بوورانەوەی من و چەرچەفە خوێناوییەكانی دایكم … . بڵند باجەلان


بۆ : (ن) و بارانەكانی كە (ن)(ن) دەیانبارێنێ‌

……………………

بەسەركردنەوەی شەو
لە بەردەم شەوی كەوتنی سێودا
بەسەر تەنیایی سێودا
ساتی هاتنەوەی بزەو ڕۆشتنی پەسیرە
بە دەم خەوەوە
كەوتنی نێو دەستەكان نائومێدی دیكەی تۆ بوون
لە
بەردەم ئەو ئوتوبانە ساردەدا
كە من هاتمەوە و
تۆ دەڕۆیشتی بەرەو
شەوی یەكەمی
كەوتنی سێو بەسەر تەنیایی باخچەدا
كاتژمێرەكان .. هەمیشە كاتژمێرەكان دەهاتن بۆ دیدەنی تۆ
ساتی بەر پەنجەرە و ساتی بەر لە بارینی باران بەسەر شووشەی ئەو هاتنەوەیەتدا
بێیتەوە كانتۆرەكە پڕ دەكەم لە پرتەقاڵ
لە ئەنەناسی
قاشكراوی سوور بە خوێنی هەنار
بەسەركردنەوەی شەو لە نیوەڕۆیەكی تەنیادا
مزگێنی بوون بۆم كاتێ‌ زانیم تۆ ناگەڕێیتەوە بۆ بینینی كانتۆری پڕ لە پرتەقاڵ و
سێوی سوور سوور بەخوێنی من و
خوێنی چۆلەكە
چۆلەكەكان خوێن دەخۆنەوە لە ئوتوبانە ساردەكەدا
كە تۆ من بكوژی بە بێدەنگی بە بێدەنگیم بناسێنی
من دەبێ چۆن دەستم بگا بە كانتۆرەكە
و
تەرمی سووری نێوی و ئەو كوژرانە؟
دەستم بكە بە كەشتی و
با من دابەزم بۆ كەناری دەریاكە .. دەبوورێمەوە
چۆلەكەكان لە بەردەم پەنجەرەكەدان
باوكم دەڵێ‌ : چۆلەكەكان كە لە بەردەم پەنجەرەكەدان ..دەبوورێنەوە
تكایە پەلە بكەن و با من لەو كەشتییە دابەزم
زەمین بەر لە كەوتنی سێوی
بیركاری
هاوكێشەی فڕینی
كۆترە بەرەو مردن
مردن دێتەوە بە زەمبیلێك
لە شەوی بەسەركردنەوەی شەو لە شەوێكی تەنیادا
باخەوان خۆی كۆدەكاتەوە:
زەمین بەر لە كەوتنی سێوی مەرگ هاوكێشەی فڕینی من بوو بەرەو خیابانە كارتۆنییەكان
كارتۆنی پڕ لە ئاو
ئاوی پڕ لە ماسی
من خالی لە ئاوی پڕ لە كارتۆن و ماسی پڕ لە سێوی ماتماتیك
باوكم دەڵێ‌ : دڵم دەوەستێ و قەلەوێرەكەم ببەن بۆ گۆڕستان بینێژن
دایكم دەستی دەخاتە سەر دڵی و ژوورەكەمان كتێب داگیری كردووە
دایكم لە گۆڕستاندا چەرچەفی خوێناوی دەداتە بەر با و
باران دەیبوورێنێتەوە
تۆش بوورانەوەی من بوویت كاتێ‌ دڵم دەوەستێ و دەمبەی بۆ گۆڕستان
مەمنێژە لەسەر قەلەوێرەی جێماوی باوكمدا بمچێنە
تا دەبوورێیتەوە .. بە چەرچەفی خوێناوی بەر با كفنت دەكەن
كە
بە
هێواشی
دەبوورێمەوە
من باران دەبوورێنمەوە و خۆم بە نەرمی دەخەمە ژێر پرسیارەوە
مەمنێژە تا دایكم بێتە دیدەنیم
و
ببینێ‌ من مردووم
و
گۆڕهەڵكەن
داوای مەرگی كەسێك دەكا لە بڕی هەڵكەندنی گۆڕێك بۆ من
چەند سەخت دەڕوا ئەو ماشێنە
كە
خەیار و مەرگی هەڵگرتووە
دڵ
كە
دەوەستێ‌ .. مەمنێژە تا كوڕەكەم دەڵێ‌ : بابە مەمنون
مەمنون كە نەتهێشت
یەخەی ئەو گوڵە یەخانە و یەخەی خۆم نەدڕم
دەبوو بیدڕم ..ئەو هەموو كفنە بدڕم لەبەرما
چەند سەخت دەڕوا ئەو گالیسكەیە كە گوڵ
و
تۆی هەڵگرتووە
تۆ جێم مەهێلَە كەس هیچم پێنادا تۆ نەبێ كە خۆتم پێبدەی
با ئەو كانتۆرە بكرێتەوە
تەرمی شاردراوەی نێو پرتەقاڵەكان و
قەلەڕەشە مۆمیاكراوەكان .. ببوورێنینەوە
قسە لەسەر فەریكە نۆك نییە
ئیتر ئەوا مانگ لە باوەشی كۆیلەیەكی نێو زیندان خەوتووە
زیندانەكە زیندانی بكەن
وەرزی دروێنە و مردنی لەسەرەخۆیە
وەك سەرخۆشێك نەتهێشت قەپێلكە هێلكە جێگای دڵ بگرێتەوە
لە چڕنووكی شەكەتی ئەم سەدەیە هیچ نەقەوما
دانەوێڵە دەبارێ‌ لە زەوییەوە بۆ سەر ئاسمان
لەژێر كورسیدا تەقە تەق
لە دەرەوەدا قسەی پڕ لە نهێنی
دەمێكە باخچەی ماڵەكەمان بۆتە مەزرای ئاژەڵان
پێشێلی یاسای چیلكە دار و گەڵا ناكەم
لەژێر سێبەری بزنەكە
شاعیرێك شیعر دەنووسێ بۆ خۆشەویستەكەی كە مردنە
گوڵەگەنم سەر دەردێنن
وەرزی دروێنە و دووركەوتنەوەتە…
بە فانۆسی سپی
بەنێو دارستانی سەوزدا
دەڕۆم.
درەختەكان
لایلایە بۆ چۆلەكەكان دەكەن .
دەریاكان
پڕن لە دەستنووسی با و
.ڕەشەبا
كاتی ڕۆیشتنم هاتووە
ئێوە دەمرن و منیش لە چاوەڕوانی مردندا
سەفەر دەكەم
قوڕ و لیتەی باخچە باریوە بەسەر سەری
باراندا
لەنێو دڵۆپێك فرمێسكدا كۆنسێرتێك ساز دەكەم : كۆنسێرتی پێكەنین.
پێكەنین ئاوازی گریانەكانی
ئەمڕۆمە
خۆشەویستە بچكۆلەكەم
قسە ناكەم
ئەوەی پرد دروستدەكا بۆ پەڕینەوە من نیم
زرینگەی زەنگوڵە و خرخاڵ بەرز دەبێتەوە
بە فانۆسێكی ڕەشەوە دەگەیتەوە لام
هێشتا
درەختەكان لایلایە بۆ چۆلەكەكان دەكەن
هێشتا
دەریاكان پڕن لەو مردووانەی ئاوازی ئەمڕۆمن.
بە ئاو پاكژ نابیتەوە
ڕووت
پێخواس
ئاوابوویت و هێشتا خۆر ئاوانەببوو
سەوزایی چاوت پڕ بوو لە جوانى ڕەنگ زەرد
ئەو گۆرانییەی بە یەكەوە نەمانگوت
گۆرانی دەڵێ‌ بۆ ئەو منداڵانەی لاسایی بەچكە شێرەكان دەكەنەوە
تۆ سەرەنجت نەداوە
یان
بێدەنگیی باڵندەیە هەموو شتێكی تەنیوە ؟
من دەزانم
ئەو كەفە زۆرە
هاواری یەكەمین باڵندەی كوشتووە
ئەگەر تۆ بارانی یەكەمینی
نووستووی نێو تابووتی بەردین
بە پێنج دڵۆپە خوێنی سەر چەقۆ لەش پیسە
هێشتا
كاتژمێری وەستاو
هێشتا
جووڵەی نێوان دوو كەوانە
هێشتا
. مەرگ
گیانێك
پڕ لە برینی فێنك
لە خانووێكی دیكەدا
گوێی لە ترپەی دڵمە
سووك سووك
برینەكانی دەپێچێتەوە و دەپرسێ : كاتژمێر چەندە بە تەوقیتی برین ؟
ئەوەی من باسی دەكەم
باران تێیدەگا
چەقۆیەك و
حەوت دڵۆپە خوێنی مەیو
لەبەر باران ڕووت دەبنەوە
خۆشەویستە بچكۆلەكەم لەنێو جێگای خەوتنەكەیدا گۆرانی دەڵێ‌
گیانێكیش
پڕ
لە بیرەوەری
لەبەر بارانی دەرەوە تەزیوە.
بەو هەموو خوێنەوە چۆن لەو شەقامە بپەڕمەوە ؟
خوێنێكی زۆرم لەبەر دەڕوا
دەترسم ماشێنەكان بە هۆڕنەكانیان گەرمی ئەو نیوەڕۆیەم بۆ بگۆڕن بە ساردیی بەفر , لە ژیانمدا یەك جار بەفرم بینیوە ببارێ‌ , بۆ چەند خولەكێكی كەم بەفر باری بەسەر كارگەی دروستكردنی بوزدا . دەترسم ماشێنەكان بەر لە من بپەڕنەوە سەر شۆستەكە , ماشێنەكان لە شەقام دەترسن , كەسێك لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا مردووە , وابزانم ئەمە هۆكاری بارینی بەفرە قورسەكەی بەیانییە , بەیانی بەفر دەبارێ‌ بەسەر كارگەی مافووردا , تۆ لە كارگەكەدا كاردەكەی , مافوور دروست دەكەی و بیر لە من دەكەیتەوە لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا مردووم و ماشێنەكان لە ترسی من دەپەڕنەوە سەر شۆستەكان.




