غیابی کورد لە ستراتژی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوین … شاهۆ حوسێنی
(هۆکاری بێدەنگی زلهێزەکان لەمەر هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین و قوربانی بوونی کورد) …..
هەرجۆرە شرۆڤەیەکی ستراتژی و پلانی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی‌ناوین، کێشەو قەیرانەکانی هاوچەرخی ئەو ناوچەیە ئەگەر لەسەدەی نۆزدەهەم را دەست پێ‌نەکات، رەنگە نەتوانێ بە دەقیقی تیشک بخاتە سەر کێشەو قەیرانەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی‌ناوین. ستراتژی زلهێزەکان لەسەدەی نۆزدەو بیستا بەربەرەکانی لەگەڵ ئیمپراتووری‌عووسمانی و زلهێزێکی هێژمۆن بوو، کەرۆژگارێک تا جەرگەی ئوورووپای لەژێر دەسەڵاتابوو، بۆ ئەو مەبەستەش دوو پلانی هاوزەمانیان ڕەچاو کرد. یەکەمیان بەدەرکردنی پشتیوانی لەپەرەی بزاڤی جوولەکەکان کە لەدرێژەدا بەدەرکردنی بریارنامەی باڵفۆر دەست کرا بە بنیادنانی دەسەڵاتێکی نوێی‌ئایینی بەناوی ئیسرائیل وەک شووناسێکی تەواو دژبەر لەگەڵ ئیمپراتووری‌عووسمانی، ئەگەرچی زێدە لە دوو دەیە دوای رووخانی عووسمانی دەوڵەتی ئیسرائیل هاتە بەرهەم بەڵام چچەغماغەکەی لە سەدەی نۆزدهەم‌دا لێ‌درا، دووهەم پەرەی ناسیونالیسمی عەرەبی کە لەئاکام‌دا بوو بەهۆی جیابوونەوەی وڵاتانێکی عەرەبی زۆر لە عووسمانی.
بێ گومان ئەو رەوتەش پەرەی دا بە ناسیونالیسمی تورک. لەنەهایەت دا هێژمۆنی سێ هزر و ئایدەی سیاسی بناژۆخواز کە بریتی بوون لە ناسیونالیسمی عەرەبی، ناسیونالیسمی تورکی و جوولەکەخوازی، کورد و ئامانجەکانی فیدا کرد، هۆکاری پەرواێزخرانی کورد لەوەدا بوو: لەگەڵ ئەوەدا کوردی سەردەمی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست کۆمەڵگایەکی تەواو عەشیرەیی و نەریتی بوو، لەهەمان کاتیشا پشتگیری و لایەنگری لە دەسەڵاتی عوسمانی دەکرد وەک نوێنەری ئایینی ئیسلامی، جێگای ئاماژەشە کە عەرەب لە رۆژهەڵاتی ناوین بە رێژەی حەشیمەتیش لە کوردەکانی ئەو سەردەم زۆر زیاتر بوون، ئەو رەوتەش لە ئاکام‌دا بوو بەهۆی نزیک بوونەوەی زلهێزەکان لە عەرەبەکان و بەو شێوەیە بنەمای رۆژهەڵاتی ناوین لەسەر شووناس ئەو سێ لایەنە بنیادنرا.
لایەنێک لەنەهایەتدا کە تورکیەی کەمالیست بوو هەر زوو خۆی لەکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوین کێشایەدەر و مەیدانی بۆ رکابەرێتی و تێکهەڵچوون لەدرێژەدا و لەپاش ساز بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ عەرەبەکان و ئیسرائیل چۆڵ‌کرد، بۆیەش بۆماوەی چەند دەیە رۆژهەڵاتی ناوین بە قەیران و کێشەی ئیسرائیل و عەرەبەکان پێناسەدەکرا، چاوخشاندنێک بە مێژووی ناوچە لە ۱۹٤۸را کە ئاگری یەکەم شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی تیا هەڵگیرسا هەتا ۱۹۷۳ کەکۆتا شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی تیا کراوە سەلمێنەری ئەو راستێیە، لەوەها دۆخێک دا بێ گومان کورد وەک بوونێکی قەیرانی و کێشەیی لەبەر چاوی زلهێزەکان نەدیترا.
سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی خواست و جێگای رەزامەندی زلهێزەکان بوو چوون بوو بەهۆی گواستنەوەی کێشەلەنێوان دوانەی ئیسرائیل-عەرەب بەرەو دوانەی شیعە-سووننە، لە درێژەدا سەرهەڵدانی رێکخراوە تووندئاژۆکان و پەرەی شەری چریکی و پێکهاتنی رەوت و نەزمێکی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوین بە ساز بوونی حیزبووڵڵا، حەماس و رێکخراوەکانی تر لێ کەوتەوە و ئەوەش ئارامی ئیسرائیلی تا رادەیەکی زۆر شێواند. لەو رەوتەدا ئێران توانی دەسەڵاتی سووریا کە لەنێوان دوو رکابەری بەعسی عێراق و ئیسرائیل دا گووشارێکی زۆری لەسەر بوو بۆلای خۆی رابکێشیت و بیکاتە کۆریدۆری گەیشتن بەلوبنان و فەلەستین.
