گۆڤاری کەلێن ژمارە 3


من لە ژانەوە هاتووم تاکو بژیم.
چیایەکانی من “هەندرێن”

——————————-
مەلەفی چیایەکانی من:
– زمانی فیكر، زمانی شیعرگفتوگۆ له‌گه‌ڵ “هه‌ندرێن”ی شاعیر و نووسه‌رسازدانی: عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
——————————-
– میکانیزمە بەرگریە ده‌روونيەکان لە شیعرداپەڕتووکی “چیایەکانی من” بە نموونەخەلیل سەلیم
————————-
– گێڕانەوەی شیعرییلە قەسیدەی چیایەكانی منداعەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
—————–
– جەنگى چیایه‌كان، جەنگى ململانێى خود و جەنگى لە دایکبوونەوەى ڕووحهەڵمەت بایز
——————-
– خه‌ياڵ و ياده‌وه‌ریى، شكۆى ئامانجێكخوێندنه‌وه‌يه‌كه‌ بۆ كۆشیعری “چيايه‌كانى من”ی هه‌ندرێنعه‌لى مسته‌فا

—————
چیرۆک:
– ئاوێنەی شکاوسادقی هیدایەتله‌ فارسییه‌وه‌: شەنگار سابیر
————
– ڕووتجهانبه‌خش عسارله‌ فارسييه‌وه‌: شنه‌ نوورى
————
– شیعر:
کۆتر ئەفسانەئەحمەد مستەفا نەجمەدین
————-
قفڵ له ‌ده‌رگه‌كه‌م ده‌ده‌م و ده‌ڕۆم بـه‌خـتیار ئـۆغــه‌ن
—————
که‌ تۆم ھەبێزارا ئه‌حمه‌د جاف
————–
ئافرەتی ژمارە 44یانسەرەتا زەوی هەبووداستان بەرزان
—————–
خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ژماره‌ (3)ی گۆڤاری کەلێنخه‌لیل سه‌لیم
——————

ئەمن ئەڤینی خۆم درکاند*ویلیام بلێیکلە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یەعقووبی
————————-

دەسپەڕچی گەورە*ڕه‌شید مه‌حموود

———————-
چاوپێکەوتن لەگەڵ دەرهێنەری فیلمی گورگ (زيئب) پاڵێوراوی ئۆسکار و بەفتا بۆ باشترین فیلمی بیانیعه‌لى موسه‌وىله‌ فارسییه‌وه‌: ژیار هۆمەر
———-
كچەكەی نێو قەتارشاڵاو عه‌بدوڵڵا
——————-
سینەمای سێیەمتۆماس لیچو: پەیمان عەلیپوور
————————
وێنەی ژن، كۆمه‌ڵگه‌ی دوای جەنگڕێبین حەمەڕەفیق
———————-
جەستەی ژن، ڕەگەزی دووەمی هونەرڕێزان به‌تووله‌ فاتیمه‌
———————-

تابلۆی زریکە، دڵەڕاوکێی مرۆڤی هاوچەرخمریه‌م عادل وەرگێڕان له‌ عه‌ره‌بييه‌وه‌: علاء ڕه‌مەزان




عەشقی هاجەرە.. ئەو عەشقەی خوێن دەکات بە ئاو سیامەند هادی

ئەم دەقە لە زۆر ڕووەوە مۆرکی چیرۆکی هەڵگرتووە، بەوەی هەموو ئەو کەرەستانەی چیرۆک کاریان لەسەر دەکات، لەم دەقەدا خراونەتەڕوو. لە خوێندنەوەی دەقەکەدا، ئێمە بە تەواوی هەست بەوە دەکەین چیرۆکێک دەخوێنینەوە، چونکە بەر گێڕانەوە و بیرۆکە و کاراکتەر و شوێن و کات و وەسف و دیالۆگ و فەنتازیا و گرێچن و هەموو لایەنە هونەرییەکانی چیرۆک دەکەوین. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەم دەقە بە چەند وردەکارییەکی هونەریی لە چیرۆک دوور دەکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی هەندێک جار بەسەر پانتاییەکدا لە ڕوانین دەکرێتەوە، کە چیرۆک ناتوانێت قبووڵی بکات. وەک دەزانین لە چیرۆکدا بابەت و وەسف و کاراکتەر و شوێنکات بە شێوەیەکی هونەری ورد و چڕ کاریان لەسەر دەکرێت و پانتاییەکی کراوە لەبەردەم چیرۆکنووسدا نییە بۆ گوزارشتکردن، هەربۆیە چیرۆکنووس دەبێت لە کاری گێڕانەوەدا مەودای ڕوانین و خستنەڕووی بابەت و کاراکتەرەکانی لەو پانتاییە دووربخاتەوە کە دەکەونە قاڵبی کرانەوە و ڕاڤەیەکی زیاترەوە لەوەی چیرۆک دەیخوازێت. لێرەدا بە تەنها مەبەست لە درێژی نییە، بەڵکو مەبەست لە ئەو کرانەوە و ڕاڤە زۆرەیە کە دەقێک دەیخوڵقێنێت.

لە سەرێکی دیکەشەوە ئەم دەقە بەشێک لە مۆرکی یادەوەریی هەڵگرتووە، بەوەی گێڕەرەوەیەک (ڕاوی) بە شێوەیەک لە شێوەکان بیۆگرافیای خۆی دەنووسێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەوەی وەک مۆرکی چیرۆک ئاماژەمان پێدا (کە زیاتر دەقەکە بە لای ئەو لایەنەدا دەشکێتەوە) ئەم تێکستە لەوە دەخات کە وەک یادەوەریی لێی بڕوانین. هەر ئەوەشە وا دەکات کە نووسەری ئەم تێکستە کارەکەی بە (گێڕانەوە) ناوبەرێت، چونکە هەموو ئەوەی لەم تێکستەدایە، لەژێر ئەو چەمکەدا بە تەواوی جێگەی دەبێتەوە.

(عەشقی هاجەرە) لە ڕێگەی گێڕەرەوەی کەسی یەکەمەوە دەخرێتەڕوو، کە خۆی وەک کاراکتەر بەشدارە لە تێکستەکەدا. هەندێک چیرۆکنووس لە مامەڵکردن لەگەڵ گێڕەرەوەدا زۆرجار دەکەوێتە هەڵەوە، چونکە جۆرەکانی ڕاوی ئەدگاری تایبەتی خۆیان هەیە و نووسەر دەبێت ئاگادار بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ گێڕەرەوەدا دەکات، بەوەی گێڕەرەوە کێیە و چۆن دەگێڕێتەوە و لە کوێدا وەستاوە و ئەو ماوەیە چەندە کە دەکەوێتە نێوان ئەو و خوێنەر لە لایەک و نووسەر لە لایەکی ترەوە. گێڕەرەوەی (عەشقی هاجەرە) کەسی یەکەمی بەشداربووە لە دەقەکەدا، هەربۆیە ئەم جۆرە گێڕەرەوەیە وەک گێڕەرەوەی هەمووشتزان ناتوانێت بەبێ بوونی هۆکار بە تەواوی ڕووداو و سایکۆلۆژیای کەسێتییەکاندا بچێتە خوارەوە و لە هەموو شوێنکاتێکدا ئامادەبوونی هەبێت.

گێڕەرەوەی بەشداربوو ئەوەی دەیزانێ و دەگێڕێتەوە، ئەوەیە کە بینیویەتی یان بۆیان گێڕاوەتەوە. لەم دەقەدا ئێمە بەر ئەو شێوە مامەڵە هونەرییە دەکەوین، کە گێڕەرەوە بونیادی دەنێت. کاتێک گێڕەرەوەی کەسی یەکەم و بەشداربووی دەقەکە دەست دەکات بە گێڕانەوە، ئەوەی دەیگێڕێتەوە ئەوەیە کە خۆی بینیویەتی، یان بۆیان گێڕاوەتەوە. لەو شوێنەی کە شتێکمان لە دەرەوەی ئەو لایەنە بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت (من بەو شێوەیە وێنای دەکەم)، بەو پێیەی ئەوەیان خەیاڵی خۆیەتی بۆ وێناکردنی ڕووداوێک یان حاڵەتێکی تایبەتی، بەمەش بە شێوەیەکی هونەریی خۆی لەو هەڵەیە قوتار کردووە کە هەندێک چیرۆکنووس دەیکەن و ئەو پاساوەیان بەدەستەوە نەداوە کە خوێنەر قایل بکات. لەگەڵ ئەوەشدا وێناکردنەکانی گێڕەرەوە کە ڕوانینی تایبەتی خۆیەتی، لە ڕەوتی هارمۆنیای دەقەکە نەچوونەتە دەرەوە، بەڵکو هاوتەریب لەگەڵ ڕووداوەکانی دیکەدا دەڕۆن و دەبنە تەواوکەری چیرۆکەکە.

ئەگەر تەماشای ئەو گرنگی و سەرسامییە بکەین کە گێڕەرەوە لە باسکردنی (دێخاوەر)دا دەیخاتەڕوو، جگە لە ڕەوتی چیرۆکەکە بەوەی وەزیفەیەکی تایبەتی خۆی هەیە، نووسەر دەیەوێت دوو دەلالەتمان لەو کەسێتییەوە بۆ دەربخات. لە لایەک دەیەوێت ڕێگە بۆ ئەو شێوە گێڕانەوەیەی ڕاوی دەقەکە خۆش بکات، بەوەی کەسێکی لەو شێوەیەی ناسیوە، بۆیە دەتوانێت بەو جۆرە چیرۆکێک بگێڕێتەوە. لە لایەکی تریشەوە بەو سەرسامییە زۆرەی بەرامبەر شێوازی گێڕانەوەی ئەو ژنە هەیەتی، دەیەوێت بڵێت کە ئەویش خوازیارە بتوانێت وەک ئەو ژنە چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە.

