جیهان لە چنگى ئیمپراتۆردا – 5 – … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشى پێنجەم…….

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دواى پاشەکشەپێکردنى وڵاتانى زلهێزى ئەوروپا لە دواى جەنگى دووەمى جیهانى و دواتریش رووبەڕووبوونەوەى بیر و دەسەڵاتى کۆمەنیزم لە سەرتاسەرى جیهاندا کە یەکێتى سۆڤیەتى جاران سەرکردایەتى دەکرد، لە هەمانکاتیشدا سنووردارکردنى، دواتریش شکستپێهێنانى بیرى عروبەى عەرەبى لە دواى پەنجاکانى سەدەى رابردوو، بەسەرکردایەتى (جەمال عەبدولناسر) دەسەڵات و هەیمەنەى ئەمریکا گەیشتە چلەپۆپەى، بۆیە قسەکردن لە ئەمریکاى دواى ئەم قۆناغە باڵایە، بۆتە یەکێک لەو باسە گەرم و گۆڕە سیاسیانەى، نێوخۆى ئەمریکا، بەشێوەیەک لە سەرئاستى جیهانیشدا بۆتە مەسەلەیەکى پڕ بایەخ.

هەندێ لە مێژوونووسان و بیرمەندانى سیاسى، ئێمپراتۆرییەتەکەى ئێستاى ئەمریکا دەشوبهێنن بە ئیمپراتۆرییەتەکەى جارانى بەریتانیا، کە چۆن ئەو ئیمپراتۆرییەتەى کە بەوە ناسرا بوو، خۆرى لێئاوانابێت تووشى داڕوخان بوو، ، ئاواش ئیمپراتۆرییەتەکەى ئەمریکا کە بە دەسەڵاتدارى موتلەقى جیهان ناسراوە، دوور یان نزیک دووچارى هەمان چارەنووس دەبێتەوە “لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتى بەریتانیا رۆژێ لە رۆژان چارەگى خاکى دونیا بەدەستەوە بوو، کە نزیکەى چارەگى دانیشتوانى جیهانی پێکدەهێنا، لە بەرامبەر ئەوەدا ئەو زەوییەى کە ئێستا ئەمریکا لەسەرییەتى لەنێوان سەدا شەش بۆ سەدا حەوتى روبەرى گۆى زەوییە، دانیشتوانەکەشى لە سەدا پێنچ تێپەڕناکات” بەڵام لە رووى ئابورییەوە، بەرهەمى ئابوورى ئەمریکا دەگاتە چارەگى بەرهەمى دونیا، کە لە ساڵى (1969) وە تاکو ئێستا بە شێوەیەکى گشتى جێگیرە.

(رۆبێرت کاجان) لە نووسینەکانیدا زۆر بە توندى ئەوە رەت دەکاتەوە کە ئەمریکا لە لێوارى غلۆربوونەوەیەکى حەتمیدا بێت، بەشێوەیەک لە وتارەکانى (ئۆباما)ى سەرۆکى پێشووى ئەمریکاشدا ئەو مەترسییە هەستى پێدەکرێت، ئاماژەکانى ئەو مەترسییەش، جگە لەو وتارانەى لەوبارەوە نووسراون، زیاتر لە قسەکانى (ئۆباما) دا دەرکەوتوون.
ئۆباما لە یەکێ لە وتارەکانیدا لە ساڵى (2012) بە ئاوازێکى بەرزى دەنگی و جۆرێک لە بزەى باوەڕ بە خۆبوونەوە وتى: “ئەوانەى دەڵێن ئەمریکا لە دارووخاندایە، نازانن چى دەڵێن” ئەمەش بە پشت بەستن بە بۆچوونەکانى مێژوو نووسى
ئەمریکى (رۆبێرت کاجان) کاتێک وتارێکى بەناونیشانى ( ئەفسانەى داڕوخانى ئەمریکا) لە گۆڤارى (نیو ریپۆبلیک) ى ئەمریکى بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەى زۆرى هەبوو.
ئۆباما لە پەراوێزى ئەم وتارەى (کاجان)دا کە هەندێ چاودێرى سیاسى جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ پێوەدەبینن، دەیهەوێ بەگژ هەموو ئەو بۆچوونانەدا بچێتەوە کە باس لە داڕوخانى ئەمریکا دەکەن.

بە پێى هەندێ سەرچاوە، ئۆباما لە دانیشتنێکى تایبەتدا زۆر بە وردى و خاڵ بەخاڵ گفتوگۆى لەسەر ئەم وتارەى (کاجان) کردوە و باوەڕى بە بۆچوونەکانى هەبووە، بەڵام (کاجان) کە دواتر ئەو تێگەیشتن و بۆچوونانەى خۆى لە چوارچێوەى کتێبێکدا بە ناوى (جیهانێک کە ئەمریکا دروستى کردوە) فراوانتر دەربڕى، بەشێوەیەک رەخنە لە ئۆباما دەگرێت، کە کردەوەو بڕیارەکانى پێچەوانەى دەربڕینەکانییەتى، بە تایبەتى ئەوەى کە پەیوەندى بە رەوشى سوریاوە هەیە، لەم رووەوە رەخنە لە سیاسەتى ئەمریکا دەگرێت، لە بەرامبەر دەست تێوەرنەدان و پشتیوانی نەکردنى، گەل و سوپاى ئازادى سوریا.

لە مێژووى ئەمریکادا هەمیشە نووسەرو بیرمەندانى ئەم وڵاتە رۆلێکى بەرچاو دەبینن لە داڕشتن و دیاریکردنى نەخشەى سیاسى ئەم وڵاتە، بۆیە بەردەوام لەپشتەوەى زۆر لە سەرۆکەکانى ئەمریکا بیرمەندێک هەیە.
ئەمریکا لە زۆر بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی پشت بەبیردۆزە داهێنراوەکانیان دەبەستێت، هەر لەکتێبەکەی سامۆئیل هنتگتۆن (پێکدادانی شارستانییەتەکان) و کتێبەکەی فۆکۆیاما (کۆتایی مێژوو) بگرە تادەگاتە کتێبەکەی (ناتان شارانسکی /کێشەى دیموکراسی/هێزی ئازادی بۆ زاڵبوون بەسەر ستەمی تیرۆر) کە زۆر لەنووسەرە سیاسییەکان ئەم دوو کتێبەی پێشتر وەک بناغەی سیاسەتی ئێستای ئەمریکا دەناسێنن، هەروەک ئاماژەیەکی زۆریش بۆ ئەوە دەکرێ‌ کە جورج بۆش زۆر سەرسام بووە بەم کتێبەی (ناتان شارانسکی) .

بە شێوەیەک (ناتان) باس لەو سودفەیە دەکات کە کتێبەکەى خۆى، لە سەرمێزى کۆندالیزا رایس وەزیری دەرەوەی ئەو کاتى ئەمریکا بینیوە، سەرسامابووە، بەوەى کە (کۆندالیزا) باسى ئەوەى بۆ کردوە کە (جورج بوش) مۆلەتى یەک هەفتەى پێداوە بۆ ئەوەى لەم ماوەیەدا ئەم کتێبە بخوێنێتەوە .
زۆر لە نووسەرو سیاستمەدارانیش بەکارهێنانى دەستەواژەى (فوضى الخلاقة) لە کاتى خۆیدا کە هەڵایەکى زۆرى نایەوە، بۆ بیرى ئەم کتێبەى (ناتان شارانسکى) دەگەڕێننەوە، بەومانایەى کە (شارانسکى) رایگەیاندوە: “عەرەب و موسلمانان، تا ئێستا لە ئاستى دیموکراتییەتدا نین” ئەم بیردۆزەش زیاتر لە دواى رووداوەکەى 11-ى سپتێمبەرى 2001 سەری هەڵدا و ئەمریکاى لەوە بە ئاگا هێنایەوە، کە ڕقێک خەریکە رۆژ بە رۆژ لە بەرامبەریدا ئەستورتر دەبێت، هەمووانیش باش هەست بەو ڕقە دەکەن، جورج بوش لە دواى 11-ى سپتێمبەر وتى: “دوژمنەکانمان رقیان لە ئازادیمانە”

فەرید زەکەریا خاوەنى کتێبى(جیهان دواى ئەمریکا و تۆماس فریدمان) لە کتێبەکەى بە ناوى (That Used to Be Us) دوو لەو نووسەرانەن کە (کاجان) زۆر بە توندى بۆچوونەکانیان لە بارەى ئایندەى ئەمریکا رەتدەکاتەوە، بە تایبەتى ئەو بۆچوونانەى وێنەى ئەمریکا وانیشان دەدەن، کە ئەمریکا خاوەنى هێزە، بەڵام ئۆباما بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکات، وەک ئەوەى لە لێوارى داڕوخاندا بێت.
هەموو ئەوانەى داکۆکى لە بەردەوامى هەیمەنەى ئەمریکا دەکەن، پێیان وایە ئەمە جگە لە وەهمێکى بەتاڵ، شتێکى تر نییە، ئەمەش بە پشت بەستن بەو مێژووە پڕ لە هەوراز و نشێویەى، کە ئەمریکا پێدا تێپەڕیوە. نمونەش بەوە دێننەوە، کە ئەمریکا بە سێ قەیرانى ئابوورى خنکێنەردا تێپەڕیوە، قەیرانەکانى ساڵى (1910، 1930، 1970)، دواى ئەم قەیرانانەش، ئەمریکا هەموو جارێک بەهێزتر لە جاران دەرکەوتۆتەوە.

لە گۆشەیەکى ترى مێژووییەوە مێژوونووسان تەمەنى ئیمپراتۆرییەت بە چەند قۆناغێکى یەک لە دواى یەک هەڵدەسەنگێنن، نەک چەند ساڵێکى کەم. بۆیە هەموو ئەوەى لە بارەى ئەمریکاوە دەوترێت، دەکرێ لە گۆشەى سیاسى ترەوە لێیبڕوانرێ، بە تایبەتى ئێستا، کە ئەمریکا بە قۆناغێکى زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، هەستیار، هاوشێوەى قەیرانى کوباى ساڵى 1962، کاتێک بە ناچارى کەوتە بەردەم ئەگەرى رووبەڕووبونەوە لە گەڵ یەکێتى سۆڤییەت، ئێستاش جارێکى تر لە گەڵ روسیا ڕووبەڕو دەبێتەوە.




سیاسەت و ڕیکڵامی کولیچە … ڕزگار عومەر

٤١٠ ساڵ پێش لە دایك بوونی مەسیح، یوروبیدس لە شانۆگەری ئۆریست دا دەڵێت :
“کاتێك کەسێكی ناخ ئەهریمەنیی بە قسەی هەنگوینی حەشامەت لە خشتە دەبات ئەو کاتە کارەساتی گەورە توشی دەوڵەت دەبێ ”
قسەی هەنگوینی کە یوروبیس تایتڵی دەکا ئاماژەیەکی سیاسی و کلتوریە بۆ کاراکتەرە باوەکانی سیاسەت بە تایبەتی لە چینی دەسەڵاتدار، لە کوردستان ڕەنگە کەمێك جیاوازی هەبێت لە ڕووی بەڵاغەتدا لەگەڵ قسەکەرانی یۆنانی کۆن،بەڵام ڕەگەزی “موژدە” ی ناڕاست کۆیان دەکاتەوە.
لە تازەترین نوسینیدا کاك مەریوان وریا قانیع دەیەوێ موژدەیەکی سیاسی بخاتە ڕوو کە بە هاوبەشی لەگەڵ کاك ئاراس فەتاح ناویان لێناوە (بلۆکی مێژوویی ).

مەریوان بە خوێنەرانی کورد دەڵێت ((بیرۆکەی ئەم بلۆکە ئەوەیە ھەموو ئەو ھێزانەی کە ڕاستەوخۆ، وەك یەکێتی و پارتی، بەشدارنین لە دروستکردنی ئەو زۆنگاوە سیاسییەدا و خودی زۆنگاوەکەش پەرواێزی خستون و زیانی پێگەیاندون، لەسەر بەرنامەیەکی نیشتیمانی گشتیی کۆببنەوە بۆ ڕێگەگرتن لە درێژەدان بەو مۆدێلە سیاسیەی تا ئێستا سەروەرکراوە))

ئەم پەرەگرافە هەڵگری زۆر شتە لە دەروونی خۆیدا. لە ڕووی زمانەوە سیاغەیەکی زۆرلاوازی بۆ کراوە بە چاوپۆشین لە ئەلتەرناتیڤە پێشنیارکراوەکە. ئەو هەندێ هێزی ڕیزکردووە کە گوایە (ڕاستەوخۆ) بەشدار نین لە دروستکردنی ئەو زۆنگاوە سیاسیە. یانی ئێستا ئێمە دوو پۆلمان هەیە لە هێزی سیاسی لە کوردستان کە هەندێکیان (ڕاستەوخۆ) هەندێکیان (ناڕاستەخۆ) بەشداران لە دروست کردنی ئەم زۆنگاوە سیاسیە. بە پێ ی ئەم پۆلینکاریە ئەوانەی ناڕاستەوخۆ بەشداریان کردیە هێشتا بۆیان هەیە درێژە بە عومری سیاسی خۆیان بدەن وشوێنی یەكێتی وپارتی بگرنەوە.

