قاوغێکی مۆدێرن و ڕۆحێکی ترادیسیۆنال … ئەحمەد ڕەسوڵ

لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا لەمسەر تا ئەوسەری کوردستان، کۆمەڵێک دەسەڵاتدارێتی بچوکی لۆکاڵی بەناوی میرنشین لەلایەن کۆمەڵێک ئاغا، شێخ، بەگ و بەگزادەوە وەکو نوێنەرایەتیکردنی دەسەڵاتدارێتیە گەورە دەرەکیەکان و ئیمپراتۆرێتیەکان بەسەر خەڵکی ناوچەکانیانەوە، بوونی کورد بەرجەستە دەکات کە خۆی ئەم دەسەڵاتدارێتیە ناوچەییە ئاغاواتیانە بەربەستی گەورەی بەردەم پەرەسەندنی سروشتیی کۆمەڵایەتی جڤات و گەشەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای کوردی بوون.

سەدەی بیست و ناسیۆنالیزم

لە سەدەی بیستدا جۆرێک لە هۆشیاری لەبارەی بوونێکی کوردیانەی گشتگیر سەرهەڵدەدات، کە هۆشیاریەکی ناسیۆنالیستیە، بەڵام هەمان شێوە فۆڕمی ئەم هۆشیاریە، فۆڕمێکی خێڵەکیانەی لۆکاڵی، هۆشیاریەک لە ڕواڵەتدا باس لە ناسیۆنالیزم وەکو تێزەیەکی مۆدێرن بۆ تەعبیر لە ڕۆحی دەستەجەمعیانەی ئینسانی کورد دەکات، بەڵام ئەم گوتارە لە ڕەگەوە بە توندی بەستراوەیە بە ستراکتوری خێڵ و قەبەلیەتەوە. ئیشکردنی ناسیۆنالیزم لە دروشم و شیعریەتی سیاسی تێناپەڕێت، بەو مانایەی تەنها گوتاری سیاسی-شیعری و هەندێ فۆڕمی سیاسەتکردن “وەک پەیکەری حزب و ناونانی کۆمەڵە و گروپەکان” شتێک لە ناسیۆنالیزم و دنیای مۆدێرنەوە وەردەگرن، بەڵام کۆی پڕاکتیکی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی هەم لەنێو حزب و هەم لە نێو شۆڕشەکاندا، هەمان هەژمونی کۆلێکتڤیی خێڵگەرایانەی ئەنتی ئیندیڤیدە.

ناسیۆنالیزم خۆی هۆشیاریەکی ئیندیڤیدە “واتا هۆشیاری تاکەکانە سەبارەت بە بوونی خۆیان لە چوارچێوەی کۆیەکدا”، هەڵبەت مەبەست لەم قسەیە ئەوە نیە کە ناسیۆنالیزم بە سروشتی لە نێو هۆشیاری تاکدا بێ بوونی هیچ سپۆتێک و هیچ سەرچاوەیەک بەرهەم دێت، بەڵکو مەبەست لەوەیە کە ناسیۆنالیزم چاندنی جۆرێک لە بیرکردنەوەیە لە نێو تاکەکاندا کە هەست بکەن ئەوان سەر بە کۆیەکن و بەبێ ئەو کۆیە ئەویش نابێت و ئیتیمایەکی توند بیبەستێتەوە بە کۆی جڤاتەوە لەسەر کۆمەڵێک هاوبەش و تایبەتمەندێتی کە سەرچاوەی تیشکدانەوەی ئەم هۆشیاریە نوخبەیەکە لە بەرهەمهێنەرانی بیری ناسیۆنالیزم، هەڵگر و وەرگێڕانی ئەم بیرەش لەسەر دەستی ئەکتیڤیستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ حزب و گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوەیە. واتا ناسیۆنالیزم بەبوونی ئیندیڤیدەوە مانا پەیدا دەکات، لێرەوە هەر ناسیۆنالیزمێک بێ بوونی ڕاستەقینەی ئیندیڤید ناسیۆنالیزمێکی فەیک و شکڵیە ناتوانێت هەڵگری ڕۆحی ڕاستەقینەی ناسیۆنالیزم بێت. قەبەلیەت و خێڵگەراییش بە توندی دژ بە سەرهەڵدانی مرۆڤە وەک تاک. لێرەوە ئێمە لەسەدەی بیستدا لەبەردەم ناسیۆنالیزمێکی قاوغیی و شکڵیداین، بە کۆنتێنت و ڕۆحێکی پڕاوپڕ خێڵەکیانەی فیۆداڵیەوە. ئەم ناسیۆنالیزمە خێڵەکی و فیۆداڵیە لەسەدەی بیستدا ناودەنرێت بە کوردایەتی، بزووتنەوەی کوردایەتی یان بزووتنەوەی سیاسیی کوردی.

بزووتنەوەی کوردایەتی وەک دوالیزم

بزووتنەوەی کوردایەتی لە سەدەی بیستدا بە مێنتاڵیتیە سیاسی و بونیادە گوتاریەکەی خۆیەوە بزووتنەوەیەکی سیاسی ئاغاواتی و خێڵەکیانەیە کە بە توندی دژ بە لەدایکبوونی مرۆڤە وەکو بوون و کەینونەیەکی سەربەخۆ، خاوەن ئیرادە و بڕیاری سەربەخۆ، خاوەن خواست و هۆشیاری تاکگەرایانەی خۆی، چونکە لەدایکبوونی سروشتی و ڕاستەقینەی ئیندیڤید لە کۆمەڵگای ئێمەدا دژ بە ڕۆحی بزووتنەوەکەیە “بزووتنەوەی کوردایەتی” کەلەسەر کۆگەلیی خێڵ و بێئیرادەیی تاک ڕاوەستاوە. بزووتنەوەی کوردایەتی لەسەر ئاستی ڕیتۆریکی سیاسی و گوتارە مێدیاییەکەی وەکو ناسیۆنالیزم و وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی نەتەوەیی خۆی نمایشدەکات و لەسەر ئاستی ئەکت و پڕاکتیکی سیاسی و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئیدارە و ئابوریدا، تێگەیشتن و کارکردنی لەهەمبەر هێزی جەنگاوەرانەی خۆیدا، هەم مامەڵەکەکردنی لەگەڵ ئینسان وەکو تاک، بزووتنەیەکە بە توندی گرێدراو بە ڕۆحی خێڵ و بە توندی گرێدراو بە بنەما ستراکتوریەکانی هیرارکیەتی دەسەڵاتەوە لە نێو خێڵدا.

لێرەوە بزووتنەوەی کوردایەتی، بە هەمانشێوەی میرنشینەکانی کۆمەڵگای ئێمە و بگرە زیاتر “ئەگەر میرنشینەکان لەسەردەمێکدا بوون کە کرانەوەی عەقڵی و مۆدێرنیزەبوونی بەها و نۆڕمەکان لە کۆمەڵگا خۆراواییەکاندا تازە بوون و هەم دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم هێشتا نەگەیشتبوو بە ئەوجی خۆی ئەوا لەسەدەی بیستدا و بە گوێرەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردییەوە ئەو بەها و نۆڕمە مۆدێرنانە و هەم کرانەوەی عەقڵیی لە دنیای خۆراوا و لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەریشماندا قۆناغ و زەمەنی زۆری بڕیبوو” هەم هێزێک و دەسەڵاتێکی دژ بە بوونی تاکگەرایانەی ئینسان بووە و هەم دژ بە سەرهەڵدانیەتی ئەمە سەرباری دژایەتیکردنی بۆ هەر ژینگە و زەمینەیەک کە هەوڵ بۆ سازدانی بدرێت بەئامانجی سەرهەڵدانی تاک. بۆیە بزووتنەوەی کوردایەتی لەسەر بێمافی و ڤیکتیمایزی تاک ڕاوەستاوە. کۆگەلیەک کە بوونی هەبێت لە تێگەیشتنی ئەم بزووتنەوە سیاسیەوە، تەنها وەکو بوونێکی کۆیی بۆ قوربانی و قوربانیدانە.

