت و مەنسووبیەت؟ تاکەی باڵ باڵێنە؟ تا کەی دزی و گەندەڵی؟ تاکەی حیزبایەتی نەک کوردایەتی؟ تاکەی ناوچەگەری نەک کوردستان پەروەری؟ تاکەی خەڵکی داماوی گەلەکەمان گورگان خوارد دەکەن؟ تاکەی بێ ئاو و بێ کارەبایی و بێ خزمەتگوزارییان دەکەن؟ تاکەی بە نەبوونی و برسێتی و کوێرەوەری و هەناسەسەردی بژین؟ تاکەی موزایدەکردن بە کەرکوک و بە ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستانەوە دەکەن؟ تاکەی بە دەیان کۆبوونەوە و سەردان لە دوای سەردانی بێ ئەنجامی یەکتری؟ تا کەی گوێ بە خواست و گلەیی و ناڕەزاییەکانی رەش و رووتی گەلەکەمان نادەن؟ تاکەی دەکەونە داوی داگیرکەرانی کوردستان و زوو تێدەکەون و لەخشتەدەبرێن؟ تاکەی خۆڵ لە چاوی گەلەکەمان دەکەن؟ تاکەی بە خۆتانا ناچنەوە و دان بە راستییەکاندا نانێن؟ تاکەی دەست لە کورسییەکانتان هەڵناگرن و دەسەڵات قورخ دەکەن؟ ئەی تاکەی موزایەدە لەسەر کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان دەکەن؟؟ تا کەی خۆتان گیل دەکەن و نازانن کە جامی تووڕەیی و بێزاری گەلەکەمان پڕبووە و لێی دەڕژێت؟ تاکەی و.. تاکەی؟؟




هه‌ژاری و چاره‌نووس … به‌ختیار محه‌مه‌د

به‌ هه‌زاران و ملیۆنان مرۆڤ هه‌ن هه‌ر كه‌ له‌دایك ده‌بن و تا ده‌شمرن، هه‌ر به‌ هه‌ژاری ده‌ژین و ده‌مرن. وه‌ك بڵێی هه‌ژاری یاسایه‌كی سروشتییه‌ و بۆ ئه‌وان بڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌نێوچه‌وانیاندا نووسراوه‌. ئایینیش به‌وه‌ وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌، كه‌ ئێوه‌ له‌ دنیاكه‌ی دیكه‌دا به‌هه‌شتتان هه‌یه‌ و ئێوه‌ خۆشه‌ویستی خودان. مه‌سیح ده‌ڵێ: (( ده‌وڵه‌مه‌ندان ناچنه‌ به‌هه‌شت)).
ئه‌م فریودانه‌ (ئه‌م گوتاره‌ فریوده‌ره‌)، نه‌ك هه‌ر یارمه‌تی هه‌ژاران نادا، كه‌ واقیعی ژیانیان بگۆڕن، به‌ڵكو وایان لێده‌كا به‌و واقیعه تاڵه‌ی، كه‌ هه‌یانه‌‌ ڕازی بن و به‌ زه‌لیلی چاویان له‌ ده‌ستی خێر و سه‌ده‌قه‌ی خواپێداوان بێ. ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند و خواپێداوانه‌ی، كه: یان سیاسی درۆزن و سته‌مكارن؛ یان بازرگانی بێ ویژدان و چاوچنۆكن؛ یان خاوه‌نكاری خوێنمژن؛ یان ورده‌بۆرژوای هه‌لپه‌رستی پاره‌په‌رستن؛ یان ده‌ره‌به‌گێكی ئۆرۆستۆكراتی چه‌وسێنه‌رن؛ یانیش… تاد.

خێركردن له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌ك هه‌ر شتێكی ئه‌رێنیی نییه‌، به‌ڵكو هێمایه‌كه‌ بۆ ئه‌به‌دییه‌تی بوونی جیاوازی چینایه‌تی زۆر له‌نێوان هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌نداندا. چه‌مكی وه‌ك سه‌ده‌قه‌ و خێر، كه‌ زیاتر چه‌مكی ئایینیین، له‌ جه‌وهه‌ردا هه‌م شه‌رعییه‌ت به‌ مانه‌وه‌ی جیاوازی زۆری چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌ن له‌نێوان هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندان؛ هه‌میش هه‌ژاری ده‌كه‌نه‌ شتێكی پیرۆزی هه‌تاهه‌تایی و وه‌ك پایه‌یه‌كی ئه‌رێنیی ئایینیی ته‌ماشای ده‌كه‌ن. لێره‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ژاران لایه‌نگر و پێڕه‌وانی ڕاسته‌قینه‌ی ئایینن، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وان له‌ڕێگه‌ی ئایینه‌وه‌ ڕزگاریان نابێ. ئه‌و ڕۆژه‌ خوێندمه‌وه‌، كه‌ له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا به‌ ملیۆنه‌ها هاووڵاتی ئێرانی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین و به‌ ملیۆنه‌هاشی بێكارن…
پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ لێره‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئایین ده‌توانێ دادپه‌روه‌ریی به‌دی بهێنێ؟ ئایا ئایدیۆلۆژیایه‌ك، كه‌ له‌واقیعدا له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ردوو چه‌مكی جیاوازی چینایه‌تی ((هه‌ژاری)) و ((ده‌وڵه‌مه‌ندی)) دامه‌زرابێ، ده‌توانێ دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ست بهێنێ؟ هه‌ڵبه‌ت دادپه‌روه‌ریی له‌ واقیعدا، نه‌ك له‌ خه‌یاڵ و له‌ به‌هه‌شتدا.




سه‌رنجێك له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ترامپ ده‌رباره‌ی شاری قودس ! … عه‌بدوڵا ساڵح

هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربونی دۆناڵد ترامپ وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا ناو به‌ناو خۆی ده‌كاته‌ جێگای سه‌رنجی میدیا جیهانیه‌كان وده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن چ له‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌مریكا و چ له‌ده‌ره‌وه‌. زوربه‌ی هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانیشی ده‌بنه‌ جێگای سه‌رسامی و هه‌ندێك جار شۆكبوونی دۆسته‌كانی پێش دوژمنه‌كان!
بڕیاری هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌یماننامه‌ی پاریس ده‌رباره‌ی ژینگه‌ ، هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاره‌كانی له‌ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی په‌یماننامه‌ی ناتۆ ، ڕێگه‌ گرتنی له‌ هاوڵاتیانی هه‌ندێك ووڵاتی ئیسلامی بۆ چونه‌ ناو ئه‌مریكا كه‌ هه‌ندێكیان په‌یماننامه‌ی دۆستایه‌تیشیان له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ ئۆتۆمیه‌كه‌ی ئێران و، تویته‌ ڕۆژانه‌كانی كه‌ هه‌ندێك جار‌ وه‌ك پاڵه‌وانی تویته‌ر ناوده‌برێ، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌شدا بڕیاری گواستنه‌وه‌ی سه‌فاره‌تخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئیسرائیل له‌ شاری ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ شاری قودس و ئیعتراف به‌و شاره‌ وه‌ك پایته‌ختی هه‌میشه‌یی ئیسرائیل له‌كاتێكدا‌و به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان شارێكی داگیركراوه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ !
ترامپ له‌ناوخۆی ئه‌مریكادا له‌بارێكی سیاسی زۆر سه‌قامگیردا نیه ، كێشه‌ی ده‌خاله‌تی ڕوسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و دان پیانانی گه‌وره ‌ڕاوێژكاری پێشوی ئه‌منی قه‌ومی – مایكل فلین – به‌وه‌ی له‌م كه‌یسه‌دا درۆی له‌گه‌ڵ ئیف بی ئای كردوه‌ وبه‌جدی وه‌رگرتنی ئه‌و كه‌یسه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی ڕۆبیرت مۆله‌ر كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكاوه‌ ئه‌و‌ كاره‌ی پێسپێردراوه‌، ‌ بارودۆخه‌كه‌ی له‌ترامپ ئاڵۆزتر كردوه‌ ، بۆیه‌ له‌ ئێستادا زۆری پێویست به‌ هاوكاری وپشتگیری لۆبی ئیسرائیلیه‌ له‌ناو كۆنگریسی ئه‌مریكا وناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌و ووڵاته،‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و لۆبیه‌ له‌پڕ نفوز ترین و به‌هێزترین لۆبیه‌كانی ناو ئه‌مریكا هه‌ژمار ده‌كرێ ، ئه‌م بڕیاره‌ی ترامپ نابێ به‌ده‌ر له‌م حاڵه‌ته‌ حسابی بۆ بكرێ یان لانی كه‌م وه‌ك یه‌كێك له‌ هۆ كاره‌كان، ئه‌گه‌رچی گومان له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ ئیسرائیل ئه‌مریكای بچكۆله‌یه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا .

خۆری سه‌ربازی داعش له‌ سوریا وعێراق ڕوو له‌ ئاوابوونه‌ ، قۆناغی دواتر قۆناغی دروێنه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی تێكشكانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی داعشه‌ ، ڕوسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی خۆیان بۆ پشكی شێر ئاماده‌ كردوه‌، له‌و نێوه‌دا ئه‌مریكا ده‌ستكه‌وتێكی ئه‌وتۆی نابێ، بۆیه‌ گه‌ره‌كیه‌تی ئه‌م ئاگره‌ نه‌كوژێته‌وه‌ وڕه‌قیبه‌كانی له‌كه‌شێكی ئارامدا ده‌ستكه‌وته‌كانیان نه‌درونه‌وه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی بوونی ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆز و نائارام له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بازاڕی فرۆشتنی چه‌ك گه‌رمڕاده‌گرێ ! هه‌روه‌ها هه‌یبه‌تی ئه‌مریكاش له‌ ئاستی جیهاندا نه‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌و ئه‌مه‌ش وه‌ك هۆیه‌كی ده‌ره‌كی بڕیاره‌كه‌ی ترامپ نابێ نادیده‌ بگیرێ ،
ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ ڕاسته‌وخۆ كاردانه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ ، تاكو ئه‌مڕۆ ، جگه‌ له‌ هه‌ڵوێستێكی شه‌رمێونانه‌ هیچی دیكه‌تان ده‌رنه‌بڕیوه‌ ، له‌وانه‌ سعودیه‌ كه‌ به‌ناچاری ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر له‌ ئێران توندتر نه‌بێ، لانی كه‌م به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و بێت و دوا جار هه‌ردووك ده‌سه‌ڵاتی به‌خوێنی یه‌كتر تینوو خۆیان له‌سه‌نگه‌رێكدا ببیننه‌وه‌ !!
توندڕه‌وه‌ ئیسلامیه‌كان كه‌ زه‌بری سه‌ربازی كوشنده‌یان خواردوه‌ ، چاوه‌ڕێی هه‌لێكی دیكه‌ و بیانویه‌كی دیكه‌ن بۆ دووباره‌ سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ ، چ بیانویه‌ك و هه‌لێك له‌وه‌ باشتره‌ كه‌ بۆ به‌رگری له‌ ( شوێنه‌ موقه‌ده‌سه‌كانی ) ئیسلام دووباره‌ خۆیان ڕێكخه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌ناو موسوڵماناندا فه‌راگیره‌و ( قودس ) هێڵی سوره‌ لای ئه‌وان !
ئه‌وه‌ی ترامپ ده‌یكا یاریه‌كی نه‌فامانه‌وه‌ منداڵانه‌ نیه‌ ، ئه‌وه‌ نیه‌ كابرا شه‌و بخه‌وێ وسبه‌ی هه‌ستێته‌‌وه‌ وبڕیاری له‌و جۆره‌ ده‌ربكا ، ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌كانه‌ – موئه‌سه‌سات – ئه‌گه‌رچی تاك ڕۆڵی هه‌یه‌ ، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكان موئه‌سه‌سات دایده‌ڕێژێ ،هه‌ڵوێسته‌كانی ترامپ وه‌ك سه‌رۆكی زلهێزترین ووڵاتی سه‌رمایه‌داری دنیا نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌و گێژاوه‌ قوڵه‌ی جیهانی ئه‌مڕۆی سه‌رمایه‌داری له‌هه‌موو بواره‌كاندا ، سیاسی ، ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تی تێیكه‌وتوه‌ و تێوه‌ی گلاوه‌ ، تێوه‌گلانێك كه‌ كاردانه‌وه‌ی ، دوور یا نزیك ، له‌سه‌ر هه‌موو دانیشتوانی گۆی زه‌وی جێده‌هێلێ .

8 / 12 / 2017




ئێستاش من لە بە غدا خە و دە بینم * …. مە ولود ئیبراهیم حە سە ن

ئە م وڕێنە شیعریە پێشکە شە بە هه موو ئە و بە ڕێزانە ی کە لە م دە قە دا ناویان هاتووە و ناویان نە هاتووە و خۆلە نێو ئە م فە زایە دا دە بیننە وە

ئە مجارە ش

لە کە مینی پرسگە ڕزگارمان بوو

گە یشتینە مە یدان

لە گە ڵ سۆفی و (١)

شە یداو(٢)

ئازاد(٣)

لە خواردنگە یە کی لاپە ڕ

نانێکی هه رزان دە خۆین

چایە ک لە زە هاوی (٤)

ڕۆژنامە لە پە رلە مان دە خوێنینە وە(٥)

قاوە یە ک لە مورە بە عە(٦)

بە یانی ڕۆژی یە کە می پێشانگای نێو دە وڵە تی کتێبە

دە بێ ئە م هه فتە یە دە ست بە نانخواردنە وە بگرین

ئە مرۆ گوشاد لە هاوکاری (٧+٨)

چیرۆکە وە رگێڕاوە کە ی بڵاوکردبووە وە

شیعریکی تازە ی لە تیف دە نگی داوە تە وە (٩)

چیرۆکی سە رکە وتن بە رە و خوارە وە ی سە روە ر (١٠)

عە رد هه ژێنێکە لە گۆڤارێکی عە رە بی دا

ئێوارە قە رە داغی تای شیعری گرتبوو(١١)

بە یانی ئە مرۆ ناسر بڵاوکراە ی لە دە ست گێرا(١٢)

گیراو تا ئێستا نە گە ڕاوە تە وە

عە بدوڵلاگۆران گوتی : بابچین چایە کی سە ر خە لوز بخۆینە وە (١٣)

نە ژاد لە شوێنە وار نوێنە ری هه موو کوردە (١٤)

زۆر تە نیایە

عە سر گە ڕامە وە پە تاتە و تە ماتە و کودووم کڕیبوو

بۆنی بریانی سە ردار ناوخۆی پڕکرد(١٥)

برا چاو ڕە شە کان بە شی ئێمە یان کە مکردە وە

بە یانی ژنە دە ست پڕ بازنە کە بە کوڵ دە گریا (١٦)

فە رمانبە رە میسریە کە دیار نە بوو

وێنە گە ورە کە ی سە رۆک لە بە ردە م ناوخۆ

شە وچاوێکی لە دە ست دابوو

ماشێنە کان تیژ تێدە پە ڕێن

ڕێبوارە کان سە ریان دادە خست

سە رۆک بە چاوێکە وە زۆر توڕە تردیار بوو

لە پرسگە هه موو گیانیان پشکنین

بە ردە رگا جمە ی دە هات

ترس بڵقی دە دا لە کۆلیژ

حوسە ین عە لی مە حفوزگوتی ئاگات لە خۆت بێ کوڕم(١٧)

ئە مین موتابچی دووجار بانگی کرد بابە بابە(١٨)

هاشم گوتی بچیتە دە رەوە باشترە (١٩)

ئە میر بە سە ر دیواری بازی دابوو (٢٠)

کجان دابوویانە قاقای پێکە نین پانتۆلە کە ی تە قی بوو

سە ر هه ڵدەگرم ودە چمە قە مبە رعە لی (٢١)

لە کۆڵانێکی بنبە ست

یازدە هه والی مە رگ دە خوێنمە وە

کۆڵانە کە بۆخۆی بووە بە دۆزە خ

شە هێدە کان دە چنە بە هه شت

پیرەژنە کە گوتی وە لعە باس مالمان خراو بی(٢٢)

بوکە یە ک مانگیە کە زمانی گیرابوو

مندالە تازە زمانگرتووەکە

داوای باوکی دە کرد

پیرە مێردە کە خە ریکی وە رگرتنی

شە هیدانە ی کوڕە کە ی بوو

زە نگی هاتنی فرۆکە لێیدا

شە قام و کۆڵان هه تیو کە وتن

رادیۆی چایخانە کە هاواری دە کرد ئاگاداربن ئاگادار

تە لە فزیۆن دە یگوت

دوژمن لە هه موو بە رە کان شکاوە

نە تە وە یە کگرتووە کان داوای ڕاوە ستانی شە ڕێ دە کرد

ئە مریکا چە کی تازە ی داوە بە عێراق

دوێنێ بە زۆر ڕیشی کوڕە هه لە بجە ییە کە یان تراشی بوو(٢٣)

دە یگوت نوێژ ناکە م تا خوا حە قم نە کات

وێنە ی وشتری سە رگردە کە ی کێشابوو هاشم (٢٤)

گوتی ڕاستە مامە ڕیشە خە ریکی گفتوگۆیە (٢٥)

دە ڵێن حکومە ت قوشتە پە ی لە بارزانیان چۆلکرد(٢٦)

کوردە فە یلیە کان بە جلی مالە وە ڕاپێچی سنوور کران(٢٧)

یازدە هه زار گە نجیان گواستەوە بۆ کارگە ی مە رگ

ئە مرۆگوتیان موالیدیان ڕاکێشاوە

کامە ران لە کلاس گوتی تۆش دە گرێتە وە عائیدونی(٢٨)

هه فتە یە کە سامی بزرە(٢٩)

دوێنێ هیوایان لە ژووری سە ندیکا سوورکردبوە وە(٣٠)

وابزانم سبە ی نۆرە ی منە

ئە وهه فتە یە چوومە ئە بوغرێب(٣١)

چوار بە ندی نە مابوون

چە ند گە نجێکی تازە یان هێنابوو

کابرای ئینفیرادی هه ر لە ناو قە فە س بوو

دە رگا داخراوە کە هێشتا نە کرابووە وە

بە ندیە شیت بووە کە هه ر جوێنی دە دا

خە لە ف جە للاد لە ناوە ڕاست ساحە کە ڕاوە ستابوو

بە ندیە ک بە ڕووتی سە رە و ژیر سزا دە درا

عروبە هه موو جاری پێم دە ڵێ خۆشە ویستە کە ت لە چیایە(٣٢)

سە میرە دیسان ڕۆژنامە کە ی بردم(٣٣)

بورجی خۆی دە خوێنێنتە وە

ئە و بورجانە ی شادو غە مگینی دە کە ن

ئای سە میرە هاوکلاسە کە م

شادی و خە می تۆ چە ند ئاسانە

سالم پۆرتریتی وشە ی هێنایە وە (٣٤)

ئە مجارە وێنە ی منی کیشابوو

عە باس ئێستا زۆرم شە رم لێدە کات (٣٥)

جاسم لە نوکتە ناکە وێ (٣٦)

مامۆستای نابینا دە ڵی ئە سکە ندە ر دانیشە(٣٧)

گە نجێکی پۆلە کامان لە نوێوە ئاشق بووە

کلاس بۆنی ئە شق و ترسی لێدێت

مە ها سێ ڕۆژە غائێبە(٣٨)

براکە ی مانگێکە بێ سە رو شوێنە

دیسان مامۆستای ڕۆشنبیری نە تە ویی نمرە کە ی منی دابە زاندووە

رائید فایە ق گوتی بۆچی نە چوویتە بە شی کوردی

منیش گوتم ئە ی تۆ بۆ نە چوویتە بە شی عە رە بی

دوو چاوی پڕ کرد لە گولله

ئێستاش من هه موو بە یانیە ک لە بە غدا لە خە و هه ڵدە ستم

لە بە غدا دە گە ڕیمە وە ماڵ

لە بە غدا دە خە وم

هه فتە ی پێشولە شە قامی موتە نە بی

پرسیاری کتێبی فارسیم لە پیرە میردە کە کرد(٣٩)

خە ریک بوو خوێنی ڕاوە ستێ

سبە ینێ ژنە مە سیحیە کە جاریکی تر

دە رگای کتێبخانە ی ڕۆژ هه ڵاتم بە سە ردا دادە خات

سبە ئ ئیوارە فاروق کۆڕی فە لسە فە و ژیان پێشکە س دە کات(٤٠)

حە مە شوان دیسان خۆی ئامادە کردووە(٤١)

کوڕە کە ی بە شیر موشیر دەپرسێ ڕۆژنامە ی خە بات هاتووە(٤٢)

ڕۆژی دووشە ممە گە نجە کان کچە کوردێکیان لە گە ل ڕەشپیستیک دیبوو

شە وهه موو شەو خە ویان لێنە دە کە وت

زە هرای فە لە ستینی بە چاوە جوانە کانی ڕۆژباشی لێکردم(٤٣)

ئە منە کە هه ردوو چاوی زە ق کردە وە

لە بە ر دە م ژووری سە ندیکا ئاوڕ نە دە نە وە

دە رگای ژووری سە ندیکا کراوە تە وە

دوێنێ هیوایان تێدا سوورکردبووە وە

دە ترسم سبە یةی نۆرە ی من بێت

هه ردووکمان سە یری یاری کردنی قوتابیان دە کە ین

نە هرۆ نازانم مرۆڤ یابسە بخوات چۆن دە توانی ئە وە ندە غاربدات(٤٤)

دوو کێلۆ پە نیرم خستبووە ناو بە ستە نیە کە

هیچیان بۆ نە هێشتبوومە وە

ئێوارە لە گە ڵ هه ولیر قسە مکرد گوتیان نە کە ی بێیتە وە

خودایە شە وی پینج شە ممە و هه ینی

بە تە نیا لە بە شی ناوخۆ چۆن ڕۆژ دە کرێتە وە

نە ورۆز گە گە ڕامە وە

لە بازگە دوو سە عات ڕایانگرتم

لە پیناسە کە م نووسرابوو بە شی فارسی

ئە م جارە ش جانتاکە م هه ڵدە گرم و خوێندن بە جیدە هێلم

سۆفی پە شیمانم دە کاتە وە (٤٥)

دوا ڕۆژی دوا تاقیکردنە وە ی دوا ساڵە

دە وری دووە مە و کە وتووم و بە تاقیکردنە وە ڕاناگە م

بنووسە هاوین دێمە وە بۆ مە شق

ناینووسم

بنووسە هاوین ناێیمە وەبۆ مە شق

ناینووسم

بنووسە ناینووسم

ناینووسم ناینووسم ناییننوووسمممم

باشە من دە زانم چیت لیدە کە م

پێنج سالە بروانە مە کە م وە رنە گرتووتە وە

مامۆستا چاودێرە کە م بە چاوی پر فرمیسکە وە

وە ک کوڕی خۆی لە باوە شیم دە گری وماچم دە کات

کوردەکان زۆر بە ڕیزن

سامی هه موو بە یانیە ک پیم دە ڵێ(٤٦)

هیواخوازم هه ردوو چاوم کویر بیت وجوو ببینم کورد نە بینم

دە ی بە وچاوانە ی حە زدە کە ی جووی پێ ببێنی منی کوردیش ببینە

ئاوات بە لە هجە ی بە غدایی دایدە گرێ(٤٧)

سامی لە وڕۆژە وە سام گرتوویە تی

رائیدە مامۆستای ئازە ری (٤٨)

مە ولود کوردە کان چۆنە زیرە ک و جوان و هێمنن

هۆی جوانیە کە نازانم

بە ڵام هێمنی و زیرە کیە کە هۆی بێ پشتیە

دکتۆر زیاب چوار ساڵە هه موو پرسیارە کانی خۆی (٤٩)

لە برام مە ولود دا کۆکردووتە وە

محە مە د نوری ئە گە رهاتی بۆ میسر ئە مە ناونیشانمە (٥٠)

لە بە ردە م وە زارە ت تۆپە کی دە سکردی وە ستا ڕە جە ب داندراوە (٥١)

سە ربازە کە نە یهیشت وینە یە کی لە تە ک بگرین

لە وبە ر سە یری ئە و کچ و کورە م کرد کە نە دە گە یشتنە یە ک(٥٢)

عە بدولهادی شە س سال خۆی دواخست(٥٣)

دواجارکردیان بە سە ربازو کوژرا

ئە م بە یانیە کوڕە ئیتیحادیە کە یان بە ڕووتی لە گە ڵ ژنە فە ڕاشە کە گرت

شە و ژووری هه موو قوتابیە کوردە کانیان ورد پشکنی

کە گە ڕاینە وە دەوام سە روە ر (٥٤)

لیستی هه موو ئە و ڕۆمانانە ی پیشاندام کە هاوین خوێندبوونیە وە

من هه رچوار مانگ خە ریکی کرێکاری بووم

چاوە جوانە لە یلا

خان و مانە لە یلا هێی هێی(٥٥)

هه رە لە یلێ هە رە لە یلێ

ئۆۆۆۆف هاوار لە یلی هاوار لە یلێ(٥٦)

ئە م کوردانە هه موویان گۆرانیبێژن

هه مووشیان خزمی یە کترن

ماویە کی زۆرە ڕزگار نایە تە دەوام (٥٧)

ئە وێش بە دەردی گە نجە فە یلیە کان چوو

سامان کاک مە ولود کە سیان نە هێشت(٥٨)

کە نتۆرە کە ی بە رامبە رم وێنە ی سە رۆک و سە باح میرزای بە سە رە وە یە

شە و دە ست بە دامانچە لە وێنە کە وە دێنە دە رە وە

سەرۆک مە ولود دەتبینم نووستووی

سە باح هه ستە وە ئە مە سە رۆکی فەرماندە یە

ئممم ئمم ئم

سۆفی کاک مە ولود چیە بۆچی خە وت لیناکە وێ

ئێساتاش من هه موو شە وێ لە بە غدا ڕاوم دە نێن

ئە مڕۆ ئە مرۆ زۆر بی تاقە ت بوو(٥٩)

ئە وە تە بە دە ل مزووری (٦٠)

خە ریکە بە ڕووسی نوکتە بۆ کچە عە رە بە کە دە گێڕیتە وە

ئای ئافرە ت چ هه وێنێکە

بە دە ل چۆن ئاوا هێمن دانیشتووە

دیسان بە تاقیکردنە وە ڕانە گە یشتم

دوا ڕۆژو دواتاقیکردنە وە یە

سە ت جارە ئە م خە ونە دە بێنم و دە بینمە وە

ئیسماعیل کاک مە ولود بابە عە رە بی قسە بە ین (٦١)

تیتناگە م نا ئیسماعیل ل مال چە وا دئاخڤی هۆسا ب ئاخڤە

یوسف بانگی کرد ها برایێ من مە ولود (٦٢)

خودێ خودی تو فیلی فیل

بە داخە وە مامۆستا فارس ئە و گە نجە هێمنە کوژرا

وابزانم یوسفیش(٦٣)

تاهیرم بینی بە برینە وە پێیدە کە نی (٦٤)

ست نە رمین فە رهه نگە کە ی ئە دمۆنزو تۆفیو وە هبی بۆ هینابووم (٦٥)

جاری سییە مە دیوانە کە م ڕە تدە کریتە وە

ئە مڕۆکە ش دە چمە گفتوگۆی ئە و نامە یە ی

کە مال مە زهه ر شە رپە رشتی دە کات(٦٦)

نیوە ڕۆ کج و کوڕانی بە شی یاسا هاتبوون

دە یانگوت هاتووین ژن بە ژنیێ بکە ین

ئە م هه ینییە دە چینە تاقی کیسرا(٦٧)

هه تاو لە سڵیمانیە وە مە نجە لێک کفتە ی هیناوە (٦٨)

غە ریبە لە بە شی ناو خۆ ویستوویە تی خۆی بکوژێ(٦٩)

مالی باوکی ئاگادارنین

سە لیم پارە ی بزرکردبوو

شە ڕ دە ستیپیکردە وە و لە نە وتی کە رکوکیانداوە

گفتوگۆ سە ری نە گرت

سە عات پینج ڕیگا دادە خری

لە گە ڵ ئە لیس شە و سە عات دوو گە یشتین (٧٠)

ئیستاش هه موو بە یانیە ک من لە بە غدا لە خە و هه لدە ستم

بە دزیە وە سینە م پڕ دە کە م لە بۆنی گولە کنیرو عە تر

بوشرە هه موو بە یانیە ک گوڵێکم بۆ دێنێ

کچە بە غدایی بە گوڵە وە جوانترن

بە تە نیا لە زە هاوی دانیشتووم

لە کۆلیژە وە بە دواوەمە ن

چاکە ناخۆمە وە و هه لدە ستم

مامۆستایە کمان ئیستاش ناوێری بڵی من کوردم (٧١)

سبە ی دە چێنە سە ردانی مارف عومە ر گول

دە ستێکی کارناکات (٧٢)

مە هداوی بە شی ڕوسی لە ترسی فە رهه نگە کە جی‌یشت (٧٣)

ئاوات لە کوێی تا چوارینە کانی باباتاهیرو خە یام (٧٤)

بە یە کە وە بخوێنیە وە

بورە حالە م بوین تە دولبە ر

دلە م تە نگە شە وێ وامۆ بسە ربە ر

چی بکە م لە ڕابردووە وە بێمە وە ئێستا

چی بکە م لە بە غداوە بێمە وە ئێرە

بە دە ستخۆم نیە من ئێستا ش هه ر لە بە غدا دە ژیم

هه موو بە یانیە ک لە بە غدا لە خە و هه ڵدە ستم

ڕابردوو بە رم نادا

ئیستا نامگرێتە خۆ

داهاتوو نایە ت

من لێر ە نیم

من لە ئێستا نیم

چی بکە م لە ڕابردووە وە بێمە وە ئێستا

چی بکە م لە وێوە بێمە وە ئێرە

من ئە و بووم من نیم

ئە و من بوو ئە و نیم

چ لێکدابڕانێکە

چ لە تبوونیکە

چۆن بێمە وە سە ریە ک

چۆن بمە وە بە خۆم

چۆن بێمە وە ئێستا

چی لە م رابردوە ئێستا کوژە بکە م

چی لە م ئێستا ون بووە بکە م

ئێستام بووە بە خە ونی ڕابردوو

ڕابدووم بووە بە ئێستا

ژیان نامگریتە خۆ

خە ونی ڕابردوو کوشتمی

من کیم و لە چ شوێنێکم

————————– ١٢/٢٠١٧ – هه ولێر

(*) ئە م وڕینەیە شیعریکی میژوویی پچر پجڕە لە خە ونە بێ سە رو بە رە کانی ئیستام دە چێ هه ربۆیە هیچ خالبە ندی و هونە ریکی شیعر نووسینی تێدا بە کار نە هاتووە بە رهه می چوار ساڵ خوێندنێ زانکۆیە ڕێک لە گە ل دە ست پێکردنی شە ڕی ئێران ئێراق١٩٨٠- ١٩٨٨ ووە ک کوردێک و عائیدونە ک لە سە ردە می بە عسدا و لە نێوان ترس و لێدان و گرتن و شوێن بزرو سێدارە وهه ژاری دا خوێندنمان تە واوکردو فە زای ئە م چوارساڵە تە واو تیکە ڵ ژیانمان بووە و لێمان دانابڕێ

١- مامۆستا کە ریم سۆفی دە رچووی بە شێ فارسیە نووسە رو وە رگێڕ ئیستا لە هه ولیرخانە نشینە

٢-مامۆستاخالید شە یدا دە رچووی بە شی ئینگلیزیە نووسە رو شاعیر ئێستا لە ئە لمانیا دە ژیت

٣ – دکتۆر ئازاد حە مە شە ریف دە رچووی بە شی ئینگلیزیە نووسە رو وە رگیڕئیستا لە زانکۆی سە ڵاحە دین کۆلیژی زمان مامۆستایە

٤ – زە هاوی چایخانە یە ک ناوداری شاری بە غدایە و هونە رمە ندو ڕۆشنبیرە کان ڕووی تێدە کە ن

٥ –پە رلە مان قاوەخانە یە کی گە ورە وناودارو کۆنی بە غدایە ە جێی ڕۆشنبیرو هونە رمە ندو رۆژنامە نووس و سیاسە تمە دارە کانە

٦ –موڕە بە عە قاوە خانە یە کی تری ناوداری شاری بە غدایە و بە هه مان شێوە جیگای ڕۆشنبیرو سیاسە تمە دارو قوتابیانی قاوە خۆرە وە ی زانکۆیە

٧ – مامۆستا گوشاد حە مە سە عید دە رچووی بە شی زمانی فارسیەو نووسە رو وە رگیڕە و ئێستا لە هه ولیر خانە نشینە

٨ – رۆژنامە ی هاوکاری ڕۆژنامیە یە کی کوردی بوو لە سە رە تای هه فتاکانی سە دە ی رابردوو ە وە دەردە چوو ڕۆلێکی گرنگی گیڕا لە پیشخستنی رۆشنبیری کوردیدا

٩ – مامۆستا لە تیف هه لمە ت شاعیری ناوداری کورد لە وساڵانە دا شیعرە کانی ڕۆلی بە رگری ناوشاریان دە بینی و خوێندە وارێکی زۆری هه بوو

١٠ – سە روە ر محە مە د گە نجێکی هه ولیری بوو بە زمانی عە رە بی چیرۆکی دە نووسی و لە بە شی ترکی دە یخوێند چیرۆکێکی لە گۆڤارە عە رە بیە کان بلاوکردە وە بە ناوی سە رکە وتن بە رە وخوارە وە دەنگی دایە وە

١١ – مامۆستا عە بدوڵلا قە رە داغی دە رچووی بە شێ فە لسە فە شاعیرو لێکۆلە ر ئێستا خانە نشینە لە کە رکوک

١٢ – لە وجوارسالەی خویندنمان جە ندین ناسری کوڕە کورد بێ سە رو شوێن بوون کە س هه واڵیان نازانێ

١٣ –مامۆستا عە بدوڵلا قادرگۆران دە رچووی بە شی ئینگلیزیە و نووسە رو وەر گیڕ بە داخە وە لە م چە ند ساڵە ی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد

١٤ – مامۆستا نە ژاد عە زیزسورمێ دە رچووی بە شی شوێنە وار شاعیرو لێکۆلە رو وە رگێرە وئیستا لە هه ولیر خانە نشینە

١٥ – مامۆستا سە ردار عە بدولکە ریم دە رچووی بە شی فارسی نووسە رو رۆژنامە نووس ئێستا فە رمانبە رە لە سە رۆکایە تی ئە نجومە نی وە زیرانی هه ریمی کوردستان

١٦ – ژنە دە ست پڕ بازنە کە لە بە شی ناوخۆ ناسراوبوو کابرایە کی میسری بە ناوی خواستن و بردنی بۆ میسر هه موو زیرە کە ی بردوو بە جێی هێشت

١٧ – دكتور حسين على محفوظ مامۆستای بە شی زمانی فارسی بوو بۆ من بۆنی باوکی لیدە هات و زۆر دۆستی کورد بوو لە گە ل دکتۆر ئە مین موتابچی لە گە ل ئێمە زۆر باوکانە بوون لە م ساڵانە ی دوایی کۆچی کرد

١٨ – دکتۆر ئە مین موتابچی مامۆستای بە شی فارسی بوو قە ت ناوی نە دە هێنام هه میشە دە یگوت باوکە چۆنی چی هه یە ئاگات لە خۆت بیت

١٩- مامۆستا هاشم مطر هاوکلاسم بوو کوڕیکی شیعە ی زۆر چاک بوو هه رجە ندە بە ناچاری کرابوو بە بە عسی بە ڵام زۆری رق لە ڕژێم بوو زۆر یاقمە تی منی داوە و پیاوە تی بە سە رمە وە یە

٢٠ – زۆرجار کە دەر گای کۆلیژ دە گیرا ناچاربووین بە سە ردیوارو بە ڵای بە شی ناوخۆی کجان بازدە ین و هه ندیجار یامە تیان دە داین ە هه ندیجاریش پیمان پێدە کە نین

٢١ – قەمبە عە لی گە رەکیکی نزیک مە یدانە وە ئە ودە م زۆر بە ی دانیشتوانە کە ی کوردی فە یلی بوون

٢٢ – وە لعە باس مالمان خراوبی رستە ینغ پڕ هه ناسە ساردی یە کی لە و مالانە ی کۆلانی بنبە ست بوو کە دە تبیست جەر گت دە توایە وە

٢٣ – ئە منی بە عس زۆر ڕیگای هه بوو بۆ ئازاردانی روحی هاولاتیان یە کێ لە و ڕیگایانە تراشینی ڕیش و سمیل بوو

٢٤ – تاکە ی وشتر لە سە رگرد دە مینتە وە ڕستە یە کی پرسیار ئامیزی عە رە بە لە چاوە روانی نە مانی ڕژێمە کانە وە زۆر دووبارە ی دە کە نە وە

٢٥ – لە گفتوگۆی یە کیتی و حکومە ت لە سە رە تای هه شتاکان هاشم ی هاوکلاسم بە دزیە وە لیی پرسیم راستە گفتوگۆ هه یە لە نێوان مامە ڕیشە و حکومە ت لە مامە ڕیشە مە بە ستی پیشمە رگە ی ئازاوناوداری کورد مامە ڕیشە بوو

٢٦ – ساڵی هه شتاو سێ حکومە ت پیاوو گە نجە بارزانیە کانی کە مپی قوشتە پە ی هه موو بردوو زیندە بە چالی کردن

٢٧ – لە سالی هه شتاو یە ک حکومە ت زیاد لە دە هه زار گە نجی فە یلی بێ سە رو شوین کردو ئە وانی تریشی بە جلی بە ریانە وە بە لۆری سە ربازی بردە سنووری ئێران و مال و ملکی داگیرکردن

٢٨ – عائیدون ئە وانە بووین لە پاش ڕیککە وتننامە ی جە زائیر١٩٧٥ گە ڕانە وە ئێراق و بە ر لیبووردنی حکومە ت کە وتن

٢٩ – لە ساڵانی خوێندنمان بە ردە وام چە ندین سامیمان لێ بزردە کرا

٣٠ –ژوری سە ندیکا ژوورێک بوو دە کە وتە پست پرسگەی کۆلیژ و زۆر جار قوتابی دە بردرایە ناو ئە وسە ندیکایە و لە وی سزا دە دراو تە مبی دە کرا

٣١ – ئە بوغرێب بە ندیخانە یە کی ناودارو ناوبە دی ئیراقە زۆر جار بۆ سە ردانی براو خزم و ناسیارە کانمان دە چووینە مواجە هه ی گیراوە کان

٣٢ – عروبە کچێکی هاوکڵاسمان بوو کچێکی بە ڕیززۆر جار بە سوحبە ت دە یگوت خۆشە ویستە کە ت لە چیایە

٣٣ – سە میرە کچێکی ترکمان بوو کچێکی بە ڕێز ڕۆژانە هیوای خۆی لە سە ر خوێندنە وە ی بورجە کان هه لدە نا

٣٤ – سالم گە نجێکی هاوکلاسمان بوو زە وقیکی جوانی نووسینی هه بوو هه رلە سالی دووە مە وە هه شت هاوپۆلی هه لبژاردبووبە وشە بە پۆرترێتی بۆ دە کردن منیش یە کیک بووم لە و هه شت کە سە

٣٥ – عە باس هاوکلاسێکی ترمان بوو ڕۆژێک زۆر بە ئە دە بە وە داوای لیکردم ببم بە بە عسی منیس زۆر بە هێمنی رە تمکردە وە لە وە پاس هه رچی منی دە بینی شە رم دایدە گرت

٣٦ – جاسم گە نجیکی درێژی بە سراوی بوو دکتۆر محە مە د نوری کە خە لکی میسر بوو لە شێوە بە سراویە کە ی نە دە گە یشت و بە ردە وام دە یگوت جاسم بە عە رە بیە کی ڕەوان قسە بکە

٣٧ – مامۆستا یە کی زۆر باش و نابینامان هه بوو زۆر بە هه ست بوو ئە سکە ندە ر هاوکلاسی نوکتە چی لە دە رسی ئە و پێیخواس دە کردوو لە سە ر پە نجە وە ک پشیلە دە یویست بچێتە دە رەوە مامۆستا زوو هه ست پیدە کردوو دە یگوت ئە سکە ندە ر جوان دانیشە

٣٨ – مە ها کچێکی هاوکلاسمان بوو ئە ویش ماوەیە ک نە هاتە دەوام دیاربوو براکە ی حکومە ت گرتبووی وبێ سە رو شوێن بوو

٣٩ – ئێمە لە بە شێ فارسی بووین زە حمە ت ترین شت بۆ ءیمە کڕینی کتیب بوو لە هه ر کتیبخانە یە ک داوای کتیبی فارسیمان کردبوایە وایان دە زانئ ئێمە ئە منین زۆر دە ترسان و ڕە تیان دە کردە وە کە کتێبی فارسی بفرۆشن

٤٠ – دکتۆر فاروق رە فیق نووسە رو لیکۆلە ر دە رچووی بە شی فە لسە فە و لە و سالانی خویندن چالاک بوو لە نووسین و کۆرگیڕان ئیستا لە سلیمانی دادە نیشێ

٤١ – مامۆستا حە مە شوان ئە ویش لە گە ڵ دکتۆر فاروق رە فیق هاوکڵاس بوون و زۆر جار لە کۆرو سمینار دە کە وتنە بە رامبە ر یە کتر ئێستا لە دەرە و دە ژی

٤٢ – سالئ هه شتاو دوو ڕۆژیک لە کۆمە لە ی ڕۆشنبیری کوردی پیاوێک لە وێ بوو گوتیان ئە مە کوڕی مامۆستا بە شێر موشترە ئە و بە ڕێزە سە یری ڕۆژنامە کانی سە ر میزە کە ی کردوو لە پر پرسی ئە ری ئە ورۆ خە بات نە هاتووە

٤٣ – لە ساڵانی خوێندن حکومە تی ئیراق بڕیارێکی دە رکرد ئە گە ر کج و کوڕێکی زانکۆ کوردو عە رە ب ببنە هاوسە ر حکومە ت پێنج سە ت دیناریان بە خۆرایی دە داتی کە چی ئە گە ر کورە کوردیک رۆژباشی کجە عە رە بیکی کردباو ئە من زانیبای کیشە یان بۆ دروست دە کرد

٤٤-٠ مامۆستا نە هرۆ دە رجووی بە شێ فە لسە فە یە و پیاوێکە زۆرچاک لە ژیان گە یشتووە هه موو بابە تێکی دە کرد بە نوکتە ئیستا لە هه ولیر لە پێشە سازی باکور دوکانی وردە فرۆشی هه یە

٤٥ – ئە وساڵانە ی لە بە غدا دە مخوێند زۆر جار بیزار دە بووم و جانتاکە م هه ڵدە گرت و دە مگوت وازدینم دوو سی رۆژ لە ماڵ دە بووم و برادە ریک زۆرجار مامۆستا کە ریم سۆفی پە شیمانی دەکردمە وە

٤٦ – لە رۆژانی یە کە می خویندن سامی هاوکلاسمان بە ڕستە ی هیوا دە خوازم چاوم کوێربیت و جوو ببینم کورد نە بینم تێی گە یاندین چاو هه یە حە زدە کات کوێر بیت و کورد نە بینێ

٤٧ – ئاوات محە مە ت کوڕە کوردیکی هاوکلاسمان بوو لە بە غدا دادە نیشت زۆر دڵسۆزو بە داخە وە بە ڕوداوی سە یارە گیانی لە دە ست دا

٤٨ – دکتۆرە ڕائیدە ژنێکی ئازە ری بوو ئە دە بی فارسی پی دە گوتین پیشتر دە سال گوێندە ی ڕادیۆبووە لە ءیران شیعری فارسی خۆر خؤش دە خوێندە وە

٤٩ – دکتۆر زیاب خە لکی لوبنان بوو پیاوێکی بێ وە ی و خۆپاریزبوو کە یفی بە ڕژیم نە دە هاتو کوردی خۆش دە ویست بە ڵام قە ت ئە مە ی بە زار دە رنە دە بڕی دە بوایە خۆت بیزانی و لە گە لیشی باس نە کە ی

٥٠ – دکتۆر محە مە د نووری مامۆستامان بوو خە لکی میسر بوو مامۆستایە کی زۆر ڕووخۆش و خاکی بوو کە چۆوە میسریش پە یوە ندیمان هه ر هه بوو

٥١ – لە سە ر کۆرنیش و لە بە رامبە ر دائیرە یە ک وە زارە تی بە رگری دانە یە ک لە تۆپی وە ستا رە جە ب داندرابوو قوتابیە کوردە کان زۆر بە شانازیە وە سە یریان دە کرد

٥٢ – هێمایە بۆشیعرێکی زۆر جوانی برای بە ڕیزم مامۆستا قوباد جە لی زادە کە باس لە بە یە ک نە گە ێشتنی کج و کوڕێکی کورد دە کات لە بە غدا

٥٣ – بە هۆی شە ڕێ بە ردە وامی ئیراق و ئیران زۆر قوتابی خۆی دە خشت بە و هیوایە ی شە ڕکۆتایی بێت و نە چنە سە ربازی بە داخە و شە ڕ درێژە ی کیشاو گە ێشتە گیانی زۆر گە نج و نامرادی کردن

٥٤ – هاوێنی دووەم کە گە ڕاینە وە سە روە ر محە مە دی چیڕۆکنووس لیستێکی درێژی ڕۆمان پیشاندام کە گوتی ئە م هاوینە هه مووم خوێندووتە وە تواناو لیهاتوویە کی سە یری هه بوو لە نووسێن و خوێندنە وە دا بە داخە وە ژیانی سە روە رو خۆشە ویستە کە ی بە ئە فسانە یە کی نە زانراو کۆتیی هات زۆربە داخە وە

٥٥ – چاوە جوانە لە یلا گۆرانیە کی خۆش و بە ناوی هونە رمە ندی گە ورە ی کورد مامۆستا حە سەن زیرە کە عە رە ب زۆریان پیخۆش بوو

٥٦ – هه رە لە یلی لە یلێ گۆرانیە کی خۆش و بە ناوی هونە رمە ندی گە ورە ی کورد مامۆستا شە مال سائیبە عە رە ب زۆریان پیخۆش بوو

٥٧ ٠ ڕزگار کوڕیکی مالباتی بارزانی بوو گە نجێکی هێمن و جوان لە بە شی فە رە نسی دە یخویند لە سەرو بە ندی بزربوونی فە یلیە کان ئە ویش بزربوو زۆر بە داخەو

٥٨ – مامۆستا سامان خانە قینی لە بە شی ئینگلیزی دە یخوێند شاعیرو میدیا کارە ئیستا لە دە رەو ەی ولات دە ژێ

٥٩ – ئە مرۆ ئادەم هاوکلاسێکی بە شی فارسیمان بوو خە لکی هاودیانان بوو گە نجیکی جوان و هێمن ئێستا فە رمانبە رە لە دە ڤە ری سۆران

٦٠ – مامۆستابە دە ل رە فۆ مزوری دە رچووی بە شێ ڕوسی شاعیرو وە رگێرو میدیاکاری گە ڕۆک خە لکی شاری دهۆکە و ئێستا لە دەرە وە ی وڵات دە ژی کە سایە کیە کی نیوە ندی ئە دە بی کوردی و عە رە بیە

٦١- ئیسماعیل حە مە دە مین خە لکی دهۆک بوو بە داخەوە کۆچی دوایی کرد

٦٢ – یوسف ئە ویش هاوکلاس و خە لکی دهۆک بوو کوڕیکی ڕووخۆش دە رجووی بە شی فارسیە و لە پاش ڕاپە ڕین بووە ئە فسە ری پۆلێس و ئێستا لە دەرە وە ی وڵات دە ژی

٦٣ – مامۆستا فارس گە نجیکی جوان و پیاویکی باش لە گە ل یوسف هه ردووکیان کوڕی سە رک هۆزبوون و دە رجووی بە شی فارسی بوون و بوون بە ئە فسە رو دواجار بە داخەوە هه ردووکیان وە ک بیستمە وە کوژراون

٦٤ – دکتۆر تاهیر مستە فا ئێستا مامۆستایە لە بە شیزمانی عە رە بی کۆلیژی زمانی زانکۆی سە لاحە دین و وە رگێرو رە خنە گرە

٦٥ – دکتۆرە نە رمین مامۆستای بە شی فارسی و خوارزای زانای کورد تۆفیق وە هبی بووکچێکی خاتوون و بە ڕیز خاوە ن کە سایە کیە کی بە هێزبوو هێمای هێمنی و ئاسودە یی قوتابیان بوو

٦٦ – دکتۆر کە مال مە زهه رئە ودە م سە ر پە ڕشتی نامە ی ماستە رو دکتۆرای دە کردوو بۆ سود وە رگرتن زۆر جار دە چووینە هۆلی گفتوگۆی نامە کان

٦٧ – تاقی کیسرا ئە یوانی کیسرا پاشماوە ی پاشای ساسانی ئە نە و شیروانە و گە ورە تین بە رهه یوانی پاشایانە و لە گە ج و کە رپوج دروستکراوە دە کە وێتە خوارووی بە غداوئیستا بە سە لمان پاک دە ناسری و جیگایە کی شوینە واری و گە شتی بە هارانە ی قوتابیانی زانکۆیە

٦٨ – زۆر جار قوتابیانی کورد کچ و کوڕ کە دە هاتنە وە بە غدا خواردنیان لە گە ل خۆیان دە هیناو دە بوو بە هۆیە ک کۆمان بکاتە وە

٦٩ – بە داخەوە هه ندی کج و کور بە هۆی کیشە ی سۆزداری زۆر جار لە و بە غداو غە ریبیە لە خۆکوژی نزیک دە بوونە وە و هه ندێ جار دە کە وتنە نە خۆشخانە

٧٠ – ئە لیس گۆرگیس کچێکی مە سێحی هاوکڵاسمان بوو ئە ویش کچێکی هێمن و زۆبە ڕیز زۆر جار لە گە ل من هاتووچۆی دەکرد پیشتر لە گە ل باوکی پێکە وە لە کۆمپانیای فە رە نسی کارمانکردبوو

٧١ – هه ندێک مامۆستا و هه تا قوتابیش لە هه موو ماوە ی خوێندنیانبە هۆی خراپی رە وشە کە خۆیان ئاشکرا نە دە کردوو نە یان دە گوت ئیمە کوردین ئە مانە زۆر بە سوکی سە یردە کران

٧٢ – دکتۆر مارف عومە رگول دە رچووی بە ش یاسا و شاعیرو لیکۆلە ر ئێستا مامۆستای زانکۆی سڵیمانیە و لە ساڵانی خوێندندا گیراو و ئازاریکی زۆری بینی کە بە ربوو دە ستێکی کاری نە دە کرد

٧٣ – مامۆستا مە هداوی فە رمانبە ری سە رۆکایە تی زانکۆی سە لاحە دین لە گە ل ئێمە لە بە غدا و لە بە شی روسی وە رگیرا دوای هاتە وە لە هه وڵێر کۆمالناسی تەواوکرد ئیستا لە هه وڵیر دەژی

٧٤ – مامۆستا ئاوات محە مە د دە رچووی بە شێ زمانی ئینگلیزیە زە وقێکی ئە دە بی زۆرجوانی هه بوو زۆرجار پێکە وە چوارنیە کانی خە یام و باباتاهیرمان دە خوێندە وە وشیدە کردە وە ئێستا ئە ندامئ ئە نجومە نی پاریزگای شاری کە رکوکە




له‌نده‌ن: دوو رۆژ لە لەندەن چوارهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنوس ” کاوە گەرمیانی ” بەرز ڕاگیرا


رۆژی یه‌که‌م: خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی ‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له‌له‌نده‌ن

پاش چوار ساڵ له‌تیرۆری کاوه‌ گه‌رمیانی، بکوژانی هه‌روه‌ک بکوژانی سه‌رده‌شت و سۆران و ویداو ده‌یانی تر، به‌ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتدان، نه‌ک ئه‌وه‌ش به‌ڵکو رۆژانه‌ کاره‌ساتی جه‌رگبڕی تر به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌هێنن، 16ی ئۆکتۆبه‌ر نموونه‌یه‌کی تری شه‌رمه‌زاری حزبه‌کانی کوردایه‌تیه‌، که‌ئێستا هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێ باجه‌که‌ی بده‌ن و به‌تایبه‌ت خه‌ڵکی ناوچه‌کانی دوزو که‌رکوک و باقی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان، که‌ رۆژانه‌ خه‌ڵک ده‌بنه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌کانی یه‌کێتی و پارتی و حزبه‌کانی ناسیونالیزمی کوردو نۆکه‌رایه‌تی بۆ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌و ئه‌مریکا.
به‌مهۆیه‌وه‌ هاوکاتی چوارهه‌مین ساڵیادی کاوه‌ گه‌رمیانی له‌ناوه‌وه‌ی کوردستان و ‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و به‌تایبه‌ت له‌به‌ریتانیا دوو رۆژ له‌سه‌ریه‌ک په‌یام ده‌درێت به‌ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، که‌ئه‌وه‌ هه‌ر وڵاتانی ناوچه‌که‌ و له‌سه‌رویانه‌وه‌ حکومه‌تی قه‌ومی ئیسلامی شیعی و حه‌شدی شه‌عبیه‌که‌ی، جمهوری ئیسلامی ئێران و قاسم سله‌یمانیه‌که‌ی، ده‌وڵه‌تی تورکیا و ئۆردوگانه‌که‌ی نیه‌ به‌هاوکاری ئه‌مریکا ده‌ستیان ناوه‌ته‌ قورگی خه‌ڵکی کوردستان و برسیان ده‌که‌ن و تیرۆریان ده‌که‌ن، به‌ڵکو ئه‌وه‌ حزبه‌کانی کوردایه‌تیه جیا له‌ تاڵانکاری و کاری مافیایی، به‌هه‌مانشێوه‌ خه‌ریکی برسیکردن و راونان و تیرۆری خه‌ڵکی کوردستان و رۆژنامه‌نوسان و ئازادیخوازانن، ئه‌مه‌ تۆمه‌ت نیه‌و دنیا شاهیدی ئه‌م کارنامه‌یانه‌.

رۆژی 5/12/2017 خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له‌له‌نده‌ندا وه‌ک یه‌که‌م رۆژ سازدرا، به‌به‌رزکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی کاوه‌ گه‌رمیانی به‌گوڵه‌وه‌ و چه‌ندین دروشم به‌کوردی و ئینگلیزی و وتنه‌وه‌ی شیعاره‌کانی” نا بۆ تیرۆر له‌کوردستان، به‌ڵی بۆ ئازادی، بەڵی بۆ ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و رۆژنامەگەری لەکوردستان… نا بۆ حکومه‌تی هه‌رێم و نا بۆ تیرۆره‌کانیان له‌کوردستان، دادگایی بکوژانی کاوه‌ گه‌رمیانی…” ‌ بینای حکومه‌تی هه‌رێم له‌شوێنێکی زۆر قه‌رباڵغی نزیک په‌رله‌مانه‌و بووه‌ هۆی سه‌رنج راکێشانی سه‌دان که‌س و هه‌روه‌ها پرسیارکردن و هاتنی کارمه‌ندانی هه‌مان بینا که‌ نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی تێدایه‌ و پرسیارکردن له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌که‌.
خۆپیشاندانه‌که‌ به‌دوای کاتژمێرێک کۆتایی هات.

رۆژی دووه‌م: سازدانی کۆڕێک له‌سه‌ر کاوه‌ گه‌رمیانی وه‌ک رۆژنامه‌نوسێکی ناڕازی و له‌به‌ره‌ی هه‌ژاراندا

له‌سه‌ر بانگه‌وازی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی، لەچوارهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنوس “کاوە گەرمیانی “دا کۆرێک بۆ ڕۆژنامەنوس “بڕوا بەرزنجی “ڕێکخست، له‌ کتێبخانه‌ی هاوسمه‌ن، که‌ هاوکاتی رازاندنه‌وه‌ی کتێبخانه‌که‌ که‌پڕبوو له‌کتێب، به‌ وێنه‌و سلاید شۆی کاوه‌گه‌رمیانی و پلاکارتی دیفاع له‌ ئازادی بیروڕاو رۆژنامه‌نوسی و دژی تیرۆر و مۆمو چه‌پکه‌گوڵه‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌ وته‌یه‌کی کورتی ده‌شتی جه‌مال ‌ به‌خێرهاتنی به‌شداربووانی کردو وتی” کاوه‌ گه‌رمیانی لەیه‌که‌مین قوربانی ره‌خنه‌گران له‌ گه‌نده‌ڵی وتاڵانچیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان نیه‌ که‌ رووبه‌ڕووی کوشتن و تیرۆر بوەوە، به‌ڵکو میژووی ئه‌و حزبانه‌ میژوویه‌کی ره‌شه‌و پر تاوانه‌ وتیرۆر کوشتن به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یارانی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ ره‌خنه‌گرانی سیاسی ونوسه‌ران رۆژنامه‌نوسان و ژنان وهه‌ڵسوڕاوانی سیاسی ..”ئەوەشی ووت” ئه‌مڕۆژانه‌ که‌یسی ئازادی له‌کوردستان، هه‌ر کاوه‌ گه‌رمیانی و سه‌رده‌شت عوسمان و سورانی مامه‌حه‌مه‌ وده‌یان ئینسانیتر ناخاته‌‌ به‌ر‌چاومان به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکدا که‌دژی نانو ئازادیه‌ هێناوه‌ته‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی تێکۆشه‌رانی ڕێگای ئازادیو یه‌کسانیو ژیانیکی خۆشگوزه‌ران”
پاشان نامه‌ی خانەوادەی کاوەگەرمیانی کە ئاراستەی بۆنەکە کرابوو، له‌لایه‌ن ئاسۆ گۆرانه‌وه‌ خوێنه‌رایه‌وه‌ و به‌دوایدا شیعرێک له‌لایه‌ن رۆشنا خان خوێنرایه‌وه‌. دواتر به‌سلاید شۆ ژیاننامه‌ی کاوه‌ گه‌رمیانی به‌ڤیدیۆ که‌له‌ فه‌یسبوکه‌وه‌ وه‌رگیرابوو لەخوێــندنه‌وه‌ى :عادل عــزيـز، نیشاندرا.
پاشان کۆڕه‌که‌ به‌قسه‌وباسی رۆژنامەنوس ” بڕوا بەرزنجی ” ده‌ستی پێکرد کەتایبەت بوو بە رەوشی رۆژنامەگەری وئازادی بیروڕا لە کوردستان ..باسی ھۆکارەکانی ترسی دەسەڵات لە میدیایی ئازاد و ئازادی بیروڕا کرد و وتی: ئەو ھەموو ترس و تۆقاندن و ئۆفیس سوتاندن و تیرۆری ڕۆژنامەنوسانە ئەیسەلمێنێت، دەسەڵات چی دیوێکی ڕەشی ھەیە و ئەوەی لە میدیاوە گەیەندراوە لانی کەمی دیوە ڕەشەکەی حکومڕانی بووە.

بەرزنجی وتیشی: لە میژوی دنیادا ھەمیشە دیکتاتۆر و گەندەڵ و پاوانخواز و عەقڵە دینییە ڕادیکاڵ و فێندەمێنتاڵیزم و فیوداڵییەکان، وایان زانیوە بە تیرۆر و تۆقاندن تەمەنی دەسەڵات و قۆرخکارییان درێژدەکەن، بەڵام ئەم کارانەیان تەمەنی کورت کردون و کەوتونەتە لاپەڕەی ڕەشی مێژوو، لە بەرامبەردا قوربانیانی ئازادی ھەمیشە زیندو لە بیریی ھەمواندان. بۆیە ئەوەی لە ویژدانی ھەمواندا، لە زیهنی ھەمواندا بە ڕێزەوە ھەمیشە زیند و نەمر دەبێت، کەسانی وەک کاوەو سۆران و سەردەشت و ویدادن.
ئەو ڕۆژنامەنوسە بە وردیش باسی لە کەموکوڕییە پیشەییەکانی میدیایی کوردی و کاری میدیایی کرد.

له‌درێژه‌ی کۆڕه‌که‌دا، کاتێک بۆ پرسیارو قسه‌وباسی به‌شداربووان دانراو به‌شداربووان له‌گۆشه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ قسه‌وباسیان کرد.
له‌کۆتایی کۆڕه‌که‌دا، ده‌شتی جه‌مال ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، گوشارهێنان بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی کاوه‌ و سه‌رده‌شت و سۆران و ویدادو بکوژانی 17شوبات و کۆمۆنیسته‌کان، نه‌زیر عومەرو به‌کر عه‌لی و عبدولستار شه‌ریف و حه‌مه‌ی حه‌لاق، فەرهاد فەرەج، رەوف ئاکرێی و تاوانی 16ی ئۆکتۆبه‌ر به‌ته‌واوی به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه‌ له‌ خه‌بات له‌دژی سه‌رتاپای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ وتاڵانکاره‌و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی…. ئه‌وه‌ په‌یامێکه‌ که‌ به‌ده‌نگی به‌رز داوامان لێده‌کات له‌م قوناغه‌ مه‌ترسیداره‌دا کۆمه‌ڵگای کوردستان رزگار بکه‌ین خۆمان بۆ ئەو نەبەردیە ئامادە بکەین.
شایانی باسه‌ کۆڕه‌که‌ راسته‌وخۆ له‌رادیۆی پێشه‌نگه‌وه‌ به‌خشکرا، ئەمە لینکەکەیەتی…

https://www.facebook.com/376435012435217/videos/1627427497335956/




بمدۆزەرەوە….. پشکۆ ناکام

گەر هەوریت
بە خۆڕ ببارێ بە سەرما
با بیابانی” تەنها” یم
لە ووشک بوون
…..ڕزگار کا
گەر بروسکەیت
چرای “غوربەت” م داگیرسێنە
با خۆتی تیا ببینیت
و
دەستت بخە ناو دەستم
بڕۆین…بڕۆین
تا چاو بڕ ئەکا
گەر “گوڵاڵە” یت
پایزی تەمەنم بۆن خۆش کە
با بە بۆنت
بۆ سووی رابردوو
تاوێک
بە نەشئەی هەناسەت
لێم دوور بێ…
تا دڵ پشوویەک با
تۆ هەر کێیەک هەیت
وەرە…..
دوور نیم لێت
لە ناو هەور
و
بروسکە
و
گوڵاڵە
بمدۆزەرەوە….

…………….
پشکۆ ناکام
7/12/2017




منم شار و دارستان …. شۆعلە ڕەونەقی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……شۆعلە ڕەونەقی




كۆنتێكستی جیۆگرافی له‌ ژیانی (نالی ) ….سه‌لام ناوخۆش


شرۆڤه‌یه‌كه‌ له‌ سه‌ر شوناسی (نالی ) ده‌كۆڵێته‌وه‌

ده‌روازه‌

ئه‌ته‌كیه‌تی زمان و شیعریه‌تی زمان له‌ ده‌ق و ته‌كنیكی هونه‌ری و وشه‌بازی – pun و غه‌زه‌ڵنووسی نالی , توێژه‌ره‌ كورده‌كانی ناچار كرد , كه‌ نالی به‌ رابه‌ری شیعری كلاسیكی كوردی بناسێنن .ئه‌و ناساندنه‌ هیچ ته‌وژم و ئایدیۆلۆژیایه‌كی سیاسی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بووه‌ , به‌ڵكو ئه‌وه‌ ده‌قه‌كانی نالی بوون , له‌ یه‌ك كاتا كۆمه‌ڵێك توێژه‌ری ئایدیا جودا هاندا له‌ ده‌رگای بده‌ن : بۆ نموونه‌ دیندار و شه‌رعزانی كورد مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس , ڕه‌خنه‌گری ماركسی وه‌ك مه‌سعود موحه‌مه‌د , كۆمینیستی وه‌ك حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم , توێژینه‌وه‌كاری وه‌ك دكتۆر خه‌زنه‌دار و دكتۆر ڕه‌ئووف عوسمان ………..هتد
ئه‌م كورته‌ توێژینه‌وه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌دا روناهی بخاته‌ سه‌ر گرینگی كۆنتێكستی جیوگرافی له‌ دروستككردنی سێ شوناسی جیای نالی هه‌روه‌ها هه‌ر له‌ ڕێگای ده‌قه‌كانه‌وه‌ ، باسی ته‌مه‌ن و حه‌جه‌كانی نالی بكات .
نالی و ململانێی میرانی كورد فاكته‌ری ترن له‌ سه‌ر ونبوونی كه‌سێتی شیعری نالی .

به‌شی یه‌كه‌م ، نالی سلێمانی

نالی سلێمانی باشووری كوردستان به‌وه‌ ناسراوه‌ , كه‌ شاعیرێك بووه‌ ( سه‌لما )یه‌كی به‌ نێوی ( حه‌بیبه‌ ) وه‌ك جزیری بۆ خۆی دروست كردووه‌ و خۆشویستووه‌ , جا ئه‌و مه‌حبووبه‌یه‌ مه‌جازی –سۆفی , یان حه‌قیقی بێت كاری ئه‌م نووسینه‌ نییه‌ ، ئه‌وه‌ته‌ ده‌رباره‌ی مه‌حبووبه‌ -حه‌بیبه‌ ده‌ڵێت :
پێم ده‌ڵێن مه‌حبووبه‌ خێل و قیچه‌ مه‌یلی شه‌ڕ ده‌كا
خێل و قیچه‌؟ یا ترازووی نازی نه‌ختێ سه‌ر ده‌كا
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
ده‌ستم له‌ گه‌ردنی خۆت هه‌ڵمه‌گره‌ ئه‌ی حه‌بیبه‌
وه‌ بزانه‌ خوێنی خۆمه‌ یا مننه‌تی ڕه‌قیبه‌!
سه‌ججادی 1971 , له‌ ل250 ده‌ڵێت : “نالی له‌ باسی دڵبه‌ریا سه‌رئه‌كه‌وێ‌ , ئاوازی ورده‌كاری و به‌لاغه‌تی ده‌نگ ئه‌داته‌وه‌ و ئه‌ڵێ:
له‌ دوگمه‌ی سینه‌ دوێنێ نوێژی شێوان به‌یانی دا سفێده‌ی باغی سێوان
له‌ ترسی ته‌لعه‌تت رۆژ هه‌روه‌كوو شێت به‌ ڕوو زه‌ردی هه‌ڵات و كه‌وته‌ كێوان
نالی –یه‌كه‌ی سلێمانی هه‌م غه‌زه‌لنووس و ئاشق و خه‌وبین به‌ جه‌سته‌ی مه‌ستوره‌ ( كه‌ ئیرۆتیكی لێده‌رژێت) و دیندار كه‌سی تر نه‌بووه‌ . پرسی غه‌زه‌لنووسی و ئاشقبووی به‌ حه‌بیبه‌ و جه‌سته‌ی مه‌ستووره‌ زۆری قسه‌ له‌ سه‌ركراوه‌ ، بۆیه‌ سه‌باره‌ت به‌ نالی سلێمانی ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ ده‌وری دینداری وی ده‌كه‌ین .
دكتۆر ڕه‌ئووف عوسمان 2010 , ل له‌ كۆنفرانسی سنه‌ و گۆڤاره‌كه‌یاندا ده‌ڵێت : ” نالی به‌ چه‌ندان وێنه‌ ئایه‌تی قورئانی له‌ شیعری خۆیدا ته‌وزیفكردووه‌ . ” له‌ هه‌ردوو كتێبی به‌نده‌ (شیعری ئایدیۆلۆژی كوردی )و (شیعری هاوچه‌رخی كوردی )به‌ درێژی ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ نالی چۆن وه‌ستایه‌كی هونه‌ری بووه‌ له‌ به‌كارهێنانی ئایه‌تی قورئان و فه‌رمووده‌ له‌ ده‌قی شیعریدا.
نالی شاره‌زا و به‌ ئاگا بووه‌ له‌ (ته‌ریقه‌تی نه‌قشه‌به‌ندیی ) و( قادریی) , بۆیه‌ مێشكی خۆی به‌راورد ده‌كا به‌ گومبه‌تی خانه‌قا , كه‌ لایه‌كی پڕ له‌ چرایه‌ , لایه‌كه‌ی تری پڕه‌ له‌ مژۆلی دنیایی :
نالی سه‌رت له‌ گونبه‌ده‌كه‌ی خانه‌قا ئه‌كا لایێ پڕه‌ له‌ مه‌شعه‌له‌
, لایێ پره‌ له‌ مه‌شغه‌له‌
كه‌واته‌ نالی سلێمانی شاعیرێكی غه‌زه‌لنووس و وه‌سفكار و دیندار و چالاكێكی دینی شاره‌زا بووه‌ له‌ ته‌ریقه‌ته‌كانی ئیسلامی.

دووه‌م , نالی –شام

دوای ئه‌وه‌ی نالی سلێمانی بڕیاری چوونه‌ ( حه‌ج) ده‌دا ، له‌ غیابی (ئه‌و) كوده‌تایه‌كی سیاسی له‌ سلێمانی ڕووده‌دات.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی نالی له‌ شام لاده‌دات , له‌وێ‌ سالم نامه‌یه‌كی بۆ ده‌نێرێت باسی ره‌وشی سیاسی سلێمانی بۆ ده‌كات . نالی چامه‌ به‌ ناوبانگه‌ی بۆ ده‌نێرێت ، چامه‌كه‌ی نالی 42 دێر بووه‌ ، چامه‌كه‌ به‌ نۆستالۆژیه‌ك بۆ نیشتیمان , سلێمانی ده‌سپێده‌كات :
قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور
ئه‌ی په‌یكی شاره‌زا به‌ هه‌موو شاری شاره‌زوور
دكتۆر خه‌زنه‌دار2003 له‌ ل45-46 ی به‌رگی سێهه‌می كتێبی ( مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی )دا , باس له‌ هۆی مانه‌وه‌ی نالی له‌ شام ده‌كات . له‌ سه‌رده‌می میرنشینی بابان دا , سلێمانی ناوه‌ندی كوده‌تای میر و میرگۆڕیی بووه‌ : بۆ نموونه‌ له‌ ساڵی 1844 دا ئه‌حمه‌د پاشای بابان له‌ كۆشكی میرایه‌تی لادراوه‌ و عه‌بدوڵڵا پاشا به‌ هێزی عوسمانی له‌ جێی داندراو و ئه‌حمه‌د پاشا ئاواره‌ و ده‌ر به‌ده‌ر بوو , نالی له‌و كوده‌تایه‌دا سلێمانی چۆڵ نه‌كردووه‌ , به‌ڵام له‌ نه‌گبه‌تی ساڵی 1851 دا نه‌گبه‌تیه‌كه‌ له‌وه‌ دابوو ڕوخانی میرنشینی لێكه‌وته‌وه‌ و سلێمانی كرایه‌ قه‌زایه‌ك له‌ ویلایه‌تی شاره‌زوور. ده‌وڵه‌تی عوسمانی عه‌بدوڵڵا پاشاشی لادا و پیاوی خۆی له‌ شوێنی دانا .” له‌و ماوه‌یه‌دا نالی له‌ حه‌ج بوو , كه‌ ئه‌و ڕوداوه‌ی دوایی ڕوویدا , نالی نه‌هاته‌وه‌ سلێمانی به‌ڵكو له‌ شام گیرسایه‌وه‌ .
ئه‌و گۆڕینه‌ی سلێمانی به‌ (قه‌زا ) و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی میرنشینه‌كه‌ , سالمی هاوڕێی نالی هانداوه‌ به‌ نامه‌یه‌ك و چامه‌یه‌ك كه‌ به‌ ( جانم فیدای سروه‌كه‌ت ..) ده‌ستپێده‌كات نالی ئاگادار بكاته‌وه‌ .
نالی –شام ده‌بێته‌ ئه‌و مه‌لا كورده‌ی ، ڕه‌تی ئه‌و سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ده‌كات , شانازی به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورده‌ و به‌ كوردی شیعری وتووه‌ :
ته‌بعی شه‌ككه‌رباری من كوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ئه‌كا
ئیمتیحانی خۆیه‌ مه‌قسوودی له‌ عه‌مده‌ن وا ئه‌كا
با له‌ مه‌یدانی فه‌ساحه‌تدا به‌ میسلی شه‌هسوار
بێ ته‌ئه‌ممول به‌م هه‌موو نه‌وعه‌ زبانی وا ئه‌كا
بۆره‌كه‌یی 2008 , ل580 باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌حمه‌د پاشای بابان له‌گه‌ڵ خۆی بۆ ئه‌سته‌مبۆلی بردووه‌ هه‌روه‌ها (كارێكی میریی ) بۆ دۆزیته‌وه‌ .
كه‌واته‌ نالی شام هه‌ڵگری ته‌واو نالیه‌كی شۆرشگێری كه‌لامیه‌ , كه‌ به‌ ده‌سپێكه‌ری ناسیۆنالیستی ده‌ره‌كی كوردی ئه‌ژمار ده‌كرێت : كورد به‌رانبه‌ر تورك ! به‌ جۆرێك ده‌توانین بێژین له‌ شامه‌وه‌ ده‌قی ناسیۆنالی كوردی هاته‌ نێو ده‌قی شیعری كوردی .
خه‌زنه‌دار 2003 , ل 46 ده‌ڵێت : (خۆدزكۆ)ی زمانه‌وان زانیویه‌تی زانایه‌كی گه‌وره‌ی كرمانجی ناوه‌ند( مه‌به‌ست نالی یه‌ ) له‌ شام ده‌ژی , به‌ڵام دوای گه‌رانه‌وه‌ی نالی له‌ حه‌ج چۆته‌ ئه‌سته‌مبۆل , بۆیه‌ ئه‌حمه‌د پاشا یارمه‌تی زانستی و زمانه‌وانی (خۆدزكۆ)ی داوه‌. ”

سێیه‌م , نالی –ئه‌سته‌مبۆل

سه‌ججادی له‌ لاپه‌ره‌ ( 336 ) ی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی , ده‌نووسێت : ” حاجی قادری كۆیی له‌گه‌ڵ كه‌یفی شاعیر له‌ ساڵی 1854 به‌ره‌و ئه‌سته‌مبۆل ده‌چێت .” هه‌روه‌ها هه‌ر سه‌ججادی له‌ لاپه‌ڕه‌ ( 246 ) ی هه‌مان كتێبدا , ده‌نووسێت : ” نالی له‌ 1830 ده‌چێته‌ حه‌ج و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شام و له‌و ده‌مه‌دا میرنشینی بابان دووچاری هه‌ره‌س ده‌بێت , سالمی شاعیر نامه‌ و چامه‌یه‌كی بۆ ده‌نێرێت و تێیدا ده‌ڵێت سلێمانی كه‌ڵكی گه‌رانه‌وه‌ی نه‌ماوه‌ , بۆیه‌ نالی شام به‌جێده‌هێلێت و به‌ره‌و ئه‌سته‌مبۆل ده‌چێت , كه‌چی خه‌زنه‌دار 2003 , ل47 ئه‌و چوونه‌ی نالی بۆ حه‌ج ده‌گه‌ڕێنه‌ته‌وه‌ بۆ ساڵی 1851 هه‌روه‌ها سه‌ججادی باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ نالی ساڵی 1855 كۆچی دوایی كردووه‌ .” كه‌چی خه‌زنه‌دار , ده‌نووسێت له‌ 1856 مردووه‌ . بۆره‌كه‌یی 2008 باوه‌ڕی وایه‌ نالی له‌ ته‌مه‌نی 83 ساڵی كۆچی دوایی كردووه‌ , ( بۆره‌كه‌یی , ل575 ) حاجی قادریش له‌ ته‌مه‌نی 77 ساڵی له‌ ئه‌سته‌مبۆل كۆچی دوایی كردووه‌ , ( سه‌ججادی , ل 336)
كه‌واته‌ له‌ نێوان ساڵانی 1854 و 1855 كه‌ حاجی قادر و نالی ئاواره‌ بوونه‌ له‌ باكوور , بۆیه‌ ده‌پرسین : ده‌بێ ئه‌و زاتانه‌ یه‌كتریان بینی بێت ؟ ئه‌و یه‌كتربینه‌ زۆر گرینگه‌, چونكه‌ لایه‌كی شێوه‌ شیعری نالی له‌ ئه‌سته‌مبۆل پیشان ده‌دات! مارف خه‌زنه‌دار 2003 , ل47 له‌ وه‌رامی ئه‌و نیگه‌رانیه‌ ده‌ڵێت : ” حاجی قادر له‌ ده‌ جێگه‌ له‌ شیعری ناو دیوانیدا یادی نالی كردۆته‌وه‌ و به‌ چاوێكی به‌رز ته‌ماشای كردووه‌ و به‌ گه‌وره‌ی شاعیران ناوی بردووه‌ .”
له‌ پرسی له‌ دایكبوونی نالی دا زۆربه‌ی توێژه‌رانی وه‌ك سه‌جادی و خه‌زنه‌دار و مه‌سعود موحه‌مه‌د و موده‌ریس زۆر له‌ یه‌ك نزیكن، به‌لام له‌ پرسی مردنی زۆر له‌ راستی دوورن ، چونكه‌ نالی له‌ توركیا –دوور له‌ چاوی خه‌ڵكی باشوور مردووه‌.
له‌ هه‌مووش گرینگ تر , گه‌ر سه‌ججادی , ل 243 واته‌نی نالی له‌ 1797 له‌ دایك بوو بێت , بۆره‌كه‌ییش واته‌نی له‌ ته‌مه‌نی 83 ساڵی واته‌ ساڵی1880 كۆچی دوایی كرد بێت , كه‌واته‌ هه‌موو ڕاپه‌ڕینه‌ كوردیه‌كانی باكووری كوردستانی وه‌ك ڕاپه‌رینی به‌درخان , عزه‌دین شێر له‌وانه‌یه‌ شێخ عوبێده‌لاشی وه‌ك حاجی قادری كۆیی ( 1892 مردووه‌ ) بینی بێت , چۆن ده‌بێ نالی ئه‌سته‌مبۆل وه‌ك نالی سلێمانی بوو بێت وه‌ك نالی شام نه‌بێت؟؟؟
هه‌موو ئه‌وانه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیان نووسیوه‌ , وه‌ك عه‌لائه‌دین سه‌ججادی -1952 , دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار 2003 , سدیق بۆره‌كه‌یی ( سه‌فی زاده‌ ) 2008, دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ره‌سول 2012, چه‌ند زانیاریه‌كی كه‌م له‌ سه‌ر ژیانی نالی له‌ باكووری كوردستان یان ئه‌سته‌مبۆل تۆمار ده‌كه‌ن , وه‌ك :
1. سه‌ججادی له‌ لاپه‌ڕه‌ 257ی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی) ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌ر سێ چاپی یه‌كه‌م 1931 و دووه‌می 1948 و سێیه‌می 1962 دیوانی نالی لای كوردی ڕۆژهه‌ڵات بووه‌ به‌ ناوی كوردی مه‌ریوانی , عه‌لی سنه‌یی , گیو موكریانی , نه‌ك باشوور , ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت , كه‌ ئه‌و دیوانانه‌ ده‌قی سلێمانی و شام و باكووری كوردستان له‌ خۆ گرتووه‌.
2. سدیق بۆره‌كه‌یی –سه‌فی زاده‌ كه‌ لاپه‌ڕه‌ 575-588ی به‌رگی دووه‌می ( مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی )بۆ نالی ته‌رخانكردووه‌. به‌ پێی سه‌فی زاده‌ ئه‌م ده‌قه‌ , كه‌ له‌ دوا به‌رهه‌مه‌كانی نالی یه‌ له‌ باكوور دا , ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات نالی زۆر پیر بووه‌ , به‌ جۆرێك قژ سپی و چاو كز بووه‌ وه‌ك ده‌ڵێت :
مووی سپی كردم به‌ شووشتن ئاوی عه‌ینی شۆره‌ شه‌گ
شۆره‌ شه‌گ یه‌عنێ كه‌ تێدا خۆ به‌ خۆ قه‌ل بوو به‌ به‌گ
3. دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار , یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ به‌ نالی ناس وه‌ك عه‌بده‌لكه‌ریمی موده‌ریس و مه‌سعود موحه‌مه‌د حسێبی بۆ ده‌كرا , نه‌ك ته‌نیا كۆكه‌ره‌وه‌ی دیوانه‌كه‌ی نالی !
به‌ قسه‌ی مارف خه‌زنه‌دار 2003 , ل46 نالی ته‌نیا 3 ساڵێك له‌ باكوور یا ئه‌سته‌مبۆل بووه‌ , ئه‌و باوه‌ڕی وایه‌ نالی هه‌تا ساڵی 1853-1854 له‌ شام بووه‌ و له‌ 1856 كۆچی دوایی كردووه‌. هه‌روه‌ها دكتۆر خه‌زنه‌دار , ل 46 باوه‌ڕی وایه‌ نالی له‌ ئه‌ستمبۆل بزر ده‌بێ !
4. دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سول
له‌ شڕۆڤه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ی نالی –دا
فارس و كورد ه‌ عه‌ره‌ب هه‌ر سێم به‌ ده‌فته‌ر گرتووه‌
نالی ئه‌مڕۆ حاكمی سێ مڵكه‌ , دیوانی هه‌یه‌
ئه‌م مه‌رج (زانینی زمانی دی ) و پێوه‌ره‌ , نالی ئه‌سته‌مبۆلی وه‌ لێكردووه‌ , كه‌ چوار زمان بزانێت , ل 7-8 و شیعره‌كه‌ وای لێدێت:
فارس و كورد و عه‌ره‌ب و تورك هه‌ر چوارم به‌ ده‌فته‌ر گرتووه‌
نالی ئه‌مڕۆ حاكمی چوار مڵكه‌ , دیوانی هه‌یه‌.
ڕایه‌كه‌ی خه‌زنه‌دار ناڕاسته‌وخۆ لای دكتۆر عزه‌دین و بۆره‌كه‌یی و مه‌سعود موحه‌مه‌د و مه‌لای گه‌وره‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌ , چونكه‌ نالی به‌ 3 ساڵی فێری توركی نابێت و شیعری پێ بنووسێت , یان مه‌لای گه‌وره‌ واته‌نی به‌ 56 ساڵی ئه‌وه‌نده‌ پیر بێت ؟؟ یان نالی واته‌نی ڕیش سپی و چاو كز بێت!

نالی و میرانی كورد

بۆچی نالی – ئه‌سته‌مبۆل بۆوه‌ نالی- سلێمانی , نه‌ك نالی –شام؟

نالی له‌ پاش چوونی یه‌كه‌م بۆ حه‌ج , ماوه‌یه‌ك له‌ شام بووه‌ , له‌وێ‌ له‌ ڕقی ده‌سه‌ڵاتی توركی بۆته‌ ناسیۆلیستێكی فیودالی , شه‌ڕێكی كه‌لامی له‌گه‌ڵ هه‌ڵگری سته‌می نه‌ته‌وه‌یی توركی كردووه‌ , به‌مجۆره‌ ده‌قه‌كانی شام بوونه‌ هه‌ڵگیرسێنه‌ری نۆستالیژیا و ناسیۆنالیزمی كاردانه‌وه‌ی كوردی .
چوونی نالی بۆ ئه‌سته‌مبۆل و مانه‌وه‌ی له‌وێ‌ وه‌ك هه‌وارێكی تر له‌ وڵات , نالی له‌ به‌ر چه‌ند هۆكارێك گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ نالی سلێمانی دیندار و غه‌زه‌ڵنووس :
1. هه‌ڵوێستی ئه‌حمه‌د خانی
دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا 2008 , ل 112 كۆپله‌شیعرێكی خانی ده‌گوازێته‌وه‌ :

ڕابت ژ مه‌ژی جیهان په‌ناهه‌ك
په‌یدا ببیتن مه‌ پادشاهه‌ك
شیری هونه‌را مه‌ بێته‌ دائنین
قه‌دری قه‌له‌ما مه‌ بێتن زانین
له‌ نه‌زه‌ر خانی میری كورد مشه‌ن , به‌ڵام ئه‌وانه‌ی داوای ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن , كه‌من . ڕه‌فیق صابریش له‌( به‌ره‌و مێژوو) ده‌ڵێت ” مێژووی كورد ناوچه‌گه‌رییه‌ , نه‌ك سه‌رتاسه‌ری ” هه‌روه‌ها ئه‌و میرانه‌ی خانیش ” قه‌دری ئه‌هلی قه‌ڵه‌م ناگرن”

2.ناته‌یایی میرانی كورد

موحه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی 2000له‌ ل 158-9 ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ عه‌بدلره‌حمانی به‌به‌ چه‌ند جارێك شه‌ڕی والی به‌غدا ی كرد , به‌ڵام خالدی برای بووه‌ هۆكاری فه‌شه‌له‌كه‌ی ” هه‌روه‌ها نووسه‌ر له‌ هه‌مان كتێبدا, ل 163-4 ئاماژه‌ به‌ هه‌وڵی ئه‌حمه‌د پاشای به‌به‌ ده‌دا به‌وه‌ی هێزێكی گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ر سوپای عوسمانی ئاماده‌ كرد , به‌ڵام به‌ هۆی خیانه‌تی مه‌حمود پاشای مامی فه‌شه‌لی هێنا . ئه‌و مه‌حمود پاشایه‌ پیاوی عه‌جه‌م بوو وه‌ عه‌بدوڵڵا پاشای برای پیاوی به‌غدا ( ده‌وڵه‌تی عوسمانی )بوو!!” هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌ هه‌رای 1844 كوده‌تای له‌ سه‌ر ئه‌حمه‌د پاشا كرد و هاته‌ جێی .
زانینی ئه‌و ڕاستیه‌ تاڵه‌ وای له‌ عه‌لائه‌دین سه‌جادی 1959كردووه‌ , كه‌ له‌ لاپه‌ره‌41ی كتێبی ( شۆرشه‌كانی كورد و كۆماری عیراق) بڵێت : ” بایانیه‌كان له‌ نێو خۆیاندا به‌رئه‌بوونه‌ یه‌ك , برا , برای ئه‌كوشت , مام , برازای سه‌ر ئه‌بڕی !!” دكتۆر ڕه‌فیق صابریش له‌ كتێبی ( به‌ره‌و مێژوو ) دا ده‌نووسێت : میره‌كانی بابان ( ماڵباتی میره‌كان )سلێمانیان كردبووه‌ شوێنی ته‌ڕاتێنی سوپای عوسمانی و قاجاری! كه‌واته‌ كوردستان خاوه‌ن مێژووێكی سه‌رتاسه‌ری نییه‌, به‌ڵكو ناوچه‌گه‌رییه‌!
له‌ لایه‌كی تر , خیانه‌تی میرانی كورد له‌ باكووریش له‌ یه‌كتر, خاڵێكی دی ساردكردنه‌وه‌ی نالی بوو له‌ بزاڤی ناسیۆنالیزمی . به‌درخان پاشا له‌ باكوور به‌ ده‌سیسه‌ی مسیۆنێره‌كان له‌گه‌ڵ عوسمانیه‌كان كه‌وته‌ شه‌ڕه‌وه‌ , عزه‌دین شێری ( برازای , خزمی , نه‌یاری ) له‌گه‌ڵ له‌شكری كه‌وته‌ لێدانی به‌درخان پاشا هه‌تا پاشا خۆی و دوو كوڕی به‌ دیل گیرت و له‌ وڵاتی كوردان نه‌فی كردن!
موحه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی له‌ لاپه‌ره‌ 167 باس له‌وه‌ ده‌كات , كه‌ عزه‌دین شێری ره‌قیبی به‌درخان له‌ پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌ویش له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی یاخی بوو , به‌ڵام ” یاخیبوونه‌كه‌ی ” ئه‌و له‌ ساڵی 1864 كوژێندرایه‌وه‌.”
ئه‌و ململانێ كوردییه‌ ، نالی له‌ شیعری شۆرشگێری سارد كرده‌وه‌ و جارێكی تر به‌ره‌و ( نالی –سلێمانی ) گه‌رایه‌وه‌ .
ئه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ یه‌ له‌ ده‌قی ناسیۆنالی كوردی , مه‌سعود موحه‌مه‌د وێنه‌یه‌كی نالی دیندار له‌ ته‌مه‌نی پیری دا بگوازێته‌وه‌ : سدیق بۆره‌كه‌یی –سه‌فی زاده‌ 2008 , له‌ ل575 ده‌نووسێت : ” مه‌لای گه‌وره‌ به‌ زۆر پیری نالی له‌ حه‌ج بینیوه‌ , ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵ بوو بێت …” كه‌چی سه‌جادی 1952 له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی دا ده‌بێژێت نالی –سلێمانی له‌ ته‌مه‌نی 33 ساڵی واته‌ 1830 به‌ره‌و حه‌ج ده‌چێت , كه‌واته‌ نالی –سلێمانی له‌ گه‌نجی و نالی – ئه‌سته‌مبۆلی , له‌ پیری چۆته‌ حه‌ج . كه‌واته‌ نالی به‌ لای كه‌میه‌وه‌ دوو جار حه‌جی كردووه‌ : جارێك له‌ گه‌نجی جارێك له‌ پیریی .

پوخته‌

نالی ، رابه‌ری شیعری كلاسیكی كوردی له‌ به‌ر دوو هۆكار :
1.ململانێی میرانی كورد له‌ سه‌ر یه‌كتر نه‌خوێننه‌وه‌،
2.سته‌می سه‌رانی عوسمانی له‌ كوردستان
واز له‌ ڕه‌وتی هزری و سیاسی بێنێت ، ژیانی خۆی له‌ دینداری كورت بكاته‌وه‌ ، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ ( حاجی قادری) نه‌بینیبێت چونكه‌ له‌ ناو ( به‌درخانییه‌كان ) بووه‌ ، حاجیش ته‌نیا له‌ دووره‌وه‌ شه‌یدای شیعره‌كانی بووبێت .
ئه‌و دیندارییه‌ دوور له‌ سیاسه‌ته‌ له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دووباره‌ بۆوه‌ . كه‌سێكی وه‌ك مه‌لا سه‌عیدی كوردی نه‌ك هه‌ر له‌ ره‌وتی كوردایه‌تی دوور كه‌وته‌وه‌ به‌ڵكو ناوه‌كه‌شی گۆڕی بۆ ( شێخ سه‌عیدی نورسی ) هه‌روه‌ها ڕه‌حمی هه‌كاری، نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی له‌ باكوور ته‌واو شوێنپێی نالی و نورسی بكه‌وێت !
هه‌روه‌ها به‌ پێی ئه‌م شیكارییه‌ ( نالی ) به‌ لای كه‌مه‌وه‌ دوو ( حه‌ج)ی كردووه‌ هه‌روه‌ها نالی له‌ ئه‌سته‌مبۆل له‌ كاری میری فه‌رمانبه‌ر بووه‌ . له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ش كاری ئایینی بێ .

سه‌لام ناوخۆش \مامۆستای زانستگا




جێگر یان شەریک … کارا فاتح

کە دەوڵەت لە فۆڕمە مەدەنییەکەیدا لە عەقڵی ئەمانەدا جێگر نەبووبێت، لە بەڕێوەبردنەوە بووبێتە خۆسەپاندن، لێپرسراوێتی لە خزمەتکردنەوە بووبێتە هەموو شت بۆ خزمەتی خۆت، ئیتر نەک چەمکە ئەکادیمی، یاسایی، سیاسی و کارگێڕییەکان، بگرە چەمکە زۆر ئاشناکانیش لە بیرکردنەوە و دەماغی تەماعکارانەی ئەمانەدا دەبن بە مەخسەرە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتە، هەموو کەسێکی خوێندەوار یان نەخوێندەوار، یان هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی هۆشیاریدا بێت دەزانێ جێگر مانای چی: ١- لە غیابی بەڕێوەبەر/سەرۆکدا وەک بەڕێوەبەر/سەرۆک کار دەکات و هەموو کارەکان ڕادەپەڕێنێت. ٢- لە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر/سەرۆکیشدا فشاری سەر بەڕێوەبەر/سەرۆک کەم دەکاتەوە و بە پێی ڕێکاری یاسایی لێپرسراوێتیی هەندێ کاری دەگرێتە ئەستۆ. ٣- لە کاتی مردن یان دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەر/سەرۆکدا بە شێوەیەکی کاتی ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت…
کارکردنی قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکوومەت لە کوێی ئەم تێگەییشتنە سادەیەدایە بۆ جێگر: لە زۆربەی سەفەرەکاندا هاوشانی سەرۆکە، لە واژۆکردنی زۆربەی گرێبەستەکاندا ئامادەیە، ڕەنگە هەندێ بڕیاری سەرۆک، بە بێ ڕێکەوتن لەگەڵ جێگر و وەرگرتنی بۆچوونی دەرنەچێت، هەموو ئەمانەیش مانای جێگر بۆ ئەم پۆستە بەتاڵ دەکەنەوە و دەیکەنە شەریک… شەریک چییە؟ پشکپشکێنەیە، پشک لە خێروبێری دەستبەسەرداگرتنی پۆستدا، دابەشکارییە لە سامانی بەردەست و بەدەستهێنان یان دەستدرێژیکردنە سەر سامانی ئەوانی تر… بە کورتی سەرۆک و جێگر دەکرێت بە عەقڵی دامەزراوەیی و ئیداری کار بکەن و خزمەت بکەن، بەڵام دوو شەریک تەنها بە عەقڵی بەرژەوەندیخوازی و زۆرترین بردنەوە و قازانج… دوو شەریک هەمیشە کاری یەک تەواو ناکەن، بەڵکو یەک کار دەکەن و هەر یەک چاوی لە پشکی خۆیەتی… دوو شەریک لە دوو ڕێگاوە دەچنە سەر یەک غەزنە و هەرچییەک بێت، چ قازانج یان دەستکەوت یان تاڵانی بە پێی مەنتیقی هێز بەشی دەکەن، دوو شەریک لە کاتی دەستکەوت و قازانجدا کۆک و تەبان، لە شکستیشدا بەرپرسیارێتیی هەڵناگرن و لەناو کەشی شەراکەت و یەکتر تۆمەتبارکردن و بارودۆخدا ونی دەکەن.

نێچیرڤان بەرزانی لە هەر کوێ بێت، قوباد تاڵەبانییش لەوێیە، کەواتە کێ کاری هەبوە و بۆ کێی بە جێ هێشتوە؟ وەڵام کەسیان کاریان نییە تا بۆ ئەوی تریان بە جێی بهڵێت… ئەوان کار ناکەن، ئەوان تەنها خاوەنداری دەکەن… ئەوان خۆیان بە خاوەنی هەموو شت دەزانن بۆ خزمەتی خۆیان، نەک بۆ لێپرسراوێتی، ئەم لۆژیکە بۆ لێپرسراو و بەڕێوەبەری بچوکترین بەشی دائیرەی حکوومەتەکەیان دێتە خوارەوە، ئەوەی دەبێتە مودیر، خۆی ساحێب ماڵە، ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکی دائیرە بۆ بەرژەوەندیی بە کار دەهێنێت، وەك ماڵی خۆی دەچێتە سەر کورسی و كێی بوێت دەری دەکات و كێی ویست دەیهێنێتە لای خۆی.




ڕاگه‌یه‌نراوی به‌شێک له‌ ڕێکخراوه‌کان و چالاکانی مه‌ده‌نی له‌پێناو ئازادکردنی (ئه‌سعه‌د شاوری)

بۆ/ ده‌زگا ئه‌منی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان
ڕای گشتی و ڕێکخراوه‌ ناوخۆیی و بیانییه‌کان

(ئه‌سعه‌د شاوری) چالاکێکی مه‌ده‌نی کارا و پشتیوانێکی سه‌ره‌کی ڕۆژئاوا و پارچه‌کانی تری کوردستانه‌، به‌شداری چه‌ندان کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی کردووه‌ و دواترینیشیان کۆکردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی کۆمه‌ک و هاوکاری بوو بۆ زیانلێکه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شاری کرماشانی ئازیز و ده‌وروبه‌ری. به‌ڵام له‌بری ڕیزگرتن و پاداشتکردنی؛ له‌ دوانیوه‌ڕۆی 2/12/2017 وه‌ له‌ ناو شاری سلێمانی شوێنبزر کراوه‌! ئێستا بۆمان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ لای ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی شاری سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌ره‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پاساوێک و ته‌نانه‌ت هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کیش له‌سه‌ر هۆکاری ده‌ستگیرکردنی بدرێت. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ وه‌ک چالاکانی مه‌ده‌نی و ڕێکخراوه‌کان و هاوڕێ و دۆستانی کاک ئه‌سعه‌د، ڕای گشتی و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان و ڕێکخراوه‌ ناوخۆیی و بیانییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌م چه‌ند خاڵه‌ ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه‌:-
1. شێوازی ده‌ستگیرکردن و ڕفاندنی کاک ئه‌سعه‌د ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یاسا و بنه‌ماکانی مافی مرۆڤه، ئه‌مه‌ش‌ بۆته‌ هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکێ لای خه‌ڵکی و جارێکیتر سه‌لمێنرایه‌وه‌ که‌ ئاسایشی تاک و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ک هه‌ر بوونی نییه‌ به‌ڵکو له‌ ژێر مه‌ترسی گه‌وره‌دایه‌، ده‌بێت‌ هه‌رچی زووه‌ کۆتایی به‌و کاره‌ نایاساییانه‌ بهێنرێت.
2. به‌کارهێنانی ئه‌و تاکتیک و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی له‌ ڕفاندنی کاک ئه‌سعه‌د به‌کارهێنراوه‌، به‌ ئه‌وپه‌ڕی ئیهانه‌ به‌ داموده‌زگا ئه‌منیی و قانونییه‌کانی شاری ڕانیه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌زانین، هه‌ڵمه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ ته‌نها شایسته‌ی ئه‌وانه‌یه‌ که‌ به‌ کاری تیرۆرستی و خیانه‌تی نیشتیمانی تۆمه‌تبارن، نه‌وه‌ک خه‌ڵکانی دڵسۆز و نیشتیمانپه‌روه‌ر.
3. سه‌لامه‌تی گیانی و جه‌سته‌یی کاک ئه‌سعه‌د له‌ ئه‌ستۆی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی شاری سلێمانیدایه‌، له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر ئازاردانێک و کارێکی نه‌خوازراو به‌رامبه‌ری، ده‌بێت به‌رپرسیارێتییه‌که‌ی له‌ ئه‌ستۆ بگرن.
4. هۆشداری ده‌ده‌ین له‌ ئه‌گه‌ری به‌لاڕێدابردنی دۆسیه‌یی کاک ئه‌سعه‌د، دروستکردنی هه‌ر سیناریۆ و تۆمه‌تێکی بێبنه‌ما به‌هه‌ر مه‌به‌ستێک بێت ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌، چونکه‌ ئێمه‌ گومانمان له‌ پاکی و دڵسۆزی کاک ئه‌سعه‌د نییه‌.
5. ماوه‌ی ته‌نها 48 کاتژمێر داده‌نێین بۆ ئازادکردنی کاک ئه‌سعه‌د و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو هاوشاریان و که‌سوکار و ئازیزانی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هۆشداری ده‌ده‌ین له‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانی کاری نه‌خوازراو و ده‌رچوونی بارودۆخه‌که‌ له‌ ده‌ستی خه‌ڵکانی مه‌ده‌نی، ئه‌مه‌ش پاڵپشت به‌ خوێندنه‌وه‌ی جددیمان بۆ ئه‌و واقعه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که‌ تیایدا ده‌ژین و له‌به‌رچاومانه‌.

له‌گه‌ڵ ڕێزدا…

به‌شێک له‌ ڕێکخراوه‌کان و چالاکانی مه‌ده‌نی
5/12/2017
ڕانیه‌




كه‌وتن … وریا مه‌عروف

ئێمە لەناو ئیفلاسێکی خنکێنەردا دەژین، ئـیفلاس لەدوای ئیفلاس، ژیان پەککەوتە بووە خه‌ریكه‌ لەکەوتنی ئەبەدی نزیک دەبینەوە، بەھا ئینسانیەکان هێواش هێواش نامێنێ تەنانەت وشەی شادی و گوزارشتی باش و ئینسانیانەش خه‌ریكه‌ لەفەرھەنگدا دەکەونە غیابەوە.

هه‌موو هێرشه‌كان به‌ ئاراسته‌ی كوشتنی ڕۆح و وێرانكردنی ناخ ئاراسته‌یان گرتووه‌، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێویسته‌ له‌ مرۆڤدا هه‌بن خه‌ریكه‌ ده‌توێنه‌وه‌ و له‌ناو ده‌چن. خراپیه‌كان ڕێگای خۆیان گرتووه‌ به‌ری پێناگیرێ، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌خۆمان بكه‌ین خه‌ریكه‌ ده‌بینه‌ گیاندارێكی مه‌ترسیدار، هێنده‌ مه‌ترسیدار هه‌ناسه‌دان و ئارامی ده‌شێوێنین. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی خه‌فه‌تبارانه‌ی هیچه‌، ئه‌م ژینگه‌یه‌ ناچار به‌ كرده‌وه‌گه‌لێكت ده‌كات كه‌ چێژبه‌خشه‌ و ویژدان ئازارده‌ره‌، ویژدان سه‌رپشك نیه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ و فه‌رمان ده‌ركردن، ئه‌و كارانه‌ی ویژدان و ناخی تۆ ئاسووده‌ده‌كه‌ن ژینگه‌ی گشتی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ و دژیه‌تی، ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی گشتیش ده‌یه‌وێ تۆ ناته‌وێ له‌هه‌ردوو باردا تۆ ئازار ده‌چێژی، له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ژه‌نگاوی نراوی خه‌ریكه‌ ژه‌نگ ده‌گاته‌ سه‌ر دڵت.

خیانەت و لادان و تاوان خەریکە دەبێتە مۆدە، مۆدەیەکی بریقەدار و جێگای فەخر، شکاندن بووەتە وەزیفەیەکی ئارامکەرەوە.

بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گه‌مژه‌ نه‌بینرێیت ده‌بێت له‌ ڕێڕه‌وی خۆت لاده‌ی، خۆت خودی خۆت بشكێنی له‌ناخه‌وه‌ – له‌ ڕێڕه‌وی ویژدان و ئاره‌زووه‌كانت لاده‌ی، هه‌رچه‌نده‌ی بیر له‌ جوانی و باشیه‌كان ده‌كه‌یته‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت خۆت فریو ده‌ده‌یت ڕه‌نج به‌ خه‌سارده‌مێنیته‌وه‌، ده‌گه‌یته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی نه‌فره‌ت له‌ هه‌موو شتێك بكه‌یت بكه‌ویته‌ ئه‌و گشتیه‌ ناشیرنه‌وه‌ بچیته‌ ناو ئه‌و زه‌لكاوه‌ ئاراسته‌كراوه‌ی كه‌ تیایدا بوون له‌خۆتت داده‌بڕێنێت و شوناسێكی دیكه‌ت پێده‌دات و بزرت ده‌كات.
ھەموو ئەو دەردانەی ھەمانە مێژوویەکی کۆن و له‌ مێژینه‌یان ھەیە جگە لەوەی چارەسەرنەکراون، له‌ فۆرمێكی نوێدا خۆیان نمایش كردووه‌ و به‌سه‌ریه‌كدا کەڵەکەبوون و ھەمیشە به‌بەردەوامی دەردی نوێشمان بۆ زیاد دەبێت، وه‌ك ڕێگایه‌كی پیرۆزیش لێی لاناده‌ین و مشورێكی ناخۆین، چاوه‌ڕێی كه‌وتنی ئه‌به‌دی ده‌كه‌ین و له‌به‌ینچوونی جوانیه‌كان ڕاهاتووین و بووه‌ته‌ شتێكی ئاسایی و ساده‌ و لاوه‌كی. ئێمه‌ خۆمان خه‌می خۆمان نیه‌ ئومێدمان له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌ڵچنیوه‌، ده‌مانه‌وێ كه‌سێك بێت یان هێزیك له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆمان هه‌موو شتێكمان بۆ باش بكات و به‌سه‌رمانیدا بسه‌پێنێت.

ماوینەتەوە چونکە وزەیەکی گەورەی خۆ لەگێلی دانمان ھەیە، ھێزێکی گەورەی اھمال کردنمان ھەیە.

ئێمه‌ گه‌وره‌یی مرۆڤ ده‌خه‌ینه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ هه‌موو تیۆر و ئایه‌ته‌كانمان پووچه‌ڵكرده‌وه‌، لێره‌ هێزی ئینسانی به‌جۆرێك لاوازه‌ كه‌ توانای ئاراسته‌كردنی هیچی نیه‌، پێوه‌ری باشی و خراپی بزربووه، لێره‌ له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ په‌ڕاگه‌نده‌یه‌دا‌ چه‌وساندنه‌وه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه،‌ چونكه‌ ئه‌و شته‌ی به‌سه‌رتدا ده‌سه‌پێنرێت ئه‌وه‌ باشترینه‌ له‌لایان. دواجار سه‌رده‌نێینه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌هیچ شتێك بگه‌ین…




سه‌رنجێكی خێرا بۆ سه‌ر تیۆره‌ شانۆییه‌كه‌ی برتۆڵد برێخت (1898 – 1956)

ڕێباز محەمەد جەزا

شانۆكارێكی هاوچه‌رخی ئه‌ڵمانیایه‌ ، له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بێت له‌و كه‌سانه‌ی “زۆرترین نووسینی تیۆری هه‌ بێت ، زیاتر له‌هه‌ر نووسه‌رێكی تری شانۆیی ” تێگه‌یشتن له‌ برێخت كارێكی ئاسان نییه‌ به‌بێ تێگه‌یشتن له‌ درامای ئه‌وروپی چونكه‌ برێخت ده‌ڵێت : ” درامای ئه‌وروپی دووده‌یه‌یه‌ به‌ماوه‌ی ئه‌زموونگه‌ریدا تێده‌ په‌ڕێت ” كه‌ به‌ گشتی به‌ دووهێڵی سه‌ره‌كی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت :

یه‌كه‌میان : توخمێكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چێژو له‌زه‌ت .
دووه‌میان : به‌شداریكردنی شانۆیه‌ له‌ به‌هاكانی فێركاریدا .
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ برێخت به‌پێی پێشكه‌وتنی كارو به‌رهه‌مه‌كانی سێ قۆناغی گرنگ تێده‌په‌ڕێنێت تا ده‌گاته‌ تیۆره‌ شانۆییه‌كه‌ی ئه‌وانیش :
قۆناغی یه‌كه‌م : شانۆی ده‌ربڕینگه‌رێتی : شانۆی ده‌ربڕینگه‌رێتی (تعبیری)ماوه‌ی دوای جه‌نگ : جیهانی وه‌ك (خواست)و (بیر) نیشان داوه‌و بووه‌ هۆی جۆرێكی تایبه‌تی له‌ (سۆلیپسیزم – الژات ) رمادیه‌ solipsism
ئه‌مه‌ش وه‌ڵامه‌كانی شانۆ بوون له‌ قۆناغه‌دا بۆته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌كانی كۆمه‌ل َهه‌روه‌ك چۆن باوه‌ڕه‌كانی ( Mach ماخ- وه‌ڵامه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ بوون بۆئه‌و قۆناغه‌ ته‌عبیریه‌ت له‌شانۆدا شۆڕشی هونه‌ری بوون دژی ژیان (…) ته‌عبیریه‌ت به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر ئامرازه‌كانی ده‌ربڕینی شانۆی ده‌وڵه‌مه‌ند تر كرد سه‌ره‌تای كاره‌كانی برێخت له‌ژیر كاریگه‌ری ئه‌م قوتابخانه‌یه‌دا بوو”ته‌پڵه‌كانی شه‌و” له‌نمونه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ن. هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌نده‌ڵبوونی ڕژێمی سیاسی ، چونكه‌ ئه‌و سیستمه‌ مرۆڤی كردبووه‌ ئامڕازی به‌رهه‌م هێنان .

قۆناغی دووه‌م : شانۆی فێركاری :

ئه‌وه‌ی زانراوه‌ برێخت گرنگترین به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌ فێركارییه‌كانی له‌ نێوان ساڵانی (1929-1933) دا نووسیوون ، له‌و ساڵانه‌دا شانۆی سۆسیالستی(واقعی سۆسیالیستی) له‌لووتكه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنیدا بووه‌ له‌ئه‌ڵمانیا . بێگومان ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ش به‌ ڕێكه‌وت نه‌بووه‌ ، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌ی گه‌شه‌ی مێژووییه‌وه‌ بووه‌ ئه‌گه‌رچی كاریگه‌ری بیری سۆسیالستی و فه‌لسه‌فه‌ی (ماركسیزم) ی پێوه‌دیاره‌ به‌ڵام به‌شگتی ده‌توانین بڵێین به‌هۆی قه‌یرانه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ و هه‌ڵئاوسانی ئابوری و كێشه‌كانی كرێكارانبه‌تایبه‌تی له‌ “نیویۆرك” له‌نێوان كرێكاران و سه‌رمایه‌داران كه‌ئه‌مه‌ش بووبه‌ هۆی ئاڵۆزبوونی نێوان چینه‌كان و سه‌ره‌نجام دروستبونی سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌كان ،ئه‌مه‌ش وایكرد له‌پێناو هوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌شداریكردنی شانۆ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌و پێداوستی ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵًك و جه‌ماوه‌ر ، ده‌بوو برێخت ڕووب كاته‌ ئه‌م جۆره‌ شانۆیه‌ و نمونه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ش : “ده‌ستورو ده‌رهاویشتنه‌” .

قۆناغی سێهه‌م : شانۆی داستانی :

ئه‌م قۆناغه‌ تێهه‌ڵكێشه‌و ڕه‌خنه‌ گره‌ بۆرژواكانیش ده‌ڵێن ( له‌قۆناغه‌ یه‌كه‌مدا دیاریكردنی هێڵه‌كان بوو ، له‌ قۆناغی دووه‌مدا به‌ستنه‌وه‌ی شانۆیه‌ به‌ كێشه‌كانی ناوكۆمه‌ڵگه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ و قۆناغی سێهه‌م ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كانه‌و گه‌یشتنه‌ به‌ شانۆی داستانی ) .
به‌لاًَم داخۆ داستان لای برێخت به‌واتای چی دێت ؟
مه‌به‌ست له‌ داستان لای برێخت په‌یوه‌سته‌ به‌ بیركردنه‌وه‌و سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ و گه‌ ڕان بۆدۆزینه‌وه‌ی بوارێك بۆگونجاندنیان . كه‌واته‌ ئه‌م ئه‌ده‌به‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی هه‌ڵبژاردن یان ئاماده‌كردن یان نووسینی ده‌ق له‌گه‌ڵ ئه‌م سیستمه‌ كاركردنه‌دا .
به‌م پێیه‌ش نواندن له‌ شانۆی داستانیدا بریتیه‌له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی شانۆییه‌كه‌و ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌ده‌ركه‌وتن لای برێخت ، هه‌روه‌هاده‌بێت بگوترێت گرنگیش نییه‌ ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ كێیه‌ كه‌ رۆڵًی كه‌سایه‌تیه‌ شانۆییه‌كه‌ ده‌بینێتچونكه‌ رۆڵ به‌و جۆره‌ دابه‌شناكات به‌ڵك واپێناسه‌ی مرۆڤ ده‌كات كه‌ به‌رهه‌می ئه‌و بارودۆخه‌یه‌ كه‌ تێیدا ده‌ژی و قابیلی گۆڕانه‌ ، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئاسۆیه‌كی فراوان ده‌داته‌ ئه‌كته‌ره‌كان تاخۆیان تاقی بكه‌نه‌وه‌و زیاتر له‌ رۆڵێك و زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌پێویسته‌ كاریان له‌سه‌ر بكرێت . له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م میتۆده‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ گرنگه‌ بو بۆگه‌یشتن به‌ ئامانج چونكه‌ پێویسته‌. ئه‌مه‌ش له‌ڕێی شێوه‌ ی وه‌ستانه‌كان و ڕوانین و جۆره‌ها مه‌شقه‌وه‌ . برێخت ده‌ڵێت : ” ده‌شێت ئه‌كته‌ر گوزارشت له‌ده‌رونی خۆی بكات چه‌ندین جۆر تۆنی ده‌نگی به‌كار بهێنێت به‌ڵام به‌شێوه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراو “.

ده‌رباره‌ی نه‌خشه‌ی دیكۆری نمایشه‌ شانۆییه‌كانی برێخت “كارڵفۆن” كه‌یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خشه‌سازه‌كانی دیكۆری شانۆو له‌گه‌ڵ برێخت كاری كردووه‌ بۆنمونه‌ له‌ “بازنه‌ی ته‌باشیری قه‌وقازی” دا به‌م جۆره‌ باسی دیكۆری شانۆییه‌كانی ده‌كات له‌ڕوانگه‌ی “برێخت”ه‌وه‌:”كاری هونه‌ری و ته‌كنیك له‌ دیكۆردا پشت گوێ‌ ناخرێت ، به‌ڵكو دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ر ێكه‌ بۆجوانی ، من خۆم ئه‌ندازیاری دیكۆر م وات وێنه‌ كێشی گرنگی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێكخراو ” .
له‌ڕوانگه‌ی برێخته‌وه‌ نه‌خشه‌سازی دیكۆر ته‌نها ئاماژه‌یه‌ك ده‌دات و جوڵه‌كان ناكاته‌ جێگره‌وه‌ بۆفۆتۆ له‌سه‌ر شانۆ ،ئه‌مه‌ هاوشێوه‌ی نیه‌و چاودێری كردنه‌ . واته‌ دیكۆری شانۆیی رۆڵی ڕوونكردنه‌وه‌و دروستكردنی كه‌شی درامی ده‌نه‌خشێنێت ، ڕوونكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان یارمه‌تیده‌رن بۆبه‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاریو چێژی بینه‌ران .

ده‌رهێنه‌ر له‌م میتۆده‌دا له‌ڕوانگه‌ی برێخته‌وه‌ پشت به‌چه‌ندشتێك ده‌به‌ستێت له‌وانه‌ :

نامۆبوون / ئه‌م چه‌مكه‌ به‌پێی فه‌رهه‌نگی سیاسی به‌ر له‌ برێخت به‌كارهاتووه‌ كه‌ بریتیه‌له‌ نامۆكردنی كرێكارێك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ زۆره‌ ده‌یكات و كرێیه‌كی كه‌می ده‌ده‌نێ‌ و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ چه‌مكه‌كانی : “زێده‌بایی و ڕه‌تاندن وهتد..” به‌ڵاًم لای برێخت گۆڕانكاری به‌سه‌رئه‌م به‌كارهێنانه‌دا دێت و به‌رگێكی هونه‌ری ده‌كات به‌به‌ردا كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی له‌ڕێی ته‌كنیكه‌وه‌ هه‌موو ئیش و كارو ڕووداوه‌كان له‌ دۆخی باوه‌وه‌ والێبكرێت كه‌ ناباو ببیندرێت ، به‌مه‌رجێك خورپه‌ دروست بكات لای بینه‌ران. ئه‌مه‌ش چۆن ڕووده‌دات ؟ ڕووداوێك یان كه‌سایه‌تیه‌ك یان بابه‌تێك به‌جۆرێك به‌جۆرێك ناباو بكرێت كه‌ هه‌ستی پێبكرێت و ئاره‌زووی زانین بوروژێنێت ، ئه‌م كاره‌ش لای برێخت له‌ڕێگه‌ی “حیكایه‌تخوانه‌وه‌ ” گوزارشت بكرێت یان له‌ڕێی لافیته‌و ئاماژه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و فیلمی سینه‌مایی وه‌كو هۆكاری نامۆكردنه‌ كه‌ .

وێنه‌ی نامۆكراو /

ئه‌و وێنه‌یه‌یه‌ كه‌واده‌كات یان ڕێگه‌ده‌دات كه‌هه‌مووشتێك له‌ڕێیه‌وه‌ بزانرێت به‌ڵام هاوكات نامۆیده‌كات . برێخت باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌م جیهانه‌ وه‌ك نامۆ پیشان درا ، ئه‌وا ئاره‌زووی گۆڕین لای بینه‌ران به‌ئاگادێت بۆدروستكردنی وێنه‌ی نامۆكراو كه‌په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ر دووباره‌ركدنه‌وه‌و دابه‌شبوونی “كاره‌كته‌رو ڕووداو” له‌ بونیادی درامیدا .
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم ئامانجی نامۆكردن گۆڕینی دۆخی بینه‌ره‌ بۆتێڕامان و هه‌لًوێست وه‌رگرتن واته‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بینه‌ران تیًكه‌لاًوی ڕووداوه‌كان بن ، وایان اێده‌كات بووه‌ستن و هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ن .

ته‌كنیكه‌ كانی نامۆكردن /

ته‌واوی توخمه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی شانۆ نامۆده‌كه‌ین وه‌كو: ” ده‌ق ، نواندن ، ده‌رهێنان ، مۆزیك ، دیكۆر…هتد ” بۆئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش ڕوو بدات كۆمه‌ڵێك پێداویستیمان هه‌یه‌ له‌وانه‌ :
1. كاركردنی نائیهامی ، له‌پێناو پاراستنی بینه‌ران له‌ چونه‌ناونمایشه‌كه‌.
2. ڕووته‌لًكردن – تجرید: داماڵینی ته‌خته‌ی شانۆ له‌ دۆخی باو.
3. تێكشاندنی لایه‌نه‌ موگناتیسیه‌كانی نمایش .
4. په‌نا بردنه‌ به‌ر به‌كارهێنانی فیلمی سینه‌مایی و سكرین .
ئه‌مه‌ش واده‌كات نمیشێكی شانۆیی نامۆكراومان ده‌ست بكه‌ویًت كه‌ هه‌ردوو هێلًكه‌ی نمایش وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ باسمان كرد پێكه‌وه‌ گرێ‌ بداته‌وه‌ ئه‌وانیش :” چێژ و فێربوون ” ن به‌ و ئومێ>ه‌ی سه‌رنجیً:ی تیۆری خێراو پێوستمان خستبێته‌ سه‌ر ئه‌و تیۆره‌ هاوچه‌رخه‌ شانۆ .

—————————————————-
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان :

1. به‌شێك له‌ زنجیره‌ وانه‌كانم له‌ هه‌ردوو په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی ( شه‌هیدجه‌عفه‌ر / كۆیه‌ ) و په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌لًه‌بجه‌ .
2 . نڤریه‌ المسرح الحدیپ ، ئیریك بتلی ، تر: یوسف عبدالمسیح پروت
3. پێنج وتاری شانۆیی –ده‌رباره‌ی ئه‌زموونگه‌ری – وه‌رگێڕانی كه‌مال مه‌مه‌ند میراو ده‌لی
4. مسرح التغییر : اختیار و مراجعه‌ : فیس الزبیدی : تالیف عادل قرشولی




بزووتنەوەی گۆڕان … کارا فاتح

گۆڕان كردار نییە، لە دۆخی (كار)دا نییە بۆ دروستكردنی ڕووداو، بەڵكوو دۆخی (چاوگ)ـە… چاوگ چییە؟ چاوگ سروشتێكی وەستاوی هەیە: نووستن، خواردن، گۆڕان، مردن، ڕۆشتن، دانیشتن… لەم دۆخەدا هیچ ڕوو نادات و هەموو شتێك لە جووڵە خراوە، چاوگ ناوێكە لە هەموو ڕێژەكانی تری (كار) دەنرێت، ناكەوێتە ناو كاتەوە، پێوەندیی بە هیچ یەك لە كەسەكانەوە نییە و بە بێ (بكەر) خۆی نماییش دەكات، نماییشێك بە بێ دروستكردنی ڕووداو… دۆخی كردارەكانی (گۆڕان) بریتیین لە: گۆڕیم، گۆڕاوە، دەیگۆڕێت، گۆڕرا…هتد، واتە گۆڕان ناوێكە بۆ ئەم دۆخانە، بەڵام خۆی وەستاوە و فۆڕمێكی بێ جووڵەی هەیە.

لە ڕێزماندا هاتوە كە هەموو ڕێژەكانی كار لە چاوگەوە دروست دەكرێن، بە یاسای جۆراوجۆر كاری ڕانەبردوو و ڕێژەكانی كاری ڕابردوو لە چاوگەوە دەردەهێنرێن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هاوكێشەكە تا ڕادەیەك پێچەوانەیە، ئەوە چاوگی (گۆڕان) نییە ڕێژەكانی كار دروست دەكات، بەڵكوو ڕێژەكانی كار بەرەو ئەوە دەڕۆن ببنەوە چاوگی گۆڕان، یاخود لە ناو چاوگی گۆڕاندا بتوێنەوە و لە دەفری ئەو پێكهاتەیەدا لە جووڵە بخرێن، كارەكان خۆیان هەن و ڕوو دەدەن، بەڵام دەچنەوە سەر سەرچاوەیەكی ساختە و لەوێدا كوێر دەبنەوە.

ئەگەرچی ئەم پێكهاتەیە هەر لە سەرەتاوە ناوی (بزووتنەوە) لە خۆی دەنێت، بەڵام ئەم ناوە ڕێك بەم ئاراستەیەیە و ئەم ئامانجەی (گۆڕان) ئەكتیڤ دەكات، نەوەكوو پرۆسەكە بخاتەوە سەر ڕیتمی خۆی، بزووتنەوە هێزی زیاتر بە گۆڕان دەدات بۆ لە جووڵەخستنی ڕووداوەكانی ناو كۆمەڵگا، بۆیە بێ هۆ نییە هەر دەنگێكی ناڕازی، هەر جووڵەیەكی بەرەنگاری دژ بە دەسەڵاتی ملهوڕی یەكێتی و پارتی، هەر زوو تۆمەتی (گۆڕانبوون)ی دەخرێتە پاڵ و هەر زوو بە ئەنقەست و بەوریایییەوە دەسەڵاتداران مۆری ئەوەی لێ دەدەن كە گۆڕان لە پشت ئەو دەنگ و جووڵانەوانەیە، هەندێ جاریش دەگاتە ئەوەی خێرا بارەگا و نووسینگەكانی ئەو بزوتنەوەیە لە هەندێ شوێن دەپێچرێنەوە یان دەسووتێنرێن و لایەنگرانی بەر شاڵاوی گرتن و تەنانەت ئەشكەنجەیش دەكەون، بەڵام وەك گوتمان دەسەڵاتداران چاك لەم بزووتنەوەیە تێ گەییشتوون، دەزانن هەر دەنگ و وەستانەوەیەكی كۆمەڵگا لە دژیان لە ناو عەقڵی دۆگما و كۆنەپەرستی جفات و خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیەدا خێرا خۆی دەمرێت و دەبێتە كەرەستەیەكی باش بۆ گفتوگۆ و ڕێكەوتن و باشیش دەزانن زۆرینەی ئەو دەنگە ناڕازییانە پێوەندییان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە.

سودفەیەكی سەیرە، قەدی چاوگ واتە ئەو بەشە بەهێز و دیارەی وشە، كە بە تەنها دەتوانێت خۆی ڕابگرێت و كار دروست بكات و هەموو بەشەكانی وشە هەڵبگرێت، بۆ چاوگی (گۆڕان) بریتییە لە (گۆڕا)… ئەوانەی لاشەی ئەو بزووتنەوەیەیان هەڵگرت و بوونە سیمای دیاری، هەر ئەوانە بوون كە بە گردەكەوە نووسان و لە ڕاگەیاندنەوە خۆیان بردە پێشەوە و هەڵپەی پۆست و پارە و ناوبانگیان بوو، واتە هەر ئەوانەی ناو (گۆڕان) بوون كە (گۆڕا…ن- قەد+جێناوی بكەر) بەڵام ڕەگی چاوگی گۆڕان، ڕەگ واتە ئەو بەشە بنچینەیییەی كە لە پێكهاتەی هەموو فۆڕمەكانی وشەدا هەیە، بەڵام بە تەنها نابینرێت و سەربەخۆ خۆی دەرناخات، بریتییە لە (گۆڕ)… ڕەگ بەزۆریی چالاكی و هێزی لە دروستكردنی كرداری ڕانەبردوودایە، واتە لە دروستكردنی داهاتوودا ڕۆڵی هەیە، بەڵام ئەم ڕەگەی گۆڕان، كە لە سەر ئەرزی واقیع خەڵك بوو، لە ڕێزماندا (گۆڕ)ـە، جەماوەری گۆڕان ئێستا لە گۆڕدان، یان مردوون و لە گۆڕ نراون.

دەتوانین ئەم لەم هێڵكارییەدا زیاتر ڕوون بكەینەوە:
قەدی گۆڕان = گۆڕا = كۆمەڵێكی پۆسپەرستی لوتبەرزی سەر شاشە و ڕاگەیاندنەكان گۆڕان، كە جگە لە كەللەیەكی پووت، ڕۆحی فاشستی وای لێ كردن، هەموو مەعریفە و بیركردنەوەیەكی ڕەخنەیی لایان ببێتە جنێو و تەخوین.
ڕەگی گۆڕان= گۆڕ= جەماوەرێكی بێ هیوا، كە خەون و ئومێدی دایە دەست كۆمەڵێكی بازرگان كە ساتوسەودا بە نان و خوێن و ئاییندەیەوە بكات.




فردریک ئەنگلز له‌ گۆڤاری ئیکۆنۆمیست دا چۆن باس ده‌کرێت! … ئاماده‌کردنی: سالار حه‌مه‌سه‌عید

هەمیشە کارل مارکس بە یەکێک لە گرنگترین بیرمەندەکانی سەدەی نۆزدە ناودەبرێ بەڵام ئەوە ‘فردریک ئەنگلز’ ی هاوکار وهاونووس و هاوڕێی بوو کە کارەکانی مارکس ی نووسیەوە بۆ چاپکردن وبڵاوکردنەوەی پاش مەرگی مارکس و کردیە بەردەم زۆرترین لێکدانەوەی ڕادیکاڵ. فردریکی هاوڕێ و خۆنەناس، ئەوکەسە بوو کە وای کرد ‘داس کاپیتال- سەرمایە’ بنووسرێ.
مارکس هەرگیز فەرامۆش نەکراوە و لەبەرچاوان گووم نەبوو، لەکاتێکدا فردریک ئەنگلز کە دۆست و هاوڕاز و هاوڕێی زۆرنزیکی مارکس بوو وە کاری لەگەڵ دەکرد لە زۆرینەی زۆری تەمەنی مارکس دا هاوکاریەکی بێوێنەی کرد لە ‘ داس کاپیتاڵ’ دا تا ئەندازەیەکی زۆر فەرامۆش کرا و لەیادکرا. مێژوونوسێکی بەریتانی بەناوی (تریس ترام هەنت) لە بایۆگرافیەکی نوێ دا ستایش وئیعتبارێکی زۆر دەدات بە فردریک ئەنگلز.

ئەو دوو پیاوە لە ساڵی ١٨٤٤ بوونە هاوڕێ لە پاریس، کاتێ کە هەردووکیان لە ناوەڕاستی بیستەکانی تەمەنیاندا بوون وە زۆر بە نزیکی مانەوە تاکو مەرگی مارکس لە ساڵی ١٨٨٣ دا. مارکس و ئەنگلز دوو پێشینەی (باکگراوندی) جیاوازیان هەیە، باوکی مارکس پارێزەرێکی جولەکە بوو کە دواتر بوو بە مەسیحی، بەڵام باوکی ئەنگلز پرۆتستانتێکی دەوڵەمەندی خاوەن کارگەیەکی لۆکە بوو. مارکس یاسای خوێند بوو ئینجا فەلسەفە و ئەنگلزیش لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە نێردرا بۆ کارکردن لە بزنس و کاری باوکی دا لەبەرئەوەی کوڕێکی سەرکێش بوو. لەساڵی ١٨٤١ دا ئەنگلز کاتێ کە خزمەتی سەربازی دەکرد لە بەرلین کەوتە بەر شەپۆلی ئیدەو بیروباوەڕە پڕ جۆش وخرۆشە بڵاوەکانی ئەوکاتەی پایتەختی پروسیا.

دواتر چوو بۆ مانچستەر بۆ کارکردن لە بەشێکی بزنسی عائیلەکەیدا کەبەناوی ‘ ئێرمن و ئەنگلز’ بوو لە مانچستەر. ئەوکارگەیە کە بەهەشتی خاوەن کارگەکە ودۆزەخی کرێکاران بوو، گەورەترین وانەی فێری ئەنگلز کرد، ئەو وانەیەی کە:
فاکتەرە ئابووریەکان هۆکاری سەرەکی پێکدادانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگان. لە ساڵی ١٨٤٥ دا کە تەمەنی تەنها ٢٤ ساڵ بوو، نە تەنها فێرببوو کە چۆن ببێتە سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو بەڵکو بەرهەمێکی پرشنگداری دژە کاپیتالیستیشی نووسی، ‘ بارو ڕەوشی چینی کرێکار لە ئینگلتەرە ‘، کە تیادا بەدرێژی و وردەکاریەوە باس لە نامرۆیی هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی مۆدێرن دەکات. ئەنگلز مانچستەری بەجێهێشت تا کاربکات لەسەر ‘ مانیفێستی کۆمۆنیست ‘ لەگەڵ مارکس دا. هەردووکیان کۆتایی ساڵەکانی ٤٠ی سەدەی ١٩ یان لەهاتووچۆ و پەڕینەوە و بەدواداچوونی شۆڕشەکانی ئەوروپادا بردەسەر و لەکۆتاییدا لە ئینگلتەرە گیرسانەوە. مارکس دەستی کردبوو بەکارکردن لە سەر ‘ کاپیتاڵ ‘ بەڵام کێشەیەک هەبوو، لەوکاتەدا ئەو ژنێکی لە خێزانێکی ئەرۆستۆکراتی هێنابوو کە بەهیوای ژیانێکی بۆرژوایی ڕاحەت و ئاسوودە بوو لەگەڵ دەستەیەک مناڵی بچووکیشی هەبوو، بەڵام بەبێ بوونی هیچ ڕێوشوێنێکی گوزەران و بژێوی. ئەنگلز کە بە مانای ‘ فریشتە ‘ دێت بە زمانی ئەڵمانی، ڕێگەچارەیەکی دڵسۆزانەی خستەڕوو: کە ئەویش ئەمەبوو ئەو بگەڕێتەوە بۆ مانچستەر بۆ دەستپێکردنەوەی بەکاری کارگەکەی خێزانەکەی کەلێی بێزاربوو و حەزی لێنەدەکرد وە پارەی پێویست بۆ مارکس دابین بکات تاکو ئەو باس و نووسینانە بنووسێ کە جیهان دەگۆڕێ.

تا ٢٠ ساڵی دواتریش ئەنگلز بە ناچاری و بێزاری لە دوور کاریکرد، نیوەی دەرامەتە سەخاوەتمەندەکەی دەدایە مارکس. ئەنگلز زۆر بە چڕوپڕی هاوکاری مارکس ی دەکرد لە ئیدەو بیروبۆچوونەکانیدا هەم لە ئەزموونی پراکتیکی بزنسەکەیەوە تاکو کاری نووسینەوەو ئامادەکاری نووسینەکانی. کاتێ بەشی یەکەمی ‘ داس کاپیتاڵ ‘ تەواو بوو، ئەنگلز خۆی لە ئیشوکاری بزنسەکە (کارگەکە) دوورخستەوەو هات بۆ لەندەن بۆ لای مارکس و خێزانەکەی. ئەنگلز کەسێکی ئاڵۆز و پڕ ڕاز بوو. خاوەن بەهرە بوو، پڕ ووزە و ئینێرژی بوو، تامەزرۆ وشیفتەی ئیدەو بیروڕای سیاسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەبوو کە ڕۆڵی کەسی دووەم ببینێ پاش مارکس.

ئەنگلز لە مەرگی مارکس ی هاوڕێی دا ڕایگەیاند: ‘ مارکس بلیمەت بوو، ئێمەو ئەوانی تر لە باشترین خاوەن بەهرەکان بووین’. ئەنگلز باڵابەرز و خۆش روخساربوو. ئەنگلز تەنها بە سەلیقە نەبوو لە بیروباوەڕو بۆچوونی سیاسی دا بەڵکو لە خواردن وخواردنەوەشدا بەسەلیقە بوو. ئەو بەشێوەیەکی ناوبەناو لەگەڵ کچێکی کرێکاری نیمچە خوێندەوار دەژیا بەناوی ‘ مێری بێرنس’. ئەنگلز مناڵی نەبوو.

قوربانیەکانی ئەنگلز بەردەوام بوو پاش مردنی مارکسیش، ئەو تەنها بەردەوام نەبوو لە پشتیوانیکردن و بەخێوکردنی خیزانی مارکس و چارەکردنی کێشە هەڵواسراوەکانیان، بەڵکو ساڵەهای ساڵی بەسەربرد بە پێوەلکاندن و پێک بەستنەوەی تێبینی و نووسراوە پەرتەوازەکانی کە مارکس لەپاشی بەجێ مابوو تا بەشی ٢ و بەشی ٣ ی ‘ داس کاپیتال ‘ پێک بێنێ. ئەنگلز زۆرێک لە کارە بچووک و کەم بایەخەکانی مارکسی پێکەوە لکاندن کە بە گونجاوی دەزانی، هەندێ کات ئەنجامی ئەم کارانەی شۆڕشگێڕانەتر دەخرایە ڕوو لەوەی کە نووسەر ویستبووی. لە بەشی ٣ ی ‘ داس کاپیتاڵ ‘ دا، لەوێدا کە مارکس باس لە ڕەوت و مەیلی دابەزینی قازانجی کۆمپانیاکان دەکات، تێبینی کرد کە ئەمە دەگونجێ بەرەو ” لەرزاندنی ” بەرهەمهێنانی سەرمایەداری مل بنێت. ئەنگلز ووشەی (لەرزاندن) ی لەجیاتی ووشەی (داڕمان) بەکارهێنا وە ئەوەی گۆڕی کە مارکس بەکاریهێنابوو، تێکستەکەی کردەوە بەڕووی لێکدانەوەی زۆر ڕادیکاڵترەوە لەلایەن مارکسیستەکانی سەدەی ٢٠ دا.

کاتێ کە ئەنگلز مرد لەساڵی ١٨٩٥ دا، خۆی لە گۆڕستانی ‘ های گەیت ‘ی لەندەن دوورخستەوە لە ئارامگەکەی مارکسی هاوڕێی. تاکۆتایی بەدوای ناو و نێوبانگ نەبوو، هەتا بڕیاری دابوو کە بسوتێنرێ هەربۆیە تۆز و خۆڵەمێشەکەی بە کەناری دەریادا بلاوکرایەوە لەئینگلتەرە لە ناوچەی ‘ ئیست بۆرن ‘ شوێنی دیمەنی سەیرانە خۆشەکانی لەگەڵ مارکس و خێزانەکەیدا.

ئەم بابەتە له‌بڵاوکراوەی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی له‌نده‌ن یدا بڵاوکراوته‌وه‌و له‌په‌یجی گۆڤاره‌که‌دا به‌هه‌مانشێوه‌‌.




هه‌رچه‌ند بگه‌ڕێن شار و وڵاتان … عه‌زیز ڕه‌ئووف

خۆی هه‌ر ده‌ركه‌وتنی دوو كه‌سایه‌تی كورد له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی فه‌ره‌نسادا مانای ئه‌وه‌یه‌ زیاد له‌ ماڵێكمان هه‌یه‌ و هه‌موو كۆك نین كه‌ یه‌ك كه‌س به‌ناوی هه‌موانه‌وه‌ بڕیار بدات و سه‌ردانی وڵاتان بكات. خۆی هه‌ر ده‌ركه‌وتنی دوو كه‌س له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی فه‌ره‌نسادا پێمان ده‌ڵێت به‌ر له‌ هه‌ر شت برینه‌كان به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌ك برینی ماڵی خۆمانه‌ و ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوو میرنشین حوكممان ده‌كات.

هه‌رچه‌ند بگه‌ڕێن شار و وڵاتان هیچ له‌وه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ له‌ناوه‌وه‌ كه‌لاوه‌یه‌كتان بنیاد ناوه‌ كه‌ دروستكردنی خانوو له‌سه‌ر ئه‌م كه‌لاوه‌یه‌ ئه‌سته‌مه‌ و ده‌بێت ئه‌م كه‌لاوه‌یه‌ ببه‌ینه‌وه‌ سه‌ر عه‌رزی ڕه‌ق ئینجا بینای بكه‌ینه‌وه‌. هه‌رچه‌ند دوو كوڕی گه‌نج و ڕێكپۆش بگه‌ڕێن شار و وڵاتان له‌و ڕاستیه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ حوكمڕانی له‌ بیست و شه‌ش ساڵی ڕابردوودا له‌سه‌رده‌ستی باوك و كوڕه‌كانیان، له‌سه‌رده‌ستی نه‌وه‌ی دووه‌می شۆڕشگێڕه‌كان تادێت قه‌باره‌ی قه‌یرانه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن و ده‌مانبه‌نه‌وه‌ سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاكان.
هه‌رچه‌ند دڵخۆش بیت به‌وه‌ی كه‌ ئاڵای كوردستان له‌ كوێ هه‌ڵكراوه‌ و چ سه‌ركرده‌یه‌ك پێشوازیت ده‌كات و له‌كوێدا به‌ فۆنتی كوردی شتێك نوسراوه‌، له‌و ڕاستیه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ تۆ له‌ناوه‌وه‌ هیچت بنیاد نه‌ناوه‌ كه‌ مایه‌ی دڵخۆشی بێت و له‌ ئاستی ماس میدیا دڵی هه‌وادارانتان به‌وه‌ خۆش ده‌كه‌ن كه‌ دوای ڕیفرادۆم هێشتا كه‌سانێك هه‌ن پێشوازیمان لێ ده‌كه‌ن.

هه‌رچه‌ند له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌نجاندانی ڕیفراندۆمدا به‌ ئه‌زموون بۆمان ده‌ركه‌وت هه‌موو ئه‌و سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و پێشوازی و هه‌ڵكردنی ئاڵایه‌ له‌ ئۆفیسی ده‌وڵه‌تان هیچ نه‌بوون جگه‌ له‌ بیركۆڵی ئێوه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ئاست لۆبی و په‌یوه‌ندی دبلۆماسی له‌نێو گه‌لاندا و دواجار به‌كارهێنانی كورد وه‌ك گه‌لێكی قوربانی به‌رامبه‌ر به‌ شه‌ڕی داعش و گیانله‌ده‌ستدانی زیاتر له‌ هه‌زار و پێنچ سه‌د گه‌نجی خێرله‌خۆنه‌دیوی ئه‌و گه‌له‌ی كه‌ خۆیان و منداڵه‌كانیان زیاد له‌ دوو ده‌یه‌یه‌ باجی شكسته‌ سیاسی و ئابووری و ئه‌خلاقیه‌كانی ئێوه‌ ده‌ده‌ن.

هه‌رچه‌ند بگه‌ڕێن شار و وڵاتان، جگه‌ له‌ پینه‌وپه‌ڕۆكردنی دۆخه‌كه‌ هیچ چاوه‌ڕوانیه‌كتان جی نه‌هێشتووه‌، ته‌نها ئه‌وه‌تان پێ ده‌كرێ وڵاتانێك نێوه‌نگیری بكه‌ن بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دۆخی پێش ڕیفراندۆم.
هه‌رچه‌ند بگه‌ڕێن شار و وڵاتان، له‌و ڕاستیه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ برینه‌كان لێره‌ن نه‌ك له‌ ئۆفیسی سه‌ركرده‌ی شار و وڵاتان.




ئەرکەکانی هونەری کاریکاتێر … هەندرێن خۆشناو

زۆرێک سەبارەت بە ئەرک و کاری هونەری کاریکاتۆر تووشی هەڵە و نا تێگەیشتن بوون، بۆیە ئێمە لێرە دەپرسین کە ئایا کاریکاتۆر هونەرێکی گاڵتەجاڕییە؟ تاکە ئامانجی کات بەسەربردن و دڵخۆشییە، چاندنی پێکەنینە لەسەر لێوان؟ بۆ ئەوەی بینەر یان خوێنەر دوور خاتەوە لە جیدیەتی هەواڵ و وتار و نووسینی وشکی سەر لاپەڕەکان؟. لە کاتێکدا کە هونەری کاریکاتۆر بە (میوەی رۆژنامەکان) ناسراوە، کە خوێنەر لە کۆتایی خوێندنەوەی رۆژنامەیەک بەدەستی دێنێت، لەم کاتەشدا دەبێت تام و چێژێکی شیرینی هەبێت، و ناخی خوێنەر تەژی بکات لە خۆشی؟ یان کاریکاتۆر هونەرێکی بە گریان هێنەرە، ئێش و ئازاری میللەتێک بەدەردەخات، و بە ڕووی دەسەڵاتدارانی ستەم و داپڵۆسین و کۆیلایەتی هاوار دەکات، و ڕەنگەکانی خوێن و بۆنی گەندەڵی و ئاسنی زیندانەکان وەدەردەخات؟.

زۆرێک بە نادروستی لە کار و ئەرکی سەرەکی هونەری کاریکاتۆر لێیان تێکچووە و تێکەڵیەک دەکەن و جیاوازی لە نێوان ئەرکە سەرەکییەکانی ناکەن، ئەوەی راستی بێت کار و ئەرکە سەرەکیەکانی هونەری کاریکاتۆر دابەش دەکرێنە سەر سێ ئەرک و ئامانجی سەرەکی.
یەکەمیان: ئەرکی ڕاست و دڵکاریی (جیدی) هونەری کاریکاتێر، لێرەدا هونەرمەندی کاریکاتێریست ئێش و ئازار و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکان دەخاتە ڕوو، وەکو هەر هاوڵاتیەک کە لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەی دەژی. لەمەیاندا هونەرمەندی کاریکاتێریست بیروڕاگەلێکی وا دەخاتە ڕوو، دوور لە گاڵتە و پێکەنین و خۆشی، دەکرێت کاریکاتۆرەکە یان کارتۆنەکە بە توانج یان بێ توانج بێت.

بینەری ئەم کارانە بەڕاستی تام و چێژی تراژیدیا و خەم و ئازار دەکات لەگەڵ هونەرمەندەکە، لە کاتێک کە ئەو تابلۆیە پڕ لە گریانە دەبینێت، کە راستگۆترین دەربڕینی ناخ و هەستی هونەرمەندەکەیە. ئەگەر هونەرمەندەکە لەو کێشە و ئێش و ئازارەدا ژیابێت و هەستی پێکردبێت، ئەوا هەڵبەتە تابلۆکە ڕاستگۆیانەتر ئەو هەستە دەگوازێتەوە بۆ بینەر و خوێنەر.

لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە سەرەکییە، کاریکاتۆرەکە دوور دەکەوێتەوە لە دۆخی خۆشی و پێکەنین و شادی، چونکە لە دەربڕینی ئێش و ئازار و کێشەیەک بە شێوازێکی کاریکاتێریانە، کە هونەرمەندەکە لە ڕوانگە و دیدگای خۆیەوە دایدەڕێژێت، هیچ جێگای پێکەنین و گاڵتە و گەپ نابێتەوە.
دووەمیان: ئەرکی رەخنەی گاڵتەجاڕی ئامانجدار، لێرەدا هونەرمەندی کاریکاتێریستی بەتوانا کێشەیەک پێشکەش بە بینەر دەکات، بە شێوازێکی رەخنەگرانەی گاڵتەجاڕی دڵخۆشکار، کە تێیدا خۆشی تێکەڵ بە سوود و قازانج دەکات، جا ئەو کێشەیە سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان بوارێکی تر بێت، لە هەمان کاتدا مامەڵە لەگەڵ کێشەیەکدا دەکات کە جێگای بایەخی گشت کۆمەڵگایە. لێرە لەم ئەرکەدا کاریکاتێریست بە توانستی خۆی کێشەیەک و ئامانجێکی دیاریکراو لەگەڵ قۆشمەبازی و گاڵتەجاڕیەکی جوان دەبەستێتەوە.

سێیەمیان: کاریکاتۆر تەنیا بۆ گاڵتە و نوکتەبازی و پێکەنین، لەمەدا کاریکاتۆر تەنیا بۆ کات بەسەربردن و مێشک حەوانەوە و بزە و پێکەنین بەکاردێت، بەبێ هیچ کێشەیەکی روون و دیاریکراو، ئەم جۆرە کاریکاتۆرەش لە ئاستی کاریکاتۆرەکانی تر کەمتر نیە، بەڵکو ئەمەش جەماوەر و حەزلێکەرانی خۆی هەیە، لەمەشدا دەبێت کاریکاتێریست سەرکەوتووبێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، ناتوانین ئەم ئەرکە یان ئەمجۆرە کاریکاتۆرە یان کارتۆنە بسڕینەوە لە جیهانی رۆژنامەگەریدا، چونکە نەک تەنیا ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندن، بەڵکو هەموو کۆمەڵگاش بە درێژایی مێژوو بەبێ کۆمیدیا و نوکتە و گاڵتە نەبووە و نابێت.

لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە کە نابێت تێکەڵیەک بکەین لە نێوان ئەم سێ ئەرکە سەرەکییەی هونەری کاریکاتۆر، دەبێت ڕێز لە هەر سێکیان بگرین، چونکە هەر یەکیان ئامانجێکی دیاریکراو بەجێدەگەیەنن، تام و چێژ لە هەموویان وەرگرین و تێیانبگەین، تاوەکو هۆشیارییەکی رۆشنبیریی تەواو لەلامان گەڵاڵە دەبێت، و هەست بە پایە و بایەخی ئەو هونەرە کاریگەرە دەکەین، کە سوود و قازانج، یان قازانج و خۆشی، یان تەنیا خۆشی و پێکەنین، دەبەخشێت بە هەر یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە، بە گوێرەی ئاستی تێگەیشتنی خۆی.




کاوە گەرمیانی ئێوەخۆش … فەرەیدون کونجرینی

کەلەپچەی دەستی کاوە گەرمیانی زەنگێك بوو ستەمکاری و حوکمی دیکتاتۆری ئاشکراکرد ” گەرمیانی لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ئاشکراکردنی پەرپرسی گەندەڵ سزادەدرا” دەستەکانیان پاوەن دەکرد ” دەزگا ئەمنیەکان هاوشێوە تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد ” دەکرێت پێداچونەوە بۆ کەیسی پێش تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بکرێت و هۆکاری دەسگیرکردنەکەی وەك لەزاری خۆیەوە دەیگوت لەمێدیاو ڕۆژنامەکاندا بڵاو بکرێتەوە” چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەودەزگایەدا ئەنجامدرێ کە گەرمیانی بۆ ڕاپێچ کرابوو. کاوە گەرمیانی سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ ، شەوی پێنجشەممە 5.12.2013، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای کەلار ، بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا .

یەکێك لەو کەسانەی” لە تۆڕی فەیسبوك بوەهاوڕێم لە کۆتایی ساڵی 2010دا کاوە گەرمـیانی بوو ” کاوە گەرمیانی یەکێكبو لەو هاوڕێیانە هەمیشە لە هەمان ئاراستەی یەک کارمانـدەکرد کارکردنێك مەبەستم هاوراو هاومەبەستبوین لەسەر بارودۆخی هەرێمی باشوری کوردستان ” هەمیشە لە پۆستەکانیابوم بەتایبەت ئەوکاتانەی وێنەی نوێترین دەرچوی ڕۆژنامەکەی سکاندەکرد و پۆستی دەکرد ” یەکەم سەرنجم و گۆڕینەوە و پەیوەندی ” ئەوکات فەیسبوکێکی ترم هەبوو کەلە ڕۆژانی دوای 17ی شوبات بلۆك کراو بۆم نەکرایەوە ” جامن لەوێ وێنەی خوێندکارە سوتاوەکەی تونسم پۆستکردبوو ”
یەکەم کۆمێنت کەنوسرا لەسەر بارودۆخی تونس کاوە گەرمیانی خۆزگەیەکی تێدا نوسیبو “ئایا تونس شۆڕشەکەی سەردەگرێ ؟
لەوەڵام و کۆمێنتی من” گومانم هەیە بەوەی خەڵکێکی زۆر هاتنە دەنگ لەسەر مەحمەد دەرچوی زانکۆ” خاوەنی ئەو عەرەبانەی سەوزەومیوەی لەسەر دەفرۆشت ” کاک کاوە ! بەخۆسوتاندنی خاوەن عەرەبانەکە پایتەختی هێنایە جوڵە شەقامەکان پڕبوە لە ناڕەزایی خەلک ”
لە دواین کۆمێنتدا وەلامی دامەوە ” خۆزگە ئەو لافاوی شۆڕشە بگەیشتایە کوردستان و کۆتایمان بەم بەرپرسە گەندەلانە بهێنایە .

کاوە گەرمیانی لە کۆمێنتێک تردا بۆ منی نوسیبوو ” ئێوە لەشوێنێکەوە داوای ئازادی کوردستان دەکەن و ڕەخنە لە بەرپرسەکان دەگرن هیچ مەترسیەکتان لەسەرنیە” خۆزگە دەیان کەسی وەك ئێوە لەکوردستان بوایەو خۆپشاندانێکی سەرتاسەری ئەنجامدرایەو دەنگی ناڕەزایی بگەیشتایەتە هەمو جیهان”
کاوە گەرمیانی هیواو ئاواتی زۆربوو زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی گەرمیان ” من وام دەزانی کاوە گەرمیانی گەنجێکی ڕایشتەو خاوەن و توانایەکی مادی باشی هەیە ” بەڵام بەداخەوە وانەبوو ” لەدوای کۆچی دوایی و تیرۆرکردنی تاسام و زۆر زۆر نیگەرانبوم بەنەبونیەکەی” ئەو هیواکانی بەدی نەهات و غەمێکی گەورەبوو بۆدایکی و خێزانێکی دوگیانی جیهێشت ” کاوە گەرمیانی غەمی هەمولایەکمانبوو ئێش و ئازارێکی زۆری کردە نێو مالەکان ” بەڵام بەداخەوە ئەوانەی دەیانگوت ئێمە کاوە گەرمیانین نەیانتوانی بەڕۆژیکی بلاوکراوەکانی کاوە گەرمیانی چالاکی و دەنگدانەوەو تۆڵەیان هەبێت .

لە ڕۆژی تیرۆرکردنی ، خانەوادەی کاوە گەرمیانی داوایان لە بەرپرس و هیچ حیزبێك نەکرد بۆ تۆڵە سەندنەوە ، هیوایان بە ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنەکانبو بەردەوام بەدواداچون بکەن لە ئاشکراکردنی بوکوژی کوڕەکەیان بەڵام بەداخەوە تەنها ساڵەوساڵ یادی کاوەگەرمیانی دەکرێتەوە بەجۆرێ دەڵێی زەماوەندە ، یان زۆرێك قەتارەیان بەستبوو دەیانـــوت ئێمە هەمومان کاوە گەرمیانین ، هەرچەندە لەئاست بوێری کاوە گەرمیانیدا نەبون .

دروود بۆ گیانی کاوە گەرمیانی
فەرەیدون کونجرینی




گۆڤاری (كولتور مه‌گه‌زین)ی ژماره‌ دوو له‌ كتێبخانه‌ی غه‌زه‌لنوس‌

خوێنه‌رانی ئازیزمان؛ سه‌ردانی كتێبخانه‌ی غه‌زه‌لنوس له‌شاری ‌سلێمانی و كتێبخانه‌كان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی به‌ (گۆڤاری كولتور مه‌گه‌زین ) چاپ ئاشنا بن‌. گۆڤاره‌كه‌ له‌م ڕۆژانه‌شدا له‌هه‌ولێر و شار و شارۆچكه‌كه‌كانی دیكه‌ی كوردستان دابه‌شده‌كرێت.

كڕینی هه‌ر ژماره‌یه‌ك یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ به‌رده‌وامبوون له‌چاپكردنی ژماره‌یه‌كی دیكه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی به‌شێكی بچوكی تێچوونی هه‌ردوو ماڵپه‌ڕه‌ كوردی و ئینگلیزیه‌كه‌مان. هیوادارین له‌ڕێگه‌ی خۆشه‌ویستی ئێوه‌ بۆ كولتور و فیكر و ئه‌ده‌ب و فێمنیزم و جێنده‌ر و هونه‌ری كوردی بتوانین به‌رده‌وام بین. نرخه‌كه‌ی گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌مڕۆدا.

تێبینی: بابه‌ته‌كانی گۆڤاری كولتورمه‌گه‌زین له‌ ئۆلاینه‌كه‌دا نییه‌. وه‌ك ستاندارتێكی جیهانی دوایی ده‌رچوونی ژماره‌یه‌كی نوێ ئه‌وسا هه‌ندێكی ده‌چێته‌ ناو گۆڤاره‌ ئۆنلاینه‌كه‌وه‌. هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌ندێك بابه‌تی ژماره‌ی یه‌ك له‌ (كولتور مه‌گه‌زین) ئۆنلاین دابنێنین. له‌هه‌موو ژماره‌یه‌كدا شانۆی ژماره‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌. ئه‌مجاره‌ (دانا ڕه‌ووف ) – كچه‌ فلیم گێڕه‌وه‌كه‌ – ئاماده‌كردووه‌ بۆ به‌شی شانۆی گۆڤاری كولتور مه‌گه‌زین.

ده‌سته‌ی نوسه‌رانی گۆڤاری كولتور مه‌گه‌زین


پێڕستی بابه‌ته‌كان ژماره‌ ٢

چه‌ند وشه‌یه‌ك ….

جێنده‌ر و فێمینیزم

– خۆنیشاندان وەک جوگرافیایەک بۆ شاردنەوەی جەستەی ژنان …….. شارا تاهیر

– ماسکەکانی حەرەمسەرای هاوچەرخ – به‌شی دووهه‌م ….به‌یان سه‌لمان

– دایکسالاری وەک ڕۆڵی ژن لەنێو مێژوودا …خه‌نده‌ حه‌مید

– پرۆژەکەی شێلینگ، ڕۆمانێک سه‌باره‌ت ئۆرگازموسی مێ ….به‌كر عه‌لی


هزری ڕه‌خنه‌یی

– زۆڵیزم، به‌ده‌عبابوون و كۆپیی شۆپی پاتریاركیه‌ت – به‌شی دووهه‌م …. ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین.
– سلۆته‌ردایك؛ ترامپ ئۆلیگاریشێكی كلاسیكه‌… له‌ئه‌ڵمانیه‌وه‌؛ ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
– فەلسەفە چییە؟ ….. نه‌به‌ز سه‌مه‌د

ڕه‌خنه‌ ، لیتراتور، هونه‌ر

– کوردایەتی و ئەدەب، سەرنجێکی سۆسیۆلوجی …. ئاكۆ قادر حه‌مه‌
– شاردنه‌وه‌ی هێماكانی مێینه – ‌بوون، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕێزان به‌توله‌ هۆزان مه‌حمود
– مەودای نێوان کاری دەستڕەنگینی و هونەر … ڕۆژگار موسته‌فا
– لەسەر ڕووباری ئیسار … فاروق هۆمه‌ر
– من و شارەکان … هیوا قادر
– دەستم خۆش بێت خراپ ژیام … داستان به‌رزان

شانۆی ژماره‌

دانا ڕه‌ووف – كچه‌ فلیم گێڕه‌وه‌كه‌ – ئاماده‌كردن بۆ شانۆ

به‌رگی یه‌كه‌م: فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی – پیته‌ر سلۆته‌ردایك
به‌رگی دووهه‌م: تابلۆیه‌ك له‌زنجیره‌ تابلۆی ( ڕۆژی گوڵه‌ مێخه‌ك -Tag der Nelke) – به‌هادین – ی هونه‌رمه‌ند.

کەلتور مەگەزین ٢




تابلۆی ژان …. ستار ئه‌حمه‌د

له‌ده‌رگای خوادا گرفتار
كۆرپه‌ی خاكم له‌سه‌ر شانه‌
گه‌ڵای دار ده‌كه‌م به‌زارو
هه‌وریش به‌لانك و جۆلانه‌
………………………
به‌رماڵێك له‌په‌ڕی كۆتر
له‌تاریی شه‌وا راده‌خه‌م
وێردی فه‌نابوون ده‌خوێنم
رووده‌كه‌مه‌ كه‌ناری خه‌م
……………………….
له‌ناخی به‌ردینی مرۆو
له‌نیگای خۆر راده‌مێنم
تریفه‌ی مانگ رامده‌كێشێ
شنه‌ی به‌فرو با ده‌دوێنم
………………………….
له‌ هه‌نگاوی بێ هه‌ڵوێستا
له‌نێو ئه‌فسوونی سته‌ما
ئاسمان تابلۆی خوێنی خه‌مه‌
مانگ خنكاوه‌ له‌نێو ته‌ما
…………………..
له‌جه‌وری ئێمه‌ی چه‌توون و
تێر نه‌بوونی دیده‌ی كوێرمان
ئه‌م خاكه‌ ژان دایگرتووه‌
ئاسمان بۆی نابێت به‌مامان
………………………….
خودایه‌ دونیا هه‌پروون بوو
تۆ بڵێی حه‌زی تۆ وابێ
ئه‌م گه‌له‌م دیلی فیرعه‌ونه‌
نابێت مووسایه‌كی تیا بێت
…………………..

ستار ئه‌حمه‌د




لەچوارهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنوس “کاوە گەرمیانی” دا


دوو چالاکی له‌له‌نده‌ن

رۆژی یه‌که‌م: رۆژی 5ی 12 کاتژمێر 4ی پاشنیوه‌ڕۆ، له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی حکومه‌تی هه‌ریـم له‌له‌نده‌ن
خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی
کات: رۆژی سێ شه‌ممه‌ رێکه‌وتی ٥ /۱۲/۲٠۱۷ کاتژمێر چواری پاشنیوەرۆ
ناونیشان KRG
50 Brodway
London, SW1H 0RG

رۆژی دووه‌م: 6ی 12 کاتژمێر 7ی ئێواره‌ له‌ کتێبخانەی هاوسمەن
گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا دەکرێت
کات: ڕۆژی چوارشەمە ٦ی دیسمبەری ٢٠١٧ کاتژمێر ٧ ی ئیوارە بۆ ٨:٣٠
شوێن: کتێبخانەی هاوس مەن لە لەندەن
HOUSMANS
5 Caledonian Rd
Kings Cross,N1 9DX

نزیکترین ئیستگای قیتاری ژێرزه‌وی :King’s cross
فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی، لەچوارهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنوس “کاوە گەرمیانی “دا کۆرێک بۆ ڕۆژنامەنوس “بڕوا بەرزنجی “ڕێک دەخات.
تەوەرەی باسەکانی تایبەتە بە:
– کاوەگەرمیانی ، ئەڵقەیەک لەزنجیرەی کارە تیرۆرییەکانی دەسەڵاتی سیاسی بەرامبەر ئازادی.
– ترس لە ئازادی بۆ؟
– ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان.
هاوکات بۆ ئەم کۆڕە” شیرین “هاوسەری کاوە گەرمیانی پەیامێکی دەبێت.
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە ژمارە ته‌له‌فونی: ٠٧٧٢٠٢٩١٥١٦




* ئه‌زموونگه‌ری چییه‌؟ به‌ ماناچی دێت ؟ … ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

چاخی ڕێنسانس له‌ئه‌وروپا (بووبه‌خاوه‌نی ڕه‌وتێكی پڕاوپڕی سروشت ، له‌گه‌ڵ نه‌ریتی زانستی و میتۆدی وگشتگیردا، ڕه‌وتێك، له‌پاڵ لایه‌نه‌ زانستی و ئه‌زموونگه‌ریه‌كه‌یدا ، ژمێره‌یه‌كی زناكی میتافیزیكی )بوو (1).

رۆژێك بوو ، بیروڕای “كۆپه‌رنیكۆس” سه‌باره‌ت به‌ خولانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆردا ، به‌بیرو ڕایه‌كی سه‌یرو شۆڕشگێڕانه‌ له‌قه‌ڵه‌م ئه‌درا . له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌نگی به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ هه‌ڵچنی و كۆنه‌په‌رستان پێیان قبوڵ نه‌ئه‌كرا. بۆیه‌ له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا كه‌وته‌ به‌رلێشاوی تانه‌و ته‌شه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی فاتیكان و زانایانی لاهوت و ئه‌نجامیش ئه‌و بیروڕا نوێ‌ یانه‌ هه‌ل و مه‌رجی سه‌ركه‌وتنیان بۆنه‌ڕه‌خسا..(2) پاشتر به‌هاتنی گالیلۆو پاشان نیوتن و پاسكاڵ و زاناكانی ترو له‌وێشه‌وه‌ له‌فه‌لسه‌فه‌دا دیكارت و هه‌ندێك له‌ بیریارانی ئه‌و چاخه‌ له‌وانه‌ فه‌یله‌سوفه‌ ئه‌زموونگه‌راكانی وه‌كو (لۆك وهیوم و ….هتد) .

زاراوه‌ی ئه‌زموونگه‌ری (EXPERIMETAI) كه‌زاراوه‌یه‌كی زانستیه‌ و (داروین) له‌تیۆری گه‌شه‌سه‌ندن (التحول ) دا له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا به‌كاریهێنا (…)(3) ده‌توانین له‌ ڕیشه‌و ڕه‌چه‌ڵه‌كی وشه‌ی ئه‌ڵمانیی erfahrung به‌واتای ئه‌زموون یارمه‌تی وه‌ربگرین . ئه‌و وشه‌یه‌له‌ fahren وه‌ دێت كه‌له‌بنه‌ڕه‌تدا ، له‌دوو گرۆی واتایی جیاوازدا به‌كارده‌هات : یه‌كه‌میان ڕادان و دووه‌میان سه‌فه‌ركردن . ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ئه‌زموون له‌هه‌ناویه‌وه‌ جیابوه‌وه‌ ، سه‌فه‌ركردن ، چوونه‌جێیه‌كی دیكه‌یه‌ (4). هه‌روه‌ها (كلۆد بێرنارد )له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یدا به‌ناوی (پێشه‌كیه‌ك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی پزیشكی ئه‌زموونگه‌ری ) به‌كاریهێنا ، ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌ هونه‌ری پلاستیكادا له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی (انگباعی ) یه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌رده‌ستی (مانیه‌ومۆنیه‌) كاریپێكراو به‌كارهات ،(…) به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی فۆرم و شێوازی نوێ‌ كه‌پشت به‌ستووبوو به‌تیشكی رۆژو تیشكدانه‌وه‌ی له‌سه‌رسروشت یاخود پێشكه‌شكردنی

(1) سردار محموود ، صیغ الادا‌و التمپیلی فی العرچ المسرحی الكردی، رساله‌ المجستیر(غیرمنشوره‌ )ص 37
(2) (به‌كر ئه‌لشه‌رقاوی ) ، پێشه‌كی (شانۆنامه‌ی ژیانی گالیلۆ ) : وه‌رگێڕانی: فۆاد مجیدمیسری ل18
(3) بورهان قه‌ره‌داغی ، شانۆكاری كورد له‌یۆتۆبیای ئه‌زموونگه‌ریدا ، ل12
(4) مه‌سعوود بابایی ئه‌فراندن و ئازادی (باسته‌وه‌ره‌كانی هێرمنیوتیك و جوانیناسی )، بابه‌ك ئه‌حمه‌دی ، وه‌رگێڕانی : ل89

(شێوازێكی نوێ‌ له‌نمایش به‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه‌ناباون )،بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر (گرازیه‌ت )مان دانا وه‌ك ڕوگه‌یه‌كی لاسایگه‌ری ،ئه‌وا رۆژێك له‌رۆژان هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ لێی داده‌نرێت به‌ كارێكی ئه‌زموونگه‌ری (…) جۆرێكی تركه‌كاری تیاده‌كات (گۆڕینی شوێنی نمایشه‌و په‌یوه‌ندییه‌تی به‌بینه‌ره‌وه‌ ) (1) ئه‌زموونگه‌ری له‌بواری شانۆدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ(ساڵی 1880″ئه‌میل زۆلا” به‌كاریگه‌رێتی تیۆره‌كانی “داروین ” و “كلۆد بێرنارد” زاراوه‌ی (زانستیه‌رۆمان )ی داهێنا (…)به‌یاننامه‌یه‌كی به‌ناوی(سروشتیه‌ له‌شانۆدا – الگبیعیه‌ فی المسرح ) بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا بانگه‌شه‌ی بۆپێشكه‌شكردنی مرۆڤ به‌وشێوه‌ سروشتیه‌ی كه‌له‌ژیاندا هه‌یه‌تی كرد (2) ئه‌زموونگه‌رێتی له‌شانۆدا به‌وه‌دیاریده‌كرێت له‌شانۆدا كه‌ به‌ بیرێكی ” یاخیانه‌ له‌ ده‌زگا شانۆییه‌ باوه‌كان و كۆنترۆڵكردنی جیهانی سانۆ له‌واقعێكی رۆشنبیری دیاریكراودا و به‌ململانێكردن بۆ ده‌رچوون له‌وته‌قلیده‌ هونه‌ریه‌ خووپێوه‌گرتووه‌ و خواستی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ وزووبێداربووونه‌وه‌ وكه‌شفكردنی جیهانه‌ نادیاره‌كان و ته‌وق دانیان به‌ خوێنی نوێ‌ وروئیای تازه‌ له‌ ڕیشه‌ی بزوتنه‌وه‌ی شانۆیی كه‌ كرچ و كاڵبووه‌ یان كۆنترۆڵكردنی رۆحی بازرگانیانه‌ (3) هه‌رله‌م باره‌یه‌وه‌(هه‌ندێك كاره‌كانیان له‌سه‌ر شانۆی عولبه‌ی ئیتاڵی نمایشده‌كه‌ن ، هه‌ندێكی تر له‌دوای شوێنی ناباوده‌گه‌ڕێن تاگوتاره‌كانیان له‌سه‌ردامه‌زرێنن)،(4)ئه‌زموونگه‌ری لای “برووك” هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكشكاندنی ئه‌وهه‌ڵچونه‌ی كه‌له‌نێوان ئه‌كته‌رو بینه‌ردا هه‌یه‌ (5) كه‌واته‌ له‌مانه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ئه‌وه‌ی هه‌رنمایشێك له‌دۆخی باو ده‌رچێت یان هه‌رده‌رهیچنه‌رێك هه‌وڵێكی وابدات ده‌توانین پێی بڵێن (ئه‌زموونگه‌ر ) .

(1) بورهان قه‌ره‌داغی ، شانۆكاری كورد له‌یۆتۆبیای ئه‌زموونگه‌ریدا ،ل12 و ل15
(2) ئه‌حمه‌د سالار ، هونه‌روژیان ل 106- ل107
(3) شفرات الجسد (جدلیه‌ الحچور والغیاب فی المسرح) ، عوادعلی ص13و14
(4) بورهان قه‌ره‌داغی ، شانۆكاری كورد له‌یۆتۆبیای ئه‌زموونگه‌ریدا ل15
(5) شانۆ له‌چه‌ند وتارێكدا ، كۆكردنه‌وه‌و وه‌رگێڕانی م.په‌روه‌ر ل103
—————–

سه‌رچاوه‌و ژێده‌ره‌كان :
1- محموود ، سردار. صیغ الادا‌و التمپیلی فی العرچ المسرح الكردی (رساله‌ ماجستیر– غیر منشوره‌) ، جامعه‌ صلاح الدین – كلیه‌ الفنون الجمیله‌ – قسم الفنون المسرحیه‌ 2010
2- ئه‌لشه‌رقاوی ، به‌كر . پێشه‌كی (شانۆنامه‌ی ژیانی گالیلۆ )، وه‌: فۆاد مجیدمیسری،ده‌زگای رۆشنبیری و بڵاو كردنه‌وه‌ی كوردی ژماره‌ 71، به‌غدا 1982
3- قه‌ره‌داغی ، بورهان . شانۆكاری كورد له‌یۆتۆبیای ئه‌زموونگه‌ریدا ، به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی چاپ وبڵاوكردنه‌وه‌ زنجیره‌ (251) ، سلێمانی 2004
4- ئه‌حمه‌دی ، بابه‌ك . ئه‌فراندن و ئازادی (باسته‌وه‌ره‌كانی هێرمنیوتیك و جوانیناسی )، وه‌ : مه‌سعوود بابایی ، ده‌زگای توێژینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی –زنجیره‌ی كتێب (446)،چاپی یه‌كه‌م- به‌رگی دووه‌م 2010
5- سالار، ئه‌حمه‌د . هونه‌رو ژیان ، ده‌زگایچاپ و په‌خشی سه‌رده‌م – زنجیره‌ی كتێبی سه‌رده‌م ژماره‌ (313)، سلێمانی 2005
6- علی ، عواد . شفرات الجسد (جدلیه‌ الحچور والغیاب فی المسرح ) ، عمان : دار أزمنه‌ گ 1 ( 1996)
7- شانۆ له‌چه‌ند وتارێكدا ، كۆكردنه‌وه‌و وه‌رگێڕانی م.په‌روه‌ر،به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان – زنجیره‌ 30سلێمانی 203




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد -5- … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی پێنجەم ….

داود ئۆغلۆ پێشخستنی سیاسەتی ئیقلیمی توركیا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆكارێك دەزانێ‌ بۆ سنوورداركردنی مەترسی لێكترازانی سیاسی لە ناوچەکەدا. لەم گۆشەنیگایەوە ئۆغلۆ پێگەیاندنی ئەمجۆرە سیاسەتە، بەپێگەیاندنێكی زۆرباش دەزانێت لەڕووی هەماهەنگی ستراتیژییەوە، بەدیاریكراویش لەقۆناغە تەكتیكییەكاندا.

بۆیە لەپاڵ سیاسەتەكانی دیكەی توركیا لەبەرامبەر كێشەی كورد، هەم لەناوخۆی توركیاو هەم لەبەرامبەر هەرێمی كوردستاندا، زیاتر دەمانگەێنێتە ئەو راستییەی كە توركیا تێگەیشتنێكی جدی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، بەقەد ئەوەی خوازیاری ئەوەیە بەهەرشێوەیەك بێت رێگە لەو لێكترزانە بگرێت، كە وای بۆدەچێت لەئایندەدا رووبدات، بەشێوەیەك هیچی كەمتر نابێت لەوەدەرنانی توركیا لەبەلقان‌و دواتریش پاڵپێوەنانی بۆ ئەو سنوورەی ئێستای، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تائەم ساتەش زۆر لەسیاسییەكانی توركیا بەتایبەتی ئەردۆغان شەو تابەیانی خەون بەو رابردووە لەدەستچووەیانەوە ببینن.

لەمبارەیەوە ئۆغلۆ وای بۆدەچێت، كە ئەم بارودۆخەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وادەكات توركیا هەلوێستی زۆر جدی هەبێت، لەسەرخۆو شێنەیی بێت لەبەرامبەر داڕووخانی جیوسیاسی‌و ئابووری‌و رۆشنبیری، كە ئۆغلۆ پێشبینی دەكات ئەم داڕوخانە لەناوەڕاستی یەكەمی سەدەی بیست‌و یەكدا، بەقورسی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بشكێتەوە، بۆیە نابێت توركیا دەستەوەستان بێت‌و چوار مەشقی لێیدانیشێ‌‌و هیچ نەكات، ئەو نموونە بەوەدێنێتەوە كە توركیا كاتێك دەستبەرداری پاشماوەی عوسمانییەت بوو، دوڵەتی نەتەوەیی لەمیانی نەخشەیەكی رەگەزپەرستیدا هاتەجێی.

بۆیە ئۆغلۆ پەنابردنە بەر سیناریۆی تازە لەناوچەكەدا بەپێویست دەزانێ‌و دەڵێ‌: لەسەر توركیا پێویستە نەخشەی سیناریۆی پەیوەندیدار بەنیوەی یەكەمی سەدەی بیست‌و یەك لەچوارچێوەی ستراتیژیەتێكی بەرفراوانی ئیقلیمی بكێشێت.

هەر ئەم تێگەیشتنەشە وایكردوە، توركیا سیاسەتی نزیكبوونەوەی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەبەرو بەهێمنی‌و وریایی لەمەوداكانی فەلەستین‌و نەوت نزیك بكەوێتەوە، هەرچەندە راستەوخۆ دەستوەردانی نەبوو، بەڵام ئێستا تواناكانی پیشانداوەو پەرەیسەندوە.ئۆغلۆ مەسەلەی عیراق‌و كورد و ئاو بەیەكەوە دەبەستێتەوەو لەم رێگەیەوە دەڕوانێتە گەمە هەرێمییەكانی كە دەیەوێ‌ هاوكێشەی سیاسی‌و ئابوورییەكەی هاوتەریب بەیەكەوە ئاراستە بكات‌ و هەریەكەیان بخاتە خزمەتی ئەوی ترەوە، كە سەرەنجام هەرێمی كوردستان دەبێتە بەشێك لەیارییەكە، كە تێدا جگە لەدەستەكەوتنی ئارامییەكی كاتی‌و هەندێ‌ دەستكەوتی ئابووری، هیچی تری لێشین نابێت، بەڵام ئەو رێگایە بۆ توركیا خۆش دەكات كە دەیگەێنێتەوە بەقوڵایی ئاسیا كە دەمێكە خەونی پێوەدەبینێت.

لەبەرامبەر ئەوەشدا هۆشیاری‌و تێگەیشتنێكی تەواو لای ئەمریكاو خۆرئاواو خودی پەكەكەش هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەساڵی 2000 پارتی دادوگەشەپێدان لەرەحمی پارتی فەزیلەدا لەدایكبوو، وەك هەڵگری جۆرێك لەدیموكراتییەتی نەریتپارێزی‌و ناوەندگیری لەنێوان ئسلامییەتییەكی تەواو و دەستگرتوو بەعلمانییەتەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش توانی لەڕێگەی سیاسەتێكی نەخشە بۆكێشراو مەوداكانی ئەو رێگایە كورتتر بكاتەوە كە توركیا لەنەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نزیكتردەكاتەوە، لەمیانی ئەو سیاسەتی ئیحتیواكردنەوە، كە سەرەنجام بەهۆی پێشهاتە تازەكان‌و بەتایبەتیش سەرهەڵدانی داعش دەستەكانی توركیا ئاشكراتر دەركەوتن، چونكە توركیا بەهۆی خۆ یەكلانەكردنەوەی لەرووی فیكرەوەو نەگیرسانەوەی لەوێستگەیەكی سیاسی دیارو رووندا ناتوانێ‌ درێژە بەو سیاسەتەی پێشووی بدات.

وەك چۆن پێشتریش توركیا سەركەوتوونەبووە لەبەدەستەوەگرتن‌و بوونە خاوەنی سیاسەتێكی ئابووری بەهێز لەناوچەكەدا، بەئامانجی لانی كەمی خۆ بەكوێخاكردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەكاتێكدا توركیا خاوەنی سیاسەتێكی شكستخواردوی ئابوورییە لەرابردوودا، كاتێك لەساڵی 1986 ویستی لەرێگەی (پڕۆژەی بۆڕی ئاشتی) كە بریتی بوو لەگەیاندنی ئاو لەباشووری توركیاوە بۆ وڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەبی، هەیمەنەی خۆی بۆ سەر زەمینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنەتەوە، كە لەیەك كاتدا هەم پڕۆژەیەكی سیاسی بوو، هەم ئابووری.

لەم گۆشە نیگایەوە، ئۆغلۆ پێی وایە لەئێستادا توركیا كەوتۆتە ناوەندی نەخشە نوێكانی پەیوەندیدار بە”عیراق- كورد- ئاو” هەربۆیەشە پێی وایە دەبێت توركیا بەوردی‌و وریاییەوەو لەروانگەی ستراتیژیەتی ئوراسیادا، سوود لەقوڵایی ئاسیا وەربگرێت، دیارە بەبێ‌ بوونی كاریگەری توركیاش لەسیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، توركیا ناتوانێ ئەو قوڵاییە ئاسیاوییە بەدیبێنێت.

ئۆغلۆ ئاماژە بۆ سیاسەتی توركیا دەكات بەئاراستەی باكوورو باشووری وڵاتی دوو رووبار، كە هەرێمی نەوتی‌و ئاوی لەخۆدەگرێت، وەك كاریگەرترین ئەو هۆكارانەو لەهەمان كاتدا بەمەرترسیداریشی دەبینێ‌، لەهەمانكاتیشدا وای بۆدەچێت كە ئەمە كێشەی كوردو عیراقیش دەگرێتەوە، وەك دووكێشەی چاوەڕوانكراوی دەركەوتوو لەروانگەی ستراتیژیەتێكی تازەدا.

هەموو ئەم ئاماژانەش، ئاماژەی زۆر روونن، بۆ ئەم سیاسەتە تازەیەی توركیا، بەومانایەی چۆن دەیەوێ‌‌و بەچ رێگایەكدا بگەڕێتەوە سەر ئەو نەخشەو هێڵە كاریگەرەی، كە پێیان وایە دەبێتە هۆی كاریگەرتركردنی ستراتیژیەتی توركیا، بەئاراستەی گەڕانەوە بۆ قوڵایی ستراتیژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

دیارە ئۆغلۆ پێشبینی ئەوەشی كردوە كە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زنجیرەیەك لەنائارامی لەسەر بنەمای رەگەزپەرستی سەرهەڵدەدا، لەم روانگەیەوە رۆڵی توركیا دەخاتەڕوو، دەخوازێت لەچارەسەركردنی ئەم نائارامیانەدا، توركیا ببێتە ناوەندی چارەسەكردن لەمەودای دووردا، كە دەكرێ‌ ئەم سیاسەتەی ئێستاشی لەبەرامبەر هەموو ئەو رووداوانەی لەناوچەكەدا روودەدەن، لەم تێگەیشتنەی سەرەوەدا ببینینەوە، كە چۆن دەیەوێ‌، لەروانگەی جیورۆشنبیرییەكی بەرفراواندا، ئەو رۆلە سەرەكییە ببیینێ‌ لەئیدارەدانی ململانێكاندا، بۆ ئەوەی نەبێتە تەنیا لایەنێكی كاریگەری لاوەكی‌و مەودا كورت، بەڵكو رۆڵی دامەزرێنەرو هێنانەدی ئاشتیش ببینێ‌ لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمەش دوای ئەوەی كە ئەحمەد داودئۆغلۆ دەگاتە ئەو تێگەیشتنەی كە عیراق‌و كێشەی كورد پێویستیان بەهەڵسەنگاندنێكی ئارام هەیە، لەكاتێكدا كێشەی كورد تایبەتمەندی جیهانی وەرگرتوە، بەهۆی ئەو ناڕوونیەی باڵی بەسەر عیراقدا كێشاوە، ئەمەش لەچوارچێوەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكاندا كە بۆتەهۆی تێپەراندنی تێگەیشتنی سنووری سیاسی لەلای زلهێزەكان، كە كاردەكەن بۆ ئامادەكاری باڵادەستی دەسەڵاتیان لەرێگەی سیاسەتی خۆسەپاندنیاندا لەبەرامبەر ئەو دۆخەی كە هەیە، ئەمە وێڕای بانگەشەكردنی پاراستنی سنووری سیاسی ئێستاو قانونی نێودەوڵەتی. لەم كتێبەدا ئۆغلۆ مەترسییەكانی خۆشی نەشاردۆتەوە، كە لەروانگەی ئەم پێشبینیە تازانەداو لەسایەی قەیرانی دابەشكاری ناسنامەو خراپبوونی پەیوەندی نێوان دەوڵەت‌و كۆمەڵگا، توركیا رووبەڕووی مەترسی تازە دەكاتەوە.

لەم چوارچێوەیەشدا ئەحمەد داودئۆغلۆ لانی كەمی ئەو رێوشوێنانەی دەبنە هۆی سەرخستنی سیاسەتی توركیا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەهەریەك لەجیورۆشنبیری‌و جیوئابوری-دا دەبینێتەوە، ئەمەش بەگرتنەبەری سیاسەتێكی نەرمی دەرەكی، لەسەربنەمای هاوبەش، لەنێوان تەكتیك‌و دیپلۆماسیەت‌و سەربازیدا.

ئۆغلۆ لەسەرجەمی بۆچوونەكانیدا لەچوارچێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و كیشەی كورددا، پێی وانەییە كە بەتەنیا پەنابردنە بەریەكێ‌ لەو هۆكارانەی ئاماژەی بۆ كردون بەس بێت بۆ سەركەوتنی توركیا لە هاوكێشە سیاسییەكاندا، ئۆغلۆ هەموو بۆچوونەكانی خۆی دەخاتە خزمەتی ئەوتێگەیشتنەی كە چۆن‌و بەچ شێوەیەك دەكرێ‌ رێگە لەهەر جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی‌و وڵاتانی زلهێز بگیرێ‌، چۆن دەتوانرێ‌ كوردو كێشەكەی بەتوركیاوە بلكێندرێ‌‌و ئەو هەستە، گەشەی پێبدرێ‌ كە زۆربەی كوردەكان، پێش ئەوەی وەك كورد بیربكەنەوە وەك توركیاییەك هەستن‌و دانیشن.

ئەم سیاسەت‌و بیركردنەوانەش هۆكارێكن بۆ بێهیزكردنی مەرجەعیەتی بیری نەتەوەیی‌و بەهێزكردنی ئەو مەرجەعییەتە كۆمەڵایەتییەی كە ئۆغلۆ بەپێویستییەكی حەتمی دەزانێ‌ بۆ گەمارۆدانی كورد وەك نەتەوەیەكی جوداخواز، ئەمەش بەدابڕاندنی لەسیاسەتی نێودەوڵەتی‌و ئیحتیواكردنی لەچوارچێوەی سیاسەتی ناوخۆی توركیادا، بەدابینكردن‌و پێدانی هەندێ‌ ماف كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق، هەر لەسەرەتاوە بەكوردیان داوە.




ململانێی، روسیا، ئەمریکا، ئیران و تورکیا لە کۆتایی ٢٠١٧ دا! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

قۆناغی دوای نەمانی هێزی توندڕەوی “داعش” و تەواو بوونی جەنگی “سوریا” و چڕ کردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دابەش کردنی پشک و سەپاندننی هەیمەنە، گۆڕانکاری هێناوە بەسەر جۆری زۆرانبازێێ نێوان زلهێزەکانی دنیا و زلهێزەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
——————————–
ئەمریکا، روسیا، ئیران، تورکیا، سعودیە و قەتەر و ئیسرائیل هێزی سەڕەکیین لە ململانێکان و گرفت و رووداوەکان، هەریەکیان بە گوێرە و قەوارە و ئەندازەی هێزی سەربازیی گوتەی هەیە. لە ئەنجامی ئەوەدا بارودۆخەکە ئەوەندە هەستیارە هەڵوێستەکان و ڕێککەوتنەکانیش ناجێگیرن و بە گوێرەی کات و رۆژ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
روسیا و ئەمریکا، سەڕەرای ئەوەی کە دوو جەمسەری سارد و گەرمی دژ بە یەکن لەسەر ئاستی جیهان و لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە “سوریا” و هەردووکیان خاوەن پلانێکی دارێژرا و ستراتیژێکی تایبەت بە خۆیانن، کە بریتیە لەوەی ببن بە تاکە زلهێز لە ناوچەکە، بۆ سەپاندننی دەسەڵاتیی سیاسیی و سەربازیی و دەستکەوتی ئابووریی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت ڕاستەوخۆ بکەونە جەنگێکی ڕووبەروو دژ بە یەک و هەلگیرساندننی جەنگی ئەتۆمی. بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانیان هەر دوو زلهێزەکە هەوڵی سەربازیی و دیبلوماسییەکانی خۆیان چڕ کردۆتەوە لە ناوچەکەدا و هەوڵدەدەن سوودمەندبن لە بوونی گرفت و ناتەبایی نێوان نەتەوەکان و گروپی چەکداری فەرمیی و نافەرمیی، هەروەها پارت و ئەو قەوارە سیاسییانەی، کە لە ناوچەکەدا هەن.

موسکۆ، پێی وایە بە کۆکردنەوەی لایەنەکان دەتوانی گەلەکۆمەکێ دژی ئەمریکا بکات و لە ئەنجامدا هێزەکانی لە “سوریا” بکشێنێتەوە کە ئەمەش ئاواتی “تورکیا و ئیران”یشە. “پوتین”، لە کۆتایی ئەم ساڵدا، سەردانی چەند وڵاتێکی ناوچەکەی کرد وەکو “ئیران و تورکیا” و هەلی رەخساند بۆ مەلیکی سعودیە “مەلیک سەلمان و ئەردوغان و ئەسەد” بۆ ئەوەی سەردانی روسیا بکەن، هەروها وەزیری بەرگریی روسیا “سێرچی شۆگیو” سەردانی “سوریا، ئیسرائیل و قەتەر”ی کرد. دواتر “ڕۆحانی و ئەردوغان و پوتین” لە “سوچی” دانیشتن. ئەو هەوڵانەی “پوتین” پەیامێکە بە دنیا و “ئەمریکا” رادەگەیەنێت، کە ئەو زلهێزێکی سەرکەوتووە لە ناوچەکە و دەتوانێت کاردانەوەی هەبێت لەسەر ڕازی کردنی ئەو وڵاتانە بۆ جۆری ئاراستە کردنی ڕووداوەکان و لە سەر دەستی ئەو هەموو دژەکان ئامادەن لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.لە هەمانکاتدا “روسیا”، هەوڵەکانی بۆ دانیشتن لەگەڵ “ئەمریکا” چڕ کردەوە و لە ئەنجامدا بۆ چارەسەری دۆخی “سوریا” لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧دا نووسراوێکی دووقۆڵیان بڵاو کردەوە و تیایددا ڕێککەوتنی خۆیانیان لە چەند خاڵێک ریزبەند کرد.

پوتین، هەوڵدەدا متمانەی هەموو لایەک ڕابکێشێت و بە گوێرەی دڵی هەموو لایەک قسە دەکات وەکو بە “ئەسەد” دەڵی “من لەگەڵ یەکپارچەیی “سوریا”م و پشتیوانی لە دەسەڵاتی سیاسیی سوریا دەکەم”. بە ڕۆحانی دەڵێت” وڵاتەکەی پشتیوانی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئیران دەکات و هەردووکیان هاوڕان لە مانەوەی “ئەسەد””، بە ئەمریکا دەڵێت”دژ بە “داعش”ە و دژ بە تیڕۆڕ دەجنگێت”. بە تورکیا دەڵێت” لەگەڵ یەکپارچەی “سوریا”یە و نابێت هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و نافەرمی لە نێو “سوریا”دا هەبێت وەک ئاماژەیەک کە دژ بە هێزی چەکداری کوردە”.

روسیا، یارییەک دەکات، دیار نییە کە تیایددا چەند سەرکەوتوو دەبێت، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندیی ئەو لایەنانە لە بنەڕەتدا دوور و دژ بە یەکن نمونە “روسیا” لەگەڵ “ئەمریکا ئوردن و ئیسرائیل” لە مانگی ٧/٢٠١٧دا گرێبەستێکی واژۆ کرد کە تیشکی نەخراوەتە سەر، بەڵام هەندێک لایەنی ئەو گرێبەستە لە نووسراوە دووقۆڵییەکەی “ئەمریکا و روسیا”دا تێبینی دەکرێت کە لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧دا بڵاوکرایەوە کە هەندێک لەو خالانەی تییاددا دەبینرێت، کە جێگە نیگەرانی “ئیران و تورکیا”ن وەکو، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە بێت، هەر دوو لا رازی بوون بەوەی هێزی بیانی لە “سوریا” نەمێنێت. کەواتە دەبێت هێزە چەکدارەکانی ئیران و چەکدارە شیعەکانییش بچنە دەرەوە، کە گەرەنتی نییە “ئیران” لەو خاڵەیاندا بە قسەی “پوتین” بکات!

“ڕۆحانی” خاوەن پلانی خۆیەتی و خوێن و قوربانی داوە لە جەنگی “سوریا” بۆ دروست کردنی پردی پەڕینەوە بۆ “لبنان”. هەروها دەرچوونی سوپای “تورکیا” لە سوریا بەهەمان شێوە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی “نووسراوی روسیی ئەمریکیی” “ئەردوغان” لە لێدوانێکدا گوتی “ئەوەی پێی وایە گرفتی سوریا بە هێزی چەکداری چارە ناکرێت، با خۆی بچێتە دەرەوە”. ئەگەر گریمان هەر دوو لا لەسەر دەستی “پوتین” بڕیاربدەن هێزەکانیان بکشێنەوە لە “سوریا”، ئەوە بێگومان بێ بەرامبەر نابێت نمونە، تورکیا داوا دەکات دەستی واڵا بێت و بە کەیفی خۆی کورد بکوژێت و هێزە چەکدارەکانی لە نێو بەرێت کە ئەمڕۆ باشترین هاوپەیمان لە سوریا بۆ ئەمریکا “کورد”ە بێگومان “روسیا” ناتوانێت ئەو خوازەی “تورکیا” بهێنێتە دیی ئەگەر “ئەمریکا” رازی نەبێت وە “روسیا” بۆ خاتری تورکیا ڕووبەرووی “ئەمریکا” نابێتەوە. لە لایەکی تر دابینکردنی ئەو پردەی کە “ئیران” گەرەکیەتی دروستی بکات لە “ئیران”ە بۆ “سوریا و لبنان و عیراق” بێ گومان”ئەمریکا” رێگری دەکات و دووبارە “روسیا” ڕووبەرووی ئەمریکا نابێتەوە بۆ سەرخستنی خوازی ئیران.

بڵاوکردنەوەی نوسراوی دوو قۆڵیی “روسیا و ئەمریکا”، لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧دا “ئیران و تورکیا”ی نیگەران کردووە، لەوەی کە “روسیا” بکەوێتە ژێر فشاری “ئەمریکا و ئیسرائیل”ەوە خۆی بێ دەنگ بکات لەوەی “ئەمریکا” هێزەکانی “ئیران” لە “سوریا و عیراق” دەربکات!
روسیا، دەیەوێت وەک برا گەورەی ئەو وڵاتانە هەڵسوکەوت بکات، نەک لەوەی تەنیا پشتیوانی لە مانەوە و بەرژەوەندییەکانی “ئەسەد” دەکات، هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە هەموویان بڵێت ئەو بە یەک چاو لە هەموویان دەڕوانێت بۆ ئەو مەبەستە دوای دانیشتنی لەگەڵ “ئەسەد” لە مۆسکۆ، دواتر پوتین بە پەیوەندییەکای تەلەفونی هەموو زانیارییەکانی گەیاند بە سەرۆکی “قەتەر، میسر و ئیسرائیل!

روسیا، دەرک بەوە دەکات کە “ئەمریکا و سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل” بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەییان پێویستیان بەوە هەیە “ئیران” دەسەڵاتەکانی فراوانتر نەبێت و هەوڵبدرێت دەسەڵاتەکانی تەسک بکرێتەوە. لە لایەکی تر “روسیا” دەیهەوێت ‘ئیران” وا حاڵی بکات کە ئەو بەرژەوەندیی “ئیران” رەچاو دەکات، کە ئەمە “روسیا” دەخاتە پێگەیەکی هەستیار و دژوار و سەرلێشێوان کە ناتوانێت ئەو دوو بەرژەوەندییە لەیەک کاتد پارێزگاری لێ بکات و پەیڕەوییان بکات. سەڕەرای ئەوەش بەهێز بوونی زیاتری “ئیران” لە ناوچەکە لە ئاییندەدا مەترسی لە سەر خودی “روسیا” و “تورکیا” دروست دەکات، لە دەرئەنجامدا “ئیران” دەزانێت ئەگەریی ئەوە هەیە کە “روسیا” لە پشتەوە لەگەڵ “ئیسرائیل و ئەمریکا” دژ بەو ڕێکبکەوێت وە لە هەموو ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە “ئیران” لە “روسیا” هەڵبگەرێتەوە. “ئەمریکا”ش بەبێ ئاگاداری “روسیا” و “تورکیا” هەنگاوی سەربازیی دژ بە چەکدارانی شیعەی سەر بە “ئیران” ئەنجام بدا!

پوتین، نایەوێت لە ململانێکانە دۆڕاو دەربچێت و دیاری دەستی بۆ وڵاتەکەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنێتی لە جەنگی “سوریا” و دابین کردنی دەستکەوتی ئابووریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆ ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی روسیا کە لە بەرواری ٣/٢٠١٨دا بڕیارە ئەنجام بدرێت. بەڵام پێکانی ئەو ئامانجە تەنها لە ژێر دەستی “مۆسکۆ”دا نییە و ئەگەر “روسیا” لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا هەندێک لە سەڕۆکەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابێت ئەوا بێگومان هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپاش زۆربەیان لەگەڵ “ئەمریکا”ن خاوەن گفت و قسەن لە دیاری کردنی چارەنووسی ناوچەکە و رۆڵیان دەبێت لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز و ئاراستە کردنی ڕووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەوەی پێویستە بوترێت لە “ئەمریکا” بترازێت لە ناوچەکە کەس ناتوانێت ڕووبەرووی هاوپەیمانییەتیی “ئیران تورکیا و روسیا” بێت و ئەو هاوپیمانییەتە چەندێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی “ئەمریکا” بێت ئەوا دوو ئەوەندە مەترسی لەسەر چارەنووسی نەتەوەکانی ژێر دەست هەیە لە ناوچەکە وەک “نەتەوەی کورد”.
چاودێرانی سیاسیی لە سەر ئاستی جیهانی، زۆربەیان پێیان وایە کە “روسیا” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا لە رێگەی پەیوندییەکانی خەریکە دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی باشتر لە جاران فەراهەم دەکات، کە لە ئەنجامدا لە ئاییندەدا ئەگەر “ئەمریکا” هۆشیار نەبێت ئەوا “روسیا” لە ناوچەکەدا دەبێت بە براوەی یەکەم، گومانیشی تییاددا نییە هەرگیز “ئەمریکا” لەو ململانێیەدا نایەوێت هەیبەت و دەسەڵات و شکۆی نەمێنێت کە لە ئەنجامدا سەڕەرای ڕێککەوتنەکان و دانیشتنەکان وا چاوەڕوان دەکرێت “موفاجەئات” روو بدات و کەس پابەند نەبێت بە قسە و گفت و بەڵێنەکانی کە بە یەکتری دەدەن ، لەکتوپڕێکدا هەڵوێستی سەربازیی و سیاسیی دژ بە یەک بنوێنن و ئاراستەی رووداوەکان بە ئاراستەیەک بڕوات کە بە دڵی لایەنەکان نەبێت بە تایبەتی “تاران و ئەنقەرە”.




جەناب و قوربان و بەڕێز …. بەکر ئەحمەد

لە ماوەی پانزەساڵی بەرنامەپەخشکردن و کارکردن وەک بێژەر لە ڕادیۆی هاوپشتی، کۆمەڵێک یادگار و رووداوی سەرنجڕاکێش و تێبینی هەن کە تا ئێستاش نەمپەرژاوە ئاوڕدانەوەیان لەبەرانبەردا بکەم. یەکێك لەو تێبینییانە چۆنێتی ناوبردن و بانگردنی ئەو کەسانە بوون کە گفتوگۆی ڕادیۆییم لەگەڵدا ئەنجامم دەدان.
لەو ماوە درێژەدا، کەسانێکی زۆری دەسەلاتی سیاسی و هونەرمەندان و گۆرانیبێژان و نووسەرانی کورد لە ڕادیۆوە ئاخاوتنییان لەگەڵدا کراوە.

لە زۆر حاڵەتدا دەمویست کەسەکان بەناوی خۆیانەوە ناوبەرم. بەڵام لە شوێنێکی ئاخاوتنەکەدا، کولتووری باوی کۆمەلگا لە ناخی منیشدا قووتدەبووەوە و دەستەواژەکانی، مامۆستای بەرێز، کاک کۆسرەت، بەڕێز کاکە حەمە یان هەر ناو و ناونیشانێکی دیکە کە بە میشکی هەمووماندا دێت، بەسەرزاردا وژەی دەکرد.
ئولوف پاڵمەی سوید لە ساڵی ١٩٦٧ دا بە ڕۆژنامەنووسان دەلێت: بە ناوی خۆمەوە بانگم بکەن! تەنها ئولوف و بەس.

من شەخسی خۆم هیچ ئاخاوتنێک و چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیم نەدیوە، مەزهەری خالقی و ناسری ڕەزازی و نێچیروان بارزانی بە ناوی خۆیانەوە بانگبکات.
مامۆستای گەورە و جەنابی سەرۆکی حوکمەت و دەیەها ناو و ناونیشانی دیکە لە گوێچکەی هەمووماندا دەزرنگێتەوە. بە کورتییەکەی، لە زمانی کوردیدا هێشتاش کارێکی ئاسان نییە لە ئاخاوتن لەگەڵ کەسێکی دیار و نادیاردا بە ناوی خۆیەوە بانگی بکەیت و هیچ پێشگرێکی جەناب و قوربان و بەڕێزی بۆ دانەنێیت.

من پێموایە تا ئێستاش قوتابیی ناتوانێت بە مامۆستاکەی بڵێ: شلێر یان ئازاد. مامۆستا شلێر و مامۆستا ئازاد تاکە شیوازی ئاخاوتنی قوتابییانە لەگەڵ مامۆستادا.
هەتا مەقام و پلەو پایەکانی ئینسانیش بەرزتربێتەوە، ناو و ناونیشانەکانیش ئاسانتر نابنەوە و جەنابی بەڕێوەبەر و دوکتۆر فڵانەکەس دەبنە ناوی یەکەمی کەسی بانگکراو.
پوختەی قسەی من ئەوەیە: کەی ئینسان دەبێتەوە بە خۆیی و ڕاناوی “تۆ”، جێگای “ئێوە” دەگرێتەوە و مامۆستا و جەنابی دوکتۆر و بەرێوەبەر دەبنەوە بە کەسەکانی خۆیان.

ئەم باسە ڕەنگە بۆ زۆر کەس پەیوەندی بە ئاداب و ئوسوڵی ئاخاوتنی کۆمەڵگاوە هەبێت و پرسیارێکی دیموکراتی نەبێت. بۆ من هەم سەروکاری لەگەڵ ئادابدا هەیە و هاوکاتیش پەیوەندییەکی سەیری لەگەڵ دروستبوونی تاکی ئازاد و بنەما سەرەتاییەکانی دیموکراتی و یەکسانییدا هەیە.
لە وڵاتێکی وەک سویددا، تەنها بە “پاشا”ی سوید دەوترێت ئێوە. ئەگینا سەرۆکوەزیران و بەڕێوەبەرە باڵاکانی گەورەترین کۆمپانیاکان بە ناوی خۆیانەوە بانگدەکرێن و بەکارهێنانی دەربڕینی “ئێوە” وەک سووکایەتییەک سەرنجدەدرێ.
بەلام بەوەی هێشتا، نموونەکانم لە سویددا دەسوڕێتەوە، باشترە نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش لەمێژووی سوید بهێنمەوە کە پەیوەندی بە باسەکەمانەوە هەیە.

ڕیفۆرمی “تۆ”

لە مانگی حەوتی ١٩٦٧دا، “بروور ڕێکسێد” دەبێتە بەڕێوەبەری باڵای یەکێک لە دەستگا گەورە دەوڵەتییەکانی سوید و لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ کرێکار و کارمەندانی ئەو دەستگایەدا، بانگەوازی هەموان دەکات کە بە “بروور” بانگی بکەن و هەرچی ناونیشانی سەرکار هەیە، وەلا بنرێت.
سەیر ئەوەیە: سکرتێرەی یەکەم برگیتا و بەرێوەبەری بەشی ژمێریاری پاتریک و سەرۆکی بەشی تەلەفۆنات ناوی بەکارهاتووی سەرکاری ڕۆژانەی کارمەندانی نەک هەر ئەم شوێنە، بەڵکو زۆربەی شوێنی کارەکانی دیکەی سوید بوو لەو زەمەنەدا. واتا هیچ کەسێک بە ناوی خۆیەوە بانگنەدەکرا و ناونیشانی وەزیفەکە دەخرایە پێش ناوی کارمەند یان کرێکار.

لەسەر کاردا، ئینسان نەیدەتوانی و ئاسان نەبوو یەکتری بە تۆ و ناوی خۆیەوە بانگبکات. ئەوەی بروور ڕێکسید دەیکات ئەوەیە کە ئەو لەگەڵ کارمەندەکانی خۆیدا دەبێتەوە بە بروور و بە ناوی خۆیەوە بانگدەکرێت.
بە کوردییەکەی: تۆ لە ئاسیا سێڵدا کارمەندی پرسگە بیت و بە فاروقی مەلاموستەفا بڵێێ: فاروق. بە بێ جەناب و کاک فاروق و قوربان و هەموو ئەو دەستەواژانەی لە مێشکدا هەن.

مێرتا نوردنفێلت کە کارمەندی دەستگاکەی بروور ڕیکسێدە دەڵێ: من لە ئاخاوتن لەگەڵ دایک و باوکمدا، تۆم بەکارنەدەهێنا و بە دایە و بابە بانگم دەکردن. بە دایک و باوکی هاوڕێکانیشم دەوت: پوورێ یان مامە.
بەڵام بۆ ئاخاوتن لەگەڵ کارمەندانی دەستگاکەدا، لیستی درێژی ناو و مەقام هەبوو کە نەدەکرا هەڵەی تیادا بکرێت. بۆیە کاتێک قسە لە گەشەکردن بەکارهێنانی “تۆ”وە دەکرێت لە سویددا، بروور ڕێکسێد، وەک یەکێك لە فیگورە تایبەتییەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە سەرنج دەدرێت و شانسی ئەوەی پێدەدرێت لە پەیوەند بەوەی کە کاتێک ناوی ڕیفۆرمی تۆ دەهێنرێت، ناوی ئەویش دێتە پێش.
بە کورتییەکەی: ڕیفۆرمی تۆ، ئەو چاکسازییە زمانەوانییەیە کە لە سویددا ئەنجامدەدرێت و لە ئاخاوتنی ئینسانەکاندا تۆ جێگای ناونیشان و ئێوە و پێشگرو پاشگرەکانی دیکە دەگرێتەوە.

پڕۆفیسۆری زمانەکانی باکوور، “ئوللێ یوسفسۆن” لە دانشگای ستۆکهۆڵم دەڵێ: دوو سەرچاوەی گەورە لە پشت پەرەسەندنی ریفۆرمی تۆوەیە لە سوید.
یەکەمیان: گەشەی دیموکراسی و یەکسانیخوازی کە لە کۆتایی شەستەکانی ئەوروپادا لە پەرەگرتنی خۆیدا بوو بە هۆی بزووتنەوەی ٦٨ وە، دووەمیشیان: کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی دێیە بەرەو شارەکان کە بە ئۆربانیزەیشن ناودەبرێت.

لە دۆخی یەکەمیاندا، گەشەی بیروباوەڕی یەکسانیخوازی ئینسان دەخاتەوە مەرکەز و ناو و ناونیشانەکانی لێدەکاتەوە و دەکرێتەوە بە خۆ. کۆششێک بۆ سەرنجدان لە ئینسان وەک ئەوەی هەیە بێ ئەوەی بەرزی و نزمییە کۆمەلایەتییەکانی کۆمەلگای چینایەتی، لە ماهیەتی ئینسان کەمبکاتەوە. لانی کەم لە زمانی ئاخاوتنی رۆژانەدا.
لە دۆخی دووەمیشیاندا، کۆچی بە کۆمەڵی خەڵکی دێ بۆ شار، جۆرێک لە پێکەوەژیانی قورستری هێنایە پێش کە ئاسان نەبوو بۆ خەلکی تازەی شارەکان ئەو هەموو ناو و ناونیشانە زۆرانە لەبەرکەن و لە کاتی ئاخاوتندا ڕیعایەتی بکەن.

لە دێهاتدا، بە هۆی بەرتەسکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زانینی ناو و ناونیشانەکانەوە دەکرا بزانرێت کێ کچی کێەو ئامۆزای ئاغا کێە و سەپانی ماڵی فلانە کەس ناوی چییە.

لە زۆربوونی دەمووچاوەکان و قەڵەباڵغبوونی شارەکاندا، ئیمکانی پەیڕەویکردن لە کۆد و کولتوورێکی زمانەوانی بەمجۆرەی کە لە دێهاتدا هەبوو، یان پلەو مەقامە جۆراوجۆرەکانی کۆمەلگای چینایەتی و بازاڕێکی قەلەباڵغتر هێنابوویە پێش، کارێکی ئاسان نەبوو.

کۆمەلگای کوردی و تۆ

نەبوونەوەی مامۆستا سەردار بە سەردار و دوکتۆر مەحمود بە مەحمود و عالییەخان بە عالییە، بەرلەوەی نیشاندانی کۆد و کولتووری کۆمەلگا بێت کە ڕێز سەرتاپای تەنیوە، ئاماژەی ونبوونی تاکێکە کە دەبوایە بە ناو و ناونیشانی خۆیەوە دەرکەوێت.
بانگکردن و ناونیشانەکانی سەرەوە، بەرلەوەی حەکایەتی ڕیزداری کۆمەلگایەکمان بۆ بگێڕێتەوە، چیرۆکی ئەو زیندانەیە کە بە ناوی ڕێزەوە لە دەوری تاک دانراوە. بۆ ئەوەی تاکیش ببێتەوە بە خاوەنی خۆ، دەبێ لە کۆت و پێوەندەکانی ئەم جۆرە ڕێزە خۆی رزگاربکات.
لەم ناو و ناونیشان هێنانەدا، ڕێز ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی تاک نەتوانێ وەک خۆی دەرکەوێت.

لە دایکنەبوونی تاک لە کۆمەلگای کوردیدا، دەکرێ لە دەیەها شکڵی جۆراوجۆری کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا خۆی نیشان بدات. پەردەکانی ڕێز کە ناو و ناونیشانەکانی دەوری ناوی داپۆشیوە، هیچ شتێک نییە، جگە لە کۆششێکی ئامانجدارانەی کۆنسیرڤاتیڤانە بۆ دەمپێداخستنی تاکێک کە ئیلهام لەخۆیەوە وەردەگرێت و دەکرێ تێروانینێکی تەواو ڕێزدارانەش بۆ ئاخاوتنی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیدا بدۆزێتەوە بێ ئەوەی دەم وچاو و ناوی ڕاستەقینەی خۆی ونبکات. واتا ڕێز لێرەیە تا ڕێ لە لەدایکبوونی تاکێک بگرێت کە دەکرێ پێناسێکی دیکە بۆ رێز بدۆزێتەوە بۆ ڕاگرتنی پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
خاڵێکی دیکە کە جێگای سەرنجە، پرۆسەی کۆچی دێیە بۆ شار کە وەک هۆکاری گرنگی پەرەسەندنی چەمکی “تۆ”ی بەرانبەر “ئێوە”یە لە شارەکاندا ئاماژەی پێدەدرێت. بە تایبەت لە دۆخی سویددا.

ئەم وێنەیە لە کوردستاندا تەواو پێچەوانەیە.

بە بیرم دێ، کاتێک دەربڕینی سوپاس دەبێتە وێردی سەرزاری خەڵکی شار، شەپۆلێک نوکتەی “لادێ”یانەی لەبەرانبەردا قوتدەکرێتەوە.
دەڵێن کابرایەک خەڵکی لادێ دێ بۆ شار و لە کاتی فرۆشتنی شتومەکەکانیدا، خەڵکی بەس سوپاسی دەکەن. لە ئێوارەدا کە دەچێتەوە بۆ دێ و لێیدەپرسن شتەکانی بە چەند فرۆشتووە، لە وەلامدا دەلێ: بەس سوپاسم وەرگرتووە.
با نموونەیەکی دی لە کۆششی شار لە کاتی بەریەککەوتنی خەلکی دێدا بێنمەوە. “بەڕێز” دەربڕینی خەڵکی شارەکانی کوردستانە لە ناوەراستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووە. بەڕێز فەرموو، بەڕێز بەخێر بێت، بەڕێز چیتان دەوێ، هتد

کاتێک گەڕامەوە کوردستان و ئەم هەموو بەرێزفڕێدانەم لە ژیانی رۆژانەدا بینی، تووشی بیرکردنەوەیەکی سەیر بووم. چی دەبوو ئەگەر: فەرموو چیت دەوێ وەک خۆی بەکاربهێنرایە و بەڕێزی لە پێشەوە دانەنرایە، بێگوومان دەستەواژەی بەڕێز، جێگای ناوی کەسی کڕیار دەگرێتەوە.

ئەگەر دێهات بوایە، هەمووان ناوی یەکترییان دەزانی و بە مامۆستا فلانە کەس و حاجی عەلی و ئایشەخان جێگای پڕدەکرایەوە. بەلام بەوەی ئەم ئاخاوتنە لە شاردا ڕوودەدات و کەسی کڕیار نازانرێت کێیە، بەڕێز دێت و ڕزگارمان دەکات. ئاخر ناکڕێت ناوی هەموو کڕیارەکان بزانرێت. واتا بەڕێز بەرلەوەی نیشاندانی ڕێز بێت لەکەسێکی نەناسراو، ناوێکە و دێت و شوێنی ناو و ناونیشانی ڕاستەقینەی کڕیار دەگرێتەوە.
ئەوەی کە ئینسان لە سویددا بە تۆ و ناوی خۆیەوە لە هەموو دۆخێکدا لەگەڵ بەرانبەردا ئاخاوتندەکات، ئاسناکردنەوەی ئاخاوتن و لابردنی ڕیگرییە کولتووری و چینایەتییەکانە و بوونەوەی ئینسانە بە خۆی.

لە دۆخی سوپاس و بەڕێزی شارەکانی کوردستاندا، ‌هێندەی شار بەم دەربڕین و دەستەواژانەوە خەریکی خۆجیاکردنەوەیە لە دێهات، هێندە بەشوێن دروستکردنی تاکێکی ئازادەوە نییە کە شار دەبوایە لە گەورەکردن و پێگەیاندنیدا، لانکەیەکی گرنگ بوایە. بەڵکو هێشتاش بە چەک وکەرەستەکانی زمانی “لادێ”وە، خەریکی خۆجیاکردنەوەیەتی لە دێ.

بە زمانێکی دی: ئەگەر لە دیهاتدا، ناو و ناونیشانەکان دیارن و دەزانرێ کێن و پلەو مەقامەکان و سنوورەکانی ڕێز و بێڕێزی لە زمان و پراکتیکەکانی دیکەی ڕۆژانەدا بە زەقی خۆیان نیشاندەدەن، ئەوا لە کاتی قەڵەباڵغی شارەکاندا ناکرێ پەیڕەوی لەهەمان کۆد و کولتووری زمانەوانی بکرێت و قسەبکرێت.
بۆیە بەکارهێنانی بەڕێز لە زمانی شارەکانی کوردستاندا، هیچ نییە جگە لە وەرگرتنی کولتووری ڕێزی دێ و گواستنەوەی بۆ ئاخاوتنی ناو شار لە دۆخێکدا کە دەموچاوەکان نادیارترن و دەکرا ببنەوە بە خۆیان و لەو هەموو کۆدە کولتووریی و چینایەتییەیانەی دێ ڕزگاربکرانایە، پرۆسەیەک کە لەگەڵ گەشەی زۆربەی شارەکاندا بینراوە و لە دۆخی کوردستاندا تەواو پێچەوانە دەبێتەوە.

بێگومان ئەم دۆخە لەوە دەچێت کە دێ و کولتووری دێ شار لووشدەدات و بە هەمان پێوەرەکانی دێهاتەوە ئاخاوتن ئەنجامدەدرێت. بە تایبەت لە کاتێکدا کە تۆ لە ئاخاوتندا وندەبێت و ناوو ناونیشانەکان جێگای تۆ دەگرنەوە.
ئەگەر هۆکاری کۆچی دێ بۆ ناوشارەکان لە دۆخی سویددا بەڕێوەبەری قوتابخانە دەکات بە “ویلیام”ێک و تایتڵی کارەکەی لێدەکاتەوە، ئەوا لە زمانی کوردیدا، نەک هەر نایکاتەوە بە “مودیری قوتابخانە”، بەڵکو ناونیشانی “بەڕێز مودیری قوتابخانە”ی پێدەبەخشێت و دەیکات بە کائینێک کە هەموو شتێکە خۆی نەبێت بە ناوی خۆوە.

بێگومان ونبوونی تێڕوانینێکی یەکسانیخوازانە بۆ کەمڕەنگکردنەوەی کاریگەرییەکانی کۆمەلگای چینایەتی و تێروانینێکی دیموکراتی ساغ و سەلیم لە کۆمەلگادا بۆ ئینسان، کولتووری بانگنەکردن بە “تۆ”ی لە کۆمەلگای کوردیدا هێندەی دی، لاوازتر کردووە. ئەگەر گەشەی دیموکراسی و تەشەنەکردنی بیروباوەڕی یەکسانیخوازانە هۆکارێکی دیکەی گەشەی ریفۆرمی تۆی کۆمەلگای سویدە، ئەوە لە کۆمەلگای کوردیدا، بە زەقی غیابی ئەم لایەنە هەستپێدەکرێت.

* بروانە گۆڤاری پوبلیکت Publikt گۆڤاری یەکێتی کارمەندانی دەولەتی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١٧




په‌روه‌رده‌یی خاكفرۆشان … د. زیره‌ك عه‌بدوڵڵا

له‌دوای 16 ئۆكتۆبه‌ر كاتێك كۆمه‌لناسی به‌ناوبانگی تورك ئیسماعیل بیشكچی وتی “پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌كردنی به‌شێكی تاڵه‌بانییه‌كان بكرێت”. ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ دێت ئه‌و گرووپه به‌ناو كورده‌‌ی كه‌ خیانه‌تكاری 16 ئۆكتۆبه‌ریان خولقاند هه‌ڵگری چ جیهانبینییه‌كن، چ مه‌عریفه‌یه‌كیان بۆ ژیان هه‌یه‌، چۆن ده‌رواننه‌ مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاكه‌یان، چ ئینتیمایه‌كیان بۆ رابردوو و ئێستای كۆمه‌ڵگای كوردستانی هه‌یه‌.

په‌روه‌رده‌كردن پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی رێكخراوه‌، تیایدا زانین له‌‌ نێره‌ره‌وه‌ بۆ وه‌رگر ده‌گوزارێته‌وه‌،‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی تاك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئامانجی جیاجیای كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری..تاد. په‌روه‌رده‌كردن پرۆسه‌یه‌كی ئالۆزه‌ و قۆناغبه‌نده‌، سه‌رچاوه‌ی جیاوازی هه‌یه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی جۆری جیاوازیشی هه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر كولتوور كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤ بێت، ئه‌وا په‌روه‌رده‌كردن مه‌كینه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه ‌دروست ده‌كات. به‌بێ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن كولتوور ناتوانیت مرۆڤ به‌رهه‌مبهینی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌قامگیر‌ بكات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و ئه‌رك و بایه‌خانه‌ی كه‌ په‌روه‌رده‌كردن‌ بۆ مرۆڤ (تاك) و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی (كۆ) هه‌یه‌تی.
په‌روه‌رده‌كردن (پۆزه‌تیڤ) و (نێگه‌تیڤ)ی هه‌یه‌، په‌روه‌رده‌كردنی پۆزه‌تیڤ ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌پارێزێت. فاكته‌رێكی گرنگی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگایه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاك به‌ ئه‌رك و مافه‌كانی هۆشیار ده‌كات، وای لێده‌كات به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئه‌ستۆ بگرێت، ئینتیمای بۆ نیشتیمانه‌كه‌ی هه‌بێت، ترادیسیۆن و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌یره‌و بكات، ریزی به‌ها و نۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بگرێت.

په‌روه‌رده‌كردن پرۆسه‌یه‌كی‌ مه‌عریفییه‌، به‌هۆیه‌وه‌ تاك له‌ بوونه‌وه‌رێكی بایۆلۆژییه‌وه‌ بۆ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گوازرێته‌وه‌. جه‌وهه‌ری به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان، ئامانج، پرنسیپ و به‌ها‌ بالاكانی كۆمه‌لگا (به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رده‌م و ره‌وشه‌ی تێیدا ده‌ژیێت) دیار ده‌كات. به‌لام پرسیاری سه‌ره‌كی‌ له‌ چییه‌تی ئه‌و پرۆسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌دایه‌. به‌وه‌ی، چۆن مرۆڤ دروستده‌كات؟ به‌ چ ئاقارێك ئاراسته‌ی ده‌كات؟ كامه‌ پرنسیپ، به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندی بالا ده‌كات؟

له‌ژیاندا مرۆڤ سه‌نته‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌، به‌دیهێنانی هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجێكیش له‌رێگه‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤه‌وه‌‌‌ به‌رجه‌سته ‌ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ پرۆسه‌ی پێگه‌یاندن و ئاماده‌كردنیه‌تی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئامانج‌. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی مرۆڤ له‌ ته‌نهاییدا جیاوازه وه‌ك‌ له‌‌ پێكهاته‌ی گه‌وره‌تردا (گرووپ، پارت، كۆمه‌لگا)دا، بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی كه‌سێك له ‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا جیاواز ده‌بێت.‌ هه‌ندێكجار بۆ كه‌سانێك به‌رژه‌وه‌ندی (تایبه‌ت) و (گشتی) هاوته‌ریب و هه‌ندیكجاریش دژ به‌یه‌ك ده‌بن. ‌

به‌شیوه‌یه‌كی گشتی مه‌عریفه‌ بریارده‌ری هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤه‌ به‌ئاراسته‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م پرنسیپ و به‌های بالای گشت له‌لایه‌ك، و به‌رژه‌وه‌ندی تاك له‌لایه‌كیتر داین، به‌مانایه‌كیتر له‌به‌رده‌م ئه‌خلاقی گشتی و حه‌زی تایبه‌تیداین، لێره‌وه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ هه‌م رۆلی رێگانیشانده‌ر و هه‌میش چاودێر ده‌بینێت، واتا رێگاپێدراو و تابۆ بۆ مرۆڤ دیار ده‌كات.

مرۆڤ هه‌م كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و هه‌میش بۆ به‌رژوه‌ندی تایبه‌ت ده‌كات. به‌ڵام چ كاتێك قبوڵكراوه‌ مرۆڤ كاری تایبه‌ت و خۆپه‌رستی بكات؟ چ كاتێكیش كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی؟ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت دژی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بوو، ئه‌وا كامه‌یان له‌پێشدا‌ په‌یره‌و بكرێت؟
له‌سه‌ر ئاستی تیۆری وه‌كو پرنسیپ له‌لای زۆرینه‌ی فه‌لسه‌فه‌كاران به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێش به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت خراوه‌، له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیدا، له‌پیش و پاش ماركس، ته‌نانه‌ت له‌ ئیسلامیشدا هه‌روایه‌. به‌لام له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا و لای هه‌موو تاكه‌كان پرسه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌. به‌تایبه‌تی لای به‌رێوه‌به‌ر و سیاسه‌تكارن. له‌لای ئه‌مانه‌دا زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت پێش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خراوه‌، سه‌دان نمونه‌ی دیاریش هه‌یه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌.

دیاره‌ هه‌ر یه‌كێك له‌م دوو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بوار و سنووری خۆی هه‌یه‌. تا ئه‌و شوێنه‌ی خۆپه‌رستی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت له‌سنووری تایبه‌تدا په‌یره‌و بكرێت، نه‌بێته‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، یان به‌كه‌سیتر، ئه‌وه‌ قبوڵكراوه‌، به‌ڵام كاتێك به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت هه‌ره‌شه‌ بێت بۆ سه‌ر ماف و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، یان ببێته‌ هۆی به‌رجه‌سته‌كردنی دیارده‌ی دزێوی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو دزی و گه‌نده‌ڵیكردن، یان كاره‌سات و گیان له‌ده‌ستدانی مرۆڤی دیكه‌، ئیدی ئه‌مه‌ قبوولكراو نییه‌. چونكه‌ زیانگه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی زیانگه‌یاندنه‌ به‌كۆی كۆمه‌ڵگا. پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌گه‌ری نه‌هێشتنی ئاسایش و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كۆمه‌لگادا. هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی ئه‌گه‌ری خیانه‌تكردن.

كۆمه‌لگاكان له‌هه‌ر قۆناغێكدا خه‌ونی په‌یوه‌ست به‌خۆیان هه‌یه، یه‌كێك له گرنگترین ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی خه‌ونه‌كانیان له‌به‌رچاو بگیرێت، بریتییه ‌له‌ ‌په‌روه‌رده‌كردنی پۆزه‌تیڤی تاكه‌كان‌، چونكه‌ دواجار ئه‌وه‌ تاكه‌كانن ئامانجه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن. ئه‌و قسه‌یه‌ بۆ كۆمه‌لگای كوردستانیش هه‌ر راسته‌‌.
به‌بۆچوونی من له‌ئێستادا‌ یه‌كیك له‌ خه‌ونه ‌هه‌ره‌ له‌پێشینه‌كان بۆ كوردستان، ده‌سته‌به‌ركردنی مافی سه‌ربه‌خۆییه‌‌. ئه‌و خه‌ونه‌ به‌هایه‌كی باڵایه‌ و نابێت بكه‌وێته‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی مرۆڤێك، یان گرووپێك. نابێت بكه‌وێته‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ی خیانه‌تكاری، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ 16 ئۆكتۆبه‌ردا بینرا. به‌لام بۆچی خیانه‌تكاری؟ خیانه‌تكردن چییه‌؟
چه‌مكی خیانه‌ت له‌لایه‌نی زمانه‌وانییه‌وه‌‌ به‌مانای غه‌در و نه‌بوونی دلسۆزی و ئینكاری ئینتیما دیت. به‌ڵام له‌لایه‌نی زاراوه‌ییه‌وه‌ واتا یاریكردن، یان شپرزه‌كردنی ئاسایشی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ولات، و پیلانگیری به‌سه‌ر مافه‌ ره‌واكانی گه‌ل، راده‌ستكردنی وڵات به‌ دوژمن، یان خولقاندنی حاله‌تی شپرزه‌یی كه‌ ئاسانكاری بۆ ده‌ستخستنی ولاتانی تر بۆ ناو كاروباری ولاتی خۆی ده‌كات، وه‌كو تاوانی تایبه‌ت سه‌یری ده‌كریت كه‌ جیاوازه‌ له‌و تاوانه‌ ئاساییانه‌ی كه‌ له‌یاساكاندا سزای بۆ دانراوه‌.

كه‌واته‌ هه‌ر كه‌سیك په‌یوه‌ندی به‌ولاتی ده‌ره‌كی بكات بۆ له‌ناوبردنی سه‌قامگیری و ئاسایشی ولاته‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ وڵاتی ده‌ره‌كی دژی وڵاتی خۆی بجه‌نگێت، پلاندابنێت بۆ كوشتنی سه‌رۆكی ولات، یان به‌رپرسه‌كانی، نهێنی ولاتی خۆی بداته‌ ولاتی ده‌ره‌كی. هه‌موو ئه‌مانه‌ كاری خیانه‌تكارین. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ ره‌فتاره‌كانی گرووپی 16 ئۆكتۆبه‌ر بینران.

ئه‌و گرووپه‌ بوونه‌ هه‌ره‌شه‌ بۆ سه‌ر مافی سه‌ربه‌خۆی نیشتیمانه‌كه‌یان، لاده‌رن له‌ به‌ها و پرنسیپی بالای نیشتمانی، ئه‌وان تاوانكارن، چونكه‌ ئه‌و ئامانج، پرنسیپ و به‌ها‌ بالایه‌ی كه‌ مرۆڤگه‌لێك خۆی له‌پێناویدا به‌ختكردووه‌، ژێر پێخراوه‌، مافی گشتی پێشێلكراوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ شكۆی گشتی شكێندراوه‌، زیانی ماددی و مه‌عنه‌ویش به‌ مرۆڤی دیكه‌ گه‌یه‌ندراوه‌. لێره‌ ده‌بێت پرسیار له‌ په‌روه‌رده‌ و مه‌عریفه‌ی‌ ئه‌و تاكانه‌ بكرێت. دیسان‌ پرسیار له‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ش بكرێت كه‌ ئه‌م تاكانه‌ هه‌یانه‌. بۆچی ئه‌مه‌یان كرد؟
رووداوه‌كان و كاراكته‌ره‌كانی پێش و پاش 16 ئۆكتۆبه‌ر ده‌توانین به‌هۆی هاوكیشه‌ی (مه‌عریفه + كرده‌وه ‌+ به‌رژه‌وه‌ندی) بخوێنینه‌وه‌. په‌روه‌ركردن وه‌كو به‌شیك له‌ مه‌عریفه‌ی بكه‌ره‌كانی ئه‌و رووداوه‌، كێشه‌ی نیشتیمانی بوونی هه‌یه‌‌، كێشه‌ی ئه‌خلاقی هه‌یه‌، كێشه‌ی له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت پرسیار له‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین كه ‌بكه‌ره‌ كورده‌‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان په‌روه‌رده ‌كردووه، مه‌به‌ست مامۆستاكانی خیانه‌تكارانه‌ (وه‌كو نێره‌ره‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردنه‌كه‌)‌. ده‌بێت پرسیار له‌و هزرانه‌ بكه‌ین كه‌ بۆ بكه‌ره‌كانیان گواستۆته‌وه‌‌‌. ئایا هزری په‌روه‌رده‌یی ئه‌وان كوردانه‌ بووه‌؟ مرۆڤانه‌ بووه‌؟ چ بیرۆكه‌یه‌كیان پێگه‌یاندون له‌باره‌ی پرسی نیشتمان؟ له‌باره‌ی پرسی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت؟ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی پێشره‌ویكردنی گه‌له‌كه‌یان؟ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی سه‌یركردنی به‌رانبه‌ری پێشبڕكێكار؟….تا، ده‌شێت ده‌یان پرسیاری جیدیان له‌باره‌وه‌ بكرێت.

ده‌شێت شیكاری بۆ چییه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی هه‌ر كه‌سێك به‌هۆی كرده‌وه‌كه‌یه‌وه‌ بكرێت، واتا شیكاری بۆ مه‌عریفه‌ی ئاماده‌ و به‌های باڵای ئه‌و كه‌سه‌ بكرێت. هه‌روه‌ها شیكاری بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بكرێت، به‌ چ مه‌به‌ستیك ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی كردووه‌.
كاتێك گروپی 16 ئۆكتۆبه‌ر دژی مافی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ره‌فتار ده‌كات، ئه‌وا بێگومان هه‌ڵگری په‌روه‌رده‌یه‌كی نێگه‌تیڤ به‌ مافی سه‌ربه‌خۆییه.‌ خه‌ونی سیاسی به‌خیانه‌تی سیاسی له‌بار ده‌برێت، ئه‌مه‌ش زاده‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی نێگه‌تیڤه‌، ئه‌مه‌ش‌‌ وه‌كو ئه‌مرێكی حه‌تمی په‌یوه‌ندی به‌و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تیایدا په‌روه‌رده‌ كراون‌، په‌یوه‌ندی به‌و هزرانه‌ش هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستاكانیانه‌وه‌ بۆیان گواستراوه‌ته‌وه‌.

باشه‌ با بپرسین مامۆستاكانیان كێن؟ پێشینه‌ی مێژووییان له‌باره‌ی پرسی نیشتیمان و خیانه‌ته‌وه‌ چییه‌؟ چ ره‌فتارێكیان كردووه‌؟ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ره‌فتاره‌كانیان و زانینی ره‌وشتیان، پێشبینی ده‌كرێت چۆن سه‌رانی 16 ئۆكتۆبه‌ریان په‌روه‌رده‌ كردبێت؟

كاتێك ده‌بینین مامۆستاكان و قوتابییه‌كان له‌دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌مان ره‌فتار (خیانه‌ت)یان كردووه‌، ئیدی‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ری كه‌ پێناچیت په‌روه‌رده‌كردنی خیانه‌تكاران پۆزه‌تیڤ بوو بێت. پێده‌چێت مامۆستاكان گه‌رای خۆیان له‌هه‌ناوی قوتابییه‌كانیان چاندبێت، فێریانكردبن چۆن هه‌ر كاتێك باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كرا، یه‌كسه‌ر ره‌وشی گشتی كۆمه‌لگا‌ تێكبده‌ن، كێشه‌ و دووبه‌ره‌كی دروستبكه‌ن، هه‌موو رتووشێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر روخساریان لابده‌ن، ماسكه‌كان بدرینن، ئیعلانی دوژمنداری مافی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن و برۆنه‌ پال دوژمن، موئامه‌ره‌ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ل شه‌یتانیش له‌دژی ئه‌م خواسته‌ رێكه‌ون. جگه‌ له‌مه‌ مامۆستاكان كه‌ به‌بێ موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات ناتوانن، له‌هه‌مانكاتیش سه‌ركرده‌ی نیشتیمانپه‌ره‌وه‌ر نین، به‌قوتابیه‌كانیان وتووه‌، ئێوه‌ پێویسته‌ بلێن ئێمه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌و گه‌له‌ین، له‌فتی نیشتیمانپه‌روه‌ر و شۆرشگیری لیبده‌ن، هه‌ر شتێكتان پێنه‌كرا مه‌یه‌ڵن كه‌سانی تر بیكه‌ن. له‌بیر نه‌كه‌ن خه‌تی سوور دروستكردنی ده‌وله‌تی كوردستانی و گه‌یشتنی كورده‌ به‌ مافی ره‌وای خۆی.

ئه‌گه‌ر مامۆستایانی په‌روه‌رده‌كردنی بكه‌رانی 16 ئۆكتۆبه‌ر ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ئه‌وانیتر، كه‌ خۆیان له‌مێژووی خۆیاندا خیانه‌تیان كردبێت و دژی كورد بووبن، نابێت چاوه‌روانی خیانه‌ت له‌ قوتابییه‌كانیان (نه‌وه‌كانیان) نه‌كه‌ین، هه‌ڵه‌یه‌ پێمان وانه‌بێت هیرۆ وه‌كو باوكی و پاڤیل وه‌كو باوانی خیانه‌ت نه‌كات، وه‌كو ده‌ڵێن گیا له‌سه‌ر پنجی خۆی شین ده‌بێت، چونكه‌ مامۆستا هه‌ولده‌دات قوتابی له‌سه‌ر به‌ها، پرنسیپ و دونیابینی خۆی په‌روه‌رده‌ بكات. به‌و پێیه‌ش خیانه‌تكار شۆرشگێر به‌رهه‌مناهێنی، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر قوتابی و مامۆستا په‌یوه‌ندی خوێنیان هه‌بێت، و هه‌لگری كه‌مترین مه‌عریفه‌ی مرۆیی و ئه‌خلاقی شۆرشگیری بن.

بكه‌ره‌ كورده‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر ده‌مارێكی ئه‌زه‌لی خیانه‌تیان له‌نیو جه‌سته‌دا هه‌یه‌، ئه‌و ده‌ماره‌ خوێنێكی تایبه‌تی پێدا تێپه‌ر ده‌بێت، ناتوانن نه‌شته‌رگه‌ری بۆبكه‌ن و لێیده‌ربازبن. دكتۆره‌ فارسه‌كان زانیاری زۆریان له‌باره‌ی سروشتی ئه‌و ده‌ماره‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ش به‌بێ باكانه‌ ده‌یانوت خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ناو ده‌به‌ین، فارسه‌كان ده‌ماره‌كه‌یان ته‌ڤانده‌وه‌، خوێنه‌كه‌یان به‌سه‌ر جه‌سته‌ی نه‌خۆش په‌خشكرد، ئیدی نه‌خۆش بارگاویبوو به‌خوێنی ره‌ش، تاریكبینانه‌ چوونه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سلی خۆیان و خیانه‌ته‌كه‌یان كرد.

خیانه‌تكار هه‌ر چه‌نده‌ سه‌روه‌تی ماددیشی ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌راستیدا سه‌روه‌تی مه‌عنه‌وی و ره‌مزی وێران بووه‌، زۆر هه‌ژاره‌، كه‌سی نه‌ماوه‌، وڵات، كه‌سوكار، ئه‌خلاق، به‌ها، رێزو سه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نانه‌ت مێژوویی خه‌باتكردنی خۆیشی له‌ده‌ستداوه‌، ته‌نها خیانه‌تكردنی‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌. هیچ كه‌سیك له‌ناخه‌وه‌ حه‌ز ناكات له‌گه‌ل خیانه‌تكار هاموشۆ بكات، یان رێزی بگرێت. ئه‌مانه‌ هه‌مووی زاده‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی نێگه‌تیڤه كه‌ خیانه‌تكار به‌رهه‌مده‌هێنی، به‌پێچه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌كردنی پۆزه‌تیڤ كه‌ نیشتیمانپه‌روه‌ر به‌رهه‌مده‌هێنی. رێز و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی پێده‌به‌خشی، رۆحی له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی لا گه‌وره‌ ده‌كات، خۆشه‌ویستنی نیشتمانی لا به‌هێز ده‌كات.

قاره‌مانه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر كێشه‌ی په‌روه‌رده‌ییان هه‌یه‌، هه‌وڵیش ده‌ده‌ن كێشه‌كه‌ به‌سه‌ر گشت كۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌تی شوینكه‌وتووانیان له‌ زۆنی ملكه‌چی سه‌وز- نیللی په‌خش بكه‌ن.
ئه‌وان له‌هه‌ولی ئه‌وه‌دان خیانه‌تكار زۆر بكه‌ن، هاوڕێ بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن. له‌و زۆنه‌دا بینیمان مندالی هه‌رزه‌كاریان هێنایه‌‌ سه‌ر شه‌قام، كارتۆنی جیاجیان به‌ده‌سته‌وه‌‌ بوو، یه‌كێكیان لێی نووسرا بوو “موچه‌مان ده‌وێ و ده‌وله‌تمان ناوێ”، یان مامۆستا زه‌لیلانه‌ له‌سه‌ر شه‌قام وه‌ستابوو،‌ سلۆگانی “به‌ڵێ عێراق و نه‌خێر كوردستان” به‌رزكردبۆوه، یان له‌ته‌له‌ڤزیۆن به‌ده‌نگی به‌رز یه‌كێك وتی “حاشا له‌م جله‌ كوردییانه كه‌ ‌كوردیشم”‌‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مندالی تورك به ده‌سته‌واژه‌ی “توركیا له‌به‌رانبه‌ر هه‌موو دونیایه” په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت.

ئه‌وان هه‌ولی په‌خشكردنی ستریاتیپێك له‌نه‌خشه‌ی زه‌ینی تاكی زۆنه‌كه‌یان ده‌ده‌ن، ئه‌ویش به‌كۆیله‌كردن، دز و …تاد به‌رانبه‌ر و ململانێكاره‌ ئه‌زه‌لییه‌كه‌یان، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.
ئه‌و ستریاتیپه‌ بنه‌مایه‌كه‌‌ بۆ تیرۆری فكری و مه‌عنه‌وی به‌رانبه‌ر. هه‌ر به‌وه‌نده‌ش نه‌وه‌ستاون له ‌دژی هه‌ر پیشبركێكارێكی خۆیشیان به‌كاریده‌هێنن، به‌پێدانی وێنه‌ی كۆیله‌بوون، یان پارتیبوون. شوێنكه‌وتووانیشیان تاراده‌یه‌كی زۆر ئه‌و بیرۆكه‌یان قووتداوه‌ وهه‌زمكردووه‌، ئیدی ستریاتیپی ئه‌وانه‌، بێئه‌وه‌ی كه‌مترین پرسیار یان گومان له‌و وینه ‌به‌خشینه‌ به‌ به‌رانبه‌ر بكه‌ن.

شوێنكه‌وتووانی گروپی 16 ئۆكتۆبه‌ر كه‌ نه‌یارانیان به‌كۆیله‌ پێناس ده‌كه‌ن، پێویسته‌ له‌خۆیان بپرسن ئه‌وان له‌كوێوه‌ی ئه‌و پێناسه‌ن؟ ئایا (به‌پێی لۆژیكی ئه‌وان) به‌كۆیله‌ بینینی به‌رانبه‌ر بۆ ئه‌وانیش راست نییه‌؟ چی ئه‌وان له‌ به‌رانبه‌ره‌كه‌یان جیاده‌كاته‌وه‌؟ كامه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ جیدیه‌ گرنگه‌ی ئه‌وان كردبێتیان به‌رانبه‌ر نه‌یانكردبێت؟ كامه‌یه‌ ئه‌و دیارده‌ مه‌ده‌نییه‌ شارستانیانه‌ی لای ئه‌وان هه‌یه‌ و له‌لای به‌رانبه‌ر نییه‌؟ له‌كوێدا دونیای ئه‌وان خۆشتر و جوانتره‌ له‌ دونیای كۆیله‌كان؟
گرووپی 16 ئۆكتۆبه‌ر خه‌ریكی دروستكردنی كۆیله‌ی مۆدیرنن، كه‌ خیانه‌تكار به‌پاله‌وانه‌ و دز به‌ پارێزه‌ری ماف ده‌بینن، گرووپی 16 ئۆكتۆبه‌ر هه‌رچییه‌ك بڵێن و بكه‌ن كۆیله‌ی مۆدیرن قبوولیانه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌لكو خیانه‌تكار وێنه‌ی كاراكته‌ری فریادره‌سی وه‌رگرتووه.‌ پرسیاری جیدی ئه‌وه‌یه‌، هه‌ر به‌راستی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ خیانه‌تكار و نه‌فت دز به‌سه‌ركرده‌ی خۆیان قبووڵه‌؟ یان ترسنۆكن و له‌ دیكتاتۆریه‌تی خیانه‌تكاران ده‌ترسن؟

لێره‌وه‌ كوردستان دوو كێشه‌ی هه‌یه‌، یه‌كه‌میان كێشه‌ی نه‌بوونی شه‌هامه‌ت و قبوولكردنی ترسنۆكی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌رێك‌‌، كه‌سانێك ده‌بینێت كه‌ به‌هۆی كرده‌وه‌كه‌یانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێكی زۆر خه‌لك ده‌ربه‌ده‌ر بوون، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی دیكه‌ كوژراون، ماڵ سوتێنراون، ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته‌ سه‌ر كۆمه‌لێك ژن و پیاوی ئه‌و وڵاته‌، كه‌چی ناتوانن هه‌ڵوێستێكی شه‌رمنانه‌ش ده‌رببرن. ئه‌مه‌ كاتێك كوشنده‌تر ده‌بێت كه‌ دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، نووسه‌ر و چالاكوانه‌ سیاسییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌. بێده‌نگبوونی نووسه‌ره‌كان و چالاكوانانی سیاسی ده‌ڤه‌ری سه‌وز- نیللی ده‌شێت به‌هه‌مان لۆژیكی پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشت لێكبدرێته‌وه‌، یانیش به‌هه‌بوونی ترس له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌.

دووه‌میشیان كێشه‌ی مه‌عریفی تاكی كوردییه‌، كێشه‌ی پرۆسه‌ی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌، تاكی كوردی له‌ پرسه‌كانی ئینتیمایی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌لگری مه‌عریفه‌یه‌كی ئاست نزمه. وا ده‌بینم كه‌ پێویسته‌ توێژینه‌وه‌ی جیدی له‌سه‌ر سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی كوردستان بكرێت، تاوه‌كو بزانرێت بۆچی تاكی كوردی باكی به‌خیانه‌تكردن نییه‌. باكی به‌شكانی شكۆی نه‌ته‌وه‌كه‌ی نییه‌؟ ‌سووتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ی مالی براكه‌ی نایجولێنی؟ ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر ئافره‌تی كورد نایجولێنی؟ جگه‌ له‌مه‌ تاكه‌كانی ناوچه‌كان بۆ ئه‌وه‌نده‌ دژی یه‌كترن؟ ئه‌و هه‌موو بیحورمه‌تیكردنه‌ی سلێمانی به‌ هه‌ولێر كه ‌زه‌مه‌نێكی زۆره‌ بوونی هه‌یه،‌ (ئێستاش به‌پێچه‌وانه هه‌ولیر ده‌ستی پێكردووه)‌ له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ ئه‌و هه‌موو دوژمنداری و به‌كه‌م سه‌یركردنی یه‌كتر له‌چییه‌وه‌ دێت؟ ئه‌وه‌نده‌ حه‌زی له‌ناوچوونی ئه‌ویتر له‌چییه‌وه‌ دێت؟ پرسەكە رێژەییە بەلام زۆرینەیە.
ئه‌گه‌ر به‌شێكی پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ په‌روه‌رده‌ی بكه‌ره‌ كورده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌بیت، ئه‌وا به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆی گرووپ و لایه‌نه‌ به‌شداربووانه‌ی پرۆسه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌‌.

دیاره‌ گرووپی 16 ئۆكتۆبه‌ر‌ په‌یمانی گه‌وره‌ی ئابووری و سیاسییان پێدراوه‌، هه‌ر له‌پاره‌ی نه‌وتی دزراوی كه‌ركوك تا نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵات و نفوزی نه‌یاره‌كان له‌پارته‌كه‌ی خۆیان، ئینجا له‌ناوبردنی پارتی دیموكرات (كه‌ ئه‌مه‌ خه‌ونی مامۆستاكانیش بوو). ئه‌وان كه‌ ده‌مارێكی خیانه‌تیان تیدایه‌، به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌كی بچوك به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی‌ خیانه‌ت بكه‌ن. ده‌یان بنهۆش ده‌بیننه‌وه‌ بۆ باوه‌ڕهێنان به‌خۆیان، كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن راسته‌. له‌گه‌ل ئه‌مه‌شدا ئامرازی راگه‌یاندن و خه‌لكێكی مه‌عریفه‌ نزمیشیان هه‌یه بۆ ره‌وایه‌تیدان به‌ كاره‌كه‌یان.

زه‌مینه‌ خۆشكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌،‌ بێده‌نگی لایه‌نی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌كییه‌، له‌وانه‌ بێده‌نگی سه‌رۆكی كۆمار‌، كه به‌داخه‌وه‌ ‌كورده‌، هه‌روه‌ها هاوكاریكردنی پرۆسه‌ی خیانه‌تكردنه‌كه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌ به‌ناو كورده‌كانی‌ عێراقه‌، ئه‌وانه‌ی تاسه‌ر ئیسقان دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانن‌. ئه‌مانیش به‌رژه‌وه‌ندیان له‌و پرسه‌یه‌دا هه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین، یان كوبيش (سلۆڤاكی)، برێت ماكگورك (ئه‌مریكی)، قاسم سولێمانی (ایرانی)، ئه‌ردۆگان (توركی)، بالیۆزی (به‌ریتانی)، حزبی خوای (لوبنانی)، حه‌يده‌ر عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی (عێراقی)، لاهور و پاڤیلی (به‌ناو كورد)، چ شتیك كۆیانده‌كاته‌وه،‌ جگه‌ له به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش،‌ به‌دبه‌ختی كورد وله‌ناوبردنی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی، له‌گه‌ل غه‌دری سیسته‌می نادادپه‌وه‌ری جیهانی نه‌بێت؟! سیسته‌می جیهانی سیسته‌مێكی نادادپه‌روه‌ره‌ به‌سه‌ر مافی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست. بۆنموونه‌ كورد:

رۆژێك عێراق، رۆژێك ئێران، رۆژێك توركیا، رۆژێك داعش، رۆژێك حه‌شدی شعبی ..تا كوردستان وێران و تۆپباران ده‌كه‌ن، كورد ده‌كوژن و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌كه‌ن. كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش ته‌نیا ته‌ماشا ده‌كه‌ن. ‌ به‌لی ئه‌وه‌یه‌ نادادپه‌روه‌ریی‌ سیسته‌می جیهانی، هه‌ندێك ده‌بێت بمرن، تاوه‌كو هه‌ندێك خۆش بژین.

ئاراسته‌كردنی موشه‌كێك بۆ سه‌ر سعودیه كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ته‌قێنرایه‌وه‌، كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆری له‌ شه‌قامێكی میسر، یان توركیا..تاد، به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ولاتانی زلهێزی جیهان بینه‌ سه‌رخه‌ت و باسی پشتگیری و هاوكاری بكه‌ن، به‌ڵام داگیكردنی كه‌ركوك، خورماتو و شه‌نگال، كوشتن و برینداربوونی سه‌دان كورد، سوتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ی مال و ده‌ربه‌ده‌ربوونی سه‌دان هه‌زار خه‌لكی كورد هیچ هه‌لوه‌سته‌یه‌كی به‌و ولاتانه‌ نه‌كرد، كه‌س ئاماده‌یی هاوكاری و پشتگیری پێشكه‌ش نه‌كرد. ئه‌مه‌ بۆ؟ چونكه‌ سیسته‌می جیهانی له‌سه‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌كان بوونیادنراوه، بۆ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر گه‌لانی ژێرده‌ست و كه‌مینه‌كان جینۆسایدیش بكرێن كێشه‌ نییه‌. ‌

كورد باجی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌ئازادی بژیێت. به‌لام ئه‌گه‌ر كورد ده‌یه‌وێت ولاتی كوردستان دروست بكات، ئه‌وا ده‌بێت بیر له‌زۆر پرس بكاته‌وه‌، كه‌ یه‌كیك له‌گرنگترینیان پرسی به‌پۆزه‌تیڤ په‌روه‌رده‌كردنی تاكه‌كانیه‌تی به‌ ما‌فه‌كانی مرۆڤ، مافی نه‌ته‌وه‌كان. تاكی كوردی ده‌بێت وا په‌روه‌رده‌ بكرێت، كه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ عه‌ره‌بێك، توركێك، فارسێك و ئه‌مریكییه‌ك.

تاكی كوردی ده‌بێت فێری خۆشویستنی نیشتمان بكرێت، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی پیشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌لێت “له‌ برسان خاك ده‌خۆم به‌س خاك نافرۆشم”. یانیش ئه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات ده‌ڵێت “لێره‌ كه‌س نیشتیمان نافرۆشێت”.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كوردستان ببێته‌ ده‌وڵه‌ت، ده‌بێت رووداوی 16 ئۆكتۆبه‌ر لیكۆلینه‌وه‌ی زانستی جیاجیای له‌سه‌ر بكرێت، ده‌بێت له‌ وانه‌ی مێژوو له‌ زانكۆ و قوتابخانه‌كان بخوێندرێت.

ئێستا وه‌كو ده‌‌بینرێ خیانه‌كاران به‌ده‌نگی زولال و زۆر بیمنه‌تانه‌ قسه‌ بكه‌ن، پێده‌چێت كه‌سیش نه‌توانێت بینخاته‌ قه‌فه‌سی ئاسنینی دادوه‌ری. ئه‌مه‌ش سه‌روه‌ری وڵات و‌ سیسته‌مه‌ دادوه‌رییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ری خیانه‌تكردنی دیكه‌ش مومكین ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت خیانه‌تكاران ده‌ستگیر بكرێن، لێكۆینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، سزای خۆیان وه‌ربگرن.
دواجار من هاورام له‌گه‌ل ئیسماعیل بێشكچی كاتێك وتی پێویسته‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ی به‌شیكی مالباتی تاله‌بانی بكریت، ئه‌وانی بكه‌ری 16 ئۆكتۆبه‌رن.

د. زیره‌ك عه‌بدوڵڵا – ئه‌لمانیا




كوردی هائیم و حەیران (2) …. هێمن عومه‌ر خۆشناو

ئەو پیرەپیاوە لە هەموو خەڵكی ئەم شارە بەتەمەنترە، شارەزای بست بە بستی ئەم دەڤەرەیە، یادگاریی لەگەڵ هەموو كوچە و كۆڵان و باغ و بێستان و دار و بەردی ئێرە هەیە، تەنانەت هەشتا ساڵێك لەمەوبەر هەر ڕۆژە نانی لە ماڵێك دەخوارد، شەڕبوو لەسەر ئەوەی كێ زووتر فەرمووی لێ بكات، وای لێهاتبوو نە ئەو بێ خەڵكەكە ئیدارەی دەكرد و نە خەڵكیش بێ ئەو سێبورییان دەهات.

ڕێزی خەڵك بۆ ئەو پیرەپیاوە هەر لەبەر ڕیشە سپییە وەك كڵۆ بەفرەكەی نەبوو، ئەو بە منداڵیش شیری لەگەڵ هەموو منداڵانی ئێرە خواردووە، دەستنوێژی لە كەس نوێ نەكردۆتەوە، بۆتە برای شیرییان و لەگەڵ ترپەی دڵیان، دڵی لێدەدا و لەگەڵ هەنسكی ئەوانیشەوە فرمێسكی دەبێتە تاڤگەیەك و بەسەر ئەو ڕیشە بەفراویەدا دێتەخوارێ.
جار جار دەیبینم لەبەر دەرگای زانكۆ دەیپشكنن، بە هەزار بینە و بەردە تا ڕێی دەدەن تێپەڕبێت، هەندێك بە تاسەوە تەماشای دەكەن و بە هەناسە هەڵكێشانێكەوە پشتی تێدەكەن، هەیانە خۆی لێ نەناس دەكات و بە تیزەوە بە ڕەفیقەكەی خۆی دەڵێت و ئەوە و زانكۆیان نەگوتوە؟ بە خۆی و ئەو جلانە چییە دێتە ناو زانكۆ؟ زۆر قسەی دیكەش لەملاو لەولا دەكرێن، كەچی ئەو زۆر بە وردی لێیان ڕادەمێنێ و دمكی گۆپاڵەكە لە عەردی دەدا و تێر تێر تەماشایان دەكات و جار جار نیوچەوانی گرژدەبێ و جارجاریش ئەو هاڵاوە گەرمەی لە هەناوان دێتە دەرێ دەڵێی لەناو كوورەی ئاگرەوە هەڵدەستێ.

ئەمن گەلەك جاران تووشی دەبم ڕوودەبمە دەستی و زیارەتی دەكەم، ئەویش بە دەرفەتی دەزانێ و دەردە دڵی خۆیم بۆ باس دەكات و لەنێو قسانیشدا زوو زوو هەڵدەداتێ:

ئەوانە دەبینی؟ هەموو برازامن، شیرم لەگەڵ دایك و باوكی هەموویان خواردووە، كەچی خۆم لێ نەناس دەكەن و تیزانم پێ دەكەن! ئەوانە مێشكیان شۆردراوەتەوە، تەنانەت هەست دەكەم زمانیشیان گۆڕاوە، لەبەرچاوم دڵیان وەك دەنكە زەنگیانەیەكی لێ هاتووە و جێی هیچی تێدانابێتەوە. لە بەرچاوی خەڵك زۆر پێش چاون، كەچی ڕۆژ دوای ڕۆژ دڵیان بچوك دەبێتەوە، گەیشتۆتە ئەوەی هەندێكیان دڵیان نەماوە و بە بێ دڵی لەناو زانكۆ دێن و دەچن و ئەمساڵ شەش لەو بێ دڵانە ماستەریشیان لە بەشی كوردی تەواوكردووە!

جار جار لەگەڵ دایك و باوكی ئەو قوتابیانە دێتە زانكۆ، ئەو پیرەمێردە پێشیان دەكەوێت، هەر بە ئیرادەی خوا ئەو دایك و بابانەش هەر كە پێیان خستە ناو زانكۆ ئیدی دڵیان بچوك دەبێتەوە، دەست دەخەنە سەر دڵیان و دەڵێن بروسكێك لە دڵی دام! ئیدی بە حاڵ تاقەتیان لەو پیرەپیاوە دەمێنێ و زوو بەجێی دێڵن و تەنانەت دڵیان بۆ ئەولادەكانی خۆیشیان ناچێت و بەرچاویان تاریك دەبێت و لە دەرەوەی پرسگەی زانكۆدا دڵیان گەورە دەبێتەوە و بەرچاویان ڕووناك دەبێتەوە.




ماڵ یا ماڵۆچکه‌ی کوردی؟ …دڵشاد تاقانه‌

خۆ نیشانه‌ی پرسیار هه‌روا له‌گۆتره‌ نیه‌، که‌ که‌وته‌ به‌رچاوت داوای وه‌ڵام ده‌کات و خۆشت به‌ناچاری ڕه‌دووی ده‌چی تا ده‌گه‌یه‌ ئه‌و خاڵه‌ی بێنت ده‌شکێنێ تێر ده‌خۆیه‌وه‌ له‌سه‌روچاوی ‌کانیاوی وه‌ڵامه‌که‌ی. ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ چه‌ندان ته‌وه‌ر و تێزی دیکه‌ی هاوڕایی و جیایی، سه‌ره‌داوی نوێ و سه‌رباسی دیکه‌ت لا گه‌ڵاڵه‌بێ به‌ده‌رچه‌یه‌کی زه‌وه‌نده‌وه‌ هه‌ناسه‌ی ئاسوده‌یی تێگه‌یشتن بده‌یه‌وه‌. وابزانی له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و خۆت تێر و خۆش دواوی پرێسکه‌یه‌کی تریش ده‌خه‌یه‌ پاشخانی ڕۆشه‌نبیریت له‌کاتی پێویستیه‌کان فریادڕه‌سی بۆچوون و گۆتن و نوسینه‌کانت بێ.

کورد ماڵی نیه‌!
زۆربه‌ی چاودێر و لێکده‌ره‌وه‌ سیاسیه‌کان له‌شیکاری گۆت و باسیاندا به‌هه‌ڵه‌ ده‌ڵێن ماڵی کوردی. واته‌ ئه‌و شوێنگه‌ بۆ گه‌ڕاوه‌ سه‌ره‌کیه‌ی سروشی کایه‌ی نوێی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ له‌پرسگیریه‌ چه‌قبه‌ستی و بێ چاره‌کان ڕوومان ده‌بنه‌وه‌ یان ئه‌و شێرازه‌ کۆمه‌ڵی و هاوسۆزیه‌ی کۆمانده‌کاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ و هێزی سه‌ره‌کیمانه‌ له‌چێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیدا ڕێک ده‌که‌وین بێ لێکدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تاک و خودی.

کورد ماڵۆچکه‌ی هه‌یه‌؟

چه‌نده‌هایه‌ سه‌ر به‌کامیان دابگری گێت له‌حه‌یرانه‌کی نه‌شاز ده‌بی له‌ڕتم ده‌رچووه‌ تاک و جووتی مه‌قامه‌که‌شی تێکدایه‌! ده‌نگ ناخۆشه‌کان ده‌یچڕن مێشکی سه‌ریان بردیین، نه‌خۆیان سودمه‌ند و نه‌کۆمه‌ڵگایه‌که‌ش پێی سه‌روه‌ر ده‌بی. ئه‌وه‌ له‌دیموکراتی بوونه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتیه‌ به‌ڵکو له‌تێنه‌گه‌یشتن و پێنه‌گه‌یشتنی ژیری کورده‌ له‌دوانێکی یه‌کانگیری تێکهه‌ڵکێشی خاوه‌ن ڕتم و سازگاری ده‌نگخوانی خاوه‌ن تاکه‌ په‌یام و ئاڕاسته‌.

کوردی جوتیار..
خاوه‌ن به‌رهه‌می ناپیشه‌وه‌ری ناپیشه‌سازی بچێنه‌ و به‌ته‌مای خوای، ئه‌گه‌ر هاتیبی لۆ ساڵی داهاتوو ته‌مبه‌ڵتری ده‌کا له‌چاندن و خۆبه‌ڕێوه‌بردن. هه‌رده‌م حه‌زی له‌سیسته‌می خێڵگه‌ری و ئاغاپه‌رستیه‌ هه‌موو خواسته‌کانی له‌که‌سێکدا کۆده‌کاته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ی ببات، له‌شه‌ڕوشۆڕ سه‌رپه‌رشتی بکات. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ خودی کوردی جوتیار مێشکی به‌کار نه‌هینێ و جه‌سته‌ی حه‌ساوه‌بێ! مه‌لایه‌کیشی ده‌وێ له‌گوندی پێشنوێژی لۆ بکات و له‌دوای مردن بیباته‌ به‌هه‌شتێ له‌وێش وه‌ک ڕه‌جه‌بی ده‌و به‌شکاته‌وه‌ هه‌نجیری بکه‌وته‌ ناوده‌می درۆیانیش بکا لۆ حۆریه‌کان، هه‌هه‌هایه‌کی لۆبکه‌ن شایسته‌یه‌.

ئایا‌ کورد نه‌ته‌وه‌ییه‌؟
به‌ڵی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌هه‌موو پێوه‌ر و ڕه‌هه‌نده‌کانی به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یی نیه‌! بیری نه‌ته‌وه‌یی ڕووکه‌ش و بێ ئه‌رزشه‌ هۆکاری زۆر وای لێکردیه‌ که‌ له‌ده‌ست خۆی نه‌بووه‌، که‌می دانیشتوانی به‌رامبه‌ر جیرانه‌ فارس و عه‌ره‌ب و تورکه‌کان، له‌مێژووه‌وه‌‌ خاکه‌که‌ی پێخوستی گه‌وره‌ داگیرکارانی دنیا بووه‌ له‌فیرعه‌ونی و ڕۆمانی بگره‌ تا ئێستای ئه‌مریکی و ڕووسی، به‌هاتنی مه‌غۆل و ئیسلامه‌وه‌ تا ئێستای داعش و حه‌شد……..له‌گه‌ڵ ده‌یان هۆکاری دیکه‌ی ده‌ره‌کی هاوکات له‌گه‌ڵ چه‌ندان هۆکاری ناوه‌کی وه‌ک وابه‌سته‌یی به‌خاکه‌وه‌ و جوتیارگه‌ری که‌له‌په‌لوپۆی خستیه‌، نه‌بوونی خواستی داگیرکاری خاک و خه‌ڵکی تر! ڕه‌دووکه‌وته‌یی شێلگیرانه‌ به‌دوای ئاینه‌کان جا ئه‌گه‌ر زه‌رده‌شتی بووبی هه‌رجوتیاری و دارچاندن بوو، له‌ئیسلامه‌تیش هه‌ره‌ شێلگیرترین و بێ به‌رنامه‌ترین که‌ سونه‌ی بێ مه‌ڕجه‌عه‌‌ ئه‌وجا له‌ناو سونه‌ش شافیعی بوون که‌ به‌تڕه‌کی ده‌ستنوێژت ده‌شکێنی هه‌هاهایه‌کی دیشی لۆ بکه‌ن با دری خۆش ببی.

بیری نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌یه‌؟
جگه‌ له‌هۆکاره‌ ده‌رکی و ناوه‌کیه‌کان تا ئه‌وڕۆش که‌سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌می کردیته‌وه‌ ئه‌گه‌ر دوژمنه‌ک بێته‌ سه‌ر بادینان ناوچه‌ی سۆران خۆی لۆ به‌کوشت نادا و ناچی هاوکاری بکا هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش دوای وی شارگه‌رچێتی و گوندگه‌رچێتی ده‌کات. کاتێ داگیرکاری ئیسلامی هات کۆیه‌ بگری له‌شیله‌ و هه‌رمۆته و تۆبزاوای ئێستا شکان به‌قونی حوشتره‌کانیان دادا چوونه‌وه‌ ته‌قته‌ق و چه‌مچه‌ماڵ له‌وێوه‌ به‌به‌ری قه‌ڵاسێوکه‌ هاتنه‌وه‌ چوونه‌ دۆڵی خه‌له‌کان به‌ره‌و بیتوێن و قه‌ڵادزه‌ چوون تا خانه‌ و سه‌ررده‌شت ئه‌وجا گه‌ڕانه‌وه‌ له‌دۆری سماقوریه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ چیای باواجی و کۆیه‌ی ئه‌وکاتیان گرت دۆری ئه‌سحابان چاوه‌دیته‌یه‌ له‌وێ جه‌ندیان لێ تۆپێندرا ئه‌و عه‌ره‌بۆچکانه‌. خۆ ئه‌گه‌ر کورد یه‌کی بگرتبا به‌هانای یه‌که‌وه‌ بان هه‌موویان ئه‌نفالی ئیسلام نه‌ده‌کران وه‌ک ئێستا ئێران و عه‌بادی ده‌یانه‌وێ جارێ پارتی کلک و گوێ بکه‌ن دوایه‌ش یه‌کێتی ئاسانتر و له‌به‌ر ده‌ست تره‌ ئه‌وش له‌به‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ پارتی زۆر نیشتمانی و به‌شان و شه‌وکه‌ته‌ ته‌نیا سیاسه‌تی ( په‌رتکه‌ و زاڵبه‌) پێڕه‌و ده‌که‌ن کامیان ڕاوی ئاسانتربێ ئه‌ویان زووتر ده‌گرن به‌تاژیه‌کانی ئێستا ده‌بابه‌ی ئه‌مریکیه‌ به‌لێخوڕینی ئێرانی. ئێستا ده‌مانه‌وێ برێین ئاستی بیری نه‌ته‌وه‌یی کورد نه‌ک لاوازه‌ به‌ڵکو له‌نه‌بووندایه‌ به‌هاژوو هووژی حیزبچیه‌ گه‌نده‌ڵه‌کان هه‌رمه‌خه‌ره‌تێن ئه‌وانه‌ له‌ته‌ڕی ده‌خۆن و له‌وشکی ده‌نوون لۆ وان هه‌ر به‌ڕبه‌ی ته‌قته‌قیه‌. ده‌زانم هه‌موو چاوه‌ڕێن پێشنیار و چاره‌سه‌رتان بده‌مێ چونکه‌ تاقه‌تتان نیه‌ بیربکه‌نه‌وه‌ و کوردین‌! دیسان نیشانه‌ی پرسیاره‌که‌تان لۆ داده‌نێمه‌وه‌ ئێستا چ بکه‌ین؟




تـــارمـــــایـی یــــــار … بۆتان له‌تیف عه‌بدولقادر(پـــایـــــان)

له‌قوڵایی ساتی شه‌وێ‌
من زیندووم وشه‌پۆله‌ تاره‌كان ده‌بڕم!…
یه‌عقوب ئاسا نیگه‌رانم..
ئه‌زانن خۆ شاگه‌شكه‌ییم بۆ شه‌و نیه‌؟!
تامه‌زرۆی دیتنی یارم
هه‌موو جارێ‌ له‌دووره‌وه‌
تارمایی ئه‌و هه‌ست پێ‌ ده‌كه‌م

هه‌روه‌ك یوسف و زوله‌یخا
تابلۆمان ڕه‌نگی شه‌وه‌
هه‌ناوی شه‌و نرخی نوری یار ده‌رده‌خاو
واده‌زانم تازه‌ ژیان ده‌ست پێ‌ ده‌كه‌م..

له‌م قه‌یرانی بێ‌ به‌زه‌ییه‌
تنۆكی بارانیش زیزه‌!
هه‌ور به‌م ڕه‌نگه‌ نارنجیه‌
گۆنا پرته‌قاڵیه‌كه‌ی زه‌ویی لێ‌ ونه‌و
ده‌ست له‌ملانی زستانێكی ڕه‌نگ پایزی
له‌باوه‌شی ئاسمان ڕیزه‌

ئازیزه‌كه‌م..
ئازاره‌كه‌م تویكڵی ئاوازی ئاره‌زوه‌
ئاره‌زووێ بۆ ئازادی..
بۆ باخی یار، بۆ پڕ دادی..

له‌م شه‌و ڕۆیه‌م
هاوشانی ماه له‌گوزه‌راین به‌ناخی ئاخ!
به‌ناخی شه‌و كه‌تاریكیه‌
تا ئه‌گه‌ینه‌ كه‌ناری یار !
له‌وێ‌ له‌ ئامێزی باخێ‌
به‌فرمێسكی پرته‌قاڵ و
لێوه‌له‌رزه‌ی سێوو خۆخێ‌، ئه‌بین به‌داخ !

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ڕوو له‌ڕووگه‌ ڕاكشام و
زانیم سێبه‌ری ژوور سه‌رم هی یه‌زدانه‌؛
یه‌كسه‌ر له‌پێناوی خه‌ونێ‌ نوستم!..
خه‌ون گریانه‌…
خه‌زانه‌…
بێ‌ ئاگایی ودابڕانه‌…
ده‌ستێكم نا به‌به‌رده‌كه‌ی سه‌ر سینگمه‌وه‌و
هه‌ڵسامه‌وه‌
دیتم ئه‌ڵقه‌یێ‌ دانراوه‌ بۆ ئه‌نگوستم!
بۆتان له‌تیف عه‌بدولقادر(پـــایـــــان)
هه‌ولێر _ ڕاپه‌ڕین
10/10/2010 یه‌ك شه‌ممه‌




لەشفرۆشی ڕۆژهەڵاتی … هیوا سەعید

دواجار كه بينيم
وتي جيابونەوه ئادابی خۆی هەيه
پێويسته نهێنييەكانيشمان بپارێزين
بەڵام من دەست بەو ئادابەوه ناگرم
نهێنییەکان ئاشكرا دەکەم
یەکەم جار ئەوم لە یانەیەکی شەوانە بینی
چیرۆکی خۆی بۆم گێڕاوە
وتی هەژاری ناچاری ئەو کارەی کردم
وتی باوکم پەککەوتەیە،
وتی لە خانوی کرێداین،
وتی برایەکانم بێکارن و ئێمەش برسیمانە
مژێکی قوڵی لە جگەرەکەی دا و هەناسەیەکی گەرمی دایەوە.
وتی چبکەم ناچارم!
ئەوشەوە ئەوم وەک لەشفرۆشێک ناسی.

ڕاستترە بڵێم لەشفرۆشیكم خۆشویست
پێش من هەر پیاوێک لەگەڵی نوستبوو پێیوتبو خۆشمدەوێی
من لێم پرسی کاممان پیسین
وتی من
وتم بە قسەی کێ عیسا لە مەریەمی مەجدەلی پاکترە!
هەستی بەوە کرد گێلەپیاوم.

ئەو لەشفرۆشی ناو شانۆگەرییە ڕۆمانسییەکان نەبوو
لە بری پارە
ئەوەندە بۆ ئەو بەس بێ
ڕەفتەکەی سەری دایکم بکەمە ملی و
ئیدی وەکو ژنێکی داوێن پاک سەیری بکەم.

ئەو لە ناوەوە پاکیزەیی لەدەستدابوو
لە نێوان قەڵەم و سوراو هەر خەریکی سوراو بوو
لە نێوان شیعر و جوانکاری هەر بەدوای جوانکاری بوو
لە نێوان کتێبخانە و ئارایشتگا هەر لە ئارایشتگا بوو.

جارێک وتم شاعیرێک دەڵێ
پیاوی ڕۆژهەڵاتی تەنیا لەسەرجێ ژن دەناسێ
وتی ژنی ڕۆژهەڵاتیش پیاو بەو شێوە نەبێ
بە پیاوی نازانێ!

ئەو نهێنییەی ئەو خەمی بوو
ئەوە نییە وەک لەشفرۆشێک باسی بکەم
لە دەمەدەمێکدا وتبوم تۆ ژن نیت کاڵای
لە قاقای پێکەنینیدا،
وتی دەنا من نوێنەری کیشوەرێکم
لێرە هیچ ژنێك نادۆزیتەوە
وەک من بیرنەکاتەوە!




Foucault, Michel میشێل فۆکۆ … نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

میشێل فۆکۆ فەیلەسووفێکی فەرەنسی بوو کە لەنێوان ساڵانی ( 1926-1984 ) دا ژیاوە . فۆکۆ وەک فەیلەسوفێکی نوێگەرا ( یان پۆستمۆدێرنیست ) Postmodernist کاریگەری گەورەی لەسەر فەلسەفەی هاوچەرخماندا هەیە .
کارەکانی/بۆچونەکانی
فۆکۆ پێیوابوو کە ئەرکی سەرەکی فەلسەفە بریتییە لە چاودێریکردنی کۆمەڵگەو یارمەتیدان بۆ ئازادبوونی مرۆڤەکان .هەر لەم رووانگەیەوە فۆکۆ رەخنەکانی ئاراستەی کۆمەڵگەی مۆدێرن Modern و دامودەزگاکانی دەکرد . یەکەم کتێبی گرینگی فۆکۆ کتێبی مێژووی شێتی The Histroy of Madness بوو کە لە ساڵی 1961 چاپکرا . ئەو لەم کتێبەیدا ڕای خۆی دەردەبڕیت سەبارەت بە مامەڵەکردنی کۆمەڵگە و دەسەڵاتداران بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ کەسانێک کە لە رووی دەروونیەوە Psychic یان عەقڵیەوە Mental نەخۆشن . لێرەدا فۆکۆ رەخنەی توند دەگرێت لە کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارانی مۆدێرن سەبارەت بە شێتەکان و پێیوایە کە لە سەردەمی بووژانەوەدا ( یان رێنیسانسدا) Renaissance مامەڵەی کۆمەڵگەو دەسەڵاتداران لەئاست شێتەکان زۆر مرۆڤانەتر ( یان ئینسانیتر) بوو چونکە ئەوکات شێتەکان بە نەخۆش لەقەڵەم نەدەدران بەڵکو تەنیا وەکو خەڵكانێکی جیاواز سەیر دەکران و وەک خەڵکانی تریش ئازاد بوون . ئەوکات شێتخانە بوونی نەبوو و کەسیش دەستبەسەر نەدەکرا بە بەهانەی یان پاساوی شێتیەتی .

فۆکۆ دەڵێت کە چەمکەکانی شێت و دەروون-نەخۆش و هتد لە واقیعدا بوونیان نییە بەڵکو ئەم چەمکانە لەسەر بنەمایەکی ( یان بۆچوونێکی ) کۆمەڵایەتی Social داڕێژراون . ئەو مێژووی پەیدابوونی ئەم چەمکانە دەگێڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدە کە ئەوکات ووردە ووردە ووشەگەلی شێت و سەرشێت و نانۆرمال و هتد کەوتنە سەر زاران . ئەمەش وایکرد کە کۆمەڵگە و کاربەدەستان مامەڵەی جیاواز بکەن لەئاست ئەو کەسانەی کە بە شێت و نانۆرمال لەقەڵەم دەدران ئەگینا پێش داتاشرانی ئەم چەمکانە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بە کەسانێکی ئاسایی ( یان نۆرمال ) Normal دەزانران و کۆمەڵگەش دابەش نەکرابوو بۆ عاقڵ و شێت یان عەقڵ و ناعەقڵ .

فۆکۆ هەروەها دەڵێت کە هەموو پۆلبەندی Categorizations و پێناسەکان Definitions لە جیهاندا دوو روویان هەیە کە یەکێکیان حەقیقەت The Truth و ئەوی تریان دەسەڵاتە Power . ئەو پێیوایە کە ئەوە دەسەڵاتە کە حەقیقەت دروست دەکات نەک حەقیقەت دەسەڵات دروست بکات . لێرەدا لە مەسەلەی پەیوەندی نێوان هەردوو چەمکی حەقیقەت و دەسەڵات فۆکۆ و نیچە هاوڕان بەپێچەوانەی ئەفلاتوون کە پێیوایە کە حەقیقەت دەسەڵات دروست دەکات .

فۆکۆ دەڵێت کە ڕاددەی کاریگەری لەسەر هەر گوتارێک Discourse وەستاوەتەسەر راددەی هەبوونی دەسەڵات و هەر کاتێک کە دەسەڵات زیاتر بێت ئەوا کاریگەری لەسەر گوتارەکان زیاتر دەبێت . گوتاریش بە گوێرەی پێناسەی فۆکۆ بریتییە لە کۆی رووانگە Perspectives و هەڵوێستەکان و ئەو پرسیارانەی کە دەوروژێندرێن سەبارەت بە بابەتێک . ئەو هەروەها دەڵێت کە دەسەڵات لەهەموو شوێنێکدا هەیە ، لە سیاسەتدا ، لەماڵدا ، لەهاوڕێیەتیداو هتد و هەر تاکێکیش لە هەمان کاتدا دەسەڵات پیادە دەکات و دەسەڵاتیشی بەسەردا دەسەپێندرێت . دەشێت کە ستروکتور ( یان بونیادی ) دەسەڵات بگۆڕدرێت لە رێگەی بەرهەڵستکاری بەڵام پێویستە کە بەرهەڵستکارییەکە داهێنەرانە و ڕێکخراو بێت .

لای فۆکۆ مەعریفە Knowledge و دەسەڵاتیش بەیەکەوە گرێدراون و لەم بارەیەوە دەڵێت : پیادەکردنی دەسەڵات بێ مەعریفە سەرناگرێت و ناشکرێت کە مەعریفە دەسەڵات بەرهەم نەهێنێت .
دووەم کتێبی گرینگی فۆکۆ بەناوی پەیدابوونی کلینیکە The Birth of the Clinic کە لە ساڵی 1963 چاپکرا . ئەو لەم کتێبەیدا باسی کاریگەریەکانی پێشکەوتنی پیشەی پزیشکی دەکات و رەخنەی توند دەگرێت لە نەخۆشخانەکان و سیستەمی چاودێریکردنی نەخۆش بە گشتی و پێیوایە کە سەرەڕای بوونی دەرمان و چارەسەری پێشکەوتوو بەڵام مامەڵەی پزیشکەکان لەگەڵ نەخۆشەکاندا مرۆڤانە نییە بەڵکو ئەوان وا لە مرۆڤ دەڕوانن هەروەک تەنیا بریتی بێت لە کۆمەڵێک ئەندام و کۆئەندام کە بەیەکەوە بەستراون .
لە کتێبی پابەندیەتی و سزا Discipline and Punish فۆکۆ باسی پەیدابوونی زیندان Prison دەکات رەخنەی توند لە سیستەمی مۆدێرنی زیندانەکان دەگرێت و پێیوایە کە زۆر نامرۆڤانەیە Inhumane و بەراووردی دەکات لەگەڵ سزای لە سێدارەدانی ( یان ئیعدام کردنی ) زیندانییەکان بەبەرچاوی خەڵکەوە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا . فۆکۆ دەڵێت کە ئەوکات زیندانیەکان ئەگەر تاوانباریش بوونایە ئەوا لەلایەن بەشێکی زۆر لە خەڵکەوە بەچاوی هاوسۆزی Sympathy یان بەلایەنی کەمەوە بەچاوی بەزەییانەوە سەیر دەکران بەڵام جەللادەکان مایەی بێزاری و نەفرەتی خەڵک بوون تەنانەت باویش بوو کە هەندێک جار خۆپیشاندان بکرایە بۆ ئازادکردنی تاوانباران . لە رۆژگاری مۆدێرندا سزاکان بەشێوەیەکی شاراوە و نهێنی پیادەدەکرێن لەلایەن دەسەڵاتەوە و دەسەڵاتدارانیش خۆیان مرۆڤپەروەرانە و دۆستانە نمایش دەکەن . فۆکۆ هەروەها دەڵێت کە لە زیندانەکاندا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەندکراوان دەدرێت لە رووی کۆمەڵایەتیەوە چونکە کاربەدەستان پێیانوایە کە ئەم مێتۆدە کاریگەری زیاترە لە ئەشکەنجەدانی جەستەیی زیندانیەکان . بۆیە فۆکۆ سیستەمی مۆدێرنی سزاکان بە چەواشەکار دەزانێت و پێیوایە کە سیستەمێکی دڕندانە Brutal و دواکەوتووانەیە Primitive و بە پێچەوانەشەوە سیستەمی کۆنی سزادان ئینسانیتر و راستگۆیانەتربوو .

کتێبێکی دیکەی فۆکۆ بەناوی مێژووی ڕەگەزبازییە ( یان سێکسواڵیتیە) History of Sexuality کە تیایدا باس لە دید و هەڵوێستەکانی تاکەکان و کۆمەڵگە دەکات سەبارەت بە سێکس ( یان رەگەزبازی) Sex بەدرێژایی مێژوو . فۆکۆ ئەو بانگەشەیە رەت دەکاتەوە کە پێیوایە کە کۆمەڵگەی مۆدێرن لە کۆمەڵگەکانی پێشووتر لێبووردەترە لە ئاست مەسەلەکانی رەگەزبازی . ئەو دەڵێت کە کۆمەڵگەی مۆدێرن پێناسەی رەگەزبازی کردووە هەتا بتوانێت کۆنترۆلی بکات . هەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندین چەمکی نوێی داڕشتووە وەکو جیارەگەزبازی Heterosexuality و هاورەگەزبازی Homosexuality و هتد لە کاتێکدا لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا بۆ نموونە خەڵکانێک هەبوون هاوڕەگەزبازبوون بەڵام لای ئەوان چەمکی هاوڕەگەزبازی بوونی نەبووە بەڵكو تەنیا بەپراکتیک خەڵكانێک هەبوون کە هاوڕەگەزبازبوون . فۆکۆ دەڵێت کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا سەرنجەکان چڕ دەکرێنە سەر هەڵوێست یان مەبەستە سێکسیەکان نەک رەفتارە سێکسیەکان چونکە رەفتارە سێکسیەکان کۆنترۆڵ دەکرێن لە رێگەی هەڵوێستەکانی مرۆڤەوە سەبارەت بە سێکس کە ئەمەش رەنگدانەوەی بنچینەکانی شوناسی تاکەکانە ، بۆیە مرۆڤ خۆی لادەدات لە دەربڕینی هەست و ئارەزووی سێکسیانەی خۆی ئەگەر بزانێت کە ئەم هەست و ئارەزووانە لەلایەن کەسانێکەوە بەلادان لە پێوەرە ( یان نۆرمە ) Norms کۆمەڵایەتیەکان لەقەڵەم دەدرێت بۆ نموونە هاوڕەگەزبازی کە بێگومان لەم حاڵەتەدا کاردەکاتە سەر پلەوپایە و کەسایەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا .




ناسینی كتێب … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

هه‌ر ڕووداوێك، كه‌ ماوه‌یه‌كی به‌سه‌ردا ده‌چێت. ده‌بێته‌ یادگاری، یادگاریش مرۆڤ به‌ ڕوونی ده‌بینێت. له‌ ماڵه‌كه‌ماندا په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌ی داری به‌ هێڵه‌ك داپۆشراو هه‌بوو، به‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ ده‌لاقه‌یه‌كی لاكێشه‌یی نیمچه‌ گه‌وره‌ی تێدا بوو، به‌ په‌رده‌یه‌كی سپی داپۆشرابوو، په‌رده‌كه‌ش به‌ ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وێنه‌ی مانگ و چیا و مامز و كه‌وی لێ‌ نه‌خشابوو. ئه‌م ده‌لاقه‌یه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كاكم خالید. ته‌واو قووڵایی منیشه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و برایه‌م له‌ 25/8/1988دا جه‌یشی شه‌عبی، له‌ هه‌ولێر شه‌هیدیان كرد.
شه‌هیدبوونی ئه‌م برایه‌م گورزێكی كوشنده‌بوو به‌ر ڕۆحی من كه‌وت و ئازاری هێناكایه‌وه‌. له‌خۆ ئاماده‌كردندا بووم، ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ناو پێكهاته‌یه‌كی كاریگه‌ردا به‌كاربهێنم، تا ئێستاش بۆم نه‌كراوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له‌ سه‌ره‌تای شیعردا به‌دوای ئاكامێكی نه‌زاندراودا ده‌ڕۆم و له‌ درێژبوونه‌وه‌یدا ده‌یدۆزمه‌وه‌. له‌ بینینی دۆزراوه‌كه‌دا به‌ئاگادێمه‌وه‌، نایابترین دۆزینه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئاكامدا ده‌ربكه‌وێت.

له‌ سه‌ره‌تادا ئاكامی ئه‌و ڕووداوه‌م ده‌زانی و له‌ كۆتایشدا نه‌متوانی بیدۆزمه‌وه‌. واته‌: له‌ ڕووداوێك ده‌دوێم هێشتا ڕووی نه‌داوه‌. له‌وانه‌یه‌ ڕووبدات. هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و (له‌وانه‌یه‌) بدۆزمه‌وه‌ و له‌ دۆزینه‌وه‌یدا به‌ئاگابێمه‌وه‌، دۆزینه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌.
سه‌ره‌تای ڕێگا و به‌ركه‌وتنم له‌گه‌ڵ كتێبدا، یان ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌ نێوان خوێنه‌ر و كتێبدا دروست ده‌بێت و ده‌مێنێته‌وه‌. له‌م ده‌لاقه‌یه‌وه‌ خاڵی بوون و سه‌رچاوه‌ی دره‌وشاوه‌ی وه‌رگرت و بوو به‌ ئه‌فسوونێكی به‌هێز و نه‌شكاو و قه‌ڵای پشت پێدان. كۆمه‌ڵێك كتێب و دوو شووشه‌ مه‌ره‌كه‌بی چینی، یه‌كێكیان ڕه‌ش و ئه‌وی دی شین و قه‌ڵه‌م پاركه‌رێكی بیست و یه‌كی ڕه‌نگ جه‌رگی تێدابوو، كتێبه‌كان زۆربه‌یان عه‌ره‌بی بوون. ئێستا نازانم ئه‌ده‌بی بوون، یان فه‌لسه‌فی، كۆمه‌ڵناسی، سیاسی، مێژوویی، په‌روه‌رده‌یی، ئایینی ….. تاد، له‌ناو كتێبه‌كاندا دیوانی: (حاجی قادری كۆیی ) به‌ به‌رگ تێگیراوی هه‌بوو، هه‌میشه‌ كه‌ڵه‌گیای بۆنخۆشی له‌ناو داده‌نا، كه‌ گیایه‌كه‌ وشك ده‌بوو، ده‌یگۆڕی و دووباره‌ دایده‌نایه‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ هی ئامۆزایه‌كی باوكم بوو، مامۆستای قوتابخانه‌ی گونده‌كه‌مان بوو. له‌ دامێن و ئه‌م لا و ئه‌ولا سپییه‌كانی بۆنه‌ و ڕێكه‌وته‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌مانی هه‌مووی تێیدا تۆماركردبوو، وه‌ك: ڕێكه‌وتی مردن و له‌دایكبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حه‌ج و گه‌ڕانه‌وه‌ و ناونووسكردنمان له‌ قوتابخانه‌ ….. تاد.

ساڵی 1973 جگه‌ له‌ كتێبه‌كانی قوتابخانه‌، یه‌كه‌مین كتێب به‌ر هه‌ست و نه‌رمایی په‌نجه‌كانم كه‌وت ئه‌م دیوانه‌ بوو. كاكم به‌ ده‌نگ و ڕۆحێكی ئاهه‌نگسازییه‌وه‌ ده‌یخوێنده‌وه‌. به‌ وریایی و ئارامی گوێم سووك و ڕوون ڕاده‌گرت. بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی واش له‌ شیعره‌كان حاڵی ببم، به‌ڵام له‌ناو چێژ و ده‌نگ و مۆسیقایه‌كه‌یدا ون ده‌بووم و بڕوام به‌ هه‌ستێكی نادیار ده‌هێنا، به‌ دوای گه‌نجینه‌ی شاراوه‌ی زه‌ینی خۆمدا وێڵ ده‌بووم، وێڵبوونێك مه‌گه‌ر ڕێكه‌وت ده‌ستم بگرێت و بمهێنێته‌وه‌ سه‌ره‌خۆ، دوایین مانای ژیانم پێ بدات، كه‌ مه‌رگه‌. مه‌رگیش یارمه‌تی ته‌واوی ئازاره‌كان ده‌دات. ئێستا به‌ گه‌شه‌ و خۆشحاڵی و چێژی ئه‌وكاتم له‌ كتێبخانه‌كه‌مدا له‌ ڕیزی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی كوردیدا، دیوانی حاجی قادری كۆییم یه‌كه‌مین دیوان ڕیزبه‌ند كردووه‌ و ئه‌وانی دی به‌ دوایدا.

له‌ سه‌ره‌تای منداڵیمدا حه‌زێكی بێ‌ پێوانه‌ و ئه‌فسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسكابوو، ڕادیۆیه‌كی نیمچه‌ گه‌وره‌مان هه‌بوو، سندووقه‌كه‌ی فایبه‌ر بوو، به‌ پێستێكی قاوه‌یی داپۆشرا بوو، ئه‌میش وه‌ك ده‌لاقه‌كه‌ له‌ قوماش به‌رگێكی سپی بۆ كرابوو، به‌ ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وێنه‌ی مانگ و چیا و مامز و كه‌وی له‌سه‌ر نه‌خش كرابوو، هه‌میشه‌ش گوێم لێی ڕاده‌گرت و له‌ كه‌ناری مۆسیقاوه‌ ده‌جووڵام، له‌ شه‌ڕه‌به‌رد و ئاژاوه‌ و ڕاوه‌ كێشكه‌ و نیشانه‌شكاندن به‌ دارلاستیك و هه‌ڵه‌پاسی دووری ده‌كردمه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاواز و نه‌وایه‌ی گوێم نه‌رمه‌ بارانێك بێت به‌سه‌ر خاك و خۆڵی ده‌وروبه‌رمدا بڕژێت و هه‌ناوی فێنك و ده‌موچاویشی نه‌رم بكاته‌وه‌. زۆر جاران بێ‌ ئاگاداریی خوشك و برایه‌كانم به‌ شانی خۆمه‌وه‌م ده‌كرد و ده‌ڕۆیشتم، به‌م كرده‌یه‌م لێم تووڕه‌ نه‌ده‌بوون و سه‌رزه‌نشتیان نه‌ده‌كردم، گردێك له‌ پشت ماڵمان هه‌بوو، به‌دڵ گردێكی دڵبه‌ربوو، ده‌چووم له‌ ته‌ختایی ئه‌م گرده‌دا داده‌نیشتم و ته‌ماشای ئه‌م لا و ئه‌ولا و شینایی ده‌مه‌وعه‌سران و زه‌رده‌ی ئێوارانم ده‌كرد و گوێم له‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراو ڕاده‌گرت، هه‌موو ڕۆژێك ده‌مه‌وعه‌سران دووباره‌ ده‌بووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیدا نه‌رمه‌بایه‌كی ڕه‌حمه‌ت به‌سه‌رمدا هه‌ڵیده‌كرد. جیهانێكی بۆ دروست ده‌كردم، هه‌ستی خۆمم له‌ناو داده‌مه‌زراند. بڕواشم به‌ جیاوازیی ده‌نگه‌كان ده‌هێنا، له‌م ڕێگایه‌شدا ده‌گه‌ڕام، كه‌ پێیدا هاتبووم. واته‌: ناخی خۆم. سه‌گێكی به‌وه‌فاشمان هه‌بوو، ناوی ده‌بان بوو، كه‌ له‌ ماڵ ده‌رده‌چووم له‌گه‌ڵم ده‌هات و پاسه‌وانی ده‌كردم.

به‌ هیچ ئا و نایه‌كیش دوو هه‌نگاو لێم دوورنه‌ده‌كه‌وته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وره‌یه‌كم بێت و پێی گوترابێ‌ چاودێریم بكات. نازانم ئه‌م ئه‌فسوونه‌ چی بوو، كه‌وتبوومه‌ ژێر ئه‌فسوونی ده‌نگی: (سه‌ڵاح داوده‌)وه‌، به‌ تایبه‌تی گۆرانی كوێستانان خاڵخاڵ، كه‌ له‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراودا زۆر داوا ده‌كرا. هه‌ركاتێك ئه‌و گۆرانی بگوتبووایه‌ ڕادیۆكه‌م داده‌نا و دوومه‌ترێك لێی ده‌كشامه‌وه‌ و ته‌ماشای شكۆیم ده‌كرد. وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌لیسمێك بێت ئه‌م حاڵ و جه‌زبه‌ و حاڵه‌ته‌ پڕ له‌ خۆشی و شادی و ژیانه‌ و داكشانه‌وه‌ به‌ره‌و ناخه‌م، ته‌نیا له‌گه‌ڵ له‌ره‌ی ده‌نگی گه‌رمی ئه‌م گۆرانیبێژه‌دا بۆ په‌یدا ببوو، پاشان له‌ناو شه‌پۆله‌كانی بادا بۆی ده‌گه‌ڕام و له‌ هه‌ستمدا سۆزی سووتێنه‌ر و پڕ ئومێدم ده‌دۆزییه‌وه‌، ئه‌و دۆزینه‌وه‌ و پشووی ناخه‌ ئه‌وپه‌ڕی تایبه‌تمه‌ندی بوو. هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر گوێم له‌ گۆرانی ده‌گرت. شاره‌زایییه‌كی سه‌ره‌تاییم له‌سه‌ر چینه‌كانی ده‌نگیش په‌یدا كردبوو، ده‌متوانی له‌سه‌ر شێوازی به‌شێك له‌ گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمه‌وه‌. هه‌ر شتێك، كه‌ تاسه‌ و خواست و ئاره‌زووت بۆی هه‌بوو، تواناشت بۆی په‌یدا ده‌بێت. به‌هیچ جۆرێكیش حه‌زم له‌ گۆرانی زرم و كوت نه‌بوو، هه‌میشه‌ حه‌زم له‌و گۆرانییانه‌ ده‌كرد، كه‌ وه‌ك هێڵێك خه‌یاڵ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م ئه‌شقی گۆرانییه‌ له‌گه‌ڵمدا مایه‌وه‌ و گه‌شه‌ی كرد و پێكهاته‌ و بنچینه‌ی خۆی دامه‌زراند، ئێستاش گۆرانی هاوسه‌نگیم ده‌پارێزێت و له‌گه‌ڵ خۆم به‌خشنده‌ و شكۆمه‌ند و ئاسووده‌ و خۆشحاڵ و قووڵم ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك مۆسیقایه‌كی نه‌رم بژیم.

ساڵی 1978 له‌ پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیدا مامۆستای وانه‌ی كوردیمان: (شێركۆ ئه‌حمه‌د حه‌وێز) بوو، له‌ ڕۆژێكی زستانی باراناوی و سارددا له‌ پۆل داوای لێكردین داڕشتنێك له‌باره‌ی (سروشتی لادێ‌) بنووسین. به‌و پێودانگه‌ی، كه‌ من كوڕه‌لادێیی بووم له‌وانی دی كه‌مێك زیاتر شاره‌زای ئه‌م سروشته‌م. بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو داڕشتنه‌كه‌ی هێنایه‌وه‌ و بۆ هه‌موو قوتابییه‌كان نمره‌ی شیاوی خۆی دانابوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ی منی نمره‌ له‌سه‌ر دانه‌نابوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌ كارخراپییه‌كی من كردبێت، به‌ تووڕه‌یییه‌وه‌ گوتی: (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن) كێیه‌ و بێته‌ده‌رێ‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌ك بكات له‌ ته‌نیشت ته‌خته‌ڕه‌شه‌كه‌دا ڕایگرتم. ئه‌م مامۆستایه‌، مامۆستایه‌كی به‌جه‌رگ و ده‌گمه‌ن و ملاومل په‌روه‌رده‌كار و خۆش سروشت بوو، تا ئه‌و په‌ڕیش دڵبه‌ده‌ره‌وه‌ بوو، له‌گه‌ڵ وانه‌ی كوردی و دنه‌دانی قوتابی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و دامه‌زراندنی گۆڕانكارییه‌كی ئه‌ده‌بی. به‌و بیانووه‌ی وانه‌ی كوردی زمانی خۆمانه‌ و پێویسته‌ له‌ناویدا بكوڵێین و به‌ دۆخه‌كانی ساردبوونه‌وه‌ ڕه‌تببین، له‌م نێوانه‌دا بگه‌ین به‌ دۆخی دۆزینه‌وه‌ و باش له‌ پێكهاته‌ و بنچینه‌كانی شاره‌زابین. زمانیش هه‌ستێكی گه‌رماوگه‌رم و خۆڕسك و ده‌گمه‌ن و پشوودرێژ له‌ مرۆڤدا دروست بكات. هه‌ر قوتابییه‌ك له‌ شه‌ست كه‌متری وه‌ربگرتبوایه‌ لێی ده‌دا و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرد. دوای ئه‌وه‌ی ئافه‌رینی به‌شێكی كرد و له‌ به‌شێكیشی دا. ڕووی له‌ من كرد و گوتی: كێ‌ بۆی نووسیوی. منیش له‌و هه‌سته‌ تۆقێنه‌ره‌ی چه‌ند چركه‌یه‌ك پێشتر تێیدا خولم ده‌خوارد و بیرۆكه‌ی په‌رت و بڵاو گه‌مارۆی دابووم. زۆر به‌ ئارامییه‌وه‌ گوتم: ئه‌دی مامۆستا له‌ پۆلدا نه‌ماننووسی. نه‌ختێك چووه‌وه‌ ناو زه‌ینی خۆی و تووڕه‌یییه‌كه‌ی خاو بووه‌وه‌ و خوێنێكی خۆشیی له‌ ده‌موچاوی خۆش سروشتیدا گه‌ڕا. ئینجا نمره‌ی له‌سه‌ر داڕشتنه‌كه‌ی منیش دانا و گوتی: ئافه‌رین (سه‌ت). ئای چۆن سه‌ركه‌وتنێكی بچووك له‌ دنیای ژێری ده‌تباته‌ دنیای سه‌روو. ڕۆژی دوایی هاته‌وه‌ كۆشیعری: (تاریك و ڕوون)ی هێمنی بۆ هێنابووم. منیش هێنده‌ شه‌یدا و دڵبرده‌ و دڵه‌دووی ئه‌و ئافه‌رینه‌ بووم، نیو هێنده‌ شه‌یدای شیری ناو گوڵه‌گه‌نمی كێڵگه‌ی گونده‌كه‌مان نه‌بووم. مه‌گه‌ر ئه‌و ده‌مه‌وعه‌سران و زه‌رده‌ی ئێوارانه‌ی له‌سه‌ر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم له‌ به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراو ڕاده‌گرت و ده‌چوومه‌وه‌ ناو زه‌ینی خۆم و له‌ خودام ده‌خواست ناوله‌پ و ناوچه‌وانم ڕێگاوبان بوونایه‌، گۆرانیبێژه‌كان به‌ناویدا هاتوچوویان بكردبووایه‌.

سه‌ره‌تای ڕێگا و به‌ركه‌وتن و یه‌كه‌مین په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ خانمی كتێبدا له‌م ڕووداو و خۆشبه‌ختییه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و بووه‌ هێڵ و هێمای بوونم. ئه‌و هه‌فته‌یه‌ به‌ هه‌موو بوونێكمه‌وه‌ له‌ناو كۆشیعره‌كه‌دا ژیام، ژیانێك مه‌گه‌ر به‌س مته‌سه‌ووفه‌كان له‌ مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر دووگورد و شه‌ونوێژ و چاوداخستن و وێرد به‌رزكردنه‌وه‌دا، هێنده‌ چێژیان وه‌رگرتبێت و له‌ بوونی خودا و له‌ خۆیان نزیك بووبێتنه‌وه‌ و گه‌یشتبن به‌ ناخی خۆیان. واته‌: یه‌كبوون له‌گه‌ڵ خودا و هێزی ئه‌ده‌ب. بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو كۆشیعره‌كه‌م بۆ گه‌ڕانده‌وه‌. گوتی: بۆ ئاوا زوو هێناته‌وه‌. به‌دڵت نه‌بوو، یان له‌ خوێندنه‌وه‌یدا په‌له‌ت كرد. منیش به‌ بێباكی و نه‌ختێك به‌ هه‌وابه‌رزی و به‌ خۆهه‌ڵخستنه‌وه‌ گوتم: مامۆستا زۆرینه‌م له‌به‌ره‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوام پێنه‌كات و له‌ قسه‌كه‌م به‌ گومان و دوودڵ بێت گوتی: ده‌فه‌رموو ئه‌گه‌ر ده‌مت سپییه‌ وه‌ره‌ به‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش و ئه‌وه‌ی له‌به‌رته‌ بیڵێ‌. منیش گوتم كامه‌ شیعر. دیسان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی تری كرد و چووه‌وه‌ ناو زه‌ینی خۆیه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بمخاته‌ به‌ر ڕووناكییه‌كی هێمنه‌وه‌ و له‌ بڕوا به‌خۆبوون و خۆهه‌ڵخستنه‌كه‌م دڵنیابێت. لاپه‌ڕه‌ی هه‌ڵدایه‌وه‌ و ناونیشانێكی ده‌گوت. ته‌واوی وانه‌كه‌، چل چركه‌ بوو. من شیعرم تێیدا خوێنده‌وه‌. له‌ گۆكردن كه‌مێك هه‌ڵه‌م ده‌كرد، بۆی ڕاست ده‌كردمه‌وه‌، له‌ كۆتایی وانه‌كه‌دا پێمی گوت: به‌هره‌یه‌كی ده‌گمه‌ن و كه‌م وێنه‌ی، ئه‌و وزه‌یه‌ی هه‌ته‌ باش مشتوماڵی بكه‌، چالاك نیشانت ده‌دات. هه‌ر هه‌مان ڕۆژ منی به‌ كتێبخانه‌ی (ته‌ئمیم) و خاوه‌نه‌كانی: (جومعه‌ و ئه‌حمه‌د)، كه‌ دوو مرۆڤی هێمن و له‌سه‌ره‌خۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناكرد و ناوی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ كوردییه‌كان و كاتی ده‌رچوونیانی بۆ نووسیم. یه‌كه‌مین كتێبیش، كه‌ كڕیم كتێبی: (كاروانی شیعری نوێی كوردی) كاكه‌ی فه‌لاح بوو.
له‌و ڕۆژه‌وه‌ له‌فه‌ و به‌ده‌مچه‌ و كه‌وكه‌و و شه‌ڵغه‌م و له‌وزینه‌گه‌زۆ و شه‌كرله‌مه‌ و فه‌ریكه‌نۆك ….. تاد، خواردن نه‌ما. ڕۆژانه‌كه‌م بووه‌ خه‌رجی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و كتێب، یارمه‌تی ئه‌وه‌ی دام توانا له‌ خۆمدا بدۆزمه‌وه‌ و ئاراسته‌ی كردم و جیهانی نادیارم كه‌وته‌ گه‌ڕ.
له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتایه‌كاندا: (مه‌حموود زامدار) نووسینێكی ڕۆژنامه‌وانی له‌ ڕۆژنامه‌ی (هاوكاری)دا له‌باره‌ی نوێبه‌خشی شیعری كوردی و گرووپی (پێشڕه‌و)دا نووسی. له‌و نووسینه‌یدا ده‌سته‌واژه‌ی (كرمی كتێب)ی بۆ من به‌كارهێنابوو، ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌شی دابوو: خه‌ونی ئه‌م لاوه‌ خه‌ونێكی درێژه‌. ئه‌گه‌ر پێی له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی خوێندنه‌وه‌دا لانه‌دا. حاڵه‌تێك به‌ شیعری هاوچه‌رخی كوردی ده‌به‌خشێت.

شیعره‌كانی: (هێمن) چێژی زمانی ئه‌و گونده‌ی ده‌دا، كه‌ خۆی تێیدا له‌دایك بووه‌. به‌ ساده‌ییش وێنه‌ی ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كێشاوه‌، كه‌ هه‌ستان و دانیشتنی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه‌. واته‌: ده‌ره‌نجامی ژیان و گوزه‌رانی خۆیه‌تی. زمان و زمانڕه‌وانی شیعره‌كان كه‌مێك لادێیی بوون. چاو و زه‌ین و ئه‌قڵییه‌تی ئه‌وسای منی به‌ پڕی ڕاده‌گرت، تا ئه‌وپه‌ڕی چێژ، بردمیه‌ وه‌رگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی كتێب له‌ توانایدایه‌ بیابان بكاته‌ به‌هه‌شت. ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و ساده‌یی و بریقه‌ و زمان پاراوییه‌ بووبێت زمانی لا كردمه‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌ی په‌رستن و شه‌ونوێژی بۆ ده‌كه‌م، بچمه‌ ناوی و بیكه‌م به‌ ڕوانگه‌ و گوتاری ناخم و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی گونجاوی تێدا بده‌م. وه‌رچه‌رخانێكی ته‌واوی ئاراسته‌كانی ژیان بوو، هه‌روه‌ها تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی دامێ‌، بزانم هێز و بێ‌ هێزی زمان له‌ كوێی ده‌قدا ده‌رده‌كه‌وێت و به‌ ئه‌ده‌بیبوونی ده‌قیش له‌ چ به‌كارهێنانێكدا ئاسته‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت. واته‌: ئه‌وه‌ی بابه‌تێك ده‌كاته‌ بابه‌تی ئه‌ده‌بی، زانیاری و هێزی زمانه‌، یان هێزی زمان و كاریگه‌ریی بابه‌ت.

شیعر به‌ ته‌نیا له‌ تێڕوانینی زمانه‌وه‌ ئاستداری ده‌ستنیشان ناكرێت. له‌ تێڕوانینی بابه‌تی هه‌ستی و به‌كارهێنانی ئه‌ده‌بییانه‌ی زمانه‌وه‌، گه‌شانه‌وه‌ی هه‌ستی و زمانیی لای خوێنه‌ر گه‌ڵاڵه‌ و به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. به‌ شیعربوونی هه‌ر ڕسته‌یه‌ك مانای ئه‌وه‌یه‌ زمان له‌ به‌كارهێنانی زمانی ڕۆژانه‌دا ده‌رهاتووه‌ و هێندراوه‌ته‌ ناو زمانی ئه‌ده‌به‌وه‌، هه‌روه‌ها كارلێكردنی وشه‌ له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، چۆن هێزی وشه‌ وشه‌یه‌كی دیكه‌ ڕاده‌كێشێت و دروستی ده‌كات و تۆڕی زمان ده‌چنێت.
ئه‌گه‌رچی (هێمن: 1921 – 17/4/1986) وه‌ك ته‌مه‌ن حه‌ڤده‌ ساڵ دوای (گۆران: 1904 – 18/11/1962) له‌دایك بووه‌. حه‌فت ساڵیش له‌م زیاتر ژیاوه‌، به‌ڵام نوێبوونه‌وه‌ی شیعری كوردی چاوگه‌كه‌ی له‌ گۆرانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. هێمن له‌ چه‌مكی شیعری ئاسایی ده‌رنه‌چووه‌، به‌و ئاست و ئاراسته‌یه‌ش ده‌ینووسی. واته‌: وه‌ك شێواز كۆنه‌خواز بوو، به‌ڵام وه‌ك بیروڕا و ده‌ربڕین نوێخواز بوو، دیوانه‌كه‌ی له‌ لام ئاماده‌یه‌ و سێبه‌ره‌كانی به‌ ته‌واوی له‌ناو زه‌ینمدا ده‌جووڵێن، هیچ خاڵێكی گۆڕانكاری فۆرم و نوێبه‌خشی و توخمی نوێی شێوازی پێشكێش به‌ دیوانی شیعری كوردی نه‌كردووه‌. له‌ ده‌قی: (به‌هاری كوردستان)، به‌ شیعر له‌باره‌ی سروشتی نووسیوه‌، له‌م ده‌قه‌یدا به‌ شاعیر داناندرێت، به‌ڵكو به‌ ڕووه‌ك ناس و شاره‌زایه‌ك له‌باره‌ی ژیانی لادێ‌ داده‌ندرێت. به‌ڵام به‌شێك له‌ شیعره‌كانی كۆشیعری: (ناڵه‌ی جودایی) شیعری مه‌یدان كورت نین و له‌ شیعره‌ هه‌ره‌ ده‌گمه‌نه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردین. به‌تایبه‌تیش شیعری: (ئێواره‌ی پایز)، شیعرێكی ته‌واو هه‌ستییه‌.

ئه‌و ئاوه‌ ڕوون و ڕه‌وانه‌ی ڕشتوویه‌تی بۆ ئه‌به‌د ڕۆحی ته‌ڕ كردووم و له‌ ناخی دڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵم ده‌دوێ‌ و ناخی كردووم به‌ مێزگرد و مێزی گفتوگۆ و ئاهه‌نگی ژیان، به‌ڵام هه‌ستی شیعریی من له‌سه‌ر هه‌ستی شیعری ئه‌و دانه‌مه‌زرا، هه‌روه‌ها به‌هیچ ڕێبازێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش كاریگه‌ر نه‌بوویمه‌ و نه‌بوونه‌ته‌ ڕێ‌ ڕوونیم، بێجگه‌ له‌ شیعر خۆی نه‌بێت، شیعری بێگه‌رد. دوای ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ و بڕینی هه‌زار و یه‌ك ڕێگای دوور و نزیك، نازانم چۆن ده‌ربڕین له‌ پایه‌ و به‌های تۆ بكه‌م و پاداشتت بده‌مه‌وه‌. به‌ كامی دڵ له‌ باوه‌شت ده‌گرم و ده‌ستت ماچ ده‌كه‌م و ڕێز له‌ سیما و چاوی پڕ له‌ ڕازت ده‌گرم، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م بۆنه‌یدا هه‌ل و بوارێك وه‌رده‌گرم تا گوناهێك له‌سه‌ر شان و ڕۆحم هه‌ڵگرم و باری گران و به‌ ئازاری شان و ڕۆحم سووك بكه‌م. گوناهێك، دواتر بۆ نووسه‌ره‌كه‌ی به‌ خێر گه‌ڕایه‌وه‌. له‌ ته‌مه‌نم یه‌ك جار كتێبم له‌ كتێبخانه‌ له‌ غه‌فڵه‌تی خاوه‌نه‌كه‌یدا بردووه‌، ئه‌ویش له‌ 14/10/1985، كۆچیرۆكی: (پێكه‌نینی گه‌دا)ی حه‌سه‌ن قزڵجی بوو، نه‌مده‌زانی به‌ شه‌قامدا ده‌ڕۆم، یان به‌ناو تونێلێك ئاگر، یان له‌ ڕه‌وه‌زه‌ شاخێكی عاسێدا گیربوویمه‌ و هه‌ڵدێران هه‌ڕه‌شه‌م لێ‌ ده‌كات، ها ئێستا نا، دوو هه‌نگاوی تر ده‌كه‌ومه‌ ناو چاڵێكی بێئامانه‌وه‌. له‌ نیوه‌ی ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه‌، یه‌كڕاست به‌ ڕه‌نگی زه‌رد و هه‌ڵبزڕكاو و ده‌روونی ماندوو و نیوه‌ڕۆح بوومه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ لای: (جومعه‌ و ئه‌حمه‌د)، دانم پێدانا ئه‌م كاره‌ خراپه‌م كردووه‌. ئه‌مانیش ده‌ستیان له‌سه‌ر شانم دانا و دڵیان دامه‌وه‌ و گوتیان: بۆیه‌ دڵمان به‌ كتێب و ژیان خۆشه‌، هێشتان مرۆڤی باوه‌ڕ به‌پاكیی خۆی وه‌ك تۆی تێداماوه‌، به‌ بچووكترین هه‌ستپێكردن له‌ ناخه‌وه‌ ئازاری پێبگات. لێیان بووریم و كتێبه‌كه‌یان لێ‌ وه‌رنه‌گرتمه‌وه‌ و دیوانی: (مه‌حوی)شیان به‌ دیاری وه‌ك ڕه‌فتار و كرده‌وه‌یه‌ك پێدام. له‌م باره‌ی لێبووردنه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌تا له‌ خۆشیدا گه‌شكه‌ نه‌یده‌بردمه‌وه‌، له‌ قووڵایی بوونمه‌وه‌ پاك بوومه‌وه‌ و به‌ره‌و ئارامیی ده‌روونی ڕۆیشتم.

كتێبه‌كه‌م هه‌ر له‌لا مایه‌وه‌ و هه‌میشه‌ش لێی ده‌سڵه‌میمه‌وه‌. تا ساڵی 2010، پێشنیازم بۆ ده‌زگای چاپ و بڵاوكراوه‌ی ئاراس: (به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب) كرد، كه‌ چاپی سێیه‌می ئه‌م كۆچیرۆكه‌ بكه‌نه‌وه‌. هه‌ردوو ده‌ستی له‌سه‌ر چاوی ڕه‌زامه‌ندی دانا و گوتی: شه‌یدای زمانی ئه‌و چیرۆكنووسه‌م و سوودیشم له‌ پێكهاته‌ و بنچینه‌ی زمانه‌ ئێجگار زیندووه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌یه‌ له‌ به‌كاربردنی وشه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه‌ و زمان تائه‌وپه‌ڕی ده‌ناسێت و باش له‌ ناوكی وشه‌ش تێده‌گات، فه‌رهه‌نگی وه‌ك خاكی سوارچاكان پاگژه‌ و ده‌زانێت چۆن بنووسێت. ئه‌مانیش دوای هه‌وڵ و كۆشش و په‌یوه‌ندیكردن، شه‌ش چیرۆكی تری چیرۆكنووسیان خسته‌ پاڵ چیرۆكه‌كانی: چاپی یه‌كه‌م: 1967 – به‌غدا، چاپی دووه‌م: 1985 – به‌غدا، ساڵی 2010 چاپی سێیه‌میان خسته‌ كتێبخانه‌وه‌.

هه‌ر به‌ ڕێ‌ ڕوونی كتێبه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌می هه‌ستپێكراو و دنیای زه‌ینی زۆرێك له‌ شاعیر و نووسه‌ران ئاشنا و پێیانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوویمه‌، كه‌م و زۆر توانای ئه‌وان له‌ خۆڕاچڵه‌كاندن و گه‌شه‌ و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌قڵ و خه‌یاڵ و داڕشتنی بینا و بینایی من، گه‌نجینه‌ و هێزی ڕۆح و پێوانه‌ی شیاو و سه‌رچاوه‌ی دره‌وشاوه‌ و سۆزی شاراوه‌ بوونه‌. هه‌میشه‌ش له‌ ئه‌زموونی خۆمدا ویستی یه‌كه‌م و بێ‌ پێوانه‌م ئه‌وه‌ بووه‌، به‌رهه‌مێكی خۆكردی حه‌ڵاڵزاده‌ی خۆم به‌رهه‌م بهێنم. چیشم زانیوه‌، ئه‌وه‌م نووسیوه‌. جه‌وهه‌ری پێكهاته‌ی مرۆڤیش ئه‌وه‌یه‌ چی ده‌زانێ ئه‌وه‌ بنووسێت.




غه‌ریبێك به‌دوای نیشتماندا ده‌گه‌ ڕێت … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

_خوێنه‌وه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ شیعری نیشتمان دارستانی ده‌م ڕووباربوو_

گه‌ڕان به‌دوای نێشتمانی ڕاسته‌قینه‌دا، كه‌ خۆی له‌ زێدی ڕه‌سه‌ن‌وله‌ دایك بوونی مرۆڤه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، هه‌میشه‌ خه‌مێك بووه‌ به‌ كۆڵی تاكی كورد. له‌ نه‌بوونی وڵاتدا، مرۆڤی كورد به‌رده‌وام هه‌ستی به‌ بۆشاییه‌كی ده‌روونی گه‌وره‌ كردووه‌. چونكه‌ نیشتمان لێره‌دا هێمایه‌كه‌ بۆ شوناسی مرۆڤ‌و ناسینه‌وه‌ی له‌ ئاستی ئه‌وانی تردا. ئه‌‌وخه‌مه‌ی مرۆڤی كورد قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، كاتێ ڕووبه‌ ڕووی پرسیاركردن له‌ باره‌ی شوناسه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌. ناسنامه‌ لێره‌دا شوناسێكه‌ بۆجیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌وانی تردا. بۆناسینه‌وه‌ی ئه‌و. به‌تایبه‌تیش له‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا. بۆیه‌ ده‌بینین ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ له‌ گوتاری شیعری كوردیدا هه‌وڵدانه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ونیشاندانی ناسنامه‌ له‌ ئاست ئه‌وانیتردا. ئه‌و ناسنامه‌ش بێگومان له‌ كوردبووندا خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.كاتێ وه‌ك گوتارێكی شیعری، له‌ ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی ئێمه‌دا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌. خودی ئه‌وگوتاره‌ش زۆرترخۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كاتێ مرۆڤ زێد‌ونیشتمانی ڕه‌سه‌نی خۆی جێدێڵێت. مرۆڤی كورد به‌و پێیه‌ی به‌هۆی بێ ده‌وڵتییه‌وه‌ نیشتمانێكی ئازادو سه‌ربه‌خۆی نه‌بووه‌، ئیدی ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ خه‌ونێكی سیاسی گه‌وره‌ی بووه‌،كه‌ ڕۆژگارێك دابێتـ ئه‌ویش خاوه‌نی ناسنامه‌و نیشتمانی خۆی بێت. لێره‌وه‌ش ئه‌و خه‌ونه‌ ده‌بێته‌ به‌ شێكی سه‌ره‌كی له‌ دیدگای مرۆڤی كورد‌و خه‌مێك كه‌ به‌رده‌وام به‌ كۆڵیه‌وه‌یه‌. ئیدی ڕوو له‌ هه‌ر شوێن‌و جێگه‌یه‌ك بكات،ئه‌و خه‌ونه‌ به‌ شێكه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌و ڕوانینی. به‌تایبه‌تیش كاتێ له‌ ئاست كه‌سانێكی خاوه‌ن نیشتمان‌و ‌وڵاتدا، هه‌ست به‌ بێ شوناسی ده‌كات.