ئەم پلاتفۆرمەی کاك مەریوان هاوەڵانی و دروست کردنی ” ڕۆڵی ” نوێیە لە هەمان هەویرە کۆنەکە. ئەوانەی سەیری بەرنامەکانی دروست کردنی خواردن دەکەن ، یان هاتوچۆی مەتبەخی دوکانەکانی شیرینیان کردبێ ، بینیویانە قالبی جۆراوجۆر هەیە بۆ دروست کردنی کولیچەی خڕ، ئەستێرەیی ، بە خورما بە گوێز هتد. ئەم پلاتفۆرمە سیاسیە گۆڕینی قالبەکەیە نەك هەویرەکە. ئەوە یەکەم جارو دوا جار نابێ کە ئەم پۆلە لە ڕۆشنبیر ببنە تەباغ لە مەتبەخی سیاسی کوردی ، نزیکەی ٩ ساڵێك لەمەوبەر، هەر ئەم بەڕێزانە ( مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح ، ڕێبین هەردی، بەختیار عەلی) لەسەرو بەندی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا هەمان موژدەیان دەدا سەبارەت بە هێزێك کە دەتوانی دۆخی سیاسی بگۆڕێت. بڕوانە نامیلکەی –نیگایەك بۆ ئێستاو خەونێك بۆ سبەی- .

ئەزموونی ئەمڕۆی کوردستان دەریخست کە یەكێتی وپارتی بە هەڵبژاردن ناڕۆن. لە بەر ئەوە قسەیەکی هەنگوینی زۆر چروکە کە موژدەی ئەوە بدەی کە بەشێك لەو هێزانەی کە پێك هێنەرو برا بەش و مفتەخۆری دروست بوونی ئەم دۆخەن وەکو فریاد ڕەس بە هاوڵاتیانی بناسێنی . دوای مردنی -نەوشێروان مستەفا –ڕێکخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان ، دروست بوونی دەیان پرسیار ی بێ وەڵام لەسەر جێ و شوێنی ئەم بزوتنەوەیەو درز تێکەوتن و کوتلەکاری لە نێو بزوتنەوەکە، ئەم گروپە لە ڕۆشنبیر هەست بە پەرواێز کەوتنی خۆیان دەکەن لە ڕووی شیفت بوون لە پشتەوەی پڕۆژەی گۆڕان .

هەست دەکەن دەبێ مەتبەخەکە گەورەتر بکەن، بۆ ئەوان گرنگ نییە قالبە کولیچە تازەکە چ هێزێکی موحافیزەکارو دژە پێشکەوتنی تێدایە، گرنگ نیە کام سەرمایەداری سیاسی ماسکی سیاسی خۆی گۆڕیوە، گرنگ ئەوەیە ئەم گروپە لە ” شیفت ” عەقدی خۆیان لە گەڵ هێزێتر تازە بکەنەوە، درێژە بە ئیمتیازاتەکانی خۆیان بدەن.




بژی برایەتی كوردو تورك ….عەلی مەحمود محەمەد

مرۆڤەكانی ئەو وڵاتەش هەموو ئیبنزر سكروجی پاڵەوانە ناشرینەكەی رۆمان نوس چارلس دیكنز رۆمانووسی ئینگلیزی نین, تەنها خراپەیان وەك ئەردۆگان و باخچەلی و ئەتاتورك و … بۆ گەلی كورد بوێت,جەنگیز چانداری رۆژنامەنوسی 70 ساڵەی توركی دۆستی كورد, كە لە 20 ساڵیدا یەكێك بووە لە شۆڕشگێڕانی بزوتنەوەی لاوانی شۆرشگێڕ و لە بیری چەپیشدا بەلای ماویەتدا شكاندویەتیەوە.

لە كۆنگرەی 14ی كوردو ئەوروپا لە 6ی دیسەمبەری رابردوو كە لە پەرلەمانی ئەوروپا بەسترا. باسی روداوێكی سەرنج راكێشی كرد و شایەدیەكی گەورەی شاراوەی لە جوانی هاوبیركانمانی ئاشكرا كرد و وتی دەنیز گێزمیش لەكاتی ئیعدامكردنیدا دروشمی بژی برایەتی كورد و توركی وتوەتەوە, ئەم نموونەیەش لەناو توركیشدا هەیە, كە هەموو ئەردۆگانیانە بیر ناكەنەوە.

ماوییەكانی توركیا وەك ئەوانەی كوردستان و عێراق لەوانە نەبوون دواتر تەسلیم بە جامانەی ناسیۆنالیزم و كاسكێتی مارینزو جبەو عەبای مەلاو دۆلار ببن, بەڵكە لە شۆڕگێڕیدا بەردەوام بوون و گەیشتنە كۆبانی و ئاڵا سورەكەی سەركەوتنی بەرلینیان لە رەقە هەڵدایەوە.
ئاخر ئەوان نەبوونە دوژمنی كۆبانی و عەفرین, بەپێچەوانەوە ئەوان سوپا سورەكانیان زەوییە ئازادكراوەكانی رۆژئاوایان بەخوێنی خۆیان سور كرد. دنیز گێزمیش لە 28ی فیبریوەری “شوبات”ی 1947 لە ئەیاشی ی ئەنقەرە لە دایك بووە, لە قۆناغی زانكۆ ئاشنای بیری سۆسیالیزم دەبێت و دەچێتە ریزی چەپە شۆڕشگێڕەكانەوە, لە ساڵی 1966 دەچێتە ریزی پارتی كرێكارانی توركیاوە لە زانكۆی ئەستەمبوڵ , لە 12ی حوزەیرانی 1968 سەركردایەتی داگیر كردنی حەرەمی زانكۆی ئەستەمبوڵی كرد, لە 30 تەموزی 1968 بۆ یەكەمجار دەستگیر دەكرێت, لە 28ی نۆڤەمبەری هەمان ساڵ دەستگیر دەكرێتەوە بەهۆی چالاكی دژ بە سەردانی ئستولی ئەمەریكا بۆ توركیا, لە 16ی ئازاری 1969 بەهۆی بەشداریكردنی لە بەرەو روبونەوەی چەكداریانەی هێزە فاشیستە نەتەوەییە راستگەراكان دەستگیر دەكرێتەوە, لە 31ی ئازاری هەمان ساڵ دەستگیری دەكەنەوە ئەوجا هەڵدێت بۆ ئوردن لەوێ لە ریزی بەرەی دیموكراتی گەلی فەڵەستین خولی سەربازی دەبینێت و بۆ خەباتی چەكداری دواتر دەگەرێتەوە توركیا بۆ پراكتیزە كردنی.

لە 11-1-1971 سەركردایەتی دەست بەسەردا گرتنی بانكی ئیمەكی كرد لە شاری ئەنقەرە, لە 4ی ئازاری هەمان ساڵ 4 ئەمەریكی لە شاری ئەنقەرە بە دیل گرت,پاش ئەوەی بە دیلەكانەوە دەگەنە سنوری كوردستان, لە دەوروبەری سیڤاس لە 16ی یۆلیۆ 1971 لە بەرەو روبونەوەیەكی چەكداریدا دەستگیر دەكرێت, لە 9ی ئۆكتۆبەر بڕیاری ئیعدامی لە دادگایەكی نا دادپەروەرانەدا بۆ دەردەچێت بە پێی مادەی 146 ی دەستوری توركیا, لە 6ی ئایاری 1972 بڕیارەكە جێبەجێدەكرێت و بە سلۆدانەوە بەرەو روی پەتی مەرگ دەبێتەوە , بە خۆڕاگری دەچێتە ئاستی ئیبراهیم كایبكایا.
دەنیز بە جیڤارای توركیا بەناو بانگە, یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی سوپای رزگاری گەلی توركیا ناسراو بە تكۆ .یاسا ناسان رەخنەیان گرت لە بڕیاری ئیعدامكردنەكەی, بەوەی نابێت لەسەر تاوانی سیاسی بەهۆی ئەندامەتی لە سوپای گەلی رزگاری توركیا ناسراو بە تكۆ” Türkiye Halk Kurtuluş Ordusu- THKO” وە بڕیاری ئیعدامی بۆ دەرچێت.

سلێمان دیمریل لەو كاتە سەرۆكی پەرلەمان بوو, دوای 15 ساڵ لەو تاوانە داوای لێبوردنی كرد و وتی: هۆكاری ئیعدامەكەی شەڕی سارد بوو,هەرچەندە لەو كاتە بڵند ئەجوید دژ بە بڕیاری ئیعدام بوو بۆ دەنیز, وەلێ سلێمان دیمریل و پارتەكەی عەدالەت دەنگیان بە بڕیارەكە دا .
هالیت سیلینك پارێزەری دینیز گیچمیش لە دیداری شبیگلی ئەڵمانی وتی دەنیز لە كاتی ئیعدامكردندا سلۆدانی دا ” بژی توركیای سەربەخۆ, بژی ماركسیزم لینیزم, بژی برایەتی كورد و تورك , بژی كرێكاران و جوتیاران، مەرگ بۆ ئیمپریالیزم ” , هەمان وتەكانی چینداری دوبارە كردەوە.
هەرچەندە زۆربەی رێكخراوە شۆڕشگێڕە چەپەكانی توركیا ململانێیان لەگەڵ گیچمیشدا هەبوو لە روی تیۆری و پراتیكی شۆڕشگێڕانەوە, بەڵام بەسەركردەی شۆرشگێڕی خۆیانی دەزانن و وەك ئەفسانە سەیری قارەمانێتی دەكەن.

ناونانی بە جیڤارای توركیا گەورەترین رێزلێنانە بەو بەخشراوە, ئەو ناوە بۆ خۆی رێزێكی گەورەیەو هەموو كەس بەری ناكەوێت. نەك هاوڕێبازی لە یادیان نەكردووە, بگرە لە 19ی تەموزی 1980پارتی رزگاری گەلی شۆڕشگێڕ- بەرە” Devrimci Halk Kurtuluş Partisi-Cephesi ” DHKP/C ” لە شاری ئەستەمبوڵ ئیسماعیل نیهاتی سەرەك وەزیرانی ئەوكات “26-3-1971بۆ 22-5-1972″ی سەر بە پارتی جەهەپەیان لە شاری ئەستەمبوڵ تیرۆر كرد, كە كاتی خۆی دژ بە بڕیاری لێبوردن بوو بۆی.




