بۆ فەلسەفەی ماركسیستیی گرنگە؟ … جۆن مالینۆ


وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد
….

ئەوە ڕوون و ئاشكرایە ئێوە زانیارییەكی زۆرتان دەربارەى فەلسەفە نییە بۆ بەشاریكردن لە خۆپیشاندان، مانگرتن یان ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە. ئەوە شتێكی خراپ نییە. ئەگەر ئێوە چاوەڕوان بن تا ژمارەیەكی گەورەى خەڵكی كرێكار، ماركس و هێگڵ بخوێننەوە، ئەوا خۆپیشاندانەكان، مانگرتن و لە هەمووی ڕوونتر، شۆڕشەكان هەرگیز ڕوونادەن.

هەرچۆنێك بێت، خەباتكردن بۆ جیهانێكی باشتر بەتەنها بریتی نییە لەم ڕەهەندگەلە بەگژاچوونەوەیە ڕاستەوخۆیە. لەنێوان و لەڕێگای ئەم “پنتە بەرزانەوە” ڕۆژ بەڕۆژ خەبات بۆ ئایدیاكان، خەباتی ئایدیۆلۆژیانە لەبەرزبوونەوەدایە دژی ڕوانگەى ئەو جیهانەى لەلایەن چینی دەسەڵاتدارانمانەوە بڵاو دەكرێنەوە و هەروەها لێرەدا ڕۆژ بەڕۆژ خەباتی ئایدیۆلۆژیاە بەرز دەبێتەوە بۆ ڕێكخراوبوون، بونیادنان و پشتیوانیكردن لە یەكێتیی كرێكاری (ترەید یونیەن)، كەمپین یان پارتی سیاسیی. ئەوە زۆر قورسە بەردەوام بین لە پشتیوانیكردنی كاری سیاسیی بۆ هەر فەترەیەكی زەمەنیی بەبێ داواكردنی ڕوانگەى ئەڵتەرناتیڤیی جیهانیی بۆ ئایدیۆلۆژیای باڵادەست لە كۆمەڵگایەكدا كە ئێمە هەموو ڕۆژێك لە میدیاكاندا ڕووبەڕووی دەبینەوە (و لە شوێنی كار، قوتابخانە، لە زانكۆ و هتدد). ڕۆڵێكی گرنگ لە ڕوانگەى ئەڵتەرناتیڤیی جیهانیدا بریتییە لەو ڕۆڵەى پرسیارەكانی فەلسەفە دەیگێڕن. هەوڵدان بۆ پێناسەیەكی ورد و دەقیقی فەلسەفە لەم خاڵەدا قورس دەبێت و سەرەگێژەیەكی زۆریشی لێدەكەوێتەوە. بەڵام تەقریبەن لەم كتێبەدا مەبەستی من بیركردنەوەی “گشتیی” یان “ئەبستراكت”ـە دەربارەى بوونی مرۆڤ و پەیوەندییەكانیان بە كۆمەڵگا و سروشتەوە.

لە ڕەوتی گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێ یان هاوكاراندا ئەوان هەمیشە وەڵام دەدەنەوە: “بەڵام شتێك هەیە تۆ لەبیرت كردووە: ناتوانیت سروشتی مرۆڤ بگۆڕیت”، یان “بەڵام هەمیشە دەوڵەمەندبوون و هەژاربوون هەبووە و هەمیشە هەیە و هەمیشەش هەر دەبێت”. لە مشتومڕ لەناو بزووتنەوەدا هەندێك كەس دەڵێن “كێشەى حەقیقیی بریتییە لە موحافەزەكارەكان: ئێمە دەبێت یەكبگرین بۆ لەناوبردن و ڕاماڵینیان و دەستبەسەرداگرتنی پارتی كار. ئینجا شتەكان باشتر دەبن”. لە بەشی سۆسیۆلۆژی زانكۆیەكدا پرۆفیسۆرەكە دەڵێت: “دیارە ماركس پێیوابوو كۆمۆنیزم حەتمییە. بەڵام ئێمە وەك زانایانی بواری كۆمەڵایەتیی ئەمجۆرە تێگەیشتن و ڕوانگە دۆگماتیك و چەقبەستووە ڕەتدەكەینەوە”، یان “ماركسیزم هەموو شتێك كورتدەكاتەوە بۆ ئابووریی و چینایەتیی، بەڵام سۆسیۆلۆژیا لەم ڕۆژانەدا زۆر ئاڵۆزتر و پسپۆڕ و خەبیرانەترە لەچاو ئەوكات”. هەموو ئەم ڕستانە باوەڕپێكردنێكی ڕاستەوخۆ و خێرایان هەیە – ئەوان بۆ ئەمە پشت بە “عەقڵی سەلیم یان باو” دەبەتن. لەبەر ئەوەى ئەوان لە گۆشەنیگای جیهانێكەوە سەیر دەكەن، كە فەلسەفە، بەشێوەیەكی سیستەماتیك گەشەی كردووە، كامڵ بووە و یان دەتوانین بڵێین، لەلایەن دەسەڵاتدارانمانەوە، چینی سەرمایەدار و ئایدیۆلۆژیستە فەلسەفییەكانیانەوە، بۆ چەندین سەدە هەوڵیانداوە بێ ئەژمار كەناڵ و تۆڕ بخزێننە نێو هەموو گۆشە و كەنارێكی كۆمەڵگاوە. بۆ وەڵامدانەوەیان (و لێرەدا یەك دونیا نموونەم بۆ ئەمە هەیە) پێویستما بە فەلسەفەیەكی كامڵ و پتەو هەیە بۆ ئاراستە و سەنگەری خۆمان. خۆشبەختانە ئەمجۆرە فەلسەفەیە بوونی هەیە: ئەویش بریتییە لە ماركسیزم.

لەپشتی ئاستی ڕێكخستن و مشتومڕی ڕۆژانەوە، لێرەدا پرسی ڕابەرایەتیی لەم خەباتەدا دێتەپێشەوە: دەربارەى بەشداریكردن لە بەرهەمهێنانی ڕۆژنامەكان، گۆڤارەكان، كتێبەكان و هتد؛ دەربارەى بڕیاردان لەسەر بانگكردنی خەڵك بۆ خۆپیشاندانەكان و مانگرتنەكان، دەربارەى تاكتیك و ستراتیژی كەمپینەكان و حزبەكان و هەتا دوایی. ئەكتیڤترین و چالاكترینیان لەم ئاراستە و ڕابەرایەتیكردنەى كەمپین یان بزووتنەوەكەدا بەرز دەبێتەوە، و بەتایبەت لەئاستی گۆشەنیگای جیهانیی ئەكتیڤیستییەوە بەرەو تاقیكردنەوە دەبرێت، ئەوا بۆ ئەم مەسەلەیە یەك دونیا پرسیاری فەلسەفیی گرنگییەكی زۆر وەردەگرێت.
ڕێگەم بدەن نموونەیەكی زۆر ڕوون و كۆنكرێتیی و تەواو هەنوكەیی بهێنمەوە لە پەیوەندیدا بەفەلسەفە و گرنگیبوونییەوە. فۆرمی زۆر گشتیی و هەمەلایەنترینی فەلسەفە، بەتایبەت تا ئەو شوێنەى پەیوەندیی بە جەماوەری خەڵكی ئاساییەوە هەیە، بریتییە لە ئایین. هەموو ئایینەكان لەناو هەڵوێستی عەقیدە و ڕوانگەى خۆیاندا چەندین پرسیاری فەلسەفیی گرنگ لەخۆ دەگرن، وەك سروشت و مانای بوونی مرۆڤ و خەسڵەت و كارەكتەری بوونی مرۆڤ (“ئۆنتۆلۆژی” یان “لێكۆڵینەوە لەبوون” لە مانا ئەكادیمییە فەلسەفییەكەیدا)، سەرچاوەى مەعریفە و پێوەری حەقیقەت (كە ئەمەش بە “ئەپستمۆلۆژیا” ناسراوە) و ئەخلاقیات (یان “ئێتیك”). وێڕای ئەمە، وەك دەرەنجامێكی بەشەكیی و لاوەكیی “جەنگ دژی تیرۆر” پرسی ئایین زۆر زۆر زیاتر لە ڕابردوو گوازرایەوە ناو سەنتەر و مەركەزی مشتومڕی سیاسیی.

چالاكوانێكی ڕادیكاڵ پێویستیی بەوە هەیە بتوانێت وەڵامی ئەم بەڵگە و ئەرگومێنتانە بداتەوە و هەروەها وەڵامی ئەم هەڵوێستانەش بداتەوە و بۆ ئەمەش، بێگومان ئەو پێویستیی بە بنەمایەكی دەقیق و یەقینی فەلسەفییانە هەیە. بۆیە زۆر پێویستی بەوە هەیە بزانێت چۆن شیكاریی بۆ ئایین و مامەڵە لەگەڵ ئایین و كۆمەڵە ئایینییەكاندا دەكات وەك هێزە كۆمەڵایەتیی و سیاسییەكان. بۆ ئەمەش تێگەیشتنی تیۆرییانە لە سروشت و گەشەى ئایین و سەرچاوە پرەنسیپییەكانی ئەمجۆرە تێگەیشتنە لە فەلسەفەی ماركسیستیدا هەن (لەم كتێبەدا هەڵوێستی ماركسیستیی بۆ ئایین باس دەكەین).

