میراتی فلادیمێر لینین …. چاوپێکەوتن لەگەڵ تاریق عەلی

ئامادەکردنی: سوزی وایزمەن

وەرگێرانی: گۆران عەبدوڵڵا ….

پاش سەد ساڵ لە شۆرشی ڕوسیا، هێشتاش بیرو باوەڕی لینین سەبارەت بە دیموکراتی و تیرۆریزم و شۆڕش گرنگی خۆیان هەیە.
نووسەرو دەرهێنەرو ڕۆژنامەوان تاریق عەلی کتێبێکی نوێی کەوتە ژێر چاپەوەبەناوی: کێشەکانی لینین: تیرۆر، شەڕ، ئیمپراتۆری،خۆشەویستی و شۆرش کەوتە ژێر چاپەوە بە بۆنەی یادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر. لە نیساندا وە بەتایبەت پاش سەد ساڵ لە نووسینی ” مەوزوعات نیسان”ی لینین کە تیایدا بانگەوازی چەک هەڵگرتن کراوە، ئەوەبوو لە شۆڕشی فێبریوەری توانرا قەیسەر لەدەستەڵات وەلابنرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەوەی شوراکان بگەنە دەسەڵات.
ئەم کتێبەی تاریق (The Dilemmas of Lenin ) بە پێچەوانەی ئەوەی کە پێمان گەیەنراوە لە پێشتردا، ئەو لینینەمان لە گۆشەیەکی ترەوە پێ پیشان دەدات کە چۆن حەزی لە ئەدەبی لاتینی و مۆسیقای کلاسیک و ئەو بارو دۆخە سیاسیە شڵەژاوەی کەکاریگەری قوڵی لەسەر خێزانەکەیان هەبوو.
ئەوەشمان پێ پیشاندەدات کە چۆن مێژو” لینین”مان وەک دیکتاتۆرێکی بێبەزەیی پێ دەناسێنێ. سەیردەبێت کاتێک گوێ بیستی پابەندبونی بە دیموکراسیەتەوە دەبین!
لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ سۆزی وایزمەن لە ڕادیۆی جاکۆبین، پەردە لادەدا لەسەر هەموو ئەو پروپاگەندانەی سەبارەت بە ڕۆڵی لینین لە مێژوداکراوە، هەروەها یارمەتیمان دەدات بۆ هەڵسەنگاندنی باوەڕەکانی لینین و کردارەکانی و پەیوەندێکانیان لەگەڵ ئەمڕۆدا…….

بۆ درێژەی بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..تاریق عەلی




جیاوازی نێوان كۆمۆنیزم و سۆسیالیزم چییە؟ … و: ڕه‌وه‌ند محه‌مه‌د جه‌میل

سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم دوو ڕێبازن, لێكچوون و جیاوازی زۆر له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. هه‌ردووكیان له‌ ئامانجیاندا كۆكن دژ به‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی سه‌رمایه‌داری كلاسیكن, بۆیه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ جیاوازی له‌ نێوانیاندا بكرێت, له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ وڵاتان شێوه‌ی جیاوازی هه‌ردوو سیسته‌مییان په‌یڕه‌وكردووه‌, جگه‌ له‌مه‌ش زۆرێك له‌ هزرمه‌ندانیش پێناسه‌ و ڕاڤه‌ی هه‌ردوو ئایدیۆلۆژیایان كردووه‌, به‌ڵام هزرمه‌نده‌كان سه‌رجه‌م پێناسه‌ و ڕاڤه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای باگڕاوندییانه‌وه‌ پێناس ڕاڤه‌كردووه‌, بۆیه‌ ئه‌و پێناس و ڕاڤانه‌یان بێ‌ لایه‌نگیری نییه‌, به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌توانین هه‌ندێك جیاوازی سه‌ره‌كی له‌نێوان سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمدا بدۆزینه‌وه‌.

كۆمۆنیزم:

ده‌سته‌واژه‌یه‌كه‌ مانای زۆری له‌خۆوه‌ گرتووه‌, ڕه‌نگه‌ شێوه‌ حكومه‌تێك بێت, یان سیسته‌مێكی ئابووری, یان بزافێكی شۆڕشگێڕی, یان شێوه‌ ژیانێك, یان ئامانجێك یان ئایدیال. ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵێك هزره‌ له‌سه‌ر چۆن و بۆ ڕووداوه‌كانی مێژوو سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ و چ ئاراسته‌یه‌كیان گرتووه‌, ده‌توانین بڵێین ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌و هزرانه‌ی پێشخستبێت (فلادیمێر لینین)ی ڕابه‌ری شۆڕشگێڕی ڕووسیایی بوو, كه‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م پشتی به‌ست به‌ نووسینه‌كانی (كاڕل ماركس).

سۆسیالیزم:

سیسته‌مێكی ئابووری له‌ بنچینه‌ ڕۆژئاواییه‌ و بزافێكی ڕامیاری تێۆری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌. زۆربه‌ی سۆسیالیزمه‌كان لایان وایه‌ حكومه‌تی نیشتمانی یان خۆجێیی ده‌بێت خاوه‌نی سامانی نیشتمانی بێت و سامانه‌كه‌ش به‌كار بێنن بۆ تاك. تێوری سۆسیالیزم پێیوایه‌ كه‌ ده‌بێت وڵات خاوه‌نی خاك و كارگه‌ و ئامرازه‌كانی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێنان بێت, له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیان وایه‌ خراپه‌كاری له‌ ده‌رگای خاوه‌ندارێتی تایبه‌ته‌وه‌ دێته‌ ژووره‌وه‌.

سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم وه‌ك سیسته‌مێكی ئابووری

ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌یین هه‌ندێك له‌ هزرمه‌ندان لایان وایه‌ كه‌ سۆسیالیزم ته‌نیا سیسته‌مێكی ئابوورییه‌, به‌ڵام كۆمۆنیزم سیسته‌مێكی ئابووری و ڕامیارییه‌. سۆسیالیزم وه‌ك سیسته‌مێكی ئابووری كار له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسه‌تی ئابووری ده‌كات و ئاراسته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی, به‌ڵام كۆمۆنیزم كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئابووری و كۆمه‌ڵگا به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شێویه‌كی كۆمه‌ڵ ئاراسته‌بكات, خاوه‌ندارێتیش كۆكرابێته‌وه‌ له‌ده‌ستی وڵات, دابه‌شكردنی سامانیش له‌ده‌ستی وڵات بێت بۆ گه‌ییشتن به‌ ئامانجی كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ‌ چینایه‌تی و بێ‌ ده‌سه‌ڵاتداری.