گەشەی عەقڵ و زانستی ئێوەم ناوێت، منداڵیم بدەنەوە … مامە دارا

من گەورەیی و گەشەی عەقڵ و زانستی ئێوەم ناوێت! هەمویتان بەیەك رۆژ هاوڕێیەتیی مارمێلکەیەك و ئاو رۆشنکەرەوەیەکی سەر ڕوی ئاوی گەروی کانیەک لە بەڵێننامەیەکدا بۆ واژۆ دەکەم و دەتاندەمەوە!
لە منداڵیمدا کە دەچومە دەراوی کانیەکە بۆ ئەوەی دەمی جۆگەکە بکەمەوە بۆ ئاودێری بێستانە پڕ بەرهەم و بۆن و بەرامی شوتی و کاڵەك و بڕکە شەمامەکان، لەوپەڕی تینویەتی ئەو گەرمەی ژیانەدا، تا تێر سەیری پۆلی پڕ جوڵە و چالاکی ئاو رۆشنکەرەوەکانم نەکردایە، دڵم نەدەهات جوڵەی ئازادانە و پڕ کار و چالاکیان لێ تێکبدەم، تا خۆیان لایەکیان چۆڵدەکرد، ئەوکات بە ئەسپای مشتێك ئاوی سازگارم دەخواردەوە!
کە دەستم بە ئاودێری بێستانەکە دەکرد، دوای پاراوکردنی چەند دێراوێك، لە پڕ لەکاتی کردنەوەی دەمی دێراوێکدا لە بەدەمەوە هاتنی کلکی پەریوی مارمێلکەیەکی پڕ بەرائەتدا، کە بەدەمی پێمەرەکەمەوە دەقرتا، دنیای ئاخر بوونم دەبینی!.
هێشتا کلکی مارمێلکەکە زیندو بوو، پێچی دەخوارد و دەجوڵایەوە، شۆك بەریدەدام و بەدەستێکم پڕم پیاکرد و دەستێکیشم پڕکرد لە قوڕ و بەدوای مارمێلکە بریندارەکە دا دەکەوتمە ڕاکردن، بە ئومێدی ئەوەی بیگرمەوە و بەقوڕ کلکی بۆ پێوە بنێمەوە و تیماری بکەم و برێك لەتاوانەکەم کەم بکەمەوە و، داوای لێبوردنی لێبکەم!
ئەو لەترسی ترسناکی من و، لەتاو ئازاری برینەکەی دێراو بە دێراو، بن بڕک بە بن بن بڕکی بێستانەکە رایدەکرد و، منیش لەتاو ئازاری دەرون و تاوانباریم و خەمی چارەسەرکردن و کەمئەندام بوونی ئەو، بەدوایدا رامدەکرد!

سەرەنجام خۆی دەگەیاندە گیاو گژی زەبەندی تەباری جۆگەکەو، خۆی دەکرد بە کونێک دا و لە ترسناکی من ڕزگاری دەبوو، وەلێ نازانم چەند دوای ئەوە ترس و هەناوەکوتێی ڕەویەوەتەوە و توانیویەتی خۆی تیمار بکات یا هەر لەو کونە دا گیانی بێگەرد و پیرۆزی سپاردوە!

دەزانن ئەو ساڵە و تا چەند ساڵێکی دیکەش هەر دەچومە سەر بەراوەکە لەو ئارامیەی بەیانیانی دەشت و دەردا، کە هێشتا زیندەوەرەکان بێترستر لە چۆڵبونی مرۆڤ لە دێبەراکاندا ئازادانە دێن و دەچن، من بە ئەسپای چاوم دەگێڕا بزانم ئەو مارمێلکەیە بە زیندوی نابینم، کەمێك ئازاری هەست بەتاوانباریم کەم ببێتەوە؟
ئەوکاتە کە هێشتا بەتەوای نەگۆرابومە سەر جنس و وەرگرتنی زانست و هۆشیاریی و رۆشنبیریی مرۆڤ، بەو شێوەیە هەست ناسک و میهرەبان و ئاژەڵ خۆشەویست بووم!.