پلانی مارشاڵ چی بو؟ … تاهیر حاجی حەسەن

ئایا زلهێزێکی وەک ئەمریکا پێویستی بەپلانێکی وەک پلانی مارشاڵ هەیە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بۆ دووبارە بنیات نانەوەی دوای کاول کاریەک کەدەستی خۆی تێیدایە؟
پلانی مارشاڵ زۆرمان گوێ بیستی بوین و زۆرجاریش بەخۆشحاڵیەوە لەو پلانە دەڕوانرێت کەتوانی ئەڵمانیاو بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا ڕزگار بکات لەکەوتن یان…، لەدوای جەنگی دوەمی جیهانەوە،ئەڵمانیا زۆرترین زەرەری کرد بێجگە لەدۆڕانە گەورەکەی لەڕوی ئابوری و داڕمانی ژێرخانی ئابوریەوە کەوتە قۆناخێکەوە گەر دەستێکی بەهێز نەکەوێتە فریای ئەوا قۆناخەکە بەرەو وەرچەخانێکی مێژووی دەڕۆیشت یانی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی. ئەم تارماییە گەورەیە بو وای لەئەمریکا کرد زوو بەزوو فریای وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوای سەرمایەداری بکەوێت و خودی دەوڵەتەکان ڕزگار بکات لەسەرهەڵدانەوەی دووەمی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارو کۆی چینە بەرهەمهێنەرەکان.
لەو سەرودەمەدا،سەرکەوتنی سوپای سوری ڕوسی بەسەر هیتلەرو سوپاکەیدا،ئیتر نیشانەی تەنها کەوتنی فاشیزمی نەدەگەیاند،بەڵکو لەگەڵ کەوتنی فاشیزمیش وەک ئایدۆلۆجی هیتلەرونازیسم کەوتنی هەیمەنەتی سەرمایەداریشی دەگەیاند. چونکە خودی وڵاتانی زلهێز لەو قۆناخەدا هێندەی خوازیاری سەرکەوتنی هیتلەر بون، بەو ئەندازەیە خوازیاری چونەپێش و سەرکەوتنی سوپای سوری ڕوسی نەبون. دیارە پلانی مارشاڵ لەو قۆناخەی دوای ساڵی 1946 زۆرتر لەپێناو نیشان دانی ڕوئیایەک بو کەسەرمایەداری وسیستەمەکەی هێندەی داهێنەرن و لەخزمەتی خۆش گوزەرانی گشت چینوتوێژەکاندایە بەو ئەندازەیە لەخەمی قازانج وسەپاندنی هەیمەنتی چینێکی کۆمەڵایەتیدا نیە.ئەم درۆ گەورەیە تەنها لەبەر ئەو ترسەبو کەیەخەی بەخودی سیستەمی سەرمایەداری گرتبو،ئەویش ترس بو لەبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی.
هەر ئەو ترسەیش بو وای کرد لەدەوڵەتداران لەوڵاتانی ئەوروپای دوای جەنگی دووەمی جیهاندا کەبچنە ژێر تەسبیت کردنی دانی لانی کەمی بیمەی بێکاری و مافی چینی کرێکارو دابین کردنی خزمەت گوزاریە گشتیەکان بەشێوەیەکی گشتی. ئەو ترسە لەبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەر کیشۆەری ئەوروپای نەگرتبویەوە بەڵکو وەک پەرتوکە مێژووییەکان بۆمان باس دەکەن خودی کیشوەری ئەمریکایشی گرتبویەوە.
زیندوی بزوتنەوە کرێکاری و جەماوەریەکان لەهاتنەمەیدانەکانیاندا هەمیشە وەک بومەلەرزە وایە بۆ لەراندنەوەی پایەکانی سیستەمی سەرمایەداری.
تاچەند ئەو بزوتنەوە ناڕازیە خاوەن ئەڵتەرناتیڤە واقعیانە لەمەیدندا بن و خاوەن ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشن بن بۆبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بەسیستەمی ئابوری و سیاسی خودی سیستەمی باو،بەو ئەندازەیەیش سیستەمی باو دەکەوێتە فریای خۆی تابچێتە ژێر جێبەجێ کردنی زۆربەی داخوازیەکانی ناڕازیانی نێوشەقام و کارگەو کوچەو کۆڵانەکان.
لەغیابی ئاوا بزتنەوەیەکی ناڕازیشدا،ئەوا سیستەمی سەرمایەداری بەپێی خواست و دیدی خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی و هەیبەتە سیاسیەکەی دێت نەخشەدادەڕێژێت چۆن و بەچ شێوازێک دوبارە کۆمەڵگە بەرهەمبهێنێتەوە،یان چۆن و بەچ شێوازێک شوێنە کاول کراوەکان کەجێگەو ڕێگەی ژیان و حەوانەوەی خەڵکە هەژارکە بوە،ئاوەدان بکاتەوە،یان زۆر جاریش ڕویداوە لەدوای جەنگە کاول کاریەکان،ڕێگە نەدراوە بەخەڵکە هەژار کراوەکە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و تەنانەت بەڕەنجی شانی خۆیشیان ئاوەدانی بکەنەوە،حاڵەتی وا لەئەفریکای باشوور ڕویداوەو ئەو خەڵکە هەژارەیان گواستۆتەوە بۆ نێو جێگەی هەژارترو جێگەو ڕێگەی ئەسڵی ئەو خەڵکەیان کردوە بەشوێنی وەبەرهێنانی گەشتوگوزارو پەیداکردنی قازانج بۆ شەریکاتەکانی سەربەدەوڵەتی ئەمریکا(پەرتوکی عەقدە ئەلسەدمەی نعومی کلاین بەوردی باسی ئەو شێوە گواستنەوە بەزۆرانە دەکات) ئەو حاڵەتەو هەزاران حاڵەتی دیکەی جۆراوجۆری دیکە کەبەچ شێوازێک دەست براوە بۆ لەدەم دەرکردنی پاروەنانێک کەلەقوڕگی هەژارێکدا بوە تائەندازەی لەبرسانا مردنی هەزاران و نەخۆش کەوتن لەدەرئەنجامی بەدخۆراکی و بێکاری و هەژارتر کردنی هەژار کراوەکان،کاروپیشەی هەمیشەیی ئەم سیستەمە سەرمایەداریە بوە. بۆیە هیچ کات ئەم سیستەمە خاوەن ئەو بەهایە نیە کەژیان و گوزەرانی شایستە دابین بکات بۆ کۆمەڵگەکان،بەڵکو ئەوەیشی تائێستا بەدەست هاتوە بەرهەمی بەری ڕەنجی ماندوبونی خودی کۆمەڵگەکان و بەرپاکردنی شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکان بوە.

هاتنەمەیدانی ئەم جارەی جەماوەری زەحمەتکێشی ناڕازی لەئێران،بومەلەرزە ئاسا کۆی دوڵەتانی ناوچەکەو جیهانیشی ڕاتەکاند، ڕاتەکاندنێک ڕەنگە زۆر کەس لەخودی چینەزەحمەتکێشەکان هەستی پێنەکەن، بەڵام سەرانی دەوڵەتدارانی سەرمایەداران بەباشی هەستیان پێکردوەو توندیش کاریگەری لەسەر داناون. بۆیەیش زووبەزوو هەرلایەو لەلایەن خۆیەوە لەمیدیاکان و بەخشینەوەی دەستی تۆمەت بارکردن لەوەی کێ لەپشتی ئەو هاتنەمەیدانەوەیە تالەو ڕێگەیەوە بتوانن ئاراستەی خۆپیشندانەکان بگۆڕن بەرەو دژە شۆڕش و خامۆش کردنەوەی ئەسڵی خواست و ئامانجەکانی چینە بەرهەمهێنەرە چەوساوەکە لەئێرانداو،هەرلە دەرئەنجامی ئەو بەرپاکردنەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیەیشەوە بو کەوای کرد لەترەمپ وئیدارەی دەوڵەتەکەی کەداوای کۆبونەوەی بەپەلە لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات کەکۆبونەوەی خێرا گرێ بدەن. بەستنی کونگرەو پێکدادانی نێوان خودی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکایش لەسەر مەسەلەی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی بۆخۆی هەر لەو ڕێگەیەوە کەچۆن بتوانن درێژە بەداگیرکاریەکانی خۆیان بدەن و لەولایشەوە وابڵاوی بکەنەوە کەدەستی دەرەکی پەیوەستە بەئەو خرۆشانە گەورەیەوە.

لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم،گەر بزوتنەوەی ناڕازی ملیۆنی چینی کرێکارو خەڵکی کرێ وەرگر بەئاسۆیەکی ڕۆشنەوە لەمەیداندا نەبن،ئەوا،ئەو چینە دەسەڵاتدارە بەهیچ تێرنەخواردوە نایەت ئاوەدانی و دابین کردنی ژیانێکی شایستە بەپێی خواستی زۆرینە جێبەجێ بکات،بەپێچەوانەوە خودی ئەم سیستەمەی نیولیبراڵیزمەی سەرمایەداری دێت و بەئارەزوی خۆی کاول کاری دەکات و کۆمەڵگە واڕادێنێت کەلەبەردەمیدا بەچۆکدا دابێت و خۆی چۆنی بوێت ئاوا نەخشە دابڕێژێت بۆ دروست کردنەوەو بنیات نانەوەی دوبارەی کۆمەڵگەکان. لێرەیشدا چاوەڕوانی بۆچینە زۆرینەکەی کۆمەڵگە تەنها دەبێتە بەردەکەی سیزیف و قەت بۆی نایەتەدی کەدزەکان بتوانن پشکێکی باش بگەڕێننەوە بۆ خاوەنە ئەسڵیەکەی.
.
تاهیر حاجی حەسەن
13/01/2018




كۆسرەت ڕەسوڵ تۆزاوی بوو … عەزیز ڕەئووف

لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، ئەندامێكی نهێنی ناو شاری هەولێری كۆمەڵەی ڕەنجدەران بەناوی “عەبدوڵا ” پارەیەكی زۆر لە كشتوكاڵی هەولێر دەڕفێنێت و دەیبات بۆ ناو هێزی پێشمەرگە دواتر ئەم كارەكتەرە لەناو پێشمەرگە پۆستی باڵا لەناو یەكێتی وەردەگرێت و بە “كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی” ناو دەردەكات و دەبێتە یەكێك لە فیگەرە دیارەكانی خەباتی چەكداری یەكێتی لە شاخ. دە ساڵ دوای ئەم ڕووداوە كۆسرەت رەسوڵ كە وەك ئەندامێكی ڕێكخستن هەولێر جێدێڵێت بەڵام لە ساڵی 1994 دەبێتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم. هەر لەو ساڵەدا كە شەڕی ناوخۆ دەست پێدەكات و تەقینەوەیەك لە زاخۆ قوربانی زۆری لێ كەوتەوە، پارتی دیموكرات دەسبەجێ كۆسرەت رەسوڵی بە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە تاوانبار كرد و فرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەركرد، بەڵام دواتر و لە 2005 كە ئیدارەی یەكێتی و پارتی یەكی گرتەوە و بەرژەوەندیەكان هاوبەش بوون، پارتی قبوڵی بوو كە كۆسرەت ڕەسوڵ ببێتە جێگری سەرۆكی هەرێم كە بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد.

لە ڕووداوەكانی 31ی ئابی 1996 كاك كۆسرەت سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو پارتی بە هاوبەشی سوپای عیراق هەولێری داگیر كردو ئەوكات دەنگۆ هەبوو كە كۆسرەت ڕەسوڵ بە هێز و بازووی خۆی هەولێری جێهێشتووە و شەهیدیشی داوە و هەندێك دەیانوت كارئاسانی بۆ كراوە كە بڕوات و هەولێر جێبێڵێت. من ئەوكاتە قوتابیەكی قۆناغی ئامادەیی بووم، لە نزیك گوندی “زەڵێ” سەر سنوری ئێران ساجێكمان گەرم كردووە و هەویر بە دەست پان دەكەینەوە و دەیبرژێنین و بە چایی یەوە دەیخۆین، كاك كۆسرەت لەگەڵ كۆمەڵێك پێشمەرگە بەلاماندا بە پیادە دەڕۆن و سڵاو مان لێ دەكەن.

+ كوڕینە چۆنن؟
-بەخێر بێی كاك كۆسرەت فەرموو نانمان لا بخۆ؟
+ سوپاس، عافێتتان بێت. “بەڕێزەوە تەماشامان دەكا”.
من وەك خۆم هەر ئەوەجارە كاك كۆسرەتم دیوە و دواتر هەر لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە بینیومە. بەڵام ئەو عەسرە كاك كۆسرەت بە قات و تاقم تفەنگ و جامانەیەكی ڕەش لە ملیدا، هیلاك و ماندوو، سەرو قژی تەپ و تۆزاوی، ڕوخساری پێشمەرگەیەكی ڕاستەقینەی هەبوو بەڵام وێنەی كاك كۆسرەت دواتر لەسەر كورسی دەسەڵات و ململلانێكانی ناو یەكێتی و پچڕینەوەی پۆستی باڵا بۆ كوڕەكانی، وێنەی كاك كۆسرەتی گۆڕی و بە هەر شێوەیەك بێت بوو بە كارەكتەرێكی تر.

جارێك چێ گیڤارا وتی: “پارتیزان پێویستی بە ئوتێل نیە”. هەموو پارتیزانەكان كە دەچنە دەسەڵات ڕوخساریان دەگۆڕێت، هەرگیز كاسترۆی دوای شۆڕش و پێش شۆڕش یەك نین. قەت ئەو كاك كۆسرەتەی لە زەڵێ لە سنوری ئێران لە 1996 بینیم گورج و گۆڵ و و تۆزاوی و ماندو، هەرگیز ئەو پیاوەی دواتر و ئێستا نیە.

