ئەردۆگان دوا خەلیفەی ئیسلام … ئەردەڵان قەرەبای

هەتا بێت زیاتر ئیسلامبوونی ئەردۆگان دەردەکەوێت. ئەو کابرایە ئەگەر شێوەی دەرەوەی هەندێک لە مرۆڤی ئەم سەردەمە دەچێت بەس ناوەرۆکەکەی ئیسلامیە. ئەردۆگان هەر لە سەرەتاوە دوو ڕووی جیاوازی لە خۆی نیشانداوە. ڕووێکی مۆدێرن و ڕووێکی ئیسلامی. هێرشی ئەو خەلیفەیە بۆ سەر (چیای کوردان) کە داگیرکەری ناوەکەی بۆ عەفرین گۆڕیوە ئەوەی لە گوماندا نەهێشتۆتە ئەو خەلیفەیە خەونی گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامیە بەڕاستی. ئەردۆگان سڵ لەوە ناکاتەوە پەنا بۆ فێڵ و درۆ و ڕیاکاری ببات. ئەمە لە ئیسلامدا بە تەقیە ناسراوە. تەقیە کە بە عەرەبی وا دەنووسرێ (التقییە) هەرچەند ئەمڕۆ وا دەزانرێت تەنیا مەزهەبی شیعە پەیڕەوی دەکات بەڵام بەڕاستی یەکێ لە ڕێگاکانی پێغەمبەر بووە.

لە قورئانیشدا جێگای کراوەتەوە:
لا يتخذ المؤمنون الكافرين أولياء (أصدقاء) من دون المؤمنين ومن يفعل ذلك فليس من الله فى شئ إلا أن تتقوا منهم تقاة ويحذركم الله نفسه وإلى الله المصير”. سورة آل عمران
28:3.

پێغەمبەر بۆ نموونە کەعب بن ئەشرەف و شەعبان بن خالد الهذلی و چەند کەسێکی تری بەو شێوەیە لەناوبرد هەر لەبەر ئەوەی باوەڕیان پێی نەبوو. ئیسلام ڕێگای موسڵمانی داوە لەگەڵ دوژمندا درۆ بکات و لەو بارەیەوە حەدیس هەیە. هەتاکو ئەمڕۆ دەوڵەتە ئیسلامیەکان پەیڕەوی ئەو شەریعەتە دەکەن. هەرکە یاسر عەرەفات ڕوو بە ڕووی ڕەخنەی ئیسلامیەکان بۆوە کە چۆن لەگەڵ یەهوودی نەوەی بەرازدا پەیمانی مۆر کردووە پێی وتن پێغەمبەر بە بیری خۆتان بهێننەوە کە لەگەڵ یەهوددا پەیمانی حودەیبیەی مۆر کرد. مەبەستی ئەوە بوو ئەو کاتەی بێهێز بوو پەیمانی مۆر کردو کە بەهێز بوو لێی پەشیمان بۆوە. تەقیە نەهجی ئەردۆگانە و هەر بە فێڵ و تەڵەکەبازی هێناویەتی.
لە لایەک لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایە و پەیمانی لەگەڵ بەستوون و لە لایەکی تر لەگەڵ دنیای ئیسلامیە. ئەردۆگان ئەمڕۆ جوێن بە سەرۆکی ئەمەریکا دەدات و وا دەزانی سبەی دەبێتە شەڕیان بەڵام وا دەرناچێ. سبەی سەردانی دەکات و دەڵێ ئێمە هاوپەیمانین. هەڕەشە لە ڕاوێژگاری ئەڵمانیا دەکات و بە زمانی بازاڕ هەزار جنێوی پێ دەدا. دەگاتە ئەوەی پێی بڵێ دەتڕوخێنم بەڵام هێندەی پێناچی دەستی خستۆتە ناو دەستی. لەگەڵ ئێران و روسیاو دەوڵەتەکانی تریش بەهەمان شێوە.

ئەردۆگان سەرۆکی سوریا بە گەورەترین دیکتاتۆر وەسف دەکات و دەڵێ هەر کەسێ پەیوەندی بەو سەرۆکەوە هەبێ دوژمنی ئیسلامە بەڵام کە هێرش دەکاتە سەر عەفرین پەیمانی لەگەڵ دەبەستێت. میراڵ ئەکشیناری سەرۆکی پارتی چاکەی تورکی کە ژنێکە بە دوژمنی ئەردۆگان دانرێت و بە ژنە ئاسنینەکە ناوی دەرکردووە بەپێی ڕۆژنامەی زەمانی تورکی ڕەخنەی توند لە ئەردۆگان دەگرێ و دەڵێ تۆ چۆن لەسەرەوە بە ڕێژیمێک دەڵێی دیکتاتۆر و لەژێریشەوە دەست دەخەیتە ناو دەستی؟ بۆیە عەلی یەلدرم ڕۆژی دوای ئەوە هەر بەپێی قسەی ڕۆژنامەی زەمان ناچار دەبێت بڵێ نوێنەری سووری لەو کۆنگرەیەدا بەشدارە کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە سوتشی دەبەسترێت کە بۆ گفتوگۆی لایەنەکانە. ئەمە جاران بە کفر دادەنرا هیچ نەبێ بە ئاشکرا بەڵام لەژێرەوە ئەردۆگان هەموو کارێک دەکات بۆ فراوانکردنی دەستەڵاتەکەی و گێڕانەوەی خیلافەی ئیسلامی.

ئەردۆگان بەو شێوازە ئیسلامیەی کە لە قورئان و سوننە و مێژووی ئیسلامی وەرگرتووە زۆر سوودی لە ڕووداوەکان وەرگرتووەو لە خزمەتی خۆیدا بەکاریهێناون. داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە سوودی زۆری پێ گەیاند کە تازە دەستەلاتی گرتبوو. ئەوێک ئەندامی ناتۆ بێت و باڵوێزخانەی ئیسرایلی لە پایتەختی خۆی کردبێتەوە بەڵام بە دیوەکەی تریشدا خۆی بە پارێزەری ئیسلام و دژی کافران بزانێت سەیر نییە لای جەماوەری ئیسلامی پێگەی بەرز بکرێتەوە کە ئەوەی لایان گرنگە درووشمە.
لەسێدارەدانی سەددام حسێن و شەڕی لوبنان، شەڕی حەماس و ئیسرائیل و زۆری تر بوونە پاڵپشت بۆ ئەردۆگان، کە لە هەموو ئەوانەشدا دوو ڕووی هەبووە، ڕووێک لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و ڕووێک لەگەڵ جیهانی ئیسلامی.

لە هەموو دنیای ئیسلامی بە باشووری کوردستانیشەوە ئەردۆگان وەک ڕزگارکەری ئیسلام سەیر کراوە. کەم نین ئەو ڕۆشنبیرانەی ئەردۆگانیان بە پێشەنگی خۆیان زانیوە. ڕاستە لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەو ڕۆشنبیرانە لە ڕوویان نایەت وەک جاران بە ئاشکرا پیایا هەڵبدەن بەڵام بۆ نموونە کەناڵی ڕووداوی پارتی هێشتا بە ئاشکرا ئەردۆگان بە ڕابەری موسڵمانانی جیهان دەزانێ. ڕۆژگارێ یەکگرتوو کە هێزی لە ئێستا زیاتر بوو خۆی لە ئەردۆگان و پارتەکەی جیا نەدەکردەوە.

ئایا ڕاستە ئەردۆگان و پارتەکەی تورکیایان بوژاندۆتەوە؟

ئەوە یەکێکە لەو پروپاگەندانەی لە دنیای ئیسلامیدا دەکرێ کە ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستانیشی گرتۆتە بەڵام ئایا ڕاستە؟ ئایا ڕاستە وەک ئەوەی ڕووداو و کەناڵە ئیسلامییەکانی تر بانگەشەی بۆ دەکەن گەندەڵی لە تورکیا کەم بۆتەوە؟ هەر بۆ نموونە بەر لە هاتنی ئەردۆگان و پارتەکەی تورکیا لە لیستی بەڕێوەبەرایەتی حوکومی دنیادا پلەی ٣٣ی هەبوو کە لە سەرووی ئیتاڵیا بوو بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ پلەی ٦٦ دابەزی. هەروەها لەڕووی سەربەخۆیی دادگاوە تورکیا لە کۆی ١٤٢ دەوڵەتدا پلەی ٨٨ی هەیە کە پلەیەکی زۆر نزمە. لە ڕووی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا پلەی ١٤٨ی هەیە کە ١٧٩ دەوڵەت تیایا بەشدارن. ئەو پلەیە زۆر زۆر نزمە. ئەوە باسی ٢٠١٥ەیە کە ئەردۆگان لەم دوو سێ ساڵەی دوایی تەمەنیدا تورکیای تەواو کردۆتە وڵاتێکی دیکتاتۆریی داڕوخاو.

پرسیار ئەوەی ئایا خەونی ئەردۆگان دێتە دێ؟ ئایا دەتوانێ خەلافەی ئیسلامی لەسەر شێوزای خەلافەی لەناوچووی عوسمانی بگەڕێنێتەوە؟
وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە نەخێرە ئەگەر زانیمان تورکیا لەناوەوە بە دەست چەند کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت کە هەر بۆ پۆشینی ئەو کێشانەیە ڕوو لە دەرەوە دەکات و داگیرکردنی عەفرینیش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو کێشانەوە هەیە.

ئەگەر زانیمان گولەنیەکان کە نوسخەیەکی تری ئیسلامین چ هەڕەشەیەکی گەورەیەن بۆ ئەردۆکان دروست کردووە زیاتر بۆمان دەدرکەوێ خەونی ئەردۆگان پووچەڵ دەبێتەوە. ئەگەرچی گولەین و ئەردۆگان هەمان شتن بەڵام لەوەدا جیاوازن کە گولەنیەکان هەر بەپێی تەقیەی ئیسلامی پێیانوایە هێشتا کاتی ئەوە نییە بە ئاشکرا باس لە گێڕانەوەی خیلافە بکرێ بەڵکو وا پێویست دەکات جارێ بۆ فریودانی دنیای ڕۆژئاوا دیموکراتی و مافی مرۆڤ و شتی تر بە گرنگ سەیر بکرێن لەبەر ئەوەی هێشتا موسڵمان هێزی کەمە.

هەڕەشەیەکی تر بۆ سەر دەستەڵاتی ئەردۆگان و خەونەکەی ئەو ژنەیە کە لەسەرەوە ناوی هات، میراڵ ئاکشنار. ئەو ژنە توانیویەتی جەماوەرێکی گەورەی عەلمانی بۆ خۆی کۆبکاتەوەو مەبەستیەتی تورکیا لەم زەلکاوە دەربهێنێت کە بەهۆی ئەردۆگانەوە تێیکەوتووە.

ناکرێت ئەوە بشارینەوە کە ئەو ژنەیش لەبەرامبەر مەسەلەی کوردا هەمان ڕوانینی ئەردۆگانی هەیە و باوەڕی بەوە نیە نەتەوەیەک هەبێ بەناوی کورد بەڵام زۆر ڕەخنەشی لە ئەردۆگان گرتووە کە سەرکردە کوردەکانی ئەشکەنجە داوە و لە زیندانی خستوون.

بەبڕوای من هەڕەشەی هەرە گەورە بۆ سەر ئەردۆگان بەتایبەتی و هەموو حوکمێکی ئیسلامی بەگشتی ئەو گۆرانەیە کە لەم چەند ساڵەی دوایدا بەسەر دنیای ئیسلامدا هاتووە. دنیای ئیسلام بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی داعشەوە بەهیچ شێوەیەک ئەوەی جاران نییە و زۆر گۆڕاوە.

بەشێکی زۆری ئەو جەماوەرە هیوای بە حزبی ئیسلامی نەماوە بۆئە ئەردۆگان ناتوانێت لە ڕێگای هەڵبژاردنی ڕاستیەوە خۆی نوێ بکاتەوە. لە هەڵبژاردنی ئایندەدا ئەردۆگان چاوەڕێ دەکرێ بکەوێت و میراڵ ئاکشنەر جێگای بگرێتەوە. ئەمە تەنیا پەیوەندی بەتورکیاوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە هەموو دنیای ئیسلامیەوە هەیە. لە باشووری کوردستانیشدا ئیسلامیەکان شکستی گەورە دەخۆن یەکگرتوو لەمێژە هێزی خۆی لە دەستداوە.

ئەمجارە گۆڕان و کۆمەڵیش بەشێکی زۆری کورسییەکانیان دەدۆڕێنن. ئەگەر گەندەڵی و دیکتاتۆریەتی پارتی و یەکێتی نەبووایە گۆڕان لە دایک نەدەبوو و حزبەک ئیسلامییەکانی ترش بەو شێوەیە دەرنەدەکەوتن. ئەو گۆڕانکارییە هەر خۆی دواجار لە بەرژەوەندی ئەردۆگان و پارتەکەیدا نییە کە ئەوە چەند ساڵە بەشێکی هێزەکەیان لەو هەرێمە وەردەگرن بەتایبەتی دوای ئەوەی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی پەیمانی بازرگانیان مۆر کردووە. ئەگەرچی ئەردۆگان بەپێی ئەو باوەڕەی هەیەتی ئەوەی بە خەیاڵیدا نایەت مۆرکردنی پەیمانە.




خەونی ملیاردێرەكان لە دافوس …. عەلی مەحمود محەمەد

جیاوازی چینایەتی ئەمڕۆ لەهەموو كات و ساتێكی نیو سەدەی رابردوو بۆتە كێشەی مرۆڤایتی لە جیهاند, رۆژ لە دوای رۆژ ئەم جیاوازییە لە بەرزبونەوەدایە, شۆرشی پیشەسازی زیرەك زیاتر بەرەو هەڵكشانی دەبات, راپۆرتە ساڵانەكانی ئۆكسفام و مشتومڕەكانی دافوس بونەتە تیرمۆمەتری سەرمایەداری جیهانی, لە رێگەیەوە دەتوانین لە ئەحواڵیان بزانین, ئەوان جار جارە لە كەناڵەكانی خۆیانەوە باسی خزمەتی مرۆڤ و دادپەروەری دەكەن, وەلێ ساڵ لە دوای ساڵ سفری پارەكانیان زیاد دەكات و دەبنە سەرچاوەی زیادبونی نایەكسانی لە جیهان, بەناوی مافی داهێنانەوە سەرچاوەی گرانی دەرمان و نەخۆشی بەردەوام و پیسی ژینگەو تاڵان كردنی رەنجی كارە سامانی ژێر زەمینی ئەم گەردونەن. 47 ساڵە سەرمایەدارانی جیهان لێرە لەم دافوسە بچكۆلانەیە كۆدەبنەوە بۆ باسكردنی كێشەكانیان لە رێگرییەكانی بەردەم كەڵەكەكردنی سەرمایە, ساڵ لە دوای ساڵ بە پارەی زیاترو خانوی گەورەتر و كەشتی جوانترو هاوسەری گەنجتر و ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل باڵاترەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەم بەهەشتە زستانییە, وەلێ هەر غەمبارن و ناڕازین لە بەش و دەسەڵاتیان, شەوە دەنە دەم رۆژەوە بۆ كۆكردنەوەی زیاتر, كەچی باسی دادپەروەریش هەمیشە لەسەر زاریانە, لە هەر 5 دۆلاری ئەم جیهانە 4ی لە گیرفانی ئەماندایە, كەچی مستەریملیاردێر لە گەڵ ملیاردێردا گفتوگۆی ژیانی كرێكاران دەكەن, كێشەی هەژاری چارەسەرە كەن, هەرچەندە ئەوەی هەیانە زیاترە لە قیمەتی نەهێشتنی هەژاری لە جیهان, بنەبڕكردنی زۆرینەی نەخۆشییەكان, نەخوێندەواری, كێشەی ئاو و تەوالێت و پیسی ژینگە و مردنی ژنان و ……

دەیان دەردو ئافات كە سستەمەكەیان سەرچاوەین, وەلێ هەر حەكایەتی لەسەر گەرمە كەن كەچی لەو رۆژەی دافوس دامەزراوە, رۆژ لە دوای رۆژ بەشداربوانی دەوڵەمەندتر دەبن, لە پاڵیا ماوە ماوە كونجێكی جیهانە كەن جهەنەم.كۆبونەوەی ئەم گروپە 3000 كەسیە, كۆبونەوەی نوخبەی ئابوری جیهان و ملیاردێرەكان و بەڕێوەبەری بانكەكان و سیاسەتمەدارانی سەرمایەدارییە, زۆریان ملیاردێرن, هەندێكیشیان سەركردەی ملیاردێرن وەك جوتە گەنجەكەی دەباشان و سەری رەش, هەشیانە دەڵاڵی ملیاردێرەكانن وەك ماكرۆن, بەشێكی دیكەشیان بەڕێوەبەری راپەڕاندنی كۆمپانیاكانن كە موچەكانیان سەدان جاری كارمەندانی ناو دەزگاكەی خۆیان وێڕای بەخششەكان و وەرگرتنی پشكەكان, كە هەر یەكەی 55 هەزار دۆلاری خۆیان دەدەن بۆ بەشداریكردن,كە هاوتایە بەكاركردنی 70 ساڵی كرێكارێكی هیندی و بەنگەلادشی و كەمبۆدی و دەیان وڵاتی دی, بۆ ئەوەی لە رێگای ئەو گردبونەوە چەند رۆژییە زیاتر بدورنەوە, لەم دیدارەی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵاتداران,ئاسایشی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە راستەقینەی جیهان 5000 چەكداری سویسری دەیان پارێزێت,شارۆچكەیەك فڕینی ئاسمانی و خۆپیشاندانی سەر زەوی تێدا قەدەغە دەكرێت لەو رۆژانە, هەرچەندە بریار وایە دیموكراسی راستەوخۆكەی سیوسرا نموونەیی بێت لە جیهان, بە ناچاری نەیاران لە دورەوە خۆپیشاندان لە دژیان ئەنجامە دەن, ئەوان حەز بە بیستنی ژاوە ژاوی نەیارانی سەرمایەداری ناكەن, گرنگ ئەوەیە نە ئارامیان تێك درا نە دڵتەنگ كران بەو هات و هاوارە ناشازەی نەیارانیان, مشتومڕەكانی ئەمساڵیان بەهۆی ئەو هەموو سەروەت و سامانەی پارساڵ بەدەستیان هێنا ئاوهەوای دافوسی گەرمتر كرد, هەرچەندە 20 ساڵە دافوس سەرمای وای بەخۆوە نەبینیوە.

ستیف بانون راوێژكاری راستگەرای دەركراوی ترەمپ, ئەگەر هیچ وشەیەكی راست نەبێت تا ئێستا, ئەو وتەیەی راست بوو كە لە ساڵی 2014 وتی” كرێكارانی جیهان بێزار بوون بڕیار لە گروپێك لە دافوس وەربگرن”, لە راستیدا هەموو بڕیارەكانی جیهان لە چەند كۆڕو كۆبونەوەیەكی واوە وەردەگرترێت.پاپا فرانسیسیش بێزاری خۆی لە بەرز بونەوەی جیاوازی چینایەتی بۆ بەشدارانی دافۆس دەربڕی, وەلێ بێزاریەكەی نابێتە جێگای پێشوازی بەشداربووان بە ئاستی دابەزاندنی باج لە لایەن ترامپەوە لە 35% ەوە بۆ 21%, ملیاردێرەكان سوپاسی ترامپیان كرد بۆ كەمكردنەوەی باج, لە نەیاری ترامپەوە بونە دۆستی نزیكی, هەواڵی ئەم مزگێنییەی حاكمە ملیاردێرەكە خۆشی بڕیاری ساڵ و دەیە بو بۆیان,ئەوان مردون بۆ سیاسەتی ئابوری ترامپ چونكە دەربڕی بەرژەوەندییە چینایەتییەكانیانە, بەڵام نەیاری سیاسەتین كە زیان بە بەرژەوەندیەكانیان دەگەیەنێت, پێچەوانەی ئۆباما دژ بە بڕیارە ئابوریەكانی بوون شەیدای سیاسەتەكەی بوون.

راپۆرتی ئەمساڵی ئۆكسفام ” ئۆكسفام تۆڕی رێكخراوە خێرخوازییەكانە بۆ كەمكردنەوەی هەژاری لە ساڵی 1942 لە بەریتانیا دامەزراوە ” كە رۆژێك پێش دەستپێكردنی دانیشتنەكانی دافوس بڵاو كرایەوە ئاگری بەردا لە جەستەی كۆبونەوەكە, بەوەی ئەمساڵ ژمارەی سەروەت و سامانی 42 ملیاردێر یەكسانە بە سەروەت و سامانی 3,8 ملیار مرۆڤی هەژار لە جیهاندا,پارساڵ ئەم ژمارەیە 61 كەس و ساڵی 2016 تەنها 86 كەس و ساڵی 2009 بریتی بوو لە 390 كەس, بەم شێوەیە دەبینین ساڵ بە ساڵ ژمارەی ملیاردێرەكان لە كەمبونەوەدان و ژمارەی هەژارە هاوتاكانیان لە بەرزبونەوەدایە, راپۆرتەكانی ئۆكسفامیش ساڵانە گڕی گەرماكە بەتینتر دەبێت, وەلێ ناتوانێت هەرەس بە بەفری دافوس بهێنێت, تا ئەوكاتە لایەنی بەرامبەر 3,8 ملیارەكە لە پێناو خۆیاندا نەیەنە مەیدان. بە پێی هەمان راپۆرت 82%ی زێدەی سەروەت و سامانی بەرهەم هاتوو لە ساڵی 2017 بۆ 1%ی كۆمەڵگا بووە, 99%ەكەی تریش بە هەر هەمویانەوە 18%یان بەركەوتووە,لە هیندستان 1% تەنها 73%ی بەركەوتووە, لەوەش زۆر وڵات دەست بەتاڵ دەرچوونەو لە زێدەی سەروەت و سامان هیچیان لە نیعمەتی گەشەی ئابوری و سەروەت و سامانی جیهان بەر نەكەوتووە, كە لە ئێستادا قەبارەی سەروەت و سامانی جیهان 28 ترلیۆن دۆلارەو لە ساڵی 2022 پێشبینی دەكرێت بەرز بێتەوە بۆ 341 ترلیۆن دۆلار.