نموونەیەكی دیكە كێشەیەكی دیار لەلایەن بیركردنەوەی هەر كەسێك یان ڕێكخراوێك بۆ بانگهێشتی خۆپیشاندان، بزووتنەوەى دەستبەسەرداگرتن یان مانگرتنێك. ئەمەش كێشەى بڕیاردانی هاوسەنگییە لەنێوان “هەلومەرجی بابەتییانە” (ئوبێكتیڤ) و ڕۆڵی دەستێوەردانی خودییانە (سوبێكتیڤ). هەموو هەڵمەتكارێك یان ترەید یونیەنیستێك (چالاكوانی یەكێتیی كرێكاریی) وابیردەكاتەوە كە ئەوان دەتوانن بە ئاسانی بانگی خۆپیشاندان، دەستبەسەرداگرتن و مانگرتنەكان بكەن بەبێ وردبوونەوە لە ڕووداو و هەلومەرجەكان یاخود هیچ وەڵامێكیان بۆ “كەشی سیاسیی” پێ نییە. لەهەمانكاتدا هەندێك خەڵك لە ناو بزووتنەوەكەدا هەن (بەتایبەت جۆرەكانی یەكێتییە كرێكارییە زەردەكان) كە هەمیشە دەڵێن ئێستا كاتێكی دروست و گونجاو نییە بۆ خەبات و بەرخودان.

ئەم كێشەیە، كە لەنێو كۆرپەلەى هەموو كەمپینە ناوچەیی و لۆكاڵییەكاندا هەیە، بەشێوەیەكی بەرفراوان گەورە دەبێت ئەو كاتەى كێشەكە بریتیی بێت لە مانگرتنی گشتیی و بەمانای دەقیقی وشەكە دەتوانێت ببێتە بابەتی مەرگ و ژیان لە شۆڕشێكدا. فێربوون لەمجۆرە كێشانەوە و وانەوەرگرتن لێیان بەشێكە لە بابەتی ئەزموونی پراكتیكی، بەڵام بەفراوانی، فەلسەفەى ماركسیستیی یارمەتیدەر دەبێت كە بەشێوەیەكی بنچینەیی ئەم پرسە دەهێنێتە پێشەوە كە وەك ماركس لە هەژدەهەمی برومەریی لوویی بۆناپارتدا دەڵێت، چۆنچۆنی خەڵك “مێژووی خۆیان دروست دەكەن بەڵام نەك بەو جۆرەى خۆیان دەیانەوێت، یان نەك لەو هەلومەرجەدا كە خۆیان هەڵیان بژاردووە”.
بەكورتیی فەلسەفە و بەتایبەت فەلسەفەی ماركسیستیی گرنگە چونكە ڕۆڵێكی جەوهەریی و بنچینەیی دەگێڕێت لە خەباتدا بۆ گۆڕینی جیهان.

سەرچاوە
John Moleyneux: The Point is to Change it, An Introduction to Marxist Philosophy, bookmarks, London, first chapter.




چیرۆکى ئەو جیهادییە کۆسۆڤۆییەى کە لەرێى خۆتەقاندنەوەى لە بەغدا، ویستى “بە خودا بگات”


وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: دیار عەزیز شەریف

رۆژ ى ٢٥ ئازارى ٢٠١٤ یەکێک لە رۆژە خوێناوییەکانى بەغداد بوو، کاتێک داعشێک (کە دواتر دەرکەوت کەسێکى بەڕەچەڵەک کۆسۆڤى بوو بەناوى بلیریم هیتا) خۆى لەنێو بازاڕێکى نێو بەغدا تەقاندەوە و کە کوژرانى ٥٢ هاووڵاتى مەدەنى و برینداربوونى زیاتر لە سەد کەسى دیکەى مەدەنى بێ تاوان لێکەوتەوە.

رۆژى دووەم کە هەواڵەکە بڵاودەبێتەوە، بەلاى خەڵکى کۆسۆڤۆ هەواڵێکى چاوەڕواننەکراو دەبێت یان تەنانەت تووشى شۆک و راچڵەکین دەبنەوە کاتێک دەبیستن کەسە خۆکوژەکە ناوى کامیکازە (کە لە کۆسۆڤۆ بەو ناوە بانگ دەکرا)، واتە بلیریم هیتاى گەنجە، ئەو گەنجە نەرم و نیانەى کە لەناکاو گۆڕانى بەسەردادێت بەرلەوەى کە لە ٧-٨-٢٠١٣ روو لە ئیستانبوڵ بکات بێ ئەوەى ئاگادارى خانەوادەکەى بکاتەوە لەبارەى سەفەرەکەى و رووى راستەقینەى خۆى.

دواتر خوشکەکەى ئاگادار دەکاتەوە لەوەى کە ئەو لە تورکیایە لە خولێکى فێربوونى زمانى عەرەبى دایە و بەدواى کچێکى سەرپۆشدا دەگەڕێت تاوەکو هاوسەرگیرى لەگەڵدا بکات، دواتر دەردەکەوێت کە ئەو لە سوریایە و چووەتە نێو داعش، تا ئەو کاتەى کە لە ٢٤ ئازارى ٢٠١٤ بە تەلەفۆن پەیوەندى بە دایکییەوە دەکات و دەڵێت “ئەو لە ئامادەباشى دایە تاوەکو بەیانى بە دیدارى خودا شاد بێت”، واتە رۆژێک بەرلەوەى بەرەو جێبەجێکردنى کردەوە خۆکوژییەکە بچێت.

سەبارەت بە خەڵکێکى زۆر لە کۆسۆڤۆ (کە ٩٥%ى موسڵمانن) ئەوە کردەوەیەکى قێزەون بوو، بەڵام لەلایەکى تر لەنێو ئەو کەسانەى کە ئینتیمایان بۆ ناوەندە سەلەفییە جیهادییەکان هەیە ئەوە بە (شەهید)ى دادەنێن، و ئەمە بە هاندانێکى زیاترى گەنجان دادەنێن کە روو لە جیهاد بکەن لەنێو دەوڵەتى ئیسلامى (داعش)، ئەمەش وایکرد کە زیاتر لە ٣٠٠ موجاهیدى خەڵکى کۆسۆڤۆ لەنێو رێکخراوى داعش و بەرەوى نوسرە لە شەڕدا بن لە عێراق و سوریا.

چیرۆکى بلیریم هیتاى جیهادیست، لەم رۆژانە جارێکى تر بووەوە رۆژەڤ و باس و خواس ئەمەش لەگەڵ دەسپێکردنى دادگاییکردنى شێخێکى سەلەفى بەناوى شەوکەوت کراستنیتچى، ئەمەش بەتۆمەتى دنەدان و هاندانى خەڵک بۆ ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى و وروژاندنى رق و کینە و دابەش بوون یان گوزارشتکردن لە بیرى بەرتەسکى قەومى و ئیتنیکى و ئایینى لەبەرامبەر ئەو خەڵکە جۆر بەجۆرانەى کە لە کۆسۆڤۆ دەژین، هەروەها تۆمەتى دیکە کەوا دادگاى تایبەتى وڵاتەکەى بە مەسەلەى تیرۆر لە ١٧-٢-٢٠١٧ دۆسییەى دادگایى لە دژى کردەوە. کەچى دانیشتنەکانى یەکەمینى دادگا لە دیسێمبەرى ساڵى رابردوو دەستى پێکرد و بڕیارە لە رۆژانى داهاتوو بەردەوام بێت لەگەڵ داواکردنى شایەحاڵەکان. دایکى بلیرم هیتاى جیهادى بەراشکاوى و ئاشکرا شێخ شەوکەت کراسنیتچى تۆمەتبار کردووە بەوەى کە لە پشت گۆڕینى کوڕەکەى بووە لە گەنجێکى نەرم و نیانەوە بۆ کەسێکى جیهادى کە ئامادە بێت لەپێناو چوونە بەهەشت خەڵکى تر بکوژێت.

شێخ کراسنیتچى یەکێک بووە لە کەسە بەناوبانگەکانى کۆمەڵەى ئیسلامى لە کۆسۆڤۆ، ئەو دامەزراوەیەى کە نوێنەرایەتى ئیسلام و موسڵمانان لاى دەوڵەت، دواى ئەوەى شێخ شەوکەت کراسنیتچى بڕوانامەى دکتۆرا لە زانستى فیقهى ئیسلامى لە زانکۆیەکى ئیسلامى لە شارەکە بەدەست دێنێت و دەبێتە وانەبێژ لە کۆلیژى دیراساتى ئیسلامى، کە کۆلیژەکە سەر بە کۆمەڵەى ئیسلامى کۆسۆڤۆیە، دواتر دەبێتە ئیمامى لە “مزگەوتى گەورە” لە بریشتینا (مزگەوتى سوڵتان محەمەد فاتیح لە شارە کۆنەکە)، کە وانەکانى لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە یوتیوب (Youtube) بڵاودەکرایەوە، کە ئەو لە کۆسۆڤۆ بە گرتنەبەرى هێڵێکى سەلەفى هەڵکشاو جیادەکرایەوە، ئەو هێڵەى کە سەرۆکایەتى کۆمەڵەى ئیسلامى لە وڵاتەکە تووشى جۆرێک لە تەریقبوونەوە دەکات کە ئەمەش موفتى کۆسۆڤۆ، شێخ نەعیم تێرناڤا، ناچار دەکات کە شێخ شەوکەت لە وانەبێژیى کۆلیژ دووربخاەوە و بەڵام لەو شوێنەدا هێڵدرایەوە کە بتوانێت پشتیوانى و هەوادارییە جەماوەرییەکەى بپارێزێت و وەک خۆى بمێنێتەوە ئەویش مانەوەى وەک ئیمام و واعیز لە “مزگەوتى گەورە”، کە لەوێدا هەروەها وانەى ئایینیشى دەوتەوە. ئەم دابڕانەش لەگەڵ دەسپێکى شەڕ و پێکدادانى چەکداری لە سوریا لە ٢٠١١ بەدەرکەوت، کاتێک کە شێخ شەوکەت کراسنیتچى هەڵوێستێکى رادیکاڵتر و توندتر لە مەسەلەى بەرگریکردن لە ئیسلامى سەلەفى و هاندانى جیهادکردن لەپێناوى وەردەگرێت، لەکاتێکدا رێکخراوەکە “کۆمەڵەى ئیسلامى” هێدى هێدى خۆى لەگەڵ هەڵوێستى دەوڵەت دەگونجێنێت کە بە قانون لە ٢٠١٤ جیهادکردن یان بەشدارى کردن لە هەر ململانێیەکى چەکدارى لە دەرەوە یان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەدیاریکراوى بە تاوان دەناسێنێت.