ساز بوونی قەیرانی سووریا و بەشداری راستەوخۆی ئێران بۆ بەرگری‌کردن لە دەسەڵاتی بەشارئەسەد و درێژەکێشانی ئەو قەیرانە ئەگەرچی رووخانی ئەسەدی لێ نەکەوتەوە بەڵام ژێئۆپۆلەتیکێکی دۆفاکتۆی کوردی بەرهەم هێنا، ئەو ژێئۆپۆلەتیکە ئێستا لەلایەک تووشی هێرشی راستەوخۆی تورکیا بوە و لەلایەکیش تووشی بێ دەنگی زلهێزەکان، ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە: بۆچی زلهێزەکان کە کوردیان بە دۆست و بەرەی خۆیان پێناسە دەکرد بێ دەنگن؟
سووریا مەیدانی کێشە و تێکهەڵچوونی تورکیا، عەرەبستان و ئێران و رێکخراوەکانی لایەنگری وان وەک حیزبووڵڵا و داعش و نووسرە و …..هتدە، دەرگیر بوونی وانە لە سووریا یانی دوور بوونی کێشە و قەیران لە ئیسرائیل و سەرقاڵ بوون بە قەیرانێکی دوور و درێژ کە زۆر خوازیارنین جارێ وا زوو تەواو بێت، لەو ناوەدا کورد بۆ وان وەک کایەکەر و فاکتەر تەنیا رۆڵی کەرەسەی هەیە کە لەخزمەت درێژەکێشانەوەی ئەو شەڕ و قەیرانەدایە و درێژەکێشانەوەی ئەو کێشەیەش بەمانای درێژەکێشانەوەی پەراوێزێکی ئەمنی بەدەوری ئیسرائیل دایە، بەهۆی ئەوەکە هەرکەسە و لە سووریا لە بەشە هێژمۆنی خۆی دەگەرێت و تازە بەهیچ شێوەیەک لەو گەمەیە ناتوانێ بچتە دەر، واتە ئەگەر تا بەر لەساز بوونی کێشەی سووریا هەموو کێشە و قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین لەدەوری فەلەستین و ئیسرائیل دەخولاوە، ئەوا ئەوجارە دوانەی فەلەستین-ئیسرائیل بەتەواوی چۆتە پەراوێزەوە، لەو ناوەدا کورد باشترین کەرەسەی قوربانیە، جارێک رێفراندۆمی هەرێم و ئەو جارەش عەفرین و رۆژئاوا.
موحسین كه‌ریم له‌باره‌ی (مه‌له‌فی چه‌پ له ئه‌مڕۆی كوردستادا … ئاماده‌كاری مه‌له‌ف : هیوا عومه‌ر
موحسین كه‌ریم: ده‌بێت پلاتفۆرمی چه‌پ وكۆمۆنیست وه‌ك به‌دیلی سیاسی ده‌سه‌ڵات خۆی پێشكه‌ش بكات
گفتوگۆی رێگای كوردستان له‌گه‌ڵ موحسین كه‌ریم ئه‌ندامی مكته‌بی سیاسی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان له‌باره‌ی (مه‌له‌فی چه‌پ له ئه‌مڕۆی كوردستادا )
ئاماده‌كاری مه‌له‌ف : هیوا عومه‌ر …….
له‌باره‌ی ئه‌م مه‌له‌فه‌وه:
ڕیشه‌ی تێكۆشانی هێزه چه‌پ و ماركسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له‌ناو ئه‌ومێژوه‌دا سه‌ره‌ڕای وێستگه‌ی جیاجیا به‌ڵام لاپه‌ره‌كانی ته‌ژییه له‌ده‌ستكه‌وت بۆ هاوڵاتیان كه‌خۆی له دابینكردنی به‌شێك له مافه ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و سیاسییه‌كان ده‌بینێته‌وه و توانراوه جێگیر بكرێت له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌ستوری عێراق له قۆناغه جیاجیاكانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت. هه‌ندێك له‌م ده‌سكه‌وتانه په‌راوێز خراوه و لاواز كراوه، هه‌ندێكی ماوه.
له‌هه‌ڵومه‌رجی ئه‌مرۆماندا هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت وه‌ك؛ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سروشتی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كی ئه‌م حوكمڕانیه‌و ئه‌م تایپه له ده‌سه‌ڵات ( فۆرمێكی ڕۆژهه‌ڵاتی)له ئابوری ڕه‌یعی بریتییه له په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێك به قازانج و ویستی بانك و كارتێله مشه‌خۆره‌كانی ژێر چه‌تری (نیولیبرالیزمی سه‌رمایه‌داری )
ئه‌مه‌ش ره‌نگی داوه‌ته‌وه له‌به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری وهه‌ژاری وله‌ده‌ستدانی به‌شێك له‌ومافانه‌ی به‌ده‌ستهاتبوون .
ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت له هه‌ڵومه‌رجی ئابوری وسیاسی هه‌رێمی كوردستان چوارچێوه‌یه‌كی نوێ بۆ ململانێی چینایه‌تی وتێكۆشانی جه‌ماوه‌ری هێناوه‌ته پێشه‌وه، كه ئه‌ركی جدیتری خستۆته به‌رده‌م هێزه‌كانی چه‌پ له به‌رامبه‌ر شكستی به‌ره‌ی راستڕه‌وی ده‌سه‌ڵات.