ئەگەرچی ئەم گێڕەرەوەیە کەسی یەکەمە و دەیەوێت بایۆگرافیای خۆی بگێڕێتەوە، بەڵام خۆی نەکردۆتە سەنتەر و دەوروبەریشی بە پەراوێز، بەڵکو زۆرجار حیکایەتی باوکی قورساییەکی زیاتری پێ دەدرێت. ئەم کەسی یەکەمە لێرەدا نابێتە پاڵەوان و بە شێوەیەکی خودباڵایی تەواوی کێشە و ڕووداوەکان بەرەوپێشەوە ببات، بە پێچەوانەوە ئەم کەسێتییە زۆر ئاسایی و بێ ئەوەی بە کۆمەڵێک شت بارکرابێت، چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە.

لێرەدا دەکرێت بپرسین: ئەم گێڕەرەوەیە دەیەوێت چیمان بۆ بگێڕێتەوە؟ عەشقی باوکی، یان بایۆگرافیای تایبەتی خۆی، یان کارەساتەکانی ناوچەیەک؟ ڕەنگە دوای خوێندنەوەی دەقەکە خێرا ئەو بڕیارە بدەین کە سەنتەری گێڕانەوە و بابەتی سەرەکی لەم تێکستەدا ئەو عەشقەیە لەنێوان (فەقێ عەلی) باوکی گێڕەرەوە و ئەو کچە قەرەجەدا دروست دەبێت کە ناوی هاجەرەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی قورساییەکی زیاتر بەو عەشقە دراوە، هەست دەکەین پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا دروست کراوە، کە دەبنە تەواوکەری یەکتری و ناتوانین لە یەکترییان داببڕین.

ئەو باوکە گەورەترین خەون و خەیاڵی بە کچێکەوە دەبەستێتەوە و تا سەر ئێسقان عاشقی قەرەجێک دەبێت و دەیەوێت تەواوی ژیانی لەگەڵدا بباتە سەر، بەڵام دەوروبەری ڕێگریی لێ دەکەن و ئەو عەشقە گەورەیە لەناودەبەن. خەڵکی ناوچەیەک کە عەشقێکی بێگەرد و گەورەی لەو شێوەیە لەناوبەرێت، دەبێت چاوەڕێی چی بکات؟ باوک بێ ئەوەی بیەوێت، تۆڵەی ئەو لەناوبردنی عەشقە لە هەموو دەوروبەری دەکرێتەوە. جگە لەو کارەساتانەی یەک لە دوایە یەک بەسەر ناوچەکەدا دێن، خێزانەکەشی لەنێو ئازار و کارەساتدا ژیان دەگوزەرێنن. کچەکان بە بۆنی گوڵ دەمرن و کوڕەکانیش بە هۆی بوونی باوکێکەوە کە سروشتێکی ناتەواوی هەیە، لەنێو هاوڕێ و دەوروبەریاندا ڕیسوا دەبن. هەمیشە باوک بابەتێکە بۆ دەوروبەر، بۆ ئەوەی نەوەکانی پێ ڕیسوا بکرێن و وەک بەڵایەک بە دوایانەوە بێت.

هاجەرە لەو گوندە بەزۆر دەردەکرێت و ون دەبێت، باوکی گێڕەرەوە دواتر هاوسەرگیریش دەکات و چەند مناڵێکیشیان دەبێت، بەڵام هەرگیز عەشقی هاجەرەی بیرناچێتەوە و ئەو عەشقە ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناخیدا تەشەنە دەکات. ئەو لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا لە دەرەوە دەمێنێتەوە و نایەوێت بێتە ژوورەوە، چونکە ماڵەوە دەلالەتی هێمنی و ئارامی دەبەخشێت، لە کاتێکدا ئەو ژیانێکی هێمن و ئارامی نییە و دەیەوێت لە دەرەوە بێت، کە لە ڕووی دەلالەتەوە ئاماژەیە بۆ وێڵبوون و بێجێگەیی. ئەو نە لە کاتێکی دیاریکراودا دەژی و نە شوێنێکیشی هەیە تێیدا بێت، بەڵکو ئەو بە خەیاڵ لە کات و شوێنێکی تردایە، بەوەش نائاگایە بەو ساتانەی لە ڕووی واقیعییەوە تێیدایە. هەر ئەوەشە وا دەکات ئەم دەقە لە سەرەتاوە دەیەوێت بە دوانەی (ناوەوە/ دەرەوە) دەست پێ بکات، کە ئێمە دەتوانین سیمای ئەو دوو جیهانە ڕاڤە بکەین و پەی بەو پەیوەندییانەش بەرین کە ئەو دوو چەمکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە. باوک نایەوێت بێتە ژوورەوە، لەبەر ئەوەی دڵ و خەیاڵی لە شوێنێکی ترە، بەبێ ئەوەی خۆیشی بزانێت ئەو شوێنە کوێیە.

باوک لە ڕۆژی بۆردومانەکەدا ون دەبێت و کەس نازانێت لە کوێیە، دایک ناسنامەی خێزانەکە لەگەڵ خۆی دەبات، بۆ ئەوەی شوناسی ئەو خێزانە بپارێزێت، بەڵام هەرچەند دەگەڕێت ناسنامەی باوک نادۆزێتەوە. باوک ناسنامەکەی لەگەڵ خۆی بردووە، چونکە ئەو کەسێکی بێشوناسە و نایەوێت هیچ ناسنامەیەک لە دوای خۆی بەجێ بهێڵێت. ئەو ناسنامەکەی دەبات، بۆ ئەوەی وەک هاجەرە بێشوناس بێت و لە لای خێزانەکەی بۆ ئەبەد بسڕێتەوە.

عەشقی هاجەرە سات لە دوای سات، گاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و جەستەی باوک دادەنێت، تا ئەوکاتەی تەواوی خوێنی ئەو جەستەیە دەکات بە ئاو، هەربۆیە کاتێک بەر بۆردومانی فڕۆکە دەکەوێت، لە بری خوێن، ئاو بەسەر ستارەی سەربانەکەدا دەڕژێت.
*(عەشقی هاجەرە)- گێڕانەوەی: ئیدریس عەلی-سلێمانی ٢٠١٧.




ئەفرین کورد بەرەو کوێ دەبات؟؟ … برایم فەڕشی

وڵاتانی ڕۆژئاوا و سەرجەم مێدیای گرێدراوی ناوەندەکانی سیاسەت، ئاگایان لە وردەکارییەکانی هێرشی عوسمانلییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و شاری ئەفرین هەیە، هەرچەند ئەوان داڕێژەری سەرەکی ئەم پرۆژەیەی ئانکارا نیین، بەڵام بە بێ ئاگاداری ئەوان، رووسیە و وڵاتانی ناوچە ئەم هێرشە نەکراوە. زیاتر لە پەنجا ڕۆژ لە خۆڕاگریی بێ وێنەی ئەفرین تێدەپەڕێ و سەرجەم وڵاتانی جیهان و ناوەندەکانی ناونەتەوەیی هەنگاوێکی جیددییان بۆ کۆتایی پێهێنان هەڵنەگرتووە و بگرە ئەوەی ڕوودەدا دڵخوازی ئەوانیشە، نە لە بەر تورکیا بەلكو لە بەر ستراتێژی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئایا تێکشکانی کوردەکان کە لە باشوور و لە ڕۆژئاوا “هاوپەیمانی” ڕۆژئاوا بوون و هەن، مەبەستی ڕۆژئاواییەکانە؟ یان ستراتێژییەکی مەزنتر لە ئارادایە؟ ئایا تێکشکانی کوردەکان چ سوودێکی بۆ ڕۆژئاوای لائیک هەیە؟ پاڵپشتگرتنی وڵاتی عوسمانی کە چوارناڵ بەرەو ئیسلامی بوون دەچێ، چ سوودێکی بۆ ڕۆژئاوا هەیە؟ ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شوێن چیدا دەگەڕێ؟

گەر جوغرافیای سیاسی چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، واتە پێش هاتنە سەر کاری ئیسلامی شیعە لە ئێران بێنینە بەر نەزەر، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە شەڕ و ناکۆکی عەڕەب و ئیسرائیل دۆخێکی سیاسی کەمتر ئاڵۆزی هەبوو. ئێران نەک ئەندامی ناتۆ بەڵکوو وڵاتێک بوو کە سەرمایەکەی لە کۆنسێڕنەکانی جیهانی وەک کروپی ئاڵمان و بانکی جیهانیدا دەسووڕا، نەوت بە نڕخی کەم دەگەیشتە دەست ڕۆژئاواییەکان. بەڵام لە ئێران، عێراق، ئەفغانستان، لیبی و عەڕەبستان و میسر دەنگی نوێ کە جیاواز لە گەڵ سیاسەتی ئامریکا و وڵاتانی سەرەکی ئوروپا بوو دەبیسترا. ئۆپێک وەک ڕێکخراوی کۆنترۆڵکردنی نڕخی نەوت دەوری سیاسی دەگێڕا. سۆویەت لە هێندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک عێراق، سوریا، لیبی و تەنانەت ئێران چەشنێک ئاڵترناتیو بوو لە بەرانبەر ئامریکا و ئورووپییەکان . ئەفغانستان ڕاستەوخۆ چووبووە ژێڕ سەیتەرەی سۆویەت.

ئەمڕۆ هیچکام لەو وڵاتانە وەک خۆیان نەماون. سەرانی ئێران، عێڕاق، لیبی، میسر، ئەفغانستان جگە لە ئێران کوژراون و تیرۆر کراون. ئەو وڵاتانە هەموویان یان لە شەڕدان یان لە شەڕدابوون. ئەمڕۆ عێڕاق، سوریا، ئەفغانستان، لیبی وڵاتێکی یەکگرتوو و سەقامگیر نیین. ڕۆژئاواییەکان دەوری سەرەکی لە ژیانی سیاسی ئەم وڵاتانەدا دەگێڕن و چەشنێک لە کۆلۆنی شێوە نوێ بەڕێوە دەبن، کە نە تەنیا لایەنی سیاسی بەڵکوو، ئابووریی، ستراتێژیک و ئەمنیەتی هەیە.