تا ئەو ڕۆژە و ئەو کاتەش، کە لەبەردەمی کونە تەیارەکەی لای کانی و چەم و چنارەکانی (عەلی سور) من لەملاوە سێپەرەم دەکرد بەناو قژە لول و ئاڵۆسکاوەکەمدا و کاریلە تازە فێرە لەوەڕ بوەکان، هەردوو دەستیان دەخستە سەرشانم و سێپەرەکانی ناو قژمیان دەردەهێنا و دەیانخوارد و منیش دەمگرتن و دەمگەوزاندن و سەر لوت و نێوچەوانیانم ماچ دەکرد، هەر باشبووم و هێشتا گەشەی گەورەییم نەبینی بوو!، وەلێ لەوکاتەدا دایکم هاواری کرد راکەنە کونە تەیارەکەوە تەیارە هات! ئێمەش وەك مارمێلکە بریندار و ترساوەکە خۆمان کرد بە کونەکەدا و، دایکیشم مەنجەڵە شیری سەر ئاگری ئاگردانەکەی قڵپ کردەوە بەسەر ئاگرەکەدا، تا فرۆکەوانەکە دوکەڵی ئاگرەکە نەبینێت و بۆمبارانمان نەکات، ئیدی من لەو رۆژەوە گۆرام! لە هاوڕێی مارمێلکەیەکی پڕ بەرائەت و جوانیەوە بومە مرۆڤ و هاوڕێی مرۆڤی دڕندە!. ئێستا بمبینن من چەندە گۆڕاوم، چەندە خۆمم بەجێ هێشتوە؟
ئەها منێك ساڵەها عەوداڵی دۆزینەوەی مارمێلکەیەکی کلك پەڕیو بووم ڕامدەکرد بە دوایدا، تا تیماریکەم و داوای لێخۆشبوونی لێبکەم؟

ئەو کاتانەی دڵم نەدەهات یاری ئاو رۆشنکەرەوەکانی سەر ڕووی ئاوی گەروی کانیەکە تێكبدەم بۆ ئاوخواردنەوە؟ وەلێ ئێستا بەبەرچاومەوە دار و درەخت، گوڵ و گیا، مێرو و پەلەوەرە و ئاژەڵەکانی هەموو ئەم گۆی زەویە بەبەرچاومەوە خوێنی لێدەچۆرێ و مێشك و چاوم ماندوو دەبێت لە تەماشاکردنییان، وەك فیلمێکی خوێناوی سەیری دەکەم و، هەر کە چاو و مێشكم ماندوبوو، چاو وەردەگێرم و پشتی تێدەکەم و بێ هەست و سۆز دەیدەم لە پرخەی خەو!، وەک ئەوەی نە بام دیبێ و نەبۆران، نە خوێنڕشتن و نە منداڵ کوشتن و نە برسیەکان و هاتوهاواری بەر گولە و ساروخ و بۆمبی دەستی (زاناکان) و بەرهەمی(زانست)، دەک نەفرەت لە خۆت و زانایی و زانستت، دەک نەفرەت لە گەورەیی من و دڵڕەقی ئەمڕۆم.
ئێوە ئەی مرۆڤی خاوەن گەشەی عەقڵ و بەناو زانست و هۆشیاریی، بزانن ئەگەر لەم خەوی کاولکاریە بەناو زانستیی و هۆشیاریی رانەپەرن، ئەو ملیۆنان منداڵە برسی و تینو و ڕەشوڕووتانە، مارمێلکە ئاسا پڕ بەرائەتانەی کە ئەمڕۆ لەژێر ئاگر و ئاسانی گەشەی عەقڵی مرۆڤدا شەڵاڵی خوێن دەکرێن، سبەی وەك ئێمە دەبنە مرۆڤ، دەبنە دڕندە و دڵڕەق و خوێنڕێژ.
هەر بۆیە پڕ بە دەمم ، لە کانگای دڵمەوە، هاواردەکەم و دەڵێم، منداڵیم بدەنەوە چیتان لێکرد؟! بۆ کوێتان برد؟!
منداڵیم بدەنەوە بۆ ژیان نا! بۆ پاك بونەوە لە تاوانەکانی رۆژانی دوای کونەتەیارەکە و تا ئێستام!
منداڵیم بدەنەوە من ئەم گەورە بون و گەشەی عەقڵ و زانستەم ناوێت، من دەمەوێت ببمەوە هاوڕێی مارمێلکە و ئاو رۆشنکەرەوەکانی گەروی کانیەکە!.

مامە دارا/ ١٨/٠٢/٢٠١٨
نەرویج




پەنچەرچی ترەمپ … جەلال بەرزنجی

ترەمپ لە هەڵبژاردن بردیەوە،
خەونی ئەو کوردەی، خؤش باوەڕی لە خۆێنی دایە،
هاتە دی.
پەنچەرچی (غەمگین)ی هەبوو
کردە بە ( ترەمپ)
بە سەما کردن هاتە سەر شەقام.
شەو لە خۆشیان نەخەوت!
بۆ بەیانی، پەنچەر بەلاش بوو.
نۆکاو فرؤشێک،
دوکانە بچکۆکەکەی لە (خەون) ،
کرد بە ترەمپ.

ئەویش رۆژەک،
پارەی نۆکاوی،
لە کەس وەرنەگرت.
وەهەروەها،
شەربەت فرؤشێکی سەر شەقام،
وەک ئەوەی، مەولود بکات
شەربەتی بەلاش،
دابەش کرد.
ماسی گرێک،
رۆژێکی کردە پشو
چەند منداڵەکی تازە ،
بە ناوی ترەمپ کران.
ئەوانەی لە کوردستان بە سەدانن،
بە خۆیان دەڵێن(چاودێری سیاسی)
و سیاسیەکانمان،
قەرسیلیان هێنایە چۆکان
دەولەتی کوردی،
بوو بە مەسەلەی کات.
چەند مانگێک تێپەڕی ،
رۆژێک ترەمپ، لە راوێژکارەکی پرسی،
“گرفتی نێوان کازاگستان و عێراق چیە”؟
– مەبەستت کوردستانە، گەورم ؟
دوایی، لەوەەش خراپتر روویدا.
پەنچەرچی شۆک بوو،
دوو رۆژ دوکانەکەی داخست
رۆژی سێ یەن
ناوی ترەمپی، بە ڕەش بۆیاغ کرد.