ماڵپه‌ری رێگای كوردستان بۆ فۆكس خستنه‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ركانه و رۆڵی هێزه چه‌پ وماركسییه‌كان ئه‌م دۆسییه‌ی كردۆته‌وه .
موحسین كه‌ریم ئه‌ندامی مكته‌بی سیاسی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان له میانه‌ی به‌شداریكردنی له (مله‌فی چه‌پ له ئه‌مڕۆی كوردستاندا) پێیوایه : ” كۆمه‌ڵگای كوردستان، كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌داریه‌و بزوێنه‌ری هه‌موو پرس و مه‌سه‌له سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و بگره فه‌رهه‌نگی و كه‌لتوریه‌كان، ململانێی چینایه‌تی نێوان سه‌رمایه‌دارو كرێكار‌و توێژه چه‌وساوه‌و زه‌حمه‌تكێشه‌كانه. ئه‌م ململانێ چینایه‌تیه، به‌هێڵێكی راست وروون دا ناچێته‌پێشه‌وه و هه‌میشه به كاركردی فكری و سیاسی هێزو ره‌وته بۆرژواییه‌كان، ئه‌م راستیه سه‌ره‌تاییه لێڵ و ته‌مومژاوی ده‌كرێ و جه‌ماوه‌ری كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێش چه‌واشه‌ده‌كرێن.”
ئه‌و پێشی وایه : ” بۆرژوازی به‌رده‌وام ئه‌م هه‌لومه‌رجی چه‌واشه‌كردنه به‌رهه‌م دێنێته‌وه، زه‌ین و هۆشی كرێكار‌و زه‌حمه‌تكیش به ئه‌فكارو بۆچوون و لێكدانه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به ژیان و به‌هاو پرسه جۆراوجۆره كۆمه‌ڵایه‌تی و فكری و سیاسیه‌كان پڕده‌كات. هه‌وڵ ده‌دات لێكدانه‌وه‌و جیهانبینی چینایه‌تی كرێكار وه‌كو شتێكی خه‌یاڵی و ناواقعی و دروستكراوی زهنی چه‌ند بونه‌وه‌رێكی دابڕاو له مێژوو و ژیان و كۆمه‌ڵگا نیشان بدات.”
موحسین كه‌ریم له باره‌ی زه‌روره‌تی پلاتفۆرمێكی سیاسی باوه‌ڕی وایه : ” ته‌نها پلاتفۆرمێكی سیاسی ده‌توانرێ بخرێته روو له‌لایه‌ن هه‌ر هێزێكی جه‌پ و كۆمۆنیسته‌وه كه مه‌شغه‌له‌ی خه‌باتی سۆشیالسیتی و ئاماده‌كردنی چینی كرێكار بێت بۆ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆی، كه بێ پێچوپه‌نا وه‌كو به‌دیلی سیاسی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی شكستخواردووی بۆرژوازی كورد خۆی بنوێنێ. ”
ده‌قی به‌شداری موحسین كه‌ریم ئه‌ندامی مكته‌بی سیاسی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان له‌باره‌ی (مه‌له‌فی چه‌پ له ئه‌مڕۆی كوردستادا )
ماڵپه‌ری رێگای كوردستان : كام خوێندنه‌وه پێویسته بۆ دیاریكردنی ئه‌رك و ڕۆڵی چه‌پ و ماركسیه‌كان؛خوێندنه‌وه‌یه‌ك كه ڕۆڵی چه‌پ له په‌راوێز خراوی ده‌ریبهێنێ و بیكاته لیده‌ر له ئاراسته كردنی ڕوداوه‌كان ؟
موحسین كه‌ریم: كۆمه‌ڵگای كوردستان، كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌داریه‌و بزوێنه‌ری هه‌موو پرس و مه‌سه‌له سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و بگره فه‌رهه‌نگی و كه‌لتوریه‌كان، ململانێی چینایه‌تی نێوان سه‌رمایه‌دارو كرێكار‌و توێژه چه‌وساوه‌و زه‌حمه‌تكێشه‌كانه. ئه‌م ململانێ چینایه‌تیه، به‌هێڵێكی راست وروون دا ناچێته‌پێشه‌وه و هه‌میشه به كاركردی فكری و سیاسی هێزو ره‌وته بۆرژواییه‌كان، ئه‌م راستیه سه‌ره‌تاییه لێڵ و ته‌مومژاوی ده‌كرێ و جه‌ماوه‌ری كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێش چه‌واشه‌ده‌كرێن. بۆرژوازی به‌رده‌وام ئه‌م هه‌لومه‌رجی چه‌واشه‌كردنه به‌رهه‌م دێنێته‌وه، زه‌ین و هۆشی كرێكار‌و زه‌حمه‌تكیش به ئه‌فكارو بۆچوون و لێكدانه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به ژیان و به‌هاو پرسه جۆراوجۆره كۆمه‌ڵایه‌تی و فكری و سیاسیه‌كان پڕده‌كات. هه‌وڵ ده‌دات لێكدانه‌وه‌و جیهانبینی چینایه‌تی كرێكار وه‌كو شتێكی خه‌یاڵی و ناواقعی و دروستكراوی زهنی چه‌ند بونه‌وه‌رێكی دابڕاو له مێژوو و ژیان و كۆمه‌ڵگا نیشان بدات.