لە ساڵی 2010 ەوە كرێكاران كرێكانیان تەنها 2% زیادی كردوە, كەچی ملیاردێرەكان داهاتیان 13% چۆتە سەر, ئەمەش هۆكاری ئەوەیە رۆژ لە دوای رۆژ قڵشتی چینایەتی لە جیهاندا دەچێتە سەر, بە پێی راپۆرتی جیاوازی داهاتی ساڵی 2018, 1%ی ئەمەریكیەكان داهاتیان لە 11% ەوە لە ساڵی 1980 بۆ 20% لە ساڵی 2014 بەرز بۆتەوە, لە روسیا لە 4% لە ساڵی 1980 بەرز بۆتەوە بۆ 20% لە ساڵی 2015, لە چین 6% لە 1978 بۆ 14% لە 2015, ئەمەش پێچەوانەی ئاستی ژیری قەڵەم بەدەستانی بۆرژوازی كوردە كە وا دەزانن دیاردەكە تەنها كوردستانییە,بە پێی ئاماری ناوەندی جیهانی نایەكسانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 10% دەوڵەمەندەكان خاوەند 61% سامانن ئەمەش بەرزترین رێژەی نایەكسانیە لە ئاستی جیهان, كە هەرێمەكەی خۆمان بەشێكە لێی, لە هیندو بەرازیل و ئەفریقا55%و باكوری ئەمەریكا 47% و یەكێتی ئەوروپا37%,لە ئاستی جیهانیش1%ی هەرە دەوڵەمەندەكان خاوەند 27%ی سەروەت و سامانی جیهانن,كە لە ساڵی 1980 تەنها خاوەندی 16%ی بوون,هاوكات لە بەرامبەردا 50%ی هەرە هەژارەكانی جیهان تەنها خاوەند 9%ی سەروەت و سامانی جیهانن. ئۆكسفام رێگ گرتن لە هەڵاتن لە دانی باج و بەرزكردنەوەی كرێی كرێكاران و سنور دانان بۆ موچەو داهاتی بەڕێوەبەری راپەراندنی كۆمپانیاكان بە رێگا چارەی گونجاو دەزانێت بۆ رێگا گرتن لە بەرز بونەوەی نا یەكسانی, وەلێ كاتێك ترمپ دەبێتە حاكمی جیهان, پێشنیارەكەی بستێك بڕ ناكات, چونكە حكومەت و چین و كۆمپانیا بونەتە یەك دەستگا.

زیاد بوونی ژمارەی دەوڵەمەندەكان نیشانەی پێشكەوتنی ئابوری نییە, بەڵكە نیشانەی شكستی سستەمە كە ناتوانێت پارسەنگ رابگرێت و بەرئەنجامی گەشەی ئابووری دادپەروەرانە لە نێوان مرۆڤەكان لە جیهان دابەش بكات, نەك وەك سیاسییەكانی كوردستان پێیان وابوونی بوونی هەزاران ملیۆنێر و 30 ملیاردێر نیشانەی پێشكەوتنی كوردستانە.لە كاتێكدا 3,8 ملیار كەس هیچیان بەر نەكەوت لە نیعمەتی گەشەی ئابوری جیهان بگرە قازانج سەری مایەشی خواردووە,تەنانەت كریستین لاغارد بەڕێوەبەری سندوقی دراوی جیهانی وتی”لە 15 وڵاتی جیهانی سێیەم داهاتی تاك دابەزیوە”كەچی لە لایەكی ترەوە رۆژانە 2 ملیاردێری نوێ چاو هەڵدەهێنن لەسایەی سستەمی سەرمایەداری جیهانی و ژمارەیان لە ئێستادا گەیشتۆتە 2043 كەس تا سەرەتای ئەمساڵ, كە نزیك 90%یان پیاون,پارساڵ ژنان بایی 10 ترلیۆن دۆلار كاری خۆبەخشیان ئەنجامداوە لە ماڵەكانیان, هەرچەندە ئەمساڵ بەشێك لە دانیشتنەكانی دافۆس ژنان بەڕێوەیان برد.

پار ساڵ ملیاردێرەكانی جیهان لە روی ژمارەوە 233 كەسیان زیادی كرد,ژمارەیان لە 1810 كەسەوە بەرز بوەوە بۆ 2043 كەس, ژمارەكە زۆر زیاترە لەوەی دوو رۆژ جارێك دانەیەكی نوێ لە دایك بێت وەك ئاژانسەكانی جیهان رایان گەیاند, ئاخر زۆربەیان ملیاردێرەكان خاوەندین, بگرە هەر 1,56 رۆژ جارێك ملیاردێرێك مل ئەستور لە دایك بوو, ئەندامێكی دافوس زیاد دەكات,هاوكات ملیاردێرەكان سەرمایەكەشیان لە 6,7 ترلیۆن دۆلارەوە بەرز بوەوە بۆ 7,67 ترلیۆن دۆلار, واتا نزیك 0,93 ترلیۆنی دۆلار چۆتە سەر سەرمایەكانیان واتا رۆژانە 2,7 ملیار دۆلار چۆتە سەر سەرمایەكانیان, بەمەش سەرمایەكانیان 13,9% زیادی كردووە لە پارساڵدا, لە كاتێك ئابوری جیهان لە ساڵی 2016 بە بڕی 3,2% و لە 2017 بە بڕی 3,7% گەشەی كرد, ئەمساڵیش بە پێی پێشبینی سنوقی دراوی جیهانی 3,9% گەشە دەكات, لێرەدا دەبینین نا هاوسەنگیەك لە رێژەی گەشەی سەرمایەی سەرمایەداران و گەشەی ئابوری جیهانیدا هەیە بە قازانجی سەرمایەداران, كەواتە قڵشتەكە ئەم دوو چینە نەك لێك دادەبڕێك بەڵكە دەیانبات بۆ دوو كیشوەری جیاو دوو جیهانی دژ بە یەك.ساڵی 2000, ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهان تەنها 470 كەس و سەرمایەكەشیان 898 ملیار دۆلار بووە, لەوساوە سستەمی سەرمایەداری جیهانی چەندین قەیرانی درێژخایەنی توندی بڕی, وەلێ ئەمان لە روی ژمارەو سەرمایەوە هەر زۆربوون و دەوڵەمەندتر بوون, لە كاتێك جان بۆل غیتی بەریتانی لەپەنجاكانی سەدەی رابردوو بووە یەكەم ملیاردێر لە جیهاندا, ساڵی 2018 ژمارەیان بەرەو 2500 دەڕوات.

دیاردەی جیف بیزۆسئەمساڵ دوای 7 دەیە لە دایك بوونی یەكەم ملیاردێر لە مێژووی جیهاندا, یەكەم خاوەند سەت ملیار دۆلار لە دایك بوو,ئەویش جیف بیزۆس ” 12-1-1964 “ی ئەمەریكی خاوەنی كۆمپانیای ئەمازۆنە” 5-7-1994 دامەزراوە, نرخەكەی بایی 700 ملیار دۆلارە, داهاتی ساڵانەی 177,9 ملیار دۆلارە, بیزۆس خاوەند16%ی پشكەكانی كۆمپانیاكەیە, 550000 ژمارەی هێزی كارێتی,لە ئەمەریكا 12 دۆلار كرێی سەعات كاری كرێكارانێتی, لە هیندستانیش كرێكارانی مانگانە 233 دۆلار وەە گرن,واتا كرێكارێك 60 هەزار ساڵ كاربكات ناتوانێت سەرمایەی بیزۆس وەربگرێت نەك كۆبكاتەوە, هەر خولەكێك بە ئەندازەی 12 ساڵی ئەوانی دەستە كەوێت ” تەنها ساڵی 2017 , سەرمایەكەی 34,2 ملیار دۆلار زیادی كردووە, چوارشەمەی رابردووش دوا رۆژی مانگی یەكب ئەمساڵ 6,5 ملیار دۆلار لە چركەیەكدا قازانجی بوو,توانی بە خێرایی بیل غیتس و وارن یافت رەت بدات, لە سێیەم ملیاردێری جیهانەوەی ساڵی رابردوەوە بپەڕێتەوە بۆ یەكەم, كە لە ساڵی 2016 هاتە ریزی 10 دەوڵەمەندەكەی جیهان و پلەی پێنجەمی بەدەست هێنا,لە ساڵی 2002 لە ریزی 293 ەمین و لە 2006 لە ریزی 147ەمینی ملیاردێرەكانی لیستی فۆربیسدا بووە, ئێستا ناوبراو خاوەند 121 ملیار دۆلارە و دەوڵەمەندترین كەسە لە مێژوی مرۆڤایەتی, تەنها لە مانگی رابردوو سەرمایەكەی 22,3 ملیار دۆلاری چۆتە سەر كە هاوتایە بە داهاتی نەتەوەیی ساڵێكی وڵاتێكی وەك كەمبۆدیا “16ملیۆن كەس” و 1,3 ملیاری زیاترە لە داهاتی نەتەوەیی وڵاتی ئەفغانستان”36 ملیۆن دانیشتوان” , ماوەتەوە بڵێین بیزۆس لەم ساڵدا پشكی لە دابەزاندنی باج 789 ملیۆن دۆر بووە, بۆیە ترامپ شایانی ئەو پێشوازییە گەرمە بوو لە لایەن ملیاردێرەكانەوە.

كۆتاییەكی غەمناك

لە ماوەی مانگی رابردوودا داوجۆنز لە 24000 ەوە گەیشتە سەروی 26000, بۆ گەیشتن بە 25000 , 23 رۆژی ویست, وەلێ بۆ 26000 بە چاونوقانێك تێی پەڕاند, ساڵی 2017 داوجۆنز نرخەكەی 22% چووە سەر, بەمەش 9,6 ترلیۆن دۆلار نرخی زیادیكرد, كە بەشێكی زۆری پشكی ملیاردێرەكان بە تایبەت ئەوانەی كارەكانیان پەیوەستە بە پیشەسازی زیرەك و ئەنتەرنێتەوە, هاوكات ئێستا سەفقاتی بازاڕی دراو لە جیهاندا ساڵانە دەگاتە 2500 ترلیۆن دۆلار, كە نزیك 35 جار زیاترە لە داهاتی نەتەوەیی جیهان, ئەمەش دەریدەخات سەرمایەی سەرمایەداران بەشێ زۆری لەناو ئابوری بەرهەمهێناندا نییە, ئەوەشمان لە یاد نەچێت كە دوو لەسەر سێی سەروەت و سامانی ملیاردێرەكان بە میرات بۆیان ماوەتەوە, هەموو ئەمانە دەریدەخەن كە سامانی ئەمانە پەیوەندی بە رەنجدانەوە نییە, واتا شتێك لە فەرهەنگی ئابوریدا نەماوە بەناوی سەرمایەداری نیشتمانی, كوێ كزەیەكی كەڵەكەی سەرمایەی لێ بێت ئەوان لەوێن, لە كۆتادا دەگەینە ئەو ئەنجامەی 150 ساڵە دوبارە دەكرێتەوە, ماركس وتەنی پرۆلیتاریای رۆمانی لەسەر كۆمەڵگا دەژیا, بەڵام لە ئێستادا كۆمەڵگا لەسەر پرۆلیتاریا دەژێت.




شاژنی جه‌نگ … به‌ختیار محه‌مه‌د

ئه‌ی شاژنی جه‌نگ، كچی شه‌رڤان، تۆ چ قاره‌مانێكی، كه‌ جیهان به‌خۆت سه‌رسام ده‌كه‌ی و ئه‌ردۆگانییه‌كانیش وه‌ك جرج ده‌تۆقێنی! تۆ چ شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌ی ئێمه‌ی، كه‌ ئیسلامییه‌ مرۆڤكوژه‌ داوێنپیسه‌ شه‌هوه‌تبازه‌كان ده‌به‌زێنی؛ ئه‌و ئیسلامییانه‌ی ته‌نها بۆ كۆیله‌یی تۆ و بۆ داوێنپیسیی جیهاد ده‌كه‌ن!

ئه‌وان میراتگری باب و كاله‌ ئه‌نفالچی و خوێنڕێژه‌كانیانن؛ ئه‌وان چۆن بڕوا ده‌كه‌ن (داخ له‌ دڵن)، كه‌ تۆ جه‌نگاوه‌ری و له‌وان مه‌ردتر و بوێرتری! ئه‌ی شاژنی جه‌نگ، ئه‌ی شاژنی ئومێد و ئازایی و به‌رخودان، تۆ چقڵی تیژی شه‌ره‌فی، كه‌ له‌ چاوی خه‌لیفانه‌ی ئه‌ردۆگان ڕاده‌چیت و وه‌ك كێردی ناموسیش هه‌ناوی بۆگه‌نی پیاوه‌تی ئیسلامییه‌ چه‌ته‌كان ده‌پسێنی!

ئه‌ی شاژنی ئازادیی، من نازانم ئێستا جاش و ژنكوژ و گه‌نده‌ڵكارانی كورد له‌ ئاستتدا چ دبێژن؟ چۆن له‌ ڕوویان دێ دارچناری گه‌وره‌یی كه‌سایه‌تی تۆ ببینن و گوێیان له‌ گێڕانه‌وه‌ی داستانی شه‌ره‌ف و نه‌به‌ردیی تۆ بێ؟

ئه‌ی شاژنی جه‌نگ و ئازادیی، تۆ ئیمانی پۆڵایینی به‌ سه‌ركه‌وتن: سه‌ركه‌وتنی ئازادیی خۆت و وڵاته‌كه‌ت؛ تۆ گه‌رده‌لوولی ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی، كه‌ ئه‌ردۆگان و جاشه‌ موجاهیده‌كانی ده‌حه‌په‌سێنی و ده‌تۆقێنی… تۆ حه‌قیقه‌تی، كه‌ به‌سه‌ر سته‌مدا سه‌رده‌كه‌وێ!




لە فاشییە کڵاو ڕەشەکانەوە بۆ فاشییە کڵاو سپییەکان … جیهاد موحمەد

فاشیەت، یان فاشیزم ئادیۆلۆجیەتێکی ئاڵۆزە، ڕەنگە نەتوانرێت بە ئاسانی پێناسە بکرێت، بەڵام کۆی ڕا جیاوازەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە فاشیزم بە واتای ستەمکاریی نەتەوەیی و نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستییە. ئەم ئادیۆلۆجیە ستەمکارە دەیەوێت جیاکاریی لە نێوان ڕەگەز و توخم و ڕەنگی پێست و زماندا بکات بەو نیازەی کە پێی وایە هەندێک نەتەوەی بنەڕەتیی و ڕاقی هەن کە پاقژترن لە نەتەوەکانی دیکە.

ئەم ئایدۆلۆجیە فاشییە لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەرکەوت و ئدلۆف هیتلەر لە ئەڵەمانیا و مۆسۆلۆنی لە ئیتالیا لە سیەکان و چلەکانی سەدەی بیستدا ڕابەرییان کرد. بەڵام ئەم بزووتنەوە فاشیزمییە قەتیس نەما تەنها لەم دوو وڵاتەدا، بەڵکو گەلێک نەتەوەپەرستیی لە وڵاتانی تردا گرتەوە، وەک فرانشیسکۆ فرانکۆ لە ئیسپانیا و خوان بیرۆن لە ئەرجەنتین و زۆر نەتەوە و وڵاتی تر.

ئەم ئایدۆلۆجییە دژایەتی سەرسەختی مارکسییەکان و فەلسەفەی مارکسیی و لیبرالێزمی دەکرد. لە ئیتالیادا بۆ خۆ جیاکردنەوە زۆر جار کڵاوی ڕەشیان لەسەر دەکرد، کڵاوی ڕەش بووبوو بە سیمبول و نیشانەی خۆ جیاکردنەوەیان لە نیشانەکانی ئایدۆلۆجییەکانی دیکە.

فاشییەتی ئەو سەردەمەی ئەڵەمانیا و ئیتالیا تەنها ئیلهامیان لە نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستییەوە وەردگرت. فاشیزم درێژەی کێشا تا ڕۆژگارەکانی ئەمڕۆ. لەم سەدیەدا ئەوەی سەرکردایەتی فاشیزم دەکات ئەردۆغان و حیزبەکەیەتی(ئەکپارتی)، فاشیزمی ئەردۆغانی لە سەدەی بیستویەکدا زیاتر لە فاشیزمی جاران دڕندەتر و ترسناکترە، دڕەندەیی و ترسناکیشی لەوەوە هاتووە کە ئیلهام و بیری کۆنەپەرستیان لە نەتەوەپەرستیی و دینییەوە وەردەگیرت. بە جۆرێک ڕۆچۆتە ناو دینەوە و قوڵبۆتەوە تیاییدا کە خوازیاری ئەوەیە هەموو جیهان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و دەوڵەت و وڵاتانی ئیسلامیی بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆنی خەلافەت و بە تایبەتی خەلافەتی عوسمانییەکان. ئەم فاشییزمییەی ئەردۆغان بۆ خۆ جیاکردنەوە لە هەموو ئایدۆلۆجییەکانی دیکە کاڵاوی ڕەشی فاشیزمیی گۆڕیوە بۆ کڵاوی سپی ئیسلامییانە، بۆیە مەلا مێزەر سپیەکان بەردەوام نزا و پاڕانەوە بۆ سەرکەوتنی دەکەن.

فاشیزمیی ئەردۆغانی بە جۆرێک لە تورکیادا قوڵبۆتەوە کە وردە وردە لە هەوڵی ئەوەدان بە تەواوەتی سیکۆلاریزمییەکەی کەمال ئەتاتورک و خودی کەمال ئەتاتورک لە بیر تورکەکان بەرنەوە، ئێستا مێگەل ئاسا مەلا مێزەر سپییەکان کە وەک باس دەکرێت ژمارەیان زیاترە لە ٩٠هەزار مەلان گوتاری هەینیان تەرخانکردووە بۆ نزا و پاڕانەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم ئایدۆلۆجییە فاشیزمە.

لە سەرانسەری دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا زۆربەی زۆری ئیخوانەکان و سەلەفەییەکان کۆی تاقم و دەستەی چەکدارە تیرۆریستییەکان پشتیوانی لەم ئادیۆلۆجییە سەرسەختە دینیی و قەومپەرستییە دەکەن. کار گەیشتۆتە ئەوەی کە مەلایەکی سوونی مەزهەمبی وەک مەلا کامەران لە کوردستاندا ڕایدەگەیەنێت کە دژایەتی ئەردۆغان و تەنانەت حکومەت و دەوڵەتی شیعە مەزهەبیش لە ئێراندا دژایەتی خوا و دینی ئیسلام و ئەو بەها مرۆییانەیە کە لە ساڵی ١٩٤٨دا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە. ئەم بانگهێشتەی مەلا کامەران لەوەوە دێت کە هەرچ پەیڕە و پڕۆگارم و ئەجندایەکی دینیی هەیە هەموویان لە دواجاردا لە یەک سەنگەردا دەوەستن دژی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ و ئازادیی و سەربەخۆیی و شکۆمەندی مرۆڤ. مەلا کامەران دەیەوێت سوود لە بەهاکانی مرۆڤ و مافی مرۆڤیش ببینێت و پێچەوانەیکاتەوە بۆ خزمەت بە ئایدۆلۆجییە فاشییە نەتەوەپەرستیی و دیننەکەی ئەردۆغان و ئەکپارتی.

فاشییەتی ئەردۆغان بەوە ڕازی نییە کە کەمال ئەتاتورکی نەتەوەپەرست و نەژادپەرست چەندین نەتەوەی لە تورکیاد پاکتاوکرد، چەندین جاریش پڕۆسەی پاکاتاوکردنی نەتەوەی کوردی گرتەبەر، بۆیە بۆ پشتیوانی لە نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستییەکەیان پەنای بۆ فاشیەزمیی دینییش بردوە و هەردوو فاشیزمیی نەتەوەیی و دینیی پێکەوە گرێداوە. بەکارهێنانی دین لای ئەردۆغان تەنها لە پێناوی قوڵبوونەوەدایە لە ئایدۆلۆجیەتی فاشیزمیی، چونکە تەنها بە فاشیزمیی نەتەوەیی تێر نابێت و دڵی ئاو ناخواتەوە.

جیهاد موحمەد/ ٠٢/٠٢/٢٠١٨




چۆن یەكەم شیعری خۆمم بڵاوكردەوە؟ … عەبدولڕەحمان فەرهادی

سەرەتای ١٩٨٤ كە پۆلی پێنجەمی زانستیی دواناوەندیی زۆزانی كوڕان بووم، چەند ساڵێك بوو شیعرم دەنووسی و لەو ساڵەدا شیعرێكم نووسی كە بەلامەوە زۆر جوان بوو، لەڕووی كێش و مۆسیقاوە زۆر ڕێك بوو، بەڵام لەخۆمم ڕانەدەبینی بۆ بڵاوكردنەوەی بنێرم، لام وابوو بڵاوكردنەوەی شیعر ناسیاوی و واسیتەی دەوێ، ئەوكات مامۆستا ماھیر وەسمان خۆشناو كە ئێستا لە نەرویج دەژیت، ئینگلیزیی پێ دەگوتین و لەخۆم ڕاپەرمووم و چووم دەقەكەمم دایێ، بۆ سبەینێ مامۆستا ماھیرم بینییەوە، بەتەنیا پێی گوتم، بەڕاستی شیعرەكەتم زۆر بەدڵ بوو، كورە بەڕاستی پێم بڵێ، ئەمە خۆت نووسیوتە؟ كە گوتم ئیی خۆمە و وشەیەكیشی لەخۆم بترازێ ھیی كەس نییە، دەستخۆشیی لێ كردم و گوتی بۆ گۆڤاری كاروانی بنێرە. گۆڤاری كاروان ئەوكاتە سەرتۆپی گۆڤار و ڕۆژنامەی كوردیی بوو و دەق و نووسینی بە زەحمەت لێ بڵاو دەكرایەوە، مامۆستا ماھیر خۆیشی پێشتر چەند بابەتێكی ڕۆشنبیریی لە ئینگلیزییەوە كردبووە كوردی و لەوێ بڵاوی كردبووەوە، لەوانە ئەوەی بیرم مابی (من جگەری مامەعەبەم)، كاروان لەلایەن خوێنەرەوە دەستاودەست دەكرا و بابەتەكانی لە بەرگەوە بۆ بەرگ دەخوێنرانەوە و ناوی گەورە و نووسەری ناودار و بەتوانا بابەتیان تێدا بڵاودەكردەوە.

