بــەکــۆمــەڵایــەتــیــکــردنــی ســیــاســەت … کارا فاتیح


سەرنجێک لە سەر وشەکانی
)مام\مامە، کاک\کاکە، مامۆستا، دکتۆر، شێخ، مەلا و…هتد(
بۆ کارەکتەرە سیاسییەکان

—————————————–

سەردەمانێك لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا، ڕەخنەی ئەوە دەگیررا کە سیاسەت هەموو کایەکانی تری ژیان و کۆمەڵگای داگیر کردوە و ناهێڵێت سەربەخۆ کاری خۆیان بکەن، ئەم بۆچوونەیش زیاتر سیاسەتی لە کاری حیزبایەتیدا کورت کردبوەوە، بە سەرنجدان لە واقیعی کاری دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگا، تێدەگەییشتین کە ئەم بۆچوونە بڕێکی زۆر حەقیقەتی هەڵگرتبوو، بەشێکی توانایییەکانی ڕۆشنبیرانی گۆڤاری ڕەهەندیش بۆ سەلماندن و ڕەخنەگرتن بوو لەم پرۆسەیە، بەڵام ئەوەی ڕۆشناییی نەخراوەتە سەر و لانی کەم لە ژێر هەژموونی ئەو بۆچوونەدا بزر کراوە، پرۆسەیەکی پێچەوانەیە، کە ئەویش بەکۆمەڵایەتیکردنی سیاسەتە لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشە و هاوەڵناو بۆ کارەکتەرە سیاسییەکانی کورد لە وێنەی: شێخ، مەلا، مام\مامە، کاک\کاکە، مامۆستا، دکتۆر و…هتد. دیارە تا ئێستایش ئەم بەکارهێنانە وەک پرۆسەیەکی ئاسایی ڕۆیشتوە و سەرنج لە لایەنە مەترسیدارەکانی نەدراوە.
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەوەیش وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی قبوڵ بکرێت و ژیانی بەکۆمەڵی دروست بکرێت، لە پێناو وەڵامدانەوە و تێرکردنی ئەو غەریزە و ئەو ئارەزوانەی کە سروشتین، یاسای کۆمەڵایەتی دانراوە و بە یاسا ئەم غەریزە و ئارەزوانە وەڵام دەدرێنەوە و لە چوارچێوە دراون، هەر وەک چۆن یاسا (نووسراو یان نەنووسراو) بۆ هەموو پێوەندییەک و ڕێکخستنی پێکەوەژیان دانراوە، ئەم پرۆسەیەیش کۆمەڵگا پەسەندی دەکات و ژیانی بەکۆمەڵی مرۆڤ مەیسەر دەکات، لەمەیشەوە پێوەندیی خوێن، خزمایەتی، بنەماڵەیی، ئایینی و نەتەوەیی…هتد سەری هەڵداوە.

لە کەشی بەکۆمەڵایەتیبووندا، تاکەکانی کۆمەڵگا بە یەک دەگەن و بەرژەوەندیی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، هاوکات ململانێ و ناکۆکی و جیاوازییەکان دەردەکەون و گەشە دەکەن، بۆ ئەوەی هاوشانی ئەمانە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون لە بەردەوامیدا بێت، فەزایەکی گشتی ئامادەیە کە بریتییە لە شوێنی چالاکیی عەقڵانی و وتووێژ و هەوڵی ڕێکخستن و گۆڕینی ژیان، ئەم فەزایەیش سیاسییە، واتە ڕێکخستنی ژیان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بۆ خۆی پرۆسەیەکی سیاسییە، سیاسەتیش بە چەندین دیودا دەتوانێت کار بکات، هەم بە ئاراستەی خۆشگوزەرانیی تاکەکانی کۆمەڵگا و هەم بە ئاراستەی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە، ئەوەی کە هەوڵی گۆڕانی ژیان و ڕزگاربوون لە زوڵم و ستەم دەدات، کارێکی سیاسییە و ئەوەیش هەوڵی مانەوەی واقیعی باو و لە دەسەڵاتدا مانەوە و جێگیربوونی کۆمەڵێک سیاسی دەدات دیسان هەر کارێکی سیاسییە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ڕێکخستنی ژیان و هەرەمی دەسەڵات و بەهرەمەندبوونی تاکەکانی کۆمەڵگا بە دیوی چاک و خراپیانەوە تێکڕا پرۆسەی سیاسیین، دژوەستانەوە و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازییش بە هەر دوو باردا سیاسەتن، بۆیە بەشێکی زۆری لێپرسراوێتیی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگا لە ئەستۆی ئەو کارەکتەرانەیە کە لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتدان، پێویستیشە هزر و بیرکردنەوە بە ئاراستەی هەموو جووڵە و ڕەفتار و بڕیارێکیان لە کاردا بێت و ڕەخنەی چاونەترسانە بە میتۆدی عەقڵانی لە دەرکەوتن و گەشەدا بێت.

ئەوەی تێبینی دەکرێت بەشێکی زۆری کارەکتەرە سیاسییەکانی کورد بە تایبەت ئەوانەی بەرپرسی یەکەمن لە حزب و دەسەڵاتدا بە کۆمەڵێک هاوەڵناوی زمانی لە وێنەی (شێخ، مەلا، مام، کاک، مامۆستا و دکتۆر…هتد) داپۆشراون، کە هەر یەک لەو هاوەڵناوانە دەیەوێت ئەو کارەکتەرە سیاسییانە لە سیاسەت داببڕێت و بەرگێکی کۆمەڵایەتییان بە بەردا بکات و بە پێوەندیی خوێن و خزمایەتی و دین و بنەماڵە، سۆز و ڕێز و موحیبەتی هەر ئەو خەڵکە بۆ خۆی دەستەبەر بکات، کە ئەگەر چی لە دەستیان دادوبێدادیەتی و ژیانێکی بێ ماف و نایەکسانی هەیە، ئەمەیش بۆ خۆی پرۆسەیەکی سیاسی و ئامانجدارە و هەوڵ دەدات لەم ڕێگەیەوە ئەو کارەکتەرانە لە ئەکتی سیاسیی ڕادیکاڵ بپارێزێ و لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردندا بە زەقکردنەوەی کەلتووری ڕێز و خزمایەتی و پێوەندیی خوێن، ڕووی میهرەبان و بەشێک لە خۆمان و ئاساییبوونی هەموو نادادییەک نیشان بدرێت.

دروست نەبوونی تاکێکی خاوەن ئیرادە و ئەکتی سیاسیی ڕادیکاڵ، ڕیشەی وا لە زەمینەیەکی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ئەم زەمینەیە هەمیشە لە ژێر پەردەی ڕێز و پاراستنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگا و بەکارهێنانی هاوەڵناوەکانی: باوک، مام و کاک، بۆ ئەم مەبەستە و ڕێزگرتن لە پلە و مەقامی دینی و خێڵەکی بە هاوەڵناوەکانی شێخ، مەلا، میزا، حاجی و…، هەروەها خۆجیاکرنەوەی بڕێک کەسایەتی و دروستکرنی جۆرێک لە جیاوازیی چینایەتی و خۆجیاکرنەوە لە مرۆڤی ئاسایی و ڕەنجدەر و ماندوو بە پاساوی زیرەکی و عەقڵی حەکیمانە و خزمەتکردنی زمان بەم جیاوازییە بە هۆی وشەگەلی وەک: مامۆستا و دکتۆر، تێکڕا ئەم کەلتورە زمانەوانییە لە ژێر پەردەی بەئەدەبدۆستی و ڕێزگرتن وەک نەریت و بەهای مرۆیی، ئەو زەمینە کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی دروست کردوە، کە بوە بە شوێنی ناشتنی تاکێکی خاوەن ئیرادە و ئەکتی سیاسیی ڕادیکاڵ.

ئەگەر سەردەمێک لە ژێر ستەم و دیکتاتۆریەتی داگیرکەردا، خەڵک ناتوانێت چ بە نووسین و چ بە قسەکردن ناوی ستەمکارێکی وەک سەدام حسێن و داگیرکەرانی تر بهێنێت و ڕەخنەیان لێ بگرێت، ئەمڕۆ هەمان شت دووبارە دەبێتەوە و کارەکتەرە سیاسییەکان بە کۆمەڵێک هاوەڵناوی کۆمەڵایەتی گەمارۆ دەدرێن و لە ژێر پەردەی ڕێز و کەلتووری بەئەدەب قسەکردنەوە هەمان قەڵغان کە بۆ سەدام حسێن بە ترس و تۆقاندن دروست دەکرا، ئەمڕۆ بە بیانووی ئیحترام و پێوەندیی کۆمەڵایەتی و هاوخوێنییەوە و بەو ژەهرە کوشندەیەی کە گوایە ئەوان باوک و مام و کاک و براگەورە و مامۆستا و دکتۆر و زانامانن بۆ کارەکتەرەکانی: جەلال تاڵەبانی، مەسعوود بەرزانی، نەوشیروان مستەفا، عەلی باپیر، سەڵاحەدین بەهادین، بەرهەم ساڵح و ئەوانی تر هەمان شت دروست دەکرێت. ئەگەر سەردەمێک لە ژێر ترس و تۆقاندندا بە ڕێزەوە ناوی سەدام حسین دەهات و شیعر و شانامە بە باڵایدا دەهۆنرایەوە، ئەمڕۆ بە هەمان ڕێزەوە بەڵام ڕێزێک کە ئیلهام لە پێوەندی و خوێن و خزمایەتی وەردەگرێ و جادووی ئەتمۆسفێرێکی کۆمەڵایەتی لە وێنەی شیعر و شانامەکانی زوو بە پاڵپشتی هاوەڵناوەکانی: باوک، مام، کاک، مامۆستا، شێخ، مەلا و دکتۆر یەک سەرکردە بە زانا، ئەوی تر بە حەکیم، ئەوی تر بە خواناس، ئەوی تر بە خەمخۆر و دونیادیدە و ئەوی تر بە پەناگەی هەژاران ناو دەبرێن.

لەمڕۆی سەردەمی دەسەڵات و هەژموونی لیبرالیەت لە جیهاندا، دروشمی زاڵ و داسەپاو و پەسەندکراو بریتییە لە تاكگەرایی و فەردانيەت، تاكگەرایی و فەردانيەتێک، کە ئاسوودەیی بە سیستمەکە بەخشیوە و کۆسپێکی وەهای لە بەردەم نەماوە، بە تایبەت لەم پەراوێز و تاقیگەیەی سیستمی جیهانی و شوێنی پراکتیکردنی خەون و تەماحی بۆرژوازیەت و ئیمپریالیزمی جیهانی و تایبەتتر ئەم پارچەزەوییەی کورد لە سەری دەژی، فەردانیەتێک ڕەواجێکی پێ دەدرێت، لە بریی تاک شوێن خەون و خەیاڵەکانی بکەوێت، دەستبەرداریان دەبێت و لێیان ڕادەکات، لە بەردەم فەردێکی وەها سەرگەردان و داماڵراو لە ئەکتی سیاسی، ئاسانتر کارەکتەری سیاسی دەتوانێت لە پاڵ تەماع و هاتنەدی خەون و بەرژەوەندییەکانی، هاوکات خۆی وەک: باوک، کاک، مام، مامۆستا و دکتۆر و مەلا و… هتد، بزانێ و لەگەڵ تاقیکردنەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەق و فاشییانە و تاڵانچییانەدا، لە ڕێگەی ئەم هاوەڵناوە فریودەرانە و خێڵەکییانە سیمایەکی کۆمەڵایەتییانە بە کاراکتەری خۆی ببەخشێت و سیاسەتە دژەبەشەرییەکانی بە پەردەیەکی جادوویی کۆمەڵایەتی بشارێتەوە و پێوەندیی درۆزنانەی خوێن و خزمایەتی لەگەڵ ئەوانەی دەیانچەوسێنێتەوە دروست بکات، تا دیوێکی میهرەبان و سایەی هەژاران و پەناگایەک بۆ هەموان بە خۆی بدات و بینوێنێتەوە، هاوکات ئەو قەناعەتە دروست بکات، وەک چۆن باوک و براگەورە و مام و مامۆستای حەقیقی و بایۆلۆجی، بەرپرسیارێتییان وایان لێ دەکات میهرەبان و بە سۆز بن، هەر ئەو بەرپرسیارێتییەیان وایان لێ دەکات وەک پێویستی ڕەق و بە زەبر و توند بن، کارەکتەرە سیاسییەکانیش بە هۆی خۆشاردنەوەیان لە ژێر ئەم هاوەڵناوانەدا دەیانەوێت و هەمان دۆخی ئاسایی و سروشتی و پێویستی بۆ ڕەقی و توندوتیژی و سیاسەتە دژە بەشەرییەکانیان دروست بکەن، لەگەڵیشیدا وێنەی فریودەرانەی میهرەبان و بەشێکبوون لە خەڵك و بەرپرسیار لە ژیانیان لە بەر چاو لا نەچێت و وەک موتڵەقێک بیخەنە ڕوو.

نووسەر و هونەرمەندی کورد، لە بریی ئەوەی ڕەخنە لەو کەلتوورە زمانەوانییە بگرێت، کە لە ڕێگەی نەریتی ڕێز و بەئەدەبئاخاوتنی ساختەوە، سیاسەت دەکاتە کایەیەکی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی خێل و خزمایەتی و خوێن دەدات بە سەر لێپرسراوێتیی سیاسەتمەداراندا، هەر چەند ئەوەی دەیکەن دژ بە هەموان و ژیان و خەونی نەوەکانی ئاییندەیش بێت، بەڵام ئەوان هەر مام و کاک و سەردار و مامۆستا و دکتۆرمان بن، کەچی بەشێکی زۆر لەو نووسەر و هونەرمەندانە لە دواوە ڕێچکەی ئەم نوخبە سسیاسییانەیان هەڵگرتوە، گەرچی ناتوانن: کاک، مام و مامۆستا… هتد لە پێشەوە وەربگرن، لە دواوە ڕووبەری باوکی بایۆلۆجی فراوان دەکەن، لە جیاتیی ڕەخنەگرتن لە کەلتووری باوکسالاری و نێرسەنتەری، بە ڕەگێکی خێڵەکی و ناوچەگەرێتیدا ڕۆچوە و بنجی داکوتاوە و پاشناو و نازناوەکانی (قەرەداخی، سیوەیلی، پێنجوێنی، ئاکرەیی، چۆمانی، هەولێری، زاخۆیی، سنەیی، بانەیی، هەورامی، بەرزنجی، شارباژێڕی و سێوکانی… هتد)ی خستەوەتە دوای خۆی.

نووسەر و هونەرمەندی کورد، لە بریی ئەوەی ئەو کەلتوورە زمانەوانییە تێک بشکینێت کە ناهێڵێت مام جالال ببێتە بە جەلال تاڵەبانی و کاک مەسعوود و کاک نەوشیروان و کاکە حەمە ببنەوە بە مەسعوود بەرزانی و نەوشیروان مستەفا و محەمەدی حاجی مەحموود، مامۆستا عەلی باپیر و مامۆستا سەڵاحەدین ببەنەوە بە عەلی باپیر و سەڵاحەدین بەهادین و دکتۆر بەرهەم ببێتەوە بەرهەم ساڵح، دێت پاشگری (ی) دەخاتە سەر ناوی شوێنەکانی (قەرەداخ، سیوەیل، پێنجوێن، ئاکرێ، بەرزنجە، چۆمان، هەولێر، زاخۆ، سنە، بانە، هەورامان، شارباژێڕ و سێوکان… هتد) لە ناوێکی بەرجەستەی شوێنەکانەوە دەیانکاتە، ناوی واتایی و ڕەمزی و ڕوویەکی ئایدیۆلۆژییان پێ دەدا، بێ ئاگا لەوەی ئەم ناوچەگەریی و خێڵپەرستییە، ئەگەر چی هەڵبژاردنێکی هەر بۆخۆشی یان ڕێکەوت یان وەک خۆیان دەڵێن سۆز و وەفایەکی پاک بێت بۆ ئەو شوێنانە، بەڵام لە خەیاڵ و نەستیاندا ڕووبەر و هێزی ئەو کەلتوورە نێرسەنتەری و باوکسالارییە بەهێز دەکات، کە نایەوێت باوکی بایۆلۆجی وەک شوناسێکی ئاسایی کە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبێت بە سەر هونەر و نووسین و بیرکردنەوەی ئەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانەوە لە جێی خۆی بمێنێت و یان تەنها باوک بێت، بۆیە لە ڕێگەی چیرۆکی تا ڕادەیەک عونسووری بۆ جوانی و مەڵبەندی زیرەکی و ئازایی و چاکی.. هتد بۆ ئەو شوێن و ناوچانە، ڕووبەری باوک و خۆدانەپاڵ سایەی باوکی ڕەمزی و ئایدیۆلۆژی زیاد و هەژموونی زاڵ دەکات، ئیتر چۆن چاوەڕێ دەکرێت بە جیهانبینییەکی ئازاد و ڕاقی و هزرێکی ڕادیکاڵەوە ڕێگە لە بەکۆمەڵایەتیکردنی سیاسەت بگرێت و کارەکتەرە سیاسییەکان بە فیکرێکی سیاسییانە هەڵبسەنگێنێت و نەهێڵێت لە ڕێگەی پێوەندیی بنەماڵەیی و خێڵ و تێکەڵاویی خزمایەتی و خوێن، ئەو هەموو مەرام و پاوەنخوازی و دەسەڵاتی توند و ستەمکارانەیان بۆ سەر بچێت.

وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لە جۆرێک لە سایکۆلۆژیا کە خۆهەڵكێشان و سیفەتی باڵا و گەورەیی و پلەیەکی بەرزتری بە خاوەنناوەکان بەخشیوە و بۆ خەڵکیش بچوکی و ئیرەیی و کەمی ماوەتەوە.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لە جیاوازیی ڕەگەزی و ئایینی و بۆرژوازی و … هتد، کردنەوەی ئەو کارەکتەرە سیاسییانەیە بە مرۆڤی ئاسایی تا بە هۆی ئەو جیاوازییانەوە لە ناو ڕووبەری لێپرسینەوە و ڕەخنەلێگرتن و دادگاییکردنیان دەرنەکرێن.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لە بنەما خێڵەکی و بنەماڵەیی و ئایینی و عەتفە کۆمەڵایەتییەی، سیاسەت بۆ قایمکردنی ‌ژێرپێ و بنەمای خۆی سوودی لێ دەبینێت و درێژە بە تەمەنی واقیعی باو و کارەکتەکانی دەدات.

وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لەو پێوەندییەی مرۆڤ بە شێوەیەکی ستوونی دابەش دەکات و هێڵی یەکسان تێک دەشکێنێت، بە پێوەری خێڵەکی و دینی و بۆرژوازی یەک لەوانی تر بە زاناتر و یەکێکی تر لە ناو کۆیەکدا بە لێهاتووتر و خانەدارتر و سەروەرتر و تەنانەت پیرۆزتر سەیر دەکات.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لەو ئایدیۆلۆژیایەی لە سەرێکەوە بۆ سەپاندنی هێز و دەسەڵاتی بە سەر کۆمەڵگادا کارەکتەری سیاسی باڵا و جیا دەکاتەوە، لە سەرێکیشەوە بۆ بەهێزکردنی ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو دەسەڵاتە، بە بیانووی پێوەندیی خوێن و ئایین و نەتەوە و هتد، کارەکتەرە سیاسییەکان دەکاتەوە بە بەشێک لە خەڵک و هەرەمی دەسەڵات وەک موتڵەقێک دەناسێنێت.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردوەنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لەو حەماقەتەی بە ناوی ڕێزەوە، دەسەڵاتێکی شاراوە بە خەڵکانێک دەبەخشێت و کەلتووری بەئەدەبی دەخاتە خزمەت سەروەرکردنی چەند کەسایەتییەکی سیاسی




بۆ بەرهەم سالح لە گەڵ سڵاو و ئاوات خوازى … 1— سمکۆ عەبدولکەریم

بەشى یەکەم ………….
————————————–

بەو هیوایەى ئەم نووسینەى منیش خۆ خەریک کردن نەبێ بە مەحاڵێکەوە، کە وەک مەسعود محەمەد دەڵێ مرۆڤ هەر لەکۆنەوە خۆى بە مەحاڵەوە وابەستە کردوە و باسکى هیمەتى بۆ شتگەڵێک هەڵکردوە، کە رێى پێگەیشتنى نییە.
هەروەها دەمەوێ بڵێم ئەم نووسینەى من هەرگیز لە ژێر کاریگەرى و سۆزى فرمێسکەکانى ئەو شینە پیاوە نەنووسراوە کە لەم چەند ڕۆژەدا بینیم، چۆن لە کاتى قسەکردن لە گەڵیدا، لە ژێر چاویلکەکانى دەگرى و فرمێسک بە چاوەکانیدا دێنە خوارێ.

تۆ بڵێى واتاى گریانى ئەم شینە پیاوە چى بێت؟ ئەو فرمێسکانە لەچ ناخێکى پڕ لە ئازارەوە هەڵقوڵاون؟ ئەو بەبێ ئەوەى پێناسەى ئەو گریان و فرمێسکانەى خۆیم بۆ بکات، تێگەیشتم ئەو گەیشتۆتە کەنارى نائومێدى لە حزبەکەى، ئەو ڕۆژانەى وەک خۆى دێنەوە بەرچاو کە چۆن لە کونجەکانى زینداندا، هەمیشە دەستى نزاى بەرز کردۆتەوە، خودا هیمەتى زیاترى پێبدا و خۆڕاگر بێت لە بەردەم ئەشکەنجەکانى بەعسدا، هیچ شتێک نەدرکێنێ، ئەو پیاوە کە بیر لە ڕۆژە سەختەکانى ژیانى دەکاتەوە، بەدەم گریان و فرمێسکەوە تف و نەعلەت لەو کەسانە دەکات کە خەریکەى حزبەکەى دەکەنە قوربانى، بەڵام نازانێ قوربانییەکە بۆ کێیە و بۆ چییە؟
ئەو لە ئێستادا هەر هێندەى لە دەسەڵاتدایە بگرى، بەڵام دەزانن گریانى شینە پیاوێک واتاى چییە؟
ئێوە گوێ لەو وتووێژەى دەقى شانۆیى (سێ خوشک-ى ئانتوان چیخۆف) بگرن:
کاتێک ماشا دەڵێ: ئایا واتایەک بوونى هەیە؟
توزینباخ: واتا؟ تەماشاى دەرەوە بکە، خەریکە بە فر دەبارێ. واتاى ئەمە چییە؟
گوتنى ئەم ڕستەیە ” تەماشاى دەرەوە بکە، خەریکە بەفر دەبارێ” وەک تێرى ئیگڵتن دەڵێ: هەڵگرى چەند واتایەکە، بەفر واتا دارە وەک چۆن فرمێسکى ئەو پیاوەش کە بینیم دەگرى واتادارە.

ئەگەرچى بەفر مەتڵێکى سەیرو سەمەرە نییە، بەڵام بۆ کەسێک کە پێشتر بەفرى نەبینیوە زۆر سەیر نییە، کە پرسیار بکات “واتاى بەفر بارین چییە؟” بۆ یە بۆ منیش کە تا ئەم دەمە نەمبینوە شینە پیاوێک وا بە کول بگریت سەیر نییە ببێتە هۆکارى یەکەمى ئەو نووسینەم و لە ئێوەو لە هەڤال بەرهەم بپرسم واتاى گریان و فرمێسکەکانى ئەو پیاوە چین؟
ڕەنگە بەفرەکە دەلالەت بێ لەوەى کە زستان بەڕێوەیە و خەریکە دەگاتە جێ، لاى منیش گریانى ئەو پیاوە دەلالەت بوو لەوەى، تەرمى حزبەکەى بە شانەوەیەوە و نائومێدى کۆى جەستەى گرتۆتەوە، ڕوویتان بە شێوەیەک ڕەش کردوە چیتر تواناى بینینى کەسى نییە.
بۆیە توزێنباخ لە کۆتایدا بە ناچارى دەڵێ: ” کوڕە تەماشاکە، خەریکە بەفر دەبارێ، ئەوە زستان بەڕێوەیە و باشتر وایە بەرەو مۆسکۆ وەڕێ کەوین).
پرسیارەکە ئەوەیە ئەوان بەرەو مۆسکۆ بەڕێدەکەون ئەى ئێمە و ئەو پیاوە و ئەو هەموو کەسە هیلاک و شەکەتەى ئەم ڕێیە دوور و درێژ و سەخت و هەوراز و نشێوەى رێى نەجات بەرەو کوێ بەڕێ بکەوین.

تۆ بڵێى ئەو (وەتەن)ە کوێ بێت کە ئێمە تا ئێستا هیچ ئاشناى نین، ئەم وەتەنە سەیوانێکى لێیە ئەگەر باران بارى هەڵیدەین، ئەم (وەتەن) ە ئەشکەوتى هەیە، شاخى لێیە ئەگەر لێمان قەوما پشتى خۆمانى تێکەین.
بەڵێ ئێمە بەرەو وەتەنێک دەبەن کە هیچ شارەزاى کوچەو کۆڵانەکانى نین.
سوودى چییە بەدواى کەسێک کەوتن کە وەک مەسعود محەمەد سەبارەت بە بەوانەى بەرەو ئومێد سەر دەکێشن نووسیویەتى و دەڵێ: ” لە هەوڵى بەدەست هێنانى دوورەدەستەکاندا، بەوە ئاسانکارى لەگەڵ خۆیدا دەکا، کاتێ دەزانێ بە مەرام ناگا و ناهومێد دەبێ، پەنا دەباتە بەر لێکدانەوە و خەیاڵ و زندەخەون”.

دەزانى پێلێنانى ئەو فرمێسکە و سەدان و هەزاران قەترە فرمێسکى لەو شێوەیە لە بۆ گەیشتن بەو وەتەنە لە ئایندەدا چەند ئازار بەخشە.
بەڕاستى سەیرە ئێوە ئەو شتە ناکۆکانە چۆن دەتوانن بە یەکەوە کۆ کەنەوە؟ تۆ پێت وایە کێشەى ئەم مللەتە سەرۆکە؟ لە کاتێکدا ئێمە لەوەتەى هەین باجى سەرۆکەکان دەدەین.
یان ڕەنگە ئێمەش وەک ماغوت-ى شاعیر لەوەسەرى لە باوکەکانمان تێبگەین چۆن توانیویانە دووشتى ناکۆک بە یەک و پێچەوانەى یەکتر بە یەکەوە کۆ بکەنەوە.

هەڤال بەرهەم سالح

من دەزانم قسەکردن لەسەر بابەتى گەورە پێویستە پیاوى گەورە بیکات، چونکە هەروەک مەسعود محەمەد لە کتێبى “بۆچونێک لەسەر لێکدانەوەى مرۆیى مێژوو” دەڵێ: ” قسەکردن لەسەر بابەتى گەورە، وەک هەرشتێکى پەیوەست بە بەشەرەوە، لە زارى پیاوى گەورەوە بێ کاریگەرى زیاتر دەبێ”




جیهانی نموونه‌یی ناخ …سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

بۆ: ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر …………….

من پێودانگی شیعر نووسین له‌ كتێب فێرنه‌بووم، ڕوانین و ڕۆشنایی ناخ فه‌رمانی پێ كردم، ئه‌وه‌ی ده‌یزانم ده‌ینووسم و هه‌وڵده‌ده‌م داهێنانی تێدا بكه‌م، ئه‌وه‌ی ناشی زانم بیری لێ‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ و هه‌وڵده‌ده‌م بیزانم و له‌ داهێناندا به‌كاری بهێنم. هه‌میشه‌ش مه‌یلێكی زۆرم بۆ خوێندنه‌وه‌ی زه‌ینی باشی شاعیرانی پڕ جووڵه‌ و وزه‌ هه‌بووه‌، هه‌ستم كردووه‌ شیعری پڕن و شتیان بۆ چێژ و فێربوون تێدایه‌. سه‌رمایه‌ی من ژیان و خه‌یاڵمه‌، ژیان و خه‌یاڵ له‌ بوونی من دوورنین، ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ له‌باره‌ی ژیان و خه‌یاڵه‌وه‌ نه‌خوێنمه‌وه‌، یان نه‌نووسم. هه‌ست به‌ گوناه و دڵه‌ڕاوكێ و تاوان ده‌كه‌م.

ساڵی 2004 ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس. كۆشیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌)ی سامی شۆڕشی چاپ كرد. دوازده‌ شیعری خراوه‌ته‌ دووتوێی، شیعر هه‌میشه‌ چاوی یه‌كه‌مم بووه‌ و له‌ جیهانی ڕه‌ش و سپی بردمیه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، كتێبی دیار و جێی باسم بووه‌، هه‌ست به‌ په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ستیه‌كانم ده‌كه‌م و هه‌موو ئۆخه‌ هه‌ستیه‌كانم ده‌خه‌مڵێن. كه‌ تازه‌ سه‌رم له‌ هێلكه‌ی شیعردا جووقابوو، شیعره‌كانی سامی شۆڕشم بۆ ئه‌شقی خۆم له‌ ده‌فته‌رێكدا یاداشت كردبوو. ده‌فته‌ره‌كه‌م ناو نابوو گه‌نجینه‌، هه‌روه‌ها شیعری شاعیرانی تری وه‌ك: جه‌لالی میرزا كه‌ریم و ئه‌حمه‌د تاقانه‌ و محه‌مه‌د حه‌مه‌ باقی و فازیل شه‌وڕۆ و جه‌لال به‌رزنجی و شاعیرانی تریش. ئه‌م كرداره‌ دوو تایبه‌تمه‌ندی هاوبه‌شیان هه‌یه‌.

1- مانه‌وه‌ی چیژ له‌ شیعرییه‌تی پڕدا.
2- درێژكردنه‌وه‌ی هه‌سته‌وه‌رییه‌كی به‌رده‌وام له‌ ناخی خوێنه‌ردا.
كه‌ كۆشیعره‌ چاپكراوه‌كه‌یم بینی، كه‌موكورتییه‌كانی چێژ و بیره‌وه‌ری شێواندم و خه‌یاڵی تێكدام، ده‌فته‌ره‌كه‌م پڕ بووه‌وه‌ له‌ بیره‌وه‌ری و بنیادی ئه‌قڵی هه‌ڵبژاردن و گه‌یشتن به‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی هۆشیاریی ئه‌ده‌بی و خاڵی ناوه‌ندی ده‌ق. ته‌نیا شیعری: (بووكی ئاو)م لانه‌بوو، پرسیاری ئه‌میشم له‌: (لوتفی شۆڕش) كرد. ئه‌میش ناوی سه‌رچاوه‌ و ژماره‌ی گۆڤاره‌كه‌ی پێ‌ گوتم و پاشان هه‌رخۆی گه‌وره‌یی نواند و بۆی هێنام.
هه‌ستێكی ڕاسته‌وخۆ داوای لێ‌ كردم داوا له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئاراس: (به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب) بكه‌م. به‌ لێزیادكردنی هه‌شت شیعر، چاپی دووه‌می بكاته‌وه‌. پێشنیاره‌كه‌ی وه‌رگرتم و له‌ ساڵی 2012 چاپی دووه‌می كرده‌وه‌.

دوای چاپی دووه‌م به‌ ماوه‌یه‌كی كورت، ڕێكه‌وتی دوو شیعری تریشیم كرد.
1- باوه‌شم ده‌: ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (52) 2/1/1970.
2- له‌ ده‌فته‌ری عاشقێكی هه‌تاوه‌وه‌: ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (176) 20/7/1973.
ئه‌وه‌ی وای كرد ئه‌و دوو شیعره‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ژماره‌ (2770) 21/1/2018 دا بڵاوبكه‌مه‌وه‌. ئه‌وه‌یه‌، نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت له‌ ژماره‌ (4)ی گۆڤاری (باران) 2017 دا، شیعرێكی به‌ ناونیشانی: (تیری ئایرۆس)، (ئاماده‌كردووه‌) و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ده‌ستپێك و نه‌وا و هه‌ڵدانی بانگه‌وازی شیعره‌كه‌ی، له‌ ده‌ستپێك و نه‌وا و هه‌ڵدانی بانگه‌وازی شیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌) وه‌رگرتووه‌. حه‌وت په‌راوێزیشی بۆ نووسیوه‌. هه‌ر حه‌وت په‌راوێز زیادن و شتی زاندراو و باون. یه‌ك په‌راوێز پێویست بوو. كه‌چی ئه‌میشی له‌ ئاگایی دوو دیودا نه‌نووسیوه‌، له‌م نه‌نووسینه‌دا نائومێدییه‌كی ترسناك ده‌بیندرێ‌. پێویست بوو ئاماژه‌ بدات، كه‌ ده‌ستپێك و نه‌وا و هه‌ڵدانی بانگه‌وازی شیعره‌كه‌ی، له‌ ده‌ستپێك و نه‌وا و هه‌ڵدانی بانگه‌وازی شیعری: (هه‌ڵسانه‌وه‌) وه‌رگرتووه‌، ده‌ی جا چی بووه‌. ئه‌گه‌ر ویستی جارێكی تر له‌ (ئاگایی بێگه‌رد)دا شیعره‌كه‌ی بڵاوبكاته‌وه‌، ئه‌م ئاماژه‌یه‌ یارمه‌تی (خۆبوونی) و (چییه‌تی) نووسینی ده‌دات، (خۆبوونی) و (چییه‌تی)، تۆوی به‌ بڕشتن بۆ به‌خشش و وه‌رگرتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له‌ده‌ست دراو و ئاست پێدانه‌وه‌ی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش یه‌كێتی بنیادی هه‌ردوو شیعریش له‌ یه‌ك جیان.
له‌ ئاگایییه‌كی بێگه‌رد تردا (نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت) له‌ ژماره‌، (189)ی گۆڤاری (ڕامان) 5/2/2013 دا، شیعرێكی به‌ ناونیشانی:
(ماڵێك به‌ میوانان ڕۆشن)، (ئاماده‌كردووه‌) و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. ناونیشانه‌كه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ (66)ی كۆشیعری: (شه‌ڕی چل ساڵه‌ – سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، 2005 چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، هه‌ولێر. وه‌رگرتووه‌.