له‌پاڵ ئه‌م هێرشه به‌رده‌وام و رۆژانه‌یه بۆسه‌ر چینی كرێكار و توێژه بێبه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگادا، ماشینی سه‌ركوت و داپڵۆسین و پۆلیس و هێزه تایبه‌ته‌كانی ئاماده‌یه بۆ بێده‌نگكردنی هه‌ڵسوڕاوان و رابه‌رانی چینی كرێكار‌و هه‌رجۆره بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی چینی كرێكار‌و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش.
هه‌ر هێزێكی چه‌پ و سۆشیالیست و كۆمۆنیست ئه‌گه‌ر له‌م شه‌ڕه چینایه‌تیه‌دا له‌به‌رامبه‌ر بۆرژوازیدا ئاماده نه‌بێ و ده‌وری پێشه‌نگ و رابه‌ری بێ دوودڵی و شۆرشگێڕانه نه‌بینێ، هه‌میشه ده‌بێ یان راوێژكاری بۆرژوازی بێت بۆ ریفۆرم و چاكسازی و پاراستنی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی له مه‌ترسی بزوتنه‌وه و هه‌ڵسانه كرێكاریه‌كان، یان له باشترین حاڵه‌تدا له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگادا وه‌كو ره‌وت و گروپێكی فشار‌و ره‌خنه‌گری ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی بمێننه‌وه‌و هیچی تر.
مه‌رجی ئه‌وه‌ی كه هێزو بزوتنه‌وه ماركسی و كۆمۆنیسته‌كان بتوانن رابه‌ری كۆمه‌ڵگاو ئاڵوگۆڕه‌كان بن، ده‌بێ له‌م شه‌ڕه چینایه‌تیه‌دا نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تی و چینایه‌تیه‌كانی كرێكار‌و توێژه بێبه‌ش و زه‌حمه‌تكێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن. ده‌بێ راست و ره‌وان سه‌نگه‌ری شه‌ڕی چینایه‌تی كرێكار له بۆرژوازی قایم و پته‌و بكه‌ن. ده‌بێ سنوری به‌رژه‌وه‌ندیه چینایه‌تیه‌كانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی بۆرژوایدا به روونی جیابكه‌نه‌وه، رێگا نه‌ده‌ن له‌لایه‌ن ئه‌حزاب و سیاسه‌تمه‌دارو رۆشنبیرانی چینی بۆرژوازیه‌وه بشێوێنرێ و به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی و ئابوریه‌كانی چینی سه‌رمایه‌دار له به‌رگی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بكرێت به به‌ری كرێكار‌و چه‌وساوه‌كانی كۆمه‌ڵگادا.
ده‌بێ له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی خه‌باتی چینایه‌تیدا نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی- چینایه‌تیه سه‌ربه‌خۆیه بكه‌ن و هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌رووی فكری- سیاسی- رێكخراوه‌ییه‌وه ئه‌م ریزه سه‌ربه‌خۆیه بپارێزن و پته‌وی بكه‌ن. ئه‌رك و لێپرسراوێتی كۆمۆنیسته‌كان و ماركسیسته شۆرشگێڕه‌كان ئه‌وه‌یه كه به‌پێی ئه‌م لایه‌نگیریه سیاسی- كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یان ستراتیژ و تاكتیكی سیاسی بۆ ئاماده‌كردنی چینی كرێكار بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاماده‌بكه‌ن. تاكتیكی سیاسی و خه‌باتی سیاسی رۆژانه‌یان ته‌نانه‌ت له مه‌یدانی ریفۆرمی سیاسی و ئابوریشدا پێویسته به‌شێك بێت له پرۆسه‌ی ئاماده‌سازی چینی كرێكار بۆ شۆرشی كرێكاری. ده‌بێ شه‌ڕی فكری و سیاسی هێزو ره‌وته سه‌ره‌كیه‌كانی بۆرژوازی بكه‌ن. ده‌بێ له سه‌رجه‌م پرس و مه‌سه‌له سیاسیه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ئاماده‌بن و نه‌خشی هێزێكی به‌رپرس و ده‌خاله‌تگه‌رو رابه‌ری سیاسی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش بگێڕن .بزوتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی و سۆشیالیستی ئه‌نتی تێزی بزوتنه‌وه بۆرژوازیه‌كان و ده‌سه‌لاتی بۆرژوازیه. ئه‌مه ئه‌و ناوه‌ڕۆك و خه‌سڵه‌ته سیاسی و چیانه‌تیه‌یه كه ده‌بێ بزوتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی و سۆشیالیستی هه‌ڵگری بێت بۆئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌ن و بزوێنه‌ری روداوه سیاسیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا.