لەگەڵ دەسپێکردنى دادگاییکردنى شێخ شەوکەت کراسنیتچى، چیرۆکى بلیریم هیتاوى جیهادى نوێ بووەوە بەو پێیەى کە ئەو یەکێک بووە لە قوتابیەکانى یان قوربانیەکانى دەست شێخ. بەگوێرەى قسەکانى دایکى هیتا، بلیریمى کوڕى گەنجێکى نەرم و نیان بووە و وەک تەواوى گەنجانى دیکەى گوندەکەى،، گوندى فرانوشى نزیک شارى فریزاى باشوورى کۆسۆڤۆ، ژیانێکى ئاسایى هەبووە، تا ئەو کاتەى کە گەنجێک دەناسێت کە لەگەڵ خۆى دەیباتە ئەو مزگەوتانەى مەکەدۆنیا کە سەر بە گروپە سەلەفیەکانن. دواتر شێخ شەوکەت کراسنیتچى دەناسێت، کە سیحرى لێدەکات و لە ماوەى چەند هەفتەیەک بەتەواوى دەیگۆڕێت. بەمەش لە کەس و کارەکەى دایدەبڕێت و خولیاى گوێگرتن لە وانە و وتارەکانى شێخ دەبێت لەسەر یوتیوب و لەگەڵیدا لە پەیوەندى دەمێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات گۆڕانکارى بەسەر شێوە و روخسار و هەڵسوکەوتیدا بێت. ئیدى ریش دەهێڵێتەوە و جلوبەرگى وا دەپۆشێت کە ئیسلامییەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێى دەناسرێنەوە، هەروەها دووردەکەوێتەوە لە چاک و چۆنى و تەوقەکردن لەگەڵ کچانى گوند و تەنانەت تەوقەکردن لەگەڵ کچى مامى یان خاڵى بەوەى گوایە شێخ شەوکەت کراسنیتچى ئەمەى حەرام کردووە. تا واى لێدێت رۆژێک دایکى پێى دەڵێت ئەگەر وا بمێنیتەوە ئەوە کچێکى ئەم گوندە نابینیتەوە کە شووى پێبکات، ئەویش ئەوە شێوەیە وەڵامى دەداتەوە “شێخ شەوکەت بوکێکى رێک و پێکى بۆ دەبینێتەوە”

لەنێو ئەو کەش و هەوا و دۆخە گۆشەگیرییەیدا، بلیریم هیتا لەناکاو لە ٧ ئابى ٢٠١٣ ون دەبێت، بەبێ ئاگادارکردنەوەى خانەوادەکەى لە پلانەکەى خۆى، هەموو ئەوەى کە زانرابێت تەنها لە زارى یەکێک لە شایەدحاڵەکانە کە وتى ئەو رۆژە ئوتوموبێلێکى رەنگى سور کە سێ کەسى تێدا دەبێت و لێى نزیک دەبنەوە و دەیبەنە شوێنێکى نادیار. دواى تێپەڕینى چەند رۆژێک پەیوەندى بە خوشکەکەیەوە دەکات و دەڵێت کە ئەو لە تورکیایە تاوەکو بچێتە خولێکى فێربوونى زمانى عەرەبى، و لە کچێکى سەرپۆشیش دەگەڕێت تاوەکو بیخوازێت. دواى چەند رۆژێکى تر لەناکاو دەڵێت کە ئەو لە سوریایە بۆ شەڕکردن لەپێناو خودا. کاتێکیش کە خوشکەکەى لە بەرامبەردا پێى دەڵێت “ئەوە چ ئایینێکە کە پاڵت پێوەبنێت کەسانى تر بکوژیت”، ئیدى ئەویش هەڕەشەى لێدەکات بەوەى جارێکى تر پەیوەندى پێیەوە نەکاتەوە ئەگەر بەو زمانە لەگەڵى قسە بکات.
بەمەش پەیوەندییەکى زۆر کەمى لەگەڵ ماڵەوەیان دەمێنێت، لەو ماوەیەشدا بلیریم هیتا هەر لە چوارچێوەى ئیشکردنى لەنێو دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش) بە مەبەستى خۆئامادەکردن بۆ جێبەجێکردنى کردەوەیەکى خۆکوژى دژى “کافرەکان” لە بەغدا رەوانەى عێراق دەکرێت، ئەم پیلانەش بە شاراوەیى دەهێڵدرێتەوە تاوەکو شەوى پێش جێبەجێکردنى کردەوەکە پەیوەندى بە دایکى دەکات و پێى دەڵێت کە “ئەو لە ئامادەباشى دایە کە بە سبەینێ بە دیدارى خودا بگات”. دایکیشى لە مەبەستەکەى ئەو تێناگات تا ئەو کاتەى خۆى دەتەقێنێتەوە و وێنەى کوڕەکەى وەک خۆکوژى تەقینەوەکە لە هەواڵەکان دەردەکەوێت، کە ئەمەش بۆ دایکى و خوشک و تەواوى خێزانەکەى و خەڵکى کۆسۆڤۆش دەبێتە شۆک و جێى راچڵەکین.

ئاخۆ دەبێ چ وا لە گەنجێکى کراوە دەکات وڵاتەکەى خۆى بەجێبهێڵێت و رووبکاتە عێراق لەوێدا خۆى بتەقێنێتەوە و ٥٢ مرۆڤى عێراقى بێ تاوان بکوژێت؟
چیرۆکى بلیریم هیتا، دادگاییکردنى شێخ شەوکەت کراسنیتچى، لە کاتێکى درەنگدا بێباکى دەوڵەت و ” کۆمەڵەى ئایینى” (گرێدراو بە دەوڵەتى قوڵ لە کۆسۆفۆ) لە پەیوەست بە دەرکەوتنى رەوتى سەلەفى دەرخست، ئەو رەوتە سەلەفییەى کە زیاتر لە ساڵانى ٢٠١١-٢٠١٦ بەرەو ئاراستەیەکى جیهادى دەچێت، هەروەکو میکانیزمەکانى هاندان و تەجنیدکردن و پشتیوانیکردنى دارایى لەماوەى ئەو ساڵانە دەردەکەوێت. ئەگەر شێخ شەوکەت کراسنیتچى، ئێستا بەتۆمەتى “هاندان بۆ تیرۆر” دادگایى بکرێت، لەسەر ئەوەش دادگایى دەکرێت کە یارمەتى موسا ئادەمى داوە، ئەو کەسەى کە لە ٢٠١٦ بە تاوانى رەوانەکردنى کەسەکان بۆ نێو گروپە تیرۆریستەکان ماوەى پێنج ساڵ زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنرا، لەو کەسانەیش بلیریم هیتا بوو کە شەهید یان قوربانى پێدەوترێ! لەم چوارچێوەیەشدا دادگاییکردنى شێخ شەوکەت کراسنیتچى ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن یارمەتى دارایى لە دەرەوە بۆ هاتووە، ئەو تۆمەتباریشە بەوەى کە خۆى لە پێدانى باجى سەروەت و سامانەکەى دزیوەتەوە، کە لێدوانى نادروستى لەبارەى داهاتى ساڵانەى خۆى لە ماوەى ئەم ساڵانەى شەڕى سوریا (٢٠١١-٢٠١٦) داوە، کە لە ئەنجامدا بڕى زیاتر لە بیست هەزار یۆرۆى زیان وەک باج نەداوەتە دەوڵەت و زیانى لە خەزێنەى دەوڵەت داوە.

سەرچاوە: وێبسایتى DARAJ
http://daraj.com/Article/2349/




پەکەکە بەرەو کوێ مل دەنێ؟ … زاهیر باهیر

پەکەکە لەوەتەی دروستبووە بە بارودۆخی یەکجار ناهەموار و سەختدا تێپەڕیوە ، بەڵام هەرگیز وەکو ئێستای نەبووە. باشترین قۆناغی تێکۆشان و خەباتی پەکەکە ئەو سەردەمانە بووە کە ئاشتی یائاگربەستی یەکلایەنانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا، ڕاگەیاندووە. ئەمەش ئەو سەردەمە بووە کە پەکەکە کەشی داوەتەوە، کوردیش لە باکوردا ، بۆ ماوەیەك حەواوەتەوە . هەر ئەو ماوەیەش باشترین هەل و دەرفەتێك بووە بۆ پەکەکە کە چەق و نیشانە لەسەر شار و شارۆچکەکان بگرێت بۆ خۆڕێکخستنەوەی خۆی لە شێوەیەکی باشترا.

ئەوانەش یەکێك بوون لەو کارە باشانەی کە پەکەکە توانی لە سەردەمی ئاگربەستیدا، بیکات. لە ڕاستیدا، لەم قۆناغەدا[ قۆناغی ئاگربەستی] پەکەکە توانی پەیوەندی زیاتر بگرێت چ لە ناو خۆی تورکیادا و چ لە دەرەوەی تورکیا، کۆمەك و هاوپشتییەکی مەزن لە لایەن زۆرێك لە چەپەکان و نقابەییەکان و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و تەنانەی ئەنارکیستەکانی دونیاوە ، دابین بکات. لەمانەش زیاتر ، پەکەکە ئەو هەلەی قۆستەوە بۆ لێدوان و مشتومڕی نێوان ئەندام و لایەنگرانی سەبارەت بە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی / جەماوەریی و ڕەتکردنەوەی ئایدیای دەوڵەت-نەتەوە . بە کورتی پەکەکە لەناو خۆیدا لە لێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدا بوو ، لە تێپەڕاندنی قۆناخێك لە هێزێکی سەربازییەوە بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی ، لە جەنگی گەریلاوە بۆ بەرگریی یاخیانەی مەدەنیانە، لە بزوتنەوەیەکی چەکدارییەوە بۆ بزوتنەوەیەکیی جەماوەریی .