كۆمه‌ڵه‌ شیعری(نیشتمان دارستانی ده‌م ڕووباربوو) هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌مان پێكرد. له‌ دووتوێی شیعره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا، غه‌ریبێك ده‌بینین كه‌ به‌دوای نیشتماندا ده‌گه‌ڕێت‌و خه‌می نیشتمان له‌ مه‌نفادا، به‌ كۆڵیه‌وه‌یه‌تی. غه‌ریبێك كه‌ جوانییه‌كانی ئه‌وێی تاراوگه‌، خۆشییه‌كانی ئه‌وێی تاراوگه‌، نابنه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی‌و خه‌یاڵی هه‌میشه‌ بۆ گونده‌ وێرانكراوه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. غه‌ریبێك كه‌ له‌ تاراوگه‌شدا، ناتوانێ نیشتمان له‌ بیر بكات‌و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ ژیانی ئه‌وێ ڕانایه‌ت‌وهه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ناكات. بێگومان ناونیشان كلیلی كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی ده‌قێكه‌. سه‌ره‌تاو ده‌سپێكی په‌یوه‌ندی خوێنه‌ره‌ به‌ده‌ق. بۆیه‌ ناونیشانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوانه‌و به‌شێكه‌ له‌ ئستاتیكای ناونیشانی كتێبه‌كه‌، هاوكات ده‌كرێ ئه‌و ناونیشانه‌ به‌ ده‌لاله‌تێكی دیكه‌ش بخوێنرێته‌وه‌. ئه‌ویش په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كانه‌ به‌ نیشتمانه‌كه‌یانه‌وه‌. له‌مانای دیاری ئه‌و ناونیشانه‌دا،هه‌ریه‌ك له‌ دوو چه‌مكی سرووشتی ڕووبارو دارستان هه‌یه‌. كه‌ هه‌ردووكییان به‌ شێكی سه‌ره‌كی‌و گه‌وره‌ن له‌ پێكهێنه‌ری ژینگه‌و شوێن.دارستان هێمایه‌ بۆ جوانی‌و سه‌وزیی‌وسرووشت.

هاوكات ده‌له‌لاله‌تێكیشه‌ بۆ خۆڕاگری له‌ ئاست باهۆزی سرووشتدا. ڕووباریش كه‌ دیسان چه‌مكێكی سرووشتییه‌، هێمایه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان. چونكه‌ هیچ بوونه‌وه‌رێك ناتوانێ به‌بێ ئاوبژیت‌و ئاو هێمایه‌ بۆ ئاوه‌دانی.كه‌واته‌ شاعیر، وێنه‌ی نیشتمانێكمان بۆ ده‌كێشێت، كه‌ هه‌میشه‌ وێرای سوتماككردن‌و له‌ نێوبردنی،هه‌رزیندووه‌. ئه‌گه‌رچی ناونیشانه‌كه‌ له‌ ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌ كاری ڕابردووه‌.به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت، كه‌ ئه‌گه‌ر دارستانێكیش له‌ نێو بچێت، دارستانێكی دیكه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. ڕه‌گی داره‌كان هێنده‌ به‌ زه‌ویدا ڕۆچوون، هیچ هێزێك نییه‌ بتوانێ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵیانكێشێ. ئه‌مه‌له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌كرێ ئاماژه‌یه‌كی سیاسیش بده‌ینه‌ ئه‌و ناونیشانه‌. كه‌هه‌ریه‌ك له‌ ڕووبار هێمایه‌ بۆ ڕووباری خوێنی شه‌هیدانی ئێمه‌،دارستانیش ئه‌و نیشتمانه‌یه‌ كه‌ به‌و ڕووباره‌ ده‌ژیت‌و زیندووه‌. لێره‌وه‌ش شاعیر ئاماژه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو قوربانیانه‌‌و خه‌بات‌و خوێن ڕشتنه‌ ده‌كات، كه‌ نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ له‌ پێناوی نیشتماندا ده‌یدات.
ئه‌و نیشتمانه‌ی به‌هه‌موو سوتماكییه‌ی خۆیه‌وه‌، شاعیر نایگۆڕێته‌وه‌ به‌ جوانییه‌كانی نیشتمانێكی دیكه‌، كه‌ ئه‌ویش مه‌نفایه‌.تیمه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و شیعرانه‌، هه‌موویان گوزارشت كردنه‌ له‌نیشتمان‌و ده‌چنه‌ خانه‌ی شیعری مه‌نفاوه‌. ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ به‌رهه‌می ده‌ساڵ ئاواره‌ییه‌ له‌ نیشتمان‌و هه‌موویان هه‌ڵگری گوتارێكن كه‌ ئه‌ویش غه‌ریبییه‌ بۆ نیشتمان. خه‌ون بینین‌و تاسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ نیشتمان.له‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا به‌بۆچوونی من، سێ ئاستی گوزارشتكردن له‌ نیشتمان له‌ چوارچێوه‌ی شیعره‌كان هه‌یه‌. له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا،شاعیر دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ ئۆكرانیا،ئیدی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ناتوانێ باوه‌ر به‌وه‌ بهێنێت كه‌ نیشتمانی جێهێشتووه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ زه‌مینه‌ی واقیعی وڵاتێكی دیكه‌دا، كه‌ شاعیر تیایدا په‌ناهه‌نده‌یه‌، به‌ خه‌یال وێنه‌ی نیشتمانی ڕاسته‌ قینه‌ ده‌كێشێت. له‌و قۆناغه‌دا شاعیر ده‌ڵێت:_
ئه‌وبرینه‌ی له‌كوردستان له‌دڵم بۆوه‌…
نه‌كچی شه‌نگ..نه‌شه‌وی سه‌رمه‌ستی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ.بۆیان تیمار ناكرێ.
شاعیر جێهێشتنی زێدی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، به‌ برینێكی دڵ وێنا ده‌كات. له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌، به‌بێ هیچ گومانكردنێك‌و به‌ یه‌ قینه‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌كچه‌ شۆخه‌كانی ئه‌وێ‌ونه‌ شه‌وی مه‌ست ناتوانن ئه‌و برینه‌ی سارێژ بكه‌ن. برینی نیشتمان،ته‌نها به‌ شادبوونه‌وه‌ به‌ نیشتمان سارێژ ده‌بێت.شاعیر خۆشیی‌و جوانیه‌كانی ئه‌وێ نابینێت‌وخه‌یاڵی هه‌ر لای ئه‌و برینه‌یه‌ كه‌له‌ دڵی بۆته‌وه‌. برینی دڵ لێره‌، له‌ پاڵ ئاماژه‌یه‌كی كه‌سی كه‌ دڵی مرۆڤێكه‌و برینداربووه‌،هاوكات ئاماژه‌یه‌كی بابه‌تی‌و گشتیشی هه‌یه‌، ئه‌ویش سووتاندنی نیشتمان‌و ئه‌و هه‌موو كاره‌سات‌و تراژیدیانه‌ی شاعیر له‌ كوردستان بینیویه‌تی.به‌تایبه‌تیش كه‌وه‌ك شاعیر خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌ كه‌ ئه‌و له‌ پاییزی 1988نیشتمان جێدێڵێت. ئه‌و كاته‌ش قۆناغی خامۆشبوون‌و شۆكی ده‌روونی پاش كاره‌ساتی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان‌و كیمیا بارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌. بۆیه‌ شاعیر ئه‌و تراژیدیانه‌،به‌برینی دڵی ده‌زانێت. هاوكات دڵنیاییش ده‌داته‌ نیشتمان كه‌ نه‌كچی شه‌نگ، نه‌ شه‌وی سه‌رمه‌سته‌م، ناتوانن ئه‌و برینه‌ی بۆ تیمار بكه‌ن. لێره‌دا شاعیر له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی تێكه‌ڵاوبوون به‌ دنیای غه‌ریبییه‌. بۆیه‌ لای وایه‌ تازه‌ هیچ شتێك ناتونێت، برینی دڵی تیمار بكات. له‌ ئاستی دووه‌مدا شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی ئێستای تاراوگه‌ جێبهێڵێت‌و بگه‌رێته‌وه‌ نیشتمان، پێویستی به‌وه‌یه‌ نیشتمانێكی بچووك له‌ خه‌یاڵی خۆیدا دروست بكات. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، شاعیر دوای ئه‌وه‌ی دڵنیا ده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ئیدی ئه‌و له‌ شوێنێك ده‌ژیت كه‌ زێدو شوێنی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆی نییه‌ وه‌ك باسمان كرد، به‌ خه‌یاڵ ئه‌وێی نیشتمان دێنێته‌ ئێره‌ی تاراوگه‌. به‌ڵام به‌ چ شێوه‌یه‌ك،بێگومان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانی نیشتمان.بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:-
به‌ڕۆژ ئه‌ندێشه‌یه‌كی كپ ده‌ست به‌سه‌رم ده‌كات…
به‌شه‌وتاك‌و ته‌نیا له‌ گه‌ڵ ئازیزانداگفتوگۆمه‌…
ئه‌گه‌ر خه‌ون بینین نه‌بوایه‌ ئێستا كێوی ببووم..
شاعیر خه‌ونده‌كاته‌ جێگره‌وه‌ی دنیایێكی واقیعی‌و ئه‌وه‌ی به‌واقیع بۆی به‌رجه‌سته‌ناكرێت، هه‌وڵده‌دات به‌ خه‌یاڵ به‌رجه‌سته‌ی بكات. بۆیه‌ شاعیرخه‌ون وه‌ك جیهانێكی دیكه‌ی جیاواز له‌واقیع كه‌هه‌ر ته‌نها له‌ خه‌یاڵدا بوونی هه‌یه‌و بوونێكی به‌رجه‌سته‌یی نییه‌،ده‌بینێت.خه‌ون لێره‌دا ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ نیشتمان به‌ شێوه‌یه‌كی كرداره‌كی.به‌ده‌ربڕینێكی تر. شاعیرخه‌ون وه‌ك فریادره‌سێك بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی خۆی ده‌بینێت، كه‌له‌ مه‌نفادا تیادا ئه‌ژیت. دۆخێك كه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ كاریگه‌ریه‌تی كردۆته‌ سه‌ر هه‌ست و ڕوانینی شاعیركه‌به‌ره‌و كێویبوون كه‌ ده‌لاله‌ته‌ بۆ دێوانه‌یی و په‌راگه‌نده‌بوون، بیبات.بۆیه‌ خۆشبه‌ختی شاعیر له‌وه‌ دایه‌، كه‌له‌و مه‌نفایه‌دا، له‌و ژیانه‌ ته‌نها و بێكه‌س وبێ ئازیزانه‌دا، خه‌ون ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر خه‌ونیش نه‌بووایه‌ كێوی ببوو. لێره‌دا به‌ریه‌ككه‌وتنی شاعیر له‌ گه‌ڵ دوو دنیای جیاواز، دووكلتووری جیاواز، دوو شێوه‌ ژیانی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت. گه‌رچی مه‌نفا به‌ هۆی پێشكه‌وتنه‌كانییه‌وه‌و ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كانی ژیان، ئه‌سته‌مه‌ ببێته‌ شوێنی كێویكردنی مرۆڤه‌كان. وه‌لێ بۆ شاعیر نه‌جوانییه‌كانی ئه‌وێ، نه‌ ژیانی ئه‌وێ، جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ كردن نیین.بۆیه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر خه‌ون بینین.
به‌ڵام ئایا خه‌ونه‌كان هه‌موویان ده‌بن به‌ ڕاستی؟ بێگومان مه‌حاڵه‌. ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ونبینینێكی ئێمه‌ ڕاستی بووایه‌، ئێستا چه‌ند ئاسووده‌، به‌خته‌وه‌ر‌و شادومان ده‌بووین. وه‌لێ نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت خه‌ونه‌كان ئه‌گه‌ركورت ‌وكه‌مخایه‌نیش بن، هێشتا بۆ ماوه‌یه‌ك چێژو ئارامی به‌ مرۆڤ ده‌ده‌ن. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، شاعیر خه‌ون بینین وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌كی جوان ده‌بینێت، له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ده‌روونیه‌ی له‌ میانه‌ی جێهێشتنی واقیعی نیشتماندا، ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه‌.شاعیر دوای ئه‌وه‌ی نیشتمانی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆی جێدێڵێت و ده‌گاته‌ مه‌نفا، ئیدی هه‌ستی به‌نامۆبون به‌ هه‌موو دیارده‌و بووه‌كانی ده‌ورو‌و به‌ری له‌لادا دروست ده‌بێت. بێگومان ساڵه‌كانی یه‌كه‌می ته‌ناهیكردن له‌ مه‌نفاداو له‌ گه‌ڵ غه‌ریبیدا( گه‌رچی من مه‌نفام نه‌بینیوه‌ وه‌لێ زۆر بابه‌تم له‌م ڕووه‌وه‌و خوێندۆته‌وه‌) ساته‌كانی هه‌ست كردنن به‌ غه‌ریبییه‌كی گه‌وره‌و كوشنده‌. غه‌ریبییه‌ك، كه‌ ئاسه‌وارێكی گه‌وره‌و قوڵ له‌ ژیان و ناخی مرۆڤ جێدێلێ. ئه‌و ئاسه‌واره‌ به‌هیچ شتێك(ژدێل_ ته‌عویزكردنه‌وه‌) ناكرێته‌وه‌. بۆیه‌ شاعیر دیسانه‌وه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كه‌ی خۆی له‌ گه‌ڵ مه‌نفادا باسده‌كات‌و له‌ كۆپڵه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌ڵێت:_
ئه‌ی خانمی نائاشناو شه‌نگ
كوردێكی ئه‌وه‌نده‌ كێویله‌م.ئه‌م شه‌و له‌ سه‌مات ڕانایه‌م.

شاعیربه‌بێ هیچ هه‌ستكردن به‌شه‌رمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیدێكی خۆبه‌كه‌مزانینه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌وی تری نا ئاشنا، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ سه‌مای كچه‌چاوشین و پرچ زه‌رده‌كانی ئۆكرانیا(كه‌هه‌زاره‌ها گه‌نج خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن) ڕانایه‌ت. شاعیر شه‌رم له‌وه‌ ناكات كه‌ باسی نا ئاشنایی خۆی به‌ سه‌مای ئۆكرانییه‌كانه‌وه‌ بكات. بگره‌ به‌ شانازیشه‌وه‌ باسیده‌كات. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی شاعیر له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟ بێگومان له‌ شوناسی كوردبوونی خۆیه‌وه‌. واته‌ شاعیر به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك وابه‌ سته‌یه‌ به‌ نیشتمان‌و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی باس له‌و دیاردانه‌ش بكات كه‌ بۆ ئه‌و نامۆوپێشتر نه‌بینراون.به‌لایه‌وه‌ نه‌نگی نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ پێناسه‌ی خۆی بكات، نه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی ڕتووشكراو، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ به‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خۆی بدات. شاعیر لێره‌دا به‌ كچه‌ شۆخ و شه‌نگه‌كان ده‌ڵێت، كه‌ ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ كه‌هه‌یه‌، نه‌ك كاره‌كته‌رێكی تر. بۆیه‌ ده‌بینین به‌و په‌ڕی ڕاشكاویی و ڕاستگۆییه‌وه‌، دان به‌ نائاشنایی خۆی ده‌نێت له‌ گه‌ڵ ئه‌واندا. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌و دانپیانانه‌ بێ ماسكه‌ی شاعیر،گوزارشت له‌ دوودنیابینی جیاو دوو كلتوورری جیا ده‌كات، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵی خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی،په‌روه‌رده‌یی،خێزانی ‌وكه‌سین.كه‌ ئه‌وانیش كوردو ئۆكرانیه‌كانن.

شاعیر ڕاسته‌وخۆ به‌ كچه‌ شه‌نگه‌كان ده‌ڵێت كه‌كوردێكی ئه‌وه‌نده‌ كێویله‌یه‌، ئه‌مشه‌و له‌ سه‌مای ڕانایه‌ت.هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ شاعیر بیانووی ئه‌و پرسیاركردنه‌ له‌ كچه‌ شۆخه‌كان ده‌بڕێت، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ میانه‌ی ئاواێزانبوونی له‌ گه‌ڵ ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی بكرێته‌وه‌.كه‌ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وبۆچی نائاشنایه‌ به‌ دنیای ئێره‌؟بۆچی جوانییه‌كانی ئێره‌و پێشكه‌وتنه‌كانی ئێره‌ نابنه‌ جێگه‌ی تێڕامان و شادومانی. بێگومان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و نیشتمانێكی جێهێشتووه‌. نیشتمانێكی بریندار‌وخاپو‌وركرای به‌چڕنۆكی به‌عسی فاشییه‌وه‌.ئه‌و برینه‌ش نه‌كچی شه‌نگ، نه‌ شه‌وی مه‌ست و جوان، ناتوانن بۆی تیمار بكه‌ن. ئه‌وه‌ ته‌نها به‌ شادبوونه‌وه‌ به‌ نیشتمان ئه‌و برینه‌ قه‌تماغه‌ ده‌گرێت.لێره‌وه‌ش له‌ ئاستی سێیه‌مدا، شاعیر نامۆبوونی ته‌واوه‌تی خۆی به‌ ژیانی ئه‌وێ ده‌كاته‌ به‌شێك له‌ ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و ئیدی دڵنیایی ده‌داته‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كه‌ ئه‌و ناتوانێت، له‌ سه‌مای ئه‌و ڕابێت. به‌م جۆره‌ش ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووی دوو كلتوور، دووشێوه‌ مرۆڤ، دوو شێوه‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینه‌وه‌. یه‌كێكییان ئه‌و شوناسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه‌ كه‌ شاعیر هه‌ڵگریه‌تی ئه‌وی تریش شوناسی به‌رامبه‌ره‌. شاعیر نه‌بادا مه‌نفا ببێته‌ جێگره‌وه‌ی شوێن ونیشتمانی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆی، ئیدی هه‌موو دیارده‌كانی بوون و ژیانی ئه‌و به‌ نامۆ ده‌بینێت و ناتوانێ پێیانه‌وه‌ ئاشنا بێت.ئه‌مه‌ش له‌ پێناو هێشتنه‌وه‌ شوناسی كوردبوون ونیشتمان له‌ یاده‌وه‌ری ودڵ و ده‌روونیدا. له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ نزیكه‌ی شانزه‌ ساڵ له‌مه‌و به‌ر، كۆمه‌ڵه‌ شیعری(هێلانه‌ی نغرۆ)ی(مارف عومه‌رگوڵ)م خوێنده‌وه‌و چێژ‌و جوانییه‌كی زۆرم له‌ شیعره‌كان دیت. ئێستا كه‌ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌، جارێكی ترشیعره‌كانی( نیشتمانم دارستانی ده‌م ڕووبار بوو)خوێنده‌وه‌،به‌رهه‌مان ئه‌و چێژ‌و جوانییه‌ كه‌وتمه‌وه‌ كه‌ شانزه‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ربینی بووم. به‌هیوای سه‌ركه‌وتن‌و به‌رهه‌می جوانتر‌و شیعری جوانتر بۆ شاعیر.

ڕواندز_پاییزی 2017

په‌راوێز/ نیشتمانم دارستانی ده‌م ڕووباربوو/ شیعر/ مارف عومه‌ر گوڵ/ ساڵی چاپ 2016




پەیامی تاریكی … کارا فاتیح

سەرنجێكی شێواو بۆ دەربڕینی: دەست بە كارەباوە بگرن
واتای ئاسایی ئەم ڕستەیە (دەست بە كارەباوە بگرن.) ئاسانە و تێگەییشتنی جیا و قووڵبوونەوە هەڵ ناگرێت، بەڵام لێرەدا بە ئەنقەست واتای (دەست) كە لەم ڕستەیەدا مەعنەوییە دەخەینەوە جێی خۆی و دەیكەینەوە بە بەرجەستە، واتا ئەو دەستەی كە بەم پەنجانە ئەم پیتانە پێ دێتە سەر شاشەی كۆمپیوتەر.

دەست لە بیردۆزی پەرەسەندندا جێگەی خۆی هەیە، ئەو زیندەوەرەی دەستی خۆی بە كار دەهێنێت، قەد و لقی درەخت دەگرێت، پەلامار دەدات، بەرگریی بۆ لەش دروست دەكات و پێی لە زەوی دەچەسپێنێت، دەمێنێتەوە، دەست پێویستییەكانی ژیان دابین دەكات و یارمەتیی گۆڕان و پەرەسەندن دەدات و قۆناغی مرۆڤبوون دەهێنێتە پێشەوە (بیركردنەوەیەكی بچووك و كورتمان لە بیردۆزی پەرەسەندن گواستوەتەوە و كارمان بە وردەكاری و لایەنەكانی تری نییە.) دواتر هەر بەو دەستانە پەلاماری سروشت دەدات و هەموو شت لە ژێر فەرمانی عەقڵ، بۆ خۆی و لە خزمەت بە كار دەهێنێت، ئەم زیندەوەرە مرۆڤە، كە سەنتەری بڕیاری لە دەستەكانەوە بۆ عەقڵ گواستوەتەوە، ئەوە هۆشیارییە دەستەكان ئاراستە دەكات، دەست بە بەرنامەی عەقڵ دەجووڵێتەوە. ئەی لە ڕستەی (دەست بە كارەباوە بگرن) چی؟ دەست لێرەدا دیسان عەقڵ و جەستە دەكاتەوە بە پاشكۆی خۆی، مرۆڤ دیسان وەك قۆناغەكانی پێشتر دەبێت چاوی لە دەستییەوە بێت بیپارێزێت و ببێتە هۆی بەردەوامی لە ژیان، دەست وەك دەستەكانی مرۆڤی نێو ئەشكەوت دەیەوێت ڕێنوێنی مرۆڤ بكات، چونكە دەزانێت كە كارەبا دەكوژێتەوە ماڵ دەبێتەوە بە فۆڕمێكی تری ئەشكەوت.

دەست بە كارەباوە بگرن، هەر خەریكی هەڵكردنەوەی جۆزەكان بن، زوو زوو بە دەستەكان ژمارەی گڵۆپە داگیرساوەكان كەم بكەنەوە، بۆیلەر و سپلیت و هیتەر و ئامێرەكانی تر بكوژێنەوە و بە چەشنێك لە كارەبای داببڕن، ئیتر وەك زیادە و ئامێری ناپێویست سەیری بكەن، هەمیشە با پەنجەكان لە سەر سویچپلاكەكان بن، ئیتر بە وێنەی مرۆڤی نێو ئەشكەوت چۆن بە دەستەكان دیوارەكان دەپشكنێت و دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ بیر و زانیاری بۆ مێشك، دەبێت لە ژێر سایەی حكوومەتی هەرێمیشدا، دەستەكان بەردەوام كار بكەن و فریا بكەون و كارەبای بەكارهاتوو كەم بكەنەوە تا مێشك لەو بیرە غافڵ نەبێت، كە ئەوەی لە ناویدا دەژی، خانوو نییە بەڵكو ئەشكەوتێكی مۆدێرنە… ڕەنگە دڵمان بە وەسفی (مۆدێرن) بۆ ئەو ئەشكەوتەی تێیدا دەژین خۆش بێت، بەڵام خاڵی جیاواز و ترسناك و تراژیدی ئەوەیە مرۆڤ یان زیندەوەری ناو ئەشكەوت لە پەرەسەندن و گۆڕاندایە بەرەو پێشەوە و بەرەو مانەوە و جێگیربوون، بەرەو بەكارهێنانی سروشت و دابینكردنی پێداویستییەكانی، بەڵام مرۆڤی ناو ئەشكەوتی مۆدێرنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گەشە و گۆڕاندایە بەرەو دواوە، بەرەو دەستبەرداربوون لە خزمەتگوزارییەكانی ژیان و شكانەوە و خۆخواردنەوە بەسەر بێهێزی و بێ دەسەڵاتیی خۆیدا، ئەم لە بێهێزەكانە و بە هۆی بێ ئیرادەیییەوە شیاوی ژیان نییە، بەڵام وەك ئەوەی مردنی حەقیقی چارەنووسی زیندەوەرە بێهێزەكانە لە پێش مێژوودا، ئێستا مردنی حەقیقی ڕوو نادات و وەچەی ئەم بێهزانە دوایی نایەت، بەڵام هەموو سات و ڕۆژێك بە هۆی ژیان لە ژێر سیستمی خاوەنی (دەست بە كارەباوە بگرن.) دەبێتە مردن و مرۆڤی ئەشكەوتی مۆدێرن بەردەوام مومارەسەی مردن دەكات: مردنێكی ڕەمزی.




ڕۆژمێر و ڕاپه‌‌رین و خه‌‌می بێ كۆتایی … جه‌لالی میرزا كه‌ریم

1
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ دڵی ئاسمانا ماوه‌‌؟
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ سنگی مێژوودا ماوه‌‌؟
ئاخ! .. شتێ
له‌‌ كاروانی مه‌‌رگا ماوه‌‌؟
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ ساڵنامه‌‌ی زوڵما ماوه‌‌؟
بۆ به‌هاری: گه‌‌ڵاڕێزان
بۆ هاوینی: ڕێژنه‌‌ و لافاوی خوێن هه‌‌ڵسان
بۆ ته‌‌نیایی: منداڵانی ناو كوردستان
ببنه‌‌ په‌‌رژین و پشتیوان.
* * *
ئاسمان! .. بۆ تۆ
سواری كام ئه‌‌سپی بۆراقی،
ئایین ببین؟
تا بنگه‌‌ینێ؟
مێژووی زه‌‌مینی ژان! .. بۆ تۆ
ڕێی كام دایكی
ئیفلاتوونی زایین بگرین؟
تا بنگه‌‌ینێ؟
كاروانی بیست سه‌‌ده‌‌ی هیوا و ڕامان! .. بۆ تۆ
چ په‌‌یكه‌‌رێ بۆ هێرۆشیما و هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ هه‌‌ڵببه‌‌ستین؟
تا بتگه‌‌ینێ؟
ساڵنامه‌‌ی سه‌‌ددامی باوكی،
هیتله‌‌ری ژین سووتان! .. بۆ تۆ
سنووره‌‌كان كیشوه‌‌ری مردن ئه‌‌بڕین
تا بتگه‌‌ینێ؟
تا بتگه‌‌ینێ و نه‌‌خشه‌‌ی كه‌‌لله‌‌ و دڵت بدڕین
تا فرمێسكی چاوی به‌‌رلین و كه‌‌ربه‌‌لا و
كه‌‌ركووك بسرین!
ئه‌‌وسا سروه‌‌ی
پڕ له‌‌ نه‌‌شئه‌‌ی
سروودێكی بێ كۆتایی،
ورد ورد بێشكه‌‌ی
خه‌‌ونی شایی
باڵه‌‌فڕێی په‌‌ڕه‌‌سێلكه‌‌ ڕائه‌‌ژه‌‌نێ.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر .. به‌‌ دیواری شه‌‌وی
زووحاكا هه‌‌ڵنه‌‌گه‌‌ڕاین و
به‌‌ره‌‌به‌‌یانی نه‌‌ورۆزمان
به‌‌ ئاورنگی سه‌‌ر ڕوومه‌‌تی
گوڵاڵه‌‌ سووره‌‌ ئاڵ نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر ده‌‌ستمان
نه‌‌كرده‌‌ ملی (سیڤه‌‌ر) و
ئه‌‌و لا و ئه‌‌و لایمان ماچ نه‌‌كرد.
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر به‌‌ ڕووی
په‌‌شیمانییه‌‌كه‌‌ی (لۆزان)دا
شه‌‌ڕمان نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر ده‌‌ ئامۆژگارییه‌‌كه‌‌ی
(ولسن)مان وه‌‌ك
ئایه‌‌تێك له‌‌ناو قورئانا له‌‌به‌‌ر نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر پێنج ساڵ
به‌‌ كۆش، به‌ ‌ده‌‌ست،
پشكۆی ڕه‌‌نگاوڕه‌‌نگمان
به‌‌ پێپیلكه‌‌ی ئاگری داخا
بۆ تارای بووكی كوردستان
نه‌‌ْ .. باڵای
ئاڵای شه‌‌كاوه‌‌مان .. نه‌‌برد.
* * *
چیمان.. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر پێڵووی چرای ئه‌‌ستێره‌‌ی شه‌‌قامی
كۆماره‌‌ ساواكه‌‌ی سابڵاخمان پێ نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد؟
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌‌وه‌‌تا .. هه‌‌زاران ساڵه‌‌
گوڵه‌‌ ژاڵه‌‌
له‌‌ وه‌‌رزی حه‌‌زمانا ئه‌‌ژی و
پێمان ئه‌‌ڵێ:
(بۆ ئێوه‌‌ ڕه‌‌نگم زۆر ئاڵه‌‌
بۆ دوژمن تامم زۆر تاڵه‌‌).

2
دڵ .. هه‌‌ر دڵه‌‌
یه‌‌كه‌ ‌و.. ئه‌‌گه‌‌رچی چوار به‌‌شه‌‌
كوردستان هه‌‌ر كوردستانه‌‌
گه‌‌رچی چوار كه‌‌رتی یه‌‌ك له‌‌شه‌‌
ئا.. له‌‌م به‌‌شه‌‌ی
كانی خوارووی هه‌‌ڵقوڵانا
نه‌‌ْ .. له‌‌م له‌‌شه‌‌ی
ئه‌‌نجن بوونی شه‌‌قاو نانا
ئاخ! كه‌‌ بانگی
سه‌‌دان نوێژی
راپه‌‌ڕینی تێدا نه‌‌درا
ئاخ! كه‌‌ مانگی
زییون ڕێژی
هه‌زاران مێشكی تیا نه‌‌پژا.
* * *
ئاخ! شه‌‌شی ڕه‌‌شی ئه‌‌یلوولی سلێمانی
كام ڕه‌‌شه‌‌با
كام قوربانی به‌‌بێ په‌‌روا
له‌‌ ئه‌‌لبوومی بازیانا هه‌‌ڵیانسانی.
* * *
شاخ! شه‌‌شی گه‌‌شی ئه‌‌یلوولی خۆڕاگرتن
له‌‌ عێراقا
له‌‌ ڕووباری دوو چاوی بزه‌ ‌و مه‌‌راقا
ئه‌‌رێ چۆن بویته‌‌ ئاوێنه‌‌ی
ڕووی تریفه‌‌ی
خه‌‌رمانه‌‌ی ڕۆژی مانگرتن.
* * *
تۆش! یانزه‌‌ی ئه‌‌یلوولی تفه‌‌نگ
تێشووی گولله‌‌.
قوڕگی هاوینه‌‌ تینووه‌‌كه‌‌ی
ته‌‌مه‌‌نی هه‌‌ڵۆی ناو فه‌‌رهه‌‌نگ!
چۆن باڵت گرت!
به‌: بناری
تارمایی ڕه‌‌زی گه‌‌رمیانت
به‌‌: كڕێوه‌‌ی
پشتێنی به‌‌فری كوێستانت
چۆن بۆ كه‌‌شكه‌‌ڵانی فه‌‌له‌‌ك سه‌‌ریانتخست.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد؟
ئه‌‌وه‌ ‌(30) ساڵی ڕه‌‌به‌‌قه‌‌
لیستی خه‌‌زانی شه‌هیدان
په‌‌یتا په‌‌یتا
به‌‌ بیلبیله‌‌ی
ناخمانه‌‌وه‌‌ هه‌‌ڵئه‌‌واسرێ.
* * *
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌‌وه‌‌تا (30) ساڵی ده‌‌قه‌‌
كوردستانه‌‌كه‌‌ی چه‌‌ك له‌‌ شان
له‌‌ سه‌‌نگه‌‌را..
پێشمه‌ر‌گه‌‌كه‌‌ی!
گرمه‌‌ی هه‌‌ور و برووسكه‌‌كه‌‌ی
هه‌رگیز .. هه‌‌رگیز
ئارام ناگرێ.

3
– وا (30) ساڵه‌‌ دار به‌‌ڕوومان
به‌‌رناگرێ.
گوڵئه‌‌ستێره‌‌ی چۆله‌‌كه‌‌مان
هه‌‌ڵنافڕێ.
نیگای وێڵی منداڵانمان
له‌‌ شه‌‌پۆلی سۆزی مه‌‌مكا پێناكه‌‌نێ.
ئه‌‌ڵقه‌‌ڕێزی
شه‌‌ققه‌‌ی به‌‌رده‌‌م ده‌‌رگاكانمان
نۆته‌‌ی گه‌‌ڵای
ئاوازێكمان بۆ ناچنێ.
– وا (30) ساڵه‌‌
به‌‌ڕێوه‌‌ین و
ژوان بۆ دیل دائه‌‌نێین و
ڕۆژژمێری زیندانه‌‌كان،
پۆڵاڕێژن و
ناكرێنه‌‌وه‌‌.
– وا (30) ساڵه‌‌
ئه‌‌وه‌‌نده‌‌ ڕوو!
له‌‌ناو تابلۆی
حه‌‌وزی تێزابا قرچاوه‌‌
له‌‌ش وه‌‌ك ئوردوو هه‌‌ڵچنراوه‌‌
وێنه‌‌ی كه‌‌س ناناسرێته‌‌وه‌‌.
– وا (30) ساڵه‌‌
له‌‌ناو دێڕی
ڕۆمانی هه‌‌موو شارێكا
له‌‌ ئه‌‌شكه‌‌وتی
مێشكی هه‌‌موو شاعیرێكا
وشه‌‌ وه‌‌كو
یاریی قه‌‌ڵا قه‌‌ڵا و چاوه‌‌شاركێ
جارێ سه‌‌رنیشانه‌‌ و دیاره‌‌
جارێ چاوه‌‌دزێ و جارێ سه‌‌ره‌‌تاتكێ
جارێكیتر خۆشاردنه‌‌وه‌‌.
گه‌‌ر تۆ نه‌‌بای
ئێستا چریكه‌‌ی ئه‌‌م ده‌‌نگه‌‌
نووزه‌‌ی گۆڕی
كێلێكی ڕیسوا و سه‌‌رشۆڕی
نێو دوو لنگی
سوڵتانه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا ئه‌‌بوو.
– ئاخ! .. پێشمه‌‌رگه‌‌!
گه‌‌ر تۆ نه‌‌بای
ئێستاكێ گه‌‌شه‌‌ی ئه‌‌م ڕه‌‌نگه‌‌
په‌‌شته‌‌ماڵی
به‌‌ خوێن تاڵی
خوار ناوكی
سه‌‌رۆكه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا ئه‌‌بوو.

4
له‌‌ پڕ چ بارانێ دایكرد؟
گێژه‌‌لووكه‌‌ی چ ڕاپه‌‌ڕینێ هه‌‌ڵی كرد؟
كۆڵان له‌‌ خۆیه‌‌وه‌‌ هه‌‌ڵسا
مه‌‌شخه‌‌ڵ هه‌‌ر بۆ خۆی هه‌‌ڵگیرسا
ئه‌‌مجاره‌‌یان
تفه‌‌نگ به‌‌خۆی چووه‌‌ سه‌‌رشان
جۆگه‌‌ی هاوار
به‌‌ ته‌‌وژم ڕژایه‌‌ نێو گه‌‌رووی تینوو
بۆ یه‌‌كه‌‌مجار
وڵاتی ترس ئاوا هه‌‌ڵچوو
تیشكی ئاوێنه‌‌ی شه‌‌پۆلی دیجله‌‌ و فورات
له‌‌گه‌‌ڵ له‌‌نجه‌‌ی زێ و سیروانا
له‌‌ ڕه‌‌وتی بێ وچانیانا
وا له‌‌ یه‌‌كتری ئاڵابوون
وات ئه‌‌زانی به‌‌ زگێ بوون
یان بوونه‌‌ته‌‌ یه‌‌ك سه‌‌رچاوه‌‌ی هیوا و ئاوات.
* * *
به‌‌ڵام، ئه‌‌فسووس
كوانێ حه‌‌یا .. كوانێ نامووس
ئه‌‌وه‌‌ دیسان
ڕه‌‌وه‌‌ گورگی زامار و هاری به‌‌عسییان
پاش ڕاونانیان
سمێڵی به‌‌ڕێز سه‌‌رۆكیان
وه‌‌كو كلكیان
شۆڕكرده‌‌وه‌‌ بۆ ناو گه‌‌ڵیان
كه‌‌وتنه‌‌وه‌‌ خۆر سه‌‌ربڕین
مانگ سه‌‌ربڕین
له‌‌ تۆڵه‌‌ی دۆڕاندنیانا
له‌‌ كاتی گیانه‌‌ڵاویانا.
زریكه‌‌یان به‌‌ردایه‌‌ سه‌‌ر هه‌‌موو لێوێ
گڕیان به‌‌ردایه‌‌ گه‌‌ردنی هه‌‌موو كێوێ
ده‌‌ستی حه‌‌سه‌‌ن و حوسێنیان
له‌‌بن بڕی
ئه‌‌گریجه‌‌ی خورمای به‌‌سرایان
هه‌موو ڕنی.
* * *
ئاخ! كوردستانی خۆشه‌‌ویست
چیكه‌‌ی تریان به‌‌تۆ نه‌‌ڕشت
مه‌‌گه‌‌ر ڕك و كینه‌‌ی ڕه‌‌شیان
به‌‌ بارووت و خوێن نه‌‌شێلاو
نه‌‌یانكرده‌‌
نێرگزه‌‌جاڕی ئه‌‌مساڵی گرانه‌‌تا و
له‌‌ بسكی هه‌‌ڵپڕووزكاوی
دووكه‌‌ڵاوی
باوه‌‌ گوڕگوڕ و قه‌‌ڵای هه‌‌ولێریان نه‌‌دا و؟
كردیانه‌‌ شاپڵیته‌‌یه‌‌كی ره‌‌ش هه‌‌ڵگیرساو.
* * *
ئه‌‌وا له‌‌سه‌‌ر سنگی خۆما
تارای ڕاپه‌‌ڕینێكت له‌‌بۆ ئه‌‌چنم.
له‌‌ناو دڵی پڕ هه‌‌نسكما
نه‌‌خشه‌‌ی شیعری كوردستانت بۆ هه‌‌ڵئه‌‌گرم.
له‌‌سه‌‌ر به‌‌ردی ناوچه‌‌وانی زه‌‌بوونیما
وێنه‌‌ی تفه‌‌نگێكی كه‌‌ت بۆ هه‌‌ڵئه‌‌كه‌‌نم.
له‌‌ناو سۆزی ته‌‌نیاییما
ئاوازی عیشقێكی تازه‌‌ت بۆ ئه‌‌ژه‌‌نم.

5
– ئاخ ..! پێشمه‌‌رگه‌‌!
پاش كاره‌‌سات
له‌‌گه‌‌ڵمان به‌‌!
له‌‌ناو ئۆردووگای دڵمان به‌‌!
چه‌‌ك دامه‌‌نێ
خۆت ڕاومه‌‌نێ
له‌‌مه‌‌ زیاتر!
چاوی ڕه‌‌شی قه‌‌ره‌‌ هه‌‌نجیریان هه‌‌ڵكۆڵی!
توخوا.. له‌‌ هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ زیاتر
ئیتر چیتر ماوه‌‌ بیكه‌‌ن
مه‌‌گه‌‌ر هه‌‌ر له‌‌ پردی ده‌‌لالی زاخۆوه‌‌
هه‌تا ده‌‌ماره‌‌كانی نه‌‌وتی خانه‌‌قین
خاك و خۆڵی
شیرینیان وه‌‌ك بێژنگ لێكرد
چه‌‌ك دامه‌‌نێ
چاو لێكمه‌‌نێ
دوێنێ ئه‌‌وه‌‌نده‌‌یان لێ قه‌‌ڵاچۆ كردین
نایه‌‌ته‌‌ ژماره‌‌ و پرسین
به‌‌ ملیۆن و
دوو .. سێ ملیۆن
پیر و مناڵانیان بێ سه‌‌روشوێن كردین
له‌‌ ماڵ و حاڵمانیان كردین.
– ده‌‌سا.. تو خوا ئه‌‌ی پێشمه‌‌رگه‌‌!
كوردستانت
ئیمشه‌‌و له‌‌شی بێ ڕایه‌‌خه‌‌..
تكایه‌‌ گیانتی بۆ ڕاخه‌‌.

6
دوای هه‌‌موو ئه‌‌م به‌سه‌رهاته‌‌
كه‌‌چی تازه‌‌ وه‌‌فد ڕێكئه‌‌خرێ
یه‌‌ك له‌‌ دوای یه‌‌ك
بۆ لای قه‌‌سابه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا
به‌‌ڕێ ئه‌‌كرێ
گوایه‌‌ نوخشه‌‌ و نۆبه‌‌ره‌‌ی مفاوه‌‌زاته‌‌.
* * *
لێم ببووره‌‌!
كووره‌‌ گڕی شیعری تووڕه‌‌!
جاره‌‌ جارێ
داخی دڵم وا به‌‌ ساكاری هه‌‌ڵڕێژم
ڕسته‌‌ جریوه‌‌ شاكارێ
له‌‌ زمانی ناو بازاڕا وا بنێژم.
* * *
كونه‌‌ شاری زه‌‌رده‌‌واڵه‌‌ و
ڕێچكه‌‌ی ڕه‌‌ژوو،
لێت ناترسم!
ئه‌‌م هه‌‌ڵوێسته‌‌م بخنكێنی
وه‌‌ستا و به‌‌ هه‌ر‌زانی وانه‌‌ و
قوتابخانه‌‌ی مژده‌‌ی سووتوو،
لێت ناپرسم!
له‌‌ (فندق الرشید)ه‌‌وه‌‌ چیم بۆ دێنی.
* * *
خۆتان ئه‌‌ڕۆن!
چاو به‌‌سته‌‌ش بن .. هه‌‌ر شاره‌‌زان،
بۆیه‌‌ سه‌‌رقاڵی هاتوچۆن،
تا له‌‌سه‌‌ر خوانی ئا‌ژانسی
كوشت و بڕ و ده‌‌نگوباسی
ڕشانه‌وه‌‌ی سه‌‌رۆك بخۆن
تا به‌‌ ئابڕووی تكێنراوی
خۆتان زامی سه‌‌ددام بشۆن.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
ئه‌‌و مناڵه‌‌ی له‌‌ تاوی بێ شیری ئه‌‌مری
یا ئه‌‌و دایكه‌‌ی
تاقانه‌‌ جگه‌‌رگۆشه‌‌كه‌‌ی
به‌‌ ده‌‌ستی خۆی له‌‌ چاڵ ناشت و
په‌‌نجه‌‌یه‌‌ك نه‌‌بوو ر‌ِه‌هێڵه‌‌ی
خوڕی چاوی به‌‌ر په‌‌نجه‌‌ره‌‌ی
له‌‌بۆ بسڕێ.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
باوه‌‌ش ئه‌‌كه‌‌ن
به‌‌ سه‌‌رتاپای تاوانێكا و
ئه‌‌م لا و ئه‌‌و لای
داڕزاوی بۆگه‌‌نی سه‌‌ددام ماچ ئه‌‌كه‌‌ن.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
مانگێ زیاتر له‌‌ باوه‌‌شی
به‌‌عسا كڕبوون
نه‌‌خێر وڕبوون
پێشمان ئه‌‌ڵێن:
– به‌‌ڕێز سه‌‌رۆك لوتفی هه‌‌یه‌‌ –
ئه‌‌مجاره‌‌یان
له‌‌ جێی حه‌‌كه‌‌م
به‌‌ (مهندس الحكم الژاتی) ناوئه‌‌برێ.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
له‌‌ جێی قه‌‌ڵغانی قه‌‌ڵه‌‌م و
به‌‌یته‌‌ شیعرێ؟
كه‌‌ له‌‌ داخا سه‌‌ر و قژی خۆی ئه‌‌ڕنێ و
هاوار ئه‌‌كا و ئه‌‌نه‌‌ڕێنێ
ئه‌‌بێ ئێستاكه‌‌ بنووسرێ.

7
له‌‌پاش چی؟
گله‌‌یی له‌‌ سه‌‌نگه‌‌ر ئه‌‌كه‌‌ن
گله‌‌یی له‌‌ خه‌‌نجه‌‌ر ئه‌‌كه‌‌ن
ناوی (شۆڕش)
به‌‌ – شه‌‌ڕ – ئه‌‌به‌‌ن
ئه‌‌گه‌‌نه‌‌ ئه‌‌و قه‌‌ناعه‌‌ته‌‌ی
هه‌ر به‌‌ ئاشتی
نه‌‌وه‌‌ك به‌‌ شه‌‌ڕ
ئه‌‌م ئاواته‌‌ی
كورد سه‌‌ر ئه‌‌خه‌‌ن.
* * *
– شه‌‌ڕ هه‌‌ر شه‌‌ڕه‌‌
تۆپ و بۆمبای وێرانكه‌‌ره‌‌
فڕۆكه‌‌ی ژه‌‌هر پڕژینی
خنكێنه‌‌ره‌‌
كه‌‌ڵبه‌‌ و نوخانی دوژمن و
عه‌‌زیایه‌‌كی داگیركه‌‌ره‌‌
– به‌‌ڵام .. شۆڕش
چۆڕاوگه‌‌كه‌‌ی خوێن و كۆشش،
ته‌‌نیا لێزمه‌‌ی
بارانێكی داهێنه‌‌ره‌‌
تاكه‌‌ هه‌‌گبه‌‌ی
ڕێ به‌‌ره‌‌و لووتكه‌‌ی سه‌‌رخه‌‌ره‌‌
شۆڕش .. نامه‌‌ی
گه‌‌ردوونی ڕزگاریكه‌‌ره‌‌
تاقه‌‌ لانه‌‌ی
هه‌‌ڵۆیه‌‌كی ئه‌‌شكه‌‌وتگره‌‌
له‌‌ بۆ ئاشتیش
له‌‌نجه‌‌ باڵی
شین ساماڵی
پۆله‌‌ كوتری ژوورووی هه‌‌وره‌‌.
* * *
خواست و ئامانجه‌‌كانیشمان
كه‌‌لوپه‌‌ل و
هه‌‌یتو هاواری ناو مه‌‌زاتخانه‌‌ نییه‌‌
خوێن و گۆڕی
هه‌‌زاران هه‌‌زار شه‌هیدی
تێیدا وه‌‌كو
جاجمه‌‌شڕی،
قه‌‌نه‌‌فه‌‌ كۆنێ بفرۆشرێ،
یان دووكانی به‌‌رگدرووی
ژنانه‌‌ و پیاوانه‌‌ نییه‌‌
جل و به‌‌رگی گڕ خڵتانی
كوردستانی
تێیدا وه‌‌كو
ڕانك و چۆغه‌‌ و ستارخانی
له‌‌م لا قارسكا و
بیداته‌‌وه‌‌ ده‌‌می ئه‌‌و لا و
به‌‌ مه‌‌قه‌‌ستی تیژ ده‌‌بانی
ده‌‌رزی و داوی بێ ئامانی
سنووره‌‌كانی جه‌‌سته‌‌مان
له‌‌ت و كوتكا و
ئه‌‌وسا ئۆتۆنۆمی خۆیان
به‌‌ باڵامانا هه‌‌ڵكێشێ.

8
له‌‌ ئاستی شیعری خه‌‌مخوارا
قه‌‌ڵه‌‌می هه‌‌نسك ژارا
په‌‌ڕه‌‌ی ڕووی ده‌‌فته‌‌ری كزا
ڕوو له‌‌ كام خوا كه‌‌م بۆ نزا
– بڕۆ بڕۆ…
گوێ مه‌‌ده‌‌ره‌‌ یاساوڵێ، لێت بخوڕێ و داوای شوناسنامه‌‌ی
ده‌‌وڵه‌‌تێكی قه‌‌حپه‌‌ت لێ بكا و لێشت بپرسێ:
ناوت چییه‌‌؟
(ابن العوجه‌‌) یان (كوردستان)؟
– بڵێَ و بڵێ .. دایكم ته‌‌نیا منی هه‌‌بوو،
باوكم له‌‌من زیاتر كه‌‌سی تری نه‌‌بوو،
هه‌ر منیان بوو
منیشیان ناونا كوردستان.
به‌‌هاری 1991

• گۆڤاری ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، ژماره‌ (27) 1991.




شه‌ڕی نه‌وت و کۆمپانیاکان.. شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌! …. نوری به‌شیر:

له‌باره‌ی بانگه‌وازی پارتی بۆ خۆپیشاندان بۆبەردەم بارەگای کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا له‌شاری له‌نده‌ن‌!

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێکی لیژنه‌ی ناوچه‌ی له‌نده‌نی پارتی بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ڕیکه‌وتی 29ی نوڤێمبه‌ر، خوپێشاندانێک بۆبه‌رده‌م باره‌گای سه‌ره‌کی “کۆمپانیای نه‌وتی به‌ریتانی بی پی”، به‌ڕێبخات، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌رامبه‌ر به‌و ڕێکه‌وتنه‌ی که‌‌کۆمپانیای ناوبراو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عیراقدا به‌ستویه‌تی بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ کێڵگه‌ و بیره‌نه‌وته‌کانی که‌رکوکدا. گوایه‌ ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ به‌دژی “به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌کانی کورد” و حسابنه‌کردنی کۆمپنایاکه‌یه‌ بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان!. که‌له‌راستیدا خودی ئه‌م ‌بانگه‌شه‌ نه‌ته‌وه‌چێتیه‌ پوچه‌ی پارتی، که‌ساڵانێکی زۆره‌ خه‌ڵکی پێ فریوده‌ده‌ن وخودی ئه‌وه‌شی که ‌بۆ دیفاع له‌ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و دژ ‌به ‌خه‌ڵکیه‌که‌ی که‌ناویان ناوه‌ “حکومه‌تی هه‌رێم”، داوایان کردووه‌ له‌ کوردستانیانی دانیشتوی شاری له‌‌نده‌ن، له‌دژی کۆمپانیای ناوبراو، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی که‌مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی پارتی ناکات، بهێننه‌ مه‌یدانه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ده‌رزیه‌ک په‌یوه‌ندی به‌ژیان و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ نییه‌ و بگره‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕو هه‌رای کۆمپانیاکانی نه‌وته‌ له‌عێراق و کوردستاندا و خه‌ڵکی هوشیار نابێ ببێته‌ زه‌خیره‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌. نه‌وتی که‌رکوک و چاڵه‌کانی که‌مادام به‌ده‌ست نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێرداروی خه‌ڵکه‌وه‌ نییه و له‌ژێر کۆنترۆڵی هێزی‌ میلیشیای حزبه‌ بۆرژوا قه‌ومی و دینه‌یه‌کاندا بێت‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کۆمپانیاکانی پارتی و یه‌کێتی بیفرۆشن یان کۆماپانیاکانی حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی، خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان و عێراق نابێ ببنه ‌زه‌خیره‌ی ئه‌م شه‌ڕو ململانێیه‌. به‌م جۆره‌ش نابێ به‌پیر بانگه‌وازێکی له‌م جۆره‌وه‌‌ بچن و ڕیزی خه‌بات وتێکۆشانی خۆیان له‌دژی په‌لامار وئابڵوقه‌دانه‌کانی حکومه‌تی عێراق بۆ سه‌رکوردستان تێکه‌ڵ به‌سیاسه‌ته‌کانی پارتی و یه‌کێتی بکه‌ن.

شه‌ڕی نه‌وت و کۆمپانیاکان.. شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌!
له‌ڕابردویه‌کی نزیه‌که‌وه‌، هه‌موو دونیاو خه‌ڵکی کوردستان شاهیدی سیاسه‌تی سه‌رشۆڕکردن و ته‌سلیمبوونی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان (یه‌کێتی و پارتی) بوون و ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاوه‌ که‌چۆن ته‌واوی که‌رکوک وناوچه‌ جیناکۆکه‌کان، ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه ‌ئابوریه‌کان له‌خا‌ڵه‌کانی سنور و ڕێگای ئاسمانی، تا ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و هه‌موو عه‌قده‌کانی ڕابردوو، هاتوچۆی کۆمپانیاکان و ڕێکه‌وتنه‌ بازرگانیه‌کان.. له‌لایه‌ن خودی پارتی و یه‌کێتیه‌وه‌ ‌ ته‌سلیم به‌ حکومه‌تی عێراق کرا، ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ که‌متره‌ له‌چاو ڕێکه‌وتێکی کۆمپانیایه‌ک وا هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی له‌به‌رامبه‌ردا نه‌گیرایه‌به‌ر؟!، یان مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌پارتی ده‌یه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ته‌سلیمبوون به‌عه‌بادیدا ڕووی خۆی سپی بکاته‌وه‌ و بۆ ئه‌م کاره‌ش له‌له‌نده‌نه‌وه‌ ده‌ستپێبکات؟.
به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و راستیه‌یان له‌لایه‌ که‌به‌دوای ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی زۆرێک له‌ناوچه‌کانی کوردستان له‌لایه‌ن حزبه‌کانی کوردایه‌تیه‌وه‌ به‌حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌کانی حکومه‌تی ئیسلامی شیعی عێراق و هێزه‌ پاسداره‌کانی جمهوری ئیسلامی به‌سه‌رپه‌رشتی قاسم سله‌یمانی له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، له‌مێژووی دنیاو ناوچه‌که‌و کوردستاندا، هیچ هێزێک هێنده‌ی حزبه‌ ناسیونالسیته‌کانی کوردی و به‌تایبه‌ت یه‌کێتی و پارتی ریسواو ملهوڕو چاو له‌ده‌ستی وڵاتانی ناوچه‌که‌و کۆنه‌په‌رستی نه‌بووه‌. بۆ هه‌موو لایه‌ک رۆشنه‌ کارنامه‌ی 27 ساڵی ده‌سه‌ڵاتیان، له‌کاری مافیایی و دزی و تیرۆرو چه‌قۆکێشی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان و بوون به‌مڵکی بنه‌ماڵه‌یی چاڵه‌ نه‌وت و سه‌رچاوه‌کانی تری کوردستان، وه‌ جۆره‌ها رێکه‌وتنی لێره‌و له‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌زگای جۆراوجۆری مافیایی و کۆمپانیایی جۆراوجۆری وڵاتان له‌ئاستی دنیادا، و به‌تاڵان و هه‌راجکردنی نه‌وتی خه‌ڵکی کوردستان، به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی کوردستان به‌هه‌ره‌مه‌ند بن له‌داهاته‌که‌ی.

ئێستاش هه‌ریه‌که‌ له‌و دوو حزبه‌ پاڵه‌وانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ئاگاداری دنیاو به‌پێی هه‌واڵه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌یی جیهانیه‌‌‌کانه‌وه‌ به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ن ته‌نیا عه‌بادی له‌گه‌ڵیان دانیشێت، نه‌ک ئه‌م دوو حزبه‌ به‌ڵکو هه‌ر 5 حزبه‌که‌ی حکومه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ بنکه‌ فراوانه‌که‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌جیا به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ن که‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌بادی و قاسم سله‌یمانی ئاوڕێکیان لێبده‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان دانیشن و به‌ڵکو خێرێکیان پێبکه‌ن و به‌شێک له‌داهاتی چاڵه‌ نه‌وتێکیان که‌رۆژانه‌ ده‌ڕوات بۆ ئێران و تورکیا بده‌نێ، که‌م نین ئه‌و هه‌واڵانه‌ی تا چه‌ند راسته‌ یان نا!! که‌ باڵه‌که‌ی ناو یه‌کێتی رێکه‌وتنی 16ی ئۆکۆتۆبه‌ریان له‌به‌رامبه‌ر بڕی یه‌ک ملیۆن دۆلاری چاڵه‌ نه‌وتێک بێت که‌ده‌ڕوات بۆ ئێران. هه‌واڵی خۆونکردنی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان ده‌بیستی، به‌ده‌یان و سه‌دان به‌ڵگه‌نامه‌ی دوو بنه‌ماڵه‌ی حزبه‌کانی کوردایه‌تی له‌سه‌ر خۆشخزمه‌تی بۆ عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی و جمهوری ئیسلامی و ئه‌مریکا ده‌بیستی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وونه‌ ته‌نیا یه‌ک هه‌واڵ له‌شه‌هامه‌ت و ده‌ست پاکی و خزمه‌تگوزاری ئه‌م حزبانه‌ی ناسیونالیزمی کورد، که‌ بۆ نزیکه‌ی سێ ده‌یه‌ ده‌بێت نابیستی له‌سه‌ر دابینکردنی سه‌ره‌تاییترین پێداویستیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌و داهاتی نه‌وته‌ی که‌ بردویانه‌و ئێستا شیوه‌ن و شه‌ڕو ناڕه‌زایه‌تی و خه‌ریکی راکردنن به‌شوێن نوینه‌ری ئه‌مریکاو حزبوڵای لوبنان و ئۆردوگان و قاسم سله‌یمانیه‌وه‌.

ئێستا ده‌یانه‌وێ ئه‌و چاڵه‌ نه‌وتانه‌ی که‌ به‌ریتانیا له‌رێگای کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا بی پی له‌گه‌ڵ عه‌‌بادی رێکه‌وتون هه‌ر له‌کاتی ته‌سلیمکردنی که‌رکوک و دوزو زۆرێک ناوچه‌ی تر، ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌ببڕن، به‌ڵام پێمان ناڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمپانیانه‌ عه‌بادی له‌گه‌ڵ بی پی نه‌یکات، خۆ ئێو کۆمپانیای عه‌له‌نیتان نیه‌ تا له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی ئێوه‌دا بیکات، ئێوه‌ نه‌ک چاڵه‌ نه‌وته‌کان، به‌ڵکو هه‌موو کوردستان و ئیراده‌و ژیانی خه‌ڵکی کوردستانتان جارێکی تر ته‌سلیمی فدراڵیزمه‌ شکستخواردووه‌ قه‌ومی و تایفیه‌که‌ی باڵی ئیسلامی شیعه‌ کرده‌وه‌. خۆ پێشتر هه‌موو ئه‌و چاڵه‌نه‌وت و داهاته‌ گه‌ورانه‌ به‌گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ کۆمپانیای جیهان له‌به‌رده‌ستی ئێوه‌دا بوو، ده‌توانن بڵێن چه‌نده‌ به‌ش و له‌سه‌دا چه‌ندیتان بۆ خه‌ڵکی کوردستان و خزمه‌تگوزاری خه‌ڵک سه‌رفکرد!؟ ده‌کرێ پێمان بڵێن به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له‌چیدایه‌ ئه‌و کۆمپانیانه‌ له‌ژێر ده‌ستی عه‌بادی و قاسم سله‌یمانی و ئۆردوگاندا بێت، یان بی پی به‌ریتانی و کۆمپانیاکانی روسی و که‌نه‌دی و یابانی و ئه‌مریکیدا بێت!

ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ ئێوه‌ ده‌ستگرتنه‌ به‌ تاڵه‌ پوشێکه‌وه‌ له‌ده‌ریایی کۆنه‌په‌رستی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌بادی و ئۆردوگان و قاسم سله‌یمانی دا گیرتان کردوه‌، که‌ ته‌نیا ئه‌وه‌تان ده‌وێت جارێکی تر شه‌ریکتان که‌ن له‌داهات و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵكی کوردستان، ئیتر خه‌ڵکی کوردستان چیان به‌سه‌ر دێت و ئه‌و کاره‌ساته‌ مرۆییه‌ی ئێستا له‌و ناوچانه‌ی که‌ته‌سلیمی حه‌شدی شه‌عبیتان کردوه‌، جگه‌ له‌پاساوی یه‌کتر تۆمه‌تبارکردن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئیدامه‌ به‌ژیانی حزبه‌کانتان بده‌ن چیت نیه‌‌. بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی کوردستان له‌و چاڵه‌ نه‌وتانه‌ نه‌له‌وه‌دایه‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و خۆتان له‌گه‌ڵ کۆمپانیای بی پی رێکه‌ون، نه‌ له‌وه‌دایه‌ عه‌بادی له‌گه‌ڵیان رێکه‌وێت، ته‌جروبه‌و کارنامه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ی حزبه‌کانتان نیشانی داوه‌.
به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌موو داهاتی کوردستان به‌چاڵه‌ نه‌وته‌کانه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستاندا و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌واندا به‌ڕێوه‌ بچێت و داهاته‌که‌ی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و خزمه‌تگوزاریه‌کانی خه‌ڵکی کرێکارو که‌مده‌رامه‌تی کۆمه‌ڵگا بێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت ده‌ستی ئێوه‌و حزبه‌کانی کوردایه‌تی به‌هه‌موو شێوه‌و ره‌نگه‌کانتانه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی کوردستان وه‌لابنرێت.




ته‌رم … چرۆ زه‌ند

به‌یانیه‌كی پایزدا، پایزێكی زه‌رده‌په‌ڕ ، خۆر له‌ پشت چیای گۆیژه‌وه‌ به‌ كزی ده‌رده‌كه‌وت،
گه‌ڵای دارو دره‌خته‌كان به‌ هێوری ده‌وه‌رین، ڕه‌نگاو ڕه‌نگ هه‌ر گه‌ڵایه‌و ره‌نگی گوڵێك ده‌كه‌وتنه‌ ‌سه‌ر زه‌وی . پێكانم لێم نه‌ده‌گه‌ڕان به‌ ناویاندابرۆم، له‌ دڵه‌ ڕاوكێی دابووم، دڵه‌ ڕاوكێی له‌ كیس چوون.

برێك له‌ هاتوو چۆیه‌كی بێ هێوربونه‌وه‌دابووم. نه‌مه‌ده‌ویست ژووره‌كه‌ت جێبێڵم. ژووری چاوه‌ڕوانی مه‌رگ له‌و ژووره‌كه‌تدا له‌ مه‌ڵكه‌ندی له‌ زێدی باب و باپیر. له‌ ژووره‌ كه‌ی كه‌ گوزارشت له‌ بوونت ده‌كات، ئه‌و ژووره‌ی گه‌نجینه‌ی ڕه‌نجی حه‌فتا ساڵ تێكۆشانته، له‌ ئاواره‌یی، زیندانی و ده‌ستبه‌سه‌ری له‌ به‌رده‌م پێخه‌فه‌كه‌تا ڕاوه‌ستاوم پێم نیه‌ بچمه‌ شوێنێكی تر. ئه‌و ژووره‌ی ته‌رمی مه‌رگی تێدا برایه‌ ده‌ر. كاتێ هه‌ناسه‌یه‌كت هه‌ڵكیشا، جه‌سته‌ت له‌ جوڵه‌ كه‌وت، چاوه‌ زه‌رده‌ پرشنگداره‌كانت بۆ ٢٠ چركه‌ كرایه‌وه‌، پێم وابوو تێم ده‌ڕوانی.
بابه‌ گیان
دڵم بڕوایی نه‌دێنا كه‌ ده‌ست به‌چاوه‌كانتدا بنێم و دایانخه‌م بابه‌ گیان، بابه‌ گیان، وه‌ڵامم بده‌وه‌ بابه‌.
دایكم به‌ قوڵپی گریان و هێواشی ده‌ستی هێنا به‌ چاوه‌كانتا، خاڵۆژنم به‌ده‌م هه‌نسكه‌وه‌ ده‌یوت ته‌واو بوو.
بابه‌‌ چاوت لێكنا بۆ هه‌میشه‌، ئیتر ناتوانم بیان بینمه‌وه‌. به‌شینی دایكم تێگه‌یشتم كه‌ باوكم كۆچی كرد، باوكم بۆ هه‌میشه‌ ڕۆی، به‌ده‌م فرمێسك وهه‌نسكه‌وه‌ ده‌سته‌كانی باوكم ڕاكێشا، قاچه‌كانی، پاشان دام پۆشی.

وا ته‌رمێك هات له‌ ده‌رگاكه‌ته‌وه‌، ته‌رمێكی به‌تاڵ، دیمه‌نی ته‌رم ڕای چڵه‌كاندم، له‌ به‌رده‌م پێخه‌فه‌كه‌ت دانرا.
باوكم خرایه‌ ناو ته‌رمه‌كه و له‌ ده‌رگاكه‌وه‌ بردیانه‌ ده‌ر. ته‌رم برایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، ئیتر باوكم جارێكی تر به‌ ده‌رگای ماڵدا نایه‌یته‌وه‌، باوكم برایه‌ ده‌ره‌وه. من به‌راكردن دوای ته‌رمه‌كه‌ كه‌تم، مه‌ڕۆ بابه‌ گیان مه‌ڕۆ، مه‌ڕۆ… مه‌ڕۆ…… بابه‌ مه‌ڕۆ، هاوڕێ مه‌ڕۆ، مامۆستاكه‌م توخودا مه‌ڕۆ، بێ تۆ ماڵ چۆل و دڵم خاڵی و ژینم تاڵ.
ته‌رم به‌ ئوتومبیل برا، پاشان چارێكی تر بۆ ماڵئاوای، به‌به‌رده‌م ده‌رگاكه‌دا به‌ ئوتۆمبیلێك ته‌رمی باوكمیان هێنایه‌وه‌ به‌رده‌رگا. من پێم وا بوو ئوتۆمبیل بۆ ته‌رمه‌كه‌ت نایه‌ته‌ به‌رده‌رگا.

پێم وابوو قوتابیه‌كانت به‌شان ترمه‌كه‌ت هه‌ڵده‌گرن پێم وابوو خه‌ڵكی شاره‌كه‌م به‌ كۆڵیان تۆ ده‌به‌نه‌ گردی سه‌یوان، پێم وا بوو ده‌بێته‌ قه‌ره‌باڵغی له‌ پایته‌ختی ڕۆشنیری بۆ ناشتنی مێژووناس. پێم وابوو خه‌ڵكی مه‌ڵكه‌ندی، ده‌باشان و برایم پاشا گشتیان دێن له‌گه‌ڵمان. پێم وابوو، پیاده‌ڕه‌و پێش به‌ ئوتومبیل ده‌گرن. پێم وا بوو زۆر شت ڕوو ده‌دا، به‌ڵام كه‌م له‌وانه‌ ڕوویدا.

ئه‌وه‌ی ڕویدا، به‌رده‌وام پاڵم پێوه‌ده‌نرا تا دوور كه‌ومه‌وه‌ له‌هه‌ڵگرتنی باوكم، له‌ ته‌رم، نا من ته‌رم به‌شانم هه‌ڵنه‌گرم ئه‌وه‌ باوكمه‌ له‌ ناویدا من هه‌ڵی ده‌گرم.‌ ئه‌وه‌ كه‌لتوره‌ و من بێئاگام له‌م نه‌ریته‌، ئه‌وه‌ ئاینه‌ من په‌یڕه‌وی ناكه‌م، یان ڕێو ڕه‌سمی نه‌ته‌وه‌كه‌م من تێناگه‌م،
ئه‌وه‌ ته‌رمی باوكمه‌، من ده‌مه‌وێ هه‌ڵیگرم به‌ شانم. هه‌ڵیده‌گرم تا ئه‌و كاته‌ی به‌خاكی ده‌سپێرم، ئه‌و خاكه‌ی بست به‌ بستی شارو لادێت به‌ ١٣ پیاده‌ڕه‌و پێیدا ڕۆشتوه‌.

ئه‌و خاكه‌ی كه‌ خۆت فه‌رموت له‌ هه‌ر شوێنێ بمنێژن گشت پارچه‌یه‌كی كوردستان نیشتمانمه‌. ئه‌و خاكه‌ی ناسمانه‌ت بۆ ساغ كردوه‌، نه‌خشه‌ت بۆ كێشا. ته‌رم به‌خاك سپێردرا، به‌ خاكی نیشتیمان. به‌رده‌كان به‌ چین داده‌نران، پاشان به‌گڵ داده‌پۆشرا،هێدی هێدی گڵی سه‌ر گۆڕه‌كه‌م ده‌كرد به‌ لاشه‌ی باوكمدا. باوكم ئیتر به‌ خاكی نیشتمان سپێردرا.

له‌و كاته‌دا مردنی باوكم نه‌مری بوو. مردنی باوكم مێژوویه‌كی سه‌روه‌ری بوو.

ڕوحی باوكم وه‌ك په‌پوله‌یه‌كی سپی بێگه‌رد ڕۆی ڕووه‌و ئاسمان، بوو به‌ خۆرو تیشكه‌كانی جارێكی تر دایه‌وه‌ له‌ ڕوخسارمان. نه‌رمه‌ بایه‌ك هه‌ڵی كرد، لاپه‌ڕه‌ی په‌رتووكه‌كانی ژاكاند، هه‌ر په‌رتووكه‌و له‌ شه‌قامێ، هه‌ر لاپه‌ڕه‌و له‌ گۆڕه‌پانی شاری، له‌ سوچێكی لاكۆلانی ده‌نیشته‌وه‌. هه‌ر لاپه‌ڕه‌و به‌رز به‌رز ده‌فڕین له‌ناكاو له‌سه‌ربانی مزگه‌وتێ. له‌ به‌رده‌م ده‌رگای كلێسایه‌ك، له‌ گۆڕه‌پانی شار یه‌ك یه‌ك ده‌نیشتنه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م سپی پێست و ڕه‌ش پێستێكدا له‌به‌رده‌م ژن و پیاودا بێ جیاوازی، له‌ به‌رده‌م قوتابیانی شاره‌كه‌م له‌كوڕ و كچ له‌ پیرو جوان. هه‌ر لاپه‌ڕه‌و گوزارشت بوو له‌ واتاكانی باوكم له‌ تێڕوانینی بۆ ژیان. هه‌ر لاپه‌ڕه‌و سه‌رگوزشته‌ی گه‌له‌كه‌م بوو به‌ نه‌خشه‌وه‌ ده‌كه‌وتنه‌ خوار. كه‌مێ له‌ لاپه‌ڕه‌كان ده‌كه‌وتنه‌ به‌رده‌م قوتابخانه‌و زانكۆكان ده‌كه‌وتن و قوتانیه‌كان یه‌ك یه‌ك ده‌یان گرته‌وه‌ پاشان به‌ڕیز ده‌یان خوێنده‌وه‌.

نوسرابوو من دڵنیام ڕۆژی دابێ، ڕۆژی نه‌وكانی نوێ، ئه‌م نه‌وه‌ ماستاو چیه‌ نا، ئه‌م نه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ی دین و سیاسه‌ت نا، ئه‌و نه‌وه‌ ناوشیاره‌ نا، نه‌وه‌یه‌كی ڕۆشنبیر، زۆر ڕۆشنبیر، ڕیزیان به‌ستوه‌ بۆ وه‌رگرتنی خوێندنی باڵا له‌لای كتێبخانه‌كه‌ت، هه‌ریه‌كه‌یان بابه‌تێكی په‌رتووكه‌ی تۆیان پێیه‌ بۆ نامه‌ی دكتورا، سوود له‌ زانیاری په‌ڕتووكه‌كانت ده‌بینن.

وه‌ره‌ بابه‌ گیان وانه‌یه‌كی نوێی ژیانم بۆ شیكه‌وه‌. من وه‌ك منداڵه‌كه‌ی جاران ڕاده‌كه‌م به‌دواتا، تا به‌ پیاده‌ڕه‌وی به‌ پێكانی تۆ بگه‌مه‌وه‌.
وه‌ره‌ بابه‌ با قۆڵ بكه‌ین به‌ قۆڵی یه‌كدا بچینه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ی لادێكان.
وه‌ره‌ بابه‌ گیان با بڕۆین بۆ مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنیری، كتێبخانه‌و، مۆزه‌خانه‌و ئاسه‌واری كه‌لتۆری كۆن، كۆنفرانس كۆڕو شانۆ ئاشنام كه‌وه‌ جارێكی تر به‌ جیهانی وێژه‌و ئه‌ده‌ب.
وه‌ره‌ بابه‌ گیان بابڕۆین بۆ كۆڵانه‌كانی سلێمانی،مێژوه‌كه‌یان تۆماركه‌وه‌.
وه‌ره‌ ئه‌م جاره‌یان نه‌خشه‌یه‌كی دی داڕێژه‌‌ بۆ نیشتمان.
وه‌ره‌ بابه‌ گیان گردی سه‌یوان جێهێڵه‌، بگه‌ڕێوه‌ بۆ ژووره‌كه‌ت له‌ مه‌ڵكه‌ندی، په‌ڕتوكه‌ چاپ نه‌كراوه‌كانت ده‌ربێنه‌، ئه‌مجاره‌یان تۆمارێكی نوێی ته‌مه‌ن بنووسه‌وه‌.

Chro

Chro Zand
Karim Zand

November 15, 2017

چرۆ زه‌ند
كه‌نه‌دا
zandchro@hotmail.com




نیگا و تابلۆ …. سه‌ردار جاف

دڵم نایا
بۆ فڵچه‌ی نیگاری ده‌ستم
ناز و مه‌كری شێتانه‌ی تو
ده‌سكه‌نه‌كه‌م
تیری برۆت له‌ كاڵانا ده‌ربێنم و
پشتم له‌ تۆ
رووم له‌ خواروو و له‌ كابه‌كه‌م
دڵم نایا
له‌ره‌ی ته‌زووی بۆنی گیانت
بۆ كراس سوورێكی نامۆ
به‌ره‌و دوور دوور په‌لكێش بم و
به‌ مه‌نزڵی بگۆڕمه‌وه‌
گڵێنه‌ی چاو ده‌ك نابینا و كوێرایی بێ
گه‌ر به‌ رووخساری دوور له‌ تۆ
بشۆرمه‌وه‌
شاژنه‌كه‌م
بۆیه‌ دێم و
هه‌ر ئێواره‌ ………
برژه‌نگه‌كان ده‌كه‌مه‌ فڵچه‌ی ده‌ستم و
پرچت به‌ تابلۆی ڕه‌نگه‌كان
رووی تۆ كه‌ له‌ مانگ جوانتره‌ و
خۆریش جورئه‌تێكی نییه‌ به‌ رۆژ هه‌لّ بیّ
ده‌یكه‌م به‌ وێنای به‌رگه‌كان
له‌ نزیكی ئێواره‌یا ….
به‌پرتاو دێم و
به‌ ده‌م وه‌نه‌وزی ڕه‌نگه‌وه‌
سه‌ما ده‌كه‌م
له‌ ساده‌یی ونبوونتا
له‌ سه‌ر ته‌ختی ئاوێته‌ بوونی حه‌زمانا
شۆڕشی روخساری تۆی گوڵ
به‌رپا ده‌كه‌م
ده‌مه‌ ده‌می ئه‌م ئێواره‌….
من هه‌ر دێم و …..
چی ره‌نگ هه‌یه‌ له‌ چاوه‌كانتا ده‌ینیژم
به‌ مه‌یلی ئه‌وینی دڵم
كلی زێوینی سێبه‌ر و ماسكه‌رای ره‌شی لی ده‌ده‌م
كه‌ف و كوڵی
غه‌ریزه‌ی سه‌راپا جه‌سته‌ت
ده‌خه‌مه‌ نێو چاوه‌كانت
مۆنالیزا داچه‌مێت و
مه‌ستی و مه‌یلی شێتانه‌مت تێ به‌ر ده‌ده‌م
هه‌ر ئێواره‌ …..
زۆر به‌ زوویی دێمه‌وه‌ لات
نیگای كوڵمت بۆ ده‌كێشم
به‌ سه‌ر ڕووما چۆڕاوگه‌ی شه‌ونمی لێ بێ
ئاوێنه‌ی ڕه‌نگی چاوت بێ
ناسك ناسك
ده‌ركه‌ویت و ناخی پڕ جۆشی هه‌وه‌سم مه‌ست بكه‌ی و
خوا په‌رستیم بیر به‌یته‌وه‌
ته‌نها هزرم
سه‌رقاڵ و گیرۆده‌ی باڵا و لای ناوت بێ
ئا له‌ كاتی زه‌رده‌په‌ڕا ……
ئه‌م ئێواره‌ …..
دێم و دێم و ده‌ست به‌ر ناده‌م …
تا لێوی تۆ به‌ لێوی پڕ حه‌زم سه‌وز نه‌كه‌م
تا ئاوی هه‌ناری لێوت به‌ سه‌ر لێوما نه‌چۆڕێنم
پڕ ئه‌وین و سۆزت نه‌كه‌م
ئه‌م ئێواره‌ ….
خۆرئاوابوون و تاریكی
دیقه‌ت بده‌
په‌ڕه‌ی فڵچه‌ی نیگاره‌كه‌م
وه‌ك چاو و ده‌ستم لاسارن
به‌ر له‌ وێنای جوتێ مه‌مكی سه‌ر سینه‌كه‌ت
تا دوو به‌هێ جوان ده‌ركه‌ون
سوخمه‌ی به‌رت
ئه‌ته‌ك و ستیان داده‌دڕن
ئیدی به‌سه‌
حه‌شاردانیان بسڕه‌وه‌
بۆ نازانی نیگاكانم تینووی پڕ له‌رز و ترسمن
ته‌ماشاكه‌ فڵچه‌ی نێوان په‌نجه‌كانم
به‌ كام سه‌بای نیوه‌ شه‌وا
وێنه‌ی ده‌ستم و مه‌مكه‌كانت پڕ ڕه‌نگ ده‌كه‌ن
به‌ سه‌ریانا دێن و ده‌چن
ئه‌وه‌ ده‌سته‌مۆكه‌ی خۆتن
دوو سه‌گی عه‌جول و دڕن

لیمبۆرگ
28 / 11 / 2017

سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا




دوو شیعر …. ستار ئەحمەد

دیوار

له‌ده‌رگای ئه‌وماڵه‌ مه‌ڕوانه‌
ژووره‌كانی قه‌تیسن له‌ژانا
په‌نجه‌ره‌یه‌ك بكرێته‌وه‌
رۆحێك ده‌خرێته‌ چاڵه‌وه‌
هاوارێك كپ ده‌كرێ‌
داستانێك بۆ خنكان له‌دایك ده‌بێ‌
ئه‌م ماڵه‌ سه‌رابی خۆزگه‌یه‌
شه‌قامێ‌ راده‌كێشێ‌
جمه‌یدێ‌ له‌ بازوو
سه‌رچۆپی كووچه‌ی مه‌رگ ده‌گرێ‌
ده‌بێته‌ كچی شار
تینوو بۆ چرای شه‌وانه‌
ماندوو به‌مێژووی چه‌واشه‌
تامه‌زرۆ به‌خه‌نده‌و پێكه‌نین
له‌ده‌رگای ئه‌و ماڵه‌ مه‌ڕوانه‌
دیواره‌كان له‌هزرتا بسڕه‌وه‌
رێكه‌وه‌ بۆشوێنێك
له‌جیاتی دیوار
سایه‌ت ئه‌رخه‌وانه‌
گوڵ چرای شه‌قام و شه‌وانه‌
دڵ زاری گوزه‌رو خه‌نده‌یه‌
خاكێ‌ هه‌ڵبژێره‌
گوڵدانی ئاوو
روانگه‌ی نه‌مام بێ‌
له‌ده‌رگای ئه‌و ماڵه‌ مه‌ڕوانه‌
نه‌وه‌كوو گۆڕی لوتكه‌و
مێژووی ته‌رم و
خه‌رمانی زام بێ‌
ئێمه‌ گیانێكین له‌لم و
سه‌حرایه‌ك بۆ ونبوون
مه‌گه‌ر كۆچبارو سنگی چیا
بارخانه‌ی سه‌فه‌رمان هه‌ڵگرێ‌
ده‌روازه‌یه‌ك دابخه‌
ده‌بێته‌ ته‌لبه‌ندی كه‌ناری و
نامه‌ی ئه‌وینی تێدا ده‌سووتێ‌
تۆ كچی تریفه‌و
عاشقی گزنگی
له‌ده‌لاقه‌ی زامه‌كان مه‌ڕوانه‌
له‌ره‌نگا بزرده‌بی
له‌تابلۆی به‌فرا ده‌بیته‌ نیشتمان

نیشتمان …

ده‌مێكه‌ له‌ نسێیه‌ك وردده‌بمه‌وه‌
كه‌چی چیایه‌ك نه‌بووه‌ سایه‌م
دیوارێك له‌ ئۆغرم درزی نه‌برد
ده‌روازه‌یه‌ك له‌ دووم پێنه‌كه‌نی
له‌وه‌ته‌ی خۆم ناسیوه‌
فرمێسك ده‌خه‌مه‌ گه‌رووی گوڵه‌وه‌
دارێك باوێشكی بۆنه‌داوم
لانه‌یه‌ك نیگای تێنه‌بڕیوم
باڵدارێك فێری فڕینی نه‌كردووم
هێنده‌ چرۆم له‌ناخما چاند
بولبولێك نه‌هاته‌ سه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م
دڵێك ترپه‌ی هه‌ناوی نه‌ژماردم
هه‌ناسه‌یه‌ك ڕوومه‌تی فێنك نه‌كردمه‌وه‌
ده‌مێكه‌ له‌ سۆراخی چیایه‌كا ونم
نه‌ نیشتیمانێك به‌خۆی ناساندم
نه‌خۆم توانیم له‌قه‌ره‌ی ده‌ربه‌ندێكا بسره‌وم
نییشتمان كام له‌تی دڵمت نیشانده‌م..؟
بزانه‌ نه‌خشه‌ی چه‌ندین شیعر،
پاسه‌پۆرتی كام ناونیشان
له‌ قه‌سیده‌یه‌كا شاباش ده‌كه‌یت..؟
بزانه‌ ده‌مخه‌یته‌ كام لیستی سه‌حراوه‌
له‌ كوێی بارێكا ڕووتم ده‌كه‌یته‌وه‌..؟
زه‌مانێكه‌ له‌ خۆم ده‌گه‌ڕێم
ناهێڵی بچمه‌وه‌ نێو مه‌زرای بوونی خۆم.
ناهێڵی پێ بگرم
چه‌ند مناڵێكی كاڵفام و
گه‌ڕیده‌یه‌كی بێ ئه‌نجام و
موریدێكی خاناقای تۆم.
نیشتمان
ئه‌ی نیشتمان.




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد -4 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی جوارەم

ئۆغلۆ باس لە لێكترازانی باری جیوسیاسی و ئابووری و رۆشنبیری دەكات و لێكترازانی جیوسیاسی، بۆ دابەشبوونە جیوسیاسییەكە و درێژبوونەوەی ئەو هێڵە دەگەڕێنێتەوە كە لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوەزەكاندا هەیە، بەڵام لێكترازانی بارە رۆشنبیرییەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی زەمینەی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەروەها تێكچوونی ئابورییەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ مەسەلەی دابەشكردنی داهاتە ئابوورییەكان بە شێوەیەكی نایەكسان لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا.
پێشی وایە شوێنەواری لێكترازانی ئەم سێ‌ بوارەی لە سەرەوە باسمانكرد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا دەركەوتوون، بۆیە ئەو سنوورە سیاسییەی لە سەردەمی ئیستعماریەتدا كێشراوە، لە چوارچێوەی كرداری چەكداریدا، بۆ دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی و بوونی ئەو دژیەكانەی كە هەیە لە نێوان تێكچوونی جیو سیاسی و جیو رۆشنبیری، وایكردوە ناوچەكە ببێتە یەكێ‌ لەو ناوچانەی پتر لە هەر ناوچەیەكی تر ئامادەگی تێدابێت بۆ شڵەژانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.

لەم گۆشە نیگایەوە ئۆغلۆ داوادەكات، توركیا وەك وڵاتێك، كە قوڵاییەكی مێژوویی و جوگرافی هەیە، پەرە بە چالاكی سیاسی خۆی بدات لەمەڕ ناوچەكە و بتوانێ‌ سەرپەرشتی ئەو قەیرانانە بكات كە لە ئەنجامی دابەشكراییەكانی جیو سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەوە دروست دەبن و بتوانێت بە ئارامییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات.
بەپێچەوانەوە، ئۆغلۆ پێی وایە هەر جۆرە هەڵسەنگاندنێكی ناجۆر بۆ ئەم دابەشكارییە، توركیا رووبەڕوی مەترسی كاریگەری پیوەندیدار بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی دەكاتەوە، سەرەڕای لە دەستدانی كاریگەرییە ئیقلیمییەكەی، بۆیە دەڵێ‌: ناكرێ‌ توركیا لە بەرامبەر ئەو لێكترازانانەدا دەستەوەستان و بێلایەن بوستێت.

ئەمەش بەو مانایەی كە توركیا خاوەنداریەتی مێژوویی ناوچەكە بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە و خۆی بە میراتگر دەزانێ‌.
ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە درێژەی باسەكەیدا پێی وایە لەبەر ئەوەی، توركیا خاوەنی مێژوویی دواین قەوارە و كۆكەرەوەی جیو سیاسی و رۆشنبیری و ئابووریە لە ناوچەی خۆرهەلاتی ناوەڕاست، لەسەریەتی پشت بە ستراتیژیەتی لێك نزیكخستنەوە ببەستێت و بتوانێ‌ لێكترازانی جیوسیاسی و رۆشنبیری و ئابووری تێپەڕێنێ‌، وەك خۆی بە تەواوی لە ناوچەكە تێبگات، هەروەها لەسەریەتی ئەو لێك نزیكخستنەوەیە بە شێوەیەكی تەكتیكی و نەرم و هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ‌ بكات.

بە بۆچوونی ئۆغلۆ ئەمجۆرە لێك نزیكخستنەوەیە تەنیا نابێتە هۆی پتركردنی كاریگەری توركیا لە ناوچەكە، بەڵكو وادەكات رۆڵی توركیا بەهەند وەربگیرێ‌ و نەتوانرێت لە هاوسەنگییە جیهانی و ئیقلیمییەكەدا پەراوێز بخرێت. ئەمە لە كاتێكدا رۆژانێك توركیا ئیمپراتۆری ناوچەكە بووە، ئۆغلۆ دەڵێ‌: توركیا خاوەنی مێژوویەكە لە ناوچەكە، كە بە هۆی ململانێی نەتەوەیی و دەستتێوەردانی وڵاتانی زلهێز دەوڵەتە زەبەلاحەكەی لە دەستدا، كە لە چارەكە یەكەمی سەدەی بیستەمدا چەقی «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست» و ناوچەی «بەلقان» بوو.

ئۆغلۆ ئاماژە بۆ گرنگی و بایەخی ناوچەی بەلقان دەكات، كە پێی وایە بەهۆی تێنەگەیشتنەوە، توركیا تووشی ئەو بەزینە بوو، دەڵێ‌: توركیا ناچار بەپاشەكشەكرا بەرەو ئەنازۆل، ئەمەش دوای ئەوەی بەلقانی لەدەستدا، لەئەنجامی سەركێشی دەستەبژێرێكی سیاسی، كە لەتوانایاندا نەبوو هەڵسەنگاندنێكی راستی ژێرخانی جیورۆشنبیرییەكەی بەلقان بكەن، دواتریش خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لەدەستدا، كە بڕبڕەی پشتی توركیا بوو، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی «توركی-عەرەبی» كە ئینگلیز دروستی كردبوو.

ئەو قسەیەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ ئاماژەیە بۆئەوەی كە توركیا دەبێت سوود لەئەزموونی رابردووی وەربگرێت‌و كار بۆئێستاو ئایندەی بكات، كە خۆی لەقایمكردنیدا دەبینێتەوە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەومانایەی كە دەبێت توركیا وەك وڵاتێكی حیساب بۆكراو تەماشا بكرێ‌ و لەدەروەی توركیا هیچ پرۆسەیەكی سیاسی، یان نەخشەیەكی نوێ‌ بەڕێوەنەچێت، ئەگەر ئەم قسەیەی ئۆغلۆ كە باس لەپاشەكشەپێكردنی توركیا لەناوچەی بەلقان دەكات وەك ناوچەیەكی ستراتیژی، لەكاتی خۆیدا، ئەوە مانای ئەوە دەگەێنی، كە توركیا لەئێستادا خاوەنی تێگەیشتنێكی روونە، كە بەدووری نازانێ‌، كێشەی كورد بۆ ئەو لەم قۆناغەدا ببێتە هۆی سەرەتایەكی دیكەی پاشەكشەپێكردنی توركیا لەناوچەكەداو سەرهەڵدانی لێكترازانی نوێ‌.




پرسیارکردن لە تاریکى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

” لە هیچ دنیایەک رەوانە نەکراوم”….

رامبۆ: وەک دەزانین خۆشەویستى دەبێ لە نوێوە دابهێنرێتەوە. قەسیدەى بەشێک لە دۆزەخ
خوێنەرى خۆشەویست ئەو دەقەى بەردەستتان یادەوەرى نییە، چونکە گێڕانەوەى ژیانى کەسى نییە، وەک چەمکى یادەوەرى داواى دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەى لەسەر راستبێژى وەستا بێت، بەڵکو زمانێکى دیکەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەى کە کارى چارەسەرکردنى یەکیەتى زمان بکات، بەڵکو بەو مانایەى کە زمان دەیەوێت.

نیگاى هونەر

یەکێک گوتبووى ئەوەى زۆربەى وەرزەکان پانتۆڵێکى کاوبۆى شین و کراسێکى سپى و کڵاشێکى سپى لە پێ دەکا، هەمیشە کتێبێکى بە دەستەوەیە و خەیاڵى لێرە نییە، ئەوە موتەڵیبە؟! دەزانم سەرم لە نێو کتێبان دەجولێتەوە، بەڵام وەک (ئەرستۆ)ى گەورە خوێنەرى دنیا نا، خەیاڵم بەدواى گرتنى گەردەلوولەوەیە، بەڵام (ریلکە) نیم! ئەوە فیگۆرى ژیانى رووتى منە بە کەمەکێک دەستکارییەوە، مرۆڤێک کە نەیتوانى خۆى بکوژێ، نەیتوانى وڵات جێبهێڵێت، مرۆڤێک لە ناخەوە دژى دامەزراوى سیاسى و پیرۆزى ئیمانى داخراو و لەگەڵ شتە پەراوێز و بچوکەکاندا دێتەوە… هەموو ئەوانە بە تێپەڕینى رۆژگار بە هەندێ دەستکارییەوە بوون بە شیعر، شیعر پرسیار لە تاریکى دەکات، لە ماڵى باران لەگەڵ با دەخەوێ… ئەوە منم دەنگەکان بە بڕێک لە دەستکارییەوە هاوسەنگ دەکەم، ئەوە منم زەمەنێکە لە تەماشاکردنى ئاو دێمەوە و کتێبى دەریا لە (سان جۆن پێرس) دەخوازم.
لەسەرەتاى حەفتاکان ماڵمان لە هەولێر گەڕەکى (کوران) سەرەتاى جادەى ئەلبان لە قەسران جێگیربوو، چوار ماڵى بە تەنیشت یەک و بە یەک شێوە دیزاین کراو، خانووى کرێکارانى کارگەى ئەلبان…

دیسان ئەوە سەرەتا نییە، بەڵکو سەرەتایى شۆڕشى ئەیلول بوو، بەهۆى بۆمببارانى تەییارە سیخۆییەکانى رژێمى بەعسى ئەوساى عیراق بۆ سەر پێشمەرگە و دێیە سنورییەکانى حاجى ئۆمەران و ئازادى و خەللان… دایکم و منى تازە لە دایکبوو لەگەڵ خەڵک و خواى ئەو ناوچەیە دوور لە باوکم کە ساڵى 1962 پێشمەرگە بوو، دەربەدەرى وڵاتى ئێران دەبین. من لە ئێران بە (محەمەد) ناونوس کراوم، دیسان ئەوە یەکەم و دوا تامچێشتنى غەریبى نییە، بەڵام دایکم خووى بە گێڕِانەوەى ئەو بەسەرهاتە و ئەو ناونوسکردنە گرتبوو. بەر لە شۆڕش ماڵە باوانى دایکم کەوتبوونە گوندى خەللانى شێخ عەللائەدین… دەزانم تامى غەریبى و تامى کەبابى هەولێر بە ئاسانى هەستى چێژ وەرگرتنى مرۆڤ بەرنادات، بەڵام هەر یەکە و وەک خۆى! من و دایکم دواى ئەوەى لە ئاوارەیى گەڕاینەوە، دواى ئەوەى باوکم چەکى دانا و لە هۆتێلى (شیرین) -کە دەکەوێتە سەر قاوەخانەى (مەچکۆ)ى ئێستا- دەست بە کار دەبێت، ئیتر لە هەولێر لە گەرەکى (تەعجیل) نیشتەجێ دەبین… لە گەڕەکى تەعجیل بۆ تەیراوە بۆ جمهورى و بۆ حەسارى عیزەدین ئاغا و بۆ خانووییەکى یەک ژوورى کە سەر بە ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) بوو، لە تەنیشت حەسارى عیزەدین ئاغا و بەرانبەر ئاشى ئەحمەد جەڵەبى و دواتریش بۆ گەرەکى کوران… ئێمە لە سەرەتاى شەستەکان لە هەولێر نیشتەجێ بووین. داڕشتنى ئەو هەواڵەم لە باوکمەوە بۆ ماوەتەوە.

هێشتا سۆفییەکان گەڕەکى زانیارى و هەولێرییان جێنەهێشتبوو، من لە پۆلى یەکەمى سەرەتایى وەرگیرام، بەر لەوەى ساڵ بە نیوە بێ، لەبەر دەرزلێدان بێ ئەوەى کەس هەستم پێبکات خۆم و خەیاڵى منداڵانەى سەرم بە تەنیا لە پۆل هاتینە دەرەوە، خۆم و ئەو جانتایەى دایکم بۆى دروست کردبووم بەرەو ماڵ بووینەوە، دایکم لێى پرسیم کە بۆ وا زوو گەڕامەوە؟ حیکایەتێکى دوور و درێژم لە مێشکمدا ئامادە کردبوو، کەچى بە یەک رستە گوتم: لەبەر دەرزى لێدان.
دواى ئەنفال تازە بە بریارى لێبوردنى دوو سایدى (367) و (737) 8/9/1988 پەیوەست بە لێخۆشبوون لە پێشمەرگە و سەربازانى هەڵاتوو و پاشکەوتوو… وەک پاشکەوتووى سەربازى دواى دڵ لە دڵدان و ململانێى دەروونى و نیگەرانییەکى زۆر لەگەڵ (سەردار سنجاوى) خۆمان رادەستکردەوە، کە رەوانەى سەربازگاى کەرکوک کرام، لەوێ لە نێو ئەو هەموو سەربازانەى کە نۆرەیان بۆ خوێنبەخشینى شەڕى عیراق و ئیران گرتبوو، رامکرد، کەس پرسیارى ئەو خۆدزینەوەیەى لێنەکردم، زۆرانى وەکو من لەوانەش (رێدار ئەنوەر) و (دلشاد خدر) و (حاکم شێرزاد)… خۆیان لەو خوێنبەخشینە دزیبۆوە و ئیتر لە دوورى خوێنبەخشەکان بەرە بەرە تێکەڵى قسان بووین و خوێنبەخشینمان لە بیر چۆوە و کەوتینە نێو باسى ئەدەب و هونەرەوە.

ئەدەب و هونەر وەک یادەوەرى سەرەتا و کۆتایى نییە، فینۆس خواوەندى هونەر و جوانى و ئەپۆلۆ خواوەندى شیعر دەکەوێتە ناخى مرۆڤایەتییەوە، ناخى تەمومژاوى، رۆناک و تاریکیى سەدەکان و ئومێد و نائومێدى و سەرکەوتن و دۆڕانە لە بننەهاتووەکان…
لە باسى وێنەکێشان و گوناهەکانى وێنەکێشان هەمیشە لە ماڵەوە داپیرەم- دایکى باوکم- کە خەڵکى مهابادى رۆژهەڵات بوو، دەیگوت رۆڵە لە رۆژى دوایى دەبێ رۆح بە بەر ئەو وێنانە بهێنى، بڕوایەکى رەهاى بەو قسەیە هەبوو، خودا لەسەر ئەو روخسارە دەستکردانە سزاى خۆى دەبێت! ئەو بیرکردنەوە و دنیابینییە لەوێوە هاتووە کە تەنها خودا خالقە و هەموو کارەکان تەنها ئەو دەتوانێ خاوەنییان بێت!! بیر لەوە بکەرەوە رەنگە خودا دەست و پەنجەى رەنگینى (ئەزمیل فیدیاس) پەیکەرتاشى گریکى، یان (جەواد سلیم) و (شاکر ئالسەعید) و (محمەد عارف) و… خۆش بێت، بەڵام منى دەست و پێ سپى چۆن دەبەخشێ؟! منى منداڵ بێ پەروا کاغەزى سپیم بە رەنگ و نیگارەکانم پڕ دەکردەوە و لە برى یارى منداڵانە لە قوڕى دەستکرد و خودا کرد پەیکەرم دەنەخشاند، ساڵى 1974 لە پۆلى چوارەمى سەرەتایى پێش ئەوەى ناوى قوتابخانەکەمان لە بابەتاهیرى هەمەدانییەوە ببێتە بابەتاهیرى سەرەتایى کوڕان، بەهرەى وێنەکێشانم لە پێشانگاى قوتابخانەکان لە قوتابخانەى (ئیبن مستەوفى) نیشاندا! مامۆستا (ێدیق رەواندوزى) یەکەم کەس بوو، کە ئەو بەهرەیەى لە مندا دۆزییەوە، ئەگەرچى ئەو مامۆستاى وێنەکێشان نەبوو، بەڵام بەو باڵا درێژ و بەو سیسەیەوە مەیلێکى زۆرى بۆ ئەو هونەرە هەبوو، لە رێگاى وێنەوە وانەکانى دەخستە مێشکى قوتابیانییەوە. ماڵى مامۆستا ێدیق رەواندوزى دەکەوتە گەڕەکى زانیارى و ئەوبەرى قوتابخانەکەمان و ئەوبەرى شەست مەترى، کەچى ماڵى مامۆستا (قەرەنى ئەسوەد) راستەوخۆ لە پشت قوتابخانەکەمانەوە بوو، مامۆستا ێدیق رەواندوزى کوڕێکى بە ناوى دلێر هەبوو ساڵێک لە پێش ئێمەوە بوو… من هەر لە پۆلى سێیەمى سەرەتاییەوە هەفتانە ئەو وێنانەى دەمکێشان لە رێگاى مامۆستا ێدیقەوە بە تابلۆى ئاگادارییەوە هەڵدەواسران و وێراى ئەو وێنانەى من دەمکێشان وێنەکانى (دلێر ێدیق) و (فەیسەڵ عوسمان)… هەڵدەواسران.

ئەوەى فێرى ئەلف و بێى کوردى کردم هەر خەتخۆشى مامۆستا جەبار یاسین نەبوو، بەڵکو سەلیقەى بەدواداچوون و دڵسۆزى ئەو بوو بۆ جواننوسى و رازاندنەوەى پیتەکان، هەر پیتەى بە رەنگێ دەنەخشاند، پیتەکان بە منداڵان پێدەکەنین، سنورى نێوان خەیاڵى منداڵانەى ئێمە و چیرۆکى پیتەکانى مامۆستا جەبار یاسین رۆژ بە رۆژ لە گەشە دابوو، هەموو پیتێکى بە ژیان دەچوواند، هەر کە ئەو شتە زیندووانەمان لە دەرەوەى قوتابخانە دەبینى پیتەکانمان بیر دەهاتەوە، بیرى منداڵى ئێمە لە نێوان پیتەکانى مامۆستا جەبار و پیتەکانى ژیان دەدرەوشایەوە، لە نێوان پیتە سپییەکانى مامۆستا جەبار و کۆترە سپییەکانى (ئەحمەد)ى هاوڕێم لە شەقەى باڵمان دەدا، هەرگیز (ی)اى مراوى و (ن)وونى مەنجەڵى چێشتم بیر ناچێتەوە، هەرگیز ماڵە قوڕینەکەى ئەحمەدى هاوڕێ و کۆترە خەمگینەکانیم لە بیر ناچنەوە، مامۆستا جەبار تەمەنێکى بەسەر برد، ئەحمەدى هاوڕێم هەر تەنها ساڵێک لە پۆلى یەکەم و لە هاوینى ساڵى دووەم بە نەخۆشى کۆچى دوایى کرد، ئەو کۆترە سپییەم هەرگیز بیر ناچێتەوە، وەک چۆن هەتا ئێستاش خشتەى لێکدانم بیر نەچۆتەوە، ئەو وانەیە مامۆستایەکى خنجیلانە و وریا و چاپووک پێیدەگوتین ناوى مامۆستا (عەبدولقادر) بوو، ماڵى مامۆستا عەبدولقادر هەر بە رێزى قوتابخانەکەمان و لە تەنیشت ماڵى مامۆستا جەبار بوو، مامۆستا عەبدولقادر ئەوەندە سوور بوو لەسەر دەرخکردنى خشتەى لێکدان، بڕوا ناکەم منداڵێک هەبێ و لاى ئەو مامۆستایە خوێندبێتى خشتەى لێکدانى بیر چووبێتەوە، مامۆستا عەبدولقادر بە خۆى و دارە قووتیلەکەى ئەوەندە بە پەلە جارانى لێدەپرسینەوە نەماندەزانى چۆن لە نێوان پرسیارێک و پرسیارێکى دیکە دەمى دەگاتەوە یەک، وەک چۆن بە پەلە دەیپرسى بە پەلەش دارەکەى دەستى لێدەوەشاندین، گرنگ نەبوو بەر کوێمان دەکەوێت! ئەو لێدانە ئەگەرچى بۆ ئێمە بە تایبەتى زستانان بە ئازار بوو، بەڵام دەرچوونیش لەو دارانە چێژێکى زۆرى پێدەبەخشین.

لە سنور بەدەر چێژم لە وانەى هونەرى وێنەکێشان دەبینى، ئەگەر کۆترە سەرکێشەکانى مامۆستا قەرەنى لە حەوشەى قوتابخانە هەڵبنیشتبان و وانەى نیگارمان هەبایە، ئەوە مامۆستاى وانە بیرى بۆ وێنەکێشانى کۆتر دەچوو، یان وێنەى ئەو پشیلانەى خۆیان لە کۆترەکان دادەنوساند، زۆرجاریش وێنەى ئەو دار و گوڵ و مەرکانانەمان دەکێشا، کە لە حەوشەکە دەکەوتە بەر سێبەرى چاومان. بەڵام نە وێنەى کۆترەکانى ئێمەى منداڵ لە کۆترى (زاجل)ى نێو حیکایەتى جوگرافیا و مێژووى مامۆستا قەرەنى دەچوو، نە پشیلەکانمان لە پشیلەى (شیرازى) دەکرد… وێنەکێشان لە ماڵ و لە قوتابخانە بەشێکى زۆرى خەیاڵ و ژیانى من بوو، مامۆستاى وانەى نیگارکێشانمان (نەشئەت سەفار) پیاوێکى هێمن و بێدەنگ بوو… زۆر لە مامۆستایانى دیکەش بایەخیان بە وێنەکێشان و چالاکى قوتابخانەکان دەدا، لەوانەش مامۆستاى ئینگلیزى (عەزیز بەرخول) زۆرجار منى بۆ ژوورى مامۆستایان بانگ دەکرد تا وێنە بە رەنگى زەیتى بکێشم، مامۆستا عەزیز هەموو جارێک کە لە وانەى ئینگلیزى لە (جەبارى کوڕى مەلا هەمزە) تووڕبایە پێى دەگوت خەڵک گووى لە نێو مانگ کرد، تۆ تازە دەڵێى ئەى مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین… جەبار دەیگوت من شاعیرم… بەدران حەبیب میران و جەبار هەمزە و محێدین… بێ ئەوەى شەرم بکەن، لە کاتى ریزبوونى قوتابیانى قوتابخانە دەچوونە ناوەڕاستى گۆڕەپان و دواى هەڵکردنى ئاڵاى نیشتمانى رۆژى پێنجشەممان لەبەر دەمى مامۆستا و بەڕێوەبەر وەک (تاهیر تۆفیق) دەستیان بادەدا و شیعرى دارى ئازادى بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ و ئەى وەتەن مەفتوونى تۆم و … دەخوێندەوە. مامۆستا عەزیز بەرخول پیاوێکى تێکسمڕاوى سوور و سپى بوو، یەکێک بوو لە نەیارانى رژێمى ئەوساى بەعس و کاتێک کودەتایەکەى (محەمەد عایش) ئاشکرا بوو، ئەو وڵاتى جێهێشت و بۆ ئەمریکا هەڵات.

ئادارى 1974 ساڵى بەرخودان و هەڵچوون و هەڵایسانى تووڕەیى و خەباتى کوردایەتى بوو، ساڵى بوێریى و چاونەترسى و جەسوورى، ساڵى یاخیبوون و بەرەو چیابوونەوە و کۆڵنەدان… من لە پۆلى چوارەمى سەرەتایى بووم، کە شۆڕش گڕى گرت، لە زۆربەى ماڵان بڕینى زیندانى حەرەس قەومى و چوونە چیاى پۆلیسان و یاخیبوونى گەنجان… چرپە و باسى زۆرى بەدواى خۆیدا دەهێنا. لەو مامۆستایانەى کە شۆڕشیان بە گەرمى وەرگرتبوو مامۆستا قەرەنى و مامۆستا (ئەحمەد) و مامۆستا (زرار)ى کوردى بوون… بزر بوون و هەندێ لە قوتابیان دەیانگوت چووینە سەرێ، بەڵام ماوەیەک ونبوون و گەڕانەوە… ئەوسا بەڕێوەبەرى قوتابخانەمان (ناێح داود ئەیوب)، هەتا بڵێى لەسەرەخۆ و هێمن بوو، مامۆستا عەبدولقادرى بیرکارى جێگرى بوو. فەراشى قوتابخانەکەمان ناوى (عەباس ئەبو شوارب) بوو، بەخۆیى بە قەڵافەتى تووند تۆڵ و بە پایسکیلە حەدبا شینەکەى یەکەم کەس بوو دەرگاى قوتابخانە بکاتەوە و دوا کەسیش بوو لە داخستنى. مام عەباس پیاوێکى قسە خۆش و لەبەر دڵان بوو. بەشێکى زۆرمان کە زوو بۆ قوتابخانە دەهاتین لە خۆشەویستیمان بۆ وانەکان نەبوو، بەڵکو دەمانویست لەگەڵ یارمەتیدانى مام عەباس گوێمان لە قسە خۆشەکانیشى بێت. مام عەباس بە (خەلیل یابە) و جەبارى مەلا هەمزەى دەگوت بۆ ئەوەى پرچتان وەک قژى (کامەران حەمە ساڵح) و (ئارام ئیسحاق)… نەرم بێ و بتوانن بە ئاسانى دایبهێنن، پێویستە شەوانە دۆشاوى لێبدەن و بەیانى کە هەڵسان بە ئاو بیشۆن و ئینجا تەماشاکەن لە قژى عەبدولحەلیم حافز جوانتر دادێت… ئەوسا زەمەن زەمەنى فەرید ئەترەش و عەبدولحەلیم حافز و ئوم کلسوم و فاتن حەمامە و سەمیرە تۆفیق بوو، زەمەنى محەمەد گۆران و نەسرین شێروانى و عائشە شان و محەمەد عارف و عیسا بەروارى و تاهیر تۆفیق… بوو، زەمەنى عەدنان قەیسى و جۆنلیز و شێرۆ خەلیل و نەجات تۆڕیى… زەمەنى فیلمى هیندى و میسرى و کاوبۆیى… زەمەن زەمەنى فرسان و پێشمەرگە و مەلا مستەفاى بارزانى بوو.

هەمیشە شتێک هەبوو دڵانى خۆش دەکرد و هەندێ لە باوک و دایکانى تا رادەیەکى زۆر شاد دەکرد ئەویش دەنگى کوردستانى عیراق و تۆپە تەییارە شکێنەکانى شۆڕش و پێشمەرگە و چیرۆکەکانى ئێزگەى تاران و دەنگى زوڵاڵى کاوێس ئاغا… بەڵام ئەوەى کە زۆرێک لە دڵانى پەست دەکرد، گیران و راوەدوونانى کورد و فرمێسکى دایکان و هەناسە حەسرەتیەکانى داریوش بوو، پێشمەرگە و داریوش ئەگەر بە ریشیش نەگەیشتبانەوە یەک، ئەوە بە خەم و حەسرەتەکانیان بە یەک دەچوون، حەسرەت روخسارى زۆربەى منداڵانیشى لێڵ کردبوو.
شۆڕش ماڵى زۆرانى کاول کرد، زۆرانى دووچارى گرتن و چەرمەسەرى و ئازار و راوەدوونان کرد، زۆرێک لە منداڵانى بێ باوک و خوشکانى بێ برا کرد، شۆڕش قوربانى زۆرى لەدواى خۆى جێهێشت، بڕوا ناکەم هیچ ماڵە کوردێک هەبێ و قوربانى پێشکەش شۆڕش نەکردبێ، شۆڕش زۆر رەمزى دروست کرد، زۆر رەمزى تێکشکاند، زۆر بێ تاوانى کردە تاوانبار، زۆر تاوانبارى کردە شۆڕشگێر، چیرۆکى زۆرى هێنا ئاراوە، خەیاڵى زۆرى هەڵفڕاند… شۆڕش هەرەسى هێنا!

شۆڕش هەر تەنها بە شوێن گۆڕینى دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکو پرۆژەى جۆراوجۆرى مرۆیى لە خۆدا هەڵگرتووە، شۆڕش لەسەر پاشکۆیەتى رۆنانرێ، بەڵکو دەبێت لە دۆخێکى شۆڕشگێڕانەدا بژى، شۆڕش و هەڵچوون لێرەدا لێکجیا دەبنەوە، بەڵام هەتا ئێستاش کەس بیرى لەو هەموو شکستە مێژووییانە نەکردۆتەوە، کەس نەهات شۆڕش و پاشکۆیەتى بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، کەس نەهات راپەرین و هەڵچوون لێکجیا بکاتەوە، هیچ شۆڕشێک لە دنیادا نابینى هێزى کۆنەپەرست و هێزى بێگانە رابەرایەتى بکات و سەرکەوتن بۆ گەل بە دەست بهێنێت… شۆڕش هەرەسى هێنا!

بەشێک لە ناسنامەى ئەدەبیم




پوتین، بۆ ترامپ “پشت لە کورد بکە”! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

میدیا جیهانییەکان، پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن کە گوایە لە سەر داوای “پوتین”، سەڕۆکی ئەمریکا “ترامپ” بڕیاری کۆتایی هێنانی دا بە بەرنامەی دەزگای (سی. ئای.ئەی) ئەمریکیی، کە تایبەت بوو بە مەشق پێکردن و ڕاهێنانی سەربازیی و پڕچەک کردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە یەکێک لەوان “یەپەگە”بوو.

بەرنامەی دەزگای (سی. ئای.ئەی) ئەمریکیی بە ڕەزامەندبوونی ئیدارەی “ئۆباما” بوو لە ساڵی ٢٠١٣دا، کە ئەو کات شەڕی دژ بە داعش و جەنگی سوریا لە ئەوپەڕی گەرمییدا بوو وە ئەمریکا ئەو کات پێداگری دەکرد لە لابردنی “ئەسەد”، وەکو داشێکی “روسیا” و کەساییەتیەکی بەهێز کە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی “روسیا”ی دەکرد لە ناوچەکە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

هەنوکە، “ترامپ” بۆ نزیک بوونەوە لە “پوتین”، بە پێچەوانەی “ئیدارەی ئۆباما”، دژاییەتی هاورێی و خوازی “روسیا” ناکات لە “سوریا”، کە ئەویش مانەوەی “ئەسەد”ە لە دەسەڵات. ئەمە لە کاتیکدایە کە تەنها سێ مانگ پێش ئێستا “ئەمریکا” بڵاویکردەوە کە “ئەسەد” چەکی قەدەغەکراوی کیمیاویی بەکارهێناوە دژ بە خەڵکی سیڤیل لە “سوریا”، بەوهۆیەوە ئەو کات ئەمریکا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا دژ بە بنکەی ئاسمانی “ئەسەد” لە سوریا”. “نیککی هالی” سەفیری ئەمریکا ئەو کات ددانی بەوەدا نا و گوتی ” بە هیچ شێوەیەک هیوامان نییە کە ئاشتی و ئاسایش بەرقەرار بێت لە ناوچەکە بە مانەوەی “ئەسەد” و ئەو حکومەتەی کە ئێستا لە دەسەڵاتە”!

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان کە ئاماژەیان پێداوە، “ترامپ” ملکەچە بۆ مەرجی “پوتین” وە “ئەمریکا و روسیا”، ڕێککەوتن کە “ریفۆرم” بکرێت لە دەستوری “سوریا” لە ئاییندەیەکی نزیک دا. بۆ ئەو مەبەستە “پوتین” لە کۆبونەوەی لەگەڵ “حەسەن ڕوحانی و ئەردوغان” کە لە “سۆچی” ئەنجامدرا گوتی ” سورییەکان دەبێت چارەنووسی خۆیان و وڵاتەکەیان دیاری بکەن. بێ گومان پرۆسەی “ریفۆرم” ئاسان نابێت و پێویست دەکات هەموو لایەنەکان، لە هەندێک شت ببورن و هەوڵی سەرخستنی بدەن یەکێک لەوان حکومەتی “سوریا”یە.
“ترامپ”، کارتی کورد بەکاردەهێنێت و بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی فەرمیی لەگەڵ روسیا. بە گوێرەی میدیا جیهانییەکان بێت، هەر دوو لایەن گەیشتونەتە ڕێککەوتن. ملکەچ کردنی “ئەمریکا” بۆ خوازی “روسیا” خاڵێکی گرنگە بۆ ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. بەڵام هێشتا روون نییە کە ئایا “ترامب” بەرامبەر بەچی ئەو کارتەی بەکارهێناوە؟ هەروها فەرامۆش کردنی “کورد” لەو ڕێککەوتنانە دا تا چ ئاستێکە و ئایا دووبارە “ڕۆحانی و ئەردوغان” لە ئایینەدەدا ڕێگەیان بۆ تەخت دەکرێت کە وەک پیشەی هەمیشەیان دووبارە دەستبکەن بە “بەکۆمەڵ بە کوشتنداننی میللەتی کورد یان نا” !؟

لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە دا و چەقۆ وەشاندن لە پشتەوە،ئەگەری ئەوە هەیە کە بزوتنەوەی رزگاری “کورد”، بۆ ماوەیەک تووشی سەختی و بەرزیی و نزمیی بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە، هەرگیز ئەو ڕێککەوتنە لە ڕەگەوە چارەسەرێکی بنچینەیی نەدۆزیوەتەوە بۆ کێشەکانی ناوچەکە وە هەرگیز نابێتە هۆکاری سەقامگیر بوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا وە نابێتە هۆکاری ئەوەی کە “روسیا و ئەمریکا” بەبێ کێشە تەنها بە کڕینی سەڕۆکی وڵاتەکان لە توانیاندا هەبێت بەرژەوەندییەکانیان پیادە بکەن بە بێ گرفت و کێشەی جدی.
کۆتایی جەنگی “داعش”، ئەوە ناگەیەنێت کە دژەکان لە نێوان شەو ڕۆژێکدا بوون بە دۆستی یەکتر بە تایبەتی دوژمنایەتی “ئەمریکا و روسیا” کە ڕەگێکی مێژووی هەیە. یان کۆتایی هێنان بە گرفتی نێوان “تورکیا و ئیران”، کە سەدان ساڵە دوو هاوسێی نەگوجا و ناکۆکن ئەوەی ناوی متمانە بێت لە نیوانیانندا نییە! یان گرفتی نێوان “روسیا” و “تورکیا” کە وەک دوو هاوسێ لە میژوودا تەنیا خەریکی کێشە و گرفت و جەنگ بوون. یان ناحەزی نێوان “ئەمریکا و ئیران” و بە پێچەوانەوە، یان ناکۆکی نێوان “ئەمریکا” و “تورکیا” کە تا ئێستا “ئەمریکا” داڵدەی “گولەن”ی دوژمنی “ئەردوغان”ی داوە لە وڵاتەکەی وەک “گیسکەکەی هەیاس” بەکاری دەهێنێت. لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەم لایەنانە بە میلیۆنان گرفتیان لە نێواندا هەیە کە هەمووی بە هەڵواسراوەیی ماون.

بە کۆتایی جەنگی “سوریا”، بزوتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان کۆتاییان نەهاتوە، تا هەنوکە هەن لە ناوچەکە، بەڵام لە ژێر دەیان ئاڵا و ناوی تردا کار دەکەن وە بەکار دەهێنرێن لەلایەن زلهێزە ناوچەییەکان و دنیا وە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی دەکرێن بۆ بە زەبەلاح کردنیان دژ بە یەکتر. کێشەی مەزهەبی و ئایینی تا ئێستا لە ناوچەکە لە لوتکەدایە کە هەمیشە مەترسی تەقاندنەوەی لێ دەکرێت بۆ هەڵگیرساندننی شەڕی مەدەنی، سەڕەرای ئەوەش کێشەی سیستەمیی سیاسیی، یاسا و دەستوور لە ژێر فشاری هێزی سەربازیی و بە گوێرەی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران دەنوسرێنەوە.
ئەو ڕێککەوتنە نەیتوانیوە چارەسەرێکی بنچینەی دروست و تەندروست و ڕەوا بدۆزێتەوە بۆ گرفتی کەمە نەتەوەکان لە ناوچەکە، بۆ نمونە ( ٦) میلیۆن کورد لە “ئیران”. (٥) میلیۆن کورد لە عیراق. (٢٠) میلیۆن کورد لە تورکیا خاوەن شۆڕش و پارتی ئۆپۆزسیۆنن، کە گوێیان لێ نەگیراوە تا ئەو ساتە لە “جەنگ”ی پارتیزانین دژ بە “تورکیا و ئیران” بۆ ساندننی مافە ڕەواکانیان. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەو ڕێککەوتنە تەنها ڕێککەوتنێکی کاتییە، وە لە ئاییندەیەکی نزیک هەمان کێشە و گرفت لە ناوچەکە دا لە فۆرمێکی تردا خۆیان دەنوێنن.
بڵاوکردنەوەی وێنەی “ترامپ و پوتین و ڕۆحانی و ئەردوغان” بە زەردەخەنەوە، تەنیا کارێکی چەواشەکاری میدیاکاران و سیاسییەکانن بۆ ڕای گشتی جیهانی و دژایەتی یەکتر، ئەو وێنانە و ئەو زەردەخەنە ساختانە کە لە میدیاکان دا بڵاو دەکرێنەوە لە توانایاندا نییە ئەو ڕاستییانە بشارنەوە کە ئەم چوار لایەنە بە خوینی سەری یەکتر تینون!

ئەمڕۆ، ئەگەر “پوتین و ترامپ و ئەردوغان و ڕۆحانی” خوازی نەتەوەیی “کورد” ی بێدەسەڵاتی ، وڵات داگیرکراو فەرامۆش بکەن و بە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسیی، ئابووریی، سەربازییەکانی خۆیانیان بکەن وە پێیان وابێت بە ڕێگەی کڕینی “سەرانی کوردی خۆفڕۆش” خواست و ئارەزووە سیاسییەکانی ئەو میللەتە زیندەبەچاڵ دەکەن! ئەوا بێ گومان خەیاڵیان خاوە وە ئەو ڕێککەوتنە ئەوا ناگەیەنێت کە لە توانیاندا هەیە دەنگی زوڵالی نەتەوەیەکی “٤٠” میلیۆنی کپ بکەن بۆ خواست و مافەڕەواکانیان، ئەو دەنگەی بە درێژای مێژوو هەوڵی دەمکوت کردنی دراوە بە ئاگر و ئاسن لە لایەن دوژمنەکانی، ئەو دەنگەی لە قۆناغە جیاجیاکاندا سەرانی کوردیی بەکرێگیراو خیانەتییان لێکردوەو فڕۆشتویانە بۆ بەرژەوەندیی، سەڕەڕای هەموو ئەوانەش تا ئەمڕۆ ئەو دەنگە بە زوڵاڵی ماوە و هەر دەمێنێ

———————————-
سەرچاوە:

https://www.washingtonpost.com/world/national-security/trump-ends-covert-cia-program-to-arm-anti-assad-rebels-in-syria-a-move-sought-by-moscow/2017/07/19/b6821a62-6beb-11e7-96ab-5f38140b38cc_story.html?utm_term=.d0f6c2eff2ae
http://www.newsweek.com/us-ally-working-russia-iran-talks-assad-syria-721972
http://www.newsweek.com/us-cut-support-moderate-syria-rebels-improve-russia-ties-moscow-639762
http://www.newsweek.com/russia-not-us-calling-shots-middle-east-iran-iraq-646052




کوردانی تاراوگە دەبێت بەشداریی لە کەمپەینی کێشە لۆکاڵی و نەتەوەییەکانا بکەن … زاهیر باهیر –لەندەن

کۆچکردن و پەنابەریی کورد بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکا و وڵاتانی سکەندناڤی و وڵاتانی دیکە ، بە زۆری دەگەڕیتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دووهەم . کورد کەمایەتییەکی زۆر کەم بوون بەبەراورد بە زۆرێك لە نەتەوەکانی دیکە لە کۆچکردنیانا تاکو ناوەڕاستی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو.
شەپۆلی تەواوی ڕەوی کورد بۆ ئەو وڵاتانەی سەرەوە لە سەراپای کوردستانەکانا کەم و زۆر لە هەمان وەختا کراوە. لە باشووری کوردستانا لە دوای ئاشبەتاڵی بزوتنەوەی کوردیی/کوردایەتیی لە ئازاری سالی 1975 دا ، لە ڕؤژهەڵاتی کوردستانا لە دوای بەناو شۆڕشی ئێران و لە باکوری کووردستانا دوای بزوتنەوەی پەکەکە و لە ڕۆژاوای کوردستانا لە هەشتاکانا دەستی پێکرد بەڵام بە هێواشی، هەتا سەرهەڵدانی ” بەهاریی عەرەبی ” .
بەداخەوە کە ئامارێکی ئاوا نییە کە ژمارەی کۆچبەران و پەنابەریی کوردی لەسەرجەمی ئەو وڵاتانەی ناونوسم کردن و وڵاتانی دیکە ،نیشان بدات تاکو ژمارەیەکی کەتواریمان بداتە دەست. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کوردانی باشورو و باکور زۆربەی کۆچبەران و پەنابەرانی کورد لەناو هەموو کوردانی تاڕاوگەدا پێكدەهێنن.

کوردانی تاڕاوگە گیروگرفتێکی زۆری هاوبەشیان [کۆمۆن] لەتەك سەراپای کۆچبەران و پەنابەرانی نەتەوەکانی دیکەدا، هەیە. لەمانە: کێشەی زمان ، خانووبەرە، کار، خەمی خێزانی بەجێماویان. هاوکاتیش هۆکاری سەرەکی هاوبەشی نێوان هەموویان لە ڕەوپێکردنیان بۆ ئەم ولاتانە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هۆکاری سیاسییە. زۆرینەیان لەدەست بەندیکردن ، سەرکوتکردن ، نەبوونی ئازادیی و ڕاونانیان، بووە. بەرپاکردنی جەنگ دژ بە نەتەوەکانیان لەلایەن ڕوسیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە ، یاخود ملکەچکردنی حکومەتەکانیان هەر لە لایەن ئەو وڵاتانەوە تاکو ئارەزو و داخوازییەکانیان بەجێبهێنن، هۆکارێکی سەرەکین . هەموو ئەو گرفتانە تا ئێستاش لە نێوانی هەموو کەمایەتییە نەتەوەییەکانا ، هاوبەشن و لە ئارادان .
گەر تەماشای تەواوی ئەفەریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوین ، ئاسیا ، خواروی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باشووریی ئەمەریکا، بکەین تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەمە ڕاستییە.

لە کاتێکدا هۆکارەکانی ڕەوکردنیان دەزانین بە تایبەت هۆکاری سیاسی و جەنگ بووە بۆ بەجێهێڵانی وڵاتەکەیان و نیشتەجێبوونیان لەم وڵاتانە ، پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدا. بۆچی ئەم خەڵکانە لەم وڵاتانەی کە ئێستا تیایدا نیشتەجێن، تێکەڵاو بە سیاسەت نابن ؟ ڕەنگە هۆکارێکی زۆری جیاواز هەبێت، وەکو: هەموویان پاشخانێکی سیاسییان نییە ، هەموویان کێشەی ئاوارەیی و چێشتنی ژیانی ناخۆشییان نابەستنەوە بە کێشەی سیاسی و سیستەمی هەنوکە و حکومەتەکانی وڵاتی نیشتەجێبوونیانەوە ،دەرك بەوە ناکەن کە ڕەنگە ئەوانە هۆکار بن ، یاخود ڕەنگە ترس بێت لە هەر جۆرە هێڕشێك، سەرکوتکردن لە لایەن هەر لایەك و دامەزارەوەیەك بە حکومەتی ولاتانی خۆشیانەوە کە لێوەی هاتوون، زۆرێک لە کێشەی خێزانی ، بڕوا بەخۆ نەبوون ، کێشەی کۆمەڵایەتی، تا ڕادەیەك هۆکارن . لە ڕاستیدا دەکرێت هەر یەك لە ئەمانە کێشەیەك بێت لە بەشداریینەکردنیان لە سیاسەتا لێرە . بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا هەر هۆکارێك بێت، هەر پاساوی بەشدارینەکردنی لانی کەم خەڵکانێکی زۆر کەمیان نادات لەو کێشانەی کە ئەمڕۆ لەم وڵاتانەدا هەیەو سەرودڵی ئەوانیش و خێزانیشیان دەگرێتەوە.

ئاوارە و کۆچبەران لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایەوە هەڵهاتبن بۆ ئەم وڵاتانە ، لە کاتێکدا کە هۆکاری ئاوارە بوونیان هاوبەش و چونیەکن ، بەهەمان شێوەش دووژمنەکانیشیان هەر هەمان دوژمنە . هۆکاری ئەو هەموو نەگبەتییەی کە بەسەر ئەوان هاتووە دەولەتە لە ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕووسیا و ئەوانی دیکە لەتەك دەوڵەتانی ناوچەکانی خۆشیان کە لێوەی هاتوون. ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە جەنگی جیاواز جیاواز دەخولقێنن ، لەشوێنی خۆیان هەڵیاندەکەنن، کۆمەك و هاوکاریی گروپە تیرۆریستەکان و حکومەتە دیکتاتۆر و فاشییەکانی وڵاتان و وڵاتانی کە لێوەی هاتوون بە هەموو شێوەیەك، لە داپڵۆسینیانا، دەکەن. ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە بازرگانی چەك و تەقەمەنی لەگەڵ حکومەتەکانیانا دەکەن ، ئەمانن کە سەرچاوەکانی ژیانیان لێ دزیون، ئەمانن کە داخوازی جێ بەجێکردنی سیاسەتەکانی دەزگە دراوییەکانی نێو دەوڵەتی و کۆمپانیا گەوەرەکان دەکەن و کۆمەکیان پێدەکەن کە بچنە ئەوێ و تاڵانیان بکەن ، دیسانەوە هەر ئەمانن کە کار لەگەڵ کۆمپانیا گەوەرەکانا دەکەن بۆ وێرانکردنی زەوییەکانیان و کۆمۆنێتییەکانیان، . هەر ئەمانن کە هۆکاری خاپوری وڵاتیان و ڕاونان و ئاوارەکردنیانن، کەچی دەرگاشیان بەڕوودا دادەخەن . ئەی کەواتە بۆچی ئەم خەڵکانە ، خەڵکانی کۆچبەر و پەنابەر هێشتا هەر بێدەنگن، توڕەیی و هیوایان وەرناگێڕنە سەر چالاکییەکی بەرهەمهێنەر؟ پێشتر من پەنجەم بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە چەند وەڵامێک ، ڕاکێشا، بە دڵنیاییەوە هۆکاری دیکەش کە من لە ئێستادا پەییان پێنابەم، هەیە.

وەکو وتم ئەوانەی سەرەوە تەنها هۆکارێك نین بۆ ئاوارەبوونی کورد و کەمە نەتەوایەتییەکانی تر، تاکو هانیان بدات دژی دووژمنە سەرەکییەکانیان، بجەنگن کە سیستەمەکە و هێزە تاریکەکانن . هۆکاری تر هەن، کە ڕەنگە هەندێك لەمانە ڕۆژانە ڕووبەرووی ببنەوە ، وەکو : نەژادپەرستی ، ناشیرین مامەڵەکردنیان ، هەڵاواردن ، نایەکسانی و نادادوەریی کۆمەڵایەتیی.

لەم وتارەدا من تەنها جەخت لەسەر کورد لە تاراوگەدا دەکەمەوە سەبارەت بە چالاکییەکانیان و ئاڵانیان بە سیاسەتەوە ، ئەمە لە کاتێکدا زۆرێكیان زۆر چالاکن لە کێشەی کورددا. بەڵام ئەو چالاکیانەیان فراوان ناکەن و گرێی نادەنەوە بە خەبات و تێکۆشانیانەوە دژ بە دەوڵەتانی ئێرە کە تیایدا دەژین هەروەها لە کۆمەککردن و هاوکارییکردنی کەمپەینەکانی کە سەبارەت بە کێشە لۆکاڵی و نەتەوەیییەکانن.

ئیمە هەموومان دەزانین کە کۆمۆنێتییەکانمان لە بریتانیا لەژێر فشار و مەترسییەکی زۆر گەورەدان لە لایەن تەواوی لایەنەکانەوە کە لە دەسەڵاتدان : پارتی لەیبەر [کرێکاران] ، کۆنەپارێز [ موحافزین] و حوکمی هاوبەشی لیبراڵ و کۆنەپارێز. ئێمە لەژێر ئەم مەترسییەداین تا ڕادەی لە دەستدانی شووناسنامەشمان ، ئازادیی سیاسی تاکە کەسیمان، لەدەستدانی ئەوەی کە باو باپرانمان بەدەستیان هێناوە. بەڕاستی ئیمە لە بەردەم لە دەستدانی نزیکەی هەموو شتێکداین . با هەر تەنها تەماشای مێژوی ئەم سێ دەیەیە لە بریتانیادا بکەین، کە ئەمە هەندێکیانە: لە تەسککردنەوەی قەبارەی ئازادییەکانمان، دانانی زیاتر لە 15 ملیۆن کامیرای چاودێریکردنمان، سیخوڕیکردن بەسەرمانەوە لە شێوەی جیاجیادا، سەرکوتکردن و هەراسانکردنمان لە ڕێگایی پۆلیسەوە ، دەرکردن و جێ بەجێکردنی زۆرێك لە یاسا لەژێر ناوی یاسای ” دژە تیرۆردا” ، هێڕشکردنە سەر نقابە و مافەکانی کرێکاران ، گۆڕانە بەردەوامەکانی یاسا و بڕگەکانی سەراپای بیمە و مافی خانوبەرەو خزمەتگوزارییەکان، هاتنەسەرەوەی ژمارەی کەسان و خێزانی بێ خانووبەرە، فرۆشتنی خانووەکانی شارەوانی ، زیاتر کردنی قوتابخانەی ئەکادیمی ، داخستنی بەشی منداڵبوون و فریاکەوتن (تەواریی) لە گەلێك لە خەستەخانەکانا و هەوڵی بە تایبەتی کردنی خەستەخانەکانی دەوڵەت و درێژبوونەوەی لیستی چاوەڕوانی بینینی دکتۆرەکان و کاری نەشتەرگەریی ، هەڵوەشانەوەی پارەی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆکان و کردنیان بە قەرز، زیادکردنی پارەی کارەبا و ئاو و غاز، سەرخستنی تەمەنی خانەنشینبووون ، زیادبوونی ئاستی پیسیی ژینگە، دانانی یاسای زیڕۆ گرێبەست بۆ ئەوانەی کە کار دەکەن [ واتە نەبوونی هیچ مافێک] ، هەبوونی 6.5 ملیۆن کرێکار کە هەقدەستیان لەژێر لانی کەمی کرێوەیە، نزیکەی 4 ملیۆن منداڵ لە هەژارییدا، دەژین . نزیکەی 600 هەزار کەس لەسەر بەخشینەوەی خواردن دەژین کە بەشێکیان کاریش دەکەن . بە کورتی ئێمە کۆیلایەتی مۆدێرنمان هەیە و ئەم لیستە دەتوانرێت بۆ دەیەها خاڵی دیکەش درێژبکرێتەوە.

ئەو گرفتانەی سەرەوە هەموویان یا زۆربەیان کارایی خۆی لەسەر کوردانی بریتانیا وەکو هەموو کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە هەیە . ‌هۆکاریی هەژموونیشی بە هۆی بوونی : قەوارەی گەورەیی خێزانییان ، گرفتی زمان، تێنەگەیشتن لە کارکردنی سیستەمی ئەم وڵاتە ، هەبوونی گرفتی خێزانی لێرە و لەوێ، نەخۆشی سایکۆلۆجی و دەروونی و نەخۆشی دیکە بە هۆکاری بارودۆخ و پاشخانی سیاسیانە و کۆمەڵایەتی و زۆرێکی تر .
بۆ هەر کام لەو کێشانەی کە لەم وڵاتەدا هەیە و لەسەرەوە ناوم هێنان لە هەموو شارەوانییەکان لە لەندەن و لە شارە سەرەکییەکانی بریتانیا گروپگەلێکی زۆر دروستکراوە و دەستبەکاربوونی کەمپەینێکی بێ ئەژماریش دژ بە هێڕشەکانی حکومەت و کۆمپانیا گەورەکان ، ڕێکخراوە . ئەم گروپانە دژ بە دەوڵەت و کۆمپانیا گەوەررەکانن بەو ئامراز و ڕێگایانەی کە خۆیان پێیان باشە ، لەم تێکۆشانانەدا هەندێکیان زۆر سەرکەوتوو بوون . لێرەدا ئەوە دەبینین کە هیچ گومانێك نییە سەرکەوتنەکانی هەر کەمپەینێك لەو کەمپەینانە زۆر سووودبەخشترن بۆ کۆمۆنێتی کوردی و کۆمۆنێتی کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکەش زۆر زیاتر لە خەڵکە بنەچەییەکەی [ ئەسڵییەکەی ] بەهۆکاری بارودۆخی تایبەتییەوە.

کورد لەو ولاتانەی کە ئێستا لێی نیشتەجێن باشترە بەشداریی لەو کەمپەینانەدا لەڕیزی خەڵکانی دیکەوە بکەن. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە خۆیان لە پەراوێزیی ڕزگار بکەن ، وەختی ئەوەیە کە ڕؤڵیکی گەورە لە کەمپەینە لۆکاڵییەکان و وڵاتا بگێڕن ، کاتی ئەوەیە کە کێشەکانی خۆیان بەخەڵکی ئیرە لە ڕێگەی چوونە ناو کۆبونەوەکان و بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزاییەکان بناسێنن و هاریکاریی و هاوکاریی خۆیان پێشکەش بە خەڵکە لۆکاڵەکە بکەن و هەمان شتیش بەدەستبهێننەوە.
کورد لێرە دەبێت کێشەکانی خۆیان لە ئاستی لۆکاڵ و وڵاتدا هاوبەش بکەن بیکەنە کێشەیەکی لۆکاڵیی و وڵات. کردنی خۆپیشاندان بە تەنها بۆ کێشەی خۆیان و هەر بە تەنها خۆیان ، یاخود گردبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایی تەنها بۆ کێشەی خۆیان و بەخۆیان ، کردنی نەڕە نەڕ و قاو و قیژ ، بەرزکردنەوەی چەند دروشم و وێنەی ئەم ڕابەر و ئەو سەرکردە بە تەنها، کافی نییە . گەر چاوەڕوانی ئەوە بکەن بە تەنها کردنی ئەوانە و هەر بە خۆیان ، وا بزانن ئەم چالاکییانە تەواو و بەسن کە لە لایەن میدیا و دەسەڵاتدارانەوە ببیسترێت، بە دڵنیاییەوە نایان گەیەنێتە ئەو ئامانجەی کە هەیانە.
ئەگەر دەیانەوێت دەنگیان لە لایەن خەڵکەوە ، لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتە لۆکاڵییەکانەوە ببیسترێت ، ئەوە دەبێت تێکەڵ بە کۆمەڵی ئێرە ببن تاکو سۆز و کۆمەك و هاریکارییان حاسڵ بکەن . ئەوە ڕاست نییە کە چاوەڕوانی خەڵك بکەیت کە یارمەتیت بدات بەڵام خۆت هیچ یارمەتییەك نەدەیت ، ئەمە لە کاتێکدا دەزانین کە هەموو کەسێك بەری بردەنەوەی کەمپەینەکان دەچنێتەوە .
لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ئەمە مانای ئەوە نییە کورد لێرە کێشەکانی خۆیان پشتگوێ بخەن و چەق لەسەر ئەو کێشانەی کە لێرە هەن ، ببەستن . بەڵام ئەمە ڕاستییەکە گەر بتەوێت کۆمەک و هاریکاریی زیاتر بەدەستبهێنیت ، دەبێت لە چالاکییەکانی ئەو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێیت بەشداریی بکەیت . خەڵکانی کورد دەبێت دەرک بەوە بکەن کە هاوکارانی دوژمنەکانیان لە وڵاتانی خۆیان ، دەوڵەتە لێرە و کۆمپانیا گەورەکانە . چەندێك دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکان لێرە لاواز بن ، حکومەتی وڵاتانی خۆشیان لاواز دەبن و کەیسەکانی ئەمانیش بەهێزتر دەبێت سەرکەوتنیش بەسەردوژمنەکانیانا خێرا تر دەبێت.

بایاخنەدانی کورد بە کێشە سیاسییەکانی لۆکاڵی و وڵات نەك هەر لە بریتانیادا کێشەیە ، من لە ڕێگای هاوڕێیان و برادەرانەوە ئەوە دەزانم هەمان کێشە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەسکەندناڤیا و ئەمەریکا و وڵاتانی تریش ، هەن ، کە بە دەگمەن خەڵکی کورد بەشداریی چالاکییەکان دەکەن ئەگەر بزانن ئەو چالاکییانە ، سەبارەت بە کێشەکانی خۆیان و وڵاتانیان نییە .
لێرە ، لە بریتانیا، بەتایبەتی لە لەندەن کە من بۆ ماوەیەکی درێژە لێی دەژیم، ئەوە دەزانم کە زۆرێك لە شارەوانییەکان، کورد تیایدا ژمارەیەکی گەوەرە پێکدەهێنێت لە نێوانی کۆچبەران و و پەنابەرانی نەتەوەکانی دیکەدا. لەو شارەوانییانە کێشەی گەورە گەورە هەیە و کوردیش ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ ڕووبەڕوی دەبێتەوە، کەچی هێشتا کورد لەوێدا بێ دەنگە و چاوی تەنها خستۆتە سەر شتە تایبەتییەکانی خۆی، وەکو ئەوەی کە ئەو گرفتانە هیچ پەیوەدندییەکیان بەوانەوە نەبێت.

Zaherbaher.com
ئۆکتۆبەری 2017




ژن و پیاو لە هونەری کاریکاتێردا … هەندرێن خۆشناو

هەروەک ئاشکرایە هونەری کاریکاتێر هونەرێکی کاریگەر و زیندووە، و کاریگەری خۆی هەیە لەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا جیا لە هونەرەکانی تر. یەک لەو بوارانەش کە کاریکاتێر کاریگەری خۆی هەیە لەسەری بواری کۆمەڵایەتیە، بەتایبەتیش لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا.
هونەری کاریکاتێر پەیوەندیەکی یەکجار زۆری هەیە لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا، روخسارەکانی پەیوەندی ژن بە پیاوەوە راگیردەکات، لە رووی توندوتۆڵی و راکێشان بەلای یەکتریدا و دەسەڵاتداریەتی و خۆسەپاندن و چاودێری کردن و سەرداری کردن و هەروەها ملکەچی و خۆبەدەستەودان لەلایەن هەردوو رەگەزەوە.

چەندین توێژینەوەی زانستی ئەو کاریگەرییەی هونەری کاریکاتێریان وەدەرخستووە و سەلماندووە لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاوەوە، جا بە ئەرێنی یان نەرێنی بێت. کاتێ کە بزانین لە رێگای ئەو هونەرە زیندووە کە هونەری کاریکاتێرە، رۆژنامەگەریی دەتوانێت وێنەیەک یان چەند وێنەیەکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی لە خەیاڵ و ئەندێشەی هەردوو رەگەزدا بچەسپێنێت لە ئایندەدا.

زۆر جار بیستوومانە کەوا وێنەیەک کاریگەریی زیاترە لە نووسین، ئەوەشمان بیستووە کە وێنەیەک جێشوێنی هەزارەها ووشە دەگرێتەوە، نەخاسمە ئەو وێنەیەش تابلۆیەکی کاریکاتێریی بێت. کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی کورتی و چڕی لە مانا بەخشینە، و توانج و تەشەری گاڵتەجاڕیی هاوشانی وێنە کاریکاتێریەکە و چەندین هۆکاری تری سەرنجڕاکێش و کاریگەریی ئەم هونەرە لە هەموو جیهاندا وەدەردەخات، بە تایبەتی لەنێو ئەو کۆمەڵگە و گەلانەی کە حەزیان لە نوکتە و گاڵتەجاڕی و تەنزە، ئەم هۆکارانەش بەکاردێنن بۆ دەربڕینی ئەو هەستانەی کە ناتوانن راشکاوانە دەریانببڕن.

پیشاندانی مەسەلەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە روانگەی هونەری کاریکاتێرەوە، توانی سەرنجی بینەران بە توندی رابکێشێ بۆ خەسڵەت و سیفەتەکانی هەردووکیان بە تایبەتی ژن، بۆ نمونە توێژینەوەیەک لەسەر هەمان بابەت، لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا و وڵاتەیەکگرتووەکاندا ئەنجامدرا، ئەوەی وەدەرخست لەو کۆمەڵگایانەی کە ئەو ژنانەی دەیانەوێ سەد دەر سەد وەک پیاو بن، و لە هەموو شتێکدا لاسایی پیاو دەکەنەوە، تەنانەت لە جلوبەرگ و قژتاشین و جگەرەکێشانیشدا، کاریکاتێریستان ژنانیان وا نیشاندەدا، کەوا خاوەن ماسوڵکەی گەورە و پتەون و موودارن و ورگن و ناشیرین و زمانیان توندە و خۆویست و خۆسەپێنەرن بەسەر پیاوان و هاوسەرەکانیاندا، هەورەها زۆرجاریش بە مادی و پوڵەکی و حەز لە خەرجکردنی پارەی پیاوەکانیان دەکەن بە شێوەیەکی رادەبەدەر، لە بەرامبەریشدا پیاو لە کاریکاتێرەکاندا وا بەدەردەکەوتن کە ملکەچن و گوێڕایەڵی داخوازی ژنەکانیانن و لە ژنەکانیان دەترسن و رۆمانسین و فیداکار و خۆنەویستن لە پێناو هێنانەدی ئامانجی ژنەکانیان، تا رادەی گێلی و دەبەنگی، بەڵام لەلایەکی تریشەوە لە بەرامبەر ئەو خەسڵەتانەی ژنەکانیان، پیاوان چاو لەدەرن و دەستبازی و چاوبازی لەگەڵ ئەم و ئەودا دەکەن، تەنانەت لەگەڵ خزمەتکارەکانیشیان پەیوەندی دەبەستن.

ئەو توێژینەوانە ئەوەشیان وەدەرخست کەوا هونەری کاریکاتێر وەک مادەیەکی هونەریی و بیروڕا دەربڕین، وێنەیەکی هزری و زرنگی وا پیشاندەدات، بەهۆی دووبارەکردنەوە و نمایشکردنی رۆژانە لە رۆنامە و گۆڤارەکاندا، ئاراستەکانیشی رووەو کەرتێکی گەورە و کاریگەریی کۆمەڵگە برەودەکات، ئەویش ئافرەتە بە شێوەیەکی گشتی و هاوسەر و خێزانیش بە شێوەیەکی تایبەتی، هەروەها کاریکاتێر وێنەیەکی ناشیرین بۆ پیاوانی ئەو کۆمەڵگایانەش دەنەخشێنێت، کە وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەو خەسڵەتانەی ژنانی ئەو کۆمەڵگایانە کە هەیانە، ئەمەش وایکردووە هەردوولا لە شێواز و روخساری سروشتی خۆیان دەرچن و لادەن. تەنانەت ئەمە ئەگەر بۆ گاڵتەجاڕی و کۆمیدیاشەوە بێت، هەر رووە خراپەکانی ئەو پەیوەندیە گرنگەی نێوان ژن و پیاو دەخاتەروو کە لەم کۆمەڵگایانەدا هەیە، بەهۆی پێچەوانەبوونەوەی دۆخەکان، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە بە زەقی لە هونەری کاریکاتێردا رەنگ بداتەوە.

رەنگدانەوەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە هونەری کاریکاتێردا، هاوڕا و هاوشانە لەگەڵ ئەنجامی توێژینەوە کۆمەڵایەتیەکان کە تێکچوونی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو وەدەردەخەن لە کۆمەڵگادا، و رێژەیەکی مەترسیداریشیمان نیشان دەدەن لە دیاردەی تەڵاقدان و دەست لەیەک بەردان تا رادەی زیاتر 40%، تەنانەت ئەگەر بزانین لەم کۆمەڵگایانەدا پیاوان باجێکی زۆر دەبەخشنە ژنان لەکاتی تەڵاقداندا، کەچی ئەمەش نەبۆتە رێگر لەبەردەم زیادبوونی ئەم دیاردەیە لەم کۆمەڵگە پێشکەوتووانە لەرووی تەکنەلۆژیاوە و دواکەوتوانەش لەرووی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە.

کەس ناتوانی هونەری کاریکاتێر تۆمەتباربکات بە پیشاندانی ئەم بوارە گرنگە، ئەویش پەیوەندی نێوان ئافرەتان و پیاوانە، بەڵکو ئەو پەیوەندیە ناسروشتیەی نێوان ئافرەتان و پیاوانی ئەم کۆمەڵگایانە، وایان کردووە کەم بوارە زۆر بەزەقی لە هونەری کاریکاتێردا بەرچاوبکەوێت.




عەلی عەبدوڵاكانی یەكێتی و كۆنگرەی چوارەم … عەلی مەحمود محەمەد

لە ناوەڕاستی چلەكان پارتی لە لایەن دوو گەنجی ماركسی كوردەوە دامەزرا بە ناوەكانی هەمزە عەبدوڵا و عەلی عەبدوڵا, هەمزە عەبدوڵا لەساڵی 1959 مەلایی و جەلالیەكان پێكەوە كودەتایان بەسەریدا كرد و لە سكرتێری لایانداو كۆتاییان بە رۆڵی پێشەنگی لە ژیانی سیاسیدا هێنا, عەلی عەبدوڵا مایەوەو بەردەوام بوو تا لە كۆنگرەی 13ەمینی پارتی كە لە 12 بۆ 18ی نۆڤەمبەری 2010 بە بەشداری 1501 كەس لە شاری هەولێر بەسترا دوای 11 ساڵ لە كۆنگرەی 12ی, كشی لێكرا و لە جێگیری سەرۆكی پارتی وەلا نراو ئیتر ببڕای ببڕ لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستان نەبینرایەوە, تەنانەت وا لە سیاسەت غەریب ببوو لەكاتی بەشداریكردنی لە ریفراندۆم بە پەنجە مۆركردنێك راچەڵەكی, لە كۆنگرەی 13ەی پارتی 13 بارزانی پیاو بۆ كۆمیتەی ناوەندی دەرچوون دەیكردە 23%ی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی,ترس هەیە لە گەڵ هەر كۆنگرەیەكدا ژمارەیەك زیاد بكەن, سەرجەم پلە سیادییەكانی حیزب و حكومەت لە پشكی پارتیان گرت, پەرلەمانیشیان بۆ حەزلێكەرانی شەڕە چەلەحانێ و دەرچوون لە كەناڵەكانی راگەیاندن بەجێ هێشت, كۆنگرەی 13 یەكەم كۆنگرەی پارتی بوو لە دوای روخانی بەعس و فرۆشتنی نەوت و بارینی دۆلار بەسترا,لە 2003 ەوە حیزب لە كوردستان بووە ئامرازێكی گرنگ بۆ دەستكەوتی مادی, كورسی و دۆلار دەست لە ملانێی یەكتر بوون و چینێكی سەرمایەداری ئۆلیگارشی گەندەڵی بەهێزیان لە كوردستان بەرهەم هێنا, كە ئێستا كایەی سیاسەتیان لە هەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن كۆنترۆڵ كردووە, بۆیە بارزانییەكان لە رێگای كۆنگرەی چەپڵەوە ویستیان شەرعیەتی دەسەڵاتی حیزبی بدەنە خۆیان و جومگە گرنگەكانی حیزب كۆنترۆڵ بكەن خۆیان بڕیاردەرو جێبەجێكەر بن لە یەك كاتدا.

لەم رۆژانەدا مشتومڕ گەرمە لەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەسەرەتای ساڵی 2018, كە بۆ ماوەی 8 ساڵە ئەم حیزبەش وەك پارتی كۆنگرەی نەبەستووە, گەرمبونی باسی بەستنی كۆنگرەی ینك بەدوای روداوە تاڵەكانی كەركوك تێوە گلانی چەند كەسایەتیەك لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو تاڵەبانی دێت لە گرتنەوەی كەركوك, ویستیان لەو رێگایەوە پێگەی خۆیان بەهێز بكەن, وەلێ شانس یار نەبوو روداوەكان پێچەوانە كەوتنەوە, كە ئێستا لە دەرەوەی شەرعیەتی حیزبییەوە یەكێتی بەڕێوە دەبەن و بڕیارە كاریگەرەكانی دەدەن, ئەم باڵە جگە لەوەی ئابووری و رێكخستن و سپۆنسەری ینك واتا ئێرانیان لە پشتە , هاوكات دەزگا هەواڵگرییەكان و هێزی مەعنەوی بنەماڵەشیان لە پشتە كە لە مانگی رابردوو لە كۆچی تاڵەبانی زۆرترین جەماوەری كورد لە مێژووی باشوری كوردستاندا بەشداری بە خاك سپاردنەكەیان كرد.

تاڵەبانیەكان لە بەرەی ئەنجومەنی ناوەندی و ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە فشاریان دروست كردووە كەمپەینی بەهێزیان پێكەوە ناوە بۆ بەستنی كۆنگرە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو, بەتایبەتیش لە ئێستادا كۆسرەت كە دوا كارێزمای ناو ینك ە نەخۆشە, هاوكات پسپۆری كتلەكاریشە, بۆیە جادەیان بۆ چۆڵكراوە كودەتایەكی نەرمی سپی رەنگ لەناو ینك ئەنجام بدەن بێ بوونی تارمایی كۆسرەت, كە بە دووەم دامەزرێنەرەوەی ینك دێتە ژماردن لە دوای 31ی ئاب, لێرەدا دەپرسین ئایا كۆنگرەی ینك یش وەك كۆنگرەی پارتی بە چونە پێشەوە هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد و بە دەستەوە گرتنی جومگەكانی دەسەڵاتی حیزبی كۆتایی دێت؟,ئیتر ئەو رۆژە دێتە پێشەوە, سێڵڤیەكان لەناو هۆڵی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بگرن؟, لە كۆنگرەی چواری ینك چەند نازناوی تاڵەبانی لە ریزی یەكەمە دەرچوەكانەوە دەبن بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی و چەندیان لەسەر كورسی مەكتەبی سیاسی و كەسی یەكەمی حیزب دادەنیشن, ئایا كۆنگرەكە دەكەنە كودەتا بەسەر عەلی عەبدوڵاكان ناو ینك و چەند عەلی عەبدوڵا و مەلا قادر دەنێرنەوە بۆ ماڵەوە لە سیاسەت خانەنشینیان دەكەن؟, چەند مانگێك ماوە و چاوەڕوانی دووەم پارتی بنەماڵە بن لە كوردستان, ئەگەر لە جیهان كۆمپانیا بنەماڵەییەكان باون, ئەوا لە كوردستان لەبەر ئەوەی سیاسەت باشترین ئامرازی پەیدا كردنی پارەیە لای ئۆلیگارشییەكان, ئەوا پێك هێنانی حیزبی بنەماڵە پرۆسەیەكی زەرورییە.




دڵم وه‌ك نیشتیمان تۆرا و له‌ كاوله‌ی روح داڵده‌ی نییه ‌…. چنوور نامق

له‌نه‌خشه‌كه‌ت بمسڕه‌وه‌
چیتر ئه‌و شاره‌ دووره‌ نیم
ئه‌ستێره‌كانی بینینت زاخاو بده‌ن…
له‌شاری عه‌شقم دوور كه‌وه‌
خه‌ون به‌ماچی بیره‌وه‌رییه‌وه‌ مه‌بینه‌
من شارێكم پڕ له‌تاوان و
له‌كوشتن
له‌ناپاكی……
په‌نایه‌كم له‌ بۆ پپاوه‌ زلهێزه‌كان
هه‌موو ساتێ ده‌ستم هه‌یه‌ له‌كوشتنی خه‌ونی مانگ و
لێڵكردنی چاوی مناڵانی شار و
چۆڵكردنی ئاوه‌دانی و
شكاندنی دڵی ئازیز……
له‌ نه‌خشه‌كه‌ت بمسڕه‌وه‌
دڵم وه‌ك نیشتیمان تۆرا و
له‌ كاوله‌ی روح داڵده‌ی نییه!
قه‌فه‌سێكم ئاوازی هه‌ڵبه‌سته‌كه‌ی خۆم ئه‌شارمه‌وه‌
نۆته‌كانی ئه‌كه‌مه‌ قوتوی ژه‌نگاوی و
ئه‌یده‌مه‌ ده‌م ده‌ریای بیری پوچه‌ڵه‌وه‌

له‌نه‌خشه‌كه‌ت بمسڕه‌وه‌
ئاسمانێكم پڕم له‌ گرمه‌ی هه‌وره‌ پیاو
تاوانبارێكی بێ مانام
تا ئێواره‌ سه‌ماكانم له‌ژێر په‌رده‌ی عورفی سپی ئه‌شارمه‌وه‌
تاكو سه‌حه‌ر پێكی خه‌م ها به‌ده‌ستمه‌وه‌ و گۆرانی خۆش ئه‌خۆمه‌وه‌
تاوانبارێكی بێ مانام ده‌ستم هه‌یه‌
له‌چۆڵكردنی دڵی یار و ئاوه‌دانی
له‌نه‌خشه‌كه‌ت بمسڕه‌وه‌ !

27-11-2017‌




ڕەنگە دوایین نامەی تەمەن بێت..! …. سەروەرکەریم

مردن دواین هەناسەی مرۆڤە نازانی ،لەکوێی زەمەندا بیسپێرێ ..من نازانم بۆدەبێت ئەم نامەیە بنوسم ..دەمەوێت بڕۆم بۆلای ناوکم ،یان هەستێکی سەیرە .دایم چاوەڕیم دەکات بەرلەسپاردنی دواین هەناسەی پێڵوەکانی هەڵبڕی و تەماشایەکم بکات بزانێت من هەر کۆمۆنیستەکەی جارانم ..یان پەشیمانم؟ ..ئاخر دایکم هەرگیزنەیزانیوە کۆمەنیزم چی یە ،یان بۆ نوێژدەکات .ئەو تەنها دەزانێت لەیەزدانی خۆی بپاڕێتەوە ئێمەباش بین ..ئەوە دڵی ئەوە .تەمەن سەبوری بێت بۆ ئازارەکانی ..
ئیتر دەبێت بوونی فیزیکی ئێمە کۆتابیت ،سەرەتایەکمان دەست پێکرد بۆ ژیانی ئینسانی نەگەیشتین ،ڕێگاکانمان تارومارکرد ،بەبرسێی هەژاری خەباتی بەردەوام ئازاردانی دلی هەمووان ..دایک باوک هاوڕێیان نەگەیشتین ..ئێمە هەلە نەبووین ،وەلی نەگەیشتین .
ئەم ژیانە زۆری پێناساندنی ،لەهەمووجۆرەکان ،لەبەد بەخت و سەرسەریەکان.بەدبەختەکانمان خۆش ویست وسەرسەریەکانمان بۆژیانی خۆیان ناسی ،بەڵام هیچمان نەکرد جگە لەخۆشەویستی ئەوان ..ژیانی هەموان بەد تر بوو کاسەی پریانمان خاڵی کرد،ئومێدیانمان بەبابرد ،بەدرۆکانی شۆڕش و ڕزگاری .دایکم زیاتر لەچارەکەسەدەیەک بەهیوای ژیانێکی شایستە بوو ،بەلام ئێستا بێ ئاوکارەبا و بێ نان چاوەکانی کزبوون ،جەستەی لاواز.نەک نەگەیشت بەوانە ..ئێستا پیروکەنەفت .

ئەودەمانەی خۆمان پێ شۆڕشگێڕبوو دەبووینە پاڵەوانی رۆمان و چیرۆکەکانی شۆڕشگێڕی و نواندنی جۆراو جۆرمان دەکرد ..واماندەزانی بەیانی کۆتایی بە نادادی دێت و هەمووان ،لەبەری خەونەکانی ئێمە دەخۆن و ستەم کۆتایی دێت ..ئەوانە تەنها خەونی پاڵەوانانەی دۆنکیشۆتی بوو،بە سمشێری دارینەوە بڕوامان وابوو کۆتایی بە نەهامەتیەکان دەهێنین .
زەمەن دەڕوات و ژیان بەدتردەبێت و هیچمان بەئاگا ناهاتینەوە ،کەئێمە جگەلە لەخۆبەپاڵەوانکردنێکی وەهمی دەست و پێ سپی خۆبەشۆڕشگێڕ هیچی ترمان بۆ ژیانی شایستەی ئینسانەکان دەست نەخست .بۆ هەموو شکستەکانیشمان دنیایەک درۆمان ڕێک دەخست و خۆمان بێ بەری دەکرد ،لەوەی کەئێمە جگە لەژیان ،لەناو وەهمی پاڵەوان و شۆڕشگێڕی دا هیچی تر نەبووین .

چەند بەدبەخت بووین ،کاتێک دایکمان دەیووت ڕۆڵە ئاخر ژیان پێویستی بەنان و ئاوکارەبا و خۆش گوزەرانی ڕۆژانەهەیە ،ئێمە پاڵەوان بەڵێنی بەهەشتی وەهمیمان پێدەدان و ،لەچاوەڕوانی بەگەیشت بەژیانێکی شایستە دا ڕاماندەگرت و ئەوانیش ڕۆژدوای ڕۆژ ،بەرەو پێری و هەڵوەرین دەڕۆیشتن و نەیانتوانی لەزەت ،لەیەک ڕۆژی شایستەی ئینسان وەرگرن و جەستەیان لاوازترو چاوەکانیا ن کزتر و ڕەنگیان زەردتر دەبوو.
ئێمەی پاڵەوان هەستمان بەو هەموو ئازەرە نەدەکرد و هەربەشوێن وەهمی شۆڕشەوە بووین ..ڕاستی ئەوە بوو ئێمە شۆڕشگێڕو پاڵەوانی هەربەناوو بووین ،بەژداری کردنمان لە کاری شؤڕشدا تەنها نمایش و خۆبەناوکردنی گەورەبوو..

نەمان توانی بە زیاتر لەچارەکەسەدەیەک بچوکترین گۆڕانکاری بەخواستی دایکەکانمان بکەین ،ئەوەی دەگۆڕا وەرزانە ژیانی دایكێک هەڵدەورەی و لەسەر نەخشەی بوون دەسڕایەوە ،بەبێ ئەوەی ڕۆژێک بگاتە ئەو وەهمەی ئێمە بۆمان دروستکردبوو.
بەدبەختی لەوەدا بوو هەموومان خۆمان دەشاردەوە ،لەحەقیقەت و هەمیشە بۆشاردنەوەی وەهمی شؤڕشگێڕیمان چیرۆکی پاڵەوانی ناوڕۆمانەکانمان بۆ دایکەکانمان دەگێڕایەوە فریومان دەدان بەڕزگاری و ئاسودەیی .هەرگیز جارێک نەمانتوانی بەدایکەکانمان بڵێن ئێمە جگە لە دروستکردنی وەهمێک لە خەیاڵدانی ئێوەدا ،هەرگیز ناتوانین ببینە پاڵەوانی ڕاستەقینەوە ژیانی ئاسودەو ئارام و شایستەتان بۆ دروست کەین .

ژیان بەردەوامەو درۆو وەهمی پاڵەوانەکانی بەناوشؤڕشگێر بەردەوامە ،هەرجارەی چیرۆکێکی درۆدەبەخشێتە دایکان و ناتوانێت بەڵێنی درۆینەی بەهەشتی ئاسودەیی و ژیانی شایستە بەدی بهێنن ،چونکە قەت دۆنکیشۆتی خاوەن شمشێری دارینە نابێتە پاڵەوان و کۆتایی بە نادادی بهێنێت و دایکەکان بەژیانی شایستەو ئاسودەیی شاد بکات.

هۆڵەندا

تێبینی :
ئەم نامەیە تەنها گوزارشتێکی سادەیە بۆ ڕوانینی پاڵەوانە سادەکانی ژیان ،کە چەکی دەستیان بۆ ئازادی دادپەروەری چەکی دەستیان تەنها شمشێرە دارینەکەی پاڵەوانی ڕومانی دۆنکیشۆتەی سێرڤانتسە.




به‌م شێوه‌یه‌ سزای خیانه‌تكاران ده‌درێت؟ … عیماد عه‌لی

خه‌ته‌رناكترین دوو روداوی ئه‌م چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ی ده‌سه‌لاتی كوردستان، 16ی ئۆكتۆبه‌ر و 31ی ئابه‌ و هه‌ریه‌كه‌و به‌جۆرێك لێیان ده‌روانێت. نه‌وه‌كانمان به‌ چی چاوێكه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌ن و چۆن سزای بكه‌ره‌كانی ده‌ده‌ن . دوو به‌رواری زۆر سه‌یر و ناوه‌خن هه‌مه‌جۆر و بۆچون و مه‌رام و ئامانج تێكه‌ڵ و هاوشێوه‌ و جیاواز له‌ یه‌ك كاتدا. چۆن پێناسه‌ی بكه‌یت و ناوی چیی لێ بنێیت؟ كه‌تن یان ناپاكی كه‌وتن یان هه‌ره‌س و ده‌ستكێشان یان ریبه‌ر و خۆخه‌ڵه‌تاندن و رقه‌به‌ری ركابه‌ری یان ململانێی حزبی و بنه‌ماڵه‌یی و كه‌سی؟ ئه‌مه‌ و چه‌ندین پرسیار كه‌ پێویسته‌ به‌ جوانی دراسه‌ بكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌م نه‌وه‌ی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ و ئه‌خلاق و ئه‌ده‌ب و فكر و بۆچون و مامه‌ڵه‌ی كه‌سانی هه‌مه‌جۆری سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كوردستان له‌مه‌ر ئه‌م دوو روداوه‌ له‌ گه‌ڵ پرسی كوردا بكه‌یت كه‌ له‌رووی ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاق و په‌روه‌رده‌وه‌ چۆنن و چۆن ته‌ماشای پرسی كورد ده‌كه‌ن.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی یه‌كلایین و هیچ گومانی تێدا نیه‌ له‌وباره‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ریه‌ به‌رده‌وامه‌كان و ئاسه‌واره‌ فره‌لانه‌كانی له‌ یاده‌وه‌ری و ویژدانی میله‌ت و مێژووه‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌. جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌م دوو رووداوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان بكه‌ره‌كه‌ی به‌هێزتر و ده‌ست فراوانتر كرد و شاریكی گه‌وره‌ی كوردستانی خسته‌ ژێر ركێڤیه‌وه‌ و قازانجێكی حزبی لێكرد و ئه‌ویتریان بكه‌ره‌كه‌ی هه‌رچه‌ند كۆمه‌ڵێك سه‌رلێشێواو و ناخاڵه‌ بن به‌ڵام خۆیان و حزبه‌كه‌یانی لاواز و په‌رشوبڵاوتر و لاته‌ریك كرد و شارێكی گه‌وره‌یان له‌ده‌ستی حزبه‌كه‌یان ده‌ركرد و زیانێكی گه‌وره‌یان لێكرد.
بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌ی ئه‌م كاته‌ ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ركردایه‌تی كوردستان چیه‌ و حزبه‌كان چی بكه‌ن بۆ په‌ندوه‌رگرتن له‌م دوو روداوه‌ قێزه‌ونه‌ بۆ دووباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ی. ئایا هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌كادیمی و زانستیانه‌ی بێلایه‌ن دادی گه‌ل ده‌دات یان گرنگ و پیویسته‌ كه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دوابخرێت و ئه‌مه‌ش وه‌ك 31ی ئاب دێزه‌ بده‌رخۆنه‌ بكرێت و به‌ پێچه‌وه‌انه‌وه‌ لێكبدرێته‌وه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌كانی عیراق به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خیانه‌تی 31 ئابی ده‌رخستووه‌ و تا ئێستا به‌ڵگه‌ی ئه‌و ریككه‌وتنه‌ ژێربه‌ژێره‌ی هه‌ندێ ناخاڵه‌ی بوغرای 16ی ئۆكتۆبه‌ری ده‌رنه‌خستوووه‌ جگه‌ له‌ قسه‌و چاوپێكه‌وتن و لێدوانی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كان له‌مه‌ر ئه‌و كرده‌وه‌ زۆر قێزه‌ونه‌، كه‌ تا ئێتسا ناتوانیت بڵێیت پێناسه‌ و ناوی راسته‌قینه‌ی چیه‌، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی زیانه‌كانی له‌ 31ی ئاب زۆر قورستر و زۆرتر و كاریگه‌رتر و قوڵتر بوو له‌سه‌ر گه‌لی كوردستان به‌ گشتی. ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ خۆ به‌ به‌رپرسزانه‌ له‌ ناخیاندا پشت به‌ ركابه‌ری و كۆنه‌قین و ململانێی نابه‌رپرسانه‌ده‌به‌ستن و به‌ ره‌فتاری هه‌رزه‌كارانه‌ و به‌ دوور له‌ دوربینی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵا و خه‌تی سوور و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی خودی قه‌زیه‌ی گه‌لی كورد به‌گشتی و به‌ خێلبینی حزبیانه‌ی ته‌سك ره‌فتاریان كرد و میله‌تیان به‌م ده‌رده‌ برد .

بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ وه‌ك خۆی و زانستیانه‌ هه‌ڵسه‌نگێنرێت و بخوێنرێته‌وه‌ و كۆن و تازه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌سترێته‌وه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌ گشتیه‌كه‌شی له‌سه‌ر كۆی پرسه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ وه‌ك خۆی ده‌ربخرێت و سزای شایسته‌ و تایبه‌تی خۆی به‌سه‌ر بكه‌رانیه‌وه‌ بسه‌پێنریت.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، هه‌روه‌ها زۆر پێویسته‌ له‌گه‌ڵ بكه‌رانی راسته‌وخۆی هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ش سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتارانه‌ی ناخاڵه‌ی رق وكینه‌ له‌ دهڵی به‌ناو ئۆپۆزسیۆنیشمامه‌ڵه‌ی دروست بكرێت و سزای تایبه‌تی خۆیان وه‌ربگرن، كه‌ جگه‌ له‌ دژایه‌تی و به‌دوور له‌ پرسی كورد و كوردستان هیچ شتێكی تریان له‌ كه‌له‌دا نیه‌ و، ئه‌وانیش به‌قه‌د زیان و زه‌ره‌ر و ره‌فتاره‌كانیان له‌به‌رده‌م داداگای میله‌ت ملكه‌چ بكرێن، ئه‌گینا ئه‌و ره‌فتارانه‌ی كه‌ ده‌ستی عه‌بادی واڵاكرد بۆ زیاتر قوڵبونه‌وه‌ له‌ سزادانی گه‌لی كوردستان و ته‌نانه‌ت ئیهانه‌ كردنی كورد ره‌فاری ئه‌م ته‌سكبین و كورتبینه‌ی ئه‌م ناخاڵانه‌ن، كه‌ بزانن یان نا كه‌وتونه‌ته‌ خانه‌ی دوژمنانی كورده‌وه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ی خاوه‌نه‌كانی 31 ی ئاب و 16 ئۆكتۆبه‌ر شایانی دادگایی كردن و سزادانن و پێویسته‌ نلێ پاك بكرێته‌وه‌، به‌ هه‌موویان بی جیاوازی. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ بكرێت ئه‌له‌ته‌رناتیڤه‌كه‌ چی ده‌بێت؟

بێگومان له‌م كاته‌دا ناتوانرێت له‌سره‌ر ئه‌رزی واقیع ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی ریشه‌یی ره‌ها و كتوپر له‌ بری گه‌نده‌ڵكاران و بێ ده‌ردانی گه‌وره‌ و پشێوی دروستكردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دابنرێت و به‌م كه‌ره‌ستانه‌وه‌ سه‌ركه‌وتو بێت كه‌ سه‌رجه‌م بنه‌ما و پێداویستیه‌كانی به‌رێوه‌بردن له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئێستاوه‌ قۆرخ كراوه‌ و ناتوانرێت ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ بكه‌یت كه‌ به‌ ئاسانی ده‌سته‌برداری ئه‌و بنه‌مایانه‌ بن و، له‌ لایه‌كیه تره‌وه‌ له‌م كاته‌دا وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌كات له‌م قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌دا و بۆ ئه‌م ماوه‌ زۆر كورته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی نێوخۆیی زۆر عه‌مه‌لی نیه‌ و تاوه‌كو هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێناكرێت. بۆیه‌ سه‌رجه‌م كارته‌كانی كوردستان كه‌وتۆته‌ ده‌ست میله‌ت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ئه‌ڵه‌ته‌رناتیڤی واقعیانه‌ی راسته‌قینه‌ بخه‌نه به‌رده‌ست و رۆڵی ئه‌م حزبانه‌ به‌ ئاشتی و به‌ ده‌نگدان وسندوقه‌كان نه‌هێڵن و گۆرانكاریه‌كی ته‌واو عه‌یاری ملیانه‌ بكه‌ن، هه‌رچه‌ند رێژه‌ییش بێت. ئا له‌و كاته‌شدا ده‌توانرێت ده‌سترۆیشتوانی خیانه‌تكار له‌به‌رده‌م گه‌ل و نیشتمان و دادگایه‌كی دادپه‌روه‌ردا سزای شایسته‌ی خۆیان وه‌رگرن .




کۆمەڵ کوژی کوردان لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە

کتێبی کۆمەڵ کوژی کوردان لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە لە لایەن بەڕێز (ئیبراهیم فەرەهمەندنیا )ەوە نووسراوە بەزمانی فارسی و لە ئێران بڵاو کراوەتەوە.
بابەتەکانی ئەم کتێبە لەسەر داعش، سەدام و دێرسیمی تورکیایە.
شایانی باسە ئەمە یەکەمینجارە کتێبێکی لەم شێوەیە سەبارەت بە جینۆسایدی کورد لە ئێران دەنووسرێت و بڵاو دەکرێتەوە.

نووسەر دانیشتوی شاری مەریوانە و خوێندکاری ماستەرە لە یاسا نێو دەوڵەتێکان.

ئیبراهیم فەرەهمەندنیا




ئاگاداريك بو گشت كوردانى ئۆنتاريو و تۆرۆنتۆ…

به ريزان دواى سلاو و ريزيكى به رز له هه موو لايكتان, كؤميته ريكخستنى هه لمه تى فرياكه وتن له قوربانيانى بوومه له رزه كه ى رؤژهه لات و باشورى كوردستان . ئه م هه لمه ته كه له رؤزى 14 مانگى نؤفه مه ره وه ده ستى پى كرد بوو و له 19 نؤفه مبه ر كؤتايتى پى هات ,,ليره دا بيمان باشه كه ئاكادارتان بكه ين كه برى يارمه تيه كان به كؤى (29,643.00)دؤلارى كه نه دى بوو, ئه ندامانى كوميته ى ريكخستنى فرياكه وتن به كؤ ده نگه وه برياريان دا كه برى ئه و يارمه تيه راده ستى هاوريانى بنكه ى كولترى ئه نه تؤليا( كه ريكخراويكى خيرخوازى باوه ر بى كراوه له لايان حكومه تى كه نه داوه ,,واته ريكخراوى ACF)كه ئه وانيش(واته ACF) به ريگاى خؤيانه وه يارمه تيكه بگه ينن بؤ جيگاى مه به ست بؤ يارمه تى دانى خه لكى لى قه وماوى رؤژهه لات و باشورى كوردستان …ئه م ده رفه ته به ده ست ئه هينين بؤ سوپاس كردنيكى بى پايان له گشت ئه و ئازيزه خو به خشانه ى كه به دريژاى گشت ئه و روژانه كاتيان دانا و زه حمه تيان كيشا له پيناوى ئه م هه لمه ته گرنگه دا, هه روه ها زؤر گرنگه سوپاس و ده ستخؤشى ريز خؤشه ويستى خؤمان ده ربرين ئاراسته گشت ئه و خه لكه ئازيزانه ى يارمه تى داراييان پيشه كه ش كرد به مه بستى فرياكه وتنى خه لكى ئازيزى كرمانشان و سه رپيلى زه هاو و ده ربه نديخان,,,له كؤتايدا سوپاسى هاوريانمان ده كه ين له ريخراوى(ACF) كه ئه ركى ناردن و دابه شكردنى يارمه تيكه يان به ئه ستؤى خؤيان كرت……پر به دل سوباس بؤ خه لكى به شه ره فى كوردى تورونتو.
له كاتيكى نزيكدا هه موو به لكه كان بلاو ده كريت به شيوه كى فه رمى له بلاوكراوه كانى مالى كورد و كؤمه له ى كولترى كوردى تؤرؤنتؤ و فدراسيؤنى ديمكراسى كورد له كه نه دا .
ده سته ى ريكخستنى هه لمه تى فرياكه وتن /تورونتو




کۆمەکی خەڵکانێک لە کەنەداوە بۆ زەمین لەرزەکەی کوردستان

بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەشێک لە خەڵکی خۆبەخشی نیشتەجێی کەنەدا کەمپەینێک مان ڕاگەیاند کە بریتیبوو لە بەخشینی پەنجا دۆلار
لەلایەن هەر کەسێک یان خێزانێکەوە.

خۆشبەختانە ئەمڕۆ هەینی ۲٤ی نۆڤەمبەر، بە شێوەیەکی شەفاف و سەرکەوتوو كۆتایی قۆناغی یەکەمی کەمپینەکە کە کۆکردنەوەی پارەکەیە ڕادەگەیەنین و لەم لیستەدا ناوی ئەوانەی بەشدارییان کردووە بڵاو دەکەینەوە..

قۆناغی کۆتای ئەم پڕۆسەیە ناردنەوەی پارەکە و بەخشینی بە خەڵکی شایستە و زیانلێکەوتوو، هیوادارین هاوڕێیانی کوردستان سەرکەوتووانە ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنن.لێرەوە دەستخۆشی لە ڕۆحی هاوکاریی هەموو ئەوانە دەکەین کە لەگەڵمان بەشدار بوون.

بەشداربووان:

سەرگوڵ و کاوە ٥٠
جەمال مەحمود٥٠
شێروان عوسمان٥٠
عەبدولڕەحمان مەولود٥٠
ئەرخەوان٥٠
جوتیار محمد ۷٥
گۆرانی دەنگەکان٥٠
خەبات و دڵسۆز ۷٥
کاردۆ حەسەن ٥٠
سۆران غەریب ٥٠
کاردۆ ساڵح ٥٠
دلێر مەحمود ٥٠
مینا حەمە فەرەج٥٠
شنیار مستەفا ٥٠
فاروق هۆمەر و چیمەن ۱٠٠
یوسف غەریب٥٠
سەمیر نووری ٥٠
ڕێباز سەمیر٥٠
سەباح مستەفا ٥٠
هەڵشۆ جەمال ٥٠
باوان شێروان ٥٠
جەمال سەیدسادقی ٥٠
شاڵاو ئەحمەد٥٠
عومەر قادر٥٠
شیرین مستەفا٥٠
ڕێباز ئەرسەلان٥٠
هاکار ڕێبوار٥٠
سەرمەند٥٠
کەژاڵ و سەلمە و ئەحمەد ۱٠٠
ئیدریس مستەفا ٥٠
جەلال میران٥٠
سەلاح مستەفا ٤٠
کاوە جەباریی ٥٠
گەشە و تۆرین ۱٠٠
گەڵا و لاریا۱٠٠
گوڵزار و مەریوان۱٠٠
کاوە و ڕێزان۱٠٠
سنور و تیلا ولیسا۱٠٠
شلێر و عیرفان۱٠٠
محمەد حسەین ۱٠٠
سوهەیلە و حەمە دوزی ۱٠٠
تاڤگە و دڵشاد۱٠٠
چیا. م ٥٠
عەتا عەزیز٥٠
مامۆستا عوسمان ٥٠
گەزیزە٥٠
سەڵاح ڕەفعەت ۳ کەس ۱٥٠
ڕێباز ڕانیەیی٥٠
ڕێبوار ئەوڕەحمان٥٠
فەهمی بێدار٥٠
وڵات نانەکەلی٥٠
سامان مەلا گچکە ٥٠
دیلمان عوسمان ٥٠
سالار یاسین ٥٠
حەوێز محەمەد ٥٠
سۆران ئیسماعیل٥٠
هێمن فەرید٥٠
د.ئیبراهیم عەزیز و خوناو حاجی٥٠
زانا تاهیر ٥٠
ئەحلام شەمعون ۲٠
مازن فەرەنسی ۲٠
هەژار شەبیب ٥٠
د. کاوە ئیبراهیم۱٠٠
د. جەمال حسن٥٠
ساڵح حسین٥٠
ئاسیا حسین ۱٠٠
کمال جەلال ٥٠
هۆگر سدیق٥٠
نهرۆ ڕەسوڵ ٥٠
کان باتاسی۲٥
نیاز حامید ٥٠
تاڤگە ئیبراهیم٥٠
نەژاد سیوەیلی ٥٠
کاروان ئیبراهیم ۱٠٠
د.فەرهاد عەزیز۱٠٠
فەرەیدون بانەیی ۱٠٠
دارا نادر ۱٥٠
بەهار عەوڵا و ڕێبوار عەبدلڕەحمن ٥٠
تەحسین فارق٥٠
عەبدوڵا قادر دەربەندی ۱٠٠
موستەفا میکایل موسی ٥٠
ئاری گەردی ٥٠
دالیا عەلی ٥٠
لوقمان وەردینە ٥٠
ئیسماعیل زاخۆیی٥٠
شادمان نەوزاد ٥٠
فریاد محەمەد٥٠
کۆمپانییەکی نەناسراو ۱٠٠٠
دارا ی محامی٥٠
چیا نەوزاد٥٠
چرا نەوزاد٥٠
هێمن ڕەئووف٥٠
…………………..


کۆی گشتی:
٦٥٥٥دۆلاری کەنەدی




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد-3 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی سێیەم …..

داود ئۆغلۆ لە درێژەی باسەكەیدا لە كتێبی قوڵایی ستراتیژی، زۆر لەسەر لایەنە رۆشنبیرییەكە دەوەستێت، بە تایبەتی رۆشنبیری سیاسی، كە هەموو توێژەكانی كۆمەڵ بگرێتەوە، ئۆغلۆ پێی وایە بەبێ‌ پێشخستنی رۆشنبیری سیاسی كە هەموو توێژەكان و ناوچەكانی وڵات بگرێتەوە، لە چوارچێوەی بە یەكەوە بەستنەوەی هاووڵاتیان وەك یەك، ناتوانرێ‌ لەسەر بونیادی ناوخۆ رووبەڕووی هۆكارە كارلێكەرە دەرەكییەكان ببنەوە.

هەروەها دەڵێ‌ ئەمەش لە كاتێكدا كە زلهێزەكان جۆرێك لە هاوسەنگیان لە ناوچەكە دروستكردوە، بە قسەی ئەو، ئەمەش دۆخێكی جیوسیاسی كوردی پێكهێناوە، كە دەرگای واڵاكردوە لەبەردەم هەر جۆرە بەكارهێنانێك، بەڵام ئۆغلۆ پێی وایە لە گەڵ ئەوەشدا دۆخی جیوسیاسی كوردی پێدەنێتە نێو كردار گەلێكی تەواوكراو لە گەڵ هێزێكی ئیقلیمی، كە ئامادەكاری دەكات بۆ هۆشیاری مەرجەعییەت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن، یانی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ كورد دەست بە توركیاوە بگرێت، ئەمەش لەو هەست و رۆشنبیرییەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئۆغلۆ بە هۆشیاری مەرجەعییەت وەسفی كردوە، وەك رێگاچارەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە مەودای دووردا و لە روانگەی یەك چارەنووسیدا. ئەمەش بە جەختكردنەوە لە تاك مەرجەعییەتەوە، لە لایەن هاووڵاتیانی ناوچەكە، كە جگە لەو هەست و هۆشیارەییەی كە لە بیری هەر تاكێك دروست دەبێت، هیچ مەرجەعیەتێكی دیكە كاریگەری نەبێت لەسەر تاك.هەروەها ئۆغلۆ نزیككەوتنەوە رۆشنبیری و سیاسی و ئابوورییەكان لە توركیا بە پێویست دەزانێ‌ و دەخوازێت توركیا ئەم نزیكخستنەوەیە بە خۆوەبگرێت و جیاوازی بكات لە نێوان تیرۆرستان و میللەتی كورد، هاووڵاتیانی بێوەی ناوچەكە خۆیان قایم كەن ئەمەش لە رێگەی هۆشیارییەكی نوێی مەرجەعییەوە.

لەم خاڵەوە توركیا سوود لە چەند شتێكی گرنگ وەردەگرێت، بە بەراورد لە گەڵ وڵاتە زلهێزەكان، كە دەیانەوێ‌ بێنە ناوچەكە، هەروەها بە بەراورد بە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە كە كوردی لێیە.
ئۆغلۆ ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو پێكەوە ژیانە دوور و درێژەی كورد و تورك، كە پێی وایە بە درێژایی هەزاران ساڵ لەم بە یەكەوە ژیانەیاندا هەرگێز رووبەڕووبونەوەیەك، كە بۆنی رەگەزپەرستی لێبێت، لە نێوانیاندا رووی نەداوە، بەڵكو پێكەوە بەرگریان لە دەوڵەتی عوسمانی كردوە، هەروەها ئەم تێكۆشانە هاوبەشەیان بەردەوام بووە، هەتا لەشەڕی سەربەخۆیی توركیاشدا.

داود ئۆغلۆ پێی وایە پێكهاتە مێژووی و جوگرافی و دینی و رۆشنبیرییە هاوبەشەكەیان بوونێكی بنەچەیی جێگیرە، هەر ئەمەش وای كردوە ئەو خەڵكەی لە ناوچەی ئەنادۆڵ ژیاون بە یەكەوە بگونجێن و هەڵكەن.
ئەمەش بۆ ئەو هۆشیارییە مەرجەعییە كۆمەڵایەتییە هاوبەشە دەگەڕەێنێتەوە كە پێی وایە بە درێژایی ئەو مێژووە لە نێوان كورد و توركدا هەبووە.
بە قسەی داود ئۆغلۆ پارتی كرێكارانی كوردستانیش نەیتوانی وێڕای هەموو هەوڵێكی، پشتیوانی هەموو كوردەكان بەدەستبێنێ‌، پێشی وایە ئەمەش بە تەنیا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی ناگەڕێتەوە، بەڵكو ئۆغلۆ ئەمە بۆ ئەو هەست و هۆشە هاوبەشەی نێوان كورد و تورك دەگەڕێنێتەوە، كە سەرەنجام یەكێتییەكی هۆشیاریی و مەرجەعییەتیشی لێكەوتۆتەوە.

لەم گۆشەنیگایەوە ئەحمەد داود ئۆغلۆ ئەم هۆشیاری مەرجەعییە، كە زۆر بە گرنگ دایناوە و پێی وایە ریشەیەكی مێژوویی هەیەو بەشەو و رۆژێك دروست نەبووە، بەڵكو كەڵەكە بوویەكی مێژووییە، لاواز بوونی زۆر بە مەترسیدارتر لە پارتی كرێكارنی كوردستان داناوە، بۆیە ئۆغلۆ هۆشیاری هاووڵاتیبوون دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆیە سەردەمییەكان، كە هۆشیاری مەرجعییەتیان لە خاوەنداریەتی تەقلیدیەتەوە هەڵێنجاوە، كە لە نێو كۆمەڵگادا كۆبۆتەوە. بە بڕوای ئۆغلۆ ئەوەیش هەستكردنە بە هاووڵاتیبوون، پێشی وایە هەستی مەرجعییەتی كۆمەڵایەتی ناگوازرێتەوە بۆ مەیدانی سیاسەتێكی شەرعی، بەبێ‌ دروستكردنی هۆشیاری هاوڵاتیبوون.

لەم بارەیەشەوە وای داناوە، كە قانوونی هاونیشتیمانی بوون، هەر هەموو كۆمەڵگا لە خۆدەگرێت بەبێ‌ جیاوازی، یان لایەنگیری. لە پەراوێزی ئەم تێگەیشنەشدا ئۆغلۆ دوو پێشنیاز بۆ چارەسەری رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی دەخاتەڕوو:
1- بەهێزكردنی هۆشیاری مرجەعییەتی كۆمەڵایەتی، بەو مانایەی كە لێك جیانابنەوە، هەروەها پشتیوانیكردن لە پێكهاتە مێژوویی و ئاینی و رۆشنبیری و جوگرافییەكەی كە جەخت لەو هۆشیارییە دەكاتەوە.
2- دڵنیاییدان لە مافی یەكسانی هانیشتمانیان، وەك بنەمایەك بۆ شەرعییەتی سیاسی، بەبێ‌ هەستكردن بە پێویستی، هیچ جۆرە دەست تێوەردانێكی دەرەكی.

ئۆغلۆ دەڵێت: توركیا بەقۆناغێكی زۆر تەنگدا تێدەپەڕێت، چ لەڕووی دۆخی دەرەوەدا، یان دۆخی رۆشنبیری سیاسی ناوخۆییدا، بۆیە پێی وایە بەرزبوونەوەی هەر دەنگێك، یان وتاردانێك، كە ببێتە هۆی دروستكردنی هەرجۆرە شڵەژانێكی كۆمەڵایەتی، نابێت لە لایەن خەڵكی ژیرەوە گوێی لێبگیرێ‌، دیارە بەلای ئۆغلۆوە ئەوە، ئەو مەرجەعییەتەیە كە بەلایەوە زۆر گرنگە، بەشێوەیەک گرنگتر لە هەر شتێكی تر.




كوردی هائیم و حەیران … هێمن عومه‌ر خۆشناو

هەموو ڕۆژێ لەگەڵ گەردی بەیانی دەیبینم، جلێكی درێژی لەبەرە و خۆی دەمامك دایە و تا چۆكان خۆی هەڵكردووە و لەبن دیوارێك لە دیار ڕۆژێ هەڵكوڕماوە. لە دوور ڕا كە چاوی دەدەمێ وەك هەژارێكی بێ دەرەتان دیارە و بەسەر گۆچانەكەی چەمیوەتەوە و ڕیشێكی سپی، سپی دەلێی كڵوە بەفری كوێستانانە، بەسەر سینگی دا هاتۆتە خوارێ، كە لیشی نزیك دەبیتەوە ئەو ڕیشە سپییە دەبێتە ڕیشێكی ڕەشی قەترانی، هەر دەلێی سیحربازێكە و هەر جارە بە ڕەنگێك خۆی نیشان دەدات و چەند جار لەبەر دەرگای زانكۆ دیومە، ئەو خەلكە دەیبیننن و خۆیان لە گوورە نابەن، ئەویش بە نیگایەكی قووڵ لێیان دەڕوانێ و جاری واش هەیە هەر ئاخان هەڵدەكێشێ و لە حەسرەتان پەشتەماڵەكەی بەسەر سەر و چاوی خۆی دادەداتەوە و لەبن ئەو پەشتەماڵە سەری دەلەقێنێ و كەس لیی حاڵی نابێت چ دەڵێ و مەبەستی چییە!

دوو مانگ زیاترە دیقەتی دەدەمێ، دەچمە هەر شوێنێ ئەو پیرە پیاوە لەوێندەرە، بە بەردەمی قوتابخانەیەكی سەرەتاییدا ڕەت بووم، لەبەر دەرگای ئەوێش هەڵكوڕمابوو، دەچمە ناو بازاڕ لەناو میوەفرشاندا سەرنج دەداتە دەمی میوەفرۆشان و لە زمانیان ورد دەبێتەوە و هەر هەناسەی سارد هەلدەكێشێ.
چەندی لیی نزیك دەبمەوە گەشتر دەیبینم، هەتا دووردەكەومەوە وەك ئەو كزتر دەبێ و وا هەست دەكەم پارچەیەك لە جەرگی من دەبات و بەو گەرمایە لەبەر ڕۆژێ جار جار پیاسان دەكات و جاری واش هەیە لەبەر ئەو تاوە سۆرە دادەنیشێ و لەو خەڵكە ڕادەمێنێ و بە نیگایەكی دوور دوور ئەو چاوە ڕەشە قەترانییانە نانووقێنێ و ئەو برۆیە ئەستوورانە هاتوونەتە سەرچاوەكانی و وەك ساباتێك بەسەر ئەو چاوانە و وەك سێبەری دار چنارێكن و دوو چاویش وەك دوو مرۆی ماندوو لەژێریدا نە سەرخەوێك دەشكێنن و نە لە ڕامان و وردبوونەوەش دەكەون!




مانیفێستی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیدی شەقامەوە … سـامـانی وەسـتا بـەکر & فـەرەیـــــدون کـونـجـرینـی

لە نوێ بوونەوەی شۆڕش و خەباتی شاخدا چەند حیزبی کوردی ئۆپۆسیزیۆنی پارتیزان بوونی هەبووبێت لەپێناو رزگاری خاك و بەئازادی ژیانی هاوڵاتیانی دژبە ڕژێمی بەعس بوە ، دوابەدوای ڕاپەڕین و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە تا ئەم وەرزە چەندین پارتی نوێ بونی هیە، ئەو پارتانەی ١٩٩١و ساڵانی دوایی دامەزراون بەدرێژایی بوونیان نەیان توانیوە درزێك لەکەلێنی کۆمەڵگەکەماندا پڕبکەنەوە یان ببنەهۆکاری باشبوون و بەرەوپێشچوونی سیستمی حوکمڕانی، بەجۆرو نێـــــیەتێك دانــەمــەزراون کۆتای بەهەژاری و برسێتـی و نەمانی چەوساندنەوەی چیانایەتی بهێنن، بەڵکو بۆ پاڵپشتـی کردن و بەهێزکردنی دوولایەنی دیاری باشور دروستبوون یان دروستکراون و دواتر قڕوقەپیان پێکراوە و ڕەزامەندبوون بەو سیستمەی بەدرێژای 26 ساڵ پارتی و یەکێتی حوکمی تاکڕەوی و تاک لایەنەی دەسەلاتیان گەشەی پێکردووە، لە ئێستاشا دوو قەوارەی نوێ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ئەکەن بۆیە لێرەوە بەدواوە ئەبێ گۆڕان ووردتر و ڕژدتر داخوازییەکانی خەڵک بەدیدبگرێت و ئەقوال بگۆڕێ بە ئەعمال.

لەدامەزراندن و هاتنە کایەیی سیاسی و بەشداربوون لە حکومەتدا پێویستە پێش پشتیوانی لە هەرقەوارەیەك، بیەوێ بەشداربێت لە هەڵبژاردنەکاندا یان هەر لایەنێکی ئۆپۆسزیۆنی دامەزرێ مەبەست لە ئامانجەکەی بە هەند وەرگیرێ، لە ڕوانگەیەکی دی لەوەدڵنیابن ئایا قەوارە نوێکان هاوشێوە ئەو حیزبانە نابن کەلە پاش بەهاری ١٩٩١و ساڵانی دواتر دامەزراون ؟

بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونی لەڕوانگەی ناوەکی جیاواز لە هەرپارتێکی نوێ دامەزراوەو پشتبەستوتر لە دەسەڵاتداران بە واقعی کۆمەڵگەی کوردی کاری کردووە و بۆتە هۆی کەمکردنەوەو ڕێگیری لە نەیارانی خەڵکی هەژار و توانیویەتی وەك بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و ڕاستگۆ لە پێناو مافی هاوڵاتیانا خەبات بکات. لە چوار ساڵی ئۆپۆسیزۆن بوون و ساڵ و نیوێک بەشدار لە دەسەلات توندو چاونەترسانە بەپێـی خواستـی هاولاتیان کەم تا زۆر چالاك بووە، لە دەسەڵاتیشدا هاوشێوەی ئۆپۆسیزیۆن کاری کردوەو ڕێگیربووە لە بەرفراوانی گەندەڵی و دەستێوەردانی حیزب لە حکومەت بەڵام هێزی نەیارانی لەسەرەوە بووەو نەتوانراوە پێچەوانەی ئاڕاستەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتـی کار لەسەر بەرنامەکانی بکات بەڵکو زرمەزلێـی سیاسی ئەو دوو لایەنە ترس و تۆقاندنیان گەیشتۆتە ئاستێکی خراپ تەنانەت ئاڕاستەی مەکۆو بازنە و بنکەکان لەڕێی سوتان و تاڵان و دەسبەسەراگرتن مەبەستبوە لە شەڕەنگێزی و دوپاتکردنەوەی جەنگی ناوخۆ کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دادگاو دادی گشتـی بێ لایەن بەواتای نەبوونی سەروەری یاسا.

لێرەوە پوخت و چڕ هەوڵئەیەین ئەو خاڵانە بخەینە ڕوو کە کۆی گۆڕانخوازان و شەقامی کوردی چاوەڕێی ئەکا لە گۆڕان لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و حیزبی:

ئەکرێ کۆی کیشەکانی هەرێم لەسەر ئاستی نیشتمانی لە ڕێگەی دوو چاکسازییەوە چارەسەر بکرێ کە ئێمە بەناوی “دایکی ڕێفۆرم” ناوزەندی ئەکەین ئەوانیش.
یەکەم: “دامەزراوەی دادگای گشتـی بێ لایەن و پڕاوپڕ سەربەخۆ”یە، ئەو دادگایە لێکۆڵینەوە بکات لە هەر بابەتێکی نیشتمانی، نەتەوەیی، حیزبی و ڕێکخراوەیی تا بچوکترین تاوان و ئەکتیڤ کردنی سەرجەم دادگاکانی هەرێمی کوردستان، بوونی دادگای نیشتمانی بەپەیوەندی کردن لەگەڵ داگای فیدراڵی گرنگیەکی هەنووکەییە.
دووەم: هەڵوەشانەوەی میلیشیای حیزبی لەژێر هەر ناوێکابێ و دروست کردنی هێزێکی چەکداری پڕ چەکی نیشتمانی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بەمەرجێک وەزیری پێشمەرگە کەسێکی قاڵ و پرۆفیشناڵ و مەدەنی بێ لایەنبـێ. بۆ ئەم کارانە گۆڕان ئەبێ هەموو ڕێگاکان بگرێتەبەرو سڵ نەکاتەوە لە هانا بردن بۆ زلهێزەکان و فشارو پەستانی شەقام سوود لێوەرگرێ.

لەدیدی شەقامەوە: گۆڕان لەرابوردوا باشتر و چالاکتر لە ئێستا کاریکردووە هەرگیز وەک هەنوکە چەقبەستوو نەماوەتەوەو لەژێر فشارو ڕەخنەدا نەبووە بەتایبەت لەم وەرزەدا وەڵامی نیە بۆ هەڵسوڕاوو ڕەخنەگران ! واتا بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوەڕوانی پشتیواناندایە تا خۆی قوتارکات لە ڕەخنەدیدی هاوڵاتیان کە تەوەرێکی گرنگە بۆ هەڵبژاردنەکان و چوونە ناوخەڵك بەکاری نوێوە.

ڕەخنەگرتن لەناوخۆو پەیڕوی سیستم بەربەستە بۆ خراپ بەکارهێنانی پلاتفۆڕمی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڕەشەیە بۆسەر هاوڕێیانی ڕەگــــــ ، مەبەستمانە گۆڕان چۆنی هێناوە باشتریکا لە رابوردوو، ناکرێ لێرەدا باس لە هەموو شتێك بکرێ بەڵکو بە هاودەنگی و هاوڕەنگی پشتیوانان یاداشتێکی تایبەت بۆ هەردوو جڤات و ژوورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان تا ڕێکخەر وەك مانیفێستێک لە دوو توێی پڕۆژەیەکدا هەموو ئەو پێشنیازانە ڕەوانە دەکەین.

تیندانەوە بە گۆڕان لەسەر ئاستی حیزبی، بەدیدوەرگرتنی هاوڵاتیان لە ڕێگەی هەڵسوراوو چالاکوانان ڕەچاوکرێ، دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان گۆڕان و خەڵک لە قۆناغێکی باش بۆ (زۆرباش) وەک ئەوەی ئەمڕۆ هاوڵاتیان مەبەستیانەو دەیانەوێت هەبێت. هاوڵاتی پرسگەی دەوڵەتە هەر بڕیارێکی حکومەت دەرچێت دەبێت پێشوەخت پرسی هاوڵاتی تێدابێت چونکە هاوڵاتیان دەتوان بڕیاربەن و بەرپەرچی هەرهەڵەیەکی حکومەت بەنەوە.

گرنگە بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیارو یاداشـــتـی هەرتاکێکی ناو بزوتنەوەکە بەگرنگ بزانێت و پرۆژەو پێشنیاری نێردراوی هەڵسوڕاوان ڕادەستـی ژووری مەبەست بکات پاش شرۆڤە وەڵامی گونجاو بنێرێتەوە بۆ هەڵسوڕاو گۆڕانخوازان چونکوم پێشنیارو پرۆژەکانی ئەوان هەڵقوڵاوی ئازارو دەنگی ناڕەزای خەڵکن. بە دیدگرتنـی خەڵکی بێلایەن و ڕەخنەی لایەنگرانی پارتەکانیتر و دانیشتوانی هەرێم ئەکرێ بکرێ بە کۆکی نیشتمانی، هەروەك چۆن لە ڕابوردووا گۆڕان جیاوازی لە ئایینـی و ئیتنیـــدا نەکردوە دەشکرێ جیاوازی لەناوخۆو پلە بەندی هەڵسوڕاوەکانیشیا نەکات و بەدەم داواکاری و پێشنیاری گۆڕانخواز و هەڵسوڕاو هاوڵاتی ئاساییشەوە بچێت.

نەوشیروان مستەفا پێیخۆشنەبوو لەسەر شکۆی خەباتی شاخ بژی بەڵکو ئەو بڕوای بەو تیۆرییە هەبوو “ئایا لە ئێستایا چیت بۆ ئەکرێ و چی نوێت پێیە”؟ گرنگە گۆڕان بەو ئاڕاستەیە کاربکات کە (دوێنێ فێرگایە بۆ ئەمڕۆ و ئەمڕۆ کاری نوێ ئەکەین و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دوێنێش ئەکەین و پلان بۆ سبەینێش ئەکێشین) واتا ئەمڕۆ گرنگترینە!
ئەوەی کە ئێستا کەوتۆتە سەر شانی گۆڕان داهاتووی بزوتنەوەکەی لەسەر بەندە هەربۆیە ئەرکی گۆڕان ئاسان نیە بەڵام کارکردنیش لەسەری گران نیە! گۆڕان ئەبێ سەرەتا گوێ بۆ دەنگە ناڕازییەکانی خوارەوە بگرێ تا لەسەرەوە بڕیارەکان لە بەرژەوەندی گەشەی حیزب بێت. ئەبێ گوێ بۆ ڕەخنەگرانی یارو نەیار بگرێ و نە بەپیاهەڵدانی دۆست شاگەشکەبێ و نە بەڕەخنەی نەیاریش گۆشەگیربێ. ئەبێ گوێ بۆ دەنگ و هاواری شەقام بگرێ تا پردی پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتی ئاساییا نەپچڕی و هەمیشە کارو فرمان و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی مافخوراوانبێ، هەڵسوراو و پشتیوانان لەدیدی خەڵکەوە ڕەخنە ئەگرن، ئەبێ بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی بدات بەنوسەران و ڕەخنەگران ئەوانەی بیروڕای خەڵك وەرئەگرن لە گوزەرانیان گەیشتون و داواکاریەکانیان بەدیدی خۆیان ئاشکرا ئەکەن.

وێڕای ئەوەی گۆڕان سەرکرادەیەتی لە کۆنگرەیا هەڵنابژێرێ بەلام دواخستنی کۆنگرە کە ئەبێ دوو ساڵ جارێ ببەسترێ و لە ئێستایا دواکەوتووە ئەبێتە هۆکاری چەقبەستوی، کۆنگرە گرنگە بۆ نوێکردنەوەو ژیانەوەی دەستوری ناوخۆی گۆڕان و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمی نوێ. هەڵبژرادنە ناوخۆییەکانی ناوەوەو دەرەوەی گۆڕان یەکێکە لە گرنگترین کارەکانی گۆران کە نابێ لەژێر هیچ پاساوێکا دواخرێ کە لە ئێستایا بۆتە هۆکاری باش بەڕێوەنەچوونی ڕێکخستنەکانی گۆڕان، هەروەک چۆن حیزب کاری ڕاهێنان و پەروەدەکردنی کادێرە تا لە کاتی وەرگرتنی دەسەڵات و چوونە ناو حکومەتەوە ئاوێنەی سیاسەتی حیزبن هەرواش گرنگ و ئەرکی ئەخلاقی حیزبە کە هەڵبژاردنی ناو خودی حیزب لەکاتی خۆیا ئەنجام بدات تا هەڵسوڕاوانی تووشی پەتای “ماوە بۆ درێژکردنەوە” نەبن و ڕانەهێنرێن لەسەری و ببـێ بە کلتورێکی بێ کەڵک لەناو حیزب و حکومەتا.

ئاشکرایە کۆڵەکەکانی دامەزراندنی گۆڕان کە لەناو ناوەرۆک و پەیڕەو هەیکەلی دروست بوونی حیزبەوە و پست بەستنە بە دەنگدەر نەک شەڕکەر “هێزی چەکدار”، ئەمە مۆدێلێکی نوێ بوو کە نەوشیروان مستەفا لە دنیای سیاسی کوردا دایهێناو لە یەکەم تاقی کردنەوەو بەشداری کردنی هەڵبژاردنەکانا بوو بە دووەم گەورە حیزبی هەرێم، هەرێمێک کە هێزی چەک لە ناو حیزبەکانا باڵادەستە نەک لۆژیک. ئەوەمان لا ڕوون و بێ تەمومژ ئەکا کە گۆڕان لە دامەزراندن و ئامانجدا سەرکەرتوو بوو بە پلەی نایان بۆیە لادان لە بیرو بڕواو ئامۆژگاری و وەسیەتی بیرمەند و داهێنەر نەوشیروان کارێکی مەترسیدارئەبێ هەربۆیە جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین وەسیەت و ئامۆژگارییەکانی بە تێکەڵ کردنی خوێن و توانای نوێ بە ئەزموونی ڕابردوو بۆ دامەزراندنی دامەزراوەکانی گۆڕان بە پێویست ئەبینین.

دووپاتی دیدو شرۆڤەمان لە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوییەکان ئەوەیە هەروەک چۆن گۆڕان پەیامێکی پشتیوانی بوو بۆ ئازادیخوازان، شکاندنی دیواری ستەم، ســتۆپــی زەوتکاری داهات، ئاشکراکردنی موڵکی هاوڵاتی، گەڕانەوەی شکۆ بۆ پێشمەرگە و ئازادکردنیان لەدەس حیزب و بەنیشتمانی کردنیان هەرواش گۆڕان ئامانجی کۆتای هێنانە بە قۆرخکاری ئازادی و کردنەوەی گرێی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات هەروەک چۆن لەسەرهەڵدانیەوە بەڵێنــی گەڕانەوەی مافی تاکیدا بۆ خاوەنەکەی، دەستەبەرکردنی دادی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی مەحسوبیەت و مەنسوبییەت، توانای گونجاو بۆ شوێنی گونجاو، ڕیزگرتن لەپەرەنسیپـی بەڕێوەبردن، پوختـی دیموکراسی، درێژنەکردنەوەی ماوەی تەواوبووی سەرۆکی وڵات یان کادێرێکی حیزبی و….هتد هەرواش ئەبێ گۆڕان بەردەوامبـێ باشتر و هۆشیارتر هەنگاو بنێین لە ڕابردوو، بۆ گەشتنیش بەم ئامانجانە گرنگە و ئەشبـێ سیاسەتی لەگوتارەوە بگۆڕێ بۆ کردار.




كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه‌ – 71 – …. كه‌ریم كاكه‌

عه‌لی عاشق دره‌نگ له‌ گه‌لی عه‌لی به‌گ ده‌نگیدایه‌وه‌.
وه‌ستا ره‌جه‌ب ئه‌یگۆ: خه‌ره‌ندێ خۆ به‌ ته‌رمێ له‌شكری رۆم و عه‌جه‌م پڕ ئه‌كه‌ینۆ.

71

به‌ گوێره‌ی رۆژمێری نه‌ورۆز بێ، هێشتا دوو حه‌فته‌یه‌كمان له‌ به‌هار ماوه‌، بابم ساقۆ درێژه‌كه‌ی فڕێنه‌داوه‌، به‌ڵام من ده‌مێكه‌ به‌ توێی كراسێكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێم، بابم گوتی:
كوڕم ئه‌وێ سارده‌، به‌ جلكی هاوینیه‌وه‌ ناتبه‌م..
له‌ قسه‌ی ده‌رنه‌چووم و به‌ ڕێكه‌وتین، بیرمه‌ له‌ پێچه‌كانی پیرمامێ، به‌ر له‌ گه‌یشتن به‌ لۆفه‌ی كه‌ریم حه‌شاش، هه‌رچی سه‌رنشینه‌ ورد ورد كه‌وتنه‌ وێرد خوێندن، منیش چاوم لێیان كرد، ئه‌و تامپۆنانه‌ی كه‌ له‌و جێیه‌ كرابوون و من بیستبوومن، یه‌ك یه‌ك هاتنه‌وه‌ به‌ر چاوم، ته‌واوێك ترسام، ده‌رفه‌ت نه‌بوو، ده‌نا خۆم ده‌خسته‌ بن ساقۆكه‌ی بابم، سه‌ركه‌وتین و شۆڕبووینه‌وه‌، له‌و رێیه‌ تا شه‌قڵاوه‌م دیتووه‌.
پیاوه‌كه‌ی له‌ پێشه‌ من دانیشتووه‌ به‌ ده‌نگی بڵند بۆ پیاوه‌كه‌ی ته‌نیشته‌ خۆی قسان ده‌كات، هه‌ر من نا، هه‌ستده‌كه‌م بابیشم تامه‌زرۆی قسه‌كانیه‌تی و هه‌ناسه‌ی له‌ خۆ بڕیوه‌، ده‌گه‌ینه‌ هه‌ر ئاواییه‌ك و هه‌ر چیایه‌ك ، هه‌ر دۆڵێك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و پیاوه‌ ناویان ده‌ڵێ:
ئه‌وه‌ كۆڕێ، ئۆته‌ شه‌قڵاوه‌، ئه‌وه‌یان سه‌فینه‌، ئه‌وێهێ چیای هه‌ورێیه‌، ئه‌ها چیای به‌نی هه‌ریره‌ و هه‌ریریش له‌ بنی، ئه‌ها كۆڕه‌ك سه‌ری گه‌یشتۆته‌ ئاسمانێ، لێرێهێوه‌ دۆڵی بالیسانه‌ ده‌چێته‌وه‌… ئه‌و چیایه‌ ده‌بینن سپی ده‌چێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ چیای…
له‌ زاری پیرێژنه‌ بسك سۆره‌كه‌وه‌ ناوی كابرام زانی:
عه‌لی گه‌ڕیده‌، ده‌ڵێی له‌و گوندانه‌ ده‌رۆزه‌ت كردووه‌، وا شاره‌زای.
كابرا به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێ:
چما لێره‌ش له‌گه‌ڵمی! پیرێژن له‌بیرت كرد، ئه‌و ساڵه‌ی تۆم هه‌ڵگرت، ئه‌و ناوه‌مان هه‌موو كرد!
بسكسۆر: هه‌ی له‌ ده‌وت ریم عه‌لی گه‌ڕیده‌ی داك به‌ دووكه‌تی.
ئه‌و دووه‌ پێده‌چوو ته‌مه‌نێك بێ یه‌كتر بناسن و له‌ گاڵته‌ش هێنده‌ لێكدی نزیكبن، ده‌ستنوێژیان له‌ ئێكدی نه‌شكێ، عه‌لی گه‌ڕیده‌ له‌گه‌ڵ ناوهێنانی جێیه‌كانیش جاروبار كورته‌ سه‌رهاتێكیشی ده‌گێڕایه‌وه‌:
ئه‌ها، له‌و مله‌یه‌، سێ فیشه‌كیان به‌ كاوێزاغاوه‌ نا، به‌ڵام به‌ر نه‌كه‌وت.
له‌و سه‌ره‌ رێیه‌، رێگر رێیان له‌ حه‌سه‌ن سیساوه‌ گرت و رووتیان كرد و حه‌یرانیشیان پێگۆت.
ساڵه‌كی له‌ ده‌و زێی بادینان- ئه‌ها، ئه‌و رێیه‌ ده‌تباته‌وه‌ سه‌ر زێ- به‌رازێك هێنده‌ی هێسترێك روو به‌ روو بۆم هات، تفه‌نگم له‌ شانه‌، به‌ڵام سام گرتی بووم و ده‌ستم به‌ خۆمدا شۆڕكرده‌وه‌، خودا خێری به‌راز بنووسێ، زگی پێمسووتا، سه‌رێكی راوه‌شاند، وه‌ك ئه‌وه‌ی سڵاو بكات، به‌ رێی خۆیدا رۆیشت.
له‌و پێچه‌ بسووڕێینه‌وه‌، ئامۆكانه‌، جێی ژنهه‌ڵگر و پیاوكوژانه‌.
له‌ سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ پیاوێك لێی هاته‌ ده‌نگ:
كوڕه‌ كابرا، لۆ وا به‌ پێخواسی به‌ ناو كه‌وتی؟ ئامۆكان جێی مێرخاس و عه‌گیدانه‌.
له‌وه‌بوو پیس تێكبگیرێن، بابم و بسكسۆر كه‌وتنه‌ نێوانیان، ناوبژییان كردن و ساردبوونه‌وه‌. عه‌لی گه‌ڕیده‌ واز له‌ ئامۆكان ناهێنێ، سه‌ربرده‌ی قورئانه‌كه‌ی گێڕاوه‌ كه‌ من پێشترێ له‌ پیاوه‌كه‌ی ده‌و زێ بیستبووم، گه‌ڕیده‌ له‌و سه‌ری تووڕه‌یوونه‌وه‌، به‌ لای پێكه‌نیندا بایدایه‌وه‌ و گوتی:
له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتێ، یه‌ك قورئان هه‌بوو، ئه‌ویش له‌ نزیك ئامۆكان چێڵه‌ سۆری پلكه‌ فاتێ، له‌گه‌ڵ پووش و په‌ڵاش لوولی دا و قووتی دا، بۆ سوێندیش په‌ره‌كی نه‌هێشته‌وه‌، تا ئێستاش خه‌ڵكی ئه‌و ئاقاره‌ كاتێ سوێند ده‌خۆن ده‌ڵێن: به‌ قورئانی ناو زگی چێڵه‌ سۆرێ، خۆ ناڵێن ئه‌وه‌ش درۆیه‌؟!
كه‌س قسه‌ی نه‌كرد، بسكسۆریش نه‌یگوت درۆیه‌.
بڕۆ، هه‌وراز و نشێومان زۆر بڕی، له‌ بڵندبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ دووره‌وه‌ دوندێك له‌ شێوه‌ی مله‌ گا ده‌ركه‌وت، عه‌لی گه‌ڕیده‌ گۆتی:
سه‌ركه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و دونده‌ هه‌رچی چیای دنیا هه‌یه‌، لێته‌وه‌ دیاره‌.
له‌ شۆڕبوونه‌وه‌یه‌ك ئاواییه‌ك ده‌ركه‌وت، خه‌لیفانی ده‌ڵێنێ، پێشترێ به‌ بیستنی ئه‌و ناوه‌ نازانم بۆ بیرم بۆ كۆڕی خه‌لیفه‌ و ده‌روێشان ده‌چوو، بۆیه‌ له‌وێ چاوه‌ڕێبووم به‌ ده‌ف و شیر و پرچكردنه‌وه‌ بێنه‌ سه‌ر رێ و به‌ ده‌وری ترومبێلدا (هه‌لقه‌ی زیكر) ببه‌ستن، گه‌یشتین و خه‌لیفه‌یه‌ك چیه‌ دیار نیه‌، له‌ هیكڕا ره‌وه‌یه‌ك ره‌شه‌وڵاخ به‌ جاده‌ وه‌ربوون، زرم، زرمه‌یه‌ك ده‌تگوت شاخ رووخا، هه‌ژانێك له‌ بوومه‌له‌رزه‌ ده‌چوو، هه‌موو كه‌وتنه‌ ناو باوه‌ش و سه‌ر پشتی یه‌كتر، (یا ئه‌لڵا یا ئه‌لڵا) له‌ چیاكان ده‌نگیدایه‌وه‌، خۆمم له‌ بن لچكی ساقۆكه‌ی بابم دیته‌وه‌، هه‌ست له‌ خۆ راده‌گرم، چ جێم نایه‌شێ، بابیشم ده‌ڵێ:
چ نیه‌، چ نیه‌..
دڵنیابووم ساقۆی بابم ده‌مپارێزێ، له‌ كۆپته‌ر و جاشانی پاراستووم، له‌ ترومبێل نامپارێزێ! بۆیه‌ له‌ چاو زرمه‌ و له‌رزه‌كه‌ چی وا نه‌ترسام، هه‌موو ساغ و قیتن، كه‌س كه‌پووشی خوێنی لێنه‌هات، دابه‌زیین، چ ببینم باشه‌! به‌ر له‌ هه‌ر جێیه‌كی چاوم كه‌وته‌ سه‌ر گوانی، گوانی وا گه‌وره‌م نه‌دیتبوو، له‌ گوانی چێڵه‌ شینی گۆرینیش گه‌وره‌تر، له‌ چواران دوو گۆی له‌ منه‌وه‌ دیاربوون، له‌ لوقمی درێژی لووله‌یی ده‌چوون، چێڵه‌ سپی لاتێ عه‌ردی گرتووه‌، له‌گه‌ڵ سه‌ر جوولاندن، قۆچێكی ده‌له‌قێ، پێده‌چێ له‌ بنه‌وه‌ شكابێ، له‌ زار و كه‌پوویه‌وه‌ خوێن دێ، گوێملێیه‌:
مردارده‌بێته‌وه‌، سه‌ریبڕن.
پیاوێكی خڕكه‌ڵه‌ی جه‌مه‌دانی خڕی كڵاو به‌ گوڵینگ، كێردێكی له‌ ده‌سته‌ نیوه‌ شیرێكه‌، سواری سه‌ری چێڵه‌ سپی بوو، كێردی به‌ ملدا هێنا، وه‌ك بڵێی كانیی خوێن له‌ ناو جاده‌ ته‌قیبێته‌وه‌ وابوو، خوێن جۆگه‌له‌ی به‌ست.
بیرمه‌ له‌ ساتی سه‌ربڕین به‌ هه‌ردوو ده‌ست چاومم گرت، به‌ڵام له‌ كه‌لێنی په‌نجه‌وه‌ دیمه‌نه‌كه‌م دیت، دیمه‌نێكی به‌سام، پیاوه‌ كێرد به‌سته‌كه‌ له‌ جێی چێڵه‌كه‌ با، هه‌ر هێنده‌ تێكده‌چووم، له‌و ته‌مه‌نه‌ سه‌ربڕینی چێڵ چی له‌ سه‌ربڕینی مرۆڤ كه‌متر نه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ هی مرۆڤم نه‌دیتبوو، به‌ڵام گریانی ژنه‌كه‌ جیاوازیی نێوان چێڵ و مرۆڤی كالكرده‌وه‌، چاوده‌نێ، ژنێكی شینپۆش به‌ سینگكوتان و ده‌ست هه‌ڵشه‌قاندن گه‌یشت، خۆی به‌ سه‌ر كه‌له‌ش دادا، سه‌ری به‌ زگیه‌وه‌ ناوه‌ و گوانی ماچ ده‌كات، شیوه‌نێكی گێڕا، چ ژنێ له‌ سه‌ر ته‌رمی خوشكی شینی وای نه‌گێڕاوه‌، ژنه‌ سه‌ردوولكه‌ی به‌ سه‌ر چێڵه‌كه‌یدا ده‌گۆ، به‌ (خوشكان)یش ناو ده‌هێنا، من پاشترێ پێكه‌وتم چێڵ هه‌یه‌، وه‌ك مرۆڤ ناوی هه‌یه‌، ئه‌وه‌یان ناوی خوشكان بوو.
دیتم ژنه‌ شینپۆشه‌كه‌ سه‌ری بڕاوی خوشكانی به‌ سینگی خۆیه‌وه‌ نا، خۆی له‌ خوێن هه‌ڵێنا، ئه‌ها ده‌ستی پاڕانه‌وه‌ی بۆ ئاسمان بڵند كرد:
ئه‌وه‌ی تۆی وا لێكرد، وه‌ك تۆی لێبێ.
پیاوێكی كه‌ڵه‌گه‌تی چوارشانه‌ ده‌ڵێ:
خوشكم، وا مه‌ڵێ، بۆت ده‌بژێرم، زار هه‌ڵێنه‌، چه‌ندت ده‌وێ ده‌تده‌مێ.
ژنی شینپۆشی له‌ خوێن هه‌ڵكێشراو به‌ گریانه‌وه‌:
گوو به‌ بژاردنت، به‌ به‌ڕك و پاره‌ت، من خوشكانی خۆم ده‌وێته‌وه‌.
باشه‌ ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ و بۆچی خوێنی چێڵه‌ سپی ده‌دا، ئه‌دی له‌ سه‌ر شوفێره‌كه‌ نیه‌؟ تاهوو واهـ! دۆشاو به‌ گونم له‌و جێیه‌ بێ ئاوه‌، له‌و ساته‌ هه‌وكم وشك ببوو له‌ تینوێتی، ئێ، بزانن رووداوه‌كه‌ كوو بووه‌:
كابرای چوار شانه‌ شوفێری ئه‌و قه‌لابه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ده‌و جاده‌كه‌ راوه‌ستاوه‌، رووه‌ و ئێمه‌ دێ، كاتێ گاگه‌ل دێته‌ پێشی خۆی پێناگیرێته‌وه‌، خۆ به‌ خوشكاندا ده‌دا چه‌ند ته‌قله‌یه‌كی پێلێده‌دا، له‌ دوا ته‌قله‌ به‌ ترومبێله‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌كه‌وێ، ئه‌وه‌تا لایه‌كی، لای پێشێی كه‌مێك قۆپاوه‌..
ژنه‌ی شینپۆشی خوێناوی له‌ شین ناكه‌وێ، پیاوێ دڕ به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌دا، پیلی ژنه‌ ده‌گرێ و رایده‌كێشێ و ده‌ڵێ:
داده‌، ئه‌و شینه‌ چیه‌؟ خۆ خوشكانه‌، خوشكت نیه‌.
دووریخسته‌وه‌، ئه‌وه‌شم له‌بیره‌، پیاوێك ده‌یگۆته‌ بكوژی خوشكان:
تا به‌شه‌ خێری خۆت نه‌به‌یت، ناڕۆیت.
ئێمه‌ سواربووینه‌وه‌ و وه‌ڕێكه‌وتین، بسكسۆر ده‌ڵێته‌ عه‌لی گه‌ڕیده‌:
چیدی زمانت نه‌گه‌ڕێ، با تووشی به‌ڵایه‌كیدی نه‌بین.
به‌ڵام گه‌ڕیده‌ گوێی ناداتێ، ئای، ئێره‌ به‌ سامه‌، چیا و دۆڵ لێره‌وه‌ سامی خۆیان نیشان دا، ترسم لێنیشت، ئه‌وه‌تا وا به‌ قوڕگی زه‌ویدا ده‌چینه‌ خوارێ، خوایه‌، ئێره‌ كوێیه‌، تا كوێ شۆڕده‌بینه‌وه‌، سه‌ر له‌ جامی جێب ده‌رده‌هێنم، ئاسمان هێنده‌ی ئه‌و دووكه‌ڵه‌ی لێ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ فڕۆكه‌ی قوونبه‌دووكه‌ڵ له‌ دوای خۆی به‌جێیده‌هێشت، هێشتا شۆڕده‌بینه‌وه‌! زوو زوو ته‌ماشای ساقۆكه‌ی بابم ده‌كه‌م، دامناوه‌ شتێك بقه‌ومێ خۆم بهاومه‌ بنی، قورسایی ترس نیشتووه‌ له‌ سه‌رم، هه‌ناسه‌بڕكێمه‌، دڵم هه‌زاره‌ ده‌كات، شاخی هه‌زار به‌هه‌زاری وام له‌ چ جێ نه‌دیتووه‌، نه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنێ، نه‌ له‌ خه‌ونێ، نه‌ له‌ قسه‌كانی مام تۆفیقی جه‌ڵه‌بوانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ سیپانێ هه‌ڵدێرا، ئێره‌ هه‌بێ نه‌بێ جێیه‌كه‌ له‌ جێیه‌كانی ناو هه‌قایه‌ته‌كانی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی سه‌یداوه‌، له‌وێ جێی وا هه‌یه‌..
له‌ بنه‌وه‌، له‌ لای خوارێوه‌ رووبارێكی تیره‌ ماری به‌ بن ئه‌و ئاسمانه‌ باریكه‌دا نازانم روو له‌ كام لا ده‌ڕوا، له‌جێیه‌ك راوه‌ستاین وه‌ك بڵێی نێوان زه‌وی و ئاسمان بێت، ئێره‌ رێی یه‌ك ترومبێلی هه‌یه‌، رۆیشتن و هاتن به‌ نۆره‌یه‌، نۆره‌مان هات و له‌ رێی باریك ده‌رچووین، ئاهێكم هاته‌وه‌ به‌ر و گه‌ڕامه‌وه‌ كن قسه‌كانی عه‌لی گه‌ڕیده‌، حه‌یف له‌ دوادوایی سه‌ربرده‌ی دوو عه‌لیه‌كه‌ سام به‌ری دام و هاتمه‌وه‌ ناو ترومبێله‌كه‌، ئه‌وه‌تا باس له‌ عه‌لی به‌گ و عه‌لی سه‌ودا ده‌كات، سه‌ودایه‌كه‌ له‌ ده‌و جاده‌ دانیشتبوو، به‌ڵام من نه‌مدیت:
ئه‌و پیاوه‌ی دیتتان، عه‌لی ناوه‌، شێت و سه‌ودایه‌، كچێك به‌و ده‌رده‌ی برد، حه‌زیلێكرد و نه‌یاندایێ، له‌ داخا سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت، وازی له‌ دنیا هێنا، په‌نای بۆ گه‌لی عه‌لی به‌گ هێنا، ئه‌وتا لێره‌ ته‌مه‌ن به‌ سه‌ر ده‌با..
دره‌نگ، زۆر دره‌نگ ئه‌و دێوانه‌یه‌ ناوی به‌ عه‌لی عاشق له‌ گه‌لی عه‌لی به‌گ ده‌نگی دایه‌وه‌ و ئه‌ویندار نه‌ما نه‌یبیستێ…
عه‌لی گه‌ڕیده‌ له‌ باره‌ی عه‌لی به‌گه‌وه‌ گۆتی:
عه‌لی به‌گ میری ئێزدیان بوو، له‌گه‌ڵ پاشای كۆره‌ به‌گژ یه‌كدا چوون، شه‌ڕ كه‌وته‌ ئه‌و (گه‌لی)یه‌، عه‌لی گه‌له‌ك ئازا بوو، خوا لۆی نه‌هێنا و له‌ شه‌ڕێ شكا، به‌ڵام هه‌ڵنه‌هات و شه‌ڕی كرد، به‌ ده‌ستی سوارانی پاشای كۆره‌ كوژرا، ئیدی ئه‌و گه‌لیه‌ به‌ ناوی ویه‌وه‌ ناو نرا.
له‌ سه‌رهاتی زاری ئه‌و عه‌لیه‌وه‌ نازانم بۆچی سۆزم بۆ عه‌لی به‌گی میری ئێزیدیان جوولا- دیاره‌ له‌ رێی ئیزدیه‌كه‌ی گۆرینه‌وه‌ من ئیزیدیم خۆشده‌ویستن- و رقم له‌ پاشای كۆره‌ بۆوه‌، دواتر له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌ دیرۆكیه‌كانیش چه‌ندی كردم و كۆشام پاشای ره‌واندزێم خۆشنه‌ویست.
بیرمه‌ پیاوه‌كه‌ی ته‌نیشت عه‌لی گه‌ڕیده‌ كه‌ له‌ شاره‌وه‌ تا ئێره‌ ورته‌یه‌كی لێوه‌ نه‌هاتبوو گوتی:
گه‌لی عه‌لی به‌گ نابێ بێ عه‌لی بێ..
بسكسۆری نه‌یاری عه‌لی گه‌ڕیده‌ش گوتی:
عه‌لی، تۆش به‌ ده‌ردی عه‌لی به‌گ بچی.
بیرم نیه‌ عه‌لی گه‌ڕیده‌ چۆن باگۆی داوه‌، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌م گوتبێتی:
عه‌لی به‌گ نا، عه‌لی سه‌ودا بڵێ.
ئه‌من پاشترێ له‌ شێوه‌ی دوو عه‌لیه‌كه‌ی حاجی قادر( دوو عه‌لین شاعیر وه‌كو حه‌سسان..) شتێكی وام له‌ ده‌فته‌ره‌ شه‌ستپه‌ڕیه‌كه‌ی خۆم نووسیبوو:
گه‌لی دوو عه‌لی تێدایه‌
یه‌كیان به‌گ و یه‌ك سه‌ودایه‌
ئیدی به‌ عه‌لی گه‌ڕیده‌وه‌ له‌ گه‌لی عه‌لی به‌گ، تۆ بڵێ له‌ ناو زگی زه‌وی، یان حه‌زیا ده‌رچووین و عه‌لیه‌ سه‌ودایه‌كه‌مان به‌جێهێشت.
له‌ چوونه‌ ده‌رێ چ ببینم، ریزه‌ شاخێ به‌ ئاسمانه‌وه‌، چما زه‌وی شاخی وا بڵند و سه‌ركه‌شی هه‌یه‌! عه‌لی گه‌ڕیده‌ یه‌ك یه‌ك ناوی چیا و دۆڵ و ئاواییه‌كانی ده‌گۆ، له‌ ناو ناوان (حه‌سه‌ن به‌گ)ه‌كه‌ له‌ خۆوه‌ بۆ من بووه‌ پرسیار، چه‌ند جارێ هاته‌ سه‌رم بڵێمه‌ بابم كه‌ به‌ گه‌ڕیده‌كه‌ بڵێ، داخوا حه‌سه‌ن به‌گیش وه‌ك عه‌لی به‌گ به‌ فیتی پاشا كوژراوه‌؟ نازانم بۆچی نه‌مپرسی.
گه‌ڕیده‌ ئه‌وه‌شی گۆت:
له‌و حه‌سه‌ن به‌گه‌، ساڵێ ته‌له‌زمه‌ ئاسنێ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات، پێی پێشمه‌رگه‌یه‌كی له‌ بنه‌وه‌ برد و كه‌س نه‌یدیته‌وه‌، ئێستاش پێشمه‌رگه‌ یه‌ك پێیه‌كه‌ به‌ دوای پێی فڕیویدا ده‌گه‌ڕێ..
له‌ زگی زه‌وی ته‌واو هاتینه‌ ده‌رێ و ته‌واوێك دووركه‌وتینه‌وه‌، چیاكان جوانتر ده‌ركه‌وتن، ته‌ماشاده‌كه‌م دیوی نسێ، جێ جێ په‌له‌ی سپیان پێوه‌، بابم گۆتی:
كوڕم، نه‌مگۆت ئێره‌ سارده‌، ئه‌ها چیا به‌فری پێوه‌ ماوه‌.
دیتنی به‌فر له‌و ده‌مه‌ی ساڵ بۆ من زۆر تازه‌ بوو، له‌ دیمه‌نی چیاوچۆل و گه‌لی عه‌لی به‌گ تازه‌تر، زۆری نه‌برد گه‌یشتینه‌ ئاواییه‌ك، عه‌لی گه‌ڕیده‌ كه‌ له‌ شاره‌وه‌ هه‌ر خۆی قسه‌ ده‌كات و نه‌یهێشت كه‌س زار بكاته‌وه‌، رێینه‌دا بسكسۆریش دوو قسه‌ به‌ دڵی خۆی بكات، گوتی:
ئه‌وه‌ش دیانه‌، دیانه‌ی دیانان، سه‌رده‌مه‌كی لێره‌ بۆ ده‌رمانیش موسڵمانه‌ك ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت.
بسك سۆر، مسته‌كی له‌ سینگی خۆی دا:
ئه‌ی له‌ هه‌شێت نێم، له‌وه‌ته‌ی دنیا هه‌یه‌، بوسرمان له‌ دیانه‌ هه‌ن.
به‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه‌ هه‌موو دابه‌زیین، ئۆخه‌یش گه‌یشتین، پێم گۆد بووه‌.
بابم پرسیاری ماڵی (عه‌لی)یه‌كه‌ی براده‌ری كرد، من بۆ جیاكردنه‌وه‌ له‌ سێ چوار عه‌لیه‌كه‌یدی، قه‌ردارێكی پێوه‌ ده‌نێم، عه‌لی گه‌ڕیده‌ دیاربوو ده‌یناسی، گوتی:
به‌ دوایدا مه‌گه‌ڕێ، لێره‌ نه‌ماوه‌.
ئه‌وه‌ خۆشه‌!ئێمه‌ ئه‌و هه‌موو رێیه‌مان بڕی بۆ دیداری عه‌لی قه‌ردار، ئه‌ویش….. ئێ، له‌ عه‌لی گه‌ڕیده‌ و بسكسۆر و ئه‌وانیدی دابڕاین، پرسیار پرسیار، پیاوێك گوتی:
پێش پێی تۆ لێره‌ بوو.
ماڵه‌كه‌شی نیشانداین، له‌ دڵی خۆم گۆتم، كه‌واته‌ قسه‌كانی عه‌لی گه‌ڕیده‌ هه‌مووی درۆ بوون، ده‌مه‌ ده‌می نیوه‌ڕۆیه‌، زگم قۆڕه‌ی دێ له‌ برسان، خوایه‌ شیوێكی خۆشیان هه‌بێ.
خانووێك رووی له‌ چیایه‌، جا چ خانووێكی دیانه‌ هه‌یه‌ رووی له‌ چیا نه‌بێ!
+ عه‌لی له‌ ماڵێیه‌؟
– له‌ ماڵێ نیه‌.
ژنێكی رووخۆشی زار شه‌كر، فه‌رمووی لێكردین، بابم خۆی ناساند، گوتی:
تێكه‌ولێكه‌یه‌كم له‌گه‌ڵی هه‌یه‌، بۆیه‌ هاتمه‌ سه‌ردانی.
ژنه‌ به‌ ده‌م پێكه‌نینه‌وه‌:
ده‌زانم، قه‌ردارته‌، تووشی كێشه‌یه‌ك بوو، ساڵێك پتر ئێره‌ی جێهێشت، حه‌فته‌یه‌ك نابێت هاتۆته‌وه‌.
عه‌لی گه‌ڕیده‌ ده‌ڵێی درۆی نه‌كرد!
ژنه‌ كێشه‌ی مێرده‌كه‌ی باس نه‌كرد، له‌ به‌ر بێرایی روو له‌ چیا دانیشتین، چایه‌ و ژاژی په‌نیر و ئه‌و شتانه‌ی هێنا، گه‌له‌ك خۆش بوو، كه‌وتینه‌ سه‌ری، ره‌نگه‌ هێنده‌ی هه‌مزه‌ پاڵه‌وانم خواردبێ، باپیرم راستی فه‌رموو:
به‌ دیار چیاوه‌ نان پتر ده‌خورێ.
ئێ، پیاوه‌ قه‌رداره‌كه‌ پێش پێی ئێمه‌ ده‌رچووه‌، چۆته‌ كوێ؟ ره‌واندزی پاشای كۆره‌، بابم ناونیشانه‌كه‌ی وه‌رگرت و هه‌ستاین و هه‌یپه‌مان لێكرد، وا تێگه‌یشتم نزیكه‌ و به‌ پێیان ده‌چین.. له‌ پشته‌وه‌ی پیكابێكی گه‌وره‌ سواربووین، ئه‌و ترومبێله‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی وه‌ك حه‌وشه‌ و دوڕ ژۆرێ وابوون، له‌ ناو جێبه‌كه‌ له‌ جامه‌وه‌ شتێك له‌ ده‌رێم ده‌دی، به‌ڵام لێره‌ دنیا له‌ به‌ر چاومه‌، لێره‌ زه‌وی و ئاسمان وه‌ك خۆیان دیارن، خۆزی گه‌ڕیده‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌بوو، كه‌س نیه‌ ناوێ جێیه‌كمان پێبڵێ، بابیشم ناوه‌كان نازانێ.
باژۆ، به‌ هه‌ر چوار لادا ده‌ڕوانم، جێ جێ چاوم ده‌خه‌مه‌ سه‌ر چیاوچۆل، گه‌لی و شیو و دۆڵ، كه‌ند و له‌ند، دار و به‌رد، به‌ چاوی من چاوده‌نێ، به‌و ده‌مه‌و هاوینه‌ی چیا، دنیا چه‌ند ره‌نگینه‌، جێ جێ سپی، قانگ قانگ كه‌سك، ئه‌ویدی زه‌رد، چه‌مه‌كه‌ی خوارێش ره‌نگی ئاسمانی گرتووه‌.
رێگاكه‌ خۆش نیه‌، ناوه‌ ناوه‌ ده‌گاته‌ تاسه‌ی وا، بستێ دوو بڵند ده‌بین و به‌ ئاسنی ره‌ق ده‌كه‌وینه‌وه‌، بابم زوو زوو ده‌ڵێ:
توند خۆت بگره‌، نه‌كه‌وی.
پێ پێ، تۆ بڵێ گوریس گوریس به‌رزده‌بینه‌وه‌، هه‌ستده‌كه‌م نیو ئاسمانێك له‌ زه‌وی دووركه‌وتووینه‌ته‌وه‌، ته‌ماشای سه‌رێش ده‌كه‌م، هێشتا نیو ئاسمانێ ماوه‌ بگه‌ینه‌ شانی چیا، تۆ بڵێی جێی پاشای گه‌وره‌ هێنده‌ بڵند بێ، یان من سه‌رم گێژ ده‌خوات و دنیا وا بڵند دێـته‌ به‌ر چاوم! تێنه‌گه‌یشتم.. له‌وه‌ گه‌ڕێ، ئێستا من له‌گه‌ڵ سرووشت تێكه‌ڵ بووم، كه‌وتوومه‌ته‌ دنیایه‌ك، پێشترێ نه‌مدیتبوو، دنیایه‌ك شاگه‌شكه‌م ده‌كات و وا خه‌ریكه‌ ده‌بمه‌ كۆتره‌ شینكه‌یه‌ك له‌ پشتی پیكابه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕمه‌ ناو سرووشت، له‌ سه‌ر فڕین بووم، دیمه‌نێك خۆشیه‌كانی پێهێنامه‌وه‌، له‌ شاگه‌شكه‌ییه‌وه‌ هاتمه‌ دۆخی گه‌شكه‌گرتن، ده‌ستم بۆ لچكی ساقۆكه‌ی بابم برد، هێنده‌ی نه‌مابوو بزیڕێنم، ئه‌وه‌ چیه‌ خوایه‌! له‌ ته‌نیشتمان دێو ده‌وی كرده‌وه‌، سوێندتان بۆ ده‌خۆم دێوه‌، دێوی ناو هه‌قایه‌ته‌كانی هه‌قایه‌تبێژ، ئه‌وه‌تا لێره‌یه‌، دێوه‌كه‌ی ئه‌و ده‌ناسمه‌وه‌، ده‌یگۆت:
كاتێ زاری هه‌ڵده‌پچڕێ، چیای سه‌فینی پێوه‌ ده‌چێ.
وایه‌، ئه‌وه‌تا له‌ پێش چاومه‌، ئه‌و چیایه‌ی وا دیاره‌، له‌ سه‌فینیش بڵندتره‌، ئه‌گه‌ر بیخه‌یته‌ زاریه‌وه‌، هێشتا جێی سه‌فینێكتری تێدا ده‌بێته‌وه‌، هه‌ر ده‌بێ زاری دێو بێ، هه‌ر جاره‌ی له‌ لایه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ، چه‌پ و راست ده‌كات، تۆ بڵێی خه‌ون نه‌بینم، نا خه‌ون نیه‌، تۆ بڵێی شێت نه‌بووبم! چ دوورنیه‌..چاو داده‌خه‌م و ده‌یكه‌مه‌وه‌، ئێ خوایه‌ ئه‌وه‌ رێشكه‌وپێشكه‌ بێ، نا وێنه‌كه‌ روونه‌ و ده‌وی دێوه‌، چه‌ند قووڵه‌ قووڵ، بنی دیار نیه‌.
دێو خۆ بزرده‌كات و ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌، سه‌ره‌دیقانێم ده‌گه‌ڵ ده‌كات، ده‌مه‌وێ چاوم داخه‌م و واز له‌گه‌مه‌ی سه‌ره‌دیقانێ بێنم، به‌ چاوی خۆم ناوه‌ستم، نا، ده‌وی دێو هێزی راكێشانی نیگای هه‌یه‌، سه‌رت بخه‌یته‌ ناو تووره‌گه‌ی ره‌وندانیشه‌وه‌، رێ له‌ دیتنی ده‌وی دێو ناگیرێ.
ئه‌ها، ئه‌و ژنه‌ ره‌وه‌نده‌ش وا دیاره‌ وه‌ك من له‌ زاری دێو ده‌ترسێ، ئه‌وه‌تا، ناوه‌ ناوه‌ سه‌ری ده‌خاته‌ ناوه‌ تووره‌گه‌وه‌، كه‌سێ ده‌پرسێ:
+پوورێ، بۆ وا ده‌كه‌یت؟
– كوڕم، له‌ ناو ترومبێلێ، تێكده‌چم، وا نه‌كه‌م، ده‌ڕشێمه‌وه‌.
نا، دڵنیام له‌ ترسی زار و زگی دێوه‌، له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بوو زراوم بڕژێ، ساقۆكه‌ی بابمم بیركه‌وته‌وه‌، دێو كه‌مێك دووركه‌وته‌وه‌، ترس تۆزێك ره‌ویه‌وه‌، ئاخر ساقۆی بابم له‌ لووله‌ی كۆپته‌ر و چنگی ئیزرائیلی پاراستووم، تۆ بڵێی له‌ زاری دێو نه‌مپارێزێ!
بیرمه‌، خۆم خزانده‌ بن ساقۆكه‌ی، بابم ده‌ڵێ:
ده‌ڵێی سه‌رماته‌؟ هه‌سته‌ گه‌یشتین..
ئۆخه‌ی، گه‌یشتین و نه‌كه‌وتینه‌ زاری دێوه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ره‌واندزی وه‌ستا ره‌جه‌ب، تۆ بڵێ هی پاشای گه‌وره‌، به‌ پرسیار گه‌یشتینه‌ پێش ماڵی خانه‌خوێكه‌ی عه‌لی قه‌ردار، رۆژ نازانم له‌ جێیان به‌ڵام له‌ شاری وه‌ستا له‌ سه‌ر ئاوابوونه‌، ئاوابوون له‌ چیاكه‌ی پشته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌و هه‌موو به‌رزبوونه‌وه‌یه‌، ده‌زانی ئێمه‌ له‌ كوێوه‌ هه‌ر له‌ به‌رزبوونه‌وه‌داین، ره‌واندز له‌ ئاسمانێیه‌، به‌ڵام له‌ چاو چیاكانی چوارده‌وری، له‌ زه‌وی نه‌بۆته‌وه‌.
شاری وه‌ستا و پاشا، به‌و ده‌مه‌و هاوینه‌ له‌ بن زه‌رده‌په‌ڕێ، ده‌ڵێی بووكی به‌هاره‌، ده‌ڵێی فۆته‌ی له‌گه‌ڵ پرچ تێه‌كه‌ڵبووی ئه‌و كیژه‌ نازداره‌یه‌ كه‌ له‌و سه‌ره‌وه‌ دیاره‌، كیژێك ئه‌گه‌ر سێ چوار ساڵێك له‌ خۆی گچكه‌تر با، ده‌مگوت كه‌ویاره‌، وای خوایه‌ له‌ جوانیی ره‌واندزێ، نه‌ چاو لێی تێر ده‌بێ، نه‌ دڵ ده‌ڵێ زێ، تۆ بڵێی له‌ دنیایێ جێیه‌ك هه‌بێ، لێره‌ دڵنشینتر، تا پێم نه‌خسته‌ دیوی حه‌وشه‌ بێ ده‌رگاكه‌وه‌ و له‌ دیواره‌ هیشكه‌ كه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌ودیو نزیكنه‌بوومه‌وه‌، ره‌واندزم وا دی.
وای خوایه‌، دێو په‌یدابۆوه‌، به‌ ته‌واوی زگی كردۆته‌وه‌، زه‌وی و ئاسمانی پێوه‌ده‌چێ، ره‌ویمه‌وه‌، ره‌وینه‌وه‌یه‌ك جاشكۆڵه‌ وا له‌ گورگ ناڕه‌وێته‌وه‌، منداڵێكی ماڵه‌كه‌:
مه‌ترسێ، ما ئه‌تو له‌ خه‌ره‌ندێ ئه‌ترسی؟!
دیاره‌، دێوی ئێره‌ ناوی خه‌ره‌نده‌، ئه‌و ئێواره‌یه‌ زۆری برد، تا تارمایی و سامی دێو ره‌ویه‌وه‌ و باوه‌ڕم هات كه‌ خه‌ره‌نده‌ و دێو نیه‌، به‌ڵام خه‌ره‌ند جێی دێوی گرته‌وه‌، ترسی خه‌ره‌ند چی وای له‌ دێو كه‌متر نیه‌، ترسی به‌ربوونه‌وه‌ی ئه‌و خانووانه‌ی به‌ سه‌ر خه‌ره‌نده‌وه‌ن، ئه‌و ماڵه‌ چۆن ده‌وێرن لێره‌ بژین؟ خۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆخه‌ و پژمینێكی خه‌ره‌ند، غلۆر ده‌بنه‌وه‌ و تا بنه‌بانێ گیرنابن، ئه‌رێ خه‌ره‌ند بنی هه‌یه‌، من چه‌ندی ملم هه‌ڵبڕی بنیم نه‌دی، پێده‌چێ هێشتا په‌یوه‌ندیه‌ك له‌ نێوان دێو و خه‌ره‌ند مابێ، ئه‌وه‌ نیه‌ باسی پژمینی خه‌ره‌ند ده‌كه‌م!
تۆ بڵێی ئه‌وشۆ له‌ ترسان چاوم بچێته‌ خه‌وێ! ده‌ترسم بخه‌وم و له‌ خه‌وێ بڕۆم، وه‌ك ئه‌و جاره‌ی رۆیشتم و بابم له‌ كۆڵانێ گرتمیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ خه‌وی ئێره‌ بڕۆم خه‌ره‌ند و خه‌ره‌ند ده‌چم و بابم له‌و دنیاش نامبینێته‌وه‌، ئێ، جارێ له‌ خه‌وێ گه‌ڕێ، مانگه‌شه‌وێكه‌ له‌و دووره‌وه‌ مامز به‌ شاخانه‌وه‌ ببینه‌، كێوه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر نازانم هه‌ندرێنه‌، زۆزگه‌، كیهه‌یه‌، مانگی زۆر نزیككردۆته‌وه‌، هه‌ستده‌كه‌م دارلاستیقی ئه‌نۆی به‌لاشاوه‌ی ده‌گاتێ، ئه‌من له‌ هه‌ولێرێ مانگم وا به‌ نزیكی نه‌دیوه‌، ترسی خه‌ره‌نده‌ دێو نه‌با، له‌گه‌ڵ منداڵان ده‌چوومه‌ كۆڵانێ و له‌ بن تریفه‌ی زیوینی شاری پاشا، چاوشلكانێم ده‌كرد، زۆریان هه‌وڵدا بچم، له‌ ساقۆكه‌ی بابم دوورنه‌كه‌وتمه‌وه‌، گوێم بۆ باسوخواسی دانیشتنه‌ مانگه‌شه‌ویه‌كه‌ راگرتبوو، پیاوێك سمێڵ كلك مشكیی ردێن ته‌پشووله‌یی ده‌ڵێ:
له‌و هه‌ندرێنه‌ی ده‌یبینن، پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕێكی كرد، له‌شكری پاشای گه‌وره‌ش نه‌یكردووه‌، ئه‌سحابه‌ش نه‌یانكردووه‌.
عه‌لی قه‌ردار پێده‌چوو پاشای زۆر خۆشبوێ:
له‌وه‌ته‌ی دنیا هه‌یه‌، پیاوی وه‌ك پاشا ئازا نه‌بووه‌ و نابێته‌وه‌، ئیمامی عه‌لیی زه‌مانه‌ بوو، به‌ڵام حه‌یف شیره‌كه‌ی ده‌ستی وی له‌ ده‌ست نه‌بوو.
ردێن ته‌پشووله‌یی:
ئه‌دی تۆپه‌كه‌ی وه‌ستا ره‌جه‌بی نه‌بوو؟
قه‌ردار قسه‌ ده‌باته‌ لایه‌كیدی، به‌ڵام ردێن ته‌پشووله‌یی و یه‌ك دوانێك ده‌یهێننه‌وه‌ تۆپخانه‌كه‌ی وه‌ستا ره‌جه‌ب.
له‌و مێوانداریه‌ مانگه‌شه‌ویه‌ی سه‌ر لێواری خه‌ره‌ندێ، تۆ بڵێ زگی دێو، من وه‌ستا ره‌جه‌بم به‌ تۆپخانه‌وه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ دیت (( ره‌جه‌ب پیاوێكی به‌ خۆوه‌ی تێكسمراوه‌، باسك ئه‌ستوور له‌ عه‌دنان قه‌یسیش ئه‌ستوورتر بوو، گه‌له‌ك له‌ هه‌مزه‌ پاله‌وان ده‌چوو، زۆرانێ له‌گه‌ڵ ئیمامی هه‌مزه‌ بكات، پشتی له‌ زه‌وی ده‌دات، وه‌ستا چاو گه‌وره‌ی برژانگ ره‌شی برۆ پڕ، سمێڵ گه‌وره‌ی بابڕ، ئه‌وه‌تا له‌و كۆله‌كانه‌ی خوارێ به‌ دیار تۆپه‌وه‌ دانیشتووه‌، به‌ ده‌نگێكی قه‌به‌ و گڕ، ده‌ڵێته‌ پاشای گه‌وره‌:
گه‌وره‌م، یه‌كه‌م به‌ خودا، دووهه‌م پشت به‌و تۆپه‌ ببه‌سته‌ تۆ، پشتت به‌ عه‌رد ناكه‌وێ، گه‌وره‌م، خه‌ره‌ندێ خۆ، به‌ ته‌رمی له‌شكری رۆم و عه‌جه‌م پڕ ئه‌كه‌ینۆ..))
پیاوی بالیف له‌ سه‌ر كۆشێ كه‌ هه‌ردوو ئانیشكی به‌ سه‌ر دابوون، به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ وه‌سپی وه‌ستا ره‌جه‌بی ده‌كرد، ئه‌من ئه‌و وه‌ستایه‌م له‌ به‌ر ده‌می خۆم دیت و هێنده‌ی نه‌مابوو له‌ به‌ری هه‌ستمه‌وه‌، پێشترێ ناوی ئه‌وم نه‌بیستبوو، له‌وێ بیستم و دیتم و خۆشمویست، به‌ڵام چه‌ندی كردم، پاشای گه‌وره‌م نه‌كه‌وته‌ به‌ر دڵی، میری ئێزدیان كوو ئه‌و پاشایه‌ی له‌ كنه‌ من ره‌شكرد!
له‌و دانیشتنه‌ قسه‌یه‌كی بابمم بیركه‌وته‌وه‌:
پیاو ئه‌گه‌ر له‌ حوكمه‌ت یاخی بێت، بێـته‌ ئێره‌ باشه‌، به‌ هه‌زار له‌شكر ناگیرێ.
ئێ، له‌بیرمچوو بۆچی هاتبووین، قه‌رد بوو، وانه‌بوو؟ ئا، عه‌لی قه‌ردار روو له‌ بابم:
به‌هار بوو بیست سه‌ر بزنه‌كه‌م به‌قه‌ردی هاوینێ برد، چاو به‌ره‌ژێرتم، گه‌یشتینه‌وه‌ به‌هار و وا ده‌چینه‌وه‌ هاوین.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر من هات، به‌ سه‌ر دوژمنت نه‌یه‌ت، ئه‌وه‌تا پاره‌كه‌تم له‌ به‌ڕكێیه‌، ده‌مویست سبه‌ی بۆت بهێنمه‌وه‌.
كابرا تووشی كێشه‌یه‌ك ببوو، له‌ دیوی رۆژهه‌ڵاتێ نزیكه‌ی ساڵێك كه‌وتبووه‌ زیندانی شای ئێرانێ، بابم كه‌ به‌وه‌ی زانی، گۆتی:
كا عه‌لی، هاتنه‌كه‌ی من به‌ سه‌ردان وه‌رگره‌، قه‌رد له‌بیرخۆت ببه‌وه‌.
ئێ، واز له‌ تێكه‌ولێكه‌ی بابم بهێنه‌، ئه‌و شه‌وه‌ بایی نیو ته‌مه‌ن خه‌ونم دیتووه‌، هه‌مووی هه‌ڵات هه‌ڵات بوو، هه‌ڵاتن به‌ ناو زگی دێودا، له‌ ناو زگی دێوێ له‌و سه‌ر غارده‌ ئه‌و سه‌ری، دێو هه‌موو ده‌رگاكانی زگی خۆی به‌ سه‌رمدا داخستووه‌، ده‌گه‌مه‌ هه‌ر ده‌رگایه‌ك زرم زرم، به‌ مست و پێله‌قه‌ لێیده‌ده‌م، كه‌س نایكاته‌وه‌، هاوارده‌كه‌م، له‌ ناو زگی دێوێ ده‌نگده‌داته‌وه‌، كه‌س به‌ هاوارمه‌وه‌ نایه‌، له‌ هیكڕا زگی دێو درزێكی گچكه‌ی تێكه‌وت، ساقۆی بابم ده‌ركه‌وت، كه‌مێكی مابوو ده‌ستم بیگاتێ به‌ ئاگاهاتمه‌وه‌..
له‌ سه‌ر هاتنه‌وه‌، هه‌واڵێكی جه‌رگبڕ له‌ با خێراتر به‌ كۆڵانه‌كانی شاری پاشا بڵاوبۆوه‌:
كچێك خۆی هه‌ڵداوه‌ته‌ خه‌ره‌ندێ.
تۆ بڵێ ناو زاری دێو، كێیه‌؟ زوو پێكه‌وتم، كچه‌كه‌ی ئێوارێ بوو، ئه‌و كچه‌ی له‌ پرچ و فۆته‌ له‌ زه‌رده‌په‌ڕ ده‌چوو، به‌ڵام نه‌مزانی له‌ سه‌ر چی، كچه‌ زه‌رده‌په‌ڕی ناو زگی دێوێ كه‌ له‌ نیوه‌ی رێ گیانی ده‌رچووبوو، ئێمه‌ی تا نیوه‌ڕۆ له‌وێ هێشته‌وه‌، له‌ هاتنه‌وه‌ له‌ ناو ترومبێلێ، ژنێك له‌ بن لێوانه‌وه‌ ده‌ڵێ:
خودا بیانگرێ، بۆچی نه‌یاندایێ، له‌و پیاوتری ده‌دیته‌وه‌!
ئه‌ها، به‌زمه‌كه‌یه‌، كچه‌ حه‌ز له‌ كوڕێك ده‌كات و نایده‌نێ، له‌ داخا خۆ داوێته‌ ناو ده‌وی دێوێ.
له‌ گه‌لی عه‌لی به‌گێ، له‌ نزیكه‌وه‌ عه‌لی سه‌ودام دی، له‌وێ پرسیاره‌كم بۆ هات، به‌ڵام له‌ كه‌سم نه‌پرسی:
كچه‌ی فۆته‌ و پرچ زه‌رده‌په‌ڕی، بۆچی وه‌ك عه‌لی نه‌كرد و نه‌هاته‌ گه‌لی؟
منداڵیش پرسیاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان به‌ مێشك دادێ!
رێی گه‌ڕانه‌وه‌ش پڕه‌ ورده‌ سه‌ربرده‌، ناسكترینیان له‌و جێیه‌یه‌، كه‌ رێ هێند ته‌سك ده‌بۆوه‌، جێی یه‌ك ترومبێلی لێده‌بۆوه‌، شاخیش هێند نه‌وی بوو له‌ سه‌ر پشتی پیكابێ ده‌ستت ده‌گه‌یشتێ، من ترسم شكابوو، له‌وێ ده‌ستم ده‌گه‌یانده‌ باڕێزه‌ و گیای بن شاخێ، له‌و گابه‌رده‌وه‌ كه‌ عه‌لی عاشق شانی پێدابوو تا گه‌یشتمه‌ لۆفه‌ی كه‌ریم حه‌شاش و شۆڕبووینه‌وه‌ بۆ ئاوی به‌ستۆڕه‌ و له‌وێ منداڵه‌كه‌ كۆتره‌كه‌ی له‌ ده‌ست فڕی و هێنده‌ی نه‌مابوو به‌ دوایدا له‌ ناو ترومبێله‌وه‌ خۆی هه‌ڵدا، سه‌ربرده‌ زۆرن، به‌ڵام با بمێنن بۆ سه‌ردانه‌وه‌كیدی، لێكیان گرێده‌ده‌مه‌وه‌.
گه‌شتی ناو زگی دێوم بۆ ئازاد و فازیل رێحانه‌ و كه‌ویار و كۆڵان گێڕایه‌وه‌، كه‌سیان باوه‌ڕیان نه‌هات، له‌ دنیایێ جێی له‌و شێوه‌ هه‌بێ.

به‌دوویدا دێ




Comte ,Auguste ئۆگۆست کۆنت … حەیدەر هەمەوەند

ئۆگۆست کۆنت فەیلەسوف و کۆمەڵناسێکی فەرەنسییە بوو کە لەنێوان ساڵانی ( 1798-1857 ) ژیاوە . کۆنت بە دامەزرێنەری زانستی کۆمەڵناسی دادەندرێت .

کارەکانی / بۆچونەکانی

کۆنت زانستێکی نوێی داهێنا بەناوی کۆمەڵناسی Sociology . کە بەرای ئەو پێویستە پشت ببەستێت بە سەرنجدان و توێژینەوە لە ئامارەکان لەبارەی رەفتارەکانی مرۆڤەوە .ئەم زانستە نوێیە پێویستە تەنیا وەسف بکات نەک لێکدانەوە یان تەفسیر بکات . مەبەست لە کۆمەڵناسی ئەوەیە کە پێشبینی و کۆنترۆل بکات و پێویستە وەک ئەندازیاری کۆمەڵایەتی بونیادی کۆمەڵگە دابڕێژێت .
کۆنت کۆمەڵگە دابەش دەکات بەسەر دووبەشی بەسەر دوو بەشی سەرەکی کە بریتین لە :
١- ستاتیکای کۆمەڵایەتی ) یان نەجووڵاوە کۆمەڵایەتیەکان ) Social Statics
ئەم بەشە بایەخ دەدات بە شتە نەجووڵاوەکانی کۆمەڵگە کە بریتین لە زمان ، ئاین و دابەشبووی کار .
٢- دینامیکای کۆمەڵایەتی ( یان جووڵاوە کۆمەڵایەتیەکان ) Social Dynamics
بایەخ دەدات بە جووڵاوەکانی کۆمەڵگە ، واتە پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەگرێتەوە چونکە کۆمەڵگە هەمیشە لە گۆڕاندایە .
کۆنت لە بیردۆزێکیدا بەناوی یاسای سێ قۆناغ Law of Three Stages رووانگەی خۆی دەخاتە روو لەسەر بنەمایەکی مێژووییانە بۆ پرۆسەی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی Social Evolution. ئەوهەروەک هیگل و مارکس پێیوابوو کە گەشەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەستراوەتەوە بە حەتمیەتگەرایی مێژووییانە Historical Determinism . کە تێیدا بیرۆکەکان و دامەزراوەکان هاوشانی یەکترن و هەر قۆناغێکیش بە شیوەیەکی زەروری بەندە بە قۆناغی پێش خۆی .
کۆنت هەر لەم رووانگەشەوە بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە پرۆسەی گەڕان بەدوای مەعریفەدا ، بێگومان لەم بوارەشدا رەهەندی مێژوویی ئامادەیە ولە هەر قۆناغێکدا بیروبۆچوون و باوەڕەکان رەنگدانەوەی هەمەلایەنەو راستەوخۆیان هەبووە لەسەر چۆنیەتی و ئاستی مەعریفەی مرۆڤ سەبارەت بە دیاردەکانی سروشت و کۆمەلگەدا .

یاسای سێ قۆناغی کۆنت هەروەک بەناوەکەیەوە دیارە بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکرێت کە ئەمانەی خوارەوەن :

یەکەم : قۆناغی ئاینناسی The Theological stage

لەم قۆناغەدا مرۆڤ هەموو جۆرە دیاردەیەکی سروشتیان بە دروستکراوی خوداکان یان هێزەکانی سەرووی سروشت دەزانی و هەموو مەعریفە و روونکردنەوەکانیش هەر لەسەر ئەم بنچینەیە دامەزرابوون .

کۆنت ئەم قۆناغەشی کردبوو بە سەر سێ قۆناغی کورتتر کە ئەمانەی خوارەوەن :
1- بتپەرستی Fetishism ، لەم قۆناغە سەرەتاییەدا مرۆڤەکان ساکاربوون و باوەڕیان وابوو کە ماددە مردووەکان گیانیان هەیە و هێز و دەسەڵاتیان هەیە بەسەر دیاردەکانی سروشت و گیاندارەکاندا .بۆیە ئەوان ماددە مردووەکانیان دەپەرست بۆ نموونە دار و بەرد و ئاگر و هتد .
2- فرەخودایی Polyteism , لەم قۆناغەدا مرۆڤەکان لە یەک کاتدا باوەڕیان بە زۆر خودا هەبوو چونکە پێێان وابوو کە هەر خودایەک لێپرسراوە یان دەسەڵاتی بەسەر دیاردەیەکی دیاریکراودا هەیە لە سروشتدا . بۆ نموونە ، خودای باران ، خودای دەریا ، خودای هەوا و هتد .
3- یەکتاپەرستی Monotheism ، واتە باوەڕبوون بە یەک خودا .لەم قۆناغەدا مرۆڤەکان باوەڕیان وایە کە تەنیا خودایەک لێپرسراوە و دەسەڵاتی بەسەر هەموو گەردووندا هەیە .

دووەم : قۆناغی میتافیزیک The Metaphysical stage

لەم قۆناغەدا چەمکە میتافیزیکیەکان برەویان پەیدا کرد بەتایبەتی ئەو چەمکانەی کە لە رۆژگارە کۆنەکانی یۆنان و رۆمانەکان لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە بەکار دەهێنران بۆ نموونە چەمکەکانی ( مافی سروشتی ) و (دیموکراتی) و (جەوهەر) و هتد . بەجۆرێک کە ئەم چەمکە داماڵراوانە Abstract Terms زیاتر لە چەمکە ئاینیەکان بە کاردەهێنران لە توێژینەوە و دەربڕینەکان سەبارەت بە پرسگەلێکی جیاواز لە بوارەکانی مەعریفە سەبارەت بە سروشت و کۆمەڵگە . بەڵام کۆنت پێیوابوو کە ئەم چەمکانە مانایەکی بابەتیان نییە بەڵکو هۆکار بوون کە گریمانەی هەڵە لەبەرچاو بگیرێن . ئەم قۆناغە لە رۆژگاری رۆشنگەرایی Enlightenment دەستی پێکرد و دواتریش بەردەوام بوو.

سێیەم : قۆناغی پۆزیتیڤیەتی The Positivity stage

ئەم قۆناغە بە دوا قۆناغ و دەژمێردرێت و کۆنت وەکو بەرزترین قۆناغ و پشت بەستوو بە زانستی دەزانێت چونکە زانست لەم قۆناغەی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکدایە کە مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەی چاودێریکردن Obseravtion ، تاقیکردنەوە Experiment و بەراووردکردن Comparison روونکردنەوە و پاساوی زانستیانە بەدەست بهێنێت بۆ رووانگە مەعریفیەکانی لە هەموو بوارەکاندا .
بیردۆزی دووەمی کۆنت بریتیە لە هەرەم یان پایەبەندی زانستەکان Hierarchy of the Sciences The . ئەو لەم بیردۆزەیدا زانستەکان بەشێوەیەکی هەرەمی لە خوارەوە بۆ سەرەوە دابەش دەکات بە سەر چەند پایەیەک ، لە خوارەوە ماتماتیک ،ئینجا ئەستێرەناسی ، فیزیک ، کیمیا ، زیندەوەرزانی و لە کۆتاییدا کۆمەڵناسی .ئاشکرایە کە کۆنت یەکەم کەس بوو زانستی کۆمەڵناسی داهێنا .
ئەم جۆرە رێکخستنە یان دابەشکردنە هەرەمیەی زانستەکان پەیوەندیەکی نزیکی هەیە بە یاسای سێ قۆناغەکە چونکە هەروەک چۆن هەریەک لەو قۆناغانەی مرۆڤایەتی پێیدا تێدەپەڕێت لەسەر قۆناغی پێشتر بنیات نراوە بەهەمان شێوە هەر زانستێکیش لەسەر زانستەکەی پێش خۆی بنیات نراوە ، بەڵام زانستە جیاوازەکان بە تەووژمی جیاواز گەشە دەکەن . هەرفۆرمێکی مەعریفەش دەگاتە قۆناغی پۆزیتیڤیەتی بەگوێرەی گشتگیری ، ئاسانی و پشت نەبەستن بە بەشەکانی دیکە .
کۆنت پێیوایە کە لە قۆناغی پۆزیتیڤیەتی پێویستە پایەبەندی زانستەکان جێگەی ئاینناسی و میتافیزیک بگرێتەوە ..
هەروەک لەم رێکخستنەی کۆنت بۆ زانستەکان دیارە هەر زانستێک لەسەر زانستەکانی پێش خۆی بنیات نراوە ، بۆ نموونە کیمیا لەسەر زانستەکانی فیزیک ، ئەستێرەناسی و ماتماتیک بنیات نراوە . کۆمەڵناسیش لەسەر هەموو زانستەکانی ژێر خۆی بنیات نراوە .هەروەها لە بنکەی هەرەمەکەوە کە بە ماتماتیک دەست پێدەکات تا بەرەو باڵاتر بڕۆین گشتگیریەتی زانستەکان کەمتر دەبێت و هەر زانستێکیش تایبەتمەندتر و ئاڵٶزتر دەبێت .بۆیە بەڕای کۆنت زانستی کۆمەڵناسی کە دەکەوێت بەرزترین ئاستی هەرەمەکە تایبەتمەندترین و ئاڵۆزترین زانستە.

خودی رووانگەی پۆزیتیڤیزم Positivism کە رووانگەی کۆنتە لەسەر چەند پرینسیپ ( یان بنەما) Principle و چەند رووانگەیەکی فەلسەفی دیکە دامەزراوە کە دەتوانین لە چەند خاڵێکدا ئاماژە بە گرینگترینیان بدەین :

1- سروشتگەرایی Naturalism:

واتە پێویستە پرینسیپەکانی زانستە سروشتیەکان پەیڕەو بکرێت لە بواری زانستە کۆمەڵایەتیەکان .

2- دیاردەگەرایی Phenomenalism :

تەنیا ئەو دیاردانەی کە مایەی چاودێری کردنن دەتوانن زانیاری برەودارمان پێ ببەخشن .

3- ناوگەرایی Nominalism:

ئەو ووشانەی هەڵگری بایەخی زانستین پێویستە بچەسپێنرێن و مەرج نییە بوونی ووشەیەک بەڵگە بێت بۆ بوونی ئەو شتەی کە وەسفی دەکات یان ئاماژەی پێ دەکات .

4- ئەتۆمگەرایی Atomism :

دەتوانرێت کە شتەکان بۆبچوکترین پارچە پێکهێنەرەکانی ووردبکرێن یان شی بکرێنەوە ئینجا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت (چونکە گشت بریتیە لەسەرجەمی پارچەکانی).

5- قانوونە زانستیەکان Scientific Laws :

مەبەستی زانست خولقاندنی یاسای گشتێنراوە کە لە خزمەت پێشبینیەکاندا بێت .

6- فاکتەکان و بەهاکان Facts and Values :

گەڕان بەدوای فاکتەکان Facts پێویستە . بەهاکان Values هیچ بایەخی زانستیان نییە .




مردوویه‌ك ئاگای له‌ هه‌مووانه‌ … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر


تاج سه‌ر گران ده‌كات

تاج چاوی له‌و دره‌ختانه‌ ڕوون بووه‌ لێره‌ ئاو ده‌خۆنه‌وه‌
بۆنی گیای لاڕێیانیشی به‌ئاگا هێنا
ئه‌وه‌شی گوت ڕۆح گۆشت و ئێسكی نییه‌
دوای ماوه‌یه‌كی كورت
كه‌وته‌ سۆراخكردنی ونبووه‌كانی و بریقه‌ی چاویلكه‌ و دڵنیایی
ئه‌سپی جڵه‌و زیوینیشی له‌ گۆڕه‌پانی شێوه‌ په‌رستگا خه‌ڵات كرد به‌ زوو ورووژانی په‌پووله‌
ئه‌فسوونێكی له‌ چه‌كه‌ره‌ و نه‌رم و شلی گوان
دا به‌ گژوگیای ئاڵووده‌ی نیاز و مراز له‌سه‌ر خوێندراو
گژوگیا كه‌سوكاری منن
ڕزگاریان كردم له‌ گه‌مارۆ و داوی فریو
مه‌ره‌كه‌ب و كاغه‌ز و یاد خۆیان له‌ناو ڕێكخست
ئه‌م سرووشه‌یان هه‌ڵدا
ژیان و مردن بردنه‌وه‌ و دۆڕان نین
شیر و
قاوه‌ و
دیوان و
مۆمی ده‌م به‌سووراو و سپیاو
سۆز و سێبووری و بێ په‌روایییان تا گه‌یشتن به‌خۆت به‌رز بووه‌وه‌
هاواره‌ به‌هانا هاتووه‌كانت كه‌ به‌دڵێكی به‌هێز شووره‌ دراوه‌
هه‌ڵده‌ سه‌ره‌ ڕێگاكان
نه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تا كاروانت ده‌جمێ
نه‌ له‌ كۆتاییی واق وڕمانێكی له‌ناكاو و له‌بیرنه‌چوو
گیانت ده‌كات به‌ قۆزاخه‌ی حه‌كایه‌ت و ئه‌فسوون
له‌ نامه‌یه‌كی تایبه‌تیدا داوا بكه‌
پێویستیم به‌ ده‌سته‌یه‌ك پێغه‌مبه‌ر هه‌یه‌
له‌ناو گه‌رمایی دێڕه‌كانم
هونه‌ری پێگه‌یینی میوه‌ بكه‌ن به‌ بیركردنه‌وه‌ و خولیا و ڕژانی تاڤگه‌یه‌ك
ئه‌ی سه‌مای ڕێشمه‌ و زه‌نگوڵه‌ی نه‌رمی كۆچی به‌خته‌وه‌ری
ئه‌ستێره‌ بۆیه‌كراوه‌كانی ناو ڕسته‌ سڕه‌كان له‌ خه‌ودا بڕژێنه‌
هه‌نگ هه‌نگوینیان بڕییه‌وه‌
نه‌مانزانی ئه‌و ته‌شته‌ ئاوه‌ی حه‌وشه‌مان خۆش بوێ
كه‌ تریفه‌ی مانگی بۆ پاراستین
سڵاوت لێ ده‌كه‌م ئه‌ی ئاسووده‌یی
به‌دڵ ئاوڕێك له‌ پاشماوه‌ی برینه‌كانمان بده‌ره‌وه‌
كولانه‌وه‌یان كێڵگه‌یه‌كه‌ مه‌ست و ڕازدركێن
مۆم تێكۆشه‌ری بنه‌ماڵه‌ی ڕووناكییه‌
جه‌نگێكی گه‌وره‌ی بردووه‌ته‌وه‌
نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندیی ژیان
گوێ له‌و ده‌نگانه‌ ڕاده‌گرن ده‌بنه‌ ئاواز
نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندیی مردن
گوێ له‌و ده‌نگانه‌ ڕاناگرن نابنه‌ ئاواز
گوێ گرتن و نه‌گرتن بردنه‌وه‌ و دۆڕان نین
خانه‌ی دوو گوڵن چاوه‌ڕوانین ببنه‌ شانه‌ی هه‌نگوین
ده‌توانین پێیدا بڕۆین و بێینه‌وه‌
بازێكی ڕاونه‌كراو له‌ناو ڕه‌زێكی خان و مان
له‌ باوه‌شی دره‌ختێكی نزم خۆی هه‌ڵدا
پڕشنگی به‌هره‌ دانه‌وێڵه‌ و ئومێدی له‌ نزیك ده‌نووك و باڵی دانا
بۆنی حاجیله‌ی كوتراویش له‌ناو گۆره‌وی و ئاون ده‌نیشێته‌ شوێن پێیه‌كانی
وه‌ك پێروو ده‌جریوێنن
بێ چرا كتێب كه‌سێكی له‌ بیركراوه‌
شه‌وقی ڕووداوه‌كانی ساڵ چه‌شنی باران
ئاوی سه‌ر به‌ شه‌خته‌ به‌ئاگا ده‌هێنێت
بۆن و به‌رامه‌مان بۆ ده‌نێرێته‌ ماڵه‌وه‌
قه‌ڵه‌مكێشی كۆچكردووان و گڵۆپی سه‌ر حه‌وزی ماسی و چه‌تری گوڵفرۆشان
په‌ڕه‌ی زمانن قه‌ت ده‌ماری درۆ له‌ده‌میان لێنادا
وایان كردووه‌ به‌ وچان و دره‌وشانه‌وه‌ ته‌ماشامان بكه‌ن
دره‌ختی بڵند و لك به‌هێز
بۆ جۆلانه‌ خۆیان هه‌ڵده‌خه‌ن و ڕه‌گیان به‌ ناوچه‌وانمانه‌وه‌ گرێ ده‌ده‌ن
ئاڵۆزیی ژیان و ساده‌یی مردن كه‌ به‌هره‌ی تیشك و سێبه‌رن
ناكۆكییه‌كانیان خاو ده‌بێته‌وه‌
نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندی ده‌بنه‌ مۆسیقایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و خۆده‌كێشن به‌ هه‌ورێكدا له‌ دڵدا ده‌بارێ‌
كتێبه‌وانێك له‌و گه‌ڕه‌كه‌ی چاو داناخا و وشه‌كان به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆن
چووه‌ ناو دواین جه‌نگی ڕه‌ش و سپی و خۆی ته‌نیا كرد
به‌ تاجی كتێبه‌وه‌ هاته‌وه‌ یه‌كه‌م كۆڵانی شار
تێگه‌یشت ئاووهه‌وا و ئاوێنه‌ی به‌رانبه‌ری
ڕوخساری ڕۆشنی ئه‌سپه‌ یان هێزی ڕاوچیی ڕێوی
تاج ناوی تاجدار ده‌زانێت
خۆرێكی ساده‌ هه‌ڵیگرتووه‌ و به‌سه‌ر ناوچه‌وانی دنیا ڕه‌تده‌بێ‌

تشرینی یه‌كه‌می 2005 هه‌ولێر

زمان و دڵی مانگ

په‌پووله‌یه‌ك له‌سه‌ر شانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ فڕییه‌ سه‌ر شانی من
ته‌په‌ی باڵ و نیشتنه‌وه‌ بۆنی خۆشی گڵه‌سه‌رن له‌ پرچێكی خورمایی كاڵدا
پێویستییه‌كانی ڕۆژ هه‌مووی جوانین و له‌ ڕۆژژمێردا به‌ دێڕێك ئاماژه‌ی پێدراوه‌
كاتژمێری قورمیشدار ئاماده‌ت ده‌كات بۆ بێداركردنه‌وه‌ی په‌رده‌
تیشك به‌شی خۆی بداته‌ ژووره‌كان
جۆشی قۆریه‌ كه‌ به‌ناو دڵی هه‌ڵوه‌دای كازێوه‌دا ڕه‌ت ده‌بێت
باوه‌شی ماڵ پڕ ده‌كات له‌ شیرینی
كرۆسك و ددانی شیری تێیدا گه‌شه‌ ده‌كه‌ن
داوه‌ڵ پشووی بێستانه‌وانه‌
مه‌یموون و كه‌روێشك خه‌یاڵیان ده‌مرێ و باركه‌وتوو ده‌بن
نامه‌ی جه‌نگاوه‌رێك له‌ناو ده‌ست و په‌نجه‌ی پۆسته‌چیی شار بانگی كه‌ڵه‌بابه‌
ئه‌ستێره‌ی تاریك و ڕوونی لێ به‌گرشه‌ گرش كه‌وتووه‌
مێرگی ئه‌سپه‌كان و ڕۆژی سپیی سه‌ر چیاكان
گیان و لێكدانه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌ نازی ڕه‌نگ له‌ناو په‌لكه‌زێڕینه‌دا
په‌لكه‌زێڕینه‌ جوانیی سه‌رزه‌مین بۆ ئاسمان ده‌بات
پێچكه‌ی گالیسكه‌ له‌ناو فریز په‌ڵه‌كانی جه‌سته‌ی به‌ خوناوی شادمانی لاده‌دات
سه‌رنشینه‌كانی نقێمی ئه‌نگوستیله‌یان چاون
له‌ كاتی ده‌ستگیران هه‌ڵبژاردندا كه‌ سروه‌ و ڕشێنه‌ی باران په‌رژینی دارین ده‌شكێنن
گوڵه‌جۆ و گه‌نم له‌ ناوچه‌وانی كار و به‌رخ شه‌پۆل ده‌ده‌ن
ناز و فیزی شێر له‌و كاته‌دا گه‌رم ده‌بێت
كه‌ ته‌رمی نێچیر له‌ناو ده‌سته‌كانی ده‌شێلێت و گۆشت و ئێسك لێك جیا ده‌كاته‌وه‌
ته‌نیا مرۆڤ پێویستی به‌ئاسووده‌ییی ناو ئاوێنه‌یه‌
ده‌زانێت كه‌ ناشیرین بوو ئیدی ته‌واو به‌هره‌ و به‌رهه‌می له‌ نوێوه‌ ده‌ست پێناكاته‌وه‌
ژیانیش به‌رده‌وام خوان پڕ به‌هره‌ و به‌رهه‌م ده‌كات
بوێری باڵنده‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌
ئه‌وانیش له‌ مه‌ستیی فڕینێكدا ئاسمان خاڵی ده‌كه‌ن له‌ برووسك و پاشماوه‌ی
نه‌رم نه‌رم له‌ ئاسۆی پڕی سپێده‌دا دێنه‌ خوارێ
به‌سه‌ر گۆچانی پیره‌كان ده‌نیشنه‌وه‌
پیره‌كانیش ترپه‌ی لێدانی دڵی خۆیان گرێ ده‌ده‌ن به‌باڵیانه‌وه‌
باڵ ئه‌ی پشت و په‌نا و جوامێری ناو دانیشتنه‌ تایبه‌تییه‌كان
ڕه‌وانبێژ و سه‌روا و كێشدارمكه‌ به‌ تكای گوڵه‌باخ له‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی دڕ
خه‌ریكه‌ ڕووناكی له‌ چاوانم كۆ نابێته‌وه‌
ئه‌لفوبێی ژیانی خۆم له‌ به‌رزایییه‌كان هه‌ڵدایه‌ ده‌ستی خوداوه‌ند
ڕه‌شنووسی به‌خت و ناوچه‌وانیشم دوور له‌ نزرگایه‌ك شارده‌وه‌
ئه‌ی ده‌ریای نوستووی خه‌ونی خۆ ئاشكرا كردوو
به‌رپا بووه‌ زه‌بر و زه‌نگ و جه‌نگی جودایی
ده‌سته‌ودامه‌ن و فریا
جامی ئه‌فسووناوی گیانم پڕكه‌ له‌ به‌هره‌ و به‌رهه‌می خودایی
مانگی له‌ ده‌ست مه‌رگ هه‌ڵاتوو
شانمی به‌ قه‌ڵا و مۆزه‌خانه‌ و ئاوێنه‌ی بنه‌ماڵه‌ی زانی
زمان و دڵی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ بكات
تریفه‌یه‌ك له‌ناو جامی ئه‌فسووناوی خودادا
برژانگی چاوه‌ گه‌وره‌كانی كردنه‌وه‌
به‌ وریایییه‌وه‌ دوا
دوای چه‌ند چركه‌یه‌كی خوماری
گه‌شتوگوزار و غه‌زه‌لی ئه‌سپ و بریقه‌ی چاوی پێغه‌مبه‌ره‌كان له‌سه‌ر زه‌وی ده‌گۆڕێن
هه‌ندێك زمان و دڵ په‌یدا ده‌بن
سێبه‌ریان ڕۆحی تێدایه‌
ئه‌رێ سێبه‌ری ڕۆح تێدا ئاسووده‌
زه‌بر و زه‌نگه‌كانی داهاتوو له‌ پێناو چیدا ده‌بن به‌ جه‌نگ
كوكوختی هۆگر به‌حه‌وشه‌ و ماڵ و سه‌ر ئالێری ته‌له‌فزیۆنه‌كانمان
له‌ وشه‌ی هه‌ڵكه‌ندراوی ناوچه‌وانی خانووی باپیران دێنه‌ ده‌رێ
له‌ناو فه‌خفووری ماستی منداڵه‌كانمان
له‌ ڕه‌نج و ڕاز و هه‌وای بێباكی نقووم ده‌بن
ده‌ست به‌ سه‌ری ئاگرودوو داده‌هێنن
گه‌رمایی ده‌به‌خشنه‌وه‌ به‌ ده‌رگا كردنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ستییه‌كان
پاشان له‌سه‌ر ئاڵای داگیراو پاشه‌ڕۆ ده‌ڕێژن
ئه‌رێ مانگ له‌ زه‌ماوه‌ندی جاویدانی زمان و دڵدا
چ شه‌ربه‌تێك ده‌خورێته‌وه‌
مه‌شخه‌ڵی سه‌رشانم فڕییه‌ ناو چاوی په‌پووله‌
ئه‌و چاوه‌ ڕه‌نگی خودا و ڕه‌نگی ئاو و ڕه‌نگی شیعری پاراست
به‌هره‌ و به‌رهه‌می له‌ نوێوه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌

تشرینی دووه‌می 2005 هه‌ولێر

ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی په‌یكه‌رێك

به‌چاوی گایه‌كی قوربانی ته‌ماشای باڵنده‌ی ده‌نووك له‌ناو ئاو ده‌كه‌م
خودا به‌نیازی سڵاو چاوی داوه‌ته‌ ده‌ستێك
ده‌بده‌به‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی پێوه‌ بشه‌كێته‌وه‌
قوماشی ڕه‌ش و سپی بڕی
پرسه‌ و كفن
پیت ڕژانه‌ ناو ده‌مم
توانیم وشه‌ لێكده‌م و داوا بكه‌م
مانگ به‌سه‌ر هه‌ولێره‌وه‌ پڕ و نارنجی و له‌ گڕوگاڵدا بێت
به‌و نازه‌ی داویه‌تییه‌ ئاوی ڕژاوی حه‌فت چیایان
چه‌تر هه‌ڵدا و شه‌ڕی باران بباته‌وه‌
چه‌تر شه‌ڕی باران ده‌كات
په‌یكه‌رێك حه‌فتا ساڵ پیاسه‌ی به‌سه‌ر پردی ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ڕووباردا كردبوو
پاشان له‌سه‌ر گردی به‌ ئاڵا داپۆشراو دانیشتووه‌
ئاوێنه‌ی دابووه‌ ژن و شووشه‌ بۆنی وه‌رگرتبوو
سه‌یری په‌ند و وێنه‌ی سه‌ر قه‌ڵغانی كردبوو
قسه‌ی توندیشی له‌گه‌ڵ وه‌ردیان كردبوو
نامه‌ی له‌سه‌ر باڵی به‌ ناز و فیزی كۆلاره‌ نووسیبوو
سه‌رسام بوو به‌
گوێی كه‌روێشك و
گواره‌ی شۆڕ و
پیاڵه‌ی چا و
ڕووناكی ڕووی زه‌وی
بلووری لامپای سڕیبووه‌وه‌
تووتن و پایپی خۆش كردبوو
زۆر ته‌ماشای ڕوخساری دایك و باوكی كردبوو
وایده‌زانی ده‌مرن و به‌جێی ده‌هێڵن
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دره‌خت و باڵنده‌ و هێلانه‌ و هێلكه‌ی باش ناسیبوو
گڕوگاڵ و داره‌ داره‌ی منداڵیی ده‌بێته‌ كاروانسه‌را
یه‌كه‌م هێلكه‌ له‌وێ ده‌ترووكێ
یه‌كه‌م ئاو له‌وێ‌ ڕوونده‌بێته‌وه‌
یه‌كه‌م باڵ له‌وێ‌ ده‌فڕی
یه‌كه‌م شیر له‌وێ‌ هه‌وێن ده‌كرێ‌
له‌ بریقه‌ی خان و مانی ڕه‌ش و سپی
ڕه‌نگه‌كانی دی له‌واندا ده‌ڕژێته‌ سه‌ر نۆته‌ی سرووده‌كانمان
سروود بووه‌ پشتی ئه‌سپ
پشتی ئه‌سپ بوو به‌ زێد و ماڵ و له‌دایكبوونمان
به‌كامی دڵ سۆز و ئاوازی گیان ده‌دا به‌ پاڵه‌وانی هیوا و سه‌رپێخستنی خه‌ونه‌كانمان
باڵنده‌ی هه‌مه‌جۆری شادمانی له‌شكری بوون
په‌لكه‌زێڕینه‌ش بیر و بۆچوونی
له‌شكر كه‌ ده‌ڕژێنه‌ بڵنداییی ده‌موچاوی
به‌نیازی ناسكبوونه‌وه‌ی نیشتنه‌وه‌ و بڕیاردان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ و باڵ گه‌رمبوون بۆ كۆچ
بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و قسه‌ و باس بۆ یه‌كه‌م په‌ڵه‌ی ساڵ ده‌دركێنن
ئێمه‌ زۆر پێویستمانه‌ بیزانین
گوڵه‌كانی له‌ ڕێوڕه‌سمی له‌دایكبوون و مردنی ده‌خرێنه‌ سه‌ر په‌یكه‌ری
ته‌نیان وه‌ك ته‌ڵه‌ شخارته‌ی به‌كارهاتوو بۆ داگیرسانی مۆمی سێبووری
بولبول له‌ پاڵیان بانگی به‌ چل باڵفڕین و نیانی جۆلانه‌ و جه‌ژنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ون كردووه‌
دوای سه‌رگه‌رمی دیته‌نییه‌ك
گۆشه‌نشین و خه‌واڵوو هه‌ناسه‌یه‌كی دایه‌وه‌
ماسوولكه‌ی جه‌سته‌ی به‌شڵه‌ژاوی و گه‌روو وشكییه‌وه‌ سه‌یری ده‌می ڕاهێنه‌ری وه‌رزشوانی ده‌كات
چێژ له‌ یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كڕێوه‌ی گه‌ڵا و ئه‌و ڕۆژانه‌ی ده‌زانێت ژیان چییه‌ وه‌رناگرێت
به‌ڵام خه‌یاڵ كه‌ دووڕوویی مرداندووه‌
بێ بگره‌ و به‌رده‌ به‌ هه‌موو شته‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت
له‌ بۆنه‌ی ئاشقبوونی شه‌ونمی سه‌ر گیا و شه‌ڕی چاوه‌زار
ده‌بێته‌ ده‌ستێك له‌ناو قۆزاخه‌دا ژیاو بۆ خۆشی و ناخۆشییه‌كان
هه‌ڵیده‌داته‌ ناو ئاهه‌نگه‌كانی كۆچه‌رییان
بیره‌وه‌ری گوێڕایه‌ڵی ده‌بێ‌ و سوودی پێده‌گه‌یه‌نێت
هه‌ڵه‌ و نوێژه‌ درۆینه‌ی له‌ بیر ده‌باته‌وه‌
ده‌ستێك له‌ گێڕانه‌وه‌ ڕاستگۆ و ناهێڵی وه‌خت به‌سه‌رچێ‌
نامه‌كانی ده‌خاته‌ پۆسته‌وه‌
نامه‌ هاتووه‌كانیشی وه‌رده‌گرێت
ڕێگا پێچاوپێچه‌كان هه‌موو شتێكیان پێدا دێت و تێده‌په‌ڕێ
ڕۆژی هه‌میشه‌ بۆنخۆش به‌شه‌قبوونی خاك
كاتێك دومبه‌ڵان خۆی ده‌ناسێنێ
لێده‌گه‌ڕێ ئاقیق و نووسراوی ناوچه‌وانی هه‌ر هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان تێكه‌ڵی بن
له‌ گه‌رمه‌ی سه‌ما و ناخ جریواندن و دیته‌نی خودا
دڵی ده‌شوات و ده‌ڕوا
پڕ ده‌ستمان كڵۆ شه‌كر و مۆری به‌خت ده‌كات
ده‌توانین كه‌لوپه‌ل و وێنه‌ی به‌هره‌مه‌نده‌كانمان بكڕین
ده‌سته‌سڕی ته‌نكیش له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵگرین
بێباكی بڵندبوونه‌وه‌ی چنار
ده‌بێته‌ شوێنێك وه‌ك قۆزاخه‌ی ئاوریشم
جوانكراو به‌سپێنه‌ی هێلكه‌
ئاسووده‌ و پڕ به‌هره‌ و په‌یماندار
هه‌موومان شه‌قامێكمان ده‌بێ تێیدا بچینه‌ سه‌ردانی خزم و كه‌س و براده‌ره‌كانمان
ڕۆژ كه‌ ئاوا ده‌بێ
ته‌واو ئه‌ڤینی خۆی كردووه‌
سڵاو
سڵاو په‌یكه‌ری په‌روه‌رده‌ی شیر و شه‌كری دایك و باوك و بارانی سێبووری
تێگه‌یشتی بۆ جارێ‌ نامری
ئه‌و دره‌خته‌ی تۆ تێیدا گه‌شه‌ت كردووه‌
ده‌بێته‌ دره‌ختی بنه‌ماڵه‌ی شیعر
ئه‌و هه‌موو وزه‌ی تیشك و ئاو و په‌ین و ڕووخۆشی خۆڵه‌ت پێشكێش ده‌كه‌ین
كه‌ خوداوه‌ندی به‌هره‌ و سرووش ڕسكاندوویه‌تی

كانوونی یه‌كه‌می 2005 هه‌ولێر

ڕژانی موورووی به‌خت

گردێكی په‌رژینكراو به‌هونه‌ری ده‌ستنووسه‌كانی په‌یام
خودا هه‌میشه‌ دانیشتنه‌ تایبه‌تییه‌كانی تێدا ئه‌نجام ده‌دات و چاوه‌ڕوانه‌ گه‌وره‌تر بێت
دره‌ختی زمانیش به‌گۆپكه‌ی نه‌كراوه‌ لكی گران بوو
ده‌نگی پێغه‌مبه‌ره‌كانی له‌وێ
یه‌ك به‌دوای یه‌ك ئاوازدار كرد
ده‌ستی به‌ڕوخساری ساده‌ییماندا هێنا و قووڵاییمان دره‌وشایه‌وه‌
موورووی به‌ختی ڕشت
دێوانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ناوچه‌وانی كه‌ مۆسیقا و ئاوێنه‌یه‌ بۆ ڕێگاكان
ئاڵای ئاشقبوون و مشتوماڵكردنی یادداشته‌كانی پیشان داین
بای به‌زه‌بر و بێ په‌رواشی ڕاهێنا
ئاراسته‌ی ته‌واوی بخاته‌ سه‌ر
بۆ شه‌كاندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و پێوانه‌كردنی نازی چاوی باڵنده‌ی سه‌ر هێلكه‌
چاوی له‌ گۆی سه‌یوان گڵۆپی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بوون
ئه‌وه‌ی ئامانه‌تمان لای داناوه‌ وه‌ك سپێده‌ی ڕۆژی به‌هار
چاكه‌ی بۆ هه‌موو كه‌س ده‌وێ
گه‌نجینه‌ و خرۆشانی له‌ سێبه‌ری ته‌نكی كه‌لوویه‌ك هه‌ڵگرته‌وه‌
پێش خۆی به‌ڕوونی بینی
زانی پێیه‌كانی له‌سه‌ر
كونی باڵه‌بان
تووله‌ی شفتی
بڕكی گندۆره‌
لاسكی لۆبیا
چێورمه‌ی گۆڕ غه‌ریب
قه‌ڵه‌مكێشی ئه‌سپ
برینی قوربانی
مه‌تاره‌ی شوان
قه‌ڵه‌شی كوارگ
دانه‌نێت و گره‌وه‌كانی كه‌ باپیری له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی خۆی كردبوونی بباته‌وه‌
سۆز و به‌هره‌ی به‌هێزی تێدایه‌ بۆ ناسین
شوێنی حه‌سانه‌وه‌ زۆرن
به‌رانبه‌ریشی تابووت
مرۆڤ به‌دڵێكی خومار چاویلكه‌ی فڕێ دا و جوان خولیاكانی چاوی جێبه‌جێ كرد
هیواكانی له‌ناو دانه‌نا
شه‌پكه‌ی تابووتیش له‌ دره‌ختیدا گه‌شه‌ ختووكه‌ی سووڕی خوێنی داوه‌
ڕازاندوویه‌تیه‌وه‌ش
ته‌مێك له‌ مه‌مكی دێو په‌یدا بوو
بووه‌ تانه‌ی چاویلكه‌ و په‌نجه‌ره‌
ئه‌لف و یێ
به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی و زمان نیشته‌جێن
ته‌مه‌نی زه‌وی و زمان به‌و نیشته‌جێبوونه‌ درێژ ده‌بێت
ماوه‌ته‌وه‌ ئاوێنه‌ به‌دیواره‌كان هه‌ڵبواسین
باڵنده‌ی په‌ڕ چه‌ور
ڕۆژانی پشوو له‌ گۆمه‌كان بێنه‌ ده‌رێ
له‌ ناوی بیر بكه‌نه‌وه‌ و چرا و ئه‌لبووم بهێننه‌ سه‌ر مێزی ژووره‌كان
وه‌رزی نیشتنه‌وه‌ و هه‌ڵفڕین و توانای باڵیان بناسن
پاشان به‌ڕه‌نگی شاد و بیری هێمن و بێگه‌رده‌وه‌ بنوون
نووستن فریای
ناخ و
گیان و
ویژدان و
خوێن ده‌كه‌وێت
له‌ حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی خانووه‌ دێرینه‌كه‌ی ماڵی باپیرم
كه‌ به‌هه‌شت حه‌زی ده‌كرد بۆ كاتییش بێت
چه‌ند ڕۆژێك خه‌ڵكی هه‌ڵبژارده‌ی خۆی بهێنێ
به‌ نه‌خش و نیگاری خه‌ریكیان بكات
هێشووه‌ ترێیه‌ك ده‌می له‌ناو كه‌پر شۆڕ كردووه‌ته‌وه‌ ناو ئاوی ڕوونی كووپه‌
ده‌ڵێن باڵنده‌ی په‌ڕ چه‌ور
هێلكه‌كانی ده‌هێنێته‌ ناو كتێبخانه‌ی
ئه‌و شاعیره‌ ساده‌یه‌ی ئاوازی بۆ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ دانا
په‌له‌شی نه‌بوو له‌ پێگه‌یشتنی میوه‌كانی حه‌وشه‌ی
به‌ده‌ستنووس و پرچی كیژه‌كانی دایده‌پۆشێت
له‌ كوێ لاشه‌ی مردوو
گیان گه‌ڕایه‌وه‌ ناوی
كێ چاكه‌كاری گیان چاندنه‌وه‌ ده‌كات
ماسی به‌ناو جۆگه‌كاندا هاتن
بۆ سه‌ردان و یارمه‌تیدانی ڕووبار
قولابی چاوداری ڕاوچییانی سه‌ر ئاو خست
پێنج په‌نجه‌ی ده‌ستی ڕاستیش
سامان و سه‌روه‌ری بۆ ئاشقبوون به‌هێز ده‌كه‌ن
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بوێرییه‌ك
ده‌ستی خۆشه‌ویستێكی دووره‌ ده‌ست بگوشێت
مرۆڤ به‌ شكۆ و خانه‌دانی و بوێرییه‌وه‌
ئاوی ڕژاو كۆبكه‌ره‌وه‌ و پاراوبه‌ به‌ هونه‌ری ده‌ستنووسه‌كانی خودا
ئه‌شق به‌ناوی خۆته‌وه‌
بانگت ده‌كاته‌ ناو ڕووناكییه‌كانی پیت و ناولێنان و قووڵاییت ده‌دره‌وشێته‌وه‌

كانوونی دووه‌می 2006 هه‌ولێر

كووپه‌ له‌ مێوانداریی ماسیدا

به‌هێزكردنی چاوی كوشتن و بڕین هه‌مووی به‌ویستی ئه‌ون
ئه‌رێ خودا بۆ ته‌نیایی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد و به‌ره‌و لای ئێمه‌ خاك هه‌ڵده‌كۆڵێ
ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیشی وه‌ك چاووڕاو و چاودێر به‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌
هه‌ڵوه‌دا و دڵبه‌ده‌ر و كه‌م خه‌ون
پێیه‌كانی له‌ ئاوی چه‌ور و لێڵ ته‌ڕن و گیانی تا ئه‌وپه‌ڕی په‌رێشان
نوێژ و ستایش و پاڕانه‌وه‌ یارمه‌تی ده‌روونین بۆ گیانی تا ئه‌وپه‌ڕی په‌رێشان
به‌توندوتیژی و زه‌بر و زه‌نگ و زاڵی داوای یارمه‌تی له‌ ناسراو و ده‌ستوپێی كردوون
باڵنده‌ی قاچ ڕووت و ده‌نووك درێژ باڵه‌كانیان ده‌خورێنن داوای باجیان لێ كردوون
جه‌نگ له‌و پێناوه‌دا هاژه‌ی هات
لاشه‌ كه‌فی هه‌ڵدا
لاشه‌ش ئاوێنه‌یه‌كی په‌ڵه‌داری پێشكێش كرد
باڵنده‌ی ته‌مه‌ن كورت ببینێ
له‌ پشتی خۆشی هیچ له‌ دایك نابێت
ته‌په‌دۆری له‌ په‌نجه‌ره‌ی بیستن ناوه‌
داویشی له‌سه‌ر كورسی شه‌یتان و فریشته‌ داناوه‌ته‌وه‌
كتێبی نائومێدی و گریانی جیهان له‌م چاویه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ ئه‌و چاو
ڕه‌وانبێژ و
هه‌واڵدز و
خۆویست و
خۆشدووه‌
ته‌مه‌نی به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ هه‌موو شه‌قامه‌كان بپه‌ڕێته‌وه‌
مردنی په‌نجه‌ی كه‌مانچه‌ژه‌نه‌كانیش ببینێ
به‌ ئاگر و ده‌موچاوی ترشهه‌ڵگه‌ڕاوی مانگم مه‌سپێرن
پشت و په‌نایه‌كم هه‌یه‌ هه‌میشه‌ به‌بیر خۆمی ده‌هێنمه‌وه‌
به‌هره‌ و په‌یژه‌ و ده‌فته‌ری پڕ ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵفڕیوی مه‌حاڵ ده‌هێننه‌ دی
كارتی جه‌ژنانه‌ فڕێ ده‌ده‌نه‌ ماڵه‌كانمان
وێنه‌ی كێكی مۆم له‌سه‌ر داگیرساویش ده‌گرێ و به‌یادگاری ده‌یداته‌ نه‌وه‌كانمان
وه‌ك شاعیرێكی ده‌موچاو دره‌وشاوه‌ی به‌ختیار
چوارخشته‌كی له‌سه‌ر شیعری باوكی نووسیوه‌
غه‌زه‌لیش چاوی به‌ په‌ڕپه‌ڕه‌ی مانگه‌وه‌ هه‌ڵواسی
له‌ پێچی شه‌قامێكدا ونی كرد
پێنج خشته‌كی و به‌هره‌ وه‌رگرتنیشی مایه‌وه‌
چرای هۆگربوونی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌
به‌دوای له‌پكه‌ شینه‌ی دیاری داپیری چاوی ده‌ڕوا و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
هێزی چاو به‌شی شكانی له‌شكری هه‌ڵپه‌دار ده‌كات
ڕۆژنامه‌نووسی به‌ره‌كانی شه‌ڕ
بۆ ماوه‌یه‌كی كورت
له‌ خۆشییاندا له‌ هۆش خۆ ده‌چێ
شیعرێكی ڕۆمانسی ده‌موچاوی ئاوپژێن ده‌كات
مۆم و شخارته‌ی له‌ ده‌م ده‌ڕژێ
گیانی زیو و ئاوریشم و فه‌نه‌ر له‌ ناوی
مردوویه‌كه‌ به‌ندی جه‌رگی هه‌مووان
ئه‌و مردووه‌ی به‌ندی جه‌رگی هه‌مووانه‌ و هه‌ستی بۆمان قوڵپ ده‌دا
له‌ دۆزه‌خ هێلكه‌ی نه‌كوڵاندووه‌
ئاوی پاش هێلكه‌ كوڵانیشی به‌سه‌ر خاولی براده‌رانی نه‌ڕشتووه‌
له‌سه‌رخۆتر به‌ره‌و لام وه‌ره‌ ئه‌ی پیری
بلیتی سواربوونی چه‌رخ و فه‌له‌ك
هێشتان سووڕی خۆی ته‌واو نه‌كردووه‌
بۆنی ڕازیانه‌ و نان ڕشاندنی دایكیشم هێلكه‌م ده‌ترووكێنن
سه‌مه‌نده‌ر برای شیریم بوو
دوای ماوه‌یه‌ك پێكه‌وه‌ ژیان هاته‌ ناو خوێنم و ئێسكمی توند كرد
باڵنده‌ به‌ناو خۆر بڵند بووه‌وه‌
به‌ ده‌نووكی تووڕه‌ی پشتی گای هاری بریندار كرد
بینینی خوێنی ئه‌و برینه‌ چاوی گای ڕوونكردنه‌وه‌
ئه‌رێ باڵنده‌ به‌ئاسمانه‌وه‌ چیت پێده‌ڵێت
میوه‌ ڕوومه‌تیان به‌ ناز و شكۆوه‌ هه‌ڵده‌خه‌ن
ڕێبوارانیش بۆینباخی قاوه‌یی به‌سه‌ر كراسیان شۆڕ ده‌كه‌نه‌وه‌
شه‌پقه‌ی خورییان داده‌نێن
ماست و زه‌یتوون و كه‌ره‌ و هه‌نجیری وشككراوه‌
له‌ناو سینی چینكۆ شه‌ڕیانه‌ له‌گه‌ڵ لێوی به‌ بار
شه‌ڕ به‌ تاو هات
ئه‌و مردووه‌ی به‌ندی جه‌رگی هه‌مووانه‌ و هه‌ستی بۆمان قوڵپ ده‌دا
له‌ناو شووشه‌ی مه‌ره‌كه‌ب
یه‌كه‌م شت كه‌ بینی ڕسته‌یه‌كه‌ بۆ گیان و دیوان ده‌دوێ
ئه‌رێ گوڵ بۆ هاوسه‌روای
دڵ و
كول و
چڵ و
بولبوله‌
ماسی به‌ناو ئه‌ڵقه‌ی نارنجۆك قه‌ڵه‌مبازی دا و خۆی سپارده‌ كووپه‌ی ماڵی من
كووپه‌ و ماڵی هۆگر به‌ فڕین و بۆنی خه‌نه‌ و مێخه‌ك
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی نیگا ئاڵاو به‌ په‌یمانی نه‌مری پاسه‌وانیه‌تی
به‌رانبه‌ر قسه‌ و هه‌ڵه‌وه‌ڕی و ده‌مهه‌ڵبه‌ست
شارێك چاو ناترووكێنێ
دره‌وشانه‌وه‌یه‌ك له‌ ده‌موچاومدا به‌هره‌مه‌ندی كردم به‌ هێز و خۆبوونی خودایی
خۆر ڕووی خۆی بۆ ڕاگرتم پێویستییه‌كانمی تێدا بنووسم
ده‌ستنوێژ ده‌گرم و خۆم ته‌نیا داوا له‌ خۆم ده‌كه‌م ئاسووده‌ بمرم
چاوم له‌ نه‌خشه‌ نقووم ده‌كه‌م و گیاكانی له‌ناو دیواری كۆندا شینبوونه‌
باوه‌ڕت به‌ ژیانی دووباره‌ پێده‌هێنێ و بیریش له‌ له‌ناوچوونی بنه‌چه‌ی دایناسووره‌كان بكه‌یته‌وه‌
پێش چوونه‌ گه‌شت خه‌ون وریام ده‌كاته‌وه‌
كێ ده‌بینم و ئاو به‌ده‌موچاوی كێ بپژێنم
له‌ناو شووشه‌به‌ندیش گوێ له‌ گۆرانی نه‌گرم
پارچه‌ قوماشێكی خنكێنه‌ر به‌سه‌ر زایه‌ڵه‌دا داده‌كێشێت
زایه‌ڵه‌ سه‌ره‌تای هه‌موو ده‌ست گوشینێكه‌ له‌ مشتووی خه‌نجه‌ر
به‌خانومانی به‌ره‌و ئێره‌ دێ
حه‌كایه‌ت بۆ باپیره‌ی سه‌مه‌نده‌رمان بكات
سه‌مه‌نده‌ر یه‌ك دوو ڕۆژه‌ مێوانی منه‌ و كه‌سێكی چاوه‌ڕێیه‌
لێشی ده‌پرسێت چاوی پڕ تاسه‌
تاسه‌ی له‌ كوێ و له‌ چی ده‌شكێت
ئێمه‌ مه‌له‌وانین و ڕووباری گه‌رمیش تا قووڵایی ده‌ڕوا و ڕاكه‌ڕاكه‌یه‌تی
بێزاریشه‌ له‌ ده‌ست خڕیی زه‌وی

ئاداری 2006 هه‌ولێر

سووڕی پاراوبوونی بۆن

په‌ری به‌ به‌خششی زه‌رده‌خه‌نه‌ی
خۆی ده‌كات به‌ ناسیار و به‌هه‌شت ده‌هێنێته‌ سه‌ر سینییه‌كی مسین
ته‌مه‌نی ئاڵه‌كۆكیش به‌شی شه‌ڕی مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژیان ده‌كات
ته‌م له‌سه‌ر هێڵكارییه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان لاده‌دات
وێنای هه‌فته‌یه‌كی پڕ جموجووڵ و ده‌ستنووسم ده‌داتێ
سه‌ره‌تای له‌ناو دروست بكه‌م
چه‌كه‌ره‌ی زه‌مینیم و گوێشم له‌ ئاواز و ئاهه‌نگی به‌هره‌ و سرووشه‌
به‌هره‌ و سرووش ئاهه‌نگیان له‌ ماڵی دڵه‌
دیوار و تاق و په‌نجه‌ره‌ی ماڵی دڵ
شێوه‌ و شكۆیان داوه‌ به‌ كتێبی ئاماژه‌كان
سروه‌یه‌ك به‌سه‌ بۆ گه‌شبوونه‌وه‌ی چرا و خوان گه‌رمبوونی
چ ده‌دۆزمه‌وه‌ ئه‌ی كڵاو و گۆچان و خۆزگه‌ی ئه‌سپ كه‌ له‌ خرۆشانی جه‌نگاوه‌ران پشوو ده‌دا
دره‌خت له‌ دڵه‌وه‌ دوا سه‌مای ده‌كرد
لك و پۆپی سه‌رگه‌رم به‌یاداشتی خانه‌واده‌ی ڕه‌نگی سه‌وزێكی پاراوبێت
بۆن و شیله‌ش به‌سه‌ر زه‌ویدا بڕێژێ
پاشان له‌ قۆزاخه‌ی ئاوریشمدا
سووڕی مانه‌وه‌ی ته‌واو بكات و به‌ر جه‌سته‌مان بكه‌وێ
له‌ به‌خت و بینینمان بیكاته‌ شاخی كه‌ڵه‌كێوی
ناوچه‌وانی به‌ردی پێهه‌ڵواسین
گڕوگاڵی گزنگ و زه‌رده‌په‌ڕ لاپه‌ڕه‌ نوستووه‌كانی هه‌ڵده‌نه‌وه‌
به‌رد ئێسكی زه‌وییه‌
نیشانه‌ی سه‌رسامییه‌ك له‌ناو چاوی بریسكه‌ی دا
ڕه‌زێكی گیان په‌ڕه‌كراو
كه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دڵی لاچووه‌
گۆپكه‌ كه‌م هۆگرن به‌ لكه‌كانی
گه‌ڵاپیتێنیش تێیدا ساردوسڕ
ناوی میوه‌كانی خۆشی له‌ یاد كردووه‌
به‌ڵام گه‌شه‌ لێوی به‌خێر جووڵاون
هه‌میشه‌ خۆیان به‌بیر ده‌هێننه‌وه‌
ده‌كه‌ونه‌ بیركردنه‌وه‌ش
ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی گۆرانی گوتنم هه‌بێ ده‌توانم بیڵێم
ڕه‌نگه‌كان له‌ زمانێكی ڕه‌وا ده‌هێنم كه‌ ده‌می لێ‌ تاریك نابێ‌
به‌رزیان ده‌كه‌مه‌وه‌ تا ئاستی سه‌ر
له‌ ئاستی سه‌رم شاری یه‌زدان ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌بێته‌ ئه‌و شوێنه‌
به‌هره‌مه‌ندیان خانووی له‌ ده‌فته‌ری یاداشت و گوێچكه‌ ماسی دروست كراوه‌
كاتژمێری ناوه‌ندی شار لێی دا
سمۆره‌
باڵنده‌
مرۆڤ
به‌ره‌و ئێره‌ پێ و باڵ و چاویان كرده‌وه‌
ته‌پوتۆز تێیان ئاڵا
له‌م حاڵ و باره‌دا بزر ده‌بن یان سه‌ریان له‌ناو زه‌رفی نامه‌یه‌كدا
به‌لێوی منداڵ به‌ مه‌مه‌ی شیره‌وه‌ داخراوه‌
دایك و باوكیش له‌ نووسینه‌وه‌ی ڕێگا نه‌بوونه‌ته‌وه‌
ڕێگای دیكه‌ش به‌لێوی ته‌ڕ و جوانه‌وه‌ به‌ره‌و ڕوویان دێن
نووسینیشیان هه‌مووی ده‌بن به‌ ئه‌مه‌كی پیری پیرۆز و دێنه‌ دڵ و چاومانه‌وه‌
وشه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگ به‌شی نووسینه‌وه‌ی ڕێگا ناكه‌ن
په‌پووله‌ به‌سه‌ر ته‌رمه‌وه‌ نیشتوون
ئاره‌قه‌ی بن باڵیان ئاسووده‌یی دوای گه‌شت و بۆنی نه‌گه‌چڵانه‌
له‌ هه‌موو شوێنێك تێكه‌ڵبوون به‌ ئاهه‌نگی سرووش و به‌هره‌ ئاماده‌یه‌
ده‌توانم له‌سه‌ره‌ ڕێگاكان بوه‌ستم
فه‌رامۆشیشی بكه‌م
به‌ڵام سه‌رمام ده‌بێ
چاوێكی تا هه‌تایه‌ی له‌ ناوچه‌وانم به‌هێز كردووه‌
تێكه‌ڵبوون به‌ ئاهه‌نگی سرووش و به‌هره‌ یاداشتی هه‌مووشمانه‌
له‌ ناوچه‌وانی ته‌ڕی خانووه‌كانمان شه‌وقێكی بێ په‌روایه‌
هه‌میشه‌ لێمان نزیكه‌
له‌ ده‌نگی نه‌رمی قورینگ ده‌گه‌ڕێ
به‌هۆیه‌وه‌ بێته‌ ناو دڵمانه‌وه‌
به‌گه‌یشتنی دره‌ختی ناو شه‌قامه‌كانی شار ڕه‌نگیان پاراو ده‌بێت
ئه‌رێ بۆ به‌س خودا ده‌زانێ به‌هه‌شت له‌ كوێیه‌
خودا پیاڵه‌ی منی پڕ كردووه‌
دایك و باوكم و دایك و باوكیان
چرا و شه‌ربه‌یان له‌ سێبه‌ری قه‌ڵا بۆ دانام
سێبه‌ر گه‌وره‌ بوو
خۆشی هێنا ناو خۆی و تارمایی لادا و لووره‌ی دوورخسته‌وه‌
به‌ ئارامیی كۆترێك بیر له‌ قوربانی بكه‌ره‌وه‌
قه‌ڵا تاجی سه‌ری به‌ ئومێدی چرادان هه‌ڵدایه‌ سه‌ر شووشه‌ی ڕوونی چاویلكه‌كه‌م
له‌ بری ئاسۆی كوڵمه‌ پڕ ده‌ماری چالاك
خۆر ته‌نیایی خۆی تێدا ده‌توێنێته‌وه‌
یاداشتی شارێك كه‌ سڵاو له‌ ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵاتوو وه‌رده‌گرێته‌وه‌
له‌ كه‌ڵ ژیانیدا چاڵه‌ ڕه‌شه‌كانی له‌ مه‌دالیای سینگی ناشتووه‌
هه‌ولێر دانه‌وێڵه‌ و میوه‌ و ئاوی بۆ هه‌مووان هه‌یه‌
كراسی بابه‌ نوئێلی بۆ ڕاده‌گرین تا به‌ته‌واوی دڵ
هه‌ڵی ده‌بژێرێ و له‌به‌ر هه‌موومانی ده‌كات
فڕین به‌ باڵ و پێ و دڵ
خۆری مه‌زه‌داره‌ پڕ به‌ ئاسمان وچان ده‌گرێت
ئاسمان چ هه‌ڵبژاردن و سرووش و به‌هره‌ی تێدایه‌
دێته‌ ناو هه‌سته‌كانمانه‌وه‌
هه‌ڵفڕیوێك خۆشحاڵ و مه‌ستی ناو زایه‌ڵه‌ و ڕووناكی زه‌ماوه‌ندی په‌رییانه‌
له‌ ته‌ك مانگ داده‌به‌زێ
ده‌چێته‌ ماڵی ئاسووده‌یی
ئه‌رێ ده‌رگای ماڵی ئاسووده‌یی كلیلی فڵچه‌ی هونه‌رمه‌نده‌ یان پووشی ناو ده‌نووكی باڵنده‌
تاووس سیمینارێك له‌باره‌ی جه‌ژنی شارێك ده‌گێڕێت
كه‌ كراسی له‌به‌ر هه‌موومانه‌
له‌ناو كتێبخانه‌ خوێن خه‌ست و خۆڵه‌كه‌م
موسا و عیسا و محه‌مه‌د ئومێد وه‌ك خۆیان ده‌هێڵنه‌وه‌
قۆپچه‌ی كراسیان مۆری مێژووه‌
له‌ كۆشكه‌كانیان هاتوونه‌ته‌ ده‌رێ
ده‌ست به‌ چه‌قۆ ده‌مه‌بۆڵه‌یانه‌
ڕه‌نگه‌كان بریقه‌یان پێچایه‌وه‌
به‌ په‌له‌ و هه‌ڵه‌داوان ئه‌م ده‌وروبه‌ره‌یان كرده‌ ئه‌فسانه‌یه‌كی واق وڕماو
هیچی لێ به‌ده‌رنه‌كه‌وێت
جه‌ماوه‌ر و ناوبژیوانیش ته‌نیا منم
مه‌لوول و جه‌رگسووتاو له‌سه‌ر به‌ردێكی خاڵخاڵدا
كه‌ پێشتر موسا و عیسا و محه‌مه‌د له‌سه‌ری زۆر ته‌ماشای گه‌رده‌نی ئاسۆیان كردبوو
دانیشتووم و هاواری ناوی خودا ده‌كه‌م
ده‌نووكی سووری باڵنده‌ یارمه‌تیم ده‌دا و لاپه‌ڕه‌ نوستووه‌كانم بۆ هه‌ڵده‌داته‌وه‌
ژنێكی خانومان و حه‌كیمی قه‌تارچییان
كووپێك شیری له‌ده‌ستی ڕوونی چاره‌نووس به‌ خه‌ڵات وه‌رگرتووه‌
له‌ دڵنیاییدا دێت و ده‌چێت
پیته‌كانی ڕێگا و پێشبینیی ده‌مودوو
جوانتر ده‌بنه‌ وشه‌ و ڕسته‌ی خورپه‌دار
ڕه‌ز گوێ له‌ ده‌نگ و ئاوازی په‌رییان ده‌گرێ
ئه‌وجا به‌ری ده‌ڕسكێ‌ و بۆن و شیله‌ ده‌ڕێژێت
ئاو و باخم ڕوون بوونه‌وه‌
دڵۆپێك خوێن له‌ ده‌نووكی هه‌ڵۆ تكا
ئه‌و دڵۆپه‌
ژوور و به‌رژوورێكی لێ ڕسكا
له‌ بلوور و چاو
نازی ده‌رگا كردنه‌وه‌ و لێدانی كاتژمێر و له‌ ناز نه‌كه‌وتنی
ته‌ندوورێكی بۆ خانومانانی شار ئاگر دا
وشه‌كانی كرده‌ ئاردی گه‌نمه‌شامی
زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی ئه‌و ماڵانه‌ی ده‌موچاویان باخن
له‌ ده‌ماره‌ هه‌ستیاره‌كانی مه‌مكی خانومان و حه‌كیمی قه‌تارچییان
تێر شیر و هه‌نگوین بوون و چاویان به‌رز هه‌ڵێنا
ڕه‌چه‌ڵه‌كی یه‌ك له‌دوای یه‌كی پێغه‌مبه‌ره‌كانیان ناسی
ئه‌و تاجبه‌خشه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌كی پێغه‌مبه‌ران بناسێت
له‌بن باڵی مه‌ل ماندوو نه‌بووه‌
چی تفری ته‌نك و ئه‌ستوور هه‌یه‌ له‌ زمانت لایده‌
شێره‌ی ئاو به‌ زمان جوان دانانه‌ ناو جۆگه‌ جه‌زبه‌داره‌
منی تاجبه‌خش و عه‌وداڵی
با و
ئاگر و
خۆڵ و
ئاو و
ئه‌شق
خودا نیشانه‌یه‌كی له‌ یه‌كه‌مین بانگی خۆی پێشكێش كردم
خه‌م له‌ ئه‌ستێره‌ هه‌ڵاتووه‌كانم بخۆم و لێیان بدوێم
دڵۆپێك خوێن له‌ ده‌نووكی هه‌ڵۆ تكا
ئه‌و دڵۆپه‌
ژوور و به‌رژوورێكی دامێ له‌ ماڵی خوداوه‌ندان
شاعیران به‌ناو كڵاوڕۆژنه‌یدا هاتن
سه‌كۆیه‌ك گوڵی گیان و سه‌روا و كێشیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو
نان و ئاوم له‌گه‌ڵ به‌ش كردن
پاشان به‌هره‌ و سرووش

تشرینی دووه‌می 2006 هه‌ولێر

ئاهه‌نگی ناولێنانی دره‌ختێك

ڕۆژ خۆر له‌دایك ده‌بێ
شه‌ویش مانگ
گه‌نجینه‌ی ئومێد و ئه‌شقی درێژخایه‌نیش له‌و شووشه‌یه‌ی چاو تێیدا خۆڵاوی نابێت
شووشه‌ی به‌ تووكی كه‌روێشك شۆراو ئه‌ی ده‌فته‌ری یه‌كه‌م پڕشنگ هاوێشتن
سه‌رڕێژ له‌ هه‌نگی له‌ شانه‌ هاتووه‌ده‌ر و بۆنی خۆشی خودا و ده‌نگی لاواندنه‌وه‌ی كۆته‌ڵی سواران
زه‌وییه‌كی بێ هاوتا و پاراو و سرووشده‌ریت
هه‌موو خه‌نجه‌ر به‌ده‌سته‌ كه‌مینداره‌ ڕووزه‌رده‌كان ده‌به‌زێنیت
كێ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات
ئێره‌ هه‌وای به‌ پیته‌ و ده‌ڕژێته‌ هه‌ستی گۆپكه‌ و شكۆفه‌وه‌
پڕ دیوان و باده‌ی هه‌نگوینیش
ئه‌و خانووه‌ی منداڵه‌كانم به‌ ته‌مان تاجداری بكه‌ن
له‌ چاوانیان بئافرێنن و بیكه‌ن به‌ په‌یمانی پیرۆز و كتێبی شانازییان
به‌ نه‌رمه‌غار جارێك به‌ده‌وریدا سووڕامه‌وه‌
ئه‌سپه‌كه‌م كه‌وته‌ ناو خۆره‌تاوێكی سه‌رگه‌ردانه‌وه‌
كه‌لوپه‌ل و به‌رد و بناغه‌ی
ده‌بن به‌ تیپی مۆسیقا و كۆرسی گۆرانی سه‌رسامیم و گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ مانگ و ختووكه‌دانی
له‌ گۆرانیدا پشووی خێزانیی به‌رپا ده‌بێت
بازاڕی گه‌وره‌ی پڕ شتومه‌ك و پێویستی
دار هه‌نجیریش ڕه‌گی له‌ سركه‌ لاده‌دات
باڵنده‌یه‌كی چاوڕه‌ش كه‌ باڵی مووتوربه‌ بوو له‌
گیای سه‌ر گۆڕی قوربانی و
ده‌مودووی سڵاو كاتێك ده‌بێته‌ خۆشه‌ویستی و
ده‌ماره‌ باریكه‌كانی دڵی دایكم و
سێبه‌ری ڕوونی برۆی پێغه‌مبه‌ر و
فڕینی چاوی باپیرانم
له‌ په‌نجه‌ره‌ی ماڵی من باڵی ڕاگرت
بیری زۆر هێنا و برد
ڕه‌نگی تێكه‌ڵ به‌ هه‌ستی شینایی ده‌ریا و گه‌شبوونه‌وه‌ی ئاسمان كرد
به‌خشندانه‌ خێزانه‌كه‌می هاوێشته‌ ناو گلێنه‌ی
چۆن سۆبه‌كه‌ گه‌رم ده‌كات
منداڵه‌كانم كاتێك ده‌نكه‌ قاوه‌ له‌ ئاون ده‌كوتن و گه‌نمه‌شامی ده‌ته‌قێنن
زرینگانه‌وه‌ی كلیلن هه‌ڵده‌درێنه‌ ده‌ستمان
ده‌مه‌وێت بیهێنمه‌ ناو شكۆی هێلكه‌ ترووكانی كه‌وێكه‌وه‌
له‌ ترووكاندا داوای خۆی له‌ ڕوو ده‌ڵێت
چه‌ند
وزه‌ی تیشك و
ئاو و
خۆڵ و
په‌روه‌رده‌ی ده‌وێت
بۆ گه‌شه‌ و به‌هێزبوونی چاوی
باڵنده‌ی چاوڕه‌ش هه‌ر زۆر لێمانه‌وه‌ نزیكه‌
لكێك له‌ دره‌ختی بنه‌ماڵه‌كه‌مانی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ به‌هره‌ی باڵ
به‌ختمان باشه‌ و قه‌ت ڕوومان لێ لانادات
تابلۆی ڕاڕه‌و له‌ سڕینه‌وه‌یدا ئاوازی بۆ گوتراوه‌
له‌ناو ڕووناكیی هاتوچۆكه‌ران
ڕه‌نگه‌كانی پڕ به‌ چاو پڕشنگ ده‌ده‌ن
ئاوازی باڵی مراوی كێوی ده‌كات به‌ براده‌ری ڕێگای دوور و ئه‌مه‌كدار
له‌ ئاره‌زووه‌كانمان بدوێ
ڕاڕه‌وه‌كه‌ش لێوڕێژه‌ له‌ ده‌نگی
ئه‌وه‌ ئێستا ده‌ژیم و خه‌م ده‌خۆم و زه‌وی گه‌رمبوو به‌ خرۆشانی ڕه‌گ ماچ ده‌كه‌م
شێوه‌كارێك تابلۆكانی خۆی ده‌هێنێته‌ بازاڕێكی نزیكه‌ ده‌سته‌وه‌
ئێمه‌ دێینه‌ باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مان
باران ده‌ست به‌ ڕه‌نگ و ڕووی زه‌وی داده‌هێنێت و ده‌یلاوێنێته‌وه‌
دره‌ختێك به‌ناوی منداڵه‌كانمه‌وه‌ ده‌چێنێت
ڕه‌گ و چرۆی دێته‌وه‌ ناوچه‌وانمان
ئه‌ی لای چه‌پی سینگم
بۆن به‌ كام گوڵی پێشكێش كراوتان ده‌كه‌ن
دره‌خت له‌جیاتی ئێمه‌ ده‌ژی و شه‌ڕی مان و نه‌مان ده‌كات
هه‌زاران شت له‌ به‌ری یه‌كه‌می ده‌رده‌كه‌وێت
به‌ گه‌نجبوونه‌وه‌ش
دروود بۆ دره‌ختێك
گیانمی فێری گیانبینین كرد
گیانم چه‌ند ڕووناكی منداڵه‌كانمی تێدایه‌
گوێڕایه‌ڵی ڕووناكیم و ده‌ستم بۆی درێژ كردووه‌
نیازی دڵی خۆمم بۆ هه‌ڵڕشت
گوتی خۆشه‌ویستی له‌ به‌رزی ڕوانینه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆتدا
ژوور و هه‌یوانێكم بۆ دانێ ئه‌ی خودا
ئه‌و كتێبانه‌ی له‌به‌ر نازی په‌لكه‌زێڕینه‌ و شه‌ڕی چاوه‌زاردا ڕسته‌كانیم هێڵ به‌ژێردا كێشاون
ئاڵای به‌ختن له‌ سه‌كۆی ماڵ هه‌ڵدراون
ئه‌وانه‌ی نه‌شمخوێندوونه‌ته‌وه‌
ئاگرودوویان له‌ناو چاوم تریفه‌ی مانگی سه‌رگۆمێكی به‌ستووه‌
خافڵمان ناكات له‌ شیناییی ده‌ریا و گه‌شبوونه‌وه‌ی ئاسمان
ڕووگه‌نمای ئه‌شق ڕوو له‌ شینایی ده‌وه‌ستێ
ئاكام په‌یدا ده‌بێت و ڕووناكییه‌كانی ماڵ ده‌ناسێت
دوو ده‌ست هێزیان له‌ زه‌رده‌ی ئێواره‌دا بوو
په‌یژه‌یه‌كی داریان له‌ حه‌وشه‌ دانا
كێشی هه‌موو ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ ده‌زانێت
بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای گه‌شه‌ی منداڵه‌كانم بكه‌م
ده‌بێ خرۆشی قه‌تماغه‌ی برین
به‌ڕوومه‌تی لایه‌ك هه‌نار و لایه‌ك سێوی زه‌وی بچووێنم
با كه‌س نه‌زانێت هه‌نار و سێوی زه‌وی ڕژاوه‌
ده‌نگه‌كانی چه‌شه‌ی ژیانمان نه‌نیشنه‌وه‌
نیشتنه‌وه‌ وشكبوونی ده‌ماری سه‌ره‌
له‌به‌ر خۆرێكی سه‌رگه‌رداندا
له‌ نێوان قڕه‌ی قه‌له‌ڕه‌ش و جریوه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری ئه‌ستێره‌ی كاروانكوژه‌دا
بۆنی كه‌لوپه‌له‌كانی مۆزه‌خانه‌ و ڕۆح وه‌به‌رهاتنه‌وه‌یان و چرای وچان و خولیای
په‌پووله‌وانی ده‌رچووی خولی فێربوونی مۆسیقا و دلۆڤان له‌ كوێیه‌
ئه‌ی هێڵی ناو ده‌ست و دوا نهێنیی دیوانی خامۆش
ئای دیوانی خامۆش
ئاشقه‌كانی به‌هه‌شت ده‌ڕژێنه‌ ساتی ناسكبوونه‌وه‌ی ژیانه‌وه‌

كانوونی یه‌كه‌می 2006 هه‌ولێر




بارانی وشە سوورەکان … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..مەشخەڵ




گۆڤاری هانا ژمارە 3

بۆ خوێندنەوەی ژمارە 3ی گۆڤاری هاناکلیکی ئێرەبکەن ……هانا 3




مردووی دەستی ئاو … جەلال عەبدوڵا ساڵح

ئەو ڕۆژانەی بێکارم
سەرم کێژە و گیرفانم خاڵی
حەزم لە ترێ و پەنیرە
گوێ لە گۆرانی با دەگرم
بیر لە دانیشتنی
شەراب و زەردەپەڕ دەکەمەوە
دەمەوێت لە هێزی کار دووربم
جگەرەیەکی بێزاری بکێشم و
کەمێکیش پێبکەنم
لەکەناری شەقامێک
دەبمە هاوڕێی سۆزانییەک
ئەو باسی لەزەتی
جگەرەی شەوم بۆ دەکات
منیش چیرۆکی بێتاقەتی
کیسەڵێکی کوێری بۆ دەگێڕمەوە
پێی دەڵێم کیسەڵ بەوتەمەنە زۆرەیەوە
نە حەزی لە تامی ئاوە
نە لە هەناسەی زەوی
ئەی تۆ چیت پێیە بۆم باس بکەی؟
سۆزانییەکە جڕتێکم بۆ لێدەدات
منیش قاقا پێدەکەنم
کەسمان لەیەکتری ناگەین
زمانی فەلسەفە وادەڵێت

هەنگاوی غەریبی دەنێم
بە کچێکی ئەفغانی دەگەم
بۆنی پیچک و ڕێحانەی لێ دێت
ڕۆحم پڕدەبێت لە گۆرانی
بەدەم زەردەخەنەوە پێێ دەڵێم”سەلام”
ئاوڕم لێئەداتەوە و
وەک کچێکی کەنەدی بەدەستی
جنێوێکم پێئەدات
شەقامەکە پڕە لە پێکەنینی ژیان
لە ڕووم نایەت هەمووی بگێڕمەوە
لەوانەیە پۆلیس بمگرێت
لە کارگەش دەر بکرێم

دەڕۆم و هەنگاو دەنێم
لەدوورەوە دووکەڵی
جگەرەی پیاوێکی پیر دەبینم
لەگەڵ با سەما دەکا
دەمەوێت بڵێم ماندوو نەبیت
ئەی دڵی پیری
گوڵی فەرش
دەمەوێت لێی بپرسم
چۆن لە پەیوەندی گۆچان و هەنگاو بگەم؟
لەپڕ سەرێک بادەدا
دەڕشێتەوە بەسەر لاشەی سپی زەویدا
ئای بۆنی ڕشانەوەی پیری چەند پیسە؟
پێش ئەوەی بەجێی بهێڵم
فیکەیەک بۆ گەمژەیی خۆم لێئەدەم
….
دەکەومەوە هەنگاونان
لەپڕ سەگێکی تووکنی چاو کز
بەرەوڕووم دێت
بۆنی پانتۆڵی ڕۆژهەڵاتیم دەکات
لەوەدەچێ بمناسێتەوە
بە سمێڵ و کلکیدا
لە سەگەکەی بۆژێنا دەچێت
بۆژێنا مەسیحییەکی سپی بوو
من مووسووڵمانێکی بێنیشتمان
هەموو شەوێکی هەینی
کاتێک دەبوو بەشەڕمان
سەگەکەی دەبووە ناوبژیوان

لە تەمی تەنیایی خۆم دا وندەبم
دەگەمە کەناری چەمێک
بەفڵچەی ئاو
وەک مناڵ خۆم ژیردەکەم
باڵای دیواری با ڕەنگ دەکەم
نەخشەی جیهانێکی نوێ دەکێشم
بە گەورەیی ناوی خۆم دەنووسم
مردووی دەستی ئاو
ژەهری ناودەمی نەهەنگ
تا ماسییەکان تێر پێکەنن
بۆقەکانیش
تاهیلاک دەبن
گۆرانی بڵێن

جەلال عەبدوڵا ساڵح




سیانه‌ی گێڕانه‌وه‌ … سۆران محه‌مه‌ده‌ سووره‌

1
من له‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی جه‌فتی به‌ڕووێك كه‌وتوومه‌وه‌
تا نه‌دۆزمه‌وه‌ چاوی ئه‌م پێده‌شته‌
هه‌ر به‌ره‌و خلۆربوونه‌وه‌م.