سەرنجێکی خێرا کە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە هەڵبەت کە سەرەتای ئەو هۆشیاریە ناسیۆنالیستیە مۆدێرنە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا بە تایبەت لە باشوری کوردستان لەسەر دەستی کۆمەڵێک خوێندەواری خاوەن هۆشیاری مۆدێرنەوە سەرهەڵدەدات بەڵام هەر زوو دەکەوێتەوە ژێر هەژمونی خێڵ و فیۆداڵیزمەوە.

کوردبوون قوربانیەکی دوو دیو

لە درێژایی سەدەی بیستدا لە نێو دەوڵەتە پۆست کۆلۆنیاڵیەکانی داگیرکاری چواردەور، کورد بوونێکی فیزیکیە بە پەڕاوێزێکی کلتوری و هونەریەوە. هەر هەوڵ و سەردەرهێنانێکی کورد بۆ تەعبیر لە بوونێکی دیکەی جیاواز گۆڕاوە بۆ تراژیدیا و هەمیشە وەک بوویەکی ڤیکتم لە نێو چێوەی ئەو دەوڵەتانەدا ستاتۆی هەبووە. واتا ئەم بوونە بەردەوامەی کورد وەک سەکریفایس و قوربانی، هەمیشە لەسەر دوو ئاست کاریگەری قوڵی هەبووە:

یەکەمیان: بەردەوام کودبوون لە دۆخێکی بێمەرجدا سوتەمەنیەکی بێنرخ بووە بۆ هەموو ئەو شۆڕش و بزووتنەوە چەکداریانەی لەلایەن بزووتنەوەی کوردایەتیەوە، دژ بەو سۆڤرێنیتیە دەوڵەتیەی لە سەنتەردا “سێنترالیزەی بوون، هێز و دەسەڵات لە پایتەختەکاندا، هەر چوار پایتەختەکە” بەرپاکراون.

دووەمیان: لە درێژایی ئەو بزووتنەوەی چەکداری و شۆڕشانەدا، بوونی کورد بەبەردەوامی تارگێتی خالێکردنەوەی توندوتیژی و ڕەوایەتیپێدانی ئەو هێزە ئەگرێسیڤە بووە کە لە نێو خودی پاشڤەڕۆیی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەوە سەریهەڵداوە.

لە سەدەی بیستدا عێراق وەکو دەوڵەتێکی نوێ بە دەزگا مۆدێرنەکانی دنیای هاوچەرخەوە “وەکو هەموو دەوڵەتە پۆست کۆلۆنیاڵیەکانی ئەم ناوچەیە” نەک نەیتوانی کۆمەڵگا لەسەر بەها و نۆڕمەکانی بەرهەمهاتووی مۆدێرنیتی موتوربە بکات بەڵکو دەوڵەت بە دەزگا مۆدێرنە ئەمنی و هەواڵگریەکانی و بە سوپایەکی مۆدێرنی پڕ چەکی پێشکەوتوو و بە‌هێز، بوو بە سیستمێکی کۆنتڕۆڵ بەسەر کۆمەڵگاوە تا گەیشتنی بە ترۆپک لە دەیەی هەشتاکانی عێراقی سەدام حسێندا، هەڵبەت هاوشانی میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا و هەم کۆنتڕۆڵکردنی، پڕۆسە سیستماتیکیانەی لەنێوبردنی بوونی کورد گەیشت بە ئەوپەڕی بەربەریەت و دڕندەیی خۆی. ئەو سیستمە دڵڕەق و کۆنتڕۆڵکردنە میلتاریستیەی کۆمەڵگای عێراقی و کردنی دەوڵەت بە دەزگایەکی هەواڵگری و سوپایەکی گەورە نەک هەر ڕێگەی لە گەشەکردنیی سروشتیانەی کۆمەڵگا گرت بەڵکو کۆمەڵگای کردە کۆمەڵێک پێکهاتەی ناهۆمۆجینی چەپێنراو.

ڕاپەڕین و دەسەڵاتدارێتی بزووتنەوەی کوردایەتی

داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراق و لە ئاکامدا هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، تێکشکانی سوپا، لاوازبوونی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا و لاوازبوونی دەزگا هەواڵگریەکان بوو بە هۆکاری دروستبوونی بۆشایی گەورەی ئەمنی و کەلێنی گەورەی لە نێو سیستمدا دروستکرد، ئەمەش وایکرد ئەو چەپاندنەی چەندین دەیە بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە بوو، هەم درزی تێکەوێت و هەم ببێتە دەرچەیەک بۆ دەرچوونی ئەو ووزە چەپێنراوەی توندوتیژی کە دەرئەنجام بووە هۆی ڕاماڵینی دەزگاکانی دەوڵەت لە کوردستان و دواتر خۆسەپاندنی دوو جەمسەرە سەرەکیەکەی بزووتنەوەی کوردایەتی “پارتی و یەکێتی” بەسەر کۆمەڵگادا.

دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای ڕاپەڕین، ئەو دەزگایانەی کە وەکو ڕوخساری دەسەڵاتدارێتیەکی دیموکراتیک و مۆدێرن دەرکەوتوون، وەکو ڕوخساری خۆی ڕوو بە دنیا دەرەوە دامەزراند. هەروەکچۆن بووتنەوەی کوردایەتی لە درێژایی تەمەنی خۆیدا لەسەر هەردوو دوالیزمی مۆدێرن و ترادیسیۆن وەستاوە، گوتاری سیاسی و مێدیایی لەگەڵ دروشمگەلی ناسیۆنالیستی و دیموکراتیکی مۆدێرن لەسەر ئاستی شکڵ و قاوغ هەروەها ناوەڕۆکێکی ترادیسۆناڵ و ئەکت و پڕاکتیکی سیاسی و حزبیی خێڵەگەرایانە لەگەڵ پەیوەندیەکی قەبەلی بە دنیای کوردی خۆیەوە و دنیای دەرەوەش، بەهەمانشێوە دەزگا مۆدێرن و دیموکراتیکەکانی وەکو پەرلەمان، دەسەڵاتی قەزایی، حکومەت، وەزارەتەکان و سێکتەرەکانی نێو هەر کۆمەڵگایەکی مۆدێرن وەکو ڕوخسارێکی مۆدێرن و دیموکراتیک بەڵام شکڵی و تەنها وەک قاوغ. چونکە کارکردنی ئەم دەزگایانە لە ناوەوە بەپێی بنەما ستراکتوریەکانی خێڵ بەڕێوەدەبرێن و هەڵگری هەمان بەها و نۆڕمە ترادیسیۆناڵەکانن. ئەم دەزگایانە بەتاڵکراونەتەوە لە شوناس و نۆڕمی مۆدێرنی تایبەت بەو دەزگا و کایانە خۆیان، بەڵکو موتوربە کراون بە شوناسی دیوەخانی و ئاغاواتیانە، بە کارکردنی خێڵەکیانە و بە نۆڕمی ترادیسۆناڵ.