ئه‌گه‌ر سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم كۆكبن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دابه‌شكردنی كاڵا و خزمه‌تگوزاری به‌سه‌ر تاكه‌كانی گه‌ل به‌ده‌ستی یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بێت, به‌ڵام ناكۆكن له‌سه‌ر شێوه‌ی دابه‌شكردنی, له‌به‌رئه‌وه‌ی سۆسیالیزم پێیوایه‌ دابه‌شكردنه‌كه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌باره‌ی به‌شداریكردنی تاك بێت له‌ به‌رهه‌مهێنان, به‌ڵام كۆمۆنیزم پێیوایه‌ ده‌بێت دابه‌شكردنی كاڵا و خزمه‌تگوزاری له‌ئاستی پێویستی مرۆڤ دابێت, به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی سه‌یری به‌شداریكردنی تاك بكرێت له‌ به‌رهه‌مێنان, له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ كه‌متر یان زیاتر ببات له‌وه‌ی كردوویه‌تی.

كۆمۆنیزم پێیوایه‌ ده‌بێت هه‌رچی زووه‌ و ده‌ستبه‌جێ‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ كۆنتڕۆلی سه‌رمایه‌داری له‌ كه‌ره‌سته‌كانی به‌رهه‌مهێنان نه‌هێڵرێت, بۆ گه‌ییشتن به‌ وڵاتێكی بێ‌ چینایه‌تی, به‌ڵام سۆسیالیزم پێیوایه‌ سه‌رمایه‌داری ده‌توانێت به‌شێك بێت له‌ وڵاتی سۆسیالیزم, له‌به‌رئه‌وه‌ی سۆسیالیزم ده‌توانێت كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌دار به‌ڕێوه‌ببات. به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رمایه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆلی سیسته‌می ئاماری ناوه‌ندی دابێت بۆ ئاراسته‌كردنی ئابووری, به‌م شێوه‌یه‌ سه‌رجه‌م تاكه‌كان سوودمه‌ند ده‌بن له‌ سه‌رمایه‌ و كه‌مینه‌یه‌ك ناتوانێت ده‌ست به‌سه‌ر تاكه‌كاندا بگرێت.
جیاوازییه‌كی دیكه‌ش له‌ نێوان كۆمۆنیزم و سۆسیالیزمدا هه‌یه‌, ئه‌ویش كێ كۆنتڕۆلی ژێرخانی ئابووری وڵات بكات, له‌به‌رئه‌وه‌ی سۆسیالیزم هه‌وڵ ده‌دات ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ زیاد بكات كه‌ توانای كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ چۆنێتی كاركردن له‌ سیسته‌می ئابووری وڵات, به‌ڵام كۆمۆنیزم هه‌وڵده‌دات ژماره‌یان كه‌م بكاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:
مختصر المفید




کەندێناوە سەرەتای تەعریب‌و سەرەتای دەستپێکردنەوەشی … شێرکۆ کرمانج

هەر جارێک پرسیاری تەمەن‌و ڕۆژی لەدایکبوونی خۆم بکردایە، دایکم دەیگۆت کوڕم ئەتو تەقریبەن چار مانگانبووی لە زگم کە حەرەس قەومی ‌و عەسکەر هاتن گابەرەکەو چەندین گوندی دیکەیان لە کەندێناوە سوتاند. بابت لەگەڵ تەواوی خەڵکی گابەرەکەو ئەو گوندانەی کە سوتێندران بردران‌و لە موسەیب لەودیوی بەغدای زیندانیکران. ئەو ڕۆژی خوا ئەتوی دا مە بابت‌و خەڵکەکە لە زیندان بەربوون. ئەو وەختی ئەمە لە هەولێرێ بووین چونکە حکومەت پاش گرتنی پیاوەکان ژنەکانیان دەرکرد لە گوندەکان. دایکم ئێستاش ئاوا چیرۆکی لەدایکبوونی من دەگێڕێتەوە کە لەڕاستیدا تەنیا چیرۆکی لەدایکبوونی منداڵێک نییە بەڵكو چیرۆکی هەوڵی زیندەبەچاڵکردنی گەلێکیشە لەڕێگەی تەعریب‌و ڕاگواستن‌.

سوتاندنی ئەو گوندانەی دایکم باسی دەکردن لە کەندێناوە لە ١٩٦٣ دا کە ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی ٣٠ گوند لە ٧٠ گوندی ناوچەکە دەکرێت بەسەرەتای تەعریبکردنی سیستەماتیکانەی ناوچە کوردستانیەکان لە باشوری کوردستان دابنرێت. هەندێک نوسەرو توێژەر پڕۆسەی تەعریبکردنی کوردستان دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی کاتێک یاسین هاشمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ١٩٣٦ دا ئاسانکاریی زۆری پێشکەش بە خێڵە عەرەبەکانی دیوی ڕۆژئاوای زێی دیجلە کرد تاوەکو بێن لە دیوی ڕۆژهەڵاتی دیجلە لە ناوچەی حەویجە پێگەدانێن، ئەویش بە لێدان‌و ڕاکێشانی کەناڵێکی ئاو تاوەکو عەرەبەکان لە دەوروبەری کەناڵەکە بەروبومەکانیان بچێنن‌و نیشتەجێبن. بەڵام ئەم هەوڵانە زۆر سیستەماتیک نەبوون چونکە خێڵە کوردییە نیمچە ڕەوەندەکانیش ئازادکرابوون کە کەڵک لەم پڕۆژەیە وەرگرن بەس کوردەکان تەنانەت بەپیر بانگەوازی هەندێک لە ڕوناکبیری کوردیشەوە نەچون بۆ نیشتەجێبوون لەو ناوچانە.
مەبەست ئەوەیە کە پێش هاتنی ناسیونالیستە عەرەبەکان بۆ سەر حوکم لە ١٩٦٣ هاتنی عەرەب بۆ کوردستان زیاتر بەشێوەی گەشەیەکی سروشتی بووە لەوەی سیاسەتێکی تەعریبی سیستەماتیکی لەپشت بووبێت. بەڵام لەوکات بەدواوە تەعریبکردن شێوازێکی سیستەماتیکانە بەخۆیەوە دەبینێت‌و لەئاکامیدا لەنێوان ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ نزیکەی ٣٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، واتە ٤٢%، ی خاکی کوردستان، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەر سیاسەتەکانی تەعریب کەوتووە.