ماڵپه‌ری رێگای كوردستان : هه‌ڵومه‌رجی ئه‌مرۆ و شكستی حوكمڕانی به‌ره‌ی راستڕه‌وی ، چ بژارده و پلاتفۆرمێكی مومكین ده‌خاته به‌رده‌م هێزه‌چه‌پ و ماركسییه‌كان ؟
موحسین كه‌ریم: به‌بڕوای من ته‌نها پلاتفۆرمێكی سیاسی ده‌توانرێ بخرێته روو له‌لایه‌ن هه‌ر هێزێكی جه‌پ و كۆمۆنیسته‌وه كه مه‌شغه‌له‌ی خه‌باتی سۆشیالسیتی و ئاماده‌كردنی چینی كرێكار بێت بۆ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆی، كه بێ پێچوپه‌نا وه‌كو به‌دیلی سیاسی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی شكستخواردووی بۆرژوازی كورد خۆی بنوێنێ. ئه‌گه‌ر مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوازی و هێزه سیاسیه‌كانی شكستی خواردوه، ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دوای ٢٦ ساڵ ناتوانێ كاره‌با، ئاوی خواردنه‌وه، رێگاوبان، خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی، مووچه‌ی كرێكار‌و كارمه‌نده‌كانی دابین بكات، ناتوانێ به‌رمیلێك نه‌وت بۆ هاوڵاتیان ده‌سته‌به‌ر بكات بۆ ئه‌م سه‌رمای زستانه، له‌ولاشه‌وه گیرفانی هاوڵاتیان به‌بیانوی جۆرواجۆره‌وه تاڵان ده‌كات و ده‌یان جۆر ره‌سم و باجی له‌سه‌ر خه‌ڵك داناوه، ده‌سه‌ڵاتێك كه هیچ شتێكی نیه پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگاو خه‌ڵكی بكات به‌ڵام هاوكات ده‌ستی بردوه بۆ بنی گیرفانی هاوڵاتیانی كوردستان، ئیتر چی ماوه‌ته‌وه و بۆچی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌ڕێوه‌ببرێت!؟ خه‌ڵك ئیتر چ پێویستی به‌وانه؟ ئایا به‌راستی ئه‌مانه له خه‌ڵك زیاده نین و پێویست ناكات بڕۆن و ده‌سه‌ڵاتدارێتی خه‌ڵك بكه‌وێته ده‌ستی خه‌ڵك خۆیان؟
ئه‌گه‌ر هێزێك خۆی به چه‌پ و كۆمۆنیست ده‌زانێ و ده‌یه‌وێ له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگادا بێته ده‌ره‌وه‌و ده‌وری رابه‌ر ببینێت، پێویسته ئه‌م وه‌ڵامه بداته‌وه به كۆمه‌ڵگاو گرفته‌كانی سه‌ر رێگای ئه‌م ئاراسته‌یه چاره‌سه‌ر بكات. ده‌بێ كۆمۆنیسته‌كان و چه‌پ، به‌راشكاوی ئه‌و په‌یامه به كۆمه‌ڵگا بڵێن. ده‌بێ بڵێن ئیتر نۆره‌ی خه‌ڵكه. نۆره‌ی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵكه. به ده‌سه‌لات بڵێن ئێوه ٢٦ ساڵه ده‌سه‌ڵاتی كوردستانتان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و ئه‌وه بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ژیان وگوزه‌ران و خزمه‌تگوزاریه‌كانه.. ئه‌وه بارودۆخی خوێندن و په‌روه‌رده‌یه… ئه‌وه بارودۆخی خه‌سته‌خانه‌كانه. ئه‌وه بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیانی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ته… پێیان بڵێن ئیتر كاتی ئه‌وه هاتوه خه‌ڵك له‌رێگای شورا‌و ئه‌نجومه‌نه‌كانی خۆیانه‌وه كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌به‌رن. ئیتر كاتی ئه‌وه هاتوه دامه‌زراوه‌كانی وه‌كو كاره‌باو ئاو‌و خه‌سته‌خانه و شاره‌وانی و …. له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌ن و شوراكانی كرێكاران و كارمه‌ندانی ئه‌و شوێنانه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێن. دڵنیاین كه ئه‌وان زۆر باشتر له ئێوه ده‌توانن ئاو‌و كاره‌باو خزمه‌تگوزاری پزیشكی و … بۆ خه‌ڵك دابین بكه‌ن… پێویسته پێیان بڵێن كه ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك ده‌توانێ زۆر له ئێوه باشتر گرفتی بێمووچه‌یی چاره‌سه‌ر بكات. په‌یوه‌ندی نێوان كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌و ئینسانیانه یه‌كلا بكاته‌وه. ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك زۆر له ئێوه باشتر ده‌توانێ كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی له هه‌ڕه‌شه‌كانی دوژمنان و كۆنه‌په‌رستان بپارێزێ. ده‌توانێ یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو و ماف و ئازادیه‌كان بۆ هه‌موان دابین بكات. ده‌توانێ ژیانێكی شكۆمه‌ند بۆ هه‌موو هاوڵاتیان ده‌سته‌به‌ر بكات. هیچ كه‌س برسی نه‌بێت. هیچ مناڵێك توند‌و تیژی به‌رامبه‌ر نه‌كرێت و تاد….
ماڵپه‌ری رێگای كوردستان : هێزه‌چه‌پ و ماركسییه‌كان كێن له‌مرۆدا ، ده‌توانن له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا كۆببنه‌وه‌وبه‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كاری ئه‌وهێزانه‌چین ؟
موحسین كه‌ریم: زۆرن ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌چه‌پ و بگره به ماركسی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام كۆمه‌ڵگا چی بكات له كه‌سانێك یان له گروپ و لایه‌ن و حزبێك كه خۆیان به‌چه‌پ و سۆشیالیست و بگره كۆمۆنیست ده‌ناسێنن، به‌ڵام هیچ نه‌خشێكیان نیه له‌ناو روداوه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگادا.