هێرشی سەر عەفرین و کەرکوک لە کام هەلومەرج و کام سیاسەت لەپشتیانەوە

نوری بەشیر…

هێرش و کوشتاری دەوڵەتی تیرۆریستی تورکیا بۆسەر خەڵکی مەدەنی عەفرین لە سێ هەفتە نزیک دەبێتەوەو وڵاتانی سەرمایەداری جیهانی چی لە ناوچەکەو چی لەجیهاندا نەک هیچ کاردانەوەیەکی جیدیان لەخۆیان نیشان نەداوە بەدژی، بەڵکو بێدەنگی و لایەنگری پاساوەکانی دەوڵەتی بۆرژوا ئیسلامی تورکیا و ئۆردوگان دەکەن. پاساوی پارێزگاری لەسنوری تورکیا لەدژی تیرۆر و هێرش بۆسەر پەیەدەی لایەنگری پەکەکە، لەکاتێکدا دەوڵەتی ئەمریکا لە سەرەتای جەنگێک کە لەسوریا لەژێر ناوی دژی تیرۆر و داعشدا بەرێی خست لەو نێوەدا هەزاران کەس لەخەڵكی مەدەنی بوونە قوربانی سیاسەتی شەڕخوازانەو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگە وێرانکرا، لایەنگری و نزیکایەتی خۆی تا ئێستاشی لەسەر بێت لەگەڵ هێزەکانی پەیەدە نیشانداوە، بەڵام ئەمڕۆ لەبەرامبەر لەشکرکێشی و کوشتاری نا ئینسانیانەی تورکیادا لەگەڵ هاوپەیمانە غەربی و ناوچەییەکان و هێزەکانی رکابەری وەک روسیاو هاوپەیمانەکانی لەدنیا و ناوچەکەدا هەمان پاساو بۆ کوشتاری دەوڵەتی ئیسلامی ئەردوگان دەهێننەوە.

هەموو ئەو پاساوانە بۆ هێرش و کوشتاری تورکیا بۆ سەر خەڵكی مەدەنی عەفرین و ناوچەیەک کە لەچاو باقی ناوچەکانی تری سوریادا ئارامترو خەڵکەکەی دەتوانن هەناسەیەکی باشترو دورتر لەشەڕو کوشتاری سوریا هەڵبکێشن، هەمان پاساوی هێرش و لەشکرکێشیە کە ئەمریکاو هاوپەیمانە غەربی و ناوچەییەکانی کە حەشدی شەعبی و سوپای قودسی جمهوری ئیسلامی ئێران بە سەرپەرستی قاسم سلەیمانی و هێزەکانی حکومەتی عەبادی کردیانە سەر کەرکوک و دوزخورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری، بەڵام ئەمەی دووەمیان لەشەرایتێکی راستەوخۆی دوای دەرکردنی هێزەکانی داعش لەموسڵ و لەهەلومەرجی تازەی وڵاتی عێراقدا بوو کە لەشکرو حەشدی شەعبی عێراقی بەسەرکەوتوو هاتنە دەرەوە، پاساوەکانی پشتی ئەم هێرشەش بە دەنگدانی خەڵکی کوردستان لەریفراندۆمێکدا بەزۆرینەی دەنگ بەجیابوونەوە ناو زەدیان کردوو هێزگەلێکی زۆری ناوچەیی و ناوخۆ لە ناسیونالیستە کوردەکان و چەپەکانیان لەدەوری کۆکردەوە. لەکاتێکدا تەپڵی دیموکراسی ئەمریکاو هاوپەیمانە غەربیەکانی دۆستی ناسیونالیزمی کوردی بۆ دیموکراسی مافی دەنگدانی خەڵك لەدنیادا گوێی خەڵک هەراسان دەکات، وە حزبە ناسیونالیستەکانی کوردایەتی دەهۆڵیان دەکوتا بۆ ئەمریکا و غەرب و دیموکراتیەتەکەی، بەڵام بەمافی ڕەوای خەڵکی کوردستان نازانن کە ئازادانە دەنگ بدەن.

پاساوەکانی هێرشی تورکیا بۆ عەفرین و پاساوەکانی دەوڵەتی عێراق و حەشدی شەعبی و دەوڵەتی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کەرکوک و تەئیدکردنی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکان و غەربەوە لەلایەک و روسیاو ئێران و هاوپەیمانانی، راستیەکانی ئەو هەلومەرجە ناخاتە ڕوو، بەڵکو واقعیەتی ئەو هێرشانە یەکەم لە شکستەکانی ئەمریکادایە لەناوچەکەدا و سەردەرهێنانی هێزەکانی روسیاو هاوپەیمانانی لەسوریاوە بۆ ناوچەکەو لایەنگری لە سیاسەت و بەرنامەکانی تورکیا، کە بۆخۆی لەلایەک هەلومەرجی نالەبارو شەڕی سوریا گەورەتر دەکات و درێژە بەکوشتارو کاولکاریەک دەدات کەلە ٢٠١١ وە ئەو کۆمەڵگەیەی لەبەریەک هەڵوەشاندوەو دەخالەتی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هەلومەرجی سوریا زیاتر دەکات، بەرگریەکانیان لەپاساوی تورکیا کەسنورەکان دەپارێزێت لەتیرۆر لەهەموو کات پوچترە، کە ئەو بەرەو قوڵایی ناو خاکی سوریا دەکشێت، پاساوەکان و لایەنگری لەو پاساوانە لەوە پوچترە ئەمریکا و روسیا و هاپەیمانەکانیان دژایەتی بۆ تیرۆرو داعش تاکید دەکەنەوە لەکاتێکدا دەورەی شەڕی دژی داعش دەوڵەتی تورکیا بەئاشکرا دەست لەناو دەستی داعش و هاوکاری سەرەکی داعش بوو و ئێستاش هێزە پەرشوبڵاوەکانی داعش و باقی هێزە ئیسلامیەکانی سەربەخۆی کۆکردۆتەوەو لەگەڵ هیزە سەربازیەکانی تورکیادا لەبەرەی پێشەوەی جەنگەکەن، واتە ئەگەر تیرۆر و تیرۆرست لەناوچەکەدا هەبێت ئەوە دەوڵەتی فاشیستی ئیسلامی ئەردۆگان و تورکیایە، کە دەرگیری ئەزمەیەکی ناخۆ بووەو دەیەوێت لەرێگای هێرش و دەخالەتی لەسوریادا وەک وڵاتێکی کراوە رۆژێک بۆ ئێران و رۆژێکی تر بۆ سعودیەو حزبوڵای لوبنانی و رۆژێکی تر بۆ قەتەر چارەیەک بۆ هەلومەرجی ئەزماوی تورکیا بدۆزێتەوە.