لێرەوە بزووتنەوەی کوردایەتی هەروەک سروشتی خۆی، دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتیشی لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر قاوغێکی مۆدێرن و ڕۆحێکی خێڵەکیانەدا دابەشکردووە، قاوغە مۆدێرنەکە وەکو ماسکێک ڕوو بەدنیای دەرەوە و کارکردن و شوناس و نۆڕمەکانیشی وەکو ناوەڕۆکێکی ترادیسیۆناڵی خێڵەکیی ڕووبە دنیای ناوەوەی کوردی. واتا بزووتنەوەی کوردایەتی هەم خۆی لە درێژایی نزیکەی ٧٠ ساڵەی تەمەنی خۆیدا بەسەر دوالیزمی مۆدێرن و ترادیسیۆندا دابەشبووە کە قاوغەکەی بۆ دەرەوە و نێوەڕۆک و ڕۆحەکەی بۆ ناوەوە بووە، بەهەمان شێوە لە دوای ڕاپەڕین دەسەڵاتدارێتیشی لەسەر هەمان ستاندارد و هەمان دوالیزم دامەزراند.

دیموکراسیەت وەک پڕۆسێسێکی فرە ڕەهەند، جگە لەوەی هەڵبژاردنی پاک و ئازادی گەرەکە، بەڵام بە کۆمەڵێک نۆڕم و بەهای دیکەوە بەستراوە، کە یەکێک لەوانە تاکگەرایی ” Indvidualism ” ە. تاکگەرایی یەکێک لە پایە گرنگەکانی هەم هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و ڕاستەقینەیە، هەم دەزگا مۆدێرنەکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسیە. لێدان لە هەموو ئەو بنەما و پرەنسیپانەی کە دەشێت تاکی ئازد و خاوەن ئیرادەی لێوەبەرهەمبێت، لێدان لەو میکانیزمانەی ئیشکردنی دەزگاکانی نێو دەسەڵاتدارێتی کە دیسانەوە دەشێت تاکگەرایی لە نێو سیستەمێکی یاسایی و دیموکراتیکدا بێنێتە بوون، لێدانە لە پەرەسەندنی سروشتیی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان، کە لە درێژایی تەمەنی خۆیدا دەسەڵاتدارێتیەکەی بزووتنەوەی کوردایەتی وەک پلان و ستراتیژ کاری لەسەر کردووە. . دەسەڵاتدارێتی بزووتنەوەی کوردایەتی وەک قاوغێکی مۆدێرن و دیموکراتی و ڕۆحێکی خێڵەکی ترادیسیۆناڵ دژ بە لەدایکبوونی مرۆڤە وەک تاکی خاوەن ئیرادە و بڕیار، وەک تاکی خاوەن هۆشیاری تاکیی و سەربەخۆ لە خێڵ. بەوپێیەی کە شکۆی ساختە و درۆزنانەی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان لەسەر بێشکۆیی و بێئیرادەیی تاک ڕاوەستاوە، ئەوا زەمینەی ئیشکردن بۆ دیموکراتیزەکردنی دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی و مۆدێرنیزەکردنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمە بە پلەی یەکەم و سەرەکی کارکردنە بۆ لەدایکبوونی ئینسان وەک تاک.




پارتە كوردییەكان و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی هەڵەبجە … عەلی مەحمود محەمەد

مرۆڤ كە بیركردنەوەی باشی هەبوو بۆ كردارەكانی, كرداری خراپ ناكات, چونكە ئەو بیركردنەوەیە دەگۆڕێت بۆ هەست و كاریگەری لە سەر كردارە خودیەكان دادەنێت, بەڵام شەڕی هەڵەبجە یەكێك لە بیركردنەوە سەقەتەكانی سیاسیەكانی ئەوسای كورد بوو كە كرا, بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی باشی لێناكرا, چونكە بیركردنەوەی خراپی لە پشتەوە بوو, ئەویش لە پێناو بەرژەوەندی گروپەكان گەل تێكەڵاو شەڕێكی ماڵوێرانكەر كرا, لە زۆر لاوە كە دەیخوێنیتەوە شوێن پەنجەی شەیتانانە بە تاوانەكەوە دیارەو ناشرینیەكانی بە عەبای دڕاوی ئێستای ئەم سیاسیانە ناشاردرێتەوە, مێژووی تاوانی هەڵەبجە مێژوویەكە لە ناو گازو ئێسك و پروسك و ناشرینی و تاواندا غەرق بووە, لە هەموو 16ی 3 یەكدا سەر دەردێنێتەوە.

ئەوانەی تاوانیان ئەنجامدا لە هەڵەبجە, لە بەعسەوە بۆ ئێران و بۆ حیزب و تاكی لایەنە كوردیەكان ((چونكە تاوانی مەزن و دزی دەخرێتە ئەستۆی تاكەكان, بەڵام لێپرسینەوەو سزا دان لە ئەستۆی لایەنەكانە, كە ئەنجامیان نەدا ئەوجا دەبنە شەریكە بەش لە تاوان و گەندەڵی)), ئەوان هەموو لەو رۆژانە مرۆڤایەتیان لە ناخی خۆیاندا كوشت, بۆیە هەر هەوڵێك بۆ سووككردنی تۆمەتەكەیان بدرێت و داكۆكیان لێبكرێت دەچێتە چوار چێوەی خیانەت لە قوربانیانی تاوانەكەو رزگاركردنی تۆمەتبار لە لێپرسینەوەو دەرخستنی راستیەكان.
تاوانی هەڵەبجە هەر ئەوە نییە كە نغرۆ بوونی شار لە گازی كیمیاوی و 5000 قوربانی و ئازارەكانی كامیلەكان و عەلیەكان و ئاراس و لوقمان و حیكمەتەكان و دەیانی تری لێكەوتبێتەوە, وە یان ڕوی دڕندەیی ڕژێمی بەعس دەربخات, ئەوانەی ئەمڕۆ قازانجیان بینیوە لە ڕوخاندنی سەدام بێن لە هەڵەبجە, لەسەر مۆنمێنتی قوربانیان و كەلاوەكانی نەعلەتی رژێمی بەعس بكەن و شەرعیەت بە دەسەڵات و كردارەكانیان و جەنگەكانیان بدەن, سیاسیەكانی كورد هەمیشە قازانج و تام لە بینینی ڕۆڵی قوربانیەوە دەبینن ,تۆمەتبارانی 16-3ش كە دزیان كرد و هەڵەبجەیان بە هەڵە كوشندە سیاسییەكانیان بۆ ئەو مەرگە ساتە برد بە هێنانی سوپای ئێران ,ئەو رۆژانەی دواتر خۆیان بە بەشێك لەو قوربانیانە دەناسێنن, بۆ ئەوەی چیاوكی سیاسیان پێ بدرێت.