منداڵ سحرێكی سەیرە، وەك هەمیشە دایكم دەیوت “جەرگ زاڵمە”، لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو “مستەفا چاوڕەش” وەك بەرپرسێكی یەكێتی لەشاخ دەبێت و بەعس منداڵەكانی دەستگیر دەكەن، نامەیەك دەنوسێت و دەڵێت چیتان دەوێت؟ ئەم نامەیە بە فایل ناودەبرێت و ماوەیەك لەگەڵ سێ سەركردەی تردا لەناو سەركردایەتی یەكێتی دەنگ دەداتەوە و دواتر مام جەلال لە كۆنگرە لێیان خۆش دەبێت. بەڵام دەبێ ئەو ڕاستیەش بزانین كوڕەكان شۆڕشگێڕەكان وێران دەكەن. كوڕەكانی قەزافی سەری باوكیان خوارد و حوسنی موبارەكی سەرۆكی پیشووی مسر وتی: هەموو گەندەڵییەكان خەتای جەمالی كورم بوو.
هەرگیز كورەكانی مام جەلال” پاڤێڵ و قوباد” بە تاڵە دەزوویەك بە باوكیان ناچن و جێهێشتنی ئەم هەموو دەسەڵات و كورسی و سامانە بۆ كوڕەكانی، بەر لە هەرشت لێدانە لە هەوڵ و ماندووبوونی مام جەلال. كوڕە پاراستنەكەی بارزانی “مەسرور” زۆر لە باوكی سەرسەختتر و سەربەگۆبەندترە، كەس سەری كاك مەسعودی نەخوارد ئەوكوڕانەی نەبێت، یەكێ تەلەفزیۆن و یەكێ بیرە نەوت و یەكێ زانكۆی ئەهلی هەیە و تەنانەت فڕۆكەی سەفەركردنیشیان جیاواز بوو. كاك نەوشیروان بناغەی یەكەم هێزی ئۆپۆزسیۆنی كارای دامەزراند، بەڵام كوڕەكانی ” چیا و نما” نازناوی “باوكی هەژاران”یان لە كاك نەوشیروان سەندەوە و كۆی سەروەت و سامانی گۆڕان بە گرد و سوپەرماركێتیشەوە لەسەر خۆیان تاپۆ كرد.
بۆ كاك كۆسرەتیش ڕاستە و شەڕی كاك كۆسرەت بۆ ئەوەی كوڕەكانی لەدوای خۆی بێنە پێشەوە و یەكێ بۆ وەزیر و یەكێ بۆ سەركردایەتی یەكێتی، ئەوەندەی تر شێوەی كاك كۆسرەتیان گۆڕی لە پیاوێكی گورج و گۆڵ و پێشمەرگەئاساوە بۆ باوكێكی كەنەفت و ماندو كە دەیەوێت دوای خۆی كوڕەكانی ڕازی بكات.

لە ئێستا كاك كۆسرەت نەخۆشە، كەنەفت و ماندووە. كەس نیە بە كاك كۆسرەت بڵێ بەڕاستی تۆ ماندویت و تەنانەت توانای قسەكردنیشت ئاسایی نیە و بۆ تەلەفزیۆن مەدوێ با گەنجێك لە یەكێتی ئەو ڕۆڵە ببینێت. كەس نیە ئاوێنەیەك بخاتە بەردەم كاك كۆسرەت و پێی بڵێ بەڕاستی كاتێتی ئیسراحەتێك بكەن یان هەوڵ بدەن یاداشتەكانتان بنوسنەوە.

كە یەكەم جار كاك كۆسرەت دەبینم، پیاوێكی خاكی و چوست و چالاك و گورج و گۆڵ، بەڵام كە دواجار لە تەلەفزیۆن دەیبینم، پارێزگاری سلێمانی، لە پشكی گۆڕان، خۆی خستۆتە ژێر باڵی و لە فرۆكە دەیهێنێتە خوارەوە، ڕۆمانەكەی جۆرج ئۆروێڵ “مەزرای ئاژەڵان” م بیر دێتەوە كە هەموو شۆڕشگێڕێك لەدەرەوەی سیستەم و لێپرسینەوە، ڕوخساری بەیەكجاری دەگۆڕێت.




هەڵبژاردن، بۆ بندیواری پەرلەمانتاران و گیرفان پڕکردنی سەرانی پارتەکان دەبێت! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ، پارت و لایەنە سیاسیەکانی کورد، بەشداری هەڵبژاردنەکانی عیراقییان کردوە و چەند پۆستێکی باڵایان هەبووە لە بەغداد. ئەم ئەزموونە، بۆ گەلەکەمان، چەند ڕاستییەکی بە بەڵگەی بینراو و بیستراو سەلماندوە، کە ئەویش ئەویە، بوونی ئەندام و لایەنگری پارتە کوردییەکان لە بەغداد، هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانی و نەتەوەی، بۆ کورد مسۆگەر نەکردوە، بەڵام بۆ سەرانی قەوارە سیاسییەکان و پارتە کوردییەکان لە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، دەستکەوتی ماددیی هەبووە، وەکو،

یەکەم، بڕە پارەی پێش هەڵبژاردن،

هەر قەوارەیەکی سیاسی، کە بە گوێرەی یاسای عیراقی، ناوی خۆی تۆمارکردبێت و بەشدار بوو بێت لە هەڵبژاردنەکانی عیراق، بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و بانگەشە، پارەیەکی دیاریکراوی بۆ خەرج کراوە، لە لایەن حکومەتی عیراقەوە. ئەو پارەیە، پێش هەڵبژاردنەکان، لە ژێر دەسەڵاتی کەساییەتی یەکەمی نێو ئەو پارتانە بووە و بڕیاردەر بووە، لەوەی کە چەند و چۆن، ئەو پارەیە خەرج بکرێت، چەندی لێ تەرخان بکرێت بۆ مەبەستە ڕاستەقینەکە و چەندی لێ لاببرێت.

دووەم، پارەی دوای هەڵبژاردن،

دوای هەر هەڵبژاردنێک، بە گوێرەی ژمارەی کورسی براوە، حکومەتی عیراق بڕە پارەیەکی دی، تەرخان کردوە بۆ قەوارە سیاسییەکان، کە چۆتە خزێنەی حزبەکان یان خەزێنەی سەرانی پارتەکان. ئەوەی پێویستە بوترێت نرخی یەک کورسی پەرلەمانی عیراق پارەکەی زیاترە لە نرخی یەک کورسی پەرلەمانی کوردستان.

سێیەم، پەرلەمانتار و بندیوار و خواردنی موچەی ٤٠ پاسەوان،

کاندیدی دەرچووی هەر لایەنێک، بێگومان ئەو کەسانە بوون، کە سەرانی پارتەکان، بڕیاریان داوە، پێشوەخت کاریان بۆ بکرێت لە نێو رێکخستنەکانیان و لە نێو جەماوەر، بۆ دەرچواندنیان لە هەڵبژاردنەکان، وەک ئیمتیاز، پۆستی پەرلەمانی عیراقییان وەرگرتووە و بوون بە توتی سەرانی پارتەکانیان، بەرامبەر بە بوون بە خاوەنی مووچەی باڵا کە لە سەرەتادا ٦٠٠٠ هەزار، دۆلاری ئەمریکی بوو لە مانگێکدا، دواتر بوو ١٠ یان ١٢ هەزار دۆلاری ئەمریکی، لە دوای ئەوە ئەو پارەیە هەندێکی لێ کەم کرایەوە.
لە سەرەتادا، حکومەتی عیراق بۆ هەر پەرلەمانتارێک موچەی”٤٠” پاسەوانی خەرج دەکرد. پەرلەمانتار، ئەو پارەیەی وەردەگرت، بەڵام مافی ئەوەی هەبوو، کە بڕیار بدا چەند پاسەوان دابمەزرێنیت، لە یەکەوە تا چل. پەرلەمانتارەکان ئەو پارەیان وەردەگرت و لە بنی باخەڵیان دەنا، تەنیا یەک یان دوو یان سێ پاسەوانیان دادەمەزراند. بە کوردییەکەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە باسی یاسا و دەستوریان دەکرد لەهۆڵی پەرلەمان، خاوەن بندیوار بوون! دوای تەواوبوونی خولی پەرلەمان، پەرلەمانتار دەبوو بە خاوەن پارەی خانەنشینی باڵا، گەلێک کەس هەن دوای بوونیان بە خانەنشینی پەرلەمانتار، وازیان لە پارتەکەیان هێناوە! ئەم دیاردەیە زۆر زەقە و لە نێو هەموو پارتەکاندا بە ئاشکرا دەبینرێت بە تایبەتی لە نێو (گۆڕان و ینک)، تەنیا لە نێو پارتی کەمە، بەهۆی ئەوەی ئەندامەکانی ئەوان، زیاتر دەترسان تیڕۆڕ بکرێن!
بەشداری پارتە کوردییەکان، وەرگرتنی پۆستی باڵا لە بەغداد، بۆ ئەندامەکانیان، بۆ میللەتی کورد هیچ دەستکەوتێکی ماددی، مەعنەوی نەبووە، تەنیا ئەوە نەبێت، ئەو پۆستە باڵایانە، بوون بە مایەی گیرفان پڕکردن و بوار رەخساندن بۆ دزی کردن، نمونە، “هۆشیار زێباری” لە پۆستەکەی دەرکرا، بەهۆی دزی کردن. بە دەیان کەسی تر کە سەر بە پارتەکانی دین، لە بەغداد خەریکی دزی بوونە و ئێستا بوون بە میلۆنێر. سەرەڕای ئەوانەش، گەلێک لەوانەی چوونەتە بەغداد، دەستیان لەگەڵ لایەنی شیعە یان سونە تێکەڵ کردوە، یان بوون بە ماستاوچی فڵانە سەرکردە و فیسارە سەرکردەی شیعە. وێرای ئەوەش، ڕوویداوە کە هەر کاتێک جەماوەری بەغداد ویستبێتیان بە بەبێ رێزیەوە پەرلەمانتارە کوردکانیان ڕاو ناوە!

هەنوکە، دوای ڕەتبوونی چەند خولێک، لە بەشداری کورد لە پەرلەمانی عیراق و وەرگرتنی پۆستی باڵا لە بەغداد، سەڕەرای ماڵوێرانی و شەڕی دژ بە داعش، برسیەتی و قاتوقڕی و نەبوونی موچە، حەشد و سوپای عیراقی، هێرشیان هێنا بۆ سەر کوردستان، بە دەیان خەڵکیان شەهید کرد، ئاڵای کوردستانیان خستە ژێر پۆستاڵەکانیان، کەرکوکیان داگیر کرد، دەستیان کردوە بە تەعریب و دەرکردنی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، نەهێشتنی هیچ هێزێکی چەکداری کورد لە نێو کەرکوک، تا دەگات بەوەی، پارتە کوردییەکان دەسەڵاتی ئەوەیان نییە بۆ پارێزگاری کردن لە بارەگاکانیان، پاسەوان و چەکداری کوردییان هەبێت! هەروها حکومەتی ناوەند، وەک پارێزگایەک چاو لە شارە کوردییەکانی دی وەک هەولێر و سلێمانی دەکات، نەک وەک هەرێمێکی سەربەخۆ! ئەگەر چاوسوورکردنەوەی ئەمریکا نەبوایە، ئێستا حەشد، سەردار و حاکمی یەکەم بوو لە کوردستان. وێرای ئەو بارودۆخە و ئەو ئەنجامانە، پارتە کوردییەکان، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان، سەرقاڵ کردوە بە زەرورەت و گرنگی بەشداری کورد لە هەڵبژاردنەکانی عیراق گوایە ئەو بەشداری کردنە دەبێتە هۆکاری دەستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی بۆ کورد!
بەشداری کورد، بۆ ماوەی ١٥ساڵ لە پەرلەمانی عیراق و وەرگرتنی پۆستی باڵا لە بەغداد، لە دەستکەوتی شەخسی و تایبەتی بەولاوە، هیچی تری لێ شین نەبووە بۆ میللەتەکەمان. ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندە و واقیع و سروشتی پارت و سەرکردە کوردەکان و عەقڵیەتی دەسەڵاتدارانی عیراق و ئیران، پێمان دەڵێت, بەشداری پارتە کوردییەکان, لەو هەڵبژاردنەش, تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنە و لە گیرفان پڕ کردنی کۆمەڵێک کەس بەولاوە، هیچی تری بۆ میللەتەکەمان لێ شین نابێت. رۆژگاریش لە ئایندەییەکی نزیکدا، دەبێت بە سەنگی مەحەکی ڕاستیی ئەو بۆچوونە!