هیچ كاریگه‌ریه‌كیان نیه له‌سه‌ر ژیانی كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێش. به‌رده‌وام هێزه بۆرژوازیه‌كان چاره‌نوس و ئاراسته‌ی ژیانی ئه‌وان و مناڵه‌كانیان دیاری ده‌كه‌ن. كۆمه‌ڵگا چی بكات له گرفتی فكری و تیۆری نێوان ئه‌م گروپ و ئه‌و گروپ!؟ كۆمه‌ڵگا ده‌ورو ده‌خاله‌تگه‌ری سیاسی ده‌وێ له هێزو ره‌وت و حزبه سیاسیه‌كان.
كاتێك هێزو ره‌وته چه‌په‌كان ئه‌م ده‌وره نابینن، یان هیچ نه‌بێ بیر له‌وه‌ناكه‌نه‌وه‌و كه چۆن وه‌ڵام به‌م گرفته سیاسیه بده‌نه‌وه، وه ته‌نها به‌وه دڵخۆشن كه له‌په‌نای روداوه‌كاندا و له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگادا كۆبونه‌وه‌یه‌ك، كۆڕێك، بۆنه‌یه‌ك،… ساز ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ولاشه‌وه بۆرژوای خه‌ریكه نه‌خشه‌ی ده‌سه‌ڵات ساغ ده‌كاته‌وه. به‌شێكی شكستی خواردوه، كه‌چی به‌شێكی دیكه‌ی خۆی بۆ سازدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی ئاماده ده‌كاته‌وه. به‌رای من ئیتر بوارێك بۆئه‌وه نامێنێته‌وه كه ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ چه‌پ ببێته جێگای ئومێدی خه‌ڵكی بێبه‌ش و چه‌وساوه.
له وه‌ڵامی یه‌كه‌مدا ئه‌وه‌م روونكردۆته‌وه كه ده‌بێ چی بكه‌ین. من پێموایه هه‌رده‌بێ ئه‌و كاره بكه‌ین. ئه‌گه‌ر كه‌سێك خۆی به میراتگری ماركس و لینین و شۆڕشه‌كانی كۆمۆنه و ئۆكتۆبه‌ر ده‌زانێ، ده‌بێ وه‌كو ئه‌وان كاربكات. رێگای دیكه نیه. ده‌بێ كۆمۆنیزم و سۆشیالیزم ببێته به‌دیلی سیاسی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌دیله سیاسیه‌كانی بۆرژوازی. ده‌بێ كۆمۆنیسته‌كان و سۆشیالیسته‌كان له قامه‌تی هێزو ره‌وته بۆرژوازیه‌كان كه‌متر ده‌رنه‌كه‌ون. ده‌بێ وه‌كو خاوه‌نی كۆمه‌ڵگا ده‌ربكه‌ون و مامه‌ڵه‌ی خۆیان بكه‌ن. ده‌بێ به‌هه‌مان قیافه‌شه‌وه خۆیان به‌رامبه‌ر بۆرژوازی و هێزو بزوتنه‌وه‌كانی و به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگا نیشان بده‌ن. ده‌بێ كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێشی كوردستان ئه‌وه له‌كۆمۆنیست و سۆشیالیست و “چه‌په‌كان” ببینن كه ئه‌وانیش وه‌كو بزوتنه‌وه‌و هێزی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن.
ماڵپه‌ری رێگای كوردستان : له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا، پلاتفۆرمی چه‌پ چی بێت ؟ به‌شدار بن یان نا ؟ تاچه‌ند به‌شداریكردن به لیستێكی یه‌كگرتووی چه‌پ و به ده‌ستهێنانی نوێنه‌رایه‌تی ڕێگا خۆش ده‌كا و ئاسانكاری ده‌بێت له گۆڕینی واقیعی سیاسی و ئابوری ؟
موحسین كه‌ریم: من پێموایه ئه‌م سیناریۆیه كۆتایی هاتوه‌و دوا ئه‌لقه‌كانی پێشكه‌ش كراون. به كرده‌وه سه‌لمێنراوه كه له كوردستاندا مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان هیچ به‌هایه‌كی نیه‌و به‌هیچ جێگایه‌ك ناگات، نه‌ك بۆ چینی كرێكار‌و كۆمۆنیست و سۆشیالیسته‌كان، به‌ڵكو بۆ خودی بۆرژوایش. پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات و میكانیزمی سیاسه‌ت له كوردستاندا هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان نیه، به‌ڵكو میلیشیاو هێزی چه‌كداری حزبیه. هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان تاقیكراوه‌ته‌وه‌و شكستی هێناوه. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان (٢٥) كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام نه‌یتوانی جێگا به یه‌كێتی نیشتمانی كه ته‌نها خاوه‌نی (١٨) كورسی بوو، له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا لێژ بكات و یه‌كێتی هه‌ر هێزی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات مایه‌وه له‌گه‌ڵ پارتیدا. قسه‌كانی مه‌لا به‌ختیار له كه‌ناڵی روداو جارێكی دیكه ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنێته‌وه كه گرێدانی ئومیده‌كان به هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان له كوردستان ته‌نها خۆفریودان و خۆشخه‌یاڵیه‌و هیچی تر، چ جای ئه‌وه كه هێزێكی چه‌پ و كۆمۆنیست ئومێدی به‌وه هه‌بێت له‌و رێگایه‌وه ده‌توانێ كاریگه‌ری سیاسی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا هه‌بێت!