(مرۆڤی خه‌یاڵپه‌روه‌ریش
به‌ناو ده‌غڵدا دێت و ڕێگای ده‌كرێته‌وه‌
ڕه‌نگی ده‌رگای ماڵه‌ دانیشتووان ڕۆشنه‌كه‌ی
له‌ دڵی نیشت).

قسه‌ی سووڕاندووه‌ و به‌ هێز و ته‌وژمه‌وه‌ هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانی چه‌واشه‌كاری دا. بۆ ئه‌وه‌ی، وه‌رگرتن، یان گواستنه‌وه‌، یان قۆپیه‌یه‌كی ناقۆڵای له‌بن خوری حه‌فت ساڵان بشارێته‌وه‌، له‌ملا و ئه‌ولادا هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی ڕێك سه‌د و هه‌شتا پله‌ هه‌ڵگه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ و مایكرۆفۆنێكی شه‌ش ده‌میشی به‌ ده‌ست و ده‌مه‌وه‌ گرتووه‌، ده‌ستنیشانكردنی مێژووی نێوان 2005 بۆ 2013، رێك سه‌د و هه‌شتا پله‌ هه‌قیقه‌ته‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ دۆخی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كه‌، هه‌م داوه‌ر و تاوتوێكاری چۆنیه‌تی ڕوودانی پرسه‌كان و هه‌موو شتێك به‌ جوانی ببینه‌.
ئه‌م ئاماژه‌یه‌م ته‌نیا بۆ ئه‌مه‌ دا بڵێم: بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن به‌ره‌و هه‌ڵه‌ خوێندنه‌وه‌، یان بۆ له‌كه‌داركردن، یان گومان خستنه‌ سه‌ر ئه‌زموونێك. له‌سه‌ر گوریسێكی به‌ گرێوگۆڵ و كورتدا یارییه‌كی به‌تاڵی كرد و هاوڕا و پێڕ و هاوده‌نگی بۆ كۆ نه‌كرایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك ورد له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی خودیدا بخه‌ینه‌ڕوو، ئه‌و باره‌ چ مانا و لێكدانه‌وه‌یه‌كی ده‌بێت و ئاكاری چ كولتوورێك ئاشكرا ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ هونه‌ری ورده‌كاریی ویژداندا براوه‌ی خه‌ڵاتی سڵكردنه‌وه‌ی (وشه‌) له‌ (وشه‌) ده‌بێت. ده‌شمه‌وێ‌ له‌ ڕامانێكی هه‌ستیار و فۆرم و ته‌كنیكێكی په‌یڕه‌وكراودا ده‌ستكاری مه‌ودا و مانای په‌ندێكی به‌ (ماك) و (ڕه‌گ) بكه‌م و ڕووبه‌ڕووی نیگه‌رانییه‌كی زۆرتری بكه‌مه‌وه‌.

هه‌تا خاوه‌ن خه‌رمان ڕاوه‌دووی هه‌راسانكاری نا، هه‌راسانكار خاوه‌ن خه‌رمانی هه‌راسان كرد. خه‌رمانی گه‌وره‌ش هه‌میشه‌ هه‌راسانكاری به‌ ده‌وره‌وه‌یه‌. ئه‌ی شیعری بێگه‌رد، داوای لێبووردنت لێ‌ ده‌كه‌م. جار جاره‌ دێمه‌ سه‌ر سه‌كۆی (ناچاری)یه‌وه‌. په‌یوه‌ندی ڕایه‌ڵ و تانوپۆی گوته‌زای باپیرانه‌: ئه‌وه‌ نوێژه‌، به‌ری درێژه‌، هه‌موو شته‌كان ڕابردوویه‌كی نادیاریان نییه‌ و پێیاندا هاتوومه‌ته‌وه‌. بۆ ئه‌م ورده‌ پرسانه‌ كتێبێكم به‌ناونیشانی: (مه‌ودای مانا) نووسیوه‌ و له‌سه‌ر سه‌كۆی (ناچاری)یه‌كاندا وه‌ستاوم، ئه‌وه‌ی ویستوومه‌ نووسیومه‌، ئه‌و شوێنانه‌ی هه‌ڵه‌م تێیاندا كردووه‌، پێیاندا هاتوومه‌ته‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌م بۆیانكردووه‌. سه‌ره‌تا و كۆتایی هه‌ر نووسینێكیش خوێنه‌ره‌كه‌یه‌تی، خوێنه‌ری نموونه‌یی ته‌نیا ڕووكاری بابه‌ت ڕێنمایی ناكات، به‌ هیچ پێودانگێك هه‌ڵه‌ و چه‌واشه‌كاری وه‌رناگرێت، نامۆیی له‌ هه‌قیقه‌تیش ناكات، فه‌زای زاڵ ماكی داهێنان و ڕه‌گی داهێنه‌ره‌، هه‌روه‌ها ماك و ڕه‌گ جیهانی ده‌ق و جیهانی خوێنه‌ریشه‌، هه‌م كلیلی ناسینی دنیاشه‌.

ئه‌وه‌ی خوێنی به‌ گه‌رمی له‌ جه‌سته‌ی دنیا هێشتووه‌ته‌وه‌، ناكۆكی نێوان بوونه‌وه‌ره‌كانه‌، نه‌ك دژایه‌تی. ناكۆكی چاوی مرۆڤ ده‌كاته‌وه‌. دژایه‌تیش هه‌موو شتێك له‌ چاو نزیك ده‌كاته‌وه‌ تا ته‌واو به‌ری چاوت ده‌گرێ‌، ئه‌وه‌نده‌ خۆخوازت ده‌كات، ته‌نانه‌ت ناوله‌پی خۆت و ناوچه‌وانی خوداوه‌ندش نه‌بینی. ئه‌مه‌ خه‌سڵه‌تی یه‌كه‌م و كۆتایی دژایه‌تییه‌. دژایه‌تی بایه‌خی زۆری له‌ ده‌ست داوه‌ و ناكۆكیش بایه‌خی زۆری به‌ ده‌ست هێناوه‌.

دژایه‌تی ئاراسته‌یه‌كه‌ له‌ مه‌ودایه‌كی كورتدا تیر و هێڵه‌كه‌ی بۆ خودی خراپه‌كار ئاراسته‌ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ناو تیر و هێڵه‌كه‌دا ڕایده‌گرێت و وه‌ك شه‌رمه‌زارێك ده‌یهێڵێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر بچینه‌ (ناوه‌ند) و سه‌رنجێك له‌ به‌رده‌وامێتی مێژوویی بده‌ین، ده‌گه‌ینه‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی هۆشیارییه‌وه‌، ئاخۆ ئه‌ده‌ب و داهێنان چیان ده‌وه‌ێ‌، چۆنیش ده‌توانین ئه‌و (شوێن) و (كات)ه‌ بپارێزین، كه‌ جیهانی نموونه‌یی ناخمان پێی سپاردووین. خودا خۆی ده‌مانپارێزێت و داهێنان و جیهانی نموونه‌یی ناخمان، به‌ها و ئامرازی پێوانه‌ن.

كانوونی دووه‌می 2018 هه‌ولێر




کاریکاتێر هونەری رەخنەیە نەک ستایشکردن … هەندرێن خۆشناو

هونەری کاریکاتێر یان کاریکاتۆر، هونەرێکی گرنگ و زیندووی جیهانیە، و کاریگەریی تابلۆیەکی کاریکاتێریی لە چەندین بابەت و وتار بە هێزترە لە کۆمەڵگەدا و لە هەژاندنی ڕای گشتی. ئەمڕۆ رۆژنامەگەری جیهانی بە بێ کاریکاتێر، بە رۆژنامەگەریەکی بە کەموکوڕی دەژمێردرێت، بۆیە لە هەموو جیهانی پێشکەتوو بایەخێکی پڕ بە پێستی ئەم هونەرە بەرزەی پێدەدرێت، و لە لاپەڕەکانی رۆژنامەکان شوێنێکی شایستەی بۆ تەرخان دەکرێت، و زۆربەی سیاسەتمەدار و سەرکردەکانی وڵاتانی پێشکەتووی دیموکرات، بایەخ بەم هونەرە دەدەن و حیسابی بۆ دەکەن، و حیساب بۆ رەخنەگرتنی ئەم هونەرە دەکەن کە تەعبیر لە ڕای کۆمەڵ و تاکەکانی کۆمەڵ دەکات، جاری وا هەبووە ئەم هونەرە کاریگەری لەسەر پێگەی حکومەتەکان هەبووە و جێی لەقکردوون لە نێو کۆمەڵگادا. راستە ئەم هونەرەش بە ئازادبوونی رۆژنامەگەریی و نەبوونی سانسۆر لە رادەربڕیندا زیاتر پێشدەکەوێت و پەرەدەسێنێت و کاریگەریشی زیاتر بە دەردەکەوێت.

هونەری کاریکاتێر هونەرێکی دێرینە، و چەندین تابلۆی کاریکاتێریی لە سەردەمەی فیرعەونیەکانەوە وەکو شوێنەوار بۆمان ماوەتەوە، کە باس لە ناعەدالەتی و زوڵم و ستەمی دەسەڵاتداران دەکات، لە ساڵی 1880 ەوەش بە دواوە، لە گۆڤارە هەفتانەییەکان و مانگانەییەکان بە بەردەوامی تابلۆی کاریکاتێری، بە تایبەتی کاریکاتێری سیاسی بڵاودەکرانەوە، کە ئێستا پێی دەگوترێت کاریکاتێریی رۆژنامەگەریی، بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا، لەو گۆڤارە بەناوبانگانەش گۆڤاری (Harper) و گۆڤاری (NewYork World) بوون، کە لە ساڵی 1884 کاریکاتێرێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا رەخنە لە ئاهەنگێکی نانخواردن بۆ پاڵێوراوی کۆمارییەکان (جێمس جی بلین) گیرابوو، لە کاتێکدا کە زۆرینەی گەل لە بارودۆخێکی هەژاری و بێدەرامەتیدا دەژیان، ئەو کاریکاتێرەش بووە هۆی سەرنەکەوتنی (بلین) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە پێنج رۆژ دوای بڵاوکردنەوەی ئەو کاریکاتێرە ئەنجامدرا.
هونەری کاریکاتێری هونەری رەخنە و گاڵتەجاری و تەنزئامێزە، هونەری بەدەرخستنی دیاردە دزێو و نایاسایی و کەموکوڕی و گەندەڵی کەسایەتی و حزبی و دەزگاکانە، هونەری بنیاتنانی ڕای گشتی و رۆحیەتی رەخنەگرتنە، هونەری لابردنی رۆحی ترسە لە نێو کۆمەڵدا بەرامبەر بە بەرپرس و دەسەڵاتدران، هونەری ستایش و پیاهەڵگوتن نیە، وەکو خەڵکانێک هەن وای تێگەیشتوون، چونکە هەموو حزب و لایەن و دەزگا حکومی و نا حکومیەکان کەسانی خۆیان هەیە بۆ ئەم مەبەستە!.

کەچی بە داخەوە لەوڵاتە دواکەوتوو و نادیموکراتەکان، ئەو بوارە نەڕەخساوە بۆ برەوپێدانی ئەم هونەرە گرنگ و کاریگەرە، بە تایبەتی لە بواری رۆژنامەگەرییدا، لە وڵاتی ئێمەشدا لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991، تا ڕادەیەک رۆژنامەگەریی ئازادە، بەڵام وەکو پێویست نیە، لە رۆژنامەکاندا بە گشتی رووبەرێکی شایستە تەرخان نەکراوە بۆ کاریکاتێر و کارتۆن، و بە تایبەتی ئەوانەی بە رۆژنامەی ئازاد خۆیان لەقەڵەم دەدەن، جاری وا هەیە کاریکاتێرێکی بیانی بڵاودەکەنەوە بە دەستکارییەوە ( کە کارێکی نایاساییە)، بەڵام کاریکاتێرێک یان کارتۆنێکی خۆمانە بڵاوناکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی کە کاریکاتێریست و کارتۆنیستی چاکمان هەیە لەکوردستاندا، ئەگەر کاریکاتێرێکیش لە رۆژنامەیەکدا بڵاوبکرێتەوە، ئەوا جێگەیەکی بچوکی نا شایستەی بۆ دادەنرێت، و کاکی نەخشەساز (دیزاینەر) بۆشایی لاپەڕەیەکی رۆژنامەکە بەو کاریکاتێرە پڕدەکاتەوە، بە بێ ئەوەی حیساب بۆ گرنگی بابەتی کاریکاتێرەکە بکەن، هەندێک رۆژنامەی ئازاد رۆژنامەکانی حزبیش، بابەتی نووسراویان زۆر بەلاوە گرنگترە لە کاریکاتێرێک یان کارتۆنێک (کە لە راستیدا وانیە)، هەر کە پرسیاری ئەوەیان لێبکەیت بۆچی کاریکاتێر بڵاوناکەنەوە؟ پێت دەڵێن بابەتمان زۆرە ! ئەمەش کەلێنێکی زۆری کردۆتەوە لە رۆژنامەگەری کوردیدا و بە هۆیەکی دواکەوتنی دەژمێردرێت.




سەردانی ئەردۆغان بۆ لای پاپا لە ڤاتیکان …. د. جاسم خۆشناو

سەرەتا

پەیوەندی نێوان ڤاتیکان و تورکیا زۆر کۆنە، بۆ دروستبوونی ئیمپڕاتۆری عوسمانلی و داگیرکردنی قوستەنتینیەی پایتەختی ئیمپڕاتۆری رۆمانی رۆژهەلات لە سالی 1453 زا دەگەرێتەوە. لەم کاتەوە تاکو ئێستا بەرزو نزمی و تال و شیرنی بە خۆیەوە بینیووە. لەم سیاسەت و دیپلۆماسیە ڤاتیکان بە دوو ئاراستە کاری کردووە:
– پارێزگاری لە کیانی کریستیانەکان و مانەوەیان لە ناوچەکانی بالادەستی ئیسلام، بە تایبەتی مێزۆپۆتامیا و شام و فەلستین، هەروەها رێگریکردن لە گەشەوە بلاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە ئەوروپا.
– بەکار هێنانی ئیمپڕتۆری عوسمانلی بۆ ریگریکردن لە گەشەی ئاینزای ئۆرتۆدۆکس کە خۆیان لە ژێر بالی سیاسەتی قەیسەری روس گردکردبووەوە.

بە پێی ئەدەبیاتی ئیتالی تورکەکان لە رووی ئایینەوە سەر بە رێبازی توندڕەوە بوون، ئێستاش چەندەها مەسەل و قسەی پێشینان، سەبارەت بە دڕندەیی تورک، لە ئیتالیا باون. لە راستیدا ئەم وێنەیە لە ئەدەبیات و مێژووی کوردیش، تا ئێستا، وجودی هەیە.
قەتل و عام و جینۆسایدی ئەرمەنکان لە سالانی 1915 – 1918، بە بیانوی ئایین و جیهاد و پاشان گریگەکان لە سالانی 199 – 1922… هتد لوتکەی ئەم توندڕەوی و دڕندەییە پیشان دەدەن. بە پێی ئامارەکان، ئەمڕۆ، 2018، لە هەموو تورکیا کریستیانەکان ژمارەیان ناگەویتە سەد هەزار کەس. تاکو ئێستا تورکیا دان بە کەنیسە و دامەزراوە کریستیانیەکان نانێت، ریگە نادات ئەمانە مال و مولکیان بەناو بێت. لە قوتابخانەکان باسی ئاینی مەسیح و کارەساتی ئەرمەن و کریستیانەکان ناکرێت.