ئەو جەنگاوەرانەی لە پەلاماری هەڵەبجەدا, ڕزگار كردنی دراوی ناو بانكەكەی هەڵەبجەیان بە بەهاتر دەزانی لە ڕزگار كردنی خەڵكی هەڵەبجە, وێنای كەسایەتی راستەقینەی ئەو فەرماندارانە دیاری دەكات, واتا لە پلە بەندی بەهاكاندا لای ئەوان هەمیشە پارە گرنگترە لە مرۆڤ وەك دواتر رونتر سەلماندیانەوە, پارەیەك هەمیشە تاقیكردنەوەی باڵا بووە بۆ فەرماندارانی كورد و هەمیشە بەرەو بێباوەڕی و خیانەتیانی بردووە وەك عەلی وەردی دەڵێت :تا بەرژەوەندی زیاتر بێت باوەڕ لاواز تر دەبێت, ئەوانیش رێچكەی ئێستایان بۆ ئەو رۆژانە دەگەڕێتەوە.چیرۆكی تاڵانكردنی بانكەكەی هەڵەبجە, تاكو دنیا دنیایە, لە پاڵ وێنەكەی عومەر خاوەر, دەربڕی مەزڵومیەتی خەڵكی ئەم شارەیە, كە لە چركە ساتێكدا روح و ماڵ و سەرمایەكانیان هەموو پێكەوەدزران, بڕینی بانكی هەڵەبجە لە دیرۆكی تاوانەكاندا بوو بە سومبولی تاڵان و بڕۆی شار لە لایەن هێز گەلێكەوە گوایە بۆ بەختەوەری و یەكسانی دەستیان داوەتە چەك و پەیمانی بوون بە رۆبن هودیان دابوو بە هەژاران, كەچی لە پڕ دەبن بە گەورەترین دز, هەروەك چۆن عومەر خاوەر بووە بە سومبولی 5000 شەهید بەهۆی مناڵەكەیەوە, ئاوا ئەوانیش بوون بە ناشرینترین دزی كوردی .

تاوانی هەڵەبجە پڕە لە چیرۆكی سەیر و سەمەرە ,چ لە لایەن بەعس و ئێرانەوە, یان لە لایەن لایەنەكانی كوردییەوە, بەمەش هەندێك پێشمەرگەی تاوانكار بوونە جەلاد جەماوەریش بووە قوربانی دەست قوربانی وەك ئێدوارد سەعید دەڵێت “بوونە قوربانی قوربانی “, جیهانی غەریب و عەجائیب, ناشرینی بێ وێنە, ناشرینیەكانی ئەو كات, بە دەسەڵات و هێزو دەوڵەمەندی ئەمڕۆی تۆمەتباران هەرگیزاو هەرگیز ناشاردرێتەوە و جوان ناكرێت, بە زەبروزەنگیش پرسیارەكان لە قوڕگی جەماوەر خەفە ناكرێن, هەر دەبێت لاپەڕەكانی هەڵبدرێتەوە بۆ ئەوەی وەك خۆی چۆن بووە ئاوا بچێتە مێژوەوە.
ئەزموونی ناشرین و سەرنەكەوتوو پێویستی بە شیكردنەوەی قول هەیە نەك شاردنەوە, پێویستە لێكۆڵینەوەو لێكدانەوەی لەسەر بكرێت, پێویستە بە بۆچوونی نوێوە سەیری ئەو ئەزموونە بكردرێت, هەموو ئەزموونێك بە نرخە ئەنجامگیری لێكدانەوە و لێكۆڵینەوە لە سەری بكرێت, شیكردنەوەی ئەزمونەكان باشتر كەسە سەركەوتوو و شكست خواردووەكان لە قۆناغە مێژووییەكاندا دەناسێنێت, لە ئەزموونە تاڵەكان مرۆڤەكان وەك ئەوەی هەن دەناسرێن و قیناعەكان هەڵدەماڵرێن و رووەكان ئاشكرا دەكرێن, هەڵسوكەوت بە تایبەت ناشرینەكانی وەك هەڵەبجە, پێچەوانەی بیروباوەڕ, لایەن توشی قەیرانی ناسنامە دەكات, ئەمەش وایكردو وا دەكات هەموو بیروباوەڕەكانی تۆمەتبار بكەوێتە ژێر پرسیارەوە, گومان لە سەر هەموو رابردووی تاوانكار درووست بكات, هەڵەبجە بەم ئەركە هەڵستا و ئەم پەیامەی گەیاند, تەواوی بیروباوەڕی ئەو شۆرشگێڕە ئەفسونیانەی بردە ژێر پرسیارەوە, كە تاوانیان بەرامبەری كرد.

سەركردەكانی ئەوكات, ئەوانەی كە بڕیاری ئەم كردە سەربازیەیان دا, هیچ كات نایانەوێت باس لەم تاوانە بكرێت و بەرەو روی رەخنە ببنەوە, یاخود هەر قسەیان لەسەر بكرێت, چونكە لە نیەتیاندا نییە دووبارەی نەكەنەوە, جۆرج سانتیانا دەڵێت :ئەو كەسانەی كە ناتوانن ڕابردوو وەبیر خۆیان بهێننەوە, تاوانبارن بە دووبارە كردنەوەی(( ل132, نهێنی سەركەوتن لە ژیاندا- برایان ترێسی ,و.
محەمەد شەهدی ,دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات 2009)), كەواتە نهێنی دان نە نانی ئەوان و ئەمان بە راستیەكان چییە, جگە لە بردنەوەی گەل بۆ نەهامەتیەكی دیكەو بەرهەم هێنانەوەی شكست و ناشرینییەكان.
یەكەم كاری هێزە داگیر كەرەكەی هەڵەبجە لە دوای 15ی ئازار, نە پاكسازی شار بووە لە هێزە سەركوتكەرەكان, نە رێكخستن و هوشیار كردنەوەی خەڵك بوو لە هەموو ئەگەرێك, نە سەردانی رێكخستنەكان و ماڵی شەهیدان بووە, بەڵكە تاڵان بووە: پاش شكستی چاوەڕوانكراوی هێزەكانی بەعس و دابەزینی هێزە كوردی و ئێرانییەكان و مەجلیسی ئەعلا, كارە دزێوەكانی تاڵان و دزی و فەرهودی فەرمانگەكان لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە دەستیپێكرد كەوتنە فڕاندنی سەیارەو مومتەلەكاتی دائیرەكان, پاشان بووە كێشە و كێبڕكێ بۆ داگیر كردنی بیناكان بۆ كردنیان بە بارەگای حیزبی (لڤین- ئەو هەڵە ستراتیژییەی كیمیابارای لێكەوتەوە- یاسین رەسول عوسمان – ژمارە 87 بەرواری 15ی مارتی 2009 ل12).
ئەوەندەی لە شەڕی هەڵەبجە گرنگی بە پاراستنی بانكی شار و پارەی ناو قاسەكەی درا لە لایەن فەرماندە سەربازیەكانی پێشمەرگەو ئێرانەوە, بە ئەندازەی زەڕەیەكی ئەوەندە گرنگی بە سەلامەتی خەڵكی شار بدرایا, ئەوە ژمارەیەكی زۆر كەمتر لەوەی ئێستا هەیە قوربانی دەدرا, كە دواتر وەك خۆیان چەندین جار دوبارەیان كردۆتەوە, ژمارە زۆرەكەش 5000 بۆیان بوو بە نیعمەت و دەستكەوتی هەڵەبجە لە دەیان ملیۆن دیناری ناو بانكەكەی كردە ملیارها دۆلار, ئەوانەی ئێستا من دەیاننووسمەوە, وتەی من نین , بەڵكە شایەدی و وتەی خودی فەرماندەكانی هێرشەكانن بۆ سەر شاری هەڵەبجە, وەك دەبینیین لە ناخۆشترین هەل و مەرجی سەربازیدا , لەسەردەمی مەرگی بە كۆمەڵی گەلدا , فەرماندەكان هەموو بیر و هۆشیان لای دەسكەوتە و ژیانی چەندین هاوڕێی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە لە پێناو پاراستنی پارووی چەوری ناو قاسەكە : ئێوارەی یەكەمی گرتنی هەڵەبجە , یەكێك لەو شوێنانەی بایەخی زۆرمان پێ دا (( بانقی )) هەڵەبجە بوو – كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 52 .
دوای گرتنی شاری هەڵەبجە ینك ئەركی پاراستنی بانكەكەی گرتۆتە ئەستۆ, بۆیە هەموو تۆمەتەكان بەرەو رووی ئەو دەكرێتەوە لە بڕینی بانكەكە ((چەند پێشمەرگەیەكی ینك كە ژمارەیان 15 كەس دەبوو بە سەرپەرشتی م,ح,ع ماوەتی بە فەرمانی بەرپرسەكەیان بانكیان گرتە ئەستۆ, لەو ماوەیەدا دووجار بە كۆستەرەو لەحیم هەوڵیان دا قاسەی بانكەكە بشكێنن, بەڵام بە هۆی تۆكمەیی قاسەكەوە كە لە ناو دیواردا بوو ,بۆیان نەشكێنرا (لڤین – ژمارە 87-ل15).قادری سەعید سۆفی بەڕێوەبەری بانكی هەڵەبجە بڕی پارەی ناو بانكەكە دیاریدەكات (( بانكی هەڵەبجە ئەوكات بڕی 780000 دیناری خەڵكی تێدا بوو هەموی دزرا )) (كێ بانكەكەی هەڵەبجەی بڕی – لڤین ژمارە 87 – ل 16 – هونەر حەمە ڕەشید – عیرفان ئەحمەد-بژار ناشاد ) .