لە هەموو ئەو چل ساڵەدا، تورکیا دوور لە ئاوری شەڕ بوو، جگە شەڕ لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان. تورکیا دوای ڕووخانی سیستەمی عوسمانی و پارچەپارچەبوونی پاش کۆتایی شەڕیی یەکەمی جیهانی، ملکەچی ئووروپپیەکان و ئامریکا بوو. نئۆفاشیستەکانی کەماڵیست بە درێژایی نزیک سەدەیەک لە ڕێگای دیپلۆماسی و مامەڵاتی ئابووریی و تیجاری ژیان و ئابووریان بەڕێوە دەچوو. بەڵام چۆنیەتی ژیان و دەرامەتی خەڵکی ئەم وڵاتە گەلێک نزمتر بوو لە وڵاتانی خاوەن نەوت وەک عێڕاق، سوریە، ئێران، عەڕەبستان، لیبی و شوێنی تر.
تورکیا لە ڕێگای توریسم، سەنعەتی درووستکردنی شووشە، بەرهەمهێنانی خواردنەوەی ئەڵکۆلی، بازاڕی سێکس، کشت و کاڵ ومەڕداریی کە ئەوەی دوایە کەمتر رێگای بازاڕی ئوروپای بۆ کرابووە، ئابوورییەکەی هەڵدەسووڕا. تورکیا هەم لە لایەنی سیاسی پێویستی بە ئورووپا بوو، هەم لە لایەنی ئابووری و نیزامی. بە میلیارد درامەتی توریسم لە ڕێگای ئوروپییەکان و وڵاتانی دەوروبەرەوە دابین دەبوو.
ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران، سۆویەتی پێشوو، عێراق و سوریە کە هاو سنوور بوون لە گەڵ تورکیا، کرانەوەی دەرگای بەهەشت بوو بەرەو ئابووری تورکیا. ئەمڕۆ جگە لە سەرمایەی ئورووپی سەرمایەی ڕووس و ئێرانی و عەڕەب لە بازاڕ و ئابووری تورکیادا دەوری باڵا دەگێڕن. دەبێ بازاڕ و ئابووری باشووری کوردستانیش بە ئابووری و سیاسەتی تورکیاوە گرێ بدەین، کە هەرکیان سوودی لێوەردەگرن.
ئەوەی تورکیا وادار بە سیاسەتکردن لە گەڵ ئەم وڵاتانە بە کوردی باشورەوە کراوە، دەوری بازاڕ و ئابووری و سەرمایەیە، کە ئەردۆغان لە دەساڵی ڕابووردو، دەستەڵاتی خۆی پێ سەقامگیر کردووە، کە باشترکردنی ژیانی خەڵکیش دەگرێتەوە. بووژانەوەی ئایینی و پەرە ساندنی توێژەکانی مامناوەندی سوونەتی، ڕێک ئێرانی ساڵی ١٣٥٧ دێنێتەوە بیر، توێژگەلێک کە لە سەردەمی کەمالیستەکان لە لایەنی ئابووریی و دینی و سیاسی جێگایان نەبوو.

ئەوەیان نەک پایەی ئابووریی، بەڵکوو پایەیی سیاسی تورکیا و ساختاری ئیداریی- قانوونی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تووشی گۆڕان و قەیران کردووە.سەرجە م گۆڕانکارییەکان ڕیگای بۆ دەرکەوتنی کوردیش لە ئاستی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و مێدیایی لە چەند هێلی سیاسییدا ڕەخساند، کە هەمووی ئەوانە و ناکۆکی لە سیستەمی پێشووی ئاتوتورکی و بیری سیاسی و ئیدئۆلۆژی، قەیرانی تازەتری ناوخۆیی لە گەڵ خۆی هاورد.
سەرهەڵدانی داعش، گرووپە تیروریستیەکانی تری ئیسلامی و دەوری تورکیا لە پاڵپشتی کردنیان، تورکیای بەرەو قەیرانی زۆرتری ناوچەیی و جیهانی کێشا، کە پڕڕەنگکردنی ئیسلامیبوونی حکوومەتی ئاکەپەشی لە سیاسەتدا بە دوادا هات. ئەمە و نائارامییەکانی ناو تورکیا و پەرەساندنی ترۆریسم لە شارەکان، زیانی جیددی بە پایەی سەرەکی ئابووریی, واتە توریسم و لایەنەکانی پێوەندیداری ئابووری گەیاند. هەروەها پەیڕەوکردنی سیاسەتی سوڵتانی کە خۆی لە خۆیدا چەشنێک زیندووکردنەوەی کارێکتێری عوسمانلییەکانە، ئەوانی ڕووبەڕوی ئوروپا و وڵاتانی دەوروبەر کردۆتەوە، کە ئاڵۆزی لە گەڵ ئامریکا، ئاڵمان و ئوروپا لە لایەک و ئاڵۆزی لە گەڵ ڕووسیە چەند لایەنی ئاڵۆزی سیاسی تورکیا دەنوینێ، کە کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا و باشوور لە پێوەندی لە گەڵ ڕۆژئاواییەکان، بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی تورکیا پێک دەهێنن.

تێکەڵبوونی تورکیا لە شەڕی سوریە و هاوپەیمانی لە گەڵ هێزە تروریستییەکان، تورکیای ئارامی، تێکەڵ شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوایی کوردستان و سەر شاری ئەفرین قووڵکردنەوەی قەیرانی سیاسی، ئابووری، نیزامی بۆ تورکیا بەدوادا دەهێنێ. تورکیا لەم قەیرانە دەرباز نابێ و داگیرکردنی ئەفرین نە تەنیا ڕزگاربوون لە قەیران و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆیی تورکیا و کۆتایی هێنان بە مەسەلەی کورد لە تورکیا نییە، بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانە لە درێژخایەن هێزەکانی کورد چ هادەپ کە خۆی بە حزبێکی دێموکراتەکانی تورکیا دەزانێ و چ پ ک ک کە خۆی بە حزبی کوردەکان و هەمیسان دێموکرات و چەپەکانی تورکیا دەزانێ، بەرەو دوو ڕێیانی هەڵبژاردنی سیاسی دەبا. یان ئەوان حزبێکی ناو چوارچێوەی تورکیان، یان حزبێکی کوردی پانتایەکی مەزنترن، بە ناوی کورد و جوگرافیای کوردستان.
لە حاڵەتی یەکەمدا هەم هادەپ و هەم پ ک ک ، یان دەبێ لە حاند هێرش بۆ سەر وڵاتی سوریە کە ڕۆژئاوا ئێستاش هەر سەر بەو وڵاتەیە، بێدەنگ بن یان هاوپەیمان. ئەوان ڕێگای یەکەمیان هەڵبژاردووە.

لە پێوەندی لە گەڵ پرسیارەکەی سەرەتای ئەم نووسراوەیە، ڕۆژئاوا چ دڵخواز چ دڵنەخواز تورکیای بەرەو شەڕی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کێشاوە، ئەم بەشداربوونە لە درێژخایەندا تورکیا یان بەرەوە هەڵوەشانەوە دەکێشێ، یان بەرەو ملکەچبوونی زۆرتری تورکیا لە حاند ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئوروپا و نەمازە ئاڵمان.
بەشداریی زۆرتر و زۆرتری تورکیا لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یانی دابەزینی هەرچی زۆرتری ئابووری ئەم وڵاتە، یانی موحتاجبوونی هەرچی زۆرتر بە چەک و لۆجستیکی ڕۆژئاوا، یانی پێویستی زۆرتر بە پارەی یەکیەتی ئوروپا، بانکی ئوروپا، بانکی جیهانی. واتە وەزعێکی شێوەی یۆنان کە چەپترین حزبی ئەو وڵاتەی لەحاند بانکی مەرکەزی ئوروپا بە چۆک داهێنا. تورکیا بە سیاسەتی دژی کوردانەی کێشراوەتە گەمەیەکی سیاسی کە چارەنووسی وڵاتەکەی پێوە گرێدراوە.
ئێران وەک وڵاتێکی گەورەی پڕ لە کێشە، کە لە هەموو کێشەکانی ناوچەکە بە هێزی نیزامی، سیاسی و ئابووری بەشدارە، قەیرانەکانی گەیشتۆتە لووتکە و دەستەڵاتی سیاسی لەم وڵاتە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوە نەماوە.

ئێران نە تەنیا لە ناوچەکە وەک ناوەندی زۆر لە کێشەکان دەناسرێ، بەڵکو وڵاتێکە کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابووردو، سەرەڕای دیپلۆماسی و مامەڵاتی بازرگانی و تیجاڕیی و نیزامی لە گەڵ حکوومەتەکانی ناوچە، پێوەندی سیاسی ئاسایی لە گەڵ جیرانەکانی نەبووە و لە ئاستی ناونەتەوەیش سەرەڕای مامەڵاتی میلیاردی لە گەڵ ڕۆژئاوا، چین، ژاپۆن، ڕووسیە و وڵاتانی تر، توانای ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی لە گەڵ هیچ وڵاتێک نەبووە، هەرچەند سەرجەم ئاڵۆزییەکانی ئێران سوودی بازرگانی بۆ هەموو ئەو وڵاتانە هەبووە.
ئێران چ لە ناوچەکە و چ لە ئاستی جیهانی هاوپەیمانی هیچ قوتبێکی سیاسی نییە و خۆی و سیاسەتەکانی تەریک ماونەتەوە و بە دەگمەن لە مامەڵاتی سیاسی و دیپلۆماتیکدا سوودی درێژخایەنی وەرگرتووە و بە پێچەوانە لە کۆتایی هەر مامەڵەیەکی سیاسیدا بۆ ڕاگرتنی حکوومەتەکەی، ملکەچ بووە. هەرچەند لە ماوەی چل ساڵی ڕابووردو، بەردەوام سیاسەتی دەرەوەی خۆی سەرکەوتوانە بە خەڵکەکەی فرۆشتبێ.

ئێران کە ئێستا لە گەڵ قەیرانی قووڵی ئابووریی، بێکاریی، هەژاریی گشتی، ناکۆکی کۆمەڵایەتی، میللی، سیاسی، فەرهەنگی ڕووبەڕو و دەرگیری چەند شەڕیی ناوچەیی بووە، گەیشتۆتە لوتکەی قەیرانەکان و بەرپرسانی ڕەدەباڵا بەردەوام دەیدرکێنن کە توانای چارەسەرکردنی قەیران و گیروگرفتەکانیان نەماوە. ئابووریی وڵاتیش گەیوەتە ئەو خاڵەی کە توانای جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان نەمابێ.