لەم سەد سالە بە هەزاران کەنیسەو شوێنە ئاینیەکانی مەسیح، لە تورکیا، خاپور کراون، زۆر بە زەحمەت رێگە بە دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەی کەنیسەیەک دەدن. ئەمەش پێچەوانەی پەیمانی لۆزانە، 1923 ،کە ئازادی ئایینی، بەکارهێنانی زمان لە کایە گشتی و تایبەتیەکان، بوونی قوتابخانەی ئایینی و رۆژنامە و چاپەمەنی و مولک و مال و… هتد بۆ کەمینە ئایینیەکان دابین دەکات.
لەم چەند سالانە، لە تورکیا، زیاد لە جارێک قەشەو پیاوە ئاینیەکانی مەسیح تیڕۆرکراون، بۆ نموونە.

لە 13/5/1981 مێهمەت عەلی ئەجا هەولی تیڕۆرکردنی پاپا جۆڤانی پاۆلۆی دووەمی لە گۆڕەپانی ڤاتیکاندا، چەند گوللەیەکی لە پاپادا بەلام خۆشبەختانە نەمرد. پاشان پاپا لێی خۆش بوو و بە بەر لێبوردن کەوت. عەلی ئەجا، سەر بە گروپە تورکە ناسیۆنالیستەکان، “گورگە بۆرەلان” بوو.

لە شوباتی 2006 لە تەرابزۆن قەشەیەکیان، بە ناوی دۆن ئەندرێیە سانتۆڕۆ Don Andrea Santoro
بە هاواری الله اکبر، تیرۆر کرد.
لە مارسی 2007، لە مێرسین، گەنجێک، بە چەقۆ و الله اکبر، هێرشێ کردە سەر دوو قەشە، رۆبێرتۆ فێڕاری و هێنری لەیلەک، Roberto Ferrari, Henry Leylek
لە دیسەمبەری 2007 هێڕش کرایە سەر قەشەی شاری ئەزمیر، ئەدریانۆ فڕانکی Adriano Franchi و بە موعجیزە لە مردن رزگاری بوو.
لە هاوینی 2010 گەورە قەشە، ئەسقەف، لویجی پادۆڤێسێ Luigi Padovese تیڕۆڕکرا.
ئەو کەسانەی، موسولمان، ئایینیان بۆ کریستیان دەگۆڕن رووبەڕووی هەڕەشە و مەرگ و شاربەدەربوون دەبنەوە. لە نزیکەوە ئاگاداری کارەساتی ئافرەتێکی تورک، لەگەل هاوژینە ئیتالیەکەیم، جگە لە دەسەلاتی سیاسی باسی توندڕەی کۆمەلگای تورکیان بۆم کردووە.

لە سالی 2014 قەداسەتی پاپا باسی “جینۆسایدی ئەرمەن”ەکانی کرد میدیاکانی تورکیا هێرشێکی ناسیۆنال تیڕۆڕیستیان کردە سەر پاپا و ڤاتیکان، تەنانەت شەخسی ئەردۆگان، وەزیری دەرەوە و وەزیری کاروباری ئایینی، بە زمانێکی زۆر بازاڕی و دوور لە ئەتەکیتی دەولەتداری، هێرشیان کردە سەر. لە کاتەک قەداسەتی پاپا زۆر بە شەرمنانە و لاواز باسی ئەو جینۆسایدەی کرد و بەبێ ئەوەی بە دەنگێکی بەرز ئیدانەی بکات و تاوانەکەی بخاتە ئەستۆی تورکیا. وەک ناڕەزایی تورکیا سەفیری خۆی، مێهمەت پاچەچێ، بانگی وولات کردەوە و لەگەل سەردانی ئەردۆگان گەڕایەوە ڤاتیکان. پاپا لە حوزەیرانی 2016 زیارەتی “مێمۆریالی جینۆسایدی ئەرمەن- Tzitzernakaberd”ی کرد و ناوی تورکیای نەهێنا . ئێستا کە بالێز پاچەجی گەڕاوەتەوە، بە قسەی هەندێ سەرچاوە، تورکیا بەلێنی داوە “ئەرشیڤ”ەکانی، سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان، بخاتە بەردەست مێژوونووس، توێژەرو پسپۆراکانی بواری کۆمەلکوژی.

تاکو ئێستا، نزیکەی، 30 دەولەت لە پەرلەمان، USA تیا نیە، باس و دانیان بە جینۆسایدی گەلی ئەرمەن ناوە بەلام لەسەر ئاستی یاسایی و دیبلۆماسی هیچ کارێکی کۆنکرێتیان نەناوە، تەنها لە فەڕەنسا بە پێ یاسا هەر کەسێک “ئینکاری لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان” بکات ئەوە بە 3 سال زیندانی دەکرێت، ئەو یاسایەش زۆر بە تووندی رەخنەباران کراوە. بە پێچەوانەوە لە تورکیا هەر کەسێک، بە ئاشکرا، باسی قەتل و عامی ئەرمەنەکان بکات و یان باسی گوناه و دەست هەبوونی دەولەتی عوسمانی بکات ئەوە بەلای کەمی سزاکەی 3 سالە.
ئەمە لە کاتێکە کە ئەرمینیا دەولەتە و لە کۆنەوە لۆبی ئەرمەنی لە دیاسپۆرا بە هێزە و کار بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەیان دەکەن.
لەگەل بەرپابوونی شەڕی نێوخۆی سوریا لە سالی 2011، لای هەمووان ئاشکرایە، تورکیا بە هەموو توانای خۆی پالپشتی لە گروپە توندڕەو و تیڕۆریستەکان دەکات. بە سەدان بەلگەی تێوەگلانی تورکیا لە دروستکردن و یارمەتیدانی رێکخراوی تیڕۆڕیستی داعش هەیە کەچی تاکو ئێستا، کۆمەلگەی نێودەولەتی وەک پێویست گلەیی و سەرکۆنەی تورکیای نەکردووە.
تورکیا، بە ئاشکرا، سالانە و رۆژانە پێشێلی رێکەوتن و پەیمانە نێودەولەتتیەکانی سەبارەت بە ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی مرۆف، کەمایەتی ئێتنی وئایینیەکان، ململانێی چەکداری و … هتد دەکات کەچی، ئەوەندەی من ئاگاداربم، ئەم پیشێلکاریانە لە لایەن کۆمەلەی گشتی یو ئێن، کۆمسیۆن و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، کۆمیتەی خاچی سوری نێودەلەتی، کۆمیتەی ئەوروپی دژی ئەشکەنجە و…. تاد ئیدانە نەکراون.

لەگەل ئەمانەش، تورکیا، ئێستا، وولاتێکی ئیسلامی زۆر توندڕەوە، خۆی بە رابەری وولاتە تورکزمانەکان، تا رادەیەکیش، ئیسلامەکان پیشان دەدات.
بۆیە ناکرێت یان ئەستەمە تورکیا، بەهۆی هەلکەوتەی جیۆپۆلیتیک و ئایینی، لە دونیایەکی فرەجەمسەری وەک ئەم قۆناغەی مێژوو. لە لایەن دامەزراوەیەکی وەک ڤاتیکان، کە رێبەری و سەرپەرشتی و ئیدارەی جیهانی مەسیحیەت دەکات، پشتگوێ و فەرامۆش بکرێت.
لای هەمووان ئاشکرایە دیبلۆماسیەتی ڤاتیکان لە هی ئەوانیتر کۆنتر و درێژتر و بە ئەزموونترە، بە ئەسپایی و زۆر لە سەرخۆ و نهێنی هەنگاو دەنێت، زۆر بە دەگمەن کارو چالاکیەکان دەخرێنە بەردەم میدیاکار و رای گشتی. ڤاتیکان، لە هەموو لایەک، زیاتر ئاگاداری بارودۆخی ناهەمواری تورکیا و کوشتاری رۆژانەی کوردە لەم وولاتە، بە دلنیایەوە نیگەرانە و لە پشت پەردە را و بۆچوونی خۆی بە کاربەدەستانی ئەم وولاتە رادەگەیەنێ.

فەلەستین و قودس

فەلەستین، بۆ کریستیانەکان، لانەی حەزرەتی مەسیح و شوینی پیرۆزە، ئیسلامەکانیش هەمان بۆچوونیان هەیە. ناوە ناوە تورکیا، بە تایبەتی لەسەردەمی ئەردۆگان، خۆی بە خەلیفەی موسلمانان پیشان دەدات، بە قسە و هەڕەشە، بانگەشەی پاراستنی فەلەستین دەکات کە قودس پایتەختەکەی بێت. لە هەمان کات پەیوەندیەکی تووند و تۆڵی لەگەل ئیسرائیل هەیە.
لە رۆژی 6/12/2017 سەرۆکی وولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دۆنالد تڕەمپ، رایگەیاند کە ئەوان سەفارەتەکەیان لە تەلەبیب، بۆ قودس، دەگوازنەوە. ئەمەش ناڕەزایەتیەکی بەربلاوی، لەسەر ئاستی جیهان، بە خۆوە بینی، وولاتانی عەرەبی و ئیسلامی و یەکیتی ئەوروپا و ڤاتیکان، بە قسە، دژایەتی خۆیان راگەیاند.
ئەردۆگان هەول دەدات ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و شکستە دیبلۆماسیەکانی پێ بشاریتەوە، رۆژی 7 و 29 دیسەمبەر پەیوەندی تەلیفۆنی بە پاپا دەکات داوا دەکات چاوی بە پاپا بکەوێت خۆی داوەتی ڤاتیکان دەکات. ئەمە جاری یەکەمە سەرۆک کۆماری تورکیا، بە خۆی، داوای هاتن بۆ ڤاتیکان بکات. لە سالی 1959زا جەلال بەیاری سەرۆک کۆماری تورکیا، لە هەل و مەرجێکی جیاوازتر، سەردانی ڤاتیکانی کردووە. لەم سەردانەی بەیار هەردوو لا بڕیاری ئالوگۆرێ سەفارەتیاندا.
بە پێی هەوالە فەرمیەکانی ڤاتیکان پاپا و ئەردۆگان کۆکن لەسەر ئەوەی قودس ببێتە پایتەختی دوو دەولەتی ئیسرایل و فەلەستین، چارەسەری کێشەکانیش دەبێ لە چوارچێوەی بریارەکانی یو ئێن، بە تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش، بێت.
واتە مەبەستی سەرەکی ئەردۆگان بۆ ڤاتیکان بریتی بوو لە:
1. لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلام خۆی بە دەمڕاست و خەلیفەی ئیسلام پیشان بدات، تورکیا ئێستا سەرۆکایەتی “کۆنفرانسی وولاتانی موسلمان” دەکات.
2. بە هاتن بۆ ڤاتیکان و لای پاپا وا خۆی پیشان بدات کە کەسێکی ئاشتیخوازە، هەولی چارەسەری کێشەی فەلەستین – ئیسرائیل، لە رێگەی دیالۆگ و پرنسیپ و یاسا نێودەولەتیەکان دەدات.
3. لەسەر ئاستی نێوخۆ هەول دەدات شکستەکانی بشارێتەوە خۆی بە کەسایەتیەکی جیهانی و نێودەولەتی پیشان بدات. گیانی ناسیۆنالیزم و پان تورکی و ئیسلامی توندڕەو گەشە پێبدات و لە دەورەی خۆی کۆ بکاتەوە. ئەردۆگان زۆر جار، وەکو ئیمام، پێشنوێژی دەکات، لەسەر قەبران، لە کاتی ناشتنی تەرمی سەربارزە کوژراوەکان لە شەڕی کورد، دەبتە واعیز و قورئان خوێن. ئەمەشی بۆ جۆشدانی هاولاتیانە بەلام نیشانەی لاوازی و شکستی حوکمڕانیە.
لە مێژووی نوێی تورکیا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا پێشلکاری مافی مرۆڤ و کاولکاری لە تورکیا و باکوری کوردستان رووی نەداوە، تورکیای ئەردۆگان بۆتە زیندانێکی گەورە، سەدان هەزار کەس، لە هەموو توێژ و چینەکان، بە بیانۆی جیا جیا خراونەتە بەندیخانەکان، سوکایەتیان پێ دەکریت و ئەشکەنجە دەدرێن. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەلاتی ئەردۆگان زۆر لاوازە، هەڕەشەی روخان و لەناوچوونی زۆر لەسەرە.
ئەردۆگان وەک کەسێکی نەخۆشی دەروون هار دێتە پێش چاو، بۆ مانەوەی لەدەسەلات ئامادەیە، لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆ، پەت پەتانی بکات و بە بەردەوامی سەنگەر و هاوپەیمانی بگۆڕێت، لەگەل مسڕ، ئێران، سوریام عێراق، لیبیا، ئەرمەنیا، یۆنان، رووسیا، تەنانەت وولاتانی ناتۆ رۆژەک دۆست و هاوپەیمانە و رۆژێکیتر نەیار و دوژمن.


سەردانی ڤاتیکان و چاوپێکەوتن لەگەل پاپا

هەفتەیەک پێش گەیشتنی ئەردۆگان زۆربەی میدیاکانی ئیتالیا باسی هاتنی “میوانێکی ناوەخت و بە گرفت” یان کرد. پەرلەمانی ئیتالیا لە 27/12/2017 هەلوەشاوەتەوە و حکومەتیش دەستی لە کار کێشاوەتەوە و کار بەرێکەرە، لە 4/3/2018 هەلبژاردنی سیاسی دەکرێت. واتە میدیا و رای گشتی زۆر بە کەمی ئاگایان لە سەردانەکە بوو.
سەعاتی 19ی رۆژی 4/2/2018، ئەردۆگان و وفدە یاوەرەکەی، بە پێی هەوالی تەلەفیزۆنەکان، گەیشتە شاری رۆما، بە فەرمی هیچ لایەن و کەسایەتی دەولەتی ئیتالیا و ڤاتیکان لە پێشوازی ئامادە نەبوون. کەنالی تەفزیۆنی دەولەت Raiuno کە زۆرترین بینەری هەیە، لە هەوالەکانی سەعاتی 20 ووتی “ئەردۆگانی دیکتاتۆر بە سەردانێک گەیشتە ئیتالیا ..هتد” و هێچ وێنەو مەراسیمی گەیشتنەکەی پشان نەدا، بە هەمان شێوە کەنالەکانیتری راگەیاند، ئەمەش لینکی کەنالی یەکی ئیتالیە.
http://www.tg1.rai.it/dl/tg1/2010/edizioni/ContentSet-9b6e0cba-4bef-4aef-8cf0-9f7f665b7dfb-tg1.html?item=undefined
ئەردوگان لە هاتنەکەی، جگە لە ژن و کچ و زاواکەی کۆمەلە وەزیر (دەرەوە، بەرگری، وزە، بازرگانی و… هتد)و پیاوی ئایینی و سەرمایەداری وولاتەکەی لەگەل خۆی هێنابوو. دیارە ئیشی زۆری لەسە رکراوە.
ئەردۆگان دوو رۆژ پێش سەفەرەکەی چاوپێکەوتنێکی دوورو درێژی لەگەل ئاژانسی دەنگ و باسی دەولەت، ئانسا Ansa بە دەنگ و رەنگ بوو کە دەبوایە پێش هاتنەکە بلاو بکرێتەوە کەچی دوای هاتنەکە بلاوکرایەوە، ئەمەش نیشانەی دوو دلی و ئینتیهازیەتی حکومەتی ئیتالیا پیشان دەدات.
ئەردۆگان، لەم چاوپێکەوتنە، جەختی لەسەر 3 خال کردۆتەوە:
1. داوا و هەڕەشە دەکات کە کاتی ئەوە هاتووە یەکێتی ئەوروپا تورکیا بە ئەندام وەربگرێت، هەر دواخستنێکیتر جێگەی قەبول نیە. ئەمە خالی لاوازی ئەدۆگان و تورکیایە، ناکرێت تۆ هەڕەشە بکەی، پێویستە رێز لە پرنسیپ و پێوەرەکانی ئەم “یەکێتی”یە بگریت و بە کردەوە جێبەجێیان بکەیت.
2. كێشەی فەلەستین و قودس، لەگەل ڤاتیکان و پاپا جۆرە هاوپەیمانیەک دروست بکات بۆ ئەوەی خۆی لە دوورە پەرێزی نێودەولەتی رزگار بکات، وەک دەلێن “لە دەرگا دەیانخستە دەرەوەو لە پەنجەرە دەهاتەوە ژوورەوە” . وەک لە دواوە باسی دەکەین لەم هەولە هیچی بەدەست نەهێنا.
3. شەڕی دژە تیڕۆر، ئەردۆگان لە چاوپیێەوتنەکە دەیەوێت بە رای گشتی و ئیتالیا بلێت تورکیا شەڕی دژە تیڕۆر دەکات، هیچ جیاوازیەک لە نێوان داعش و پ. ک.ک، پەیەدە و یەپەگە نیە. لە راستی ئەوەیان لاوازترین خال و سیاسەتی ئەردۆگانە، کەم لایەن و رای گشتی و میدا جیهانیەکان “بەم درۆیە دەلین ئامین”.