قادر سۆفی سەعید: بانك دوو كلیلی هەبوو, یەكێكیان لای من بو, یەكێكیشیان لای بەرپرسی سندووق بوو,ئەوانەی بانكەكەیان بڕی كلیلیان نەبوو, بەڵكە بە تی ئێن تی دەرگاكەیان تەقاندبوەوەو شكاندبویان,دواتر هەموویان دزیبوو, كە ئێمە دوایی گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە, بۆمان دەركەوت بەم شێوەیە دزراوە ( لڤین ژ 87 –ل17), وەلێ حەمەی حەمە سەعید دەڵێت”قادری سەعید سۆفی وتویەتی 5 سەعات بەر لە گرتنی هەڵەبجە بەرپرسی ئیستخبارات كلیلەكانی لێوەرگرتبێ گومانی ئەوە هەیە ئەوان واتا عێراق چی تیابوبێت بردبێتیان ە قفڵیان كردبێتەوە –گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە-حەمەی حەمە سەعید چاپی یەكەم 2014 لاپەڕە 101 “.
بەڵام پێشمەرگەیەكی ئەوكاتی ینك رای جیاوازی لەمبارەیەوە هەیە: فایەق گوڵپی (بانقی هەڵەبجە پێش تەقاندنەوەی كلیلەكەی وەرگیرابوو لە بەڕێوەبەری بانقەكە, پێش تەقاندنەوەی پارەكە دزرابوو, من وامبیستووە بەڕێوەبەری بانقەكە كلیلەكانی داوەتە شەوكەتی حاج مشیر و ئەو پارەكەی دزیووە, یەكێتی و پارتیش دواتر هەندێك لە كادیرەكانی خۆیان سزا دا لەسەر ئەو بابەتە, هەندێك لەو كەسانەیان گرت وەك كەماڵ شاكیر لە سنە, بەڵام دوایی حكوومەتی ئێران دەستیخستە ناو كارەكەو سوڵحیانكرد لە نێوان خۆیاندا, بەڵام ئەوە دەڵێم كە مامۆستا شاهۆو حەمەی حەمە سەعید یەك شتیان نەدزیووە, كە ئەوان زۆر دژایەتی منیش دەكەن لە ناوچەكە, ناكۆكی نێوان نەوزاد نۆرۆڵی و شەوكەتی حاجی مشیر لەسەر مەسەلەی هەڵەبجە بوو, كە شەوكەت هەندێك شتی هێنابوو, بەڵام نەوزاد شكاندبووی ( لڤین -87 –ل17), بەمجۆرە دەبینین بە 870000 دیناری ئەوكاتە دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە بەڵكە پەلاماری شتی بچوكیشیان داوە, هەرچەندە حەمەی حەمە سەعید لە هەمان لاپەڕەی پەرتوكەكەیدا دەڵێت ” لەم كاتانە یەكێتی هەڤاڵ جەبار فەرمانی ناردە ناوچەكە لە گەڵ لیژنەیەك بۆ دوو ئەرك, یەكەم سەرپەرشتی كردنی هێزەكانی یەكێت لە ناوچەكەو دووەم بۆ لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی كە وتراە دەستیان بۆ ماڵی خەڵك درێژ كردووە .
….. چەند كەسێكیان بانگ كرد و چەند رۆژیش گلیان دانەوە لە گوندی جەلیلە, پارتیش بەهەمان شێوە لیژنەیەكی لێپرسینەوەیان دانا لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ چەند كەس كرد , بەڵام كەس سزا نەدرا…. .
لە كاتێكدا هەڵەبجە بۆنی سێۆو سیرە بۆگەنی خەردەل دای گرتبوو, قوربانیان بە لۆری تەرمەكانیان بار دەكرا و بە كۆمەڵ دەنێژران بە سەر یەكترەوەو بە بەرچاوی كامیراكانی جیهانەوە, عومەر خاوەر خەوی ئەبەدی بە ڕزگاركردنی كوڕە تاقانەكەیەوە دەبینی, مردن تەنها بە موو لە هەمووانەوە دوور بوو, كەس باوەڕی بە چاوی خۆی ناكرد, لەو شەوە چارەنووس سازەدا فەرماندەی گشتی ڕزگاركردنی هەڵەبجە خەوی پەمبەیی بە ڕزگاركردنی قاسەكەوە دەبینی, ئەمەی خوارەوە وتەی من نییە, بەڵكە دانپێنانی خودی فەرماندەی هێرشەكەیە بۆ سەر هەڵەبجە, وڵات بە وڵات خەڵك دەنێرێت لە بری داو دەرمان بۆ بریندارەكان كەچی بۆ پەیدا كردنی كۆسرەو مەكینەی لەحیم و موجازەفە بە روحی هاوڕێكانیەوە دەكات بۆ شكاندنی قاسەی بانكەكەی هەڵەبجەو گەیشتن بەدراوەكەی ناوی: بۆ شەوی 16-17-3-1988 چەند بە ئامێری هۆكی تۆكی هەوڵم دا تاوەكو (( كاك مەجیدی حاجی علی )) م پەیدا كرد و لێم پرسی كێ لای بانقەكەیە ئایا ئێوە ئێستا لە كوێن , وەڵامی دامەوە ئێمە وە هەموو پێشمەرگەكان لە شار نەماوین و كەس خۆی لەناو شاردا ناگرێت لە ترسی كیمیاباران , كەس خۆی نادا بە كوشت بۆ پاسەوانی كردنی بانق.