ناوچەی کەندێناوە لەم هەڵمەتە سیستەماتیکییە پشکی شێری بەرکەوتوە. یەکەم هەوڵی تەعریبکردنی ناوچەکە لە ١٩٦٣ دا لەسەر دەستی حەرەس قەومییەکان‌و ناسیونالیستە عەرەبەکان لەسەردەمی عەبدولسەلام عارف ئەنجامدراوە، کە وەک گوتم نزیکەی ٣٠ گوندی گرتەوە. دووەم هەوڵ لە ١٩٧٥ دا لەسەر دەستی بەعسییەکان لەسەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکر جێبەجێکرا. تەنیا ئەو گوندانەی گرتەوە کە ئەوکات نەوتیان تێدا دۆزرابۆوە کە ژمارەیان ٢٩ گوند بوو. سێیەم هەوڵ لە ١٩٨٧ لەسەر دەستی بەعسییەکان لەسەردەمی سەدام حوسێن وەگەڕخرا کە تەواوی گوندەکانی کەندێناوەی گرتەوە.
لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ دا خەڵکی تەواوی گوندەکانی کەندێناوە بەشێوەیەکی پچڕپچڕو بەژمارە کەم گەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان‌‌و بەگشتیش خەریکی ئاژەڵداری‌و کشتوکاڵن. لەدوای شکستی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لێرەو لەوێ قسە لەسەر گەڕانەوەی عەرەبەکان بۆ ناوچەی کەندێناوە کراوەو دەکرێت، بەتایبەتی ئەو گوندانەی کە لە ١٩٧٥ ‌ـەوە عەرەبیان تێدا نیشتەجێکرابوو. لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ ی کانونی دووەم، گروپێکی گەورە لەو عەرەبانەی کاتیخۆی لەناوچەکە نیشتەجێکرابوون بە پاڵپشتیی پۆلیسی ئیتیحادی عێراقی و بەڕەزامەندی پارێزگاری کەرکوک هاتونەتە گوندی پەلکانە، یەکێک لە گوندە تەعریبکراوەکانی کەندێناوە. لەوێ هەندێک ماڵیان داگیرکردوەو هەڕەشەیان لە خەڵکەکەش کردوە کە دەبێت گوندەکە جێبهێڵن.

ئێستا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ شکستپێهێنانی هەوڵی دووبارە تەعریبکردنەوەی ناوچەکە لەژێر سایەی حکومەتەکەی عەبادی. لەو پەیوەندە واچاکە هەڵوەستە لەسەر هەندێک پرس بکرێت‌و هەندێک ڕاستیی بخرێنەڕوو، لەوانە:
یەکەم، حکومەتی مەرکەزی عێراق دەیەوێت خۆی لەم هەوڵە نەبان بکات‌و بیخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی پارێزگای کەرکوک وەک ئەوەی کە گەڕانەوە بۆ سیاسەتی تەعریب بەشێک نیە لە سیاسەتی حکومەتی مەرکەزی. ئەم قسانەی حکومەتی مەرکەزی بە سەرکردایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەڕاستییەوە دوورن چونکە دوای شکستی ئۆکتۆبەر ئەوە بۆ چەند مانگێک دەچێت هەوڵی ئێجگار چڕو بەرفراوان دراوەو دەدرێت بۆ دووبارە تەعریبکردنەوەی تەواوی ناوچە کوردییەکان بەتایبەتی ناو شاری کەرکوک. نمونەی ئەم هەوڵانە دانی پسولەی خۆراک‌ (البطاقة الغذائیة) و پسولەی نیشتەجێبوون (بطاقة السکن) ـە بە سەدان عەرەبی هاتوو (عرب النازحین) لەناو شاری کەرکوک. مەترسی ئەم کارە لەوەدایە کە پسولەی خۆراک‌و پسولەی نیشتەجێبوون لە هەڵبژارادنەکان بنەمای سەرەکین بۆ مافی دەنگدان لە هەموو شوێنێک، ئەمەش بە دڵنیاییەوە هاوکێشە سیاسییەکان‌و کورسییە براوەکان لە هەڵبژاردنی داهاتودا بە قازانجی هێزە عەرەبییەکان‌و بەدژی هێزە کوردییەکان دەگۆڕێت. هەر لە بنەڕەتیشدا پڕۆسەی تەعریب، بەکۆن‌و بەنوێیەوە، بۆ ئەم مەبەستە داڕێژراوە.

دووەم، ئەم هەوڵانە ناکرێت‌و نابێت لەلایەن گەلی کوردستانەوە قەبوڵبکرێت چونکە دژی مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان‌و پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی مرۆڤیشە بەگشتی. کوردستانیان دەبێت ئەم هەوڵانەی لایەنە عێراقییەکان بکەن بە سەرەتایەک بۆ زیندوکردنەوەی ماددەی ١٤٠ لە دەستوری عێراق کە بە ڕون‌و ئاشکرا پێداگری لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری تەعریب دەکات‌و میکانیزمی ناردنەوەی عەرەبە هاوردەکان‌و گێڕانەوەی کوردو تورکمانە دەرپەڕێندراوەکانی دیاریکردوە. بۆیە دەستور دەبێت بکرێت بە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ئەم ناوچانە ئەگەرنا هەمیشە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نەتەوەیی لە عێراق لەنێوان کوردو عەرەبدا بەزیندویی دەمێنێتەوە‌، کە بەدڵنیایشەوە ماڵوێرانی بۆ نەتەوەکانی عێراق بەدوای خۆیدا دێنێت.

سێیەم، کوردستانیان دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە ئەم پرسە پرسێکی سیاسییەو ناکرێت لەڕێگەی دادگاوە چارەسەربکرێت. مەبەست ئەوەیە ناکرێت پرسی خاوەندارێتی لەم ناوچانە لەسەر ئەساسی وەرگرتنی قەرەبۆ یان وەرنەگرتنی قەرەبۆ یەکلاییبکرێتەوە چونکە خەڵکی ئەم ناوچانە تەنیا لەسەر ئەساسی کوردبوونیان دەرکراون نەک هۆکارێکی دیکە. قەرەبۆکردنەکەش بەزۆرەملێ بووە. خۆ ئەگەر هۆکاری ئەمنی، ستراتیجی یان تەندروستی‌و ژینگەیی لەپشت چۆڵکردنی گوندەکان بووە ئەی بۆ عەرەب هێنراون بۆ ناوچەکە. حکومەتی مەرکەزی عێراق لەسەردەمی بەعس بڕیارێکی ڕەگەزپەرستانەی داوەو دەبێت بەگەڕانەوە بۆ دەستوری ٢٠٠٥ ی عێراق ئەم بڕیارانە هەڵوەشێنرێنەوەو ماددەی ١٤٠ یش بکرێت بە میکانیزمێک بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخە شێوێنراوەکە.