ئەردۆگان نیازێکی شاراوەشی هەبوو کە بریتی بوو لەوەی لەگەل دەولەت و کۆمپانیاکانی ئیتالیا کۆمەلە رێکەوتن واژۆ بکات و کردی تاکو سیمپاتیە و لایەنگریان بۆ لای خۆی رابکێشێت و دەرزێک بخاتە نێو وولاتانی یەکێتی ئەوروپا. بەلام لەمەش سەرکەوتوو نەبوو.

رۆژی 5 شوبات، ئەردۆگان، بە خۆی شاندە یاوەرەکەی، لە رۆژێکی باراناوی و بارودۆخێکی ئەمنی زۆر تووند گەیشتە ڤاتیکان و لە مەڕاسیمێکی دیپلۆماتی گەورەو بە تەدارەک پێشوازی لێکرا. ئەگەر حیساب بۆ ئەم مەڕاسیمە سولتانیە بکەین گومانی ئەوە دەکرێت کە ئەردۆگان دەبێ زۆر ئیمتیازی بە ڤاتیکان دابێت و هەندێ پرۆتۆکۆل، لە بەرژەوەندی ڤاتیکان، واژۆ کرابن.
بە فەرمی ئەردۆگان و شاندەکە لەگەل پاپا، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان، کاردینال پیێترۆ پەڕۆلین Pietro Parolin و ..هتد چاوپێکەوتن و وتووێژیان کرد. بەیاننامەیەکی زۆر کورت لە ئاژانسی ڤاتیکان و رۆژنامەی سەرەکی، ئۆسێرڤاتۆرێ رۆمانۆ Osservatore Romano بە ستونێکی چەند دێری ئاماژەی بۆ کراوە کە ئەمە دەقەکەیەتی.
“لە کەش و هەوایەکی دۆستانە باسی پەیوەندی نێوان تورکیا و ڤاتیکان کرا. باسی بارودۆخی نێوخۆی و کەمینەی کاتۆلیکیەکانی تورکیا کرا. باسی ئیلتیزامی پێشوازیکردن لە ئاوارەکان و گیروگرفتەکانی ئەم پرۆسەیە کرا. پاشان باسی وەزعی رۆژهەلاتی ناڤین کرا، بە تایبەتی ئاماژە بە ستاتوسی قودس کرا کە هەولی سەقامگیری ئاشتی و ئارامی دەڤەرەکە بدرێت، ئەوەش لە رێگەی دیالۆگ و دانوستان بە لە بەرچاوگرتن لە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و شەرعیەتی نێودەولەتی”.
ئەمە تاکە بەیاننامە و وێنەی پاپا و ئەردۆگانە وەک لە لاپەڕەی 1، رۆژی 5-6 شوبات بەرچاو دەکەوێت. وێنەی پاپا و ئەردۆگان لە بنەوە، لە لای چەپ.
بە دڵنیایەوە هەندێ پڕۆتۆکۆل ئیمزا کراون کە لەوانیە لە ئایندە بلاوبکرینەوە یان ئاماژەیان بۆ بکرێت.

هەمان رۆژ پاپا چاوی بە قەشەو ڤێسکۆڤ و پیاوە ئاینیەکانی مەسیح، بە تایبەتی کلدانیەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕست کەوت کە ژمارەیان 23 کەسە، وێنەکەیان لە دەستە راستە، لە خوارەوەی رۆژنامەکە. ئەمەش خشتەی ناوی چاوپێکەوتنەکانی پاپا، هی رۆژی 5 شوبات. وەک لە ناوەکان دیارە، جگە ل ئەرپگان، قەشەکانی هەولیر، بەغدا، دیاربەکر، تاران، دیمەشق … هتد تیایە.
لە هەمان رۆژ لە ڤاتیکان کۆنفرانسێکی گەورە لەسەر شەهیدانی ئایینی مەسیح و ستەمی کریستیانەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەڕێوە چوو. واتە قەداسەتی پاپا و ڤاتیکان زۆر زۆر باش ئاگاداری بارۆدۆخی مافی مرۆڤ، ئازادیە سەرەکیەکانی مرۆڤ و ژیانی کریستیانەکانە، بە تایبەت لە عێراق، سوریا، تورکیا، مسڕ و لوبنان. ئەم نەهامەتیانەی ئەم سالانەی دوایی و سەرهەلدان و هاتنی داعش بە پلان و کۆمەک و دەسیسەی تورکیا بووە.

ئەردۆگان ئەم دیاریانەی بۆ پاپا هێنابوو:

– وێنە و تابلۆیەکی شاری ئەستەنبۆل کە بە فەخفوری و سیرامیک، لەسەردەمی سولتان سلێمانی قانونی (1494-1566)، کراوە.
– ژیاننامە و دیوانی شاعیرو فەیلەسوفی ئێرانی جەلالەددینی رۆمی، بەناوی “مەسنەوی” کە لە 4 بەرگ لپێک هاتووە.
قەداسەتی پاپا، فرانجێسکۆ Papa Francesco لە بەرامبەر ئەم دیاریانە پێشکەشی ئەردۆگان دەکات.
– تابلۆیەکی کەنیسەی گەورەی ڤاتیکان کە لەگەل سیمای ئێستا جیاوازە،
– مەدالیایەک کە بە قسەی پاپا وێنەی مەلائیکەی ئاشتی لەسەر نەخشکراوە. پاپا بە ئەردۆگانی ووت “ئەم فریشتەیە شەیتان و جنۆکەی شەڕانگێژی دەخنکێنی، سیمبولی جیهانێکی پڕ لە ئاشتی و عەدالەتە”.
– کتێبێکی ئەنجلۆ رۆنکالی Angelo Roncalli (1881 – 1963) کە لە سالانی 1935 – 1944 لە تورکیا نوێنەری ڤاتیکان بوو، لە 1958 تا مردنی پاپای ڤاتیکان بوو، بە دۆستی تورک ناسرابوو، پێشکەشی ئەردۆگان کرد.

هەندێ سەرچاوەی رۆژنامەوانی ئاگادار نووسیوویانە پاپا، بە تایبەتی وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان، زۆر بە روونی “نیگەرانی و پەرێشانی خۆیان بە دژی هیرشی تورکیا بۆسەر عەفرین” دەربڕیووەو داوا “راگرتن و کشانەوە لەشکری تورکیان کردووە”.
بە پێی زانیارری و بلاوکراوەکانی کەنیسە کە لە شارەکانی ئیتالیا دەستی ئێمە کەوتووە ئەم بۆچوونەی سەرەوە پشت راست دەکەنەوە. لە هەندێ لەو بلاوکراونە بە پۆزەتیڤ باسی “پەیدە، یەپەگە و یەپەژە” کراوە و داواکراوە ڤاتیکان هەموو هەولەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ کۆتایهێنان بەم تراژیدیایە. لە راستی هەموو رۆژنامەکان ئاماژەیان بەوەو کردووە کە بە دلنیایەوە لە چاوپێکەوتنەکان ڤاتیکان نیگەرانی خۆی لە دژی دەستدریژی بۆسەر عەفرین و رۆژئاوا دەربڕیووە.

ئەرۆغان تابلۆیەک لە شاری ئەستەنبول پێشکەشی پاپا دەکات کە هی سەردەمی سولتان سولەیمانی قانونیە، لەگەل دیوانی شاعیری و فەیلەسوفی گەورەی ئێرانی، مەولانا جەلالەددینی رۆمی (1207 ئەفغانستان – 1273 زا قۆنیای تورکیا )، شاکارە بەناوبانگەکە “مەسنەوی” و لەگەل ژیاننامەکەی.

قەداسەتی پاپا تابلۆی ڤاتیکان و مەدالیەکە کە لەسەرە مێزەکەیە پێشکەشی ئەردۆگان دەکات، بۆی باس دەکات. مەدالیەکە ئاماژەیە بۆ “نەهێشتنی شەڕانگێژی و دونیایەکی ئاشتیخواز و عەدالەت پەروەر “.
لە کاتی نووسینی ئەم وتارە یەکێک لە کچەکانم هاتە لام و سەیری ئەم وێنەیەی کرد و بە ئیتالی ووتی”بابە ئەردۆگان شەڕی لە دەم و چاو دەبارێ”.

وێنەی ئەو مەدالیەی پاپا پێشکەشی ئەردۆگانی کرد.

رۆژی 1 شوبات بانگەوازێکی بە پەلە و پڕ لە رێز و مرۆڤدۆستیم ئاراستەی قەداسەتی پاپا کرد، لسەر پەیەجەکی خۆم بلاوم کردەوە، پاشان دەمودەست لەسەر دوو سایتی فەرمی ڤاتیکان دابەزاند، لە سەرەتا بۆ ماوەی سەعاتیک رایانگرت و پاشان بلاوکرایەوەو ئێستاش ماوە، هەمان شت بۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا رەاونەکرد. داوامکردبوو کە لەم بارودۆخەی دەسدرێژی و هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، بە تایبەت لە عەفرین، بە گونجاوی نازانم پێشوازی لە دیکتاتۆرێکی وەک ئەردۆگان بکرێت، هەموو لایەکیش ئاگاداری بارودۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیەکانی نێوخۆی تورکیان.. رۆژانە بە دەیان و سەدان هاولاتی سیڤیل لە باکور و رۆژئاوا دەبنە قوربانی بوردومانی تورکیا … تکام وایە، هەتا زووە، ئەم سەردان و پێشوازیکردنە هەلوەشیننەوە، رای گشتی ومۆڕال و شەرعیەتی نێودەولەتی دەستخۆشی و پشتگیریتان دەکەن….. هتد.

هاتنەکە لە هەلومەرجێکی تایبەت بوو، پەرلەمان و حکومەتی ئیتالیا هەلوەشاوەو کاربەرێکەرن، خەریکی هەلمەتی هەلبژاردنن بۆ 4 نەورۆزی 2018. لەگەل ئەوەش زیاد لە 100 پەرلەمنتار، دادوەری گەورە، نووسەر، رۆژنامەنووس و ئەکادیم و مامۆستای زانکۆ نارەڕەزایی خۆیان پیشاندا، داواینکرد “ئێمە لەگەل ئەم سەردان و پێشوازیە نین و رەتدەکەینەوە بەلام ئەگەر هەر کرا ئەوە تکایە نیگەرانی و ناڕەزایی ئێمە و خۆتان ، سەبارەت بە دەستدرێژی و هێرشی بۆ سەر رۆژئاوا، بە سەرۆک کۆماری تورکیا و شاندەکەی بگەیەنن…. هتد”.

رۆژی 30/1/2018 لە سێناتی ئیتالیا دیبەیتێک بە ناوی “رۆژاڤا لە سوریا شکستی بە داعش هێنا، ئەی ئێستا؟” ، بە دەیان ئەندام پەرلەمان، رۆژنامەنوس و بە بەشداری ئاسیە عەبدولا، لە رێگەی سکایپ، ئەنجامدرا و دەنگێکی زۆریدایەوە.
لە زۆربەی شارەکانی ئیتالیا خۆپیشاندان و دیبەیت و سیمینار سازکران و بەردەوامن، لە زۆر ئەنجومەنی شارەوانی و پەرلەمانی هەرێمەکان، کە ژمارەیان 20، بریار و راسپاردە لە دژی دەستدرێژی تورکیا بۆسەر عەفرین پەسەند کران و بە تێپەڕبوونی کات کۆمەلانی خەلک و بە جۆش و خرۆشتر ئیدانەی تورکیا دەکەن و هاوکاری و پالپشتی بۆ رۆژئاوا دەردەبڕن.

لەم شارەی من لێی دەژیم، پیزە Pisa لە 22/1 تا 10/02/2018 3 جار خۆپیشاندانی جەماوەری و 2 دیبەیت کراوە، رۆژی 29/1/2018 ئەنجومەنی شارەوانی بە بڕیار و راسپاردە ئیدانەی هیرشی تورکیای کردو داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە داعش کرد… هتد.

پاپا و مەلاکانی ئیسلام

زۆربەی مەلاکانی ئیسلام، لە کوردستان، وەک پێویست و ئازایانە ئیدانەی هێرش و کوشتار و کاولکاری سوپای تورکیایان نەکردووە، هەندێکێش ئەردۆگانیان بە خەلیفەی موسلمانان ناوبرد و پالپشت وپاساوی ناشەرعیان بۆ هیانەیەوە و خۆیان روو رەشی دونیا قیامەت کرد. داواکارین لە مامۆستا و زانایانی ئایینی پەیامی ئاشتی و ئاشتەوایی و هاوکاری و بەتەنگەوە هاتنی یەکتری و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی کوردستان و رێزگرتن لە پرنسیپ و بەهاکانی ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی بلاو بکەنەوە. داواکارین، بە تایبەتی ئەوانەی کرمانجی و تورکی زمانن، وتار و خوتبەکانیان تەرخان بکەن بۆ ریسواکردنی ئەردۆگان و رژێمەکەی، هانی کۆمەلانی خەلکی کوردستانی باکور بدەن کە هەر جۆرە هاوکاری و کارکردنێک، بە تایبەتی جآشایەتی و ئەوانەی لە ریزی پۆلیس و سوپا و… هتد، کاردەکەن خیانەت لە گەل و نیشتمان دەکەن. ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی ئیسلام و فەرموودەکانی پێغەمبەرە. دیفاعکردن لە نیشتمان، لە گەل و سەروەت و سامانی سروشتی و کولتوری ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی هەموو کەسێکە، بە تایبەتی لەم کاتە ناسکە کە ئەردۆگانی فاشیست دەستی بە پەلامار و کوشتاری گەلەکامان، لە هەموو پارچەکان وولاتەکەمان کردووە، پێویستە مامۆستایان، لە تەک شەڕڤان و گەریلە و پێشمەرگە رۆلی ئایینی وئینساندۆستی مێژووییان ببینن.

ڤاتیکان و دامەزراوەکانی، بە تایبەتی پیاوە ئاینیەکان، هەمیشە دژایەتی خۆیان بۆ شەڕ و شەڕانگێژی دەبڕیووەو بەردەوامن.
پاپا فرانچێسکۆ، لە سالی 1936 لە بوێنس ئایرێس – ئەرجەنتین لە دایک بووە، لە سالانی 1960 – 1980 لە ژێر دیکتاتۆر و رژێمی سەربازی ژیانی بەسەر بردووە، ئازارێکی زۆر بەدەستی ئەم رژێمانە چەشتووە، خەباتێکی زۆری بۆ ئازادی و عەدالەتی کۆمەلایەتی کردووە، بە قەولی خۆمان “پێشمەرگەی دێرینە” و لە شاریش چالاکانە بەشداری لە خەباتی نهێنی و بە ئاشکرا کردووە. واتە زۆر لە نزیکەوە لە ئازارو مەرگەساتی ئەو گەل و کەمایەتیانە دەگات کە گیرۆدەی رژێمی فاشیست و شەڕانگێژی بوون.
هەر کەسەک کات و ئارەزووی هەبێت دەتوانێ تەماشای فلیمی “بە فڕانچێسکۆ یان فڕانسیس بانگم بکەن Chiamatemi Francesco و بە ئینگلیزی Call mi Francis بکات، فیلمێکە باسی ژیانی پاپا دەکات کە چۆن دژی فاشیست و زۆرداری خەباتی کردووە، هەمیشە لەگەل هەژار و دانیشتوانی گەرەکەکانی گێمەدێ و تەجاوز ژیانی بەسەر بردووە، لە سالی 2015 لە ئیتالیا بەرهەم هاتووە.

هێچ پاسا و مەنتیقێک نیە پاپا فرانچێسکۆ چاوپۆشی لە رەفتارە چەپەلەکانی سولتان و دیکتاتۆر ئەردۆگان بکات، بە دلنیایەوە نەیکردووەو ناشیکات بەلام وەک لە پێشەوە ئاماژەمان بۆ کرد، ڤاتیکان رێگە، ئامرازو پرۆتۆکۆلی تایبەتی خۆی هەیە تا نیگەرانیەکانی لێوە دەربڕێ.
لە ئایاری 1987 راپۆرتێکم بۆ ڤاتیکان نووسی و لە رێگەی گەورە قەشەی شارەکەم، ڤێسکۆڤۆی شاری پیزە و سەرۆکی دامەزراوەی کاریتاسی ئیتالی، دۆن ئەنتۆنیۆ چێکۆنی، کە هەر لەم شارە دەژیا و دۆستێکی زۆر نزیکم بوو رەوانە کرد. دوای 40 رۆژێ، لە لایەن سکرتاریەتی پاپا، وەلامەکەم بەدەست گەیشتەوە و نووسراوە “نامەکەت گەیشتە دەستی قەداسەتی پاپا و زۆر خەمبارە بەو زانیاری و هەوالانەی باست کردووە. قەداسەتی پاپا دوعای خێر دەکات تاکو ئاشتی و ئارامی بۆ میللەتەکەت بگەڕێتەوە …. هتد”.
لە 12/01/1991 لە شاری رۆما، بە وتارێک، بەشداری خۆپیشاندانێک، بۆ ئاشتی و دژی ئەگەری بەرپابوونی شەڕی رزگارکردنی کوەیت، کرد کە زیاد لە دوو سەد هەزار کەس بەشداریان تیا کرد، لە کۆتایی ووتارەکە روم کردە قەداسەتی پاپا بۆ ئەوەی تراژیدیا و مەینەت و ئازارەکانی گەلی کوردستان لە بیر نەکات و نوێژو دوعای خێرمان بۆ بکات .. تاد”. دوای یەک رۆژ رۆژنامەنووسێکی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ڤاتیکان پەیوەندی پێوە کردم بۆ چاوپێکەوتن، تاکو ئیستا ناوەو ناوە پەیوەندی و موقابەلەم لەگەل دەکەن، دواجار سەبارەت بە ریفرۆندۆمەکەی 25 ئەیلولی 2017 بوو.