ووتی خەمت نەبێ نەك هەر ئێمە هیچ كەس لەو گەڕەكەدا نەماوە لە ترسی كیمیاوی, بۆ ڕۆژی 18-3-1988 تۆزێك بارودۆخەكە هێور بوویەوەو بۆردومانی ناو شار كزبوو, دوبارە داوام لە(( كاك مەجید حاجی علی )) كرد كە بە خۆی پێشمەرگەكانی بڕۆنەوە ناو شار بۆ پاراستنی بانقەكە كە تا بزانیین چی لێ بكەین هەر بەو شێوەیە بە هەزار حاڵ توانیمان پێشمەرگەكانی ڕازی بكەین بڕۆنەوە ناو شار ئاگایان لە بانقەكە بێت هەرچەندە هەموو ئەیان ووت (( كاك شەوكەت )) پێشمەرگە ناتوانێ لەناو شاردا بمێنێ, هەندێكیان بریندار بووبوون ڕۆیشتبونەوە بەرەو ووڵاتی خۆیان لە دیوی ئێرانەوە, ئەوەشی كە ماوە خۆیان ناخەنە بەر مەترسی مردن لەبەر قاصەیەك كە نازانرێ چی تێدایە- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل53 .

تەنها بە نیگابانیكردن لەسەر پاراستنی قاسەكە نەوەستان, بەڵكە كۆمەڵێك پێشمەرگەی بێچارە, جەستەی خۆیان خستە بەر مەترسی بڕیاری چاوچنۆكانەی فەرماندەكانیان, لەو ڕۆژانەدا نەك تەنها مرۆڤ, بگرە بەرد و شاخ زەویش خۆی لەبەردەم شوێنەواری ژەهر بارانەكە ناگرت, كەچی نیگابانی و پاراستنی بانكەكە بەردەوام بوو بە چركەش لێی جیانابنەوە, ئەگەر هەموو خەڵكی هەڵەبجە گیانەڵایان بدایا بۆ تۆزێك داوو دەرمان, ڕزگاركەرانی شار گوێیان لێیان نەبوو وەك بینیمان و خوێندمانەوە لە زمانی خۆیانەوە, مێش نابوو بە میوانیان چونكە ماسكی دژە گاز و دەرزی دژە كیمیاویان پێبوو, بەڵام بۆ شكاندنی قاسەكەو پاراستنی دەستكەوتەكان ناوی لە هەوڵی بێوچاندا بوون و بە دوای حەتمیەتەوە بوون بۆی تا پەیدای بكەن, وڵاتان دەگەڕان بۆ پەیداكردنی ئامێر و دەزگایەك تا نێچیرەكەیان بۆ ئازاد بكات و دەرگاكەیان بۆ بكاتەوەو شاد بنەوە بەوەی لە پێناویدا باوەڕو ئامانجەكانیان كردە قوربانی,هێشتا تارمایی كیمیاوییەكە بە تەواوەتی لەسەر شار نەنیشتبوەوە, تەرمی قوربانیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان نەنرابوون, بەرپرسانی پێشمەرگە بۆ شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەچن بۆ هێنانی كۆسرە و لەحیم تا قاسەكەی پێ بشكێنن, بۆ ئەوەی دەستیان بە دەسكەوتەكانی ناوی بگات و غەنیمەكەی حەڵاڵ بكەن : بۆ ئەم مەبەستە (( كاك حامید و مامۆستا صاڵح )) ڕۆیشتن بۆ پاوە لەوێ (( دینەمۆو كۆسرەكەیان هێنا )) چونكە لە هەڵەبجە كارەبا نەمابوو بەهۆی بوردومانەكەوە.
ڕۆیشتبوون زۆر هەوڵیان دابوو بۆ بڕینەوەی قاصەكە بەڵام بێ سوود بوو هیچی لێ نەبڕی بوییەوە چونكە پۆڵایەكی زۆر قایم بوو . بۆ ڕۆژی 19-3 هاتنەوە لام ووتیان هیچ سوودی نی یە و ناكرێتەوە – كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیرل 54.

لە 16-3 بە دواوە شار بۆتە وێرانە, نغرۆ بووە بەسەر یەكدا, ژەهریش كردویەتی بە جەهەنەمە راستەقینەكەو رۆژی حەشرە, لێ بەرپرسان بە بست لە قاسەكە دوورناكەونەوە, لەو كاتەی هەزاران كەس لە خەڵكی هەڵەبجە كوێر دەبن بە گازی كیمیاوی, ئەمان نیگابانی چڕتر دەكەنەوە لەسەر قاسەكە, چاوەكانیان زەقترو تیژتر دەكەنەوە بۆ پاراستنی تاڵانیەكەی ناوی, لەو كاتەی سەدان منداڵ بەبێ سەرپەرشتیار دەمێننەوە لە پەناگەو ناو شیوو دۆڵەكان و لوتكە ساردەكانی هەورامان خۆیان گرمۆڵە دەكەن و لە برسان فرمێسكەكانیان دەخۆنەوە و دەبنە نیچیری ئێرانیەكان و تا ئێستا نابینرێنەوە, هەزارانیان بەدەم سوتانەوە خۆزگەیان بە مەرگ دەخواست, كەچی ڕزگاركەرانی هەڵەبجە, دەورو پشتی قاسەكە چۆڵ ناكەن لە پێناو گەیشتن بە دەسكەوتەكەی ناوی , پەلەیانە زوو بیشكێنن و پارەكەی ناوی فریای ئەوخەڵكە بخەن و گەرمیان بكەنەوە, كە لەو دیو سنوورەوە لە برسان و لە سەرما یەك لە دوای یەك بەدەم ئازارەوە سەر دەنێنەوە !!, ئەمەیە درۆزنی و دوڕویی سیاسەت , كەچی گوایا لە ناكاودا زرمەی ناخۆشتر لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەبیستن , خەونەكانیان دەبێت بە سەراب, هەرچەندە جەماوەر ئەوەندە درۆی بۆ كراوە باوەڕی بەم سیناریۆیەی خوارەوەش نییە(( بۆ ئاگاداری ئەم نوسینەی كاك شەوكەت لە وەڵامە بە تۆمەتباركردنەكان بۆیە وەك داكۆكینامەیەك نوسراوە تا تۆمەتەكان لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە, بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت ئەوجا بڕیاری تۆمەتباركردن بدرێت )) : شەوی 21-22-3-1988 لە كاتێكدا من و مامۆستا صاڵح قادر و كاك حامیدی حاج خالید و كاك قادر كۆكۆیی لەگەڵ كۆمەڵێكی تر لە لێپرسراوەكانی ((ی ن ك )) لە عەبابەیلێ بووین سەعات ((10)) شەو گوێمان لە تەقینەوەیەكی گەورە بوو لە ناو شاری هەڵەبجەدا – كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیرل5 5, كاك حەمەی حەمە سەعیدیش لە هەمان پەرتوكدا ئاوا باسی سیناریۆی بڕینی بانكی هەڵەبجە دەكات”ئێرانییەكان داوایان كرد دەستەیەك پێشمەرگە ببنە پاسەوانی بانقی هەڵەبجە.
شەوێك عێراق زۆر تۆپبارانی ناوشاری كرد,من لە عەبابەیلێ بووم پێشمەرگەكان هاتنەوە و ووتیان ناتوانین لەناو شاردا بمێنینەوە, چەند رۆژ پێش ئەمە یەكێتی ویستی ئەو بانقە بكاتەوە نەیان توانی ئەویش لە رێی لیژنەیەكەوە كە ئەوانی لە بیرم مابێ مامۆستا صاڵەح ماواتی و حامیدب حاجی خالید بوون, بەرپرسی پاراستنی بانقەكە مەجیدی حاجی عەلی لە تیپی 37ی شار باژێر بوو.
هەر لەو هەفتەیەدا بوو, رۆژێك ئێمە لە خانووەكانی شێخ كەماڵی عەبابەیلێ دابووین ئۆتۆمۆبیلێكی پیكاپ لاندكرۆزەر هات كە هی پاسدارەكانی قەرارگای رەمەزان بوو, ووتیان ئەمشەو بانقەكەیان بڕیوە.
كاك شەوكەت و چەند كەس لە گەڵیان رۆشتن و دوای هاتنەوە, ئێمە پرسیمان چی لێهاتووە؟ كاك شەوكەت وتی: بانقەكە تەقیوەتەوە بەڵام دیارە پێشتر بە كلیل كراوەتەوە ئەو پارەو زێڕەی تیای بووە بڕاوە,دواتر تەقێنراوەتەوە, چونكە تەنها پارەی وردەی ئاسن بڵاوبووەتەوە ئاسەواری زێڕو پارەی كاغەز هیچ نەكەوتووە ل100-101.
كە ئەم هەواڵە جەرگبڕە ناخۆشە دەبیستن, بێشك بەلایانەوە لە بۆردومانكردنی شاری هەڵەبجە جەرگبڕتر بوو, ئێشی لە 5000 تەرمی شار گەورەتر بوو, بۆیە بە پەلە خۆیان دەگەیەننە بانقەكە تا فریای خەونەكانیان بكەون, بە بان تەرمەكانا دەڕۆن و ئاوڕ لە نوزەی بریندارەكان نادەنەوە, بۆ ئەوەی زوتر دەست لە ملی دینارە سەوزەكان بكەن , كەچی بە وتەی خۆیان بەبێ ئومێدی دەگەڕێنەوە, هەرچەندە زۆربەی خەڵكی هەڵەبجە گومانیان لە ڕاستی ئەم وتەیە هەیە : هەر شەو سەعات ((12)) كاك حامیدی حاجی خالید و مامۆستا صاڵح كە ئەو هەواڵەیان بیست یەكسەر ڕۆیشتین بۆ هەڵەبجە, سەردانی بانقەكەیان كردبوو كە دیبوویان بە تەواوی دیوارەكانی ڕووخاون و (( قاصەكەی )) تەقی بوویەوە … كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 56 .
كەچی ئەوان چەند كاتژمێرێك خۆیان دەگرن, بە پێی سیناریۆی پەرۆشییەكان پێشوی خۆی بێت راست نییە ((سەر لە بەیانی من و مامۆستا صاڵح ڕۆیشتین یۆ هەڵەبجە و سەردانی لای بانقەكەمان كرد هیچ پاسەوانێكی لێ نی یەو قاصە و بیناكە هەموی تەقێنراوەتەوە لە ناو بەرد و ئاسن و دیوارە ڕوخاوەكانیدا تەنها دوو نیوە تورەكەی بچووك پارەی ئاسنمان دۆزییوەوە لە (( 10 فلس +25 فلس +50 فلس+100 فلس+250 فلس)) كە هەمووی نەی ئەكردە شەش هەزار دینار .
سەیر لەوەدابوو كە هەموو ماندووبووین تەنها یەك لەت دیناری كاغەز یان 10 دیناری یان 25 دیناریمان نەدۆزییەوە كە بیسەلمێنێ كە قاصەكە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە , ئەگەر چەند نموونەیەكمان دەست كەوتایە دەرئەكەوت قاصەكە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 57 .