هەموو ئەم گەشەکردن و پێشەوەچونانە زۆر بەباشی کاریان لەسەر کرا و کاریانکرد، تەنانەت ڕۆژاوای کوردستانیش لێی سودەمەند و بەهرەمەند بوو. ئەم کارە باشانە هەتا مانگی نیسانی 2015 ی خایاند، ئەو کاتەی کە ئەردۆگان هەموو پەیوەندییەکانی ئۆجەلانی بە دەرەوەی خۆی بڕی . قۆناغی نێوانی نیسان و حوزەیرانی هەمان ساڵ ، قۆناخێ دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیریی بوو، قۆناخێکی ناسک بوو نەك هەر لە باکوردا بەڵکو لەسەرجەمی تورکیاشدا. لە 20/07/2015 هێڕشێکی تیرۆریسیانە گەنجانی باڵی چەپ و سۆشیالیستی کە لە شارۆچکەی ‘سروس؛ گردبوبوونەوە سەبارەت بە پێشکەشکردنی کۆمەك و هاوکاری بە کۆبانی ، کردە نیشانە و 33 گەنج گیانیان بەختکرد و 104 ی دیکەش بریندار بوون . بە دوای ئەمەشدا تیرۆرکردنی دوو پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا، کە پەکەکەی تیادا تاوانبار کرا ، هات. ئەردۆگان و دەزگە سیخوڕییەکەی ‘ میت ‘ بە خۆشییەوە چوون بەرەوپیری ئەم ڕووداوە و بە دەرفەتێکی باشیان زانی بۆ ناچارکردنی پەکەکە لە شەڕێكی نەخوازراوەوە و دواتریش شکاندنی ئاگربەستی .

هەر لەو کاتەوە پەکەکە لە قەیراندایە بەتایبەت کە پێشوازیی لە بانگەوازەکەی دەوڵەتی تورکیای بە وەڵامدانەوەی شەر بە شەڕ، کرد . ئیتر ئەردۆگان هەر جەنگی دژی پەکەکە ڕانەگەیاند بەڵکو دژی هەموو کورد لە باکورا، بەو پەڕی دڕەندەییەوە و جەختکردنەوە لەسەر بەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی جەنگیی دژ بە کورد ، ئەمەش لە کاتێکدا کە هێزەکانی دەوڵەت ڕووبەڕوی بەرگریی خەڵکی و شەڕی سەرشەقام دەبوونەوە لە زۆرێك لە شارۆچکەکانا. پەکەکەش بانگەشەی بەرگرییکردنی زیاتری دەکرد دژ بە هێزە سەربازییەکانی دەوڵەت ، ئەم بەرگرییەشی بە ” بەرگریی لەخۆی پۆزەتیڤانە” ناو دەبرد، بەلام لە ڕاستیدا ئەم بەرگرییە ، بەرگریی خۆبەزێن و خۆلەناوبردن ،بوو ، چونکە دەوڵەتی تورکیا هەر بە شەڕکردن دژ بە پەکەکە و کورد لە تورکیادا نەوەستا ، بەڵکو جەنگەکەی بەربڵاوتر کرد و دەستدرێژیشی کردە سەر کوردستانی باشووریش، کە ڕۆژانە یا هەفتەی چەند جارێك فڕؤکە جەنگییەکانی شاخەکانی قەندیل و دەورو بەرەکەی و گوندەکانی بناری شاخیان بۆردومان دەکرد ، کەئەمەش بووە هۆی کوشتنی چەندەها هاووڵاتی گوندەکان و ئاژەڵ و گیانلەبەرەکانیان لەتەك وێرانکردنی خاك و ژینگەکەشیاندا.

ئامادەیی پەکەکە بە تێوەگلانی لەو شەڕە ناڕەوایەی دەوڵەتی تورکیا پاساو و بیانویەکی باشی دایە دەستی دەوڵەتی تورکیا کە بە تەواوی دەستی خۆیناویی ئاوەڵا بکات لە وێرانکردنی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان و کوژرانی هەرکەسێك کە بەربەرەکانی دەسەڵاتی بکردایەتەوە، بە بەکارهێنانی هەر ئامرازێكی بکوژ و داپڵۆسێنەر. سەرەنجامیش زۆربەی ئەنجوومەنەکانی شارەوانییەکانی باشوری هەڵوەشاندەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەدەپە و خەڵکیدا بوون . زیاتر لە 2000 کەس گیانیان بەختکرد، 11 ئەندام پەڕلەمان گیراون کە لە ناویاندا هەردوو سەرۆکی پارتی هەدەپەی تیادایە ، زیاتر لە 134 ئەندامی شارەوانییەکان گیراون ، 500،000 کەس ڕاگوێزراون یاخود ناچار بە ڕاگوێزان کراونەتەوە ، تەواوی شاری ‘سور’ ، شارە مێژووییە دێرینەکەی نێو ئامەد وێران کرا. لە نێو “کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی” و “ئەنجومەنی گەلان”یش ، ئەمەریکا و بریتانیا و فەرەنسا وئەڵمانیا لۆمەی پەکەکەیان کرد و پێداگرییان لەسەر تیرۆریستی پەکەکە دەکرد . میدیاکەشیان سەرەڕای هێڕشکردنە سەر پەکەکە ، زۆر بە ئاستەم تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیای ڕوماڵ دەکرد یاخود هەر نەیان دەکرد.
هەموو ئەمانەش لەگەڵ بۆردمانکردنی قەندیل و گوند و گوندییەکانی بناری قەدنیل و کوژرانی خەڵکە هەژارەکە ، بەدیار چاوی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و حکومەتی ئەمەریکاوە بوون . لەگەڵ هەموو ئەم تاوانانەشا هێشتا ئەوە تورکیا بوو کە پشتگیریی وکۆمەكی پێدەکرا و تەنانەت حکومەتی بریتانیا بەردەوام بوو لە فرۆشتنی چەکی قورس و تەقەمەنی بە ئەردۆگان .

دوای ماوەیەك پەکەکە شەڕی شەقامی [ شەواریع] ڕاگرت بەڵام زۆر درەنگ بوو چونکە ئامانجەکەی دەوڵەتی تورکیا هاتە دی، کە تاکتیکەکەی پەکەکە شکستی هێنا و باجێکی یەکجار هەر یەکجار گەورەی بە کورد دا . لەگەڵ ئەو خەسارە گەورەیە و ئەو شکستەدا جێی تێڕامانە تاکو ئەم ساتەش ئەوەندەی من بەئاگا بم کەسێك ، سەرکرەدەیەك لە پەکەکەدا بەرپرسیاریی گەڕانەوەی بارودۆخی کوردستانی بۆ ساڵانی 80 سەرەتاکانی 90 هەڵنەگرت، سەبارەت بەو تاکتیکە خۆکوژییەی کە پەکەکە بەکاری هێنا و گۆڕینی ستراتیجییەکەی لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ بزوتنەوەی چەکداریی، کەس سەرززەنشت نەکرا و سزا نەدرا . لەمەش خراپتر بۆ ئێمەیەك کە خۆمان بە هاوپشت و کۆمەککار و دۆستی ڕۆژاوا و باکور دەزانیین جگە لە لێدانی چەپڵە و پیاهەڵدان و دەستخۆشی ، بێدەنگیمان بەرانبەر ئەم وەرچەرخانەی پەکەکە ، هەڵبژارد.

بە بۆچونی من لەو کاتەوە پەکەکە لە قەیرانێکی گەورەدا دەژی و لە ئێستادا ڕووبەڕوی دوو هەڵبژاردە دەبێتەوە: یەکەم : یان گەڕانەوە بۆ جەنگی تەواوی ساڵانی 80 و سەرەتای 90 کان، واتە لە کوێوە دەستی پێکرد بۆ ئەو شوێنە، هەڵبژاردنی ئەمەش بەدڵنیاییەوە هێج شتێك بەدی ناهێنێت جگە لە قوربانیدانی زیاتر و وێرانکردنی کوردستان و لاوازکردنی پرسی کورد و بەهێزکردنی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی . دووەم: چەکدانانی بەشێكی زۆریان و کشانەوەیان بەرەو قەندیل و سەر سنور و هاوکاتیش بانگەشەی وەستانی شەڕ دژ بە تورکیا بکەن ، ئیدی تورکیا قەبوڵی بکات یا نەکات کێشەیەك نییە. ئەمە دەکرێت بە هەنگاوی یەکەم ناوی ببرێت تاکو گیانێک بە پەکەکە و کوردی باکوردا بێتەوە. دوای ئەمە هاندانی لایەنگران و هاوکارانی لە شار و شارۆجکەکانی هەموو تورکیا تاکو ببنە ناوەندەکانی خەبات و تێکۆشان بۆ پێکهێنانی بزوتنەوەیەکی جەماوەریانە. ئەم هەڵبژاردەیە تاکە ڕێگایەکە ئەگەر پەکەکە بیەوێت لەم قەیرانەی ئێستای دەرچێت و شتێك بۆ کوردانی باکور بکات.