کەواتە هێرشی سەر کەرکوکی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و ئێستای سەر عەفرین لەهەلومەرجێکی دوای دەکردنی هێزە چەکدارەکانی داعشە لەموسڵ و ناوچەی رەقەی سوریادا، کە نەئەمریکا لەعێراق و نە لەسوریا بەو بەرنامەو سیاسەتەی خۆی نەگەیشتووە، وە روسیاو هاوپەیمانەکانیشی بەهەمانشێوە، وە هیچ لایەک لەو دوو قوتبە گەورەیە هیچ بەدیلێکیان بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ نیە و هەریەک لەچاوەڕوانی نفوزو هێزگرتنی خۆیدایە و بەتایبەت بۆ ئایندەی سوریا و لەوێوە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە چاویان بڕیوە، وە لەعێراقدا جنوب و ناوەڕاست بەدەست جمهوری ئیسلامیەوەیە و کوردستان نیوەی بەدەست ئەمریکاو نیوەکەی تری بەدەست ئێران و تورکیاوەیە، کە بۆ ئەمریکا کێشەیەکی تری نفوزی ئێرانە لەپاڵ کێشەی لەگەڵ روسیادا. لە سوریاش بەهەمان شێوە ئەمریکا لەڕووی سیاسی و سەربازیەوە ئەوەی ویستی بەتەنها خۆی وەک زلهێزی جیهانی و دوایی لەگەڵ هاوپەیمانە غەربیەکانی کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بروخێنێت دەسەڵاتێکی سەر بە ئەمریکا جێنشین بکات بو ئەمەش کۆمەکێکی زۆری هێزە ئیسلامیەکانی کرد، بەڵام هەرزوو شکستی هێناو ئەو هێز و کۆمەکانەی هەمووی بووە هێز و پاڵپشتی داعش و وڵاتانی ناوچەکە لەسعودیە و قەتەر و تورکیا… بۆیە بەناچار ناوچە کوردیەکان کەپێشڕەویەکیان کردبوو لەدژی داعش و ئاسایشی ئەو ناوچانە لەچاو باقی سوریاداو وەستانەوەی دژی داعشدا باشتر بوو، بەناچار ئەمریکا هاوکاری کردن کە بەرژەوەندیەکانی لەوێوە بڕواتە پێشەوەو منافەسەی روسیا و ئێرانی پێبکات، هەروەک لە ٢٧ ساڵی رابردوودا هاوکاریەکی زۆری حکومەتی هەرێم و یەکێتی و پارتی کرد، بەڵام دواجار چ ئەمریکاو غەرب و چ روسیاو ئێران و هەموو هاوپەیمانیان بەرژەوەندیان لەگەڵ دەوڵەتانی مەرکەزی و ناوچەکەدا هەیە و داواکان و پاراستنی خەڵکی کورد زمان لەناوچە کورد نشینەکانی سوریا و عێراقدا دەکەنە قوربانی سیاسەت و بەرژەوەندی خۆیان، ئەگەر وانیە جمهوری ئیسلامی ئێران بە چ یاسایەکی نێودەوڵەتی و سیاسەتێک پێش لەشکری بۆ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەکات بۆ ناو خاکی عێراق و کوردستان، تورکیا بە چ یاسایەکی نێودەوڵەتی دەچێتە ناو خاکی سوریا و بە لەشکرێکی دەیان هەزاری و هێزەکانی داعش و ئیسلامیەوە کوشتاری خەڵكی مەدەنی و کاولکاری دەکات، ئەمە تەنیا جەنگی زلهێزەکان و لەرێگای وڵاتانی ناوچەکە و هێزە محەلیەکانەوە دەچێتە رێوەو هەریەک لەو هێزە گەورانەش ئامادە نین لەبەر خاتری خەڵکی مەدەنی سوریا و عێراق و کوردستان دەست لەبەرژەوەندی خۆیان لەو وڵاتانە هەڵگرن و سازشێک بکەن، هەموو کۆبوونەوەکانی جنێف و ئاستانەمان بینی کە پێش کۆبوونەوەکان فەشەلەکانیان ئاشکرا بوون لەسەر هەلومەرجی سوریا.

پوچی پاساوی عێراق و ئێران بۆ لەشکرکێشی بۆسەر کەرکوک بەبەهانەی ریفراندۆم و دەنگدان بەجیابوونەوە و لەشکرکێشی و کوشتاری دەوڵەتی تورکیا بۆسەر عەفرین بەبەهانەی پاراستنی سنور لەتیرۆر و ترس لە پەیەدە، تەنیا بەلایەنگری ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی تەواو نابێت و ئەو لایەنگریە بەرۆشنی لە سیاسەت و کارو بەرنامەی ژمارەیەکی زۆر لە حزبەکانی کوردایەتی لە باڵێکی یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان و شاسوارەکاندا بەئاشکرا عەمەلی کرایەوە کە پاساوەکانی ئەمانیش هەمان قسەی سواوی ئەمریکاو هاوپەیمانە جیهانی وناوچەییەکانن، کە بۆ خۆی دۆستایەتیەکەیان تازە دەکەنەوە. کە هەموو تەبلیغاتی ئەو هێزانەی کوردایەتی کەڕوو بەرەو بەغداو عەبادی بوون و چاویان لەدەرگای ئەمریکایە کەئێستا کارنامەی ئەمەریکا لەعەفرین دەبینن نە ریفراندۆمیان ئەنجامداوە و نەداوای جیابونەوەشیان کردوە، ئایا قسەیەکیان بۆ ئەو هێرشانە چیە، جگە لەخۆشخەیاڵی بەسیاسەتی ئەمریکا و کلکایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە.

بۆ حزبەکانی کوردایەتی شتێک نیە تەنیا شەڕی کورسی و پارەیە کە ئەوەی پۆڵ بریمەر لەسەر بارزانی و تاڵەبانی وتویەتی کەچاویان لە سەر بڕە پارەیەکی زیاترە، ئیتر ئایندەو چارەنوسی خەڵکی کوردستان بەرەو کوێ دەچی بۆ ئەوان کێشەیەک نیە. ١٦ی ئۆکتۆبەرو تەسلیمکردنی نێوەی خاکی کوردستان لەلایەن باڵێکی یەکێتی و پێشلەشکری بۆ ئێران هەروەک کارنامەی بارزانی لە ٣١ ئابدا وایە و بەرگری نەکردنی پارتی و یەکێتی بۆ یەک رۆژ لە لەبەرامبەر حەشدی شەعبیدا هەمان کارنامەیان لە ٢٧ ساڵی دەسەڵاتداری و دابەشکردنی کوردستانە بەزۆنی زەردو سەوزو پارێزگاری لە ناوچەی دەسەڵاتیان و نۆکەری بۆ ئەمریکاو وڵاتانی ناوچەکە.

هەلومەرجی ناوچەکە و سیاسەتێک لەپشتی ئەو یاریانەی کە زلهێزە جیهانیەکان و وڵاتانی ناچەکە بەڕێیان خستووە بۆ بەرژەوەندی و جێگاو رێگای خۆیان لە سوریا و عێراقدا لەسەر حسابی کوشتاری خەڵکی مەدەنی و بێدەسەڵات، زۆر ناڕۆشن و سەرلێتێکدەرەو کۆمەڵگەیان پێ چەواشە کردوەو ئەو حزبە ناسیونالیستیە کوردانەیان کردووە بە تۆپی مەیدانی یاریکەو ئەوانیش کاریان چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە بۆ جێگا گرتن ئەگەر شانسیان هەبێت لەئایندەی سەرکەوتنی ئەمریکا لەو کێشانەدا. ئەو هەلومەرجە ناڕۆشن و تاریکەی ناوچەکە بەشێکی زۆری ئەو چەپە نا کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی گەرەی گرتۆتەوە کە بە دەهۆڵی ئەمریکا و حزبە ناسیونالیستیەکان هەڵدەپەڕن و چاویان لەئاست رێگاچارەی دەرچوونی کۆمەڵگای کوردستان لە چوارچێوەی حکومەتی فیدراڵی قەومی و ئیسلامی و تایفی عێراقدا نابینێت و کەبە عەمەلی وەک حزبەکانی کوردایەتی دەکەونە ئەوەی چاویان لە رێگاچارەی ئەمریکا و ئێرانە ڕوو لەبەغدا و عەبادی.
١٤/٢/٢٠١٨