هۆ‌ ساڵوه‌گه‌ڕه‌ پیرۆزه‌كانی زیۆس
وا كوشتار ده‌سپێده‌كات*:
گۆرگۆنه‌كان چوارمشقی دانیشتوون و چیرۆكان ده‌گێڕنه‌وه‌.
ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كۆچڕه‌و و كوشتارلێكراو‌؛
گوناهی زایه‌ندكارێكم،
ده‌بێ نه‌زانم چ شتێك له‌گه‌ڵ خودا كۆنینه‌كان،
چاره‌نووسمانی لێكگرێداوه‌!

جوانیی؛ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌رگه‌وه‌ دێی،
بۆ گه‌یین ده‌بێ وێرانه‌ بسازێنرێ.
ئه‌ی مه‌رگ؛ هه‌موو شتێ له ‌به‌رده‌وامی ته‌واوبووندا، ته‌واو نابێ.

2
ئه‌وه‌ی به‌دواتدا وێڵم؛
به‌ره‌و ڕێبڕینه‌ نیگا و
خه‌یاڵیش مه‌له‌ی سه‌هه‌نده‌یی.
خه‌ون برینی بڕینی مه‌وداكان نه‌خش ده‌كاته‌وه‌،
خه‌می گه‌یشتنیش به‌ دیوی خێرایی، تێڕامان وێنا ده‌كات‌.
ئه‌و‌ها ئه‌و منه،‌ ڕه‌گی دووجای دووبه‌ره‌كی و
فراژووی ‌له‌ره‌له‌ر‌ی ‌كوفره‌‌.

ته‌نیا شه‌وه‌ بێباوێشك بمهێڵێته‌وه‌.
تاریكی په‌نا. وه‌زانینم تۆی.
بێخودا و ئه‌ستێره‌، ژینێ شك نابه‌یت؟

هۆ شه‌یتان؛ خشپه‌ی شه‌قاوه‌كانی ڕۆیشتنت دێته‌وه‌ به‌رگوێم.
بوونت زێڕكفت بكه، ‌له‌ تاریكییان بدره‌وشێوه‌،
مامه‌ڵه‌یه‌ك، كه‌ هه‌مان بێت سه‌رپێچیكردنه‌.
تۆش؛ له‌ به‌خشراوانت وه‌ده‌رم بنێ؛
به‌ ئازاره‌وه‌ش بمكوژه‌،
مرۆڤ سوپاس نه‌كراوه،
له‌هه‌ڵه‌ش زێتر ناسنامه‌ی تری نییه‌.

3
كات؛ بوخچه‌ غه‌ریبییه‌كه‌ی نالی و حاجییه‌.
شوێن؛ به‌به‌ردبوونی چیرۆكی گۆرگۆنه‌كانه‌ له‌به‌رده‌م حه‌ڕامدا.
چاره‌نووس؛ بێچاره‌یی خه‌ونی خانی و زێتر لێكترازانی نه‌ته‌وه‌یه‌‌.
خواست؛‌ بوون نمایش ده‌كات؛
بوون خۆی، ڕسكاوی وێرانكاریییه‌.

ده‌با خودایه‌ك بسازێنین
گۆڕان له‌ بێنوێژییدا سیما ده‌كرێت.
جه‌نگ ناسنامه‌ی بوونێكی هه‌ستبه‌خۆكردووه‌.

له‌گه‌ڵ كوشتار، هرووژمی یاده‌وه‌ریی و
ئێشی ژووری جووتبوون زێتر ده‌بن.
له‌گه‌ڵبوون؛ چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی تری ڕه‌گه‌زیییه‌.

4
شتێك كردمیه‌ دێوانه‌ی ڕێگه‌ چۆڵه‌كانی مه‌ترسیی.
ناشزانم چ ده‌نگێك
بۆ نشێو و هه‌ڵدێرگه‌كان ڕێنموونم بوو.

هه‌ڵدێرام. مشتی به‌ردێك خۆی كرده‌ باوه‌شم.
هه‌ڵدێر قووڵ بۆ چاوه‌كانمی ڕووانی.
پێم لێسه‌نرانه‌وه‌.
خوداكان دوا ئاوڕدانه‌وه‌یان كردم.
چیاییش: كوڕه‌تیمه‌. ده‌ستی ڕاهێشتكرد‌ یان نا، هه‌ر ده‌بێ بیڵێم؟
جارێكی تر، ڕێگه‌كانم خسته‌وه‌ به‌ر سێره‌ی پێملنه‌بوونم.
ده‌ست نه‌بوو، ئه‌ی خواست وه‌ملیایی خستمه‌وه‌؟ ده‌بێ نه‌زانم؟

تا ئێره‌ ئه‌ی دوو سێ، حه‌وت و پێنجی به‌یانیم،
ئه‌و گۆرانییه‌ی به‌ هه‌ڵدێرانم نه‌دات، كوا قه‌ره‌جییه‌.
زرینگانه‌وه‌ی ده‌نگی مه‌زهه‌ر و زریانێك له‌ خێرایی..
پێهه‌ڵدێنم. ئه‌وه‌ بۆ ڕێگه‌كان ناجمێن؟!
ده‌بێ له‌ هه‌ناوی وێرانبووندا؛ گۆرانیی ئاژاوه‌ بچڕین.

5

گۆرانی خۆم ده‌ڵێم و
ڕێ بۆ ئاژاوه‌ خۆش ده‌كه‌م؛
شتێك، كه‌ ده‌بوو زووتر بمكردبا.
هاتووم؛ ڕووحی شه‌یتانم و
بێدۆستی و غه‌ریبی چاره‌نووسمه‌‌.
چاره‌نووس و غه‌ریبیم، ماڵی خه‌ون و نه‌گه‌یشتنه‌.
كوا ماڵ پێم ئاوه‌دانه‌ و سه‌هه‌ندییم ده‌ناسێت‌.

شه‌یتان له‌سه‌ر زمانم، گۆرانییه‌كه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌با:
من ئه‌ودیوی ڕووناكییه‌كه‌تم،
كه‌ گۆڕان و به‌دكرداریی، تێمدا ئاوسه‌‌.

من ئه‌ودیوی ڕووناكییه‌كه‌تم
به‌ نه‌فره‌تی ناسنامه‌م سوێند
گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ نێوت، بڵێی ئه‌وه‌ نه‌زانیت؟

مانگی 10و 11ی 2016

* “ئه‌م ئاژاوه‌یه‌ گوناهی هزره‌كانه‌، ده‌بوو كوشتارێك ده‌ستپێبكا.”سكاندینافیا دوورگه‌یه‌كی تر له‌ بخوور، هه‌ندرێن.
** ئه‌م شیعره‌ له‌ گۆڤاری “كه‌لێن”، ژماره‌ (2)ی هاوینی 2017، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




له‌ نێوان سیاسی و فه‌یله‌سوفدا … هیوا سه‌عید

سیاسی‌: بۆچونێک هه‌یه‌ ده‌ڵێ ئەوەی بزانێ دیالێکتیک چییە فەیلەسوفە.
فه‌یه‌له‌سوف‌: له‌ دیالێکتیکی هیگڵ هۆش لەخۆی دادەبڕێ و دەبێ بە دوو بەش، دواتر لە نێوان ئەو دوو بەشە ململانێ سه‌رهه‌ڵده‌دا، سه‌ره‌تا بەشێکیان دەبێ بە چاودێر بەسەر ئەویتر، بەشەکەی دیکەش دەبێ بە کەرەستە و بابەتی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم.

سیاسی‌: پێش سه‌رهه‌ڵدانی ململانێکه‌ ئەو دابڕانە لەناو هۆش چۆن ڕودەدا؟
فه‌یله‌سوف‌: سوکرات‌ دەڵێ خۆت بناسە، مەبەستی له‌ خۆناسین ئەوەیە خۆت فێری زانین بکە به‌ڵکو به‌ زانین هۆشت لەخۆی داببڕێ و ببێتە دوو بەش، بۆ ئەوەی بە بەشە دابڕاوەکە لەخۆت بە ئاگا بی و هۆشیاریت لەبارەی خۆتەوە هەبێ.
که‌چی له‌ ڕوانگه‌ی سارتەر بەشی دووەمی هۆش لە ڕێی زانینەوە دروست نابێ، چونکە بەشی دووەم بە دابڕان لە بەشی یەکەمی هۆشەوە پەیدا دەبێ.

سیاسی‌: هێشتا وەڵامه‌که‌ ڕون نییە، دیسان ئایا هۆش چۆن لەخۆی دادەبڕێ و دەبێ بە دوو بەش؟
فه‌یه‌له‌سوف‌: ئەلبێر کامۆ پێیوایه‌ مرۆڤ بەرلەوەی یاخی ببێ هەست بە چەوسانەوەیەک لەلایەن ئەوانیتر یان نامۆبوون و دابڕانێک لەوانیتر دەکا، ئیدی لەو دۆخه‌ هۆشیار ده‌بێته‌وه‌ و به‌ هه‌لو‌مه‌رجی خۆی ده‌زانێ. بەو مانایەی خۆی دەناسێ و لەخۆی بە ئاگا دەبێ. واتا هۆشی لێک داده‌بڕێ و ده‌بێ به‌ دوو به‌ش، بە بەشە دابڕاوەکە لەخۆی دەکۆڵێتەوە و تێگەیشتنی لەسەر خۆی ده‌بێ.

سیاسی‌: هه‌تا هۆش له‌خۆی دانه‌بڕێ و نه‌بێته‌ دوو به‌ش ئه‌و هۆشه‌ زانین وه‌رناگرێ، بۆچی فه‌یله‌سوف ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ی خۆی لای ئه‌و که‌سانه‌ی تێناگه‌ن به‌ خه‌سار ده‌دا؟
فه‌یله‌سوف: ڕه‌نجبه‌رێکی ماندوو به‌لای فه‌یله‌سوفێکدا تێده‌په‌ڕێ، ئه‌ویش داوای ئه‌وه‌ی لێ ده‌کا که‌مێک له‌کنی پشوو بدا. دوای ئەوەی ڕەنجبەرەکە دادەنیشێ فەیلەسوفەکە ده‌ڵێ بۆ ئەوەی لەو چەوسانەوەیە ڕزگارت ببێ گوێ بگرە لەو زانینەی فێرت دەکەم.
یه‌که‌م: پرسیارێک لە تۆ نەکرا لەخۆتەوە وەڵام مەدەوە، دووه‌م: شتێك لە تۆ داوانەکرابوو مەیدە.
ڕەنجبەرەکه‌ش به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ دەڵێ چاک نەبوو زانینەکەت بەخۆڕایی بوو ئەگەرنا پارەکه‌شم دەچوو.

سیاسی‌: فه‌یله‌سوفه‌که‌ به‌و گاڵته‌پێکردنه‌ هه‌ستی نه‌ڕوشا؟
فه‌یله‌سوف‌: به‌ تێگه‌یشتنی هایدگه‌ر ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆشی له‌خۆی دانه‌بڕاوه‌ بۆیه‌ بوونیشی له‌ناوخۆیتی و خۆی ده‌رنه‌خستووه‌. ئه‌و جۆره‌ بوونه‌ش بوونێکی ناڕه‌سه‌نه‌ و توانای تێگه‌یشتنی له‌ زمانی ئه‌و مرۆڤه‌ ڕه‌سه‌نه‌ نییه‌ که‌ بوونی خۆی ده‌رخستووه‌ و قسه‌کانی تێگه‌یشتن ده‌دا به‌ده‌سته‌وه‌. کاتێکیش فه‌یله‌سوفه‌که‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌زانێ و ئاستی زانینی ئه‌و هه‌ڵده‌سه‌نگێنی نه‌ک خه‌م له‌و سوکایه‌تییه‌ی ئه‌و به‌ زانینه‌که‌ی کرد ناخوا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جارێکی تر له‌ بازاڕ ڕێکه‌وتی ده‌کاته‌وه‌ ده‌بێنێ ڕه‌نجبه‌ره‌که‌ ده‌ستگیرکراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک ویستویه‌تی کاڵه‌ک بخوا ئه‌م له‌خۆیه‌وه‌ چه‌قۆی پێداوه‌. که‌سه‌که‌ش که‌ چاوی به‌ چه‌قۆیه‌که که‌وتووه‌‌ هاواری کردووه‌ ئه‌و چه‌قۆیه‌ له‌ من دزراوه‌ ئه‌و دزه‌ بگرن. فه‌یله‌سوفه‌که‌ش له‌وه‌ به‌ ئاگایه‌ ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره‌ بوونێکی له‌ناوخۆ و ناڕه‌سه‌نی هه‌یه‌‌، زمانه‌ له‌کارکه‌وتووه‌که‌ی تێگه‌یشتن نادا به‌ده‌سته‌وه‌ و هی ئه‌وه‌ نییه‌ بتوانێ به‌رگری پێ له‌خۆی بکا، به‌ بن گوێیدا ده‌چرپێنێ:‌ کاتی خۆی فێرم کردی شتێک له‌ تۆ داوانه‌کرابوو مه‌یده‌ گوێت لێم نه‌گرت. ئه‌مجاره‌ جوان گوێبگره‌، بڵێ: نازانم ئه‌و چه‌قۆیه‌ هی کێیه‌ و ده‌مێکه‌ به‌دوای خاوه‌نه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێم له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌و چه‌قۆیه‌ باوکم کوژراوه‌.

سیاسی‌: فه‌یله‌سوفه‌که‌ پێشتر له‌ فێرکردنی ڕه‌نجبه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون کردبوو زانین به‌ زانین دروست نابێ و ده‌بێ هۆش له‌خۆی داببڕێ ئینجا زانین وه‌رده‌گرێ.
فه‌یله‌سوف‌: فه‌یله‌سوفیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر فێر ده‌بێ.

سیاسی‌: دووباره‌ به‌ هانای ڕه‌نجبه‌ره‌که‌وه‌ چوو ویستی چی فێر بکا؟
فه‌یله‌سوف: زانین چاکه‌یه‌.

سیاسیی: ئه‌و هۆشی له‌خۆی دانه‌بڕاوه، فێرنابێ‌.
فه‌یله‌سوف‌: ڕه‌نگه‌ دوای ئه‌و ڕوداوه‌ هه‌ست به‌ چه‌وسانه‌وه‌ی خۆی بکا و ئه‌و هه‌سته‌ش ببێته‌ هۆکارێک هۆشی لێک داببڕێ و به‌خۆییدا بچێته‌وه‌.

سیاسی‌: که‌واته‌ ده‌بێته‌‌ فه‌یله‌سوف.
فه‌یله‌سوف‌: ئەو هۆشه‌ی له‌خۆی داده‌بڕێ و ده‌بێته‌ دوو به‌ش ڕاسته‌ له‌مه‌ودوا ئاماده‌یی تێگه‌یشتنی هه‌یه، پێویسته‌ زانینیشی تێبکرێ.

سیاسی‌: بۆ تێگه‌یشتن و زانین یه‌ک شت نین؟
فه‌یله‌سوف‌: ژماره‌حیسابی توانای لێکدانه‌وه‌ی سه‌دان و هه‌زاران ژماره‌ی هه‌یه‌ یانی باش تێده‌گا، به‌ڵام تا ژماره‌ی پێنه‌ده‌ی هیچی پێ لێکنادرێته‌وه‌، به‌ مانای ئه‌وه‌ی تا زانینی پێنه‌ده‌ی توانای تێگه‌یشتنی نییه‌.

سیاسی‌: مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به‌ فه‌یله‌سوف جگه‌ له‌ تێگه‌یشتن ده‌بێ زانینیشی هه‌بێ؟
فه‌یله‌سوف‌: ئه‌وانه‌ی به‌بێ زانینی هۆشه‌کی تێگه‌یشتنیان هه‌یه که‌ره‌سته‌ی زانینیان زۆر نییه‌‌‌ و هه‌ر ئه‌و به‌شه‌ هۆشه‌ی بۆته‌ بابه‌ت بۆیان و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی له‌ ڕێی هه‌سه‌ته‌وه‌ پێیانده‌گا له‌به‌رده‌ستیانه‌، ئه‌وه‌نده‌ش پانتاییه‌کی که‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێیبکۆڵێنه‌وه‌، دواجار ئه‌وانه‌ مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ زانین ده‌بێته‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌‌.

سیاسی‌: بۆ؟
فه‌یه‌له‌سوف‌: ئه‌وان هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه‌ ده‌زانن که‌ له‌ ده‌وربه‌ریان ئاماده‌یی هه‌یه‌ و له‌ ڕێی هه‌سه‌ته‌وه‌ پێیده‌گه‌ن، ئه‌وه‌ش واده‌کا ئه‌و زانینه‌ی هه‌یانه‌ له‌پێناو چاکه‌ی خۆیان و ئه‌وانه‌ی خۆیان بڕوایان پێی هه‌یه‌ به‌کاری بێنن.

سیاسی‌: چبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زانینه‌که‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێ؟
فه‌یله‌سوف: ده‌بێ به‌هۆی هۆشه‌وه‌ شته‌ هه‌مه‌کییه‌کان بناسن و له‌ چه‌مکه‌کان تێبگه‌ن، بۆ نموونه‌ بزانن چاکه‌ مانای چییه‌ یان ئه‌خلاق چی ده‌گه‌یه‌نێ.

سیاسی‌: به‌ فێربوونی ئه‌و شته‌ هه‌مه‌کییانه‌ و تێگه‌یشتنی چه‌مکه‌کان‌ چی ده‌گۆڕێ؟
فه‌یله‌سوف‌: کاتێک زانیان ئه‌خلاق چییه‌، ئه‌وکاته‌ ئه‌خلاق زانینه‌که‌یان پابه‌ند ده‌کا له‌پێناو چاکه‌ی هه‌موان بێ نه‌ک هه‌ر خۆیان و ئه‌و هه‌نده‌که‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێ.

سیاسی‌: ئێستا تێگه‌یشتم بۆ ئه‌فلاتون له‌ کۆماره‌که‌ی فه‌یله‌سوف ده‌کا به‌ سه‌رۆک.
فه‌یله‌سوف‌: فه‌یله‌سوف ده‌زانێ ئه‌خلاق چییه‌، ئه‌خلاقیش زانینه‌که‌ی ناچار ده‌کا به‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ خزمه‌ت خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌کانی ئاڕاسته‌ نه‌کا، ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌شیان بکا ده‌بێ له‌به‌ر خاتری چاکه‌ی ئه‌وان بێ نه‌ک خۆی.




كێ له‌م وه‌زعه‌دا كوردستان رزگار ده‌كات؟ …. عیماد عه‌لی

پێش هه‌موو شتێك، گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ تۆ كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر واقیعه‌كه‌ی كوردستان وه‌ك خۆی و به‌هه‌مان زه‌مینه‌ی ئێستایه‌وه‌ بخوێنیته‌وه‌ و، چاره‌سه‌ری نێوخۆیی و دوور له‌ تیۆری به‌رهه‌می عه‌قڵی ده‌ره‌كی یان لاساییكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی بارودۆخی ده‌وڵه‌ت بنیاتنراو و دوور له‌ وه‌زعی كوردستان و به‌ رووكه‌شی و به‌ده‌ر له‌ توانا و بواری جێبه‌جێكردن باسكراو كار بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی كلیلی كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ده‌رگای هه‌نگاونان رووه‌ و كردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌رگا زۆره‌كان بدۆزیته‌وه‌.
دیاره‌ قسه‌ لێره‌دا له‌سه‌ر كه‌س نیه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌ بتوانێت هه‌رقل ئاسا ره‌فتار بكات و زه‌مانه‌كه‌ش وه‌ك ئه‌و رۆژانه‌ نیه‌ پاڵه‌وان ئاسا به‌ ره‌هایی شته‌كان بگۆرێت و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان ژیراوژور بكه‌یت، به‌ڵكو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا حزبێك یان هاوپه‌یمانێتیه‌ك هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا به‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی دووربینه‌وه‌ كه‌ له‌و ئاسته‌دا بێت و به‌ته‌نها بتوانێت قۆناغه قورسه‌كه‌ی سه‌ر هاولاتیان به‌كه‌مترین زه‌ره‌رتێپه‌رێنێت و ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رده‌وامه‌ كۆنه‌كه‌ی كوردستان بنیاتبنێت، یان له‌م وه‌زعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و رۆشنبیریه‌دا باشترین بژارده‌ یه‌كگرتوویی و پێكه‌وه‌یی كاركردنه‌، بۆ له‌سه‌رخۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی روحی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و نیشتماندۆستیه‌ .‌

وه‌زعه‌ سیاسی و ئابووری و رۆشنبیریه‌كه‌ و كارو ره‌فتاری سه‌رجه‌م حزبه‌كان له‌ ئاستێكدان كه‌ ناتوانرێت كرده‌وه‌ی رزگاركردنی رێژه‌یی ته‌نانه‌ت قۆناغه‌ راگوزه‌ركه‌ش به‌ كه‌مترین زه‌ره‌ره‌وه‌ به‌ هیچیان بسپێریت و پشتی پێ ببسه‌تیت كه‌ ‌میله‌ت له‌م لێقه‌ومان و میحنه‌ته‌ رزگاربكات. تۆیه‌ك كه‌ نه‌توانیت ئۆپۆزسیۆن له‌ ده‌سه‌ڵات و ره‌فتاری سه‌ركرده‌ی هیچ حزبێك له‌ویتر و بیروبۆچون و تایبه‌ته‌مه‌ندی هه‌ریه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر و ره‌فتار و كرداری ئه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و و پاك و ناپاكی هیچ لایه‌ك، جیابكه‌یته‌وه‌، چۆن ده‌توانیت لایه‌ن و كه‌سێكی سه‌ركرده‌ یان سه‌ركردایه‌تیه‌ك له‌م بارودوخه‌ قورس و زۆر ئاڵۆز و ناله‌باره‌ دیاری بكه‌یت كه‌ بتوانێت به‌ته‌نها و به‌ كه‌مترین زه‌ره‌ر رێگه‌یه‌ك بگرێته‌به‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌ بێت قۆناغه‌كه‌ بپه‌رینه‌وه‌. دیاره‌ هۆكاره‌ سیاسیه‌كه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ روونه‌ كه‌ له‌ رووی خودی و بابه‌تیه‌وه‌ له‌ كه‌ڵه‌كه‌بونی هه‌ڵه‌ كوشنده‌ سیاسی و فكری و ئابووریه‌كانه‌وه‌ بووه‌.

بۆچی خه‌ڵكی مه‌بده‌ئی له‌ پاشه‌كشه‌ دایه‌ له‌ كوردستان؟

حزبه‌كانی كوردستان كاریگه‌ریه‌كی سه‌لبی ره‌هایان له‌سه‌ر ته‌نانه‌ت منداڵی نێو بێشكه‌ش هه‌یه‌ و هه‌موو كوردستانیان كردۆته‌ یه‌كپارچه‌ سیاسه‌تی بێ بنه‌ما و دوور له‌ هه‌موو فكر و بیروبۆچونیك به‌ گشتی و، ئه‌وه‌ی پیاده‌ ده‌كرێت په‌یره‌وكردنی كاری حزبی سیاسی رووت و وه‌ك زۆرێك له‌ سیاسیه‌كان به‌ ئاشكرا و نهێنیه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وان سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و هیچ كارێكیان به‌ مه‌بده‌ئه‌وه‌ نیه‌!!
لێره‌دا ناتوانین بڵێین له‌نێو ئه‌م هه‌موو حزبانه‌ سه‌ركرده‌ و كادری مه‌بدئی بونی نیه‌، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌ كه‌م و ده‌گمه‌نانه‌ له‌ ژێر قورسایی كاری سیاسی و زاڵبونی زۆری ئه‌وانیتر و به‌رژه‌وه‌ندیدا وا ونبوون به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانیت جیایان بكه‌یته‌وه‌ و رۆلیان دیاری بكه‌یت.

چاره‌سه‌ر؟

چه‌ندین پرسیار ده‌كرێت له‌باره‌ی ئه‌م وه‌زعه‌ و چۆنێتی گۆرانی ئه‌م سیاسه‌ت كردنه‌ و فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی. به‌ڵام گرنگترین هۆكاری گه‌یشتن به‌م حاڵه‌ له‌مانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ نێو سه‌رجه‌م حزبه‌كاندا بێ به‌ده‌ركردنی هیچ لایه‌ك بونی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ رێژه‌ی جیاواز:
*پابه‌ندنه‌بون به‌ هیچ ئامانجێكی گه‌وره‌ و نه‌بونی ستراتیج و پشت به‌ستن به‌ گۆرانكاری له‌ ئامانج به‌پێی گۆرانكاری بارودۆخی هه‌نوكه‌یی سیاسیی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و، نه‌بونی پلانی سه‌ر ئه‌رز بۆ گه‌یشتن به‌ واقعێك كه‌ توشی شكست نه‌بین له‌ هه‌ر هه‌نگاویكی مه‌دروسدا و ده‌رئه‌نجامه‌كان نه‌خه‌ینه‌ ده‌ستی قه‌ده‌ر و ئه‌گه‌ر و مه‌گه‌ر.
*گۆرینی كتوپری خه‌باتی شاخ بۆ شار و زاڵبونی سیاسه‌ت و كاری حزبی به‌عه‌قڵیه‌تی عه‌سكه‌رتاریه‌وه‌ كه‌ له‌شۆرشدا ئه‌وله‌ویه‌ت بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌ركرده‌كانی توشی شۆك كرد و خۆیان له‌ ناوه‌ندی دونیایه‌كی تردا بینیه‌وه‌ كه‌ وه‌ك نه‌دیوبدی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ گۆرانكاریه‌كاندا كرد و كورسیان كرده‌ ئامانجی پیرۆزی خۆیان .
*خۆفه‌رزكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ مادیه‌كان و له‌زه‌تی ژیاندۆستی و له‌بیركردنی زۆرێك له‌ پیرۆزیه‌كان و تا راده‌یه‌كی زۆر له‌خۆگۆرینی ته‌نانه‌ت كادره‌ ره‌سه‌نه‌ مه‌بده‌ئیه‌كان.
* هاتنه‌ سه‌ر ساحه‌ی راوبۆچونی تازه‌ و نه‌وه‌ی نوێی پشتبه‌ستوو به‌ پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنولۆجیه‌كانی تێكه‌ڵ به‌ حزبایه‌تی و دوور له‌ رۆڵبینینی راسته‌قینه‌ و بێباوه‌ری به‌ خه‌باتی عه‌سكه‌ری و پشت به‌ستن به‌ كارو ركابه‌ری سیاسی مه‌ده‌نی پاش شه‌ری نێوخۆ.
* زیادبونی مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت له‌سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ بێ ده‌ركردنی ته‌نانه‌ت تاكه‌ لایه‌نێكیش له‌ چه‌پ و له‌ راست.
*نزیكبونه‌وه‌ی هاوشێوه‌بونی كاروخه‌باتی سه‌رجه‌م حزبه‌كان و ئینتمابون له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیاوی و خێزانی و به‌رژه‌وه‌ندی مادی به‌دوور له‌ هه‌موو فكر و ئایدیۆلۆجیایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ گۆرانكاری له‌ ژماره‌ی ئه‌ندام و هه‌وادارانی حزبه‌كان پاش دامه‌زراندنی گۆران به‌ گۆرانێكی كه‌مه‌وه‌ تا راده‌یه‌ك جێگیر بێت.
*شێواندنی ته‌نانه‌ت بیروعه‌قڵی خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌ ره‌سه‌نه‌ خاوه‌ن بیرو مه‌بده‌ئه‌كه‌ به‌ ترساندن و تۆقاندن و له‌زه‌ت به‌خشینی ژیان و له‌خشته‌بردنی زۆرێك به‌ چه‌ندین رێگه‌ و ره‌فتاری دوور له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئه‌خلاقی.
* پشت به‌ستن به‌ بنه‌مای به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ به‌ دوور له‌ هه‌موو پیرۆزیه‌ك و زۆربونی ره‌فتاری پۆپۆلیستی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ناو ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌.
*نه‌بون و نه‌هێشتنی مه‌یلی خۆفیداكاری و له‌ خۆبردویی له‌ لایه‌ن سه‌ركرادیه‌تی و نه‌مانی روحی خاكپه‌رستی و كزبونی گیانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی.

به‌ كوێ گه‌یشتین؟

به‌م كه‌ره‌سه‌ و پێكهاته‌ و حزبانه‌ و به‌م زه‌مینه‌وه‌ كه‌ له‌كوردستاندا هه‌یه‌ و به‌ دوور له‌ باسكردنی گیانی مشه‌خۆری خه‌ڵك و پشتبه‌ستن به‌ مه‌عاش و ره‌یعیه‌تی نه‌وت و له‌ناوبردنی ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌ی خۆژێنی كه‌ له‌ناو كورددا به‌ تایبه‌تی له‌ لاێدكاندا هه‌بوو له‌ رووی ئابووریه‌وه‌، سیاسه‌تی خسته‌ دوور ریانێكی به‌رژوه‌نخوازی ته‌سكه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك ناچاری زۆرێك له‌ سیفه‌تی ناباو كرد و وایكردووه‌ كه‌ رووبه‌رووی شتگه‌لێك بێت تا رابردوویه‌كی نزیك له‌ناو كورده‌واریدا نامۆبوون، وه‌ك مه‌رایی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئه‌خلاقی و خۆفرۆشتنی كه‌سی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی مادی له‌ ناو حزبه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی كوردستاندا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م هه‌نگاونان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بۆ پێشخستنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كوردستان و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت دروستبێت و ناپاكی به‌ ئاسایی وه‌ربگیرێت.
له‌رووی تیۆریه‌وه‌ ئه‌مه‌ حاڵی كوردستان بێت و له‌سه‌ر ئه‌رزیش پشێوی وای كردووه‌ كه‌له‌ وه‌زعێكی ناله‌باری ئاساییشدا رووبه‌روی شڵه‌ژانێك ده‌بیته‌وه‌ كه‌س له‌ چۆنێتی قوتاربوون لێی سه‌رده‌رنه‌كات. له‌وباره‌وه‌ میله‌تێك خاوه‌نی ئه‌م حزب و سه‌ركرده‌ و بارودۆخه‌ بابه‌تی و خودیه‌ی دسه‌ڵاته‌كه‌ی بێت و هه‌ڵه‌كان وای كردبێت كه‌وتبێته‌ چالێكی قورسه‌وه‌، چۆن رزگاری ده‌بێت، به‌تایبه‌تی عاقڵمه‌ندی دیاری تێدا نه‌بێت و هه‌ریه‌ك له‌ دۆڵیكدا بخوێنێت.

ئه‌ی كوردستان چۆن و كێ رزگاری ده‌كات؟

بۆیه‌ پرسیار له‌وێدایه‌ كێ له‌م جه‌نجاڵیه‌دا كورد رزگار ده‌كات و ئایا به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌ته‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نرێت یان كه‌ره‌سه‌ی نوێی ده‌وێت، ئایا قۆناغه‌كه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت گۆرانی ریشه‌یی شۆرش ئاسا له‌بواره‌كاندا بكرێت یان واقعخوێندنه‌وه‌ خۆی فه‌رزده‌كات و له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌؟
ئه‌گه‌ر به‌ واقعیانه‌ قسه‌ بكه‌ین، له‌م كاته‌دا له‌ رووی سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت یاساییشه‌وه‌، هیچ بوارێك نیه‌ به‌ كرده‌وه‌یه‌كی عه‌سكه‌ری سیاسی نێوخۆیی كتوپر ده‌رئه‌نجامی باشی لێبه‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا داری ده‌ستی دوژمنان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ و كوردستانیان خستۆته‌ ژیر ره‌حمه‌تی خۆیانه‌وه‌ و له‌ چه‌ندین لاوه‌ ئابڵوقه‌یان داوه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ر حزبه‌و ده‌یه‌وێت قازانجی تایبه‌تی له‌م وه‌زعه‌ ببینێت و هه‌لپه‌رستانه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی میله‌تی له‌ پێش چاو نیه‌ و باش ده‌زانێت كه‌ قازانجی خۆی به‌ مردنی كه‌ره‌ دێزه‌ ده‌كه‌وێته‌وه. له‌ هه‌موو خه‌ته‌رناكتر به‌رزبونه‌وه‌ی ده‌نگی كورتبین و ناخاڵه‌ی تازه‌پێگه‌یشتووه‌ كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستیان خۆده‌رخستن و لاساییكردنه‌وه‌ی بێ به‌رهه‌مه‌.

بۆیه‌، تاكه‌ رێگای واقعیانه‌ و ناچاری ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی عیراق و كوردستان به‌وه‌ی هه‌یه‌ و به‌ یه‌كگرتوویی ململانێی ده‌ره‌كی بكرێت و، له‌ نێوخۆشدا تا ده‌كرێت به‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ ده‌رس وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌كان نزیكبونه‌وه‌ دروست بێت و روحی گیانی هاوپه‌یمانێتی فه‌رزبكرێت و به‌یه‌ك ده‌نگ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت كوردستان له‌ناوبه‌رن بوه‌ستن و له‌ كاتی تێپه‌راندنی قۆناغه‌كه‌ ده‌ست بكرێت به‌ گۆرانكاری ریشه‌یی و میله‌ت به‌ ده‌نگ و سندوقه‌كان خه‌ڵاتی حزب و لایه‌نه‌ میله‌ت په‌رسته‌كان بكات و سزای حزب و لایه‌نه‌ خودپه‌رسته‌كانیش بدات و، دواتر له‌سه‌ر ئه‌رزی هێزی پێكهاته‌ی پاش هه‌ڵبژاردن بارودۆخه‌ سیاسیه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی واقعی رێكبخرێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوور له‌ سنوور و كیانی چه‌سپیو كوردستان به‌رگه‌ی شۆرش و گۆرانكاری ریشه‌یی ناگرێت و ده‌بێته‌ ساحه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و ئه‌و تۆزقاڵه‌ش ماوه‌ له‌ناوده‌چێت و زیاتر توشی ماڵوێرانی ده‌بین و به‌ یه‌كجاری ده‌كه‌وینه‌ حاڵه‌تی ژێرده‌سته‌ییه‌وه‌. ئه‌وه‌ی عاقڵانه‌یه‌ گۆرانكاری له‌سه‌رخۆ و دوور مه‌ودایه‌، پاش ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌ی له‌ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆم و درندایه‌تی دوژمنان بینیمان. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك لاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان و به‌ دوور له‌ پێداویستیه‌ بابه‌تی و خودیه‌كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نایه‌ت و كاری هه‌رزه‌كارانه‌ی هیچ لایه‌ن و كه‌سێك دادی ئازار و مه‌ینه‌تیه‌كانی گه‌لی كوردستان نادات و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ باره‌كه‌ له‌ رێژنه‌ ده‌رده‌چێت و زیاتر ده‌چینه‌وه‌ ژێر ده‌ستی دوژمنان و ملكه‌چده‌بین.‌




ساڵی خوێندن … فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی

خـه‌نـده‌ و خـۆشـی مـنـداڵـه‌
چـه‌ندخـۆشه‌ ئـه‌م هـه‌واڵـه‌؟!
واسـاڵـی نـوێـی خـوێـنـدنه‌
كـاتـی كــۆشــش كــردنــه‌
ده‌ڕۆیـن بـۆ قـوتـابـخـانـه‌
كـه‌مــاڵـی دووهـه‌مـمـانـه‌
پـشووی هـاوین به‌سه‌رچوو
پـڕلـه‌سه‌یران وگه‌شت بوو
به‌شداری خوله‌كان بـووین
بـۆیـه‌ وا ڕۆشـنـبیربـوویـن
كـاتـی زێـڕیـنـی خـۆمـان
بـه‌فـیـڕۆنـه‌چـوولـێـمـان
ئێستاش وه‌رزی خـوێندنه‌
دیـده‌مـان پـێـی ڕۆشـنـه‌
هـه‌مـوو بـڕیـارمـان داوه‌
كۆشش بكه‌ین له‌ئێستاوه‌
دژی نـه‌زانـیـن ده‌بـیــن
خـه‌مـخـۆری وڵات ده‌بـیـن
لـه‌ژێـر ڕۆشنایی خـوێندن
به‌ده‌ست دێنین سه‌ركه‌وتن.




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد … 2 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی دووەم …

كە ئەگەر وادابنرێ‌ كێشەی كورد لە توركیا بریتییە لە كێشەی تێكچوونی ئابووری لەخۆرهەڵاتی توركیا، یان كێشەیەكی ئاسایشی سیاسییە و پەیوەندیدارە بە پارتی كرێكارانی كوردستان و تیرۆر، ئەوە ئۆغلۆ وای نابینێ‌ كە بە ئیحتیواكردنی ئەم دوو بابەتە، وەك دوو مەسەلەی گرنگ، بە تەنیا بەس بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوامی ماوە درێژ، هەتا ئەگەر توانرا كۆتایی بە هەڕەشەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، لە نێو سنووری توركیایش بهێندرێت.
بۆیە ئەحمەد داود ئۆغلۆ پشتگوێ‌ خستن و فەرامۆشكردنی كێشەی كورد بە قورس دەبینێ‌ و دەڵێ‌: “قورسە چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە كێشەی كورد لە بەرنامەی كاری توركیا و ناوچەكە رەشبكرێتەوە، لە كاتێكدا ئەو دۆخە ناهەموار و ناڕوونییە لە عیراقدا بەردەوامە و رەنگە گۆڕانكاری بەسەرناسنامەی باكوری عیراقیشدا بێت”.

لەروویەكی ترەوە ئۆغلۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بۆچوونێك هەیە پێی وایە بووژاندنەوەی ئابووری لە ناوچەكە، دەكرێ‌ ببێتە هۆی چارەسەری كێشەكە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، بەڵام ئۆغلۆ وێڕای بەڕاست زانین و باوەڕپێبوونی چەند لایەنێكی ئەم بۆچوونە، كەچی ئەم تێگەیشتنە بە خۆش باوەڕییەكی ئەنجام نادیار لە قەڵەم دەدات.
ئۆغلۆ هەر لەم روانگەیەوە باس لە سوود وەرگرتن لەو ئەزموونە مێژووییەی دەوڵەتی عوسمانی خۆیان دەكات، كاتێك لە ولایەتی «تۆنە و بەغداد» پڕۆژەی بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمایەتی جێبەجێكردوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا عوسمانییەكان بەهۆی بوونی ناكۆكی و گێرەشێوێنی لەو دوو رووبەرە ناوخۆییەدا و بەكارهێنیان و فۆستنەوەیان لە لایەن هێزی دەرەكییەوە، ئەو دوو ویلایەتەیان لە دەستداوە.

ئەحمەد داود ئۆغلۆ پێی وایە چونی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ چوونە نێو یەك بەرە، لە گەڵ یۆنان و ئەرمەن و قۆستنەوەی گرفتەكانی خەڵك لە ناوچەكە، كە ئەو پێی وایە ئێستا لە ژیانێكی باشتردان، دیاردەیەكە پێویستی بە هەڵوەستەكردنێكی وریایانەو وردەوە هەیە.
ئۆغلۆ باری ئابووری بە هۆكاری یەكەم نازانێ‌، هەرچەندە پێی وایە هۆكارێكی گرنگە، ئەو ئەم بابەتە دەبەستێتەوە بە هۆكارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان.

هەر بۆیە لەم بارەیەوە ئۆغلۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوام بۆ ئەم كێشەیە دەبەستێتەوە بەوەی چەند دەتوانرێ‌ و لە توانادایە جارێكی تر بە شێوەیەكی هەمەلایەنە هەڵسەنگاندن بۆ لایەنە رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و هەروەها لایەنی دیپلۆماسییەكەی بكرێت.
لەم ڕوەشەوە ئۆغلۆ هۆسیاری مەرجەعییەت بە بەشێكی بنچینەیی بنەماكانی رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی دادەنێت و پێی وایە بە تەنیا پەنابردنە بەر یەك لەو چوار بنەمایانە (رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی) بەس نین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵكو چارەسەری بنچینەیی كە هاوكارە بۆ ئەم چوار بنەمایانە، دامەزراندنی هۆشیاری مەرجەعیەتی كۆمەڵایەتییە لەسەر زەمینەیەكی ساغ.

ئۆغلۆ مەبەستی ئەوەیە كە بوونی ئەو هۆشیاری مەرجەعییەتە، وادەكات كورد بیر بە یەكپارچەیی خاكی توركیا بکاتەوە و بەرژەوەندییەكانی كۆماری توركیا لە بەرچاو بگرێت و هەرجۆرە دەست تێوەردانێكی دەرەكی لە دژی توركیا رەتبكاتەوە، بەو مانایەی كە كورد ببێتە خاوەنی ئەو هەست و هۆشیارییەی كە خۆی بە توركیایی بزانێت و هەر ئەو هەستەش مەرجەعی بێت و بۆ هیچ مەرجەعێكی تر نەگەڕێتەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە ئۆغلۆ وای بۆ دەچێت، ئەگەر سیستمێكی سیاسی و ئابووری، هاوكات لەگەڵ ناوەندێكی رۆشنبیری نەبێت، كە ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی هۆشیاری مەرجەعییەت و بتوانێ‌ دەورەی هەموو توێژەكانی كۆمەڵگا بدات، ئەوە عەنتیكە نییە ئەگەر نەتوانرێ‌ شڵەژانە ناوخۆییەكان خەفە بكرێن، كە پشتیوانی لە پێكدادانی بەرژەوەندییە جیوسیاسییە دەرەكییەكان وەردەگرن.

هەر لەم بارەیەوە ئۆغلۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، كە لە وەها دۆخێكدا لەسەر توركیا پێویستە، لەمەڕ پڕۆسەی چاكسازی بەڵێن بدات، جەخت لە یەكپارچەیی خاكەكەی بكاتەوە، لە چوارچێوەی تێگەیشتنێكی روونی شەڕعییەتی سیاسی راست و دروست. هەروەها هەنگاونان بەرەو گرتنەبەری سیاسەتێكی دەرەكی ستراتیژی، لەرێگەی پاراستنی هاوسەنگی وڵاتە هەرێمییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێكی بەرفراوانی جێبەجێكار، بە پێچەوانەوە تەوژمی نوێ‌ لە ناوخۆ و لە دەرەوە، دەبێتە هۆی درورستكردنی دوژمن، کە توانای ئەوەی دەبێت، ئەوە جیا بكاتەوە، كامەیان زیاتر خراپكار و جودا خوازترە.




رێککەوتنی “پوتین و ترامپ”، ئاسۆیەکی نادیارە بۆ کورد! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

مریکا و روسیا، لە نووسراوێکی فەرمیی دووقۆڵییدا لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧، دا ڕایانگەیاند کە ( چارەسەری جەنگ لە سوریا، بە هێزی سەربازیی ناکرێت، بەڵکو تەنها چارەسەر دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ وە هێزە سەربازییە فەرمیی و گروپە چەکدارە نافەرمییەکان دەبێت لە سووریا بکشێننەوە. بە گوێرەی بڕیاری ماددەی ٢٢٥٤ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە بەرواری ١٨/١٢/٢٠١٥ دا ناسێندرا، دوای ڕاگرتنی جەنگ لە سوریا، هەڵبژاردنێکی دیموکراتیی ئەنجام بدرێت لە ژێر چاودێری “رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” بۆ دەستنیشان کردنی سەڕۆکی ئەو وڵاتە).
——————————
واشینگتۆن و مۆسکۆ، لەو ڕێککەوتنەدا کۆکن لە سەر مانەوەی “ئەسەد” لە دەسەڵات! سەڕەرای ئەوەی کە بە سەدان دۆکیۆمێنت لەبەردەست نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە کە دەیسەلمێنێت “ئەسەد” چەکی کیمیاویی بەکارهێناوە دژ بە خەلکی سیڤیل لە شەڕەکان لە سوریا! هەروها دیار نییە کە ئایا دوای تەواو بوونی جەنگ، “ئەسەد” وەک تاوانباری جەنگ دەدرێت بە دادگایی نێو دەوڵەتی؟ یان وەک سەڕۆکێکی دەستپاک و حاکمێکی عادل ماف و هەقی ئەوەی پێدەدرێت دووبارە خۆی هەڵبژێرێ بۆ پۆستی “سەرۆکایەتی”! یان ئایا “سوریا” بەجێدەهێڵێت و دەچێت لە وڵاتیکدا وەک ملیاردێرێک لەگەڵ خێزانەکەی ژیان و گوزەرانی شاهانە بەسەر دەبات!؟
ئێران، دەستێکی باڵای هەیە لە فیتنە و گرفتەکانی ناوچەکە. لە سەرەتای جەنگی دژ بە “داعش” “تاران” پشتیوانیی لە مانەوەی “ئەسەد” کردوە و دەکات وە درێخی نەکردوە لە یارمەتیدانی بە چەک و تەقەمەنیی و ناردنی هێزی سەربازیی و ساڵانە ب
ە سەدان میلیۆن دۆلار دەبەخشی بە “ئەسەد”.

تاران، بە ئاشکرا پشتیوانیی لە “حزبوڵا” دەکات، کە لە ساڵی ١٩٨٠دا لە “لبنان” دروست بوو، لەو کاتەوە دژ بە “ئیسرائیل” کار دەکات. لەو چەند ساڵەی رابردوودا “حزبڵا” بووە بە هێزێکی چەکداری سەرەکیی لە ناوچەکە، لە بەرەیەکدایە لەگەڵ “ئیران” و ساڵانە ٨٠٠میلیۆن دۆلاریانی بۆ بڕیوەتەوە. ئێران، ساڵانە ٧٠میلیۆن دۆلار دەدا بە رێکخراوی “حەماس”. هەر دوو گروپی چەکدار لە جەنگی “سوریا” پشتیوانییان لە مانەوەی “ئەسەد” دەکرد، جگە لە بەشداری ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران و پشتیوانیی “روسیا” بۆ ئەو مەبەستە. لەو ڕێککەوتنەدا ڕوون نییە کە ئایا “روسیا” بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی “ئەسەد” و “تاران” و ئەو گروپە چەکدارانە و ئەوەی پێدەگوترێت “هیلالی شیعی” یان نا!؟

“تاران” و “مۆسکۆ”، هیچ بنمێچێکی کاتییان دیاری نەکردوە بۆ کشانەوەی ئەو هێزە چەکدارانەی کە لە نێو سوریادا هەن. لە میدیا بیانییەکان بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هەواڵگریی ئیسرائیلیی ئاماژەیان بەوەداوە کە بە سەتەلایت وێنەی “ئیران”یان گرتووە و هەنوکە خەریکی دامەزراندننی بنەکەی سەربازییە لە نزیک شاری “دیمەشق”. ئەو هێزە چەکدارانە تەنها (٢٠)کم دوورن لە سنووری ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەدا تەنیا (٥)کم دوورن لە سنووری “ئیسرائیل”، لە کاتێکدا پێشوەخت ئیسرائیل داوای کردبوو کە “حزبوڵا و سوپای ئیران” دەبێت (٨٠/٦٠) کم دوور بن لە بەرزاییەکانی “جولان” و ئەو دووڕیانەی کە شاری “دیمەشق” و “ئەلسویدە” دەبەستێتەوە بە یەک، بەڵام “روسیا” رێگری کرد لەو داوایەی ئیسرائیل و تەنها رەزامەند بوو لەسەر دووری (٥)کم ئەو هیزانە لە سنووری ئیسرائیل. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت ئەو ڕێککەوتنە دەرگا ئاوەڵا دەکات لە سەرهەڵدانی گرفت و کێشەی تر لە ناوچەکە بە تایبەتی لە نێوان “ئیسرائیل” و “سوریا/حزبڵا”.

ئیسرائیل، هەموو کاتێک بە ئاشکرا ددانی بەوەدا ناوە کە موشەکەکانی ئیران و سوپاکەی بە مەترسی دەزانێت لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆی، هەروها نیگەرانی ئەوەیە کە ئیران پشتیوانی لە “حزبوڵا” بکات و بەرزاییەکانی “جولان” بەکاربهێنێت بۆ هەڵدانی موشک لە کاتی چڕ بوونەوەی گرژیەکانی لەگەڵ “سوریا” و “حزبوڵا”. لە ئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەو ڕێککەوتنەی نێوان “ئەمریکا”و”روسیا”، ڕوون نییە کە لە توانایدا هەیە ببێت بە هۆکاری سەقامگیر بوونی “ئاشتی و ئاسایش” لە ناوچەکە یان نا!

ئەردوغان، لە سەرەتادا کە گوێبیستی ئەوە بوو (ئەمریکا و روسیا) بڕیاری کشانەوەی هێزە سەربازییەکانیان داوە، (ئەردوغان) بەبێ شەرمی کەوتە دوان لە میدیاکان و گوتی “ئەوەی بڕوای بەوەیە کە چارەسەر بە هێزی سەربازیی ناکرێت، با خۆی هێزە سەربازییەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە”. بەڵام دوای کۆبونەوەی “رەجەب” لەگەڵ “پوتین”، تورکیا هەڵوێستی گۆڕاوە بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە، کە ئەمە ئاماژەیەکە ئەو ڕێککەوتنە دەبێت بڕگە نهێنیەکانی بە دڵی ئەو بێت، کە بێگومان هیچ شتێک نییە بە دڵی “رەجەب” بێت ئەگەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردی تیاددا دیاری کرابێت!
لەو ڕێککەوتنەی ئەمریکا و روسیا دا، دیار نییە کە هەژماریان کردوە یان نا بۆ ڕاوبۆچوونی پارت و گروپە چەکدارەکانی کە بە سونی ناسراون لە ناوچەکە و “سعودیە و وڵاتانی کەنداو و ئوردن و مسر” پشتیوانییان لێ دەکەن، و هەر یەک لەو گروپانە لە ناوچەکە خۆیان بە خاوەنی ناوچەیەکی جوگرافیای دیاریکراو دەزانن؟ هەروها لەو ڕێککەوتنەدا ڕوون نییە کە چارەنووسی کەمە نەتەوەکانی نێو سنووری جوگرافیای “سوریا” ئاییندەیان چۆن دەبێت؟ نمونە نەتەوەی کورد.

لە سەرەتای دوو هەزارەکان، گۆڕانکاری بنەڕەتی ڕوویاندا لە دەسەڵاتی کۆمەڵێک لە سەڕۆکە خوێنمژ و دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی “رۆژهەڵاتی ناوڕاست”، لە ئەنجامی گۆڕانی بەرژەوەندیی و ئیکساپایەر بوونی ویست و خواستی زلهێزەکان بۆ ئەو جۆرە کەساییەتیانە.
زۆرینەی سادە، خەڵکی سەر شەقام، لەو وڵاتانە ئەو کات هیوا و ئاواتی زۆریان لەسەر ئەو گۆڕانکاریانەدا بینا کرد. چاوەڕوان بوون کە رووخانی ئەو دیکتاتۆرانە و هاتنی زلهێزەکان، کۆتای بە ناسەقامگیریی سیاسیی بهێنێت و باری ئابووریی باشتر بکات و ژیانێکی پڕ لە بەختەوەریی و خۆشگوزەرانی فەراهەم بکات بۆ میللەتانی ئەو ناوچەیە! یەکێک لەو میللەتانە، نەتەوەیی “کورد” بوو لە باشووری وڵات کە خوێندننەوەی بۆ دۆخەکە وابوو کە رۆژی ڕووناک هەڵهات و کۆتایی هێنا بە شەوەزەنگ و ژیانی پڕ لە نەهامەتیی وە سەرانی پارتی و یەکێتی بە جۆرێک سیاسەتییان کردەو و پەیوندییە دەرەکییەکانیان ئیدارە داوە کە مسۆگەری هێنانە دی خەونی لەمێژینەیان بێت کە ئەویش “ئازادی” و دیاری کردنی سنووری جوگرافیای کوردستانە!

ئەمڕۆ، هەمان ئەزمون دووبارە بۆتەوە، “واشینگتۆن” و “موسکۆ”، دوای بە کوشتنندانی ملیۆنان مرۆڤی بێتاوان، گەیشتوون بە قۆناغی دابەشکردنی پشک، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست”دا بە تایبەتی لە “سوریا” و “عیراق”. لە دەرئەنجامدا ڕوون نییە کە چارەنووسی میللەتانی سوریا چۆن دەبێت! سیستەمیی دەسەڵاتیی سیاسیی چ جۆر سیستەمێک دەبێت و چی کەسانێکی گەندەڵ دەهێنرێنە پێشەوەو دەبن بە خاوەن دەسەڵات و خۆ ڵێهەڵدەکەن لە دزی و بە پراکتیک کردنی بەدڕەوشتی وەک (عیراق) ی ئەمرۆ ئاسا!
لە ئەنجامی شەڕفرۆشتن و گرفتەکان و تەماح و بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکان لە سەر ئاستی دنیا و وڵاتانی ناوچەکەی وەک “تورکیا و ئیران” و هەڵگیرساندننی جەنگ، نەتەوەی کورد، دووچاری نەهامەتیی و سەرگەردانیی بوو، لە هەمان کاتدا وەک هێزێکی چەکداری کارێگەر بەشدار بوو لە جەنگی دژ بە “داعش” و خاوەن شەهید و قوربانییەکی زۆرە، بەڵام لەو ڕێککەوتنەدا ڕوون نییە کە ئایا چارەنووسی نەتەوەیی کورد لە “سوریا” ئاییندەی چۆن دەبێت؟ وە ئایا هەژمار دەکرێت بۆ گوتە و خواست و ئارەزووەکانیان!؟ یان نا؟




لە بیرت ناكەین هەمیشە لە دڵماندایت … کارا فاتیح

كە دەڵێیت لە بیرت ناكەین، یان بە كەسێك دەڵێیت بیرت دەكەم، ئەو كاتە بیرت دێتەوە بۆ ئەوەی بیری بكەیت، یان بیرت دێتەوە بە كۆ بیری بكەین، بیركردنی كەسێك بۆ ئەوە نییە ڕا بگەیەنرێت، بكرێتە هەرا، بۆ ئەوانی تر جاڕ بدرێت، بیركردن دوای جەبری دابڕان دێتە ئارا، لەوەوپاش بەهێزیی سونبولەكانی یاد لە نەستی مرۆڤدا كاریگەریی خۆیان لە ئاگایی مرۆڤ دادەنێن و لە ڕێی هەستەكانەوە دەبنە بەشێك لە كاراكتەری ئەو كەسە، كردار گوزارشت لە بیركردن دەكات، نەك بیرۆكە… بە بۆچوونی فرۆید بیرۆكە لە پانتاییی ئاگایی (الشعور)دا سیفەتێكی كاتیی هەیە و ناتواتێت هەمیشەیی بێت، لەحزەیەك دەردەكەوێت و دواتر ون دەبێت، دەیشكرێت هەمدیس بێتەوە بەڵام خەسڵەتێكی هەمیشەییی نییە و بەشێك نییە یان بەشێكی سەرەكی نییە لە كاراكتەر و كەسێتی.

پرۆفایلێكی زۆر لە فەیسبوك وێنەی سەركردەیەكە و لێ نووسراوە لە بیرت ناكەین، هەمیشە لە دڵماندایت… لە بیرت ناكەین واتە بیرت دەكەین، لێرەدا بیرت دەكەین كردارێكە بەردەوام ڕوو نادات، بەڵكو بەردەوام ڕادەگەیەنرێت، كارێكە لە ناو هۆشیاریدا نییە و لە دەرەوەی هۆشیاریدا دێت و ئامانجی تر دەیسەپێنێت، چونكە ماهیەتی (كردن) تێیدا زاڵە تا (بوون)، ماهیەتی (كردن) پرۆسەی لەبیربوون، كە پرۆسەیەكە سەرەتا لە نەستدا ڕوو دەدات، لە ماهیەتی (بوون) دادەماڵێت و لە ناو هۆشیارییەوە دەهێنێتە دەرەوە و دەكاتە پرۆسەیەكی داسەپاو و وەك دەمامكێك لە دەرەوە بەسەر هۆشیارییدا دەدات، بۆیە كە دەڵێیت لە بیرت ناكەیت، لە ڕاستیدا خەریكی لەبیركردن و لەبیرنەكردن نییت، بەڵكو خواستێكی دەرەكی یان نواندنێك هەیە، ئیتر موجامەلە و وەڵائـ و خۆبردنەپێش بێت، یان هەر جۆرێك لە گەمژەیی، ئەم ڕاگەیاندنە بە سەر هۆشیاریدا دەدات و دەكەوێتە جاڕدان. پرۆسیسەكانی (بوون) خۆبەخۆن و لە ناوەوە بەرەو دەرەوە دێن و جووڵە و ڕوودانیان لە ناو هۆشیاریدایە (لەبیربوون یەكێكە لەوان) دواتر هەر خۆی لە كەناڵ و ڕێی جۆراوجۆرەوە خۆی ڕادەگەیەنێت، بێ ئەوەی خۆی قسە لە ڕوودانی خۆی بكات و پێویست بكات جاڕی بۆ بدات.

بە شێوەیەكی تر دەتوانین بڵێت دەستەواژەی (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) بە سیفەتی دەمامكە درۆزنانە و نواندنئامێزەكانی، پرۆسەیەكە لە وێنەی پەرچەكردار نەك كردار، هەر خۆی بۆ خۆی دەبێتە پەرچەكرداری (بیركردن و لەدڵدابوون) واتە مانای حەقیقیی ئەم دەستەواژەیە (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) بە تەواوی ئەوەیە كە (لەبیرمان كردوویت و لە دڵماندا نیت) بەڵام نامەوێت بیری خۆم ئازاد بكەم و دڵی خۆم بۆ دونیا بكەمەوە، لێرەوە كاری ڕاگەیاندن و جاڕدانی (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) تەنینەوەی پرۆفایلی زۆرێك، بۆ ڕاكردن و بە واقیعی وەرنەگرتنی (لەبیركردن و لە دڵدا نەبوونە) بەڵام بەو پێیەی بیركردنەوەی هزرێك كە هەر بە شوێن خۆبەكەمزانین و كۆیلەیەتی و پاشكۆییی عەقڵەوەیە، گەر هیچیشی دەست نەكەوێت، بەردەوام لە ڕێی دەستەواژەگەلی وەك (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) ئەم هەستانەی خۆی دەمەزەد دەكاتەوە و بە بیانووی ڕێز بۆ سەركردە و شتی تر، بیر و دڵی خۆی دەخاتە ژێر پێوە.




خولانەوە لە ناوکلتوری شۆڕشی شاخدا …. بەیان ئیبراهیم .

نەتەوە ژێر دەستەکان ئەو کاتانەی بەهۆی بەریەککەوتن و گۆڕانکاریە جیهانی و ناوچەییەکانەوە لە قۆناغی شۆڕشی بەرگری و چەکداریەوە دەچنە قۆناغی بەڕێوەبردنی شارەکان ، دەکەونە بەردەم هەستیارترین جۆری خەبات ، بە مانایەکی تر شاخ و شار دو نیای تەواو جیاوازن ، خۆ ئەگەر لە شاخ خەباتی چەکداری و پارتی زانی لە پێناو بەرگریکردن بوبێت لە سڕینەوەی نەتەوەیەک و گوشار خستنە سەر ڕژێمە دەستەڵاتدارەکان تا دان بە مافی نەتەوەکاندا بنێت ئەوا خەباتی شارەکان بە پلەی یەکەم جۆری بەڕێوەبردنە ، بەم مانایانە چەمکی تێگەشتنی شار ڕەهەندی خۆی هەیە و چەمکی خەباتی شاخەکان ڕەهەندی خۆی هەیە ، بە درێژایی مێژو کورد لەهەر چوار پارچەکە ، بەردەوام لە خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا بوە ، بەڵام کاتێک دێتە سەر حکومداری و خەباتی شارەکان بە جۆرێ لە جۆرەکان ناتوانن ئیدارەی شار بدەن ، ئەمەش دەگڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشانەی ئێمە کاتێک لە شاخ بون لە هەناوی شۆڕشدا چەمکی بەڕێوەبردنی شارەکان غایب بوە ، واتا لە پاشخانی شۆڕشەکانی ئێمەدا هەڵگری خۆ بەڕێوەبردنی شارەکان نەبوە ، بە پێچەوانەوە ئەوانەی کە پارتی زان بون کاتێک دێنە شارەکان لەبەر ئەوەی تێگەشتنیان بۆ چەمکی شار سفرە ، بە هەمان ئەقڵەتی شاخەکانەوە دەکەونە ناو شارەکان و کۆی پرۆسەی شارەکان تێک دەدەن ، هەتا دەگاتە ئەوەی یەکە ئیداریەکان و ڕێکخراەوکانی کۆمەڵگای مەدەنی و شارەوانی و خزمەتگوزاری دەبەستنەوە بە بەرژەوەندی خۆیانەوە ، لەبەر ئەوەی لە شاخدا پێیان وابوە کە شۆڕشەکەیان سەری گرت دەبنە خاوەن کۆی شار و نیشتمان ، ئەمە وای کردوە کە هیچ بوارێک بۆ تەکنۆکرات نەمێنێتەوە و کۆی سێکترەکان ئیفلیج بێت ، تا ئەو ئاستەی کۆمەڵگا وەک سەربازگەیەکی بێ بەرنامەی هەتا سەربازیش لێ دەکەن .

ئا لێرەوە کۆی کۆمەڵگا و ئەوەی پێ ی دەوترێت ئالیەتی میکانیزمی جوڵەی کۆمەڵایەتی تێک دەدەن و سەر لە تاکەکان دەشێوێنن ، تا دەگاتە ئەو ئاستەی پەروەردە غایب دەبێت و لێرەوە کارەساتەکان ڕو دەدات ، ئەمەی لە باشور ڕو دەدات بە تەنها ئەوە نیە پێمان وابێت بەریەککەوتنی ناوچەیی و بەرژەوەندی وڵاتان خولقاندویەتی ، نەخێر ..بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشانەی ئێمە لە باشور لە باکگراوندی خۆیاندا هەڵگەری بەڕێوەبردنی شار و دەوڵەتداری و حکومەتی هاوڵاتی نەبون ، بە زمانێکی سادە هەر چەکدارەکانە حکومی شارەکان دەکەن ، بۆیە ئەم دەستەڵاتەی ئێمە ناتوانرێت بە حکومەت و سیستەم ناو بنرێت ، جگە لە هەڵگری کلتورێکی پارتی زانی و شۆڕشی شاخ و بونیەی خێڵەکی نەبێت .

کە دەتوانین بڵێین هێشتا جگە لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران ( کە هەوڵێکی سەرەتای دا ، دوای کاک نەوشیروان ئەویش بەرەو کۆتا دەچێت ، هەر چەندە لە ڕابردوەوە تا ئێستا تەنها کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوە هەوڵێکی سەرەتایی دا بێت دژی کلتوری چەکداری خێڵەکان ) شۆڕشی شاخیش هەر نەیتوانیوە تەواو هەڵگری مەفهومەکانی شۆڕش و پارتی زانی بێت ، کە دەتوانین بڵێن ئەمەی ڕودەدات بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئێستاش خولانەوەیە لە ناو هەمان بازنەی شۆڕشێکی خێڵەکی و پارتی زانیەکی خێڵەکیدا ، نەتوانراوە ئەم بازنەیە ببڕرێت ، ئەوەی ئەمڕۆ خوێندنەوە بۆ دەوڵەتداری دەکات و ئەو ڕەخنە باوەی کە هەیە ، جگە لە خوێندنەوەیەکی کاڵ و کرچ هیچی تر نیە ، ئەگەر نەتوانرێت بگەینە سەر ڕەگی کێشەکان ، خۆ ئەگەر شۆڕشەکانی ئێمە هەڵگری مفهومی دەوڵەتداری و حکومەتی هاوڵاتی و ستراتیژی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی بونایە ، ئەوا دابەش نەدەبون بەسەر ولاتانی ناوچە و دەیانزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ پەیوەندیەکاندا بکەن ، دوا جار لە بەر ئەوەی شۆڕش کارگەیەک بوە بۆ بەرهەم هێنانی ئەقڵی پارتی زانی و شۆڕشی چەکداری خێڵەکی و پاشان ئەم بەرهەمەی خستوەتە ناو دەوڵەتداری و حکومەتەوە ئەوا ئەمە بەرهەم دێنێت کە دەیبینین ، بۆیە ئەمەی ڕو دەدات چاوەڕوان کراوە و دەکرێت لەوە زیاتریش ڕو بدات ، چونکە ئەوانەی لە شاخ هاتونەتە خوارێ توانای بەڕێوەبردنی تەنها یەک گەڕەکیان نیە نەک شار و هەریمێکیش ، وە دەرئەنجام دەرکەوت هێشتا لەسایەی شۆڕشی شاخەوە ئێمە لە بازنەیەکی داخراوی کلتوری پارتی زانیەکی نەخوێنەوار و کۆمەڵێ چەکداردا دەژین و مەدەنیەت و دەوڵەتداریش توشی ئەم نەخۆشی شێرپەنجەی ئیداریە دەبێت کە دەیبینین .




سیاسه‌ت وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان ! … عه‌بدوڵا ساڵح

ڕوداوه‌كانی دوای ١٦ ئوكتۆبه‌ر كوردستانی خسته‌ قۆناغێكی نوێ ، چ حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ، چ ڕۆژنامه‌نوسان ، شیكه‌ره‌وه‌ سیاسیه‌كان ،نوسه‌ر و ڕۆشنبیران ، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه‌ ، یاخود دروستتر بیڵێن له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆیه‌وه‌ ئه‌م بارو دۆخه‌یان دایه‌ به‌ر باس ولێكۆلینه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ پێداگری له‌سه‌ر ده‌كا ئه‌م ووشه‌ی ( كورد ) بوونه‌یه‌ ! بۆیه‌ زوربه‌یان به‌ ( شكستی كورد ) ی ناو ده‌به‌ن ،ئه‌م ووشه‌ی ( كورد ) ه‌‌ پرسیارێكی گرنگ ده‌وروژێنێ ، ئاخۆ مه‌به‌ست له‌ كورد كێیه‌ ؟ هیوادارم له‌و چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌دا وه‌ڵامێكی ئه‌م پرسیاره‌م دابێته‌وه‌ به‌خوێنه‌ر، دڵنیاشم وه‌ك چۆن هاوڕام هه‌یه‌ هه‌روه‌ها دژی ئه‌م بۆچونه‌ش كه‌م نین .‌
ئابوری بنه‌ما و ژێر خانی سیاسه‌ته‌ ، سیاسه‌تیش به‌ ڕۆڵی خۆی ده‌شكێته‌وه‌ به‌سه‌ر ئابوریدا و هه‌ردووك له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی دایله‌كتیكیدا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتره‌ ، ئه‌مه‌ تێزێكی زۆر ساده‌یه‌ زوربه‌ی خوێنه‌ران باشتر له‌ من لێیحاڵین .هه‌موو سیاسه‌تی دنیا بۆ ئه‌وه‌ داڕێژراوه‌ من چۆن بژیم وتۆ چۆن بژی ، واته‌ سیاسه‌ت به مانا گشتیه‌كه‌ی بۆچۆنیه‌تی دابینكردنی ژیانی تاكه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا ، ده‌وڵه‌ت به‌هه‌موو دام و ده‌زگاكانیه‌وه‌ ، كاری سه‌ره‌كی ڕاگرتنی ئه‌م بار و دۆخه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك دژ به‌لایه‌نێكی كه‌ ،ئه‌م چۆنیه‌تی ژیانه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نیه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ ، ئایین ، ڕه‌گه‌ز ، پێست ..هتد، واته‌ جه‌وهه‌ری باسه‌كه‌ ژیانه‌ وتوێكڵه‌كه‌شی ئه‌و زاراوه‌ عاتیفیانه‌ن .

ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ وئه‌و شكسته‌ی به‌دوای خۆیدا هێنای، كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاوی هه‌بوو له‌و پێشهاتانه‌ی ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر شه‌خسی بارزانی پێشه‌نگ و ئالا هه‌ڵگری ئه‌م شكسته‌ بوو، ئه‌وا به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاوهه‌ڵوێستی بوون هه‌ر یه‌كه‌ له‌ شوێنی خۆی و به‌گوێره‌ی به‌رپرسیاره‌تی خۆی ئۆباڵی ئه‌م شكسته‌و ئه‌م بارو دۆخه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌رگیز ئه‌و ڕاستیه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م شكسته‌ ،له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌ته‌ فاشیله‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ،هه‌ر به‌ڕێوه‌ بوو، به‌ڵام ڕیفراندۆم پرۆسه‌ی ئه‌م شكسته‌ی پێشخست.
من پێم وانیه‌ خاڵی لاوازی ڕیفراندۆم ته‌نیا شه‌خسی بارزانی بووبێ، چونكه‌‌ بارزانی به‌ر له‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ك بێ ، تاكێك بێ ،دیارده‌یه‌كه‌ ،‌ بێگومان تاك ده‌وری هه‌یه‌ له‌ ڕێڕه‌وی مێژوودا ، لینین – گاندی – ماندێلا وه‌ك نموونه‌ ،‌ به‌ڵام تاك خۆی زاده‌ی واقعێكی ئابوری سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ‌ وئه‌وكه‌سایه‌تی و تاكانه‌ له‌ مانگه‌وه‌ نه‌هاتۆته‌ خوارێ !
بارزانی تاكیشه ‌و دیارده‌شه‌ – په‌دیده‌یه‌ – ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌شكرێكی به‌ دواوه‌یه‌ و هه‌ر یه‌كه‌ش له‌ئه‌ندامی ئه‌و له‌شكره‌‌ له‌شكرێكی دیكه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌‌ به‌جۆرێك شه‌كڵێكی قوچمان – هه‌ره‌م – مان بۆ دروست ده‌كا كه‌ شه‌خسی بارزانی له‌ سه‌ری ئه‌و قوچه‌كه‌یه‌ قه‌راری گرتوه‌، به‌شی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و له‌شكره‌ به‌نده‌ به‌ دوور و نزیكی له‌م قوچه‌كه‌یه‌ . ئه‌و ڕایه‌ڵه‌ سه‌ره‌كیه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ كۆكردۆته‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندی ئابوریه‌، دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌ له‌ ڕێگای كۆنترۆل كردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، واته‌ دا‌به‌شكردنێك له‌سه‌ر بنه‌مای ،هه‌موو شتێك بۆ ئه‌وان وچیش ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ باقی خه‌ڵكه‌كه‌ . ئه‌گه‌رئه‌م وێنایه‌ وه‌ك ده‌سبیحێكی هه‌ڵڕژاو سه‌یر‌ بكه‌ین، ئه‌وا به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوریه‌كه‌ ئه‌و داوه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌نكانه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ وه‌ك ده‌سبیح ڕێكیان ده‌خا . ( كورد ) بوون چه‌ترێكه‌ خۆیانی تێدا وێنا ده‌كه‌ن ده‌نا فڕی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو كۆمه‌ڵگای كوردزمانه‌وه‌ نیه‌، ئاخۆ به‌رژه‌وه‌ندی سكێكی برسی ، كرێكارێكی بێكار، ده‌ست فرۆشێك ، فه‌رمانبه‌رێكی بێموچه‌ چی بی تاكو بیخاته‌ ژێر چه‌تری ئه‌م ( كورد ) بوونه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌و له‌شكره‌ی باسم كرد كۆیبكاته‌وه‌‌ !؟ ڕه‌نگه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ی به‌یه‌كزمان ده‌دوێن بیانخاته‌ ڕیزی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌نا من شتێكی تر شك نابه‌م ، كه‌مێك تێڕامان له‌و ته‌ڕحه‌ و پێداچونه‌وه‌ به‌ مێژووی ئه‌م دیارده‌یه‌ی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌رهه‌م هێناوه‌ ڕاستی ئه‌و بۆچونه‌مان ده‌خاته‌ به‌ر چاو .
ئه‌گه‌ر ئه‌م تێزه‌ پڕاوپڕبێ به‌ بارزانی و له‌شكره‌كه‌ی ، ئه‌وا بێ سێ ودووبۆ تاڵه‌بانی وله‌شكره‌كه‌ی ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ! گۆڕان و ئیسلامیه‌كانیش ئه‌گه‌رده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست سیاسه‌تێك پیاده‌ ده‌كه‌ن له‌ ناوه‌رۆكدا هه‌ر هه‌مانه‌ به‌ڵام له‌ شكلدا ڕه‌نگه‌جیاوازی هه‌بێ .

ئاخۆ چ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك شاسوار عه‌بدولواحد و ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئه‌و ڕوی ده‌میان تێ ده‌كا كۆده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی من دیارده‌ی فره‌ده‌نگی وفره‌ گروپ به‌ حاڵه‌تێكی پۆزه‌تیف لێكده‌ده‌مه‌وه‌، لانی كه‌م له‌ خیتابی سیاسی و ڕه‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی شتێكی جیاوازتر له‌و حاڵه‌ته‌ ته‌قلیدی و سونه‌ته‌ دواكه‌وتوانه‌ ته‌ڕح ده‌كه‌ن ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بنه‌ما ئابوریه‌كه‌ له‌به‌ر چاو بگرین ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ له‌شكری ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئه‌و ڕوی ده‌می تێكردون له‌كاتی گرتنی ده‌سه‌ڵاتیدا جگه‌ له‌ بوون به‌ خاوه‌نی سه‌همێك یا چه‌ند سه‌همێك له‌ سه‌روه‌ت وسامانی گۆمه‌ڵگا هیچی تر نابێ ، ئه‌وه‌ی كه‌ شاسوار پێیان ده‌ڵێ : هه‌موتان ده‌توانن وه‌ك من بن له‌ خه‌ون به‌ولاوه‌ شتێكی تر نیه‌ !

هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستاو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی داهاتو شه‌ڕی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌ت وسامانیانه‌ و هه‌ریه‌كه‌ بۆ له‌شكره‌كه‌ی خۆی ئیتر مه‌سه‌له‌ی ( كورد ) بوون و كوردایه‌تی جگه‌ له‌ سه‌رپۆشی ئه‌م تاڵان و بڕۆیه‌ هیچی دیكه‌ نیه‌ ! به‌كورتی ده‌سه‌ڵاتی كه‌مینه‌ به‌سه‌ر زۆرینه‌ داو له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر داگرتنی سه‌روه‌ت و سامانی هه‌موو كۆمه‌ڵگاو دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌و پێوه‌ره‌ی كه‌ ئه‌وان دایده‌نێن ، نمونه‌كه‌شی زه‌ق و ئاشكرایه‌، ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه‌‌ !
ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ بهێنینه‌ به‌ر چاو ، واتا ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌تو سامان له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه‌و دابه‌شكردنی ،تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ،به‌ یه‌كسانی به‌سه‌ر هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵدا، یان لانیكه‌م هێنانه‌ كایه‌ی سیستمێك هاوشێوه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا ، ئه‌وا ده‌بینین ئه‌م ژیان و گوزه‌رانه‌ چۆن سه‌ر له‌به‌ر قڵپ ده‌بێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ خه‌ون نیه‌ واقیعه‌ ، به‌ڵام به‌نده‌ به‌ ئیراده‌ی ئینسانه‌كانه‌وه‌.
له‌ڕاستیدا ده‌بوو چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان به‌و كاره‌ هه‌ستابان ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین جیاوازه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان له‌ په‌راوێزی كۆمه‌ڵگادا قه‌راریان گرتووه‌ ! له‌بری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م واقیعه‌ ئه‌وان ڕوداو بخوڵقێنن ئه‌وه‌تا چاوه‌رێ هێزه‌كانی كه‌مینه ن‌ تاكو ڕوداوێكیان بۆ بخوڵقێنن و ئه‌وانیش به‌یاننامه‌ی له‌سه‌ر ده‌ربكه‌ن !
به‌ بۆچونی من هه‌موو ئه‌و ته‌رحانه‌ی ئه‌مڕۆ خراونه‌ته‌ ڕووبۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م شكسته‌، هه‌ر له‌ حكومه‌تی كاتی تا حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی ده‌چنه‌وه‌ خانه‌ی دووباره‌ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ماوه‌به‌سه‌رچوه‌ به‌ڵام له‌ شكڵ و شێوازێكی تردا!
خۆڕێكخستنی خه‌ڵك و هێنانه‌ مه‌یدانی ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیان و خه‌بات بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵات ودوور خستنه‌وه‌ی ئه‌م چڕوچاوه‌ شكستخواردوانه‌ ، به‌دووریش ‌له‌و ته‌ڕحانه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌دیل باسیان لێوه‌ده‌كرێ، تاكه‌ ڕێگایه‌ بۆ ده‌رباز بوون له‌م بار ودۆخه‌ ، گومانم نیه‌‌ ئه‌وه‌ كارێكی سه‌خته‌ به‌ڵام موسته‌حیل نیه‌ !

عه‌بدوڵا ساڵح
20 / 11 / 2017




تەمەن بەسەر باڵام چەمایەوە … عه‌لى مسته‌فا

حەزم لە نهێنیەکانی باران بوو
کاتێک بەسەر پشتی بێهودەیی
تۆنەکانی عەزف دەکرد
لە درزی نهێنیەکانی گەڵای پایزدا
دەمڕوانیە باو
چاوشارکێم بوو
لەگەڵ ڕەشبەڵەکی سترانی با
بێدەنگ
بۆنی گوڵم دەکرد نەبادا
سترانی منداڵی و
بەستەی لاولاوە وەنەوشەییەکان و
کەژاوەی پڕ لە جوانی دایکم و
نیگا ماندووەکانی باوکم
بکەونە بەر توڕەیی باو ڕێگای سێبەر بشکێتەوە
من هاوکاتم لەگەڵ شینی خەزانی با
ڕەنگم ترێی درەنگی پایزە
نیگام خەمی سێبەری هەڵکشاوی دایکمە
جەستەم لە پایز دەچێ
با نایەڵێ هەموو تۆنەکانی بارانم بەرکەوێ
سپێدە باش گوڵم لە مەراقی با نەچیەسەفەر
من لەگەڵ چرۆی هەرسێبەرێ دێمە سەفەر

عه‌لى مسته‌فا/ 2016




چۆنیه‌تی ده‌رمان خواردن … فه‌رهادئه‌حمه‌د به‌رزنجی

بڕیار نه‌خۆشكه‌وتبوو ‘هه‌رچه‌نده‌ چووبوو بۆلای پزیشك و ده‌رمانیشی بۆنووسرابوو بۆچاره‌سه‌ركردن‘به‌ڵام گوێی نه‌ده‌دا به‌ ده‌رمانه‌كان بۆیه‌ هه‌رده‌كۆكی و چاك نه‌ده‌بووه‌وه‌.
هه‌تاڕۆژێكیان كۆكین زۆری بۆهێناوته‌نگه‌نه‌فه‌س بوو‘به‌په‌له‌ له‌گه‌ڵ باوكی چووبۆلای پزیشك وكه‌مته‌رخه‌می خۆی بۆباسكردله‌كاتی پێشوودا.پزیشكه‌كه‌ش پێیوت:به‌ڕاستی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ت كردووه‌كه‌ده‌رمانه‌كانت له‌كاتی خۆیدابه‌باشی به‌كارنه‌هێناوه‌‘چونكه‌ میكرۆبی نه‌خۆشیه‌كه‌ت زیاتربووه‌وزیانی زۆرتری پێگه‌یاندویت.
به‌ڵام ئه‌گه‌رئه‌وده‌رمانانه‌ت هه‌رشه‌ش كاتژمێرجارێك به‌كاربهێنایه‌ ئه‌وا به‌به‌رده‌وامی له‌ناوخوێنتا چالاكییان ده‌بوو له‌میكرۆبه‌كانیان ده‌داوله‌ناویان ده‌بردن و له‌نه‌خۆشیه‌كه‌ت ڕزگارت ده‌بوو،چونكه‌ ئه‌م ده‌رمانانه‌ وه‌كو پێشمه‌رگه‌ له‌ناوخوێنتا پارێزگاری له‌له‌ش و خوێنت ده‌كه‌ن وله‌شكری میكرۆبه‌كان له‌ناو ده‌به‌ن. ئینجابڕیار تێگه‌یشت له‌گرنگی ده‌رمان خواردن وچۆنێتی خواردنی له‌كاتی نه‌خۆشیدا .
ئیترله‌كاتی خۆیداوهه‌رشه‌ش كاتژمێرجارێك،ئه‌گه‌ر له‌خه‌ویشدابوایه‌ به‌خه‌به‌رده‌هات و ده‌رمانه‌كانی به‌باشی ده‌خوارد،بۆیه‌ هه‌رزوو چاكبووه‌وله‌نه‌خۆشی ڕزگاری بوو.




خه ڵكى كوردستان دژ به بڕيارى دادگاى فيدراڵى عێراق دفاع له بريارى سه ربه خۆيى ده كه ن

ڕێگانادەین ماف و بڕیاری سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان زەوت بکەن
ئێمە وەک خەڵکی کوردستان مافی سەربەخۆیی بە مافی ڕەوا و بەڵگەنەویستی خۆمان دەزانین و لە رفراندۆمیشدا خەڵکی کوردستان بە دەنگی ٣،٥ملیۆنی هاوڵاتیان ئەم مافەمان بەدنیا و حکومەتی عێراق ڕاگەیاندوە. ئێستا حکومەتی میلیشیا شیعەکان دوای لەشکرکێشیان بۆسەر کەرکوک و ناوچە کوردنشینەکان بەهاوکاری باڵێکی یەکێتی و ته سليمكردنى ناوچه كانى تريش له لايه ن پارتيه ،دەیانەوێ خەڵکی کوردستان لەژێر فشاری ساسی و ئابوری و سەربازیدا ناچار بە تۆبەکردن و پاشگەزبونەوە لە مافی سەربەخۆیی خۆی بکەن.
هەربۆیە هەوڵی بەردەوام دەدەن کە لەڕێگەی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی کوردستانەوە قەواڵەی پاشگەزبونەوەیان پێ پڕبکەنەوە و بڕیاری حکومەتی هەرێمیش بۆ ڕیزگرتن لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق نیشانەی ملکەچکردنی دەسەڵاتدارانی کوردستانە بۆ حکومەتی عەبادی.
ئێمە ڕایدەگەیەنین کە رفراندوم و سەربەخۆیی کوردستان بڕیار ومافی بێ قەیدوشەرتی خەڵکی کوردستانە و هیچ کەس و لایەنێک و حکومەتی هەرێم بۆی نیە بەناوی خەڵکی کوردستانەوە بڕیاری هەڵوەشانەوە و قبوڵکردنی زەوتکردنی ئەم مافە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بدات.
ئێمە هەر بڕیارێک لە هەر لایەن و دەسەڵاتێکەوە لە کوردستان بدرێت بۆ قبوڵکردنی ژێردەستەیی خەڵکی کوردستان و دەست هەڵگرتن و پەشیمان بونەوەی لە بڕیارومافی سەربەخۆیی شەرمەزار دەکەین و دژی ڕادەوەستین و هیچ شەرعیەتێکی نیە . ئێمە بەرامبەر بە حکومەتی مەزهەبی شۆڤینیستی عێراق ڕایدەگەیەنین کە خەڵکی کوردستان تەسلیمی فشارەکانیان نابێ و بەپێداگری لەسەر بڕیارومافی سەربەخۆیی دژی داگیرکاری و ژێردەستەیی دەوەستێتەوە. ئێمە لەئاستی نێودەوڵەتیشدا بەردەوام دەبین لە ڕاکێشانی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ گەیشتنی خەڵکی کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی خۆی و سەرکۆنەکردنی پیلان و دەستدرێژیەکانی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق و بەڕەسمی ناسینی بڕیارومافی سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەڕیگەی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیەوە.
٢٠نۆڤەمبەری ٢٠١٧
واژۆکان
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان-1
ئاسۆکمال- بەریتانیا-2
بەختیار مستەفا- سلێمانی-3
عەلی محمود- هەولێر-4
محسن کەریم- سلێمانی-5
نامیق ڕەشید- پێنجوین -6
سەردار عەبدوڵا حەمە –کەنەدا -7
حەسەن مارف – ئوسترالیا-8
مستەفا باهیر- فنلاند-9
دەشتی جمال – بەریتانیا-10
بەڕێز علی شۆڤڵ-سوید-11
باران یادە- بەریتانیا-12
جەلال هۆرینی – ڤانکۆڤەر- کەنەدا-13
عبدالرحمن رسول /نووسەروڕۆژنامەنووس/فەرەنسا-14
خەبات عەبدوڵا – هەولێر نووسەر-15
سوران حمه امین عبدوالله / مهندس / انگلیس-16
شاباز محمود/سليمانى/جالاكى مه ده نى-17
جمال جميل مسته فا / سليماني / فه رمانبه ر-18
ابراهیم احمد ساڵح ( هاوڕێ سەنگاو ) / سلێمانی / ماستەر لە زانستە سیاسیەکان-19
ئالان محمد /هامبورگ/ ئەڵمانیا-20
میهرەبان علی ڕەسوڵ لە فینلند / فرمانبەر-21
جلال سۆفی- هولەندە-22
جمیل خوانچه زر / بریتانیا-23
حسین ساڵح سادق- هەڵسوڕاوی کرێکاری-24
فینک عەزیز/ بەریتانیا-25
ئەکرەم میهرداد ، سلێمانی-26
سەلاح فەتحوڵا – فینلاند-27
نه وزاد صالح – هـه لّسوراى چه پ – سويد-28
موزەفەر عبدالله/ ئوسترالیا-29
ناهید محسین- سلێمانی-30
عه لا نیزامه دین/ سلیمانی-31
ناهیدە مستەفا- سوید-32
پشتیوان کەریم ئەڵمانیا-33
سه مير نوري / تورنتو / كه نه دا-34
هيوا ره ش / سليماني-35
ستار اوي هه نك / تورنتو / كه نه دا-36
توانا حه مه نوري / به ريتانيا -37
كه مال فه ره ج- نەرویج-38
هیوا ئەحمەد/ هەڵسوڕاوی سیاسی/بەریتانیا-39
رحمه ت فاتحى. تيكوشه رى سياسى-40
هيوا زه بيحى- چالاكى سياسى/دانمارك-41
مه حمود حه لاق / سليماني-42
شةمال رؤوف گرميان-43
به ختیار پیرخضری / بریتانیا-44
هاوژین ڕەشید/ بەریتانیا-45
سەمیرە حەمە سالح – هلسنکی – فنلاند-46
ياسين على/ سليمانى-47
ئاسۆ زەند /سوید-48
ابراهيم حسين/فينلند-49
عادل عبدالله سليماني ماموستا-50
مژدە رووف نوری سوید – ستۆکۆڵم-51
فه ریده ره زایی هه لسوراوی سیاسی و چالاکی بوار ژنان-52
-53ستار کوڵه جۆیی که نه دا
-54ڕۆژ عەزیز …. تورکیا
-55ڕۆڤان انور احمد / کفری
-56مصلح رێبوار-سوید
-57دیدار عوسمان. ڕۆژنامەنووس.
-58وه فيق زامدار .هونه رمه ندي شيوه كار …كه نه دا
-59رعد سلیم \ سوید
-60محمدعبدالله قادر/سليماني /هه لسوراوي كريكاري.
-61وشیار فرج/California. U.S.A-Trucking company owne
-62روخوًش احمد عبدالرحمان / سليماني
-63 مەریوام محسن – بەریتانیا
-64کاوه محمود –کوردستان(حزبی شیوعی)
-65وریا حەمە تاهیر _ سوید
-66کاوە عومەر- کەنەدا
-67هيوا عمر- هەولێر
-68مریوان ڕحیم هۆڵندا
-69ڕوناک مولود- هولندا
-70كامه ران داود- بەریتانیا
-71شیرین احمد/سوید
-72صباح علي پیرۆزی _ باشورى کوردستان
-73قاسم نۆکانی پێشمه رگه ی دیرین .که رکوک
-74نه‌وزادئه‌سعه‌د..سله‌یمانی ..سیدصادق
-75ئاریان ئەکرەم – سلێمانی / کوردستان
-76هیرو محمد فرنسا
-77بابكرحمە بابكرمحمود قە ڵادزێ
-78احمد سیدە – پشدەر
كامران. لەتیف /مامۆستا-79
-80سەرداری مەحموی حەمەمراد-هۆڵەندا
-81أمير محمد علي (حەمەڕەقی بانی بی ) أحمد /دەربەندیخان
-82عمار علي..هولندا
-83کاروان عەبدوڵلا..نووسەر ورۆژنامەنووس..هەولێر
-84مهداوی محمد ئەحمەد -خانە نشينی پێشمەرگە –دەربەنديخان
-85شاخه وان حه ساري هه ولير ئازادي پيشمه رگه ي ديرين
-86جوان علی شۆڤل ستۆکھۆڵم سوید
-87ئارام ھەورامانی ستۆکھۆڵم سوید
-88ئاژین امین -ستۆکھۆڵم سوید
-89ئاگرین امین -ستۆکھۆڵم سوید
-90ئەڤین امین – ستۆکھۆڵم سوید
-91حکیم علی عزیز – ئەڵمانیا
-92خالد بيشوا /ماموستا زانكو
-93دانا عومه ر فه رە ج له فینلاند
-94سەرهەد تۆفیق معروف.نوسەر..هەولیر..
-95فاضل عثمان رسول ( ف.. ڕۆژ)- سه رۆكی ده زگای ڕۆژ له كه ركوک
-96سه ميره عبدالله نادر- نه رويج
-97حمه على محمد معروف- کوردستان
-98ابوبکر محمود امین- کوردستان
-99توانا توفیق حەمە ـ دەربندیخان ـ پارێزەر
-100پرشنگ سعید/دانمارک
لیستی دووەم:
1. عبدول علی ئەورەحمان بەریتانیا
2. عثمان توفيق- نمسا
3. هاوری پێشرەو-كومةلةي داكوكي لة فوربانيان و ئةنفالكراوةكان / كةرميان
4. دانا عومه ر فه ره ج ـ فینلاند
5. شوان نورى -هه له بجه
6. شيلان جه بار- کوردستان
7. غازی هادی حمه جوان / هه ولیر
8. هەواڵ زێوەر عزیز ـسوید
9. دیلان زێوەر عزیزـ سوید
10. دانا شوانى- ئوسلو
11. عادل نوري عارف / پيشمه رگه
12. کەریم قادر – نەمسا
13. ئاشتی عارف هۆڵەندا
14. پێشەنگ براخاس هۆڵەندا
15. پەیوەند براخاس هۆڵەندا
16. دلخواز حسين محمد سليمانى
17. بيشة وا محمد – ئيتاليا
18. سه مير جلال هه ولير
19. همزەسلێمان حارس ـ هەولێر- پارێزەری ڕاوێژکار
20. هاوارعبدالقادر فارس،پێشمەرگەی دێرین ،هەولێر.
21. یاسین على – کوردستان
22. -جەلال سۆفى – هولندا
23. -ابراهیم احمد سالح
24. -وەستا کامیل
25. -سەوسەن مەولود
26. –گەلاوێژسالح- کوردستان -سلێمانی
27. -ئالان دانیار- فنلند
28. -نادیە ئازاد – سوید
29. -ئەنوەر نوری عارف- نەرویج
30. -ناهد محسن سلێمانی..
31. -حاجي حسين صالح- زاخۆ
32. -تابان یاسین ⁄بەریتانیا
33. -ڕۆڤان انور احمد / کفری
34. -سالارى ئاسنگه ر /سليمانى
35. -دیدار عوسمان. ڕۆژنامەنووس.
36. -شیاو نوري / شاعیر و هونه رمه ند/ شاری لیل ولاتی فه ره نسا
37. وه فيق زامدار .هونه رمه ندي شيوه كار/كه نه دا
38. – عوسمان ئه حمه د /دانمارک
39. – حەمید ڕسوڵ عبدللە(قەڵادزەیی) /قەڵادزێ
40. -بارزان احمد
41. -اسماعیل حەمەدەمین /باشوورى کوردستان
42. -فواد احمد – سلیمانی
43. -چیمەن سالح /هەولێر
44. – جاسم خيلانی- سويد
45. -هاوڕێ پێشڕەو- كومةلةي داكوكي لة فوربانيان و ئةنفالكراوةكان / كةرميان
46. -هۆشمەند سیدەکەیی
47. -محمد حاجى سالح
48. -ڕێبوار عبدالقادر
49. -بەیان فروغ زادە
50. -ڕزگار گۆپتەپەیی
51. -ڕەمەزان خدر
52. -سەمیرە عبداللە
53. -دڵسۆزفتاح
54. -ئومێد سەرهاد
55. -شۆرش کوردى
56. -فێنک تاهیر
57. -سەلام على- مامۆستا
58. -احمد خێلانى
59. -مها على
60. -بڕیارحیدەر
61. -شوان نورى
62. -فلاح احمد
63. -شۆرش قەرەداغى
64. -ئەمیرمحمد
65. -نەسرین شجاعى
66. -دلێر محمد شەریف
67. -جەوهەرسیادە
68. -بورهان احمد
69. -هاوڕێ عوسمان
70. -کمال مستەفا
71. -سەردارکەریم
72. -زانا زەنگەنە
73. -جێگرجەواد
74. -فەرهاد تامەر/کۆیە
75. -نیشتمان ئەمیری
76. -مەجید حەمەفەرەج
77. -نەبیل محمد
78. -ئومێدبابان
79. -دڵخوازحسین
80. -سامان حوێز
81. -عارف رۆستى
82. -کاروان قادرعزیز
83. -دەون فواد
84. -ریان خدر
85. -شنۆمحمد/ زاخۆ
86. -کەژى شڤان
87. -مستەفا یاسین
88. -محمد عمر
89. -عوسمان محمد خان
90. -ژاڵەجاف
91. -ڕێکەوت حامید
92. -عمربەرزنجى
93. -بێستون عبداللە
94. -محمد سابیر
95. -جمال قامیشەیی
96. -ئاماد حەمە
97. -فرمێسک مستەفا
98. -شوان ڕامیار
99. -نەوزاد فواد
100. -ئاسۆ بیارەیی
101. -سامان احمد
102. -شوان شێخانى
103. -فەرهاد رسول
104. -تەرزە نورى هەورامى
105. -جلیل عباس
106. -سۆران زەندى
107. -تەنیا عزیز
108. -کوردە اسماعیل
109. -تەیب کاکەیی
110. -پێشەوا جاف
111. -حیدەراحمد
112. -جمال امین
113. -سعیدى شێخ محمدى
114. -کاروان عبداللە
115. – محمود احمد / نووسەر و سیاسى / سلێمانی
116. -سەلام زیجى حیزبى سۆسیالیستى شۆڕشگێرى ئێران
117. – روخوًش احمد عبدالرحمان / سليماني
118. -ئاسۆجبار نوسەروڕۆژنامەنوس لە USA
119. -رعد سليم_ عضو اللجنة المركزية للحزب الشيوعي العمالي العراقي
120. جبار محمد /ايتاليا




“حەڵقەی ونی کۆمەڵگای مەدەنی کوردی وەک مێنتالیتە”… شاهۆ حوسێنی

بوومەلەرزەی بیست و یەکی خەزەڵوەری کرماشان لەتەنیشت مووسیبەت و داغی کۆچی ئەزیزان و ماڵوێرانی، دەرکەوتەیەکی گرینگی هەبوو، ئەویش نیشان دانی هێزی جەماوەری و قوڵایی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵات بوو.
ئەگەر قەبووڵ بکەین کە کۆمەڵگای مەدەنی لەخۆ گری چوار تایبەت مەندی: عەقڵی گشتی، خواستی گشتی، کرداری گشتی و هەواهەنگی گشتیە، ئەوا لە رۆژهەڵات هەم عەقڵی گشتی، هەم خواستی گشتی و هەم کرداری گشتێکە دیتران. هەر ئەوەش وەهای کرد کە لە زووترین کات و هەر لەیەکەم ساتەکانی بوومە لەرزەکەدا، بیر و رای گشتی و مەدەنی کوردستان بە هۆی تێلێگرام و باقی رایەڵە گشتێکان، بەخێراییەکی زۆر ئاگاداری دۆخەکە کرا و حەول و جموومۆڵە خۆ رێکخراوەکان هەم لەلایەن ئێن جی ئۆکان و هەم لەلایەن کۆر و کۆمەڵە مەدەنیە خۆبەخشەکان دەستی پێ کرد، بەڵام هەمووی ئەو تایبەت مەندیانە لە غیابی هەواهەنگی گشتی و رێککەوتنێکی سەراسەری لەنێوان ناوەندە جۆراوجۆرەکانی مەدەنی کۆمەڵگای کوردی، جۆرێک نارێک و پێکی لەگەیاندن و دابەش کردنی پێداویستێکانی خەڵکی بوومەلەڕزە لێدراوی لێکەوتەوە، لەوەها بۆشاییەکەیش دابوو کە سووپای پاسداران و ئاستانی قوودسی رەزەوی بە داگیرکردنی یارمەتێ مەدەنێکان بەشێک لەوانی بەناوی خۆی و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتا بڵاو کردوە. بێ گوومان هەموو تایبەت مەندێکانی پەرەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز لە رۆژهەڵات بوونی هەیە، بەڵام هێشتا رێککەوتن و هەواهەنگی لەناو ئۆرگانەکان و پێکهاتەکانی مەدەنی دا غایبە، ئەو بۆشاییە بەربەستێکی گرینگە بۆ سەر هەڵدان و پەرەی مێنتالیتەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی کوردی.

دیارە لێر مەبەست لە مێنتالیتە مانا و دەرکەوتە مۆدێرنەکەیەتی، بێ گومان کورد و کوردستان لەبەردەم ئەزموون و تەجرووبەیەکی گرینگی مێژوویی دایە کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەستی پێ کردوە، ئەم ئەزموونە شتێک نیە جگە لە رووبەروو بوونەوەیەکی درووست و ناوەرۆک تەوەرە (نەک هەر بەتەنیا رۆاڵەت تەوەرە ئەو جۆرەی کە کورد تا ئەمرۆکە لەگەڵی رووبەروو بۆتەوە) لەگەڵ مۆدێرنیتەیە. کورد بۆ زاڵ بوون بەسەر کێشە ناوخۆیی و دەرەکێکانی‌دا چارەیەکی نیە جگە لە رووبەروو بوونەوە لەگەڵ مۆدێرنیتە.

بێ گومان یەکێک لەکۆڵەکە گرینگەکان و بنەما سەرەکێکانی مۆدێڕنیتە زەینییەت یان مێنتالیتەیە، مێنتالیتە نەک بەمانی نەریتێکەی کە بریتیە لە شێوەی بیرکردنەوە یان جۆری هزر و ئەندێشە، بەڵکە بەمانای کەڵکە بوونی ئەزموون گەلێکی مێژوویی لەهەناوی کورد و بوون بە هێزێکی کۆڕگێر و کارتێکەر، واتە هێزێکی مەعریفی و هزری لە رەوتی ژیانی کردەوەیی و زەینی تاکی کورد کە هێز و ئیرادەیەک بە تاک دەبخشێت بۆ کارتێکەر بوون لەسەر رەوتی ئاڵوگۆرێکان، دەرکەوتن وەک هێزیکی ئاڵوگۆری خوڵقێن، بوون بە کۆرگێڕێکی زانستمەند و پێش گرتن بە دووپات بوونەوەی ڕابردوویەکی مێژوویی هەم لە ئاستی مەعریفی، هەم لە ئاستی رواڵەتی و هەم لە ئاستی کردەوەیی‌دا، مێنتالیتەی مۆدێرن بە مانای بەهێز بوونی تاک لەبەرامبەر دەسەڵات و هەرجۆرە ناوەندێکی دەسەڵات سەپێنە، واتە بەهێزی بوونی تاک لەسەر بنەمای هزری شاروومەندی و پێوەندێکی موازی نەک هیرارشیک و توولی. بەواتایەکی تر مێنتالیتە لەخۆگری تایبەت مەندی گەلێکی تاکەکانە، تایبەت مەندی گەلێکی وەک سووژ بوون، ئاگایی و سەربەخۆ بوون لەخۆ پێناسە کردن و خۆ ناساندن.

ئەو مێنتالیتەیە دەبێتە هۆی سەرچاە بوون، سووژە بوون، کۆرگێر بوون و زاڵ بوون بەسەر ئەو کەرەسانەی کە خۆی خۆڵقاندوویەتی بۆ خزمەت بەخۆی کە بریتین هەم لە پێکهاتە ماناییەکانی وەک هزر و ئایدۆلۆژی و هەم پێکهاتە رواڵەتێکانی وەک دەوڵەت و حکوومت.
لەوەها دۆخێک دا کۆمەڵگای مەدەنی وەک مێنتالیتە کە پێکهاتوە لە تاکی سەربەخۆ و سووژە، دەبێتە پێکهاتەیەکی گشتگیر، دەسەڵات رەمێن و سووژە کە پەرە پێ‌دەری عەقڵی گشتی، خواستی گشتی، کرداری گشتی و هەواهەنگی گشتیە، واتە کۆمەلگای مەدەنی وەک مێنتالیتە دەبێە کەسایەتیکی گشتی سەربەخۆ کە پێکهاتوە لە مێنتالیتەی تاکی کورد و درێژەی رەوتی مێنتالیتەی تاکی کوردە بۆ بەهێزتر کردن و پاراستنی لە هەرجۆرە دەسەڵاتێکی هێژمۆنی سیاسی و نامەدەنی.

دەشێ بگوترێت کە ئەگەر مێنتالیتە بەمانای تاکی سەربەخۆ، خۆپێناسەکەر و وریا دێتە ئەژمار ئەوا گشتێتی بەمانای ناسینەوە و بەفەرمی ناسین و قەبوڵی کردنی مێنتالیتەکان لەلایەن یەکترەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای مەدەنی‌دا وەدی دێت، واتە کۆمەڵگای مەدەنی وەک مێنتالیتە، مەکۆ و بەستێنی بەفەرمی ناسین و قەبوڵی تاکەکان وەک مێنتالیتە و ئاستی پێشکەوت و گەشەی زیاتری تاک، پشتیوانی‌کەری تاک و مسۆگەرتر کردنی شووناسی تاکەی سەربەخۆ و پێناسە کەرە، ئەو رەوتە لەراستی‌دا تەواوکەری رەوتی بە مەبەست گەیشتنی تاکە کە لە رەوتی مێژوویی خۆی‌دا بۆ گەیشتن بە ئامانج، لە قۆناغی سرووشتی‌دا، دەوڵەت و سیاسەتی بنیاد نا و پێی نایە قۆناغی سیاسی و لەپاش قۆناغی سیاسی بە بنیادنانی کۆمەڵگای مەدەنی دەگاتە قۆناغی مەدەنی




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد … 1 … سمکۆ عەبدولکەریم


بەشی یەکەم
…..

سیاسەتی ئەم قۆناغەی توركیا رەنگدانەوەی ئەو سیاسەت و تێڕوانین و تێزانەی ئەحمەد داود ئۆغلۆن، كە خۆی لە كتێبەكەیدا دەبینێتەوە بە ناوی «قووڵایی ستراتیژی».
بە خوێندنەوەی ئەم كتێبە دەكرێ‌ لەوە تێبگەین كە توركیا لە سایەی فەرمانڕوایی پارتی داد و گەشەپێدان «ئاكەپە» و كەسایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە ڕابردوودا چۆن لە هەوڵی ئەوەدا بوون توركیا بكەنەوە بە چەقی ستراتیژی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕست. لەم كتێبەیدا ئەم بابەتە زۆر بەڕوونی ڕوونكراوەتەوە، بە تایبەتی لەو بەشە دیاریكراوەیەدا كە تایبەتە بە كێشەی كورد.

ئەوەی وایكرد بگەڕێمەوە سەر ئەم كتێبەی داود ئۆغلۆ، ئەو سیاسەتەی كرانەوەی توركیا بوو بەڕووی كورددا، بە تایبەتیش بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، كە جۆرێك لە سیاسییەكانی كورد و رۆشنبیران بەگەشبینییەكی زۆرەوە لێیدەڕوانی و بە وەرچەرخانێكی گەورەی سیاسەتی توركیایان دانا، لە مێژووی ئەم وڵاتەدا.

بەڵام ئەگەر بەوردی چاو بەم كتێبەی «ئەحمەد داود ئۆغلۆ» دا بخشێنینەوە، لە ستراتیژیەتی ئەو كرانەوە و سیاسەتە تازەیەی توركیا تێدەگەین، كە بە شێوەیەكی زۆر ستراتیژی خۆی لە سیاسەتی ئیحتیواكردندا دەبینێتەوە و زۆر بەڕاشكاوی ئەوە دەخاتەڕوو، نایشارێتەوە كە توركیا بۆ گەیشتن بە «ستراتیژیەتی قووڵایی» پێویستە پشت بە ستراتیژییەتی ئیحتواكردن ببەستێت، بە تایبەتیش لە بەرامبەر كورد.

ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی هەرسێ‌ بنەما سەركییەكانی، كە ئۆغلۆ وەك بنەمای ئەم سیاسەتە تازەیەی ئاماژەی بۆ كردوە، وەك «جیورۆشنبیری و جیوئابوری و جیوسیاسی، ئۆغلۆ وەك پێكهاتەیەكی كاریگەر دەڕوانێتە كورد و پێی وایە لەم قۆناغەدا كورد بۆ وڵاتە زلهێزەكان، هۆكارێكی باشە، لەبەرامبەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لە گەڵ هەریەك لە سێ‌ پێكهاتە سەرەكییەكەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تورك و عەرەب و فارس».

ئەمەش وادەكات بە شێوەیەك لە شێوەكان لەم هاوكێشە ستراتیژییەدا، بە پشت بەستن بە هۆكارەكانی وەك “جیو سیاسی و ئابوری و جیو دووانییەكە و رۆشنبیرییەكەی” سوود لە كورد وەربگیرێ‌.
ئۆغلۆ پێی وابوو لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم بنامایەی «جیو دووانییەكە» لە هەریەك لە وڵاتەكانی توركیا و ئیران و دوو وڵاتە عەرەبییەكە، گۆڕەپانەكە لە بەردەم هەر جۆرە دەست تێوەردان و بەكارهێنانێك واڵا دەكات.

ئەمەش بە مەترسی دەزانێ‌ و پێی وایە كورد دەخاتە بەردەم مەترسی بەكارهێنان (الاستغلال) لە لایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە، لە چوارچێوەی ئەم گەمە ستراتیژییەشدا، بە تایبەتی لە سەروبەندی تیربوونی ناكۆكی نێوان وڵاتەكان، كورد بەدۆڕاو دەزانێ‌.
ئۆغلۆ لەو كتێبەیدا «قووڵایی ستراتیژی» ئاماژە بۆ دوو گۆشەنیگای سیاسی جیاواز دەكات سەبارەت بە كێشەی كورد، لە لایەن هەریەك لە ئەمریكا و ئەورپا، پێی وایە ئەمریكا هەر لە سەرەتاوە كێشەی كورد بە بەشێك لە كێشەی عیراق دەزانێ‌، بە پێچەوانەی ئەوروپا، كە كێشەی كورد بە كێشەیەكەی بنچینەیی توركیا دەزانێت.

لەم روانگەیەوە ئۆغلۆ قەتیس كردنی كێشەی كورد لە سنووری عیراق، یان سنووری توركیا، بەشێوەیەكی گشتی بەیارمەتیدەر نازانێت بۆ دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەوروپا و ئەمریكا لەو كێشەیەدا، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا، دان بەوەدا دەنێ‌ كە هەمدیسان توركیا هەست بە بێزارییەكی مەترسیدار دەكات، لە بەرامبەر هەریەك لەو دوو هەڵویستەی ئەمریكاو ئەوروپا.

«ئۆغلۆ»پێی وابوو ئەم جۆرە تێڕوانینەی ئەوروپا كار دەكاتە سەر پەیوەندییە دوو قۆلییەكانی توركیا و وڵاتانی ئەوروپی، بە تایبەتی وڵاتانی وەك یۆنان و ئەڵمانیا، دواجار ئەمەش بە یەكێ‌ لە بنەماكانی گفتوگۆكانی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا دادەنێ‌.
بەڵام سەبارەت بە تێڕوانینی ئەمریكا بۆ كێشەی كورد، كە لە چوارچێوەی عیراقدا لێیدەڕوانێ‌، ئۆغلۆ پێی وایە لە هەنگاوی یەكەمدا ئەم مەسەلەیە نابێتە هۆی راستەوخۆ بەیەك هەڵپژاندا. بەڵام دیسان توركیا بە وریایی و گومانەوە دەڕوانێتە ئەو هەڵوێستەی ئەمریكاش.
پێویستە بووترێ‌ ئەو تێڕوانیانەی توركیا بۆ كێشەی كورد بۆ بەر لە رووخاندنی سەدام و دەستگیردنی ئۆجەلان دەگەڕێتەوە، چونكە بە دەستگیركردنی ئۆجەلان توركیا ئاهێكی فێنك بە گیانیدا هاتەوە، بەتایبەتی كاتێ‌ ئەمریكا دەستگیركردنی ئۆجەلانی بە كردارێكی ناوخۆیی توركیا لە قەڵەمدا.

لە درێژەی پەرەسەندنەكاندا، بە تایبەتی دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان، داود ئۆغلۆ پێی وانییە كێشە سیاسییەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو چارەسەركردن دەچن، بەڵكو بە پێچەوانەوە پێی وایە، لێرەوە گەمەیەكی تازەی زۆر مەترسیدار دەست پێدەكات.
هەرچەندە ئەمریكا لە هەموو بۆنەیەكدا لەبەرامبەر پارتی كرێكارانی كوردستاندا، پشتیوانی خۆی بۆ توركیا دەردەبڕێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا داوا لە توركیا دەكات لە بەرامبەر هەر هەنگاوێكی نوێی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە توركیا سیاسەتی نزیك بوونەوە پەیڕەو بكات.

داود ئۆغلۆ پێی وایە ئەو داواكارییانەی ئەمریكاش كاتێك ڕوو لە پتربوون دەكەن كە مەسەلەی چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق و فەلەستین دێنە پێشەوە.
بە دیوەكەی دیكەشدا ئۆغلۆ هەرچەندە دۆخی دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان بەجۆرێك لە باڵكێشانی ئارامی بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا وەسفدەكات، لە هەمان كاتدا بە جۆرێك لە قورستركردنی داواكارییەكانیشیان بۆسەر توركیا لە قەڵەمدەدات.
چونكە پێشتر لەترسی ئەوەی بە پشتیوانیكردن لە رێكخراوی تیرۆرستی تۆمەتبار نەكرێن، وڵاتانی ئەوروپی دەبوایە بە ورییایی و لەسەرخۆ و بە نەرمی فشار بخەنە سەر توركیا، ئەمەش زیاتر لە دوای كۆبوونەوە لوتكەیەكەی هلسنکی و لە چوارچێوەی پێوانەكانی كۆپنهاگن جەختی لەسەر كرایەوە، كە وڵاتانی ئەوروپا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو شێوەیە دەیانڕوانییە كێشەی كورد، كە كێشەیەكی توركییە.

سەرەنجام ئەحمەد داود ئۆغلۆ لەچوارچێوەی فەلسەفەی ئیحتواكردن و پشتبەستن بە رەهەندەكانی رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی، پێی وابوو دەكرێ‌ كۆتایی بە كێشەی كورد لە توركیا بهێنرێت. كە بەلای منەوە مەسەلەكە كۆتایی پێهێنان نییە، لە روانگەی چارسەركردنەوە، بەقەد ئەوەی گەمارۆدانی كوردە لە هەموو لایەكەوە، بۆ ئەوەی لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە لە دژی تورکیا بەکار نەهێنرین.




كتێبی جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل … د.سه‌عید تۆفیق


چاپكراوی نوێ‌

كتێبی جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل
د.سه‌عید تۆفیق
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردوویه‌ به‌ كوردی و په‌راوێزی بۆ داناوه‌
چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م- سلێمانی 2017

ئه‌و كتێبه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ پێكهاتووه‌:
– پێشه‌كی نوسه‌ر:
(1) زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی لای هایدگه‌ر.
له‌ زمانی هایدگه‌ره‌وه‌ بۆ فیكری هایدگه‌ر، له‌ باره‌ی زمان و بیركردنه‌وه‌
(چه‌ند سه‌رنجێكی سه‌ره‌تاییانه‌)
– شاره‌زایی زمان.
– زمان و شیعر (شاره‌زایی زمان له‌ شیعردا)
-زمان/شیعر/بیركردنه‌وه‌ (زمان وه‌ك بنه‌مای فیكر و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی).
(2) بنه‌ماكان و ئاسۆی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی لای گادامێر.
– سه‌ره‌تایه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كانی فیكری گادامێر و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی.
-بنه‌ماكانی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی:
1- هیرمینۆتیكا وه‌ك ئاراسته‌یه‌ك له‌ راڤه‌كردن:
2- تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن:
3- هونه‌ری دیالۆگكردن:

-سه‌رچاوه‌كانی توێژینه‌وه‌.

3- هیرمینۆتیكای ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ نێوان هایدگه‌ر و گادامێردا.
– قه‌یرانی تازه‌گه‌ری: قه‌یرانی فۆرم و میتۆد.
– هیرمینۆتیكای هاوچه‌رخ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرم و میتۆده‌وه‌.
– یه‌كه‌م: هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرمه‌وه‌.
– دووه‌م- هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت میتۆده‌وه‌.
1- وه‌همی بابه‌تگه‌رایی… وه‌همی میتۆد.
2-رۆڵی خود له‌ كرده‌ی راڤه‌كردندا.
راڤه‌كردن وه‌ك دیلۆگكردن له‌گه‌ڵ ده‌قدا.
ا-دیالۆگ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان من و ئه‌ویدیكه‌یه‌.
ب-دیالۆگكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ دیالۆگه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ق.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….Mutalib




كورد له‌ هاوكیشه‌ی میحوه‌ربه‌ندی …….. ستار چاوشین

پَیش رووخانی بلۆكی سوسیالیستی، دوو میحوه‌ری سیاسی هه‌بوو، یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌م میحوه‌ر به‌ندی یه‌ به‌جه‌نگی سارد ده‌ناسرا، ولاتان دابه‌ش بوبوون به‌ سه‌ر دوو زلهێزی جیهانی، پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌، ئه‌مریكا وه‌ك هێزی یه‌كه‌می دونیا مایه‌وه‌، ته‌نیا له‌ رێگه‌ی بریاره‌كانه‌وه‌ به‌ ڤیتۆ ریگری له‌ هه‌ژمونی ئه‌مریكا ده‌كرا ئه‌ویش به‌ كه‌می، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا پێویستی به‌ بریار ببایه‌ له‌و ئاسته‌، پاش به‌هاری عه‌ره‌بی به‌ تایبه‌ت له‌ گه‌ڵ جه‌نگی ناوخۆی سوریا، رووسیا وه‌ك جێگره‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران، له‌ جاران باشترنا به‌ڵام هاوشێوه‌یه‌ك له‌ جاران له‌ جه‌مسه‌ری پێشووی خۆیه‌وه‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌، توانی رووبه‌رووی ئه‌مریكا ببێته‌وه‌و ده‌ست له‌ كارو باری جیهان وه‌ربدات، بێته‌وه‌و ناو هاوپه‌یمانێتی یه‌كانه‌وه‌، له‌شكركێشی بكات، باڵا ده‌ستی سه‌ربازی هه‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌،

تا یه‌كێتی سۆڤیه‌ت وه‌ك محوری رۆژهه‌ڵات هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌، كورد وه‌ك هێزێك له‌ نێوان ولاتانی دابه‌شكراودا له‌ سه‌ده‌ی رابردوو هه‌میشه‌ قوربانی بوو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی باشور به‌ راپه‌رینێك بوبه‌ خاوه‌نی زه‌وی، كارگێری و حكومرانی، ده‌سه‌ڵاتی خۆی، له‌ به‌رنه‌بوونی دوو جه‌مسه‌ری كورد وه‌ك هێزێكی نوێ‌ ی لۆكاڵ وه‌ له‌ به‌ر باردۆخی ناوچه‌كه‌ زۆربه‌ی ولاتان به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكا پشتیوانیان كردو مایه‌وه‌،
رووخانی بلۆكی سۆشیالیزم،بۆشایی محوه‌ری رۆژهه‌لاتی دروست كردبوو ئه‌م بۆشاییه‌ رێگه‌ی خۆش كرد ئێران وه‌ك ده‌وڵه‌تێك له‌ ناوچه‌كه‌ خۆی نمایش بكات و ده‌ربكه‌وێت، ره‌نگه‌ ئه‌و كات و ئێستاش ئێران نه‌وه‌ك هێزی سه‌ربازی و ئابوری وه‌ نه‌وه‌ك خاوه‌ن پێگه‌ی نیو ده‌وله‌تی توانای رووسیای نه‌بێت، به‌ڵام نكوڵیش له‌وه‌ ناكرێت له‌ ململانێكاندا توانای هه‌ژمونگه‌رایی هه‌بووه‌ له‌ ناو چه‌كه‌،
پاش به‌هاری عه‌ره‌بی و مانه‌وه‌ی سوریا و سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌ سه‌ر ده‌ستی ئێران و رووسیا، وه‌ك ریسكێك هیشتنه‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا سوریا و ئه‌سه‌د مایه‌وه‌، جارێكی تر رووسیای گه‌یانده‌وه‌ ئاستی بلۆكبه‌ندی رۆهه‌ڵات له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا، له‌ هه‌مان كات پێگه‌ی ئێرانیشی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ هێزكرد،

ئێران له‌ شوێنێك نه‌وه‌ستا، له‌ وڵاتانی دراوسێ‌ یه‌وه‌ پێگه‌ی خۆی و پانتایی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی گه‌وره‌تركرد، له‌ لوبنان سه‌ره‌تا حزب الله‌، پاشان ته‌واوی وڵات، حكومه‌ت و سوپا، له‌ یه‌مه‌ن حوسیه‌كان، له‌ له‌ ئێراق( حكومه‌ت، په‌رله‌مانی زۆرینه‌، مه‌رجه‌عیه‌ت، هێزی سه‌رباز به‌ ناوی حشد )ه‌وه‌ هه‌مووی له‌ قازانجی خۆی هێنایه‌وه‌، له‌ سوریاش خودی ده‌وله‌ت خۆی به‌ ته‌واوی له‌ ژێر فه‌رمانیدایه‌،
ئه‌م باڵا ده‌ستی و هه‌ژمونگه‌راییه‌ی ئێران، ترسی خسته‌ سه‌ر وڵاتانی كه‌نداو، له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونی جه‌نگی داعش ئیدی ئێران خه‌ریكی په‌رینه‌وه‌یه‌ بۆ سنوره‌كانی ولاتانی كه‌نداو، به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌بستانی سعودیه‌،
ئه‌مرۆ ولاتان له‌ رۆژهه‌ڵات له‌ نێوان دوو محوه‌ر دابه‌ش ده‌بن، ئێرانی شیعه‌و عه‌ره‌بستانی سوننه‌، به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ ساغ نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌مریكا به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ محوه‌ری عه‌ره‌بستانی سعودیه‌و كه‌نداوه‌ یان نه‌، ئه‌گه‌ر چی سه‌ردانی ترامپ بۆعه‌ره‌بستانی سعودیه‌و رێككه‌وتنی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌مان پێ‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌مریكا خۆی سه‌رپه‌رشتی محوه‌ری سوننه‌ ده‌كات، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ گومان له‌ ئێداره‌ی نوێ‌ ی ئه‌مریكا ده‌كرێت له‌ ئیراق، چونكه‌ له‌ ئێراق رێگه‌ی خۆش كرد به‌ دروست بوونی حشد له‌ ماوه‌ی جه‌نگی داعش هاوشێوه‌ی دروست بوونی حزب الله‌ له‌ لوبنان و حوسیه‌كان له‌ یه‌مه‌ن،

هه‌موو ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو بلێم ئێمه‌ی كورد له‌ كام محوه‌ری سیاسین..؟ بوونمان ئه‌ندامێتی محور به‌ندی یه‌، یاخود سه‌ربازی محوری به‌رژه‌وه‌ندی دی و ولاتی دین..؟
بۆ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێت بگرێینه‌وه‌ بۆ رووداوی 16ئۆكتۆبه‌ر،

به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ئێمه‌ی كورد ده‌بوو له‌ محوه‌ری ئه‌مریكا بین، به‌ڵام دابه‌ش بوونمان و لایه‌نگری به‌شێكی سه‌ربازی و سیاسیمان بۆ ئێران و بێده‌نگی ئه‌مریكا به‌ گرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت هێشتا ئێمه‌ی كورد له‌ ناو محوه‌ر به‌ندی ئه‌مریكا نه‌بووین وه‌ نین، وه‌ نه‌بوینه‌ته‌ به‌شێك له‌و دوو محوه‌ری یه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی روونه‌، ئه‌مریكا له‌ ئێراق كه‌سێتی تری لامه‌به‌سته‌ له‌ محوه‌ری ئه‌و دابێت، به‌و نیازی ته‌واوی ئێراق وه‌ك محوه‌ری خۆی بهێلێته‌وه‌، ئه‌مریكا له‌ 16ئۆكتۆبه‌ر ماسیه‌كی گچكه‌ی كوردانه‌ی هاوپه‌یمانی كرد به‌ قوربانی ماسیه‌كه‌ی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بی هاوپه‌یمانی ئێراقی( عبادی وه‌ك وه‌همی ئه‌مریكا)،
دوای لێدانی ساروخه‌ بالیستیه‌كه‌ی حوسیه‌كان له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ بۆ ریاز ناوچه‌كه‌ بۆ جه‌نگێك خۆی ئاماده‌ ده‌كات،كورد ئه‌گه‌ر له‌ محوه‌ر به‌ندی یه‌ ئه‌وا ده‌بێت نیشانه‌كانی ده‌ربكه‌ون، پشتیوانی و پشتگیری هێزه‌ سه‌ربازی یه‌كه‌ی بكرێت،ئه‌گه‌ر وا نیه‌، چۆن ده‌توانێت خۆی له‌م جه‌نگه‌ بپارێزێ‌.؟ ئه‌گه‌ر توانی خۆپاراستنی نیه‌،چۆن ده‌بێته‌ ئه‌ندامی چالاكی ئه‌و محوه‌ر به‌ندی یه‌ به‌ پرۆژه‌ی سیاسیه‌وه‌..؟ دواتر وه‌ك ئه‌نجام سود مه‌ند بێت،؟!

به‌ دیدی من دوو كێشه‌ی بنه‌ره‌تی هه‌یه‌ كه‌ كورد ناتوانێت وڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بداته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بریار بدات، سه‌ربازی محوه‌ری دی نه‌بێت، یاخود سود له‌ محوری سه‌ركه‌وتوو وه‌ربگرێت له‌ ئه‌نجام،
یه‌كه‌م: كورد توانای یه‌كگرتنی هێزه‌كانی نیه‌ له‌ ناو یه‌ك محوه‌ر دا، سلێمانی وه‌ك جوگرافیاو ده‌سه‌لاتی سیاسی، له‌ ژێر هه‌ژموونی ئێران كه‌ركوكیش نمونه‌ی زیندووه‌، دووه‌م: هه‌ولێریش وه‌ك ناوه‌ندی بریاری سیاسی كورد(به‌ بێ‌ سلێمانی) توانای بریاری محوه‌ر به‌ندی نیه‌، چونكه‌ نیوه‌ توانا معنوی و سه‌ربازی یه‌كه‌ی له‌ ده‌ست ئه‌دات، قورساییی سیاسی و سه‌ربازی كه‌مده‌بێته‌وه‌،

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هێشتا روون نیه‌ ناوه‌ندی هه‌ولێر وه‌ك بریاری سیاسی كورد و هه‌رێم وه‌رگیراوه‌ وه‌ك ئه‌ندامی چالاكی ئه‌و محوه‌ره‌ ئه‌مریكیه‌، سعودیه‌، سوننی یه‌، یاخود هێشتا ئه‌مریكا پێگه‌ی عبادی به‌ گه‌وره‌تر له‌ كورد ده‌زانرێت، وه‌ ده‌بێت كورد له‌ ژێر چه‌تری ئه‌ودابن.؟
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرا، پرسیارێكی تر دێته‌ پێشه‌وه‌ چۆن كورد خۆی بپارێزێت.؟ چۆن به‌ چ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ سه‌ربازی محوری تری سیاسی ولاتان، خاكه‌كه‌ی ناكاته‌ گۆره‌پانی جه‌نگی وڵاتان، چاڵدێرانی تر به‌ شێوازی تر دوباره‌ نابێته‌وه‌،
كورد له‌م قۆناغه‌ سیاسیه‌ وا باشتره‌ له‌ ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ له‌تبوون خۆی بپارێزێ‌ ده‌ سه‌یركه‌ر بێت، وا باشتره‌ خۆی له‌ محوه‌ر به‌ندی بپارێزێ‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌شدار بوو ئه‌وا به‌ یه‌كگرتووی نامێنێته‌وه‌، له‌ت ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ت بوو،

ئه‌گه‌ر نه‌توانرا ئه‌مه‌ بكرێت، به‌ دیدی من هه‌ردوو لا هه‌ول بده‌ن له‌ ناو هه‌ردوو محور وه‌ك خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی خۆیان بمیننه‌وه‌، به‌ڵام نه‌بنه‌ دوژمنی یه‌كتر، تا دوای جه‌نگه‌ چاوه‌رانكراوه‌كه‌.

ببورن من وشه‌ی محوه‌رم به‌ كار هیناوه‌ له‌ جیاتی جه‌مسه‌ر.




ڕاڤیارنەوزاد لەنێوان (باوکی خۆی وباوکی سەردەم ) لەشانۆی (پرتەقاڵی خۆین ) دا


نوسینی یاسین سعید …

شانۆی پرتەقاڵی خۆێن دوا کاری شانۆی گرووبی پانتای شانۆی واڵا بوو کەلەبەرواری 11 -11-2017 لەهۆڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵبجەی شەهیدهاتەنمایش کەلەنوسین دەرهێنانی ڕافیارنەوزاد نواندنی کۆمەلێک کوروکچی پەیمانگا ….. هەرجەندەئاسان نیەلەبینینی یەکەم ڕۆژی نمایشدا پەی بەهەمووئەونهێنیانەببەیت بیگەیەنێتەمنی بینەرمنیش حەزدەکەم وەک بینەرێکی نمایشەکەتێڕوانین وتێگەشتنی خۆم لەسەرنمایشەکە شرۆڤەبکەم بەڕەچاوکردنی شێوازی ئیشکردنی ڕاڤیار چ لەڕووی فۆڕمەوەبێت یان شێواز کەنامەوێت هەندێک شتی تەقلیدی وبەسەرستافی ئیشەکەوڕاڤیاریشدا بسەپێنم بۆیەهیوادارم دونیابینی منی بینەرفراوانتروکراوەتربێت کەلەسەرئیشەشانۆییەکانی بەردەوام دەیەوێت شتێکبڵێت بەتایبەت وتێکشکاندنی کۆدوپەندەکانی تێکبشکێنێت کەهەست بەوردبینی دەکات بۆئەوەی لەڕووی فۆرم وپانتایەوونبوەکان بدۆزێتەوەکەدیگاوخەیاڵ وواقیع وگریمانەکان ناتوانێت وەک کەرەستەیەکی تەواوپێوانەبکات من لەم نمایشەدا هەم چێژوهەم جواۆیم بینی بێگومان بۆبینەرێکی ترگۆڕانکاری بەسەردادێت وئەوی بینەربینەری خۆی هەیەوکەهەرکەسەوبەپشت بەستن بەئاستی معریفی وجوان بینی خۆی دەکرێت بەشێوازی جیاوازلەنمایشەکەی پرتەقاڵی خوێن تێبگات وقسەی هەبێت لەم نمایشەدا تەکنیکی گێڕانەوەوچیرۆک بەشێوەیەکی(تەشبیهی ) واتالێکچویان بەخستنەبری ناوچیرۆک کەتەوصیف کردنی باوک بەسەردوولایەنی ناجۆری (خێزانی وحیزبی )یان سیاسی دابەشکردبوو هەردووباوک هۆکاری نەهامەتی وپەروەرددەی وبەهەدەردانی مادیەتی ژیاری کۆمەڵایەتین بۆیە ڕاڤیارلە تەواوی نمایشدا زیاترپەنای بۆ تراژیدیا بردوە هەروەک چۆن شکسپیرلەزۆربەی شانۆگەریەکانیدا پەنای بۆ تراژیدیا بردوە کەلەڕووی بونیادی درامیەوە ڕەخنەگرەکان شکسپیردەبەستنەوە بەئەرستۆوە بەڵام ڕاڤیارخۆی هەڵواسیوە بەئەنتۆنێۆئارتۆدا کەلەڕووی ئامادەبوونی دەقەوەهێڵەکانی لەسەر بونیاتناوە کەهەموو ئەکتەرەکانی خستبوەناو تراژیداوە کەسەرجەم هەڵچون وقیژەوهاوارەکان ومردنی باوک ومراهیقیەتی کوڕو عەشقی کچ کەلەپێناوبەدەستهێنان وخۆگونجاندنی لەگەڵ جیهانی مۆدرێنەدا بۆیە ڕاڤیار نەی دەتوانی لەنێو ئەم گێژاوەزۆرەدا چارەسەرێکی درامی بدۆزێتەوە بۆنمایشەکە وەک پرسیاردایە دەستی بینەر کەواتە وەزیفەی باوک کۆتایپێهات ئەگەرلەجێگەی کورە گەورەش بێت یان باوکەحیزب هەروەک چۆن سەرجەم دایەلۆکەکانی نێونمایش دەرهاوێشتەی خەیاڵ نین ولەواڤیعدا بوونی هەیە بەڵام ڕاڤیار ویستی ڕوداوەکانی نێو نمایش بکاتە یەکەمین فاکتەر لای بینەرو.

وروژاندنی هەست وخەیاڵی بینەرلەناویدا زۆر جاردڵ ڕەقی مرۆڤەکانی وانیشان ئەدا کەدەگاتە ڕادەیەک کەپەنابۆ هەندێک شتی نامۆ ببات وەک کوشتن وسوتاندن کەنەبوو .. من لە تەواوی نمایشەکەدا جوان وبێگەردی مرۆڤم بەدی نەکرد کەچۆن خۆشەویستی دەکات یان پرۆسەی خێزان زیاد دەکات کەخۆی بۆخۆی خێزانێک بوو جگەلەکۆتادا لەڕێگەی دانەوەی کارەساتی قیستی موبایلەکەوە.. وەک وەڵامێک بۆ خاوەن قیست وتەواوی کۆمەڵگا وخێزان کەئیترئەوئازادەو وەک پیاوان جۆن لەهەڵپەی وەڕیندان ودەچنەپێستی سەگێکی برسیەوە.ئەویش باکی نیە بەوەڕینی کۆمەڵایەتی بۆئەوەی گومانەکانی ناوخێزان وکۆمەڵگا خەفەبکات وبوونی خۆی بسەلمێنێت جگەلەم هەموو جوانیە نازانم بۆ ڕاڤیار نەی دەتوانی گرێی دەروونی لەم نمایشە تراژیدیەدا دروست بکات کەپێمان بڵێت حاڵەتەدەرونیەکان چەند کاریگەری هەیەلەژیانی مرۆڤ وخێزاندا کەمرۆڤ چۆن دەبێتەهۆی هۆکارێک بۆ ڕوخاندن وهەڵتەکاندنی ژیان کەلەئەنجامی دەرهاوێشتەکانەوە دروست بوە ڕاستەسەرجەم دایەلۆگەکانی نێونمایش ڕەنگدانەوەی ئەم سەردەمەبووکەپەیوەندی توندوتۆڵیان پێکەوەهەیەودەقی نمایش لەکاتی پرۆڤەدابونیات نراوە بەڵام بەزۆر هەوڵی ئەداببێتەدەقێکی ئەدەبی وڕۆح بکات بەبەریدا بەڵام بەبڕوای من نەی ئەتوانی چونکەبەجۆرێک لەماناکان تێکستکەی لەسەربنەما بونیات نەنابوو واتە(بنەمای خێزان کەباوک گەورەیەوبنەمای حیزب کەئەمڕۆجێگەی باوکی گرتۆتەوە ) کەشۆڕشگێربوەو شانازی بەخۆیەوەدەکات .. بەڵام ئەوەی کەسەرنجی منی ڕاکێشابوو کەسێکی نادیاری وەک خاوەن مۆلیدەبۆکۆکردنەوەی پارەی کارەبا.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات وگۆڕانکاری ڕووناکی ناوخێزان بەنەبونی پارەی مۆلیدە ئەو ڕوناکیە پێکەوەژیانەی ناوخێزان کز کز دەبوو کێشەکانی سەری هەڵدەدا … کەلەم نمایشەدا هەموو ترادسێۆنەکۆمەڵایەتی سیاسی وتەکنۆلۆژیا تێدا ڕووخاوە. بۆیە لەڕوانگەی ئەنتۆنێۆ ئارتۆوە هەوڵیداوەشتەکانی نێو نمایش هەڵماڵێت لەگەڵ سەرجەم خوارو خێچیەکان وەک خراپ بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیاو تەکنۆلۆژیا لەسەرئاستی تاک وکۆ دەخاتەڕوو جگەلەوەی کەهێڵی سەرکی نمایشەکە بریتی یە لەخزاندنەناوچەمک وفەلسەی ئارتۆی وکەشانۆ خۆی بۆ خۆی دەرگایەکەبۆ شتەخەفەکراوەکانی ناخی مرڤ .




دیموكراسیه‌تێك به‌ هه‌وای ئیمام …!! … جوتیار

ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ ناتوانێت بڕوای پێبكات ئه‌و چیرۆكه‌ خه‌مباره‌یه‌ ‌كه‌ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوایه‌كان له‌ دوای ڕوخانی ده‌سه‌ته‌ڵاتی سه‌دامه‌وه‌ به‌ ناوی دیموكراسی و ئاڵگۆری ته‌وژمه‌ نوێكانی بنیادنانه‌وه‌ی سیاسی بۆ كۆمه‌ڵگای عێڕاقیان هێنا؛‌ ئه‌و چیرۆكه‌ كه‌مێك به‌ چیرۆكه‌ خه‌یاڵیه‌كه‌ی (سانده‌رێلا) ده‌چێت كاتێك ژنه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ده‌یه‌ویست پێڵاوه‌كه‌ی (سانده‌رێلا) به‌ زۆری زۆرداری به‌ پێی كچه‌كه‌ی خۆیدا بكات و بۆ شازاده‌ بیسه‌لێنێت كه‌ كچه‌كه‌ی ئه‌و خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و پڵاوه‌ سیحریه‌یه‌.. ‌دیموكراسیه‌تیش بۆ كۆمه‌ڵگای ئێراقی له‌ سایه‌ی ئه‌و حوكمه‌ هه‌زه‌لیه‌دا له‌ ئه‌قلی پاكتاوكراوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێستای كۆمه‌ڵگای عێڕاقیدا له‌ وانه‌یه‌ بۆ ئه‌مریكیه‌كان و خودی خه‌ڵكی عێڕاقیش له‌ خه‌ونێك بچێت تا ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی واقیع و جێگیر، كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ بۆ خه‌ڵكی عێڕاق له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ به‌ درێژایی هه‌بوونیان له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ جیۆگرافیایه‌ی زه‌ویدا هیچ كات وه‌كوو ئێستا غه‌رقی ئه‌و وێرانیه كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌هله‌ سیاسییه‌ ‌نه‌بونه‌ته‌وه‌؛ من پێم وایه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ ئێستادا له‌ سایه‌ی ئه‌و كه‌شه‌ سیۆكراسی و ناچاركراوه‌ به‌ سونه‌ت و ده‌لالاته‌ مه‌زهه‌بیه‌كان خراپترین و تاریكترین ڕۆژه‌كانی مێژوو و بوونی خۆی تێده‌په‌ڕێنێت و به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ له‌ ژێڕ سێبه‌ری یاسا مرۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یه‌كانه‌وه‌‌‌ لاقه‌ ده‌كرێت.

ئه‌و ڕه‌وشه‌ دراماتیكییه‌ و ناسه‌قامگیره‌ی‌ سه‌پێندراوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ عێراق دا له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ووڵاتانی ئاڵوده‌ به‌ نه‌وتی ڕه‌ش؛ دیدگایه‌كی بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ بتوانێت لێیه‌وه‌ له‌ نزیكمه‌ودادا چاوه‌ڕوانی هیوایه‌ك بێت، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا به‌ ناوی دیموكراسیه‌تی ڕۆژئاوا له‌ هه‌ناوی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی ئێراقیدا خۆی ده‌نوێنێت پێمان ده‌ڵێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ گه‌مه‌كردنێكی نایه‌كانگیری سیاسی ناڕه‌وا زیاتر مه‌دلولاتێكی تری نییه‌.

ڕادیكالیزمی ئیسلامی گه‌یشتۆته‌ ئاستێك خه‌ریكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بوون و ناسنامه‌ی مرۆڤبوونی خه‌ڵكی عراق ده‌كات، خه‌ریكه‌ ده‌ستكه‌وته‌ جوان و پڕ به‌هاكانی شارستانیه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌سڕێته‌وه‌، ڕۆژك به‌ ناوی خوداو ڕۆژێك به‌ ناوی پێغه‌مبه‌ر؛ ڕۆژێك به‌ ناوی محمدو ڕۆژێك به‌ ناوی علی، ڕۆژێك به‌غدادی و ڕۆژێك سیستانی، تازه‌ترینیشیان یاساو بنه‌ماكانی جه‌عفری كه‌ له‌ ڕیگایه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌یتر ژن ده‌خرێته‌ ناو بازنه‌ی ده‌‌ستدرێژیه‌ به‌ یاساكراوه‌كان و ئه‌وه‌نده‌یتر سوك و هه‌زیل ده‌كرێت ، كه‌ له‌ فه‌رزكردنی واقیعێكی له‌و جۆره‌دا له‌ لایه‌ن نوێنه‌رانی حه‌وزه‌و حوسه‌ینیه‌كانه‌وه‌ له‌ ‌ناو په‌رله‌مانی ئێراقدا ئیتر هیچ كه‌سێك له‌ ته‌ماشاكا‌رێك زیاتر ناتوانێث ده‌ورێكیتر ببینێت و با هیچ ژنێكیش له‌وه‌ زیاتر تێنه‌گات كه‌ ئیسلام له‌و یاسایه‌ زیاتر شتێكیتر نییه‌ بۆ ئه‌و.

یاساكانی خوداو پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ( قورئان و شریعه‌) له‌ ڕژێمه‌ ئیسلامیه‌كاندا یاسای جێگیرن، ئێمه‌ كاتێك ده‌ڵێین قورئان و شریعه‌ واتا كه‌لامی خودا، كه‌واته‌ ئیتر ئه‌وه‌ بڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ تۆ بیر له‌ گۆڕین و هه‌مواركردنی بكه‌یته‌وه‌، كه‌لامی خودا ناتواندرێت ده‌ستكاری بكرێت چونكه‌ ئه‌وان له‌ سیسته‌مدا ده‌بن به‌ یاسا ، بنه‌ماكانی قوڕئان ناتواندرێن بگۆڕدرێن و به‌سه‌رده‌م بكرێن چونكه‌ ئه‌وان ده‌بن به‌ ڕ‌ێسای په‌یوه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ تایبه‌تیش له‌ ژێر سایه‌ی سیستێمی فیقهی ئیسلامی و شیعه‌گه‌رادا ، ئه‌وه‌ی باس له‌ ڕیفۆرم و ئینتێگراسیۆنی ئیسلام و سه‌وابته‌كانی بكات له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و ژیانی مۆدێرن ئه‌وه‌ درۆیه‌كی زۆرگه‌وره‌ له‌گه‌ڵ به‌ها ئینسانیه‌كان ده‌كات، ده‌سته‌ڵاتێك چۆن ده‌توانێت به‌و هه‌موو یاسا ره‌هاو بیڕوباوه‌ڕو ئیدۆلۆژیا شمولیه‌وه‌‌ كه‌ ده‌یه‌وێت تێكه‌ڵ به‌ سه‌رتاپای ژیانی ئینسان ببێت له‌ گه‌ڵ بنه‌ما دیموكراسیه‌كانی لیبڕاڵیزمی ڕۆژئاوایی هاوته‌ریب بكرێت و بگونجێندرێت ؛ مه‌گه‌ر مۆدێلێكی له‌و جۆره‌ی دیموكراسی ته‌نها له‌ ستراتیژ و سه‌وابته‌كانی دنیای سه‌رمایه‌داری و سیاسه‌تی پێنتاگۆندا جێكه‌وته‌ ببن.

ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا جێگای تێڕامان و ئیست له‌سه‌ركردنه‌؛ ئایا ته‌وژمی چه‌پ و ئازادیخوازی له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌توانێت چی بكات؟! ده‌توانێت ئیراده‌ی ئه‌لته‌رناتیڤێكی ڕاسته‌قینه‌و ئینسانی بكاته‌‌ ڕۆژه‌ڤ ، ئایا ئه‌وه‌ به‌ڕاستی بۆ چه‌پ و ئازادیخوازه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ تاكو ئێستا بۆته‌ ئه‌و پرسیاره‌ واقیعی و ڕ‌یشه‌یه‌یه‌ی كه‌ له‌ نێوان سه‌ركه‌وتن و دۆڕانێكی سیاسی درێژخایه‌ندا ده‌توانن چی هه‌ڵبژێرن؟! ، من ئه‌و پرسیاره‌ جێ ده‌هێڵم بۆ ئه‌و مه‌ودایه‌ی كه‌ شانسێك بۆ گشت لا‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێت تا ئیراده‌ی خۆی تێدا تاقیبكاته‌وه‌ به‌ر له‌ ڕودانی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ترسناكه‌ی كه هیچ كه‌سێك‌ نازانێ كێ تیایدا به‌ دۆڕاو و كێ تیایدا به‌ براوه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.‌ ‌




نەوەی ئایندە و هەڵە سیاسیەکان … ئارام ئازاد

کە دەربارەی دەسەڵاتی ڕەها دەخوێنینەوە ڕەنگە پێمان وابێ شوناسی ئەو دەسەڵاتە لە هەموو وڵاتێکی دنیا وەک یەک بێ و پێناسێکی گشتی هەبێ بۆدەربڕینی ، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ئەم دەسەڵاتە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە ئەوەش بە جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی و توانایدەسەڵاتدار بۆ بەڕێوەبردن ، دەسەڵات ڕای میللەت دروست دەکا بە باش و بە خراپ ، باش و خراپیش وەک دوو پەیکەری پەرستن وان ئەوەی باش تاماوەیەکی درێژ لە بیر و هزران دەمێنێتەوە و ئەوەی خراپیش بە شکاندن و مەرگی ئەو پەیکەرە بە کۆتا دێ .
جۆرج ئۆرویل لە کتێبی ۱۹۸٤ دا جوانترین وێنای دەسەڵاتداری و سیستەمی بەڕێوەبردنی کردووە ، کاتێک کە کۆمەڵێک کەس دەست دەکەن بەدروست کردنی وڵاتێک لەسەر خاکی بەریتانیا ، دەسەڵاتی ئەم وڵاتە نوێیە ژیانێک بۆ خەڵکەکە دروست دەکەن بە فرو فێڵ و درۆ ، لە هەموو شوێنێکتی ڤی گەورە دادەنێن بۆ ئاراستەکردنی خەڵک ، ئەوەی ئەم ئاراستەیەش بەڕێوە دەبا دوو پارتن یەکیان پارتی (ناوەخۆ) و ئەوەی تریان پارتی (دەرەوە)و لەسەروی هەموشیانەوە (برای گەورە) یەک هەیە کە ئاراستەی دوو پارتەکە و گشت دەکا ، وەزارەتی راستی کاری تەنها بڵاوکردنەوەی بابەتیناڕاستە ، وەزارەتی ئاشتی گرنگی تەنها بە شەڕ دەدا و وەزارەتی خۆشەویستی تەنها کار لەسەر ئازاردانی ناخ و دەرون و مێشکی خەڵک دەکا.لەمەودای ئەم کتێبەوە دەتوانین وێنای بارودۆخی کوردستان بکەین کە چۆن بەڕێوە دەبردرێین لەلایەن پارتی ناوەخۆ و دەرەوە و چۆن تی ڤی یەکانکاتێک هەواڵێک دەخەنە بەر گوێمان بە ئۆ کەی یەکی باوەڕ بەخۆهێنەر وەڵامیان دەدەینەوە و هەواڵەکەیان لێوەردەگرین و چۆن وەزارەتەکان درۆ وشەڕمان توش دەکەن و خەڵکێکی هەژار دەبێ باجەکەی بدا ، هەرچی وشەی خۆشەویستیە بوونی نەماوە و لە شوێنی ئەو سیاسەتی چەوت و بێ دەنگکردن بە کوشتن لە هەمبەری هەیە .

ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆی کوردستان بەڕێوە دەبا شکستی خۆی ڕاگەیاندووە ، نزیک ٢٠ مليار دۆلاری قەرز بۆنەوەی دوای خۆیان لە دەسەڵات وەک میرات دەهێڵنەوە ، نیوەی خاکی لەدەست دراو و نیوە لە ئەگەری هەموو خولەکێک حازری شەڕ بە دەهێڵنەوە ،لە هەمویشی گرنگتر کۆمەڵێکی گەنج کە مێشکیان جگە لە چەک قسەی تر وەرناگرێ دەهێڵنەوە ، لەنێو ئەم هەموو گێژاوە سیاسی و ئابوری و فیکریەنوقتەیەک لە هیواش نابینرێ لەم هەموو ڕەشبینی و تاریکیە بۆ نەوەی ئایندە لە حوکمڕانی کوردستان چونکە هەڵە سیاسیەکان هێندە زەق و ئابوریەکانهێندە بێ ئومێدی و فیکری گەنج هێندە شەرمهێنەرە کە نازانی کام ڕێگایە بەرەو ئاسۆیە ، وەک دکتۆر ئەحمەد زوەیل ڕوو دەکاتە کۆمەڵانی خەڵکیعەرەب بە تایبەتی گەنج و لەدژی دەسەڵاتدارانی عەرەب پێیان دەڵێ ( ڕۆژئاوا زیرەک نین ، ئێمە گێلین ، ئەوان تەنها دێن پشتگیری دەسەڵاتی شکستخواردوو دەکەن تا سەرکەوێ ، ئێمەیش دژایەتی سەرکەوتوو دەکەین تا بکەوێ ).لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژە بەو بدەم کە چەمکی شکستم هێنا پێویستبوو ببێ بە جۆرێکی فەلسەفە و فەلسەفەزانان لێکدانەوەیەکی باشیان بۆ کردبا بۆ ئەوەی دەسەڵات هەرگیز پێی شەرم نەبوایە بڵێ شکستم هێنا.




کاریکاتێر .. وێنەکێشانی ئازادییەکان … هەندرێن خۆشناو

تۆوی ڕەخنە بە گشتی، و ڕەخنەی گاڵتەجاڕی بە تایبەتی، پێویستی بە خاکێکی بەپیت هەیە بۆ ڕوان و گەشەکردن، ئەویش خاکی ئازادی ڕادەربڕینە، ڕەخنە و ڕەخنەی گاڵتەجاڕی (النقد الساخر) کە هونەری کاریکاتێر و کارتۆنیش دەچێتە ئەو خانەیەوە، کە ستایلێکی زۆر تایبەتە لە ڕەخنەگرتن، بەداخەوە زۆرێکمان هەرسی ناکەین و لێی تێناگەین، لە بوارێکی برسی و تینو بۆ ئازادییەکان، ئەو هونەرە ئاسۆی بەرفراوان نابێت و لە بازنەیەکی تەسکدا قەتیس دەبێت، ڕۆڵی پێویستی خۆی ناگێڕێت، لەوانەیە بەخۆی ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی دژانیەوە.
هونەرمەندی کاریکاتێریست ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە، بۆیە دەبێت بە روحێکی شۆڕشگێڕانە بەردەوام بێت لە کارکردنیدا، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئازادی ڕادەربڕین و بواری داهێنان و ئەفراندن تێیاندا زۆر بەرتەسک کراوە، و تێگەیشتن لەو هونەرە زیندووە ڕەخنەگرە زۆر ڕووکەشیانەیە.

ئەوەی کە ئاشکرایە هونەری کاریکاتێر بەتایبەتیش کارتۆنی ڕۆژنامەوانی یان كه‌ هەندێک جار بە کارتۆنی سیاسی ناودەبرێت، کۆڵەگەیەکی بنەڕەتیە لە کاری ڕۆژنامەوانی سەردەمدا، ئەو ڕۆژنامەوانیەی کە بەبێ کاریکاتێر پێش ناکەوێت و توانای بەردەوامی و ململانێی لە بازاڕکردندا زۆر لاواز دەبێت، لە کاتێکدا کە بزانین هونەری کاریکاتێر بەهۆی ئەو جیاکاریانەی کە هەیەتی، دەتوانێت ببێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی خوێنەر، و گەیاندنی پەیامەکەی بە شێوەیەکی خێرا، و چەسپاندنی ئەو پەیامە لە هزر و مێشکی خوێنەردا، جیا لە هەموو هونەرەکانی تری ڕۆژنامەوانی لە نووسین و وتار و ڕاپۆرت و شیکار و وتوێژ …هتد.

بۆیە زۆر گرنگە کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەرگاکانیان واڵا بکەنەوە بۆ ئەو هونەرە کاریگەرە کە هونەری کاریکاتێرە، بەتایبەتی ڕاگەیاندنی کوردی، بۆ ئەوەی بتوانن شانبەشانی ڕاگەیاندن لە وڵاتانی تر هەنگاوبنێن و دوانەکەون، مخابن كه‌ ڕاگەیاندنی فارسی و تورکی و عەرەبی بەتایبەتی ڕۆژنامەوانیان، لەوبارەیەوە زۆر لە پێشترن و زیاتر هەستیان بە کاریگەریی هونەری کاریکاتێر و کارتۆن کردووە، و مەودایەکی فراوانی شایستەیان بۆ ئەم هونەرە فەراهەم کردووە.

ئاشکرایە کە کۆمەڵگە لە هەر وڵاتێکدا پێش ناکەوێت، ئەگەر مەودای ڕەخنەگرتنی تێدا نەبێت، ڕەخنەش بەبێ کاریکاتێر ئامانجی خۆی ناپێکێت، کاریکاتێریش بەبێ ڕۆژنامەوانی پەیوەندی لەگەڵ وەرگردا دەپچڕێت و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەدا لاواز دەبێت، هەتا رۆشنبیری قبوڵکردنی ڕەخنەش و سنگ فراوانی بۆ قبوڵکردنی ڕەخنە بەرپانەبێت، ئەو ئامانجە ئەرێنیە نایەتەدی کە پێشکەوتنی کۆمەڵگە و وڵاتە، ئەویش ئەستەمە بێتەدی هەتا کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەژێر دەسەڵاتی حزبی سیاسیدابن، مەودای ئازادییەکان بەرتەسکتر دەبن، کاتێک ئەو مەودایەش بەرتەسک بوویەوە، ئاسۆی بەرەو پێشوەچوونی هونەری کاریکاتێر ڕۆشن نابێت، بۆیە ڕاگەیاندن هۆی سەرەکی پێشنەکەوتنی هونەری کاریکاتێر و کارتۆنە لە کوردستاندا.

لە کۆتاییشدا دەبێت ئەوە لەبیرنەکەین، کە چەند ڕەخنەگرتنی هونه‌ری کاریکاتێر و کارتۆن توند بێت، ئەوە نیشانەی خۆشەویستیەکی توندە بۆ کۆمەڵگە، و خەمخۆرییەکی دڵسۆزانەیە بۆ بنبڕکردنی ئەو کەموکوڕیانەی کە بوونەتە هۆی دواکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیە.




سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داهێنانە

بە دروشمی (سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داهێنانە)، کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی یۆتۆبۆری چوارەمین دیداری فیلمی کوردی لە وڵاتی سوید ئەنجام دەدات، بڕیار وایە لە ڕۆژانی (24 تا 26)ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ دیدارەکە لە شاری یۆرتۆبۆری بەڕێوەبچێت، لەم دیدارەدا شەش فیلمی کوردی نمایش دەکرێت و چەند سیمینارێک بەڕێوەدەچێت،
فیلمی سینەماییەکان بریتین لە:
فیلمی (تونێلی مەرگ) دەرهێنانی (عەدنان عوسمان)
فیلمی (سیمای خۆڵەمێش) دەرهێنانی ( شاخەوان ئیدریس)
فیلمی (پەڕینەوە لە غوبار) دەرهێنانی (شەوکەت ئەمین گورگی).
کورتەفیلمەکان بریتین لە :
کورتەفیلمی (مایکرۆفۆن) دەرهێنانی (کەریمۆک)
کورتەفیلمی (سەرۆک) دەرهێنانی (ڕزگار حسێن)
کورتەفیلمی (خڕش) دەرهێنانی (سەرکەوت مستەفا)

ناونیشان :
FOLKETS HUS HAMMARKULLEN




گەشبین و باوەگوڕگوڕ … نووسینی/ رەزا شوان

چیرۆک بۆ منداڵان..

گەشبین کچۆڵەیەکی زیرەک و رووخۆشە، ئەمساڵ لە پۆلی شەشەمە، لە (قوتابخانەی قەندیل)ی بنەڕەتی لە گەڕەکی رەحیماوا، لە شاری کەرکوک، لە باشووری کوردستان.
گەشبین لە بەرەبەیانی رۆژی دوو شەممە (١٦ي/ ئوکتۆبەر/٢٠١٧) لە زرمەی تۆپ و لە نەڕ و هۆڕی تانک و زرێپۆش لە خەو راپەڕی.. بینی دایک و باوک و دیاکۆی برا گەورەشی لە خەو هەستاون و هەموویان بە دڵتەنگی و بە خەمبارییەوە دانیشتوون، رەنگ بە روویانەوە نەماوە.
گەشبین: باوکە، دایکە گیان، چی روویداوە؟ ئەم زرم هـۆڕ و تەقەکردنە چییە؟!

باوکی: کچم هێزێکی زۆری سۆپای عێراق و پاسدارانی ئێران و حەشدی شەعبی، بە تازەترین تانک و زرێپۆش و تۆپی قورسەوە، ئەمشەو پەلاماری شاری کەرکوک و دووزخورماتوو و چەند شوێنێکی تری پارێزگای کەرکوکیان داوە و داگیریان کردوون.
زۆر دڵڕەقانە و بێبەزەییانە، گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکوک بۆردوومان دەکەن.
گەشبین: بۆ بابە گیان.. چیمان کردووە؟
باوکی: کچی شیرینم ئێمە هیچ تاوانێکان نەکردووە.. تەنها لەبەر ئەوەی کە کوردین و كەرکوکیش شاری کوردستانییە.. دەیانەوێت بمان کوژن و کەرکوکیش داگیربکەن.
گەشبین خەمێکی قووڵ دایگرت و سوێ چووە دڵیەوە و متقی بردەوە.
بەیانی کە خۆرهەڵات، تەقەکردن و تۆپ گرتنە گەڕەکە کوردییەکانی ناو شاری کەرکوک نەوەستابوون.. باوکیان وتی: ئەم داگیرکەرانە نە ویژدان و نە رەوشتیان هەیە.. تا زوو با لە کەرکوک دەربچین، ئەگیان دەمان کوژن.. دەی خۆتان ئامادەبکەن با دەربچین .
دایکیان بە پەلە هەندێ جل و بەرگ و شتی پێویستی پێچایەوە، خستیانیە سەنووقی ئۆتۆمبیلەکەیانەوە. سواربوون و لە کەرکوک دەرچوون.. رێگای شوان و کۆیەیان گرتەبەر.. تا گەیشتنە شارۆچکەی تەق تەق کە لەسەر زێی بچووکە.. لەوێ دوو رۆژ لە ماڵی خزمێکیان مانەوە. ئەو دوو رۆژە لە خەفەت زیاتر، دڵیان خواردنیشی نەدەبرد.
بۆ رۆژی سێیەم گەشبین بە باوکی وت: بابە گیان من بەبێ کەرکوک ناتوانم بژیم.. گەر بشمان کوژن، پێمخۆشە بگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان.
باوکی: ئافەرین کچە ژیر و شیرینەکەم.. ئەوەی تۆ وتت لە دڵی منیشدایە.. کەرکوک زێـدی هەزاران ساڵەی باوک و باپیرانمانە.. چۆن دەبێت بۆ داگیرکەران چۆڵی بکەین.
دوای ئەوەی سوپاسی ماڵی خزمەکەیان کردن، کە بە ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکردن.. سواری ئۆتۆمبیلەکەیان بوون و گەڕانەوە بۆ کەرکووک.

لە خاڵی پشکنینی رێگای نێوان کەرکوک و هەولێر، کۆمەڵێک تانک و تۆپ و حەشدی شەعبی، جێگای پێشمەرگەیان گرتبۆونەوە، بە روویەکی زۆر گرژ و رقەوە لەو خێزانە کوردییانەیان دەڕوانین و تەشقەڵەیان پێدەکردن، کە دەگەڕانەوە بۆ کەرکوک.. چونکە ئەوان نەیان دەویست کورد بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان. ترس و تۆقینیان بڵاودەکردەوە، بۆ ئەوەی کورد لە کەرکوک هەڵبێن و نەگەڕێنەوە.
کە گەیشتنەوە ناو گەڕەکی رەحیماوا، ماڵەکانی کپ بوون.. شەقامەکانی بۆنی خوێنیان لێدەهات.. لە ترسی کوشتن و تاوانە قێزەوەنەکانی حەشدی شەعبی خەڵکی نەیاندەوێرا لە ماڵەکانیان دەربچنە دەرەوە.. بە دەیان تانک و تۆپ، بە هەزاران حەشدی شەعبی و سەرباز بە چەکەوە کەوتبوونە نێو گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری کەرکوک.. بە ئاشکرا و بێشەرمانە خەریکی تاڵانکردن و دزینی ئەو ماڵە کوردانە بوون کە لە ترسی تاوانەکانی حەشدی شەعبی نەگەڕابوونەوە ماڵەکانیان.
گەشبین کە ئەو کارە قێزەوەنانەی بینی، هێندەی تر سوێ چووە دڵیەوە، هێندەی تر خەم و خەفەت دایگرت.. پیشی بردەوە و هەناسەیەکی زۆر قووڵی هەڵکێشا و ئاخێکی کرد.. بازاڕەکەی رەحیماوا و کۆگانی داخرابوون.. تاک و تەرا خەڵکی لە دەرەوە دەبینران.
گەشبین: رۆژ باش رەحیماوا.. ئەی گەڕەکە شیرینەکەمان.

رەحیماوا: تا داگیرکەر لەم شارەدا بێت.. رۆژمان باش نییە.
گەشبین سەیرێکی قەڵاکەی کەرکوکی کرد: رۆژ باش قەڵا سەرکەش و دێرینەکەمان.
قەڵای کەرکوک: تا داگیرکەر لە کەرکوک دا بێت.. رۆژمان باش نییە.
گەشبین: رۆژ باش کەرکوک.. ئەی شارە خۆشەویستەکەمان.. زێدی باوباپیرانمان.
کەرکوک: تا ئەم داگیرکەرە دڕندانە لێرەدابن.. نە رۆژمان و نە ژیانمان باش نین.
گەیشتنەوە ماڵی خۆیان، وا هەستیان دەکرد کە دار و دیوارەکانی ماڵەکەشیان خەمبارن.
ئێوارەی هەمان رۆژ، گەشبین چووە سەربانی خانووەکەیان، بە غەمگینییەوە سەیرێکی مەشخەڵە هەمیشەییەکەی باوەگوڕگوڕي کرد.. کە لە لای کەرکوکییەکان زۆر پیرۆزە و سیمبولی شاری کەرکوکە.. چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک.. هۆن هۆن بەسەر روومەتە ئاڵەکانیدا دەهاتنە خوارەوە.. بە قوڕگێکی پڕ لە گریانەوە: ئێوارەت باش باوەگوڕگوڕی پیرۆز و خۆشەویستمان.
باوەگوڕگوڕ: ژیانت باش کچی شیرینم.. دەزانم بۆ خەمباری و ئەسرین دەڕێژی.. تکایە مەگری و خەم مەخۆ چاکتان کرد کە گەڕانەوە، هەواڵ بنێرە بۆ خزمان و ناسیاوەکانتان، با بە زووترین کات بگەڕێنەوە بۆ شارەکەمان.. گەشبین گیان ئومێدەوار و گەشبین بە.. دڵنیاشبە نە گـڕ و کڵپەی مەشخەڵەکەی من خامۆش دەبێت.. نە داگیرکەرانیش دەتوانن ناسنامەی کوردستانییەتی کەرکوک بسڕنەوە.. هیـواداربە و درێـژە بە خوێندن بدە.
ئەم قسانەی باوەگوڕگوڕ، هـیوایەکی تازەی بە گەشبین بەخشین.. بڕیاری دا کە درێژە بە خوێندن بدات و، بە ئەوپەڕی تواناشیەوە، بەبێ وچان و کۆڵنەدان، زیاتر تێبکۆشێت بۆ رزگارکردنی شاری کەرکوکی خۆشەویستمان لە داگیرکەران.
گەشبین ئەو وتەیەی مامۆستای زمانی کوردیشیان هاتەوە یادی، کە زور جار لە پۆلـدا دووپاتی دەکاتەوە و دەڵێ:” قوتابییە دڵسۆزەکانمان ئێوە هیوای داهاتووی کوردستانن”

نەرویـج: ٢٠١٧




یادەوەریەکان دەبنە هاودەنگ …. جەلال بەرزنجی

‎ساڵی ١٩٨٥، سێ برام، دایک، خوشکم و خۆم، لە گەڵ چەندەها کوردی تر لە حەپسخانەی ئەمنی هەولێر لە سەر ٣٥ سانتی مەتر دەخەوتین. ئەو دوو شیعرە کورتە رەنگدانەوەی هەستمە لە سەر ژیانی سەختی ئەو رۆژانە. لە ١٩٩٦. لە شەڕی پارتی و یەکیەتی هەڵاتم. دوای زەحمەتیەکی زۆر گەیشتمە کەنەدا. باسی ئێستا ناکەم. باسی ئەو کاتە دەکەم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەزکیەی حزبی، بە پارەی نەوت و گاز، رێژەیەکی زۆری لە خەڵک بە پلەی بەرز.خانەنشین دەکرد. فەرمانبەری بن دیواری دادەمەزراند. کە بەسەردان دەچوومەوە، دایکم دەیبینی، ئەو وەزیفەی دوای زەحمەتی چەندەها ساڵ بە دەستم هێنا، لەدەستم داوە، دەیگووت”کوڕم لە ناخؤشیەکەی لێرە بوویت و لە خۆشیەکە بێ بەشیت.
بە زندی چاوان خۆت لە گۆڕ نایە”
‎١ -یادەوەریەکانم، بە ئاسانی دیواری ئەستووری زیندان. دەبڕن. لە شوێنەتابوت ئاساکەم دەبنە هاودەنگم !
‎٢-پۆلیسە ئەمنەکە زوو دێت. تۆپەکلیلێکی بەدەستەوەویە. هەر بە رێگاوە، کلیلی دەرگای ئەو ژوورەی، سێ کیلۆمەتر دوور لە ماڵەوە، لێی زیندانی کراوم ئامادە دەکات. دەرگا،لە پشتەوە .1987ڕا دادەخات.




مافی منداڵ … ڕۆستەم خامۆش

ئـەمــڕۆ جــاڕنــامــەی جـیـهـانـــە
ڕۆژی مــــافــــــی مــنــــداڵانـــە

بیسـتی مـانـگـی نـۆڤـەمبەر بــوو
بەڵێ ، چەند ساڵ لەمەوبەر بــوو

ئـــەو ڕۆژە بـــــــوو بــڕیــار درا
مــافـــی مـنـــداڵ دیـــاری کـــرا

بەڵـێ ، بەڕاسـت ، کـە ڕۆژێ بــوو
زۆر ، زۆر پێویست و لەجێ بــوو

ئێـمـەش دەڵێـین : لێتـان پـیــرۆز
مـنــداڵانــی دڵ پـــڕ لـــە ســــۆز

گـیـانـی ئــێـــوە پــــڕ هـیــوایـــە
مـافــەکـانـتــان گـشـــت ڕەوایـــە

ڕۆستەم خامۆش
هەولێر 2012/11/7




ئه‌مریكاو نه‌وه‌ی نوێ‌ … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

یه‌كێ‌ له‌ بنه‌ما فه‌لسه‌فی و سیاسی و فیكری ئه‌مریكا خۆنوێكردنه‌وه‌یه‌تی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، به‌ ئامانجی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، له‌م رێگایه‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێ‌ هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتن و ده‌ربڕینانه‌ی هه‌ندێ‌ له‌ توێژه‌رانی سیاسی و ئابوری ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌، كه‌ چاره‌نووسی ئه‌مریكا به‌ چاره‌نووسی به‌ریتانیای گه‌وره‌ ده‌شوبهێنێ‌، ئه‌و به‌ریتانیایه‌ی ڕۆژێ‌ له‌ ڕۆژان خۆری لێوه‌ ئاوا نه‌ده‌بوو.

ئه‌مریكا تا گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ی ئیمپڕاتۆرییه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ‌، بۆ ئه‌م به‌رده‌وامییه‌شی پێویستی به‌ ئالوگۆڕی نه‌وه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ مومكین نییه‌ له‌مه‌ودوا بتوانێ‌ له‌ رێگه‌ی پیره‌كانه‌وه‌ ئه‌و رێیه‌ دورودرێژه‌ی له‌به‌رده‌میدا ماوه‌ بیبڕی، وه‌ك چۆن ده‌مێكیشه‌ تێروانینی سیاسی ئه‌مریكا بۆ ته‌واوكردنی ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانی گۆڕاوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ رابردوودا ته‌نیا پشت و په‌نای سه‌ره‌ زله‌كان بووبێ‌ ئه‌وه‌ له‌ ئێستادا و ده‌مێكیشه‌ وازی له‌سه‌ر زله‌كان هێناوه‌ و زیاتر بایه‌خ به‌ به‌ده‌ست هێنانی متمانه‌ی گه‌لان ده‌دا، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ رێگای هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی نوێدا، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و وڵات و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی نه‌توانن ئه‌و نه‌وه‌ نوێه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌، ڕۆژ به‌ ڕۆژ خۆریان ڕوو له‌ ئاوا بوونه‌.

ئه‌مریكا زۆر به‌وردی سه‌رقالی تێفكرین و لێكۆلینه‌وه‌ی ورده‌ له‌سه‌ر سروشتی كۆمه‌ڵگاكان و جۆری ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ سه‌روشتیاندا ڕووده‌ده‌ن.
هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ تازانه‌ش زیاتر له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ری 2001 –وه‌ هاتنه‌ پێش، له‌وێوه‌ قۆناغێكی نوێ‌ و وه‌رچه‌رخانێكی ریشه‌یی له‌ زهنی ئه‌مریكییه‌كان سه‌ری هه‌ڵدا.

له‌ دوای ئه‌و مێژوه‌وه‌ “تۆماس فریدمان” له‌ وتارێكیدا له‌ سه‌ر نه‌وه‌ی سێیه‌می ئێران ئاماژه‌ بۆ خاڵێكی زۆر گرنگ و هه‌ستیار ده‌كات كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ تێگه‌یشتن له‌و ئاماژه‌یه‌، تێبگه‌ین ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووده‌دات له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی ئه‌مریكا بۆ ئێران و سعودیه‌ چییه‌؟ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌زهه‌به‌كانی سوننه‌ و شیعه‌ له‌ زهنی ئه‌مریكادا چ گۆڕانكارییه‌كیان به‌سه‌ردا هاتوه‌؟

تۆماس فریدمان له‌و وتاره‌یدا به‌دوو ڕسته‌ جیاوازییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێی ئێران و سعودیه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، فریدمان نه‌وه‌ی سێیه‌می ئێران زۆر جیاواز له‌گه‌ڵ هاوسێكه‌ی سعودیه‌ نیشان ده‌دات، به‌ شێوه‌یه‌ك پێی وایه‌ سعودیه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ گه‌نجانی هه‌ژار و توندڕۆ و دوژمن به‌ ئه‌مریكا زیاد ده‌كات. ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ رژێمی وڵاته‌كه‌یان به‌ ڕژێمێكی گه‌نده‌ڵ و نا ئاینی و سه‌ر به‌ ئه‌مریكا بزانن.
له‌به‌رامبه‌ردا ئێران ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌نجانی هه‌ژار و كه‌متر ئیسلامی و كه‌متر به‌ چاوی دوژمن سه‌یركردنی ئه‌مریكا زیاد ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك ناڕه‌زاییه‌تییه‌كانی گه‌نجانی ئێرانی له‌ به‌رامبه‌ر ڕژێمه‌كه‌یاندا زیاتر له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، كه‌ وه‌ك ڕژێمێكی “سیوقڕاتی” بووه‌ته‌ زیاتر دوورخستنه‌وه‌ و دابڕانیان له‌ جیهان.

به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌و به‌راورده‌ی تۆماس فریدمان، ده‌توانین له‌و تێگه‌یشتنه‌ نزیك ببینه‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕوو ده‌دات، چونكه‌ ته‌نیا خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوان سعودیه‌و ئێراندا لایه‌نی هه‌ژارییه‌كه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان بۆ ئه‌مریكا خاڵێكی ئیجابی هاوبه‌شه‌، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تری رۆحی ئیسلامیه‌تی و رق و قینه‌ی زیاتر به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكا، ئه‌مه‌یان ئه‌و ستراتیژه‌یه‌ كه‌ له‌ قۆناغی نوێی ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌مریكییه‌كان له‌ دوای 11-ی سپتێمبه‌ره‌وه‌ به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ (ئه‌و ڕق و كراهییه‌ته‌ی گه‌ڵانی ئیسلامی له‌به‌رمبه‌ر ئه‌مریكادا له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌؟)
بۆیه‌ هه‌مووان ده‌بێ‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن ئه‌مریكا سه‌رقاڵی لانی كه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی رق و قینه‌ی گه‌لانه‌ له‌به‌رامبه‌ر خۆیدا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كات نه‌ك هه‌ر ناتوانێ‌ ببێ‌ به‌ ئیمپراتۆر، به‌ڵكو ناشتوانێ‌ به‌ كرده‌وه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ش به‌ڕه‌ونێته‌وه‌ كه‌ باس له‌ چاره‌نووسی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، كه‌ دوور نییه‌ به‌ ده‌ردی ئینگلیز بچێت.

لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ی مه‌ن تێیگه‌یشتبم له‌و گه‌مه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌یه‌دا ئه‌مریكا ده‌بێ‌ ئێران بباته‌وه‌، سعودیه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌توانێ‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی تۆماس فریدمان ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌ چاره‌نووسه‌كه‌ی جگه‌ له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ شتێكی دیكه‌ نابێت.
سه‌ركردایه‌تی كوردیش ده‌بێ‌ له‌وه‌ تێبگات نه‌وه‌ی یه‌كه‌م كۆتاییان هاتوه‌.




پرسه‌ی بیرمه‌ند مامۆستا كه‌ریم زه‌ند

شوێن: ماڵی چرۆ زه‌ند — تۆرۆنتۆ

Date: 18/11/2017
Time: 2:00 to 7:00
Place: 45 Silver Springs Blvd
Toronto, Ontario,
M1V 1R2




گۆڕان … ستار ئه‌حمه‌د

بازێك له‌نمه‌ی عه‌شقم ده‌ترسێ
چونكه‌ زۆر تیری راوكه‌ری دیوه‌
ده‌مێكیش بازگه‌ی چه‌قۆو داو بووه‌
ته‌نانه‌ت تۆڕو ته‌پكه‌ی چنیوه‌

…………………….

ماران گه‌سته‌یه‌و له‌ با سڵ ده‌كا
له‌خشپه‌ی هه‌ستی مه‌لیش ده‌تۆرێ
بۆیه‌ شه‌وانه‌ لانه‌ی له‌ناخم
به‌گه‌ڵاو لاسكی عومرم ده‌گۆڕێ

………………………..

باز ئه‌دا به‌سه‌ر برینی خاكا
له‌تیشكی ئاسمان زاڵه‌ی ده‌ته‌قێ
نسرمی ئه‌شكه‌وت به‌چاك ده‌زانێ و
بۆ چركه‌ساتێك نایه‌ته‌ سه‌ر ڕێ

……………………….

ئیتر من له‌كوێ گوێم له‌ده‌نگی بیت
یاخود له‌سه‌ماو دیمه‌نی تێربم
به‌كێ ره‌وایه‌ هه‌تاكوو ده‌مرم
له‌چاوه‌ڕوانی ژوانیا كوێر بم

……………………….

ستار ئه‌حمه‌د




چوار ڕیان ..!! …. مەولود ئیبراهیم حەسەن

بێ تاقە ت بووم
هێندە ی
لە چوار ڕیانان
بنێشت
بكڕم و نە یکڕم !!
***
بێزار بووم
هێندە ی
لە چوار ڕیانان
فرمێسکی وشک
بە کڕێن و نە کڕینی
کلینیکس
بسڕم و نە یسڕم !!
***
هیلاک بووم
هێندە ی
لە چوار ڕیانان
من بیدە م و
خودا نە یدات
خودا بیدات و
من نە یدە م !!
***
شە کە ت بووم
هێندە ی
لە چوار ڕیانان
دە ستی بچوک
ببێنم
جامی سە یارە کە م
پاک بکاتە وە و
ڕە نگی سە وز
لینە گە ڕێ
دە ست بکە م
بە باخە لما !!
٢/٢٠١٦
*******
خوێندن.. !!
********
کتێبە کانم،
ماندوون
نامگە یێننە سە ری ساڵ ..!!
***
جانتاکە م ،
باری گرانی خوێندنی
بۆ هه ڵناگیرێ
تا بە ردە می پۆڵ..!!
***
باوکم..
ئە مساڵ
دڵگە رم نیە
بۆ بانگ کردنم
بە یانیان زوو..!!
***
مامۆستا کە م ..
گە رووی نووساوە
دە نگی ناگاتە
کۆتایی پۆڵ..!!
***
چاو دێر
خە ڕکە
زە نگی ژیان لێدە دات ..!!
*********
قوتابی..!!
*******
کتێبە کانم
گۆڕیە وە
بە فلچە ی سڕینە وە ی
ماشێنە جام رە شە کان ..!!
***
پۆلم گۆڕیە وە
بە غارە غاری سە رشە قام
بە دوای نانی دزراودا ..!!
***
قوتابخانە م
گۆڕیە وە
بە کۆمە ڵگایە کی
بێ مامۆستا
بێ سنوور ..!!
***
دواڕۆژم
گۆڕیە وە
بە کاسبی بێ سە رمایە
بە سوکایە تی هه رزان ..!!

***
خە ونم
گۆڕیە وە
بە جوانیە کانی ڕابردوو
بە تالیە کانی داهاتوو..!!
***
ڕۆژگارم
خە ریکە
زۆر زوو تێدە پە ڕێ..!!
١٥/٦/٢٠١٦ – هه ولیر
**********
نە گونجان ..!!
**********
منداڵێک لە ناخمدایە
توڕە نابێت
بە ڵام ، ماندە گرێ ..!!
***
منداڵێک لە ناخمدایە
بڕوام پێ ناکات
کە چێ لە ناخمدا دە خە وێ ..!!
***
منداڵێک لە ناخمدایە
نابیتە هاوڕێم
کە چێ دوژمنایە تیم ناکات ..!!
***
منداڵێک لە ناخمدایە
خۆشی ناوێم
بە ڵام ، ڕقی لێم نابیتە وە ..!!
***
منداڵێك لە ناخمدایە
ژیانی لێ تاڵکردووم
کە چێ خۆشم دە وێ..!!
***
بە م سە ری سپیە وە
منداڵێک لە ناخمدایە
نە جێم دێلێ
نە لە گە لم دە گونجێ،
منداڵێک لە ناخمدایە ..!!

****** ٣٠/٥/٢٠١٦ – هه ولیر




کچە نۆ ساڵییەکان و پیاوە شەهوانییەکان


نووسینی سیراون عوسمان عەلۆ ….

ئەو یاسایەی لە عێراق دەرچووە کە کچ لە تەمەنی نۆ ساڵاندا بە شوو بدرێت. ڕاستترە بوترێ بە پیاو بفرۆشرێ بە هیچ شیوەیەک نوێ نییە. عائیشەی کچی ئەبوبەکر لە شەش ساڵی دراوە بە پێغەمبەر. بە قسەی هەموو مێژونووس و موفەسیرەکان لە نۆ ساڵیدا نیکاحی لەگەڵ کردوە. نیکاحی ڕاستی دەنا پێشتر (مفاخذە)ی لەگەڵ کردووە. مانای ئەوەیە ئەندامی پیاوەتی خۆی لەنێوان ڕانەکانی ناوە. ئەو کاتەی عائشە بۆ پێغەمبەر دەهێنن لەسەر جۆلانە دانیشتوە و بووکە پەڕۆینەی لە باوەش بووە. مانای وایە هێشتا کچێکی بچووک بووە. بەپێی هەموو مەزهەبەکان پیاو دەتوانێت هەر کچێک بکڕێت کە تەمەنی یەک ڕۆژە.

هەر هێندە زانرا ئەوەی لە دایک بووە کچەو کوڕ نیە باوک دەتوانێت نرخی لەسەر دابنێت و بە هەر پیاوێکی تری بفرۆشێت با ئەو پیاوە تەمەنی هەشتا بێت و سێ ژن و دەیان کەنیزەی هەبێ. ئەمە شەرعی ئیسلامەو لە قوتابخانەکاندا دەخوینرێ. پارتی و یەکێتی ئەوەیان لە قوتابخانە بە قوتابی خوێندووەو ڕێگای مەلایان داوە لە مزگەوت بە شانازیەوە باسی بکات. ئەمە یەکێکە سەوابتەکانی ئیسلام. نەوشیروان مستەفا هەموو جارێ تەئکیدی لەسەر سەوابتەکان دەکردەوەو دەیوت لێیان لانادەین. ئەمە یەکێکیانە. ئایا یوسف محەمەدی سەرۆکی پەرلەمان و هەموو ئەو ئیسلامیانەی وەک ڕاوێژکار لای خۆی دایمەزراندوون باوەڕیان بەو شەرێعەتە نییە؟ باوەڕیان پێیە و کاری بۆ دەکەن. ژن لە ئیسلامدا نرخی نیە و ناشبێت هەیبێت. ڕاستە ئەمڕۆ هەندێک لەو ئیسلامیانەی هەست بە شەرمەزاری دەکەن دەیانەوێت پینەی بکەن و سەتان پاساوی بۆ بێننەوە گوایە ئایەت و حەدیسەکان بەو شێوەیە نین بەڵام بەشێکی هەرە زۆریان بە شانازییەوە دەڵێن ئەوە دینەکەمانە و هەر ئەوەش ڕاستە.

زۆر جار گوێمان لێدەبێت دەڵێن ئەو پایەیەی ئیسلام بۆ ژنی داناوە زۆر بەرزەو لەهیچ دین و باوەڕێکی ترا ئەو پایەیەی نییە. مەلاکان ئەڵێن لێدانی ژن هەر خۆی گەورەترین ڕێزە ئیسلام بۆ ژنی دانابێت.
پێشتر لەو بارەیەوە گوتارێکم نووسیوە، کە لێرەدا پوخەتەکەی دەخەمەوە بەرچاو. با بزانین ژن لە شەریعەتی ئیسلامدا چ پایەیەکی هەیە:
ژن و سەگی ڕەش و کەر ئەگەر بەپێش پیاودا هاتن و ئەو پیاوە خەریکی نوێژ بوو ئەوە نوێژەکەی قەبووڵ نییەو دەبێ دەستپێبکاتەوە.
پیاو بە دوو شتی تر دەستوێژی دەشکێت یەکەم بە گوو (پاشەڕۆ) و دووەم ئەگەر دەستی بە دەستی ژن بکەوێت.

بۆ شایەتی دوو ژن بە یەک پیاو حیساب دەکرێن با ئەو دوو ژنە نووسەر و بلیمەت بن و پیاوەکە گەمژە بێ.
ژن لە میراتدا نیوەی پیاو وەردەگرێ.
لە منداڵی بێ ئەوەی هیچ پرسێکی پێ بکرێت بۆیان هەیە بیدەنە پیاوێکی پیر.
ئەگەر ژن یەک شەو بە قسەی پیاو نەکات و ئارەزووە سێسکییەکانی تێر نەکات بەدرێژایی شەو فریشتە نەفرەتی لێ دەکەن.
پیاو دەتوانێ لە ژن بدات و پشتی تێبکات (لەگەڵی نەخەوێ) بەڵام ژن هەر بۆ ئەوەیە خزمەتی پیاو بکات.
هەر ئۆمەتێک ژن بەڕێوەی ببات ئەوە نابێتە هیچ چونکە ژن ئەقڵی کەمە.
دینی ئیسلام ڕێگای داوە موسڵمان لە سێ حالەتدا درۆ بکات کە یەکێک لەو حاڵەتانە ئەوەیە پیاو درۆ لەگەڵ ژنی خۆیا بکات.




داستانی دایکێکی ئازا – ..هاوارێکی کاسکەر دژ بە جەنگ… ئێمە لە کوێیداین !


نووسینی: عەبدوڵا حبە
لە عەرەبیەوە / نەجات عەزیز
….

گۆڤاری “تیاتر”ی ڕوسی نمایشکردنی شانۆگەری “دایکە کۆراژ و کوڕەکانی” لەسەر هۆڵی شانۆی دۆیچە تیاتر لە بەرلین بە یەکێ لەو دە شانۆگەریانەی کە جیهانیان هەژاند داناوە. وادیارە ئەم داستانە مرۆڤایەتیە وێناکردنێکی زیندویانەی جەنگە، تەنانەت لە جیهانی عەربی خۆیشماندا لەم دەیانەی دواییدا کە ئاگری کۆمەڵێک جەنگ کەوتۆتەوە کە هیچ بەرژەوەندیەکی دانیشتوانی ناوچەکەی تێدا نیە جگە لە تیاچوون و ماڵوێرانی و کاولکاری بۆ ناوچەکە.

برتۆڵت برێخت (١٨٩٨-١٩٥٦) ئەم شانۆگەریەی لە سوید نوسیوە کاتێک هەڵهاتبوو لە ئەڵمانیای نازی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی تری ئەڵمان، دوای ئەوەی هتلەر دەستی بە کتێب سوتاندن کرد لە گۆڕەپانە گشتێکاندا وکەوتە ڕاوەدونانی هەموو ئەوانەی دژ بە ڕژێمە فاشێکەی بوون. برێخت وای دانابوو شانۆگەرێکەی کە هاوارێکی هەورە گرمە ئاسای دژ بە جەنگە، کەسێک ئەدۆزێتەوە بیباتە سەر تەختەی شانۆکانی ئەوروپا و میللەتانی ئەوروپا وەئاگا ئەهێنێ لە مەترسی چارەسەرکردنی ناکۆکێکانیان بە جەنگ. بەڵام برێخت دواکەوت لە بڵاوکردنەوی شانۆگەرێیەکەی. کاتێك بۆ یەکەم جار نمایشکرا لە ساڵی ١٩٤١ لە سویسرا کار لە کار ترازابوو جەنگی جیهانی دووەم دەستی پێکردبوو کە بە ملێۆنەها قوربانی و وێرانبوونی سەدەها شار و هەزاران گوند و لادێی لێکەوتەوە. بۆیە، کەس نەبوو لە ئەوروپییەکان گوێی لە ئاگادارکردنەوەکەی بگرێت سویسرێکان نەبێت، کە خۆشیان زوتر شەری سی ساڵەیان کردبوو بەڵام دەرئەنجامەکەی دامەزراندنی سویسرای فیدراڵ بوو.

بەم شێوەیە بڕێخت نەیتوانی بینەری ئەوروپی بۆ شانۆگەرییەکەی بدۆزێتەوە هەتا ساڵی ١٩٤٨ کاتێك داوای لێکرا هەستێ بە دەرهێنانی کارەکەی لەهۆڵی شانۆیی “دۆیچە تیاتر” دوای جەنگی جیهانی دووەم. ئەویش ڕازی بوو بە دەرهێنانی شانۆگەریەکەی و یەکەم نمایشی لە ساڵی ١٩٤٩ کرا. لەسەر شانۆ، جلە کۆن و شڕەکانی ئەکتەرەکان، کە لە سەدەی حەڤدەهەمدا ژیابوون لە جلی خەڵکی ئەڵمانیای ئەوکاتە ئەچوو. بینەرانی شانۆ بەتەواوی ئاوێتەی ڕووداوەکانی شانۆگەرییەکەی بوون و بەدەمەوەچوونێکی تەواویان هەبوو لەگەڵ دایکە ئازاکە-(کوراژ)- کە هێلینا ڤایگل هاوسەری برێخت ڕۆڵەکەی بینیبوو. چونکە واقعی خۆیانی بیر ئەخستنەوە.

برێخت تەنها چاوەڕێی دەربڕینی هاوسۆزی نەئەکرد لە جەماوەرەکە لەگەڵ پاڵەوانی شانۆگەریەکە، بەڵکومەبەستی تێگەیشتنیان بوو لە مانا شاراوەکانی بیرۆکەی شانۆگەرییەکە. واتە وەستانەوە دژ بە جەنگ و بەهانەکانی هەڵگیرساندنی. بۆیە دەستکاری کرد لە هەندێك بەش لە تێکستەکە و هەندێک داهێنانیشی کرد لە کاری دەرهێنانەکەی. ڤایگل ڕۆڵێکی یارمەتیدەرانەی زۆری هەبوو لە گەیاندنی مەبەستی نوسەرلە ڕێی بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکەی بە شێوەیەکی وشك و دوور لە هەڵچوون بەشێوەیەک کە هیچ بوارێکی بۆ بینەر نەهێشتەوە جگە لە هاوسۆزی لەگەڵ دایکە کۆراژ. بیرۆکەی داوای ئاشتی بەتەواوی دەستی بەسەر نمایشکردنی شانۆگەرییەکەدا لە ساڵی ١٩٤٩ دا کێشابوو، دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لای جەماوەر لە سەردەمی هەڵکشانی مەترسی شەڕی سارد. هەروەها بە ڕوونی پاڵنەرە ئابوریەکانی جەنگی ئاشکرا کرد و پێویستی ئاشکراکردنی تاوانەکانی شەڕ پەیوەست بە ئایدێۆلۆژیای دوژمنکارانە و پاڵنەرە داراییەکان بۆ هەڵگیرساندی جەنگ. ئاشکراکردنی ئەوەی کە بزنس لە پشت هەموو شەڕکانەوەیە لەم سەردەمەماندا.

هەرچەندە دەسەڵاتی داگیرکەری ئەو دەمەی سۆڤێت خۆشحاڵ بوو بە نمایشکردنی شانۆگەرێیکە بەوەی کە دژ بە بیرۆکەی جەنگە و کۆمەکی برێخت و شانۆکەشی ئەکرد ئەکرد، بەڵام هەندێک لە رەخنەگرانی سۆڤێت پێیان وابوو شانۆی داستانییانەی برێختی ناگونجێت لەگەڵ یاساکانی ڕیالیزمی سۆسیالیستی. ئەمەش دواتر بو بە هۆی ساردی هەڵوێستی وڵاتانی بلۆکی سۆسیالیست لە کارەکانی برێخت بەشێوەیەکی گشتی. بەڵام برێخت سەرکەوتنێکی گەورەی لەلای جەماوەری پێشکەوتنخوازی دژبەجەنگی ئەوروپای خۆرئاوا بەدەست هێنا پاش نمایشکردنی شانۆگەریەکانی لەلایەن تیپە شانۆیەکەیەوە-برلینەر ئنسابل- لە پاریس ١٩٥٤ و لەلەندەن لە ١٩٥٦.

برێختی شانۆنووس، دەرهێنەر، شاعیر و ڕەخنەگر، لەسەرەتای تەمەنی لاوێیتیدا خۆی بۆ خوێندنی پزیشکی ئامادەکرد بوو بەڵام بەرەو ئەدەب وەرچەرخایەوە، عەوداڵی ئەدەبی یۆنانی کۆن بوو، درامای داستانی یۆنانی زۆر کاری تێکرد. گەلێک شانۆگەری نوسی لەوانە: “کردەوە” و “تەپڵ لە شەودا” و “ئەم سەربازە چیە و ئەویتریان چیە” ئۆپێرای سێ پێنی” و “ترس و ڕەشبینی لە ڕایخی سێیەم” و “پیشەی ارتۆرۆ وی” و “دایکە کۆراژ و کوڕەکانی” و بازنەی تەباشیری کەوکازی” و “ژیانی گالیلۆ” و بڕێکی تر. بەڕاستی هەموو کارەکانی داستانی ئەدەبی شانۆیی سەردەمن.
ڕوداوەکانی شانۆگەری “دایکە کۆڕاژ و کوڕەکانی” ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگە ئایینێکانی ئەوروپا، بەتایبەتی بەهاری ١٦٢٤ کاتێک سوپای شای سوید خۆی ئامادە کردبوو بۆ داگیرکردنی پۆڵەندا، شارەزایانی سوپا کە شەڕ بە تاکە ڕێگا دائەنێن بۆ سەپاندنی ” سیستەم و شارستانیەت”، هەڵئەستن بە کاری سەربازگیری گەنجان و ئامادەکردنیان بۆئەرکەکانی داهاتوو. بەڕای سوپا، بەبێ شەڕ و توند و تیژی هیچ ڕەوشتێك نابێت- بەبۆچونی ئەوان ئەگەر سیستەمی سەربازی باڵادەست نەبێ ئەوا تاک بە گوێرەی حەزی خۆی ئەسوڕێتەوە و بەکەیفی خۆی هەموو شتێک ئەڵێت و بەئارەزوی خۆی ئەخوات. کەواتە ئەمە چ سیستەمێکی دەوڵەتە کە بەبێ فەرمان و بێ بەشکردنی ئازوقە و لێپرسینەوە بەڕێوە ئەڕوات!.

شانۆگەری دایکی ئازا

لە شانۆگەرێەکە، دوو گەنج عەرەبانەکەی دایکە ئانا ڤیرلینگ ڕائەکێشن کە فرۆشیارێکی گەڕۆکە ( بە ڕەچەڵەك خەڵکی باڤاریای ئەڵمانیایە) و نازناوی “کۆڕاژ” واتا ئازای لێنراوە، چونکە لە بۆردمانی تۆپەکان و گزەی گولە نائەترسا. بەعەرەبانەکەیەوە کە هەردوو کوڕەکانی ڕایان ئەکێشا لەگەڵ کەتیبەی فنلەندی دووی سوپاسی سویدیدا ئەسوڕایەوە و شتی پێ ئەفرۆشتن. هەردوو کوڕە گەنجەکەی و کچە ڵاڵەکەی نازناوی جیاجیان هەبوو چونکە کەس بە دەقیقی نەیئەزانی باوکەکانیان کێیە، سەربازی سوپای جۆراوجۆر بوون و لەوانەیە لێشیان کوژا بێ یان بێ سەروشوێن بووبێ. هەر لەو کاتانەدا فەرماندەی کەتیبەکە کوڕە گەورەکەی، ئیلیف، ئەباتە ڕیزەکانی کەتیبەکەوە و لەیەکێک لە شەڕەکاندا ئەکوژرێ. بەو شێوەیە دایکە یەکێک لە کوڕەکانی لە دەست ئەدات. دوای تێپەر بوونی سێ ساڵ لە شەڕ، دایکە دیل ئەکرێ لەلایەن سوپای دوژمنانەوە بەڵام بە گۆڕینی ئاڵای سەر عارەبانەکەی کە ئاڵای لوسەرێکان بوو و دانانی ئاڵای کاتۆلیکەکان و خۆی لە مەترسی ڕزگار ئەکات. کاتێك سوپای دوژمن داوا لە کوڕە بچوکەکەی، شڤیتسەرکاش، ئەکەن شوێنی گەنجینەی کەتیبەکەیان پیشان بدات و ئەویش ڕەتی ئەکاتەوە تەقەی لێ ئەکەن ئەیکوژن. لاشەکەی پێشان دایکە ئەدەن نکولی لە ناسینی ئەکات بۆ ئەوەی عەرەبانەکە و شتومەکەکانی لەدەست نەچێت. بەو شێوەیە شەڕ جەند ساڵێک بەردەوام بوو دایکەش بە وڵاتانی پۆڵەندا و مۆراڤیا و باڤاریادا سوڕایەوە. لەکۆتایشدا سەربازەکان بەزۆر لاقەی کچەکەیان کرد و دەمچاویشیان شێواند بەڵام دایکەی ئازا دانی بەخۆدا گرت بەتایبەتیش پاش ئەوەی کە لەو کاتانەدا لە تروپکی سەرکەوتنی بازرگانێکەیدا بوو.

لە ساڵی ١٦٣٢ پاشای سوید، گۆستاڤ ئەدۆلف ئەکوژرێت و ئاگربەست ڕائەگەێنرێت، بازرگانێکەی دایکەی ئازاش هەڕەشەی مایەپووچی دێتە سەر. ئەو پێوێستی بە ئاشتی نەبوو، شەر سەرچاوەی سەرەکی بژێوی بوو، خۆزگەی هەڵگیرسانی شەڕی ئەخواست. شەڕی نێوان کاتۆلیکەکان و پرۆتستانتەکان ١٦ ساڵی خایاند، نیوەی خەڵکی ئەڵمانیا تیاچوو، وێرانی و برسێتی هەموو لایەکی گرتبوەوە، لەکۆتایی شانۆگەریەکەدا سەربازەکان کاترینی کچی ئەکوژن چونکە خەڵکی گوندی وەئاگا هێنا لە هاتنی سەربازەکان بە لێدانی تەپڵ بە مەبەستی ڕزگار کردنیان لە کوشتار. بەم شێوەیە جەنگ هەموو مناڵەکانی دایکە کۆڕاژی قووتدا بەڵام ئەو هێشتا بەردەوامە لە ڕاکێشانی عەرەبانەکەی بەتەنیا و سەربازەکان بەلایدا تیئەپەڕن و ئەویش هاواریان لێ ئەکات: ” بمبەن لەگەڵ خۆتان”

بڕێخت لە شانۆی داستانییدا فایلەسوف و شانۆنوسیشە لە هەمانکاتدا؛ چونکە کارەکانی پێناسە ناسراوەکانی شانۆ تێئەپەڕێنێ. لە نوسینی شانۆگەریەکانیدا زۆری لە کارە درامیە یۆنانیە کۆنەکان وەرگرتوە بەتایبەتی لە شانۆگەریەکانی سۆفۆکلیس کە زۆر پێیان سەرسام بوو. ئەم نوسەرە هەڵکەوتووە گرنگی زۆری بە ڕوداوە مێژوییە مەزنەکان ئەدا، ئەم گرنگیپێدانەش مەودایەکی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەگری بە کارەکانی ئەبەخشێت. کۆمەڵێک پێکهاتە کارەکانی جیا ئەکاتەوە، لەوانە گەیشتن بە تروپکی ڕوداوە درامێکان چەند جارێك و چارەکردنیان و جیاکردنەوەی سەردەمی ڕوداوە درامێکە و سەردەمی نوسەر. بە شێوەیەک کە نووسەر لەسەر تەختەی شانۆ گێڕانەوەیەکی بەسەرهاتەکان پێشکەش ئەکات بەڵام کۆتاییەکەی زانراوە. بەبۆچونی برێخت ژیان لە شانۆی ئاساییدا بینراوە، بەڵام ڕوون نیە. بۆیە لە شانۆگەریەکانیدا کەسایەتی گێڕەڕەوەی داهێناوە. واتە ئەکتەرێك کە کۆمێنت لەسەر ڕوداوەکان ئەدات بەبێ ئەوەی یەکێک بێت لە پاڵەوانەکای شانۆگەرێکە و ئەکتەرەکان لە نمایشەکانیدا پێویستیان بە بنینی ڕۆل نیە.

شانۆی عەرەبی ئەمڕۆ پێویستی بە داهێنانی برێخت و بلیمەتانی تری جیهانی شانۆییە بۆ سود وەرگرتن لە شارەزاییان لەپێناو دەرچوون لە دۆخی چەقبەستوو لەم سەردەمی پاشەکشەکردنە ڕۆشنبیریەی کە جیهانی عەرەبی گرتۆتەوە بەگشتی. ئەمڕۆ ڕۆشنبیرانی عەرەب خۆیان دان بە خراپبوونی کاری داهێناندا ئەنێن لەناویشیاندا داهێنان لە بواری شانۆ، وەکو بڵێی ئەم وڵاتانە کەسایەتی بەهرەمەند و داهێنەری وەکو نجیب مەحفوز و مهدی جەواهری و غایب گعمە فەرمان وجواد سەلیم و محمود سەبری و دەیانی تری وەکو ئەمانی بەخۆوە نەدیبێ. سەبارەت بە عێراق، ئەتوانین بڵێین وڵاتەکە پاش ئەو هەموو شەڕەی توشی میللەتەکەی بوو، سینەما و شانۆ و هونەری تەشکیلی و میوزیک و هونەری فۆلکلۆری، تەنانەت شیعر و چیرۆک و ڕۆمانیش لەئاستێکدا نیە کە بەرزی بکاتەوە بۆ ئەو پایەیەی کە شایانی بێت. نەک تەنها لەسەر ئاستی جیهانی، بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەیی و ئاستی وڵاتانی جیهانی سێیەمیش بە شێوەیەکی گشتی.

شانۆگەری “دایکە ئازاکە”، گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەمڕۆی ناوچەی عەرەبی کە جارێك بە چەندەها جۆر شەڕی تایفەگەری و جارێکی تر بە شەڕی دەستێوەردانی دەرەکی بەبیانوی بەرگری لە دیموکراسیەتدا تێئەپەڕێ. چین و توێژانێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگا هەڵکەوتون هیچ لاریەک نابینن لە بەکوشتدانی ڕۆڵەکانی لەپێناو سەروەت و ساماندا. کە هیچ بەهایەکی نیە لەپاش تیاچونی ئەو ڕۆڵانە. لەم ڕۆژانەدا بەها مرۆڤایەتیەکان وون ئەبن و چەمکانێکی وەک نیشتمان، ئازادی، شکۆی مرۆڤایەتی، مانای خۆیان لەدەست ئەدەن.

لە عەرەبیەوە / نەجات عەزیز -١/٧/٢٠١٧
————————————————-
سەرچێ‌وە:
الحوار المتمدن -ژمارە 3881-١٥/١٠/٢٠١٢

لە ژمارە 3ی گۆڤاری هانا بڵاو بۆەوە




ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو … عه‌زیز ڕه‌ئووف

هه‌میشه‌ سه‌رسام بووم به‌ شته‌ بچوكه‌كان، ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه‌ بینینی شته‌ ورده‌كانه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا هینده‌ی ڕووداوه‌ گه‌وره‌كان. بۆ من گرنگه‌ بزانم له‌ سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌كداریدا ڕووداوه‌ بچوكه‌كان چۆن ڕوویانداوه‌، بۆ من گرنگه‌ له‌و عه‌سره‌دا دۆخی خه‌ڵك چۆن بووه‌؟ كچان چۆن عاشق بوون؟ بۆنی دیواری خانووه‌ قوڕه‌كان و ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر و به‌رامه‌ی خۆڵی دوای باران. بۆ من گرنگه‌ بزانم پێشمه‌رگه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی چالاكی چی كردووه‌؟ چۆن دابه‌ش بوون به‌سه‌ر ماڵه‌كاندا و هه‌ستی خاوه‌نماڵ بۆ پێشمه‌رگه‌ چۆن بووه‌؟ بۆ منی فزولی ئه‌وه‌ گرنگ بووه‌ چۆن به‌رپرسه‌كان بۆڵه‌یان كردوه‌ و چ فسكه‌فسك پیلانی ژێربه‌ژێر و كوتله‌یه‌كیان دروست كردووه‌ كه‌ خاڵی بووه‌ له‌ فكر و زیاتر ده‌نگه‌ده‌نگی پۆست و كورسی بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ی مه‌بده‌ئو بیر و باوه‌ڕ بێت. ئه‌وه‌ی بۆ من له‌ كتێبی ” ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو” گرنگه‌ ئه‌وه‌ بوو تێ بگه‌م له‌و عه‌سره‌دا بۆ بزوتنه‌وه‌ی حه‌قه‌ ده‌توانێت به‌ یه‌كسانی له‌ ئازادی ژن بڕوانێ به‌ڵام پارتێكی چه‌پی وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت ژن له‌ ڕیزه‌كانی دروست بكا؟

هه‌ڤاڵ كوێستانی، ئه‌و ناوه‌ی بۆ ئێمه‌ی هه‌رزه‌كار له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كاندا ناوێكی دیاره‌. خوێندكاری ناوه‌ندیم له‌ ئۆردوگای ته‌كیه‌ی كاكه‌مه‌ند و هاوڕێیه‌كم كتێبێكی ڕه‌ش و سپی چاپێكی ناشرینم بۆ دێنێ ” ئافره‌ت و ژانی له‌دایكبوونێكی نوێ” نوسینی هه‌ڤاڵ كوێستانی ، به‌ چاپی كۆن نوسراوه‌ و نوسینه‌كه‌ له‌ناوه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ كاڵه‌ زۆرێك له‌ وشه‌كانی به‌ قه‌ڵه‌می جافی شین تۆخ كراونه‌ته‌وه‌ تا بتوانرێت بخوێندرێته‌وه‌. زانیم له‌به‌رده‌م كتێكی ته‌واو گرنگدام، زانیم له‌و عه‌سره‌دا له‌شاخ كه‌سانێك هه‌بوون خه‌ونی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ و شۆڕشیان ته‌نها له‌ یاخیبوونی چه‌كداریدا كورت نه‌كردۆته‌وه‌. ته‌له‌فزیۆنه‌ تاقانه‌كه‌ی گه‌لی كوردستانیش جارجار سرودێكی ئازاد خانه‌قینی دوای یادی شه‌هیدێك یان یادكردنه‌وه‌ی شه‌هید ئارام یان هه‌ر پاڵه‌وانێكی تر بڵاوده‌كاته‌وه‌ و نوسراوه‌: هۆنراوه‌ی هه‌ڤاڵ كوێستانی.

ئه‌م ناوه‌ ئیتر ون ده‌بێت و هیچ یاده‌وه‌رییه‌كم نیه‌ له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌م نوسه‌ره‌دا تا ساڵی 2008 ناوی هه‌ڤاڵ كوێستانی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تردا دێت كه‌ شۆڕش له‌ ڕیزه‌كانی خۆی ده‌ریانده‌كات و ئه‌و پارته‌ی كه‌ گه‌نجێتی تیا سه‌رف كردووه‌ به‌ بڕیارێك له‌ ڕیزه‌كانی دووری ده‌خاته‌وه‌. منیش ئه‌وكاته‌ی پێم وابوو ده‌بێت هێزێك بێت دنیای ئێمه‌ بگۆڕێت، له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بابه‌تێك له‌سه‌ر هه‌ڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی ده‌نوسیم به‌ناوی ” شۆڕش كوڕه‌كانی ده‌رده‌كات” و هه‌ر ئه‌و كات ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ كاك عه‌دنان عوسمانی سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ ئه‌و كوڕه‌ كێیه‌ ئه‌م نوسینه‌ی نوسیوه‌؟ كاك عه‌دنانیش ده‌ڵێ ئه‌وه‌ عه‌زیز ڕه‌ئووفه‌ و برای محه‌مه‌د ڕه‌ئووفی خۆمانه‌، كاك نه‌وشیروان ده‌ڵێ په‌یوه‌ندی پێوه‌ بكه‌ با بیبینم. كاك عه‌دنان ته‌له‌فۆن ده‌كات و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ گرده‌كه‌دا هه‌ڵده‌زنێین بۆ بینینی كاك نه‌وشیروان.

پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ لای كاك نه‌وشیروان هه‌ر له‌سه‌یاره‌كه‌ی كاك عه‌دناندا خه‌یاڵم ده‌ڕوا ( ساڵی 1987 ه‌، ئه‌وكاته‌ی منداڵ بووم له‌ لادێ و تراكتۆرێكی پڕ له‌ چه‌كی ئێرانی كه‌ چه‌ند پاسدارێكی سه‌رتاشراوی تێدایه‌ به‌ناو گونده‌كه‌مان “بێده‌ر” له‌ نزیك چیای خاڵخاڵان تێده‌په‌ڕێت و لای ئێمه‌ی منداڵ ئه‌م وێنه‌یه‌ ته‌واو غه‌ریب بوو، له‌پڕ گوێم له‌ ده‌نگێك بوو وتی: ئه‌وه‌ كاك نه‌وشیروان له‌ پشته‌وه‌ به‌ پێ ده‌ڕوات، به‌ گرده‌كه‌ی پشت ماڵی خۆماندا هه‌ڵده‌زنێین تا كاك نه‌وشیروان ببینین و كه‌ چوینه‌ سه‌ر گرده‌گه‌ پیاوێكی به‌ژن باریك له‌ ناوه‌ڕاستی دوو سێ پێشمه‌رگه‌ به‌ خێرایی به‌ پێ ده‌ڕوات و ته‌نها له‌ پشته‌وه‌ ده‌یبینین). ئێستا له‌گه‌ڵ كاك عه‌دناندا به‌ گرده‌كه‌دا هه‌ڵده‌زنێین و ئه‌م جاره‌ ڕووبه‌ڕوو پیاوێك ده‌بینین كه‌ پشتی له‌ هه‌موو سه‌روه‌ری و خه‌بات و ماندووبوونی ڕابردووی خۆی كردووه‌ و له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و نوسینێكی من ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌ كه‌م تا زۆر كۆمه‌ك به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی بكات. كاك نه‌وشیروان به‌ قاتێكی كوردی خاكیه‌وه‌ توند ده‌سته‌كانم ده‌گوشێت و له‌ دانیشتن له‌گه‌ڵماندا بێتاقه‌ت نابێت تا خۆمان كاتمان دره‌نگ كرد و پێویست بوو بڕۆین ئه‌و پیاوه‌ بێتاقه‌تی به‌ ڕوخساریه‌وه‌ دیار نه‌بوو، كه‌ هه‌ڵده‌ستین جارێكی تر ده‌سته‌كانم ده‌گوشێت و ده‌ستخۆشیم لێ ده‌كات و تا ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵم دێت كه‌ بۆ من زۆر تازه‌ بوو سه‌ركرده‌یه‌ك ببینم ئه‌وه‌نده‌ خاكی بێت و قه‌دری نوسه‌ری لابێت. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی بوون به‌ گۆڕان، ئینجا زانیم بۆ كاك نه‌وشیروان نوسینه‌كه‌ی منی به‌دڵ بوو.

من هه‌ڤاڵم وه‌ك نوسه‌ر خۆش ده‌وێت كه‌ پیاوێكه‌ پڕه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و میهره‌بانی و چاوه‌ شینه‌كانی ئێستاش دنیایه‌ك خه‌ون و ئومێد، له‌گه‌ڵیدا ماندووبوون و مه‌رگی عه‌شقی “كاڵێ”ی تێدا شاردراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كاڵێ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ لادێ ده‌یه‌وێت ئه‌م پێشمه‌رگه‌ تۆزاویه‌ ماچ بكات به‌ڵام هه‌ڤاڵ شۆڕشی له‌ ماچ و عه‌شق و دڵداری لا پیرۆزتر ده‌بێت و ڕێگه‌ به‌ كاڵێ نادات ماچی بكات.

كۆتایی كتێبه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ كوێستانی ( ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو) كاسم ده‌كات، هه‌ناسه‌م پێ نادرێت. له‌و عه‌سره‌دا كه‌ چه‌ندین هه‌ڵه‌ و كه‌م و كوڕی له‌ناو شۆڕشدایه‌ سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كه‌ شاعیرێك له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌. نامه‌كانی پیشان ده‌دات كه‌ بۆ هاوڕێكانی ناردووه‌ و چۆن كۆپیان كردووه‌ و وه‌ك ڕاپۆرت ناردویانه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ركرده‌ی شۆڕش. سه‌یری ئه‌م هه‌موو جاسوسیكردنه‌ به‌سه‌ر یه‌كتردا. ئه‌م هه‌موو تاڵانی و ناشرینكردنه‌ی شۆڕش كه‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌لاجه‌ی تاڵانی ده‌دات به‌ كۆڵدا، كه‌چی شاعیرێك وه‌ك ئه‌وه‌ی تاوانی گه‌وره‌ی كردبێت له‌به‌رده‌م سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كه‌دا هاواری به‌سه‌ردا ده‌كرێت و وه‌ك خائینێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

دوای ئه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان به‌ڕێم ده‌كا و ده‌سخۆشیم لێ ده‌كا له‌سه‌ر نوسینی “شۆڕش كوڕه‌كانی ده‌رده‌كا” كه‌ به‌رگریكردنه‌ له‌ هه‌ڤاڵ كوێستانی و هاوڕێكانی هه‌ست ده‌كه‌م سه‌ركرده‌یه‌ك قه‌دری نوسینی لایه‌، بێئاگا له‌وه‌ی كه‌ قه‌دری ئه‌و نوسینانه‌ی لایه‌ كه‌ به‌دڵی ئه‌و ده‌نوسرێن
له‌ دوای هه‌ڤده‌ی شوباتی 2011 كه‌ هه‌ست ده‌كه‌م گۆڕان ناتوانێت هیچ له‌ دنیای ئێمه‌ ده‌سكاری بكات، له‌ ڕۆژنامه‌ی “هاوڵاتی” و “ئاوێنه‌” چه‌ند نوسینێكی ڕه‌خنه‌ئامێز له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی كاك نه‌وشیروان ده‌نوسم، به‌ڵام چونكه‌ به‌دڵی كاك نه‌وشیروان نیه‌ نه‌ حه‌ز به‌ بینینم ده‌كات و نه‌ وه‌ك یه‌كه‌م جار به‌دوامدا ده‌نێرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شێكی زۆری گوڕانخوازانی ته‌نیشت ژووره‌كه‌ی، هێرشی ناڕه‌وا و ته‌نانه‌ت بوختانی شه‌خسی ده‌خه‌نه‌ پاڵم، به‌شێكیان ئه‌وانه‌بوون كه‌ ده‌یانویست له‌سایه‌ی گۆڕاندا پۆستێكیان ده‌سكه‌وێت و ده‌ستیشیان كه‌وت. دوای ئه‌وه‌ی كاركردنی من و هه‌ردی مه‌هدی هاوڕێم وه‌ك نوسه‌ر له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ كۆتایی پێده‌هێنرێت و دوو هاوڕێ له‌وێ كارده‌كه‌ن كه‌ له‌ ئێمه‌ دڵسۆزتر خۆیان بۆ گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا نیشان ده‌ده‌ن، دواجار ئه‌و دوو براده‌ره‌ ڕوو ده‌كه‌نه‌ كه‌ناڵی ” ڕووداو”ی پارتی بۆ كاركردن و من به‌ره‌و دورگه‌ی قوبرس و هه‌ردی به‌ره‌و تاران بۆ مه‌به‌ستی خوێندن سه‌ری خۆمان هه‌ڵده‌گرین.

ئیدی یه‌كێك له‌ ئیشكاله‌ گه‌وره‌كانی دنیای ئێمه‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ن كه‌ ته‌نها ده‌نگی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان ده‌بیستن و ته‌نها ئه‌وكات ده‌نگی تۆیان لا گرنگه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌وان بیر بكه‌یته‌وه‌. دواجار له‌ڕۆژی 20ی مایسی ئه‌مساڵ له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی به‌چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌ چاوم به‌ كاك نه‌وشیروان ده‌كه‌وێ به‌ڵام ئه‌و له‌ تابوتێكدا ڕاكشاوه‌ و بۆ هه‌تاهه‌تا چاوه‌كانی لێكناوه‌.




لە چاوەڕوانی جەنگێکی تردا … شێرزاد وڵاتدۆست

ڕەنگە مێژووەیەکی زێدە دوور بێت ئەو ناوچەیەی پێی دەوترێت “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ساڵان و سەردەمێکی بێ جەنگ و ئاژاوەی بەخۆیەوە بینی بێت ، ساڵانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لەم ناوچەیە هەردەم ساڵانێک بوون زۆر زوو تێپەڕیون و هەمدیسان جەنگ و کاولکاری بەرۆکی وڵاتانی ناوچەکەی گرتووتەوە ، ڕەنگە هۆکارگەلی زۆر لە پشت بوون بە گۆڕەپانی جەنگی ئەم ناوچەیەوە بن ، بەڵام دەکرێت دیارترینیان لە دوو هۆکاری سەرەکی کۆبکەینەوە ، کە لە پشت زۆربەی ململنێکانی ناوچەکەوەن ، ئەوانیش جیاوازی قوڵی ئاینی لە نێوان ئاینە جیاوازەکان هەم لە نێوان مەزهەبە جیاوازەکانی یەک ئایینیش ، هەروەها دوەڵامەندی ناوچەکە بە زۆر بەی سامانە سروشتەیەکان بە تایبەت نەوت وای کردووە بێتە شوێنی چاوتێبڕین و پەلاماردان و دەستێوەردانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە لەلایان زۆربەی زلهێزەکانی جیهان.

ئەوەی لێردە پێویستە تیشکی بخەینە سەر داهاتووی ناوچەیەکە ، کە ئاخۆ دوای کۆتایی هاتنی بە جەنگی “داعش” و لەناوبردنی ئەو گروپە چ جەنگێک چاوەڕێ ناوچەکە دەکات ، ئاخۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر بەهێز بوونی هەژموونی ڕووسی و ئێرانی لە ناوچەکە بێدەنگ دەبن ، کە دەکرێت لەمەڕ گۆڕانکاریە خێراکانی لەم ماوەیە دا لە چەند وڵاتێکی عەرەبی روودەدەن بە تایبەت وڵاتی سعودییە و هەڕەشەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و گرووپە شیعە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بەتایەبەت لە نیزیک بوونەوە لە کۆتایی هاتنی “داعش” دەگەینە ئەو دەرەنجامەی بەڵێ جەنگێکی چاوەڕوانکراو لە داهاتوویەکی نزیک لە نێوان ئەو دوبەرەیە ڕوودەدات ، کە ئامانج لە جەنگە بچوککردنەوەی هەژموونی ئێرانە لە وڵاتانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست ، ئەمەش دەکرێت لە ڕێگای بچوککردنەوە یان لاناو بردنی ئەو گروپە چەکدارانە دەبێت کە هاوسۆزن لەگەڵ ئێران ، بەتایبەت لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن ، هەرچەندە ئەو جەنگە ئاسان نابێت کاتێکی درێژ و دارایەکی زۆر زیاتری لەوەی لە “داعش” ی پێویست دەبێت ، کە تێچووی ئەم جەنگە دەبێت وڵاتی سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە لە ئەستۆی بگرن و هەرخۆشیان لە ڕێگای جیاوازەوە بەژداربن ، دیارە ئامانج لەم جەنگە چاوەڕوانکراوە لەناوبردنی دەسەڵاتی ئێستای ئێران نیە ، بەڵکو ئامانج لێی بچوکردنەوە ئەوە دەسەڵاتەیە بەمەبەستی هاوسەنگ بوونەوەی بەرەی شیعی و سوننی لە ناوچەکە.

لەناوبردنی لاوازکردنی زیاد لە پێویستی ئێران رەنگە خۆی زیان بە بەرژەوەندیەکانی خۆی بگەینە لەم ناوچەیە ، چونکە لە بەرژەوندی ئەمریکا دایە ئەم دوو بەرەیەی ناودەبرێت بە شیعە و سونە لە ئاستێکی یەک دابن ، چونکە بەلاوازبوونی تەواوی هەرلایەنێک ئەوا ئەگەری پێکدادان و شەڕ کەم دەبێتەوە ،کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزی دوونیا نیە ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە نەوت ئارامی بە خۆیەوە ببینێت.
ئەگەر باسی لێکەوتەکانی ئەو جەنگە بکەین بۆ گەلی کورد ، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت ، کورد بەهۆی پێگەی جوگرافی کە خاکی کوردستان دەکەوێتە قوڵایی ئەم ناکۆکیانە ، ئەگەر بێت و ژیرانە مامەڵە نەکات هاوسەنگی ڕانەگرێت لەنێوان ئەم دووبەرەیە ، ئەوا وەک مێژوو دووبارە بووەکەی ئەم جارەش هەمدیسان دەبێتەوە سەرە ڕمی ئەم جەنگە و هەم خاکی کوردستانیش دەبێت بە بەشێک لە گۆڕەپانی ئەو جەنگە .

هەر بۆیە زۆر گرنگە هەموو لایەنە کوردیەکان لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان بەتایبەت لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان زۆر بە ووردی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەگەرێک بکەن ، کە لەم ماوەیە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە و بە چاوێکی سیاسی درێژ بینەیەوە سەیری هەر گۆرانکاریەک بکەن ، بەڵام دەبێت دان بەو ڕاستیە تاڵە دابنێین بەهۆی ناکۆکی ناخۆیی ناو ماڵی کوردی هەم لە هەرێمی کوردستان هەم لە پارچەکانی تری کوردستان بەتایبەت بەهۆی شکستی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ئەم مانگی ڕابردوو، ڕەنگە دەرباز بوون و خۆ دوورگرتن لەم جەنگە چاوەڕوانکراوە کارێکی ئەستەم بێت ، بەڵکو زۆربەی ئەگەرەکان وابیشان دەدەن هەمیسان گەلی کورد و خاکی وکوردستان دەبنەوە قوربانی دەستپێکی جەنگێکی مەزن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.




ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی په‌یكه‌رێك … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر


بۆ نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌

خودا به‌نیازی سڵاو چاوی داوه‌ته‌ ده‌ستێك
ده‌بده‌به‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی پێوه‌ بشه‌كێته‌وه‌
قوماشی ڕه‌ش و سپی بڕی
پیت ڕژانه‌ ناو ده‌مم
توانیم وشه‌ لێكده‌م و داوا بكه‌م
مانگ به‌سه‌ر هه‌ولێره‌وه‌ پڕ و نارنجی و له‌ گڕوگاڵدا بێت
به‌و نازه‌ی داویه‌تییه‌ ئاوی ڕژاوی حه‌فت چیایان
چه‌تر هه‌ڵدا
په‌یكه‌رێك حه‌فتا ساڵ پیاسه‌ی كردبوو
ئاوێنه‌ی دابووه‌ ژن و شووشه‌ بۆنی وه‌رگرتبوو
سه‌یری په‌ند و وێنه‌ی سه‌ر قه‌ڵغانی كردبوو
قسه‌ی توندیشی له‌گه‌ڵ وه‌ردیان كردبوو
نامه‌ی له‌سه‌ر باڵی به‌ ناز و فیزی كۆلاره‌ نووسیبوو
سه‌رسام بوو به‌
گوێی كه‌روێشك و
گواره‌ی شۆڕ و
پیاڵه‌ی چا و
ڕووناكی ڕووی زه‌وی
بلووری لامپای سڕیبووه‌وه‌
تووتن و پایپی خۆش كردبوو
زۆر ته‌ماشای ڕوخساری دایك و باوكی كردبوو
وایده‌زانی ده‌مرن و به‌ جێی ده‌هێڵن
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دره‌خت و باڵنده‌ و هێلانه‌ و هێلكه‌ی باش ناسیبوو
گڕوگاڵ و داره‌ داره‌ی منداڵیی ده‌بێته‌ كاروانسه‌را
یه‌كه‌م هێلكه‌ له‌وێ ترووكا
یه‌كه‌م ئاو له‌وێ‌ ڕوونبووه‌وه‌
یه‌كه‌م باڵ له‌وێ‌ فڕی
یه‌كه‌م شیر له‌وێ‌ هه‌وێنكرا
له‌ بریقه‌ی خان و مانی ڕه‌ش و سپی
ڕه‌نگه‌كانی دی له‌واندا ده‌ڕژێته‌ سه‌ر نۆته‌ی سرووده‌كانمان
سروود بووه‌ پشتی ئه‌سپ
به‌كامی دڵ سۆز و ئاوازی گیان ده‌دا به‌ پاڵه‌وانی هیوا و فه‌رمووده‌كانمان
باڵنده‌ی هه‌مه‌جۆری شادمانی له‌شكری بوون
په‌لكه‌زێڕینه‌ش بیر و بۆچوونی
له‌شكر كه‌ ده‌ڕژێنه‌ بڵنداییی ده‌موچاوی
به‌نیازی ناسكبوونه‌وه‌ی نیشتنه‌وه‌ و بڕیاردان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ و كۆچ
بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و قسه‌ و باس ده‌دركێنن
ئێمه‌ زۆر پێویستمانه‌ بیزانین
گوڵه‌كانی له‌ ڕێوڕه‌سمی له‌دایكبوون و مردنی ده‌خرێنه‌ سه‌ر په‌یكه‌ری
ته‌نیان وه‌ك ته‌ڵه‌ شخارته‌ی به‌كارهاتوو بۆ داگیرسانی مۆمی سێبووری
بولبول له‌ پاڵیان بانگی به‌چل باڵفڕین و نیانی جۆلانه‌ی ون كردووه‌
دوای سه‌رگه‌رمی دیته‌نییه‌ك
گۆشه‌نشین و خه‌واڵوو
ماسوولكه‌ی جه‌سته‌یان ده‌مه‌ته‌قێی له‌گه‌ڵ هێز به‌ كۆتا ده‌گات
چێژ له‌ زوڵاڵی ئاو و ئه‌و ڕۆژانه‌ی ده‌زانن ژیان چییه‌ وه‌رناگرن
به‌ڵام خه‌یاڵ كه‌ دووڕوویی مرداندووه‌
بێ بگره‌ و به‌رده‌ به‌ هه‌موو شته‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت
له‌ بۆنه‌ی ئاشقبوونی شه‌ونمی سه‌ر گیا و شه‌ڕی چاوه‌زار
ده‌بێته‌ ده‌ستی له‌ناو قۆزاخه‌دا ژیاو بۆ خۆشی و ناخۆشییه‌كان
هه‌ڵیده‌داته‌ ناو ئاهه‌نگه‌كانی كۆچه‌رییان
بیره‌وه‌ری گوێڕایه‌ڵی ده‌بێ‌ و سوودی پێده‌گه‌یه‌نێت
هه‌ڵه‌ و نوێژه‌ دروێنه‌ی له‌ بیر ده‌باته‌وه‌
ده‌ستێك له‌ گێڕانه‌وه‌ ڕاستگۆ و ناهێڵی وه‌خت به‌سه‌رچێ‌
نامه‌كانی ده‌خاته‌ پۆسته‌
نامه‌ هاتووه‌كانیشی وه‌رده‌گرێت
ڕۆژی هه‌میشه‌ بۆنخۆش به‌شه‌قبوونی خاك
كاتێك دومبه‌ڵان خۆی ده‌ناسێنێ
لێده‌گه‌ڕێ ئاقیق و نووسراوی ناوچه‌وانی هه‌ر هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان تێكه‌ڵی بن
له‌ گه‌رمه‌ی سه‌ما و ناخ جریواندن
دڵی ده‌شوات و ده‌ڕوا
پڕ ده‌ستمان كڵۆ شه‌كر و مۆری به‌خت ده‌كات
ده‌توانین كه‌لوپه‌ل و وێنه‌ی به‌هره‌مه‌نده‌كانمان بكڕین
ده‌سته‌سڕی ته‌نكیش له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵگرین
بێباكی بڵندبوونه‌وه‌ی چنار
ده‌بێته‌ شوێنێك وه‌ك قۆزاخه‌ی ئاوریشم
جوانكراو به‌سپێنه‌ی هێلكه‌
ئاسووده‌ و پڕ به‌هره‌ و په‌یماندار
هه‌موومان شه‌قامێكمان ده‌بێ تێیدا بچینه‌ سه‌ردانی خزم و كه‌س و براده‌ره‌كانمان
ڕۆژ كه‌ ئاوا ده‌بێ
ته‌واو ئه‌ڤینی خۆی كردووه‌
سڵاو
سڵاو په‌یكه‌ری به‌رتیشك و بارانی سێبووری
تێگه‌یشتی بۆ جارێ‌ نامری

كانوونی یه‌كه‌می 2005 هه‌ولێر




گۆڕان لە هێزێکی پڕ جوڵەوە بۆ گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو…. ئیبراهیم مەجید

بۆ مێژوو بەخەڵکی کوردستان دەڵێم کە گۆڕان تەنها کائینێکە سواری ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بوو، ئەگەر پێشتر هیوا بەم هێزە بوبێت ئەوا لەسایەی کۆمەڵێک خەڵکی کۆنە زەرفاتیف لە ئێستادا ناڕەزایەتی خەڵکی کپ کردەوە.
سەرانی گۆڕان (واتە خانەی ڕاپەڕاندن کە بوونەتە دیواری ڕاگری دەسەڵاتی داڕوخاو بەڵام دەنگدەرانی و هەڵسوڕاوەکانی هەمان هێزی یاخی بونی جارانی هەیە وە بۆشاییەکی گەورە هەیە لە نێوان خانەی راپەڕاندن و خوارەوەیدا، ئەوان ناتوانن ببنە میراتگری نەوشیروان مستەفا و ئەو یارییە سیاسیانە بکەن کە پێویستن و کەمێک خۆیان پاک بکەنەوە) هەمان سیاسەتی فەشەلی ناو یەکێتی پیادە دەکەن ، سەرکردایەتی بڕیاردەری گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو، پارتی، کۆمەڵ. هەمان سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی سەرانیان هەیە لەژێرەوە ، بەڵام لەسەرەوە گوایە دژایەتی یەکتر دەکەن و جیاوازن لەپرۆژەو بەڕێوەبردندا.

پێش ١-١١-٢٠١٧ مەسعود بارزانی دەستی کێشایەوە لە پۆستە ناشەرعی و نایاساییەکەی ئەگەر دەستی لەکار نەکێشایەتەوە وەک ئێستا چۆن پەرلەمان و حکومەت و کۆمسیۆنی باڵا بە پێی یاسا هیچ شەرعیەتێکی نەماوە ئەویش هەروەها.
تەنها لایەنێک کە کەمێک شەرعیەتی ماوە ئەنجومەنی پارێزگاکانە بەڵام ئەوە بوو ویستیان کارێک بکەن لەبەرژەوەندی خەڵک بۆ هێنانی موچەی فەرمانبەران ڕاستەوخۆ لەعێراقەوە، بەڵام سەرانی بەژەوەند خوازی حیزبەکان ڕێگەیان لێگرتن بۆ ئەوەی پارە بکەوێتەوە دەست نێچیر بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەڵکو لەژێرەوە بەبێ چاودێری خەڵک بەشە تاڵانی سەرکردەی حیزبەکان نەفەوتێ.

ئێستا ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگاکان یەک تۆز خۆیان لە قوڕاوی حیزبەکان پاک بکەنەوە نوێنەرایەتی خەڵک بکەن دەتوانن لە زوترین کاتدا موچە بۆ فەرمانبەرانی مەدەنی وەربگرن و لیستی فەرمانبەران پاک بکەنەوە کە لە لیستی بایۆمەتریەکەدا بەردەوامی هەیە، بەهاوکاری نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، بە هاوکاری و چاودێری دیوانی چاودێری حکومەتی عێراق و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان هەتا حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت.

لەبەر ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان شەرعیەتی نەماوە ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەگەر ئیرادەیان هەبێت دەتوانن هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بکەن لە گوندو شارو شارۆچکەکان و نوێنەرایەتی خەڵک هەڵبژێرن بۆ دروستکردنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و خۆ بەڕێوەبەرێتی دروست بکەن وە هەڵبژاردنی ڕاستەو خۆ پێویستی بە کۆمسیۆن و پاککردنەوەی ناوو پارەی زۆر نیە ، تەنها سەرپەرشتی و چاودێری ناوخۆیی و نەتەوە یەکگرتوەکانی دەوێت ، وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبون و ڕابەرایەتی کردنی دۆخێکی دروستکراوی سەرانی شکست خواردو دەتوانرێت سنوری ئەم حیزبانە ببڕین خۆمان بە خۆمان بتوانین ڕابەرایەتیەک دروست بکەین و ئیرادە و بژێوی بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە بگێڕینەوە ، بۆیە گرنگە هەر لە ئێستەوە نەهێڵین حیزبە مردو خۆرەکان جارێکی تر ببنەوە بە نوێنەری ئێمە و نەهێڵین جارێکی تر هاوارگەی دزیەکانیان لەسەر گیرفان و داهاتی ئێمە هەڵدەن .




ئێمە دەمێکە جواب کراوین … وریا مه‌عروف

ھەموو شتێکمان ڕاونا، ئەوانەی مانەوە و سۆز و بەزەییان ھەبوو ھیچ ئومێدیکیان بە ئێمە نەما، بەجێیان ھێشتین، ھەموو شتێک ڕوودەدات، ئێرە بێ پاسەوان و بێ پارێزەر و بێ ڕێگریە، ژیان گوستراوەتەوە ڕەنگه‌ تۆرابێت و، ھەڵفڕیبێت، هه‌موو وه‌ڵامه‌كان پاڵنه‌رن- هانده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگایه‌كی تر بگرینه‌به‌ر، ڕێگای مرۆڤ.. ڕێگای ژیان.

سزا دۆزه‌خیه‌كانی دونیا سه‌رپشك كراون چۆن و چ كاتێك و به‌ چی قه‌باره‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی زه‌میندا ببارن.

شەپۆلە بێ ڕەحمەکانی ژیان کە دەڕژێن- دادەبارێن، جێگەیان نابێتەوە، دەگەڕێن و دەگەڕێن ھیچ کوێ نادۆزنەوە و پەی بەھیچ بۆشاییەک نابەن، دواجار دەگەنە ئێرە تەختاییە ڕێگایەکی کراوەیه‌، دادەبارێن نەھامەتیەکان ئازارەکان. چ خواستێكه‌ ئێمه‌ لێره‌ بكه‌وین؟. چ ئاره‌زوویه‌كه‌؟ ئێمه‌یان فڕێدایه‌ زبڵدانی ژیان و، له‌ ڕابردوودا زیندانیان كردین، ڕابردوو وەک ژەھر وەک شێرپەنجە كه‌م كه‌م له‌ناومان ده‌بات، ئێمەش ھەموو جوانیەکانمان کوشت، ھەموو پیرۆزییەکانمان تۆراند.

ئێمه‌ ئه‌و چه‌قۆیه‌ین گوڵه‌كان ده‌بڕینه‌وه‌، تیر ده‌گرینه‌ خۆر و پشت ده‌كه‌ینه‌ مانگ، مرۆڤه‌ باش و چاك و جوان ڕۆحه‌كان گۆشه‌گیر ده‌كه‌ین ئه‌نجن ئه‌نجنیان ده‌كه‌ین، ئه‌ستێره‌كان تووڕ هه‌ڵده‌ده‌ین، ته‌نیا قه‌وزه‌ و كه‌ڕوو به‌م خاكه‌ ڕه‌وا ده‌بینین، مه‌كینه‌یه‌كی گه‌وره‌- كارگه‌یه‌كی پله‌ یه‌كی مه‌وادی خراپین. كه‌ مرۆڤ بوویت دوورت ده‌خه‌نه‌وه‌، ناچارت ده‌كه‌ن گۆشه‌گیربیت – ته‌نیابیت، دوور دوور كه‌ویته‌وه‌، قه‌هر و ژان داده‌بارێ بۆت، ڕێگاكانی مرۆڤ بۆ ژیان داخراوه‌، كۆنكریتیه‌.
خۆشه‌به‌ختی زۆر دووربوو هه‌ر بیریشمان لێ نه‌كرده‌وه، ته‌نها ویستمان داشكاندنێكی كه‌م له‌ ئازاره‌كان بكه‌ین- زیاتربوون داده‌بارێ، وه‌ك موژدانه‌ داده‌بارێن…




ئيسرائيل چی بە ئێمە کرد … لوقمان بەرزنجی

هەموو شت بۆ خۆيان حەڵاڵە بەڵام بۆکورد حەرامە. ڕۆژگارێک ئێران وتورکيا تاکە دۆست و پشتيوانی دەوڵەتی ئيسرائيل و بوون .لەهەمان کاتيشدا بيست و دوو دەوڵەتی عەربی دوژمنی ئيسرائيل بوون ، ئيستا هەردوو وولاتی ئێران و تورکيا يەکەميان خۆی بەدوژمنی سەرسەختی ئيسرائيل دەزانێت و ئەوەی دووهەميش خۆی بە نەيار و پتر لە شەش تا حەوت دەوڵەتی عەرەبيش بە دزی بە ئاشکرا پەيوەنديان لە گەل ئيسرائيل هەيە تا پلەی هاوپەيمانی سەربازيش ، بە کوردی هەموو ئيستا ڕۆژێک لە ڕۆژان دۆستايەتی و هەڤاڵبەنديان لەگەل ئيسرائيل هەيە و هەبووە، ، بەڵام کە بەرپرسێکی ئيسرائيلی دێت، باسی لەئەگەری هەر کاتێک دەوڵەتی کوردی جاڕ بدرێت ئەوا ئەوان پشتيوانی لەو دەوڵەتە دەکەن دونيا و قيامەت هەڵدەستێ بەسەر سەری کورد و هەزار ناو و ناتۆرەی بۆ دەدۆزرێتەوە . تەنيا ئەو داخويانيەی يەک تا دوو بەرپرسی ئيسرائيلی وايکرد کە ئێران و تورک و هەموو عارەب و دەوڵەتی ئينگليزيش هارو شێت بکات و وايان لێبکات بکەونە هۆنينەوەی بڕو بوختان بە گەلی کوردستان و هەريەک بەجۆرێک باس لە پەيوەندی کوردو ئيسرائيل بکات و ئەو جۆرە باسکردنانەش ئەصل و ئەساسی نيە و نەبووە ، بەڵێ لەوانەيە ئيسرائيل بۆ خی باس لەو شتە بکات بەڵام هەرگيز لەو باوەڕە دا نيم کە سەرکردايەتی کورد بەتەنيا داوای لە حکومەتی ئيسرائيل کردبێت پشتيونيمان لێبکەن . بەڵی ئيسرائيل بۆ ئەوەئ ناووچەکە ئارامی بەخۆيەوە نەبينێ لە خاڵە لاوازەکانەوە ئاژاوەی خۆی دەنێتەوە بۆ نيزاێکی تايبەتی خۆی ، ئەگيان خێرە سەرەتا دەيان هەواڵ بڵاو بۆوە گوايە ئيسرائيل وا خەريکە لە ڕێگەی لوبی جولەکە لە ئەمريکا خەريکی جموجۆڵن بۆ ئەوەی قەناعەت بە ئەمڕيکا بێنن دەوڵەتێکی کوردی لە ناووچەکە درووست بکەن. دەيان هەواڵی لەو جۆرەيان بڵاوکردوەو تا کار گەيشتە ئەوەی هەرچی دۆستی کورديش بوو لەبەر ناوی ئيسرائيل يا بوو بە دوژمنی يا بە نەياری و حەزنکردنی بە جيابوونەوە لەعيراق. لێردا کە هەموو وولاتانی عەرەبی و ئێران و تورکيا و ئينگليز و ئەمريکا و نەتەوە يەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسايشی نێەودەوڵەتی زۆرێک لە وولاتانی دونيا هەڵويستيان نەرێنيان بەرامبە ر بە ڕيفراندوم نيشاندا ، ئەرێ خێربوو حکومەتی ئيسرائيلی ئەويش هاتە سەرخەت و گوتی ئەگەر سەرۆک حکومەتی ئيسرائيل يا هەر کەسايەتيەکی وەک بنيامێن نەتنياهو هەر قسەيەکيان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان کردوە ، ئەوە ڕای شەخسی خۆپانە هيچ پەيوەنديەکانی بە حکومەتی ئيسرائيلەوە نيە ئێمە لە حکومەتی ئيسرائيل هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەيە کە ناووچەکە بەئارامی بمێنێتەوە و تا بتوانين بە هەموو لايەک شەڕی تيرۆرستانی داعش بکەين ، لەدوای ئۆپەرسيونی 16 ئوکتوبەر ديسان حکومەتی ئيسرائيلی رايدەگەيەنێ ئەو ئۆپەراسيونە کێشەيەکی ناوەخۆی عيراقە و نەدەبوايە کوردەکان هێندە ساکار سياسەتيان بکردايە ، باشە ئيسرائيل ئەگەر مەبەستی شێواندنی بارودۆخی ناووچەکە نەبێت ئەو هەموو ياری و چاوشلکانێ تەم توماويە چيە بۆکوردی دەهۆنێتەوە . بێ ئەوەی نە کورد و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوايان لە ئيسرائيل کردبێت ئەو بەندو بالۆرەيان بۆ بخوێنێت ، ئاوا بەو گەرم گوڕيە هاوکاريان بێت و هەرچی ووڵاتی ئيسلامی لە ناووچەکە هەيە لەکوردی هەڵگەڕێنيتەوە، لێرەدا پرس ئەوەيە ئايا دەبێت دوای ئەو هەڵۆێستە جيا جيانەی ئيسرائيل لە سەرکردايەتی کورد چۆن کارە دبلۆماسيەکانی خۆی بە ئەنجام بگەيەنێ و بەرپەرچ دانەوەی ئەو پڕوپاگەندانەی لەدژی حکومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت بەوەی کوردستان بە پشتيوانی ئيسرائيل دەخوڕی و هەڕەشە لە يەکپارەچەيی عيراق دەکات ، بەڕای من کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێم ئەولەوياتی کارەکانی ئايندەی ناردنی شاندێک بێت بۆ تورکيا و ووڵاتانی ميسرو سعوديە و کۆمکاری عەرەبی بۆ ڕوونکردنەوە و خستنە ڕوی ئەو هەواڵە ناڕاستانەی کە بەو حکومەتانە گەيشتەوە دەربارەی پەيوەندی نێوان کورد و ئيسرائيل ، بۆئەوەی تا ڕادەيەک ئەو فشارە ناشەرعيە تاڕادەيەک لەسەر خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێم کەمتر بێتەوە چونکە ئەو واقيعەی ئيستا بەسەرمان دێت بەشێکی زۆر بۆ ئەو هەواڵە ناڕاست و نادروست و بێ هەڵويستەی ئيسرائيلە کە ئێمە ئەمڕۆ لەدواڕيفراندوم باجەکەی دەدەين ، پێويستە هەرچی زووە ئەو هەواڵ و هەڵە تێگەيشتنانە بۆ ووڵاتنی ناووچەکە ڕون بکەينەوە بۆ ئەوەی سنورێک هەڵە تێگەيشتن قسە گەورە بێ کردارەکانی ئيسرائيليش دابێنێن دەربارەی کێشەی کور

ئەڵمانيا




دانپێدانانی حکومەتی هەرێم بە بڕیاری دادگای عێراق بۆقەدەغەکردنی سەربەخۆیی کوردستان مایەی شەرمەزاریە

ئەمرۆ لە بەیاننامەیەکی پڕلەشەرمەزاریدا حکومەتی هەرێم ڕایانگەیاند کە ” ڕێز له‌و ڕاڤه‌كردنه‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵى ده‌گرین”کە دەڵێ “دادگا بڕیاری دا کە جیابونەوەی هیچ ناوچە و پارێزگایەکی وڵات مومکین نیە”.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان دژ بەم بڕیارەی دادگای باڵای ئیتحادی عیراق و دژ بە سەرشۆڕکردنی حکومەتی هەرێمە بۆ ئەم بڕیارە شۆڤینسیستیە. ئەمە بڕیارێکی دژی سەربەخۆیی و ئازادی خەڵکی کوردستانە و دژی بڕیاری زۆربەی خەڵکی کوردستانە کە لە رفراندومی ٢٥ سێپتەمبەردا بڕیاری سەربەخۆیی کوردستانی داوە. ئەمە بەشێک لە درێژەی ئەو سیاسەتە داگیرکاریانەی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراقە ،کە لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەستی پێکردوە ،وە جێبەجێکردنی دەستوری کۆنەپەرستانەی عێراقە کە خەڵکی کوردستان و چارەنوسەکەی کردۆتە پاشکۆ و کۆیلەی یەکپارچەیی خاکی عێراق و دەسەڵاتی شۆڤینستە ئیسلامیەکەی. هەربۆیە لای خەڵکی کوردستان ئەم بڕیارەی دادگای عێراق هیچ ئیعتبارێکی نیە و بڕیاری پێشوازی حکومەتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیش شەرمەزار دەکرێ.

حکومەتی هەرێمی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەیانەوێ بڕیارە شەرمەزاریەکەیان بشارنەوە و دەڵێن ئەم بڕیارە سەبارەت بە مادەی یەکی دەستورە. ئەمە لەکاتێکدا کە ئەم دادگایە باسی مادەی یەکی نەکردوە و بەڵکو زۆر بەڕۆشنی دەڵێ ” دادگا بڕیاری دا کە جیابونەوەی هیچ ناوچە و پارێزگایەکی وڵات مومکین نیە”و”ئەم بڕیارە وەک وەڵامێک بەداوای حکومەت هاتوە کە داوای کردوە سنور بۆ لێکدانەوەی هەڵەی دەستور دابنرێ و جەخت لەسەر یەکێتی عێراق بکرێتەوە”.
کەواتە ئاشکرایە کە دادگا و حکومەتی عەبادی بڕیارێکیان دژی سەربەخۆیی داوە و حکومەتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیش ڕێزلەو بڕیارە دەگرن و دژی بڕیاری ٣،٥ملێون خەڵکی کوردستان دەوەستن کە لە رفراندومی ٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٧ بەڵێی بۆ سەربەخۆیی کرد. بەڵام حکومەتی بەنماڵەکان لە ترسی خەڵک و شەرمەزابونیان لەلای خەڵک شەرم دەکەن کە ئەم ڕاستیە بڵێن.

ئاشکرایە ئەم مامەڵە و سەوداکردنەی یەکێتی و پارتی بە ماف و بڕیاری خەڵکی کوردستانەوە بۆ سەربەخۆیی لەپێناو گێڕانەوەی پلەوپۆست و پارە و پاراستنی دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیاندایە. تەسلیمکردنەوەی خەڵکی کوردستان و ژێردەستەکردنەوەی وەک هەمیشە کاروسیاسەتی یەکێتی و پارتی بوە و بۆیە ئێستاش زۆر بۆیان ئاسانە سەردانەوێنن لەبەرامبەر بڕیاری داگیرکەرانەی ئاشکرای لەم چەشنەی قەدەغەکردنی سەربەخۆیی لە خەڵکی کوردستان و ڕایدەگەیەنن کە ئەوان سوپاسی سیستانی و ئێران و قاسم سلێمانی دەکەن کە ئەمجارەش ڕێگەیان داوەتەوە بەم میلیشیا کوردیانە ببنەوە بە خزمەتکاری یەکپارچەیی عێراق و حکومەتی میلیشیا شیعە دەسەڵاتدارەکان.

ئاشکرایە یەکێتی لە ١٦ ئۆکتۆبەردا کەرکوکی فرۆشت تەنیا بۆ ئەوەی ئاغاکانی ئێران ڕازی بکا و ئێستاش لەگەڵ پارتیش بەهەمان قیمەت ئامادەییان دەربڕیوە کە ببنەوە پاشکۆی دەسەڵاتی میلیشیا شیعەکان. ئەم دوو میلیشیایە هەرچۆن لە ٢٠٠٣دا خەڵکی کوردستانیان تەسلیمی فیدرالیزمی قەومی و ئیسلامی عێراق کردوە و بەپێی دەستوری عێراق خەڵکی کوردستانیان کردەوە کۆیلەی یەکپارچەیی عێراق ، ئێستاش هەر بەو نەفەسەوە باسی ملکەچیان بۆ ئەم دەستورە داگیرکەرانە و بڕیاری قەدەغەکردنی سەربەخۆیی دەکەن.
بەڕاستی ئەمە شکست نیە ئەمە هیچ ناوێکی تری نیە جگە لە بونەوە بە پاشکۆی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق. هەربۆیە عەبادیش ئەمڕۆ بەرامبەر بەم میلیشیا کوردیانەی بونەتە پاشکۆی ڕایگەیاند کە خاڵە سنوریەکانیشیان لێ دەسەنێتەوە و چیتر چاوەڕوان ناکا. هاوکات مامەڵەش لەگەڵ دەسەڵات لە کوردستان وەک مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک لایەن و چەند پارێزگایەک دەکا و هیچ ئیعتبارێک بۆ ئەم حکومەتەی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیش دانانێت.

ئاشکرایە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئەم سەرشۆڕیەی یەکیتی و پارتی قبوڵ ناکا و ئەم خەڵکی ئازادی خوازە بە دەنگی زۆرینەی خواستی سەربەخۆیی خۆی بە دنیا و عەبادی و ئێران و تورکیا ڕاگەیاند. هەموو ئەم هەوڵانەی دەسەڵاتدارە میلیشیا شیعەکان و ئەم دەوڵەتانەش بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان و شکاندنی ئەم ئیرادە وبڕیاری سەربەخۆییەتی. ڕێگای ئاسانیش بۆ ئەم هێزە داگیرکەرانە میلیشیا پاشکۆکانی یەکێتی و پارتیە کە هەمیشە ئامادەن خەڵکی کوردستان و ژیان و ماف و چارەنوسی لەپێناو پلە و پۆست و پارەی خۆیاندا هەڕاج بکەن. بێگومان ئەم ساتوسەودایانەی یەکێتی و پارتی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە ژێردەستەی حکومەتێکی ئیسلامی و قەومی لە عێراقدا کە هەمان سیاسەت و بەرنامەی بەعسی بەرامبەر خەڵکی کوردستان هەیە و ئەمەش قوربانی و ستەم و ماڵوێرانی و بێ مافی زۆری بەدواوە دەبێ. هەربۆیە تەنیا ڕێگا چارە بۆ ڕزگاربون لەدەست ئەم ژێردەستەیی و کۆیلایەتیە هەر ڕێگای سەربەخۆیی کوردستانە لە دەوڵەتی شۆڤینیشتی ئیسلامی عێراق و نەهێشتنی دەسەلآتی ئەم میلیشیایانەی یەکێتی و پارتیە کە بازرگانی بە ماف و ژیانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن. خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە لەسەدەیەکی ڕابردودا نیشانی داوە لەم خەباتە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی دەست هەڵناگرێ و بڕیاری شەرمەزارانەی حکومەتی هەرێمیش دەخاتە زبڵدانی مێژوەوە. دەبێت حکومەتی عێراق باش بزانێت کە هەرکات خەڵکی کوردستان فرسەتی بۆ هەڵکەوتەوە و لەدەست میلیشیا بازرگانەکانی یەکێتی و پارتی ڕزگاری بوو،ئەوا ئەو بڕیارانەی دادگای عێراق و حکومەتەکەی عەبادی ڕەوانەی لای بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی ثورەی بەعس دەکا.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان کە لە ١٨ ساڵی ڕابردوەوە دژ بە حکومەتی بەعس و حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا خەباتی کردوە، لە ئێستاشدا دژ بەم بڕیارە شۆڤینستانەی حکومەت و دادگا وپەرلەمانی عیراق دەوەستێتەوە و بەیانی پێشوازی حکومەتی هەرێمیش شەرمەزاردەکا.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
١٤ نۆڤەمبەری ٢٠١٧




خۆپاراستن … فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی

منـداڵـی ئـاقـڵ وژیـر
ئه‌ی بچكۆله‌ی ڕۆشنبیر
لـه‌بـه‌فـرولـه‌بـاڕێـزه‌
له‌سه‌رما خۆت پارێزه‌
زستان وه‌رزی سه‌رمایه‌
سـه‌رماوه‌ك دڕك وایـه‌
كه‌هه‌ڵچه‌قی له‌له‌شت
سیس ده‌بێ‌ ڕه‌نگی گه‌شت
وریـایـت لـێـده‌سـێـنـێ‌
تـوانـاوهـێزت نامێنێ‌
وه‌ك كـاسه‌یه‌كی بۆشـی
هه‌ستده‌كه‌ی كه‌نه‌خۆشی
جـاچـاك وایـه‌ وریابیت
زستان دوورله‌سه‌رمابیت
لـه‌جـل وبـه‌رگـی گـه‌رما
خـۆت پـارێـزه‌ له‌سه‌رما.




مارتین لۆتەر : شۆڕشگێڕێک له‌ به‌رگی ریفۆرمخوازێکدا … ئەردەڵان عەبدوڵڵا


جیهان یادی 500 ساڵ بەسەر ریفۆرمەکانی مارتین لۆتەر دەکاتەوە

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چەند کەسێک هەبوون، کەتوانیویانە لەرێگەی پڕەنسیب و بۆچوونەکانیانەوە، تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی لە قۆناغێکەوە بگوازنەوە بۆ قۆناغێکی تر، یەکێک لەو کەسایەتییانەش، زانای ئایینی و بیرمەندی گەورەی ئەڵمانی ، مارتین لۆتەر کینگە.
هەفتەی پێشوو لەتەواوی جیهاندا یادی 500 ساڵەی یادی بڵاوبونەوەی کتێبە بەناوبانگەکەی مارتین لۆتەر کەبە پڕەنسیبە 95 بەندەکە ناسراوە، لەئەڵمانیا و جیهان کرایەوە. ئیتر لێرەوە و لەرێگەی تێزەکانی مارتین لۆتەرەوە، کڵێسای مەسیحی جیهان درزی تێکەوت و دواتریش پاش سەد ساڵ، جەنگ لەنێوان برا مەسیحییەکان لەسەر مەزهەبی کاتۆلیکی و پرۆتستانتی دروستبوو، کەبە جەنگی سی ساڵە دەناسرێت. بەڵام بەکۆتایی هاتنی ئەو جەنگە، قۆناغێکی نوێ لە پێکەوە ژیانی ئایینەکان سەریهەڵداو تێزی لێبووردەییش ، بەناو ئەوروپادا بڵاوبوویەوە.

لەتەواوی جیهاندا یادی تێزەکانی مارتین لۆتەر کرایەو، بەڵام لەئەڵمانیادا یادەکە لەچاو وڵاتانی تری جیهان بەهێزتربوو، چونکە مارتین لۆتەر کوڕی ئەم وڵاتەیە. هەربۆیە بەچەندین شێوە ئەم یادە کرایەوە. ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا لەیادەکە جگە لەوەی ستایشی رۆڵی مارتین لۆتەری کرد لە بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئایینەکان، لەهەمانکاتیشدا رایگەیاند: لێبوردەیی رۆحی ئەوروپایە.
لێ پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ ئەم هەموو گرنگییە چییە کەبەم پیاوە درا؟ مارتین لۆتەر چیکردووە تاوەکو تەواوی جیهان بەمێشوەیە رێز لە تێزو بۆچوونەکانی بگرن؟ وە ئەو بۆچوونانە کامانەن، کەوایکردووە ئەم هەموو رێزە بەم پیاوە ببەخشرێت؟ لێرەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی و پوختی وەڵامێکی دروستی ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێک پرسیاری تریش بددەینەوە

مارتین لۆتەر کێیە؟

مارتین لۆتەر لە ساڵی 1483 لە شارۆچکەی ئایسلیبین لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لەدایک بووە. لەساڵی 1505 چۆتە قووتابخانەی کڵێسای ئۆگوستینی لە شاری ئیرفۆرت. هەر لەمنداڵییەوە مارتین لۆتەر، باوەڕێکی تەواوی بە خودا و مەسیحییەت هەبووە، لەهەمانکاتیشدا خاوەن شارەزاییی و زانیاری زۆری لەبارەی ئایین و لاهوت و زانستەکانی ترەوە هەبووە.

سەرەتای گومانەکانی

بەڵام لەگەڵ کامڵبوون و خوێندنەوەی زیاتر، لای ئەم گەنجە مەسیحییە کێشەیەک دروست دەبێت، ئەویش گوومانکردن لەبارەی ئەوەی، ئایا چۆن دەکرێت خودا لەرێگەی چەکی غوفرانەوە لە کەسێک خۆشبێت؟! کەلەوکاتەدا تەواوی پیاوە ئایینەکانی ئەوروپا، ئە‌م چەکی غوفرانانەیان بەخەڵکی ئاساییان دەفرۆشتەوە. هەروەها چۆن دەبێت قسەو ووتەکانی پاپای فاتیکان لەسەر هەموو شتێکەوە بێت و تەنانەت لە ئینجیلیش گەورەتر بێت؟ هەمووئەمانە بوونە سەرەتای گوومانی لۆتەر لەسەر کڵێسای کلاسیکی مەسیحی و دەسەڵاتی پاپای فاتیکان.
پیاوێکی ئەکادیمی پلە بەرز
لەساڵی 1512 لە زانکۆی فێتینبێرگ ، شەهادەی دکتۆرا لەبارەی ئوسوڵی ئاینەوە دەهێنێت، دواتریش لەساڵی 1517 نازناوی پرۆفیسۆر دەهێنێت و لەهەمان زانکۆدا دەبێتە مامۆستا لاهوت و زانستە ئاینییەکان.

رووبەروبونەوە لەگەڵ پاپای فاتیکان

لەکۆتایی ساڵی 1516 دا، پاپای فاتیکان قەشە دۆمینیکان وەکو نوێنەری خۆی بۆ ئەڵمانیا دەنێرێت، تاوەکو کۆمەڵێک چەکی غوفران بفرۆشێت، بەو ئامانجەی کە پارەیەکی باش کۆبکاتەوە، تاوەکو دواتر بتوانن کڵێسای کاتیدرائی قەدیس بوترس لە رۆما نۆژەن بکەنەوە. جێگەی ئاماژەیە لەوکاتەدا کڵیسای پاپایی فاتیکان، باوەڕی تەواوی بە فرۆشتنی ئەم چەکی غوفرانە هەبوو، هەروەها پێیان وابوو، ئەوە واجبی ئیماندارانە، کە کڵێسا دروستبکەن و یان کار لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بێ بەرامبەر بکەن ، ئەم کارەشیان، بەکارێکی پیرۆزیان دادەنا .
دیارە پێشتر لۆتەر لەناخی خۆیدا گوومانی لەبارەی فرۆشطنی چەکی غوفران پەیداکردبوو، ئەو لەوباوەڕەدابوو، کەتەنها خودای مەزن دەسەڵاتی لێخۆشبوون و بەخشندەیی هەیە و هیچ کەسێکی تر مافی ئەوەی نییە بەناوی خوداوە ئەم کارە بکات. ئەوەبوو لە 31 ئۆکتۆبەر 1517 نامەیەکی بۆ قەشە ئەلبێرت ماینزی کە قەشەی باڵای شاربوو نارد، لەو نامەیەدا ناڕەزایی خۆی دەربری بەوەی کە قەشە ئەلبێرت چەکی غوفرانی پاپاویی فرۆشتووە. لە نامەکەیدا مارتین لۆتەر ناڕەزایی لەم کارە دەربڕیی و جگەلەوەش ، نوسخەیەکی لە کتێبە بەناوبانگەکەی کەبە ” پرەنسیبە 95 بەندەکە” ناسراوە بۆنارد.

لەنامەکەیدا لۆتەر لە قەشە ئەلبێرت دەپرسێت: بۆچی پاپای فاتیکان دەیەوێت لەرێگەی پارەی خەڵکی هەژارو دەستکورتەوە کڵێسای قەدیس بوترس نۆژەنبکاتەوە؟!، ئەی باشە بۆچی ناچێت لەپارەی خۆی یان پارەی فاتیکان ئەو کارە بکات؟!
دیارە خۆی لەخۆیدا ئەم پرسیارە کوفرێکی گەورەبووە لەوکاتەدا، هەربۆیە تەواوی پیاوانی ئایینی لەم کارەو لەم پرسیارەی لۆتەر تووڕە دەبن. ئیتر لێرەوە سەرەتای راپەڕینی لۆتەر دەستپێدەکات و لەهەمانکاتیشدا غەزەبی پاپا و پیاوانی ئایینی لەناو ئەڵمانیاو دواتریش ئەوروپا، سەرهەڵدەدا و رووبەروی کێشەی گەورە دەبێتەوە.

کتێبی 95 بەندەکە

لۆتەر لەساڵی 1517 دا لەهەموو روویەکەوە تەواو کامڵ بوو بو، لێرەشەوە هەوڵیدا بۆچوون و گوومانەکانی هەمووی کۆبکاتەوە لەکتێبە بەناوبانگەکەی دا کەلە 95 بەند پێکدێت و باس لە ئایینی مەسیحیی و زانستی لاهوت دەکات ،هەروەها رەخنە توندەکانی خۆی ئاڕاستەی دەسەڵاتیی پاپایی و کڵێسای ئەوکاتە بکات. ئەمە یەکەم هەنگاوی لۆتەر بوو بۆ دەرچوونی لە قۆناغێکی پڕ لە گوومان و دوودڵی، بۆ قۆناغێکی تر کە ژیانی بەرەو ئاڵۆزیی و نارەحەتی دژاوریی برد.
دەرکردن و راونانی لە کڵێسا
دیارە رەخنەگرتن لە کڵێسا و پاپا و پیاوانی ئایینی لەسەدەکانی ناڤیندا، یەکێک بووە لە کوفرە هەر گەورەکان و زۆرجاریش مرۆڤەکانیان لەسەر سووتاندووە، لێ مارتین لۆتەر بەحوکمی ئەوەی زانایەکی گەورەی بووە، هێندە سزای توندیان نەداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رووبەروی ئاڵۆزکاری گەورە دەبێتەوە.

لەسەر داوای خۆی ، لەساڵی 1521 دا لە شاری فۆرمز، داوای بەستنی ئەنجومەنێکی دەکات کەتێیدا کۆمەڵێک پیاوی ئایینی لەشاری فۆرمز و دەوروپشتی ئاامدە دەبن، هەروەها قەیسەر کارلی پێنچەمی ئیمپراتۆری رۆمانی پیرۆزیش ئاامدەی کۆبوونەوەکە دەبێت، تاوەکو تێزو بۆچوونەکانی خۆی بۆیان بەیان بکات، ئەم کۆبوونەوەیە لە دادگاییکردن نزیک بوو.، تاوەکو کۆبوونەوەی پیاوانی ئایینی.
تەواوی پیاوانی ئایینی لەو مەجلیسەدا دژی لۆتەر دەوەستنەوەو دواتر وەکو کەسێکی مورتەد دادەنرێت و لەکڵێسا دەریدەکەن، هەربەمەش وازی لێناهێنن و دواتریش شاربەدەری دەکەن، دواتر قەیسەر بڕیار دەدات کە مارتین لۆتەر لە قەڵای فۆرتینبێرگ دەستبەسەر بکات.
لێ ئەم زیندان و دەستبەسەرکردنە بەخێر بۆخۆیی و مێژووی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە، چونکە لێرەوە هێندەی تر کاتی زیاتری دەستدەکەوێت، تاوەکو هەنگاوی گەورەتر بنێت.
یەکەمین ئینجیل بەزمانی ئەڵمانی
لەساڵی 1521 کاتێک لە قەڵای فۆرتینبێرگ دەستبەسەر دەکرێت، لەم قەڵایەدا داهێنانێکی ئێجگار گەورە دەکات، ئەوەش وەرگێرانی کتێبی پیرۆزی ئینجیل لەزمانی لاتینییەوە بۆ زمانی ئەڵمانی، ئەمەش یەکەمجارە کارێکی لەوجۆرە بکرێت.
جێگەی ئاماژەیە پێشتر لەتەواوی جیهاندا، ئینجیل تەنها بەزمانی لاتینی بڵاودەکرایەوە، زمانی لاتینیش، زمانی نووسین و نوخبەی رۆشنفکری ئەوروپا بوو. هەروەها وەرگێڕانی کتێبی ئینجیلی پیرۆزیش، بەکارێکی کوفر دادەنرا، پێشتر لەسەدەی 13 دا لەئینگلتەرا هەوڵێکی لەمجۆرە درا، بەڵام هەر زوو شکستی هێنا.

داهێنانی ئامێری چاپ

زۆرکەس لە مێژوونوسانی جیهان، هۆکاری سەرکەوتنی پەیامەکەی مارتین لۆتەر دەگەڕێننەوە بۆ داهێنانی ئامێری چاپ لەلایەن زانای ناسراویی ئەڵمانی گوتینبێرگ، چونکە لەڕێگەی ئەم ئامێرەوە ئیتر توانرا کتێب نووسخەی زیاتری لێ چاپ بکرێت.
لەوکاتەدا کتێبەکەی مارتین لۆتەر لە ئەڵمانیادا، زیاتر لە 60 هەزار دانەی لێفرۆشرا، هەروەها کتێبەکانی تریشی، لەرێگەی ئامێری چاپەوە، زیاتر بڵاوکرایەوەو بووە هۆی ئەوەی کە پەیامەکەی باشتر بەناو ئەڵمانیاو ئەوروپادا بڵاوبێتەوە. ئەمەش یەکەمجارە کە داهێنانی تەکنیکی خزمەتی داهێنانی رۆحیی و فکری بکات.

بزووتنەوەی ریفرۆمی ئایینی

بزووتنەوەی ریفۆرمی ئایینی لسەدەکانی ناڤینەوە لەناو کڵێساکانی ئەوروپدا پەیدابوو، سەرەتای ئەم بزووتنەوانەش بە گوومان و پرسیارکردن بوو لەبارەی دەسەڵاتی پاپا و دەسەڵاتی خودا دەستیپێکرد، دواتریش دروستبوونی چەکی غوفران ئەم پرسیارو گوومانانەی زیاتر کرد. لەئەوروپادا تێزەکانی لۆتەر بەسەر وڵاتانی : ئەڵمانیا و ئەسکەندەنڤیا و دەوڵەتانی بەلتیق و هۆڵەندا” زاڵبوو. ” لە سویسرا و فەرەنساو تارادەیەکیش بەریتانیا ، تێزەکانی قەشەی ریفۆرمخوازی فەرەنسی یوهانس کاڵفین زاڵبوو، کەدواتریش تەوژمی ئەم بزووتنەوەیەوە گەیشتە باکوری ئەمریکا.
ئەم بزووتنەوە ئایینیە ریفۆرمخوازانە هەموویان دژی دەسەڵاتی پاپا و چەکی غوفران وەستانەوە، لەهەمانکاتیشدا پێیان وابوو، کەلەنێوان عەبد و خودادا هیچ کەسێکی تر نییەو مرۆڤ دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ خودای خۆی بدوێت و هەر خوداش لەکارو چالاکییەکانی مرۆڤ بەرپرسە. هەروەها پێیان وابوو، مرۆڤ لەرێگەی کاری چاکەوە،دەتوانێت بەخشندەیی خودا دەستبکەوێت، نەک لەرێگەی چەکی غوفران و پیاوە ئایینیەکانەوە. جگە لە وەستانەوە بەرامبەر هەندێک طقوساتی ئەو سەردەمە کەبریتیی بوو لە زیارەتکردنی قەبری پیاوە ئاینییەکان. هەروەها پرۆتستانتەکان تەنها ئینجیلیان بە مەرجەعی ئایینی مەسیحی دادەنا و دژی دەسەڵاتی پاپا و فاتیکان وەستانەوە.

هەموو ئەمانەش ئاگرێکی گەورەی لەناو کۆمەڵی ئەوروپیدا دروستکرد. ئەم بیروبۆچوونانە بەتایبەتی کتێبەکانی لۆتەر لەسەرووهەموشیەوە، 95 تێزەکەی، لەماوەیەکی ئێجگار کورتدا بەناوتەواوی ئەورپادا بڵاوبوویەوە، هەرئەمەش وایکرد لە پاش سەد سال لە بڵاوبونەوەی تێزەکانی لۆتر، لەساڵی 1618 تاوەکو 1648، جەنگێکی خوێناوی سی ساڵە لەتەواوی ئەوروپادا لەنێوان پرۆتستانت و کاتۆلیکەکان سەرهەڵبدات و ئەم جەنگەش بووە هۆی کوژرانی ملیۆنان کەس و وێران بوون و سوتاندنی سەدان شارو گوند. لێ دواتر لەساڵی 1648 جەنگەکە کۆتایی پێهات و لێرەشەوە لێبوردەیی ئایینی لە ئەوروپادا سەریهەڵدا.

بۆچوونەکانی مارتین لۆتەر

ئەوەی وایکردووە کە مارتین لۆتەر کینگ بەمەزنی بمێنێتەوە، بۆچوونە فکریی وئایینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیەتی، کە توانی گەورەترین شٶرشی فکریی و ئایینی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا بکات، کەدواتر کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی جیهانەوە هەبووە.
گەورەترین شۆرشی فکری ئایینی کە مارتین لۆتەر کردی، بریتییە لە وەستانەوەو دژایەتیکردنی فرۆشتنی چەکی غوفران لەلایەن کڵێساوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا لەو سەردەمەدا وەکو کوفرێکی گەورە سەیر دەکرا، چونکە هەر دژایەتیکردن یان رەتکردنەوەی شتێکی لەو جۆرە لەلایەن خەڵکی، مایەی قبووڵکردن نەبوو، بگرە تەواوی خەڵکی لەرێگەی ئەو چەکانەوە، دڵیان بەوەخۆشبوو کەئەوان دەچنە بەهەشتەوە.
خاڵیکی گرنگی تر وەستانەوەو داژیەتیکردنی دەسەڵاتی رەهای پاپای فاتیکان و قەشەکانی بوو. لە پاش بڵاوبونەوەی مەسیحییەت لەئەوروپادا و دروستبوونی دەسەڵاتی پاپای لە رۆما، تەواوی کۆمەڵگەی ئەوروپی بە مەلیک و ئیمپراتۆر تاوەکو خەڵكی جووتیارو کۆیلەکان، هەرهەمویان لەژێر فەرمانی پاپای رۆمادا بوون. هیچ کەسێک نەیدەتوانی دژی فەرمانەکانی بوەستێتەوە. لێ کاتێک مارتین لۆتەر هات، تەواوی ئەو دەسەڵاتەی رەتکردەوەو رایگەیاند: لەنێوان مرۆڤ و خودادا، هیچ لایەنێکی سێهەم نییەو مرۆڤی مەسیحی دەتوانێت لەرێگەی خودا پەرستییەوە بە ئامانجی خۆی بگات و چارەنوسی خۆی دیاریبکات. ئەمەش چ لەرووی ئایینی و چ لەرووی فکریی و عەقڵییەوە، لەو سەردەمەدا گەورەترین شۆرش بووە.
بیرمەندی ناسراوی عەرەبی هاشم صالح لەبارەی لۆتەرەوە دەڵێت: مارتین لۆتەر دژی دەسەڵاتی ڕەهاو پیرۆزی پاپا و کڵێسا و پیاوانی ئاینی وەستایەوە، تەنها دانی بە دەسەڵاتی ڕەها وپیرۆزی خودا دانا و ئەوانی تری ڕەتکردەوە.
لۆتەر گووتی: دەستبکەن بە پشکنین و لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو توراسێکی کڵێسایی، تەنها توراسە چاکەکان قبووڵ بکەن ، واتە : ئەوانەی کە لەگەڵ ووتە و فەرمایشتەکانی خودا یەکدەگرنەوە.
بە واتایەکی تر هیچ یاساییەکی ئایینی نامانبەستێتەوە بە فەرمان و فەرمایشتەکانی پاپا وە، واتە مەسیحیەکان مافی ئەوەیان هەیە کە هەموو فەتوایەکی کڵێسایی پاپاوی ڕەتبکەنەوە، گەر بزانن ئەو فەتوایە هیچ پەیوەندی بە ڕۆحی ئینجیلەوە نییە. ( لێرەدا مەبەستی ئەو فەتوایە یە ، کە لە ناو دەقی ئینجیلدا نەبێت،،،، و. ک.)

هەرلەبەرئەوە لۆتەر هەموو نوێنەرایەتیکردنی پیاوانی ئایینی بەسەر خەڵکەوە ڕەتکردەوە یان بە شێوەیەکی تر ، هەموو شێوە واسیتەکردنی نێوان مرۆڤی مەسیحی و خودا ڕەتکردەوە ، کە زیاتر پیاوانی ئایینی دەیانوسیت خۆیان وەکو پردی پەیوەندی نێوان مرۆڤی مەسیحی و خودا دابنێن ، بەڵام لۆتەر دژی ئەمە وەستایەوە. بگرە لۆتەر پێی وابوو ، کە هەموو مەسیحییەک بۆ خۆی ” پیاوێکی ئایینیە” ، وە ئەو کەسە دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خودای پەروەردگارەوە بکات ، بە بێ ئەوەی پێویستی بە واسیتەکردن و پردی پەیوەندی هەبێت.
هەروەها کەسێکی مەسیحی بۆ خۆی دەتوانێت ، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ کتێبی ئینجیلی پیرۆز بخوێنێتەوە ، وە هیچ مەرجیش نییە کە دەبێت سەردانی پیاوێکی ئایینی بکات ، هەتاوەکو فێری بکات و شرۆڤەی ئایەتەکانی بۆ بکات ، یان پرس بە پیاوانی ئایینی بکات ، ئینجا کتێبی ئینجیل بخوێنێتەوە. ئەو ” واتە مرۆڤ” وەکو ئەوان ” پیاوانی ئایینی ” مەسیحییە و هەمان پلەو پایەشی لای خودا هەیە ، بگرە لەوانەبێت لەوانیش باشتر و شەریفتریش بێت .
بەمشێوەیە لۆتەر هەموو پلە هەرەمییەکانی ناو کڵێسای کاتۆلیکی لە پاپا سەندەوە و پاشانیش هێنایە خوارەوە. هەربەمشێوەیەش گەورەترین زلەی توندی لە ملهووڕیی و دواکەوتوویی کڵێسا وەشاند و کۆتایی بە بازرگانیکردن بە ئیمان و چەکی غوفران هێنا، کەلەوکاتەدا پیاوانی ئایینی دەستکەوتی زۆریان لەم بازرگانییە وەردەگرت.

پرسی ژن

خاڵێکی گرنگی تر ئەویش پرسی ژنهێنان بوو. هەتاوەکو مارتین لۆتەر نەهات، دەبوایە قەشەکان هەموویان رەبەن بوونایە و دژی فکرەی ژنهێنان یان ژنانی پاکیزە دەبوایە بە پاکیزەیی بمانایەتەوە، لێ مارتین لۆتەر دژی ئەمە وەستایەوەو ساڵی 1525 لەگەڵ ژنە پاکیزە کاترین ڤۆن بورا خێزانی دورستکرد. ئەمەش بووە سەرەتای جیاکردنەوەی قەشەی پرۆتستاتن و کاتۆلیکی، چونکە کاتۆلیکەکان بەتوندی دژی شووکردنی پاکیزەکان و ژنهێنانی قەشەکانن.
کاریگەری لۆتەر بەسەر ئەدەب و هونەری ئەوروپییەوە
دیارە مارتین لۆتەر لەبارەی هونەرەوە بەتایبەتی رازاندنەوەی کڵێساکان بە وێنەو تابلۆی هەمەڕەنگ بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەی هەبوو، ئەو دژی ئەم دیاردەیە بوو، هەربۆیە هەتاوەکو ئەمڕۆش کڵێساکانی پرۆتستانەکان بەپێچەوانەی کڵێسا کاتۆلیک و ئەرتەدۆکسەکانەوە، دژی رازاندەوەی کڵێساکانن ، بگرە زیاتر قاڵبێکی ئاسایی لەخۆدەگرێت. بۆیە زۆرکەس لۆتەریان بەدوژمنی هونەری تابلۆکێشان وەسفکرد.
بەڵام لەرووی هونەری گۆرانی ئایینییەوە، مارتین لۆتەر شۆڕشێکی گەورەی خوڵقاندوە ، چونکە دەیان ئاوازی بۆ گۆرانی ئایینی داناوە، ئەمەش لەرووی هونەرییەوە شۆڕشێک بووە لەگۆرانی ئایینی کەلەو کاتەدا کراوە.
کاریگەری لۆتەر بەسەر فکری ئەڵمانیی و ئەوروپییەوە.

هەموو مێژووناسان و بیرمەندانی جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، گەر ریفۆرمی ئایینی لەئەوروپادا نەکرایە، ئەوا بەهیچ شێوەیەک ڕێنینساز سەری هەڵنەداو دواتریش شۆڕشی فکری لەدایک نەدەبوو. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چونکە پێش ئەوەی فەیلەسووفانی قۆناغی ڕێنینساز لەسەروو هەمووشیانەوە” دیکارت، سیپۆنزا، رۆسو، ڤۆلتێر و لۆک وکانت، هیگل” دەستبکەن بە شرۆڤەکردنی جیهان و پەیوەندی مرۆڤ بەسروشتەوە، لەسەدەکانی ناڤین، مارتین لۆتەر سەرەتا دەستیکرد بەرەخنەگرتن لەدەسەڵاتی پاپایی، کەهەتاوەکو دەسەڵاتی پاپای فاتیکان نەخرایە ژێر گوومانەوە، نەتوانرا، رەخنە لەدەسەڵاتەکانی تر بگیرێت.

لەم بوارەشدا کتێبەکانی مارتین لۆتەر بەتایبەتی کتێبی ” ئازادی مرۆڤی مەسیحی” کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر فکری ئەوروپیی بەتایبەتی لەرووی ئازادیی سیاسیی وفکریی و ئاینییەوە. بگرە زۆرێک لەمێژوونوسان ئەم کتێبە بەسەرەتای بڵاوبونەوەی فکری ئازادی سیاسیی وئایینی دادەنێن.
لەلایەکی ترەوە لۆتەر زۆر دژی توندڕەویی ئایینی بووە لەهەمانکاتیشدا داوای لێبوردەیی و فکری ئازادی ئایینی کردووە. هەربۆیە دیسانەوە فکری ئازادیی سیاسیی و ئایینی و لێبوردەیی دەگەڕێتەوە بۆ لۆتەر، کە دواتر بووە یەکێک لە بنەماکانی فکری مۆدێرنی ئەوروپا، هەروەک ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەلمانیا لەپاش سوپاسکردنی لۆتەر، رایگەیاند: ئەمڕۆ فکری لێبوردەیی بۆتە رۆحی ئوروپا.

لەلایەکی ترەوە کاریگەری گەورەی بەسەر بڵاوبوونەوەی فکری ئازادی هەبووە، هەروەک هاشم صاڵح دەڵێت: ئامانجی یەکەمین پرۆسەی ئازادی ئەوەبوو، کە مەسیحیەت لە بیروباوەڕی خراپ و خورافات پاکبکاتەوە، بەڵام بە بێ ئەوەی لە چوارچێوەی گشتی ئاین دەربچێت، هەرلەبەرئەمەشە ناویان لەم پرۆسەیە نا ( پرۆسەی ڕیفۆرمی ئایینی). بەڵام پرۆسەی دووەمی ئازادی کە خۆی لە فەلسەفەی ڕۆشنگەری دەبینێتەوە، خۆی لە مەسیحیەت ڕزگارکرد و سەربەخۆیی فەلسەفی ئیعلانکرد و لە لاهووتی مەسیحی خۆی جیاکردەوە.

لێبوردەیی و جیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەت

لەلایەکی ترەوە زۆرێک لە نووسەران و مێژوونوسان و بیرمەندان، تێزەکانی مارتین لۆتەر و ریفۆرمەکانی، بەسەرەتای جیاکردنەوەی دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی دادەنێن، ئەو بەیەکەم کەس دادەنێن کەداوای جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایینی کردبێت. پێشتر جۆرێک تەزاوج لەنێوان دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی پاپای فاتیکان هەبوو، لێ کاتێک لۆتەر دژی دەسەڵاتی فاتیکان وەستایەوە، وایکرد کە دەسەڵاتی ئایینی لەناو ئەو شوێنانەی کە مەزهەبی پرۆتستانتاین هەڵبژاردووە، کەمتر بێت. لێرەشەوە ئیتر فکرەی جیاکردنەوەی دەوڵەت لەئایین لەئەوروپادا سەریهەڵداوە.

لۆتەر و جوولەکە

یەکێک لەو رەخنانەی کە ئاڕاستەی مارتین لۆتەر دەکرێت ئەوەیە کە دژی جوولەکەکان بووە، هەرچەندە سەرەتا دۆستیان بووە، بەڵام دواتر دژیان دەوەستێتەوەو هەمان فکری ناحەزی کاتۆلیکی بەرامبەر بە جوولەکەکان هەبووە.

لۆتەرو سیستەمی بازرگانیی و سەرمایەداریی

یەکێک لەجیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانەتەکان ئەوەیە، مەزهەبی پرۆتستانت زۆر گرنگی بەکاری تایبەتی مرۆڤەکان دەدات و داواش لە مرۆڤەکان دەکات، سوود لە سامانی سەرزەویی و ژێرزەوی وەربگرن بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوی، ئەمەش بەکارێکی چاکەی دادەنێت بۆ مەسیحییەکان، بەتایبەتی لای کالڤینەکان. بەپێچەوانەی کاتۆلیکەکانەوە،زیاتر دەیانەوێت مرۆڤەکان لەخۆشی ژیان دووربخەنەوەو گۆشەگیربن. هەربۆیە لەزۆربەی ئەو ناوچانەی کەسەر بەمەزهەبی پرۆتستانت بوون گەشەیەکی ئابووریی و بازرگانی گەورەی تێدا بەدیدەکرا، بەتایبەتی لە هۆڵەندا، کە دواتر بووە بووکی بازرگانی ئەوروپاو بەهێزترین ناوچەی ئابووری جیهانی ئەوکات بووە. بەپێچەوانەوە وڵاتە کاتۆلیکەکان، لەرووی بازرگانی وئابووریەوە دواکەوتووبون. هەربۆیە زۆرێک لە فەیلەسووفەکان، یەکێک لەخاڵەکانی بەهێزبوونی سیستەمی سەرمایەداری ، دەگەڕێننەوە بۆ بڵاووونەوەی مەزهەبی پرۆتستانتی.

تێڕوانینی ماکس ڤیبەر لەسەر لۆتەر

ماکس ڤیبەر(1864 -1920) کۆچی دواییکردووە. بەیەكێک لەزانا گەورەکانی بواری زانستی سۆسیۆلۆگی دادەنرێت و زۆرجاریش بەیەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم زانستەش دادەنرێت. دیارە ئەم کەڵە فەیلسووفە ئەڵمانییە، کۆمەڵێک کتێبی گرنگی لەبارەی فەلسەفەو ئابوورییەوە هەیە، لێ یەکێک لەگرنگترین کتێبەکانی ” ئەخلاقی پرۆتستانیی و رۆحی سەرمایەداری” کەلە ساڵی 1905 چاپ و بلاوکرایەوە. ئەم کتێبە بەیەکێک لەسیما گرنگەکانی فکری ڤیبەر دادەنرێت.
ماکس ڤیبەر پێی وایە، پەیوەندییەکی ریشەیی لەنێوان مەزهەبی پرۆتستانتیی و سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە، دەشڵێت: بزووتنەوە ریفرۆرمیستەکانی لەبواری ئایینی و مەزهەبی پرۆتستانتی، کاریگەری گەورەیان بەسەر بەهێزبوون و پێشکەوتنی سیستەمی سەرمایداری لەئەوروپادا هەیە. بەڵگەشی بۆئەمە ئەوەیە، مەزهەبی پرۆتستانتی داوا لە مرۆڤەکان دەکات ڕێز لە کارکردن بگرن و هەوڵ بددەن لەرێگەی کارەکانیانەوە، لەخودا نزیک ببنەوە، هەروەها داوای ئاوەدانکردنەوەی زەوی دەکات بەتایبەتی مەزهەبی کالڤین. ئەمەش لەگەڵ رۆحی سیستەمی سەرمایەداریدا دەگونجێت، چونکە لای سیستەمی سەرمایەداری، کارکردن سەرچاوەی داهات و سوودە.
ڤیبەر پێی وایە، مەزهەبی پرۆتستانتی زیاتر مەزهەبێکی دونیاییە و داوا لەمرۆڤ دەکات، کە خۆشی لەژیانی ئێستا ببینن ئەوەش لەرێگەی کارکردنەوە، بەپێچەوانەی مەزهەبی کاتۆلیکییەوە، کەزیاتر داوا دەکات، مرۆڤەکان خۆشی ژیان هەڵیاننەخەڵەتێنێت و زیاتر کار بۆ خوداپەرستی و ئەودونیا بکەن.
هەربۆیە ڤیبەر پێی وایە، گەر مەزهەبی پرۆتستانتی و ریفۆرمی ئایینی لەئەوروپادا دروست نەبوایە، ئەوا سیستەمی سەرمایەداریش سەرنەدەکەوت، بگرە ریفۆرمی ئایینی بە پێویستی ریشەیی سیستەمی سەرمایەداری دادەنێت.
بۆچی مارتین لۆتەر توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت؟!
دیارە وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد پێش مارتین لۆتەریش چەندین بزووتنەوەی تر لەئەوروپادا هەوڵی ریفۆرمخوازیان لەبواری ئاییندا دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبون. بەلام ئەوەی کەوایکرد مارتین لۆتەر سەرکەوێت، کۆمەڵێک فاکتەری سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وتەکنیکی بوون.
پێش هەموو شتێک دەتوانین بڵێین ،دۆزینەوەی ئامێری چاپ ، گەورەترین سوودی بە بزووتنەوە ریفۆرمخوازییەکەی لۆتەر گەیاند، چونکە توانی کتێبەکانی بەرێژەیەکی زیاتر چاپ و بڵاوبکاتەوە، چونکە پێشتر کتێب بەشێوەی دەستنووس هەبوو.
لەلایەکی ترەوە زۆرێک لەمیر و میرزادەکانی ئەوروپا ، لەناخیاندا دژی دەسەڵاتی رەهای پاپا بوون، ئەوانیش زۆریان نەیاندەویست بۆئەوەی ببنە مەلیک بگەڕێنەوە بۆ رۆما، بگرە دەیانویست هەموو دەسەڵاتەکان لەلای خۆیان بێت، کاتێک پیاوێکی ئایینیش لەناو دەزگای ئایینی مەسیحیدا دەربکەوێت و بیەوێت کۆتایی بەدەسەڵاتی پاپا بهێنێت، ئەمە تاڕادەیەکی باش وەکو بیتاقە وابوو بۆیان دەرچووبێت، هەربۆیە لەزۆر شوێندا ، میرەکان و پیاوە ئایینەکانی سەر بەمەزهەبی پرۆتستانی بەرژەوەندی یەکی دەگرتەوە و دژی پاپا راپەڕین.

لەلایەکی ترەوە لەو کاتدا کیشوەری ئەوروپا بەهۆی سیاسەتی کۆڵنیالیستی و بەتایبەتی تاڵانکردنی کیشوەری ئەمریکا بەهەردوو بەشەکەیەوە وایکرد، سامانێکی زۆر بکەوێتە ئەوروپاوە، ئەمەش چینێکی بازرگانی گەورەی لێدروستبوو، زۆربەشیان پێشوازییان لە بۆچوونەکانی لۆتەر کرد، چونکە خزمەتی بەرژەوەندی ئەوانی دەکرد.
لەرووی کۆمەڵایەتییشەوە، کۆمەڵگەی ئەوروپا بەتایبەتی چینی هەژاران و جووتیاران، زۆر لەحاڵەتێکی خراپدا دەژیان، بۆچوونەکانی لۆتەریان بەکارهێنا، تاوەکو کۆتایی بەو وەزعە خراپەی خۆیان بیهێنن و شٶرش و راپەرین لەدژی دەسەڵاتی کڵێساو میرەکان بکەن، هەرچەندە لە جەنگی جووتیاراندا، لۆتەر دژیان وەستایەوە، چونکە ئەو لەگەڵ خوێن ڕشتندا نەبوو.
هەموو ئەمانە بوونەی هۆی ئەوەی کە سوود بە بزووتنەوەی مارتین لۆتەر و مەزهەبی پرۆتستانی بگەینن.
کاریگەری بەسەر کۆمەڵگەی ئەڵمانیاوە
ئەمڕۆ تەواوی ئەڵمانییەکان بەچاوی رێزو حورمەتەوە سەیری ئەم پیاوە دەکەن و بەیەكێک لەپیاوە گەورەکانی ئەڵمانیا دایدەنێن. مارتین لۆتەر لە دوولاوە سوودی گەورەی گەیاندە ئەڵمانیا، یەکەم لەرووی زمانەوە، چونکە ئەو یەکەمین کەس بووە کەکتێبی بەزمانی ئەڵمانی نوسیوە، لێرەوە ئیتر ئەڵمانەکان توانیان بەزمانی خۆیان بنووسن،چونکە پێشتر نوخبەی رۆشنفکری ئەڵمانی، بەچاوی کەمەوە سەیری زمانەکەیان خۆیان دەکردو هەر بەلاتینی دەیانووسی.
دووەم شتیش لەرووی فکریەوە، مارتین لۆتەر بە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی پاپا، جارێکی تر دەسەڵاتی ناوچەیی بۆ میرەکانی ئەڵمانیا زیادکرد، هەروەها لەرووی فکریشەوە، لۆتەر توانی بۆچوونی رەخنەگرانە لەناو مێشکی ئەڵمانەکان بچێنێت و بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری ژیان بکەن، ئەمەش سەرەتایەکی باشبوو بۆ لەدایکبوونی سەدان فەیلەسووفی ئەڵمانی.

دەرئەنجام:
بەدڵنییایەوە مارتین لۆتەر تەنها زانایەکی ئایینی نەبوو، هەروەها تەنها رابەرێتی ریفۆرمی ئایینی نەکردووە، بگرە کاریگەری گەورەی بەسەر فکر و سیاسەت و فەلسەفەی ئەوروپا و جیهان هەبووە، به‌ واتایه‌کی تر ده‌توانین بڵێین، مارتین لۆته‌ر شۆرشگێرێکی گه‌وره‌بووه‌ له‌ به‌رگی ریفۆرمخوازێکدا، چونکه‌ ئه‌و کارانه‌ی که‌ئه‌و له‌وکاته‌دا کردوویه‌تی، شۆرشێکی گه‌وره‌بووه‌. هەرلەبەرئەمەشە هەموو جیهان ، بەچاوی رێزەو سەیری ئەم پیاوە دەکەن.

———————————————-
سەرچاوە:
1-Barbara Beuys.Luthers Glaube und seine Erben.Rowohlt Verlag. Hamburg.1982
2/ مارتن لوثر، الإصلاحي. سایتی . www.deutschland.de/ar
3/ Luther der Große. /www.faz.net
4/ 500 سنة على انشقاق مارتن لوثر عن الكنيسة الكاثوليكية . رۆژنامەی النهاری لوبنانی: newspaper.annahar.com
5/ /www.zeno.org/Soziologie/M/max weber
6/ هاشـم صالح . من الإصلاح الديني إلى التنوير الفلسفي. رۆژنامەی ” شرق الاوسط” الجمعة – 15 ذو الحجة 1435 هـ – 10 أكتوبر 2014 مـ رقم العدد [13100]




Adorno ,Theodor تیودۆر ئادۆرنۆ … نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

تیۆدۆر ئادۆرنۆ فەیلەسووف و کۆمەڵناسێکی ئەڵمانی بوو کە لە ساڵانی نێوان ( 1903-1969 ) دا ژیاوە . ئادۆرنۆ یەکێک بوو لە پێشڕەوانی قوتابخانەی فراکنفۆرت Frankfurt School .
کارەکانی / بۆچونەکانی
ئادۆرنۆ لەگەڵ ماکس هۆرکهایمەر Max Horkheimer خاوەنی ئاراستەیەکی تایبەت بوون لە قوتابخانەی فراکفۆرت .
ئادۆرنۆ لە کتێبی دیالێکتیکی رۆشنگەریدا Dialectic of Enlightenment کە بەهاوبەشی لەگەڵ ماکس هۆرکهایمەردا نووسیویەتی رەخنە دەگرێت لە فاشیزم Fascism و پیشەسازی کولتوری ( یان پیشەسازی رۆشنبیری ) Culture industry . ئادۆرنۆ پێیوایە کە ئازادبوونی عەقڵ لە ئەفسانە لە سەردەمی رۆشنگەریدا مەرج نییە هەمیشە ئاکامی باشی لێکەوتبێتەوە چونکە خودی عەقڵ بۆتە هێزێکی ناعەقڵانی کە بەردەوام هەوڵی کۆنترۆڵی سروشت و مرۆڤ دەکات کە ئەمەش بۆتە هۆکاری ئازار چەشتن و مەینەتی .
ئادۆرنۆ بە پێچەوانەی بۆچونی باوی کۆمەڵناسانەدا فاشیزم بە ئەنجامێکی سروشتی سیستەمی سەرمایەداری دەبینێت .

لە چەمکی پیشەسازی کولتوردا ئادۆرنۆ رەخنە لە راگەیاندنی گشتی و کولتوری جەماوەری دەگرێت و پێیوایە کە رۆڵی چەواشەکارانەی دەستەجەمعی پیادە دەکەن لە کۆمەڵگەدا چونکە کولتوری جەماوەری وەکو سینەما و بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان و گۆڤارەکان و هتد کاڵای کولتوری بەرهەم دەهێنن کە مەبەستیان یاریکردنە بە کۆمەڵگە و راکێشانیەتی بەرەو سلبیەت . لە رووانگەی ئادۆرنۆوە ئەم جۆرە کولتورە یان رۆشنبیرییە جەماوەرییە پێداویستییە دەروونیەکان تێر ناکات بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر هونەری بەرزی خاوەن جەوهەرێکی هزری و لە راستیدا پێداویستییە دەروونیە راستەقینەکان بریتین لە ئازادی ، داهێنان و بەختەوەری راستەقینە .

ئادۆرنۆ لە کتێبی دیالێکتیکە نێگەتیڤەکان Negative Dialectics بۆچونەکانی خۆی سەبارەت بە مرۆڤ و گەردوون و چاخی نوێ دەردەبڕیت و لە ژێر کاریگەری دیالێکتیکی هیگلی باسی ناکۆکیە دیالێکتیەکان دەکات بەڵام لای ئادۆرنۆ تێز و ئەنتی تێز هەرگیز ئاشتی ناکەن بۆ پێکهێنانی سینتێز . ئادۆرنۆ رەهاگەرایی رەت دەکردەوە و ئەگەرچی بیردۆزەکانی لەسەر بنەمای ماددیەت و دیالێکتیک دامەزرابوون بەڵام بیردۆزەکانی مارکسی سەبارەت بە ناکۆکی چینایەتی و ئابووری رەت دەکردەوە .
کتێبێکی دیکەی ئادۆرنۆ بریتییە لە تیۆری جوانیناسی Aesthetic Theory کە تێیدا باسی کارکردەکانی Functions جوانی دەکات لە هونەردا هەروەها پەیوەندیەکانی نێوان هونەر و کۆمەڵگە پێیوایە کە پێویستە هونەر سەربەخۆ بێت و بەرگری لە حەق بکات .
ئادۆرنۆ چەندین کتێبی دیکەی هەیە .




دنیابینیی چینایەتی لە چیرۆکی ” تەنها حەوت هەنگاو” ی عەبدوڵا ئەحمەد سادقدا


دەق و ڕەخنە
…..