من بەشبەحاڵی خۆم ڕام وایە ئەم هەنگاوە بۆ پەکەکە یەکجار گرانە چونکە لە مانگی تەموزی ساڵی 2015 وە ، پەکەکە لە ڕوی ئایدۆلۆجیی و ئەوەی کە پێشتر دەیویست بەدەستی بهێنێت لە گەڕانەوەدایە و لە پرنسپەکانی ئۆجەلان ڕۆژ بە ڕؤژ دووردەکەوێتەوە کە هەرە سەرەکییەکەیان بیناکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە . هەروەها لە ئێستاشدا سەکردەکانی پەکەکە ، بەتایبەت سەرکردە سەربازییەکان قسە و زمانی جیایان لە ئۆجەلان هەیە و ڕەنگە لە کەمایەتییەکی یەکجار کەمی نێو پەکەکەش، لە کاتێکدا کە باس لە دەوڵەتی کوردی و ، یەکگرتنی ڕیزەکانی کورد و موئتەمەری گەلی کورد و زۆری تر لەم خیتابە قەومییانە،دەکەن.

لە باشوری کوردستان کە پەکەکە لە ڕوی فکریی و سەربازییەوە زۆر بەهێزە و زۆرێك لە بارگە و بنکەکانیان لەوێیە تەنانەت لە ماوەی 20 ساڵی ڕابوردودا تاکە گروپێكی لۆکاڵییان دروست نەکردووە جگە لە دروستکردنی ئەنجومەن لە خەڵکانی چەند گوندێكی بناری قەندیل و ئەوەی شەنگالیش ، کە دەتوانم بڵێـم ئەوەی شەنگال بارودۆخەکە سەپاندی بەسەریانا کاتێك کە لە بەرانبەریانا، پارتی و هێزەکەی هەبوون. تەنانەت ئەمان کاریان لەسەر پێناساندنی ئەزموونە گەورەکەی ڕۆژاوا و باکور، بۆ کوردی باشور نەکرد . یارمەتی و کۆمەکیان بە لایەنگران و کەسانی خۆیان لە باشور نەکرد سەبارەت بە دروستکرنی هەمان شت کە لە ڕۆژاوا و باکور کراون، جگە لە پەروەردەکردنیان بۆ چەك هەڵگرتن و پەیوەندی بە ڕیزەکانیانەوە وەکو شەڕکەرێك.
ئەوەی کە پەکەکە لە باشوردا دەیکات لای من یا هیچ شتێك کۆی ناکاتەوە یاخود زۆر کەم لەتەك فکریی نوێی ئۆجەلان-دا، دێتەوە.
لە ڕۆژی 23/12/2017 سەرکردەی پەکەکە و هاوسەرۆکی کەجەکە ، جەمیل بایك، لە دیمانەکەی لەتەك کەناڵی ڕوناهی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای باشوری کوردستان کە لە ساڵی 2015 وە لە قەیرانێکی گەورەدایە و خۆپیشاندان و ناڕەزییەکانی ئەم دواییەی بەخۆیەوە بینی ، بایك وتی تاکە ڕێگایەك لە دەرچون لەم قەیرانەی ئیستا ” .. ێکهێنانی حکومەتێکی نوێی دیموکراتی دەبێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی باشوری کوردستان”* . ئەمەی لە کاتێکدا وت کە دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ ئەو کە قسە لە سەر ڕەگوڕیشەی کێشە و گرفتەکان بکات و هەروەها قسە لەسەر حەلی ئەو کێشانە بکات بە گرێدانەوەیان بە هزریی نوێی ئۆجەلانەوە کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە . ئەو زۆر باش دەزانێت ئەوەی کە وتی بە هیچ جۆرێك حەل نییە چونکە ” حکومەتی نوێ” تەنها لە پارتە سیاسییەکانی ئێستا پێك دێت کە لە کاتێکدا هەموویان هەتا بیناقاقایان لە گەندەڵیدا نوقم بووە و هەر لایەکیشسیان پیاوی لایەنێكن: ئێران، تورکیا یا سعودییە و قەتەر. ئەم حیزبانەش ئەوەیان سەلماند کە پارتی سیاسی هەرگیز ناتوانێت خۆشحاڵی و ئازادیی و یەکسانی بۆ خەڵکەکەی بهێنێت.

لە ڕؤژی 28/12/2017 مورات قەریلان فەرماندەی سەربازی پەکەکە لە و دیمانەیەی کە لەگەڵ کەناڵی چرا کردی وتی ” …ئێمه‌ ده‌ڵێین له‌لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ کۆمسیۆنێک دروست بکرێت، ئه‌م کۆمسیۆنه‌ له‌ هه‌موو ڕێکخراوه‌ سیاسى و مه‌ده‌نییه‌کان و هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى فراوان دروست بکرێ… **.” ئەوان پێشنیاریان بۆ ئەو قەیرانە هەیە کە کوردی باشور تێی کەوتووە . ئەو باوەڕی بە دروستبوونی کۆمیسوێنێك هەیە کە کۆبونەوە لەگەڵ خەڵك لە هەمو شوێنێکدا بکات تاکو بزانێ چییان ئەوێت. بەڵام لە ڕاستیدا مورات قەریلان و تەواوی حیزبەکانیش زۆر باش دەزانن کە خەڵکی چییان دەوێت ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە خەڵکی ناتوانن داخوازییەکانیان لە سای ئەو حیزبانە و حکومەتی هەرێم –دا بەدەست بهێنن . ئەم قسانەی مورات قەریلان بێ سەروبەرەیە ، لەبری ئەم قسانە دەیتوانی کۆمەك و هاوپشتیی پارتەکەی بخستایەتە بەردەستی خەڵکی لە خۆڕێکخستنیان سەربەخۆ و بەدەر لەحیزبە شکستخواردووە کان ، هەر وەکو خەڵکی لە ڕۆژاوای کوردستانا کردی کە کاری جددی بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە . گەر دیقەت لە هەردوو دیمانەکە بدەین ئەوەش دەبینین کە ئەم دوو سەرکردەیەی پەکەکە لە نێوخۆیانا هاوڕا نەبوون سەبارەت بە ” حەلکردنی ” ئەو کێشانە.
کەواتە پەکەکە بەرەو کوێ مل دەنێ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام ئاڕاستەی ئێستای پەکەکە نە سوودمەندە بۆ خۆیی و نە بۆ کوردیش . بەهەرحاڵ ، من دڵنیام زۆر ناخایەنێ ، داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

Zaherbaher.com
* http://rojnews.net/haber/23465/.html
http://rojnews.net/haber/23662/.html**

زاهیر باهیر – لەندەن
31/12/2017




حەجە گەورەكەو سەركردە شیعەكانی هەرات …. عەلی مەحمود محەمەد

رۆژی حەجە گەورەكە 4ی كانوونی دووەم,ئەو رۆژەی بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلێكی بندەستدا 4 شاندی جیاجیا لە رۆژێكدا بگاتە پایتەختی ئیحتلالی نیشتمانەكەی نەك بۆ مفاوەزات بگرە بۆ زەلیلی و پاڕانەوە, كە كەمتر لە 2 مانگ پیش ئەو رۆژە ئەم پایتەختە یەك دەست فەرمانی لەشكركێشی بۆ سەر وڵاتەكەی دەركرد و دژ بە هەوڵی سەربەخۆیی بە گەلەكۆمەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی وەستایەوەو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی ئەنجامداو سیاسەتی برسیكردن و تەعریبكردنی لە هەمبەری گرتە بەر,

مافی خۆیەتی ئەو رۆژە بكرێتە رۆژێكی مێژویی لێ وەك زەلیلی, ئەو رۆژەی 4 شاندی كوردی هاوزەمان لە بەغدا بوون و سیانیان بەجیا خەریكی هێنانەوەی دەستكەوتە گەورەكە معاشە حەیاتەكە بوون بۆ بەشێك لە موچە خۆرانی كوردستان تا لە هەڵبژاردنەكان دەنگیان پێ بدەن,
لە لایەن چاودێرانی سیاسی عێراقەوەو بە تەوسەوە كە دەربڕی زەلیلی نەتەوەیەكی بن دەست و كەرامەت شكێنراو بووو ئەو رۆژە ناو نرا بە رۆژی حەجی كوردان بۆ بەغدا,

لە راستیشدا ئەو موچەیەی كە لە ژێر پاڵەپەستۆی سندوقی دراوی جیهانیدا بڕیار وایە بۆ فەرمانبەرانی كوردستان بێت, هیچ پەیوەندی بەم حاجیانەوە نییە و تەنها هیوا دارم خودا حەجەكەیان قەبوڵ بكات و لە ئاگری ئەم میلەتە بیانپارێزێت.لە هەواڵی چالاكی شاندی دوز بۆ بەغدا” رێزم بۆ نوێنەرانی خەڵكی دوز هەیە ئەگەر نوێنەر بن”, كە ئەوانیش یەكێك بوون لە شاندەكان,

لە ماڵپەڕێك كوردی مانشێتێكی سەیر بڵاو كرابوەوە بە ناونیشانی” سەركردە شیعەكانی عێراق ئاگاداری سوتاندنی ماڵە كوردەكانی خورماتو نین”, رۆژی دواتر لەبەر خاتری شاندەكە, سەركردە شیعەكانی عێراق لە رێگای 67 گروپە میلشیا تاوانكارەكەی حەشدەوە, خانوی كەریم بچكۆلیشیان لە دوز تەقاندەوە, بۆ ئەوەی هەواڵەكە مسباقیەت و راستگۆیی زیاتر بێت,

ئەوە بەخشیشی 4 شاندە كوردییەكە بوو لە حەجەكەی بەغدایاندا .خۆی لە راستیدا هەواڵەكە هەم راستە, چونكە بڕیارەكە لە شوێنێكی باڵاتر لەوانەوە دەرچووە كە تارانەو هەموو ئاگاداری تاوانەكە هەن بە سەركردە شیعە هەزارەكانی هەراتیشەوە, هاوكات هەم درۆیە, بەهەمان ریتمی سەدامیانە وەڵامیان داوەتەوە, وەك چۆن سەدام حسێن و سەرانی بەعس لە گفتوگۆی ساڵی 1991 دا,