لە سالای 1994 داوام لێکرا لە دەرگای ڤاتیکان بدەین بۆ ئەوەی پێشوازی لە شاندێکی باکوری کوردستان بکرێت، ئەوکات کورد لە ئیتالیا زۆر کەم بوو و .. ئەوەبوو لە 14 نۆڤەمبەری 1994 شاندێک بە سەرۆکایەتی خوالێخۆشبوو د. عیسمەت شەرف ڤانلی سەردانی ڤاتیکانیان کردو چاویان بە قەداسەتی پاپپای ئەوکات کەوت و یاداشتێکان، بە زمانی فەرەنسی، دایە دەستی پاپا و کۆپیەکم لە ئەرشیڤ پاراستووە. لە دوای هاتنی بەرێز ئۆجالان بۆ ئیتالیا، لە نۆڤەمبەری 1998، ناوە ناوە شاندی کوردی سەردانی ڤاتیکانیان کردووە و هەندێجاریش چاویان بە پاپا کەوتووە. باسی سەردانی کاربەدەستانی بە ناو حکومەت – ئیدارەی باشور ناکەین.

لە ماوەی ژیانم لە ئیتالیا زۆر قەشە و پیاوی ئایینی کریستیانیزم ناسیووە، بە گشتی کراوەو تۆلێرانستن، بۆ برایەتی، ئاشتی و یەکسانی و عەدالەت کارد دەکەن. ئەو هەموو ئاوارانەی روو لە ئەوروپا دەکەن، بە خەلکی کوردستانیش، ئەگەر یارمەتی و باوەشی گەرمی کەنیسە نەبێت زۆریان لە برسان و سەرما و سۆل و نەخۆشی دەمرن.

حوکومەتی ئیتالیا

بە پێی رۆژنامەکان حوکومەتی ئیتالیا حەزینەکردووە لەم هەلومەرجە ئەردۆگان سەردانی وولات بکات بەلام لەبەر ئەوەی ئەردۆگان، بە فەرمی، بۆ ڤاتیکان دێت “ناچار”بوون پێشوازی لێبکەن. لەگەل ئەمەشدا ئەردۆگان لە لایەن سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، بە کامیل پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی، پێشوازی لێکرا.
کاتی خۆی لە 13/11/1998 کاتێک رێبەری پ . ک. ک. گەیشتە ئیتالیا حکومەتی تورکیا زۆر بە دڕندەیی هێرشی کردە سەر ئیتالیا وداوای رادەستکردنەوەی بەرێز ئۆجالانیان کرد بەلام، لە سەرەتا، حکومەتی ئیتالیا جگە لە رەتکردنەوەی داواکە وا خۆی پیشاندا کە بەرگەی گەف و هەڕەشەکان دەگرێت. لە تورکیا هەلمەتێکی سەرتاسەری دژی ئیتالیا بەر پا کرا، بایکۆتی کالای ئیتالی و گەشتکردن بۆ ئیتالیا راگەیندرا… هتد. ئەمە لە کاتێک بوو کە پەیوەندی ئەم دوو وولاتە ریشەیەکی کۆنی مێژوویی هەیە، زۆربەی یاسا مەدەنی و پێنالیەکانی سەردەمی مۆسۆلینی، فاشیزمی ئیتالی، کت و مت لە تورکیا کۆپی کران.
لەژێر فشاری سیاسی و ئابوری ئیتالیا ناچارکرا مافی پەنابەری بە ئۆجالان نەدات، سەرگوزەشتەی ئۆدیسێی رێبەری پ. ک و گەلە کۆمەکی دەزگا موخابەراتیە نێودەولەتیەکان و دەستگیرکردنەکەی، لایەن کەسانی پسپۆر و بە ئاگاتر، زۆری لەسەر نووسراوە و سالانە، لە 15 شوبات بە خۆپیشاندان و پرۆتیست و دیبەیت و داستانی گەریلاکان یادی دەکریتەوە. بۆیە پێویست ناکات ئێمە، جگە لە دووبارە ئیدانە و مەحکومکردنی ئۆپێڕاسیۆنی فڕاندنی بەرێز ئۆجالان، هیچی لەسەر بنووسین
لە راستی پەیوەندی بازرگانی نێوان ئیتالی – تورکیا زۆر بەهێزە، ئێستا زیاد 1500 کۆمپانیای گەورە و بچووکی ئیتالیا لە تورکیا کار دەکەن و رۆلی گرنگیان لە گەشەی ئابوری ئەم وولاتە هەیە، گومژەی هەناردەو هاوردەی هەردوو وولات خۆی لە 20 ملیار یوڕۆ دەدات، ئەردۆگان لە چاپوێکەوتنەکانی پێش و کاتی سەردانەکە رایگەیاند کە دەیەوێت لە سالی 2022 بگەوێتە 30 ملیارد. لەم سەردانەش ژمارەیەک رێکەوتن و پرۆژەی بازرگانی و بیزنس واژۆکراون. دیارە ئەردۆگان ئیمتیازی باشی بە کۆمپانیاکانی ئیتالیا داوە و بۆ ئەوەی دەرزێک بخاتە نیو وولاتانی یەکیتی ئەوروپا و وا خۆی پیشان بدات کە دوورە پەرێز و بە تەنها نیە و هیچ ترسەکی لە ئیمباڕگی سەر وولاتەکەی نیە. ئەردۆگان بۆ مانەوەی لە دەسەلات ئامادەیە مولک و سامانی وولاتەکەی، وەک زۆربەی دیکتاتۆرەکان، هەرزان فرۆش بکات تەنها بۆ ئەوەی، بە روالەت، دۆست و هاوپەیمان بۆ خۆی بدۆزێتەوە
وەک لە پێشەوە ئاماژەی بۆ کرا کە ئەردۆگان لەگەل شاندێکی بالا و فراوان سەردانی کرد، رۆژنامەکانی ئیتالی باسی واژۆکردنی چەند کۆنتراکتی چەک و کەلوپەلی سەربازی، بە بەهای 2 میلیارد دۆلار، کرد. دیارە ئەم رێکەوتنانە، هەموویان، پێش سەردانەکە کاریان لەسەر کراوە. ئەردۆگان و شاندەکەی ئەم دوو رۆژەی لە رۆما میوانی هۆتێلی “ئێکسێلسوار Excelsior ” بوون کە لە سالی 2015 ووالاتی قەتەڕ کڕیوویەتی. هەر رۆژی 5 شوبات، لەم هۆتێلە، دوور لە چاوی میدیاکان، ئەردۆگان لەگەل سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکانی ئیتالی کۆبوەوە.

ئەردۆگان و کۆمەلگای نێودەولەتی.

ئەردۆگان لە پرۆژەی دەرزخستەنە نێو یەکێتی ئەروپا ، لەبەر ئەم هۆیانە، سەرکەوتوو نەبوو:
1.رۆژی 6 شوبات، بەر پرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، فێدێریکا مۆغێرینی، لە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا، رایگەیاند کە “ئێمە زۆر نیگەرانین لە کردنەوەی بەرەیەکیتری تورکیا لە باکوری سوریا، وولاتێک کە سالانێکی زۆرە گیرۆدەی جەنگی نێوخۆ بووە، ئەم کردەوانە دەرئەنجامی سیاسی زۆر خراپیان لە ناوچەکە دەبێت”. لە کۆتایی هۆشیاریدایە ئەردۆگا کە “تەنها چارەسەری سیاسی زامنی ئاسایش و سەقامگیری تورکیا دەکات”.
2. رۆژی 8 شوبات پەرلەمانی ئەوروپا بریارێکی دوورو درێژی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا و هێرش بۆسەر رۆژئاوا، بە زۆرینەی دەنگ، پەسەند کرد، هەر حکومەت و دەولەتێکی خاوەن مۆڕال ئەگەر ئەم بریارە بخوێنێتەوە پێویستە شەرم دایگرێت کە هاوپەیمانی، سەربازی و بازرگانی، دەولەتێکی وەک تورکیای ئەردۆگانە.
پەرلەمانئ ئەوروپی لە بڕیارەکە، زۆر بە کورتی، ئاماژە بەوە دەکات:
– هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین و یەپەگە هەڕەشە بۆسەر ئاشتی و سەقامگیری نآوچەکە دروست دەکات.
– حوکومەتی تورکیا، لە رێگەی پۆلیسی نێودەولەتی – ئینتەرپۆل، نیازی گرتن و رادەستکردنەوەی نەیارە سیاسیەکانی دهەیە.
– مافکانی مرۆڤ، لە هەموو ئاستەکان و هی هەموو چین و توێژەکان، پێشێل کراون، ئازادیەکان بەرتەسک بوونەتەوە.
– هەازاران پارێزەر، رۆژنامەنوس، میدیاکار، نووسەر و ئەدیب، چالاکوانی کۆمەلگەی مەدەنی … تاد خراونەتە زیندان.
– سەرۆکی زیاد لە 100 شارو شارۆچکە و 10 پارێزگاری هەلبژێردراو لەلاین هاوولاتیان، زۆربەیان سەر با پارتی هەدەپەن، گیراون یان لە پۆستەکەیان دوورخراونەتەوە و بە کەسانی سەر بە حوکومەت پڕ کراونەتەوە.
– کەمایەتی کریستیان قوربانی راونان و چەوسانەوەیەکی دڕندە بوون کە لە لایەن حکومەت و مەئمورەکان ئەنجام دەدەرێن، سامانی کولتوریان لەبەرامبەر هەڕەشەی، بە یەکجاری، لەناچووندایە، لەوەتەی ئەردۆگان و ئاکەپە گەیشتوونەتە دەسەلات پرۆسەی توندڕەوی و بە رادیکالبوونی ئیسلام پەرەی زۆری سەندووە.
– ریفۆرمی دەستوری تورکیا، لەسەر ئاستی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەنگاوێکە بۆ گەڕانەوە بەرەو دواوە.
– داوا لە وولاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە پرۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا بهێنن.
– داوا لە تورکیا دەکات، دەست بەجێ، ئاگر بەس رابگەیەنێت وسوپاکەی لە سوریا بکێشێتەوە، ئیدانەی هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازی تورکیا دەکات.
– داوای هەموار و هەلوشانەوەی “یاسای دژە تیڕۆر” دەکات کە بە زۆری دژی ئۆپۆزیسیۆنی دیموکرات و کەمایەتیەکان بەکار دێت.
پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکات ئەم بڕیار و راسپاردانە بۆ جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن، بەرپرسی بالای سیاسەتی دەرەوە، کۆنسل، کۆمسیۆن، حکومەت و پەرلەمانی وولاتانی یەکێتی ئەوروپا و حکومەت و پەرلەمانی تورکیا رەوانە بکێت.

لە ئیتالیا، ئەوەندەی من ئاگاداربم، لە 5 پەرلەمانی هەرێمەکان، کە ژمارەی دانیشتوانیان خۆی لە 20 ملیۆن کەس دەدات لەگەل زیاد لە 20 ئەنجوومەنی شارەوانیەکان بریاری ئیدانەی هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا پەسەند کروان، هاوسۆزی و هاوکاریان بۆ گەلی کورد، بە تایبەتی بۆ رۆژاڤا دەربیووە.
لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئیتالیا خۆپیشاندانی ناڕەزایی و کۆڕو سێمینار سەبارەت بە دەستدرێژی و پەلاماری تورکیا بۆسەر گەلی کورد ئەنجامدراون.
لەم سەردانەی ئەردۆگان بە سەدان رۆژنامەنووس و میدیاکاری بیانی ئامادەبوون، لە رۆژی 5 شوبات، رۆژی سەردانی ئەردۆگان، نیوەی کوچە و کۆلانەکانی شاری رۆما داخرابوون و 3500 پۆلیس و سەرباز و قەناس ئەرکی ئەمنیەتیان پێ سپێردرابوو، بە قسەی رۆژنامەکان ژمارەیەک کۆماندۆ و قەناسی تورکیاش بەشدار بوون.
ئەم میدیاکارانە، بە شی هەر زۆری، باسی فاشیەتی ئەردۆگان دەستدرێژی سوپای تورکیایان بۆ سەر رۆژاڤا کرد، لە 4 شوێنی رۆما خۆپیشاندان و سیتین بەڕێوە دەچوون، لەبەر ئەوە سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ لای پاپا و حوکومەتی ئیالیا زۆر بە کەمی ئاماژەی بۆ کرا.
هەر لەبەر ئەوە ئەردۆگان لەم سەردانە هیچ کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی نەکرد، تەنانەت سەرۆکایەتی کۆمارو وەزیرانی ئیتالیا، بە فەرمی، راگەیاندن و بەیاننامەیان بلاونەکردەوە.
لەبەر ئەوە دەتوانین، بە بێ دوو دلی، بلێین کە سەردانەکەی ئەردۆگا بۆ ڤاتیکان و ئیتالیا زیانی لە قازانجی زیاتر بووە.
لەسەر ئاستی سیاسی نێودەولەتی تورکیا لە پآشەکشە و لەدەستدانی سەنگ و هێزدایە:
– بەرخۆدانی رۆژاڤا، بە تایبەتی لە عەفرین، لە لوتکەی فیداکاری و جوامێریدایە، سوپاسی تورکیا و داعشە هاوپەیمان و جاشەکانی، لە رووی مەعنەوی، بەزیوون و بە هۆی کوشتاری مەدەنی ریسوا بوون.
– رووسیا، لە زاری وەزیری دەرەوە لاڤرۆڤ، زیاد لە جارێ رایگەیاندووە کە “بەبێ بەشداری پێکردنی کورد، هاولاتی رەسەن و پێکهاتەی سەرەکی، کێشەی سوریا چەرەسەر نابێت و، پێویستە زامنی مافەکانیان بکرێت”. ئەمە بۆ خۆی شکستێکی گەورەی ستراتیژی ئەردۆگان پیشاندەدات کە بە هەموو هێزو توانای هەولی رەتکردنەوەو دوورخستنەوەی کوردی داوەو دەدات.
– نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، ستێفان دێ میستورا، رایگەیانددوە “بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی و بە ئاشتیانەی کێشەی سوریا پێویستە کورد بەشداری لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەی نێودەولەتیەکان بکات .. هتد”.
– هاوپەیمانی نێودەولەتی، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ناتۆ، لە زۆر بۆنە و کۆڕو کۆبوونەوە، بە ئاشکرا، دەلێن “پەلاماری تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا و شەڕی عەفرین دەبێت هۆی سەرهەلدانەوەی داعش، داوادەکەن هەموو هەولەکان لە دژی رێکخراوی تیڕۆریستی داعش چڕ بکرێنەوە نەک لە دژی کورد لە باکوری سوریا”.
– قەداسەتی پاپاش، بە زمان و مێتۆدی خۆی، داوای چارەسەرێکی بە ئاشتی و سیاسیانەی کرد کە ئاشتەوایی سەرتاسەری دابین بکات.
– سەبارەت بە فەلەستین و قودس تورکیا، تەنها قسە دەکات، هیچ سەنگ و کێش و رۆلی کاریگەری لەسەر ئەم دۆزە ئالۆزو ناسکە نیە و نابێت.
ئەوە چەند رۆژێکە ئیتالیا و تورکیا، لەسەر قوبرس، شیر وتیر لەیەکتر دەسوون. لە 8 شوبات تورکیا رێگەی لە کۆمپانیایەکی گەورەی دەولەت، ئێنی ENI ئیتالیا، گرتووە کە بە هاوبەشی کۆمپانیای تۆتالی Total فەرەنسی، کاری پشکین و بیر لێدان بۆ دۆزینەوەی نەوت گاز لە ئاوەکانی قوبرس بکات. ئەم وولاتە، قوبرس، لە سالی 1974 لە لایەن تورکیا، بەشی باکور، داگیر کراوە. وەک دەلێن ” مانگی هەنگوینی نێوان تورکیا و ئیتالیا هەفتەیەکی نەخایاند…!” کەشتیە جەنگیەکانی تورکیا خۆیان لە کەنارەکانی قوبڕس نزیک کردۆتەوەو رێگەیان لە کەشتیە ئیالیەکان گرتووە کە دورگە دەستکردەکان بگەونە ئاوەکان تاکو بنکەی کار کردن دابنیێن و دەست بە کاری پشکنین بکەن. ئەردۆگان گەف و هەرەشە دەکات و دەلێ “رێگە بەکەس نادەین کاری پشکین، بەبێ رەزامەندی قوبرسی تورکیا، بکات و هۆشداریش دەدەم کە ئەم پرۆژەیە هەڕەشە لە قوبرسی باکور و تورکیا دەکات بۆیە داواکارم کەس سەبری ئیمە تاقی نەکاتەوە و هێلی سور نەبەزینیت”. لە راستی ئەردۆگان، وەک لە کوردستانی باشور، لە ەێگەی حوکومەتی کارتۆنی ، لە قوبرسی باکوری تورک نەژاد، دەست بەسەر سامانی نەوت و گاز بگرێت.