کتێب و رۆشنبیری و خۆخەڵەتاندن..! … ڕێبوار حەمە کەریم

وتیان کافێ و کتێبخانەی جەمال عیرفان شوێنێکی ستراتیجی لەسەر شەقامی سالم پێدراوەو لکاوە بە یەکێتی نووسەرانی کوردی زۆنی سەوزەوە!! وتم سەرەو خێرە و با بچین ئەوێش تاقیبکەینەوە، هیوادارم جێیەکی رۆشنبیری بێت نەك توجاریی، رەنگە لەوێ ئەو رۆشنبیرە جدیانەی لە مێژە لێم ونن بیاندۆزمەوە، موناسەبەیەك هاتە پێش و نووسەرێکی بە توانا داوای لێکردم چەند نووسخەیەکی کتێبە تازەکەی بۆ ئەوێ ببەم، بەو هیوایەی لەوێ نمایشبکرێت و ئەوانەی تامەزرۆی خوێندنەوەن و مەراق و ئارەزوویانە بەو کتێبەش ئاشنا بن و خوێندنەوەی بۆ بکەن، چونکە لە کۆتاییدا هەر خوێنەرە بڕیار بەسەر باشی و خراپی کتێبدا دەدات..
هەرچەندە داشکاندنی کتێب هەندێكجار مایەشی پێوە دەڕوات و نووسەر هەر سەریەشەو دەردەدڵی بۆ دەمێنیتەوە، بەڵام ئەوەی سەنگ بە کارەکەی دەدات ئەو پێشوازییەی کتێبخانەو خوێنەرانە کە کاردانەوەیان دەبێت بۆ پەڕتووکە جیاوازە ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی و مێژووی و زانستییەکان و تاد…
لە کاتێکدا ئەم دەزگایە لە پایتەختی رۆشنبیریدایەو خۆیان بە دڵسۆزی رۆشنبیری و فەرهەنگی کوردی دادەنێن و ناوی کەسایەتییەکی دیاریان لە خەباتی چەوساوانی کورد کردووە بە ناوی کافێ و کتێبخانەکەیان، بەڵام ئەوەی هەرگیز جێی بیرلێکردنەوەو خەمڵاندن نییە، ئەوەیە زۆر بە هەڵوێستێکی ناشرین رەفزی وەرگرتنی کتێبەکە بکرێت، لە کاتێکدا ئەوان هیچ ماندوونەبوون بە نووسین و چاپکردنی کتێبەکەو تەنیا نمایشتی دەکەن و لە کۆتاییدا نیوەی تێچوونەکەشی بۆ خاوەن کتێب ناگەڕێتەوە.
کاکی خاوەنی کتێبخانە بێ ئەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکە ببینێت، وتی لای ئێمە سەرف نابێت.
وتم: هیچ پارە نادەیت تا سەرف نەبێت، ئەوساش بە تەسریفی داشکاندن حسابی دەکەن.
ئەنجا بیانوی ئەوەی دەربڕی جێگای نییە بۆ نمایشکردن.
جارێکی تر وتم: ئەو رەفانە بەتاڵن دەتوانیت لەوێ دایان بنێیت.
وتی: ئێمە خۆمان دەزگای چاپەمنین و کتێبی خۆمان دادەنێین.
وتم: ئیتر خزمەتکردنی چی؟ گەر نەتوانن بە سادەترین شێوە خزمەتی نووسەران بکەن.. گەر تەنیا بە دانانی کتێبەکانیشیان بێت!
وتی: بیبە بۆ کتێبخانەیەکی تر
وتم: کەواتە ئەمەش بووە حیزب حیزبێنە حەیاتەکە.. حەپە سەوزو زەردەکە!
ئێدی ڕۆشتم و حەپەسام لەو دەموچاوانەی بە کورسیەکانەوە لکێنرا بوون و وام زانی وام لە بازاڕی دەبۆکە، لەوێ کەس بایکۆت و هەڵویست نانوێنێت، هەر یەکە خەریکی دەسکەوت و قازانجی خۆیانن.
ئاواتەخوازیش بووم لە ژیانمدا شوێنگا و ئاکاری نارۆشنبیریی ئاوها نەبینمەوە.




ئەردۆگان دیکتاتۆرێکی سیکۆپاتییە.. رەزا شوان

ئەگەر بە مێژووی چەند ساڵێک بەر لە ئێستادا بچینەوە، ناوی چەند دیکتاتۆرێکی دڕندە و ستەمکار دەخوێنینەوە، لەوانەش: جۆزیف ستالین ـ روسیا، ئەدۆلف هیتلەرـ ئەڵمانیا،
عیـدی ئەمین ـ ئۆگەنـدا، کیم ئیل سۆنگ ـ کۆریـای باکوور، سەدام حوسێن ـ عـێراق، موعەمەر قـەزافی ـ لیبیا، ئەمانەوە چەندین دیکتاتۆر و ستەمکار و خوێنڕێژی تر.
ئەم دیکتاتۆرانە هەموو دەسەڵاتێکی وڵاتەکانیان پاوەندکردبوون، بە ئاگر و بە ئاسن و بە کوشتن و بە ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان رەفتاریان لەگەڵ گەلەکانیان دا دەکردن، بە ملیۆنان کەسیان کوشت و بە کوشتیانیان دان، بە ملیۆنان کەسیان بە ئەشکەنجەدان و بە کیمیاباران کوشتن، هەر لە سایەی دڵڕەقی و بێویژدانی و نامرۆیی ئەمانەدا، بە ملیۆنان کەسی هـەژار و نەبوون لە برسا مردن.. لە راستی دا، ئەم دیکتاتۆرانە تووشی لەخۆباییبوون و نەخۆشی شێتی خۆبەگەوەرەزانین و نەخۆشی سیکۆپاتی ببوون. خۆیان لە سەرووی هەموو خەڵکییەوە دەزانی، لە هەموو کەسێکیش خۆیان بە زاناتر و بە داناتر و بە دەسەڵتتر دەزانی.. رەخنە و دژەڕایان لەکەس قبووڵ نەدەکرد.

ئەم سیکۆپاتییانە، چێژ و خۆشیەکی زۆریان لە شەڕ و لە وێرانکردن و لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بێدەرتان دەبینی، تەر و وشکیان دەسووتاند. بە شێوەیەکی رەها حوکمڕانیان دەکرد و بڕیاریان دەدا. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەش رەفتاریان دەکرد.
سیکۆپاتی، نەخۆشییەکی ئەقڵي یە، لە دوو بڕگە پێکهاتووە، سیکۆ بە واتا دەروون، پاتی واتا کەسی تووشبوو بەنەخۆشییەکی دیاریکراو.. سیکۆپاتی لادانە لە رەوشت، بە زۆریش بە (لادانـی سیکۆپاتی) ناوی دەبەن.
کەسی سیکۆپاتی کەسێکە گوێ بە بەرپرسێتی نادات، گوێش بە هەست و بە سۆزی کەسانی تر و بە هیچ بەهایەکی رەوشتی و نەریتیی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و ئاینی نادات.. سیکۆپاتی تەنها خۆشییەکان و رابواردنی خۆی بەلاوە مەبەست و گرنگە.. چێژ و خۆشییەکی زۆر لە شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی ئازادیخـوازان و ئاشتیخوازان و لە ناوبردنی دژەهاوڕاکانی و وێرانکردن و سووتاندن دەربەدەرکردن و چەوسانەوە و برسیکردنی خەڵکی وەردەگرێت.
لە لایەکی کەشەوە، سیکۆپاتییەکان، رەگەزپەرست و دەمارگیر و درۆزن و دووڕوون و رەوشت نـزم و هەوەسبازن، بە ئاشکرا و بەبێ شەرم، تاوانە قێزەوەنەکانیان ئەنجام دەدەن، شانازیش بە تاوانەکانیانەوە دەکەن.. ئەو راستیەش باش دەزانن کە لەم رەوشتە ناهەموار و لە کردار و تاوانانەیان، هیچ سوودیکیان لێدەست ناکەوێت.. شەرمیش لەوە ناکەن کە بە دیکتاتۆر و ستەمکار و بکوژ و سیکۆپاتی ناویان بەرن.

دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆش، لەسەر هەمان رێبازی دیکتاتۆرەکانی پێشوو دەڕۆن. ئەمانیش دەسەڵاتیان قورخکردووە، لە پێناوی مانەوەیان لەسەر کورسیی دەسەڵات، بە هەموو شێوەیەک گەلەکانیان دەچەوسێننەوە، سەرکوتی ئازادی و دیموکراتیییان کردووە، پەخشان و تەخشان بە سامانی گەلە برسییەکانیان دەکەن.. تا ئەمڕۆش بە لۆژیکی هێز و لەشکرتاری و کوشتن و کاولکردن و ویرانکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردن و فـزەبڕین، لەگەڵ ئازادیخوزان و مافخـوازان دا رەفتاردەکەن.
زۆر بە داخەوە، کە گەلی ئازادیخواز و مافخواز و ئاشتیخواز و ژیانخوازی کوردمان ئەمڕۆشی لەگەڵ دا بێت، زۆرترین ستەم و کۆمەڵکوژی و رەشەکوژی و زیندەبەچاڵی و ئەشکەنجەدان و تاڵانی و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و دەربەدەری و سەرگەردانی و کاولکردن و چەوسانەوە و کوێرەوەری و نەهـامەتی و هـەژاری و برسێتی و لە سایەی رەگەزپەرستە داگیرکەرانی کوردستان دا بینیوە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.. ئەم داگیرکەرە سیکۆپاتییەنەی کوردستان، لە جیهان دا، لە دڕندەیی و دڵڕەقی و ستەم و بێویژدانی و نامرۆیی و نامەردی دا وێنەیان نییە.

یەکێک لەم دیکتاتۆرە رەگەزپەرست و سیکۆپاتییە داگیرکەرانەی ئەمڕۆی کوردستان

دیکتاتۆری لەخۆبایی و رەگەزپەرست ئەردۆگانە، کە تووشی لە خۆبایی و نەخۆشی خۆبەگەورەزانین بووە، تووشی كوردفۆبیا بووە، تەنانەت سێبەرەکەی خۆشی لێبووە بە کورد و لێیدەڕەوێتەوە. سەر زمانی و بن زما ی دژایەتیکردنی کوردە، لە هەر شوێنێکی کوردستان دا بێت.. ئەردۆگان لە پێناوی پەیداکردنی لایەنگیری دژ بە کورد، سەردانی چەند وڵاتێکی کرد تەنها بۆ ئەوەی لە دژی کورد بدوێت.. ئەردۆگان ئامادەیی خۆشی دەربڕی کە ئامادەیە بچێت بۆ سوریا و دەستی بخاتە نێو دەستی دیکتاتۆر بەشار ئەسەد و پێکەوە و بە هاوکاری تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق، لە هاوشێوەی ئەو گەلەکۆمەییەی کە بە سەر پشتی تازەترین تانک و زرێپۆشی ئەمریکییەوە و بە رۆژی رووناک و بە بەرچاوی ئەمریکاوە، بە شێوەیەکی زۆر دڕدانە و نامەردانە لە رۆژی
(١٦ي/ ئوکتۆبەر/٢٠١٦) دا کردیانە سەر باشووری کوردستان و شاری کەرکوک و خورماتوو و خانەقین و چەند شار و شارۆچکەیەکی تریان داگیرد.. بە دەیان کوردی سڤیلیان کوشت و بە دەیان خانوو و کۆگا و بازاڕی کوردیان سووتاند.. بە سەدان ماڵی کوردیان تاڵان کرد.. بە هەزاران خێزانی کورد لە کەرکوک و خورماتوو ئاورەبوونە و تا ئێستا لە ترسی هەڕەشەکانی حەشدی وەحشی نەگەراونەتەوە ماڵ و حاڵی خۆیان. لە لە هاوشێوەی ئەو ژینۆسایدەی خورماتوو و کەرکوک، ئەم داگیرکەرانەی کوردستان، بە ئاشکراو و بە هەمان شێوەی ئەو تاوانەیان، هەرچواریان خەریکی پیلان داڕشتنن، بۆ گەلەکۆمەکردن و هێڕشکردنە سەر رۆژئـاوای کوردستان، شار و شارۆچکەکانی و داگیربکەن و تاڵانی بکەن و رەشەکوژی و کۆمەڵکوژییەکی تری کورد بکەن و ئەوەشی بمێنێتەوە ئاوارە و دەربەدەر و سەرگەردانیان بکەن و ماڵ لە خاوەن ماڵحەرام بکەن.. ئەم داگیرکەرە دڵڕەق و بێویژدان و دڕندە و نامەردانەی کوردستان، تا سەر ئێسقان رەگەزپەرست و مەزهەبپەرست و کەسنەویستن و دژایەتی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردمان دەکەن.. ئەمانە بە کوشتن و داگیرکردن و خوێنڕشتن و وێرانکردن و دزی و تاڵانی گۆش و پەروەرە کراون.. ئەو خەسڵەت و تاوانە قێزەوەنانە، بۆونە بەشێک لە کولتوور و لە خەسڵەت و لە رەوشتیان، بوونە بە ناسنامە و پێناسەیان.