دوای تەقاندنەوەی قاسەكەش لە خوێنی بە ناهەق ڕشاوی پارەكەی ناوی خۆش نابن و لێپرسینەوەی لەسەر دەكەن , كەچی خوێنی 5000 هاووڵاتی كەس نییە لێی بپرسێتەوە و تەرمەكانی بژمێرێت و خاوەندارییەتیان لێ بكات, لێپرسینەوەكانیش بۆ شاردنەوە نەك دەرخستنی راستییەكان : پێش نیوەڕۆی 23-3-1988 لەوێ كۆبوینەوە كە لێپرسراوی یەكەمی حیزبەكان هاتبوون لە ناوچەكەدا , چونكە كۆبونەوەكە لەسەر داوای من بوو , لە پێشدا من قسەم كرد پێم ووتن تەقینەوەی ئەم بانقە نابێت هەروا بە ئاسانی بڕوات بە تایبەت ئێمە وەك (( ی ن ك)) لێپرسراوی یەكەم بووین لە سەرەتای شەڕدا كە شاری هەڵەبجە گیراوە 58 .

گرنگ نییە بانكەكە و پارەكەی ناوی كەوتبێتە دەست كێ, كە زۆر ڕیوایەت و چیرۆكی جۆراوجۆری لەسەر دەگێڕنەوە, گرنگ ئەوەیە ئەوەی دزیویەتی بەشێك بووە لە هێزی بەناو ڕزگاركەری هەڵەبجە” سەری هەڵەبجەییەكان بۆ بەعس ماڵەكەشیان بۆ هێرشبەران ” .ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ ئێمە, ئەوەندەی گرنگی بە بانكەكەی هەڵەبجە دراوە لەو رۆژە ڕەشە, هەزاریەكی ئەوەندە گرنگی بە چارەنووسی خاوەند پارەی ناو بانقەكە نەدراوە!, بۆ ئەوەی ببن بە خاوەندی شەرعی پارەی بانقەكە تاكە ڕێگا ئەوەیە لە خاوەنەكەی ڕزگاریان بێت .بەم جۆرە دەبینین هەڵەبجەییەكان بە دلی هەموو پێكەوە بۆ مەرگ بردراون, شەریشِ لەسەر میراتەكانیان سازكراوە, هەموو كات لە مێژووی نوێی كورددا شەڕ بۆ دەسكەوتە نەك خەڵكەكەی .

قەرەبووكردنەوەو داوای لێبوردنكردن

پشیلە هەر پشیلەیە و تاوانیش كێ بیكات هەر تاوانە پێویستە لێپرسینەوە لە بكەرانی بكرێت, ئەو لایەنانەی ( ینك , پدك, سۆسیالست ,بزووتنەوەی ئیسلامی,مەجلیس ئەعلا- كۆماری ئیسلامی ئێران) كە بڕیاری ئەم جەنگە نەگریسەیان داو هەڵەبجەیان بۆ چالاكیەكەیان هەڵبژارد و دەستیان كرد بە تاڵان و رێگە گرتن لە خەڵك و بە بارمتە گرتنیان تاوانیان ئەنجامداوە بە تایبەتی بڕیار بە دەستانی ئەوكاتی ئەو لایەنانە كە تا ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە, هەموو ئەوانەی گلاونەتە تاوانەكەوە بە تایبەت رابەرە دەستڕۆیشتوەكانیان لە بڕیاردان, رابەرایەتیكردن, زانینی جەنگەكەو ئاگادارنەكردنەوەی خەڵك و لایەنەكانی رۆژهەڵات, دزیكردن و رێگە گرتن لە هاووڵاتیان بەرپرسن لە بەشێك لە تاوانەكە و پێویستە داوای لێبوردن بكەن لە قوربانیان و بنەماڵەكانیان و بۆ مێژووش پێویستە راستیەكان دەرخرێت و بە دۆكۆمێنت بكرێت, هاوكات لایەنەكانیان پێویستە لە بودجەی حیزبەكانیان بەشێك لە قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجە بە تایبەت بانكی هەڵەبجە و دزینی ماڵی هاووڵاتیان بگرنە ئەستۆ, لە تاواندا كەس وەك بڕیاردەرو جێبەجێكار بەرپرسن و هاوبەشن لە تاوان.
كۆمەڵگاكان كاتێك سەركەوتوو دەبن كە ڕێبەرەكانیان پرسیاری بەجێ و باش لە خۆیان بكەن و دان بە هەڵەكانیان بنێن, ئەوان نەیان زانیووە كە كونی بچوك دەبێتە هۆی نقوم بونی كەشتی گەورە, بڕیارێكی هەڵەی سەربازی بچووك (( هەڵەی گەورە بوو )) لەوانەیە تاوانی مەزنی وەك هەڵەبجەی لێبكەوێتەوە.