تەرخانکردنی زۆرترین بوودجە بۆ بەشی نیزامی ترس و خۆفی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی لە دوو لایەنەوە دەردەخات، هەم لە لایەنی ناوخۆ، هەم لایەنی ناوچەکە. بێگوومان ڕەنگدانەوەی ئەم وەزعە هەم لە سیاسەتی ناوچە و هەم جیهان خۆی دەردەخات و ئێرانی ساڵانی داهاتوو نە تەنیا بەرەو سەقامگیربوون ناچێ، بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ هەموو ستوونەکانی کە لە چل ساڵی ڕابووردو دامەزرێندراون، لەرزۆک دەبێت و قەیران دەتوانێ ببێتە هۆی گۆڕان، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئێرانی یەکپارچەی ئەمڕۆ لە تۆی هیچ سیاسەتێکدا، درێژخایەن یەکپارچە نامێنێ!
گۆڕانکارییەکانی پاش تێکشکانی داعش، رێفڕاندۆمی باشوور، ڕادەستکردنەوەی بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان بە بەغدا، هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەفرین، یەک ڕاستی بۆ کورد دەردەخات کە لە سیاسەت و دیپلۆماسی سەردەم دا کلۆڵە، ئەوەش دەردەخات کە ستراتێژی سەرجەم حزبەکانی باشوور، باکوور، ڕۆژئاو و ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی ستراتێژیک شکستی هێناوە.
هەموو ڕووداوەکانی شەش مانگی ڕابووردو، دەریدەخەن کە سیاسەتی کورد لە چوارچێوەی هیچکام لەو وڵاتانە لە بەرانبەر تاران و دمێشق و ئانکارا و بەغدا سەرکەتوو نەبووە و سەرکەوتوو نابێ. باشوور لە ڕیفڕاندۆەوە بۆ سەربەخۆیی گەڕایەوە, گەڕاندرایەوە باوەشی بەغدا. ڕۆژئاوا لە لوتکەی بەرخۆداندا گەڕایەوە بۆ هاوپەیمانی دێمشق و ڕازیبوون بە هاوردنی هێزی تیرۆریستی دێمشق و تاران و رووسیە. باکوور لە حاند سیاسەتی هێرش بۆ ئەفرین ئاچمەز بووە، تەنیا کارێکی کە نوێنەران لە پاڕلەمانی ئانکارا کردیان ئەوە بوو چەند وێنە نیشان بدەن و بقیڕنن کە کۆمەڵکوژی کراوە. پ ک ک بە هەمان شێوە لە حاند ئەفرین و سیاسەتی ئەردۆغان لە ناو تورکیا وکوردستان، یەک دژکردەوەی لە خۆی نیشان نەداوە. ڕۆژهەڵات هەموو هێزی خۆی لە نووسینی چەند شیعر و گۆرانی بۆ ئەفرین نیشان دا.
ئەمڕۆ زۆرتر لە هەر کاتێکی تر دەردەکەوێ کە کورد بەرلەوەی داگیرکراوی هەر کام لەو وڵاتانە بێ، داگیرکراوی بیریی سیاسی و ستراتێژی نەزۆکی خۆیەتی. سیاسەتی هەر چوار وڵاتەکە مانەوەی کورد لەو جەغزە و پارچەپارچەبوونی زۆرترە.
ئەوەی هێزەکانی ئیسلامی هەرچوارپارچە لەببەیک بە بەناو جیهادی ئەردۆغان دەدەنەوە، داڕزانی سیاسەت لە کوردستان دەنوینێ. هێزەکانی ئیسلامی کە بە ئاشکرا پاڵپشتی داعش دژ بە کورد بوون و بە دەستی کوردی داعش لە بەر کامێڕاکان سەری پێشمەرگە لە لەشی جیاکراوە، تێگەیشتنی لە مێژینەی ئەو کوردانە بۆ خەلافەتکردن بە سەر کوردستانەوە نیشان دەدات. ئەوان لە هەر چوارپارچە خەونی خەلافەتی ئیسلامی بە کوردستانەوە دەبینن و دەبنە هاودەستی تاران و ئانکارا و بەغدا و دمێشق و سەعودیە و شوێنی تر. ئەو پۆتانسیلەی کە لە موسڵمانی شیعە و سوونی عەڕەب و ترک و فارسدا هەیە، لە کوردەکەشدا بۆ جیهاد دژی کوردی بەناو ناسیۆنالیست، چەپ، لائیک، دێموکرات، نادێموکرات، کرێکاریی، ناکرێکاری هەیە.
کورد تێکشکاوی کیشەکانی ناوخۆیی خۆی و بێ ستراتێژی و گرێدراویی بە سیاسەتی تاران و ئانکارا و دیمشق و بەغدا و فانتێزی سیاسییە. دەنا ڕۆلەكانی کورد دەتوانن کۆبانی و شەنگال و سنە و کرماشان و ئامێد و کەرکووک ڕزگار کەن و وەک ئەفرین بیپارێزن، ئەوەی وڵات ناپارێزێ، سیاسەتی چەوتی حزبەکان و ڕابەر و حزبە گرێدراوەکانە!
ئەفرین بەرەو دەربازبوون لە ستراتێژێکی کۆنی بێ داهاتوو ڕێنمۆنی دەکات، گەر پەیامی ئەم شارە و خەڵکە کەم وێنەکەی بژنەوین. ئەفرین بەڵگەیەکی زیندووی دۆڕانی سیاسەتی کورد لە یەک سەدەی ڕابووردوە. بانگی ئەفرین ستراتێژی هەمەگیر و هەمەلایەنی کوردستانییە، کە بە پێی قانوونی ئانکارا و تاران و دمێشق و بەغدا داناڕێژدرێ، بە پێی بەرژەوەندیی کورد خۆی لە جیهانێکی پڕ لە ئاڵۆزییدا دا دەڕێژرێ، یان خۆ لە ستراتێژییەکی ئەوتۆدا دەبینیننەوە، یان خۆمان ڕێگا بۆ تڕاژێدییەکانی داهاتوو خۆش دەکەین/




جەنابی سەرۆككۆماری عێراق دەست بەجێ داوای لێبوردن بكە !!… عەلی مەحموود محەمەد

لە ئێستادا ئەوە 15 ساڵی تەواوە, لە پای ئەو تاوانانەی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان لە رابردوودا ئەنجامی داوە, داوا دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق وەك رەمزی باڵای وڵات داوای لێبوردن بكات, ئەركی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی بوو, لەو مانگە سەرەتاییەی دوای روخانی سەدام بونە سەرۆك كۆماری عێراق بە پێی پیتی ناوەكانیان, دەبوایە ئەو ئەركەیان جێبەجێ بكردبایا, بەشێكی دی لەو كەماسیانە دەكەوێتە ئەستۆی هەموو ئەوانەی لەو كاتە لە بەغدا بوون , سەرەتا عەقلیەتی كورد لەو ئاستەدا نەبوو ئەو كارە بكات, تەنانەت ئەندامەكانیان لە ئەوروپا زیاتر لە هەمووان دژ بەو داوایە دەوەستانەوەو كەوتنە جنێو بارانكردنمان كاتێك داوایەكی وامان كرد, لایان نەنگی بوو سەرۆكە نموونەیەكەی ئەوان ئەو داوایە بكات و بەو ئەركە هەڵبستێت, نەیانزانی دوا رۆژ مێژوو دەڵێت شایانی ئەوە نەبوون بەو ئەركە هەڵبستن, دواتر بۆ دوو خول تاڵەبانی سەۆك بوو , دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو رو كرایەوە, وەڵام هەر نەبوو , مەعسومیش هات, داواكارییەكە روو لەویش ساڵ لە دوای ساڵ هەر بەردەوامە, ئەویش هەر بێدەنگە, هەموو نەیانتوانی بە ئەركی خۆیان هەڵستن و سەروەرییەك بۆ مێژوو تۆمار بكەن, بۆ كورد نا بەڵكە بۆ مرۆڤایەتی, ناویان لە ریزی ئەوانەدا تۆمار بكرێت بەوكارە هەڵساون, چونكە داوای لێبوردن كرد مانای دابڕانە لەو مێژووە ناشرینەی پێشوو.لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە كە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە, شوێنێك پنتێك نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەكان, لێبوردەیی لە گەڵ تاوانە گەورەكاندا سەری خۆی هەڵگرت, روباری خوێن, دنیایەك هەڵە, وەحشیەت بونەتە بەشێك لە كلتوری ئێرە.مێژوویەك ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە لە ناو خوێن و ئێسك و پروسكدا غەرق بووە, بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە داد پەروەرییە, دادپەروەری و ئاشتەوایی پێكەوە گرێدراون, بە بێ یەكەم ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و قەتیش بەدی نایات, وەك ئەوەی سیاسییەكانی كورد لەمڕۆدا دەیكەن , لێبوردەیی هەموو كات دوای دان نان بە تاوانەكان و دادپەروەری دێت, تاوانبار و قوربانیەكان لە ئاوێنەی دەرخستنی هەقیقەت و راستیەكانی رابردوەوە وەك ئەوەی هەن دەردەكەون نەك وەك ئەوەی لە تاوانەكانی رابردوو بشورێنەوە. كارێكی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا لە قوربانیانی تاوانەكان بكرێت ئاشتەواویی بكەن, لە كاتێكدا هێشتا دادوەری بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستیەكان و هەقیقەتی تاوانەكان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەكرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دكۆمێنت كردنی تاوانەكان و دەرخستنی راستیەكان و نووسینەوەی روداوە تاڵەكان!!.

لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە با فێر بین كە ” باسكردنی سەرچاوەی تاوانەكان ,دانپێنان ,قەرەبووكردنەوە,دان نان بەو شتانەی كە رووی دا, هەندێك جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەكانی بابەتەكە, ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی كە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن كردن هەبێت بەشێوەیەكی ڕەسمی تا ناكۆكییەكان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە, لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی”كۆمسیۆنی حەقیقەت و پێكهاتنەوە لە باشووری ئافریقا” ئەوە پیشان دەدات كە قەبوڵكردنی سەرەنجامەكان تا ئەندازەیەكی زۆر زیاد دەكات , كاتێك قوربانیان یان كەسوكاری قوربانیەكان دانپێنانێك و داوای لێبوردنێكی شەرعییان پێ دەگات .”پێكهاتنەوە –چارلس ڤیلا –ڤیسیستۆ “.قەرەبووكردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان كەوتوونە, بەڵكە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێكەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنكردن بێت لە قوربانیان یاخود هەردووكیان پێكەوە, نابێت لە یادمان بچێت كە بژاردن هەم قەرەبووكردنەوەیە و هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەكردنەوەی تاوانەكانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر كە روداوەكان رابردوو دوبارە نەكرێنەوە, لە كاتێكدا نە قەرەبو كراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێكراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوەكان لە ژینگەیەكی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, وەك بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داهاتووشدا بۆ ناوەكانی دی, راستە ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە, وەلێ ژیان بۆ داهاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەكەن .

قەرەبووكردنەوە كەرامەتی مرۆڤایەتی و هەندێك لە زیانە مادییەكان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل كراوە, بۆیە مافی قەرەبوو مافێكی بێ ئەملاو ئەولای سازش هەڵنەگرتنی قوربانیانی كوردستانە, كەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بكات ئەگەر لە ترۆپكی دەسەڵاتیش بێت, دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم كارە هەڵبستن.دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان كە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی كارەكانی ڕابردووی تاوانەكان هەلبَێت, عێراقی ئێستا كە داوای لێبوردن دەكات و قەربووی قوربانیان دەكاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و هەڵەكان ڕابردووی سەدام, بەڵكە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی گشتییەوە و كاركردنیەتی بۆ دووبارە تێكەڵكردنەوەی قوربانیەكان بەكۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی كەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش هێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆكەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەكانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەكان, تا ئەمانە نەكات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەكات و ساتدایە.

بە داوی لێبوردن كردن بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون , تاكە زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانكاران , دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و كاری فەرمانڕەواكانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت , بەڵكە خۆ پاككردنەوەو شۆردنەوەیە لێی , پاككردنەوەی دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە كە لەم وڵاتە رویانداوە ,ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانكاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیز م ئاپارتاید و دیكتاتۆریەت پەیرەو كرا, كوردیش چاوەڕوانی دەكات لە ئێراقی نوێ كە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆكین ببێتە پرنسبێكی دەسەڵاتدارییەتی داهاتوو .

سەرۆكی چەپگەرای شیلی لاگۆس هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی كەسی یان داوای لێبوردنكردن بۆ سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی ڕاستڕەوی پێشوو بە سەركردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1996 ەوە بۆ 2008 درێژەی كێشا, كەچی خۆی و بیروباوەڕەكەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوون كە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەكردە تاوانبار , بەڵكە نامەكانی وڵاتی لە تاوانەكانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەكانی پاككردەوەو خۆشی بردە ریزی سەركردە مەزنەكانەوە.قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ قەرەبووی مادی, هەر یەكەیان نامەی سەرۆك كۆمار”یوهانز راو” یان پێگەیشت , كە لە نامەكەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی هیتلەر كردبوو.”تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی “, لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەكان كە زۆرینەیان لە فەرەنسا دەژێن لە مەحرەقە رزگاریان بووە هەر یەكەیان بە 2300 ئیرۆ قەرەبوو بكرێنەوە .لە تەیموری ڕۆژهەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیركاریشی كردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوزی , نەك تەنها قەرەبووی پێشێلكارییە گەورەكان, ئەمەش بۆ كورد جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە كاری لەسەر بكرێت, لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر كراوەو سامانەكەی تاڵان كراوە.

شیراك سەرۆكی كۆچكردوی فەرەنسا داوای لێبوردنی كرد لە بەرامبەر گرتنی 13 هەزار جولەكە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی 1942 لە میانی جەنگی جیهانی دووەم و پاشان بە كۆمەڵ كوشتنیان لە لایەن هیتلەرەوە.هەرچەندە ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە ئینكار كردن وە نە داوای لێبوردن كردن, لێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە 8ی شوباتی 2018 بڕیاریدا هەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی 1954 بۆ 1962 كە لە جەزائیر دەژیان لەوكاتە قەرەبو بكرێنەوە, هەرچەندە هێشتا فەرەنسا دانی بە هەقیقەتی یاسایی تاوانەكانی خۆی لە جەزائیر نەناوە كە ملیۆن و نیوێك قوربانی لێكەوتۆتەوە.

لە سیرالیۆنیش لە ساڵی 2010 سەرۆكی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە كرد كە قوربانی ململانێ چەكدارییەكان بوون , لە كەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی كەمبۆدی بڵاو كرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێكرا, لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ەش ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورك بە شێوەی زارەكی داوای لێبوردنی كرد, هەرچەندە هەنگاوەكەیمان بە ناتەواو زانی داوای لێبوردنەكان پێویستە بە نوسراو بڕیاری فەرمی دەرچن و هەڵوێستەكان دوربن لە بەرژەوەندی سیاسی, ئەگەر مامەڵە وەك تاوان دەكات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەكانیش بنێت و كۆتایی بە نكۆڵی كردن بهێنێت , كۆتایی بەو شەڕە سەختەی لەبەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی كۆمەڵكوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەرو ملكەچی حەقیقەتە مێژوییەكان بێت, تۆنی بلێر سەرەك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی كۆیلەداری و ماندێلاش داوای لێبوردنی لە قوربانیانی كردارە سەربازییەكان كرد.

لە ساڵی 1998 دا بیل كلنتۆن لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی كرد لە رواندییەكان , بەهۆی هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكیەوە لەو گەل كوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا, شینزۆ ئەبی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن, رەتی كردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبوردن لە كۆریەكان بكات, وەلێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە 15ی ئۆگستسی 1995 بە بۆنەی 50 ساڵەی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەم لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە هەموو ئەوانە كرد چ وڵاتەكەیانی داگیر كردووە وە یان وڵاتەكەی لە میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون, لە فبرایری 2008دا سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا داوای لێبوردنی كرد لە هەمبەر تاوانێك كە بەرامبەر هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی 17000 لە منداڵەكانیان, لێ سەرۆك وەزیرانی نەمسا سیباستیان كۆرتز داوای لێبوردنی كرد سەبارەت بە پێشوازیكردنی وڵاتەكەی لە سوپای هیتلەر.حكومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای 3 ساڵی دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست و دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەكە, ئەمەشیان بە داكۆكی لە كەرامەتی نیشتمانی دانا, بۆخۆی ئەمەش داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت .

ئەو قەرەبوە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشكرا كردنی ڕاستیەكان و داوای لێبوردنكردن لە لایەن دەوڵەتی بكەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەك خوێن بایی و هەوڵی كڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەكرێت لە بڕی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی, كورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە, بەڵكە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بكەری تاوان بە فەرمی لە رێگای سەرۆكەكەیەوە بە بڕیاری رەسمی داوای لێبوردنی لێ بكات, بەڕێز فوئاد مەعسومیش كە هەنووكە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە ئەركە لەسەری بەمكارە هەڵبستیت و وەك ئەو سەرۆكانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەك بە یەكی قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی كۆماری عێراق بنێریت, ئەمە وەك تاك وەك نەتەوەش داوای لێبوردن لە كورد و توركمان و ئاشور و كلدان و شیعە و كریستان و ئێزیدی و سائیبە …. بكرێت, هیوادارم بەم ئەركە هەڵبستێت و هەڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی دوبارە نەكاتەوە.

چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورە لە كوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆكەوە نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەیەدا.




كێ کردیو كێ خواردی…؟! … موزەفەر عەبدوڵڵا

ئەمە گوتەیەکی پڕ ماناو مەغزای لەمێژینەیە کە هەمیشە لەسەر زاری خەڵکەو دەوترێتەوە لە کاتی بردن و دزینی بەرهەمی کاروڕەنجو تێکۆشانی کەسانێک لە لایەن یان کەسانیکەوە.ئەم گوتەیە ڕێک دێتەوە لەگەڵ کرۆکی سیستەمی سەرمایەداریدا کە چینی کرێکار کار دەکاتو چینی بۆرژوا بەرهەمی کار دەیخوات.بێگومانە هەمو ئەمەش بەهۆی ئەوەی چینی بۆرژوای خاوەن سەرمایەو ئامرازەکانی بەرهەمهینان بە هێزی ڕێکخراوی دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچیوەی دەوڵەتو حکومەتو دامودەزگا یاساییو راپەراندنو قەزایی و چەکداری و راگەیاندنو دەیانی دەزگای تر هەلومەرجی بەرهەمهینان دەپارێزێت.

ئێستاش کە سەروبەندی یادی ساڵانەی هاتنە مەیدانی جەماوەری کوردستانە لە دژی ڕژێمی قەومی فاشی بەعس لە ساڵی ١٩٩١ هەمیشە گوێمان لەم گوتەیە دەبێت کە ڕاپەرین خەڵک کردی بەڵام پارتی و یەکێتی وەک تاقمێکی چەکداری شاخی بنەماڵەیی و خێڵەکی بەرهەمی راپەرینی خەڵکیان خواردو لەبەری حەسانەوەو بونە خاوەنی دەسەڵاتو پارەو کۆمپانیاو ڤیللاو سەرمایەو خەڵکیشیان لەبرسا کوشتوە.

بۆڵێکوڵینەوەو ڕونکردنەوەو رایدانێکی کورت لەسەر پرسی ڕاپەرینو پاسادانی بەسەر ئەم گوتەیەدا، وا پێویست دەکات لێرەدا جارێکی تر دوای ٢٧ ساڵ چاوێکی ڕەخنەیی خێرا بخشێنینەوە بەسەر هەمو ئەو ڕوداوانەدا کە لەوساڵانەدا ڕویاندا.