ھەر ھەمان نیوەڕۆ، ئەو نیو درھەمەی ھەمبوو بە پوولی پۆستەم دا و دەقە شیعرەكەمم لەناو زەرفی نامە بە ئەدرێسی ئەمیندارێتیی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوان (گۆڤاری كاروان)، خستە ناو سەندووقە سوورەكەی بەر دەرگای بەریدەكەی پشت مەحكەمەی جاران، بێئومێد و نیگەران، بەپێ تا گەڕەكی كشتوكاڵ بەرەو ماڵ بوومەوە چونكە پارەی پاسم پێ نەمابوو. كاروان مانگانە دەردەچوو، پێنج مانگی پێچوو، كەچی شیعرەكەی من نە باس نە دەنگ. ڕۆژێكیان لە جومعەی مەكتەبەم پرسی: بارەگای كاروان كە لە ئەمانە عاممەیە، كەوتووتە كوێ؟ جومعە وەسفی بۆ كردم كە دەكەوێتە سەر شەست مەتری لە سەرووی سێتاقان كە پێشتر بنكەی لاوانی لێ بوو.

سبەینەیەكی زوو لە ماڵەوە بەپێ تا ئەوێ ڕۆیشتم و ئەمانە عاممەم دیتەوە و لێی بەژوور كەوتم و لە پرسگەكە لە گۆڤاری كاروانم پرسی و ڕێنیشانیان كردم بو ئەخیری ڕاڕەوەكە و لەوێوە بە قاڵدرمەیەك سەركەوتم و ڕووبەڕووی دەرگایەكی گەورەی دوودەریی ساج بوومەوە كە بەھەمان شێوە نووسینەكەی سەر گۆڤارەكە ناوی كاروانی لەسەر نووسرابوو، گەر ھەڵە نەبم دەسخەتی كاك سەعید یەحیا بوو. بەشەرمێكی زۆرەوە دەرگاكەم پاڵ پێوەنا، جیڕەیەكی قایم لە دەرگاكە ھەڵسا و بەژوور كەوتم، ھۆڵێكی گەورەم بینی كە كۆمەڵێك نووسەر لێی خەریكی كاری كاروان بوون، دواتر زانیم ئەوانە: حوسێن عارف و عەزیز ھەریری و گوشادی حەمەسەعید و عەلی خورشید و ڕەمزیە بوون، منی گەنجێكی پێنجەمی ئامادەیی نە كەس دەناسم و نە كەسیش دەزانێ كێم! لەنێو ھەموویاندا، عەلی خورشید سەرێكی بڵند كرد و فەرمووی لێ كردم، لای ئەو دانیشتم و ھەر ھەموویان بەر لە ھەمووشیان، حوسێن عارف بەخێر ھاتنیان كردم. دوای ئیستێك ڕووم كردە كاك عەلی كە دواتر بەناوەكەی كەوتم و لە ھەواڵی شیعرەكەی خۆمم پرسی! كاك عەلی بە ناسناوی (فەرھادی)یەكەمەوە دیاربوو زانیی من كێم و كوڕی كێیشم! دوای ئەوەی ھەندێ ئەملاو ئەولای كرد و لەوێ و لەولاتر تەماشای چەند فایلێكی كرد، سەری لەبن گوێمنا و بەدزییەوە پێی وتم با بەینی خۆمانبێ، شیعرەكەت لە ژمارەی داھاتوو بڵاو دەبێتەوە، بەڵام با كێشەم بۆ دروست نەبێ و لای كەس قسە نەكەی و باسی ئەوەش مەكە كە من پێم گوتووی (ئێستاش كە یەكتر دەبینین ئەم باسە دێنینە گۆڕێ)، ئیتر نەلەمن دەنگ نە لەو دەنگ.

بەدرێژایی ئەو مانگە ڕۆژانم دەژماردن و نیگەران بووم تا ڕۆژێكیان لە مەكتەب خۆم و كتێبی قوتابخانەم بەرەو ماڵ دەبوومەوە، لە كتێبخانەیەكی شەقامی مزەفەرییە چاوم بە ژمارە تازە بەرگ زەردەكەی كاروان كەوت (ژمارە ٢٦) كە لە دیوی ناوەوەی بەرگی پێشەوەیم ڕوانی، ناوی خۆمم كەوتە بەر چاو، لەخۆشیانا وەخت بوو شاگەشكە بم. وابزانم تا مانگ تەواو بوو، نزیكەی دە ژمارەیم لێی كڕی كە نرخەكەی ٢٠٠ فلس بوو. خۆشییەكەی لەوەدا بوو كە زۆربەی خوێندەوار بینیبوویان و پیرۆزبایی و دەستخۆییان لێ دەكردم، لە سەروویانەوە مامۆستا ماھیر، یادی بەخێر.




چه‌ند شیعرێكی جه‌لالی میرزا كه‌ریم

ڕوانینه‌كانی چاوی شه‌قام
چاوی شه‌قام ..
هۆن .. هۆن نیگای ئاگری باڵی كاروانمان
مه‌رگی به‌هاری ئاسۆ دائه‌بارێنی ..
هۆنراوه‌ی زام ..

تاڵ .. تاڵ چڵی خوێنی وشه‌ی سه‌ربڕاومان
له‌ ڕێژنه‌ و تاوی هه‌ناسه‌ی ژاڵه‌ و بیدا دائه‌چێنێ‌ ..
لێوی په‌یام ..

گه‌ڵا .. گه‌ڵا تریفه‌ی بزه‌ی هاوارمان
به‌ناو ناخی ڕێگای قوڕپێوان و شیندا ئه‌وه‌رێنی ..
خۆری ئه‌نجام ..

تاڵ .. تاڵ ورشه‌ی شنه‌ی ئاڵای هه‌نگاونانمان
به‌ناو سنگی ته‌مومژی قه‌ڵای شه‌ودا ئه‌پرژێنێ‌ ..
شه‌قام: من كیشوه‌ری زامم
زام: من شۆڕشی په‌یامم
په‌یام: من چه‌كی ئه‌نجامم
ئه‌نجام: من گۆرانی ناو سه‌نگه‌ری شۆڕشگێڕانی جیهانم ..
من ڤێتنامم ..
من پۆلیڤیام ..
من سۆدانم ..
من شۆڕشی كوردستانم.
***
(( وێڵێكی ڕێ‌ .. ڕێبواری ڕێی بێ‌ كۆتایی
په‌یتا .. په‌یتا
خه‌نجه‌ری له‌ سێبه‌ری باڵای ته‌مه‌نی سته‌مكاری
هه‌ڵئه‌كێشا …
دیواری خوێن خۆی له‌ فرمێسك هه‌ڵئه‌كێشا.
سه‌نگه‌ری خه‌م چیای قورسی ڕێی نۆ ساڵه‌ی
ته‌نیا خواستێكی ئه‌كێشا.))
_ گۆرانیی .. له‌ناو گه‌رووما ئه‌خنكێنرێ‌
گۆرانیی .. له‌ناو سه‌نگه‌را ئه‌سووتێنرێ‌
كه‌چی هێشتا .. هێشتا سه‌نگه‌ر
نازانم بۆ .. بۆ له‌ ئاگری ناو گه‌رووی خۆی ناپرسێ‌؟
( ڕێی گه‌رداوی خوێنی هیوا
به‌ره‌و ئاسمانی ئه‌ودیوی مه‌به‌ست ئه‌ڕوا ..
ئه‌فڕێ‌ .. ئه‌كشێ‌، تا چاوی بڕكا .. ئه‌ڕوا .. ئه‌ڕوا
ئا ئه‌و له‌شه‌ی .. به‌ باڵییه‌وه‌ هه‌ڵئه‌واسرا
ئا ئه‌و زامه‌ی .. به‌ ناوچه‌وانییه‌وه‌ ئه‌نرا
گه‌رووی تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌هێنایه‌ سروودی گڕ
چاوی تۆڵه‌ی ناو سه‌نگه‌ری
ئه‌هێنایه‌ په‌ڵه‌ی بارانی خوێنی خوڕ.))
_ كوا ڕه‌شه‌بای گڕپژێنی
ناو گه‌رداوی دڵی تۆڵه‌
كوانێ‌ شنه‌ی ته‌م ڕه‌وێنی
باخی لێوی بیابانی سنگی ئه‌م وڵاته‌ چۆڵه‌؟
(( خۆر .. بۆ په‌ڵه‌ هه‌ورێ‌ ئه‌گری
هه‌ور .. بۆ باخ
باخ .. بۆ داربه‌ڕوویه‌كی شاخ
داربه‌ڕووش .. بۆ ته‌ورێ‌ ئه‌گری.))
_ ڕێبوارێكم .. بۆ ڕێ‌ ئه‌گریم
فرمێسكێكم .. بۆ زێ‌ ئه‌گریم.
(( ئاگر .. له‌دوای ماندووبوونی سووتاندنی خه‌رمانی
وشك، هه‌ناسه‌ی خه‌می هه‌ڵكێشا..
تۆڵه‌ .. به‌ناو گه‌رووی ڕقا وه‌ك تووله‌ ڕێیه‌كی خوێنین،
به‌ره‌و دڵی وێرانه‌ی سه‌نگه‌ری
وشه‌ی خۆر داكشا.))
_ ئه‌نه‌ڕێنم:-
من ڕێبواری هیوایه‌كی سه‌رهه‌ڵگرتووم.
ئه‌چرپێنم:-
من ماچێكی بۆ لێو تینووم.
((ڕێگا دووره‌ ..
داستانی خه‌م كێوی گڕی سه‌ره‌و ژووره‌
ڕێ بۆ مه‌ڵبه‌ند .. چله‌ی دۆزه‌خێكی سووره‌
شه‌پۆلی لێوی گۆرانی پرشنگی خۆری خنكاوی
ده‌ریای خوێنی بێ‌ سنووره‌ ..)).
_ ئه‌ڕۆم ..
له‌ناو شاری خه‌ما زه‌نگی بزه‌
بۆ چرۆی گۆرانییه‌ك ڕائه‌وه‌شێنم.
ئه‌ڕۆم ..
له‌ناو گۆمی خوێنا چرای وشه‌
بۆ پشكۆی هۆنراوه‌یه‌ك دائه‌گیرسێنم
ئه‌ڕۆم .. ئه‌ڕۆم
من بۆ ڕێگه‌ی ئاگر سووتووم
ئه‌ڕۆم .. ئه‌ڕۆم
من مه‌رگی پێشمه‌رگه‌ی زیندووم
من گۆرانیی ئاسۆم چاوم
من ئازاری ئاڵای ناوم
من .. هۆنراوه‌م،
به‌ بێ‌ سه‌نگه‌ر هه‌رگیز ناژی
من .. سه‌نگه‌رم،
به‌ بێ‌ ده‌فته‌ر هه‌رگیز ناژی
من .. له‌ مه‌رگا
ناوی ژیان له‌ خۆم ئه‌نێم
من .. له‌ ده‌نگا
شیعر بۆ چرپه‌ی چاو ئه‌ڵێم
من .. له‌ تۆفی خوێن هه‌ڵسانی ڕێگای شارا
هه‌نگاو ئه‌نێم
من چارۆگه‌ی كه‌شتی باخی
هه‌ڵچوونی زێم.
(( شۆڕه‌سوارێ‌ ..
بۆ پرسیارێ‌ ..
تاوی ئه‌دا .. باڵی ڕۆژگار
ڕاوی ئه‌نا .. خه‌ونی شه‌وگار
هه‌ر یه‌ك وه‌ڵام .. ئه‌بووه‌ هاوار
ئه‌بووه‌ سۆزی گه‌ردووی قه‌تار)).
_ من گه‌ردنی ئاسۆی شاری پڕ هه‌نسكی
خۆم ماچ ئه‌كه‌م
(( بزه‌ی نه‌رمی شه‌پۆلی دوو لێوی وه‌ڵام
له‌به‌رده‌م ده‌رگای گریانا
ئه‌بووه‌ ئه‌نجام
ئه‌بووه‌ په‌یام)).
_ من ڕه‌شماڵی خێڵی شۆڕش
له‌ناو شاری كۆچه‌رانا
له‌ناو وه‌رزی بیابانا
له‌ناو دڵتانا هه‌ڵئه‌ده‌م.
(( چاوی ژیان
ده‌رگای داستان
له‌ پرسیاری باڵای له‌ خوێن هه‌ڵكێشراوی
شۆڕه‌سوارێك كرایه‌وه‌)).
_ ناوت نابه‌م
خۆت حه‌شارده‌ .. دوژمنداریت
باست ناكه‌م
برینداریت ..
(( ژانی زامی .. بێ‌ ده‌نگ نه‌بووی هێشتا به‌سوێ‌
چاوی ماڵی ..
نیگای كاڵی ..
پڕ كرد له‌ خوێ‌))
_ من نه‌هاتووم .. ماچ كه‌ن زامم
په‌نای ده‌ن نه‌ڕه‌ی په‌یامم
من وا هاتووم
گه‌رووی وشكی چه‌كه‌كانتان
له‌ كارێزه‌ی زامی قووڵما له‌ خوێن تێر كه‌ن
من وا هاتووم مناڵانتان
به‌ ئه‌لف و بێی شۆڕش فێر كه‌ن.

• گۆڤاری به‌یان، ژماره‌ (8) 1973.

————————–
بڕوای شار

له‌ گیانێكا… ئینسانێكا
له‌ قووڵایی ئاسمانێكا
له‌ شڵپه‌ی خوێنی جوانێكا
له‌ كسپه‌ و چزه‌ی ژانێكا
زۆر شت بینرا، ئێجگار نوێبوون.
***
بۆ گه‌ل
مه‌شخه‌ڵ
چرای ڕێبوون.
وای كرد پێڵووی چاو لێكنه‌نرێ‌
له‌ ڕووی تیشكی ئه‌و بڕوایه‌
هه‌ژاری شار هه‌نگاو بنێ‌
به‌ره‌و سه‌ختی ئه‌و ڕێگایه‌
كه‌ نان
ژیان
به‌ختیاری بۆ ئه‌م تیایه‌.
***
له‌ گیانێكا… ئینسانێكا
له‌ تاریكی ڕۆژانێكا
فرمێسك تیایا له‌رزی و ترسا
گه‌لێك پردی مه‌زن ڕووخا
كه‌سێك بینرا
كه‌سی گشت كه‌س
ژیان لای به‌س
مردنێكی سه‌ر به‌رزی بوو
تاقه‌ بڕوا
قوربانی پڕ دڵسۆزی بوو
كه‌سێك بینرا
به‌ پێشمه‌رگه‌ی كورد ناو ئه‌برا
چه‌ند لێی درا
ئازار درا
هه‌تا كوژرا
ناوی كورد و كوردستانی له‌ ده‌م نه‌بڕا.
***
له‌ قووڵایی ئاسمانێكا ….
له‌ ئاهی چه‌ند شه‌وانێكا
مانگی ڕووی دایك ئه‌بینرا
مات و بێده‌نگ
فرمێسكی مه‌نگ
نم نم له‌ چاوی ئه‌ڕژا
بۆ كۆرپه‌ شیره‌خۆره‌كه‌ی
كه‌ دوژمن له‌ بێشكه‌ی گڕا
به‌ نێزه‌ فێره‌ خوێنه‌كه‌ی
دوا تریقه‌ی گه‌شی خنكا
ئاسمان ڕووخا
زه‌وی جووڵا
مناره‌كه‌ی مزگه‌وتی شار
هات به‌لادا
نوێژ تێكدرا
خوێن په‌ڵه‌ی دا
به‌ڕووی خوادا هه‌ڵپژینرا
له‌ تاوانی ئه‌و مناڵه‌ی
وا سه‌ر بڕا.
***
له‌ شڵپه‌ی خوێنی جوانێكا
له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕ بارانێكا
كڵپه‌ی تۆڵه‌ له‌چاوێكا
دڵی دوژمنی ئه‌پێكا
چاوی جوانێكی….
كچه‌ شوانێك
كه‌ نامه‌ردێ‌… جانه‌وه‌رێ‌
داگیركه‌رێ‌
ڕێی لێبگرێ‌
له‌دوای تێربوون سه‌ری بڕێ‌
له‌ چاوێكا….
له‌ چاوی كچه‌ كوردێكا
بینرا تۆڵه‌
نه‌ك یه‌ك تۆڵه‌… هه‌زار تۆڵه‌
تۆڵه‌ی زامی
بێئارامی
ژێر پێله‌قه‌ و مشته‌ كۆڵه‌.
***
له‌ كسپه‌ و چزه‌ی زامێكا
ته‌پاوتلدانی ژانێكا
باخێك بینرا
باخی هیوا
تۆوی بڕوا پێدا ئه‌كرا
بڕوا به‌گه‌ل… به‌ ڕابه‌رێ‌
به‌و زه‌حمه‌تكێشه‌ی، ڕاپه‌ڕێ‌
بڕوا به‌وه‌ی
ئامانجی كورد… هیوای نه‌وه‌ی
به‌رناگرێ‌…
ئه‌گه‌ر خوێنی بۆ نه‌ڕێژرێ‌

• گۆڤاری ڕزگاری ژماره‌، 1969.

——————————
ڕازێكی ده‌روون

گوێ‌ شلی ئه‌و وتانه‌م له‌ شه‌وه‌زه‌نگا
چرپه‌یانه‌ له‌ خامۆشی تاری سنگا
ئه‌و سكاڵا تاڵه‌ی هه‌رده‌م
هه‌ڵده‌ڕێژێ‌ زووخاوی خه‌م
ئه‌و پرسیاره‌، بێ‌ وه‌ڵامه‌ی، ڕێی پێنابه‌م
نه‌ تێی ئه‌گه‌م
نه‌ ئه‌شتوانم لێی هه‌ڵبێم و خۆم ده‌ربازكه‌م.
***
چیم له‌ بوونما ئاخۆ ده‌سكه‌وت
بڵێسه‌ و گڕ؟
یا هێمنی، گیانی نه‌سره‌وت
شادمانی، یا خه‌می دڕ
***
دنیا و ته‌مه‌نی له‌مه‌ودوام
ئاخۆ چۆن بێ‌؟
پڕ جریوه‌ی ئه‌ستێره‌بێ‌
ئاسمانه‌كه‌ی دوێنێی بڕوام.
***
ئه‌ی خۆم، كێ‌ بم؟
به‌زه‌یی بم، یا شه‌ڕخواهی
خۆشه‌ویستی، یا ڕقاوی
ئاخۆ چی بم؟
***
ته‌زوویه‌كیش به‌گیانما دێت
فرمێسك و بزه‌ی لێده‌تكێت
كاتێك ده‌روون
دێته‌ گڕ و كفت و هه‌ڵچوون
وێنه‌یه‌كی پرسیاراوی
ئه‌خه‌مه‌ به‌رچاوی وێڵم
تیایا دڕكی ئاگراوی پڕ له‌ چزه‌ی ژین ده‌شێلم.
***
له‌ فرمێسكا… له‌ بزه‌ی یادی جارانما
له‌هه‌نسكا… له‌ شاڵاوی بیرسووتانما
له‌ ناخه‌وه‌
له‌ ناخێكی به‌ داخه‌وه‌…
ڕوخساری خۆم، به‌دی ئه‌كه‌م
ڕووم تێ‌ ئه‌كا… ڕووی تێ‌ ئه‌كه‌م
دێینه‌ دووان …
له‌ من یه‌ك و له‌و به‌ سه‌دان.
***
جا له‌ ڕوخسارم تێ‌ ئه‌گه‌م
بۆ وته‌یه‌ك گوێ‌ شل ئه‌كه‌م
له‌ قووڵایی دڵمه‌وه‌ دێت
ئه‌نه‌ڕێنێت و پێم ئه‌ڵێت
نازانیت كێیت؟
پایه‌ت چه‌نده‌؟ كامه‌یه‌ جێت؟
***
تۆ مرۆڤیت… بڵنده‌ جێت
چه‌ند به‌ژان بێ‌ ژینی دوێنێت
ئه‌مڕۆ ئازاد، ملی ڕێگات
بگره‌ به‌ره‌و دنیای هیوات
ئه‌وسا هه‌ر وێنه‌ی ڕووی دوێنێت
هه‌زار و یه‌ك ڕه‌نگ ئه‌نوێنێت
باخی وشكی زه‌ردی سیسبوو
به‌ ده‌ریای گوڵ ئه‌نه‌خشێنێ‌
به‌ هه‌زاران وته‌ی نوستوو
له‌ خه‌وی قورس هه‌ڵئه‌سێنێ‌
په‌ڵه‌ هه‌وری ڕه‌شی سنگت
دێته‌ ڕه‌وینه‌وه‌ و نه‌مان
لێڵی گۆمی خولیای مه‌نگت
ڕوون ئه‌بێته‌وه‌ گه‌ش و جوان
تێده‌گه‌یت كێیت
بۆچی ده‌ژیت … كامه‌یه‌ جێت
به‌ره‌و كوێیه‌ هه‌نگاوی ڕێت
تێئه‌گه‌یت كێیت…

• گۆڤاری تووتن، ژماره‌ (4) 1970.