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
کەنەدا ٢٠١٦


تەنها حەوت هەنگاو

هەرچەند تیغی هەنگاوەکانم ملی ئەو شەقامە بە چەند هەنگاو دەبڕێت ئارەزووی ژماردنی هەنگاوەکان لە مێشکمدا گینگڵە دەدات ” یەک، دوو، سێ، ….، ….، ….، حەوت” سەرجەمی هەنگاوەکان لە شۆستەی ئەمبەر تا ئەوبەر حەوتە. تەنها حەوت هەنگاو، ئارەزووی سەدان جار ژماردنەوەی ئەوان بەهێزترە لە بێزاربوون و ماندووبوونی لەشە لاوازەکەم.
حەزی کەم کردنەوەی ژمارەی هەنگاوەکان مەلێکە و بەرەو گۆڕستانی ڕەحیم ئاوە باڵەفڕە دەکەن. ئەم حەزەم تەنها جارێک هاتە دی کاتێک فراوان کردنەوەیان هەست پێ کرابوو، ژمارەی هەنگاوە گەورەکان تەنها چوار هەنگاو بوو. چواری گەورە و حەوتی ئاسایی بەهەشت و دۆزەخ لێک دادەبڕێنێ. لەگەڵ ماڵ ئاوایی کردنی دوا هەنگاو تیشکی ڕوناکی لەدەرگای تاریکی دەدات و خۆی دەکوتێتە ژوورەوە، جیهانی بەهەشت بەخێر هاتن لە تەماشاکەرانی پێشانگای شەقامە پاکەکانی دەکات. لە تابلۆکانی ئەوێ دا وێنەی ئۆتۆمبێلی نایاب و خانووی جوان و شەقامی پاک و کچی ناسک و نازدار بەرچاوی تەماشاکەرانی دەکەوێ کە حەزی هونەرمەندی تابلۆکان لەچەند ڕەنگێکی نامۆ جیهانێکی وای هێناوەتە کایەوە، تەنها حەوت هەنگاو پێشانگای ئەو تابلۆ ڕێک و پێکانە لە جیهانی ئازار و تێکۆشان و جۆگە چڵپاوی گەورەتر لە خڕی خاسە لەیەک جوێ دەکاتەوە.

هەست کردنی دووریم لە حەوت هەنگاو لە بەختیاری هەتا هەتایی یەوە شتێکی ئاسایی یە. لام وایە گەر بێتو جارێکی تر چەقۆ لە ملی ئەو ڕەش مارە بنێم و بە ڕق و کینەوە بیکەمە دوو لەتەوە ئەوا هەموو شتێکی کۆن کۆتایی دێت و هی تازەش دەست پێ دەکات. بەڵام ئاخ هەزار جار وەک تینووی چاو لە ئاو بە تاسەوە ئەو شەقامەم بڕی و لە ناسۆری و هەست بە نامرادی کردن بەولاوە هیچی ترم لە هەگبەی ئەم گەشتە سەختەمدا نەبینی یەوە. ئەوبەری شەقامەکە مۆسیقایە، بەزمە، خۆشی یە ئاهەنگە، برسیەتی و هەژاری لە فەرهەنگی ئەوێ دا ووشەی نامۆن و مانایان نی یە. ” ئاخۆ دووری نێوان بەهەشت و دۆزەخ حەوت هەنگاو نی یە!؟” بێ گومانم لەوەی کە کەمتریشە گەر بێتو ڕاستە و ڕاست ملی ڕێگای ئەو بەر بگریتە بەر، کاتی بڕینی ئەم ماوەیە لە پێنج چرکە تێ ناپەڕێ هەر چوار چرکە دەبێت بە دوور لێ ڕامان و سەیرکردنی سەدەیەکی وێڵی پێویستە بۆ پەڕینەوە، سەیرە حەوت هەنگاو تەنها حەوت هەنگاو سەدەیەکی پێویستە.
*
چاوپێکەوتنی یەکەم ڕۆژمان، ئەوان هەموو پێکەوە بوون تەنها من نەبێت کە لە جیهانە نامۆکەوە بە نوێنەری ڕاستەقینە هەڵبژێرابووم، پێکەوە دەدان. ئازاری هەستی بریندارم لە جیهانی خەیاڵی بێ پایاندا بەرەو دەریایەکی ڕەش ڕای دەماڵیم. ئارەزووی دەست لەنێو دەست نانیان مەلێکی سپی بوو لە قەفەزی تەلبەندی شاپەڕەکانی قەلەڕەشەیەکدا فڕەفڕی بوو. ڕۆژی دووەم لە جیهانەکەی خۆمەوە پیرۆسکۆبی غەواسەی خۆم لێ خستەکار بەرەو چوار جیهانی تازە کە بە چوار مرۆڤ نوێنرابوون سێ کوڕ و کچێ. دوو کوڕی ئەسمەر ویەکێکی سپی کچەکەش هەر سپی بوو، بەڕاستی جوانی یەکی ڕوخێنەری هەبوو چاوم بڕی یە چاوی هەستی ڕوخانی کۆنە قەڵایەک لە ناخەوەمدا دەستی پێ کرد. ئاوێنەی دەروون وورد و خاش بوو. بینین تێ ی دا بوو بە ستەم ڕۆژی دوایی دەرگا شەق و پۆق بووەکەی کۆنە جیهانەکەم کردەوە و بەرەو پچڕاندنی تەوقی دوورە پەرێزی کەوتمەڕێ.
هەستانە پێوەیەکی دەوویست تا نوێنەری بەڕێز دەست بە کارەکانی بکات و سەرەتا بکەوێتە دووان. ڕارایی و دوودڵی تەنگیان بە ناخەوەی جەنابی هێنابوو بۆ ڕزگاربوون لەو دێوەزمانە یەکسەر ڕووم کردە کوڕە پێست سپی یەکە و ووتم :- ( تاکەی ئێمە وا بین؟ با یەک بناسین.) وەڵامێکی هێمن بۆ ئەم پرسیارە چەکەرەی دا ” من ناوم فریادە…ئەویش کاروان…ڕزگار ئەمیش خوشکە گزنگە”

گزنگ بەیانێکی ڕوونە. هیوایە، دەست پێ کردنی کاری جیهانی ئەمبەرە و مژدەی ڕۆژێکی تازەی لەژێر باخەڵی دا شاردۆتەوە، بەیان حەزی کارکردن لەمبەر دەبزوێنێ کە هێشتا نووستن باڵی هێمنی بەسەر ئەوبەردا کێشاوە. کارکردنی ئەمبەر بەردەوامە تا ئێوارە و ئێوارەش نامرادی و بێ بەشی میوانی ڕەش و ڕووتەکە دەکات و مژدەی دەست پێ کردنی ڕابواردن بۆ وورگ زلەکانی ئەو بەر دەبات. لغاوی ئەسپی خەیاڵی گزنگم شل کردبوو، پەنجەی هەڕەشە بەرەو چاوی ناخەوەم دەچوو، دەیقیژاند ” تۆ مافی بیرکردنەوەی وات نی یە…شتی ئەوبەر بۆ ئەمبەر یاساغە پێویستە گومرگ بدرێت، بەتۆش نادرێت نەکەی کوڕە نەکەی بیر لە شتی وا بکەیتەوە، گزنگ ئەو بەرەو تۆش ئەمبەر ئەو ئەوە و تۆش تۆ”. هەستی وێڵی باڵی ڕەشی ماتەمی بەسەر شانۆی دەرووندا کێشا، بێ دەنگیەکی قووڵ وەکو قۆناغی سڕ بوونی ژیانی بۆق ڕایەخی خۆی ڕاخست.
بۆم دەرکەوت کە ڕزگار خەڵکی ئەمبەرە و حەزی نزیک بوونەوەم چەکەرەی دا، بەڵام ئەویش ئارەزووەکانی خۆی لەوبەر تۆو کردبوو، چەکەرەیان دابوو، رەگ و ڕیشەیان بە زەوی دا چوو بووە خوارەوە و جیاوازی لەگەڵ ئەواندا نەبوو.
تێبینی : فریاد حەزی لە گۆرانی ڕۆژئاوایی دەکات گوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناگرێت. بەپێچەوانەی منەوە ئەوەی ئەمەگی ڕۆژهەڵاتی پێوە نەبێ حەزی لێ ناکەم” ” حەوت هەنگاو، تەنها حەوت هەنگاو ببڕە و ببەرە گەشت کەرێکی نامۆی ئەو جیهانە..بڕۆ..بڕۆ مل بنێ و حەوت هەنگاو ببڕە و ڕیزە ماڵێکی ڕێک و پێک ببینە کە گەڵای دارەکانیان لەسەر دیواری حەوشەکانیانەوە پێش وازی لە گەشت کەران دەکات، هێمنی یەکی تەواو، تەنانەت دەنگی پشیلەکانیشیان نایەت.”

وەکو باسیان دەکرد ئەوە ماڵی کاروانە ئەوەش ماڵی گزنگە پاش چەند هەنگاوێکی تر ئەوەش ماڵی فریادە بەڕاستی کە تیشکی ئاراستەکراوی خانووەکە لەچاومدا جێگیر بوو لەناخەوە قاقا پێکەنیم بزەیەک کەوتە سەر لێوم بەرەبەرە قاقاکە نزم دەبووەوە تا بوو بە کوڵی گریانێکی بێ فرمێسک بۆ خەڵکە ڕەش و ڕووتەکە، لە دڵی خۆمدا ووتم ” هەقی یەتی گۆرانی ڕۆژئاوایی نەبێت حەزی لێ نەکات چونکە ئەم خانووە لە ئیستگەی تەلەفیزیۆن دەچێت هەر بۆ ئەوە کراوە تیپە ڕۆژئاوایی یەکان ئاهەنگی تیا بگێڕن،”
*
چاوێکم بە خۆمدا گێڕا و گەڕامەوە پێستی خۆم تەنها ئەوەندەم لەو ژیانە ڕاڕایە بۆ مایەوە لە کوێوە هاتووم ڕووی گەڕانەوەم ئاراستەی ئەوێ بکەمەوە.
تەنها حەوت هەنگاو بکێشم و بگەڕێمەوە پێش سەدەیەک. حەوت هەنگاو ئەمگەیەنێتەوە سادەیی سروشت و سادەیی مرۆڤ و ژیانی پڕ چەرمەسەری و تێ کۆشان، ئەو ژیانەی کە لە سەرەتاوە بۆم دانراوە و لێ ی ڕاهاتووم، ژیانی ڕەش و ڕووتایەتی. ” بە بێ ترس حەوت هەنگاوەکەت بکێشە.”
لەسەر شۆستەکە ڕاوەستام، ئاوڕێکی دواوە دەدەم بینینی گزنگ ئارەزوویەکی بەدی نەهاتووە بێ پەشیمانی و ترس پێ یەکانت هەڵبێنەوە،
” ئەوە یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش، ئەوەش هەر حەوتی،”
هەموو شتێ گەرایەوە جێ ی خۆی، سادەیی و ئازار، هەرگیز لە کێشانی ئەو حەوت هەنگاوە پەشیمان نابمەوە بۆ دوا جاریشە کە کێشام ئەو چەند ڕۆژەش بوو بە ڕابردوویەکی لەیادچووی تۆمارنەکراو لە دەفتەری یادەکانمدا.

ئەیلوولی ١٩٨١
کەرکوک

تێبینی : لە کاتی تایپکردنی چیرۆکەکەدا دەستکاری خاڵبەند و ڕێنووسم نەکردووە و وەکو خۆی چۆن لە گۆڤارەکە بڵاو کراوەتەوە، ئاوام نووسیوەتەوە.

گەڕانێک بەنێو سەرزەمینی دەق

“تەنها حەوت هەنگاو” (١) ئەو کورتەچیرۆکەیە کە لەزمانی کەسی یەکەمەوە (من) یان منی چیرۆکنووس بەسەرهات و ئازار و خەون و ئومێدی جیهانێک دەنەخشینێ کە ڕەنگە ڕۆژێ لە ڕۆژان بەسەرهات و خەون و ئومێدی هەر هەموومان بووبێت. خەون و ئومێدی گەیشتن بە جیهانێکی خۆش و پاک و پڕ لە ژیان. جیهانێکی خاڵی لە هەژاری و ستەم. ئەم خەونە هەرچەند ڕەوایە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرجوویەک نایەت بیکاتەوە و خەونەکە بگۆڕی بە ڕاستی. گرێی ئەم خەونەش لە سیاقی مۆنۆلۆگی نووسەر لەگەڵ خۆی و بە پشت بەستن بە فەنتازیا دەمانباتە کەنارەکانی مەبەست. نووسەر بە پشت بەشتن بە خەیاڵ و ڕەگەزەکانی تری تەکنیکی چیرۆک بەتایبەتیش شەپۆڵی هۆش ویستوویەتی دەرگایەک لەنێوان سنوورەکانی ئاگایی و نائاگاییدا بکاتەوە. واتە تەواوی ئەو واقیعەی کە لە سەر ئەرزی واقیعدا بوونی هەیە، خراوەتە نێو بۆدەقەی خەیاڵ و ئاگایانە خوێنەری بۆ کەمەندکێش کردووە. هەرچەندە لەسەر ڕووبەری هەندێ پەرەگراف و دێری چیرۆکەکە خوێنەر لەمسی پنتکی جوگرافیا و دیمەنە جۆراوجۆرەکانی نێو چیرۆکەکە دەکات، بەڵام گەر خوێنەر دەست بە لێوارەکانی ئاگاییەوە نەگرێ، زۆر بە ئاسانی دەخزێتە نێو خەیاڵی نووسەر. ئەم ستایڵە لە نووسین نەک هەر پەسندکراوە، بەڵکو جێگای ستایشە. بە وشەیەکی تر نووسەر هاتووە تەواوی هێزی هونەریی خۆی خستۆتە گەڕ لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراو، ئەویش نیشادندانی دنیابینی چینایەتی و ناردنی پەیامی سیاسی هونەرە بۆ ئەو لەشکرە لە خوێنەر، کە لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی هەلومەرجی سەرکوتی سیاسیی و نەبوونی ئازادی و بەکارکەوتنی ماشێنەکانی زیندان و گرتن و کوشتن و تەرحیل و تەبعیس و قەدەغەکردنی کلتوور و بۆنەکان و..تاد و زۆر بە تایبەتیش لە شاری کەرکووک کە شوێنی لەدایکبوون و نمایشی دەقەیەکە، تینووانە چاوەڕوانی پەیامی شۆڕشگێرانە بوون لە ئەدەب و هونەر. دەیەی هەشتاکان دەیەی نووسین و بڵاوکردنەوەی چەندین دەقی سیاسیی بووین لە مێژوودا کە جارێکی تر مەحاڵە دووبارە ببنەوە. (٢)

عەبدوڵا ئەحمەد سادق لەڕێگەی ئەم چیرۆکەوە لەیەککاتدا هەم نمایشی توانایی چیرۆکنووسی خۆیمان نیشان دەدات و هەمیش بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی خۆیمان پێ دەناسێنێ. تێڕوانینی نووسەر لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی و هەژاری و دەوڵەمەندی یان دروستتر بڵێین لەسەر بنەمای هەبوون ونەبوون بنیادنراوە. ئەم نمایشەی دنیابینی نووسەر دەتوانین لە چەند گۆشەیەکی جیاجیاوە لێی بڕوانین و ڕەهەندە سیاسی و چینایەتییەکەی دەست نیشان بکەین. سەرزەمینی ئەم دەقە و بەپیتییەکەی لە هەڵبژاردنی ناوەڕۆکەوە سەرچاوە دەگرن. نووسەر دەستی بۆ مەسەلەیەک بردووە کە بە یەکێک لە مەسەلە گرنگەکانی ژیان ئەژمارد دەکرێ. چیرۆکنووس هاتووە جیاوازی چینایەتی نێوان ئینسانەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە ئەو پەساپۆرتەیە کە چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو”ی لە ئاستی پەسندەوە بۆ ئاستی دڵخواز بەرز کردۆتەوە و کێرڤی کرێدتی شۆڕشگێڕێتی نووسەری بردۆتە سەر. بەڵام ئایا نووسەر هاتووە لە سەنگەری خەباتی کرێکارانەوە، یان باشتر بڵێین لەسەر بنەمای ململانێێ نێوان کار و سەرمایەوە ئەو جیاوازیانە بخاتە ژێر پرسیارەوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. بەڵگەشمان ئەوەیە کە لە سەرتاپای چیرۆکەکە شتێک نییە ناوی خەباتی چینایەتی بێت و ئاسۆیەک نییە کە ئاسۆی سۆشیالیزم بێت. ئەم لەمپەرە بۆ پەڕینەوە بەرەو شۆڕشگێڕێتی کە بە بۆچوونی من لە نائاگاییەوە سەرچاوەی گرتووە، خاڵی لاوازی ئەو دنیا بینییەیە کە هەوڵ ئەدەم لە هەنگاوی داهاتوودا خەسڵەتەکانی بخەمەڕوو.

خەسڵەتەکانی دنیابینیی نووسەر

عەبدوڵا ئەحمەد سادقی چیرۆکنووس لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابڕدوو وەک هەر گەنجێکی ئەو سەردەمە مەیلی فیکریی چەپ و لێکدانەوەی چینایەتی بۆ ژیان و کۆمەڵگە و دیاردەکانی هەبووە. ئەو لە ڕوانگەیەکی شۆڕشگێرانەوە هێلە دراماییەکانی نێو چیرۆکەکەی داڕشتووە و هەوڵیشی داوە لە هەر لەو سۆنگەیەوە پەیامی سیاسی – چینایەتی خۆی بگەێنێ. نووسەر جوان ئیشی لەسەر ماتریاڵەکانی دەوروبەر کردووە و هەر لەڕێگەی ئەو ماتریاڵانەوە نووسەر لەپرسیارە گەورە و گرنگەکان نزیک دەبێتەوە. پرسیاری ئەوەی بۆ ئەمبەر ناڕێک و ناشرینە؟ بۆ ئەوبەر پاک و جوانە؟ ئەمبەر بۆ دۆزەخە و ئەوبەر بۆ بەهەشتە؟ کچانی ئەمبەر بۆ لەناو زەحمەتییەکانی ژیان تووشی فەلاکەتباری بوون و کچانی ئەوبەر ناسک و نازدارن؟ ئەم جیاوازییە بۆ هەیە؟ کێ خوڵقاندویەتی و کێ بەرپرسە لێی؟ بەڵام ئاشکرایە هونەر نایەت وەڵامی سیاسی ئەم پرسیارانە بداتەوە. هونەر تەنها ئاماژەکان نیشان دەدات و خوێنەر بەتایبەتی خوێنەری زیرەک دەبێ خۆی لە دووتوێی دێر و ڕستەکان و پەرەگرافەکان هەم پرسیارەکان و هەم وەڵامەکانیش بدۆزێتەوە.

کات سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە، چەند مانگێکە جەنگی کۆنەپەرستانەی نێوان عێراق و ئێران هەڵگیرساوە، خەڵک بە لێشاو بەرەو بەرەکانی جەنگ بەڕێ دەخرێن. جگە لە ژنان و مناڵان و قووتابیان و کارمەندی دەزگاکانی خزمەتگوزاری و پەروەردە، ئیتر تەواوی کۆمەڵگە سەربازە و خراوەتە ئامادەباشییەوە. شوێن لە ڕووبەری چیرۆکی تەنها حەوت هەنگاو گەڕەکی ڕەحیم ئاوا ی شاری کەرکووکە و بە تایبەتیش جادەی گشتی کەرکووک – هەولێر. ئەم جادەیە ئەم گەڕەکەی کردۆتە دوو بەشەوە. بەشی باکووری جادەکە لە ڕەحیم ئاوای کۆن و عەرەسەکە و تا دەگاتە گۆڕستانەکەی ڕەحیم ئاوا درێژ دەبێتەوە و بەشی باشووریشی لە خانووەکانی شەریکەی نەوت و مامۆستایان تا دەکات بە گردەکەی تەپە شۆر بۆتەوە. لەڕووی هونەری تەلارسازییەوە بەشی باشوور خانووەکان جوانتر و گەڕەکان پاکتر بوون، چونکە لانی کەم زۆربەی ئەوانەی لەو گەڕەکانە دەژیان خوێندەوار بوون و ئاگایی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییان لە ئاستێکی باشدا بوو بە بەراورد بە بەشی باکوور.(٣) ” ژمارەی هەنگاوە گەورەکان تەنها چوار هەنگاو بوو چواری گەورە و حەوتی ئاسایی بەهەشت و دۆزەخ لێک دادەبڕێنێ. لەگەڵ ماڵ ئاوایی کردنی دوا هەنگاو تیشکی ڕوناکی لە دەرگای تاریکی دەدات و خۆی دەکوتێتە ژوورەوە جیهانی بەهەشت بەخێر هاتن لە تەماشاکەرانی پێشانگای شەقامە پاکەکانی دەکات، لە تابلۆکانی ئەوێ دا وێنەی ئۆتۆمبیلی نایاب و خانووی جوان و شەقامی پاک و کچی ناسک و نازدار بەرچاوی تەماشاکەرانی دەکەوێ کە حەزی هونەرمەندی تابلۆکان لەچەند ڕەنگێکی نامۆ جیهانێکی وای هێناوەتە کایەوە، تەنها حەوت هەنگاو پێشانگای ئەو تابلۆ ڕێک و پێکانە لە جیهانی ئازار و تێکۆشان و جۆگە چڵپاوی گەورەتر لە خڕی خاسە لە یەک جوێ دەکاتەوە.”(٤) لەم دیمەنەوە
یەک : نووسەر یان چیرۆکنووس لەم دەقە ئەدەبییەدا هەڵگڕی تێڕوانینێکی چەپ بووە و هەر لەو دیدگا و دنیابینییەوە تەماشای ژیان و دیاردەکان و کۆمەڵگە و ئینسانی کردووە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە چیرۆکنووس حەتمەن دەبێ کەسێکی مارکسیست یان سۆشیالیستخواز بووبێ، نەخێر. ڕەنگە هەڵگڕی تێڕوانینی ناسیونال – چەپ بووبێ. ئەمە کێشەی ئێمە و خوێنەریش نییە. ئێمە تەنها لە فەزا و ئەتمۆسفیری چیرۆکەکەوە هەڵوێست و تێڕوانینی نووسەر دیاری دەکەین

دوو : خودی جیهانبینییەکە دنیابینییەکی شۆڕشگێرانە نییە و ڕوانگەی سۆشیالیتی یان مارکسیستی زاڵ نییە بەسەریدا، بەڵکو دنیابینییەکەی زیاتر پۆپۆلیستییە. چونکە نووسەر پێی وایە خەبات و تێکۆشان تەنها لەنێو کوخ و خانووە نزمەکاندا بوونیان هەیە. ” تەنها حەوت هەنگاو بکێشم و بگەڕێمەوە پێش سەدەیەک حەوت هەنگاو ئەمگەیەنێتە سادەیی سروشت و سادەیی مرۆڤ و ژیانی پڕ چەرمەسەری و تێ کۆشان، ئەو ژیانەی کە لە سەرەتاوە بۆم دانراوە و لێ ی ڕافاتووم، ژیانی ڕەش و ڕووتایەتی.”(٥) نووسەر پێی وایە خانووەکانی سەر شەقامە پاکەکان، کچانی ناسک و نازدار، خوێندەوار و ڕۆشنبیر و مامۆستا و تەنانەت کرێکارانی کۆمپانیای نەوتیش، شۆڕشگێڕێتی و کار و چالاکی شۆڕشگێڕانەیان لێ ناوەشێتەوە. لەکاتێکدا کرێکارانی کۆمپانیای نەوت بەپێی مەوقیعیەتی کارکردنیان کە شادەماری ئابووری وڵات بەڕێوە دەبەن، نەک هەر کاری شۆڕشگێڕانەیان لێ دەوەشێتەوە، بەڵکو گەر ئیرادە بکەن و بیانەوی دەتوانن چەرخی نیزامی سەرمایەداری لە عێراق ڕابگرن. وەک لە ساڵی ١٩٤٦دا مێژووی خەباتی چینانەتی عێراقیان بە مانگرتنی گاورباغی نەخشاند. لە لایەکی تریشەوە ڕابەری خەباتی چینایەتی جیهانی و ڕەمزتی خەباتی کۆمۆنیزم (کارڵ مارکس) خۆی کرێکار نەبووە و هەرگیز ڕۆژێک بە جلی کۆن و کرێکارییەوە نەچووە بۆ ئیشکردن و چەند پاوەندێ بۆ جینی هاوسەری و منداڵەکانی بەدەست بهێنێت. بەڵکو مارکس ڕۆشنفکرێکی سەردەمەکەی خۆی بووە بەڵام لە مەوقیعیەتی چینایەتی کڕیکاراندا بووە. بۆیە چیرۆکنووس نەیتوانیوە قامکی بخاتە سەر دەرد و مەینەتەکان و دەستنیشانکردنی ڕێگاچارەی گەنجاو و عەمەلی بۆ ئەو نەهامەتییانە. ئەویش نەک لەبەر ئەوەی چیرۆکنووس لەو سەردەمە قووتابی زانکۆ بووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو هۆشیارییە چینایەتییەی کە دەبوو لەبەردەستی بێ، لەبەر دەستی نەبوو.

سێ : چیرۆکنووس کێشەکان و واقیعەکان دەبێنێ بەڵام بە ناڕۆشنی لە هێزەکان و سەنگەرە چینایەتییەکان دەڕوانێ. ئەو هێزەکان و ململانێکانیان لەسەر بنچینەی دابەشبوونی جوگرافیا دابەش دەکات، نەک لەسەر بنچینەی پەیوەندی نێوان کار و سەرمایە. چیرۆکنووس لە ڕاستیدا نە هێزە واقیعییەکان و نە سەنگەرە چینایەتییەکانی نەبینیوە. هەر بۆیە بەشێک لە ‌هێزی واقیعی چینایەتی کرێکارانی عێراق و کوردستان بە بەرەکەی ئەوبەر دەزانێ. ئەم ئاحاڵیبوونە بە دەستی ئەنقەست نەخراوەتە ڕوو، تا خۆڵ بکاتە چاوی خوێنەر و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، بەڵکو لە ڕێژەیی ئاستی تێگەیشتنی نووسەرەوە سەرچاوەی گرتووە.

چوار : نووسەر بچووکترین دژەکردار لەئاست ئەو واقیعە نانوێنێ و ئەمەش بەڵگەی ناشۆڕشگێربوونی تێڕوانینەکەیە. واتە نووسەر و حیکایەتخوان کە هەردووکیان یەکن جگە لە گێڕانەوە و نیشاندانی دۆخێکی تایبەت بێئەوەی بچووکترین هەنگاو بنێ بۆ دەستکاریکردنی، کۆتایی بە چیرۆکەکە دێنێ بەوەی کە دەگەڕێتەوە ئەمبەر و دەچێتەوە ناو هەلومەرجە دژوارەکەی ڕەش و ڕووتەکان. ئەمە جۆرێکە لە تەسلیمبوون بە واقیع. تەسلیمبوون بە بێئیرادەیی و تەبلیغات و پڕوپاگەندەی چینی بورژوازی لەوەی کە دەڵێ هەژاری و دەوڵەمەندی هەر لە ئەزەلەوە بوونیان هەبووە و هەیە. لێرەوە پەنا نەبردن بۆ کردار و یاخیبوون، هەوڵنەدان بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە، نووسەر دەخاتە خانەی پاسیفیستبوونەوە. لەکاتێکدا نووسەر بە جیددی هەوڵی داوە پاسیفیست نەبێ و لەئاستی ڕووداوەکان بێت.
لێرەوە دیسانەوە دەگەینە سەر ئەو شاڕێیەی کە بڵێین جیهانبینی چیرۆکنووس لە هەوڵدان بۆ نیشاندانی جیاوازی چینایەتی نێوان ئینسانەکان جێی پشتیوانییە و لەهەمان کاتیشدا لە هەڵبژاردنی ماتریاڵەکانی ئەو نیشاندانە نەیتوانیوە ئامانج بپێکێ و بگات بەو مەبەستەی کە خۆی دەیەوێ.

ئەدەب و پەیامی سیاسیی

ئەدەب وەک چالاکییەکی فیکریی ئینسان هەمیشە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی جیاوازەەوە دێتە نمایش کردن. لەوەتەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابەش بووە بەسەر دوو چینی دژ بە یەک، شوناسی ئەدەبیش لەسەر بنەمای ململانێی نێوان ئەو دوو چینە دێتە پێناسەکردن. بە واتایەکی تر ئەدەبێک نییە غەیرە چینایەتی بێت. چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئێستا ئێمە بە ناچاری ژیانی تێدا بەسەر ئەبەین و لەسەر ناکۆکی چینایەتی و دەسەڵاتی چینایەتی بنیاتنراوە، توانای دەربڕینی هەستە پەتییە مرۆییەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی خۆمان بە کەسانی دیکەوە بەڕادەیەکی یەکجار کەمە.( ٦). بۆیە لەم سەردەمی سەرمایەدارییەی کە ئەمڕۆ مۆرکی خۆی بە هەموو شتێکەوە ناوە (بەسەردەمی نووسینی چیرۆکەکەشەوە)، ئەدەب و هونەر یان سەرمایەداریی(بۆرژوازی) یان کرێکارییە. بۆیە ئەو ئەدەبەی کە گوزارشت لە واقیعی خەبات و ململانێی چینایەتی کرێکاران دەکات لە دژی سەرمایەداران بە ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانە دێتە ئەژمار. ماهیەتی ئەم ئەدەبە شۆڕشگێڕە هەڵگری جۆرێکە لە پەیام کە تێدەکۆشی هۆشیاری چینایەتی خوێنەر یان کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرێتە سەر. لە چیرۆکی (تەنها حەوت هەنگاو) چیرۆکنووس هەوڵیداوە پەیامی ئەدەب بە شێوەیەکی هونەرییانە بگەێنێ، بەڵام گرفتەکەی لەوەدایە نەیتوانیوە ئەو ئەنجامە بپێکێ. چونکە ” ئەدەبی کرێکاریی پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی.”(٧). چیرۆکنووس ویستوویەتی بەشدار بوونی کارای خۆی لە بزووتنەوەی ڕادیکاڵیزمی کۆمەڵگەی کوردستان لەڕێگەی نووسینەوە بباتە پێشەوە. ئەم دەقەش جوانترین گەواهییە لەسەر ئەو بەشدارییەی عەبدوڵا ئەحمەد سادقی چیرۆکنووس. (٨)
چیرۆکنووس تێکۆشاوە باسی نا دادپەروەری بکات، باسی جیاوازی نێوان ئینسانەکان بکات، باسی دوو دنیای تاریک و ڕووناک بکات کە هەردووکیان لەسەر یەک سەرزەمین بوونیان هەیە. بەڵام جێی داخە چیرۆکنووس بێئەوەی لە ماناکانی دادپەروەری و خەبات و تێکۆشان و شۆڕش لە تێڕوانینی چینایەتی کرێکارانەوە گەیشتبێ، ئەو کارەی کردووە. ئەمەش ئەو ئاریشەیەیە کە لە گەیاندنی پەیامی سیاسیی دەقەکە هەست پێدەکرێت.

ئەم چیرۆکە لەڕاستای هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەوە، دەتوانین بڵێین کە هەوڵێکە لەپێناو فەراهەمکردنی زەمینەی پرسیارکردن لەسەر ناعەدالەتییەکانی نێو کۆمەڵگە و ژیان. هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕووی دزێوی ژیانێک کە سەرمایەداری بۆی بەرهەم هێناوین. بەڵام نەیتوانیوە بەڕۆشنی و بە قووڵی ڕۆبچێتە نێو بابەتەکەی. بە واتایەکی تر نەیتوانیوە پەنجە بخاتە سەر ئەسڵی بابەتەکە.

دەربارەی فۆرم و زمان

لە “تەنها حەوت هەنگاو”دا، حیکایەتخوان کەسی یەکەمی تاکە (من)، کە لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ خۆیدا (مۆنۆلۆگ) لە شوێنکاتی ڕووداوەکان بە هاوکاری ژمارەیەک کارەکتەر وەک ( حیکایەتخوان و فریاد، کاروان، ڕزگار، گزنگ ) کە بوونی ئەو کارەکتەرانە نەیتوانیوە ئیزافەیەکی گرنگ بخاتە سەر دەقەکە. فەنتازیاش هۆکارێکە کە حیکایەتخوان بە هۆیەوە دەچێتە دەرەوەی جوغزی خەیاڵی و دێتە ژوورەوە. واتە خەیاڵ ڕۆڵێکی گرنگ و بایەخدار دەگێڕێ لە چیرۆکەکە. چونکە چنینی ڕووداوەکان بەجۆڕیکە بواری کەمی بۆ خوێنەر هیشتۆتەوە بەشداری ڕووداوەکان بکات. هەرچی زمانیشە کە ئەو چیرۆکەی پێنووسراوە، زمانێکی ڕەوان و کوردییەکی پەتیی سادە و جوانە. لەڕووی ڕێنووسیشەوە، هەرچەندە گۆڤاری کاروان (خوولی یەکەم) تا ئاستێک پەیڕەویی لە ڕێنووسی کۆڕی زانیاری کورد دەکرد، بەڵام بە وردبوونەوە لە ڕێنووسی ئەم چیرۆکە دەبینی هەڵەی ڕێنووسی زۆر کەم تێدایە و بە بەراورد بەو سەردەمە( سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو) زۆر لە پێش بووە و تەنانەت دەتوانم بڵێم کە ڕێنووسی چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو” لە ڕێنووسی زۆربەی نووسەرانی ئەمڕۆ دروستتر و چنینی زمانەکەشی جوان و کوردییەکەشی ڕەوان ترە.

ئەنجام

چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو” هەوڵێکی جوان و سەرکەوتووی چیرۆکنووسی کۆچکردوو عەبدوڵا ئەحمەد سادقە، کە لەنێو واقیعی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی شارێکی پێشەسازی وەکو کەرکووک ویستوویەتی بە تێڕوانینێکی چینایەتییەوە، لە کێشەی گەورەی جیاوازی چینایەتی بدوێ و لەڕێگەی تەوزیفی شوێنەوە و بە هونەرێکی جوانەوە، لە پایەکانی هەڵکشان بەرەو داهێنان نزیک بۆتەوە. چیرۆکنووس ورد لەسەر پەیامی سیاسی – چینایەتی چیرۆکەکەی ئیشی کردووە گەرچی بەهۆی ناڕۆشنی و نەبوونی ئاگایی تەواو لەسەر بنەماکانی خەباتی چینایەتی نێوان کرێکاران و بۆرژوازی و تێنەگەیشتنی ورد لە نیزامی سەرمایەداری، نەیتوانیوە پەیامێکی ڕۆشن بگەێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هەوڵێکی سەرکەوتوو دادەنرێ لە پانتایی ئەو بزووتنەوە ئەدەبییەی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بە گەڕان بەنێو ئەو بزووتنەوەیە و مێژووەکەیدا ڕەنگە ئەو بەرهەمانەی لەئاست ئەم چیرۆکەن، لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نەکەن.

————————-

سەرچاوە و پەراوێزەکان

١- تەنها حەوت هەنگاو نووسینی عەبدوڵا ئەحمەد سادق گۆڤاری کاروان ژمارە ١٦ کانوونی دووەم ساڵی دووەم ١٩٨٣ لاپەڕە ٥٦ و ٥٧.
٢- نموونەش بۆ ئەو دەقانە چیرۆکی “ئامێردەکان” ی چیرۆکنووسی کۆچکردوو محەمەد موکری و هەروەها چیرۆکی ” دووربین” ی حەمەفەریق حەسەن و شیعری ” دوا نامە” ی هەڤاڵ کوێستانی و زۆری تر کە ئەو سەردەمە لە سەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاو دەبوونەوە.
٣- هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دزاین و شێوەی ڕۆژئاوایی خانووەکانی شەریکەی نەوت کە ئینگلیزەکان(دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی نەوتی ئینگلیز) لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ کرێکارانی کۆمپانیای نەوت دروستیان کرد. دیارە کە ئەمبەر و ئەوبەر بەو جیاوازییە وەسف دەکەین لە واقیعدا خودی ئەو جیاوازییە زۆر بەرچاویی نییە، چونکە لە بەشی باکوریش گەلێ خوێندەوار و سیاسەتمەدار و هونەرمەند و ئەدیب و نووسەری تیا هەڵکەوتووە و ڕەنگە لەبەشی باشووریش هەبن نەخوێندەوار یان ئاستی ئاگایی لەئاستی پێویستدا نەبووبێ. ئەوەی زیاتر مەبەستە گۆشەنیگای نووسەرە کەلەسەر بنەمایەکی دروست بنیاد نەنراوە.
٤- تەنها حەوت هەنگاو نووسینی عەبدوڵا ئەحمەد سادق گۆڤاری کاروان ژمارە ١٦ کانوونی دووەم ساڵی دووەم ١٩٨٣ لاپەڕە ٥٦. بێ دەستکاری وەک خۆی ڕۆنووس کراوەتەوە.
٥- تەنها حەوت هەنگاو نووسینی عەبدوڵا ئەحمەد سادق گۆڤاری کاروان ژمارە ١٦ کانوونی دووەم ساڵی دووەم ١٩٨٣ لاپەڕە ٥٦ و ٥٧.
٦- لودڤیگ دۆیەرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی فریدریک ئەنگڵس وەرگێرانی سالار ڕەشید لەبڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیر و هۆشیاری ی ن ک ٢٠٠٥ لاپەڕە ٤٩.
٧- شیعری شۆڕشگێڕانە و پەرجووی هەمێشە زیندووبوون عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) گۆڤاری هانا ژمارە ١ خووڵی دووەم ٢٠١٦ لاپەڕە
٨- چیرۆکنووس عەبدوڵا ئەحمەد سادق لە ١/١/١٩٥٨ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لەشاری کەرکووک تەواو دەکات و پاشان لە زانکۆی موستەنسرییە لە شاری بەغدا وەردەگیرێ. ساڵی ١٩٨٦- ١٩٨٧ خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات. ژمارەیەک کورتەچیرۆکی نووسیوە و کەژمارەیان لە بیست کورتەچیرۆک زیاترە. ماوەیەک لە ڕادیۆی ئازادی حیزبی شیوعی کوردستان چەند بەرنامەیەکی پێشکەش کردووە و هەورەها چەند ساڵێکیش مامۆستا بووە لە پەیمانگای لە هەولێر. دواجار لەڕێکەوتی ١/١٠/٢٠١٢ ئەم چیرۆکنووسە لەتەمەنی پەنجا و چوار ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان و ئەدەب و چیرۆک و داهێنان دەکات.




گەڕانەوە بۆ دەستورێکی کات بەسەرچوو ئومێدێکی بێهودەیە! … هیوا ئەحمەد

ئەوە باڵادەستی و براوەی مەیدانی شەڕ و هێزهاوسەنگی سیاسی وسەربازی و ئابوری تازەی نێوان لایەنە سیاسیەکانە کە چۆنیەتی و جۆری ئەو دەستورو ڕێکەوتنە لە نێوانیاندا دیاریدەکات نەک بە پێچەوانەوە!
لە دوای ڕوداوەکانی ڕیفراندۆم و ئاشبەتاڵی ١٦ی ئۆکتۆبەر و تەسلیمکردنەوەی کەرکوک و سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و شکستی سەربازی و سیاسی هێزە کوردیەکان، لە لایەن حکومەتی هەرێم و حیزبە کوردیەکانەوە بەدەسەڵاتدارو بەناو ئۆپۆزیسیۆنیانەوە باس باسی گەڕانەوەیە بۆ دەستوری عێراق.

بەڵام گەڕانەوە بۆ کام دەستور؟! دەستورێک کە ئێکسپایەر بوە و بە کردەوە چیتر کار بە بەندە هەستیارەکانی ناکرێت! ئەوەی گفتوگۆ و مەرجەکانی دانوستاندن و شێوە و بنەمای پەیوەندی تازەی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دیاریدەکاتەوە ئەو هێزهاوسەنگی و لاسەنگی هێزەی ئێستا وئەمرۆیە کە لەمەیدانی شەڕ و بواری سەربازی و جیۆپلۆلتیکی و ئابوری و ناوچەیدا بە قازانجی حکومەتی ناوەند و زیانی هەرێم شکاوەتەوە نەک دەستورێک کە لەسەردەمێکی تر وهێزهاوسەنگیەکی جیاوازتری نێوان ناوەند وهەرێم داڕێژراوە و ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.

هەرچەندە دەستوەرە کۆنەپەرستەکەی عێراق لە ڕۆژی داڕشتن وبڕیاردان لەسەری تا ئەمرۆ هەرچی پرسە گرنگ و هەستیارەکانی ناو ئەم دەستورەهەیە تەنانەت یەک بەندیشیان لێجێبەجێ نەکراوە؛ وەک ماددەی ١٤٠، ناوچە جێناکۆکەکان، بودجەی پێشمەرگە و یاسای نەوت وگاز .. بەڵام ئەمە دەستوری سەردەم و هەلومەرجێکی سیاسی دیاریکراوە لە هێزهاوسەنگی نێوان هێزە ئیسلامیە شیعی و سونیەکان و ناسیونالیزمی کورد و عەرەب بە باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکە وعێراقی دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و سەدام. ئەو کات عێراق لە لایەن سوپای ئەمریکاوە داگیر کرابوو، حکومەتێکی ناوەندی بەهێزی پڕچەک وسوپایەکی بەهێز بونی نەبوو، ناسیونالیزمی قەومی عەرەبی و ڕژێمی بەعسەکەی ڕوخێنرابوو، هێزە ئیسلامیە شیعی و سونیەکانیش تازە پێیان دەخستە ناو دەسەڵاتەوە لە عێراق و دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نەبوو، ئێرانیش هێشتا کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبوو لە عێراقدا، لە بەرامبەریشدا تەنها هێزێک کە یەک دەستترو جێگەو ڕێگەیەکی باڵادەستری هەبوو لەچاو ئەوانی تردا ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانی کوردایەتی بوو کە چەپڵەلێدەرو دۆستی سیاسەتەکانی ئەمریکا بون و بۆ یەک دەیە زیاتر بوو، سەرەڕای شەڕی ناوخۆکەیان و ناکۆیەکانیان، لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدار بوون.

لەم هەلومەرجە سیاسی و هێزهاوسەنگیەدا بوو کە دەستوری عێراق بەسەرپەرشتی پۆل برێمەر حاکمی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و مەجلیسی حوکم داڕێژرا. هەر بەهۆی ئەم فاکتەرانەوە بوو کە ناسیونالیزمی کورد بە پشتیوانی ئەوکاتی ئەمریکا توانی دەسکەوتێکی زیاتر بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی عێراقدا بۆخۆی بپچڕێت، وەک فیدڕاڵیەت لە جیاتی ئۆتۆنۆمی، بەشە بودجەی ١٧%، پۆستە سیادیەکان، مادەی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان وبودجەی پێشمەرگە و دۆسیەی نەوت و… بەڵام ئەمرۆ ئەو هەلومەرجە سیاسی و هێزهاوسەنگیەی ئەو کاتە کە بە قازانجی حیزبە کوردیەکان بوو گۆڕاوە و ئەمڕۆ هاوکێشەکە بەقازانجی حکومەتی ناوەندی و ئیسلامی سیاسی شیعی شکاوەتەوە. ئەمریکا بەڕەسمی لە عێراق و ناوچەکەدا شکستی سیاسی و سەربازی خوارد و زۆر پاشەکشەی کردوە و بڕیاردەری یەکلا کەرەوە نییە لە ناوچەکەدا و ڕەقیبگەلێکی تری وەک ڕوسیا و ئەوروپای لەبەرامبەردا بۆ پەیدا بووە، ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەوپەڕی پەرتەوازەیی و دابەشبوندان و نوقمی قەیرانی سیاسی و حوکمڕانی و ئابوری بون، لە بەرامبەریشدا حکومەتی ناوەندی و هێزە ئیسلامیە شیعیەکان و سوپا و میلیشیا چەکداریەکانی وەک حەشدی شەعبی لەڕوی سەربازی و چەک و جبەخانە و توانای شەڕکردنیانەوە بەهێزتر بون، بە تایبەتیش دوای کۆتایهاتنی شەڕی دژی داعش و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی داعش و ئیسلامی سیاسی سونی لە ناوچەکانی عێراق و سوریا و پەلاماری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر کوردستان و داگیرکردنەوەی کەرکوک وهەموو ناوچە جێناکۆکەکان بەپشتیوانیەکی بەهێزی ئێران، هاوسەنگی هێزی بە قازانجی حکومەتی ناوەندی و ئیسلامی شیعی شکاندۆتەوە، ئێستا بەپشتیوانی ئێران و تا ڕادەیەکیش ئەمریکا هەم لەڕوی سیاسی و سەربازیەوە باڵادەسترن و خۆیان بە براوەی شەڕ دەزانن و دەیانەوێ تەواوی هەلومەرجەکە و دەستورو یاساکانی وڵات بەقازانجی خۆیان بگۆڕن کە ڕەنگدانەوەی ئەم باڵانسە نوێە بێت. هەروەها دەیانەوێت لەڕوی یاسایی و دەستوریشەوە پاشەکشەی زیاتر بەسەر دەسەڵاتی کوردیدا بسەپێنن. هەر بۆیە ئەم دەستورەی ئێستا وەک خۆی نامێنێتەوە و گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دەهێنن و بنەمایەک نابێت بۆ گفتوگۆو ڕێکەوتنەوە لەگەڵ هەرێمی کوردساتاندا هەرچەندە حیزبە کوردیەکان لە ئاکامی شکستی خۆیاندا جەختی لەسەر دەکەنەوە.

هێزە سیاسیە شیعیەکان هەر لە ئیستاوە پەیڕەوی لەبەندەکانی ئەم دەستورە ناکەن کە خۆی لە خۆیدا رەنگدانەوەی ئەم ئاڵوگٶڕوهێزهاوسەنگیە سیاسیە تازەیەی ئێستایە لە قەڵەمڕەوی حوکمڕانی و سیاسی و سەربازییدا. هەوڵە سەربازیەکان بۆ گەڕاندنەوەی کوردستان بۆ پێش ساڵی ٩١ و کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم دەروازە سنوریەکان، کەمکردنەوەی بەشە بودجەی کوردستان لە ١٧% بۆ ١٢% ، دەنگۆی مامەڵکردن لەگەڵ پارێزگاکان لە جیاتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکی فیدڕاڵی، دەنگۆی باسکردن لەهەموارکردنەوەی دەستور لە لایەن چەند لایەنێکی ئیسلامی شیعیەوە، هەڵبەت گۆڕینی دەستور تەنها لە پەیوەند بە کوردستانەوە نابێت بەڵکو تایبەت دەبێت بەسەرجەم پرسەکانی تری عێراقەوە هەر خودی هێنانەوە پێشەوەی قانونی جەعفەری لەپەرلەمانی عێراق سەبارەت بە یاسای باری کەسێتی و بەیاسایکردنی بە شودانی کچانی تەمەن ٩ ساڵ لە راستای ئەم هەوڵانەدایە و نیشاندەری ئەوەیە کە دەستور بەمشێوەیەی ئێستای نامێنێتەوە.

بەڵام ئەوەی کە چەندێک دەتوانن لەم هەوڵانەدا سەرکەوتوبن ئەوە پەیوەندی هەیە بە زۆر فاکتەری سیاسی و سەربازی و بلۆکبەندی هێزە سیاسیەکانی جیهان و بەتایبەتیش ئەمریکا و ڕوسیا و وڵاتانی ناوچەکە و ململانێ ناوخۆیەکانی ناو هێزە شیعیەکان و خودی ناڕەزایەتی خەڵک بەگشتی لەبەرامبەریاندا. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتەرانە من پێم وانییە بتوانن ئەوەی کە دەیانەوێت بۆیان بچتێە سەر.

هیوا ئەحمەد
11/11/2017




عه‌بادی یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی مل ملانێ‌ بۆ ركابه‌ره‌كه‌ی داده‌گیرسێنێت….. حامی ئه‌حمه‌د عه‌لی

عه‌بادی له‌ووتاری هه‌فتانه‌ی خۆیدا دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌سوره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌راوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌هاورده‌كردنی داعش بۆ ناو موسڵ، عێَراق سه‌رباری كێشه‌ ناوخۆیه‌كان و ماڵی لێكترازاوی شیعه‌ كه‌زه‌قترینیان كێشه‌ی نێوان مالكی و عه‌بادیه‌ له‌سه‌ر كه‌وتنی موسڵ، به‌ڵام له‌پرۆسه‌ی به‌ناو جێبه‌جێكردنی یاسادا بۆ خنكاندن و له‌باربردنی سیسته‌می حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان زۆر وریانه‌و پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ به‌نیشانه‌ گرتنی كورد، شه‌ڕی داهاتویان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕێكی دیبلۆماسیانه‌یه‌و شه‌ڕێكه‌ له‌ڕوی سیسته‌می كارگێریه‌وه‌ به‌رده‌وامی پێ ده‌ده‌ن و به‌چه‌كوشی یاسا له‌به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌روه‌ری میلله‌ته‌كه‌مان ده‌ده‌ن، به‌وه‌ی به‌نیازن له‌پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی(2018)دا له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستاندا بكه‌ن، نه‌ك پێدانی به‌شه‌ بودجه‌ به‌ڕێژه‌ی له‌(17%)، له‌سه‌روبه‌ندی نزیك بونه‌وه‌ له‌كۆتایی پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا و سه‌ركه‌وتنی عێراق له‌شه‌ڕی داعش و هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌دۆڕاوی شه‌ر بێگومان مه‌رجه‌كانی عه‌بادی زاڵتر ده‌بن و به‌زیوی شه‌ڕ له‌دانوستانیشدا هه‌میشه‌ لاواز ده‌رده‌كه‌وێت، تائێستاش هیچ ئاماژه‌یه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی (2018) له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان شاندی ده‌بێت یاخود له‌داهاتودا په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌ ده‌دات.

چه‌ند مانگێك پێش كۆتایی هاتنی ئه‌م كابینه‌یه‌ عه‌بادی یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی مل ملانێ‌ بۆ ڕكابه‌ره‌كه‌ی مالكی داده‌گیرسێنێت، له‌ئێستادا عه‌بادی شانازیه‌كی گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌كات به‌وه‌ی به‌ناوی پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی یاساوه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا گرتوه‌و به‌گوته‌ی خۆی پرۆسه‌كه‌ش تاكۆنترۆڵی سه‌رجه‌م كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كان و خاڵه‌ سنوریه‌كان و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌م پیاوه‌ ده‌رگای لێدوانه‌ ئاگرینه‌كانی دژی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیانه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌تۆمه‌تباری كردون به‌كه‌وتنی موسڵ له‌سه‌ر ده‌ستی داعش له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی (2014)دا، چاودێره‌ سیاسیه‌كان پێیان وایه‌ لێدانی زه‌نگی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ڕوداوه‌كانی موسڵ له‌لایه‌ن عه‌بادیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی خۆسازدانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئایاری ساڵی داهاتوو به‌و پێیه‌ی تائێستا له‌ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری دۆسیه‌ی كه‌وتنی موسڵ یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو له‌ژێر فشاری سیاسیدا وه‌ك ڕێفراندۆمه‌كه‌ی كوردستان سڕكراوه‌، له‌كاتێكدا به‌پێیی دۆسیه‌كانی دادكای باڵای تاوانه‌كان تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی كه‌وتنی موسڵ مالكی و كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵای سه‌ربازین، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق زۆرێك له‌به‌ڵگه‌ی هۆكاری كه‌وتنی موسڵیان لایه‌ كه‌نه‌دراوه‌ته‌ دادگا، چونكه‌ زۆربه‌یان لایه‌نگری (مالیكی)ین ده‌یانه‌وێت ئه‌و دۆسیه‌یه‌ به‌ته‌واوی دابخه‌ن، له‌هاوینی ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن (موقته‌دا سه‌در)ه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی ملیۆنێك واژۆ بۆ دادگایكردنی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی موسڵ و سپایكه‌ر ڕاگه‌یه‌ندراو سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در خۆی یه‌كه‌م كه‌س بوو به‌واژۆكه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، ئاماژه‌كانیش له‌دادگاوه‌ وای بۆ ده‌چن ئه‌و دۆسیه‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا بجوڵێنرێت تۆمه‌تباره‌كانیش به‌پێی ماده‌ی (4)ی تیرۆر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌ركی سه‌ره‌كی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نزیكترین كاتدا ڕوو به‌ڕوو بونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ بێت كه‌حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ بمانكاته‌ نیشانه‌ی مه‌رامه‌كانی خۆیان به‌ناو یه‌كپارچه‌ی خاكی عێراق و سه‌روه‌ری یاساوه‌ هه‌رێمی كوردستان بگێڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن.




پێویستبونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌پێناو قرتاندنی هیلاله‌كه‌ی شیعه‌دا … عیماد عه‌لی

دیاره‌ هه‌موو هه‌وڵێكی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ دوارۆژێكی دوور له‌ ناوچه‌كه‌ی خۆمان و كه‌نداو دا، له‌ نه‌هێشتنی سه‌قامگیربونی هیلالی شیعه‌ ( ئه‌گه‌ر وه‌ك ته‌كتیكیش بواری بده‌ن دروست بێت) و دروستنه‌بونی ئیمبراتۆریه‌تی فارسه‌، به‌و حه‌ده‌ی بواری نه‌ده‌ن به‌ ره‌هایی زاڵ نه‌بێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م موقه‌ده‌راتی ناوچه‌كه‌و نه‌وته‌كه‌یدا، به‌ڵكو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی رۆژئاوا راگرتنی هاوسنگی هێزه‌.

گرنگترین و گه‌وره‌ترین هه‌نگاوی ئه‌مریكا له‌ مه‌ر عیراق و پشتگیری كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌مرۆی و پشت كردنه‌ كورد یان له‌مپه‌ر خستنه‌ به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌ پێناو مانه‌وه‌ی عیراق و ته‌نانه‌ت به‌هێزكردنیه‌تی به‌و نیازه‌ی عیراقێكی به‌توانا و پر قودره‌ت و خاوه‌ن سه‌ركردایه‌تیه‌كی دوور له‌ ئێران دروست بێت و رێگه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی هێزی ئیران و زاڵبونی بگرێت له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ و، به‌و هیوایه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی عیراقی جیاواز به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵده‌سێت و له‌و باره‌شه‌وه‌ چی له‌ خۆفه‌رزكردنی مالكی به‌ سه‌ر كورسی دا سه‌پاند، به‌ یارمه‌تی رۆژئاوا بوو كه‌چی دواتر گه‌رایه‌وه‌ بۆ باوه‌شی ئیران، ئه‌م ئامانجه‌ی بۆ نه‌هاته‌دی و ئه‌مرۆش عه‌بادی به‌هه‌مان رێره‌ودا ده‌روات و ئه‌مریكا به‌ نیازه‌ نه‌هێلێت ئه‌و كاره‌ دووباره‌ بێته‌وه‌ و، عه‌بادی میلیشاكانی حه‌شد له‌ چوارچێوه‌ی سوپا له‌ لایه‌ك رێكبخات و به‌شێكی تریان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و كلك وگوێ بكات و توانای سرینه‌وه‌ی ده‌سترۆیشویی ئیران هه‌بێت، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت رێگه‌ی كه‌م كردنه‌وه‌ی خۆسه‌پاندنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ عیراق بگرێته‌به‌ر. له‌و پێناوه‌شدا ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌مریكا چاوه‌روان نه‌كرا كردی و، كوردی له‌و باره‌وه‌ پشتگوێ خست و ئه‌گه‌ر بۆی بچێته‌ سه‌ر سبه‌یش ده‌سه‌ڵاتێكی تر یان ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی ده‌ستكه‌وێت پشت له‌ خواسته‌كانی هه‌سه‌ده‌ له‌ كوردستانی رۆژئاواش ده‌كات.

ئه‌مریكا له‌م ناوچه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رز پیاده‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر هه‌موو ته‌نها بۆ مانه‌وه‌ی رێگه‌كراوه‌یی رۆیشتنی نه‌وت و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی تره‌ له‌م ناوچه‌یه‌وه‌ و له‌و رێگانه‌ش كه‌ دیگرێته‌به‌ر:
*هه‌وڵدان بۆ مانه‌وه‌ی هێزی عه‌سكه‌ری ئه‌مریكی بۆ كاتێكی نادیار و یارمه‌تیدانی عیراق، بۆ مه‌یسه‌ركردنی سه‌قامگیریه‌ك كه‌ دوور بێت له‌ پشێوی و گێژاو، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیسابی ئامانجه‌كانی زۆرێك له‌ پێكهاته‌كانیش بێت و له‌ پێشه‌وه‌یان كوردیش.
*هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی زۆر وڵاتی ناوچه‌كه‌ و له‌ وانه‌ش ئه‌رده‌ن و تاراده‌یه‌ك میسر و سعودیه‌ و وڵاتانی كه‌نداو به‌ گشتی له‌ پێناو دیاری كردنی سنوری ئێران و نزیككردنه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان له‌ عیراق له‌ لایه‌كی تره‌وه‌.
*ته‌مێ كردنی توركیا به‌ پاراستنی هێزی هه‌سه‌ده‌ تا ماوه‌یه‌كی دیاریكراو و تاراده‌یه‌كی باش یارمه‌تیدانی عه‌سكه‌ری و سیاسیان تا ئه‌و كاته‌ی توركیا بگه‌رێته‌وه‌ توله‌ رێگای خۆی، وه‌ك ئه‌ندامێكی ناتۆ و ملكه‌چ بێت بۆ رۆژئاوا و، ئه‌گه‌ر بكرێت ده‌سه‌ڵاتێكی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆش به‌ باكوری سوریا به‌ گشتی ببه‌خشێت نه‌ك كورد به‌ ته‌نها له‌ كوردستانی رۆژئاوادا.

ئه‌گه‌ر ترامپ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بكات كه‌ ناوه‌خۆی ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌ۆرۆپاش نارازین و، رێككه‌وتنه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، قازانجێكی زۆری ده‌بێت بۆ هه‌ندێك لایه‌ن و، له‌و ناوه‌شدا پاش ئه‌وه‌ی ماڵیكردنی عه‌بادی بۆ ئێران یه‌كلاده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی مالكی تا ئێستا له‌سه‌ر هه‌ردوو حه‌بله‌كه‌ یاری ده‌كات بۆ ئه‌مریكا، به‌ڵام له‌ دواجار به‌ باشی ده‌رده‌كه‌وێت، كورد یه‌كه‌م لایه‌نه‌ قازانج ده‌كات و ئه‌وسا هه‌موو هاوكێشه‌كان یه‌كلایی ده‌بنه‌وه‌ و ته‌رازووی هێز به‌ ره‌هایی ده‌گۆرێت . ئه‌مرۆش وا به‌ره‌و كۆتاییهاتن به‌ داعش ده‌رۆین و هیچ پاساوێك له‌به‌رده‌م عه‌بادی دا نامێنێت بۆ به‌ كراوه‌یی هێشتنه‌وه‌ی عیراق وه‌ك باخچه‌ی پشته‌وه‌ی ئیران ته‌راتێنی تێدا بكات و، ده‌سترۆیشویی و هاتن و رۆیشتنی قاسمی سوله‌یمانی و پێكهێنانی هێزی میلیشیای سه‌ر به‌ ئێران و هه‌ره‌شه‌كردن له‌ ئێسرائیل هه‌موو شته‌كان له‌ناوده‌به‌ن، بۆیه‌ رێگه‌كان تادێن روونتر ده‌بنه‌وه‌ و، هه‌موو ئامانجی ئه‌مریكا فه‌رزكردنی ئاشته‌واییه‌ له‌ عیراقێكی به‌هێز بێ له‌به‌رچاوگرتنی نیازی مه‌ڵاسدراوی شیعه‌ و هاوپه‌یمانێتی عه‌قیدی و مه‌زهه‌بیان، سه‌ره‌رای دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانێك به‌ هه‌وڵی ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كانی به‌ریتانیا و رازیبونی ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هاوبه‌شه‌كانیان، كه‌چی تا ئێستا شكستیان هێناوه‌ له‌وباره‌وه‌ و ئامانجه‌ تایبه‌تیه‌كانیان نه‌پێكاوه‌.
بۆیه‌ قورسایی وه‌زعی كوردستان له‌مه‌ر ئه‌م هاوكێشانه‌ به‌ دوو شت به‌ستراوه‌ته‌وه‌:
*خۆرێكخستنه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی هاوكاری و هاوپه‌یمانێتی نێوان لایه‌نه‌كانی كوردستان و فه‌رزكردنی سه‌قامگیری وته‌بایی و وه‌لانانی ناكۆكیه‌كان وه‌ك ئه‌وله‌ویاتی گرنگ، سه‌ره‌رای شكسته‌كان تا ئێستاش هه‌ر لایه‌ك له‌ ئاوازێك ده‌خوێنێت و جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی هیچ شتێكیان له‌به‌ر چاو نیه‌.

* سه‌بر گرتن و ملنه‌دان بۆ داوكاریه‌ ناماقوڵه‌كانی عه‌بادی و هیشتنه‌وه‌ی پشكۆی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی به‌ گه‌شاوه‌یی بۆ هه‌ر گۆرانكاریه‌كی چاوره‌وانكراو كه‌ له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا رووده‌دات و، به‌ تایبه‌تی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ و كاره‌ نهێنی و هاوپه‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران و عیراق و پیلانه‌كانی بۆ ئه‌مریكا و هه‌مولایه‌ك روون ده‌بێته‌وه‌، نه‌ك خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و تانه‌له‌یك دان و هۆكاری شكستی كاتی خستنه‌ پاڵ یه‌كتر و هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی حزبی و كه‌سی .
گرنگترین شت و خاڵی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌یلی عه‌بادی بۆ ئێران ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ ناوچه‌كه‌ش ئه‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ خۆی له‌م هیلاله‌دا فه‌رز ده‌كات. له‌وێشدا جگه‌ له‌ هه‌وڵی برین و قرتاندنی هیلاله‌كه‌ نه‌بێت هیچ شتێكی تر له‌به‌رده‌م ئه‌مریكا و وڵاتانی كه‌نداو و ته‌نانه‌ت توركیاش دا نامێنێته‌وه‌. هه‌ر له‌وێشدا ناخ و بیر و حه‌قیقه‌تی ده‌سه‌ڵاتی عیراقیش بۆ هه‌مووان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ جارێكی تر ناگه‌رێته‌وه‌ باوه‌شی عه‌ره‌ب و له‌وێشدا دیسان جگه‌ له‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی فه‌رزكردنی ستراتیجیه‌تی ئیمبراتۆریه‌تی فارس هیچ رێگایه‌كیان له‌به‌رده‌مدا نامێته‌وه‌. ئا له‌و كاته‌شدا هه‌مووهه‌له‌كان مه‌یسه‌ر ده‌بن بۆ هه‌موو بریارێكی كورد.

ئه‌گه‌ر ئه‌م نامه‌یه‌ی تیله‌رسون له‌ كاتی بریاره‌ ئازایانه‌ و راست و ره‌واكه‌ی ریفراندۆمدا وه‌رگیرابا، ئه‌وا رێگاكه‌ی ئێمه‌ش زیاتر ئاسانتر و رۆشنتر ده‌بوو. له‌ نێو ئه‌م هیلاله‌دا جگه‌ له‌ ئێمه‌ هیچ پێگه‌یه‌كی ئاسانتر نامێنێته‌وه‌ بۆ هیلال برین و نه‌هێشتنی به‌رده‌وامی و به‌ربه‌ست دروستكردن له‌ پێش به‌رژوه‌ندیه‌ گه‌وره‌كانی زلهێزه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌ش .

ئیستاش نه‌چووه‌ بچێت، به‌رگه‌گرتن به‌م وه‌زعه‌وه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و رێگه‌ فراوان و ده‌رگا كراوه‌یه‌ی كه‌له‌ ئاسۆی نزیكماندا دیاره‌ . بێمنه‌تی ئێرانیش له‌م كاته‌دا له‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتیه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كگرتنه‌وه‌ی به‌رژوه‌ندیه‌كانیانه‌ له‌م كاته‌دا. كاری كتوپری و خێرای پێویست به‌ تاكتیكی وڵاتان و ئامانج خوێندنه‌وه‌یان له‌ ئه‌ستۆی كورد و عه‌قڵمه‌ندانی كوردستانه‌ نه‌ك ئاڵوده‌بوانی كاری حزبی ته‌سك و كێبركێی نابه‌جێی ناوچه‌یی و حزبی، بێ بونی خه‌تی سوور و بنه‌مای جێگیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی . بۆیه‌ هیلالی شیعه‌ به‌ كوردستان نه‌بێت ناپچرێت و هیچ هۆكارێك و به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌شنیه‌ كه‌ نه‌هێڵیت دروست بێت، مه‌گه‌ر لێدانی ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌دیهێنانی ئامانجه‌گانی كورد ئاسانتر و نزیكتر ده‌كاته‌وه‌ .‌




سەدەیەکە شۆڕشێکم لە نێوخۆمدا هەڵگرتووە! … عەبدوڵڵا سلێمان- ( مەشخەڵ)


بەیادی سەد ساڵەی بەرپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن
….

سەدەیەکە ئەگێڕمەوە چیرۆکی کەوتن و هەستانم
سەدەیەکە لەنێو زەریای تەنیاییدا هاوپشتیم و
کانیاوم بۆ وزەی خەبات و کەستانم
سەدەیەکە هاواری بەرزم لەسەرزار
هێزی ئەژنۆم بۆ هەنگاوی چارەنووسسازی کرێکار
سەدەیەکە من میلۆدی گۆرانییەکم بەسەر لێوی زنارەوە
گڤەیەکم لەسەر سینەو بەربەرۆکی کەنارەوە
لە پێدەشت بێ یان لەسەر چیا
ئاڵایەکم لەسەر دووندی خەباتی سوور دەڕوانمە چوارگۆشەی تاریکی دنیا
ورد دەبمەوە لەو پەرجووەی کۆیلەتی کرد بە ئەفسانە
لەو تێکشانە جوانانەی سینەی سەردەم کە هەناسەی تیا تاسانە
سەربردەم باڵندەیەکە لە ئاسمانی ژیانی چەوساوە نەبێ لێک نادا باڵ
من ئەو دۆسییە دانەخراوەم
هیچ خەونێکم نانێمە چاڵ
سەدەیەکە برینێکم سەردەکێشم بە حەوشە و ناوماڵی یەک یەکی کارگەران
دەبمە باسی سەر سفرە و نان
ئەو مۆتیڤەم هەر دەچمەوە لای لینین و دەبمە کتێبێ لە خەندە
دەبمە ئاوێنەی هەتاو و ئەو ئاسۆیەی کە ڕزگاری پێوە بەندە
سەدەیەکە من بەپێوەم بازووم وەک جاران بەگوڕە
بۆ تینوێتی دەمی ژیان
ڕوحم لێزمە بارانێکە و زۆر بەخوڕە
سەدەیەکە مژدەی پێچراوم لە هیوا
تروسکەی ئەو چلچرایەم تاریکی تار دەکا لە لووتکە و لەشیوا
سەدەیەکە پەنجەرەی هیچ تاسەیەکم نەبینیوە
ئاونگی ڕزگاربوون نەنێتە سەر دیدە
سەدەیەکە شیعرێکی ئەزبەرکراوم
وشەکانم هەتوانن بۆ زامی ژیانی ئینسانی ستەمدیدە
کە گوڵێک لە ئینجانەی هەوێنی خەباتی چینایەتی کرێکاران دێتە وەرین
من تووڕەییم سەردەکا و دەبێتە لافاوی ڕق و
نەعرەتەم دەنگ دەداتەوە بە پانتایی دونیای بەرین
سەدەیەکە بوومە بە چاو
بوومە بە خەون
بە کتێب و
بەهەتاو و
تروسکەی هیوام بەخشییەوە تاوەکو ژیان جوانتر بێ
تا زاری ئازادی بێ ترس ڕەوانتر بێ
سەدەیەکە دەریایەک فرمێسکی چاوەڕوانی و بێکەسیی
حەمامێک لە خوێنی جەنگ و
شارێک لە گۆڕستان بوون بە ناسنامەی سەفەرم
ڕێگاکانیان لێ قفل دام تروسکەی چاوانیان بردم
خۆزگەکانی دڵیان دزیم
دایان بەدەم ڕەشەبای ڕەشی خۆیان و قەت نەمردم
سەدەیەکە پەرجووی بوونم بەهارێکی نوێیە بۆ ژین
هەرچی ڕۆژە دادەگیرسێم گڕم بەردەبم لە تاوان
هەتا ئینسان هەموو یەکسان وەک یەک بژین
سەدەیەکە جریوەی باڵندەی ئومێدێکم گەورە
سێبەری ژێر کەپری هاوینم بۆ بازووی کرێکارانی جەربەزە
سەدەیەکە سەدای سروود و
هاواری یاخیبوونم لەلا بەرزە
لەهەناوی ڕۆژەکان تەمی سەر شۆستە و
کاژێڕی کارخانەی لێوار شارانم
لێزمەی بەهێزی بارانم
سەدەیەکە من لە بۆتەی باوەڕێکدا دەتوێمەوە
کە بەر لەوەی بەرپا ببم
نەبوو هێندە دەنگوباسی
لە ژینێکدا چاوم پشکوت
کە ئاسمانی لێوانلێوە لە غەدر و زوڵم و کەساسی
ئەمێستاکەش پەپوولەی پێکەنینی خۆم لەسەر گوڵی لێوی مناڵی کرێکار
ناگۆڕمەوە بە لێشاوێک قاقا و کێوێک لە زەردەخەنەی ژێردەستی
ماچی نەشمیلێکی ئاڵای سوور بەدەستی سەر جادەکان
دەکەم بە تابلۆی پڕ عەشقی شاری جوانی و خۆشەویستی
سەدەیەکە پەڵەی هەورم دووند و سەر لووتکەی خەباتی چەوساوەکانم گرتووە
لە ئاسمانە بەرزەکانی تێکۆشانا بە سەدان خۆزگەی جوان جوانم
بۆ نێو باخچەی دڵی ئینسان داگرتووە
بە پردی مەحاڵا سەرکەوتم و نەکەوتم
بووم بە دار و بووم بە ئاو و بووم بە لافاو
بووم بە خەون و دڵنیایی
وەکو ڕووبار لرفەم دەهات ڕام دەماڵی ستەم و غەدر و تەنیایی
شەقامەکانم ماڵی کرد شەپۆڵی هەستانێکی مەزنم دایە شان
هەر بۆ وەی ئازاد و یەکسان بین تەمەن و ژیانم بەخشییە خەبات و تێکۆشان

ئەیلوولی ٢٠١٧




شیلاقه‌ … سه‌ردار جاف

له‌ كام كونجی
مه‌ینه‌ته‌وه‌ هه‌ڵاتووی و
له‌ سۆراغی چی نوقم بووی …..!!
خه‌م به‌ره‌و كام ئه‌پارتیمانی سه‌وزی بردووی ..؟
باڵه‌كانت با به‌ زنه‌ی
چاوه‌كانم ته‌ڕته‌ڕ بن و
هیچ قانگ نه‌درێ
له‌ كام زه‌نوێرئاوای نامۆ سه‌رهه‌ڵگرتووی
دییه‌كانت ئێستا ئاشنای سه‌وزی دره‌خت و سروشته‌
كه‌چی ئازیز تۆ له‌ خه‌زان
خۆت ده‌رخست و دره‌نگ هاتی
ژاڵه‌ سه‌ر زاری ته‌نیوم
خورپه‌یه‌كی كه‌لله‌سه‌ر و تیلمی پلانی ئه‌و دڵه‌ی
له‌ سارایا رووتبوومه‌وه‌
ئه‌وكی وشكم ……….. تینوو ..تینوو …
له‌ خۆرئاوا هه‌ڵهاتیت و
له‌ ده‌مما ته‌ڕ وه‌ك نه‌باتی
ئه‌ی شیلاقه‌ جوانه‌كه‌ی من
زۆر ده‌مێكه‌ چاوه‌نواڕم
له‌ به‌هاران جوان ده‌بیت و
پاییزانیش باڵه‌كانت ده‌قرتێنی
ده‌زانی سه‌هۆڵبه‌ندانی ئه‌م گه‌رمایه‌ …….
چ ئاشوب و وه‌یشوومێكه‌
له‌ گه‌ڵ شه‌پۆلی ده‌ریادا ، مت مت ده‌بی و لرفه‌ت كپه‌
به‌ هه‌نسك و هه‌سته‌كانما روحی جوانت ده‌چرپێنی

12 / 11 / 2017
ئه‌ڵمانیا




کاریگەریەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوین …. گۆران هەڵەبجەیی

هەر ڕووداوێکی مەزن لە هەر کوێی گۆی زەوی ڕووبدات ،بێگومان لە کایە جۆرواجۆرەکاندا گۆڕانکاری بەدووی خۆیدا دەهێنیت ،ئیدی چ لە خودی ژینگەی ڕوداوەکە یا لە دەرەوی ئەو ژینگەیەبێت . زۆر جار ئەم کاریگەریە پەلی هاوێشتوە بۆ نیو نەتەوەو خەڵک و دەڤەرەکانی جیهان .

شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزنی ڕوسی کە بەلشەفیەکان هەڵیانگیرسان و لینین داینەمۆ و سەرکردەی بوو، حکومەتی کاتی و ڕژێمی قەیسەری بنەماڵەی ڕۆمانۆفی لەبن هەڵتەکاند و بۆ هەتاهەتایە لەسەر شانۆی دەسەڵات دووری خستنەوە ،وە حیزبی بەلشەفی دەسەڵاتی گرتە دەست و حکومەتی شوراکان دەستبەکار بوو .

وەک چۆن [جۆن ڕید] نووسەری ئەمریکی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە نێوی {10 ڕۆژ جیهان لەرزی} ،لە ڕاستیشدا هەروابوو ،ئەو شۆڕشە جیهانی هەژاند و سەرمایەداری جیهانی خستە ترس و لەرزەوە ،هاوکات نەتەوە و چینە ژێردەستەکانی هۆشیار کردوەو بووە داینەمۆی تێکۆشان و ئاراستەی کردنیان، بەتایبەتی چینی کرێکارو جوتیاران.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکەم ،ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کەمدا هەواڵ و کاریگەری ئەم ڕوداوە مەزنە گەشتە زۆربەی دەڤەرەکانی جیهان.

هەر بۆیەش زۆری نەخایاند لە ژێر کاریگەری ئەو شۆڕشەدا لە کیشۆرەکانی جیهاندا ئەحزاب و بزافی مارکسی وچەپ درووست بوون.

بێگومان نزیکترین دەڤەر کە کاریگەری ڕاستەو خۆی ئەو شۆڕشەی لەسەر بوو کیشوەری ئەورپا بوو ، کە بە هۆیەوە لەزۆربەی وڵاتاندا حیزبی کۆمۆنیستی هاتنە دامەزراندن، یا خود ئەوانەی کە هەبوون لە ژێر ئەو کاریگەریەدا گەشەیان کرد و ڕۆڵیان لەسەر شانۆی سیاسی زیادی کرد .

گەرەکمە لێرەدا زیاتر تیشک بخەمە سەر کاریگەریەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر لەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوین ،کە بێگومان بەدەر نەبووە لە گەشتنی پریشکی ئەو ڕووداوە مەزنە پێی..

دەمێک ئەو شۆرشە ڕوویدا زۆربەی جیهانی ڕۆژهەڵاتی نێوین لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو .بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەم و قەیرانە هەمەلایەنەکانی خودی دەوڵەتی عوسمانی ، ئەو دەوڵەتە لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا دەژیا .

لەولاشەوە ئێران و بەشێکی بەرفراونی خاکی دیکەی دەورووبەری ئێران لەژیر دەسەڵاتی دەوڵەتی قاجاریەکاندا بوو.

نابی ئەوە لە یاد بکەین کە لە سەرتای سەدەی ڕابردووەوە ،ئەفکاری تەنویری لەرەحمی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی ئاینی و گەندەڵەوە لە هەندێک شوێن چەکەرەی کردبوو ،ئەوەیش بە هۆی چەوساندەوە و جۆرەها قەیرانەوە.
بەڵام ئەمانە زیاتر لە هەوڵدانی تاکەکەسی و گرووپی بچوکدابوون و نەبوونە بزافی ڕێکخراوەیی کاریگەر .

ئەمانەش چەند نمونەیەکن لەو هەوڵ و شۆڕش و سەرهەڵدانانە:
* شۆڕشی مەشروتیە لە تورکیا دژی سوڵتان عەبدولحمید 1909
* شۆڕشی دەستوری ئیران کە ساڵی 1912 دژی دەسەڵاتی قاجەریەکان
* پەیدابوونی حیزبی[ ئیتحاد و تەرەقی ]لە تورکیا 1912کە هەر هەمان حیزب پێشتر بە ناوی مەشروتیەکانەوە هەوڵی لادانی سوڵتان عەبدولحمیدیان دا.
پاشان ئەم حیزبە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم ، بە تەواوەتی دەسەلاتی عوسمانی لاداو لە جیگەی دەسەڵاتێکی مەدەنی لە خاکی تورکیادا دامەزراند ،کەمال ئەتاتورکیش وەک سەرکردیەکی دیاری ئەو حیزبە دەسەڵاتی گرتە دەست.

دیارە ئەم بزافە مەدەنیەی تورکیا تا ڕادەیەک لای لینینیش قەبوڵکراو بوو، بەوەی کە دەسەڵاتێکی ئاینی دواکەوتووی وەک دەسەڵاتی عوسمانی لەناوبردو لە جیگەی دەسەلاتیکی مەدەنی دامەزراند . بەڵام لە ئاکامدا خودی ئەم دەسەڵاتەش بووە دەسەڵاتێکی سەرکووتکەرو دیکتاتۆر و چەوسێنەر.

* شۆڕشی عبدلرحمان کەواکبی 1902 مسر
* شۆڕش یا بزافی محمەد عەبدە 1905 مسر

*سعد زغلول مسر 1918-1919 سەرتا دژی عوسمانیەکان وپاشان دژی ئینگلیزەکان خەباتی کرد.
سەعد زەغلول جگە لەوەی بەشداری لە شۆڕشی عرابی کرد ،هەروەها جەمعیەی [تۆڵەی] یشی دامەزراند و پاشان حیزبی وەفد .

شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دژبە ئینگلیزو فەرەنسیەکان

* شۆڕشی شێخ مەحمود لە کوردستان و نامەکەی شێخ محمود بۆ لینین ،لە ڕێگەی کونسڵی ڕوسیەوە لە تەبرێز ساڵی 1922.
*شۆڕشی 20 لە عێراق[ثورە العشرین] و هەوڵدانی بڕێک لە ڕووناکبیرەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە. لە ڕیگەی بەسرەوە.
* شۆڕشی پاشای ئەترەش لە سوریاو لبنان دژ بە فەرەنسیەکان1925 .
دیارە ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینانە بە ئیلهام و کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەیانهەڵنەدا ،بەڵام نکولی لەوە ناکرێت کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر هاندەریان بووە لە بەردەوام بوون لەسەر شۆڕشەکانیان.

کاریگەری تاک و گروپە ڕووناکبیرەکانی دەڤەرەکە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر

دەتوانین کاریگەری ڕاستەوخۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە پەیدابوون و و بەرجەستە بوونی چەندین بزاف و گروپ و حیزبی چەپ و مارکسیدا هەست پێبکەین ،کە لە دوای شۆڕشەکەوە بە چەند ساڵێک لە دەڤەرە جیا جیاکانی ڕۆژهەڵاتی نیویندا سەریان هەڵدا.

*ئەم کەسە ڕوناکبیرانە کە پاشان بوونە نەواتی زۆرێک لە حیزبە شوعیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمانە متابعێکی بەردەوامی ئەو شۆڕشە بوون ، بەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشەکەیان وەردەگێرایە سەر زمانەکانی خۆیان،هاوکات خۆیان بەو ئەدەبیاتانە ڕۆشنبیر دەکرد.
دەمێک هەنگاوی یەکەمیان بەرو ڕێکخراوبوون لە حێزبێکی مارکسیدا نا، تا ڕادەیەکی لە ڕووی هزرو ڕیکخستنەوە ئەزموونیان پەیدا کردبوو.
چەند نمونەیەک

1. عێراق

چۆنیەتی درووست بوونی شانە مارکسیەکان لە عێراق بە کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە
* سەرتا لە بەسرە چەند ڕووناکبیرێک لەژێر کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا شانەیەکی مارکسیان پێک هێنا ، لەوانە{عەبدولوەهاب محمود، سامی نادر، زکریا الیاس}

* هەر لەو دەمەدا لە بەغداش چەند ڕووناکبیرێک هەمان هەنگاویان نا ، کەسە ناودارەکانیان بریتی بوون لە حسین رحال، مستەفا علی، محەمەد ئەحمەد مدرس،

* لە ناسریەش چەند گەنجێک پەیدابوون کە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەرسام بوون، وەک [یوسف سلمان یوسف-فهد، ئەحمەد جمالدین، و زوبید ناوێک ] ئەم گرووپە دەستنووسێکیان دەردەکرد بە نیوی [الصحیفە] کە ناو بە ناو بڵاویان دەکردەوە .زیاتر هاوڕێ فهد سەرپەرشتی ئەم دەستنووسەی دەکرد .بۆ یەکەم جار درووشمی {ئەی کریکارانی جیهان یەکگرن} یان لەسەر ئەم بڵاوکراوەیە نووسی.

* ئەم حەلەقاتانە توانیان جۆرەها بلاو کراوە و کتێب و ڕۆژنامەی تایبەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەدەست بهێنن ،بەتایبەتی بە زمانی فەرنسی و ئینگلیزی
.سەرچاوەی ئەم ئەدەبیاتە شوعیانە بەندەری بەسرە بوو کە بەردەوام کەشتیوەکانەکانی ئەوروپی و وڵاتانی دیکە لەوێ لەنگەریان دەگرت و هەندیک لەو کەشتیەوانانەش هەواڵی شۆرش و ئەدەبیاتەکانیان بەو ڕووناکبیرە عیراقیانە دەدا ،بەتیابەتی بەسراویەکان .

* هەروەها سەربازە هیندیەکانیش ئەوانەی کە لە نێو سوپای ئینگلیزدا بوون،
سەرچاوەیەکی باش بوون بۆ پیدانی زانیاری دەربارەی شۆرشی ئۆکتۆبەر .

* هاوکات لە سوریاشەوە بەقاچاخ ئەدەبیاتی مارکسیان پیدەگەشت،کەپێشتر لەلایەن مارکسیە سوریەکانەوە لە فەرنسیەوە کرابوونە عەرەبی.

* ئەو خەلیانەی ،بەغداد بەسرە ناسریە لە31.03.1934 دا لە قەوارەیەکی سیاسیدا بە نێوی[ لیژنەی لە ناو بردنی ئیستعمارو ئیستثمار] یەکیان گرت. کە عاسم فلیح بووە سکرتێری ئەو قەوارە سیاسیە. ئەوەبوو پاش ساڵێک ناوەکەی گۆڕدار بۆ [حیزبی شیوعی عێراق].

2. سوریاو لبنان

سەبارەت بە پەیدابوونی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی، ناسر الحدەی مێژوونووس دەڵیت: [بەهۆی کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری پرۆلیتاریای ڕووسیەوە ،بیرۆکەیەک لە ناو ڕووناکبیرانی لوبنانیدا پەیدا بوو کە قەوارەیەکی مارکسی درووست بکەن . ئەوەبو ئەو قەوارەیان درووست کردو ناویان نا {دیموکراتە شۆڕشگێرەکان} کە نمونەکەیان فرح انطوان، شبلی شمیل بوون.

* هەر لە لوبنان ساڵی ١٩١٩ ئەرمەنیەکانی ئەوێ بەتایبەتی ئەوانەی لە بەیروت دەژیان ،هاوبەندیەکیان پێک هێنا بە نیوی [عصبەسپارتاک] . هەڵبژاردنی ئەم ناوە بۆڕێزو خۆشەویستیان بوو بۆشۆرشی کۆیلەکان لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا ،بەسەرۆکایەتی سپارتاکۆس ،ئەمانە شوعی بوون و ئیلهامیان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە وەرگرتبوو . پاشان کە حیزبی شیوعی سوریاو لبنان درووست بوو ئەم عەسبەیەش بوو بە بەشێک لەو حیزبە.

* لە هەمان سەردەمدا بڕێک لە شۆڕشگێرانی عەرەب لە دمشق کە خۆیان بەچەپ دەناسان،گۆڤارێکیان دەردەکەرد بە نیوی[الاشتراکیە} ساڵی 1912 .حلمی فتیانی سەرنووسەرو خاوەن ئیمتیازی بوو.

*هەر لەو دەمەدا هەندێک خوینکاری سوری و لبنانی لە فەرنسا دەیانخوێند ئەمانە لەڕێگەی حیزبی شوعیی فەرنسیەوە کە ئەویش بەدەوری خۆی پەیوندی بە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە هەبوو ،ئەو خوێندکارانە بەفکری مارکسی و بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئاشان بوون و ئەم فکرەیان هێنایەوە بۆ لبننان و سوریاو لە کۆتادا ئەم گەنجانەش بوونە بەشیک لە حیزبی شیوعی سوریاو لبنان.

* بەر لە دامەزراندنی حیزبی شیوعی لبنانی و سوری، سالی 1919 سەندیکایەکی کرێکاران لە لبنان درووست بوو ، بە نێوی[یەکیتی گشتی کرێکاران] ڕۆژنامەیەکیان دەردەکرد بە نیوی [ڕۆژنامەی کرێکار] .هەر ئەم پێکهاتە کرێکاریە لە پاشاندا بووە بناغەی حیزبی شیوعی لبنانی و سوری کە لەگەڵ بزافە مارکسیەکانی دیکەدا یەکیان گرت .

* لە سوریاش سلیم خەیاط وەک مفکرێکی مارکسی، لەو کاتەدا چەندین بابەت و لیکۆڵینەوەی سەبارەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مارکسیەت نووسیوە.

* بەر لەوەی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی دابمەزرێت.
بەر لەوەی حیزبی شیوعی سوری و لبنانی دابمەزرێت، خالید بەگداش یەکەم مارکسی بوو لە ڕۆژهەڵاتی نوێن کە [بەیانی شیوعی} لە فەرنسیەوە وەرگێرایە سەر عەرەبی .

*ئەوە بوو لە ئاکامی یەکگرتنی ئەو گروپ و سەندیکاو کەسایتیە مارکسیانەدا حیزبی شوعی سوری و لبنانی سالی 1924 دامەزرا .
کەسە ناودارەکانی ئەم حیزبە بریتی بوون لە {چالاکوانی سەندیکا ،فوئاد شمالی،ڕووناکبیر یوسف ئیبراهیم، ، وە لەسوریاش ناسر حدە ،فوزی زعیم،سلیم خیاط،خالد بەگداش، }
* لە کۆنگرەی 6 ی کۆمنترندا [ الاممیە الشوعیە] ساڵی 1928 فوئاد شمالی کە ئەمین عامی حیزبی شیوعی لبنانی بوو، وەک یەکەم شیوعی لە ولاتانی عەرەبیەوە بەشداری کرد .

3. مسر

* شاری ئەسکەندەریەی میسر کە هاوکات بەندەریێکی بازرگانی جیهانیەو تاڕۆژی ئەمڕۆش هەر وا ماوەتەوە . کۆمەڵیک گەنجی ڕووناکبیر تامەزرۆی زانیاری بوون دەربارەی شۆرشی ئۆلتۆبەر ،بۆیە زۆر جار دەچوونە بەندەرەکەو قسەیان لەگەڵ ئەو کەشتیەوانەن دەکرد کە لە روسیا یافەرنسا یا بەریتانیەوە دەهاتن ئەوانیش هەرچی زانیاری یا کتێب و ڕۆژنامەرو نامیلکە هەبوو بەزمانە جیاجیاکان نووسرابوون،دەیانبەخشیە ئەو گەنجانە .

*ئەوە بوو لە ساڵی 1922 حیزبی شیوعی مسری لە ئەسکەندەریە لەو گەنجانە درووست بوو کە کەسە دیارەکانی لەوسەردەمەدا بریتی بوون لە {جوزیف روزنتاڵ،حسنی الاعرابی،انطوان مارون، پاشان تەنزیماتەکانی قاهرە وباژێرەکانی دیکەی میسری گرتەوە.

4. تورکیا
دامەزراندنی حیزبی شیوعی لە تورکیا 1921

* مستەفا سوبحی بە دامەزرێنەر و سەرکردەو شۆڕشگێری حیزبی شیوعی تورکی هەژماردەکرێت.
ئەم کەسە سەرەتا کاری ڕۆژنامەگەری کردوە ، پەیامنێری چەندین ڕۆژنامەی تورکی بووە بەتایبەت دەمیک لە پایس بووە ،کەسێکی ڕوناکبیر و ئابوریناس بووە .

*ساڵی 1913 بەوە تاونبار دەکرێت کە ئەو محمود شڤیق پاشای کووشتوە .
بۆیە بە 15 ساڵ زیندانی حکوم دەدرێت .
لە زیندان ڕادەکات بەرەو ڕوسیا هەڵدێت .
* لەوێ سالی 1915 دەبێتە ئەندامی حیزبی بەلشەفیک .
*هەر لەوێ پەیوەندی لەگەڵ سەربازە تورکە یەخسیرەکاندا پەیدا دەکات بڕێکیان بە فکری مارکسیەت ئاشانا دەکات .
* دامەزرێنەری ڕێکخراوی سۆشیالستی چەپی تورک بوو ساڵی 1918

* ساڵی 1919 بەیانی شیوعی لە ڕوسیەوە وەرگێراوەتە سەر تورکی

* ساڵی 1919 بەشداری لە یەکەم کۆنگرەی کۆمنترن کرد لە مۆسکۆ.

* ساڵی 1920 لە باکۆ لەگەڵ کۆمەڵیک تورکی نیشتەجێیی ڕوسیا و ئازربایجان حیزبی شێوعی تورکی دادەمەزرێنن ،کە جگە لە مستەفا سوبحی کە دەبێتە سکرتێری حیزبەکە ،کەسە دیارەکانیان بریتی بوون لە [ئەتهەم نەجات و ئیسماعیل هاکی ]

* هەر دوای ئەوە لە باکۆوە 15 شیوعی تورک دەگەڕینەوە بۆ تورکیا بۆ بەشداری لە جەنگی ڕزگاریدا کە ئەودەمە کەمال ئەتاتورک دەستی پێکردبوو.
* بەڵام لەوێ لە لایەن ئەتاتورکەوە محارەبە دەکرێن و ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە ، بۆیە ناچار دەبن بەرەو باکۆ بە باخرە بگەڕینەوە ،لە ڕیگا بە پلانی ئەتاتورک هەر هەموو 15 کەسەکە کە لە کەشتیەکدا بوون نغرۆ دەکرێن کە سەرکردە دیارکانی ئەو حیزبە بوون.
*ئەتاتورک بۆ ئەو مەسەلەیە وتبووی ئیمە پێوستمان بە حیزبی کۆمۆنیست نیە ،گەر پیوستمان بێت خۆمان درووستی دەکەین . جا هەر واشی کرد ،حیزبێکی شیوعی ئەتاتورکی دروست کرد.

5. ئیران
دامەزراندنی حیزبی تودەی ئێران

حیزبی توودەی ئێران ڕێکخراوەی سەرەکیی چەپ بوو لە مێژووی ھاوچەرخی ئێراندا. ئەم حیزبە لە ساڵی1920 لە تاران دامەزرا. بناغەدانەرانی بریتی بوون لە کۆمەڵەیەکی 53 کەسی لە چالاکوانانی چەپخواز و ناسیونالیستی ئێرانی وەکوو: سلێمان میرزا ئەسکەنەدری، ئیرەج ئەسکەندەری، بۆزۆرگ عەلەوی، ئێحسان تەبەری، خەلیل مەلەکی، فەرەیدوون کەشاوەرز، عەبدولحوسەین نووشین و رەزا ڕادمەنەش. ئەمانه زۆربەیان له سەردەمی دەسەڵاتی قاجەریەکان و پاشانیش ڕژێمی شاهەنشاهی ئێرانیەوه ، له زیندان بوون یا لەژێر چاودێریدا بوون. هاوکات نووسەر وەرگێڕی کوردیش محەمەد قازی یەکێک له ئەندامانی حیزبی تووده بوو.
پەیدابوونی ئەم حیزبەش دیسان پەیوەستە بە ئەو هەوڵومەرجەی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری تێدا ڕوویدا.
لەو دەمەدا و بە یەک دووساڵ هەواڵی ئەو شۆڕشە بە چەند جۆرێک گەشتە نێو بڕێک لە ڕووناکبیرانی ئیران ،بەتایبەتی خوێنەورەکانی زانگۆی تاران. هەوالەکان لە ڕێگەی ئازربایجانەوە دزەیان دەکرد بۆ تاران ، ئەو هەواڵانە زیاتر دەمی یا نامیلکەی بچوک بوون کە پێشتر وەرگێرابوونە سەر زمانی ئازەری و پاشان دەکران بە فارسی .
*سەربازە ڕووسەکانیش کە لە بەشێک لە خاکی ئێراندا بوون ، ئەمانە بەر لەوەی بەفەرمانی لینین لە ئێران بکشێنەوە، هەوالی شۆرشی ئۆکتۆبەریان پیدەگەشت . ئەوانیش لە ڕێگەی خۆیانەوە دەیانگەیاندە ئەو ئیرانیانەی کە تامەزرۆی ئەو جۆرە هەواڵانە بوون.

کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر کورد ،بەتایبەت کوردانی باشوور

دکتۆر کمال مەزهەر لە کتێبێکیدا بە نێوی[کوردستان پاش جەنگی جیهانی یەکەم] لە بڕگەیەکدا ئاماژە بە نامەیەکی {مێجەر سۆن} دەکات کە حاکمی سەربازی ئینگلیز بووە لە سلیمانی .نامەکە ساڵی 1919 نووسراوە ،بۆ مندوبی سامی بەریتانی ناردوە لە بەغدا کە تێدا دەڵێت[ لێرە لە سلیمانی زۆرێک لە گەنجەکان بە ئاشکرا پرەپاگەندە بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەکەن].

هەروەها ئەحمەد خۆجە لە کتێبەکەیدا بە نیوی {چیم دی} ،دەڵێت. چەند منەوەرێک لە سلیمانی پەیدا بوون کە کاریگەرن بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،وە بڵاوکراوەیە دەردەکەن بە نێوی[پریسک یا پروشک] کە وەرگێراوی وشە ڕوسیەکەیە بە نێوی { ئیسکرا}.
ئەم قسانەی ئەحمەد خۆجە تا ئێستا لە هیچ سەرچاوەیەکەوە ڕاستی و دروستی نەسەلمینراوە .بەڵام ئەوەی دکتۆر کەمال مەزهەر کە ئاماژەی بە نامەکەی میجەر سۆن کردوە ، ئەو نامەیە لە ئەرشیفی بەریتانیدا بوونی هەیە.
لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە کوردیش کاریگەر بووە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،بەڵام ئەو کاریگەریە نەبووەتە بناغە بۆپەیدابوونی بزافێکی مارکسی ،وەک ئەوەی لە بڕێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێویندا ڕوویدا.




( شیعر و فەلسەفە ) یان ( فەلسەفە و شیعر ) … ناڵە حەسەن

شیعر و فەلسەفە دوو چەمکن پەیوەندی بەهێز و توندوتۆلیان لەگەڵ یەکدا هەیە ، زۆرجاران وەک دوو هێڵی تەریب هەندێکجاریش پێجەوانە و دژ ، پەیوەندییەکە تا ئاستی ئەوەی ، هەندێکجار شاعیران بیرۆکەی فەلسەفی لە نێو شیعرەکانییان بەرجەستە دەکەن ، یان هەندێک لە فەیلەسوفەکان بە زمانی شیعر بابەت و فەلسەفەکانییان دەنووسنەوە ، هەندێک لە نووسەران و ڕەخنەگران هاوڕانین لەگەڵ ئەم پەیوەندییەدا و پێیانوایە ، شیعر و فەلسەفە لە دوو کایەی تەواو جیاواز ئیش دەکەن و نابێت تێکەڵاوی یەکترییان بکەین ، بە مانایەک ، لەگەڵ بە ( شیعرکردنی فەلسەفە ) و یان ( بە فەلسەفەکردنی شیعردا ) نین .
ئێمە لەم وتارەماندا ، هەوڵدەدەین لە ڕووبەرێکی فراوان باس لە شیعر و زمانی شیعر و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعردا بکەین ، لەم ڕاستایەش ، وەڵام بە زۆرێک لە پرسیار و ناڕۆشنییەکان بدەینەوە . بەر لەهەرشتێک ، شیعر مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە ، لە سەردەمی ( سۆمەرییەکان ) دا ، ( داستانی گلگامێش ) ، وەک دەقێکی زۆر کۆنی شیعری بە فۆڕمی ئیپیک نووسراوە ، دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین ، بەڵام بە بڕوای من ، مێژووی شیعر لەم بەروارەش کۆنتر و دێرینترە ، مێژووی شیعر / دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی مرۆڤ ، پێش پەیدابوونی نووسین ، لەوکاتەی مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی پەیدا کرد ، توانای ئەوەی پەیدا کرد ، لە ئاکامی بیرکردنەوە بە نێو خەیاڵدا ڕۆبچێ ، یان قسەبکات و گۆرانی بڵێ ، لەوکاتەدا شیعر پەیدا بووە .. بەڵام ، لەم وتارەماندا کاری ئێمە ساغکردنەوەی مێژووی شیعر نییە ، لێرەدا واز لەم مێژووە کۆنە دەهێنین و لە یۆنانی کۆنەوە دەست پێدەکەین .. لە سەردەمی یۆنانی کۆن ، شیعر دوو جۆر بووە ،

یەکەم / شیعری ئیپیک
دووەم / شیعری لیریک

ئەم دوو جۆرە شیعرەش ، دوو جۆر لە فۆرمی شیعرین ، ( ئیپیک ) فۆڕمێکە بەم جۆرە شیعرە درێژانە گوتراوە ، کە چیڕۆک و ئەفسانە و داستان و بەسەرهاتە تراژیدییاکان و مێژوویەکانی پێنووسراوەتەوە ، پێشەنگی ئەم فۆڕمە شیعرییەش ( هۆمیرۆس ) بووە ، کە لە سەردەمی ( سەرەتای سەدەی هەشتەم و تا ناوەڕاستی سەدەی نۆیەمی پێش زایین ژیاوە ) باشترین دوو دەقی هۆمیرۆس ( ئەلیادە و ئۆدیسە ) ن کە بە فۆڕمی ئیپیک نووسراون .. هەروەها ( لیریک ) / بەمجۆرە شیعرانە دەگوترێن ، کە مامەڵە لەگەڵ هەستەکان و غەریزەکانی مرۆڤ دەکەن . بۆ شێوازێکی ڕۆمانسییانە و بە زمانێکی سادە و لەزەتبەخش و ئیرۆسییانە ، بە هارمۆنی و مۆسیقایەکی هەست بزوێن .

پێشەنگی شیعری لیریکیش ( ئارکیلۆکەس و سافۆ و ئالکمان و ئالسییەس ) بوون ، ( سافۆ ) ژنە شاعیرێکی نێوداری شیعری لیریکە و لە مێژووی شیعردا ، بە یەکەمین شاعیری ( مێ ) دەژمێردرێ . دەتوانین بڵێین لەم سەردەمەی یۆنانی کۆن ، سەردەمی زێڕینی شیعر بووە . زمانی شیعر لەم سەردەمەدا ، زمانی فەلسەفە و مەعریفە و زمانی ئایین و بە کورتییەکەی / زمانی دەربڕین بووە .. لەم سەردەمەدا ، شانۆگەری بە هەردوو جۆرەکانییەوە ، واتە ( کۆمێدی و تراژیدییەوە ) لە هەناوی شیعردا پەیدا بوون .

ئەوەتا هەردوو فەیلەسوفی ناودار ( ئیپمادۆکلیس و پارمەنیدس ) ، لە سەدەی پێنجەمی پ ز ، بە شیعر بۆچوونە فەلسەفییەکانییان دەربڕیوە و کاریگەرییان لەسەر شاعیراندا هەبوو ، بەڵام هەردووکییان لە بنەڕەتدا ، فەیلەسوف بوون نەک شاعیر ، هەروەها دوو کەسایەتی دیاری نێو فەلسەفەی کۆنی یونانی بوون ، بۆ نموونە ، ( ئیپمادۆکلیس ) فەلسەفەکەی دەربارەی چوار پێکهاتەی سەرەکی گەردوونی بوون وەک / ( زەوی ، هەوا ، ئاو ، ئاگر ) لە هەمانکاتیش ، شیعرەکانی ( هۆمیرۆس و سۆفۆکلێس ) ناوەڕۆکی فەلسەفییانەیان هەبوو ، هەر لەم سەردەمەدا ، زۆرێک لە فەیلەسوفان قسەیان لەسەر شیعردا کردووە ، ( ئەفلاتوون ) لە ڕاستای بۆچوونە میتافیزیکی و ڕامیارییەکانیدا لە جەوهەر و چۆنییەتی هونەر و شیعری کۆڵیوەتەوە و قسەی لەسەر کردوون ، شیعری بەکردەیەکی لاساییکرنەوە پێناسە کردووە ، بە بڕوای ئەو / هەر هونەرێک مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆزدا بکات ، مامەڵە لەگەڵ فیکر و عەقلدا نەکات ، بە هونەرێکی ئاست نزم پێناسەی دەکات ..! بەڵام ( ئەرستۆ ) بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی بۆ شیعر جیاواز بوون ، هەروەک لە کتێبی شیعر باسی دەکات ، ئەرستۆ پێیوانییە کەوا شیعر ، لاساییکەرەوە و کتومت کۆپی جیهانی دەرەوە بێت ، ئەگەر نا هیچ جیاوازییەک لە نێوان شاعیران و مێژوونووسان نەدەبوو ، مێژوونووس ئەوانە دەنووسێتەوە کە ڕوویانداوە ، مامەڵە لەگەڵ ڕابردوودا دەکات ، بەڵام شاعیر ئەو شتانە دەنووسێتەوە کە هێشتا ڕوویان نەداوە یان دەکرێ ڕووبدەن ، بەمانای / ڕووداوەکانی شاعیر بیریان لێدەکاتەوە یان دەیەوێ قسەی لە بارەیان بکات ، پەیوەندی بە کات و شوێنەوە نییە ، ئەمەش جیاوازییەکی ترە لەگەڵ مێژوونووس ، دەربارەی ئەم تێڕوانینەی ( ئەفلاتوون ) کەوا ، شیعری لە ئاستێکی نزم بینیوە و بە کردەیەکی لاساییکردنەوەی داناوە ، بە جیا لەم جیاوازییانەی ( ئەرستۆ ) کە باسی کردوون ، شیعر بەم شێوەیە نییە کە ئەفلاتوون باسی کردووە ، ڕەخنەگرتن لەم جۆرە بیرکردنەوە ئەفلاتوونییە بۆ ژیان و شیعر ، دەمانخاتە بەردەم دوو ڕەهەندی جیاواز ، یەکێکییان / ڕەهەندی ( ئۆپۆلۆن ) ییە ، کە تەعبیرە لە خودای هێورکەرەوە و مەنتیقییەت و بە سیستەماتیککردنی شتەکان ، کە ئەفلاتوون و زۆرێک لە فەیلەسوفیتر ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە ، ئەویترییان ڕەهەندی ( دایۆنسیزم ) ییە ، واتە خودای هونەر و لەزەت و خۆشی و بایەخنەدان بە عەقل ، ئەم ڕەهەندەش ( فرێدریک نێچە ) و زۆرێک لە فەیلەسووفانی دوای نێچە ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە .

بۆ نموونە / نێچە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەم زیاتر خوازیاری مرۆڤی سوپەرمانی و یاخی و خودان ویستی هێزە .. تەنانەت لە ڕوانگەی ( زەردەشت ) یش ، ڕێگەی ژیان بەسەربردن لایەنگری لە چوارچێوەی مەنتیقی و ژیرانە و عەقل نییە ، بەڵکو کەسەکان ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیانی خۆیان ، ئەمەش بە مانایەک / هەڵوەشاندنەوەی پاوەرەکان و سنوورەکانی عەقل و سیستەماتیکە .

( شیعر و داهێنان ) پێویستییان بە کرانەوە و پچڕاندنی هەموو کۆت و زنجیرەکانی بەها و نەریتە میراتییەکانە ، بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، دەبێت خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت بتاشی کە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن …! هەروەها لەم وتارەمان وردتر باسی ئەم فاکتانە دەکەین کە ئەم بیرکردنەوەیە نا دروستانەی ئەفلاتوون ڕەتدەکەنەوە ، بۆ نموونە باس لەوە دەکەین کەوا ، شیعریش وەک فەلسەفە لەسەر بنەمای بیرکردنەوە ئیش دەکات و ڕەهەندی فیکری و مەعریفی لە پشتە . زۆرن ئەو فەیلەسوفانەی کاریگەرییان لەسەر شیعردا هەبووە ، یان قسەیان لەسەر شیعر کردوەو باسی گرنگی و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعریان کردووە ، یان زمانی شیعرییان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی فەلسەفەکانییان ، ئەم فەیلەسوفانەش بە ( فەیلەسوفی شاعیر ) ناوبراون . یەکێک لەوانە ( فرێدریک نێچە ) یە . لە پەیوەند بە شیعرەوە ، تایبەتمەندی نێچە جیاوازە لەگەڵ فەیلەسوفەکانی تر ، چونکە هەندێک لە فەیلەسوفەکان هەم شاعیریش بوون هەم فەیلەسوف ، واتە لەپاڵ فەلسەفە شیعریشیان نووسیوە یان سەرەتا بە شیعر دەستییان پێکردووە ، لەوانە ( مارکس ، جان جاک ڕۆسۆ ، سامویل تەیلۆر کۆلیریچ …. ) بەڵام نێجە ، لەگەڵ ئەوەی شیعریشی نووسیوە بەڵکو کتێبە فەلسەفییەکانیشی بە زمانی شیعر نووسیون ، بۆیە بە بڕوای هەندێک کەس ( نێچە لە زکماکەوە شاعیر بووە ) واتە ، هەر بە شاعیری لە دایک بووە .

شیعر گەورەترین بەشی نووسینەکانی و تەنانەت فەلسەفەکەشی داگیرکردووە . نێچە زۆر بە ڕۆشنی درکی بەوە کردووە کە ، زمان چ سیعرێک و هێزێکی تیایە بە تایبەت زمانی شیعری ، بۆیە لە شوێنێک دەربارەی زمانی شیعری دەڵێ ، ( زمان گەمەیەکی گەمژانەیە ، بەهۆی زمانەوە مرۆڤ دەتوانێ سەما بەسەر هەموو شتێکەوە بکات ) نێچە فەیلەسوفێکە ، ئامانجی بەرهەمهێنانی مرۆڤی باڵا بووە لە ڕێگەی ئیرادە و ویستی هێزەوە ، بۆیە لە زۆر شوێن پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ و دەڵێ ، ( من هاتووم هەواڵی مرۆڤی باڵاتان پێڕابگەیەنم ، مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە لە نەریتی باو یاخی دەبێت و خودان ئیرادە و هێزی کارای خۆی دەبێ ..) ئەمە ڕۆشن بووە لای نێچە کەوا داهێنان بە کەسی لاواز و بێ ئیرادە ناکرێت ، کەسەکانی دیلی بەندی کەلتوور و ئایین و دیلی مرۆڤەکانی تر بن .. لای نێچە بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر وا پێویست دەکات هەموو کۆت و زنجیرەکان بپچڕێنیت ، ببی بە خۆت و تەعبیر لە ویستی خۆت بکەی ، هەموو شتێکی میراتی تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت دیاری بکەی ، خۆت هێزی جوولێنەری خۆت بی ، جوولە ڕەفتارەکانی خۆت پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن ، بەمانایەک هەروەک دروشمێکی هەبوو کەوا ( تەنها خۆت بیت و ئەویتر نەبیت …! ) چونکە / داهێنان وا دەخوازێ کە دنیاو جیهانێکی نوێ بخولقێنی .

نێچە لە کتێبی ( ئا ئەمەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ ، ( من لە هیچ شتێک لاسایی کەس ناکەمەوە ، گاڵتە بە هەموو ئەو مامۆستایانە دەکەم کە هێشتا فێرنەبوونە گاڵتە بە خۆیان بکەن ، لەسەر دەرگای ماڵەکەم ئەمە نووسراوە …! ) . نێجە وەک ( شوبنهاوەر ) ، کاری بە ( فەلسەفەی ویست ) کردووە بە تایبەت ویستی هێز .. چونکە ( شوبنهاوەر ) کتێبێکی هەیە بە ناوی ، ( جیهان وەک ویست فیکرە ) ، لەم کتێبەیدا پوختەی فەلسەفەکەی خۆی تیا باسکردووە ، باوەڕی وایە / کە عەقل ئامرازێکە بە دەستی ویستەوە ، لای ئەو / بوون لەسەر بنەمای حیکمەت و ئەزموون و مەبەستێک وەستاوە …! ) ، بۆیە نێچەش پێ لەسەر ئەم بیرۆکەی ویستە دادەگرێ و ئامانجیەتی ، تاکەکان خودان هێز و ئیرادەی خۆیان بن ، کە ناوی ناون ( مرۆڤی سوپەرمانی ) یان ( مرۆڤی باڵا ) ، بۆیە پێیوابوە ، دەسپێک و سەرچاوەی ویست و هێز لەسەر ویژدان و فیکردا شتێکی بنەڕەتی و جەوهەری شتەکانە .. یان بە بڕوای نێجە ( گرنکترین دەرکەوتەی ژیان ، لە تیۆری داڕشتن لە ڕێگەی هێزی عەقڵ نییە ، بەڵکو ( ویستە ) ، ناوەڕۆکی ژیان ویستە ، ئەم ویستەش ویستی هێزە …! ) نێجە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەو پێیوایە ، کەسێک بەدوای پاراستنی زات بێ ، خۆی لە قەرەی مەترسییەکان نادات و ژیانی پارێزگارانە هەڵدەبژێرێت ، بە مانایەک / ئەو کەسانەی کە ، ناتوانن زنجیری کۆت و بەندەکان تێکبشکێنن و بەهاکانی ئایین و کەلتوور و ئەو بەهایانەی بەزۆر سەپێندراون بەسەریاندا ڕابماڵن ، لە هەمانکاتیش ناتوانن وەک مرۆڤێکی باڵا خودان ویست و هێزی خۆیان بن …! بە کورتی پوختەی فەلسەفەکەی نێچە ئەوەیە کە ، ( فەلسەفەی عەقلێکی ئازادە ، فەلسەفەی ئاوەژووکردنەوەی بەهاکانە ، ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو کۆتوبەند و ئەخلاق و ئایین و مەعریفەی دەستاودەست ، فەلسەفەی نێجە بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی ڕزگاربوون دەکات …! ) ، ئەمانەشی هەمووی بە زمانی شیعر لە نێو شیعرەکان و کتێبە فەلسەفییەکانی دەربڕیوە ، بۆیە نێچە ( فەیلەسوفی شاعیران و شاعیری فەیلەسوفان بووە …! ) .

کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبی نێچە ، کە لە ساڵی ١٨٨٣ چاپکراوە ، کتێبێکە بە شیوەیەکی ئەدەبی ڕەخنەیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری ناسک و پاراو ، لەم کتێبەدا چەندین بیرۆکەی گرنگی داڕشتووە ، کە وێنەی مرۆڤی باڵا و هەڵکشاوی کێشاوە ، ئەو مرۆڤەی لە دەستی کۆت و زنجیری کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئەخلاقی ڕزگاری بووە ، کتێبێکە نێجەی پێ داناسرێتەوە ، نێجە لەم کتێبەیدا هەروەک سەرچاوەکان دەڵێن ، خۆی وەک شاعیرێکی مەزن دەبینێت نەک وەک فەیلەسوفێک ، دەربارەی کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) ، ئەدیبی گەورەی ئەڵمانیا ( تۆماس مان ) دەڵێ ، ( ئەم کتێبە باشترین کتێبە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسرابێت ) ، نەک تەنها کتێبەکانی بەڵکو شیعرەکانیشی پڕن لە بیرۆکەی فەلسەفی و ئاوێنەیەکن بۆ ڕەنگدانەوەی تێز و بیرکردنەوەکانی خۆی ، بەڵام شتێکی گرینگ هەیە ، نێچە پرسیارە فەلسەفییەکان و ئایدیا و بیرۆکە شیعرییەکانی ، لە قووڵایی و هەناوی ژیان دەردێنێت و پەیوەستیان دەکاتەوە بە مرۆڤ و خۆشبەختی و بەختەوەرییەکانییەوە . دیارە نەک هەر لەلای نێچە بەڵکو ، لای زۆربەی فەیلەسوفەکانی سەردەمی مۆدێرنە ، مرۆڤ دەبێتە ناوەندی گرنگیدان ، هەوڵدانێکە بۆ بە بەرهەمهێنانی سەربەخۆیی بیرکردنەوە و عەقلی مرۆڤ .

دەرکێشانی لەژێر هەموو کاریگەرە دەرەکییەکان ، دەکرێ ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە حیساب بکەین ، کە دوایی دێینە سەر خاڵە هاوبەش و جیاوازییەکان ، لێرەدا چەند نموونەیەکی شیعری نێجە دەخەینە ڕوو و قسەی لەسەر دەکەین ، هەروەک لە کتێبی ( نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ ) دا ، لە بەشی ( پێنجەم ) ، بە ناوی ( نێتجە ، شاعیرێکی جیاواز دا ) .. کە لە سەرەتا باسی شاعیربوونی نێجە و دواتر چەند نموونەیەکی شیعری هێناوەتەوە و ئێمە لێرەدا قسە لەسەر هەندێکییان دەکەین . هەر لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە ، نێجە شاعیرێکی جیاواز بووە و بە ستایلێکی جیاواز نووسیویەتی ، هەروەک مێژوونووسی فەڕەنسی ( ئەلیکسیس ڤیلۆنینکۆ ) پێیوایە ( نێچە ئیستاتیکای ڕووکەشی دەقی پێش وردیی مانا خستووە ، چونکە نێتجە بەرلەوەی فەیلەسوف بێت ، بە پلەی یەکەم شاعیر بووە ، لە نێو نووسینە پەخشانی و شیعرییەکانی داهێنانی سوریالییانەی کردووە ، بە تایبەت لە کتێبی ( وەهای گووت زەردەشت ) هێندە دوور دەڕوات ئەستەمە تێی بگەیت …! نێچە کەسێک بووە زۆر قووڵ بیری کردۆتەوە ، هەمیشەش بە زمانی ڕەخنەیەکی توند نووسیویەتی ، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بۆ خوداوەند دەخوازێ و ئەخلاق و ئایین و کەلتوورە دواکەوتووەکان ڕەتدەکاتەوە ، تا مردن لە نووسین ناکەوێت ، نێچە بە درێژایی ژیانی هەمیشە ئەوەی دووبارە کردۆتەوە کەوا ( هێشتا پێویستە بژیم ، چونکە هێشتا گەرەکمە بیربکەمەوە …! ) ، نێچە بیری لە هەموو سەکۆ و گۆشە و کەلێنەکانی ژیان و مرۆڤ کردۆتەوە ، ئەوەی بە فەلسەفە دەرەقەتی نەهاتووە بە شیعر قسەی لەسەر کردوون ، بۆیە شیعر و فەلسەفەکەی بە یەک ئاراستە ڕۆیشتوون . نێچە لە شیعری ( مرۆڤە بەرزەکان ) دا دەڵێت .

ئەوەی ڕادەپەڕێ ، پێویستە پێیدا هەڵدەین !
وەڵێ ئەو لە بەرزاییەوە ئەمە پەسەند دەکات ،
تاکو لە سەرووی پەسەندگرەوە بژیت ،
ئەو لە بەرزی دایە ئەو لەسەر دەرگای ماڵی منە ،
ئەو لە ماڵی من نیشتەجێیە ،
هەرگیز بە دوای کەس نەکەوتووم
لە سەرووی ئەمانەش ، قۆشمەم بە هەموو مامۆستایەک کرد .

ئەم شیعرە تا بڵێی شیعرێکی ناسکە ، نێچە بە زمانێکی شیعری ناسک و پڕ لە هارمۆنیا و ئیستاتیکایەکی جوان ، کرۆک و ئامانجی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەی خۆی دەخاتە روو ، لێرەدا نێچە باس لە مرۆڤی باڵا دەکا ، ئەوانەی خودان هێز و ئیرادەی خۆیانن ، دەیانەوێت ڕاپەڕین بکەن و زنجیری دیلیەتی و ستەم بپسێنن ، ئەو پێی وایە ئەوانە لە شوێنێکی بەرزی ژیان وەستاون ، ئەوانە هێندە بەرز و خۆشەویستن ، بەشێکن لە ڕۆحی ئەو لە ماڵەکەی ئەو نیشتەجێن . ئەمان ئەو مرۆڤە بەرز و خودان هێز و سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی خۆیانن ، کە دوای هیچ کەسێک ناکەون و بەس خۆیانن و بەس ، ئەمان ئەوکەسانەن لە مامۆستاکانییان فێردەبن ، سنوور و تخوبەکان دەبەزێنن و لە ئاستێکی بەرز لە مرۆڤایەتی و ژیان دەڕوانن .

هەروەها لە شیعری ( جەسوور ) دا دەڵێ ..
لە هەر کوێیەک بیت ، قووڵ هەڵکۆڵە
بنەوان لە ژێرەوەیە ،
وازبێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن
” دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ” …!
لێرەشدا وێنەی مرۆڤێکی جەسوور و خاوەن هێز و توانایەکی لەبن نەهاتوومان .بۆ دەکێشێ ، ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان مرۆڤی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرن ، ئەوانەی هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و بە دید و بەرچاو ڕۆشنییەوە بەرەو لوتکەی ئاسۆ و ئامانجەکانییان دەکەونە ڕێ ، بێوچان و نەسرەوتن ، نێچە ڕقی لە مرۆڤی لاواز و ڕەشبینە ، ڕقی لەو کەسانەیە کە هەمیشە بۆ پاروە نانێک دەکڕوزێنەوە ، نێچە لە شوێنێک دەڵێ ( مرۆڤە لاوازەکان ، ئەوانەن بۆ مردن باشن ، شایستە بە ژیان نین ) بۆیە لەم شیعرەشدا دەڵێ ( واز بێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن ) . دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ، مەبەستییەتی گەیشتن بە لوتکە و ئامانج ڕەنج و قوربانی دەوێت ، ئاگر و ڕووناکییەکان ، لە بنی بنەوەن ، قووڵن دەبێ لە هەڵکۆڵین بەردەوام بین ، دیارە وشەی دۆزەخ لێرەدا میتافۆرێکە یان هێمایەکە بۆ ئاگر ، لە ئەفسانە و داستانەکانیش گەیشتن بە ئاگر هێمایە بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن …!

نێچە لە شیعری ( ئەوەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ …
بەڵێ ، دەزانم لە چ بنەچەیەکم ،
وەک بڵێسە تێنووم ،
هەڵپە دەکەم و خامۆش دەبمەوە ،
هەرچییەک دەستی بۆ دەبەم دەبێتە نوور ،
هەرچییەک جێی دەهێڵم پشکۆیە :
بێ یەکودوو من بڵێسەم …!

بێگومان ، لە نێو بیری نێچە مرۆڤەکان دەبێ مرۆڤی بەرز و دیار بن ، خودان بنەچە و شوهرەتێک و ناوێکی پایەدار و بەرزییان هەبێ ، ئەمەش ئەو مرۆڤانەن هەمیشە هەڵپەی ژیانێکی بەرز و پڕاوپڕ لە بەختەوەری و دەستگەیشتن بە خۆزگە و ئومێدەکانییانن ، وەک بڵێسە تێنوون بۆ ئەم جۆرە ژیانە ، وەک عاشق شەیدای ژیانێکی شایستە بە مرۆڤن ، ئەو مرۆڤانەی کە لەم شوێنە بەرزە بۆ ژیان و ئومێدە گەشەکان و ئارەزووە جوانەکانییان دەڕوانن ، ئەوانە دەست بۆ هەر چییەک دەبن دەبێتە نوور ، هەرچییەک جێدەهێڵن دەبێتە پشکۆ ، ژیان و دەوروبەر دەدرەشێننەوە ، چونکە وەک بڵێسە خاوەن نیگا و ڕوانین و دیدگایەکی ڕۆشنن بۆ ژیان . لێرەدا ، لە نێو بەرهەمە شیعری و فەلسەفییەکانی نێچە ، هاوئاهەنگییەک و ئاوێزانبوونێکی گرنگی نێوان فەلسەفە و شیعر دەبینین ، کە هەردووك بە یەک ئاراستە تا ئەندازەی تێکەڵاوبوون ، فەلسەفە بە بەرگ و ڕوخساری شیعرییەوە ، شیعریش بە ناوەڕۆکی فەلسەفییەوە ، وەک ئەوەی گیانێک بن لە دوو جەستەدا . نێچە بەم هەوڵانەی توانی شیعر و فەلسەفە زێتر لێک نزیک بکاتەوە .

( مارتن هایدگەر ) یش یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی ، قسەی زۆری لەسەر شیعر کردووە و گرنگی زۆری بە شیعر داوە . بایەخدانی ( مارتن هایدگەر ) بە شیعر و چاولێکردنی شیعر لەم ئاستە بەرزەدا ، لە ڕوانگە و تێڕوانینە بوونگەراییەکەی بووە بۆ بوونی مرۆڤ . چونکە لای ( هایدگەر ) ، شیعر / تەنها لایەن و پێکهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری نییە بەڵکو ، شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بوونی مرۆڤەوە . ئەمەش بۆ هایدگەر گرینگییەکی زۆری هەبووە ، شیعر هونەرێکە زێتر مامەڵە لەگەڵ بوون و ناوەوەی مرۆڤ دەکات ، هایدگەر بۆ پڕۆژە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکەی خۆی لە زۆر شوێن هانای بۆ شیعر بردووە بە تایبەت شیعرەکانی ( هۆڵدەرلین ) .. تا ئەو ئاستەی پێیوابووە کە شیعر دەتوانێ ڕاستی بوون دەربخات . پڕۆژە ئۆنتۆلۆژییەکەی هایدگەریش هەروەک د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( هایدگەر و ئۆنتۆلۆجی شیعر ) دا دەڵێ ( پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژی بنەڕەتی ، گەورەترین پڕۆژەی فەلسەفی هایدگەرە ، لە پەرتووکی ( بوون و کات ) دا ، کە بەدرێژایی تەمەنی ئیشی لەسەر کردووە . ئەم پڕۆژەیە لە شیکردنەوەی بوونگەرانەی مرۆڤەوە بە میتۆدێکی فینۆمینۆلۆجیانەی هێرمینیۆتیک دەستپێدەکات ، تاکو لەوێوە لە تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤەوە ( بوون ) بە گشتی بگات .
شیعر ڕەنگدانەوەی یان ئاوێنەیەکە بۆ دەرخستنی ناوەوەی مرۆڤ .. شیعر لەنێو پانتایی خەیاڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکان دێتە بوون ، غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکانیش ، ڕەنگ و شێوەی مرۆڤ ڕەسم دەکەن ، مرۆڤێکی تێکشکاو یان بەرزەفڕ ، یان ڕووخاو ، واتە مرۆڤ خۆی لە چوارچێوەی زەمەنێکی دیاریکراو ، هەموو خەون و هەست و ئارەزووەکانی مرۆڤ ، پەیوەستن بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە ، ئەم هاوکێشەیەش بۆ هایدگەر زۆر گرنگ بووە ، واتە مرۆڤ خۆی لەگەڵ کات ، یان بوون و کات . بۆیە لای هایدگەر شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکان دا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە . چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات . بۆیە پێیوابووە ، شیعر وەک فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە چونکە ، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان ، لە نێوخۆیاندا شیعرین ، هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی پڕن لە داهێنان ، بەتایبەت سروودەکانی هۆڵدەرلین و شیعرەکانی دانتی و گۆتە و زۆرێک لە شاعیرانی تر ، خاوەنی ڕوانین و هزری بەرزن بەڵام فەلسەفە نین . هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی زمانەوە دێنە بوون ، بۆیە هایدگەر دەیگوت ( زمان ماڵی بوونە ) .هەرچەندە لەسەردەمی مۆدێرنە و لە بەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەبێت ، نامۆبوونێک تا ئاستی ئەوەی مرۆڤ ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات ، بۆ ئەم نامۆبوونەی مرۆڤ هایدگەر کۆپلە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەهێنێتەوە کە دەڵێ ..

ئێمە هەموو هێمایەکی نەخوێندراوەین
لە خاڵێکی بێگانەدا
زمانەکەی خۆشمان بیرچۆتەوە

دیارە هەر لەسەدەمی تەکنەلۆژیاوە مرۆڤ لە بەرئەنجای ئەم نامۆییە تووشی قەیران دەبێت ، قەیرانی فکر و داهێنان و کوشتنی پرسیار .. لەگەڵ هەموو ئەم قەیران و نامۆبوونەش هایدگەر پێیوایە ( مرۆڤ شاعیرانە نیشتە جێ دەبێ ) ، هایدگەر لەگەڵ ئەوە دایە ، هەموو کەس شاعیرانە بژی ، چونکە شیعر چاوساغی و ڕۆشناییمان دەداتێ بۆ ناسین و ڕاستی بوون ، هەروەها ژیانی شاعیرانە ، تێکەڵبوونە بە ڕووبەری گەردوونییەت و مانەوەیە بۆ تاهەتا ، چونکە زمانی شیعر هێزی ئەوەی تیایە بۆ ناسینی بوون و سروشتی مرۆڤ . هەربۆیە لای هایدگەر و لای زۆرێک لە کەسانی بیرمەند شاعیران وەک مرۆڤی گەورە یان وەک خوداوەندێک دەیان بینن ، بەڵام خودایەک لەسەر زەوی کە بیردەکەنەوە و بوونیان هەیە .

کاتێک هایدگەر پێیوابووە کە ، شیعر بەرهەمی بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە دیارە ئەمە لەخۆڕانەبووە ، شیعر زمانی خواداکان و پەیامبەرەکانیش بووە ، زۆربەی کتێبە ئاسمانییەکان بە زمانی شیعر نووسراون ، یان زۆرێک لە حەدیس و وتەی بیرمەندەکان شیعری بوون . هەر لە پەیوەند نزیکایەتی شیعر و فەلسەفەوە ، شیعر پێکهاتەیەکە لە هەست و سۆز ، هەست و سۆزیش ڕەهەندێکی دەروونییان هەیە ، بۆیە دەروونزانی چی وەک فەلسەفە یان زانست ، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ شیعردا هەیە ، ئەدەب و شیعر لای ( سیگمۆند فرۆیید ) بەرهەمی هەستی بێئاگایین . بۆیە لای وا بووە / شاعیران وەک منداڵ وان چونکە ، بەشە گرنگەکەی مێشکیان لەژێر کاریگەری نائاگاییدایە ، ( فرۆیید ) مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێ بەش ( من ، منی باڵا ، ئێد ) ، ( ئێد ) ئەو بەشەیە ، تەواو لە ژێر کاریگەری بێئاگاییدایە ، جلەو بۆ ئارەزوو و غەریزەکانی شل دەکات ، بە بێ گوێدانە زروف و باری مەوزوعی و دەرەوە ، لەگەڵ خەون و ئارەزووەکان و دنیای خۆیدا ڕووبەڕووە ، مێشکی منداڵیش تەواو لەژێر کاریگەری ئەو بەشەدایە ، شاعیرانیش بەهۆی گرنگیدان و ئیشکردنیان لەسەر هەست و غەریزەکانیان تەواوی دەکەونە ژێر کەریگەری ئەو بەشەی مێشک ، لە کاتی نووسینی هەر دەقێک ، باری دەروونی نووسەر ، لە ڕێگەی زمان و هێما و میتافۆرەکاندا ، سایە دەکێشێ بەسەر ڕووبەری دەقەکەدا ، بۆ خوێندنەوەی هەر دەقێک سایکۆلۆژییەتی دەق پێکهاتەیەکی گرینگە ، هاوکات سایکۆلۆژییەتی خوێنەریش لەم نێوەدا گاریگەری دەبێت ، بە مانای / هەر دەقێک دەبێتە پردێک لە نێوان ساکۆلۆژییەتی نووسەر و سایکۆلۆژییەتی وەرگر ، بۆیە هەندێک لە دەقەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر لای خوێنەران دەمێننەوە و ئارامی و لەزەت و چەشەیەکی تایبەتییان پێدەبەخشن ، هەندێجاریش پڕیان دەکەن لە گومان و نیگەرانی و پرسیار .

هەروەها ( جولیا کریستیڤا ) ش لە پێناو هەوڵەکانی بۆ ( شیکردنەوە سیمۆلۆجییەکەی ) گرنگی زۆری بە شیکردنەوەی دەروونی داوە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئیشی زۆری لەسەر شیعرەکانی ( مالارمێ ) و چەند شاعیرێکی تر کردووە ، ئەمەش لە کتێبەکانی ( لە پێناو شۆڕشێک بۆ زمانی شیعری ) و ( خۆری ڕەش و ) و حیکایەتەکانی خۆشەویستی ) و چەند کتێبێکی تری ، بە ئاشکرا و بە ڕوونی دەبیندرێن . لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ، شیعر و فەلسەفە چەند لە یەکەوە نزیکن ، وەک دوو توخمی هاوتەبا لەگەڵدا یەکدا زۆربەی کات تەریب دەڕۆن ، دوای پێشاندانی ئەم ڕووبەرە نزیکایەتییە هەوڵدەدەین ، لێرە بەدوا ڕاستەوخۆ قسە لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانییان بکەین لە هەمانکات ، خاڵە دژ و ناتەباکانیش .. بۆ نموونە / چی شیعر چی فەلسەفە ، هەردووک بوونێکی گەردوونییان هەیە و ناتوانین پێناسەیان بکەین . ناتوانین بازنەیان بە دەوردا بکێشین و لە چوارچێوەیان بدەین . هۆکارەکەش ئەوەیە ، هەردووکیان لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکەن ، ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیان بینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

هەروەک لە کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ ) دا هاتووە و دەڵێ .. ( ناتوانین فەلسەفە پێناسە بکەین ، ئەمەش هێمای بە کەمال گەیشتنی فەلسەفەیە ، یان دەڵێ / دیاریکردنی پێناسەیەک بۆ فەلسەفە ، ئەمە سنووردارکردنی فەلسەفە دەگەیەنێت …! ) . ئەم قسانە بۆ شیعر و بۆ مۆسیقا و بۆ عەشق و بۆ هەموو چەمکە گەردوونییەکان هەر ڕاستە و لە ڕووی پێکهاتەییەوە هەمان بنیاد و بوونییان هەیە . خاڵێکی تر ، دەبینین زمان ئەو توخمە هاوبەشەی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . زمان ئەو ڕووبەرە بەرین و فراوانەیە کە تیایدا ، شیعر و فەلسەفە یان مەعریفە و ئەدەب بە گشتی تیایدا گەشە دەکەن ، لە نێو ئەم رووبەرە ئەفسووناوییە ، گەڕانەکان و داهێنانەکان و گەمە زمانەوانییەکان و پرسیارەکان دێنە بوون و گەشە دەکەن . زمان ئەم بنیادە بنەڕەتییەیە ، کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ مەعریفە و کلتووری هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک .

دەتوانین ئاستی وشیاری و پێشکەوتنی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک لە زمانەکەیەوە ببینین . زمان توخمێکی سەرەکییە بۆ دەرخستن و کرانەوەی دیوە شاراوەکان و پێکهاتە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ ، هەروەها پردێکە بۆ پەیوەندی غەریزە و بارە دەروونییەکانی ناوەوەی مرۆڤ بە جیهانی دەرەوەی خۆی ، یان ناوەوەی دەق بە دنیای دەرەوە . لێرەدا دەبینین ، شیعریش وەک فەلسەفە ئیش لەسەر مرۆڤ دەکات ، یان پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە شتەکان و هەبووەکانی دەرەوە وەک ، خودا ، سروشت ، کۆمەڵگە ، کەلتوور ، ئایین ، هەتادوایی .. ! خاڵێکی تر / پرسیار توخمێکی تری هەوبەشی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . شیعر یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی گومان و پرسیارە لای خوێنەر ، یان زۆرجاران ، لە ڕێگای پرسیارەوە مەبەست و ئامانجەکانی خۆی قووڵتر پێشان دەدات .

فەلسەفەش بە هەمان شێوە ، ئیش لەسەر پرسیار دەکات . هەر لە هەمان کتێب لە( سەرەتاکانی فەلسەفەدا ) هاتووە و دەڵێ ( فەلسەفە مانای بەردەوامبوون لە پرسیار دایە .. ، فەلسەفە لە بنەرەتەوە لە ڕێگای پرسیارەوە دەبێ بە فەلسەفە ، یان لە شوێنێکی تردا دەڵێ / فەلسەفە بیرکردنەوەیە و بیرکردنەوەش وڕوژاندنی پرسیارە … ، کەواتە فەلسەفە پرسی مرۆڤەکانە لەسەر بابەت یان دۆخێک تەنانەت رووداوێکیش …! ) . هەروەک فەلسەفە ، پرسیار لە نێو ڕووبەری دەق و زمانی شیعردا ، جێگا و شوێنێکی گرنگی هەیە بە تایبەت ، لای قوتابخانە ئەدەبییەکانی سەردەمی مۆدێرنەتە ، بۆ نموونە / لە ستایلی شیعری پۆستمۆدێرنی ، پرسیار پێکهاتەیەکی گرینگە لە پاڵ / پارادۆکس و گەمەکردن بە وشە و تەواوی پێکهاتە و تەکنیکە شیعرییەکانی تر ، هەروەها لە شیعر و فەلسەفە دا ، مرۆڤ چەقی ئیشکردن و ناوەندی ئامانجە ، چی شیعر چی فەلسەفە ، لە پێناو مرۆڤ هاتوونەتە بوون .

لەگەڵ هەموو ئەم خاڵە نزیک و هاوبەشییانەدا ، دەبینین لە هەندێ شوێن / فەلسەفە و شیعر ، دژ و ناتەبا دێنەوە ، یان بە دوو ڕێگای جیاوازدا دەڕٶن . بۆ نموونە شیعر ئاماژە بە بوون دەکات بەڵام ، شڕۆڤەی ناکات ..! یان لە توانایدا نییە شڕۆڤەی بکات . شیعر وەک فەلسەفە ناتوانێ لە بوون بکۆڵێتەوە و قسە لەسەر دیوە شاراوەکانی بکات . هەروەک بە پێی بیرکردنەوەکانی ( مارتن هایدگەر ) شیعر وەکو فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە ، شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زمانەوە هەیە ، کە شێوازێکی سەرەکی و گرنگە بۆ دەربڕینی ڕاستی بوون ، لێرەدا زێتر ئەوە دەبینین کە شیعر تەنها ئاماژە بە بوون دەکات ، بەدوای شڕۆڤە و سەلماندنی ڕاستییەکاندا ناگەڕێت ، زێتر ئەمە کاری فەلسەفە و زانستەکانن .. ئێمە گوتمان زمان ڕووبەر و توخمێکی هاوبەشە لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ، لە هەمانکات / ناوەندی دەربڕێن و داهێنانەکانە . بەڵام ڕوونکرنەوە و شڕۆڤە کردن و دەربڕینی ڕاستییەکان لە فەلسەفەدا ڕاستەوخۆیە ، واتە فەلسەفە دوور لە کۆد و هێماکان بە زمانێکی ڕووت و ڕەوان لە شتەکان دەدوێت ، بەڵام شیعر لەسەر میتافۆر و ئاماژە و هێماکان ئیش دەکات ، بە دیوێکی تر / دەتوانین بڵێین لە شیعردا دەربڕینی مەبەست و ئامانجەکان ناڕاستەوخۆن . ئەمە یەکێکە لەو جیاوازییە سەرەکییانەی نێوان شیعر و فەلسەفە ، بۆیە ناتوانین هەردووک بکەین بە خاوەنی یەک شوناس . پرسیاریش ئەم توخمەیە جگە لە بوونی خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا بەڵام ، بەدیوێکدا دەتوانین هەر لەنێو ڕووبەری پرسیاردا ، جیاوازی لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ببینین چونکە ، شیعر وەکو فەلسەفە لەسەر پرسیار ئیش دەکات و پرسیار دەوڕوژێنێ ، بەڵام / بە دوای وەڵام بۆ پرسیارەکاندا ناگەڕێت …!

تەمووزی ٢٠١٧

——————–
_ سەرچاوەکان :

١/ کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ )
نووسینی / پرۆفیسۆر مەحمود خاتەمی .. وەرگێڕانی / سەعید کاکی
٢/ کتێبی ( نێچە فەیلەسووفێکی بەرزەفڕ )
نووسینی / حەیدەر عەبدوڵا
٣/ کتێبی ( شیعر و ئەرستۆ ) .. وەرگێڕانی / د. محەمەد کەمال
٤/ وتاری ( هایدگەر و ئەنتۆلۆگی شیعر ) .. د. محەمەد کەمال
گۆڤاری شیعر ژمارە ١ ساڵی ٢٠١٦
٥/ دیمانەی ڕۆژنامەی ( هاوڵاتی ) لەگەڵ د. محەمەد کەمال / بەشی پێنجەم
٦/ کتێبی ( philosophical classics ) Editor By: James M. Russell
٧/ کتێبی ( prominent Greeks of Antquity their Live and works )
٨/ کتێبی ( Greek mythology and Religion )
٩ / چەند سەرچاوەیەکیتری ئەنتەرنێت دەربارەی شیعر و فەلسەفە .




ئایا مەسعوود بەرزانی پێشمەرگەیە؟ … کارا فاتیح

زۆر جار و لە بۆنەی جیاجیادا مەسعوود بەرزانی دەڵێت من پێشمەرگەم و هەمیشە جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت، ئەمەیش زۆر كەس وەك سیاسەتێكی دیماگۆجی تێی دەگەن، كە دەیەوێت لە ڕێی فریودان و جووڵاندنی هەستوسۆزی خەڵكییەوە، هێزی ئیقناع و ڕەزامەندی و خۆشەویستی لە پانتایییەكی زۆر و لە ئاستێكی میللیدا بۆ خۆی ڕابكێشێ و بەهێز و مسۆگەری بكات، هاوكات دڵی ئەو ئینسانەیش خۆش و بۆ ڕێگەكەی كە پێشمەرگایەتییە بەجۆشتر بكات كە سەرۆكەكەی وەلائـ و هەستی شانازیكردنی وا بە لای ئەوەوە، بەڵام پێی وایە ئەرك و لێپرسراوێتی و هەوڵ و خزمەتە زۆرەكانی بواری پێ نادەن شەو لەگەڵ ئەم لە سەنگەردا ڕۆژ بكاتەوە و، گەرماوسەرما بچێژێت و پاسەوان بێت و شەڕ بكات، دەنا كردوونی و دەیانكات.

ئەم وتە هەمیشەیییەی سەر زاری مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) لەوێوە وەك سیاسەتێكی دیماگۆجی لێی دەڕوانرێت، كە زۆر كەس بە حەقیقەتی نازانێت و، جیاوازیی بەرزانی و پێشمەرگە وا لێك دەدەنەوە، پێشمەرگە ژیانی خۆی دەكات بە قوربانی، بەڵام بەرزانی هەموو شتێك دەكات بە قوربانیی خۆی، پێشمەرگە بە هۆی پێشمەرگایەتییەوە بەشێكی زۆر یان هەموو خۆشیی ژیانی لێ حەرام بوە، بەڵام بەرزانی كە دەڵێ پێشمەرگەم، هەموو خۆشییەكی ژیانیشی بۆ حەڵاڵە.
گەر پشتی ئەم وتەیەی مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) بپشكنین، تێ دەگەیین كە هێندەیش فریودەرانە نییە و بڕێك حەقیقەتی تێدایە، واتە بەڵێ ڕاستە بەرزانی پێشمەرگەیە، ئەویش بە بەڵگەگەلی وەك:

1- ئایدیۆلۆژیا: مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەكن بە قەولی ماركس بریتییە لە هۆشیارییەكی هەڵە، ماركس لێرەدا میتافۆڕی ئاوەژووكردنەوەی ئایدیاكانی دەوروبەر بە كار دەهێنێت، بە پێی ئەم تەفسیرە ئەوەی لە دونیادا ڕوو دەدات لە ڕێی هەڵسەنگاندن و تەسەورێكی خەیاڵییەوە دەشێوێنرێن بە خراپی و هەڵە دەدرێنەوە بە دەرەوە، واتە ئایدیۆلۆژیای بەرزانی و پێشمەرگە، هێزی مسۆگەركردنی ڕەزامەندیی كۆمەڵایەتیی نییە بۆ ڕێكخستنی تاك و پتەوكردنی پایەكانی سیاسەت و كۆمەڵگا و بەهێزكردنی مەعنەویەتی نەتەوە.

2- فیكر: مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە مرۆڤگەلێكی سیاسیی بێ فیكرن، فیكر لای ئەمان لە كایەی سیاسەت كراوەتە دەرەوە یان هەر ئامادە نەبوە، بۆیە دەبینین تا ئێستا هیچ تێز و هزرێكی سیاسییان نییە و ناتوانین بڵێین ئەمانە كە سیاسین لە سەر ئەم فیكرە كار دەكەن و وەك زانستێك كاریان لەگەڵ سیاسەتدا كردوە، بۆیە لە مێژووی دوورودرێژی كار و بەرزكردنەوەی دروشمی جیاجیادا لە بارەی كوردایەتی و ناسیۆنالیزم و هەوڵدان بۆ ئازادكردنی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، دەبینین شتێكی ئەوتۆیان نەكردوە و لە ناو بازنەیەكدا خولاونەتەوە، ئەوەیشی بە دەستیان هێناوە، هەموو ساتێك ئەگەری هاتنەوەیان بۆ سەر خاڵی سفر هەبوە و هەیە.

3- زمان: كە فیكر نەبوو یان لاواز بوو، بێ گومان زمانیش توانای تەعبیری نامێنێت، زمان دەتوانێت لە سەر بنەمای فیكرێكی پتەو، لە واقیعدا ڕەنگدانەوەی هەبێت، گەر تێبینی بكەین مەسعوود بەرزانی كەم قسە دەكات، كە قسەیش دەكات، هیچی گرینگ ناڵێت و لە سەر ئاستی زمان توانای فەنتازیا و ئیستاتیكای نییە و ئەوەیشی دەیڵێت تەعبیر نییە لە فیكرێكی قووڵ، بۆیە قسەكانی جیا لە گوتنێكی بێ بەرهەم، زۆر جار لە ئاستی موخاتەبەدا خەریكی موجامەلەیە، بۆ نموونە لە کاتی بۆنە نیشتیمانییەكان و كەسوكاری شەهیداندا، لە ئاستی دەرەوەیشدا سەرقاڵی سازشە و بۆ داواكارییە ڕەواكانی خەڵك بە بەڵێنی ناڕاست و چەواشەكاری و بۆ نەیارانیشی بە هەڕەشە دێتە گۆ، هەموو ئەمانەیش تێكڕا بەكارهێنانی زمانن لە سەر بنەمایەك كە فیكر تێیدا ئامادە نییە، بە هەمان شێوە پێشمەرگەیش توانای تەعبیر لە موعانات، بەرنامە و خەون و كاری خۆی نییە، زمان بۆ پێشمەرگە هەندێك جار لە ئاستی كارەساتدا دەبێتە گریان و لە خۆشییشدا دەبێتە تەقەی خۆشی، لە دەربڕینی داواكاری و مافەكانیشدا بە هۆی بەكارهێنانی زمانەوە بەهای مرۆیی ڕێزی كەسێتیی خۆی بە بادا دەدات، لە سەر تەلەفزیۆن دەست دەكات بە گیرفانیدا و دەڵێت هیچ پارەم پێ نییە و منداڵەكانیشم لە سەر جادەن.

4- تەقدیسكردن و بوون بە باوك: مەسعوود بەرزانی لە ڕِێی بوونی بە سەرۆكێكی نێری بێ بەدیلەوە بە هۆی ئەو خەرمانەی تەقدیسكردنەی بەدەوریدا دەكێشرێت، دەبێت هەڵگری سیفەتی باوك وەك بەها و شوناس بە تایبەت بۆ شوێنكەوتوانی، پێشمەرگەیش وەك چەكدارێكی شۆڕشگێڕی نێر، بە هۆی كوشتنی خەسڵەتی شۆڕشگێڕی لە ناو توێژە مەدەنییەكانی تری كۆمەڵگا و تواندنەوەی لە ناو خۆیدا، دیسان لە ڕووی بنەما و شوناسەوە سیفەتی باوكێكی پارێزگار بۆ كۆی توێژەكان وەردەگرێت، ئەو توێژانە هەموو ئەكتێكی شۆڕشگێڕییان لە هەر ساتێكدا وەك ڕەفتارێكی پێشمەرگانە لێك دەدرێتەوە، شۆڕشگێڕی و نەبەزیی پێشمەرگە، بەهایەكی بۆ شۆڕشگێڕیی گەنجان و خەباتی مەدەنیی قوتابییان و فیمینیستان و كرێكاران و…هتد نەهێشتوەتەوە، هەر وەك چۆن عەقڵ و بڕیاری مەسعوود بەرزانییش هیچ بەهایەكی بۆ بیركردنەوەی ئەوانی تر لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد نەهێشتوەتەوە، بەڵام ئەم باوكانە (بەرزانی و پێشمەرگە) باوكی وەهمی و ساختەن، پێوەندیی سونبولی و ڕۆحی و مەعنەوییان بە ڕایەڵێكی فشەڵ و كوێرانە بەوانی ترەوە بەستوونیەتییەوە و بەها و شوناسیان ناجێگیرن، بۆیە بڕیاری بەرزانی و شەڕەكانی پێشمەرگە، خۆشگوزەرانی و ئازادیی هەمیشەیی ناهێنن و لە بازنەی شكست و دۆڕان و قوربانیداندا دەخولێنەوە.

5- مەعریفە: پێشمەرگە شتێكی ئەوتۆ لەبارەی تەكنیكە نوێیەكانی شەڕ و ئاستی پێشكەوتنی پیشەسازیی جەنگ و توانا و گەشەی چەكە نوێیەكان و بەكارهێنانیان نازانێت، ئەمە جگە لەوەی توانای داهێنانی چەكە هەرە سەرەتایییەكانیشی نییە، بۆیە لە سەردەمێك و شوێنێكی ترەوە هاتوە و تووشی واقیعێكی تازە بوە، ئێستایش بە هۆی پێداهەڵگوتن و ئەفسانەسازی و باوەشكردن بە مێژوەكەیدا كە وەهمییە، نایەوێت مەیدانەكە چۆڵ بكات، ئەگەر چی دەزانێت بەو پلانانەی فێری بوە و فێر دەكرێت، بەو تەكنیكەی هەیەتی و ئەو تەكنەلۆژیایەی لە بەر دەستییەتی، مۆدیلی ئەو شەڕانە بە سەر چوە كە بەنیازە بیانكات، مەسعوود بەرزانییش هەرگیز پێوەندییە دیبلۆماسییەكان و تێگەییشتن لە واقیعی دەرەوە لە بەر ڕۆشنایی زانستی سیاسی ناخوێنێتەوە و، ئاڵۆزییەكانی جیهانی هاوچەرخ بە دونیابینییە سادەكانی خۆی لێك دەداتەوە، بۆیە لێرەدا بەرزانی و پێشمەرگە لە جۆرێك لە نەزانی بۆ سیاسەت و جەنگ لە ڕووی مەعریفییەوە هاوبەشن.

6- نەخوێندەواری: لای ڕۆشنبیر و ئەكادیمی و نووسەر و ڕۆژنامەنووسان نەخوێندەواری وەك جنێوێك بۆ لێدان لە ئاستی نزمی مەعریفی و دونیابینی و تێگەییشتنی كەسێك بە كار دەهێنرێت، بەڵام بۆ مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە نەخوێندەواری ئێجگار هێندە سیفەتێكی خراپ و نزم نییە. نەخوێندەوارانی كۆمەڵگا، ئەوانەی هەرگیز بە ڕاستی نەخراونەتە بەردەم دەزگاكانی فێربوونی خوێندن پەراوێز خراون، بەڵام بەرزانی و پێشمەرگە نەك پەراوێز نەخراون، بەڵكو لە لوتكەی هەرەمی گرینگیپێداندان، كە بەرزانی و پێشمەرگە بە پلەی دەزگاكانی دەوڵەتدا بۆ خوێندن سەر ناكەون، ئەوا بەم هۆیەوە بە كوێر حساب ناكرێن، وەك كۆمەڵگا بە خەڵكانی تری نەخوێندەواری دەڵێت، بەڵكو ئەو توانست و بەهرە و بەها ڕۆحییانەی هەر بە سروشتی لە مرۆڤدا هەن، لای ئەمان دەتەقنەوە و ناكەونە بەر دەستاڕی دەزگاكانی خوێندن، بۆیە هەر دووكیان وێڕای نەخوێندەوارییان دەبنە سەرچاوەی حیكمەت، توانست و بەهرەی خۆڕسكی ئەوان دەبنە هەوێنی سوپەرمان، نەخوێندەواری لای ئەمان ئەو قەناعەتە هەڵدەوەشێنێتەوە كە عەقڵ تەنها لە ناو ڕووبەری خوێندەواریدا كار دەكات، هەر بۆیە ئەوانەی دەچنە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە ئەوانەن كە هەرگیز نەخراونەتە بەردەم خوێندن، یاخود تاکتاک و دەستەدەستە قوتابخانەكان بە جێ دەهێڵن.

7- كاریزما: بە هۆی ئەفسانەسازی و تەقدیسكردنەوە لە زەینی تاكی كورددا، هەر دووكیان (مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە) جۆرێك لە كاریزمایان بۆ دروست كراوە، ئەو زیادەڕەوییانەی بۆ قودرەتی كاریان كراوە نەك توانای بیركردنەوە و هزراندنیان، ئەو كاریزمایەی پێی بەخشیون، كە كاریزمایەكی پراكتیكی بوە، نەك كاریزمایەكی تیۆری، بۆیە بە هۆی بێبنەمایی و ناپتەوییەوە لە هەندێ دۆخدا ئەم کاریزمایە دەكەوێت و ناتوانێت ببێتە فریادڕەس بۆ ئەوانەی ئومێدیان پێی هەیە، هەر وەك چۆن مەسعوود بەرزانی زۆر جار دەكەوێتە بەر لێشاوی جنێو و سووكایەتیپێكردنەوە، پێشمەرگە وەك پیشەیەك هەندێ جار لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە لە خوار زۆر پیشەی وەك دكتۆری، ئەندازیاری، بازرگان … هتد حسابی بۆ دەكرێت و تەنانەت زۆر جار دەبنە سەرچاوەی نوكتە.

8- وەلائی خێڵەكی: ئەگەرچی ئەمیان (مەسعوود بەرزانی) بانگەشەی سەرۆكێكی نەتەوەیی و ئەویان (پێشمەرگە) بانگەشەی فیداكار و قارەمانێكی نەتەوەیییان كردوە، بەڵام هەردووكیان بە ڕەفتار خێڵەكین، سەرۆك سەرۆكی پارتێكە و لەوێیشەوە هەر لە ناوەكەیەوە وەلائی بۆ خێڵێ خۆی هەیە، پێشمەرگەیش پێشمەرگەی حیزبە، حیزبیش وێڕای ئەوەی كورد وەك ڕێكخراوێكی مۆدێرن بە كاری نەهێناوە، هاوكات لە ناو حزبیشدا پێشمەرگە بۆ چەند دەستە و تاقم و شەخسیەتێك بە شێوەیەكی هەڕەمەكی خۆی ڕێك خستوە، بۆیە دونیابینی و سیاسەتەكانی سەرۆك هەرگیز لە ئاستێكی نەتەوەییدا مژدە و خۆشگوزەرانییان پێ نەبوە و خوێنی ڕژاو و فیداكارییەكانی پێشمەرگەیش لە ئاست خەونی نەتەوەدا بە فیڕۆ چوە، زۆر جار پێچەوانەی عەقیدە و پرەنسیپەكانی خۆیان كاریان كردوە، كە بە وتەی خۆیان كە لایەكیان ئەوی تریانی پێ تۆمەتبار دەكات، لە خیانەتدا بەرجەستە بوە.

9- مێژووی ڕاستەقینە: پێشمەرگە و مەسعوود بەرزانی هەر دووكیان لە مێژووی ڕاستەقینە بێ بەشن، چونكە هیچیان خاوەنی تۆمارێكی ساف و بێگەرد نیین، هەر دووكیان ئەوەی هەیانە و ئەوەی لێیانەوە باس دەكرێت، سیخناخە بە زیادەڕەوی و پڕپڕ لە موبالەغە، بۆیە ئەوەی هەیانە لە ئەفسانەوە نزیكە نەك مێژوویەكی ڕاستەقینە كە ببێتە ئاوێنە بۆ لەخۆڕوانین، ئیتر دەبینین هەمیشە لەگەڵ قۆرغكردنی سیفەتەكانی دانا بۆ بەرزانی و ئازا بۆ پێشمەرگە، پیاوی پڕ حیكمەت بۆ بەرزانی و نەبەرد و چەلەنگ و تێكۆشەر بۆ پێشمەرگە، دڵسۆز بۆ بەرزانی و سەربەرز بۆ پێشمەرگە، هەمیشە ئەو سیفەتانەیان بە هێڵی سوور تەنیوە كە هەرگیز نەك قابیلی ڕەخنە نەبێت، بەڵكو قابیلی بیر لێ كردنەوەیش نەبێت و وەك حەقیقەتێكی ئەزەلی و ئەبەدی سەیری بكرێت، بۆیە هەر كات لە ڕووی پراكتیكییشەوە لە ژیانی خۆماندا بە پێچەوانەی سەدلەسەدی ئەم سیفەتانەوە لەگەڵ پێشمەرگە و بەرزانی ژیاین، هیچ كار لە پێگە و كەسایەتییان لە زەینی تاكی كورددا نەكات، چونكە ئەوە كار و كردەوەی ئەوان لە ناو مێژووی ڕاستەقینەدا نییە ئەو هێزەی بۆ دروست كردبن، بەڵكو بەپێچەوانەوە هێزێكی وەهمی و ئەفسانەیی كۆمەڵێك كردار و سیفەتی ئایدیاڵی بۆ جێگیر و لە زەینی تاكەكان پتەو كردوە، واتە لێرەدا كردار سەرچاوەی هێز نییە، بەڵكو هێزێكی وەهمی بوەتە بنەمای كردار.

10- خاكێتی و لێبوردەیی: سیفەتگەلێكی مرۆیی ئەگەر وەك بنەما و پرەنسیپ لە ناوەوەی مرۆڤدا جێگیر نەبووبن و نەبووبنە بەشێك لە خەیاڵ و بیركردنەوە و لە ناوی نەستی ئینساندا پتەو نەبووبن و دواتر لە كارەكتەر و كەسێتیدا ڕەنگ نەدەنەوە، ئەو سیفەتگەلە مرۆیییە تەنها دەبنە كۆمەڵێك دروشم و لە واقیعدا بە شێوەی سلبی هەڵدەگەڕێنەوە، بۆ نموونە خاكێتی و لێبوردەیی لای پێشمەرگە دەبنە سیفەگەلێكی ناچاری و لای بەرزانی دەبنە نموونە بۆ مرۆڤێك كە ژیان و مردنی خەڵكانی تری بە دەستە، بۆ پێشمەرگە دەبنە واقیعێكی داسەپاو و بۆ بەرزانییش هۆكارێك بۆ فریودان و سیاسەتی دیماگۆجی، ئەمەیش تەنانەت نەك لە پێوەندیی كۆمەڵایەتی، بۆ نموونە سەردانی پرسە و ماڵە شەهیدەكان، تەنانەت لە جللەبەركردن (جلی كوردی و جامانە) ڕەنگ دەدەنەوە.
دەكرێت سیفەتەكانی لەیەكچوون و تەنانەت جیاوازییش درێژ بكرێنەوە و چەندین خاڵی تریش ڕێز بكرێن، بەڵام وەك بنەما قەناعەتم وایە ئەو وتەیەی مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) بڕێكی زۆر حەقیقەتی هەڵگرتوە و ڕاستگۆیە، بڕ نا زۆریش.




ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئازادیه‌كانی ده‌بێت‌ له‌ پێناوی سه‌لامه‌تیدا؛ ئه‌وه‌ له‌ كۆتایه‌كه‌یدا هه‌ردووكی ده‌دۆرێنێت

ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئازادیه‌كانی ده‌بێت‌ له‌ پێناوی سه‌لامه‌تیدا؛ ئه‌وه‌ له‌ كۆتایه‌كه‌یدا هه‌ردووكی ده‌دۆرێنێت
بنیامین فرانكلین
…..

جوتیار

ئه‌وانه‌ی كه‌ گاڵته‌ به‌ ده‌نگی خه‌ڵك ده‌كه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیی؛ بێهوده‌ترین كه‌سه‌كانی ناو دنیای
سیاسه‌تن، كه‌سانێك كه‌ له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن خه‌ریكه‌ ده‌نگی ملیۆنان ئینسان بخه‌نه‌ ژێر پرسیار و گاڵته‌جاڕیه‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ كه‌سانێكن كه‌ ناخی لێوانلێویان له‌ حیقدو ڕقی ئیدۆلۆژی به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌ سیاسیه‌كانیان خه‌ریكه‌ وایان لێبكات ده‌نگی ئازادی و پڕ له‌ ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ وه‌دا بچوكبكه‌نه‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم چۆته‌ خزمه‌تی تاكه حیزبو تاكه‌‌ كه‌سه‌وه‌و بۆ سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بووه‌، من دڵنیام ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم وه‌كو پرۆسه‌كه‌ له‌ ئه‌سڵدا پاشه‌كشه‌شی پێكرابایه‌ هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئێستایان و به‌هه‌مان دیدگاو زمانیان جۆرێكیتر ده‌كه‌وتنه‌ خاڵیكردنه‌وه‌ی ڕقوو هه‌ڵچونه‌ سیاسیه‌كانیان، ئه‌وانه‌ ئه‌ونده‌ لاوازن له‌ ئاست خوێندنه‌وه‌یان بۆ ڕیفراندۆم و چه‌مكه‌كانی و ئاینده‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانن بڕوا به‌وه‌ش ‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجامیش درابێ‌، به‌ هه‌موو تێگه‌یشتنیان پێیان وایه‌ ده‌نگی خه‌ڵك وه‌ك نانی ناو ته‌ندور سوتاوه‌؛ پێیان وایه‌ ده‌نگی خه‌ڵك بۆ سه‌ربه‌خۆیی یه‌كسانبۆته‌وه‌ به‌ سفر، ناتوانن له‌و هاوكێشه‌یه‌ ‌ تێبگه‌ن كه‌ خه‌لكی كوردستان ده‌نگی خۆی به‌ دیكۆمێنت كردوو تا ئه‌وكاته‌ی سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت ئیتر ئه‌وه‌ به‌هێزترین به‌ڵگه‌ی شه‌رعی ده‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ كه‌ ده‌نگیان دا بۆ ئازادی و بۆ ده‌رچونیان له ناو تاریكایی شۆڤێنیزم و قه‌ومچیه‌كانی ئیسلام .

16.10 با ته‌نها له‌ دوو وێنه‌دا به‌راورد بكه‌ین،

یه‌كه‌م وێنه:‌

تۆ سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی ناپاك و ترسنۆك و خیانه‌تكار ده‌بینی كه‌ له‌ سێبه‌ری ملیۆنان دۆلاردا پشوو ده‌دات و ده‌خه‌وێت، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ش‌ پێش زرێپۆشه‌كانی دوژمن ده‌كه‌وێت وجه‌لاده‌كان به‌ شمشێره‌وه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر ملی دایك و خوشك وبراكانی خۆی.

دووه‌م وێنه:

‌ تۆ كوڕه‌ هه‌ژارێك ده‌بینی كه تا ڕۆژێك به‌ر له‌ مه‌رگیشی خه‌ونی به‌وه‌وه‌ بینیوه‌ منداڵه‌كانی بێ نان نه‌بن بۆ سبه‌ی، به‌ڵام ‌له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردندا ده‌كه‌وێته‌ ژێر زنجیری زرێپۆشه‌كان و ده‌بێت به‌ سه‌دان پارچه‌و له‌ كۆتایشدا ده‌بێت لاشه‌كه‌ی پشكنینی DNA ی بۆ بكرێت تا ناسنامه‌كه‌ی بناسرێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ ئه‌و دوو وێنه‌یه‌ بوو كه‌ ئینسان ده‌توانێت زۆر به‌ ئاسانی له‌ به‌راوردكاریه‌كی ویژدانی و مۆڕاڵیدا له‌ یه‌كیان جیا بكاته‌وه‌؛ ئه‌وكاته‌ مرۆڤ ده‌توانێت زۆر به‌ ئاسانی بڕوا به‌وه‌ بكات كه‌ ئیراده‌ی خه‌ڵك و تامه‌زرۆیی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی هیچ هاوتایه‌كی نییه‌ له‌ گه‌ڵ خواسته‌ كه‌سی و حیزبی و ئیدۆلۆژیكیه‌كان.

خه‌ڵكی كوردستان پڕاوپڕبوون له‌ ئیراده‌ بۆیه‌ سه‌لامه‌تی خۆیان كرده‌ قوربانی ژیانێكی سه‌ربه‌خۆو پڕ له‌ كه‌رامه‌ت. ڕیفڕاندۆم په‌یامی ئیراده‌یه‌كی زیندوو بوو بۆیه‌ ده‌كرێت مرۆڤ قوربانیشی بۆ بدات.. هه‌ڵپه‌ساردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاكامی ڕیفراندۆم و ئه‌و جۆره‌ مه‌فاهیمانه‌ له‌ قسه‌ی هیچ وپوچی سیاسیه‌ كڵۆڵ و داماوه‌كان شتێكیتر زیاتر نییه‌. ئه‌و خواسته‌ ته‌نها ده‌توانێت گوزارشت له‌ ئیراده‌ی وێرانی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بكات نه‌ك ئیراده‌ی سه‌رپێكه‌وتووی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی.




ده‌رباره‌ى زه‌بروزه‌نگ له‌ دوونیایی ئێمه‌دا … هه‌ژارقانع

زه‌بروزه‌نگ: له‌ساده‌ترین مانادا بریتیه‌ له‌هه‌ر پشێوى و به‌ریه‌ك كه‌وتنێك ، كه‌ ده‌كرێت له‌ ناو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگادا دوروست ببێت،
ئیشى بنه‌ڕه‌تى حكومه‌ت و دام و ده‌زگا نیشتیمانیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ڕێگرى بكات له‌ دروستبوون و ته‌شه‌نه‌كردنى ئه‌م زه‌بروزه‌نگانه‌. به‌ڵام كاتێك دام و ده‌زگاكان نیشتیمانى نین و حكومه‌ت كۆمه‌ڵێك بازركان و جۆرێك مافیا و سه‌رۆك خێله‌كان به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ ئه‌و چركه‌ساته‌یه‌ ، كه‌ ده‌زگا نیشتیمانى و نۆرمه‌كانى حكومه‌ت، ده‌چنه‌ خزمه‌تى سه‌رهه‌ڵدانى زه‌بر و زه‌نگه‌وه‌.

شایه‌نى باسه‌ له‌ دۆخێكى وه‌هادا، حه‌یاتى ئینسان ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیارى گه‌وره‌وه‌ و مرۆڤ هه‌ست ده‌كات كه‌ زۆر بێ پشتوپه‌ناو بێ كه‌سه‌.
واته‌ له‌ غیابى نه‌بوونى حكومه‌تی نیشتیمانى و ده‌زگاى نیشتیمانى و هیزى ئه‌منى نیشتیمانیدا ، مرۆڤ بۆ دڵنیابوون له‌ ژیانى داهاتوى، ناتوانێت بێ پشتوو په‌نا بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ناچارى په‌نا بۆ حیزبوو خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كان ده‌بات، بێ گومان ئه‌مه‌یش گه‌ڕانه‌وه‌ى یه‌كجارییه‌ بۆ دۆخی هێز ویاساى دارستان.

من پێم وایه‌ ئه‌مه‌ دۆخى ئیستایى هه‌رێمى كوردستانه‌ و له‌ڕابردوویشدا هه‌ر هه‌مان شێوه‌بووه‌.
به‌واتایه‌كى تر هه‌رگیز هه‌رێمى كوردستان نه‌یتوانیوه‌ به‌ دۆخى ڕاگواستندا تێپه‌ڕێت، واته‌ له‌ دۆخى حكومه‌تى خێڵ و هێزى دارستانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تى هاوڵاتى و له‌ ده‌زگاى شه‌خسى و حیزبیه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ده‌زگاى مه‌ده‌نى ونیشتیمانى.
ئینسان له‌دوونیادا، له‌هه‌ر شتێك زیارت پێویستى به‌ حكومه‌تێكه‌، توانای مۆنۆپۆڵ و كۆنترۆڵى زه‌بر و زه‌نگى نا شه‌رعى هه‌بێت، له‌ پێناوى دابینكردنى ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئازادى تاكه‌كه‌سى و سه‌لامه‌تى سه‌ر و ماڵى هاوڵاتیاندا. به‌ڵام له‌شه‌نسى هاوڵاتیانى كوردستاندا و له‌ سایه‌ى یه‌كێتى و پارتیدا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ماوه‌ى بیست و چوارساڵى ته‌مه‌نى خۆیدا، نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ ڕێگربێت له‌ زه‌بر و زه‌نگى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى ناشه‌رعى، به‌ڵكو خودى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ حكومه‌تیشیان به‌ڕێوه‌ بردووه‌، بۆخۆیان به‌شێك بوون له‌ دروستكردنى پشێوى و شه‌رعاندنى زه‌بروزه‌نگ له‌ڕێگه‌ى حكومه‌ته‌وه‌.

ده‌رباره‌ى زه‌بروزه‌نگى سیاسی

ڕه‌نگه‌ تاكه‌شتێك له‌دوونیاى ئێمه‌ى نه‌توه‌ى كورددا به‌درێژایی مێژووى نه‌توه‌كه‌مان هه‌زارانجار توشى نه‌هامه‌تى و ده‌ربه‌رده‌رى كردبین بریتیبێت له‌ زه‌بروزه‌نگى سیاسى.
سیاسه‌ت له‌دونیایی ئێمه‌دا جگه‌ له‌ زه‌بروزه‌نگى ڕووت، هیچ شتێكى ترى به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌. ئێمه‌ به‌ده‌ره‌جه‌ى یه‌ك به‌رهه‌مى زه‌بروزه‌نگى سیاسین، بێگومان نابێت ئه‌وه‌یشمان بیر بچێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ى نوێنه‌رایه‌تى سیاسه‌تى كوردییان كردووه‌ به‌درێژایی مێژوو سه‌رۆك خێڵه‌كان بوون یان هیچ نه‌بێت خاوه‌نى تێڕوانینێكى خێڵه‌كى بوون، له‌سه‌رده‌ستى ئه‌م سیاسیه‌ خێڵه‌ كیانه‌، له‌كۆنه‌وه‌ تاكو ئێستا دونیاى ئێمه‌یان پڕكردووه‌ له‌ هه‌زاران جۆر زه‌بروو زه‌نگى سیاسی ترسناك.

زه‌بروزه‌نگى سیاسى له‌نه‌وه‌ده‌كاندا میله‌تى ئێمه‌ى گه‌یانده‌ شه‌ڕى نه‌گریسى ناوخۆ، به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌زارانمان له‌یه‌كترى كوشت و سه‌دانمان له‌یه‌كترى بێسه‌روشوێنكرد، ئێستایش هه‌ندێك له‌كه‌س و كارمان له‌ناو زیندانه‌كانى یه‌كێتى وپارتیدا ده‌ناڵێنن،
سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تیه‌ گه‌وره‌یه‌یی كه‌ شه‌ڕى ناوخۆ به‌سه‌رگه‌له‌كه‌ماندا هێنای، به‌رگه‌مان گرت و ماینه‌وه‌ پیمان وابوو كه‌ شه‌ڕى ناخۆ ده‌كێرت له‌تكه‌ى زه‌بروزه‌نگى سیاسى بێت ، به‌ڵام دیسان به‌داخه‌وه‌ ، سه‌رۆك خێله‌كانى كورد لێنه‌گه‌ڕان ئه‌م میله‌ته‌ بڕێك بحه‌سێته‌وه‌، شه‌ڕى گه‌وره‌ترین هیزى تیرۆرستى دونیاییان پێكردین كه‌ ئه‌ویش(داعش) بوو له‌ به‌رامبه‌ردا ، گه‌وره‌ترین ده‌زگاى شه‌رعییان وه‌ستان كه‌ په‌رله‌مانى كوردستانه.‌

زه‌بروزه‌نگى سیاسى ئێمه‌ى گه‌یانده‌ ڕۆژێ، نیوه‌ى نیشتیمانێك بفرۆشین كه‌ هێشتا بۆنى خوێنى شه‌هیده‌كانى لێدێت، بۆ مێژوو ده‌ڵێم ئێمه‌ نه‌وه‌ى میله‌تێكین هێشتا پرسه‌ى شه‌هیده‌كانمان هه‌ڵنه‌گیرابوو، هێشتا جله‌كانى به‌رمان ڕه‌ش بوون، هێشتا فرمێسك له‌چاومان ده‌چۆڕا، زه‌بروزه‌نگى سیاسى وایكرد ، سه‌رۆك خیڵه‌كانمان له‌سه‌دا په‌نجاى نیشتیمانه‌كه‌مان بفرۆشن .




ئۆتیزمی سیاسی و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ….. حامی ئه‌حمه‌د عه‌لی

نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌بن به‌قوربانی مل نه‌دانی پارته‌ سیاسیه‌كان بۆ مه‌رج و داواكاریه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ند، فه‌رمانبه‌ران له‌نێوان به‌رداشی لێدوانه‌ بێكرداره‌كانی به‌رپرسه‌كان و به‌ڵێنی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نددا بێ‌ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌و هێنده‌ی تر بارودۆخی ژیانیان به‌ره‌و خراپتر ڕۆشتوه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌م بارودۆخه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مه‌رگه‌ساته‌و كاتكوشتن مایه‌ی شه‌رمه‌زاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و بۆگه‌نكردنی سیسته‌می حكومڕانی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی سیاسه‌تی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌، به‌خولقاندنی كێشه‌ ئه‌فسانه‌یه‌كان و تاودانی یه‌كه‌ كارگێریه‌ خاوه‌ن بڕیاره‌كان شه‌رعیه‌ت به‌پاوانخوازی و ناداد په‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌ن، به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شانامانه‌ی له‌ دیوه‌ خانه‌كانی حیزبه‌وه‌ ته‌رجومه‌ ده‌كرێن بۆ زمانی فه‌رمی حكومه‌ت گه‌نده‌ڵیه‌كانیان به‌یاسایی ده‌كه‌ن.

حكومه‌تی عێراق هه‌نگاوی جدیانه‌و سیاسیانه‌ی نا بۆ په‌رته‌وازه‌كردن و لێكهه‌ڵوه‌شانی كۆی بونیادی كولتوری و سیاسی كوردستان ده‌ستپێكی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان به‌بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم ده‌ستی پێكرد، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بو به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت له‌پێناو خه‌می هاوڵاتیان هه‌وڵی جدی بدات بۆ ڕێكه‌وتن به‌ڵام نه‌ك هه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌یان نه‌نا به‌ڵكو به‌هاش و هوشی وه‌به‌رهێنان و گرێبه‌ستی نه‌وت خه‌یاڵی هاوڵاتیانی كوردستانیان گه‌یانده‌ كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك، به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ بێكرده‌و بێ‌ بنه‌ما بون زۆری نه‌برد به‌ناوی قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ هێرشی ئابوریان به‌ده‌ستی خۆیان بۆسه‌ر گیرفان و بژێوی گه‌وره‌ترین توێژ كه‌ فه‌رمانبه‌ران بوو ده‌ست پێكردوو ئه‌م جاره‌شیان خه‌ڵكیان به‌وه‌ فریودا كه‌ گوایه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ كاتیه‌وه‌و هه‌رزوو كۆتایی دێت، ئه‌مه‌شیان به‌سته‌وه‌ به‌به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهان.

به‌ڕاگه‌یاندنی لیژنه‌ی ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و بانگه‌شه‌ی چاكسازی له‌بری هه‌نگاوی كرداری درێژه‌یان به‌قه‌یرانه‌كه‌دا، ته‌نها به‌لێدوانی بێكردار وه‌ڵامی خه‌ڵكیان ده‌دایه‌وه‌و چه‌ندین جار دووپاتیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی موچه‌ كاتیه‌، به‌ڵام نه‌ك هه‌ركاتی نه‌بوو به‌ڵكو بوو به‌نه‌خۆشی درێژخایه‌ن، لێره‌وه‌ پلانی داگیركه‌ران كه‌وته‌ر سه‌ر سكه‌ی خۆی له‌ناوخۆشدا هیچ بایه‌خێك به‌ناڕه‌زایی خه‌ڵك نه‌دراو ئه‌و به‌شداریه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ی هاوڵاتیان و سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كان و ڕێكخراوه‌ پیشه‌یه‌كان كه‌له‌ڕاستیدا به‌كوالیتی په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ ده‌چون هێنده‌ دیمۆكراسی و مه‌ده‌نیانه‌ بون گومانت هه‌بوو له‌ژینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی نمونه‌ی ئه‌و عه‌قڵه‌ پێشكه‌وتوه‌ی خه‌ڵك ببنه‌ ناوه‌ندی بڕیاردانه‌وه‌ كه‌چی به‌قسه‌ی نه‌سته‌ق و نوكته‌ ئامێز وه‌ڵام ده‌درانه‌وه‌، به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی كۆیی ئه‌و چالاكیه‌ مه‌ده‌نی پیشه‌یانه‌و ئیفلیج بوون له‌چاره‌سه‌ر و ئیداره‌دانی كێشه‌كان به‌مل ملانێی حیزبی و چه‌نده‌ها ته‌فسیری تر بارودۆخه‌كه‌یان وه‌رگێڕا بۆ سه‌ر زمانی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و تایبه‌تی سه‌رباری ئه‌مه‌ش ئاماده‌ نه‌بوون گۆڕانكاری له‌سیسته‌می حكومڕانیدا بكه‌ن، ده‌ستیان برد بۆ پیرۆزترین ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی كوردی كه‌ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بوو كه‌به‌بڕوای چاودێره‌ سیاسیه‌كان گه‌وره‌ترین گورزه‌ له‌شكۆیی میلله‌تی كورد به‌ده‌ستی خۆی، ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌م كێبڕكێ‌ ناشه‌ریفانه‌ی حیزب و مل نه‌دان بۆ یه‌كترو لوتكه‌ گرتن له‌یه‌ك فاكته‌ری سه‌ره‌كی ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و گڕگڕتنی ئه‌م بارودۆخه‌ بوو، سه‌رۆكی هه‌رێم له‌دووه‌م په‌یامی دوای هێرشه‌كان بۆسه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان داوای خۆپیشاندان له‌هاوڵاتیانی كوردی تاراوگه‌ ده‌كات ئێمه‌ ده‌پرسین خه‌ڵك به‌چ ڕویه‌كه‌وه‌ له‌باخچه‌كانی دیمۆكراسی و شارستانیانه‌ی ڕۆژئاوا بڕژێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان له‌كاتێكدا ئه‌وان خوشك براكانیان له‌ژێر سه‌پاندنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌و سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كاندا له‌سه‌ر زێدی خۆیان ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌، به‌راِستی له‌گه‌ڵ هه‌موو لێدوانێكی ئه‌م حكومه‌ته‌ بێپلانه‌دا بیرۆكه‌ی نوسینی ڕۆمانێكی سیاسی سه‌رهه‌ڵده‌دات، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی دۆخی كوردستان ته‌نها حكومه‌تێكی نیشتمانیه‌ كه‌دوور بێت له‌ده‌ستێوه‌ردانی حیزب وخاوه‌نی ده‌ستورێكی نیشتمانی به‌هێز بێت كه‌زامنی چه‌ند باره‌ نه‌بونه‌وه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌رو ڕوداوی هاوشێوه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌بێت، كه‌كۆمه‌ڵێك سزاو به‌ندی ته‌شریعی وه‌های تیادابێت كه‌شه‌ڕی ناوخۆ و تێكدانی ئارامی و ئاسایشی تاك به‌هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانیه‌وه‌ حه‌رام بكات، لێره‌وه‌ كاتی ئاشكراكردنی دواكاردی فریاد ڕه‌سی خه‌ڵك واده‌كه‌ی زۆر نزیك بوه‌ته‌وه‌ ته‌نها ماوه‌ له‌مانشێتی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندندا وه‌ك هه‌واڵێكی به‌په‌له‌ خۆی نمایش بكات، باپێكه‌وه‌ هاوكاربین بۆ ڕزگاری نیشتمانی بۆ كۆتایی هێنان به‌سیسته‌می خێرو پیاوه‌تی ئه‌و پیاوانه‌ی به‌باكگراوندی شۆڕش وهێز كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م كایه‌ سیاسی و ئابوری و ئیداریه‌كانیان كردوه‌، تكایه‌ با ئێمه‌ قه‌باره‌ی شه‌ڕه‌كانی میدیاو هێرشی ڕاگه‌یاندن دژی یه‌كتر بچوك بكه‌ینه‌وه‌و نه‌بینه‌ هاوكاری ئه‌و مه‌رامانه‌ی له‌پشت تێكدانی ئاسایشی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌ن.




دوو شیعری سامی شۆڕش

باوه‌شم ده‌
دڵ ئه‌شكه‌وتی ده‌رگا بزر.
باوه‌شم ده‌..
له‌چاومایه‌ فرمێسكی كه‌و.
له‌گیانمایه‌ سۆزی كۆتر.
باوه‌شم ده‌..
تاڤگه‌ی قژت بڕژێنه‌ ڕووم.
با خه‌رمانه‌ی نه‌رمی به‌فر
له‌ شه‌ودا بۆم بێ‌ به‌ پێخه‌ف.
باوه‌شم ده‌..
بۆ قه‌ندیله‌ی فتیل كزر.
بۆ ئاسمانی ده‌م پڕ له‌ كه‌ف.
منم هه‌تاو. منم ئاگر
باوه‌شم ده‌..
منم ئاگر
منم ئاگر.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (52) 2/1/1970.

له‌ ده‌فته‌ری عاشقێكی هه‌تاوه‌وه‌

1
برسی برسیتی تربێ‌.
ئه‌وه‌ند عه‌شقی گوڵه‌گه‌نم و باران ده‌بێ،
شه‌وگار هه‌ر چه‌ند درێژتربێ‌.
ئه‌وه‌ند غه‌ریب شه‌یدای خۆری ئاسمان ده‌بێ‌،
منیش هه‌ر چه‌ند كوشتن به‌ گیانم فێر ده‌كه‌ن
به‌ری هه‌تاوم لێ‌ ده‌گرن.
ئه‌وه‌ند عه‌شقی ژیان ده‌بم.
ئه‌وه‌ند هه‌تاوم خۆش ده‌وێ‌.
2
ئه‌ی ئه‌و بنجه‌ گوڵه‌ی له‌به‌ر
جۆگه‌ی خه‌مباری برینی مندا ده‌ڕوێی.
له‌سای مه‌رگی مندا شكۆفه‌ ده‌رده‌كه‌ی
تاكه‌ی نه‌توانم بلبلی عه‌شقخوانی ده‌نگی خوێنم
بێنمه‌ سه‌ر چڵت بێنم.
پڕ به‌ ده‌نووكی ئاره‌زووم
بۆ هێلانه‌ی خۆر بخوێنم.
3
– ڕێگا .. ته‌ور
* گیانه‌ دره‌خت چه‌ند لق و پۆپی ببڕن.
ئه‌وه‌ند ڕه‌گ و ڕیشه‌ی به‌ره‌و قووڵتر ده‌ڕوا،
– دنیا شه‌وه‌ و دنیا به‌فره‌.
* شه‌وان خۆر خۆشه‌ویست ده‌بێ‌.
به‌فره‌ ڕۆژیش.
برین ده‌بێته‌ ئاگردان
– گیانه‌ ڕێگا چاڵه‌ و نزمه‌
* خۆشه‌ویستم
ئاشقی خۆر .. هه‌رده‌م ده‌ڕوانێته‌ ئاسمان.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌( 176) 20/7/1973.

تێبینی:
ساڵی 2004 ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس. كۆشیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕشی چاپ كرد. (12) شیعری گرتبووه‌ خۆ، سه‌ره‌تای گه‌نجیم شیعره‌كانی سامی شۆڕشم له‌ ده‌فته‌رێكدا بۆ خۆم نووسیبووه‌وه‌، هه‌روه‌ها شیعری شاعیرانی تری وه‌ك: جه‌لالی میرزا كه‌ریم و ئه‌حمه‌د تاقانه‌ و محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی و فازیل شه‌وڕۆ و جه‌لال به‌رزنجی و شاعیرانی تریش، كه‌ كۆشیعره‌ چاپكراوه‌كه‌یم بینی هه‌ستم به‌ كه‌موكورتییه‌كانی كرد. ته‌نیا شیعری: (بووكی ئاو)م لانه‌بوو، ئه‌م باسه‌م له‌گه‌ڵ: (لوتفی شۆڕش) كرده‌وه‌. ئه‌میش شیعری: (بووكی ئاو)ی بۆ هێنام.
داوام له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئاراس: (به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب) كرد. به‌لێزیادكردنی (8) شیعری تر چاپی دووه‌می بكاته‌وه‌. له‌ ساڵی 2012 چاپی دووه‌می كرده‌وه‌.
دوای چاپی دووه‌م به‌ ماوه‌یه‌كی كورت، دوو شیعری تریشیم دۆزییه‌وه‌. ئه‌وه‌ی وایكرد ئه‌و دوو شیعره‌ش بڵاوبكه‌مه‌وه‌. ئه‌وه‌یه‌، براده‌رێك له‌ ژماره‌ (4)ی گۆڤاری (باران)دا، شیعرێكی به‌ناونیشانی: (تیری ئایرۆس) (ئاماده‌) كردووه‌ و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.
سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای شیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕش وه‌رگرتووه‌. (7) په‌راوێزیشی بۆ نووسیوه‌. هه‌ر (7) په‌راوێز زیادن و شتی زاندراو و باون. یه‌ك په‌راوێز پێویست بوو. ئه‌میشی نه‌نووسیوه‌. پێویست بوو ئاماژه‌ بدات، كه‌ سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای شیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕش وه‌رگرتووه‌، ده‌ی جا چی بووه‌. ئه‌گه‌ر ویستی جارێكی تر له‌ (ئاگایی بێگه‌رد)دا شیعره‌كه‌ی بڵاوبكاته‌وه‌، ئه‌م ئاماژه‌یه‌ یارمه‌تی (خۆبوونی) و (چییه‌تی) نووسینی ده‌دات، (خۆبوونی) و (چییه‌تی)، تۆوی به‌بڕشتن بۆ به‌خشش و وه‌رگرتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له‌ده‌ست دراو و ئاست پێدنه‌وه‌ی.

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
8/11/2017 هه‌ولێر




کوردە وریا بە، “روسیا” چاڵ هەڵدەکەنێت!؟ … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

روسیا، بۆ پێکانی ئامانجە ئابووریی، سیاسیی و سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا مەبەستیەتی ببێت بە تاکە هێز کە هەموو دژەکان لە ژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە. چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە هەنوکە “روسیا”، پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی بە شێوەیەک پیادە کردوە کە خەریکە دەبێتە تاکە زلهێز لە ناوچەکەدا کە سەڕۆکی وڵاتانی ئەو ناوچەیەی لە فەلەکیی خۆیدا دەخولێنێتەوە و بە ئاسانی دەستی “روسیا” لە هەموو رووداوەکان، رێککەوتنەکان و گرفتەکاندا دەبێنرێت.
سەرکەوتنی پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی “روسیا” لەگەڵ سەڕۆکی ئەو وڵاتانە بە خۆرایی نییە، بەڵکو،”روسیا” خوێندننەوەی بۆ بارودۆخەکە کردوە و میدیا و هێزی ئابووریی و سەربازیی روسی بۆ ئەو مەبەستە خستۆت گڕ بۆ ئەوەی کاردانەوەی زیاتری هەبێت لەسەر دۆستەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا. لە دەرئەنجامدا هەنوکە تێبینی دەکرێت کە پەیوەندیی “روسیا” لەگەڵ ئیران، تورکیا و ئیسرائیل و سوریا و چەند وڵاتێکی تر باشە وە “روسیا”، دوور نییە لە داهاتویەکی نزیکدا ببێت بە ناوبژیوان لە نێوان سوریا و ئیسرائیل!
لە سەرتای هەڵگیرساندنی جەنگ تا هەنوک کە بۆ شەش ساڵ دەچێت، سووریا کاول بوو بە ملیۆنان خەڵکی بێتاوان بوون بە قوربانی و دەربەدەر بوون بەڵام “روسیا” نەیهێشت هاورێ دێریەنەکەی کە “ئەسەد”ە بروخێت. پلە یەکی خوازەکانی روسیا مانەوەی “ئەسەد” بوو لە دەسەڵات، وەک کەسێک کە دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی “روسیا” لە ناوچەکە.

پاراستنی “ئەسەد” تەنیا پێویستی بەوە نەبوو کە “رووسیا” دژ بە “ئەمریکا” بوەستێت، بەڵکو پێکانی ئەو مەرامە پێویستی بەوەش هەبوو کە رووسیا ڕووبەڕووی چەند گروپێکی تر ببێت وەکو “ئەلنوسرە و ئەلقاعیدە وە ئەو گروپە چەکدارە میانڕوانە کە ئەمریکا یارمەتی دەدان و مەشقی سەربازیی پێ دەکردن”. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە سەرتای جەنگی دژ بە “داعش” “ئەسەد” تەنیا ٢٠% تا %٢٥ لە خاکی سوریای لە ژێر دەسەڵاتدا بوو. روسیا روخانی “ئەسەد”ی پێش تەواو بوونی جەنگی دژ بە “داعش” قبوڵ نەبوو بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای جەنگەوە “روسیا” لە رێگەی پاراستنی “ئەسەد” هێز و هەیمەنەی خۆی پیشانی دەوروبەر دا و بە رووخانی “ئەسەد” غروری “روسیا” دەڕوشا، لەگەڵ ئەوەی کە روونە خەونی “روسیا” زۆر لەوە گەورترە کە تەنیا پارێزگاری لە مانەوەی “ئەسەد” بکات و تەنیا چاوی بڕیبێتە “سوریا”!
روسیا، بە درێژایی مێژوو پلانی داڕشتووە بۆ بەرژەوەندییە سیاسیی، ئابووریی و سەربازییەکانی لە دنیای سێیەمدا. بۆ ئەو مەبەستە لەسەر دوو ئاست کاری کردوە، یەکەم، لەسەر ئاستی بەکارهێنانی نەتەوەکان لە رێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی جوڵانەوە سیاسییەکانیان بە رێگەی سەرکردەکانیان. دووەم، لە رێگەی پروپاگەندە کردن بۆ “ئایدۆلۆژیایەکی فکری سیاسیی فەلسەفی” تایبەت بە پشتبەستن بە فکر و ئەزمونی “مارکس و لینین”ی، بە گروپ کردنی خەڵک و کۆکردنەوەیان و دروست کردنی ئەحزابی وەکو “ئەحزابی شیوعی” وەک پارتێکی عەقائیدی و ناساندنی بە نێو پێکهاتەکانی نێو کۆمەڵگەی دنیای سێیەم و گرتنی جڵەوەکە بە دەستی خۆی لە رێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی سکرتێر و کەساییەتی یەکەمی ئەحزابی شیوعی لە جیهانی سێیەمدا.

گومانی تیاددا نییە “روسیا” لە وڵاتانی سەرماییەداریشدا هەوڵیداوە بۆ دامەزراندننی ئەحزابی شیوعی بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ئەو وڵاتانە و بوونی دەسەڵات و سیستەمیی دیموکراتی سەقامگیر، “روسیا” نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لە بەکارهێنانی ئەو پارتانە بۆ بەرژەوەندیی خۆی تا ئاستی پێویست وەکو وڵاتانی ” ئەمریکا، ئوسترالیا، بریتانیا” و دەیان وڵاتی تر. هەروها “روسیا” سەرکەوتوو نەبووە لە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوەخۆی ئەو وڵاتانەی کە توانیوییانە لەسەر پێی خۆیان ڕابووەستن و خاوەن دەسەڵاتی سیاسیی ئابووریی سەقامگیر بن نمونە وەک “چین” و “یابان”.
مۆسکۆ، لە جیهانی سێیەمدا تا رادیەکی باش توانیویەتی بە مەرامە سیاسیی و ئابوورییەکانی بگات، بەهۆی باری نەلەباری ئەو میللەتانە و هەژاری و جەنگ و بوونی حاکمی دیکتاتۆر و ناجێگیری سیستەمی دەسەڵات، زەمینە زیاتر لەبار بووە بۆ “روسیا” کە بتوانیت خۆی لە کاروباری ئەو میللەتانە هەڵقوڵتینێت و سوومەند بێت لە سامانە سروشتییەکانی ئەو وڵاتانە و بەکاریانبهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانیان نمونەی زیندو وەک “ئەفریقا” و “رۆهەڵاتی ناوەڕاست”.
روسیا، بەهۆی شوێنی جوگرافیا و هاوسنووری لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا و بوونی ناسەقامگیری سیاسیی و ئابووریی و بوونی شەڕی مەدەنیی و دەسەڵاتداری دیکتاتۆر لەو ناوچەیەدا زەمینەیەکی لەباری رەخساندوە بۆ روسیا کە بۆ خەونە ئابووریی، سیاسیی و سەربازییەکانی لەو ناوەچەیەدا کاربکات و هەوڵبدات دەستی بگات بە خاڵە ستراتیژییە جوگرافییەکانی ئەو ناوچەیە بۆ نمونە “دەریای ڕەش”.

بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەچێت “روسیا” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا بۆ بەرژەوەندییەکانی یاریکەرێکی باش بووە و دەستێکی باڵای هەبووە لە چاڵ هەڵکەندن بۆ میللەتانی ناوچەکە، تا دەگات بە هەموو ئەحزابە شیوعیەکانی ئەو ناوچەیە کە دۆست و لایەنگری سۆڤیەت بوون و متمانەی خۆیانیان پێ بەخشیبوو بەوەی کە “روسیا” دژی ئیسرائیلە، دژی ئیستعمارە، دژی نەتەوە پەرستییە، دژی ئایین و خورافیاتە، دژی سەڕۆکە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەیە وە بە هەڵگرتنی دروشمی بریقەداری وەک بەرەو “سۆشیالیزمی و کۆمۆنیستی و بونیاتنانی دیکتاتۆرییەتی پرولیتریا” و دژ بە سەرمایەداری دا فڕیوی دابوون و ئەوانیش بە گژ سەڕۆک و دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکاندا دەچوون، کە لە دەرئەنجامدا بە هەزارانیان لە ژێر ئەو دروشمەدا لە سێدارە دران و “روسیا”، ئاوڕێکیی لێنەداوە!
مۆسکۆ، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی، لە دنیای سێیەمدا دەستێکی باڵای هەبووە لە دروست کردن و بە قەبە کردن و بە جەماوەر کردنی” ئەحزابی شیوعی” بە تایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا. دواتریش وەک فشار ئەو هێزە جەماوەرییەی بەکارهێناوە بەرامبەر بە دژەکانی بۆ سەپاندنی مەرجە ئابووریی، سەربازیی و سیاسییەکانی، ئینجا کە ئەمەی بۆ چۆتە سەر پشتی لەو هێزە جەماوەرییە کردوەو بە دەستی هەمان دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بە قەلاچۆ کردنیانی داوە، وەک “حزبی شیوعی عیراقی، حزبی شیوعی میسری، حزبی شیوعی سودانی، حزبی شیوعی لیبی، حزبی تودەی ئیرانی، حزبی شیوعی لیبی حیزبی کۆمۆنیستی تورکی” بە دەیان ئەحزابی شیوعی تری وڵاتانی ناوچەکە!

روسیا، یاری بە چارەنووسی وڵات و نەتەوەکانی تریش کردوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمونە “کوردستان”ی داگیرکراوەیش یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە “روسیا” قسوری پێنەکردەوە لە یاریکردن بە چارەنووسی بزوتنەوە سیاسییەکانی و خواستە نیشتمانیی نەتەوەییەکانی، دامرکاندن و بەرەو هەڵدێر بردنی شۆڕشەکانی. ئەزمون و مێژوو پێمان دەڵێن ڕیککەوتوە کە “روسیا” هۆکاری سەرەکی بووە لە دامرکاندنی بزوتنەوەی رزگاری خوازی کورد نمونە “کۆماری مهاباد” و “ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠”.
هەنوکە، چاودێرانی سیاسیی لە سەر ئاستی جیهان، شێکرەوە سیاسییەکان پێیان وایە کە “روسیا” توانیویەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا پەیوەندیە دیبلوماسییەکانی بەرەو پێشەوە ببات کە لە ئەنجامدا پێگەی بەهێز بووەو وە دوای تەواو بوونی جەنگی دژ بە “داعش” هەوڵدەدا مەرجی خۆی بسەپێنێت. کە بێگومان کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە لە ناوچەکە کە چارەنووسی دەکەوێتە ژیر دەستی “روسیا”! وە پێش وەخت “روسیا” لەگەڵ نەیارانی “پرسی کورد” دۆستە!

لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە بەکارهێنانی کارتی ” روسیا” و ئاماژەدان بە “ئەمریکا” لە هەڵبژاردنی ئەو بەرەیە وەکو فشارێک بۆ دەستکەوت و سەپاندنی مەرج بەسەر “ئەمریکا”دا هەنوکە ئەو خوازە لە قەبارە و ئەندازەی پارتە کوردییەکاندا نییە بە تایبەتی لە باشووری وڵات، وە ئاشکرایە کە “روسیا” هەنوکە و لە ئاییندەش بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکانی لە چاوی عەبادی، ئەسەد، روحانی و ئەردوغان دا دەبینێت.

———————————
سەرچاوە:

http://iiss.tandfonline.com/doi/abs/10.1080/05679327908457338#.WgOYX0lrzs0/
The Soviet union in the international system of the 1980s
Foreign relations of Russia
http://www.businessinsider.com/russia-middle-east-strategy-explained-2017-10?IR=T
https://www.bloomberg.com/news/articles/2017-10-03/putin-is-now-mr-middle-east-a-job-no-one-ever-succeeds-at
http://crhsgg-studentresources.wikispaces.umb.edu/file/view/Alzaabi%2C+NouraDemocracy+in+MENA_NouraAlzaabi.pdf
http://www.theisraelproject.org/episode_46_a_cold_war_in_a_simmering_middle_east?gclid=EAIaIQobChMIo_-X0q2w1wIVVyQrCh3iGwHUEAAYASAAEgKM-PD_BwE




‌ میدیایه‌كی سه‌یره‌ گوڵم…!!! … جوتیار

بۆچونێك هه‌یه پێی وایه كه‌ نه‌وه‌ی پێش ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كان ده‌بوایه خۆی له‌ گه‌ڵ میدیاو هه‌ژموونه‌كه‌یدا بگونجاندبایه، به‌ڵام له‌ زه‌مه‌نی ئێستاماندا ڕێك پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌؛ پێویسته‌ میدیا خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی گێنێراسیۆنی (IT) هونه‌ری زانیاری و نه‌وه‌ی نوێدا بگونجێنێت ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كوردستاندا ئاستی پێگه‌یشتنی ئاراسته‌ی میدیایی و فه‌زای سه‌ربه‌خۆبوون و گه‌شه‌كردنی؛ په‌یوه‌سته به‌ خۆ دابڕاندن له‌ هێڵه‌ سیاسیه‌كان و ئاراسته‌ی ده‌سته‌ڵاتی باو ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ میدیا و ڕۆشنبیری كوردی ناتوانێت لێی ده‌رباز بێت ئه‌و ئاسته‌ دۆگماو به‌جێماوه‌یه‌‌ كه‌ له‌ پانتایی هێڵه‌كانی ئیدۆلۆژیا و كاریگه‌ری ئه‌ودیو تێڕوانینه‌ سیاسیه‌كاندا جێده‌گرێت، ئه‌و بونیاده‌ی كه‌ ڕۆڵ ده‌دات به‌ میدیا و ڕۆشنبیر بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ ئالیه‌تی دروستكه‌ری ڕایگشتی و باوه‌ڕپێكراو له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا ته‌نها پرۆفێشیناڵبوون له‌ ڕوی تێكنیكه‌وه ‌نییه‌ یاخود گووتار نوسین و قسه‌كردن نییه‌، به‌ڵكو خۆ ساخكردنه‌وه‌و ده‌ربازبوونه‌ له‌ناو هه‌موو ئه‌و پارادۆكسیزمه‌ ئاڵۆزه‌ (پۆلیسۆسیاڵ)ه‌دا

1. ئه‌و ڕه‌وشه‌‌ سیاسی و له‌ناكاوه‌ی كوردستانی باشور له‌ دوای 16.10 وه‌ ده‌رخه‌ری ناواخنی ڕاسته‌قینه‌ی تێگه‌یشتن و توانای ئه‌قلی میدیاكارو ڕۆشنبیرانه‌ كه‌ نه‌یانتوانی تێگه‌یشتنیان بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ سه‌رتاپاگیره‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان ڕووبه‌روی بۆته‌وه‌ بسه‌لمێنن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕۆشنبیران و میدیاكاران ‌ به‌ دیاریكراوی‌ دوای ئه‌و پێشهاته‌ ئاڵۆزه‌ وه‌ك هه‌ر تاكێكی توڕه‌و بێزار له‌ ناكامبوونی ئه‌و قۆناخه‌؛ هاتنه‌ ناو ڕۆژنامه‌و به‌رده‌م مایكه‌كان و ناو تۆڕه‌كانی سۆشیالمیدیا بۆ خۆ خاڵیكردنه‌وه‌و دامركانه‌وه‌ی ڕقه‌ هه‌ڵاوساو و په‌نگخواردوه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌ سیاسی و ڕكبه‌ره‌كانیان و خراپترین جۆری خو‌ێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ دۆخه‌كه‌ هه‌بوو، كه‌ به‌ ڕای من كاریگه‌ریه‌كی زۆر نێگاتیڤیان خسته‌ سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌ و تا ئاستی داخستن و بێهه‌ناسه‌ییان برد ، من ناچمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێكی ڕۆژنامه‌و كه‌ناڵ و په‌یجه‌ ئینته‌رنتیه‌كان تا ژێرزه‌وی توشی هه‌ره‌س و داڕمانی ده‌روونی هاتن و له‌ بێ پلانی و بێ ره‌هه‌ندی خۆیاندا بوون به‌ به‌شێك له‌و ململانێیه‌ تازه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ناوی شكست و خیانه‌تێكی سیاسی كوشنده‌دا له‌ دایك بوو و وه‌كوو هه‌ر قۆناخێكی تری تێكشكانی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی فه‌رزكرا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو خه‌ڵكی كوردستاندا . ‌

‌ ئه‌ركی ڕۆشنبیر یاخود میدیای ئازاد ده‌بێت به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئه‌ركێكی ویژدانی و ڕاستگۆیانه‌ بێت‌؛ هه‌ڵگری په‌یام و ڕه‌هه‌ندێكی ڕۆشنبێت كه‌ ئه‌ویش بونیادنانی ئیراده‌و دروستكردنی ووشیاری سیاسی و ‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ ؛ هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌وشه‌ ئاوارته‌و قه‌یراناویه‌كان به‌بێ مه‌یلگه‌رایی سیاسی نه‌وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبینین قوڵكردنه‌وه‌و شێواندن و به‌ هه‌ستیاریكردنی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی و‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ نێوان چینه‌ جیاوازه‌كاندا ، میدیاكانی لای ئێمه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ سه‌رلشێواو و بێ ئامانجن كه‌ ئاماده‌ن بۆ گه‌رمكردنی بازاڕی به‌ناو پڕۆفێشیناڵبوون و به‌ناو سه‌ربه‌خۆبونیان ده‌ستی هه‌موو كه‌سێك بگرن، په‌نا بۆ هه‌ر جیهه‌تێك ببه‌ن ‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دژه‌كه‌یدا خیتابی حه‌ماسی و هه‌جوی ئیستیفزازكه‌ر بدات.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای فه‌لسه‌فه‌ی جه‌ده‌لیه‌تی میدیای كوردی بكه‌یت زۆر ئاسان ده‌بینی چه‌نده‌ بێ بونیادو بێ مه‌عریفه‌ی ململانێ باڵاكانی كولتورین ؛چه‌نده‌ هه‌موارن به‌ عه‌قلیه‌تی یه‌كترشكاندن و ڕكاوڕێك نمونه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردین.
له‌و ڕه‌وشه‌ بێئامانه‌ سیاسیه‌دا به‌شێكیان باسی پلانه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ چۆن دیسان كورد خه‌نجه‌ری خیانه‌تی لێدرا وده‌یانه‌وێت پاكانه‌و ئه‌ستۆپاكی بۆ ‌ بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بكه‌ن ؛ به‌شێكیشی وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ئاڵوگۆڕێك نه‌بوبێت و ڕوینه‌دابێت بۆمان باسی هاورده‌كردنی خه‌یارو ته‌ماته‌ی ئیندۆنۆسی ده‌كه‌ن؛ باسی به‌رهه‌می ماسی و سوده‌كانی ده‌كه‌ن؛ یاخود باسی ڕۆنالدۆ و یاریه‌كانی به‌رشه‌و ڕیاڵ؛ ئاخر ئه‌وه‌ چ ‌ په‌رتبوون و چ وێرانه‌یه‌كه‌ كه‌ میدیاو رۆژنامه‌نوسان و ڕۆشنبیرانی كوردستان تیایدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن؛ میدیا و ڕۆشنبیران ئه‌وه‌ی كه‌ ناتوانن دركی پێبكه‌ن ته‌نها حه‌قیقه‌ته‌و هیچیتر؛ ته‌نها ‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروستوو لۆژیكیانه‌یه‌ بۆ ڕوداوه‌كان؛ ئه‌ركی هه‌ستكردن به‌ حه‌قیقه‌ت ته‌نها له‌وه‌دا خۆی نابینێته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ قسه‌ بكات، به‌ڵكو ده‌بێت مرۆڤ ڕاستیه‌كان به‌ قسه‌ بێنێ ؛ قسه‌ی نوسه‌رێكی ئه‌ڵمانی هه‌یه‌ ده‌ڵێت( هه‌ندێك كه‌س خۆر ته‌نها له‌و كاته‌دا ده‌بینن كه‌ له‌ ژێر سێبه‌ر‌ێكدا داده‌نیشن و پشووده‌ده‌ن ) ئه‌وه‌ ئه‌و وێنه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ كه‌ كوردستان نیشانمان ده‌دات له‌سه‌ر ده‌ستی پلاتفۆرم و پارادایمه‌ شێواوه‌كه‌ی میدیای كوردی ؛ ئه‌و وێنه‌یه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ڕۆحیه‌ت و دیدگای میدیایی له‌ كوردستان پڕیه‌تی له‌ ‌ده‌مارگیری سیاسی و ده‌رنه‌چوون له‌ لۆكاڵیزمی حیزبی و ئیراده‌یه‌ك‌ كه‌ ناتوانێت بگات به‌ سێبه‌ری قه‌یده‌ جیهانیه‌كانیش نه‌وه‌كوو ئه‌وه‌ی بتوانێت تێیانبپه‌ڕێنێت.

2 . سۆشیال میدیاش كه‌ ده‌توانم وه‌كو گروپی هێرشبه‌ری میدیایی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا پناسه‌ی بكه‌م، ‌ له‌ ئێستادا ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له‌ كاریگه‌رترین و خێراترین هۆكاره‌ خۆسه‌پێنه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای میدیاییه‌ به‌ سه‌ر زیهنیه‌تی تاك و تا ئاستێك كۆی گشتی خه‌ڵكدا؛ خه‌ریكه به‌‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ‌ چێگایه‌ك بۆ میدیا بیستراو و بیندراوه‌كان له‌و پانتایه‌دا ناهێڵێته‌وه، به‌ڵام ئه‌ویش به‌ شێوه‌ هه‌ره سكانداڵ و‌ شێواوه‌كه‌ی له‌ ناو ئه‌و فه‌زا ئانارخیست و ناجێگیره‌ی كه‌ حیزب و سیاسی و ڕۆششنبیره‌كان خوڵقاندویانه‌ .

كراوه‌یی و به‌رفراوانی ئه‌و تۆڕه‌ جاڵجاڵوكه‌یانه‌ تا ئاستێك وای له‌ خه‌ڵك كردوه پێویستیان به‌ میدیا ئاراسته‌كراوه‌كان كه‌متر ببێت و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی زانیاریش پشت ببه‌ستن پێی ئه‌ویش به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ خێراو به‌رده‌ست و فراوان و كراوه‌تره‌ ،
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌شه‌ش له‌ میدیا به‌ شوه‌یه‌كی گشتی وای له‌ مرۆڤ كردوه‌ به‌ به‌هانه‌ی ئازادی و كراوه‌یی سنوره‌كه‌ی ‌خۆی گۆشه‌گیرو زیندانیبكات، وای كردوه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌ست بكات له‌ نێو په‌یوه‌ندیه‌كی به‌رفراوان و به‌ هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری دایه‌ كه‌چی له‌ ڕاستیدا ته‌نهایه‌و له‌ ناو فه‌زایه‌كی دابراو و ده‌ستبه‌سه‌ركراودایه‌، ‌ ئه‌و ته‌وژمه‌ ‌ كه‌ نه‌یتوانی به‌شێك له‌ مرۆڤه‌كان به‌ شێوه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕابێنێت؛ به‌ قورسایی خۆی و به‌ هه‌ژمونێكی شاره‌وه توانی مرۆڤ له‌ گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ وابه‌سته‌كانه‌وه‌‌ بگه‌یه‌نێت به‌ ترۆپكی خودگه‌رایی(indivdual) ێكی كوشنده به‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست و ته‌ندروستی بۆ ئه‌و ئامرازه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا هه‌بێت ، كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش به‌شێكی هه‌ره‌ ناوازه‌ی ئه‌و ‌پارادۆكسیه‌ته‌یه‌ له تێكنۆلۆژیای‌ میدیایی كه له‌ژێر هه‌ژمونی سیستێمی ‌به‌ جیهانیكردن ڕوبه‌ڕوی كراوه‌ته‌وه‌، ‌به‌ڵام به‌ ستایله‌ هه‌ره‌ خراپه‌كه‌ی و به‌ لیبڕاڵیزمێكی پاشڤه‌ڕۆ و دۆنكیشۆتانه‌؛ كه‌ به‌ كه‌مترین تێچوو له‌ ڕێگایه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌رتاپای بیركردنه‌وه‌و ئاكتیڤیتێتی تاكه‌كانیدا گرتووه‌.

‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بوونی كۆیله‌یه‌ك پێناسه‌ بكات پێویستی به‌وه‌ نییه‌ خاوه‌ندارێتیه‌ بیۆلۆژی و جه‌سته‌یه‌كه‌ی ببینێت ؛ بۆ ناسینه‌وه‌ی كۆیله‌یه‌ك له‌ ئێستادا پێویستیمان به‌وه‌ نیه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ یادوه‌ری په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی سیستێم و قۆناخی كۆیلایه‌تی ، چونكه‌ له‌ ئێستادا سه‌رمایه‌داری سیستێم و تێكنۆلۆژیایه‌كی په‌یوه‌ندی وه‌ها گیرۆده‌ی بۆ به‌رهه‌م هێناوین كه‌ هه‌موومان له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌كه‌یدا بووین به‌ پێشكه‌ووتوترین و گوێڕایه‌ڵترین كۆیله‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ست به‌ بوونی كه‌سوكارو هاوڕێكانیشمان نه‌كه‌ین له‌ ده‌ورمان و دنیای واقیعدا.




کوردایەتی ئـایندەی لە عێراقدا …. چالاک ئـاغجەلەری

وەک چۆن ژیان کۆکراوەی ساتەکانە ،ئەوەی دەبێتە ئەکتەر و دەق داڕێژەری ئەو ساتە یەک لە دوای یەکانە بە تەنها مرۆڤەکانە نەخشە ڕێگای بۆ دەکێشن و دەکرێتە داینەمۆی بەردەوامی ژیان ، هەر ساتێکی مێژووییش دەبێتە بەشێک لە ژمارەیەکی گەورەتر لەوانی پێش خۆی، ھەروەھا بۆ خۆشی بەهەمان مەنتیقەوە ئەو ژمارانەی بەدواییدا دێن لە پەیوەند بە بەردەوامی ژیان ھەمان فۆرم دەگرن، کەواتە ئـەم حەتمیەتە قابیلی گۆڕان نیە و ھەڵە وەرناگرێت ، وەک ئـەرکێکی داسەپاوی سروشتی دەبێت بە دونیابینییەکی کراوەوە لە هەنگاوەکانی سبەی بڕوانین مەزنی ئەمڕۆمان لێ نەبێتە دۆگما چونکە بەم گەوجاندە جیا لەوەی بەر بەشەپۆلە بەردەوامەکانی ژیان ناگرین هاوکات ئێمەکی بچوک کەشکۆڵی ساتەکەمان بەتاڵ بەتاڵ دەبێت لە عیبرەت بۆ دوای خۆمان.

لە بەرکەوتەی ژیانی سیاسی میللەتانەوە بەلای کەمەوە سەرو ١٦٠ نەتەوە بە ناسنامەی جیاوازە ئیلهامی فیکری هیگڵ لە دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوەدا بە کۆی ئەو ئیفرازاتانەی بەدوای خۆیدا هێنای ئاسمانی جوگرافی سیاسیانی بۆ ڕۆشنکردوە و بوون بە بەشێک لە کۆمەڵگای گەلانی خاوەن ئاڵا ئەمە لا کاتێکدا ١٩٦ ووڵات خاوەن کورسین لە نەتەوە یەکگرتوەکان هەرچەندە لەم رێکخراوە ١٩٣یان ئەندامی هەمیشەین و مافی دەنگدانیان هەیە ، هەروەها ٣ ووڵاتی وەکو( کۆسۆڤۆ ، فەلەستین و ڤاتیکان) لە دەرەوەی ئەو مافەن و تا ئێستا بەشێک نین لەو گروپە.
لێرەدا ئەوەی جێی مەبەست و وەستانە لەسەری میللەتێکی وەکو ئێمەی کورد ئـەو هۆکارگەلی ئاستەنگانە چی بوون کە نەمانتوانی لە دوای ئەو هەموو کێشمەکێشە سیاسیەی سەدەی بیست ئەم خواستە میللیە فەراهەم بکەین ، هەرچەندە هەلەکان بۆ گەیشتن بەو مافە ئامادەییان تێدابوو بەڵام نەکرا!! ، دیارە بۆ دورخستنەوەی پەڵە لە دیرۆکی سیاسیمان هێندەی نەیاەرکان بە هۆکار دەزانین، ئامادەنەبوونی پێگەی سیاسی کوردی لەچوارچێوەی غیابی ناوەندی فیکرلە ئاراستەکردنێکی تەندروست بۆ ئەم پرسە کەمتر پەنجەی تاوانی ئاراستەکراوە، ئەمەش بەهۆی هەژموونی تێنەپەڕاندنی شکۆی باوکایەتی بەسەر نەوەکان و خێڵ بەسەر گروپ و تاکەکان ، هەروەها هەزمکردنی پرسەکە لە چوارچێوەی سۆز و دوور لە تێفکرینی وورد لە گرتنەبەری هەنگاوەکانی هەوڵدان و خەبات، خاڵیی لە ستراتیژیەکی تۆکمە و نەبوونی بوێری بۆ داڕشتنەوەی کاری سیاسی بە گونجان لەگەڵ سەردەمدا ئەو ئەنجامەی داوە بەدەستەوە کە ئەمڕۆ دەبینرێت.
.
هێز و پارتە سیاسیەکان بە گشتی و `قەومیەکان بەتایبەتی لە کوردستانی عێراقدا بەلای کەمەوە لە شەستەکان بەدواوە روئیای سیاسی خوێندەنەوەکانیان لەو ئاستەدا کورتی هێنا ، ئەویش بە هۆکاری نەبوونی سەرکردەی بە فکر بۆ دەرچون لەو خەباتە تەقلیدیە( شۆڕشی چەکداری خاوەن ستراتیژی داخراو و تەعمیمی خەباتی گەلان و چواندنیان بە پرسی میللەتی کورد)ی ئەو ڕۆژگارە ، ئەم جۆرە لە خەبات و تێکۆشان وەک بەشێک لە دەرهاویشتەکانی دوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم دەبینم، چونکە بۆ خۆی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین هێڵی گەرمی ململانیە جیهانیەکان بوون. بەردەوامی ئەم خەباتە لە حەفتاکان و هەشتاکان بەهەمان باکگراوندی تێکۆشانی شەستەکانەوە درێژەی کێشا لەگەڵ هەندێ گۆڕانکاری ڕووکەشی کە تەنها بە تۆژاڵێکی تەنک فیکر و فەلسەفەی شەستەکانی داپۆشی بوو بەڵام لە بنەڕەتدا وەک درێژکراوەی هەمان میتۆد هەر بۆیە نەیتوانی ئەو قۆنا‌غە بەجێبهێڵێت و دیدگایەکی تر لە دونیابینی بۆ دەستکەوتنی مافی گەل بجوڵێنێت. کارەسات و نەهامەتیەکانی ئەو ساتە مێژوویە بەجیا لە دڕندەی دەوڵەتی ناوەند کە بە نەخۆشی فاشیست بوونەوە گلابوو بە وێنەی نازیەکانی ئەڵمانی و کەمالیستەکانی تورکیا ، ئەوەی کەسەرە هێزی کوردی وەکو پەرچەکردار شوێن پێی دوژمن کەوت ئاراستەیەکی لەوی باشتر نەگرت نە ئەوکات و نە ئێستاش چونکە دیدگایەک لە بنەچەدا سەرچاوەکەی هاوخوێنی نەتەوە ئاراستەی بکات ڕق و سڕینەوەی بەرامبەر بەرجەستە دەکات ( ئەمە تۆمەت بەخشینەوە نیە، مێژووی ناشیونالیزمی نەتەوەیی لەمە زیاتری لێ بەرهەم نایەت لەکاتێکدا کورد بۆ خۆی نموونەیەکە لە تاوان کە دەرهەقی کراوە) ، بۆ یە ئەم هاوکێشەیە لە نێوان ئەم دوو بەردە ئاشەدا میللەتی کردە ئەو خوانە بۆ تێر بوونی ئارەزووە سیاسیە بێ هزرەکانیان چونکە براوەی ئەم فۆرمە بەتەنها کۆمەڵێکی بچوکن لە دەمراستی سیاسی دیکتاۆرخواز و بەخشینەوەی ترس لە ئامانجی پێکراوی ئەو نوخبە پۆپۆلیستەیە.

بۆ ئەوەی دوور نەکەوینەوە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە دروست بوونی جۆرێک لە ئیدارەدانی سەربەخۆ ، دواتر کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی سەدام ، هەڵسوکەوتی هێزەکانی دەسەڵاتدار ( پارتی و یەكێتی) چی دەسکەوت و فەرهەنگی سیاسی و ئیدارو ئابوریان جێکەوتەکرد تاوەکو خەڵک دەست خۆشی لە ماندوبوونەکەیان بکات!!، لەمڕۆ بەدوا دەبێت دووجار هەڵوێستەبکەین یەکەم لە دەسەڵاتی ناوەند و دووهەم لە دەسەڵاتی هەرێم ، دیارە گومانی تێدا نیە هەردوو بەرە خاوەن یەک میتۆدی سیاسین ئەوەی مەبەست نەبێت لایان خۆشگوزەرانی خەڵکە، ئەم خواستە پەیوەندی بەو هاوکێشەیەوە هەیە لە بوون و فەراهەمی ژینگەیەکی ئارام و ڕەفاهدا هوشیاری تاک گەشە دەکات ، لەگەیشتن بەم ئاستە ئاسایشی ئەم نوخبە سیاسیە دەکەوێتە مەترسیەوە و پێگەیان لەق دەکات، باشتیرین بژاردە بۆ ئەوان تەسلیم بوونی ئیرادەی خەڵکە بە حزب وەکو ئەوەی کە ئێستا بۆتە واقیعی ڕۆژ.

بۆ گەڕان بەدوای چارەسەردا دەبێت میتۆدی سیاسی تەواوی هێز سیاسیەکان لە عێراقدا بە تایبەتی ئەو هێزانەی فیکری قەومی و مەزهەبی ئاراستەدەکەن بکرێنە ژێر پرسیاری جدییەوە بە فۆرمێکی تر لە سیاسەت وەڵام بدرێنەوە بۆ هەرچی گەیشتن بە ئارامی هاونیشتمانیان لە ووڵاتدا ، چونکە لە مێژووی دروست بوونی عێراقەوە بە شێواندنی ناسنامەی هاونیشتمانیانەوە کەوتە سەرخەت، ئەمەش بەهۆی بەزۆر لکاندنی چەندین نەتەوە و ئاین و مەزهەب لە قەوارەیەکی دەوڵەتیدا فۆرمیان بۆ کێشا جیاواز لەهەر خواستێکی ئارەزوومەندانە. بەڵێ ناسیونالیزمی قەومی وەک میتۆدی سیاسی و بۆ تەبەنیکردنی ناسنامەی حزب خۆیناساند بە خەڵک ، دیارە بۆ خۆی ئەم ئاراستەیە لە سیاسەت ڕێگە و دەرفەتەکان باشتر دەڕەخسێنێت بۆ دژایەتیکردنی بەرامبەر ، ڕق و نەخوێندنەوەی دەرەوەی خۆی بەردەوام چالاکە و کاری پێدەکرێت، ئەم فەرهەنگە لە کۆششی بەردەوامدایە بۆ دەستەمۆ کردنی ئەوانی دی بە جۆرێک هەیمەنەو باڵادەستی خۆی خاڵی کۆتایە بۆ یەكلاکردنەوەی کێشەکان ، هەربۆیە عێراقی نوێی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ئەم جۆرە ناسیونالیزمەی لە ناو کۆی پێکهاتەکانی ووڵات بووە فەرهەنگی سیاسیان ، ماڵوێرانی ئەو خەڵکەش زادەی ئەو دیدگا بێ بڕشتەیە کە دەکرێت بەجێبهێڵدرێت.

لە جێگەی ئەم ڕەوتە سیاسیە مەرگ هێنە ئیدی کاتی ئەوەیە پێش خۆمان ببینین ، لێرەدا دوو ڕێگە لەبەردەم ئـەم خەڵکانەدایە یان بەردەوامیدان بەم روئـیا سیاسیە خوێناوەیەی کە ھەیە لە کاتێکدا مێژووی عێراق پێمان دەڵێت خاوەنی ھەموو شتێکین بێجگە لە ئـاشتی و یەکتر قوبڵ کردن، لەبەرامبەر ئـەم ڕەوتەدا دەکرێت نااسیۆنالیزمی (میللی یان لیبرالی)،(سڤیک ناشیونالیزم )جێگەی بگرێێتەوە ، کۆنسێپتی ئـەم جۆرە بژاردە سیاسیە لە سەربنەمای ھاونیشتیمانی بوون و سیستەمێکی دیموکرات پێگەی خۆی مەحکەم دەکات، ئـەم بەدیلە ھەوێنک دەبێت بۆ ئـەو شیرەی خەڵکی عێراق بەتەواویپێکھاتەکانیەوە مەبەستیانە ببێت بەماست( مەبەستم خەڵکی سڤیلە).ھەزمکردنی ئـەم فۆرمە وەک بنتێک بۆ سەرلەنۆی ئـاشتەواییەکی کۆمەڵایەتی ، وەلائـ بۆ نیشتمان و پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان جیاواز لە تێڕوانینی بە دوژمنناسی بەرامبەر و دروستکردنی شەبەحی ڕەقیب . ئـەرکی خوێندەوارەکانە بە ھاوکاری شەقام فشار ی مەدەنی بکەنە سەر کایەیە سیاسیەکان ئـەم فەرھەنگە سەربخەن، ڕاستە ئـەرکێکە پێویستی بە ماندوبوون و لەخۆ بووردەییە بەڵام گرنگ گەیشتنە بە ئـامانج کەخۆی لە بەختەوەری خەڵکدا دەبینێتەوە .

ئـاکامی ئـەم پرسە دەبێت سنوری فیکری سائـید ببەزێنێت موخاتبەی سەرچەم پێکھاتەکانی عێراقی پێبکرێت ، دەست پێکی ئـەم فۆرمە نوێیە لە سیاسەت لەسەر دەستی ڕۆشنفیکران دەکەوێتە جوڵە ، نابێت چاوەڕوانی ھێزە قەومی و مەزھەبیەکان بکرێت چونکە ناسێونالیزمی قەومی بۆ خۆی ھەناوی بازاری سیاسەتیانە بە تێپەڕبوونی ئـەم فەلسەفەیە و بازدان بەسەریدا ئـەوانیش کارکەنار دەکەون، ، ئـیدی کوردایەتی بۆ پاراستنی تاکی کورد سەرڕێدەکەوێت بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆی پێکھاتەکان لە ئـەرک و مافەکانی ووڵاتدا ھاوبەش دەبن و لەسەر هەموویانەوە خۆشەویستی جێگە بە قین لەق دەکات.




کورد و هیلالی شیعی …. دڵشاد تاقانه‌

هاوکێشه‌یه‌کی نابه‌رابه‌ر و پڕ مه‌ترسی، تاڵه‌موێکه‌ له‌نێوان ژیان و مردن، تای ته‌رازوو هه‌رگیز پای ناداته‌وه‌! له‌وانه‌یه‌ له‌نوسینه‌که‌م سه‌رسامیه‌ک گرتبی ئه‌وه‌ چیه‌ و چی ڕووده‌دا؟ نوسه‌رانه‌ هه‌نده‌ک ده‌تهینم و ده‌تبه‌م ئه‌وجا له‌کۆتایی کارکی باسه‌که‌ت ده‌ده‌مێ.
شیعه‌..
جۆر یا شێوازێکی ئاینگه‌را له‌ناو ئاینی ئیسلام حه‌شاردراوه‌، قوماتێکی ئیسلامیانه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ڕاستیدا سه‌ربه‌خۆیه‌، پێڕه‌و و ناوه‌ندی بڕیاری هه‌یه،‌ ده‌کرێ بڵێی فارسه‌کان دژی ئیسلامی عه‌ره‌بی دایان هێناوه‌ خۆیان ناوه‌ندی بڕیاره‌که‌ن.
فتوحاتی ئیسلامی..
که‌ڕووی له‌وڵاتی فارس کرد له‌به‌رئه‌وه‌ی لۆ گه‌یشتن نزیکه‌، زێر و خشڵی زۆره‌ کیسڕا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، ئاینه‌که‌یان زه‌رده‌شتی سروشتپارێز و جوتیارانه‌یه خواستی گرتن و ڕاو ڕوتیان نیه‌ به‌خاکه‌وه‌ به‌ندن! له‌ولایه‌ ڕۆمانه‌کان دیانی شه‌ڕکار و به‌رز و به‌هێزن پێیان ناوێرین، له‌ولا ئه‌فریکای له‌برسان مردی و ژن ناشیرینه‌ به‌حۆریه‌ به‌ڵێنیه‌کانی به‌هه‌شت ناچن له‌کاتی ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ!
کورد له‌فتوحات..
له‌‌سه‌ره‌تاوه‌ تێتڕی چونکه‌ پارچه‌ پارچه‌ و نه‌هاتن به‌هانای یه‌کتره‌وه‌. ئاسان شکێندران یه‌ک له‌دوای یه‌ک چونکه‌ هه‌رئاغه‌ و میره‌ له‌ئاشه‌کی لێ ده‌کا وه‌کو ئێستا یه‌ک زۆرینه‌ چاوحیز و که‌مینه‌ ئاسان له‌ناو ده‌برێن.
فارس له‌فتوحاته‌که‌..
به‌عه‌ره‌بیان ده‌گۆت: ئه‌سپێ خۆره‌کانی بیابان. سه‌رڕای شکان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان له‌به‌ر خیانه‌تی ناوه‌خۆ به‌ڵام بڕیاریان دا هه‌ربه‌ئاینه‌که‌ی خۆیان عه‌ره‌به‌کان بشکێنن شکانه‌کی مێژووی دووکه‌رت و چه‌ند که‌رتیان بکه‌ن، وابوو ئاینگه‌رای شیعه‌یان داهێنا و په‌ره‌پێدا.
کورد و شیعه‌..
ئه‌وڕۆ کورد له‌هه‌رچوار پارچه‌که‌ی له‌به‌رده‌ستی ئێرانی شیعه‌، وه‌ک سونیه‌کی گه‌مژه‌ ته‌راتێنی پێده‌کرێ، له‌ڕۆژهه‌ڵات ده‌مێکه‌ خه‌ساوه‌ ته‌نانه‌ت جووتیشی پێناکرێ. له‌باشور و ڕۆژئاوا سه‌ره‌تاتکه‌یانه‌ به‌ڵام ئاسان قڕه‌یان لێ ده‌بڕێ چونکه‌ به‌شه‌کیان ده‌سته‌مۆ و به‌شه‌کیان نه‌زان و ئاغاچین ده‌کرێ ببیه‌ ئاغایان. له‌ڕۆژئاوا ئازا و دڕن به‌ڵام ئه‌سه‌د له‌خواره‌وه‌ و تورکیا له‌سه‌ره‌وه‌، حه‌شدیش له‌عێڕاقه‌وه‌ ده‌یانخنکێنن.
شه‌ڕ چه‌ک ده‌یکا..
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ته‌قه‌مه‌نی په‌یدا بوو واته‌ تفه‌نگ و ده‌مانچه‌ یاسای شێمشێربازیان شکاند، مه‌رجی قاره‌مانی و مه‌رده‌کوژی، یاساکانی شه‌ڕ گۆڕا بوو به‌شێوازی حیزه‌کوژی له‌دووره‌وه‌ و له‌ناکاو بێ ئاگاداری سوارانه‌. ئینجا ئێستا کورد به‌چه‌که‌ کۆنه‌کانی ڕوسی وه‌ک کلاشینکۆف و دۆشکا به‌رامبه‌ر به‌چه‌که‌ نوێکانی شیعه‌ که‌ له‌ئه‌مریکای وه‌رده‌گری له‌ڕێی عه‌بادی وه‌ک تانکی ئه‌بڕامز و فڕۆکه‌ی 16 بێگومان دۆڕاوه‌!
کوردی سونه‌..
نازانم کورد بۆ سونه‌یه‌؟ خێره‌که‌ی له‌چ دایه‌؟ لۆمه‌ به‌کر و عومه‌ر و عوسمان و جیاوازی چیه‌؟ وه‌ک برێی: حه‌ره‌س قه‌ومی و به‌عسی و داعش یان عه‌لی که‌ده‌کاته‌ حه‌شدی شه‌عبی! هه‌رهه‌مووی جاشکی یه‌ک ماکه‌رن، جا ئه‌گه‌ر شیعه‌باین له‌وانه‌یه‌ باشتربا.
پاشایه‌تی کورد..
هه‌میشه‌ کورد ڕۆڵی پاشایه‌تی له‌فارس ستاندیه‌ له‌به‌ر بیرنه‌کردنه‌وه‌ و ئازایه‌تی به‌ڵام هه‌میشه‌ییش له‌ڕووی سیاسی دۆڕاوه‌ چونکه‌ یه‌کگیر و خودان ناوه‌ندی بڕیار و خاوه‌ن په‌یام نیه‌ زیاتر ڕه‌دووکه‌وته‌ی ئاغاخوازه‌ تا به‌رێوه‌ی ببا و خۆشی جوتیاره‌کی شه‌که‌تی بێ پلان و به‌رنامه‌ی کاته‌، هه‌روه‌ک ئێستا زۆرده‌ڵێ به‌ڵام که‌م ده‌کا!
شیعه‌ی پاشا به‌زێن..
سه‌رده‌می گه‌شه‌کردنی زانستی ئه‌سفه‌هان شیعه‌ ئاخونده‌کان پلانیان گێڕا به‌هاوکاری سه‌لجووقه‌ تورکه‌کان پاشایه‌تی فارسیان ڕووخاند ده‌روازه‌کانی قه‌ڵای شاریان لۆ کردنه‌وه‌ کاتێک پاشا له‌ده‌ره‌وه‌ خه‌ریکی به‌رگری و شه‌ڕ بوو. تا مێژوو خۆی چه‌ندباره‌ کرده‌وه‌ له‌سه‌ده‌ی بیستیش پاشای ئێرانیان ڕوخاند و جمهوری ئیسلامی شیعه‌یان ڕاگه‌یاند.
تورک و کورد..
دوو نه‌ته‌وه‌ی‌ دژانگیر به‌ڵام چونکه‌ تورک هاش و هوژی زۆره‌ و که‌رمیلله‌ته‌ ده‌کرێ کورد پێی بوێری به‌ڵام ساویلکه‌یی کورد و ئاینگه‌رای سونه‌یی جاره‌کی دی ژێرده‌ستی ده‌کاته‌وه‌، شه‌ڕی ئه‌رمانیان پێکردن ئێستاش شه‌ڕی داعش له‌دواقۆناغ کوردی باشوریان هه‌رپه‌سارد، به‌شێره‌ مل چێره‌ به‌زیوه‌که‌ی سوریاش ڕۆژئاوا کاول ده‌که‌ن به‌سه‌ر کوردا به‌هاوکاری ورچه‌ سپیه‌که‌ی ڕوسیا ئێستا حیزه‌بخۆیی هاتیته‌ پۆتێ.
ئیسلامی ئێران و کورد..
دوژمنایه‌تیه‌کی دووتایه‌ له‌لایه‌ک وه‌ک فارسێک ڕکابه‌ر و خاپێنه‌ره‌ له‌لایه‌کیش شیعه‌ی کورد به‌زێن و سونی تڕێنه‌. هه‌ردووکیشی لۆ کورد هۆکاری قڕان هێنه‌، هه‌موو میرنشین و ده‌وڵه‌تێکی کوردی فارس ڕوخاندیتی یا لۆ تورکانی به‌جێ هێشتیه‌ بیڕوخێنن.
هیلالی شیعی..
بریتیه‌ له‌که‌وانه‌ی ئێران ـ سوریا ـ لوبنان به‌ده‌وری ئیسڕائیل دا. واته‌ گواستنه‌وه‌ی مه‌یدانی شه‌ڕ له‌ناو ئێرانی فارسی لۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌رخاسیه‌ت. له‌و نێوه‌ کورد پێخوستی ئه‌و هیلاله‌یه‌ که‌ نه‌ده‌بته‌ مانگی تابان و نه‌ئاواده‌بی!




مێرووله‌و كرمه‌لوولپێچه‌كه‌ … نوسینی/وجدان عبدالعباس


وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌{فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی}
….

نم نم باران ده‌باری،مێرووله‌یه‌ك نایلۆنێكی پڕله‌شه‌كروگه‌نمی دابووبه‌كۆڵیدا،له‌په‌نادارێكدا وه‌ستاو
چاوه‌ڕوانیكردباران خۆشبكاته‌وه‌.له‌وكاته‌داكرمه‌لوولپێچه‌كه‌به‌سواری ماتۆرسكیله‌ ئاگراوییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌وێداتێپه‌ڕی،وه‌ستاولێیپرسی بۆكوێ‌ ده‌چیت؟؟؟
مێرووله‌كه‌ ڕووی تێكردو وتی”ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆماڵه‌وه‌ ،ڕێگه‌شم دووره‌”
كرمه‌لوولپێچه‌كه‌ پێكه‌نی و وتی:به‌م باره‌ قورسه‌وڕۆیشتنه‌ خاوه‌ته‌وه‌ بۆسبه‌ینێ‌ یان دووسبه‌ی ده‌گه‌یته‌وه‌ ماڵه‌وه‌،پاشان مێرووله‌كه‌ی سواركردوله‌گه‌ڵ نایلۆنه‌ پڕله‌شه‌كروگه‌نمه‌كه‌ی،زۆربه‌خێرایی گه‌یاندییه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی،مێرووله‌كه‌ش زۆرسوپاسیكرد.
ئینجاكرمه‌كه‌ هه‌ستی به‌دڵگرانی كرد،چونكه‌له‌سه‌ره‌تاداگاڵته‌ی به‌مێرووله‌كه‌كردبووبه‌وه‌ی كه‌باری قورسه‌وخاووخلیچكه‌،له‌دڵی خۆیداوتی:ده‌بوایه‌گاڵته‌م پێنه‌كردایه‌ به‌ڵكوئارام وله‌سه‌رخۆبوومایه‌،
چونكه‌(ئه‌گه‌رچاكه‌له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێك بكه‌یت،واباشه‌سه‌ركۆنه‌ی نه‌كه‌یت).

ئه‌م چیرۆكه‌له‌ژماره‌(84)ی گۆڤاری {گوڵه‌كان}بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




چۆن سیاسەتی سیاسەتجۆکەری زەبری شکۆشکێنی لە کورد وەشاند… نیگار نادر

لە دوای داگیرکردنەوەی کوردستان زۆر گرنگە پەنجەبخرێتە سەر کرۆکی ئەو شکەست و هەڵانەی کە بوونەتە هۆی جۆرێک لەسیاسەتکردن و ڕسکانی سیاسەتجۆکەری ، ئەو شۆک بوون و تێکهەژانە سیاسیەی هەرێمیش ئەوەمان نیشاندەدات کە لە ڕابردوودا ئەزموونی دەسەڵاتداری و سەرکردایەتی سیاسی کورد لەسەر بنەمای سیاسەتجۆکەری هەڵچنراوە ، هەروەها بەدریژایی ئەو ئەزموونە نەخشەی بەرژەوەندی و پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتانی زلهێزو هاوپەیمانەکانی جەنگیش دا لەسەر هەمان بنەما داڕشتوە ،هەر لەسەر ئەو بنەمایەو بەو شێوازەش چۆوەتە ناو بەرژەوەندی و هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی ووڵاتانی دەورروبەر ،لەناوخۆی هەرێمێشدا لەسەر هەمان بنەمای سیاسەتجۆکەری پارتەکان ڕێککەوتن و باڵانسی هێزیان ڕاگرتوەو بونەتە ئۆپۆزسێۆن و لەدژی یەکتر وەستاونەتەوە!..

لەناوەراستی ئۆکتۆبەری شومدا کە جەنگ ئاسایشی دەروونی هاووڵاتیانی هەرێمی خستۆتە لەرزین و هەموو ئاماژە سیاسی و ئەمنی وسایکۆلۆژیەکان وا نیشاندەدەن کە بوونی نەتەوەی کورد لە ژێر هەڕەشەی مەترسیەکی گەورەدایە، کە مەترسی هەڵبڕینەوەی هەرێمی کوردستانە بۆ سەر عێراق و کەوتنی هەولێرە، بەڵام ئەوەی کوێرکەرو شەرمهێنەوە، ئەو مەترسی و هەڕەشەو ترسە لەلایەن دژەدەسەڵاتەکانی هەرێمەوە بە خۆشحاڵیەکی پرۆ ئێرانی و عەرەبسەروەریەوە پێشوازی لێدەکرێ!
کۆمەڵگەکەش کە کۆمەڵگەیەکی دابەشکراوی حیزبیە هەر بەودابەشکراویە شپرزەو سەرلێشێواوەو بەشێوەیەکی لاوەکی وحەپەساو پەرچەکردای بەرامبەر ئەو جەنگە نیشاندەدا،دووبەرەکیەکی ترسناک لەناخی هاونیشتیمانیاندا شەپۆل دەدا،ناپاکی پەروەریەکی کوشندە بەپاساو دادەپۆشرێ،سایکۆلۆژیەتی کینەسازی بەجۆرەها شێواز سرەوەی جەنگێکی تری ناوخۆی لێ چاوەڕواندەکرێ..

کۆمەڵگەی سیاسی کوردی لەڕووی سیاسی و ژیاریەوە گەلێک چەقبەستوە بەڵام لە ڕووکەشدا هاوشێوەی نیۆرک و نەمسا خۆی نەمایشدەکا، لە سوشیاڵ میدیا و میدیایەکانیدا بەلەشکر سیاسەتکاریجۆکەرو مرۆڤی سواغکراو بە مۆدیرن بوونێکی ساختە بانگەشەی ئازادی تێدادەکەن و پۆزی پرۆفیشیناڵی تێدالێدەدەن، بەلەشکر کەسانی نا شارەزا ولاواز لە پێگەو پۆستی گرنگدا وەک یاساناس و دیپلۆمات و ئەندام پەرلەمان ساویلکانەو جۆکەرانە سیاسەتیان پێسپێردراوە دەرئەنجامیش بونەتە هۆی چەوبەستووی سیاسی و زەرەری کوشندەیان لە ناوبانگی کورد دا..

جەنگێکی گەورە بە پیلانگەلێکی ناوچەیی تژی لە توندڕەوی و داگیرکاری لەدژی کورد هەڵایساوە بەڵام لەو جەنگەدا تا ئیستا حاڵەتی ئامادەباشی جەنگ بە فەرمی لەلایەن حکوومەتەوە بۆ کۆمەڵگە ڕانەگەێنراوە ؟! دەرزەنێک مێدیای ناکامڵی بیرکورت و دەستکورت سیاسەتی بەرگری جەنگی ڕاستەقینەیان پێوەدیارنیە، هاوشێوەی دەڵاڵێک وێنە و هەواڵی پڕترس بەگەرەلاوژەێی دەگوازنەوە، کە کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر سایکۆلۆژیەتی هاونیشتیمانیان دروستدەکا ، ناکارن هەربەچەند سرودێکی بەرگری نیشتیمانی وەرەی هاونیشتیمانیان نەبەز راگڕن !

مێدیای ناوزەدکراو بە میدیای ئازاد، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتی ئەزموونی حکوومەت دەکا لەو کاتە هەستیارەی جەنگدا کار بۆ داروخاندنی چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دەکا!! چ کارەساتە سۆشیاڵ مێدیا ومێدیاگەلێکی وەها قەبە بەڵام خاڵی لە پرینسێپی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی! کە بەداخەوە لەسەتاسەری هەرێمدا تا ئێستا کە نەتوانراوە ستراتیژیەکی نیشتیمانی بۆ بەرگری و ورەراگرتنی هاونیشتیمانیان لەکاتی جەنگدا دابرێژرێت ، بەڵام پێویستە میدیا هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ پاراستن و تێکنەدانی سایکۆلۆژیەتی هاونیشتیمانیان بکات و بە هەرنرخێک بێت خزمەت بە دوژمنانی کورد نەکات..

دەبینین لەوجەنگەدا تاقوتەرا هێزی پێشمەرگە لە بەرگری دایە ،حکوومەت لە پلانی چاوەڕوانی چونە بەغدا زیاتر هیچ پلانێکی بەرەنگاری و ئەمنی بڵاونەکردۆتەوە، هێزو لایەنەکانی دەرەوەی حکوومەت تەنها ئەجێندای تێکشکاندنی دەسەڵاتی حکوومەت و دەستخستنی دەسەڵاتداری هەرێمیان بۆخۆیان پێیە! لە هەڵپەی دەسەڵاتپەروەریدا گوتارەکانیان وا دیاردەدات هەتا مەیلی سازش لەگەڵ دوژمنانیشدا دەکەن .
ووزەو هێزی بەرگری بە سەرتاسەری کۆمەڵگەوە دیارنیە؟! ئەگەر وردتر سەرنج بدەین بە لەشکر کۆنە وەزیری خانەنشینکراو سوپانشینکراو و رۆشەنبیرنشینکراو سەدان ناوبانگنشینکراوی تری ئەو کۆمەڵگەیە لەماڵەکانیاندا حەپەساون ،لەو جەنگەدا نەک هەرئەو خێرمەندانەی لەسەرەوە ئاماژە پێدراون،بەڵکو نەمامۆستایەکانی زانکۆ نە دوکتۆر نە رۆناکبیر نە هیچ یەک لە چینەکانی تری کۆمەڵگە خواستی بەرگری لەو خاکەیان سڕو مەدەنیانە رێکنەخراون! لەکاتێکدا دەبێت کومەڵگە بە تێکڕایی هێزی بەرگری نیشانی دوژمنانی بدات!

بەهەزاران بۆیمباغلەمل خۆیان لەپشت لاپتۆپەکانیاندا حەشارداوە! بە لێشاو نەخوێندەواری زمانپیسی دەروون شێواو لەو تارواگەیەڕا لەپشتی پەیج و ئەو سمارتفۆنانەوە هێرشدەکەن لەرێگەی لایڤێکی نەدیبدیانەی کینەسازدا گەورەترین کە خزمەت بە دوژمنانی کورد دەکەن ،لێرە دەبێت بپرسین ئایا ئەگەر جەنگێک بەو سایکۆلۆژیەت و ستراتیژیەتەوە بەڕێوەبچێ دەبێت ئەنجامی چ دەرچێت؟! چارەنووسی ئەو نەتەوەیە چ کارەساتێکی تر بێت؟!
سیاسەتی سیاسەتجۆکەری لە قۆناغی ئەو شکەستەدا پێویستە وەک تێرمێکی نوێ ئاوێتەی ئەزموون وپێناسەی سیاسەتی کوردی بکرێ ، چونکە لەلایەک ئەوە بنەمایەک بووە بۆ سیاسەتکردن لەگەڵ بەناو هاوپەیمانانی رۆژئاواو لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ ، لەلایەکی ترەوە بنەمای کارکردنی هێزەکان بووە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ،هەروەها بەهەمان سیاسەتیش لەگەل دەوڵەتانی دراوسێ مامەڵەیان کردوەو بونەتە هاوپەیمانیان! هەرلەبەرئەوەش هێزێکی یەکگرتووی بەئیرادەیەکی خۆکردی کوردانە نەڕسکاوە ،بەهەرەمەکی و کلاسیکیانە بەرژەوەندیە حیزبی و کەسیەکانیان کردۆتە پێشینەو بەسیاسەتێکی جۆکەر شێواز سیاسەتیان کردوە. ..

سیاسەتجۆکەری وەک پیشەسازیەک بووە کە سەدان سیاسەتکارجۆکەر، پەرلەمانتارجۆکەر، وەزیرجۆکەر و ئەکادیمجۆکەرو بازرگانجۆکەرو ناوبانگجۆکەری تری بەرهەمهێنان تا لە ئەنجامدا گەورەترین زەبری نەتەوەیی و سیاسیان لە هەرێمی کوردستان دا ..
ئەو کورد‌قڕانەی ئیستا دەبینین دەرەئەنجامی ئەو عەرەبسەروەریە دێت کە دەسەڵاتدارانی کورد بەدرێژایی میژووی شۆرشگێری وحوکمداریان بانگەشەی بۆ دەکەن بەناوی (برایەتی کوردو عەرەب) کە لەراستیدا برایەتیەکی ساختەیە و لە مینتاڵیەتی عەرەبدا شتێک نیە بەناوی برایەتی لەگەڵ کورد ، تەنها کورد ساویلکانە ئەو خەیاڵپڵاوە سیاسیە لەرزۆکەی هەبووە، گەواهیش بۆ ئەوە کورد لە ئەزموونی چەندین ساڵەی حکوومەتی هەرێمدا کە ئەزمونێکی تەواو نیمچە سەربەخۆیی بوو نەیتوانیوە سیاسەتێک دابرێژێت بۆ کۆتایی هێنان بە کوولتوری عەرەبسەروەری ..

ئەو دەسەڵاتە بێباکانە ئەو زمانەی بەگەلێک شێواز لەفەرهەنگی خۆیدا هێشتەوە! بۆنموونە تا ئیستاش تاکی کورد شانازی بە وەدەستهێنانی بڕوانامەیەک دەکا کە لە زانکۆیەکی عەرەبی پێبەخشراوە ،ئەو زمانە لە تابلۆی شارەکاندا پرشنگ دەداتەوە، لەوەش کارەساتتر دەبینین ئێستا لە کاتی ئەو کوردقڕانەدا زۆربەی سیاسەتبازە هەلبازەکان بەناوی دژەدەسەڵات و تەڵەکەی ترەوە رۆژانە سازش بۆ عەرەبەکان دەکەن، لەکەناڵە شۆڤینیوەشینە عەرەبیەکان چاوپێکەوتن دەکەن و تەمەنایی خۆیان پێشاندەدەن کە بە سواڵکردن بۆ بەغدا پرسی کورد چارەسەردەکەن..

ئەو جەنگەی کورد لە سەردەمی ئەو هەڵکشانە ترسەناکەی تەکنەلۆژیادا ڕویداوە لەبەرئەوە وەک ڤێرژنێکی ترسناکی لەجەنگی سایکۆلۆژی لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە تۆوی خۆی دەچێنێت، هەروەها توندوتیژیەکی دەروونی ترسناک و لە بەدیجیتاڵبونی دووبەرەکی و جوێنفرۆشی بەدئاکاری زێدەتر و قوڵتر لەوکۆمەڵگەیەدا بڵاودەکاتەوە ، بەتایبەت کۆمەڵگەی سیاسی کە دەبینین لە پێناو دەسەڵاتسەروەری و دەسەڵاتپەروەریدا تۆوی چ کینەسازیەکی کۆمەڵایەتی دەچێنن ، تائیستا هیچ دوژمنێک ئەوەندە سوکایەتی بەکورد نەکردوە کە کورد لەوجەنگەدا بەناوبانگی یەکتریان کردوەو شکۆی یەکتریان تێدازڕاند..
هەموو دەبێ بزانین ئەو جەنگە تەنها جەنگی قسەنوسەکانی فەیسبووک نیە ئەو جەنگە جەنگی بەرگری لە دەسەڵاتێکی شاستایل نیە کە هاوڵاتیەکانی برسین و قەیرانەکان دایانهێزاندوون ، ئەو جەنگە جەنگی پشتڕاستکردنەوەی هێزیک و بنەماڵەیەک نیە ،ئەو جەنگە جەنگی پەرلەمان و کورسی ئەو ئەو نیە، ئەو جەنگە جەنگی پرکینەپەروەی کوردان نیە، بەڵکو ئەو جەنگە جەنگی مان و نەمانی نەخشەی هەرێمی کوردستانە ، ئەو جەنگە جەنگی پاراستنی خاک و شکۆی کوردە ، ئەگەر هەمووان وەک یەک بەشدارنەبن تێیدا، ئەوا باهۆزێکی فاشیانە بەڕێوەیەو هەموومان پێکەوە لولدەدەا..

ئەمەریکا کە سەروەری قازانجپەرستانە لە جیهاندا ، سەلماندی چۆن قازانجگۆڕكێ لەژیر ناوی سیاسەت دا گەمە پێدەکا و بەرژەوەندیەکانی بە شێوەیەکی تر درێژە پێدەدا، بەڵام لەئیستادا هەرێم بەبەردەوامیدان بە سیاسەتجۆکەری سیاسەتێکی لێکهەڵوەشاوەوە سەختە بەرگری لەشکۆی خۆی بکاتەوە و کارگێریەکی پتەوە بینابکاتەوە، ئۆپۆزسێۆن کە لەسەرەتاوە سیاسەتێکی تەمومژاویان هەیە ناراستەوخۆ سەرقاڵی ( کۆپیپێستی) ئەزموونی دیمۆکراسی وسیاسەتی ووڵاتانی رۆژئاوان تا لەهەرێم پیادەی بکەن، تائێستاش پرۆژەیەکی تۆکمەی یەکگرتنی ئیرادەی نەتەوەییان نەخستۆتە ڕوو، بەسازشکاریەوە لەنێوان هاوکێشە سیاسەکانی ناوخۆ و دەرەوە بێنەوبەرەدەکا، لەبەرئەوە ئەستەمە چاوەڕوانی گۆرانکاری و بەرگریەکی خۆکردی نەتەوەیی لێ بەدیبکرێ..

هێرشێکی شوڤێنی بەرەو هەرێم جمەی دێت هیرشێک کە پێکهاتوە لە دەجۆر میلیشیاو توندڕەوی ئێرانی ساخت بەئاڵای هەمەجۆرەوە بەبەرچاوی جیهانەوە ، خوێنی پێشمەرگە دەڕێژن، جۆرەها توندوتیژی دەرونی و فیزیکی ئەنجامدەدەن، بەڵام ئەوەی دوژمن هاندەرە لە کۆی ئەو هەموو ئەندام پەرلەمانانە کە هەندێکیان پاش ئەو شکەستە دەبێت ناوزەدبکرێن بە پەرلەمانتارجۆکەر، هەروەها زۆریتر لە خاوەن پێگەو پلەی بەغدانشینەکان ،کە چەندین ساڵە دەسەڵات دایبەستوون بەناوی جیاوازو پۆستی جیاواز هەتا بەرگری لەکورد بکەن ! هەڵوێستێکی مەردانە نەبیسترا، تاکە کەسێک دەستلەکارکێشانەوەی ڕانەگەیاند؟! بەبیانووی ئەوەی ئەوان دەکارن دووبارە دەستکەوت لە عێراق بۆ کوردستان پەیدابکەن!

خاکێکی زۆری کوردستان هەڵبڕدراوەتەوە سەر عێراق ، بەهەزارن کەس ئاوارەو لێقەوماوبوون،خۆ دەبێت دژەدەسەڵاتداران کە لەبەرگی ئۆپۆزسێۆن وتایتڵی تردا سەرەتاتکەدەکەن پرۆژەی نیشتیمانیان ڕابگەیاندبا؟! کە بریتی با لە گەڕاندنەوەی شکۆی کوردو شکۆی دانوساندنی کورد لەگەڵ بەغدا، هەروەهاتروسکایی چارەسەری قەیرانەکانی شکۆمەندانەترو زیرەکانەتر لەپرۆژەی حکوومەتی هەرێم تێدابا؟!
بەخەسار مامەڵە پێوەکردن و نەزانی و ساویلکەیی لەسیاسەتەکانی نەوت فرۆشتنی هەرێمدا تا سەرئێسقان ئازاردەرن ، نموونەش لۆگۆیەکەی (کەی ئار جی) یە بە ئینگلیزی کە لەشکرێک سیاسەتبازی تاراوگەنشین و وەزیرجۆکەر تا دوێنێ بازرگانیان پێوەدەکرد ئەوڕۆ خۆیان بنسەنگەر کردوە و پاشەکشەی تا بزانن چ بەسەر حکوومەتەکەی کوردستاندادێت ! ئەوەش گەواهیدەرە بۆ ئەوەی ئەو سیستەمە چ جۆرە سیاسیەکی جۆکەری بەرهەمهێناون بەتایبەت لە کەرتی نەوت دا.

ئەگەر لە دوورڕا لە هەرێمی کوردستان دەڕوانی، دەبینی دروست هاوشێوەی زۆنگاوێکی داوەستاوی سیاسەتە کە ئەوجەنگە تێکی شڵەقاندوە ،ئەوجوگرافیایە لەناوەڕاستڕا بەسەردوو بەشدا دابەشکراوە ،بەسەر دوهێزی جیاوازو دوو کوولتوری جیاواز بەسەر دەسەڵاتپەروەران و دەسەڵاتڕەتکەران دا ، بەسەر چینێک هەرزەبۆرژوای نەوت و بەسەر هاوڵاتیانی برسی و کەمدەرامەتدا ، بەسەر هێزی بێهێز بەرامبەر دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهاندا، بەسەرهێزی دژبەیەکی کورد لەناوخۆدا ،بەسەر دووبازاڕی جیاوازی ئابووری و سیاسی دا ، بەسەر ملێۆنان تاکی بێزارو بێ دڵبەستەیی و بێ خۆشەویستی بۆ نیشتیماندا ، کە کۆی ئەو دابەشبوون و کینەپەروەریەش مەترسیەکی گەورەن و بنەمان بۆ لێکهەڵوەشاندنەوەو شکاندنی کۆدەکانی ئاسایشی نەتەوەین لە هەرێمدا و هۆکارن بۆ چاندنی خواستی دوژمنان..

ترۆپکی مەترسی لەئیستادائەو دەسەڵاتپەروەریە تژی لە دووبەرەکیەیە کە هۆکارە بۆ دووبارە داسەپاندنی عەرەبسەروەری لە هەرێمدا ،ئەگەر پاش ئەو شکەستە هەموو ئەو ئاماژەو دیاردانە زۆر زانایانە بەخێرایی چارەسەرنەکرێن و یەکگرتوویەک و هاوبەرگریەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست نەکرێت، ئەگەر ژیرانە سەرکردەیەکی شارەزا ئەو بۆشایایانەی ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێکەوەگرێنەداتەوە دەرئەنجام ئەو دەسەڵاتپەروەی و سیاسەتجۆکەریە بەشێوازی جیاواز و لەئایندەدا ئەگەری شکەستی گەورەتریشی لێدەکرێت ، ئەگەر هاتوو هاوباڵانسی هێزی زلهێزەکانیش بگۆردرێ لەوناوچەدا ئەوا کورد بەو سیاسەتجۆکەریە ناتوانێ پێداگریی لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی بکات ..

—————————————
*سیاسەتجۆکەری| فرزێکی نوێیە کە تایبەت بەو قۆناغەی کورد و بۆ ئەو نوسینە دروستمکردوە ،مەبەستیش لەسیاسەجۆکەری ئەوەیە کە تائێستا کورد نەیتوانیوە سیاسەتێکی خۆسازی کوردانەی تایبەت بەبەرژەوەندی خۆی هەبێت کە لەسەربنەمای ئیرادەیەکی بەهێز و یەکگرتووی نەتەوەییەوە سەرچاوەی گرتبێت تا ئاسایشی نەتەوەیی خۆی پێ بپارێزێت ،بەشێوەی جۆکەر ئاسان کاریکردوەو بەکارهێنراوە بۆ کردنەوە و چارەسەری بەرژەوەندی هاوکیشەسیاسیەکانی دەسەلاتدارانی جیهان و دەوروبەرمان ..
*هەموو ئەو وشانەی تر کە لێکدراون وەکو فریزیکی نوێ بەمەستی قوڵتر رۆچوونە بۆ ناو ئەو پرسە هەستیاریە لەو قۆناغە سەختەی کوردستاندا .. .
*جۆکەر/ سیمبۆلێکە بۆ ئەو کارتەی دەچێتە ناو هەموو یاریەکەوە بەبێ ئەوەی تایبەتمەندی بەخۆی پاراستبێت .




سه‌ربڕینمان به‌چه‌قۆی نه‌رم …. حامی ئه‌حمه‌د عه‌لی

میلله‌تی كورد توشی مه‌زنترین زیان و تاڵترین ڕابوردوو بوو به‌هۆی عه‌قڵی سیاسی و تاكڕه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵێك به‌ناو سیاسی كه‌خۆیان كرده‌ كه‌واسووری ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان، به‌ڵام حه‌یف یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی كوردستانیان له‌ماوه‌ی بیست كاتژمێردا بۆحه‌شدی شه‌عبی جێهێشت هاوڵاتیان دۆش داماون له‌و بارود‌وخه‌و ئه‌وانیش نقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت، دۆڕانه‌ گه‌وره‌كه‌ لێره‌دا ته‌نها ئه‌مه‌ نیه‌ به‌ڵكو قبوڵكردنی كاریگه‌ریه‌كانیه‌تی ئه‌و كاته‌ی جێبه‌جێكردنی هێمنانه‌ی ئه‌و پلانه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌ ده‌بێته‌ ئه‌مری واقیع كه‌سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان به‌رپرسه‌ لێی، پێم وایه‌ له‌داهاتوشدا شوێنه‌واره‌ تاڵه‌كانی ده‌سه‌پێندرێنت به‌سه‌رمانداو به‌چاوی خۆمان ده‌یبینین.

له‌ده‌ستدان و جێهێشتنی دۆكیۆمێنتی چوارده‌ ساڵی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی كوردستان له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا یه‌كێكه‌ له‌هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كان ئێستا ڕاست وایه‌ خه‌ڵك بپرسێت لێتان ئێوه‌ كه‌نیازی ئه‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه‌تان هه‌بوو ده‌بوو پێشتر ئه‌رشیفی ئه‌و ناوچانه‌تان بپاراستایه‌ و به‌ ئاشكرا به‌هاوڵاتیان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆتان بوتایه‌ یان واباشتر بوو به‌پێكهاتن ئه‌وه‌تان بكردایه‌ كه‌ ئه‌تان زانی ئه‌مه‌ ئاكامه‌كه‌ی بوو، زۆر لام سه‌یره‌ هه‌ندێك هه‌واڵم بیست گوایه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆیه‌ شه‌ڕی نه‌كردوه‌ له‌توانایدا نه‌بوو به‌ره‌نگاری هێزی مرۆیی و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هێزه‌كانی دوژمن ببێته‌وه‌ من كه‌سێكی سه‌ربازی نیم تاشیكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ بكه‌م، به‌ڵام له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسه‌ سه‌ربازیه‌كان ده‌پرسم چه‌ند كه‌س له‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ پله‌ی ڕاوێژكاری سه‌ربازی دامه‌زراون باشه‌ خۆتان بوون ده‌تان وت ئێمه‌ بناغه‌ی سوپای عێراقمان داڕشته‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی كورد نه‌بون ده‌نكیان به‌یاسای حه‌شدی شه‌عبی دا ئیتر سه‌یر نیه‌ باسی ئه‌و هۆكاره‌ ده‌كه‌ن ده‌بوو ئێوه‌ له‌ سه‌رۆكی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق زیاتر زانیاریتان له‌سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی هه‌بوایه‌ ده‌مه‌وێ‌ بپرسم نابێت پێش ئه‌وه‌ی بڕیاری به‌رگری كردن بده‌ن بزانن هێزی دوژمن له‌چ ئاستێكی سه‌ربازیدایه‌ به‌پێی پێوه‌ره‌كانی جه‌نگ نابێ‌ له‌وه‌ دڵنیابن كه‌له‌ناوخۆی خۆتاندا یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵویستن نابێ‌ بزانن له‌ڕوی ژماره‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌وه‌ هاوكێشه‌كه‌ له‌چ ئاستێكدایه‌ یان ته‌نها مه‌ته‌ڵێك بوو وه‌ڵامه‌كه‌ی گرنگ نه‌بوو لاتان.

سه‌د حه‌یف بۆ كاری سیاسی له‌م وڵاته‌ له‌هه‌ر شوێنێكی دونیا هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كاتێ ڕوو به‌ڕووی مه‌ترسیه‌ ده‌ره‌كیه‌كان ده‌بێته‌وه‌ پارته‌ سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ ئه‌كادیمیه‌كان به‌زووترین كات كۆده‌كرێنه‌وه‌ و ڕاوێژیان پێده‌كرێت بۆ ده‌ربازبون و زاڵبون به‌سه‌ر ته‌نگژه‌و خۆدورگرتن له‌ ئاگری شه‌ر تا پله‌ی كۆتایی، به‌ڵام لێره‌ كشوماتێكی سیاسی به‌كۆمه‌ڵ و هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگیه‌كی كوشنده‌و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕابوردوی یه‌كترو یه‌كتر تاوانباركردن و تۆراندنی ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ییان تۆزێك تیاماوه‌ وهێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كتری ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی پلانه‌كانی دوژمن..
یه‌كێك له‌تێزه‌ به‌ناوبانگه‌كانی بواری ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌وه‌ دوپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت سه‌ركرده‌ی سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌پێش كۆنترۆڵی جه‌سته‌ی دوژمن عه‌قڵی كۆنترۆڵ بكات لێره‌دا نه‌ك ئه‌وه‌ نه‌كرا به‌ڵكو له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌وه‌ میدیای حیزبی ئاسایشی ده‌روونی و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی هاوڵاتیانی له‌ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌كاند، پاشان ده‌بوو ده‌ستخۆشی له‌و هێزه‌ بكرێت نه‌ك تانه‌و ته‌شه‌ر كه‌نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ له‌شه‌ڕێكی سه‌خت و ناسه‌قامگیریه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی چڕدایه‌ به‌هۆی قه‌یرانی ئابوری و سیاسی و ئه‌و كۆبونه‌وه‌ بێشومارانه‌ی ئێوه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌و بێئومێدیه‌ گه‌وره‌یه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ری لێ‌ كه‌وته‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ ووتاری هه‌فتانه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌گورزه‌یه‌ك له‌ئه‌و پلانانه‌ داوه‌ كه‌وا به‌نیازی جێبه‌جێكردنیه‌تی به‌ووته‌كانیدا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یان پێوه‌دیاره‌ نیازی ژێرده‌سته‌كردن و ده‌سته‌مۆكردنی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، ده‌ڵێت سوپای عێراق ئاسایش به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا جێبه‌جێده‌كات، داوامان كرد پێكه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی ناوچه‌كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌ڕێوه‌ ببه‌ین به‌ڵام هانی شه‌ڕیان دژی سوپای عێراق ده‌دا، گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌و ڕاپرسیه‌ شوومه‌ كورد خۆیان بون هه‌موو ده‌س كه‌وته‌كانیان له‌كیس چوو، پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندیان كه‌هاونیشتمانی عێراقن به‌وه‌ی كه‌ڕه‌تیان كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراقدا بجه‌نگن، ناچینه‌ ناو شه‌ڕێكی ناوخۆییه‌وه‌ كه‌ قوربانیه‌كه‌ی هاوڵاتیان بن، به‌لێپرسراوانی كوردمان وتوه‌ كه‌سنوره‌كان ده‌بێت له‌ژێر فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵتی فیدراڵیدا بن، ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌بێت بگاته‌ هه‌موو عێراق به‌كوردستانیشه‌وه‌، له‌پارته‌ سیاسیه‌كان قبوڵ ناكه‌ین ده‌ست بگرن به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی ووڵاتدا، قبوڵكراو نیه‌ ده‌زگاكانی ئاسایش و ناوخۆ له‌سه‌ر بنچینه‌ی حیزبی دابه‌ش بكرێن، ئه‌یان ویست سنور به‌خوێن دیاری بكه‌ن به‌ڵام ئێمه‌ به‌ئاشتی دیاریمان كرد، ده‌مانه‌وێ‌ ده‌ستوری عێراق به‌ته‌واوی جێبه‌جێبكه‌ین له‌ڕابوردوودا بێده‌نگ بوین له‌سه‌ر هه‌ندێ‌ كێشه‌و هه‌ڵه‌ی مه‌ترسیدار ئه‌مه‌ جارێكی تر ڕوو ناداته‌وه‌، جگه‌ له‌ده‌وڵه‌وت كه‌س بۆی نیه‌ چه‌كی هه‌بێت، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ئه‌ركیان پاراستنی ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ك حیزب، پێشمه‌رگه‌ هاوكاریكردنی سوپای عێراقی هه‌ڵبژارد نه‌ك گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی سه‌ركرده‌كانی كوردستان.

باچیتر په‌ڕاوی یه‌كتر شكاندن و یه‌كتر تۆمه‌تباركردن دابخه‌ین باڕۆژی په‌لاماره‌كه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكه‌ینه‌ ده‌ستپێكی گۆڕانگاری له‌ ته‌واوی سیسته‌می حكومڕانی شكستخواردوی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ئاینده‌ی كوردستاندا ده‌ستبه‌رداری كه‌ڵه‌كه‌كردنی داهاتوو شاردنه‌وه‌ی له‌ئه‌و ڕۆڵانه‌ی له‌پێناو كوردستاندا ماڵ و مناڵی خۆیان بێناز كرد، چیتر كورسیه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی له‌عورفه‌ دیمۆكراسی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات نه‌تۆرێنین له‌مه‌ زیاتر كات به‌فیڕۆ نه‌درێت و له‌جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌ په‌شیمان ببینه‌وه‌.




پۆست – رێفراندۆم و قۆناغی نوێ …. هیوا خۆشناو

ئیتر لەگەڵ رێفراندۆمەکەی ٢٥ی سێپتامبەر، سەرجەم کۆڵەکەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی کە خۆیان لە ئەفسانە و حیکایەتەکانی کوردایەتی، موقەدەساتەکانی سەرکردەی شاخ و چەکدار، پێشمەرگە، دیوەخان و تا دەگاتە خەونی دەوڵەتی کوردی کۆتاییان پێهات و چونە ناو مۆزەخانە. ئەو مێژووە زۆری لەسەر گووترا و نووسرا، با كەمێك باسی داهاتوو، قۆناغی نوێ بکەین.
ئەگەرچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێک نیە، پێشهات، تیۆر و پلانەکان وەک خۆیان لەسەر کاغەز جێبەجێ ببن، بەڵام سەرجەم ئاماژەکان نیشانمان ئەدەن کە لە داهاتوودا، شتێک بەناوی دیوەخانی سەرکردە نەخوێندەوارەکانی سەردەمى شاخ، ملیشیاکانی سەر بیرەنەوتەکان و سوپای “ئەم و ئەو”، موجازەفەکردن و مۆرفینکردنی کۆمەڵگەیەک لە ژێرناوی درۆ و خەونی دەوڵەتی کوردی و …..هتد لە شانۆی سیاسەتی ئێمەدا جێگایان نابێتەوە.

قۆناغی پۆست-رێفراندۆم و پۆست-کوردایەتی

چۆن لووتبەرزی و نائەقڵانیەتی ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی دوێنێ لە کەسایەتی نازیەکان و ئەدۆڵف هیتلەر دا تێکشکێندرا يان تووشى شكاندن كرا، ئەمڕۆش نەتەوەپەرستی نەژادی و خێڵەکی کوردی کە ڕەگوڕیشەکەی بۆ ئاغا، شێخ و كوێخا کوردەکان و بنەماڵە خانەدانەکان دەگەڕێتەوە و بەرژەوەندیەکانیان زۆر جار لەناو باوەشی ئەو وڵاتانەدا دەبیننەوە کەلەسەر پاشخانی ئیمپراتۆریەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دانيشتوون و هەرکەس دەتوانێ یارییان پێبکات، لە کەسایەتی بارزانی و کۆمەڵێک مەکتەب سیاسی پشتئەستوور بە فەلسەفەی کوردایەتی شاخ لەگۆڕ دەنرێت.

بەڵام چۆن ئەڵمانەکان وەک نەتەوەیەکی ئاقڵ، دوای کارەساتەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم کۆتاییان پێنەهات و بەئەزموون وەرگرتن و بەلاوەنانی ناسیۆنالیزمی فاشی بوون بە یەکێک لە وڵاتە هەرە بەهێزەکانی جیهان و پێشەنگی ئارامی و یەکێتی ئەوروپای دیموکراتی، دڵنیام ئەگەر گەلی کوردستانیش ئەزموون لە بێ ئەقڵییەکانی كەڵنەفامى ئیدارەی کوردی لە ماوەی ٢٦ ساڵدا وەرگرێت، ئەوا دەبێتە پێشەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

قۆناغی نوێ و تێکۆشانی گەلانی کوردستان

لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە، بزووتنەوەی سیاسی کوردایەتی هەروەکو سەدەی بیستەم شتێکی جیاوازتری لە “راپەرین، دانوستانی سەرشۆڕانە و شکست”پێنەبوو. لە سەدەی ٢١مینیشدا بەهۆی ڕزگارنەبوونی کورد بە گشتی و بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باشوور لە ئەقڵیەتی کوردایەتی و سەرکردەی خاوەن پاشخانی چینی خانەدانەکانی کورد کە نەوەكو بەتەنیا نائەقڵانیەت، بەڵكو بەرژەوەندی بنەماڵە – خێڵی خۆی لە ژێردەمامکی نەتەوەیی حەشارداوە، وەک کۆتایی ئەزموونەکانی کۆماری کورستان لە مهاباد، نسکۆی ١٩٧٥، ئەنفال و هەڵەبجە تا دەگاتە شکستەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە بێهیوایی باڵی بەسەر ئاسمانی کوردستاندا کێشاوە. دەبێ ئەوە بزانین کە جیهانی ئەمڕۆ جیاوازە لەگەڵ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و شەڕی سارد. گەلانی کوردستانیش پێگە و هێزی خۆیان بە گشتی لەدەست نەداوە. لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کورد بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەشێکی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە لەوپەڕی بەهێزیدایە.

وڵاتانی قەوارەپارێزی وەک تورکیا و ئێران لە پێگەی خۆپاراستن دان و دەوڵەتی پشت ئەستوور بە ناسيۆناليزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەڕەشەی لەناوچوونى لەسەرە. حکوومەتی عەبادی حکوومەتی شیعە و مەزهەبی نیە، بەڵکو حکوومەتی تەکنۆکراتەکانی عێراقە. وڵاتانی خۆرئاوا لە داهاتودا بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران و تورکیا لە عێراق سوودی لێوەردەگرن. ئەگەر ئێمە تۆزێک واقعبینانە بیرکەینەوە، هەست ئەکەین خۆرئاوا هەمان ئەو شانسەی دوای جەنگی جیهانی دووەم بە ئەڵمانیای دیموکراتی بەخشی، بەسەرکردایەتی عەبادی بە عێراقی نوێشى بەخشيووە، ئەگەر خۆیان بەشایەنی ئەو شانسە بزانن. لە هەمان کاتدا نابێ خۆشباوەڕبین، تا ئێستاش لەناو کابینەکەی عەبادیدا، گەندەڵی، مەزهەبگەرایی، شۆڤێنیزمی عەرەبی، درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات. ئەو حکومەتە کۆمەڵێک خاڵی لاوازی دیکەی هەیە، کە لە داهاتوودا خۆرئاوا نیگەران دەکات ئەویش بەردەوامیدانە بە ئەقڵی سەنترالیزم کە لەگەڵ تەکنیکەکانی بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی گلۆبالیزم و نەوەی نوێ و ئابووری هاوچەرچ ناگونجێت.

بەکورتی: خۆرئاوا کار بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکات کە خۆی لە کۆمپانیا فرەڕەگەزییەکان و داهاتووی بازاڕی ئەوان دەبینێتەوە. دەوڵەتانی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دکتاتۆرن و لەژێر هەڕەشەی لەناوچوون دان، کورد بە نەخۆشیەکانی ئەقڵیەتی ناسیۆنالیزمی خێڵ – خانەدان دەناڵێنێ و عێراقیش وڵاتێکی نادیموکراتە لە سەنترالیزم و مەزهەبگەرایی ڕزگاری نەبووە.

گەلی کوردستان ئەگەر لە ناسیۆنالیزمی کوردایەتی ڕزگاری بێ، دەتوانێ درک بەو ڕاستیە بکات کە ئێستا سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی قەومی نیە، بەڵکو سەردەمی شەڕی ناسنامەکانە. کلتوورەکان، هەرێمەکان، زمان و زاراوەکان، ئایینەکان و… هتد، لەناو شەرێکی سەختدان بۆ بەدەستهێنانی مافی ناسنامە، کلتوور، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە سیاسەت/بڕیار وەرگرتن و مافە ئابووریەکانیان. بۆ ئەمەش سەرکردایەتی کلاسیکی سەردەمی شاخ و کاديرانيان وەڵامی ئەو قۆناغە نادەنەوە و بزاڤی سیاسی نوێ یان تەوژمی دیموکراسی و گۆڕانکاری کە توانستی شەڕی شارستانی/دیموکراسی و ناسنامەکانی هەیە، جێگای ئەوان دەگرێتەوە. لە جیاتی دیوەخان و مەکتەب سیاسیەکان، پەرلەمان ڕۆڵی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان دەبینێت. لە جیاتی ئايدۆلۆژیای نەتەوەیی، مارکسیزم و مەزهەبگەرایی، ئەقڵیەتێک ڕۆڵی دەبێ کە ڕێگر نەبێ لە بەنێودەوڵەتیکردنی سەرمایە و دیوارەکانی بازاڕی نەتەوەیی تاڵانچی ئەستورتر نەکات.

گرینگ نیە ئێستا کێ سوپای بەهێز، پارەی زۆر و کێ حاکمی جیوگرافیایەکی پان و بەرینە، ئەوەی گرینگە کام چین و توێژ ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوەی تێدایە، ئەو دەتوانێ ببێتە پێشەنگی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

من هەست ئەکەم، سەرباری نیگەرانیەکانی خۆرئاوا لە باشووری کوردستان، لە داهاتویەکی نزیکدا ڕۆڵی پێشەنگایەتیکردنی شەڕی دیموکراسی بە گەلانی کوردستان دەبەخشرێتەوە و ئەبێ خۆمان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە بکەین.




نێستۆر ماخۆ گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست* … وەرگێرانی : ھەژێن

گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست، که‌سێک که‌ ناوی بوو به‌ هاوپێچی ناوی کۆمونه‌ کرێکاریی و جوتیارییه‌کانی ئۆکرانیا *

نێستۆر ماخۆ Nestor Makhno که‌سێک بوو، که‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌ربازیی له‌شکری بزاڤی ئه‌نارکیستی ناسراو به‌ بزاڤی ماخنۆڤیستی Makhnovist movement – Makhnovshchina دەکرد.

ئەو بزاڤه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شۆڕشی (ڕوسیه‌)ی ١٩١٧ بوو له‌ ئۆکرانیا، له‌وێنده‌رێ شۆڕش شێوه‌یه‌کی ئازادیخوازانه‌ی له‌خۆگرت و کرێکاران و جوتیاران دژی له‌شکره‌کانی تزاری و دژه‌-شۆڕش و بۆلشه‌ڤیکه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کان جه‌نگین.

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٨٨٩ لە ئۆکرانیا لەدایکبووە، ٢٥ی جولای ١٩٣٤ لە فه‌ره‌نسه‌ مرد.

بزاڤی ماخنۆڤیست به‌ناوی (ماخنۆ) ئه‌نارکیستی ئۆکرانیایی ناونراوە، ئه‌وێک که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی لەنێو‌ ئەو بزاڤه‌که‌ گێڕا. له‌ ڕاستیدا ماخنۆڤیستا Makhnovshchina پیت به ‌پیت ده‌کاته‌ بزاڤی ماخنۆ و بۆ هه‌میشه‌ ناوی ئەو لەتەک‌ شۆڕشی‌ هەرێمی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا‌ گرێیخواردووه‌. ئەی ماخنۆ کێ بوو؟

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno ‌ ٢٧ی ئۆکتۆبه‌ری ١٨٨٩ له‌ هولیای پۆله‌ Hulyai Pole شارۆچکه‌یه‌کی سی هەزار ٣٠.٠٠٠ که‌سیی له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا له‌دایکبووه‌، که‌ کۆمه‌ڵێک فیرگه‌ و کارگه‌ی تێدا ھەبوو.

ماخنۆ کوڕی خێزانێکی هه‌ژاری جوتیاریی بوو. کاتێک که‌ ئەو ته‌مه‌نی ده (١٠)‌ مانگ بوو، باوکی مرد، ژیانی ئەو و چوار براکه‌ی دیکەی که‌وتۆته‌ سه‌رشانی دایکیان. له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داریی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری خێزانه‌که‌ی، ناچار ماخنۆ له‌ تەمەنی حه‌وت ساڵیی خەریکی‌ شوانکاره‌یی بووه‌. له‌ تەمەنی هه‌شت ساڵیی له‌ فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی (هولیای پۆله)‌ کەوتووەتە خوێندن و به‌ زستانان خوێندویه‌تی و به‌ هاوینان لای دارا (زەمیندار و کارخانەدارە) نێوخۆییه‌کان کاری کردووه‌. کاتێک که‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته‌ دوازده‌ (١٢) ساڵان له‌ خوێندن وازیهێناوه‌ و به‌ ته‌واو کاتیی وه‌ک کرێکاری کشتوکاڵی له‌سه‌ر زه‌ویوزاری خانزاده‌ و کێڵگه‌ داگیرکراوه‌کانی ژێرچه‌پۆکی کۆلاکەکان‌ (جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندەکان‌)ی ئاڵمانیا کاریکردووه‌. له‌ته‌مه‌نی هه‌ڤده‌ ساڵیی له‌ (هولیای پۆله)‌ سه‌ره‌تا وه‌ک شاگردی وێنه‌کار و پاشان وه‌ک کرێکارێکی بێپیشه‌ له‌نێو کارخانه‌یه‌کی ئاسنگەریی کەوتووەتە کارکردن و دواجار وه‌ک ئاسنڕێژه‌ر (ئاسنساز) له‌ هه‌مان ڕشته‌ بەردەوامبوو.

هه‌ر ئه‌و کاته‌، که‌ له‌ پیشەی ئاسسازی کاریده‌کرد، به‌شداری ڕامیاریی شۆڕشگێڕانەی‌ کرد.‌ ساڵانی ناجێگیری پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ی ڕوسیه‌، ماخنۆ لەتەک‌ ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ تێکەڵبوو. ئەو بڕیاره‌ی ئەو بۆ ئه‌زموونه‌کانی خۆی لەبارەی سته‌م له‌ شوێنی کار و دیتنه‌کانی ئەو له‌ تیرۆرکارریی ڕژێمی ڕوسی کاتی ڕوداوه‌کانی ساڵی ١٩٠٥ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ( ئه‌و کاته له‌ ‘هولیای پۆله’ بارگرژییه‌کی ئاوا له‌ئارادانه‌بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ڕژێم هه‌ژمارێکی زۆری له‌ هێزی پۆلیسی-دابڕی بۆ سه‌رکوتکردنی کۆبوونه‌وه‌ و کۆڕ و کۆمەڵەکان و بۆ چاوترسێنکردنی ڕێبواران و لێدانی زیندانیان به‌ قۆنداخه‌ تفه‌نگ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی‌ شارۆچکه‌که‌ نارد). ساڵی ١٩٠٦ ماخنۆ بڕیاریدا به‌ گروپێکی ئه‌نارکیست له‌ (هولیای پۆله‌) په‌یوه‌ستبێت، گروپێک که‌ ساڵێک له‌وه‌وپێش به ‌زۆری له‌ لاوە جوتیاره‌ هه‌ژاره‌کان پێکهاتبوو.

کۆتایی ساڵی ١٩٠٦ و سەرەتای ساڵی ١٩٠٧ ماخنۆ به‌تۆمه‌تی کوشتنی ڕامیارانه‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا، به‌ڵام بەھۆی له‌ده‌ستدانه‌بوونی به‌ڵگه‌ بۆ ئەو تۆمه‌ته‌، له‌ زیندان هاته‌ده‌ر. ساڵی ١٩٠٨ به‌تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو له‌لایه‌ن پۆلیسێکی سیخور له‌نێو گروپه‌که‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا و خرایه‌ زیندان‌. مارچی ١٩١٠ ماخنۆ و سیازده (١٣)‌ که‌سی دیکە له‌نێو دادگه‌یه‌کی سه‌ربازیی سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ بڕدرایه‌وه‌. ماخنۆ به‌هۆی که‌می ته‌مه‌ن و هه‌وڵ و تێکۆشانی دایکی‌، سزای له‌ سێداره‌دانه‌که‌ی گۆڕدرا به‌ زیندانیی هه‌میشه‌یی لەتەک کاری سه‌خت. له‌ ماوه‌ی زیندانیبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی Butyrki له‌ مۆسکۆ، به‌ هه‌موو شێوازێکی له‌به‌رده‌ست و گونجاو به‌رهه‌ڵستی دەسەڵاتدارانی زیندانه‌که‌ی ده‌کرد، هه‌ر به‌هۆی ئەو به‌رهه‌ڵستیی-کردنەیه‌وه‌ زۆربه‌ی ماوه‌ی زیندانییبوونه‌که‌ی به‌ زنجیرکراوی یان له‌نێو سیاچاڵه‌ سارد و شێداره‌کان به‌سه‌ربرد. ئەو ئه‌زموونه‌ ڕکوکینه‌ی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری ماخنۆی له‌ زیندانه‌کان زیاتر کرد ( دواتر له‌ سه‌رده‌می شۆڕش، یه‌که‌مین ئه‌رکی ئەو لەتەک گه‌یشتنی به ‌هه‌ر ‌شار و‌ شارۆچکه‌یه‌ک، ئازادکردنی زیندانییه‌کان و وێرانکردنی زیندانه‌کان بوو).

ماخنۆ له‌ ماوەی زیندانییبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی لەتەک پیته‌ر ئارشینۆڤ Peter Arshinov هاوزیندانییه‌کی ئه‌نارکیست، که‌ دواتر بوو بە‌ چالاک و مێژوونووسی بزاڤی ماخنۆڤیستی، بوون بە هاوەڵی یەکدی. پیته‌ر ئارشینۆڤ ساڵی ١٨٨٧ له‌ شارۆچکه‌ی پیشه‌سازیداری کاتێرینۆسڵاڤ Katerinoslavی ئۆکرانیا له‌دایکبووبوو. باوکی کرێکاری کارخانه‌ و کانەکان بوو. پیته‌ر ئارشینۆڤ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆڵشه‌ڤیک بوو و ساڵی ١٩٠٦ بووبوو به‌ ئه‌نارکیست، له‌نێو ڕێکخستنی کرێکاران و کاری کارخانه‌ دژی ڕژێمی تزاریی ڕۆڵێکی ڕابه‌رانه‌ی دەگێڕا. ساڵی ١٩٠٧ ده‌ستبه‌سه‌ر کراو به‌ مردن سزادرا و به‌ره‌و ئۆروپای خۆراوایی هه‌ڵهات. ساڵی ١٩٠٩ گه‌ڕایه‌وه‌ ڕوسیه‌ و دووباره‌ زیندانییکرایەوە و دیسانه‌وه‌ هه‌ڵهاته‌وه‌. ساڵی ١٩١٠ جارێکی دیکە دەستگیرکرا و خرایه‌ زیندانی بوتیرکی و له‌وێنده‌رێ بوو، که‌ لەتەک ماخنۆ ئاشنابوو. هه‌ر دوو ئه‌نارکیست هاوه‌ڵێتییه‌کی که‌سیی و ڕامیاریی توندوتۆڵیان پێکهێنا و ئاڕشینۆڤ له‌ په‌ره‌دان و قوڵکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌ ئه‌نارکیستییه‌کان بە ماخنۆ کۆمه‌کیکرد.

ڕۆژی ٢ی مارچی ١٩١٧ پاش هه‌ش ساڵ و هه‌شت مانگ مانه‌وه‌ له‌نێو زیندان، ماخنۆ لەتەک زیندانییه‌ ڕامیاره‌کانی دیکە وه‌ک سه‌ره‌نجامی شۆڕشی فێبریوه‌ری ئازادبوو. پاش به‌سه‌ربردنی سێ (٣) هه‌فته‌ له‌ مۆسکۆ لەتەک ئه‌نارکیسته‌کانی ئه‌وێنده‌رێ، ماخنۆ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هولیای پۆله‌. وه‌ک تاقه‌ زیندانییەک که‌ به‌هۆی شۆڕشه‌وه‌ بۆ نێو خێزانه‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌نێو شارۆچکه‌که‌ی لە ماخنۆ ڕێزده‌گیردرا. پاش ساڵانێک له‌ زیندانییبوون و ئەشکەنجە، ماخنۆ وه‌ک هه‌رزه‌کارێکی چالاکی بێپێشینه‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵکو وه‌ک ئه‌نارکیستێکی په‌روه‌ردەبوو‌ و جه‌نگاوه‌ر هاوڕای بیرۆکەی بەهێز لەبارەی ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ گەڕایەوە، ئەو بیرۆکانەی که‌ ده‌ستبه‌جێ بۆ پیاده‌کردن ده‌گونجان. ماخنۆ کاتێک که‌ له‌ هولیای پۆله نیشته‌جێبوو، به‌زوویی خۆی بۆ کاری شۆڕشگێڕانه‌ ته‌رخانکرد. ئه‌ندامه‌کانی دیکەی گروپه‌ ئه‌نارکیستییه‌که‌ و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ جوتیاران چوونە سه‌ردانی ئەو. پاش گۆڕینه‌وه‌ی بۆچوون و تێروانین لەتەک ئەوان، پێشنیاری ده‌ستبه‌جێ ده‌ستکردن به‌ کاری ڕێکخراوه‌یی بۆ گرێدانه‌وه‌ی جوتیارانی هولیای پۆله‌ و ده‌وروبه‌ری لەتەک گروپه‌ ئه‌نارکیسته‌کان. ڕۆژی ٢٨-٢٩ی مارچ به‌ سه‌رپه‌رشتکا‌ری ماخنۆ یه‌کێتی جوتیاران پێکهات. پاشان له‌نێو گوند و شارۆچکه‌کانی دیکەی ناوچه‌که‌ یه‌کێتی له‌و چه‌شنه‌ی ڕێکخست. ماخنۆ ڕۆڵێکی سه‌رکه‌وتوو و به‌رچاوی لەنێو‌ مانگرتنی کرێکارانی دارتاشی و کانه‌کان له‌نێو کارخانه‌یه‌ک، که‌ هی پیره‌ خاوه‌نکاره‌ پێشووییه‌که‌ی خۆی بوو (ئەو تێکشکانه‌ ئاوای له‌ خاوه‌نکاره‌کانی دیکە کرد، مل به‌ داخوازی کرێکاره‌کانیان بده‌ن).‌ هه‌مان کات جوتیاره‌کان ئاماده‌نه‌بوون به‌ خاوه‌ن زەمینەکان کرێ بده‌ن[١].

ئه‌نجوومه‌نه‌ ناوچه‌ییه‌کانی جوتیاران له‌ ناوچه‌ی هولیای پۆله‌ و ناوچه‌کانی دیکە ڕاگه‌یێندران، ھەر ئاوا ڕۆژی ٥-٧ی ئۆگوست کۆنگرەی هه‌رێمیی له‌ کاتێرینۆسلاڤ Katerinoslav بڕیاریدا، سه‌رله‌نوێ له‌نێو سۆڤییه‌ت و کۆمونە‌کانی جوتیاران و نوێنه‌رانی کرێکاران یه‌کێتییه‌ جوتیارییه‌کان ڕێکبخاتەوە.

به‌و شێوه‌یه‌ ماخنۆ و هاوکاره‌کانی “به‌هیوای خێراکردنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دارایییه‌ گه‌وره‌کان”، پرسه‌ ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان لەتەک ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ئامێتەکرد.[٢] له‌ هولیای پۆله‌، بەراورد بە شوێنه‌کانی دیکە شۆڕش خێراتر ده‌بزووت (بۆ نموونه‌، له‌ کاتێکدا که‌ سۆڤیه‌تی ئه‌لێکساندرۆڤسک Aleksandrovsk له‌ پیترۆگراد‌ ڕۆژانی جولای له‌ کاره‌کانی فەرمانداریی کاتیی پشتیوانیانده‌کرد، به‌ڵام له‌ هولیای پۆله‌ بۆ هاوده‌نگیی و پشتیوانیکردنی سه‌ربازانی یاخی و کرێکاران کۆبوونه‌وه‌یه‌ک دەکرێت). جوتیاران له‌ گشت لایه‌که‌وه‌ بۆ به‌ده‌سهێینانی ڕێنوێنی و کۆمه‌ک له‌لایەن نێوەندە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ نزیکه‌کانیان (بەڕێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان/ Volosts)‌ به‌ره‌و (هولیای پۆله)‌ دەچوون. چینی جوتیاران ده‌یویست ده‌ستبه‌سه‌ر زه‌مینی زه‌ویداره‌ گه‌وره‌کان و کۆلاکه‌کان بگرێت. ماخنۆ ئەو داخوازییه‌ی لەنێو‌ یه‌که‌مین دانیشتنه‌کانی سۆڤیه‌ته‌ هه‌رێمییه‌کان پێشکه‌شکرد، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هولیای به‌رزکرایه‌وه‌. مانگی ئۆگوست، ماخنۆ گشت داراکان [موڵکدارە]‌ نێوخۆیی و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندە‌کانی kulaks بانگهێشتکرد و هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌کانی دارایی زه‌وی، وڵاخ و ئامێری لە ئەوان سه‌ندنەوە. لیستی داراییه‌کان چێکراو و وه‌ک ڕاپۆڕتێک بۆ دانیشتنی سۆڤیه‌تی ناوچه‌که‌ و کۆبوونه‌وه‌ی هه‌رێمیی به‌رزکرایه‌وه‌. له‌وێدا لەسەر ئەوە بڕیاردرا، که‌ هه‌موو زه‌مینه‌کان و وڵاخ و ئامیره‌کان به‌یه‌کسانی دادەبه‌شێنرێن و دابه‌شکردنه‌که‌ش خودی خاوه‌نزه‌وییه‌کانیشی ده‌گرته‌وه‌. ئەوە‌ نێوەڕۆکی پرۆگرامی کشتوکاڵیی بزووتنه‌وه‌ی ماخنۆڤیستی بوو، واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی تایبەتی داراکان و کۆلاکه‌کان. هیچ کەس مافی ئەوەی نه‌بوو، زیاتر له‌وه‌ زه‌وی ھەبێت، که‌ ده‌توانێت به‌خۆی لەنێو کاربکات، بەبێ ئه‌وه‌ی که‌سێکی دیکە به‌کرێبگرێت. ئەوە‌ هه‌مووی به‌رهه‌ڵستکاری بوو بەرانبەر فەرمانداریی کاتیی که‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێدا‌گرییدەکرد، ئەو پرسانه‌ گشت کاری ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌رانن‌ Constituent Assembly. هه‌ر بەو جۆرە کۆمونه‌ ئازاده‌کان له‌سه‌ر زەمین و دارایی خاوه‌نزوه‌وییه‌ کۆنه‌کان پێکهاتن.

به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو جێبه‌جێکردنی ئەو بڕیارانه‌ به‌هۆی به‌رهه‌ڵستیکردنی خاوه‌نزه‌وی و کۆلاکه‌کان ‌دواخرا، که‌ خۆیان ڕێکخستبوو و په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کاتییه‌وه‌ کردبوو. کاتێک که‌ جه‌نه‌راڵ کۆڕنیلۆڤ Kornilov هه‌وڵیدا بۆ سه‌ر پترۆگراد له‌شکرکێشیبکات و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌بگرێت، سۆڤیه‌تی (هولیای پۆله‌) به‌ڕابەری ماخنۆ به‌ پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌ک بۆ ڕزگارکردنی شۆڕش ده‌ستپێشخه‌ریکرد. ئامانجی سه‌ره‌کی چه‌ککردنی دوژمنه‌ نێوخۆییه‌کان (خاوه‌نزه‌وییه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌کان و کۆلاکه‌کان) بوو، هه‌ر ئاوا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی ئەوان له‌سه‌ر سامانه‌کانی خه‌ڵکی: زه‌مین و کارخانه‌ و کێڵگه‌کان و کارخانەکانی چاپه‌مه‌نی و شانۆکان و هیدیکەیش. ڕۆژی ٢٥ی سێپتێمبه‌ر کۆنگری بەڕێوەبەرایەتییە سۆڤیه‌ته‌کان و ڕێکخراوه‌کانی جوتیاران له‌ هولیای پۆله‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌مینی داراکان و گۆڕینی به‌ دارای کۆمه‌ڵایه‌تی [گشتی] ڕاگه‌یاند. هێرش بۆ سه‌ر دارایی داراکان و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان (لەنێوان ئەوانیش داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان) ده‌ستیپێکرد و دەستکرا به‌ لێسەندنەوەی دارایی داگیرکەران ( زه‌مینداره‌ گه‌وره‌کان و داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان).

کاتێک که‌ فەرمانداریی ڤلادیمیر لێنین به‌هاری ساڵی دواتر ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovskی واژۆکرد، چالاکییه‌کانی ماخنۆ ڕاگیران. ئەو ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئیمپراتۆری ڕوسی بەدیاریکراویی (ئۆکرانیا)ی لە بەرانبەر ئاشتی به‌ ئاڵمانیا و نه‌مسا به‌خشی. هه‌ر ئاوا ڕێکه‌وتننامه‌که‌ داگیرکردنی ئۆکرانیای له‌لایه‌ن هه‌ژمارێکی گه‌وره‌ی هێزی ئاڵمانی و نه‌مساوی‌ پەسەندکردبوو، که‌ سه‌راپای وڵاته‌که‌ی له‌ ماوه‌ی که‌متر لە سێ مانگ داگیرکرد. ماخنۆ له‌ پێکهێنانی یه‌که‌ سه‌ربازییه‌کان، که‌ هەزار و حەوت سەد (١٧٠٠) که‌سیان ده‌گرته‌خۆ، سه‌رکه‌وتوو بوو. بەڵام نه‌یتوانی به‌ داگیرکردنی هولیای پۆله‌ بەربگرێت. پاش کۆنگریسی ئه‌نارکیستان کۆتایی ئه‌پریلی هەمان ساڵ له‌ تاگانڕۆگ Taganrog، کۆنگرەکه‌ بڕیاری ڕێکخستنی یه‌که‌ی جه‌نگاوریی بچووکی پێکهاتوو له‌ پێنج (٥) تاکو ده‌ (١٠) جوتیار و کرێکار، کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ک له‌ دوژمن و هه‌ڵخرانی ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریی جوتیاران دژی هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مسا و ناردنی گروپێکی بچووک بۆ ڕوسیای سۆڤیه‌تی به‌ پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت، که‌ له‌وێنده‌رێ شۆڕش و ئه‌نارکیسته‌کان له‌ژێر سایه‌ی بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەتەک چی ڕووبەڕوون.

ماخنۆ یه‌کێک بوو له‌ گروپه‌که‌. مانگی‌ جونی هەمان ساڵ ماخنۆ گه‌یشته‌ مۆسکۆ. ئەو ده‌ستوبرد چاوی به‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌نارکیسته‌کانی ڕوسیه‌ (لەنێو ئەوان هاوه‌ڵی دێرینی خۆی ‘پیته‌ر ئارشینۆڤ’ ) که‌وت. بزاڤی ئه‌نارکیستی له‌ مۆسکۆ لاواز بووبوو، به‌هۆی هێرشی (چێکا) ده‌زگه‌ی ئاسایشیی بۆلشه‌ڤیکه‌کان Bolshevik secret service the Cheka مانگی ئه‌پریل بڕبڕه‌ی پشتی بزووتنه‌وه‌که‌ شکابوو، هەر بەو جۆرەش‌ ‌هێرشی ڕامیاریی چه‌پ بۆ سه‌ر بۆلشه‌ڤیکه‌کان تێکشکابوو. بۆ ماخنۆ که‌ له‌ ناوچه‌یه‌که‌وه‌ هاتبوو،‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕێکخراوبوون شتێکی جێکه‌وته‌بوو، لاوازیی ئاستی چالاکیکردن بۆ ئەو شتێکی ته‌کانده‌ربوو. بۆ ئەو مۆسکۆ وه‌ک پایته‌ختی شۆڕشێکی کارتۆنیی بوو، کارخانه‌یه‌کی گه‌وره‌بوو که‌ لەنێو ئەو بڕیار و دروشمی‌ نێوەڕۆک خاڵیی تاک-پارتییەکی ڕامیاریی لەوێندەرێ‌ ده‌رده‌چوون، پارتییەک که‌ به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و خۆسه‌پاندن خۆی گه‌یانده‌ پله‌ی فەرمانداریی.[٣] هه‌ر ئاوا ماخنۆ ئه‌نارکیستی ناسراو ‘پیته‌ر کرۆپۆتکین Peter Kropotkin’ی سەردانیکرد، له‌ته‌ک ئەو لەبارەی کاری شۆڕشگێڕانه‌ و بار و دۆخی ئۆکرانیا ڕاوێژیکرد.

کاتێک که‌ ماخنۆ له‌ مۆسکۆ بوو، ھەر ئاوا‌ لێنین Lenin دیت. ئەو دانیشتنه‌ به‌ ڕێکه‌وت بوو. ئەو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ و خواردنی خۆڕایی سه‌ردانی کرێملین Kremlin ده‌کات، له‌و سه‌ردانه‌ سه‌رۆکی کۆمیته‌ی سه‌رتاسه‌ریی ڕوسیه‌ی نێوەندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سۆڤیه‌ته‌کان ژاکۆڤ م. سڤێردلۆڤ Jakov M. Sverdlov ده‌بینێت، هه‌ر ئه‌ویش چاوپێکه‌وتنی ماخنۆ و لێنین دەڕەخسێنێت. لێنین له‌ ماخنۆ دەپرسێت “جوتیاره‌کانی ناوچه‌که‌ت چۆن له‌ دروشمی گشت ده‌سه‌ڵات بۆ سۆڤیه‌ته‌کان له‌ دیهاته‌کان تێگه‌یشتوون؟ “، وەک ماخنۆ خۆی دواتر دەڵێت،‌ لێنین به‌ وه‌ڵامه‌کی ئەو سه‌ری سوڕده‌مێنێت ” جوتیاره‌کان به‌ شێوازی تایبه‌تیی خۆیان له‌و دروشمه‌ تێگه‌یشتوون. بەگوێرەی لێکدانه‌وه‌ی خۆیان. هه‌موو دەسەڵاته‌کان له‌ هه‌موو ناوچه‌ ژیارییه‌کان بۆ خودی جوتیاران و کرێکاران و چین و توێژە چەوساوەکانی دیکە دەگەرێنەوە، پێویسته‌ هه‌ست به‌ هه‌مان ده‌رکی هوشیاریی و لێهاتوویی خه‌ڵکی کرێکار بکرێت. جوتیاران له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، که‌ سۆڤیه‌ته‌کانی کرێکاران و جوتیارانی دێهات، وڵات و ناوچه‌کان، بریتین له‌ ئامرازه‌کانی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانه‌ و خۆبەڕێوەبەرایه‌تییه‌ ئابوورییه‌کانی خه‌ڵکی جوتیار و کرێکار بۆ تێکۆشان دژی بۆرجوازی و بەکرێگیراوانی ئەو و سۆشیالیسته‌ ڕاستڕه‌و و فەرماندارییه‌ هاوبه‌شه‌که‌یان”.

لێنین له‌ وەڵامی ئەوە‌ ده‌ڵێت ” ده‌ی باشه‌، که‌واته‌ جوتیارانی ناوچه‌که‌ت تووشی ئه‌نارکیزم بوون!”[٤] دواتر لە درێژەی‌ گفوگۆکە، لێنین ده‌ڵێت “ئایا ئه‌نارکیسته‌کان له‌نێو که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ، هه‌رگیز ددان به‌ که‌مایه‌تیبوونی خۆیان ده‌نێن؟ بۆچی هیچ کاتێک بیر لە ئەوە ناکه‌نه‌وه‌”. ماخنۆ له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت ” هاوڕێ لێنین، بەڵام پێویسته‌ من بە تۆی ڕابگه‌یێنم، ئه‌و پاگانده‌یه‌ت، که‌ ئه‌نارکیسته‌کان له‌ که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ تێناگه‌ن، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان په‌یوه‌ندییه‌کی که‌توارییان لەتەک دونیای ھاوچەرخ نییه‌ و …تد، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌ ئۆکرانیا … ئه‌ناکۆ-کۆمونیسته‌کان ده‌ڵێم، بۆ ئه‌وه‌ زۆر به‌ڵگه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌داوه‌، که‌ ڕیشەیان له‌نێو کەتواری ئێستا داکوتاوه‌. سه‌راپای تێکۆشانی شۆڕشگێڕه دێهاتنشینه‌‌کانی ئۆکرانیا دژی کۆبوونەوەی نێوەندیی Central Rada له‌ژێر ئاراستە‌ی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان به‌ زۆری و به‌ڕاده‌یه‌کیش سۆشیالیسته‌ شۆڕشگێڕه‌کان بەڕێوەبراوه‌ … بۆلشه‌ڤیکه‌کانی تۆ بۆ ده‌رمانیش لەنێو‌ دێهاته‌کانی ئێمه‌ بوونیان نییه‌. به ‌جۆرێک که‌ کاراییان تاکو ڕاده‌ی نه‌بوون دابه‌زیوه‌. نزیکه‌ی گشت ئه‌نجومه‌نه‌کانی جوتیاران و کۆمونه‌کان له‌ ئۆکرانیا به‌ هه‌ڵخرانی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان پێکهاتوون. تێکۆشانی چه‌کدارانه‌ بەرانبەر دژه‌-شۆڕش به‌گشتی و بەرانبەر به‌ هێرشی لەشکری نه‌مسا و ئاڵمانیا به‌تایبه‌ت به ‌ئاراستە‌ی ڕێکخراوه‌یی ئه‌نارکۆ کۆمونسیته‌کان سەریھەڵداوە و مەیسەربووه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌‌ بۆ پارتییە‌که‌ی تۆ هیچ گرنگ نییه‌، تاکو به‌هۆی ئەو گشته‌وه‌ باوه‌ڕ بە ئێمە بدات، به‌ڵام ئەوانه‌ ڕاستین و تۆ ناتوانیت لە ئەوانە نکۆڵیبکه‌یت. من ئاوای بۆ دەبیم، کە تۆ ئه‌وه‌ باش ده‌زانیت، هێزی چالاک کێیە و توانای جه‌نگینی هێزه‌ خۆبه‌خشه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی ئۆکرانیا چییە. به‌بێ هۆ نییه‌، که‌ تۆ ڕاتگه‌یاند به‌شێوه‌یه‌کی پاڵه‌وانانه‌ له‌ دەستکه‌وته‌ شۆڕشگێڕییه‌ هاوبه‌شه‌کان پێداگریییانکردووە. لەنێو ئه‌وانه‌ لایەنی کەم نیوه‌یان له‌ژێر ئاڵای ئه‌نارکیستی جه‌نگیون ….

گشت ئەوانه‌ نیشانیده‌ده‌ن، که‌ تۆ چه‌نده‌ به‌ هه‌ڵه‌ چوویت، هاوڕێ لێنین، بەگوێرەی ئه‌وه‌ی که‌ پێی ئێمه‌ ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌، ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵوێستمان بۆ ئێستا خه‌مناکه‌، ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ون به‌ داهاتووه‌وه‌ ده‌بینین”. ئه‌وه‌ی کە من له‌نێو ئەم چاوپێکه‌وتنه‌ بە تۆی دەڵێم، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ڕاستییه‌، وەڵام وه‌رناگرێت. ئه‌وه‌ی که‌ من لێرەدا بۆ تۆی دەردەخەم، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌یه‌، که‌ تۆ له‌باره‌ی ئێمه‌ به‌ده‌ستتهێناوه‌. هه‌موو که‌س ده‌توانێت، ئه‌وه‌ ببینێت، که‌ ئێمه‌ لەنێو‌ کەتواری ئێستا ڕێشەمانداکوتاوه‌، ئه‌وه‌ی که‌ کارده‌که‌ین و به‌دوای کۆمەڵە ئامرازێک بۆ به‌ده‌سیھینانی داهاتوو ده‌گه‌ڕێین، له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ به‌ په‌یگیرییه‌وه‌ لەتەک ئه‌و گرفته‌ کارده‌که‌ین”. لێنین له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت “له‌وانه‌یه‌ من هه‌ڵه‌ ببم”. [٥]

بۆلشه‌ڤیکه‌کان لە گه‌ڕانه‌وه‌ی ماخنۆ بۆ ئۆکرانیا کۆمەکده‌ده‌ن. ئەو به‌ دژوارییه‌کی زۆرەوە گه‌شته‌که‌ی ئه‌نجامدا. جارێکیان خه‌ریکبوو ماخنۆ بکوژرێت. له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مساوه‌ گیرا و له‌و کاته‌دا نامیلکه‌ و بڵاوکراوه‌ی ئازادیخوانه‌ی لەتەک خۆی هەڵگرتبوو. دانیشتوویه‌کی جوله‌که‌ی هولیای پۆله‌، که‌ ماوه‌یه‌ک بوو ماخنۆی ده‌ناسی، توانی به‌ پێدانی بڕه‌پاره‌یه‌کی زۆر بە هێزەکانی ئامڵمانیا و نەمسا بۆ ئازادبوونی، ماخنۆ لە مردن بیپارێزێت. کاتێک که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هولیای پۆله‌، ده‌ستیکرد به‌ ڕێکخراوکردنی به‌رهه‌ڵستی دژ به‌ هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی نه‌مسا و ئاڵمانیا و ڕژێمه‌ به‌کرێگیراوه‌که‌یان به‌سه‌رۆکایه‌تی هیتمان سکۆرۆپادسکی Hetman Skoropadsky. ده‌توانرێت بگوترێت بزاڤی ماخنۆڤیستی بە دەستپێکردنی به‌رهه‌ڵستی سه‌ریهه‌ڵداوه. ماخنۆ جولای ١٩١٨تاکو ئۆگوستی ١٩٢١ تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی چینی کرێکاری دژ به‌ هه‌موو چه‌وسێنه‌ران، چ بۆلشه‌ڤیک و سپییه‌کان (دژه‌-شۆڕش) چ ناسیونالیسته‌کان سه‌رکردایه‌تیکردووه‌. له‌نێو ڕه‌وتی ئەو تێکۆشانە‌ توانی خۆی وه‌ک “سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌ریلایی لێهاتوو و به‌توانا” بسه‌لمێنێت.[٦]

پاش تێکشکانی بزاڤی ماخنۆڤیستی‌ ١٩٢١، ماخنۆ بۆ ئۆروپای خۆراوایی دوورخرایه‌وه‌. ساڵی ١٩٣٤ له‌ پاریس ته‌مه‌نی ئەو کۆتاییهات، هه‌ر له‌وێش دواسه‌ته‌کانی ژیانی خۆی به‌سه‌ربردن. هه‌ر ئاوا له‌وێدا وه‌ک چالاکێکی بزاڤی ئه‌نارکیستی مایه‌وه‌ و شمشێره‌که‌ی گۆڕی به‌ پێنووس (به‌کاربردنی ده‌ربڕینێکی ڕه‌نگینی ئه‌لێکسانده‌ر سکیردا Alexander Skirda). ماخنۆ به‌ گۆتار له‌نێو ڕۆژنامه‌ ئه‌نارکیستییه‌ جۆراوجۆره‌کان و به‌تایبه‌ت له‌ ده‌نگی کرێکار Dielo Truda به‌شداریکرد، که‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌نارکیست-کۆمونیست بوو و له‌ پاریس له‌لایه‌ن (پیته‌ر ئارشینۆڤ) ده‌رده‌کرا، زۆرێک له‌و گۆتارانه‌ له‌نێو پەرتووکێک به‌ناوی (تێکۆشان دژی ده‌وڵه‌ت و گۆتاره‌کانی دیکە)، بڵاوکرانه‌وه‌. ماخنۆ له‌نێو بزاڤی ئه‌نارکیستی تاکو کۆتایی ژیانی چالاک مایه‌وه‌.

نێستۆر ماخنۆ ساڵی ١٩٢٧ له‌ پاریس ئه‌نارکیسته‌ ناسراوه‌کانی ئیسپانیا بوێناڤێنترا دوڕوتی Buenaventura Durruti و فرانسیسکۆ ئاسکازۆ Francisco Ascaso دیتن. ئەو له ئە‌وه‌ داکۆکیدەکرد “‌بار و دۆخ بۆ شۆڕشی پێکهاته‌ به‌هێزی ئه‌نارکیستی له‌ ئیسپانیا زۆرتر له‌بارتره‌، تاکو له‌ ڕوسیه‌”، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نه‌ک ته‌نیا له‌وێنده‌رێ پرۆلیتاریا و جوتیاران دارای نەریتی شۆڕشگێڕانه‌ بوون، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ش که‌ پێگه‌یینی ڕامیاریی له‌نێو کاردانه‌وه‌کانی ده‌بینرا، ئه‌نارکیسته‌کانی ئیسپانیا ده‌رکی ڕێکخراوه‌ییان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ له‌ ڕوسیه‌ نه‌مابوو. ڕێکخراوبوونێک، که‌ سه‌رکه‌وتنی له ‌هه‌ناوی هه‌موو شۆڕشه‌کان مسۆگه‌رده‌کرد”. ماخنۆ چالاکییه‌کانی گروپی ئه‌نارکیستی هولیای پۆله‌ و ڕوداوه‌کانی ئۆکرانیای شۆڕشگێری هه‌ژمارکرد “کۆمونه‌ کشتکارییه‌کانمان یه‌کێک بوون له‌ نێوەنده‌ زیندووه‌ ئابووریی و ڕامیارییه‌کانی سیسته‌مه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌مان. کۆمەڵە‌کان به‌ بنه‌مای خۆپه‌رستی تاکگه‌رایی پشتئه‌ستوور نه‌بوون، به‌ڵکو به‌ سه‌ره‌تاکانی هاوپشتی نێوخۆیی و ناوچه‌یی و سه‌رتاسه‌ری پشتیانبه‌ستبوو. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌ندامانی کۆمەڵه‌کان هه‌ستیان به‌ هاوپشتی نێوان خۆیان ده‌کرد، کۆمەڵه‌کان لەتەک یه‌کدی یه‌کییانگرتبوو. ئه‌وه‌ی که‌ بەرانبەر سیسته‌مه‌که‌مان له‌ ئۆکرانیا دەگوترا، ئه‌وه‌بوو، که‌ ناتوانێت به‌رده‌وامبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ جوتیاران پێکهاتبوو. ئەوە‌ ڕاست نه‌بوو. کۆمەڵه‌کانمان تێکه‌ڵه‌یه‌ک بوون له‌ کرێکارانی کشتوکاڵی (کێڵگه‌یی) و پیشه‌سازی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان ته‌نیا پیشه‌سازیی بوون. ئێمه‌ گشت جه‌نگاوه‌ر و کرێکار بووین. کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لیی بریاره‌کانی ده‌رده‌کرد. له‌نێو ژیانی سه‌ربازی له‌ نوێنه‌رانی گشت ده‌سته‌ گه‌ڕیلاکان کۆمیته‌ی جه‌نگی پێکهاتوو و سه‌رپه‌رشتیده‌کرد. بۆ به‌ ئامانجگه‌یاندن، هه‌موو که‌سێک له‌نێو کاری هەروەزیی به‌شداریکرد، تاکو له‌ سه‌رهه‌ڵدانی توێژی به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات پاوانده‌که‌ن، ڕێگریرییکرێت. ئێمه‌ لە پرۆسێسی ئەنجامدانی ئەو پرسەش سه‌رکه‌تووبووین.” [٧]

ساڵی ١٩٣٦ لەتەک ده‌ستپێکی جه‌نگی نێوخۆ و شۆڕش له‌ ئیسپانیا، ژماره‌یه‌ک له‌ جه‌نگاوه‌رانی سوپای یاخی ماخنۆ چوون بۆ جه‌نگین لەنێو‌ ستوونی دوڕوتی Durruti column. بەڵام بەداخەوە، مه‌رگی ماخنۆ ساڵی‌ ١٩٣٤ له‌ دوا پەیامە‌که‌ی بۆ دوو ئیسپانی ڕێگربوو “ماخنۆ هه‌رگیز جه‌نگینی ڕه‌دنه‌کردۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر زیندووبم، کاتێک که‌ تیکۆشانه‌که‌تان ده‌ستپێده‌کات، لەتەکتان ده‌بم”. له‌ { Paz, Op. Cit., p. 90} وه‌رگیراوه‌.