دیارە ئەوە ڕوونە کە ڕوداوی هاتنە مەیدانی خەڵکی لە: ڕژانە ناو کۆڵانو شەقامو گۆڕەپانەکانەوە تا هێرش بردن بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی بەعس و سەربازگەو جبەخانەو ، تەنانەت تا دامودەزگا و کۆگا حکومیەکانو بەتاڵانبردنیان، هەموی لە سایەی هەلومەرجێکی سیاسی پڕ ئاڵوگۆڕو وەرچەرخانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی وناوخویدا بوو. وە جەماوەر بە بێ یەکگرتن و ڕێکخراوبونی جەماوەری چینایەتی خۆیان و، بە بەرزکردنەوەی دروشمی وەدەرنانی ڕژێمی سەرکوتگەر دەبێت لە کوردستان بچێتە دەر کۆببنەوە و دەستیان دایە ڕاپەین.ئەمە جگە لە چەندین دورشمو خواستی ترکە هەنێکیان مۆرکی چەپییان پێوە بوو . زۆریشیان پیاهەڵدان و ستایشی حزبە قەومی یەکان و هیزی پیشمەرگەو سەرکردەکانیان بوو لە لایەن ئەندامانو لایەنگرانیان و رێکخستنە نهینی یەکانیانەوە لەناو خەڵکدا.

تا ئەو جێگایە دەگەڕێتەوە بە هەلومەرجی ناوخۆیی بریتی بو لە بونی ڕژێمی سەرکوتگەری ناسیونال قەومی عەرەبی کە دەیان ساڵ بوو بە ئاگرو ئاسن دەسەڵاتی سەپاندبو بەسەر خەڵکی عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی .وە هەمو جوڵانەوەو حزبو چالاکییەکی سیاسی وڕێکخراوەیی قەدەغەکردبوو. لەوانەش جوڵانەوەی ناسیونال قەومی کوردو حزبەکانیان، کە گەورەترینیان یەکێتی و پارتی بونو، خاوەنی هێزی چەکداری ملیشایی دەیان ساڵ بون.

هاوکات ڕژێم تازە لە شەڕێکی هەشت ساڵە لە دژی رژێمی ئیسلامی لە ئێران هاتبوە دەر.بەهۆی ئەو شەرەوە توشی قەیرانێکی قوڵی ئابوری بوبو. ئەمە سەرەڕای قەیرانی قوڵی ئایدیولۆژی و سیاسی جوڵانەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی ، کە حزبی بەعسی دەسەڵاتدار لایەنیکی بەهێزی بوو، لەبەرامبەر کۆمەڵێک بەرهەڵست – تحدیات –ی نوێی ئەو دەروانە.لەوانە بە تایبەتی بە دەسەڵات گەییشتنی جوڵانەوەی ئیسلامی سیاسی شیعەگەرا لە ئێران کە ببوە مەترسی گەورە بۆ سەر دەسەڵاتی ناسیونال عەرەبی ئیسلامی سونەگەرا ،بە تایبەتی لە کەنداوی عەرەبی.بیگومان ئەمەش خۆی یەكێک لە هۆکارە سەرەکی یەکان بوو بۆ بەرپابونی ئەو جەنگە کۆنەپەرستانەیە.

دوای کۆتایی هاتنی جەنگ کە هەشت ساڵی خایاند ،لە چوارچیوەی هەلومەرجێکی تازە بەدیهاتویی جیهانیدا ، ڕژێمی بەعس بۆ قەرەبو کردنەوەی هەمو شکستە ئابوری و سیاسی و سەربازی یەکانی ، کوەیتی داگیرکرد .لەم شەڕو داگیرکاریەشدا نەک هەر سەرکەوتو نەبو بەڵکو شکستێکی گەورەی تری توش بوو کە بووە زیاتر قوڵبونەوەی چەند قاتی قەیرانە هەمەلایەنەکانی .
بێگومان هەمو ئەمانە هاوکات بوو لەگەڵ دەسپێکردنی گەورەترین ئاڵوگۆڕو وەرچەرخانی جیهانی کە خۆی لە کۆتایی هاتنی دوو جەمسەری دونیا ،کە هەرەسی جەمسەری بلۆکی ڕۆژهەڵاتی بەناوی سوسیالیستی و باڵادەستی هەرە ڕاستی بۆرژوا ئیمپریالی بوو، بە ڕابەری ئەمریکا.وە ئەم داگیرکاریو شەڕەی ڕژێمی بەعسیش لە کوەیت بوە ئامرازو بەهانەیەک بۆ زیاترهێزنواندنی ئەمریکاو دەخاڵەت لە عێراقو ناوچەکەو ڕاگەیاندنی سیاسەتو ستراتیژی نوێی جیهانی .

سەرەنجام ڕژێمی بەعسو سوپا زەبەلاحەکەی بە شکستێکی گەورە پاشەکشەی کردو بە تەواوی بوە مایەی لاوازی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکەیو بیزاری زیاتری خەڵک .وە هاتنە پێشەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ نیشاندانی ئیرادەیان لە دژی رژیم.دیارە پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە ئابڵوقەی ئابوری جیهانی لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، کە ئەمریکا باڵادەستی رەهای بەسەریدا هەبوو ،خەڵکی کردبوە سەر ساجی عەلی ،وەک دەڵێن ، کە ئەمەش هۆکارێک بو بۆ زیاتر توڕەبونی خەڵکو سود وەرگرتن لەهەر دەرفەتێک بۆ روخانی ڕژێم.

هەمو ئەمانە هاوتەریب بوون لەگەڵ بانگشەکانی ئەمریکاو دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاواو ناتۆ بۆ دیموکراسی ومافی مرۆڤ و زۆر دروشمی بریقەداری تر.وە کاریگەریان هەبوو لەسەر پەرەگرتنی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان تا ئاستی ڕاپەرین بەمانا باوەکەی . ئەمە جگە لەوەی پارتی ویەکیتی و هاوپەیمانەکانیان لە پێش جەماوەرو ڕێکخراوە چەپەکانەوە باشتر لە خۆ ئامادەکردنی ریکخراوەیی و سیاسی و سەربازیدا بون بۆ ئاڵوگۆڕەکان.ئەوان هەمیشە وەک بەدیلی سیاسی ئامادە بون و نەخشەو پلانیان دادەڕیژا.خۆ ئەگەر چی لەناو شارەکان سەرمەشقی هەمو خۆپیشاندانو هەڵمەتەکانیش نەبوبن بەلام هەمێشە خۆیان وەک بەدیلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی رژێم دەخستە پێش چاو.

ئەگەرچی ڕێکخراوو گروپو هەڵسوراوەکانی بزتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریش بە گشتی ، سەرەڕای دستبردنیان بۆ کۆبونەوە گشتی یەکانی کرێکاران و خەڵکی لە کارگەو گەڕەکو شوێنە گشتی یەکان و،دامەزراندنی شوراکانو هەڵبژاردنی نوێنەرانو قسە کردن لە دەسەڵاتی شورایی بەرامبەر بە دەسەڵاتی حزبە قەومی یەکان ، بەڵام هەر کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو دۆخو کەشە سیاسی و فکری یەی کە باڵی کێشابوبەسەر جیهانو عیراقو کوردستاندا.هەر بۆیە ئەم چەپە نوی یەش بوە پاشکۆی روداوەکان.

ئەم چەپە نوێیەش هێشتا هەر بڕوای وابو کە هەرهاتنە مەیدانێکی بە کۆمەڵی خەڵک و بەرزکردنەوەی دروشمی روخانی ڕژێمێک خود بە خود دەیگەیەنیتە سەر دەسەڵاتی دڵخوازی خۆیان.ئەمەش یانی دانانی ئەم ڕوداوانە بەهەمان پرنسیپ و پیوانە گشتی یەکانی راپەرینە نەریتی یەکان بە بی لەبەرچاو گرتنی ئەو هەمو ئاڵوگۆڕو وەرچەرخانە فکری و سیاسیو ئابوری و کۆمەڵایەتی و سەربازییە کە لەو سەروبەندەدا هاتنەپێش.

بۆیە کاتێک لەم گۆشە نیگایەوە،و لە بۆتەی هەمو ئەو دۆخە ناوخۆییوناوچەییو جیهانی یەدا چاو بخشێنینەوە بەو ڕوداوانەی مانگی مارسی ٩١ ، کە پێیان دەڵێین ڕاپەڕین ، دەگەینە ئەو ڕایەی کە بەڵێ ئەم ڕوداوانە ئەگەر چی بوە مایەی هاتنە مەیدانی خەڵک و بە گەڕ خستنی ئیرادەیان و کۆمەڵێک دەسکەوتو ئەزمونیش بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکی ئایدیولۆژیو فکریو سیاسیو کەلتورو نەریتەوە لە چوارچێوەی جولانەوەی ناسیونال قەومی کورد- کوردایەتی-بوو، کە ناوەڕۆكێكی بنەماڵەیی و خێڵەکی لەڕادەبەدەر دواکەوتوانەی هەیە .بە تایبەتی ئەم جولانەوەیەش لەهەر کاتێک زیاتر کەوتە ژێر هەژمونی ئاسۆو ئامانجەکانی ئەو وەرچەرخانە راستڕەوی جیهانی یە بەرابەری دەوڵەتی ئیمپریالی ئەمریکا .
هەر بۆیە ئەگەر خەڵکی راپەڕینێشیان کردبێت و ئەم تاقمانە هیچیشیان نەکردبێت لەو ڕوداوانە بەڵام بەرهەمەکەیان خوارد بەهۆی ئەوەی ئەوان بەدیل بون و هێزی ڕێکخراوی سیاسیو سەربازی و دەیان ساڵ ئەزمونیان هەبوو.