چوارەم، ئەم پرسە تەنیا کێشەو ململانێی گوندنشینە کوردەکانی ناوچەکەو عەرەبە هاوردەکان نیە تا لەمیانی ململانێ لەسەر خاک (نزاعات الأرض) لەنێوان دوو کەس یان چەند کەسێک یەکلاییبکرێتەوە. ئەمە کێشەی گەلی کوردستانە لە عێراق کە ڕووبەڕووی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیی‌و تەعریب‌و ڕاگواستن‌و چۆڵکردن بۆتەوە. ئەم پرسانە دەبێت لەنێوان حکومەتی مەرکەزی‌و نوێنەرانی کورد چ لە بەغدا چ لە حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوری عێراق یەکلاییبکرێنەوە . ناکرێت ئەو ئارگیومێنتە قەبوڵبکرێت کە گوایە زەوییەکانی ئەم ناوچانە کاتیخۆی لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق تاپۆکراون‌‌و بگوترێت کوردنشینەکانی ئەم ناوچاوانە چیدیکە مافی داواکردنی ئەم زەوییانەیان نیە چونکە وەک گوتم ئەمە بڕیارێکی دەمارگیریی‌و ڕەگەزپەرستانەی حکومەتی عێراق بووەو مەبەستێکی سیاسیی دژە-کوردی لەپشت بووە، بۆیە دەبێت لەو چوارچێوە سیاسییەدا ببینرێت‌و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لەکۆی ئەم قسانە دەکرێت بگوترێت وەک چۆن سەرەتاکانی تەعریبکردنی کوردستان کاتیخۆی لە کەندێناوە دەستیپێکرد واپێدەچێت سەرەتاکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی تەعریب هەر لەو ناوچەیە دەستپێبکاتەوە، وەک ئاماژەکان ئێستا دەرکەوتون. بۆیە ئەم هەوڵە نابێت وەک کردەیەکی چەند کەسی، یان هەڵەیەک، یان پرسێکی لاوەکی تەماشابکرێت. ئەم هەوڵە لە کەندێناوە سەربگرێت درێژدەکرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزین‌و عێراق سازدەکەنەوە بۆ شەڕێکی دیکەی خوێناوی، ئەمجارە نەتەوەیی، کە لە قازانجی هیچ کەس‌و لایەنێکدا نیە.




میدیاوانی و ره‌وشی كۆمه‌لایه‌تی له‌ باشوری كوردستان … ئاری زێندینی

ڕاگه‌یاندن (میدیاوانی) له‌ دونیای مۆدێرندا و به‌ ئاراسته‌ پۆزه‌تیڤه‌كه‌یدا ده‌توانێت ڕای گشتی دروستبكات وكۆده‌نگی له‌ سه‌ر پرسێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌ , كه‌چی به‌ داخه‌وه‌ له‌ باشوری كوردستان ڕۆله‌ راسته‌قینه‌كه‌ی رۆژ به‌ رۆژ ده‌بینرێت و له‌ ده‌ستده‌دات به‌ره‌و نه‌رێنی ده‌ڕوات. هه‌ندێك له‌ سۆشیال میدیاو میدیاوانی باشوری كوردستان به‌ ئاڕاسته‌ی پشێوی و فیتنه‌ نانه‌وه‌ ماڵوێرانكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌نگاو ده‌نێت. ئێستا له‌ باشوری كوردستان (میدیاوانی) به‌ ئاڕاسته‌ی حیزبه‌كان و كه‌سێتی ئیش ده‌كه‌ن وه‌ ئه‌و میدیایه‌ی كه‌ خۆی به‌ سه‌ربه‌خۆ داده‌نێت زیاتر له‌ میدیا حیزبیه‌كه‌ به‌ ئاقاره‌ ترسناكه‌كه‌دا كارده‌كات و زۆربه‌یان پێوه‌ره‌كانی ئیتیكی رۆژنامه‌وانی و میدیاوانی ژێرپێ‌ خستوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان (بێژه‌ر) وه‌ك پۆلیس له‌گه‌ل میوان پرسیارده‌كات و لیكۆلینه‌وه‌ ده‌كات , بێلایه‌نی پێوه‌ دیارنیه‌ وگرژی دروستده‌كات تا كۆتایی به‌رنامه‌كه‌.

ڕاگه‌یاندن و میدیاوانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ ئاراسته‌ی فاشیانه‌ ده‌ڕوات كه‌ خزمه‌ت به‌ كایه‌كانی (كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌وته‌ندروستی ورۆشنبیری ) ناكات , دوورن له‌ پڕۆفیشناڵی, زۆرینه‌یان له‌ بری كاری میدیایی كاری حیزبی ده‌كه‌ن و سه‌رقاڵی شه‌ڕی سیاسین, ئه‌وه‌نده‌ی مژولی چه‌واشه‌كاری ولاوازكردنی یه‌كترن و ڕتوشكردنی حیزبه‌كانی خۆیانن لایه‌نه‌ دڵخوازه‌كه‌یانن نیو ئه‌وه‌نده‌ مژولی ده‌رخستنی راستیه‌كان و خه‌مخۆری به‌ر هه‌مهێنانی هۆشیاری سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و كولتووری نین ! بۆیه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌ست به‌ ماندووبوونێكی زۆر ده‌كه‌ن له‌ ده‌ست بواری میدیاوانی جێی راستی وئارامبوونه‌وه‌ی تاكی كۆمه‌لگه‌ نین,له‌ كاتێكدا راگه‌یاندن له‌ باشوری كوردستان ده‌توانێت رۆلێكی ئه‌رینی و كاراتر ببینێ‌ له‌ ده‌رخستنی ڕاستیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی وئابووری وكوولتوری و په‌روه‌رده‌یی و كارگێڕیه‌كان و هۆكاری ئه‌وقه‌یرانانه‌ی ڕووبه‌ڕوویی كوردستان بووه‌ته‌وه‌ كه‌چی ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌كه‌كه‌ی خۆی له‌بیركردووه‌ ته‌نیا به‌ده‌وری كێشه‌ سیاسیه‌كان دخولێته‌وه‌ نایه‌ت به‌ شوێن گرفته‌كانی مرۆڤه‌كاندا بڕوات وبزانێت كۆمه‌ڵگه‌ چی ده‌وێت.