چالاکیی هه‌ره‌ دیاری ماخنۆ له‌نێو دوورخراوگه‌ کۆمه‌ڵه‌که‌ی بوو، ‌هاوڕا و داکۆکی له‌ سه‌کۆی ڕێکخراوەیی کۆمونیزمی ئازادیخواز‌ the Organisational Platform of the Libertarian Communists ناسراو به‌ سه‌کۆ Platform، دەکرد. سه‌کۆ هه‌وڵیدا هەرچی له‌نێو شۆڕشی ڕوسیه‌ هه‌ڵه‌بوو، لێکبداته‌وه‌ و پێشنیاری ڕێکخراوی ئه‌نارکیستی پته‌وتری بۆ‌ داهاتوو کرد. ئەو بۆچوونه‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی مشتومڕێکی توندی لەتەک زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌نارکیستانه‌ی که‌ ڕه‌تیانده‌کرده‌وه،‌ به‌ڕێخست. هه‌رچه‌نده‌ ماخنۆ تاکو کاتی مردنی ساڵی ١٩٣٤ وه‌ک ئه‌نارکیستێک مایه‌وه‌، بەڵام ئەو تێڕوانین گۆڕینه‌وه‌یه‌ به‌زۆری بوو به‌ هۆی مشتومڕی توند و تاکو ڕادەیەک ئەوی له‌ هه‌ندێک له‌ هاوه‌ڵه‌کانی ته‌ریکخسته‌وه‌، له‌وانه‌ ڤۆلین، که‌ دژی سه‌کۆ (پالتفۆڕم) بوو.

به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ٢٥جولای ١٩٣٤ ماخنۆ مرد و سێ ڕۆژ دواتر جه‌سته‌که‌ی سوتێنرا و خۆڵه‌مێشه‌که‌ی لەنێو‌ گۆزه‌یه‌ک له‌ پێر لەشەیز Père Lachaise گۆڕستانی کۆمونه‌ی پاریس خرایە ژێر خاک. پێنج سه‌د (٥٠٠) که‌س له‌ هاوڕێیانی ڕوس و فه‌ره‌نسی و ئیسپانی و ئیتالی ئاماده‌ی به‌ڕێکردنی ته‌رمه‌که‌ی ماخنۆ بوون، له‌وانه‌ ئه‌نارکیستی فه‌ره‌نسی پییه‌ر بێسنارد Pierre Besnard و ڤۆلین Voline قسه‌یانکرد، ڤۆلین ئەو هه‌له‌ی بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پاگه‌نده‌ی دژه‌ سامیگه‌رایی anti-Semitism ماخنۆ، کە بۆلشه‌ڤیکه‌کان دژی ماخنۆ هەڵیانبەستبوو، قۆسته‌وه‌. هاوسه‌ره‌که‌ی ماخنۆ، هالینا Halyna قسەیکرد. بەو جۆره‌ ژیانی یه‌کێک له‌ جه‌نگاوه‌ره‌کانی ئازادی چینی کرێکار کۆتاییهات.

وشه‌کانی دووروتی Durruti بۆ ماخنۆ سه‌رنجڕاکێشترین بوون ” ئێمه‌ هاتووین سڵاو له‌ تۆ بکه‌ین، تۆی سیمبۆلی گشت ئه‌و که‌سه‌ شۆڕشگێڕانه‌ی، که‌ له‌پێناو که‌توارییکردنی هزره‌ ئه‌نارکیستییه‌کان له‌ ڕوسیه‌ جه‌نگین و گیانیانبه‌ختکرد. هه‌ر ئاوا بۆ ده‌ربڕینی ڕێزی خۆمان بەرانبەر خەزێنەی ئه‌زموونی ئۆکرانیا، هاتووین “. [٨]

—————————————————————
په‌راویزه‌کان:

1. Michael Malet, Nestor Makhno in the Russian Civil War, p. 4
2. Michael Palij, the Anarchism of Nestor Makhno, p. 71
3. David Footman, Civil War in Russia, p. 252
4. Nestor Makhno, My Visit to the Kremlin, p. 18
5. Nestor Makhno, Op. Cit., pp. 24-5
6. David Footman, Op. Cit., p. 245
7. Quoted by Abel Paz, Durruti: The People Armed, p. 88-9
8. Quoted by Abel Paz, Op. Cit., p. 88
کۆکراوەی کاره‌کانی ‌ نێستۆر ماخنۆ
The ABC of the Revolutionary Anarchist. (1932).
The Anarchist Revolution
Letter to the Spanish Anarchists. (1932).
In Memory of the Kronstadt Revolt. (1926).
Mahkno’s Response to Malatesta
May Day, (1928). Dyelo Truda. No. 36, p. 2–3. 01 May 1928.
My Visit To The Kremlin
On the History of the Spanish Revolution of 1931 and the Part Played by the Left and Right-Wing Socialists and the Anarchists. (1933).
Summons: A Poem by Makhno
The Struggle against the State and Other Essays
To the Jews of All Countries. (1927).
Great October in the Ukraine. (1927).

سه‌رچاوه‌:
http://libcom.org/history/makhno-nestor-1889-1934

* مەبەست لە وەرگێڕانی ژیاننامەی ماخنۆ، ناساندنی کەسایەتی شۆڕشگێڕانە و ئاشناکردنی خوێنەرانی کوردە بە چالاکی و نووسینەکانی ئەو، نەک پیرۆزکردن و بەبتکردنی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ، چونکە هاودەمی ئەو هەزاران شۆڕشگێڕی گومناو بە خوێن و تێکۆشانی خۆیان ئەو زەمینەیان لەبارکردووە، تاکو نێستۆر ماخنۆ و دەیانی وەک ئەو بتوانن خامەکانیان ئازادانە هزر و بۆچوونیان دەرببڕن؛ بەواتایەکی دیکە، ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی ئەو هاوڕێ گومناوانە نەبووایە، نووسینەکانی نێستۆر ماخنۆ و کەسانی دیکەش نەدەهاتنەبوون. و.ک

** ھەر ئاوا، مەبەست لەم وەرگێرانە، پەردەھەڵماڵینە لە ڕووی پاگەندە و درۆ و دەلەسەی سەرانی بۆلشەڤیکەکان و پاشرەوانی بۆلشەڤیزم، کە (نێستۆر ماخنۆ) بە چەتە و ڕێگر ناودەبەن.

*** لە چەند ساڵی ڕابوردوو چەند سریاڵی تەلەفزیۆنی و فێلم لەبارەی ژیان و دەردیسەری و چالاکی و بیرۆکەکانی ماخنۆ دروستکراون، کە ئەگەر گرفتەکانی ڕۆژگار بواربدەن، لەتەك ھاوڕێیانی دیکە ھەوڵی وەرگێرانی ژێرنووسینی فیلم و سریاڵەکان دەدەین، تاکو ڕووی ڕاستەقینەی ڕامیاریی و ئابووریی و بەڕێوەبردن و دیکتاتۆریی بۆلشەڤیکەکان بۆ شەیدانای کۆمەڵی سۆشیالیستی و کۆمونیستی دەربکەوێت، کە ھیچ کات لە ڕیفۆرمەکانی بیسمارک و خۆماڵیکردنەکانی سەدام و بەعس واوەتر نەچوون و بەڕێوەبەرایەتیی دیکاتتۆرییانەی بۆلشەڤیکەکان، کودەتایەک بوو بەسەر ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی سەراسەری ڕوسیە و بە پارەی ئیمپراتۆریی پڕووس و بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی خەڵک بە بەرزکردنەوەی کاتیی دروشمەکانی سەرەتای ڕاپەڕین و لەنێوبردنی کۆمیتەکانی خۆبەڕێوەبەریی کارخانەکان لەلایەن کرێکارانی سۆشیالیست و دەستەمۆکردن و کەوڵکردنی سۆڤیەتەکان و بە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی راپەڕیوانی کڕۆنشتات و لە پشتەوە خەنجەردان لە ماخنۆڤیستەکانی ئۆکرانیا بە دەسەڵاتگەییشتن و مانەوە و سەپاندنی (ئیمپراتۆریی سرووشوەرگرتووی خۆیان لە ئیمپراتۆریی پڕووس و ڕیفۆرمەکانی بیسمارک) مسۆگەرکرد و (ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovsk) ناچاریی نەبوو، بەڵکو بەرەنجامی بەڵێن و پاداشتدانەوەی (٢٦ ملیۆن مارکەکەی ئیمپراتۆریی ئاڵمانیا) بوو و ھەر ئاوا لێدان و لەنێوبردنی بزووتنەوەی کۆمونەخوازی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا بوو، (ھەر وەک کۆمەڵکوأکردنی ڕاپەڕینەوەی دەریاوانان و دانیشتووانی کڕۆنشتات کە زۆرینەیان کۆمونیست و تەنانەت ئەندامی بۆلشەڤکی بوون و لە دژە-شۆڕشی بۆلشەڤیکەکان تێگەییشتوبوون)، تاکو بەردەوامی شۆڕشی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا و دەریاوانانی کڕۆنشتات و مانگرتنی کرێکارانی پترۆگراد سەرتاسەری ڕوسیە نەگرێتەوە و ئیمپراتۆریی بۆلشەڤیکی لەنێونەچێت و بۆلشەڤیکەکان بە دێوجامەی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” دیکتاتۆریی و ملھوڕیی پارتییەکەی خۆیان بە نووکی سەرەنێزە بەسەر ژنە-کرێکارانی ڕاپەڕیوی ڕستن و چنین و یاخیبوونی سەربازان و سۆڤیەتەکانی کرێکاران و کۆمیتەکانی کارخانەکان بسەپێنن. (و.ک) https://www.youtube.com/watch?v=oaRrMPg7sFI

بۆ کەسانێک کە لە دوای بەڵگە مێژووییەکانی ڕوداوەکانی ١٩١٧-١٩٢٣ دەگەرێن و دەخوازن “چەتەگەریی” نێستۆر ماخنۆ) و “شۆڕشگێڕیی” بۆلشەڤیکەکان و لەنێو ئەوانیش (لێنین و ترۆتسکی و ستالین) بزانین، دەتوانن تەماشای ئەم دۆکومێنتەرییە بکەن و سەدان تۆمار و بەڵگەی دیکە دژی پڕۆپاگەندەی کڕێملین پەیدابکەن : https://www.youtube.com/watch?v=gIqvip1z91I

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی پەرتووکی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




بەیت بێژ، گێڕەوەی ئەزموونی بیرەوەری … کاوان محەمەدپوور

ڕەنگە پەژارەی لە ناو چوونی حەقایەت بێژی-بەیت بێژی- کوردستان، جیاوازتر لە نیگەرانی واڵتێر بێنیامین لە وتاری (حەقایەت بێژ: ڕامانێک لەسەر بەرهەمەکانی نیکۆلای لێسکۆف) نەبێت. « حەقایەت بێژی بەرەو لە ناو چوون دەچێت. هەر رۆژ کە تێپەر دەبێت لە رێژەی ئەو کەسانەی توانستی گێڕانەوەی حەقایەتێکیان بە ڕێکی هەیە کەم دەبێتەوە”. وەدی هێنانی ئەم چەشنە بزر بوونە لە ڕوانگەی بێنیامینی بێ تابشتی لەمەڕ گۆڕینەوەی ئەزموونە. واتە لە ناوچوون و ڕۆخانی ئەزموونە کە شێوەی زارەکی حەقایەت بێژیش بزر دەکات. لە ناو نەتەوەی کورد، هەر لەسەردەمانی زووە ، حەقایەت بێژ-بەیت بێژ- پلە و پێگەیەکی بەرچاو و بەنرخی هەبووە. کەسایەتییەک کە دیوەخان و کۆبوونەوەکانی بە سیحری گێڕانەوە دەرازاندوە و باسی لە چیرۆکێک دەکرد کە وێدەچوو–مێژووی نەنووسراوەی- ئەوانە. مێژوویەک کە تەنیا لە (ئەزموون)دا توانستی ئاڵۆگۆڕی و گۆڕینەوەی هەیە و تەنیا بە بۆنەی بەیت بێژە-شێوەی زارەکی- کە مانادار دەبێتەوە. بێنیامین هەر لەو وتارەدا حەقایەت بێژ بەو کەسایەتییە پێناسە دەکات کە بەم هۆیەی توانای گێڕانەوەی-ئەزموونی تاکی خۆی و ئەزموونی ئەویتری- هەیە، توانستی گۆڕینی –گێڕانەوە- بە –ئەزموون- و هەناردە کردنیشی بە مێشکی ئەویتر هەیە.
واتە لە شێوەی گێڕانەوەی زارەکی ئەو دایە کە چەشنێکی تایبەت لە ئەزموون بۆ بەردەنگ هەناردە دەکرێت. بە ڕوانگەی بێنیامین تەنیا حەقایەت بێژ ئەو توانستەی هەیە و ڕۆمان نووس-نووسراوە- بە هۆی بێ بەهرەیی لە ڕاوێژ و ڕابێژ و گۆشەنشینی کردن، توانای هەناردەکردنی ئەم چەشنە لە ئەزموونی نییە.« بێشکەی ڕۆمان هەر ئەو کەسایەتییە گۆشە گیرەیە کە ئیتر توانایی نییە مەبەستەکانی خۆی بە هێنانەوەی نموونەگەلێگ لە گرینگترین دڵخۆشییەکانی باس دکات. ئەو خۆی بێ بەهرە لە ڕاوێژە و کەسەکانیش بێ بەهرە لە ڕاوێژی ئەو».

بەیت بێژ لەو ئەزموونە زارەکییە دەدوێت کە زیندوو کەرەوەی ئیماژی کلاسیک و فەرهەنگی لە مێژینەی ئەوە- هەڵبەت نە بەشێوەی تاک بەڵکوو بە شێوەی کۆمەڵ-. کە واتە بەیت بێژ هەڵگری –بیرەوەری و ئیماژێکی کلتووریە- کە شێوەی ئاخافتبی بەرسەر چەشنی نووسین دا ڕەسەنترە. بەیت بێژ هەڵگری ئەزموونێک لە مێژوویە کە ڕابردووی بەردەوام لە ئێستادا مانا دەکاتەوە. بە ڕوانگەیەک ئەو لە مێژوویەک ئەدوێت کە شیاو و ژێهاتوی نووسینەوەی نییە.

ڕەنگە بە کەمێک چاو پۆشین بتوانین ئەوە بڵێن کە نووسینەوە لەم چەشنە گێڕانەوەدا- مەرگی ئەزموونە-، ئەوەش بەم هۆیەیە کاتێک بەیت بێژ، بەیتێک دەگێڕێتەوە، لە –پێش گێڕانەوەیەک- بۆ دەڕبرین کەڵک وەرئەگرێت کە لە نووسینەوە‌دا توانستی ئەم شێوەی لە گێڕانەوەی نییە. سەر و ژوور کردنی دەنگی گێڕەوە (راوی)، مەودای نێوان وشەکان و ڕستەکان، و خەمێک کە لە کاتی گێڕانەوە دا هەیە، هێمایەک لەسەر ئەزموونی زارەکی نێوان بەیت بێژ و بەردەنگە. واتە مێژوویەک کە لە ئەزموون دا مانا دەکرێت، تەنیا کاتێک بە نواند دەگات کە بە چەشنی زارەکی و ڕاستەوخۆ و بە دەنگێکی دیاری کراو بگێڕدرێتەوە. بە ڕوانگەی بێنیامین، «ئەگەر خەو ئەوپەڕی ماندووی جەستەیە، دڵتەنگی و خەمۆکی ئەوپەڕی ماندوویی مێشکە». ئەمە هەر ئەو چەمکەیە کە کوڕت کردنەوە و بەردەوام بوون بۆ حەقایەت گێڕانەوە دەستەبەر دەکات و بەم هۆیەش ئاسۆدانەتر لە بیر دەمێنێتەوە.

بەیت بێژەکان، کە ئەمرۆکە لەگەڵ رێژەیەکی کەمیان بەرورووین، کورتە و کۆیەکی دەست نیشانکراو لە مێژوو پێناسە دەکەن کە وێنای نەنووسراوەی ڕابردوویە. لەم ڕوانگەیە دا بەیت بێژەکان تەنیا هەل و ئیمانێکی پێوەندی نێوان ڕابردوو و ئێستاکەن، کە واتە لە ناو چوونی ئەم تاقمە و- شێوە گێڕانەوە-، لە ناوچوونی مێژووشە!. رێز لێنان و پاراستنی بەیت بێژ، رێز گرتن لە مێژووی وڵاتە. کەسێک کە بگێرەوەی (راوی) ئەزموونی بیرەوەرییە. بەیتێک کە بەیت بێژ دەیگێڕێتەوە تەنیا گێڕانەوەی ئاسایی چیرۆکی دڵداری و تراژیا نییە، بەڵکوو لە شێوەی گێڕانەوەی ئەم مێژوویە- یان بەیت- چەشنێکی تایبەت لە گێڕانەوەی خۆ ئەنوێنێت کە ناوەرۆکێکی و شێوە گێڕانەوەی تایبەتی خۆی هەیە، واتە شێوەیەکی سەقامگیر لەسەر مێژووی بەشێوەی زەینی و بیرەوەی بە کۆمەڵ کە تەنیا بە چەشنی زارەکی هەناردە دەکرێت. ڕەنگە هەر بەم هۆیە بێت کە پرۆفێسۆر (ئووریش مارزێلۆف) لە کتێبی (پۆلێن بەندی حەقایەتەکانی ئێرانی)، دەڵێت:« حەقایەتە کوردییەکان ماهییەتێکی تایبەتیان هەیە کە دەبێت جیاواز لە حەقایەتی نەتەوەکانی تر باس بکرێت».

گێڕەوەی حەقایەت کوردییەکان خۆی وەکوو قارەمانێکی تراژێدیک یان نەستەق بێژ پێناسە دەکات کە گێڕەوەی بەسەرهاتی خۆیەتی. باس لە قارەمانێک دەکات، کە لە شەڕێکی دەستەویەخە دا لەگەڵ تەقدیر هەوڵی گۆڕینی – چارەنووس- بۆ- بەسەرهات- دەدات. بەیت بێژ، ئەزموونی زەینی لە مەبەستی قارەمان هەیە و لە حەولی گێڕانەوەی چیرۆکی قارەمان دێت. ئەو بە گێڕانەوەی زارەکی و ڕاستەوخۆ بە چەشنێک چیرۆکەکە هەناردە دەکات کە ببێتە ئەزموونی سەڕڕاست و رێک لە مێژووی زەینی بیرەوەری.

———————————–
سەرچاوە:
حەوتەنامەی سیروان




میرێكی سویدی له‌ بیست ساڵی ته‌مه‌نیدا … شاعیری سۆدانی حاته‌م ئه‌لئنساری


شاعیری سۆدانی حاته‌م ئه‌لئنساری
و: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌
…..

كه‌س له‌ میرێكی سویدی بیست ساڵان به‌خته‌وه‌رتر نییه‌
ئه‌و له‌ هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تێك به‌ دووره‌
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌تی بیكا ، ئه‌وه‌یه‌ به‌خته‌وه‌ر بێ‌ .

كه‌ زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بێته‌وه‌ ،
دونیا زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بێته‌وه‌ ..
كه‌ پێده‌كه‌نێ‌ ،
دونیا پێده‌كه‌نێ‌ ..
كه‌ سه‌ما ده‌كا ،
دونیا گۆرانی ده‌ڵێ‌ ..
كه‌ ژنیش دێنێ‌
دونیا وێنه‌ی ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌نده‌كه‌ی
له‌ ڕیخۆڵه‌ی ته‌له‌فۆنه‌ زیره‌كه‌كه‌یدا دا ده‌كا ..

قۆزه‌ به‌ گوێره‌ی ڕه‌گه‌زی سپییه‌وه‌
دوو چاوی شین .. قژ زه‌رد ..
باڵا به‌رز
شووش ..
ڕووخۆش و ڕۆحساز
به‌ ئه‌ده‌ب ، یان ئاوه‌ها ده‌رده‌كه‌وێ‌ !
ڕێكپۆش ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تیشێرتی
یانه‌ی (مالمۆ ئێف ئێف) یش بپۆشێ‌
مه‌له‌وانی و تێنس ده‌زانێ‌
ئه‌سپسواری و لامبۆرگینی سواریش ده‌زانێ‌
هه‌روه‌ها چاوشین و پرچ زه‌رد سواریش ..
به‌ڵام وه‌ك دووپشكه‌ ڕه‌شه‌ بچووكه‌كان .

به‌شی له‌ ته‌رخانكراوی بنه‌ماڵه‌ی پادشایی
له‌ خه‌می هه‌ژاری و
شه‌ونخوونی سامان ده‌یپارێزێ‌ .

ئه‌گه‌ر له‌ یه‌كئه‌نوایی ئاوازی به‌فردا هه‌ستی به‌ دڵته‌نگی كرد
ده‌توانێ‌ سواری یه‌كه‌مین فڕۆكه‌ی به‌رده‌ستی بێ‌ و
یه‌كسه‌ر بچێته‌ پۆیرتریكۆ
له‌وێ‌ خۆلیا سلیڤا ژه‌نیاری ماریمبا و
خوان ئه‌نتۆنیۆی فرۆشیاری ماریوانا و
پابلۆ خۆسێی فرۆشیاری هه‌یكه‌له‌ برۆنزییه‌كان و
ماریا لۆپیری فرۆشیاری بیره‌وه‌رییه‌ گه‌رمه‌كان
له‌ پێشوازیدا ده‌بن ..
وڵاته‌كه‌ی له‌ خۆشیدایه‌
خۆشه‌ویست و میهره‌بانه‌ ..
نیازی نییه‌ گۆی زه‌وی هه‌ڵلووشێ‌
په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تاندا باشه‌
تا ڕاده‌یه‌ك
به‌ سنگێكی فراوانه‌وه‌
پێشوازی له‌ بڕوادار و
بێ‌ بڕوایان ده‌كا
هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌ی
له‌ نزماییان نائومێد بوون ..

كه‌واته‌ پێویست ناكات نیگه‌ران بین بۆی
هه‌میشه‌ باشه‌
به‌ كوێرایی چاوی
ئه‌ستێره‌ی نیبیرۆ ..
كه‌س له‌ میرێكی سویدی بیست ساڵان
به‌ختیارتر نییه‌
هه‌موو ده‌یانه‌وێ‌ به‌ شادی بیبینن
له‌ پێش هه‌مووانه‌وه‌ خوا .

سه‌رچاوه‌ : http://www.kikahmagazine.com/?p=5933




شۆڕشی ئۆکتۆبەرو ڕۆڵی لینین … ئاسۆکمال

من لەسەرەتای ئاشنایەتیم لەگەڵ کۆمۆنیزمدا پراکتیکی سیاسی لینین بۆم سەرنج ڕاکێش بوو. ئەم پراکتیکە خۆی لە بەرپاکردنی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا نیشان دەدا کە نەک ڕوسیا دەگۆڕێ بەڵکو دنیای خستە ژێرکاریگەری خۆیەوە.
دوای ١٠٠ساڵ بەسەر ئەو شۆڕشەدا قسە و تێروانینی جۆراوجۆر لەسەر دەوری لینین دەکرێ لەو شۆڕشەدا. بەڕای من لینین لە ڕیگەی تاکتیکێک یان سیاسەتێک سەبارەت بە تەنیا مەسەلەیەک لەو هەموو کێشانەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ڕوبەڕوی بوەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێ ،بەڵکو مەسەلەی سەرەکی لە پراتیکی لینیندا گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمێکی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیە. لینین لە تەواوی کارە سیاسی و ڕیکخراوەیی و تیۆریەوە دەیەوێ ئەم ئامانجە کۆمۆنیستیە بەکردەوە جێبەجێ بکا. هەربۆیە ئەگەر هەر هەڵوێستێکمان لەسەر لینین هەبێ دەبێ لەسەر ڕەوابووون یان نەبونی ئەم ئامانجە سۆشیالیستیە حوکمی بەسەردا بدەین، کە ئایا گۆڕینی سەرمایەداری بە سۆشیالیزم دروستە یان ناڕەوایە؟ لینین بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ڕەوایەتی ئەم خواست و پرسەی بۆ یەکەم جار لە مێژوودا بە شێوەی پراتکێکی نەخشە داڕیژراو سەلماند. هەرچۆن سەلماندنی تیۆریەکانی مارکس یان هەر تیۆریەکی زانستی تر پێویستی بە بەڵگە و ئەنجامی عەمەلیە ، تیۆری شۆرشی سوشیالیستی ئۆکتۆبەریش تێزێک و تیۆریەکی لینینە کە لە ڕێگەی پراتیکی حزبی بەلشەفیک و چینی کرێکار و زەحمەتکێشی ڕوسیا دروستیان سەلماند.

ئەم ڕاستیە بەمانای پیرۆزکردن و بێ هەڵەبونی لینین وەک یەک سەرکردەیە و یەک شەخس نیە، بەڵکو لینین بەرهەمی بزوتنەوەیەکی کرێکاریە کە لە کۆمەڵگەی ڕوسیەدا ئامادەیی بۆ شۆڕش نیشانداوە و لینین لە ڕیگەی حزبی بەلشەفیکی کرێکاران و جوتیارانەوە ئەم ئامادەییەی ڕیکخستوە و ئاراستەی کردوە و بە پراتیکی سیاسی بەسەرکەوتنی گەیاندوە. دەوری ئیرادە و فکر و پراتیکی لینین لەم کارە کۆمەڵایەتیە چینایەتیەدا بڕێنەرەوە و دیاریکەر بوە.

بێگومان هەلومەرجی ئامادە بۆ شۆڕش لەلایەن ئەم پراکتیسینە کۆمۆنیستەوە گرنگە و هەربۆیە نەخشەو سیاسەتی جۆراوجۆر لە ماوەی ٢٠ساڵی پیش لە شٶڕشدا دەگرێتەبەر و بێگومان هەندێ سیاسەت و تاکتیکی لینین هەڵە بون و لەکاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەریشدا هەڵە ڕویداوە، بەڵام ئەوە واقعێەتی عەمەلی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە ،کە بریتیە لە هەوڵی جۆراوجۆری ئینسانە زیندوەکان و سونەت و فکر و وەسیلەکانیانە ،کە لە چوارچیوەی ئەو مێژووە دیاریکراوەدا شکڵ دەگرێ و لەدەورانێکی تردا دەکرێ جیاوازبن . ئەوەی خاڵی گرنگە لە ئۆکتۆبەردا ئەوەیە کە ئایا ئەم ئامانجە سۆشیالیستیەی بە کوێ گەیاند؟ ئەگەر سەیری دنیای ئەمڕۆ بکەین دەبینین وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە کە لەگەڵ هەر ئەزمە و گەندەڵ بونیکی سیستەمی سەرمایەداری ئێستادا ڕوی ناڕەزایەتیەکانی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش ڕوو لەم تێۆریەی شۆڕشی کۆمۆنیستی مارکس دەکەنەوە و سەیرێکی تەجروبەی لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەکەنەوە، کە ئایا گۆڕینی ئەم سیستەمە مومکینە و دیسانەوە کۆمۆنیستەکان و خەلکی کرێکار و ناڕازی ئازادیخواز و یەکسانی خواز وەک لینین دەڵێن؛ دەبێ چی بکرێ؟

گۆڕینی دەوڵەتی دیکتاتۆری بورژوازی و پەرلەمانی بە دەوڵەتی شورایی کرێکاری هەوڵێکی تیۆری و عەمەلی لینین بوە کە بتوانێ لەڕیگەی دەسەڵاتی سیاسی کریکارانەوە سیستەمی ئابوری سەرمایەداری بگۆڕێ بە سۆشیالیستی. ئەم هەوڵە نەخشە و سیاسەتی جیاوازی بۆ دادەنرێ و شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ژێر دروشمی هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان دەست پێدەکا و دواتر پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە . بەڵام چۆنیەتی دەوڵەتی کرێکاری و جیاوازیە بنەڕەتیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی بورژوازیدا و جیاوازی سیاسەتە ئابوریەکانی و چۆنیەتی گۆڕینی ئیدارەی بیرۆکراتی بە خۆبەڕیوەبەری و بێ قەید وشەرتی هەڵسورانی سیاسی و نەهێشتنی کۆنترۆڵی حزب بەسەر دامودەزگای ڕەسمی و کەمکردنەوەی دەستی دەوڵەت و پرۆسەی هەڵوەشانەوەی بەرەبەرەی دامودەزگای سیاسی و ناپیویستی دەوڵەتی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی. ئەمانە کاری تەواونەکراوی لینین و ئۆکتۆبەر بوون.

سەرکەوتنی تێز و تیۆری شۆڕشی سۆشیالیستی و دەوڵەتی کرێکاری لە ئۆکتۆبەردا بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمێکی کۆمۆنیستی ئێستا بوەتە سەرەتایەکی بیرکاری کە هەر کریکار و کۆمۆنیستێک کە بیەوێ ئامانجی لینین و ئۆکتۆبەر کە دنیای ئازاد و یەکسانە بەدی بێنێ پیویستی بەسەلماندنەوەی ئەو تێز و تیۆریە نیە هەربۆیە هەموو هەوڵی بورژوازی و بزوتنەوە جۆراوجۆرە لیبرال و ناسیونالیست و نیولیبرال و ڕاستڕەو و ریفۆرمیستەکان و هتد لەم یادەدا بۆ سڕینەوەی ئەم بەڵگە سەلمێنراوەیە کە بەبێ شۆڕشی سۆشیالیستی و دەسەڵاتی شورایی خەڵکی کریکار و ژێردەستە ناتوانرێ کۆتایی بە چەوسانەوە و نا یەکسانی بهێنرێ. لینین بۆ کرێکاران لە مێژوودا وەک سپارتاکۆس ڕەمزی ئیرادەیەکە بۆ گۆڕینی سیستەمی کۆیلایەتی سەرمایەداری و ئۆکتۆبەریش وەک شۆڕشی ئومێد بەدنیای باشتر هەمیشە بەرز و بەڕێزە.

ئاسۆکمال
ASO KAMAL
00447760131203
asokamal@yahoo.com




پەیوەندییە ئەرێنییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی …. رەزا شوان

مامۆستا و قوتابی دوو تەوەری سەرەکی و دوو کۆڵکەی بنەڕەتین لە کۆڵکەکانی کاری پەروەردەیی و فێرکردن.. سایکۆلۆژیای پەیوەندی نێوان قوتابی و مامۆستا، بۆتە هۆی بایەخ و گرنگی پێدانی بەشێکی زۆر لە پەروەردە ئاکادیمییە ناسراوەکان و پسپۆرانی دەروونناسی پەروەردەیی، پەیوەندیی ئەرێنی نێوان مامۆستا و قوتابی بە موگنـاتیزی کاری پەروەردەیی دەزانن.
پەیوەندیە ئەرێنییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی، پیرۆزترین و راسترین و جوانترین پەیوەندی مرۆیین، تا ئەم پەیوەندییانە بەهێزتر و باشتر و دروستربن، کاری فێرکردن و پەروەردەییش بەهێزتر و سەرکەوتووتر و شیرینتر دەبن و ئەنجامەکانی باشتر دەبن.

پەیوەندی نیوان مامۆستا و قوتابی، لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێز و دڵسۆزی و سۆزداری و ئەمەکداری و پێزانین بنیات نراوە. مامۆستا (پیاو یا ژن) بۆ قوتابییەکانیان وەکو باوک و دایک و کاک و دادەن، دڵسۆز و بەسۆزن و دڵنەرمن بۆ قوتابییەکانیان، چون بە تەنگی جگەرگۆشەکانی خۆیانەوە دێن، بەو رادەیەش قوتابییەکانیان بە منداڵانی خۆیان دەزانن، بە ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و سۆزەوە دەیان گرنە خۆیان و دەیان لاوێننەوە و بە نەرمی و شیرینی و دروستی رەفتاریان لەگەڵدا دەکەن، پردێکی رێز و خۆشەویستی سۆز و دڵسۆزی لە نێوان خۆیان و قوتابییەکانیان دروست دەکەن.. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابیانیش ئەم مامۆستا رەفتار دروستانەیان خۆشبوێ و ئەوپەڕی رێز و پێزانینیان بۆیان هەبێت، وەکو کاک و دادەی دڵسۆزی خۆیانیان بزانن.
بە کورتیش، مامۆستا بەردی بناغە و بڕبڕەپشتی کاری فێرکردن و پەروەردەییە، لە پەروەردەی نوێشدا، قوتابی گڕڕگرە و تەورەی سەرەکی پەروەردەیە.

(جۆن دێوی) دەڵێ:” منداڵ ئەو خۆرەیە، کە هەموو دەزگا پەروەردەییەکان بە دەوریدا دەسوڕێنەوە”
مامۆستای سەرکەوتوو ئەو مامۆستایەیە کە، بە روویەکی خۆش و گەشەوە، بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستی و سۆزەوە، بە زەردەخەنەی ناسک و شیرینەوە پێشوازی لە قوتابییەکانی دەکات، بە ئەوپەڕی بڕوا و گەشبینییەوە، بە سەرکەوتووییەوە، کرداری فێرکردن و پەروەردەیی ئەنجام دەدات، بۆ هێنانەدی ئامانجە داڕێژراوەکانی پەروەردە و فێرکردنيش، ئاسانترین و سەرکەوتووترین رێباز و تازەترین شێوازەکانی وانەوتنەوە دەگرێتەبەر. رۆڵی مامۆستاش تەنها فێرکردن و پەروەردە نییە، بەڵکو بنیاتنانی کەسێتی دروستی قوتابیە، لەسەر بنەما دروستەکانی زانست و زانیاری و نیشتمانی. مامۆستای وریا و سەرکەوتوو، هەمیشە هیوا و گەشبینی دەخاتە دڵی قوتابییەکانییەوە، هانیان دەدات بۆ فێربوونی بەسوود، کە سوودیان بۆ خۆیان و کۆمەڵگاکەیان هەبێت.
(ئەناتۆڵ فرانس) دەڵێ:”هاندان نۆ لەسەر دەی فێرکردنە”
بۆ نموونە، کە مامۆستایەک بە قوتابییەکی دەڵێت:” هەی ئافەرین، تۆ ئازا و زیرەکی” هەرگیز یەکسان نییە بە رستەی” گەمژە تۆ بێدەنگ بە” کە مامۆستایەک بە قوتابییەکی بڵێت.. هەردوو رستەکە کاریگەرییان لەسەر دەروونی قوتابییەکان دەبێت، یەکەمیان بە ئەرێنی، دەبێتە هۆی زیاتر هاندانی، دووەمیشیان بە نەرێنی، دەبێتە هۆی رووخاندنی.

مامۆستای دڵسۆز و نیشتمان پەروەر، پێویستە هەمیشە ئەوەی لە یاد بێت، کە هەڵگری پیرۆزترین پەیامە، پیرۆزترین و هەستیارترین پیشەی هەیە.. ئەوە مامۆستایە نەوە لە دوای نەوە پەروەردە دەکات و پێیان دەگەیەنێت.
دڵنیام کە هیچ کەسێ نکووڵی، لە گرنگی پەیوەندییە ئەرێنییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی ناکات، کە کارتێکردنێکی گەورەیان لە سەرکەوتنی کاری پەروردەی دروست و فێرکردن دا هەیە. بەڵکو رەنگدانەوەشیان لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی قوتابیدا دەبێت.
ئێمەش قوتابی مامۆستا بووینە، زۆربەمان باش لە یادمانە، کە ئەو مامۆستایانەی سەرکەوتووبوون لە فێرکردن و لە پەیوەندی دروستیان لەگەڵمان، ئەو مامۆستایانەش کە نابەڵەد بوون و لە وانەکانیان و لە شێوازی رەفتارکردنیان سەرنەکەوتووبوون.

زۆر لەو قوتابییانەی کە لە بوارەکانی خوێندنن دا سەرکەوتووبوون و نمرەی بەرزیان بەدەستهێنا دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستی و رێز و زمان شیرینی و پەیوەندی ئەرێنی و دروستی نێوان مامۆستاکان و قوتابییەکان.. بە پێچەوانەشەوە ئەو مامۆستایانەی کە نابەڵەد بوون، گرژ و مۆن و رووتورش بوون، دڵڕەق و توند و تیژ و رەفتار رەق بوون، شێوازی وتنەوەی وانەکانیانشیان وشک و نادروست بوون، رێزیان لە را و لە ئازادی قوتابییەکانیان ناگرتن و هەستیان بریندار دەکردن. بوونە هۆکاری ئەوەی کە قوتابیان خۆشیان نەوێن و رقیان لێیان بێتەوە و حەزیش بە وانەکانیان نەکەن. بەڵكو تا ئەو رادەیەی کە هەندێ قوتابی بە هۆی مامۆستای توڕە و دڵڕەق و توند و تیژ و رەفتار نادروستەوە وازیان لە خوێندن و لە قوتابخانە هێنا.
(ئەمەرسۆن) دەڵێ:”نهێنی لە فێرکردنی سەرکەوتوودا بریتییە لە رێزگرتن لە قوتابی” مامۆستایانی دڵسۆزمان گەوهەرێکی بێهاوتان و سامانێکی گرنگی گەلەکەمانن، ئەرک و ماندووبوونیان لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی دروستی رۆڵەکانی نیشتمانەکەمان بێ سنوورە.. شایەنی ئەوپەڕی رێز و پێزانین، ئەمەش گەورەترین خەڵاتە بۆیان.

هەرەیەکە لە مامۆستا و قوتابی ئەرکیان لە ئەستۆدا هەیە و مافیشیان هەیە. پێویستە لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویسی و سۆز و دڵسۆزی و بەخشین و وەرگرتن پەرە بە پەیوەندییەکانی بدەن، تابێت پەیوەندییەکانیان فراوانتر و کراوەتر و شیرینتر بکەن.
مامۆستای دڵسۆز و سەرکەوتوو، پێویستە لە هەموو روویەکەوە ببێت بە پێشەنگ و بە نوونەیەکی باش بۆ قوتابییەکانی، چونکە منداڵان لە ساڵانی یەکەمی قۆناغی تەمەنیان دا چاولێکەر و لاساییکەرن، لە گەورەکانەوە بە تایبەتیش لە ئەندامانی خێزانەکانیان و لە مامۆستاکانیانەوە بەهـا رەوشتی و کۆمەڵایەتی و ویژدانی و نیشتمانییەکان فێردەبن و کاریگەریان لەسەر ژیان و رەفارەکانیان دەبێت لە ئەمڕۆ و داهاتوودا دەبێت.

رەزا شوان
نەرویج: ٢٠١٧




پاشه‌كه‌وته‌كانم … وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌: فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

به‌یانی له‌جێگه‌كه‌م هه‌ستام ودوای ئه‌وه‌ی ده‌ست وده‌م وچاوم شت وهه‌روه‌ها چه‌ند ڕاهێنان وچالاكییه‌كی وه‌رزشیم به‌جێهێنا،پاشان كوپێك شیرم خوارده‌وه‌.جله‌كانی قوتابخانه‌م له‌به‌ركردوجانتاكه‌م هه‌ڵگرت كه‌پێشترئاماده‌م كردبوو،دایكیشم زه‌رفێكی بچووكی داپێم كه‌خواردنێكی ئاماده‌كراوی تێدابووكه‌ڕۆژانه‌ جۆری ئه‌م خواردنانه‌ ده‌گۆڕا.له‌گه‌ڵیداپاره‌یشی ده‌دامێ‌.
هه‌مووڕۆژێك پێی ده‌وتم،ئه‌وه‌ش ڕۆژانه‌كه‌ته‌،له‌وانه‌یه‌ پێویستت پێی هه‌بێت،ئه‌گه‌رشتێك له‌فرۆشگه‌ی
قوتابخانه‌ بكڕیت!
له‌ڕاستیدا ئه‌و خواردنانه‌ی من پێویست بووله‌فرۆشگه‌ بیكڕم ،هه‌مووبه‌یانییه‌ك له‌ناو جانتاكه‌مدا هه‌بوون،هه‌م خاوێن بوو،هه‌م ته‌ندروست بوو،چونكه‌ دایكم به‌ده‌سته‌جوانه‌كانی بۆی ئاماده‌ ده‌كردم.
بۆیه‌ منیش بڕیارم دابووكه‌ ڕۆژانه‌كه‌م له‌ناوقوتوویه‌كی بچوكداكه‌له‌سه‌ره‌وه‌ درزێكم تێكردبوو،هه‌ڵبگرم ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌له‌كانی خۆم بیپارێزم ونه‌یكه‌مه‌وه‌.
ڕۆژان هات وچوو،به‌ڵام من هه‌رنه‌شمزانی ئه‌وده‌غیله‌یه‌ چه‌ندی تێدایه‌؟؟هه‌تا ڕۆژێك بیرمكرده‌وه‌ كه‌پێویسته‌ كۆمپیوته‌رێكم هه‌بێت وتواناكانمی پێزیادبكه‌م وبه‌رنامه‌كانی به‌كاربهێنم بۆپاراستنی به‌هره‌ونوسینه‌كانی خۆم،بۆیه‌ باوكم ئاگاداركرد بۆئه‌ومه‌به‌سته‌وئاره‌زووه‌ی كه‌هه‌مه‌.
باوكم له‌پاش كه‌مێك بێده‌نگی وتی:كوڕه‌كه‌م له‌ڕاستیدائه‌م مانگه‌ كه‌مێك زیاتر له‌مانگه‌كانی تر
خه‌رجیمان هه‌بوو…..پێش ئه‌وه‌ی قسه‌كانی ته‌واوبكات،وتم ببوره‌ بابه‌گیان من پاره‌یه‌كم ئاماده‌ كردووه‌ له‌ڕۆژانه‌كه‌م كه‌ماوه‌یه‌كی زۆره‌ پاشه‌كه‌وتی ده‌كه‌م.باوكم وتی:ئه‌ی ئافه‌رین كوڕی شیرینم،منیش پاره‌ی ترت بۆده‌خه‌مه‌سه‌ر،ئامێری پرینته‌ره‌كه‌ت به‌دیاری بۆده‌كڕم،له‌پاداشتی ئه‌وجۆره‌بیركردنه‌وه‌
جوان وبه‌سوودانه‌ت.

————————————–
ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ژماره‌(5) ی گۆڤاری ساڵانه‌ی (ئاری) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




لە یادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا … لاوژە جەواد


ژنان و شۆڕش، پێشڕەوی و پاشەکشەکانیان

پێشەکی

” هیچ شۆڕشێکی سۆسیالیستی بەبێ بەشداری کاریگەری و بەرفراوانی ژنانی کرێکارو زەحمەتکێش ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت” لنین لە کۆنگرەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا 19ی نۆڤێمبەری 1918.
بەدوای سەرکەوتنی شۆڕش، دەسبەجێ لە یەکەم لیژنەی کۆمسیاری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی ڕوسیا، بۆ یەکەمجار لە مێژوی کۆمەڵگەی بەشەری ژنێک دەتوانێت پۆستی وەزیر وەربگرێت. ئەلێکساندرا کۆڵەنتاین ژنە خەباتکاری کۆمۆنیست بەدوای سەرکەوتنی شۆڕش وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی پێدەسپیردرێت.
هەر لە هەفتەکانی یەکەمی دوای شۆڕشدا پڕۆگرامی یەکسانی و مافە ئینسانیەکانی ژنان کە زۆر لە مێژ بوو لە لای کۆمۆنیستەکان داڕێژرابوو، پێی نایە سەر عەرزی واقێع و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. گرنگترین و بەرچاوترینیان ئەمانە بوون:
هەڵوەشانەوەی سەرجەم یاسا کۆنەکانی دەسەڵاتی قەیسەر کە تیایدا ژنان موڵک و کۆیلەی پیاوان بون و تەنانەت پیاوان بۆیان هەبووە توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەکاربهێنن.

هەڵوەشانەوەی هاوسەرگیری کڵیساو بە رەسمی نەناسینی بەهۆی ئەوەی کە بەپێی یاسا ئاینیەکان پیاوان زاڵدەبن بەسەر ژنانەوە.( بەگشتی دین لە کاروباری دەوڵەتی جیاکرایەوە). بۆ هاوسەرگیری فەرمانگەیەکیان دیاریکرد بۆ تۆمارکردن، دواتر بەیەکجاری هەموو جۆرە پەیوەندیەکی ئازاد و بە دڵخوازی نێوان ئینسانەکان بەڕەسمی ناسێندرا و پێویست بە تۆمارکردن نەما.
منداڵانی دەرەوەی هاوسەرگیری بە رەسمی ناسێندران و بەهرەمەند کران لە مافی بەرابەر.
کار بۆ هێنانەدەرەوەی ژنان لەچوار دیواری ماڵ، بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناوماڵ بۆ ئەم مەبەستەش چەند یاسایەک دەرکراو دواتر جێبەجێکران.
* کردنەوەی دایەنگاو شوێنی تایبەت بە چاودێری مندالان
* کردنەوە جلشۆرگەو خواردنگەی گشتی بۆ هەموان
* لە هەموشی گرنگتر بۆ یەکەمجار لە مێژودا ژنان مافی لەباربردنی منداڵیان پێدراو کاری پێویست لەمبارەوە ئەنجامدرا.
لەم سەردەمەدا بەهۆی شەڕو نەهامەتیەکان ڕێژەی لەشفرۆشی یەکجار زیادیکردبوو، بەلشەفیکەکان هەوڵی جدیان دا بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاریدەیەو کۆششیان کرد بۆ گەڕانەوەی ئەم قوربانیانە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی ئاسایی.
بەجیا لەمانەش هەر بۆ یەکەمجار لە مێژودا سزا لەسەر ئەوکەسانە لابردرا کە هاوجنسگەرا بوون. بەپیی یاساکانی پێشو ئەوکەسانە دوور دەخرانەوە بۆ کۆمەڵگەکانی کاری زۆرە ملێ لە سبریا.

بەرچاوبوونی بەرهەمی شۆڕش لە پەیوەند بە رزگاری ژنانەوە زۆر جێگای شانازی لنین بووە لە هەر بۆنەیەکدا کە هەڵسەنگاندنی بۆ دەسکەوتەکانی شۆڕش کردبێت، وەک نمونەی پڕشنگداری دەسکەوتەکان باسی مەیدانی ژنان دەکات و ئیشارەتی بە شۆڕشە دیموکراتیەکانی وەک و ئینگلتەڕا لە ناوەڕاستی 1600 ەکان و شۆڕشی فەرەنسا کردوە وە ئەمریکای لانکەی دیموکراسی کردۆتە نمونە کە نەیانتوانیوە ئەم مافانە بۆ ژنان دەستەبەر کەن. وتویەتی هەموو ئەم مافە دیموکراتیانە لەلایەن ئێمەوە هەوڵی دەستەبەرکردنیان دراوە. نمونەی ئەم وتانەشی لە کۆنگرەی ژنانی کرێکار ساڵی 1919، لە دانشتنێکی تایبەتی لەگەڵ کلارا زتکین کاتێک کلارا لێیدەپرسێت ئێوە نەزەریاتی مارکسیستیتان بۆ ڕزگاری ژنان عەمەلیکردۆتەوە؟ هەڵسەنگاندنی یادی چوارساڵەی شۆڕش ( ژمارە 234 ی ڕۆژنامەی پراڤدا 18 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1921). بۆنەی ڕۆژی جیانی ژنانی کرێکار، وتار 4ی مارسی 1921.

بەڵام لینین هەمیشە پێیوابوە کە بەتەنها یاسا ناتوانێت کێشەکانی ژنان چارەسەربکات و بۆ بەدەستهاتنی گەیاندنی خەباتی یەکسانی ژنان سێ هەنگاوی کردوەتە پێشمەرج و بە زەروری داناوە.
یەکەم: یەکسانی یاسایی ژن و پیاو.
دووەم: بەشداری ژنان لەڕوی پراکتیکیەوە لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە
سیهەم: ژنان کاتێک بەتەوای ڕزگاریاندەبێت کە خێزان خاسیەتی خۆی وەک یەکەی ئابوری کۆمەڵگا لەدەستبدات. (پشتبەستن بە بۆچونی ئەنگلس لە کتێبی بنەچەی خێزان.)
ئەگەر سەیرێکی ئەم دەسکەوتانە بکەین بەهەق جێگای شانازین کە سەد ساڵ پیش ئێستا هاتونەتە دی، کۆمەڵگای ڕوسیا چ جۆرە کۆمەڵگایەک بوو؟ ڕۆڵ و نەخشی ژنان لە شۆڕش چیبوو؟ ئەم دەسکەوتانە چۆن بەدەست هاتن و جیبەجێکران؟ ڕۆڵی ژنان چیبوو لەم نێوەدا؟ بۆچی دواتر پاشەکشە بە زۆربەی ئەم دەسکەوتانە کران و ژنان ڕاپێچی ماڵداری کرانەوە؟ بەدوای بەرنامەی ئابوری نوێ ( نیپ) بۆچی ڕێژەی بێکاری لەنێوان ژنان یەکجار زۆربوو؟ بەگشتی شۆڕشی کرێکاری بە ئامانجی خۆی گەیشت یاخود شکستی خوارد؟ هۆکارەکانی شکست چیبوون؟
ئامانجی من لەم نوسینەدا گێرانەوەی روداوەکان نییە، دەسکەوتەکانی ژنان لەم شۆرشەدا زۆرترین قسەی لەبارەوە کراوە، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە زەرورە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەردەوام ئەم ئەزمونانە بخاتە بەر ڕۆشنایی و هەوڵبدات بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر، تیشکیان بخاتەسەر و دەرسیان لێوەرگرێت و بەپێی واقیعیەتی جیهانی ئەمڕۆ ژنان ئامادە بکات بۆ شۆڕشێکی تر.

دۆخی ژنانی ڕوسیا لەو سەردەمەدا

لە ساڵانی 1900 ەکاندا ڕوسیا وەک وڵاتێکی دواکەوتوی کشتوکاڵی مابۆوەو هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتبوو. ژنان بارودۆخێکی یەکجار خراپیان هەبوو، لەهەموو مافێک بێبەش بوون. زۆربەی خەڵکی ڕوسیا جوتیار بون و لە لادێکان دەژیان لەوێ کەمێکیان لە کۆیللە گەڕابۆوە. زۆربەیان نەخوێندەوار بوون و دەستیان بەهیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک نەدەگەیشت. ژنانی ئەم ولاتە توندوتیژیان بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو بەرامبەر بەکاردەهات و بەیاساش ژنان مولکی پیاوان بوون.
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم چەند شەپۆلی خوازیاری ئاڵوگۆڕ ڕوسیای گرتەوەو لەم وڵاتەش چەند بزوتنەوەیەکی نیشتمانی، نیهیلیستی و ڕادیکاڵی سەریان هەڵدا، لەنێو ئەمانەشدا چەند ژنێکی خەباتکار ئەکتیڤ بوون بۆ مافی ژن، ڤیرا زاسلو یەکێک لەو ژنانە بوو کە دواتر یەکێک لە هەڵسوڕاوە بەرچاوەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو.

لە ساڵی 1903و 1905 هەوڵی شۆڕش لە روسیا شکست دەخوات. لەم شۆڕشانەشدا جارێکی تر ژنان ڕۆڵی بەرچاویان دەبێت، بەدوای بەتایبەت 1905 دەسەڵاتی قەیسەر ناچاردەبێت چەند ئاڵوگۆڕ و ڕیفۆرمێک بکات و ڕێگا بە هەڵبژاردن (دوما) بدات، کە تەنها لەسەدا سی پشکی جەمارەر بوو بۆ خۆ کاندیدکردن و لەسەدا حەفتای لەلایەن قەیسەرەوە دەستنیشاندەکرا.
یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە دەستەبەرکردنی مافی ڕێکخراوبوون و سەندیکای کرێکاری بوو. بزوتنەوەو ڕێکخراوە فیمینیستەکانیش لەم کاتەدا زیاتر دەرکەوتن و سێ گروپی سەربەخۆیان هەبوو.
* ژنانی بۆرجوازی کە داوای هەندێک مافی یاساییان دەکرد بۆ ژنان
* نیهیلستەکان کە پیانوابوو ژنان دەبێت وەک پیاوان جلوبەرگ لەبەربکەن و خۆیان نیشانبدەن و جگەرە بکێشن
* سۆسیالیستەکان کە تەرکیزیان لسەر ژنانی کرێکار بوو بۆ بەدیهێنانی مافی یەکسانی هەمە لایەنەی ژنان و پیاوان، جەختیان لەسەر مافی خوێندن و دەستگەیشتن هموو ژنان بوو بە خزمەتگوزاریەکان.
دیارە ژنانی ڕوسیا لە ساڵانی 1870 کانەوە مافی خوێندنیان لە هەندێک بواری وەک پەرستاری، مامۆستایی و هەندیک بواری تر کە بە کاری ژنانە دەناسران هەبوو.

بەدوای ئەو کرانەوەیە بەڕوی ڕیکخراوبوندا، لە ساڵی 1908 یەکەم کۆنفرانسی ژنان لە روسیا بەڕێوەدەچێت و کەلێنی نێوان ژنانی پڕۆلیتاریاو بزوتنەوە فیینیستیە دەگاتە ئاستی جیابوونەوە و هەرکامەیان بە ڕێگای خۆیدا دەڕۆن. هەرچەند لە ساڵی 1909 پڕۆگرامی سۆسیال دیموکراتەکان دەنوسرێت و بە کۆنکرێتی پێداگر دەبێت لە یەکسانی هەمە لایەنەی نێوان ژنان و پیاوان. بەڵام بزوتنەوەی ژنان لە پاشەکشە دەبێت هەتا ساڵی 1912.
بەهۆی کۆچی زۆری خەڵکانی لادێکان بەرەو شارەکان و کارکردن لە کارخانەکان ژمارەی ژنانی کرێکار لە زیادبوندا دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونەوەی بزوتنەوەی کرێکارانی ژن و هەوڵدانی ژنە سۆسیالیستەکان بۆ رێکخستنیان و خەباتکردن لەپێناوی مافەکانیان.
لە ساڵی 1914 نزیکەی لە سەدا بیست و پێنجی کرێکاران ژن دەبن. بەلشەفیکەکان زۆر بەجدی دەکەونە کارکردن لەناو کرێکاران و هەوڵی هۆشیارکردنەوەیان دەدەن بە مافەکانیان، وە ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (ڕاپۆرتنیتسا )واتا کرێکاری ژن دەردەکرد، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم تەنها تواندرا چەند ژمارەیەکی کەمی لێدەربچێت.
لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕوسیا یەکێک لەم وڵاتانەی شەڕ دەبێت کە ئەڵمانیا هێرش دەکاتە سەری و بەشێکی لێداگیردەکات. بەهۆی ئەوەی کە بە ملیۆنها پیاوان دەنێردرێن بۆ شەڕ ژنان ناچاردەبن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە کارگەکان جێگای پیاوان بگرنەوە.
ژنان لەم ساڵانەدا لەژێر بارودۆخێکی زۆر خراپ تا ڕۆژی دوانزدە سەعات بە کرێیەکی یەکجار کەم کاردەکەن، بەشێوەیەکی بەرچاویش لەلایەن خاوەنکارەوە سوکایەتیان پێدەکرێت و ڕوبەروی گێچەڵ و دەستدرێژی دەبنەوە، ناچارن بە ڕۆژ منداڵەکانیان بەجێبهێلن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە منداڵی بێ سەرپەرشت و سەر شەقامەکان زیادببن، ژمارەی ئەم منداڵانەی کە لەسەر شەقامەکان فڕێدەدران لە زیادبوندابوو.
لەشفرۆشی بەڕێژەیەکی یەکجار زۆر زیادیکردبوو، لەم وڵاتەدا شوێنی رەسمی بۆ لەشفرۆشی تەرخانکرابوو و لەلایەن ئەفسەرەکانەوە دەکرایەوەو کلیساکان پیرۆزیان دەکرد.
لەوێ ژنانی لەشفرۆش بە فەرمی خاوەن کارتی زەرد بوون، کارتی زەرد واتا وەرەقەی موڵەت و لە ساڵێکدا چەند جارێک پشکنینی تەندروستیشیان بۆ دەکرا. تەنها بەوە ئەم ژنانە لە کۆیلایەتی سێکسی دەرباز دەبون ئەگەر کێشەی تەندروستاین هەبوایە. بەجیا لەوەش لەسەر جادەو شەقامەکان ژمارەی ئەو کچە زۆر گەنجانە لە زیادبوندا بوو کە لەپێناو بژێوی ژیانیان ناچار بەم کارە ببون. ئەمەش هۆکارێکی تربوو بۆ زیادبونی منداڵی بێ سەرپەشت وە هەروەها بڵاوبونەوەی نەخۆشی جۆراو جۆر لەناو ژناندا.
کەمی نان و درێژی سەرە بۆ دابینکردن نان یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بوو.
بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە ساڵی 1917 لەنێوان لەسەدا چل تا پەنجای کرێکاران ژن بوون ئەمەش وایکردبوو کە ببنە خاوەنی تارادەیەک ئازادی و باوەڕ بەخۆبوون لەبەرئەوەی ئابوری خۆیان هەبوو.

شۆڕشی شوباتی 1917

ڕۆژی 23ی شوباتی 1917 بە ڕۆژمێری کۆنی ڕوسیا کە بەرانبەرە لەگەڵ 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، بەم بۆنەیەوە ژنانی کرێکار شان بەشانی پیاوان بەرامبەر بارودۆخی خراپی ژیانیان بە شیعاری نان بۆ هەموان دەڕژێنە سەر شەقامەکان لە پترۆگراد، سەرەتا ژمارەیان نزیکەی 350 کرێکار دەبێت، بەڵام تا دێت کرێکارانی زیاتر پییانەوە پەیوەست دەبن و سنوری داواکاریەکانیان بەرفراوانتر دەبێت، ئەم خۆیشاندانە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی قەیسەر دەکەن، دەرئەنجام هێزە ئەمنیەکانیش ئامادە نابن بەرامبەر خۆپیشاندەران بوەستنەوەو بە خۆپیشاندەرانەوە پەیوەست دەبن، دەسەڵاتی کۆنەپەرستی پاشایەتی قەیسەر دەخەنە سەر ئەژنۆ و پاشەکشەی پێدەکەن.
حکومەتی کاتی پێکدیت و هەندێک لە حیزبە چەپ و سۆسیالستەکانی وەک و مەنشەفیەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لەگەڵ حیزبی پارێزگاران و لیبڕالەکان حکومەتی کاتی پێکدەهێنن. کاتێک گفتوگۆ لەبارەی بەشداری بەلشەفیەکان دێتە پێشەوە لینین توڕە دەبێت و دەڵێت ئەمە حکومەتی بۆرجوازیەو نابیت بە کەمتر لە شۆڕشی کرێکاری ڕازیبین، ئەمە لە وتاری گەڕانەوەی بۆ ڕوسیا ڕۆژی 2ی ئەپریل کە لەلایەن کرێکاران و خەڵکی ناڕازیەوە لە وێستگەی شەمەندەفەر پێشوازی لێدەکرێت تەئکید لێدەکاتەوە.
لە ماوەی حوکمڕانی حکومەتی کاتیدا شەڕ هەر بەردەوام دەبێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بارودۆخی خەڵکی زەحمەتکێش خراپتر دەبێت. لەم دۆخەدا ژنە بەلشەفیەکەکان بە رابەرایەتی کۆڵەنتاین ئەنسە ئۆرمۆندو، کرۆپسکایا دەتوانن کارو چالاکی زۆر بەرچاو ئەنجامبدەن.
لەم سەردەمەدا ڕێکخراوی ژنانی بۆرجوازیش جوڵەیان دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لایەنگری لە بەردەوامی شەڕ دەکات لەپێناوی سەروەری وڵات، ناتوانێت جێگاوڕێگای خۆی لەنێو زۆرینەی ژنان بکاتەوە.

لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا کۆڵەنتاین دەتوانێت ڕابەری چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن بکات، بەرچاوترینیان خۆپیشاندانی ژنانی کرێکار و خێزانی سەربازەکانی جەنگ دەبێت بۆ دابینکردنی نان و ئاشتی و پێداویستیەکان.
بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار، بە ڕابەری کۆڵەنتاین چەند مانگرتنێکی کرێکاری ڕودەدات و داوای کەمکردنەوەی سەعاتی کارو زیادکردنی کرێ و کردنەوەی دایەنگە دەکرێت بۆ منداڵانیان کە زۆربەی بەشداربوان ژنان دەبن. هەر لەم سەردەمەشدا ڕۆژنامەی ژنی کرێکار جارێکی تر دێتەوە ناو کۆمەڵگە.

لە کاتی دەسەلاتی حکومەتی کاتیدا، بەلشەفیکەکان دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و سەرجەم هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ بەهێزکردن و بەرفراوانکردن شورا کرێکاریەکان بەتایبەت لە پترۆگراد بە دروشمی “هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان” دەسەڵاتی دولایەنە دادەمەزرێنن. ژنان هاندەدەرێن کە بەشداری کاریگەریان هەبێت لە بەڕێوەبردنی شوڕاکان و مافی خۆ کاندیدکردن و دەنگدان بەدەست دێنن لە هەموو هەڵبژاردنێکدا، ئەمە لە کاتێکدا دەبێت کە تەنها لەسێ دەوڵەت لە جیهاندا ژنان مافی دەنگدانیان هەیە. لە فەرەنسای لانکەی دیموکراسی ژنان 50 ساڵ دوای ئەمە ئەم مافە بەدەست دەهێنن. دیارە حکومەتی کاتیش لەژێر ئەم فشارانە مافی دەنگدان دەدات بە ژنان و کاری لەشفرۆشی ڕێگاپیدراو قەدەغە دەکات، بەڵام هیچ کارێک بەعەمەلی ئەنجام نادرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاریدەیە.
ئێوارەی ڕۆژی 24ی ئۆکتۆبەری 1917 لینین بەنامەیەک هاوڕێیانی حیزبی و شوڕاکان ئاگاداردەکاتەوە کە بە ڕابەری ترۆتسکی خۆیان لە سوپای سوردا چەکدارو ئامادە کردوە، دەڵێت” دوێنێ زوو بوو سبەی درەنگە بۆ شۆڕش” هەر ئەمشەوە بە شیعاری ( نان، ئاشتی، زەوی بۆ هەموان) پەلاماری کۆشکی زستانە دەدرێت و شۆڕشی کرێکاری سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.

ژنان ڕۆڵی بەرچاویاندەبێت لەم شۆڕشەو بەشێک لە شوڕاکان و تەنانەت سوپای سوریش دەبن.
لە دەسەڵاتی دوای شۆڕشدا، گفتوگۆو کۆبونەوەی بەرچاو لەنێوان ژنان ئەنجامدەدریت و چەندین داواکاری فەوری لەلایەن ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ژنان دەخرێتە ڕوو، وەک و کەمکردنەوەی سەعاتی کار، یەکسانکردنی کرێ، بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناوماڵ …… تاد.
زۆر بەجدی کاردەکرێت لەم پیناوەدا، هەروەک لە پیشەکیەکە ئیشارەتم پیداوە کۆمەڵێک دەسکەوت بەدەست دێن. بەڵام هەروەک لنین دەڵێت تەنها یاسا بەس نییە بۆ گەیشتن بە ئاماجەکانمان لە مەیدانی ژنان. لەم چوارچێوەیە دەست بۆ کاری هۆشیاری و ڕۆشەنگەری دەبەن، بۆ نمونە کار لەسەر هۆشیاری ژنانی کرێکار، ژنانی جوتیار لە لادێکان، بەبەردەوامی کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدەن و هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ دەدرێت کە فێری خویندەواری بن.

لینین بەردەوام لە وتارەکانی لە کۆبونەوەکاندا تەکیدی دەکردەوە کە زەرورە ژنان خۆیان بێنە مەیدان و خەبات بکەن بۆ مافەکانیان بۆئەوەی لە کۆتوبەندی کۆیلایەتی ڕزگاریان بێت، وە هەروەک باسمکرد بۆچونی ئەنگلس سەبارەت بە خێزانیان کردبوە بنەمای کارەکانیان و پیانوابوو کە دەبێت کاری ماڵ کۆمەڵایەتی بکرێتەوەو ژن بەرهەم هێنبێت و فۆرمی خێزان بەم شێوە تەقلیدیە نەمێنێتەوە، بۆ ئەمەش کەوتنە کردنەوەی دایەنگا، خواردنگاو جلشۆرگەی گشتی. ئەوان زەرورەتی بوونی ڕێکخراوی ژنانیان ڕەتدەکردەوە، پێیان وابو ژنان و پیاوانی کرێکار لەیەک جیادەکاتەوە، هەربۆیە لە ساڵی 1919 بڕیاردرا کە لە کۆمیتەی ناوەندی حیزبەوە بەشی ژینۆتێل بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنان پیکبهێنن.

ژینۆتێل کاری زۆر گرنگی ئەنجامدەدا. بۆ نمونە، دەورەی تایبەتیان دەکردەوەو ژنانیان دەنارد بۆ شوێن و دامودەزگا گرنگەکان بۆ ئەوەی فێری بەڕێوەبردن و بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات بکرێن. لە گرنگترین کارەکانیان، کارکردن لەسەر ژنان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا کە ئاینیان ئیسلام بوو. لەوێ ژنان ڕوبەڕوی کوشتن، بەزۆر بەشودان لە تەمەنێکی زۆر منداڵی دەبونەوە.
لەڕێگای پرۆژەی ڕۆشەنگەری و کردنەوەی کافتریای تایبەت بە ژنان و حەمام و شوێنی تری گشتیەوە دەچونە ناو ژنان. ئەوان هەرگیز حیجابیان بە یاسا قەدەغە نەکرد، بەڵام بە یاسا پارێزگاریان لەو ژنانە دەکرد کە حیجابیان لادەبرد. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کاری ژینۆدیل بگەرێوە بۆ نوسراوی شۆڕشی بەلشەفیکی و ڕزگاری ژن کە لینکەکەی لەخوارەوە دادەنێم.
لە ساڵی 1920 بە یاسا لەباربردن ئازاد کراو ئەمەش بەشێک لە کارو خەباتی ژینۆتەدیل بوو وە خەڵکیان لەمبارەوە هۆشیاردەکردەوە.

بەرنامەی ئابوری نوێ ( نیپ)

ڕوسیا بەدوای شۆڕش ڕوبەروی جەنگی ناوخۆ بۆوەو ئەمەش جارێکی تر خەڵکی توشی نەهامەتیکردەوەو جارێکی تر کارگەو کارخانەکان داخران، بێکاری باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا، بەڵام ئەمجارەیان ژنان و منداڵان بەتایبەتی پارێزگاری کۆمەلایەتیان هەبوو لەلای دەسەڵاتەوە. ڕوسیا لە قەیرانێکی ئابوری گەورەدا بوو، لەهەمو لایەکەوە گەماڕۆدرابوو ئیزۆلە کرابۆوە. بەشێک لە ڕابەرانی شۆڕش ئومێدیان بەوە بەستبوو کە شۆڕش لە وڵاتانی تر ڕوبدات و فریایان بکەوێت بەتایبەتی ئەڵمانیا کە لەو سەردەمەدا وڵاتێکی پیشەسازی پێشکەوتوبوو، بنەمای ئەم بۆچونەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە تا سەرمایەداری گەشە نەکات و پێنەگات ناتواندرێت سۆسیالیزم پیادەبکرێت و ڕوسیای داڕوخاو بەوخێراییە نابێتە وڵاتێکی پیشەسازی و ئەڵمانیا پیشەسازیە، وە سۆسیالیزم دەبێت سەرتاسەری بێت و لەیەک وڵات ئیمکانی سەرکەوتنی نییە. لە ئەڵمانیاو چەند وڵاتیکی تریش هەوڵی شۆڕش درا بەڵام سەرکەوتو نەبوو.
بەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ناوخۆو پوچەڵکردنەوەی پلانەکانی دەوڵەتە دژە شۆڕشە ئیمپریالیەکان، وڵات بەتەوای داڕمابو وە نەهامەتیەکی زۆر ڕویتێکردبوو، بەڵشەفیکەکان بەڕابەرایەتی لنین ناچاربون بەرنامەی ئابوری نوێ دابنێنن بۆ سەرپێی خستنەوە ئابوری وڵات، ڕوبەڕوی سازش و پاشەکشە بوونەوە لەوانە بەرنامەی نیپ و سەرمایەداری دەوڵەتی.

لە کاتی نیپدا بەناوی کرێکاری ناکارامەوە ژنانێکی زۆر لەسەر کارەکانیان دەرکران. ئەمە لەکاتێکدا لە ساڵی 1918 لینین لە کۆنگرەی ژنانی کرێکار تەئکید لەوە دەکاتەوە کە ئەوان جیاوازی لەنێوان کرێکاری کارامە ونا کارامە ناهیڵن! زۆربەی خواردنگەو جلشۆرگە گشتیەکان دادەخرێن زۆر بەکەمی لە هەندێک کارگە دەمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا بەلشەفیکەکان تەئکید لەوە دەکەنەوە کە دەبێت کاری ناوماڵ کۆمەڵایەتی بکرێتەوەو مێشکی ژن لە چواردیواری ماڵ قەتیش نەمێنێت. واتا لەم پاشکەشانە ژنان پشکی شێریان بەرکەوت. بەڵام کاری ژینۆتێل بەردەوام بوو لە ڕاهێنانی ژنان لەسەر کارو بەکارامەکردنیان، وە هەروەها ڕەوانەکردنی ژنان بۆ ناوەندی بڕیار بۆئەوەی لە شوڕاکان خۆیان کاندید بکەن و بەشێک بن لە دامودەزگاکانی بەڕێوەبردنی ولات.

ئامانجەکانی شۆڕش و پاراستنی چوارچێوەی شۆڕش تا ساڵی 1924 بەردەوامدەبێت، لەمساڵەوە گفتوگۆو بەربەرەکانی توند لەنێو ڕابەری حیزبی کۆمۆنیست یان بەلشەفیکەکان ڕودەدات و دەرئەنجام بەرەی بەسنعەتیکردن و سەرمایەداری دەوڵەتی سەرکەوتودەبێت و شۆڕش فەلەج دەبێت، دواتر دێمە سەر هۆکارەکانی. لەم نێوەشدا کاری ژینۆتێل وەک ڕێکخراوێکی NGO بۆ بردنە پێشەوەی پلانی پێنج ساڵە بۆ بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا دێتە بەرچاوو چیتر گوێ لە پێشنیارەکانی رابەرانی ژنان ناگیرێت.
ژینۆتێل لە ساڵی 1926 هەنگاوی بۆ نەهێشتنی لەشفرۆشی لە وڵات ناو چەند مەڵبەندێکی کردەوە بۆ چارەسەری ئەم ژنانەی کە بەهۆی ئەم کارەوە کێشەی تەندروستیان بۆ هاتبوە پێش، ژنان بە لێشاو ڕویان تێدەکرد، وە هەوڵی جدیان لەگەڵ دەدرا کە ببن بە بەرهەمهێنەرو کریکاری کارامەو بگەرێنەوە نێو کۆمەڵگە بە رێزو حورمەتەوە، زۆر کاری باشیان لەمبارەیەوە کرد.( سەیری شۆڕشی بەلشەفی و ڕزگاری ژنان بکە).
بەدوای ماوەیەک زۆر توند بە لەشفرۆشەکان بەرخورد کرا بەتایبەتی پیاوان، وە جارێکی تر هاوجنسگەرایی نایاسایی کرا. بەناوی ئەوەی کە لەسۆسیالیزم بەپیی تیئۆری مارکسیستی لەشفرۆشی نامێنێت و ئێمە گەیشتوینەتە سۆسیالیزم. وە لەچەند ڕاپۆرتێکدا ئیشارەت بەوەدرابوو کە لەشفرۆشی بەتەواوی بنەبڕکراوە کە ئەمە لەڕاستیدا هیچ بنەمایەکی نەبوو، هەرچەند لەشفرۆشی کەم ببوەوە بەڵام بنەبڕ نەکرابوو.

لەسەرەتای ساڵانی سیەکان جارێکی تر قەیرانێکی گەورە ڕو لەم وڵاتە دەکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە چەندین ملێۆن گیان لەدەستبدەن. بەم هۆیەوە ڕژێمی ستالین لە یاسای لەباربردنی منداڵ پەشیمان دەبێتەوەو بەهەموو شێوەیەک منداڵ لەباربردن قەدەغە دەکات. وە جارێکی تر خێزان پیرۆز دەکاتەوەو وە ژنان دەکاتەوە کۆیلەی کاری ناوماڵ و خوێندنگای کچان جیادەکاتەوەو وانەی ماڵداری و خێزان بە خوێندنیان زیاد دەکات و پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەکاتەوە کە ژنان وەک کرێکار و دایکی کرێکار دەبێت رێزیان لێبگیریت. بەهانەی ستالین بۆ کارەکانی ئەوە دەبێت کە ئێمە پێویستمان بە خێزانی سۆسیالیستی هەیە وەک ئەوەی ئەنگلز دەڵێت و لەچەند شوێنێک بۆچونەکانی ئەنگلز بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵدەگێڕێتەوە. وە هەروەها لەوێ دەگەرێتەوە بۆ وتارێکی لینین کە لەسالی 1913 نوسرابوو بەناوی” چینی کرێکار و مالتوسیزمی نوێ” دەکاتە پاساوی کە لینین وەڵامی چەند بۆچونێکی مالتو دەداتەوە دەربارەی منداڵبون و زیادبونی ڕێژەی دانیشتوان.
ئەم پاشەکشانە بۆ؟

شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆرشێکی عەزیمی کرێکاری بوو، شۆڕشێک بوو کە لە دەرئەنجامی چەندین دەیەی کاری ڕێکخراوەیی و پێکهێنانی ناوەندی شوڕایی جۆراو جۆر بەدەستهات، بەڵام بەداخەوە شۆڕش لە نیوەی ڕێگا شکستی خواردو نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی بهێنێتە دی. زۆر بیروبۆچونی جیاجیا هەن دەربارەی شکستی شۆڕش، من لەگەڵ ئەم بۆچونەم کە هۆکارەکەی بۆ بنەما چینایەتیەکان دەگەڕێنێتەوەو پییوایە لە ڕوسیا نەتواندرا ئابوری بۆ ئابوری سۆسیالیستی بگۆڕدرێت. خەباتی چینی کرێکارو بەدیهێنانی سۆسیالیزم واتا خەبات لەبەرامبەر ئابوری بۆرجوازی و گۆڕینی بە ئابوری سۆسیالیستی و ‌له‌ڕوانگه‌ی چینی کرێکار و مارکسیزمه‌وه‌، شۆڕشی سۆسیالیستی له‌ بنه‌ڕه‌تدا شۆڕشێکی ئابوورییه‌ و ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ ئه‌توانێت شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت، هەڵوەشانەوەی موڵکایەتی تایبەت و گۆڕانیەتی بە موڵکی گشتی. لە ڕوسیای شوڕاییدا، تا ساڵی 1924 تواندرابوو دەسکەوتو بنەماکانی شۆڕشی کرێکاری دەستی پیوەبگیرێت سەرباری تەحەدیاتێکی زۆرو ناچار بە پاشەکشەکردن و سازش و لەدەستدانی چەند دەسکەوتێک ،بنەما چینایەتیەکانی شۆڕش بەدوای گفتوگۆو کێشمەکێشێکی گەورەی دەرون حیزبی ڕودەدات لەنێوان ساڵانی 1924 بۆ 1926 سەبارەت بە شۆڕش لە وڵاتانی ترو بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم لە یەک وڵات دەبێت و دەرئەنجام ئەم هێڵەی کە بەپیشەسازیکردنی ڕوسیاو هەڵوەشانەوەی موڵکداریەتی تایبەت و گۆڕینی بە مولکداریەتی دەوڵەتی کە ستالین نوێنەرایەتی دەکات سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و دەبێتە سەرەتایەکی مەترسیداری ئامانجی شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیا. هەر لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە هەوڵدەدرێت ڕۆڵی شوڕاو ناوەندە کرێکاریەکان لاوزترو لاوازتر بکرێت و تا لە کۆتایی هەموو دەسەلات بۆ حیزب و لەناو حیزبیش بۆ ستالین دەبێت.

ئەو گفتوگۆیانە لەخۆوە نەهاتوەتە ئاراوە، بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنتەرناسیۆنالی دووەم، بەدوای ئەوەی هەندیک لە سۆسیال دیموکراتەکان دەبنە دوو باڵ و هەندێکیان پییانوادەبێت کە سۆسیالیزم قۆناغ قۆناغ بەدەست دیت و دەبێت لایەنگری لیبڕاڵ و بۆرجوازیەکان بکەین بۆ بە پیشەسازیکردن وەک هەنگاوێک بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم، باڵەکەی تر پیوادەبێت کە دەتواندرێت بۆنمونە لە وڵاتێکی نیمچە فیۆداڵی وەک ڕوسیا شۆڕشی کریکاری بەئەنجام بگات. دەرئەنجام سۆسیال دیموکراتەکان دەبنە دوو بەش و لەڕوسیا بە مەنشەفیەکان و بەڵشەفیەکان ناودەبردرێن. بەلشەفیەکان لەلایەن لینینەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.
واتا ئەم بۆچونە لە ڕوسیا بنەمایەکی نزیکەی سێ دەیەی هەبووە تا کاتی شکستی شۆڕش. هەر ئەم بۆچونانەش رابەرانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی و شوڕاکانی دابەشکردوە. لەسەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 بەشێک لە بەلشەفیکەکان پییانوادەبێت کە پیویستە شۆڕش لە وڵاتانی تر ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی فریای ڕوسیا بکەون، بەتایبەتی ئەڵمانیا کە وڵاتێکی پیشەسازیە، کاتێک دونیا پلان دژی ڕوسیا دەگێرێت و دەبێتە هۆکاری جەنگی ناوخۆ، پێیانوایە ئەوان ناتوانن لەم بارودۆخە خراپە کە برسیەتی باڵی بەسەر وڵات داگرتوە بەم پەلە پەلییە ڕوسیا سەنعەتی بکەنەوە. ئەگەر بەوردی سەیربکەین دەبینین ئاراستەی ئەم باڵەی شۆڕشی ئەڵمانیای بە فریادرەس دەزانی لەگەڵ باڵی بەسنعەتکردنی ڕوسیا هەمان پڕەنسیبە، بۆ هاتنەدی سۆسیالیزم پیویستمان بە پیشەسازیکردن هەیە. هەروەک لەسەرەوە ئیشارەتم پێدا کاتێک شۆڕش بەتەواوی شکست دەخوات لە سالی 1926 ەوە پلانی پێنج ساڵە دادەندرێت بۆ زیاتر بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا، سەرمایە لەلایەن دەوڵەتەوە مانۆپۆل دەکرێت و ڕۆڵی شوڕاو سەندیکا کرێکاریەکان لاواز دەکرێت و هەموو دەسەڵات لەجیاتی خەڵک و شوڕاکان بۆ حیزب دەگەڕێندرێتەوە بە ڕابەری ستالین. لەوکاتەدا هەروەک چۆن لەگەڵ شکستی کۆمۆنەی پاریس هەموو کۆمۆنارەکان قەتل و عامدەکرێن هەمان شت لە ڕوسیا ڕودەدات و بۆ قەتل و عامکردنی شۆڕشگێڕان و ئەوکەسانەی کە پێ لەسەر بەئامانج گەیاندنی شۆڕش دادەگرن، بەڵام ئەوەیان بەشێوەیەکی شێنەیی ڕودەدات و پرۆسەیەکی چەند ساڵە دەخایەنێت.

من لێرەدا نامەوێت بە وردی باسی هۆکاری ناکامیەکان شۆڕشی ئۆکتۆبر بکەم*، بەڵام جەخت لەوەدەکەمەوە کەئەوەی پاشەکشەی بە دەسکەوتەکانی ژنان کرد شکستی خۆدی شۆڕشەکە بوو، ئەگەر شۆڕش بە ئامانجی خۆی بگەیشتبایەو ئابوری بگۆڕیبا بۆ ئابوری سۆسیالیستی (کۆمەڵایەتی) زۆر بەئاسانی هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و دیموکراتیەکان چارەسەر دەبوون. بە واتایەکی تر لە ڕوسیای شوڕاییدا ئابوری سەرمایەداری بەڕێوە دەچوو، بەڵام سەرمایەداری تایبەت نەبوو بەڵکو سەرمایەداری دەوڵەتی بوو، واتا چەوسانەوەی ئینسان لەلایەن ئینسان کۆتایی پینەهات و ئینسان کۆیلەی کاری کرێ بوو بۆ دەوڵەت. لەم نێوەشدا جارێکی تر ژنان کرانەوە وەسیلەیەک بەناوی کرێکاری ناکارامەو هەرگیز نەیانتوانی کرێی یەکسان وەربگرن. کۆمەڵگەی سۆسیالیستی بەدی نەهات بۆ جارێکی تر ژنان ناچارکرانەوە بە کاری ناوماڵ و مندالبونی زۆر.

سەد ساڵ بەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەردا

شۆڕشی عەزیمی ئۆکتۆبەر توانی زۆر دەسکەوت بۆ کۆمەلگە بەدەستبهێنێت و کاریگەری خۆی لەسەر جیهان دابنێت. ئەگەر بەکورتی باسێک لەو دەسکەوتانە بکەین بەگشتی هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی تایبەت و دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاران، دان نان بە مافی چارەنوسی گەلان و وەستانەوە بەرامبەر ئیمپریالیزم، بەرەنگاربونەوەی ڕەگەزپەرستی و قەدەغەکردنی هەر جیاکاریەکی ڕەگەزی و ئیتنیکی، بۆنمونە ئەوکاتە سیمیەکان (یەهودیەکان لەژیر فشاری زۆردابون و تەنها بە کارتی تایبەت دەیانتوانی لە مۆسکۆو پترۆگراد بژیەن) شۆڕش ئەمەی هەڵوەشاندەوەو بوون بە هاوڵاتی یەکسان، دان نان بە هەموو مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، گرنگترینیشیان هەڵوەشانەوەی یاسای بەتاوان ناسینی هاوجنسگەرا بوو، مافی یەکسانکردنی ژن و پیاو بە یاسا و هەموارکردنی بواری یەکسان لە خوێندن و کارکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەوڵدان بۆ بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناومال و کردنەوەی دایانگاو، خانەی بەساڵاچوان و چێشتخانەو جلشۆری گشتی، بەخۆڕاییکردنی خوێندن و پیدانی مافی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموان. شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەگشتی بۆ یەکەم جار کۆمەڵگەی بەرپرسکرد بەرامبەر بەتاک، جێگای باوڕ نەبوو بۆ هیچ کەسێک بەر لە شۆڕش کە کۆمەڵگە بەرپرسبیت بەرامبەر بە خویندن، وە ئەگەر سەیرێکی جیهان بکەین بەتایبەتی وڵاتانی پیشکەوتو وە ئەم وڵاتانەی کە ڕیفاهیاتی کۆمەڵایەتی تێیدا هەیە، دەبینین کە جێگا پەنجەی شۆرشی ئۆکتۆبەری پیوەدیارە، لە مافەکانی ژنان و منداڵان، هەقی ڕێکخراوبون و کۆمەڵێک دەسکەوتی چینی کرێکار……تاد. وە ئەوەشمان بیرنەچێت کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەمجار لە یاسایەکدا حوکمی ئیعدامی هەڵوەشاندەوە بەڵام جێبەجێنەکراو دواتر لیی پەشیمان بونەوە.

ئەزمونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە کردەوە سەلماندی بەدیهێنانی یەکسانی و مافە ڕەواکانی ژنان تەنها خەون و خەیاڵ نیە و بەڵکو ئیمکانی هەیە، گرنگ ئەوەیە چۆن هەنگاوی بۆ هەڵگیری. بەدرێژایی مێژو پێشڕەویەکانی بزوتنەوەی ژنان پەیوەست بووە بە ئاستی هۆشیاری و چۆنیەتی خەباتی بزوتنەوەی کرێکاریەوە، هەرکاتێک ئەم بزوتنەوەیە بەهێز بوبێت ژنان توانیویانە مافی زیاتر بەدەست بهێنن.

تا ئێستاش لە هیچ ولاتێکی جیهان ژنان بە تەواوی لەگەڵ پیاوان یەکسان نین. تا ئێستاش کرێی یەکسان بۆ کاری هاوکێش وەرناگرن.
سەد ساڵ پیش ئێستا کاری ناوماڵ کاری ژنان بوو، لینین لە چەند وتاردا ئیشارەتی بەوەداوە کە ڕاستە ڕێژەیەکی بەرچاوی ژنان لە بازاری کارن و بەرهەم دەهێنن بەڵام ئەمە ئەرکی سەرشانیانی قورستر کردوەو ناچارن دوو بەرامبەر کاربکەن، هەم لە دەرەوە و هەم لە ماڵەوە، بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆماندا دنیای تەکنۆلۆجیا وەک جل شۆڕ، قاپشۆر، گسکی ڕوبۆرت، بە پیشەسازی کردن خواردن و پێداویستیەکانی تر، داینگەو شوێنی پەروەردەکردنی مۆدێرن هەیە. بەڵام ئەم ڕەفاهیات و خزمەتگوزاریانە لە بەردەست کۆمەڵگە نیە و سوسیالیسیە نەبونەتەوە وهەمومان لێی بەهرەمەند نین.


سەد ساڵ بەدوای شۆڕسی ئۆکتۆبەر

دۆخی ژنان لە جیهاند لەوپەڕی خراپیدایە، بەپیی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان زیاتر لە 30 ملیۆن کۆیلەی رەسمی لە جیهان هەیە و لە سەدا 80 ی ئەمانە لەژێر تەمەنی یاسایین و زۆربەیان لە ڕەگەزی مێن و لە بازاڕێکی گەورە بە پانتایی جیهان بازرگانی سێکسیان پیدەکرێت.
لەباربردنی منداڵ، تا ئیستاش تەنانەت لە هەندێک ولاتە پیشکەوتوەکان لەناویاندا هەندێک لەهەرێمەکانی ئەمریکا نایاساییە، لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین حوکمی قورسی چەند ساڵ زیندانی هەیە بۆ ئەوکەسانەی کە منداڵ لەباردەبەن وە هەروەها لەم وڵاتانەی کە یاسای ئیسلامی بەسەریدا زاڵە هەر بەهەمان شێوەیە، ئەمەش بۆوتە هۆکاری ئەوەی کە ژنان لە کلینیکی نایاسایی ئەم کارە ئەنجامبدەن و ژیانیان بکەوێتە مەترسیەوە.
لە وڵاتانی ئیسلام زەدە بە ملیۆنها کچ و ژن لەژیر هەمان یاساو ڕێسا دەناڵێنن و هەمان دەردیان هەیەو بەهۆی کۆچ و نائارامی ئەم دیاریدەیە وڵاتانی ئەوروپاشی گرتۆتەوە.
نەبونی ئەمنیەتی کارو تەحەروشو ئازاردانی سێکسی بۆ سەر ژنانی کرێکار دیاریدەیەکی تری جیهانیە.

هەمان ئەم کێشانەی کە بەلشەفیکەکان کاریان لەسەر کردوەو بەرەنگاری بونەتەوە لە سەد ساڵ پیش ئیستا هێشتا هەر بەردەوامەو بەشێوەی تر. ئەمڕۆ بازاری کارو سەرمایە جیهانی بۆتەوەو سنور بۆ سەرمایەداران نەماوە.
تەنانەت لە ڕۆژئاوای دیموکراسیش چینی کرێکار لە هەموو کاتێک زیاتر کەوتوەتە ژێر فشارەوە، لە لایەکەوە مەترسی بێکاری و لە لایەکی ترەوە لەدەستدانی ئەو ڕەفاهیات و خزمەتگوزاریانەی کە بەرهەمی خەباتی چەند دەیەی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کۆمەڵگەیە، بەدوای ڕوخانی جەمسەری سەرمایەداری دەڵەتی سۆفیەت وەک تاکە ڕکابەری بازاڕی ئازادی ڕۆژئاوا و ڕەوانەوەی خەتەری فکرەی سۆفیەتی، دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا خەیاڵیان ئاسودەتر و دەستیان کراوەترە لە لێسەندنەوەی ڕەفاهیات و هێرش کردنە سەر مافەکانی کرێکاران و سەرجەم خزمەتگوزاریەکان.
دڵە ڕاوکێ و ترس و دڵنیا نەبوون لە داهاتوو، زۆربەی خەڵکی ڕۆژاوای توشی سترێس و نا ئەمنی کردووە، بەتایبەتی ژنان، چونکە ئەوە هێشتا ژنانن بە زۆری ئەرک و بەرپرسیاریەتی ماڵ و منداڵیان لەسەرە، ئەگەر دۆخی خەستەخانە، خوێندنگە و باخچەی ساوایان خراپ بێت، پێش هەموو کەسێک ئەوە ژنانن زەختیان دەکەوێتە سەر و وەک کاراکتەرێکی بازاڕی کار لە چۆنیەتی و چەندایەتی توانایی ئامادە بە پیشەیان دادەبەزێت و لە ئیش دەردەکرێن. و تەنانەت ئەو شوێنە خزمەتگوزاریانەی کە توشی تەقەشوف دەبنەوە و کارمەندەکانیان بێکار دەکرێن بە زۆری ئەم بوارانەن کە وەکو ئیشی ژنان ناسراون و لەوێش زۆربەی ژنانن دەکەونە ژێر زەختی زیاترە وە یان شەپۆلی بێکاریەوە.

لەیادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، جیهان لە هەموو کات زیاتر پیویستی بە شۆڕشێکی تر هەیە، شۆڕشێک کە بتوانێت ئەم نیزامە هەڵگێڕێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە خەباتی سەراسەری چینی کرێکار هەیە، پێویستمان بە ستراتیجیەتی نوێ و سەراسەری بە پانتایی ئاڵوگۆڕو دۆخە جیهانیەکەی ئەمڕۆمان هەیە. ئەمەش بە دەست لە ناودەستی ژنان و پیاوان و خۆڕێکخراوکردنمان لە دەوری ئاسۆی سۆسیالیستی دێتە دی.

تێبینی: من نەمویستیە وردەکاریەکانی کاری بەلشەفیکەکان و ژنۆتێدل دوبارەبکەمەوە بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن شۆڕشی بەلشەفیکی و ڕزگاری ژنان بخوێنەوە. http://media4.hkkurdistan.org/2015/03/shorsiBlashfiWjnan.pdf
*هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت/ مەنسور حیکمەت http://www.hawpshti.com/ku/?p=13644

——————————-
سەرچاوەکان

ئەو دە ڕۆژەی دنیای هەژاند/ جۆن ڕید /John Reed
مێژوی شۆڕسی ڕوسیا لە 1917 بۆ 1928/ بە زمانی دانیمارکی
E. H. Carr
https://www.autonominfoservice.net/2009/10/25/oktober-revolutionen-
1917-en-venstreradikal-analyse/
http://www.marxisme.dk/arkiv/lenin/1921/03/08-kvindedag.htm
https://www.marxists.org/farsi/archive/lenin/works/1921/chaharomin-salgasht.htm
https://marxist.dk/artikler/teori/5712-kvinderne-og-den-russiske-revolution.html
http://www.hawpshti.com/ku/?p=14053

ئەم بابەتە بە دوو بەش لە ژمارە 14 و 15ی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە بڵاوبۆتەوە.




چۆن ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنین؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف

یه‌كه‌م: هه‌موو دۆخێكی سیاسی به‌رمه‌بدای كۆمه‌ڵگه‌ خۆیه‌تی. هیچ دۆخێك نیه‌ به‌ چه‌ند ڕۆژێك دروست بێت. كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رجه‌م كه‌م و كوڕیه‌كان و بێده‌نگی كوشنده‌ و سپاردنی كۆی برین و خه‌مه‌كانمان به‌ نوخبه‌یه‌كی سیاسی هۆكاری كۆی ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌یه‌. واته‌ چه‌نده‌ به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌رپرسن به‌رامبه‌ر به‌ كۆی برینه‌كان هێنده‌ش كۆی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رپرسه‌ له‌ دورستكردنی بێده‌نگی و لاموبالاتی و ته‌مبه‌ڵی و به‌رخۆری.
دووه‌م: وه‌ك چۆن خوڵقاندنی دۆخێكی نائاسایی كاره‌ساته‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ به‌ده‌سته‌هاتووه‌ ئاواش كاره‌ساته‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی به‌ كه‌سێك یان نوخبه‌یه‌ك یان هێزێكی سیاسی ببه‌ستین. هیچ نوخبه‌ و كه‌س و هێزێك فریادره‌س نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخێكی سیاسی، به‌ڵكو ده‌بێت خه‌می ئێمه‌ ببێته‌ خه‌مێكی ده‌سته‌جه‌معی سپاردنی خه‌مه‌كان به‌ نوخبه‌یه‌كی سیاسی و داواكردنی چاره‌سه‌ر له‌ نوخبه‌ی سیاسی و نوسه‌ران و ڕۆشنبیران خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رپرسیارێتیه‌كی ده‌سته‌جه‌معی..

سێیه‌م: چاره‌سه‌رنه‌كردنی كه‌یسه‌ گه‌وره‌كانی ئێمه‌، په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رقاڵبوونی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ شته‌ بچوكه‌كانه‌وه‌. خه‌ڵك هێنده‌ی سه‌رگه‌رمی شته‌ بچوكه‌كانی ڕۆژانه‌یه‌ له‌مه‌ڕ خواپه‌رستی و عه‌شق و په‌یوه‌ندی و جیاوازی ڕه‌گه‌زی، هێنده‌ خه‌می نیه‌ لانی كه‌م نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌ستی دوژمنان. به‌ر له‌ هه‌ر شت ده‌بێ له‌ شته‌ بچوكه‌كان ده‌رچین و ستێپ بنێین به‌ره‌و خه‌ونه‌ گه‌وره‌كان.
چواره‌م: یه‌كێك له‌ سیما دیاره‌كانی هه‌ر هێزێكی سته‌مكار ڕوخانی پرده‌. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پردی په‌یوه‌ندی له‌نێو شاره‌كاندا له‌ده‌ست داوه‌، ڕاسته‌ خه‌ون و خه‌م و خولیاكانی به‌شێكی زۆری نه‌وه‌ی ئێمه‌ هاوبه‌شه‌ به‌ڵام پردی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ بۆ ئۆرگانیزه‌كردن و گواستنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ و فشار و چالاكی ده‌سته‌جه‌معی ته‌واو تێكشاوه‌.

پێنجه‌م: كوردستان پڕه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی بچوك بچوك و مایكرۆ دیكتاتۆر. ئه‌م په‌یكه‌ره‌ بچوكانه‌ ڕوخانی زه‌حمه‌ته‌. یه‌ك په‌یكه‌ر له‌ئارادا نیه‌ تا كۆبینه‌وه‌ و بیڕوخێنین. ده‌سه‌ڵاتی بچوك بچوك و لۆكاڵی ڕوخان و ده‌سكاریكردن و لێبرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا ته‌واو ئه‌ركێكی زه‌حمه‌ت و ئالۆزه‌، یان لانی كه‌م ئاوابوونی دنیای له‌م شێوه‌یه‌ و دروستكردنی دنیایه‌كی تر له‌ دۆخی ڕوخانی پردی په‌یوه‌ندیدا كرده‌یه‌كی ئاسان نیه‌.
شه‌شه‌م: تێكه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌نێوان شاریبوون و شایخیبووندا. تا ئێستا ئیمه‌ پێیه‌كمان له‌ناو سروشت و پێیه‌كمان له‌ناو شارستانیه‌تدایه‌. به‌مانایه‌كی تر نازانین ده‌سكاری ئه‌م دۆخه‌ به‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی بكه‌ین یان به‌ یاخیبوون و توندوتیژی. بیست و شه‌ش ساڵه‌ لانی كه‌م نه‌مانتوانی له‌ گرنگی دامه‌زراوه‌كان و یاسا و ڕێساكان حاڵی بین یان بیچه‌سپێنین. له‌ئێستاشدا ناتوانین فۆرمێك بدۆزینه‌وه‌ بۆ ده‌رباز بوون له‌م دۆخه‌.

حه‌وته‌م: بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار بزوتنه‌وه‌گه‌لێكی ته‌واو لاوازن. ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پارته‌ سیاسیه‌كان له‌وه‌ لاوزاتردرن بتوانن ده‌سكاری ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش دروست په‌یوه‌سته‌ به‌ نه‌بوونی ڕوئیایه‌كی ڕوون و پارادیمێكی نوێی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ده‌ره‌وه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی. له‌ دۆخی به‌م شێوه‌یه‌دا ته‌نها ده‌نگه‌ده‌نگ و توڕه‌بوون ده‌بیستین نه‌ك بیركردنه‌وه‌ و هه‌وڵ و خه‌بات و تێكۆشانی عه‌قڵانی و ڕادیكاڵ كه‌ جیاواز بێت له‌وی تر.
هه‌شته‌م: به‌شێكی ڕۆشنبیران و پیاوازی ئاینی ڕۆڵی خراپ ده‌گێڕن له‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ وه‌ك خۆی. ئه‌وه‌ی له‌ كه‌مپه‌ینی ڕیفراندۆمدا بینیمان ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆشنبیران و ڕووی دزێوی به‌شێكی پیاوانی ئاینی بوو كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌م نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌خۆڕاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی وه‌رنه‌گرتووه‌ به‌ڵكو به‌ ستایش و نوسین و خیتابی به‌شێكی ڕۆشنبیران و پیاوانی ئاینی له‌سه‌ر پای خۆیان وه‌ستاون.

نۆیه‌م: ئێمه‌ چ جۆره‌ خه‌باتێكمان ده‌وێت بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌؟ شۆڕشمان ده‌وێ یان ڕیفۆرم؟ به‌ چ كه‌ره‌سته‌یه‌ك؟ له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ توانای دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌كی تری نیه‌ بۆ ماڵئاوایی له‌ دۆخی له‌م شێوه‌یه‌ و خوڵقاندن و به‌خێرهێنانی دۆخێكی تر كه‌ لانی كه‌م ماف و كه‌رامه‌ت و خه‌ونی نه‌وه‌ی ئێمه‌ی تێدا بێته‌دی. ئه‌م ئاڵۆزیه‌ بۆ نه‌دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی به‌رگری فه‌زایه‌كی ته‌واو ناله‌باری دروست كردووه‌ كه‌ لێڵیه‌ك له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ماڵئاوایی له‌م دۆخه‌ ده‌بینین.
ده‌یه‌م: بچوككردنه‌وه‌ی كۆی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ كێشه‌ی ئابووری و موچه‌دا. كێشه‌ ئابووریه‌كان دابڕاو نین له‌ كێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوریه‌كان ئه‌سڵه‌ن كێشه‌ی ئابوری كێشه‌یه‌كی بچوكه‌ له‌ به‌شێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ كه‌ سه‌ره‌كی ترینیان كێشه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنه‌. ئه‌م بچوككردنه‌وه‌یه‌ وایكردووه‌ كه‌ هۆكاری كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ نه‌بینین و ته‌نها له‌ قیژه‌ و هاوار و بێدادی له‌ نه‌بوونی نان و موچه‌دا كورتی بكه‌ینه‌وه‌.

یازده‌یه‌م: نه‌دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌كی تر بۆ به‌ره‌نگاری له‌ ده‌ره‌وه‌ی بۆڵه‌بۆڵی دووباره‌ و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی توڕه‌ییه‌كان له‌ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ی و كاركردن له‌سه‌ر خاڵی هاوبه‌ش و خه‌ونی هاوبه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه‌ بۆ بینین و به‌رچاوڕوونی و ڕۆشنی سیمای ئه‌و دنیایه‌ی كه‌ پێویسته‌ بیخوڵقێنین.

دوازده‌یه‌م: ده‌ربازبوون له‌ دۆخی چاوه‌ڕوانی و وه‌لاوه‌نانی لاموبالاتی و ته‌مه‌لی و كردنی سیاسیه‌ت به‌ كرده‌یه‌كی ڕۆژانه‌ و مانه‌وه‌ له‌ ماڵ وه‌ك حه‌رام و كردنی شه‌قام به‌ شوێنی سیاسه‌ت و شوێنی لێپرسینه‌وه‌ و شوێنی هاواركردن. له‌ ئێستادا كۆی چین و توێژه‌كان له‌ چاوه‌ڕوانیه‌كی كۆشنده‌دان و خۆیان به‌ كرده‌ی هه‌ر گۆڕانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌ڵناسن و خویه‌كی قورسیان به‌م چاوه‌ڕوانیه‌وه‌ گرتووه‌ كه‌ نه‌ هیچی لێ شین ده‌بێت و نه‌ ئاسۆیه‌ك له‌م چاوه‌ڕوانیه‌دا ده‌بینرێت بۆ ماڵئاوایی له‌ دۆخێك و خوڵقاندنی دۆخێكی باشتر.




لاوازی و شکستی کورد لە چارەسەری ناوچە سنوریە کێشە لەسەرەکاندا …. شاخەوان شۆڕش

کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا رژێمی بەعس روخا لایەنە سەرەکیەکانی ئێراق لەسەر سیستەمی فیدرالی رێککەوتن و مۆری دەستوریان کرد. سەرانی پارتی و یەکێتی واژووی مانەوەی باشوری کوردستانیان لە چوارچێوەی ئێراقدا کرد. بەمجۆرە باشوری کوردستان دەستوریانە لە چوارچێوەی ئێراقدا مایەوە و چارەسەری کێشەکان خرانە ئەو چوارچێوەیە. ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ یاسا و پرەنسیپە نێونەتەوەیەکان سەبارەت بە کێشەی لەو جۆرە، تێگەیشتن و گونجاوی نێونەتەوەیی هەبوو. چارەسەری ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان ئێراق و باشوری کوردستان بەپێی دەستور بڕگەیەکی تایبەتی بۆ داندرا و لەرێگەی بڕیاری ١٤٠ ـەوە جۆری چارەسەرەکە بڕیاری لەسەر درا. بەپێی دەستور دەبوایە تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ کۆتایی بە چارەسەرەکە بهێندرێت. واتە ئاسەوارەکانی بەعەربکردن نەهێلدرێت، ئاوارەکان بگەرێنەوە، موڵکە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە، دامەزراوەکان بە هاوبەشی رێکبخرێنەوە، پاشان ریفەراندەم لەسەر چارەنوسی ئەو ناوچانە بکرێت و سنور دیار بکرێت. لە دیدێکی کوردستانیانەوە ئەو بڕیارە کەموکوری هەبوو و رەخنەش زۆر گیران. هەرچۆنی بێ ماددەی ١٤٠ گرنگی خۆی هەبووە و بۆ چارەسەری کێشەیەک داندرابوو کە بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی ئێراق هەبووە و بێ چارەسەر مابووەوە.

بۆ ئەوەی کورد بتوانێ لە ئاست جێبەجێکردنی کێشە ئاڵۆز و سەختە نەتەوەیەکانیدابێ، دەخوازێ بەر لەهەر فاکتەرێک کورد خۆی خاوەنی نوێنەری رەوا و بەهێز بێت، لە هاوکێشە هەرێمی و نێونەتەوەیەکان بگات و لە چوارچێوەی تێگەیشتنە دانپێندراوە نێونەتەوەیەکاندا خاوەنی ستراتیژی ناسیونالیستانەی مۆدێرن بێت.

کیشەی سنور گرنگترین کێشەی نێوان ئێراق و باشوری کوردستانە، بۆیە دەبوایە لەپێشترین خاڵی نوێنەرانی کورد بێت و بە کاریگەرانەترین شێوە کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو بەگەرموگوڕی و هوشیاری زۆرەوە هەوڵی جێبەجێکردنی خاڵ بەخاڵی ماددەی ١٤٠ بێ دواکەوتن بدەن، بێ ساردبوونەوە تواناکانیان بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە بخەنەگەڕ، رێگەی سستی نەدەن و هەڵوێستی تووند بەرامبەر هەر پێشێلکاریەکی دەسەڵاتی بەغدا بنوێنن و جەخت لەسەر چارەسەریە دەستوریەکان بکەنەوە.
لەبەرئەوەی باشوری کوردستان نە خاوەنی نوێنەری بەهێز بوو، نە هوشیاری و تێگەیشتنی سەردەمیانە و گونجاوی بۆ پرسێکی ئەوها گرنگ هەبوو، بەپێچەوانەوە سەرانی دەسەڵاتی هەرێم، شێلگیرانە کاریان لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ نەکرد. کێشەی ناوخۆیی و دووبەرکی نێوان بەرەی سەوز و زەرد رۆڵی لاوازکردنی گێڕا و هەوڵەکانی بەلاڕیدا برد، بۆنمونە دوو بەرەیی ئاسایش و دوو ئاراستەیی لە کەرکوکدا، دابڕینی ناوچەکان و بەرێوەبردنیان بەپێی بەرژەوەندیە حزبیە زەرد و سەوزەکان لەهەر زۆنێکدا، بەمجۆرە دوورکەوتنەوە لە هەنگاو و چارەسەری ستراتیژیانەی کوردستانیانە بۆ کێشەکە. لە بەرامبەری لاوازی نوێنەرانی کوردا دەسەڵاتی بەغدا جگەلەوەی هەنگاوەکانی سست بوو، بەربەستی دروستکرد، سیاسەتی پەراوێزکردنی کورد و جار جارە بەعەربکردنیش بەردەوامیان پێدرا.

وەکو دەرکەوت چارەسەری ماددەی ١٤٠ لەکارە لەپێشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم نەبوو. لەجیاتی ئەوە هەر بەرەیە لەلایەن خۆیەوە ململانێی بەدەستهێنانی پلەوپایەو پۆست لە ئاستی ئێراق و کوردستان بوو، هەروەها نایاسایانە خەریکی ئاواکردنی نەوت بە قاچاغ و هەلکەندنی چاڵی نەوت بوون، خەریکی بەستنی کۆنتراکت لەگەل کۆمپانیای تورکی و بێگانە، خەریکی هینانی بازرگانە تورک و عەرەبە گەندەڵەکان بۆ کوردستان بوون و هتد. بەکورتی هەوڵەکان لەگەلێ باردا نایاسایانە بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی زۆرو خێرا چڕکرانەوە. سەرانی دەسەڵاتی هەرێم ئامادەبوون لەسەر نەوت دژی بەغدا بووەستنەوە و بیگەیننە کەناری شەڕ، بەڵام تەنها بۆ یەکجاریش لەسەر سستی یا سڕکردنی ماددەی ١٤٠ هەڵوێستیان وەرنەگرت و لە بەغدا یاخی نەبوون.
لە جیاتی هەروەستە و بەخۆداچوونەوە، وە چارەسەری کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم پەیوەندی و بازرگانیان لەگەڵ تورکیا بەهێزتر کرد، وردە وردە لە دەسەڵاتی بەغدا دوورکەوتنەوە، ناکۆکیەکان قوڵتر و نێوانیان فراوانتر بوو. ئەوەش کە ئاماژە بوو بە کێشە و بێمتمانەیی لەنیوان یەکەی فیدرال و دەسەڵاتی ناوەندا، ئاراستەکەی روو لە ناکۆکی زیاتر و دەرئەنجامی نادیار بوو. لەراستیدا رووکردنە تورکیا و سەیرکردنی تورکیا وەکو فریادرەس لە شەوەزەنگدا گرتنەبەری کوێرەڕێیەک بوو لە هەڵدێردا. ئەوەش گەورەترین و کوشندەترین هەڵەی مێژوویی بوو کە دەسەڵاتدارانی باشور تێیکەوتن.

لە ساڵی ٢٠١٤ دا هیرشەکانی داعش بۆسەر کوردستان دەستیپێکرد، کە تاوانی گەلکوژی شەنگال و تاوانی دیکەی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی لێکەوتەوە. دوای ئەوە بەهاوکاری هاوپەیمانان و لایەنە کوردستانیەکان، هێزی پێشمەرگە توانی زۆربەی ناوچە کوردستانیە سنوریەکان کە گرنگترینیان شاری کەرکوک بوو ڕزگاربکات و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
ئەو سەرکەوتنە سەرکەوتنێک بوو لە باری شەردا، وە ڕێکخراوی داعش دوژمنی هاوبەشی ئێراق و باشوری کوردستان بوو. بۆیە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە لەچنگی تیرۆرستانی داعش، ڕزگارکردن لە دوژمنێک بوو کە وەکو یەک دژی کوردستان و ئێراق بوون. ڕزگارکردنی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان واتای ئەوە نەبوو کە ئیتر ئەو ناوچانە بۆ کوردستان گەڕانەوە و ئێراقیش وازیان لێدێنێ. بە پێی رێکەوتنە دەستوریەکە ئەوناوچانە دەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئێراق تا ئەو کاتەی ماددەی ١٤٠ چارەسەر دەکرێت. هەموو ئەو گوتن و بۆچوونانەی کە پێیوابوو ئەو ناوچانە کوردستانین و نابێ بگەڕێندرێنەوە ژێردەستی ئێراق، یا پێیوابوو ئیتر ئەو ناوچانە جارێکیتر ناچنەوە بندەستی ئێراق، بۆچوونی سۆزدار و خۆشباوەڕانە و ناتاوتوێکراوبوون. ڕاستە لە دیدێکی کوردستانیانەوە ئەو ناوچانە کوردستانین، بەڵام لە دیدی ئێراقیانەوە بەپێچەوانەوە ئێراقین. لەو پرسەدا دوو لایەن هەن کە دوو دیدی دژ بەیەکیان هەیە، دیارە هەردوولا لەسەر چارەسەری کێشەکە ڕێکەوتنی دەستوریان کردووە. بێگومان بوونی ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا، پۆزیسیۆنی دەسەڵاتی هەرێمی بەهێزکرد و لە ئەگەری هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا بێگومان زۆر سوود بەخش بوو، وە دەیتوانی پرۆسەکە زۆر پێشخات. بۆیە ئەگەر تێگەیشتنی راشیونالانە زاڵبوایە دەبوایە ئەو سەرکەوتنە بۆ وەگەڕخستنی چارەسەری یەکجاری ماددەی ١٤٠ بەکاربهێندرێت.

کێشەناوخۆیەکانی باشوری کوردستان و قەیرانی پرسی سەرۆکایەتی و پەرلەمان، پرسی ڕیفەراندەمی قووتکردەوە، کە لەبنچینەدا لەلایەن سەرۆکی نایاسایی و ماوەبەسەرچوو مەسعود بارزانیەوە هێندرا و سەپێندرا. پێداگرتن لەسەر ریفەراندەم لە ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکاندا، بێ گوێ پێدان و بێ هیچ رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی بەغدا، بە پشتکردن لە ئەمەریکا و داواکاریەکانی، بە پشتکردن لە رێکەوتنە دەستوریەکە، لەکاتیکدا هەنگاوەکانی دەسەڵاتی نایاسایی هەرێم لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەدا لەسەر ئاستی بوارە گرنگەکاندا جێگەی پرسیاری زەق بوون، هەموو ئەوانە وایکرد سەرانی باشوری کوردستان خۆیان تەواو تەریککەن و بکەونە قوژبنێکی تەنگ و نالەبار. ئەو هەڵە کوشندانە وایانکرد بارەکە ١٨٠ پلە وەرگەڕێ و بگۆڕێ. حکومەتی ئێراق هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی باشوری قۆزتەوە و کەوتە سەنگەری دژ، داوای هاوکاری هەرێمی و نێونەتەوەیی کرد و گەماڕۆکانی بەکردەوە دەستپێکرد، داوای دەستبەجێی چۆڵکردنی ناوچە ڕزگارکراوە کێشەلەسەرەکانی کرد. ئێران و تورکیا و ئێراق لەسەر چۆکپێدادانی کورد کەوتنەکار. گوشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بوونەهۆی مۆرکردنی كشانەوە و شکست لە ١٥ ی مانگی ئۆکتۆبەردا، نەک هەر ئەوە بەڵکو پەسندی ئەوەکرا کە ئێراق کۆنترۆلی هەموو بیرە نەوتیەکان و خاڵە سنوریەکان دوای ٢٦ ساڵ دوورکەوتنەوە بکاتەوە. ناپاکی باڵێکی ناو یەکێتی دەرهاویشتەی کێشەناوخۆیەکان بوو کە دەسەڵاتداران نکۆڵیان لە بوونی دەکرد.

وەکو گوترا کێشەی ناوچە کوردستانییە سنوریەکان لە رێگەی دەستورەوە چارەسەری بۆ داندراوە، پێویست بوو لە ڕێگەی دایەلۆگ و دانوستان بەپێی دەستور چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت. دەستبەسەرداگرتن لەژێر ناوی کوردستانی بوونی ناوچەکاندا، بێگومان دەرگەی دایەلۆگ دادەخا و ڕێگە بۆ بەرەورووبوونەوە و شەڕ خۆش دەکات. بەئەگەری زۆر بەرەوڕووبوونەوەی چەکداری و شەڕ روویان نەدەدا، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەئاستی پێویستبان و دەستوریانە لەگەڵ کێشەکەدا جووڵابانەوە. بەرەوڕووبوونەوە و شەڕ و دواتر شکست و دۆڕان دەرئەنجامی ئەو ئاراستە چەوتە بوو کە لەدەیەی ڕابردوودا پیادەکرا.

ئەگەر کوردستان کێشەی ناوخۆیشی نەبوایە، خاوەنی سوپای بەهێزی نیشتیمانیش بوایە چارەسەری ئاشتیانە باشتربوو لە شەڕ و بە کوشتدانی مرۆڤ و وێرانکردنی وڵات. بەپێچەوانەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتی سیاسی لاوازبوو و بە کێشەی ناوخۆیەوە گیرۆدەبووە، بەمجۆرە باشوری کوردستان ئەو پێگە بەهێزەی نەبوو، دەبوایە سەرنج تەنها لای چارەسەری دەستوریانە بێت.
لە باری ئێستادا و لە دوای ئەو کەوتن و دۆڕانەی کە ڕوویدا، ئەگەر باشوری کوردستان خۆی بگرێتەوە و دەسەڵاتێکی نوێ نوێنەرایەتی بکات، پێویستە شێلگیرانە بۆ چارەسەری دەستوریانەی ماددەی ١٤٠ بگەڕێتەوە. بوونی دەسەڵاتێکی رەوا و دیموکراسی بێگومان کوردستان هەڵدەستێنێتەوە و بەهێزی دەکات، بەپێچەوانەوە درێژەی پاشماوەی ئەو دەسەڵاتە دووبەرەییەی ئێستا کورد بە لاوازی دەهێڵیتەوە و ستاتوسی کورد لەهەر دانوستان و گفتوگۆیەکدا لاواز دەکات.

30-10-2017




ئەنارکیزم ، مه‌رگ و ژیان …. وەرگێڕانی: ھەژێن

“بە من ڕێگەبدەن خه‌یاڵبکه‌م،
کە له‌نێو ئه‌و ئه‌ستێرانه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ک هه‌یه‌ و‌
لەنێو بومولێڵیی نامۆی ژیان
چاوساخیی من ده‌کا‌”
ڕابیندرات تاگوور

ئەنارکیسته‌کان لەنێو‌ بزووتنه‌وه‌ی کڕۆنشتات ڕۆڵێکی فرەیان نه‌بوو. وێڕای ئەوە‌ش ناکرێت له‌به‌رچاوینه‌گیردرێن، که‌ کۆمیته‌ی شۆڕشگێڕی کڕۆنشتات لە‌ دوو که‌سی‌ ئەوان [ئەنارکیستەکان] داخوازیکرد، تاکو به‌ بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ په‌یوه‌ستببن. که‌سی یه‌که‌م (یارچۆوک Yartchouk) دامه‌زرێنه‌ری سۆڤیه‌تی کڕۆنشتات ساڵی‌ ١٩١٧ و ئه‌وی ‌دیکە (ڤۆلین Volin) بوو. به‌ڵام ئەو بانگه‌وازه‌ بەبێ سه‌ره‌نجام مایه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و کات هه‌ر ئەو دوو کەسەکە له‌نێو چنگی بۆلشه‌ڤیکه‌کان ده‌ستبه‌سه‌ربوون. به‌ گوته‌ی (ئیدا مێت Ida Mett ) مێژونووس و نووسه‌ری په‌رتووکی ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات La Revotle De Cronstad ” کارایی ئەنارکیسته‌کان له‌سه‌ر کڕۆنشتات ته‌نیا له‌و تێڕوانینەوه‌ ده‌کرێت ناوبهێنرێت، که‌ ئەنارکیزمیش ڕاگه‌یێنه‌ری تێڕوانینی دێمۆکراسیی کرێکاری بوو”. به‌ هه‌ر بارێکدا هه‌رچه‌نده‌ ئەنارکیسته‌کان ده‌ستبه‌کاربوونێکی ڕاسته‌وخۆیان لەنێو‌ ئەو ڕاپه‌ڕینه‌که‌ نه‌بوو، به‌ڵام ئەوان ڕاپەڕینەکەیان بە هی خۆیانیان زانی.

ڤۆلین دواتر نووسی ” …. کڕۆنشتات یه‌که‌مین هه‌وڵی ته‌واو سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ریی بوو بۆ ڕزگاربوون له‌ کۆتی هه‌ر جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێک و ھەڵخڕاندنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی. ئەو هه‌وڵه‌ به‌ده‌ستی خودی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش، ڕاسته‌وخۆ به‌بێ هانابردن بۆ شوانه‌ ڕامیارییه‌کان و ڕابه‌ران و سه‌رپه‌رشتیگه‌ران ئه‌نجامدرا “. هەر ئاوا ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان گوتی ” کڕۆنشتات ئه‌فسانه‌ی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتێریی کرده‌ نه‌خشه‌ی سه‌ر ئاو و سه‌لماندی، که‌ له‌نێوان دیکتاتۆریی پارتیی کۆمونیست و شۆڕش بواری هیچ جۆره‌ سازشێک نییه‌!” …

وێڕای نه‌بوونی خۆتێهه‌ڵقورتانی ڕاسته‌وخۆی ئەنارکیسته‌کان له‌نێو ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات‌، سه‌رکوتکرانی ئەو ڕاپه‌ڕینه‌ بیانوویه‌کی گونجاوی بە دام و ده‌زگه‌کانی فەرمانداریی بەخشی، تاکو کێشه‌ی خۆیان لەتەک ئەنارکیزم‌ که‌ هێشتا ترسێکی گه‌وره‌ بوو بۆ سەر دەوڵەتی بۆلشەڤیکی، یه‌کلاییبکەنه‌وه‌! چه‌نده‌ هه‌فتە پێش سه‌رهه‌ڵدانی یاخیبوونه‌کەی کڕۆنشتات، واته‌ ڕۆژی هه‌شته‌می فێبریوه‌ری ١٩٢١، (کڕۆپۆتکین Kropotkin‌)ی پیر تەمەن، له‌ ڕوسیه‌ مرد. به‌خاکسپاردنی ئەو به‌ڕێکردنێکی فرە پڕشکۆی لە‌خۆگرت. به‌شداربووانێک که‌ ته‌رمی ئەویان به‌خاکده‌سپارد، ژماره‌یان لایەنی کەم سه‌د هه‌زار که‌س ده‌بوو.‌ ئاڵای ڕه‌ش و سووری گروپه‌ ئەنارکیسته‌کان ئامێته‌بوون. له‌سه‌ر ڕه‌شی ئاڵاکان به‌ خه‌تێکی سوور ئەو ده‌سته‌واژه‌ به‌رچاو ده‌که‌وت ” له‌ هه‌ر کوێ دەسەڵاتداریی هه‌بێت، لەوێ ئازادی بوونی نییه‌ ” .

نووسه‌رانێک، که‌ لەبارەی کۆپۆتکین‌ نووسیویانه‌، ئەو خۆنیشاندانه‌ وه‌ک “دواین خۆنواندنی گه‌وره‌ له‌ دژی سه‌رکوتکاریی بۆلشه‌ڤیکه‌کان” ناودەبەن. به‌شداربووان لەنێو ئەو خۆنیشاندانە “نه‌ک ته‌نیا بۆ ڕێزلێنان له‌ کرۆپۆتکین، به‌ڵکو هەر ئاواش بۆ ‌داخوازی جێگیرکردنی ئازادی به‌شدارییانداکرد”. پاش سه‌رکوتکردنی کڕۆنشتات سه‌دان ئەنارکیست زیندانیکران. چه‌ند مانگ پاش ئه‌وه، ئازادیخوازێک به‌ناوی فانی بارون Fanny Baron و هه‌شت که‌سی‌ دیکە له‌ هاوه‌ڵه‌کانی لەنێو‌ سیاچاڵه‌کانی زیندانی ( چێکا ) له‌ مۆسکۆ گولهد‌بارانکران.

گولهد‌ی بەزەیی به‌ مێشکی ئەنارکیستی تێکۆشەره‌وه‌ نرا. له‌و باره‌دا له ‌ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیه‌، ئه‌و ئەنارکیستانه‌ی که‌ لە ئه‌زموونی ڕوسیه‌ تێگەییشتبوون، به‌ فراوانی که‌وتنه‌‌ ڕه‌خنەگرتن‌ و پێداچوونه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌کانی خۆیان، تاکو بیری ئازادیخوازانه‌ هه‌رچی زۆرتر به‌رجه‌سته‌بکه‌ن. سه‌ره‌تای سێپته‌مبه‌ری ١٩٢٠ کۆنگرەی یه‌کێتی ئەنارکیسته‌کانی ئۆکرانیا نابات Nabat به‌ڕاشکاوی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” که‌ ناچار ئەرکەکەی له‌ دیکتاتۆریی به‌شێک له‌ پڕۆلیتاریا [به‌شێک، که‌ لەنێو پارتییەک ڕێکخراوه‌] فه‌رمانبه‌ران و مشتێک له‌ ڕابه‌ران کۆتاییدێت، ڕه‌تکردببووه‌وه‌. (کۆپۆتکین)‌یش که‌مێک پێش مردنی، نیگه‌رانی خۆی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی “سەروەریی تەواو” له‌ وڵات ده‌ربڕیبوو “بەبۆچوونی من، هه‌وڵدان بۆ ڕۆنانی کۆماری کۆمونیستیی له‌سه‌ر پایه‌کانی ده‌وڵه‌ت و توندوتیژی نێوەندییانە‌ و له‌ژێر زۆری یاسا ئاسنینه‌کانی دیکتاتۆریی تاکپارتیی، به شکستێکی گه‌وره ‌کۆتاییدێت. ڕوسیه‌ نیشانیداین، بۆچی نه‌ده‌بوو به‌ کۆمونیزم ملبدرێت ” .

ڕۆژنامه‌ی فه‌ره‌نسیی ئازادیخواز Le Libbertaire له‌ ژماره‌ ١٤ی ڕۆژی ٧ی جێنیوه‌ری ١٩٢١، بانگه‌وازێکی پڕ وره‌ی ئەنارکۆسه‌ندیکالیسته‌کانی ڕوسیای بۆ پڕۆلیتاریای جیهان‌ بڵاوکرده‌وه‌ “هاوڕێیان، وه‌ک ئێمه‌ کۆتایی به‌ فەرمانداریی بۆرجوازی له‌ وڵاته‌کانتان بهێنن! به‌ڵام وریابن، هه‌ڵه‌کانی ئێمه‌ دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌! نه‌هێڵن کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی ببێته‌ فه‌رمانداری وڵاته‌کانتان”.

ئەنارکیستی ئاڵمانی-زمان (ڕودۆلف ڕۆکه‌ر Rudolf Rocker)یش‌ ساڵی ١٩٢٠ پەرتووکێکی به‌ناوی “شکستخواردنی کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی” نووسی و ساڵی ١٩٢١ بڵاویکرده‌وه‌! ئەوە‌ یه‌که‌مین ئه‌زموون و لێکدانه‌وه‌ی ڕامیاریی بوو لەبارەی شێواندنی شۆڕشی ڕوسیە. بەگوێرەی‌ تێڕوانینی ڕۆکه‌ر‌ ‌”دیکتاتۆری پڕۆلیتێریی نه‌ک ھەر ده‌ربڕی خواستی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی نەبوو‌، به‌ڵکو دیکتاتۆری پارتیی بوو، که‌ پاگه‌نده‌ی نوێنه‌رایه‌تی چینی کرێکاری ده‌کرد، بێجگە لەوەش، تاکه‌ پشتوپه‌نای ده‌سه‌ڵاتی ئەو دیکتاتۆرییە، سه‌ره‌نێزه‌کانی بوون، له‌پشت دێوجامە‌ی دیکتاتۆریه‌تی پڕۆلیتاریا چینێکی تازه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و په‌ره‌یسه‌ندووه‌، چینی کۆمیساره‌کان یان سەروەریی کۆمیسارەکان. ئەم ڕۆژیش‌ جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵک به‌ هه‌مان ئه‌ندازه هه‌ست بە سەرکوتگه‌ریی چینی سەروەر ده‌که‌ن، که‌ دوێنێ‌ له‌ سایه‌ی سەرکوتگه‌ریی ڕژێمی ڕوخاوی [تزار] هه‌ستیانده‌کرد”.

کاتێک که‌ گشت لایەنه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی به ‌ته‌واوی بکێشرێنه‌ ژێر دەسەڵاتی فەرمانداریی سەرتاپاگیر، ئه‌نجامه‌که‌ی “شتێک واوه‌تر له‌ زنجیرەیەک‌ پله‌وپایه‌ی فه‌رمانبه‌ریی نابێت و ئەوە‌ چاره‌نووسی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی شۆڕشی ڕوسیا بووه‌”. “بۆلشه‌ڤیکه‌کان هەر تەنیا ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌روه‌ریان له‌ کۆمەڵی پێشووتر به‌ پوختی وه‌رنەگرت، به‌ڵکو ئاوا ده‌سه‌ڵاتێکیشیان بە ئەو به‌خشی، که‌ هیچ فەرماندارییەکی‌ دیکە له‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌ی له‌توانا نه‌بوو”!

مانگی جون ١٩٩٢ گروپێک له‌ ئەنارکیسته‌ په‌نابه‌ره‌کان له‌ ئاڵمانیا، پەرتووکێکی گچکه‌ و ئاشکراکەرانە‌یان به‌ناوی “سه‌رکوتی ئەنارکیزمی ڕوسیه‌ی سۆڤیه‌تیی” بڵاوکرده‌وه‌، که‌ به‌ خامه‌ی ئا. گۆریێلیک A . Gorielik و ئا. کۆمۆڤ A.Komoff و گ.پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff ڤۆلین Volin نووسرابوو! ڤۆلین به‌خۆی ساڵی ١٩٢٣ ئه‌و په‌رتووکه‌ی وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی. ئەو په‌رتووکه‌ لیستی ناوی گیانبه‌ختکردووانی ئەنارکیستی بەگوێرەی ئه‌لف ‌و بێ تێدابوو. ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان ساڵی ١٩٢٠ و ١٩٢٢، ئێما گۆڵدمان‌ ساڵی ١٩٢٢ و ١٩٢٣ له‌باره‌ی ئەو ڕوداوه‌‌ ناخۆشانە‌ی که‌ له‌ ڕوسیه‌‌ دیتبوویانن، کۆمەڵێک نامیلکه‌یان بڵاوکردنه‌وه‌!

ئه‌و (ماخنۆڤیست)انه‌ش که‌ گیانیان ده‌ربازکردبوو و په‌نایان بۆ ڕۆژاوا هێنابوو، له‌وانه‌ پیر ئارشینۆڤ و خودی نێستۆر ماخنۆ، هه‌ر که‌سه‌ و ئه‌وه‌ی دیتبووی بڵاویکرده‌وه‌. پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، سه‌رده‌می جەنگی دووه‌می جیهانی‌، دوو به‌رهه‌می گه‌وره‌ و سه‌ره‌کی ئازادبیران له‌باره‌ی ” شۆڕشی ڕوسيه” لەلایەن گ. پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff و ڤۆلین Volin‌ نووسران و چاپکران. ئەو دوو به‌رهه‌مه‌ به‌خۆیان گه‌واهییه‌ک بوون له‌سه‌ر تێپه‌ڕینی ساڵانێکی درێژخایەن و به‌ئه‌زموونی هزرەکان ‌لای ئەنارکیسته‌کان.

ماکسیمۆڤ گه‌واهنامەی خۆی به‌زمانی ئینگلیزی بڵاوکرده‌وه‌؛ ئەو بڕوای ئاوا بوو، که‌ وانه‌کانی ڕابوردوو، مسۆگه‌رکه‌ری داهاتوویه‌کی باشترن. “چینی فەرمانداری تازه‌ له‌ سۆڤیه‌ت ناتوانێت و نابێت بۆ هه‌میشه‌ درێژه‌ به‌ژیانی خۆی بدات و سه‌ره‌نجام سۆشیالیزمی ئازادیخوازانه‌ به‌سه‌ر ئەو سه‌رده‌که‌وێت! هەل و مەرجی خۆیی ئاوا گۆڕانێک ده‌که‌نه‌ شتێکی بێگه‌ڕانه‌وه‌ “. ئایا شیاوی ملپێدانه‌ (…) که‌ کرێکاران خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران بۆ نێو کارخانه‌کان بن؟ هه‌رگیز! له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ که به‌ ڕۆشنی‌ یاخیبوونی ئەوان له‌ دژی به‌هره‌کێشیی ده‌وڵه‌ت و سەروەرییە‌‌. “ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یخوازن، ئه‌وه‌یه‌ له‌جێی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی زۆره‌ملێیانانه‌ی به‌رهه‌مهێنان، ڕێکخراوی سۆڤیه‌تیی کارخانه‌کانی خۆیان، کە له‌نێو فێدراسیۆنی به‌ربڵاو و فراوان یه‌کده‌گرن، دابنێن. ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یانه‌وێت، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کرێکارییه‌. بەو جۆرە جوتیارانیش تەواو هوشیارن، که‌ ئەم ڕۆژ‌ پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئابووری تاکه‌که‌سیی له‌ بنه‌ڕه‌تدا گونجاو نییه‌ و ته‌نیا چارەسەرە‌ هه‌ره‌وه‌زیی کشتوکا و گەلکاریی گوندنشینانە لەتەک سۆڤیه‌ته‌کانی کارخانه‌ و سه‌ندیکاکان و به‌کورتی په‌ره‌دانه‌ به‌ به‌رنامه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر له‌نێو بارێکی ئازادیخوازانە”.

بەگوێرەی تێڕوانینی ڤۆلین، هه‌ر هه‌وڵێک که‌ به‌ سروشوه‌رگرتن له‌ نموونەی [ئۆلگوی] ڕوسیه‌ سه‌ربگرێت، به‌رهه‌مه‌که‌ی بێجگه‌ له‌ “سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هره‌کێشیی جه‌ماوه‌ر”، شتێکی ‌دیکە نابێت. هه‌ر ئاوا ئەوە‌ گه‌نده‌ڵترین جۆری سه‌رمایه‌دارییه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی لەتەک “بزووتنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و کۆمەڵی سۆشیالیستیی” نییه‌. ئاوا نموونەگیرییەک ناتوانێت بێجگه‌ له ‌”دیکتاتۆری تاکپارتیی، که‌ ئه‌نجامی‌‌ سه‌پاندنەکە‌ی له‌نێوچوونی هه‌ر جۆره‌ ئازادییه‌کی ڕاده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی و ڕێکخراوبوون و ته‌نانه‌ت پشتیوانی جوڵانه‌وه‌ شۆڕشگێڕه‌‌کان و ھەر ئاواش پاراستنی به‌رته‌رییە بە ته‌نیا بۆ پارتیی فەرماندار” و بێجگه‌ له‌ “کۆنترۆڵکردنی بیر و بۆچوونە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌ربه‌ستکردنی هەڵچوونی شۆڕش” ناتوانێت ئه‌نجامێکی ‌دیکەی هەبێت.

ڤۆلین بڕوای ئاوایە،‌ که‌ ستالین ” له‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌باری بوو”، ستالین و ستالینیزم به‌‌ره‌نجامی لۆجیکیانه‌ی سیسته‌مێکی سەرکەوتگەرانەن، که‌ ساڵانی ١٩١٨- ١٩٢١ پایه‌ڕێژیی و جێگیرکرا. “ئەوە‌یه‌ وانه‌ی جیهانیی ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ و دیاریکه‌ری بۆلشه‌ڤیزم. وانه‌یه‌ک که‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕوداوه‌کانی داهاتوو، به‌زوویی بۆ گشت ئه‌وانه‌ی که‌ لەنێو ئازار ده‌تلێنه‌وه‌ و ده‌چه‌وسێنه‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ی که بیرده‌که‌نه‌وه‌ و تێدەکۆشن، ده‌رده‌که‌وێت.‌

————————–
سه‌رچاوەی لێ وه‌رگیراو‌‌ :
http://anarchi.persianblog.com

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




سێوەلاسۆرە و فرمێسكەكانی منداڵیم …. عەبدولڕەحمان فەرهادی

كە سبەینان لە خەو ڕادەبووم، بالیفەكەم تەڕاییی فرمێسكەكانی شەوێمی بەسەرەوە دەما، تەڕایییەكی نم و كزر، شەوان كە لەبیركردنەوەكانم ڕادەچووم، فرمێسكم جۆگەلەی دەبەست، بیرم نایێ شەوێكی منداڵیمم بێ گریان بەسەر بردبێت، بەدەست خۆم نەبوو من لە منداڵیمەوە هەر گرینۆك بووم. زۆر شەوانیش ئەوەندەی یەك كوندە، میزم بەخۆمدا دەكرد، بۆیە جێوباڵینگانیشم گەلێكجاران بە تەڕی دەمایەوە. من كە بە نازی دایكە قەشەنگە جوانەمەرگەكەم (دایە بەسێ) گەورە بووبووم كەچی دوای مەرگی لەناكاوی، لە هەموو نازێكی منداڵی بێبەش مامەوە و ڕۆژانە دوای ئەوەی بابم دەڕۆیشتە دەرەوە ئیتر زەبروزەنگە دەروونی و جەستەیییەكانم لەڕێی دایكە تازەكەمەوە سەریان هەڵدەدا، قەت لەبیرم ناچێتەوە كە لە باوەشی دایكی خۆم خەو دەیبردمەوە، ئەو یادگارییانە خۆشترین سۆزی ڕابردوومن، بۆنی سینگ و بەرۆك و مێخەكەكانی گەردەنی كێلی، بەرامەی ڕەشە ڕەیحانەكانی گیرفانی، كراس و كورتەكە بە باقوبریقە سیمدارەكەی، تا ئەو ڕۆژەی شۆڕی ناو قەبرێم دەكەنەوە لە خەیاڵدانمدا ناسڕێنەوە، هیچ ئیسراحەتێك ناگاتە ئیسراحەتی ئەوەی كە سەرم بە كۆشی ئەو دەكرد، باڵای شەنگی پڕ بوو لە زڕیوپۆلی، قەت كڵاوە هەورییە پڕ لە كۆترۆكەكەیم لە دیدەدا ناسڕێتەوە. كۆچی ناوادەی دایەم منی لە هەموو جوانییەكانی منداڵی دابڕی. بابم دەمێك بوو هەستی كردبوو ئەو زڕدایكە مەلعوونەم كە لای خۆم بە مەلعوونخانم ناوزەدم دەكرد، لێم ڕقەستوورە و گەر بۆی بلوێ دەست لە خنخنۆكم دەنێ و تا حەیاتم لێ دەبڕێ لێم نابێتەوە.

بابە مستۆ كە لە دایەرەی ئەشغال نۆبەتداری كۆگا بوو، سبەینان لەگەڵ شیڕەی نێرەكەر لە دەرگای حەوشە ئاودیو دەبوو و تا دوای عەسرێكی درەنگ چاومان پێی نەدەكەوتەوە، تا دایە بەسێم مابوو، ئاگام لەو نەبوو، نەمدەزانی كەی لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و كەی دەگەڕێتەوە، خۆ ئەو نەیدەزانی ژنە تازەكەی كە وەرمدەگەڕایێ، جەستەی خنجیلانەمی لە ختوخۆڕا بە قەمپاران هەنجن بە هەنجن دەكرد، بەڵام دەیزانی كە منی مێردمنداڵی حەوت ساڵان لێی هەراسانم، نیگەرانی ئۆقرەی لێ بڕیبووم و دەیزانی نەك تۆزقاڵێ مێریڤانیم بەرانبەری نییە، بەڵكوو ڕقی دونیام لێیەتی، ئەمە بابمی زۆر نیگەران كردبوو، من تەواو هەستم بەوە دەكرد، بۆ ئەوەی لەو كەشە مەرگەمووشاوییەم بێنێتە دەرەوە، ڕۆژێكیان بانگی كردم تێری ماچ كردم و پێنج فلسی زیادەشی دامێ و پێی گوتم: كوڕێ من واچاكە لێرەوە، لەو تەمەنەوە خۆت بە كار و كەسابەت ئاشنا بكەی، من تێی نەگەیشتم تا پێشنیازی بۆ كردم كە دەیهەوێ بمخاتە بەردەست دوكاندارێكی هاوڕێی كە وەستای دروستكردنی كورسی و تەختەی دار بوو، با بڵێین دارتاش بوو.

بەیانییەكەی بردمییە لای وەستا عەزیزی نەججاڕ كە پێشتر لەمبارەوە قسەی لەگەڵ كردبوو، دوكانەكەی وەستا عەزیز بەرانبەر مەكتەبی بۆتان بوو، لە ڕیزی چایخانەی ئاغا دزەیییەكان. بەیانیی ڕۆژی دووەم سبەینە زوو بۆ یەكەمجار، بووم بە شاگردی وەستایەكی كەچەڵی سەر رووتاوە، وەستا عەزیز بەردەستیی پێ دەكردم، سەرباری وردە كاری دارتاشی، دەیناردم وردە كەلوپەلی ڕۆژانەی ماڵەوەشی پێ دەكڕیم، دەیناردم چای لە چایخانەكەی مام ڕەحمان بۆ خۆی و میوانەكانی بۆ بێنم، درەنگانی پاش نیوەڕۆیان دە فلووسی دەدامێ و بەڕێی دەكردم، كە دەگەییمەوە ماڵەوە دەبووا دە فلووسەكە لە مستی زڕدایكەكەم بنێم، ئەو وای ڕاهێنابووم، خۆ نەدەوێرام ڕۆژێ پێنج فلووس خەرج بكەم. وەستا عەزیز پیاوێكی غەدداری چاو حیزی بەد ڕەوشتی جەمال سێوان بوو، یەكجار زۆر لێی بە هەستوخوست بووم، كە ئەو لە دوكانێ بە تەنیا دەمایەوە، من نەدەوێرام لە ژوورەوە بم، بەڵكوو لەبەر دەرگا هەڵدەترووشكام و چەندی بانگ بكردبام قەت لای نەدەمامەوە.

دە ڕۆژێك لەم كارەم بەردەوام بووم. بیرمە سبەینەیەكی ڕۆژی هەینی، بابم دەیبردمە لای ناسیح حەللاق كە دوكانەكەی بە تەنیشت حەمام عەسرییەوە بوو لە كۆڵانی عارەبان تا سەروپۆتەلاكم چاككات، بە بابمم گوت چیتر من ناچمەوە لای وەستا عەزیز چونكە پیاوێكی ڕەوشتسزە و من لەوانە نیم مل بۆ داخوازییە پۆخڵەكانی بدەم، من دەمەوێ ئیشێكیترم بۆ بدۆزییەوە، دامنابوو گەر بەقسەم نەكا، سەری خۆم بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەڵگرم. بابم لە وەزعەكەم تێگەیشت و ڕۆژی شەممەم بێ ئیشوكار لەگەڵ منداڵانی كۆڵان بەسەر برد، ئەو منداڵانەی كە بەنازی دایك و بابیان لە كۆڵان كەیفساز بوون و منیش دڵ و دەروونم پڕ بوو لەو گرێیانەی كە ژیانی نالەبار و چارەنووسم تێی چاندبووم. ئێوارەی شەممە بابم بانگی كردم و گوتی واچاكە بۆخۆت ئیشی سەربەخۆ بكەی و بە ئازادی خۆت پێبگەیەنی و كەس وەك چاودێر و وەستا بەسەرتەوە نەبێ و پێمباشە دەسگێڕی بكەی و من سەبەتەیەكی بچووكی تریانی نووردییە نانت دەدەمێ و یەكەم ڕۆژ دەتبەمە لای محێدینی دوكاندار لای شێخی چۆلی و چەند كیلۆیەك سێوە لاسوورەت بۆ دەكڕم و بڕۆ بۆخۆت لە كووچە و كۆلانەكان بگەڕی و تاك تاكە بیانفرۆشە منداڵان، مام محێدین باوكی شوانی هاوڕم بوو كە ئێستا كاربەدەستێكی گەورەی میرییە و پیاوێكی خانەدان و هەژاردۆست و هاوكاری بابم بوو. یەكەم ڕۆژی ئەم كارە تازەیەم لە كووچە و كۆڵانە تەنگەبەر و ناڕێكەكانی تەیراوە بە ئاسوودەیی بردە سەر،دوو دانە سێوە لاسوورەم بە پێنج فلووس دەدا، بیرمە بە هەموو گەرووی خۆم لەنێو كووچەكانی دەوروبەری چایەخانەی باییز بەولاوە هاوارم دەكرد: (سێوە لاسۆرە سێوە لاسۆرە، سێوە سۆرەی مزر و خۆش، دەی وەرن دووی بە پێنج فلووس).

هەموو دەوروبەری نیوەڕۆیانیش دەچوومە سەر عەرەبانەكەی مام نەجمەدین و یەك سەندەویجی تەواوی توورشیم دەخوارد. ئێوارە كە دەگەڕامەوە دەنگم دەنووسا ئەوەندەم هاوار كردبوو، لەڕێی گەڕانەوەم ئێوارەی یەكەم ڕۆژم تەواوی پارەكەمم ژمارد، بۆم دەركەوت كە درهەمێكم قازانج كردووە، ئەمەش بەگوێرەی كاری پێشووم بڕە پارەیەكی زۆرتر بوو، ئەم دەسگێڕییەم جگە لە سەربەخۆیی و دەروونئاسوودەیی وابەست نەبوونم بە كەسێكی دیاریكراوەوە، قازانجێكی تریشی بۆم هەبوو كە ئەوە بوو دەمتوانی ڕۆژانە شتێك بۆخۆم خەرج بكەم بەبێ ئەوەی مەلعوونخانم پێی بزانێ. تا دەهات زێتر شارەزای سێوفرۆشی دەبووم و قازانجم ڕووی لە زیادی دەكرد.

ئێوارەیەكیان لە قەڵا نزیك كەوتمەوە و حەزی چوونە سەر قەڵا و سێوفرۆشییەكەم هانیدام بە دەرگاكای ئەودیو وردە وردە سەركەوم، دەرگای دیوی بازاڕی قەیسەری، كە تازە لای شێخی چۆلییەوە دەهاتمە ئەوناوە، بە هانكەهانك سەركەوتمە سەر قەڵا كە یەكەمجارم بوو سەری دەكەوتم، ڕێگا پێپیلكەكەی یەكجار ڕك و قوڕاوی بوو، بەهەر جۆرێ بوو، سەركەوتم و ئەوێم زۆر بەلاوە نامۆ بوو و وەك ئەوەی چووبمە شارێكی دیكەی دەرەوەی هەولێر، لەوێ‌ زۆرم سێوەلاسۆرە فرۆشت، دەمەو نیوەڕۆ داهات و نیوەی سەبەتەكەم لە سێو بەتاڵ ببوو، بەڕكم پڕی پارە بوو و لە دەرگای ئەودیو نزیك دەكەوتمەوە كە منداڵە قەڵاتی خەریكی شەڕ پێفرۆشتنم بوون، ناچار هەنگاوەكانمم خێراتر كرد و كە گەیشتمە دەرگای دیوی مەحكەمە، پشووێكی پڕ لە فەرامۆشیم وەرگرت و هەوای ساف و فێنكی ئەوناوە، ئارامییەك و دەرووناسوودەیییەكی دامێ‌، خەریكی هەنگاونان بووم بۆ خوارەوە بۆ ئەوەی بەرەو ماڵ ببمەوە، لە ناوەندی ڕێگاكە كە ڕێیەكی زۆر ڕك و قوڕاوی بوو، هەستم كرد لە خوارەوە غەڵبەغەڵبێكی زۆرە و كە تەواو دیقەتمدا، هەستم كرد كە گەلەكۆمەی منداڵە وردكە و هەرزەكارانە بۆ هێرش و هەڵكوتانە سەر قەڵا، بەرد هاوێشتنێك بوو نەبێتەوە، هەر گاشە بوو لە تەنیشتمەوە گڤڤەی دەهات بە عارد دەكەوت، بە پەلە بەرەو چوونەوە ناو قەڵا تا هێزم تێدا بوو ڕامكرد، زانیم شەڕەبەردی نێوان قەڵا و تەیراوەیە، هەمووجار شاكر ی مامم بۆی باس دەكردم كە چۆن بەشداریی قارەمانانەی لەو شەڕانەدا كردووە، مامە شاكر وەك چۆن فیلم دەگێڕێتەوە، ئاوا داستانی قارەمانێتیی خۆی و هاوڕێكانی تەیراوەی بۆ باس دەكردم.

باسی ئەوەی بۆ دەكردم كە چۆن بەهێرشی ئازایانەیان، منداڵە قەڵاتییان ڕاوناوە و لەناو قەڵایان پەستوونەتەوە و دواتر چۆن تا كۆشی دایكیان سەریان لەدوو ناون. هەنگاوەكانم خێراتر كردن و لەسەرەوەی قەڵاش لە لێوارەكەیەوە هێرشبەرانی قەڵا تا هێزیان تێدا بوو گاشەبەردەكانیان دەهاوێشتە تەیراوەیییەكان، لەوناوە گاشەیەك بەر شانی چەپم كەوت، شەقاوە هێرشبەرەكانی تەیراوە منیان بە هێرشبەر و سەردەستەی قەڵاتییەكان دەزانی و ئەوانەی قەڵاتیش تا هێزیان تێدا بوو هێرشیان بۆ سەر من زیاد دەكرد، ناچار ڕوو لە خوارەوە بكەم و تا هێزم تێدابوو لاتەریكانە هەنگاوم نا، لەپڕ هەڵخلیسكام و خراپ بەربوومەوە، تاكە پێڵاوە لاستیكە شینكەلەكەم و سەبەتە سێوەكەم لەدەست چوو و غلۆر بوونەوە و هەر سێوەی بەلایەكدا چوو، بەهۆی ئازارەكەی شانم ئاگام لە سەبەتە و سێو نەما، كە گەیشتمە دامێنی قەڵا، هەندێ‌ لە تەیراوەیییەكان بەهۆی هوروژمیان بۆ سەركەوتنە سەر قەڵا، خۆیان و بەردەقانییەكانی دەستیان هەنگاویان دەنا و ئاگایان لەمن نەما، منیش خۆمم دابووە لایەك، كەچی چەندانێكیشیان بەدوامەوە بوون تا گرتمیان، خەریك بووم خۆمیان لەدەست ڕاپسكێنم، كەچی ئەوان بەهێزتر بوون و تا تێمگەیاندن كە من شەكەراتفرۆشم و قەڵاتی نیم و لە كۆڵانی عارەبانەوە هاتووم و پێوەندییەكم بەو شەڕانەوە نییە و هەر بۆ فرۆشیاری چوومەتە ئەوێ‌، چەندانێكیان دەمولێویان پڕ خوێن كردم، پارەكەی گیرفانمیان دەرهێنا و بەرەڵڵایان كردم.

كە گەیشتمە دەوروبەری ماڵەوە، یەكسەر خۆم كوتایە ناو مزگەوتی حاجی حوسێن و نەمهێشت دەروێشی مزگەوت بمبینێ، سەروسەكوتی خۆمم بەو سەرمایە دایەبەر شێرەی ئاوەكە و نەمهێشت ئاسەواری تێهەڵدانەكەم بە ڕوخسارمەوە بمێنێ، دواتر لەترسی مەلعوونخانم نەوێرام بچمەوە ماڵەوە, بۆیێ ناچارمام خۆم تا دەمەو مەغریب دوابخەم تا باوكم دێتەوە و بەسەرهاتەكەمی بە وردی بۆ باس بكەم، ڕووەو ژێر پێپلیكەكانی مزگەوت هەنگاوم نا كە پڕی بوو لە تاتەشۆر و دارەبازە، جەستەی وردمم لەنێو دارەمەیت و تاتەشۆرە شەقوشلۆقەكان بزر كرد و خەوێكی خۆش بردمیەوە، لەخەوما پڕ بە بنار و دامێنی قەڵا زەبەلاحەكە سێوەلاسۆر دەڕژانە خوارەوە و نەمدەزانی باوەش بە چەندانێكیاندا بكەم. كە باگا هاتم مەغریب بانگی دەدا و ئازاری شانم زیادی کردبوو و ناشزانم لەترسان بوو یان بەهۆی خەوە قووڵەكەمەوە بوو, بایی یەك كوندە، میزم كردبوو بەخۆمدا.

ھەولێر ٩/٩/٢٠١٧




کتێبە خوێناوییەکانی نێو دەلاقەی نیشتیمان … ناڵە حەسەن

– کتێبی یەکەم

نیشتیمانم
تۆ کتێبی حیکایەتێکی درێژی
من هەموودەم دەتخوێنمەوە
بەدەم خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم
بەدەم گەڕان و پیاسەکانم
بەدەم ڕاکشان و خەوەکانم
تەنانەت لەنێو خەون و
هەستە لاشعورییەکانیشم
هەر دەتخوێنمەوە
ئێستا / پەڕبەپەڕ و
پیت بە پیتی وشەکانت خوێنییان لەبەر دەڕوا
ئێستا / خەیاڵ و بیرکردنەوە و
گەڕان و پیاسە و
ڕاکشان و خەوەکان و
تەنانەت / خەون و هەستە لاشعورییەکانی منیش
پڕبوون لە خوێن
هەر خوێن و هەر خوێن و هەر خوێن
نیشتیمانم
من ئێستا وەک تۆ تەنیام
وەک ئاگر بێهوودەم
وەک گەردەلوول و بروسکەش نا ئارام
وەک مێژووشم پڕم لە زام

– کتێبی دووەم

نیشتیمانم
لە تاریک و ڕوونی
بەرەبەیانی شانزەی ئۆکتۆبەردا
لە پڕێکدا
زەمەن هاتە هاوار و
زەوی هاتە هەژان
خۆرەتاو بە خەرەندان و
بە کێوان کەوت
کەڵەشێرەکان / لەنێو کۆریتەکان خۆیان مەڵاسدا
زارۆکەکانی ناو بێشکە
بە ڕوخسارێکی فۆبیاییەوە
لە جەستە بەفرینییە گرمۆڵەبوویەکەی
دایک و باوکییان دەڕوانی
منیش هەر لەوکاتە
جەنگێک لەنێو جەستەم هەڵگیرسا
بە دەستەکانی خۆم
لە دووچاو / چاوێک و
نیوەی پەنجەکان و
دوو ژووری دڵ و
دەستی ڕاست و
قاچی چەپە و
گورچیلەیەک و
نیوەی پەراسووەکانم / لەدەستدا
من ئێستا
کەسێکی پەککەوتە و نیوە مرۆڤم
منیش ئێستا
دەمار بە دەمار و
شانە بە شانەی جەستەم
خوێنییان لەبەردەڕوا
نیشتیمانم
منیش ئێستا
وەک تۆ تەنیام
وەک ئاگر بێهوودەم
وەک گەردەلوول و بروسکە نا ئارام
وەک مێژووشم پڕم لە زام

– کتێبی سێیەم

نیشتیمانم
ڕۆبۆت و داهۆڵە بێگیانەکان
کۆیلە و کەڵەپووچەکان
بەسەر لاشەی ئازادیدا دەڕۆن و
سروودیش بۆ ئازادی دەچڕن
بەسەر لاشەی مافی تاکدا دەڕۆن و
هوتافیش /
بۆ مافی تاک و کەرامەتی تاک لێدەدەن
بەسەر لاشەی خودادا دەڕۆن و
دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکەنەوە و
باس لە بەها و پیرۆزییەکان و
ئاگریش لەهەمووشتێک بەردەدەن
نیشتیمانم چ قەدەرێکی ناڕوون و ڕەشە
هەر دەڵێی لەنێو منداڵدانی مردنەوە
سواری کەشتی درۆ بووین و
هاتووینە نێو بیابانێکی چۆڵ و هۆڵەوە
بەڵام پڕ لەخوێن و پڕ لە درۆ
هەر درۆ و هەر درۆ و هەر درۆ
بیابانێکی خاڵی لە فیکر و خاڵی لە بەهاکانی مرۆ
دەزانم نیشتیمانم
ئێستا تۆش
وەک من تەنیای
وەک ئاگر بێهوودەی
وەک گەردەلوول و بروسکە نا ئارام
وەک مێژووشم پڕی لە زام

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧




یەكێتیی لەبۆشایی یەكێتیی دا … ئەرسەلان مەحمود

سیاسەت بەمانا فەلسەفی و زانستییەیەكەی، دەمێك ساڵە لەفەزای كوردی و ئەحزابی كوردیدا، كەوتووەتە دەرەوەی بازنەی پەیوەند بەئەخلاقی سیاسییەوەو لەژێر پرسیاردا دەناڵێنێت، دەمێك ساڵە لەغیابی وەها حەقیقەتێكدا ئەوەی بووە بەجێگرەوەو پێڕۆ دەكرێت سیاسەتی ڕۆژە لەواقیعدا.

بنەماو بونیادی وەها سیاسەتێكیش، بەندو پەیوەستە بەهەڵچوون و داچوونە هەنوكەییە جیاكانەوە، واتا ناسنامە ون و دەرئەنجامەكانی وەك هەمیشە پەرت و پەرش و داشۆراوە، ڕێك وەك بەهای دراو لەبازاڕدا، ڕۆژانە هەڵكشەو داكشەیەتی، هەندێكجار بەناوی هەڵكردنەوەو هەندێكباریش بەبیانووی گونجاندنەوە، سازش لەسەر پرەنسپ و بەها مرۆییەكان دەكات، یانی لەبری ئەوەی مرۆڤ تیایدا بەئامانج بگیرێت، وەك ئامراز تیایدا بەكار دەبردرێت!

لەبەر ئەوە، سیاسەتی ڕۆژ نەك هەر ناتوانێ‌ ببێت بەحەقیقەت، ناتوانێ‌ جێگرو ناتوانێ‌ ڕونیش دەركەوێت، هەر وەك چۆن ناكارێ‌ نزیكیش بكەوێتەوە لەحەقیقەت، سیاسەتی ڕۆژ هەردەم لەبری ئەوەی خودی سیاسەت وەك ئامراز بەكار ببات، سیاسەت تیایدا بكەر ئەداو بڕیاردەرانە ڕەفتار دەكات، واتا لەبری سیاسەت ئامراز بێت، یەكە پێكهێنەرەكان دەبنە ئامراز بەدەست سیاسەتەوە، مەسەلەن: دەمێك ساڵە شەقام و پێشمەرگەو مرۆڤ وەك تاك لەكوردەواریدا، لەبری ئەوەی ئامانجی سیاسەت بن، وەك ئامرازی سیاسەت ئاڕاستەو بەكار براون، بێگومان بەئێستایشەوە.

یەكێتیی، وەك یەكێك لەدیارترین ئەم حزبە سیاسەت تیادا ترازاوو تەزیووانەی گۆڕەپانەكە لەكوردەواریدا، سەركردایەتیەكەی هەڵگری بەرپرسیارێتییە هەرە گەورەكەن و، ئێستا لەهەر كات زیاتر واجبیانە وەها بێماناییەك بەمانا بكەنەوە لەخۆیان و لەحزبەكەیشیاندا، ئەمە بووە بەبابەت و مەسەلەیەكی حەتمی و نكۆڵیهەنگر، گەر نەتوانن ئەم بەستەڵك و سەختەڵەكییە ببڕن و تێپەڕێنن، بەر لەهەر شتێك خودی خۆیان دەبڕێ‌ و دەیانكات بەڕابردویەكی خامۆش و فەرامۆشكراو !

تێكۆشەرو جەنگاوەری ڕاستەقینە گەر چیتر نەیتوانێ‌ وەك ئەوەی لەڕابردوی دورو نزیكدا نواندویەتی، بەردەوامی بداتە هزرین و گیانبازی لەپێناو حزبەكەی و میللەتەكەیدا، شەرمنانەو هەلپەرستانە دەست بەمانەوەی خۆیەوە نەگرێ‌ و نەبێتە بەربەست، دەست لەكار بكێشێتەوەو داوای لێبوردن بكات باشە، بەڵای هەرە گەورە لەسیاسەت و ڕێبەرایەتی كردندا ئەوەیە: مرۆ بكەوێتە ژێر باری بەرژەوەندی تایبەت و بەر كاریگەری بیرو بۆچوونە تایبەتە بچوك و پووچەكانی خۆیەوە، ئەوەی كردتان، كردتان، ئیتر درەنگیكردوە سەبارەت بەوەی هێشتا پێتان وایە دەتوانن بیكەن، زۆرینەی هەرە زۆرتان كەوتوونەتە ژێر بارەوەو بەم نزیك و زوانە ناتوانن دەربازتان بێت، لەبەر ئەوە نە حەقیقەتە جڤاتی و نە واقیعە سیاسیەكە قبوڵتان ناكات چیتر، تێگەیشتن لەمە نیعمەتێكی گەورەیەو باش دەتوانێ كۆمەك بەشكۆمەندیتان بكات، ئەوەی دەچێتە ئەبەدییەتەوە شكۆمەندییە نەك خۆ وێناكردنەوەو خۆ دوبارە كردنەوەو خود زومكردنەوە!

سەركردەیەك گەر لەڕابردودا، دەیانجار لەپێناو ڕزگاركردنی میللەتەكەی و دەربازكردنی حزبەكەی لەئاریشەو تەنگژەدا، ئامادەی شەهادەت بوو بێت، ئەمڕۆ بەدەست لەكاركێشانەوەیەك بتوانێ‌ هەم خۆی و هەم میللەتەكەی و هەم حزبەكەی لەمەرگ ڕزگارو دەرباز بكات، تەمای چییەتی؟! چاوەڕوانی چیدەكات؟! ئایا ئەوەی بەحزوری” مام جەلال ” هاوخەبات و هاوڕێیانە بیناكرا، دەخوازرێ‌ پەرەی پێبدرێ‌ یا وەك تۆزی بانان پەرت بكرێ‌ و بڕوخێندرێت؟!

ئەقڵانیەت لێرەدا، لەم چركە ساتە هەستیارانەدا تەنهاو تەنها ئەمەیە: مرۆ میراتگری شۆرەت و شكۆی خۆی بێت باشە، نەك شكێنەرو ڕوشێنەری، ئێوەی سەركردە دیارەكان و سەركردایەتی یەكێتیی، زۆرتان بەخشییە یەكێتیی و میللەتەكەتان، زۆرتان كرد، ئەمە نكۆڵیهەنەگرە، بەڵام “مام”و یەكێتیی، كەمی نەبەخشیووەتە هیچتان، گەر بتانەوێ‌ لەسەر چەپكە گوڵەكانی ئەم كردارو بەخشینەتان بۆ هەمیشە پاڵدەنەوە، دەبێ‌ بۆ خۆتان و بۆ یەكێتیش بیر لەئەلتەرناتیڤ و دۆزینەوەی فۆڕمێكی ترو نوێ‌ بكەنەوە، دەی گەر دەتانەوێ كۆنگرە بۆ”یەكێتیی”بكەن، بفەرموون ئەم زەمان و زەمینەیە لەگۆڕانكارییە بچوكەكانەوە دەست بەڕەخساندن و سازاندنیانەوە بكەن، ئەمە هیچ تەرەدودو ترسێكی ناوێ، ترس و تەرەدود لەڕاستیدا ئەوەیە: كۆنگرە بە”یەكێتیی”بكەن، بەڵام بۆ”یەكێتیی” نەكەن!! لوتف بكەن كەش و هەوای ئارام و عەقڵانی لەبار بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ و نزیكبوونەوە لەیەكتری و هێنانە ئاراوەی حەقیقەت بخوڵقێنن لەناو خۆتاندا، هەمووان لەژیانی خۆیاندا ڕۆژێكیان هەیە هەرە درەوشاوە، ئێوە خاوەنی سەتەها ڕۆژی وەهان، دەی كۆنگرەیش بكەنە ڕۆژانە هەرە درەوشاوەكەی یەكێتییەكەتان. سازش لەسەر بەرژەوەندییە منە منییەكانتان بكەن و، پرەنسیپە حزبیەكانتان بەپێوەر بگرن بەسە، وردبینانەو هاوسەنگ ڕەفتار بكەن بەسە، بەزمانی سازان و هێز نا، بەلێكتێگەیشتن و، دۆزینەوەی فۆڕمی نوێ‌ و هاوچەرخ بگەنە یەقین بەسە، گەورەیی بنوێنن لەبەرامبەر یەكتریدا بەسە.




ڕۆشنبیری دووڕویی …. ئاسۆکمال

هێرشی حەشدی شەعبی بۆسەر کوردستان لەگەڵ خۆیدا ڕۆشنبیریەکی دووڕی هێنایە سەر شانۆ. لەشکرێک لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر نەک هەر بێدەنگن لە داگیرکاری حکومەتی میلیشیا شیعەکان و پێش لەشکری بنەماڵەی تاڵەبانی بەڵکو بونەتە پاساوچی ئەم بنەماڵەیە و تەنانەت حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراقیش بەڵام لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی و حکومەتی میلیشیایی پارتی و یەکێتیدا توندن و دەیانەوێ بیگۆڕن. ئەم ئەنتی پارتی بون و ئەنتی بنەماڵەی بارزانی بونە و لەهەمان کاتدا پرۆ بنەماڵەی تاڵەبانی بون و بانگەوازی عەبادی و حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی کە هەرێمی سلێمانیان بۆ ڕزگاربکا نیشانەی بونی ڕۆشنبیریەکی دووڕویانە و داڕمانێکی سەرتاپاگیری ئەخلاقی و ڕۆشنبیریە.

مەریوانی وریا قانع وەک یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی گۆڕان نوێنەری ئەم ڕۆشنبیریە دووڕویی یەیە. لە دوو نوسینیدا کە لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە نوسیویەتی ، ئەوەی لەم ڕوداوانەدا بەیەک وشەش باسی ئەم ٣١ ئابەی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢١٠٧ ناکا و وەک پاساوچیەک دەڵێ” ئەم شکانە بەوە تەفسیر ناکرێت کە ئەم یان ئەو یەکەی سەربازی شەڕی نەکردوە و خیانەتی لە ھاوسەنگەرەکانی کردوە.” ئایا مەریوان لە ٣١ئابی ١٩٩٦یشدا هەمان شتی وتوە بەرامبەر بە پارتی کە هێنانی بەعس تەفسیری هیچ ناکا!
مەریوان باس لە شەرمی سیاسی دەسەڵات و شەرمی ڕۆشنبیری بەیعەتەکانی دەسەڵات دەکا بەبێ ئەوەی باسی بنەماڵەی تاڵەبانی و پشکی شێری هاوپەیمانەکەی گۆڕان لەم شەرمە سیاسیەدا بکا. ئەم دووڕوییە ئەرکێکی سیاسیە کە ئەم ڕۆشنبیرە ستراتیژیستەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێی دەکا تا لەسەرئەم خەتە بیهێڵێتەوە لە پێناو پاراستنی هاوپەیمانێتیەکەی لەگەڵ باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی یەکێتیدا.

بزانن ئەم نوسەرە چۆن پاساوی تەسلیمکردنی کەرکوک دەداتەوە و دەڵێ ” بڕیاری بەرگریکردن و شەڕکردن لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا ھەڵەیەکی ستراتیژیی تر بوو… ئەم شکانە بەوە تەفسیر ناکرێت کە ئەم یان ئەو یەکەی سەربازی شەڕی نەکردوە و خیانەتی لە ھاوسەنگەرەکانی کردوە.” کەواتە بەرگری کردن و شەڕ کردن لەگەڵ سوپایەکی داگیرکەر لە بنەڕەتەوە هەڵەیە لای مەریوان و تەسلیمکردنەوە هەڵوێستێکی ستراتیژ ڕاست بوە و هەربۆیە ئەو “خیانەتە”ی بنەماڵەی تاڵەبانیش هیچ نیە و بگرە بەشێک لەو ستراتیژە دروستەی تەسلیمکردنی کوردستان بوە.
دیارە مەسەلەکە تەنیا پاساوچێتی و داپۆشینی ٣١ ئابی یەکێتی نیە بەلای ئەم ڕۆشنبیرانەی بەیعەتی ئەمبەر دێگەڵەوە بەڵکو هاوڕابون و هاوبەرژەوەندی بونە لەگەڵ ئەم ٣١ ئابەی یەکێتیدا. لەمەش زیاتر هاوئاوازی ئەم ڕۆشنبیرانەیە کە بونەتە پاساوچی لەشکرکێشی عەبادیش و ڕایدەگەیەنن خەتای ٣،٥ملێون ئینسانە کە لە کوردستان رفراندۆمیان کردوە و هەڵەی ستراتیژی و گەمژەیەتیان کردوە کەوا عەبادیان توڕە کردوە و میلیشیا شیعەکانیان هانداوە بێنە سەرکوردستان. ئەمە نیشانی دەدا کە لە کوردستان لەشکرێک لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر هەن کە بەهیوان لە سایەی سەرکەوتنەکانی عەبادی لەکوردستاندا پلەوپۆستێکیان دەست بکەوێ و بگەڕێنەوە پەرلەمان و حکومەت و حکومەتی مەدەنی ئینتدابی عەبادی و ئێران دروست بکەن.

ئەمە ناوەرۆکی پەیامی ئەم ڕۆشنبیریە دووڕویی یەیە، کە داگیرکاری میلیشیا شیعەکان و تەسلیم بون پێیان ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو ئەو “نەوە نوێ”یانەیە کە دەیانەوێ لەسایەی دەستور و حکومەتی شیعەکاندا حکومەتی پارتی و یەکێتی بگۆڕن. واتە گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی لەڕێگای چونەوە ژێرباڵی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق.
لەڕاستیدا مەریوان ڕۆشنبیریەکی نوێی دانەهێناوە بەم جۆرە لە ڕۆشنبیری دووڕوویی بەڵکو تەنیا ئەو سیاسەتەی یەکێتی و پارتی خستۆتە قاڵبێکی ڕۆشنبیریەوە کە لە نیوسەدەی ڕابردوودا لە ململانێی نێوان خۆیاندا ناوچەکانیان بە سۆران و بادینان بەش کردوە و هەرکامەیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی پەنای بۆ بەعس یان عەبادی بردوە. تێگەیشتن لەم ڕۆشنبیریە دووڕوییەی لە سەنگەری پاساوچی بنەماڵەی تاڵەبانیەوە باسی گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی دەکەن کارێکی سەخت نیە. ئەم ڕۆشنبیرە پاساوچیانەی ٣١ ئابی یەکێتی هەمان هێندەی ڕۆشنبیرەکانی ٣١ ئابی پارتی ڕۆشنبیرێکی “بێ فکر” و “مناڵبازاڕ”ن.

ئێمە بۆ تێگەیشتن لەم ستراتیژە نوێیەی ئەم ڕۆشنبیریە دووڕووییە دەبێ کەمێک بگەڕیینەوە بۆ ئەو هەنگاوە ستراتیژە دروستانەی ئەم ڕۆشنبیرانە تا بزانین چۆن ئەمانە هەمیشە بەشوێن هێزە چۆراوجۆرە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانەوەن کە یۆتۆپیای دەسەلاتێکی دیموکراسی لە کوردستان بۆ دروست بکا؟
سەرەتا دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانیان بە لەدایک بونی یۆتۆپیای دیموکراسیەکەیان ناساند و هەرئەم ڕۆشنبیرانە گەیشتنی گۆڕانیان بە کورسیەکانی پەرلەمان ناونا قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموکراسی و لە کاتێکدا گۆڕان مامەڵەی ٤ساڵ دەمداخستنی شەقامی لەگەڵ بارزانیدا کرد، ئەم ڕۆشنبیرانە وەک ئێستا بەرامبەر بە ٣١ی ئابی یەکێتی بێدەنگن ئاوا بەرامبەر بە گۆڕان بێدەنگ بوون واتە ڕازیبون. دواتر کە پارتی گۆڕانی دەرکرد لە پەرلەمان و حکومەت ئەمان بونەوە ئەنتی پارتی. بەڵام بەمەش نەوەستان کاتێک گۆڕان ڕێکەوتنامەی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی کرد، ئەم ڕۆشنبیرانە ستراتیژی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی یان بەرزکردەوە و داوایان کرد بچنەوە ژێر باڵی بەغداد.

لیرەوە دەردەکەوێ کە ئەم هەڵوێستی پاساوچێتی و دووڕوویی ئەم ڕۆشنبیرانە لە ئیستادا پێشینەیەکی هەیە و ئەم ستراتیژەی چونە ژێر دەستی حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق جێبەجێ بونی بەدیلی هەرێمی سلێمانیە کە پێشتر ئەمان داوایان کردوە. هەربۆیە ڕق و دژایەتی مەریوان و بزوتنەوە ڕۆشنبیریە دووڕوییەکەی لە رفراندوم و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانە نەک لە حەشدی شەعبی و بنەماڵەی یەکێتی و دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی.
رفراندوم و سەربەخۆیی کوردستان ستراتیژێکی پێچەوانە و دژ بە ستراتیژی هەرێمی سلێمانی سەربە بەغدادی مەریوان و هاوڕێکانی بوو. هەربۆیە مەریوان خەتای خەڵکی کوردستان دەگرێ کە ” خورافەتێکی گەورەیان (رفراندوم)خستبووە شوێنی سادەترین لێکدانەوەی عەقڵانیی سارد و سڕی پەیوەندییەکان و ھاوکێشەکان “. ئەو پەیوەندی و هاوکێشانەی ئەم نوسەرە وا موقەدەس باسی دەکا “یەکپارچەیی خاکی عێراقە”. ڕاستە خەڵک بە رفراندوم دەیویست ئەم خورافەیە تێک بشکێنێ بەڵام تەسلیم خوازی یەکێتی و پارتی ئەم هەنگاوەی خەڵکی کوردستانی توشی شکست کرد.
بەڵام مەریوان دەیەوێ چیمان پێ بڵێ ؟ دوای سەدەیەک لە تەجروبە لەگەڵ حکومەتە شۆڤینیست و ئیسلامیەکانی عێراق و دوای ١٤ ساڵ دانیشتن بەدیار فیدرالیزمی قەومی ومەزهەبی شکستخواردوی عێراقەوە ئایا دەبوایە خەڵک دوای خورافەی سەربەخۆیی نەکەوتایە و بەپێی ئامۆژگاریەکانی مەریوان خەڵک بەدیار پەیوەندی و هاوکێشەی ساردوسڕی بەدیلی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی گۆڕان و یەکێتی بەسەرپەرشتی قاسم سلێمانی دانیشتایە؟

بەدیلی هەرێمی سلێمانی پڕۆژەی مەریوان و ڕۆشنبیرەکانی گۆڕان بوو پێش رفراندوم. ئێستا بە هاتنی عەبادی خەریکە بەپارێزگاکردنی هەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژەیە سەردەگرێ، هەربۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە بەشێوەیەکی دوڕویانە باسی ڕوداوی لەشکرکێشی حەشدی شەعبی دەکەن و هیچ وشەیەک سەبارەت بە سکانداڵی فرۆشتن و تەسلیمکردنی کەرکوک ناڵێن. لەبەرئەوەی ئەمانە هەموو لەگەڵ ئەجێندای بەهەرێمکردنی سلێمانی لەسایەی حکومەتی میلیشیا شیعەکاندا دێتەوە و ئەمەش ناوەرۆکی هاوپەیمانیەتیەکەی گۆڕان و یەکێتیە کە لەبەرامبەر پارتیدا ناوچەی دەسەڵات دروست بکەن.
ئەم ئەنتی پارتی بونەی ئەم جۆرە ڕۆشنبیر و سیاسیانە بەبێ ئەوەی ئەنتی یەکێتی بن، ئەوا لە کردەوەدا هاوپەیمانی یەکێتین. هاوپەیمانێتی یەکێتیش بەمانای هاوپەیمانی باڵی تاڵەبانیە کە هێزی دەسەڵاتداری سلێمانی و پێشتر کەرکوکیش بوو. ئەم هاوپەیمانێتیەش ئەمڕۆ کێشەی لەگەڵ لەشکرکێشی عەبادیدا نیە و لە بەغداد لەسایەی پەرلەمان و حکومەتی میلیشیا شیعەکاندا کە هەموو خەڵکی کوردستان بەتاوانباردانراوە و پلانی ژێردەستەکردنەوەی کوردستان هەنگاوبەهەنگاو دەبەنە پێش کیشەی ئەم هاوپەیمانێتیەی گۆڕان و یەکێتی نیە و بەڵکو لەسایەی ئەم هێرشانەدا ئەوان گرنگ ئەوەیە کە بەشە دەسەڵاتی خۆیان لە کوردستان دەست دەکەوێ.

سەیری ئەو لەشکرە سیاسی و ڕۆشنبیرە ببینن کە ئارام شێخ محمد،جێگری سەرۆکی پەرلەمانەکەی عێراقیان داوا لە عەبادی دەکا “هێزێکی تایبەتی سوپای عێراق بخاتە جێگای حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو” و ” سوپاس بۆ برادەرانی حەشدیش قبوڵیانە”، وەک ئەوەی کوشتار و سوتانی ماڵ و بازاڕی خەڵکی کورد لەو شارەدا بەدەست و بڕیاری عەبادی نەبوبێ؟ گوێ لە قسەی وشیار عبداللە پەرلەمانتاری عێراقیان بگرە کە لەسەر کەمکردنەوەی بودجەی کوردستان دەڵێ ” بەهیوای ئەوەبوین کە عەبادی ئەوەبوو کە جدی بێت لە جێبەجێکردنی دەستوردا دوای ئامۆژگاریەکانی سیستانی “، دیارە سیستانی دژی رفراندوم ئامۆژگاری دابوو بە عەبادی دەستور جێبەجێ بکا و ئەویش بە لەشکرکێشی بۆ سەرکوردستان دەستوری جێبەجێ کرد و بەڵام سەیر لەوەدایە داوای وشیار عبداللە ش هەمان داوای سیستانیە کە دەیەوێ عەبادی دەستور جێبەجێ بکا! ئایا ئەم پەرلەمانتارانەی گۆڕان جگە لە سایەی سیستانی و عەبادی شتێکی تریان هەیە چاوەڕێی دادپەروەری لێ بکەن؟ ئەمە هەمان قسەی مەسعود بارزانی دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ە کە وتی سەدام حەکەمە نەک ڕەقیب! بەڕاستی ئەمانە قوتابی یەک قوتابخانەی ٣١ ئابن!. ئەوەتا سروە عبدالواحیدی سەرۆکی فراکسیۆنەکەی عێراقیان داوای هەڵوێست لە عەبادی دەکا بۆ کارە سەرکوتگەریەکانی پارتی لە پەرلەمانی کوردستاندا کردی. لە هاوشانی ئەم گۆرانخوازانەشدا سەیری سەرۆکی “لیستی نەوەی نوێ” بکەن داوا لە عەبادی دەکا با سزاکانی کوردستان بەپێی یاسا و دەستور بێت. ئەوە باسی ئاڵا تالەبانی ناکرێ کە لە پاپ کاسولیک تر بوو بۆ بەڕەسمی ناسینی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراقدا.ئەمە ئەو “بلۆکە مێژووییەیە” کە مەریوان باسی دەکا کە دەبێ دروست ببێ لەم سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانەی بە ستراتیژی بەرگری نەکردن لەگەڵ حەشدی شەعبی و بێدەنگی لە بنەماڵەی کەرکوک فرۆش بتوانن گۆڕانی گەورە دروست بکەن و لە جیاتی گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی و بنەماڵەیی بازرانی و تاڵەبانی ،کوردستان بخەنە ژیر دەستی عەبادی تا بەجدی دەستوری عێراق جێبەجێ بکا و سلێمانی تەسلیمی بنەماڵەی تاڵەبانی- قاسمی سلێمانی بکەن.

ئایا ئەم پڕۆژەیە وەک پڕۆژەی یەکێتی و پارتی مایەی شەرمی سیاسی و ڕۆشنبیری نیە. ئایا لە شکستی ناسیونالیزمی کوردی یەکێتی و پارتیدا ئەم دیاردەی ڕۆشنبیری دووڕوییە زیاتر داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی دروست نەکردوە. ئەم ڕۆشنبیریە هەرچەند لەناوەرۆکدا پاشکۆی سیاسەتی ململانێی دەسەڵاتی لەمێژینەی یەکێتی و پارتیە، بەڵام چیتر تەنیا ئەم دوو حزبە هەڵگری ئەم ڕۆشنبیریە کۆنتراییە نین. مەریوان و ڕۆشنبیرانی گۆڕان و نەوەی نوێ هێزی نوێی ئەم ڕۆشنبیریە کۆنتراییەن. ئەمانە ڕۆشنبیرانێکی دووڕوو و دیماگۆگین بەوەی لەلایەن دژی دەسەڵات و بنەماڵەیەکی کوردی شەڕدەکەن و لەلایەکی ترەوە دەستەمۆی میلیشیا شیعەکان و دەستور و پەرلەمان و حکومەتەکەیان و هاوپەیمانی بنەماڵەی تاڵەبانی-قاسمی سلێمانیشن. ئەمە زەلکاوی ڕۆشنبیری دووڕوە کە چوەتە سەر زەلکاوی ڕۆشنبیری ناسیونالیستی یەکێتی و پارتی.
کۆمەڵگەی کوردستان لەپاڵ کێشەی سیاسی گەورەی بەرگری دژی داگیرکاری میلیشیا شیعەکان و لابردنی دەسەڵاتی میلیشیاکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و پارتی و یەکێتی ، ئەمڕۆ پێویستە ئەم ڕۆشنبیریە دووڕوییەش لەمەیداندا دەربکا و لەجێگایدا ڕۆشنبیریەکی شۆڕشگێڕانە جێگای بگرێتەوە کە باوەڕو ئیرادەی لە خەڵکی کریکار و زەحمەتکێش و خەباتی ئەوان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی کوردستان جێگای ئەم داڕوخانە فکری و سیاسی و ڕۆشنبیریە بگرێتەوە.

ڕوداوی شکستی گەیشتن بەسەربەخۆیی لە دوای رفراندۆمەوە بەرئەنجامی مانەوەی هێزی پێشمەرگە و داهاتی کوردستانە لەدەست دوو میلیشیا کە لە پێناو پۆست و نەوت و داهاتدا ئامادەن هەمیشە ٣١ ئابەکان بەسەر کوردستاندا بهێنن و مامەڵە بە ئێستا وئایندەی خەڵکی کوردستانەوە بکەن. هەر ڕۆشنبیریەک و هەر سیاسەت و ستراتییژێک ئەگەر بەرامبەر بە هەردوو بنەماڵە تالەبانی و بارزانی و میلیشیای دەسەڵاتداریان و بەرامبەر بە داگیرکاری حکومەتی میلیشیا شیعەکان نەوەستێتەوە ئەوا خەڵکی کوردستانەوە بە ناوێکی ترەوە توشی هەمان شکست و تەسلیم کردنەوە دەکا. ڕۆشنبیری دووڕوویی دەیەوێ لە دۆخی شکست و بێ ئومێدیدا دەیەوێ ستراتیژی ژێردەستەکردنی خەڵکی کوردستان بۆ حکومەتی مەزهەبی و شۆڤینیستی عێراق و بنەماڵەی تاڵەبانی هاوپەیمانی گۆڕان جێگیربکا. “کوتلەی مێژوویی” کۆنەپەرستانە دژ بە کوتلەی کۆنەپەرستانەی مێژوویی پارتی ئامادە دەکا. هەر ڕۆشنبیری و سیاسەت و ستراتیژیەکی شۆڕشگێڕانە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی پارتی و یەکێتی بێت، دەبێ ئەم کوتلەیەی ڕۆشنبیری دووڕوویی و بزوتنەوە سیاسیەکەشی وەک کوتلەی بەیعەتی عەبادی و بنەماڵەی تاڵەبانی – سڵێمانی بخاتە ژیر ڕەخنەوە .

ئاسۆکمال
*١ http://www.speemedia.com/drejaWtar.aspx?NusarID=153&Jmare=3919
*٢ http://www.shafaaq.com/ar/Ar_NewsReader/cc1058ef-0120-47a2-8ef8-7514697ee1c6




كێ شكستی به‌ ریفراندۆم هێنا ؟ … عیماد عه‌لی

به‌كورتیه‌كه‌ی ده‌پرسین؛ پرسی ریفراندۆم بریارێكی واقعیانه‌ بوو له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه‌ یان ناچاری و پاڵنانی خودی بوو ده‌بوایه‌ بدرێت؟ بارودۆخه‌ نێوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كه‌ له‌بار بوو یان سه‌ركێشی و قومارێك بوو بێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان و زانینی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی؟ ئایا هه‌مووان دوای جێبه‌جێكردنی ئالیه‌ت و پیاده‌كردنی پرسێكی چاره‌نوسسازی ئاوها، هه‌ست ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵه‌ كراوه‌ و په‌ندی لێوه‌رده‌گیرێت یان ته‌نها وه‌كو پێشتر له‌ لایه‌كه‌وه‌ ملهوری ده‌كرێت و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ته‌نها دژایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ركه‌سێك ئه‌ستۆ پاكی خۆی ده‌رده‌خات و هه‌موو شتێك ده‌خرێته‌ سه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكانی خاوه‌ن رای به‌ڵی و نه‌خێریشه‌وه‌؟ لێكه‌وته‌كانی ریفراندۆم له‌ رووی سیاسی یان عه‌سكه‌ری زیانه‌كانی ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام كه‌س ده‌زانێت قازانجه‌كانی چی ده‌بێت و كه‌ی ده‌رده‌كه‌ون؟ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ یان كات به‌رێكردنه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی كورد به‌ كرده‌وه‌ی عه‌سكه‌ری له‌ كاتێكی تردا، وه‌ك پاش شۆرشی ئیسلامی ئێران و به‌ هه‌مان ریتم و ره‌فتار و بیره‌وه‌ كه‌ له‌ نیازه‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌؟ ناكۆكیه‌كان چه‌ند كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان هه‌بوو له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ ناخاڵانه‌ی نێو به‌رێوه‌چونی پرسه‌كه‌ و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی چه‌ند په‌رتبونی گه‌لی كوردستانی سه‌پاند و به‌لاریدانی دروست كرد؟ ئه‌وه‌ی زیانی به‌ كۆی پرسه‌كه‌ داوه‌، له‌م كاته‌دا سزا بدرێت یان بهێڵرێته‌وه‌ بۆ كاتی ئاسایی خۆی، یان میله‌ت كه‌فیلی سزادانی هه‌موو كه‌سێكه‌ كه‌ به‌ دڵۆپه‌یه‌كیش زیانی به‌ پرسه‌ پیرۆزه‌كه‌ گه‌یاندبێت و تاماوه‌ ویژدانی ئازاری ده‌دات؟ ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان له‌ده‌ستچوو یان بۆته‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی خۆی قه‌ت وازی لێناهێنێت و له‌ هه‌لێكی گونجاودا ده‌گه‌رێنه‌وه‌ ده‌ستی گه‌ل و خاوه‌نه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی؟

جارێك ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بیلێین، كه‌ خه‌ون و ئاواتی تۆزلێنیشتووی سه‌ربه‌خۆیی بوژایه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌ك له‌سه‌ری راهاتبوین ترس له‌ باسكردنی نه‌ما و دونیا له‌وه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌ كه‌ نه‌ خودموختاری و نه‌ش فیدراڵی دادی گه‌لی كورد نادات و رازیبونی به‌م وه‌زعه‌ روكه‌شیانه‌یه‌ و كه‌فی دلی مندالێكی كوردستانیش نامركێنێته‌وه‌. ئینجا؛ ریفراندم بریارێك بوو كه‌ هۆكارگه‌لێكی كه‌سی و حزبی و سۆزی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ پشته‌وه‌بوو یان كرده‌وه‌یه‌كی بێ بنه‌ما. به‌ڵێ سه‌ركێشیه‌ك بوو كه‌ ده‌بوا ئه‌مرۆ بێت یان سبه‌ی بكرێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی دڵخۆشیه‌ كه‌ ته‌نها لێكه‌وته‌ی سه‌لبیی نه‌بوو وه‌ك زۆرێك له‌وباره‌وه‌ قسه‌یان كرد، به‌ڵكو ئه‌رێنیه‌كانی ورده‌ ورده‌ ده‌رده‌كه‌ون و، بریاری ریفراندۆم وه‌كو خودی بریاره‌كه‌ نه‌ك ئالیه‌تی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ كاتی خۆیدا نه‌بوبێت دیاره بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ دونیای هه‌ژاند، دوای ئه‌وه‌ ئه‌توانرێت باسی هه‌ڵه‌ یان راستی قبوڵ نه‌كردنی هه‌ندێك پێشنیار بكرێت وه‌كو نامه‌كه‌ی تیله‌رسون به‌ وردی هه‌ڵسه‌نگێنرێت. به‌ خۆم له‌و باره‌وه‌ رای تایبه‌تیم هه‌یه‌ و له‌ كاتی خۆیدا باسم كردووه‌ و دواتر له‌كاتی گونجاودا به‌ وردتر باسی ده‌كه‌م، كه‌نوسینم له‌سه‌ر هه‌یه‌ و بڵاوم كردۆته‌وه‌ و لای چه‌ند كه‌سێك شته‌ تایبه‌تیه‌كانیم دركاندوه و لێره‌دا دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه‌ و باسكردنی له‌م كاته‌دا به‌ شێوه‌یكی تر لێكده‌درێته‌وه‌.

به‌ گشتی له‌ مه‌ودا مێژووییه‌كه‌ی و دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌م پرس وبریاره‌ وه‌ك پشكۆی نه‌كوژاوه‌ی كانووی گردان له‌ ئان و ساتی خۆیدا گره‌كه‌ی ده‌بوژێته‌وه‌ . ‌بۆ لایه‌نه‌ یاساییه‌كانیشی هه‌رچیك بێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان هیچ ئه‌رزشێكی نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بریاردانی سه‌ربه‌خۆیی واته‌ جیابونه‌وه‌ له‌ وڵاتێك كه‌ دواتر یاساكانی هیچ واتایه‌ك بۆ تۆ نابه‌خشێت( هه‌رچه‌ند ئێستا ته‌نانه‌ت داداگاكانی ناوه‌ندی عیراقیش ناڵین پرسی ریفراندۆم ناده‌ستوریه‌) . كاردانه‌وه‌كان ده‌ریانخست كه‌ سه‌ركێشی بووه‌ و شكستێكی كاتیه‌و ئه‌گه‌رێكی ده‌ره‌نجامه‌كان هاته‌دی و زیانی گه‌وره‌ش له‌ وه‌زعه‌ مادیه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ مه‌ودایه‌كی كورت ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌رامبه‌ردا قازانجی گه‌وره‌ی له‌ فرێدانی فیدرالیزم و حوكمی زاتی و پینه‌وپه‌رۆكانی تر دا ده‌ره‌ده‌كه‌وێت و هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌مرۆ به‌دواوه‌ ناوێرێت و وژدانی خۆی و گه‌لی كوردستانیش رێگه‌ی پێنادات ته‌پڵی ئه‌و جۆره‌ شیعارانه‌ لێبدات، كه‌ به‌ پیاده‌كردنی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی ئێكسپایه‌ر بوون. واته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له‌هه‌موو باره‌كانیاوه‌، په‌رینه‌وه‌ بۆ قۆناغی پۆست فیدراڵی هاته‌دی و ریفراندۆم ئه‌ڵقه‌ی پێكه‌وه‌ لكاندنی گه‌لانی عیراقی پچراند.

به‌ ده‌ست له‌كار كیشانه‌وه‌ی بارزانی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی نامرێت و بگره‌ له‌ په‌یوه‌ستبوون به‌ كه‌سه‌وه‌ رزگاری ده‌بێت و وه‌ك تاكه‌ ئامانجی گه‌وره‌ی گه‌لی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارزانی عه‌رابی بوو، هه‌ڵوێستی نارازی كاتیان هه‌بوو، ئه‌مرۆ زیاتر به‌ خۆیاندا ده‌چنه‌وه‌ و هه‌موو شتێك له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆییدا ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌ڵوێستیان نواند ئه‌مرۆ چاوه‌رێی هه‌لی گونجاو ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قۆناغی له‌بار بۆ جێبه‌جێكردنی پرسه‌كه‌ دیاری بكه‌ن و به‌ ناراسته‌وخۆش بێت له‌ لاشعوری خۆیاندا فیدرالیزمیان تورداوه‌.
ئه‌وه‌ی گره‌و له‌سه‌ر ئاساییبونه‌وه‌ی وه‌زعی عیراق بكات، بۆ نه‌هێشتنی هه‌لی دووباره‌ بوژانه‌وه‌ی وه‌زعی كوردستان و دووباره‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر رێره‌وی راستی خۆی” له‌ ئێستاوه‌ دۆراوه‌” به‌ڵكو گرفته‌كانی عیراق له‌م ناوچه‌ داگیركراوانه‌دا، ململانێیه‌كی سه‌ختر له‌ نێوان خۆیندا دروست ده‌كات و به‌و هۆیه‌وه‌ ئێران و توركیاش ده‌گه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر ناكۆكیه‌كانی جاراینان و جگه‌ له‌ كێشه‌ی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك پرسێكی خه‌ته‌رناكی ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا پاش ده‌ركه‌وتنی ئاسۆكانی سوریا، ته‌نانه‌ت هاوكێشه‌كان یه‌كترده‌برن و به‌ پشێویه‌كی گه‌وره‌تر و هه‌یه‌جانێك كۆتایی دێت كه‌ له‌ هه‌ناویدا گۆرانكاریه‌ چاوه‌روانكراوه‌كه‌ بێته‌دی و كوردیش قازانجی لێده‌بینێت .

وه‌زعی نێوخۆی كوردستان له‌م باره‌وه‌ به‌ ده‌وری خۆیدا خولده‌خواته‌وه‌ و هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی واقعی له‌ئارادا نیه‌ ولایه‌نه‌كان تاوێك كۆك و تاوێك ناكۆك به‌رده‌وام ده‌بێت و تاوه‌كو كۆی گشتی گۆشاره‌ی فكر و بیری خه‌ڵك وابێت هه‌ر ئه‌م حزبانه‌ خاوه‌ن ده‌نگی میله‌ت ده‌بن و گۆرانكاری نێوخۆیی و زۆر كه‌م نه‌بێت هیچ ئاڵوگۆرێكی ریشه‌یی نابینین و ئه‌م حزبانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌ تۆزێك له‌رزینه‌وه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیان ده‌ته‌پن . مه‌گه‌ر له‌ رووی ئابووریه‌وه‌ گۆرانێكی جۆری ببینین و حزبه‌كان ناچاربن له‌ كاری رۆژانه‌ی خۆیاندا پیداچونه‌وه‌ بكه‌ن.
بۆ گفتوگۆش له‌گه‌ڵ به‌غدا” ئه‌وه‌ی ده‌یبینم ئه‌وان تا ئێستا ئاماده‌ی هیچ نین جگه‌ له‌ كات كوشتن و هه‌وڵدان بۆ زه‌لیلكردنی گه‌لی كوردستان پێش دسه‌ڵاته‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر تاسه‌ر بۆیان بچێته‌ سه‌ر و له‌م ماوه‌یه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان له‌ پێشه‌، هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌ ئارادایه‌ بۆ فرتوفێل كردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی یه‌كتر و موزایه‌ده‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا . بۆیه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌بێت و، له‌ولاشه‌وه‌ نوێنه‌رانی كورد به‌م كه‌ره‌سه‌ و كاره‌كته‌رانه‌وه‌ له‌ به‌غدا، جگه‌ له‌ ملكه‌چی و زه‌قكردنی ناكۆكیه‌كانیان و نه‌خویندنه‌وه‌ی یه‌كتر و گواستنه‌وه‌ی ناته‌بایی نێوخۆیی كوردستان بۆ به‌غدا هیچ به‌رهه‌مێكیان نه‌بوو ه‌ و نابێت، به‌ڵكو بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ ره‌فتاری وامان بینی كه‌ له‌م كاته‌دا ناكرێت ناوزه‌دیان بكه‌یت به‌ چی ناو ببرێن باشه‌.

ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ له‌م پرسه‌ و ده‌ركه‌وته‌ و لێكه‌ته‌كانی، بیركردنه‌وه‌ و بۆچون و ره‌فتار و عه‌قلیه‌ت و مامه‌ڵه‌ی تاك و كۆی گه‌لی كوردستان و پله‌ی پابه‌ندبون به‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كان و باوه‌ربون به‌ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی نه‌وه‌ی دوارۆژ چه‌ند بووه‌ له‌ لای ئه‌م لایه‌ن و جه‌ماوه‌ر و كادر و ئه‌ندام و تاكی حزبی كوردیه‌وه‌. ئه‌وه‌ی زۆرتر و به‌جوانی ده‌ركه‌وت و له‌كاتی وادا نه‌بێت روون نابێته‌وه‌” كه‌ لایه‌ن و كۆمه‌ڵ و ره‌وتی وا بۆ خه‌ڵك به‌ گشتی ئاشكرابوون كه‌ نه‌ خه‌تی سوور و نه‌ بنه‌مای جێگیر؛ واته‌ سه‌وابتیان نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هۆكاری ته‌سكبینیه‌وه‌ دژه‌به‌ریان ده‌كرد، كه‌چی بۆ به‌ راست و ره‌وا پیشاندان و هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی قه‌ناعه‌ت پێهێنه‌ر ئه‌ڵته‌رناتیڤێكیان بۆ پرسه‌كه‌ و رێره‌وی سیاسی كوردستان پێنه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ واته‌ قه‌زیه‌یان نه‌بوو، ته‌نها بۆ هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی و ئیدعای كویرانه‌ نه‌بێت هیچ بیروباوه‌رێكیان لاده‌ست ناكه‌وێت، بۆ خۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ بۆ بریاردان له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازانه‌ش خه‌ڵك و لایه‌نی ره‌سه‌ن و خاوه‌ن بیروباوه‌ری ده‌وێت .




یارییه‌كی خۆش و به‌سوود … نوسینی/میس موید

وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌ … فه‌رهادئه‌حمه‌دبه‌رزنجی …

كوڕانی گه‌ڕه‌ك بڕیاریاندایاری تۆپی پێ‌ بكه‌ن،بۆیه‌ ده‌بووهه‌ریه‌كه‌یان له‌ماڵه‌وه‌ پێویستییه‌ك بهێنێت كه‌له‌یارییه‌كه‌داگرنگه‌،بۆنموونه‌،یه‌كێك تۆپ،یه‌كێكیترفیكه‌،یه‌كێك ده‌ستكێشی گۆڵچی ویه‌كێكیتر هێماكانی گۆڵ وهه‌تا دوایـــــــــــــی…
كاتێك ویستیان تیپه‌كه‌یان پێكبهێنن،مشتوومڕكه‌وته‌نێوانیانه‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی كێ‌ بكرێته‌ سه‌رۆك تیپ؟
سه‌رئه‌نجام بڕیاریاندا،هه‌ركه‌سێك پێویستییه‌كی هێناوه‌ له‌هی هه‌مووان گرنگتربێت،ئه‌وببێت به‌ سه‌رۆك تیپ،دواجار به‌بیانووی پێویست نه‌بوونه‌وه‌ كه‌وتنه‌ لابردن وڕه‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌یه‌كه‌ی پێویستییه‌كان.
یه‌كه‌مجارلابردنی فیكه‌ی ناوبژیوان به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ناوبژیوان ده‌توانێت له‌بری فیكه‌به‌هاوار
ئاگاداریان بكاته‌وه‌.پاشان وتیان:گۆڵچی به‌بێ‌ ده‌ستكێش ده‌توانێت تۆپ بگرێت.

ئینجالابردنی هێڵی گۆڕه‌پان وهێمای گۆڵ وله‌جێگه‌یدا دانانی دووبه‌رد.به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوون تابڕیاریاندا كه‌له‌بری تۆپه‌كه‌ش هه‌رشتێكی تری وه‌ك تۆپ خڕ به‌كاربهێنن.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستیانكرد به‌یارییه‌كی پڕله‌ده‌نگه‌ده‌نگ وپێشێلكاری یاساكانی تۆپی پێ‌.
له‌وكاته‌داپیاوێك كه‌له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یدا به‌لایاندا ڕه‌تبوو،به‌منداڵه‌كه‌ی وت:ئه‌م منداڵانه‌ ناتوانن به‌بێ‌ تۆپی ڕاسته‌قینه‌ یاریی بكه‌ن!گه‌ربه‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وامبن،ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ فێری
یاری تۆپی پێ‌ ببن.

كه‌منداڵان گوێیان له‌قسه‌كانی پیاوه‌كه‌بوو،هه‌ستیان كرد كه‌یارییه‌كی خۆشیان گۆڕیوه‌ به‌یارییه‌كی نازانستی بێبه‌ها كه‌هیچ چێژێكی وه‌رزشی تێدانییه‌،بۆیه‌ هه‌رزوو بڕیاریاندابۆچوونه‌ نابه‌جێكانیان بخه‌نه‌لاوه‌و سه‌رله‌نوێ‌ یارییه‌كه‌ به‌هه‌مووپێویستییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.
تێگه‌یشتن ئه‌وكاته‌ یارییه‌كی خۆشده‌بێت،به‌مه‌رجێ‌ بیرله‌وه‌نه‌كه‌نه‌وه‌ كێ‌ جوان یان ناشیرین یاریی ده‌كات،به‌ڵكو بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كێ‌ ڕێز له‌یاساكانی وه‌رزش ده‌گرێت.

————————————
ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ژماره‌(190)ی گۆڤاری{په‌پوله‌}بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




باران لەدووەم بڕگەیدا بەفرە … بۆتان لەتیف عەبدولقادر (پایان)

یەکەم جاری باران
هەورێکە؛
بوخچەی دەستپێکی وردە پیتەکانیەتی!…
وردە پیتەکانی…
لەناخیا هەوری داهێنان هەڵدەکات و
لەچاویا فرمێسکی سپی تاو تاو دەبنە جۆگە!…
جۆگەیەک بەزەویی گۆنایدا ڕێ ئەکات!…
دووەم جاری باران
هەور ئەبێ بەتەم و مژ
لەهەناویا بەفر ئەزێت!…
بەڵی بەفر…
کراسێکە…
لەسەرمادا باران بۆخۆی دەی دوورێ!…
کراسێک….
بوک تارایی تەزووی خۆزگە ئەگوشێت!…
بۆ لەمەولا
یەکەمین زستانم ئەبێ
کەسەیوانە هەڵنەگرم!…
ئایا چی لەوە جوانترە
برژانگەکانی چاوی ئەو
لێکدی ئایێر بکەمەوە!؟…
برژانگێ گرێکانیان دڵۆپی بارانن!…
هەر بەتەنیا بیرت ئەکەم…
هەر بەتەنیا ناوت دێنم…
هەر بەتەنیا دەتنوسمەوە!…
هەر بەتەنیاش بۆت دەگریێم!…
تۆ نادیاری ومن لەبەرخۆم
هەموو رۆژێ ئەتبینمەوە!…
دەتۆش تەنیا وەرە!…
بەهاتنت…
ئەم زستانەم
وشە گیان مردووەکانی ژیاندەوە!…
لەم وشانەوە…
هاواری بۆ چاومەو دەڵێ:
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکیا
سەردێرێکە لەڕێژنەی باران و
ناونیشانی بەفری دڵە!…
لەناوەڕاستیا ئازاری دەروون
ئەبێ بەتەزینی تەزرەو
کراسێکی تەرز لەبەفر!…
ئەزانی لەئامێزی باران
پڕ دەبین لەهەست وخۆزگە!؟…
ئیتر من لەم زستانەمدا
هەرگیز ناچمەوە ژوورەوە!…
لەگەڵیا ئەبم بەپەیکەر لەپێش بێرایی غوربەتی!…
هەر ئەوە نا
پاشێ وێکڕا
نیشتیمانێک سەرلەنوێ دروست ئەکەین!…
ئیتر من ناچمە ژوورەوە
تا ئەو شەوەی
لەساماڵی سایەقەی شەوێکیا بەڕووم هەڵدێ و
لەباڵاما بەرگە تریفەی مانگ ئەبڕێ و
بەداوی عیشق
بۆ باڵای نیشتیمانە تازەکەی ئەدوورێ!..
ئێستا ژیان زستانێکە
لە ئامێزیا دانیشتنێک هەیە!…
دانیشتنێک…
نیسکافە بەرمەجلیسیەتی و
بەبارانیش پێکەنینی ئازارەکان ئەشواتەوەو
بەفر ئەکاتە کراسی گوڵ!…
دڵسۆزی وتاسە
تەنیا وەرزێکی بەنازیان هەیە…
وەرزی زستان!…
بۆچی بەم ڕاددەیە پەلەمان کرد؟!…
ئەمڕۆ
سەرەتایەکی نادیارو ناڕۆشنە!…
نیگا بگۆڕە…
بەیانی کۆتایێکی ڕۆشن ودیار !…
تۆ نادیاری و
من لەبەرخۆم هەموو رۆژێ ئەتبینمەوە !…
ئەم زستانە
وشە گیان مردووەکانمی ژیاندەوە !…
وەرن عاشقان ببیستن!..
ئەوە پێکەنینی ئەوە
لەجۆگەی عەشق هەڵی بەستوە!…
ئەوە مەستانەیە
سەرتاپای درەوشانەوەیەو
هەستی لێ ئەڕژێ هەست!..
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکیا
سەردێرێکە لەڕێژنەی باران و
ناونیشانی بەفری دڵە !…
بۆ لەمەولا
یەکەمین زستانم ئەبێ کەسەیوانە هەڵناگرم !…
هێشتا هەر لەژێر سێبەری چاوەڕوانی
چاوەڕێی قەدەرێ ئەکەم!…
هەر وەک خۆم دەمێنم دەم بەخەندەو بزە !…
هەرگیز ناچمەوە ژوورەوە!…
لەگەڵیا ئەبم بەپەیکەر لەپێش بێرایی غوربەتی !…


بۆتان لەتیف عەبدولقادر (پایان)

کۆتایی پاییزی ١٢ ی ٢٠١٣ ئیسکەندەریە




کورتەنامەی شیعریی … بەشی حەوتەم … فەتاح حەسەن

حەزدەکەم، وەك داشەهارە..
گشت خەمەکانت بخۆم.
*
لە هەموو شتێکی ژیانمدا
دەتوانم میانڕەو بم
لە خۆشەویستیدا نەبێت،
ناتوانم..
زیادەڕەو، نەبم.
*
دێم، خانمەکەم دێم
بەرەو ئەو هەوارەی
تامزرۆییم
بێگومانم، ئەو هەوارەش
هەر بەتەنها.. دڵی تۆیە.
*
هەرکات وێنەکێش، توانیی
وێنەی شنەی با.. خشەی گەڵا،
سروەی گوڵ بکێشێت
ئەوکات
دڵم دەبێت بەبەرد، لەئاستی تۆ.
*
شەو راشکاوە
خەلکی هەموو نووستون
تەنها، من بێدارم
بیر لە تۆ دەکەمەوە و بەس.
*
ئەو ساتانەی کە، دڵتەنگم
نە گوڵ جوانە لەلام،
نە بۆنی خۆشە .. رێحانە.
*
هەندێك جار بایەخدانی کەسێك
خۆشترە لەوەی، کە، پێتبڵێ:-
خۆشمدەوێی.
*
بیرلەمن دەکەیەوە
هێندەی بیردەکەمەوە لەتۆ؟
گیانم ئازیزە لات
هەروەکوچۆن.. گیانت،
ئازیزە لام؟
*
وەرەبۆلام.. یان، دێم بۆ لات،
دەنا..
بەرگەی بێ تۆیی ناگرم.
*
بە هاتنت ئاواتەخوازم
هەرچۆن ئاواتەخوازی
شەق بردنی ناحەزانتم،
دەسا وەرە..
ناحەزانمان ، با شەق بەرن.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای یه‌ك … سه‌ردار جاف

له‌ گوڵدانی بوغزه‌كانما
تۆپه‌ لۆكه‌ی تۆیه‌ تیایدا چرۆ ده‌كه‌ن
له‌ نێو سه‌فه‌ر و غوربه‌تی یاداشته‌كان
له‌ فڕگه‌خانه‌ی چاوه‌كانما
باڵه‌كانت ده‌كرێنه‌وه‌
له‌ كه‌ناری په‌نجه‌ شه‌قار بووه‌كانما
هه‌ناسه‌ی تۆن گه‌رمگه‌رم دایده‌پۆشن
له‌ سه‌رانسه‌ری لیوه‌ ره‌نگ قاوه‌تاڵ نیشتووه‌كانما
ده‌نگی لێوی هه‌نگوینی تۆن به‌ سه‌ریانا خڕ بۆته‌وه‌
له‌ سه‌ر سینگه‌ چیمه‌نییه‌كه‌م
جوتێ به‌ی ناسك رۆنیشتوون
له‌ چه‌قی دڵی بیًبه‌زیی و پڕ ڕكا
دڵی په‌شمه‌كینی تۆن تواونه‌ته‌وه‌
له‌ گڵێنه‌ی چاوه‌ مۆڕ بووه‌كان
ئه‌شكی په‌شیمانی دوێنێی تۆی گرتووه‌
له‌ قۆڵبه‌ندی تێكئاڵانی باڵه‌كانما
له‌ ئاوێزانی ئامێزتا خۆ ده‌بینم
له‌ره‌ی جووتێ مه‌مكی سرتن
له‌ نێو له‌پم هه‌ر به‌ سانا نیشتۆته‌وه‌

Deutschland – Limburg
3- 11 – 2017




ئاشتیمان دەوێ … ڕۆستەم خامۆش

ئێـمــە ئــاشــتـیــمـــان دەوێ
چونکە ژینـمـان خـۆشـدەوێ

بــا نـەمێـنـێ شــەڕو جـەنـگ
دەبـــا بێـدەنـگ بــێ تـفـەنـگ

هــەمــوو لــە ئـامێـزی خــاک
بــژیــن بـــە دەروونــی پــاک

بـڵـێـیـــن بـــــــژی تــەبــایــی
خـۆشـەویسـتـی و بـــــرایــی

چـونـکــە هــەر پێکـەوە ژیان
شــــادیـیـە بـــــــۆ دڵ و گیان

ڕۆستەم خامۆش / هەولێر 2017




دواشه‌وه‌كانی ژیانی قه‌زافی له‌ڕۆمانێكدا …. سەدیق سەعید ڕواندزی

ته‌مه‌نی دیكتاتۆر‌و سته‌مكاره‌كان، هه‌رچه‌نددرێژبێت،هه‌رچه‌ند بخایه‌نێت،ڕۆژگارێك دێت له‌به‌رده‌م ڕق ‌و تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ر خۆیان ناگرن‌وكۆتاییان پێدێت‌وده‌چنه‌ زبڵدانی مێژوو.سه‌رده‌مانێك عێراقییه‌كان، خه‌ونیان به‌ڕووخانی به‌عس‌و سه‌ددامه‌وه‌ ده‌بینی.سه‌ره‌نجام ئه‌و خه‌ونه‌ هاته‌دی‌و چاره‌نووسی سه‌دداممان بینی چۆن بوو؟ له‌ كوێ خۆی حه‌شاردابوو؟ له‌كاتێكدا خۆی به‌ قاره‌مان‌و به‌رگریكاری ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌ب ده‌زانی.

لافی ئه‌وه‌ی لێده‌دا، كه‌ كۆڵان به‌ كۆڵان، شه‌ڕی دوژمنه‌كانی ده‌كات.یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانی دیكتاتۆر‌و سته‌مكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌یان جه‌لادێكی گه‌وره‌ن‌و كاتێكیش ڕووبه‌ڕووی هێڕشێكی ده‌ره‌و ده‌بنه‌وه‌، هێنده‌ بوده‌ڵه‌و ترسنۆك‌ولاواز‌و بێ ده‌سه‌ڵاتن، كه‌ مرۆڤ گومان ده‌كات له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مان ئه‌و سه‌ركردانه‌ بن كه‌ ڕۆژگارێك به‌ ئاگر‌و ئاسن، گه‌له‌كه‌یان ده‌كوشت‌و مرۆڤییان به‌جۆره‌ها شێوه‌ی هۆڤییانه‌ ئازار ده‌دا. قه‌زافی خۆی به‌ پێشڕه‌وی گه‌لانی ئه‌فریقی ده‌زانی.گاڵته‌ی به‌ سه‌رۆك‌وڵاتان ده‌كرد. له‌ نێو باڵه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان،وتاری ده‌داو هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كردوو كاغه‌زی وتاره‌كانی ده‌دڕی‌و فڕێده‌دا، كه‌چی بینیمان له‌ تونێڵێكی ئاووئاوه‌ڕۆ، وه‌ك جورج خۆی حه‌شاردابوو. كاتێ ده‌ستگیركرا، مێردمنداڵانی لیبیا گاڵته‌یان پێده‌كرد.

ئه‌گه‌رچی بۆ مێژوو به‌ ویژدانه‌وه‌ ده‌بێ دان به‌و ڕاستییه‌ دابنێین، كه‌ قه‌زافی وه‌ك سه‌ددام نه‌بوو. ئه‌و ته‌نها له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ نه‌یارانی ده‌كوشت‌ودژ به‌ بیروباوه‌ڕیان ده‌وه‌ستایه‌وه‌. به‌ڵام له‌ ڕووی كارگێڕی ئابوورییه‌وه‌، خزمه‌تێكی زۆری لیبییه‌كانی كرد له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌.به‌درێژایی هه‌زاروچوارسه‌د كیلۆمه‌تر، ئاوی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست بۆ بیابانه‌ وشك‌وگه‌رمه‌كانی دوورترین ناوچه‌ی باشووری لیبیا هێنابوو.

بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی كشتوكاڵی‌و گه‌شتوگوزاری، هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن.تاڕاده‌یه‌كی زۆری گرفتی بێ كاری‌و نه‌بوونی شوێنی نیشته‌ جێبوونی چاره‌ سه‌ركردبوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌وانه‌ هه‌مووی به‌هادارتره‌ ئازادییه‌. مرۆڤ باهه‌مووشتێكیشی هه‌بێت، كه‌ ئازاد نه‌بوو بایه‌خی چییه‌. قه‌زافی،كه‌ بۆ ماوه‌ی چل‌ودووساڵ(1-9-1969تاكو20-10-2011)، فه‌رمانڕه‌وایی لیبیای كرد، خه‌سڵه‌تی كه‌سیه‌تی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی سه‌یری هه‌بوو. بۆنموونه‌: ئه‌و جل‌و به‌رگانه‌ی له‌ به‌ری ده‌كرد، هه‌مووی به‌نه‌خشه‌ی كیشوه‌ری ئه‌فریقیا نه‌خشێنرابوون.پاسه‌وانه‌كانی هه‌موویان ژن بوون.به‌درێژایی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕازی نه‌بوو پێی بوترێت سه‌رۆك.به‌ڵكو هه‌مو گه‌لی لیبیا‌و داموده‌زگاكانی وڵات، به‌ ده‌سته‌واژه‌ی(برای سه‌ركرده‌ی شۆڕش بانگییان ده‌كرد). ئه‌و له‌پایته‌ختی لیبیا له‌ ژێر چادرێك ده‌مایه‌وه‌و دیداره‌كانی ڕێكده‌خست.

سه‌یر له‌ودابوو بۆ هه‌روڵاتێك سه‌فه‌ری بكردایه‌، ده‌بوو ئه‌و چادره‌ی پێ بوایه‌ بۆ دانیشتن. ئه‌مانه‌و زۆر خاسیه‌تی دیكه‌ی سه‌یری هه‌بوون. به‌داخه‌وه‌ دوای قه‌زافی بارودۆخی لیبیا نه‌ك هه‌ر نه‌گۆڕا، بگره‌ ئێستا وێرانه‌یه‌ك ‌و گه‌ ڕه‌لاوژێیه‌ك له‌و وڵاته‌ هه‌یه‌، كه‌س به‌ كه‌س نییه‌. رۆِمانی (دواهه‌مین شه‌وی سه‌رۆك) كه‌ له‌نووسینی نووسه‌ری جه‌زائیری(یاسه‌مین خه‌زرایه‌) باسی شۆڕشه‌كه‌ی لیبیاو دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی قه‌زافی ده‌كات. كاتێ هاووڵاتییانی لیبیاده‌ستییان به‌ڕاپه‌ڕین كرد.

ئه‌م ڕۆمانه‌ كه‌له‌ ده‌می كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه‌ ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی هه‌رخودی قه‌زافی خۆیه‌تی.ئه‌و كاتانه‌ی له‌ گه‌ڵ به‌شێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی كه‌ پێشترله‌ گه‌ڵی له‌ده‌سه‌ڵات بوون، له‌ قوتابخانه‌یه‌ك، له‌ ترسی شۆڕشگێڕه‌كان‌و بۆردوومانه‌كانی هاوپه‌یمانان خۆیان حه‌شارداوه‌. ته‌نانه‌ت نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ناوی هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ی ناوه‌،كه‌ به‌ شێك بوون له‌ داروده‌سته‌ی قه‌زافی. وه‌ك:(ئه‌بوبه‌كریونس جابر، كه‌ وه‌زیری به‌رگری بوو،موعته‌سم‌ومه‌نسوور كه‌ كوڕه‌كانی خۆی بوون،هه‌روه‌ها ژنه‌ پاسه‌وانه‌كانیش،موقه‌ده‌م تورید)‌و گه‌لێك كاره‌كته‌ری تر. قه‌زافی كه‌ پێشتر ئه‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بووه‌،ئیدی ئێستا سه‌رۆكێكه‌ له‌ هه‌موو كه‌سه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌گومانه‌. ئه‌و خه‌یاڵ ده‌كات‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ساتانه‌ی مولازمی یه‌كه‌م بووه‌و دواتریش كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی له‌ دژی شائیدریس سه‌نووسی به‌رپا ده‌كات‌و ده‌بێته‌ سه‌ركرده‌ی شۆڕشی لیبیا.

قه‌زافی له‌ ڕێی ته‌كنیكی فلاشباكه‌وه‌ ئه‌و ساتانه‌ دێنێته‌ به‌رچاوی خۆی، كه‌ تیایدا سه‌ركرده‌ی لیبییه‌كان بووه‌وبه‌ دیدی خۆی هه‌میشه‌ له‌ نێو دڵ‌وده‌روونی لیبییه‌كان دابووه‌. بۆیه‌ ناتوانێ باوه‌ر به‌وه‌ بهێنێ كه‌ ئێستا له‌ چ باردۆخێك دایه‌.چۆن له‌ ترس یاخی بووان خۆی حه‌شارداوه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ییه‌ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ بۆ ڕابردوو، هه‌وڵێك بێت بۆ له‌یادكردنی ئێستا.ئێستایه‌ك كه‌ وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاواز له‌ ڕابردووی هه‌یه‌. به‌ده‌ربڕینێكی تر، قه‌زافی بۆیه‌ ده‌گه‌ِرێته‌وه‌ ڕابردوو، تا ئه‌و واقیعه‌ له‌ یاد بكات كه‌ ئێستا تیایدا ده‌ژیت. ئه‌و چونكه‌ بۆ ماوه‌ی چل‌و دوو ساڵ به‌به‌رده‌وامی له‌ ڕوانگه‌ی خۆی برای سه‌ركرده‌ی شۆڕش بوو، چۆن ده‌بێ ئێستابه‌ ترسێكی زۆره‌وه‌ له‌ ژیانی خۆی له‌ قوتابخانه‌یه‌ك خۆی حه‌شاربدات.

قه‌زافی ده‌ڵێت:( لیبیا به‌ بێ من نه‌گبه‌تیه‌كی بێ ناوو ئایینده‌ییه‌). دیكتاتۆره‌كان چونكه‌نیشتمان‌و گه‌له‌كه‌یان بچووك ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ كه‌سیه‌تی خۆیان، ئیدی واهه‌ست ده‌كه‌ن، به‌نه‌مانی ئه‌وان نیشتمانیش نامێنێت، چاره‌نووسی گه‌لیش نادیار ده‌بێت. بۆیه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ده‌ن، ئه‌ودیگایه‌ له‌ مێشكی هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌یان بچه‌سپێنن. ترسێك دروست ده‌كه‌ن، كه‌هه‌ر كاتێ ئه‌وان نه‌مان نیشتمانیش نامێنێ. له‌ كاتێكدا به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ ساڵانێكی زۆره‌ شكۆی نیشتمان نه‌ماوه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ یه‌كێ له‌ نزیكه‌كانی قه‌زافی ده‌ڵێت:( هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م ناتوانم لیبیایه‌ك بهێنمه‌ به‌رچاوی خۆم تۆی تێیدا سه‌رۆك نه‌بیت) یاخود ده‌ڵێت:(من له‌ ژیانی سیاسیم هه‌رچیم كردووه‌ بۆتۆبوو نه‌ك بۆ نیشتمان)ئه‌و شوناسه‌ بۆ تاك، به‌ شێكی گه‌وره‌ی شوناسی مرۆڤه‌كانه‌له‌ وڵاته‌ سته‌مكاره‌كاندا.

شوناسێك كه‌هه‌میشه‌ خۆی به‌ بچووك‌و زه‌لیل ده‌بینێت له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و هه‌یمه‌نه‌ی سه‌رۆكدا. ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌وترس‌و سامه‌یه‌، كه‌ له‌ دڵ‌و ده‌روونی تاكه‌كان،له‌كاردانه‌وه‌ی سته‌مكردنیان دروست ده‌بێت. ترس له‌ جه‌لادو سته‌مكاریش كۆتایی نایه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك (جوبران خه‌لیل ) له‌ كتێبی (په‌یامبه‌ر)دا ده‌ڵێت: (سه‌ره‌تا ده‌بێ ترسی ناخمان بشكێنین، یاخود گه‌ر بمانه‌وێ ته‌ختی سه‌رۆكێكی سته‌مكار بڕووخێنین، ده‌بێ سه‌ره‌تا دیواره‌كانی ناخمان بڕوخێنین). پاوڵۆ فرێریش له‌په‌رتووكی( پێداگۆگی سته‌ملێكراوان)ده‌ڵێت:( تراژیدیترین دۆخی سته‌مكاری ئه‌وه‌یه‌، كه‌ سته‌ملێكراوان له‌ سته‌مكاریه‌كه‌یان ڕادێن‌و خه‌یاڵی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وان هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ژیاون).ئیدی كه‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ جه‌لاده‌كه‌ی ڕاهات، ئه‌وا ده‌بێته‌ قوربانییه‌كی هه‌میشه‌یی.

كه‌ ئه‌مه‌ش دوا ترۆپكی دۆخی سته‌مكارییه‌. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌بزانین سه‌ره‌نجام سته‌مكاره‌كان له‌ ناو ده‌چن. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ خه‌سڵه‌تی سته‌مكار نه‌رجسیه‌ته‌. واته‌ خۆخۆشویستن‌وخودگه‌رایی تا ڕاده‌ی خوایی بوون. ئه‌وان واهه‌ست ده‌كه‌ن، هێزێكی نادیار‌و ئه‌زه‌لی بۆ هه‌تایه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێداون. یاخوود بوونی ئه‌وان نیعمه‌تێكی خودایه‌ بۆ گه‌له‌كه‌یان.بۆیه‌ هه‌ندێ كات خودگه‌راییان ده‌گاته‌ ئاستێك كه‌خۆیان له‌ سه‌رووی مرۆڤه‌كان ده‌بیننه‌وه‌. قه‌زافی له‌و ڕۆمانه‌دا ده‌ڵێ:(من موسابووم له‌ شاخه‌كان هاتمه‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام له‌ بڕی له‌وحی شه‌ریعه‌ته‌كان،كتێبی سه‌وزم پێ بوو!) یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی په‌یامبه‌رانی پێ ده‌ناسرێنه‌وه‌ له‌ ڕوانگه‌ی بڕوادارانه‌وه‌، په‌رچووه‌.كه‌جیایان ده‌كاته‌وه‌ له‌ مرۆڤی ئاسایی. قه‌زافیش خۆی به‌ موسا ده‌چوێنێت‌و ڕه‌نگه‌ گه‌له‌كه‌شی به‌شوێن كه‌وتووانی فیرعه‌ون زانیبێت. به‌ڵام قه‌زافی نه‌یتوانی وه‌ك موسا فیرعه‌ونه‌كان له‌ناوبه‌رێت. به‌ڵكو ئه‌و كۆماره‌ی به‌ خه‌یاڵی خۆی بۆ گه‌له‌كه‌ی دامه‌زراندبوو، هه‌روه‌هادوای هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ به‌ تێگه‌یشتنی خۆی،ئێستا چی ده‌بینێت؟ خیانه‌تی گه‌له‌كه‌ی.

هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی نزیكه‌كانی. بێگومان قه‌زافی ئه‌وكاته‌ی ڕێبه‌ری لیبیاش بوو، به‌رده‌وام خۆی وه‌ك رزگاركه‌ری ئه‌فریقییه‌كان‌و عه‌ره‌ب ده‌بینی. ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنی به‌ شێكی زۆری سه‌ركرده‌‌و دیكتاتۆره‌كانی عه‌ره‌ب بوو. كاتێكیش كه‌وتنه‌ به‌ر ڕق‌وتووڕه‌یی گه‌له‌كه‌یان، ئیدی له‌ په‌نهاترین‌وقێزه‌وه‌نترین شوێن خۆیان حه‌شارده‌ده‌ا. هه‌موومان بینیمان سه‌ددام‌و قه‌زافی له‌ كوێ دۆزرانه‌وه‌.ئه‌و ڕۆمانه‌ كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی هه‌رخودی قه‌زافی خۆیه‌تی،دوایین ساته‌كانی ژیانی قه‌زافی باسده‌كات كاتێ له‌ترسی یاخی بووان خۆی حه‌شارداوه‌. تاكو دواتر له‌وشوێنه‌ ده‌رده‌چن‌و له‌ كۆتاییشدا له‌تونێڵێكی تاریك‌و لاچه‌پ ده‌یدۆزنه‌وه‌و سه‌ره‌نجام به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر كۆمیدیانه‌ ده‌یكوژن.

به‌ بڕوای من په‌یامی ئه‌و ڕۆمانه‌ هه‌رته‌نها بۆ خوێنه‌ر نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌وسه‌رۆكه‌ سته‌مكارانه‌یه‌، كه‌ هه‌رگیز كورسی فه‌رمانره‌وایی جێ ناهێڵن‌و گه‌له‌كه‌یان ده‌چه‌وسێننه‌وه‌.كاتێكیش ڕووبه‌ڕووی دوژمنێكی ده‌ره‌كی ده‌بنه‌وه‌، هێنده‌ ترسنۆك‌وبوده‌ڵه‌ن،شوێن نامێنێ خۆیانی لێ حه‌شار نه‌ده‌ن. له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێ په‌یڤێك له‌ باره‌ی وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌وه‌بڵێم. ئه‌و كتێبه‌ به‌زمانێكی كوردییانه‌ی یه‌كجار ڕه‌وان‌و پاراو وه‌رگێڕدراوه‌.وه‌ڕگێڕانێك كه‌ یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌دات بێ گرێ‌و گۆڵ له‌ ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌ بگات. دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی وه‌رگێڕی كتێبه‌كه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێڕه‌ به‌تواناو لێهاتووه‌كانی دنیای وه‌رگێڕانی ئێمه‌‌و تا ئێستا چه‌ندین كتێبی بۆ زمانی كوردی وه‌رگێڕاون.

——————————————————————–
په‌راوێز/ دواهه‌مین شه‌وی سه‌رۆك/ نووسینی یاسه‌مینه‌ خه‌زرا/ وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی/ بڵاوكراوه‌ی ئه‌ندێشه‌ 2017.
*له‌ میانه‌ی خوێنه‌وه‌ی پێشه‌كی ڕۆمانه‌كه‌، هه‌ستم به‌وه‌كرد كه‌ ساڵی له‌دایكبوونی نووسه‌ره‌كه‌ كه‌ 1995نووسراوه‌، هه‌ڵه‌بێت. چونكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رواره‌كانی دیكه‌ یه‌ك ناگرێته‌وه‌..




عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) ٢٢ کتێب و نامیلکەی خۆی چاپ دەکات

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ ، ئەو نووسەرەی لەماوەی دوانزە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە سیانزە کتێبی لەلایەن دەزگا ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکان لە کوردستان چاپ و بڵاو کراونەتەوە، دوای خولقاندنی ئەو وەزعە بێ مانایایەی کوردستان لەسەر دەستی حیزبە گەندەڵکارەکانی کوردستان و پێکهێنانی قەیرانی داراریی کە بووە مایەی گۆچبوون و شەلەل بوونی سەرتاپای دەزگا ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکان، لە سێ مانگی ڕابردوودا، ( تەمموز و ئاب و ئەیلوولی ٢٠١٧)هەستا بە چاپ کردنی ٢٢ کتێب و نامیلکەی خۆی بە تیراژی دوو دانە هەر بۆ ئەوەی نەفەوتێن، تا ئەو کاتەی ئەو دەزگایانە دەکەونەوە کار و کتێبەکانی چاپ دەکەن.
شایانی باسە ئەم بێ دەربەستییەی دەسەڵاتی کوردیی دەرهەق بە بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی جگە لە نووسەرە کاسەلێسەکانی حیزبەکان کە هەمیشە ستایشی دەکەن، مایەی ڕق و نەفرەت و بێزاری زۆربەی هەرە زۆری نووسەرانەیە کە ستەم و بێ ماناییەکانی ئەم وەزعە ڕەت دەکەنەوە. ئەی خوارەوەش ناوی ئەو کتێبانەیە کە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) چاپی کردوون.

ناوی کتێب بابەت تیراژ ژمارەی لاپەڕە
١-لەژێر دووکەڵێکی ڕەشدا بیرەوەری ٢ ١١٢
٢-دواجار دەبم بە نیرڤانا چیرۆک ٢ ٤٩
٣-لەپەنای خەون و سێبەری وشە کۆمەڵێ وتار ٢ ٢٧٤
٤-مانیفیستی ئەدەبی کرێکاریی نووسین ٢ ٤٣
٥-ڕازە درکێنراوەکان نووسین ٢ ٣١٥
٦-پانزە چرکە شانۆنامە – وەرگێران ٢ ١٢٢
٧-تریشقەی وشە و لێزمەی تووڕەیی شیعر ٢ ٢٥٠
٨-ڕۆیشتن لەژێر سێبەری جوانی ژناندا شیعر ٢ ١٦٩
٩-چۆلەکەیەک گشت سبەینان ئەجریوێنێ منداڵان- وەرگێران ٢ ٦٩
١٠-سروودە کرێکارییەکان سروود ٢ ٩٣
١١-بارانی وشە سوورەکان شیعر ٢ ٢٨٦
١٢-ڕوانینێک لە شانۆی کەنەدیی لێکۆڵینەوە ٢ ١٦١
١٣-دوو شانۆنامەی ماریا ئیرینا فۆرنێس شانۆنامە – وەرگێران ٢ ١٧٥
١٤-خوێندنەوەو نیگایەک لە دەق ڕەخنە و لێکۆڵینەوە ٢ ٤١٥
١٥-جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا لێکۆڵینەوە ٢ ٤٥٤
١٦-پشوو لەبناری گڕکاندا چیرۆک – وەرگێران ٢ ٥٣
١٧-پرسیارەکان بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن چاوپێکەوتن ٢ ٥٥٣
١٨-هەستە شاراوەکانی نێو دێرەکان نامە ٢ ٢٣٣
١٩-خانمەکەی نێو ئەم شیعرە شیعر – وەرگێران ٢ ٥٠٤
٢٠-چەند تێکستێکی سەر تاشەبەردەکانی وەرکا شیعر ٢ ١٩٠
٢١-A Song foe anexile ٢١- شیعر بە ئینگلیزی ٢ ٥٥
٢٢-دیوانی مەشخەڵ دوو بەرگ شیعر ١ ١٤٣٤

Abdullah Sleman




خه‌زانی پایز یان خه‌زانی سیاسی كوردستان …. حامی ئه‌حمه‌د عه‌لی

به‌سڕكردنی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم و سڕكردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دۆخی سیاسی هه‌رێم چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕه‌خسێنێت و چانسی ئه‌وه‌یان پێده‌دات جارێكی تر له‌فه‌رمانگه‌ ڕه‌سمیه‌كاندا خزمه‌ت بكه‌ن ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵی هه‌رسێ‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ییه‌ نه‌ك سڕكردن، چونكه‌ ئه‌م سێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كاندا ئیفلیج بون، ڕاگه‌یاندنی حكومه‌تێكی ڕزگاری نیشتمانی تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ له‌ئێستادا سه‌ركرده‌یه‌ك مابێت ئه‌و كه‌شتیه‌ له‌كه‌ناری ئارامیدا له‌نگه‌ر پێ‌ بگرێت به‌پێی بۆچونی زۆربه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ نیشتمانیه‌كان (دكتۆر به‌رهه‌م سالح)ه‌ كه‌ئێستا سه‌ركردایه‌تی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ده‌كات ئه‌و له‌توانایدا هه‌یه‌ قه‌ره‌بوی ئه‌و شكسته‌ ناوخۆیی وده‌ره‌كیه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه‌بوه‌ هۆكاری ماڵوێرانی ده‌یان و هه‌زاران خێزانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و شه‌هید بونی چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان كه‌چی له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا پرۆسه‌كه‌یان سڕكرد بۆ ئه‌وه‌ی زیندوی نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشبینیه‌كان وای بۆ ده‌چن له‌ژێر فشاری سیاسی عێراقدا ئه‌نجامه‌كانیشی هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌، تێكچونی دۆخی سیاسی هه‌رێم ته‌نها كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌خاوه‌ن داینه‌مۆی هه‌موو شۆڕش و ڕاپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌رین، ناكرێت ئه‌م ووڵاته‌ به‌م شێوه‌یه‌ له‌سوڕێكی داخراوی شه‌ڕ و كوشتارو برسیكردن و پێشێلكردنی مافی فه‌رمانبه‌ران به‌نه‌دانی موچه‌كانیان و هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی ودرێژه‌دان به‌حكومڕانی نایاسایی و ماوه‌به‌سه‌رچوو تێپه‌ڕێندرێت، دۆڕاوی سه‌ره‌كی ئه‌م بارودۆخه‌ ئه‌زمونی حكومڕانی كوردستان نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوو دوای ئه‌و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ش هێشتا پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم له‌خه‌وی حكومڕانی حیزب هه‌ڵنه‌ساون و تاهه‌نوكه‌ش ده‌ست به‌رداری گوتاری په‌رش و بڵاوی و تاكڕه‌وانه‌ نه‌بون ئه‌وه‌تا هێنده‌ كۆبونه‌وه‌و دانوستان له‌سه‌ر ئاستی حیزبی بونی هه‌یه‌و هیچ بایه‌خێك به‌گوتاری یه‌كڕیزی و گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌روه‌ری یاسا تائه‌م ساته‌ش بونی نیه‌، هه‌رسه‌رۆكێك گوێڕایه‌ڵی خه‌م و ئازاره‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی نه‌بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناشتوانێت سه‌روه‌ری مێژویی بۆخۆی تۆماربكات، به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانی ڕابوردوو سوربون له‌سه‌ر سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌و نابه‌رپرسیارانه‌ جێگای قبوڵ كردن نیه‌، ده‌بێت به‌زوترین كات ته‌سلیم به‌ ئیراده‌ی میلله‌ته‌كه‌مان ببن نه‌وه‌ك له‌ژێر فشاری ده‌ره‌كی ونێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیدا به‌شاراوه‌یی و دوور له‌میكانیزم و ڕێوڕه‌سمی فه‌رمیانه‌ دانوستان و كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ سه‌لماندیان ته‌نها له‌كاتی مه‌ترسی خۆپیشاندان و داواكاری ڕه‌وای ده‌سته‌جه‌معی هاوڵاتیانی كوردستاندا باسی یه‌ك ڕیزی ده‌كه‌ن و به‌كرداری پێوه‌ی پاپه‌ند ده‌بن، بۆیه‌ چیتر نابێ‌ مافی به‌رگریكردن و پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ناوه‌ندی بڕیاری نیشتمانی له‌ده‌ستی ئه‌واندا بمێنێت.

له‌مێژوی حكومڕانی ئه‌و دوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی هه‌رێمدا تێبینی كراوه‌ ته‌نها له‌ساته‌وه‌ختی دروستبونی مه‌ترسی جدی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی حیزبیان كۆبونه‌وه‌و لێداوان و په‌یام له‌سه‌ر یه‌ككڕیزی نیشتمانی و ته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌ن و پاپه‌ندیش ده‌بن پێوه‌ی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بینیومانه‌ له‌هه‌موو ساته‌وه‌خته‌كانی پێویستی كورد بۆ یه‌ك ڕیزی و یه‌ك گوتاری گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناكۆكیه‌كانی ڕابوردوی نێوانیان و میدیاكانیان خستۆته‌كار دژی یه‌كتر وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دوای ڕوداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌یبینین، به‌مه‌ش نه‌ك فاكته‌ری پاراستن و به‌رگریكردن نه‌بون دژی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كیانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یمان بوه‌ته‌وه‌ بگره‌ هه‌میشه‌ قوربانیدان و شه‌هیدبونی پێشمه‌ركه‌شیان به‌فیڕۆداوه‌.

له‌ڕاستیدا ڕیفراندۆم فاكته‌رێك بوو ده‌رگاكردنه‌وه‌ له‌و شه‌ره‌ سه‌پێنراوه‌ی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و حكومه‌تی ناوه‌ند ئه‌گینا ئه‌جێندای ئه‌و شه‌ڕه‌ پێشتریش ئاماده‌كرابوو هه‌رده‌بوو بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی سیاسی و ئیداری كورد بكرێت، كاتێك گه‌ل بڕیاریدا مافی گه‌له‌ چۆن بیه‌وێت دانوستانی له‌سه‌ر بكات (ڕیفراندۆم كراو بوو به‌بڕیاری خه‌ڵكی كوردستان) ده‌یان لێدوانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌و ڕووه‌وه‌ دۆكیۆمێنت كراوه‌ كه‌چی واخه‌ریكه‌ به‌تێپه‌ربونی كات و نزیكبونه‌وه‌ی پریشكی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌و ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌له‌دواجاردا كه‌له‌پچه‌كه‌ی له‌گه‌ردنی هاوڵاتیانه‌وه‌ به‌ره‌و گه‌ردنی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد په‌ل ده‌هاوێت، ده‌یانه‌وێت پرۆسه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌.

ئێستا پرسیاری شه‌قام و ڕۆشنبیران ده‌بێت ئه‌وه‌ بێت ئه‌وه‌ی وتتان جێبه‌جێی كه‌ن پرسیار له‌خه‌ڵك بكه‌ن بزانن ڕه‌زامه‌ندن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك چۆن به‌ویستی تاكڕه‌وانه‌ پرۆسه‌كه‌تان ئه‌نجامدا به‌تاكڕه‌وانه‌ش ده‌تانه‌وێت قۆناغ به‌قۆناغ ئه‌و بڕوانامه‌ ناوخۆییه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بكه‌نه‌وه‌ به‌نه‌بوو، هۆكاره‌كه‌شی زۆر ڕون و ئاشكرایه‌ كه‌تینتان بۆ هاتوه‌و ئه‌وه‌ش به‌هۆی دواكه‌وتوی عه‌قڵی سیاسی و ئه‌زمونی حكومڕانیتانه‌وه‌ كه‌نه‌تان توانی پێشبینی ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ن كه‌هێشتا له‌ئه‌لف و بێیی شوێنه‌واره‌ مه‌ترسیداره‌ كانیداین، گه‌رمایی ئه‌و قه‌یرانه‌ دروستكراوه‌و ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌خوازراوه‌ زۆر نزیك بوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆتان، حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌سه‌ره‌تای بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ به‌لێدوانی ڕه‌سمی ته‌نها له‌یه‌ك كه‌ناڵه‌وه‌ كه‌حكومه‌ته‌ خاوه‌نی قسه‌ی خۆی بوه‌و له‌یه‌ك وشه‌ی خۆی یه‌ك مه‌رجی خۆی په‌شیمان نه‌بوه‌ته‌وه‌ هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای ته‌نگژه‌ی پرۆسه‌ی ڕاپرسیه‌وه‌ ته‌نها مه‌رجی ئه‌وه‌بوو ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام نه‌درێت كه‌ئه‌نجامیش درا ته‌نها مه‌رجی بۆ دانوستان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم بوو.

عه‌بادی له‌ووته‌یه‌كیدا له‌ڕۆژنامه‌ی (“Wall Street Journal)دا ده‌ڵێت; هه‌موو لایه‌ك دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئێرانی دراوسێمان و ئه‌مریكای هاوپه‌یمانمان پێشوازی له‌پشتگیری هاوكاریه‌كانتان ده‌كه‌ین به‌ڵام تكایه‌ كێشه‌كانتان مه‌گوازنه‌وه‌ بۆ عێراق هه‌روه‌ها ڕێگه‌ به‌هیچ كه‌سێك ناده‌ین ده‌ستێوه‌ردان له‌ناوخۆی عێراقدا بكات، له‌په‌یامێكی توندا به‌رامبه‌ر به‌كورد ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن له‌كوشتنی سه‌ربازی عێراقی ده‌بێت به‌رپرسیاریه‌تیه‌كه‌ی بگرنه‌ ئه‌ستۆ و ناچارمان ده‌كه‌ن جه‌نگێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌دژتان ڕاگه‌یه‌نین، به‌هه‌زاره‌ها گرێبه‌ستی نایاسایی نه‌وت و غاز دوور له‌چاوی دڵسۆزان و خه‌مخۆران و كه‌سانی پسپۆڕو ئه‌كادیمی له‌ژێر نه‌شته‌ری ئه‌م گوتاره‌ی عه‌بادیدا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.




تەڤگەری ئازادی و نەوەی نوێ! … تاهیر حاجی حەسەن

خەڵکی باشوری کوردستان بەگشتی و چین و توێژە زەحمەتکێشەکان بەتایبەتی،زیاد لەقۆناخێکە لەلایەن بزوتنەوە جۆراوجۆرەکانی بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردایەتیەوە دەخەڵەتێندرێن و هەر قۆناخێک بەشێوەیەک ئەو خەڵەتاندنەیان دوبارە کردۆتەوەو ئاسۆی چین و توێژە زەحمەتکێشەکانیان بەبادا داوە، (کەلەبنەڕەتدا بزوتنەوەی سیاسی کوردی پەیوەستن بە چەوساندنەوەی چینایەتیەوە.چونکە خودی ئەو بزوتنەوانە بۆ ئەوە دروست نەبون کەکۆتای بەهەژاری و برسێتی و نەمانی چەوساندنەوەی چیانایەتی بهێنن،بەڵام هەمیشە لەژێر ناوی ڕزگاری گەل و کۆتای هێنان بەستەمی نەتەوایەتی و بنەبڕ کردنی هەژاری هاتونەتە مەیدان و خەبات و بەناو شۆڕشیان کردوەو تائێستایش شانازی بەوەوە دەکەن کەدەریایەک لەخوێنیان داوە تاگەیشتون بەم قۆناخەی ئێستا،بەڵام قەت ناڵێن ئەو خوێنە زۆرەی ڕژا لەئەسڵدا نەوەکانی کام چینی کۆمەڵایەتی بون دایان؟ چونکە باش دەزانن زۆربەی ئەوانەی لەپێناو ڕزگاری کوردستاندا خۆیان بەکوشتدا بەشی هەرە زۆری لەکوڕانی چینە زەحمەتکێشەکەی کۆمەڵگە بون،نەک لەنەوەی شێخ و مەلاو دەرەبەگەکان و خاوەن پارەدارەکان). ئەو دەسەڵاتە ناسیۆنالیزمە ڕەنگاوڕەنگانە کەمێژوویەکە لەنێو کایەی دەسەڵاتدان لەباشوور،بەکۆ دیسان لەژێر ناوی پاراستنی هەیبەتی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی دوای ڕاپەڕین،چینوتوێژە زەحمەتکێش و کرێ وەرگرەکانیان نەک ڕزگار کرد لەباری قورسی هەژاری و بێکاری،بەپێچەوانەوە سەد ئەوەندەیتر ژیان و گوزەرانی ئەو چینەیان بردە ژێر مەتریسداری گەورەوە و خۆیشیان وەک چینێکی مافیا گەری دڕندە کەوتنە تاڵانی سامانی گشتی کۆمەڵگەو خۆیان پێکردە ملیاردێر. ئەو چینە سیاسیە کورت بینە ناسیۆنالیستیە هێندە بەهەڵپە بون بۆ تاڵانی و تێر کردنی چێژە کەسیەکانیان،وائێستا دەیان بینین چۆن نەک هەر کۆمەڵگەیان بردە ژێر قۆناخی ملەکەچ بون بۆ دەوڵەتی فاشیستی مەزهەبی عێراق،بەڵکو بۆ خۆیشیان بونە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شکست و پڕ لەئابڕو چون بۆیان،کەچیتر ناتوانن جارێکیتر سەریان بەرز بکەنەوە لەبەرانبەر بەناو نەیارە جۆراوجۆرەکانیاندا.

خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێم،چونکە خۆیان خاوەنی هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیان نین و ئاسۆی بەردەمیان ڕۆشن نیەو لەهەمان کاتدا خاوەنی پارتی شۆڕشگێڕی سەر بەچینەکەی خۆیان نین،بۆیە لەلایەن پارتە جۆراوجۆرەکانی بەرەی ناسیۆنالیستی و ئاینی و مەزهەبیەکانەوە،زۆر بەئاسانی یەکێتی ئەو ڕیزە چینایەتیەی نێو ئەو چینەیان تێک داوەو بەگشت لایەکیان بەربونەتە گیانی ئەو چینە هەژار کراوەو هەر لایەو بەشێوازێک درۆی قەبەی بۆ دەکات و بەرەو لای خۆی ڕای دەکێشێت. لەدوای شکستی گشت پرسیە تایبەتەکەی ٢٥/١٠/٢٠١٧ وە،کەڕابەرایەتیەکەی لەژێر پلان و مەرامی تایبەتی بارزانیدا بو،کۆی ئاسۆی بزوتنەوەی کوردایەتی خستە ژێر پرسیارەوەو فەشەلی حەتمی ئەو بزوتنەوەیەی کردۆتە ئەمری واقیع. بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسیەی کەدروست دەبێت، هەر لەئێستاوە چەند گروپێکیتر خۆیان ئامادە کردوە بۆئەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ئایندەی پەرلەماندا بێنە مەیدان و بتوانن کورسیەکانی پەرلەمان وەچنگی خۆیان بخەن. ئەوە بێجگە لەوەی کەنەوەیەکی نوێی مەلای و جەلالیش هەر لەنێو ئەو دوو حزبەدا بەڕێوەن تاجڵەوی پارتەکانیان بگرنە دەست و لەمردن ڕزگاریان بکەن.
ئێمە لەکام قۆناخدا دەژین؟ ئەمە پرسیاری ترۆتسکی بوە لەسەردەمی خۆیدا. بۆئێمەیش گرنگە کەبزانین لەکام قۆناخدا دەژین. قۆناخی ئێستا تێیدا دەژین قۆناخی ئیفلاس بونی سیاسەتی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداریە لەڕوی جیهانیەوە. قۆناخێک کەتێیدا دەژین، قۆناخی ئەزمە گرتوی ئەم سیستەمە کاپیتالیزمە دڕندەیەیە کەلەژێر ڕابەرایەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و روسی و چینیدایە. لەنێو خودی ئەم سێ ئیمپریالیزمەیشدا کەگەورەترینیان ئەمریکایە،هەرلایەو خاوەنی هاوپەیمانیە لەگەل کۆمەڵێک دەوڵەتی تردا لەم سەر زەمینەدا. سیاسەتی ڕەسمی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداری سیاسەتی بەتایبەتی کردنی کەرتی تایبەت و بەرفراوان کردنی بازاڕی ئازاد و دەست وەرنەدانی دەوڵەت لەم نێوەدا. لەکاتێکی وایشدا کە قازانج لەسەرو کۆی ئامانجە مرۆییەکانەوە بێت،دەبێت لەماڵ وێرانی زیاتر بۆ چێنێکی بەرهەمهێنەرو زەحمەتکێش و یان تادەگات بەوێران کردنی کۆی کۆمەڵگەیەکیش چاوەڕێی چیتر لەسیاسەتی ئەم نیولیبراڵیزمە ترسناکە دەکرێت.

کاتێک لەدوای داگیرکاری کوێت لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەساڵی ١٩٩٠ بۆ دەوڵەتی میلیتاریزمی ئەمریکی وەک دیاریەکی پڕ لەبەرەکەت وابو. چونکە لەڕێی ئەو جەنگەی بەرپای کرد لەناوچەکەدا،ئامانج لێی رزگار کردنی خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق نەبو،بەڵکو ئامانجی سەرەکی وەگەڕ خستنی خواستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بوو کەزوو فریا بکەون و وەک گورگی برسی بکەونە خواردنی ئەو وڵاتە و کۆی دامودەزگایەک کەهەبو لەوەو پێش و لەخزمەتی گشتی کۆمەڵگەدا بو کۆتای پێبهێنن و لەجێیدا برەو بدەن بەتایبەتی کردنی کەرتە گشتیەکان.(هەرکەس پەرتوکی عەقیدەت ئەل سەدمە،سعود رەئسمالیەت ئەل کەوارسی نعۆمی کلاین ی خوێندبێتەوە باش لەخواست و ئامانجەکانی ئەم نیولیبراڵیزمە دڕندەیە تێ دەگات) عێراق لەدوای ڕوخانی سەدامی دیکتاتۆرو کۆنە هاوڕێی ئەمریکا، تەواو کراوە بەوڵاتێک لەجەنگەڵستانی تەواو دەچێت تائەوەی لەوڵاتێکی ئارام و پێکەوە ژیانی نێو نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان بچێت.
دیارە ئەم قۆناخەی تێیدا دەژین، قۆناخی بەربەریزمی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداریەو کۆی وڵاتانی جیهان لەنێو قەیراندان و هەر وڵاتەو بەشێوەیەکە،وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی جەنگ گرتوو لەهەرە شێوازە قورسەکەی ئەو قەیرانەی بەرکەوتوە کەلەساڵی ٢٠٠٨ وە لەئەمریکاوە تەقیەوە.
بۆئەوەی زیاتر لەسەر بابەتەکە بڕۆم، کەبۆمن جێگەی سەرنجە، ڕێکخراوی بزوتنەوەی تەڤگەری ئازادیە لەباشوور. ئەم ڕێکخراوە زیاتر لەمەدی بیروباوەڕی پێکاکاوە نزیکەو خودی پێکاکایش وەک پارتێکی خاوەن دیسپلین و خاوەن بەرنامەی تایبەتی بەخۆی ناسراوەو لەهەمان کاتیشدا پەیوەستە بەو ئەلتەرناتیڤەوە کە ئۆج ئالان لەمانیفێستۆدا ئیشارەی پێداوەو پیداگیری دەکات لەسەر جێبەجی کردنی لەبواری کرداریەوە، یانی کۆمەڵگەی خۆسەری دیموکراتی و ئازادیخوازی،دەتوانم بڵێم یەکسانیخوازیش. گەرچی لەڕوی ئابوریەوە زۆر نەچوەتە قوڵاییەوە کەئەو ئەلتەرناتیڤە هەڵگریەتی، لای من ئەو خاڵەیش جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنی جیدیە. چونکە هەر پارتێک کەدەیەوێت چینوتوێژە زەحمەتکێشەکان ڕزگار بکات لەدەستی ستەم و جەوساندنەوەی چینایەتی،گەر بێت و نەتوانێت بەفەرمی کۆتای بەخاوەندارێتی تایبەتی سەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بهینیت کەتایبەت مەندی چینە چەوسێنەرەکانە،ئەوا ناش توانێت لەژێر هەمان بەڕێوە بردنی خاوەندارێتی تایبەتدا کۆمەڵگەیەکی یەکسان و یەکسانیخواز بەرهەم بهێنێت. بۆیە بۆ خودی پێکاکایش هەڵوێستە لەسەر کردنی ئەو شێوازە ئابوریە زۆر بۆی گرنگ دەبێت کەکام جۆر لەخاوەندارێتی دەخوازێت لەڕوی ئابوریەوە. نیولیبراڵیزمیش لەژێر ناوی ئازادی و دەست کراوەیی تاکدا،برەوی بەبازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت داوەو لەم نێوەیشدا تەنها ئەوانە ئازادن کە خاوەنی سەرمایەن نەک چینێک کەبەغەیری فرۆشتنی هیزی کارەکەی خاوەنی هیچ ئازادیەکیتری نیە.

تەڤگەر لەباشووردا،خاوەنی جۆرێک لەتایبەت مەندی خۆیەتی بەوەی دەیەوێت لەتەواوی ئاحزابی مەوجود جیاوازتر بێت و لەهەمان کاتیشدا بۆخۆیان خاوەنی ئەو بەرنامەیە نین کەدواجار بیانەوێت ببنە کەسی خاوەن سەرمایەو وەک ئەمانی پێشتر بن کەبەرە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردایەتی پێک دێنن. لەلایەکیتر بۆ تەڤگەر کاری گرنگ و ستراتیژی بۆ ئەوەی وەک ئەحزابەکانیتر نەبن و لەدوا قۆناخدا ئەمانیش کاریان لەسەر خەڵەتاندنی چینوتوێژە زەحمەتکێسەکان نەبێت،بۆیان پێویستە کەخاوەن بەرنامەی ڕۆشنی ئابوری بن، تەنها بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جۆرێک لەسۆزداری بەس نیە،یان ئەوەی تەنها کار ببێتە ئەوەی خاڵە نێگەتیفەکانی بەرانبەر بەدەر بخرێت، بەپێچەوانەوە چەندێک خاوەن بەرنامەیەکی ئابوری ڕۆشن بن و جێگەو ڕێگەی خۆیان دیاری بکەن لەوەی پشتگیری لەکام شێوازی ئابوری دەکەن،بەو ئەندازەیەش دەتوانن سەرکەوتنی خۆیان دیاری بکەن. وەک لەسەرەوە ئیشارەم پێداوە،خەڵکی زەحمەتکێشی باشوور تا دەگات بەعێراق و ناوچەکەیش چونکە خاوەنی خەتی چیانەیەتی ڕۆشنی خۆیان نین،لەلایەن بەرە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازیەت و بەرە ناسیۆنالیستەکان و بەرە ئاینیەکانەوە بەکار هێنراون و لەپێناو بەرژەوەندیەکانی ئەو چینە چەوسێنەرانەدا بەکاریان دەهینن و کردونیانەتە نێو خۆراکی جەنگەکانیان و کۆی ماڵ وێرانیەکانیش تەنها بۆسەر ئەو چینە هەژار کراوەیە. بۆیە ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی گەورە دەکەوێتە سەر تەڤگەر کەبەڕۆشنی خەتی خۆی دیاری بکات لەبەرانبەر ئەو چینە زۆرینەیەداو بەڕۆشنی بەو زۆرینەیە بڵێن ئاخۆ ئەوان چیان دەوێت گەر دواڕۆژ توانیان بگەن بەقۆناخی سەرکەوتن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. دواجار تەنها ئەو چینە کۆمەڵایەتیەن کەدەتوانن پارتەکان سەر بخەن یان وەلایان بخەن.

نەوەی نوێ لەگەڵ تەڤگەردا دوو دنیای جیاوازن، شاسوار عەبدول واحید بۆخۆی کەسێکی سەرمایەدارەو هیچ دیار نیە کەکێ لەپشتیەوەیەتی و پشتگیری لێ دەکات. چونکە ئەم کەسە لەڕوی سیاسیەوە هیچ پێشینەیەکی نەبوە هەروەک چۆن دەوڵەمەندیەکەیشی هەروەک سیاسەکان کەتادوێنی پێڵاوی لاسیکیان لەپیدا بوو لەپڕێکدا بون بەملیاردێر،ئەمیش لەو ڕوەیشەوە هەروایە. ئەوە بێجگە لەوەی شاسوار بەشوێن بەئەنجام گەیاندنی کەرت تایبەتەوەیەو سەر بەنیولیبرالێزمی ڕوخینەری سەرمایەداریە. لای ئەمیش بەرنامەکەی ڕون نیەو ناشیەوێت ڕون بێت کەدواجار چی دەکەن لەگەڵ کۆمەلگەدا. ئاخۆ گەر دەسەڵاتی گرتە دەست ئەوا کار بۆ کۆمەڵگە دەدۆزێتەوە یان کۆمەڵگە خۆی دەکات بەخاوەن ئیرادەو خاوەن کاروچیتر پێویستی بەخاوەن کارو کرێکار نەبێت. من نامەوێت دژایەتی شاسوار بکەم، بەوەی نەوەیەکی نوێی بەڕێ خستوە تابتوانن کۆتای بەم دەسەڵاتە ناسیۆنالیستە شکست خواردوە بدەن. یان بۆ نەوەی نوێیش دیار نیە ئاخۆ دواجار کام جۆری کۆمەڵگە دەخوازن، هەر ئەم کۆمەڵگەو یاساو ڕێسایەی کەنایەوێت ئاین لەدەوڵەت جیا بکرێتەوە،یان بەرەسمی دەیانەوێت دەست ببەن بۆ جیاکردنەوەی ئاین لەدەوڵەت و گەڕاندنەوەی ئاین بۆ شوێنە ئەسڵیەکەی خۆی کەبکرێتە کاری شەخسی و دورلە کاری بزنسی،،دیارە ئەم تێگەیشتنە بۆ تەڤگەریش گرنگە کەئەوانیش دەیانەوێت کام جۆر بۆ کۆمەڵگە دیاری بکەن گەرچی ڕێی تێدەچێت تەڤگەر گەر بگەنە قۆناخێکی وا زیاتر هاوشێوەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بن.

نووسینی ئەم بابەتە زیاتر بۆ ئەو خاڵەیە کەبڵێم، چیتر خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێم شایانی ئەوە نین لەمە زیاتر بخەڵەتێنرێن و لەژێر دروشمی ڕەنگاوڕەنگی ناکرداریدا بچەوسێنرێنەوە و بخەڵەتێنرێنەوە. بەپێچەوانەوە ئەو خەڵکە زەحمەتکێشەی هەرێم پێویستی بەڕابەرایەتیەکی شٶڕشگێڕی بەتوانا هەیە تاپێکەوە بتوانن دەست ببەن بۆ بەرپا کردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتای هێنانن بەم کۆ چەوساندنەوە جۆراوجۆرانەی کەتائێستا بەسەریانەوەیە. باشوور و عێراق دەوڵەمەندن لەڕوی گەلێک سەرچاوەی مادیەوە،بۆیە چاوی گشت دەسەڵاتدارانی ئەم جەنگەڵستانەیشی لەسەرەو هەر لایەو بەشێوەیەک دەیەوێت دەستی لایەنێکی ناوخۆ بگرێت تادواجار سەروەت و سامانەکەی بەتاڵان ببەن. بۆیە بۆ تەڤگەری ئازادی گرنگە نەبێتە نێچیری دەم سەرانی ئەم جەنگەڵستانەی کە نیولیبراڵیزمی سەرمایەداری قەیران گرتو ڕابەرایەتی دەکات.

تاهیر حاجی حەسەن
٣١/١٠/٢٠١٧




ئایا چوونە سەر پارلەمان دەستی ئاژەوە گێڕیی بوو یان … ؟ …. جیهاد موحەمەد

دوێنی ئێوارە و شەوەکەشی، دوای دەست لە کارکێشانەوەی مەسعود بارزانی، کۆمەڵێک لە گەنجەکانی جەماوەری پارتی جگە لەوەی پەلاماری ڕابوون مەعروفیان دا و نەیانهێشت کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەی تەواو بکات، بەدار و چەقۆ و بەردەوە پەلاماری کۆشکی پارلەمانییان دا بە ویستی لێدان و سوکایەتیکردن بە پارلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی و مێدیاکارن کە لەوێ ئامادەبوون. بەم بابەتە وەک هاوڵاتییەک دەمەوێت ڕای خۆم و خوێندنەوەی خۆم لەسەر ئەو ڕووداوە و چەندین ڕووداوی لەو وێنەیە کە پێشتر ڕووییانداوە، لە سلێمانی و هەوڵێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بخەمە ڕوو بۆ ئێوەی خوێنەری ئازیز.

ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان و بەرپرسەکانییان کە حیزبیین و نیشتیمانیی نین، بەناو بۆ ئەوە دروستبوون کە سەروماڵی خەڵکی بپارێزن و ئارامیی و ئاسایش سەقامگیربکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە خۆیان بوون بە سەرچاوەی ئاژەوە گێڕیی و شەڕ و پێکدادان. بە نهێنی هانی جەماوەرە ناهۆشیار و کەڕ و کوێرەکەی خۆیان دەدەن بۆ کاری تێکدەرانە و پەلاماردانی دامودەزگاکانی حوکمیی و پارلەمان و بارەگا حیزبییەکان، لە دواجاریشدا ڕووی خۆیان بە هەندێک لێدوانی درۆزنانە سپیدەکەنەوە و بەڵتەجییەکانی خۆشیان کە خودی خۆیان گۆشیانکردوون و ڕایانهێناون لە سەر ڕق و کینە و خوێنڕشتن بۆ یەکالییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانییان، یان تۆڵەکردنەوە لە یەکتری، فێرییانکردوون کەی دەیان لێکردن وەک سەگەل پەلارماربدەن و بەربەرییانە دار و چەقۆ هەڵگرن و هەرچ کەسێک لە نەیارانییان کەوتنە بەردەست بیکوتن هەر لە کامێرامانێکەوە تا دەگاتە پارلەمانتارێک کە پارێزەریی یاسایی و پارلەمانتاریی هەیە. کاتێکیش کارە بەربەرییەکەیان ئەنجامدا، لە ژێرەوە و بە نهێنی دەستخۆشییان لێدەکەن بۆ دڵسۆزییان بۆ(گەل و نیشتیمان و حیزب)، پێیان دەڵێن هەتا ئێوەمان هەبن هیچ هێزێک ناتوانێت لەشکۆی سەرۆکێتییمان کەمبکاتەوە، بەڵام وەکوتریش ڕۆژنامە و شاشەی تیڤییەکانییان پڕدەکەن بە لێدوان و بەیاننامەی پڕوپوچی قێزەون و ناوی خۆپیشاندەرەکانی خۆیان دەبەن بە (ئاژاوەگێڕ) و (دەستی تێکدەر) و (تابوری پێنج).

ئەوەی دوێنێ ئێوارە و شەوی ٢٩/١٠ لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ ڕوویدا، لە چوونە سەر پارلەمان و بارەگاسووتاندنی حیزبی هاوپەیمان و حیزبە ئۆپۆزسوێنەکانی خۆیان، لە سلێمانی و گەرمیانیش ئەم کارە قێزەون و یارییە مناڵانە سیاسییە ڕوویداوە، ئەمە کاری یەکەمجاری ئەم حیزب و دەزگا ئەمنییانە نییە کە بەیەکتری دەکەن، هەرچ کاتێک هەستییانکردبێت بە تێکشانێک پەلاماری بەرامبەرەکەیان دەدەن. هەر بۆ نموونە ئەوەی لە کەرکووک لە رۆژی ١٦ی ئۆکۆتۆبەردا ڕوویدا و چەندین ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆشی بە دوای خۆیدا هێنا، باڵێک لە یەکێتی نیشتیمانی هەستی بە تێکشکان و پەراوێزکەوتن کرد بۆیە ئەو کارە قێزونەی ئەنجامدا. دیسان لە سلێمانی ـ ش یەکێتی و گۆڕان کەی هەستیان بە هەژموونی گەورەی پارتی کردبێت هەوڵیانداوە بە خەڵک تۆڵە لە پارتی بکەنەوە. هەروەها پارتی هەمان تۆڵەی لە یەکگرتووی ئیسلامیی و کۆمەڵی ئیسلامیی و گۆڕان و یەکێتی کردۆتەوە.

تا ئێستا چەندین جار ئەم کارە قێزەونە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان و حوکومەت و وەزارەتی ناوخۆەوە ئەنجامدراوە. یەک هێز لەم هێزانە لە کاتی ئەم ڕووداوانەدا نەک هەر قسەناکەن بەڵکو لە ژێرەوە هانی خەڵکە بەربەرییە گۆشەکراوەکەی خۆیان دەدەن، کەی کارەکەیان تەواوکرد ئەوسا بە قسەی قۆڕ و نابەجێ دەکەوەنە لێدوان: “ئەوە دەستێکی تێکدەر و ئاژەوە گێر بوو”، “چەند کەسێکمان لەو ئاژەوەگێڕانە گرتووە و دەیاندەین بە دادگا”، حیزبە بارەگا سوتاو و هێرشکراوە سەرەکانیش شەرمنانە و بێئابڕوانە دەڵێن”ڕوونکرنەوەمان لە حیزبی دەسترۆشتووی ئەو دەڤەرە و حکومەت دەوێت” لە کاتێکدا کە خۆیان بەشێکن لە حوکومەت و خۆشیان پێشتر هەمان کاری قێزەونییان ئەنجامداوە.
هەندێک جاریش لێدوانەکانییان داواکاریی و تکایە! “هیوادارین شەڕی ناوخۆ ڕوونەدات، چونکە هەموومان دەسوتێین” ،”هیوادارین بە عەقڵ و لۆژیک مامەڵەبکەین”، وەک ئەوەی دووژمنانی گەلی کورد هێرشەکەی کردبێت، یان وەک ئەوەی ئەو خەڵکەی هێرشیکردوەتە سەرییان، خەڵکانێک بن لە دەرەوەی خۆیان. ئاشکرایە لای هەموومان کە شەڕە دزێوەکانی ناوخۆی کوردستان لە نێوان حیزبەکاندا بە فەرمانی سەرۆکی حیزبەکان و فەرماندەی یەکەمی چەکداری دەکرێت کە خودی سەرۆک حیزبەکان خۆیانن.

لە ڕاستیدا، نە بارەگاسووتاندن و نە هێرش و پەلاماری چەند بارەگایەکی حیزبیی یان دامودزگای حوکمیی و پارلەمان، خۆی لە خۆیدا هێندە ترسناک نییە، ڕەنگە کاری وا لە دنیایی سیاسەت و بە تایبەتی لە خۆپیشاندانی خۆپیشاندەراندا زۆر جار ڕووییان دابێت، بە تایبەتی ئەو خۆپشاندانە جەماوەرییانەی کە لە هەستێکی چینایەتیی و جیاکاریی و پەراوێزخستن و برسێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، زۆر جار تووندووتیژیی بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام ئەمەی لە کوردستاندا ڕوودەدات، لە بارەگا سووتاندن و چوونە سەر بارەگای حیزب و چوونە سەر پارلەمان و دامودەزگای حکومیی، ترسەکەی لەوەدایە، ئەو حیزبانەی خۆیان حوکمڕانن، ئەو حیزبانەی فراکسوێنی گەورەیان هەیە لە پارلەماندا، ئەو حیزبانەی هاوپەیمانن، ئەو حیزبانەی بە ناوی دیموکراتیی و سۆسیال دیموکراتییەوە دەیان ساڵە تەمەنیان هەیە و خۆیان بە خاوەنی (شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد) دەزانن، هەر کە دمیان کردەوە بەرامبەر بە یەکتری دەڵێن، ئێمە خاوەنی(ڕووبارێک لە خوێنین)، هەر بەم ناوانەشەوە و بەم دروشم و پەرچەمانەوە توانییویانە جەماورێکی بەرینی خەڵکی کوردستان بکەن بە ئەندام و لاینەگر و هەواداری خۆیان، خۆیان ئەم کارە دڕندەیی و قێزەونە دەکەن بەرامبەر بە یەکتری، خۆیان خەڵک و جەماوەرەکەی خۆیان وا ڕاهێناوە کە حیزبی بەرامبەریان، بارەگای بەرامبەریان، ڕای جیاوازی بەرامبەریان، ئەوەی لە گەڵیان نییە، دوژمنن، لە دووژمن خراپترن و بە ناچاری هاوپەیمانن لەگەڵیاندا. ئەم پەروەردەیە ڕێک وەک ئەوە وایە لە قوتابخانەیەکدا مامۆستاکان هانی قوتابیانی پۆلە جیاوازەکان بدەن لە یەکتری و وەک دووژمن وێنایان بکەن لەبەرچاوی یەکتری.

ئەم حاڵەتی دووژمنکاریەی نێوان ئەم حیزبانە، هێندە ترسناکە کە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو خێزانەکان، بۆ ناو قوتابخانەکان، بۆ ناو دامودەزگا حکومیی و وەزارەتەکان، بۆ ناو خودی پارلەمان و دامەزروە یاساییەکان، بۆ ناو خودی ڕێکخراوە ناحکومیی و مەدەنییەکان. ئەم شۆڕبوونەوەیە وەک ئاماژەم پێدا ترسەکەی لەوەدا کورت نابێتەوە کە چەند بارەگایەک دەسوتێنرێت و تەواو، بەڵکو ترسکەی لەوەدایە کە کۆمەڵگە لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە، دووژمنایەتی و ڕق و کینە دەچێنێت لە ناو خەڵکدا و برەو بە تووندووتیژیی دەدات.
بۆیە بەڕای من پێویستە لەسەر هەموو کەسێکی بە ئاگا،لەسەر هەموو ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەدیب و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕیكخراوە مەدەنییەکان زۆر بە تووندی بچنەوە بە گژ ڕەفتاری بەربەرێتیی ئەم حیزبانە و ئەم دووڕوویە لە کاری سیاسییاندا. ئەوانەی بارەگای حیزبەکانییان سوتاند لە گەرمیان و سلێمانی و هەوڵێر و زاخۆ، ئەوانەی پەلاماری پارلەمانییان دا، ئەوانەی بوون بە سوتەمەنی شەڕی ناوخۆ، ئەوانەی ڕۆژنامەنووسەکان و پیاو ئازا سیاسییەکانی کوردستانیان تیرۆرکرد، ئەوانە ئاژەوە گێڕێک نین لە دەرەوەی حیزبەکانی کوردستان و بە تایبەتی لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی نین، بەڵکو ئەوانە گۆشکراوی دەستی پارتی(دیموکراتی)کوردستان و (یەکێتی)نیشیمانی کوردستانن.

دیسان دەمەوێت ئەوەش بڵێم، هێندەی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر دوو ڕووداوی فروفێڵی سیاسیی قێزەونی پارتی و یەکێتین هێندە خیانەت نییە، ئەگەر ئەم کارە سیاسییانە خیانەتە، ئەی چۆن ئەم خیانەتانە قبووڵ دەکرێت، ئەی چۆن لێپرسینەوەی یاسایی و سیاسیی لەسەر ناکرێت و نادرێن بە دادگا، ئەی چۆن پێکەوە یەک حکومەت دروستدەکەن. بە بڕوای من ناوبردنی ئەم ڕووداوە سیاسییە قێزەونانە بە خیانەت بۆ هێورکردنەوەی باری دەروونی خەڵکی گشتیی و ئەو دروشمە”کوردایەتی”یە درۆزن و ساختەچییەیانە، تا خەڵکی ئۆخی بکەن کە یەکێتییەکان بە پارتییەکانییان گوت خیانەتیان کردووە، هەروەها پارتییەکانیش بە یەکێتییەکانییان گوت خیانەتیانردووە، خیانەت پێناسەی خۆی هەیە. ئەم مامەڵە سیاسییە قێزەونانە ستراتیژییەتی هەردوولایانە، ئەگەر بەم جۆرە سیاسەت نەکەن، ڕەنگە بچوکبنەوە، رەنگە نەتوانن یەکتری زیندووکەنەوە و بەردەوام هەمژموونیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا گەورەبێت و بتوانن بە ناوی کوردایەتییەوە خەڵ بخەڵەتێنن.

جیهاد موحەمەد
٣٠/١٠/٢٠١٧




کاتی بەدیلی کۆمۆنیستیە ! …. سەردارعەبدوڵاحەمە

لەووتارێکی پێشومدا باسی سێ جۆر چەپم کردوە لە بەرانبەر ڕیفراندۆمدا لەم بەشەدا باسی بەدیلی کۆمۆنیستی دەکەم بۆ کۆمەڵگای کوردستان کە دەکرێت هەرسێ لایەنی چەپ بەشدار بن لە بە هێز کردنی ئەم بەدیلە کۆمۆنیستیەدابە گشتی وچەپی سێ یەم (چەپی کرێکاری یا کۆمۆنیزمی کرێکاری) بە تایبەتی.
کوردایەتی لەشەرمەزاری زیاتر هیچی تری نەبووە بۆ خەڵکی کوردستان ، هیچ شتێک نەبووە لە مێژووی کوردایەتیدا جێگای شانازی تاکی کورد بێت ، مێژووی ڕەشی ئەم بزووتنەوە یە ئەوە بووە کە هەمیشە باڵێکی ناو ئەم بزووتنەوەیە پێش لەشکری کردووە بۆ دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بۆ لێدانی بزووتنەوەی هەقخوازنەی خەڵکی کوردستان کە نەمانی ستەمی میللیە لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا . بەشێکی تر لە مێژووی ڕەشی ئەم بزووتنەوەیە ئەوە بووە کە شەڕی ناوخۆییان لە پێناو دەسەڵاتی پاوانخوازیدا چ لە شاخ وچ لە شار بە درێژایی نیو سەدەهەڵگیرساندووە وبە دەیان هەزارکەسیان لە خەڵکی کرێکار زەحمەتکیشی کوردستان لە ناوبردووە ، ئەوکاتانەشی کە شەڕیان نەکردووە پێکەوە شیلەی گیانی ئەم خەڵکەیان مژیوە و خەڵکیان هەژارو برسی کردووە وخۆیان دەوڵەمەندو تێر تەسەل تەسەل کردووە .

تەنها چەند فاکتێک بۆ ڕاستی ئەم قسانە لە مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستانی عێراق(باشور) بەسە بۆ ناسینی ئەم بزووتنەوەیە ، ساڵی ١٩٦٦ تاڵەبانی هێزێکی دروست کرد بە ناوی جەلالی بووە پێش لەشکری سوپای عێراق لەولاشەوە هێزەکەی بارزانی بە ناوی مەلایییەوە بوونە داردەستی شای ئێران تابوونە هۆی ئاشبەتاڵێکی گەورە لە ساڵی ١٩٧٥. لە پاش شۆرشی ئێران لە سالی ١٩٧٩ بارزانی هێزێکی دروست کرد بە ناوی قیادە موەقتە بوونە کەوا سوری بەر لەشکری سوپای پاسدارانی خومێنی لە دژی خەڵکی کوردستانی ئێران .لە ساڵی ١٩٨٨ پارتی ویەکێتی وبزووتنەوە ئیسلامیەکان پێش لەشکریا ن کرد بۆ سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ داگیر کردنی هەلەبجە وهەندێ شوێنی تر ، لە ساڵی ١٩٩١ کە ڕاپەرین کرا ئەم ‌هێزانە بوونە داردەستی ئەمەریکا وغەرب وئۆردوگایەکیان بۆ خەڵکی کوردستان دروست کرد . ساڵی ١٩٩٦ لە ٣١ی ئابدا پارتی پێش لەشکری کرد بۆ سەدام وبەعس بۆ داگیر کردنی هەولێروکورستان لە بەرانبەریشدا یەکێتی پێش لەشکری دەکرد بۆ ئێران بۆ شارەکانی کەرکوک وگەرمیان. لەساڵی ٢٠٠٠دا کاتێ کۆمۆنیستەکان داوای سەربەخۆیان بۆ کوردستان دەکرد هێزەکانی یەکێتی پەلاماری کۆمۆنیستەکانیان داو ٥ کەسیان لێ تیرۆر کردن . لە ٢٠٠٣دا کە سەدام ڕووخا ئەم حیزبانە بە زۆر کوردستانیان لکاند بە عێراقێکی قەومی ودینی و تایفیەوە کە خاوەنی ڕەشترین سیناریۆ بوون .لەو کاتەوە تا ئێستا دەسەلاتی ئەم حیزبانەی کوردایەتی نموونەی خراپترین دەسەڵاتی مافیایی بوون و خەلکی کوردستانیان برسی کردووە و ئازادیخوازانیان تیرۆر کردووە ، دوا جار ئەم هێزانە پاش دژایەتی کردنی ریفراندۆم سەرەنجام ملیان دا بە خواستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ریفراندۆمێکدا بەڵام باڵێکی تری ئەم بزووتنەوەیە یا باشتر بڵیم باڵێکی ناو یەکێتی نیشتمانی دەستی ئێران وعەبادی گرت بۆ شکست پێ ‌هێنانی ئەم خواستەی خەڵکی کوردستان ڕێگەیان بە لەشکرەکانیان دا لە ١٦ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ شاری کەرکوک داگیر بکەن .

ئێستاش وا خەریکە ئاگری شەڕێکی ناوخۆیی خۆش دەکەن وبە بن بەست گەیشتون ، هیچ ئومێدیک نەماوە بەم هێزانەی کوردایەتی دەبێت ڕێگایەکی تر بکرێتەوە بۆ ڕزگاری خەڵکی کوردستان ئەویش ڕێگای چەپ وکۆمۆنیزمە .تەنها بەدیلی کۆمۆنیستیە دەتوانێت خەڵکی کوردستان لە هەموو نەهامەتیەکانی دەەربێنیت . ئەوە بەدیلی کۆمۆنیستیە ١٤ ساڵە ڕێگای بە خەڵکی کوردستان نیشانداوە بۆ ڕزگار بوون بەڵام بە هۆێ باڵادەستی ناسیونالیزم وحیزبەکانی کوردایەتیەوە نەتوانراوە ئەم ڕزگار بوونە بێتە دی، ئەوە بەدیلی کۆمۆنیستی بووە دژی مانەوەی ستەمی میللی وکێشەی خەڵکی کوردستان بووە ڕێگای ڕیفراندۆمی هەڵبژاردووە بۆ نەمانیان . ئەوە بەدیلی کۆمۆنیستی بووە دژی گەندەڵی و دزی وڕاوورووتی بەرپرسانی بزووتنەوەی کوردایەتی بووە ، بەڵام بە داخەوە ئەم بەدیلە تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجەکان بپێکێ وببێتە جێ ی متمانەی خەڵکی کرێکار وزەحمتکیش وتەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەڕچەند لە ساڵەکانی ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٤ پاشان تا ساڵی ٢٠٠٠ وەک هیزێکی گەورە بوون وجێ متمانە بوون بەڵام لە و کاتە بە دواوە ئەم بەدیلە لە پاشەکشەدا بووە هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو فاکتەری بابەتی وخۆیی ، فاکتەرە بابەتیەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتی هێزەکانی کوردایەتی بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگا دیارە کۆمۆنیستەکانیش وەک بەشێکی کۆمەلگا زیانیان پێ گەیشتووە ، فاکتۆرخۆیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلان ونەخشەو تاکتیکی پێویست ،وکارو پراکتیکی گونجاو لەلایەک وە لە لایەکی ترەوە پرش بلاوە پێکردنی ڕیزەکانی ئەم چەپە و وازهێنانی زۆرێک لە کادیرەکان لە کاری حیزبی وڕێکخراوەیی بووە .

لە ئێستادا هەردوو فاکتەرەکە خەریکە بێهیز دەبن وڤایرۆسی بێ ‌هێزی کۆمۆنیزم بەرەو لە ناوچوون دەچێ لەڕووی بابەتیەوە کوردایەتی فەشەلی هێناوە لە چارەسەری کێشەکانی خەڵک دا و وەک دەورانی پێشووش یەک دەست نین بۆ داسەپاندنی سەرکوتی کۆمەڵگا بە کۆمۆنیستەکانیشەوە. لەڕووی فاکتەری خۆییشەوە هیچ کات کۆمۆنیستەکان وەک ئێستا یەک دەست نەبوون لە ڕووبەرووی بونەوەی کێشەیەکی گەورەی خەڵکی کوردستاندا جگە لە سەرجەم حیزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق وئێران وکوردستان هیزگەلی کۆمۆنیستی وچەپی تریش هەبون هاوڕاو هاوکار بووون لە بڕیار دانی چارەنوسی خەڵکی کوردستاندا لە ریفراندۆمێکی ئازاددا ، دەبێ ئەمە بە هەند وەرگیرێ هەول بدرێ هەماهەنگی زیاتر بکرێ بۆ کارکردن بۆ بەهێز کردنی بەدیلی کۆمۆنیستی لە کوردستاندا . پێویستە هاوکاریەکان لۆجیکی ومادیی ومەعنەوی بن ، دەکرێ هاوکاری ئعلامی بن تەلەفزیۆن وکەناڵەکان و ڕۆژنامەکان بخڕێنە گەڕ بۆ بەهێز کردنی ئەم بەدیلە یا دەبێ هەوڵ بدڕێت ئەم بەدیلە لە کوردستان ببێتە خاوەن کەناڵێکی ئاسمانی خۆی ، ڕاکێشانی پشتیوانی سەندیکا کرێکاریەکان وهێزە چەپ وئازادیخوازەکانی دونیا بۆئەم بەدیلە یەکێ تر لە ئەرکەکانی کۆمۆنیستەکان بێت ، هەوڵدان بۆ ڕێکخراو کردنی کرێکاران وخەڵکی کوردستان لە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیاندا وەک کاری ڕۆتینی کۆمۆنیستەکان بخرێتە دەستوری جێ بەجێ کردنەوە هەموو بۆ ئەم مەبەستە بچینە مەیدانەوە .

ئێمە کۆمۆنیستەکانی کوردستان وناوچەکە دەکرێت هەموو پێکەوە کار بکەین بۆ ئامانجە دوورو نزیکەکانی ئەم بەدیلە کۆمۆنستیە کە ئامانجی لە ئێستادا چارەسەری کیشەی خەڵکی کوردستان ودامەزراندنی دەسەڵاتێکی سکیۆلارە ولە ئاییندەشدا شۆڕشی سۆشیالیستیە ودامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد ویەکسانە .

سەردار عەبدوڵا حەمە
٢٩/١٠/٢٠١٧




كوردستانی عێراق- لەبەرامبەر مۆدێلێكی نوێی حكومڕانیدا … کاوە جەباری


قسەو باسێک لە لایەن بەڕێز کاوە جەباری سەبارەت بە:
كوردستانی عێراق- لەبەرامبەر مۆدێلێكی نوێی حكومڕانیدا…..




پوخته‌یه‌ك له‌ په‌یامی تۆبه‌كه‌رانی باشور … وه‌رگێڕانی شه‌داد شه‌دادی

جه‌نابی سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵا، به‌ گه‌وره‌یی خۆتمان ببه‌خشه‌ كه‌ كوردین، كه‌ هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ین. بۆ خاتری ره‌زای روحی پیرۆزتان هه‌زار كوردستانتان به‌ فیدا ده‌كه‌ین. ببه‌خشه‌ كه‌ هه‌ندێك گومڕای حه‌قیڕمان هه‌ن له ‌ڕوویان هه‌ڵهات ئاره‌زووی ئازادی ده‌رببڕن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌واوی سه‌رداران فه‌رمووبوویان كه‌ تاوانی وه‌ها له‌ كاتی وه‌هادا ئه‌نجامنه‌ده‌ن. ئێمه‌ زۆرمان پێیان گووت كه‌ نه‌یكه‌ن، نه‌یڵێن، په‌نجه‌كانیان ببڕنه‌وه‌ به‌ڵام به‌و ره‌نگه‌ مۆره‌ گڵاوی نه‌كه‌ن، دژی‌ ئیراده‌ی یه‌زدانییانه‌ی ئێوه‌ و سه‌ردارانی دیكه‌ ره‌فتار نه‌كه‌ن، به‌ڵام، ئه‌فسوس، به‌ گوێی ئێمه‌یان نه‌كرد و خۆیان گوناهباری دونیا و ئاخیره‌ت كرد. ئێمه‌ پێمان گووتن كه به‌‌ دژایه‌تیكردنی وویستی حه‌زره‌تتان، ئێمه‌ی عه‌بدی بێده‌سه‌ڵات تووشی تۆفانی غه‌زه‌بی ئیلاهیی ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ خاتری ده‌روونی شه‌یتاننشینی بیماریان هه‌ر كردیان.

ئه‌ی قه‌ومی كه‌راما‌تی نه‌به‌ویی شه‌ریف، ئێمه‌ به‌ ئازادی خۆمان خۆمان به‌ فیدای خاكی به‌رپێتان ده‌كه‌ین. له‌عێراقێكی واحید و موحه‌دا ده‌بین به خزمه‌تكارێكی مووچه‌خۆری زه‌لیل، ده‌بین به‌ مه‌ڕوماڵات، ده‌بین به‌ دیواری زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی توالێتی مزگه‌وتێكی به‌غا. ئێمه‌ رق و كینه‌ و جه‌نگ و تۆڵه‌ و تووندوتیژی نازانین له‌ هه‌مبه‌ر زاتی عه‌روبه‌ویتاندا، به‌ڵكو بلورێكی بێخه‌وشی خه‌جاڵه‌تیین و بۆ ئه‌به‌د ده‌ستله‌سه‌ر سینگ، نیگاشكاو، سه‌ردانه‌ویو، ده‌متۆپیو، ره‌زیلی ئومه‌تی عه‌ره‌بیین. كه‌ له‌ داریشمان ده‌ده‌ن، گریانی ئێمه‌ بۆ مافی ئێوه‌یه‌. له‌ هه‌مان كاتیشدا، ئه‌گه‌ر كوڕه‌ كوردێك، كچه‌ كوردێك، گه‌رمیانێك، چیایه‌ك، ئه‌ڵوه‌نێك زات بكا به‌ داگیركه‌ر و ئیمپریالیست ناوی پیرۆزی عه‌ره‌بتان ببا، ووردوخاشی ده‌كه‌ین. ده‌ست و قاچتان ماچ ده‌كه‌ین مۆڵه‌ت بفه‌رموون كه‌ سه‌ریان بخه‌ینه‌ ژێر زنجیری تانكه‌كانی فتوحاته‌ شه‌ریفه‌كانتانه‌وه‌ كه‌ نوور به‌ جیهاندا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌‌.

جه‌نابی سه‌ردار و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تداری موقه‌ده‌سزوبان، ئه‌ی شمشێری عه‌داله‌تی عه‌ره‌بیی و، سێبه‌ری زاتی موعه‌زه‌می ئیلاهیی، بمانبه‌خشه‌ كه‌ هه‌ندێ گومڕای سه‌فیل و سه‌خیفی كوردان زاتی ئه‌وه‌یان كرد ئاره‌زووی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ر‌ببڕن. تا رۆژی حه‌شر په‌شیمانین و هه‌زار جار گوومان خوارد كه‌ رێگه‌مان دا كه‌ به‌ فیت و فیتنه‌ی شه‌یتان ئێمه‌ش ئاوه‌ها گوناهبار بكه‌ن. فه‌رمانڕه‌وای خاوه‌نشكۆ، جه‌نابی فه‌رمانده‌ری راسته‌قینه‌، له‌ ئێمه‌ ببووره‌‌ كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان به‌ كوردی گوومان خواردووه‌، به‌ڵام ده‌ستمان دامێنت باوه‌ڕ به‌ به‌نی قه‌ومه‌كه‌مان مه‌كه، ریسوایان بكه‌، بیانكه‌ به‌ په‌ند، خوێنیان بۆ زه‌وی و سه‌روه‌ت و سامانی هه‌موو زه‌ویش بۆ تۆ. یه‌ك تكا كه‌ هه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ چاوێكی تر له‌ ئێمه‌ بڕوانی‌. ئێمه‌ تۆپه‌رستین، ئه‌وان خه‌وارج و شعوبه‌وی. ئێمه‌ تۆمان به‌ سه‌ردار ده‌وێ و خواستی سه‌روه‌ریی كوردان هه‌واڵه‌ی جه‌هه‌نه‌م ده‌كه‌ین. یه‌ك یه‌ك ده‌بین به‌ سه‌گی به‌رده‌رگای پیرۆزی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تسالارت به‌س تێكڕای ئه‌و كوردانه‌ ته‌واو بكه‌ كه‌ باسی خودسه‌روه‌رییان كرد‌. ناموسمان بۆ تۆ، به‌س شكانی ئه‌وانمان بده‌رێ. چاره‌نووسمان بۆ تۆ به‌س ریسوایان بكه‌. كه‌ركوكمان بۆ تۆ به‌س خۆت سه‌ردارمان به‌ و ناچاری ئه‌وه‌مان مه‌كه‌ رێز له‌ ره‌شوڕووتێكی كورد بگرین. سلێمانی و زاخۆشمان بۆ تۆ، به‌س خۆت، وه‌كو باوكێكی به‌به‌زه‌یی، مووچه‌یه‌كمان له‌ به‌غاوه‌ بۆ فڕێده‌ با چیدی ناچاری ئه‌وه‌ نه‌بین كه‌ ببین به‌ هاوخوانی هه‌تیوێكی كورد. به‌رماوه‌ی تووتكه‌ سه‌گێكت به‌ مووچه‌ بۆ ئێمه‌ زاده‌، ته‌په‌روكه، شه‌ره‌فه‌.

ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تداریی و عه‌رشدارییتان لێ جوانه‌، ئه‌ی سه‌میح و ره‌حیمه‌كانی ناوه‌ندی شه‌هامه‌ت و مه‌ڵبه‌ندی ئیجلال، ئێمه‌ عه‌بد و جارییه‌ی ئێوه‌، به‌س بمانكه‌ن‌ به‌ خاوه‌نی نیگایه‌كی رووخساری ره‌زامه‌ندتان. بۆ تاقه‌ ئافه‌رینێك له‌ زمانی شه‌ره‌فمه‌ندتانه‌وه‌، به‌نی قه‌ومی حه‌قیڕمان كونبه‌ده‌ر ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر له ئه‌شكه‌وتی چیاكانیش بن. زنجیریان له‌ پێ ده‌كه‌ین و ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی كوفه‌یان ده‌كه‌ین.

تۆبه‌ له‌ گوناهی ئه‌وانه‌ی شه‌ریك بۆ زاتی ده‌وڵسالارتان ده‌دۆزنه‌وه‌. تۆبه‌ له‌ گوناهی ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن كورد عه‌بدایه‌تی و جاریایه‌تی پێخۆش نییه‌، تۆبه‌ له‌ گوناهی ده‌ربڕینی ئاره‌زووی ئیمانڕه‌وێنی سه‌ربه‌ستی.هه‌ر شتێك له‌ ناوه‌نده‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌ر ئاگر و ئافاتیش بێ‌، ئێمه‌ی عه‌بدی زه‌لیل، كه‌یفخۆشین به‌ فه‌رماندارییتان و شوكرین به‌ به‌شمان.




ئه‌رمان رۆبن، ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی

پێشه‌کی و وه‌رگێڕانی له فه‌ڕا‌نسه‌وییه‌وه بۆ کوردی: زانکۆ یاری
به‌کالریۆسی زمان و وێژه‌ی ئینگلیزی

ئه‌رمان رۆبن (Armand Robin)،شاعێر، وه‌رگێڕ و ڕۆژنامه‌نووسی فە‌ڕانسه‌وی، ۱۹ی ڕێبه‌ندانی ۱۹۱۲ی زایینی له گوندی “پلۆگوورنێڤل”ی(1) باکووری ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته له‌دایکبووە. ئه‌رمان رۆبن دوایی ماوه‌یه‌ک بۆ شاری پاریس کۆچ ده‌کات، به‌ڵام ناتوانێ بۆ هه‌میشه له‌وێ نیشته‌جێ بێت و له ساڵی ۱۹۳٤دا به‌ره‌و وڵاتانی یه‌کیه‌تی شۆره‌وی ڕێده‌که‌وێت، له‌وێدا بوو بە یه‌کێک له ڕه‌خنه‌گه‌رانی دیکتاتۆری شۆره‌وی و پاشان که خۆی ئامانج و راستییه‌کانی کۆمۆنیزم ده‌بینێت، دیسانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه فه‌ڕانسه.
رۆبن له ماوه‌ی شه‌ڕی جیهانی دووه‌م و داگیرکردنی وڵاتی فە‌ڕانسه له لایه‌ن ئه‌ڵمانیا پێشکەش‌کاری ڕادیۆ بووه. له دوای خوێندنی بۆ فێربوونی زمان، به سه‌ر ۲٦ زمانی ده‌ره‌کی زاڵبووه و کتێبی چه‌ندین نووسه‌ری وه‌رگێڕاوه‌‌ته‌وه سه‌ر زمانی فه‌ڕانسه‌وی وه‌کوو: شێکسپیر (له ئینگلیزییه‌وە)، سێرگه‌ی یه‌سنین، بلۆک و بۆریس پاستڕناک (له ڕووسییه‌وه)، ئه‌ندره ئە‌دی (له مه‌جارییه‌وه)، ئادم میتسکیه‌ویچ (له له‌هستانییه‌وه)، جوزیه ئۆنگارتی (له ئیتالییه‌وه) و تۆ فۆ (له چینییه‌وه) و چه‌ند کتێبی دیکه له زمانه‌کانی؛ فلاندری (زاویه‌‌ک له وڵاتی بێلژیک)، ئه‌ڵمانی و عه‌ره‌بی، ئیسپانیایی و کالمێک (باکووری ڕۆژئاوای ڕووسیه). ئه‌‌م نووسه‌‌ره له ساڵی ۱۹٤٥دا تێکه‌ڵی یه‌کێتی ئاژاوه‌خوازی فه‌ڕانسه ده‌بێت و له‌و ماوه‌یه کتێبی شێعری “شێعره نه‌خوازراوه‌کان”(2) چاپ ده‌کات و پاشان کتێبی “وشه‌‌ی هه‌ڵه”(3) که مکانیزمی پرۆپاگه‌ندە‌ی وڵاته‌ توتالیتاریزمه‌کان تاوتوێ ده‌کات، ده‌نووسێت. له ۲۷ی خاکه‌لێوه‌ی ۱۹٦۱، رۆبن به هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی خۆناسین له لایە‌ن هێزی پۆلیسه‌وه ده‌س به‌سه‌ر ده‌کڕێ و سێ ڕۆژ دوایی ئه‌وه (۳۰ی خاکه‌لێوه‌) به شێوه‌یه‌کی نادیار و سه‌رسۆڕهێنه‌ر له نه‌خۆشخانه‌ی “پاریزانی”(4) شاری پاریس ژیانی کۆتایی پێدێت.
هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌کانی:
شێعر:
۱ ـ ژیان به بێ من، ۱۹٤۰ (Ma vie sans moi)
۲ ـ شێعره نه‌خوازراوه‌کان، ۱۹٤٥ Poèmes indésirables))
۳ ـ ده‌نگی دونیا، ۱۹٦۸ (Le Monde d’une voix, Éditions Gallimard)
٤ ـ پارچە شێعرە‌کان، ۱۹۹۲ (Fragments, Gallimard)
٥ ـ سووڕی له دایکبوونی وڵات، به‌شی هاوبه‌ش، دوایین چاپی؛ ۲۰۰۰ (Le cycle du pays natal, La Part Commune)
وه‌رگێڕان:
۱ ـ شێعره‌کانی ئه‌ندره ئه‌دی؛ ئاستانه، ۱۹٤٦ (Poèmes d’Ady, Le Seuil)
۲ ـ شێعره‌کانی بۆریس پاستڕناک، ۱۹٤٦ (Poèmes de Boris Pasternak)
٤ ـ (شێعره) چوارینه‌کانی ڕووسی، ۱۹٤۹ (Quatre Poètes russes)
٥ ـ شێعری بێ تە‌رجمه، ۱۹٥۳ (Poésie non traduite)
٥ ـ شێعری بێ تە‌رجمه ۲، ۱۹٥۸ (Poésie non traduite)
٦ ـ چوارینه‌کانی عومه‌ری خه‌یام، ۱۹۹٥۸ (Rubayat d’Omar Khayam)
۷ ـ هاوسه‌رانی گیلارد له (قه‌ڵای) وینزر‌ی
ئۆتلۆی شێکسپیر، ۱۹٥۸ (Les Gaillardes Épouses de Windsor et Othello de Shakespeare)
۸ ـ پاشا لیری شێکسپیر، ۱۹٥۹ (Le Roi Lear de Shakespeare)
۹ ـ نووسراوه له بیرچووە‌کان، ۱۹۸٦ (Écrits oubliés II, Ubacs)
رۆمان:
۱ ـ که‌ش و هه‌وا، ۱۹٤۲ (Le Temps qu’il fait)
ڕادیۆ:
۱ ـ له شایی جێژنی ئیسته‌ردا، ۱۹۸۲ (Pâques fête de la joie, Calligrammes)
۲ ـ شێعری بێ پاسپۆرت، ۱۹۹۰ (Poésie sans passeport, Ubacs)
وتار:
۱ ـ مرۆڤێک بێ کورته‌ چیرۆک؛ کە‌شه و هه‌وا، ۱۹۸۱ (L’homme sans nouvelle, Le temps qu’il fait)
۲ ـ شاره‌زایی له سه‌ر وشه‌ی هه‌ڵە، ۱۹۹۰ (Expertise de la fausse parole, Ubacs)
3 ـ نامه‌یه‌ک بۆ ژان گوێهنۆ، نامه‌یه‌ک بۆ یۆس سوپرویاڵ؛ دوایین چاپی له کتێب‌فرۆشی نارس، ۲۰۰٦ (Lettres à Jean Guéhenno, Lettres à Jules Supervielle, Librairie La Nerthe)

به‌شێک له شێعری “شێعره نه‌خوازراوه‌کان”
On supprimera la Foi
Au nom de la Lumière,
Puis on supprimera la lumière.
On supprimera l’Âme
Au nom de la Raison,
Puis on supprimera la raison.
On supprimera la Charité
Au nom de la Justice,
Puis on supprimera la justice.
On supprimera l’Amour
Au nom de la Fraternité,
Puis on supprimera la fraternité.
On supprimera l’Esprit de Vérité
Au nom de l’Esprit critique,
Puis on supprimera l’esprit critique.
On supprimera le Sens du Mot
Au nom du Sens des mots,
Puis on supprimera le sens des mots.
به ناوی نوور
ئیمان له ناو ده‌به‌ن،
پاشان نووریش
به ناوی ماف
ڕۆح له ناو ده‌به‌ن،
پاشان مافیش
به ناوی دادپه‌روه‌ری
خێرخوازی له ناو ده‌به‌ن،
پاشان خێرخوازیش
به ناوی برایه‌تی
ئه‌وین وەلا دەنێن،
پاشان برایه‌تیش
به ناوی ڕه‌خنە
راسی بەرەو لایه‌ک وێڵ دەکه‌ن،
پاشان ڕه‌خنە‌یش
به ناوی چه‌مکی وشه‌کان
واتای وشە بە لایەکەوە دەنێن
له دوای ئه‌وه‌ش چه‌مکی وشه‌کان.

………………………………….
په‌راوێز‌:

1- Plouguernével
2- Poèmes indésirables
3- La Fausse parole
4- Parisian

سه‌رچاوه‌کان:

1- “Armand Robin” The Anarchist Encyclopedia: A Gallery of Saints & Sinners, January 2006 Archived May 27, 2008, at the Wayback Machine., retrieved on September 27, 2008.
2- http://www.armanrobin.org/txtpi.html [accessed on August 6th, 2017].
3- http://www.Gallimard.fr/catalogue/poesie-voix.html [accessed on August 6th, 2017].


(ئه‌م وتاره له لاپه‌ڕه‌ی 46ی گۆڤاری مه‌هاباد، ژماره‌ی 199/198، ساڵی حه‌ڤده‌هه‌م/ خه‌زه‌ڵوه‌ری 2717،چاپ کراوه)




کاتەلۆنیا و رێگەی سەختی سەربەخۆیی … شاخەوان شۆڕش

کاتەلۆنەکان پێیانوایە ئەوان ناسیۆنێکی سەربەخۆن و نارەوا لە ساڵی ١٧١٤ دا خراونەتە ژێرچنگی سپانیا. هەنگاوە گرنگەکانی خەباتی سەربەخۆییان لەدوای نەمانی فەرمانرەوای دیکتاتۆر فرانکۆ لە ١٩٧٥ دا، لە ساڵی ١٩٧٩ وە دەستپێدەکات کە جۆرێک لە خۆبەرێوەبەریان پێدرا. لە ساڵی ٢٠٠٦ دا دەسەڵاتی زیاتر بە دەسەڵاتی بەڕیوەبەری کاتەلۆنیا دەدرێت. لە ساڵی ٢٠١٠ هەندێ لە دەسەڵاتەکانی لەلایەن دادگای دەستوریی سپانیەوە لێدەسەندرێتەوە. لەدژی ئەوە بەسەدان هەزار دەرژێنە سەر شەقامەکان و بۆ سەربەخۆیی خۆپیشاندان دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٢ دا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس خۆپیشاندان بۆ سەربەخۆیی دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٤ دا دەسەلاتی کاتەلۆنیا گوێ بە سپانیا نادا و گشتپرسیەکی سیمبۆلی ئەنجام دەدا و ٨٠ لەسەدا دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن، بەڵام رێژەی بەشداربووان تەنها ٣٧ لەسەد بوو.

دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری کاتەلۆنیا مەبەستی جیابوونەوەیە، بۆیە وەکو دەسەڵاتێکی رەوا و هەلبژێردراوی خەڵک لە رێگەی پەرلەمانەوە لە مانگی ژونی ٢٠١٧ بڕیاری ریفەراندەمی پەسندکرد و پرسی مافی چارەنوسی خستە بەردەم گشتپرسی لە ١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا. گشتپرسی کرا و ٤٢% لەسەدای دانیشتوان بەشداریان کرد، لەوانە ٩٠ لەسەدا دەنگیان بۆ جیابوونەوە و سەبەخۆیی دا. رێژەی بەشداربووان کەمترە لەسەدا ٥٠% ی رێژەی دانیشتوانان، ئەوەش ئاماژەیە بەوەی کە خەڵکێکی زۆر سەبارەت بە جیابوونەوە دوودڵبوون یا لەبەر هۆکاری دیکە نەیانویستووە بەشداری گشتپرسیەکە بکەن. دیارە ژمارەیەکەی زۆری سپانی لە کاتەلۆنیادا دەژین. لەگەڵ ئەوەی سپانیا بەهەموو شێوەیەک دژی جیابوونەوەیە، کاتەلۆنیا هەوڵی جیابوونەوە لەڕێگەی دایەلۆگی دیموکراسیانەدا دەدات.

کاتەلۆنیا هەرێمێکە لەو ١٧ هەرێمەی کە دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەریان لە سپانیادا هەیە. خاکەکەیان بەسەر ولاتی دیکەدا دابەش نەکراوە، بۆیە کێشەکە تەنها پەیوەندی بە سپانیاوە هەیە. سپانیا دەسەڵاتێکی دیموکراسی هەیە، هەروەها کاتەلۆنیا دەسەڵاتی دیموکراسی هەیە و گەلێکی پێشکەوتووە. لە روانگەیەکی دیموکراسیانەوە دەسەڵاتی کاتەلۆنیا بەهێزە لەبەرئەوەی هەڵبژێردراوی خەڵکە و پشتگیری خەڵکی هەیە. کێشەی ئەتنی لەناو کاتەلۆنیادا نییە و ناکۆکی رامیاری نادیموکراسیانە لەوێدا نییە. کاتەلۆنیا مەرجی سەرکەوتوویی لە بەرێوەبردن و ئاستی ناوخۆییدا سەڵماندووە، خاوەن دامەزراوە بەرێوەبەری و جێبەجێکاریەکانە لەسەربنچینەیەکی رەوا و دیموکراسیانەدا. دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بێ دەستێوەردانی دەسەڵات دەتوانی کارە دادوەریەکانی ئەنجام بدات. باری ئابوری باشە و توانای خۆدروستکردنەوەی هەیە، ئەگەرچی لە جیابوونەوەدا زیانی بەرایی بەردەکەوێت، بۆیە واچاوەڕوان دەکرێت کە دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ. پەرلەمان دەسەلاتی بڕیاری لەسەر پرسە چارەنوسسازەکاندا هەیە. بۆنمونە بڕیاری ریفەراندەم و سەربەخۆیی پەرلەمان دەریکرد. هەلبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێن و ئاڵوێری دەسەڵات دیموکراسیانە ئەنجام دەدرێت. بوونی ئەو فاکتەرانە کە بەهێزی کاتەلۆنیا لە ئاستی ناوخۆییدا وێنەدەکەن وادەکەن کە ئەگەر جیاشبێتەوە ئەگەری سەرکەوتنی وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ هەیە. هەروەها لەبەر ئەو هۆکارانە ئەگەرەکانی دانپێنانی نێونەتەوەیی بە ولاتی سەربەخۆی کاتەلۆنیا ریالیستانەن. ئەوە ئەگەر لە هەوڵی سەربەخۆییان سەرکەوتن.

کێشەکانی کاتەلۆنیا لە نکۆلێکردنی سپانیادا خۆی دەدۆزێتەوە. لە دەستوری سپانیادا مافی چارەنوسی گەلی کاتەلۆنیا نەنوسراوە و ئەو مافەیان دەستوریانە نەدراوەتێ. لە دەستوری سپانیادا نوسراوە کە سپانیا یەکە و پارچەنابێ. دادگای دەستوری سپانیا رەتی ریفەراندەم و ئەنجامی ریفەراندەم دەکاتەوە و بە نادەستوری دادەنێ. بەمجۆرە حکومەتی سپانیا دژی جیابوونەوەیە و هەڕەشە دەستبەسەرداگرتنی کاتەلۆنیا لە رێگەی ئەرتیکلی ١٥٥ـەوە دەدات. دەسەڵاتی سپانیا هەموو هەوڵێک دەدات تاکو سپانیا بەیەکگرتوویی بهێڵێتەوە، هەروەکو باسکەکان لە زووەوە هەوڵی جیابوونەوە و سەربەخۆیی دەدەن. بۆ ئەوەی بەر بە پێکدادان بگیرێت، پێوستە دانوستان و گفتوگۆ بکرێت و لە رێگەی دایەلۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن. یەکێتی ئەوروپا دەتوانێ ڕۆڵی گرنگ لەو بارەیەوە بگێڕێت، بەڵام واپێدەچی یەکێتی ئەوروپا زۆر ئارەزووی جیابوونەوەی کاتەلۆنیا ناکات.

لەراستیدا کەیسی کاتەلۆنیا سەختە، بەڵام ئەوان وەکو گەلێک خۆیان بە سپانی نازانن و بە مافی خۆیان دەزانن چارەنوسی خۆیان دیموکراسیانە دیاربکەن. سپانیەکان بەپێی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی سپانیا دەستوریان نوسیوەتەوە. سەپاندنی بەرژەوەندی نەتەوەی باڵادەست کە لە دەستوردا چەسپێندراوە بەسەر نەتەوەی کەمینەدا پێشێلکردنی مافی نەتەوەی کەمینەیە. هەر کەمینەیەک ئەگەر مەرجەکانی نەتەوە پڕبکاتەوە، مافی رەوای خۆیەتی وەکو ناسیۆنێک رەتی دەستوری سەپێندراو بکاتەوە و ناسیۆنبوونی خۆی رابگەیەنێ. بەیەکەوەژیان لەسەربنجینەی ئارەزوومەندی و پەسندکردنی بەرابەر بەدیدەهێندرێت، ئەگەر نەتەوەی زۆرینە لەژێرناوی پیرۆزی یەکێتی خاکدا ڕێگری لە ئازادی نەتەوەی کەمینە لە بریاری چارەنوسدا بکات، بنەمای بنچینەیی بەیەکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی ئازاد ناهێلێت. بەیەکەوەژیان فۆرمی ئارەزوومەندی خۆی لەدەستدەدات و دەچێتە خانەی سەپاندنی مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا. ناچارکردنی کەمینە بە مانەوە ناکۆکی ناوخۆیی دروستدەکات، ئەگەر دەسەڵاتی زۆرینە لەجیاتی مسۆگەرکردنی مافی کەمینە لە دەسەڵات و سامانی وڵاتدا، پۆلیتیکی پەرواێزکردن بگرێتەبەر، نکۆلی لە مافیان بکرێت و داواکانیان پشتگوێ بخرێت.
لە بارێکدا کە کاتەلۆنیا سەربەخۆیی راگەیاندووە، سپانیا وەکو وڵاتێکی بەهێزی ئەوروپا دژە، کێشەکان لێرەوە دەستپێدەکەن و بەرەوهەڵکشان دەچن. ئایا سپانیا دەتوانێ کاتەلۆنیا بخاتەوە ژێرچنگی خۆی و دەسەڵاتی بەرێوەبەری کاتەلۆنیا هەڵوەشێنێتەوە؟ یا ئایا کاتەلۆنیا دەتوانێ بەربەستەکان تێپەڕێنێ و بگاتە سەربەخۆیی؟ دواڕۆژ پێشانمانی دەدات. بەهیوای سەرگرتنی سەربەخۆیی کاتەلۆنیا.

27-10-2017




كه‌ركوك له‌ شا ئیسماعیل سه‌فه‌وییه‌وه‌ بۆ حاجی قاسم سلێمانی … عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

548 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر توركمانه‌ سونییه‌كان له‌ رێگای سوپای ئاق قۆینلوه‌وه‌ هاتنه‌ كه‌ركوك پاش داگیركردنی عێراق, دوای 39 ساڵ له‌و مێژووه‌ سه‌فه‌وییه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیسماعیل سه‌فه‌وی كه‌ركوك داگیره‌ كه‌ن به‌ بێ شه‌ڕ و توركمانه‌ شیعه‌ قزڵباشییه‌ توركمانه‌كان دێنه‌ ناوچه‌كه‌و جێگیر ده‌بن تیایدا, دوای 26 ساڵ كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی توركمانه‌ قزڵباشیه‌كان ” شیعه‌كانی ئێستا” هات, له‌ ساڵی 1534 كه‌ركوك گه‌ڕایه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان تا داگیركردنی له‌ لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه‌ له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م به‌رده‌وام بوو, دوای 483 ساڵ له‌ یه‌كه‌م داگیر كاری له‌ لایه‌ن قزڵباشییه‌كانه‌وه‌, جارێكی دیكه‌ ئێرانییه‌كان له‌ رێگای قاسم سلێمانییه‌وه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاری كه‌ركوك وه‌ك براوه‌یه‌ك, له‌ قۆناغی دووه‌مدا پێشبینی ناكه‌م مانه‌وه‌یان وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م درێژ بێت و 26 ساڵی دیكه‌ به‌رده‌وام بێت.
له‌ گه‌ڵ هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له‌ شاری كه‌ركوك وتمان هه‌ڵه‌یه‌, كه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بڕیاری ریفراندۆمی دا, زانیمان ته‌ڵه‌یه‌كی ترسناكه‌و كورد ده‌كه‌وێته‌ ته‌ڵه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌, چونكه‌ پێكهاته‌ی دیمۆگرافی شاره‌كه‌ , ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ رێگای نمایشی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌, رۆژه‌كانی پێش و دوای ریفراندۆم زۆر ته‌ڵه‌ی شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی له‌ شاره‌كه‌ نرایه‌وه‌ باش بوو كه‌س تێی نه‌كه‌وت, هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو بۆمب هاویشتنه‌كان ده‌ستكرد بوو, ده‌یه‌ویست سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان بسوتێنێت نه‌ك كه‌سی دیاری كراو, بۆمبه‌كان ته‌ڵه‌یه‌كی مه‌ترسیدارتر بوون له‌ كاره‌ساته‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر.

كه‌ركوك شارێكی كۆسمپۆلیتیه‌ نه‌ك نه‌ته‌وه‌یی, ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ كوردو توركمان و عه‌ره‌ب و شیعه‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن به‌ بێ شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی و قڕكردن نایاته‌ دی, به‌ پێی ئاماری ساڵی 1957 كه‌ رێكترین و گونجاوترین ئاماره‌ تا ئێستا ئه‌نجام درابێت, پێكهاته‌ی شاره‌كه‌ وه‌ك پارێزگا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌: كورد”187592″ 48,2%, عه‌ره‌ب”109630″ 28,2% و توركمان”83371″ 21,4% ی پێكهاته‌ی شاره‌كه‌پێك ده‌هێنن, ژماره‌كه‌ی دیش سریان و ئه‌وانی دی, هه‌رچی ناوه‌ندی شاره‌ عه‌ره‌ب 27127.كورد40047 و توركمان 45306 و كلدان و سریان 1509 پێك ده‌هێنن, واتا وه‌ك پارێزگا كورد یه‌كه‌مه‌, وه‌ك ناوه‌ندی شاری كه‌ركووك توركمان له‌و كاته‌ زۆرینه‌ بووه‌, وه‌لێ كۆچی هاووڵاتیانی لادێ بۆ شار له‌ قۆناغی سه‌رمایه‌داری كه‌ له‌ دوای ساڵی 1958 به‌ هۆی بنج داكوتانی سسته‌می سه‌رمایه‌داری و كۆتا كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی دیارده‌یه‌كی سروشتی و ئاساییه‌.
كه‌ركووك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێمای تێكۆشانی سیاسی ناسیۆنالسته‌كانی كورد و توركمان و شیعه‌كانه‌”به‌هۆی بوونی مه‌زاری 3 ئیمامیان زه‌ین عابدین و ئیمام قاسم و ئیمام عه‌باس” بۆیه‌ هه‌ستیاره‌ بۆ نیشته‌جێ بوونی خه‌َلكی ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌, واتا كه‌ركوك شاری كۆسمپۆلێتی داخراوه‌ بۆ هاوڵاتیانی خۆی, نه‌ك هاووڵاتیانی ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی گۆڕینی دیمۆگرافی شاره‌كه‌ بۆی دێن.