جا هەر ڕاو بۆچونو لێکدانەوەیەک بۆ ئەو ڕوداوانە، بۆ ئەوەش کە پێی دەڵێین ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ ،کە ئاکامەکەی گرتنی دەستی دەسەڵاتی سیاسی ئەمانە بون تا ئییستا، لەم گوشەنیگا چینایەتی یەوە نەبێت ئەوە ناتوانێت ڕاوبۆچونو هەڵویستگیری بابەتی و دروستی سیاسی کۆمۆنسیتانە بێت بۆ ئەو ڕودوانە. وە ناشبێت بە ئەزمونێک بۆ داهاتوی بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیو چەپوکۆمۆنسیت.

بۆ ئەوەی لە داهاتودا دەرفەت نەدرێت بەوەی بەرهەمی کاروڕاپەڕینی زۆرایەتی خەڵک کەمایەتی یەکی چەکداری دزو گەندەڵ بیخوات وەک ئەم سی ساڵە ئەوە پێویستە جەماوەر خۆیان لەسەر فکرو سیاسەتو نەریتو شێوازێکی نوێ ڕێکخەنو چەکدار کەن.وە داوای بەدیلو دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خۆیان بکەن کە ئەویش دەسەڵاتی جەماوەری شورایی یە لە خوارەوە بۆ سەرەوە کە لە روداوەکانی ئازاری ٩١ سەریهەڵداو بۆتە ئەزمونێک بۆ داهاتو سەرەرای هەر کەموکوری یەک کە هەیبوو




گەلی کورد فریاکەوە! … جیهاد موحەمەد

ئەگەر نەختێک بە وردی بیربکەینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، ئەوەی کە مافی گەلانی بندەست و چەوساوەی وێرانکردووە، جگە لە بەرژەوەندخوازیی سیستمی سەرمایەداریی جیهانیی، بەرەی فاشیزمی نەتەوەپەرستیی و دینییە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو گەلانە.
گومانی تێدا نییە، کە گەلی کورد خاوەنی چەندین حیزب و هێڵی سیاسیی جیاوازە، ئەمەش زۆر ئاساییە، چونکە چ وەک تاک و چ وەک گروپ و چین لە گەلێکی ستەملێکراوی دەیان ملوێنیی و دابەشکراو بەسەر چەند جیۆگرافیای سیاسیی دروستکراوی وەک تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا هەمووی یەک ئاراستەی فکریی نابێت و لەسەر یەک هێڵێ سیاسیی کۆنابێتەوە، هەرچەندە زۆر جار داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کراوە و ئێستاش ڕێکخراوێک هەیە بەو ناوەوە، بەڵام هێشتا ئەمەش بە تەواوەتی نەمەیوە و هەموو لایەکی سیاسیی و فکریی گەلی کوردی کۆنەکردۆتەوە، هۆکاری ئەمەش زۆرە ڕەنگە لەم بابەتەدا جێگەی نەبێتەوە.

ئەوەی مەبەستمە بیڵێم بە کورتی و بە پوختی، تەنها یەک پرس و مەسەلەی سیاسیی هەیە کە لەبەرژەوەندی گشت گەلانی ستەملێکراو و بەشمەینەتە، ئەو پرسە سیاسییەش پرسی دیموکراتیی ڕستەقینەیە کە جێگەیەک نایەڵێتەوە بۆ بندەستیی هیچ نەتەوە و چینێکیش، هەڵبەت ئەمەش بە ڕێژە، بە تایبەتی بۆ چینی چەوساوە کە ڕەنگە بە ڕێژەیەکی کەم چەوشاندنەوەی نەیەڵێت، چونکە تەنها چارەسەری سیستمی سۆسیالیستییە کە بە تەواوەتی چەوساندنەوەی چینایەتی لە ناودەبات. کەواتە گەلی کورد ئەبێت ئەوە باش بزانێت و وەک ڕۆژی ڕووناک بە بەرچاوییەوە بێت، بەرەی فاشیزمیی نەتەوەیی و دینیی بە جۆرێک دژێتی، کە هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان ئاراستە سیاسیی و هێڵە جیاوازەکانی بیرکردنەوەی ئەم گەلەدا، هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان ئەم حیزب و ئەو حیزبدا، هیچ جیاوازییەکیش ناکات لە نێوان ئەم چین و ئەو چیندا.
فاشیزمی نەتەوەپەرستیی و دینیی سۆنامییەکە، کە چاک و خراپ، ڕاست و چەپ، لیبراڵ و سیکتاریزمیی ئەم گەلە، چینی دەوڵەمەند و هەژاری ئەم گەلە، وەک یەک ڕاپێچ دەکات و بۆ هەتا هەتایە نوزەی لێدەبڕێت.

هەرچ ئاراستەیەکی فکریی و هێڵێکی سیاسیی ئەم حەقیقەتە نەزانێت تۆزقاڵێک خاوەنی عەقڵ نیە.
لەم حەقیقەتەوە کە ئاماژەم پێدا، پێویستە هەموو کورد و هەموو ئاراستە جیاوازە فکریی و هێڵە سیاسییەکان، هەموو حیزبە سیاسییەکانی ئەم گەلە لە هەر چوارپەرچەکەیدا، پێکەوە هانا بەرنە بەر هەموو گەلانی دنیا و هەموو حیزبە چەپ و سەوز و لیبراڵ و دیموکراتەکانی جیهان و داوای ڕاگرتنی ئەو سونامییە فاشیزمییە نەتەوەیی و دینییەی ئەردۆغان بکەن.
لە ڕاستیدا، سەرکەوتنی ئەردۆغان و بەرەی فاشیزمییە نەتەوەپەرستیی و دینییەکەی، نەک دژی هەموو گەلی کوردە بەڵکو دژی هەموو بەرەی ئازادیخوازیی جیهانییە، بۆیە بۆ گەلی کورد دەرفەتە کە هەموو بەرەی ئازادیخوازیی جیهانی ئاگادار بکاتەوە لەم بەرە ڕەش و تاریک وئەنگوستەچاوەی کە دەخوازێت هەموو جیهان بەرەو دۆزەخی سەدەکانی ناوەڕاست ڕاپێچ بکات.

گەلی کورد فریاکەوە و ئەم سۆنامییە فاشیستییەی ئەردۆغان تۆزت دەبات بە ئاسمانا، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی گەلی کورد و مافی نەتەوەیی گەلی کوردەوە، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی چینی دەوڵەمەند و چینی هەژارەوە، هەمووی وەک گەنمی دوو توێی بەردە ئاش دەهاڕرێت و دەبێت بە ئاردی ناو دڕک.
گەلی کورد باش بزانە! سەرکەوتنی عەفرین ئەگەر سەرکەوتنی یەکجارەکی گەلی کورد و بەرەی ئازادیخوازیی لە ناوچەکەدا نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە گەشەی بیر و ئەندێشەی ئازادیخوازیی و دیموکراتخوازیی لێدەکەوێتەوە و بۆ هەتا هەتایە ئەم دەنگە بەرزەفڕانە بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەبریقێتەوە.

جیهاد موحەمەد
١٢/٣/٢٠١٨




مارسی ماریا …. حەمەی شانۆ

حەوتی بەیانی هەڵدەستم لەخەو ڕۆژ باش لەباڵندەکان دەکەم و ئاوی گوڵەکانی نێو ئینجانەی تەنهایەکە ئەدەم ،
سەعات هەشت قژم دەهۆنمەوە و نینۆکەکانم بۆیەی شین دەکەم بە کراسێکی سوری گوڵدارەوە دچم بۆ بازاڕ یەک کیلۆ و نیودڵخۆشی ئاڵ دەکڕم هێندە کەیفم سازە هەستەکەم خەریکە
لەخۆشیە بگرم دووباڵ ،هەر لەڕێگای ماڵ بە شەقامەکانی کەرزۆخ دەڕۆمە سەرەوەو بۆ کتێبخانەی یادگاری ،دەچمە پرسیارەکەم لەکارمەندی کتێبخانەکە ، ئەرێ بەشی من هەیە ؟ خەمگینانە دەڵێ ببەخشە گوڵ خانم هێشتا مەعسوم لەسەفەری بێ ئینسانیتە ونەهاتووە بۆلای ئێمە ، سپاسێکی ئەکەم و سەرم کزەکەم دێمە دەرێ بەڵام ئەو هەواڵەش نەیتوانی ڕۆژەکەم لێ تاڵ کە شەقامەکان لەگەڵ قاچەکانم ببون بەدۆست چیتر لەیەکتر نەدەترسان گوێم لێ بوو زەوی پێکەنینی پێڵاوەکانمی ئەدا دەنگی قاقای پێڵاوەکانم دەیگوت :تەق تەق تەق ، گەیشتمۆ لای ماڵ هاوسێ کەمان ئاوی بەردەرگای بەڵاڵایی ئەدا ، سڵامم لە حاجی ئاغای کەریمی کرد کە پیرەپیاوێکی لچ بەیکدەچوبو لەسەر تەمەنی سەروی شەست ساڵ سفڵەیی بوو بەیانیان لەچاوەڕوانی عەزرائیل دەهاتە پێش قاپی بەتەزبیحێکی دەنک گەورەوە تەزبیحەتی ئەکرد ، کەبینم هەستم کرد کەناریەکان خەریکە بەدەنگی ترپەکانی دڵم کاس دەبن سەیری ئەوەم ئەکرد دەنک دەنک وە تەزبیحەکەی دەستی حاجی دەگاتە کۆتایی ، بەپەلە ڕۆشتمە ماڵەوە چومە بەردەم دووشی گەرماوەکە ، ئاخر بۆنی ڕۆحی سوتاوی پەپولەم گرتبوسەروچاوم چبوو بەیەک نازانم مانای ئەو ڕوانینە هەرچی و پەرچیانەی گەڕەک وشەقامان چیە ؟ من هێڵنجم دەهات ، بەڕووتی هاتمە دەرێ لەسەر پلیکانەکانی دنیای مەحویەوە چوم شەکرە سێوەکانم بەتەنەفی بەدفەڕیەوا هەڵواسی با لەدوورەوە کەشتیەکانی جەنگ بزانن ژنێک هەیە لێرە هێشتا ماڵەکەی بۆن و بەرامەی خەنەی لێ دێ ،گوڵەکان هێشتا گەمە دەکەن لەسەرگوڵەکان ، لەسەربانی سەرکۆنەکانمەوە دێمەخوارەوە ،بولبولی نێو قەفەسەکە ئەیەوێ ئازاد بێ و بفڕێ بێتە شۆڕشگێڕێک لەسەر گردە توندەکانی باخی میهربانیم بنیێشێتەوە بژێ ، هەموو خەریتەکانی جوگرافیاش نوقستانن باخی سینەی منیانیان نەنەخشاندوە لەسەری ، سەرم گێژەخوات و خواخوامە تا ناوهەیوانەکەبڕۆم وخەریکە زەرداوی گۆشگیری دەهێنمەوە ، هێواش هێواش گەیشتمە لای تەسجیلەکۆنەکە و کاسێتێکی سروودی ئاسودەیی ئەخمە سەری ، لەگەڵ خۆم ووێنەی چاوەڕوانی سەمادەکەم هەواڵدەم تاگەرووم هێزی تیایە بقیژێنم ڕازەبێدەنگەکانی ڵاپەڕەدڕاوەکانی دەفتەری تەمەنم بڵێم ، چون قریشکەی هەوری گریان ، بڵچکەیەکی بێڕەحمی ئازار لەدڵم دەبریسکێنێ ،بەزۆرخۆم دەگەیەنمە زەنگی تەلەفۆنەکە ژمارەی ژانی ژیانم لێ ئەدەم بەڵام دەبیستم ئێژێ لە دەرەوە بازنەیە . پەیامێکی بۆ جێ دێڵم دەڵێم ساڵانی دووریت سەختە بو نەفرەت لەجەنگی هەشت ساڵی مەرگ ، سەیردەکەم میلی سەعاتەکە لەسەر کاتژمێر دوانزەی شەوە پەردەی تاریکی و شەرم ماڵە بووکەشووشەیەکەی منی داپۆشیوە ،چرکە چرکە هەست بە چرچ بونی ڕوومەتەکانم و کزبوونی چراکانی نوری ئەوینم ئەکەم ئەچمە سەر پەرچەکەم چاوم لێک دەنێم ، دەچم بۆ وێستگەی پاسەکانی سەفەری ئەبەدیت و سەرم دەنێم بەجەمی پاسەکەشینەکەوە تادەگەم بە جادەی فیردەوس و ، نوقتەی کۆتایی بەو پەڕی ماندوێتیەوە دەڵێم بێزەحمەت دابەزین هەیە.ئینسانێک بەو پەڕی بێتاقەتی و ناهەقی بەرامبەرکراو دەیەوێ دابەزێت..