ئەردۆگان دەزانێت کە پشکنین و بیرلێدان بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز لە دوور مەودا خزمەت بە قوبرسی یۆنانی دەکات و دەىیتە هۆی پێشکەوتن و بوژانەوەی ئەو بەشە، ئەگەری یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکە، تورک و یونانی، نزیک دەکاتەوە. تورکیا حەز بەو یەکگرتنەوەیە ناکات و دژی دەوەستێتەوە. دەسەلات و رژێمی ئەردۆگان لەسەر ململانێ و گرژبوونی پەیوەندیە ناوچەیی و نێودەولەتیەکان ئیدامە بە ژیانی خۆی دەدات. ترسێکی زۆریان لە ئاشتی و ئارامی نێوخۆو دەڤەرەکە هەیە، بۆیە هەولی دروستکردن و فو لێکردنی ئەم جۆرە گرژیانە دەدات.

ئیتالیاش سورە لەسەر دانانی ئەم دورگە دەستکردانەو دەستکردن بە پشکینن و بیرلێدان و باوەڕیشی وایە ئەم چالاکیانە لە سنوری یاسای نێودەولەتی ئەنجام دەدرێت.
لەم گرژیە نوێیە هەموو یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ پالپشتی لە ئیتالیا و قوبڕسی یونانی دەکەن، واتە تورکیا “دوو سەشی لەدەست تۆپیە”.
سەرۆکی کۆمسیۆن ژان کلود یونکەر Jan Claude Juncker و کونسلی یەکێتی ئەوروپا، دۆنالد توشک Donal Tusk، بە تووندی نیگەرانی خۆیان بەرامبەر هەلوێست و هەڕەشەکانی تورکیا راگەیاندووە و دەلێنن قابیلی قەبول نیە هەڕەشە لە هیچ وواتێکی ئەندام بکرێت، سکرتێری “ناتۆ”ش هاتۆتە دەنگ و داوا لە تورکیا دەکەن ریز لە پرنسیپ و شەرعیەتی نێودەولەتی بگیرێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپی، ئەنتۆنیۆ تەیانی Antonio Tajani، دەلێ “بە شەخسی لەگەل سەرۆکی قوبرس پەیوەندیم کرد، هاوکاری و پالپشتی هەموو یەکێتیم پێ راگەیاند، لەم قەیرانە ئەوە تورکیایە پێشێلی یاسای نیودەولەتی دەکات، سوود لەم گەف و هەڕەشانە نابینی…. هتد”.

ئەگەر بە چاوێکی واقیعی و لۆجیک تەماشا بکەین، بە بۆچوونی من، دەبینین هەرگیز تورکیا وەک ئەمڕۆ هەستی بە شکست، لاوازی و تەنیایی و بێ دۆست و هاوپەیمان نەکردووە. تورکیا دەیان هاوولاتی ئەوروپی، بە بیانوی هیچ و پوچ، خستۆتە زیندان و وەک بارمتە رەفتاریان لەگەل دەکات، واتە هەرەشە لە وولاتەکانیان دەکات تا ملکەچی داخوازیەکانی ئەردۆگانی دیکتاتۆربن. ئەم رەفتارەش لە یاسای نێودەولەتی بە تاوان و کاری “تیڕۆڕیست”ی لە قەلەمدراوە. کار گەیشتە ئەوەی ئەردۆگان، بە زمانی بازاڕی و شەقاوچیانە، پێی لە بەڕەکە زیاتر درێژ بکات و بلێ ” هێشتا ئەمەریکا شەقازلەی عوسمانلی نە خواردووە… هتد “. هەر بۆیە لە زۆر لاوە، لە سەر ئاستی نێوخۆی تورکیا و دەرەوە، داواکاری و دەنگی “راگرتن و وەستاندن”ی ئەردۆگان، هەتا زووە، لە بەرزبوونەودایە.




چاكسازیی راسته‌قینه‌ … سه‌باح شێخانی

چاكسازی راسته‌قینه‌ پایه‌كانی حوكمڕانی و هه‌لومه‌رجی ژیانی هێمن و ته‌ندروست له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ره‌خسێنێ، ده‌توانین راپه‌رینی به‌هاری ساڵی 1991 ی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك گه‌وره‌ترین چاكسازی سیاسی ئه‌ژماربكه‌ین، چونكه‌ كۆتایی هات به‌ ده‌یان ساڵی ژێرده‌سته‌یی و هه‌ژاری و بێ ناسنامه‌یی، به‌جۆرێك هه‌رێمی كوردستانی گواسته‌وه‌ به‌ره‌و قۆناغی حوكمڕانی یاسایی و دیمۆكراسی، دوای تێپه‌ربونی 27 ساڵ به‌سه‌ر ئازادی و حكومڕانی خۆماڵیدا، به‌ڕه‌چاوكردنی بارودۆخ و گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، وا ده‌خوازێت پێشكه‌وتنی زیاتر بێته‌كایه‌وه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاویش به‌ره‌و پێشكه‌وتن ده‌ستبردنه‌ بۆ چاكسازی.

چاكسازی به‌نده‌ به‌ ئاستی رۆشنبیری و پێشكه‌تنی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، له‌ هیچ قۆناغێكی مێژوودا، پڕۆسه‌ی چاكسازی بێ گیروگرفت نابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ناره‌وای هه‌ندێ كه‌س ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئیتر ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ ناره‌زایی لابه‌لا، دڵگرانبوونی رێژه‌یه‌كی كه‌می خه‌ڵك، به‌ڵام هه‌ر هه‌نگاوێكی راسته‌قینه‌ به‌ره‌و چاكسازی، یه‌كسان ده‌بێت به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی كێرڤی رازیبوونی جه‌ماوه‌ر و جوانتركردنی ده‌سه‌ڵات.
چاكسازی پێویستی به‌ زه‌مینه‌یه‌كی له‌ بار هه‌یه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغێكی زۆر سه‌خت و دژواردا تێپه‌ڕده‌بێت، وه‌ك هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م جیهانه‌ پێویستی به‌ چاكسازی و پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌.

دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ بڕیاره‌كانی چاكسازی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و مووچه‌خۆر له‌ سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دیكه‌وه‌ بێت، ده‌ستبكرێت به‌ پرۆسه‌ی سزادانی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر حیسابی سامانی گشتی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، داهاته‌كان شه‌فافتر بكرێن و هه‌موو جۆره‌ نادادیه‌ك له‌ دابه‌شكردنی سامان و پۆست و وه‌زیفه‌ی گشتی پێداچوونه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی پێدا بكرێت، قۆرخكاری نه‌مێنێت، بازرگانی له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكان قه‌ده‌غه‌ بكرێت، موڵك و ماڵی هه‌رێم پارێزراو بێت و نه‌هێڵدرێت چیدیكه‌ زێده‌ڕۆیی بكرێته‌ سه‌ر، چاكسازی‌ ده‌ستپێكێكی‌ باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ راشكاوانه‌ په‌نجه‌ بخرێته‌ سه‌ر برینه‌كان‌.

هیچ كه‌سێك له‌ چاره‌نووس و ئیراده‌ی گه‌ل باڵاتر نییه‌، میلله‌تیش دادپه‌روه‌ری و نوێبوونه‌وه‌ی ده‌وێت، چاره‌نووسمان به‌ سه‌ركه‌وتنی چاكسازییه‌وه‌ گرێ دراوه‌، ده‌بێ بڕیاره‌كانی چاكسازی هه‌موو سێكته‌ر و كه‌س و لایه‌نێك بگرێته‌وه‌، نابێ كه‌س حه‌سانه‌ی هه‌بێت و نابێت هیچ بابه‌تێكیش هێڵی سوور بێت.
چاكسازی پرسی مانه‌وه‌ و زیندووێتی دامه‌زراوه‌كانه‌، هیچ دامه‌زراوه‌ و ده‌زگایه‌ك به‌بێ چاكسازی توانای به‌رده‌وام بوونی نییه‌، چه‌نده‌ پرۆسه‌ی چاكسازی دوابخرێت، ده‌رهاویشته‌ نه‌رێنییه‌كانی زیاتر ده‌بێت.




دوو شیعری خۆشەیستی … نزار قبانی


وەرگێڕانی بە دەستکارییەوە:
پشکۆ ناکام

——————————-

لە نێوان دوو خۆشەویستیا
“تۆ” م خۆش ئەوێ
لە نێوان یەکێک
ماڵ ئاوایی لێکردم
و
یەکێک بڕیارە بێت
لێرە و لەوێ
بۆ “تۆ” ئەگەڕێم
وەک ئەوەی هەموو سەردەمەکان
سەردەمی تۆ بن….
وەک ئەوەی هەموو گفتەکان
بڕژێنە چاوەکانتەوە
ئەم هەستە
کە شەو و ڕۆژ لە گەڵمایە
چۆن بۆت روون بکەمەوە
کە كاتێک میوانی
جوانترین ئافرەتم
چۆن وەک کۆترێک
یەیتە خەیاڵم
و
لە نێوان دوو ژوانا
و
لە نێوان دوو ژنا ….
و
لە نێوان شەمەنەفەرێک
کە دێت و
شەمەنەفەرێک کە ئەڕوات
پێش سەفەر کردن
تەنها پێنج دەقیقەم هەیە
بانگتکەم بۆ کوپێک چا
تەنها پێنج دەقیقەم هەیە
کەمێک
لە ئەحواڵت بپرسم
باسێکی خەمەکانمت
بۆ بکەم….کەمێک
تەنها پێنج دەقیقەم هەیە..
ژیانمی تیا بگۆڕیت
کەمێک…..!!
ئەم پارچە پارچە بوونە
ئەم تێکشکانە
ئەم ئازارە دوور و درێژە
بە چی ناو ئەبەیت
و
خیانەت چۆن ئەبێ
بە چارەسەرێک ؟،
و
چۆن دوو ڕوویی ئەبێ
بە کردارێکی جوان…!
لە نێوان ووتەی سۆزدارییا
لە هەموو زمنانەکانا
ووتەیەک هەیە
بۆ “تۆ ” ووتراوە
و
لە نێوان کاتی ڕابواردن
و
کاتی نووسینا
کاتێک هەیە
کە تیایا دەریا
پڕ ئەبێ لە گوڵاڵە
لە نێوان دوو
دڵۆپ مەرەکەبا
کاتێکمان ئەبێ کە تیایا
لە نێو وەرزەکانا بنووین
و
لە نێوان پایز و زستانا
وەرزێک هەیە
کە ناوی ئەنێم :
وەرزی گریان..
کە رۆح( نفس) تیایا
لە هەموو کات زیاتر
لە ئاسمان نزیکترە
و
وەک لە یەک چونی پیتەکانی
……. تایپ
هەموو ئافرەتەکان لە یەک ئەچن
و
لەو ساتانەی
هەڵوێستی تیا نیە..
عەشق……
ڕق…………
بروسکە….
شیعر……….
پەخشان ……
هیچ شێکی تیا نیە
و
لە پشتەوە ئەڕۆم
ئەچمە هەموو فرۆکەخانەکان
لە هەموو ئوتێلکانا
بۆت ئەگەڕێم….
و
لە ساتەکانی
بێزاری…..
دابەزین…..
ڕوخان….
بە تاڵی……….
بۆشایی…….
و
لە ساتەکانی خۆکوشتنی
ئومێدەکان
و
مەرگی تکا و نزا….
و
لە ساتە دژ بە یەکەکانا
و کاتێک خۆشەویستی
….. و خۆشەویستەکان
ئەبنە دژم
و
هۆنراوەکان ئەبنە دژم
لەو ساتانەی خۆم بە تەنیا
لەسەر ڕێگای غەمباری
بۆ چەن چرکەیەک…
ژیانم ئەبێ بە باغچەیەک
پڕ لە گوڵ..
لەساتە وەختێکی کەم
کە بێ چاوەڕوانی
شیعرم بۆ دێ……
و
دەقیقەکان پڕ ئەبن لە تەقیننەوە
، هەر ئەو ساتانەی
…… نووسین
ئەبێ بە کۆتایی….و..
خۆ کوشتن،،،،
لە نێوان دوو پەنجە و دەفتەرەکانا
وەک پەپولە ، ئەفڕیت
ئیتر چۆن لەدوو بەرەیا
بجەنگم.!!
چۆن بەسەر دوو کیشوەرا
خۆم دابەشکەم…!!
چۆن خەڵکانی تر بدوێنم
و
چۆن لەگەڵ کەسانی تر دانیشم !
کە تۆ لە جومگەی هەردوو
دەستما
سەفەر ئەکەیت….و
لە نێوان جوانەکانی
هەموو رەگەز و ڕەنگەکانا
و
لە ناو سەدان ڕوخسار
کە باوەرم پێیان کرد و نە کرد
و
لە نێوان ” زام” ێکا
کە بۆی ئەگەڕێم…
و بۆم ئەگەڕێت
بیر لە سەردەمە ئاڵتونیەکەت
ئەکەمەوە
سەردەمی مۆمەکان..
سەردەمی بغوردەکان
و
بیر لە سەردەمەکەی
تۆ ئەکەمەوە
کە مەزنترین سەردم بوو…
ئەم هەستە بەچی ناو ئەبەیت…؟
چۆن ئەم ئامادە بوون و نەبونە
شی بکەمەوە…؟
چۆن لێرە و لەوێش بم..!
چۆن ئەیانەوێ بیانبینم
کە جگە لە تۆ
لە سەر ئەرز
ئافرەتێکی تر
نابینم….
کاتێک ئەبمە خۆشەویستی یەکێکی تر
” تۆ” م خۆش ئەوێ
کە بۆ ئێوارە خواردنێک
یەکێکی ترم لە گەڵایە
” پێک” ی تۆ ئەخۆمەوە
کاتێک ناوی ئەبەم
زمانم تەتەڵە ئەکا ….و
ناوی ئۆ ئەهێنم ……
لە نان خواردنەکەشا
بە بەراورد کردنی
پەنجەکانی تۆ و ئەو
خۆم خەریک ئەکەم..!
کاتێک کە لەچکە ئاوریشمییەکەی
ئەخەمە سەر شانی، :
هەست ئەکەم
بووم بە ” موهەڕیج” ێک
و
کاتێک لە نێوان سۆزم بۆ تۆ
و
سۆزم بۆ ئەو
بەراوردێک ئەکەم
هەست ئەکەم خیانەت ،
لە “ڕاستی/ حەقیقەت ” ئەکەم…
ئەمە بە چی ناو ئەبەیت :
دوو ڕوویی..؟
ڕوخان……؟
ڕا کردن….؟
نا سروشتی؟
شێتێتی..؟
و
چۆن لای تۆ بم
و
وای نیشان بەم
لای ئەوم…!!!