شەڕی کۆمەڵە لاوەکەی هەولێر ئاکامی زاڵی چ سیاسەتێکە..!؟ … موزەفەر عەبدوڵا

لە ڕۆژەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دیمەنی وەشاندنی شەقو مست و پەلاماردانی پڕ ڕقو توڕەیی وگیانی تۆڵە سەندنەوەی دڕندانەی کۆمەڵێک لاو لەناو جەرگەی بازاڕی شاری هەولێر، کە هیچ کەس نەیدەتوانی بەریان پێبگرێت، وەک هەورە تریشە لە ڕێگای تۆڕەکانی پەیوەندی یە کۆمەڵایەتی یەکان ،و پاشان دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لەسەر ئاستی ناوخۆو، تەنانەت دەرەوەش بڵاو بوەوە.
ئەم دیمەنەش بوە مایەی نوسینی هەزاران کۆمێنت و ووتار، بە چەپو ڕاستدا ،کە بە داخەوە بە زۆری بەنزینیان دەکرد بەسەر ئاگری ئەم شەڕەی لاوانەداو، گیانی نەتەوەپەرستی و فاشستیان زیاتر خۆشدەکرد .
بۆیە هەم دیمەنەکەو هەم هەڵوێستگیری یەکان پێویستە بمانخانە بەردەم پرسیاری ئەوەی ئاخۆ چ سیاسەتو کەلتورێک زاڵە بەسەر ئەم کۆمەڵگایە دا کە وا دەکات کۆمەڵێک لاوی زانکۆ کە بۆ گەشت هاتون لەگەڵ کۆمەڵێک لاوی تر بکەونە ئەم شەڕە پڕ ڕقو توڵە سەندنەوە دڕندانەوەیە لە یەکتر ؟
بۆ زیاتر ڕۆشنکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو سیاسەتو کەلتورەی کە لە پشت ئەم جۆرە شەڕانەوەیەو زاڵە بەسەر کۆمەڵگادا لە ئاستی کوردستان و عێراقو تەنانەت ناوچەکەو جیهانیش ،وا پێویست دەکات ئاماژە بە کۆمەڵێک بەڵگەو فاکتی زیندوی واقعی دەورانی دەیەکانی پێش ئاڵوگۆڕە گەورە جیهانی و ناوچەیی یەکانی سەرەتای نەوتەکان بکەین کە بوە هۆی زیاتر قوڵکردنەوەو کۆمەلایەتی کردنەوەو رەسمیەت دان بەم سیاستو نەزعەی قەومپەرستانەو خیلەکیانەو هاوکات ئاینی و تایەفی یانە کە کاریگەری یەکانی لەم دوو دەدەیە زیاتر لەم ووڵاتانەی وەک عیراق دیارترو کاریگەرترە.
بێگومان هەرکەسێک ئاوڕێک بداتەوە لە تەواوی دەیەکانی پێش نەوەتەکان سەرەڕای بونی ڕژێمکی فاشی قەومی وەک بەعس ،چ لە عێراق یاخود زۆر ناوچەی تری دونیا ،هاوکات بونی ستەمی قەومی وچینایەتی هەمەلایەنەیە لەوەتەی دەوڵەتی عیراق و ئەم ووڵاتانەی تر لەسەر بنەمای قەومی و ئیسلامی ناسنامەی بۆ دانراوە لە نزیک بە سەد ساڵی رابردوو ،بەڵام بڕوا ناکەم لەهەمو شارەکانی عێراقو ووڵاتانی تر، چەند دیمەنێکی ئاوا شەڕی پڕ ڕقو قینەی قەومپەرستانەمان بەرچاو کەوتبێت. ڕژێمی فاشی بەعسی قەومی دەسەڵاتە قەومی یە عرەب ی یەکانی پێش ئەویش ،و هەمو هاوشێوەکانی لە ووڵاتانی تریش سەرەڕای هەمو هەوڵێکیان بۆ دروست کردنی ڕقو قینەی قەومی تەنانەت لە لایەن دامودەزگا جاسوسی یە سەرکوتگەرەکانیشیانەوە بەڵام هەر نەیان توانی ئەو ئاسۆ و ئامانجە سیاسی یەیان بکەنە بیروباوەرو کەلتورو نەریتی باوی کۆمەڵایەتی.
ئەو کاتە خەڵکی کوردستان، بە تایبەت لاوان ،برۆشتنایا بۆ هەمو شارەکانی عێراق و خەڵکی شارەکانی ئەویش بهاتنایا بۆ کوردستان قەد شایەدی دیمەنێکی خۆ بە خۆی ئاوای لاوان نەدەبوین کە ئێستا لەم چەند ساڵە لە شارەکانی کوردستانو عیراق چەندین دیمەنی وامان بەرچاوکەوتوە.
لە کاتێکدا ڕژێم بە چەندین شیواز هەوڵی دەدا تەنانەت جلو بەرگ و زمانی کوردی …هتد قەدەغەو بەرەو نەمان بەرێت ،لە پاڵ سیاسەتی بەفەرمی ناسینی حوکمی زاتی . وە لە بازگەکانی ڕژێم شەڕو گیچەڵیشیان بە خەڵکی کورد دەکرد ،بەڵام هەرگیز لە لایەن خەڵکی ئاسایی یەوە توشی سوکایەتی و شەڕو لێدانی ئەو دیمەنەی شاری هەولێر نەدەهاتی.
باشترین نمونەش چیرۆکە ئەفسانە ئاساکانی ڕزگار کردنی خەڵکانێکی ئەنفالە کە چۆن خەڵکی ئاسایی شارەکانی باشوری عێراق ،بە تایبەتی ناوچەی عەرعەر، کە ببوە گۆڕەشاری ئەنفالەکان هاوکاری یان کردون و ڕزگایان کردون لەمەرگ، تەنانەت هەتا کوردستانیش هێناویاننەتەوە سەرەڕای مەترسی گیانی ئەو کارەش بۆیان.
با لە عێراقو ناوچەکە بگوزەرێین، کە ڕژێمی قەومی فاشی وەک بەعس لەسەر کار بوەو هەوڵی قەڵاچۆنی کردنی خەڵکی کوردستانی داوە، ئاوڕیک لە ووڵاتانی تری ئەمریکاو ئەوروپا ،بە تایبەتی یەکێتی سۆڤیەتو بلۆکی بەناو سوسیالیستی، بدەینەوە ،سەرەڕای بەرتەسک کردنەوەو تەنانەت نەبونی ئازادی سیاسی و ڕێکخراوەیی ،بەڵام نەک هەر قسە لەسەر ناکۆکی قەومی و ستەمی قەومی نەبوو بەڵکو هەر کەس تەماشای میدیای ئەو دەورانەی بکردایە بۆی دەردەکەوت چۆن چۆنی بیرو نەریتو ناسنامەی ئینسانی بۆتە دیاردەیەکی باوی ئەو کۆمەڵگایانە.هەر کەس ئازادانە دەیتوانی بە زمانی دایکی و هەر شتێکی تر کە بروای پێی بوو بەکاری بێنێت.ڕاستە جیاوازیوچەوسانەوەی چینایەتی و هەژاری و بێکاری هەر هەبو بەڵام نەزعەی قەومی نەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نەبو بەڵکو نەزعەیەکی فەردیش نەبوو بەم رادەیە.قسە کردن بە هەر زمانێک و پەیڕەو کردنی هەر دابونەریتێک وەک جلوبەرگو ئەم شتانە وەک شتو دیاردەیەکی ئاسایی کۆمەڵایەتی چاوی لێدەکرا.