میدیاوانی له‌ باشوری كوردستان له‌ بری ته‌رخانكردنی ته‌واوی كات و توانایی خۆی بۆ ململانێی سیاسی نێوان حیزبه‌كان بهاتبایه‌ كاری له‌سه‌ر هاتنی ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان وكاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه‌بوونه‌ته‌ تێكدانی ره‌وشی خزمه‌تگوزاری و كۆمه‌لایه‌تی و ته‌ندروستی و ئه‌منی, كه‌چی میدیایی كوردی كه‌وتووه‌ته‌ زینووكردنه‌وه‌ی زۆنی (زه‌ردوسه‌وز) كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری دابه‌شبوونی خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره‌یه‌ك شێواندنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی, تانه‌چیته‌ سه‌ر ئه‌نته‌رنێت و سه‌یری تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌كه‌یت نازانیت میدیاوانی كوردستان چ دۆخێكی خوڵقاندووه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌روونی مرۆڤه‌كان دروستكردووه‌!, ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ندێك له‌و ده‌زگا میدیاوانی و ڕاگه‌یاندنانه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ كه‌ ڕیگا خۆشكه‌ربوون بۆ ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌, ئه‌ویش له‌ میانی هێنانه‌ سه‌ر شاشه‌وبه‌رده‌م مایكی (رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن) چه‌ند به‌ناو نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كۆلكه‌ سیاسی كه‌ وایان له‌ خه‌ڵك كرد هیچ رێزوحورمه‌تێك له‌ پیرۆزیه‌كان نه‌گرن و رایه‌له‌كانی خۆشه‌ویستی و ڕێز له‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌لایه‌تی و سیاسیه‌كان له‌رزۆك بكه‌ن تا بگاته‌ ئاستی مه‌ترسی لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌.