زەنگوڵەی مەرگ…. کەژاڵ عەلی
پێشکەشە بە ئا‌ڤێستا خابوور
کە دوێنێ لە ئەفرین چووە کاروانی نەمرانەوە..
دلت بردم لەرزان کەمەر
تۆ کە هێشتا
بۆنی مێخەكبەندت لێ دێ ;
ھی بەرباران،
تۆ كە ن‌ھا
چڵە سێبەرێكی تەڕی
لەژێر شنە شنی بەھار
لە بەر ھەتاوێكی درەنگ .
چ زوو عاشق بووی
بە باڵای بەرخۆدان و ،
بە بەژنی زراڤی تفەنگ.
بە کوێدا
بەو هەموو
خرینگ و خەونەوە،
خۆت خستە ئامێزی
داستانی ئەفرینی مەرگەوە .
پێم بڵێ
چۆن کەوتیە چاوبازی
لەگەڵ خۆر ،
کەی دەستت تێکەل كرد
لەگەڵ خاك
لەگەل مەمی خەنجەر.
لە كوێوە
بەرێ نازكێ خۆت
دایە بەر تانك‌و تۆپ،
باخەڵت پڕ كردن
لە فیشەك ،
لە مەمكی نارنجۆك،
كەنگێ بووی
بە ھاوڕێی
گیانی بەگیانی بەرد ،
بە توێشووی سەر رێگای
سیامەندی سەنگەر ،
لەرزانكەمەر
مەڕۆ دڵم
كەمەرلەرزان
دڵم دەوە..
ساباتی تاڵ … سه‌ردار جاف
مه‌رگێ به باڵای ته‌مه‌نما هه‌ڵكشاوه
پێی له ته‌ڵه‌ی قوڵایی په‌یڤێكی شیعری سه‌رشێتیما
گیر كردووه و
له ئه‌ژنۆی ڕا
ئیدی به‌ره‌و دوا هه‌ناسه‌ی نووكی په‌نجه‌ی شۆڕ بووه‌وه
كفنێ به باڵای شارما هه‌ڵزناوه
به قوڵپی پڕ ئه‌شكی چاوم
نوقمی حه‌زێكی سوێر بووه و
له كه‌مه‌به‌ندی ڕێگای دا
به‌ره‌و خوار خوار داچووه‌وه
شار دوا نیگای خۆی هه‌ڵ ده‌دا
له ته‌وێڵی هه‌سته‌كانما هه‌ناسه سوار
هه‌ر كه خۆری سواغدراوی
له كه‌فماڵی ئه‌پارتمانی دێوه‌زمه‌یه‌كی ڕانه‌هاتووا سواند
زمان بووه به‌سته‌ڵه‌كی ئۆغر كردوو
نه قه‌تاره‌كه‌ی مه‌ردانی بۆ ده‌وترێ
نه به‌سته‌كه‌ی حوسین عه‌لی
نه ژان و ئازاری میسری و حه‌مه‌ی موكری
په‌ی پێ ده‌با
نیگاكانم ده‌بنه شه‌وه‌زه‌نگێكی لای كه‌نار ئیجه
ڕێگای به‌خت و كۆڤانمی
وه‌ك یه‌ك چواند
بیست و چوارجار
مانگ هه‌ڵهات و روخساری خۆی لێم شارده‌وه
له نێو قه‌فی دووكه‌ڵی چڕ
چزووی ئاگری خه‌مڕه‌وێن
تاڵه ڕیشاڵی په‌نجه‌كان ده‌بنه ڕه‌ژوو
ترپه‌ی هه‌ردوو قامكی راستم
به‌ر سوتووی جگه‌ره كه‌وتن
هاتی و له ده‌رگای خه‌یاڵدانی پاییزما
له گه‌ڵ هه‌ڵوه‌رینی وه‌رزی ته‌مه‌نما
تۆڕێ گه‌ڵای زه‌رد زه‌ردی روحمت له كۆڵنا
له بیمارستانی شارا گیرسایته‌وه ….
به‌ره‌و ترۆپكی ڕێژنه‌ی خه‌م سه‌رده‌كه‌وتن
كات نیوه‌شه‌وێكی ده‌مه و ئێواره‌یه
له سه‌ر باڵی ئه‌سپی ئه‌تڵه‌س
خولیای دۆستی ئه‌ستێره‌م بوو
شه‌و له كپی خۆی نه‌كه‌وت و
به گرێژنه‌ی روحما رۆچوو
ژاوه ژاوی دوا سه‌فه‌ری گۆڕغه‌ریبیم
دۆراندۆرمی دۆڕاند بوو
خه‌ون له ته‌ك گه‌ڵا وه‌ریوی شار
ئاوێزانی دوا غوربه‌تی خۆی جاڕ ده‌دا
بێ ئاگا بووم
نه‌مده‌زانی مه‌یلی ئامێزی ته‌زیوی شلێره‌م بوو
شاژنه‌كه‌م
راتچه‌نیم و
حه‌سره‌ت و ئاه و ناڵه‌مت
به سازی دیده‌ن ڕاماڵی
گریان و ئه‌شكی به‌رده‌وام
به سێڵاوی تیله‌ی نیگات ، پاییزنشینی جه‌سته‌من
دوعاكانی دایكم له گرێكوێره‌ی فه‌قیانه‌كه‌یا
وه‌ك عانه‌كانی مناڵی
خه‌ڵوه‌تنشینی كۆڵی بوون
زولف و گه‌ردن …..