جا کاتێک واقعی هەمو دەیەکانی پێش نەوەدەکان لە ئاستی عیراق و دونیا بەراورد دەکەین لەگەڵ ئەم دوو سێ دەیەیە ،سەرەڕای پڕوپاگەندەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و گەشەی زانستو تەکنەلۆژیاو، بە گوند بونی جیهانو، پێویستی کەم بونەوەو تەنانەت نەمانی جیاوازی یە قەومیو خێڵەکیو دینیوتایەفیو ئەتنیکیو رەگەزییەکان ..هتد، ئاسمان و ڕێسمان جیاوازی لەنێوان ئەو دەورانەو ئەم دەورانە هەیە.
بۆیە هەمو کەسێک ئەگەر یەک زەڕڕە لە ڕوانگەیەکی ئینسانی یەوە بیر بکاتەوە، بە تایبەتی نەوەی پیش نەوەتەکان ،هەقێتی بپرسێت باشە هۆکاری ئەم جۆرە شەڕانەی نێوان ئەم لاوە کوردزمان و عەرەبزمانانە چی یە؟!
دڵنیام ئەگەر ،وەک وتم ،زرڕەیەک لە ڕوانگەو ناسنامەی مرۆڤانەوە بیر بکاتەوەو دەمارگیری نەتەوەیی و خێڵەکی دەرگای میشک و هەستو هۆشی کڵۆم نەدابێت دەگات بەو ئاکامەی کە بەڵێ ئەمە ئاکامی زاڵی ئاسۆو ئامانجی فکری و سیاسی قەومپەرستانەیە وەک ناسنامەیەکی فەرمی لەهەمو جومگەکانی دەسەڵات لەسەرەوە بۆ خوارەوە. یانی لە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمارەوە هەتا دامودەزگاکانی خوارەوە.
ئەمە ئاکامی ئەو دابەشکردنە قەومی و دینی و تایەفی یە فاسدی یە کە سەرۆک کۆمار دەکات بە بەشی کوردو سونەو، پاشان پشکی یەکێتی ناوچەی سەوز .
هاوکات ٣ جێگرەکەشی لەسەر بنەمای قەومی و دینی بۆ دیاری دەکریت.
هەروەها سەرۆکی پەرلەمان و حکومەتو جێگرەکانیشی پشکی عەرەبی شیعەو سوننەیە . جا ئەم دابەش بونە قەومی و خێڵەکی و دینی و تایەفی یە دێتە وەزارەتەکانو ،تا بەڕێوەبەرەکانی هەمو دامودەزگاکان.ئیتر بەم شێوەیە ئەمە دەبێتە سیاسەتو نەریت و کەلتورێکی کۆمەڵایەتی. دوای چەند دەیەیەک دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕۆژانەی ئەم جۆرە شەڕو خوێن ڕشتنەی ئەم لاوانە لەناو جەرگەی هەمو شارو گەڕەکەکانیش .هەڵبەت هەر ئەم دابەشکاری یە فاسدانەیە خۆی لە خۆیدا ناوەڕۆکی هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی هەڵبژیردراو و دیموکراسی یەکان بەدرۆ دەخاتەوە ئیتر مانایەکی واقعی نامێنێت.
جا ئەو کاتە لە باشترین حاڵەدا سەرانی دەسەڵات هەروەک بەرپرسی ئاسایشی هەولێر بەیانێکی ناوەڕۆک بەتاڵ دەردەکاتو دەڵێت ئەو شەڕە ڕواوێکی نەخوازراو خۆبەخۆی ئاسایی کۆمەڵێک لاوی خوێن گەرم بوە.وە بەهۆی ئەوەی لاوە عەرەبەکان وتویانە ئێمە حەشیدن و سوکایەتیان بە خەڵکی کورد کردوە ،بۆیە لاوە کوردە خوێن گەرمەکانیش قەبوڵیان نەکردوە لە کاتێکدا هەردو لای شەڕەکە کە ئەو لاوانەن قوربانی ئەو سیاسەتە زاڵەی دەسەڵاتدارانن لە ئاستی عیراقو کوردستاندا.
دیارە ئەمەش هەم بۆ شاردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو سیاستە قەومی فاشی یانەیە کە زاڵە بەسەر عیراقو کوردستاندا،هەم بۆ دڵدانەوەی دەسەڵاتدارە هاوبیرو سیاسەتە قەومی یە هاوپەیمانەکانیانە .
بەڵام گومان لەوەدانی یە کە تا ئەو جێگایەی ئەم سیاستو نەریتە باڵادەست بێت لەسەر ئاستی عێراق و کوردستانو ناوەڕۆکی فەرمی دەوڵەت بێت، بە تایبەت لەئاستی هەر ٣ دامەزراوەکەی بەناو پەرلەمانو حکومەتو سەرۆکایەتی کۆمار، کە شۆڕ بۆتەوە بۆ خوارێ، ئەوە ئەو دیمەنی شەڕو پێکدادانە قەومی یە پڕ ڕقو توڵەیە هەر دەبێت و لەپەرەسەندا دەبێت.
بۆیە ئەگەر بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و ئینساندوۆستی دەیەوێت ئەم دیمەنی شەڕە قەومی و خێڵەکی و دینی و تایەفیانە نەمێنێت پێویستە کۆتایی بەم جۆرە دەسەڵاتە بهێنرێت کە ئەم ناوەڕۆکەی هەیە .وە لە جێگایدا دەوڵەتو حکومەتێک بەهەمو دامەزراوەکانی یەوە دامەزرێت کە هیچ ناسنامەیەکی قەومی و دینی نەبێت ،و تەواو عەلمانی و هاوچەرخی ئینسانی بێت. وە هەمو هاووڵاتیانی بە جیا لەوەی زمان و ڕەنگو بیروباوەری سیاسی و ئایینی چی یە وەک ئینسان بیناسێنێت و ناسنامەی پێبدات.وە هەر ئەم بارودۆخەشە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی عیراق وای کردوە پێکەوە ژیانی مرۆڤە کورد زمانو عەرەبزمانەکان زۆر ئاڵۆزوسەخت بێت و ناچار بین داوای جیاوبونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی عەلمانی- سکویلار- و هاوچەر ،کە هەمو دانیشتوانەکەی لەسەر بنەمای ئینسانی و هاووڵاتی یەکسانی بناسێنێت، بە دور لە ناسنامەی قەومیو دینیو تایەفیو رەگەزیو ..هتد.