ئایا ده‌ستیان له‌ كه‌ركوك هه‌ڵگرت؟

ئه‌گه‌ر شه‌ڕو په‌لاماره‌كانی قه‌ره‌ته‌په‌و جه‌له‌ولا له‌ ساڵه‌كانی 2008 به‌ دواوه‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌وامه‌كانی دوزو هه‌ڕه‌شه‌كان فه‌ریق روكن عه‌بدائه‌میر زه‌یدی سه‌ركرده‌ی تیپی دجله‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو كه‌ركوك به‌ ته‌واوی له‌ بیری خۆمان ببه‌ینه‌وه‌ بیكه‌ینه‌ مێژوو,لێره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین كه‌ كه‌ركوك شارێكی هه‌ستیاره‌ بۆ زۆرینه‌ی پێكهاته‌كان”كورد, توركمان شیعه‌و سونه‌, عه‌ره‌ب شیعه‌و سونه‌”, بۆیه‌ ده‌ست بردن بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ته‌واوی پارێزگاكه‌و بایكۆتكردنی له‌ لایه‌ن توركمان عه‌ره‌به‌وه‌ بۆ خۆی پرۆسه‌كه‌ی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌, بڕیاردان له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ شاری كه‌ركوك به‌ ته‌واوی پارێزگاكه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ بوو, ده‌بوایا له‌وپه‌ڕی به‌شێكی شاره‌كه‌ ئه‌نجام بدرابایا,ده‌توت حكومه‌تی كوردستان روسیایه‌و ریفراندۆم له‌ قرم ئه‌نجام ده‌دات, له‌شكری سورو یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی خاكی جیهان له‌ پشتێتی.
ده‌بوایا چاره‌نوسی شاری كه‌ركوك به‌ پێی ده‌ستور له‌ ساڵی 2007 یه‌كلا بكرابایاته‌وه‌, وه‌لێ له‌ 2017ه‌ش حكومه‌تی عێراقی رازی نه‌بوو, جارێكی دیكه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر چاره‌نوسی كه‌ركوك بكاته‌وه‌, له‌و كاته‌ی كورد خه‌ونی به‌وه‌ ده‌بینی كه‌ركوك بكاته‌ پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی, كه‌چی عێراق به‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 رازی نه‌بوو, به‌رده‌وام كات ده‌كوژێت بۆ ئه‌وكاته‌ی كۆتایی به‌ كێشه‌كانی له‌ گه‌ڵ سونه‌ ده‌هێنێت و هێزه‌ نیمچه‌ لیبراڵه‌كانی عێراق زیاتر په‌راوێز ده‌كات, نه‌ك ماده‌ی 140 جێبه‌جێ ناكات, به‌ڵكه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ فیدراڵیه‌تی كوردستان بێهێزو بچوك بكاته‌وه‌.
چه‌ند رۆژێك پێش ریفراندۆمه‌كه‌ دادگای كارگێڕی عێراق هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانی له‌ كه‌ركووك هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌, پێشتریش ویستی بێته‌وه‌ ئه‌و سه‌ربازگایانه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 2014 به‌جێی هێشتبوو, هه‌رچه‌نده‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌ربازگایانه‌ به‌ بونی شه‌ڕی داعش بۆ ئه‌و گرنگ نه‌بوو, پێی باش بوو هه‌ڵیبگرێت بۆ دوای شه‌ڕی داعش به‌ تایبه‌تیش دوای گرتنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌, بۆیه‌ كردییه‌ دوا ویستگه‌ی شه‌ڕی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ داعش.

له‌و داواكارییه‌ی هێزه‌ ئاسایشه‌كانی عێراق كه‌ ئاراسته‌ی هاووڵاتیان كرا له‌ چه‌ند رۆژی پێش هێرشه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر تیایدا نوسراوه‌: زۆر چاوه‌ڕوانمان كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك, كه‌واتا ویست كۆنتر بوو له‌ ریفراندۆم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاری كه‌ركوك ئه‌گه‌ر ئاشتیانه‌ بێت, داگیركردنی له‌ بارودۆخی شه‌ڕدا,حه‌سه‌ن تۆران جێگیری سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی رۆژی پێش هێرشه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 وتی : سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك و بیره‌ نه‌وته‌كان په‌یوه‌ندی به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ نییه‌, پێش ریفراندۆم داڕێژرابوو,به‌رپرسێكی باڵای نزیك له‌ حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش به‌ شه‌رق ئه‌وسه‌تی وت : رێگا ناده‌ین كورده‌كان له‌ رێگای نه‌وتی كه‌ركوكه‌وه‌ بچنه‌ بازاڕی نه‌وته‌وه‌, هه‌رچی ماڵپه‌ڕی ئه‌لمۆنیته‌ره‌ وتی “قاسم سلێمانی نه‌یشارده‌وه‌ له‌ زوه‌كه‌وه‌ حه‌شدی شه‌عبی و حكومه‌تی عێراق به‌ نیازی په‌لاماری كوردستانن, هاوپه‌یمانی نیشتمانیش هه‌میشه‌ رێگریان ده‌كرد له‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140, حه‌نان فه‌تلاوی راشكاوانه‌ وتی 10 ساڵه‌ رێگری ده‌كه‌…. هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ركوك ناوچه‌كانی دیكه‌ هه‌ر یه‌كه‌ی به‌ پێی گرنگییه‌كه‌ی له‌ روانگه‌یه‌كه‌وه‌ , شه‌نگار له‌به‌ر هیلالی شیعییه‌كه‌ی, داقوق له‌ به‌ر مه‌رقه‌د و پیرۆزییه‌كه‌ی, تازه‌ له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی و نزیكی له‌ شاری كه‌ركوكه‌وه‌ ….. یه‌ك ده‌قه‌ش له‌بیر نه‌كرابوون, هه‌موو خه‌ونه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆیان, له‌ به‌یانامه‌یه‌كدا ئاژانسی پاراستن و زانیاری –زانیاری هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت به‌شێكه‌ له‌ رێكه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غا له‌ ساڵی 2016 كه‌ په‌یمان له‌ نێوانیان مۆر كراوه‌, پێشمه‌رگه‌ بكشێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ پێش 9ی حوزه‌یرانی 2014 لێی بوونه‌,كه‌واتا ویسترا له‌ رێگای ریفراندۆمه‌وه‌ خۆ له‌و ترسه‌ رزگار بكرێت,كه‌چی كه‌وتنه‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌, ته‌ڵه‌یك ئێستاش نه‌بوایا له‌ پێش هه‌ڵبژاردن خولێك له‌ شه‌ڕ پێویست بوو بۆ عه‌بادی بۆ ده‌رچونه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئازاردا.

به‌ڵام ریفراندۆم توركیای كرده‌ نه‌یاری پارتی و هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاواش وه‌ك مناڵێكی لاسال سه‌یری كوردی كرد, ریفراندۆم نه‌بوایا حكومه‌تی عێراقی ئه‌م هه‌موو پاكێجه‌ی له‌ یه‌ك قۆناغدا داوا ناكرد, ریفراندۆم دۆسیه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو, به‌ڵام كورد خاوه‌ند حیزب و سه‌ركرده‌ی عه‌قڵ بچوك به‌هۆی ئه‌وانیشه‌وه‌ په‌رت و بڵاو یه‌كنه‌گرتوو له‌ ئاستی پرۆسه‌كه‌و كاردانه‌وه‌كانیدا نه‌بوو, هه‌رچه‌نده‌ شه‌وی 25ی مانگ و رۆژانی پێشتر په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسییه‌كان و كه‌سه‌ یه‌كه‌مه‌كانیان خۆیان یه‌كلا كرده‌وه‌و هه‌موو به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان دا له‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆی شه‌قامدا, ته‌نانه‌ت له‌ ریفراندۆم هێرۆخان چووه‌ كه‌ركوك ده‌نگی دا, هه‌رچه‌نده‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ریفراندۆم له‌ ده‌ستپێكی بانگه‌شه‌كه‌ له‌ لادانی وێنه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی له‌ شه‌قامه‌كانی سلێمانی, تا هه‌وڵی ئه‌نجامنه‌دانی ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك و كێشه‌ نانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 22 رۆژی دوای ریفراندۆم هه‌موو لوغمی زۆر گه‌وره‌ بوون له‌ به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌, ترسناكتر له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌.

ئێستا سڕ كردن یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم خه‌ونه‌, ریفراندۆم ویستی ئازادانه‌ی خه‌ڵكه‌ له‌ ویژداندا چه‌سپیوه‌و ژماره‌كه‌ چووه‌ مێژوه‌وه‌به‌ هیچ هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌.
حكومه‌تی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر داخوازه‌كانی رابردووی خۆی ده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌ر گفتوگۆیه‌ك پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق, رێزگرتن له‌ ده‌ستور بۆ نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌ست, ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵی به‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و فرۆكه‌خانه‌كان,سامانه‌ سروشتیه‌كان , هێزی پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌ كوردییه‌كان, كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم بۆ 12% له‌ زۆرترین حاله‌تدا 13% و دابه‌شكردنی موچه‌ له‌ رێگای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و دانی ته‌نها موچه‌ی 600 بۆ 680 هه‌زار كه‌س و بڕینی موچه‌ی نزیك به‌ 60%ی موچه‌ی موچه‌ وه‌رگران,…. ئه‌مانه‌ش هه‌موو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هه‌یبه‌تێكی هه‌رێم نه‌هێڵێت, واتا كورد خاوه‌نی هیچ نه‌بێت, جگه‌ له‌ مه‌جلس ته‌شریعی و ته‌نفیزییه‌ك له‌ ناو هه‌مان ته‌لاردا به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌وكاته‌وه‌.

داگیر كردنی كه‌ركوك

حه‌شد له‌ دوزو تاوغ و تازه‌ و بشیر بوون و كۆنترۆڵی ته‌واوی تازه‌و بشیر له‌ ژێر ده‌ستیانا بوو پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر, كه‌ ته‌نها چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ ناوه‌ندی شاره‌وه‌ دور بوون, كه‌چی ئه‌و شارۆچكانه‌ ریفراندۆمیشیان بۆ رێكخرا له‌ كاتێكدا سندوقی ده‌نگدانیان بۆ دانه‌ندرابوو.
دووشه‌مه‌ ره‌شه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر, سه‌نگه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ 3 ساڵ زیاتر بوو تیایدا شه‌ڕی داعشیان كرد له‌ كه‌ركوك و نه‌یانتوانی بیبڕن ,ئه‌و به‌ره‌ به‌یانه‌ سه‌ری ترامپ و قاسم سلێمانی له‌ مه‌نجه‌ڵێكدا كۆكرده‌وه‌, هه‌ر لایه‌نه‌یان له‌ قۆڵێكه‌وه‌ خه‌ریكی دانوساندن بوون به‌ مه‌رجی خۆیانه‌وه‌, ماكۆرگ ده‌یه‌ویست ته‌قه‌ ده‌ستپێنه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ رازی بكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای عێراقی بۆ كی 1, حاجی قاسم سلێمانیش گڵۆپی سه‌وزی بۆ عه‌بادی هه‌ڵگرت بۆ په‌لاماردانی كه‌ركوك و پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی مه‌كۆرگ, گڵۆپ به‌ ده‌ستی حاجی قاسمه‌وه‌و فرمان له‌ گیرفانی عه‌بادی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بوو , له‌وكاتانه‌ی سه‌رانی پدك و ینك له‌ دوكان كۆده‌بونه‌وه‌و ده‌ستیان له‌ناو ده‌ست یه‌كتر بوو, هه‌ندێكیان ده‌سته‌كانی دیكه‌یان له‌ناو ده‌ستی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رامبه‌ریان بوو, واتا له‌ دوكان كۆبونه‌وه‌ ده‌كرا,كه‌چی ده‌ستێكی دیكه‌ له‌ناو ده‌ستی به‌غدا بوو له‌ قۆڵێكی دیكه‌وه‌ مفاوه‌زات ده‌كرا, لێره‌دا گرنگه‌ شتێك باس بكه‌ین , ئه‌وه‌ی كرا شاراوه‌ نه‌بوو, به‌ڵكه‌ له‌ دوكان تاوتوێكرا,زۆرینه‌ ناڕازی بوون بۆی,پێشتر گفتوگۆكان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی حیزبی و حكومی ده‌ستیپێكردبوو, هه‌ر وه‌ك پاڤێڵ تاڵه‌بانی دانی پێدا ده‌نێت و ده‌ڵێت دوای رۆژێك دانوساندن له‌ گه‌ڵ عه‌بادی رێكه‌وتین.

ئیتر پرسیارێك لێره‌دا سه‌ر ده‌ردێنێ, ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت و شیكارێكی بێلایه‌نانه‌ بكه‌ین , ئه‌ویش رێكه‌وتنی ئه‌وان به‌ پێی هه‌وڵه‌كانی مه‌كگۆرك بووه‌, یان هه‌وڵه‌كانی قاسم سلێمانی جیا بووه‌ له‌و هه‌وڵانه‌ ؟؟؟, ده‌بێت یه‌كلا بكرێته‌وه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو دانوساندنه‌ چییه‌ له‌ رۆژه‌كانی پێش گرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك, ئه‌مه‌ بۆ مێژوو و حوكم دان به‌سه‌ر كه‌سه‌كاندا گرنگه‌, هه‌رچه‌نده‌ هیچ له‌ ئه‌نجامه‌كان ناگۆڕێت كه‌ له‌ ده‌ستدانی كه‌ركوكه‌.
كه‌واته‌ پێش په‌لاماره‌كه‌ رێككه‌وتن كراوه‌, ئه‌وه‌ی له‌ دوكان ئه‌نجامدرا و ئه‌وه‌ی له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌ سه‌ره‌تادا نمایش كرا ته‌نها شانۆگه‌ریه‌ك بوو, شانۆگه‌رییه‌كه‌ بێ ئه‌و پێشه‌كیه‌ش ده‌توانرا نمایش بكرێت, قوربانیه‌كانی شانۆگه‌رییه‌كه‌ مردنی راسته‌قینه‌ی ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان بوون “84 بۆ100 شه‌هید ده‌قیق نییه‌ كه‌متره‌ له‌و ژماره‌یه‌, ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێن له‌ شه‌ڕدا شكاوین, نه‌ك به‌ رێكه‌وتنێكی نا گرنتی دۆڕاو شار ته‌سلیم كراوه‌ته‌وه‌, تا ئێستا به‌ ناو وێنه‌وه‌ بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه‌ ژماره‌ی شه‌هیده‌كان چه‌ندن؟”, كه‌ رێك كه‌وتوونه‌ ئه‌دی بۆ كوڕی خه‌ڵكتان به‌كوشتدا ؟؟, یان ته‌نها ویستتان به‌ خه‌ڵك بڵێن له‌ شه‌ڕدا شكاوین و له‌ ژێره‌وه‌ش رێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ رێوه‌ فێڵبازه‌كه‌تان كردووه‌, ده‌ست به‌تاڵ تیایدا ده‌رچوون, بێ ئاگا له‌وه‌ی به‌غا پێویستی به‌ شانۆگه‌ری وا نییه‌ نمایشی راستییه‌كه‌ ده‌كات, چونكه‌ هه‌ڵبژاردن پێویستی به‌م چیرۆكانه‌یه‌, ناتانزانی حه‌سه‌ن پلایس و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی ناتوانن نهێنی پارێز بن.

ئه‌گه‌ر له‌ كه‌ركوك 4 كاتژمێر شه‌ڕكرابێت و له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا به‌غدا تێك شكابێت, ئه‌وا له‌ دوز 4 ده‌قه‌ش شه‌ڕ نه‌كرا, كه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ خوار به‌ره‌ی باشوری كه‌ركوكه‌وه‌یه‌ و له‌سه‌ر هه‌مان راسته‌ رێگای به‌غدایه‌, له‌ خانه‌قین و مه‌رگه‌سێر ته‌قه‌ هه‌رنه‌كرا, له‌ هێرشی دووه‌می سوپاو حه‌شد له‌ كه‌ركوك رێكه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ كراو بێ ته‌قه‌ پاشه‌كشه‌كرا, پێشمه‌رگه‌ نه‌ك به‌ تێ شكاوی به‌ڵكه‌ به‌ چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی پێكرا وه‌ك مالكی وتی به‌ بێ ده‌ستێوه‌ردانی قاسم سلێمانی كه‌ركوك ناگرترایه‌وه‌, عه‌بادیش وتی پێشمه‌رگه‌ هاوكاری هێزه‌ هاوبه‌شه‌ عێراقیه‌كانی كردووه‌ نه‌ك شه‌ڕی كردبێت, ئیتر ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ پێشمه‌رگه‌ زانیان ده‌ستیان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن قاسم سلێمانییه‌وه‌, بۆیه‌ كه‌ به‌ره‌به‌یانی دنیا روناك بوه‌وه‌ كه‌ پاشه‌كشه‌یان ده‌كرد به‌ به‌رچاوی هاووڵاتیانی شاره‌وه‌, بینیان پێشوازییه‌كه‌ی جارانیان لێ ناكرێت .
هاشم هاشمی نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتن له‌ نێوان پاڤێڵ تاڵه‌بانی و قاسم سلێمانی و هادی عامریدا بووه‌, كه‌ریم نوری وته‌ بێژی حه‌شدی شه‌عبیش وتی پێشمه‌رگه‌ نه‌شكاوه‌ به‌ڵكه‌ هاوكاریمانیان كردووه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌, ئیتر قسه‌و لێدون زۆر زۆره‌ له‌م بواره‌, ده‌سه‌ڵاتدارنی شیعه‌ش وه‌ك كورد وان له‌ هه‌رچوارلاوه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن .

لێره‌دا ده‌ركه‌وت عه‌رابی گرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك قاسم سلێمانی بوو نه‌ك عه‌بادی و سوپا و حه‌شدی شه‌عبی, پرۆسه‌كه‌ش شه‌ڕ نه‌كردنی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ نه‌ك تێكشكان, چونكه‌ هێزه‌كانی به‌غدا له‌ شه‌ڕی به‌راییدا تێكشكان و پاشه‌كشه‌یان كرد, ئه‌گه‌ر له‌ تێكشكان به‌رده‌وام بونایه‌ ئه‌وا نه‌خشه‌كه‌ی هاوكاری كه‌ران جێبه‌جێ ناكراو حاجی قاسم سلێمانیش به‌ دۆڕاو له‌ یارییه‌كه‌ ده‌رده‌چوو, چونكه‌ له‌ گه‌ڵ روناك بونه‌وه‌ی دنیا ئیتر نیگاكان ده‌كه‌وتنه‌ سه‌ر شه‌ڕی كه‌ركوك, شه‌ڕێك چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ شارێكی ملیۆنییه‌وه‌ دور بوو, كاردانه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕی كه‌ركوك زۆر زیاتر ده‌بوو وه‌ك له‌ هه‌ندێك ورده‌ شه‌ڕی دواتر,24 كاتژمێر شه‌ڕیان بكردبایا, جیهان داوای راگرتنی ده‌كرد,ینك هێزی یه‌كه‌می شاره‌كه‌یه‌ تا ده‌گاته‌ خانه‌قین, هێزی سه‌ربازییه‌كه‌شی هێزی سه‌ره‌كییه‌, بۆیه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕی له‌و ناوچه‌یه‌ ئارام راگرت.

رێكه‌وتنی پاڤێڵ تاڵه‌بانی و حه‌یده‌ر عه‌بادی و هادی عامری عه‌راب و ئه‌ندازیاره‌كه‌ی قاسم سلێمانییه‌, كاری مانگێك زیاتری ئه‌و بوو ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ به‌ری خۆی گرت, ئه‌و له‌ پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش به‌ درێژایی ئه‌و 22 رۆژه‌ ده‌یه‌ویست ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ جێبه‌جێ بكات, ته‌نانه‌ت تارمایی قاسم سلێمانی ته‌واوی رۆژی یه‌ك شه‌مه‌ 15ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ دانوساندنه‌كانی دوكان بوو, ئه‌وه‌ی له‌ 16ی مانگ رویدا سه‌ركه‌وتنی قاسم سلێمانی بوو نه‌ك عه‌بادی یان تێكشكانی پێشمه‌رگه‌.
دوای روداوه‌كه‌ شێخ جه‌عفه‌ر و كۆسره‌ت ره‌سول و مه‌لا به‌ختیار چه‌ند كه‌سێكی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانیان تۆمه‌تبار كردبه‌ ئه‌نجامدانی خیانه‌ت وكه‌وتنی كه‌ركوك و ته‌سلیم كردنه‌وه‌ی, وه‌لێ لاهور شێخ جه‌نگی به‌رپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسان له‌شاری سلێمانی رایگه‌یاند: هیچ ریكه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ عێراق نه‌كردوه‌ ته‌نها پێشنیازیان كردوه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمان بچه‌نه‌ سه‌ربازگه‌ی كه‌یوان له‌كه‌ركوك, وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی به‌ناو ئه‌و 38 سه‌ركردایه‌تیه‌ی واژۆیان له‌سه‌ر نامه‌كه‌ كردووه‌, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌یان كردووه‌ هیچ پێگه‌یه‌كی سیاسییان نییه‌ له‌ناو ینك و رێكه‌وتنه‌كه‌یان به‌ رێگای شه‌رعی حیزبایه‌تیدا نه‌ڕۆیشتووه‌, له‌ 52 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ینك, ته‌نها ئاڵا تاڵه‌بانی به‌ كه‌یفی خۆی ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ره‌ كات و قسه‌ ده‌كات, ئه‌وانی دی ئه‌و رۆژانه‌ تاسا بوون, هه‌ندێكشیان په‌شیمان بونه‌وه‌ له‌ واژۆكانیان به‌وه‌ی له‌ خشته‌ براون یاخود واژۆیان نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر نامه‌كه‌.

به‌ پێی قسه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ركوكیان دابه‌ده‌سته‌وه‌, ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش پێك هاتبوو له‌ نێوانیان, له‌ راستیدا ئه‌و ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌ ته‌نها بۆ ته‌سلیم كردنی كه‌ركوك بوو هیچی تر,دوای ته‌واو بوونی ئه‌ركه‌كه‌ دواتر ده‌ست به‌تاڵ ده‌ركرانه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ پێی رێكه‌وتنه‌كه‌یان بڕیاربو لیوایه‌كی معێراقی ام جه‌لال بێته‌ كه‌یوان له‌كه‌ركوك له‌گه‌ڵ هێزێكی هاوبه‌شی ئه‌مریكی و به‌ریتانی نیشته‌جێ بكرێن و به‌هاوبه‌شی پۆلیسی فیدراڵی چاودێری دۆخی ئه‌منی بكه‌ن, پارێزگارێكی كورد دابنێن , ئه‌نجومه‌نێكی نوێ ده‌ستنیشان بكرێت ……وه‌لێ هیچی جێبه‌جێنه‌كرا.
باش بوو ئه‌و رۆژه‌ تیرۆری ناوخۆیی و شه‌ڕ روی نه‌دا, له‌ كه‌لی سێكانی به‌ به‌رچاوانه‌وه‌ بانگ ده‌كرا كێ سه‌ربه‌ كۆسره‌ته‌ و كێ سه‌ر به‌ ئاسۆ ئه‌ڵمانییه‌, له‌وێ هێزه‌كان جیا ده‌كرانه‌وه‌ , ئیتر له‌ قۆڵی چیمه‌نه‌وه‌ مه‌گه‌ر خوا بزانێت چی گوزه‌راوه‌.
كه‌واتا كورد ئه‌و رۆژه‌ ته‌نها ئه‌مه‌ریكاو رۆژئاواو جیهان خیانه‌تیان لێی لێنه‌كرد, به‌ڵكه‌ خیانه‌تی جه‌رگبڕ ئه‌و خیانه‌ته‌ بوو له‌ناو خۆوه‌ لێیكرا, هه‌ر ئه‌و خیانه‌ته‌ بوو جیهانی بێده‌نگ كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تراژیدیانه‌ی رویاندا, گرنگی ئه‌و خیانه‌ته‌ بۆ به‌غدا وایكرد هه‌ر زوو وێنه‌كان بڵاو بكاته‌وه‌ بێ ویستی هاوكاری كه‌رانیان و ئه‌وه‌ی له‌ ژێر به‌ڕه‌یه‌ بیهێنێته‌ سه‌ر به‌ڕه‌ ده‌ستخۆشیه‌كان بگه‌یه‌نێت به‌ بیرو رای جیهانی بڵێ هێنراینه‌وه‌ نه‌ك براوه‌ی شه‌ڕ بین, كه‌ شه‌ڕیش نه‌بێت قسه‌ كردن له‌ كاره‌ساته‌كانی شه‌ڕ بێ مانایه‌.ئه‌مه‌ی خوراوه‌ ده‌قی رێكه‌وتنه‌كه‌ی به‌ناو سه‌ركردایه‌تی ینك ه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بادی, ئه‌وه‌ی شاراوه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ كرا یان نا, كێ ئه‌نجامی نه‌دا؟, هۆكاره‌كه‌ی چی بوو؟ : ” سلێمانی 14-10 به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ هه‌ستیارو ناله‌باره‌ی هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ گشتی و شاری كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی, وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستان نه‌گاته‌ ئاستی شه‌ڕێكی نه‌خوازراو له‌ نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان , كه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ هه‌رێم و عێراق ده‌گه‌یه‌نێت بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی بڕیاریدا:-

1-سه‌ركردایه‌تی سه‌ربازی هاوبه‌ش له‌ سنوری كه‌ركوك پێك بهێنرێت نوێنه‌رانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقی تێدا بێت , ئه‌ركی سه‌ره‌كیان بریتی ده‌بێت له‌ دابینكردنی ئاشتی و ئارامی له‌و ناوچانه‌و باره‌گاكه‌شی له‌ سه‌ربازگه‌ی كه‌یوانی شاری كه‌ركوك ده‌بێت.

2- هیچ هێزێكی سه‌ربازی نه‌هێنرێته‌ ناو شاری كه‌ركوك.

3-كێشه‌و ناكۆكیه‌كانی تر له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ له‌ رێگای دیالۆگ و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكرێت.

4-نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌مه‌ریكا هاوكار و پشتیوان بن بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی سه‌ره‌وه‌ . 38 ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی ینك

زیره‌كی ناوێ تا هه‌ڵیبێنیت كه‌ ئه‌مه‌ی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر رویدا , 31ی ئابێكی تر بوو به‌ سیناریۆیه‌كی تره‌وه‌ , هیزه‌كان له‌ بری به‌ ئاڵای زه‌رده‌وه‌ له‌سه‌ر تانكه‌كانی كورد بن , كه‌چی ئه‌مان رۆڵه‌ی هه‌ژارانیان نارده‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ و به‌ كوشتیاندا و سوپای داگیركه‌ریش ئاڵای كوردستانیان له‌ ژێر پێ نا , 31ی ئابه‌كه‌ی پارتی له‌ كاتێك رویدا 2 ساڵ بوو له‌ گه‌ڵ ینك شه‌ڕیان بوو, كه‌چی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ كاتێك رویدا 15 ساڵه‌ حكومه‌تی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ , له‌ 31ی ئاب حیزب به‌كاره‌كه‌ هه‌ڵسا, له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر چه‌ند كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی حیزبی پێی هه‌ڵسان, واتا لێره‌دا ینك وه‌ك ده‌زگایه‌كی حیزبی به‌رپرس نییه‌, ئه‌وه‌ی به‌رپرسه‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی خۆی فه‌رمانی وه‌رگرتووه‌, ئه‌مه‌ به‌ رونی له‌ كۆبونه‌وه‌ی كۆسره‌ت ره‌سول له‌ گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی سه‌ربازی ده‌ركه‌وت, وه‌لێ تا كوردو كه‌ركوك ماون, ناسۆرو ئاخی ئه‌و رۆژه‌ ره‌شه‌ ده‌مێنێت و ئه‌نجامده‌رانی له‌ ده‌رگایه‌كی ره‌شه‌وه‌ ده‌چنه‌ مێژووی شاره‌كه‌و و هه‌موو كورده‌وه‌.
سیناریۆكانی رۆژانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناتوانێت راستی روداه‌كه‌ بشارێته‌وه‌, نه‌ پێشمه‌رگه‌ شكاوه‌, نه‌ تانكی ئه‌برامزیش له‌ فلیمه‌ خه‌یاڵییه‌كانه‌وه‌ هێنراونه‌ته‌ ئه‌رزی واقعی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ نه‌شكێنرێت, ئه‌وه‌ بوو له‌ پردێ و زومار له‌و شه‌ڕه‌ بچوكانه‌ بینیمان چۆن به‌ شكاوی جێهێڵران.
ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت و راستیه‌كان ئاشكرا بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ش وه‌ڵامی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق بده‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن شه‌ڕ نه‌كراوه‌ به‌ڵكه‌ ئێمه‌ براینه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌, نه‌ك بۆ رایگشتی كوردستانی پینه‌و په‌ڕۆی كاره‌كانیان بكه‌ن, سه‌دان هه‌زار كه‌ركوكی و دوزی و خانه‌قینی روداوه‌كان له‌ به‌رچاویانن پێویست به‌ رونكردنه‌وه‌ ناكات, چۆن وه‌ڵامی كه‌ناڵه‌كانی كه‌ی 24 و روداو ده‌ده‌نه‌وه‌, ئاواش راشكاوانه‌ وه‌ڵامی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق بده‌نه‌وه‌ كه‌ ستایشی هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌ مێژوییه‌كانیان ده‌كه‌ن له‌ گه‌ڵ ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌.

ده‌كرا شكانی سه‌رتاسه‌ری نه‌بێت

به‌یانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌لی سێكانی سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی پێوه‌ بوو, له‌ودیو ئه‌وانیشه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ پاشه‌كشه‌دابوو, هێزه‌كانی به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ كشێنرایه‌وه‌ بۆ پشت كه‌لی سێكانی,ئه‌و رۆژه‌ هێزه‌كانی ینك بارودۆخیان وه‌ك سه‌رده‌می ئه‌نفاله‌كان بوو, متمانه‌یان به‌ یه‌كتر نه‌مابوو, له‌ناو شاره‌كان سوكایه‌تی زۆریان پێكرا كه‌ ئه‌وان تاوانیان نه‌بوو, هه‌ر كوڕه‌ ئازاكانی ساڵانی پێشوتر بوون, زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌شی ئه‌وكارانه‌ی ده‌كرد رێكخستنه‌كانی پدك و به‌ هاندانی كه‌ناڵه‌كانی پدك بوو, خۆشیان به‌و هه‌موو ئازایه‌تی و بوێرییه‌یانه‌وه‌ كه‌ 3 ساڵ و سێ مانگ بوو له‌ به‌رامبه‌ر داعش نواندبویان له‌ ئاست روداوه‌كان روخا بوون, فرمێسكیان بۆ شكان نه‌ه‌بوو, به‌ڵكه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو 40 مانگ بوو خزمه‌تی ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌یان ده‌كرد, ئێستا له‌ناكاو پێیان چۆڵكرا. به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌م پێ دا, هێزه‌كانی پارتی ده‌یانتوانی كه‌لی سێكانی بۆ پردێ كۆنترۆڵ بكه‌ن و به‌و ساناییه‌ قه‌راغی شار به‌جێ نه‌هێڵن و دور نه‌كه‌ونه‌وه‌ لێی و هه‌میشه‌ چاویان به‌سه‌ر شاره‌وه‌ بێت, هێزه‌كه‌ی به‌غا ئه‌وه‌نده‌ فشۆڵ بوون نایان توانی له‌ كه‌ركوك بمێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رزاییانه‌ بێ شه‌ڕ چۆڵ نه‌كرابایان, ئه‌وه‌ی رویدا هێزه‌كان پدك و كه‌ركوك وه‌ك رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعشیان لێ هاتبوو, هه‌ر هه‌ڵاتن بوو و ئاوڕ نه‌دانه‌وه‌ بوو بۆ دواوه‌, ده‌یانتوانی هه‌زاران خۆبه‌خش به‌سه‌ر ئه‌و ره‌بایانه‌دا دابه‌ش بكه‌ن و به‌ چه‌كه‌ قورس و نیوه‌ قورسه‌كانه‌وه‌ داكۆكی بكه‌ن, ئه‌وه‌نده‌ له‌ شار دور نه‌كه‌ونه‌وه‌ تا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆی ببێته‌ خه‌ون .
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌بوایا شه‌ڕی سه‌رانسه‌ری دوای یه‌كه‌م ته‌قه‌ی حكومه‌تی عێراقی رابگه‌یه‌نرایا, ئاخر به‌رگری تا سه‌ر شكستییه‌ له‌ شه‌ڕدا.
حكومه‌تی عێراقی به‌ چه‌ند تێسره‌واندنێكی سه‌ربازی بچوك له‌ پردێ و مه‌خمور و ته‌له‌سقۆف و مه‌حمودیه‌ و زومار زریكه‌ی لێ هه‌ڵسا, هه‌رچه‌نده‌ شه‌ڕی سه‌رانسه‌ری له‌م بارودۆخه‌ سیاسییه‌, به‌م گه‌له‌كۆمه‌ هه‌رێمییه‌ی خستویانه‌ته‌ سه‌ر كوردستان, به‌ مانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی ئه‌سته‌مه‌ وه‌لێ له‌ مردن چاره‌سه‌رتره‌.

ئامانجه‌ لاوه‌كیه‌كانی كاره‌ساتی كه‌ركوك

هه‌ندێك شرۆڤه‌كار ئامانجی ناوخۆیی به‌شداری هه‌ندێك له‌ ماڵباتی تاڵه‌بانی له‌ هاوكاری سوپای عێراق له‌ گرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ كوده‌تای ناو ینك و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌م حیزبه‌ له‌ كوده‌تایه‌كی بنه‌ماڵه‌یی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆنگره‌ ” لادانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك, ده‌ركردن و لاوازكردنی نه‌یاران له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی ینك یه‌كه‌ی 70, به‌ تایبه‌ت ” كۆسره‌ت ره‌سوڵ , شێخ جه‌عفه‌ر, مه‌حمود سه‌نگاوی”, لاواز كردنی خه‌تی نه‌یارانی بنه‌ماڵه‌ له‌ رێكخستنه‌كانی ناو كه‌ركوك به‌ تایبه‌ت خه‌تی كۆسره‌ت كه‌ ناسراوه‌ به‌ كوتله‌چی, مه‌ترسی هه‌بوو ئه‌م كوده‌تا ناوخۆییه‌ له‌ رۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ ته‌سفیات بگات له‌ كاتێك زۆربه‌ی ئامانجه‌ ده‌ستنیشاكراوه‌كان له‌ كه‌ركوك بوون.
هه‌رچی به‌رامبه‌ر به‌ پارتییه‌ هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا, كه‌ پارتی له‌ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی زۆر زیاتر ئه‌ندامی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌یه‌و وه‌رگرتنه‌وه‌ی بیره‌ نه‌وته‌كان لێی, وه‌ ده‌ركردنی یه‌كجاره‌كی له‌ شار پاش ئه‌وه‌ی به‌هۆی ئیمكاناته‌وه‌ هێزی زیادی كردبوو له‌ شاره‌كه‌ ته‌نانه‌ت هێزی له‌ گه‌ڵ پێگه‌ی ده‌نگه‌كانیشی یه‌كی ناگرته‌وه‌,وه‌ لاواز كردنی له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان , ئامانجه‌ ناوخۆییه‌كان جگه‌ له‌ ده‌ركردنی دكتۆر نه‌جمه‌دین پێی گه‌یشتن ئه‌وی دیكه‌ له‌م قۆناغه‌دا به‌ روكه‌ش پێی نه‌گه‌یون, لێ هێشتا ململانێكان به‌ كۆتا نه‌گه‌یشتوونه‌,ده‌ركردنی دكتۆر نه‌جمه‌دینیش ئامانجه‌كه‌ی سه‌ری نه‌گرت, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاندیده‌كه‌یان رزگار عه‌لی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌, مه‌ترسی هه‌یه‌ خودی پۆسته‌كه‌ له‌ ده‌ست كورده‌كان ده‌بچێت و به‌ر پێكهاته‌كان تر بكه‌وێت.
هه‌ندێك كه‌س ئه‌م ئامانجه‌ لاوه‌كیانه‌ به‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌زانن و پێیان وایه‌ ئامانج لێی دوو كوده‌تای سیاسی بوو به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی كوردستان و هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتداری له‌ناو ینك, به‌ڵام من پێم وایه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی لای ئه‌مان نه‌بوو, چونكه‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی نه‌بوون له‌ نمایشه‌كه‌, به‌ڵكه‌ ته‌نها هاوكاریكه‌رێك بوون له‌ كۆتادا سوپاسی خۆیان وه‌رگرت, به‌ڵكه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی گه‌له‌كۆمه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بوو له‌سه‌ر پرۆسه‌ی به‌ كوردستانیكردنی كه‌ركوك و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی, داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌ ئێستادا ئه‌و ئامانجه‌ی پێكا.
دیاره‌ ململانێكانی ماڵباتی تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ گه‌ڵ هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتی ناو ینك كۆبونه‌وه‌كه‌ی 24ی ئۆكتۆبه‌ر گوایا یه‌كلای كردۆته‌وه‌, سه‌ره‌تای ململانێكانه‌, ئه‌گه‌ر شه‌رعیه‌ت لای هه‌ره‌می شه‌رعی ” مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی “بێت , ئه‌وا دارایی و گۆڕی تاڵه‌بانی و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و راگه‌یاندن و ….. لای ئه‌مانه‌.
سه‌یركه‌ن لاهور شێخ جه‌نگی به‌رامبه‌ر به‌ سه‌عدی پیره‌ چی ده‌ڵێت “لای ئێمه‌ جێگه‌ی قبوڵكردن نیه‌ سه‌عدی پیره‌ به‌ناوی یه‌كێتیه‌وه‌ لێدوان بدات، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ته‌واو بوو چیتر رێگه‌ ناده‌ین چه‌ند كه‌سێكی بێ ده‌سه‌ڵات و كه‌مینه‌ یه‌كێتی بكه‌ن به‌كلكی پارتی”.
پێش كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وتی ” ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ینك بڕیار له‌سه‌ر كۆنگره‌ ده‌دات”لاهور شێخ جه‌نگیش له‌ دیداری رۆژنامه‌نووساندا جه‌ختی له‌وه‌ كردوه‌ له‌ماوه‌ی دوو مانگدا كۆنگره‌ ده‌به‌ستن و ته‌واوی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی به‌كۆمه‌ڵێك گه‌نج‌و خوێنی تازه‌ نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌ وجارێكیتر له‌ناو یه‌كێتیدا متمانه‌ ناده‌نه‌وه‌ به‌و ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی ریفراندۆمیان كرد”.
لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت, ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك بێت ینك نه‌یتوانیبێت كۆنگره‌ ببه‌ستێت به‌هۆی باڵ باڵێنه‌وه‌, ئه‌وا زیاتر ینك به‌ره‌و یه‌كده‌ست بوون ده‌ڕوات و له‌ كۆنگره‌دا دوا بزمار له‌ تابوتی نه‌یاران ده‌درێت و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست ماڵباتی تاڵه‌بانی و لایه‌نگرانیان.


جیاوازی 31ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبه‌ر

بیرۆكه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌ی كی 1 ی كه‌ركوك له‌ پێشمه‌رگه‌ و رازی بوون به‌ هاتنه‌وه‌ی سوپای عێراقی بۆی و به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌ش له‌ لایه‌ن هه‌ردولایانه‌وه‌, بیرۆكه‌ی نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر ماكگۆرك بوو, ماكگۆرك چه‌ند كاتژمێرێك پێش په‌لاماره‌كه‌ی كه‌ركوك داوای رۆژێكی دیكه‌ی كرد بۆ درێژه‌دان به‌ هه‌وڵه‌كانی, بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ رونه‌دات, وه‌لێ عه‌بادی گوێی پێ نه‌دا و له‌ نیوه‌شه‌وی كۆتایی هه‌فته‌ی مه‌كگۆرك هێرشه‌كه‌ی ده‌ستپێكردو یه‌كه‌م ته‌قه‌ی خۆی كردو بڕیاری شه‌ڕی دا به‌ هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز له‌ لایه‌ن حاجی قاسمی سلێمانییه‌وه‌.
سێ جیاوازی له‌ نێوان 31 ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌بوو , ئه‌وانیش :
1- له‌ 31 ی ئابدا پارتی وه‌ك حیزب كاره‌كه‌ی ئه‌نجامدا, شتی شاراوه‌ نه‌بوو, تانكه‌كانی به‌عس چه‌كداری پارتی به‌ ئاڵای زه‌رده‌وه‌ به‌سه‌ره‌وه‌ بوو , وه‌لێ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا حیزب ئه‌و كاره‌ی نه‌كرد, گروپێك پێی هه‌ڵسان پێگه‌ی بڕیاردانیان نه‌بوو, رێكه‌وتنه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی حیزبییه‌وه‌و به‌ دزییه‌وه‌ ئه‌نجامدرابوو.
2- له‌ 31ی ئابدا هه‌ولێر له‌ ینك سه‌نرایه‌وه‌ درایه‌ پارتی , وه‌لێ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا كه‌ركوك له‌ ینك و پدك سه‌نرایه‌وه‌ و حكومه‌تی عێراقی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت .
3- له‌ كۆبونه‌وه‌ی دوكانی پدك و ینك , یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆ ئه‌م دۆسیه‌یه‌ بوو, واتا پارتیش ئاگاداری ئه‌م بژارده‌یه‌ بوو و به‌ نهێنی ئه‌نجام نه‌درا, ده‌بوایا ئاگاداری ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ئه‌م بژارده‌یه‌ بونایا.
له‌ گه‌ڵ له‌ ژێر پێنانی ئاڵای كوردستان له‌ شاری كه‌ركوك , هه‌موو رێكه‌وتنه‌كانیش له‌ ژێر پێ نرا, شێوازی گرتنه‌وه‌ی كه‌ركوك و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان نیشانی دا ئه‌وان سه‌یری كورد و ئاڵای كوردستان وه‌ك عێراقی ناكه‌ن, رازی بوون به‌ هژمۆنیای عێراقی له‌و ناوچانه‌ی بێشه‌ڕ كشانه‌وه‌ وه‌ك دوز و خانه‌قین و تراژیدیاكه‌ی كه‌ركوك , بۆخۆی بزمار بوو له‌ تابووتی رێكه‌وتنه‌كه‌, ئاڵا تاڵه‌بانی له‌ ته‌له‌فزیۆنی ئافاقی سه‌ر به‌ مالكی وتی “كه‌ركوك گه‌ڕایه‌وه‌ باوه‌شی عێراق, حكومه‌تی عێراقیش كاندیدی ینك ی بۆ پارێزگاری كه‌ركوك ره‌تكرده‌وه‌ , ده‌بێت كورد ئیتر داوای مافه‌كان و گفتوگۆ له‌ ئه‌بوه‌كانی پلایس و عوزرائیل بكات, گرنگی به‌ پێگه‌ی ینك نه‌درا, كه‌ هاوبه‌شی گرتنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ بووه‌, هاوكات خه‌ڵكیش زوو رێكه‌وتنه‌كه‌یان شه‌رمه‌زار كرد, پرۆسه‌كه‌یان به‌ له‌ده‌ستدان و داگیركردنی كه‌ركوك ناساند, بۆیه‌ ینك به‌م ستافه‌وه‌ زیان لێكه‌وته‌ی یه‌كه‌م ده‌بێت له‌ شاره‌كه‌, هاوكات توركیاو ئێران له‌به‌رامبه‌ر كورد له‌ كه‌ركوك یه‌كگرتوو بوون, كه‌ كورد ده‌ركرا, هاوپه‌یمانیه‌كه‌شیان فه‌لسه‌فه‌ی مانی ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ .
ته‌نانه‌ت توركیا و عێراق وشه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ نوسین و ئاماژه‌كانیان سڕییه‌وه‌, باكوری عێراقیان له‌ بری دانا, پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌كداری هه‌رێم و گه‌لی كوردستان به‌ هاووڵاتیانی باكوری عێراق ناسێنرا, هه‌مو ئه‌مانه‌ وامان لێده‌كه‌ن بڵێین ئه‌مجاره‌ مناڵه‌كانی تاڵه‌بانی و بله‌ی ئه‌حه‌ ره‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی رێكه‌وتنی سێو وپرته‌قاڵی بارزانی له‌ گه‌ڵ به‌غدا1964 له‌ 10ی شوباتی 1964 , ئه‌مجاره‌ ئه‌وان كه‌ركوك و كوردستانیان به‌ سێوو پرته‌قاڵێكی كرماوی گۆڕییه‌وه‌ , مێژوو دیسان به‌ شێوه‌ كۆمیدییه‌كه‌ی دوباره‌ بوه‌وه‌, ئه‌و كێكه‌ی خستیانه‌ به‌رده‌ستیان ژه‌هراوی بوو, فریای خواردنی نه‌كه‌وتن.
شكستی سه‌ربازی مافی گه‌لی كورد ناسڕێته‌وه‌, ناسنامه‌ی شاری كه‌ركوك و شارۆچكه‌كانی دی ناگۆرێت, هه‌رچه‌نده‌ كوردیش نه‌یتوانی به‌ باشی فه‌رمانڕه‌وایی بكات,توركمان و عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ نه‌وتی شاره‌كه‌ ده‌ڕۆیی بۆ هه‌رێمی كوردستان, هیچ ده‌ستكه‌وتێكی بۆیان نه‌بوو, وه‌ك ده‌ست سبه‌سه‌ر گیراو سه‌یریان ده‌كرد, هاوكات له‌ دوای شه‌ڕی داعشه‌وه‌, هه‌موو شتێك له‌ به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌ گۆڕا,ته‌نانه‌ت مزایه‌ده‌ی روكه‌شی ته‌نده‌ره‌كانیش نه‌ما, زه‌وی داگیر كردن په‌ره‌ی سه‌ند, دزی زیادی كرد, پرۆسه‌ی سیاسی چووه‌ دواوه‌ له‌ شاره‌كه‌, ئه‌مه‌و زۆری دی وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌ڕی داعش نیعمه‌ت بێت بۆ فه‌رمانڕه‌وا كورده‌كانی شاره‌كه‌, ئه‌وه‌ی كردیان بای ئه‌وه‌ هه‌بوو هاووڵاتیان هه‌ست به‌ له‌ ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتێك نه‌كه‌ن له‌ ده‌ستیان چوبێت .
له‌ كۆتاییدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن قزڵباشییه‌كانی قاسم سلێمانی له‌م خوله‌دا چه‌ند ساڵ له‌ كه‌ركوك ده‌مێننه‌وه‌؟.




نا بۆ ستەمکاری بارزانی … دەبێت (نا)ش بێت بۆ ستەمکاری عەبادی … ئازاد ئارمان

“ئەو گەلەی کە گەلانی تر دەچەوسێنێتەوە زنجیرەکانی دیلیەتی خۆی پتەوتر دەکاتەوە.”. کارل مارکس
ئەمرۆ نارەزایەتی لە سیستەم و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم ئەگەر چی تاوەکو ئێستا رێکخراو نییە، بەڵام لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و تورەیی جەماوەر رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشاندایە. سەرئەنجام لایەنی کەم ئەم نارەزایەتیانە دەبێت شکست پێهێنان و هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم بەدواوە بێت. سەرەرای ئەم هەلومەرجە تازەیەش کە رووبەرووی خەڵکی کوردستان بۆتەوە لە لایەن رژێمی ستەمکاری مەزهەبی توندرەوی حکومەتی عێراقەوە. بە بەرچاوی هەموو دونیاوە بە لەشکرکێشی هێزەکانی سوپای عێراق، پۆلیسی فیدرالی و میلیشیایی حەشدی شەعبی شاری کەرکوک و بە گشتی نزیکەی سەدا پەنجای خاکی کوردستانیان بە پەلاماری درندانە داگیرکردەوە و حکومەتێکی نیزامییان لەم شوێنانەدا راگەیاندووە.

ئەوەی من لەم نووسینەدا دەمەوێت جەختی لە سەر بکەمەوە ئەوەیە بەشێک لە ئۆپۆزیسۆنی کوردستان و چاڵاکوانەکانیان لە ئەندام پەرلەمانیانەوە بگەرە تاوەکو چاودێری سیاسی یان چاڵاکوانەکانیان لە فەیسبووک و سۆسیال میدیاوە. دژایەتی و نارەزایەتیەکانیان لە بەرامبەر دەسەلاتی ستەمکارانەی حکومەتی هەرێم، وایان لێ دەکات بکەونە هەڵەیەکی مەترسیدارەوە و سیاسەتە مەزهەبی و شۆڤینیەکانی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئۆکەی بکەن بە جۆرێک لە جۆرەکان بکەونە بەرەی عەبادی و پێیان وابێ حکومەتی عەشدی شەعبی دەتوانێ داواکارییە رەوا و پەنگ خواردووەکانی ٢٦ ساڵەی ستەمکاری هەرێمیان بۆ جێ بەجێ دەکات. و لە هەرێمێکی خۆشگوزەران بەهرەمەند دەبین و پارەی دزراوی نەوت و غازەکانمان بۆ دەگەرێتەوە.

مەگەر نابێت لە خۆمان بپرسین ئایا ئێستا کرێکاران و خەڵکی رەنجدەر و زەحمەتێکێشی بەغداو بەسرا و نەجەف و کەربەلا ئاستی ژیان وگوزەرانیان لە ئێمە باشترە ئازادی و مافە مەدەنییەکانیان لە ئێمە بەرفراوان ترە؟ پەروەردە و تەندروستییان لە ئێمە باڵاترە؟ ئایا لەوێ حکومەتی هاوڵاتی بەرقەرارە؟ یان حکومەتی مەزهەبی و میلیشیایی؟

هەر کەسێک تۆزقالێک نیگەرانی هەیە و لای رۆشن نییە کارکردی ئەم هێزە مەزهەبییانە چییە و چ کارەساتێکن بۆ سەر کۆمەڵگا. دەتوانێ سەیری ئەزموونی حکومرانی ٣٨ ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات.
بۆیە پێویستە ئێمە لە دژی ستەمکاری بێینە مەیدان جا ئەم ستەمکارییە لە ژێر پەردەی نەتەوەپەرستی دا بێت یان لە ژێر فراوانکردنی دەسەلاتی مەزهەبی شیعەگەرایی دابێت. ئێمە نابێت باوەرمان بەم پەندە هەبێت کە دەڵێت ” دوژمنی، دوژمنەکەم دۆستمە” نابێت دژایەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم وامان لێ بکات بە خێرهاتن لە دەوڵەتی عەبادی بکەین. کە روون وئاشکرا دیارە سیاسەتی حکومەتی حەشدی شەعبی، درێژکراوەی سیاسەتی پان ئیسلامیزمی کۆماری ئیسلامی ئێران و گەیشتنە بە هیلالی شیعی لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا.




جه‌نه‌ڕاڵی به‌زیو … به‌ختیار محه‌مه‌د

ژانێك له‌ ناخم ده‌چۆڕێ
سپی
وه‌ك شمشێره‌كه‌ی ئیمامی عه‌لی و معاویه‌.
زه‌رد
وه‌ك لاپه‌ڕه‌ی زه‌ردی مه‌سحه‌فی
مێژووی خیانه‌تی ئێمه‌.
ڕه‌ش
وه‌ك ناخی ڕه‌شی
سه‌ركرده‌كانی تیاترۆخانه‌ی كوردایه‌تی.
ته‌ڵخ
وه‌ك ئاوێنه‌ی شكاوی ته‌ڵخی عه‌قڵی
جه‌نه‌ڕاڵه‌ به‌زیوه‌كانی ڕیفراندۆم.
ئه‌و جه‌نه‌ڕاڵانه‌ی
به‌رله‌وه‌ی ‌گورگی بیابان بكوژن
كارمامزی مێژووی شاخیان كوشت.
من ئێستا هه‌تیوێكی پێ په‌تیم
له‌ شه‌قامه‌ پیسه‌كانی سیاسه‌تی جیهاندا
وه‌ك سواڵكه‌رێك
ڕاده‌كه‌م و ڕاوم ده‌نێن.
من ئێستا له‌ ماڵه‌ كاوله‌كه‌ی خۆمدا
هه‌تیوێكی بێ كه‌سی سوڵكه‌ری ده‌ستبه‌سه‌رم.
من ئێستا نه‌ته‌وه‌یێكی زۆڵی مێژووم
نه‌ دایكم هه‌یه‌ نه‌ باوك
هیچ كه‌سێك له‌ هه‌تیوخانه‌كانی
به‌زه‌یی خۆشی وه‌رمناگرێ.
من ئێستا باوكم مه‌لای خه‌تێیه‌ و
دایكم فاتیمه‌ی ژنی عه‌لییه‌ و
مێژووشم بووكی ئوممه‌ی عه‌ره‌بییه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




پشتی کەوالیس و دیوی شاراوەی ڕوداوەکان بەرەو کوێمان دەبەن … بەختیار نامیق

ئەوەی ڕودەدات و لە شاشەی تی ڤیەکانەوە دەیبیستین تەنها ئەو ڕوداوانەن کە ڕوو دەدەن ، دەکرێت بپرسین ئەگەر ڕاگەیاندن کاری گواستنەوەی ڕوداو بێت ئەی کێ ڕوداوەکان دروست دەکات ، ئەوەی دەیبینین گەر بکرێتە پیوانە بۆ ڕوداوەکان ئەوا جگە لە خلیسکێن بەسەر ڕوداوەکاندا هیچی تر نابێ ، ئەوەی کە زۆر بە خێرایی ڕودەدات ، لە پشتی کەوالیسەوە ڕێکەوتنێکی ناوچەیی و جیهانی هەیە لەسەری ، پلانەکە دانراوە و واژۆی هەموانی بەسەرەوەیە ، پاشان کەوتوتە بواری جێبەجکردنەوە ، قۆناغی دوای داعش و گەڕانەوە بۆ نەخشە کۆنەکە ئەو پرسەیە کە کاتی خۆی بە هەمو هێزەکان وتراوە ، یەکێک بوە لە ئەجێندای هاوپەیمانان لە سەفرەی دوای کەوتنی داعش ، ئەگەر داعش بوبێتە هۆی تێکدانی نەخشەی جوگرافی و ئابوری و بەرژەوەندی وڵاتان ، ئەوا ئەوە ڕونە دوای داعش گەڕانەوەیەک هەیە بۆ سەر هەمان نەخشە بە کۆمەڵێک دەستکاری بچوکەوە ، خۆ ئەگەر ئەم شەڕانە زیاتر ئابوری بێت ، ئەوا دەبێت ئەوە ببینن کە سگۆشەیەکی ناوچەیی هەیە لە ناو چوار گۆشەیەکی گەورەدا (سێگۆشەکە…ئێران + تورکیا+عێراق ) ( چوار گۆشەکەش …. ئەمریکا + ڕوسیا + بەریتانیا + فەرنسا) کە خۆی لە کۆبونەوەکەی پاریسدا دەبینیەوە و هەر ئەو ڕێککەوتنە بوە هۆی دانانی دابەشکاریەکە چی لە عێراق و چی لە سوریا ، ئەوەش دەزانین کە ئەو سفرەیەی داخرواە ، دوای داعش پشکی شێر و پڵنگ و پشیلەی تێدا دیاری کراوە ، بۆیە دەکرێت بەم خاڵانە پۆلێنی بکەین :

1. وڵاتانی چوار گۆشە بەرژەوەندی گەورەیان هەیە لەسوریا و عێراق و هەرێمی کوردستاندا و ململانێشیان هەیە لەگەڵ تورکیا وەک قوتبێکی وڵاتانی سێگۆشە ، هەر بۆیە تورکیا بە پاڵپشتی ئیسرائیل هەوڵی دا کارتێکی بەهێزی پێ بێت ، بۆ ئەوەی پشکی پڵنگێکی تەواوی بەربکەوێت ئەویش بە سیناریۆیەک بو کە لە ڕێ ی هەرێمی کوردستانەوە بتوانێت گوشار دروست بکات بۆ ئێران و بتوانت هەم سونەکان بباتەوە ناوەند هەم بیکات بە کارتێک بۆ سەر مێزی چوارگۆشەکە ، هەر بۆیە کورد و بەشێکی ناو ڕێککەوتنی ستراتیژی (کە ڕێککەوتنێک بو لە نێوان تاران و ئەنقەرەدا ) بەکار بهێنێت ، تورکیا سەرەتا لە کاتی داعشدا سەرچاوەی نەوت و غازی (هاڤانا و بای حەسەن و خورمەڵە ..هتد) ی بەست بەخۆیەوە ، ئەو کات چاوپۆشی لێکرا لەبەر بونی شەڕی داعش، دوای ئەوەی توانی زۆنی زەرد و مسعود بارزانی بەکار بهێنێت ، بیکاتە کارتێکی بەهێز و لەگەڵ ئیسرائیلدا بیفرۆشن ، ئەمە بۆ تورکیا گەڕانەوەیە بۆ پشکی کارتێکی بەهێز لە ناوەندا ، هەر بۆیە توانی یاری لە بەژەوەندی خۆی بە کورد بکات و بڕیارەکانی سەر مێزی چوار گۆشەکە قبوڵ بکا بە گەشتن بە شەریک بون بە عێراقی ناوەند و پشت بکاتە بەرزانی تا ئەو ڕادەیەی سێگۆشەی فیشخاپور و بۆری نەوتی کوردستان ڕا دەستی عێراق بکرێت و ڕێککەوتن لە عێراقی شیعەی ئێرانی واژۆ بکات تا بتوانێت لە داهاتودا لە سوریاش ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکات بە ڕێنمایی ولاتانی چوار گۆشە .

2. تورکیا بۆ ئەوەی بتوانێت سنورەکانی لەگەڵ سوریادا باش بێت و دەروازە ئابوریەکانی لەگەڵ عێراق بێ کێشە بێت ، دەبێت جۆرێک لە ڕێککەوتن لەگەڵ پەکەکە بکات چونکە باش دەزانێ کە سوریاش دەبێتەوە بە وڵاتێکی یەکگرتو کورد بەشێک دەبێت لەو دەوڵەتە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم ڕێککەوتنانە بپارێزێ و کێشەی ئەمنی سەربازی بۆ ئابوریەکەی دروست نەبێت دەبێت لەگەڵ پەکەکە ڕێکبکەوێت لەسەر مێزی ولاتانی چوار گۆشە و بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ولاتانی سێگۆشە .

3. ئێران جگە لەوەی وەک ئەختەبوتی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست وایە ، توانیویەتی عێراق بە تەواوەتی داگیر بکات بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکییەوە ، (ئەمریکا بۆ ئەوەی بتوانێت شەڕی کۆریای باکور بکات کە مەترسیە لەبەردەمیدا دەبێت دوژمنەکانی کەم بکاتەوە ) دەیەوێت پشکی گەورەی هەبێت و ئەوەی ناو دەنرێت هاوسەنگی هێزی تورکیا و ئێران کە ڕەزامەندی ولاتانی چوارگۆشەی لەسەرە ، دەیەوێت زیاتر فراوانخوازی بکات ، ئەمەش دەرچونە لە پشکی خۆی لەسەر سفرەکە کە پشکی پڵنگە ، بۆیە ڕێککدەکەوێت لەگەڵ تورکیا ، تورکیاش ڕەزامەندە بە مەرجێک لە داهاتوی سوریادا ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لەبەرچاو بگرێت ، دوا جار ئێران دەیەوێت وەک ئەوەی ڕۆڵی هەیە لە سوریا ئەو ڕێگەیە لایەنگرانی خۆی تیدا بێت کە دەچێتەوە سەر دەریایی سپی وەک گرنگترین ڕێگای گواستنەوە لە وڵاتانی دەریای قەزوینەوە بۆ دەریای سپی .

4. بەرژەوەندی ولاتانی چوارگۆشە لەوەدایە کە عێراقێکی یەکگرتوی دەستوری دروست ببێت تا بتوانن بیکەنە سفرەی خواردنی سەر مێزی ئەو ولاتانە و ئاسایش هەبێت تا کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان بتوانن کارەکانیان بکەن ، بەرژەوەندی ئێران و تورکیایە کە عێراقێکی دەستوری یەکگرتوهەبێت و بتوانن بەرەککەوتنە ئابوریەکانیان لە شەڕی ئابورییەوە بگۆڕن بۆ مێزی هاوبەشی ئابوری ، هەر بۆیە ئێستە عێراق هەوڵ دەدات هەمو هێزەکان بە حشدی شەعبیشەوە بخاتە ناو چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری بە هێزی پێشمەگەشەوە ، تا بتوانێت حیزبە عێراقیەکان چەک بکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، وە عێراق بە گڵۆپی سەوزی وڵاتانی چوار گۆشە و سێگۆشەشەوە ئەم شەڕانە دەکات و پێ ی وایە هێزی دەستوری هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ٢٠٠٣ کە ڕیفراندۆم بوە ئەو کارتە بەهێزەی کە بەدەر لە تورکیا و ئیسرائیل عیراق لە دیوێكی ترەوە سودی لێ وەر گرت ووڵاتانی زل هێزیش پاڵپشتی بون .

5. هەمومان دەزانن کورد خۆی بەشدار بوە لە نوسینەوەی دەستور و واژۆیان کردوە ( مام جەلال +مەسعود بارزانی +نەوشیروان مستەفا) ئەوەی ماوەتەوە کەیسی مادەی ١٤٠ کە تا هاتنی داعش چارەسەر نەبوبو ، لە بۆشایی یاسایی و ئەمنی و عەسکەریدا کورد توانی هەمو ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکات و عێڕاق بێ دەنگ بو لەبەر موسڵ و شەری داعش هەر بۆیە دوای ئەم قۆناغە ، ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ کە هیچ هێزێکی ناوخۆیی و دەرەکی و دەستوری نەبو، وە هیچ پاڵپشتێکی ولاتانی سێگۆشە و چوار گۆشەی نەبو ، توانی شەرعەت بداتە عەبادی بە ئۆکەی ناوچەیی و جیهانیەوە تا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سنوری ٢٠٠٣ ، هەر بەمەشەوە ناوەستێت توانیویەتی لە ڕێ ی هەندێ سەرکردەی یەکێتیەوە شەرعیەت بدات بە خۆی بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لە دۆسیەی ئەم چەند ساڵەی ( نەوت و فڕۆکەخانە و مەرزەکان) بکات ، کە پێ ی وایە ئەمانە سیادین دەبێت لە ژێر کۆنتڕۆڵی عێراقدا بێت .

6. ئێستە کورد بوە بە دو بەشەوە ، عەبادیش کۆمەڵێک تاکتیک و سیناریوی پێ یە بۆ ئەوەی زیاتر ڕۆڵی هەبێت لە هەرێمی کوردستاندا بەوەی بەشێكی کورد ڕازی بون بەوەی (کەرکوک +سلێمانی+هەڵەبجە ) وەک سێ پارێزگا هێزی هەرێمی دەستوری پێ بخەشن ، تا هەولێر و دهۆک بمێنێتەوە نەتوانێت وەک هەرێمێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە هەرێمی داببڕن ، واتا هەرێمی کوردستان بکەن بەم سێ پارێزگایە ، وە دادگای ڕەسافەش وەک دادگایەکی سیاسی بەکار دێنێت بۆ ئەوەی لێپێچینەوە بکات لەو کاربەدەستانەی کە لە کاتی بۆشایی شەڕی داعشدا نەوتی کوردستانیان فرۆشتوە ، هەر چەند زۆنی زەردو پارتی بە هەمو شت ڕازی بون ( سڕکردنی ڕیفراندۆم + چۆڵ کردنی ئەو سنورانەی کە دەبێت لێ ی بکشێتەوە + تەسلیم کردنی مەتار و مەرزەکان و نەوت + کشانەوە لە سێگۆشەی فیشخاپور ..هتد ) بەڵام دەبینین عبادی هێشتا پێداگری زیاتر دەکات ، جونکە هێزێکی کوردی ئەو شەرعیەتەی دەداتێ .

7. چارەنوسی پارتی و مەسعود بارزانی : ئەگەر چی پارتی و سەرۆکەکەی بەردەوام لە دابەزیندان ، بەڵام بەغداد زیاتر پێ داگری دەکات ، کە گەشتە ئەوەی بارازانی واز نامەکەی خۆی بڵاو بکاتەوە ، بەلام لە پڕ بە تێلێکی تیلەرسن دەگۆرێت ، ئەمەش هۆکارەکەی بەندە بە ململانێ ی نێوان ماکگرۆک و قاسمی سلیمانیەوە ، ئەو کاتەی هەست دەکرێت قاسم لە بەشی پڵنگی خۆی زیاتر داوا دەکات ، ئەمریکا پێویستی بە بارزانی دەبێت تا بیکات بە کارتێک بۆ ئەم یارییە ، هەر چەند بە پێ ی ڕێککەوتنەکەی پاریس هیج هەڕەشەیەک بۆ سەر سنوری پێش ٢٠٠٣ نیە ، بەڵام وا پێ دەچێت قاسمی سلێمانی لە ڕێ ی بەشێکی یەکیتیەوە بیەوێت شەرعیەت بە عەبادی بدات تا دادگایکردنی بارزانی و هاوەڵاکانی سەر بە تورکیا و تورکیاش ڕازیە لە بەرامبەر چونەوەی سونە بۆ ناو هاوکێشەی سیایسی بەغداد و پشکی ئابوری ، هەر بۆیە ئەمریکا لەم یاری و ڕێکەوتنی تورکیا و ئێرانە دەترسێت و دەترسێت ڕێگای نوێ ی بۆرتی نەوت و غازی سەر دەریای سپی بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێرانەوە کە پەکەکەش بەشێکی سەر بە ئێرانە و ئەمریکا ئەم شەڕە بۆ دوا ڕۆژی سوریاش دەکات ، بۆیە نەهێشت بارزانی واز نامەکە بخوێنێتەوە ، لێرەوە تا ئێران فراوانخوازی باکت ئەمریکا پێویستی بە بەرزانیە ، لێرەوە نەیهێشت بارزانی واز نامەکە بخوێنێتەوە ، بە کورتی واز نامەی بارزانی بەستراوە بە ململانێکانی قاسمی سلێمانی و ماکگرۆکەوە ، خۆ ئەگەر ئێران گلۆپی سەوزی ئەمریکی بەدەست بێنێت ئەوا کۆی هەرێم و بە هەولێرو دهۆکیشەوە وەک ناوەند دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و تورکیاش ڕازی دەکات بە پشک لە ناوەنددا .

8. ئەگەر وڵاتانی چوارگۆشە پشکی شێریان هەبێت ، ئەوا ولاتانی سێگۆشە دەبنە خاوەن پشکی پڵنگ و هەرێمی کوردستانیش یا زۆنی زەرد یا زۆنی سەوز یا تەنها باڵێکی زۆنی سەوز دەبێتە خاوەن پشکی پشیلە ، ئەوەش لەسەر دەستی پاڤێڵ تاڵەبانی دەکرێ ، کە پاڤێڵ دو باڵی هەیە و کە بریتین لە ئاراس شێخ جەنگی و لاهور تاڵەبانی ، کە ئەمانە دەبنە نمایندەی کورد لە وەزارەتی بەرگری عێراقدا و بۆ ئیدارەکان و پەرلەمانی هەرێم ( کەرکوک و سڵێمانی و هەڵەبجە) یان ئەگەر پلانەکی ئێران سەری گرت ، ئەوا (هەولێرو دهۆکیشی) دەچێتە سەر ، حیزبە بێ چەکەکان ڕۆڵی گەورەیان دەبێ .

9. لەم کاتەدا بۆشایەکی گەورەی دبلۆماسی و مناوەرەی سیایسی هەیە کە دەبو گۆران کارئەکتەری سەرەکی بوایە بە شێوەیەک دەبو ئێستە بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی گەورە خاوەنی گەورەترین مێزی مفاوەزاتی سیاسی بوایە ، چونکە ئێستە زەمینەی دبلۆماسی و مفاوەزات لەبارە تا شوێنی بەریەککەوتنی سەربازی بگرێتەوە ، گۆڕان دەتوانێت لەسەر شانۆی ئەم روداوانە وەک کاریگەریترین کارئەکتەری سیاسی ڕۆڵی سەرەکی ببینێت ، ئەم زەمەنانە بۆ گوران زەمەنی ئاڵتونین ، پێم وابێت گەر نەتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت ، ئەوا دور نیە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەم زەمەنە ئاڵتونیە لە کیس خۆی بدات ، ئەویش نە بە خۆپیشاندان دەبێت نە پەنا بردن بۆ چەک ، تەنها سەرکردە سیاسیەکان بتوانن مناوەرەی سیاسی بکەن و قسەیان هەبێت کۆمەڵێک لیژنە پێک بهێنێت و بچنە ( بەغداد + تاران + ئەنقەرە + ئەمریکا + ڕوسیا + بەریتانیا + ولاتانی ئەوروپا+سعودیە + ئیسرائیل ) ،وە شکستی دەوڵەتداری و حوکمڕانی ئەم مۆدێلە ڕابگەیەنن، چونکە ئێستا ڕۆڵ ڕۆڵی بزوتنەوە بێ چەکەکانە .




دۆعای کۆمەڵێک پێشمەرگە و شیکارییەکی بەندە! … جیهاد موحەمەد

هەندێک ڕووداوی گاڵتەجاڕیی بەسەرماندا تێدەپەڕێت بێ ئەوەی ئاوڕێکی جددی لێبدەینەوە، وای لێکدەدەینەوە کە تەنها بۆ پێکەنینە، لە ڕاستیدا ئەو جۆرە لە پێکەنین و گاڵتەجاڕییە پرس و مەسەلەی زۆر جددی لە پشتەوەیە، دەمەوێت بڵێم، کە یەکێک لە ڕەهەندەکانی پێکەنینە و پێکەنینەکەش بۆ داپۆشینی جددیەتەکەیەتی، وەکو تر چەندین ڕەهەندی تری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی هەیە، کە پیویستە بە گوێرەی توانا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەروا بە سانایی بەسەرماندا تێنەپەڕێت.

یەكێک لەو پێکەنین و گاڵتەجاڕییانە، پێکەنین و گاڵتەجاریی دۆعا و تکای پۆلێک پێشمەرگەی هەژارە لەو خواوەندەی بە دڵ و دەروونێکی پاکەوە بڕوایان پێیەتی، ئەم پۆلە پێشمەرگەیە یەکێکیان دۆعاکان دەکات و ئەوانیتر دەستیان بەرزکردۆتەوە و “ئامین” یارب العالمین ی بۆ دەکەن. بە پێویستم زانی بە گوێرەی توانا و سەلیقەی خۆم شیکارییەک بکەم لەسەر ڕەهەندە سیاسیی و کۆمەڵاییەتیی و چینایەتییەکانی ئەم پێکەنین و گاڵتەجاڕییە، تا بزانین بەڕاست ئەم پۆلە پێشمەرگەیە تەنها بۆ پێکەنین و خۆشییەکی ڕووت ئەم دۆعا و نزایە دەکەن یان پاڵنەرێکی دیکەی لە پشتەوەیە.
بە بڕوای من و وەک هەمووشمان دەیزانین وتە و قسەکردن و دەربڕینەکانی هەرچ مرۆڤێک یان کۆمەڵە مرۆڤێک دەربڕینی بیر و ئەندێشەیە، دیارە هەرچ مرۆڤێک بە گوێرەی پاشخانە هۆشیاریی و ڕۆشنبیرییەکەی خۆی گوزارشت لە بیر و ئەندێشەی خۆی دەکات. زۆر جار مرۆڤە سادەکان، دەربڕینی زۆر قووڵ و گرنگ و بەهێزیان هەیە، وەلێ بە زمانێکی سادە و ساکار دەریدەبڕن، بە داخەوە گرنگی بەو زمانە سادەو ساکارە نادرێت و هەروا بە سانای بەسەرماندا تێدەپەڕێت. زۆربەمان کاک (عەبدوڵلە)مان لە شاری سلێمانی دەناسی، کە بە داخەوە لە پڕ بە جەڵدەی دڵ گیانی لە دەستدا، ئەم پیاوە بەڕێزە، ڕۆژانە لە داخی هەژاریی و داماویی و بێکاری دەیان دۆعای لە خەڵکی هەژار دەکرد و بە گاڵتە جاڕیەیوە دیەوت:” خوایە هەرچی فەقیەرە نانی بە ئاوی نەگات، خوایە دەوڵمەندەکان دەوڵمەندتر بکات”
ئەمەی لێردە دانراوە، لینکی دۆعاکردن و نزا و پاڕانەوەی ئەو پۆلە پێشمەرگەیەیە کە وەک ئاماژەم پێدا، لە فەیسبووکدا بۆ پێکەنین و خۆشی خەڵک بۆ یەکتری دەنێرێت. تکایە بە وردی گوێ لە دۆعا و نزاکانییان بگرن پێش ئەوەی شیکارییەکەی من بخوێننەوە!
https://www.youtube.com/watch?v=le5lp12xEvg

یەک یەک دۆعاکانیان دەنووسمەوە و بە گشتی قسەیان لەسەر دەکەم:
١/ “یاڕەبی خوایە هەرچی ئاڵتون و ئەڵماس هەیە گشتی بکەیت بە تەنەکە”.
٢/ “یاڕەبی خوایە هەرچی پارە و دۆلار هەیە گشتی ببێت بە قاقەز”.
٣/ “یاڕەبی خوایە هەرچی باخ هەیە ببێت بە دڕک و داڵ”.
٤/ “یاڕەبی خوایە هەرچی عیمارە و ڤێللە و قەسری بەرز هەیە ببێت بە کەپری حەسیر وەک ئەم کەپرە حەسیرەی ئێمە”.
٥/ “یاڕەبی خوایە هەرچی بۆریە نەوت و نەوت هەیە هەمووی ببێت بە چڵکاو”.
٦/ “یاڕەبی خوایە هەرچی سەیارەی مۆدێل بەرز و وەنەوشە و مۆنیکا هەیە ببێت بە (کەریم کابان)”…. (لەگەڵ ڕێزمدا بۆ مامۆستا کەریم کابان، من لێرەدا قسەکەی ئەوان دەنووسمەوە).

ئەگەر بە وردی لە دۆعاو نزاکانییان وردبیینەوە، ئەم پۆلە پێشمەرگەیە کە نموونەی هەزاران پێشمەرگەی هەژار و داماو و کەمدەستن، لە بێچارەییدا ڕق و کینەیان لە هەموو دەوڵمەندەکان و خاوەن باخەکان و پاردار و خاوەن دۆلارکان و خاوەن ڤێللە و قەسەرەکان و خاوەن سەیارە مۆدێل بەرزەکانە. بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە دژایەتی هەموو ئەمانە دەکەن لە ناخی خۆیاندا، ڕقیان لە هەموویانە، کەچی لە هەمان کاتدا چەکی پێشمەرگایەتییان هەڵگرتووە و پێیان دەوترێت پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکان، بۆ بەکارهێنانیان ڕۆژانە لە تیڤییەکانەوە و لە رۆژنامەکانەوە لە ڕادیۆکانەوە جگە لە خەڵکی گشتی بەسەر زاری بەرپسانەوە بەوپەڕی ڕێزەوە ناویان دەهێنن و بە پاڵەوان و بە ئازا ناویان دەبن. تەنانەت لەسەر قسەیەکی کاک عەدانان عوسمان کە تەنها ئەوەندی وت کە ئەم هێزە چەکدارانە هێزی میلییشیایین، مەسعود بەرزانی گوایە زۆر ڕێز لە پێشمەرگە دەگرێت و زۆر پێشمەرگەی خۆشدەوێت هەڕەشەی لێکرد و ڕایگەیاند کە ئەوانەی ناوی پێشمەرگە بە میلیشییایی دەبن لە کوردستاندا جێگەیان نابێتەوە!، لە کاتێلدا کە کاک عەدان عوسمان ئەو کاتە ئەندام پەرلەمان بوو.

هەمووشمان ئەو ڕاستییە دەزانین و چەندین جار لە خودی تیڤیەکانی پارتی و یەکێتیشەوە ئەو پێشمەرگانەی کە بە ناچاری و بە دەم گریانەوە بەرماڵی سواڵییان دادەخست لەبەردەم مزگەوتەکان و سەرشەقامەکاندا پیشاندەدران. کە بە بەڕوای من ئەمە شکۆشکاندن و بێڕێزییە کە بە پێشمەرگە دەکرا، کە بە دوومانگ جارێک ـ جگە لەو ماوەیەی کە ئەمریکا موچەی بۆ پێشمەرگە دەنارد ـ ٥٠٠ هەزار دیانر دەدار بە پێشمەرگە. بەردەوام پێشمەرگە بەدەست کەمی موچەکەیەوە هاواری بوو. لەهامانکاتدا ئەفسەرکانیان و بە تایبەتی ئەفسەرە پلەدارەکانییان موچەی چەندین ملوێنییان وەردەگرت، ئەوان پۆشتەوپەرداخ و ئەمانیش هەژار و داماو، ئەوان بە کاروانی ئوتومبیلی مۆدیل بەرزەوە هاتوچۆیان دەکرد وئەمانیش زۆر جار بۆ کرێی سەیارەی هاتووچۆی بەرەی جەنگەکان دادەمان. ئەوان ژن و کچەکانیان تا نێوەی گەردن و قۆڵ و باڵیان لە ئاڵتون هەڵکێشراو، ئەمانیش کچ و ژنەکانیان ڕووت و قوت و لە ساڵێکدا دوو دەست جلی بۆ نەدەکڕدرا. ئەوان پڕ باخەڵیان لە دینار و دۆلار و ئەمانیش باخەڵیان خاڵی. ئەوان نەوت و گازەکەیان دەدزیی و دوکەڵ و پیسییەکەشی بۆ ئەمان.
کەواتە ئەم دۆعاکردن و پاڕانەوەیە لە خوا لە ڕق و کینەیەکی ڕەوایانەوە هاتووە بەرامبەر بە بەرپرسەکانییان و بەرامبەر بە دەوڵەمەندەکان. ئەم ڕق و کینەیە ڕق و کینەیەکی چینایەتییە. چینە هەژارەکان ئەگەر هیچیان پێنەکرا و بێ دەسەڵات بوون لە بەگژاچوونەوەی چینە چەوسێنەرکان خۆ هیچ نەبێت ئەوەیان پێدەکرێت کە ڕقیان لێیان بێت و بەم جۆرە بە گاڵتەجاڕییەوە ڕق و کینەکانییان هەڵڕێژن.

هەڵڕشتنی ئەم ڕق و کێنەیە، لە لایەک ئارامییان پێدەبخشێت، لە لایەکی تریش چونکە بە گاڵتەجاڕیی و پێکەنینەوەیە ناکەونە بەر لێپرسینەوە و سزادان لە لایەن بەرپرسە دڵڕەقەکانییانەوە.
دەربڕینی ئەم ڕق و کینەیە، ئەوەمان پێدەڵێت، کە چەوساندنەوەی چینایەتی بنەمای هەموو چەوساندنەوەکانە، لە هەموو چەوساندنەوەکان بە ئازارتر و گەورەترە.

بەڵام ڕەهەندێکی تری ئەم ڕق و کینە چینایەتییە، ئەوەیە کە هەژارانی کوردستان زیاتر لە سەد ساڵە بەوە گۆشدەکرێن کە چەوساندنەوە و زوڵم و زۆر و بێدەرتانیی و کەمدەستیی و ماڵوێرانی تەنها لە چەوساندنەوەی نەتەوەییەوە هاتووە، ئەگەر ئەم چەوساندنەوەیە بسڕێتەوە چیتر خەڵک ناچەوسێتەوە و هەژار و داماو نابێت!. ئەم پەروەدەکردنە کارێکی کردوە کە ڕاستی ئەوە لە بیرهەژارن بەرێتەوە کە لە پێش چەوساندنەوەی نەتەوەیی و گەورەتر لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی چەوساندنەوەی چینایەتیە کە مرۆڤەکان دەهاڕێت. هەژارانی وڵاتی ئێمە بەوجۆرە پەروەردەیەکی شۆڕشگێڕیی نەکراون کە لە یەککاتدا دەتوانرێت بە گژ هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوەدا بچێتەوە و دنیاییەکی بەختەوەر و یەکسان و دادپەروەر بۆ خۆی بێنێتە ئاراوە. ئەم پەروەدەیە لە لایەن هێزە ناسیۆنالیستەکانەوە کاری لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت گەورەترین هێزی بۆ دروستبکرێت و لە هەمانکاتدا بۆ ئەوەی ئەم هێزە دنیایی چەوسێنەران و دەوڵەمەندەکان تێکنەدات. ئەم پەروەدەیە لەهەموو شۆڕس و بە ناو بزووتنەوەکانی ڕزگاری خۆازییدا هەروا بووە.

بۆرجوازیەتی دواکەوتوی کوردستان بەم پەروەردە سەقەتە ناسیۆنالیستیی و دینییە، توانیویانە خەڵکێکی زۆری پێهەڵبخەڵەتێن و بیانکەن بە هێزێکی گەورە بۆ مانەوەی دنیا پڕ لە نایەکسان و نادادپەروەر و نا مرۆڤییەکەی خۆیان. ئەگەر وردبینەوە لە ماوەی ٢٦ ساڵی حوکمڕانی ئەم حیزبە دەسەڵاتدارە ناسیۆنالیستیی و دینییانەدا، بەردەوام خەڵکی هەژار و داماو بوون بە پارێزەرییان و هەرچ کاتێکیش ویستبێتیان وەک ڕانە مەڕ مۆڵیان داون، یان ڕاپێچی بەرەی جەنگەکانییان کردوون. ئەم خەڵکە هەژارە بەردەوام بە هاژاری و داوماویی ماونەتەوە و حیزبەکان و مەکتەب سیاسییەکانیان و سەرکردەکانیان و بنەمالەکانیان و کەسوکارەکانییان و هەندێکیش لە بازرگانە چاوچنۆکەکان بە دەمەوڵەمەندی ماونەتەوە.

ئەم پەروەردەیە، لە بنەڕەتەوە پەروەردەی خێزانەکانە، چونکە خێزانەکانی وڵاتانی دواکەوتوو پەروەدەیەکی ترادسیۆنیی و کولتوورێکی دواکەوتویی بەسەرچوویان هەیە. دوای خێزانیش، هەمان پەروەردە لە باخچەکانی ساوایان و قوتابخانەکان و تەنانەت زانکۆکانیشدا منداڵ و مێرد منداڵ و خوێندکارەکانی پێ گۆشدەکرێت. کەواتە ئەم پەروەدەیە فەرهەنگێک دێنێتە ئاروە کە بریتییە لە فەرهەنگی چەوساندنەوە و ژێردەستەیی، بریتیە لە فەرهەنگی بێدەسەڵاتیی، بریتیە لە فەرهەنگی نەزانین و نەخوێندەاری، بریتیە لە فەرهەنگێکی پڕ لە نادیموکراتیی و نا یەکسانیی و نا دادپەروەریی.
بۆیە پێشمەرگە هەژارەکان، یان سەربازە هەژارەکان و زۆربەی زۆری خەڵکی گشتی هەژار و بەشمەینەت نازانێت چۆن شۆڕشگێڕانە شۆرشی خۆی بەرپا بکات دژی هەموو جۆرە چەوساندنەوەکان. ئەم پۆلە پێشمەرگەیە، بێ دەسەڵات و ناچارن، چونکە گۆشنەکراون بە پەروەردە و فەرهەنگێکی شۆرشگێرانە و ئازایانە. لە هەمانکاتدا پڕ لە ڕق و کینەن بەرامبەر بە چەوسێنەران، لە مزگەوتەکانەوە فێری ئەوە کراون کە خواوەند حەقی بزنی کۆڵ لە شاخدار دەکاتەوە، بۆیە ئەمانیش لە خوا دەپاڕێنەوە کە ماڵ و موڵکی هەموو دەوڵەمەندەکان وێرانبێت، لە جیاتی ئەوەی شۆرشێک بەرپابکەن بۆ دنیاییەکی پڕ لە بەختەوەری و یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان.

جیهاد موحەمەد
/ ٢٧/١٠/٢٠١٧




كۆیله‌ی میدیا … ئاری زیندینی

(راگه‌یاندن _ میدیا) , گه‌ر نه‌لێم بووه‌ته‌ (ڤایرۆس) هیچی كه‌متر نیه‌ له‌ (ڤایرۆس) له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ (میدیا) و میدیایی پرۆفیشناڵ و میدیایه‌ك به‌ ئه‌رك و به‌رپرسییارێتی هه‌ڵسێ‌, (میدیا) له‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌توانێ‌ نه‌ك دۆخی هاوڵاتی ومرۆڤه‌كان بشڵژێنێ‌ به‌ڵكو ده‌توانێ‌ دۆخی وڵات وهه‌رێمیك به‌ته‌واوی بشڵه‌ژێنێ‌ و سه‌رله‌به‌ری ئاڵۆزبكات, میدیاوڕاگه‌یاندن له‌ ئه‌ساسه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ دروست نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین كه‌ دووركه‌وتۆته‌وه‌ له‌ ئه‌ركی (ئه‌خلاقی- كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسی- ئابووری- مرۆڤایه‌تی- فه‌رهه‌نگ ورۆشنبیری) كه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی (میدیاوراگه‌یاندن) بۆ ئه‌مانه‌ دروست بووه‌وهاتۆته‌ كایه‌وه‌ به‌ڵام له‌ جیهانی ئێستایی بێسه‌روبه‌ری كه‌ هه‌موو ئایدۆلۆژیاوسیسته‌مه‌كان له‌ وڵاتان لێی به‌رپسیارن ته‌نهاوته‌نها بۆ مه‌رامی تایبه‌تی خۆیان (میدیا) به‌كار ده‌هێنن وبازرگانی پێوه‌ ده‌كه‌ن ! (میدیا-راگه‌یاندن) له‌ سه‌رده‌می ئێستادا بووه‌ته‌ كه‌ره‌سه‌وچه‌كێكی زۆر گرنگی به‌ده‌ست كه‌سه‌كان وده‌سه‌ڵاتداران وكۆمپانیاورێكخراوحیزبه‌كان ! تاكو مرۆڤه‌كان (كۆیله‌) بكه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاری بهێنن ! به‌تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو نا مه‌ده‌نی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌تایبه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراوی نامه‌ده‌نی له‌باشوری كوردستان(هه‌رێمی كوردستان)! (میدیا) له‌ باشوری كوردستان نه‌ك ئازاده‌ به‌ڵكو (به‌ڕه‌ڵایه‌) نه‌ك به‌ئاشكرا به‌ڵكو به‌زۆر خۆی خزاندۆته‌ ناو ئه‌قڵی مرۆڤه‌كان و به‌لاڕیدابردنی مرۆڤه‌كان وشاردنه‌وه‌ی راستی وسه‌رلێشێواندنیان ! ئه‌مه‌ش به‌پاڵپشتی دارایه‌كی زۆروحیزبی ! نه‌ سه‌ندیكایی رۆژنامه‌نوسان ونه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌رێم توانایی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ره‌وه‌یان نیه‌! به‌میزاجی خۆیان مرۆڤه‌كانیان كۆیله‌وده‌سته‌مۆكردووه‌ بۆ خزمه‌تی بازرگانی وئایدۆلۆژیایی تایبه‌تی (میدیا), به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌نال ومیدیا حیزبیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارن ودارایی به‌هێزیان هه‌یه‌!

له‌باشوری كوردستان هاوڵاتیان بوونه‌ته‌ كۆیله‌ی سه‌رسه‌ختی كه‌ناڵه‌ میدیاكان(ته‌له‌ڤزیۆن- رادیۆ- رۆژنامه‌وگۆڤاره‌كان-سایته‌كان) هاوڵاتی وتاكی وا هه‌یه‌ ته‌نیا یه‌ك كه‌نال ومیدیا به‌باش ده‌زانێ‌ بۆژیانی خۆی ئه‌وانیتر 100% ره‌فز ده‌كاته‌وه‌ ئه‌قڵی وا ڕاهاتووه‌ووا تێگێه‌ینراوه‌ یانیش له‌ ترسی حیزبه‌كه‌ی به‌لای ئه‌وانیتر ناچێ‌! یانیش هه‌رخۆیی ئه‌م كۆیله‌تیه‌ی میدیایی هه‌ڵبژاردووه‌ مه‌رج نیه‌ حیزبیش بێت! (كۆیله‌ی میدیایی) نیشانه‌ی زه‌قی نه‌بوونی ئازادی تاك و نه‌بوونی ڕۆشنبیری لای تاكه‌ هه‌رخۆی میدیاكه‌ش ئازاد نیه‌ له‌ ئه‌ساسه‌وه‌ ! ئه‌ركی میدیا له‌ باشوری كوردستان ئه‌وه‌نیه‌ هه‌ركه‌سێك قسه‌ بكات په‌خشی بكات راست یان درۆ یان دواتر چی رووده‌دات ! هاوڵاتی ته‌نانه‌ت به‌پرسی باڵا له‌ حیزبه‌كان له‌ راگه‌یاندنێك لێدوان ده‌دات له‌ راگه‌یاندنێكیتر لێدوان وقسه‌یه‌كیتر به‌لای ئه‌و ئه‌وه‌ سیاسه‌ته‌و به‌لای راگه‌یندنه‌كه‌ش ئه‌وه‌ كاری راگه‌یاندنه‌! ئه‌سڵه‌ن راگه‌یاندن ده‌بێت پاكسازی بكات له‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ به‌دوایی ئه‌وه‌ بێت كامه‌ی راسته‌ به‌تایبه‌ت گه‌ر پرسێكی نیشتمانی بێت.

به‌م دوایه‌ (میدیا) له‌ باشوری كوردستان به‌ خراپترین ئه‌رك هه‌ڵسا له‌ تێكدانی باری ده‌روونی خه‌ڵك , هاوڵاتی وا هه‌یه‌ به‌قسه‌ی راگه‌یاندنێك ئاواره‌وسه‌رگه‌ردان بووه‌ ماڵ و حاڵی خۆی به‌جێهێشتووه‌, راگه‌یاندن له‌ كوردستان بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌داربكرێت وشاروگوندوشارۆچكه‌ به‌جێهێڵرا بۆ دوژمن ! له‌ باشوری كوردستان ئاستی راگه‌یاندن زۆر نزمه‌ هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ نه‌بوونی كادری لێهاتووپڕۆفیشناڵ وگه‌نده‌ڵ و ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێی حیزب وبه‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی سه‌رباری باری دارایی باش و ته‌كنۆلۆجیا نه‌توانراوه‌ نمونه‌یه‌كی جوان وسه‌رده‌میانه‌ی (میدیا) پێشكه‌ش بكه‌ن وایی لێهاتوه‌ خه‌ڵك رقێكی زۆری له‌ (میدیا) هه‌یه‌ به‌ دوژمنی خۆی ده‌زانێت ! هه‌ركۆمه‌ڵه‌ هاوڵاتیه‌ك دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ راگه‌یاندن په‌یداكردووه‌ !




ئۆکتۆبەر، ئەڵتەرناتیڤ و چارەسەر

لەیادی (100)ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزندا، بەکۆڕ و فلیمی دیکۆمێنتاری و چالاکی جۆراو جۆر، ئۆکتۆبەر زیندوو ڕادەگرین.

پانێلێک بەم ناونیشانانە:

* کاریگەریەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر پرسی ژنان و خۆشگوزەرانیەکانی کۆمەڵگا.(لاوژە جەواد)
* کاریگەریەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.(گۆران هەڵەبجەیی)
* شۆرشی ئۆکتۆبەر، 1958ی عێراق و 2017 ی کوردستان.(نادر عبدولحەمید)
ڕۆژ: یەکشەممە
کاتژمێر: 14 – 18
ڕێکەوت: 2017-11-5

ناونیشان:

Taastrup Medborgerhuset
Taastrup Hovedgade 71
2630 Taastrup
بۆ پەیوەندی ، 40318544
دەستەی سەرپەرشتی یادی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە دانیمارک




بارزانی، چیكرد؟! … ئەرسەلان مەحمود

لەم سەروبەندی بەكۆتایی هاتنەی جەنگی دژە داعشدا، بارزانی هەر دەبوایە بەو خێرایی و پڕتاوییە، بژاردەیەكی نوێ‌ بهێنێتە ئاراوە، بێگومان تا لەڕێگەیەوە بتوانێ‌ ئەو پێگەیەی هەیەتی، لەو ناساییەی تێیكەوتووە دەرباز بكاو، بەڕێگەیەكی دیداو لەفۆڕمێكی تردا ڕەوایەتی بداتەوە بەمانەوەی خۆی!

• ئەمە چۆن؟
لەڕاستیدا، ئەوەی مانەوەی بارزانی تا ئێرە لەمەیدانەكەدا هێشتووەتەوە، ئیجماعی نەتەوەیی و زەروریەتی نیشتمانی نەبووەو نیە، هەڵتۆقانی داعش و كۆ دەنگییە بەرژەوەندیگەرا هەرێمایەتی و دەولیەكە بوون!

ئاخر هاوڵاتی بەئاگاو خوێنەری هۆشمەند، بیریانە ئەو كاتانەی پاڕلمان دەیگوت بڕۆ، لەبەر ئەوەی ماوە یاساییەكەت تەواو كردوە، بارزانی لەبەرامبەردا پاڕلمانەكەی داخست!! بیریانە ئەو كاتانەی خەڵكی دەیانگوت بەسە ئیتر، ماوەی سەرۆكایەتییەكەت بەسەرچووە، بەڵام لەبەرامبەردا، توركیا ئاڵای كوردستانی بۆ لەئانكارا دادەناو، ئێران خوازریاری پێشوازیكردنی بوون و، هەر ڕۆژەو سەرۆك وڵات و شاندێكی فەرمی ئەوروپایی و ئەمریكی و خۆرئاوای دەهاتنە هەولێرو، مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرد!! وەك ئەوەی هەر هیچ ڕوینەدابێ و، نەبای هاتبێ‌ و نەباران!

لەبەر ئەوە، بارزانی بەر لەتەواو بوونی گەمەی داعش و، پێش ئەوەی حزب و هێزە سیاسیەكانی كوردستان بەهەژمار بێنەوە سەر هەست لەبەرامبەریدا، دەبوو بژاردەیەكی نوێ‌ بهێنێتە ڕۆژەڤەوە، هیچ بژاردەیەكیش بەهێندەی” ڕیفراندەم ” نەیدەتوانی ئاوا بەخێرایی جۆرە ئیجماعییەكی گەلی بۆ دروست بكاو، لایەنە سیاسیەكان ئیحراج بكات!!

ئەو دەمانەی دەرو دراوسێ‌ و دنیا دەیگوت: نەكەی، نابێ‌ و نەخێر كاتی نییە، ئەوان شوێنێكیان ژانیدەكرد، بارزانی زۆر ورد لەمە تێدەگەیشت، بەڵام ئەو شوێنێكی تری لەئازاردا بوو، ئەكید گەر هیچ مەترسییەكی لەسەر خۆی شك بردبا، هەرگیز وەها سەرەڕۆییەكی نەدەكردو، سەرچیخ نەدەچوو !

• ئێستا چی؟

بارزانی ریفراندەمەكەی كرد، مەرزەكان، فرگەكان، پەیوەندییە هەرێمایەتی و دەولیەكان، بەیەكەوە لەسەر كورد داخران، سەدان پێشمەرگە شەهید بوون و بوونە قوربانی و، سەدان هەزار كورد لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانەوە ماڵوێران و دەربەدەرو شكۆ شكاو هاتنە دەرەوە، ئاگرێكی گەورە بەردرایە ناو ماڵی یەكێتیی، سەدا پەنجاو یەكی خاكی كوردستان/باشور، لەدەست درا، زیاتر لەپێنج سەدو بیست و یەك بیرە نەوت و سەرچاوە داراییە سیادەییەكانی تری هەریم و، تەواوی ئەم جۆگرافیایە ڕادەست بەحكومەتی عیراقی كرانەوە، ژاوە ژاوو سەرئێشەیەكی زۆر كەوتە ناو ماڵی كوردییەوە، ئەمە بەجۆرێك كەم جار ڕێكەوتووە كورد لەوسەر بۆ هەتا ئەوسەری نیشتمانەكەی، لەبەرامبەر ئەوەی بەسەریدا هاتووە هێندە هەست بەشكان و دەرون ڕوخان و لەشكۆ دراوی بكات، سەدان كەسایەتی و تێكۆشەر درانە بەر تانەو تەشەر!!

• دواجار :
بارزانی جگە لەدەركردنی دو بەلاغ و بڵاوكراوە، ڕاستەوخۆ بەوشیەك چییە نەهاتە دەنگ، لەبری دەست لەكاركێشانەوە، كەوتووە هەوڵدان، میدیا كەوتەوە كار، خەڵكانی لەتاراوگە هێنایەوە سەر جاددە، بەسەدان ڕۆژنامەوانی غەیرە كورد ڕەشوە خوراو كران و ئاڕاستە كران، ئیسرائیل لەبری تەیارەكانی، لەبری بەدەنگەوە هاتنێكی فەرمی، ژێر بەژێر كەوتەوە هەوڵە ئیستغباراتییەكانی، عیراق گەیشتەوە دوا سنورەكانی دو هەزارو سێزدەو مەرزو فڕگەكانی خستنەوە ژێر ڕكێفی خۆی، ئەمریكا هاتەوە مەیدانەكە، ئیران ئیستەی بەكردەواكانی كرد، توركیا نەرم و نیان بوویەوە، شاندی مفاوزات لەبری سیادی و سیاسی و پاڕلمانی، ئەمنی پێكهێندراو هەفتەی دادێ‌ موسڵ دەبێتە وێستگەو شوێنگەی دیدارەكانی!

• سەرئەنجام:
دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم تەجیمید كرا، ئەسڵەن هەر هەڵدەوەشێندرێتەوە، چونكە هەم دوای بارزانی بوار نادرێتە كەس شوێنەكەی بگرێتەوەو، هەم موهیممیەكی تر بەهەمان دەسەڵات و شمولیتریش لەئارادا هەیە، ئێستا بارزانی نامەیەكی ناردوەتە پارلمان، دەخوێندرێتەوەو پەسند دەكرێت، بەڵام جگە لەوەی خۆی وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان دەمێنێتەوە، بەیاساش دەبێت وەك ڕابەرو مەرجەعی كوردو كوردایەتی ڕابسپێردرێت!!

• پرسیار:

ئایا وجودی بارزانی، هێندەی دەستهات هەبووە، تا لەپێناو مانەوەیدا ئەوەندەی لەسەر بەقوربانی بكرێت؟ ئایا حزب و هێزە سیاسیەكانی كوردستان هەروا بێباك و خەمسارد دەبن لەبەرامبەر دەستگرتن بەوەها وەقیعێكی سەپێندراودا؟ مەگەر سیاسەت هەروا بەخاترو خوایشت دەكرێت؟ ئەرێ‌ ئەم شەرمنییە چییە بەرۆكی گرتوون؟ ئەم نهێنییە چییە مەسئولیەت و ئیحراجی پێوە نەهێشتوون و لەسەر هەڵگرتوون؟ دەبێ‌ هەر هیچ هەست بەهەرزان بازاڕی نەكەن؟!!




سیناریۆكانی ڕوبه‌ڕو بوونه‌وه‌ی ئه‌م بار و دۆخه‌! … عه‌بدوڵا ساڵح

كوردستان به‌ قۆناغێكی دژوار و پڕ مه‌ترسیدا تێپه‌ڕ ده‌بێ ، بارو دۆخی دوای ١٦ ئۆكتۆبه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ی خسته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئالۆگۆڕی ڕیشه‌یی، ڕه‌نگه‌ ئاكامه‌كانی یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌ركه‌ون، نامه‌كی ئه‌مڕۆی بارزانی بۆ په‌رله‌مان – وه‌ك نمونه‌ .
یه‌كێك له‌ یاریكه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م گۆڕه‌پانه‌ یه‌كیه‌تی نیشتمانی ، یا ده‌قیق تر بڵێین باڵێكی ناو یه‌كیه‌تی بوو ، هه‌ركه‌س به‌سیاسه‌تی ئه‌م باڵه‌ بڵێ خیانه‌ت یا موئامه‌ره‌ ئه‌وا له‌ سروشت وسیاسه‌تی ئه‌حزابی ناسیۆنالستی كوردی ، به‌تایبه‌تی یه‌كیه‌تی و پارتی ، نه‌گه‌یشتوه‌ یاخود ساده‌و سه‌تحی بیر له‌سیاسه‌ته‌كانیان ده‌كاته‌وه‌ . ئه‌م سیاسه‌ته‌ی باڵی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی له‌ ناو یه‌كیه‌تیدا به‌ردێك بوو به‌ دوو ئاراسته‌دا !

یه‌كه‌م / ئه‌وان دڵنیا بوون له‌وه‌ی پارتی بۆته‌ تاكه‌ حزبی باڵا ده‌ست له‌كوردستاندا وهه‌نگاو ده‌نێ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی خۆی و فه‌زای كۆمه‌ڵگاشی به‌ جۆرێك شه‌حن كردوه‌‌ ته‌نانه‌ت نه‌یاره‌كانیشیان ناتوانن به‌ به‌ڵێ ده‌نگ نه‌ده‌ن ،ئه‌م جوڵاندنی شه‌قامه‌ ، ئه‌و حیزبه، وه‌ به‌تایبه‌تیش سه‌رۆكه‌كه‌ی دواتر وه‌ك ( پاڵه‌وانی قه‌ومی ) وێنا ده‌كا ، ئه‌گه‌ر له‌م هه‌ل ومه‌رجدا فریای له‌باربردنی نه‌كه‌ون ڕه‌نگه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بۆ شكستهێنان به‌ بارزانی له‌ نزیك ماوه‌دا ئه‌سته‌م بێ .

دووه‌م / كورسیه‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی چۆڵه!‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ فریا نه‌كه‌ون ئه‌وا پڕۆ پارتیه‌كانی نێو یه‌كیه‌تی ، به‌تایبه‌ت – كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ومه‌لا به‌ختیار – ئه‌و هه‌له‌ی باڵا ده‌ستی پارتی‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ و كێشه‌كانی نێو ماڵی یه‌كیه‌تی به‌ قازاننجی خۆیان ده‌شكێننه‌وه‌ به‌ره‌و كورسیه‌ چۆڵه‌كه‌ ، وه‌ یاخود باڵ باڵێنی نێو یه‌كه‌تی ئیدامه‌ی ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتیه‌و ده‌رفه‌تی جێگیركردنه‌وه‌ی كورسیه‌كه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ئه‌وان سه‌ختر ده‌كا ، ئه‌م باڵه‌ی ناو یه‌كیه‌تی،‌ وه‌ك سروشتی ئه‌حزابی ناسیونالستی كورد، به‌بێ گوێدانه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك جگه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یی خۆیان ، ئه‌م سیاسه‌ته‌یان پیاده‌ كرد ، هه‌ر وه‌ك چۆن پارتیش بۆ هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندی ٣١ ی ئابی پیاده‌كرد ، ئه‌م شكسته‌ مێژوویه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می پرۆسه‌یه‌كی ٢٦ ساڵیه‌ كه‌ ڕیفراندۆم دوا په‌رده‌ی بوو ، ئه‌و قه‌تره‌‌ بوو كاسه‌كه‌ی پڕكرد .

دوای ئه‌م ڕوداوانه‌ ، حیزبه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان هه‌ر یه‌كه‌یان په‌رچه‌ كردار و ئه‌ڵته‌رناتیڤی خۆی خسته‌ ڕوو، دیارترینیان ( حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی ) یه‌ له‌ لایه‌ن گۆڕان و كۆمه‌ڵ ! فه‌شه‌لی ئه‌م مۆدێله‌ له‌ به‌دیل ڕونكردنه‌وه‌ی زۆری ناوێ ، ئه‌م حوكمه‌تی ڕزگاری نیشتمانیه‌ ، ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێ ، تێكه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێ له‌ نوێنه‌رانی هه‌مان ئه‌حزابی مه‌وجود كه‌ پێشتر له‌ بنكه‌ فراوانه‌كه‌دا به‌شدار بوون، به‌ جیاوازیه‌كه‌وه‌ كه‌گۆڕینی ده‌م و چاوه‌كانه‌، ده‌نا سیاسه‌ت هه‌ر هه‌مانه‌و ده‌رئه‌نجامیش له‌وه‌ باشتر نابێ .

گۆڕانێك كه‌ به‌ نزیك یه‌ك ملێۆن ده‌نگده‌رو ٢٦ كورسی ( په‌رله‌مان )‌ له‌ پرسێكی چاره‌نوسازی وه‌ك ڕیفراندۆمدا له‌ دوا ساته‌كانی ئه‌نجامدانی ئه‌و پرسه‌ سیاسه‌تی ( هه‌لور بلور‌ )ی گرته‌ به‌رو ڕێكخه‌ره‌ گشتیه‌كه‌شی پێشه‌نگی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بوو! ئاخۆ به‌م سیاسه‌ته‌ شه‌ل و سه‌قه‌ته‌ ده‌توانێ له‌ ژێر باری ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ سه‌خته‌دا بێته‌ ده‌ر ؟ كۆمه‌ڵیش كه‌ تا ئێستا به‌شداره‌ له‌م حوكمه‌تی مه‌وجوده‌ مه‌گه‌ر به‌ دوعاو نوشته‌ بچێته‌ پای ( ڕزگاری نیشتمانیه‌وه‌ ) ، به‌رهه‌م ساڵحیش كه‌ شانسی خۆی له‌ حوكمڕانی كوردستان تاقی كردۆته‌وه‌ ، وه‌ ئه‌م ٢٦ ساڵ شكست و فه‌شه‌له‌ پرۆسه‌یه‌ك بوو ئه‌ویش بێ پشك نه‌بوو تیایدا .

( نه‌وه‌ی نوێ ) كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحدیش ، ئه‌گه‌رچی ده‌نگێكی نوێ یه‌ و له‌ غیابی سه‌ر و سه‌كتی ئه‌و هێزانه‌ی خۆیان به‌ ئۆپۆزسیون ده‌زانن هه‌ڵتۆقی ،وه‌ به‌ پاڵپشتی ده‌زگایه‌كی زه‌به‌للاحی ئیعلامی و سه‌روه‌ت و سامانێكی زۆر ، به‌ڵام ڕێگا چاره‌كه‌ی له‌ چوار چێوه‌ی هه‌مان مۆدیلی حوكمڕانی ناچێته‌ ده‌رو ناتوانێ بچێته‌ ده‌ر ! ئه‌وه‌تا له‌ قسه‌كانیدا موژده‌ ده‌دا به‌ گه‌نجان كه‌ : ده‌توانن هه‌موتان وه‌ك من ببنه‌ ملێۆنێر !!

ڕیفراندۆم هه‌ر وه‌ك چۆن كۆمه‌ڵگای كوردستانی شه‌ق كرد ، چه‌پ و كۆمونیسته‌كانیشی كرده‌ دوو به‌ره‌ ، به‌ره‌ی به‌ڵێ له‌لایه‌ك و بایكۆت و نه‌خێریش له‌لاكه‌ی دیكه‌ ، ئێستا كه‌ ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ هاتۆته‌ پێش به‌ره‌ی به‌ڵێ ئه‌لته‌رناتیڤێكی جیاوازتر له‌وه‌ی پێشتر ده‌یانخسته‌ڕو بانگه‌شه‌ ناكه‌ن ،مه‌گه‌ر ( ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان )ه‌ كه‌یان نه‌بێ !. ئه‌مانه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای پێكهاتنیانه‌وه‌ بانگه‌وازی خۆ ڕێكخستن له‌ شوێنی كار و ژیان و جیا كردنه‌وه‌ی ڕیزی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ ڕیزی ئه‌حزابی بۆرجوازی و پێكهێنانی شوراو خه‌بات بۆ ڕاماڵینی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان وه‌ك شیعار به‌رزكردۆته‌وه‌ ، – حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان – وه‌ك نمونه‌ . كه‌س شكی له‌ دروستی ئه‌م شیعارانه‌دا نیه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاكو ئێستا هه‌ر له‌ چوار چێوه‌ی شیعار به‌ولاوه‌ تر نه‌چووه‌ !
به‌ره‌كه‌ی تر به‌ پشتبه‌ستن به‌ باشتر ناسینی خسڵه‌تی ناسیۆنالیزمی كورد و نه‌ چوونه‌ پای ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ شكست خواردوه‌، هه‌مان ئه‌و شیعارانه‌ی باسم كردن به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ده‌نگێكی زوڵالتر وپێداگری له‌سه‌ر هاوچاره‌نوسی له‌گه‌ڵ باقی كرێكار وزه‌حمه‌تكێشانی عێراقداو‌ سه‌پاندنی كۆمه‌ڵێك ڕیفۆرم – ناوه‌ندی خه‌باتی كرێكاری و جه‌ماوه‌ری – وه‌ك نمونه‌ .‌ به‌شێكیشیان مودێلی – یه‌ په‌ گه‌ – وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێكی سه‌ركه‌وتوو ده‌خه‌نه‌ به‌ر چاو .

ده‌نگێكی جیاواز له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌یه‌كه‌‌ له‌ داخی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی كوردی، پێیان وایه‌ باڵا ده‌ستی عه‌ببادی له‌ كوردستان و ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی كوردی لانی كه‌م گوزه‌ران و ژیانی خه‌ڵك باشتر ده‌كا ، ئه‌م بۆچونه‌ نه‌ك زۆر سه‌قه‌ته‌ بگره‌ زۆر خه‌ته‌ریشه‌ ، ئه‌م حوكمه‌ته‌ی به‌غدا‌ له‌ ٢٠٠٣ وه‌ تاكو ئه‌مڕۆش نه‌یتوانیوه‌ لانی كه‌می ژیان وگوزه‌ران و خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ دانیشتوانی ناوه‌ڕاست و خواروی عێڕاق دابین بكا ، چجای بۆ كوردستان ! خه‌ته‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ په‌لاماره‌كه‌ی به‌غدا به‌ره‌و له‌بار بردنو سه‌ندنه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ كه‌م وكوڕانه‌ش‌ كه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان تاكو ئێستا دابین كراوه‌و چونه‌وه‌ ژێر چه‌پۆكی ده‌سه‌ڵاتی تایفی شیعه‌ و قه‌ومپه‌رستی عه‌ره‌بی واته‌ دابه‌زین بۆ كلكی ماره‌كه‌ له‌ گه‌مه‌ی مارو په‌یژه‌دا .

خه‌ڵكی كوردستان ئه‌ركی ده‌سبه‌جێیانه‌ ئه‌مڕۆ بوه‌ستنه‌وه‌ به‌رامبه‌ر شاڵاوی دڕندانه‌ی هێزه‌ عێراقیه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی كه‌ پێشقه‌ره‌وڵیان هێزێكی تایفی قه‌ومی فاشیستی چه‌نگ به‌ خوێنی وه‌ك ( حه‌شدی شرعبی )یه‌ ، ئه‌م هێزه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ فه‌رمان له‌ ده‌وڵه‌تی كۆنه‌په‌رست و فاشیستی جمهوری ئیسلامی ئێران وه‌ر ده‌گرێ به‌ شیعاری – شه‌لم كوێرم كه‌س نابوێرم – خه‌ریكه‌ هه‌مان سینار‌یۆی پاكتاوی ره‌گه‌زی و تایفی ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشوی عێراق دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ ، هێرشه‌ دڕندانه‌كه‌یان بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كورد زمانی دوزخورماتو وه‌ كه‌ركوك – وه‌ك نمونه‌ .
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی ناسیونالیستی شكستخواردوی كورد له‌ ئێستادا ئاماده‌ی هه‌موو سازشێك و چۆكدادانێكن له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان . له‌به‌رامبه‌ردا پێداگری حكومه‌ته‌ تایفی وقه‌ومیه‌كه‌ی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رچی زیاتر پاشه‌كشه‌كردن به‌ (ده‌سه‌ڵاتی كوردی ) ترسی ئه‌وه‌ دێنێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ باڵی شو‌می ئه‌م حوكمه‌ته‌ دووباره‌ بكشێته‌وه‌ به‌سه‌ر كوردستاندا له‌به‌رامبه‌ر زه‌بونی و بێده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ كوردیه‌كاندا ، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری له‌و سیاسه‌ته‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌ببادی بكرێ و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كوردیه‌ ئێكسپایه‌ره‌ش كۆتایی پێ بێت ، بیر كردنه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تێكی عه‌مه‌لی و مومكین كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و فاشیله‌ كۆتایی پێبێنێ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك به‌رقه‌رار بكا ، میكانیزمه‌كه‌ی په‌روه‌نده‌یه‌كه‌ی كراوه‌یه‌ ده‌كرێ قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكرێ !‌ نابێ ئه‌وه‌شمان بیرچێ كه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی ئاڵوگۆڕی سیاسی گه‌وره‌دایه‌و بێشك كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ و یه‌كێك له‌ كاردانه‌وه‌كانیشی سنوردانانێك ده‌بێ بۆ ئه‌م ده‌ستدرێژی و لوتبه‌رزیه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌ببادی .

29 / 10 / 2017




كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه‌ …70 …. كه‌ریم كاكه‌

ئەڵقەی حەفتا …

له‌ به‌لاشاوه‌ی هه‌نگینێ بێجگه‌ له‌ ماڵی كۆنه‌ ئه‌فسه‌ر له‌ چ ماڵان پاسكلی منداڵان نه‌بوو، به‌ڵام كه‌م منداڵیش هه‌بوو نه‌زانێ پاسكل باژوا، پاسكلی گه‌وران، من تا فێر بووم دووسێ شه‌ڕواڵم له‌ سه‌ر دانا، سه‌رم له‌ چه‌ند جێ شكا، چه‌ندان جار كه‌پووم داڕسا، ده‌ست و پێ و پلم هه‌مووی رووشا، پاسكلی 28، گه‌له‌ك بڵنده‌، نه‌ده‌گه‌یشتمێ، له‌ لاوه‌ به‌ سه‌ر په‌یداندا پێیه‌كم ئاودیو ده‌كرد، به‌و شێوه‌ هاژۆتنه‌یان ده‌گۆت ناو په‌یدان، له‌ ناو په‌یدانێ، تا ماوه‌یه‌ك به‌ نیوه‌ په‌یدان ده‌مهاژۆت، دواتر به‌ په‌یدانی ته‌واو، واته‌ په‌یدانه‌كه‌ ده‌سووڕایه‌وه‌، ئیدی زۆر جار ده‌لینگ له‌ زنجیری په‌یدانێ ده‌ئاڵا و به‌رده‌بوومه‌وه‌، خه‌می به‌ربوونه‌وه‌م نه‌بوو، شه‌رواڵه‌كه‌م ده‌دڕا، هه‌نجن هه‌نجن ده‌بوو، دایكم هه‌ر پێیده‌كرا ده‌لینگم بدوورێته‌وه‌، جارباریش به‌ به‌ر چه‌په‌ڵۆكانی ده‌دام، ده‌یگۆ:
ئه‌وه‌ دوا جاره‌، به‌ قوون رووتیش بگه‌ڕێی، لۆت نادوورمه‌وه‌.
كه‌ویار نه‌با، زه‌حمه‌ت بوو فێربم، ده‌هات پاسكلی بۆ ده‌گرتم، پاڵیده‌دا و ده‌یگرتمه‌وه‌، ئاخر منیش یارمه‌تی ویم ده‌دا، ئه‌و نه‌یده‌هێشت كراسه‌كه‌ی به‌ر زنجیر بكه‌وێ، تا سه‌ر چۆك خۆی هه‌ڵده‌كرد، كه‌متریش ده‌كه‌وت، به‌ هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم ئه‌و كچه‌ یه‌كه‌م كچی ناو په‌یدان بوو، ئه‌گه‌ر كه‌سێ له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌ بپرسێ:
كچه‌ چه‌قۆكێشه‌كه‌ی تۆ كێ بوو؟
به‌لاشاوه‌: كچه‌كه‌ی پلكه‌ به‌ندبێژ.
ئه‌دی كچه‌ دارلاستیقهاوێژه‌كه‌ت؟
به‌لاشاوه‌: كچه‌كه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان.
له‌ به‌لاشاوه‌ بپرسێ:
ئه‌و كچه‌ی چاوی له‌ كوڕان ده‌كرد و له‌ ناو په‌یدانێ پایسكلی داژوا، ناوی چی بوو؟
به‌لاشاوه‌ له‌گینه‌ بڵێ:
ناوه‌كه‌ی له‌ سه‌ر زارمه‌، كچێ بوو ماڵیان كه‌وتبووه‌ كۆڵانی به‌رینه‌وه‌، كچی ناو په‌یدان له‌ كچه‌ جوانه‌كانی من بوو، بووه‌ هاورێی گیانی به‌ گیانیی كوڕه‌ ره‌شوبرژێكی من، دۆستایه‌تی ئه‌و دوو منداڵه‌ زۆر كۆنه‌، به‌ست و كۆڵان و دارتێل شایه‌دن، هێنده‌ی پنچكه‌ گیایه‌كی ده‌و به‌ستێ نه‌ده‌بوون بوونه‌ هاوڕێ و به‌ به‌رچاوی كۆڵانه‌وه‌ به‌ دارتێلدا هه‌ڵده‌گه‌ڕان، كچه‌كه‌ مینا لاولاو زوو رسكاو..
هێشتا زووه‌ به‌لاشاوه‌ سه‌ربرده‌ی ئه‌و كیژه‌ سپیلكه‌یه‌ و ئه‌و كوڕه‌ ره‌شوبرژه‌ بگێڕێته‌وه‌..
ئه‌ز له‌و ساڵه‌ فێری هاژۆتنی پایسكل بووم كه‌ هه‌ر كه‌سه‌ و و ناوێكی لێنا، ساڵی دمۆر، ساڵی هه‌ره‌س، ساڵی شۆڕش له‌ خۆ ریا، ساڵی ئاشبه‌تاڵ، كوڕی شه‌خته‌ش كه‌ كچه‌زای پیری سوارچاكان بوو، ناوی نا ساڵی (كۆچی زه‌نگال له‌ پێ) ئه‌و كوڕه‌ زۆر هۆگری پیری سوارچاكانی باپیری بوو، ئه‌و ده‌مه‌ی هه‌واڵی مه‌رگی باپیری پێده‌گات، له‌ ته‌نیشت خاڵه‌ هه‌مه‌دانیه‌كه‌ له‌ سه‌نگه‌ر ده‌بێ، ده‌ڵێته‌ هه‌مه‌دانی:
ده‌ڕۆمه‌وه‌، نه‌گه‌مه‌ تازیمانه‌ی باپیرم نابێ..
هه‌مه‌دانی ده‌ڵێ:
كه‌سه‌كه‌م، ده‌ته‌وێ ببیه‌ جاش؟ كوو ده‌گه‌یه‌وه‌ هه‌ولێر؟ باپیرت ئه‌وه‌ بزانێ، له‌ ناو گۆڕ قیتده‌بێته‌وه‌ و ده‌ڵێ:
تۆ چۆن هاتیه‌وه‌؟! یان تۆ له‌ كچه‌كه‌م نی، یان كچه‌كه‌م له‌ من نیه‌!
كوڕی شه‌خته‌ هێور ده‌بێته‌وه‌ و ده‌ڵێ:
قسه‌ی تۆیه‌، لێره‌وه‌ هێنده‌ی كێله‌كانی گۆڕستانی سه‌ید مارف فاتیحای بۆ ده‌خوێنم.
كوڕی شه‌خته‌ ده‌ستی گرتم و گوتی:
گۆڕی باپیره‌م نیشانده‌.
له‌ سه‌ره‌تای جۆ زه‌ردانێ چووینه‌ سه‌ر گۆڕی پیری سوارچاكان، به‌وه‌ ده‌زانم جۆ زه‌ردان بوو، به‌ری سه‌فینی سه‌ید مارف جۆ بوو، جوان رسكابوو، كه‌روێشكه‌ی ده‌كرد، له‌ بن تیشكی خۆرێ مه‌یله‌و زه‌رد ده‌چۆوه‌.
كوڕی شه‌خته‌ له‌ بن پێی پیری سوارچاكان راوه‌ستا، ده‌ستی بۆ ئاسمان پانكرده‌وه‌، له‌ بن لێوانه‌وه‌ فاتیحایه‌كی درێژی خوێند، زۆر درێژ، پێده‌چوو چه‌ند فاتیحایه‌كی لێك گرێدابێ.
كوڕی شه‌خته‌ به‌ پێوه‌یه‌، ئه‌و روو له‌ ئاسمان و منیش روو له‌و، جووله‌ی له‌ ده‌ست و لێوی بڕی، چاوی له‌ حه‌وا بڕی، نایترووكێنێ، ده‌سته‌كانی له‌ باری نزا و پاڕانه‌وه‌ راگرتووه‌، بێ هه‌ست و خوست، ده‌ڵێی دارتێله‌ و له‌ دامێنی پیری سوارچاكان چه‌قیوه‌، سام گرتمی، ترسام كوڕی شه‌خته‌ به‌ پێوه‌ مردبێ، ئاخر پێش به‌ چیا كه‌وتن له‌ زاری خۆیه‌وه‌ بیستوومه‌:
ده‌بێ به‌ پێوه‌ بمرم!
من مردن به‌ پێوه‌ وا تێگه‌یشتبووم، ئه‌وه‌تا وا به‌ پێوه‌ ده‌مرێ، خوایه‌، چی بكه‌م، به‌ به‌رچاومه‌وه‌ و به‌ دیار پیری سوارچاكانه‌وه‌ به‌ پێوه‌ مرد، له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بوو، بزیڕێنم و هه‌ڵێم، دیتم كه‌مێ دانه‌وه‌یه‌وه‌، چووه‌ سه‌رینی و له‌ سه‌ر چیچكان دانیشت، نه‌رم نه‌رم وه‌ك بڵێی روومه‌ته‌كانی بسڕێته‌وه‌، به‌و شێوه‌ ده‌ستی به‌ سه‌ر خۆڵی گۆڕه‌كه‌دا داده‌هێنا، له‌بیرمه‌ ئه‌وده‌مه‌ی كوڕی شه‌خته‌ سه‌ر و ردێنی پیری سوارچاكانی ده‌تراشی، رێك به‌و شێوه‌ روومه‌تی ده‌سڕیه‌وه‌، كوڕی شه‌خته‌ نه‌رم نه‌رم كه‌وته‌ قسه‌، زۆری پرسی و گۆ، نازانم پیری سوارچاكان چی بیست یان نا، به‌ڵام هیچی نه‌گۆ، له‌ قسه‌كانی كوڕی شه‌خته‌ هه‌ر ئه‌و رسته‌یه‌م له‌بیره‌:
هێی باپیره‌، دنیا نه‌بووه‌ ماڵی زه‌نگاڵ له‌ پێیان.
كه‌سوكاران ئه‌وانه‌ی به‌ چیا كه‌وتبوون، قل قل، ده‌سته‌ ده‌سته‌ ده‌هاتنه‌ ماڵێ مه‌ و تازیه‌یان نوێده‌كرده‌وه‌، دوای دوو سێ وه‌رز له‌ مه‌رگی، دوای سه‌ڵام فاتیحایان بۆ پیری سوارچاكان ده‌خوێند، به‌ڵام ته‌نێ كوڕی شه‌خته‌ و ئه‌كره‌م بڕنۆ چوونه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی، بیستمه‌وه‌ بڕنۆ له‌ سه‌ر گۆڕی پیری سوارچاكان گۆتبووی:
مردنی تۆ وه‌ك كه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌مان جه‌رگبڕبوو.
خدر خه‌رمان و بڕنۆ له‌ هه‌مووان پتر سه‌ربرده‌ی شۆڕش و پیری سوارچاكانیان ده‌گێڕایه‌وه‌، گێڕانه‌وه‌كان پتر ده‌كه‌وتنه‌ ماڵی كوڕه‌ گچكه‌كه‌ی پیری سوارچاكان، ئه‌و مامه‌ی من له‌ سێ شت چووبۆوه‌ سه‌ر بابی:
خانه‌دان بوو، له‌ شاریش دیوه‌خانی هه‌بوو، بێ مێوان نه‌ده‌بوو..ئازابوو، له‌ به‌ر شێری دانه‌ده‌هێنا..نیشانشكێن بوو، له‌ دووری چه‌ند گوریسێ جغاره‌ی هه‌ڵده‌گرت.
وه‌بیرمدێ ساڵه‌كی له‌و به‌ری كانی پیاوانی ته‌ڕوارێ، له‌ سه‌ر ئه‌و رێیه‌ی بۆ به‌ستی شه‌رغه‌ ده‌چێته‌ خوارێ، ده‌سته‌یێ پێشمه‌رگه‌ نیشانه‌یان دانابۆوه‌، نیشانه‌ نه‌ینۆكێكی گچكۆكه‌ بوو، تیشكی نه‌با له‌كه‌س دیار نه‌ده‌بوو، ته‌ق ته‌ق، حه‌سه‌ن عه‌لی و محه‌مه‌د به‌ربه‌یاریش تفه‌نگیان هاویشتێ، نه‌ینۆك به‌ڵای نه‌گه‌یشتێ، مامێ من كه‌ دانیشتبوو له‌ په‌نایێ، تفه‌نگی ده‌ستدایێ، هات، كه‌مه‌ك خۆی رێكخست، سێره‌ی گرت، نه‌ینۆكی به‌ حه‌وایێ ئێخست، وای خوایه‌ كه‌یفم هات، له‌ من وابوو (حوكمی زاتی)م وه‌رگرت، هه‌ینێ حوكمی زاتی هه‌موو شت بوو، خه‌ونی ورد و درشت بوو..
نه‌ینۆكی نیشانه‌ له‌ قسه‌و باسی بڕنۆ و خه‌رمان ته‌واوێك دووریخستنه‌وه‌، بڕنۆ ئه‌و پیاوه‌ی بێ بڕنۆ نه‌ده‌چووه‌ ئاوده‌ستێش، ئێستا گۆپاڵێكی ده‌سك شووشه‌ی له‌ ده‌ستیه‌، ئه‌رێ ده‌سكه‌كه‌ شووشه‌یه‌ یان له‌ شووشه‌ ده‌چێ! ژنه‌كه‌ی ده‌ڵێ:
بڕنۆی مێردم له‌ باتی بڕنۆ گۆپاڵ ده‌گه‌ل خۆی ده‌خه‌وێنێ.
خۆیشی ده‌ڵێ:
من بێ چه‌ك هه‌ڵناكه‌م، خه‌ونه‌كم دیت، له‌و خه‌ونه‌ گۆپاڵ ببووه‌ بڕنۆ، بۆیه‌ له‌گۆپاڵه‌كه‌م بڕنۆكه‌م ده‌بینمه‌وه‌.
ئه‌و پیاوه‌ داخی بڕنۆكه‌ی له‌ دڵی ده‌رنه‌ده‌چوو، ئه‌و بڕنۆیه‌ی دوای كه‌وتنی شۆڕش به‌ ده‌ستی خۆی له‌ شانی خۆی كردبۆوه‌ و راده‌ستی میریی كردبۆوه‌، زۆر كه‌ڕه‌ت به‌ ناو له‌پ له‌ چۆكی خۆی ده‌دا و سێ چوار (حه‌یف)ی له‌ زاری ده‌رده‌چوو، په‌نجه‌ی په‌ژیوانی ده‌گه‌زی، په‌ژیوانی له‌وه‌ی بڕنۆكه‌ی له‌ بن به‌ردێك نه‌شارده‌وه‌ و راده‌ستی كرده‌وه‌، ده‌یگۆ:
ژیانم كه‌رایه‌تیی تێدایه‌، به‌ڵام كه‌رترین كه‌رایه‌تیم به‌رانبه‌ر به‌ بڕنۆكه‌م كرد.
كه‌س هێنده‌ی بڕنۆ، كه‌وتنی شۆڕش تووشی سه‌رسوڕه‌ی نه‌كردبوو، زۆر جار وه‌ك بڵێی وڕێنه‌ی ده‌كرد:
ناكه‌وێ، شۆڕش ناكه‌وێ، هه‌ردیتت مه‌لا مسته‌فا، له‌ سه‌ری سه‌فینه‌وه‌، به‌ سێ فیشه‌ك جاڕی شۆڕشی دایه‌وه‌، من یه‌كه‌م كه‌س ده‌بم ده‌گه‌مه‌ لای و…
مامم ده‌ڵێ:
كه‌ره‌ واز له‌و قسانه‌ بێنه‌، دیوار به‌ گوێیه‌، خۆت به‌ فه‌تاره‌ت مه‌ده‌.
خدر خه‌رمان كه‌ زووتر دانیشتبوو، به‌شداری له‌و شۆڕشه‌ی دوایی نه‌كردبوو، پێیوابوو، كورد بێ شۆڕش هه‌ڵناكات، ده‌یگۆ:
شۆڕش هه‌ڵده‌گیرسێته‌وه‌، به‌ڵام نازانم كه‌نگێ، به‌ڵام ده‌زانم دیسان ده‌كه‌وێته‌وه‌.
ئه‌و خه‌رمانه‌ ده‌یگۆ:
شۆڕش له‌ خانی چۆله‌ی منداڵان ده‌چێ.
حه‌مه‌د مه‌ستان كه‌ ده‌یدی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بێ سه‌ر ده‌سووڕێنه‌وه‌، نازانن چ ده‌كه‌ن و چ ده‌ڵێن، ده‌یگۆ:
هه‌موو كه‌س مه‌سته‌، هه‌ر ناوی من به‌ده‌.
خه‌رمان زوو زوو قسه‌ی ده‌هێنایه‌وه‌ سه‌ر پیری سوارچاكان و سه‌ربرده‌یه‌ك قسه‌یه‌كی وی ده‌گێڕایه‌وه‌، من له‌ زاری خه‌رمانه‌وه‌ زانیم پیری سوارچاكان دزیشی كردووه‌، كاتێ گۆتی: ((ئه‌و باپیره‌ی ئێوه‌ دزێكی شاره‌زا بوو..) زۆر تێكچووم، شه‌رم نه‌یهێشت بێمه‌ قسه‌، ده‌نا ده‌مگوت:
تۆ درۆده‌كه‌یت، باپیری من دز نه‌بوو.
خه‌رمان وای گێڕایه‌وه‌:
((پێشترێ، سه‌رده‌می زوو، به‌ تایبه‌تی له‌ ساڵانی گرانی، دزێتی ئازایه‌تی بوو، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ من حه‌زده‌كه‌م هه‌موو كه‌س به‌ پیری سوارچاكان ناوی بێنێ، یه‌كێ بوو له‌ ئازاكانی به‌ ستی شه‌رغه‌، دزیی وای ده‌كرد، له‌ ده‌ست هه‌مزه‌ پاڵه‌وانیش نه‌هاتووه‌، ئه‌و پیاوه‌ هه‌ژار نه‌بوو، هه‌میشه‌ بایی خۆی به‌ زیاده‌وه‌ هه‌بووه‌، ته‌نها له‌ ساڵانی گرانیش دزیی ده‌كرد، ده‌چوو قاسه‌ی ماڵه‌ ئاغا و ده‌وڵه‌مه‌ندانی ده‌شكاند، ده‌چوو، ده‌چوو له‌ عه‌مباری ئاغایان گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ی ده‌دزی، كه‌چی یه‌ك لیره‌ی نه‌ده‌خسته‌ گیرفانی خۆیه‌وه‌، یه‌ك تووره‌گه‌ ئاردی نه‌ده‌كرده‌ كه‌ندووی ماڵی خۆیه‌وه‌، هه‌مووی به‌ سه‌ر هه‌ژار و نه‌دارا ده‌به‌شیه‌وه‌…))
من باوه‌ڕمنه‌ده‌كرد پیری سوارچاكان شتی وای كردبێ، گۆتمه‌ بابم:
بابه‌، راسته‌ باپیرم دز بوو؟
بابم گۆتی:
پێده‌چێ وا بێ، خدر شتی كۆنی نووسیوه‌ته‌وه‌ و هیچی له‌بیرناچێ..
هه‌قایه‌تبێژیش چه‌ند جارێ هات، پاشوه‌ی له‌ پیری سوارچاكانی برده‌وه‌، من هێنده‌ كه‌یفم پێینه‌ده‌هات، ئه‌وه‌ نه‌بوو له‌ سه‌ر مردن گره‌ویان كرد، پیری سوارچاكان ده‌یگۆ:
تۆ نۆ ساڵ له‌ من گه‌وره‌تری، نۆ ساڵ پێش من ده‌مری.
هه‌قایه‌تبێژ:
نۆ ساڵ له‌ من گچكه‌تری، نۆ ساڵ زووتر ده‌مری.
پیری سوارچاكان له‌وه‌یان دۆڕاندی، وا له‌ سه‌ید مارف خه‌وتووه‌، هه‌قایه‌تبێژ وا له‌ ماڵی مامم، له‌ بنه‌بانێ دانیشتووه‌، هه‌ردوو ئانیشكی له‌ بالیفی سه‌ر كۆشی چه‌قاندووه‌ و سه‌رهاتی پیری سوارچاكان ده‌گێڕێته‌وه‌:
((ئه‌و پیاوه‌ی زۆر كه‌س به‌ پیری سوارچاكان ناوی دێنا، ئه‌و سواره‌ی هه‌ردوو به‌ری به‌ستی شه‌رغه‌ به‌ سه‌ریدا هه‌ڵده‌ڵێن، ئه‌و تفه‌نگچیه‌ی جه‌ندرمه‌ی عوسمانلی هه‌تره‌شیان لێیچووبوو، له‌ سه‌ر كه‌ره‌ كه‌نگرێ برایه‌كی گچكه‌ی خۆی كوشت..))
كه‌سێ گۆتی:
مام ره‌زا، ئه‌وه‌ تۆ چ ده‌ڵێی؟!
هه‌قایه‌تبێژ خۆی شێلوو نه‌كرد، قسه‌ی خۆی نه‌پچڕاند:
((له‌ ساڵه‌كی گرانی، وه‌بیرمنایه‌ چ گرانیه‌ك بوو، ئه‌و تازه‌ هه‌ڵده‌چوو، به‌پاشۆڵێ كه‌نگره‌وه‌ دێته‌وه‌ ماڵێ، برایه‌كی گچكه‌ی ده‌ست بۆ كه‌نگر ده‌با، ئه‌ویش لێیده‌كشێته‌وه‌، تا مسته‌ له‌ ده‌فه‌ی سینگی ده‌دا، جێی ده‌كاته‌ ئه‌وجێ و قیتنابێته‌وه‌، ئیدی هه‌ڵدێ و ساڵ و شتێك به‌ گوند و ماڵ ناكه‌وێته‌وه‌، تا دره‌نگیش خه‌ڵك به‌(ئه‌و كوڕه‌ی له‌ سه‌ر قله‌ كه‌نگرێ برای خۆی كوشت) ناویان دێنا))
به‌و سه‌ربرده‌یه‌ پتر له‌ هه‌قایه‌تبێژ تووڕه‌بووم، شه‌رم زارمی گرت، ده‌نا ده‌مگۆ:
درۆ ده‌كه‌یت، باپیری من برای خۆی نه‌كوشتووه‌.
به‌ هه‌ڵه‌داوان هاتمه‌وه‌ ماڵێ و قسه‌ی هه‌قایه‌تبێژم گێڕایه‌وه‌، پرسیم:
بابه‌، راسته‌، باپیرم برای خۆی كوشتووه‌؟!
بابم ته‌واوێك داما:
ئه‌منیش شتێكی وام بیستووه‌، به‌ڵام نازانم تا چه‌ند راسته‌!
هه‌رچی دایكمه‌ گۆتی:
وایه‌ و واتریش.
ته‌واوێك له‌ پیری سوارچاكان تووڕه‌بووم، چوومه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی و كه‌مێ شمشاڵم لێدا و گۆتم:
باپیره‌، چما شتی واشت كردووه‌!
هه‌مه‌دانیی كوڕی نه‌نه‌ی كۆیێ كه‌دوای تاوانه‌وه‌ی شۆڕش چۆوه‌ سه‌ربازی و ئێستا به‌ مادۆنی هاتۆته‌وه‌، گوێم لێیه‌ ده‌ڵێ:
له‌وه‌ته‌ی كورد هه‌یه‌، براكوژیی تێدایه‌.
(تاوانه‌وه‌ی شۆڕش) زاراوه‌ی زاری پلكه‌ زرێخه‌، ئه‌و ژنه‌ شۆڕشی له‌گه‌ڵ خوێ به‌راورد ده‌كرد، ده‌یگۆ شۆڕش به‌ خوێی ناو ته‌شته‌ هه‌ویریشی تێنه‌بوو، ده‌یگۆ: تا خوێیه‌كه‌ ده‌تاوێته‌وه‌ ته‌واوێكی پێده‌چێ، به‌ڵام شۆڕشه‌كه‌ له‌ چاو ترووكانێ تاوایه‌وه‌، هه‌ر كه‌سێ شۆڕشی رۆكرده‌ ده‌ریا! خودا هه‌ڵیداته‌ ناو كووره‌ی ئاگرێ.
مام عوسمان ئه‌وه‌ی له‌ ماڵێ وێنه‌ی ستالینی هه‌ڵواسیبوو گوتبووی:
كه‌س نا، خۆیان خۆیان خسته‌ ناو ده‌ریا.
پلكه‌ زرێخ:
له‌ ده‌وی بابت ریم له‌گه‌ڵ قسه‌ت.
له‌ گه‌ڕه‌كێ كه‌س نه‌بوو دڵی به‌ توانه‌وه‌ی شۆڕش خۆش بێ، به‌ مام عوسمان و مه‌لا كۆمۆنیستیشه‌وه‌، به‌ڵام مه‌لای جه‌هه‌نده‌م ده‌یگۆ:
شۆڕشێك له‌ رێی خوا نه‌بێت، ئه‌وهای به‌ سه‌ر دێت، سه‌رۆكی كوردان له‌ جیاتی قورئان، گوێی له‌ ئه‌ی ره‌قیب راده‌گرت.
ده‌ڵێن ئێواره‌یه‌ك له‌ بن دیواری مزگه‌فتی بندیانان، ئه‌كره‌م بڕنۆ گۆمكی گۆپاڵی وه‌ك چۆن ده‌یخه‌یته‌ ملی كاریله‌ و به‌رخۆله‌ ئه‌وها خستبوویه‌ پێی مه‌لا و رایكێشابوو گۆتبووی:
مه‌لا، هه‌ی جێت ناوه‌ندی ئاگر بێ، به‌ من بڵێ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر له‌ مه‌لا مسته‌فا موسڵمانتره‌؟ خودا ده‌یزانێ جاره‌كیدی قسه‌ی وا قۆڕت به‌ زاردا بێ، له‌ سه‌ر دنیا ره‌شتده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ مووسر(مووسڵ)ێَ به‌ قه‌ناره‌وه‌م بكه‌ن..
حه‌مه‌د مه‌ستان سه‌ربرده‌كه‌ی بن دیواری مزگه‌فتێ ده‌بیستێته‌وه‌ و ده‌ڵێته‌ بڕنۆ:
بابه‌كه‌م، سه‌رده‌می بڕنۆ به‌ سه‌رچوو، خۆت له‌و مه‌لایه‌ لاده‌، تووشتده‌كات.
توانه‌وه‌ی شۆڕش شه‌ڕی ساردی نێوان ده‌لینگسۆر و ده‌لینگزه‌ردیشی توانده‌وه‌، ئه‌و دووه‌ پێشتر، پێش ئه‌وه‌ی كورد به‌ چیا بكه‌وێته‌وه‌، هه‌میشه‌ شه‌ڕیان بوو، له‌ ساڵی شۆڕشێ شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵێیان نه‌ده‌كرد، به‌ڵام له‌ چاویان شه‌ڕ ده‌بریسكایه‌وه‌، حه‌مه‌د مه‌ستان گۆته‌نی:
له‌ نێوان ئه‌و دوو ده‌لینگه‌ شه‌رێكی سارد سارد، له‌ شه‌ڕی ئه‌مریكاو رووسیا ساردتر له‌ ئارایه‌.
دوای توانه‌وه‌ی شۆڕش ئه‌و دوو ژنه‌ ئاشتبوونه‌وه‌، ده‌مدیت له‌گه‌نه‌ یاپراخیشیان بۆ ماڵی یه‌كتر ده‌نارد..
دوای توانه‌وه‌ی شۆڕش حه‌مه‌د مه‌ستانیش به‌ ته‌نێ نه‌مایه‌وه‌، پێشترێ له‌ به‌لاشاوه‌ ته‌نێ خۆی عه‌ره‌قخۆر بوو، به‌ڵام ئێستا خۆی گۆته‌نی:
له‌ خوای به‌ زیاد بێ خه‌ڵكێكی زۆر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌!
له‌و سه‌روبه‌نده‌ هه‌ردوو شێوه‌ی ((گه‌ڕانه‌وه‌)) سه‌ریهه‌ڵدا، بڕنۆ، مه‌هدی، زۆریدی.. به‌ره‌و حه‌مه‌د مه‌ستان گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ پێش به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌ سه‌ریان چووبا نوێژیان نه‌ده‌چوو، له‌ بن بۆردومانیش نوێژیان داده‌به‌ست، كه‌چی ئێستا ناوه‌ ناوه‌ ده‌چنه‌ كۆڕی حه‌مه‌د مه‌ستان و به‌ مه‌ستی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵێ، برنۆ گۆتبووی:
تا له‌ بن ده‌ستی عاره‌بان بین، كه‌س له‌ سه‌ر به‌رماڵم نابینێ.
هه‌ندێكیدی، وه‌ك گرده‌ و مێردی ژنه‌ جوانه‌ شه‌له‌كه‌ و كوڕه‌ گه‌وره‌ی پۆلیسه‌كه‌ و .. پێشترێ نه‌یانده‌زانی رووگه‌ له‌ كیهه‌ لایه‌، ئێستا له‌ مزگه‌فتێ پشتی مه‌لا له‌ به‌ر ئه‌وان به‌ر كه‌س ناكه‌وێ، گرده‌ گوتبووی:
سوپاس خوایه‌، دوور له‌ دووگرد نه‌مردم.
بڕنۆ و گرده‌ زۆر براده‌ر بوون، له‌ زۆر شه‌ڕیش هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ بوون، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ش، بڕنۆ بۆ ماڵی حه‌مه‌د مه‌ستان و گرده‌ش بۆ مزگه‌فت، ساردی نه‌كه‌وته‌ نێوانیان، براده‌رایه‌تیان له‌ جاران گه‌رمتر بوو، ماڵیشیان هێنده‌ لێكدی دوور نه‌بوو، له‌ سه‌ر بانه‌وه‌ ده‌نگیان ده‌گه‌یشته‌ ئێكدی، ماڵی مه‌لای جه‌هه‌نده‌مێش هه‌ر له‌و سه‌ره‌ كۆڵانه‌ بوو، ئه‌و دوو به‌لاشاوه‌ییه‌ به‌لاشاوه‌یان پڕكردبوو له‌ سه‌ربرده‌ و قسه‌ی خۆش، هه‌ندێ له‌وانه‌ له‌ زاری كوڕه‌كه‌ی بڕنۆوه‌ به‌ كۆڵانێدا په‌رتده‌بوو:
گرده‌ له‌ سه‌ر بانه‌وه‌ ده‌ڵێته‌ بڕنۆ:
بووزی كه‌م تێكه‌، ده‌نگت ده‌نووسێ.
بڕنۆ:
بشنووسێ له‌ ده‌نگی مه‌لای جه‌هه‌نده‌م خۆشتره‌.
مه‌لای جه‌هه‌نده‌م دێته‌ سه‌ری:
به‌ زاری پڕ گووه‌وه‌، هه‌ی هه‌رچی و په‌رچی، به‌گژ پیاوی خوادا ده‌چی!
بڕنۆ:
وه‌ره‌ كه‌مێك له‌و گووه‌ بخۆ، تا ده‌نگت كه‌مێ خۆش بێ، خوا به‌ ده‌نگی ناخۆش سه‌ری دێشێ.
مه‌لا ده‌ڵێ:
ئه‌و دووسێ كۆڵانه‌ به‌ هۆی تۆوه‌ خڕیان به‌ گاوری ده‌مرن، بار نه‌كه‌ی بار ده‌كه‌م.
بڕنۆ: وه‌ی، له‌ پاره‌وه‌..
گرده‌ ده‌گاتێ و مه‌لا دوورده‌خاته‌وه‌ و پێده‌ڵێ:
خۆت له‌ بڕنۆ مه‌ده‌، جێم ناوه‌ندی جه‌هه‌نده‌مێش بێ، ئه‌و به‌ تۆ ناده‌م.
گرده‌ و بڕنۆ بێ یه‌كدی هه‌ڵناكه‌ن، زۆر جار پێك و به‌رماڵیان بۆ یه‌كدی راست كردۆته‌وه‌، بڕنۆ ده‌بینێ، گرده‌ دووگردی خوار راخستووه‌، بۆی راستكردۆته‌وه‌ و گوتوویه‌تی:
تۆ قه‌ت قیبله‌ نابینیه‌وه‌، تۆو نوێژیان نه‌گوتووه‌، بگه‌ڕێوه‌ سه‌ر عه‌ره‌ق.
گرده‌ ده‌ڵێ:
نه‌ قیبله‌ نیشانه‌یه‌، نه‌ نوێژ، بڕنۆ، خۆ من سێره‌ ناگرم، خودا له‌ هه‌موو جێیه‌.
گرده‌ ده‌بینێ، بڕنۆ پێكی ناڕێك ده‌كات، له‌ ریزبه‌ندیی عه‌رق و ئاو و سه‌هۆڵ هه‌ڵه‌ ده‌كات، یان له‌ سه‌ری ده‌ڕژێ، فێریده‌كات و ده‌ڵێ:
تۆ و عه‌ره‌قیان نه‌گۆتیه‌، پیاوی چاكبه‌ بگه‌ڕێوه‌ مزگه‌فت، رێوی له‌ كونی خۆی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌ گه‌ڕ ده‌بێ.
بڕنۆ ده‌ڵێ:
خه‌مت نه‌بێ پێكه‌وه‌ گه‌ڕ ده‌بین.
سه‌ربرده‌ی گرده‌ و بڕنۆ زۆره‌، جارێ هه‌ر هێنده‌م له‌ یاده‌، به‌بیرمبێته‌وه‌، ده‌گێڕمه‌وه‌، ئێستا ده‌چمه‌وه‌ لای كه‌لایانێ، پێشمه‌رگه‌ هاتنه‌وه‌ كه‌لایانێ، پێش به‌ چیا كه‌وتن به‌ تفه‌نگ و ده‌مانچه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا به‌ شانی رووت و بن پشتێن به‌تاڵه‌وه‌، پێشترێ كه‌س شای به‌ سه‌پان نه‌ده‌زانێ، ئێستا له‌گه‌ڵ گڕه‌ی هه‌ر (مسه‌له‌حه‌) ترومبێلی پۆلیسێك، راده‌چڵه‌كێن، هه‌یه‌ په‌نجه‌ی به‌ كه‌لاوه‌ ره‌ق ده‌بێ، ترومبێلی پۆلیس دێ، هێواش ده‌كاته‌وه‌، له‌ وه‌رزی خۆڵ هه‌ندێ تۆز و له‌ وه‌رزی قوڕ كه‌مێ قوڕاو به‌و ناوه‌ وه‌رده‌كات و پێ لێده‌نێ، له‌ مزۆی برای حه‌یده‌رم بیست:
برایه‌كی پۆلیسه‌ سمێڵ زه‌رده‌كه‌ ئه‌وێ ساڵێ له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی پشت كه‌سنه‌زانێ به‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ كوژرا.
پۆلیسه‌ سمێل زه‌رده‌كه‌ له‌ ته‌نیشت شوفێره‌كه‌ سوارده‌بوو.
هه‌ینێ له‌ به‌لاشاوه‌ چوار مزه‌فه‌ر هه‌بوون، به‌ هه‌ر چواریان ده‌گۆ مزۆ، مزۆی برای حه‌یده‌ر ماڵیان له‌ كۆڵانی مه‌ بوو، براده‌ر بووین، دوایی دێته‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌، ئێستا بزانین حه‌یده‌ر كه‌ ته‌واوێك له‌ ئێمه‌ هه‌راشتر بوو، چتۆ كه‌لاوه‌شێنێك بوو، ئه‌و كوڕه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وران كه‌لایانێی ده‌كرد، ده‌ست و پلی زۆر راست بوو، هه‌ر كوو كه‌لای ده‌هاویشت، خشۆكی یان هه‌ڵگرته‌، له‌ ناوه‌ندی كه‌لای ده‌داو شه‌قه‌ی لێ هه‌ڵده‌ستاند، عه‌سران نه‌بوو، دینارێ دینار و شتێ نه‌باته‌وه‌، به‌ڵام نه‌ده‌بوو درهه‌مێك بباته‌وه‌ ماڵێ، مام برایمی بابی ئێواران له‌ به‌ر هه‌یوانێ راده‌وه‌ستا، ده‌یگۆته‌ حه‌یده‌ر:
عه‌سرێ كه‌ ده‌رچووی درهه‌م و نیوێ له‌ به‌ڕكت بوو، له‌وه‌ پتر نه‌هێنیه‌ ژۆرێ، نابێ حه‌رام بێته‌ ماڵی من.
بۆیه‌ حه‌یده‌ر زۆر جار پاره‌كه‌ی له‌ بن ته‌نه‌كه‌ی زبڵ، له‌ كه‌لێنی دیواران ده‌شارده‌وه‌، چه‌ند جارێكیش لێی دزرا.
وه‌بیرمدێ یاسینێ هه‌بوو، زۆری حه‌ز له‌كه‌لایانێ بوو، هه‌میشه‌ ده‌یدۆڕاندیش، هێشتا تاكه‌یان دانه‌نابوو ده‌یگۆته‌ حه‌یده‌ر:
حه‌یده‌ر، ئه‌و سێ درهه‌مه‌م بۆ تۆ هێناوه‌.
حه‌یده‌ر هه‌ر به‌لاشاوه‌ نا، ده‌چووه‌ سه‌یداوه‌ش و له‌گه‌ڵ دۆمان كه‌لایانێی ده‌كرد، كه‌م كه‌س له‌ دۆمانی ده‌برده‌وه‌، حه‌یده‌ر ده‌یبرده‌وه‌، حه‌یده‌ر دواتر ده‌یگێڕایه‌وه‌:
دۆمه‌كان كاتێ ده‌یاندۆڕاند، ده‌هاتنه‌ سه‌ر رێی كه‌سی براوه‌ و به‌ركیان ده‌بڕی، لۆیێ من له‌گه‌ڵ خزمێكمان به‌ ماتۆڕ ده‌چووین، ده‌مرده‌وه‌، سوار ده‌بووین و تێمانده‌ته‌قاند.
دواتر ئه‌گه‌ر به‌بیرمبێته‌وه‌ به‌ كۆتره‌وه‌ سه‌رێ له‌مام برایم ده‌ده‌مه‌وه‌، ئۆی، گه‌شتێكی ناو زگی دێوم له‌ پێشه‌، ده‌چم و زوو دێمه‌وه‌، به‌ڵام به‌ر له‌و گه‌شته‌ كتێبێك هه‌یه‌، ده‌یخوێنمه‌وه‌ و به‌ڕێده‌كه‌وم.
سه‌رچیخ نه‌چووبم، سێ نیگار سێیه‌مه‌، به‌ر له‌و نیگارانه‌، مه‌م و زین له‌وێ، ئه‌ز ته‌نێ دوو كتێبی چیرۆكم خوێندبۆوه‌، له‌وێوه‌ تا ئێره‌ دنیایه‌ك چیرۆكم خوێنده‌وه‌، گه‌ڕه‌كێكیانم له‌ یادگه‌ نه‌ماوه‌، لێ سێ نیگار به‌ نیگار نیگاره‌وه‌ ده‌توانم دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ نیشانی خۆمی بده‌مه‌وه‌، ئه‌ها منداڵێكه‌ له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕ له‌ وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌رێ چاوه‌ڕێی بابی ده‌كات له‌ شه‌ڕێ بگه‌ڕێته‌وه‌، له‌ چاوه‌ڕوانیدا ده‌كه‌وێته‌ بن شه‌مه‌نده‌فه‌ر و بابی هه‌ر ناگه‌ڕێته‌وه‌، له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا ده‌ڵێ:
ناو به‌ڕكم بده‌نه‌وه‌ باوكم
له‌ ناو به‌ڕكی چ هه‌یه‌؟ سێ نیگار
ئه‌وه‌ی وای كرد سێ نیگارم له‌بیرنه‌چێته‌وه‌، پێناچێ منداڵی ناو چیرۆكه‌كه‌(بۆریا) بێت، له‌گینه‌ منداڵێكی به‌لاشاوه‌ی باب له‌ شه‌ڕ نه‌گه‌ڕاوه‌ بێت، ئه‌و منداڵه‌ی ده‌رێی چیرۆك، ئازادی ناوه‌، ئه‌و ده‌مه‌ی من له‌ په‌نای دیواری ماڵێ، له‌ ناو ته‌ڕه‌پیازان، په‌ڕ په‌ڕ سێ نیگارم هه‌ڵده‌دایه‌وه‌، ئه‌و له‌و به‌ری كه‌ندێ پشتی به‌ دارتێله‌كه‌ی یاد دابوو، روو له‌ رێی سه‌رێ له‌ بۆریا قووڵتر دامابوو، من له‌ ته‌مه‌نێك نه‌بووم، كتێب و ده‌رێی كتێب تێكبكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام له‌ منداڵه‌كه‌ی ناو چیرۆكه‌كه‌وه‌ بۆم روونبۆوه‌ منداڵی بن دارتێله‌كه‌ له‌ چ چاوه‌ڕوانیه‌كدایه‌، بابێ یۆریا له‌ سه‌رده‌می ستالین چووبووه‌ شه‌ڕی نازی، بابێ ئازاد له‌ سه‌رده‌می مه‌لا مسته‌فا چووه‌ شه‌ڕی به‌عسی.

نیگاره‌كانی ناو به‌ڕكی بۆریا، به‌ ده‌ستی خۆی كێشابوونی، یه‌ك له‌ وێنه‌كان: كۆشكێكی بڵند، له‌و سه‌ر ئاڵایه‌كی سووری له‌ سه‌ره‌، سه‌ربازێك تۆزێك وێروه‌تره‌، له‌و سووچه‌وه‌ منداڵێك روو له‌ سه‌ربازه‌كه‌ له‌ باری غاردانه‌ و هه‌ڵپه‌یه‌تی بیگاتێ، هه‌ر ده‌بێت منداڵه‌كه‌ بۆریا بێت و سه‌ربازه‌كه‌ش بابی بۆریا، منداڵی بن دارتێله‌كه‌ش وێده‌چێ وێنه‌ بكێشێ، له‌ سه‌ر كاخه‌ز نا، ئه‌ها دانیشت، دارووچكه‌یه‌كی له‌ ده‌سته‌، له‌ سه‌ر خۆڵێ له‌گژ خه‌تخه‌تۆكه‌یه‌، دڵم ده‌ڵێ وێنه‌ی خۆی و بابی ده‌كێشێ، وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی وردیله‌ی قۆزی جه‌مه‌دانیی به‌ گوڵینگ ده‌كێشێ، به‌ڵام باوه‌ڕناكه‌م بیر له‌ ئاڵا بكاته‌وه‌، ئاخر بابی ئازد، حه‌مه‌د مه‌ستان گۆته‌نی: له‌ شه‌ڕی شۆڕشێك تێداچوو، نه‌ك ئاڵا، ته‌ڕه‌پیازیشی له‌ جێ شین نه‌بوو..

هه‌ر سێ نیگاری سه‌ر سێ په‌ڕه‌ كاخه‌زی بۆری بۆریام دیت، ده‌چم خه‌تخه‌تۆكه‌ی سه‌ر خۆڵه‌پۆكی ئازدیش ببینم، چووم، منداڵی بن دارتێل رۆیشتبوو، له‌ سه‌ر خۆڵه‌پۆك دیتمه‌وه‌، له‌گینه‌ چاوم رێشكه‌پێشكه‌ی كردبێت، یان له‌ خه‌یاڵ بۆ خۆمم نه‌خشاندبێت، هه‌رچی بێت، من نیگارم دیته‌وه‌: ئه‌وه‌تا چه‌كدارێك رووی تفه‌نگی له‌ ده‌بابه‌ كردووه‌، هه‌وه‌، هه‌ر به‌لاشاوه‌ییه‌ك له‌و نیگاره‌ بڕوانێ، ده‌زانێ ئه‌و منداڵه‌ سه‌ربرده‌ی بابی له‌ سه‌ر خۆڵه‌پۆكێ نه‌خشاندووه‌، كێ هه‌یه‌ نه‌زانێ، بابێ ئازاد له‌ ده‌ستپێكی به‌ چیاكه‌وتنه‌وه‌، له‌ بانیه‌كانی پشت كه‌سنه‌زانێ، دوور، له‌و به‌رزاییه‌ی مله‌قوتێ ده‌گه‌ل باخچه‌ ده‌كات، پێشی ده‌بابه‌ی گرت، ده‌بابه‌ ملی نا و نه‌گه‌ڕاوه‌، ئه‌و له‌ جێی خۆی چه‌قی و ته‌ق ته‌ق، ته‌قه‌ی كرد، ده‌بابه‌ گه‌یشته‌ به‌رده‌می، ئه‌و له‌ جێی خۆی نه‌بزووت، له‌شی سه‌عیدی بابی كوڕی بن دارتێل بووه‌ بێژینگ و شه‌قاوێ نه‌چووه‌ پاشێ، به‌ جه‌مه‌دانیه‌كه‌ی ناسرایه‌وه‌.

ده‌یڵێمه‌وه‌، نیگاری سه‌ر خۆڵه‌پۆكێ، خۆڵه‌پۆكی بن دارتێله‌ په‌یژه‌ییه‌كه‌ی به‌لاشاوه‌ی هه‌ولێرێ، نه‌یهێشت سێ نیگارم بیرچێته‌وه‌، سێ نیگاری ناو چاكه‌تی كوڕه‌كه‌ی وێسته‌گه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌رێ، كوڕه‌كه‌ی كۆماری كالمیكی ده‌و ده‌ریای قه‌زوێنێ، ئه‌و كوڕه‌ی پێده‌چوو خێزانه‌كه‌ی بوودایی بن، به‌ڵام بابی له‌ بن ئالای كۆمۆنیستان شه‌ڕی كرد و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌و گه‌نجه‌ش كه‌ سه‌ربرده‌ی سێ نیگاری گێڕایه‌وه‌، نیگاركێش بوو، بۆیه‌ هه‌ر سێ نیگاره‌كه‌ی جوان نیشانداوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كوڕیژگه‌یه‌ی چووه‌ سه‌ر خه‌تخه‌تۆكه‌ی سه‌ر خۆڵه‌پۆكی، هیچی له‌ نیگار و هێلكاری نه‌ده‌زانی، بۆیه‌ نه‌یتوانی هێل و وێنه‌كان وێنه‌ی خۆی نیشان بداته‌وه‌، ناچار په‌نای بۆ شمشاڵ برد، له‌ شمشاڵه‌وه‌ شتێك له‌ ژانی سێویی گێڕایه‌وه‌.

ئه‌وجا ئێوه‌ له‌ شمشاڵ گه‌ڕێن باشه‌، ئاخر باس باسی سێ نیگاره‌، باسی دوو منداڵی باب له‌ شه‌ڕه‌، بۆریای ناو كتێب و ئازادی به‌ر چاوانی بن دارتێله‌كه‌ی ئه‌وبه‌ره‌، سه‌ره‌ڕای هه‌ندێش، به‌ شمشاڵ گێڕانه‌وه‌ ئاسانه‌، لێ گێڕانه‌وه‌ی شمشاڵ گرانه‌، له‌ خۆی گرانتر نیه‌، من هه‌ینێ به‌ له‌شێكی گرانه‌وه‌ ده‌چوومه‌ سه‌ربانێ، له‌وێوه‌ دڵپڕیی خۆم له‌ رێی فووی درێژ و حه‌فت په‌نجه‌وه‌ ده‌دایه‌ شمشاڵ، ئه‌و له‌ سه‌ربانه‌وه‌ كۆڵان كۆلان ده‌یگێڕا، دوای به‌تاڵبوونه‌وه‌، به‌ لشێكی سووكه‌وه‌، له‌ كۆتری ئاسمانێ سووكتر ده‌نیشتمه‌وه‌، ده‌هاتمه‌وه‌ حه‌وشه‌، ئیدی شمشاڵ چۆن به‌ من ده‌هێته‌ گێڕانه‌وه‌، با بچینه‌وه‌ لای سێ نیگار.

سێ نیگار له‌ ناو ده‌لاقه‌ی كتێبانه‌، تا ته‌واو نزیكنه‌كه‌ومه‌وه‌ دیار نیه‌، كتێبێكی ته‌نكۆكه‌ی په‌نجا شه‌ست لاپه‌ڕه‌یه‌، ئه‌و كتێبه‌ ده‌لاقه‌نشینه‌، زۆر دڵنشینه‌، ساڵ هات و چوو، ده‌لاقه‌ چوو، ماڵ چوو، گه‌ڕه‌ك چوو، به‌ڵام سێ نیگار له‌ دڵێ من مایه‌وه‌، له‌و ده‌وران ده‌ورانه‌ی دنیا، دوو جاریدیم خوێنده‌وه‌ و له‌ هه‌ر خوێندنه‌وه‌كیش ئازادی بن دارتێلم بیرده‌كه‌وته‌وه‌.
وه‌رگێڕانی سێ نیگار به‌ راده‌یه‌ك شیرینه‌، چه‌ند جار به‌ چه‌ند براده‌رێكم گوتووه‌:
هه‌ستده‌كه‌م ناوی (به‌له‌كاییف)ی نووسه‌ر به‌ سه‌ر به‌رگیه‌وه‌ زیاده‌یه‌ و عه‌زیز گه‌ردیه‌كه‌ی سه‌ری به‌سه‌.

درێژەی هەیە …..




بۆ بەرهەم ساڵح ؟ … شێرکۆ کرمانج

پێکهێنانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی بۆتە وێردی سەر زمانی هەموومان بەڵام:
کێ سەرۆکایەتی بکات؟
لە کێ پێکبێت؟
چۆن پێکبێت؟
ئەرکەکانی چی بن؟
ئەم پرسیارانە کەمترین قسەیان لەسەر کراوە، ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ قسەکردن لەسەر ئەم چەند پرسیارە. لای زۆربەمان ڕونە کە پێکھێنانی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانی لە ئێستادا زەرورەتێکی حەتمیە لە ھەرێم. بۆیە بەچاکمزانی کە چەند بیرۆکەیەک بخەمەڕوو بۆ گفتوگۆیەکی جدی.
لەسەرەتاوە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە من بەچاکی دەزانم کە سەرۆکایەتی حکومەتەکە بە د. بەرھەم ساڵح بسپێردرێت لەبەر ئەم ھۆکارانە:
١- بەرھەم ساڵح کاندیدێکە کە لەوانەیە ھەموو لایەنەکان، پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ و حیزبەکانی دیکەش قەبوڵی بکەن.
٢- بەرھەم ساڵح کەسێکە کە ھەم ئەزموونی لە بەڕێوەبردنی حکومەتی ھەرێم ھەیە ھەم کەسێکی تەکنۆکراتە.
٣- بەرھەم ساڵح لەنێو دامودەزگا عێراقیەکان ناسراو خۆشەویستەو پەیوەندییەکی بەربڵاوی لەگەڵ بکەرو کەسایەتییە سیاسییە کاریگەرەکانی ناو عێراق ھەیە.
٤- بەرھەم ساڵح ئەزمونی لەکاری دیبلۆماسی ھەیە بە ئاستە نێودەوڵەتیەکەشەوە. ئەو لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بەتایبەتی ئەمریکاو بەریتانیا ھەم ناسراوە ھەم پەیوەندی توندوتۆڵی ھەیەو ڕێزلێگیراویشە.
٥- بەرھەم ساڵح کەسێکی کاریزماییەو قسەکەرێکی چاکەو توانای داڕشتنی ئارگیومێنت‌و دەربڕینی بیرۆکەکانی زۆر لەسەرەوەیە.
بۆیە ھەنگاوی یەکەم بۆ ھەستانەوە پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتیمانییە بە سەرۆکایەتی بەرھەم ساڵح بەبەشداری ھەموو لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان بەمەرجێک ئەندامانی کابینەکەی لە گۆڕان ٢٥٪ و یەکێتیی ٢٥٪ و پارتی ٢٥٪ بەشێوەیەکی یەکسانانە پێکبێت. ئەو ٢٥٪ دیکەش بۆ ھەموو لایەنەکانی دیکە تەرخانبکرێت بەمەرجێک کە نەوەی نوێش پشکی بەرکەوێت.
واچاکە هیچ ئەندامێکی کابینەکە لە ئەندامانی ئەو نوخبە سیاسییە نەبن کە لە پێش شکستی ئۆکتۆبەر لە پۆستە باڵاکانی حکومەت‌و حیزب‌و پێشمەرگە بوون.
حکومەتە پێکهێنراوەکە ئەرکی بەڕیوەبردنی حکومەتی هەرێمی پێبسپێردرێت‌و پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبوەشێنرێتەوەو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بە ئەنجومەنی وەزیران بسپێردرێت‌.
تەواوی بڕیارەکانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی واچاکە بە زۆرینەی ڕەها دەربچێت، واتە ڕازیبوونی لانیکەم ٧٥% ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەمەش مسۆگەرکردنی بڕیاری دەستەجەمعیە لەم کاتەدا کە لە هەموو ئانوساتێک کوردستانیان پێویستیان بە کۆدەنگی‌و یەکڕیزییە.
حکومەتە پێکهێنراوەکە حکومەتێکی ڕاگوزەر بێت‌و مافی گفتوگۆکردنی لەگەڵ حکومەتی بەغدا لەسەر پرسە چارەنوسسازەکاندا نابێت هەبێت.
یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی هەڵوەشاندنەوەی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بێت‌ لەگەڵ دانانی دەستەیەکی نوێ لە کەسانی پرفیشناڵ‌و بێ لایەن.
ئەرکێکی دیکەی سەرەکی حکومەتەکە ئامادەکارییە لەگەڵ ڕێکخستنی هەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەرد.
دوای هەڵبژاردنەکان حکومەتێکی نوێ لەسەر بنەمای کورسییەکانی پەرلەمان دادەمەزرێت‌ کە توانای گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا هەبێت لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان.




كورد له‌ نێوان ئه‌مریكا، ئه‌وروپا، ئێران، توركیا، عێراق و شیعه ‌و سوننه‌دا … عه‌لی سیرینی


(سه‌رنجێكیش له‌ سه‌ر میدیای ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر)
….

نه‌بوونی لێكۆڵه‌ڤان‌ و پسپۆری تایبه‌تمه‌ند، مه‌یدان ئاوه‌ڵا ده‌كات بۆ به‌ناو “شرۆڤه‌كاران”ی زۆر و بۆر، كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ میدیای ئـێـره‌ و ئه‌وێ گوێیان لێده‌بێـت ئه‌وانیش به‌ كۆڕس ده‌یڵێنه‌وه‌ و كاره‌سات دروست ده‌كه‌ن، چونكه‌ چه‌واشه‌ی ڕای گشتیی و كۆی زهنیه‌تیی میلله‌تی پێ ده‌كرێت. بۆ نمونه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌رباره‌ی ئێران و ئه‌مریكا، له‌ عێڕاق، په‌خش و شرۆڤه‌ ده‌كرێـن، ساده‌یی و پوچه‌ڵیی زۆری پێوه‌ دیاره‌. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌واڵ و نوسین و شرۆڤه‌ خێرا به‌ ڕادان ده‌درێن، بێ ئه‌وه‌ی عه‌قڵێكی گه‌وره‌ هه‌بێـت به‌ قووڵیی لێكدانه‌وه‌ بۆ ئه‌م ڕووداوانه‌ی ئێستای ناوچه‌كه‌ بكات. پێش شرۆڤه‌كردن، پێویستیمان به‌ مێژووناسی باش هه‌یه بێـت و لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵداته‌وه‌‌.

میدیای ده‌ڤه‌ری هه‌ولێڕ ده‌ڵێت: چیای شنگال بۆ ئێران ستراتیجییه‌، چونكه‌ له‌وێوه‌ به‌ موشه‌ك بۆردومانی ئیسڕائیل ده‌كات!! چه‌ند جارێك بیرم له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه،‌ ئایا مرۆڤ ده‌توانێت له‌ هه‌مان كاتدا گریان و پێكه‌نین بكات. ڕاستیه‌كه‌ی هه‌واڵێكی له‌م جۆره‌‌، یان ڕوونتر، شرۆڤه‌ی ئاوا‌، له‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌ن كه‌ مرۆڤ ده‌خه‌نه‌ گریان و پێكه‌نین له‌ یه‌ك كاتدا. چونكه‌ هه‌فته‌یه‌كه،‌ خه‌ریكه‌ هه‌رچی كورده‌ له‌ خه‌می كه‌ركوك و له‌ ده‌ستدانی نیوه‌ی خاكی كوردستان، سه‌ری سپی ده‌بێـت و له‌ قه‌هرا جه‌ڵته‌ لێی ده‌دا. كه‌چی ده‌بینیت ڕه‌واجێكی زۆر به‌م بابه‌ته‌ دڕاوانه‌ ده‌درێت، كه‌ له‌ ئه‌رزی واقیعدا شاخی بزنێكی پێ تیمار ناكرێـت و هیچ به‌ هیچ ناكات.

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێت، ڕێك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆژئاوا به‌ گشتیی و ئه‌مریكا به‌ تایبه‌تیی، ده‌یویست ڕوو بدات. بۆ؟ له‌ به‌ر چه‌ند هۆكارێك.
وڵاتانی ڕۆژئاوا وڵاتی پیشه‌سازیی و ته‌كنه‌ڵۆجیا و وه‌به‌رهێنانن. پێویستییه‌كی زۆریان به‌ وزه‌ هه‌یه‌. ئه‌م وزه‌یه‌ له‌ وڵاتانی ناوچه‌ی ئێمه‌ و ئه‌فریقاش زۆر و بێ ساحێبه‌. وڵاتانی ڕۆژئاوا، له‌ سه‌ده‌ی شازده‌مه‌وه‌ (واته‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئیمپراتۆریه‌تی ئیسپانیی و پورتوگالیی و دواتر به‌ریتانیی و فه‌ڕه‌نسیی) دوای ده‌ست به‌ سه‌رداگرتنی ده‌ریاكان، سه‌روه‌ت و سامانی دونیایان بۆ خۆیان حه‌ڵاڵ كردووه‌. له‌ گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مریكا (جیهانی نوێ) له‌ سه‌ده‌ی شازده‌م، هه‌رچی زێڕ و زیو‌ و خێر و بێری ئه‌مریكا بوو بردرا بۆ ئه‌وروپا، ئنجا هیندیه‌ سوره‌كانیش كه‌وتنه‌ به‌ر حه‌مله‌ی قه‌سابخانه‌كان (جێنۆساید)، كه‌ تا ئێستا له‌ دونیا به‌ جێنۆساید نه‌ ناسراوه‌. جگه‌ له‌ مه‌ش ئیتر به‌ كۆیله‌ كران.

له‌ ئه‌فریقاش، نزیكه‌ی 200 ملیۆن مرۆڤ به‌ كۆیله‌ بردرا بۆ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ بازرگانیی و په‌یداكردنی كۆیله‌ بۆ كار پێكردن له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌ بێ به‌رامبه‌ر، پێش و پاش سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی پیشه‌سازیی. له‌م ئان و ساتانه‌دا، ئه‌وه‌ی ئه‌وروپای هه‌راسان كردبوو، ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی عوسمانیی بوو، كه‌ میراتگری ده‌وڵه‌ته‌كانی پێشووی خۆی بوو (ئه‌مه‌وه‌یی، عه‌بباسیی، ئه‌یوبیی…) له‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌دا به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وروپا. چونكه‌ ململانێی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ته‌مه‌نی نزیكه‌ی سێ هه‌زار ساڵه‌ و زۆر كۆنتره‌ له‌ ئیسلام و مه‌سیحیه‌تیش. به‌ڵام له‌ هه‌مان ئه‌و كاته‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی (كه‌ كورد تیایدا سه‌روه‌ر و باڵا ده‌ست بووه‌ و تورك وه‌ك میلله‌ت تیایدا بێزراو بووه‌! كه‌ ئه‌مه‌یان بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵك نه‌زانراوه‌!)، به‌ نێو خاكی ئه‌وروپادا سه‌روه‌ریی خۆی ده‌چه‌سپاند؛ ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌ویی شیعه‌، زه‌ڕبه‌ی كوشنده‌ی له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانیی ده‌دا، تا ئه‌و سنوره‌ی بوو به‌ هۆكار بۆ سه‌رخستنی ئه‌وروپا و دۆڕاندنی عوسمانییه‌ت له‌ دوا سه‌ده‌كاندا. بۆ نمونه،‌ له‌ كاتی ئابڵوقه‌ی ڤیه‌ننا له‌ لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه‌، سه‌فه‌وییه‌كان هاتن به‌غدایان گرت و خه‌ریك بوو ده‌بوونه‌ هه‌ره‌شه‌ بۆ پایته‌ختی عوسمانیی له‌ ئیسته‌مبۆل. ئیتر عوسمانیه‌كان، به‌ ناچاریی، له‌ ئابڵوقه‌ی ڤیه‌ننادا پاشه‌كشه‌یان كرد و گه‌ڕانه‌وه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌مساویه‌كانیش زۆر ترسابوون، كاتێك عوسمانیه‌كان كشانه‌وه‌، نه‌مساویه‌كان نانێك یان كێكێكیان دروستكرد له‌ شێوه‌ی مانگ به‌ ناوی (كڕواسۆن كه‌ به‌ مانای مانگ دێت وه‌ك وشه‌ی ئینگلیزیی كڕێیزنت). ئه‌مه‌ش وه‌ك سیمبوڵ وابوو بۆ مانگه‌كه‌ی ئاڵای عوسمانیی كه‌ نه‌مساویه‌كان له‌ هه‌ژمه‌تا قه‌پیان ده‌گرت له‌ كڕواسۆن، ده‌یانگوت: ئه‌مه‌ هیلاله‌كه‌ی ئاڵای عوسمانیه‌كانه‌ ده‌یخۆین! بێگومان نه‌مساویه‌كان و ئه‌وروپیه‌كانیش، له‌ ناخه‌وه‌ سوپاسێكی زۆری سه‌فه‌ویه‌كانیان كردووه‌.

له‌ سه‌ده‌ی شازده‌مه‌وه‌، ڕۆژئاوا ئه‌زموونێكی زۆری بۆ په‌یدا بووه‌، ده‌رباره‌ی سود و كه‌ڵكی هه‌بوونی ده‌سته‌ڵاتی شیعه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا. ده‌سته‌ڵاتی شیعه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵقوڵاوی توڕاس و ئه‌ده‌بیاتی مه‌زهه‌بی شیعه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچیه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، وه‌ك مه‌زهه‌بێكی موده‌ووه‌نی چوارچێوه‌ دار. ئه‌م مه‌زهه‌به‌، یه‌ك زه‌ڕره‌ گیر و گرفتی له‌ گه‌ڵ ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتدا نیه‌. گیر و گرفته‌كه‌ی له‌ یه‌ك بازنه‌ی داخراودا كۆ بووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش ڕق و بوغزه‌ له‌ پان ئیسلام (واته‌ شوێنكه‌وتووانی مه‌زهه‌بی سوننی). كه‌واته‌ ده‌سته‌ڵاتێك به‌م شێوه‌ بێت، كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی كه‌مینه‌یه‌كی هه‌میشه‌ په‌مپدراو به‌ بوغز ده‌كات، له‌ نێو بازنه‌یه‌كه‌ی فراوانی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلام، ئه‌مه‌ وه‌ك نیعمه‌تێكه‌و له‌ ئاسمان باریوه‌ بۆ هه‌ر هێزێكی ده‌ره‌كیی دژ به‌م ناوچه‌یه‌، له‌ پێش هه‌مووشیان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕوسیاش.

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ شرۆڤه‌كاری كورد پێش ئه‌وه‌ی بیه‌وێ شرۆڤه‌ پێشكه‌ش بكات، هه‌قه‌ نه‌ختێك خۆی ماندوو بكات، به‌رده‌وام كتێب ده‌رباره‌ی مێژووی ئێران و توركیا و عێراق و سوریا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بخوێنێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چۆن ڕووداوه‌كان دروست بوون و چۆن ته‌شه‌نه‌ و به‌ره‌وپێشوه‌چوونیان بینیووه‌. بۆ نمونه‌ گه‌ر هزرێ له‌ به‌ ناو شۆڕشی ئێران بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ ساڵی 1979 ڕوویدا، تا ئێستاش كه‌ مێژووێكی 38 ساڵه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت، زۆر شتمان بۆ ڕوون ده‌بێـته‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌نوكه‌ی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌ ڕووداوه‌كان حاڵی بین. شای ئێران كه‌ به‌ پۆلیسی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا ناسراو بوو، سیستمێكی ڕۆژئاواییانه‌ی له‌ ئێراندا به‌رپا كردبوو. له‌ شه‌سته‌كان و هه‌فتاكاندا، خومه‌ینی له‌ عێراق و دواتریش له‌ ئه‌وروپا، بانگه‌شه‌ی شۆڕشی ئیسلامیی ده‌كرد. به‌ كاسێت (تۆماری ده‌نگیی) وتاره‌كانی به‌ نێو ئێران بڵاو ده‌كرده‌وه‌، كه‌ هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش بوو شۆڕشی ئێران به‌ شۆڕشی كاسێت ناو نرا. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ تێبگات ڕووداوه‌كه‌ چۆن بوو، ده‌توانین نمونه‌كه‌ ئاوا بێنینه‌وه‌، كه‌ ئه‌م به‌زمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له‌ ئه‌مریكا یان ئه‌وروپا بوایه‌ و بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی بكردبوایه‌، ڕۆژئاواش كار ئاسانیان بۆی بكردبوایه‌!

زۆر به‌ سوك و ئاسانی، ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، پشتیان له‌ شای ئێران كرد (كه‌ تا سه‌ر ئێسقان كه‌سێكی عه‌لمانیی و هه‌وادارێكی توندی ڕۆژئاوا بوو). له‌ هه‌مان كاتدا، خومه‌ینی به‌ خۆی و عه‌مامه‌و مێزه‌ر و ڕیشه‌ پانه‌كه‌ی و جوببه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی، به‌ ته‌یاره‌ی جامبۆی فه‌ڕه‌نسی له‌ پاریسه‌وه‌ هێنرایه‌وه‌ تاران بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی به‌ناو ئیسلامیی! له‌ ساڵی 1979 وه‌، ئێران به‌ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا ده‌ڵێت “شه‌یتانی گه‌وره‌” و ئه‌مریكاش به‌ ئێران ده‌ڵێت “سه‌رچاوه‌ی شه‌ڕو ئاشوب”.

كه‌چی له‌ هه‌شت ساڵ شه‌ڕی ئێران و عێراق، ڕۆژئاوا پشتی له‌ ئێران نه‌كرد. چۆن چه‌كیان به‌ عێراق ده‌فرۆشت، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ ئێرانیشیان فرۆشت. لاوازترین ئۆپۆزۆسیۆن له‌م ناوچه‌یه‌ ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانه‌. به‌ واتایه‌كی تر، لاوازترین ئۆپۆزۆسیۆن له‌ وڵاتانی ناوچه‌ی ئێمه‌، له‌ ڕووی هاوكاریی و پشتگیریی ده‌ره‌كیی، ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانه‌، كه‌ به‌ ژماره‌ و جۆر زۆر زۆره‌ له‌ نێو پێكهاته‌كانی وڵاتی ئێران، به‌ڵام له‌ ڕووی دارایی و سه‌ربازیه‌وه‌ لاوازه‌. له‌ ساڵی 1991وه‌، ئه‌مریكا بوونی سه‌ربازی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌. هه‌رێمی كوردستانیش، سنورێكی سه‌دان كیلۆمه‌تری شاخاویی له‌ گه‌ڵ وڵاتی ئێراندا هه‌یه‌. گه‌ر ئه‌مریكا به‌ڕاست دژی ئێران بوایه‌، ده‌كرا له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئۆپۆزۆسیۆنی كورد و ئێرانیش پڕ چه‌ك بكرابوا و له‌ ئێران ده‌ست به‌ كار بوایه‌. له‌ سالی 2001، ئه‌مریكا و ته‌حالوف، به‌ یارمه‌تی ئێران، ده‌وڵه‌تی تاڵیبانی له‌ ئه‌فغانستان ته‌فروتونا كرد. ئه‌فغانستان، سنورێكی سه‌دان كیلۆمه‌تری شاخاویی و ده‌شتایی له‌ گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌. گه‌ر ئه‌مریكا و رۆژ ئاوا به‌ڕاست دژی ئێران بووان، ده‌كرا له‌وێوه‌ هاوكاری به‌لوچیه‌كان بكرێـت كه‌ دوژمنی سه‌ر سه‌ختی ئێرانن. له‌ ساڵی 2003، به‌ هاوكاریی ئێران، دیسانه‌وه‌ ئه‌مریكا وڵاتی عێراقی خاپور كرد.

عێڕاق سه‌دان كیلۆمه‌تر، سنوری هه‌یه‌، له‌ گه‌ڵ ئێران، كه‌ ده‌كرا ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانی پڕ چه‌ك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕژێمی ئێران بڕوخێنن، گه‌ر هیچ نه‌بوایه‌ به‌ تۆمه‌تی یارمه‌تی دانی حزبوڵلای لوبنانی كه‌ حزبێكی تیرۆریستیه‌ و‌ له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل له‌ “جه‌نگ”دایه‌! له‌ بری ئه‌وه‌، ئه‌مریكا گڵۆپی سه‌وزی هه‌ڵكرد، بۆ هێزه‌ دینیه‌ شیعه‌كانی عێراق كه‌ سه‌ر به‌ ئێرانن، بۆ لێدان و ته‌فروتونا كردنی ڕێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێرانیی، كه‌ ڕێكخراوێكی عه‌لمانیه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ببینه‌ ئه‌وروپا چۆن مامه‌ڵه‌ی ئێرانی كرد، دوای ئه‌وه‌ی ده‌یان كاری تیرۆریستیی له‌ نێو جه‌رگه‌ی پایته‌خته‌كانی ئه‌وروپا ئه‌نجامدا. وه‌حید كۆرجی، له‌ پاریسدا به‌ ده‌ستی ئیتڵاعاتی ئێران تیرۆر كرا. دكتۆر قاسملوو و دكتۆر فازڵ (كه‌ ئه‌مه‌ی دووه‌م ڕه‌گه‌زنامه‌ی نه‌مساویی هه‌بوو!)، له‌ پایته‌ختی وڵات، ڤیه‌ننا، تیرۆر كران.

دكتۆر سادق شه‌ڕه‌فكه‌ندیی له‌ گه‌ڵ هاوه‌ڵه‌كانی له‌ به‌رلین تیرۆر كران. چه‌ندین جار هه‌وڵدراوه‌ بۆ تیرۆر كردنی سه‌رۆكی پێشووتری ئێران ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نی سه‌در له‌ فه‌ڕه‌نسا. نمونه‌ی تر زۆرن. كه‌چی ئه‌وروپا قه‌ت په‌یوه‌ندی خۆی تێك نه‌دا له‌ گه‌ڵ ئێران. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ساڵی 1997، كاتێك مه‌حكه‌مه‌ی میكۆنۆس (به‌ ناوی میكۆنۆس كرا چونكه‌ ئه‌و چێشتخانه‌ یۆنانیه‌ی كه‌ دكتۆر شه‌ڕه‌فكه‌ندیی تیادا تیرۆر كرا له‌ به‌رلین، به‌ ناوی میكۆنۆس بوو)، حوكمی تاوانی به‌ سه‌ر دوو كه‌سی لوبنانی سه‌ر به‌ حزبوڵلا و یه‌كێكی ئێرانی دا، وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بڕیاری پچڕاندنی په‌یوه‌ندیان دا له‌ گه‌ڵ ئێران. به‌ڵام هه‌ر زوو، یه‌كێتی ئه‌وروپا پشتی له‌ بڕیاری مه‌حكه‌مه‌ كرد و په‌وه‌ینده‌یه‌كانیان ده‌ست پێكرده‌وه‌ له‌ ژێر ناوی (گفتوگۆی ڕه‌خنه‌گرانه‌: الحوار الإنتقادي) به‌ مانای په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئێران ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه،‌ به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ش له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئێران، كه‌ جگه‌ له‌ بڵقی سه‌ر ئاو شتێكی تر نه‌بوو!

له‌ ساڵی 2011، دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بیی، هه‌موو هێزه‌ تیرۆریستیه‌كانی ئێران، دوای عێڕاق به‌ره‌و سوریا و لوبنان و به‌حره‌ین و یه‌مه‌ن به‌ڕێكه‌وتن، زۆر به‌ خه‌ستیی به‌شداریان كرد له‌ سه‌ر كوتكردنه‌وه‌ی شۆڕشی ئاشتیانه‌ی عێراق و سوریا. له‌ هه‌مانكاتیشدا، هاوكاریی سه‌ربازیی كه‌مینه‌ شیعه‌كانیان كرد، له‌ به‌حره‌ین و لوبنان و یه‌مه‌ن، بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی هه‌موو ناواخنه‌كانی ململانێ له‌ نێو هه‌ر یه‌ك له‌م وڵاتانه‌دا. كه‌چی هیچ كام له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا (به‌ ئیسڕائیلیشه‌وه‌) به‌ هیچ هه‌نگاوێكی ڕاسته‌قینه‌ دژی ئه‌م ئه‌خته‌بوته‌ی ئێران هه‌نگاوێكیان نه‌نا! بۆ؟ چونكه‌ ڕاستیه‌كه‌ی، ئێران به‌ هیچ شێوه‌ مه‌ترسیی نیه‌ له‌ سه‌ر ئیسڕائیل و ئه‌مریكا و ئه‌وروپا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئێران سه‌رچاوه‌ی خێر و به‌ره‌كه‌ته‌ بۆ ئه‌م وڵاتانه‌. ئێران شه‌ڕ و ئاشوبێكی گه‌وره‌ی ناوه‌ته‌وه‌ له‌م وڵاتانه‌. بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیی، بۆ سه‌ر وڵاتانی كه‌نداو و عێڕاق و توركیا و كوردستان و…هتد.
كه‌ به‌م هۆیه‌وه‌، نه‌یارانی ئێران، هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان پڕ چه‌ك بكه‌ن، بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌. وڵاتانی كه‌نداو، به‌ سه‌دان ملیار دۆلار چه‌ك له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕوسیا ده‌كڕن. به‌ سه‌دان ملیاری تریش ده‌ده‌ن به‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا، له‌ بری گوایه‌ پارێزگاریی كردنیان. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، چونكه‌ ئێران و نه‌یاره‌كانیشی، ته‌نگاو و به‌له‌زن بۆ په‌یداكردنی چه‌ك، مه‌جبورن نه‌وت به‌ نرخێكی هه‌رزان بفرۆشن، به‌ هه‌مان كۆمپانیاكانی ڕۆژئاوا، كه‌ له‌ دیوه‌كه‌ی تره‌وه‌ چه‌كیان پێ ده‌فرۆشن. زۆربه‌ی جارانیش هه‌ر له‌ بازاڕی ڕه‌ش ده‌یفرۆشن كه‌ ئه‌ویش بازاڕێكه‌، ڕۆژئاوا كردوویه‌تیه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی به‌ نرخی تۆركه‌ (تۆڵه‌كه‌) ده‌ستكه‌وێت.

ئنجا، ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی ئه‌و سوریایه‌ له‌ ده‌ستی ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌، له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی ئێراندایه‌. ئنجا گه‌ر هه‌ندێك له‌ “شرۆڤه‌كاران”ی كورد پێیان وایه‌ چیای شنگال مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر ئیسڕائیل، ئه‌مه‌یان قسه‌یه‌كی منداڵانه‌یه‌و زۆریش بێ مانایه‌. چونكه‌ ئێران له‌ سوریا و لوبنان هه‌یه‌، چ پێویستیه‌ك به‌ چیای شنگال هه‌یه بۆ هاوێشتنی موشه‌ك به‌ره‌و ئیسڕائیل؟ نه‌خێر ئه‌مه‌ شتێك نیه‌ شایه‌نی باس بێت. به‌ڵكو ئه‌مڕۆ ئابوریی ئێران كه‌وتووه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. نزیكه‌ی له‌ 40%ی میلله‌تی ئێران له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌. به‌ هۆی تێوه‌گلانی هێزه‌كانی ئێران، له‌ شه‌ڕ و به‌ره‌ی جه‌نگ، له‌ عێراق و سوریا و یه‌مه‌ن و كوردستان، ئێران به‌دوای سه‌رچاوه‌ی وزه‌ ده‌گه‌ڕێت. ئه‌م ته‌قه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ له‌ پاشه‌ڵی ئێران دروست بووه‌، به‌ هۆی خوێنبه‌ربوونی ئابوریه‌كه‌ی، نه‌وتی كه‌ركوك ده‌توانێت تا كاتێكی نادیار بۆی بدوورێته‌وه تیماری بكا‌. ئه‌مه‌ش وێڕای ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی به‌ جه‌نگ ده‌دات له‌م ناوچه‌ی ئێمه‌، پێوستیی لایه‌نه‌كان بۆ چه‌ك زیاتر ده‌كات، هه‌روه‌ها نرخی نه‌وته‌كه‌ش هه‌رزانتر ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئێران له‌ گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌مه‌یان ڕازین،‌ له‌ سه‌ودایه‌كی بێ ده‌نگدا!

ئێران قه‌ت موشه‌كی به‌ ئیسڕائیله‌وه‌ نه‌ناوه‌. ئیسڕائیلیش به‌ دوژمنی خۆی نازانێت. به‌ڵكو ئه‌وانه‌ به‌ دوژمنی خۆی ده‌زانێـت، كه‌ ئیمپراتۆریه‌تی فارسیان خسته‌ ژێر پێ و گوایه‌ هه‌ر ئه‌وانیش، حوسه‌ینیان له‌ كه‌ربه‌لا شه‌هید كردووه‌. ئنجا، كێن ئه‌وانه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی فارسیان ڕوخاند و حه‌زره‌تی حوسه‌ینیان شه‌هید كرد؟ به‌ بۆچوونی شیعه‌، هه‌رچی مسوڵمانی سوننه‌ هه‌یه،‌ به‌چكه‌ی ئه‌وان ده‌سته‌ڵات و خه‌ڵكانه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌یان به‌ سه‌ر باپیره‌ گه‌وره‌كانی فارسی ئه‌مڕۆدا هێناوه‌. بێگومان له‌ نێو ئه‌مانه‌شدا، گه‌لی كورد و توركیش حسێب ده‌كرێن.

چه‌ندین ساڵه‌ ده‌ڵێم، وڵاتانی ڕۆژئاوا، حه‌زده‌كه‌ن شه‌ڕی چاڵدێران دووباره‌ بێته‌وه‌ له‌ نێوان ئێرانی شیعه‌ و توركیای سوننه‌. چاوی ڕۆژئاوا له‌ سه‌ر ئیسته‌مبوڵه‌. ئیسته‌مبوڵ بۆ ڕۆژئاوا له‌ قودس بۆ مسوڵمانان گرنگتره‌. ئیسته‌مبوڵ (واته‌ قوسته‌نتینیه‌) سه‌رچاوه‌ی مێژوو و شوناس و شارستانیی و ڕێنیسانسی ڕۆژئاوایه‌ و ده‌یانه‌وێ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر جوگرافیای ئه‌وروپا. دابه‌شكردنی توركیاش مه‌به‌ستێكی سه‌ره‌كی ڕۆژئاوا و ئیسڕائیل و ئێرانه‌. نه‌خشه‌ی سه‌ره‌كیش بۆ ئه‌م پیلانه‌ ئه‌وه‌یه‌، جگه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قوسته‌نتینیه‌ بۆ سه‌ر خاكی ئه‌وروپا، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی كوردستانه‌ بۆ ئه‌رمینیای مه‌سیحیی (به‌ قه‌ڵاچۆپێكردنی كورد له‌ ڕێگای شه‌ڕ و ئاشوبه‌وه‌)، ئنجا دامه‌زراندنی وڵاتێكی عه‌له‌ویش.

ئه‌وه‌ی تریش له‌وانه‌یه‌ وڵاتێك یان زیاتر، بێ په‌ل و پۆ و بێ شوناس، بۆ تێكه‌ڵه‌یه‌كی كورد و تورك بمێنێته‌وه‌. هه‌ڕه‌شه‌كانی حه‌سه‌ن پلایزیش له‌ ئۆردوغان، ته‌نها هه‌وه‌سێك نیه‌ هاتبێته‌ كه‌للـه‌ی به‌رپرسێكی مه‌یدانی هێزی حه‌شدی شیعیی، به‌ڵكو نامه‌یه‌كه‌ قووڵاییه‌كه‌ی له‌ مێژوو هه‌یه‌ و له‌ نێو عه‌مامه‌ی خامه‌نه‌ئی و ڕوحانی و حه‌سه‌ن نه‌صڕوڵلا و سیستانی پێچراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و ئۆردوغانه‌ی كه‌ پێویست بوو میلله‌تی كورد وه‌ك پشت و په‌نا بۆ خۆی حسێب بكات، چونكه‌ به‌ بێ كورد، سوڵتان سه‌لیم و ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌وانه‌ بوو هه‌ر له‌ سه‌ده‌ی شازده‌مه‌وه‌ كۆتایی بێت، ئه‌مڕۆ به‌ جه‌لاله‌تی عه‌قڵ و مه‌عریفه‌ت و حیكمه‌ته‌كه‌یه‌وه‌، هه‌ڵسا ئه‌م پشته‌ی چه‌مانده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی شكاندنی! ئه‌و گوریسه‌ی كوردیش، كه‌ ئۆردوغان خۆی پێ هه‌ڵواسیبوو له‌ ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا و له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ قازانجێكی زۆری سیاسیی و ئابوریی و ئه‌منیی بۆ فه‌راهه‌م هێنا بوو، هه‌ڵسا گوریسه‌كه‌ی بڕی؛ چونكه‌ پێی وابوو ئه‌گه‌ر خودی خۆشی بكه‌وێ، ئه‌وا هیچ نه‌بێـت سه‌ری تیمساحه‌كه‌ی ژێره‌وه‌ پان ده‌كاته‌وه،‌ كه‌ ناوه‌ ناوه‌ ده‌می بۆ ده‌كاته‌وه (مه‌به‌ست په‌كه‌كه‌یه‌)‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌، به‌ په‌له‌ و به‌ پشێكی سوار، خۆی هه‌ڵنایه‌ دیوه‌خانی خامه‌نه‌ئی و ڕوحانی، كه‌ له‌ ده‌رگا دووره‌كانی پێشه‌وه‌، محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری وه‌زیری بازرگانیی (سه‌رنجده‌ وشه‌ی بازرگانیی!) و پیشه‌سازیی، پێشوازی لێكرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئۆردوغان نه‌یزانی، به‌ هۆی چاك نه‌خوێندنه‌وه‌ی مێژوو، یان هه‌ر نه‌خوێندنه‌وه‌ی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ژێره‌وه‌ تیمساحی زۆر زل خۆیان مه‌ڵاس داون‌. هێشتان، كه‌وتنه‌كه‌ی ئۆردوغان ماوه‌ بگاته‌ سه‌ر ئه‌و ئاوه‌ی، تیمساحه‌ زله‌كان تیایدا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن و زۆریش برسیانه‌! كاتێك گه‌یشته‌ ئه‌وێ و شه‌په‌ی هات، ئه‌وكات ده‌بینێـت چه‌ند ته‌قه‌ڵ به‌ پاشه‌ڵیه‌وه‌ دروست ده‌بێـت، كه‌ نه‌ك كه‌ركوكێك و دووان، به‌ڵكو به‌ 100 كه‌ركوكیش چاره‌سه‌ریی نابێـت.
ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕێ بكه‌ین و ئه‌نجامه‌كان بـبـیـنـیـن، كه‌ چه‌ند ساڵێك ده‌خایه‌نن. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ كه‌وتنی شنگال به‌ ده‌ستی ئێران یان هێزه‌كانی سه‌ر به‌خۆی، نزیك كردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵگیرسێت دژ به‌ توركیا.

ئه‌وه‌ی كوردیش پێویسته‌ بیزانێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیراده‌ی میلله‌تی ئێمه‌ پۆڵایینه‌و، ئێمه‌ دوای ئه‌و شۆكه‌ی بینیمان، له‌ جاران به‌هێزترین. ئه‌وه‌ی گرنگه،‌ به‌ره‌ی كورد سه‌ر له‌نوێ به‌ پته‌ویی و به‌ هێزه‌وه‌ هڵسێته‌وه‌ سه‌ر پێ، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ دوو سێ ڕه‌هه‌ندی گرێدراو ده‌كرێـت. یه‌كه‌م: شوناسی كورد كه‌ دروستكراوی ئیسلام و توڕاسێكی مێژینه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی میدیا و كۆنتریش، وه‌ك چۆن ئه‌وروپا به‌ دوو ڕه‌هه‌ندی مه‌سیحیی/جوله‌كه‌و توڕاسی ڕۆمانیی شوناسه‌كه‌ی دروست بووه‌. دووه‌م، یه‌كێتی هێز و ئیراده‌و پێداگریی له‌ سه‌ر ته‌واوی مافه‌كانی كورد. سێیه‌م، ئه‌و قابیلیه‌ت و هێزه‌ی له‌ ناو كه‌سایه‌تی كورد دا هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ و ڕوو به‌ ڕوو بوونه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی زۆر گرنگیشه‌ كورد بیكات ئه‌وه‌یه،‌ له‌ نێو خۆ دا، مته‌وازیع و لێبورده‌ بن و ئه‌و په‌ڕیی حیكمه‌ت به‌ كار بـێـنـن. به‌رامبه‌ر به‌ ئێران و شیعه‌ش، ببنه‌ ڕمێك كه‌ دڵ و جه‌رگیان شه‌ق بكات. كورد، كارتی زۆری به‌ده‌سته‌وه‌یه ‌و نه‌ڕوخاوه‌. ئه‌مڕۆ، زۆر له‌ جاران به‌ھێزتره‌ و ئه‌وه‌ی ڕوویدا خێرێكی گه‌وره‌ی پێوه‌یه‌، بۆ خۆ خاوێن كردنه‌وه‌ و سه‌ر له‌ نوێ خۆ دروستكردنه‌وه‌.




كاتێ جه‌نگ به‌پێی په‌تی دێ … چنوور نامیق

ئه‌و شه‌وانه‌ی كه‌ كه‌س نه‌نوست
بێداربووم وخه‌ونم ئه‌دی
گوێم له‌ زرمه‌ی جه‌نگی پێپه‌تی باشووره‌
باشوره‌كه‌ی لای خۆمان نا…..
كاتێ جه‌نگ هات ترێ نه‌ما به‌داره‌وه‌ و
چاوه‌ڕوانی عه‌شق رژا!
كاتێ جه‌نگ دێ دڵه‌كان خێرا ئه‌شكێن و
ئیتر چی جێیه‌ك نامێنێ له‌ بۆ عه‌شق
تاراوكه‌كانی ئه‌ودیوی وڵات نه‌بێ

******

له‌خه‌ونمدا وڵات لێم بووبوو به‌به‌هه‌شت
به‌یانی زوو له‌مانشێتی رۆژنامه‌كاندا نووسرابوو
بیری ئازادبوون سڕكرا

********

له‌ خه‌ونمدا شه‌هیدێك به‌كوڵ ئه‌گریا
بۆ سبه‌ینێ له‌شاشه‌ی تیڤێكانه‌وه‌
دۆست و دوژمن ئیمزای پێكه‌وبوونیان ئه‌كرد

******

له‌خه‌ونمدا قه‌له‌ڕه‌شكه‌ له‌شه‌ڕگه‌كان ئه‌نیشتنه‌وه‌
به‌یانی زوو
بڕیاری راگرتنی شه‌ڕ خێرا له‌گه‌ڵ دوژمن درا!

*****

كاتێ جه‌نگ به‌پێی په‌تی دێ
گۆزه‌ ئه‌شكێ و
شه‌راب ئه‌ڕژێ
ئیتر هیچ جێیه‌ك نامێنێ
له‌بۆ عه‌شق و حه‌وانه‌وه‌
نه‌فره‌ت له‌شه‌ڕی پێپه‌تی!

25/October/ 2017




خودایه‌ له‌ تفه‌نگمان زیاتر به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌, مه‌گه‌ر وا نییه‌ ؟


شاعیری عێراقی: علاء العبادي
و: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌
….

نا خودایه‌
نا
تكات لێ‌ ده‌كه‌م
مه‌یكه‌ به‌ شه‌ڕی سێیه‌مینی جیهان
شه‌ڕی دووه‌مینی جیهان بایی خۆی درێژ بوو
زۆر درێژ بوو ..
عاشق بین و هاوسه‌رگیری بكه‌ین ومناڵمان ببن
كه‌ تێیدا مردن ..
زۆریش وه‌ڕسكه‌ر بوو
قاوه‌خانه‌ی به‌ڕازیلی لێ‌ دابخه‌ن
كه‌ ڕۆڵه‌كانمان تێدا پێگه‌یاندن
ئه‌وانه‌ی له‌ شه‌ڕی دووه‌می جیهان
له‌و قاوه‌خانه‌یه‌دا مردن ،
ڕژێم داینه‌خستبوو ..
به‌ چه‌ندان ساڵ پێش ڕووخانی ڕژێم ،
ئه‌و قه‌سیدانه‌مان لێ‌ ده‌خوێندنه‌وه‌
دژی ڕژێم نووسیبوومان ..
قاوه‌مان تیا خواردبووه‌وه‌ و
به‌ دوای هه‌ڵسوكه‌وتی شیوعیه‌كانه‌وه‌ بووین و
چاودێری جاسوس و
پیاوانی ڕژێممان تێدا ده‌كرد ..
نه‌خشه‌مان بۆ شۆڕش ده‌كێشا
كه‌ هه‌رگیز سه‌رنه‌كه‌وت ..
پێش ئه‌و شۆڕشه‌ی له‌ مه‌ككه‌دا به‌رپا بوو
پێشی ئه‌و شه‌ڕه‌یش هیچ حیسابێكت بۆ نه‌كرد خودایه‌
ڕه‌زامه‌ندیشت له‌سه‌ر نه‌دا ..

له‌و شه‌ڕه‌دا خودایه‌
شیوعییه‌ك خۆی نه‌كوشت ..
كه‌سیش له‌ سه‌ر مالك بن ره‌یب نه‌گریا .

نا خودایه‌
وا مه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وانی دی كردیان
شه‌ڕیان هه‌ڵگیرساند
تا ( ئه‌ریك ماریا ڕیمارك )
( هه‌موو شتێك له‌ به‌ره‌ی ڕۆژئاوادا هێمنه‌ ) بنووسێ‌
به‌ڵام هه‌موو شتێك له‌ به‌ره‌ی ڕۆژئاوادا هێمن نه‌بوو .
له‌وێ‌ چیرۆكێكی خۆشه‌ویستی هه‌بوو
ڕووبارێ‌ ده‌ڕۆیی ..
پڕ بوو له‌ ماسی ئۆپۆزیسیۆن ..
خودایه‌ !
ئێمه‌ هیچ ڕه‌ئییه‌كمان له‌ هیچ شه‌ڕێكدا نه‌بووه‌ ،
له‌ پێناوی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بیدا عه‌بدولناسر ڕه‌وانه‌ی یه‌مه‌نی كردین
تا یه‌ك به‌ دوو له‌ به‌رامبه‌ر سعوودییه‌دا بدۆڕێنین ..
بۆ( كاوڕی مالوین) یش
خاتوو تاچچه‌ر شه‌ڕی دژی ئه‌رژه‌نتین ڕاگه‌یاند
تا پیاوه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر پیاوی ئه‌ورووپایی بسه‌لمێنێ‌ .
كه‌ له‌ شه‌ڕ وه‌ڕس بوو ..

له‌ پێناوی
(چۆن چییه‌) و
(چوزانم چییه‌) دا ،
ئێران شه‌ڕی دژمان ڕاگه‌یاند ..
ئێمه‌ش شه‌ڕمان دژی ئێران ڕاگه‌یاند …
ئێران شه‌ڕی دژمان ڕاگه‌یاند …
ئێمه‌ش شه‌ڕمان دژی ئێران ڕاگه‌یاند ….
چونكه‌ ئێمه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌مان به‌ جوانی ئه‌زبه‌ر نه‌كردبێ‌ ،
بڵێ‌ ئێوه‌ ئه‌ی كافرینه‌ !
ئه‌وه‌ی ناپه‌رستم ئێوه‌ ده‌یپه‌رستن تا نه‌چنه‌ كوێت و
نه‌یكه‌ن به‌ پارێزگایه‌كی نوێ‌ ..
له‌و شه‌ڕه‌دا
كه‌سمان لێ‌ نه‌چوو
به‌ڵام زیانی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌و قیڕه‌ ڕه‌شه‌دا پێگه‌یی
پاش ئه‌وه‌ی له‌( شه‌وی لیشبۆنه‌)دا ددانمان به‌ هه‌موو شتێك نا
زۆرم چاوه‌ڕوان كردی خودایه‌
له‌و شه‌وه‌ خه‌مگینه‌دا
له‌ به‌رابه‌ر پیاوێكی بێگانه‌
هه‌رێی ئازادی پێدا بووم و
پلیتێكی كه‌شتی به‌ره‌و نیۆرۆك ..
خه‌ون به‌ ئاشتی و
به‌ سێوێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌بینم .
به‌غدا – سویسرا
——————————————

ئاماژه‌ :

*قاوه‌خانه‌ی به‌ڕازیلی : قاوه‌خانه‌یه‌كی كۆنی به‌غدایه‌ له‌ شه‌قامی ڕه‌شیده‌ ، شوێنی زۆر له‌
نووسه‌رو رۆشنبیران بووه‌ ..

*مالك بن ڕه‌یب : شاعیرێكی عه‌ره‌به‌ ، به‌ ئازایه‌تی به‌ناو وبانگ بووه‌ به‌ڵام ئازایه‌تی له‌
چه‌ته‌یی و ڕێگریدا به‌كار هێناوه‌ ، تا ڕۆژێ‌ سه‌عیدی كوڕی عوسمان
خه‌لیفه‌ی سێیه‌می ئیسلام بۆ شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یباته‌ خوراسان ،
ده‌ڵێن له‌ ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ جێگایه‌كی بێ‌ بانگوهاوار مار پێوه‌ی ده‌دا ، هه‌ست به‌ كۆتایی ژیانی ده‌كا و قه‌سیده‌یه‌ك بۆ مه‌رگی خۆی ده‌نووسێ‌ كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بیدا ناوبانگێكی زۆری هه‌یه‌ ..

*ئه‌ریك ماریا ڕیمارك: ڕۆمانووسی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی كه‌ زۆر له‌ ڕۆمانه‌كانی له‌باره‌ی شه‌ڕه‌وه‌ن
به‌تایبه‌تی شه‌ڕی دووه‌می جیهان ..له‌وانه‌یش ( هه‌موو شتێك له‌ به‌ره‌ی ڕۆژئاوادا هێمنه‌ ) و
( شه‌وی لیشبۆنه‌ ) ..

وه‌رگێڕ

————————-
سه‌رچاوه‌ :

http://www.alebady.com/2014/11/%D9%82%D8%B5%D9%8A%D8%AF%D8 %A9-
%D9%8A%D8%A7%D8%B1%D8%A8-%D9%84%D8%A7%D8%A8%D8%AF%D9%8A%D9%84-%D8%B9%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A8%D9%86%D8%AF%D9%82%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D8%B3-%D9%83%D8%B0/




ئه‌میره‌ … سه‌ردار جاف

له‌ دامێنی جوانی تۆدا
گوڵ كڕنوش ده‌با و
دره‌ختیش نوێژت بۆ ده‌كا
له‌ هه‌نسكی دووریمانا
شه‌و بۆت ده‌گری
سپێده‌ ئیره‌یی ده‌با
ئای له‌و رووباره‌ سه‌ر شێته‌ی لێكی كردووین
ئای له‌و ژانه‌
پڕ وه‌فایه‌ی بیرمان ده‌كا
ئه‌وه‌ گه‌وره‌یی خانمه‌كه‌یه‌
له‌ به‌ر ده‌رگای حه‌ز هه‌ڵزنا
كچێ له‌ كام وڵاته‌وه‌ ئولفه‌تی فرینت گرت و
بوویه‌ ژنه‌ شۆخه‌كه‌ی دڵم
هۆ كیژه‌ روو سووره‌كه‌ی ده‌ربه‌ندی ژووان
ده‌وه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌واری سه‌وز و چیمه‌ن
هه‌واری سه‌ودا سه‌ری تۆ
هه‌وارێك ماسییه‌كان سه‌مای تێدا ده‌كه‌ن
رووبار ئاوازی ده‌ژه‌نێ
دڵم جوانی
بۆ ژووانێ
لێوانلێو له‌ بۆنی سونبول ، بۆ سه‌ری تۆ

لیمبۆرگ _ ئه‌ڵمانیا




ئەوەی بە”ئاڵا” نەتواندرا بەكەركوك بكرێ … ئەرسەلان مەحمود

زۆرێك وتیان ڕیفراندەم ناكرێت، هەڵە نەبوون كەچی سەرئەنجام پرۆسەكە دوا نەخراوو لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا “25/9” جێبەجێكرا، قسە لێرەدا لەسەر تێكەوتەو لێكەوتەكانی ڕیفراندەم نیە، ئەمە بابەتێكی ترە، دەمەوێ‌ هەڵوەستەیەك لەسەر ئەوەی ئاخۆ كێ‌ بڕیاری دواخستنەكەی داو، كێش لەدوا مەتافدا بگۆڕی بڕیارەكە بوو بكەم و، چییەتی ئامانجی بگۆڕەكەیش ڕونبكەمەوە.

جێگۆڕكێ‌ و بگۆڕی بڕیارەكە:

دوای ئەوەی مەڵبەندی كەركوك/ی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، ئەنجامدانی ڕیفراندەمی لەكەركوك و ئەجوگرافیایەی لەدەستوری عیراقدا بەناوچە جێناكۆكان ناسراوە، ڕەتكردەوە، مەكتەبی سیاسی هەمان ئەو حزبە “ی.ن.ك” لەكۆبوونەوەیەكی تایبەت بەتاوتوێكردنی ئەم باس و بەلاغەدا، بەكۆی دەنگ دەگەنە تێگەشتن و تەفەهومێكی هاوبەش لەمەڕ تەواوی پرۆسەكە بەدواخستنی ڕیفراندەم و تەحقیقكردنی ئەلتەرناتیڤە پێشنیاركراوەكان، دوای ئەمە، وەفدێك لەیەكێتیی نیشتمانی سەردانی بارزانی دەكەن، پەیامەكە دەگەیەنن، حەسەب مەعلومات سەرئەنجام بارزانی/ـیش كۆك دەبێت لەسەر دواخستنەكەو، دەڵێت: سەردانی كەركوك دەكەم و، دوای ئەوە دەكەوینە كاركردن لەسەر بژاردەی بەدیلەكان، بەڵام پارێزگاری ئەوسای كەركوك” نەجمەدین كەریم ” پێچەوانەی ئەم باس و بابەتە، لەبەرامبەردا بارزانی دڵنیا دەكاتەوە لەوەی تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك خوازیاری ئەنجامدانی پرۆسەكەن و، ئەوەی دەیانەوێت تەنها بریتییە لەوەی ئایندەیان ئارام و زەمانكراو بێت لەچوارچێوەی دەوڵەت و دامەزراوە تازە كوردییەكەدا، سەرئەنجام بارزانی/ـیش قسەكەی پارێزگاری كردە جێگرەوە، دڵنیام هاوڵاتی بەئاگاو خوێنەری هۆشمەند لێدوان و گوتارەكانی ئەوێڕۆژێی نێوان هەردولای لەكۆبوونەوەكەو لەمیدیاكاندا بیرماوە.

چییەتی و ئامانجی لاڕێكارییەكە:

نەجمەدین كەریم، دوای ئەوەی مەلا مستەفا بارزانی لەسەرە مەرگدا جێهێشت، ڕێك بەبێ‌ ئاوڕدانەوە خۆیكرد بەئامێزی مام جەلال/دا، سەرئەنجام جگە لەمانەوەی وەك پزیشكی تایبەتی، توانی لەم ڕێگەو پێگەیەوە بەپلەی حزبیش بگاتە ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و، دواتریش پارێزگاری كەركوك، بەڵام لەبەر ئەوەی لەبنەمادا نە ئەهلی سیاسەت بوو، نە توانست و تاقەتی ئەو شڕمبڕمێنە حزبیەو سیاسیەیشی هەبوو دەگوزەرا لەناوچەكەدا، كەوتە خۆی، دیارە بەمەبەستی بونیادنانی ئایندەی تایبەتی خۆی، پەیوەندییە تایبەتییەكانی خستنە گەڕ، ئەمە بێگەڕانەوە بۆ حزبەكەی، توانی لەڕێگەی پەیداكردنی پشتیوانی گروپە شیعیگەراو بەشێك لەپێكاتە پارڵمانییەكانی تری عیراق، دەستەبەری ئەوە بكات وەك وەزیری تەندروستی عیراقی دەستبەكار بێت، بەڵام یەكێتیی ئامادەی پشتیوانی كردنی نابێت، كاتێك”مام” لەمەكتەب سیاسیەكەی دەپرسێت سەبەب چییە پشتیوانی نەجمەدین ناكەن، دەڵێن: لەدەرەوەی یەكێتیی ئەمەی كردوەو، گەر جەنابیشتان فەرزی دەكەن، ئەوە فەرمان هەر فەرمانی بەڕێزتانە. بەڵام “مام” لەوڵامدا دەڵێت: من كەس فەرز ناكەم. ئەم كاردانەوەیە، نەجمەدین كەریم نیگەران دەكات، دوای ئەوە بەماوەیەكی كورت، ناوبراو سەفەری ئەمریكا دەكات.

تەپڵەكەكە:

ئەو سەردەمە، میدیای بەر ڕۆژو سێبەری پارتی، ڕاستەوخۆو زۆریش بەتوندی لەدژو دوژمنایەتی نەجمەدین كەریم/دا بوون، باوەڕ دەكەم هەمووان وەها ڕاستینەیەكیان لەیادو یادەوەریدا مابێت. هۆكارەكەیش مەعلومەو مەبەست لەسنگ و شكۆدانی هەیمەن و هەژموونی جەماوەری و ئیداری یەكێتیی بوو لەكەركوك و جۆگرافیای ئەو پارێزگایەدا، ئەمەیش بەئامانجی دەست بەراگرتنی ئابورریەكەی و شتی تریش، كەچی دوای گەڕانەوەی جەنابی پارێزگار لەئەمریكا، بەماوەی كەمتر لە”15″ ڕۆژ، دیسانەوە بەبێ‌ ئاگاداری و گەڕانەوە بۆ حزبەكەی، سەفەری توركیای كردو، لەگەڵ میت و گەورە بەرپرسانی تری ئەم وڵاتە كۆبوونەوەو میتینگی تایبەتی گرێدا، لەبەرامبەردا پارتی و تۆڕە میدیاییەكانی پارتی بەگۆشەی نەوەت پالامارو هەڵمەتەكانیان لەدژی نەجمەدین نەك هەر ڕاگرت، كەوتنە پیاهەڵدان و میوانداریكردنی لەستۆدیوو سەرشاشەكاندا، تەنانەت ئەداو لێدوانی خودی پارێزگاریش گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هات، پێشتر دەیگوت: من پارێزگاری پارێزگایەكی عیراقیمەو گوێ‌ بەبارزانی نادەم، دواتریش بەدیدارو گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بارزانی گۆڕدرا، وەك هەردەم بێگومان ئەمەیش هەر لەدەرەوەی ئاگاداری حزبەكەی، دوای نەخۆشكەوتنەكەی “مام” شێلگیرانەتر پەرەیدایە پەیوەندییە تایبەت و ژێربەژێرەكانی، ئامانجەكەیش بەلای نەجمەدینەوە، خود بردنە پێشەوەو خود زومكردن و مسۆگەر كردنی ئایندەیەكی ترو، خود قوتار كردن بوو لەو دۆخە جەهەننەمییەی تێیكەوتبوو، بەلای لایەنی بەرامبەرەیشەوە ئامانجەكە لێدان بوو لەپێگەی یەكێتیی و كردنەوەی دەرچەیەك لەپێناو پێچەوانەكردنەوەی هاوكێشە سیاسیەكە لەكەركوك/دا، ئەمە وایكرد جارێكی دیكە بەڵام ڕون و ڕاشكاوتر نەجمەدین دەستداتەوە خۆ نمایشكردن، لەبەرامبەر پاڵیوراوی حزبەكەی بۆ سەركۆماری عیراق، دیسانەوە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ حزبەكەی، بەبێ‌ گوێدانە لێكەوتەكانی لەسەر سایكۆلۆژیای دەرون حزبیەكەی خۆی پاڵاوت، بەمەیشەوە نەوەستا، كەركوكی لەڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی چەند كێڵگەیەكی نەوتی، شڵەژاند، بەڵام یەكێتیی زوو فریاكەوت و نەیهێڵا ئەو دەستەی نەجمەدین دەیەوێ‌ لەم ڕێگەیەوە كێشیبكاتە كەركوك و بیانوو بداتە عیراق و ئەملاو ئەولا، بگاتە ئامانجەكەی، خێرا ڕەوشەكەی هیوركردەوەو مەسەلەكە كۆنتڕۆڵكرا، ئەمە وایكرد كێشەكانی لەناو مەكتەب سیاسیدا بتەقنەوە، تەپڵەكی تێگیرا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی بەئامانجی دروستكردنی فشار بۆ سزادانی ڕونكردنەوەی دا، تەنانەت بۆماوەیەكی دیار، ئۆفیسەكەی لەمەكتەب سیاسییەوە بەرەو دەزگای ڕۆشنگەری چاودێر، جێهێشت!!

بەڕیفراندەم كردیان:

نەجمەدین لێرەوە دڵنیا بوو لەوەی وجودی لەناو یەكێتیی/دا بەتەواوەتی كەوتووەتە ژێر پرسیارو چاودێری جیددیەوە، هەر بۆیە لەبری گەڕانەوە، جارێكی دی كەوتەوە خۆی و لەڕێگەی وروژاندنی هەست و سۆزگەرایی قەومی و ڕۆمانسیەتی كوردایەتی، مەسەلەی ئاڵا/ی هێنایە ڕۆژەڤەوە لەكەركوك/دا، سەرئەنجام ئەوەی لەگەڵ بارزانی نەیانتوانی لەمەسەلەی ئاڵا/دا بەكەركوك/ی بكەن، لەڕیفراندەمدا بەكەركوك/ـیانكرد!!

ئێستا نەجمەدین بەبێ‌ كەركوك، پارتییە:

ئەگەر خولیاو خەمەكەی بارزانی كوردایەتی بوایە، لەبری كەركوك دەیتوانی هەولێر بكاتە ئامانج، ئەوكاتە نە دەرو دەروسێكان هێندە كۆك و مكۆم دەهاتنەوە سەر هەست و دەگەیشتنە مانۆڕو جوڵاندنی هێز، نە كۆمەڵگەی دەولی و، زلهێزەكانیش ئەمەیان لەعیراق و هاو ئاوازەكانی قبوڵ دەكرد لەبەرامبەر كورددا، ئەم ڕەوە بەكۆمەڵەی لەڕێگەی میدیاكانییەوە” حەشدی پڕوپاگەندە ” بەكەركوكییەكانی كرد، بەهەولێرییەكانی كردبایە، دنیا لەسەرمان دەهاتە دەنگ، ئەو بەرگرییەی میحوەری چوار لەكەركوك/ی كرد، ئەگەر میحیوەری پێنجیش بیكردایە، هەر هێندەی ئەوەی لەپردێ‌ لەهەولێر/ی كرد، هاوكێشەكە بەجۆرێكی دی دەكەوتەوە، ئێستا نەجمەدین بەبێ‌ كەركوك، پارتییە، هیچ ماكینەیەكی پڕوپاگەندەو ئیعلامیش ناتوانێ‌ شكستەكان بشارێتەوە، ئەوەی لەم شكستەیش شەرمهێنە ترە، جگە لەبەشینەوەی تۆمەت و دڕدۆنگی، هەڵاتنە لەدداننەهێنان بەخودی شكستەكەدا.




میرشیا شه‌خسه‌یه‌كانتان باش ……شاخه‌وان سه‌نگاوی

ئه‌و ڕووداوانه‌ی چه‌ند رۆژی ڕابردوو كه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی كوردستاندا روویدا ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ بوون كه‌ ئه‌م هێزه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ناو له‌ ژێر سایه‌یی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دایه‌ جگه‌ له‌ هێزێكی میرشیایی شه‌خسه‌نه‌ هیچی كراسێكی دیكه‌ به‌ باڵایدا دانادوورێت، لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ میرشایی شه‌خسه‌نه‌ له‌ ویوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ چونكه‌ هیزیی میرشایا سه‌رچاوه‌ی بڕیاره‌كانی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕه‌سمی ده‌وله‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت ، به‌ڵكو له‌ تاكه‌ رێكخراوه‌ك یان پارتێكه‌وه‌ ده‌بێت ، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی ڕووداواوه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌یان هێنده‌ به‌ بچوكراوه‌یی خسته‌ به‌ر دیده‌ی دۆست و دووژمنه‌كانمان كه‌ تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه‌ به‌هێزی میرشیای شه‌خسه‌نه‌ ناوی به‌برێت ئه‌ویش له‌وته‌و لێدوان و بایاناتانه‌ی كه‌ كاربه‌ده‌ستان و فه‌رمانده‌یه‌كانی ئه‌م هێزه‌ بۆ كه‌ناله‌كانی ڕاگه‌یاندنی ده‌یانگووت ده‌یڵێن ده‌رخه‌ریی ئه‌و ناكۆكیانه‌بوو كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ رۆژنامه‌نووسان و په‌رله‌مانتاران و پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆنی دوێنی به‌نموونه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌میشه‌ له‌و پاكێجانه‌ی ده‌ینخسته‌ سه‌رمێزی گفتوگۆكانتان خاڵی سه‌ره‌كی دامه‌زراندنی هێزێكی نیشتمانی ، ده‌رهێنانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ژێرچنگی تاكی حزبه‌كان و به‌ دامه‌زراوه‌یی كردنی سه‌رجه‌م هیزه‌كان كه‌ ناوه‌ندی بڕیاره‌كانی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ بێت . چونكه‌ ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ دوێنی ده‌یانگوت هێزی پێشمه‌رگه‌ میرشیایه‌ له‌ دڵسۆزانی خۆیان بوو بۆ پرۆسه‌ی حكومه‌تداری هه‌رێمی كوردستان ، كه‌چی ئیوه‌ی خاوه‌نی ئه‌و هێزانه‌ هێنده‌ به‌ بیرێكی كورت مه‌وداوه‌ ته‌ماشا ڕووداوه‌كانی ڕۆژتان ده‌كرد كه‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌س و لایه‌نانه‌تان به‌ جڕو جانه‌وه‌ره‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای كوردی ناوتان ده‌بردن .
هه‌ر بۆیه‌ بۆ دێڕیكی ئه‌وان كه‌ له‌ زاریانه‌وه‌ ده‌هاته‌ ده‌رێ‌ به‌ كونفه‌ یه‌كونێك سه‌رجه‌م شه‌قام و شوسته‌كانی شارتان پڕ ده‌كرد له‌ هاواری هێزه‌كانتان داوای دادگایی كردنی ئه‌م كه‌سایه‌تیانه‌تان ده‌كرد ، به‌ڵام ئه‌وان له‌و كاته‌دا تێگه‌یشتبوون له‌ ئامانجی قسه‌كانیان ، به‌ڵام بۆ ئێوه‌ ئێستا پێویسته‌ تێبگه‌ن له‌ ئامانجه‌كانی ئه‌و قسانه‌و له‌ دوای ئه‌م شكسته‌شتانه‌وه‌ یه‌شتا دڕه‌نگ نه‌بووه‌ بۆ ئێوه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ خاوه‌نی هێزی میرشایان شه‌رم نه‌تانگرێت و داوا له‌و كه‌سایه‌تی و لایه‌نانه‌ بكه‌ن بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن و سه‌رده‌میانه‌ چونكه‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ی شانزه‌ی مانگ كۆتا ڕووداو نیه‌ ! به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ زنجیره‌یه‌ك ڕووداوی دوای یه‌ك به‌ست كه‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنه‌كه‌یه‌تی ….
(له‌ گه‌ڵ ئه‌و په‌ڕی رێزم بۆ گیان فیدایی پێشمه‌رگه‌ ساده‌كانی كوردستان)

شاخه‌وان سه‌نگاوی
shaxewan.saed@gmail.com




چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زعه‌كه‌دا بكرێت؟ …. عیماد عه‌لی

پیش هه‌موو شتێك با كه‌س شایی نه‌كات و ئه‌وی تریش شیوه‌ن نه‌گێرێت و هه‌موو ئاراسته‌ و تواناكان بۆ ئه‌وه‌ بێت چۆن زیانه‌ كاتیه‌كه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌.
ریفراندۆم كرا و بارودۆخێكی نوێ ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌ سه‌ركه‌وتنی جه‌ماوه‌ری میژوویی بێت یان شكستی سیاسی و عه‌سكه‌ری راگوزه‌ر،سه‌ره‌رای گه‌له‌كۆمه‌كیه‌كان، قۆناغی حوكمی زاتی و فیدراڵی گوزه‌شت و قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی هاتۆته‌ ئاراوه‌. ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی خه‌یاڵی نیه‌، جا زوو بێت یان دره‌نگ و ئه‌گه‌ر دوو هه‌نگاویش به‌ره‌و پاشه‌وه‌ بگه‌رێینه‌وه‌ به‌ڵام له‌ دواجاردا ئامانجه‌كان ده‌پێكرێن. له‌ ئه‌مرۆ به‌دواوه‌ رێفراندۆم بووه‌ سومبولی مێژوویی و بنه‌مایه‌كی یاسایی و جه‌ماوه‌ری و سیاسی كه‌ له‌ رێره‌وی مێژووی داهاتووی نزیك یان دووریدا لێكه‌وته‌ ئه‌رێنیه‌كانی ده‌رده‌كه‌ون و هه‌زار و یه‌ك سه‌ركرده‌ و ده‌سه‌ڵاتدار نه‌ك سری بكه‌ن و رایگرن به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌ بریاری په‌رله‌مانیش هه‌لیوه‌شێننه‌وه‌ بایی یه‌ك عانه‌ ئه‌رزشی نیه‌ و له‌ سه‌رجه‌م رووه‌ یاسایی و سیاسیه‌كه‌یه‌وه‌ جێگه‌ی خۆی گرت وبه‌ میله‌ت و ریفراندۆمێكی تر نه‌بێت هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌ .

به‌ڵام بۆ ئه‌م رۆژانه‌ و ئه‌و هه‌موو گوفتار و ره‌فتاره‌ جۆربه‌جۆرانه‌ و راوبۆچونه‌ زۆر و زه‌وه‌ندانه‌ ده‌لێین؛ له‌ حه‌قیقه‌تدا 95%ی ئه‌وانه‌ی به‌ خۆیان و حزبه‌كانیشیانه‌وه‌ رایان نه‌خێر بوو بۆ ریفرادۆم یان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ بارزانی عه‌رابی ریفراندۆم بوو نه‌ك پێشبینی وه‌زعی دوای ریفراندۆمیان كردبێت و سه‌لبیاته‌كانییان له‌به‌رچاوگرتبێت و خوێندبێته‌وه‌، واته‌ سه‌ربه‌خۆییان به‌ دژایه‌تی بارزانی گۆریه‌وه‌ و دژایه‌تی كه‌سی وحزبیان له‌ پێش سه‌ربه‌خۆیی و كوردستان دانابوو . ئه‌گینا له‌ دوا ساته‌كانی پێش ریفراندۆم بریاری به‌شداری كردن و به‌ڵێیان نه‌ده‌دا و رێكخه‌ر و سه‌رۆكی حزبه‌كانیان و سه‌ركردایه‌تیه‌كانیان ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ نه‌ده‌دا و به‌رپرسیارێتی مێژوویان به‌ ململانێی ته‌سك نه‌ده‌گۆریه‌وه‌ و، له‌سه‌ر رای راستی خۆیان شێلگیر ده‌بوون نه‌ك گومان له‌ نه‌فره‌تی مێژوو بكه‌ن له‌كاتی ئه‌گه‌ری هه‌ڵه‌ كردنیان له‌ پرسه‌كه‌ و دیاری كردنی هه‌ڵوێست و بۆچونه‌ حزبی و كه‌سیه‌كانیان پیش بیركردنه‌وه‌ی بابه‌تیانه‌یان. جا له‌م قۆناغه‌شدا خۆیان به‌ براوه‌ی شه‌ر نه‌زانن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌كه‌ بخه‌نه‌ به‌رچاو نه‌ك پێخۆشبونی شكستی یه‌كێك یان حزبێك و به‌گیانی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ ره‌فتار نه‌كه‌ن و میله‌ته‌كه‌ زیاتر توشی نه‌هامه‌تی نه‌كه‌ن، به‌ پێی بۆچونی مردنی خۆیان و تۆپینی كه‌ره‌ دێزه‌ش ره‌فتار نه‌كه‌ن .

جابۆیه‌ ده‌بێت یه‌كه‌م جار چاره‌سه‌ری نێوخۆیی بدۆزرێته‌وه‌ و گرنگترین رێگه‌ چاره‌ی په‌رینه‌وه‌ له‌ قۆناغه‌ زۆر قورسه‌كه‌ به‌ عه‌قڵانیه‌ت مه‌یسه‌ر بكرێت، ئه‌ویش به‌ :
1-وردبونه‌وه‌ له‌ بارودۆخه‌مه‌ و نه‌خزاندنی زیاتر بۆ باوه‌شی به‌رژه‌وه‌ندخوازانی ده‌ره‌وه‌ له‌ لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ده‌سترۆیشتوو نه‌ك ته‌نها به‌رپرسانی راسته‌قینه‌ .
2- له‌م كاته‌دا كه‌ دوژمن ده‌سه‌ڵاتی كوردستانی خزاندۆته‌ گۆشه‌یه‌كه‌وه‌. ده‌بێت هه‌مووان به‌ یه‌ك بۆچون و دوور له‌ ره‌فتاری هه‌رزه‌كارانه‌ی هه‌ندێك به‌ یه‌كگرتوویی به‌رامبه‌ر ئه‌و دوژمنانه‌ بوه‌ستین كه‌ به‌ زوڵم كردن و زوڵم لێكراوی پشتگیری هاوه‌رگه‌زه‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و له‌ دژی تۆ ده‌وستن ئه‌گه‌ر تۆش له‌سه‌ر حه‌ق بیت به‌ پێی بیری ره‌قی( ناصر اخاك ظالما او مظلوما). به‌ سیاسه‌ت و هه‌ر ئامرازێك بێت یه‌ك ده‌ستی كورد پیشان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ كار له‌ كار نه‌ترازێت و هه‌موو شتێك له‌ده‌ست نه‌چێت و سه‌ده‌یه‌ك نه‌یه‌ینه‌ دواوه‌ و دوژمن له‌ شوێنی خۆی بوه‌ستێنرێت ئه‌گینا ئه‌م جۆره‌ دوژمنانه‌ ره‌حم به‌وانه‌ش ناكه‌ن كه‌ جه‌ستیان له‌ ناو ده‌ستیان بووه‌ و رایانكیشاون بۆ كوردستان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون و ره‌فتاریان له‌كه‌ركوك و ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی ئێستا باشترین گه‌واهیده‌ری ئه‌م قسه‌یه‌.

2- بیرنه‌كردنه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ری خه‌یاڵی كه‌له‌ سه‌ر وه‌لانانی بیروبۆچون ركابه‌ر بنیات نرابێت وو پێكهاته‌ی زۆرینه‌ له‌ سه‌ر ئه‌رز فه‌رامۆش كرابێت ئه‌گینا جگه‌ له‌ ماڵوێرانی شتی تری تێدا نادۆزرێته‌وه‌ و ویستی به‌رژه‌وه‌نخوازه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان له‌سه‌ر ئه‌رزی كوردستان به‌ ئاسانی جێبه‌جێ ناكرێت، ئه‌گینا هه‌مووان هه‌ڵه‌كان دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و زیانه‌كان زۆرتر ده‌كه‌نه‌وه‌.
3-بیر كردنه‌وه‌ و ره‌فتاری واقعی نه‌ك حازر به‌ده‌ست یان هاورده‌ی ده‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌ر بۆچونێك په‌نجا لوغمی له‌ژێره‌وه‌ بێت.
4- له‌بیر كردنی ناكۆكیه‌كان یان وه‌لا نانی ململانێی نابه‌جێ به‌ عه‌قڵ و بیری قووڵ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت كه‌س خۆی به‌ راستر نه‌زانێت ئه‌مه‌ ئاستی بیركردنه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ و تێروانینی عه‌قلی كورده‌.
5- لیهاتوویی سه‌رجه‌م سه‌ركردایه‌تی كورد له‌م ئاسته‌دایه‌ و كه‌س نه‌گه‌یشتووه‌ به‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد و زانستی و دروست بۆ په‌یوه‌ندی هێزه‌كان و هاوكێشه‌ دیاره‌كان بكات و كار بۆ ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كان بكات و ئه‌گه‌ره‌كان بخوێنێته‌وه‌ كه‌ گرنگترین مه‌رجه‌كانی سه‌ركردایه‌تیه‌ .
بۆیه‌ هه‌مووان له‌ خه‌مڵاندن هه‌ڵه‌ بوون و هه‌مووان سۆزی نه‌ته‌وه‌یی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان زاڵ بوو به‌سه‌ریاندا و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی كیسنجه‌ر ئاسا یان بیرمه‌ندێكی وه‌ك ماركس و لینینمان نیه‌ تا بڵێین خه‌تاكه‌ی خۆمانه‌ نه‌ك بارودۆخه‌ گشتیه‌كه‌ و وه‌زعی كوردی پاش سه‌ده‌یه‌ك داگیركاری و ژیر ده‌سته‌یی . له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌ی بلیمه‌تشمان هه‌بێت كه‌چی ئێمه‌ به‌رهه‌می كۆعه‌قڵی سه‌ركردایه‌تیه‌كان به‌ كار ناهێنین و تینك تانكیشمان نیه‌ بۆ رێنوێنی دروست و ده‌سه‌ڵاتی داموده‌زگه‌ییشمان نیه‌ بۆ نه‌هیشتنی هه‌ڵه‌ی كه‌سی و ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ته‌نها بۆچون و ره‌فتار و عه‌قڵیه‌تی كه‌سی و حزبی زاڵه‌ به‌سه‌ر هه‌موواندا و ئه‌مه‌ش هه‌ڵگری تۆوی سه‌رجه‌م هه‌ڵه‌كانه‌ .




بۆ مناڵان …. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ھۆنـــراوەیەکتان بۆ دەڵێم
وەک خۆتان ناسک و جوان بێ
بتانکات بە ھاوڕێی خەندە و
خەیاڵتان پێی فـــراوان بێ

@@@

لەناخەوە خۆزگە خـــوازبن
بیڵێنەوە بە گـــــــۆرانی
بتانخاتە دەریای خـــۆشی
مەلە بکەن بە ئاســـــانی

@@@

وشەکـــانی وەک فــڕۆکە
بۆ ئاسمانی خەیاڵ بڕوات
لەگەڵ دنیای حـەزەکانتان
ھەوری سپی تێر ماچ بکات

@@@

تا بارانی ئەوین و ســـۆز
بەڕوخسارتانەوە دیـاربێ
ئەوەندە ئاسودە و شاد بن
ھیواکـانتان پرشنگداربێ

@@@

بۆ بنیاتنانی کۆمـــەڵگە
ئێوە ھـــەمیشە بنچینەن
ھیوای دواڕۆژی ئەم گەلەن
لەداھاتوودا گــەنجینەن

@@@

٣١/١٢/٢٠١٦




رێكه‌وتن له‌سه‌ر فرۆشتنی خاك و خوێن باجه‌كه‌ی قورسه‌ …. جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان روویدا بریتی بوو له‌ فرۆشتنی خاك و خوێنی پێشمه‌رگه‌له‌ سه‌ر بنه‌مای رێكه‌وتنێك له‌نێوان هێزه‌ كوردییه‌كان و سوپای عێراقی به‌ئاگاداری (هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی دژی داعش).
له‌م رێكه‌وتنه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆی وبنه‌ماڵه‌كانیان نه‌ك ته‌نها ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ڵكو ئاماده‌شن (هه‌ولێرو سلێمانی)ش بفرۆشن ئه‌گه‌ر پێویست بكات.
بۆیه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌ی و ئه‌خلاقییه‌ كه‌ چیتر متمانه‌ به‌م سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ نه‌كات كه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ خوێنی منداڵه‌كانیان و خاكه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

له‌2014 ه‌وه‌ خوێنی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێته‌ قوربانی بیره‌نه‌وته‌كان

ئه‌وشكسته‌ گه‌وره‌ ی كه‌سوپای عێراقی له‌ ساڵی 2014 توشی بوو له‌ سه‌ر ده‌ستی داعش، شانسی ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ركردایه‌تی كوردا كه‌ كۆنترۆڵی ناوچه‌جێناكۆكه‌كان بكات به‌ به‌كارهێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌ .
به‌هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ له‌ 2014 ه‌وه‌ كرانه‌ قوربانی كۆنترۆڵكردنی ئه‌و بیره‌نه‌وتانه‌ی كه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ساڵانێك بوو چاویان تێبریبوو.
به‌خوێنی هه‌زران پێشمه‌رگه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ده‌كه‌وتنه‌ سنوری ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان توانرا له‌ چه‌كدارانی داعش پاكبكرێته‌وه‌و له‌و كاته‌دا سه‌ركردایه‌تی كورد ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی به‌كارهێنا بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری و هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی .
له‌ راستیدا خوێنی ئه‌و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ری داعش له‌ پێناو ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان نه‌رێژرا به‌ڵكو ئه‌وان كرانه‌ قوربانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی بیره‌نه‌وته‌كان، پاشان نه‌وته‌كه‌شی خرانه‌ خزمه‌تی دووپارتی سیاسیه‌وه‌ كه‌ له‌ خه‌می مانه‌وه‌ی دوو بنه‌ماڵه‌دان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا .

كێ‌ رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌غداد كرد بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان

له‌راستیدا ئه‌م رێكه‌وتنه‌ی كه‌كراوه‌ ره‌هه‌ندێكی مێژووی هه‌یه‌ ئه‌ویش بیرتیه‌ له‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵات كه‌ له‌ساڵی 2014 ه‌وه‌ به‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراقیان دابوو كه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن له‌هه‌ر كاتێكدا بێت ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان راده‌ستی سوپای عێراقی بكه‌نه‌وه‌ دوای كۆتای هاتنی داعش.
یه‌كێتی و پارتی ئه‌و راستییه‌یان باش ده‌زانی كه‌ له‌دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌وه‌ حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقی هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و ته‌واوی ناچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌ده‌ن به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی پراكتیكیان نه‌نا بۆ رێگرتن له‌مه‌و له‌گه‌ڵیاندا رێكه‌وتن .
له‌م قۆناغه‌دا كه‌ یه‌كێتی له‌دۆخێكی خراپدایه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ رێكه‌وتووه‌ بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌وه‌ی راستی ئه‌مه‌ش ده‌سه‌لمێنێت، بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها هێزه‌كانی یه‌كێتی نه‌بوو كه‌ به‌بێ‌ شه‌ر شوێنه‌كانیان چوڵكرد به‌ڵكو پارتیش له‌ پاڵ یه‌كێتی به‌كه‌مترین زیان شوینه‌كانیان راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی وسوپای عێراقی كرد.

بۆچی پێشمه‌رگه‌ دیسانه‌وه‌ كرایه‌وه‌ به‌ قوربانی له‌كاتێكدا رێكه‌وتن هه‌بوو ؟

هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار مێژوویه‌كیان هه‌یه‌ له‌ به‌قوربانی دانی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وان له‌ 2003 پێشمه‌رگه‌یان به‌كارهێنا بۆ رزگار كردنی كه‌ركوك دواتر له‌ پێناو پاره‌ و ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ بوون بڕۆنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری كه‌ركه‌وك .
له‌ 2014 ش هه‌زاران پێشمه‌رگه‌یان كرده‌ قوربانی له‌ پێناو كۆنترۆلكردنی بیره‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ڵام به‌زووی ئه‌مه‌یان بیر چوویه‌وه‌و له‌ 2017 بۆحه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقیان چۆڵكرد.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ رێكه‌ووتون هه‌بوو به‌مه‌به‌ستی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقی بۆناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ڵام به‌سه‌دان كوری فه‌قیر و هه‌ژارانیان دا به‌ شه‌هید كردن له‌ پێناو ئه‌وه‌ی رای گشتی هه‌رێمی كوردستانی و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی پێ چه‌واشه‌ بكه‌ن و بڵێن كه‌ ئێمه‌ به‌ر گریمان كرد به‌ ڵام ئێمه‌ روو به‌رووی هێزێكی نابه‌رامبه‌ر بووینه‌وه‌ بۆیه‌ شكستمان هێنا.

گه‌رانه‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی ناوه‌ند بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان

حكومه‌تی ناوه‌ندی توانی جارێكی تر هه‌یمه‌نه‌ بكاته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ به‌هۆی هاتنی داعشه‌وه‌ ساڵانێكه‌ بیره‌ نه‌وته‌كانی له‌ده‌ستداوه‌.
سه‌ركردایه‌تی كورد گره‌ویان له‌سه‌ر كه‌وتنی ناوه‌ند ده‌كرد له‌ (2014) كاتێك عێراق رووبه‌ووی هێرشی داعش بوویه‌وه‌، بۆیه‌ زۆر به‌ بێبه‌رنامه‌ ئه‌م پارێزگایه‌یان به‌رێوه‌ده‌برد، هه‌میشه‌ له‌شه‌ردا بوون له‌گه‌ڵ یه‌كتری له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی پارته‌كه‌یان و دابه‌شكردنی نه‌وتی كه‌ركوك.
ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ كه‌ركوك نه‌یتوانی بوو له‌ماوه‌ی رابردوودا نمونه‌یه‌كی جوان پێشكه‌ش بكات له‌ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات بۆیه‌ هه‌موومان له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانمانه‌وه‌ بینیمان كه‌ عه‌ره‌به‌كان و توركمانه‌كانی ناوكه‌ركوك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ دیكتاتۆریه‌ت رزگاریان بوو بێت ئاهه‌نگیان ده‌گیرا كاتێك هێزه‌ كوردییه‌كان كه‌ركوكیان به‌جێهێشت.

یه‌كێتی و پارتی باجی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ده‌ده‌ن

ئه‌م رێكه‌وتنه‌ی یه‌كێتی و پارتی باجه‌كه‌ی زۆر به‌ قورسی ده‌شكێته‌وه‌ به‌سه‌ریاندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م دووهێزه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێن كه‌ متمانه‌یان نه‌مێنێت له‌ ناو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا و وه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاكان نفوزیان له‌ دابه‌زیندایه‌.
له‌كۆتایدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ خوێنی ئه‌و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه‌ له‌ شه‌ری داعش له‌ پێناو ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان نه‌رێژرا به‌ڵكو ئه‌وان كرانه‌ قوربانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی بیره‌نه‌وته‌كان، نه‌وته‌كه‌شی خرانه‌ خزمه‌تی دووپارتی سیاسیه‌وه‌ كه‌ له‌ خه‌می مانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌دان.




ئۆپۆزسیۆنی شارستانی، بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی زیندوو … ئاسۆ جەبار

“جیهانبینی، فشار، هەڵوەشاندنەوە”

زیاد لە 7 ساڵ لەمەوبەر لەوتارێکدا باسم لە ئۆپۆزسیۆنی شارستانی کرد..ئێستا کاتی دروستکردنی بزوتنەوەیەکی شارستانی گەورەیە دژی نادپەروەری، گەندەڵی، خیانەتی گەورە، تاڵانی، مافیاگەری، بێدەنگی، سەرشۆڕی، دادگاییکردنی بەرپرس و سەرکردە دز و گەندەڵ و پیاوکوژەکان و خیانەتکارەکان، دروستکردنی فشاری شارستانی بۆ راپێچکردنی نادادپەروەری بۆ ناو زبڵخانە..
ئۆپۆزسیۆنبوون مانای ئەوە نیە بزوتنەوەیەک دروستبکەیت و قسەی زل بکەیت و کۆمەڵێک لاکەوتەو خانەنشینی حیزبی گرد بکەیتەوە لەسەر مێزێک و بەیاننامە دەربکەیت، ئۆپۆزسیۆن واتە ئەکادیمیبوون و فشاری کرداری و شارستانی. وەک چۆن ئۆپۆزسیۆن مانای ئەوە نیە تەلەفیزیۆنەکانت پڕبکەیت لەدەنگەدەنگ و شەقامەکان خاڵیبکەیتەوە لە ناڕەزایی، ئاوەهاش پڕۆژەی شارستانی فشاری ئۆپۆزسیۆنی حەقیقی بەرپاکردنی روانین و دنیابینییەکی ئەکادیمی و هاوچەرخە لە دیدگاو هەڵوێست و هەنگاوی گەورە. ئەوانەی پێنوایە ئۆپۆزسیۆنبوون واتە هەڵبژاردنی بێدەنگی و سەلامەتی یان بەیاننامەو تەشریفات، تێکنەدانی بارودۆخەکەو رێزگرتن لە پاشاگەردانی و رازیبوون بەو قەدەری هەموانی تێکەوتووە زۆر کاڵفامن، بێئەندازە فاشیلن لەڕووی ئەکادیمی و شارستانی و هاوچەرخبوونەوە.

ئۆپۆزسیۆنی شارستانی سەرباری ئەوەی ھەوڵێکی شارستانی ھاوچەرخ و مۆدێرنە بۆ بەرپاکردنی ناوەندێکی رەخنەئامێزو فشارهێن، پێکڕا پڕۆژەگەلێکی رۆشنبیری و مەعریفی و شارستانییە بۆ خولقاندنی دنیابینییەکی پراکتیکی و روانینگەلێکی پەیوەندیامێز بۆ بەرھەمھێنانی بەرپرسیارێتی شارستانی و گەڕانەوەی ئیعتیبار بۆ پڕۆژەی رژد و مرۆیی و هاوچەرخ، بۆ جیاکردنەوەی مەعریفە لەجەھل، روناکبیری لەتاریکبیری، کۆنخوازی لەنوێخوازی و جیاکردنەوەی گەندەڵی لە دەستپاکی، بەدڕەوشتی لە مرۆڤدۆستی، ژیاندۆستی لە مەرگدۆستی، جیاکردنەوەی نادادپەروەری لە لەدادپەروەری.

رەنگە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بتوانێت ئەو ململانێ سیاسی و دەسەڵاتگەراییە بگەیەنێتە ئاستێکی پێشکەوتوی دبلۆماسی و گۆڕان و وەچەرخانی زیندوو دروستبکات، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی شارستانی و فەرھەنگی دەبێتە خولقێنەری دنیابینییەکی جیاوازو دروستکاری روانینگەلێکی ھەمەڕەنگ و پەیوەندیامێز و رەخنەئامێزو بەرپاکردنی فەزایەکی بەرپرسیارامێزو توێژینەوەو لێپێچینەوەی مەعریفی و رۆشنبیری لەئاستێکی شارستانی مۆدێرن و ھاوچەرخدا.
کۆمەڵگە بەرپرسیارە بەرامبەر درێژبوونەوەی تەمەنی دیکتاتۆرەکان، ھاوڵاتی بەرپرسیارە بەرامبەر تێکشکانی ناعەدالەتی و بەرپاکردنی ھێزێکی شارستانی دژی نائینسانیەت و گەندەڵی و راوڕوت و مافیاگەری، وەکچۆن بەرپرسیارە بەرامبەر لێپرسینەوە لەبەرپرس و دەرەبەگە حیزبی و ھارونە رەشیدەکانی دەسەڵات، ھاوکات بەرپرسیارە بەرامبەر خولقاندنی ھێزێکی شارستانی و رۆشنبیری و کولتوری لەپێناو ژیانێکی شایستەو گەڕانەوەی بەھا ئەخلاقی و ئینسانییەکان بۆ نێو ئەو رووبەرە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەی کە ئەوڕۆکە سەرلەبەری بەھا ئینسانییەکان لەژێر پێی ستەمکاری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و زەبروزەنگی ئابوری و سیاسی و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیدا کاڵبوونەتەوە.

کۆمەڵگە بەرپرسیارە بەرامبەر گەورەکردنی رووبەرەکانی ئازادی و بچوکردنەوەی رووبەرەکانی حیزب و ستەمکاری و ناعەدالەتی و نائینسانیەت.
دەرەنجام کۆمەڵگە بەرپرسیارێکی راستەقینە و زیندووە بەرامبەر گۆڕانکاریی سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتی و ئابوری، ئەو نائینسانیەتەی کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرو ستەمکارەکان تاسەرئێسقان بەرگری لێدەکەن، کۆمەڵگە دەتوانێت لەیەک چرکەی شارستانی و ئیسانپەروەریدا تێکیبشکێنێت، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بێئەندازە وەستاوە لەسەر ئەو بەرپرسیارێتییە شارستانی و ئەخلاقی و کولتورییەی کە ھەڵگری کایەیەکی مەعریفی زیندووە بۆ پراکتیزەکردنی ئینساندۆستی لەرووبەرێکی زیندووی شارستانیدا.
جیھانبینی نوێ ھێزێکە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دنیای داخراو و روانینی داخراو، ھاوکات کۆنخوازیش ھێزێکی نەریتپارێزە بۆ داخستنی روانین و داگیرکردنی جیاوازییەکان، جیھانبینی مۆدێرن ھێزێکە بۆ گۆڕان و بەرپاکردنی جیاوازی و خولقاندنی فەزایەکی کراوە، بەڵام کۆنخوازی ھێزێکە بۆ بەرپاکردنی دوبارەبونەوەو رەنگڕێژکردنی نەریت و نائەخلاقیاتی مۆنوپۆلیزەکردن. ئەم شێوازە لەجیھانبینی دیاردەیەکی نوێ و تەوژمێکی کاریگەرترە، بۆ بەرھەمھێنانی ھزرێکی دیکە و خەیاڵدانێکی دیکە، مرۆڤێک بەرھەمدەھێنێت کە دەکەوێتە دەرەوەی حیکایەتە بچوکەکان و دەرەوەی ئەو دنیا داخراوەی کە دنیابینییەکان و روانینەکان بچوکدەکەنەوە، واتە ھزرێکی رەخنەئامێزی پاش حیکایەتە گەورەکانە.

جیھانبینی نوێ وەک ھێزێکی رۆشنبیری و شارستانی و کولتوریی و کۆمەڵایەتی، جەستەیەک نییە بکوژرێت و بەدەسترێژی مەرگ خامۆشی بکەن، ھیچ ھێزێکی میلیشیایی و ھەمەجی ناتوانێن و خەیاڵ و خەونی زیندووی گۆڕانکاریی و روانین و دنیابینییە نوێکان خەڵتانی خوێن بکەن، دەتوانن بەندیخانەکانیان پڕ بکەن لەجەستە و رۆحی زیندوو، بەڵام ناتوانن خەیاڵ و خەونی ئینسانەکان بەند بکەن، دەتوانن بە ناشیرنترین و قێزەوەنترین کردەی نائەخلاقی ئەشکەنجەی خەڵک بدەن، بەڵام ناتوانن ئیرادەی روانین و جیھانبینی ئینسانەکان لەناوبەرن، دەتوانن شەقامەکان پڕبکەن لەچەکدارو پیاوکوژو چەک و تفاقی مەرگ، بەڵام ناتوانن شەقامەکان خاڵیبکەنەوە لەجیاوازی و ناڕەزایی و رەخنەو دنیابینی نوێ، دەتوانن نیشتیمان پڕبکەن لەسەدان دەزگای پاراستن و ئیستیخباراتی و حیزبی، بەڵام ناتوانن تا قیامەت ئینسان بکوژن و وەک جەلادی زیندوو تا ئەبەد بمێننەوە.
ئەوە جیھانبینی و روانین و فیکری نوێیە کۆتایی بە دەسەڵاتە ھەمەجی و ئینسانکوژو جەلادەکان دێنێت، ھەرگیز میلیشیاکان و دیکتاتۆرەکان نەیانتوانیوە کۆتایی بە نیشتیمان و کۆمەڵگە بھێنن.

فشار

بەرلەدروستکردنی فشار پێویستمان بە دروستکردنی ستراکچەرێکی زیندووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و شارستانی زیندوو هەیە لەڕووی دامەزراوەیی و عەقڵیەت و دنیابینییەوە، بەر لەبەرپاکردنی هێزێکی سیاسی یان کڵێشەسازییەکی شارستانی پێوستمان بە عەقڵییەتییەکی حەکیمانەی هاوچەرخە، پێستمان بە سڕکردن و تێکشکاندنی عەقڵیەتی حیزب و خێڵ و بنەماڵەگەرایی و مەزهەبگەرایی و ئاینگەراییە بەسەر کایە شارستانی و فەرهەنگی و جومگە و کۆڵەکە زیندووەکانی کۆمەڵگە، رزگارکردنی ئابورییە لەژێر دەسەڵاتی حیزب و هەیمەنەی خێڵ و بنماڵە نەخۆش و بەڵتەگی و هەلفوتەکاندا، فشار لەیەکەم هەنگاوی گۆڕانخوازی و هاوچەرخوازییەوە دەستپێدەکات، درۆیەکی گەورەیە دامەزراندنی دەمەزراوەگەلێکی مۆۆدرێن و هاوچەرخ بەبێ هەڵوەشاندنەوەی و هەڵتەکاندنی سیستمی کۆن و پاوانخوازی و ستەمی شارستانی و ئەخلاقی و ئابوریی. لەناو ستەمێکی ئاوەها وەحشیگەریی و ترسناکدا لەڕووی ئابوری و حیزبی و خێلەکییدا دەستبردن بۆ سازکردنی هەر دامەزراوەیەکی مۆدرێن و زیندوو و شارستانی دەستبردنە بۆ شکستێکی گەورە و دووبارەکردنەوە و درێژەدانە بە هەمەجییەت و ستەم و هەژموونی تاڵانکردنی کۆمەڵگە لەڕووی رۆحی و ئەخلاقی و شارستانییەوە.
فشار لە قوتابخنەیەکەوە لە زانکۆیەکەوە، لە ئەکادیمیستەکانەوە لە لەدامەزراوە ئابوری و سیاسی و شارستانییەکانەوە دەستپێدەکات، فشار بەبێ سازکردنی فەزایەکی شارستانی زیندووی بەهێز درۆیەکی گەورەیە…
ئۆپۆزسیۆنی شارستانی واتە بەرگریکردن و جەنگ دژی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ناداپەروەریی، خراپبەکارهێنانی دەسەڵات، شکستی گەورە، خیانەتی گەورە، ئاشبەتاڵی نەتەوەیی و شەڕ دژی شکاندنی شکۆی خەڵک و نەتەوەو نیشتیمان و شارستانیبوون….




گه‌مه‌ قورسه‌كه‌ نزیك بۆته‌وه‌ ….. 5 …. سه‌ردار جاف

( به‌شی پێنجه‌م و كۆتایی/ ئێراق )

ئێراق ئه‌و وڵاته‌ی هه‌موو دونیای ته‌ماعكار چاوی تێبڕیوه‌، هه‌ر له‌ بلۆكی خۆرئاوا و خورهه‌ڵاته‌وه‌ تا به‌ ئاسیای دوور و ناوه‌ڕاست ده‌گات، له‌ ناو به‌ به‌هاری عاره‌بیش یه‌كه‌م وڵات بوو به‌ر په‌لاماری هاوپه‌یمانان كه‌وت و سه‌رۆكه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی به‌كۆتا هات و دواتر ژیانیشی هه‌مان چاره‌نوسی پێبڕا و له‌ سێداره‌ درا، ئه‌م وڵاته‌ كه‌خۆی له‌ خۆیدا كۆكراوه‌ و به‌ پێی نه‌خشه‌ رێگای رێكه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سه‌د ساڵی به‌ری ئێستا دروستبوو نه‌خشه‌یه‌كی نوێشی به‌ ناوچه‌كه‌ دا، ئێستا هه‌مان وڵات ئه‌و رۆڵه‌ ده‌گێرێته‌وه‌و كێشمه‌كێش و ململانێیه‌كه‌ لێره‌وه‌ په‌ره‌ ده‌سێنێ و هه‌ر یه‌ك له‌ رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات هه‌وڵی سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆیان به‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌دا ده‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌م وڵاته‌ كلیلی كۆنترۆڵ كردنی خۆرهه‌ڵاتی ناوینه‌، هه‌روه‌ك چۆن میسر هه‌مان رۆڵی هه‌یه‌ و به‌ په‌له‌ پرووزێ فریای كه‌وتن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ، سه‌ربازی خۆیان بۆ گه‌ڕانده‌وه‌، به‌ هۆی لێكه‌وته‌یی سنووری ئه‌م وڵاته‌ به‌ هه‌ردوو وڵاتی توركیا و ئێران و هه‌ندی وڵاتی دیكه‌ی هه‌ستیار له‌ ناوچه‌كه‌دا وه‌ك ئوردن و سعودیه‌، هاوكێشه‌كه‌ تیایدا ئالۆزه‌ و چه‌شتنی ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌یه‌ و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی سانا نییه‌ بۆیه‌ كورد و سوننه‌ بوونیان هه‌بێت یان نا له‌م وڵاته‌دا هه‌ر ده‌بێ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر به‌ وردی دیقه‌تی ئێراق بده‌ین له‌ پاش 2003 وه‌ له‌ ناوخۆ وه‌ك وڵات بوونی نه‌ماوه‌ و میلیشیا و گروپی سیاسی هه‌ر یه‌كه‌ و به‌ مه‌یلی خۆی ده‌سه‌ڵات ده‌باته‌ رێوه‌ كه‌سیش بریار و فه‌رمانه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌لاوه‌ نه‌په‌سه‌نده‌ و نه‌ گرینگه‌ و نه‌جێبه‌جێشی ده‌كات، كه‌چی وه‌ك فۆرمه‌له‌یه‌كی یاسایی خودان قه‌واره‌یه‌كه‌ له‌ ئاستی نێو ده‌وڵه‌تی، وڵاتانی زلهێزیش هه‌موو ئاگاداری ئه‌م حاڵه‌ته‌ن و چاوی خویان لی نوقاندووه‌ زۆر زۆر به‌ نه‌رمی هه‌نگاوی بۆ ده‌نێن، كه‌ سوپای ئه‌مریكا له‌ ئێراق ده‌ركرا، رێكخراوێكی وه‌ك (( داعشیان )له‌ خه‌ڵك و میلله‌ت كرد به‌ زلهیزترین وڵاتی دونیا كه‌ خۆی له‌ راستیشدا وا نه‌بوو جگه‌ له‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكا و هێزی ده‌یان وڵات به‌ ناوی مه‌شقی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ خوی له‌ خۆیدا ئه‌و پێگه‌ ستراتیژییه‌ی ئێراق له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ ده‌رده‌خات و ناكرێ جێبهێڵدرێت و پشتگوێ بخرێت، هه‌ندێ زلهێزان خه‌ڵكی پێیان وایه‌ هه‌نگاوی هه‌ڵه‌ی دژی ئه‌م یان ئه‌و پیاده‌ كردووه‌، له‌ راستیدا مه‌به‌ست په‌رده‌ لادانه‌ له‌ نیاز و مه‌به‌ستی وڵاته‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ئێستایش هه‌مان ئاماژه‌ هه‌ن كه‌ ئێراق یه‌كه‌م وڵات ده‌بێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و دوا به‌ دوای ئه‌ویش وڵاتانی تر دێت ئیدی هه‌ر لایه‌كی زلهێز به‌ پێی رێكه‌وتن پشكی خۆی ده‌بێت له‌ خاك و ئه‌و وڵاتانه‌ی بۆ ئه‌و ساغ ده‌بێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌كه‌یشی سه‌ر هه‌ڵدانی ئه‌و ئیمپراتۆرییه‌ته‌ ئیسلامییه‌ كه‌ ئێران رابه‌رایه‌تی ده‌كات و سنووریشی به‌ره‌و ده‌ریای سپی و ده‌ریای مردوو و ده‌ریای سوور و خوار یه‌مه‌ن و به‌ره‌و كوه‌یت دێته‌وه‌، له‌م حاڵه‌ته‌یشدا ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی بیرمه‌ند هنكتون سه‌ر ده‌گرێت كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو باسی له‌ شه‌ری شارستانیه‌ت كردووه‌، لێره‌دا پرسیارێك زه‌ق ده‌بێته‌وه‌ ئاخۆ روسیا قایله‌ به‌وه‌ی ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته‌ ئیسلامیه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران جێگره‌وه‌ی ئه‌و بێت له‌ رۆژهه‌ڵاتدا؟ باشترین وه‌ڵام بۆ ئه‌مه‌یش رۆژی 23 / 10 / 2017 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا وه‌ڵامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێراقی دایه‌وه‌ كه‌ پشت له‌ كوردستان ناكات، و كونسوڵخانه‌یان داناخات و په‌ره‌یش به‌ بواری ئابووری ده‌دات له‌ گه‌ڵ هه‌رێم ، ئه‌مه‌ له‌ خۆشه‌ویستی چاوی كاڵی كورد و كوردستانیان نییه‌، به‌ڵكۆ هاوكێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و له‌ رێگای توركیایشه‌وه‌ روسیا ده‌توانی گره‌وی خۆی بباته‌وه‌ و ئه‌و دوای نه‌خشه‌كان پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌سێكی راگوزه‌ری ئاساییش بیری لێبكاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ گۆڕانكاری به‌ڕێوه‌یه‌ و نزیك بۆته‌وه‌، چونكه‌ گه‌مه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ره‌و لێوار ده‌چن كه‌ ئه‌مه‌یش ناكرێ كۆتایی پێ بێت چونكه‌ هێشتان حیساباتی سیاسی یه‌كلا نه‌بۆته‌وه‌ . كه‌واته‌ با هه‌موو له‌ چاوه‌نواڕی گۆڕانكاری ناوچه‌كه‌دا بین ره‌نگه‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ بۆ سه‌د ساڵ درێژه‌ بكێشێت یانیش زیاتر كه‌ ئێمه‌ نایبینین. رۆژگاری ئاینده‌ شتێكمان پێ ده‌ڵێ .




ئەمریکا پشتی لە کوردە بەڵام خۆری ئیرانیش لە ئاوابوونە!؟ …. ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

عیراق، عیراقی تورکیا و ئیران نییە، ئەوەی هەنوکە باڵا دەستە لە عیراق تەنیا ئەمریکایە کە هێزی سەڕەکی و بڕیاردەری یەکەمە لە چارەنووسی عیراق. ئەمریکا بۆ تورکیا و ئیران، خوێنی ئەمریکییەکانی نەڕشتوە لە سەر خاکی عیراق و سووریا تا دەسەڵاتدارانی ئیران بە ئاشکرا لە میدیاکان ڕایبگەیەنن کە ئەوان مەبەستیان تەنیا سەپاندنی هەیمەنەی ئیران نییە لە عیراق، بەڵکو ئەوان چاویان لە دەرامەتی بیرەنەوتەکانی ئەو وڵاتیە بە تایبەتی دەرامەتی نەوتی باشووری کوردستان.

ئەمریکا، لە عیراق و رۆژهەڵاتی ناوڕاستتدا پلان و ستراتیژیەتی ئەمریکی هەیە، کە لە خزمەت سیاسەت و بەرژەوەندیی هیچ زلهێزێکی ناوچەیی وەک ئیران و تورکیا کار ناکات. بەو مەبەستە بۆ پێکانی مەرامە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییەکانی، ئەمریکا لە هەر وێستگەیەکی تایبەتییدا کۆمەڵێک کەساییەتی و پارت و حکومەتی ناوچەکە وەک ئامراز بەکاردەهێنێت بەڵام لە قۆناغێکی تر و وێستگەیەکی تردا هەڵبژاردەکانی بۆ کردن بە ئامراز گۆڕانیان بەسەردادێت وە ئەگەر هەنوکە ئەمریکا بۆ هەندێ مەرامی تایبەتی نزیکبوونەوەی هەبێت لەگەل سەرانی تورکیا و ئیران ئەوا لە هەمان کاتتدا لەسەر سەدان بابەتی چارەنووسازی تر دژ بە هەر دووکیانە بە تایبەتی لە سەر دەرامەتی نەوتی عیراق و سووریا و سەپاندننی هەیمەنەی سیاسیی و سەربازیی و ئابووریی تر لە ناوچەکە.

ئەمریکا خوازیار نییە هیچ زلهێزێکی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا بە قەبەیی و زەبەلاحی بمێنێتەوە بە تایبەتی “تورکیا و ئیران” وە هەوڵبدەن پەلوپۆ بهاوێژن و دەسەڵاتەکانیان فرەوانتر بکەن لەوەی کە ئیستا هەیە کە لە ئەنجامدا ئەوەندە بەهێز بن” ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و فارسی” دووبارە ببێتەوە و بتوانن لە ناوچەکە جگە لە سوپای فەرمیی ئیمپراتوریەتەکەیان، ببن بە سەڕۆکی سەددان گروپی تیرۆرستی تر و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بخەنە مەترسی و ئەمریکا دەرەقەتیان نەیەت. لە رۆژی پێنجشەمەی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لە موئەسەسەی بەرەنگاری کردن لە دیموکراتیەت، مایک بومبیو بەرێوە بەری “سی، ئای، ئەی” ئەمریکی ڕاگەیاند ” ئیران کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کۆمەڵێک گروپی وەک حزبوڵای لبنانی، هوتسی یەمنی و میلیشیای شیعی وە ئەمڕۆ کاردانەوەی ڕاستەوخۆیان هەیە لە باکووری عیراق” وە مایک ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت ” وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت کۆسپ و تەگەرە بخەنە پێش ئیران و رێگری بکەن لەوەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا موغامەرات بکات”.
لە دەر ئەنجامدا دەردەکەوێت ئەمریکا وای دەبینێت کە چەندێک ئەو دوو وڵاتە بچووک ببنەوە ئەوا زیاتر لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی ئەوانە.

بە دەستتێکەڵاو کردنی ئیران لەگەڵ چەند سەرکردەییەکی خۆفڕۆشی کورد لە عیراق مانای ئەوە نییە ئیران دەتوانێت بەرەنگاری هێز و بەرژەوەندییکانی ئەمریکا بێت لە ناوچەکە. ئەمریکا و دنیا زانیارییان هەیە دەربارەی ئەوەی کە ئەو چەند سەرکردە خۆفڕۆشە تا سەر ئێسقان لە گەندەڵی گلاون و متمانەی گەلەکەیان مسۆگەر نەکردەوە و نوێنەرایەتی میللەتی کورد ناکەن لە باشوور، هەروها لە سروشتی میللەتی کورد گەیشتون کە ئەو سەرکردە خۆفڕۆشانە ناتوانن لە نیو میللەتی کورددا گروپی وەک حزبوڵا، حەشدی شەعبی و هویەتس بۆ ئیران دروست بکەن بەهۆی ئەوەی خواز و داواکاری میللەتی کورد خواز و ئامانجی نیشتمانیی و نەتەوەیین نەوک ئاینیی و مەزهەبی.

پلانی ئیدارەی ئەمریکا دوو خاڵی سەڕەکی هەیە کە بۆتە جیگە نیگەرانی ئەمریکا کە هەنوکە لە سەروبەندی کۆتای جەنگی داعش دا کە فۆکەیسی خۆی خستۆتە سەری بە پلەی یەکەم کێشەی “کۆریای باکوور” و ئیران بە تایبەتی “ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئیران”. کە ئیدارەی ترامپ لە یەکەم رۆژی کاربەدەستبوونیان نیگەرانی خۆیان ڕاگەیاند بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە و دەسەڵاتدارانی ئیران ئەو ڕاستییە باش دەزانن.
تورکیا، ئەمرۆ ئەگەر لە رێگەی ماڵی بارزانی توانیبێتی هەندێک لە پلان و نەخشە گڵاوەکانی دژ بە نەتەوەیی کورد بخاتە بواری کار پێکردن وە لە هەوڵی بە کۆمەڵ بە کوشتنندانی نەتەوەیی کورد بێت و چەند تورکمانێکی نێو کوردستان بکا بە بیناغەی داکوتانی دەسەڵاتانەکانی و چەسپاندنی بۆ سەرخستنی بەرژەوەندییە سەربازیی و ئابوورییەکانی و دژایەتی کردنی نەتەوەیی کورد و مافە ڕەواکانی وە هەوڵدان بۆ پانتاو کردنی سنووریی جوگرافیای تورکیا لە ئەگەری دارشتنەوەی سنووری جوگرافیایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن زلهێزەکانی دنیا بە تایبەتی لەلایەن ئەمریکا و تەقەلاکانی لە ئێستاوە بۆ دەستکەوت و پشک لەو داڕشتن و دابەش کردنە، ئەوا بێگومان خەیالی خاوە! ئەگەر نەتەوەی کورد لە باشوور نەبێت بە خاوەنی نیشتمانی خۆی ئەوا بێگومان ئەو سەردەمەش بەسەرچووە کە تورکیا مرغی لێخۆشبکات و زلهێزەکانی دنیا ئەو هەلە بۆ تورکیا برەخسێنن و ببێت بە خاوەنی پارچەیەکی تری کوردستان!

ئیران، هەنوکە بە کڕینی خێزانی تاڵەبانی و دارودەستەکانیان، بردنی تاجەگولێنە بۆ سەر گۆڕەکەی “تاڵەبانی” ، هەڵڕشتنی ئیمکانات لەبەردەم خێزانی تاڵەبانی و چاوپۆشی کردن لە گەندەڵی و دزینی نەوتی کوردستان و بە تەنکەر ناردن و تێپەڕاندنی بە نێو خاکی وڵاتەکەیدا، بەڵێنندان بە “هیرۆ و کوڕەکان و زڕ ماڵە خەزورانی” کە لە دوای شەڕی دژ بە کورد لە بەرواری ١٦/١٠/٢٠١٧دا توانای ئەوەی هەیە باشوور بکات بە دوو هەرێم و ئەوان بە حاکمی ئەو پارچەیە بهێڵێتەوە. ئەوا ئەو بۆچوونە لە خۆهەڵخەڵەتاندن بەولاوە هیچی تر نییە هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن کە خۆری کۆماری ئیسلامیی ئیرانی لە ئاوابوونە. قسەکەری فەرمیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە چەند میدیایەکدا دەڵێت ” لە زیاتر گرژ بوونەوەی ناکۆکییەکانی ئەو دواییەدا براوە تەنیا هێزی توندڕەوی داعش و هێزی پاسەوانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانە، کە هەموو لایەک پێویستە رێگری لەو ئەنجامە بکەین”. هەروها وەزیری دەروەی ئەمریکا رێکس تێلرسن لە میانی کۆنگریەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودییە رایگەیاند” ئەگەر عێراق لەژێر هەیمەنەی ئێران دەرنەچێت تووشی كێشەیەكی گەورە دەبێت”.

—————————–
سەرچاوە:

https://www.cnbc.com/2017/10/22/us-pushes-saudi-arabia-iraq-on-united-front-to-counter-iran.html
https://www.cnbc.com/2017/10/19/us-can-make-it-harder-to-do-business-with-iran-cia-chief-mike-pompeo.html
http://dailycaller.com/2017/10/19/cia-director-confirms-iranian-revolutionary-guard-corps-commander-was-in-kirkuk/
https://www.voanews.com/a/fears-iran-is-could-be-big-winners-clashes-kirkuk/4074887.html




خۆشە ویستی من و تۆ …. مەولود ئیبراهیم حەسە ن

پێکدادان ..
هه ر چوار کە ناری وڵات بگرێتە وە
بیست و چوار سەعاتە
تۆپ ببارێ ..
شە ڕ سە ت هێندە م ماندوو بکات (*)
هێشتا ..
گۆشە یە ک دە دۆزمە وە
لە م وڵاتە ..
بیکە م بە جێ ژوان
چرکە یە ک لە ژیانم
دە ستدە کە وێ
من تۆم تێدا خۆشبووێ .

***

دە ڵێن :
چە کێک داهێنراوە
کون بە کون
بە دوای مرۆڤ دادە گە ڕێ
هه رکە سە و
خە ریکی پە یداکردنی
گوڵڵە نە بڕێکە ،
من ئاسودە م
کراسی خۆشە ویستی تۆم
لە بە ردایە .

***

دە لێن :
زاناکان ..
( جین ) ی نە مرییان دۆزیوە تە وە
نە مریی بە چێ دە چێ
ئە گە ر ..
جینی خۆشە ویستی من و تۆی
لە گە ڵ دانە بێت .

***

دە لێن :
زاناکان..
بۆ ڕزگار کردنی مرۆڤ
شارێک لە سە ر مانگ
دروست دە کە ن
ئە م شارە چۆن ئاوە دان دە بێتە وە ؟
ئە گە ر..
ماڵی خۆشە ویستی
من و تۆی تێدانە بێت .

***

دە ڵێن :
ڕێککە وتوون
شە ڕێ سێیە می جیهان ڕاگرن
فڕۆکە کان بۆ هه میشە
دە نیشنە وە
تۆپە کان هه تا هه تاێێ
دە می خۆیان دە گرن
دیلە کان یە ک یە ک ئازاد دە کە ن
شە هیدە کان
بە ڕێزە وە دە نیژن
بە رە کانی شە ڕ
بە یە کجاری چۆڵ دە کە ن
من بە مانە هیچیان ڕازی نیم
ئە گە ر..
خۆشە ویستی من و تۆ
سە ربە ند نە بێ
لە بە ندە کانی ئە م ڕێککە وتنە .

***

بە زاناکان بڵێن :
واز لە چوونە سە رمانگ
بهێنن..
واز لە گە ڕێ‌نی بن دە ریاکان
بهێنن..
واز لە گە ڕان بە دوای نهێنی دا
بهێنن..
ئە وە ی شایستە ی بە دوا دا گە ڕانە
خۆشە ویستی من و تۆیە
ئە وە تە لێرە یە .

***

بە بازرگانە گە ورە کان بڵێن :
واز لە هێنان و بردنی
کالا گرانبە هاکان بهێنن
کالایە کی دە گمە نم
دۆزیوە تە وە ..
وە رن ..
خۆشە ویستی من و ئە و
بە دنیادا بڵاو بکە نە وە .
***
تیۆری گە شە کردن
لا سە نگە ..
تیۆری ڕێژە یی
لا سە نگە ..
تیۆری ماسلۆ
لا سە نگە ..
ئە وە ی ئە م تیۆرانە
ڕاست دە کاتە وە
خۆشە ویستی من و تۆ یە .

***

هه موو
زمانە کانی قسە کردن
لە نێو دە بە م
هه موو..
ئە لف و بێ یە کانی نووسین
ڕە شدە کە مە وە
هه موو..
هێماکانی دە ربڕێن
قە دە غە دە کە م
تە نیا ..
پە رە بە زمانی خۆشە ویستی
خۆم و خۆت دە دە م .

***

هه موو ..
قوتابخانە ئایینیە کان
دا دە خە م
هه موو..
زانستگا زانستیە کان
دا دە خە م
لە نوێوە ..
قوتاخانە ی خۆشە ویستی
خۆم و خۆت دە کە مە وە .

***

هه موو..
کتێبە پیرۆزە کان
بە ندێکیان کە مە
هه موو..
کتێبە میژووییە کان
بە ندێکیان کە مە
ئە ویش
بە ندی خۆشە ویستی
من و تۆیە .

***

سنووری هه موو
وڵات و کێشوە رە کان
هه ڵدە وە شێنمە وە
هه موو..
ڕژێمە کان دە گۆڕم .
جیهانێکی یە کگرتووی
خۆشە ویستی خۆم و خۆت
دا دە مە زرێنم .

********

مە ولود ئیبراهیم حە سە ن

٢٢- ٢٣ /١٠/٢٠١٧
هه ولێر




بۆچی مەسعوود محەمەد بۆ ئێستای ئێمە گرنگە؟ … نەبەز سەمەد

لەم وتارەدا دەمەوێ سەبارەت بە دوو تەوەر قسەبکەم، تەوەرەی یەکەم: بۆچی مەسعوود محەمەد کەم دەخوێندرێتەوە و کەم گرنگی پێدەدرێ؟ تەوەرەی دووەم بۆچی مەسعوود محەمەد بۆ ئێستای ئێمە گرنگە؟

تەوەرەی یەکەم:

_ گرنگی نەدان بە مەسعوود محەمەد چەند هۆکارێکی هەیە:
١. هۆکاری یەکەم: هۆکاری سیاسی و حیزبی
لێرە حیزبی کوردی هەموو شتێکیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە، هەر لە شوێن، پارە، سامان، ئابووری، تا هزر، زمان، نووسەران و ڕۆشنبیران. ئەگەر نووسەرێک یان ڕۆشنبیرێک سەر بە حیزبەکەی ئەوان نەبێ، ئەوا فەرامۆش دەکرێ و پەراوێز دەخرێ. کەواتە لێرەوە ئەو دەرەنجامە دەبەینەوە بۆیە گرنگی بە مەسعوود محەمەد نادرێ، چونکە ئەو سەر بە هیچ حیزبێک نییە.

٢. هۆکاری دووەم: مەسعوود محەمەد هەروەکو سۆکراتێس، هزرڤان و فەیلەسوفێکی ”هەق_بێژ/ ڕاستەوخۆ_بێژ”ە. واتا بەڕاستگۆیی، بەڕوونی، بێپەروا، و ڕاستەوخۆ قسەی خۆی دەکا و ڕەخنە دەکا. چی لە هۆشی دایە ئەوە دەڵێ بەبێ ئەوەی گرنگی بەوە بدا داخۆ کێ لەو قسانەی پەست دەبێ. ئەم جۆرە لە فەیلەسوف، لە هزرڤان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، حیزبی کوردی، و ڕۆشنبیری کوردی ناگونجێ، بۆیە هەوڵی پەراوێزخستنی ئەو جۆرە لە هزرڤان دەدا.

٣. هۆکاری سێیەم: زمان. مەسعوود محەمەد بە زمانێکی کوردی پوخت و باڵا دەنووسێ، کە ئاستی زمانی ڕۆژانەیی و زارەکی تێپەڕاندووە. ئەمەش وادەکا هەموو خوێنەرێک نەتوانێ ئیشەکانی بخوێنێتەوە، ئاخر خوێنەری ئێمە لەگەڵ ئەو نووسینانەدا ڕاهاتووە کە بە زمانێکی ڕۆژانەیی، زارەکی، و ناوچەیی نووسراون، بۆ تێگەیشتنیان خۆ ماندووکردن و شارەزایییەکی ئەوتۆیان ناوێ. زۆرینەی نووسەری کورد ڕۆژانە چۆن قسەدەکەن ئەوهاش دەنووسن، بێئاگا لەوەی کە زمانی نووسین و ئاخاوتن زۆر لە یەکدی جوداوازن. جگەلەوە کە نووسینەکانیان پڕن لە هەڵەی زمانەوانی، ڕێنووس، پنتبەندی، هتاد. هەروەها ئێستا بەهۆی فەیسبوک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنی کوردییەوە زمانی کوردی زۆر شێوێندراوە. بۆیە کەسێکی زمانزانی وەک مەسعوود محەمەد، کە بە کوردییەکی ڕەسەن و جوان دەنووسێ خوێنەری کورد لێی تێناگا و ناشیەوێ بۆ تێگەیشتنی خۆی ماندوو بکا، ئاخر خوێنەری کورد زۆر تەنبەڵ کراوە، بە زمانێکی ئاستنزمی ڕۆژانەیی خۆشەکراوە و ڕاهێنراوە بۆیە مەسعوود محەمەد ناخوێنێتەوە.

٤. هۆکاری چوارەم: کایەی ڕۆشنبیری کوردی. بەهۆی نەبوونی ڕەخنە، ڕەخنەگر و هزرینی ڕەخنەیییەوە لەنێو کولتوور و ڕۆشنبیریی کوردی، دەقی باش و خراپ، ئیشێکی باڵا و ئیشێکی نزم لێکجودا ناکرێتەوە.
کایەی ڕۆشنبیری کوردی بەهەمان شێوەی کایەی سیاسی شێواوە، دابەشێنراوە، حیزبێندراوە، بۆیە نووسەران بوونە بە گروپی جودا و دژ بەیەکدی، بوونە بە نووسەری پابەند و مولتەزیم.
نووسەرانی کورد دوای زۆربوونی ژمارەی ڕۆژنامە، و بڵاوکراوەکان، زۆرینەیان بوون بە ڕۆژانەنووس، ستووننووس، سادەنووس، بۆیە هیچیدی تاقەتی گەڕان و لێکۆڵینەوەیان نییە، بەڵکو بەدووی بابەتی ڕۆژانەیی و سوک و ئاساندا دەگەڕێن. بۆیە لە دۆخێکی وەهادا کەسێکی وەک مەسعوود محەمەد کە بەقووڵی و بەوردی لە هزرینێکی قووڵی خۆمەندەوە دەنووسێ، ناخوێندرێتەوە، ئاخر هزری مەسعوود محەمەد بەئاسانی خۆی بەدەستەوە نادا.

٥. هۆکاری پێنجەم: جوداوازی. بەگشتی کولتووری کوردی حەزی لە جوداوازی نییە، بەڵکو داواکاری بۆ وەکیەکی و لێکچوون بەرزدەکاتەوە، دەیەوێ هەمووان لە یەکبچن. نووسەرەکان لەیەک دەچن، خەریکی لاساییکردنەوەن، دژی جوداوازین، خەریکی گواستنەوەی زانیارین، نەک بەرهەمهێنانی زانین و مەعریفە. بۆیە کاتێک وەک مەسعوود محەمەد جوداواز بی، وەک ئەوان نەهزری، نەنووسی، هتاد، ئەوا تۆ پەراوێز دەخرێی و ناخوێندرێیتەوە.

٦. هۆکاری شەشەم: خۆنەوێنی و خۆدازناندن.

بەگشتی کولتووری کوردی لە بەرانبەر دەرەوە لە بەرانبەر بێگانەدا خۆنەوێنە، خۆی نزم دەبینێ، خۆی بچووک دەکاتەوە، خۆی دادەزنێنێ. لە کایەی ڕۆشنبیری کوردیشدا ئەم خۆنەوێنی و خۆدازناندنە پەرچێندراوە، بۆیە دەبینین ڕۆشنبیران و نووسەرانی ئێمە هێندەی خەریکی لاساییکردنەوە، گواستنەوە، و گۆتنەوەی قسە و فەلسەفەی دەرەوەی کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەتی خۆرئاوان هێندە خەریکی هزرینێکی ڕەسەنی کوردی نین و هێندە بایەخ بە هزر و فەلسەفە و کولتووری کوردی نادەن. بۆیە هێندەی ناوهێنانی نیتچە، فوکۆ، درێدا، ژیژەک هتاد هێندە خۆیان بە مەسعوود محەمەد، شاکر فەتاح، هتاد خەریکناکەن. بۆیە لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا مەسعوود محەمەد ناخوێندرێتەوە.

تەوەرەی دووەم:
بۆچی مەسعوود محەمەد بۆ ئێستای ئێمە گرنگە؟

١. هۆکاری یەکەم، ئێمە ئێستا لەنێو پرۆسەیەکی مەترسیدارداین: پرۆسەی نامرۆڤاندن. مرۆڤی کورد لە مرۆڤبوون دەخرێ، مرۆڤبوونی لێدادەماڵرێ، بەهاکانی، ویست و ئیرادەی، مافەکانی لێدەسەندرێتەوە. هەروەها لە ڕووی مۆڕاڵیییەوە، مرۆڤی کورد توانستی هەڵبژاردن (چاکە و خراپە)ی لێ دەسەندرێتەوە. ئەو شکۆمەندی و مەزنییەی کە وەک مرۆڤ هەیەتی لێ دادەڕنرێ، ئەو ڕێزمەندییەی وەک مرۆڤ هەیەتی لێی دادەماڵرێ. واتا سوکایەتی، بێڕێزی بە مرۆڤی کورد دەکرێ. برسی دەکرێ، بێئیرادە دەکرێ، دەکرێ بە ئامراز و دەسوێژ، وەک ڕۆبۆت هەڵدەسوڕێندرێ.
مەسعوود محەمەد بۆیە گرنگە، چونکە ئەو ڕێک پێچەوانەی ئەو ڕەوتە ئیش دەکا، سەرجەم هەوڵ و خەبتینەکانی ئەو لەپێناو مرۆڤدایە، فەلسەفەی مەسعوود محەمەد دژی پرۆسەی نامرۆڤاندن دەوەستێتەوە و ڕەخنەی دەکا. ئەو دەیەوێ مرۆڤی تێکشکێنراوی کورد، جارێکی دیکە سەرلەنوێ بونیادبنێتەوە، ئەو دەیەوێ ویست و ئیرادە بە مرۆڤی کورد بداتەوە. ئازادی، شکۆمەندی، ڕێزمەندی و مەزنێتی بۆ مرۆڤی کورد بگێڕێتەوە. ئاخر مەسعوود محەمەد سەرجەم فەلسەفەکەی لەسەر بنەمای ویستی ئازادی مرۆڤ بناغەدەڕێژێ.

٢. هۆکاری دووەم: ئێمە ئێستا لەنێو کێشەیەکی قووڵدا دەژین ئەویش کێشەی بێهزرێتی”یە، واتا بیر نەکردنەوە، نەهزرین، ئاخر ئێمە بکەری هزرڤانمان نییە، یان زۆر کەمە. ئێمە پێش ئەوەی قەیرانی دارایی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتیمان هەبێ قەیرانی بێهزرێتی و بیرنەکردنەوەمان هەیە. چونکە ئەگەر بیرمان بکردبوایەوە، ئەگەر لێبهزریبوایەین، ئەوا ئێستا ڕووبەڕووی ئەو هەموو قەیرانە نەدەبووینەوە. نموونە: شێواوی کایەی سیاسی، ڕۆشنیری، زانینگەکان، تەلارسازی کوردی، خانووی کوردی بە بلۆک و چیمەنتۆ، شێواوی زمان، شێواوی هزرین، شێواوی کولتوور و هونەر، گەڕەلاوژێی سیاسی و کۆمەڵایەتی. (ئاژووتنی هۆڤیانەی زۆرینەی شۆفێران، خەرجکردنی بێویژدانانەی ئاو و کارەبا، فرەخۆری، هەروەها چڵێسی لە گشت بوارەکانی ژیاندا وەک ڕازاندنەوەی ناوماڵ، خۆپۆشین، هەڵپەی هزری و ئەدەبی).

مەسعوود محەمەد بۆیە گرنگە چونکە فێرمان دەکا بهزرین، بیربکەینەوە، لەبری ئەوەی لاسایی ئەم و ئەو بکەینەوە خۆمان بیربکەینەوە و ڕەسەن و خۆیی بین نەک لاساییکار، لەبری ئەوەی کوردستان بکەین بە دوبەی، بە تورکیا، دەیکەین بە کوردستان، لەبری ئەوەی لاسایی تورک، عەرەب، فارس، ئینگلیز بکەینەوە کوردانە دەهزرین، کولتوور، زمان و شارستانەتی خۆمان بونیاد دەنێین. ئاخر ئێمە چۆن کاڵاکانمان لە دەرەوە بۆ دێ، بە هەمان شێوەی بازرگانەکان نووسەرانیش هزر و ئیدێکانمان لە دەرەوە بۆ دێنن. هەروەها وەزارەتی پەروەردە سیستەمی سویدیمان بۆ دێنێ. بەڵام مەسعوود محەمەد وەک کوردێک دەهزرێ، بە کوردی بیردەکاتەوە، نەک لاسایی بکاتەوە.

٣. هۆکاری سێیەم: مەسعوود محەمەد گرنگە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو ئەتککردنەی زمانی کوردی ببینەوە لەلایەن نووسەران، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەوانان، و ڕاگەیاندنکاران. بۆ ئەوەی زمانی کوردی لەو دۆخە دەربازبکەین، گەشەی پێبدەین، لە سادەنووسی و ڕۆژانەنووسی دەربازی بکەین، گەرەکە مەسعوود محەمەد بە هەند وەربگرین. لەبەر ئەوەی مەسعوود محەمەد زمانزانێکی بەتوانایە، کوردیزانێکی باڵایە، لەلای ئەو هزر و زمان لە یەکدی جودا نابنەوە، لای ئەو زمان لە هۆشەوە سەرچاوە دەگرێ. زمان زادەی هۆشی مرۆڤە، مرۆڤ بۆیە زمانی هەیە، چونکە هۆش و ئاوەزی هەیە.

٤. هۆکاری چوارەم: ئێستا بەگشتی کایەی ڕۆشنبیری کوردی خەریکی گواستنەوە و دانەوەی زانیاری و لاساییکردنەوەیە، نەک بەرهەمهێنانی زانین و مەعریفە. تەنانەت زانینگە (زانکۆ!)ش مەعریفە بەرهەم ناهێنێ، بەڵکو زانیاری دەبەخشێتە خوێندکارەکانی. بۆیە لە زانکۆ و پێش زانکۆش کولتووری دەرخاندن باڵادەستە نەک تێگەیشتن. گەر وشەی خوێندکار و قوتابی شیبکەینەوە، ئەوا ئەو کولتوورە و دۆخی زانکۆ بەباشی ڕووندەبێتەوە.

مەسعوود محەمەد بۆیە گرنگە، تاکو لە دانەوەی زانیارییەوە بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە بگوازینەوە، ئاخر ئەو مەعریفە، هزر و فەلسەفە بەرهەمدەهێنێ. بۆ ئەوەی لە کولتووری دەرخاندن، باڵاتر دانانی کتێب و مەلزەمە بەسەر خوێنەر، بەسەر مرۆڤدا دەربازبین، ئەوا خوێندنەوەی مەسعوود محەمەد زەروورە، ئاخر ئەو پێمان دەڵێ مرۆڤ لە کتێب باڵاترە، کتێب مرۆڤ نووسیویەتی، چۆن دەبێ لەو باڵاتر بێ. بۆ ئەوەی فێری شرۆڤەکردنی دەق، ڕەخنەکردن، و هزرینی ڕەخنەیی بین مەسعوود محەمەد ئاتاجە.




گفتوگۆ لەگەڵ نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گر عه‌بدوڵا تاهیر به‌رزنجی

نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گر عه‌بدوڵا تاهیر به‌رزنجی:
ده‌قی زیندوو، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گر قسه‌شی له‌سه‌ر نه‌كات هه‌ر زیندووه‌.
یه‌كێك له‌ قه‌ڵه‌مه‌ جدی و زیندوه‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌، كه‌ ساڵانێكه‌ وه‌ك وه‌رگێڕو نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گر كارده‌كات، مامۆستا (عه‌بدوڵا تاهر) به‌رزنج یه‌، له‌م دیمانه‌یه‌دا چه‌ند پرسیارێكم ده‌رباره‌ی گرنگی (شیعرو گۆڕانكاریه‌كانی چیرۆك و ڕۆمان و پێوسیتی ڕه‌خنه‌) ئاراسته‌كردو سه‌ره‌نجام گفتوگۆكه‌مان ئه‌م دیداره‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

سازدانی : شاخه‌وان سدیق
….

پ1/ هه‌ندێك جار ده‌وترێت، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی زیندوو نییه‌ تا نه‌چێته‌ به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سی ڕه‌خنه‌گر، به‌ مه‌به‌ستی شرۆڤه‌كردن ودووباره‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌ قووڵه‌كانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌، به‌ بڕوای به‌ڕێزتان تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه‌ ڕاسته‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ ڕه‌نگه‌ جۆرێك زیاده‌ڕۆیی له‌به‌شێكی بۆچوونه‌كه‌دا هه‌بێت، چونكه‌ هه‌زاره‌ها ده‌قی كۆن و نوێی زیندووی دنیا ومیلله‌تان هه‌ن تا ئێستایش نه‌چوونه‌ته‌ به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌ وهه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌خنه‌گران، تا ئێستایش هیچ ڕه‌خنه‌گرێك ده‌ستی بۆ نه‌بردوون. زیندووبوونی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌وه‌ نییه‌، یا مه‌رج نییه‌ بچێته‌ به‌رده‌م لێكۆلینه‌وه‌ی فڵان یا فیسار ڕه‌خنه‌گره‌وه‌، ناكرێت ئه‌مه‌ بكرێت به‌ مه‌رج بۆ زیندوویی ده‌ق وبه‌رهه‌می باڵا. زیندووبوونی به‌رهه‌م په‌یوه‌ندیی به‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ خۆیه‌وه‌یه‌، به‌و كه‌سه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ینووسێت،نه‌ك به‌ ڕه‌خنه‌كاره‌كه‌وه‌،ڕه‌خنه‌كاری به‌توانا و ڕاستگۆ ئه‌توانێت به‌ها جوانه‌كانی كه‌شفكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌های نه‌بوو مه‌حاڵه‌ به‌های پێ‌ ببه‌خشێت. چه‌ندین به‌لكو بگره‌ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌ جوانه‌كانی گۆران یا (شێركۆ یا حسێن عارف) له‌ گه‌وره‌یی خۆیان ناكه‌ون وهیچ كه‌سێكیش ده‌ستی بۆ نه‌بردوون، چه‌ندین به‌رهه‌می مردوویش یا بێكه‌ڵكیش هه‌ن به‌ وتار و كتێب له‌سه‌ریان نووسراوه‌،به‌تایبه‌تی له‌ زانكۆكاندا. له‌و زانكۆ زلوزه‌به‌لاحانه‌دا ناوی وا ئه‌هێننه‌ پێشه‌وه‌ له‌ قوتوی هیچ عه‌تارێكدا نییه‌، ئه‌مه‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌م شاعیره‌ مه‌جهوله‌ له‌ كۆندا دوو میعری نووسیوه‌، به‌ڵام چونكه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ زانكۆكه‌ی لێیه‌ ئیتر ئه‌یكه‌ن به‌ بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی بیهێننه‌ پێشه‌وه‌.سه‌یری ئه‌م مه‌رجه‌ سه‌قه‌تانه‌ بكه‌ ! ئافه‌رین پێوه‌ری زانستی، جا هه‌ندێك ناونیشانی زه‌ق و سه‌یریشیان بۆ هه‌ڵئه‌بژێرن، وه‌ك (پێوه‌ری سیمۆلۆجی بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعری…) یا (شیعرییه‌ت له‌ به‌رهه‌می…) سه‌یری شیعری كابرایش ئه‌كه‌یت ئه‌بینی هه‌ر شیعری به‌ وه‌زن و قافییه‌ زانیوه‌ و هیچی تر. موفاره‌قه‌یه‌كی سه‌یره‌ ئیتر یه‌كێ‌ له‌م زانكۆیه‌دا نایه‌ بڵێ‌ كاكه‌ وانا!

پ2/ تا چه‌ند به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌بێ‌ قسه‌كردن له‌سه‌ری به‌رهه‌مێكی زیندووه‌، ئه‌و گرنگییه‌ی ڕه‌خنه‌ به‌ به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بیی ده‌به‌خشێت چییه‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ ده‌قی زیندوو هه‌ر زیندووه‌، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ قسه‌یشی له‌سه‌ر نه‌كات. بیگومان ڕه‌خنه‌گری به‌ سه‌لیقه‌ ئه‌توانێت به‌های جوانییه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌ و له‌ قاڵبێێكی ڕه‌خنه‌ییدا بیخاته‌ڕو، یا كارێكی تری تێدابكات. هیچ كات ڕه‌خنه‌كاران ناتوانن گیان بۆ جه‌سته‌ی ده‌قی بێگیان بگه‌ڕێننه‌وه‌.

پ3/ ڕه‌خنه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیه‌، یان دووباره‌ مانادانه‌وه‌یه‌ پێی؟ بۆچی نووسه‌رانی ئێمه‌ له‌ ڕه‌خنه‌ نووسین له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان نیگه‌ران ده‌بن؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ زاراوه‌یه‌كه‌ به‌ په‌یڕه‌وه‌كانی ڕه‌خنه‌ی نوێوه‌ په‌یوه‌سته‌، وه‌ك بونیادگه‌ری وهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌خوازی و…من چ به‌عه‌ره‌بی بێت یابه‌ كوردی له‌ كۆتایی هه‌شتاكانه‌وه‌ به‌ چه‌ند نووسینێك له‌مانه‌ دواوم، ده‌قیشمان پێ‌ خوێندوونه‌ته‌وه‌. ساڵی (1992)له‌ گۆڤاری پرۆژه‌دا كه‌ به‌عه‌ره‌بی و كوردی له‌ سلێمانی ده‌رمانده‌كرد، به‌یاننامه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییم بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ خۆی له‌سه‌ره‌تادا وتارێك بوو ساڵی (1989)نووسیبووم، تێیدا جه‌ختم له‌سه‌ر ڕه‌وتی نوێ‌ و په‌یڕه‌و و زاراوه‌ی ڕه‌خنه‌ی نوێ‌ كردووه‌ته‌وه‌. بێگومان سوودیان بۆ ڕه‌خنه‌ هه‌بووه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ بونیادگه‌ری و پاشبونیادگه‌ری و ڕه‌خنه‌ی وه‌رگرتن.. هتد وه‌رچه‌خان بوون له‌ ڕه‌وتی ڕه‌خنه‌ییدا، به‌ بۆچوونی ئێستایشم هه‌ریه‌كه‌یان له‌ شتێكدا زیاده‌رۆیی تێدا بووه‌، بۆ نموونه‌، زیاده‌ڕۆیی بونیادگه‌ری له‌وه‌دایه‌، له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر پێ له‌سه‌ر ده‌ق داده‌گرێ‌ و له‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌ره‌كی دایئه‌بڕێت و نووسه‌ر تا ڕاده‌ی بزركردن كه‌مده‌كاته‌وه‌، یا ڕه‌خنه‌ی وه‌رگرتن له‌ یه‌كێك له‌سێ‌ كوچكه‌ی (نووسه‌ر، ده‌ق ، وه‌رگر )كه‌مده‌كاته‌وه‌، باشتره‌ سه‌رله‌نوێ پیاچوونه‌وه‌ به‌ هه‌رسێكیاندا بكرێته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ دووباره‌ مانادانه‌وه‌ به‌ ده‌ق،به‌ دوو جۆر له‌ پرسیاره‌كه‌ت ئه‌گه‌م، یه‌كه‌میان گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌گه‌یه‌نێت بو باوه‌شی مانای مه‌ركه‌زیی ده‌قه‌كه‌،واته‌ ئه‌و مانا سه‌ره‌كییه‌ی كه‌ نووسه‌ر گه‌ره‌كێتی، دووه‌میشیان فره‌كردنی مانای جۆراوجۆری ده‌قه‌، كه‌ خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر ده‌یخولقێنێت. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی نووسه‌ران له‌ ڕه‌خنه‌ نیگه‌ران ئه‌بن، ئه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو ئه‌گرێته‌وه‌، په‌یوه‌ندیشی به‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وده‌روونی و فیكریشمانه‌وه‌ هه‌یه‌ با له‌ هه‌موو شتێكی كۆمه‌ڵاتیمان بگه‌ڕێین وبێینه‌ سه‌ر شتی گرنگتر، تۆ سه‌یری ژیانی سیاسی وفیكریی سه‌رده‌می تێكڵاوبوونمان به‌مۆدێرنه‌ بكه‌، خه‌ڵك وتاكیان به‌ توندوتیژی و یه‌كتر قبووڵنه‌كردن په‌روه‌رده‌كردووه‌، بۆیه‌ گفتۆگۆكانیان نه‌زۆك بوون و به‌شێوه‌یه‌كی نادروست هاتوون و به‌رده‌وامبوون، ئیتر ئه‌مه‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانی گرتووه‌ته‌وه‌. هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی چل و په‌نجای سه‌ده‌ی ڕابردوو كردوویه‌تی،ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر ڕۆشنبیرێك ماركسییانه‌ بیرینه‌كردبێته‌وه‌، بیركردنه‌وه‌ی به‌ به‌هادار نه‌زانییوه‌، واته‌ ڕای جیاواز و فره‌گه‌راییان پێ‌ قبووڵنه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها به‌ره‌ حیزبی و رَۆشنبیرییه‌كانی تریش هه‌مان شتیان په‌یڕه‌وكردووه‌، ئیتر ئه‌م بزووتنه‌وه‌ و حیزبانه‌ كه‌ به‌رهه‌می قۆناغی نوێمانن، زه‌مینه‌یه‌كی وایان نه‌ڕه‌خسانووه‌ بۆ نه‌شونماكردنی قبوڵكرنی ڕاو و گفتووگۆی جیاواز. تۆ سه‌یری گفتوگۆی نێوان ئه‌و لا جیاوازانه‌ بكه‌ كاتێك له‌ ده‌یه‌كانی ڕابردوودا له‌ ڕۆژنامه‌كانیاندا له‌سه‌ر بابه‌تێك قسه‌یانكردووه‌، ئه‌بینیت زمانیكی زبر و بیرێكی توند وتیژ، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ خه‌نجه‌ریان هه‌ڵنه‌گرتووه‌، كه‌ناله‌كانی ڕاگه‌یاندن، ئه‌مانه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانماندا به‌ خراپی ڕه‌نگده‌ده‌نه‌وه‌،یه‌ك له‌وانه‌ كاری ڕه‌خنه‌یه‌.پاشان لای ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ وه‌ك بوارێكی نووسین تازه‌ په‌یدا بووه‌،ته‌مه‌نی نییه‌،ئه‌مه‌ نه‌ك له‌چاو یۆناندا، بگره‌ له‌چاو عه‌ره‌ب وفارسیشدا. كاریگه‌ریی فیكری یۆنانی به‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وانبێژیی عه‌ره‌به‌وه‌ دیاره‌، به‌ڵام ئه‌وان چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ كار به‌و ڕه‌خنه‌یه‌ ده‌كه‌ن، له‌ نووسین ودانیشتنیاندا ئه‌دیبان به‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌ به‌لاغییه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، به‌ئاشكرا گفتووگۆیان له‌باره‌ی شیعره‌كانیانه‌وه‌ كردووه‌، سه‌یری ئه‌و كتێبه‌ كۆنانه‌یان بكه‌، پڕه‌ له‌ نموونه‌ی ئاشكرا. له‌ كۆتایی سه‌رده‌می جاهیلیدا، بازار و دانیشتنی ئه‌ده‌بی زۆربوون، له‌وانه‌ له‌ بازاڕی عكازدا چادریان بۆ نابیغه‌ی زوبیانی هه‌ڵداوه‌، ئیتر شاعیران هاتوون و له‌ مه‌جلیسه‌كه‌یدا شیعریان خوێندووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵیانسه‌نگێنێت و ڕای خۆی بدات.

جارێك شاعیران ئه‌عشا و (حه‌سانی كوڕی سابیت وخاتو خه‌نسا)ی شاعیر ئاماده‌ئه‌بن و شیعری بۆ ده‌خوێننه‌وه‌، له‌ كۆتاییه‌كه‌دا خاتو (خه‌نسا) شیعرێكی بۆ ده‌خوێنێته‌وه‌، (نابیغ)ه‌ی زوبیانییش ئه‌ڵێت، خه‌نسا، ئه‌گه‌ر ئه‌عشای شاعیر لێره‌دا ئاماده‌ نه‌بوایه‌ وشیعری نه‌خوێندبایه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌موت تۆ گه‌وره‌ترین شاعیری جن و ئینسی. جارێك(ام جندب) ی ژنی (ئمرو ئه‌لقه‌یس) ئه‌بێت به‌ حه‌كه‌م له‌نێوان ئمرو ئه‌لقه‌یسی مێردی و عه‌لقه‌مه‌دا كه‌ شاعیرێكی به‌توانا بووه‌،جا ئیتر هه‌ردووكیان وه‌سفی ئه‌سپ ده‌كه‌ن،له‌ كۆتاییدا (ام جندب) ڕای خۆی ده‌رئه‌بڕێت و شیعره‌كه‌ی عه‌لقه‌مه‌ به‌باشتر ئه‌زانێت، چونكه‌ وا وه‌سفی ئه‌سپه‌كه‌ی كردووه‌ ئه‌ڵێی باڵی لێ‌ ڕواوه‌ و له‌گه‌ڵ بادا پێشبڕكێ‌ ده‌كات، به‌ڵام ئمرو ئه‌لقه‌یس وه‌سفی ئه‌سپێكی له‌ڕولاواز ده‌كات، سواره‌كه‌ی هه‌ر خه‌ریكی قامچیلێدانه‌ و ناگات به‌ نێچیر.

له‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌دا چه‌ند وانه‌یه‌ك ئه‌بینین، یه‌ك له‌وانه‌ زه‌كاوه‌تی ئافره‌ته‌ ڕه‌خنه‌گره‌كه‌یه‌، دوو ئینساف وڕاستگۆییه‌تی، كه‌ مه‌رجه‌ و به‌درێژایی زه‌مه‌ن ڕه‌خنه‌ پێویسی پێی بووه‌. ئه‌م به‌های شیعری به‌لاوه‌ گرنگتربووه‌ نه‌ك په‌یوه‌ندیی خێزانیی خۆی. ئێمه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ تازه‌یشدا به‌ده‌س گرووپ و گرووپكارییه‌وه‌ ئه‌ناڵینین، ڕاستگۆیی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ده‌ین به‌سه‌ر ڕاستگۆیی هونه‌ریدا، ئه‌و نموونانه‌ی باسمانكردن كاریگه‌ریی باشیان هه‌بووه‌، تاڕاده‌یه‌ك شاعیرانی كۆنی عه‌ره‌ب ڕای یه‌كتری له‌ سنوورێكدا قبووڵبكه‌ن. من ناڵیم گه‌لی عه‌ره‌ب وه‌ك میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی داخراو نییه‌، به‌لام باوه‌ڕم به‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بواری شیعردا ئه‌و ڕه‌خنه‌ ڕه‌وانبێژییه‌یان، ڕۆڵیكی هه‌بووه‌ له‌ قبووڵكردنی ڕای جیاوازدا سه‌باره‌ت به‌ شیعر. په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م نه‌ریته‌ له‌ سه‌رده‌می جاهیلییه‌وه‌ تا ئیستا كاریگه‌ریی باشی به‌جێهێشتووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵ و نه‌ریتانه‌ زوو لای خۆیشمان هه‌بوایه‌، ئێستا ڕه‌خنه‌ وبۆچوونی ئێمه‌یش وئاماده‌ییمان بۆ قبووڵكردنی ڕای ره‌خنه‌یی جیاواز، شتێكی باشتر ئه‌بوو.زۆرجار ڕه‌خنه‌ لای ئێمه‌ بووه‌ به‌ ئامرازی لێدان، هه‌م ڕه‌خنه‌كاره‌كه‌ وایداناوه‌ كه‌ تیر ئه‌هاوێت وهه‌م ئه‌وه‌یشی كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌یی ئه‌گیرێت وای داناوه‌ به‌ر تیر ئه‌كه‌وێت، له‌م كاتانه‌دا ڕه‌خنه‌ ئه‌بێت به‌ وه‌سیله‌، نه‌ك ئامانجێك بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌.

پ4/ ئایه‌ ئێمه‌ وه‌ك كورد كه‌سی پسپۆری ڕه‌خنه‌گرمان هه‌یه‌؟ بۆچی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ئێمه‌ به‌ فلته‌ری ڕه‌خنه‌دا ناڕۆن؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ به‌بۆچوونم هیچ میلله‌تێك نییه‌ له‌ جبهاندا سه‌رجه‌م به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی به‌ فلته‌ری ڕه‌خنه‌دا تێپه‌ریبێت. له‌ یۆنانی خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی ڕه‌خنه‌وه‌ بگره‌ تا دێته‌ سه‌ر ئه‌ده‌بی ئه‌مڕۆی میلله‌تان. بیرمان نه‌چێت ڕوویه‌ك له‌ ڕووه‌كانی ڕه‌خنه‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژاردنی ده‌قه‌. ناكرێت ڕه‌خنه‌گر دابنیشێت وچاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكات تا بزانێت، ئه‌مڕۆ ئه‌م گۆڤاره‌ شه‌ش شیعر بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و گۆڤار هه‌شت چیرۆك وئه‌و ده‌زگایه‌ چوار كۆمه‌له‌ شیعر یا چیرۆك چاپده‌كات، تا بۆیان دابنیشێت و له‌سه‌ریان بنووسێت. ئه‌مه‌ ئیشی ڕه‌خنه‌گر نییه‌، ئیشی لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌كه‌ یا گۆڤارێكه‌ به‌ نووسینێكی كورت ئه‌یانخاته‌ڕوو.كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێك خۆی زیندوو نه‌بوو، له‌بنه‌ره‌ِتدا به‌ سه‌قه‌تی هاتبوو، ڕه‌خنه‌ ناتوانێت ڕۆحی به‌به‌ردابكات، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گر په‌نابباته‌ به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن، كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌ سه‌ره‌تاكانی ڕه‌خنه‌ی باوه‌، ئه‌توانێت باسی چه‌وتی بكات. ڕه‌خنه‌كار ئه‌توانێت رووه‌ جوانه‌كانی به‌رهه‌م به‌ زمان ومه‌نهه‌جێكی گونجاو كه‌شفبكات.