رایان گەیاند ئاگاداری هەواڵی بێسەروشێنكردنی 182000 ئەنفالكراو 8 هەزار بارزانی و دەیان هەزار فەیلی و ….. نین, ئەم درۆیە لە كاتێكدا دەكرێت و دەڵاڵەكانی مەلاكان داكۆكی لێدەكەن, كە راپۆرتەكەی یۆنامی دەریخست كە مانگە دەستكردەكان وێنەی تاوانەكەی دوزیان گرتووە.
ئەم كارتێلانەی سیاسەت, كە بۆچون و ئامانج و باوەڕیان یەك شتە, ئەوەی جیایان دەكاتەوە, ناوو رەنگیانە, قەت فێری شەڕی موقەدەس نابن بۆ باشتر, ئەوەی لە ئێستادا دەیان جولێنێتەوە, ژمارەی كورسیەكانی هەڵبژاردنی داهاتووە ,

بە نیاز نین دەست و دەمیان لەم درۆو هەڵخەڵەتاندنانە بسڕنەوە, تا سەری ئەمانە سەلامەت بێت, ئەوا نەك تەنها سەرو ماڵمان دەڕوات, بگرە كەرامەتیشمان روشاوتر دەبێت, دەنا گەلێك ملیۆنێك قوربانی دابێت ئێستا بەهۆی هەندێك زەعتوتەوە ئاوا زەلیل دەكرێت كە ناویان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە.




كوردی هائیم و حەیران (5) …. هێمن عومه‌ر خۆشناو

گەلێکم بیستووە پەستی و بڵندیی دەوڵەتان، ئەمما
جیھان نەیدیوە پەستی وا میسالی حاڵی کوردستان
وەكوو هەموو جارێ، رەفیقەكەم منی دەخستە پێشێی تاكسی، تا شۆفێر وەقسەبێنم و بزانم لەو مەملەكەتی پڕ لە جەنجاڵی و هەرا و هۆریای ڕوحلەبەران، لەناو ئەو سێ چوار ملیۆن كوردانەی لێرە لە ئاستانەن، لە دیدەی هائیم و حەیرانیان ڕامێنین و خەبەری مەملەكەتیان بزانین و فرمێسكی سەربڕاویان وەبینین و دڵ و جەرگ و هەناویان بدوێنین و لە دیاریاندا حەیران حەیران دەنكە تەسبیحەكانی مێژوو ئاودیو بكەین و لەوسەری بۆ ئەوسەری، بێینەوە یا فەتتاحی و هەمان خەم و مەینەتان بە با كەینەوە.

بەسەر ئەو پردەدا ڕەت بووین، كە نزیك گۆڕستانی ئەبائەیووبی ئەنساری بوو، رۆحیانەتی نالیم دەهاتە خەیاڵ، ئەو وەختەی تازە لە حەجێ گەڕابۆوە، كتێبێكی لە بابەت سوڵتانان لە موسڵێ ڕا كەوتبووە لای ئەسعەدەفەندی و ئەویش خەنی بووبوو لە شاییان و قۆڵی لێ هەڵكردبوون و داوای سێ سەد قڕووشی لە بابی عالی كردبوو، نالییش هاتبوو بڵێ پارەكەت خوارد خوارد قیڕوسیا! ئەمما كتێبەكەم دەوێتەوە كتێب!
هێشتا هەر لەناو ئەو خەیاڵانەدا بووم، لە جیاتی ئەز لەوی بپرسم خەڵكی كوێی، ئەوی دەستێ خۆ وەپێش خست، لێ ئەمن بەرسڤم نەداوە و تێهەڵچوومەوە و لەویم پرسیاركرد و ئەویش بە توركییەوە هەڵیدایێ:

پەنجا ساڵە لێرەم و پەنجاو شەش بەهاریشە بەوەلەد بوویمە و باب و كالێ منیش خەڵكی سیواسێنە.
هەر كە ناوی سیواسێی هێنا، میری كۆرەم بە فكردا هات، میری كۆری رواندزێ، تا ئەلعانیش نەزانرا لە كیهە كەرخێ لە سیواسێ هاتە كوشتن و نە قەبری دیار ما و نە ئاسەوارەكیش!
كابرا هەر كە زانی كوردین، وامزانی كوورەی دیوانێ قسان گەرم دەكا، هێدی هێدی هاتە سەر كوردانی سیواس، ئەو چەند سەد هەزار كوردەی لە سیواسێنە و تا نهاش خەڵك هەر وا دەزانێ سیواس یەعنی توركستان! تەنانەت كاكی شوفێر دەیگوت لەگەڵ كوردان ماڵ بە ماڵێ وەین، هەر چوار دەوری ماڵێن كورد بوون، لەوەتەی لەوێ هەڵقەندراوین، هاتوچۆن نەبڕاوە، بێنن بە بۆنێ سیواسێ فرە دەبێ و هەوا و هەناسەكی وێندەرێ بارتەقای ساڵەكی ئەو ژیانەیە كە لە خەڵك بە ئەوروپای دەحەسبێنێ! لێ مەفتەن هەر مەفتەنە و وەڵات هەر شیرینە شیرین!

كاكۆ لە تەوێڵی دەخوێندرایەوە بەو بیست دەقەیەی لەگەڵی بووین، گەلەك كەیفی هاتبوو، بەڵام وەك ئەوەی توورەگەی هیواو ئاواتانی وەندا كردبی، دوو دڵ دیاربوو، وەختێ بە تاسەوە لە هەواڵی كوردانی سیواسمان دەپرسی، ئەوجار بە ترس و شەرمەوە وەك ئەوەی ئاوێكی ساردی پێدابكەی، گەرووی پڕ لە هەنسك ، چاوی بوونە گۆمی ئاوان، بە نەرمە دەنگێكەوە بە كوردییەكی خنكاوەوە، ئاوڕێكی لێ دامەوە:

-ئەزژی كوردم!
+چما بە كوردی قسان ناكەی خودێ ژتە ڕازی بێ؟!
هەناسەیەكی ساردی دەردا و بە ئاخ و داخەوە دواو گوتی:
هەمی ژ بیراما چوو! مخابن!
كاكیل كە ناوەكەیم لەفكر چووە، دیاربوو لە شەرمان و لە ترسان نەیدەتوانی زوو بڵێ كوردم، هەتا دەریبڕی وەخت بوو لە هەناوان سیق و دیق بكا، خۆزگەیەكی هەبوو دەیگوت سووڕ دەزانم دەیبەمە بن گڵی، ئەویش ئەوەبوو بەو دواییانە وەهۆش خۆ هاتیمەوە كە چما منداڵەكم فێری زمانی كوردی نەبووە؟! ئای كە توخم و تۆوم بڕایەوە و دارێكی كورد لەو ماڵەی من شین نەبوو و شین نەبوو، هەمووی نە ئەسڵی دەزانێ و نە فەسڵ، لەناو ئەم شارە جەنجاڵەدا هەر ئەوەیە ڕووحمان لەبەر ماوە، ڕووحێكی ئیستیرادكرای، رووحێك باب و كالان نەناسێ بە خوای قەسەم لیرەیەكی سوتاو ناهێنێ!
حاجیشم ئەودەم هاتەوە فكر و بەناوی وی هەڵمدایێ:
دڵم داوە، گوتم: باوکە ھەموومان بێکەسین لێرە
چ قەوماوە، گەلێ حەیفە، مەگریێ ھەروەکوو باران
گوتی بۆ غوربەت و ڕووتی نییە ئەفغان و ھاوارم
لە داخی حاکمی خۆمە، لە شان و شەوکەتی تورکان
گەلێکم بیستووە پەستی و بڵندیی دەوڵەتان، ئەمما
جیھان نەیدیوە پەستی وا میسالی حاڵی کوردستان
گەیشتینە جێی مەبەست و وەخت نەما بۆی تەواو كەم، كە زانی گەیشتین، سۆز و روحمی هەناوانی جوڵا و هاتە خوارێ و ئامێزی تێوەرینام و نەیتوانی هیچ شتێك دەرببڕێ و لە چاوانیدا دونیایەك خەم و كێوێك هائیمی و سەد ساڵ حەیرانیت لێ دەخوێندەوە. سێبەری هەموو فكر و خەیاڵی لە چاوانەوە بەسەر ئەو ڕوومەتە پێكداقوپایەیدا دەهاتەخوارێ و تا لەو كەرخی ڕەت بووین هەر تێنوەڕاما و ئێمەش بە هائیم و حەیرانی هووردە هووردە لەبەر چاوی بزربووین.