2018 / شوبات /




بۆچی ده‌رۆم بۆ ده‌نگدان و ده‌نگ به‌كه‌س ناده‌م ؟ …. عیماد عه‌لی

دوور له‌ شه‌روشۆر و ململانێی حزبی و گرژی و توندوتیژی و ئالۆزی و فراوانكردنی ناكۆكی نێوخۆیی و ناته‌بایی و تێكدانی كاری حزبی راست و دروست، ئه‌گه‌ر گه‌لی كوردستان بیه‌وێت له‌ ماوه‌یه‌كی گونجاودا سه‌رجه‌م حزبه‌كانی ئه‌مرۆی سه‌رساحه‌ی سیاسی كوردستان په‌راوێزبخات و، نه‌هێزی عه‌سكه‌ری و نه‌ش پاره‌ دادیان بدات و نه‌ش كۆنه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌م حزبانه‌ هه‌ر یه‌ك به‌ ناوێكه‌وه‌ دووباره‌ به‌ رێكخراوێكه‌وه‌ له‌ ناخدا هه‌مان پێكهاته‌ و له‌ شێوه‌دا گۆراو و به‌ هه‌ر ناوێكه‌وه‌ بێت خۆیان بكه‌نه‌ سه‌رراستی میله‌ت وسه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه‌، ده‌بێت به‌ خۆرسكانه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی گونجاودا به‌ هێمنی و ئاشتی و پشودرێژی، به‌ره‌ له‌ ژێر پێی ئه‌م حزب و سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵانه‌ ده‌ربكرێت و واقعه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر هێمنانه‌ بگۆردرێت و ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ناخ و له‌ نێو بژێوی ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ به‌دوور له‌ دیاریكردنی سه‌ركرده‌ی پێشوه‌خت بنیاتبنرێت و، هێزی گه‌لی كوردستان له‌ پشتیه‌وه‌ بێت و نیمچه‌ راپه‌رینێكی سیاسی ئاشتیانه‌ به‌رپا بێت. ئه‌مه‌ش چۆن ده‌بێت؟

*گه‌لی كوردستانی نارازی( بێگومان زۆرینه‌ی ره‌ها پێكدێنن به‌ حزبی و بێ لایه‌نیانه‌وه‌) هه‌ر یه‌كه‌و لای خۆیه‌وه‌ بروات بۆ ده‌نگدان وه‌ك ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كانی به‌شداربوو له‌ هه‌ڵبژاردن كارته‌كه‌ی خۆی به‌ شێویه‌كی روون سپی بكاته‌وه‌ و وای لێبكات كه‌ حزبه‌كان نه‌وتوانن ساخته‌ی بكه‌ن و بۆ خۆیانی تۆمار بكه‌ن.
*هه‌ر یه‌كه‌و لای خۆیه‌وه‌ به‌ فراوانی و ئاشكرا، هه‌وڵی هاندانی خه‌ڵك و خزم و كه‌سوكاری خۆی بدات كه‌ به‌فراوانی برۆن بۆ ده‌نگدان و نه‌هێڵن كارته‌كانیان بدزرێت و به‌ ساخته‌ بۆ لایه‌نه‌كانی تر به‌كار بێت و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سپی بكه‌نه‌وه‌ و پیشانی بده‌ن كه‌ ئه‌وان نارازین و رێژه‌ی ناره‌زایانی میله‌ت بۆ جیهان ده‌ربخه‌ن.

* هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌ی ده‌نگی سپی ده‌ده‌ن و نارازین، له‌ پاش هه‌ڵبژاردن خۆیان به‌ شێهوه‌یكی خۆرسكانه‌ راسته‌وخۆ بێت یان ناراسته‌وخۆ له‌سه‌ر مینبه‌ری گه‌له‌وه‌ و به‌هه‌ر جۆرێك بێت راوبۆچونی خۆیان ده‌ربرن و بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كان چالاكی جۆراوجۆر بكه‌ن و هه‌ڵوێست بنوێنن” ئه‌و كاته‌ش له‌ منداڵدانی واقع و بارودۆخی گه‌لی كوردستان رێكخراوێكی سه‌رده‌مانه‌ی نوێ و به‌ شێوه‌یه‌كی روون ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌م گه‌نده‌ڵانه‌ تور ده‌درێن.

* له‌ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا، هێزێكی جه‌ماوه‌ری نوێ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات كه‌ خه‌ڵك و گه‌نجان و نه‌وه‌ی نوێ به‌دوور له‌م ساخته‌چیانه‌ ده‌توانن له‌ ژێر هه‌ر ناوێكدا بێت سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هێزه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ بكه‌ن و به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ رێكبخرێن و له‌ كاتی گونجاو و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا به‌شداری بكه‌ن. ته‌نها به‌و شێوه‌یه‌ ده‌توانن ئه‌ڵته‌رناتیڤی به‌هێزی راست و هه‌ڵقوڵاوی ناخی خه‌ڵك بۆ سه‌ركردایه‌تی و رێكخراو و حزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی ئه‌مرۆ بدۆزنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هێزی جه‌ماوه‌ر و خه‌مخۆری و خه‌ڵكی زۆر دڵسۆز كه‌ تا ئێستا وه‌ك دانسقه‌ ده‌ستده‌كه‌ون و ماون؛ ده‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر زانستیانه‌ و به‌ دیقه‌ت له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵیكدا به‌شداری بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی كوردستان راست بكه‌نه‌وه‌ و بیگه‌رێننه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی كه‌ گه‌لی كوردستانی قوربانیده‌ر و خۆبه‌ختكه‌ره‌ و راده‌ستی خه‌ڵكی دڵسۆزی بكه‌نه‌وه‌.

*له‌م باره‌وه‌، له‌ زۆر رووی رێكخراوه‌یی و جه‌ماوه‌ریه‌وه‌، خه‌ڵكی كوردستان به‌ خۆی ده‌توانێت سوود له‌ شاره‌زایی و ئه‌زمونی جیهانی بكات كه‌ چه‌ندین وڵات له‌ماوه‌ی چه‌ند سالێكدا ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ست خه‌ڵكی ناشایسته‌ ده‌رهێناو راده‌ستی گه‌لیان كرده‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ هیمه‌ت و به‌شداری زۆرینه‌ی گه‌ل و خه‌ڵكی به‌وه‌فا و سه‌ر راست و دڵسۆزی گه‌ل ده‌كرێت.
بۆیه‌ سه‌ره‌تای بنیاتنانی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ی راستودروست و هه‌ڵقوڵاوی نێو خه‌ڵك و وه‌فادار بۆ خوێنی شه‌هیدان و قوربانیده‌رانی گه‌لی كوردستان، له‌ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كانی ئه‌مرۆ له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و به‌ رۆیشتن بۆ ده‌نگدان و رتكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ ده‌نگی سپی، سه‌ره‌تای رۆژێكی نوێ ده‌بێت بۆ بنیاتنانی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ی دوور له‌ ئامانجی ته‌سكی حزبی و شه‌خسی و، ته‌نها له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو به‌رهه‌می ده‌رده‌كه‌وێت.




شانۆی گەڕۆکی منداڵان.. رەزا شوان

شانۆ لقێکە لە ئەدەب، هونەرێکی درامی نوانـدە، بە دایکی هونەرەکان ناودەبرێت. شانۆ پەنجەرەیەکە بۆ داهێـنان.. سەکۆیەکە بۆ گوزارشتکردن لە خۆشییەکان و لە ناخۆشییەکانی مـرۆڤ.. شانـۆی منـداڵانیش لقێکی زۆر گرنگە لە ئەدەبی منداڵان، مەبەستیشمان ئەو شانۆیەیە، کە لە خـزمەتی منداڵان دایە و منداڵان خۆیان رۆڵی سەرەکی نواندنی تێدا دەبینن و نمایشی دەکەن.

(مـارک تووەین) لە بارەی شانۆی منداڵانەوە دەڵێ:” بـڕوام وایە کە شانۆی منداڵان، یەکێکە لە گەورەترین داهێنراوەکانی سەدەی بیستەم کە بلیمەتی ئادەمیزاد رێی پێبرد.. بەهـێزترین مامۆستای رەوشتە.. داکۆکیکەرە لە رەوشتی باش..”
شانۆی منداڵان، پەیامێکە، خۆشی و شادییەکی زۆر و چێژی هونەری و جوانناسی بە منداڵان دەبەخشێت.. هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەکردن و فراوانکردن و زاخاودانی بیر هۆش و ئەندێشە و هەست و سۆز و توانای دەربین و گوزارشتکردنی منداڵان.. بۆ گەشەکردنی بەهـرە و ئارەزووەکانی منداڵان.. بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانیان.. هۆکارێکە بۆ رۆشنبیری کردنیان.. هۆکارێکی زۆر گرنگیشە لە هۆکارەکانی فێرکردن و پەرەوەردەی نوێی منداڵان.. لە گەشەکردنی دروستی کەسایەتیان.

شانۆی منداڵان هۆکارێکی کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی گەلێ گـرێ و گرفت و فشارە دەروونییەکانی منداڵان، وەک (شەرم، گۆشەگیری، زمانگرتن، ترس، رارایی، پەشێوی دۆشدابردن، دڵتەنگی، خەمۆکی، گرژ و مۆنی، ..) بنچینەی درامای منداڵانیش یارییە.. پەروەردەکاری بە ناوبانگ (جـان جـاک رۆسـۆ) فێرکردنی منداڵان لە رێی یاری و نواندنەوە، بە باشترین شێوازی فێرکـردن دەزانێت، ئەوەشی راگەیاند کە شانۆی منداڵان رێبازێکە بۆ فێرکردنی منداڵان.

دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان گرنگییەکانی (شانۆی گەڕۆکی منداڵان).. لە زۆربەی شارەکانی وڵاتانی جیهان دا، شانۆی گەڕۆکی منداڵان هەیە، کە منداڵان خۆیان رۆڵی سەرەکی نواندنی تێدا دەبینن.. کە لەسەر (لـۆری بارهـەڵگر)، یا یەکسەر بە شەلمان و تەختەدار دروستی دەکەن، بە دیکۆری جوانی سەرنج راکێش دەیڕازێننەوە، ساڵی چەند جارێک لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان دا، نمایشی شانۆی منداڵان دەکەن.. لەپاڵ نمایشی شانۆش دا، منداڵان چەندین گـۆرانی و هەڵپەڕکی و دانس پێشکەش دەکەن.. پێشتریش ریکلام و ئاگاداری بۆ شوێن و کاتی نماییشکردنی شانۆکە دەکەن.. میدالیا و خەڵات بە منداڵە بەشداربووەکان و بە دەرهێنەرەکانیش دەبەخشن.. بێجگە لەوەی کە لە زۆربەی شارەکان دا هۆڵی تایبەت بە شانۆی منداڵان هەن.. هەروەها بەڕێوەبەرێتی هونەری منداڵانیش هەیە، ساڵانەش لە شارەکان دا، فیستیڤاڵی پێشبڕکی شانۆی منداڵان سازدەکەن.. چەندین تیپی شانۆیی منداڵان بەشداری تێدا دەکەن.

منداڵان هیوای داهاتووی هەر گەلێکن.. بۆ گەلانی پێشکەوتوو بایەخێکی زۆر بە فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵان دەدەن.. بۆ نموونە لە (وڵاتی نۆروێـژ)دا، لە حکوومەت دا، وەزارەتێک هەیە بە ناوی (وەزارەتی منداڵان)
وادیارە هونەرمەندی عێراقیش (حوسێن عەلی ساڵح) کە پسپۆرە لە شانۆی منداڵان و زیاتر لە بیست ساڵە لە بواری (ئەدەبی منداڵان) دا کار دەکات، سوودی لە ئەزموونی (شانۆی گەڕۆکی منداڵان) ی دەوڵەتان وەرگرتووە.. دەستپێشخەری کرد و بۆ یەکەمین جار لە بەغدا، ئۆتۆمبیلێکی دوو تۆنی (پیک ئاپ)ی کردە شانۆی گەڕۆکی منداڵان و بە دیکۆرێکی جوان رازاندییەوە.. تا ئێستا لەسەر پشتی ئەم پیکاپەدا، چەند شانۆیەکی بۆ منداڵان ـ ئەکتەرەکانیش منداڵانن ـ لە باخچەکانی ساوایان و لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی بەغدا دا، بە سەرکەوتووییەوە نمایشی کردن.. دەستخۆشییەکی زۆریان لێکردووە.

چ دەرهێنەرێکی دڵسۆز و خەمخۆری منداڵانی کوردستان لە بواری شانۆی منداڵان دا، شانازی دەستپێشخەری پێدەبڕێت و.. بڕیاری دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) دەدات.. راستە پرۆژەیەکی گرنگی وا، پێویستی بە هاوکاری چەند لایەنێک و بە پشتگیری و دابینکردنی کەرەستە و پێدایستییە پێویستییەکانی شانۆی منـداڵان هەیە.. بەڵام هەموو پرۆژەیەک بە هەنگاوێکی سەرەتا دەست پێدەکات.

گەربێت (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) دابمەزرێت، دەتوانێت خزمەتێکی زۆری بواری ئەدەب و هونەری منداڵانی کوردمان بکات.. لە رووی پەروەردەیی و فێرکاری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و جەستەییشەوە خۆشی و سوودێکی زۆر بە منداڵانی کوردمان دەبەخشێت.. وەکو من بزانم تا ئەمڕۆ لە کورستان دا، شانۆی گەڕۆکی منداڵانمان نییە.
نابێت ئەو هونەرمەندە دڵسۆزانەمان لەیادبکەین، چ ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە، یا ئەوانەی تا ئەمڕۆش لە ژیان دا ـ تەمەن درێـژیان بۆ دەخوازم ـ کە زۆر دڵسۆزانە و خۆبەخشانە لە بواری شانۆی منداڵانی کوردستان دا خزمەتێکی جوانیان کرد و دەیکەن، جێ پەنجەیان دیارە و، کۆمەڵێک شانۆی جوانیان پێشکەش بە منداڵانی کوردمان کرد.. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، لە چاو گرنگی شانۆ بۆ منداڵان، تا ئەمڕۆش شانۆی منداڵان لە کوردستان دا، لە ئاستی خواست و پێویستی منداڵانی گەلەکەمان دا نییە.. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەک، یەکێک لەو هۆیانە، پشتگیرنەکردنی شانۆی منداڵان لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتییە گششتییەکانی پەروەردەی شارەکانی کوردستان، نەبوونی هۆڵی تایبەت بە شانۆی منداڵان.. ئەگەرچی لە شارەکانی باشووری کوردستان (بەڕێوەبەرایەتی هونەری منداڵان) و (بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان) هەن.. بەڵام لە راستی دا لە رووی مـاددی و پێویستی و مەعنەوی و هانـدانەوە، لە لایەن وەزارەتەکانی رۆشنبیری و پەروەردەوە، پشتگوێ خـراون وەکو پێویست ئاوڕیان لێنەداونەتەوە. تا ئەمڕۆش نە لە باخچەکانی ساوایان و نە لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان دا وانەیەک نییە بە ناوی (وانەی شـانۆ) وە، دەرچووانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانیش کە لە باخچەکانی ساوایان و لە قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکان دا بە مامۆستای هونەر دایاندەمەزرێنن، نە وانەی تایبەتی شانۆ هەیە و نە هیچ پێویستی و پێداویستێکیشیان لە بەردەست دایە، تا سوود لە پسپۆری و لە تواناکانیان وەربگرن و بیانخەنە خـزمەتی شانۆی منداڵانی کوردستانەوە.

بۆیە دامەزراندنی شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان، زۆر گرنگ و پێویستە، گەر دابمەزرێت، تا رادەیەک دەتوانێت ئەم کەلێنە پڕبکاتەوە.. بۆ کڕینی چەند لۆرییەکی بارهەڵگر بۆ ئەم مەبەستە، پارەیەکی زۆر لەسەر حکوومەت ناکەوێت، بەڵام سوودێکی زۆری دەبێت.. لە ئەمـڕۆدا لە سایەی قەیـرانی ئابووری و بێ مووچەیی دا، بەشێکی زۆری منداڵانی کوردستان، تووشی گرفتی جەستەیی و دەروونی و بەدخـۆراکی و بێ بەرگی و بێنـازی بوونە.. بەشێکیش لە منداڵان لەبەر هەژاری و نەبوونی وازیان لە خوێندن هێناوە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، کاری قورس و نەشیاو دەکەن.. ئۆباڵی ئەم منداڵانەش لە ئەستۆی حکوومەتی باشووری کوردستان دایە.

شانۆی منداڵان، تا رادەیەک دەتوانێت لە ئازارە دەروونییەکانی منداڵان کوردستان کەمتر بکاتەوە و هیـوا و خۆڕاگریان پێببەخشێت.. شانۆی گەڕۆکی منداڵان دەتوانێت بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان لە ژمارەیەکی زۆری باخچەکـانی ساوایان و لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان و لە کەمپەکانی ئاوارەکان و لە نەخۆشخانەکانی منداڵان و لە گەڕەکەکان و لە باخچـە گشتییەکان و لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان و لە دێیەکانیش دا، شانۆی پەروەردەیی ئارەستەکراوی ئامانجدار، نمایش بکات و هیـوا و گەشبینی بخـاتە دڵی منداڵە بێنازەکانی کوردستانەوە.
پێشنیاری دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) ئاراستەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردەی کوردستان و بەڕێوەبەرێتی چالاکی قوتابخانەکانی شارەکانی کوردستان دەکەم، کە ئاوڕ لەم پێشنیارە بدەنەوە و مـژدەی دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) رابگەیەنن.

رەزا شوان
نەرویـج: ١٧ی/ فێبروار/ ٢٠١٨