١٨-٢-٢٠١٨




بەرگری…. ڕێناس مستەفا

گەڵا وتی
بۆ ئەوەی ڕەگی ئومێدم
تۆکمە تر و
قەدی باڵام پاراوتر و
چڵەپۆپەم سەوز تربێ
قەیچیەکا من بشوەرم

کانی وتی
بۆ ئەوەی ڕونتر دەرکەوم
بۆ ئەوەی مانگ جوانتر لە ڕازەکانی من بگا
کەزی سەدان جۆگەلەشم ببڕنەوە
سەدان بەربەست لەنێوگەروی پر ھاژەما
قیت کەنەوە
بە ھەزاران دڕک و دڕی
بدەن لە چەمی بەخوڕم
قەیچیەکا خۆ لە دواجار
ھەر ئەڕژێمەوە نێو ڕووبار

کوردستانیش
کە گوێی لە گەڵا و کانی بوو
وتی منیش بۆ ئەوەی ھەر
لەبەر چاوتان شیرینتر بم
قەیچیەکا لاوکی چەندین دێھاتیشم بخنکێنن
مەمکەکانی چەندین جۆگەم ببڕنەوە
جەستەی چەندین دار چنارم ڕووت کەنەوە
قژی پەلکەگیام ببرن و
بەرۆکی شاخم دادرن
خۆ لە دواجار بەژنی کورتە چیرۆکی زەیتونم باڵاتر و
گەردەنی پەخشانی خەباتم
سپی تر و
ناوقەدی ڕۆمانی بەیبونم قیت ترو
قامکی شیعری بەرخۆدانم
ئە ستورترن

ڕێناس مستەفا
ھەولێر
١٦/٢/٢٠١٨




بیستونۆیەم وێنا لەهاوبەندەکانی پێشمەرگایەتی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی سەردەمی شاخ. .. دڵشاد تاقانە

پێشمەرگایەتی..

باران..

مرۆڤی بێ ساپیتە لەوسەردەمدا پێشمەرگەبوو، واتە بێ ماڵ و بەدێوەرەیی عاشقی مافی گەل و نیشتمان بوون، خەڵکیش لەخۆشەویستی و خۆنەویستی دایدەکردن، کۆمەک و داڵدەی دەدان. بەڵام باران لەهەموو کەس زیاتر لێی دەدان. پێشمەرگەنیە باران دای نەکوتابێ وەک پاکردنەوە ئاینزاییەکان تۆز و عارەقەی نەشوشتبێ! سەروەرن ئەوانەی بەختیاوەریان بوو خۆیان بەو باراناوە شۆریەوه ئێستاش لەسەر لاپەڕەی مێژووی کوردستان چرای گەشن دەدرەوشێنەوە.

وێنەیان کێشراوە لەهەستی کوردایەتی پیرۆزەیی دەمێننەوە. شەوەکی ئەنگوستەچاوی ڕەهێڵە و سەرما هەردوو پێشمەرگەبووین، خۆم و کاک هەڵو قەرەناوی، لەگوندی هەواوانەوە گەڕاینەوە گوندی بامرکان، عەسرەکەی چووبووینە هەواوان لەبن سەربازگەی گەورەی کۆیەی جاران، هەتا کاتژمێر دوازدە و یەکی شەو ماینەوە ئەوجا بەڕێکەوتین.

لەوهەرەتە؟ کەند و لەندە باران وا تەڕی کردین کورد دەرێ: هەرناودەممان وشک بوو! تاریکەشەو بوو چاو چاوی نەدەدیت، ئەمن دەرێم سەد ئەنگۆ برێن هەزار جار هەرخلیسکاین و بەربووینەوە. سەرڕای تەڕی لەقوڕاوێ وەرچووبووین. کە گەیشتینە بامرکان چاری شەو لای دابوو. سۆبەی داریان لۆ پێکردین مارێ مەلای گوندی یەکەم ماربوو، هەموو جلکیان بردین بیشۆن، بەبێ تاقم لەدیوەخانێ لێی نوستین. لۆ ئەو گوندانە هەردوو کەرت پێکەوە دەچوون، یەک کەرت پێیان کەم بوو چونکە زۆر لەنزیکی کۆیەبوون، کەچی ئەمە هەردوو کەس بووین! گۆتیان ئەو شەوە بەکرەشەلی جاشیش لەکۆیەوە بەکۆمەرەک جاش هاتبووە بامرکان بەس نەئەمە زانیمان هاتیە و نەئەویش زانی لەگوندین! بەڕاستیش لەدوای مەدەگەڕا. لەدواییش لەهەمان گوند دووپێشمەرگەی گەشمەرگ کرد بەناوەکانی حەمید کافرۆشی و حەمەعەلی یادیان پیرۆز.

وەک ئەوەی ژوانمان هەبێ ئەو شەوە بەبێ ویست و زانین لەوپەڕی مەترسی لەگەڵ جاشەکان لەگوندێکی دە دوازدە ماری مابووینەوە لێرەوە هاهاهایەکی دەوێ، کە کێشتانێ سعات نۆ لەخەو هەستاین چووینە ناو خەرکی گوندی هەموو چاوەزەقەی سەرسوڕمانیان بوو، دەچووینە هەرمارەک هەموو خەرکی گوندی دەهاتنە ئەوێ! دوایی بیستمان جاشەکان بەڕۆژیش لەوێ بووین بەس تەقەیان لێنەکردین گوایە گوندەکە خزمیانه و نەوەک تیپ سزایان بدات! دەوری یازدەی نیوەڕۆ ڕۆیشتین گۆتمان دەچینە گوندی باجەوان هەر لەگردەکە ئاوابووین لەبەرچاوی خەڵکەکە بەغاردان بەرەو خوار چووین بەرەو گوندی کفرەدۆر دوایی شەوگێڕ و دوای ڕۆژێکی تر بەرەو گوندی عەوداران ئەوجا چووینە گوندی شیلە.

دڵشاد تاقانە




گردبونه‌وه‌سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ یاسای چاكسازی خانه‌نشینی و موچه‌

هه‌ڵمه‌تی دادپه‌روه‌ری له‌ درێژه‌ی چالاكیه‌كانی 9 ساڵی رابردویدا, بۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیمتیازاتی په‌رله‌مانتارانو پله‌ باڵاكان, بۆ داكۆكی له‌ ماف و ئیمتیازاتی بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان”شه‌هید,ئه‌نفال, زیندانی سیاسی” و موچه‌ كه‌مه‌كان, كه‌مكردنه‌وه‌ ئیمتیازاتی پله‌ باڵاكان,هه‌رچی دادپه‌روه‌ری زیاتر له‌ دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامان به‌سه‌ر تاكی كۆمه‌ڵگادا, رۆژی سێشه‌مه‌ 20-2-2018, كاتژمێر 11ی پێش نیوه‌رۆله‌ به‌رده‌م ته‌لاری په‌رله‌مان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی سه‌باره‌ت به‌ “پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی ومووچە و دەرماڵەکان” كه‌له‌ په‌رله‌مان چه‌قیوه‌, لێدوانی رۆژنامه‌نووسیده‌دات.