———————————————–

ڕازه‌كانی هه‌فته‌…..

دڵداری

من له‌ وانه‌ی دڵداریدا
له‌ دوا ڕیزی قوتابییه‌كانی پۆلا بووم.
چونكه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ ژانی
ئاواره‌یی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆما بووم.

نهێنی

ئه‌زانن من پاسه‌پۆرتی
ڕه‌شكراوه‌ی فرمێسكم له‌ گیرفانایه‌؟
یه‌ك یه‌ك ئێستگه‌كان جێ‌ دێڵم
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بزانن چی له‌ دڵمایه‌.

شه‌رم

به‌ ڕێكه‌وت كه‌ له‌ ڕێگادا تۆ ئه‌بینم،
شیعره‌كانم شه‌رمه‌زارن.
كه‌ ناتبینم،
چاوه‌كانی بینینه‌وه‌ی وشه‌كانم هه‌ر بێدارن.

نیشتیمان

كه‌ هه‌ست له‌ناو ئاگری دوور وڵاتیا،
ڕازه‌كانم ئه‌سووتێنێ‌
به‌هاره‌ ڕێ‌ گوڵی ده‌نگم
له‌ پایزی به‌سته‌كانما ئه‌پروێنێ‌.

په‌شیمانی

دڵداره‌كه‌م چه‌قۆی ڕقی زیزبوونی خۆی،
بست بست به‌ناو گیانما گه‌ڕان.
هه‌تا له‌ناو په‌ره‌ِی دڵما،
له‌ خوێنی خۆی ده‌ریای په‌شیمانی هه‌ستان.

دڵ

من ئێستاكه‌ له‌ دڵ دوورم نازانم هه‌م
یاخود ڕێچكه‌ی نه‌مان ئه‌گرم
كامتان له‌ دڵتان نزیكن؟
ئاشكرای كه‌ن، تا ده‌ستتان له‌گه‌ڵا بگرم.

شۆڕش

ئه‌تانه‌وێ‌ من بناسن؟
من عاشقی ڕێگایه‌كم مه‌رگی تیا بێ‌.
كه‌ هه‌ڵوێست مرد بۆچی نابێ‌؟
ده‌روون شیعری شۆڕشێكی تری تیا بێ‌. ¬

1977
• ڕۆڤار، ژماره‌ (15) 2001.

———————————

داستانی شار

1
هێشتا مناڵ بووم ..
چۆله‌كه‌یه‌كی بێ په‌ڕوباڵ بووم،
نه‌ مانای ژیان .. گه‌ڵاڕێزانی،
نه‌ مانای گریان .. ژانم ئه‌زانی ..
ئه‌وه‌ی لام خۆش بوو،
حه‌مامۆكێ بوو .. خۆڵه‌په‌تانی.
* * *
نه‌م ئه‌زانی بۆ؟
ئه‌ستێره‌كانی دره‌وشاوه‌ی شه‌و ..
تاك و ترووكیان هه‌روه‌كو پشكۆ
ئه‌كشانه‌ خوارێ بۆ ناو گه‌رووی خه‌و ..
ئه‌یان وت: گیانی مرۆڤێكه‌ .. وا
له‌ گڕی كووره‌ی مردنا سووتا.
* * *
نه‌م ئه‌زانی چۆن ..
گوڵ بۆ په‌پووله‌ ده‌م ئه‌كاته‌وه‌،
چۆن نمه‌ی باران له‌سه‌رخۆ هۆن هۆن ..
گه‌ردی ڕووی گه‌ڵای دار ئه‌شواته‌وه‌،
ئای له‌ یادی كۆن!
* * *
هێشتا مناڵ بووم ..
چۆله‌كه‌یه‌كی بێ په‌ڕوباڵ بووم،
نه‌م ئه‌زانی شار ..
بۆچی جاره‌وبار،
باخی ئاگری وشك و بێ به‌ری،
گوڵی خوێناوی لێ هه‌ڵئه‌وه‌ری.
* * *
بۆچی مناڵمان ..؟
بۆچی ئاسمانمان ..؟
بۆچی به‌هاری بێ سه‌وزه‌گیامان؟
به‌ گریان فێرن ..
بۆ كانی ئاومان ..؟
نمه‌ی بارانمان ..
شیله‌ی گه‌نمی پێشێل كراومان ..
هه‌ر تفت و سوێرن.

2
هێشتا مناڵ بووم .. له‌ باسوخواسی
ده‌مه‌ی دێرینی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌
نه‌ ( قه‌ده‌م خێر ) و ( كاوه‌ )م ئه‌ناسی
نه‌ داستانی شه‌ڕ .. نه‌ ( دوانزه‌ سواره‌ ).
* * *
نه‌م ئه‌زانی بۆ ؟ ( ده‌رسیم) ڕاپه‌ڕی
بۆچی ( مه‌هاباد ) تا ئێسته‌ش ئه‌گری
بۆچی ( باخه‌كه‌ی به‌رده‌رگای سه‌را
به‌ خوێنی گه‌شی لاوان ئاودرا )
نه‌م ئه‌زانی بۆ ؟ مێژووی ته‌مه‌نی
ئاواره‌ و ونی،
ئه‌م خه‌ڵكه‌ی ئێره‌ ..
هه‌ر ڕه‌ش كراوه‌ی ناو ڕۆژژمێره‌.

3
داستانه‌كه‌ی شار: ئه‌یگێڕێته‌وه‌
پێشه‌وایه‌ك مرد .. كه‌س بۆی نه‌گریا
ڕابه‌رێكی تر .. وا به‌ڕێگه‌وه‌
هه‌بێ؟ ئه‌مجاره‌ پێشوازی بكا؟
* * *
ئه‌ڵێ: له‌م شاره‌ ..
گۆشتی ڕزیوی لاشه‌ی كرمه‌ڕێز
بۆ جانه‌وه‌ری په‌نای سێداره‌
ئه‌كرا به‌ پارووی خۆراكی به‌پێز.
* * *
نێزه‌ی چاوچنۆك ..
هه‌ر ته‌ڕبوو، سووربوو. خوێنی ده‌م چه‌قۆ
دار بێ سێبه‌ر بوو .. هه‌ور بێ تنۆك
توێژاوی خوێ بوو ڕوخساری ئاسۆ.
* * *
ئه‌ڵێ: ده‌مێك بوو ده‌روازه‌كه‌ی شار
به‌ ئه‌ڵقه‌رێزی ڕق داخرابوو
دوا ورته‌ی زامی لێوی خه‌م به‌بار
له‌ دووتوێی سنگی مه‌رگا نێژرابوو.
* * *
پێنج په‌نجه‌ی دڕی ژێر نینۆك چڵكن
گیربوو له‌ جه‌رگی گه‌وره‌ی ئه‌م شاره‌
خوێنی چاو، ڕه‌ش بوو .. ئه‌شكی دڵ لیخن
شار ئاوا ئه‌بێ ؟.. یا، زرێباره‌ ؟
* * *
له‌ ڕۆژانی پڕ كاره‌ساتمانا ..
گه‌لێگ گیا ڕوا و به‌ڵام نه‌بووه‌ گوڵ
وته‌ش هه‌ڵوه‌ری له‌گه‌ڵ خه‌زانا
بێ خۆره‌تاوی نه‌یهێنانه‌ كوڵ.

4
كاتێك ئه‌م شاره‌ ..
له‌ناو شه‌قامی كپ و خامۆشیا
له‌ گۆڕستانی بێ كفن پۆشیا
چزووی كۆڵه‌كه‌ی قورسی سێداره‌
به‌ گیانیا چزا ..
به‌ چاویا چزا ..
له‌ دوا هه‌ناسه‌ی دۆزه‌خی ڕه‌زا
له‌ كوێره‌ ڕێگه‌ی هه‌ورازی خزا
سه‌ره‌تای وشه‌
بڕوای پڕ ورشه‌
ڕه‌ش ئه‌كرایه‌وه‌ ..
بۆ ناو گه‌رووی مه‌رگ .. به‌رئه‌درایه‌وه‌.
* * *
كاتێك ئه‌م شاره‌ .. له‌ باخی ڕووتیا
له‌ چاوی ماتیا،
گوڵ ئه‌پرووێنرا ..
چۆله‌كه‌ .. مرۆڤـ .. قه‌لاچۆ ئه‌كرا
شار وای لێ كرا ..
وای به‌سه‌ر هێنرا،
كه‌چی ئه‌بینرا،
ژانی چه‌ند ساڵه‌ ..
ئه‌كرایه‌ پیاڵه‌،
گوڵاڵه‌ سووره‌ ئه‌كرا به‌ژاڵه‌
به‌ ناحه‌ق ناوی كورد و كوردستان
بووبوو به‌ نیشان
بۆ مۆڵگه‌ی تاوان .

5
ئه‌ستێره‌ كشا ..
كه‌چی هێشتاكه‌، تیشك و پرشنگی
گه‌لێكی ماوه‌ به‌ ئێمه‌ بگا.
ڕابه‌رێكیش مرد .. به‌ دارا كرا ..
كه‌چی هێشتاكه‌، نووسین و ده‌نگی
گه‌لێكی ماوه‌ به‌ ئێمه‌ بگا.
هێشتاكه‌ كه‌ممان هه‌یه‌ تێ بگا
ڕێگای كورد ئه‌بێ به‌ره‌و كوێ بڕوا
ئه‌وه‌ی ئه‌یزانین ..
ئه‌مڕۆ ئه‌یڵێین و به‌ڵام سبه‌ینێ
لێی په‌شیمانین.
* * *
له‌ جه‌نگی خه‌ڵكی ترا ئه‌كوژرێین
له‌ گۆڕستانی
بێ ناونیشانی
وێرانی خه‌ڵكی ترا ئه‌نێژرێین
به‌ڵام بۆ خۆمان ..
هه‌روا ده‌سته‌وسان
له‌به‌ر دوژمنا، ڕائه‌كه‌ین .. هه‌ڵدێین.
* * *
بۆ شار و گوندی خه‌ڵكی تر ئه‌گرین
له‌ داخا یه‌خه‌ و به‌رۆكمان ئه‌دڕین
به‌ڵام بۆ خۆمان ..
بۆ شار و دێمان،
سه‌رچۆپی ئه‌گرین.

6
هه‌تاكه‌ی وابین ..؟
هه‌ر له‌ خه‌وابین ؟
. . . . . . ؟
. . . . . . ؟

7
ئه‌بێ ژیله‌ی بیر وا بورووژێنین
گیانی ڕزیوی پێ ببزووێنین
چه‌كی خه‌باتی لێ بكه‌ینه‌ شان
به‌ خوێن بیســڕین مۆری ناوچه‌وان
ئه‌وساكه‌ ناوی گه‌لێكی زیندوو
ئه‌بێته‌ مایه‌ و شانازی مێژوو.

1958
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری،ژماره‌ (25) 1971.
—————————-
ڕێگا

نامه‌ داخراوه‌كانی دڵ
له‌ ته‌وژمی خۆشه‌ویستی لێوی به‌فری
تابلۆی شانۆی خۆرهه‌ڵاتی ڕێگاكانا
ئه‌كرێته‌وه‌
له‌ كاروانی گه‌ڵاڕێزانی پایزی گوڵا
له‌ زستانی سنگی هه‌ورا
هه‌مان وه‌رزی نمه‌ی به‌هار
به‌سه‌ر لووتكه‌ و
قه‌دپاڵ و نشێوه‌كانا
ئه‌ڕژێنه‌وه‌.
* * *
سێبه‌ری باڵدارێكی بێ پاسه‌پۆرتی
سه‌رهه‌ڵگرتوو
به‌نده‌ره‌كانی زریانی
وه‌یشوومه‌ی شه‌وی هه‌ڵته‌كان
هه‌ناسه‌ی گه‌رمی هێلانه‌ی
گه‌رووی خواروو
بووه‌ ملوانكه‌ی ژیله‌مۆ و
له‌ گه‌ردنی نه‌رمی وه‌ك لۆكه‌ی خۆی ئاڵان.
* * *
– ئه‌ی باڵه‌كانی پرشنگی خۆری وشه‌!
به‌سته‌ڵه‌كی ده‌ماره‌كانی بێ ده‌نگی
جێ مه‌هێڵن
په‌رده‌كانی په‌نجه‌ره‌ی زامی بێ گرشه‌،
به‌ دواتانا .. لاشه‌ی زه‌وی
وێڵ ئه‌كێڵن.
* * *
كێ ئه‌یزانی ؟..
جانتایه‌كی خۆڵ لێنیشتووی ماندووی ڕێگای
مه‌ڵبه‌ندێكی دووری كه‌ساس ..
ئه‌گاته‌ به‌رده‌می پاسگای ته‌می ته‌كساس
ڕه‌هێڵه‌ی بارانی خۆری،
تۆزی سه‌ر ڕووی ئه‌شواته‌وه‌..
گوێزانی برووسكه‌ی دڕی،
دوگمه‌ی سینگی ئه‌كاته‌وه‌
كێ ئه‌یزانێ؟؟
* * *
كێ ئه‌یزانێ ؟..
نینۆكی درێژی ئه‌وسای مه‌لای خه‌تێ
له‌ دووتوێی ئایه‌ته‌كانی ناو قورئانا
سه‌روچاوی یه‌زدان ئه‌ڕنێ
هه‌مان و هه‌مان په‌نجه‌ی تر
نه‌ جارێ‌ .. سێ‌ و چوار جارێ‌ تر
نه‌خشه‌ی به‌هه‌شتی هه‌ژاران
له‌به‌رده‌رگای كۆشكی سپی و
سوور و سه‌وزی (ڕه‌شا) ئه‌دڕی.
* * *
نه‌وه‌ك هه‌ور،
كه‌ سه‌رچاوه‌ی خۆی ئه‌زانی
نه‌وه‌ك .. ڕاچڵه‌كینی ته‌ور
كه‌ مه‌چه‌ك و
بازووی كاوه‌ی خۆی ئه‌زانێ
نه‌وه‌ك .. ڕه‌نگی ئه‌رخه‌وانی
گۆڕستانی پێشمه‌رگه‌كان،
كه‌ لافاوی
زێی خوێنینی خۆی ئه‌زانی
نه‌وه‌ك .. چله‌ی پرسه‌ی پشكۆی ئاگردانی
ده‌فته‌ری ڕێی بێ‌ نه‌واكان،
كه‌ سروودی
یه‌كگرتنی خۆی ئه‌زانێ‌.
به‌ڵكو ئێوه‌ش ..
گه‌وره‌كانم،
ئه‌تانزانی.
* * *
ئه‌تانزانی په‌ری ئاوات،
له‌ كه‌ژاوه‌ی دڵدارانی ئاواره‌وه‌
نه‌بێ .. نایه‌ت.
ئه‌تانزانی .. كه‌شتی شادی،
له‌ڕۆخی زامی ده‌ریاوه‌
نه‌بێ .. نایه‌ت
ئه‌تانزانی .. خۆر له‌ چركه‌ی
په‌له‌پیتكه‌ی تفه‌نگه‌وه‌
نه‌بێ .. نایه‌ت.
ئه‌تانزانی .. شنه‌ی ئاڵا له‌ناو ڕێژنه‌ی
ڕاستبوونه‌وه‌ی سێداره‌وه‌
نه‌بێ .. نایه‌ت.
* * *
پۆسته‌رێكی ناوچه‌وانی هه‌واڵنامه‌ی
بێ كۆتایی هاوارێكی ڕووت و برسی
ده‌نگ و باسی “كۆماری ئیفلاتوون” ی له‌:
گالیسكه‌ی هاوین و قژی
بێ قردێله‌ی گوڵه‌گه‌نمی ئه‌پرسی.
په‌پووله‌كانی سه‌رابی مۆمێكی كوێر.
چین چین به‌نێو ڕه‌نگه‌كانی
تابلۆی تراژیدی پرسا گوزه‌ریان كرد
مه‌شخه‌ڵی به‌رپێی ناسۆریان،
به‌ موژگانی سروه‌ هه‌ڵكرد.
ئیتر سه‌ره‌تای تووله‌ڕێی
به‌ره‌و عیشق ده‌ستی پێ كرد.

1979
• ڕۆڤار، ژماره‌ (15) 2001.
————————————–

ڕۆژژمێر و ڕاپه‌‌ڕین و خه‌‌می بێ كۆتایی

1
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ دڵی ئاسمانا ماوه‌‌؟
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ سنگی مێژوودا ماوه‌‌؟
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ كاروانی مه‌‌رگا ماوه‌‌؟
ئاخۆ! .. شتێ
له‌‌ ساڵنامه‌‌ی زوڵما ماوه‌‌؟
بۆ به‌هاری: گه‌‌ڵاڕێزان
بۆ هاوینی: ڕێژنه‌‌ و لافاوی خوێن هه‌‌ڵسان
بۆ ته‌‌نیایی: منداڵانی ناو كوردستان
ببنه‌‌ په‌‌رژین و پشتیوان.
* * *
ئاسمان! .. بۆ تۆ
سواری كام ئه‌‌سپی بۆراقی،
ئایین ببین؟
تا بتگه‌‌ینێ؟
مێژووی زه‌‌مینی ژان! .. بۆ تۆ
ڕێی كام دایكی
ئیفلاتوونی زایین بگرین؟
تا بتگه‌‌ینێ؟
كاروانی بیست سه‌‌ده‌‌ی هیوا و ڕامان! .. بۆ تۆ
چ په‌‌یكه‌‌رێ بۆ هێرۆشیما و هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ هه‌‌ڵببه‌‌ستین؟
تا بتگه‌‌ینێ؟
ساڵنامه‌‌ی سه‌‌ددامی باوكی،
هیتله‌‌ری ژین سووتان! .. بۆ تۆ
سنووره‌‌كان كیشوه‌‌ری مردن ئه‌‌بڕین
تا بتگه‌‌ینێ؟
تا بتگه‌‌ینێ و نه‌‌خشه‌‌ی كه‌‌لله‌‌ و دڵت بدڕین
تا فرمێسكی چاوی به‌‌رلین و كه‌‌ربه‌‌لا و
كه‌‌ركووك بسڕین!
ئه‌‌وسا سروه‌‌ی
پڕ له‌‌ نه‌‌شئه‌‌ی
سروودێكی بێ كۆتایی،
ورد ورد بێشكه‌‌ی
خه‌‌ونی شایی
باڵه‌‌فڕێی په‌‌ڕه‌‌سێلكه‌‌ ڕائه‌‌ژه‌‌نێ.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر .. به‌‌ دیواری شه‌‌وی
زووحاكا هه‌‌ڵنه‌‌گه‌‌ڕاین و
به‌‌ره‌‌به‌‌یانی نه‌‌ورۆزمان
به‌‌ ئاورنگی سه‌‌ر ڕوومه‌‌تی
گوڵاڵه‌‌ سووره‌‌ ئاڵ نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر ده‌‌ستمان
نه‌‌كرده‌‌ ملی (سیڤه‌‌ر) و
ئه‌‌و لا و ئه‌‌و لایمان ماچ نه‌‌كرد.
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر به‌‌ ڕووی
په‌‌شیمانییه‌‌كه‌‌ی (لۆزان)دا
شه‌‌ڕمان نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر ده‌‌ ئامۆژگارییه‌‌كه‌‌ی
(ولسن)مان وه‌‌ك
ئایه‌‌تێك له‌‌ناو قورئانا له‌‌به‌‌ر نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر پێنج ساڵ
به‌‌ كۆش، به‌ ‌ده‌‌ست،
پشكۆی ڕه‌‌نگاوڕه‌‌نگمان
به‌‌ پێپیلكه‌‌ی ئاگری داخا
بۆ تارای بووكی كوردستان
نه‌‌ْ .. باڵای
ئاڵای شه‌‌كاوه‌‌مان .. نه‌‌برد.
* * *
چیمان.. نه‌‌كرد!
مه‌‌گه‌‌ر پێڵووی چرای ئه‌‌ستێره‌‌ی شه‌‌قامی
كۆماره‌‌ ساواكه‌‌ی سابڵاخمان پێ نه‌‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد؟
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌‌وه‌‌تا .. هه‌‌زاران ساڵه‌‌
گوڵه‌‌ ژاڵه‌‌
له‌‌ وه‌‌رزی حه‌‌زمانا ئه‌‌ژی و
پێمان ئه‌‌ڵێ:
(بۆ ئێوه‌‌ ڕه‌‌نگم زۆر ئاڵه‌‌
بۆ دوژمن تامم زۆر تاڵه‌‌).