منداڵان و بووکە بە بارانە …. رەزا شوان

(بووکـە بە بارانـە) یەکێک لەو نەریتە دێرین و رەسەنە کوردییانەمان، کە مێژووی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، مایەی شادی و دڵخۆشیشە، کە تا ئەمڕۆش ئەم نەریتەمان بە نەمری ماوەتەوە، بەڵام بە هۆی وێرانکردنی گوندەکانی باشووری کوردستان و، ئابڵوقەدانی زۆربەی گوندەکان و شارۆچکەکانی رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوای کوردستان، لە لایەن داگیرکەرانی رەگەزپەرستەوە، تا ئەمڕۆش زیاتر لە نیوەی ژمارەی گوندە وێرانکراوەکانی باشووری کوردستان ئاوەدان نەبوونەتەوە. تا ئێستاش داگیرکەران دژایەتی هەموو داب و نەریتێکی رەسەنی کوردیمان دەکەن.. لە هەندێ ناوچەی کوردستان دا، بووکە بە بارانە وەکو جاران ناکرێت و خەریکە ئەم نەریتەمان بەرەو کاڵبوونەوە بچێت. رێوڕەسمی بووکە بە بارانە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دا، بۆ هەمان مەبەست و بە هەمان شێوە بەڕێوەدەبرێت.
جاران منداڵان و گەورەکان پێکەوە بووکە بە بارانەیان دەکرد، بە زۆریش لە گوندەکان و کەمتریش لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەدەبرا.. بەڵام لە ئەمڕۆدا بووکە بە بارانە تایبەت بووە بە منداڵانەوە، گەورەکان (کۆسە) دەکەن کە هەر لە هاوشێوەی بووکە بە بارانەیە بە کەمێک جیاوازییەوە.. هەروەها (نوێـژە بـارانە)ی بە کۆمەڵیش دەرکرێت.. نوێژە بارانە دیاردەیەکی تازەیە و کەوڵێکی ئاینی بە خۆوە پێچاوە.. بەڵام نە کۆسە و نە نوێژە بارانە، نەیان توانیوە و ناتوانن جێی بووکە بە بارانەی منداڵان بگرنەوە یا ئەو رەسەنایەتی و خۆشییەیان هەبێت.
بێگومان باران بارین مایەی خێروبێر و فەڕ و هات و بوژانەوەیەی زەوییە، مـژدەی خۆشی و شادییە، ئاو زۆر دەبێت و دەغڵ و دان و باخ و بێستان پاراودەبن، لەوەڕ و گژوگیا زۆر دەبن. باران هیوا و بەختەوەری و شادی و گەشی و خۆشی بە جووتیاران دەبەخشێت، چونکە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیان، بەروبوومی دەغڵ و دان و دانەوێڵە و بەری باخ و بێستان و ئاژەڵەکانیانە.. سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویش ئاوی باران و بەفرە.. زۆر ساڵ بە هۆی کەم بارین و وشکە ساڵییەوە.. ئاو کەمی کردووە، دەغڵ و دان بێ بەرهەم بوونە و، ئاوی کانی و بیر و جۆگە و خڕ و چەمەکان وشکیان کردووە، گیا و گۆڵ و لەوەڕ و کەم بوونە و زوو وشکبوونەتەوە.. بەشێک لە گوندنشینەکانمان ناچار بوونە کە بە ماڵ و مەڕ و ماڵاتەکانیانەوە بەرەو کوێستانەکانی کوردستان رەوبکەن و بە دوای ئاو و لەوەڕدا بگەڕێن.. ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ درووستکردبوون.
بووکە بە بارانە.. نەریتێکی کۆنی کوردانە.. هەر ساڵێک کە باران نەبارێت یا کاتی پەڵە بەسەربچێت و ترسی وشکە ساڵی هەبێت. منداڵان و مێردمنداڵانی کـوڕان و کچـانی کورد لە گوندەکان و شارۆچکەکان و لە هەندێ لە گەڕەکەکانی شارەکانی کوردستان دا، لە ناوەڕاستی وەرزی پایـز، یا لە سەرەتای بەهاردا، بووکە بە بارانە دەکەن. بە گۆرانی و یاری و چەپڵەلێدان و بەزم، ئەم ریوڕەسمە کوردەوارییە، بە شێوەیەکی خۆش بەڕێوە دەبەن.. منداڵان نزا دەکەن و لە خوا دەپاڕێنەوە کە بەزەیی بە فەقیر و بە هەژاران و بە جووتیاران دا بێتەوە، بارانیان بۆ ببارێنێت و دڵیان خۆش بکات و هیوایان ببوژێنێتەوە و نیگەرانیان بڕەوێنێتەوە و گرانی روویان لێنەکات.
هەر لە دێر زەمانەوە، رێوڕەسمی (بووکـە بە بارانـە) بە زۆری لە لایەن منداڵانەوە بەڕێوەبراوە، چونکە منداڵان هێمای دڵپاکی و بێگوناهی و بێتاوانین، خۆشەویستی خوان.. بە بڕوای خەڵکیش، خوا دڵی منداڵان ناشکێنێت و نزا و پاڕانەوەکانیان قبووڵ دەکات و باران دەبارێنێت.
بۆیەش ناوی لێنراوە (بووکە بە بارانە) چونکە بووک هێمای جوانی و قەدەمخێری و پیرۆزییە.. هێمای خۆشی و شادییە.. زۆر جاریش وا رێکەوتووە کە لە کاتی بووک گواستنەوەدا، لە پایز یا لە بەهاردا، باران باریوە. خەڵکەش وتوویان بووکێکی پێ بە خێرە.. مەبەست لە بووکە بە بارانە ئەوەبووە، کە سەرنجی ئاسمان بە لای زەویی تینوودا رابکێشن. ئاویش هەموو شتێک پاک دەکاتەوە، هەر بەو نیازەوە ئاویان بە سەر بووکە بە بارانەدا کردووە، گوایە خەڵکی بە زۆری گوناهبارن، بڕوایان وایە کە بەو ئاوکردنە بەسەر بووکە بە بارانەکەدا، لە گوناهەکانیان پاک دەبنەوە.. لەوانەیە ئاسمان بەزەیی پیان دا بێتەوە و باران ببارێنێت.. لە کورتە باسێکی وادا نامانەوێت لەرووی لۆژیکی و ئەفسانەییەوە، رای خۆمان لەم بارەیەوە بخەینە روو.
چۆنییەتی دروستکردنی بووکە بە بارانە، منداڵان بە هاوکاری گەورەکان، لە دارێکی درێژ یان لە قامیش، لە شێوەی (خـاچ) و لە سیمای بووک دا (بووکەڵەیەک) دورست دەکەن، جلی کچانەی کوردی رەنگاوڕەنگی لەبەردەکەن و بووک ئاسایی زۆر جـوان دەیڕازێننەوە.. ئینجا منداڵێکی چوست و چالاک و رەند، کچ بێت یا کوڕ، بووکەڵەکە بەرز دەکاتەوە و پێشی منداڵەکانی تر دەکەوێت و دەکەونە رێ، هەموویان پێکەوە بە یاری و بە چەپڵەلیدان و بە ئاوازەوە، گۆرانی (بووکە بە بارانە) دەڵێن.. کۆڵان بە کۆڵان، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن.. کە بچنە بەر دەرگای هەر ماڵێک، کابانی ماڵەکە، لە بەردەم دەرگاوە یا لەسەر بانەوە، گۆزەیەک یا جەوەنەیەک یا کاسەیەکی پڕ لە ئاو بەسەر (بووکەڵەکە ـ بووکە بارانەکە) دا دەکات، بە نیازی هاتنەدی مرازی خەڵکیش دەرزییەک لە بووکەڵەکە دەدات.. ئینجا شتێک لە پارە، مێوژ، گوێز، خورما، نوقڵ، نیسک، ساوەر، بە منداڵەکان دەدات. لە دوای گەڕانی ماڵەکان.. منداڵەکان دەچنە ماڵێ یەکێکیان و شتەکان لە نێوان خۆیان دا بەش دەکەن.. زۆر جاریش کابانی ئەو ماڵە نیسک و ساوەرەکەیان بۆ لێدەنێت و منداڵەکان پێکەوە دەیخۆن.
ئەو بەستە و گۆرانییە فۆلکلۆرییانەی کە منداڵان لە دوای بووکەڵەکە بە بارانەکەوە، بە کۆمەڵی و بە ئاوازەوە دەیڵێنەوە.. بە زۆری تایبەتن بە بارانەوە، بریتین لە نـزا و لە پاڕانەوە لە خوا بۆ ئەوەی باران بۆ فەقیر و بۆ هەژاران ببارێنێت.. ئەمانە چەند نموونەیەکن لەو گۆرانییانەی کە منداڵان بە ئاواز و بە یاری و گۆرانییەوە دەیانڵێنەوە:
(هەیـاران و مەیـاران) من کە منداڵ بووم.. ماڵمان لە دێیەکی نزیک شاری کەرکوک بوو.. لە سەرەتای پایزدا، گەر هەور بوایە و ئاسمان خوناوی(نەرمە باران)ی بکردایە، منداڵانی دێیەکەمان کۆدەبووینەوە.. هەردوو باڵمان راست دەکردەوە و بە دەوری خۆمان دا دەسووڕاینەوە.. بە کۆمەڵی لەگەڵ یاری دا ئەم کۆپلەیە گۆرانییەمان دەوت:
هەیـــــاران و مەیـــــاران
یاخـــوا ببــــاری بـــــاران
بۆ فـەقــیر و هـــــەژاران
ئەمسـاڵ ببــارێ بـــــاران
لە هەندێ ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، هەمان کۆپلە بە کەمێک گۆڕانەوە:
هەنــــــاران و مەنـــــاران
یاخـــوا داکــــاتە بـــــاران
بۆ فـەقــیر و هــــــەژاران
یاخــوا بـــــاران ببـــــارێ
بۆ سەر قوڕینەی بەهارێ
(بووکە بە بارانێ) ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییە، بە زۆری منداڵان بە کۆمەڵ و بە ئاواز و بە یارییەوە، بە دوای بووکەڵەی (بووکە بە بارانە) ەوە دەیڵێنەوە:
بووکـــــە بە بـــــارانێ
ئـــاوی بن دەغــــڵانێ
سەعــــاتی جـــــارانێ