لە گۆشەیەکی ترەوە… پرس و..ڕای….. هەفتانە ….. موزەفەر عەبدوڵا


*دیسانەوە گەرانەوەی ملکەچانە بۆ بەغدا!…

دیسانەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی بازنە داخراوەکەی شەڕ و گفتوگۆ و ئەنجامگیری یەک دەسکەوت بەرامبەر دە شکست سەرانی جوڵانەوەی کوردایەتی، چ ئەوانەی لەناو دەسەڵاتن یاخود لە دەرەوەی دەسەڵات، بە ملکەچی بۆ دیداری دەسەلاتدارانی قەومی و تائیفی بە سەرۆکایەتی عەبادی بە بۆربۆڕێن و ڕاکەڕاک بۆ بەغدا گەرانەوە.
ئەم گەرانەوە ملکەچانیەش بۆتە روداوێکی گەورەو هەواڵ و پرس و رای دەزگاکانی راگەیاندن وگشتی لە هەفتەکانی رابردو .
دیارە ئەم گەرانەوەیەیان بۆ گفتوگوی ملكەچانە لە دوای کارەسا تو شکستی شانزەی ئوکتۆبەرەوە دێ کە بە تەواوی بووە هۆی لێکترازان و هەڵوەشانەوەی ئەو یەکگرتنە کرچوکاڵەی کە بەناوی حکومەتی بنکە فراوانەوە لە ئاکامی هەڵبژاردنی گاڵتەجاری .
یەکەی دوای سەرکوتی هەڤدەی شوبات بەدەستیان هێنا
جا بە گوێرەی هەواڵەکان شاندەکانی ئەم گەراوە ملکەچانەیە بریتی یە لە شاندنی فەرمی حکومەت بەسەرۆکایەتی پارتی و شاندی بەناوی ئۆپۆزسیۆنیش بەسەرۆکایەتی گۆڕان .ئەمە جگە لەئەمانە جگە لە پاڤێل تاڵەبانی کە نوێنەرایەتی لایەنی زۆرایەتی یەکێتی دەکات بە بێ ئەوەی پۆستێکی فەرمی هەبێ لەناوی یەکێتیدا…

هەڵبەت هەموو ئەم شاندانەش بەناوی خەڵکی هەژارو برسی کوردستانەوە تورەکەی سواڵیان هەڵگرتوەو لە عەبادی دەستەودارە تائیفی یەکەی دەپاڕێنەوە تا خێریان پێ بکا .
ئەمە جگە لە خێڵی نەوەی نوێ کە تازە سەری لە قەپیلک دەرهێناوە بە سەرکردەیی شاسوار عەبدولواحیدی ملیۆنێری وزەو خوێن مژی دەیان هەزار کەس لە کرێکاران و کارمەندان . بێگومانە ئەویش لە داهاتویەکی نزیکدا ئەم تورەکەی سواڵە هەڵدەگری بەرەو بەغداد بەرێ دەکەوێ بەناوی خەڵکی کوردستانەوە ..

بەڵام گاڵتە جاڕ تر لەهەموو ئەمانە بانگەشەکانی کۆمەڵێ لە نوسەرو رۆشنبیرو ئەکادیمی و ڕاوێژکارانیانە کە بۆ پێویستی ئەم هەوڵانەی گفتوگۆو دیدار دەیکەن گوایە هیچ ڕێگا چارەیەکی تر نی یە تا لەم قەیرانە ئابوری و سیاسی یەی کە کوردوستان تێی کەووتوە دەرچن .
هەڵبەت وەک ئاماژەمان پێدا ئەم ڕاکە ڕاکو بۆربۆرینەی ئەمرۆ تەنها ئاڵقەیەکە لەو بازنە داخراوەی سیاسەتی شەڕو گفتوگۆو ئەنجامگیری یەک دەسکەوت دە شکست کە لەهەر دەورانێک بە شێوازو ناوێکەوە ڕوودەدەن . بێگومان ئەم سیاسەتەش بریتی یە لە مێژووی زیاتر لە نیوە سەدەیان و بۆتە تایبەتمەندیەکی بەرچاوی ئەم جوڵانەوە قەومی – خێڵەکی یە.کە لە نیوەی پەنجاکان بە دواوە لە ژێر ناوی جەلالی و مەلایی تاڵەبانی و بارزانی یەوە دەستی پێکردوە هەتا ئەمرۆ لەهەر دەیەکەدا ناوو شێوازێکی وەرگرتووە بەڵام ناوەرۆکی هەموویان یەکەو خاوەنی یەک ئامانج و ئاسۆی کوردایەتین کە جەماوەری ستەمدیدەیان کردۆتە قوربانی ئەم ئاسووئامانجەیان کە ئەم دوو بەشی دەیەیە ناوەرۆکە گەندەڵ و سەرکوتگەری یەی وەک رۆژی رۆشن وەدەرکەوت .
بۆیە ئیتر کاتی ئەوە بە زیادەوە هاتووە کە جەماوەری بێ بەش و ستەمدیدە هیچ جۆرە خۆش باوەڕی یەکیان بەم گەڕانەوەیە ملکەچانەیەش نەبێ کە توێژە زوڕناژەنە بەناو رۆشنبیرو ئەکادیمی و نوسەرە دەربارەکانیان بانگەشەیان بۆ دەکەن .لە جیاتی خۆشباوەڕی پێویستە بڕوایان بە ئیرادەو هێزی یەکگروانەی خۆیان هاوچینەکانیان لە شارەکانی تری عێراق هەبێ کە بە خەبات و نارەزایەتی یەکگرتوانەو گشتی و سەراسەریان دەتوانن و لە ت
وانادایە کە خواستەکانیان بەسەر هەردو دەسەڵاتدا بسەپیین .

نەوەی نوێ لیبرالیزمی نوێ بە لینگەوقوچی *

لە ڕۆژەکانی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو جوڵانەوەکەی شاسوار عەبدولواحیدی میلیۆنێری سەرمایەدار، کە سەرمایەکەی بەهۆی مژینی ووزەو خوێنی هەزاران کەس لە کرێکارو کارمەندانی ستەمدیدە دزی کۆکردۆتەوە، یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری سلێمانی بەست. لەم کۆنگرەیەدا گوایە زیاتر لە سێ سەد لاوی کوڕو کچ بەشدار بوون ئەویان بە زۆرایەتی دەنگ بە سەرۆکی جوڵانەوەکەی هەڵبژاردوە .
.ئەم ڕوداوەش بۆتە یەکێک لە هەواڵەکانی و جێگای پرس و ڕای گشتی
جا وا پێویست دەکات ئێمەش رایەکی خۆمان لە گۆشە نیگای خۆمانەوە بدەین .

راستی یەکەی جولانەوەی نەوەی نویش هەروەک بزوتنەوەی گوران وایە لە لە شێوازو ناوەرۆکی پیکهاتنی تا دەگاتە ئەو ئامانجو ئاسۆیەی بەشوینیوەیەتی،رەنگە زۆر راسترەوانە ترس بی لە بزوتنەوەی گۆرانەکەنی نەوشیروان. نەوشیروانیش هەمان تولە ریی گرتە بەر کە خۆی بەشیک بو لە دەسەلات ،و لە دامەزراندنی کۆمپانیای ووشە دەستی پیکرد و پاشان پێک هێنانی فراکسیونێکی پەڕلەمانی پێک هێنا. پاش ماوەیەکی تر بە خۆ هەڵواسین بە ڕق و بێزاری و نارەزایەتی خەڵکی کرێکارو بێکارو هەژارو لاوان و قوتابیان لە دەست دەسەڵاتداران بەشێکی گەورەی لەم خەڵکە نارەزایەتی بە دروشم و ئامانجەکانی خۆی خۆشخەیاڵ کردو ئەو خەڵکە نارەزایەتیی بە دروشمی ٤ ساڵ ئارامی ناردوە ماڵەوە .
شاسواریش لە چەند ساڵی رابردودا لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە دزو گەندەڵ و مافیایە سەرمایەی پێک هێناوە. لە دوای پێکهاتنی گۆڕانیشەوە وەک خٶی دەڵی وەک راویژکاری نەوشیروان وابووە. ئێستاش بە کەڵک وەرگرتن لە شکستی گوڕان و لە پاڵ ڕق و بێزاری خەڵک لەهەموو دەسەڵات و ئوپۆزسیٶن و لەسەروبەندی ڕیفراندۆم بە بەرزکردنەوەی دروشمی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستا کە بەشێکی زۆری خەڵک هەر لە دژی پارتی و بارزانی دژی ریفراندۆمیش بوون شاسوار بۆی گونجاو توانی چەند هەزار لاوێکی دڵ پڕ هیواو خوێن گەرم لە خۆی کۆکاتەوە بەوهیوایەی ببێ بە ترامپی کوردستان .

جا ئەگەرچی لە رواڵەتدا هەندێ جیاوازی یان هەیە لەگەڵ لایەنەکانی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەڵام لە ڕووی ناوەرۆکی سیاسی و ئابووری یەوە تا مۆخی ئێسقان دژی مرۆیی و دژی هەر بیرو کارو کەلتورێکی ئازادیخوازانەو یەکسانخوازانەن. بەمەش دژی هەر جوڵانەوەیەکی نارەزایەتی و راپەرینێکن کە ئاسوو ئامانجەکەی بریتی بی لە ئازادی و یەکسانی تەواوی ئابوری و سیاسی نیوان مرۆڤەکان لە کۆمەلگادا. .ئەوەی ئەم جولانەوەیە ئامانجیتی و دەیەوەێ بەدی بێنێ دەسکراوەیی رەهاو بە بێ چاودێری بۆ بە گەرخستنی کۆمپانیاکانی خۆی و هاوکاری و خستنە سەرپشتی بازاڕی ڕەشی کارو سەرمایەیە تەنانەت نەک وەک ئەوەی ترامپو هاوبیرانی کاری بو دەکەن لە جوارجیوەی کۆمەلە یاساو ریساو نەرێتیکی جوڵانەوەی لیبرالیزمی نوێ کە سەرەتای سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ رێگان و تاتشر بۆ راهاکردنی بازاڕی سەرمایە لەهەموو کۆتوبەندێک ..
ئێستا ئەم جوڵانەوەیەی نەوەی نوێی شاسوار خەونی هەمان جوڵانەوەی لیبرالیزمی نوێ یە بەڵام نەک لەهەمان هەلومەرجی سیاسی کۆمەلایەتی ئەمریکاو ئەوروپاو تەنانەت ووڵاتەکانی ئەوروپای رۆژهەلات و ئاسیای رۆژهەڵاتیش لە چەشنی یابان و کوریاو…هتد بەڵکو لەهەلومەرجی سیاسی و ئابوری وکۆمەلایەتی پڕ هەڵچون و داچون و کەشی دەسەڵاتە سەرکەتگەرە رەها قەومی و خێڵەکی و دینی یەکان بەرەچاوکردنی ئەوەی کوردستان نە خۆی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە نە بەشێکە لە دەوڵەتێکی جێگیرو ناوچەیەکی جێگری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی .
بویە جولانەوەی نەوی نویکەی شاسوار هەر وەک جولانەوەو دیاردە سیاسی یەکانی تر جگە لە کۆپی کردنیکی لنگەو قوجیکی تر شتیکی تری لین دەرناچی،
هەر وەک پەرلەمان و حکومەتەکەی کورددستانکە کە کۆپی یەکی لینگەو قوچن لە چاو پەرلەمانی ووڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا کە جوڵانەوەی لیبرالیزمی نوێ تیایدا سەری هەڵدا .