2
دڵ .. هه‌‌ر دڵه‌‌
یه‌‌كه‌ ‌و.. ئه‌‌گه‌‌رچی چوار به‌‌شه‌‌
كوردستان هه‌‌ر كوردستانه‌‌
گه‌‌رچی چوار كه‌‌رتی یه‌‌ك له‌‌شه‌‌
ئا.. له‌‌م به‌‌شه‌‌ی
كانی خوارووی هه‌‌ڵقوڵانا
نه‌‌ْ .. له‌‌م له‌‌شه‌‌ی
ئه‌‌نجن بوونی شه‌‌قاو نانا
ئاخ! كه‌‌ بانگی
سه‌‌دان نوێژی
راپه‌‌ڕینی تێدا نه‌‌درا
ئاخ! كه‌‌ مانگی
زیوین ڕێژی
هه‌زاران مێشكی تیا نه‌‌پژا.
* * *
ئاخ! شه‌‌شی ڕه‌‌شی ئه‌‌یلوولی سلێمانی
كام ڕه‌‌شه‌‌با
كام قوربانی به‌‌بێ په‌‌روا
له‌‌ ئه‌‌لبوومی بازیانا هه‌‌ڵیانسانی.
* * *
شاخ! شه‌‌شی گه‌‌شی ئه‌‌یلوولی خۆڕاگرتن
له‌‌ عێراقا
له‌‌ ڕووباری دوو چاوی بزه‌ ‌و مه‌‌راقا
ئه‌‌رێ چۆن بوویته‌‌ ئاوێنه‌‌ی
ڕووی تریفه‌‌ی
خه‌‌رمانه‌‌ی ڕۆژی مانگرتن.
* * *
تۆش! یانزه‌‌ی ئه‌‌یلوولی تفه‌‌نگ
تێشووی گولله‌‌.
قوڕگی هاوینه‌‌ تینووه‌‌كه‌‌ی
ته‌‌مه‌‌نی هه‌‌ڵۆی ناو فه‌‌رهه‌‌نگ!
چۆن باڵت گرت!
به‌: بناری
تارمایی ڕه‌‌زی گه‌‌رمیانت
به‌‌: كڕێوه‌‌ی
پشتێنی به‌‌فری كوێستانت
چۆن بۆ كه‌‌شكه‌‌ڵانی فه‌‌له‌‌ك سه‌‌ریانتخست.
* * *
چیمان .. نه‌‌كرد؟
ئه‌‌وه‌ ‌(30) ساڵی ڕه‌‌به‌‌قه‌‌
لیستی خه‌‌زانی شه‌هیدان
په‌‌یتا په‌‌یتا
به‌‌ بیلبیله‌‌ی
ناخمانه‌‌وه‌‌ هه‌‌ڵئه‌‌واسرێ.
* * *
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌‌وه‌‌تا (30) ساڵی ده‌‌قه‌‌
كوردستانه‌‌كه‌‌ی چه‌‌ك له‌‌ شان
له‌‌ سه‌‌نگه‌‌را..
پێشمه‌ر‌گه‌‌كه‌‌ی!
گرمه‌‌ی هه‌‌ور و برووسكه‌‌كه‌‌ی
هه‌رگیز .. هه‌‌رگیز
ئارام ناگرێ.

3
– وا (30) ساڵه‌‌ دار به‌‌ڕوومان
به‌‌رناگرێ.
گوڵئه‌‌ستێره‌‌ی چۆله‌‌كه‌‌مان
هه‌‌ڵنافڕێ.
نیگای وێڵی منداڵانمان
له‌‌ شه‌‌پۆلی سۆزی مه‌‌مكا پێناكه‌‌نێ.
ئه‌‌ڵقه‌‌ڕێزی
شه‌‌ققه‌‌ی به‌‌رده‌‌م ده‌‌رگاكانمان
نۆته‌‌ی گه‌‌ڵای
ئاوازێكمان بۆ ناچنێ.
– وا (30) ساڵه‌‌
به‌‌ڕێوه‌‌ین و
ژوان بۆ دیل دائه‌‌نێین و
ڕۆژژمێری زیندانه‌‌كان،
پۆڵاڕێژن و
ناكرێنه‌‌وه‌‌.
– وا (30) ساڵه‌‌
ئه‌‌وه‌‌نده‌‌ ڕوو!
له‌‌ناو تابلۆی
حه‌‌وزی تێزابا قرچاوه‌‌
له‌‌ش وه‌‌ك ئوردوو هه‌‌ڵچنراوه‌‌
وێنه‌‌ی كه‌‌س ناناسرێته‌‌وه‌‌.
– وا (30) ساڵه‌‌
له‌‌ناو دێڕی
ڕۆمانی هه‌‌موو شارێكا
له‌‌ ئه‌‌شكه‌‌وتی
مێشكی هه‌‌موو شاعیرێكا
وشه‌‌ وه‌‌كو
یاریی قه‌‌ڵا قه‌‌ڵا و چاوه‌‌شاركێ
جارێ سه‌‌رنیشانه‌‌ و دیاره‌‌
جارێ چاوه‌‌دزێ و جارێ سه‌‌ره‌‌تاتكێ
جارێكیتر خۆشاردنه‌‌وه‌‌.
گه‌‌ر تۆ نه‌‌بای
ئێستا چریكه‌‌ی ئه‌‌م ده‌‌نگه‌‌
نووزه‌‌ی گۆڕی
كێلێكی ڕیسوا و سه‌‌رشۆڕی
نێو دوو لنگی
سوڵتانه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا ئه‌‌بوو.
– ئاخ! .. پێشمه‌‌رگه‌‌!
گه‌‌ر تۆ نه‌‌بای
ئێستاكێ گه‌‌شه‌‌ی ئه‌‌م ڕه‌‌نگه‌‌
په‌‌شته‌‌ماڵی
به‌‌ خوێن تاڵی
خوار ناوكی
سه‌‌رۆكه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا ئه‌‌بوو.

4
له‌‌ پڕ چ بارانێ دایكرد؟
گێژه‌‌لووكه‌‌ی چ ڕاپه‌‌ڕینێ هه‌‌ڵی كرد؟
كۆڵان له‌‌ خۆیه‌‌وه‌‌ هه‌‌ڵسا
مه‌‌شخه‌‌ڵ هه‌‌ر بۆ خۆی هه‌‌ڵگیرسا
ئه‌‌مجاره‌‌یان
تفه‌‌نگ به‌‌خۆی چووه‌‌ سه‌‌رشان
جۆگه‌‌ی هاوار
به‌‌ ته‌‌وژم ڕژایه‌‌ نێو گه‌‌رووی تینوو
بۆ یه‌‌كه‌‌مجار
وڵاتی ترس ئاوا هه‌‌ڵچوو
تیشكی ئاوێنه‌‌ی شه‌‌پۆلی دیجله‌‌ و فورات
له‌‌گه‌‌ڵ له‌‌نجه‌‌ی زێ و سیروانا
له‌‌ ڕه‌‌وتی بێ وچانیانا
وا له‌‌ یه‌‌كتری ئاڵابوون
وات ئه‌‌زانی به‌‌ زگێ بوون
یان بوونه‌‌ته‌‌ یه‌‌ك سه‌‌رچاوه‌‌ی هیوا و ئاوات.
* * *
به‌‌ڵام، ئه‌‌فسووس
كوانێ حه‌‌یا .. كوانێ نامووس
ئه‌‌وه‌‌ دیسان
ڕه‌‌وه‌‌ گورگی زامار و هاری به‌‌عسییان
پاش ڕاونانیان
سمێڵی به‌‌ڕێز سه‌‌رۆكیان
وه‌‌كو كلكیان
شۆڕكرده‌‌وه‌‌ بۆ ناو گه‌‌ڵیان
كه‌‌وتنه‌‌وه‌‌ خۆر سه‌‌ربڕین
مانگ سه‌‌ربڕین
له‌‌ تۆڵه‌‌ی دۆڕاندنیانا
له‌‌ كاتی گیانه‌‌ڵایانا.
زریكه‌‌یان به‌‌ردایه‌‌ سه‌‌ر هه‌‌موو لێوێ
گڕیان به‌‌ردایه‌‌ گه‌‌ردنی هه‌‌موو كێوێ
ده‌‌ستی حه‌‌سه‌‌ن و حوسێنیان
له‌‌بن بڕی
ئه‌‌گریجه‌‌ی خورمای به‌‌سرایان
هه‌موو ڕنی.
* * *
ئاخ! كوردستانی خۆشه‌‌ویست
چیكه‌‌ی تریان به‌‌تۆ نه‌‌ڕشت
مه‌‌گه‌‌ر ڕك و كینه‌‌ی ڕه‌‌شیان
به‌‌ بارووت و خوێن نه‌‌شێلا و
نه‌‌یانكرده‌‌
نێرگزه‌‌جاڕی ئه‌‌مساڵی گرانه‌‌تا و
له‌‌ بسكی هه‌‌ڵپڕووزكاوی
دووكه‌‌ڵاوی
باوه‌‌ گوڕگوڕ و قه‌‌ڵای هه‌‌ولێریان نه‌‌دا و؟
كردیانه‌‌ شاپڵیته‌‌یه‌‌كی ره‌‌ش هه‌‌ڵگیرساو.
* * *
ئه‌‌وا له‌‌سه‌‌ر سنگی خۆما
تارای ڕاپه‌‌ڕینێكت له‌‌بۆ ئه‌‌چنم.
له‌‌ناو دڵی پڕ هه‌‌نسكما
نه‌‌خشه‌‌ی شیعری كوردستانت بۆ هه‌‌ڵئه‌‌گرم.
له‌‌سه‌‌ر به‌‌ردی ناوچه‌‌وانی زه‌‌بوونیما
وێنه‌‌ی تفه‌‌نگێكی كه‌‌ت بۆ هه‌‌ڵئه‌‌كه‌‌نم.
له‌‌ناو سۆزی ته‌‌نیاییما
ئاوازی عیشقێكی تازه‌‌ت بۆ ئه‌‌ژه‌‌نم.

5
– ئاخ ..! پێشمه‌‌رگه‌‌!
پاش كاره‌‌سات
له‌‌گه‌‌ڵمان به‌‌!
له‌‌ناو ئۆردووگای دڵمان به‌‌!
چه‌‌ك دامه‌‌نێ
خۆت ڕاومه‌‌نێ
له‌‌مه‌‌ زیاتر!
چاوی ڕه‌‌شی قه‌‌ره‌‌ هه‌‌نجیریان هه‌‌ڵكۆڵی!
توخوا.. له‌‌ هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ زیاتر
ئیتر چیتر ماوه‌‌ بیكه‌‌ن
مه‌‌گه‌‌ر هه‌‌ر له‌‌ پردی ده‌‌لالی زاخۆوه‌‌
هه‌تا ده‌‌ماره‌‌كانی نه‌‌وتی خانه‌‌قین
خاك و خۆڵی
شیرینیان وه‌‌ك بێژنگ لێكرد
چه‌‌ك دامه‌‌نێ
چاو لێكمه‌‌نێ
دوێنێ ئه‌‌وه‌‌نده‌‌یان لێ قه‌‌ڵاچۆ كردین
نایه‌‌ته‌‌ ژماره‌‌ و پرسین
به‌‌ ملیۆن و
دوو .. سێ ملیۆن
پیر و مناڵانیان بێ سه‌‌روشوێن كردین
له‌‌ ماڵ و حاڵمانیان كردین.
– ده‌‌سا.. تو خوا ئه‌‌ی پێشمه‌‌رگه‌‌!
كوردستانت
ئیمشه‌‌و له‌‌شی بێ ڕایه‌‌خه‌‌..
تكایه‌‌ گیانتی بۆ ڕاخه‌‌.

6
دوای هه‌‌موو ئه‌‌م به‌سه‌رهاته‌‌
كه‌‌چی تازه‌‌ وه‌‌فد ڕێكئه‌‌خرێ
یه‌‌ك له‌‌ دوای یه‌‌ك
بۆ لای قه‌‌سابه‌‌كه‌‌ی به‌‌غدا
به‌‌ڕێ ئه‌‌كرێ
گوایه‌‌ نوخشه‌‌ و نۆبه‌‌ره‌‌ی مفاوه‌‌زاته‌‌.
* * *
لێم ببووره‌‌!
كووره‌‌ گڕی شیعری تووڕه‌‌!
جاره‌‌ جارێ
داخی دڵم وا به‌‌ ساكاری هه‌‌ڵڕێژم
ڕسته‌‌ جریوه‌‌ شاكارێ
له‌‌ زمانی ناو بازاڕا وا بنێژم.
* * *
كونه‌‌ شاری زه‌‌رده‌‌واڵه‌‌ و
ڕێچكه‌‌ی ڕه‌‌ژوو،
لێت ناترسم!
ئه‌‌م هه‌‌ڵوێسته‌‌م بخنكێنی
وه‌‌ستا و به‌‌ هه‌ر‌زانی وانه‌‌ و
قوتابخانه‌‌ی مژده‌‌ی سووتوو،
لێت ناپرسم!
له‌‌ (فندق الرشید)ه‌‌وه‌‌ چیم بۆ دێنی.
* * *
خۆتان ئه‌‌ڕۆن!
چاو به‌‌سته‌‌ش بن .. هه‌‌ر شاره‌‌زان،
بۆیه‌‌ سه‌‌رقاڵی هاتوچۆن،
تا له‌‌سه‌‌ر خوانی ئا‌ژانسی
كوشت و بڕ و ده‌‌نگوباسی
ڕشانه‌وه‌‌ی سه‌‌رۆك بخۆن
تا به‌‌ ئابڕووی تكێنراوی
خۆتان زامی سه‌‌ددام بشۆن.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
ئه‌‌و مناڵه‌‌ی له‌‌ تاوی بێ شیری ئه‌‌مری
یا ئه‌‌و دایكه‌‌ی
تاقانه‌‌ جگه‌‌رگۆشه‌‌كه‌‌ی
به‌‌ ده‌‌ستی خۆی له‌‌ چاڵ ناشت و
په‌‌نجه‌‌یه‌‌ك نه‌‌بوو ر‌ِه‌هێڵه‌‌ی
خوڕی چاوی به‌‌ر په‌‌نجه‌‌ره‌‌ی
له‌‌بۆ بسڕێ.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
باوه‌‌ش ئه‌‌كه‌‌ن
به‌‌ سه‌‌رتاپای تاوانێكا و
ئه‌‌م لا و ئه‌‌و لای
داڕزاوی بۆگه‌‌نی سه‌‌ددام ماچ ئه‌‌كه‌‌ن.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
مانگێ زیاتر له‌‌ باوه‌‌شی
به‌‌عسا كڕبوون
نه‌‌خێر وڕبوون
پێشمان ئه‌‌ڵێن:
– به‌‌ڕێز سه‌‌رۆك لوتفی هه‌‌یه‌‌ –
ئه‌‌مجاره‌‌یان
له‌‌ جێی حه‌‌كه‌‌م
به‌‌ موهاندسی حوكمی زاتی ناوئه‌‌برێ.
* * *
له‌‌جیاتی كێ؟
له‌‌ جێی قه‌‌ڵغانی قه‌‌ڵه‌‌م و
به‌‌یته‌‌ شیعرێ؟
كه‌‌ له‌‌ داخا سه‌‌ر و قژی خۆی ئه‌‌ڕنێ و
هاوار ئه‌‌كا و ئه‌‌نه‌‌ڕێنێ
ئه‌‌بێ ئێستاكه‌‌ بنووسرێ.

7
له‌‌پاش چی؟
گله‌‌یی له‌‌ سه‌‌نگه‌‌ر ئه‌‌كه‌‌ن
گله‌‌یی له‌‌ خه‌‌نجه‌‌ر ئه‌‌كه‌‌ن
ناوی (شۆڕش)
به‌‌ – شه‌‌ڕ – ئه‌‌به‌‌ن
ئه‌‌گه‌‌نه‌‌ ئه‌‌و قه‌‌ناعه‌‌ته‌‌ی
هه‌ر به‌‌ ئاشتی
نه‌‌وه‌‌ك به‌‌ شه‌‌ڕ
ئه‌‌م ئاواته‌‌ی
كورد سه‌‌ر ئه‌‌خه‌‌ن.
* * *
– شه‌‌ڕ هه‌‌ر شه‌‌ڕه‌‌
تۆپ و بۆمبای وێرانكه‌‌ره‌‌
فڕۆكه‌‌ی ژه‌‌هر پڕژینی
خنكێنه‌‌ره‌‌
كه‌‌ڵبه‌‌ و نوخانی دوژمن و
عه‌‌زیایه‌‌كی داگیركه‌‌ره‌‌
– به‌‌ڵام .. شۆڕش
چۆڕاوگه‌‌كه‌‌ی خوێن و كۆشش،
ته‌‌نیا لێزمه‌‌ی
بارانێكی داهێنه‌‌ره‌‌
تاكه‌‌ هه‌‌گبه‌‌ی
ڕێ به‌‌ره‌‌و لووتكه‌‌ی سه‌‌رخه‌‌ره‌‌
شۆڕش .. نامه‌‌ی
گه‌‌ردوونی ڕزگاریكه‌‌ره‌‌
تاقه‌‌ لانه‌‌ی
هه‌‌ڵۆیه‌‌كی ئه‌‌شكه‌‌وتگره‌‌
له‌‌ بۆ ئاشتیش
له‌‌نجه‌‌ باڵی
شین ساماڵی
پۆله‌‌ كۆتری ژوورووی هه‌‌وره‌‌.
* * *
خواست و ئامانجه‌‌كانیشمان
كه‌‌لوپه‌‌ل و
هه‌‌یتو هاواری ناو مه‌‌زاتخانه‌‌ نییه‌‌
خوێن و گۆڕی
هه‌‌زاران هه‌‌زار شه‌هیدی
تێیدا وه‌‌كو
جاجمه‌‌شڕی،
قه‌‌نه‌‌فه‌‌ كۆنێ بفرۆشرێ،
یان دووكانی به‌‌رگدرووی
ژنانه‌‌ و پیاوانه‌‌ نییه‌‌
جل و به‌‌رگی گڕ خڵتانی
كوردستانی
تێیدا وه‌‌كو
ڕانك و چۆغه‌‌ و ستارخانی
له‌‌م لا قارسكا و
بیداته‌‌وه‌‌ ده‌‌می ئه‌‌و لا و
به‌‌ مه‌‌قه‌‌ستی تیژ ده‌‌بانی
ده‌‌رزی و داوی بێ ئامانی
سنووره‌‌كانی جه‌‌سته‌‌مان
له‌‌ت و كوتكا و
ئه‌‌وسا ئۆتۆنۆمی خۆیان
به‌‌ باڵامانا هه‌‌ڵكێشێ.

8
له‌‌ ئاستی شیعری خه‌‌مخوارا
قه‌‌ڵه‌‌می هه‌‌نسك ژارا
په‌‌ڕه‌‌ی ڕووی ده‌‌فته‌‌ری كزا
ڕوو له‌‌ كام خوا كه‌‌م بۆ نزا
– بڕۆ بڕۆ…
گوێ مه‌‌ده‌‌ره‌‌ یاساوڵێ، لێت بخوڕێ و داوای شوناسنامه‌‌ی
ده‌‌وڵه‌‌تێكی قه‌‌حپه‌‌ت لێ بكا و لێشت بپرسێ:
ناوت چییه‌‌؟
(ابن العوجه‌‌) یان (كوردستان)؟
– بڵێَ و بڵێ .. دایكم ته‌‌نیا منی هه‌‌بوو،
باوكم له‌‌من زیاتر كه‌‌سی تری نه‌‌بوو،
هه‌ر منیان بوو
منیشیان ناونا كوردستان.

به‌‌هاری 1991

• گۆڤاری ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، ژماره‌ (27) 1991.

—————————————-

خوێننامه‌ی دڵدارێكی تینوو

(كه‌ ژانی دڵداره‌كان، ئه‌ڕژێنه‌ هه‌ژانێكی بێ‌ ئامانی ناو ته‌مه‌نی مێژووی پڕ له‌ ئازاری كورده‌وه‌. ئاسۆی ماچه‌كانمان بێ پایانتر ئه‌بێ‌. ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دڵداره‌ی هه‌ڕاج كرا. ئه‌بێ‌ سه‌رله‌نوێ‌ به‌ خۆشه‌ویستییه‌كی تر گۆش بكرێته‌وه‌. تا به‌ خوێنی شه‌یداوه‌ لاپه‌ڕه‌كی ڕه‌نگین له‌ داستانی درێژخایه‌نمان بنووسێته‌وه‌. ئه‌م جگه‌رگۆشه‌یه‌م له‌مانه‌وه‌ چه‌كه‌ره‌ی كرد.)