ئەردۆگانی دیکتاتۆری سیکۆپاتی، رۆژ نییە بە تازەترین چەک، بە تازەترین هێلیکۆپتەر و تانک و زرێپۆش و فرۆکەی ئێف شانزە، بە لەشکرێکی زەبەلاحەوە هەڵنەکوتێتە سەر شار و شارۆچکەکان و دێیەکانی باکووری کوردستان، بە توومەتی بێ بنەمای هاوکاری کردنیان لەگەڵ پەکەکە. بە دەیان کوردی سڤیلی بێتاون و بێدەرتانیان کوشت و دەکوژن و بە دەیان مێردمنداڵ و لاوی کوردیان بەندەکردوون و پیسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیان دەدەن، رۆژانەش بێ دەست پاراستن، دێهات و شارۆچکە و ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان بۆردوومان و تۆپاران دەکەن.

ئەردۆکان وەک هەر دیکتاتۆرێکی سیکۆپاتی، چێژ و خۆشییەکی زۆر لە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدانی کورد و لە کاولکردنی کوردستان وەردەگرێت. ئەوەی بە دڵی نەبێت و ملکەچی رای رەگەزپەرستی نەبێت.. بوختان و توومەتێکی بۆ هەڵدەبەستێت و تاوانی ناپاکی دەخاتە پاڵی و رەوانەی زیندانی دەکات.. ئەردۆگان متمانەی بە نزیکترین هاوڕێی خۆشی نییە.. ئەردۆگان درێژە بە بە ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و بۆگەنه ئەتاتورکی گوڕبەگوڕ دەدات.. ئەردۆگان دان بە بوونی بیست و پێنج ملیۆن کـورد لە باکووری کوردستان دا نانێت.. فرە نەتەوەیی و پێکەوەژیان و یەکسانی و ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی مـرۆڤ و ئۆپۆزسیۆن و ئـازادی و دیموکراتی و رۆژانەمە و رای جیاواز بوونیان لای نییە.. لە سایەی پاوەنکردنی دەسەڵات دا لە خۆی و بنەماڵەکەی و لە پارتەکەی، تورکیا بووە بە زیندانستان بۆ ئازدیخـوازان و دیموکراتیخوازان و ئاشتیخوازن.. هەر لە سایەی ئەردۆگان دا، سیاسەتی ناوە و دەروەی تورکیا تووشی شکستی و تەریکی بۆتەوە، تابێت لە ناوەوە و لە دەرەوەی تورگیا دا، نەیاریان زیاتر دەبێت. بەم پاشەڵە پیسەیەوە، دەیەوێت تورکیا ببێت بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا؟!
لە عێراقی ئەمڕۆش دا، بە شێوەیەکی نوێ دیکتاتۆر و دیکتاتۆریەت و قورخکردن و خۆسەپاندن، سەریان هەڵداوەنەتەوە. دەسەڵاتدارە ئەڵقە لە گوێیەکانی ئێران لە عێراق دا، هەوڵی برسیکردنی کورد دەدەن و دان بە مافە رەواکانی کورد دا نانێن.. دەیانەوێت کورد و پەراوێز بکەن، فیدراڵیەتی کوردستان وەکو حوکمزاتییە کارتۆنییەکەی کاتی سەدامی گۆڕبەگۆڕی لێبکەن. ناوێکی بێ ناوک بێت.. حکومەتی عێراق ناتەبایی و نا یەکڕیزی و پەرتەوازەیی و فرەکوێخایی و حوکمڕانی شکستخواردووی کوردیان قۆستوونەتەوە. حەیدەر عەبادیش بە بەڵێنی درۆ و بێ کردار، دەستی دەستی بە کورد دەکات.. دەیەوێت درزێکی گەورەتر بخاتە ریزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و، کار بە سیاسەتی ـ پەرتکە و زاڵبە ـ دەکات. عەبادی درێژە بە دژایەتیکردنی خواست و مافەکانی کورد دەدات.. دەیەوێت دژایەتیکردنی کورد بکات بە فاکتەرێک، بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک وەزیران عێراق لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.. بەرانبەر بە کورد دەیەوێت، بە لوژیکی هێز و داپڵۆسین و سەرکوتکردن کاربکات.. هەر ئەم ئەقلییەتە رەگەزپەرستییە شۆڤێنییە بوو، سەری سەدام حوسێنی خوارد.. بێگومان سەری سەدامەکانی دوای ئەویش دەخوات.. هەرگیز کێشەی رەوای کورد بە هێز و بە لەشکركێشی چارەسەرناکرێت، بەڵکو بە گڤتوگۆی جدی و بەدانان بە مافە رەواکانی کورد چارەسەردەکرێت.. بۆیە پێویستە عەبادی پەند و وانە لە دەسەڵاتدارانی پێش خۆی وەربگرێت و بە خۆیادا بچێتەوە.. ئەگینا سەقامگیری و ئاشتی لە عێراق دا نابینن.

من لە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ و داهاتووی عێراق گەشبین نیم.. چونکە دەسەڵاتدارانی شیعە درێژە بە هەمان پیلانە گڵاوەکانی بەعسییەکان دەدەن.. دەیانەوێت حوکمڕانی ناوەندی و تاکڕەوی و تایفی شیعی بێت.. دەیانەوێت بە زۆر خۆیان بسەپێنن و بەرەو دیکتاتۆریەت مل بنێن.. دەیانەوێت سەرکوتی ئازادی و دیموکراتی و هاوبەشی و پێکەوژیان بکەن و ناوچەیەکی زیاتری باشووری کوردستان بە عەرەب و بە شیعە بکەن..بۆ درێژەدان بە نیاز و پیلانە گڵاوەشیان، ئێران و تورکیا، هاندەر و پاڵپشتیانن، هەموو یارمەتییەکی لۆژیکی و سەربازی و سیاسییان دەدەن.. بە تایبەتیش کە سوپای عێراق بۆتە سوپایەکی شیعە و بە هەزارن، چەکداری حەشدی وەحشیشیان هەیە، کە بۆ مەبەستی سەرکوتکردنی کورد و عەرەبی سوننە بەکاریان دەهێنن.. کە تاێستا چەندین تاوانی قێزەوەنیان دەرهەق بە کورد و بە سوننەی عەرەب ئەنجام داون.. ئەو تاوانە نامەردی و بێڕەوشتییانەی کە سوپای عێراق و حەشدی وەحشی تورکمانی لە کەرکوک خورماتوو دا ئەنجامیان دان، ژینوسایدن و تاوانی جەگ و بێڕەوشتی و نامەردین.. بە داخەوە کە بە چاوی هێزەکانی هاوپەیمانان و سۆپای ئەمریکا و بە بەرچاوی یوئێن نەوە ئەنجامیان دان، بەڵام چەند جارێکی تریش ئەم قسەیەمان وتووە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ئاستی ئەو تاوانانەی بە بەرچاویانەوە، داگیرکەرانی کوردستان دەرهەق بە گەلی کوردی بێتاوانمان دەیکەن: کوێـرن، کـەڕن، لاڵـن، ویـژدان مـردوون..؟!

نەرویـج: ٢٠١٨




گیانداران لەپەند و ئیدیۆمی کوردیدا … ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید به رزنجي

لە یەکێک لە ژمارەکانی پێشووی گۆڤاري کەلەپوری ئازیزدا بابەتێکم بەناوی (ژمارە لە پەند و ئیدیۆمی کوردیدا)بڵاوکردەوە ،بۆیە حەزمکرد ھەر لەو روانگەیەوە و بۆ درێژەدان پێی ئەم بابەتە (گیانداران و باڵندە و مێرووەکان لە ئیدیۆمی کوردیدا) ئامادە بکەم بەو ھیوایەی بتوانم ئەو مەبەستەی ھەمە بگاتە خوێنەران..لەڕاستیدا ئیدیۆم و پەندی کوردی بەسەرچاوەیەکی گرنگ دادەنرێت و سودێکی زۆر باشیشی ھەیە و رۆژانەش لەناو خەڵکیدا بەکاردێت لەکاتی قسەکردن و وتووێژەکانیاندا و زۆر جاریش بە تەنھا ئیدیۆمێک یان پەندێکی کورت بۆ مەبەستێک بەکاردەھێنن.ئەگەر سەرنج بدەین زۆر بەشێوەیەکی گونجاو و دروست داڕێژراون کە سەلیقەو لێھاتوویی پێشینان دەردەخات لەو بوارەدا .ھەوڵیان داوە بۆ گشت بوارەکانی ژیان بەکاری بھێنن و کاتێک بەوردی سەرنجیان بدەیت چنراوی و چڕکردنەوەیەکی شارەزایانەیان پێوە دەبینیت و لەگەڵ سادەییشدا لەقسەی ئاسایی جیان.زۆرمان رۆژانە ئەم پەندانەمان بەرگوێ دەکەوێت و ھەمیشە بۆ بەھێزکردن و پتەوکردنی بۆچوون و قسەکانمان بەکاریان دەھێنین.ئەوەی زیاتر سەرنجی راکێشام بەکار ھێنانی ئاژەڵ و باڵندە و مێرووە بە ڕێژەیەکی زۆر،لەوانەش((چۆلەکە،گا،مانگا،سەگ،کەروێشک، مریشک، مەیمون،بەراز،کەر،ماکەر،مار،چەقەڵ،گوێرەکە، مشک، مێروولە، کۆتر،کێچ،کرم،ڕێوی،حوشتر،کەو،گیسک،ماسی،قەل،ماین، ئەسپ،گورگ،دوپشک،مەڕ،بزن،پشیلە،شەمشەمەکوێرە،بایەقوش، پەپوسڵێمانکە،پەپولە،پۆڕ،مالۆس،جوجەڵە،زەردەواڵە،زەروو،ھەنگ، شەمەتلێنکە،ورچ،مراوی،چوالوو، گەنە،قرژاڵ،قاژوو،چالەکە،شێرەکوللە،سیسارک،زیقاوڵە،کەڵەشێر،تووتی،توولە،کەرکەدەن،تەتەڵەمیران،بولبول،…ھتد)) ،.لێرەدا چەند نمونەیەک باس دەکەم و ھەوڵیش دەدەم بە کورتی ڕاڤەی ھەندێکیان بنووسم.

(دنیای لێ بوو بە چەرمی چۆلەکە) ئەمە بە کەسێک دەوترێت کە توشی نائومێدی بووە و ڕێی گوزەرانی بڕاوە .ئەوەش کە بیانووی درۆ و پێچ و پەنای ھێنایەوە دەڵێن(راوەڕێوی بۆ ھێنایەوە) بەکەسێکیش کە خۆشحاڵ بێت دەوترێت(رۆن قازیان لێداوە)..یان (سەری کوێرە ماری لا دەست دەکەوێت) بۆ کەسێک بەکار دێت کە قایمکار و بەسەلیقە بێت. یان(ئینسان گا نییە ھەر لە پێستێکدا بێت) .واتا بەرەو باشی دەڕوات ..یان دەڵێی (بەرازی دەم بەستراوە)..بەیەکێک دەوترێت کە بەڕۆژوو بێت و نوێژ نەکات. (بە زەبری کلکی ئێسقان دەشکێنێت) بۆ کەسێک بەکار دەھێنرێت کە بە پشتی یەکێکیتر شتێک ئەنجام بدات.(سەگ بۆنی پێوە ناکات) بە شتێکی پیس یان بە کردەوەیەکی نابەجێ دەوترێت.بۆ کارێکیش کە ھیچی بەسەر ھیچەوە نەبێت ئەمەیان بەکار ھێناوە(سەگ دەستی بشکێت کلکی ھەڵدەبەستن)یان (سەگ خاوەنی خۆی ناناسێتەوە) بۆ جەنجاڵی ھێندە چڕو قەرەباڵغی دەوترێت.ئەوەشی کە لە رووی رەوشت و دەرونەوە زۆر پیس بێت پێیان وتووە(سەگی لێ گڵاو دەبێت) یان (سەگ لە کولێرە ڕاناکات) واتا کەس لە بەش و ژیانی باش کاتێک بەسەربەرزی یەوە دەستی بکەوێت خۆی بێبەش ناکات. (گای یەک ئاخوڕە)..ئەمیش بە یەکێک دەوترێت کە بیەوێت ھەر بە تەنھا بژی و لەگەڵ کەسدا.