بە کورتی ئامانجی شاسوار بە ئەزمون وەرگرتن لەوەی کە تیوانویەتی لە دوو دەیەی ڕابردوو دەیان ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە ئەگەرچی لە پەڕاوێزی کاری سیاسدا بووە ئێستا دەیەوێ بە کارو چالاکی ڕاستەوخۆی سیاسی لە کایەی سیاسی ناجێگیرو ئاڵوزی کوردستاندا دەیان ملیۆنی تر بکاتە سەر سەرمایەکەی . بێگومانە بۆ ئەم رۆڵەش ئەویش چوون دەورانێک راوێژکاری نەوشیروان بووە ئاوآش ئێستا ڕاوێژکاری هەیە لە هێزو جوڵانەوە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی یەکان .
ئەم رایە دروستەی ئێمە لە دەرخستنی ناوەرۆکی ئەم جوڵانەوەیە بێگومانە هەموو سەرانی جوڵانەوی نەوەی نوێی دژین. هاوکات زۆرێک لە دەرەوەی جوڵانەوەکە گومانیان هەیە بەڵام ئاسایی یە کە روداوەکانی داهاتوو هەروەک بزوتنەوەی گۆڕان ناوەرۆکی چینایەتی یان دەردەخا .

ئیران ئەمجارە کێ دەیبا…؟ *

لە ئاکامی دەیان ساڵ لە سەرکوتی ڕەهای ماف و ئازادی یەکانی زۆرینەی جەماوەری ئازادیخوازی ئێران و هەروەها فشاری بێکاری ، نەبونی، هەژاری و برسێتی ، بێخانەو لانەیی و ئاوارەیی و دەیان دیاردەی تر، خەڵکی بەردەوام نارەزایەتی و خٶپیشانداندانیان بە شێوازی پەرش و بڵاو ئەنجامداوە ..لە نێو ئەم نارەزایەتی یانە نارەزایەتی خوێندکارانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز کە پێیان دەوتن داب لە خوێندنگاو زانکۆکان بە تایبەتی . زانکۆی تاران لە شەشی دیسەمبەر، کە ناسراوە بە شانزەی ئازەر، خاڵکیکی درەوشاوەی ئەم خرۆشانە بوو.ئەگەرچی ئەم خروشان وخۆپیشاندانە سەرکوت کراو دامرکایەوە بەڵام پشکۆکانی هەمیشە بە گەشی مابوونەوە.

پاشان شەپۆلیکی تری نارەزایەتی تر دەستی پێکرد بەڵام بە داخەوە باڵیکی ناو ڕژیمی ئیسلامی بەناوی باڵی ریفورمخوازو رەنگی سەوزەوە بە ڕێبەری موسەوی و کەروبی توانیان لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی دوو هەزارو نۆ رابەری یەکەی بۆ ئامانجەکانی خۆیان لە دژی باڵی کۆنەپارێز وەرگرن . ئەگەرچی سەرەڕای هۆشداری هەندێ لایەنی چەپ و کۆمۆنیست ، بە تایبەتی خەتی رەسمی حزبی کۆمۆنسیتی کریکاریی ، کە ئەم جوڵانەوەیە زیاتر لە خزمەت باڵیکی ناو رژیمەو دژی سەراپای ڕژێم نی یە لە خزمەت بەرژەوەندی یەکانی جەماوەری ناڕازی نی یە ، وە سەرەنجام ئەو جوڵانەوەیە بێ ئاکام مایەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناڕەزایەتی پەرش و بڵاو هەر بووە تا لەسەرو بەندی یادی شانزەی ئازەرو، هاوکات راگەیاندنی بودجەی ئەمساڵی رژیم ، کە بەشی شێری بۆ دامودەزگا سەربازی و چەکداری یە سەرکوتەگەری یەکان تەرخان کردوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گەندەڵی و دزی سەرانی ڕژێم هەموویان بوونەتە ملیونێرو ملیاردێر هەموویانەوە خامەنەئی ڕێبەری ڕوحانی .لە کاتیکدا برسێتی و هەژاری و بێکاری و بێ خانەولانەیی بێ خزمەتگوزاری ڕەهاو گەیشتۆتە ئەوپەڕی ، کەچی لە بودجەی ئەمساڵدا ڕێژەی زیاتر دانراوە بۆ بە کۆمەک و هاوکاری دەستەو تاقم و ڕژێمە ئیسلامی یە کۆنەپەرستەکانی هاوپەیمانی خۆیان .هەموو ئەمانە کارێکی وای کرد کە خەڵکی نارەزایەتی یە پەرش و بڵاوەکانیان گردو کۆ کەنەوە . وە لە هەفتەکانی سەرەتای ساڵی نوێوە دەس دەنەوە نارەزایەتی لە زۆربەی شارەکان و دروشمەکانیان تا رادەی ڕوخانی هەموو دەسەڵاتی ئیسلامی بەرزکەنەوەو مۆری جوڵانەوەیەکی سەربەخۆ تا رادەی راپەرین لە نارەزایەتی یەکانیان بدەن..

خۆ یستا ئەگەر ئەم جولانەوە نارەزایەتی یە لەم دەورەیەش سەرکوت بکرێ و خاموش بێتەوە ئەوە بیگومانە لە داهاتوی نزیک بە گورو تینێکی زۆر زیاترو رێکخراو تر سەرهەڵدەداتەوە تا رادەی راپەرینی جەماوەری دەچیت. تەنانەش لە داهاتودا چاوەروانی ئەوەی لی دەکری ببیتە راپەرینیکی چەکداریش و مایەی روخانی رژیم. هەر بۆیەش لە ئێستاوە ئەم ئاکامە بۆتە جێگای پرس و ڕای خەڵک و بە تایبەتی پرسیاری ئەوەی ئاخو ئەمجارە ئیران کێ دەیباو دەکەوێتە دەستی کێ ، ڕاست یان چەپ؟!!
لە وەڵام بەم پرس و پرسیارە بە رای ئێمە یەک راستی واقعی هەیە پێویست دەکا بە وردی سەرنجی لێ بدرێ و ئەنجامگیری لی بکری ئەویش ئەوەیە جولانەوەی ئەمجارە تەواو سەربەخویە لە بالەکانی ناو رژیم و تەنانەتلە بڵلە راستە کانی دەرەوەی ڕژێمیش کە بەهێز ترینیان موجاهیدین و سەڵتەنەتتەلەبەکان – شاخوازەکان- نن
وە ئەم جوڵانەوە سەربەخۆیە راستەو خۆ چین و توێژە کانی خوارەوە لە کرێکاران و بێکاران و مامۆستایان و لاوانی و قوتابیان و بە تایبەت ژنان و هەروەها بێ خانەولانەکان و دەسفرۆشان دەستیان داوەتێ . ئەگەرچی بە شێوازی یەکگرتو ڕێکخراو و چوارچیوەی رێکخراوی سەراسەری و بە پلان و نەخشە بۆ دارێژراو و خاوەنی یەک رابەری رۆشن و بەدیلی چینایەتی نی یە ، بەڵام ئاماژەکان دیارن بە تایبەتی بەهۆی بەهێزی پێگەی چەپ و بزوتنەوەی کریکاری و ژنان لە چاو هەموو ووڵاتانی رۆژهەڵات..
جا گەر لەم گوشە نیگایەوە سەرنجی بدریتی ئەوە ئەگەری زۆر هەیە ئەمجارە ئیران چەپ بیبا.

٧-١-٢٠١٨




من پیاوێکی سیاسیم … هیوا سەعید

من پیاوێکی سیاسیم
ناسینی کەسم لێ زیاد نییە
زانا و نەزان
مەلا و قەحپە
شاعیر و بازرگان
هەمووی بە دۆستی خۆم دەزانم
ئەوەی گوێی هەیە با تێبگا.

من پیاوێکی سیاسیم
لە پشتەوە دەوەستم بۆ ئەوەی بچمە پێشەوە
نۆرە دەگرم بۆ ئەوەی نۆرەبڕی بکەم
سڵاو لە هەموان دەکەم
بۆ ئەوەی وەڵامی کەس نەدەمەوە
لەگەڵ هەژارەکان دادەنیشم
بۆ ئەوەی بگەمە سەرمایەدارەکان
ئەوەی چاوی هەیە با ببینێ.

من پیاوێکی سیاسیم
لە پەنا لێبوردەیی گەورەییم دەوێ
کوێرێک لە شەقام دەپەڕێنمەوە
بۆ ئەوەی چاوساغەکان بە هەڵدێردا ببەم
قۆڵ دەخەمە بن باڵی شەلێک
بۆ ئەوەی ڕاوەستاوەکان بەردەمەوە
کە بۆ منداڵێک دەنوشتێمەوە و دەست لە ملی دەکەم
بۆ ئەوەیە گەورەکان
لە بەردەمم بکەونە سەرچۆک و
دەست بە پێمەوە بگرن
ئەوەی هۆشی هەیە با بیر بکاتەوە.