1
گیانه‌ .. كاتێ‌ چاوی گه‌شی وشه‌كانم
له‌به‌ر ده‌رگای داخراوی شاره‌كه‌ما
بۆ ترووسكه‌ی چرای سنگی كپكراوی كوردستانم
جۆگه‌ی ئاگری هه‌ڵئه‌به‌ست
دوژمنانم ..
دوژمنانی شیعره‌كانم
باری خه‌میان
له‌ كۆڵی كاروانی شه‌وی
چیاكانمان دائه‌به‌ست
من ژانی ئه‌م
چه‌ند دێڕ شیعره‌م
بۆ تۆ هه‌ڵبه‌ست.
2
ده‌رگای چاوی
دیواره‌كانم به‌جێهێشت
شه‌پۆلی خوێی ده‌ریای لێوی بزڕكاوی
دڵداره‌كانم به‌جێهێشت
چرپه‌ی
په‌رده‌ی
یادگارێكی ژاكاوی
په‌نجه‌ره‌كانم به‌جێهێشت
بۆ هه‌وری گڕ
بۆ په‌یامی دارستانی شۆڕشی چڕ
بۆ خوێن .. ئاگر
تۆم به‌جێهێشت.
3
ڕۆیشتم .. ڕۆیشتم
به‌ڵام .. چاوی وشه‌كانم، چ ببینێ‌؟
(( تازه‌ .. كێوی قسه‌كانمان،
به‌رماڵی مزگه‌وته‌كانمان))
بۆمبای هه‌زار
ساڵی ژاڵه‌ی ته‌مه‌نی مێژووی پڕ له‌ ژار
به‌ گوێی خۆزگه‌ی
مه‌م و زینی
باوه‌شی گه‌رمی پێشمه‌رگه‌ی
دڵی سه‌نگه‌ری خوێنینی
شۆڕشه‌كه‌ما ..
ئه‌ته‌قێنێ‌.
4
ڕۆیشتم .. ڕۆیشتم
سه‌رم له‌به‌ر پێی ئێواره‌ی
بزه‌ی دڵدارێكا كه‌چ كرد
ئاڵای نوێژێكی پیرۆزم
له‌ناو چاوی خۆردا هه‌ڵكرد
گیانه‌ .. وتم:
به‌ڵكو نوێژی
برینڕێژی
سه‌فه‌ری دوورم گیرابێ‌
وشه‌ی به‌ندم به‌ڕه‌ڵلا بێ‌
كه‌چی .. ڕێی خۆر سه‌ری هه‌ڵگرت
باخی سنگم به‌ری نه‌گرت.
به‌ری نه‌گرت
به‌ری نه‌گرت
5
گیانه‌ .. ئاسۆی ماچه‌كانمان
نازانم بۆ بێ‌ ئاسمانه‌
پشكۆی نیگای
باڵی ڕێگای
دڵداریمان
بۆ بێ‌ چاوی ئاگردانه‌
بۆچی هه‌وری زامه‌كانمان
به‌ بێ‌ ڕه‌هێڵه‌ی بارانه‌
نامه‌كانمان ..
بێ‌ گوڵدانه‌
مه‌رگی ده‌نگمان ..
به‌ بێ‌ پرسه‌ و گۆڕستانه‌.
6
گیانه‌ .. ئه‌مڕۆ
من و دڵدارێكی هه‌ر وه‌ك خۆم ڕه‌نجه‌ڕۆ
باسی مه‌رگی
دوا گولله‌ی چه‌كی گیڤارای
ئه‌م كوردستانه‌مان ئه‌كرد
باسی چرای
ڕێی بێ‌ به‌رگی
دره‌ختی شۆڕشمان ئه‌كرد
كه‌چی له‌ ڕووی تۆی بێ‌ ڕه‌نگا
له‌ هاژه‌ی ده‌ریای هاواری تۆی بێ‌ ده‌نگا
بزه‌ی ئاگرینم بینی
وشه‌ی ڕاچه‌نینم بینی.
7
گیانه‌ .. سنگم
ملیۆنه‌ها .. بۆمبای ڕاچه‌نینی تیایه‌
خۆزگه‌ی ناو شیعری گزنگم
ملیۆنه‌ها .. خۆری پێكه‌نینی تیایه‌
به‌ڵام هیچیان
نابن به‌و پێشمه‌رگه‌ مه‌رده‌ی
له‌ هه‌ڕاجخانه‌ی ئاشتییا
ئاڵای خوێنی ئه‌چه‌قێنێ‌
نابن به‌ یه‌ك دێڕ سروودی
نه‌وه‌ی ئاگر و بارووتی
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی
زامی گولله‌ ئه‌ته‌قێنێ‌.
8
وشه‌كانمان
به‌ بێ‌ ئاسمان .. به‌بێ‌ خۆرن
ئاخۆ، كه‌ی .. كام چاوی ئاسۆ هه‌ڵیبێنێ‌؟
داستانیشمان ..
داستانی كۆن و ئێستامان، ئێجگار زۆرن
ئاخۆ، كه‌ی .. كام پاڵه‌وان بێ‌ وه‌دیبێنێ‌؟
9
پرسیارێكه‌ ..
گیانه‌ .. دووكه‌ڵ له‌ گڕی كرد
ئازارێكه‌ ..
كوژاندنه‌وه‌ی پشكۆی چاوی
پێشمه‌رگه‌یه‌ك
تێكه‌ڵ به‌ فرمێسكی ته‌ڕی
نه‌ڕه‌ی تۆڵه‌ی سه‌نگه‌ری كرد.
10
گیانه‌ .. بۆ وه‌ڵام .. بۆ ئه‌نجام
به‌سه‌ر كێوی فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانییا هه‌ڵگه‌ڕام
به‌ناو ده‌ریای ئینسكلۆپیدیای ژیانی
دڵدارانی ترا گه‌ڕام
له‌ داستانی مه‌م و زینا
گه‌ڕام .. گه‌ڕام
له‌ شاری بێ‌ پێكه‌نینا
گه‌ڕام .. گه‌ڕام
نه‌ خۆم .. نه‌ تۆ
نه‌ نیگای بانگه‌وازێكی پڕ شكۆ
كه‌سم نه‌دی
ئه‌زانی بۆ كه‌سم نه‌دی؟
11
چونكه‌ .. هێشتا، چرای وشه‌ی خۆشه‌ویستی
لای ئێمه‌ هه‌ڵنه‌گیرساوه‌.
ده‌نگی گۆرانیی سه‌ربه‌ستی ..
نه‌وتراوه‌.
ئاڵای ئاگر هه‌ڵنه‌كراوه‌ ..
یه‌ك دێڕ چییه‌ ..
له‌ باسی دڵداریی ڕاستی ..
نه‌نووسراوه‌.
هێشتا چه‌پكه‌ گوڵێكی سوور،
له‌سه‌ر گۆڕی پێشمه‌رگه‌یه‌ك..
دانه‌نراوه‌.
نه‌خێر .. هێشتا ئاو نه‌دراوه‌
نه‌نێژراوه‌
نه‌چێنراوه‌.
12
گیانه‌ .. كاتێ‌، چه‌پكه‌ گوڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگت پێشكه‌ش ئه‌كه‌م
گۆڕستانی شه‌هیدانم ببێته‌ باخێكی به‌رین
كاتێ شیعرت پیا هه‌ڵئه‌ده‌م
وشه‌كانم له‌گه‌ڵ ته‌قه‌ی گولله‌ی پێشمه‌رگه‌دا بژین ..
ئه‌وسا .. گیانه‌، ماچت ئه‌كه‌م
له‌ دێڕێكا .. هه‌زاران جار
باست ئه‌كه‌م
ماچت ئه‌كه‌م.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (تایبه‌ت) 1972.

له‌ خولیای داستانی مه‌رگی زه‌رده‌شتدا
كام سه‌ره‌تای ناونیشانی تاڵ و تفتی
مه‌رگی متی
ئه‌و چیرۆكانه‌ باس خه‌م
كه‌ مه‌لۆتكه‌ی ناو بێشكه‌ی خه‌م
له‌ ده‌سرازه‌ی په‌ڕه‌ی مێژووی شاره‌كانا
له‌ ئاوێنه‌ی ئاسۆی ته‌مه‌نی سه‌یوانا
به‌ فرمێسكی هێشتا كزری
ناو داستانی ون و بزری
كاره‌ساتی كوشتنی زه‌رده‌شتا نووسی
نووسی .. به‌ڵام، بۆچی چاوێ‌
له‌ره‌ی سێبه‌ر .. یا هه‌تاوێ‌
هه‌تا خه‌ونی په‌پووله‌ی وشه‌ش نه‌یپرسی
بۆ كێ‌ .. نووسرا
خوڕه‌ی ژانی ئه‌م ڕووباره‌
جۆگه‌ی خوێنی ئه‌م به‌هاره‌
بۆ كوێ‌ ئه‌ڕوا.
***
باخمان ..
كوردستانی چاو پڕ زاخمان
بۆ سه‌ره‌تا
بۆ سه‌ره‌تا
هه‌موو ڕۆژێ‌
دڵی مه‌ردێك
خۆشه‌ویستێك
نه‌ْ .. دره‌ختێك
تۆوی چه‌كێك
له‌ كێڵگه‌ی زامی تینوومانا ئه‌نێژێ‌.
***
یه‌كه‌م وشه‌ .. نه‌ْ، سه‌ره‌تا
كه‌ زه‌رده‌شت بوو بۆچی كوژرا
دوابه‌دوای ئه‌و
مۆرانه‌ی خه‌و
له‌ لاشه‌مان ورووژێنرا
گۆڕمان .. ناخمان پڕ له‌ زه‌رنیخی لم كرا
كه‌چی تازه‌ .. دوای ته‌مه‌نێكی هێجگار كۆن
ئه‌یانه‌وێ‌ .. ناوی زه‌رده‌شت
چاوی زه‌رده‌شت
به‌ به‌هه‌شتی به‌ڵێنی دۆزه‌خیان بشۆن.
***
دوا هه‌ناسه‌ی
نر كه‌ و نه‌ڕی
ناو چیرۆكی بێشكه‌ی مه‌رگی
ترووسكه‌ی خۆری سه‌ر سنگی
پێشمه‌رگه‌یه‌ك .. سه‌ره‌تایه‌
سه‌ره‌تایه‌ ..
بۆ ئه‌و ڕێیه‌ی
نه‌ك زه‌رده‌شتێ‌ .. به‌ڵكو هه‌زار
بۆ یه‌ك وشه‌ .. بۆ یه‌ك هاوار
به‌رگی خوێنیان له‌ به‌رایه‌.
***
ئه‌ی نه‌وه‌ی ده‌ ساڵه‌ی گولله‌
ناوی زه‌رده‌شتتان خۆش بوێ‌
گڕتان بوێ‌
بیر و ڕێگا .. چه‌كی سه‌ركه‌وتنتان بوێ‌
بۆ سه‌ره‌تا
پردی خوێن و بیر هه‌ڵبه‌ستن
بۆ سه‌ره‌تا
پشكۆی وشه‌ی چه‌ك هه‌ڵڕێژن.

• گۆڤاری نووسه‌ری كورد، ژماره‌ (5) 1972.

——————————

به‌شێكی تر له‌ گاتا

كاتێ‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌رینی
گۆپكه‌ و گه‌ڵای ئاگرینی
دوا هه‌ناسه‌ی ..
ئه‌رخه‌وانا
نه‌ْ .. له‌ناو تۆف و ڕه‌هێڵه‌ی
دۆزه‌خی سنگی خه‌زانا
وه‌كو چڵه‌ گیایه‌ك هه‌ڵچووم
ئێوه‌ هه‌بوون.
كاتێ‌ له‌ ناو مناڵدانی
ئاوسێنراوی پڕ له‌ژانی
چیاكانا
له‌دایكبووم ..
ئێوه‌ هه‌بوون.
له‌گه‌ڵ زامی ..
وشه‌ی ناو دێڕی هه‌ڵبه‌ستا
ئێوه‌ هه‌بوون.
له‌گه‌ڵ مردنی ناكامی ..
خۆشه‌ویستا
ئێوه‌ هه‌بوون.
له‌ گۆرانیی بێ‌ ئه‌نجامی ..
سووتانی نامه‌ی مه‌به‌ستا
ئێوه‌ هه‌بوون.
***
ئێوه‌ هه‌بوون ..
به‌ڵام هه‌نگاوی ڕێی وێڵ بوون
بارانێك بوون .. به‌ڵام بێ‌ ڕه‌نگ
گریانێك بوون .. به‌ڵام بێ‌ ده‌نگ
كاروانێك بوون .. به‌ بێ‌ پێشه‌نگ
له‌شكرێك بوون .. به‌ڵام بێ‌ جه‌نگ
***
كاتێ‌ هاتم ..
تووڕ درامه‌ .. ژێر سێبه‌ری
ڕشانه‌وه‌ی په‌ل هاویشتووی
سیپاره‌ی چڵك لێ‌ نیشتووی
بانگ و ده‌نگی مه‌رگه‌وه‌ڕی
ته‌مه‌نی درێژتانه‌وه‌ ..
كاتێ‌ هاتم ..
لوول درامه‌ .. گێژه‌ڵووكه‌ی
زه‌ڕنیخی جادوو ئه‌فسانه‌ی
مێرده‌زمه‌ی
ئه‌و قسانه‌ی .. ئه‌و ئه‌ڵقانه‌ی
ئه‌كرایه‌ گوێ‌ و ملتانه‌وه‌.
***
هاتم .. ده‌ریای
ئاگرینم بۆ هه‌ژاندن
هاتم .. سه‌رمای
بیر ته‌زێنم بۆ به‌زاندن
ئه‌هریمه‌نم بۆ خنكاندن
گیانی مه‌زده‌م بۆ خوڵقاندن
به‌ خوێنی بیر ..
دێراوی دێڕی ئاوێستام
بۆ هه‌ڵبه‌ستن ..
ئاڵای بڕوام ..
بۆ هه‌ڵكردن ..
پشكۆی وشه‌م .. بۆ هه‌ڵڕشتن
ڕه‌نگی:
گوڵی گڕپژێنی
نه‌ورۆزی تازه‌م بۆ ڕشتن
ده‌نگی:
شۆڕشی خوێنینی
كوردستانی نوێم بۆ وتن.
***
من ئه‌و ده‌نگه‌م
له‌گه‌ڵ گرمه‌ی .. هه‌وری ژانی
گریانی چاوی زستانی
شاره‌كانا ..
به‌ خوڕ باریم
به‌ خوڕ باریم
وه‌كو .. ئاگر، به‌ڕووتانا
به‌ چاوتانا
به‌ خوڕ باریم
من ئه‌و ده‌نگه‌م ..
له‌ سووتانا،
له‌ گریانا ..
ئاڵای خۆر و گوڵه‌گه‌نم
ئه‌كه‌م به‌ به‌ر كوردستانا
من ئه‌و ڕه‌نگه‌م ..
له‌ وێنه‌ی مێژووی كاڵتانا
له‌ چرپه‌ی تفت و تاڵتانا
مۆری خوێن و په‌ڵه‌ی ئاگر
ئه‌نێم به‌ ڕووی ئاسۆتانا
من ئه‌و جه‌نگه‌م ..
له‌ گولله‌ی پێشمه‌رگه‌مانا
گۆرانی زه‌رده‌شتی ئه‌مڕۆ ..
ئه‌كه‌م به‌ گوێی مردووتانا
ئه‌و پێشه‌نگه‌م ..
له‌ كاروانی پڕ سوێتانا
له‌ بینایی پڕ خوێتانا
زاری زه‌نگ و چاوی كانیی
ئه‌چێنم له‌ به‌رپێتانا.
***
براكانم ده‌نگی شۆڕش
ته‌قه‌ی ناو سه‌نگه‌ری ئه‌وێ‌
براكانم .. زاری شۆڕش
نه‌ڕه‌ی تۆقێنه‌ری ئه‌وێ‌
براكانم .. چاوی شۆڕش
تۆڵه‌ی سووتێنه‌ری ئه‌وێ‌
براكانم .. شۆڕش، شۆڕش
به‌ڵێ‌ شۆڕش
بازووی ڕووخێنه‌ری ئه‌وێ‌
بیری نوێی ڕه‌هبه‌ری ئه‌وێ‌.
***
براكانم .. له‌گه‌ڵمابن
له‌ هه‌موو بستێكی گڕی
كوردستانا .. له‌گه‌ڵمابن
دۆزه‌خ داخه‌ن
ڕێگای خوێن و ژیله‌ ڕاخه‌ن
چرۆ بگرن
پشكۆ بگرن
ژه‌نگی تاوانی سه‌رلاشه‌ی
ئه‌م وڵاته‌ ..
به‌ خوێن بسڕن ..
جارێكی تر .. (( با هه‌ڵمژین هه‌ناسه‌ی شه‌هیده‌كانمان))
جارێكی تر .. (( با ببیستین گۆرانیی پێشمه‌رگه‌كانمان))
له‌گه‌ڵمابن ..
له‌ خه‌مناكی شاره‌كانا
له‌گه‌ڵمابن ..
له‌ گریانی مناڵانا ..
له‌گه‌ڵمابن ..
له‌ هه‌نگاوا .. له‌گه‌ڵمابن
له‌ شاڵاوا له‌گه‌ڵمابن
له‌گه‌ڵمابن ..
له‌گه‌ڵمابن ..
بۆ پێشوازی مه‌زده‌ی ژیان
له‌گه‌ڵمابن ..
بۆ به‌هاری نوێی كوردستان
له‌گه‌ڵمابن ..
له‌گه‌ڵمابن .. له‌ گه‌ڵمابن.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (34) 1971.

———————————-

یاد و یاقووت و نه‌هه‌نگ

1
تا دوێنێ‌ بوو ..
نه‌ورۆزه‌كه‌ی شاری هیوا
به‌هارێكی پڕ له‌ سوێ‌ بوو ..
گوڵی وشه‌ی تیا ئه‌پروا
***
ده‌روونی یاد .. بێ‌ كڵپه‌ بوو
سنگی وته‌ .. بێ‌ چرپه‌ بوو
ئاسمانی بیر .. ڕه‌شی تێر بوو
چاوی تۆڵه‌ .. هێشتا كوێر بوو
***
تا دوێنێ‌ بوو ..
شاری نوستوو ..
هه‌ر خامۆش بوو،
گۆڕستانی بیره‌وه‌چوو
فه‌رامۆش بوو
***
ئه‌شكه‌وتی چۆڵ،
دره‌ختێكی بێ‌ چرۆ بوو ..
ئاگردانی پڕ خوێن و خۆڵ،
بێ‌ پشكۆ بوو.
***
تا دوێنێ‌ بوو ..
چه‌كی خه‌بات،
هێشتا متی ناو سه‌نگه‌ر بوو
هیوا و ئاوات،
هه‌تاوێكی بێ‌ سێبه‌ر بوو
***
كاروان وێڵ بوو..
چاوه‌ڕوانی
پێشه‌نگێكی قاره‌مانی
مه‌رد و قه‌ڵای دوژمن كێڵ بوو
2
له‌ ئاسۆی بێ‌ پێكه‌نینا
له‌گه‌ڵ زه‌رده‌ی ئاواره‌یی..
ژه‌نگی تاڵی خۆرنشینا
له‌ ئاسمانی ماته‌مینا
له‌ دوا چرپه‌ی وشه‌ی وێڵی
ئه‌ستێره‌ی شه‌وگاری ژینا
لێوی خۆری خنكاوی خوێ‌
كه‌وته‌ بزه‌ی ئاورنگ ڕشتن
كاروانه‌كه‌ی جێماوی ڕێ‌
كه‌وته‌وه‌ به‌سته‌ و ڕۆیشتن
***
له‌ پڕووشه‌ی گه‌رده‌لوولا
له‌ گێژاوی ..
ڕه‌نگزه‌رد و هه‌ڵبزڕكاوی
ڕۆژانی ڕه‌شی ئه‌یلوولا
ده‌نگی ڕاچه‌نین و هه‌ڵمه‌ت
چه‌كی بڕوای دا به‌ میلله‌ت
***
باخی زه‌ردی ئه‌یلوولی ڕووت
به‌ په‌ڵه‌ی ئاگر و بارووت
گوڵاڵه‌ی هیوای شۆڕشی
نه‌ته‌وه‌ی كوردی تیا پشكووت
3
ئه‌یلوول هات و ساڵ به‌سه‌ر چوو
گڕی كپه‌ و ڕق بێ‌ پشوو
دارستانی..
بێ‌ جریوه‌ی كوردستانی
ئه‌كرد به‌ زووخاڵ و ڕه‌ژوو..
به‌ڵام ئه‌و بڕوایه‌ی وه‌كو
شاڵاوی ئاگر و پووشوو،
له‌ سه‌نگه‌را ..
له‌ ئه‌شكه‌وتا ..
له‌ هه‌ڵمه‌تا ..
له‌ پژانی مێشك و سه‌را
له‌ شه‌ونخوونی ڕابه‌را
به‌ ڕووی دوژمنا هه‌ڵئه‌چوو
به‌جۆشتر بوو .. له‌ناو نه‌چوو
.. له‌ناو نه‌چوو
4
ئه‌ی كوردستانی پێشمه‌رگه‌ ..
ڕاسته‌ دڵی چیاكانت،
چاوی گه‌شی مناڵانت ..
ئه‌مساڵ پڕ شایی و ئاهه‌نگه‌
به‌ڵام .. قسه‌، هێشتا .. ڕه‌نگه‌
خواست و مه‌رام ..
یاقووتێكی شه‌وچراخی
ناو گه‌رووی تاری نه‌هه‌نگه‌.

1971
• گۆڤاری ڕوانگه‌، ژماره‌ (1) 1971.