.بەو کەسەش کە لەماڵەوە خزاوە و ناچێتە دەرەوە وتویانە(دەڵێی مریشکە بەکڕە) ئەوەشی سەری بە ھەموو شوێنێکدا کردووە وتویانە(دەڵێی کیسکی دێمییە) یان (ئەڵێی باڵی شەمشەمە کوێرەیە)یان(. ئەڵێی ھەنگوینی شەمەتلێنکەیە)..یان (دەڵێی دەنوکی کەوە) واتا گۆشتەکە وا سوربۆتەوە .یان(دەڵێی دەست بۆ مار دەبات) یان (دەڵێی دەستی مار پێوەی داوە) یان(دەڵێی دانی مارە) واتا وریا و زیرەکە.بەکەسێکی بێ دەسەڵاتیش وتراوە(دەڵێی مانگای مالوانە).یان ( ماکەری ئابڵاخ)یان بۆ کەسێکی بودەڵە کە ھیچی لە دەست نەیەت بەکار ھێناوە. ھەندێک جاریش ھاتوون پەندەکانیان لە شێوەی ھۆنراوەدا داڕشتووە .بۆ نمونە(داران لە دوورەوە سەریان زەنێرە…نازانن ژێرەکەی ھەر گا و گوێرە) واتا کێ دەزانێ دڵی ئەو چی تیایە یان چی لێ قەوماوە،با بەسەر زاریش پێ بکەنێت و رووی خۆش بنوێنێت .یان (ئەو رۆژە زانیم کە کۆچم شەڕ بو…کە کۆچم تووشی کۆچی سەگ وەڕ بو) واتا نیشانەی نائومێدی و سەرنەکەوتنم ھەر لە سەرەتاوە دیار بو و زانیم کە کارەکەم باش ناڕوات چونکە تووشی تەنگ و چەڵەمە بووم ،تووشی مرۆڤی خراپ بووم زەمم ئەکەن و دژم ئەوەستن. یان (ئەگەر مەڕم نەدیوە لە ھۆزێ……پشقلم دیوە لە پەرێزێ)..واتا شتم بەخۆمەوە دیوە و ئەم شتە ھیچ و پوچانە دەبینم گاڵتەم بە دنیا دێت.یان(ئۆخەی ئۆخەی لە منێ….مێردە وتی چڵمنێ….گا دەرکە لە ھەرزنێ)واتا دڵی خۆشە کە ناوی ھێنراوە و نرخی دراوەتێ.

یان (ئەملا دەکەم ئاو دەمبات……ئەولا دەکەم گورگ دەمخوات)..یەکێک دەیڵێت کە لە ناوەند دوو بەڵای گەورەدا بێت ،بەدەست رۆژگارەوە داما بێت.یان(ئەوەی پێم ئەکرد خێر….لێم بوو بە گورگ و شێر) واتا ئەو کەسەی کە یارمەتیم ئەدا و خۆشم ئەویست ئێستا ڕفی لێمە و دوژمنایەتیم لەگەڵ دا ئەکا،ئەوسا تا بێ دەسەڵات بوو من خێرم پێ ئەکرد و یاریدەم ئەدا ئێستا کە دەسەڵاتی پەیدا کردووە دوژمنایەتیم لەگەڵدا ئەکا. یان (ئاغا ژنی سەر چەپەرێ…پشیلە ھات دووگە بەرێ…بێزی نەھات ختە کەرێ)مرۆڤی گومڕا و کەم بە شکستی دەزانێ پێویستی سەرشانی خۆی بەجێ بھێنێ یان (ئاسوودە خۆم کەرم نییە….لە کا و لە جۆ خەبەرم نییە) ژیانم بە ئاسوودە دەبەمە سەر و گوزەرانم دەچێ بەڕێوە و خۆم ماندوو ناکەم .وەکو ئەو وڵاخ دارە نیم ھەر بە کا و جۆ و برسێتی و تینویەتی وڵاخەوە خەریک بم و خەمی کەلوپەلی بۆ بخۆم. ھەروەھا زۆر جار ھەندێک پەندیان بەکار ھێناوە کە ناوی گیاندارێک زیاتری تێدایە.وەک (ڕێوی ماڵەوە و شێری دەرەوەیە) کە بە کەسێک دەوترێت لە ماڵدا لەسەرخۆ و ھێمنە و لە دەرەوەش ئازا و و نەبەردە .واتا منەتت نییە بەسەرمەوە و ھیچ دیارییەکت بۆ نەھێناوم ،ئەگەر بۆت ھێنابم و باری کەرێ بووبێ تۆ وەرە بارێکی ھێستری داگرە و لە جیاتی ئەوەی خۆت بیبەرەوە.ئەمەیان لبۆ بەکار ھێناوە(ئەوەی بە کەر ھێناوتە بە ھێستر بیبەرەوە ) یان (گای ناو گوێرەکەیە) بۆ کەسێک بەکار دێت کە ھەمیشە لەناو منداڵاندا یاری بکات.یان(سنگ شێری ماکەر پشتە) کە بۆ یەکێکی بودەڵەی بێ دڕک دەوترێت کە بەکەس نەوێرێت لەگەڵ ئەوەشدا فسە زل بێت.یان( گای ناو گوێرەکەیە)…کەبە یەکێک دەوترێت کە ھەمیشە لەناو منداڵاندا یاری بکات. یان (ئاشتیی کتک و مشکە).واتا ئاشتی لە نێوانیاندا سەرناگرێت چونکە ئاشتی زۆردار و زەبوونە.یان (مێشی لێ بۆتە گامێش) بەسەر لێ شێواوێک دەڵێن کە شتێکی زۆر بچوک و کەمی لا زۆر گەورە بێت. یان( گورگە و لە پێستی مەڕدایە) واتا بەسەر زاری بەستەزمان و پاک و دڵسۆزە،لە ژێریشەوە ناپاکە.

یان (سەری گا دەکرێت بە قنگی کەردا) ئەم پەندە کاتێک بەکار دێت تێکەڵە و پێکەڵە و کەس لەکەس ناپرسێتەوە . یان (گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو دەخۆنەوە).یان (گا و کەرن بەرامبەرن).یان (بزن ھەمیشە قنگی بەدەرەوە بوو کەس ناوی نەدەبرد.مەڕ یەک جار قنگی بە دەرکەوت کردیان بە چەپڵە). یان(ئەگەر شێر ھەیە،کەرکەدەنیش ھەیە). یان(کێچ بە گا دەفرۆشێت). یان(ئەوەندە ماری قوت داوە بووە بە ئەژدیھا).ئەوەندە تاوانی زۆری کردووە لە خراپەکاریدا ھەنگاوی ناوە بووە بە ستەمکارێکی گەورە. یان(ئێسقان لەبەر ئەسپ دائەنێ کا لەبەر سەگ). یان(کە گورگ پیر بوو دەبێت بە مەخسەرەی سەگ)یان (مریشک ھێلکەی قازی کرد قنگی دڕا) یان(کەروێشک بە گا دەگرێت) . یان(ئەڵێی سەگە و لە گورگ بووە).ھەندێک جاریش لە پەندێکدا ناوی گیانلەبەرێک دووجار ھاتووە و دووبارە بووەتەوە ،وەک لەم پەندانەدا دەردەکەون . یان(ئەدا لە مریشک خۆر و ئەدا لە مریشک کوژ). واتا لە ھەردوولا کەڵک وەردەگرێت.یان ( کەو ئەوەیە بەرامبەر کەو بخوێنێت). یان (کەرا و کەر کەوتوون). ( قەل بە قەلی وت ڕوت ڕەش بێت). یان(ئەڵێی سەگە و لە سەگ بووە). یان(ماری مار خۆرە) واتا کەس پێی ناوێرێت و لە ھەمووان ئازاترە.ھەندێک جاریش لە پەندەکاندا لەگەڵ گیانلەبەرەکە ناوی شوێنێک یان کەسایەتییەک یان شتێکی دیاریان پێوە لکاندووە و کە تا ئێستاش زۆر لەو پەندانە ماونەتەوە و بەکار دەھێنرێن.وەک ( دەڵێی مەڕی پێغەمبەرە) بۆ کەسێکی بەستەزمانیان بەکار ھێناوە.یان (ئەڵێی ڕێوی قەمچوغەیە) یان(گیسکەکەی ھەیاسی خاسە). یان(ئەڵێی سەگی ھەوشارە).یان( وەک گای عەلی خۆی دەلێسێتەوە). یان(ئەوەی بۆ ئەو ڕێکەوتووە بۆ بزنی دێلێژە ڕێ ناکەوێ). یان(ئەڵێی حوشتری شەعبانە)یان(ئەڵێی گا زلی ئەحمەد عەربەتی یە)یان (ئەڵێی مەیمونی حەڵەبە).لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک پەند ھەن تەنھا دوو وشەن و واتایەکی تەواو و باشیش بەدەستەوە دەدەن .

وەک لەم پەندانەدا دەردەکەون و خوێنەر بەباشی لێیان تێدەگات. بۆ کەسێکیش کە ھەر رۆژەی یارێک بگرێت(سەگ دڵە) یان بۆ بەکار ھێناوە. (گای مارۆیە)..سەیری چەند بەسادەیی نوسراوە.واتا لە ھەموو شوێنێک دەناسرێتەوە.یان (دەڵێی مەیمونە) بۆ کەسێک بەکار دەھێنرێت کە زۆر ناشیرین بێت .یان (کەر بووە )واتا لەخشتە براوە یان توڕە بووە و زمان درێژی دەکات و قسەی کەرانە دەکات.یان (شەڕەسەگ) کە بۆ کارێکی بە ئەرک و گران یان پیس و ناشیرین بەکار دەھێنرێت.یان(سەگە نازیەتی)بۆ سوکایەتی پێکردن بە کەسێک لەکاتی مردندا.یان (سەگە مەرگی یە)واتا ژیانێکی تاڵ و ناخۆش. ھەروەھا بە زاوایەک کە بچێتە سەر ماڵی خەزوری ،بێ ئەوەی ھیچ بۆ بوکێ بکات لەگەڵ ماڵی خەزوری بژی و رەنج بۆ ئەوان بدات پێی دەوترێت(زاوا ڕێوی ) یان (کەڵەشێری ناوختە) بەیەکێک دەڵێن کارێک بکات ئەنجامەکەی بۆ خۆی خراپ بێت .واتا نەھاتییەتی بۆیە ئەو کارە دەکات.یان (فەریکە کەر) بەکەسێکی قەبە و عەقڵ سوک دەوترێت.یان (ئاھوو پایە)واتا زۆر خێرایە. یان (سیسە مارە) بەکەسێکی لاواز و سست وەک داری سیس دەوترێت.یان (دەڵێی مارە) بە یەکێک دەوترێت کە بەبێ خشپە و دەنگ بڕوات بەڕێوە. کەسێکیش کەبەسەر ئەم و ئەوەوە بلەوەڕێت وتویانە دەڵێی (مریشکی ئاشەوانە) . بەو کەسەش کە سست بێت لە رۆیشتندا پێیان وتووە ( دەڵێی مێروولەیە).ئەوەشی کە چاپوک و ناپاکە پێیان وتووە (دەڵێی گورگە).ھەندێک پەندیش دەبینین کە تەنھا وشەیەکە وەک(سەگییەتی) واتا ناپاکی و فێڵ و تەڵەکە بازی.یان (مارانگازە)،( گا پێ یە )،( کەر بازاڕە).( کەر و خۆڵەمێش).(گورگە لۆقە).(گورگە زێ)(گای مارۆ یە)(کێچی ھەڵھێناوە) ئەگەر زیاتر سەرنج بدەین ھەوڵیان داوە کە سەرجەم ئەو گیانلەبەر و باڵندە و مێروانەی کە لەو ژینگەیەی کەتیایدا دەژین و ھەندێک جاریش پەنایان بردووە بۆ ئەوانەش کە لە شوێنەکانی تریش ھەن بەکار بھێنن لە پەندەکاندا ،کە ئەمەش زیرەکی و شارەزایی پێشینان زیاتر نیشان دەدات لەبواری بەکارھێنانی ئەوانە و سیفات و ھەڵسوکەوتی ھەریەکێک لەو ئاژەڵانە کە بەکاریان ھێناوە،لەڕووی زیرەکی و وریایی و سستی و فێڵبازی و چالاکی و شارەزایی و سپڵەیی و ئازایەتی و جوانی و ناشیرینی و …..ھتد بۆ ھەریەکێکیان.ورد سەرنج بدەیت ھیچ نەماوەتەوە کە بەکاری نەھێنن. (ئەڵێی قەلەباچکەیە)یان(ئەڵێی قومقومۆکەیە)یان(ئەڵێی قەلەڕەشە)یان(ئەڵێی قرژانکە)یان(ئەڵێی چەقەڵە)یان(ئەڵێی سیسارکە کەچەڵەیە)یان(ئەڵێی چوالووە)یان(ئەڵێی سەگە )یان(ئەڵێی چالەکەیە)یان(ئەڵێی عەلی شیشە)یان(ئەڵێی قاژووە)یان(ئەڵێی فیلە گێژەیە)یان(ئەڵێی فیسقە گولەیە)یان(ئەڵێی بایەقوشە)یان(ئەڵێی تووتی یە)یان(ئەڵێی ورچە)یان(ئەڵێی مالۆسە) یان(ئەڵێی زەرووە)یان(ئەڵێی پەپولەیە)یان(ئەڵێی سەگسارە)یان(ئەڵێی حوشترە)یان (ئەڵێی ماینی کەحلانە)یان(ئەڵێی تەتەڵەمیرانە). (ئەڵێی زیقاوڵەیە). (ئەڵێی ئاسکە). (ئەڵێی زەردەواڵەیە). (ئەڵێی پۆڕی خوراوە). (گورگە زێ یە). (گورگە لۆقە). (ئەڵێی قەلەموونە).(ئەڵێی کەری دێزە).(گای مارۆیە).(ئەڵێی مێرولەیە).(ئەڵێی مشکە).(ئەڵێی مەبمونە).(ئەڵێی مریشکە بە کڕە).