لە هەندێ ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان، گۆرانی (بووکە بە بارانی) بەم شێوەیەیە:
بووکــــــــە بــــــــارانێ
بوکــــــــــە بــــــــارانێ
یاخـــــــــوا ببـــــــــارێ
یا شـــای هـــــــەزاران
داکـــــــاتە بــــــــــاران
بۆ فەقـیر و هـــەژاران
گەنــم هیـچی نەمــــاوە
هەمـووی پرووشـــقاوە
بووکـــــــە بـــــــــارانێ
بووکــــــە بــــــــــارانێ
یاخـــــــــوا ببـــــــــارێ
لە دەڤەری (بادینان) یش لە باشووری کوردستان، ساڵی جارێک یا دوو جار، لە وەرزی پایز و بەهـاردا، بە هەمان شێوەی ناوچەکانی تری کوردستان، لە زۆربەی گوندەکان و شارۆچکەکان دا، منداڵانی كچان و کوڕانی بارانخـواز (بویـکا بـارانێ) دەکەن.. ئەمەی خوارەوەش، گۆرانییەکە کە لە پەرتوکی (ئـەدەبێ زارۆکــا) وە وەرم گرتووە، لە لێکۆڵینەوەی (محەمەد عەبدوڵا ئامـێدی) یە کە لە (٢٠٠٥) دا لە سلێمانی چاپکراوە:
بویــــــکا بـــــــــاران دەڤــێ
دەخلەکێ ئـــــــەرزان دەڤــێ
تەرزانيـــــا ســـــالان دەڤــێ
* * * * * * * * * * * *
بویــــــکا مــە خــێلی خــێلی
نادەینــــە حـەســــەن گـــێلی
دێ دەیــــــنە ئـامـــــــێدی یـا
دێ دانــــە سـەر کـورسی یـا
دێ پــێ دادەن شــەمـسی یـا
بـژمـــــێرن عـەبــــــاسـی یـا
* * * * * * * * * * * *
بویــکا مـە یـا ل ئەڤــــرازی
یا دکــە تـە گــــازی گــــازی
چەنگە کـێ رزقـی دخــــازی
* * * * * * * * * * * *
بویــــکا مەیـــا ل مەگـــــلانا
یا دکـەلـــــوژیت کــــــــەزانا
خــــودی بـــدەت بـــــــــارانا

هونەرمەندی کوردمان مامۆستا (سەلاح محەمەد کۆیی) کە لە لای منداڵان کوردمان بە (مام عـەوڵا) ناسراوە.. یەکەم هونەرمەندی گۆرانبیژی کوردە کە بە گۆرانی ئەم نەریتە کوردەوارییەی بەرز راگرت و بە نەوەی نوێی ئاشنا کرد.. مامۆستا سەلاح محەمەد بە بەشداری کچۆلەیەکی چاوگەشی دەنگخۆش و کۆمەڵە منداڵێکی جوانی کچان و کوڕان بە جلی جوانی کوردییەوە، گۆرانی (بووکە بە بارانە)ی لە کلیپێکی رەنگاوڕەنگ دا بۆ (تەلەفزیۆنی کوردستان) تۆمارکرد. مام عەوڵا بێجگە لەم گۆرانییە.. چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری خۆشی تریشی بۆ منداڵان تۆمار کردوون، لەوانەش (هەلـور بلـور) شایەنی ئەوپەڕی دەستخۆشییە.. ئەمەش گۆرانی (بووکە بە بارانە) کەی (مام عەوڵا) یە:
هەیـــــــاران و مەیــــــــاران
یا خــوا داکـــــاتە بــــــــاران
بـۆ فەقـــــیر و هـــــــەژاران
قەومی حەسەن و حوسـێنان
هەمووی قڕبوون لە توینیان
* * * * * * * * * * * * *
خوایـــە بـــــاران ببـــــــارێ
لـــە لادێ و لــە شـــــــــارێ
لە ســـبەینـێ تا ئێــــــــوارێ
بـە لــیزمە بێــتە خــــــوارێ
* * * * * * * * * * * *
بووکـــــــــە بـە بـــــــــارانێ
ئـــــــاوی بـــن دەغـــــــڵانێ
سەعـــــــــاتـی جـــــــــارانێ
لە دێـــــــــريـن زەمــــــــانێ
* * * * * * * * * * * *
بووکــــی نــــاو باغـــــــــانە
چەنـــد خــــــان و مـــــــــانە
لـە گـــــــــەورە مــــــــــاڵانە
لـە دێـــــــرین زەمــــــــــانێ
* * * * * * * * * * * *
بووکــە چـۆتە سەر کەپــرێ
لێــــــــــدەدا دەف تـەپــــــڵێ
لـە کەسیش ناکــا شـــەرمێ
لـە دێــــــرین زەمــــــــــانێ
* * * * * * * * * * * *
شەمـوولەی مـن چـی دەوێ
مێـــوژی عەمـــارانی دەوێ
شەکـری لە شـــارانی دەوێ
دیــــــاری منـــــداڵانی دەوێ
* * * * * * * * * * * *
شەمـوولەی لە نــــاو رەزی
بـــای لێــدەدا و دەلــــەرزي
فــــــڕدەکـا ئـــاڤی تــــــەزی
بە جــوانــیەکەی دەنـــــازی
* * * * * * * * * * * *
شەمـوولەی مـن چـی دەوێ
مێـــوژی عەمـــارانی دەوێ
شەکـری لـە شــارانی دەوێ
دیـــــاری منـــــداڵانی دەوێ
* * * * * * * * * * * *
ساڵی پار (٢٠١٧) لە شاری (کامـیاران) لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ساوایانی سێ باخچەی ئەم شارەوە. بە شێوەیەکی رێک و جوان، رێورەسمی (بووکە بە بارانە) یان بەڕێوەبرد. بە گەرمی ئافەرین و دەستخۆشی لە دادە دڵسۆزەکان لە منداڵە جوان و چاوگەشەکانی ئەم سێ باخچەیە دەکەین، کە ئەم نەریتەیان بە منداڵانی ئەمڕۆمان ئاشنا کرد، تا بیزانن و لە یادیان بمێنێت.
هەر ساڵی پار هونەرمەندی کوردمان کاک (ئـاریان رەزایی) کە لە دایکبووی شاری سەقزە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندکاری بەشی سینەمایە لە زانکۆی تاران. بە هاوکاری خاتوو (میـنا سەهبانی) بە شانۆگەری (بووکە بە بارانە) لە فیستیڤاڵی شانۆی منداڵان دا لە شاری (تـاران) بەشدارییان کرد.. جێی سەرنج و دڵخۆشی و دەستخۆشی بینەران بوو. بووکە بە بارانە، یەکێکیش بوو لەو شانۆیانەی کە خەڵات کران.. هەر ئەم شانۆیە لە چەند شوێنێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دا نمایش کرا، بووە مایەی شادی و خۆشحاڵی بینەران، بە تایبەتیش منداڵان.
لە هەشتەمین فیستیڤاڵی (ژیـار) دا بۆ فـیلم و بۆ وێنەی کێشراوی منداڵان، لە شاری (سـنە) ی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند فیلمێک و چەندین تابلۆی وێنە نمایش کران. یەکێک لەو فیلمانە، فیلمی (بووکە بارانە)ە بوو، لە ئامادەکردن و دەرهێنانی (شەمسیا ناسری) و (تەیموور قـادری) یەکێکیش بوو لە فیلمە خەڵاتکراوەکانی ئەم فیستیڤاڵە..
پەرتوکێکیش بە ناوی (بویکا بارانێ.. یاریێن کوردەوەرای) کە کاک (محەمەد حەسەن بنـاڤی) بە زاری کرمانجی باکوور نووسیوێتی و لە (٢٠٠٢) دا لە هەولێر چاپکراوە. حەزمان دەکرد بۆ دەوڵەمەنکردنی ئەم باسە ئەم پەرتووکەشمان بخوێندایەتەوە.. بەڵام تا ئەمڕۆ چاومان بەم پەرتوکە نەکەوتووە.