——————————-


پرسیار بۆ هاتنی گۆدۆ

1
بۆچی؟ ئه‌بێ‌ .. هه‌موو جارێ‌
گشت به‌هارێ‌
ساڵ .. له‌ دوای ساڵ،
((ساڵی خۆڵه‌مێش و زووخاڵ))
له‌سای به‌ڕۆچكه‌ی یادێكا ..
((یادێك بێ‌ باڵ))
خۆری ته‌زیو
بكه‌ین به‌سنگی مێژووا
نه‌ْ .. له‌ناو گه‌رووی زامێكا ..
((زامێكی تاڵ))
به‌سته‌ی ڕزیو
بكه‌ین به‌گیانی مردووا.
؟؟؟
بۆچی؟ ئه‌بێ‌ .. كاسه‌سه‌ری
شه‌ق كراوی
ژێر ئه‌رخه‌وانی بێ‌ به‌ری
به‌خوێن ته‌ڕی
ته‌مه‌نی خۆزگه‌ی وێڵ بوومان
له‌چه‌رخی تازه‌ی بیسته‌ما
بۆ سێبه‌ری ..
گیانی زه‌رده‌شتی كوژراومان
بۆ ئاوێستای هه‌ڵواسراوی
ناوخۆری ئاڵای سووتاوی
ئاسمانی بێ‌ سه‌روشوێنمان
بێته‌ سه‌ما
؟؟؟
2
هاوڕێكانم!
به‌هاری ئه‌م كوردستانه‌
هێشتا تینووی كانییه‌كه‌
نه‌ته‌قیوه‌.
ده‌نگی ژانی ئه‌م شارانه‌
چاوه‌ڕێی گۆرانییه‌كه‌
هێشتا كاروانی قوربانی
دێڕه‌كانی..
نه‌چنیوه‌.
؟؟؟
3
هاوڕێكانم!
پرسیارمان هه‌زار و یه‌ك
كوردستانمان
چاوه‌ڕوانی گۆدۆیه‌كه‌
چاوه‌ڕوانی مه‌زده‌یه‌كه‌
چاوه‌ڕوانی گولله‌یه‌كه‌
سنگی ڕێگای ئاسمانی ون
هه‌ڵته‌كێنێ‌ ..
ڕاست كاته‌وه‌
په‌یكه‌ری (ڕاستیی) سه‌روبن
؟؟؟
4
هاوڕێكانم!
هاتنی گۆدۆی هاوڕێمان
بیری ئه‌وێ‌
خوێنی ئه‌وێ‌
وته‌ و كرداری نوێی ئه‌وێ‌
قوربانیی ( كاروانی وشه‌ی ڕاچه‌نیو)ی
ئه‌مڕۆی ئه‌وێ‌
شیكردنه‌وه‌ی ( كڵافه‌یه‌ك
ژانی تووڕه‌)ی ئێمه‌ی ئه‌وێ‌
(ڕۆژژمێری) سووتێنراوی
ئازاری (پێشمه‌رگه‌)ی ئه‌وێ‌
هه‌ڵهاتنی (خۆرێكی یاخیبووی ئه‌وێ‌)
ته‌ڵه‌ی زامی
گیڤارای نوێی .. نه‌ك كوردستان
نه‌ك بۆلیڤیا .. هه‌موو جیهان
به‌ڵكو جیهانی نوێی ئه‌وێ‌

• گۆڤاری ڕوانگه‌، ژماره‌ (2) 1971.
—————————

ژانی ڕۆژانی هۆنراوه‌

هاتووم . چه‌پكێ‌ وشه‌ی ئاگر
له‌سه‌ر گۆڕی شیعر دانێم
هاتووم .. بڵێم:
باوه‌گوڕ گوڕ
كوانێ‌ ئاڵا؟
كوانێ‌ شیعر؟
***
هاتووم، له‌ناو شیعره‌كانی شێخ ڕه‌زادا
یاخیبوونی وشه‌ فێربم
له‌ناو جۆگه‌ی هه‌نسكی گاورباغیدا
له‌خوێن تێربم
هاتووم.. له‌به‌ر خۆری چله‌ی
شۆڕیجه‌دا،
له‌به‌ر وشه‌ی
سووتاندنی تاڵ تاڵ شارای ئه‌گریجه‌دا
كوێر بم.. كوێربم
نه‌خێر .. هاتووم شیعر فێربم
***
هاتووم .. له‌ناو زه‌رده‌خه‌نه‌ی
ته‌رمی شه‌هیده‌كانمانا
بۆ پێغه‌مبه‌رێ‌ بگه‌ڕێم
له‌ناو پرسه‌ی
ده‌نگی تفه‌نگه‌كانمانا
بۆ هه‌ڵچوونی خوێنی سه‌نگه‌رێ‌ بگه‌ڕێم
له‌ناو خورپه‌ی
دڵی ئاهه‌نگه‌كانمانا
بۆ هاواری گولله‌ی ڕابه‌رێ‌ بگه‌ڕێم
هاتووم .. هاتووم
بۆ یه‌ك چرۆی چڵی ئاگر
بۆ دێڕه‌ شیعرێ‌ بگه‌ڕێم
***
ئه‌ی شاری ژان!
شاری شیعری گڕی گریان
هاتووم .. به‌دوای كه‌لله‌سه‌ری
شه‌هیدێكتا وێڵم .. ونه‌
به‌دوای كاڵانی خه‌نجه‌ری
بڕوایه‌كتا وێڵم ..ونه‌
به‌دوای هه‌ناسه‌ی سواڵكه‌ری
به‌رماڵێكتا وێڵم .. ونه‌
به‌دوای گۆڕی بێ‌ چه‌په‌ری
دڵدارێكتا وێڵم . ونه‌
به‌دوای ناوی بێ‌ په‌یكه‌ری
شاعیرێكتا وێڵم .. ونه‌
***
هاتووم .. هه‌ستم
بده‌مه‌ ده‌ست مناڵه‌كانی ئه‌م شاره‌
هاتووم .. تفه‌نگی هه‌ڵبه‌ستم
بده‌مه‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌م شاره‌
هاتووم .. شیعرم
له‌ باخی گڕ تێ‌ به‌ربوودا
له‌ گۆڕستانی زیندوودا
دوا لاپه‌ڕه‌و دێڕی بدڕم
***
هاتووم .. بڵێم
شیعر .. هه‌ڵسانی شه‌قامه‌
هاتووم .. بڵێم
شیعر .. ته‌قینه‌وه‌ی زامه‌
شیعر .. مه‌رگی پێغه‌مبه‌ره‌
شیعر .. گۆرانی سه‌نگه‌ره‌
شیعر .. هه‌نگاوی به‌جه‌رگی
به‌ره‌و سێداره‌ی ڕابه‌ره‌
شیعر .. ڕێگاو ئه‌نجامێكی
به‌خوێن ته‌ڕه‌.
***
هاتووم .. له‌ناو باخی سنگی خۆزگه‌تانا
بست بست تۆوی بۆمبای شۆڕش دابچێنم
یه‌ك یه‌ك له‌ مێشك و دڵتانا
له‌ گیانتانا
له‌پرسه‌ی بێ‌ گریانتانا
شه‌هیده‌كانتان هه‌ڵسێنم
هاتووم .. ده‌روازه‌ی گه‌وره‌ی شار
ڕاوه‌شێنم ..
بنه‌ڕێنم .. هه‌موو ڕۆژێ‌
زامی گه‌لێ‌ ساڕێژ ئه‌بێ‌
بنه‌ڕێنم .. ئه‌ی بۆچی كورد
به‌ڵێ‌ .. ئه‌ی شاری ژان، به‌ڵێ‌ .. ئه‌ی بۆچی كورد
ئاڵای هه‌تاوی كه‌ژاوه‌ی
بووكی ڕزگاری هه‌ڵنه‌كرد؟
***
ئه‌زانن بۆ؟ .. چونكه‌ هێشتا ؟
بۆمبای شۆڕش
وا له‌مشتا
چونكه‌ .. ڕێگا
بۆ ئه‌ستێره‌
له‌لای ئێمه‌ هێشتا كوێره‌
چونكه‌ هێشتا ئه‌بێ‌ شاعیر هه‌ڵبواسرێ‌
ناوی ماركس .. خۆبه‌ كوشتدانی گیڤارا
له‌یادداشتی
پێشمه‌رگه‌یه‌كا نه‌نووسرێ‌
***
شۆڕش له‌لای نه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ .. خوایه‌
سه‌ره‌تایه‌
له‌دایكبوونی بڕوایه‌
هه‌ڵگیرساندنی چرایه‌
به‌خوێن سه‌ندنی هیوایه‌
به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵایه‌ ..
***
به‌ڵام، كوا .. خوا؟
كوا .. سه‌ره‌تا؟
كوانێ‌ .. بڕوا؟
كوانێ‌ .. چرا؟
كوانێ‌ .. هیوا؟
كوانێ‌ .. ئاڵا؟
***
ئه‌ی چاوی نۆ ساڵه‌ی خۆری ئاواتی كورد
مژده‌ی نیگای سه‌رفرازیمان لێت ئه‌وێ‌.
ئه‌ی دڵی چوار له‌تكراوی خه‌باتی كورد
چه‌پكه‌ ئاڵای سه‌ربه‌خۆییمان لێت ئه‌وێ‌.
ئه‌ی بارانی گڕ و خوێنی سه‌نگه‌ری كورد
سێبه‌ری باخی قورییانیمان لێت ئه‌وێ‌.
ئه‌ی تفه‌نگی بیر و ده‌نگی ڕابه‌ری كورد
كوردستان و مرۆڤی كوردمان لێت ئه‌وێ‌.
رقی ڕه‌هێڵه‌ و شۆڕشی تۆمان ئه‌وێ‌.
له‌خۆمانا
دێڕ دێڕ له‌ شیعره‌كانمانا
تۆمان ئه‌وێ‌.
وه‌ك چۆن .. شۆڕش په‌ڵه‌ی خوێنی
لافاوێكی سووری ئه‌وێ‌
ئێمه‌ش ئاوا .. تۆمان ئه‌وێ‌.
***
ئه‌مانه‌وێ‌ ..
سێداره‌كانی ئه‌م شاره‌
ببنه‌ تفه‌نگ
شه‌هیده‌كانی ئه‌م شاره‌
ببنه‌ شیعر .. ببن به‌ده‌نگ
ئه‌مانه‌وێ‌
وشه‌ی مه‌نگی تابلۆی بێ‌ ڕه‌نگ
ببێته‌ زه‌نگ
ئه‌مانه‌وێ‌ باوه‌ گوڕگوڕ
بمانداتێ‌ ئاڵا و .. شیعر

• گۆڤاری ڕوانگه‌، ژماره‌ (3) 1971.

———————-

سووتان له‌ ئاهه‌نگی ئاشتییا

خنكاین .. خنكاین،
له‌ دووكه‌ڵی بوخوردی درۆی ئاشتییا
برژاین .. برژاین،
له‌ دۆزه‌خی به‌هه‌شتی پڕ سوێی ئاشتییا
كوژراین .. كوژراین،
له‌ژێر گه‌ڵا زه‌یتوونی بێ بۆی ئاشتییا
ڕزاین .. ڕزاین،
له‌ناو كۆشكی وه‌ك زیندانی نوێی ئاشتییا
***
په‌نجه‌ره‌كان .. بكه‌نه‌وه‌،
با هه‌ڵمژین..
هه‌ناسه‌ی شه‌هیده‌كانمان..
ده‌روازه‌كان .. بكه‌نه‌وه‌،
با ببیسین..
گۆرانی پێشمه‌رگه‌كانمان..
چاوی تفه‌نگ..
زبانی ده‌نگ،
هه‌ڵبێننه‌وه‌ ..
شاری گریاو..
ژیركه‌نه‌وه‌..
باڵ به‌ كۆتری سه‌ربڕاو،
بگرنه‌وه‌..
له‌ سه‌نگه‌را..
له‌ سروودی ته‌واو نه‌بوونی جه‌نگاوه‌را..
داستانی ته‌مه‌نی ئاشتی،
ئاشتی ڕاستی..
بنووسنه‌وه‌.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (3) 1971.

——————————

سه‌ره‌تای داستانێكی ونبوو

ده‌مێكه‌ پرچی زه‌ردی تیشكی خۆر،
بۆ بووكی ناسۆر
ئه‌هۆنینه‌وه‌.
له‌ خه‌رمانه‌ی مانگ،
له‌ چرپه‌ و له‌ بانگ،
له‌ لێڵیی گۆمی چاوی بێ برژانگ.
ورده‌ زه‌ركه‌فتی وشه‌ی جۆراوجۆر،
له‌ سوور هه‌تا مۆر
خڕ ئه‌كه‌ینه‌وه‌.
له‌ چاوی ماتی
گه‌ڵاڕێزانی پایزی زه‌ردا،
گوڵی ئاواتی،
نه‌زۆك ئه‌نێژین.
له‌ناو دێراوی زووخاو و ده‌ردا،
تۆوی پووچه‌ڵی خۆزگه‌ ئه‌ڕێژین.
كڵافه‌ی كلووی
بۆ سووتان تینووی،
به‌فری ئازاری بیرته‌زینی سڕ
به‌مه‌كۆی خه‌یاڵ
خه‌یاڵێكی تاڵ،
ئه‌كه‌ینه‌ شارا و ده‌سته‌نه‌ی ئاگر.
***
ده‌مێكه‌ ڕۆنی
سه‌رتوێژی وێنه‌ی بێ ڕه‌نگ و بۆنی،
ناو داستانی كۆن ئه‌لێسینه‌وه‌.
خه‌م له‌ ده‌لاقه‌ی زامی به‌سوێدا
له‌ چاڵی چاوی پڕ خۆڵ و خوێدا
ئه‌توێنینه‌وه‌.
ده‌نگ له‌ گه‌رداوی شه‌وی دووكه‌ڵا
له‌ناو ئاوازی بێ په‌ل و چڵا
ئه‌پێچینه‌وه‌.
له‌ كۆی زووخاڵی دۆزه‌خی سووریی
هاوینی ڕه‌شا
گه‌ردانه‌ی تۆفی خه‌می ناسۆری
ئه‌كه‌ین به‌ سنگی هه‌تاوی گه‌شا.
***
ده‌مێكه‌ نه‌ڕه‌ی كه‌لله‌سه‌ری گۆڕ،
له‌ناو چیرۆكی
بێ ناوه‌رۆكی
به‌بێ بارانی
مێژووی خه‌زانی
ژێر تیشكی كزی مه‌شخه‌ڵی چاوشۆڕ،
ئه‌خوێنینه‌وه‌.
هه‌زار جه‌نگاوه‌ر
گه‌شترین باوه‌ڕ
بۆ یه‌ك به‌ڵێنی درۆی خوێنه‌خۆر،
ئه‌گۆڕینه‌وه‌.
به‌ده‌یان په‌یكه‌ر
شه‌هید و ڕابه‌ر
به‌فرمێسكی پڕ چڵپاوی ناتۆر،
ئه‌شۆرینه‌وه‌.
***
ده‌مێكه‌ هه‌ین و! به‌ڵام، هه‌ر نه‌بووین
ده‌مێكه‌ زیندووین، به‌ڵام هه‌ر مردووین
ده‌مێكه‌ بێخواین،
بێ بیر و بڕواین.
ڕێبواری ڕێگای بێ ناونیشانین
بێ گۆڕستانین
بێ كوردستانین
كوا ؟ كه‌ی ئه‌بینه‌ خاوه‌ن گۆڕستان
خاوه‌نی كوردستان؟

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (52) 1971.

————————

خۆشه‌ویستییه‌كی شێتانه‌

گیانه‌.. نه‌مویست
به‌م چه‌ند دێڕه‌ ..
لاڵ و كوێره‌،
بڵێم : تۆم ویست
چونكه‌ هه‌رچی .. وزه‌ و توانای
شیعره‌ هه‌مه‌.
هه‌ڵیڕێژم .. بۆتی بڵێم
هێشتا كه‌مه‌.
ڕه‌نگه‌ نه‌غمه‌ی شیعروتن
ته‌واوببێ.
ساز و ده‌نگی پیاهه‌ڵوتن
ته‌واو ببێ.
گوڵ هه‌ڵوه‌رێ
هوزار بمرێ.
به‌ڵام هه‌تا ڕووی ته‌بیعه‌ت
وا واڵابێ
هه‌رگیز.. هه‌رگیز.. جوانیی ئافره‌ت
ته‌واو نابێ.
***
وه‌ك شاعیرێك .. شیعره‌كانم
هه‌ر به‌موڵكی خۆم نازانم
به‌ڵام، وه‌ك دڵدارێك كه‌ هه‌م
وا تێ ئه‌گه‌م:
هه‌ر جوانیی ئافره‌ت په‌رستم
هه‌ر بۆ ئه‌ویش: خۆشه‌ویستم.
***
من ئه‌مه‌وێ.. هه‌روه‌كو شێت
ڕێبگرم لێت..
هه‌رچیم بوێ
داوای كه‌م لێت.
من ئه‌مه‌وێ گوڵی ئاگر
له‌جیاتی زێڕی سارد و سڕ
بكه‌م به‌ قژی ژاكاوتا
به‌ به‌رۆكی وه‌ك هه‌تاوتا
***
وه‌ك ڕێبوارێ ..
بست بست دونیای جوانت په‌ی كه‌م
وه‌ك باڵدارێ..
ئاسمانی په‌نهانیت ته‌ی كه‌م
وه‌كو شێتێ خۆشه‌ویست بم.
وه‌كو شێتێ تۆ په‌رست بم.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (13) 1971.

—————————————

تیشكی چاو

كه‌ چاو هه‌ڵدێ..
شه‌قامی شار .. ئاوێنه‌ بۆ نه‌وبووكی په‌یام هه‌ڵئه‌گرێ
مێژوو .. بێشكه‌ی كۆرپه‌ی له‌دایكبووی خۆری هاواری
ئاب .. ڕائه‌ژه‌نێ
(( سوار .. سۆراخی كانیی گه‌رووی خۆشه‌ویستی
ڕێگا ئه‌كا
ڕێگا .. تارای گێژه‌ڵووكه‌ی ئاگر و خوێن
به‌ باڵای كاروانی شنه‌ی سه‌ره‌تای هه‌ڵچوونا ئه‌كا))
كه‌ ژان ئه‌زێ ..
زه‌رده‌ی هه‌نسكی چوار چرا .. تاڤگه‌ی بزه‌ له‌ ڕووباری
لێوی وشكا باڵ پێ ئه‌گرێ.
كه‌ مه‌زده‌ی ناو ئاوێستای بانگی مه‌هاباد هه‌ڵئه‌واسرێ
ئاڵای په‌لكه‌زێڕینه‌ی شۆڕش له‌ ئاسۆی پایته‌ختی
شه‌ودا هه‌ڵئه‌گرێ.
(( شه‌پۆلی كولله‌ی دره‌وی گوڵه‌گه‌نم .. شه‌وبۆی
گۆرانی ئاو ئه‌دا
زامی ڕێگای ساڕێژ نه‌بووی یه‌ك پرسیاری
(سمكۆ) و (قازی)ی .. ئه‌سپی باوبۆرانی تیشكی چاوی
(بارزانی) تاو ئه‌دا)).
* نه‌م ناسیوی؟
ـ ڕێگام ..
ڕێبواره‌كانم .. ئه‌ستێره‌ن
چیام ..
بناره‌كانم .. هه‌ناسه‌ی ناو سینه‌ی گوڵاڵه‌ سووره‌ن
* نه‌م ناسیوی؟
به‌ره‌و كام قووڵایی سروه‌ی سینه‌ ئه‌ڕۆی
له‌ ژێر كام تاڤگه‌ی ئاگرا چاوی به‌ڵێنه‌كان ئه‌شۆی
ـ سه‌نگه‌رێكم ..
گولله‌كانم .. بارانی هه‌ور و برووسكه‌ن.
چه‌په‌رێكم ..
باخه‌وانی گوڵاڵه‌كانم پێشمه‌رگه‌ن
(( ڕێگاكانی زه‌نگ له‌خه‌وا
مژده‌ی كاروانی شه‌فه‌قی: به‌ته‌نیا ڕه‌نگیان ئه‌دا
به‌ ته‌نیا ده‌نگیان ئه‌دا
به‌ته‌نیا ناوێكیان ئه‌دا))
1970
• له‌ 12/12/ 1998دا، ئه‌م شیعره‌م به‌ده‌ستنووس له‌ (مه‌حموود زامدار) وه‌رگرتووه‌.

————————

ته‌مه‌نی ده‌ ساڵه‌ی دێڕێك

چه‌پڵه‌ ڕێزان
نمه‌ی چاوی ئاسمانێكی پڕ له‌ گریان
به‌سه‌ر یادی ڕاچه‌نینی شاره‌كه‌ما
ئه‌بارێنن.
دروشمه‌ به‌خوێن ته‌ڵخه‌كان
سه‌ره‌نێزه‌ی مه‌دالیای به‌هره‌ی تاوان
به‌ به‌رۆكی قاره‌مانی مێژووه‌كه‌ما
ئه‌چه‌قێنن.
سروودی سه‌روه‌ختی زاری ڕیاكاران
وه‌كو سنگی زبری هه‌وری ڕه‌شی زستان
نیگای چاوی ئه‌ستێره‌ له‌ وه‌رزی خه‌ما
ئه‌پروێنن.
ڕۆژنامه‌كان
كامیرا چاوچنۆكه‌كان
میكرۆفۆنی وتاربێژه‌ درۆزنه‌كان
هه‌موو ڕۆژێ .. له‌ فه‌رهه‌نگی
ناو و ده‌نگی
دلێرانه‌ی شۆڕشه‌كه‌ما
باڵی وشه‌
زاری وته‌
ئه‌قرتێنن.
***
وا ده‌ ساڵه‌ چاوی .. هیوا
گڕ ئه‌ڕێژێ
وا ده‌ ساڵه‌ .. چه‌كی بڕوا
تۆوی خۆزگه‌
له‌ناو زامی
سه‌نگه‌ره‌كانا ئه‌نێژێ.
وا ده‌ ساڵه‌. گۆڕستانی سنگی كپمان
داستانی شه‌هید ئه‌نێژێ
هه‌تا ساوای سه‌ر بێشكه‌شمان
ژه‌كی خه‌م و ژان ئه‌چێژێ.
***
خه‌ونی شاری حوزه‌یرانمان
كه‌ی كه‌ژاوه‌ی گڕو خوێنی به‌ڕێ ئه‌كرێ
جارێكی تر .. شه‌هیدانمان
كه‌ی پێ ئه‌گرێ
كفن ئه‌دڕێ
ڕائه‌په‌ڕێ؟
***
مناڵێكی له‌دایكبووی قریشكه‌ی قووڕگی خنكێنراو
له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی پرسی
كه‌ی هه‌نسكی،
ده‌ ساڵه‌ی دایكم به‌ر ئه‌گرێ؟
***
تفه‌نگ گریا:
(( وا ده‌ ساڵه‌ .. خه‌رمانی خوێنمان شه‌ن ئه‌كه‌ن))
هه‌زاران چاوی زه‌نگ گریا:
(( وا ده‌ ساڵه‌ .. كانیی وشه‌مان بۆگه‌ن ئه‌كه‌ن))
***
پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ شاعیرێكی نوێی پرسی
كه‌ی شیعرێكم بۆ ئه‌نووسی
پشكۆی ئاگردانی زامم هه‌ڵگیرسێنێ
له‌شكری خه‌م بورووژێنێ؟
***
هاژه‌ی یادی ده‌ ساڵه‌ی شاعیر .. چرپانی!
جارێ .. ئه‌مساڵ .. هۆنراوه‌كانم ئه‌دڕێنم
چونكه‌ زاری وشه‌كانی
بێ گولله‌یه‌..
بێ گولله‌یه‌.
چونكه‌ سنگی دێڕه‌كانی
بێ نه‌ڕه‌یه‌ ..
بێ نركه‌یه‌.
***
چاومان
چاومان، هه‌موو ڕۆژێ به‌دوای ڕێگای ژانی
كوردستانی
له‌تكراودا .. هه‌نگاو ئه‌نێ
ناومان
هه‌موو رۆِژێ له‌سای شین و قوڕ پێوانی
هه‌تیوانی
بێ ناونیشانا .. خۆی ئه‌ڕنی.
***
دڵداره‌كه‌م .. دوای خوێندنه‌وه‌ی .. ئامۆژگاری
((سێبه‌ری ته‌رمی مردووان به‌خوێن بشۆن))
(( سه‌رهه‌ڵگرن .. بڕۆن.. بڕۆن))
***
دڵداره‌كه‌م .. دوای خوێندنه‌وه‌ی ئامۆژگاری
ڕێكخه‌ری شار ..
وتی بۆ كوێ .. سه‌ر هه‌ڵگرم؟
قووڕگی كام نه‌هه‌نگی تاری
ده‌ریای شه‌وگار
به‌ سه‌وڵی پرچم هه‌ڵبدڕم.
***
مه‌لا بانگان .. هێشتا دووكه‌ڵ
له‌ ئاسۆدا گرێی ئه‌دا داوی مه‌ته‌ڵ
تارمایی شۆڕه‌سوارێكی باڵا ئاگر.
له‌ناو دۆزه‌خی هه‌زاران پرسیاری كوێرا خۆڕاگر
شریخه‌ی قامچی وه‌شانی
وه‌ك گۆرانی
ئه‌یوت .. سه‌رهه‌ڵگرن.. بڕۆن
جارێكی تر .. سه‌نگه‌ر به‌خوێن .. به‌گڕ.. بشۆن.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (40) 1971.