نمایشی باڵای ؛لیما؛ ت
ساتی بزه و پێكه‌نینت
هه‌موو شه‌وێ
به به‌ر فیغانی مه‌ینه‌تما
ڕاده‌بوورێ
ده‌ستی خه‌مت له ته‌وقی ملم ترازان
په‌نجه‌كانت بوونه هه‌توان
تیشكی دڵمت په‌ی پێبرد و
به قه‌د و قه‌مه‌تی لێوتا، رۆشنایی شیله‌ی ژینی بۆ هه‌ڵكرا
كه‌چی خۆر و تیشكی مانگم لێ ئاوابوو
ئه‌م بێشه‌یه و ئه‌م وڵاته
له بێ تۆیی هه‌ر هه‌ڵكشا
به‌ره‌و تاریكی و چۆڵی چوون
21- 1 – 2018
Deutschland – Limburg
عەفرین دەبیتە هێمای تێکۆشان … سەعید ئەمانی
( وەک هەڵوێستێک، پێشکەشە بە خۆڕاگری قارەمانانەی خەڵک و پارێزەرانی کانتۆنی عەفرین)
عەفرین، ئەی عەفرین ی دەلال!
سەربەرزی ئاشتی خواز
سەوز پۆشی بەژن زراڤ
لەم قۆناغە هۆڤانەدا
کۆمەڵێک بەرژەودی خواز
ویژدان تۆپیوی
ڕەنگا و ڕەنگ
تاقمێک گەمەژەی
خۆبەزل زان
مێشک گەنیوی
کەم عەقڵ و دەبەنگ
بە خەیاڵن
دابەزنە سەر
ورەی بەرزت
بە پۆستاڵی جەنایەتیان
پێشێلی کەن
نەمامی ساوای تیژ هەڵچووی
هیوای بەرزت.
ئەی عەفرین ی ئاشتی خواز و
سەوز پۆشی بەژن زراڤ
بە گورگ و چەقەڵ و ڕێوی سەردەم
دەور دراو!
تێنەگەیون
ئەم خوێنڕێژە بێ مێشکانە
لەم نەبەردە ناهاسەنگەدا گەربێت و
براوەش نەبی سەرکەوتوی
گرتوتە لوتکەی شانازی و
وەک خۆری ژیان دەرکەوتوی.
خۆڕاگر و دڵنیابە
سەرکەوتنت مسۆگەرە
تۆ بویتە هێمای تێکۆشان
وەرەبەخشی جەماوەری زۆر لێکراوی
بۆ بەگژ زاڵماندا چوون لە دنیادا
بەم پێناسە
دەرکەوتنت مسۆگەرە.
مامۆستای من … هیوا سه‌عید
ئەفلاتونم خوێندەوە
بەڵام بە مامۆستای خۆم دانەنا
هیگڵیشم خوێندەوە
هەر بە مامۆستای خۆم دانەنا
نیچەشم خوێندەوە
ئەویشم بە مامۆستای خۆم دانەنا.
بە منداڵی
کچێک هەبوو
هەموو جارێ دایکم دەی وت
گەورە ببی بۆت دەخوازم
هەتا من گەورە بووم
کچەکە بزر بوو
مامۆستای من ئەو کچە بوو.
ئەگەر عەشقی ئەو نەبا
لە فۆرمە بەرزەکانی ئەفلاتون نەدەگەیشتم
نەمدەزانی لە میتافیزیکدا
فۆرم هێزە یان کردار
ئەو کچە فۆرمی ناو سەرم بوو.
ئەگەر عەشقی ئەو نەبا
لە دیالێکتیکی هیگڵ نەدەگەیشتم
نەمدەزانی هۆش چۆن دەبێتە دوو بەش
ئەو کچە هۆشمی لەخۆی دابڕی.
ئەگەر عەشقی ئەو نەبا
لە سوپەرمانەکەی نیچە نەدەگەیشتم
نەمدەزانی خوا چۆن دەمرێ،
یان خواش هەمان فۆرمه‌کانی ئه‌فلاتونه
ئەو کچە خوای من بوو.
ئەوەی فرمێسکی چاوی مەولانای تام نەکردبێ
کێ لە بۆدلێر دەگا که ده‌ڵێ:
سەرەتا خۆشەویستەکەم ماچ دەکەم
ئینجا پێی دەڵێم خۆشمدەوێی.
ئەوەی بە منداڵی
دایکی خەونێکی لەسەر نەنابێ
وەکو حەللاج کوشتنم بە هەق دەزانێ بە کچێک دەڵێم خوا!
ئەوە وشەکانی دەمی دایکم بوو
منی کافر کرد.