“حەمەی شانۆ”




عەفرین بانگم دەکات… مەولود ئیبراهیم حە سەن

ئە فسوس..
ئێستا ناتوانم
وەک پڵنگ بەدوای ئاسکدا ڕابکەم ،
ئێستا ناتوانم
وەک ئاسک لە دەست پڵنگ هه ڵبێم ،
عە فرین بانگم دەکات ..
سە وزە فرۆشکە هێشتا پاڵکەوتووە
چاوەڕێیە باڵی بگرم و
بیخەمەوە سەر کورسیە شڕەکە و
تائێوارە لە جیاتی ئە و
سەوزە بفرۆشم .
***
مامۆستائ مزگەوتە نیوە ڕوخاەوکە
جاوەڕێم دەکات
ژمارەی نوێژکەرانی ببن بە چل کە س .
مامۆستای قتابخانە نێوە ڕوخاوەکە
چاوەڕێم دەکات
ئەمڕۆ لە جیاتی فەڕاشەکە
من دەرگای قوتابخانە بکەمەوە و
تۆزی سە رکتێبە کان بتە کێنم و
ڕحلەکان ڕێک بخەمەوە و
دەستی منداڵە پێ بڕاوەکە بگرم و
لە تە نیشت دیوار بیخەمە ڕیزەوە
تا فێربێ بنووسێ بژی کوردستان .
***
ئەوەتا ئاوی پڕژۆەکە گیراوە تەوە
گەرەکە بچم بیکەمەوە
تا ئیماندارەکان دەسنوێژ هه ڵگرن
بۆ ئەوەی نزاکانیان گیرابێ
منداڵەکان پێش ئەوەی
بچنە قوتابخانە
جوان ..جوان دەم و چاویان بشۆن
بۆ ئەوەی ژیان بە جوانی ببێنن .
تا هه ڤاڵەکان مە تارەکانیان
پڕکەن لە ئاوی نێشتمان
بۆ ئەوەی دەروونیان
پڕ بێت لە نیشتمان .
***
کاری زۆرم لە پێشە
گوڵی نێو مەرکانی سەر مەزارو
چیمەنی سەر گۆڕی شە هیدە کان ئاوبدەم
عە فرین بانگم دەکات..
زۆر درەنگە
کارگوزاریەکەی نەخۆشخانە
چاوەڕێیە هاوڵاتیە بریندارەکەی
لە گەل بگە ینمە ژووری نە شتەرگەرێ .
منداڵە دەستبڕاوەکە چاوە ڕێیە
شۆرباکەی بە دەمە وە بکەم و
دەبێ خۆ بگە ینمە ئەو دایک و باوکەی
بە جووتە شانیان داوەتە بەر کەژاوەی
کچە تاقانەکەیان .
یارمەتی ئە باوکە بدەم کە خەریکە
دوا شەهیدی ماڵباتە کەی دەنێژێ .
دەبێ زوو بچمە سە ر ئەو گۆڕستانە بریندارەو
برینەکانیان بپێچمەوە
فاتیحەیەک بۆ ئەو کێلە شەهیدانە بخوێنم .
***
عەفرین بانگم دەکات
تازووە خۆ بگەینمە ئەوجوتیارەی
ئێستا کێلگەکەی چاوەڕێیە
تراکتۆرەکەی بیتەوە
ئەو تراکتۆرەی
جوتیارەکە خۆی بە قوربانی کرد .
دەبێ بەوە ڕابگەم
پیش ئەوەی تاریک داىێت
دەرگای مریشکەکان دابخەم
مرێشک دز زۆر بووە .
***

عە فرین بانگم دەکات
ئەفسوس.. پیریی یارمەتیم ناداو
ئێساتا ناتوانم
وەک ئاسک لە دەست پڵنگ ڕاکەم و
وەک پڵنگ بەدوای ئاسکدا غاربدەم
ئە فسوس فرمێسکی پیری
ڕێگە نادا مەیدانی ڵاپەڕە بەجوانی ببێنم
پیری یارمەتیم نادا
ڕێگای مەیدانی بەرخۆدان بگرمەبەر
ئەوەتا ئاڤێستا خابوور
بەرهه می خەبات دەچنێ
لە ژێر هه ردار زەیتوونێکی سەوزدا
لە پەنا هه ربەردێکی بەرخۆدان
دەستی لە سەر تفەنگە
ئاڤیستا ئێستا لە شکرێکە .
***
ئەوەتا بارین کۆبانی
بە باڵی فریشتەییەوە
بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە
دەسوڕێتەوە ڕووت ڕووت
زۆر بە پیرۆزییەوە
ڕووناکی دەدات بەڕۆژ
بە بانگی بەرز
ڕوو لە سەرچەتەی چەتان دەچرێکێنێ :
بەڕووتیش ..لە ئێوە پۆشتە ترم
•بە کوژراوێس ..لە ئێوە زیندوترم
بە ئەتک کراوێش ..لە ئێوە شەریفرم
مەمکە بڕاوەکەم
ئێستا لوتکەی کێوی ئازادیە
جەستەی ڕووتم
ئێستا نیشتمانی دایکە
ڕووم ڕۆژی هه ڵاتووی ڕۆژهه ڵاتە
ڕۆژکوێرەکان نایبێنن .
***
درەنگمە زۆر درەنگ
عە فرین بانگم دەکات
ئەوەتا دایکە پیرەیەکی تەنیا
لە ماڵێکی تەنیا
لە گوندێکی تەنیا
ڕوو لە سەرچەتەی چەتان دەڵێ:
ئەز ناڕە ڤم
عەفرین عەفرینامەیە .
***
عە فرین بانگم دەکات ..
زۆر درەنگە
دەچم…هه رلێرەم
بە دیل دەگیرێم…هه رئازادم
شە هید دەکرێم و هێشتا زیندووم .
***
زۆر درەنگە
عە فرین بانگم دەکات
درەنگە شەوداهات
دەبێ چیڕۆکێک بۆ ئە و منداڵە بگێڕمەوە
لە جیاتی باپیرەی
بەم سەرماوبرینداریەوە
خەوی لێناکەوێ
ئەوە دوا چیرۆکە دەیبیسێ .
***
عە فرین بانگم دەکات
دەبێ هه رچی زووە
فیشەک بگەینمە شەڕڤانەکان و
تۆزێک ورەیان لێوەرگرم
بیدەمەوە بە میدیاکاران
چەند وێنەیەکی داگیرکەربگرم
لە کاتی هه ڵاتن
چەکە جێماوەکانیان کۆکەمەوە
کوژراەکانیان بنێژم
دیلەکانیان ناو نووس بکە م .
***
زۆر درەنگە
هه رلێرەم ..کە دە چم
ئازادم ..کە دیل دەکرێم
هه ر زیندووم ..کە شەهید دەبم
عە فرین بانگم دەکات .
***
درەنگمە هه رچی زووە
دەبێ بارەگای
نەتەوە یەکگرتووە کان
دابخەم
تابلۆی دێموکراتیەت
دابگرم
کتێبی مافی مرۆڤ
بسوتێنم
بە هاو پەیمانان بڵێم
درۆدەکەن .
***
عەفرین بانگم دەکات
هه رچی زووە
دەبێ کوردەکان کۆبکەمەوە
پێیان بڵێم
بۆ یەکەمینجاروبۆ هه میشە
یەکگرن
دنیای دوژمن
لە بەردەرگایە .
زۆردرەنگە
عەفرین بانگم دەکات .

مەولود ئیبراهیم حە سەن ١٠/٣/٢٠١٨ – هه ولێر