من بۆ ئەوەی زیاتر بچمە ناو بابەتەکەوە و زیاتر رونکردنەوە بکەم بە پێویستم زانی ئەم پەند و ئیدیۆمانە بە نمونە بھێنمەوە:(چەم بێ چەقەڵ نابێت).(ئەسپی باوبۆرانە) .(دار ھەڵبڕە سەگی دز دیارە).(گا بە گوندا دەناسێتەوە).(گا بە دەنگی ناڕوات).(گا گووی کرد).(گا گورواوە ھەر کلکی ماوە).(گا لە کوڵاورۆژنەوە سەردەخات).(گای بە تەنیایە.گای بێ گاوانە).(ئەوەندەی چۆلەکەیەک).(ئەوەی ئەو پێمان ئەکا بەسەگ نەکراوە).(ئەوەندە لاواز بووە سەگەل چاوی لێ دائەگرن).(ئەوە کاوڕ بازی بوو ئەمەیان بەران بازی یە).(ئەو مەڕە دابەستەیە).(ئەو مارەی کە لێی ئەترسایت سەری پان کرایەوە).(ئەو قسانە بخرێتە سەرنان،سەگ بۆنی پێوە ناکات).(ئەمساڵ ساڵی مەیمونە ،ئەمە ھەوڵمانە ئاخۆ ئاخرمان چۆنە).(کۆتر لە دەماخی دەفڕێت).(کێچ کەوتە کەوڵی).(کێچی ھەڵھێناوە).(کرمی خۆی دەکوژێت).(کەڵەگایەکە بۆ خۆی).(کەری خۆیەتی و گوێی ناڵ دەکات).( کەری لێ بووە بە ڕمووزن).(کەری ناو جۆگەیە).(کەری کێ تۆپیوە؟).(کەر لە چاویدا قازی یە).(کەر لە کوێ تۆپیوە و کوندە لە کوێ دڕاوە).(کەری ئەم بارە نییە).(کەر لە ماڵیاندا بکەوێت دانی دەشکێت).(کەر و ماجومیان نەوتووە).(کەری خۆی بەستۆتەوە).(کەر بە جۆ بمرێت شەھیدە).(وەک گیسکی دەرباز بووی دەستی قەسابە).(وەک مار پێچی خوارد).(وەک ماسی وایە جارێک سەر ئاو و جارێک ژێر ئاو دەکەوێت).(وەک گورگ بەدەم خشپەوە دەچێت).(مانگا مرد و دۆ بڕا).(مانگا دۆشین و قەزوان قرتاندن-کرۆشتن-یان نەوتووە).(مانگا بە کەڵەماسی بێ کێردە.ماسی دەریا دەبەخشێت).(ماری بێ ئیجازەیە).(گورگانە شەوێی بۆ دەکات).(گورگە خەو دەکات).(کەڵەشێریش نەبێت رۆژ دەبێتەوە).(مار رقی لە سیرە و سیریش لەبەردەم کونی مار دەڕوێت).(دووپشکە لەخۆی بەشکە).(شەرعی مار بە دار).(ھەردوو جاشی ماکەرێکن).(کونە مشکی لێ بووە بە قەیسەری).(باری کەر دایم قورسە).(دەیەوێت ماسی بگرێت و قاچیشی تەڕ نەبێت).

(تەشی ڕێش تەشی ڕێس بێت بە کلکی کەریش بێی دەیڕێسێت).(مریشک ھێلکەش دەکات و ڕیقنەش دەکات).(دوو گا لە دۆڵێکدا ڕەنگی یەک نەگرن،خوی یەک دەگرن).(ڕێوی بە کونا نەدەچوو شتێکیشی دەبەست بە خۆیەوە).(ڕێوی لە کونی خۆی ھەڵگەڕێتەوە گەڕ دەبێت).(کەری دێز حەز بە تۆپینی خۆی و زەرەری خاوەنەکەی دەکات ).(ئەگەر مار جارێک پێوەی دایت خوا بیگرێت،ئەگەر بوو بە دوو جار خوا تۆ بگری).(ھەموو گیانلەبەرێک گۆشت خۆرە ،بەس ناوی گورگ بەدە).(بزن بۆ شەوێکیش شوێنی خۆی خۆش دەکات).(بەرخی نێر بۆ سەر بڕینە).(سەگی سپی بۆ بارخانەیەک لۆکە زەرەرە).(سەری گا ھەر دۆڵە).(عومری پیرە مەڕێکی ماوە).(لە سەگ سواڵ دەکات).(لە کەری تۆپیو دەگەڕێت ناڵی بکێشێتەوە).(لە گونی گا رووتترە).(لە گوێی گادا نووستووە.(ماری بێ ئیجازەیە.(ماری مردوو دەخاتە بەر پای).(موویەک لە بەراز بێتەوە ھەر باشە).(مێش لە دەمی خۆی دەرناکات).(مێشکی کەری خواردووە).(مێشێکی پێ دەرناکرێت).(وەک گوێی کەر جووتن).

(وەک کێشکەی بە چلانە).(وەک کەو چوو).(وەک کۆتر زوو دەگەڕێتەوە).(لە پڵنگەلاندا دەخەوێت).(ئازاری مێروولەیەکی نەداوە).(ئاسکی نەگیراو دەبەخشێت).(ئاسکی نەگیراو زۆرە).(ئاسکی ماندوو دەگرێ).(ئاگر لەسەر پشتی مار دەکاتەوە).(ئاڵتون ناوی زەڕە کەریش بۆی ئەزەڕێ).(ئاو لێڵ ئەکا و ماسی ئەگرێ).(ئەڵێی ئەسپی چوار ناڵەکی یە).(ئەڵێی ھێستری چەموشە).(ئەڵێی ھێستری ماچەکی یە).(ئەڵێی ھێستری یەکە ناسە).(ئەڵێی بە شیری کەر گۆش کراوە).(ئەڵێی بلوێر بۆ گا لێ ئەدات).(ئەڵێی بزنی شاخ شکاوە).(ئەڵێی ڕێوی ناو پاوانە).(ئەڵێی توولەی گوێ بڕوە).(ئەڵێی پێ بە مارا ئەنێ).(ئەڵێی پێ بە دوپشکا ئەنێ).(ئەڵێی پەپولەی بەھەشتە).(ئەڵێی پشیلەی چاو نەپشکوتووە).(ئەڵێی پشیلەیە خۆی مەڵاس داوە).(ئەڵێی خەرەنگێزی بن کلکی گایە).(ئەڵێی حەپۆلە مێش خوراوە).(ئەڵێی جوجەڵە ھەڵ ئەھێنێ).(ئەڵێی دەستی مار پێوەی داوە).(ئەڵێی ڕێوی گەزیزان خواردووە).(ئەڵێی رۆن سەگ ئەدەن لەلەشی).(ئەڵێی سەگی بەفرە رۆژە).(ئەڵێی سەگە ئەڕشێتەوە).(ئەڵێی ژار ماسی خواردووە).ئەڵێی سەگی بازووە).(ئەڵێی سەگە و بە مانگەشەو ئەوەڕێ).(ئەڵێی سەگی تەقە لێکراوە).(ئەڵێی سەگی تەنیا ماڵەیە).(ئەڵێی سەگی پێ شوتاوە).(ئەڵێی سەگی جەھەنەمە).(ئەڵێی سەگی دەرماڵەیە).(ئەڵێی سەگی سەر ملەیە).(ئەڵێی سەگی چوارچاوە).(ئەڵێی سەگی گەڕە).

(ئەڵێی سەگی ھارە).(ئەڵێی سەگی عەرەبە و چغە نازانێ).(ئەڵێی سەگی قەسابخانەیە).(ئەڵێی سەگی ناو گەنمە).(ئەڵێی سەگی ناو قوڕاوە).(ئەڵێی سەگی کونە ماسی یە پاسی جڕتاوا ئەکا).(ئەڵێی سەگی ھەڵەپاسە).(ئەڵێی سەگی ھەڵەوەڕە).(ئەڵێی گیسکی سەلەمە).(ئەڵێی گیسکی ناو دێ یە).(ئەڵێی گیسکی خەساوە).(ئەڵێی کیسکی پرسانەیە).(ئەڵێی کیسکی ئاوەکی یە).(ئەڵێی گیزەی مێشولەیە و بەلای گوێ یا ئەڕوا).(ئاوی کەڵەگا فڕێنە).(ئەبێ دارێ لەسەر سەگ بێ و دارێ لەسەر ئەو).(ئەدا بە لای ماکەرا جاشەکەی ئەدزێ).(ئەڕۆم گورگ ئەمخوا ، ناڕۆم دز ئەمبا).(ئەڕێسم و ناڕێسم چۆغەی مام گورگ ئەڕێسم).(ئەزانێ کەری خۆی چەند مەن بار ئەبا).(ئەڵێی قازی کوێرە).(ئەسپی خۆی تاو دا).(ئەڵێی لەسەر شارە مێرولە لە دایک بووە).(ئەڵێی ماری حەوسەرە).(ئەڵێی ئەسپێی کراس کۆنە).(ئەڵێی ئەسپی بۆ زین کراوە).(ئەڵێی کەڵەشێری سەر بارەدارە).(ئەڵێی لە دەمی سەگ بەربووە).
نمونە زۆرە دەربارەی ئەم بابەتە من تەنھا بەو نمونانە رۆشناییم خستە سەر ئەو بابەتەی کە مەبەستم بوو..دڵنیام لای ئێوەش چەندین پەندی تر ھەیە و ئەگەر تەماشای سەرچاوەکانیش بکرێت زۆر زیاترمان دەست دەکەوێت.

سەرچاوەکان
١. ئیدیۆم لە زمانی کوردیدا…جەلال مەحمود عەلی..ساڵی ١٩٨٢.
٢. فەرھەنگی کورد واتەنی. ع.ع.شەونم .بەرگی یەکەم پیتی ڕ ساڵی ٢٠١٣
٣. سایتی http://chnaran.com/vb/archive/index.php/t-٢٩٤٣.html
٤. سایتی http://xeyal.net/forum/viewtopic.php?id=٦٦٤٢




کتێبخانەکەم … ڕۆستەم خامۆش

کـتـێـبخـانـەکـەم ، کتێـبـخـانـەکــەم
لــە لام شیـریـنی کـتـێـبـخـانـەکــەم
مـاڵـە جوانــەکـەی کتێب و گـۆڤــار
چـرای ڕوونــاکـی مـنی خوێنـدەوار

کتێبخــانــەکــەم ئـارامـیی گیــانــم
بـە دڵ هـاوڕێــتـم هیــوای ژیــانــم
بـــۆ زانیـاری زۆر ، بــۆ ڕۆشنبیریـی
بێگومان هەر تۆی ڕۆشنایی ژیریـی

کتێبخـانــەکـەم لام خـۆشــەویستی
ســەرچــاوەی زۆری وێـژەو زانستی
بـەڵـێ ، هـەمـیـشــە ، مــن وا لەلاتم
چونکە سودبەخشی ، بۆیـە ئاشناتم

ڕۆستەم خامۆش / هەولێر