————————-
ته‌مه‌نی خه‌م

ئه‌ی گۆرانیی ژاكێنراوی،
سه‌ر لێوی خه‌م!
یادگاری بێ هه‌تاوی،
مێژووی ماته‌م !
ئه‌ی سروه‌ی بای كشوماتی،
به‌هاری زیز ..
ئه‌ی فرمێسكی بێ ئاواتی،
چاوی پایز.
نه‌ شه‌و.
نه‌ خه‌و.
نه‌ ده‌ریای به‌رینی بێ بن
نه‌ كێوی به‌رزی كه‌ش گه‌ردن
یه‌ك تۆز چییه‌ نه‌یانتوانی
ژیله‌ی كپی ئاگردانی،
نهێنی بوونتان بماڵن
به‌ ئاگر بێ .
به‌ به‌فر بێ.
ڕاتان ماڵن .
***
ته‌مه‌نی خه‌م
وه‌ك خۆر ئاسمانی ژین ئه‌بڕێ..
كه‌ی ئه‌م بوو به‌دووكه‌ڵ و ته‌م،
ئه‌ویش ئه‌مرێ!
***
یان ئه‌بێ خه‌م
تاسه‌ر .. سه‌رجه‌م،
كێوی قورسی سه‌ر سنگمان بێ
ماكی وێڵیی ژیانمان بێ
یاخود ئه‌بێ..
بیر راپه‌ڕێ،
خوێن گڕ بگرێ.
له‌ دۆزه‌خا
له‌ زه‌ویی بیسته‌مین چه‌رخا
تۆفانێكی وه‌ها هه‌ڵسێ
نه‌ك هه‌ر زه‌وی ..
تا ئاسمانیش نه‌خه‌له‌سێ!

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (31) 1970.

—————————————
نه‌ورۆز دێنم

ـ له‌ نه‌ورۆزا .. دێمه‌وه‌ ناوتان!
( ده‌نگی به‌سۆزی ئه‌م گۆرانییه‌ دای له‌ شه‌قه‌ی باڵ و به‌ره‌و ئاسمانی به‌رین كشا..)
ـ ئه‌ڕۆم .. به‌دوای چاوی پڕ نێرگزی به‌هاری نه‌ورۆزا ئه‌گه‌ڕێم!
(ڕێ بۆ به‌هاری نه‌ورۆز .. تۆف و ڕه‌هێڵه‌ی گڕو خوێنه‌.
ڕێ .. هه‌نگاوه‌
هه‌نگاو .. ناوه‌
ناو كاوه‌یه‌ و
كاوه‌ش ده‌نگی هاوارێكه‌ له‌ده‌فته‌ری سنگی قه‌ڵای كوردستانمان نووسراوه‌ ..).
ـ گڕ .. گڕ دێنێ
خوێن .. نێرگزی نه‌ورۆزی نوێمان ئه‌ڕوێنێ.
( پیره‌مه‌گروون .. گه‌ردنی گوێژه‌ ماچ ئه‌كات.
سه‌فین .. شه‌هیدانی ڕێگای نه‌ورۆزی به‌ڕێ ئه‌كات.
كاروان .. بۆ ئاسۆی پڕ ئارامگای له‌دایكبوونی نه‌ورۆز هه‌نگاو ئه‌نێ ..).
ـ شۆڕش ناوی نه‌ورۆز ئه‌نێ .
( له‌ناو تابلۆی هه‌ڵواسراوی سه‌ر سنگی چیای مه‌به‌سته‌وه‌. مناڵێكی له‌ نه‌ورۆزدا له‌دایكبوو. داوای چه‌پكێ‌ نێرگزی ته‌مه‌ن درێژی كرد.)
ـ نه‌ورۆز .. ناوی كاوه‌ ئه‌نێ.
( ده‌شت .. چاوه‌ڕێی .. باران و په‌ڵه‌ی نێرگزه‌.)
ـ خوێن ..
نێرگزی نه‌ورۆزی نوێمان ئه‌ڕوێنێ ..
( باڵدار.. دڵدار، بۆ شنه‌ی نه‌ورۆز ئه‌خوێنن.
شه‌قام و مناڵانی شار،
به‌ گوێی ڕێدا ئه‌چرپێنن.
ئه‌یانه‌وێ نه‌ورۆز باڵ بێ..
نه‌ورۆز عیشق بێ
نه‌ورۆز بزه‌ و پێكه‌نین بێ.)
ـ له‌ نه‌ورۆزا باڵ ئه‌هێنم..
عیشق دێنم
چه‌پكه‌ نێرگزێك ئه‌هێنم
گۆرانی بێ
ته‌مه‌نی ڕاستی شۆڕش بێ .
ته‌مه‌نی ڕاستی نه‌ورۆز بێ.
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (159) 1973.


گۆرانی ڕێبوارێكی یاخی

ئه‌ڕۆم .. ئه‌ڕۆم
سێبه‌ری ته‌ڵخی ناوی خۆم،
به‌دڕكه‌زیی ..
ڕه‌هێڵه‌یه‌كی بێ وه‌رزی
ونی بێ ناونیشانی،
نه‌نووسراوی ژیان ئه‌شۆم.
ئه‌سووتێنم،
ئه‌و وێنه‌ بێ روخسارانه‌ی..
لكاوی دیواری هۆشن.
ئه‌خنكێنم،
ئه‌و ئاوازه‌ بێ ده‌نگانه‌ی ..
به‌ چڵپاوی درۆ گۆشن.
ئه‌ڕووخێنم.
ته‌لاری ئه‌و هۆنراوانه‌ی..
ستوونێكی به‌رز و بۆشن.
ئه‌تاسێنم،
ڕوواڵه‌تی ئه‌و وتانه‌ی ..
بۆ چڵكی ده‌ست خۆفرۆشن.
به‌بیری نوێ،
به‌ وته‌ی نوێ،
كرداری نوێ،
ئه‌كه‌ومه‌ ڕێ.
بۆ هه‌ڵگرتنی تفه‌نگێ
بۆ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێ
جه‌نگێ .. پیرۆز،
كێوی سته‌م له‌بن بێنێ‌
نه‌ك نه‌ورۆزێ .. هه‌زار نه‌ورۆز،
وه‌ ده‌ست بێنێ.

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری ، ژماره‌ (41) 1970.

——————————

عیزه‌ت .. قودسی .. خه‌یروڵڵا .. خۆشناو

جارێكی تر .. له‌گه‌ڵ نمه‌ی
خوێنی زامی پڕ له‌ نه‌ڕه‌ی
پڕ له‌ تۆڵه‌ی
گیانی خۆری حوزه‌یرانا
حوزه‌یرانی .. كوردستانا
باڵای چوار شه‌هیدی نه‌مر
له‌ بیابانی چاومانا
له‌ ژانی دارستانمانا
له‌ ناخمانا ..
له‌ مێژووی پڕ گریانمانا
له‌ مه‌رگمانا ..
له‌ چه‌كی پێشمه‌رگه‌مانا
جارێكی تر..
گیانی چوار شه‌هیدی نه‌مر
وه‌كو ئاگر
گڕیان به‌ردایه‌ به‌هاری
هیوای خنكاوی سه‌ر زاری
؟؟؟؟
هاوڕێكانم ..
ئه‌مساڵمان، ژانی سێداره‌
نه‌ك . هه‌ر چواره‌
به‌ڵكو فه‌رهه‌نگێكی گه‌وره‌ی
پڕ له‌ وشه‌ی
خنكاوی دیار و نادیاره‌
؟؟؟؟

• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (30) 1971.

—————————–
وه‌رزه‌كان
چوار وه‌رزی ساڵ
له‌ دامێنی ئاسمانی وڵاتی منا
له‌ چوارچێوه‌ی بێ‌ كۆتایی
ته‌مه‌نی ئاواتی منا،
بۆته‌ ئاوێنه‌ی ئاوه‌ژووی
مێژوویه‌كی ئێجگار جه‌نجاڵ.

به‌هار

به‌هه‌رمان دێ‌ و له‌جیاتی نێرگزی دیاری
چۆڕاوگه‌ی خوێن،
به‌ری ده‌رگای نه‌ورۆز ئه‌گرێ‌ ..
له‌ یادی ناشتنی ته‌رمی دوێنێی پڕ له‌ نادیاری
لیستێكی تری قوربانی
له‌به‌رده‌م ده‌ركی سه‌رادا هه‌ڵئه‌واسرێ‌.

هاوین

هاوین دادێ‌ و
خۆری چله‌ ئاره‌قه‌ی گڕی لێ‌ ئه‌تكێ‌ ..
لێوی كانیاوه‌كان چین چین
به‌ دیواری خۆی هه‌ڵئه‌ستێ‌.
له‌ جیاتی سروه‌ی پڕ بزه‌ی
سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم و بادینان و شه‌قڵاوه‌ ..
گاز و بۆمبا و فڕۆكه‌یه‌،
ڕه‌شماڵی مه‌رگی هه‌ڵداوه‌.

پایز

وا سه‌رده‌می به‌ره‌وچوونی سروشتی گه‌ڵاڕێزانه‌
په‌ڵه‌ چه‌واشه‌ی ساڵێكی كه‌س نه‌زانه‌ ..
-با هه‌ڵوه‌رێ‌
خونچه‌ی چاوی كووچه‌كانی ئومێدی شار،
تازه‌ .. خۆزگه‌ی عیشقی ئیمڕۆ
ناچێته‌وه‌ به‌ر هه‌وارگه‌ی پار و پێرار.

زستان

دیسان نۆره‌ی گه‌رده‌لوولی چه‌ك له‌شانی
خۆشه‌ویستی هه‌ڵچووی به‌ره‌و ئه‌شكه‌وته‌ ..
زستانه‌ .. شه‌وچه‌ره‌ی هیوای
پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م كوردستانه‌ له‌توپوته‌،
بێدارییه‌ و تێڕامانه‌ له‌یه‌كتری و نه‌نووستنه‌
بۆ وه‌رزی نوێ‌: ڕێگای بیر و چه‌كگرتنه‌.
به‌هاری 1989
• ڕۆڤار، ژماره‌ (15) 2001.

ناوه‌رۆك
ڕوانینه‌كانی چاوی شه‌قام
بڕوای شار
ڕازێكی ده‌روون
ڕازه‌كانی هه‌فته‌
داستانی شار
ڕێگا
ڕۆژژمێر و ڕاپه‌ڕین و خه‌می بێ‌ كۆتایی
خوێننامه‌ی دڵدارێكی تینوو
له‌ خولیای داستانی مه‌رگی زه‌رده‌شتدا
به‌شێكی تر له‌ گاتا
یاد و یاقووت و نه‌هه‌نگ
پرسیار بۆ هاتنی گۆدۆ
ژانی ڕۆژانی هۆنراوه‌
سووتان له‌ ئاهه‌نگی ئاشتییا
سه‌ره‌تای داستانێكی ونبوو
خۆشه‌ویستییه‌كی شێتانه‌
تیشكی چاو
ته‌مه‌نی ده‌ ساڵه‌ی دێڕێك
ته‌مه‌نی خه‌م
نه‌ورۆز دێنم
گۆرانی ڕێبوارێكی یاخی
عیزه‌ت .. قودسی .. خه‌یڕوڵڵا .. خۆشناو
وه‌رزه‌كان




وێنەیەك لە ژووری نووستن دا … فەتاح حەسەن

کورتە چیرۆك

وەکو دینگەیەك لە ئاست وێنەکەچەقی،بەبێزارییەوە رووی تێکردو ئەم پرسیارانەی بۆ چەندەمین بار ئاڕاستەکرد:-
بوون و نەبوونی تۆ چییە؟
ژمارەی کەسێتیت بۆ هەبێت؟
سندوقی پۆست بۆ؟
ئیمێڵ بۆ ؟
مۆبایل بۆ؟
.ژمارەی کەسێتییەکەت هەر پزیشك لێتی دەپرسێت
پەنچەمۆری پۆستەچی بەسەر سندوقی پۆستەکەتەوە بە وردبینیش نابینرێت ،
هههههه تەنها ریکلامت بۆ دەنێرن نازانن تۆ، کراس و پانتۆڵ و پێڵاوی دە ساڵ لەمەوبەر لەبەر و لەپێدەکەیت.
.ئیمێڵ ..!! هەردەمێکە کۆدەکەیت لەبیرچۆتەوە
مۆبایلەکەت چەشی خشتێك تۆزێك لە کێشەکەت زیاد دەکات و بەس، ئیتر بون و نەبونی تۆ دەبیت چ مانایەکی هەبێت،
پرسیارەکانی تەواوکرد، هاوسەرەکەی بە عەرەبانەیەکەوە خۆی کرد بەژووردا،دەزانی لەو.. رۆژەوەی تۆ- و رۆژگار منتان خستە سەر ئەم عەرەبانە نەفرەتییە خۆشم لەخۆم بێزارم..

یەك- سەر
بەیانیان کاتێك بەخەبەردەهات، هاوسەرەکەی چووبوو بۆ سەر کارەکەی، ئەویش لەگەڵ دایکی و منداڵەکەیدا بەرچاییان دەکردەوە، وەکی ڕۆژانی دیکە ماچێکی منداڵەکەی کرد و سلفی لێدا بۆ ڕاوە پارە، شەوانە کە دەهاتەوە هاوسەرەکەی نوقمی خەو بوو بوو، زۆربەی شەوانیش هێندە شەکەت بوو بێ خۆگۆڕین خۆی دەخزاندە پێخەفەکەوە ، لەوسەریشەوە هاوسەرەکەی یەکێکی بۆ چێژگۆڕینەوە دۆزیبوەوە، نەك هەر تەماعی لێینەبوو بگرە بەسەروبەرەوە بەخێویدەکرد، دوای هەموو دوشکردنێك دەیگوت:- هاوسەر دەکات بە یەك ـ سەر., *( وێڵکردن و چروکی )

* بایەخ پێنەدان و ڕەزیلیی

فەتاح حەسەن
دانیمارك / ڤالبی




دەمویست بێمەوە ..! … سەروەر کەریم

شەختەی ئەم زەمەنە هەناسەی بڕیووم ،
ئاشنانیم بەهیچ وێستگەیەل بم باتەوە بۆ ئەوەی .
زەبوونانە دەڕۆم بی هیچ کەناریک هەنگاو دەنێم !
بۆ کام سەرزەمین ؟
شەختەکانی دەریاو زەوی خار ،
یان لالەزاری بێ هودەو نائومێدەی .
دەمەوێت بگەڕیمەوە بۆ شاری دڵ ،
کوچەکانی بنوسمەوە ویادەوەریەکانیم بیر بێ تەوە .
ناجمەوە سەرژوانی ڕیشۆڵەکان و باخی هەموان ..
ئێستا هەموو تەرەبوون .
باخەوانەکانیش نازانن چی بکەن ،
هیچ گەنمێک سەرنجیان ڕاناکێشێ .
ئاخر ئەوانیش دەزانن شار ڕوخساری نەماوە ..
کوچەکانی شێواوە و دارتێلەکانی نابێتە جێ ژوانیان .،
بۆچی بۆێنەوە بۆنی مەرگی شاربکەن .
ئەوان ئەودەمانە دڵیان بەشار خۆش بوو ..
کەبۆنی هاتنی بەفریان دەکرد.
ئێستا هیچ نەماوە بیانگەڕینێتەوە بۆ ژوان ..
هیچ شەقامێک باسی هاتنی وەرزەکان ناکات ،
پایزخۆی پێچاوەتەوە و نایەتەوە،
هەموو وەرزەکان تازێ بارن و ،
نازانن ،لەگەڵ ڕیشۆڵە بین ؟
یان هەر بیریان لەهاتن نەکردوەتەوە بۆ مەرگستان .
ئەوان هاوڕی زەمهەریر بوون ،
تا منداڵانی تینوی قاقا دڵخۆش کەن .
ئەمێستا هاتنیان گریان دەبخشێتە ذلیان ،
نایەنەوە بۆ گریاندنی شەقام و شار .
کوچەیەک نەماوە بۆنی وەفای لێ بێت ،
هەموویان کڵۆم داوە بە گریان و ڕووخان .
ئیدی نایەمەوە بۆ ئازاری رووحم .
ئەم مەنفا وێرانەیە دەکەمە قەبرسانی ڕوحم و،
دوایین فرمێسکی بێ گەرانەوەم دەبەخشم.

هۆڵەندا
٤/٢/٢٠١٨




مارشی بەرگری لە خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان لەبەریتانیا … نوری بەشیر

ئەمڕۆ ٣ فێبریوەری ٢٠١٨ خۆپیشاندانی لەندەن بۆ بەرگری لەخزمەتگوزاریە تەندروستیەکان بە پێی راگەیاندنی رۆژنامەکانی میرەرو ئیڤنین ستاندەر بەئامادەبوونی دەیان هەزار کەس، لە کرێکاران و یەکێتیەکان و چالاکوانی تەندروستی و ئەندامانی یەکێتیە کرێکاریەکان و حزبە کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی گەورە بەکۆبونەوە لە ١٢ی نیوەڕۆوە تا ١ی پاش نیوەڕۆ لە گۆوەر ستریت لەناوچەی زانکۆکانی لەندەن دەستی پێکرد، لەبەرامبەر سیاسەتی حکومەتی پارێزگاران وەک حکومەتی بۆرژوازی و سەرمایەدارن کە لەهێرشی بەردەوامدان بۆسەر کرێکاران و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا لە بێکارکردن و لێگرتنەوەو زیاردکردنی نرخەکان و کەمی کرێ و بەتایبەتیکردنی کەرتە حکومیەکان و بەتایبەتی هێرشی فراوان بۆسەر خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان – NHS- و لێگرتنەوەو نەدانی کۆمەک بۆ بەردەوامی کاروباری ئەم بوارەو تایبەتیکردنی کەرتی گشتی کە ئەوانە دەبێتە هۆی بێکارکردن لەنێرس و دکتۆر و کارمەند و کەمی کرێی ئەم دەرفەتە و کەمی خزمەتگوزاریەکان بۆ چارەسەری نەخۆش و کەمی دەرمانی پێویست بۆ چارەسەر.
لەبەرامبەر یەو سیاسەتی لێگرتنەوەدا لەبەشی تەندروستیدا ناڕەزایەتیەکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا بەتوندی بەرامبەر بە حکومەتەکەی تیریزا مەی لە خۆپیشاندانی لێرەو لەوێی بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانە نەردوام بووە تا خۆپیشاندانێکی گەورەی وەک ئەمڕۆ کە بەبەرزکردنەوەی چەندین هەزار پلاکارت و لافتە بۆ رزگارکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان لەدەست حزبی دەسەڵات کە نوێنەرایەتی سەرمایەداران و بەرژەوەندیەکانیان دەکات، ئەم دروشمانە بەرزکرابۆوە؛ ” کۆمەکەکانی جەنگ ببڕن و کۆمەكی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان بکەن، بڕینی دەستی کۆمپانیا گەورەکان لەسەر سەری خەڵك، سەرمایەداری هێرشە بۆسەر خزمەتگوزاریەکان، خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان هێ کێیە هەموو بەیەک دەنگ دەیانوتەوە هی ئێمەیە، نا بۆ تایبەتیکردنی کەرتە گشتیەکان و خزمەتگوزاری کەمئەندامان مەبڕن و هەروەها بەرزکردنەوەی دەیان وینەی تەنز ئامێزی کاریکاتۆری تیریزا مەی و خاوەن کۆمپانیا سەرمایەدارەکان.
پاشان خۆپیشاندانەکە بە درێژایی رێپێوانێکی زۆر بەرەو جێگای سەرۆک وەزیران نزیک پەلەمانی بەریتانیا بەڕێکەوت و بەدرێژایی ئەو ماوەیە وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی پلاکارت لەچەندین شوێنی جیاوازی مارشەکە و وەستانی هەزاران کەس لەمبەرو ئەوبەری شەقامەکان و گرتنی وینەو ڤیدیۆو دەستبەرزکردنەوە بۆ ئەو خواست و داواکاریانە. کۆبونەوەی خۆپیشاندەران و قسەوباسی ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکێتیە کرێکاریەکان و حزبە کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان و لە حزبی لەیبەر جۆن ماکدۆناڵ قسەوباسیان کرد لە بەرگری لەدانی کۆمەکەکان بۆ خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان و رێگا گرتن لە تایبەتیکردن و بڕینی کۆمەك بۆ تەندرستی. هەروەها لەقسەوباسەکاندا تاکید لە وە کرایەوە کە نابێت رێگا بدرێت حزبی پارێزگاران دەستکەوتێکی ٧٠ ساڵەی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان کەبەخەباتی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز بەدەستهاتووە لەخەڵکی بسەنێتەوە.
خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەمڕۆ بووە تایتڵی باسی گەرمی رۆژی میدیاو تەلەفزیۆنەکان و لەوانە گاردیان و دەیلی مەیل و ئیندپێندەنت و دەیانی تر….. هەروەها حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و کۆمۆنیستەکانی ئێران بەشداربوون لەم مارشەدا.