پ5/ بابینه‌ سه‌ر باسی شیعر ده‌ڵێن” شیعری مۆدێرن وه‌ك جۆرێك له‌ كۆكراوه‌ی ژانره‌كانی تری لێهاتووه‌، واته‌ له‌ شیعرێكدا، (چیرۆك ودراماو په‌خشان) ده‌بینینه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی (له‌ كورسی و ڕه‌نگدان وئێستا كچێك نیشتیمانمه‌) شێركۆ بێكه‌س كردوویه‌تی، هۆكاری ئه‌م په‌لهاویشتنه‌ بۆ ژانره‌كانی تر له‌ شیعری مۆدێرنا چییه‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ هه‌موو شیعری مۆدێرن وای لێنه‌هاتووه‌، ئێستایش زۆربه‌ی زۆری شیعری نوێ‌ تاك ژانره‌، ئه‌مه‌ی كه‌ تۆ باسیده‌كه‌یت پێیئه‌وترێت ده‌قی كراوه‌،كه‌ چه‌ند ژانرێك له‌خۆ ئه‌گرێت، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی شیعری نوێ‌ نه‌ك هه‌مووی،له‌ شیعری نوێدا ده‌قی وا نووسراوه‌ كه‌ ته‌نها سوودی له‌ شانۆ بینیوه‌ یا له‌ چیرۆك یا له‌ سینه‌ما، به‌ڵام نه‌بووه‌ به‌ده‌قی كراوه‌، یان نووسه‌ره‌كه‌ خۆی وای ویستووه‌.له‌ حه‌فتاو هه‌شتاكاندا چه‌ندین ده‌قمان هه‌ن له‌م جۆره‌ن. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی شیعر ئه‌و شوناسه‌ی جارانی نه‌ماوه‌ هه‌ر له‌ ڕه‌گه‌زێكی خاڵسدا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نا كه‌ هه‌موو شیعری نوێ‌ ببێت به‌ ده‌قی كراوه‌ یا ببێت به‌یه‌ك جۆر شیعر. نموونه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا زۆر نییه‌. نییه‌ت و مه‌خسه‌د ڕۆڵ ئه‌بینن له‌ دیاریكردنی ژانردا.من ئه‌توانم بۆ به‌رهه‌می نوێگه‌ریی دووه‌ممان ،بۆ سه‌ره‌تای حه‌فتاكان بگه‌ڕێمه‌وه‌ و چه‌ند ده‌قێك هه‌ڵبژێرم و ڕه‌گێكی سه‌ره‌تایی ده‌قی كراوه‌یان تێدا بدۆزمه‌وه‌،بو نموونه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ چه‌ند شتێك له‌ چیرۆكه‌كانی له‌تیف حامید،بۆ سه‌ر ده‌قێكی ڕه‌فیق سابیر،به‌ڵام ئه‌وان مه‌به‌ست (قه‌سد ومه‌خسه‌د)یان نه‌بووه‌،ده‌قی كراوه‌ بنووسن.یه‌كه‌م كه‌س له‌ناو كوردا به‌ قه‌سد ده‌قی واڵای نووسیبێت شێركۆ بێكه‌سه‌.ئه‌و ناوی لێئه‌نێت،له‌سه‌ر به‌رگه‌كه‌ی ناوی ده‌قی واڵا ئه‌چه‌سپێنێت،واته‌ مه‌خسه‌ده‌كه‌ی ژانره‌كه‌ دیاریده‌كات، ئیتر من وه‌ك رَِه‌خنه‌گرێك له‌و دیاریكردن ومه‌خسه‌ده‌یه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌یدا ده‌كه‌م،ئایه‌ تاچه‌ند سه‌ركه‌وتووه‌؟ چۆنچۆنی بۆ ده‌قی واڵا چووه‌ تا چه‌ند لێیگه‌یشتووه‌،هه‌ڵبه‌زین ودابه‌زینی له‌م هه‌نگاوه‌یدا چییه‌؟

پ6/ شیعری ئێستای كوردی زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی شیعر و ئه‌ده‌بیاتی فارسیدایه‌، له‌ كاتێكدا نه‌وه‌ی (70 و 80كانی سه‌ده‌ی ڕابردووی ئێمه‌، سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیرییان هه‌مووی عه‌ره‌بی بووه‌.ئه‌مه‌ بۆ؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ پێشتریش ،پێش بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به‌هۆی زانینی زمانی توركی و هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئێمه‌ له‌ئه‌ده‌بیاتی توركه‌وه‌ نزیكبووین، بگره‌ به‌شێك له‌ به‌ئاگابوونمان له‌ ئه‌ده‌بی ڕۆژئاوا، له‌ڕێگه‌ی زمانی توركییه‌وه‌ بووه‌،فارسییش پێش نه‌وه‌ده‌كان به‌شێك له‌ فاكته‌ری ڕۆشنبیریی خۆمان بووه‌، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی حوجره‌وه‌،هه‌ر له‌ كۆنیشه‌وه‌ زمانی عه‌ره‌بی به‌بۆنه‌ی ئایینه‌كه‌وه‌ باوبووه‌ و ئاگامان له‌ شیعری عه‌ره‌بی بووه‌. سه‌باره‌ت به‌ نزیكبوونه‌وه‌مان له‌ شیعر وئه‌ده‌بی نوێی عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ حه‌فتا و هه‌شتاكانه‌وه‌ نه‌بووه‌،به‌ڵكو له‌وه‌ كۆنتره‌ و ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سی وچله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو. له‌و ساڵانه‌ به‌دواوه‌ وه‌رچه‌رخان له‌ شیعری عه‌ره‌بیدا ڕوویدا، (لویس عه‌وه‌ز) به‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (بلۆتۆلاند وشیعری تر) و(نازك و به‌در شاكیر سه‌ییاب و به‌یاتی و كه‌سانی دیش). له‌و كاتانه‌وه‌ ئه‌دیبی كورد بۆ سوودبینین و به‌ئاگابوون له‌ ئه‌زموونی نوێگه‌ری،وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كان له‌ زمان و شیعری عه‌ره‌بی نزیكبووه‌وه‌،له‌ حه‌فتا و هه‌شتاكاندا ئه‌م بواره‌ گوڕوتینێكی زیاتری به‌ خۆوه‌ بینی،به‌ده‌گمه‌ن هه‌بوو زمانی عه‌ره‌بی نه‌زانێ‌ و به‌ عه‌ره‌بی نه‌خوێنێته‌وه‌. حه‌قیقه‌تێك هه‌یه‌ ئه‌بێت بوترێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕاسته‌ عه‌ره‌بیی سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی ڕۆشنبیریی بوو، به‌ڵام له‌به‌رده‌م درووستبوونی ده‌نگی جۆراوجۆری شیعر وئه‌ده‌بدا ڕێگر نه‌بووه‌، هه‌موو سوودیان له‌ شیعری عه‌ره‌بی بینیوه‌، كه‌چی هه‌ستناكه‌یت كه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ سێبه‌ری (سه‌ییاب یا به‌ییاتی یا نازك یا سه‌عدی یوسف) و…. بن، به‌ڵكو ده‌نگی ڕه‌سه‌نی واقیعی كوردین، موتوربه‌كردن وسوودبینین جیایه‌، وه‌ك (مه‌حمود ده‌روێش) ئه‌ڵێت ناتوانیت خۆت له‌ كه‌سی تر بپارێزیت. نووسین نووسینه‌ له‌سه‌ر نووسین ،گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگی خۆت بیت.

شێركۆ بیكه‌س ده‌نگی ڕه‌سه‌نی خۆیه‌تی،ئاشكرایه‌ زمانی عه‌ره‌بی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ڕۆشنبیریی ئه‌و بوو، هه‌ر ئه‌ده‌بی ڕۆژئاوای به‌ زمانی عه‌ره‌بی ئه‌خوێنده‌وه‌، ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بێكی مردوو پێشكه‌شبكات، به‌ڵكو ئه‌ده‌بێك ته‌واو مۆركی شێركۆ و كوردی پێوه‌یه‌. شێركو بێكه‌س ئه‌وه‌نده‌ به‌په‌رۆش بوو بۆ موتابه‌عه‌كردنی چاپه‌مه‌نیی عه‌ره‌بی، له‌ ده‌ره‌وه‌یش لێی دانه‌بڕا.بیرمه‌ ساڵی 1975 له‌ مه‌ریوان بوو،له‌سلێمانییه‌وه‌ گۆڤاری (الاقلام) عیراقیی بۆ ئه‌هات، من خۆم بۆ شایه‌تی له‌ مه‌ریوان، دوو جار ئه‌و گۆڤاره‌ عه‌ره‌بیه‌م بۆ خویندنه‌وه‌ لێ‌ وه‌رگرت، به‌ڵام شێركۆ خۆی بوو،له‌تیف خۆی بوو، په‌شێو خۆی بوو ،ئه‌نوه‌ر قادر خۆی بوو ،كه‌ جارجاریش به‌ عه‌ره‌بی ئه‌ینووسی، فه‌رهاد شاكه‌لی خۆی بوو كه‌ عه‌ره‌بییه‌كی چاكی ئه‌زانی، حسێن عارف خۆی بوو، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل خۆی بوو،عه‌بدوڵا سه‌راج خۆی بوو….له‌ نه‌وه‌د به‌دواوه‌ له‌ فارسی وه‌رگرتن بوو به‌ دیارده‌،بۆ نموونه‌، سوهراب سه‌ده‌ها شیعری مردووی خسته‌ ناو ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه‌، سوودوه‌رگرتن له‌ سوهراب كارێكی ئاساییه‌ به‌ مه‌رجێك خۆتی لێ‌ دروستبكه‌یت. شیعری فارسی ده‌وڵه‌مه‌نده‌،نموونه‌ی باڵای تێدایه‌، نموونه‌ی وه‌ستاویشی زۆره‌، نموونه‌ی وای ئه‌خوێنمه‌وه‌، بێگیانه‌، خۆناكرێت هه‌ر ده‌قێك به‌ زمانی نیما و سوهراب و ئه‌حمه‌دی شاملو نووسرا، ئیتر كوێرانه‌ بڵێین ئه‌وه‌ ئه‌ده‌بێكی باڵایه‌. من له‌ ئێستای ئه‌ده‌بی فارسیدا زیاتر ئه‌زموونی چیرۆكیان سه‌رنجم ڕائه‌كێشێ..له‌سه‌ر ڕووبه‌ری شیعری كوردی ئه‌م دوو ده‌یه‌ی دوایی ،سوهراب شیعری مردووی زۆری خستۆته‌وه‌. سه‌رسووڕمان به‌ ئه‌ده‌بی كه‌سێك به‌و مانایه‌ نییه‌ ببم به‌ سێبه‌ری ولێی نه‌بمه‌وه‌، لێی نزیك ئه‌بمه‌وه‌ و گفتوگۆی له‌ته‌ك ئه‌كه‌م، به‌مه‌به‌ستی جیاوازی درووستكردن نه‌ك توانه‌وه‌ له‌ سنووری شوناسیدا. ڕه‌نگه‌ وه‌رگێڕان باشترین ڕێگه‌ بێت بۆ پردی په‌یوه‌ندی، ده‌زگاكانی ئێمه‌یش خه‌می بازرگانی وسوودیان پێش خه‌مه‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ خستووه‌، مه‌به‌ستێتی ده‌ جار ئه‌دۆنیس چاپبكات، ده‌ جار ئه‌حلام موسته‌غانمی چاپكات، به‌ڵام نایه‌ت ده‌نگه‌ گرنه‌گانی دوای سه‌ییاب و به‌یاتی و ئه‌دۆنیس چاپبكات، كه‌ شتێكی ترن، چ ده‌زگامان چ خوێنه‌رانمان ناگه‌ڕێن ده‌نگی تر كه‌شفبكه‌ن، تا ڕاده‌یه‌ك ده‌زگا حه‌قێتی، له‌ بازار ئه‌ترسێت.

پ7/ هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌ كه‌ له‌ شیعری نوێدا زیاتر به‌ر ته‌كنیك ده‌كه‌وین به‌ر له‌ مانا، ئایه‌ شیعر هونه‌ر و زانسته‌ یان مانا و خه‌یاڵ، تێكشكاندنی زمانی باو، چ ڕۆڵێكی له‌ بونیادی شیعری نوێدا هه‌یه‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ له‌ پێشدا وتم شیعری نوێ‌ شوناسی گۆڕاوه‌،هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ بوونی دێرینه‌ی خۆیه‌وه‌،له‌م ڕووه‌وه‌ مه‌رج نییه‌ شیعر هه‌ر به‌ شیعر بنووسرێت، به‌ڵكو به‌ په‌خشانیش ئه‌نووسرێت وتیكلاوی سینه‌ما و شانۆ و هونه‌ری شیوه‌كاری وچه‌ندینی تر بووه‌، ئه‌م تێكڵاوبوونه‌ بۆ خۆی، ته‌كنیكی جۆراوجۆری ژانره‌كانی تر دێنێته‌ ناو جیهانی شیعره‌وه‌ وشوناسی پێ‌ ده‌وله‌مه‌ندده‌كات، له‌ زۆری شیعری كوردیدا ئه‌م ته‌كنیكه‌ ئاماده‌یی وه‌های نییه‌. جاران ته‌كنیكی شیعر هه‌ر هونه‌ری شیعر خۆی بووه‌، ئێستا ته‌كنیكی جۆراوجۆری سینه‌ما و هونه‌ری شیوه‌كاری و شانۆ و …بۆ هاتووه‌.

پ8/ مامۆستا با كه‌مێك له‌سه‌ر چیرۆكیش بوه‌ستین، كه‌ باس له‌ قۆناغه‌كانی چیرۆكی كوردی ده‌كه‌ین، به‌سه‌ر دوو قۆناغدا دابه‌ش ده‌كرێت (حیكایه‌ت وبه‌سه‌رهاتی لادێ‌، له‌ چیرۆك و گێڕانه‌وه‌ی شار) زۆر جار چیرۆكی (چای شیرینی حسێن عارف)یش به‌ سه‌ره‌تای چیرۆكی شاریانه‌ی كوردی داده‌نرێت. تا چه‌ند ئه‌م بۆ چونه‌ ڕاسته‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ مه‌رج نییه‌ ئه‌م قۆناغبه‌ندییه‌ وه‌ك یاسای لێبێت هه‌موو دنیای چیرۆكی كوردیی پێ بخوێنرێته‌وه‌، یا بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێك وهه‌موو ئه‌زمونێك بلوێت. دوای ڕاپه‌ڕین وتا ئێستا گۆڕانكاریی زۆر به‌سه‌ر هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی كوردیدا هاتووه‌ ده‌كرێت له‌ چه‌ندین ده‌روازه‌ی تره‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی كوردی بچین.
له‌ ڕۆمانی توركیدا دوانه‌ی لادێ‌ و شار ئه‌بینرێت و له‌ ڵیكۆڵینه‌وه‌یشدا به‌رچاو ئه‌كه‌وێت، به‌ڕاستیش ئه‌زموونی ڕۆمانی شار و ڕۆمانی لادێ‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، له‌م نێوانه‌دا ڕۆمانی وا ئه‌بینیت هه‌ردووی له‌خۆ گرتووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ باسی هیجره‌ت له‌ گونده‌وه‌ بۆ شار ده‌كه‌ن،له‌م چه‌شنه‌دا ڕۆماننوس ناچارئه‌بێت باسی ڕابردوو و ئێستای كه‌سه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ بكات،واته‌ ڕابردووی له‌گوندا وئێستا و ئاینده‌ی له‌ شاردا،له‌ یادمان نه‌چێت توركیا شاری هه‌یه‌، به‌ هه‌موو مانای شار، كه‌ كه‌سه‌كان تووشی نامۆیی ودله‌ڕاوكێ‌ ده‌كات. لاموایه‌ لێكۆڵه‌ری كورد له‌م ڕووه‌وه‌ په‌نایشی بۆ ڕَه‌خنه‌ی توركی وعه‌ره‌بی بردووه‌،هه‌ندێك جار دابه‌زاندنی بۆچوونی ڕه‌خنه‌یی ئه‌وانی دی به‌ وریاییه‌وه‌ نه‌بێت،به‌ هه‌ندێك زیاده‌ڕۆییدا ئه‌مانبات ،به‌تایبه‌ت كه‌ دێین و بۆ زه‌مینه‌یه‌كی جیاواز ئه‌یانگوێزینه‌وه‌. ئه‌م قۆناغبه‌ندییه‌ هه‌ندێك ڕاستیی تێدایه‌ ،خۆ ده‌كرێت چه‌ندین خه‌سڵه‌تی تر هه‌ن چیرۆكی كوردییان پێ‌ بخوێنرێته‌وه‌.
پ 9/ بۆچی زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئێمه‌ به‌شیعر ده‌ستپێده‌كه‌ن و دواتر په‌ل بۆ نووسینی ڕۆمان ده‌به‌ن و چیرۆكنووس له‌و نێونده‌دا زۆر كه‌مه‌،

عه‌بدوڵا تاهیر/ وای بۆ ناچم هه‌موو شاعیران و نووسه‌رانی ئێمه‌ وازیان له‌ چیرۆك وشیعر ونووسینی ترهێنابێت و ڕوویان كردبێته‌ ڕۆمان، چونكه‌ شاعیران ونووسه‌رانی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن به‌قه‌د سوپایه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ ده‌بن،گه‌ر به‌و گشتگیرییه‌ بوایه‌ ئێستا له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تیشه‌وه‌ بوایه‌ ڕۆمانێكی زۆرمان ئه‌بوو.باوه‌ڕ ناكه‌م چیرۆكیش ئه‌وه‌نده‌ هونه‌رێكی ئاسان بێت هه‌روا به‌ خشكه‌یی بۆ ڕامكردنی بچین.

پ10/ زۆر جار ده‌وترێت چیرۆك مه‌شقه‌ له‌ نێوان ڕۆمانێك بۆ ڕۆمانێكی تر، یان ده‌وترێت چیرۆك بۆ پێدانی پشووه‌ به‌ خوێنه‌ر له‌ نێوان كتێبێك بۆ كتێبێكی تر.

عه‌بدوڵا تاهیر/ ئه‌مه‌ ته‌نها ڕایه‌،ده‌ستور و یاسا نییه‌.ئه‌كرێت هه‌ندێك ڕۆماننووس وچیرۆكنووس وا بكه‌ن و وا بیربكه‌نه‌وه‌،ئه‌یشكرێت ڕۆماننوس وخوێنه‌ری تر وا نه‌كه‌ن.

پ11/ زۆرێك له‌ ڕۆماننووسان ده‌ڵێن ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆمان ده‌ینووسین، بیكه‌ین به‌ چیرۆك، یان ئه‌و چیرۆكه‌ی ده‌ی نووسین ده‌توانین بیكه‌ین به‌ ڕۆمان ئایه‌ ئێوه‌ چۆن له‌م سه‌رنجه‌ ده‌ڕوانن كاری وا ده‌كرێت؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ ئه‌مه‌یش شتێكی ڕێژه‌ییه‌. ڕای هه‌موو چیرۆكنووسانی جیهان نییه‌. واقیعه‌ن ڕۆماننوسی واهه‌یه‌، ڕۆمانی خۆی كردووه‌ به‌ چیرۆكێكی كورت، یان چیرۆكی خۆی كردووه‌ به‌ ڕۆمان.چه‌ندین جار له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیاندا باسی ئه‌م جۆره‌ ئه‌زموونانه‌ی خۆیان كردووه‌. ڕه‌خنه‌گرێكی ڕووسی ڕایه‌كی هه‌یه‌ ئه‌ڵێت ڕۆمانی تاوان وسزای دوستۆیڤسكی له‌ بنه‌ڕه‌تدا چیرۆكێكی كورته‌ و به‌ زۆر ئه‌یكشێنێ‌ و درێژی ده‌كاته‌وه‌.چیرۆك به‌ هونه‌رێكی ئاسان نازانم،بواری درێژدادری نادات، ڕه‌نگه‌ بتوانیت له‌ ڕۆماندا درێژدادری بكه‌یت، له‌ چیروكدا قورسه‌، ڕه‌نگه‌ ڕۆماننوسی وا هه‌بێت لای قورس بێت به‌و چڕوپڕییه‌ بنووسێت، كه‌ جیهانی چیرۆك گه‌ره‌كێتی.هه‌ندێك له‌ ڕه‌خنه‌گران چیرۆك به‌ خزمی نزیكی شیعر ئه‌زانن. له‌ بواری شیعریشدا ئه‌م ئه‌زموونه‌ هه‌یه‌،مه‌به‌ستم گۆڕینی جۆره‌ شیعرێك به‌ جۆره‌ شیعرێكی تر، بۆ نموونه‌ شاعیرێك دێت، چوارینه‌یه‌كی نووسیوه‌ و سه‌رله‌نوێ‌ دایئه‌ڕێژێته‌وه‌ و ئه‌یكات به‌ شیعری سه‌ربه‌ست،بۆدلێر یه‌كێكه‌ له‌وانه‌، شیعری سه‌ربه‌ستی هه‌بووه‌،هاتووه‌ كردوویه‌تی به‌ شیعری په‌خشان،ئیتر به‌ گۆێره‌ی كه‌شوهه‌وا نوێكه‌ كۆمه‌ڵیك گۆڕانكاریی به‌ سه‌را هێناوه‌،پێش ئه‌ویش،ئیلیزێۆس بیرترانی شاعیر، بابه‌تێكی له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسیدا بڵاوكرده‌وه‌ و پاشان كردی به‌ شیعری په‌خشان.

پ12/ تاچه‌ند ده‌بێت نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ر بنووسێت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نووسه‌ر نابێت بۆ خوێنه‌ر بنووسێت و ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ ده‌بێت بۆ ئاستی نووسینی نووسه‌ر به‌رزبێته‌وه‌؟ تۆ له‌گه‌ڵ كام بۆ چوونه‌دایت؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا،واته‌ ئه‌گه‌ر بیری لێ‌ بكاته‌وه‌، یا نه‌یكاته‌وه‌، ده‌ق خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا گوتارێكی ئاراسته‌كراوه‌ ،به‌ مه‌به‌ستێك بۆ خوێنه‌ر ده‌نێردرێت، یا با یاكۆبسنیانه‌ بڵێین، ده‌ق په‌یامێكه‌،نووسه‌ر بۆ وه‌رگرێكی ده‌نێرێت.
له‌باره‌ی ئه‌و ڕایه‌وه‌ زۆر وتراوه‌.ئیكۆ وا ئه‌بینێت كه‌ نووسه‌ر كاتی دانانی نه‌خشه‌یه‌ك بۆ ده‌قێكی، له‌ هه‌مان كاتیشدا بیر له‌ نه‌خشه‌یه‌كیش بۆ خوێندنه‌وه‌یشی ده‌كاته‌وه‌،جا خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ فیعلی كتێبه‌كه‌ یا په‌یامه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌،جۆرێكی تر هه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌قه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌،خوێنه‌ری میسالییش ئه‌و جۆره‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ و ئاسۆكانی ده‌قه‌كه‌ به‌ باشی ئه‌زانێت .سه‌رچاوه‌كانی بواری گێڕانه‌وه‌،ئاماژه‌ به‌ جۆرێك خوێنه‌ری تر ئه‌ده‌ن،پێی ئه‌وترێت، خوێنه‌ری خه‌یاڵی كه‌ به‌ ئاشكرا ناوی یا سیفه‌تێكی له‌ ده‌قه‌كه‌دا دێت. خوێنه‌ر هه‌یه‌ واقیعییه‌، واته‌ ئێمه‌ كه‌ ده‌قێ یا كتێبێك ئه‌خوێنینه‌وه‌ ،خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ین، له‌ گۆشت وخوێنین ،بوونه‌وه‌رێكی كاغه‌زین نین،خه‌یاڵی نووسه‌ر،له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا نه‌یخولقاندووه‌، تیورداڕێژی به‌ناوبانگ ئایزر زۆر باسی خوێنه‌ری ناوه‌كی كردووه‌ و لای وایه‌، كه‌ ئه‌م جۆره‌ خوێنه‌ره‌،كه‌سایه‌تییه‌كی گریمانكراوه‌،ده‌قه‌كه‌ی له‌ پێناودا ئه‌نووسرێت،هه‌موو كارێكی ئه‌ده‌بی په‌یوه‌ندیی به‌ خوێنه‌رێكی نموونه‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌ توانایه‌كی چاكی هه‌بێت بۆ وه‌رگرتن.خوێنه‌ری گریمانكراو به‌رهه‌می خه‌یاڵ و وێناكردنی نووسه‌ره‌ له‌ كاتی نووسیندا. هه‌موو ئه‌مانه‌ جیان له‌ خوێنه‌ری واقیعی كه‌ ئاستی وه‌رگرتنیان ئه‌گۆڕێت و ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی ده‌قدا بگونجئَت وڕه‌نگیشه‌ پێچه‌وانه‌ی بكه‌وێته‌وه‌. له‌ ئێستا سه‌رقاڵی وه‌رگێڕانی بابه‌تێكی گرنگم له‌ جۆره‌كانی خوێنه‌ر ئه‌دوێت.

له‌ حه‌فتاكاندا ئه‌و پرسیاره‌ زۆر وروژایه‌ ئه‌ده‌ب بێته‌ ئاستی خوێنه‌ر یا خۆێنه‌ر بۆ ئاستی نووسین به‌رزبێته‌وه‌،پێشه‌كی من ئه‌ڵیم ئه‌دیب سه‌ربه‌سته‌ چۆن ئه‌نووسێت وچۆن به‌ گوێره‌ی ئه‌زموونی خۆی بیر له‌ خوێنه‌ر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌مانباته‌وه‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ته‌مومژ و ئه‌ده‌بی چینی باڵا و ئه‌ده‌بی چینی په‌راوێز، كه‌ ویستراوه‌ به‌ زمانی تایبه‌تی خۆی بنووسرێت. ئه‌ده‌بی شۆشیالیزم نموونه‌ی نوخبه‌گه‌ریی نه‌ویستووه‌،به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ چه‌ندین نووسه‌ریان له‌ناوداوه‌،دوور له‌ تارمایی ئه‌ده‌بی شۆشیالیزم له‌م ساڵانه‌ی دواییدا تاوانی شیعری قورس وته‌مومژاوی ئه‌ده‌نه‌ پاڵ هه‌ندێك شاعیری گه‌وره‌ی دنیا، له‌ سه‌روویانه‌وه‌ ئیلوێت،گوایه‌ ئه‌و شیعری له‌ ده‌س هه‌موو خه‌ڵك ده‌ركرد ودایه‌ ده‌ست نوخبه‌یه‌ك.




هەرێم لەتەنگەژی دابەش کارێکان‌دا لە غیابی حەولێک بۆ رێکخستن و یەکگرتنەوەدا … شاهۆ حوسینی

هاتنە دەر و سەرهەڵدانی یەکێتی نیشتیمانی وەک هێز و هزرێکی سیاسی نوێ لە هەناوی پارتی دێموکرات‌دا لە ساڵی ١٩٧٥, لە میانەی قەیرانێکی سیاسی لەناو ماڵی کورد کە هەم بەرهەمی چرۆی بیر و هزری جیاواز و هەم بەرهەمی سیاسەتێکی ناوچەیی و جیهانی بۆ گەراندنەوە ئەهوەنی و نەزم و لەناو بردنی بۆشایی دەسەڵات لە ناوچەی کەنداو بوو، لەگەڵ خۆی‌دا توخمی قەیرانێکی قوڵ و درێژمەودای هینایە ناو شەقامی سیاسی کورد، لەراستی‌دا سەهەڵدانی یەکێتی نیشتیمانی و دوو لەت بوونی شەقامی سیاسی کورد، دوو لەت بوونی کۆمەڵگا و زەینی کوردی لە باشوری کوردستانی لێکەوتەوە، ئیتر لەمەوبدوا هێزی سیاسی کوردی تەنیا خەباتی لەیەک بەرەدا نەبوو، بەلکە لەگەڵ ئەوەدا دەگەڵ دوژمنێکی سەرەکی کە دەسەڵاتی ناوەندی بوو لە کێشە و شەر‌دا بوو، هاوکات بەشیک لە هێز و وزەشی بۆ بەربەرەکانی و رکابەرەێتی لەگەڵ لایەنیکی کوردی ترخان دەکرد، دیاردەی فرە دەنگی و فرە حیزبی ئەگەرچی لە کۆمەلگا دیموکراتیکەکان نیشانەی پەرە و گەشەی دێموکراسی بوو بەڵام لە کۆمەلگای نەریتی کوردستان کە لە حاڵی شەر بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی بوو، خەسار و مووسیبەتێکی گەورە بوو، بە هۆی ئەوەکە کورد پێویستی بە یەکگرتووی و رێککەوتن هەبوو بۆ بوون بە هێز و پەیدا کردنی وزە و هێزی بەرخۆدان، بەڵام سەرهەڵدانی سیستمی دوو حیزبی لە شەقامی سیاسی کورد بە مانای لێک‌دابران و لێکترازانی ناو ماڵی کوردی بوو، ئەو رەوتە هەتا ئەو کاتەی کورد لە شاخ بوو رەنگە کێشەی خوڵقاندبێت بەڵام کێشەکە زۆر قوڵ و کارتێکەر نەبووبێت، بەڵام کاتێک لەپاش هێرشی یەکەمی هاوپەیمانان بۆسەر سەدام حوسێن لە ١٩٩٠ و سەرهەڵدانی راپەرینی جەماوەری و ئازاد بوونی بەشیکی زۆر لە کوردستان کە بە هۆی پشتیوانی هاوپەیمانان کە لەسەر پێشنیاری جان مەیجێر سەرۆک وەزیرانی ئەو سەردەمی بریتانیا مەداری ٣٦ دەرجە داندرا و کورد بوو بە خاوەنی هەرێمێکی دۆفاکتۆ، کێشە و قەیرانەکان قوڵتر بوونەوە، بە تایبەتی کە بەرەبەرەش پارتی کریکارانی کوردستان بەیەکجاری لە سوریارا رووی کردە قەندیل و وەک هێزیکی سێهەم کاری کردە سەر سیاسەت لە ناو ژێئۆپۆلەتیکی هەریمی کوردستان، رەوتی رووداوەکان شەقامی سیاسی کوردی گەیاندە سەر لێواری قەڵش و کەلێنێک کە لەلایەک پارتی دێموکرات و تورکیە و لەلایەک یەکیتی نیشتیمانی، پارتی کرێکاران و کۆماری ئیسلامی قەراریان گرتبوو، ساڵەکانی سەرەتایی دەیەی نەو ساڵەکانی حەول و کۆشسشی یەکێتی نیشتیمانی بوو بە پشتیوانی ئێران و پشتیوانی ناراستەوخۆی پارتی کریکاران کە لەگەڵ پارتی دێموکرات لە کێشە و ململانی دا بوو، بۆ پەرەی هێژمۆنی و دەسەڵاتی خۆی لە هەرێمی کوردستان و سەپاندنی نەزمێکی هیرارشیک لە چوراچێوەی پارادایمی سوباتی هێژمۆنێک‌دا، بە جۆرێک کە خۆی هێزی هێژمۆن و نەزم دەر بە شەقامی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی بێت، بەڵام لە بەرابەر‌دا پارتی دێموکرات بە پشتیوانی نیزامی سەددام حوسێن توانی پێش بگرێت بە پێکهاتنی ئەو جۆرە نەزم و ئەو سیستمە ، بۆیە لە درێژەدا رەوتی دۆخەکە جۆرێکی لێ هاتەوە کە هەم یەکێتی نیشتیمانی و هەم پارت دێموکرات بوونی لایەنی بەرامبەریان قەبوڵ کرد و بەم شیوەیە سیستمی هاوسەنگی هێز و دەسەڵات هاتە ئاراوە، ئەو رەوتە هەتا بوونی مەرحوم جەڵال تاڵەبانی وەک کەسایەتێکی کاریزماتیک و دەست روویشتووی ناو یەکێتی نیشتیمانی بەردەوام بوو، بەڵام رەوتی ئاڵوگۆرێکان کە بەسەر هەڵدانی گۆران و دابران لەناو ماڵی یەکێتی‌دا هاتە قۆناغێکی تازەوە، بە تایبەت لە ئاخرین هەڵبژاردنی پارڵمانی کە گۆران وەک هێزی دووهەم جێگای یەکێتی نیشتیمانی گرتەوە، رەوتێک پەیدا بوو کە ئارام ئارام پارتی دێموکرات بە تەمایە وەک هێزی یەکەم و هێژمۆن لە کوردستان ببێتە مەرجعی نەزم دەر بە شەقامی سیاسی هەرێم، بۆیە لە تەنیشت راکێشانی کەسانی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆران بۆ ناو پارتی و لەژێر ناوی سەنگەر گواستنەوە بە پارە و پۆست و مەقام و داخستنی پارڵمان، رەوتێکی هینایە ئاراوە کە شیمانەی ئەوەی لێ دەکرێت حەولێک بێت بۆ پیکهێنانی سیستم و نەزمی سوباتی هێژمۆنیک لە هەرێم بە جۆرێک کە پارتی لە پێوەندێکی هیرارشیک بنیادنەری نەزمێک بێت کە خۆی وەک تاکە هێزی هێژمۆنی کوردستان لە پێوەندی هیرارشیک‌دا لەگەڵ هێزەکانی تردا پێوەندی هەبێت، واتە لە سەرووی قووچکەی دەسەڵات وەک تاکە هێزی خاوەن دەسەڵات و هێژمۆن دابنیشیت و هێزەکانی تر لە خواری ئەو قەرار بگرن.

ئاساییە لەوەها دۆخێك‌دا یەکێتی نیشتیمانی وەک هێزیکی خاوەن هێژمۆنی لەناو زەینی لایەنگرانی‌دا دژ کردەوە نیشان بدات و حەول بدات کە پێش بگرێت بە هێژمۆن بوونی پارتی دیموکرات و لە مەیدان بەدەر کردنی یەکێتی نیشتیمانی.

بە کورتی ئەگەر بم هەوێت بڵیم کە ئەو رووداوانەی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ئێرە چی بوون، دەتوانم بڵێم کە بەردەوامی کەلێن خستنە ناو ماڵی کورد بە شێوەی دابەش کردنی پۆستی سیاسی، داهاتی ئابووری و جوغرافیای دەسەڵات لە غیابی هەرجۆرە حەولێک بۆ رێکخستن و یەکگرتنەوەی زەینی کوردی لە هەناوی تاکی کوردی‌دا لە تەنیشت حەولی پارتی دێموکرات بۆ گەیشتن بە کووچکەی دەسەڵاتی هەرێم، بوون بە تاکە هێزی هێژمۆن و سەپۆس دانان لە قەیرانەکانی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان کە بێ گومان بەرهەمی سیستمی ئیداری و سیاسی پێکهاتوو بە عەقڵیتی شاخ، گرینگترین هۆکار بوون کە هەریمی کوردستانی گەیاندە ئەو قۆناغە.




‌ مێژوو شتێكی زۆر مه‌زنه‌‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها ڕاستی بێت..* … جوتیار

ڕایه‌كی كورت…

‌به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی باسی مژوو باسێكی هه‌میشه‌یی و نه‌پچڕاوی نێوان مرۆڤ و ڕابردوه‌كه‌یه‌تی یاخود بۆچونێكی دروست له سه‌ر مێژوو كه ‌هه‌بێت ته‌نها مێژوو خۆیه‌تی، چونكه‌ ئه‌و له‌كرداردا نییه.

‌ده‌كرێت هه‌ركه‌س پێناسه‌یه‌كی جیاوز بدات به‌ مێژوو، هه‌ركه‌سه‌و له‌ تێڕوانینی خۆیه‌وه بۆ بونیادی (بوون)، یاخود له‌سه‌ر بونیادی‌ پاشخانه فه‌رهه‌نگی و سۆسیۆلۆژیه‌كانی ئینسان، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ش ته‌نها به‌شێكن له ئه‌بستاركتیزمی زیهنیه‌تی مرۆڤ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بڵێم ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌میشه له بێهوده‌یدا مێژوو دروست ده‌كه‌ین، ده‌مانه‌وێت خۆمان ببین به‌ كردار، بۆیه‌ په‌نا ده‌به‌ینه‌وه‌ به‌ر ثه‌و فاكتانه‌ی كه ئێستامان بۆ بسه‌لمێنێت.. ئێستامان نیشان بدات، من پێم وایه‌ مرۆڤ به‌دوا یادوه‌ریه‌كانی خۆیدا سه‌رگه‌ردان نییه‌ ، به‌ڵكو مرۆڤ سه‌رگه‌ردانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نازانێت ئێستای چییه‌ .. خۆ ثه‌گه‌ر مۆڕاڵیترین بۆچونیش له‌سه‌ر مێژوو بڕوا پێبكه‌ین ئه‌وه‌ له‌وه‌ زیاتر نییه‌ كه‌ پێی وایه‌ شه‌ڕی چینه جیاوازه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی شكۆمه‌ندی له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتریدا.

خراپترین جۆری مێژژوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ دوباره‌ ببێته‌وه‌، بۆ ؟ چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ ده‌رهاویشته‌ی خه‌له‌له‌ فیكری و ئه‌قلیه‌كانه‌، ئه‌مه‌ قسه‌ی من نییه‌ به‌ڵكو (جۆرج لۆكاش ) وا پێناسه‌‌ی كردووه‌؛ ئه‌و جۆره‌ له‌ مێژژو ‌ هه‌میشه‌ گیرۆده‌ی جوڵه‌یه‌كی‌ له‌ ده‌ست ده‌رچووی ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌قڵه‌ كه‌ ناتوانێت له ناو بازنه‌ی‌ خانه‌ جێگیرو به‌ سیسته‌مكراوه‌كانی زیهندا پێناسه‌و شێوه‌یه‌ك به‌ خۆی بدات؛ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باشتر له‌و شیكردنه‌وه‌یه‌‌ تێبگه‌ین پێویستمان به‌وه‌یه‌ پزیشكێك بهێنین و باس و ئه‌نالیزه‌ له‌سه‌ر خانه‌ شێرپه‌نجه‌یه‌كانی له‌شی مرۆڤ بكات؛ تاكو له‌ ڕێیه‌وه‌ بزانین خانه‌ شێرپه‌نجه‌یه‌كان كاتێك له‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌نزیمه‌یی ده‌رده‌چن چی رۆڵێك ده‌گێڕن له‌ ناو جه‌سته‌ی كه‌سێكی بارگاوی به‌و ئافاته‌.

هه‌ر له‌ زاده‌ی ئه‌و ڕوئیایه‌وه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌وه‌ی بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ ڕه‌گه‌ سۆسیۆلۆژیه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ واتا مێژوویه‌كه‌ی پێویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێكهاته‌ی جه‌سته‌یی(anatomic)ی سیاسی‌ مێژژووی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و ڕه‌هه‌ندو ئیدۆلۆژیا نه‌خۆش و تكشكاوه‌كه‌ی؛ ئه‌وسا به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌و جه‌سته و‌ ئه‌قڵه‌ هه‌لا هه‌لایه‌ ده‌بینی كه‌ به‌ درێژایی سه‌دان ساڵ وێرانترین و بێ ئیراده‌ترین بونه‌وه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت به‌ سیاسی و ڕۆشنبیرو تاجیر و سه‌ركرده‌ و جه‌نگاوه‌رته‌وه‌.
ئێمه‌ ده‌بێ ئێستا باش ئه‌وه‌ درك بكه‌ین كه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوترین‌ كۆمه‌ڵگای ناو ئه‌و تێزه‌ین كه‌ پێی ده‌ڵێن مێژوو..

* تۆڵستۆی




گه‌مه‌ قورسه‌كه‌ نزیك بۆته‌وه‌ …..4 … سه‌ردار جاف

( به‌شی چواره‌م / ئێران )

هه‌ر له‌ ده‌سپێكی شۆڕشی ئیسلامی له‌ وڵاتی شانشینی ئێران به‌ سه‌ركردایه‌تی ئایه‌توڵلا خومه‌ینی له‌ به‌رایی ساڵی 1979 هه‌ڵگری یه‌ك دروشمی زه‌ق بوو كه‌ ئێستا خۆرهه‌ڵاتی ناوین به‌ ده‌ستییه‌وه‌ گیرۆده‌ بوون، ئه‌ویش هه‌نارده‌كردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئێران، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا په‌لهاویشتنی مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه‌بوو به‌ره‌و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ناوچه‌كه‌، سه‌ره‌تا له‌ رێگای چه‌ند پارتێكی شیعه‌ مه‌زهه‌به‌وه‌ په‌لیان به‌ره‌و ئێراق هاویشت، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێراق كه‌ خۆی له‌ حزبی به‌عس ده‌بینییه‌وه‌ به‌ سانایی له‌ مه‌رامه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران گه‌یشت، بۆ رێگه‌گرتن له‌ ته‌وژمی ئیسلامی هه‌ژموونی ئێرانی به‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌دا، تاك لایه‌نه‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌ی جه‌زائیری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و نیه‌ته‌كانی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد، له‌ ناوخۆیش ده‌ستی به‌ سه‌ركوتكردنی ئه‌و بیره‌ مه‌زهه‌بییه‌كرد، له‌م رووه‌یشه‌وه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی عاره‌بی پاڵپشتی ئێراق بوون، تاكه‌ وڵات سوریا بوو كه‌ به‌ فه‌رمی پشتگیری له‌ ئێران ده‌كرد، ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ست بوو به‌ ده‌رهاویشته‌ ناكۆكی خودی ئه‌و حیزبه‌ كه‌ به‌بالی سوری و ئێراقی ناسراو بوو، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵی كوده‌تاكه‌ی ئێران به‌ سه‌ر شاهه‌نشای ئێراندا كرا ، سوریایش له‌ رێگای محمد عایش و هاوڕاكانی هه‌وڵی كوده‌تایه‌كیان دا و سه‌رنه‌كه‌وتن.

له‌ ولاتانی سوریا و لوبنان و فه‌له‌ستینیش دوو حزبی شیعه‌ مه‌زهه‌ب سه‌ریان هه‌ڵدا و كه‌وتنه‌ ناوانه‌وه‌ و ئێرانیش تاكه‌ فریاد ره‌سیان بوو تا به‌ ئه‌مڕۆیش ده‌گات ئه‌وانیش ( حه‌ماس ) و ( حزب الله )، له‌م جموجوڵه‌ به‌ په‌لانه‌دا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گورزی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌كه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ تاران به‌ركه‌وت، سه‌رباری ئه‌وه‌یش هه‌ندێك پێیان وایه‌ په‌یوه‌ندی ژێربه‌ ژێر له‌ نێوان ( ئێران و ئه‌مریكا ) هه‌بێت، چونكه‌ له‌وكاته‌وه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ ده‌گات ئه‌مریكا زور شه‌رمنانه‌ باس له‌ پاڵپشتیكردنی ئێران ده‌كات له‌ په‌لهاویشتن و پشتگپریكردنی تیرۆر ، وتاره‌كه‌ی رۆژی 13 / 10 / 2017 ترامپ زور به‌ شه‌رمنی هه‌ڵوێستێكی ره‌زیلانه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای ده‌ربڕی، ترس و بێ توانایی وڵاته‌كه‌ی له‌ بریاردان نیشانی هه‌موو جیهان دا، ئه‌مه‌یش به‌ ڕای ئێمه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ژێربه‌ ژیّرانه‌ نه‌بێت هیچی دیكه‌ نیشان نادات.

قۆرخكردنی ئێراق و سوریا و لوبنان و یه‌مه‌ن و خولقاندنی ئاژاوه‌ له‌ وڵاتانی به‌حرێن و كوه‌یت و سعودیه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بۆ خۆی هه‌ندی به‌ڵگه‌ی ئه‌وتۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌مریكا و رۆژئاوا هاوڕان له‌ سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌ رێگایه‌ی بۆ ناوچه‌كه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ و رۆڵی ئێرانیش چی ده‌بێت، ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ سیناریۆكان ده‌بێت ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتگیری ئه‌مریكا بن ، به‌ڵام خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌نه‌دانی چین و رووس له‌ پرسی هه‌ره‌شه‌كانی كۆریای باكوور وای كردووه‌ گه‌مه‌كه‌ بۆ ئه‌مریكا قورس بێت، ئیدی رۆژگار چاره‌نوسه‌كان ده‌رده‌خات. یا ئه‌وه‌تا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی دێنه‌ سه‌ر بیروراكه‌ی هینگتون و كێشمه‌كێش و ململانێی شارستانیه‌ته‌كان ده‌ست پێبكات، یانیش ئه‌وه‌یه‌ بلۆكی دووه‌م سه‌ركه‌وتن تۆمار ده‌كات و ئه‌و مه‌رامه‌ به‌دی نایه‌ت و له‌ هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ئێران مل بۆ داخوازی كوردان ده‌دات ده‌نا بۆ خۆی باش ده‌زانیت، چاره‌نووسی به‌ كوێ ده‌گات .




کڕۆنشتات، ڕاپه‌ڕینی کرێکاران و سه‌ربازان له‌ دژی دیکتاتۆریی بۆلشه‌ڤیکه‌کان


نووسینی: نادری ئه‌حمه‌دی
وەرگێڕانی : ھەژێن
….

سەردەم مانگی ئۆکتۆبه‌ره‌ و لایه‌نگرانی بۆلشه‌‌ڤیکه‌کان جه‌ژنی مه‌رگی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌که‌یان ده‌گێڕن و بێجگە لە پێداهه‌ڵدانی زه‌به‌نده‌ی بۆلشه‌‌ڤیکه‌کان، هیچ کاتێک ناچنه‌ سه‌ر کارکردی تێکده‌رانه‌ی خۆیان له‌ مه‌یدانی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی و ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ ‌ هه‌وڵدەدە‌ن، کە ڕوخسارێکی پۆزه‌تیڤ بۆ خۆیان بکێشن، به‌ڵام که‌توار شتێکی دیکه‌یه‌.

ساڵی ١٩٢١ که‌می خۆراک بوو به‌ هۆی زنجیره‌یه‌ک ناڕه‌زایه‌تیی فراوان له‌نێو کرێکارانی مۆسکۆ و له‌و بارەوە مانگی جێنیوەری کۆمەڵێک کۆبوونه‌وەی زۆر له‌نێو کارخانه‌کان ڕێکخران و کرێکاران خوازیاری کۆتاییهێنان به‌ سه‌رکوتکردنی کرێکاران و سه‌ربازییکردنی پێگەی کرێکاریی بوون. به‌ڵام بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەجیاتی ئه‌وه‌ی کاروباره‌کانی خه‌ڵکی بده‌نه‌ ده‌ستی خودی خه‌ڵک و له‌ ڕێگه‌چاره‌کانی ئه‌وان کەڵکوه‌ربگرن، ناڕازییانیان به‌ “ورگپه‌روه‌ری” تاوانبارکرد و سەرکوت و فشاره‌کانی خۆیان بۆسه‌ر کرێکاران زیاتر کردن و دەزگەی پۆلیسی نهێنی (چکا) به‌ردرایه‌ گیانی ناڕازییان! له‌ ڕاستیدا کرده‌ی دژه‌-خه‌ڵکی و سه‌رکوتگه‌رانه‌ی (چێکا)، یه‌کێک بوو له‌ هۆکاره‌کانی ناڕه‌زایه‌تیی کرێکاران و له‌نێوان دێسه‌مبه‌ری ١٩١٨ تاکو نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٢٠ ڕێکخراوه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌ بۆلشه‌ڤیکییه‌کان ٥٧٨ که‌س له‌ خه‌ڵکی ناڕازی کوژران و چل هەزار ٤٠٠٠ که‌س واته‌ ٦% دانیشتووانی شاری (مۆسکۆ) ده‌ستگیرکران! مانگی جێنیوەری تاکو مانگی مه‌ی ١٩٢٠ زیاتر له‌ سێسەد و چل و پێنج ٣٤٥ که‌س کوژران و پێش ئه‌وه‌ دوو ٢٠٠٠ – سێ ٣٠٠٠ هەزار کەس لە زیندانیان له‌ سێداره‌دابوون! به‌شی زۆرینه‌ی ده‌ستگیرکراوان لاوانێک بوون، که‌ به‌هۆی برسیه‌تییه‌وه‌ نانیان دزیبوو! سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌ بوو، له‌ کاتێکدا کە بۆلشه‌ڤیکه‌کان کرێکارانیان به‌ “ورگپه‌روه‌ر” تاوانبارکردبوو، به‌خۆیان له‌ به‌رته‌ریی تایبه‌ت سوودمەندبوون و کرێکارانی مانگرتوو به‌ پێشەنگیی کرێکارانی کانزاکار، کە له‌نێو ڕاگه‌یاندنێک خوازیاری ڕاگرتنی به‌رته‌ریی تایبه‌ت و پشکبه‌ندی دە ١٠٠٠٠ هەزار که‌س له‌ پله‌دارانی باڵای پارتیی بۆلشه‌ڤیک بوون. سه‌ربازانێکی خۆجێی که‌ بۆ سه‌رکوتی خۆنیشاندانی سه‌رشه‌قامیی کرێکاران هێنرابوون، تاکو له‌ کرێکاران تەقەبکه‌ن، له‌ فه‌رمانی ته‌قه‌کردن سه‌رپێچییانکرد، به‌ڵام هێزه‌ تایبه‌ته‌کانی بۆلشه‌ڤیک ژماره‌یه‌کی زۆر لە کرێکارانیان کوشتن و بریندارکردن. کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری مۆسکۆ ڕێکخرا و هەزار پێنج سەد ١٥٠٠ که‌س خۆنیشاندانیانکرد و سه‌ربازانێک که‌ خوازیاربوون به‌ خۆنیشانده‌رانه‌وه‌ په‌یوه‌ستبن، چه‌کیان فڕێدا.

٢٣ی فێبریوه‌ری دە ١٠٠٠٠ هەزار که‌س له‌ کرێکاران ڕێپێوانێکی ناڕه‌زایه‌تییان ڕیکخست. له‌و ڕۆژه‌دا له‌ شاری مۆسکۆ بڕیاری قه‌ده‌خه‌کردنی هاتوچۆ ڕاگه‌یێندرا. شاری کڕۆنشتات بنکه‌ی ده‌ریایی بوو و که‌وتووه‌ته‌ دوورگه‌یه‌ک له‌ که‌نداوی فینلاند. ده‌ریاوانانی کڕۆنشتات پێشڕه‌وانی شۆڕشه‌کانی ١٩٠٥ و ١٩١٧ ڕوسیه‌ بوون و ترۆتسکی وه‌ک “شانازی شۆڕشی ڕوسیه‌” ئەوانی ناوبردوون. دانیشتووانی کڕۆنشتات له‌ یه‌که‌مین پێشڕه‌وان و داهێنه‌ران و پێکهێنه‌رانی سۆڤیه‌ته‌کان بوون و ساڵی ١٩١٧ کۆمونه‌یه‌کی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ له‌ ده‌وڵه‌تیان پێکهێنابوو. به‌ گوتەی ئیسرائیل گێتزله‌ر Israel Getzler شاره‌زای پرسی کڕۆنشتات‌ “…. له‌نێو خودی کۆمون به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کڕۆنشتات هه‌بوو، که‌ به‌ “کڕۆنشتاتی سوور” ناسرا و سیسته‌می سۆشیالیستی؛ دێمۆکراسی و یه‌کسانی له‌نێوان سه‌ربازان و کرێکاران برەوی په‌یداکرد و ئاره‌زوومه‌ندیی بۆ دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و چالاکی ڕامیاریی و په‌روه‌رده‌ و ڕاهێنانی سۆشیالیستی و هاریکاری هاوبه‌ش سه‌ریهه‌ڵدا “.

مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٢٠ جه‌نگی نێوخۆیی‌ ڕوسیه‌ به‌ شکستی جه‌‌نه‌راڵ ڕانگل له‌ ناوچه‌ی کریمه Crimea‌ کۆتاییهات. له‌ هه‌مان کاتدا یاخیبوونه‌ جوتیارییه‌کان له‌ گونده‌کانی ڕوسیه‌ له‌ دژی ڕامیارییه‌ سه‌پێنراوه‌کانی پارتیی بۆلشه‌ڤیک به‌سه‌ر جوتیاران ته‌واوی ڕوسیه‌ی گرتبووه‌وه‌ و مانگرتنێکی گشتی شاری پترۆگرادی گرتبووه‌وه‌.

٢٦ی فێبریوه‌ری دەریاوانانی که‌شتییه‌ جه‌نگییه‌کانی پێترۆپاڤلۆڤسک- Petropavlovsk و سێڤاستۆپۆل – Sevastopol له‌ کڕۆنشتات کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌په‌له‌یان ڕێکخست و لێژنه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌یان بۆ شاری پترۆگراد نارد، تاکو بەھۆی لێکۆڵینه‌وە‌ له‌ هۆکاره‌کانی مانگرتنی کرێکاران له‌ شاری پترۆگراد تێبگەن و ئه‌نجامه‌که‌ی به‌ دەریاوانانی که‌شتییه‌کان ڕابگه‌یێنن. پاش تێپه‌ڕبوونی دوو ڕۆژ ده‌سته‌ی لێکۆڵه‌ر ڕایگه‌یاند، که‌ سه‌رکوتی ده‌وڵه‌تیی هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی مانگرتنه‌کانه‌ له‌ پترۆگراد و به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌کی یازده‌ خاڵیی له‌ سه‌رانی ده‌وڵه‌ت خوازیاربوون، تاکو داخوازییه‌کانی خواره‌وه‌ جێبه‌جێبکه‌ن:
به‌ڕێخستنی هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی سۆڤیه‌ته‌کان، به‌دیهێنانی ئازادی ڕاده‌ربڕین، ئازادی بڵاوکردنه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نی، ئازادی کۆبوونه‌وه‌ و پێکهێنانی ڕێکخراوه‌ کرێکارییه‌کان و داننان به‌ پێکهێنانی ڕێکخراوه‌ جوتیارییه‌کان و چه‌په‌ سۆشیالیستییه‌کان و ئه‌نارکیستییه‌کان …

سه‌ربازان و کرێکارانی (کڕۆنشتات)یش وه‌کو کرێکاران و خه‌ڵکی شاری پترۆگراد خوازیاری یه‌کسانبوونی کرێ (موچه‌) و لابردنی ڕێبه‌ندییه‌ شه‌قامییه‌کان بوون، تاکو به‌ ئازادبوونی هاتوچۆ کرێکاران بتوانن خواردن بۆ خه‌ڵکی شار به‌رن، که‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌ ئابڵۆقه‌درابوو. یه‌که‌م ڕۆژی مانگی مارچ له‌ مه‌یدانی ئانچور، لەنێو کۆبوونه‌وه‌یه‌کی شازدە هەزار ١٦٠٠٠ که‌سیی، پاش گوێڕادێران بۆ ڕاپۆرتێکی لێکۆڵه‌رانه،‌ که‌ پێشتر له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی دەریاوانانی که‌شتییه جه‌نگییه‌کانی پێترۆپاڤلۆڤسک و سێڤاستۆپۆل ئاماده‌کرابوو، بڕیارنامه‌یه‌کیان به‌ناوی بڕیارنامه‌ی پێترۆپاڤلۆڤسک ده‌رکرد، که‌ ته‌نیا دوو که‌س له‌ نوێنه‌رانی پارتیی بۆلشه‌ڤیک دژی ئەو بڕیارنامەیە ده‌نگیاندا و لە بەرانبەردا زۆرینه‌ بڕیاریاندا، لێژنه‌یه‌کی نوێنه‌رایه‌تیی تازه‌ بۆ شاری پترۆگراد بنێرن، تاکو داواکارییه‌ ده‌نگپێدراوه‌کانی کڕۆنشتات به‌ کرێکاران و خه‌ڵکانی مانگرتوو ڕابگه‌یێنن و لە ئەوان داخوازیبکرێت، تاکو نوێنه‌رانێکی بێلایه‌ن بۆ کڕۆنشتات بنێرن، بۆ ئەوەی دانیشتووانی کڕۆنشتات له‌ ئەوه‌ی که‌ له‌ پترۆگراد ده‌گوزه‌رێت، ئاگاداربکه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ پێش گه‌یشتنیان بە پترۆگراد له‌ نیوەی ڕێگا ھەموویان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکی‌ ده‌ستگیرکران! پاش ئەو ڕوداوه‌، دووه‌م ڕۆژی مانگی مارچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتیی پێکهاتوو له‌ نوێنه‌رانی: دەریاوانانی که‌شتییه‌کانی پێترۆپاڤلۆڤسک و سێڤاستۆپۆل، ئه‌ندامانی سوپا، کرێکارانی له‌نگه‌رگه‌ و نوێنه‌رانی سۆڤیه‌تی یه‌کێتییه‌ کرێکارییه‌کان ڕێکخرا، که ٣٠٣ که‌س له‌ به‌شداربووانی ئەو کۆبوونه‌وه‌یە بەهۆی پشتگیرییکردن له‌ بڕیارنامه‌ی پێترۆپاڤلۆڤسک، کۆمیته‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ی کاتیی پێنج که‌سییان هه‌ڵبژارد. ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو، که‌ بۆلشه‌ڤیکه‌کان بۆ تێکدانی ئەو کۆبوونه‌وه‌یه‌ هێزیان بەڕێخستووه‌. لەنێو ئەو هەل و مەرجه‌ (کڕۆنشتات)ی شۆڕشگێڕ دروشمه‌کانی ساڵی ١٩١٧ واته‌ دروشمی “ته‌واوی ده‌سه‌ڵات بۆ سۆڤیه‌ته‌کان”ی کردبووه‌ سه‌ردێڕی دروشمه‌کانی خۆی. ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکی ڕێکخه‌رانی مانگرتنه‌که‌ی ئاگادارکردەوە و مانگرتنه‌که‌ی به‌ پیلانگێڕیی ڕێکخراوی سیخوڕیی فه‌ره‌نسه‌ و جه‌نه‌راڵی پێشووی سوپای تزاری کزلۆڤسکی ناوبرد.

له‌و باره‌دا کڕۆنشتات بۆ سه‌رله‌نوێ خۆسازدانه‌وه‌ ھانایبرد و کۆمیته‌ و سۆڤیه‌ته‌ کرێکارییه‌کان سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژێردرانه‌وه‌ و حەوت سەد و هەشتا ٧٨٠ که‌س له‌ ئەندامەتی پارتیی بۆلشه‌ڤیک وازیانهێنا و لێره‌دا سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه‌، که‌ سێیه‌کی که‌سانی هه‌ڵبژێردراو بۆ کۆمیته‌ی کڕۆنشتات له‌نێو کۆبوونه‌وه‌‌‌ی ڕۆژی دووه‌می مانگی مارچ، به‌ر له‌و ڕوداوه‌ بۆلشه‌ڤیک بوون. وێڕای ڕه‌فتاری توندوتیژانه‌ی ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکی، به‌ڵام یاخیبوونی کڕۆنشتات ئاشتیخوازانه‌ و دوور له‌ توندوتیژی بوو.

ڕۆژی پێنجی مانگی مارچ واته‌ دوو ڕۆژ پێش هێرشی سوپای بۆلشه‌ڤیکه‌کان بۆ سه‌ر کڕۆنشتات و بۆمبارانکردنی، دوو که‌س له‌ ئه‌نارکیسته‌کان به‌ناوی ئێما گۆڵدمان Emma Goldman و ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان Alexander Berkmanوه‌ک میانجیگه‌ر پێشنیاری میانجی نێوان ده‌وڵه‌ت و شۆڕشگێڕانیان کرد، به‌ڵام ‌ پێشنیاره‌که‌ی ئەوان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی بۆلشەڤیکی ڕه‌تکرایه‌وه‌. کرێکاران و شۆڕشگێڕان وێڕای پشتیوانی لێکردنیان له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کڕۆنشتات، بەڵام ته‌نیا مانه‌وه‌ و له‌ پشتیوانی شوێنه‌کانی دیکەی ڕوسیه‌ بێبه‌شبوون. حه‌وته‌مین ڕۆژی مانگی مارچ هێرشی سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی بۆلشەڤیکی بۆ سه‌ر کڕۆنشتات ده‌ستیپێکرد و له‌ شاری پترۆگراد بڕیاری فەرمانداریی نائاسایی (فەرمانداریی سەربازیی) سه‌پێنرا. هێرشی یه‌که‌می سوپا بۆ سه‌ر کڕۆنشتات تێکشکا و ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌ربازانی دەوڵەتی بۆلشەڤیکی به‌ ڕیزی یاخیبووان‌ په‌یوه‌ستبوون و ژماره‌یه‌کیش له‌ فه‌رمانی هێرشکردن سه‌رپێچییانکرد، به‌ڵام سه‌ره‌نجام پاش دە (١٠)‌ ڕۆژ جه‌نگی به‌رده‌وام، یاخیبوونەکەی کڕۆنشتات سه‌رکوتکرا و بۆلشه‌ڤیکه‌کان به‌ سه‌رکوتکردنی کرێکاران و سه‌ربازانی یاخی، فەرمانداریی تیرۆر و تۆقاندنی خۆیان سه‌پاند.

ڕوزا لوکسێمبورگ Rosa Luxemburg له‌نێو په‌رتووکی شۆڕشی ڕوس، که‌ له‌ سه‌رده‌می فه‌رمانره‌وایی بۆلشه‌ڤیکه‌کان له‌ ڕوسیه‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی قه‌ده‌خه‌بوو‌، ئاوا ده‌نووسێت ” … فێرکارییه‌ بنچینه‌ییه‌کانی تیئۆری لێنین و ترۆتسکی بریتین له‌وه‌ی که‌ ئه‌وانیش وه‌ک کاوتسکی دیکتاتۆریی له‌بەرانبەر دێمۆکراسی داده‌نێن؛ “دیکتاتۆری یان دێمۆکراسی”! کاوتسکی و بۆلشه‌ڤیکه‌کان پرسه‌که‌ ئاوا ده‌خه‌نه‌ڕوو، هه‌ڵبه‌ته‌ کاوتسکی له‌ دێمۆکراسیی بۆرجوازی پشتیوانیده‌کات. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لێنین و ترۆتسکی له‌ دیکتاتۆری و ئه‌ویش دیکتاتۆریی کۆمه‌ڵه‌ که‌سێک لایه‌نگرییدەکەن، واته‌ دیکتاتۆری له‌ شێوه‌ی دیکتاتۆرییه‌کانی بۆرجوازی! ئەوانه‌ دوو جه‌مسه‌رن، که‌ له‌ ڕامیارییه‌ سۆشیالیستییه‌کانه‌وه‌ زۆر دوورن …. ڕۆشن و ئاشکرایه‌، که‌ پرۆلیتاریا ده‌بێت دیکتاتۆریی بکات، به‌ڵام دیکتاتۆریی چین نه‌ک دیکتاتۆریی پارتیی یان دیکتاتۆریی دەستەیەک له‌ چین ! دیکتاتۆریی چین به‌و تێگه‌یشتنه‌ی که‌ له‌ دێمۆکراسییه‌کی بێسنوور، فراوانترین بیروباوه‌ڕی خه‌ڵکی له‌ ڕێگه‌ی به‌شدارییکردنی بێڕێگریی و ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌رەوە بێته‌دی…).

سه‌رچاوه‌ی لێ‌ وه‌رگیراو: http://www.mano-paltalk.net/pdf3/nk.htm

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




بەرەو بەغدا بكەونەوە ڕێ‌ … ئەرسەلان مەحمود

ئەوەی ڕودەدا، ئەوەندە پەیوەندی بەخاك و كوردبوونەوە نیە وەك ئەوەی ئیدیعا دەكرێت، بەهێندەی ئەوەی دەرئەنجامی حكومڕانێتی فاشیل و پێڕۆكردنی سیاسەتی هەڵەو هەڵوڕكاری كوردییە، ئەو حكومەتەی بەبێ‌ ژێر نووس و بەرچاو ڕوونی 27 ساڵە لێدەخوڕێ‌، بەبێ‌ ئەوەی ئاوڕ بداتەوەو هەڵوەستەیەك لەسەر دوێنێ‌ و ئێستاو ئایندەی ژیان و گوزەرانی خەڵك و جۆرایەتی و چۆنایەتی حوكمڕانێتییەكەی خۆی بكات، ئەو سیاسەتە بێپرەنسپ و شوناسەی سەرئەنجام هەم لەسەر ئاستە ناوخۆییەكەو هەمیش لەسەر ئاستە جیاوازەكانی دەرەوەی خۆی بەدۆڕاوی هاتە دەرەوە لەگەمەكەو شكستیخوارد، هەر بۆیەیش دەبیندرێ‌ دەڕێژەران و ئاڕاستەكارانی ئەم سیاسەتە كورت و كوێرو هەمەكییە، ئێستا جگە لەتەخوینكردن و شكاندنی یەكتری، هیچ شتێكی دی ناڵێن و بێدەنگن !!

سەیركەن، پێشمەرگە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەو جوگرافیایەی بەناوچە كێشە لەسەرو جێناكۆكەكان لەدەستوری عیراقدا ناسراوە، نەك لەدەست حكومەتی عیراق بەڵكە لەچنگ داعش ڕزگار كردو دەستی بەسەردا گرت، كەچی سەركردایەتی سیاسی كورد لەبری ئەوەی وابكات لەڕوی دیرۆكی و عەقلانی و ئەزموونییەوە هەژموون و هەیمەنەی دەسەڵاتە كوردییەكەی بەسەردا بسەلمێنێت و بیكات بەجێگرەوەی هەمیشەیی، خۆشەیداییانەو فرسەت بازانە هات و وەك دیفاكتۆو سەپاندنی ئەمری واقیع مامەڵەی لەتەكدا كردو، تاك لایەنەیش خستیە ناو پرۆسەی ڕیفراندەمەوە، بەمەیش هەم بیانووی دەستوریدا بەدەست دەوڵەتی عیراق و، هەم دەوڵەتە هەرێمایەتییە مەزهەبیەكانی گەیاندەوە یەك و هێنانییەوە سەر هەست، ئەمە جگە لەوەی پشتیوانییە دەولیەكانیش لەدەستدران، دواجار ڕوداوەكانی 16/10ی كەركوك و دواتری لێكەوتنەوە!!

رەنگە هێنانەوەی ئەم نمونەیە كۆمەك بەپێدانی بەرچاوڕونی زیاترمان بكات، بەلشەفیکەکان، بۆ پارێزگاریكردن لەجوگرافیا سیاسیە تازە بەدەستهاتووەكەیان، لینین، ترۆتسکی ڕەوانەی لیتۆفسک دەكات و دەڵێت: بڕۆ لەپێناو مسۆگەرکردنی ئاشتی لەگەڵ ئاڵمانیا، ئەگەر ناچار بوویت تەنورەش لەپێبکە. دەی ئێمە نەبەلشەفی و نەلینینـ یش سەركردەمانە، بەڵام ئەزموونی ئەوان و تەواوی جیهانیانمان لەبەردەستدایە، سەركردایەتی سیاسی كورد لەبری خۆهاویشتنە ناو شەڕێكی ماڵوێرانكەرو نابەرامبەر لەڕوی مرۆیی و سەربازی و لۆجستییەوە، لەڕاستیدا دەیتوانی زۆریش سەركەوتووانە كار بەوەها لۆژیكێك بكات، دەیتوانی جەنگێك بخوڵقێنێت تەواو دەستوری و نوێی، تەواو بەماناو ڕەوا، كەچی نەك هەر ئەمەی نەكرد چەندەها ساڵە لەبری بەغداد بەرەو ئانكەرا دەڕوات، لەبری كێشكردنی كۆمەڵگەی دەولی، سەرنجیان گێژو بەلاڕێدا دەبات، لەبری لۆبی، لۆبیای حزبی دروست دەكات، لەبری ملدانە ئاشتەواوی كۆمەڵایەتی، پەرت و پەرێشانی دەكات، لەبری گەشەپێدانی دیمۆكراسیەت، پاڕلمان دادەخات، لەبری بەرین و بەرینتر پێكردنەوەی ئازادیەكان، نووسەرو ڕۆژنامەوان و ئازادیخوازان و مەلا تیرۆر دەكات، لەبری گەشپێدانی ژیان و ژیاری جڤاكی، گەمە بەشكۆی نەتەوەو خاك و خۆیشیەوە دەكاو، تەواوی متمانەو تەواوی پردەکانی پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بەڕوی خۆیدا دەڕوخێنێت!!

سەرئەنجام دەركەوت، جوڵاندنی هەست و سۆزو حەماسەت و رومانسیەت، هەروەك ئەوەی ئەرەستو دەڵێت: پایدۆسەو فڕی بەسەر لۆژیکەوە نابێت. لەو شوێنەی جەنگ دەستپێدەكات، ڕێك لەو شوێنەیش دیالۆگ كۆتایی پێهاتووە، بەڵام دواجار ئەلتەرناتڤی دیالۆگ چییە؟ درێژەپێدانی جەنگە؟ ئایا توانای وەها جەنگینێك بوونی هەیە؟ بێگومان نەخێر، چونكە تەنانەت لەشەڕەكانی ناوخۆیشدا دوای هەر شەڕێك لایەنە شەڕكەرو خاوەن چەكدارەكان بەدەیان ڕۆژیان پێویست بووە تا خۆیان ڕێكبخەنەوە، ئەمە عیراقە، توركیایە، ئێرانە، دەوڵەتن، پشتیوانی دەستورییان هەیە لەڕوی دەولییەوە، كوا لەكوێ‌ لەسەر تۆ دەوەستن تا دوای هەر شەڕێك خۆت ڕێكدەخەیتەوە، كەواتە بەدیلەكە هەر دیالۆگەو، هیچ جۆرە ماكینەیەكی پڕوپاگەندە ناتوانێ‌ شكستەكانت ڕوپۆش بكاو بشارێتەوە.

دواجار ریفراندەم و، ئەم سەركردایەتییە سیاسیەی كورد، شكستیانهێنا، هۆكارەكانی ئەم شكستهێنانەیش هەمە لایەنن، زۆر قوڵن، ڕیشەین، تەنانەت زمانە فەرمی و گەلییەكەیشی تێكداوە، ئەوەی ئێستا بەموخاتب دەگیرێت لەناو كایەو مایە كۆمەڵایەتی و جڤاكییەكەدا، زمانێكە وشك و برینگ و حزبی، كەس نایەوێ‌، كەس ناتوانێ‌ لەكەس تێبگات، ئەگەر نا كەی ڕەوایە پاڕلمانت هەبێت بەڵام جگە لەدیوەخان و تەشریفاتخانەیەكی ڕوت و ڕەجاڵی حزبی بەولاوە، هیچی تر نەبێت، كەی ویستت دایبخەیت و كەی ویستت بیكەیتەوەو، كار بەیاساكانیشی نەكەیت و لەماوەی ئەم 27 ساڵەیشدە تەنها لەبەر شكۆی نەتەوەكەت نەتتوانیبێت تەلارێكی شایستە بەخۆی بۆ دروست بكەیت و هەر لەكۆنە تەلارە جێماوەكەی لەمەڕ بەعسدا بێت!! ئەگەر نا لەكوێی دنیا هەیە، حكومەتت هەبێت كەچی حیكمەت لەئاراستەو ئەداكردنیدا تەنهاو تەنها مەجازو میزاج و زەوقی ڕەمەكیانە بێت و نیوە زیاتری فەرمانگەو دامەزراوەكانی كرێگرتەو تەلاری ئەنجومەنی وەزیرانەكەی هەر تەلارە جێماوەكەی بەعس بێت، ئاخر چۆن دەبێت دامەزراوەی هەواڵگری و ئەمنیەت و ئاسایشت هەبێت، بەڵام بانێك و هەزار هەواوەو هەوەس بیت، وەزارەت و هێزی پێشمەرگەت هەبێت بەڵام یەك پۆش و پەروەردەكراوی سەربازیت نەبێت، چەك و جبەخانەو پۆشاك لەبازاڕی ڕەش بكڕیت، ئەرێ‌ جەیشێك هەیە لەدنیادا سەربازەكانی چەكەكەی شانیان خۆیان كڕیبێتیان؟ ئەرێ‌ وڵاتێك هەیە ئابورییەكەی، سەرخان و ژێرخانەكەی هەروا سادەو هەوەسمەندانە لگاوی پێوە بكرێ‌ یا تاڵان و بڕۆ بكرێت؟ لەبەر ئەوە ئێستا هیچ لەوە گرینگتر نییە ددان بەو شكستە هەمەكییاندا بهێنن، هیچ لەوە لەپێشتر نییە دەستبەرداری قسەی زل بن و بگەڕێنەوە بەر گفتووگۆی جیددی، دەوڵەت و دەسەڵات لەبنەڕەتدا هەلومەرجی ماف و ئازادی بۆ هاوڵاتیان دەبێ‌ دابین بكات، نەك وێران و ماڵوێرانی بخوڵقێنێت.




________________________________________




نمایشگە (پەرتوکی ئەنارکیستی)لە لەندەن

ئەمساڵیش بۆ 36 هەمین جار ( نمایشکردنی پەرتوکی ئەنارکیستی) لە لەندەن ڕۆژی شەمە ، ڕیکەوتی 28/10/2017 ، بەرپادەکرێتەوە. لەوانەیە ئەوە بپرسیت ” چ پێویست دەکات پەرتووکی زیاتر بکڕین، لە کاتێکدا کە دونیا لەم پشێوییەدایە، کۆمۆنێتییەکانمان لەژێر هەڕەشەدایە؟ بۆچی هەر دەبێت تووڕەتر بین، بەڵکو دەبیت، جەنگاوەر و تێکۆشەر بین، دەبێت ئامادەی جەنگ دژ بە سیستەمەکە بین، نەك خوێندنەوەی هەندێك پەرتووك؟”

پەرتووکەکان تەنها ئامرازێکی گوێزەرەوەن ، ئەو بیرۆکانەی کە گرنگن ، لەنێو خۆیان هەڵدەگرن، لەنێو ئەم نمایشکردنە سەدان کەس دەبینیت قسەدەکەن ، لێدوان و مشتومڕ دەکەن، هەر ئاوا لەسەر بیرۆکەی ئەنارکیستی و ڕامیارییەکانی ململانێی تێکۆشانی چینایەتی، پێداگرییدەکەن و بەڵگە دەهێننەوە. سەبارەت بەوەی کە دەتوانین ئەنجامیبدەین ، لێدوان دەکەین، بۆ ئەوەی بەرنامەکەی دەوڵەت و چینی فرماندەران لەنێو هەموو ڕۆژێکی ژیانی خۆمان، لە سەرتاسەری دونیا ، هەڵوەشێنینەوە.

لەنێو دونیایەك، کە لەوێدا ملیاردەر سەرۆکە و خۆی دژ بە دامەزراوەکان، دەزگەکان، ئەژمار دەکات، هاوکاتیش ڕاستڕەوەکان ترسی نامسۆگەریی ژیان دەقۆزنەوە، چەپیش بە ئێمە دەڵێت: ئەگەر ئێمە تەنیا دەنگ بە سەرکردە شێوە نوێیەکان بدەین، ئیدی کارمان مەیسەرە…. لەو کاتەدا ئێمە دەبێت دوور لە سنوربەندیی بیرۆکە ساختەکان و فێڵکردن ، تەماشای ململانێیە ڕاستەقینەکان بکەین کە هەر ئێستا هەن و دەگوزەرێن. هەر ئاوا کە لە ڕابوردووشدا گوزەراون. ڕامیاریی ئەنارکیستەکان سەبارەت بە ململانێ، یان تێکۆشانی چینایەتی زیاتر [لە] هەموو کاتێکی دیکە گرنگترن.

ئەوانەی لەو چەند ڕستەی سەرەوەدا وترا ئەوانەن کە لە ڕۆژی (نمایشکردنی پەرتوکی ئەنارکیستی) لە تەك مشتومڕ و لێدوان و بەڵگەهێنانەوە و ئەزموونە کردەییەکان و بیرۆکە تازەکان پێشکەشدەکرێن، هیوادارین سوودبەخش بن.

شوێن:

Venue: Park View School , West Green Road , N15 3QR
Rail/Tube Seven Sisters ( National Rail or Victoria Line ) / Turnpike Lane ( Piccadilly Line)
Buses: 41, 67, 230, 341 ( Get off at stop near junction of Black Boy Lane and West Green Road)
Access: Full disability access.
Children: Crèche ( 2years -8years ) and older kids space ( 8 years upward)
تکایە بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەو ماڵپەڕەی خوارەوە بکە:
WWW.ANARCHISTBOOKFAIR.ORG.UK
هەرەها بۆ پەیوەدنیکردنیش تکایە پەیوەندی بەم ئیمەیل ئەدرێسەوە بکە:
MAIL@ANARCHISTBOOKFAIR.ORG.UK/ @ANOKBOOKFAIR
*خوێنەری بەڕیز ئەو ڕۆژە زیاتر لە 60 کۆڕ و سمینیار و وۆرکشؤۆپ ئەنجامدەدرێن ، هەڵبەتە بێجگە لە نمایشکردنی فلیم لەبارەی پارێزگاریکردن و بەرەنگاربوونەوە .
دوو لەو کۆبونەوانە لەبارەی ‘باکور’ و ‘ڕۆژاوای’ کوردستانن. یەکەم لەبارەی فێمنیزم و فێمەنیستی کورد، لە لایەن چالاك و نوسەر و ئەکادیمیست ( دیلار دێریك) پێشکەشدەکرێت . ئەوی دیکە لەسەر (ڕۆژاوا) دەبێت کە لە لایەن دوو هاوڕێی ئینگلیزی-زمان پێشکەشدەکرێت، کە بە خۆیان 6 مانگ لە ( ڕۆژاوا ) بوون و ژیاون.




مانیفێستێك بۆ تێپەڕاندنی شكست

ژمارەیەك لە نووسەران و ڕۆشنبیران‌و رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان ئەم پشتگیریە بەرفراوانبێت و بەزوترین کات داواکاریەکە وەك ئەرکێکی نیشتمان ئەنجام بدرێ رایدەگەیەنن ئەوەی لە كەركوك ڕوویدا هەرەسێكی گەورەیە بۆ سەركردایەتی كورد‌و داواش لە لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكەن بەیەكەوە بەرنامەیەكی هاوبەش دابنێن، تکایە بڵاو بکەنەوەو رای گشتی بۆ کۆبکرێتەوە تا بیرمەندانی کورد لە هەرشوێنێکی جیهان پشتیوانی خۆیان دەربڕن و هاوهەڵوێستی نیشان بدەن .

دەقەی بەیاننامەكە
مانیفێستێك بۆ تێپەڕاندنی شكست

ڕوداوەكانی ئەم چەند رۆژەی دوایی لەكەركوك‌و شارەكانی تری كوردستان، لەپێش ھەمووانەوە شكانی خێرا‌و بەرفراوانی ھێزی پێشمەرگە‌و بەھەدەردانی خوێنی دەیان‌و سەدان كەسیان، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی دەیان ھەزار ھاونیشتیمانی مەدەنیی‌و لەدەستدانی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان لە چەند كاتژمێرێكدا، شكست‌و ھەرەسێكی گەورەی تری مێژووی نوێی میللەتی ئێمەیە. ئەم ھەرەسە لە شێوەی ھەرەسی عەرەبە لە ساڵی ١٩٦٧دا لە بەردەم ئیسرائیلدا، ئیسرائیلیش لەماوەی شەش رۆژدا لەشكری سێ وڵاتی عەرەبی شكاند‌و ناچار بە تەسلیمبوونی كردن. وەكچۆن جەنگی ١٩٦٧ ی عەرەب نسكۆ‌و ھەستكردن بە وێرانبوونێكی سیاسیی‌و فەرھەنگیی‌و ڕۆحیی گەورەی لە دونیای عەرەبیدا بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەم شكانەی ئێمەش دەشێت دۆخێكی ھاوشێوە لە كوردستاندا دروستبكات.

ھەرەسی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی ئێمە لە پڕ‌و لە بۆشاییدا ڕووینەدا، بەڵكو بەرھەمی ساڵانێكی درێژیی شسكتی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی‌و سیاسیی نوخبە حوكمڕانەكەی كوردستان‌و بەرھەمی درۆ‌و وەھم‌و خورافەتە یەك لە دوای یەكەكانیەتی. دەرەنجامی چەندان حیساباتی سیاسیی ھەڵە‌و نارسیزمێكی سیاسیی بیمار‌و ترسناكە كە بكەرە سەرەكییەكانی لەناو تەلەفیزۆنەكانیاندا خۆیان وەك قارەمانی كەموێنەی مێژووی ئێمە‌و سەرۆكی ھەمووشت زان‌و سیاسیی شارەزا‌و حەكیم، وێنادەكەن. ئەم شكستە شكستی ئەزموونێكی سیاسیی‌و عەقڵیەتێكی تایبەتی حوكمڕانیی‌و شێوازێكە لە ئیدارەدان كە جگە لە نسكۆی گەورەتر‌و قووڵتر، جگە لە كۆستی گەورەتر، ھیچی تری لێ چاوەڕوان ناكرێت. ئەم نوخبە حوكمڕانە زیاد لە نیو سەدەیە كۆمەڵگای ئێمە لەناوەوە‌و لە زیاد لە ئاستێكدا پارچەپارچە دەكات‌و لە قەیرانێكیشەوە بۆ قەیرانێكی قووڵتر‌و ترسناكتریش دەیبات. ھۆكاری ڕاستەخۆی شكستی ئەمجارە لاساریی‌و عینادی سیاسیی بارزانیی‌و پاشكۆكانێتی لە حیزبەكانی تر، كە بێباكانە ئاستی وێرانی بیركردنەوە‌و ڕوانینی خۆیان خستە شوێنی ھەر بیركردنەوە‌و ڕوانینێكی تر‌و گوتارە بەتاڵەكەی بارزانیشیان بۆ سەربەخۆیی كرد بە تاكە ئەلتەرناتیڤێك بەبێ ئەوەی ھیچ زەمینەیەكی سیاسیی‌و یاسایی‌و سەربازیی ناوخۆیی‌و ھیچ پشتیوانییەكی ئیقلیمیی‌و نێودەوڵەتیشی ھەبێت. بەسەریەكیشەوە ھەموو بەرخوردێكی لۆژیكی وعەقڵانییان وێرانكرد.

ھۆكارە ڕاستەوخۆكەی ئەم شكستە بە ئاستی بیركردنەوە‌و تەماح‌و خواستە شەخسییەكانی بارزانییەوە پەیوەستە، ھۆكارە ناڕاستەوخۆ‌و قووڵەكانیشی لەھەناوی ئەو ئەزموونە شكستخواردوەوە دێتەدەر كە چارەكەسەدەیەكە لە ھەرێمدا سەروەرە. ئەم شكستە یەك شتمان پێدەڵێت: گەلی كورستان شایانی ئەوە نییە نوخبەیەكی دەبەنگ‌و نابەرپرسیار بەرامبەر بە ژیان‌و ئاساییشی خەڵكەكەی فەرمانڕەوایەتی بكات‌و بڕیار بۆ ئێستا‌و ئایندەی نەوەكانی بدات. ئێمە ئەو ڕاستییە باش دەزانین كە ئەم نوخبانەی كوردستانیان گەیاندە ئەم داڕمانە سیاسیی‌و سەربازیی‌و ئیداریی‌و ئەخلاقییە، ھەرچیەك بن پاڵەوانی دروستكردنی نیشتیمانێكی ھاوبەش‌و ھاونیشتیمانییەكی خاوەن ماف‌و سەروەرییەكی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی نین بۆ كوردستان. بە پێچەوانەوە ئەمانە پاڵەوانی شكاندنی بەھا ئینسانییەكان‌و بكەری وێرانكردنی كەرامەتی تاكەكەسیی‌و نیشتیمانیی ئێمەن. لە دوای ئەم شكستە گشتگیرەوە بارزانی‌و ڕەعییەتە گوێڕایەڵەكەی لەحیزبەكانی تر نە مافی ئەوەیان ھەیە بەناوی گەلی ئێمەوە قسەبكەن‌و نەدەشتوانن لەمەودوا نوێنەرایەتی ئەو گەلە لەناوەوە دەرەوەی كوردستاندا بكەن. ئەمانە یەك شوێنیان شایستەیە، دەرەوەی كۆمەلگا‌و مێژوو‌و سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا. كوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم بڕیاردانێكی ستراتیژی گەورەدایە. یان دەبێت ئەم نوخبە فاشل‌و نابەرپرسیارە خۆیان سزای خۆیان بدەن، بەزووترین كات دەستبەرداری دەسەڵات ببن‌و شكستی ئەخلاقیی‌و سیاسیی خۆیان بەڕاشكاوانە بۆ ڕای گشتیی كوردستان‌و جیھان ڕابگەیەنن، یان ئەوەتا خەڵك پێیان بڵێت ئیتر بەسە‌و سزایان بدات. ھەموو بژاردەیەكی دەرەوەی ئەم دوو بژاردەیە بڕیاردانە بۆ درێژەدان بە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكان.

بە بڕوای ئێمە بۆ دەرچوون لەم قەیرانە پێویستە لە سەر سێ ئاست كاربكرێت:
ئاستی یەكەم: ھەموو ئەو ھێزانە كە بەشێك نین لەم نوخبە حوكمڕانە، لە پێش ھەمووشیانەوە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و نەوەی نوێ‌و ئەوانیتر، پێویستە لەم سستی‌و سڕبوونە سیاسییە دەرچن‌و لەدەوری بەرنامەیەكی نیشتیمانی كۆبنەوە كە ببێتە دەرچەیەكی سیاسیی لەم شكستە نەتەوەییە. ھەموو خۆ بە ئەلتەرناتیڤ زانینێك بە تاقی تەنھا‌و ھەموو شێوەكانی نارسیزمی سیاسیی جگە لە درێژەدان بەو دۆخە كارەساتاوییەی ئەمڕۆكە ھیچیتری لێ سەوز نابێت.

ئاستی دوھەم: ئێمە دڵنیاین كە لەناو ئەندام‌و كادیرە گەورە‌و بچووكەكانی حیزبە سیاسییەكانی كوردستاندا بە یەكێتی‌و پارتیشەوە كەسانێكی خەمخۆرو دڵسۆز ھەن كە وەك ئێمە توڕە‌و ناڕازین‌و بەم شكستە نیشتیمانیی‌و نەتەوەییە بریندارن. ئێستا كاتی ئەوەیە كە ھەڵوێستێكی روون‌و دیاریان بەرامبەر ئەو سەركردانە ھەبێت كە بەرھەمھێنەری ئەم شكستەن‌و كار بۆ گۆڕینیان لە شوێنگەی دەسەڵاتدا بكەن.

ئاستی سێھەم: لەسەر ھەموو ھێزە سیاسیی‌و مەدەنییەكان پێویستە كە ڕێگریی لە دواخستنی ھەڵبژاردن‌و درێژكردنەوەی زیاتری تەمەنی پاڵەوانی شكستی ئەمجارە‌و سەرۆكایەتیی نایاسایی بارزانیی‌و پەرلەمانە كارتۆنییەكەیان بكەن‌و دەستبەجێی دەزگای بەدناوی ”ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان“ ھەڵبوەشێنرێتەوە. داوا لە ھێز‌و دەزگا نێودەوڵەتی‌و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین سەرپەرشتی ھەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد لە ھەرێمدا بكەن، بۆئەوەی خەڵك بڕیاری مەدەنیی‌و دیموكراسییانەی خۆی بدات‌و حكومەتە نوێكەی ببێت بە نوێنەری ڕاستەقینەی لە ھەرێمی كوردستان.

رەئوف بێگەرد
ئاسۆس ھەردی
ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع
شێركۆ كرمانج
مەسعود عبدولخالق
نەجیبە مەحمود
چۆمان ھەردی
نیاز عەبدوڵڵا
ھیوا فایەق
ھیوا قادر
روناك شوانی
شوان محەمەد
ئەحمەد میرە
سەردار محەمەد
رێبین ھەردی
عەزیز رەئوف
رێواس ئەحمەد
كەمال چۆمانی
ئارام سەعید
دانا ئەسعەد
فەرمان رەشاد
شوان حەمە
هێمن حەسەن
نیاز نەجمەدین
ئاری ئازاد
عەدنان عەلی
نالیا ئیبراھیم
ئاسۆ جەبار
خالید حاجی شەریف
فەرەیدون کونجرینی
دانا كەریم
ئالان رەئوف
دڵشاد ئەنوەر
جەزا محەمەد
ئازاد عوسمان
خالید عبدولكەریم
بێستون ژاژەڵەیی
ئاریان رەووف
سیروان غەریب
ئاراس وەهاب





ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی و دۆنكیشۆته‌كانی سه‌ربه‌خۆیی … ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

به‌راییه‌كی تێوری

(ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی – سینیزم Zynismus ) وه‌ك چه‌مك له‌فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانیه‌وه‌ (پیته‌ر سلۆته‌ردایك) وه‌ریده‌گرم، به‌ساده‌یی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م، به‌وه‌ی فیگوری مۆدێرن و ڕۆشنگه‌ر، له‌بانگه‌شه‌دا شتێكه‌ و له‌ئه‌كت وكرده‌دا شتێكی دیكه‌ ده‌كات.
به‌گشتی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی die zynische Vernunft – یان cynical reason – له‌هه‌موو ڕووداوه‌ مێژووییه‌كاندا، له‌جوڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ناو نوسه‌ران و بیرمه‌نداندا، لێره‌و له‌وێ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌وه‌ی نمایشی شتێكه‌ و جه‌وهه‌ری خۆیشی شتێكی تره‌. سلۆته‌ردایك له‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (ڕه‌خنه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی – ١٩٨٣) بانگه‌شه‌ی كۆتایی ئه‌و ئایدیا گه‌ورانه‌ ده‌كات كه‌ده‌یانویست دونیا بگۆڕن، هه‌ر له‌ڕۆشنگه‌رییه‌وه‌ بیگره‌ تاوه‌كو ده‌گاته‌ ماركسیزم. له‌هه‌موویاندا ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی مۆتیڤ و پشته‌ وێنه‌ی نادیار بووه‌ و ئه‌كت و ئایدیا و جوڵه ‌مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی جوڵاندووه‌. هه‌میشه‌ له‌پشت گوتاره‌وه‌ discurs سلۆته‌ردایك له‌ دووتوێی ٩٥٤ لاپه‌ڕه‌دا ڕۆشنگه‌ری و فرۆدیزم و ماركسیزم و مێژووی سیاسی ئه‌وروپا خستۆته‌‌ به‌رده‌م فاكته‌ مێژووییه‌كانه‌وه‌ و لێره‌وه‌ كۆتایی درۆگه‌وره‌كان له‌ناو ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕیدا پشته‌ وێنه‌ی نمایشه‌ گه‌وره‌كانی ئایدیاكانه‌.

به‌گشتی (سینیست – یاخود گاڵته‌جاڕ) ئه‌و كه‌سه‌یه‌، ئه‌و فیگوره‌یه‌، كه‌له‌ناو ئایدیا و جوڵه‌ مێژووییه‌كاندا نیه‌ته ڕاسته‌قینه‌كانی خۆی ده‌شارێته‌وه، ‌ له‌هه‌ندێك ئه‌كتدا، جوڵه‌دا، كرده‌دا، به‌شێك له‌م جه‌وهه‌ره‌ ئاشكراده‌بێت، له‌هه‌ندێك پێچ و هه‌ڵسوكه‌وت و لێدوان و كرده‌ی مێژوویدا (خوده‌ ڕاسته‌قینه‌كه) ‌ی ئاشكراده‌بێت. به‌ڵام ئه‌م فیگوره‌ زیره‌كه‌ smart ڕۆشنگه‌ بووه‌ به‌ هۆشمه‌ندیه‌كی ڕۆشنگه‌رانه‌ی ساخته‌وه‌ ‌ – das aufgeklrte falsches Bewutsein – به‌رده‌وام گه‌مه‌ ده‌كات و خاوه‌ن ماسكێكی تونده‌، به‌جۆرێك ئه‌وه‌نده‌ چۆته‌ ناو پێستی ده‌موچاویه‌وه‌، كه‌ جوداكردنه‌وه‌ی له‌ده‌موچاوه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی كار و ئۆپۆزیسیۆنبوونێكی كولتوری و ئه‌زموونی زۆری ده‌وێت.
لێره‌وه‌ ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی پشته‌ وێنه‌ و مۆتیڤه‌كانی مێژوو و دیسكۆرس نیشانده‌دات نه‌ك ته‌نها دیسكۆرس Diskurs به‌ڕووتی خۆی. به‌دیوێكی تردا، قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌قڵه‌ گاڵته‌جاڕیه‌، هه‌وڵدانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م (خوده‌ گاڵته‌جاڕه)‌ – ئه‌م (سوبێكته‌ سینیسته‌) له‌كۆنتێكسته‌ جیاوازه‌كانیدا. خوێنه‌ری ئازیز ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سێینه‌ كتێبی (سلۆته‌ردایك له‌نێزیكه‌وه‌*( – به‌شی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی) له‌وێ، به‌درێژایی له‌چه‌نده‌ها كۆنتێكستدا باسمان لێوه‌ی كردووه‌.


ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوری و فیگوری دۆنكیخۆته‌ ده‌لامانجا

ئه‌م نوسینه‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی ‌ فیگوری دۆنكیخۆته‌یه‌ له‌ناو ژینگه‌ی سیاسی كوردیدا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌م نوسینه‌دا فۆكۆسی له‌سه‌ر ده‌كه‌م چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی (ئه‌قڵی سیاسی كوردیه) ‌ له‌گه‌ڵ پرسێك‌ كه‌ ناوی ( به‌های سه‌ربه‌خۆیی) یه‌ ‌ له‌كۆنتێكسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یدا. له‌م نوسینه‌دا به‌دووی؛ ‌ (دووفاقیه‌ت – هایپۆكره‌سی‌ Hypocrisy ) و (سینكاڵیه‌ت‌ /گاڵته‌جاڕی‌ – Zynismuns ) و (پۆپۆلیزمی – Populism ) ئه‌م فیگوره‌دا ده‌گه‌ڕێین. ده‌مانه‌وێت بزانین ئه‌م ئه‌قڵه‌ چۆن خۆی فڕێداوه‌ته‌ ناو‌ كایه‌كی مێژووییه‌وه‌ و چۆن ‌مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك به‌هایه‌كی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات؟ به‌مانای ئه‌و فیگوره‌ سیاسیانه‌ی كه‌ (پڕۆ سه‌ربه‌خۆین) و ئه‌وانه‌ی دژ یاخود (كۆنترا سه‌ربه‌خۆین‌)، چۆن مامه‌ڵه‌ی سیاسی‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌دا ده‌كه‌ن و چۆن توخمه‌ سینستیه‌، گاڵته‌جاڕیه‌كه‌ لێره‌ و له‌وێ دێته‌ سه‌ر ڕووكه‌شی مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتیان؟ بێگومان ده‌نگده‌ری به‌ڵێ و نه‌خێر و بایكۆت، له‌م نوسینه‌دا ته‌نها ده‌نگده‌رن و ده‌رئه‌نجامه‌كان به‌رچاو ده‌گیرێت، به‌مانای ئه‌وه‌ی جێگه‌ی فۆكۆسی منه‌ له‌م نوسینه‌یه‌دا فیگوره‌ سیاسیه‌كه‌یه‌، ئه‌كتی فیگوره‌ سیاسیه‌كه‌یه‌ له‌ناو ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌‌دا.

‌ ئه‌م فیگوره ‌ سیاسیه‌‌ بكه‌ره به‌ڕای من، چۆته‌ ناو تونێلێكه‌وه‌ كه‌ته‌نها یه‌ك ڕێگه‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌ و توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه، و گه‌ڕانه‌وه‌ش كۆتاییه‌ به‌ خه‌ونێكی گه‌وره‌ له‌خودی خۆیدا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی سیاسی پۆزه‌تیڤ، كه‌ لێره‌دا دۆنكیشۆتمان بیرده‌خاته‌وه‌‌ و كۆی گوتاره‌كه‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م فیگوره‌ له‌مێژوویی ئێستاماندا چ له‌ناو ده‌سه‌ڵات و چ له‌كایه‌كانی جوڵه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه‌دا.

له‌ڕۆمانه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی (سێرڤانتس) به‌ناوی (دۆنكیخۆته‌) پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ی (دۆنكیخۆته‌ ده‌لامانجا – یان دۆنكیشۆت ) ئۆرستۆكراتێكه‌ و له‌وه‌همی ئه‌وه‌دا ده‌ژی كه‌ دونیا له‌هه‌ژدیها و هێزه‌ شه‌ڕانیه‌كان ڕزگار ده‌كات و دونیا چاوه‌ڕێی سوارچاكی ئه‌و ده‌كات. ئاوه‌ها به‌خۆیی و ڕمێكی شكاو، بارگیرێكی لاته‌وه‌ گه‌شته‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات، دونیای لێ ده‌بێته‌ دونیای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و به‌ها گه‌وره‌كانی شه‌ڕ و خێر و دڵداری پاك و جه‌نگه‌ مێژووییه‌كان و شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ڕۆحه‌ شه‌ڕانیه‌كان و ئه‌ژدیهاكان‌. دۆنكیخۆته‌ دالا مانج له‌ناو وه‌همه‌كانی خۆیدا ده‌یه‌وێت (مێژوویه‌كی سوارچاكی) بۆ خۆی دروستبكات، له‌دونیایه‌كدا ده‌مێكه‌ سه‌رده‌می سوارچاكه‌كان بوونی نه‌ماوه‌، به‌ڵام دۆنكیخۆته‌ سووره‌ له‌سه‌ر موماره‌سه‌كردنی سوارچاكی و ڕزگاركردنی دونیا له‌هه‌ژدیها و ڕۆحه‌ شه‌ڕانیه‌كان كه‌زۆر ده‌مێكه‌ زه‌مه‌نیان به‌سه‌ر چووه‌. بێگومان له‌دوایدا ده‌بێته‌ قه‌شمه‌ری خه‌ڵك و كه‌وه‌ئاگادێته‌وه‌ دونیا ڕاسته‌قینه‌ ده‌بینێت، ئیدی به‌نائومێدی له‌سه‌ر دواپێخه‌ف ده‌مرێت.

له‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ ‌فیگوری دۆنكیخۆته‌‌ دالامانجا، به‌ریه‌كه‌وتنی دۆنكیخۆته‌ ده‌بینین له‌گه‌ڵ به‌هاگه‌وره‌كان كه‌ (ڕزگاركردنی دونیایه)‌ له‌ هێزه‌ شه‌ڕانیه‌كان، به‌بێئه‌وه‌ی ئامڕازه‌كانی ئه‌و به‌گژاجوونه‌وه‌ی پێ بێت. لێره‌وه‌ ده‌بینین ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی له‌چه‌ند پێچێكدا ‌له‌گه‌ڵ (به‌هاكانی نه‌ته‌وه‌) دا یه‌كدگیرده‌بێت، به‌بێئه‌وه‌ی به‌هاكانی خۆی وه‌ك ئه‌كته‌ری سیاسی بزانێت. به‌مانای به‌بێئه‌وه‌ی وه‌ك كاراكته‌ر سه‌ربه‌خۆیی له‌كه‌سێتی سیاسی خۆیدا بوونی هه‌بێت، تاوه‌كو گوتاری سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نێت و مامه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر بكات. به‌مه‌رجێك كۆی له‌(‌سه‌دا نه‌وه‌د و دوو) ی كورد، به‌زۆرینه‌ی ڕه‌ها ته‌عبیری له‌و سه‌ربه‌خۆبوونه‌ كرد، لێره‌وه‌ (سینیزمی كوردی – ئه‌لی گاڵته‌جاڕی كوردی) گه‌مه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كات، به‌ده‌ستلێدان له‌ دوو به‌های گه‌وره‌ (ڕۆحی نه‌ته‌وه)‌ و (به‌هاكانی سه‌ربه‌خۆیی).

نیگه‌رانی سوبێكتی سیاسی له‌به‌رامبه‌ر به‌هاكان

ئاشكرایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت و گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی (به‌هاكان die Werte – Values – ) داده‌مه‌زرێن، به‌مانای كاتێك به‌هایه‌كی نوێ دێته‌ ئاراوه‌، ئیدی كه‌ش و هه‌واكه‌ ده‌گۆڕێت، له‌وانه‌یه‌ سه‌ركه‌و‌تنی سیاسی به‌ده‌ست نه‌یه‌ت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كان له‌ناوه‌ڕاستی ڕێگه‌ پاشگه‌زببنه‌وه‌، به‌ڵام ئیدی به‌ها نوێیه‌كه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، وورده‌ وورده‌ ده‌بێته‌ فاكتێكی مێژوویی كه‌ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. له‌م خاڵه‌وه‌ ‌ تێده‌گه‌ین بۆچی توركیا و ئێران و ئێراق وه‌ك خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌كردنی ڕیفراندۆمدا بوون به‌هه‌ر نرخێك بێت، چونكه‌ ئه‌وان ده‌زانن فڕێدانی به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك (سه‌ربه‌خۆیی) بۆ مه‌یدانی پراكتیكی و (ئه‌قڵی گشتی) نه‌ته‌وه‌یه‌ك كارێكی ترسناكه‌. ئه‌وان ده‌زانن چۆن ده‌وڵه‌ت دروستده‌بێت، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هاكان و دوایش به‌هاكان وه‌رده‌گێڕدرێته‌ سه‌ر زمانی ئابووری و داموده‌زگا و په‌یوه‌ندییه‌كان. خۆ ئه‌گه‌ر دوایش سه‌ركردایه‌تیه‌ سیاسیه‌كه‌ی كورد ‌ گه‌مه‌ به‌ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم بكات ( كه‌ ئه‌مه‌ زانراوه و تاقیكراوه‌ته‌وه‌‌) ئه‌وا به‌ڕای ئه‌وان هه‌ر هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌؛ چونكه‌ به‌هایه‌كی سیاسی گه‌وره‌یان فڕێداوه‌ته‌ ناو ڕۆحێكه‌وه‌ كه ‌ ‌تاوه‌كو ئێستا وه‌ك (خه‌ونی شاعیران) سه‌یر كراوه‌، به‌ڵام ئێستا ده‌بێته‌ ئه‌كتێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه‌ش هه‌وڵدانی یه‌كه‌مه‌‌ بۆ بیناكردنی (ڕۆحی‌ نه‌ته‌وه‌) كه‌ بۆ شۆڤێنزمی ناوچه‌كه‌ كارێكی ترسناكه‌. بێگومان گه‌ر سه‌ركردایه‌تی ئێستای كوردی سه‌ودای پێوه‌ بكات، ئه‌وا ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ مێژووییه‌ ‌ له‌ناو فه‌زای سیاسیدا ئاماده‌یه و وه‌ك ‌ گوتارێك هێزه‌ سیاسیه‌ نوێیه‌كان ده‌توانن بیكه‌ن به‌گوتاری خۆیان، چونكه‌ ده‌نگه‌كان ده‌نگی زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بووه‌ و كردوویانه‌ به‌گوتارێكی مێژوویی. ئه‌مه به‌ڕای شۆڤێنزمی توركی و عه‌ره‌بی و فارسی‌ ترسناكترین ئه‌كت بوو كه‌ شۆڤێنزمی ده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه‌ پێی وابوو نه‌ده‌بوایه‌ بكرایه‌. به‌مانای ده‌وڵه‌تانی چوارده‌ور نیگه‌رانی كرده‌ مێژووییه‌كه‌ن، نه‌ك كاراكته‌ره‌ سیاسیه‌كانی پشت ڕیفراندۆمه‌كه‌! نیگه‌رانن به‌وه‌ی به‌هایه‌ك ها‌تۆته‌‌ ناو سایكۆلۆژیه‌تی میلله‌تانی ناوچه‌كه‌ و میلله‌تێكی دیاریكراویش كه‌ كورده‌ به‌زۆرینه‌ی ڕه‌ها ده‌نگی له‌سه‌ر داوه‌. هه‌ر بۆیه‌ هه‌موویان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن؛ كه‌ پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كان ڕابگه‌یه‌نن و نایه‌نه‌وێت دان به‌ده‌رئه‌نجامه‌كاندا بنێن. به‌مانای نایه‌نه‌وێت له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی دیكه‌دا مامه‌ڵه‌ و سه‌وداكاری بكه‌ن.

له‌ڕووی ئه‌قڵانیه‌تی پراكتیكیه‌وه‌،‌ گه‌ر تاوه‌كو 25.09.2017 سه‌ربه‌خۆیی خه‌ونی ته‌نها شاعیران بووبێت، ئه‌وا له‌دوای ئه‌م مێژووه‌ خه‌ونی له‌سه‌دا نه‌وه‌د و دووی میلله‌تێكه‌،‌ وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ و مێژوو. به‌مانای كرده‌یه‌كی مێژوویی ڕوویدا، له‌گروپێكی بچوكه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فراوان. ئه‌مه‌ش گه‌مه‌ ترسناكه‌كه‌ بوو، كه به‌ڕای شۆڤێنزمی ناوچه‌كه‌ ‌نه‌ده‌بوایه‌ ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ كوردییه‌، به‌م مێژووه‌ پڕ كێشه‌ی دیموكراتی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ بیكردایه‌، ئه‌مه‌ ئه‌كته‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كه‌ بوو، چونكه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕوانی ئه‌م ئه‌كته‌یان له‌م كاراكته‌ره‌ سیاسییه‌ نه‌ده‌كرد.

به‌دیوێكی تردا، ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی له‌م كرده‌ مێژوویه‌دا به‌رامبه‌ر دابه‌شبوونی كارا‌كته‌ری خۆی بۆوه‌‌، به‌مانای به‌رامبه‌ر دووفاقی مێژوویی خۆی ده‌بێته‌وه‌، به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت هه‌م قۆرخكاری سامانی میلله‌تی خۆی بێت و هه‌م گره‌وی مێژوویی سه‌ربه‌خۆییش بباته‌وه‌‌. ئه‌مه‌ش سه‌رسوڕمانه‌ گه‌وره‌كه‌ی كۆی ناوچه‌كه‌ بوو، به‌وه‌ی ئه‌م دوو به‌هایه‌ یه‌كناگرنه‌وه‌. له‌ڕاستیشدا ده‌بێته‌ ئه‌و پوشه‌ی عه‌ره‌ب ده‌ڵێت؛ پشتی حوشتر ده‌شكێنێت. هه‌ر بۆیه‌ من پێموابوو؛ كه‌ده‌نگدانی به‌ڵێی خه‌ڵكی كوردستان به‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ناوه‌ڕۆكیدا ڕووتكردنه‌وه‌ی ئه‌قڵی سیاسیه‌ كوردی بوو له‌به‌رده‌م به‌ها گه‌وره‌كانی وه‌ك؛ (ڕۆحی نه‌ته‌وه‌) (سه‌ربه‌خۆیی) و (كوردبوون) (مێژووگه‌رایی) و (ڕیزپه‌ڕكردنی گرێی به‌خۆ كه‌مزانین)… بێگومان ئه‌م به‌هایانه‌ هه‌موو ماسكه‌كان له‌ناو فه‌زای پراكتیكیدا لێده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م به‌ها گه‌ورانه‌‌ ئه‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كان ده‌خاته‌ به‌رده‌م لێپسراوێتیه‌ مێژوویی و ئه‌خلاقیه‌‌كانیانه‌وه‌.

دووفاقیه‌تی ئه‌قڵی سیاسی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسێۆنی سیاسی و میدیایی

پرسی وه‌ها گه‌وره‌ مامه‌ڵه‌ دووفاقیه‌كانی ‌ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسێۆن و ته‌نانه‌ت ئه‌قڵی كۆمه‌كی كوردی خسته‌ به‌رده‌م (خود – ناسینه‌وه‌‌) هه‌ر له‌ ناسینی (گرێی خۆبه‌كه‌مزانین) به‌رامبه‌ر بێگانه‌، تاوه‌كو ناسینی ئاستی ڕاستی و درۆیی (كوردبوون) له‌ناوكۆمه‌ڵگه‌دا. لێره‌دا هه‌ڵوێستیه‌ك ده‌كه‌م له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕووتكردنه‌وه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی له‌دوو ئه‌كتی سیاسیدا:

یه‌كه‌م ئه‌كت؛ ئۆپۆزیسێۆن – به‌ره‌ی نه‌خێر:

دیاره‌ به‌هایه‌كی وه‌ها گه‌وره‌ (سه‌ربه‌خۆیی) ئه‌كته‌رێكی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی خسته‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختی (ئیراده‌) و (بڕیاڕدان) له‌مه‌ڕ ئه‌كته‌ مێژووییه‌كان. خستیه‌ به‌رده‌م ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ی كه‌چۆن توانای ئه‌وه‌ نییه‌ كارته‌كانی ده‌ستی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بخاته‌ ده‌ستی خۆیه‌وه‌ و یان چ نه‌بێت نه‌هێڵێت به‌ته‌نێ جۆكه‌ری سیاسی له‌ده‌ستدا بێت، بێگومان ئه‌م قسه‌یه‌ش بۆ یه‌كێتی نیشتیمانیش ڕاسته به‌ڵام له‌فۆرمێكی تردا‌. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ‌دواچركه‌ی ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا كۆی پارته‌كه‌ی كرد به )‌یانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی( و ئه‌ندامه‌كانی سه‌رپشك كرد به‌وه‌ی كێها ئاره‌زوویكرد، به‌ئاره‌زووی خۆی ده‌نگبدات بدات به‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ی (سه‌ربه‌خۆیی) یان (دژه‌ سه‌ربه‌خۆیی) بێت. ‌ ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ‌ له‌چركه‌ ساتێكدا كۆی پارتێكی سیاسی به‌ناو ئۆپۆزیسێۆنی گۆڕی بۆ یانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌وه‌ی هه‌ر كه‌سه ‌و به‌ئاره‌زووی خۆی ئه‌وه‌ بكات كه‌ده‌یه‌وێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆ ئه‌ندام بیت له‌یانه‌كه‌دا و هیچیتر، یاخود كۆی پارتێك تاوه‌كو نیوه‌شه‌وی ڕیفڕاندۆم بڕیاڕه‌ نه‌دات و دوایی بڕیاڕ بدات به‌وه‌ی بڕیاڕ نه‌دات!

لێره‌وه‌ (ناچالاكبوونی (بڕیاڕدان) مان بینی كه‌چۆن پارتی سیاسی ده‌كاته‌ )یانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی( و گوتاری سیاسی لێ ده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ زیاتر له‌ناو بزواته‌ (پشتخانه‌ چه‌په‌كاندا) ڕووده‌دات و پارته‌ كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان ناگرێته‌وه‌. ئه‌م یانه‌یه‌ و ئه‌م ئه‌قڵی (یانه‌گه‌رێتییه‌) ئاپۆڕه‌ی به‌هاوار دروستده‌كات، خه‌ریكی هاواری میدیاییه‌، مردنی سه‌ركرده‌كان وه‌ك ئایكۆن ده‌چێته‌ جێگه‌ی گوتاری سیاسی و دیسكۆرسی سیاسی و ئه‌كتی سیاسی. له‌ڕووداوه‌كانیشدا یانه‌كان هه‌ر یانه‌ن هه‌ر یه‌كه‌و به‌ئاره‌زووی خۆی لێدوان ده‌دات و لایه‌نگری ده‌كات، به‌بێئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی سزای حزبی بێت، چونكه‌ گرنگترین خاڵ له‌چوونه‌ ناو یانه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ خاوه‌نی ناسنامه‌ی یانه‌كه‌ بیت و ئابوونه‌كه‌ت بده‌یت، ئه‌ویتر بۆ خۆت ده‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌، بۆ یه‌كمجاره‌ له‌مێژووی ئێمه‌دا (یانه‌ی سیاسی ) جێگه‌ به‌ (حزبی سیاسی) بگرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیش ‌ یه‌كێتی كه‌سی نه‌بوو و گۆڕانیش چه‌نده‌ هاوار ده‌كات دژی سه‌رۆك كه‌چی كه‌سی كاندید نه‌كرد بۆ سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی یانه‌كه‌ش پرسیار ناكه‌ن بۆ ئه‌مه‌ ڕووده‌دات؟ چونكه‌ (یانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی) ئه‌ركی سیاسی و لێپسراوێتی سیاسی له‌سه‌ر شانی هه‌مووان لاده‌بات، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌ركی یانه‌، كوشتنی پرسیاره‌ له‌مه‌ڕ جه‌وهه‌ری یانه‌كه‌، گرنگ بوونته‌ له‌ناو یانه‌كه‌ و هیچیتر. هه‌ر بۆیه‌ كه‌س پرسیاری نه‌كرد بۆچی سێ ڕۆژ دوای به‌سه‌ر ماوه‌ی خۆ كاندیكردندا به‌سه‌رچوو، ئه‌وسا كاراكته‌رێكی بێده‌نگی خۆی خۆی نارد بۆ خۆ تۆماركردن و ڕه‌تكرایه‌وه‌؟

ئاوه‌ها ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی (كڵابیزم – یانه‌چێتی) ده‌خاته‌ بری (پارتی سیاسی) خاوه‌ن دید و بڕیاڕ و ئه‌كتی مێژوویی. ‌ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان كه‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ری هه‌ردوو پارته‌كه‌ن، پاشماوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیستن ‌له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ی ماركسیزم لینیزمه‌وه‌ پێگه‌یشتوون، ئه‌مانیش وه‌ك هه‌موو بزواته چه‌په‌كانی دونیا بوون به ‌(یانه‌ی سیاسی) كه‌ جگه‌ له‌دروستكردنی (ڤاریتێ سوبێكت – Vérité Subjekt – خودی نمایشكار) هیچی تریان لێ به‌رهه‌منایه‌ت، كۆی چه‌پی دونیاش ئێستا هه‌ر خه‌ریكی نمایشه‌ و خودی نمایشكاره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌كت بكات. به‌دیوێكی تردا نه‌خۆشی ( یانه‌-بوونی چه‌پ و كۆنه‌ چه‌پ) دیارده‌یه‌كی دونیایی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌ و به‌شێوازێكی دیكه‌ فیگوره‌ چه‌په‌دێرینه‌كانی دونیای سێهه‌می تووشكردووه‌، هه‌ر بۆیه ئه‌كته‌ره‌كانیان ده‌بینی به‌رده‌وام له‌(خود-نمایشی Vérité Subjekt ) ‌ به‌رده‌وامدان وه‌ك (خودێكی هه‌موو شت زان) و (گێڕه‌وه‌ی هه‌موو شت زان) خۆیان نمایشده‌كه‌ن . سه‌یریش نییه‌ له‌ناو ئه‌م یانه‌ نمایشكارانه‌دا بێژه‌ران و دروشمخوازه‌كان خۆشه‌ویست بن. تێبینیش ده‌كه‌ین ژماره‌ی بێژه‌ره‌كان و نمایشكارانی ده‌نگ گڕی ماسكولین، كه‌توانای هاوار و دروشم گوتنه‌وه‌یان هه‌یه‌ زۆرترین ژماره‌ی كورسیه‌كانی په‌ڕله‌مانی كوردستان پێكبهێنن، چونكه‌ له‌یانه‌دا نمایش مه‌رجه‌، نه‌ك دیسكۆرسی سیاسی. له‌م خاڵه‌وه‌ ‌ به‌ره‌ی نه‌خێر وه‌ك دیارده‌یه‌كی هاوته‌ریبی ئه‌م (نمایشكارییه‌) دروستبووه‌ و له‌ناو هه‌نای میدیاوه‌ خۆی ده‌هاوێته‌ ناو فه‌زا سیاسیه‌كه‌وه‌.

به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ (به‌ره‌ی نه‌خێر) ڕوونتره‌ له‌ هه‌ڵوێست و ته‌عبیركردن له‌ئیراده‌ و شه‌ڕی خۆی كردووه‌ و له‌سه‌دا حه‌وتی زیاتر به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی له‌م گوتاره‌دا پۆپۆلیزمه‌ به‌هه‌موو فۆرمه‌ دووفاقیه‌كه‌یه‌وه‌، له‌وه‌دا ته‌عبیر له‌خۆی ده‌كات كه‌ هێزی پشته‌وه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه‌ پرۆدێكتی گه‌نده‌ڵیه‌ و موماره‌سه‌ی دژه‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كات، دژه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ بێڵام ‌گوتارێكی دژه‌ گه‌نده‌ڵیه‌كه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی هیچ مێژوویه‌كی ئۆپۆزیسۆن بوون نییه‌. له‌سه‌ر گریمانه‌یه‌كی پۆپۆلیستی ساده‌ وه‌ستاوه‌ به‌وه‌ی؛ مادام ده‌سه‌ڵات ئه‌م ئه‌كته‌ی گرتۆته‌ ده‌ست، ئیدی ده‌بێت ئێمه‌ دژی بین، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتێكه‌ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ و له‌زۆر ئه‌كتدا نادیموكراته‌! ئه‌م (ئه‌قڵه‌ پۆپۆلیزمه) ‌ سه‌یری ده‌سته‌كانی خۆی ناكات كه‌ ده‌ستێكی دروستكراوی گه‌نده‌ڵیه‌ له‌فۆرمێكی تردا بۆ كاپیتالێكی تر خۆی ڕاپسكاندووه‌. ئه‌م ئه‌قڵه‌ له‌به‌ر به‌ره‌ژوه‌ندی بێت یان به‌شێكی بچوكیان به‌بڕوای خۆیان بێت، مه‌له‌فه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی و دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی و ئازادیان تێكه‌ڵكردووه‌، به‌ڵام وه‌ك هه‌موو ته‌وژمێكی پۆپۆلیزمی نوێ له‌دونیادا به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست هۆشیارییه‌كی ساخته دروستده‌كات، له‌سه‌ر بنه‌مای زۆر ساده‌ كار ده‌كات، بۆ نمونه‌ پۆپۆلیزمی (ناسیونال – سۆسیالزم \نازیه‌ت) له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م كۆی دۆڕاندنی جه‌نگ و باجی گه‌وره‌ی دۆڕاندنیان نه‌خسته‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵی حوكمی پرۆیسیه‌كان، به‌ڵكو هاتن خستیانه‌ سه‌رشانی جوله‌كه‌كانی ناو ئه‌ڵمانیا و به‌مه‌ش له‌هه‌ڵبژاردندا بردیانه‌وه‌ و چوونه‌ ناو ده‌سه‌ڵات و (ئادۆلف هیتله‌ر) ی نه‌مساوی ‌ توانی پێی ببێته‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاتێكی دیكه‌ ئه‌ڵمانیایه‌.

له‌دونیای سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا هه‌مان كاركردنه‌، هه‌مان گه‌وجاندن و سه‌رلێشواندنه، به‌ڵام ‌ پشت ده‌به‌ستێت به (‌تۆك شۆ) و نمایشی ساده‌كاری پڕنسیبه‌كان و گه‌مه‌كردن پێوه‌ی بۆ گه‌وجاندنی گشتی و دروستكردنی ژنیگه‌یه‌كی پۆپۆلیستی تێدا گه‌وجاندن مێگه‌لی سیاسی دروستده‌كات. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو وه‌ك چۆن بزوتنه‌وه‌ی AFD ڕه‌گه‌زپه‌رست و دژه‌ بێگانه ‌‌له‌م ساڵانه‌ی دوایی له‌ئه‌ڵمانیادا توانیان چینی ناوه‌ڕاست، یان بابڵێن بۆرژوازی بچوكی ڕۆشنبیر بۆ خۆی ڕاكێشێت و ئێستا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دوایدا توانیان ببنه‌ هێزی سێهه‌م له‌په‌ڕله‌مان و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا. ئاوه‌ها ئه‌م به‌ره‌ی نه‌خێره‌ چه‌ند هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیری بۆ خۆی ڕاكێشا. لێره‌دا پێموایه‌ ته‌وژمی پۆپۆلیزمی نوێ ده‌موچاوێكی دیكه‌ی گڵۆباڵیزمه‌ و له‌م ساڵانه‌ی دوایی مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی له‌هه‌ڵكشانیدا بۆ سه‌ر به‌هاكانی ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و موڵتی كولتوریزم و سۆلیداڕێتی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستكردووه‌ ، بۆنمونه‌ پارتێكی ڕاستڕه‌وی وه‌ك UKP له‌بریتانیا توانی ڕیفراندۆمی برێكست له‌سه‌ر ڕسته‌یه‌كی ساده‌ وه‌ك ( بریتانیا ته‌نها بۆ بریتانیه‌كانه‌) بباته‌وه‌ و ڕایان وه‌هابوو ده‌بێت ده‌رچن له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا، شۆك بوو كه‌ئه‌مان به‌م ساده‌كارییه‌ توانیان برێكست ببنه‌وه، ته‌نانه‌ت بۆ به‌شێك كۆنزه‌ڤاتیزمی ئه‌م بردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم بریتانیش شۆك بوو.

سیفه‌تێكی دیاری ئه‌قڵ ‌ پۆپۆلیستی ئه‌وه‌یه‌ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌هه‌مه‌لایه‌نی له‌گوتاری نوسراو و گوتراودا، هه‌میشه‌ ئه‌و هۆشمه‌ندییه‌ ساده‌ی سه‌رجاده‌ زیندووده‌كاته‌وه‌ و ده‌یكات به‌فۆرمێكی سیاسی و دووباره‌ فڕێداداته‌وه‌ ناو مۆب و كۆمه‌ڵگه‌، به‌ئامانجی دروستكردنی مێگه‌لی جه‌ماوه‌ری به‌هاوار به‌مانای دروستكردنی ( مێگه‌ل – Pöbelپوۆپل – Mobمۆب) سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ ئه‌مه‌ش جنێوی سیاسی، مۆرلێدان له‌م هێز و یان ئه‌ویتری نه‌یاری، قسه‌فڕێدانی بازاڕیانه‌ له‌فۆرمێكی میدیایی و دروستكردنی حه‌یاچوون و سكانداڵه‌كان كاری ئه‌وه‌. ئه‌م ئه‌قڵه‌ هه‌میشه‌ هاوار ده‌كات، به‌بێ هاوار توانای ژیانی نییه‌. ئه‌م ئه‌قڵه‌ له‌قووڵبوونه‌وه‌ و هه‌ستی جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م له‌ئه‌ویتر ده‌ترسێت. ئه‌م ئه‌قڵه خۆی به‌ڕسته‌ی كورت و ته‌شهیری په‌له‌ و ڕسته‌ی تیژی بۆ شكاندین به‌رامبه‌ر ده‌خاته‌ گه‌ڕ.

هه‌ره‌ها ‌ گشتاندن و ستیرۆتایپكردن و مۆرلێدانی ئه‌م و ئه‌و به‌ گه‌نده‌ڵ و دژه‌ گه‌نده‌ڵ و شۆڕشگێڕ و جه‌لاد و فریشته‌ كاری ڕۆژانه‌یه‌تی. دیاره‌ ساڵانێكه‌ ڕۆشنبیرانێك هه‌ن به‌جووته‌ و به‌كۆمه‌ڵ ‌گوتاری پۆپۆلیستی ده‌نوسن، ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو شتێك قسه‌بكه‌ن و پابه‌ندی بكه‌نه‌وه‌ به‌ شه‌ڕه‌كانی خۆیانه‌وه‌. میتۆده‌كی دیكه‌یان به‌رده‌وامی ده‌ركه‌وتنه‌ له‌سه‌ر شاشه‌كان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ڕسته‌ی جاده‌ له‌فۆرمێكی ساده‌دا به‌ناوی شرۆڤه‌ی سیاسیه‌وه‌، كۆی ئه‌م ژینگه‌ پۆپۆلیزمه‌ و زۆنگاوه‌ پڕ هاواره‌ی دروستكردووه‌. ئه‌م ئه‌قڵه‌ كه‌ كاری له‌ قاڵبدانی ڕای جیاوازه‌ و خه‌ریكی پۆلێنكردن و جنێوی سیاسی دروستكردنه‌، كه‌شێكی دروستكردووه‌ كه‌ مێگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی پڕ كردووه‌ له‌ وزه‌ی نێگه‌تیڤی پڕ جنێو، كه‌ده‌رهاویشته‌ی ئه‌م گوتاره‌ جنێوبازییه‌ هیچیتر نییه‌، جگه‌ له‌ پۆپۆلیزمی ئه‌قڵێكی گاڵته‌جاڕی له‌و وه‌همه‌دا ده‌ژی كه‌ پراكتیزه‌ی گوتاری ڕۆشنگه‌رانه‌ ده‌كات. ئه‌م هۆشمه‌نده‌ ساخته‌یه‌ به‌ده‌ربڕینی سلۆته‌ردایك ‌ كۆی میدیای بنیراو بیستروا و نوسراو له‌كوردستاندا كاری له‌سه‌ر ده‌كات و له‌كوردستانیشدا ساڵانێكه‌ ئه‌م له‌قاڵبدان مۆر لێدان و جنێوفرۆشیه‌ بۆته‌ خۆراكی بردنه‌وه‌ی كورسیه‌ په‌ڕله‌مانی و وه‌رگرتنی پسوڵه‌ی نه‌وتی دزراو و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرا له‌ڕێگه‌ی پۆپۆلیزمه‌وه‌. ‌

ئاوه‌ها له‌فۆرمێكی لاوازدا كاپیتالیزمی به‌رهه‌مهاتووی مافیاگه‌رایی له‌كوردستاندا به‌ره‌یه‌كی دروستكرد به‌ناوی (به‌ره‌ی نه‌خێر) هه‌موو جارێكیش به‌ئاشكرا ده‌یانگووت؛ گه‌ر ئێمه‌ به‌رهه‌می گه‌نده‌ڵین بۆچی دادگایمان ناكه‌ن؟…ئاوه‌ها ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی له‌ناو كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی یه‌كتردا شه‌ڕی یه‌كتریان ده‌كرد. لێره‌وه‌ پۆپۆلیزمێكی ساده‌ی كاپیتالی لۆكالی كه‌خه‌ون به‌وه‌ ده‌بینێت وه‌ك ده‌سه‌ڵات ببێته‌ كاپیتالی نه‌وت، له‌به‌رامبه‌ر (به‌های سه‌ربه‌خۆیی) گه‌مه‌ی پۆپۆلیستی خۆی له‌فۆرمێكی بچوكدا وازی ده‌كات. به‌ده‌سته‌ ئه‌نقستی جیاكردنه‌وه‌ی (ئه‌م) له (‌ئه‌ویتر) تێكه‌ڵ ده‌كات‌، یاخود بۆ به‌رژوه‌ندییه‌كی لۆكالی و كه‌سی، باز به‌سه‌ر بڕیاڕدان به‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌دا ده‌دات و لۆجیكی لێ تێكده‌چێت.

له‌ڕاستیدا گه‌نده‌ڵی پرسی ژیانی ڕۆژانه‌یه به‌درێژایی سه‌ده‌كان له‌چه‌نده‌ها فۆرمدا خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌بێت به‌رده‌وام شه‌ڕی بكرێت، به‌ڵام سه‌ربه‌خۆیی شوناسه‌، سنووره‌، كه‌رامه‌تی نیشتمانییه‌ و یه‌كجار ڕووده‌دا و جێگیر ده‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر وڵاتانی دونیا چاوه‌ڕێیی ئه‌وه‌یان بكردایه‌ تاوه‌كو دیموكراتی بگاته‌ دوا ترۆپكی كه‌ماڵ، ئه‌وسا سنوور و پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان بانگه‌شه‌ بكردایه‌، ئه‌وا ده‌بوایه‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌ی تێدا نه‌بێت كه‌خاوه‌ن سنوور و ده‌وڵه‌ت بێت. خۆ له‌گریكی كۆنه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام دیموكراتیه‌ت پڕۆسه‌یه‌كه‌ تا ئه‌مڕۆ كۆتایی نایه‌ت. لێره‌وه ‌ده‌وڵه‌ت قه‌واره‌یه‌، سنووره‌، ماڵه‌، شوناسێكی سه‌ره‌تاییه‌، ده‌بێت هه‌تبێت، تاوه‌كو نه‌تبێت دیموكراتی له‌كوێدا به‌دیده‌هێنیت. ته‌نانه‌ت وه‌كو نوسه‌ر (به‌كر عه‌لی) ده‌ڵێت؛ تاوه‌كو نه‌ته‌وه‌ نه‌بیت ناتوانیت نێونه‌ته‌ویی بیت، تۆ ده‌بێت National بیت ئه‌وسا ده‌توانیت International وه‌ك ئه‌وه‌ وه‌هایه‌ تۆ بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایت نه‌بێت و بته‌وێت بچیت له‌زانكۆ بخوێنیت.

به‌ڵام ده‌شبێت ئه‌وه‌ بڵێین؛ كه‌ گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ده‌وڵه‌ت دروستكردن له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا هه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دیموكراتیه‌ت دامه‌زرابێت، به‌ڵام (دیموكراسیه‌كی كامڵ) وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی لێوه‌ ده‌‌كرا، ئه‌مه‌ خاڵی گاڵته‌جاڕیی ئه‌م ئه‌قڵه‌یه‌. ساده‌كارییه‌ بڵێین؛ كه‌ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ناو میلله‌تێكدا مه‌رجی جێبه‌جێكردنی یه‌كڕاسته‌ی نییه‌، زۆر میلله‌تان هه‌ن چه‌نده‌ها جار ڕیفراندۆمیان كردووه‌ و ده‌یكه‌نه‌وه‌، به‌مانای به‌چه‌نده‌ها قۆناغدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌مه‌ چركه‌ ساتێكه‌ كۆی میلله‌تێك، گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بڕیاڕده‌دات به‌وه‌ی چی له‌دڵیاتی به‌كۆ بیخاته‌ ناو سنقوی ده‌نگدانه‌وه‌. ئه‌وه‌نده‌ی ڕه‌مزییه‌تی ده‌رئه‌نجامه‌كان گرنگه‌، به‌وه‌ی به‌هایه‌كی نوێ ده‌خاته‌ ناو كایه‌ی سیاسی و كولتورییه‌وه‌، كه‌ ‌ گوتاری سیاسی له‌دوایدا به‌ گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كات. ئه‌مه‌ش گرنگی هه‌ر ڕیفراندۆمه‌كی سه‌ربه‌خۆییه‌ له‌هه‌ر شوێنێكی دونیادا بێت به‌تایبه‌ت به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی هیچی نه‌كردبێت، (شوناسێكی ڕه‌مزی) دایه‌وه‌ به كورد خۆی وه‌ك میلله‌تێك كه‌به‌درێژایی مێژوو جینۆساید كراوه‌ و زمانی لێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ و بوونی فیزیكی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامدا بووه‌‌. ئه‌م به‌ڵێیه‌ له‌دژی دووباره‌ جینۆساید ، له‌دژی ئه‌قڵی كۆلۆنیالستی و شۆڤێنزمی ناوچه‌كه‌ بوو، بانگه‌شه‌ش بوو بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ ئه‌م میلله‌تانه‌ پێكه‌وه‌ دانیشتن و باس له‌چاره‌نوسی هاوبه‌ش بكه‌ن، به‌مانای چه‌نده‌ها ڕه‌هه‌ندی مێژوویی گه‌وره‌ی له‌خۆی گرتووه‌، ده‌نا له‌سه‌دا نه‌وه‌دووی باشووری كوردستان و به‌پشتگیری كۆی كورد، ده‌نگی خۆی پێ نه‌ده‌به‌خشی. ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ ده‌نگدانێك بوو له‌دژی شۆڤێنزم و پان عه‌ره‌بیزم و توركیزم و ئێرانیزمی ده‌وڵه‌ته‌ ناسیونالیزمیه‌كانی ناوچه‌كه‌. لێره‌وه‌ ئه‌م ده‌نگدانه‌ ده‌چێته‌ پاڵ ئه‌و هێزه‌ی كه‌داوای فراوانكردنی دیموكراسیه‌ت و دادگایكردنی گه‌نده‌ڵی ده‌كات، چونكه‌ ئه‌م وزه‌گه‌وره‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ كه‌داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، هه‌مان وزه‌یه‌ كه‌داوای دادپه‌روه‌ری ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌ر غیابی هێزی سیاسی ئۆپۆزیسێۆنی ڕاسته‌قینه‌، ئه‌م وزه‌یه‌ ده‌چێته‌ ناو ده‌ستی هێزه‌ ته‌قلییدیه‌كانه‌وه‌، كه‌ئه‌مه‌ش لاوازی ئه‌م به‌ره‌یه‌ نیشانده‌دات كه‌جگه‌ له‌ فینۆمێنێكی میدیایی و كولتوری هاواركردن نه‌بێت، هیچیتر نین. له‌سه‌ر ئاستی كرده‌یی، مۆبیلاریزه‌كردن و ڕێكخستن و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌ندامه‌كانیان، به‌هه‌مان میتۆد و كولتوری هێزه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاته‌، هه‌ر بۆیه‌ گوتارێكی جیاواز، دیسكۆرسی جیاواز نابینین له‌سه‌ر ئاسته‌ سیاسی و كرده‌ییه‌كه‌دا، و ناتوانێت ئه‌م وزه‌ گه‌وره‌یه‌ ی له‌سه‌دا نه‌وه‌دودووه‌ مۆبیلاریزه‌ بكات، به‌ڵكو نه‌زانانه‌ له‌دژی خه‌ونه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وستێته‌وه‌ یاخود دوودڵه‌ له‌ده‌نگدان.

دووفاقیه‌تی سیاسی و مۆڕاڵی ، چۆن له‌كاركته‌ره‌ سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ئاشكرایه‌، ئاوه‌هاش له‌ناو (به‌ره‌ی نه‌خێره‌ فه‌رمییه‌كه) و ڕابه‌ڕی یه‌كه‌مدا ئاشكرا خۆی نمایشده‌كات. ئه‌م كاراكته‌ره‌ خۆی به‌رهه‌می گه‌نده‌ڵییه‌، به‌شێكه‌ له‌ئابوورییه‌ك‌ له‌كوردستانێكدا، كه‌ئابووری میلیشیا و مافیایزمه‌. پڕۆژه‌ی ئابووری گه‌وره‌ له‌كوردستاندا یه‌كسانه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی و دۆسیه‌كانی ده‌سه‌ڵات ‌و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كانی پشت پرۆژه‌كان، ئه‌مه‌ لای منداڵێكی قۆناغی سه‌ره‌تایی ئاشكرایه‌، ئیدی چۆن گه‌نجێك ئاوه‌ها له‌پڕ بوو به‌ملیۆنێرێكی ترسناك و بیزنس مانێك له‌وڵاتێكدا كه‌خاوه‌نی هیچ پیشه‌سازی و ئابووریه‌كی به‌رچاو نییه‌. ئه‌مجۆره‌ ئابوورییه‌ مافیاگه‌راییه‌ له‌ئه‌مریكای لاتین، كامبۆدیا و كۆڵۆمبیا و ئه‌رجه‌نتین و زۆریتر له‌وڵاتانی ئه‌فریقادا بوونی هه‌یه‌، كه‌ملیۆنه‌ره‌كان له‌ خانووی ته‌نه‌كه‌وه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ خانووی ئاڵتونی. لێره‌وه‌ نه‌خشه‌ی ئه‌م (نه‌خێره‌ فه‌رمییه‌) ده‌رهاویشتیه‌كی دیكه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌ له‌ته‌نیشت ده‌رهاویشته‌كانی دیكه‌وه‌ و به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردییه‌.

دووهه‌م ئه‌كت – پارتی دیموكرات و نیوه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی؛

ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی سیاسی، سینیزمی سیاسی، له‌ناو پارتی دیموكراتدا به‌جۆرێكی دیكه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ها گه‌وره‌یه‌ (سه‌ربه‌خۆیی)‌ كرد. وه‌ك گه‌مه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرد، كه‌بتوانێت نه‌یاره‌ لۆكالیه‌كانی تێكبشكێنێت و لاوازیان بكات، بوارێكی فراوانیش بكاته‌وه‌ بۆ كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی، بێگومان به‌جۆره‌ی پارتی خوازیارێتی.

دیاره پێش هه‌موو شتێك یه‌كێك له‌سیفه‌ته‌كانی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی ئه‌وه‌یه‌ شتێك ده‌ڵێت و شتێكی دیكه‌ ده‌كات و شتێكی تر له‌پشت كرده‌كانیه‌وه‌یه‌تی، به‌مانای هه‌ڵسوكه‌وت و شێوازی بیركردنه‌وه‌ و كرده‌ی وه‌ك یه‌ك نین. لێره‌دا له‌ناو پارتیدا به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست بێت یاخود ده‌رهاویشته‌ی ئۆتۆماتیكیانه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی بێت، به‌هاكان ده‌چنه‌ ناو كایه‌ی كاركته‌ره گه‌مه‌كاره‌ سیاسیه‌كه‌وه‌، به‌مانای به‌هاكان تاوه‌كو ئه‌و چركه‌ ساته‌ به‌هان، كه‌چه‌ند ئامانجێكی لۆكالی بچۆك ده‌پێكن، ئیدی ڕه‌هه‌نده‌ گه‌وره‌ دوو مه‌وداكه‌ی جێگه‌ی گرنگی پێدا نییه‌. بێگومان ئه‌م ئه‌قڵه‌ یان ئه‌وه‌یه‌ نه‌زانانه‌ خۆی داوه‌ته‌ به‌ر ئه‌م پرسه‌ گه‌وره‌یه‌، كه‌ئه‌مه‌ گریمانه‌یه‌كی لاوازه‌، یاخود له‌پێچێكدا بیری له‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌ش كردۆته‌وه‌ كه‌دوای ڕیفراندۆم دێته‌ ئاراوه‌ و ده‌توانێت گه‌مه‌ی تێدابكات، به‌وه‌ی گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت له‌كوێدا بكرێت، له‌سنووری ده‌نگدانی سه‌ربه‌خۆیی كه‌ ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كانه‌ یاخو له‌ سنووری هه‌رێمه‌ فیدرالیه‌ ئێراقیه‌كه‌؟

لێره‌وه‌ جارێكیتر سینزمی كوردی گه‌مه‌ به‌به‌هاكان ده‌كات، چونكه‌ گه‌ر ئۆپۆزیسێۆن داوای هه‌ڵبژاردنی گشتی بكات له‌واده‌ی خۆیدا، ئه‌وا له‌به‌ر یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند سنووره‌ جوگرافیه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن گرفتی تێده‌كه‌وێت، گه‌ر سووربێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌پێی سنووره‌ هه‌بووه‌كان ، ئه‌وا به‌رامبه‌ر دووگرفت ده‌بێته‌وه‌؛ یه‌كه‌م وه‌ك ئه‌وه‌ وه‌هایه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سنووری هه‌ڵبژاردنی ڕیفراندۆم بكات. چونكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سنووری پێش ڕیفراندۆم خۆی له‌خۆیدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌كی پراكتیكیانه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆمه‌! به‌مه‌ش دووباره‌ ئۆپۆزیسێۆن ده‌خرێته‌ به‌ر هێرشی دژه‌ سه‌ربه‌خۆیی و نیشتمان په‌روه‌ری ده‌خرێته‌ به‌ر پرسیار، كه‌ئه‌مه‌ش زیان له‌ئۆپۆزیسه‌ۆنه‌كان ده‌دات، یاخود ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت رازی بن به‌ چاوه‌ڕێكردنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم كه‌ سه‌رۆك بارزانی دووساڵی بۆ دیاریكردووه‌، به‌مه‌ش هه‌م پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن دواده‌خرێت، و هه‌م پێگه‌ی پارته‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات به‌هێزتر ده‌بێت…

ئه‌وه‌ی له‌م كرده‌یه‌دا، له‌م شێوازی بیركردنه‌وه‌یه‌دا سه‌رنجی من ڕاده‌كێشێت، دروستكردنی فه‌زایه‌كه‌ تێدا دووفاقی و دوو ده‌موچاوی دروستده‌كات، به‌مانای دروستكردنی ژنیگه‌یه‌كی پڕمیكرۆبی گاڵته‌جاڕی كه ‌كاراكته‌ره‌كان بۆ سیاسه‌تكردن ده‌بێت یان بێده‌نگ بن، یان بچنه‌ باری چاوه‌ڕوانی، یاخود ده‌بێت گه‌مه‌ی دووفاقی بكه‌ن، به‌مانای هه‌ڵبژارده‌كانی كه‌ پارتی دیموكرات وه‌ك هه‌موو پارتێكی كۆنزه‌ڤاتیڤه‌كی دونیا ده‌یخاته‌ به‌رده‌م هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی دوو چاره‌سه‌ر ده‌هێڵێته‌وه‌ یان ده‌بێت گه‌مه‌كار بیت له‌گه‌لیدا، یاخو ده‌بێت له‌ناو ونبووندا ، بۆهیمیانه‌ لێدوان و هه‌ڵوستی دژ به‌یه‌كت هه‌بێت. ئه‌م گه‌مه‌یه‌ ته‌نانه‌ت توانیوویه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردسیتانیش بكاته‌ دووبه‌شه‌وه‌، گۆڕان بكاته‌ دووبه‌شه‌وه‌ له‌ده‌نگداندا، و له‌به‌غدا شتێك و له‌كوردستان شتێكی دیكه‌، له‌سه‌ر شاشه‌كان شتێك و له‌هه‌ڵوێستێكی دیكه‌ شتێكی تر، ئاوه‌ها تاكه‌ كه‌س كه‌ كۆی ئه‌م كۆڕاڵه‌ هیپۆكرسیه‌ (دووفاقییه‌) ده‌جوڵێنێت پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.

دیوێكی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌ی گاڵته‌جاڕی له‌وه‌دا خۆی نمایشده‌كات كه‌ پارتی دیموكرات چاوه‌ڕوانی ئه‌و پشتگیریه‌ گه‌وره‌یه‌یان نه‌ده‌كرد له‌م پڕۆسه‌یه‌، خۆیان بۆ گه‌مه‌یه‌كی سووكتر ئاماده‌كردبوو، نه‌ك گه‌مه‌یه‌كی قورس له‌گه‌ل جیهاندا. ئه‌م بیروڕایه‌ له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ گه‌مه‌ی خۆی ده‌كرد، به‌وه‌ی گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ بیروڕای (ئه‌نتی – پارتی) كاردانه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانراو ده‌بێت به‌وه‌ی؛ ‌ بارزانی ده‌یه‌وێت به‌م پرسه‌ شوێنای خۆی له‌سه‌رۆكایه‌تیدا درێژه‌ پێبدات…‌ئه‌مه‌ لای هه‌مووان ئاشكرایه‌. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ مه‌زنده‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌شداریی بكه‌ن‌، به‌ڵام ده‌ڤه‌ری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و كوردانی هه‌نده‌ران و گۆڕان و ئیسلامیه‌كان و به‌شێكی زۆری مووچه‌خۆران ده‌نگ نه‌ده‌ن و بایكۆتی بكه‌ن. به‌مانای ئه‌م ئه‌قڵه‌ وه‌های مه‌زنده‌ كردبوو؛ كه‌ به‌شدارییه‌ك ده‌بێت خۆی له‌سه‌روو په‌نجاوه‌ ده‌دات، به‌مانای (به‌ڵێیه‌كی لاواز) بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بێگومان (به‌ڵێی لاواز) ده‌كرێت سه‌وداكاری له‌سه‌ر بكرێت چونكه‌ به‌ڵێیه‌كی لاوازه‌. یاخود گریمانه‌ی ئه‌وه‌یان دانابوو، كه‌ كۆی ده‌نگدان (په‌نجا به‌په‌نجا) بكه‌وێته‌وه‌، یاخود له‌حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا نه‌خێر ده‌بێت. به‌مانای به‌شداری و به‌ڵێیه‌كی لاواز ‌ده‌نگدانه‌وه‌ی جیهانی به‌رچاو به‌دووی خۆیدا ڕاناكێشێت، یاخود ده‌نگدان به‌نه‌خێر ده‌شكێته‌وه‌، به‌مه‌ش پارتی دوو قازانجی سیاسی له‌به‌رچاو بوو:

یه‌كه‌م: گه‌ر شكستی هێنا پارتی ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی نیشتمانی و ئه‌وانیتر دژه‌ سه‌ربه‌خۆیی.

دووهه‌م: گه‌ر سه‌ركه‌و‌تنێكی لاوازی هێنا، ئه‌وا له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌كی ڕه‌ها نین، ده‌توانێت له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌ودا بكات و به‌مه‌ش‌ پارتی له‌گۆشه‌گیری سیاسی ئێستای دێته‌‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌یكاته‌وه‌ به‌ئه‌كته‌ری بڕیاڕده‌ری چاره‌نوسه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌هایه‌كی دیكه‌ ده‌به‌خشێت به‌ پارتی، وه‌ك پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نمایشده‌كات.

لێره‌وه‌ پێموایه‌ گه‌ر پارتی دیموكرات دركیان به‌وه ‌بكردایه،‌ نه‌یاره‌ سیاسی و فیكرییه‌كانی پارتی به‌و جۆشه‌وه‌ به‌شداریده‌كه‌ن وده‌چن ده‌نگ به‌ (به‌ڵێ) ده‌ده‌ن و زۆرینه‌ی ڕه‌ها به‌ده‌ستدێنن، ئه‌وا پارتی دیموكرات ئه‌م هه‌نگاوه‌ی نه‌ده‌نا. گه‌ر بیانزانیانه‌ له‌سه‌دا نه‌وه‌د و دوو به‌شداری ده‌كات به (‌به‌ڵێ) كه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌وه‌ی (كاتالانیا) به‌رزتره‌، به ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ی میلله‌تی كورد هۆشیاره‌ به‌وه‌ی چوار ده‌وری به‌سوپای زۆر دڕنده‌ دراوه‌ و سزای توند ده‌درێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ده‌نگ به‌به‌ڵێیه‌كی به‌هێز ده‌دات. به‌مجۆره‌ وه‌ك گریمانه‌یه‌ك پێموایه‌ هاوكێشه‌كه‌ بۆ پارتی دیموكرات قورستر كه‌وتۆته‌وه‌. دیاره‌ ده‌كرێت له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ پێچه‌ به‌ده‌وره‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، به‌ڵام گه‌ر بیكه‌ن، ئه‌وا له‌ڕووی ئه‌خلاقی و دۆسیه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، نسكۆیه‌كی تره‌ نه‌ك ته‌جاوزی نسكۆی ١٩٧٥ ناكات، به‌ڵكو ده‌بێته‌ نسكۆی ٢٠١٧ بۆ مێژووی پارتی دیموكرات و خودی سه‌رۆك بارزانی.

له‌م گریمانه‌یمدا پێموایه‌ ئه‌وان گره‌و‌یان له‌سه‌ر (به‌ڵێی لاواز) یان تاڕاده‌یه‌ك نه‌خێر كردبوو. بۆ پشتڕاسكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕایه‌ بچوكه‌م، ئه‌وه‌بوو له‌ كاژێره‌كانی یه‌كه‌می ڕۆژی ده‌نگداندا (نێچیره‌ڤان بارزانی) به‌‌په‌له‌ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی گرت و ویستی قه‌باره‌ی ده‌نگدان كه‌مبكاته‌وه ‌و ئه‌و گووتی: ڕیفراندۆمی بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سنوور نییه‌‌! …ئه‌مه‌ی كاتێك گووت كه‌هێشتا خه‌ڵك ده‌چن ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن. له‌وبڕوایه‌شد‌ا نیم ئه‌وه‌نده‌ هۆشیار نه‌بن به‌ (شوێن و كات) ی لێدوانه‌كانیان!

هه‌موو كه‌س ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌كرد؛ ئایا ‌ ئه‌و (هاوكاتیه‌) بۆ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی گونجاو ‌بوو، كه‌ ئه‌و قسه‌ ترسناكه‌ی تێدا بكرێت؟ بێگومان ئه‌وان هوشیاربوون له‌وه‌ی كه‌ده‌یڵێن و ده‌یانه‌ویست (به‌ڵێیه‌كی لاواز بێت) نه‌ك به‌ڵێیه‌كی به‌هێز، چونكه‌ به‌ڵێی به‌هێز، كۆی گه‌مه‌كه‌ قڵپده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام تازه‌ زۆرینه‌ی ڕه‌ها هاوكێشه‌كه‌ی قڵپكرده‌وه‌.

سه‌ركردایه‌تی كوردی ده‌سه‌ڵاتدار له‌باشوور وه‌های له‌مێشكدا بوو، كه‌ده‌توانێت ئه‌كتی سه‌ربه‌خۆبوون بكات به‌بێئه‌وه‌ی خۆی (كاراكته‌ری سه‌ربه‌خۆیی) له‌ ڕۆحیدا و له‌كه‌سێتی سیاسیدا بوونی هه‌بێت. به‌مه‌ش ده‌ریخست كه‌لاوازیه‌كی هه‌یه‌ بۆ ده‌ركپێكردنی وانه‌ ‌مێژووییه‌كانی دونیا. ده‌ستدان له‌ (به‌ها گه‌وره‌كان) و فڕێدانی بۆ ناو كۆمه‌ڵگه، ‌ ده‌رخسته‌ی مێژوویی گه‌وره‌ی ده‌خاته‌وه‌، كه‌وه‌ك شمشێری دووتیغ وه‌هایه،‌ گه‌ر ئاگادار نه‌بیت ئه‌وا خۆت له‌تده‌كات. لێره‌وه‌ ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی ئه‌و شمشێره‌ی هاته‌ ناوده‌سته‌وه‌ كه‌سه‌ربه‌خۆییه‌ و ناوێرێت به‌هیچ لایه‌كدا بیوه‌شێنێت، چونكه‌ ده‌زانێت كه‌خۆی پێ زامدار ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تادا گووتم؛ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌هه‌ناویدا نه‌خێری بۆ دیسپۆتی كوردی هه‌ڵگرتووه‌.

تازه‌ دونیا ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای چونكه‌ 25.09.2017به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك (سه‌ربه‌خۆیی) ده‌ستی لێدرا، له‌خه‌ون و سروود و خه‌ونی شاعیرانه‌وه‌‌ كرا به‌ده‌نگ و به‌ڵێیه‌كی مێژوویی و به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی حاشا هه‌ڵنه‌گر. ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی له‌وه‌دا ماسكه‌كانی كه‌وت كه‌‌ هه‌ر له‌یه‌كه‌م كاژێره‌كانی پڕۆسه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌، وه‌ئاگاهاته‌وه‌، به‌وه‌ی ‌تازه‌ سنوورێكی به‌زاندووه‌ زۆر ترسناك، سنوورێك به‌م كاراكته‌ره‌وه‌ ناتوانێت به‌ره‌نگاری بێته‌وه‌.
لێره‌وه‌ دۆنكیخۆته‌مان بیردێته‌وه‌ كه ‌ده‌یه‌وێت به‌ره‌نگاری په‌روانه‌كانی (ئاشی با ) بێته‌وه‌ ، چونكه‌ وه‌ها ده‌زانێت هه‌ژدیهاكانی سه‌ده ‌تاریكه‌كانی ناوه‌ڕاستن، له‌دواجاریشدا كه له‌خه‌ونه‌ سوارچاكیه‌كه‌ی ‌وه‌ئاگادێته‌وه‌، له‌ناو پێخه‌فه‌كیدا به‌دڵشكاوی‌ ده‌مرێت. به‌هه‌قه‌ت ده‌بێت سه‌رۆك بارزانی ئاگادار بێت و ئه‌م كه‌یسه‌ به‌ناو ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕیدا نه‌بات، له‌م پێچه‌دا له‌ڕووی ڕه‌مزییه‌وه‌ جله‌ سوارچاكیه‌كانی دۆنكیشۆت له‌به‌ر نه‌كات، چونكه‌ وه‌ئاگاهاتنه‌وه‌، دووباره‌ نسكۆیه‌كی هه‌زارو نۆسه‌دو حه‌فتاو پێنجه‌، به‌ڵام له‌ سه‌ده‌ی بیستو یه‌كدا. ئه‌مجاره‌ نسكۆیه‌كه‌ ته‌نها بۆ خۆی و پارته‌كه‌ی، نه‌ك بۆ میلله‌تی كورد.
ته‌واو

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیدار به‌م باسه‌وه‌ :

– ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین / به‌كر عه‌لی – سلۆته‌ردایك له‌نێزیكه‌وه‌ – سێینه‌ كتێب – ده‌زگای سه‌رده‌م ساڵی ٢٠١٦

– Peter Sloterdijk, Kritik der zynischenVernunft. SV. 1987

– Migel de Cervantes, Don Quijote , a new translataion by Burton Raffel. editing by Dina De Armas Wilson.

تێبینیه‌ك: ئه‌م نوسینه‌ چه‌ند سه‌رنجێكی خێرا وتێبینیه‌كن له‌دیارده‌ی (ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی له‌كۆنتێكسته‌ مێژووییه‌كه‌یه‌دا) هه‌وڵدانێكه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌كۆی ئه‌قڵی سیاسی كوردی له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانیدا، بۆ هیچ مه‌به‌ستێكی سیاسیانه‌ی به‌رته‌سك به‌كارنایه‌ت.

ته‌واو – له‌نده‌ن 02.10.2017




به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیر …. د. شه‌ونم یه‌حیا

كارو لێپرسراویه‌تی رۆشنبیر له‌ پێناو دروستبوونی دۆخێكی ئارام و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و نه‌هێشتی توندوتیژیی و گه‌نده‌ڵی و هه‌بوونی شه‌فافیه‌ته‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ، هه‌موو ئه‌م پرسانه‌ پرسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابورین ، گرنگه‌ رۆشنبیری هه‌قیقی كاری له‌سه‌ر بكات ، جیهانبینینی هه‌ر رۆشنبیرێك له‌وه‌ی دیكه‌ جیاوازه‌ چونكه‌ كاری رۆشنبیر جوهدێكی كه‌سیه‌، میتۆدۆلۆژی هه‌ریه‌كێكیان جیاوازه‌ له‌وه‌ی دیكه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر خاڵی جیاوازیش له‌نێوان رۆشنبیران هه‌بێت ، له‌ رووی ئاینی یان ئایدیۆلۆژییا یا ناسیۆنالیتێ‌، به‌ڵام گرنگه‌ كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر ئه‌وان كۆبكاته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌و پرسانن كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م بۆ كرد.
بێگومان دووره‌ په‌رێزی رۆشنبیر كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیر یا دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر ئایدیۆلۆژییای حزبه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ فاكته‌ری لێكترازان ، نه‌ك ته‌نیا له‌نێوان رۆشنبیراندا ، به‌ڵكو له‌نێوان خه‌ونبینینی هاوڵاتیان و رۆشنبیرانیش ، كاری رۆشنبیر له‌نێو دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمیه‌كان فاكته‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ پێدانی مسداقیه‌ت و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی هه‌قیقی ، واتا بابه‌تی بوونی رۆشنبیر ، لێره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه‌ .

هه‌روه‌ها بوونی كه‌ناڵی تایبه‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی گووتاری رۆشنبیر ، زۆرجار به‌هۆی نه‌بوونی كه‌نالێكی ئازاد رۆشنبیران ده‌كه‌ونه‌ ژێر گووشار و گومانی هاوڵاتیان ، چونكه‌ له‌هه‌ر كه‌نالێك ده‌ركه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت ، زۆرجار رۆشنبیران له‌ كه‌ناڵه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌رده‌كه‌ون بۆیه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و هاوڵاتیانیش گومان له‌ سه‌ربه‌خۆی ده‌كرێت ، ئه‌مه‌ش بازنه‌ی په‌یوه‌ندنی نێوان هاوڵاتیان و رۆشنبیر فراوان ده‌كات. جگه‌ له‌گومانكردن له‌ به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیر .

بۆنموونه‌ به‌پرسیاریه‌ت و جیهانبینی رۆشنبیرێكی نادینی واتا سیكولار له‌گه‌ڵ خه‌ونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پاریزیخوازی ئیسلامی زۆر جیاوازه‌ ، به‌ هه‌مانشێوه‌ به‌رپرسیاریه‌ت و جیهانبینی رۆشنبیری ئاینی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌ و مۆدیرندا جیاوازه‌ . بۆیه‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌م دوو جیهانبینیه‌ كارێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌، له‌هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه‌ پێویستی به‌ هوشیارێكی باڵایه‌ له‌پێناو نزیكبوونه‌یوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان.

هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت بلێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێوه‌ره‌كانی رۆشنبیر له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ جیاوازه‌ پێوه‌رێك لۆكالیه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌یدات و پێوه‌رێكیش جیهانیه‌ ، ئه‌مه‌ وا ده‌كات كه‌ به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیر و مه‌رترسیه‌كانی به‌رده‌میشی جیاوازبیت ، بۆ نموونه‌ ئه‌و رۆشنبیری ره‌خنه‌ له‌ ئاین ده‌گرێت ئه‌و مه‌ترسیه‌ی رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵكه‌یه‌كی موسلمان زۆر جیاوازتر له‌و رۆشنبیرییه‌ی كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی علمانیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی بۆ نموونه‌ ره‌خنه‌ له‌ ئاین ده‌گرێت. ، رۆشنبیران له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سكولاریش هه‌ندێ‌ جار دووجاری توندوتیژی ده‌بنه‌ له‌كاره‌كانیان له‌وانه‌ ستافی رۆژنامه‌ی (شارلی هیبدۆ) له‌لایه‌ن گرووپه‌ تیرۆریستیه‌كان ، په‌یوندییه‌كانی رۆشنبیر ته‌نیا ناجێگیر و نا ئارام نیه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ، به‌ڵكو ئیشكالیه‌تی رۆشنبیر له‌گه‌ڵ كۆمه‌لێك كه‌ناڵی تریشه‌ له‌وانه‌ توندڕه‌وی ئاینی و ئیسلامیزمی رادیكاڵ و داب ونه‌ریت كۆن و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ، له‌وانه‌ ئالان تۆرین له‌ كتێبی ” دوای قه‌یران ” باس له‌ هه‌ژموونی سه‌رمایه‌داری ئه‌مرۆ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئیفترازی له‌رووی ئابووریه‌وه‌ خوڵقاندووه‌ كه‌ ژیانی كرێكارانی خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

بۆیه‌ ئه‌مه‌ بۆمان روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیر و مه‌ترسیه‌كانی به‌رده‌می له‌ دۆخێك یان له‌ حاڵه‌تێك بۆ حاڵه‌تێكی تر ده‌گۆردرێت. بۆنموونه‌ دۆخی ئه‌و رۆشنبیره‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ژموونی ته‌كنه‌لۆژیا و كاریگه‌رییه‌ نه‌گه‌تیڤیه‌كانی ده‌گرێت ، زۆر جیاوازتر له‌وه‌ی كه‌ له‌ توندڕه‌وی ئاین ده‌گرێت.
ئه‌و رۆشنبیر و ئه‌كته‌ری رۆشنبیریانه‌ی كه‌ پروپاگه‌نده‌ بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن له‌هه‌ر كۆمه‌لگه‌یه‌كه‌وه‌ بێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات قبوڵكراون ج دكتاتۆر یان دیوكراسی بێت ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرن بێگومان لێره‌دا به‌پرسیاریه‌تی هه‌ردوو كیان جیاوازه‌.

به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیر له‌ دۆخێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ ده‌گۆردرێت ، له‌ رۆژئاوا رۆشنبیران له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان ڕه‌خنه‌ ده‌گرن و خۆپێشاندان دژی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن ، تاوه‌كو ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و تاكڕه‌وی نه‌ڕوات ، تاوه‌كو دیموكراسیه‌ت جوانتر بكه‌ن بێكاری نه‌هێلێن و یاساكان له‌ خزمه‌تی هاوڵاتیان نه‌ك كۆنترۆڵكردنی بێت ، رێگری له‌ دروستبوونی دكتاتۆریه‌ت و تاكڕه‌وی ده‌كه‌ن ، له‌وانه‌ سارتر كتێب له‌سه‌ر داگیركردنی جزائیر له‌لایه‌ن فره‌نساوه‌ ده‌نوسێت به‌ناوی (عارنا فی االجزائیر 1961) ( شه‌رمه‌ندیمان له‌ جه‌زائیر 1961) ، ئالان بادیۆ له‌ 2007 كتێبێكی له‌سه‌ر ساركوزی سه‌رۆكی پێشوی فره‌نسا به‌ ناوی (ساركوزی مانای چیه‌) بڵاوكرده‌وه‌.
له‌ رۆژهه‌ڵات تاك رێخۆشكه‌ره‌ و هاوكاره‌ له‌ دروستكردنی تاكڕه‌وی ، زۆر به‌ی جار رۆشنبیران خۆیان ده‌بنه‌ فاكته‌ره‌ بۆ خوڵقاندنی دۆخێكی وا، هه‌ر له‌و ساته‌ وه‌خته‌دا رۆشنبیر پێوه‌ره‌كانی خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات و ده‌بێت به‌ ئه‌كته‌رێكی رۆشنبیری پرۆپاگه‌نده‌كاری سیاسیی نه‌ك رۆشنبیر ، چونكه‌ مه‌رج نیه‌ رۆشنبیر به‌رده‌وام له‌ بازنه‌ی رۆشنبیر بمێنێته‌وه‌ زۆرجار حاڵه‌تێك یان هه‌لوێستێك ده‌یخاته‌وه‌ ناو بازنه‌ی ئه‌كته‌ری رۆشنبیری .

ئالان تۆرین پێ‌ وایه‌ رۆشنبیر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌توانی رۆڵ ببینێ‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانكاری دروست بكات ، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا راسته‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات گویێ‌ بۆ رۆشنبیر رابگرێت و كار به‌ پێشنیارو راوێژه‌كانی بكات ، به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دواكه‌وتوو و تۆتالیتاری نا دیموكراسی ، رۆشنبیر وه‌كو هۆكارێكی پرۆپاگه‌نده‌و تا ئه‌و ئاسته‌ ده‌سه‌ڵات گرنگی به‌ رۆشنبیر ده‌دات تاوه‌كو میدیاكانی ده‌سه‌ڵاتی بۆ به‌ڕیوه‌ ببات وه‌كو خۆی ده‌یه‌وێت نه‌ك وه‌ك رۆشنبیر. بیگومان ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌و پێویستی به‌ هێزی چه‌ك نه‌ك قه‌له‌َمی رۆشنبیر تاوه‌كو كاری له‌گه‌ڵ بكات.
بۆیه‌ گرنگه‌ بلێن كه‌ به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیر ئه‌وه‌یه‌ ، بتوانێت ئه‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز و ئازاد له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دروست بكات ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزتر بونیادبنێت ، چونكه‌ مرۆڤ چه‌ند ئازاد بێت زیاتر هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كات ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه‌ هێشتا له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئاین و ترادیسیۆن رزگاریان نه‌بووه‌ ، كه‌متر هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كه‌ن .

به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیری كورد

سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره‌ ئه‌رك و لێپرسراویه‌تی رۆشنبیری كورد ، له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا جیاواز بوو ، بۆنموونه‌ به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیر پێش ڕاپه‌رینی 1991 له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس ، رۆشنبیران له‌گه‌ڵ حزبه‌ كوردییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ خه‌باتیان دژی رژێمی به‌عس ده‌كرد له‌ پێناو ئازادكردنی خه‌ڵكی كوردستان، به‌شداریكردنی رۆشنبیران هاوشانی حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌بێته‌ جێگای شانازی ، به‌ڵام دوای ڕاپه‌رین به‌شێوه‌یه‌كی ڕادیكاڵ رۆلێ‌ رۆشنبیران ده‌گۆردرێت و پۆلین ده‌بێت ، ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی كه‌ به‌ر له‌ ڕاپه‌رین به‌هۆی كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارانی كورد له‌ كۆتایی هه‌شتاكاندا ، به‌ره‌و هه‌نده‌ران كۆچیان كرد ، له‌ بارودۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ ، زیاتر روئیایه‌كی سوربه‌خۆی وه‌رده‌گرن له‌ گووتاره‌كانیان، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌رفه‌تیان بۆ ناڕه‌خسێ‌ كۆچ بكه‌ن به‌هه‌ر پاڵنه‌رێك بێت دابه‌شی سه‌ر حزبه‌ كوردیه‌كان له‌باشوری كوردستان ده‌بن، و ده‌بنه‌ به‌شێك له‌و ململانێ و شه‌ڕانه‌ی كه‌ له‌نێوان حزبه‌ كوردییه‌كان له‌ نه‌وه‌ته‌كات دروست ده‌بێت.

دابه‌شبوونی ئه‌وان به‌سه‌ر حزبه‌كان هۆكاره‌كه‌ی بۆ دوو قه‌یران ده‌گه‌رێته‌وه‌ له‌وانه‌ (قه‌یرانی ئابوری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر عیراق به‌گشتی و حكومه‌تی عیراق له‌سه‌ر كوردستان كه‌ كاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر گوزه‌رانی هاوڵاتیان به‌گشتی و رۆشنبیران به‌تایبه‌تی هه‌بوو.
هه‌روه‌ها شه‌ڕی ناوخۆی 1993 تا 1997 نێوان حزبه‌سیاسیه‌كان (پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كیتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی )، سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانی كوردستانیش له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی (پارتی و یه‌كیتی ) دا بوون، ئه‌مه‌ وای كرد هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ رۆشنبیران نه‌مێنێته‌وه‌ دابه‌شی سه‌ر ئایدیۆلۆژییا جیاجیاكان بن، پاشان ئه‌م دابه‌شبوونه‌ بوو به‌ كلتور ، سنوری ده‌سه‌ڵاتی پارتی له‌ هه‌ولێرو دهۆك ده‌بێت، زۆربه‌ی رۆشنبیرانی ئه‌و دوو شاره‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی پارتی ده‌بن و ئه‌وانه‌ی سنوری یه‌كێتیش به‌ هه‌مانشێوه‌. رۆشنبیران به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌وه‌ رۆڵیان بزرده‌بێت هه‌ڵویسته‌كانیان له‌ نێوان لایه‌نگری ئایدیۆلۆژییایه‌كی سیاسی و بێ‌ لایه‌نی و ته‌نیانه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ناو ململانێ‌ ییه‌كانی شه‌ر ووتار و به‌رهه‌مه‌كانیشیان چوارچێوه‌ی بابه‌تی تێده‌په‌رێنیت بۆیه‌ رۆشنبیران ئه‌گه‌ر وه‌كو پێویست نه‌یانتوانی بێت رۆڵیان هه‌بێت كۆمه‌ڵێك هۆكاری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ربه‌ست بوونه‌ له‌به‌رده‌م كاره‌كانیان .

دوای رووخانی رژێمی به‌عس بارودۆخێكی دیكه‌ دروست ده‌بێت ، رۆشنبیران به‌ شیوازێكی دیكه‌ به‌شدار ده‌بن له‌ گۆرانكارییه‌كان له‌وانه‌ رۆلێ‌ ئه‌و رۆشنبیرانه‌ ده‌ست پێ‌ ده‌كات دوای رووخانی رژێمی به‌عس له‌ 2003 دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ رۆشنبیران دێن قسه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ و یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی و كه‌موكورییه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كان و ئاسته‌نگه‌كانی ناو حكومه‌تی هه‌رێم و داوای چاكسازی و شه‌فافه‌یه‌ت نه‌هێشتی گه‌نده‌ڵی و كه‌م پسپۆری له‌ به‌رێوه‌بردن نه‌هێشتنی توندو تیژی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت و كوشتنی ژن به‌ناوی شه‌رف داوای گۆران و هه‌مواركردنی ئه‌و یاساكان ده‌كرد كه‌ مافی ئافره‌ت و تاك به‌گشتی پێشیل ده‌كات ، له‌ پێناو گۆرانی عه‌قڵیه‌تی خێله‌كی و باوكسالاری و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و بێكاری و نه‌بوونی كه‌فائه‌ت له‌ به‌رێوه‌بردندا و به‌ دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ و به‌شداریكردن له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور و كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئازاد بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانیان ، كردنه‌وه‌ی چه‌ندان رێكخراو سه‌نته‌رو رۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆن ، ئه‌گه‌ر پێش رووخانی حكومه‌تی عیراق راگه‌یاندنی و رێكخراو و كه‌ناڵه‌كانی ده‌ربرێن له‌چوارچێوه‌ی حزبه‌كان بوو زیاتر به‌ڵام دوای 2003 وه‌ بورا بۆ ره‌خساندنی چه‌ندان كه‌ناڵی راگه‌یاندنی ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ و زانكۆی ئه‌هلی كرانه‌وه‌، واتا هه‌وڵی رۆشنبیران ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كانی هاوڵاتیان و پێداویستیه‌كانیان.

رۆشنبیران پاڵشتی دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن بوون له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی له‌ زۆنی سلیمانی بوون و مێژووی دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆ سالێ‌ 2009 ده‌گه‌ریته‌وه‌ كه‌ رۆشنبیران له‌رێگه‌ی هه‌وڵه‌كانیان و ووتاره‌كانیان توانیان رۆڵیان هه‌بێت .
تا ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی دژی داعش له‌ 2014 رۆڵی رۆشنبیران له‌ قۆناعێكی نوێدا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌ویش شه‌ڕ دژی تیرۆر و ئیسلامیزی جیهادی توڕه‌وی و ره‌خنه‌ گرتن له‌و تێكستانه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی توندڕه‌وین.

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵ و به‌رپرسیاریه‌تی رۆشنبیر له‌م رووداوانه‌ زیاتر رۆڵی ووشیاركردنه‌وه‌یه‌ له‌ رێگای نوسین و چاوپێكه‌وتن له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ، بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی فیكری توندڕه‌وی ئاینی به‌تایبه‌تی ئیسلامی رادیكاڵ، رۆشنبیران به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی جیاوازدا دابه‌ش ببووون، به‌ره‌یه‌ك ئاینی ئیسلام و سه‌له‌فیه‌تی ئیسلامی به‌سه‌رچاوه‌ی فیكری داعشی یان ده‌زانی ، به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ جیاوازییان ده‌كرد له‌ نێوان موسڵمانان و گرووپه‌ توندره‌وه‌ئیسلامیه‌كان، بۆیه‌ زۆریك له‌ رۆشنبیرانی كورد ده‌كه‌ونه‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌ ئاینی ئسلام و حزبه‌ ئسلامیه‌كان له‌ هه‌رَیمی كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی چه‌ند هاوڵاتیه‌كی كورد په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌كه‌ن و دژی “پیشمه‌رگه‌”شه‌ریان ده‌كه‌ن.

رۆشنبیرانی سیكولار یان سه‌ربه‌خۆ كاتێك كه‌ بانگیشه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ئاینیان له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كرد ده‌كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی مزگه‌وتنه‌كان ، چونكه‌ كه‌ناڵه‌كانی بڵاو كردنه‌وه‌ی فیكری ئیسلامی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ به‌ هێز بوون ، زۆر زحمه‌ت بوو بۆ رۆشنبیران بتوانن به‌ ئازادی بیرو رای خۆیان بلێن ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتیش داكۆكیكی پارێزگاری ڵی نه‌ده‌كردن ، كاتێك كه‌ هاولاتیانی كوردستان راستیه‌كان به‌به‌رچاوی خۆیان ده‌بینن ، له‌سه‌ر هه‌ڵویستی رۆژئاوای سكولار و سعودییه‌ موسلمانان ،له‌سه‌ر پێشوازی كردن له‌و خێزانانه‌ی كه‌ به‌ هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ دووچاری ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌ر ده‌بن له‌ نێوان ساڵانی 2014-2015 ئه‌و ئه‌وروپا و رۆژئاواییه‌ كه‌ چه‌ندان ساڵه‌ له‌ مه‌زگه‌وته‌كانه‌وه‌ پیاوانی ئاینی و كه‌ناڵه‌كانی سه‌ر به‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌كان ، ئیماژ و پێناسه‌ی ناشرین به‌ رۆژئاوا و ئه‌وروپا ده‌ده‌ن به‌ ( كافر و مولحه‌د و فاسد و فاسق) وه‌سفیان ده‌كه‌ن ، ده‌رگایان بۆ ده‌كاته‌وه‌ و به‌ڵام ئه‌و سعودییه‌ی به‌هشتی موسلمان ئاماده‌ نابێت ئه‌و ده‌رگایه‌یان لێ‌ بكاته‌وه‌ ، تاكی كوردیش ئه‌و ووشیاره‌ی بۆ دروست بوو كه‌ رۆژئاو و ئه‌وروپا زۆر مرۆڤ دۆستانه‌تر بوون له‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌كانی ده‌ستی داعشی به‌ ناو ئیسلام ، له‌و سعودییایه‌ی كه‌ ببووو به‌ به‌هه‌شتی موسلمان.

هه‌روه‌ها له‌ رووی ئابورییه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ناو قه‌یرانه‌وه‌ به‌ هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ بازاره‌كانی جیهان ، و هاتنی ملیۆنێك په‌ناهه‌نده‌ له‌ ناوچه‌كانی عێراق و سوریا بۆ هه‌رێمی كوردستان ، گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت باری ئابووری هه‌رێمی كوردستان قورستر ده‌كات و كێشه‌كان قوڵتر ده‌كاته‌وه‌ ، بۆیه‌ له‌ ژێر فشاری قه‌یران و رۆشنبیران و راگه‌یانده‌كانی میدیای ئازاد و ئۆپۆزیسیۆن و هاوڵاتیان به‌ تایبه‌تی چینی ته‌كنۆكرات، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست ده‌كات به‌ ئه‌نجامدانی ریفۆرم .

قۆناغێكی دیكه‌ له‌ كۆرانگارییه‌كان، كه‌ قۆناغێكی نوێ‌ یه‌ ئه‌ویش 2017 یه‌ واتا دوای كۆتایی هێنا به‌ شه‌ڕ دژی داعش، و راگه‌یاندنی ریفڕاندۆم، ئه‌م پرسه‌ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی نیشتیمانیه‌ و دروستبوونی دوڵه‌وت راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندنی به‌ چاره‌نوسی هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌، لێره‌شدا حزبه‌ كوردییه‌كان كلتوری سالێ‌ نه‌وه‌ته‌كانیان دروستكردوه‌ له‌ شه‌ڕه‌ی ناوخۆ و پارچه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام به‌شێوازێكی دیكه‌، لێكترازانی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نه‌وه‌ته‌كان لێكترازانی كلتوریشی به‌دوای خۆیدا هێنا ، ئه‌گه‌ر جی له‌شه‌ری ناوخۆ یه‌كێتی و پارتی هه‌موو شتێكیان دابه‌شكرد له‌ سامانی ئابوورییه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گا به‌ كلتور و هاوڵاتیانیش، رۆشنبیرانیش تاوه‌كو ئیستا بوونه‌ته‌ قوربانی ئه‌و لێكترازانه‌ سیاسیه‌ ، بێگومان هۆكاره‌كه‌ی بۆ غیابی گرووپێكی به‌هێزی رۆشنبیران ده‌گه‌رێته‌وه‌، كه‌ تاوه‌كو ئیستا رۆشنبیران نه‌یانتوانیوه‌ له‌ باشوری كوردستان خاوه‌ن گرووپگه‌ڵیكی به‌هێز بن ئه‌گه‌ر جی جیاوازیش بن له‌ بیروڕای سیاسی یان ئاینی یا نه‌ته‌وه‌ی به‌ڵام پێوه‌ره‌ نیشتیمانی و مرۆییه‌كان و زانستیه‌كان ئه‌وان كۆبكاته‌وه‌ و بتوانن له‌سه‌رووی ئایدیۆلۆژییا و نه‌ته‌وه‌ وئاین كار بكه‌ن، له‌و رێگایه‌وه‌ ده‌توانن گووشاری به‌هێز له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بكه‌ن، بۆیه‌ ئیستا دوو گووتار له‌لایه‌ن حزبه‌كانی كوردستان دروستبوونه‌ و رۆشنبیرانیش به‌داخه‌وه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ دابه‌شبوونی ئه‌م دوو گووتاره‌، سه‌رگه‌ردانی هاوڵاتیان له‌ نێوان به‌لێ‌ و نه‌خێر، لێره‌دا كۆمه‌لێك پرسیار و گومانیان لای هاوڵاتیان دروست كردووه‌، له‌وانه‌ ئه‌م دوو گوتاره‌ یاریكردنه‌ به‌ چاره‌نوسی هاوڵاتیان ؟
ئایه‌ ریفراندۆم بۆ ده‌وڵه‌ته‌ یان بۆ موزایه‌ده‌ی سیاسی ؟ چونكه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستان خه‌ونی هه‌موو كوردێكه‌ و هه‌زاره‌ها شه‌هیدی له‌و پێناوه‌ داوه‌ ، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆی بێت ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان له‌ 1991 سه‌ربه‌خۆییه‌ به‌ڵام بێ‌ ده‌وڵه‌ته‌ ، و هیچ لایه‌نێك نابێت بیخاته‌ موزاده‌ی سیاسیه‌وه‌، وایان كردووه‌ هاوڵاتی ئه‌گه‌ر بڵی ئه‌وا له‌لایه‌ن هه‌ندێكیان به‌ چاوی خائین و كوێله‌ی بنه‌ماڵه‌ سه‌یر ده‌كرێن ، ئه‌گه‌ر بڵی نه‌خێر ئه‌وا له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ندێكیانه‌وه‌ خائین و خۆفرۆشن ، بۆیه‌ گرنگه‌ رۆشنبیر رۆڵی هه‌بێت له‌ یه‌كخستنی گووتاره‌كان به‌تایبه‌تی له‌ قۆناغی وا هه‌ستیاردا و ئه‌و پرسانه‌ی له‌ په‌رژه‌وه‌ندنی هاوڵاتیانن و گرنگه‌ رۆشنبیران به‌ شێوازێكی زانستی دیراسه‌ی ئه‌م پرسه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌و دۆخه‌ گوماناوه‌یه‌ رزگاریان بێت، نه‌ك ئه‌وان بێن وه‌ك به‌به‌غا ئه‌جندای حزبه‌كان جێ‌ به‌جێ‌ بكه‌ن ، بۆیه‌ به‌پرسیاریه‌تی رۆشنبیر له‌م قۆناغه‌ رزگاركردنی هاوڵاتیانه‌ له‌و گومانانه‌ی كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ چاره‌نوسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌.




پڕۆژەیەک بۆ تێپەڕاندنی گەورەشکستی ئۆکتۆبەر … شێرکۆ کرمانج

لەدەستدانی نزیکەی ٥٠% خاکی کوردستان لە شەو و ڕۆژێکدا گەورەشکستی ئەو نوخبە سیاسییەی کوردستان بوو کە لەپاڵ شکستە گەورەکانی دیکە، هەر لە لەدەستدانی شەرعیەتی یاساییەوە بگرە تادەگاتە قەیرانی ئابوری‌و سیاسی‌و لەکەدارکردنی شکۆی گەل‌و نیشتیمان، نابێت‌و ناکرێت ئاوا بەسانایی بەسەر ئەو نوخبە سیاسییە تێپەڕێت. کاتی ئەوە هاتوە بەو نوخبە سیاسییە، کە ژمارەیان لە سەد کەس تێپەڕناکات، بگوترێت ئیدی بەسە.
ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی پڕۆژەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە نالەبارەو خستنەوە سەرپێی پەرلەمان‌و دامەزراندنی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانیی.
ئەم پڕۆژەیە دوو پلان لەخۆدەگرێت، پلانی ئەی و پلانی بی. پلانی بی تەنیا لەحالەتی جێبەجێنەکردنی پلانی ئەی دەکرێت بخرێتەگەڕ. پێشئەوەی هەر دوو پلانەکە بخرێنەڕوو واچاکە بکەرەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەستنیشانبکرێن.

جێبەجێکەرانی پڕۆژەکە

لەسەرەتا دەبێت ئەوە بگوترێت کە هەم پڕۆژەکەو هەنگاوەکانی هەم ئەو بکەرانەی لێرە دەستنیشانکراون هەوڵ‌و ناوی سەرەتایین دەکرێت دەوڵەمەنترو هەمەلایەنتر بکرێن.
پڕۆژەکە واچاکە بەزووترین کات لەلایەن گروپی یەکەم لە جێبەجێکەرەکان (بکەرەکان) بخرێتەڕوو و بەهەمائاهەنگی لەگەڵ گروپی دووەم‌و سێیەم جێبەجێبکرێت:
گروپی یەکەم، دەبێت هەموو ئەو حیزب‌و لایەنە سەرەکیانەی کوردستان بگرێتەوە کە ئێستا بەشێک نین لە نوخبەی دەسەڵاتدارو دەستڕۆیشتویی ناو یەکێتیی‌و پارتی کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە شکستەکانی ئیدارەدانی هەرێم بە گەورەشکستی ئۆکتۆبەریشەوە، کە لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستانی لێکەوتەوە، لەوانە: بزوتنەوەی گۆڕان، لیستی نەوەی نوێ، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، گروپ‌و لایەنە نزیکەکان لە پەکەکە، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، یەکگرتوی ئیسلامی، حیزبی شیوعی کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو حیزب‌و لایەنانەی کە ئەم پڕۆژەیە، یان هاوشێوەکەی پەسەند دەکەن.
دووەم، ئەفسەرو پێشمەرگەو کادیرو ئەندامە نیشتیمانپەروەرو دڵسۆزەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامانی ئەم دوو حیزبە پێکدێنن.
سێیەم، تەواوی کۆمەڵگەی مەدەنی‌‌و چالاکوانە سیاسی‌و کۆمەڵایەتیەکان‌و سەرتاپای خەڵکی دڵسۆزو نیشتیمانپەروەری کوردستان.
لیژنەیەک لەلایەن نوێنەرە سەرەکییەکانی جێبەجێکەرانی پڕۆژەکە، وەک لەسەرەوە دەستنیشانکران، پێکدێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

پلانی ئەی (Plan A)

پلانی ئەی کۆمەڵێک هەنگاو وکارو کردەوە لەخۆدەگرێت کە لە حالەتێکدا جێبەجێدەکرێت ئەگەر هاتو لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەکە ئەو نوخبە سیاسیەی کە ئێستا هەرێم بەڕێوەدەبەن، کە ژمارەیان لە سەد کەسێک تێپەڕناکات، لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەکە دەستبەرداری کارو بەپرسیارەتییەکانیان بوون. لەم حالەتەدا پلانی ئەی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەم هەنگاوانە لەخۆدەگرێت:
یەکەم، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یوسف محەمەد، بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دوو جێگرەکەی، بەزووترین کات داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، لە ماوەی سێ ڕۆژ دا. نابێت هیچ ئەندام پەرلەمانێک ڕێگری لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە بکات ئەگەرنا مامەڵەی نوخبە سیاسییە شکستخواردوەکەی لەگەڵدا دەکرێت، وەک لە خوارەوە هاتوە.
دووەم، لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان لە هەولێری پایتەخت بڕیاری دامەزراندنی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانی دەدرێت‌و سەرۆکی پەرلەمان، یوسف محەمەد، ئەرکی سەرۆکایەتی حکومەتەکەی پێدەسپێردرێت.
سێیەم، پێکهێنانی لیژنەیەک لە دانیشتنی یەکەم بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، یوسف محەمەد، بۆ دەستنیشانکردنی حکومەتێکی تێکنۆکراتی کاربەڕێکەر بەناوی “حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی” لە کەسانی بێلایەن‌و شارەزا بۆ جێگرتنەوەی وەزیرەکانی حکومەتەکەی هەرێم پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر، لەماوەی دوو حەفتەداو یەکسەر حالەتی ئیمێرگینسی (طوارئ) ڕادەگەیەنێت.
چوارەم، سەرۆکایەتی هەرێم، مەسعود بارزانی‌و جێگرەکەی هەروەها سەرۆکوەزیران‌و تەواوی وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە سەرۆکایەتی‌‌و حکومەت ڕابگەیەنن، لەماوەی حەفتەیەک لەسەر بڕیاری پەرلەمان.
پێنجەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکوەزیران‌و وەزیرەکان خانەنشین دەکات‌.
شەشەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی مافی دادگاییکردن‌و لێپرسینەوەی لە هیچ بەرپرسێکی حکومی‌و حیزبی نیە.‌
حەوتەم، هەر بەرپرسێکی حکومی‌و حیزبی لە نوخبە سیاسییە خانەنشینکراوەکە خۆ لەکاروباری حکومەت‌و هاوڵاتیان هەڵبقورتێنێت دەبێت یەکسەر بگیرێت‌و دادگایی بکرێت.
حەوتەم، حکومەتە کاربەڕێکەرەکە کاروباری ڕۆژانەی وەزارەتەکان‌و هاوڵاتیان بەڕێوەدەبات.
هەشتەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی دەستەیەکی نوێ بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کەسانی بێلایەن‌و تەکنۆکرات‌و شارەزا دیاریدەکات‌و دادەمەزرێنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان‌و سەرۆکی هەرێم، لەماوەیەک کە زیاتر لە شەش مانگ نەبێت.
نۆیەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی ئاگاداری حکومەتی عێراقی دەکات کە تەنیا نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان‌و حکومەتی داهاتو مافی دانوسانیان هەیە لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان.
دەیەم، بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هاوڵاتیان، بەتایبەتی چارەسەرکردنی پرسی موچە، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی مافی دانوسان‌و گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی هەیە.
یازدەم، دوای پێکهاتن لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی بڕیاری پاشەکەوتکردنی موچە هەڵدەوەشێنێتەوەو موچە وەک پێشوتری لێدەکرێتەوە.
دوازدەم، حكومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی هەڵوەشاندنەوەی هەر دوو دەزگای پاراستن‌و زانیاری ڕادەگەیەنێت.
سێزدەم، پەرلەمان‌و حکومەتی داهاتو دەبێت کاربکات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایش‌و دووبارە دامەزراندنەوەیان لەسەر بنەمای پیشەیی‌و یاسایی.

پلانی بی (Plan B)

ئەگەر هاتو لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەکە، وەک لە پلانی ئەی هاتوە، واتە ئەو نوخبە سیاسیەی کە ئێستا هەرێم بەڕێوەدەبەن کە ژمارەیان لە سەد کەسێک تێپەڕناکات دەستبەرداری کارو بەپرسیارەتییەکانیان نەبوون، ئەوە لەم حالەتەدا پلانی بی دەخرێتە بواری جێبەجێکرندنەوە کە دەکرێت ئەم هەنگاوانە لەخۆبگرێت:
یەکەم، هەموو ئەو بکەرو جێبەجێکارانەی کە وەک “جێبەجێکەرانی پڕۆژەکە” ناویان هاتوە، واتە بکەرەکانی گروپی یەکەم‌و گروپی دووەم‌و گروپی سێیەم، دەبێت دەستبەجێ لیژنەیەک پێکبێنن بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری‌ کە خۆی لە مانگرتنێکی سەرتاسەری ببینێتەوە کە یەک داواکاریان هەبێت ئەویش دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی هەرێم‌و جێگرەکەی‌و سەرۆکی حکومەت‌و ئەنجومەنی وەزیران بێت. خەڵکی مانگرتو نابێ‌و ناکرێت بەهیچ شێوەیەک لەم داوایە کەمتر قەبوڵبکەن‌و دانوسانی لەسەر بکەن.
دووەم، هەرکاتێک سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکوەزیران‌و وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند ئەوە تەواوی هەنگاوەکانی پلانی بی دەبێت جێبەجێبکرێن.
سێیەم، ئەگەر سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکوەزیران‌و وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕانەگەیاند ئەوە لەپاڵ مانگرتنی گشتی دەبێت خۆپیشاندانی گشتی ڕابگەیەنرێت‌و بەردەوام بێت تائەوکاتەی کە داواکارییەکان جێبەجێدەکرێن. ئەوکات دیسان پلانی ئەی کارادەکرێت‌و هەنگاوەکانی جێبەجێدەکرێن.




کۆمۆنیزمی کوردستان لە بۆشایی سیاسی ئەمرۆدا … نادر عبدالحمید

لەم بارودۆخەی ئێستادا، بە ڕادەستکردنەوەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەنان لەلایەن “یەکیەتی” و “پارتی”ەوە، لیبڕاڵەکانی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی ئیسلامی (لەوانە “گۆڕان”، و “نەوەی نوێ”) داوای هەڵوەشانەوەی “حکومەتی هەرێم” و دەست لەکارکێشانەوەی بارزانی دەکەن. داوای پێکهێنانی حکومەتێکی ڕزگاری نیشتیمانی دەکەن.
لە ڕوانگەی کرێکاری سۆشیالیستەوە دەبێ داوای دادگایی کردنیان بکەین و بیکەینە دەروازەیەک بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە لە داڕوخانی مەعنەویاتی خەڵك و میحنە و تێکشکانی شکۆ و کەرامەتی خەڵكی کوردستانەوە، بۆ چەکدار کردنیان بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە ڕوەو ڕاپەڕین، هێرش بردنە سەریان و شۆڕش، ئەم چرکە ساتە یەکێکە لەو هەلە مێژووییانە.

ئەڵبەتە دیارە کە ئەمە پێداویستی سیاسی و ڕێکخراوەیی و ئامادەکاری و زۆر شتی تری دەوێت، بەڵام مێژوو ناوەستێت لەسەر ئەوە خەریکی ئامادەکاری بیت و ئەوسا بێیتە مەیدان، دەبێ سەرەتا لە مەیدانەکەدا خۆت ڕاگەێنیت و دەستبەکاری ئامادەکاریەکان بیت.
یەک خاڵ زۆر گرینگە ئەویش ڕابەرێکی مەیدانیە لەناو خەڵکدا کە ئەو سیاسەتە بە عەلەنی ڕاگەێنێت و کاری بۆ بکات و لێرەوە پڕۆسەی دابینکردنی پێداویستەکان دەکەونە سەر ڕەواڵی خۆیان.
(لینین) نمونەی ئەو ڕابەرەیە، کە لە مانگی ئەپریلی 1917 دا دەگەڕێتەوە ناو ڕوسیا، دەبینێ ڕابەرایەتی ناوخۆ (ستالین و کامنیف) سیاسەتی پشتیوانیکردنیان گرتۆتە پێش لە “حکومەتی کاتی” ئەوکاتە کە بەدوای “شۆڕشی شوبات”دا پێکهاتبوو، لینین بە سیاسەتە ڕادیکاڵ و عەمەلیەکانی دژی “حکومەتی کاتی” نەهەر توانی کادرەکانی حزبەکەی خۆی کێشبکات بەڵكو توانی هێزیش بگرێت لەناو شۆراکان و نوێنەرانیان و لەناو مەنشەفیەکانیشدا، ڕووداو و ئاڵوگۆڕە سیاسی و سەربازیەکانیش زیاتر و زیاتر ڕاستی و دروستی سیاسەتەکانی سەلماند و هێزی هەرچی زیاتری گرت تا گەیاندیە شۆڕشی ئۆکتۆبەر.

لەمڕۆدا ستڕاتیژی بەشێک لە کۆمۆنیستەکان، کە لایەنگری ڕیفڕاندۆم بوون و بەدوای سەربەخۆیی کوردستانەوەن، ئەو ستڕاتیژەی لینین نیە. هەموو باس کردن و کارکردنێکیان بۆ خۆڕێکخستنی جەماوەر لە شۆراکان و خۆ چەکدار کردن، بۆ سۆشیالیزمێکە کە لە ڕێگەی سەربەخۆ کردنی کوردستانەوە دێتەدی کە سەرەتا سێکیولاری غەیرە قەومی دەبێ.
واتا بەپێی ستڕاتیژی ئەو بەشە لە کۆمۆنیزم، کرێکاران و زەحمەتکێشان لە شۆراکاندا ڕێکخراو بن لە شوێنی کار و ژیانیان وە خۆیان چەکدار بکەن بۆ بەرگری لە ماف و دەسکەوت و دەستدرێژیەکانی سوپا و “حەشدی شەعبی” لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا، جا وەلانانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لەم پەیوەندەدا مانا پەیدا دەکات.

ئەو بەشە لە کۆمۆنیزم بە کادرە سیاسی و هەڵسوڕاوە مەیدانیەکانیەوە ئەو هێزە نیە کە لە مەیدانەکەدا وەک لینین ئاڵای هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە و گرتن و دادگایی کردنی سەرانی دەسەڵاتداری ناسیونالیزمی کوردی ڕاستەوخۆ لەمەیدانەکەدا ڕاگەیاندبێت، سیاسەتی دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانی بەڕاستەوخۆیی بەبێ پەیوەستکردنەوەی مەجدارانە بەسەربەخۆیی کوردستانەوە گرتبێتەبەر.

بەشێکی تری کۆمۆنیزم ڕۆڵی خۆی هەمیشە لە جێگەوڕێگەی ئۆپۆزیسیۆنیدا دەبینێتەوە، ئەویش ئۆپۆزیسیۆنێکی تەبلیغاتی (پڕوپاگەندەی فکری و سیاسی) و خسڵەتی پڕاتیکی شۆڕشگێرانە لە کۆمۆنیزمدا نابینێت.
بەشی سێهەم لە کۆمۆنیستەکان چالاکن لە مەیدانەکەدا بەڵام ئاسۆی سیاسیان هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە کە ڕوخاندنی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد و گرتنەدەستی دەسەڵات لەم هەرێمەدا بخەنە دەستوری کاریانەوە و بیکەنە سەکۆی پەرەپێدانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکار و زەحمەتکێشی سەرتاسەری عێڕاق بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی بورژوازی لە دەوڵەتی ناوەندی و هێنانەدی عێڕاقێکی سۆشیالیست کە کوردستان وەک جمهوریەتێکی شۆرایی لەخۆبگرێت.

کۆمۆنیزمی ئەمڕۆی کوردستانی عێڕاق لە بۆشاییەکی سیاسی ناوکۆمەڵگە و لە غیابی رابەری مەیدانی لینینیانەدا دەژی. بارودۆخی بابەتی فاکتۆری گرینگە بەڵام بە پلەی یەکەم ئەوە ئاگاهی و دەستپێشکەری ڕابەرانێکی سیاسیە عەمەلیە، بەتایبەت لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا کە فاکتۆری یەکلاکەرەوەیە لە چارەنوسی کۆمۆنیزم و کرێکار و کۆمەڵگەدا.

18-10-2017




ئایا ریفراندۆم ئامانجی خۆی ده‌پێكێت؟… عیماد عه‌لی

به‌ڵێ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ریفراندۆم به‌ هۆكارگه‌لێك شكستێكی كاتی هێنا، كه‌ گرنگترینیان:
ا-له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆ:

1-نه‌بونی یه‌كگرتویی نێوخۆ و ده‌ستبردنی زۆرێك له‌ خه‌ڵكی ناخاڵه‌ی هه‌مه‌جۆر بۆ شتی حه‌رامی دژ به‌ ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و پشت خه‌تی سوور، له‌ پێناو چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ته‌سكی شه‌خسی و حزبی وبه‌ پشتبه‌ستن به‌ ناكامی عه‌قڵ و كاریگه‌ریكانی مێژووی كه‌سه‌كان و ده‌وروبه‌ریان، زه‌ره‌ریان له‌ یكێتی گه‌ل له‌ پێش شكستی ریفراندۆم دا و ته‌نانه‌ت درزه‌كه‌یان گه‌یانده‌ خه‌ره‌ندێكی قووڵ .
2- كۆنه‌ قین و ركابه‌ری كه‌سی و حزبی نا به‌رپرس له‌ ئاست پرسێكی زۆر گه‌وره‌ و ستراتیجی و ململانێیه‌كی نابه‌جێ له‌ كاتێكی هه‌ستیاری وا كه‌ گه‌وره‌ترین لێدان بوو له‌ پرسه‌كه‌.
3- نه‌خوێندنه‌وه‌ی واقعی نێوخۆی كوردستان وه‌ك خۆی له‌ رووی قه‌یران و كێماسیه‌كانه‌وه‌ بووه‌ هۆی كورتهێنانی كه‌ حه‌ماسه‌ته‌ چاوه‌روانكاروه‌كه‌ ه‌لمه‌ر پرسێكی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانی ستراتیجی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا.
4- له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی حزبیله‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و دوژمنانیش گه‌لی كوردستان پێش هه‌ر شتێكی تر و له‌ سه‌رووی ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ و رێزبه‌ستنی لایه‌نه‌كان به‌ پشت به‌ستن به‌ په‌یوه‌ندیه‌ حزبی و ناكۆكیه‌ نێوخۆیی به‌ پێچه‌وانه‌ی پابه‌ندبوون به‌ داواكاری ده‌ره‌كی و خۆفره‌زكردنی په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كیه‌كه‌، كه‌ ئامانجی وه‌لانان وبه‌ هه‌رزان فرۆشتنی پرسه‌كه‌ بوو .
5- هه‌ندێك حساباتی هه‌ڵه‌ی نێوخۆیی حزبی و و موعاناتی خه‌ڵك و كرده‌وه‌ی پۆپۆلیستانه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن به‌ رقه‌به‌ری و كۆنه‌قین و حسابكردن ته‌نها به‌ ململانێ حزبی و نه‌بونی هه‌ماهه‌نگی و بونی زۆرێك له‌ كه‌سی هه‌رزه‌كاری نابه‌رپرس له‌ جێگه‌ و شوێنێك كه‌ له‌م كاته‌دا ده‌بوو رۆڵی گه‌وره‌ له‌م مه‌سه‌له‌ بگێرن و ره‌فتاره‌كانیان وا ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ته‌نها جێگه‌یان زبڵادانی مێژوو ده‌بێت .

ب- له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و ده‌ره‌وه:‌

1-هه‌ڵوێستی چاوه‌روان نه‌كراوی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌مه‌ر ریفراندۆم و هه‌ر یه‌كه‌و به‌ پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆی و، بونی هه‌ڵه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی وڵاتان له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كوردستانه‌وه‌.
2-سه‌ره‌رای له‌باری وه‌زعی ناوچه‌كه‌ و هاوكێشه‌كان و ئه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌مركیا به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاوتر بۆ ناوچه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ده‌ر له‌ كوردستانی باشوور و به‌ پشت به‌ستن به‌ ئامانجه‌ ستراتیجیه‌ بێ ئه‌خلاقیه‌كانی له‌مه‌ر كێشه‌و پرسه‌ حه‌قه‌كانی جیهان، وای كرد كه‌ ئه‌مریكا دیسان پرسی گه‌لی كوردستان به‌شتی بچوكتر بفرۆشێته‌وه‌ .
3- ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی به‌ تایبه‌تی ئێران و سوپای پاسداران و توركیای ئۆردوغانی چاوه‌روان نه‌كراو و هه‌بونی ململانێی نێوخۆیی عیراق و كێبركێی عه‌بادی و مالكی له‌مه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی زیاتر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی نزیكی عیراق گه‌وره‌ترین ته‌گه‌ره‌ بوون له‌ به‌رامبه‌ر پرسه‌كه‌ .
4- هه‌بون و مانه‌وه‌ی هه‌ستی ره‌گه‌زپه‌رستی قووڵ له‌ نێو سه‌رجه‌م خه‌ڵكی عێراقی برا و شه‌ریك و له‌به‌رچاونه‌گرتنی مێژووی كورد و خه‌بات و قوربانیدانی له‌لایه‌ن هیچ كه‌س و لایه‌نێكه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی لێبراوی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ ئیدعایه‌كی تر له‌بابه‌تی مافی مرۆڤ و حه‌قی گه‌لان له‌دیاریكردنی مافی چاره‌نوسی خۆی له‌ هیچ كوێیه‌ك ناخوات ئه‌گه‌ر مه‌نتقی هێز و به‌رژه‌وه‌ندی له‌ پشتیه‌وه‌ نه‌بێت . ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ئه‌خلاقی و مێژووه‌ هاوبه‌شه‌ی نێوان كورد و شیعه‌ی پچراند كه‌ له‌دره‌ئه‌نجامی ئازار و مه‌ینه‌تیه‌كانی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌كانی عیراق چه‌شتبونی و، له‌مه‌ودوا ده‌كریت كورد ده‌ست بۆ هه‌موو شتێكی سیاسی رووت ببات .
5- جه‌مسه‌ربه‌ندی ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندیه‌كانی وڵاتان له‌مه‌ر پێشهاته‌كان و وه‌زعی سوریا و به‌هانه‌ی مانه‌وه‌ی داعش.
ئه‌مما ریفراندۆم و سه‌ركه‌وتنی یان شكستهێنانی، ئه‌مه‌ قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و ده‌كرێت به‌ بیرێكی قووڵه‌وه‌ لێیبروانین و به‌دوور له‌كاردانه‌وه‌كان له‌ مه‌ر هه‌ر كاریگه‌ریه‌كی شكستی كاتی هه‌نگاوی یه‌كه‌می ریفراندۆم قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین:
1-ریفراندۆم و داواكاری گه‌ل و به‌شداری و ده‌نگدان له‌مه‌ر سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ خۆیدا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ و وه‌لا نانی شیعارگه‌لێكه‌ كه‌ ته‌نها شه‌ته‌كدان و به‌ستنه‌وه‌ی كورد به‌ ناوه‌نده‌كانی ئه‌م وڵاتانه‌ی كه‌ كورد به‌زۆر لكێندراوه‌ پێوه‌ دوپات ده‌كاته‌وه‌.
2-ریفراندۆم و ده‌نگی ره‌های خه‌ڵك وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی پرشنگدار له‌ مێژووی گه‌لی كوردستاندا ده‌بوژێته‌وه‌ و به‌رده‌وام هانی خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌كه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌دات و قه‌یران و رێگریه‌ كاتیه‌كه‌ له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا وه‌لاده‌نرێت قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و خه‌بات له‌وپێناوه‌دا به‌ گورتینه‌وه‌ دیته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ی خۆی فیدراڵیزم و حوكمی زاتی ئێكسپایربونی واقعی خۆیان راده‌گه‌ینن و داواكردنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌بیته‌ شیعاری سه‌ره‌كی هه‌مووان .
3-ریفراندۆم و ده‌نگی ره‌های خه‌ڵك ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و دیوكۆمێنتێكی حازر به‌ده‌ست له‌هه‌ر گۆرانكاریه‌ك و گفتوگۆیه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م كوردستانه‌ بێته‌ ئاراوه‌ .
4- لێدانی ریفراندۆم له‌لایه‌ن هێزه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانه‌وه‌ ڵیدانێكه‌ له‌ پشته‌وه‌ به‌ر كورد كه‌وتووه‌ و پاڵی پێوه‌ده‌نێت بۆ چوونه‌ پێشه‌وه‌ و لێدانێكی ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزه‌ كه‌ به‌رگه‌ گرتنی چه‌ندین جار كورد به‌هێزتر ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها مانه‌وه‌ی به‌م لێدانه‌ خۆی له‌ خۆیدا به‌هێزبونه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئامانج گه‌لێكهی گه‌وره‌ و له‌ پێشه‌وه‌یاندا سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ .
5- به‌م ریفراندۆمه‌ هێزی نێوخۆی ته‌سك بین ده‌ركه‌وت و خه‌ڵكێك كه‌ ته‌نها له‌ ئاست ركابه‌ری كار ده‌كات ریسوا بوو، ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌و دڵسۆزانه‌ی كه‌ له‌به‌رچاوگرتنی باری ناله‌باری جیهانی و ناوچه‌یی و نێوخۆیی پاڵنه‌ریان بوو بۆ هه‌ڵوێستی سه‌لبیان و به‌ به‌هانه‌ ده‌یانهێنایه‌وه‌ و ترسیان له‌ده‌رئه‌نجامه‌كانی بوو.

بۆیه‌” ریفراندۆم گه‌لی كوردی خسته‌ قۆناغێكه‌وه‌ كه‌ به‌هیچ كه‌س وهێزێك ناگه‌رێته‌وه‌ پێش پرسه‌كه‌، هه‌رچه‌ند هێز و توانای عه‌سكه‌ری و سیاسی به‌كار بێت له‌دژی و ناوچه‌یك لێره‌ و شارێك له‌وێ داگیر بكات، واته‌ ئه‌گه‌ر حوكمی زاتی قۆناغێك كوردستانی برده‌ پێشه‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ قۆناغی فیدراڵی هات و به‌روپێشتر چووین، ئه‌مرۆ به‌ ریفراندۆم چوینه‌ قۆناغیتایبه‌تی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ و له‌ كات و ئان و ساتی دیاریكراوی له‌باری خۆیدا هه‌رچه‌ند ده‌رنگیش بێت هه‌نگاوی یه‌كه‌می جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌و كاته‌دا كه‌س ناتواننێت به‌ری لێبگرێت . ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌م قۆناغه‌ به‌ نسكۆی عه‌سكه‌ری نامرێت و ریفراندۆم به‌ زیندویی ده‌مێنێته‌وه‌ و خه‌ڵك ده‌زانێت كه‌ پرۆسه‌كه‌ بۆ میله‌ته‌ و كه‌س بۆی نیه‌ بیكاته‌ موڵكی خۆی .
ئه‌وه‌ی پێویسته‌، گرنگترین هه‌نگاوی كاتی له‌م كات و قۆناغه‌دا بنرێت:

1-له‌خۆگرتن و ئیستیعابكردنی ئه‌م نیمچه‌ نسكۆیه‌ و نه‌هێشتنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ یه‌كتر و په‌ند وه‌رگتنه‌ له‌ وه‌زعه‌كه‌ و وه‌لانانی ناكۆكی و رق و كینه‌كانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له‌ لایه‌ن هه‌موو لایه‌ن وكه‌سێكه‌وه‌ .
2- نه‌هێشتنی دووبه‌ره‌كی له‌ نێوان به‌ره‌ی نه‌خێر و به‌لێ یه‌و ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ هێشتنه‌وه‌ی حساب وكتاب بۆ ویژدانی خه‌ڵك خۆی كه‌ چۆن لێی ده‌روانێت بهێڵرێته‌وه‌ .
3- هه‌وڵی یه‌كخستن و رێكخستن و ململانێی شارستانی بدرێت و داموده‌زگاكان به‌ عه‌قڵانیه‌ت و له‌كات وئان و ساتی خۆیدا رێكبخرێن.
4- له‌ قۆناغی دوای ریفرانۆم ساردنه‌بینه‌وه‌ و له‌ ئه‌ مرۆوه‌ هه‌ڵه‌كان له‌به‌رچاو بگرین و تاكه‌ رێگه‌ی هه‌وڵی نێوخۆیی و ده‌ره‌كی بدرێت بۆ دووباره‌ زه‌مینه‌ سازی بۆ پاش ریفراندۆم و چۆنێتی به‌ده‌ستهێنێنانی ئه‌و پێویستیانه‌ی كه‌ له‌م كاته‌دا له‌ئارادانه‌بون و فه‌راهه‌م نین .
5- جه‌خت كردن له‌سه‌ر یه‌كێتی خاكی كوردستان و یه‌كگرتوویی و نه‌هێشتنی سه‌ركه‌وتنی دوژمنان له‌په‌رتكردنی كوردستان و فه‌رزكردنی دوو ئیداره‌یی یان هه‌ر بۆچونێكی دوژمنان له‌ كوردستان .
به‌م هه‌نگاوانه‌ نه‌ك هه‌ر برینه‌كه‌ سارێژ ده‌بێته‌و ه‌به‌ڵكو كه‌شێكی ئه‌وتۆ ده‌خوڵقێت كه‌ ریفرانۆم و پرسه‌كه‌ به‌ دره‌وشاوه‌یی له‌به‌ر چاوان بێت له‌ هه‌ر جموجولێكی سیاسی له‌به‌رچاو بگیرێت و له‌ هه‌ر كاتێكی گونجاودا له‌ سه‌ر زه‌مینه‌ی له‌بارتر ده‌توانرێت ئامانجه‌كه‌ به‌ ئاسانی بپێكرێت جا هه‌ر كه‌سێك سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تی كوردستان بێت با ببێت.




کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی و ڕه‌خنه‌ له‌ بۆلشه‌ڤیزم …. نووسینی: کایۆ برێندل

نووسینی: کایۆ برێندل ١٩٩٩
وەرگێرانی*: ھەژێن

(١)

” ئەگەر ئاوای دابنێین، کە ڕابه‌ریی نێوەندییانە دەتوانێت ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنراوه‌ دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شبکات، کەتواری زاڵ‌ هەر ئاوا ده‌مێنێته‌وه،‌ که‌ به‌رهه‌مهێنه‌ران خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان نین. ئه‌و ئامرازانه‌ هی ئه‌وان نین، به‌ڵکو سوود له‌و ئامرازانه وه‌رده‌گیردرێت، تاکو ئه‌وان بەکرێبگیردرێن. په‌یامی بێچه‌ندوچوونی ئه‌م پرسه‌ ئه‌وه‌یه‌، کۆمەڵە گروپێک‌ لەتەک ڕابه‌رایه‌تییەک کە هەیە نه‌یارییده‌که‌ن و به‌ڕێگه‌ی زۆرداری سه‌رکوتده‌کرێن. ده‌سه‌ڵاتی ئابووری نێوەندیی له‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ دەبێت‌، که‌ هاوکات ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی به‌کارده‌به‌ن. هه‌ر نه‌یارێک که‌ به‌ جۆرێکی جیاواز له‌ باره‌ی پرسە ڕامیاریی و ئابوورییەکان بیربکاته‌وه‌، به‌ هه‌موو ئامرازێکی گونجاو و لەبار سه‌رکوتده‌کرێت. بەگوێرەی ئەوە‌ لەجیاتی ئەوەی له‌سه‌ر پێناسەی مارکس، کۆمه‌ڵه‌ ئازاد و یه‌کسانه‌کانی به‌رهه‌مهێنه‌ران پێکبهێنرێن، کەچی (یانەکانی‌ تۆبە-پێکردن) له‌ئارادا ده‌بن، که‌ تاکو ئێستا‌ هیچ که‌س له‌ وێنه‌ی ئەوانەی نه‌دیتووه‌ ” .

ئه‌م گوته‌-گێڕانه‌وه،‌ که‌ وه‌رگێڕدراوی ئازادی به‌شێک‌ له‌ ده‌قێکی حه‌فتا ساڵ له‌مه‌و‌به‌ره‌‌‌، ئەوە ڕۆشنده‌کاته‌وه،‌ که‌ په‌یوه‌نییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌ ڕوسیه‌ی پاش ئۆکتۆبری ١٩١٧‌ به‌ جۆرێک پەرەیانکرد، که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ ده‌رکی مارکس و ئینگلس له‌ کۆمۆنیزم نه‌بوو. سه‌رده‌مێک نامیلکه‌یه‌ک که‌ ئەو گوته‌ی سه‌ره‌وه‌ لە ئەو وه‌رگیراوه،‌ بڵاوبووه‌وه‌، ترس و تۆقی ده‌هه‌ی سی (٣٠) هێشتا ڕوینه‌دابوو. ئه‌و نامیلکه‌یه‌ به ‌ته‌واوی لایه‌نی پێشبینیکه‌ری هه‌بوو. هیچ ڕوداوێکی ڕامیاریی نه‌بووبووه‌ هۆی ئاوا ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌ کۆمەڵی سۆڤیه‌تی، به‌ڵکو ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ شیکردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئابوورییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرت. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، ستالینیزمێک که‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندندابوو، به‌ نیشانه‌ی ڕامیاریی سیستمێکی ئابووریی ناسێنرا، که‌ به‌ به‌هره‌کێشی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوو، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌سه‌ر ستالینیزم هەژمارناکرێت.

بایه‌خێکی پته‌و‌ که‌ ئه‌و ده‌قه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژەیپێدراوە به‌ده‌ستیهێنا، به‌رئه‌نجامی کاری گروپێک بوو و نووسه‌رانی سه‌ر به‌ ڕه‌وتێک بوون، که‌ له‌ ساڵه‌کانی پاش جەنگی یەکەمی جیهانی سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌ ڕه‌خنه‌ی توند له‌ سۆشیال-دێمۆکراسی و بۆلشه‌ڤیزم ده‌رکه‌وت. ڕه‌وتێک بوو که‌ به‌ وردی ئەزموونەکانی ئەو ڕۆژانه‌ی چینی کرێکاری شیده‌کرده‌وه‌ و هه‌ڵده‌سه‌نگاند، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ بۆچوونی نوێی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌و ڕه‌وته‌، سۆشیال-دێمۆکراسی و بۆلشه‌ڤیزمی وه‌ک “بزوتنه‌وه‌ی کرێکاریی کۆنه‌” ده‌بینی، که‌ دژه‌که‌ی “بزوتنه‌وه‌یه‌کی نوێی کرێکاران” بوو.

له‌ یه‌که‌مین نوێنه‌رانی ئه‌و ڕه‌وته‌، مارکسیسته‌ ئاڵمانی و هۆڵه‌ندییه‌کان بوون، که‌ هه‌رده‌م له‌ باڵی چه‌پی سۆشیال-دێمۆکراسیی بوون‌. له‌ ماوه‌ی ساڵانی دوورودرێژی تێکۆشانی هه‌میشه‌ییان دژی ڕیفۆرمیزم، له‌ هه‌مووان زیاتر بوونه‌ ڕه‌خنه‌گر له‌ سۆشیال-دێمۆکراسی. به‌ناوبانگترین ئه‌ندامانی ئه‌و ڕه‌وته‌ دوو که‌سی هۆڵه‌ندی به‌ناوی ئانتۆن پانەکۆک (١٨٧٢ – ١٩٦٠) و هێرمان گۆرته‌ر (١٨٦٤- ١٩٢٧) و دوو که‌سی ئاڵمانی به‌ناوی کارل شرۆیده‌ر (١٨٨٤- ١٨٥٠) و ئۆتۆ ڕوهله‌ ( ١٨٧٤- ١٩٤٣) بوون. دواتر، پاول ماتیک (١٩٠٤ – ١٩٨٠) کە زۆر لاوتر بوو، بوو به‌ یه‌کێک له‌ گرنگترین تیئۆریداڕێژه‌رانی ئه‌و ڕه‌وته‌.

که‌مێک پاش ده‌سپێکردنی سه‌ده [سەدەی بیست – و.ک]‌، بۆچوونه‌کانی پانەکۆک به‌هۆی هەندێک دووبارە‌ تیشکهاویشتنه‌وه‌ی مارکسیستییانه‌ به‌ڕووی فیلۆسۆفی که‌وته‌به‌ر سه‌رنجان. ئەو ساڵی ١٩٠٦ تاکو ده‌ستپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی له‌ ئاڵمانیا کاریده‌کرد. سه‌ره‌تا ساڵێک فێرکاری فێرگه‌ی پارتیی سۆشیال-دێمۆکراتی ئاڵمانیا (SPD) بوو، پاش هه‌ڕه‌شەلێکردنی به‌ ده‌رکردنی له‌ ئاڵمانیا، له‌ شاری برێمن کاریکرد و گۆتاری بۆ بڵاوکراوه‌ جۆراوجۆره‌ چه‌په‌کان دەنووسی. پانه‌کوک له‌ کاتی نیشته‌جێبوونی له‌ برێمن مانگرتنێکی نایاسایی و زۆر گرنگی کرێکارانی ڕاگواستنی (بارکردن ‌و داگرتن) دیت. ئه‌و ئەزموونه‌ کارایی له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی ئەو لەبارەی تێکۆشانی چینایه‌تی و تێگه‌یشتنی ئەو له‌ مارکسیزم دانا. له‌ ئه‌نجامی ئەوە، تیئۆرییه بۆلشه‌ڤیکییه‌کانی لەبارەی ڕێکخستن، ستراتیج و ڕێڕه‌و له‌ هه‌مان ڕۆژه‌کانی یه‌که‌مه‌وه‌ ڕه‌تکرده‌وه‌.

ئۆتۆ ڕۆله‌ هیچ کاتێک خۆی پابه‌ند به ڕه‌وتێک له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی کرێکاریی ئاڵمانیا نه‌زانی، به‌ڵام هه‌رگیزیش به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی چینی کرێکاری نادیده‌نه‌گرت. ئەویش وه‌ک پانه‌کوک ده‌هه‌ی ١٩٢٠ بۆلشه‌ڤیزمی ڕه‌تکرده‌وه‌ و له‌ یه‌که‌مین که‌سانێک بوو، چووه‌ سەر ئه‌و بابەت و لێدوانە‌، که‌ شۆڕشی پرۆلیتێریی بەته‌واوی لە شۆڕشی بۆرجوازی‌ جیاوازه‌؛ له‌و ڕوه‌وه‌، شێوه‌ ڕێکخستنی ته‌واو جیاوازی پێویسته‌. به‌و هۆیه‌وه‌، ئەو ئه‌و ناڕۆشنییه‌ی که‌ شۆڕشی پڕۆلیتێریی ده‌بوو پرسی پارتییەک بێت ڕه‌تکرده‌وه‌. “شۆڕش” بەگوێرەی گوته‌کانی ئەو “پرسێکی پارتیی نییه‌، به‌ڵکو له‌ ڕووی ڕامیاریی‌ و ئابوورییه‌وه پرسی گشت چینی کرێکاره‌” .

ئه‌و بۆچوونانەی‌ که‌ به‌ریناییه‌کی زۆرتریان به‌خۆوه‌گرت، دەرخەری تایبه‌تیی ڕه‌وتێک بوون، که‌ به‌ کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی/شورایی ناسرا. کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی له‌ هه‌مان سه‌ره‌تای ده‌هه‌ی ١٩٢٠ به‌و ئەزموونانه‌ی که‌ له‌ شۆڕشه‌کانی ڕوسیە‌ و ئاڵمانیا بەدەستهاتن،‌ پشتئه‌ستوربوو و پشتیوانی له‌ دێمۆکراسی سۆڤیەتەکان کرد و ده‌سه‌ڵاتی پارتیی ڕه‌تکرده‌وه‌. ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ بوو، که‌ خۆی له‌ بۆلشه‌ڤیزم و بۆلشه‌ڤیکه‌کان و ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ کۆمۆنیست ناوده‌بران جیابکاته‌وه‌. وێڕای ئەوە‌ش له‌ سه‌ره‌تادا، دوورییه‌کی زۆری لەتەک تێڕوانینە‌ به‌ئاکام-گه‌ییشتووه‌کانی دواتری خۆی هه‌بوو.

(٢)

کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی سه‌ره‌تا لەتەک لێنینیزم‌ جیاوازییه‌کی ئاوای نه‌بوو. وێڕای ئەوە‌ش ڕوهله‌ پارتییه‌کانی نێونەتەوەیی سێیه‌می به‌ کۆمۆنیست نه‌ده‌زانی. چه‌ند ساڵ دواتر، کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان ناچاربوون به‌شێوە‌یه‌کی ڕۆشنتر خۆیان له‌ بۆلشه‌ڤیزم جیابکه‌نه‌وه‌. به‌واتای‌ شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر کۆتایی به‌ تزاریزم هێنا، بە په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌به‌گییه‌کانی کۆتاییهێنا و ڕێگه‌ی بۆ په‌یوه‌ندییه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌کان خۆشکرد.

کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان له‌وه‌ واوه‌تر چوون. ئەوان په‌نجه‌یان بۆ ئه‌و کەتوارە‌ ڕاکێشا، ئابوورییه‌ک وه‌ک ئابووری ڕوسیە،‌ که‌ له‌سه‌ر پایه‌ی کاری کرێگرته‌ – واته‌ ئابوورییه‌ک که‌ لەنێو ئەو هێزی کار کاڵایه‌- ڕاوه‌ستاوه‌، بێجگه‌ له‌ به‌رهه‌مێنانی زێده‌بایی و به‌هره‌کێشیی کرێکاران، شتێکی د‌یکەی ناوێت. جیاوازیشی نییه‌، که‌ ئه‌و زێده‌باییه‌ بۆ سه‌رمایه‌دارانی تایبه‌تی بێت یان به‌ر ده‌وڵه‌ت وه‌ک خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان بکه‌وێت. ئەوان په‌نجه‌یان بۆ ئه‌و کەتواره‌ ڕاکێشا،‌ له‌ ڕوسیە‌ به‌رهه‌مهێنان له‌ هه‌مان یاساکانی سه‌رمایه‌داری تایبه‌تیی کلاسیک که‌ ھەن په‌یڕه‌ویده‌کات. به‌هره‌کێشی (استثمار)، بەگوێرەی گوته‌ی مارکس، ته‌نیا کاتێک ده‌توانرێت بە ئەوە کۆتاییبێت، که‌ کاری کرێگرته‌ بوونی نه‌بێت. کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان، به‌ ئاماژەدانیان بۆ مۆسکۆ ، ڕۆشنیانکرده‌وه‌ که‌ کۆمۆنیزم شتێکی ئاوا نه‌بوو. به‌و شێوه‌یه‌ جیاوازی نێوان کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیی و بۆلشه‌ڤیزم ڕۆشنتر و تەسەلتر بوو.

(٣)
نابێت له‌ ئەوه‌ی که‌ لە سەرەوە گوترا، ئاوا ئه‌نجامگیرییه‌ک بکرێت، که‌ کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیی به‌شێوە‌یه‌کی تا‌یبه‌ت تەنیا ڕه‌خنه‌گری ستالینیزم دەبێت‌، به‌ڵکو له‌ کەتواردا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ڕه‌خنه‌گری بۆلشه‌ڤیزم دەبێت‌. کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان ستالینیزم وه‌ک دژه‌شۆڕشێک نابینن، که‌ شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری له‌ به‌رەنجامی خۆی بێبه‌شکردبێت. به‌ڵکو به‌ به‌رهه‌می ئه‌و شۆڕشه‌ی ده‌زانن، شۆڕشێک که‌ له‌ ڕوسیە ده‌رگه‌ی به‌ڕووی سه‌رمایه‌داریدا کرده‌وه‌. ستالین میراتگری بۆلشه‌ڤیزم و شۆڕشی بۆلشه‌ڤیکی بوو. تەسەلتربوونی ئه‌و تیئۆرییه‌ هەر ‌وه‌ک پێگه‌یینی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ هێواشی ڕویدا. کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان به‌درێژایی ژیانی خۆیان بۆچوون و کرده‌ی خۆیان گۆڕی. پارتییه‌کانی کۆمۆنیستی سۆڤیەتیی سه‌ره‌تا له‌ ئاڵمانیا و هۆڵه‌ند پێکهاتن، ئه‌و پرسه‌ لەتەک بۆچوونی که‌سانی وه‌ک ڕوهله‌ هه‌ر ئاوا کە باسکرا، ئاوایان دەبینی، پارتییه‌کان پرسی چینی کرێکار نین، ناته‌بابوو. ڕوهله‌ به‌هه‌ر بار ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی به‌شێوه‌ی کۆمەڵێک پارتیی “به‌ کڕۆکێکی ته‌واو نوێی پارتییه‌وه،‌ که‌ چیدیکە پارتیی نه‌بوو” ده‌دیت.

ڕوهله‌ چوار ساڵ دواتر ساڵی ١٩٢٤، به‌جۆرێکی دیکە ئاخاوت : ” پارتییەک به‌ کڕۆکێکی شۆڕشگێڕانه‌وه‌ به‌واتای پڕۆلیتێریی واژەیه‌کی بێواتایه‌. کڕۆکی شۆڕشگێڕانه‌ی ته‌نیا به‌واتای بۆرجوازی بوونی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی کاتێک که‌ پرسی گۆڕینی ده‌ره‌به‌گایه‌تی بۆ‌ سه‌رمایه‌داری هاتبێته‌ پێشه‌وه‌.” ئەو ته‌واو ڕاستی ده‌گوت و ئه‌و شته‌ بێواتایانه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵ له‌سه‌ر شانۆی گفتوگۆ و لێدوانی پڕۆلیتێریی دیارنه‌مان. که‌مه‌ ناوازەییەک هه‌بوون و که‌مێک پاش جەنگی دووه‌می جیهانی، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ چیدیکە به‌کارنه‌هێنرا.

کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان هه‌ر ئه‌و‌ سه‌رده‌مه‌ گه‌شه‌یانکرد. بۆ ئەوان ده‌رکه‌وت، که‌ شۆڕشی ڕوسیە‌ شتێک بێجگه‌ له‌ شۆڕشی بۆرجوازیی و ئابووری ڕوسیە‌ شتێک زیاتر له‌ سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیی به‌ولاوه‌تر نه‌بوو. ئەوان ده‌رکێکی دیاریکراوتریان لەبارەی‌ ئەو پرسانە هه‌بوو و‌ ئاماده‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ بوون. ئەو پرسانەی که‌ پێشتر یه‌کاڵانه‌کرابوونه‌وه‌، هەنووکە‌ ڕۆشنتربوون.

گرنگترین شیکردنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ له‌و زه‌مینه‌ له‌لایه‌ن پانەکۆک ساڵی ١٩٣٨ ئه‌نجامدرا. ئەو له‌باره‌ی فیلۆسۆفیی (لێنین) نامیلکه‌یه‌کی بڵاوکرده‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی قوڵتری لەبارەی بۆلشه‌ڤیزم خسته‌ڕوو. پانەکۆک په‌نجه‌ی بۆ ئه‌و خاڵه‌ ڕاکێشا، که‌ مارکسیزمی لێنین له‌ ئه‌فسانه‌یه‌ک به‌ولاوه‌تر نه‌بوو و لەتەک مارکسیزمی کەتواریی ناکۆکبوو. ئەو هۆکه‌ی بەو جۆره‌ ڕۆشنکرده‌وه‌ : ” له‌ ڕوسیه‌ تێکۆشان دژی تزاریزم له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ هاوشێوه‌ی تێکۆشان دژی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له‌ ئه‌وروپای هه‌ره‌ کۆن بوو‌. له‌ ڕوسیه‌ کلیسا و ئایین له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وده‌م پشتیوانیانده‌کرد. به‌و هۆیه‌وه‌ تێکۆشان دژی ئایین به‌ پێداویستییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی داده‌نرا. ” له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ لێنین به‌ ناوی ماتریالیزمی مێژوویی بۆی ده‌چوو، وەک‌ ماتریالیزمی بۆرجوازی فه‌ره‌نسه‌‌ سه‌ده‌ی هه‌ژدهه‌م دیاریده‌کرا، واته‌ ماتریالیزمێک که‌ ئه‌و کاته‌ وه‌ک چه‌کێکی هۆشیی له‌ دژی کلیسا و ئایین به‌کارده‌برا. ده‌بێت بگوترێت که‌ هه‌ر به‌و ڕێگه‌یه‌ و به‌ ئاماژەدان بۆ هاشێوه‌بوونی نێوان په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ ڕوسیه‌ی پێش له‌ شۆڕش و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی فه‌ره‌نسه‌ی پێش شۆڕش، کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان بە ئه‌و کەتواره‌ ئاماژەیاندا، که‌ لێنین و ئه‌ندامانی پارتییه‌که‌ی ناوی ژاکۆبینه‌کانیان له‌ خۆیان ناوه‌. مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بوو، که‌ پارتییه‌که‌یان له‌نێو شۆڕشی بۆرجوازی ڕوسیه‌ هه‌مان کارکردی ژاکۆبینه‌کانی فه‌ره‌نسه‌یان هه‌بوو.

هه‌ر به‌و جۆره‌ی که‌ کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان گوتیان، ئه‌وه‌ سه‌ره‌نجامی لۆجیکیی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر بوو، که‌ بۆلشه‌ڤیزم مارچی ١٩١٨، واته‌ ته‌نیا پێنج مانگ پاش ئۆکتۆبه‌ری ١٩١٧، کە ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیەتەکان که‌ له‌ ئاستێکی که‌مدا بوو، به‌ زۆر له‌ چنگی سۆڤیەتەکان ده‌رهێنرا. سۆڤیەتەکان لەتەک سیستمێک که‌ سه‌رخانی ڕامیاریی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بوو، به‌یه‌کیان نه‌ده‌خوارد.

ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رهه‌ڵدانی کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیی له کۆمۆنیزم ده‌گات، به‌ته‌واوی له‌و سیسته‌مه‌ جیاوازه‌. دیکتاتۆریی پارتیی لەتەک ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کاری کرێگرتە و کۆتاییهێنان‌ به‌ به‌هره‌کێشی کرێکاران پشتئه‌ستوورن، ناگونجێت. کۆمەڵێک که‌ لەنێو ئەو به‌رهه‌مهێنه‌ران ئازاد و یه‌کسانن، ناتوانێت شتێکی جیاواز له‌ دێمۆکراسی به‌رهه‌مهێنه‌ران بێت.
——————————————————————————

* دەقی فارسیی ئه‌م گۆتاره‌ له‌ ماڵپه‌ڕی (http://www.kavoshgar.org/) وه‌رگیراوه‌
* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj




چەپ و ڕیفراندۆم لە کوردستان …. کار و ئەرکەکان چین …. ڕزگار ئاکرێی

ئەم بابەتە بەهۆکاری نەبوونی کات و گرنگی بابەتەکە لەکاتی ئێستادا دەرفەتی وەرگێڕانیمان نەبوو بۆسەر زمانی کوردی….. دەنگەکان………

اليسار و«الاستفتاء» في إقليم كردستان.. ما العمل والمهمات؟

رزكار عقراوي …..


1- المقدمة

القوى اليسارية في العراق كانت سباقة في النضال مِنْ أجل حقوق القوميات والأقليات والدفاع عنها، ونادت بحقها في تقرير مصيرها منذ بداية تشكل أولى التنظيمات الشيوعية واليسارية في ثلاثينات القرن المنصرم، وكان لها موقفٌ امميٌّ واضح وأعطت مثلاً إنسانياً رائعاً لأحزاب تضم كافة القوميات والأقليات الموجودة في العراق، وكانت الوحدة الأممية الطبقية أحد الروابط الأساسية في تلك التنظيمات السياسية.
ومع أن للكثير من القوى والشخصيات اليسارية العراقية والكردستانية موقفاً داعماً ومؤيداً لحق تقرير المصير للشعب الكردي من خلال استفتاء ديمقراطي، ولكنّها لم تدعم أو تؤيّد استفتاء 25 أيلول/سبتمبر الذي أُجري في إقليم كردستان العراق. وذلك لأسباب كثيرة، منها: افتقاده إلى أبسط مقومات الاستفتاءات الديمقراطية حسب القانون الدولي وحتى بمعايير العالم الثالث، وعدم شرعيته، وتوقيته غير الملائم، وغياب التوافق المحليّ عليه، وعدم إشراك جميع الأطراف به، إضافة إلى غياب الدعم والإشراف الدولي على إجراءاته.
موضوعة الاستفتاء، وإيجاد حلول للمشكلات القومية في العراق، من الممكن أن تتعدَّد آراء واجتهادات اليسار العراقي والكردستاني بشأنها، وأرى أنَّ بعض الرفاق والرفيقات الأعزّاء الذين أكنّ لهم كل الاحترام والتقدير كأشخاص وأحزاب يسارية ولهم دور نضالي معروف في الدفاع عن حقوق الجماهير الكادحة، وكان لي شرف النضال والعمل التنظيمي معهم أو تربطني بهم علاقات رفاقية أعتز بها كثيراً، اختاروا أن يتبنّوا سياسات أخرى وطرحوا حلولاً للمشكلة القومية في العراق من الممكن أن تكون خاطئة ولا تصب في صالح الجماهير، بل يمكن حتى أن تكون داعمة بشكل غير مباشر لأحد طرفي أقطاب الحكم والصراع القومي المقيت في العراق.
اليسار، برأيي، يجب أن لا يقف مع «حكامه القوميين» سواء أكان ذلك وفق مفهوم «التحرر القومي» في أربيل أو «الدفاع عن الوطن ووحدته» في بغداد، وقد أثبتت تجارب الجماهير مع حكمهم الفاسد والمستبد أن ذلك ليس إلا ذريعة وغطاء لتعزيز حكمهم الدكتاتوري وترسيخه. حيث في الإقليم اختاروا دون قيد أو شرط دعم وترسيخ سلطة حزب دكتاتوري ورئيسه باسم الاستفتاء الجماهيري الديمقراطي للقومية «المظلومة»، وفي العراق أيَّد بعض التنظيمات والرفاق والرفيقات الأعزّاء من اليسار إجراءات وقرارات حكومة الإسلام السياسي الشوفينية في بغداد بحق سكّان إقليم كردستان ما بعد الاستفتاء، بل إن البعض منهم رفض حتى مبدأ حق تقرير المصير من خلال استفتاء ديمقراطي.
وسأحاول هنا طرح وجهة نظري التي تقبل الخطأ والصواب حول «اليسار المؤيد للاستفتاء» و«اليسار الرافض لحق تقرير المصير» والنقاط التي تم الاستناد إليها في أطروحاتهم وفق الوقائع الحالية، وما العمل لحل المشكلات القومية في العراق ومهمات اليسار.


2- اليسار المؤيد للاستفتاء

– 2.1اليسار الكردي والانفصال القومي تنظيميا….

لدينا حالة مهمة في العراق تستحق التوقف عندها ودراستها وأعتقد أنها تتطلب معالجة مستقلة بحد ذاتها ولنا كيسار تجارب مماثلة في دول أخرى، وهي أن اليسار الكردستاني قد اختار الانفصال والاستقلال عن اليسار العراقي قبل أن تطرح القوى القومية الكردية الانفصال والاستقلال القومي؛ فقد انشق الحزب الشيوعي الكردستاني طوعياً عن الحزب الشيوعي العراقي في العام 1993، وكذلك انشق الحزب الشيوعي العمالي الكردستاني طوعيا أيضا في 2008 عن الحزب الشيوعي العمالي العراقي. وأثبتت الوقائع الحالية أن الأسس والأسباب التي استند إليها اليسار الكردي في تكوين أحزابه اليسارية القومية المستقلة آنذاك لم تكن صائبة ولم تؤدِّ إلى تقويتها وتعزيز وجودها بين الجماهير الكادحة في الإقليم كما كان مؤمّلاً. بل إنَّ العكس هو ما حدث؛ فقد تراجعت وأصبحت أحزاباً صغيرة ذات تأثير محدود جداً. وقد انعكس هذا الانشقاق القومي الجغرافي بشكل سلبي كبير على عموم اليسار في العراق. وبرأيي أن هذه الانشقاقات الطوعية تعود إلى حصول نوع من الانفصال الإداري – الحكومي بين الإقليم والمركز، ووجود مشكلات قومية معقدة في العراق، وقوة ونفوذ التيار القومي العربي والكردي وانعكاسه على عموم المجتمع بما فيه قوى اليسار، وكذلك التوجه لتغليب البعد القومي على البعد الإنساني الطبقي في بعض أحزاب اليسار، وتراجع اليسار بشكل عام محلياً وإقليمياً وعالمياً ولأسباب مختلفة.


2.2- هل الاستفتاء يعبر عن إرادة الجماهير؟

من خلال متابعتي المتواصلة لم أسمع بأي مظاهرة أو تحشيد جماهيري كبير في إقليم كردستان العراق طالب بالاستفتاء والاستقلال في السنوات الأخيرة، ولم يكن مطلب الاستفتاء أحد الشعارات الرئيسية في المظاهرات والاحتجاجات الجماهيرية عام 2011 التي عمت مدن الإقليم بعد الربيع العربي؟ بل كانت كلها تطالب بالخدمات والرواتب والعدالة والحقوق الإنسانيّة والديمقراطية، وتناهض فساد حكام الإقليم واستبدادهم، وكان لمعظم قوى اليسار في إقليم كردستان دور نضالي قدير ومشهود فيها. لم أسمع أن رفاقي ورفيقاتي في اليسار المؤيد للاستفتاء أجروا إحصائيات دقيقة من خلال استبيانات واستطلاعات رأي فتبيَّن لهم أن الاستفتاء هو المطلب الآني الأساسي للجماهير الكادحة في الإقليم! بل إنَّني لم أرَ أنَّ مطلب الاستفتاء كان المطلب الأساسي لمعظم الكتل والأحزاب في الإقليم بشتى توجهاتها الطبقية. وإذاً، فكيف برز الاستفتاء فجأة مِنْ دون سابق إنذار كمطلب جماهيري ملحّ؟! ونرى أيضا انه حتى بعد مضى ما يقارب أكثر من ثلاث أسابيع على الاستفتاء لم يخرج أي نوع من المظاهرات الجماهيرية في مدن الإقليم تطالب الحكام بتنفيذ قرار الجماهير (الأغلبية) المصوتة للانفصال! وهذا يؤكّد أن «الجماهير» لم تنطلق عفوياً بالاستناد إلى حاجاتها قبل وبعد الاستفتاء، بل حركها الحزب الرئيسي الحاكم وحلفاؤه. ويعكس هذا، برأيي، ضعف جماهيرية قرار الاستفتاء وانشغال الجماهير بمشاكلها الحياتية اليومية المتفاقمة في ظل سلطة الفساد والاستبداد في الإقليم.
إذاً، إضفاء كلمة الجماهيري على الاستفتاء وأنه يعبر عن إرادة جماهير إقليم كردستان وحاجاتها الملحة الآن ليس له أساس علمي، بل هو خاطئ وغير واقعي. الأحزاب القومية الكردية الحاكمة، وبالأخص الحزب الديمقراطي الكردستاني، استطاعت جر الأحزاب القومية الأخرى وجزءاً من الجماهير بطرق شرعية وغير شرعية إلى قضية الاستفتاء بحكم ما تملكه من الإمكانيات المالية والعسكرية والإعلامية وسيطرتها على معظم مفاصل السلطة والنفوذ والمال في الإقليم، واستخدام «الأحاسيس القومية» وتأجيجها تحت غطاء حق تقرير المصير. وباعتقادي أن «الاستفتاء» لم يكن مطلب جماهير كردستان الملحّ الآن.

2.3- أطروحة القومية الظالمة والقوميّة المظلومة!

للأسف، اليسار المؤيد للاستفتاء ردد نفس أطروحات الأحزاب القومية الحاكمة في وجود اضطهاد للقومية الظالمة «العرب» على القومية المظلومة «الكرد» وأحياناً كانوا ملكيين أكثر من الملك! وكما أشرت في مقالاتي السابقة كان هناك اضطهاد قومي صارخ وعنيف في العراق قبل العام 2003 ولكن بعد ذلك ووفق صفقات القوميين الأكراد مع قوى الإسلام السياسي في العراق، تحول إقليم كردستان إلى دولة قومية كاملة تقريبا تنقصها بعض المقومات الشكلية، وبالتالي انتهى الاضطهاد القومي. ومن خلال متابعتي لم أرَ أي تقرير من منظمات حقوق الإنسان الدولية يشير إلى وجود حالات للاضطهاد القومي على الأكراد في العراق ما بعد 2003، بل بالعكس تمت ممارسة الظلم القومي بحق القوميات والأقليات الأخرى في الإقليم وتمت إدانة ذلك من منظمات حقوق الإنسان الدولية (وبالأخص منظمة العفو الدولية وهيومن رايتس ووتش) مرات عدة، ومنها سياسات «التكريد» المقيتة بحق سكان ما سمي بالمناطق المتنازع عليها. لذا أعتقد أن استخدام نصوص ماركسية حول القوميات الظالمة والمظلومة هنا، وكأنها نصوص قرآنية معصومة من الخطأ وصالحة لكل الأزمان والأمكنة لا تتلاءم مع حالة الإقليم وموضوعة الاستفتاء.
الواقع الحقيقي هو أن الأحزاب القومية الكردية كانت أحد أقطاب الحكم الرئيسية في العراق وشاركت مع أحزاب الإسلام السياسي في إشاعة الدمار والعنف والحروب والفقر والفساد والظلم والمآسي التي تمر بها شعوب العراق جمعيها الآن. ولم يعد سراً أن أحد أقطاب الطبقة البرجوازية الحاكمة الرئيسية في الإقليم والمشارك في حكومة بغداد «الحزب الديمقراطي الكردستاني» كان في أزمة عميقة وفي مشاكل متفاقمة في الإقليم مع الأطراف السياسية الأخرى ومع المركز، وأراد من خلال «الاستفتاء» تعزيز وترسيخ موقعه محلياً وإقليماً ودولياً وتمديد رئاسة مسعود البرزاني الذي فقد الشرعية منذ سنوات وفق أجندتهم وأجندة القوى الإقليمية والدولية المتحالفة معهم، والتحضر لمرحلة ما بعد «داعش» في العراق والإقليم والمنطقة. أصل الصراع هو بين أقطاب البرجوازية الحاكمة في العراق وليس ما يسمى بالقومية «الظالمة» والقومية «المظلومة» وليس هناك «معتدي» و«معتدى عليه» في هذا الصراع البعيد كل البعد عن مصالح الجماهير الكادحة.

2.4- حل المشكلة القومية؟ ام الهاء الجماهير وتهميش الصراع الطبقي؟

برأيي أن أحد أهم أهداف الاستفتاء غير المعلنة كانت إجهاض أو تأخير أي استفتاء ديمقراطي حقيقي ملزم وجدي لتقرير مصير ساكني إقليم كردستان بشكل سلمي حضاري بإشراف دولي تشترك فيه الأطراف المختلفة، وبدلاً مِنْ ذلك، إبقاء الورقة القومية المربحة بيد الطغمة الطفيلية الحاكمة في الإقليم. ولا أعلم كيف لليسار والتقدميين، إذا اقتنعوا بضرورة الاستفتاء كمطلب جماهيري ملح الآن وأن الظروف مناسبة لإجرائه، أن يشتركوا و يؤيدوا استفتاءاً غير ملزمٍ! ومِنْ دون غطاء أو دعم دولي؟ ما الذي اختلف، إذاً، عن استفتاء 2005؟ إنه كما أشار رموز الحزب الديمقراطي الكردستاني بعد يوم واحد من الاستفتاء انه «استبيان» لا أكثر! هل أصوات الجماهير لعبة بيدهم؟ وأكيد أن الأحزاب القومية الحاكمة ستستخدم وتستثمر «التفويض الجماهيري!» فقط لتقوية مركزها لا أكثر للمزيد من الصفقات والامتيازات التي تطمع بها داخلياً وإقليمياً وعالمياً.
وكما نرى أن أحد نتائج الاستفتاء كانت تصاعد لغة الحرب وخطاب التعصب والكره القومي في عموم العراق والإقليم، وتأجيج الحساسيات القومية بشكل كبير بدلاً من حلها. وللأسف، فإنَّ رفاقاً من اليسار اختاروا أن يقدموا النضال «القومي!» على النضال الطبقي والأممي، ومهما كانت تبريراتهم الفكرية للوقوف مع «حزب دكتاتوري ورئيسه» ضدّ ما سمي بـ «العدو القومي»، فإنَّهم يشاركون الآن بشكل غير مباشر في جر عموم ساكني العراق والإقليم إلى صراعات وحروب عنيفة، وإدخال الجماهير الكادحة وخصوصاً في الإقليم في أزمات سياسية واقتصادية أعمق (كما نرى الآن)، وتهميش الصراع الطبقي والهاء الجماهير الكادحة عن مشاكلها اليومية أو المطالبة بحقوقها في الخدمات والرواتب والعدالة والكهرباء والماء والعمل وتخفيض أسعار السلع….. الخ. وكان ذلك أفضل هدية قدمت لطغمة أحزاب الإسلام السياسي الحاكمة في بغداد للتنفيس عن أزماتها العميقة.
ورغم الرفض الدولي وتهديدات دول الجوار التي من الممكن أن تخلق أزمات سياسية واقتصادية واجتماعية قوية وحتى صراعات مسلحة، لم يتراجع اليسار المؤيد للاستفتاء عن دعمه له غير أبهين بالتأثيرات السلبية الكبيرة التي من الممكن أن تنعكس على الجماهير الكادحة في الإقليم وعموم العراق.

2.5- موقف اليسار المؤيد للاستفتاء من «ديمقراطية!» العملية الانتخابية.

اليسار المؤيد للاستفتاء يطرح أن أغلبية جماهير كردستان «صوتت بنعم» وأنَّ ذلك يعبر عن إرادتها، ولكن هم يعلمون قبل الجميع أجواء القمع والخوف والتخوين وهستيريا التعصب القومي، والانتهاكات والتهديدات العلنية التي رافقت عملية الاستفتاء وخصوصاً في مناطق سيطرة الحزب الديمقراطي الكردستاني، سيطرة الحزبين الحاكمين على كل الأجهزة العسكرية والأمنية والحكومية، وكذلك افتقاد «العملية الانتخابية للاستفتاء» إلى مؤسسات مستقلة ونزيهة للإشراف عليه وإدارته، فتجربة السنوات الماضية أثبتت لنا أن الأحزاب الحاكمة والمتنفذة في إقليم كردستان وعموم العراق، قد استخدمت كل الطرق الملتوية والتزوير والرشوة واستخدام المال السياسي، وسطوة الميلشيات الحزبية وقمع الرأي الآخر.. الخ، لفرض سلطتها وتمرير سياساتها من خلال «انتخابات» شكلية تحت إشراف «مفوضيات مستقلة!» هي بالأساس مستندة إلى التقسيم الطائفي والقومي والحزبي ويسودها الفساد الكبير وتفتقد إلى النزاهة، وكل هذا في غياب إشراف دولي ذي مصداقية على العملية الانتخابية، ومع ذلك فإنَّ نسبة مقاطعة الاستفتاء قد قاربت النصف حسب الإحصائيات المستقلة، ولم تؤيد أي جهة دولية رسمية أو غير رسمية ذات مصداقية النتائج الرسمية التي أعلنت من قبل حكام الإقليم.
للأسف، فإنَّ ذلك يعطي انطباعاً سلبياً، ومن الممكن أن يعكس ازدواجية في المواقف وخللاً كبيراً في المصداقية الديمقراطية لليسار المؤيد للاستفتاء، حيث أن اليسار يجب أن يدافع عن ديمقراطية العملية الانتخابية ونزاهتها بغض النظر عن ما إذا كان مؤيداً أو معارضاً للسلطات الحاكمة وإجراءاتها وقراراتها، ومِنْ واجبه أنْ يطالب بتوفير أجواء ديمقراطية مناسبة وآليات مرنة لكي تعبر الجماهير عن رأيها بحرية.. سواء بالمقاطعة أم بالتصويت بـ «نعم» أو بـ «لا» وإلا فإنَّه سيعتبرها غير ديمقراطية ولا يجوز المشاركة فيها. لكنَّه، للأسف، لم يقم بإدانة التجاوزات الصارخة والتزوير المفرط وكل الإجراءات غير الديمقراطية التي رافقت الاستفتاء، بل اعتبرها شرعية بالكامل! واعتبر نتيجة الاستفتاء تعبّر عن رأي أغلبية الجماهير في الإقليم رغم المقاطعة الكبيرة، لكونه، أي ذلك اليسار، من مؤيدي الاستفتاء ومع توجه السلطة الحاكمة في الإقليم لا غير. وأرى أن نسبة المقاطعة الكبيرة جداً للاستفتاء أو التصويت بـ «لا» عكست موقفاً ثورياً جريئاً لجماهير كردستان بوجه الطغمة الحاكمة في الإقليم وممارساتها.

3- اليسار الرافض للاستفتاء وحق تقرير المصير

بعض الرفاق والرفيقات الأعزّاء من اليسار في العراق كتنظيمات وكشخصيات، لا يتقبلون إلى الآن حق تقرير المصير لساكني إقليم كردستان كمفهوم مبدئي عام، لا بل إنَّهم يقفون ضده. ومن هذا المنطلق، وقفوا مع حكام بغداد ومع إجراءاتهم الشوفينية بحق ساكني الإقليم، ويستندون في ذلك إلى الدفاع عن وحدة «الوطن» العراقي ومناهضة تقسيمه ويدعون إلى الاستناد إلى «الدستور»، وبشكل عام مواقفهم في هذه القضية المهمّة تقترب من أو هي مؤيدة بشكل عام لتوجهات الحكومة العراقية وقوى الإسلام السياسي الحاكمة.

3.1- وحدة الوطن مناهضة التقسيم

أحد مبررات رفض مبدأ حق تقرير المصير وحق الانفصال من خلال استفتاء ديمقراطي هو من أجل الدفاع عن سيادة الدولة ووحدة الأراضي العراقية والثوابت والمبادئ الوطنية، ومناهضة التقسيم واعتبار الحدود العراقية أمراً مقدساً لا يجوز المساس بها وأي توجه نحو ذلك يعتبر من جرائم الخيانة العظمى! وكما هو معلوم، العراق دولة أُنشئت وفق اتفاقية سايكس بيكو 1916، وتم دمج قوميات وأديان مختلفة في وحدة قسرية استناداً إلى مصالح الدول الاستعمارية آنذاك واتفاقياتها في تقسيم الشرق الأوسط. لذلك، أعتقد ان وحدة أراضي العراقية ليست بالأمر المقدس الذي لا يجوز التفريط به، ولا تعني الكثير برأيي في مقابل حياة وحقوق الجماهير الكادحة وتوفير أجواء آمنة لعموم المجتمع، وأعتقد كماركسيين ويساريين علينا أن ننبذ الوحدة القسرية بين الشعوب وأن ندعم التعايش والوحدة الطوعية على أساس المواطنة المتساوية، وفي نفس الوقت نؤيد وندعم أيضاً حق تقرير المصير بما فيه الانفصال وتشكيل دول مستقلة لكل ساكني العراق، سواء أكان على أساس قومي، أم جغرافي، أم مناطقي…. الخ، إذا كان ذلك سيعطي حقوقاً ومساواة أكثر وحياة أفضل لهم، وسيخفف من حدة الصراع والتناحر القومي والديني والطائفي كما يجري الآن في العراق.

3.2- الشوفينية القومية ورفض مبدأ حق تقرير المصير

الكثير من رفاق ورفيقات وتنظيمات اليسار في العراق مازالوا تحت تأثيرات الفكر القومي العروبي المتعصب، الذي يرى في أي توجه للأقليات للمطالبة بالحقوق القومية أو الانفصال في دول العالم العربي مؤامرة استعمارية – إسرائيلية ليس هدفها إلا لتفتيت الدول العربية وضرب وحدتها، في حين أنَّهم يطالبون ويناضلون من أجل أن يتمتع الشعب الفلسطيني بحق تقرير مصيره و تشكيل دولته المستقلة، ينفون ذلك الحق عن الشعوب والأقليات غير العربية في دول العالم العربي وبل يقفون ضده. اعتقد انه على قوى اليسار في العراق وعموم العالم العربي والشرق الأوسط ان تناضل وتدعوا كافة القوميات إلى الوحدة الطوعية وفق مبدأ المواطنة وفصل الدين عن الدولة وتوعية الجماهير الكادحة بروح الإخاء الإنساني والمساواة القومية والدينية الكاملة، ولكن في نفس الوقت الدفاع عن حق الأقليات القومية الكامل والشرعي في تقرير المصير سواء بالبقاء في أطر الدول الحالية بأي شكل كان (الحكم الذاتي، الفيدرالية، والكونفدرالية….. الخ )، أو الانفصال وتشكيل دول مستقلة، وهذا لا يشمل العراق فقط، بل الكثير من الدول العالم العربي التي فيها مشاكل قومية وأثنية.

3.3- الدعوة للالتزام بالدستور وتأييد الحكومة والبرلمان

للأسف، أيد بعض الرفاق والرفيقات الأعزّاء من اليسار إجراءات وقرارات حكومة الإسلام السياسي الطائفية – الشوفينية وبرلمانها في بغداد بحق ساكني إقليم كردستان، وهما يعتبران مِنْ أفسدِ وأسوأ الحكومات والبرلمانات في العالم. وأيدوا، أيضاً، قرار المحكمة الاتحادية مع علمهم بعدم نزاهة القضاء العراقي وانعدام استقلاليته، ومنها إجراءات مجحفة ستؤثر سلباً بشكل كبير على الجماهير الكادحة وعموم المجتمع، ولن تتأثر بها الطغمة الحاكمة في الإقليم، بل إن البعض منهم رفض بشكل تام مبدأ حق تقرير المصير من خلال استفتاء ديمقراطي سلمي مستندين إلى «الدستور العراقي»، الذي صيغ وفق توافقات قوى الإسلام السياسي والقوى القومية الكردية وحلفائهم، في حين أنَّه حق مكفول ومعترف به في القانون الدولي ومواثيق حقوق الإنسان الدولية ومستمدة من الأفكار الماركسية واليسارية ومنصوص عليه في ميثاق الأمم المتحدة، ويجب أن لا يخضع لتفسيرات دستورية محلية. وللأسف، لم يدينوا بشكل واضح التلويح بالحصار الاقتصادي والتدخل العسكري وتدخل الدول الإقليمية وخصوصاً الأنظمة الدكتاتورية في إيران وتركيا وتعاون حكومة بغداد الجبان والمدان معهم، والإجراءات والمناورات العسكرية المشتركة لتهديد سكّان الاقليم، بل، للأسف الشديد، أن قسماً قليلاً طالب الحكومة بإجراءات أشد ومنها العسكرية.


4- ما هو البديل لحل المشكلات القومية في العراق؟

لحل المشكلات القومية في العراق والتوصّل إلى تحديد واضح لعلاقة الإقليم مع المركز ونوعها ومصير المناطق المتنازع عليها، أنا مع إجراء استفتاءات ديمقراطية سلمية ملزمة للمركز والإقليم وبإشراك الأطراف المختلفة بعد فترة تحضير مناسبة، وأعتقد أن على قوى اليسار في العراق والإقليم تبني حل تدخل الأمم المتحدة، ومطالبة كافة الأطراف بالبدء بالحوار السلمي والمفاوضات تحت إشراف دولي لحل كافة المشكلات القومية في العراق وليس الكردية فقط، وأن نطالب بتشكيل لجنة – بعثة أممية دائمية تشرف على ذلك، وتكون مهمتها الأساسية إيجاد حل سلمي وفق القانون والمواثيق الدولية وتوفير الأجواء الملائمة لذلك.
طرحي لحل الأمم المتحدة يستند للأسباب التالية:
– باعتباره هو أفضل الحلول الموجودة الآن، حيث أحياناً بسبب ضعف القوى اليسارية والتقدمية في المركز والإقليم لا بد أن نختار بين السيء والأسوأ الآن، رغم تحفظي الكبير على سياسات الأمم المتحدة وهيمنة الدول الرأسمالية الكبرى عليها.
– سيطرة الفكر القومي الشوفيني العروبي – الإسلامي المتعصب على معظم النخب السياسية العراقيّة، يؤجِّج النزعة الإقصائية تجاه القوميات والأديان الأخرى في العراق.
– استخدام الطغمة الحاكمة في الإقليم للقضية القومية الكردية لترسيخ دكتاتوريتها، واحتكار الحزبين الحاكمين للسلاح في الإقليم وسيطرتهم الحزبية على كافة القوى العسكرية والأمنية التي تعمل كميلشيات حزبية، بحيث يجعل مصداقية أي عملية انتخابية في الإقليم ضعيفة، ففي ظل سطوة تلك القوى لا يمكن للرأي الآخر المعارض لها أنْ ينشط بحرية في حالة عدم وجود ضغط وإشراف دولي.
– الضعف الكبير في المؤسسات الدستورية وعدم وجود مفوضية انتخابات ديمقراطية ونزيهة مستقلة سواء في بغداد أو أربيل.
– عدم وجود قضاء مستقل ونزيه وغياب الفصل بين السلطات في المركز والإقليم.
– قطبا الحكم يفتقدون إلى المصداقية والنزاهة لحل المشكلة القومية في العراق، ولذلك لابد من وجود إشراف وضغط دولي.
– إشراف الأمم المتحدة من الممكن أن يؤدي إلى إعاقة أو على الأقل إضعاف التدخل السلبي للدول الإقليمية.
– الاستفادة من الخبرة الكبيرة للأمم المتحدة في حل المشكلات القومية وإدارة وتقديم الدعم والخبرة والتدريب في حالة موافقة الأطراف المختلفة على إجراء استفتاء ديمقراطي تحت إشراف دولي.
– من الضروري وجود دور وإشراف أمميّ مؤثر في تقرير مصير المناطق المتنازع عليها ذات التنوع القومي والديني الكبير مثل منطقة كركوك وسهل نينوى، وأن يكون لها استفتاءات محلية خاصة بها.

5- مهمات اليسار

لقد تم جر الجماهير بشكل أكبر إلى الصراعات القومية في فترة ما بعد الاستفتاء والتي تعمقت أكثر الآن، وتم إلهائها بشكل كبير عن المطالبة بحقوقها وإيجاد حلول لمشاكلها اليومية في عموم أنحاء العراق، وخلقت أجواء من القلق والتوتر والخوف بين عموم الجماهير من المستقبل والحروب. الأحزاب القومية الكردية وقوى الإسلام السياسي الحاكمة كانت بأمس الحاجة إلى هكذا صراع مقيت، لصرف الأنظار عن سياستها الفاسدة والمستبدة وترسيخ سلطتها الكالحة، وللأسف نجحت في ذلك والذي حصل كان «انتصاراً وقتياً» للطغمة الحاكمة في إقليم كردستان وأحزاب الإسلام السياسي والحكم الرجعي في بغداد، وهم عاجلاً أم آجلاً سيرجعون ويتفاوضون حول تقسيم السلطة والسرقات ويتحالفون معاً مرة أخرى، لإدامة حكمهم المشترك المستبد والفاسد الذي خلق المآسي والحرمان والفقر لعموم ساكني العراق وإقليم كردستان. ولمواجهة ذلك الأن أعتقد أن على قوى اليسار في العراق والإقليم ما يلي:

– أن تدين بشدة لغة السلاح وفرض الأمور بالقوة العسكرية من كل الأطراف وبأي تبريرات كانت، وتقف ضد تصاعد لغة الكره والتعصب والحقد والاستعلاء القومي سواء أكان عربياً أم كردياً أم تركمانياً……الخ، وضد الحكم الفاسد في بغداد وأربيل وسياسات الاستبداد والنهب والإفقار، والتركيز على النضال من أجل الدولة المدنية، والدفاع عن حقوق الجماهير الكادحة وحقوق الإنسان والحريات والمساواة والمواطنة والعدالة الاجتماعية.
– تبنّي حل الأمم المتحدة لحل المشكلة القومية في العراق، والنضال والدفاع وتوعية الجماهير بالوحدة الطوعية الإنسانية وفق مبدأ المواطنة المتساوية في العراق لكل القوميات والأديان، وفي نفس الوقت الإقرار بحق القوميات الساكنة في العراق في تقرير المصير بما فيه الانفصال وتشكيل دول مستقلة.
– الدفاع عن الحقوق الإنسانية المتساوية لسكان ما سمي بالمناطق المتنازع عليها ذات التنوع القومي والديني، ومناهضة سياسات الاضطهاد القومي المقيتة سواء أاتخذت شكل «التعريب» أو «التكريد»، ولحين تقرير مصيرها بشكل ديمقراطي أرى من الأنسب أن تكون تحت إشراف دولي وبإدارة ذاتية مشتركة من ساكنيها.
– يفصل خطه عن البارزاني واستفتائه وعن خط العبادي وإجراءاته العقابية الشوفينية، ويقر بان الطرفين يقفان في الجبهة المعادية للجماهير الكادحة.
– التركيز على هويتنا الإنسانية قبل القومية، وأن نوضح أن الصراع الحالي هو ليس بين شعوب العراق وخصوصاً «العرب والكرد»، بل هو صراع فج وقذر بين الطبقات الحاكمة في بغداد واربيل وحلفائهم الإقليمين والدوليين باسمنا وفق نظام حكمهم المستند إلى المحاصصة الطائفية والقومية المقيتة.
– التفكير في إعادة توحيد أحزاب اليسار في العراق والإقليم بعد الفصل التنظيمي الذي حصل، وخلق نوع من ألآليات التنظيمية المرنة لكي توحد وتنسق عملها على صعيد البلد الواحد.
– أحزاب اليسار والقوى التقدمية في العراق والإقليم مطالبة قبل أي وقت مضى بالتقارب وتعزيز العمل المشترك وصولاً الى تحالف يساري – ديمقراطي واسع.
– ……………….


6- الخاتمة

كماركسيين ويساريين لا بد أن نتعامل بعقلانية علمية وندرس الظروف المحلية والإقليمية والدولية، وموازين القوى الطبقية وقدرات وقوة «أعدائنا»، والإمكانيات الواقعية لتحقيق الحلول التي نطرحها وآلياتها، ونتجنب المشاركة في جر الجماهير الى حروب قومية أو طائفية خاسرة ومدمرة. ومع أني لا أناضل من أجل تشكيل دول على أساس قومي إلا أنَّني ادعم وأؤيد توجه ورغبة أي مجموعة سكانية معينة سواء أاتخذت شكل القومية أو أي تكوين آخر في تقرير مصيرها بشكل ديمقراطي سلمي، وحتى الانفصال وتشكيل دول مستقلة، إذا كان ذلك سيؤدي إلى حقوق وحياة أفضل لهم، وسلام وآمان أكثر لعموم ساكني المنطقة. ومع تأييدي الكامل للحق الكامل والشرعي للشعب الكردي لتقرير المصير بما فيه الانفصال، إلا أنَّني في حالة إقليم كردستان لا أرى أن الظروف مناسبة الآن للانفصال والاستقلال وإعلان الدولة القومية، وأعتقد أن الجماهير الكادحة في الإقليم والعراق تُجر إلى حروب وصراعات قومية كما يجري الآن، وستتعرض إلى أزمات اقتصادية وسياسية أعمق من أجل «دولة قومية» حتى إذا تشكلت الآن في الإقليم لن تكون إلا نموذجاً دكتاتورياً جديداً بائساً للدول القومية الفاشلة في المنطقة، ولن تغير شيئاً من حياة الجماهير الكادحة.




حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، خواوەندی ڕاستەقینە و خواوەندی قەرزکراو …. ئەردەڵان قەرەبای

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا حەشدی شەعبی زۆر بەئاسانی توانی بێتە ناو شاری کەرکوک و هەموو ئەو ناوچانەی تریش کە بە ناوچە جێناکۆکەکان ناسراون. ئەمە هەر زوو ئەوەی دەرخست هەموو ئەو مژدانەی لە دەمی سەرۆکی هەرێمەوە دەبیسران ئەو سەرۆکەی چەند ساڵێکە مافی سەرۆکبونی نەماوە فشە دەرچوون. ئەوەش دەرکەوت هەموو مێدیای حزب چەواشەکار بوون و تەنیا کاریان ئەوە بووە بینەر و بیسەر فریو بدەن. لە هەرێمی کوردستاندا هەموو جوڵەیەک بۆ داپۆشینی پڕۆژەیەکی حزبیە. بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێم لە دەسەڵاتەکەی بمێنێتەوە دەیان سیناریۆ ڕێکدەخرێ. بۆ ئەوەی مووچە نەدرێت دەیانی تر.

بۆ ئەوەی هاوڵاتی لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کرێت دەیانی تر کە مانای وایە هەموو ئەو شتانەی دەوترێن بۆ پۆشینی پڕۆژەکانە. ئەگەر وایە لە ماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەی حکومەتی هەرێمدا چ بەرهەمێکمان هەبووە؟ چیمان بەچی کردوە؟ ئایا دەزگای پەروەردە و خوێندنمان دامەزراندوە؟ ئایا دەزگای تەندروستیمان هەیە؟ ئایا خاوەنی سووپایەکی بەهێزین؟ خانوو بەرەمان هیچ مۆرکێکی کوردی پێوە دیارە؟ ئایا چاکسازیمان لە خاکدا کردوەو پەرەمان بە کشتوکاڵمان داوە؟ ئایا لە سامانی سرشتی وڵاتدا وزەی کارەبامان بەرهەمهێناوە؟ ئایا داهاتی نەتەوەو تاکمان بەرزکردۆتەوە؟ ئایا ئازادی بیر و ڕامان قەبوڵ کردوە؟ ئایا ژیانی لاوان و مناڵمان دابین کردوە؟ ئایا ئەگەر لەوانە بێبەش بووبین مانای وایە شتێکمان هەیە بە ناوی ئایدینتی و کەسایەتی کوردی؟ لە ڕاستیشدا مەبەستم ئەوەیە لەسەر ئەوەی دواییاندا هەڵوەستە بکەم. مەبەستم لە ئایدینتیتی و کەسایەتی کوردیە. ئەگەر تۆ چاوێک بە کتێبەکانی خوێندن لە سەرەتاییەوە هەتا زانکۆدا بخشێنێت دەزانی مرۆڤی کورد بە شێوەی سیستەماتیک لەوە دووردەخرێتەوە ببێتە خاوەنی شوناس و کەسایەتی خۆی.

شتێک زۆر بایەخی پێدرابێت هەر دینی ئیسلام بووە. مناڵ لە باخچەی ساوایان و لە سەرەتاتاییدا چەند بەشێک لە قورئان و حەدیسی پێ لەبەردەکرێت بێ ئەوەی لێیان تێبگات. ئەوە گرنگە بزانێت هەر شتێک لە دەرەوەی ئەوانەدا بێت نرخی نییە. لە پەرلەمانی کوردستاندا ڕۆژێک لە ڕۆژان گفت و گۆ لەسەر ئەوە نەکرا چۆن بواری خوێندن و پەروەردە گۆڕانی تیا بکرێ. بەرپرسانی پەروەردە لە خەمی ئەوەدا نەبوون چۆن بەهرەی منداڵ گەشە پێبدرێ و ئەو توانانەی بەزگماک هەیەتی گەورە بکرێ. ئەمە وایکرد مزگەوت ڕۆڵی گەورە بگێڕێت. ئەو ڕۆڵەی پێشتر لە دەستی دابوو بۆی بگەڕێتەوە. هەتا هەشتاکانیش رۆڵی قوتابخانە لە ڕۆڵی مزگەوت گەورەتر بوو بەڵام لە ڕاپەڕینەوە لەگەڵ هاتنی حزبی کوردیدا مزگەوت شوێنی بە قوتابخانە چۆڵکرد. لەمەوە قوتابخانە تەواو بۆ مزگەوت گۆڕا.

دین لە بنەڕەتدا بێ گوناهە بەڵام کاتێ دەسەڵاتی سیاسیی بۆ پۆشینی پڕۆژەکانی بەکاریدەهێنێ دەبێتە گەورەترین گوناهکار و دەتوانێ مرۆڤی ناکامڵ و شێواو دروستبکات. وەک مینێکی گەورە وایە تا ئەو کاتەی پێت نەخستۆتە سەری لەژێر زەویدا بێ زیانە بەڵام هەر قاچت پیا نا دەتەقێتەوەو کاری خۆی دەکا. حزبەکانی کوردی بەمەبەستی فریودانی خەڵک دینیان هێنایە هەموو شوێنێک. لە هەر شوێنێک پێویستیان بەوە بووبێت دزی و تاڵان بکەن مۆرکی دینیان بەو شوێنە داوە. بەم شێوەیە جەماوەرێکی گەورەی مرۆڤی دوو ڕوو و فێڵبازیان پێگەیاندووە کە هەموو ئەوانە لەڕێگای خوێندنی دینەوە پەورەردەکراون چ لەقوتابخانە و چ لەمزگەوتدا. هەموو حزبی کوردی بە ڕاست و چەپەوە دژی سێکۆلاریزمن چونکە هەرکاتێ دین لە دامودەزگاکانی دەوڵەت جیاکرایەوە ئەوان ناتوانن بەو شێوەیەی ئێستایان پڕۆژە نهێنییەکانیان بەڕێوەببەن. ئەمڕۆ نەوەیەک لەناو حزبی کوریدا پێگەیشتووە تەنیا لە وەهم پێکهاتوە. ئەو مرۆڤە هیچ شوناسێکی نییە. ئاسان نییە تۆ مرۆڤێکی کورد بەجیاوازییەکانیەوە بناسیتەوە. ناکرێ بە بەرهەمەکانیەوە بزانیت ئەو مرۆڤە کوردە وەک ئەوەی دەزانیت مرۆڤێک هەیە ئیسرائیلییە، یەکێکی تر ئەڵمانە و ئەوەی تر چینی و ئەوەیان تریان ژاپۆنییە.

دەڵێن حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک و ناوچەکانی تر هات. ئایا هیچ کاتێ هەبووە ئەم هەرێمە لە حەشدی شەعبی و لە بەعسی چۆڵ بوبێت؟ ئایا لە قوتابخانەکاندا ئەو باوەڕەمان بە قوتابییەکانمان نەگوتووە کە ئەوان هەیانە؟ ئایا لە مزگەوتەکاندا بە زمانی ئەوان سوژدەمان بۆ خواوەندی ئەوان نەبردووە؟ ئایا ناوی ئەوانمان لە مناڵەکانمان نەناوە؟
دەڵێن پێشمەرگە خۆی لەبەردەم حەشدی شەعبیدا نەگرت. بۆچی بیگرێت ئەگەر ئەو خواوەندی ڕاستەقینەی لەپشت بێت بەڵام پێشمەرگە خواوەندی ئەوی قەرزکردووە؟ ئەو خواوەندە بۆچی پشتی کەسەکانی خۆی بەردەدات و پشتی ئەوانەی تر دەگرێت؟
ئێمە پێویستە دان بەو شکستەی خۆماندا بنێین هەتا هیچ نەبێ ئەو وەهمە جارێکی تر بەرچاومان نەگرێت.




لە سەركردەكانی خۆتانەوە دەست پێبكەن … عەلی مەحمود محەمەد

لە بەڕێز حەمید دەروێشەوە دەستپێبكەین كە 54 ساڵی تەواوە سكرتێری حیزبەكەیەتی لە رۆژئاوای كوردستان و كۆنترین سكرتێری كوردە, بگرە یەكێكە لە كۆنترین سەركردەی حیزبەكانی جیهانیش, تا سكرتێری بچوكترین پارتی سیاسی كە بە كورسییەكەوە نووسا مەگەر مردن لێی دورخاتەوە یاخود لە پرۆسەیەكی بازرگانی سیاسی كورسیەكی لە دوكانێكی گەورەتر دەست كەوێت , لە كاتێكدا لە جیهاندا ژیانی سیاسی بە ئاستێك چۆتە پێشەوە, حیزبە سیاسییەكان بە رێگایەكی مۆدێرن بەردەوامن لە گۆڕینی سەرۆكەكانیان پاش هەموو پاشەكشە سیاسییەكان و شكستەكانی هەڵبژاردن و سكانداڵە ئەخلاقی و سیاسییەكان, تەنانەت هەڵبژاردنی سەرۆكی پارت بەو شێوە نەرێتیەی لای خۆمان بە چەپڵە ئەنجام دەدرێت, یاخود لە رێگای كۆنگرەی چەند سەت كەسی یان كۆمیتەی ناوەندی و مەكتەبی سیاسی باوی نەماوە, ئەندامان راستەوخۆ بە كۆبونەوەی دەیان و سەدان هەزاری سەرۆكی حیزبە بێدەسەڵاتەكەیان هەڵدەبژێرن.تا ئێستا لە كوردستان پاش ئەم هەموو خیانەت و شكستانە سەركردەمان نەبینی دەست لەكار بكێشێتەوە, دان بە راستییەكاندا بنێت و بەرەو روی لێ پێچینەوەو سزا نەبێتەوە, هەمیشە بەهانە بۆ تاوان و شكست و گەندەڵییەكانیان دەهێننەوەو خۆیان بە سیاسییە پاكیزەكە دەناسێنن, مردن نەبێت لە كورسی جیا نابنەوە, دوای خۆشیان كورسی حیزب و مومتەلەكاتی حیزب بۆ مناڵەكانیان بەجێ دەمێنێت.لەم چەند رۆژەی رابردوو پاش خیانەتە مێژوییەكەی 16 ی ئۆكتۆبەری كەركووك , هەڵمەتێك بۆ داخوازی دەست لەكار كێشانەوەی بارزانی دەستی پێكرد, تا ئێرە ئاساییە, چونكە ئەمە مافێكی سەرەتایی هاووڵاتیانە, زۆر بێ مانایە بارزانی 41 ساڵە سەرۆكی حیزبەكەیەتی و 26 ساڵە دەسەڵاتداری كوردستان و 12 ساڵە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە , لەو كاتەوە دەیان هەڵەو تاوان لە ژێر سەركردایەتی ئەودا ئەنجامدراوە كە هەندێكیان دەچنە چوارچێوەی تاوانە مەزنەكان و هەڵەی سیاسی گەورە, وەلێ ئەوەی نا ئاساییە لە داواكاری ئەم بەڕێزانە ئەوەیە سەركردەكان خۆیان تا مردن بە كورسی حیزبەكانیانەوە نووسان و بەریان نەدا لە كاتێكدا رۆڵی باڵایان هەبووەو نەیان وێراوە بچوكترین رەخنە لەو سەركردانەی خۆیانیان نەگرتووە, تا چووونە قەبرەوە هەر خەریكی ماستاو بوونە بۆیان , دوای خۆشیان مومتەلەكات و حیزبەكانیان بۆ مناڵەكانیان بە میرات مایەوە , كەچی ئەوان لە گرتنەوەی ماستاوە چركان بەردەوامن, هاوكات ناوێرن ئازایانە دەست بخەنە سەر برینە قولەكەی 16ی ئۆكتۆبەر, كە ئەوەی لەناو رودوەكە نەبێت نازانێت خیانەتەكە چەندە گەورەو كەمەر شكێن بوو, شوێنەوارەكەی و شێوازەكەی كەمتر نەبوو لە 31ی ئاب .لە كۆتادا من بەو بەڕێزانە دەڵێم تكایە لە حیزبەكان خۆتانەوە هەموو دەست پێبكەن و دەسەڵاتی بنەماڵەیی بە هەموو رەنگ و ناوەكان ببەنە زبڵدانی مێژوەوە, ئاخر ئێمە تا كۆیلەیی ئێسك و پروسك و تارماییە مردووەكان بین و خۆمان رزگار نەكەین لەو كلتورە ناتوانین بە خەڵكێكی دیكە بڵێین بۆ ماڵەوە, با زیندووەكان بكەینەوە بە مرۆڤی ئاسایی و ئازادیان بكەین و مردووەكانیش بنێرینەوە بۆ گۆڕستانە گشتییەكان خۆمان لە تارماییە بێ روحەكانیان ئازاد بكەین, ئەوجا بە خەڵكی دیكەش بڵێین بۆ ماڵەوە, چونكە بڕیاری وا مەزن تەنها بە مرۆڤی زیندوو دەدرێت نەك بە مرۆڤی كۆیلە, با هةموويان بنيَرينةوة بؤ مالَةوة .




هەمیشە ئاشبەتاڵ … ناڵە حەسەن

وا پێدەچێ
قەدەری ئێمە وابووبێ
لەنێو منداڵدانی مردنەوە
لەدایکبووبین
بۆیە فرچکمان بەوە گرتووە
بۆ تا ئەبەد
لەنێو مردندا بژین
لەنێو مردندا عەشق بکەین
لەنێو مردندا سروود بڵێین
لەنێو مردندا سەما بکەین
هەر لەنێو مردنیشدا بمرین
وا پێدەچێ
قەدەری ئێمە وابووبێ
کە لەنێو تەڵبەندە تاریکەکانی مردنەوە
بۆ یەکەمینجار
دەرگای ژیانمان لێکرابێتەوە
بۆیە فرچکمان بەوە گرتووە
بۆ تا ئەبەد
ڕووناکی مردن لەنێو چاومان بێ
خۆرەتاوی مردن لەنێو خەونەکانمان بێ
کە دەشفڕین
درەختێک نەبێ لەسەری بنیشینەوە
کە لەنێو شەوە ئەنگوستەچاوەکانیش وندەبین
دەرگایەک نەبێ لێی بێینە دەرەوە
لەسەر یەکبەیەکی ئەستێرەکاندا
لەسەر زەوی و
لەنێو بۆشایی ئاسماندا
بستەخاکێک نەبێ
بیکەین بە نیشتیمان و ماڵ
هەر / ئاشبەتاڵ و هەمیشە ئاشبەتاڵ …!

١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧




شتێك له‌مێژووی ئاوابوون … نه‌ژاد عزیز سورمێ

• په‌رێز

گیا بڵند بوو ، له‌ كڵاوه‌ی چۆكی ده‌دا..
له‌ وه‌رزی ئاوس بووندا
ڕه‌گه‌كان هاتنه‌وه‌ به‌ر با..

• ڕه‌وڕه‌وه‌ی وه‌ستان

له‌سه‌ر به‌ردی سێڕیانه‌كه‌ دانیشتووه‌
چاوه‌ڕوانی (به‌یان) ده‌كا..
گه‌لێ‌ جار (به‌یان) هاتووه‌
تریفه‌ بارانی كردووه‌ و
تێشتی له‌گه‌ڵدا خواردووه‌..
ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ر به‌رده‌كه‌یه‌ و نابزوێ‌ !
وشت بووه‌ !
چاوه‌ڕوانی (به‌یان) ده‌كا..

• ئاڵ بردنه‌وه‌

ئاوێنه‌كان به‌ دیواره‌وه‌ شكاون..
هه‌تاو ڕووته‌ ، سایه‌ پۆشته‌
پێینگانی كچی ئاسمان داری حه‌سره‌تی لێ‌ ڕواوه‌ .

• خوێنكێش

له‌ ناو قه‌ده‌وه‌ پێكراوه‌..
تنۆكێ‌ خوێنی لێ‌ نه‌هاتووه‌
شاڵی پشتی ته‌مه‌نیشی هه‌ڵمشتووه‌ ..

• ته‌نافباز

وه‌كو په‌مۆ :
له‌ قۆزاخه‌ و
له‌ مه‌كینه‌ و
له‌ دارهه‌نه‌یشدا ده‌ژی ..
تا ئه‌وه‌ی له‌ په‌رداخێكیش نقوم ده‌بێ‌
ده‌ریا هه‌ستێ‌ ناگاته‌ گوێزینگانی.

برایه‌تی

ئه‌وان تینی كوره‌ی ده‌فیو ،
ئێمه‌ شه‌خته‌ ..
ئه‌وان گیا ،
ئێمه‌ش به‌رخی دوو باقه‌ گیا …

• زایه‌ڵه‌ی بێ‌ ده‌نگی

له‌و ساته‌وه‌ سوژنی
له‌ بن پیلی شه‌وه‌ی ڕۆژگار ڕاكردووه‌
هاوار ئه‌كا
كه‌س دیار نییه‌
(با) وه‌ستاوه‌ !
ئه‌ویش به‌ ده‌نگه‌ ده‌نگی خۆی ..
نه‌وه‌ك هه‌ر كه‌ڕ ، لاڵیش بووه‌ ..

پانكی مێشك

بیری نایێ بارانی گرتبێتیه‌وه‌
نه‌ی دیوه‌ خوێنی تێ‌ بگه‌رێ‌ !
پانكی سه‌رچاوه‌ی گومڕایی ،
هه‌ر له‌ دوورڕا ماكی كه‌ڕووی پێوه‌ دیاره‌ .

كێلوكه‌
تاك تاك ،
شێوه‌ی جریوه‌ی پاساری ..
تاك تاك ،
شێوه‌ی زه‌بوونی و ناچاری
تاك تاك ،
كه‌ ته‌نیایی هه‌ر بۆ خوایه‌ .

خێزه‌ڵانی سنگه‌كان

ئه‌وه‌ هه‌ناسه‌دان نه‌بوو
ئه‌وه‌ ڕمانی چیا بوو ..
چه‌خماخه‌ی هه‌وره‌ تریشقه‌ و
فڕینی هه‌موو چۆله‌كه‌ و كۆتره‌كانی دونیا بوو ..
ئه‌وه‌ هه‌ناسه‌دان نه‌بوو .

بانگۆش

ئێستا مناڵان
یاری به‌ باگردێنه‌كه‌ی ده‌كه‌ن
ده‌سكه‌كه‌ی كردووه‌ به‌شه‌قه‌ و پێی ده‌ڕوا ..
ده‌رناكه‌وێ‌ ،
چوار وه‌رزی ساڵ له‌ ماڵێیه‌ …
9 /1989




هه‌ڵكشانی دیدی دژه‌كۆچ له‌ ئه‌وروپا

پاش ئه‌وه‌ی سێباستیان كورس ، سه‌رۆكی پارتی گه‌لی نه‌مسا توانی له‌سه‌دا 31.5 ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی ووڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ستبهێنێت ، ئه‌گه‌ری زۆره‌ كه‌ بتوانێت ببێته‌ ڕاوێژكاری كابینه‌ی حكومه‌تی داهاتوی ئه‌و ووڵاته‌.
كورسی ته‌مه‌ن 31 ساڵ كه‌ گه‌نجترین سه‌ركرده‌ی دیاری ئه‌وروپایه‌ به‌ لێدوانه‌ تونده‌كانی له‌باره‌ی كۆچه‌وه‌ بۆ ووڵاته‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه‌ و له‌ دواهه‌مین لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمز ده‌ڵێت ” قه‌یرانی كۆچ خه‌ڵكی وه‌های هێناوه‌ته‌ ناو نه‌مسا كه‌ بیرۆكه‌كانیان له‌م ووڵاته‌ی ئێمه‌دا جێگه‌ی نابێته‌وه‌.”
كورس ، پێشتریش پێشنیاری ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ ئه‌وروپا هاوشێوه‌ی ئوسترالیا سیاسه‌ته‌كانی توندبكاته‌وه‌ و ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ وه‌رنه‌گرێت كه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌ریاوه‌ و به‌ قاچاخ ڕوو له‌ نه‌مسا ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی ئێستای ئوسترالیا پیاده‌ی ده‌كات و هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بكات ده‌ستگیری ده‌كات و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ووڵاته‌ی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ لێوه‌ی هاتووه‌.

ئامادەکردنی: هەأار




ئاینده‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى كورد و حكومه‌تى مه‌ركه‌زیی: ئایا دۆخه‌كه‌ وه‌ك خۆى لێ دێته‌وه‌؟. ….به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

پرسیارى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م دۆخه‌ بۆ واى لێهات؟. له‌ڕاستیدا هه‌ڵه‌ى كوشنده‌ له‌ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمه‌وه‌ ده‌ست پێ ناكات، له‌ كۆتایی ساڵى (2013) ه‌وه‌ ده‌ست پێ ئه‌كات، كه‌ دروستكه‌رانى بڕیارى ئابوربی و سیاسیی دروشمى ئابوریی سه‌ربه‌خۆیان به‌رزكرده‌وه‌.

یه‌كه‌م: ئابوریی سه‌ربه‌خۆ

وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ساڵى (2012) ه‌وه‌، مژده‌ى ئه‌وه‌یدا كه‌ له‌ (2015) دا هێڵى ووزه‌ى كوردستان له‌توانایدایه‌ (1) یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات، به‌وه‌شه‌وه‌ داوایان ئه‌كرد پشكى (17%) ى بودجه‌ له‌ به‌غدا به‌ده‌ست بهێنن!. په‌له‌كردن له‌ئابوریی سه‌ربه‌خۆ له‌به‌رئه‌وه‌ بو، ئه‌گه‌ر بودجه‌ له‌به‌غداوه‌ بێت، بابه‌تێكى شه‌فافه‌و، دیاره‌ هه‌رێم چه‌ندى ده‌ست ئه‌كه‌وێت، به‌رپرسانى هه‌رێم بریاریاندا سه‌ربه‌خۆ نه‌وت بفرۆشن، حكومه‌تى عێراقیش بودجه‌كه‌ى بڕى، بڕینى بودجه‌كه‌ له‌كاتێكدا بو، داعش هات و، نرخى نه‌وت یش دابه‌زى، هه‌نارده‌كردنه‌و سیاسه‌تى ووزه‌ى هه‌رێم نیواو نیو كورتى هێنا.
كورتهێنانى سیاسه‌تى ووزه‌ى هه‌رێم، به‌جۆرێك بو، كه‌ نه‌ك له‌ (2015) به‌ڵكو له‌ كۆتاییه‌كانى (2017) شدا، حكومه‌تى هه‌رێم نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانى له‌ یه‌ده‌گ و به‌رهه‌مى نه‌وتى هه‌رێم (1) ملیۆن به‌رمیل له‌ڕۆژێكدا هه‌نارده‌ بكات، به‌ڵكو به‌ هه‌نارده‌ى هه‌رسێ كێڵگه‌ى (باباگوڕ گوڕ، ئاڤانا، باى حه‌سه‌ن) یشه‌وه‌ كه‌ (360000) له‌ڕۆژێكدا، ئینجا توانى (550000بۆ 600000) هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا هه‌نارده‌ بكات. جگه‌ له‌و نه‌وته‌ى كه‌ به‌ كه‌شتى له‌ كه‌ناره‌ ئاوییه‌كانى ده‌ریاى ناوه‌ڕاست و كه‌نه‌داو ئه‌مریكاوه‌، ئه‌سوڕایه‌وه‌و، كرێى ڕۆژانه‌ى زیاتر كه‌ڵه‌گه‌ ئه‌بو، چونكه‌ كڕیاره‌كان شكاتیان لێ كرابو له‌ لایه‌ن حكومه‌تى مه‌ركه‌زى عێراقه‌وه‌.
به‌رپرسانى هه‌رێم، له‌ (14ى 7ى 2014) ه‌وه‌ هه‌موو ڕۆژێك (260000) دووسه‌ت و شه‌ست هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركوك یان له‌ (ئاڤاناو باى حه‌سه‌نه‌وه‌) فرۆشتووه‌، پاره‌كه‌ش چۆته‌ سه‌ر حیسابى چه‌ند كه‌سێك، به‌رپرسانى هه‌رێم و به‌غدا له‌وه‌دا كۆك بوون كه‌ داهاتى ئه‌و نه‌وته‌ ناچێته‌ سه‌ر هیچ حیسابێكى حكومى نه‌ له‌هه‌رێم نه‌ له‌به‌غدا نه‌ له‌كه‌ركوك!. جگه‌ له‌وه‌ى به‌رپرسانى كورد له‌ كه‌ركوكا به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕاى عه‌ره‌ب و توركمان و پێكهاته‌كان بڕیاریانداوه‌، جگه‌له‌وه‌ى له‌ماوه‌ى (16) ساڵ دا مومته‌له‌كات ى حكومه‌ت و موڵكى ده‌وڵه‌ت و زه‌وى و چاڵه‌ نه‌وتیان بۆ خۆیان قۆرخ كردبو، به‌ ته‌نكه‌ر نه‌وتیان ئه‌فرۆشت و چه‌ندین پاڵیوگه‌ى سه‌ر پێیى یان كردبوه‌وه‌.


دووه‌م: بڕیارى ڕیفراندۆم

بڕیارى ڕیفراندۆم، هه‌رچۆن لێی بكۆڵیته‌وه‌، بڕیارى خه‌ڵكى كوردستان نه‌ بووه‌و نییه‌، چونكه‌ نه‌ په‌رله‌مان ئه‌و بڕیاره‌ى داوه‌، نه‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كى شه‌رعى، نه‌ هیچ شه‌رعیه‌تێكى نێوده‌وڵه‌تیشى وه‌رگرتووه‌، ته‌نانه‌ت حزبێكى بڕیار به‌ده‌ستى وه‌ك (ی،ن،ك) سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى به‌ پێی په‌یڕه‌وو پرۆگرام شه‌رعیه‌تى له‌ده‌ستداوه‌و، بڕیاره‌كانى له‌ ناو جه‌ماوه‌ر و ناوه‌ندى كادیرانییه‌وه‌ هه‌ڵ نه‌قووڵا بوون، ئینجا نزیكه‌ى (40,5%) واته‌ ته‌نها له‌ سه‌تا چل ى خه‌ڵكى كوردستان ده‌نگیان به‌و ڕیفراندۆمه‌ داوه‌. هه‌ڵه‌یه‌كى دیكه‌ى ڕیفراندۆم ئه‌وه‌بو، زه‌مینه‌ى گفتوگۆى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى مه‌ركه‌زى كوشت، عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى حوكمى یاساو ده‌ستورى تیادا نییه‌و، شه‌ڕى تایه‌فى و بیرى پاوانخوازى تیایدا زاڵه‌و ڕێژه‌ى بێكارى تیایدا(35%) ه‌و، نزیكه‌ى (6,5) شه‌ش ملیۆن و نیو منداڵى بێ باوكى تیادایه‌ و (23) بیستوسێ ملیار دۆلار قه‌رزاره‌، كه‌چى هێشتا عێراق به‌ ته‌واوى پاڵپشتى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمایه‌تى هه‌یه‌. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌یان جار دووپاتى كردۆته‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ عێراقێكى یه‌كگرتوو نایه‌وێ هیچى تر ببینێت له‌و قۆناغه‌دا.


سێهه‌م: قۆناغى دواى ڕیفراندۆم قۆناغى فه‌رمانڕه‌وایی حكومه‌تى مه‌ركه‌زییه‌

له‌ دواى ڕیفراندۆم، سه‌ركردایه‌تى سیاسیی كورد، جگه‌ له‌ په‌رش و بڵاوى و فره‌ قسه‌یی، هه‌نگاوه‌كانیان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى مه‌ركه‌زیی زۆر خاو بو، له‌كاتێكدا “ئێران- عێراق” – “ئێران- توركیا” ” توركیا- عێراق”، “ئێران- عێراق- توركیا” له‌ جموجووڵ و بڕیار و تاوتوێى خێرادابوون. وه‌زیرى به‌رگرى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ ته‌له‌فۆنێكیدا بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق “حه‌یده‌ر عه‌بادى” هه‌موو پاڵپشتیه‌كى بۆ ئیجرائاته‌ یاسایی و ده‌ستورییه‌كانى حكومه‌تى عێراق ده‌ربڕى بو. چه‌ندین جار عێراق داواى گفتوگۆى له‌ هه‌رێم كرد كه‌ ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ یاخود هه‌ڵپه‌سێرن، چه‌ندین جار حكومه‌تى عَێراقى بێزارى خۆى لاى ئه‌مریكییه‌كان و توركیاو ئێران و دادگاى نیۆرك ده‌ربڕى بو، كه‌ به‌رپرسانى كورد (3) ساڵه‌ داهاتى نه‌وتى كه‌ركوك بۆ خۆیان ئه‌به‌ن، ئه‌بێت ئه‌م داهاتانه‌ بێنه‌وه‌ بۆ حكومه‌تى مه‌ركه‌زیی عێراق. كه‌چى به‌رپرسانى هه‌رێم و به‌تایبه‌تى (پارتى دیموكراتى كوردستان) گاڵته‌و سوعبه‌تیان به‌و لێدوانانه‌ ئه‌كرد و، به‌ ته‌نزه‌وه‌ وه‌ڵامیان ئه‌دانه‌وه‌.

چواره‌م: حكومه‌تى عێراقى به‌ ڕێككه‌وتن هه‌موو خاڵه‌ سنورییه‌كان وه‌ر ئه‌گرێته‌وه‌

حه‌شدى شه‌عبى به‌ چوار قۆناغ گه‌شه‌ى كردووه‌، سه‌ره‌تا دروستیان كرد، قۆناغى دووه‌م به‌ یاسا له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ كرا به‌ به‌شێك له‌ سیسته‌مى به‌رگرى عێراق، قۆناغى سێیه‌م پڕ چه‌ك كران، قۆناغى چواره‌م شه‌ڕى ده‌ستكه‌وته‌ سیاسییه‌كانى خۆیانى پێ ئه‌كه‌ن.
ڕۆژى (14/10/2017) فه‌رمانده‌ى سوپاى قودسى ئێران “قاسمى سوله‌یمانى” سه‌ردانى مه‌زارى تاڵه‌بانى ئه‌كات، ڕۆژى (15/10/2017) سه‌رۆك كۆمارى عێراق ” دكتۆر فواد مه‌عسوم” كه‌ له‌پشكى كورده‌، نامه‌یه‌كى حكومه‌تى عێراقى ئه‌گه‌یه‌نێته‌ سه‌ركردایه‌تى كورد كه‌ ” پدك و ینك” ن، له‌ نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى عێراقى سه‌رجه‌م بیره‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركوك ئه‌خاته‌وه‌ ژێر كۆنترۆڵى خۆى، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ پێش شه‌ڕى داعش له‌ (2014) به‌ده‌ست حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ بوون و، به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌، ئه‌وا هێزه‌كانى سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى كۆنترۆڵیان ئه‌كاته‌وه‌و، پێویسته‌ پێشمه‌رگه‌ چۆڵى بكات، خاڵى سێهه‌میش ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى عێراقى هه‌موو مه‌رزه‌ سنورییه‌كانى په‌روێزخان، باشماخ، حاجى ئۆمه‌ران، برایم خه‌لیل ئه‌خاته‌وه‌ ژێر ڕكێفى خۆى و، ڕاسته‌وخۆ خۆى به‌ڕێوه‌ى ئه‌بات. بۆ كۆنترۆڵكردنى ئه‌مانه‌ش ته‌نها مه‌رزى حاجى ئۆمه‌ران نه‌بێت كه‌ سوپاى حه‌شدى شه‌عبى له‌ناو خاكى ئێرانه‌وه‌و له‌ ناوچه‌ى پیران شار ه‌وه‌ ئه‌چێت بۆ كۆنترۆڵ كردنى، هه‌موو ئه‌وانى تر له‌ خاكى عێراقه‌وه‌ به‌ هێز وه‌رئه‌گرێته‌وه‌.
كۆى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش، له‌ به‌ره‌ به‌یانى ڕۆژى دووشه‌ممه‌ (16ى 10ى 2017) ه‌وه‌ له‌ خوارووى كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستى پێكردو، نزیكه‌ى (70) پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون و (121) كه‌سى دیكه‌ش بریندار بوون جگه‌ له‌ (17) كه‌سى بێسه‌روشوێنكراو و، هه‌زاران ماڵى كورد له‌شارى كه‌ركوك و دووز خورماتوو هه‌ڵاتن و ئاواره‌ بوون.

پێنجه‌م: ئه‌وه‌ى پێویست بو كورد بیكات نه‌یكرد

سیاسه‌ت و ئابوریی له‌ لاى كورد تێكه‌ڵ به‌مه‌سه‌له‌ى كوردایه‌تى و ئایدۆلۆژیا كراون، بۆیه‌ له‌برى (هاریكارى هه‌رێمایه‌تى- International Cooperation) هه‌میشه‌ (ململانێی ناوخۆیی و هه‌رێمى) به‌دواى خۆیدا هێناون، ئه‌وه‌ى پێویسته‌ بووه‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ حوكمڕانى كوردى باكگراوه‌ندێكى مۆدێرن ئاڕاسته‌ى بكات. بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رچوو (Out Put) ه‌كانى بریتى بن له‌ ڕیسێرچ به‌ شێوه‌یه‌كى ئاكادیمى، دیبلۆماسییه‌تێكى كاریگه‌ر، هێزێكى سه‌ربازیی به‌ یاسا ڕێكخراو، گه‌شه‌یه‌كى مرۆیی بۆ ئاماده‌گییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى. مه‌سه‌له‌ن: كورد و ئه‌و پیاوانه‌ى له‌سێبه‌رى نه‌وت دا ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، نه‌یانتوانى ته‌نها پاڵپشت بن له‌ دروستكردنى چه‌ند ناوه‌ندێكى توێژینه‌وه‌و دیبه‌یتخواز كه‌ كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر ڕاى گشتى جیهانى، له‌ناوه‌نده‌ گرنگه‌كاندا ئارگیومێنسازیی بكه‌ن. بۆیه‌ ئه‌بینى كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كان نزیك ئه‌بنه‌وه‌ داوا ئه‌كه‌ن كوردانى هه‌نده‌ران بێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و، داوا ئه‌كه‌ن خه‌ڵك چه‌ك هه‌ڵبگرێت و ئیشه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌رچووه‌.

شه‌شه‌م: چۆن كه‌ركوك له‌ به‌یه‌كداكێشانى هێزه‌كان بپارێزرێت؟. ” به‌ پێى تێزه‌كانى مایكڵ نایت”.

مایكڵ نایت -Michael Knight، تایبه‌تمه‌ندى له‌بوارى سه‌ربازیی و ئاسایش دا هه‌یه‌ له‌ عێراق و ئێران و كه‌نداوى عه‌ره‌بى. له‌و توێژه‌رانه‌یه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگریی و ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ڕاپۆرته‌كانى ئه‌بینن یان هه‌ر ڕاپۆرت بۆ ئه‌وان ئاماده‌ئه‌كات، توێژه‌ره‌ له‌ واشینگتۆن ئینستیوت و، دكتۆراى له‌ كۆلێژى شاهانه‌ى له‌نده‌ن له‌ دیراساتى جه‌نگى هه‌یه‌، خولیاى قسه‌كردنه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆنێكشنى نێوان ئاسایش و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان. له‌میانه‌ى وتارێكیدا له‌ ” په‌یمانگه‌ى واشینگتۆن بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست” ئه‌نوسێت، كه‌ حكومه‌تى عێراق هاته‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌ ئه‌مریكا هیچى نه‌ووت، ته‌نها سه‌رۆك ترامپ نه‌بێت وتویه‌تى: هه‌ردوولایان وه‌ك یه‌كن بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان و ئێمه‌ ته‌ره‌ف نیین له‌م ناكۆكییه‌دا “would not be “taking sides” in the dispute”. نایت، لایوایه‌ حكومه‌تى عێراق هاتۆته‌ ناوه‌وه‌و ئیتر له‌مه‌ولا ئه‌بێت واشنتۆن به‌په‌له‌ ڕێگیریی بكات و نه‌هێڵێت توندوتیژیی په‌ره‌بسێنێت، ناو شار ئه‌بێت به‌ده‌ست پۆلیسه‌وه‌ بێت نه‌ك پێشمه‌رگه‌و سوپا، كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانیش ئه‌بێت پۆلیسى تایبه‌ت یان هه‌بێت نه‌ك حه‌شدو سوپا و پێشمه‌رگه‌، بۆیه‌ مایكل نایت چوار هه‌نگاوى ده‌ستوبرد بۆ ئیداره‌ى ئه‌مریكا ده‌ست نیشان ئه‌كات:
یه‌كه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پێكهێنانى میكانیزمێكى وا كه‌ هێزێكى هاوبه‌شى ئه‌منى دروست بكرێت له‌ هێزه‌كانى خزمه‌تگوزارى پۆلیس و دژه‌ تیرۆر (به‌هه‌ماهه‌نگى هه‌رێم و به‌غدا) و فریاكه‌وتنى خێرا.
دووه‌م: ئه‌مریكا ئه‌بێت ئاماژه‌ره‌یه‌كى وا بدا كه‌ حه‌ز به‌ پێكدادانى هێزه‌كان ناكات. بۆ ئه‌مه‌ش تیمێكى سه‌ربازیی- ئه‌منى- ڕاوێژكارى له‌ ناو كه‌ركوك دابنات. ئه‌مه‌ش بۆ دابه‌زاندنى ئه‌وانه‌ى ئاره‌زووى پێكدادان ئه‌كه‌ن هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ شنگال كردى.
سێهه‌م: دانانى حاكمێكى كاتى له‌ كه‌ركوك، ئه‌گه‌ر نه‌گونجاو بو به‌ په‌له‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى پارێزگاوه‌ پارێزگارێكى كورد ده‌ستنیشان بكه‌ن. تیایدا پارێزگارى له‌و ڕێككه‌وتنه‌ بكرێت كه‌ كه‌ركوكیه‌كان له‌ساڵى (2007) كردویانه‌ له‌ مه‌ڕ دابه‌شبونى ده‌سته‌ڵاته‌كان.
چواره‌م: ئه‌بێت ئه‌مریكا وا بكات به‌شدارییه‌ نه‌وتییه‌كان به‌رده‌وام بن، له‌نێوان (به‌غدا- كه‌ركوك- هه‌رێم) دا، ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ وا ڕێك بكاته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى “قازانج – قازانج ( win- win situation ) بێت و هه‌ر سێ شوێنه‌كه‌ لێی سودمه‌ند بن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ ببێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك هه‌رێم و به‌غدا لێوه‌ى ده‌ست بكه‌ن به‌ دانوستاندن. نایت ئه‌ڵێ ڕاسته‌ ئێستا سه‌رجه‌م كێلًگه‌ نه‌وتیه‌كان له‌ ژێر كۆنترۆڵى حكومه‌تى فیدراڵییه‌، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم یه‌ك هێڵى هه‌نارده‌كردنى هه‌یه‌و، پاڵیوگه‌كانى تواناى پاڵاوتنى نه‌وتى زیاتریان هه‌یه‌، ئه‌كرێ كارێكى وابكرێت كه‌ ئه‌م پاڵیوگانه‌ى هه‌رێم نه‌وت بۆ ناوچه‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كانى وه‌ك نه‌ینه‌واو سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ بپاڵێوێت. ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات كارى پێكه‌وه‌یی هه‌رێم و به‌غدا زیاتر بێت و، له‌ گفتۆگردا بن.

سه‌رئه‌نجام:

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا، له‌ په‌یامێكیدا له‌ ڕێگه‌ى “بى بى سى نیوز” ه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، داوا ئه‌كات له‌وه‌ زیاتر نا ئارامى نێوان هه‌رێم و حكومه‌تى مه‌ركه‌زیی په‌ره‌ نه‌سێنێت، ئه‌و هێرشانه‌ى حه‌شدى شه‌عدى و سوپاى عێراقیشى به‌ ” جووڵه‌ى سه‌ربازى” ناوبردووه‌.
به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى، له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كان چه‌ند ڕاوێژكارێكى بارزانى ئه‌یانگوت، كارته‌كانى ده‌ستى هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌ زۆرن، حكومه‌تى عێراق په‌ى پێ نابات و، گه‌مه‌یان به‌ سوپاى عێراقى ئه‌كرد، كه‌ هه‌ڵدێن و، ڕایانكردووه‌ بۆ هه‌نده‌ران. ئێستا هیچ كارتێكى سه‌ربازیی و سیاسیی و ئابوریی له‌ده‌ست سه‌ركردایه‌تى سیاسیی هه‌رێمى كوردستاندا نییه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ سه‌پاندنى ئاسایش و سوپاى عێراقییه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ى باسكران. بۆیه‌ سیناریۆكان ئه‌مانه‌ى لاى خواره‌وه‌ ئه‌بن:
یه‌كه‌م: به‌ فشارى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا حكومه‌تى مه‌ركه‌زى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستاندا دابنیشێت، ئه‌ویش دواى ته‌واو بونى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى له‌سه‌ره‌وه‌ باسكرا، ئه‌وكات داواو مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جارێكى تر له‌ به‌غداده‌وه‌ دیارى بكرێن، لیژنه‌یه‌كیش بۆ شه‌فافیه‌ت به‌سه‌ر به‌رپرسانى كورده‌وه‌ دابنرێن، هه‌رچى ناوچه‌ دابڕاوه‌كانه‌ به‌ هاوبه‌شى به‌ڕێوه‌ببرێن و هه‌ماهه‌نگى ته‌واو له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن.

سیناریۆى دووه‌م: ده‌ستێوه‌ردانى ڕووسیاو توركیا، به‌ بیانووى ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى له‌گه‌ڵ ڕووس نه‌فت كراون، هه‌رچه‌نده‌ له‌گرێبه‌سته‌كه‌دا باسى (7) كێڵگه‌كراوه‌ ناوى كێڵگه‌كان نه‌هێنراون. ئه‌مه‌ش جارێكى تر حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌خاته‌وه‌ ململانێ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى مه‌ركه‌زیی و ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵكى كوردستان و ناوچه‌ دابڕینراوه‌كان دژوارتر ئه‌كات.
سیناریۆى سێهه‌م: دروستبونى دوو ئیداره‌یی، ئێران پاڵپشتى ته‌واوى هێزه‌كانى (ی،ن،ك) بكات له‌كه‌ركوك و، چاوپۆشى له‌ نفووسیان بكات له‌ به‌غداد و، له‌هه‌ڵبژاردنیش جارێكى تر فریاى (ی،ن،ك) بكه‌وێت و نه‌هێڵێت بكه‌ون. به‌مه‌ش (پ،د،ك) هه‌م بیره‌ نه‌وته‌كانى كه‌ركوك له‌ده‌ست ئه‌دا، هه‌م داهاتى خاڵه‌ سنورییه‌كان، هه‌م ئه‌كه‌وێته‌ به‌ر په‌لامارى گازنده‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك كه‌ ئه‌ندازیارى له‌ده‌ستدان و شكاندنى شكۆى گه‌لى كوردستان بووه‌ به‌ هۆى پرۆسه‌ى ڕیفراندۆمه‌وه‌.

“به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: خوێندكارى دكتۆرا له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رۆكى ئینستیتیوتى مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى”




ھاوار و خۆزگەکانی منی منداڵیش، ھەر وەستانی جەنگ و زرمەی تۆپخانەکان بوو … ھەژێن

ھەر کاردانەوە و دەربڕین و ھەڵوێستێکی ئێمە، کۆدی ڕوداوەکانی ژیانی ئێمەیە و لە چرکە ساتێکی ھاوشێوە خۆی نماییشدەکاتەوە!

چرپە و دوا ئارەزووی منداڵانی دەوروبەری موسڵ و کەرکووک و مەندەلی و خانەقین ھەمان چرپە و ئارەزووەکانی تەمەنی یازدە تاکو ھەژدە ساڵی تەمەنی منن، منێک کە بە زرمەی خومپارەکان پارووەکانی ھەژاری لە گەرووم ئاودیودەبوون، بە زرمەی خومپارەکان لە خەوڕادەبووم و زرمەی خۆمپارەکان زەنگی دەستپێکرەدن و کۆتایی وانەکانی فێرگە بوو و زرمەی خومپارەکان کۆتاییھێنەری چرپەچرپی نێو ژووانی من و دڵدارەکەم بوو و خاڵی کۆتایی نامە و ھۆنراوەکانی سەردەمی ھەرزەکارییشم ھەر زرمەی خومپارەکان بوو و زۆر جار زرمەی خومپارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و زرمەی خومپارەکانی نێو خەون و خەیاڵم بە یەکدی تێکەڵدەبوون و جیاکردنەوەی خەون و ڕوداو سەخت بوو و جیاوازی نێوانیان تەنیا پاش و پێشکەوتنی ھەر یەک لە ئەوان بوو.

من بە ھەواڵی جەنگ و چەک و دەنگی خومپارە زوو و زیاتر لە ھەر کەسێكی جەنگ نەدیتوو دەشڵەژێم و ناخم وێراندەبێت، چونکە جەنگ منداڵیی من و لاویی من و خۆشی ژیانی منی لەنێوبردووە و وێرانکردووە و داگیرکردووە و ھاوەڵ و ھاوپۆل و ھاوسێ و ئازیزانی منی لەنێوبردوون. ھەڵبەتە لەنێوان جەنگێک کە بەخۆت ھەڵیدەبژێریت و جەنگێک بەسەرت دەسەپێندرێت جیاوازی ھەیە؛ من شەش ساڵی جەنگی عیراق ئێران زۆر لە مردن ترسام، ترسانێك زیاتر لە ترسی یەزدان و دێو و درنج، بەڵام دوو ساڵ پێشمەرگایەتی مردن ھەردەم ھاوەڵ و ھاودەم و دووانەی من بوو و ساتەکانی تەنیایی دەستلەملانی یەکدی دەبووین. لە دەنگی خومپارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران زۆر دەترسام و پێچەوانەوە بە دەنگی خومپارەکانی بەعس تووڕەتر و بڕوای بەرەنگاریکردنی من بەھێزتر دەبوو. ھەرچەندە ئێستا ئەو نەترسیەیش بە گەمژەیی ئەو ڕۆژانەی خۆم دەزانم و ھەر سات ئەگەری ھەبوو، “وەک تڕی بنی گۆم” بڕۆم و ببمە کۆد و دۆلاری نێو گیرفانی بازرگان و جەلادەکانی کوردایەتی!

تەمەنم دوازدە بوو، کە خومپارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بوون بە ھۆی ناچاربوونم بە بەجێھێشتنی بەھەشتەکەی منداڵیم و ئاوارەی شاران بووم و خەون و یاداوەریی و حەزەکانی منداڵیی خۆمم لەنێو کەشکۊڵی نھێنییەکانم شاردنەوە و تاکو تەمەنی ھەژدە ساڵی یازدە جار ئاوارە بوومەوە و یاداوەرییەکانم لە ماوەی ئاوارەیی شار بە شار و گوند و بە گوند و ناوچە و بە ناوچە و وڵاتە و وڵات لە دوای خۆم ڕاکێشدەکردن و تاکو تەمەنی سی و ھەشت ساڵی وەک درێژەی ئاوارەبوونی جەنگ و وێرانی گوندەکەم بیست و یەک جار ئاوارە بوومەوە و لە ماوەی حەوت ساڵی کۆتایی جەنگ، جەنگی عیراق – ئێران لە ھەڵەبجە خواردن و خەوتن و خوێندن و پیاسەکردن و سەیران و خەیاڵکردنی لە من شێواند؛ ئەو کات و ھەموو ئاوارەبوونەکانی ھەڤدە ساڵی تەمەنم، تەنیا یەک ئاواتم ھەبوو، ئەویش تەنیا ئەوە بوو، کە چرپە و ھاوارەکانی ناخی منی قوربانی و ئاوارەی جەنگ بگەنە گۆشەکانی دیکەی جیھان و مرۆڤەکانی دەرەوەی ناوچەکانی جەنگ و بۆمباران، دوا حەز و خەون و خەیاڵەکانی من بریتی بوون لە خۆزگەخواستن بە بێدەنگبوونی تۆپخانەکان و نەفڕینی فڕۆکەکان و ڕانەچڵەکانی ئێمەی منداڵ لە قوڵایی خەو و نەکوژرانمان لە ڕێگەی فێرگە و لەنێو حەشارگەکان!

ئەی مرۆڤ، بزانە ھەر ئەو خەون و خۆزگانەن، کە ئێستا من دەخەنە شوێنی منداڵان و پیر و پەککەوتەکانی ناوچەی موسڵ و کەرکووک و مەندەلی و خانەقین، چونکە دڵنیام ئەوانیش بەھۆی حەزی زیندوومانەوە و ئارەزووی ئارامی و ئاسوودەیی و خوازیاریی گەییشتنی دوا چرپە و ھاوارەکانی ناخی خۆیانن بە ھەر مرۆڤێك کە لە ناوچەکانی جەنگ دوورە. ڕاستی ھەر ئەو ھۆکارە و ھەر ئەو حەزانە و نەبوونی وەڵام و کاردانەوەی “یەزدانی خەیاڵان” بە حەز و داخوازییەکانی منی منداڵ بوو، کە منی قورئان-خوێنی لە بوونی بەھەشت و یەزدان بەگومان و نائومێدکرد و بۆ ھەمیشە بووم بە ھاوەڵی ھەمیشەیی ئەھریمەنی ئازادیخواز.

ھاودەرد، تکایە پێش ئەوەی خومپارەی ملھوڕیی بۆرجوازیی عەرەبی-زمان و ملھوڕیی بۆرجوازیی کوردیی-زمان بە داگیرسانی گڵۆپی سەوزی چەپە پڕۆ-دەوڵەت و فاشیستەکان، ھاوسێ و ھاوەڵ و ھاوپۆل و ھاوکار و ئەڤیندارەکەی تۆش بکوژێت یان چاو و دەست و لاقی بپەرێنێت، بەخۆت وەرە سەرشەقام و بە زمانی دایکیی خۆت ھاواربکە (ھەردەم قوربانی جەنگەکان کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بوون و دەبن و ھەردەم سەرکەوتووان و دەستکەوتووان و براوەکانی گشت جەنگەکانیش ھەر ڕامیاران و دەسەڵاتداران و سەرمایەداران دەبن.