خۆزگە و هـیوای ئەوەش دەخـوازم کە، دادەکانی باخچەکانی ساوایان، لە باشووری کوردستان دا، ئەوانیش ئەم نەریتە کوردییەمان بەرز و زیندوو رابگرن، منداڵانی باخچەکانیان، لە رێی نمایشی شانۆییەوە بە (بووکە بە بارانە) ئاشنابکەن.

(باران) پانتاییەکی باشی گرتۆتەوە لە ئەدەبی کوردی و لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردی و لە هۆنراوەکانی هەندێ لەو شاعیرانەش کە بۆ منـداڵان هۆنراوە دەنووسن.. یەکێک لەوانەش کەڵە شاعیری گەلەکەمان کاک (لەتیف هەڵمەت)ه، لە راستیش دا کاک لەتیف هەڵمەت لە هۆنراوەیەک زیاتری لەسەر باران هەیە و، لە چەند هۆنـراوەیەکیش دا بە جوانی و ئاسانی باسی لە سوودەکانی باران بۆ منداڵان کردوون.. لە (دیوانی منداڵان)ی کاک لەتیف هەڵمەت.. بۆ ئاماژەپێدان، ئەمە کۆپلەی یەکەمی هۆنراوەی (بـاران) ی کاک هەڵمەتە، کە سێ کۆپلەیە، شایەنی باسیشە لە لایەن هونەرمەندێکی پیاوی سویدییەوە، هەر بە زمانی کوردی (بـاران)ەکەی کاک هەڵمەت بە گۆرانییەوە دەیڵێـتەوە:
(بـــاران)
بـارانە… بـارانە
بـاران هـاوڕێی گشتمانە
دایـکم دەڵێ:
هەرچـەن بـاران ببـارێ
لەگـەڵ هەموو نمەیەکدا
گوڵێکی جـوان
دێتـە خـــوارێ
لە ئاســــمان..
بووکە بە بارانە، لە لایەن گەلێک لە گەلانی تریش دەکرێت، بۆ نموونە گەلی ئەمازیغی کە لە باکووری ئەفریقادا دەژین، بە زۆریش لە وڵاتانی مەغریب و جەزایر و تونس دا، ئەوانیش بە هەمان شێوەی کورد، ئەمازیغییەکان بووکەڵەی (بووکە بە بارانە) کە پێي دەڵێن (یالغـونجا) بە واتا کەوچکی گەورە دارین، لە قامیشی گەڵا سەوز دروستی دەکەن و جلی ژنانەی لەبەردەکەن و کەوگیرێکی داری گەورەش بە سەریەوە دەبەستن، ژن و منداڵان دوای بووکە بە بارانەکە دەکەون.. بووکە بە بارانە کونترین و باوترین نەریتی ئەمازیغییەکانە، هەر لەمانیشەوە عەرەبەکانی باکووری ئەفـریقا ئەم داب و نەریتەیان وەرگرتوون و بەڕێوەی دەبەن.. میژووی سەرهەڵـدانی نەریتی بووکـە بارانەیانەی ئەمـازیغی، بە چیرۆکێکی ئەوینداری ئەفسانەییەوە گرێ دراوە. چیرۆکی ئەوینی خوای باران لەگەڵ کچێکی زۆر جوانی ئەمازیغی (تەسـلێت و ئونـزار) کە پەیوەندی بە باران بارین یا نەبارینەوە هەیە.. هیوادارم لە دەرفەتێک دا باس لەم چیرۆکە ئەفسانەییەی ئەمازیغییەکان، بۆ خوێنەرانی کوردمان بکەین.
دووبارەش هیـوای ئەوە دەخوازم ـ باران ببارێت یا نەبارێت ـ هانی منداڵانی کوردمان بدەین، کە لە گوندەکان و شارۆچکەکان و لە باخچەکانی ساوایان لە کوردستان دا، لە وەرزی پایز و لە سەرەتای بەهاردا، ساڵانە رێوڕەسمی (بووکە بەبارانە) بەڕێوەبەرن و نەهێڵن ئەم نەریتە کوردەوارییەمان کاڵبێتەوە.

نەرویـج: ١/١/ ٢٠١٨




بەجێماو..!! … چالاک ئـاغجەلەری

لە کۆتایی ساڵدا
باخێک .. چەند دارێکی
ئـاو نەدراو و ھەندێ گوڵی
ووشکەوە بووی
لێ بەجێما..!!

منداڵێک .. بە جیا لە بوکەڵە
شکاو و تیتلە کۆنەکانی
خوشکەکەی ، ئـەو قوتیلەیەی
دایکی پێیدا
لە بۆ سواڵی چۆڕە نەوتێ،
لێ بەجێما..!!

ژنەکانیش .. وەک بەردەوام
نەڕەی پیاو و سەرپۆشی
ڕەشیان
لێ بەجێما…!!

زمانحاڵی نیشتمانیش
وەک ڕاھاتوون
چارۆکەیەک پڕ لە درۆ و
ھەندێ پەڕەی بانکی
پڕ ژمارە و
شکست تێکیان
لێ بەجێما…!!

ھەرچی خۆشمە
حەسرەتێک و
یەک .. دوو ووشەم
لێ بەجێما.

٢٩/١٢/٢٠١٧
تۆرۆنتۆ