لەبیرنەکەیت ھاودەرد، پێش ئەوەی گوللەی سەرباز و پێشمەرگە ناچارکراوەکان کەللەسەری خۆت بپڵیشێنێتەوە، وەک دوا پەیام بۆ ھاوەڵ و ھاوڕێ و دڵدارەکەی خۆت یان دایک و ھاوسەر و منداڵەکانت بنووسە (دەوڵەت ئامرازی سەروەربوونی مشەخۆرانە و جەنگیش گۆچانێکی جادوویی و پەڕجووکەر بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ستەم و ملھوڕیی و ھەڵاواردن و برسیەتی و ئاوارەیی و ترس و زیندان و سێدارە! … لەبیرنەکەیت، بەیانی زوو لەنێو کۆڵان و لەنێو فێرگە و کارگە و فەرمانگە و سەرشەقامان دژی ملھوڕیی و جەنگ و مەرگ لەتەک ھاوخەونەکانت خۆت ڕێکبخەیت و خۆنیشانبکەیت و چەکدارەکان لەنێو شەقام و کۆڵان و سەربانی فێرگە و خەستەخانە و کەنارەکانی گوند و شار دەربکەیت و ژیان و خۆشەویستی و ماچ بۆ کۆڵان و شەقامەکان بگێڕیتەوە. لەوانەیە کاتێك کە ئەم نامە بە دەستی تۆ بگات و بیخوێنیتەوە، چیدی من زیندوونەمابم. لەیادنەکەیت، کە دوا ئارەزووی من زیندوومانەوەی خۆم و ھەموو مرۆڤێکی ژیاندۆست بوو و لەپێش ھەمووانەوە تۆ بوویت. بەڵام بەداخەوە خێرایی ڕوداوەکان بواری زوو داچڵەکان و دەرککردنی ڕاستییەکانی بە من نەدا، ھیوادارم ڕێکەوتەکانی ژیانی تۆ ئاوا نەبن و ماوە و بوار و بەختی بیرکردنەوە و تێگەییشتنت ھەبێت، تاکو ھۆکار و کۆدەکانی جەنگ و دروستکردنی دەوڵەت و پارتییایەتی و پێداویستی ھەبوونی لەشکر و دەزگە سیخوڕیی و سەرکوتگەرەکان و زیندان و سێدارە بدۆزینەوە و پێش ئەوەی جەنەراڵ و ئەفسەرێک بڕیاری ڕامیار و دەسەڵاتدار و سەرمایەدارێك بە چەکدارەکانی نێو سەنگەگەرانی ئەوبەر یان ئەمن و پۆلیسەکانی سەرکوتکردنی (خۆنیشانەکانی ئێوە) بسپێرێت و ئەویش لە سەر و سنگی تۆ نیشانەبگرێت، فریای ڕزگارکردنی ژیان و گیان و خەون و ئارەزووی کەسێکی دیکە بکەویت. دوا پەیامی خۆشەویستیی من، ماچ) ❣🌹✊


ھەژێن
١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧




گه‌مه‌ قورسه‌كه‌ نزیك بۆته‌وه‌ ….. 3 …. سه‌ردار جاف


( به‌شی سێهه‌م / توركیا )
….

چه‌شه‌ی ئابووری ئه‌و ئالیكه‌ بوو له‌ رێكه‌وتنه‌ په‌نجا ساڵییه‌كه‌ی نێوان هه‌رێم و توركیا بۆ لایه‌نی دووه‌م رۆكراو ئامانج و مه‌به‌ستیش لێی ئه‌مڕۆ بوو كه‌ كورد هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بنێت، و ریفراندۆم بكات و رای گه‌لی خۆی به‌ دونیا بگه‌یه‌نێت، گورزی گه‌وره‌یش به‌ر ئابووری توركیا بگه‌یه‌نێت، هه‌نگاو نه‌نانی توركیا له‌ داخستنی سنوور و گرتنه‌وه‌ی بۆری نه‌وته‌كه‌ و له‌شكر كێشی په‌یوه‌سته‌ به‌ دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كییه‌وه‌، یه‌كه‌میان ئابووری و دووه‌میان ده‌ست به‌تاڵبوونی سه‌ران و ده‌وله‌تی تورك له‌ په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی كه‌ خه‌ریكه‌ سه‌ریان ده‌خوات و دووچاری گێژاوی كردوون.

ده‌سه‌لاتدارانی توركیا هه‌ر زوو دركیان به‌م گه‌مه‌ قورسه‌ كردبوو چاك له‌وه‌ حاڵی ببوون كه‌ مه‌به‌ستی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌یه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری سنووری وڵاته‌كه‌یان و بینه‌قاقای دابه‌شبوونی خاكه‌كه‌یان ده‌گرێته‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌ بڕوبیانووی هه‌بوونی ده‌ستی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ كوده‌تاكه‌ی مانگی ته‌موزی ساڵی رابردوو و دنه‌دان و ده‌ست له‌ پشتدان و پشتگیریكردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ی فه‌تحوڵلا گویله‌ن، هێدی هێدی رووی ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و بلۆكی رۆژهه‌ڵات وه‌رچه‌رخا، له‌ بنه‌ره‌تیشدا مه‌به‌ست ئه‌و بزوتنه‌وه‌ نه‌یاره‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا نه‌بوو، وه‌لی ئامانجه‌كه‌ ئه‌و گه‌مه‌ قورسه‌یه‌ كه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت نزیك بووبێته‌وه‌، ته‌واو پشتقایمی خۆی له‌ رووی سه‌ربازی و ئابوورییه‌وه‌ بۆ روسیا راگه‌یاند، هه‌ر كڕینی موشه‌كی دوور مه‌ودا تا به‌ غازی روسی ده‌گات، ئمه‌ وای كرد پشت ئه‌ستوور بێت به‌ وڵاتی روسیا، لێره‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ روسیا له‌ سه‌روبه‌ندی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن توركیاوه‌، لایه‌نی دووه‌م به‌ ئاشكرا پشتگرییه‌كی خۆی بۆ شه‌ڕڤانان و گه‌ریلاكانی سه‌ر به‌ پارتی كرێكارنی كوردستان ده‌رده‌بڕی و توركیا هه‌ستی به‌ زه‌بری گورچكبڕ ده‌كرد بۆیه‌ به‌ خێرایی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی له‌ گه‌ڵ روسیا چێ كرد، ئێستایش جگه‌ له‌ پشتگیری كردنێكی كه‌می روسی بۆ شه‌رڤانانی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی له‌ كوردستانی رۆژئاوا ئه‌و باس و خواسه‌ گه‌رم لاگیرییه‌ی بۆ گه‌ریلاكان نه‌ما، به‌ڵام توركیا جارێكی دیكه‌ دووچاری دۆزه‌خێكی دیكه‌ بۆته‌وه‌ ئه‌ویش كه‌ ناتوانی ته‌واوی سنووری به‌رووی كوردستانی باشووردا دابخات، به‌هۆی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌ وزه‌ییه‌ی مانگی دووی رابردووی نێوان گه‌وره‌ كۆمپانیای رووسی و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی به‌ كوردستانه‌وه‌ به‌سته‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی داخستنی له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ گوشاره‌كانی روسیای به‌سه‌ره‌وه‌ زیاد ده‌كات و ده‌وله‌تی روسی ئه‌وه‌ی نه‌شاردۆته‌وه‌ و چه‌ندین جار لێدوانیان له‌و باره‌یه‌وه‌ داوه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌ گرژییه‌كانی توركیا و ئه‌وروپا گه‌یشتۆته‌ ترۆپك نه‌مازه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمان كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین بازاڕی توركی هه‌ژمار ده‌كرێ و وڵاتی دووه‌میش به‌ هۆی ناكۆكییه‌كانیانه‌وه‌ له‌ ئه‌نچه‌رلیك كشانه‌وه‌ی خۆی جاڕدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئاڵۆسكبوونی ره‌وشه‌ به‌ دۆراندۆری توركیاوه‌، چاوبڕینی وڵاتی توركیا له‌ په‌لهاویشتن بۆ وڵاتانی ده‌ورو به‌ر كه‌ به‌لاسایی كردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئیران داده‌نرێت، زیانێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ی پێ ده‌گه‌یه‌نێت، خۆ هه‌ڵقورتاندن له‌ سووریا و ئێراق و شكاندنی گه‌مارۆی ئابووری سه‌ر قه‌ته‌ر و ناردنی هێز ئه‌و ده‌سته‌ شاراو و پرَ گومانه‌ی لای وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات ئاشكرا كرد و پێویسته‌ به‌ جۆرێك هه‌نگاو بنێت وڵاته‌كه‌ی له‌و دابه‌شبوونه‌ بپارێزێت كه‌ سه‌رو ته‌پۆكی ده‌گرێته‌وه‌، پێشتریش ده‌وڵه‌تی تورك چه‌ندین په‌لوپۆی دیكه‌ی هاویشتووه‌ و كۆمه‌ڵی نێو ده‌وڵه‌تی به‌ هۆی هاوڕابوون و هاویار بوونیانه‌وه‌ بێده‌نگیان نواندووه‌،قبرسی توركی و توركمانستان و ناگورنوكه‌ره‌باغ به‌ نمونه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و دۆسیانه‌یشی هه‌ڵبدرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر دوور خستنه‌وه‌یشی به‌ دوور نازانین له‌ په‌یمانی ناتۆ، كوده‌تای سه‌ربازیش جارێكی دیكه‌ له‌ تورگكیا و له‌ سایه‌ی ئه‌م تاك ده‌سه‌ڵاتیه‌ی كه‌ هه‌یه‌ به‌ دوور ده‌زانرێت، نائومێد بوونی زلهێزانیش له‌ كوده‌تا، وا ده‌كات هه‌نگاو بۆ پلانی 2 و ئه‌وانی دی ببرێت، هه‌ر ئه‌مه‌یش وا ده‌كات له‌ ئاینده‌دا به‌ هه‌ر پاساو و ده‌ریچه‌یه‌ك بێت پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ لیستی تیرۆری ولاتانی ئه‌وروپی و خۆرئاوا ده‌ربكرێت و گه‌مه‌ به‌ره‌و خۆش بوون هه‌نگاو ده‌نێت…. تاكه‌ مه‌نفه‌ز بۆ توركیا داننانه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی كوردستانی باشوور بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك ئاگری پارچه‌ پارچه‌ بوونی خاكه‌كه‌ی له‌ خۆ دوور بخاته‌وه‌.




دیوی شاراوەی ڕوداوەکان و ئەم دۆخە بەرەو کوێ دەبات..؟ … بەختیار نامیق

ئەوەی لەسەر شاشەکان دەیبینین تەنها ڕوداوەکانە ، ئەی کێ ڕوداوەکان دروست دەکات…؟ یارییە سیاسیەکانی هەر ولاتێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئەو وڵاتە دەڕوات ، خۆ ئەگەر بەرژەوەندی ئەو وڵاتە بهێنیت و بیکەیت بە پێوەر ئەوەت بۆ ڕون دەبێتەوە کە ئەو وڵاتە چۆن یاری دەکات ، لێرەوە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێ دەتوانین ناوی بنێین قۆناغی دوای داعش لە عیراق و شام ، ئەوە دەزانین کە دو ولات یاریەکانیان بەردەوامن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاتسدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری خۆیان ، ئەگەر ئەو پێودانگە ڕاست بێت کە دەوترێت ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوە بە هاوسەنگی نێوان تورکیا و ئێرانەوە وەک دو میراتگیری سەفەویی و عوسمانی ، ئەوا لە ئێستادا ئێران توانیوەیەتی ببێتە ئەخەتەبوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا لەم دەریای ڕۆژهەڵاتەدا بوتە ماسیەیکی بچوک ، بۆیە تورکیا دەیەوێت ببێتەوە بە هێزەکەی جاران و چی تر بچوک نەبێتەوە لەبەرامبەر ئێراندا ، هەر بۆیە تورک ئەوە دەزانن کە جیوپۆلەتیکی تورکیا وەک دەروازەی گواستنەوەی دنیا وێنا دەکرێت ، بۆیە دەیانەوێت کارتەکانیان بخەنە گەڕ .

تورکیا دەیزانی لە بەرامبەر ڕۆڵی کورد لە ڕۆژئاوا دەکەوێتە بەردەم ئەگەری مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە و لەلایەکی ترەوە گەشتن بە دەریای سپی گرنگی بەندەری جیهان کەمدەکاتەوە ، هەر بۆیە دژایەتیەکانی گۆڕی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئیران و ڕوسیا ، چونکە ئێران و ڕوسیا ئێستە دەستەڵاتێکی گەورەی سیاسی و سەربازیان لە سوریادا هەیە چەندین کارتیان بەدەستەوەیە دژی تورک بەکاری بهێنن ، تا ئاستێکش لە دوای ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیەوە ئێران لەگەڵ ئەمریکا بەس لەسەر ئاستی بچوک و ڕاگەیاندن ناکۆکن ، دەنا لەسەر پرسە گشتیەکان هیچ کێشەیەکیان نیە ، بە لێدوانی ئەم دواییەی ترامپیشەوە ، چونکە ترامپ داوای دژایەتی نەکردوە بەڵکو داوای هەمواری ئەو پڕۆژەیەی کردوە ، دەمێنێتەوە تورکیا چۆن بتوانێت خۆی هەڵسێنێتەوە ، بۆ ئەمەش لە عێراقدا کار دەکات چونکە دەبێتە پێگەیەکی گرنگ بۆ سوریاش ، تورک ئەوە دەزانی کە سونە لە عێراقدا ئاوت بوە ، دەزانێ هیچ گرنگیەکیان پێ نەدا لە ڕزگارکردنی موسڵدا ، دەزانی تا سەر ناتوانێت مامەلە بە گاز و نەوتی کەرکوکەوە بکات ، بۆیە هەڵسا بە دروستکردنی کارت و دوای بە هێزی ئەو کارتە دانوستان بکات لەگەڵ عێراق و ئێران و ڕوسیا و ئەمریکا ، لە ڕێی سیناریویەکەوە هەڵسا بەم کارە ، ئەویش کورد بکاتە کارتێکی بەهێزی دەستی خۆی ، لە ڕێگەی زۆنی زەردەوە کە بە هی خۆی دەزانێت ، پرسی گشتپرسی و ڕیفراندۆمی وروژاند ، دوای ئەوەی کە ئەم کارتە توانی ئێران و عێراق بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕوسیاوە بهێنێتە سەر خەتی خۆی ، دێت ئەم کارتە دەفرۆشیت و خۆی ڕێککدەکەوێت لەگەڵ ئێران و عێراقدا ، هەمان سیناریوی ١٩٧٥ دوبارە دەکاتەوە بەڵام لە وێنەیەکی تردا ، هەر بۆیە لەناو ئەم هاوکێشانەدا و لە ناو بەریەککەوتنەکاندا تورک توانی میرنشینەکەی خۆی بەکار بهێنێت و بیکات بە کارتێکی بەهێز ودوای بۆ بەرژەوەندی خۆی لەسەر مێزی سێکوچکەی (ئێران + عێراق + تورکیا ) دایبنێت و مامەڵەی پێوە بکات و بیفرۆشێت ، ئەڵبەت هەمو وڵاتانی دنیا بە ئەمریکاشەوە لەم یارییە تێگەشتبون ، بەڵام کورد خۆی نەیتوانی سود لە رای وڵاتانی دنیا وەربگرێت ، هەر بۆیە ئەم کارەتەی دەستی تورکیا دیوی دوهەمی بوە هۆی ئەوەی ڕێکەوتنێک بهێنێتە ئاراوە لەسەر عێراقێکی یەکگرتو ، گەڕانەوە بۆ ٢٠٠٣ ، ئێستە دوای ڕێککەوتنی عێراق و تورکیا و ئێران ، کوردی باشور لە بەردەم دو ڕێگادایە :

1. یان گەڕانەوە بۆ عێراقێکی یەکگرتو .
2. یان شەڕێک کە هیچ پشتوانیەک نابێت و ئەوەش دەزانین هەر هێزێک ئاسمانی بە دەستەوە بێت ئەو هێزە سەرکەوتوە .




سێ جۆری چەپ لەم ڕیفراندۆمەدا … سەردار عەبدوڵا حەمە

ئامانجی مارکسیزم نەهێشتنی ستەمی ئینسان لە سەر ئینسانە ، هەرجۆرە ستەمێکیش سەرچاوەکەی ناکۆکی چینایەتیە ئامانجیش لەو ستەمە بەهرەمەند بوونی بورژوازیە لە سەروەت وسامان لە ڕێگای کەڵەکەی سەرمایەو زێدەبەهاوە ( فائض قیمە) لە پرۆسەیەکی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا ئەمەش بەهۆی پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتیەوە دەبێ ، بۆرژوازی بۆ ئەم ژێرخانە ئابوریەی پێویستی بە دەوڵەت وئایین وخێزانە . مەبەستی من لێرەدا نیشاندانی تێڕوانینی چەپ وکۆمۆنیزمی مارکسە بۆ نەمانی ستەمی ئینسان لە سەر ئینسان لە ڕوانگەی تێگەیشتنی خۆمەوە لە مارکسیزم . بورژوازی بۆ بەدی هاتنی ئامانجەکانی پێوستی بەچەندین ستەم هەیە لە سەر کۆمەڵگا جگە لە چینی کرێکارستەم دەخاتە سەر هەندی چین توێژی کۆمەڵایەتی تر بۆیە ئەرکی چینی کرێکار تەنها ڕزگار کردنی خۆی نابێت بەڵکو ڕزگارکردنی تەواوی کۆمەڵگایە جا هەرکەس وچین وتوێژێک لەگەڵ بەرنامەی مارکسدا بێتەوە بۆ رزگار کردنی هەر بەشێکی کۆمەڵگا جێگای پشتیوانی دەبێت .

چەند ستەمێک هەیە کە لەدەرەوەی کارگا وکارخانەکان وئیدارەکاندا هەن وەک ستەم لە سەر ژن ،لاوان ، منداڵان ستەم لە سەرڕەنگی پێست ،هاوڕەگەز، ژینگە ، ستەم لە سەر زمان ومیللەت..هتدا . مارکسیزم زانستێکە بۆ ڕزگاری ئینسان لە سەرجەم ئەم ستەمانەو ستەمی چینایەتیش .
ئەوانەی بە ناوی مارکسەوە لێدوان ئەدەن قسە ئەکەن بە ڕای من سێ جۆرن : یەکەم ئەو چەپانەن کە تەنها خەباتی چیانیەتی واتە ڕزگار کردنی كرێکار یا پرۆلیتاریا بە پێویست دەزانن ستەم لە سەر کۆمەڵگا وەک مەسەلەی میللی وژنان ولاوان وژینگە ورەنگی پێست دەسپێرن بە بورژوازی وبە ئەرکی خۆیانی نازانن
. دووەم: بەشێک لە چەپ هەن وازیان لە خەباتی چینایەتی ‌‌هێناوە رزگار کردنی پرۆلیتاریاو بەدی ‌هێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان دەسپێرن بەئایندەیەکی نادیار بۆیە ئەرکیان لە چوارچێوەی ریفۆرمەکان دەرناچێت وشۆڕشی سۆشیالیستی لە پراکتیکدا بە پێویست نازانن . سێەم : ئەوبەشەیە لە چەپ کە زیاتر بە چەپی کرێکاری یا کۆمۆنیزمی کرێکاری دەناسرێت وەک درێژە پێدەری ڕێبازەکەی مارکس ولینینە ئەم بەشە بە پێچەوانەی هەردوو بەشەکەێ پێشوو ئەرکی نەمانی هەموو جۆرە ستەمەکانە لە سەر ئینسان ،بۆ ئەمەش ڕێگا وتاکتیکی خۆی دەبێت تا بەسەرەنجام گەیاندنی ئەرکە مێژوویەکەی خۆی کە ڕووخانی سەرمایەداری وبەدی ‌‌هێنانی سۆشیالیزمە .هەردوو بەشی یەکەم ودووەمی چەپ کێشەکانی کۆمەڵگا ڕائەسپێرن بە سۆشیالیزم یا ڕائەسپێرن بە ڕیفۆرم،هەردووکیان هەڵەن لە ڕووی مێژویی ومیتۆدی مارکسەوە ، هەندێ کێشە هەن پەیوەندی بە کۆمەڵگای بورژوازیەوە هەیە لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا چارەسەرکران وەک نەمانی ستەمی میللی ویەکسانی ژن وپیاووە وەکردنی دین بە ئەرکی تاک بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا بورژوازی وازی لەم چارەسەرانە ‌هێناوە پێویستی بە مانەوەیان هەیە بۆیە بووەتە ئەرکی چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان وئیمکانی چارەسەریان هەیە لە ناو کۆمەڵگای بورژوازیدا وەک ڕێگا چارەی فەوری ودەست بەجێ کە دەکرێ بەشێک لە بورژوازییش لەم چارەسەردا بەشدار بێت بەڵام بۆ ئامانجی خۆی .

بۆئەوەی ڕوون بێت نموونەیەک باس دەکەم کاتێک کەسێک بەهۆی کارەساتی ئۆتۆمبیلەوە تووشی خوێن بەربوون دەبێت تۆ دەتوانی چارەسەری بکەی بە بەستنی برینەکەی پێویست نەکا ببرێت بۆ نەخۆشخانەش بەڵام بۆ ڕووداوە سەختەکان لەوانەیە چارەسەکەی تۆ ئەوەندە پێویست بێت تادەگاتە نەخۆشخانە .خۆ ناکرێ من بڵیم با نەچم بە هانای ئەو کەسەوە لە ئێستادا ئەوە ئەرکی من نیە ئەرکی دوکتورو نەخوشخانەیە یاخود بڵێم تەنها بە پێچانەوە و بەستنی برینەکەی چارەسەر دەبێت پێویستی بە نەخۆشخانە نیە لە هەموو حالەتەکاندا ، بۆیە ئەم دووانە هەردووکیان دوورن لە لۆژیکەوە .ئەوە ی لۆژیکە دەبێ چارەسەری سەرەتایی بکەی وئەنجا ئەگەر برینەکەی سەخت بوو بیبەی بۆ دۆکتۆرو نەخۆشخانەش . بۆیە دەکرێ زۆر ئامانج بەدی بێت لە ناودڵی کۆمەڵگای بورژوازیدا وەک دەوڵەتی سکیۆلارو نەمانی کێشەی میللی وستەمی ڕەگەزی و کێشەی هاورەگەزەکان وبەشێک لە کێشەی ژنان چونکە لەرووی مێژوووە پەیوەستن بەم کۆمەڵگایەوە بەڵام هەندێ ئامانجیش هەیە مەحاڵە لە چوارچێوەی سیستەمی بۆرژوازیدا بەدێبێت وەک ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان چونکە ئەم ئامانجە بەدی نایەت بەبێ ڕووخانی دەوڵەتی سەرمایەداری ونەمانی خاوەندارێتی تایبەتی وکاری کرێگرتە.
لێرەدا دەکرێ هەردوو جۆرەکەی چەپی ناکرێکاری ڕێگر بن لەبەردەم هەر ئاڵوگۆرێکدا کە بەسەر کۆمەڵگادا دێت بەشێکیان لەو کاتەدا دەبنە ڕێگرکە چارەسەرە سەرەتای یەکان دەکرێ بۆ گرفتە ئینسایەکانی کۆمەڵگا بەشێکی تریان لەو کاتەدا ڕێگر دەبن کە خەریکە ئاڵگوڕێکی ڕیشەیی ڕوودەدا وەک شۆڕشی سۆشیالیستی ، لە ڕووی پێگەی چینایەتیەوە هەردووکیان سەر بە توێژی ناوەندن یان ووردەبۆرژوازین لەڕووی سیاسی وفکریەوە دەبنە پارێزەری ئەم توێژە کۆمەڵایەتیە وەک مارکس دەڵیت لە بۆرژوازیش کۆنەپەرستترن چونکە دژی هەر گۆڕانکاریەکی مێژوویین . هەرکەس مێژووی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیای خویندبێتەوە ئەم دووجۆرە چەپەی بینیوە کە لە هەر ئاڵوگورێکدا بەشێکیان بوونە تە کۆسپ وڕێگر لە بەردەم خەباتی لینین وبەلشەفیەکاندا .

لەڕیفراندۆمەکەی کوردستاندا هەرسێ جۆری چەپ دەرکەوتن ئەوچەپەی کە چارەسەری کێشەی میللی بە ئەرکی خۆی نازانێت بە بیانوو وتەبریراتی شکست خواردوو تا توانی ڕێگری کردووە وە بە کردەوە دیفاعی لە لەفیدراڵیزم ومانەوەی کێشەکان دەکات وە جۆری دووەمی چەپیش پشتیوانی لە ریفراندۆمەکە کردووە بە هەمان ئەجێندای بۆرژوازیەوە وە جۆری سێ یەمیش پشتیوانی لە ڕیفرنادۆمەکە کردووە بە ئەجێندای خۆیەوە بە دوور لە دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ بورژوازی وخۆ بەستنەوە بە ئاسۆوئامانجەکانیەوە ، وە هەر ئێستایش کار دەکات بۆ ئەم ئاسۆوئامانجانەی خۆی کە بەکار‌‌‌هێنانی دەنگی بەڵێ ی خەڵکە بۆ سەربەخۆی نەک بۆ هیچ شتیکی تر بۆ ئەوە ی کێشەی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت .

سەردار عەبدوڵا حەمە
١١/١٠/٢٠١٧




نا بۆ شەڕەنگێزیی دەسەڵاتداران، بەڵێ بۆ ئاشتی،ئازادی و دادپەروەری

دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە گێژاو و قەیرانێکی قووڵی سیاسی و ئابووریدا چەقیون. شتێک بوونی نەماوە بە ناوی سەروەریی وڵات. دەوڵەتانی ناوچەکە وەکو ئێران و تورکیا ڕاستەوخۆ دەستیان وەرداوەتە چارەنووسی خەڵکی عێراقەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هێزە بۆرژواکانی عێراقیش دابەشبوونەتە سەر سیاسەتی ئەم دوو وڵاتە. هێزە ئیمپریالیستەکانیش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستیان هەیە لەم قەیرانەدا، نەک هەر لە عێراق و کوردستان بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەپێناو دووبارە دابەشکردنەوەیەکی ئیمپریالیستییانەی جیۆگرافیای ناوچەکە و تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان و گەیشتن بە ڕووباری نەوتی ژێر خاکی ناوچەکە، ڕووباری خوێنیان لەسەر خاکی ئەو وڵاتانە هەستاندووە. دەرکەوت ئەو خۆشباوەڕییەی هێزە ناسیۆنالیستەکان بە دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان هەیانبوو ساختە بوو، دەرکەوت ئەم هێزانە (ئەگەر بە ڕووکەش دۆستی دەسەڵاتدارانی کوردستانیش بن) بە هیچ جۆرێک دۆست و پشتیوانی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان نین، بەڵکو دۆستی هەتا سەری بەرژەوەندییە نامرۆییەکانی خۆیانن. ئەوەی هێزە سۆسیالیست و کۆمۆنیستە ڕاستەقینەکان لەسەر ئیمپریالیزم دەیانگوت، کە خەڵکیان ئاگادارکردەوە لەوەی نابێت جەماوەر بۆ مافی خۆی چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەو هێزە ئیمپریالیستانە بێت کە خۆیان مایەی نەهامەتیی جەماوەرن، ڕاست و دروست دەرچوو.

تازەترین قەیرانیش کێشە و ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراقە لەسەر هەژموونی سیاسی و پاوانکردنی هەرچی زیاتری چاڵە نەوتییەکانە. ئەویان لەژێر درووشمی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراقدا دەیەوێت کۆمەڵکوژیەکی تر بە سەر خەڵکی کوردستاندا بهێنێت. دەسەڵاتی هەرێمیش بە سەرۆکایەتیی بارزانی و هاوپەیمانەکانی دەیەوێت لەژێر دروشمی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا بۆ دەرچوون لە قەیرانەکانی خۆی، کوردستان تووشی شەرێکی نەخوازراو و کارەساتبار بکات و دڵی ئاغاکانی پێ شاد بکات.
ئێمە هەر لە سەرەتای پڕۆڤەی شانۆگەرییەکە و پێش نمایشکردنی، زۆر بە ڕوون و ئاشکرایی ڕامانگەیاند ئەوەی لە کوردستان لەژێر ناوی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا دەگوزەرێت، هیچ بنەمایەکی نییە، بەڵکو بۆ داپۆشینی شکستەکان و دەرچوون و خۆڕزگارکردنە لەم قەیرانەی کە تێیکەوتوون. ئێستا بە ڕوونی پێشبینییەکان ڕاست دەرچوون و وەک هەمیشە ئەوانەی شەڕەکە هەڵدەگیرسێنن خۆیانی لێ بەدوردەگرن و لە ڕێگەی میدیاکانییانەوە ناڕاستەوخۆ هانی چەکدارکردنی خەڵکی هەژار و چەوساوە دەدەن. لە بەرامبەریشدا پێمانوایە ئەم گەمارۆ ئابووری و سیاسییە و ئەم شەڕەنگێزییەی حکومەتە تائیفییەکەی عێراق دژ بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەرپێیخستووە، درێژەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنییانەی حکومەتەکانی پێشووترە و بە توندی ئیدانەی دەکەین و لە دژی ئەم هەوڵە داگیرکەرانەیە ڕادەوەستین و بە هەموو جۆرێک هەوڵی هۆشیارکردنەوەی جەماوەر و ڕێگرتن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو دەدەین.

دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر بە هیچ جۆرێک نوێنەرایەتی زۆرینەی جەماوەر و خەڵکی عێراق و کوردستان ناکەن. ئەوان هەردوولا بەبێ جیاوازی، نوێنەرایەتیی کەمینەیەکی کۆمەڵگە دەکەن، ئەو کەمینەیەی تەواوی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی بە تاڵان بردووە و دواتر لەپێناو گەرمکردنی شەڕی نەتەوەییدا دووبارە بەرهەمیدەهێنێتەوە، ئەم جۆرە دەسەڵاتە هەمیشە دەیەوێت لە ڕێگەی هەڵگیرسانی شەڕەوە بازنە تەسک و بچوکەکەی خۆی گەورەبکات و جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگەش تێوەبگلێنێت. بێباکانە دۆزەخێکیان بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێراق و کوردستان دروستکردووە و تەواوی وڵاتیان کردۆتە وێرانە و بە میلیشیاکانیان شار و شارۆچکەکانیان میلیتاریزە کردووە. ئەمە لەکاتێکدا هەژاری و بێکاری و ئاوارەیی ملیۆنیی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەردەوامیی هەیە.

پێویستە جەماوەری عێراق و کوردستان باش لەو ڕاستییە تێبگەن کە ئەم جەنگە میدیاییەی لەنێوان بەغدا و هەولێردا بەرێخراوە و دەیانەوێت بیگەیەننە جەنگێکی فیزیکی، شەڕی نێوان کورد و عەرەب نییە، بەڵکو شەڕی نێوان دوو بلۆکی بۆرژوازییە لەسەر سەپاندنی هێز و داگیرکردنی سامان، ماشێنێکی جەنگییە بۆ جیاکاریی و دووبەرەکی لەنێوان نەتەوە و ئایینەکاندا، دەیانەوێت پێکەوەژیانی نەتەوەکانی عێراق لەبەریەک هەڵوەشێنن و هیچ یەکگرتووییەک لەنێو جەماوەری کورد و عەرەبدا نەبێت، بۆئەوەی دەسەڵاتی سەرەوەی هەریەک لە هەرێم و عێراق بتوانێت جەماوەری خوارەوەی خۆی دژ بە نەتەوەی بەرامبەری بوروژێنێت و تووشی جەنگێکیان بکات کە تەنها و تەنها ئەوانە سودی لێدەبینن کە خۆیان هەڵگیرسێنەر و ئاگرخۆشکەرین.

دۆخێکی لەم شێوەیە پێشبینیکراو بوو، بەوپێیەی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردستان و حکومەتە تائیفییەکەی عێراق لەسەر شەڕ و خوێنڕشتن دەژین، باش دەزانن لەدوای کۆتاییهێنان بە داعش لە عێراق، ناتوانن بەبێ دوژمن و شەڕێکی نوێ بژین، داعشیش ئەو دیاردەیە بوو کە بە زەقکردنەوەی مەترسییەکانی چەند ساڵێک هەوڵیاندا جەماوەری پێ بێدەنگ بکەن، ئێستا هەریەکە لە هەولێر و بەغداد پێویستیان بە دوژمنێکی دیکەیە بۆ لەبیربردنەوەی کێشە ڕاستەقینەکانی خەڵک و دووبارە دەمبەستکردنەوەیان، ئەگەر ماوەی چەند ساڵێک بوونی دوژمنێکی هاوبەش ئەم دوو بلۆکە بۆرژوازییەی لە شەڕی یەکتر دوورخستبێتەوە، ئێستا بە کاڵبوونەوەی ئەو دووژمنە، هەریەکێکیان دەیەوێت ئەوی دیکە بکاتە دوژمن.

ئەزموون و مێژوو سەلماندویەتی کۆتاییهێنان بە دۆخی باڵادەست و قەیران و شەڕەنگێزیی دەسەڵاتداران، نە بە هێزە بۆرژواکان بەدیدێت، جا ئەو هێزانە لە هەر پێگەیەکدا بن (ئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات) و بانگەشەی هەرچییەک بکەن، نە بە هێزە ئیمپریالیستەکانیش بەدیدێت، کە پێیانوایە مەشق و وانەی دیموکراسی بە ئێمە دەدەن. تاکە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە و بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بریتییە لە خەباتی پێکەوەیی جەماوەری عێراق و کوردستان، واتە خەباتی ستەملێکراوان دژ بە ستەمکاران؛ ستەملێکراوان مافی خۆیان تەنها لە ستەمکاران وەردەگرنەوە و بە شەڕی نەتەوەیی لەگەڵ ستەملێکراوانی دیکەدا ڕازی نابن.

داوا لە جەماوەری کرێکار و ئازادیخوازی نەتەوەی عەرەب دەکەین لە عێراق، فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی بەغداد و لە ڕێگەی خەباتی چینایەتی و هاوپشتیی ئینتەرناسیۆناڵی خۆیانەوە ڕێگە لە هەر هێزێکی شۆڤێنیست بگرن کە بیر لەوە بکاتەوە بەهۆی ململانێ و شەڕ و کێبڕکێی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیانەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کورد، جەماوەری کوردستان بکەنە قۆچی قوربانی.

ئێمەش لە ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی- کوردستان، وەکو تۆڕێک لە چالاکوانانی سۆسیالیست، پەیامێک ئاڕاستەی هەموو هێز و لایەنە چەپ و سۆسیالیست و رێکخراوە پیشەیی و سەندیکاییەکان دەکەین بۆ بەستنی هاوپەیمانێتییەک لە دەوری پلاتفۆڕمێک لەپێناو ڕاوەستانەوە بەڕووی شەڕەنگێزیی دەسەڵاتداران و هێزە ناوچەیی و ئیمپریالیستەکان، بۆ بونیادنانی بزووتنەوەی بەرەنگاری و دوورخستنەوەی مۆتەکەی جەنگ لە هەموو مەیدانەکاندا.

ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان
١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧




بانگەوازی بە پەلە بۆ ھاوڕێیانی ئەنارکیست و ئازادیخواز لە ھەر کوێیەکی جیھان ھەن


بانگەوازێکی ڕاستەوخۆ و تایبەت بۆ ھاوڕێیانی ئەنارکیست و ئازادیخوازی عەرەبی-زمان

نا بۆ دەوڵەت، نا بۆ جەنگ، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی

چەند ساڵ و مانگ و ھەفتە و ڕۆژی ڕابوردوو ئێمە ئەنارکیستان و ئازادیخوازانی ھەرێمی “کوردستان” بە ھەڵوێست و درووشمی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ھەموو شوێنێک و ھەموو کۆمەڵێک، بەڵام نا بۆ دەوڵەت) دەنگی خۆمان دژی دەوڵەتاندنی ئەم ھەرێمە لەژێر پەردەی سیناریۆی “ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی” ھەڵبڕی و بەدڵنیاییشەوە ھاوڕێ عەرەبی-زمان و تورکمانی-زمان و ئاشووریی و ئەوانی دیکەش ھەڵوێستێکی لەو جۆرەیان ھەبووە و دەبێت و ھەمان چاوەڕوانیمان لە ھاوڕێیانی ئەنارکیست و ئازادیخوازی سەرتاسەری جیھان ھەیە، کە لە دژی ھەڵگیرسانی جەنگی نەوت و دەوڵەتگەرایی (بەرەی ناسیونالیستان و چەپە پڕۆ-فاشیستەکان)، لە (بەرەی دژە-جەنگی خەڵکی عیراق بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە) پشتیوانیبکەن و لە ھەر شوێنێک دەلوێت، خۆنیشاندانی ھاوپشتی و دژی جەنگ بەڕێبخەن.

ئێمە دژە-دەوڵەتین، لەبەرئەوەی دژی سیستەمی ڕامیارین، دژی پارتییایەتی و دژی ئایدیۆلۆجییە دەسەڵاتخوازییە چەپ و ڕاسەتەکانین، لەبەرئەوەی کە دژی سەروەریی چینایەتین، دژی کاری کرێگرتە و دژی دارایی تایبەتین، کە ھەموو جەنگەکانی مێژووی سەروەریی چینایەتی لەپێناو پاراستنی ئەو سێکوچکەیە بوون؛ سەروەری چینایەتی، دارایی تایبەتی، کاری کرێگرتە!

ئێمە دژی جەنگ و چەک و کینەدۆزیی نێوان ئێتنییەکان و بازنە کولتوورەکانین، چونکە جەنگ و چەک و کینەدۆزیی تەنیا جەنگ و مەرگ و کۆیلەتی بەرەنجامدەھێنن و ھەرگیز سەرەنجامی ھیچ جەنگێک، شۆڕشی کۆمەڵایەتیی نەبووە و ھەموو کات جەنگ لەنێوبەری وزە و توانایی شۆڕشگێڕانە و لاوازکەری بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازەکان بووە و لە بەرانبەریش گەرمکەری بازاری چەکفرۆشی و دابینکەری نەوت بۆ کارخانەکانی چەکسازیی و ئۆتۆمەبێلسازیی و وێرانگەری ژینگە و ھەژارترکردنی ھەژاران و درێژکەرەوەی تەمەنی سەروەریی چینایەتی بووە!

ئێمە ھاوکاتی دژە-جەنگ بوون، خوازیاری ڕۆنانی خۆبەڕێوەبەریی سەربەخۆی کۆمەڵەکانین لە ھەر شوێن و ھەموو کات؛ خوازیاری ڕۆنانی خۆبەڕێوەبەریی ناوچە و ھەرێمەکان لەسەر بنەمای ھەرەوەزییە ئازادەکان و کۆمون و ئەنجومەنە سەربەخۆکانی شوێنی کار و ژیان ھەین و ئازادی تاک و بڕیاری سەربەخۆیانەی تاک بە بناخەی ئازادی و سەربەخۆیی ھەموو کۆمەڵێک دەزانین و بەبۆچوونی ئێمە لە ھەر شوینێک دەوڵەت ھەبێت، لەوێ ئازادی بوونی نییە، لە ھەر شوێنێک پارتییایەتی ھەبێت، لەوێ سەربەخۆیی کەسیی و ئاوەز و بیرکردنەوە بوونی نییە، لە ھەر شوێنێک خاوەنکار و دارا ھەبێت، لەوێ کەسی بەشمەینەت و کۆیلە ھەیە. ھەر ئاوا بەبۆچوونی ئێمە لەنێوان فەرمانداریی بیست و شەش (٢٦) ساڵەی بۆرجوازیی ھەرێمی “کوردستان” و جیابوونەوەی دەوڵەتییانەی ھەرێمی “کوردستان” جیاوازی نییە و بەشی ئێمە نەداران و بێدەسەڵاتان ھەر درێژە و زیاتربوونی بەدبەختییەکانی پێشووتر دەبێت و دیوەکەی دیکەشی ھەر دەوڵەتمەندتربوون و بەھێزتربوونی ڕامیاران و سەرمایەداران و فراوانتربوونی مەیدانی تەڕاتێنی کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و نێوەندەکانی وەک سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و دەوڵەتە زلھێزەکان دەبێت.

ئێمە ئەنارکیستان، دژی دەوڵەت و دژی جەنگ و دژی سەرکوتین و بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ھاودەرد و ھاوچین و ھاوئامانج و ھاوبیر و ھاوڕێکانی خۆمان لە سەرتاسەری جیھان بۆ پشتیوانی لە بەرەی دژی جەنگ و بەرگرتن لە ھەڵگیرساندنی جەنگی ناسیونالیستیی نێوان ئێتنییەکانی عیراق و ناوچەکە بانگەوازدەکەین؛ ڕاستە ئەرکی ڕاستەوخۆ و خۆجێی و سەرەکیترین چالاکی ڕاستەوخۆی دژی جەنگ لەسەر شانی کەسانی ئازادیخوازی نێو عیراق و ئەرکی ڕاستەوخۆی کەسانێک دەبێت، کە بە زمانی ئێتنییەکانی نێو عیراق دەدوێن، بەڵام ئەرکی ئێوە ھەر ئازادیخواز و ئەنارکیستێک لە ھەر شوێنێکی جیھان ھەن و بە ھەر زمانێک دەدوێن و لە ھەر شوینێک لەدایکبوون، لە ئەرکی سەرشانی ئێمە کەرمتر نییە و نابێت، چونکە ھەڵخڕاندن و ڕێکخستنی دەنگی ناڕەزایەتی شەقامی کۆمەڵەکانی خۆتان دژی جەنگ، تەواوکەر و مسۆگەرکەری سەرکەوتنی دەنگە دژە-جەنگەکانی نێوخۆی عیراق و کەمترکەرەوەی مەترسی مەرگ و ئاوارەبوونی منداڵانی عیراقە.

ئێمە ئەنارکیستانی کوردی-زمان بە دیاریکراویی ھاوڕێ (ئەنارکیستە عەرەبی-زمانەکان و فارسی-زمانەکان و تورکی-زمانەکان) بۆ وەستانەوە دژی جەنگ و ھاوپشتیکردن و یەکێتی لەتەک خۆمان دژی (پلان و بڕیارەکانی سەروەران و سەرمایەدارانی کوردی-زمان و عەرەبی-زمان و فارسی-زمان و تورکی-زمانەکان) بانگەوازدەکەین و ھەر خۆگێلکردن و ھەر کەمتەرخەمییەک و خۆدوورگرتنێک لەو بارەوە، بە ڕەزامەندبوون لەتەک جەنگ و ڕامیاران و سەرمایەداران و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان دەزانین. ئێمە بێجگە لە دژە-جەنگ بوون و ھەوڵ و پاگەندەی بیست و چوار ساتە دژی جەنگ، ھیچ ھەڵبژێر و ئومێد و چارەیەکی دیکەشکنابەین، ئێوەش خۆتان و ویژدان و ئەرکی مێژوویی سەرشانتان؛ ئێمە لە ئێوە داخوازیی پشتیوانی و ھاودەنگی دەکەین، نەک بڕیار و سەپاندن و ناچارکردنی ئێوە، چونکە بۆ کەسی ئەنارکیست دژە-جەنگ بوون و چالاکی خۆجێی و ھاوپشتی جیھانی ئەلف و بای تێکۆشانی ئازادیخوازانەن. ئێمە چاوەڕێی ھەڵوێست و پشتیوانی چالاکی ھاوڕێیانەی ئێوەین، منداڵان و پیر و پەککەوتان و نەداران و بێدەسەڵاتانی ھەموو بەشەکانی عیراق چاوەڕێی ھەڵوێست و پشتیوانی و خۆنیشاندانی ئێوەن!

نا بۆ جەنگ
نا بۆ دەوڵەت و سەروەریی
نا بۆ نەتەوە و وڵات و ئاڵا
نا بۆ سیستەمی چینایەتی

بەڵێ بۆ ھاوپشتی و یەکڕیزی دژی جەنگ
بەڵێ بۆ تێکۆشانی کۆمەڵایەتی
بەڵێ بۆ خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی
بەڵێ بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتیی
بەڵێ بۆ ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیی
بەڵێ بۆ خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان
١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥

سایتی سەکۆی ئەنارکیستان
www.anarkistan.com

پەیجی فەیسبووکی ئەنارکیستان
www.facebook.com/sekoy.anarkistan

سەکۆی ئەنارکیستان لە تویتەر

ئیمەیل ئادرەسی ئەناکیستان
anarkistan@riseup.net




کاریلە …. ن. ریزان فەتاح

منم منم کاریلە
سپی و جوان وردیلە

خۆراکم گەنم و جۆیە
سودم هەموو بۆ تۆیە

پەلکی شووتی و گندۆرە
بەتام دەخۆم بە نۆرە

دەخۆمەوە ئاوی زۆر
لەسەرچاوەی جۆراوجۆر

دایکی من ناوی بزنە
زۆر میهرەبان و مەزنە

پێستم بە موو داپۆشراو
رێک و جوان رەنگکراو

دەمپارێزێ لە سەرما
لە هاوین و لە گەرما

—————————–

تێبینی// ئەم هۆنراوەیە لە ژمارە ( ٢٥٨ ) ی گۆڤاری جگەرگۆشەکان لە مانگی ئاب ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە




كێشه‌یه‌ك تا ئێستا بێ‌ پڕۆژه‌ … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

به‌ته‌مه‌نترین كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌م خۆرهه‌ڵات و خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌دا كێشه‌ی كورده‌، یه‌ك سه‌ده‌ی ته‌واو كرد، هیچ هێزێك نه‌ جیهانی، نه‌ ناوچه‌یی و ئیقلیمی، نه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردستانیان به‌سه‌ردا به‌شراوه‌ته‌وه‌، نه‌ ناوخۆیی واته‌(كورد خۆی)، نه‌یانتوانیوه‌ به‌لای چاره‌سه‌ردا بچن و تێز و پڕۆژه‌ی ماقوڵ و بونیادی بخه‌نه‌ ڕوو بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ و هێنانه‌ ئارای كه‌شێكی هاوسه‌نگ كورد وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك سه‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری خۆی هه‌بێ‌ و په‌ره‌ به‌ ڕیشه‌كانی بدات.
هێزه‌ زله‌كانی دنیا له‌ سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستاوه‌ تا هه‌نووكه‌ هیچ ئامانجێكی ته‌نانه‌ت درێژ مه‌وداشیان بۆ چاره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ نیه‌ و نه‌بووه‌ و نابێت، هه‌ر هه‌موویان به‌ پێی لۆژیكی هێز و چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانیان دوای هه‌ر ڕێككه‌وتنێكی نێوان خۆیان و دواتر له‌گه‌ڵ كلكه‌ ئیقلیمیه‌كانیان بێده‌نگی لێده‌كه‌ن و بۆ ماوه‌یه‌ك زه‌خیره‌ی ماشێنی ئابووری و سیاسی خۆیان فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن.

ئه‌وان هه‌رگیز تێزێكی چاره‌سه‌ریان بۆ كێشه‌ی كورد وه‌ك بابه‌تێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه‌، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رچی زیڕوح هه‌یه‌ له‌ خه‌ڵكی ئه‌م ناوه‌ وه‌حشه‌تگه‌ریه‌كی بازاڕیانه‌ی بێ‌ متمانه‌ و مۆڕاڵی سه‌رمایه‌گوزاری ڕووتبۆوه‌ له‌ ئه‌خلاقی ئینسانی بووه‌. ئه‌مه‌یان ناو ناوه‌ پراگماتیزم له‌ كاری سیاسی و ده‌وڵه‌تداری، له‌ كاتێكدا له‌ پڕاگماتیزمدا (ئه‌خلاقی كار) له‌ چوارچێوه‌ی (ئازادی كار) بۆ هه‌ر مرۆڤێك پێوه‌ری پابه‌ندبوونه‌ به‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌وه‌ و پراگماتیزم كه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی كار ده‌ناسرێ‌ و ” لێیگه‌ڕێ‌ كار بكات و لێیگه‌ڕێ‌ تێپه‌ڕێ‌” ی ئاده‌م سمیس یه‌كێكه‌ له‌و كۆجیتۆیانه‌ی لادان لێی ڕاسته‌وخۆ لادانه‌ له‌ ئازادی و ته‌سككردنه‌وه‌ی بوار بۆ هه‌زاران و ملیۆنان، به‌وه‌ی با كار نه‌بێ‌ بیكه‌ن تاوه‌كو مرۆڤبوونی خۆیان له‌ بێكاری و بێ‌ بازاڕیدا ونكه‌ن.

له‌ پراگماتیزمدا ئه‌م پرسیاره‌ سه‌ره‌كیه‌ی (چارلز پێرز1878) ده‌بێ‌ به‌ بنه‌مایه‌كی ئه‌خلاقی{چۆن وا بكه‌ین هزر و بیرمان ڕوون بێ‌؟}، ئه‌م پرسیاره‌ لای پراگماتیه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان عه‌قیده‌یه‌كی سیاسیه‌ و له‌ كاری سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداریدا ده‌بێ‌ پیاده‌ بكرێ‌. هه‌میشه‌ له‌ پراگماتیزمدا كاره‌كان به‌ ئه‌نجامه‌كانیان ده‌پێورێن، ئه‌گه‌رچی فه‌لسه‌فه‌ی كار هه‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن كار له‌ نه‌زه‌ر ده‌گرێ‌ به‌ڵام ئازادی جووڵه‌ی كاركه‌ر جۆرێك له‌ گره‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تا چه‌ند كه‌سه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامی باش ڕه‌فتاری جوان و هاوسه‌نگ ده‌گرنه‌ به‌ر. له‌ پراگماتیزمدا ماكیاڤیللیه‌ت جێینابێته‌وه‌، چون پیاده‌بوونی پراگماتیزم ئاڵۆزی قبوڵ ناكات و هه‌میشه‌ نه‌خشه‌ی كار به‌ ڕوونی نمایش ده‌كات و هه‌م هۆكار و هه‌میش ئامانج دیارن و هیچیشیان پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر نین، یه‌كێكیان نه‌شیاو و ئه‌وه‌ی تر شیاو بێت.

كار یه‌كێكه‌ له‌ فاكته‌ره‌ سایكۆلۆژیه‌ ئینسانی و وجودیه‌كانی بوونی هه‌ر تاكێك، ئه‌وه‌ ئه‌دلێره‌ جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش فڕانكل و ڕۆلۆ مای و به‌ر له‌وانه‌ش فڕۆید و به‌ر له‌ فڕۆیدیش هیگله‌ به‌ مه‌رجێكی سه‌ره‌كی وجوودی ده‌زانن.
سیاسه‌تی ئه‌مریكا هه‌رگیز له‌گه‌ڵ پراگماتیزمدا یه‌كناگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور و یاساكانی ئه‌و وڵاته‌ش پراگماتیانه‌ ڕێكخراون نه‌زعه‌ و ئیراده‌ی هێز و هێزمه‌ندی زۆر جار مه‌یلی خۆفوودانیان لا درووست ده‌كات، ئه‌گه‌ر وا نیه‌ كام له‌م سه‌ركردانه‌ی ئه‌م سی چل ساڵه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ر له‌وانیش زانیویانه‌ پراگماتیزم چیه‌؟.

ئه‌م به‌ ناو پراگماتیستانه‌ ته‌نها پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆیان و نێوان خۆیان هه‌یه‌ كه‌ ناوه‌ ناوه‌ به‌ ڕێككه‌وتنی ئاشتیانه‌ و ناوه‌ ناوه‌ش به‌ شه‌ڕ ده‌یچه‌سپێنن، ئه‌وان كه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌ری ئارامی و ئاسایشی دنیا ناساندووه‌ كوا پڕۆژه‌كانیان بۆ كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ئه‌تنیكیه‌كانی دنیا؟.
جگه‌ له‌وه‌ زلهێزه‌كانی به‌رانبه‌ریشیان نه‌ كۆمۆنیست بوون و نه‌ سۆشیالیست و نه‌ دیموكرات، ئه‌گه‌ر وانیه‌ كوا پڕۆژه‌ ئه‌وروپی و كۆمێنتێرنی و سۆشیالیست ئه‌نته‌رناسیونالیست و دیموكراته‌كان بۆ چاره‌ی كێشه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌ و ئه‌تنیكه‌كانی تر له‌ دنیا و به‌ تایبه‌ت ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌؟ ئایا كێشه‌ی كورد ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز بوو به‌ سه‌ده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر نه‌كرێ‌؟ ئایا ته‌سلیمكردنی ئه‌و دۆسێیه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌ به‌ ته‌نگنه‌زه‌ره‌ ئیقلیمی و ناوچه‌ییه‌كان بوار ڕه‌خساندن نه‌بوو بۆیان تاوه‌كو به‌رده‌وام ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ هه‌ڵایساندا بێ‌ و ئه‌وانیش هه‌میشه‌ كه‌لێن و قه‌ڵشی هاتنه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ كراوه‌ بێ‌؟ ئایا نه‌یانده‌توانی هه‌لومه‌رجێك له‌ ناوچه‌كه‌ بێننه‌ ئارا له‌ جیاتی شۆڕش و به‌یه‌كدادانه‌ چه‌كداریه‌كان به‌یه‌كگه‌یشتنه‌ فه‌رهه‌نگی و كولتووریه‌كان بسازێنن و پاشان فیدراسیۆن و كۆنفیدراسیۆنی كولتووری جێگه‌ی ئه‌م هه‌موو قه‌واره‌ سیاسیه‌ به‌یه‌ك هه‌ڵپژاوانه‌ بگرێته‌وه‌؟.

ئه‌مانه‌ و زۆری تریش ده‌كرا بكرێن، به‌ڵام ملدانه‌ غه‌ریزه‌ی ده‌سه‌ڵات و موڵكداری و پاوانخوازی و شه‌هوه‌تی خواردن و گلدانه‌وه‌ له‌ ئاست درووشمه‌كانی عه‌قلانیه‌ت كوێری كردن و ئه‌وه‌ی له‌وه‌ته‌ی هه‌ن ده‌یكه‌ن هیچی له‌گه‌ڵ مۆدێرنیزم و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی و له‌گه‌ڵ عه‌قلانیه‌ت نایه‌ته‌وه‌، ئه‌وان خراپ سوودیان له‌هه‌ندێ‌ قسه‌ی نافه‌لسه‌فی وه‌رگرتووه‌ جا ئه‌گه‌ر ئه‌و قسانه‌ هی فه‌یله‌سوفانیش بووبن، خۆ فه‌یله‌سووف و زانایان هه‌رچی وتوویانه‌ فه‌لسه‌فه‌ نیه‌ و نه‌بووه‌، “مه‌تره‌قه‌كه‌ت بیر نه‌چێ‌ كاتێ‌ ده‌چیته‌ لای ژنه‌كه‌ت” با هه‌ر قسه‌ی نیچه‌ بێ‌، ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ فه‌لسه‌فه‌وه‌ نیه‌ و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ سایكۆلۆژیای كه‌سی فه‌یله‌سووف له‌ هه‌ڵوێستێك له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ژیانی خۆیدا.

” هه‌موو واقیعێك عه‌قلانیه‌” با هه‌ر قسه‌ی هیگل بێ‌، ئه‌مه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی تایبه‌ت وتراوه‌ و له‌وانه‌شه‌ قه‌ناعه‌تی خودی هیگل بووبێ‌ ، به‌ڵام ئه‌و گه‌ندڵستانه‌ی ئێمه‌ و ده‌وروبه‌رمان به‌ گوێره‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ بێ‌ ده‌بێ‌ واقیعی بێ‌؟.
ئه‌م هێزمه‌ندانه‌ تاوه‌كو ئێستا عه‌قڵ هه‌ڵیان ناسووڕێنێ‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی غه‌ریزه‌ و شه‌هوه‌ته‌ ناعه‌قلانیه‌كه‌یان، هه‌ر بۆیه‌ش قه‌تاو قه‌ت پڕۆژه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر نیه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌ و هه‌نگاوگه‌لێكیشیان ناونا پڕۆژه‌ ئه‌وا پڕۆژه‌ی خۆیانه‌ و تۆ تیایدا ته‌نها فاكته‌رێكی هاوكاری.
ئه‌و زلانه‌ كه‌ پڕۆژه‌یان نه‌بووه‌ بۆ چاره‌ی كێشه‌ی كورد، نه‌ عێڕاق و نه‌ توركیا و نه‌ ئێران نه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ و نه‌ هه‌ر یه‌كه‌ش به‌ ته‌نها ڕۆژێك له‌ ڕۆژان نه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی گه‌ڵاڵه‌كراویان نه‌بووه‌، به‌ڵكو بیریشیان لێنه‌كردۆته‌وه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ وه‌ك دۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ماف زه‌وتكراو ببینن و با جۆرێكی تر له‌ چاره‌سه‌ر بخه‌نه‌ ڕوو چیدی نه‌ ئه‌وان و نه‌ ئێمه‌ش له‌ نائارامیدا نه‌یبه‌ینه‌ سه‌ر.

ئه‌وان هه‌میشه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و تا ئێستاش بۆ چنینی پیلانی شه‌ڕانگێزی و دۆزینه‌وه‌ی پلانی جیاجیا تاوه‌كو هه‌رچی زووتر و باشتر ده‌نگمان كپكه‌نه‌وه‌ و نه‌كا بیر له‌ ته‌نانه‌ت هاوڵاتیبوونیشمان له‌ سه‌رزه‌مینی خۆمان بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ر چوار له‌و ده‌وڵه‌ته‌ ناهاوسه‌نگه‌ ئیقلیمیانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئیش بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن تێزێكی هاوبه‌ش بكه‌ن به‌ پڕۆژه‌یه‌كی كرداری بۆ چاره‌سه‌رێكی بنبڕ بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ی یه‌ك سه‌ده‌یه‌ ئارامی له‌ خۆمان و له‌ نه‌یارانیشمان بڕیوه‌.
ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی چوار لایه‌نه‌ی ئیقلیمیش بۆ چاره‌ی كێشه‌ی كورد نه‌بووه‌، هیچ یه‌كێكیشیان به‌ ته‌نها ڕاستگۆیانه‌ پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌یان نه‌خستۆته‌ ڕوو، مه‌گه‌ر نا ئاشتی و ئارامی به‌رده‌وام له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی دانپیانراو دێته‌ ئارا، ده‌كرا چاره‌ی عه‌ره‌بی بۆ كێشه‌ی كورد له‌ مێژ بوو پێشنیاز كرابا یا به‌ كردار بینیبامان له‌ جیاتی پڕۆژه‌ی به‌ عه‌ره‌بكردن و تاواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، ده‌كرا چاره‌ی ئێرانی بۆ كێشه‌ی كورد هه‌بوایه‌ نه‌ك به‌ فارسكردنی كورد هه‌روه‌ك چۆن ڕه‌شیدی یاسه‌می وای ڕێنمایی سه‌رانی خۆی ده‌كرد، ده‌كرا چاره‌ی توركی بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ توركیا هه‌بوایه‌ له‌ جیاتی به‌ تورككردن و سووربوون له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی كولتووری ڕق و نه‌فیكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی.

ئه‌مانه‌ هه‌موویان نه‌بوون و نه‌كران هه‌ر بۆیه‌ش له‌وه‌ته‌ی كورد و كوردستان به‌سه‌ریاندا به‌شراوه‌ته‌وه‌ نه‌ ئێمه‌ خۆشیمان له‌ خۆمان بینیوه‌ و نه‌ ئه‌وانیش بۆ ساتێك حه‌ساونه‌ته‌وه‌، ئه‌م دۆخی نه‌حه‌سانه‌وه‌یه‌ به‌م هه‌ڵچوونه‌ ده‌مارگیری و ڕاسیستیانه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێ‌، چاره‌سه‌ر بینینی یه‌كتره‌ وه‌ك خۆیان نه‌وه‌ك شتی تر، ئه‌گه‌ر نا تا سه‌ده‌یه‌كی تریش هه‌ر له‌م زه‌لكاوه‌ ده‌مێنینه‌وه‌ و ناچینه‌ دۆخێك له‌وه‌ ئارامتر.
كه‌ ئه‌مانه‌ هیچیان چاره‌ی كێشه‌ی تۆیان پێنه‌بوو، ئه‌ی خۆمان وه‌ك كورد و وه‌ك بژارده‌ی سیاسی له‌ نێو جوڵانه‌وه‌ جیاجیاكان ڕێگه‌ چاره‌ی كوردانه‌مان هه‌بووه‌؟ ئایا چاره‌ی كوردی هه‌بووه‌ بۆ كێشه‌ی خۆی؟، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جولانه‌وه‌ كوردیه‌كان له‌ هه‌موو پارچه‌كان به‌ درێژایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ له‌ دۆخی په‌رچه‌كرداری تێیان نه‌په‌ڕاندووه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر پڕۆژه‌ی ڕمان و وێرانسازی نه‌یاران و داگیركه‌ران پڕۆژه‌یه‌ك بۆ بیناكردن و هه‌ڵنانی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه‌ و نه‌كه‌وتۆته‌ به‌ر هه‌ست و عه‌قڵ.

سه‌د ساڵه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ هه‌ڵچوونێكی كار و په‌رچه‌كردار بردوویه‌ته‌ سه‌ر، سه‌د ساڵه‌ سۆزی سه‌ردارێتی نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كان و هه‌ڵچوونی شۆڕشگێڕی ئێمه‌ی ژێر ده‌ست دوو هێزی به‌رانبه‌ر یه‌كتری له‌ شه‌ڕدا بوون، سه‌د ساڵه‌ نه‌ كۆمۆنیزم كێشه‌ی كوردی وه‌ك كێشه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر خوێنده‌وه‌ و نه‌ ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب و فارس و تورك، نه‌ بزاوته‌ سیاسیه‌ دینیه‌ كۆن و تازه‌ سه‌رهه‌ڵداوه‌كانیش توانیان له‌گه‌ڵ وجودی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان بجوڵێنه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌ هزری چه‌پی كوردی توانی پڕۆژه‌ی بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی هه‌بێ‌ و نه‌ هزری به‌ناو ناسیونالیزمی كوردی پێیكرا جولانه‌وه‌یه‌كی ناسیونالیستی خاوه‌ن هزر گه‌ڵاڵه‌ كات توانیبای ڕای گشتی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی و جیهانی بۆ ئه‌م دۆزه‌ مێژووییه‌ ڕاكێشێت و خۆی له‌ كاریگه‌ری په‌یوه‌ندیه‌ فیوداڵیه‌كان كه‌مێك به‌ دوور بگرێ‌، له‌ سه‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه‌ش هزری دینی سیاسی كوردیش ئه‌وه‌نده‌ی ئیشی له‌سه‌ر كاڵكردنه‌وه‌ی بوونی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كردووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی چووه‌ته‌ خزمه‌ت پڕۆژه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی له‌ بینینی ئیسلامی ئه‌وه‌نده‌ نه‌یویستووه‌ به‌ دین و هزری دینی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یمان زه‌ڕڕه‌یه‌ك به‌رێته‌ پێش.

كه‌واته‌ ڕه‌گی كێشه‌كه‌ له‌ ونبوونی پڕۆژه‌ی عه‌قلانیه‌ لای هه‌ر هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی لێره‌ قسه‌م له‌سه‌ریان كرد و تا ئێستاش ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ‌ هه‌ر هه‌مووی ململانێی ده‌مارگیرین و هه‌ڵچوون و سۆزی هۆزگه‌رایی و تایفی و نه‌ته‌وه‌یی پریمیتیڤ هه‌ڵیانده‌سووڕێنێ‌.




مام جەلال: باجی یاری لەگەڵ “درۆودەلەسەی” سیاسەتدا! … شاخەوان شۆڕش

لە ١٩٨٤ دا کرێکار بووین، رۆژێکیان سەربەست کە بەیەکەوە کارمان دەکرد گوتی “سیاسەت درۆودەلەسەیە”! گوتم چۆن؟ گوتی “ئەوە قسەی مام جەلالە”! ئەو گوتنە خستمیە بیرکردنەوە. سەربەست لایەنگری یەکێتی بوو.
گومان لەوەدا نییە مام جەلال سەرکردە و کەسایەتیەکی سیاسی ناسراوە و خاوەنی مێژووەکی رامیاری دوورودرێژە کە خۆی لە زیاتر لە نیوسەدەدا دەدات. لەو مێژووەدا شۆڕشگێڕی و بەڵێنی شۆڕشگێڕانە، ساردوگەرمی، هەلسان و دابەزین هەن، سەرکەوتن و ژێرکەوتنی کاتی هەن، سنگفراوانی هەن، بەڵام پشووتەنگی، تەسکبینی و کورتبینیش هەن، ڕەشبینی هەن، هەنگاوی هەلپەرستانە و دووڕوویی هەن، هەروەها گەندەڵی و تاوان هەن. مام جەلال ئەو سەرکردە سیاسیەیە کە لە زۆرباردا لەگەڵ پێشهات و هەلومەرجەکانی رۆژدا سیاسەتی کردووە، هەڵوێستی گۆڕیووە و خۆی گونجاندووە، هەنگاو و تاکتیکی نەخوازراو و نائاسایی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکارهێناوە، بەمجۆرە بە بڕوا و پرەنسیپێکی مۆرالی تایبەتەوە وابەستە نەبووە و لە زۆر هەلومەرجدا وەکو ریالستێکی کلاسیک جوڵاوەتەوە.

بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان و گوتنی هاوڕێیانی کۆنی ئەو، مام جەلال لە کۆتایی چلەکان و لە دەیەکانی پەنجاکان و شەستەکاندا سیاسیەکی بەتوانا و لێهاتوو بووە، بە زیرەکی و چاڵاکیەکانی سەرنجی هاوڕێکانی راکێشاوە، لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەخێرایی سەرکەوتووە و گەیشتووەتە پلەباڵاکان. لە دووبەرەکیەکەی ١٩٦٤دا لەگەڵ هاوڕێیانی دیکەی مەکتەبی سیاسی و بەشە حزبیەکە رەخنەی لە سیاسەتی تاکڕەو و خێلەکیانیەی مەلا مستەفا هەبووە، کە وایکردووە دواتر لە پارتی جیابوونەتەوە. جیابوونەوەی ئەوان لە پارتی کاردانەوەیەکی ئاسایی بووە، بەڵام چوونە سەنگەری حکومەتی بەغدا دژ بە پارتی سەر بە مەلا مستەفا لە ١٩٦٦ دا هەنگاوێکی نائاسایی و هەلەیەکی کوشندە بوو ئەوان تێیکەوتن. لەلایەک لایەنە هوشیار و ڕامیارەکەیان خستە خانەیەکی نەخوازراوە، لەلایەکیتر برەویان بە ڕەوتی خێلەکی و دیسپۆتیانەی مەلا مستەفا دا.

شەڕی کوردکوژی ئەوسا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە و کادیری دڵسۆزی کردە سوتەمەنی خۆی کە سەرکردایەتی هەردوو باڵی پارتی لێی بەرپرسیارن. ڕێککەوتنەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی لە ١٩٧٠ دا بەجۆڕی لە جۆرەکان وازهێنان بوو لە ناکۆکی و ململانێکە لەلایەن مام جەلال و برایم ئەحمەدەوە، چونکە مەلا مستەفا هەر لەسەر رەوتی خۆی بەردەوام بوو و گۆڕانێک لەمبارەیەوە نەبوو. ئەو هەنگاوەی برایم ئەحمەد و مام جەلال سوودی بە بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان گەیاند، بەڵام چارەسەرێکی بنەرەتی و درێژخایەنی ناکۆکیەکە نەبوو، وە دووبەرەکیەکە بەوە کۆتایی نەهات. ئەو دووبەرەکیەی ئەوسا بووبە پەتایەکی کوشندەی ئیفلیجکەری درێژخایەن بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی باشوری کوردستان، بەجۆرێک ئێستاش باشوری کوردستان پێیەوە دەناڵێنێت.

دوای هەرەسی خەباتی چەکداری ئەیلول لە ١٩٧٥ دا، مام جەلال لەگەڵ هەندێ لە هاوکارانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان دامەزراند، لە ساڵی ١٩٧٦ دا بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بەسەرکردایەتی عەلی عەسکەری و د. خالید سەعید و عومەر دەبابە چوونە ناو نیمچەبەرەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە ئەوسا لە خەتی گشتی، کۆمەڵەی رەنجدەران و بزوتنەوە پێکدەهات. لە هاوینی ١٩٧٦ دا مام جەلال دەکرێتە سکرتێری یەکێتی. ئەوسا بزوتنەوە بەهێزترین باڵی ناو یەکێتی بوون. ئەو یەکگرتنە لەسەرەتاوە کێشەی هەبووە، چونکە زۆر لە سەرکردەکانی بزوتنەوە لەبەر جیاوازیان لەگەڵ بیروبۆچوونەکانی مام جەلال پشتگیریان نەکردووە. یەکگرتنەکە هەر دوو ساڵ دەخایەنێ و دوای ئەوە بزوتنەوە لە یەکێتی دێتەدەر و لەگەڵ کۆمیتەی ئامادەکردنی پارتی کە د. مەحمود ‌عوسمان سەرپەرشتی دەکرد بەیەکەوە حزبی سۆسیالستی یەکگرتووی کوردستانیان (حسیک) دروست
کرد.
بەپێی گوتنی ئەندامانی بزوتنەوە، جودایی لەبیر و لێکدانەوەکاندا، ناتەبایی سیاسەتی یەکێتی لەگەڵ بیروباوەرە بنچینەیەکانی بزوتنەوە، تاکڕەوی و جوداکاری مام جەلال لە بڕیار و هەڵسوکەتیدا بەتایبەتی لەنێوان کۆمەڵە و بزوتنەوەدا، سەرکردەکانی بزوتنەوە تووشی نیگەرانی و بێزاری دەکەن. دژایەتی و شەڕ دژ بە سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کاردستان (قیادەی موەقەتە) کە لای زۆر لە سەرکردەکانی بزوتنەوە پشتگیری نەبووە ئەویش هۆکارێکی دیکەی نیگەرانی و دواتر ناتەبایی ناوخۆیی بووە. لەو بارە گرژە ناوخۆییەدا کارەساتی هەکاری لە ١٩٧٨ دا روودەدات و بەسەدان پیشمەرگە و کادیری بزوتنەوە دەکەونەبەر بۆسە و هێرشەکانی قیادەی موەقەتە و هەندێکیان بەدیلی گولەباران دەکرێن. بۆنمونە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوە وەکو دکتۆر خالید، عەلی عەسکەری و حوسێن بابەشێخ بەدیلی گولەباران دەکرێن. دوای کارەساتەکە باری ناوخۆیی یەکێتی روو لە خراپبوون دەکا، لە هۆکارەکانی ڕوودانی کارەساتی هەکاریدا لەلایەن زۆر لە کادیر و سەرکردەکانی بزوتنەوەدا گومان دەخرێتەسەر مام جەلال.

مام جەلال بزوتنەوەیەکی بەرابەر لە ناو یەکێتیدا دروست دەکات و دەکەوێتە دژایەتی حزبی سۆسیالست. بەگشتی مام جەلال لە نامە ناردن و ڕاکێشانی کەسانی ناسراو و چاڵاک بۆ ناو یەکێتی چالاک بووە. مام جەلال لە هەڵکێشان و پێداهەلداندا یا گوتنی درەوشاوەی تاکتیکیانەدا مامۆستا بووە. لە دوای جیابوونەوەکەدا نامەی بۆ زۆر لە کادیر و لایەنگرانی بزوتنەوەی سۆسیالست ناردووە. بۆنمونە نامەی بەناوە نهێنیەکەی کاردۆ بۆ کاردۆ گەلاڵی (وابزانم سوارە ناوی نهێنی کاردۆ بووە) ناردووە کە پارێزەرێکی چەپی ڕۆشنبیر، کادیرێکی زۆر بەتوانا و پێشکەوتووی بزوتنەوە بوو لە خەباتی نهێنیدا، لە نامەکەدا دوای بەرزکردنەوە و پێداهەلدان داوای لێدەکات بێتە ناو یەکێتی و رێکخستنەکانی یەکێتی دەخاتە ژێردەستی ئەو، بەلام کاردۆ رەتی داواکەی دەکاتەوە. دوای ئەوە مام جەلال کەوتە دژایەتی ئەو و هاوڕیکانی. دیارە زۆرینەبرد کاردۆ گەڵالی و عەلی هەژار لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیردەکرێن و بۆهەمیشە شونبزر دەکرێن. مام جەلال لە بیرەوەریەکانیدا کاردۆ گەلالی بە پیاوی ڕژێم داناوە!

یەکێتی لە خەباتی چەکداریدا هەوڵیداوە خۆی هێزی سەرەکی و پارتی پێشرەو بێت، بۆیە جگەلەوەی کە هەمیشە لەگەڵ پارتی لە ناکۆکیدا بووە، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کێشەی هەبووە و نەیتوانیووە بەیەکەوە و شان بەشانی ئەوان خەباتی چەکداری بێ کێشە و شەڕ بباتەسەر. لە ساڵەکانی ٧٩، ٨١ و ٨٣ دا لەگەڵ سۆسیالست بەتایبەتی هەروەها لەگەڵ پاسۆک و حزبی شوعی ناوە ناوە کەتۆتە شەڕ و بەسەدان پیشمەرگە و کادیر و سەرکردە لەهەردوو بەرەدا بوونەتە سووتەمەنی شەڕی ناوخۆی کوردکوژی. لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری کوشتنی دیل دراوە و تاوان لەمبارەیەوە ئەنجامدراوە. بۆنمونە گولەبارانکردنی کاکە سور قۆریتانی کە لە سەرکردایەتی یەکێتی بەند بوو پەیوەندی راستەوخۆی بە بڕیاری ئەوەوە هەیە. ئەو کاتەی کاکەسور و هاوڕێکانی لەدەشتی کۆیە لەلایەن هێزێکی یەکێتیەوە چەک دەکرێن، ناکۆکی و شەر لە نێوان یەکێتی و سۆسیالستدا نەبوو، پێشمەرگەکانی دەشتی کۆیە وەکو هاوڕێ و هاوخەباتی یەک وابوون. ئەوڕۆژە کاکە سور و هاوڕیکانی لە چاڵاکیەک دەگەڕانەوە و دەیانتوانی چەک دانەنێن و شەڕبکەن، بەڵام نەیانکرد. کاکەسور و هاوڕێکانی چەک دەکرێن و کاکە سور رەوانەی سەرکردایەتی یەکێتی دەکرێت و لەوێ بەند دەکرێت. تاوانی کاکەسور ئەوەبوو چاڵاک بوو و سۆسیالست بوو. هەروەکو مام جەلال لە بریار و کوشتنی دیل لە شوێنەکانی دیکەی شەڕدا، وەکو کۆمەڵکوژیەکەی قرناقە و پشتئاشان بێبەری نەبووە.

یەکێتی لەژێر سەرکردایەتی مام جەلالدا لەبری خەباتی هاوبەشی دوور لە پاوانخوازی، سیاسەتی پارتی پێشڕەو و پاکاسازی پیادەکرد. سیاسەتی پاکتاو و پاوانکردن ئەگەر لایەنێکیش سەربخات، مەرج نییە لایەنی سەرکەوتوو بگەیەنێتە ئامانج. کوردکوژی لە باشوری کوردستاندا زیانی کوشندە و جەرگبڕی بە خەباتی ڕزگاریخوازی گەیاند و لە کۆتاییدا گەلی کورد باجەکەی دا. یەکێتی توانی سۆسیالست، شوعی و پاسۆک تەواو لاوازبکات، بەڵام سەرکەوتنە سەربازیەکەی کورتماوە بوو. شەڕی خوێناوی ناوخۆ دەرزێکی کوشندەی لە ریزی گروپە هوشیارە رامیارەکەدا دروستکرد، کە ساڕێژکردنی ئاسان نەبوو و کاریتێکردنێکی درێژخایەنی نەرێنی بەسەر خەباتی ڕزگاریخوازی داهاتوودا نواند. دواتر دەرکەوت ئەو زیانە چ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر داهاتووی یەکێتیدا نواند. بێگومان ئەگەر بنەماکی پەسندکردن و دانپێنان هەبوونایە، دایەلۆگ و هۆشمەندی زاڵبوونایە، هوشیاری کوردستانیانە هەبووایە، ئەو زیانە گەورەیە بەر خەباتی ڕزگاریخوازی نەدەکەوت و ئێستا باری رامیاری باشوری کوردستان تەواو جیاواز دەبوو.

مام جەلال لە کاتی کۆڕەوەکەدا و لە کاتێکدا هێزە ئەنفالچیەکانی سوپاسی ئێراق هێرشیان دەکردە سەر خەڵکی بێبەرگری کوردستان لەگەڵ سەرکردەی حزبەکانی دیکەدا چووە بەغدا و دەستی لەملی سەدامی دیکتاتۆر کرد و بەخۆشحاڵیەوە ماچی کرد. ئەو ماچە کوردستانیانی زۆر نائومێدکرد.
لە دوای راپەرینی ١٩٩١ دا یەکێتی وەکو پارتی هەرچی سەرۆک جاش و پیاوخراپی بەعس هەبوو لەخۆی کۆکردەوە، دیارە لەبەر گەلێ هۆکار پارتی زۆرتری بەرکەوت. دوای هەڵبژاردنی ١٩٩٢ لەگەڵ پارتی رێکەوتنی ففتی ففتیان مۆ ردکرد و سیستەمی رامیاری کوردستانیان لەبەراییدا ئیفلیجکرد. کاکە و مامە (سەرۆک و ڕابەر) هەردووکیان ئامادەنەبوون پراکتیکیانە و بەکردەوە کاری بنیاتنانی ناسیۆن بگرنەدەست، بەکردەوە بچنە ناو کارەکان و ببنە سەرۆکی پەرلەمان یا حکومەت. خۆیان لە دیوەخانەکانیان نەهاتنەدەر و بڕیار و دەسەڵاتی سەرەکیش هەر لای خۆیان بوو. دوو ساڵ دوای ئەوە لەسەر پارە و داهات و دەسەڵات کەوتنە شەڕ لەگەڵ یەکتر. یەکیتی هێزەکانی ئێرانی راکێشایە ناو کوردستان و پارتی هێزەکانی تورکیا. بەسەدان رۆلەی کوردیان کردە سووتەمەنی بەرژەوەندی تایبەتی سەرۆک و حزب. زۆنی زەرد و سەوزیان دروستکرد و باشوری کوردستانیان کردە دوو بەش. تاکو لە ساڵی ١٩٩٨ دا ئەمەریکا کەوتە نێوانیان و پێکیهینانەوە.

جگەلەوە یەکێتی ناوە ناوە دەستی لە پارتە خۆڕسکە چەپ و ناسیونالیستە بێ پشتیوانەکان وەشاند، کوشتنی ئەندامانی رەوتی کۆمۆنیست و پارتی کاری سەربەخۆ، بەمجۆرە لاوازکردن و لەناوبردنیان بونمونە. ئەوەش بیرخستنەوەی کەلتوری سیاسی یەکێتی سەردەمی شاخ بوو. بەڵام بەپێچەوانەوە پارتە ئیسلامیەکان کە لەلایەن ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئیسلامیەوە پشتگیری دەکران لە دەڤەری سەوزدا گەشەیانکرد و بەهێزبوون.
مامە و کاکە لە دانوستان و گفتوگۆکاندا لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا، دەستوریان مۆرکرد، بێ ئەوەی مافی چارەنوس لە دەستوردا بنوسن. کێشەی سنور بە مادەی ٥٨ دواتر ١٤٠ بەسترایەوە و بەهەڵواسراوی مایەوە، کە دەبوایە لە ٢٠٠٧ دا کۆتایی پێبهێندرێت. مام جەلال تا ساڵی ٢٠١٤ بەناو سەرۆکی ئێراق بوو، بەڵام پرسی سەرەکی چارەی نەکرا. لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعس بزوتنەوەی ریفەراندەم نزیکی ١٧٠٠٠٠٠ ئیمزای بۆ مافی چارەنوس لە ٢٠٠٤ دا کۆکردنەوە و گەیاندیە بەغدا و بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان. وەکو مەسعود بارزانی، مام جەلال گوێی پێنەدا و گوتی “سەربەخۆیی خەونی شاعیرانەیە”.

هەر گەلێکی گەلکوژلێکراو مافی یاسایی خۆیەتی تاوانباران راکێشی دادگا بکات. دیارە سەرۆک جاشەکان جگەلە تاوانی گەلکوژی ئەنفال تاوانیان بەرامبەر بە خڵکی کوردستان و پیشمەرگە کردبوو، بەڵام مام جەلال وەکو مەسعود بارزانی بڕیارەکەی بەرەی کوردستانیان کردە بیانوو، بەرگری لە سەرۆک جاشەکان کرد و رێگەی بە پرۆسەیەکی رەوای دادوەرانە گرت. جگەلەوە مام جەلال کێشەیەکی لەوەدا نەبوو کە سەرکردەی بەعس و ئەنفالچی وەفیق سامەرائی بکاتە راوێژکاری خۆی. بەرگری لە ئەفسەری پلەباڵای بەعس و ئەنفالچی نەزارخەزرەجی کرد و دژی دادگاییکردنی وەستا، پەنای سەرکردەکانی بەعسی وەکو تەها محیەدین مەعروفی دا. بەرگری لە سوڵتان هاشم کرد و هەوڵی ئازادکردنی دا. کە سوڵتان هاشم سەرپەرشتی زۆربەی شاڵاوەکانی ئەنفالی دژ بە کورد کردبوو. فرۆکەوانی جەنگ تاریق رەمەزان کە دەگوترێت بەشداری لە کیمیابارانی تاوانی هەلەبجەدا کردبوو ئەو ئازادی کرد. دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق سزای هەلواسینی بۆ سەدام بڕیەوە، مام جەلال ئامادە نەبوو ئیمزای بکات گوایە دژی سزای کوشتنە. بەڵام ئەو خۆی یاسای پرۆسەی دادگاییەکەی پێشتر لە ٢٠٠٥ دا مۆرکردبوو کە سزای کوشتنی تێدابوو. هەروەها لە ئێراقدا رۆژانە بڕیاری کوشتن دژ بە گیراوان دەدرا مام جەلال کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نەبوو. دادگای باڵای ئێراق لەسەر کەیسی بچوکی دوجەیل سەدام حوسێنی لەناوبرد، مامە و کاکە کێشەیەکیان لەوەدا نەبوو. مام جەلال وەکو مەسعود بارزانی دژی خواستەکانی گەلی قوربانی جوڵایەوە، نمونەیەک تەنها لە ناو کوردا شێوەی بیندراوە.

دەستتێکەڵاوکردنی یەکێتی لەگەڵ ڕژێمی ئێران و راکێشانی بەرژەوەندیەکانی ئێران بۆ ناو کوردستان لە دەڤەری سەوزدا، رێگەدان و چاوپۆشیکردن لە تیرۆرکردنی ئەندامانی حزبی دیموکرات لەلایەن پیاوکوژەکانی ڕژێمی ئیسلامیەوە لەسایەی دەسەڵاتی سەوزدا بووە. مام جەلال و یەکێتی کێشەیەکیان لەوەدا پیشان نەداوە. مام جەلال گرنگی بە دروستکردنی بنکە و مزگەوتی شیعە و بیروئایدیای خومەینی داوە. ئەو گرنگی پێدانە جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نییە.

لە دەستپێکی پرۆسەی دروستکردەوەی ئێراق لە ٢٠٠٣ دا لەگەڵ پارتی ڕێکەوتنی ستراتیژیان مۆرکرد، کە جۆرێک بوو لە ڕێکەوتنە ففتی ففتیەکەی پیشوو، ئەمجارەیان واڕێککەوتن مامە سەرۆکی ئێراق بێت و کاکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت، خێروبێری کوردستایش لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
ڕێکەوتنی ستراتیژی ئەگەرەکانی دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی کوردستانی نەهێشت. لەو ڕێکەوتنەدا بنەماڵەی بارزانی براوەی سەرەکی بوون. هەروەکو ئەو دەسەڵاتەی مام جەلال بەریکەوت تەنها سیمبۆلی بوو، ناوێکی گەورە بەڵام بۆش لەدەسەڵات. مام جەلال وایکرد دەسەڵاتی کوردستان بکەوێتە ژێرچنگی بنەماڵەی بارزانی کە قۆرغی دەسەڵاتیان کرد و تاکرەوانە کەوتنە دوای بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیە تایبەتەکانیان، مام جەلال یا پشتگیری کردن یا لە ئاست پێشێلکاریەکانیان بێدەنگ بوو. وەکو بڵێی بەپێی ڕێکەوتنی ستراتیژی تاڵان و تاوان رەواکرابوو. بەمجۆرە بەپێچەوانەی خەونی دێرینەی خۆی، بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵاتی دیسپۆتیانە و مافیایی ئەوانی لەبری لاوازکردن بەهێزکرد. بەمجۆرە مام جەلال نەک هەر نەیتوانی ببێتە بنیاتنەری سیستەمێکی رەوای دیموکراسی لە کوردستاندا، بەڵکو بە رێکەوتنی ستراتیژی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی لەناوبرد و بنەماکانی دەسەڵاتی رەوای نیشتیمانی لەباربرد.

دیارە هەموو ئەوانەی کە لە دوای رووخانی بەعسدا دەسەڵاتی باڵایان لە ئاستی ئێراقدا دەستکەوت، دەبێ سوپاسی ئەمەریکا بکەن. ئەمەریکا نەبووایە سەدام بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی نەدەڕووخا. سیستەمی سیاسی دوای سەدام ئەمەریکا سەپاندی، ئەگەر عەرەبەکانی ئێراق بڕیاریان بەدەستبوایە، ئەو جۆرە سیستەمە سیاسیە دروست نەدەبوو. بۆیە بوونی مام جەلال بەسەرۆکی ئێراق هێندە پەیوەندی بە زیرەکی ئەو نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە سترەکتوری سیستەمی سیاسی ئێراقی دوای سەدامەوە هەیە. سیستەم یا چارەسەرە سیاسیەکە ئەوەدەخوازێ کە کەسێکی کورد پۆستێکی باڵا لە ئاستی ئێراقدا وەرگرێت، ئەوجا دەکرێ سەرۆکی کۆمار بێت یا سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام سەرۆکی وەزیران کە دەسەڵاتی کاریگەر و باڵای هەیە بۆ لایەنی زۆرینەی شیعە دەچێت. دیارە مام جەلال لەگەڵ ئەوەی پۆستەکەی سیمبۆلی بوو و بەکردەوە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەو پارە زۆرەی لە کوردستاندا دەستی دەکەوت، هەروەها زیرەکی لە بەدەستهێنانی متمانە بە لایەنەکان توانیبووی رۆڵی گرنگ لە کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان لە ئاستی ئێراقدا بگێڕێت. بەڵام کیشەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ئێراق بەبێ چارەسەری بنەڕەتی و کۆنسترەتیڤانە ناتواندرێ چارەسەربکرێن، بۆیە هەوڵەکانی مام جەلال چارەسەری کاتی و کورتخایەن بووە و چارەسەری ستراتیژی درێژخایەن لە دەسەڵات و توانای ئەودا نەبوو.

سەبارەت بە یەکێتی مام جەلال لەوەدا زیرەک بوو کە لایەنە ناکۆکەکانی ناو یەکیتی بگەیەنەتە یەک، کوردەواریانە متمانەیان بەدەستبهێنێت، بەڵام نەیتوانی پارتێکی ڕامیاری خاوەن دیسیپلین و پرەنسیپە دیموکراسیەکانی پارتایەتی بنیاتبنێ. مام جەلال نەیتوانی سترەکتورێکی فەکشنالی زیندوو و ناکەسی دروستکا، بەمجۆرە لەناو یەکێتیدا ئەو داینەمۆیە دروستکا کە پارت هەڵدەسوڕێنێ و پیشدەخا، ئەو داینەمۆیەی کە بەردەوام لە خۆنوێکردنەوە و گەشەسەندن دایە. بەکورتی وایکردبوو یەکێتی مام جەلال بێ، مام جەلال یەکێتی بێ. لەئەگەری نەمانی مام جەلالدا، چارەنوسی یەکێتی نادیاربێ.

لەژێر سەرکردایەتی مام جەلالدا سەرکردەکانی یەکێتی لەژێرناوی خەباتی شاخدا داهات و موچەی باڵایان بۆخۆیان مسۆگەرکرد، سەرمایە و مولکی زۆریان بەدەستهێنا و بەمافی ڕەوای خۆیان زانی. وەکو هەر دیکتاتۆرێک خۆی لە پۆستی سکرتێری یەکێتیدا مایەوە لە ١٩٧٦ ـەوە تاکو ئەو رۆژەی بەهۆی نەخۆشیەوە لە ٢٠١٤ دا پەکیکەوت. تا رۆژی کۆچی دواییشی هەر ئەو سکرتێری یەکێتی بوو، واتە بۆ ماوەی ٤١ ساڵ. وەکو سەرکردە دیکتاتۆرەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست، کەسوکاری خۆی بەرزکردەوە و پارتەکەی خستە ژێرچنگی بنەماڵەکەی خۆی. ئیستا بنەماڵەکەی ئەو رەنگە لە دوای بنەماڵەی بارزانی گەندەڵترین بنەماڵەی کوردستان بن. وەکو بیندرا دوای پەککەوتنی خۆی یەکێتی بەرەو پەرتەوازەیی و پوکانەوە هەنگاوی ناوە و دەنێت. ئەوەش بەڵگەیە لە ناسەرکەوتوویی مام جەلال لە بنیاتنانی ئەو حزبەی کە زۆربەی ساڵەکانی مێژووی سیاسی خۆی تێدا بەسەربرد.

شاخەوان شۆڕش
5-10-2017




پاڵنه‌ره‌كانی پێكه‌وه‌ژیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا … نێچیروان شوانی

پێكه‌وه‌ژیانی چه‌ند نه‌ته‌وه‌ و ئایین و زمان و كولتوورێكی جیاواز له‌ یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ (وڵات, شار) دیارده‌یه‌كی سروشتیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و ڕیشه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه‌. به‌گشتی ئه‌م دیارده‌ جڤاكییه‌ له‌ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانی جیهاندا هه‌ستی پێ ده‌كرێ و له‌ كوردستان و عێراقیش به‌تایبه‌تی ده‌بینرێ و ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌.

جیاوازیی نێوان تاكه‌كانی مرۆڤ له‌ڕووی ئایین و زمان و نه‌ته‌وه‌ و كولتوور…هتد له‌ سه‌ره‌تاكانی په‌یدابوونی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ هه‌بووه‌ و مێژوویه‌كی چه‌ندان هه‌زار ساڵی و بگره‌ زیاتریشی هه‌یه‌. ئه‌م جیاوازییه‌, جیاوازییه‌كی سروشتی و گه‌ردوونی و ئاساییه‌ و به‌درێژایی قۆناغه‌كانی مێژوو تا ئێستا هاتووه‌. جا كاتێ‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و ڕووی ئه‌م جیاوازییه‌ ده‌بێته‌وه‌, دوو ڕێگه‌ی له‌ به‌رده‌مدا ده‌بێ:

1_ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتری و په‌نابردنه‌ به‌ر ناكۆكی و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر و ئه‌مه‌ش نابووتكردنی ژین و ژیاری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

2_ یه‌كدی به‌ جیاوازییه‌كانییه‌وه‌ قبووڵ بكه‌ن و به‌ ته‌بایی و ته‌ناهی وێكڕا بژین.

له‌ مێژوودا هه‌ر دوو ڕێگه‌ ئه‌زموون كراوه‌.. هه‌رچی ڕێگه‌ی یه‌كه‌مه‌ مرۆڤه‌ شه‌ڕانگێزه‌كان له‌ دێرین زه‌مانه‌وه‌ مرۆڤه‌ ده‌ستیان بۆ بردووه‌ و دژی به‌رانبه‌ره‌كانیان تاقیان كردووه‌ته‌وه‌, به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی جگه‌ له‌ خراپه‌كاری و ده‌ستدرێژی و وێرانكاری هیچی تر نه‌بووه‌. سه‌باره‌ت به‌ بژارده‌ی دووه‌م دوای ئه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ فره‌ ڕه‌هه‌نده‌كان بۆیان ده‌ركه‌وت ناتوانن به‌ زۆر و به‌ شه‌ڕ و كوشتار یه‌كتری و جیاوازییه‌كانی یه‌كتری بسرنه‌وه‌. بۆیه‌ بیریان له‌وه‌ كرده‌وه‌ جیاوازییه‌كانی یه‌كدی قبووڵ بكه‌ن و به‌ ئاشتی و ئارامی و ئازادی پێكه‌وه‌ بژین. له‌مه‌شدا كۆمه‌ڵێ فاكته‌ر و هۆكار هه‌ن, وا ده‌كه‌ن مرۆڤه‌ زمان و نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌ب و كولتووره‌ جیاوازییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ بژین..

1_ مرۆڤبوون چه‌قی پێكه‌وه‌ژیانه‌: ئه‌گه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ لایه‌نی زمان, ئایین, نه‌ته‌وه‌, ڕه‌نگ, كولتوور و ڕۆشنبیری…هتد جیاوازییان هه‌بێ, به‌ڵام دواجار له‌ خاڵێكدا هاوبه‌ش و هاوتان, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو مرۆڤه‌كان دروستكراوی خودان و نه‌وه‌ی یه‌ك دایبابن. مرۆڤبوون گه‌وره‌ترین پێناسه‌یه‌ بۆ مرۆڤ و مه‌زنترین خاڵی هاوبه‌شی نێوان مرۆڤه‌كانه‌. پێویسته‌ هه‌موو ده‌م مرۆڤبوون ببیته‌ سه‌نته‌ری به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدانی هه‌موو جیاوازییه‌كانی مرۆڤ.

2_ ئایین هانده‌ری پێكه‌وه‌ژیانه‌: هه‌موو ئایینه‌كان سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانیان له‌ دروشم و په‌رستش, به‌ڵام له‌ چه‌ند خاڵێكدا جۆره‌ هاوڕه‌نگی و هاوده‌نگییه‌ك كۆكیان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویش هاندانی ئایینه‌ بۆ په‌یڕه‌وكارانیان تاكوو به‌ ته‌ناهی و دوور له‌ ئاژاوه‌ و كێشه‌ له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وكارانی ئایین و ئاییزاكانی دی پێكڤه‌ بژین. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێجار ڕوو ده‌دات په‌یڕه‌وكاری ئایینێ به‌هۆی ده‌رمارگیریی توندی بۆ ئایینه‌كه‌ی و به‌ هۆكاری هه‌ڵه‌ حاڵیبوون له‌ ئایینزاكه‌ی به‌ره‌و توندوتیژی له‌ بیر و گوفتار و كرداردا بڕوا و ئایین و ئایینزای ئه‌وانی دی ڕه‌ت بكاته‌وه‌, به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین ئه‌مه‌ ڕه‌فتاری تاكێكه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی په‌یڕه‌وكارێكه‌ و نماینده‌ی كۆی ئایینه‌كه‌ ناكا, چونكه‌ ڕێنمایی و په‌یامی ئایین به‌گشتی هانده‌ر و پاڵنه‌ری وێكڕاژیان و لێبورده‌ییه‌.

3_ نیشتمان ساباتی پێكه‌وه‌ژیانه‌: نیشتمان ئه‌و خانه‌ و لانه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌, كه‌ ده‌بێته‌ ماڵه‌ گه‌وره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ تێكڕا و ته‌واوی جوداوازییانه‌وه‌, چون نیشتمان سه‌رزه‌مینی خۆشی و ناخۆشی و شادی و شیوه‌نی هه‌مووانه‌, هه‌ر خۆشییه‌ك ڕووی تێ بكا به‌شی هه‌مووانی پێوه‌یه‌ و هه‌ر ناخۆشییه‌كیشی تووشی هات به‌رۆكی هه‌مووان ده‌گرێته‌وه‌ به‌بێ هیچ هه‌ڵاواردنێكی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ….كه‌وا بێ چه‌ند جیاوازییه‌ سروشتییه‌كانمان تۆخ بن, ئه‌وه‌ دواجار نیشتمان هه‌مووانمان له‌ ئامێز ده‌نێ.

4_ مێژوو تۆمارێكی هاوبه‌شه‌: هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك خاوه‌نی دیرۆكی كۆن و تازه‌ی خۆیه‌تی. جا ئه‌و مێژووه‌ پڕ بێ له‌ ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتن یان نووشت و نوچدان و شكستی تێدا بێ, هه‌ر چۆن بێ, ئه‌و مێژووه‌ تۆماری ڕابردووی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و زمان و ئایین و مه‌زهه‌به‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و هه‌مووان كه‌م تا زۆر جێپه‌نجه‌ی خۆیان له‌سه‌ر په‌ڕاوی مێژوو داناوه‌ و پێكه‌وه‌ مێژووی خۆیان نه‌خشاندووه‌. پێویسته‌ نه‌ته‌وه‌ و زمان و ئایین و مه‌زهه‌به‌ جوداوازه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ تێكه‌ڵانه‌ ئاوڕ بۆ ئه‌و مێژووه‌ هاوبه‌شه‌ بده‌نه‌وه‌ و بیكه‌نه‌ ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی لێیه‌وه‌ سه‌یری ئێستا و ئاینده‌ی خۆیان بكه‌ن.
5_ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی تانوپۆی چنینی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌: مادام مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی جڤاكییه‌ و ناتوانێ به‌ته‌نێ‌ هه‌ڵبكا و دواجار ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی پێكڤه‌یی هه‌ڵبژاردووه‌. كه‌واته‌ چییه‌تی و چۆنایه‌تیی ژیانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ وا له‌ تاكی كۆمه‌ڵگه‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌ و فره‌ ئایین و فره‌ كولتوور ده‌خوازێ تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی فراوانتر و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌ره‌و سه‌رتر ببا و زۆرجار كه‌سانی ئایین جوایه‌ز و كولتوور جیا ده‌كه‌ونه‌ ناو ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه‌. دروستی و بێگرفتی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ پله‌ی پێشكه‌وتوویی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی كار و پیشه‌ و سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ له‌ بۆنه‌ و یاد و جه‌ژنه‌كان…هتد خۆی ده‌نوێنێ و هۆكارێكی بایه‌خداری درێژه‌پێده‌ری پێكه‌وه‌ژیانه‌.

6_ به‌رده‌وامیی ژیان له‌ پێكه‌وه‌ژیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ: ڕه‌وڕه‌وه‌ی ژیان و به‌رده‌وامبوونی به‌ره‌وپێشچوونی زه‌مه‌ن وامان لێ داوا ده‌كا نه‌ته‌وه‌ و كولتوور و زمان و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كان پێكه‌وه‌ به‌ ته‌ناهی و ئاشتی و لێبورده‌یی بژین, چونكه‌ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌درێژایی چه‌ندان سه‌ده‌ و ساڵ له‌ شارستانییه‌ت و به‌ره‌وپێشچوونی ژیار بنیاتی ناوه‌ كه‌م تا زۆر هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و زمان و كولتووره‌ جیاوازه‌كان به‌شداریان تێدا كردووه‌. له‌ ئێستاشدا بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان و به‌ره‌وپێشچوونی شارستانی و گه‌شه‌پێدانی ژیاردا پێویستی به‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئیتنیكه‌ جیاوازانه‌ هه‌یه‌.

7_ ده‌ستوور و یاسا پێكه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كا: پاڵنه‌رێكی تری پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان نه‌ته‌وه‌ و ئایین و كولتووره‌ جیاوازه‌كان ده‌ستوور و یاسایه‌. ده‌ستوور_ كه‌ دایكی یاساكانه‌_ ده‌ستبه‌ری مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان ده‌كا و یاساش له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور داده‌رێژرێ و ڕه‌چاوی یه‌كسانیی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كردووه‌ و ده‌بێته‌ چه‌تری سه‌ری هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كان. هه‌بوونی ده‌ستوور و یاسا ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێكی گرنگی پێكه‌وه‌ژیان, چونكه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان هه‌ست به‌ جۆرێ له‌ دڵنیایی و متمانه‌ ده‌كه‌ن به‌هۆی یاسا و ده‌ستووره‌وه‌.

8_ پێكه‌وه‌ژیان ئاینده‌ و چاره‌نووسه‌: ژیانی پێكه‌وه‌یی نێوان نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی چه‌ندان ئایین و زمان و كولتووری جیاواز بووه‌ته‌ چاره‌نووسی سروشتی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ و هه‌ڵاتن و ڕاكردن لێی نالۆژیكی و نه‌كرده‌یه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ تاكه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ بزانن و لایان ڕوون بێ جگه‌ له‌ پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتییانه‌ هیچ بژارده‌یه‌كی تریان نییه‌ و چاره‌نووس و ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان و به‌ره‌وپێشچوونیان به‌هۆی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌وه‌یه‌.




گه‌مه‌ قورسه‌كه‌ نزیك بۆته‌وه‌ …..2 … سه‌ردار جاف

( به‌شی دووه‌م / كوردستان )

به‌ر له‌ گشتپرسییه‌كه‌ی 25 ی ئه‌یلوولی رابردووی هه‌رێمی كوردستان زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ پرسه‌كه‌وه‌ له‌ سه‌روو هه‌موویانیشه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا شێلگیرانه‌ داكۆكی دواخستنی ریفراندۆمه‌كه‌یان ده‌كرد، جگه‌ له‌ وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی گشتپرسییه‌كه‌یان ده‌كرد، كه‌چی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گوێی هه‌ڵنه‌خست بۆ ئه‌و داخوازی و داواكاریانه‌ و پێداگری له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ كرد و ئه‌نجامیشیدا، لێره‌دا چه‌ند پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئاخۆ كام له‌م لایه‌نانه‌ راسته‌ ڕێی خۆیان گرتۆته‌؟ مرۆڤ ناتوانی به‌ هیچ كام له‌م لایه‌نانه‌ بڵێت كه‌وتوونه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌ و ره‌وا نین ، هه‌رچی كورده‌ ماران گه‌سته‌یه‌ و له‌ خشپه‌ی مێروو ده‌ترسێت، چونكه‌ ره‌وشه‌ خودی و بابه‌تییه‌كه‌ وا ده‌خوازێت ئه‌و هه‌له‌ له‌ ده‌ست نه‌دات، به‌ درێژایی مێژووی سه‌ده‌ی رابردوو و ئه‌م دوو ده‌یه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كیش كورد ئه‌زموونی تاڵ و سوێری له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداره‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی ئێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ ، به‌ حوكمڕانی تایفه‌گه‌ری ئێشته‌یشه‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ ملهوڕی و خۆ دزینه‌وه‌ له‌ خواسته‌كانی كورد هیچ تروسكاییه‌كیان لێ به‌دی ناكرێت، بیركردنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان له‌ جێی خۆی بووه‌ و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی رسكاوه‌ له‌ ده‌ست نه‌درێت نه‌مازه‌ كه‌ هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی پاسداری ئێرانی شیعی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ به‌ سه‌ر ئێراقدا ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ و جگه‌ له‌ ماڵوێرانی هیچ تروسكاییه‌كی دیكه‌ به‌دی نه‌ده‌كرێت و نه‌ده‌كرا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كوردستان له‌ پێناو خواسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كه‌ی دووچاری ته‌نگژه‌ و قه‌یرانی قووڵ و قورس بێته‌وه‌ باشتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی له‌ پێناوی پرسێكی ناوخۆیی و ده‌خاله‌ت نه‌كردنی وڵاتان به‌ پرسی كورده‌وه‌ دووچاری ماڵوێرانی ببێت، كه‌واته‌ ئه‌نجامدانی تاوه‌كو ئێستا سه‌ركه‌وتنی بریاری سیاسی كوردستانی لێوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ و ئاگری به‌رداوه‌ته‌ هه‌ناوی وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و نه‌خشه‌ رێگای وڵاتانی زلهێزیشی هینایه‌ پیشه‌وه‌ و له‌ دواخستن و موماته‌له‌كردنی كاته‌وه‌ سڕی كردن ، بیركردنه‌وه‌ی كوردستان به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌زموندارییه‌ و رێك له‌ جێی خۆیدایه‌ كه‌ پاش ته‌واو بوون و كوتایی هاتنی داعش عه‌بادی گره‌وه‌كه‌ی ده‌برده‌وه‌ و ئه‌وه‌ی كورد چاوه‌نواڕی ده‌كرد كه‌ حه‌شدی شه‌عبی هێرشی بكاته‌ سه‌ر و سوپای ئیراقیش هاوكاری ده‌بوو سه‌ری ده‌گرت و ئه‌و پلان و پیلانه‌ی عه‌بادی و مالیكی و قاسمی ده‌بووه‌ دیفاكتۆ و ئه‌مریكای ناچار ده‌كرد ده‌ست له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵبگرێت، و بۆ ئێرانی جێ بهێڵێت هه‌رچه‌نده‌ گومانێكی زوور له‌ په‌یوه‌ندی ژێر به‌ژێری ئیرانی _ ئه‌مریكی ده‌كرێت، ده‌شێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌ڕێكی قورسی ناوچه‌كه‌ بێت، هه‌روه‌ك له‌ شه‌ڕی كه‌نداوی یه‌كه‌م سه‌ددام حوسێن له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوو ئه‌مریكا گورزه‌كه‌ی خۆی لێ بوه‌شێنێت، ئێستا مرۆڤی ئێراقی باش له‌وه‌ حاڵی بوون بۆچی ئه‌مریكا ئه‌و سه‌رده‌م له‌ 1991 سه‌ددامی نه‌رووخان كه‌ ئه‌و كات ئیران به‌ ته‌واوی ده‌ست به‌ سه‌ر ئێراقدا ده‌گرت .

كورد ده‌ستی خۆی وه‌شاند ماوه‌ته‌وه‌ وڵاتانی زلهێز، ئه‌مریكا كه‌ داوای دواخستنی ده‌كرد مه‌به‌ستی بوو ژه‌مه‌كه‌ پێبگات پاشان ده‌ست پێ بكات، به‌ مه‌نزووری ئه‌مریكا عه‌بادی كه‌سێكی ته‌واو ئه‌مریكییه‌، چونكه‌ بۆ خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ نییه‌ و له‌ عه‌قلییه‌تی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی ورد بین نییه‌، نه‌خاسمه‌ كه‌ ولاتاته‌كانیان به‌ره‌و پارچه‌ پارچه‌ بوون و په‌رتبوون بچێت و له‌ به‌ر یه‌ك هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ له‌م روانگه‌وه‌ شیكاری بكرێت پێده‌چێ كورد راژه‌ی به‌ پرۆژه‌ی نیوده‌وڵه‌تی له‌ تێكشكان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سایكس _ پیكۆ كرد بێت ، ئه‌مریكا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی بێت عه‌بادی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت وه‌ربگرێته‌وه‌ نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست مالیكی ئه‌وا كارتی زور له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ ناوخۆ هه‌یه‌ تاب توانێت ئه‌و مه‌رامه‌ی مه‌یسه‌ر ببێت نه‌ك كورد بكاته‌ مقاش و ئاگره‌كه‌ی پێب گرێت و پاشان تیا بچێت، كورد گورزی خۆی وه‌شاند و ئه‌مریكایشی ناچار كردووه‌ دڵكارانه‌ بیر له‌ چاره‌سه‌رییه‌ك بكاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ كورد دوو هه‌نگاوی زور گه‌وره‌ی به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراوی جێ به‌جێ كرد كه‌ زور له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ هه‌رزه‌ ناوخۆییه‌كان نه‌زانانه‌ و كالفامانه‌ له‌ سیاسه‌تیان رووانی ئه‌وانیش ئه‌م دوو خاڵه‌ن :

1 – رێكه‌وتنی وزه‌ و پیترۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ گه‌ڵ توركیا بۆ ماوه‌ی په‌نجا ساڵ .
2 – رێكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی دووی رابردوو له‌ كاتی كۆنگره‌ی سانپیرسپۆرگی رووسی له‌ گه‌ل كۆمپانیای رۆسنه‌فت .
ئێستا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان له‌ ئه‌نجامدانی گشتپرسی جگه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ كه‌ به‌رهه‌میشی ده‌بێت پرسی كورد كرد به‌ پرسێكی نێو ده‌وڵه‌تی و نێو نه‌ته‌وه‌یی .




هه‌لوێسته‌كان له‌ نێوان ریفراندۆمه‌كه‌ی كوردستان و كه‌ته‌لۆنیادا‌ … عیماد عه‌لی

بۆگدانۆڤ سه‌رۆكی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا ده‌ڵێت: سه‌رپشككردنم بۆ زه‌روره‌تی سه‌ربه‌خۆبونی كۆماری كه‌ته‌لۆنیا قبوڵ ده‌كه‌م و پێشنیار ده‌كه‌م كه‌ پاشماوه‌ یان رێكاره‌كانی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی دوابخرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ مه‌درید بكه‌ین و به‌ سازان بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێك.
ئه‌م وشه‌ هه‌ستیار و عاقڵانه‌ی بۆگدانۆڤ هه‌م ریفراندۆمه‌كه‌ی ره‌تنه‌كردۆته‌وه‌ و هه‌میش رێگای گفتوگۆی كردۆته‌وه‌ و كه‌سیش كاردانه‌وه‌ی قورسی نابێت و پرسی سه‌ربه‌خۆییش قبوڵكراوه‌ و گفتوگۆش به‌رده‌وام ده‌بێت و مه‌دریدیش ناتوانێت هیچ به‌هانه‌یه‌كی هه‌بێت بۆ كاردانه‌وه‌ی قورس و ته‌نها به‌ گفتوگۆ چه‌ند درێژ خایه‌ن بێت یان كورت رێگه‌كه‌ ده‌گرنه‌به‌ر و كه‌ته‌لۆنیاش له‌ پێگه‌یه‌كی باڵاوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌درید و ده‌رئه‌ناجمی ریفراندۆمه‌كه‌ش ده‌كات و هه‌ر هه‌ڵوێستێكی گونجاو به‌ قازانج بزانێت ده‌یگرێته‌به‌ر و به‌ سه‌ربه‌خۆیی بێت یان به‌هه‌ر رێگه‌یه‌كی تر، هه‌رێمه‌كه‌ قۆناغێكی گه‌وره‌ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، تاوه‌كو له‌كاتی دیاریكراو و هه‌لی له‌باردا دوا ئامانجی خۆی ده‌پێكێت و له‌ كام رێگه‌یه‌وه‌ بیه‌وێت ده‌كه‌وێته‌ سه‌رروبه‌ری دوا قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی یان به‌ ده‌زویه‌كی باریك له‌گه‌ڵ مه‌درید دا ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ڵوێست و پێگه‌یه‌كی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌وه‌ .

لیره‌شدا له‌ كوردستانه‌كه‌ی خۆمان، سه‌ره‌رای جیاوازی هه‌مه‌لایه‌ن چ له‌ جۆری ناوه‌ندی عیراق و ده‌وروبه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌سپانیا و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا، یان بارودۆخی نیوخۆی كوردستان و گوشاره‌ی كۆی گشتی بیر و ره‌فتار و عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵكه‌ ساده‌ دڵسۆزه‌كه‌ و، نه‌بونی خه‌تی سور له‌ ره‌فتاری نه‌یاران یان ئه‌وه‌ی خۆی به‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌زانێت كه‌ به‌ پشتخانێكی ته‌سكی حزبی و كه‌سی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی وادا ده‌كات، له‌ گه‌ڵ داموده‌زگای راگه‌یاندنی نابه‌رپرس كه‌ زیانی له‌ هه‌وڵه‌كانی دوژمنان زیاتر بوو .

پاش بێنه‌ و به‌رده‌یه‌كی زۆر و چاوسوركردنه‌وه‌ی سێ وڵاتی دوژمن و رازینه‌بونی هیچ ولاتێكی خاوه‌ن پایه‌ و كاریگه‌ر له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌، سه‌رئه‌نجام له‌ هه‌نگاوێكی مێژوویی گه‌وره‌ی بێ هاوتا و وه‌رچه‌رخانێكی سیاسی دوور مه‌ودا كه‌ گه‌وره‌یی و گرنگیه‌كه‌ی له‌ دوارۆژێكی نزیك بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت؛ ریفرادنۆم ئه‌نجام درا و ده‌رئه‌نجامێكی شانازیبه‌خشی به‌ده‌ستهێنا كه‌ له‌ دوارۆژی نزیك نه‌ك دوور ئامانجه‌كه‌ی خۆی به‌ پله‌یه‌كی دیاریكراو ده‌پێكێت و ئه‌م كاردانه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ریش كه‌ ئێستا له‌ په‌له‌قاژه‌دان وه‌ك بڵقی سه‌رئاو كۆتاییان دێت و هه‌موو هه‌نگاوه‌ گرنگه‌كان رێچكه‌ی تیابه‌تی خۆیان وه‌رده‌گرن و پرسی كورد بۆ چه‌ندین ساڵی تر وه‌ك كیشه‌ی فه‌له‌ستین ده‌مێنێته‌وه‌ و، دانوستان و هاوكێشه‌كان پاڵپشتی یان دژه‌ كوردستان رێكده‌خه‌ن و هه‌موو كرده‌وه‌ و خۆهه‌ڵكێشانێكی به‌مه‌به‌ستی سیاسی و موزایه‌ده‌كانی هه‌موو لایه‌ك كپ ده‌بێته‌وه‌ و شانازیه‌كه‌ بۆ خاوه‌ن ویست و ئیراده‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ له‌دواجاردا به‌ پشت به‌ستن به‌میله‌ته‌كه‌ سه‌رده‌كه‌وێت .

دیاره‌ ریفراندۆمی كوردستان به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ مێژوییه‌ی ئامانجه‌كه‌ی پێكا و وا ئێستا له‌ قۆناغی به‌ره‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی هه‌لچون و ده‌ردان و كاردانه‌وه‌كان ده‌چین، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هه‌رته‌شقه‌ڵه‌ و جموجوڵ و داگیركاریه‌ك لێره‌و له‌وێ رووبدات، ئه‌مه‌ش هه‌ڵچونێكی ئاساییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی سروشتی خۆی بره‌خسێنێت و قۆناغی پاش ریفراندۆم ده‌ست پێبكات.

له‌م كاته‌شدا هه‌موو ته‌كتیكێك حه‌ڵاڵه‌ به‌ قسه‌ی راگه‌یاندن و فێلی بچوك و ته‌نانه‌ت په‌یمانی درۆی ناره‌سمیشه‌وه‌، له‌پێناو هێوركردنه‌وه‌ و نه‌هێشتنی هه‌ر ئه‌گه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی دۆستان و خه‌ڵكی پالپشت زه‌ره‌ر نه‌كه‌ن . به‌ڵام خاڵی یه‌كلاییكه‌روه‌ی به‌هێزبونمان نه‌هێشتنی دروستكردنی درزی نێوخۆییه‌ به‌ده‌ستی دوژمنانی ده‌وروبه‌ر كه‌ خه‌ته‌رترین شته‌ له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ و دوارۆژ و مێژووش ره‌حم به‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناكات له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سك بچێته‌ ژیرباری هه‌ڵوێست و داواكاری دوژمنانه‌وه‌.

ته‌ماشای كه‌ته‌لۆنیا بكه‌ن كه‌ بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و رۆشنبیری و راده‌ی تێگه‌یشتنی خه‌ڵك له‌ پرسه‌كان و باری ئابووری چۆنه‌ و كاردانه‌وه‌كانی ئه‌سپانیاش بخوێنینه‌وه‌ و به‌ چاوی خۆتان ببینن كه‌ مامه‌ڵه‌ی كه‌ته‌لۆنیا له‌گه‌ڵ پرسه‌كه‌ چه‌ند به‌ عه‌قڵانی ده‌روات و هه‌موو به‌ره‌ی سه‌ربه‌خۆییخواز له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ردا پشتگیری یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆزه‌كه‌یانن و پاڵپشتی هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تا ئه‌مرۆ به‌جوانی ته‌نانه‌ت ته‌كتیك به‌ ده‌ربرینی وشه‌كانیشیه‌وه‌ ده‌كات نه‌ك هه‌ڵوێسته‌كانی و، وای كردووه‌ كه‌ هیچ خاڵێكی لاوازی یاسایی و سیاسی نه‌دات به‌ده‌ست مه‌دریده‌وه‌ .

ده‌رسێكی زۆر گه‌وره‌ی ئۆپۆزسیۆن و نه‌یارانی نێوخۆی كه‌ته‌لۆنیا بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌یان بۆ جیهان سه‌لماند كه‌ چه‌ند عاقڵانه‌ ره‌فتاریان كرد و له‌پێش سازدانی ریفراندۆم هیچ جوڵه‌یه‌كیان نه‌كرد و له‌ پاش پرۆسه‌كه‌ به‌ پاڵپشتی و زیاده‌رۆیی مه‌دریدیش رژانه‌ سه‌رجاده‌ و به‌دوور له‌ هه‌ڵپژان و به‌ریه‌ككه‌وتن راوبۆچونی خۆیان له‌ دوای ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ ده‌ربری و پێش ئه‌وه‌ش خه‌تی سوری به‌رژه‌وه‌ندی كه‌ته‌لۆنیایان له‌به‌رچاو گرت، هیوادارم ئه‌مه‌ په‌ندێك بێت بۆ ئۆپۆزسیۆنی خۆمان و له‌كاتی هه‌ستیاردا وه‌ك خۆی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی گه‌لی كوردستاندا بكه‌ین .




شەوکەت ئەمین کورکی ئەندامی لێژنەی دادوەری کاندیداکانی خەڵاتی ئاسیا پەسیفیکە

مه‌نسوور جیهانی ـ “شەوکەت ئەمین کورکی” ئەندامی لێژنەی دادوەری کاندیداکانی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا”یە.
سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان ئەندامی لێژنەی دادوەری کاندیداکانی یازدیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” APSA ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا”ی لە ئەستۆدایە و بە هاوڕێیەتی لەگەڵ “هۆنگ ” Hong-Joon Kim مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەریی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی “پۆچۆن” Puchon لە وڵاتی کۆریای باشوو و هەروەها “میناکشی شیدە” Meenakshi Shedde راوێژکاریی کۆمەڵێک لە فیستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکان لەوانە: بەڕڵینالە، دوبەی، تۆرێنتۆ، بووسان، ئەمستردام و … لە وڵاتی هیندستان، “گۆڵنارا ئەبیکێیاوا” Gulnara Abikeyeva ڕخنەگری فیلم و سەرپەرەستی پێشووی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بریزبین لە وڵاتی قەزاقستان، “کیکی فۆنگ” Kiki Fung ڕخنەگر، نووسەر و لە وڵاتی هۆنگ کۆنگ و “جوولیا ریگ” Julie Rigg رۆژنامەنووس، بڵاوکەرەوەی فیلم و ڕخنەگر لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیا کاندیداکانی قۆناغی کۆتایی “ئاسیا پەسیفیک” هەڵدەسەنگێنن.
“شەوکەت ئەمین کورکی” کە ساڵی 2014 بە فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” Memories On Ston لە هەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ASIA PACIFIC توانی خەڵاتی “تایبەتی یۆنسکۆ بۆ هاوبەشی بەرچاو و هەروەها پاراستنی جۆری کەلتوورەکان”ی ئەم ڕێوڕەسمە بەدەستبێنێت، بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی بەشی فیلمی دیکۆمێنتاریی، فیلمی گەنجان و فیلمی ئەنیمەیشنی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا”ی لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا لە ئەستۆدابوو.
“شەوکەت ئەمین کورکی” ساڵی 2007 بە فیلمی سینەمایی “پەڕینەوە لە غوبار” Crossing the Dust خەڵاتی باشترین دەرهێنانی لە خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” بەدەستهێنابوو و وەکوو ئەندام لە ئاکادیمیای “ئاسیا پەسیفیک” وەرگیرابوو.
هەروەها لە ساڵی 2011 سیناریۆی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” لە نووسینی هاوبەشی “شەوکەت ئەمین” و “مەممەد ئەکتاش” پێش لە دەسپێکردن بە قۆناغی وێنەگرتن، توانی
خەڵاتی “باشترین سیناریۆ” لە ئاکادیمیای خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” لە هەمان ساڵدا بەدەستبێنێت. خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” دەوڵەتی کۆئینزلەندی ئوستوڕاڵیا بە پشتیوانی یۆنسکۆ و هەروەها فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی بەرهەمهێنەرەکانی فیلم (فیاپف) هەموو ساڵێک بە باشترینەکانی سینەمای “ئاسیا پەسیفیک” دەبەخشێت. مەبەست لە پێشکەش کردنی ئەم خەڵاتانە، ڕێزلێانە لە دەستکەوتە سینەماییەکانی فیلمەکانی ناوچەی “ئاسیا پەسیفیک” و هەروەها دروستکردنیی بازاڕێکی جیهانی فیلمە.
ڕێوڕەسمی کۆتایی یازدەیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا” شەوی 23ی نۆڤەمبەری 2017 لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەڕێوەدەچێت و تیایدا سینەماکارانی سەرکەوتووی بەشە جۆراوجۆرەکان، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلمی گەنجان، باشترین ئەکتەری پیاو و هەروەها باشترین ئەکتەری ئافرەت لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە دەناسێندرێن و خەڵات بەسەریاندا دابەشدەکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.asiapacificscreenawards.com/2017/09/apsa-names-11th-apsa-international-nominations-council/?_ga=2.144046646.2098734954.1506867386-1871388564.1506867386




قەسیدەی (لە ستایشی ئیبلیس)دا … هەڵمەت حسێن

سڵاو ئەی ئیبلیسی ئازیز،
ئەی یەکەمین یاخیگەر،
ئەی سیمبولی یاخیبوونی پەتی.
سڵاو ئەی قارەمانی خەیاڵم،
دروود لە شکۆمەندیت.
خودایە من ئێستا گومڕام،
بیرکردنەوەی زۆر لە یار گومڕای کردووم.
بە دوای گوڵی وێراندا وەک باڵندەی وون چوومە ناو گەرداو،
وێڵگەردێکم تووشی ئیشراقات هاتووم.
شیعرم ناڵەی بریندارێکە، لە تێفکرین لە نزیکی یار.
کەشتییەکم کون بووم لە بەحری کوفر،
لە ناوەڕاستی ئەو کەشتییەدا، کەشتییەوانان خەریکن شانتی دەچڕن،
تیایدا حەزیان لە سەمایەکی خێرایە،
فەرق ناکا ڕومبا بێت یان ساڵتالیرۆ،
حەز دەکەن قەرەج بوایەن و هەمیشە گوێیان لە زینگارا بێت.
تارماییەکم لە کوچەیەکی تاریک،
دەمەوێ چرایەکم پێبێ لەم تاریکستانەدا،
چراکەی من لە چرای کەسی تر نەچێ.
بووم بە چەکوشێک لەسەر ئەم سندانە و دەنگم بە حاڵ دێ،
کەچی سەدای دەنگم ئەبەدییە.
پشکۆی من هەرگیز نابێ بە خۆڵەمێش.
شیعرم ئاوازی مۆسیقارێکە جاویدان دەژەنێ،
عیفریت ئیلهامبەخشی ئەم قەسیدەیەمە،
ئیبلیسی خەیاڵم شاژنێکی ڕووتە و تازە لە حەمام خۆیشردووە.
پالادیۆم ئەی خوداوەندی دانایی، ئەی پارێزەری شاری ترۆی، من کوڕی شەرعی تۆم،
سڵاوت لێ بێ ئەی تاریکی من کوڕی تۆفانی تۆم،
تۆفانێک، گەر نوحیش بێت، هەر تیایدا خنکاوە،
تۆفان، بەهۆی بێدەنگییە قوڵەکانمەوە منی لە خودا کڕیوەتەوە.
خودایە من دەتپەرستم، بەڵام ناتوانم سەرسامیم بە ئیبلیس بشارمەوە.
خودایە دەزانم ئەگەر لێت یاخی ببم، درۆ دەکەم،
یاخی بوون لە تۆ، یاخی بوونێکی درۆزنانەم دەبێ.
خودایە دەزانم ئەگەر نەفرەت لە شەیتان بکەم، درۆ دەکەم،
نەفرەت کردن لە ئیبلیس، نەفرەتێکی درۆزنانەم دەبێ.
بەهانەیەک نادۆزمەوە بۆ نەفرەت،
لەکەیەک نابینم لە ئیبلیس،
ستایشی غروری دەکەم.
لێرە تەنها غرور ماوە من سەرزەنشتی بکەم،
ئاه، من ستایشی غروری بێ خەتات دەکەم ئەی دۆست.
هەموو شتێک لە مرۆڤ پاکیزەترە،
شەرەفێک لە سوژدەی ئیبلیسدا نابینم!
خودایە داوای لێخۆشبوونت لێ ناکەم،
داوات لێ ناکەم بێیت ئاشتمکەیتەوە،
لە دوورەوە ناڵێم با ئاشت ببینەوە،
تۆ بمخەرە دۆزەخەوە،
دۆزەخ ماڵی هەمیشەیی شاعیرانە!
ئەوەی من ستایشی دەکەم، ئاگرە.
تۆش دەمخەیتە ستایشخانەوە.
من عاشقی سەرسەختی بڵێسەم،
لە ناو کڵپەدا قارەمانی مەزن دەبینم.
خودایە تۆ بە گڕی دۆزەخ دەمسوتێنی و
یاریش بە گڕی چرایەک دەمسوتێنێ.
فەرقی چییە، بە ئاگری خودا بسوتێی یان بە ئاگری یار؟
سوتان هەر سوتانە!
لەمەوەیە من ستایشی ئاگر دەکەم،
ستایشی ئەهریمەن دەکەم، کە هەر خودی ئاگرە!
هێستیا، ئەی خودای ئاگر، من ستایشی تۆ دەکەم.
خودایە گەر تۆش نەمخەیتە ناو ئاگرەوە،
ئەوا وەک ساڤۆنارۆل داوام لێدەکەن بچمە ناو ئاگر.
ستایشی ئاگر دەکەم و ئاگردزم،
پڕۆمیسۆسێکی کۆتوبەند کراوم،
هەڵۆیەک لە شێوەی یاردا سکم هەڵدەدڕێ.
خوداکان منیان کۆتوبەند کردووە،
ئیبلیس بۆ من شکێنەری ئەو زنجیرەیە،
کە یار حەڵقە حەڵقە لە ملی ئاڵاندووم.
هیفستۆسی من جگە لە یار کەسێکی تر نییە.
پەشیمان نیم لە دز بوونم،
بە فەخرەوە من ئاگردزم!
من ژان پاتێستی زوسکیند نیم، بۆن درووست بکەم لە جەستەی کچان،
بۆنی من هەر هەمان هەوای شێداری ناو جەنگەڵە،
بۆنی جەنگەڵم لێ دێ، من هێشتا کێویم!
ئەگەر قەرار بوایە خودابام، ئەوا ئینکیدۆ دەبووم.
وەک سۆلۆن خراپەخانەکانی ئاتێنم دەکرد بە فەرمی.
لە تاریکیدا بەرەو خەرەند دەڕۆم.
ئەم شیعرە درووستکردنی پردێکە لە نێوان خۆم و ئیبلیسدا،
ئەمە وەک هاواری سوارچاکێکە کە داوای کۆمەک لە با دەکات،
لە چاوەڕوانی بایەکدام کە قەت هەڵناکات.
من لە خۆم یاخی بووم، بەرەو شێتی پەتی دەڕۆم،
ئەمە ڕاچڵەکینی ئەندێشەمە بۆ عەشق.
من دکتۆر فاوست نیم پەیمان بدەم بە فرۆشتنی ڕۆحم بە میفستۆفیلیس،
ڕۆحی من ڕۆحی گلادیاتۆرێکی ڕۆمانییە،
هەرچەندە ئەم پەیمانەم بە ئیبلیس کڕینەوەی ڕۆحی خۆمە لە یار،
چاککردنەوەی غروری خۆمە کە کچێک لێی شکاندم،
وەک شکانی چرایەک لە تاریکیدا غرورم شکا،
ئەمە یاسایەکە بە گوڵ دەیکێشین و بە ئاگر دەیپێوین.
ئێمە نەتەوەی کۆمەڵێک چەتەین،
نەتەوەی ئەو چەتانەین کە شەیدای تاڵانین،
ئەی یار تۆ وەرە تاڵانمکە،
وەک تاڵانی دەریا لە تریفەی مانگ،
ئەمە تۆ بووی ئەی یار، منت لە خوماردا خنکاند،
خۆشەویستی خۆم بۆ تۆ بە ئیبلیس دەفرۆشم.
ڕەتکردنەوی عەشقم وەک کردنەوەی قەفەز بۆ جانەوەرێکی شێت وایە.
ئەی یار تۆ ڕۆحی منت بۆخۆت دزی،
وەک دزینی عەباکەی موحەمەد لە کاتی دابەشکردنی غەنیمەی حونەین،
وەک دزینی بەردەڕەشی کەعبە بە دەستی قەرامیتەکان.
عەشقی تۆ وەک بەردێکی ڕەش لە دڵم چەقیوە،
وەک ئەو بەردەڕەشەی ناو کەعبە،
ئەو نەیزەکەی خەڵکی هەزاران ساڵە پێیان وایە لە بەهەشتەوەیە.
ئەی یار <<من لە یاسا تێناگەم، هەستی ئەخلاقم نییە، من کێویم، ئێوە بە هەڵەداچوون...>>١
عەشق ئاوەژووبوونەوەی پەیوەندی نێوان جەلاد و قوربانییە.
وەرە هەموومان زنجیری خۆمان بپسێنین و بڕۆین،
ئەمە بەڵێنی ئیبلیسە، نەک وادەی درۆی کچێک بۆ ژوان.
وەک ئەوەی پەرەستگایەکی ڕوخاو بێت، جەنگاورەکان بەسەر پەیمانەکەماندا دەڕۆن،
قەتارچییەکان بەسەریدا تێدەپەڕن،
ئەوەی من لەو پەیمانەدا دەمەوێ،
ئەوەیە لەگەڵ یاردا سەیری مانگ بکەم.
ئەی بەندەری ڕوخاو، ئەی کچە تاتار، دیاریی شەو تەنها تاریکییە!
دەمەوێ لە ناو کەشتیی تاواندا بخەوم،
ئەی یار ئەی ئەو ئەستێرەیەی کە من باوەڕم پێتە،
ئەم قەسیدەیەم کفنی عەشقی منە بۆت.
ئەی یار وەرە گەمارۆمدە،
بووم بە میری عاشقان، ببینە قافڵەی عەزابپۆشان.
من کەشتییەکم لە شووشە و تۆ بەندەرێکی لە تەڵا.
لێم ببوورە ئەی یار، من ئاوی لێڵ بووم!
بینینی مانگ بە ئاسمانەوە جوانە،
جوانە وەک سوخمە بە تەنافەوە،
مانگ نەفرەتێکە، بەردێکە، بەرقێکە خودا لە ئێمەی گرتووە.
عەشق ڕیسوا بوون نییە،
هەوڵمەدە ڕیسوام بکەی،
ژیان لە بەهەشتدا بێ بوونی عەشق ڕیسواییە،
ڕیسواییە وەک تلورکردنی قونی سفتی بێوەژنێک،
وەک هەڵواسینی ستیان بەبەردەرکی مزگەوتی گەورەی شاردا ڕیسواییە،
ڕیسواییە وەک دەستپەڕ بە خەیاڵی هاوڕێ کچەکانی زانکۆمان،
وەک بینینی دەستبردن بۆ سمتی پوور ڕیسواییە،
ئەی یار تۆ بووی واتکرد لە عەشقدا من بە تۆ بسوتێم.

خودایە لێمگەڕێ من بە قوڵایی خۆمدا سەفەر دەکەم،
ئەی یار وەرە سەفەرێک بکەین لە چەشنی سەفەرەکەی ئۆدیسیۆس،
سەفەری من لە شەوێکی باراناویدایە،
گەڕانی شیعری من لە نادیاردایە،
پشکنینی من دەستکوتانە لە زوڵمەتدا، بە بێ چرا.
شیعری من ڕێکردنە بە (تەم)دا!
وەرە بۆت باسی ئۆپرای هۆڵەندی باڵداری ڤاگنەر بکەم،
وەرە تۆ لەبری سێنتا لەگەڵ کەشتیەوانەکەدا بڕۆ بۆ ئاسمان،
وەرە ڕەچەڵەکی چەشنەکانی داروین بخوێنینەوە ئازیزم، نەک قورئان و بایبڵ.
عەشقی تۆ هەڵشاخانە بە ئەستەمدا.
ئیشی من درووستکردنی ڕۆشنایی نییە،
هەر لە بنەڕەتدا هیچ چرایەکم پێ نییە،
ئەسڵەن چرا هەر بوونی نییە لە نیشتیمانی شیعردا!
ئیشی شیعر تەنها درووستکردنی گومانە!
دەبم بە چەتە و دزی لە موڵکدارە زۆردارەکان دەکەم،
ئێوە ئەی ژنە ڕەشتاڵە عەبا پۆشەکان، من باوککوژم.
چیتر شتی حەرام و نهێنی بوونیان نەماوە،
تۆ دەستی خۆتت نەدامێ بۆ سەما،
مژێک لە هەناسەت نەدامێ هەڵیمژم،
لێوت نەدامێ بۆ ماچێک،
تۆ لەو کچانە نیت لە کاتی ماچدا چاو دابخەی،
ئەسڵەن تۆ هەر ماچ نادەی.
من بەرەو ناوەڕاستی گەردەلوول ڕێدەکەوم،
تیایدا ئەو باڵدارانەم بینین کە لە فڕینی خۆیان پەشیمان ببوونەوە،
من بەرگەی نەسیم ناگرم کەچی تۆ ڕەشەبات بۆ هەڵکردم،
جەنگی من لەگەڵ تەواوی مەحشەرە!
دەمەوێ سەفەر بکەم،
وەک ڕۆیشتنی ئیبراهیم لە حارانەوە بەرەو کەنعان،
وەک ڕامبۆ مەسیری هەموو زۆر ڕۆیشتنێک قاچ بڕینەوەیە،
ئەم هەڵاتنە کەرنەڤاڵێکی گەورەی مرۆڤەکانە.
وەک ئەو منداڵەی دوای هەنسکێکی زۆر دیسان دەست دەکاتەوە بە گریانێکی تر،
منیش ئاوا درێژە بە شیعرەکەم دەدەم بۆتان،
خودایە من دڵنیام شەیتان و جنۆکە نەچوونە لاشەمەوە،
ئیتر “لاسەرۆس وەرە دەرێ”ی مەسیح گەمژانەیە،
زیندووبوونەوەی من چەشنێکی ترە، تێڕامانە.
کێ ناڵێ ماریا لە باندارای سەرباز مەسیحی بە داوێنپیسی هێنابێت؟!
عیسا تا مردیش بێ ئاگا بوو لە بوونی کتێبێک بە ناوی ئینجیل.
لە ناو فریشتەکاندا لوسیفێر جوانترین و بەڕێزترین بوو لای خودا.
ئەی موسڵمانان ئەم شیعرە بریندارکردنی ئێوەیە،
وەک بریندارکردنی دەموچاوی موحەمەد لەلایەن عوتبەوە،
ئیتر ئێرە مەیدانی جەنگە،
وەک جەنگی ئوحود، بتپەرەستان بە پاڵپشتی عوزا و
موسڵمانان بە پاڵپشتی ئەڵڵا شەڕیان کرد و بتپەرستان سەرکەوتن،
منیش بە پاڵپشتی ئیبلیس شەڕ دەکەم.
لە کەللەمدا چەکوشی ئاسنگەرێک زرموکوت ئیش دەکات،
ئێوە بە درۆ ئیمانتان بە ئاینێکی درۆ هەیە،
ئێوە سەربازێکی درۆن لە جەنگێکی درۆدا.
خودایە لە نیشتیمانی مندا، تەویلە لە ماڵەکەی تۆ خۆشترە.
نەتەوەی من مردووی فەحشان،
وەک مردنی ماکیاڤیللی بە سکچوون دەمرن،
وەک مردنی کاردیناڵ جۆن دانێلۆ لەسەر جێی فەحشای میمی،
وەک فەحشای کاترینای مەزن لەگەڵ یاریدەدەرە زۆرەکانی.
وەک پیتەری مەزن دەچمە ئەوروپای ڕۆژئاوا و خۆم دەکەم بە دارتاش.
ئەی ئەهریمەن، من گوێچکە ماسیت لە یەعقوبەوە بۆ دێنم.
بیرم لەوە دەکردەوە شیعرێک بنووسم لەشێوەی شانۆی پانتۆمایم بێ.
نامەوێ بچمە ئەرکادیا و ناڵێم ئەوێ بەهەشتە و تیایدا لای پانی خودا پاک ببمەوە،
لێگەڕێن من پیسییەکانی خۆم بژیم،
فەزیلەتەکانی ئێوە هەر بۆ خۆتان.
خودا منی لە پاشماوەی پڵنگێکی تۆپیو درووستکردووە!
من لە جنسی هەڵم و دوکەڵم، لە توخمی تەم و غوبارم.
ئەیوبم و لە خاکی عۆس دەژیم و خودا کرمەڕێزی کردووم،
یەکەمین پاشای ئیسڕائیلم کە یەهوە داینابم و ناوم شائولە،
ئەشعیام و پێتان دەڵیم یەهوە لە کێوی سەهیۆن نیشتەجێیە،
ئەم قەسیدەیەم ئاگرێکە و لە کتێبخانەیەک بەربووە.
وەک تێپەڕینی تارمایی بە تەمدا،
بە ناو ئاگردا تێدەپەڕم،
بەسەر ڕووبارەکاندا دەپەڕمەوە و داوای بەخشندەیی لە ئەلفیۆس دەکەم،
خودایە وەک هاروت و ماروت سەرەوخوار بە ئاسمانی بابلدا تا ڕۆژی قیامەت هەڵمواسە،
بەس پێم بڵێ ئەو ئافرەتە کێ بوو کە بوو بە زوهرە بە هۆی منەوە؟!
ئیبلیسی ئازیز من لەگەڵ هەموو جۆرە خیانەتێک لە پەیماندام،
هەڵوێستم تاکۆتایی وەک هەڵوێستی کەسێکی ڕێبوار دەمێنێتەوە.

میللەتی ئێمە ماندووە،
ماندووە وەک نوستنی قەحپە لە ناو یاتاغی سەربازدا.
وەک پڵنگێکم لێهاتووە لە دوورەوە قەپاڵ بگرم.
ئەی گەلی دز و چەتەم،
ئەی دواکەوتوی شاعیرانی درۆزن،
ئێوە دواکەوتون، وەک دواکەوتنی خەڵکێکی زۆری بەنی کەلب بە بانگەشە پێغەمبەرایەتییەکەی موتەنەبی.
ئێرە نیشتیمانێکە، ئاسمان ئەستێرەکانی خۆی تیادا هەڕاج کردووە.
شیعری من لە قسەی موحەمەد ناچن،
موحەمەد نیم حەز بکەم پێغەمبەرایەتییەکەم لە هی سلێمان بکا و بڵێم قسەم لەگەڵ ئاژەڵ کردووە،
من نامەوێ لاسایی موحەمەد بکەمەوە و خۆم بە سولەیمان بچوێنم،
وەک ئەو بێم لە غەزەلی غەزەلاندا باسی عەشقی خۆم بۆ سولامیت بڵێم،
من نامەوێ لە کەس بچم.
ڕۆحی من خەریکە دەچێتە کەوڵی ئافرەتێکی فاحیشەکارەوە.
خەریکە ووردە ووردە دەبم بە بۆهیمییەکی زۆرگەڕ.
گەلی ئێمە هەمووی لە چاوەڕوانی گۆدۆیەکدایە و
گۆدۆش خۆی لە چاوەڕوانی زەمەن.
میلەتی ئێمە لەوانەن کە لە شکستی عەشقەوە دەست دەدەنە بازرگانی.
ئێوە ئەی گەلی ڕق و کینە،
ئێوە تارخن، پەیکەرتاشن و باوکی ئەبرامن،
تارخن کە بتەخودا دەخوڵقێنن و بەندایەتیشی دەکەن،
من دەبم بە ئەبرام و خودا و کارە هونەرییەکانی باوکم دەشکێنم،
ئەبرام بتەکانی هەم لە ناو کەللەدا شکاند هەم بە ماتەریالی،
من بتشکێنی ئێوەم ئەی گەلی بوختانچیان.
ئێمە گەلێکین تەنها بۆ تاڵانکردن ڕاپەڕیوین،
بابوباپیرانی من ئەو کوردانە بوون کە سکی یەکتریان هەڵدەدڕی و خوێنیان دەخواردەوە،
ئێوە لە مێژە وەک کەمتیارەکان هەڵسوکەوت دەکەن،
لە ناو کێڵگەکانی خەشخشدا دەژین.
من کوڕی ئەو نەتەوانەم کە کوڕان و کچانی شەوان تا سەحەر خەویان لێ ناکەوێ،
بەیانیانیش لەبەر لەشپیسی نوێژ ناکەن،
هەزاران جار چوونە شەوی پەردەوە بە خەیاڵ،
شەیتان زۆرترین خەونی بۆ ئەوان بەدی هێناوە.
من خاوەنی ئەم قەسیدە کێویە،
حەزم لە پیاسەیەکە بە ناو کێڵگەکانی بیبەردا.
ئێوە ئەی گەلی دووڕووم خۆتان ئارایشت بکەن،
ئیتر ئەخلاق گەڕاوەتەوە هەرە سادەترین گوزارشتی خۆی.
باوکم لە نەوەی مۆئابە، دایکم لە نەوەی عەمۆنە،
ئەو دوو تیرەیەی کە کچەکانی لووت سکیان بە باوکیان پڕ بوو.
ئینسانی هەوەسباز قەت ناتوانێ عاشق ببێ.
ئەی گەلی پیلان و فێڵ و پێکەنین و زینا،
وەک پیلانەکەی رڤقە بۆ بوون بە پێغەمبەریی یەعقوب،
وەک فێڵی لابان لە یەعقوب و پێدانی لیای کچی لەبری ڕاحێل،
وەک پێکەنی سارا بە بەڵێنی یەهوە،
وەک دەستدرێژی کردنە سەر دینەی کچی یەعقوب.
من لەو نەتەوانەم کە ژنیان لەلا کەمە،
نازانن ئەوە تەنها ژن بوو وێرای ئاوڕ بداتەوە لە شاری وێرانی سەدوم و عامورا،
با سزاکەی بوون بە ستونێک لە خوێش بێت،
گەورەیە ئەم ئاوڕە وەک ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس.
ئەی گەلی هەڵە و فەحشا،
ئێوە هەمووتان وەک یەهوزا سێ کوڕتان هەیە،
فەحشاکارن، وەک گاینی بە هەڵەی تاماری بووکی لەلایەن یەهوزاوە،
ئێوە یەهوزان لە فەحشا و هەڵەدا،
من یەهەهوزام لە شکاندنی سیستم.
میللەتی من لە ئازاردا دەقیژێنن،
وەک قیژەی سۆزانی لە کاتی تێبڕیندا.
من گوناهبارم بە ئاواژووکردنەوەی جوانییەکان،
من خاوەنی حیکایەتە گەورەکانم٢، وەک چۆن خاوەنی ئارەزووە بچوکەکانیشم.
حەز ناکەم بگەڕێمەوە بۆ دونیای شتە پیرۆزەکان،
وەک ئۆدیسیۆس کەوتومە مەملەکەتی کیژە هەوەسبازەکانەوە.
دەستی من بۆ ئەوە نییە لە پێشی گوردانەکانەوە بەیداخ هەڵگرێ،
ستایشی پیرێژنە لەشفرۆشەکانم پێباشترە، لە ستایشی نەتەوەکەم،
ستایشی چرچولۆچی پێستی پیرێژنەی لەشفرۆشم پێباشترە لە ستایشی چرچ و لۆچی بەیداخە حیزەکەمان.
خودایە، من کە ڕۆژانێک ئامادەبووم سوژدە بۆ ئاڵای نیشتیمان بەرم،
ئەمڕۆ وەک پەڕۆی بێنوێژی ئافرەتان دەینینم،
لە دوای دەستپەڕ بە خەیاڵی ژنە تەڕەکەی دراوسێمانەوە چوکمی پێ دەسڕم.
وەک فڕێدانی پشیلەیەکی تۆپیو بۆ دەری حەوشی ماڵ فڕێتدام،
هەقتە نیشتیمان، بە قۆڵە کراسەکانی خۆم لەسێدارەمدە،
ئییتر خەریکە بە ئەتک دەستنوێژم لە تۆ ئەی نیشتیمان دەشکێ.
شیعرەکانم لەبەر پێی سۆزانییەکاندا پەرش و بڵاون،
چونکە هەمیشە جوانی فریو دەرە، هیولایەکی زەبەلاحە.
وەک پەیکەری موسای ئەنجیلۆ منیش لە گەلەکەم نیگەرانم.
شیعری من کریسیدا نییە، مامی گەوادی بۆ بکات.
ئەم قەسیدەیەم گینگڵی بریندارێکە،
سەمایەکی پڕ لەنجەولاری ڕێکوپێکە،
باس لە خەمە کۆڕاڵییەکان ناکەم،
لە تەنیاییدا بێ یان لە سەرما باوەشم بە خۆمدا کردووە.
دڵتەنگ مەبە ئەی یار، نیشتیمانی ئێمە شێتخانەیە!
ئیشی من ئەوە نییە پەیامتان بۆ بنێرم،
جەوهەری شیعری من درووستکردنی وێنەیە،
لە وێنەی خوداوە تاکوو ئیبلیسی مەزن.
وەک بۆدلێر داواتان لێ ناکەم (بەیەکەوە مەست بین)
داوای من هۆشیاریتانە بە ئیبهام!
دەمەوێ ئابڕو لە خەڵکی وڵاتەکەم داکەنم،
وەک داکەندنی دەرپێ لەبەری سۆزانی.
دەمەوێ هەرچی خراپە بەسەر خەڵکی وڵاتەکەمدا بیڕێژم،
وەک ڕژتنی ئاوی سپی بەسەر مەمکی سۆزانی.
بۆگەنی ئەم شارە کاسی کردووم،
لە بۆنی سوڕی مانگانەی ژنێک دەچێ،
بۆنی قەحپە لە شارەکەی مندا هەزار فەرسەخ دەڕوا،
ئۆگەستین گیان شاری خودا بوونی نییە، ئەوەی هەیە شاری شەیتانە!
من ڕێبوارم و شارەکان بۆ من هەموو وەکو یەکتری وان،
ببینە من شەرم ناکەم هێشتا تۆزی ڕێگاکانم پێوەیە.
خودایە وەک وێرانکردنی سەدوم و عامورا نیشتیمانی تاڵانچیان وێران مەکە،
وەک لووت لە ترسی وێرانبوون ڕاناکەم بۆ چۆعەر.
لە شکستی عەشقەوەیە ئومێدم لە شوێنێکی تر و گەلێکی تر هەڵچنیوە.
ئەی نیشتیمان بیست و دوو ساڵە من کوڕی زۆڵی تۆم.
دەڕۆم، بەڵام ئەی نیشتیمان حەسرەتی تۆ لە کەللەم دەرناچێ.
بوونم لەم نیشتیمانەدا گرینگ نییە،
گرینگ نییە، وەک قورئان لە ماڵی سۆزانیدا.
عەشقی یار غەریبە لەم وڵاتی فەڕەنسیانەدا،
وەک غەریبی ژنەکانی دانیایدس لە ئەفسانە گریکییەکاندا،
لە خەونمدا، نە ئەی ڕەقیب بۆ شکۆی کوردستان،
نە سرودی مارسیلیز دەڵێمەوە بۆ شکۆی فەڕەنک!
درۆیە ئەم ئاشتییە، جەنگ هەڵدەگیرسێ،
قەسابخانە ڕێدەخرێ وەک قەسابخانەکەی سانت بارتیلمی،
وەک سەربڕینی یوحەنا لەلایەن هیرۆدۆسەوە لە پێناو پوزی سالۆمێی برازای،
عومەر دەڵێ با عەلی ملی عەقیلی برای بپەڕێنێ و هەمزەش ملی عەباسی برای،
دوایین جەلادی فەڕەنسی، مارسێل شۆڤالێ زیندوو دەبێتەوە،
شارلۆت کۆردای دیسان مارای سیاسەتمەدار تیرۆر دەکاتەوە،
ماوەیەکە گەنجانێکی زۆر دەبینم بە جلی سەربازی و خودەی برۆنزییەوە،
کە گشتیان باوکیان قژیان وەک ئەلکیرۆسەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لێکردووە.
خودایە بەر لەوەی باسی قیامەت بکەم،
تۆ وەرە بمخەرە قوڵایی دۆزەخەوە،
ئێرە نیشتیمانێکە کەس تۆ ناناسێ،
ئیتر سوژدە بۆ کوێی تۆ بەرن؟!
نەتەوەی من هەموو ئاوێک بە گومانی ژەهر دەخۆنەوە،
ئەمە کۆچی خێڵی سیاپۆشانە.
ئەی یار ئەمە خولیاکانی کوڕێکە لە ڕۆژهەڵات.
هەست دەکەم ئیتۆسی٣ گەلی ئێمە جگە لە یاخی بوون و تاڵانی شتێکی تر نییە.
داوەشانی ئیمپراتۆریەتێک دەبینم!

ئێمە لە زەمەنێکداین یاخی بوون مانایەکی نییە،
پاڵەوان و فریادڕەس بوونیان نییە،
ئەمڕۆ سەرەتای زەمەنی فڕێدانی دەمامکە پڕ میهرەکانە،
ئەمڕۆ سەردەمی گەڕانەوەی شکۆمەندییە بۆ ئیبلیسی مەزن!
ئەم قەسیدەیەم شەڕێکە بێهودە،
سۆزگەلێکی سەرچڵە لە عەشقی یار و سەرسامیم بە شەیتان و پەرستنی خودا،
سەیر بکەن، دە سەیر بکەن لە نێوان تەسلیم بوون و بەدیلگیراندا چی دەگوزەرێ؟!
نە تەسلیم دەبم، نە دەبم بە دیلی خودا و ئیبلیس و یار،
لە کۆتاییدا من هەموو زنجیرێک دەپسێنم و ڕۆحە کێویەکەی خۆم دەژیم!
ئێستا زەمەنێکە حەقیقەتەکان بە ئەندازەی وەهمەکان گەورەن،
چیتر سەردەمی سەرکەشییەکان نەماوە،
سەردەمی خۆ وونکردن و بێ ئاگاییە گەورەکانە.
سەردەمێکە ئەو پاساریانە دەکوژن کە گوناهبارن بە فڕین.
من هەوڵدەری پێکەوەلکانی شتە لێکترازاوەکانم.

ئەی یار ئەم شیعرە پشکۆیەکە و لە دۆزەخ دزیومە،
گۆڕێکە و سۆزی خۆمم تیادا ناشتووە،
ئەم قەسیدەیە ئەرژەنگی ئێمەیە و مانیش نەخشەکێشی نییە.
دەنگم سەدای (نەی)ە.
هەیکەلم وەک پەیکەری داوودی مایکڵ ئەنجیلۆ ڕەقە،
وەرە لەشم بۆردومان بکە بە ماچ،
وەک بۆردوومان کردنی پاریس بە ماکسی درێژ.
با ماچێکت بەر لێوم بکەوێ،
وەک چۆن تۆپێکی ماکسی درێژیش بەر کڵێسای سان ژێغڤێ کەوت،
لیچ هەڵقورچانت بۆ من بوو نەک ماچ،
وەرە ئامۆژگاریم بکە چۆن نوێژ بکەم.
زیۆس و ژوپیتێر بێ یان بەعل یان ئەڵا و یەهوە فەرق ناکا،
ئیسحاق بێ یان ئیسماعیل، گرینگ ئەوەیە خودایەک هەیە داوای سەربڕین دەکا،
هاروون بێ یان سامیری، گرینگ ئەوەیە نەتەوەی یەهوود بوو پەیکەری گوێرەکەیەکیان پەرست،
خودایەک هەیە و داوا لە هۆشەع دەکا لەگەڵ ژنی زۆڵ و داوێنپیس هاوسەرگیری بکا،
خودایەک هەیە و داوا لە حزقیال دەکا بەیانیان پیسایی لە نان هەڵسوێ و بیخوات،
خودایەک هەیە و ترسی هەیە لە درووستکردنی بورجی بابل،
ئەفرۆدێت بێ یان ڤینۆس یان حاتور گرینگ ئەوەیە عەشقێک لە نێوان من و تۆدا لە ئارادا نەبوو!
عەشقی تۆ خەونێکی پەمەیی بوو، ئەی یار.

ئەی یار ئەم شیعرە لەو قەسرانە ناچێ کە بەتاڵکرابن بۆ ئەوەی تەنها شازەدیەیەکی لێ ببینرێ،
تۆ تەنها ئەمیری غەمگینی ئەم قەسیدەیەی،
ڕۆحی من لە پاشایەکی بابلی دەچێ،
لە تەنگە ڕێیەکانی خەرەندێکدا دەژیم،
چونکە نیشتیمانی ئێمە تەنها تێپەڕگەیەکە،
تێپەڕینە بە نزیک دارستانێکی ژاڵەدا،
ئەم قەسیدەیە قەرەبووکردنەوەی ئەوینێکی لەدەستچووە.
ئەی یار، ئەمشەو شەوێکە گێژەن،
من لە عەورەتی مانگ و گوڵ ڕادەمێنم.
ئەی یار تۆ دەمناسیت، ئەو گورگە بریندارەم کە دەمناسیت.
میدیاسم و دەستم لە هەرچی بدەم دەبێ بە تەڵا،
عەشقم بۆت لە سەرەتای بەهاردا درووست بوو و
لە کۆتایی بەهاردا گەیشتە چڵەپۆپە،
خەنجەرێکی ژەهراوەی فاسیلەی زەمەنی نێوان من و تۆی دڕی،
مەودای نێوانمان تەنها وشەی عەشق بوو،
هەنگاوێکی گەورە لە نێوانماندا بوو،
بازێکی زۆر قورس بوو، بازی عەشق بوو،
هەموو عەشقی خۆمان لە یەکتری شاردەوە.
دەزانم تۆ منت لە هەیکەل و جورمێکی لاوازدا دەبینی، بۆیە ڕازی نەبووی.
لە دوای شکستی عەشقی تۆوە،
تەنها بوونێک کە هەستی پێبکەم شەبەحی ئیبلیسە!
ئیتر کێ باوەڕ بە حەزە تەزیوەکانی من دەکا لەناو سەهۆڵدا؟!
وەرە بۆت باسی کۆتایی جیهان بکەم لە سیفری ئەرمیادا،
وەک کامیکازە ژاپۆنییەکان خۆم دەکوژم بە تۆدا،
من لە پێناوی چاوی ڕەشی کچێکدا بووم بە شەیتاندۆست،
چاوە ڕەشەکانی تۆ بوون وایانلێکردم قوڵتر بیر لە تاریکی بکەمەوە!
شەیتان پێی نەخستۆتە نیشتیمانی ئێمە،
ئەینا بڵێسەی لە دوورەوە دیار دەبوو.
تۆ ئەی ڕاگوزەر وەک شنەی با،
پێم باشترە بە شیری دێڵەگورگ گەورە ببم،
وەک لەوەی بەشیری ئەو دایکە فاحیشەکارانەی مێردەکانیان سەربازی نیشتیمانن،
یان باشتر بوو وەک سارگۆن باخەوانێک بەخێوی کردبام و دایکم کاهێنە بوایە،
ئەی یار ئەمە لە بۆنەیەکی گەورەی تەوتەمی دەچێ.
ئەم قەسیدەیە گریانی من و پێکەنینی کچێکە،
دوای دڵنیابوون لە دزینی دڵی کوڕێک.
وەک ڕەنگی زەرد لە تابلۆکانی ڤانکوخدا ڕەنگم زەرد هەڵگەڕاوە،
خەیاڵکردنەوە لە تۆ ئەی یار تەنها سەرئێشەیە،
تێکەڵکردنی ژان و چێژە لە عەشقێکی چەشنی تاعوندا.
کیمیای خودا لەسەر مەعدەنی ژەنگاوی من و تۆ کار ناکا، ئەی یار.
لە عەشقت نابمەوە،
وەک لێبوونەوەی قەیرەکچێک لە خوێنبینین.
کراک دەکێشم و لەشم هەڵدەوەرێ.
ڕۆحم وەک هۆڵی کەنیسەیەکی چۆڵ دەنگ دەداتەوە،
گوێم لە تریقەی ئەو کیژانەیە کە دەزانن بۆ هاتووم بۆ ئێرە.
ئەی یار ئەوەی هەرگیز بازرگانەکان نایفرۆشن لە کۆتاییدا ناچار هەڕاجی دەکەن!
وەرە شەرم مەکە و با سەیری تابلۆی کیژانی ڤاڤیۆنی پیکاسۆ بکەین.
ئەم قەسیدەیە بەرهەمی ڕەتکردنەوەی عەشقێکی ئیفلاتوونیم بوو.
ئەی یار، تۆ ئەی شازادەم بەر لەوەی بڕۆم،
ها ئەوە جلەکانم، فڕێیاندە،
دەمەوێ ڕووتی و شەرمەزاریەکانی خۆم بژیم،
وەک قەقنەس سنووری فڕینی خۆمت پیشان دەدەم،
بەڵام دوای ئەمە، ئەی یار ئیتر مەیەرە سەیری سوتانم،
چیتر بۆنی گوڵی باغی من مەکە،
لە وونبوونیشم مەپرسە،
چوونکە نەمتوانی جارێک کەمەرت لار بکەمەوە بۆ ماچێک!

______________
١- دێڕێکە لە قەسیدەی وەرزێک لە دۆزەخی ئارسەر ڕامبۆ وەرگیراوە، لە بەشی خوێنی پیس.
٢- بڕگەی حیکایەتە گەورەکانمان لە دەربڕینی (کۆتایی حیکایەتە گەورەکان)ی ژاان فرانسوا لویتار خواستووە و لە سیاقی خۆی ترازاندوومانە.
٣- ئیتۆس لێرەدا بە مانای تایبەتمەندی ڕۆحی گەل دێ کە لەناویدا لەبوونداین.
١٧-٨-٢٠١٧




نووسینى شرۆڤەیى یا بیرۆکەى چەقبەستوو … نەوزاد جەمال

لەئاستی کێشەو پرسەئاڵۆزو مەترسیدارەکاندا، زۆرترین قسەدەکرێن، بەڵام کەمتریین لێکدانەوەی زانستی و بابەتی دەبینین. پرسیارەکەش ئەوەیە: ئایا نووسین و لێدوانەکانی نێو میدیاکان، ئەنجامی لێکدانەوەو شرۆڤەکاریین یا دووبارەکردنەوەی بیرۆکەی چەقبەستووی پێشوترو ئیلهامی کەسەکانن؟
بەگشتی، باسەکان سەبارەت بەڕەوشی هەرێم ئەگەر نەڵێم هەمووی، ئەوا زۆرێکی ناکرێت ناوی نووسینی لێبنرێت. چونکە، جگەلەوەی نووسینی کڵێشەیی و دووبارەن، لەهەڵوێستنواندن و هەڵڕشتێکی دەروونیدا گیریانخواردووە. سەرەڕای ئەوەی پەرچەکردارێکی خێراو سەرپێیانەشن، بێپێشینەی زانستی پێویست لەبابەتەکان دەدوێن. ئەمەش، ئەنجامێکی زۆروزەبەندەیی بڵاوکراوەکانە کە بازاڕگەرمی نووسینیان ئاسانکردووە.

نوسەرانی سێبەریش کە بەخواستی ئەم و ئەو دەنووسن، لەسۆنگەی سەنگەرگرتن لەنەیارەکانیان، نوسراوەکانیان کردووەتە ئامرازێک. هەروەها، کەسانێکیش وەکئەوەی لەبۆسەدابن دەنووسن! دیاردەیەکی تازەو نامۆدێرنیش کەزۆر بەرچاودەکەوێت، پەرلەمانتارەکانە کە لەبری بەکارهێنانی پێگەی پەرلەمانی بۆ پرسەگشتییەکان، گواستویانەتەوە بۆناو بڵاوکراوەکان! بێئەوەی پاشخانێکی وەهایان هەبێت، دەستیان داوەتە نووسین. جگەلەوە، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەرفەتی دەبڕینی یەکسانیان بەهەموویەکێک داوە، وەهمی نووسەرێتیان لای زۆرێک تۆخکردۆتەوە کەنووسین بەهەمان تۆنی تۆڕەکان بۆ رۆژنامەکانیش گونجاوبێت! ناخۆشترین شتیش ئەوەیە، نووسین و زمانی قسەکردنی رۆژانە جیاوازی ئەوتۆیان نەماوە.

1- نووسینی سیناریۆ بۆ داڕێژراو

دۆزینەوەی بۆنەو روداو بەخۆش و ناخۆشەوە، وەک خویەکی هەمیشەیی کراوەتە بڵندگۆی خۆدەرخستن. لەکاتێکدا، نووسەر نانووسێت، هەر لەبەرئەوەی کە دەبێت شتێک بخاتەسەرکاخەز. نەخێر، ناچاریی نووسین لەبیرکردنەوەو پرسیارو بەدواچوونی بەردەوامەوەدێت، نەک کەسێک هەردەبێت شتێک بڵێت تا نەڵێن بێزمانە.
جگەلەوە، نووسینی شرۆڤەیی سیناریۆییەک نییە کە نووسەر پێشتر لەمێشکیدا کۆمەڵێک بڕیاری پێشوەختە یا بەڕاو هەڵهێنجان لەئیلهامی شەخسی خۆیەوە بنووسێت. سەیرەکە لەوەدایە، دەیەها رووداو بۆنەی جیاواز تاوتوێدەکرێن وەکئەوەی نووسەرەکانی لەباوڵێکدا هەرچی دەستەواژەی کڵێشەیی و ستریۆتایپە-وێنەباو- دەربهێنن و رستەکانیان پێبڕازێنێتەوە. راستە، ئەمانە خۆیان بەدڵسۆز، خەمخۆر، رەخنەگر، بوێرو بەهەڵوێست دادەنێن. بەڵام، هیچ لەمانە مەرجی سەرەکی نووسینی باش و شرۆڤەیی نییە. کەی ئەوە شرۆڤەو لیکدانەوەیە، کە نوسەرێک لەبەرئەوەی ئیلهامێکی بۆهاتووە دەقێک بەناونیشانێکی زەقەوە رۆکاتە وتارێکەوەو بەوشەی سەرنجڕاکێش و هەستبزوێن، گەمەی زمان و ریتۆریک ئارایشتی بکات.

2- هەڵهێنجان لە فیکس ئایدیاو بیرورای کلێشەییەوە؟

بەشێکی ئەوەی بەناوی شرۆڤەکارییەوە دەنوسرێت، بەرئەنجامی بیرۆکەى چەقبەستوو(Fixed Idea)ە . واتە، قاڵبێکی زەینی کە لەقایلبوونێکی پێشوەختەوە هاتووە. داواجار، نووسەر بەهۆی ئەم قاڵبەوە خەریکی مۆرکلێدان (Labeling) بێت لە هەرچی دیاردەو رووداوە. لەچوارچێوەی ئەو قاڵبەداڕێژراوەدا کەپێشتر بەرەهایی تەسلیمی بووە، بنووسێت و بیربکاتەوە. لەبەرئەوە “فیکسد ئایدیا” واتە بیرۆکەیەکی نائەقلانی یا هەستێک کەجەخت لەشتێک دەکات، بێهەبوونی بەڵگەی سەلمێنەر. ئەمەش، بەرئەنجامی وەهمێک خۆسەپێنەرە.
جگەلەوەی بیرۆکەی نووسینەکان، بەرهەمی وێنەیەکی پێشینەیین، بەئیلهام بۆهاتن لەزەینی نووسەرەکانیاندا سەرهەڵدەدەن، نەک بەرئەنجامی خوێندنەوەو لێکدانەوەی بابەتیانەی روداوەکان. ناکرێت هەمیشە بیرۆکەو بڕیاری پێشداوەریانە ببێتە نووسینێکی بابەتی ورد. ئاخر، وەکئەوەیە کەسێک تەراوزییەکی هەبێت، بەڵام لەباتی کێشانی تەماتەو خەیار، بەهەمان پێوەر سیاسەت و دەوڵەت و گرفتەکان هەڵبسەنگێنێت. وەکچۆن ناکریت بەیەک پێوەر-تەرازوو- هەموو دونیا پێوانەکرێت، ئاوەهاش ناکرێت بەیەک تێورو باوەڕو قەناعەتەوە روداوەکان مەزندەکرێن. چونکە، هەر بابەتێک ستاندەردو پێودانگ و میتۆدی خۆی هەیە.


3- دۆگمای وتنی حەقیقەت

یەکێک لەو دۆگمایانەی نووسینی کوردی داگیرکردووە، بیرۆکەی ووتنی هەقیقەتە. واتە، ئەرکی یەکەم و کۆتایی نووسین/نووسەر ووتنی هەقیقەتە! ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە بۆتە رایەکی گشتی کەهەر کەسێک هەقیقەتێکی کاڵوکرچیشی درکاند، ئیتر روناکبیرو نووسەرە! وتنی هەقیقەتیش رۆحێکی پاڵەوانخوازانەیە. بۆیە، بۆئەوەی ببیتە پاڵەوان، بوێربەو راستییەکان بڵێ.
سەبارەت بەووتنی هەقیقەت وەک ئەرکی سەرەکی نووسین، ئاماژە بەوتارێکی (دانیال جێری) دەکەم کە رەخنەی تێزێکی بیرمەندی ئەمریکی زمانەوانی ‘چۆمسکی’ دەکات . لەسەروبەندی جەنگی نەگریسی ئەمریکا لە ڤێتنامدا نیوسەدەمە لەمەوبەر لەوتارێکدا بەناوی ‘بەرپرسیارێتی روناکبیر وتنی هەقیقەتە’ ناوبانگی دەرکرد . وتارەکە جەختدەکات کە ئەرکی روناکبیرورۆشنبیر وتنی راستی و پەردەهەڵماڵینە لەدرۆکان. ئەرکی رەوشتی وادەخوازێت لەرۆشنیبران پێگەی کۆمەڵایەتییان لەپێناو گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا بەکاربهێنن و راستییەکان بەڕای گشتی بگەینن. هەڵبەت، ‘چۆمسکی’ رووی دەمی لە سیاسەتداڕێژەری وڵاتەکەی نەبووە، بەڵکو ئەو نوسەرانەی لەزۆنگاوی ڤێتنامدا، بەرگریان لەسیاسەتی ئەمریکا دەکرد. بۆیە، ئەو جۆرە نوسەرو رۆشنیبرانەی بەبریکارەنوێکانی دەسەڵات ناوبرد.

بەڕای دانیال، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هاوکێشەی هێز لەنێوان هێزو بکەرەسیاسیەکاندا، تەنها ووتنی راستیەکان بەس نیین. چونکە، تەنها هەلماڵینی ماسکی درۆ بۆ گۆڕینی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەموو شتێک نییە. بێگومان، رەخنەکەی ‘دانیال’ لە ‘چۆمسکی’ لەسەرئەوەنیە ئاخۆ وتنی راستی هەڵەیە. نەخێر، لەپای ئەوەیە کە تەنها ووتن لەخۆیدا بەس نییە. جگەلەوەی، باوەڕکردن بەهەبوونی تاکە هەقیقەتێک کە نووسەرو روناکبیرێک پێداگیری لەسەردەکات، لەخۆیدا دۆگمایەکە زیان بە دیموکراسی راوبۆچوونەکان دەگەیەنێت. گرفتێکیتری ئەم جۆرە تێگەیشتنە سەبارەت بەرۆڵی روناکبیر ئەوەیە کە تەنها لایەنە رەوشتییەکەی نووسین دەگرێتەوە. واتە، تەنها رەچاوی بەرپرسیارێتی رەوشتی وەک پێشمەرجی نووسین دەکات، نەک توانا، وردیبینی، لێهاتووی لێکدانەوەو شرۆڤەکاری تێزو پرسیار بەرهەمهێنان. ئیدی، جەختکردنەوە لەپاڵنەرە زاتییەکانی نووسەر، وادەکات ملاملانێی سیاسی و شرۆڤەکاری بۆ هەڵوێست دابخزێت، نەک گەیشتن بەوێنە گەورەکەی پشت هەلومەرجەسیاسی و هاوکێشەکان.
سەربەخۆیی روناکبیر وەک سەرمەشقی ئازادی و هەقیقەتبێژی، ئەو راستیە دەشارێتەوە کە روناکبیرانیش هەرگیز سەربەخۆنین لەهێزە کۆمەڵایەتیەکان و ناشبن. ئەو راستیانەی دەیدرکێنن و ئەو درۆیانەی دەریدەخەن، پشت بەهاوسەنگی و پارسەنگی هێز دەبەستێت نەک ئازادیی خۆیی و بوێری. ئەرکی وتنی هەقیقەت تاڕادەیەک پێویستە، بەڵام، چۆنیەتی گۆڕانکاری و ئەوەی رێتێدەچێت، بەشێکیترە لەئەرکی روناکبیر.

4- ره‌خنه‌گرتن بێدەستنیشانکردن

‌لەکاتێکدا ده‌وروبه‌رمان نقوومه له‌رووداوه‌کاندا‌، ئێمه‌ش له‌ لیته‌و چڵپاوه‌کانیيدا رۆچووین. هەر جوڵەیە‌کیش ده‌مانبات‌ به‌قوڵایی خۆیداو هه‌رئه‌وه‌نده‌ ده‌زا‌نیین وورده‌وورده‌ دیارنامێنن. به‌ڵام, ناشزانین چی له‌بنه‌وه‌ رووده‌ات. ئه‌وه‌ی ده‌بینین ئه‌نجامی روودانه‌که‌یه‌، نادیدەین له‌هۆکارو زه‌مینه‌ی روودانی. زۆربه‌ی نوسه‌ره‌ناسراوو ‌جیدیه‌کان به‌رده‌وام له‌سه‌ر یەک ئاوازی ره‌خنه‌یی ده‌ژه‌نن: ده‌ستنیشانکردنی واقیع له‌ڕێی واژه‌ی سواوو دووباره:‌ ” ئێمه نیمانه‌” که‌س نەیکردووه‌، نه‌کراوه‌” هتد… کە به‌ناوی ره‌خنه‌وه لە‌رازوگله‌یی سه‌رپێی و ساده‌ دەرناچن.
ئه‌م ته‌رزه‌ نووسینانه,‌ باس له‌هۆکارە بنچینەییەکان ‌ناكه‌‌ن، ته‌نها ئاماژه‌ی خێرا به‌وه‌ده‌کەن که “‌نییه‌و نه‌کراوه”‌.‌ بێئەوە بپرسن: بۆچی نیمانه‌و چۆن ئیشی بۆبکرێت. زۆرترین قسە لەئەنجام و لێکەوتەکان دەکرێت، بەڵام هۆکارەبنەڕەتیەکان دیارنیین! له‌پاڵ ئه‌وه‌دا, خۆده‌رخستن و نیشاندانی ئه‌وه‌ی “من”‌ی نوسه‌ر/رۆشنبیر یه‌که‌م که‌سم درکم بەو راستییەکردبێت! ‌له‌کاتێکدا, ئه‌مه‌ درۆيیه‌کی واقیعيه‌ ئەگەر کەسێک بڵیت: من یه‌که‌م که‌سی دونيای رۆشبیریم که ‌قسه‌م له‌بارەی فڵانە کێشە‌وه‌ ‌کردووه. گوایا, ئه‌م له‌حزه‌یه‌ی “من”‌ دەکه‌‌مەوە، له‌حزه‌یه‌کی مێژووییه‌ که‌سیتر ئەو پیشینه‌ییەى پێنابڕێت. واتە، ئیتر راستییەکان، له‌منه‌وه‌ داده‌که‌وێت.

5- شرۆڤەی زانستی یا جیهانبینییەکی وەستاو؟

بەوپێیەی لەبواری نووسیندا, نەریتێکی چەپانە زاڵبووە، هەمیشە لەگۆشەنیگاو سەنگەرێکی وەستاوە روانراوەتە گۆڕاوەکانی دونیاو بەیەک چاویلکەی ئایدۆلۆجی هەڵسەنگاندن کراوە. هەربۆیە، سەروەختێک ‘رایمۆن ئارۆن’ چەپگەریی لەکایەی روناکبیری فەرەنسیدا بەنەخۆشییەکی رۆشنبیریی داناوە . رەنگە هەمانشت بۆ کوردستان گونجاوبێت، بەتایبەت، گوتاری رۆشنبیری کوردی ‘پاش راپەڕین’ خۆی لەسەر رەخنەکردنی کۆمەڵگە، کولتورو نەتەوەو ناسنامەو کێشەسیاسی و ئابورییەکان دامەزراندووە. ناسنامەی رۆشبیری کوردی کۆشکێکی لەسەر ئایدیالیزەکردنی بۆچوون و لێکدانەوەکانی هەڵچنیووە، جارێک خۆی کردۆتە وێژدانی گشتی، جارێکیش سەرقاڵی هەڵوێستنواندن بووە، جارجارەش چالاکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یا توێژەرو پسپۆڕ!

‌ئه‌رکی ره‌خنە ‌قسه‌کردنە له‌سه‌ر‌ کێشه‌و هۆکارەکانی‌، نەک تێپه‌ڕين به‌سه‌ر کێشه‌که‌و‌ بازدان‌ بۆ‌ که‌سه‌کان. چونکە، ره‌خنه‌ به‌و مانا‌یه‌‌‌ ده‌بێتە هه‌ڵوێستنواندن له‌ڕێی دروشم و قسه‌ی جوانه‌وه‌. ئه‌مەش‌ گێژاوێکه‌ نووسینی کوردی به‌خورتی تێیکه‌وتووه:‌‌ ره‌خنه‌ بۆته‌ ساده‌کاری، راوه‌شاندن و فڕێدانی راوبۆچوون. ئه‌و جۆره‌ ره‌خنانه‌ رووشاندنی بابەتەکانە‌ له‌سه‌ره‌وه‌و له‌ده‌ره‌وەڕا‌. قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌کته‌رە‌کان‌، نه‌ک کۆی شانۆی روداوه‌کان و خودی کێشه‌کان له‌ناوه‌ڕا.‌

لەوانەشی هەڵگری بڕوانامەی باڵان، خاوەنی چەندان کتێب و وتارن، دەیانەوێ رکابەرەکانیان بەگەڕانەوە بۆ پاشخانی تێوری زانستی بیرمەند، کۆمەڵناس و سیاسەتناسەکانی خۆرئاوا چەک بکەن. جگەلەوەی لافی زانستی بوون، بابەتیبوون و شارەزایی و کەرەسەی مەعریفییان دەوڵەمەندە، بەهۆی زانینی زمان و خوێندنەوەی سەرچاوە بەزمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و هتد، دواجار، دەخوازن ببنە دەسەڵاتێکی–ئەوتۆریتەیەکی- رۆشبنیریی و کەهەموو شتێک لەدیدو روانگەی ئەواندا نەبێت و نەگونجێت مایەی رەتکردنەوەبێت.

سەرباری ئەوەی نووسیەکانیان جیدیەت و پەرۆشی، پشتبەستوون بەتێزو تێورەخۆرئاواییەکان. هەڵبەت، ئەمە کێشەنییە لەخۆیدا، چونکە، ئاگاداری و رۆشنبیرییە جیهانیانیەکەیان، ئاشناکرندی خوێنەری کوردە بەو دونیایە. بەڵام، پێدەچێت لەوەدا وەرگێڕی پوختەی تێزەکانبن، بێ لەبەرچاوگرتنی پاشخانی تێورەکەو شیاوێتی لەخوێندنەوەی کۆمەڵگەیەکی خۆرهەڵاتی وەک ئێمەدا. بەڵام، راستەوخۆ دایدەسەپێنن بەسەر کۆنتێکستە کوردستانییەکەدا. رەنگە، بەشێکی لەبەرئەوەبێت ئەو رۆشنبیرانە باوەڕیان بەدابەشکاری خۆرهەڵات و خۆرئاوا نەبێت. لەسەروو سنوورەکولتورو ئیتنینی و نەتەوەییەکانەوە بیربکەنەوە. جۆرێک رەهاگەری گەردوونی هەقیقەتی تێوری و زانستیان تێدابێت. بەڵام، ئەوەش پارادۆکسێکە کە نووسەرێک بەدیدێکی ریژەگەریی پۆستمۆدێرنانە بیرکاتەوە، بێڕەچاوکردنی تایبەتمەندی کولتورەکان بەوجۆرە بنووسێت. لەهەمانکاتدا هەر ئەو رۆشنبیرانە هەڵگری بیری جیاوازی کولتوریی، رێزی کەمینەو یەکسانی دەکەنە راستییەکی رەها!

——————————-
Collins English Dictionary – Complete & Unabridged 2012 Digital Edition© William Collins Sons & Co. Ltd. 1979, 1986 © HarperCollins Publishers 1998, 2000, 2003, 2005, 2006, 2007, 2009, 2012. http://www.dictionary.com/browse/fixed-idea
http://www.upenn.edu/pennpress/book/15361.html
https://CHOMSKY.INFO

https://www.britannica.com/biography/Raymond-Claude-Ferdinand-Aron#ref150422




هه‌نگاوی دووه‌می فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی سلێمانی، له‌ حه‌وت ڕۆژدا … عه‌بدولوه‌هاب شوانی*

خوێندنه‌وه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ندانه‌، بۆ تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی …

به‌ده‌ر له‌ كاریگه‌رییه‌ ئاینی و كه‌لتووری و داب و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌ده‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ی كه‌سی و بێ گشتاندن و به‌ڕه‌ها قسه‌كردن، بگره‌ له‌ ڕوانگه‌ی دیدگایه‌كی واقیع بینانه‌ و ڕاستگۆیانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خێڵه‌كی و كارێزما كوژه‌، تاك له‌سه‌ر بنچینه‌ی” (تۆڵه‌ و ڕق و جیاوازی) په‌روه‌رده‌ ده‌كات، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌ كه‌ ( سوپاس و ده‌ست خۆشی و ببووره‌) نه‌بۆته‌ كلتوور تیایدا.

بۆیه‌ ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ خراپه‌ له‌ نێو هه‌موو كایه‌ (ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و ڕۆشنبیری) كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌م” ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌ تاكه‌كانی قه‌باره‌ی خۆیان نازانن هه‌میشه‌ گه‌وره‌تر له‌ قه‌باره‌ی خۆیان و به‌رزتر له‌ به‌ژنی خۆیان ده‌دوێن و به‌رزده‌بنه‌وه‌، تاكه‌كانی هه‌رگیز به‌رگه‌ی بچوكترین ڕه‌خنه‌ و كه‌مترین فه‌رامۆش كردن ناگرن و ده‌ته‌قنه‌وه‌ و باش و خراپ تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن.
له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ هه‌رگیز ده‌ست خۆشی و پشتگیری نه‌بۆته‌ كلتوور، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ تاكێكی دڵ گه‌وره‌ی درووست نه‌كردووه‌ بۆ نێو كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ گیانی هاوكاری و رێزی تیدا ئاماده‌بێت.

تاكێكی به‌رهه‌م هێناوه‌ له‌خۆشی له‌ خۆبایی ده‌بێت و ئاگای له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی نامێنێت و قه‌باره‌ی خۆی وون ده‌كات، له‌ هه‌مان كات له‌ ناخۆشی ئاگای له‌ خۆی نامێنێت و به‌هه‌مان شێوه‌ قه‌باره‌ی خۆی وون ده‌كات و ده‌یان هه‌ڵس و كه‌وتی سه‌یری لێ ده‌رده‌كه‌وێ.
له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ تاكه‌كان ده‌یانه‌وێ به‌ كه‌مترین ماندووبوون، زۆرترین شتیان ده‌ست كه‌وێ، به‌ كه‌مترین توانا زۆترین ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، به‌ كه‌مترین ته‌مه‌ن زۆرترین به‌رهه‌میان هه‌بێت، به‌ كه‌مترین هه‌وڵ زۆرترین ده‌ستكه‌وتیان هه‌بێت.

له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌، كه‌سانێك له‌ هه‌وڵ و تیكۆشان و شه‌ونخویندان كه‌چی كه‌سانی تر له‌سه‌ر خوانه‌كان به‌ قات و ریباته‌وه‌ ده‌بینرێن.
هه‌میشه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌، یاریزانه‌ ڕاسته‌قینه‌كان وون ده‌بن و یاریزانه‌ یه‌ده‌گه‌كان ده‌بینرێن و ده‌ست خۆشیان لێ ده‌كرێ و ئه‌وان دێنه‌ پێشه‌وه‌ و پاڵه‌وانه‌كانیش ده‌كشێنه‌وه‌ و گۆڕه‌پان بۆ ئه‌م یاریزانه‌ خراپانه‌ چۆڵ ده‌بێت.

به‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی كوردستان له‌ هه‌ولێر هه‌مه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی و ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی سلێمانی وه‌ك میوانی حه‌وت ڕۆژ بینیم، ڕووخساری كاره‌كته‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیم زۆر جوان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ به‌شی ده‌یان توێژینه‌وه‌ی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕی ده‌كات ، ئه‌و خوێندنه‌وه‌ی منیش هه‌ر ته‌نها بۆ كاره‌كته‌ره‌كانی به‌شداربووی نێو ئه‌م فیستڤاڵانه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی فیستڤاڵه‌كان ده‌یانه‌وی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ فیستڤاڵ بده‌ن و ڕووخساری فیستڤاڵه‌كان ناشیرین بكه‌ن.

فیستڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌م خوله‌یدا به‌ژن و باڵای به‌رزتر ده‌ركه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ڕوداوانه‌ی هاتنه‌ پێش، یه‌ك له‌وانه‌” وه‌فاتی جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال، به‌ڵام ڕازاوه‌یی و شۆخ و شه‌نگی و به‌ژن و باڵای زراڤی فیستڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی وه‌ك ڕۆژی ڕووناك دیاربوو، هه‌ندێ كه‌م و كورتی و كێشه‌ له‌ پڕ دروست ده‌بن له‌ گشت فیستڤاڵه‌كانی جیهان، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌رگیز نابێت گه‌وره‌تر بكرێن له‌ قه‌باره‌ی خۆیان و له‌به‌رچاوبگیرێن له‌چاو فیستڤاڵێكی گه‌وره‌ كه‌ ئامانجی زۆر مه‌زنتری هه‌یه‌، گه‌وره‌كردنی ئه‌م كه‌موكورتیه‌ بچووكانه‌ و بچوككرددنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یامه‌ گه‌وره‌ی كه‌ فیستڤاڵ هه‌ڵیگرتووه‌ له‌ عه‌قڵ و زیهنی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هه‌میشه‌ ئاماده‌گی هه‌یه‌.

له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ یه‌ك سیاسه‌ت په‌یڕه‌وده‌كرێ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بۆ من نه‌بێت، نابێت بۆ كه‌س بێت، یاخود ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتی فیستڤاڵ بۆ من بوو، فیستڤاڵێكی باشه‌، ئه‌گه‌ر بۆمن نه‌بوو زۆر خراپه‌، له‌ژێر كارلێكی ته‌سكی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كان له‌ فیستڤاڵ و كایه‌كانی تر ده‌ڕوانن.
فیستڤاڵ منی تیدا نه‌بوو خراپه‌، و بگره‌ هه‌رچی عه‌یب و عاره‌ ده‌یخاته‌ پاڵی و ئه‌گه‌ر منیشی تیدابوو زۆر باشه‌.
ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌و تۆمه‌تیه‌ ده‌خریته‌ پاڵ فیستڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی و فیستڤاڵه‌كانی تر، له‌ كاتێك سینه‌ماكار و هونه‌رمه‌ند كه‌ فیلمی به‌شداره‌، ده‌بێت به‌هه‌موو ئه‌نجامێكیش رازی بێت، ئه‌وه‌ لێژنه‌ی دادوه‌رانی فیستڤاڵه‌ له‌ژێر چه‌ند یاسا و ڕێسایه‌ك بڕیارده‌ده‌ن كه‌وا كێن ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن براوه‌ی خه‌ڵات، نه‌وه‌ك میزاجی كورتبینی چه‌ند كه‌سێك.
ئاخر له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌م، زۆربه‌ی تاكه‌كانی به‌ چه‌ندین ماسك ده‌رده‌كه‌ون و تۆ هه‌رگیز ڕووی ڕاسته‌قینه‌یان نادۆزیته‌وه‌ ئه‌وان له‌ پشت سه‌دان ماسك و ده‌مامك خۆیان شاردۆته‌وه‌ و زۆر جاریش كه‌ ئه‌و ماسكه‌ داده‌ماڵرێت و حه‌قیقه‌تی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ بۆنی گه‌نیویان سه‌د رۆژ ده‌ڕوات و له‌ گه‌وره‌یی مرۆڤ بوون كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌بنه‌ نموونه‌یه‌كی زۆر خراپی مرۆڤ و له‌ مرۆڤ بوون بێ ئومێدمان ده‌كه‌ن و له‌م قه‌ره‌باڵغیه‌وه‌ هه‌ستی ته‌نیایی دامان ده‌پۆشێت و نامۆبوون هه‌ناسه‌مان پڕ ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ ته‌نیا ده‌بێت هه‌نگاو بنێین و به‌سه‌ر پلیكانه‌كانی سه‌ركه‌وتن بڕۆین.

ئاخر هیچ كاتێك بۆ ئه‌وه‌ی شاعیرێكی باش بیت پێویستت به‌ بڕوانامه‌ی به‌شی كوردی نیه‌ له‌ زانكۆ، بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانی بێژێكی به‌نێوبانگ و سه‌ركه‌وتووبیت پێویستت به‌ بڕوانامه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان به‌شی موزیك نیه‌، بۆ سینه‌ماش به‌هه‌مان شێوه‌, چونكه‌ هونه‌ر به‌ هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌ ده‌بێت له‌ زاتی تۆ دابن، به‌ كاغه‌زێكی ئه‌ی فۆر ئه‌وه‌ی له‌ زیهنت هه‌یه‌ زیاد ناكات ئه‌گه‌ر هونه‌ر له‌ وجودی تۆ نه‌بوو، ئاخر كه‌سێك نه‌توانی دوو رسته‌ی جوان به‌ زمانی كوردی ده‌ربرێت چۆن ده‌توانی تۆ دوو دێر شیعری جوان بنووسێ، ئه‌گه‌ر سینه‌ماكارێك دوو خه‌یاڵی جوانی نه‌بوو، دوو ووشه‌ی جوانی ده‌ست نه‌كه‌وت له‌ خه‌یاڵ و دوو ڕسته‌ی جوانی پێ نه‌خوڵقا، قوڵایی نه‌بوو له‌ بیركردنه‌وه‌ و قسه‌كردن چۆن ده‌توانێ دوو كاری جوان بهێنێته‌ بوون، خۆ (یه‌ڵماز گۆنه‌ی) كه‌ به‌ باوكی سینه‌ما كوردی ده‌ناسرێت، ده‌رچووی به‌شی یاسا بوو، ئه‌وه‌ی یه‌لماز گۆنه‌یی درووست كرد بڕوانامه‌ی به‌شی سینه‌ما نه‌بوو، نه‌خێر ئه‌زموون و خه‌یاڵ به‌رزی و قوڵایی زیهنی ئه‌وبوو بۆ هونه‌ر و سینه‌ما و سینه‌ما له‌ زاتی ئه‌و بوونی هه‌بوو.

مرۆڤ قوڵایی نه‌بوو نه‌بوو ناتوانێ كاری جوانیش ئه‌نجام بدات، ئه‌وه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند و سینه‌ماكار زیاتر پێویسته‌ ئه‌م قوڵاییه‌، چونكه‌ له‌ هونه‌ر ته‌نها قوڵاییت پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌زموون.
بۆچی كه‌م كاری سینه‌ما ئێستا ڕامان ده‌چڵه‌كێنێ، وه‌ڵامه‌كه‌ی ئاسانه‌ چونكه‌ قوڵایی تیدا نیه‌ ته‌نها به‌ڕێكردن و زیاتر كردنی ژماره‌ی فیلمه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی سی ڤی یه‌ و هیچتر.

فێكتۆ هۆگۆ ده‌ڵێت: جوانی با نه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌شه‌ ده‌بێت ڕاچه‌ڵه‌كێن بێت، زۆربه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یبینن له‌ هونه‌ر و له‌ سینه‌ما و موزیك جوانی نیه‌، بۆیه‌ ڕامان ناچڵه‌كێنن.
كاتێك سینه‌ماكارێك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌ی وه‌رنه‌گیراوه‌ له‌ فیستڤاڵ یاخود وه‌رگیراوه‌ و خه‌ڵاتی نه‌بردووه‌، فیستڤاڵێك ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، له‌كاتێك ئه‌و بۆ جارێكیش بیری له‌ قه‌باره‌ی خۆی و قه‌باره‌ی كاره‌كانی خۆی نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ چ ئاستێكه‌، ئه‌وه‌ی گشت كایه‌كانی له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ ئیفلیج كردووه‌ و تووشی نه‌زۆكی كردوون، تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ قه‌باره‌ی خود و قه‌باره‌ی كار، ئه‌وانه‌ی كه‌ قه‌باره‌ی خۆیان نازانن ئه‌وانه‌ خه‌مبارترین كاره‌كته‌ره‌كانی نێو كایه‌ی هونه‌رن، ئه‌وانه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیان چه‌قیون و هه‌نگاوی به‌رزتر ناتوانن بهاوێن، چونكه‌ ڕێگه‌كه‌ له‌به‌رده‌میان ڕۆشن نیه‌.

ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێ بۆیه‌ ده‌مه‌وێ له‌ كۆتایدا قسه‌ له‌سه‌ر لایه‌نی كارگێڕی فیستڤاڵ بكه‌م، كه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ فیستڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی” ئاستێكی زۆر به‌رزی پێوه‌دیاربوو، به‌هۆی بوونی ستافی كاری فیستڤاڵ و ستافی خۆبه‌خشی فیستڤاڵ كه‌ هه‌موویان به‌ سیسته‌م كاریان كرد و هه‌موو ئاستی خۆیان و پسپۆڕی خۆیان و شوێنی كاری خۆیان و سنووری كاری خۆیان ده‌زانی، ئه‌گه‌ر نه‌بووبن به‌هۆی ئاسانكاری بۆیه‌كتر هه‌رگیز نه‌ده‌بوونه‌ به‌ربه‌ست بۆ هاوكار و هاوڕێكانیان، ئه‌م ڕووخۆشی یه‌ له‌ ڕووخساریان و ئه‌م ڕێزه‌ی له‌ میوان و سینه‌ماكارانیان ده‌گرت نیشانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو و شارستانی و ڕۆشنبیری شاری سلێمانی بوو و له‌ هه‌مان كات خاڵێكی گرنگی سه‌ركه‌وتنی ڕووی ئه‌ته‌كێت و لایه‌نی كارگێڕی فیستڤاڵ بوو.

مامۆستای ڕاسته‌قینه‌ خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كانن، به‌رێوه‌به‌رانی فیستڤاڵ سه‌لماندیان ئه‌وان مامۆستای ڕاسته‌قینه‌ن، سه‌لماندیان كه‌وا سلێمانی پایته‌ختی ڕۆشنبیرییه‌ و هه‌موو هه‌نگاوه‌ گه‌وره‌كانی هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و كلتووری له‌وێوه‌ سه‌رچاوده‌گرێ و هه‌نگاو ده‌نێ.
فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی سلێمانی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی نا و له‌ داهاتوو ئه‌گه‌ر به‌م گڕووتینه‌وه‌ به‌رده‌وام بن و هه‌نگاوه‌كان به‌رزتر ده‌بن و ده‌بنه‌ جێگه‌ی ئومێدی ڕاسته‌قینه‌ی هونه‌رمه‌ندان و سینه‌ماكاران.

* نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر، ماسته‌ر له‌ یاسا و كارگێری گشتی




پیاوە بنجگەباڵاکە … ئەمجەد شاکەلی

سێشەممە 26ی سێپتەمبەری 2017، یەک ڕۆژ دوای گشتپرسییەکەی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، لەبەردەم خواردنگەیەکی گچکەی فەلافیل(فلافل) لە ستۆکهۆڵم، کە خاوەنەکەی عیراقییەکی عەرەبە، دانیشتووم و خەریکی خواردنی فەلافیلم. پیاوێکی پانتۆڵ و چاکەت لەبەری، سەر و ڕدێن سپی، باڵا ناوەندی، چاویلکە لەچاو، تەمەنی نزیکەی 77 ساڵ، لەگەڵ گەنجێکدا، کە پێدەچوو باوک و کوڕ بن، لەبەردەم خواردنگەکەدا ڕاوەستان و گەنجەکە پیاوەکەی بەجێهێشت و پێیگوت، کەمێکی تر دەگەڕێتەوە لای.

بە شێوەی ئاخاوتنەکەیان دیار بوو خەڵکی سلێمانین. پیاوەکە بە عەرەبییەکی ڕەوان, لەگەڵ خاوەنی خواردنگەکەدا، کەوتە قسان و داوای خواردنەکەی کرد و لێێ پرسی، خەڵکی کوێیە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، خەڵکی دیالا و باقوبە(بعقوبه‌)یە. پیاوەکە، هەناسەیەکی گەرمی پڕ بە سینگی هەڵکێشا و لەتەک یەک تۆپەڵە ئاخ و ئۆف و مخابن و بەداخەوە و حەیفدا دەراندی، دەتگوت کۆستێکی گەورەی کەوتووە و نزیکترین و خۆشەویستترین کەسی مردووە.

بە گەروویەکی نووساوی خەماوی و پڕ لە گریانەوە، بە خاوەنی خواردنگەکەی، نەک جارێک دەیان جار گوت: وەی بەداخەوە بۆ ئەو عیراقە، دەک حەیف بۆ ئەو عیراقە، وەی کوێراییم دابێت بۆ ئەو عیراقە، بریا قەت ئەم ڕۆژەم نەدیتبایە! خاوەنی خواردنگەکە لێی پرسی، ئەو خەڵکی کوێیە، ئەویش گوتی: سلێمانی.

تۆ ئەگەر لەوناوە بووایەیت و تەنیا گوێت لە ئاخ و ئۆفی پیاوەکە بووایە، واتدەزانی، لە کەونە بەعسییە عرووبییە وەحدەوییەکان یا قەومییە عەرەبییە ناسرییەکان یا ئەندامێکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی یا عەرەبێکی مووسڵاوی، باقووبەیی، فەللووجەیی بەسرەیی یا پسمامی زەعیم سددیق و عەلی حەسەن مەجید و مولازم موحسینە. پیاوەکە بە ئاخ و ئۆفەوە نەوەستا، ئەوجا یەک شیعری عەرەبی، نزیکەی هەشت نۆ دێڕی، بە عەربییەکی جوان و پوختە، کە پەسنی بەغدا و عیراق و مێژووی عیراق بوو، بەسەردا کرد و خۆش خۆشیش دەیگوت: ئاخ بۆ بەغدا، کە هەموومانی کۆکردبووەوە، حەیف بۆ بەغدا، کە پایتەختی هەموومان بوو، وای بۆ عیراق، کە وڵاتی هەموومان بوو، ئۆف بۆ عیراق، کە وای بەسەر هات و خەڵکانی ناپاک و خراپەکار و دەستی دەرەکی و سیخوڕ و بەکرێگیراو خەریکن تێکی دەدەن و بەشبەشی دەکەن! خاوەنی خواردنگەکە، هەر گوێی دەگرت و پیاوەکەش هەر قسەکانی خۆی دەکرد.

بە سەروسیما و عەرەبیزانینەکەی، پیاوەکە، لە کۆنە مامۆستایەکی زمانی عەرەبی، یا کارمەندێک، کە چەند ساڵێکی ژیانی لەگەڵ عەرەبدا ژیابێ، دەچوو. کە گوێم لە قسەکانی بوو، بە خۆمم گوت تۆ بڵێی ئەم پیاوە خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەبارەیەوە گوتوویەتی:

لــــەبیرم دێ ســــولەیمانی کـــە دارولمولکی بـــابـــان بوو
نەمەحکوومی عەجەم نەسوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لـەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاھید
مـــەتافی کــــەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لــــەبــــەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
ســــــەدای مۆزیقا و نــــەققارە تا ئـــەیوانی کەیوان بوو
درێغ بۆ ئــــــەو زەمانە ئـــــەو دەمە ئەو عەسرە ئەو ڕۆژە
کــــــەمەیدانی جریدبازی لـــــەدەوری کــانی ئاسکان بوو !

تۆ بڵێی خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە یەکەم پێتەختی یەکەم شانشینی کوردستان بوو، کاتێک شێخی نەمر، مەلیک مەحموود، یەکەم شای کوردستان بوو لە مێژوودا!
تۆ بڵێی خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە پێی دەڵێن: شاری هەڵمەت و قوربانی و شاری پیرەمێرد و حەمەساڵح دیلان!
تۆ بڵێی خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە فایەق بێکەسێکی تێدا هەڵکەوتووە، پەنجەی کردووەتە چاوی ئێدمۆندزی ئینگلیزی داگیرکەردا و پێی گوتووە:

بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم
بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم
لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم
کەچی هێشتا هەر دیل و ڕەنجەڕۆم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆ چی بە ناحەق وا سووکت کردم؟

تۆ بڵێی ئەو خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە پێش نزیکەی سەدساڵێک، دژی لکاندنی باشووری کوردستان بوو، بە عیراقەوە!
بە من، نە‌و! بە من، ئەو خەڵکی ئەم سلێمانییەیە، کە کەمترین ڕێژەی خەڵک تێیدا 50%ی لەگەڵ سەربەخۆییدا بوون و ئەوەیشی دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، خەڵکە هەژار و کارگەر و شەکەت و جەرگسووتاو و تامەزرۆی ئازادی و نیشتمانپەروەرەکانین، دەنا ئەندامان و هەوادارانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی سلێمانی، نە تەنیا لە سلێمانی، بەڵکە لە تەواوی ئەو دەڤەرەی بندەستیان بە گەرمیان و هەڵەبجەیشەوە، مەگەر دانە دانەیەکیان، دەنا شتاقیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نەداوە و ئەگەر بەشداریی گشتپرسییەکەیشیان کردبێت و پەنجەی مۆرکراویشیان لە میدیاکانەوە پێشانی خەڵک دابێت، ئەوا بە نەخێر یا بە سپی دەنگیان داوە. ئەو خەڵکی ئەم سلێمانییەیە، کە سەردارانی نەیانگەرەکە لە عیراق دوورکەونەوە، بەلكە دەیانەوێ لە هەولێر دابڕێن! ئەو پیاوە فەلافیلخۆرە گرگنە، کورتەڵە، گزگلە، بنجگەباڵایە، خەڵکی ئەو سلێمانییە نەبوو، کە میلیۆنان کورد، بە خۆیشمەوە، هەمیشە، وەک ئاگرێکی زیندوو و لانکی داهێنان، سەیریان کردووە، ئەو خەڵکی ئەم سلێمانییەی ئەمڕۆ بوو.

2017 – 09 – 26




كەی پەرلەمانی كورددستان بڕیار لەسەر ئەنجامی ریفراندۆم دەدات؟؟ … عەلی مەحمود محەمەد

سێشەمە 10-10 كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی ریفراندۆمی 25ی سەپتەمبەری كوردستان بۆ سەربەخۆیی بە واژۆی سەرجەم ئەندامانی لە 5 حیزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمی كوردستانی بڵاو كردەوە, پاش پشكنینی تانەكان لە دوو هەفتەی رابردووداو پەسەند كردنی لە لایەن ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچونەوەو دەستەی دادوەری هەڵبژاردن و راپرسی, ئێستا ئامارەكانی ئەنجامی راپرسی فەرمی و دان پێنراوە لە لایەن 5 پارتە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان و سستەمی دادوەرییەوە, ئیتر كاتی ئەوەیە پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەیەكی تایبەت بۆ ئەنجامەكانی ریفراندۆم ساز بكات و بڕیاری لەبارەوە بدات, چونكە ریفراندۆم بۆ ئەوە نەكرا ئەنجامەكەی لەسەر رەفەكان هەڵبگرترێت و تۆز لێی بنیشێت, هەرچەندە هێشتا زووە باس تۆز لێنشتن بكەین, كاری پەرلەمانیش هەر وەك پۆلیسی هات و چۆ نییە نیشانەی ئەنجامدانی بدات, بەڵكە كارە گرنگەكەی ئێستا دەست پێدەكات كە ئەنجامەكە بباتە بواری پراتیكەوەو بڕیاری لەسەر بدات, ویست و داخوازی زۆربەی خەڵكی كوردستان لە رێگای سندوقەكانی راپرسییەوە دەرخراوە كە 92,73%ی هاووڵاتیانی كوردستان بەم ژینگە سیاسییە پڕ تەنگژەشەوە هێشتا پشتیوانی لێكراوە, بە جۆرێك هەرچەندە ئیرادەی سیاسی یەكگرتوو نەبوو بۆ پشتیوانی لە پرۆسەكە و مۆتەی گەندەڵی دەسەڵاتداران و دكتاتۆریەت و هەڕەشەی وڵاتانی هەرێمی و دەستێوەردانی حكومەتی عێراقی لە ناوەوە مەترسی بوون بۆسەر پرۆسسەكە, وەلێ گەورەیی خەونە لە مێژینەكە, زۆرینەی گەلی لە دەور كۆكردەوە, وێڕای ترسی گەورە لە كردنی كوردستان بە غەزەو شیشان لە لایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە,بە سەپاندنی ئابلوقەیی بازنەیی و هێرش و پەلاماری سەربازی, كە لە رابردوودا ئەم وڵاتانە زۆرترین شیوەنیان بۆ ئەو دوو شوێنە كردووە, وێڕای هەموو ترس و ئاسەنگییەكان وەلێ خەونە ناسیۆنالستییەكەی لێ دور نەخستنەوە .

ئێستا نە بڕیاربەدەستانی سیاسی كوردستان و نە پەرلەمانە بێڕوحە نیمچە ئیفلیجەكەی توانای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ریفراندۆمیان نییە, وە بە سەرخستنە ژێر لمیشەوە ناتوانن خۆیان لە مۆتەكەی ئەنجامەكانی بشارنەوە, ئەگەر لە یەكەم چركەكانا 92,73% سەركەوتن بوو بۆیان, ئێستا جێبەجێكردنی بۆتە مۆتەكە بۆ بڕیاردان لە سەر بڕیارە گەورەكە, تەنها لە رێگای ریفراندۆمێكی دیكەوە نەبێت ناتوانن خۆیان لە مۆتەكەی گەورەیی 92,73%ی دەنگدەرانی راپرسییەكە رزگار بكەن, ئەویش بەدی نایات و كەسیش جورئەتی ئەوە ناكات بانگەشەی ریفراندۆم بۆ لە گۆڕنانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان سەركردایەتی بكات, چۆن دەنگی نەخێر بەم هەموو ئاڵۆزی و هەڕەشەو كێشانەوە, بەو بەرفراوانی دەنگی نەیارییەوە كە لە ناو كۆمەڵگای كوردی و پێكهاتەكان دیكە هەیبوو, هێشتا بە قەزەمی مایەوە, بۆیە دەبێت گفتوگۆكان پەرلەمان بە ئاراستەی بە پراتیككردنی ئەنجامی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بێت و نەخشە رێگایەك بۆ جێبەجێكردنی دابڕێژن لە زوترین كاتدا خۆیان لەو كۆبونەوە گەورەو چارەنوسسازە نەدزنەوە .بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بە زوترین كات پەرلەمان كۆبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەنجامی ریفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بدات, بە جێبەجێكردن یاخود هەڵپساردنی بۆ كاتێكی دی یاخود گفتوگۆ كردن لە سەر رێكەوتن لەسەر بژاردەیەك باڵاتر لەوەی ئێستا هەیە بە مەرجی گرنتی نێونەتەوەیی و هەڵگرتنی هەڕەشەی حەشدی شەعبی و قاسمی سلێمانی لەسەر خەڵكی كوردستان. داوایەك كە وڵاتانی هەرێمی هەیانە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لە دەستی كەسدا نەماوەو بۆتە ئیرادە لە رێگای دەنگدانی 92,73%ی هاووڵاتیان بە سەربەخۆیی كوردستان, كات بەسەر بردنیش بۆ خۆشاردنەوە لەو ژمارە گەورەیە دادی هیچ لایەك نادات, خەڵكی كوردستانیش نابێت دەستكەوتی چونە سەر سندوقەكان نەدورنەوەو خەونی 26ی سەپتەمبەریان لە گۆڕ نرێت بە سات و سەودا كردن بە دەنگەكانیانەوە .




حەزدەکەم ئەوەندە بژیم …. سەباح ڕەنجدەر

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




گه‌مه‌ قورسه‌كه‌ نزیك بۆته‌وه‌ -١- ….. سه‌ردار جاف


( به‌شی یه‌كه‌م / به‌رایی )

ئه‌و ره‌وشه‌ سیاسییه‌ ئاڵۆز و چڕوپڕ و ته‌ونی جاڵجاڵۆكییه‌ رووی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوین كردووه‌، و كوردیش یاریزانێكی باش یان خراپی نێو ئه‌و گه‌مه‌ قورس و قووڵ و گه‌وره‌یه‌یه‌، كه‌ رۆژ دوای سه‌ختتر و ئاڵۆزتر ده‌بێت، ئاخۆ سه‌ره‌تای كۆتایی هاتنی سایكس _ پیكۆی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ره‌ ، یا نه‌خشه‌ رێگایه‌كی تازه‌یه‌ به‌ پێی سیسته‌ماتیكی گونجاو له‌ ته‌ك بیرو دیده‌ جیاوازه‌كانی وڵاتانی زلهێز و هێنانه‌ كایه‌ی رێكه‌وتنێكی دیكه‌یه‌ له‌ باره‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌وه‌ یان ده‌سكاریكردنی چه‌ند به‌ندێكی سایكس _ پیكۆ ده‌بێت، به‌ هه‌ر حاڵ گۆڕانێك روو ده‌دات و هه‌موو جگه‌ له‌ وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی پێ ده‌چێت هه‌موو كۆك بن، ئیره‌ بۆته‌ جمه‌ی ته‌واوی جڵه‌و كێش و له‌شكركێشی وڵاتانی دونیا، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ هه‌ره‌شه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌م سنووره‌وه‌ وا نیشانی ده‌ده‌ن دوور بێت و به‌رده‌وامیش باس له‌ ته‌نگژه‌ و قه‌یرانێكی سه‌ربازی و سیاسی گه‌وره‌ی وه‌ك هه‌ره‌شه‌كانی سه‌رۆكی كوریای باكووری هه‌رزه‌ و گه‌نج ده‌بێته‌ مانشێتی هه‌واڵه‌ پڕ قه‌یراناوییه‌كان، كه‌چی پێ ده‌چێت ئه‌وه‌یش له‌ نێو گه‌مه‌كه‌دا یاریزانێكی دیكه‌ی سه‌رنج راكێشی په‌یگیرانی ره‌وشی سیاسی جیهانی بن ….

ماوه‌یه‌كیش سه‌رنجی دونیا به‌لای قه‌یرانی قه‌ته‌ر و وڵاتانی كه‌نداو ته‌نگژه‌ی لاگیری ئه‌م وڵاته‌ له‌ گروپه‌ توندئاژۆكانی ناوچه‌كه‌ نیشان دا، گه‌مارۆكان و گه‌یشتنه‌ ئاستی به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی وای كرد، ئیران ده‌رگای ئابلّوقه‌ی ئابووری له‌ رێی ده‌ریاوه‌ به‌ رووی قه‌ته‌را بكاته‌وه‌ و توركیایش له‌ رێی ئاسمانه‌وه‌ هه‌م ده‌رگای گه‌مارۆی ئابووری بكاته‌وه‌ هه‌م هێزی سه‌ربازیش، له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كانیش ئه‌وه‌ مه‌به‌ست بووه‌ توركیا و ئێران له‌و چوارچێوه‌یه‌ بئاڵێنن، تاوه‌كو ئالۆسكاوی ناوچه‌كه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ زیاتر بگرێته‌وه‌ وه‌لێ وا هه‌ست ده‌كرێ پێویسته‌ قه‌باره‌یان بچوك بكرێته‌وه‌ و په‌لهاویشتنیان بۆ ناوچه‌كه‌ به‌رته‌سك و نه‌مان بكرێته‌وه‌، بنه‌مایه‌كیش له‌ سیستماتیكی جیهانیدا هه‌یه‌ هه‌ر شه‌ڕێكی گه‌وره‌ بۆته‌ مایه‌ی بچوك كردنه‌وه‌ و بڕینی ده‌ستی چه‌ندین وڵات له‌ داگیركردنی وڵاتان و قورخكردن و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی دوو یا نسێ ده‌وڵه‌تێكی زلهێز و دواجار و له‌ كۆتاییشدا له‌ یه‌ك وڵاتدا په‌نگ بخواته‌وه‌، رێك ئه‌و گوته‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ كه‌ ده‌لێ (( په‌رت بكه‌ سوود وه‌رگره‌ )) بۆیه‌ په‌رتكردنی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ پێده‌چێ مه‌حاڵ نه‌بێت هه‌نگاوه‌كان ده‌ستی پێكرد بێت.




ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست … ئاسیا ئه‌مینی


شاعیری ئێرانی: خاتوو ئاسیا ئه‌مینی
و : نه‌ژاد عزیز سورمێ‌ ….

چه‌ك
له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا
ڕه‌پ بووه‌ . .
چه‌ك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا
ده‌گاته‌ لووتكه‌ی ئۆرگازم ..
له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا
چه‌ك ده‌په‌ڕێ‌..
بزنسمانه‌كان
په‌یامبه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن
له‌شفرۆشه‌كان
له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا
ده‌بنه‌ قدیس
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
به‌ ئاسانی ده‌وروژێنرێ‌
كه‌ ئاسمان هه‌میشه‌ په‌یامبه‌رایه‌تی پێیه‌ ..

خوداوه‌ند دێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
داخۆ ناوی بنێم دڵی جیهان
یاخود ( هین ) ی زه‌وی ؟
سنووری نێوان خۆشه‌ویستی و شه‌هوه‌ت
هه‌ندێ‌ جار له‌ گولله‌یه‌ك زیاتر نییه‌ .

—————————
ئاماژه‌ :

(هین) له‌ باتی (مهبل) ی عه‌ره‌بی به‌كار هێنراوه‌ .

له‌ گۆڤاری ( كیكا ) وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی .
بڕوانه‌:
http://www.kikahmagazine.com/?p=3996




بۆرژوازی دەسەڵاتداری هەرێم و سەربەخۆیی! … سابیر محەمەد

فریودانی جەماوەری خەڵکی کوردستان بە ناوی سەربەخۆیی کوردستانەوە ، پەیوەندی بەیەک مەسەلەی گرنگی چینایەتی خودی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و حیزبە ئیسلامیەکان و پاشکۆ کانیانەوە هەیە ؛ ئایا خودی ئەم حیزبانە سەربەخۆن تا بتوانن داوای سەربەخۆیی بۆ جەماوەر بکەن ؟! هەموو کەسێکی سادە ئەزانێت کە ئەم حیزبانە جڵەوی کاروبارو تەنانەت سەرچاوەی ماڵی و دەرامەتەکەیان پەیوەندی بە ووڵاتانی دراوسێ و جیهانەوە هەیە ، پەیوەندی بە بەکرێگیراوی ئیمپریالیستیانەی ئەوانەوە هەیە بە ئەمریکاو ئەوروپاو ڕوسیا و ئێران و سوعودیە و ئیسرائیل و تورکیاوە هەیە ، کاتێک کە برێاری سیاسی لە دەستی خۆیاندا نەبێت و ئەوان تەنها هۆیەکی ڕاپەڕاندنی سیاسەتەکانی بۆرژوازی جیهانین لە ناوچەکەدا ، چۆن ئەتوانن داوای سەربەخۆیی بۆ هەرێم بکەن ؟! یان ئەوان ئەیانەوێت وەک بۆرژوازی کوردی لەناو ئەم تۆڕەجیهانیەی سەرمایەداریدا ئیمتیازاتی زیاتریان دەستبکەوێت .

ئەم بۆرژوازیە دەسەڵاتداریەی کورد لە بەر ئیفلاسی سیاسی خۆیی و داماوی لە ئیدارەی ئەو ناوچەیەدا ئەم شیعارە فریودەرەی بە رز کردەوە .
لەم نێوەدا ئەو ئۆپۆرتۆنیستانەی کە بە ناوی دیمۆکراتیەت و سۆکۆلار و مەدەنیەت و کۆمۆنیزم و شیوعیەتەوە چوونە پشتی سیاسەتەکانی ئەم دەسەڵاتدارانەی کورد ، بەشێکی ئەگەڕێتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان لەناو ئەو دەوڵەتە فریودەرەی حیزبە کوردیەکان بانگەوازیان بۆ کرد ، بەشەکەی تریشی ئەگەڕێتەوە بۆ وابەستەبوونیان بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەرێم و بوونی بەرژەوەندی هاوبەشیان لە گەڵ پارتی و یەکێتی و گۆڕان و حیزبە ئیسلامیەکان ، کە کۆمەکی ماڵی و سیاسی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم وەرئەگرن لە بەرامبەر پشتیوانی ئەوان بۆ سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم ، وە هەوڵدان بۆ پاراستنیان لەدەست سەرکوتی جومهوری ئیسلامی .

ناو نانی ئەم پرۆسە فریودەرەی ( سەربەخۆیی کوردستان ) بە مافی ئازادانەی خەڵک لە دەنگدان و ڕیفڕاندۆمێکی تێکشکاو و گاڵتەجاڕ ، هیچی تر نییە تەنها دیوێکی قێزەونی ئۆپۆرتۆنیستانەی ئەو هێزانەی کە بەناوی چینی کرێکا رو مافی خەڵک و کۆمۆنیزمەوە جەماوەر فریو ئەدەن بۆ مانەوەیان لە ژێردەسەڵاتداریەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و حیزبە ئیسلامیەکان لەو ناوچەیەدا .

صابر .م




کاریکاتێر .. پەڕەمووچی ڕەخنە … هەندرێن خۆشناو

ئەوەی کە هیچ شک و گومانی تێدانیە، ئەوەیە کە ئازادی رۆژنامەگەریی بنەمایەکی سەرەکیە بۆ ئەفراندن و بەرەوپێشوەچوونی هونەری کاریکاتێر، ئەو هونەرەی کە فرتەی کرد بەرەو چەندین ئاسۆی نوێ، لە سایەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەرپاکردنی ئەو شۆڕشە مەزنەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو شۆڕشەی کە بەڕەکەی لە ژێر پێی بەرپرسانی راگەیاندن و سەرنووسەرانی رۆژنامەکان دەرهێنا، ئەو بەرپرسانەی کە رەخنەیان قبوڵ نەبوو، و بە رەخنە قەڵس دەبوون، بەهەوەسی خۆیان رێیان لە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێر دەگرت، ئاشکراشە ئەو بوارەی کە ئازادی تێدا فەراهەم نەکرێت ئەستەمە رەخنەی تێدا قبوڵ بکرێت، بەتایبەتیش
رەخنەی گاڵتەجاڕیی، جا چ نووسین بێت یان وێنەکێشان، وەکو کارێکی ئەدەبی و هونەریی.

دیارە کەوا سیاسەتمەداران و ئەوانەی لە بواری سیاسەتدا کاردەکەن و بەرپرسیارەتیان هەیە، بەردەوام ماددەیەکی چەورن بۆ کاریکاتێریستان، لەبەر زۆری هەڵەکانیان و کاریگەریی هەڵەکانیان لەسەر کۆمەڵگە و نیشتیماندا، هەر بۆیە لە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا سیاسەتوانان حیسابێکی زۆر بۆ هونەری کاریکاتێر دەکەن، و لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکان بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەندییەکی وشکی ناتەندروست هەیە لە نێوانیاندا، بەهۆی هەڵە تێگەیشتن لە ماهیەتی ئەم هونەرە، و لە پێویستی کۆمەڵگە بۆ ئەم هونەرە زیندووە. لەم کۆمەڵگایانەی ئێمەدا بەرپرسان بە ئاسانی رەخنە قبوڵ ناکەن، ئەگەر قبوڵیشی بکەن، ئەوا قبوڵکردنێکی رووکەشیانەیە و تەنیا بۆ راگەیاندنە نەک لە ناخەوە، هەر کاتێک رەخنەیان لێبگیرێت بەهۆی تابلۆیەکی کاریکاتێرییەوە، ئەوا بە ریسواکردن و شەرمەزارکردن تێیدەگەن، ئەگەر ئەوانیش وانەبن، ئەوا دارودەستەکانیان وان، زۆر جار لە جیاتی بەرپرسەکانیان کاردانەوە وەردەگرن. لە کاتێکدا دەبێت وەکو هونەرێکی داهێنەر تەماشای هونەری کاریکاتێر بکەن، کە پەنجە دەخاتە سەر خاڵەکانی لاوازیی و کەمتەرخەمی و گەندەڵی و کەموکوڕی.

ساڵانێکی زۆرە کە پەیوەندی هونەرمەندانی کاریکاتێر لەگەڵ بینەر و وەرگرەوە لە ڕێی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە پچڕاوە یان زۆر لاوازە، بەڵام لەڕێی بەکارهێنانی سایتەکانی گەیاندنە کۆمەڵایەتیەکانی ئینتەرنێت لەلایەن تاکی کوردەوە، ئەو پەیوەندییە تا ڕادەیەکی باش پەیدابۆتەوە و گەشەی کردووە، و کاریکاتێر دەگاتە ژمارەیەکی بەرچاو لە بینەرانەوە، و لە پەراوێزیی و بایەخنەدانی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەرچووە و دەربازی بووە. نەک بڵاوبوونەوەی کاریکاتێر لە ناوەخۆی کوردستاندا، بەڵکو دەرگای بڵاوبوونەوەی لە دەرەوەی کوردستانیش بۆ واڵاکراوە، هونەرمەندان دەتوانن کارەکانی خۆیان بەبێ سانسۆر نمایش بکەن.

ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ هونەرمەندانی کاریکاتێر، چونکە تا ئێستاش کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگەی نووسینە نەک وێنە، بەرپرسانی بڵاوکراوەکانیش بەهەمان شێوە، هێندەی بایەخ بە نووسین دەدەن و نووسینیان لا گرنگە، هێندە بایەخ بە وێنە و کاریکاتێر نادەن، تەنانەت لە دیزاینی بڵاوکراوەکانیشدا بە ئاشکرا ئەوە دەردەکەوێت.

هەژاریی و لاوازیی کۆمەڵگە و بڵاوکراوەکانمان لە رووی رۆشنبیریی وێنەوە، بووەتە هۆی کۆتکردنی داهێنان و ئەفراندنی هونەرمەندانەوە، بەتایبەتی هونەرمەندانی کاریکاتێر، دەبێت بەرپرسانی بڵاوکراوەکان هەست بەوەبکەن، کە کات زۆر درەنگە بۆئەوەی هونەری کاریکاتێر بایەخی شایستەی خۆی پێبدرێت، نەک وەک مادەیەک تەماشابکرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێو لاپەڕەکانیان.




مەرجەکانی سەرکەوتن … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

وتەکـــــانی ئەمجارە….وەکو مەرجی سەرکەوتن
واباشە گشت بیزانین….چونکە لامـــان گرنگن

@@@

یەکەم مەرجیش ئاسـانە….ئەویش بڕوا بەخۆبـوون
لەگەڵ بوونی بەرنامە و….پلانێکی راســت و روون

@@@

ھەوڵ و کۆشــشکردنی….بەردەوام و کــۆڵنەدان
بۆنی خۆشی سەرکەوتن….دەدەن بە ژینی ھەمووان

@@@

گفتوگۆ و راوێژکـــــردن….بۆ ھەر کارێک کە دەیکەین
باش بزانن پێویســـــتن….تا بە ســەرکەوتن بگەین

@@@

ئازایـــــەتی و بـوێری…. راستگۆیی و راستی وتن
یەکێکن لەو مەرجــانەی …. دەبنە مایەی سـەرکەوتن

@@@

ھـەر کەس بوو بە خاوەنی….لـە خۆبــایی بوون و فیز
دەبێت زۆر چــاک بزانێت….سەرکەوتوو نابێت ھەرگیز

@@@

بۆیە دەبێ ئێمـەی ژیر….تا سەرکەوتووبین لە ژین
بۆ ئەو مەرجە جــوانانە….ھەمیشــە تێبکـــۆشین

١/٤/٢٠١٦




ڕۆژی جیهانی کچان … ڕۆستەم خامۆش

ئەمـڕۆ یــازدەی ئۆکتـۆبـەرە
دڵــم زۆر .. زۆر بەختـەوەرە

ئــەمـڕۆ جیـــهــانــی کچانـە
لـە لای مـن ڕۆژێـکی جوانـە
ئەمـڕۆ شادم ، مـن ئاسودەم
لــەم یـادەدا لێو بـە خەندەم

چـونـکـە کچم ، گوڵی ژیانـم
ئـۆقـرە بەخشی دڵ و گیانـم

وەک پەپـوولەی باخی ژینـم
لــــە نێـو مـاڵـی پــڕ ئـەڤینـم
لـــە ئــامێــزی بـــابـــەو دایـە
مـن هـەر خۆشیم لــە دڵدایـە

– هەولێر ۲٠۱۷/۱٠/۱۱




مانیفێستی ئەدەبی کرێکاریی …. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

مانیفێستی ئەدەبی کرێکاریی هەوڵدانێکی جیددی شاعیر و نووسەر عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) ە ، بۆ خستنەڕوو و نیشاندانی خەسڵەت و ئەرک و تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی کرێکاریی لەلایەک و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە و جەنگین لە بەرامبەر بە ئەدەبی بۆرژوازی لەلایەکی دی. لە کۆتایشدا زۆر بە ڕوونی خەسڵەت و ماهیەتی (چییەتی) نووسەرانی کۆنەپەرستی خستۆتە بەرچاو. شایانی باسە ئەمە بۆ یەکەمین جارە لەمێژووی ئەدەبی کرێکاریی لە کوردستان نامیلکەیەک بەو جۆرە و بەو بەرچاو ڕوونییە لە گۆشەنیگای نووسەرێکی کرێکاریی وشیارەوە ئەدەب و ئامانجی کۆمەڵایەتیی ئەدەب بخاتە بەرباس و لێوردبوونەوەوە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..مانیفێستی ئەدەبی کرێکاری ....




ڕۆڵ و ئیماژی رۆشنبیر له‌ دیدگایه‌كی نوێدا … د. شه‌ونم یه‌حیا

رۆشنبیر وه‌ك كۆنسێپت و كێ‌ رۆشنبیره‌ ؟

له‌ ئه‌نجامی كار كردنم له‌سه‌ر ڕۆلێ‌ رۆشنبیران له‌ گۆرانكارییه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له‌ كۆنتێكستی فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵناسی مێژوویی ، گه‌یشتین به‌ رۆل و ئیماژێكی نوێ له‌ كاره‌كته‌ری رۆشنبیر .
پێناسه‌ی جۆراوجۆر بۆ رۆشنبیر كراوه‌، هه‌ر رووناكبیرێك یان زۆر جار هاوڵاتیه‌كی ئاسایی له‌لای خۆیه‌وه‌ وێنایه‌كی تایبه‌تی بۆ رۆشنبیر داناوه‌، ئه‌مه‌ به‌و ماناییه‌یه‌ كه‌ ئیماژی رۆشنبیر له‌ زه‌ینی هه‌ر ئه‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ جۆرێكه‌. كاتێك كه‌ باسی رۆشنبیر ده‌كه‌ین گرنگه‌ كۆنسیپتی رۆشنبیر له‌ كه‌سایه‌تی “پێرسۆنال” ی رۆشنبیر جیا بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م كۆنسیپته‌ له‌رووی مێژوویی و زمانه‌وانیه‌وه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كات و زاراوه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بووه‌، بۆنموونه‌ مێژوویی ئه‌م كۆنسێپته‌ له‌ زمانی ئینگلیزیدا له‌ سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌مه‌وه‌ به‌ كارهاتووه‌ ئه‌ویش له‌ وشه‌ی intellect هاتووه‌, كه‌ به‌مانای فیكری دێت،
ئه‌م كۆنسێپته‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بی (المپقف)ی پێ ده‌وترێ، له‌زمانی ئینگلیزیشدا (intellectual)ی پێ ده‌ڵێن و له‌زمانی ڕووسیدا به‌رامبه‌ر وشه‌ی (intelligemty) ،به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌مكه‌ له‌ڕووی زمانه‌وانیه‌وه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌وشه‌ی (intellectual)ی لاتینیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ مانای داهێنه‌رو و شاره‌زا و لێهاتوو دێت .
له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌م له‌ وڵاتی فره‌نسا، له‌ساڵی 1894 (دادگایكردنی دریفۆس ) گاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ده‌ست نیشانكردنی ناوه‌رۆك و رۆلی رۆشنبیر دانا .كه‌واته‌ چه‌مكی رۆشنبیر له‌ سه‌ره‌تادا به‌و شَوه‌یه‌ پێناسه‌ كرابوو، ئه‌م چه‌مكه‌ به‌و مانایه‌ی كه‌ لایه‌نگیرانی (دریفۆس ) به‌كاریان ده‌هێنا.
له‌ كتێبی فه‌رهه‌نگ و كلتوور ، ل20 ، له‌رووی مێژووییه‌وه‌ ئه‌و كۆنسێپته‌ بۆ سالێ‌ 1920 ده‌گه‌رێته‌وه‌، كه‌ ووشه‌ی “مونه‌وه‌ریان” بۆ رۆشنبیر به‌كارده‌هێنا ، ئه‌م كۆنسێپته‌ هه‌ر ته‌نیا له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌كار نه‌ده‌هات ، به‌ڵَكو له‌لایه‌ن “عه‌ره‌ب و تورك و فارسیش ” به‌كار ده‌هات ، تا كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌م، پاشان له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی و فراوانبوون و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، كورد به‌دوای تێرمێك ده‌گه‌ران له‌جیاتی مونه‌وه‌ر به‌كاری بهێنی ئه‌ویش زاراوه‌ی (رۆشنبیر یان روناكبیریان) . ئه‌مه‌ كورته‌یه‌ك بوو له‌سه‌ر رۆشنبیر وه‌ك چه‌مك كه‌ له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك میژوو و زاراوه‌كی تایبه‌تی هه‌بووه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ رۆشنبیر وه‌ك كه‌سایه‌تیش ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ گوێره‌ی كات و شوێن واتا پێوه‌ره‌كان له‌ سه‌رده‌مێك یان له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ یه‌كێكی دیكه‌ دگۆردرێت. بۆ نموونه‌ رۆشنبیر لای ئه‌نتۆنیوگرامشی دوو كاتیگۆریه‌ له‌وانه‌ رۆشنبیری ئۆرگانی، مه‌به‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌نێو رێكخراو یان رێكخستنه‌ ج سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كار ده‌كه‌ن، كاتیگۆری دووه‌میش رۆشنبیری ترادیسیۆناڵه‌ وه‌كو مامۆستا وپیاوانی ئاینی وئه‌ندازیار و بزیشك و دادوه‌ر و پاریزه‌ر….هتد.

هه‌روه‌ها له‌لای ئیدوارد سه‌عید رۆشنبیر دوو جۆره‌ له‌وانه‌ رۆشنبیری “هه‌قیقی و هاوی “ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ، سارته‌ر باس له‌ رۆشنبیری Engager واتا مولته‌زم ده‌كات ، میشل فۆكۆ به‌هه‌مان شێوه‌ باس له‌ دووجۆره‌ رۆشنبیر ده‌كات له‌وانه‌ رۆشنبیری تایبه‌ت و گشتی پاشان هه‌ر بۆخۆی دێت ڕه‌خنه‌ ده‌گرێت ده‌ڵی شتێك نه‌ماوه‌ به‌ناوی رۆشنبیری گشتی ئه‌و رۆشنبیره‌ی كه‌ ده‌بێت هه‌موو شت بزانێ‌. بیربۆردیۆ ئه‌ویش باش له‌ گێلگه‌ی رۆشنبیری ده‌كات .

بۆیه‌ له‌نێوان هه‌موو ئه‌و تێڕوانین و بۆچوونانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ رۆشنبیر كۆمه‌لێك پرسیار له‌لامان دروست ده‌بێت. به‌لای ئێمه‌ كاتێك گرامشی پێ‌ وایه‌ ئۆرگانی و ترادیسۆناڵ هه‌موویان رۆشنبیرن به‌ڵام مه‌رج نیه‌ وه‌زیفه‌ی رۆشنبیر بگێرن، پێم وایه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ئه‌كته‌ری رۆشنبیرین پێش ئه‌وه‌ی رۆشنبیر بن، بۆ نموونه‌ له‌نێو رۆشنبیری ئۆرگانی ئه‌وانه‌ی له‌ناو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی یان رێكخراوێكی سیاسی كار ده‌كه‌ن، هه‌موویان ئه‌كته‌ری رۆشنبیرین ، دوای له‌نێوان ئه‌وان ئه‌كته‌رێكی داهێنه‌ر و به‌توانا هه‌ڵده‌كه‌وێت ، و ده‌توانێ‌ به‌لانسی نێوان ئیلتیزامی سیاسی و به‌های مرۆیی و ئه‌خلاقی بپارێزیت، ئه‌وكاته‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو بازنه‌ی رۆشنبیر ، بۆ رۆشنبیری ترادسیۆنالیش
هه‌روه‌ها پۆلینی ئیدوارد سه‌عید بۆ رۆشنبیر دوو جۆره‌ “هه‌قیقی” و “هاوی” واتا ئاره‌زوومه‌ندانه‌” ئه‌كته‌ری هاوی رۆشنبیر نیه‌ به‌ڵكو ئه‌كته‌ری رۆشنبیرییه‌ ، ئه‌كته‌ری هاوی له‌ ئیماژی رۆشنبیره‌وه‌ دووره‌ ، ئیدوارد سه‌عید لێره‌دا كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌وه‌ كه‌ سیفه‌تی رۆشنبیری داوته‌ پاڵ هاوی و كردویه‌تی به‌ رۆشنبیر ، چونكه‌ رۆشنبیر ده‌بێ‌ هه‌قیقی نه‌ك هاوی بێت.

یان رۆشنبیری شۆرشگیر وه‌ك له‌ خوێندنه‌وه‌كانی حسین عودات بۆ رۆشنبیر باس له‌و جۆره‌ رۆشنبیره‌ ده‌كات ، به‌لای ئێمه‌ رۆشنبیری شۆرشگێر ئه‌وه‌نده‌ مه‌یلی به‌لای شۆرشه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌یلی به‌لای چاكسازی نیه‌، و پاساو بۆ شۆرش ده‌هێنێته‌وه‌ وه‌ك له‌وه‌ی پاساو بۆ چاكسازی بهێنیته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دان گۆرینی سیسته‌می سیاسی ته‌نیا به‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی جی به‌جێ‌ نابێت ، به‌ڵكو به‌ بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری یا به‌ كوده‌تای سه‌ربازی ده‌بێت، هه‌رجه‌نده‌ ئه‌م تێروانینانه‌ له‌لایه‌ن رۆشنبیرانی پاریزخوازی وه‌كو (الكیس دی توكفیل ) له‌ فره‌نسا و (ادموند بیرك) له‌ بریتانیا ره‌خنه‌ی لێ‌ گیرا. جگه‌ له‌وه‌ رۆشنبیرانی شۆرشگیر هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا ده‌ده‌ن یان هه‌ڵگری ئایدیۆجی چه‌پ ” یسار” یان نه‌ته‌وین ” قومی” نێگه‌تیڤی شۆرش لێره‌دایه‌ كه‌ توندوتیژی لی ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چی خاوه‌ن پرۆژه‌ش بێت به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی شۆرش روون نیه‌ و زۆرجار شۆرش ئه‌و یۆتۆپیاییه‌ بۆ هاوڵاتیان دروست ناكان و به‌ ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی ده‌روات، له‌ شیوه‌یه‌كی ڕێژیی.

ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی كه‌ پێان ده‌وترێت ” شۆرشگیر یان مولته‌زم ” له‌ روانگه‌ی ئێمه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ رۆشنبیرانه‌ له‌ یه‌كدیه‌وه‌ نزیكن به‌لام پرسیار لێرده‌ایه‌ ئایه‌ ئه‌وانه‌ فیگوری رۆشنبیرن یان نا ؟ له‌ روانگه‌ی هه‌ندێ ئه‌وان رۆشنبیرن ، به‌ڵام له‌ روانگه‌ی كۆمه‌لێكی تر پێچه‌وانه‌ ئه‌وانه‌ فیگوری رۆشنبیر نین ، چونكه‌ مه‌رج نیه‌ ئیلتیزامی ئه‌وان له‌روانگه‌ی ئه‌وانی دیكه‌ ڕاست بێت ، به‌ڵكو له‌ روانگه‌ی ته‌نیا توێژێكی دیاریكراو پۆزه‌تیڤه‌ ، بۆ نموونه‌ ( ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی له‌شه‌ری ناوخۆی 1994 ی نێوان یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان و و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شدار بوون و هه‌وڵویستیان دژ به‌ یه‌كتر وه‌رگرتبوو ) ، هه‌روه‌ها رۆشنبیرانی شۆرشگیر ئه‌م جۆره‌ له‌ رۆشنبیران زۆر جار ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی بابه‌تیبوون، چونكه‌ به‌ره‌و نه‌ته‌وه‌په‌رستی تا ئاستی “ڕاسیست” یان په‌یره‌وكردنی ئایدیۆلۆژیایه‌كی توندڕه‌و و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌نگاو ده‌نێن ، بۆیه‌ فیگوری رۆشنبیری له‌م بازنه‌دا جێگیر نیه‌.

به‌هه‌مانشێوه‌ ، سارتر كاتێك باس له‌ رۆشنبیری ئه‌نگاژی واتا مولته‌زم ده‌كات ، لێره‌دا پرسیار له‌سه‌ر ئیلتیزامبوون ده‌بێت كه‌ زۆر ڕه‌هه‌ندی هه‌یه‌ ، ” سیاسی ” یان ” كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی ” زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێیان ده‌گوترا رۆشنبیر، كاتێك كه‌ ڕژێمی به‌عس كیمیاباران و ئه‌نفالی كوردی كرد ، زۆرێك له‌ رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب بێ‌ ده‌نگ بوون له‌و تاوانانه‌ی كه‌ ڕژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد ئه‌نجامی دا، له‌و دۆخه‌دا رۆشنبیرێكی عیراقی به‌ناوی “هادی عه‌له‌وی” هه‌ڵویستی هه‌بوو و ره‌خنه‌ی له‌ تاوانه‌كانی رژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به‌ كورد گرت، “هادی عه‌له‌وی” توانی ئیلتیزامی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی و ئیلتیزامی ئه‌خلاقی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی بپارێرێزێت ، له‌و بازنه‌یه‌ وه‌كو رۆشنبیر بمێنێته‌وه‌.

ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام دژی ده‌سه‌ڵاتن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پاساو ده‌هێنه‌وه‌ (تبریری) هاشمی غه‌زلانی له‌ كتێبی رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ، باسی ئه‌م جۆره‌ رۆشنبیره‌ ده‌كات، ئه‌م دوو كاتیگۆرییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك بازنه‌دا كۆمانكردۆته‌وه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ فیگوری ئه‌م جۆره‌ رۆشنبیرانه‌ له‌ یه‌كدیه‌وه‌ نزیكن ، چونكه‌ گووتاری دژی ده‌سه‌ڵات یان له‌گه‌ڵی، له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تدا پاساو بۆ بۆچوون و قسه‌كانی ده‌هێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ بازنه‌ی بابه‌تی و لۆژیك دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ .
هه‌روه‌ها رۆشنبیری ریفۆرمخواز ئه‌مه‌شیان جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی رۆشنبیر، ئه‌و له‌گه‌ڵ ریفۆرمكردنه‌ له‌ سیسته‌می سیاسی و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، دكتۆر عزمی بشاره‌ له‌ كتێبی “عن المپقف و الپوره‌ ” (رۆشنبیر و شۆرش) ده‌ڵی ” به‌ ئاسانی ده‌توانین رۆشنبیر ریفۆرمخواز جیا بكه‌ینه‌وه‌ ، چونكه‌ ئه‌و ده‌خوازێت به‌ فۆرمێكی زانستیانه‌تر كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆرانكارییه‌كان هه‌بێت ، دوور له‌ توندڕه‌وی ، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندنی و لێكتێگه‌یشتنانه‌ كه‌ له‌ نێوان رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵات دایه‌ له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌دات.

بۆمان به‌ دیار ده‌كه‌وێت كه‌ خاڵی جیاوازی نێوان رۆشنبیرانی شۆرشگیر و رۆشنبیرانی ریفۆرمخواز ، شۆرشگێر له‌گه‌ل گۆرینی سیسته‌می سیاسی و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی و رووخانی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، به‌لام ریفۆرمخواز له‌گه‌ل رووخان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ نیه‌ به‌ڵكو له‌گه‌ل گۆرین و ریفۆرمكردنه‌ به‌ قۆناغ ، جگه‌ له‌وه‌ رۆشنبیری ریفۆرمخواز له‌رووی هه‌ڵویستی كاركردن ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژارده‌ له‌ كاتیگوری رۆشنبیران له‌وانه‌ ” شۆرشگیر و پارێزخواز ” له‌وه‌ی ئایه‌ له‌ كام له‌و دوو كاتیگۆرییه‌وه‌ نزیكه‌ له‌رووی میتۆده‌وه‌، پێمان وایه‌ رۆشنبیرانی ریفرۆمخواز له‌ رۆشنبیرانی پاریزخواز نزیكه‌ . هه‌روه‌ها رۆشنبیری ریفۆرمخواز له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌ بۆ باشتركردنی دۆخه‌ به‌لای ئیمه‌وه‌ فۆرمیكی پۆزه‌تیڤیی هه‌یه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووره‌ له‌ توندو تیژی و به‌ری لادان.
رۆشنبیرانی پارێزخواز، ئه‌م جۆره‌ كاتیگۆریه‌ له‌ رۆشنبیران له‌گه‌ڵ پاریزگاركردنن له‌ به‌هاو نۆرم و داب و رێساكانی كۆمه‌ڵن، ئه‌و رۆشنبیرانن كه‌ پاشكۆی بیركردنه‌وه‌ و رۆشنبیرییان زیاتر ئاینیه‌ ، ئیسلام یان مسیحی یان جوو یان هه‌ر ئاینیكی تر بێت ، به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌وانه‌ فیگور و ئیماژی رۆشنبیری هه‌قیقی له‌ كۆمه‌ڵ نین به‌ڵكو ئه‌وان زیاتر ئه‌كته‌ری رۆشنبیری ئاینین، چونكه‌ یه‌كێك له‌ نیشانه‌كانی رۆشنبیر قبوڵكردن و گفتوگۆكردنه‌ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر، كه‌سایه‌تی تێوكراس زۆر به‌ زه‌حمه‌ ده‌توانی له‌ بازنه‌ی تێكسته‌ ئاینیه‌كان ده‌ربچێ‌ به‌ تایبه‌تی ئاینی ئیسلام ،كه‌سایه‌تی تێوكراس جیاوازه‌ له‌ كه‌سایه‌تی دیموكراس، یه‌كێك له‌ پێوه‌ر گشتیه‌كانی رۆشنبیر هه‌ڵگری فۆرمێكی دیموكراس بێ.

له‌ ئایندا نه‌ ئازادی نه‌ دیموكراسی هه‌یه‌ ، به‌ڵكو وابه‌سته‌یه‌ به‌ ئه‌حكام و شه‌رع و تیكسته‌ ئاینیه‌كان. ئه‌م جۆره‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ نیگه‌تیڤه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن هیج پرۆژه‌یه‌ك نیه‌، به‌ڵكو كار بۆ مانه‌وه‌و پارێزگاریكردنه‌ له‌ نۆرم و به‌هاو نه‌ریته‌كان جا ج ئاینی یان كۆمه‌لایه‌تی بێت ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌رێكی رۆشنبیری ئاینی توانی به‌لانسی نێوان ئاینه‌كان به‌گشتی و پێوه‌ره‌ مرۆیی و ئازادی مرۆڤ بپارێزێت و ریفۆرمخواز بێت، له‌و حاڵه‌ته‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو بازنه‌ی رۆشنبیر .
رۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر، ره‌خنه‌یی ئه‌وان له‌ شۆرش نیه‌ به‌ڵكو له‌ گۆرینی سیسته‌مه‌ به‌ره‌و سیسته‌مێكی باشتر كه‌ خۆشگوزارنی و دادپه‌روه‌ری زیاتر بۆ هاوڵاتیان فه‌راهه‌م بكرێت ، پێان وایه‌ زۆرجار شۆرش له‌ ئامانجه‌كانی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، گومانی ئه‌وان له‌ په‌رۆشی رۆشنبیری شۆرشگێر نیه‌ بۆ شۆرش ، به‌ڵكو ئه‌وان گومانیان له‌ هه‌وڵویسته‌ ئه‌خلاقیه‌كان هه‌یه‌، له‌وه‌ی رۆشنبیری شۆرشگیر ئه‌وه‌نده‌ شۆرشی پێ‌ پیرۆزه‌ ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی شۆرش وه‌ك تێكدان و وێرانی كۆمه‌ڵگه‌ ناكاته‌وه‌، له‌كاتی شۆرش كه‌ چه‌ندان كێشه‌و لانی كۆمه‌ڵایه‌تی و دزی و فه‌وزا و ئاژاوه‌ و تاوان سه‌رهه‌ڵده‌دات .
چونكه‌ رۆشنبیری ڕه‌خنه‌یی هه‌ست به‌ مه‌ترسیه‌كان ده‌كات .

رۆشنبیری ره‌خنه‌گریش خاوه‌ن هیج پرۆژه‌یه‌ك نیه‌ ئه‌و ته‌نیا ره‌خنه‌ ده‌گرێت بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ كاتیكۆرییه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ نیگه‌تیڤه‌ چونكه‌ هه‌نگاوه‌كانی گۆران و به‌ره‌وپیشتردن وباشتركردنی كۆمه‌ڵگه‌ ته‌نیا به‌ ره‌خنه‌گرتن جێ‌ به‌جێ‌ نابێت. بۆیه‌ ئه‌وان له‌و حاڵه‌تانه‌دا له‌ دۆخی ئه‌كته‌ری رۆشنبیری ڕه‌خنه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ، له‌ كاتێكدا ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ بازنه‌ی رۆشنبیر ئه‌گه‌ر هاتوو خاوه‌ن پرۆژه‌ ی گۆرانكاری به‌ره‌و دۆخێكی باشتر بێت .
بازنه‌ی رۆشنبیرانی ” هه‌قیقی و گفتوگۆكار و پرۆفیسۆنال یان تایبه‌تمه‌ند و داهێنه‌ر” به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌وانه‌ چوارچێوه‌ی فیگور و ئیماژی نوێ‌ رۆشنبیر و رۆلی رۆشنبیر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌نوێنی، چونكه‌ بێگومان رۆشنبیر ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌واو پرسه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌قیقه‌ت بڵی و ته‌نیا داكۆكیكاری ئایدیۆلۆژیایی سیاسی و ئاین و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو نه‌بیتَ، و پێویسته‌ بابه‌تیی بێت و له‌ هه‌مانكاتدا داهێنه‌ر بێت داهێنانه‌كه‌ی له‌ خزمه‌تی مرڤایه‌تی بێت، بۆیه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌م بازنه‌یه‌ فیگوری كه‌سایه‌تی رۆشنبیر و رۆلی رۆشنبیر زیاتر روونتر ده‌كاته‌وه‌ .

له‌هه‌موو ئه‌م كاتیگۆرییانه‌، ده‌گه‌ینه‌ پێناسه‌یه‌كی نوێ‌ بۆ رۆشنبیر له‌ كۆنێكستوالیزاسیۆنی فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵناسی مێژوویی ، كه‌كۆكراوه‌ی تیرمینۆلۆژی نێوان (ئه‌نتۆنیوگرامشی و بیربۆردیۆ و ئالان تۆرین )ه‌، چونكه‌ رۆشنبیر ته‌نیا پرسێكی ئه‌ده‌بی یان فه‌لسه‌فی نیه‌ به‌ڵكۆ كۆمه‌ڵناسیشه‌، چوونه‌ ناو بازنه‌ی رۆشنبیر له‌م پێناسه‌ نویِ یه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

(هه‌موو ئه‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ، توێژێكی گرنگن له‌ گێڵگه‌ی رۆشنبیریدا به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ هه‌موویان وه‌زیفه‌ی رۆشنبیر بگێرن ، ئه‌و كاته‌ی ئه‌كته‌رێك له‌ ناو كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بتوانی داهێنانێك دروست بكات له‌ رووی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی یا فه‌رهه‌نگی یا ئابووری و ئه‌و داهێنانه‌ بتوانێ‌ گۆرانێك دروست ، ئه‌و كاته‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو بازنه‌ی رۆشنبیر).
به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندێك یا نوسه‌رێك یا دكتۆرێك یا ئه‌ندازیارێك …..هتد له‌ رێگای كاره‌كه‌ی بتوانێ‌ كاریگه‌رێكی به‌ هێز دروست بكات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ جا چ له‌ رووی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئابووری یان فه‌رهه‌نگی بێت و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی گۆرانكارییه‌ك له‌ یه‌كێك له‌و بوارانه‌ واتا بتوانێت داهێنانێك دروست بكات ئه‌وا ئه‌وكاته‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ یا نوسه‌ر یا ئه‌ندازیاره‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو بازنه‌ی رۆشنبیر.




براوە و سوودمەندی سەرەکی لە پرۆسەی ریفرۆندەمدا … زاهیر باهیر

قسەی من لەسەر ئەوە نییە کە ئایا مەسعود بارزانی خۆی گەمژە بوو، خەڵەتا یا خەڵەتێنرا، ئەوە باس و خواسێکی دیکەیە.
بەڕای من ئەوەی کە قازانجی تەواوی کردو براوە بووە ئەردۆگان و ئاکەپە و میتی تورکیی بوو ، هەر وەکو هەمیشە لەم سیاسەتەشیانا زۆر سەرکەوتوو بوون. دوور نییە کە ئەوان لە پشتی بارزانی-یەوە نەبووبن و هانیان نەدابێت تاکو ئەوەی کە ئەوان ویستیان و دەیانەوێت سەر بگرێت. ئەردۆگان و میتی تورکی زیرەکترین کەس و دەزگەی سیخوڕیین کە توانیویانە و دەتوانن چەندە سیناروێ دروستبکەن لە پێناوی بەرژەوەدنی خۆیان و مانەوەیانا .

مێژوی نزیکی ئەوان ئەمەی سەلماندووە هەر لە دروستکردن و یارمەتی دانی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە و فشارهێنان بۆ ئەوروپا بە کردنەوەی دەرگای پەنابەر بەڕویانا و زیرەکانە یاریکردن لە نێوانی ئەمەریکا و ڕوسیا و ئیسرائێل و وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئێران و هەتا سوریاش. تەڵەدانان بۆ پەکەکە و ئاڵاندنیان لە شەڕەوە تاکو توانا و وزەیان کەم کەنەوە و شارەکانی کوردستان خاپور بکەن و جەماوەرێتی پەکەکەش لە تورکیا و ئەوروپا کەمبکەنەوە و لە لیستی ڕەشی تیرۆریزمەکان ، نەسڕرێتەوە و قۆستنەوەی کودەتاکەی فەتحوڵا گوڵەن بە قازانی خۆیان و كڵاو نانە بان سەری داعش و زۆری تر.

ئێستاش بە تیری ڕیفرۆندەم چەندەها نیشانێان شکان : بارزانییان پێ سووك و سەلێم کرد، قەوارەی هەرێم بچوکتر دەکرێتەوە ، ڕق و کینەی نێوانی کورد و عەرەبیان زیاتر کرد.
لەگەڵ ئێران وعێراق-دا بەرەیەکی نوێیان دروستکرد بۆ بەگژاچونی کورد، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا پەیوەندییەکەی بە هێزتر دەبێت ، لەگەڵ جامعەی ئەزهەردا ڕێکتر دەبێت، توورکمانەکانی کەرکوکی باشتر کردە خۆی ، پێگەی خۆی لای ڕوسیا باشتر بەهێز دەکات سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و سوكکردنی گەمارۆی ئابوریی لەسەر کوردستان وەکو مەرجێك لەسەر ڕوسیا، هەروەها لای ئەو کۆمپانیا بێگانانەی کە لە کوردستانا هەن هەمان شتە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشی کە وتم ، هێشتا بارزانی چەند کارتێکی بەدەستەوەیە گەر بیەوێت ژیرانە بەکاریان بهێنێت ، واتە وەکو خەنجەرەکەی کابرا هەر هەڵیکێشێ بەڵام نەیوەشێنێ، لەوانە:
هەڕەشەی جددی بە دەرکردنی سەرجەمی کۆمپانیا تورکییەکان لە کوردستانا، یاساخکردنی گەشت بۆ تورکیا، قەدەخەکردنی هەموو زنجیرە دراما و سینەماییەکانی تورکیا، نەرم کردنی پێیەك بۆ سەردانی قیبلەی کوردان، قەندیل، لەلایەن کوڕەوە یا زاواوە، هەڕەشكردن لە تورکیا کە بنکە سەربازییەکانیان، دەبێت لەوێ هەڵگیرێن و بکشێنەوە بۆ تورکیا، چاودێریکردنی سیخوڕەکانی میت و هەراسانکردنیان و تەسكکردنەوەی بواریی چالاکییان ، سازشکردنی تەواو لەگەڵ یەکێتی و ئیسلامی و ” گۆڕان” و ئامادەبوون بە هەموو مەرجێکیان جگە لە وازهێنان لە سەرۆکایەتی هەرێم، هەڕەشەی داخستی زانکۆ و مەعهەدە تورکییەکان و ناردنەوەی مامۆستاکانی .

بۆ ئەوەشی ئەمانە بکرێت پێویستی بە 10 ملیار دۆلارە بۆ ماوەی 6 مانگ تاکو بژێوی خەڵکی لە کوردستانا باشبکات و خەڵکی تەحەمولی کاردانەوەی تورکیا بکات. 10 ملیار دۆلاریش بۆ خێزانی بارزانی و تاڵەبانی وەکو 10 دینارە بۆ هەر یەکێك لە ئێمە.
ئەمانە هەندێك کارتن کە لە دەست بارزانیدایە گەر بتوانێت عاقڵانە بەکاریان بهێنێت ، ئەو کاتە ئەردۆگان و تورکیا هیچ چارێکیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە سازشکردن نەبێت

زاهیر باهیر – لەندەن
09/10/2017




هەزاران خەونی پەژموردە …. نوێترین بەرهەمی ئاسۆ جەبار کەوتە بەردیدەی خوێنەران

کۆی ئەم قەسیدانە ئەزمونی 12 ساڵی ئاسۆ جەبارە، سەرباری بڵاوبوونەوەی دوو دیوانی بەناوەکانی (موساسفیرو چاوەڕوانی نەورەسێک) و (غوربەتی فڕین)، بەڵام ئەم ئەزموونە تەواو جیاوزە. ئەم دیوانە نوێیە لە دووتوێی 330 لاپەڕەدا زیاد 60 قەسیدەی لەخۆگرتوەو لەچاپخانەی کارۆ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. هاوکات تابلۆی سەربەرگەکەی شیلان جەبار نەخشاندوێتی و تابلۆ شیعرییەکانی نێو کتێبەکەش لەدەستڕەنگینی هونەرمەندی شێوەکاری رۆژئاوا لوقمان ئەحمەدو هاوکات شیلان جەباریش.
شایەنی باسە ئاسۆ جەبار خاوەنی 12 کتێبەو چەند کتێبێکی دیکەشی بەم زوانە ئامادەدەبێت بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە.

حـــیـــبـــری گـــــوڵ

ھێشتا رۆحت پڕە لەغەمگینی کەنارباخچەیەک
لالەزار لەشەوقی زوڵمەتێکی ئەبەدی
لێوڕێژ لەیاقیقی وتن
ھێشتا پەنجەکانت پڕە لەگوڵ
پڕە لەگەڵای تەڕی ژێر پێی باران
تۆ تا دوایەمین گوڵ
لەعەتری ئەو پایزانەدا ھەڵدەوریت
کە بە حوزنێکی قوڵەوە
دڵۆپ دلۆپ
لەحیبری گوڵ
بەڕەنگی باخچەیەک
ھەزاران گوڵی یەخسیرت لەدڵتدا
ھەڵگرتووە…….




خۆزگەو هیوا … عومەر محەمەد

لە پەراوێزی دووەمین ڤیستڤالی فیلمی سلێمانیدا ….

ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە بەتەنیشت لێکۆڵینەوەی زانستییەوە بۆ ئەم تراژیدیایە، هونەریش ڕۆڵی خۆی ببینێت و وەک تاوان و تراژیدیاکانی تری هاوشێوەکانی مرۆڤایەتی بۆ نمونە تاوانی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەراورد بکرێت و داهێنانی ئەدەبی و هونەری لەبارەیەوە بکرێت .
ئەگەر سینەماکار زۆریش رۆنەچیتە ناو مێژووەوەو تەنها لە سەر ئەو ستەمکاریانە بووەستێت، کە لە ناوەراستی هەشاتاکانی سەدەی رابووردووەوە دەرهەق بە کورد دەکرێن، ئەوا هەزاران چیرۆک دەبنە ئایدیاو خەونی کارکردنی، با تەنها هەڵوەستەیەک لە گازبارانی هەڵەبجەو ئەنفال بکەین، لەوکاتەوە هەتا ئێستا لەگەڵ مردنی هەرمرۆڤێکی ئەودەڤەرانەدا چیرۆکێکیش دەمرێت، کەچی زۆر بێباکین !
ئەگەر لە دوای ڕاپەرینەوە هەتا ئێستا کە شەنگالیشی هاتووەتە سەر چیرۆکەکانمان دۆکێومێنتکردبا، ئێستا خاوەنی خەرمانێکی گەورە لە چیرۆکی جەلادو قوربانی دەبووین، خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە هەموویان زەلیل بوونمان ناگێڕنەوە،بەڵکو لەناویاندا قارەمانی گەورە هەن، نمونەیەک دەکەمە یارمەتیدەر ( ئێوارەی گازبارانی هەڵەبجە، خانەوادەی حاجی رەحمانی نارنجەڵە هەموویان بریندار بوون و تەنانەت بیناییان لەدەستدابوو،کەچی کە سوپای عێراق شکا سەربازێک بەناوی خالد عەبدولکەریم عەلوان چەکەکەی فرێداو وەک هەڵاتووی بەرەی جەنگ بە (خاتراللە خاتراللە ساعدونی) خۆی هاویشتە ماڵی حاجی ڕەحمان، ئەم پیاوە بەو پەری میهرەبانیەوە لەبری تۆڵە ئامێزی بۆکردەوەو دەستێک جلی کوردی پێداو وەک کوڕێکی خۆی لەگەڵ ماڵ ومنداڵەکەی خۆیدا بردی بۆکەمپی ئاوارەکانی ئێران، لەوێ کاتێک کەوتە بەر سوسەی سیخورەکان، حاجی ڕەحمان، گوتبووی (ئەم کوڕەم هەر بە سکماک بێ زمانەو ناتوانێ قسە بکات) چیرۆکەکە درێژەو لێرە دەیبڕینمەوە بەڵام دەمەوێ سەرنجی سینەماکاری کورد ڕابکێشم، چونکە ئەگەر بخوازێ دەتوانێ بەفریا بکەوێ و هەتا ( سەربازەکە) لە ژیانداماوەو وەک حاجی ڕەحمان دنیای بەجێنەهێشتووە، هەوێنی فیلمێکی جوان و بایەخدارە بۆ ئاشتی ولێبوردەیی.
لەهەمان کاتدا بەپێجەوانەی ئەو دیدە باوەشەوەیە کە هەمیشە کورد وەک زەلیل و قوربانی بێدەسەڵات دەخاتەڕوو، بە هیوام لە داهاتوودا بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی بتوانێ پێشەنگایەتی بکات و بەدیقەتەوە رەگەزەکانی ئازایەتی و خەونە جوانەکانی مرۆڤایەتی لەو تراژیدیایە)دا بدۆزێتەوەو ببێتە هەوێنی بەخشندەیی ومهیرەبانی،خۆزگە یەکەمین فیلمی ڤیستڤاڵ دەربارەی تاوانەکانی جینۆساید (هەلەبجە، ئەنفال، شەنگال) یان هەر یەکێک لەو تاوانانە دەبوو، ئەمەش نەک وەک ئەوەی بەدنیا بڵێین ئێمە ستەممان لێکراوە بەڵکو بەو هیوایەی لە ناو چیرۆکەکانی ئەم تاوانانەدا قارەمان بدۆزنەوەو ببێتە جێگەی سەرنجی سینەماکارانی کوردو ئەوانی دی.

تێبینی :
ئەم بابەتە لە لاپەرە ٦ی ژمارە ٥ی شارسینەما کەبڵاوکراوەیەکی رۆژانەی فیستیڤاڵە لە ریکەوتی ٢٠١٧/١٠/٥ بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی گۆڕینی تایتڵەکەی هەڵەیەک رویداوە ئەوان لە بری “خۆزگەو هیوا” ئەم تایتڵەیان نوسیوە : (فریای بکەون تا حاجی ڕەحمان دنیای جێ نەهێشتووە) هەڵەکەش ئەوەیە، کە بەداخەوە حاجی رەحمان لە ساڵی ١٩٩٩ دا کۆچی دوایی کردووە، ئەو بریندارەی گازباران نەیکوشت بەڵام گەرماو ئاوی گەرمی ئۆردوگای زۆرەملێی گردەچاڵ کوشتی.

٣/١٠/٢٠١٧ سلێمانی




ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی … شاهۆ عارف

ناوی گەورە و شاری وێران!

ڤیستیڤاڵە سینەماییەکان لەسەر چەندین ئاست خزمەتی گەورە بە فیلم دەکەن و بەشێکی دانەبڕاوی فەزای سینەمایین. ڤیستیڤاڵ ئەشێت ببێت بە یەکەمین ڕووبەری بەرکەوتنی فیلم و بینەرەکانی، ئەشێت سەرەتایەک بێت بۆ کۆکردنەوەی سەرنج لەسەر فیلمەکان و دۆزینەوەی بازاڕ و گەورەکردنیان. ڤیستیڤاڵ ئەشێت هونەرمەندەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە، ئەشێت بۆ هەندێکیان بە تایبەت تازەکارەکان پاڵنەر و هاندەرێکی گەورەبێت. ڤیستیڤاڵ ئەشێت بزوێنەری ئابوری شار و وڵاتێک بێت. دواجار ڤیستیڤاڵ حوکمە. حکومێکی کاتی و جوزئیە بەسەر فیلمدا.

ڤیستیڤاڵەکانی فیلم ئەمڕۆ لە زۆر شار و وڵاتی دونیادا هەن، تەنانەت هەندێک شار زیاتر لە ڤیستیڤاڵێکی فیلمی هەیە. سازدانی ڤیستیڤاڵ سەرباری لایەنە پۆزەتیڤەکانی بە نیسبەت فیلمەوە، چەندین دیوی تاریک و زیان بەخشی هەیە. بۆ نموونە بوەتە وەسیەلەیەک بۆ حکومدان بەسەر باش و خراپی فیلمدا. بێگومان هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی باش و خراپی فیلم پرۆسەیەکی ئاڵۆز و تەمومژاوییە. ئاسان نییە بزانین بۆچی سینەمای ئۆزۆ و بریسۆن لە پاش مەرگیانەوە دەست پێدەکەن؟ بۆچی فیلمەکانی گۆداری بیرمەند و فیلمسازی گەورەی فەرەنسی براوەی یەکەمی هیچ ڤیستیڤاڵێک نین؟ ناکرێت باوەڕ بە پێوەری ڤیستیڤاڵ بکەین وەکو داوەرێک بەسەر فیلمەوە.

جگە لەوەیش، زۆرجار ڤیستیڤاڵەکان دەست بەسەر بیرکردنەوەی دەرهێنەرەکاندا دەگرن و خەڵات دەدەنە ئەو جۆرە فیلمانەی کە مەبەستیانە، ئەمەیش وا دەکات فیلمەکان بە ئاڕاستەی پێوەرەکانی ئەو ڤیستیڤاڵانەدا بڕوات. وەکو هەندێک لە کوردستان لەم ساڵانەی دوایدا فیلم لەبارەی هەڵەبجە و داعش و فێندەمێنتاڵیزمی دینی و مەسەلە خوازراوەکانەوە دروست دەکەن بەبێ ئەوەی ڕۆژێك لە ژیانیاندا بەرکەوتنێکی واقیعی و فیکریان لەگەڵ ئەم بابەتانە هەبوبێت. لەگەڵ ئەمانەیشدا زۆرجار ڤیستیڤاڵەکان ئامانجی بزنس و بازرگانیکردن دەخەنە پێش زەرورەتی هونەریەوە. لەوانەیشە هەندێک ڤیستیڤاڵ وەکو ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی ڕەهەندی سیاسی و شەڕە زۆن و خەیاڵی بەرگری لە شاری ڕۆشنبیری سازاندبێتی.

بەبۆچوونی من ڤیستیڤاڵی فیلم ئەوکاتە مانای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت کە خۆکرد بێت. واتە ڕەوتی گەشە و بەرەوپێشچوونی کلتوری سینەما داوای بکات و بیخوازێت نەک وەسیەلە بێت بۆ ئامانجی تر! ئایا ئەم ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتیە لە هەلومەرج و قەیرانێکی ئاوادا چ زەرورەتێک دروستی کردووە؟ ئایا بەڕاستی کلتوری سینەمایی لە کوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بۆنەی نێودەوڵەتی بخولقێنێت؟ ئایا ئەم هەڵایە چ خزمەتێکی فیعلی بە فەزای سینەمایی سلێمانی دەکات؟ ئایا مەعریفەی سینەماکار و نوسەر و ڕەخنەگری ئێمە لەو ئاستەدایە توانای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی سینەمای لە ئاستی دونیادا هەبێت؟ مرۆڤ توشی ڕاچڵەکین ئەبێت کە بیر لە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەکاتەوە. وەک چۆن هەموو کایەکانی تر ئیفلیج و پەککەوتەن و باند و گروپی مافیا ئەیبات بەڕێوە، کایەی سینەمایش لەوە بەدەر نییە.

ئەم شارە کە خاوەن ئەم پۆلە سینەماکار و هەڵسەنگێنەر و جوری فیلمەیە بۆچی چوار کتێبی باشمان لەبارەی سینەماوە نییە؟ بۆچی ڕەوتێک، گۆڤارێک، لانی کەم یانەیەکی سینەمایمان نییە؟ بۆچی ئەم پارە زەبەلاحە لە دروستکردنی هۆڵی سینەمادا سەرف ناکرێت؟ بۆچی ئەم سەرمایە ناخرێتە خزمەت دروستکردنی فیلمەوە؟ یان یارمەتی گروپێک گەنجی پێنادرێت کە دەیانەوێت فیلم دروست بکەن؟ وەڵامەکە ئاسانە؛ ئەوەی ئەمڕۆ حیزب و کۆمپانیاکانی حیزب ئەیانەوێت ئەم گوتار و بیرکردنەوە ڕیشەیی و بونیادیە نییە، ئەوان خۆیان بە کڵێشەکان و ئایکۆنەکان سەرقاڵدەکەن کە ئەچنە خزمەت ستراتیژی حیزبەوە.

ئەوانەی دوێنێ خەریکی دەرکردنی یاسابوون بۆ سینەما و ئەمڕۆ خەریکی کەسابەتی ڤیستیڤاڵن، خۆیان پێناسەی خۆیان دەکەن. ئەوان ناتوانن بیر لە بناغە و بنچینەکانی کلتوری سینەما بکەنەوە و هیچیان بۆ ئەو مەبەستە لەدەست نایەت. ئەوان بە بڕوانامەی قەبەوە توانای ئەوەیان نییە مێژووی فیلم و کاری سینەمایی ئەم ناوچەیە بخوێننەوە و تیۆریزەی بکەن. ئەوان ناتوانن کتێبێک، وتارێک تەنانەت ڕیڤیوێک دەربارەی فیلمێک بنوسن. ئەوان پاڵەوانی شاشەکان و بینەری فیلمی تەلەفیزیۆنەکانن، زۆربەیشیان دوور و نزیک ئاگاداری فیلم و سینەما نین. ئەوان پێیان وایە ڤیستیڤاڵ پنتی ناساندنی کورد و دۆزی کوردە بە دونیا کەچی پێگەیەکی ئەلیکترۆنی کۆپیکراویان داناوە و پێیان شەرمە زمانی کوردی بۆ ئەو پێگەیە و ژێرنووسی کوردی بۆ فیلمە پەخشکراوەکان زیاد بکەن! ئەگەر قەراربێت لە ئێستادا ڤیستیڤاڵێک هەبێت، ئەبێت ئەو ڤیستیڤاڵە لۆکاڵی بێت فیلمە نێوخۆییەکان هەڵسەنگێنێت، لەبری خەڵات بەخشین و پارە سەرفکردن لە بیانیەکاندا، یارمەتی دەرهێنەر و سینەماکارە لۆکاڵیەکان بدات و باربۆیان بکات.




هەمانەی دەماندن … زاهیر باهیر

حیزب هەر ناو و ناوەرۆك و هەر ئامانجێکی هەبێت ، چی دیکە نییە جگە لە هەمانەی دەماندنی فشە و درۆ و پاگەندە، ئامرازی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و چەواشەکردنیی جەماوەرەکەی و خەڵکانی دەرەوەشێتی .
تکایە تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکەن و هەڵوێستی هەدەپە و قسە بێ سەروبەرەکانی زمانحاڵەکەی ‘ عوسمان بایەدەمیر ببینن’، لەسەر کۆچی دوایی تاڵەبانی . پێشتریش قسە و ڕاگەیاندنەکانی ‘ کەچەکە’ و ‘ پەیەدە’ شمان بینی، سەبارەت بە مردنی نەوشیروانیش و مردنی ئێاتای تاڵەبانی-ش.

من هەرگیز لە لەگەڵ جەنگدا نیم تەنانەت لە نێوانی ئەمەریکا و بریتانیاشا، چونکە دەزانم ئەوەی کە لە هەموو ڕوویەکەوە باجەکەی دەدات خەڵکە ئاساییەکەیە ، جا ئیدی من چؤن دەتوانم لە بەرەی خوازیاری شەڕ و بەیەکادانی وڵاتانی دراوسێ و نێو حیزبە کوردییەکانیش بم . بەڵام هەلوێست و قسە قۆڕەکان و بێ بنەماکانی ئەمانە دەگاتە ئاستی كڵاودانان لەسەرمان و هەڵخەڵەتاندنمان ئەو کاتەش کەس تەحەمولی ناکات. دیارە من ناڵێم با پەیەدە و پەکەکە و کەچەکە و ….. پەیامی پرسەنامە نەنێرن یا لە کۆچی دوایی نەوشیروان و جەلال تاڵەبانی و بەیانی بارزانی-دا بەشدار نەبن ، بەڵام کورد دەڵێێ هەموو شتێ بە خوێ و خوێش بە مانا. مرۆڤ دەکرێت دۆست و دووژمنی واقیعیانە ببینێ و هەڵسەنگێنێ ، نە زیادەڕەوی پێوە بکات و نە نوقمی ئەرزیشی بکات .

ئاخر هەر زۆر بە کورتی بۆچی دەبێت مام جەلال لە دڵی 40 ملیۆن کورددا بژی؟ بۆچی دەبێت سەرۆکی هەموو کورد بووبێت؟ ڕۆڵی گرنگی مام جەلال چی بوو؟!!!!! کام یەکڕیزی کوردی پاراستووە؟!! ئەو نەیتوانی یەکڕیزی یەکێتی نیشتمانی-ش بپارێزێت.
مام جەلال لە ڕؤژی بەرپرسبوونیوە لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە دەگەڕێتەروە بۆ کۆتایی پەنجاکانی چەرخی پێشوو تا ڕؤژی 17/12/2012 کە لە گفت و کردار کەوت ، مێژوەکەی شاهیدی فاشیلبوونی خۆی و سیاسەتەکانی دەدات. من لێرەدا تەنها هەندێکیان ڕیز دەکەم :

• ڕۆڵی سەرەکی ئەو لە هەڵگیرسان و بەشدارییکردنی بزتوتنەوەیەك کە هەر لە سەرەتای دروستبونییەوە تا ئێستای بە زیانی کورد و قازانجی نەیاران ، تەواو بووە.
• جیابوونەوەی لە پارتی .
• پاڵدانی بە حکومەتی بەعسەوە .
• بەشداریکردنی لە دروستکردنی کۆمەڵەی مارکسی –لێنینی / کۆمەڵەی ڕەننجدەران، ڕؤڵی لەوێدا.
• دروستکردنی یەکێتی نیشتمانی.
• گەرموگوڕی و سیاسەتکردنی لەگەڵ حکومەتانی ئێران و سوریا و تورکیا بێ ئەوەی بتوانێت بەردێك بخاتە سەر بەردێك بۆ کوردانی ئەو بەشانە.
• دروستکردنی دەسەڵاتی کوردی بە هاوکاریی پارتی ، کە جگە لە نەگبەتی و نەبوونی و ناخۆشی چی تری بۆ کورد نەهێنا.
• شەڕە ناوخۆییەکانی نێوانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ حیزبی شیوعی و لایەنەکانی دیکە لە شاخ و دواتریش کە هاتنەوە شار.
• تەسلیمبوونی بە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە ساڵی 2003 و بێ ئەوەی پێداگریی لەسەر لابەلاکردنەوەی کێشەی کەرکوك و ناوچە ناکۆکان، بکات.
• ئەو چەند ساڵەی کە سەرەكکۆمار بوو نەیتوانی قسەیەکی جددی لەتەك حکومەتی عێراق و بەرەکانی سونە و شیعە لە سەر کەرکوك و ناوچە ناکۆکان بکات و ڕێگای دا کە مادەی 140 وەکو خۆی بمێنێتەوە.
• کێشەکانی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی لە سای ئەودا قوڵتر بووەوە ئەو بەرپرسی سەرەکی بوو، کە لەو بارەشدا تەنها خەڵکە ئاساییەکەی کوردستان زەرەری لێکرد.
• کە لە شاخ و لە شار بوون بە ئاگەداری ئەو بە سەدەها ژن بە بیانوی جیا جیاوە کوژران و بوونە قوربانی..
• بناخەی گەندەڵی و مەحسوبییەت و واسیتە و خێڵگەریی و تیرەگەریی وشێخگەریی و ناوچەگەریی دانا و دیوەخانانەی بۆ سەرانیان بڕییەوە.
• داڵدەی ئەنفالچیان و کیمیاباران و موستەشارەکانی هەموو دا، بەمەش دوو پەنجەی بۆ قوربانییەکانی دەستی ئەو تاوانبارانە ، بەرزکردەوە.
• کەرتە دەوڵەتیەکانی خزمەتگوزاریی بە ئاگەداری و ڕەزامەندی ئەو بەرەو فەرامۆشکردن ڕؤیشتن و کەرتی تایبەتی و کۆمپانیای دەرەکی و ناوخۆیی تایبەتی لە برەودا بوون . جگە لە کردەنەوەی دەیەها زانکۆ و پەیمانگای بێ کەڵکی ئەجنەبی.
• بەئاگەداریی و ڕەزامەندی ئەو هەرچی دەزگە سیخوڕییەکانی وڵاتانی دەرودراوسێ و زلوڵاتانی جیهانییە ، لەناو کۆمەڵی کوردستانا تەراتێن دەکەن، گەر هاووڵاتیانی کوردیش تیرۆر بکەن ، دەستخۆشییان لێدەکرێت و کراوە ، لەبری لێپێچینەوە.
• ژینگە و سروشتی کوردستان وێرانکرا بە بەدەرهێنانی نەوت و لێدانی بیرە نەوت و خستنە بازاڕ و سەرجادەی سەیارەیەکی یەکجار زۆری بێ شومار.
• ئازادی تاك ڕێكخراوە کۆمەڵایەتییەکان ڕؤژ بە ڕۆژ لە کەمبوونەوەدا بوون ، تا گەیشتە کوژارانی چالاکوانان و ڕؤژنامەنوسان.

http://rojnews.net/haber/20542/.html




مەراسیمی بۆرژوازیانەی شیوەن و گریان بۆ سەرۆکەکان ! … سابیر محەمەد

کولتوری ستالینیانەی گێڕانی مەراسیم بۆ سەرکردە سیاسیەکان ، بەهۆی مەزنی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە بۆتە مۆتەکەیەکی گەورەی جیهانی …. لێنین بە هیچ شێوەیەک ڕەزامەندی خۆی لەسەر مەراسیمی بۆرژوازیانەی مردن و ناشتنەکەی خۆی ڕەتکردۆتەوە ، دواتر کرۆپسکایا ویستی ئەم وەسیەتە جێبەجێ بکات بەڵام هەڕەشەی ستالین لە کڕۆپسکایاو هەر کەسێکی تر لە ناو بەڵشەفیکەکاندا ، لەلایەن ستالینەوە سەرکوتکرا ، ستالین لە پێناو دەرخستنی ڕۆڵی خۆیی و سەپاندنی هەژموونی خۆی لەم مەراسیمەداو جێگیرکردنی کولتووری پەرستنی سەرکردەی پیادەکرد.

ئەم مێژووە تەحریفکراوە تائێستاش ڕەواجی هەیە ، بۆ نمونە کۆریای باکوور چیان نەکرد بۆ کیم ئیل سۆنگ ؟! ….هتد .
بلیخانۆف لە کتێبی “ڕۆڵی فاکتەری مادی لە مێژوودا ” باس لە ئیحساس و عاتیفەی مرۆڤەکان ئەکات لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا یان لە کۆمەڵگای چینایەتدا ، نمونەی دوو دایک ئەهێنێتەوە کە کوڕەکانیان ئەمرن ، یەکێکیان ( ماشێنکای ) خاوەن دەسەڵاتە ، دووەمیان (ماشێنکای ) ژنە هەژاری ناو ماڵە .
بلیخانۆف ئیحساس و عاتیفەی ئەم دوو ژنە و ئەم دوو دایکە شی ئەکاتەوە کاتێک کوڕەکانیان ئەمرن .

شیوەنی ماشێنکای هەژاری ناو ماڵ بۆ کۆڕە مردووەکەی هەمووی بریتییە لە یادکردنەوەی ئەو یادگاریانەی کە بە کەساسی و کوڵۆڵی چاوەڕاوانی کوڕەکەی کردووە کە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوەو بژێوی خۆی و دایکی پەیداکردووەو دابینکردووە .
شیوەنی ماشێنکای خاوەن دەسەڵات بریتیە بووە لە یادکردنەوەی یادگاریە خۆشەکانی ئەم دایکە کاتێک کوڕەکەی مناڵبووە ئەویش لە هۆڵەکانی جەژنگێڕان و سەفاو خۆشیدابووە …

کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانیش بە ژن و پیاوەوە وە بە مردنی سکرتێری یەکێتی و سەرۆک کۆماری عێراق فرسەتێک دێتە بەردەستیان کە ناخی خۆیان بەتاڵبکەنەوەو خۆیان لە قوڕبگرن و بگرین و شیوەن بکەن بۆ ئەو ژیانەی کە تیایدا ئەژین ، بەڵام بە شێوەیەکی ڕوکەشیانە گریانە بۆ سەرۆک .
سازکردنی ئەم مەراسیمانە پێش هەموو شتێک زیادکردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی حیزبە قەومیە کوردیەکان و دەسەڵاتەکەیانە ، ئەم دەسەڵاتە لەوەدا بەرجەستە ئەبێتەوە چۆن کەسانێکی پارێزەرو بەرپرس و کاربەدەستانی ئەم دەسەڵاتە بۆرژوازیەن و نمایشی هێزی سەربازی و پۆلیسی خۆیان نیشانئەدەن.
لەلایەکی ترەوە تەنانەت مردنی سەرۆکەکان ئەبێ ببێتە هۆی بەهێزکردن و چەسپاندنی دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی لە کۆمەڵدا ، ئەوان ئەیانەوێت بەم پڕاکتیکە سیاسیانە جەماوەر بخەنە خەونێکی ناخۆشەوە کە ژیانی خۆیان لە بیر بەرنەوەو بەلایانەوە گرنگ نەبێت و خۆیانی بۆ گیانفیدا بکەن …!

ڕیفڕاندۆمێکی درۆزنانەی بۆرژوازی لە هەرێم بۆ لە بیربردنەوەی تەواوی نەهامەتی و قەیرانە ئابووری و سیاسیەکانی هەرێم بوو کە بەدرێژایی ۲٦ ساڵە خەڵکی بەدەستیەوە ئەناڵێنن .
قەیرانی شکستی ئەم گاڵتەجاڕیەی ڕیفڕاندۆم بە مەراسیمی نەخشە بۆکێشراوی مردنی جلال طالبانی لە بیر ئەم جەماوەرە ئەبرێتەوەو لە تەواوی شارو شارۆچکەکانی هەرێم چەندین بۆنەو موناسەبەی تەعزیەو شیوەنگێڕان سازئەکرێت .

ووتیان ئەم شیوەنە ئەبێ حەوت ڕۆژ بخایەنێت ، بەڵام پێ ئەچێت کە بەم زووانە تەواو نەبێت ، ڕەنگە حەو مانگ بێت ، یان حەوت ساڵ بێت ، یان ببێتە شیوەنێکی دائیمی کوردان کاتێک مەزارگا بۆ سەرۆکەکەیان دروست ئەکەن ، وببێتە شیوەنێکی تر لە جۆری شیوەنەکانی حسن و حسێن و علی کوڕی طالب کە سەدەها ساڵە کوژراون .

صابر . م




کتێبێک بۆ چینی نوخبەی خوێنەران … هەژار

پاش ماندووبونێکی زۆر ؛ بەمزووانە بەرهەمی کتێبێکی جیاوازی شیعر دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران، ئەو خوێنەرانەی بە دوای تازەگەریی و زمانێکی تردا دەگەڕێن تا لە شتەکان تێبگەین، هەوڵدانێکیشە بۆ رزگارکردنی شیعر لە بازنە داخراوەکان و تێکشکانی زمانی باوی شیعرو چەشەو دیدی چەقبەستووشە، تەنانەت ژیان و خۆ نووسینەوەیە بە پێنووسێکی جیاواز و لەبەرکردنی بەرگێکی نوێیە لە بازاڕی مەعریفە، رەنگە خوێنەری (نا بەرهەمهێن) بپرسێت بۆچی شیعری ئەمڕۆ خۆی لە خۆیدا هەیە تا شتێکی نوێمان پێشکەش بکات؟ ئەم جۆرە پرسیارانە هەمیشە لە لایەن ئەو مرۆڤانەوە کراون کە لە پەراوێزی ژیاندا خەوتوون.
لە هەمان کتێبدا و لە پێش ماڵئاواییدا وتەیەك نووسراوە، رەنگە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە کەسانە گونجاو بێت ئا لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین-
ل١٣٢:-
” گەر بمانەوێت ئاست و چێژو مەیلی خوێنەرێكی سادە بە لای دەقێکی باشدا رام بێنین و ئاراستە بکەین، پێویستی بە کاری هەمەلایەن و جەوهەرییە.. دەبێت بونیاتنان و هەڵگێڕانەوەیەکی ڕیشەیی لە زۆربەی باکراوندەکانیدا بکەین، ئەمەش کارێکی زۆر گرانەو هەرگیز لە شەو رۆژێکدا وەدی نایەت.”
ماوە بڵێین ئەو کتێبە زۆر دەقی شیعریی لە خۆ نەگرتووە، چونکە پەند وەرگرتن لە چۆنایەتییە نەك چەندایەتی، بەڵام زۆر شتی تێدا گوتراوە، لێکۆڵینەوەکانی دەقەکانیش تەنیا جۆرێك خوێندنەوەن و دوا خویندنەوەش نین، چونکە هەمیشە دەقی کراوە هەڵبژاردن و راڤەو تێگەشتنەکان بۆ خودی خوێنەران جێ دەهێڵێت و ئازادیان دەکات بۆ گوتنی وتەی خۆیان.




خولانەوە لەناو بازنەی کوردایەتیدا … عدنان کەریم

کورتە سەرنجێك سەبارەت بە کتێبی ( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان: لەناوەوە بونیادنان ، لەدەرەوە دانپیانان )

( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان: لەناوەوە بونیادنان ، لەدەرەوە دانپیانان ) ، کتێبێکی ٢٧٣ لاپەڕەیی د. سەردار عەزیز و د. بورهان یاسینە کە لە چاپخانەی کارۆخ لەسلێمانی ساڵی ٢٠١٧ یەکەمین چاپی بڵاوکراوەتەوە.
هەردوو نووسەر لە ( دەسپێك ) ی کتێبەکەیاندا بۆ ناسینی ناوەڕۆکی کتێبەکەیان ئەڵێن: ( بێدەوڵەتی بۆ مرۆڤی کورد وەک تراژیدیایەکی لێهاتووە. گەلێکی گەورە ، پەرتەوازە، نکۆڵی لێکراو، خیانەت لێکراو بەڵام لەهەمان کاتدا ” دژ بە خۆیشی”. نەبوونی دەوڵەت لە زۆر ناوەندی دیپلۆماسی و سیاسی و ئەکادیمیدا وەها دەبینرێت وەک ئەوەی کە هێشتا ئەم خەڵکە نەیانتوانیوە بە شێوازی مودێرن ‘ واتە بە شێوازی دەوڵەت ‘ خۆیان ڕیکبخەن ) ل ٧. ” دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان “.
وەکوو هەردوو نووسەر ئەڵێن ناوەڕۆکی کتێبی ناوبراو بریتیە لە توێژینەوە لە مەسەلەی کورد و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بەو مەسەلە پڕ لە گرێیەوە.

سەرەتا و پێش هەر شت ئەوەی زۆر سەرنج ڕادەکێشێت زمان و شێواز و مەنهەجی هەردوو نووسەرە لەم بەرهەمەیاندا.
ناکۆکی لەوە زەقتر نیە کە تۆ لەڕیی فکریەوە ناسیونالیست بیت ، نووسەر بی ، ئەکادیمیست بیت بەڵام بەزمانێکی سەتحی وکوردیەکی پڕ لەهەڵە و گرێ وگۆڵ ، شێوازێکی نووسینی نامەنهەجی و دوور لەستانداردە ئەکادیمیەکان ، ئەرگیومێنتی نەگونجاو لەگەڵ جەدەلی فکریدا ، بێیتە ناو بابەتێکی فرە ڕەهەند و ئاوکێشی واوە.
ئەم شێوازە لە نووسینی ئەکادیمی زۆر سەرنجڕاکێشە. ئاخر ئەمە یانی چی ” سەربەخۆیی پرۆسەیەکە لە پێناومسۆگەرکردنی بوونی مرۆڤی کورد لە دونیادا هاوتا بە مرۆڤەکانی دیکە” ل١٣ ؟ یان ” لە ڕاستیدا زووتر دەرکەوتووە کە چارەسەر لە ڕێگای ئۆتۆنۆمی یا فیدراڵی تەنها نیو چارەسەر یا چارەگە چارەسەرە ” ل ١٥. ئاخر دەستەواژەی وەکوو ” کوردستانی مەزن ” ل ٢٢ یا تێکەڵ کردن و هاومانا پیشاندانی هەردوو تێرمی ” نەتەوەیی ” و ” نیشتیمانی ” لەکام مەنهەجی ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستیدا جێیان ئەبێتەوە؟ بەڕاست ” ئەدەبیاتی یۆتۆپی کوردی ” ل ٢٩ یانی چی ؟ ئایا دۆستانی نووسەر دێن بەهانامانەوە و تیمانگەیەنن کە ” خەڵکی کوردستان تا ئێستا نادەوڵەتین ” ل ٣٢ یانی چی ؟ .

بۆ من و بێگومان بۆ هەر خوێنەریکی بەسەلیقەیش مایەی پرسیار و ڕامانێکی قووڵە: ئایا ئەم دوو دۆستەمان جیاوازیی نێوان ” کوردستانی ” و ” کوردی ” نازانن بۆیە وا لەزۆر شوێندا هاومانا بەکاریان دێنن یا ئەوان بۆ تەسویق و قبووڵاندنی بابەتەکەیان ئەیانەوێ بیجەڕێنن بێ گوێدان بە سەلیقەی خوێنەر ؟ ” پێکهاتە غەیرە کوردەکان بە دڵنیاییەکی زیاترەوە خوازیاری ئەوە دەبن کە لە چوارچیوەی دەوڵەتی کوردی ( کوردستانی ) دا بژین ” ل ١٣٠ ( دەقەکانم وەکوو خۆی هێناوەتەوە).
نموونەی لەوجۆرە و بێدەربەستیی و تێکەڵ وپێکەڵیی مەنهەجیی وەها لەم کتێبەدا زۆرن و زۆر جار مرۆڤ وا هەست ئەکات کە دەقێکی شیعری یا پەخشان و ئینشایەکی لاواز ئەخوێنێتەوە.

ئەی ناوەڕۆك چی؟

ئینسان هەرچی زیاتر لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە وورد ئەبێتەوە ( ل ١٢٦ ، بۆ نموونە ) هەستێکی غەمناکی قووڵ دایئەگرێت: ئایا بە فیعلی بێدەوڵەتی ئاوا مایەی خۆ بەکەمزانی و سووکایەتیە بۆ تاکی کورد؟ ئایا کورتکردنەوەی مرۆڤ وەکوو کەینوونەیەکی ئاڵۆز لە ” شوناسی نەتەوەیی ” دا و دەرکردنی ئەو حوکمە قورسە کە ” بێ شوناسی بێ ماڵییە ، بێ ماڵییش لە نەتەوەیەکی جێگیر و خاوەن جێگاوە دەتکات بە کۆمەڵیکی کۆچەری ، ئۆقرە نەگرتوو و بریندار و وێڵ بەدوای ماڵدا ” ل ١٢٧ ” تاوانێکی مەعریفی ” نیە ؟
بەڕاستی مایەی پرسیارێکی قووڵە: ئایا ئەوە ڕەنگدانەوەی پەژارەیی و سەرلێشێواویی فکریی ئەم برادەرانەیە یان مرۆڤی سەردەم فیعلەن بەو شێوازە تەماشای شوناس ئەکات لەم دنیا جەنجاڵ و فرەڕەهەندەی ئێستادا ؟ من گومانم نیە لەبوونی هەستێکی لەو جۆرە کە ئەو برادەرانە هێمای پێئەکەن لەناو چینێك لە مرۆڤی کوردستانیدا ، بەڵام ئایا هەرچی واقیعی بوو ڕاستە ؟ هەرچی بوونێکی دەرەکیی بوو جێی متمانە و پشتگیریە ؟ ئایا نووسەر و ئەکادیمیست لەو بینینە سادانەوە هەڵئەستێ بۆ سەڵماندنی ئەرگیومێنتەکانی ؟ ئایا ستراتیجیی سەربەخۆیی و دەوڵەتسازی لەو دەرك و هەستە خامانەوە هەڵئەستێ ؟ ئایا باوەشێنکردنی ئەو خامۆشی وپەژمووردەییە ، وەکوو هەستێکی ناتەندرووست ، ڕاستە ؟

بەکورتی و بەکوردی ، تێزی جەوهەریی هەریەك لە دوکتۆر بورهان یاسی و دوکتۆر سەردار عەزیز لە کتێبی ( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ) دا بریتیە لە پێداگیریی ئەوان لەسەریەکخستن و یەکڕیزیی ماڵی کورد ، ڕیفراندۆم وەکوو هەنگاوی یەکەمی سەربەخۆیی ، بەلاوەخستنی ناکۆکیەکانی ناوماڵی کورد ، پێداگیری لەسەر ناسیونالیزم و بیری کوردایەتی وەکو ڕێگەی ڕووناک بۆ ئەو ئامانجانە ، تەکمیلکردنی بینای نەتەوە لەڕێی بنیاتنانی دەوڵەتەوە ، بەدەستکرد ناساندنی ووڵاتی عێراق ، و سەرەنجام وەکوو ترۆپکی هەموویان سەرخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بەو مەرجەی پارتی هەموو پێکهاتەکان و لایەنەکان بکات بەشەریک لەو پرۆژەیەدا و گشت کارتەکان لەدەستی خۆیدا زەوت نەکات.

من لای خۆمەوە هەوڵ ئەدەم کە شیکاریەکی کورت بخەمە ڕوو لەسەر بەشێك لەو بابەتە جەوهەریانەی سەرەوە چونکە زەحمەتە بتوانرێت لەووتارێکدا هەموو ئەو ناڕۆشنی و تیکەولێکەییەی لەم کتێبەدا هەیە بخریتە بەر تیشکی ڕەخنە و ڕەنگ بێت لەبەر زۆری ئیشکالیەتی کتێبەکە وەڵامدانەوەیەکی هەمەلایەنەی کتێبێکی سەربەخۆی پێویست بێت. ئەڵبەتە مەبەستی من ، لێرەدا ، ئەوە نیە کە بانگەواز بۆ پرۆژەیەکی تر بکەم لەبەرانبەر ئەوەدا بەڵکوو دەرخستنی کڵۆڵیی بیری ناسیونالیستی و نەتەوەپەرستیە بەو تەفسیرەی کە ئەوان لێرەدا مەترەحیان کردووە کە بووە بەچرای ڕۆشنکەری باسەکەی ئەوان و لەوێوە موفرەداتە بنەڕەتیەکانی باسەکەی ئەوان شیبکەمەوە.

بایەخی ئەو مەسەلانە کاتێک زەقتر دەرئەکەون کە بارودۆخی ئێستای کوردستانی عێراق لەبەرچاوبگرین.
ئێستا سەرتاپای کوردستان بووە بە مەیدانی بەربەرەکانێ و کێشمەکێشێکی هەمەلایەنەی فکری و سیاسی لەنێوان بەرەی بەڵی و بەرەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆمێك کە لە ٢٥/ ٩ / ٢٠١٧ بەڕێوەچوو.
لێپرسراوەتیی ئەدەبی و ئەخلاقی و سیاسی داوامان لێئەکات کە بەووردی لایەنە جیاوازەکانی پەیوەندیدار بەو کێشمەكێشە بخەینە بەر باس. ڕەخنەکردنی ئەم کتێبە بەهانە و دەریچەیەکە بۆ بەرخوردکردنی لەگەڵ زۆرێک لەو بابەتانەدا بەتایبەتیش بەو ڕیوایەتەوە کە ئەو ٢ برادەرە خستویانەتە سەر کاغەز.
لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە کە ڕەخنەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە سەبارەت بە ” بیری ناسیونالیستی ” ی کوردی بخەمە ڕوو. ئەوە کارێکە نەك پێویست بەڵکوو ئەرکێکی ئیستەرەمیشە بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمە چڕکردنەوەی ڕەخنەیە لەسەر ئەو دیدگایەی هەردوو نووسەر سەبارەت بە مەسەلەی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ، بەتەعبیری خودی ئەوان ، کە لەم کتێبەدا خستوویانەتەڕوو و مەگەر تەنها بەناچاری و بۆ ڕۆشنکردنەوەی سەرنجەکان لەسەر هەمان ئەو بابەتانە ، لێرە و لەوێ ، ئاوڕێکی ڕەخنەگرانەش لە بنەماکانی ناسیونالیزمی کوردی بدەمەوە.

تێگەیشتن لە هەڵچوون و داچوونەکان وداهاتووی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردی عێراق کارێکی نیمچە مەحاڵە یا کارێکە زۆر کورت دێنێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ژینگەیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لە عێراقدا وەکوو ئاکامی سیاسەتی ئەمریکا ڕەخساوە بۆی.

قۆناغی دوای ڕووخانی بەعس بۆ ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا ، قۆناغی ناڕۆشنی ، پەرتەوازەیی ، بێئاسۆیی ، و شڵەژانە. بەهۆی مانەوەی بەعسەوە، پێش ٢٠٠٣ ، هێزەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا لەلایەکەوە وەکوو هێزی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و ئامادەترینیان ، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە بایەخیان پێئەدرا و لەولاشەوە گشت سیاسەتەکانی خۆیان لەسەرجەم بوارەکاندا لەبەرچاوی خەڵک بەمانەوەی بەعسەوە پاساو ئەدا. ڕووخانی بەعس لەهەردوو ئەو بیانووە بێبەشی کردن. ئیتر ڕەوتی ڕوولەنشێوی بزووتنەوەی کوردایەتی بەردەوام ئەبێ و تاهاتووە پایە فکری و سیاسیەکانی وەکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لەناو خەڵکدا لەرزۆک و فشەڵ دەبن و دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی هەرێمیش کە نوێنەری سیاسی و تەبەلوری حیزبیی ئەو بزووتنەوەیەیە ، ڕسواتر و بێپایەتر ماوەتەوە لەناو خەڵکدا. ئیتر کار گەیشتووە بەشوێنێک کە خەڵک بەچاوی دوژمنی خۆی ئەڕوانێتە ئەو دەسەڵاتە و سیمبولەکانی.

بەڵام هەمیشە و بەشێوەیەکی میکانیکی ناکرێ دڵ بەوە خۆشکرێ کە گوتاری ناسیونالیستی و هێزە سیاسیەکانی ئەو بزووتنەوەیە تەریک بکەون لەناو خەڵکدا و دووچاری پاشەکشە ببن و ئەوە خۆبەخۆ بەمانای بەهێزبوونی ڕەوت و گوتار و بزووتنەوەی نیشتیمانی نایەتەوە. ئەوەی ئێستاش لەکوردستاندا دەیبینین ڕێک وایە: سەرباری کاڵبوونەوەی گوتاری کوردایەتی و ڕووتبوونەوەی هەردوو باڵی تەقلیدیی ئەم بزووتنەوە سیاسیە ، واتە پارتی و یەکێتی ، لەهەر شەرعیەتێکی سیاسی و ئەخلاقی و دەرکەوتنیان وەکوو دوو هێزی تاڵانکەری سامانی نیشتیمانی ، زەوتکەری دەسەڵاتی سیاسی ، مشەخۆر و گەندەڵ ، بێدەربەست بە هەر بنەما و پرەنسیپێکی نیشتیمانیی کوردستانی و .. ، تاد ، بەلام هێشتا ئەو هێزانە ئەتوانن دەسەڵاتی سیاسیان درێژە پێبدەن ، گوتاری کوردایەتی بەزیندووی ڕاگرن ، مۆبەلایزی خەڵك بکەن ، مانۆری سیاسی ئەنجام بدەن ، هاوپەیمانێتیی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی سازبدەن …، تاد ،بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بەدەسەڵاتی خۆیان بدەن.
بەکورتی ڕاستە کە شعوری گشتی خەڵك لەبەرانبەر ئەم هێزانەدا گۆڕانی زۆری بەخۆوە دیوە و بگرە خەڵك ئەم حیزب و دەسەڵاتە وەکوو هێزێکی چەوسێنەر و سەرکوتگەر و بێگانە بە ژیان و بەرژەوەندیی خۆی تەماشا ئەکات ، بەڵام ئەوان هێشتا بواری مانۆری زۆریان لەبەردەمدا ماوە. هۆی سەرەکیی ئەوە یەك شتە : هێشتا ئەو پاشەکشێ و ڕسوابوونەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی نەگۆڕاوە بە ڕەخنەیەکی هەمەلایەنە و ڕۆشن لە ناسیونالیزم و تووڕهەڵدانی و سنووربەندیەکی ڕۆشن لەگەڵیدا تا خاڵی کۆتایی کە بریتیە لە خستنەڕوو و بونیاتنانی فکرێکی سازگاری نیشتیمانیی کوردستانی کە ئامانجی یەکەم و کۆتایی خۆی بە بەرزڕاگرتنی شکۆی هاووڵاتی بناسێنێت بەبەدیل و ڕوئیەی ڕۆشنی سیاسی و فکریەوە. ئەوە گەورەترین بۆشایی سیاسی و فکریە لە ئەمڕۆی کوردستانی عێراقدا.

یەکێک لە کۆڵەکەکانی ناسیونالیزم و بیری ناسیونالیستی بریتیە لە معیاری بەرژەوەندی نەتەوەیی ( ( National interest
کە معیارێکی سەرەکیە لە ڕوانگەی فکری ناسیونالیستیی کلاسیکەوە. بەڵام ناسیونالیزمی کورد لە ئەمڕۆدا نەك ئەو بنەمایە ناکات بە قیبلەنمای سیاسەتکردن و دیاریکردنی هەڵوێستەکانی بەڵکوو ڕۆژانە لەبازاڕی سیاسەتدا هەڕاجی ئەکات. یاخود پێکهێنانی سوپای نیشتیمانی کە ناسنامەیەکی تری سیاسەت و فکری ناسیونالیستیی کلاسیکە بەڵام لای ناسیونالیستی کوردی ئەمڕۆ جێی خۆی ئەدا بە میلیشیای پارێزەری حیزب و بنەماڵە و بەدەستی ئەنقەست کۆسپ دەخاتە سەر ڕێی سەرهەڵدانی وەها دەزگایەك. ئەو ٢ نموونەیە گەرچی لەڕواڵەتدا دەرخەری ناکۆکیەکی ناوەکین بۆ دەسەڵاتی ناسیونالیستیی کوردی عێراق بەڵام لەڕاستیدا نەك ناکۆکی بەڵکوو نیشاندەری ئینحیتات و داتەپین و گیانەلاویی فکری ناسیونالیزمن لەم سەردەمەدا وئەوە دەرخەری پووچیی ناسیونالیزمی کورد و دەرگیربوونیەتی بە ئەزمەیەکی ماهەوی نەك لادان بێت لە ناسیونالیزم.

دەوڵەت بۆ نەتەوە یا بۆ خێڵ؟
هەردوو نووسەر پێداگیری لەسەر ئەوە ئەکەن کە دەوڵەتێك کە ئەوان بەرگری لەدروستبونی ئەکەن دەوڵەتێکە بۆ نەتەوە یا دەوڵەتێکە بۆ کورد لەبەرانبەریشدا هەوڵی دەسەڵاتدارەتیی کوردی لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتدایە بۆ خێڵ.
ئەوان ئەڵێن ” ئێمە وەهای دەبینین کە ململانێیەکی سەرەکی لە کوردستان لەسەر ئەوەیە کە دەوڵەت بۆ کێ بێت. لەم بارەیەشەوە ئاراستەیەکی ناتەندروست هەیە کە دەخوازێت دەوڵەت بکات بە موڵکی تاکە کەسێک یان کەسانێک، خێڵیك یان بنەماڵەیەك”. ل ٣٤ تەئکیدەکان هی ئەوانە.
هەردوو نووسەر لێرەدا تا ئەو ئاستە خۆیان گوشیوە و ئەوپەڕی ڕادیکالیزمی خۆیان نواندووە تا بڵێن ئەوان دەوڵەتیان بۆ خەڵك ئەوێت لەکاتێکدا بزووتنەوەی ڕەسمیی ناسیونالیستیی کورد کە پارتی ڕابەر و خاوەن پرۆژەی ” دەوڵەتی کوردیی” ئەمڕۆیە دەوڵەتی بۆ خێڵ ئەوێت.

لێرەدا سەرباری ناڕۆشنیی دیدگای هەردوو نووسەر و ئەوەی لەو دیدگایەی ئەواندا بە ئاشکرا سەردەردێنێت دەوڵەتی نەتەوەییە نەک مۆدێلی دەوڵەتی هاووڵاتی و ئەوەش ناتوانێت ئەو خەسڵەتەی دەوڵەتی جێ بڕوای ئەوان بشارێتەوە کە لێرە و لەوێ بنووسن کە ” پێویستە دەوڵەت دەوڵەتی خەڵک بێت”. دەستەواژەی ” دەوڵەتی خەڵك ” تەعبیرێکی کرچ و کاڵ و سەییال و نادیارە بەتایبەتی لەبەرانبەر ئەوەی ئەوان پێی ئەڵێن ” دەوڵەتی خێڵ ” .
مەعلوومە کە نە ” دەوڵەت بۆ خەڵك ” ی ئەمان خۆبەخۆ خەسڵەتی بنەڕەتی ئەو دەوڵەتە نیشان ئەدا و نە ” دەوڵەت بۆ خێڵ ” یش کە داویانەتە پاڵ پارتی و بارزانی دەوڵەتێکە بۆ خودی ماڵبات یا خێڵی بارزانی.
تێزی دەوڵەت بۆ کێ بێت خۆی لە خۆیدا سنوورێکی ئاشکرا دانانێت لەگەڵ خەسڵەتی بنەڕەتیی ئەو دەوڵەتە مەوعودەی ئەوان کە دەیان جار پێداگری لەوە ئەکەن کە دەوڵەتی کوردی ، دەوڵەتە بۆ مرۆڤی کورد یا دەوڵەتێکی ناسیونالیستیە.

ئەمان لەژێر تەپوتۆزی هەڵوێست وەرگرتن لەبەرانبەر مەترسیی ” دەوڵەت بۆ خێڵ یان بنەماڵە ” و هێنانە ناوەوەی بێ مناسەبەی باسی ” دەوڵەتی شکستخواردوو” دا ئەیانەوێ بەرگری لە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی تێپەڕێنن. تەنانەت ئەوان کێشەکەیان لەگەڵ سەرانی پارتی ودەسەڵاتدارەتیی ناسیونالیزمی کورددا لەوەدا کورت ئەکەنەوە کە ئەوان ” دەوڵەت بۆ بنەماڵە و خێڵ ” دروست ئەکەن و ئەوەش ” ئاراستەیەکی ناتەندرووست” ە یا بە قەولی خۆیان ” ئەم خواستە یا ئەم تێگەیشتنە دەرەنجامی ڕوانگەیەکی سەقەتە لە دونیای کوردیدا ، کە کەسێک خاوەنی بنەماڵە و خێڵە ، هەوڵ دەدات خاوەنی پڕۆژەی ناسیونالیزمی مودێرنیش بێت ، کە دەوڵەتە”. ل ٣٤.
سەردار و بورهان ئەیانەوێ کێشە ئاڵۆزەکانی ناسیونالیزمی کورد و ناتەباییەکانی داگرن بۆ ئاستی کێشەیەکی سۆسیۆلۆجیی جیاواز کە کێشەی خێڵە وبەوجۆرە خۆیان دوور بگرن لە ڕەخنەکردنی ناوەڕۆکی کێشەکە کە شتێک نیە جگە لە خودی ناسیونالیزم و ناتواناییە مێژووییەکانی ناسیونالیزمی کورد و ناکۆکیە دەروونیەکانی وەکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و تەیارێکی فکری. ئەوان بیریان چەند هەزار کیلۆمەترێك بڕ ناکات تا چاوێك بەدەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوودا ( هەر بۆ نموونە ) بگێڕن کە هەم سەربەخۆبوونەکەی و هەم مۆدێلە ئابووریەکەی گەشەسەندنی بەڕابەریی خێڵ و شێخەکانی ئەو ووڵاتە بەدەست هاتووە و بەو مانایە ئەوە جەهەری کێشەکە نیە.
پەژمووردەیی دیدگای هەردوو نووسەر ، شتێك نیە جگە لە ڕەنگدانەوەی واقیعیی پەژمووردەیی و وونکردنی ئاراستەی هاوبەش لە ڕیزەکانی ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا.
ئەم ناسیونالیزمە ، وەکوو هێزێکی سیاسی ، خاوەنی ووتاری هاوبەش و یەکگرتوو نیە، بێبەریە لە ڕیزی سیاسیی مونسەجیم ، پرۆژەیەکی چوونیەك ویەکدەنگ و هەنگاوی کردەیی هاوبەشی نیە و لەمەدای نزیکیشدا ناتوانێت دەستی بەو دیدگا هاوبەشانە بگات.

ڕایەڵ و پۆی ئەم کتێبە بەیەک بۆچونی هاوبەشی هەردوو نووسەر تەنراوە: پارتی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستانی ڕفاندووە و لایەنەکانی تر ( ئەمان زیاتر مەبەستیان گۆڕانە ) ناکات بەشەریکی خۆی لەو پرۆژەیەدا؟ لای ئەمان ( پارتی هێزێکە یەکخەری کوردستان نیە بەڵکوو دەخوازێت هەر یەکخستنێك لەژێر سایەی ئەودا بێت و بەڕوانگەیەکی تەقلیدی فیوداڵی کە تیایدا کەسی مەسعوود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی بە برا گەورە بزانێت ). ل ٤٧
ئەم شا تێزەی هەردوو نوسەر چەند سەرنج هەڵئەگرێت:

یەکەم: بۆچی هێزەکانی تری بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد ( دیارە لێرەدا زیاتر مەبەست لە چوارچێوەی جوگرافیی کوردستانی عێراقە ) سەربەخۆ لە پارتی پرۆژەی خۆیان بۆ ( سەربەخۆیی کوردستان – ئەمە تەعبیری خۆیانە ) ناخەنە ڕوو و گەر دەسپێشخەریشیان نەکرد بۆ ئێستا نایکەن تا هەمووان لە خاسیەتە جیاوازەکانی ئەو پرۆژەیەش تێبگەن؟

دووەم: تا ئێستاش بەڕەسمی هەموو لایەنەکان پاشەکشە و پاشگەزبوونەوەی خۆیان لە هەڵوێستی تا ئێستایان و پابەندبوونی خۆیان بە ڕێگەچارەی فیدرالی و شەراکەت لەگەڵ عێراقدا ڕانەگەیاندووە. بەئێستاشەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان چ وەکوو هەڵبژاردنێکی سیاسی و بەرنامەیی و چ وەکوو پراتیك بەتەواوی پابەندن بە ڕێکەوتن و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە شیعیەکانی عێراق و ئەوە بە بژاردەی سەرەکی خۆیان ئەزانن و دەستیان لێی نەشتووە.
هەرچی پارتیە هەڵوێستەکەی لەناوەڕۆکدا لەوان جیا نیە بەڵکوو خوازیاری ئەوەیە کە مەلەفی فیدرالیەت و پەیوەندی بەغدا و کوردستان بەتەواوی لەبەردەستی ئەودا بیت و پێی وایە کە جێ و شوێنی ئەوان ( پارتی ) لەبەغدا هاوسەنگ نیە لەگەڵ ئەو جێ وشوێنە گەورە و چارەنووسسازەی کە لەناوخۆی هەرێمدا هەیەتی.

سێیەم: هەر لەپەیوەند بە خاڵی پێشوەوە پارتی لە ئاستی کوردستاندا لەچاو هەموو هێزە سیاسیەکانی تردا بەهرەمەندە لە جێگایەکی پتەوتر و لەپێشتر و توانیویەتی هەموو مەلەفە ستراتیجیەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چنگی خۆیدا کۆکاتەوە و لەپرۆسەیەکی ١٥-٢٠ ساڵیدا و بەنەخشەی زۆر وورد توانیویەتی پاشەکشەی گەورە بەسەر یەکێتی و لەم دواییانەش گۆڕاندا بسەپێنێ و لەوێوە وەکوو ( مدعی ) و سووکان بەدەستی ماشینی ( کوردایەتی ) جیپێی خۆی مەحکەم بکات و ئەو دوو هێزەی تریش مادام کە هەڵگری هەمان ستراتیجین و بۆ ئەو ستراتیجیەش نەخشەیەکی تری جیاوازیان نیە ، ناچارن سەرەنجام مل بدەن بە سیاسەتی جێگرتن لە پاشکۆی پارتیدا لە ڕاستای هەمان ستراتیجیدا.

یەکێتی ساغبۆتەوە بەو ئاراستەیە و زۆربەی نیشانەکانیش ئەوە دەخویننەوە کە گۆڕانیش سەرەنجام دوای هەندێ ژانی لەدایکبوون ببێت بە هێزێکی ڕادیکالی ناو هەمان بزووتنەوە بەو مەرجەی بۆ پاراستنی ئاوی ڕوو ( ماء الوجه ) جێگەیەکی وای بدرێتێ کە بەشایستەی خۆی ئەزانێت.
ئیتر هیچ بۆڵە و خورتە و گلەییەك لەپارتی ، بۆ هێزێك یا بۆ کەسایەتی و لایەنێك کە هەڵگری هەمان ئاسۆ و ستراتیجی و دنیابینی بێت ، ( لێرەشدا بۆ هەردوو نووسەری بەڕێز ) ڕۆڵیکیان نابێت جگە لە گۆڕانیان بە برغوویەك لە ماشینێکی گەورەتر کە پارتی و بارزانی سووکانەکەیان بەدەستە.

هەمیشە کێشمەکێشی نێوان هێزە ناسیونالیستەکان لەسەر شێوازی گەیشتن بەیەک ستراتیجی ئەم پریشکانەی لێکەوتۆتەوە. بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەب لە عێراق ، سوریا ، لیبیا ، میسر ، فەلەستین هەمیشە مەیدانێکی گەشەکردن و بەرەوۆێشچوونی ، دینامیکیەتە ناوخۆییەکەی و ململانێ و جەدەلی ناو ڕیزەکانی خۆی بووە. هەمیشە باڵێکی تری ناسیونالیزم و لەوانە لە ڕیزی ناسیونالیزمی کوردیشدا ، ڕادیکالتر تەکانی داوە و زۆر جاران ئەو ڕادیکالیزمە ڕەنگدانەوەی خویندنەوەیەکی ناواقیعیی تەرازووی هێزەکان و تواناکان و هێزی فاکتەرە دژەکانیش بووە.

پارتی نەك هەر تەحەموولی ئەو ڕەخنەگرانەی ڕیزی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کوردی ئەکات بەڵکوو سوود و کەڵکیشی لێوەردەگرێت. پارتی هەر ئێستا توانیویەتی بوونی ئەمجۆرە دەنگ و ڕەنگانە تەوزیف بکات لەبەرانبەر دەوڵەتی ناوەندی عێراق بۆ مەحکەمکردنی جێپێی خۆی لەبەرانبەر بەوان و بردنەسەرئی سەقفی داخوازیەکانی و ترساندنی بەغدا بە ( بعبع ) و دێوەزمەی ڕەوتێکی ناسیونالیستیی کوردیی تووندڕەوی وا کە بۆ بەغدا باشترە بێن بەدەنگی داخوازیەکانی پارتیەوە تا ئەو دێوەزمەیەش ئارام بکەنەوە و ئیحتیوای بکەن و بەو جۆرە پەیامە ئەیەوێ بەغدا ناچار بەملدانەواندن بکات بۆ خواستەکانی.
لەناوخۆی کوردستانیشدا هەمان شت. پارتی کەڵکی زۆر لە دەنگی نەخێرەکان و ڕەخنەگرەکانی تری ریزی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد وەرئەگرێت و سەرکوتووبووە لە تەوزیفکردنیان بۆ مەرامە سیاسیەکانی خۆی لەناوخۆشدا.

ستراتیجی پارتی و پلانە سیاسیەکەی بۆ هەنگاونان لەمڕۆدا ڕووەو ئەو ستراتیجە ، ڕەنگدانەوەی ئاستی گەشە و تواناکان و هێزی ناسیونالیزمی کوردە لە عێراقدا لەبەرانبەر بەودا ، گەر ڕەخنەگرانی ناو هەمان بزووتنەوە و ستراتیجی سیاسیی لێدەرکەین ، بزووتنەوە و ستراتیج و ڕەوتێکی تر نابینین کە توانیبێتی ململانێیەکی جدی و ڕاستەقینە لەگەڵ پارتیدا بکات.
ئەوە کلیلێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕیزبەستنی هێزی سیاسی لەکوردستانی عێراق و تێگەیشتن لە جێگەی پارتی لەم قۆناغەدا.