ئەو چەكدارانەی ئەو رۆژە هەڵەبجەیان كرد بە شاڕێگای سەفەری پاسداران بۆ كەربەلا, هیچ گرنگیان بە هاووڵاتیان نەدا ومرۆڤایەتیان لە ناخی خۆیان كوشت:سام لابود یەكێ لە كرێكارەكانی كەشتی ماریا لوئیزا گیانی خۆی بۆ تۆمار كردنی فلیمێك لە بریندار بوونی دوولفین بەهۆی ڕاوە ماسی لە مەترسی هاویشت ل242- هەنگاوی بچووك بۆ سەركەوتنی گەورە -ئانتۆنی ڕابینز ,و.

محەمەد شەهدی -دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ڕۆژهەڵات 2010 , كەچی ئەم سیاسیانە بە هەنگاوی شەڕی هاوبەش لە گەڵ ئێران نەك دۆلفینێك ملیۆنان مرۆڤ و گیاندارو گوندیان نغرۆ كرد, تا ئێستاش لە شوێنەواری ئەو ژەهر بارانە ژینگە پاك نەبۆتەوە.پێویستە لایەنە سیاسییەكانی بەشدار بوو لە شەڕی هەڵەبجە قەرەبووی ئەوانە بكەنەوە كە نەیتوانیووە گرەنتی پاراستنی ژیانیان بكەن بە تایبەتی لە تاوانەكانی جینۆساید, دەبوایا لایەنە سیاسیەكان گرەنتی پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانیان بكردایە لە بری دزینی ماڵیان و رێگە گرتن لە رزگاركردنی خۆیان.
بۆیە ئەوان هەموویان لە تاوانێكدا هاوبەشن, ئەویش ئەوەیە نەیانتوانی هاوكاری و كۆمەكی ئەو خەڵكە بكەن كە ژیانیانیان خستە مەترسییەوەو بەرەو دۆزەخیانیان برد .لە كاتێكدا لایەنە كوردیەكان هیچ كەسێكیان سزا نەدا بەرامبەر بەو هەموو كارە دزێوانەی لە هەڵەبجە و ئەنفال ئەنجامدران كەچی دەبینین :ژەنەرال یاماشیتا لە گەڵ 900 یابانی دیكە لە دوای جەنگ بە تاوانی جەنگ ئیعدامكران, بە تاوانی ئەوە ئیعدام كران لە كۆتایی جەنگدا سەربازەكانی تاوانیان ئەنجام دابوو ,لەو كاتەی كۆنترۆڵی بەسەریانا نەمابوو ((ژەنەراڵ یاماشیتا)) 501 سنە الغزو مستمر –نعوم تشومسكی,المدی ,گبعە الپانیە 1999ص386.

بە پێچەوانەشەوە زۆر جار لە مێژوودا لە ژێر پەردەی ڕزگار كردندا تاوان ئەنجام دراوە و كەچی لە تاوانبار نەپرسراوەتەوە:ساڵی 1965 زانكۆی ئۆكسفۆرد دكتۆرای شەرەفی بەخشی بە ترۆمان كە فەرمانی بۆردومانی هیرۆشیماو ناكازاكی دا, لە كوردستانیش بە هەمان شێوە زۆر جار دەبینین خەڵات دەبەخشرێتە ئەو تاوانبار و تۆمەتبارانەی پرسی جینۆسایدی گەلی كورد, یاخود ئەوانەی بروسكەی پیرۆزبایی تاوانی هەڵەبجەو ئەنفالیان بۆ تاوانباران نووسی دەبردرێنە پێشەوەو دەكرێنە واجیهەی راگەیاندنەكان.
لە كاتێكدا خەڵكی هەڵەبجە بەهۆی دەبەنگی بڕیاردەرانی شەڕی هەڵەبجەوە سەرو ماڵیان چوو , ئەو پارەیەی دایان نابوو بۆ رۆژی رەش بووە پاروی چەوری دزەكان, سەیر بكەن هاووڵاتیەك ئاوا چیرۆكی هاووڵاتییەكی داماو دەگێڕێتەوە كە هەولی وەرگرتنەوەی پارەكەی بووە لە بانكی هەڵەبجە: بانكی هەڵەبجە دەكەوێتە ناوەندی شار و بانكێكی كۆن و تۆكمە بوو, لەو كاتەدا پیاوێكی دراوسێمان بەڕێوەبەری بوو , زۆر باش لە یادمە لە حەوشەكەماندا باوكم و بەڕێوەبەری بانك و چەند پیاوێكی دراوسێمان گفتوگۆیان دەكرد دەربارەی هێرشەكە و ئایندەی هەڵەبجە و كاردانەوەی, پیاوێی هەورامی هات و داوای 16000 دیناری سویسری دەكرد, بەڕێوەبەری بانك سوێندی خوارد كلیلەكانی لێسەندراون و ئاگای لە بانك نەماوە, لە راستیدا نازانم ئایا پیاوانی رژێم كلیلەكانیان لێسەندبوو یان پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان (لڤین –ژ87 –ل15).

ئەم كارە دزێوانەی لە هەڵەبجە ئەنجامدران هەموو دەچنە چوارچێوەی تاوانە نێونەتەوەییەكانەوە كە زۆربەیان ئێران ئەنجامی داون (( تاوانە گەورەكە كە كیمیا باران و ئەنفالكردنی خەڵكەكەیەتی بەعس ئەنجامی داوە )) ,بەپێی مادەی 8 خاڵی د,فەقەرەی ئەلف لە ئەركانەكانی تاوان بە پێی پەیمانامەی رۆما “پێشێلی گەورە بەرامبەربە پەیمانەی جنێف 12-8-1949 كرا لە :”لە ڕوخاندن و دەست بەسەردا گرتنی سامانی نا سەربازی چ حكوومی یان سڤیل”قوتابخانە,كارخانە,كتێبخانە,نەخۆشخانە,بانك…. “.
ئیعدامی بێ دادگایی دیلەكانی كۆمەڵە و ناچار كردنی یەكیان بۆ كاركردن لە ڕیزەكانی بەرامبەر ,پەلاماری ناوچەی سڤیل نشین, دەركردن و گواستنەوەی خەڵكی هەڵەبجە دوای داگیركردنی … .المادە8(2)(هه)5جریمە الحرب المتمثلە فی النهبالاركان
1-ان یقوم مرتكب الجریمە بالاستیلا‌و علی الممتلكات معینە.
2-ان یتعمد مرتكب الجریمە حرمان المالك من هژه الممتلكات والاستیلا‌و علیها للاستعمال الخاص او الشخصی.
3-ان یكون الاستیلا‌و بدون الموافقە المالك.
4- ان یصدر السلوك فی السیاق نزاع مسلح غیر دولی او یكون مقترنا به.
5-ان یكون مرتكب الجریمە علی علم بالڤروف الواقعیە التی تپبت وجود نزاع مسلح (( ص309وپائق اساسیە مختارە ژات صلە بالمحكمە الجنائیە الدولیە “منشورات محكمە الجنائیە الدولیە”,گبعە الپانیە 2009 )).
دەبوایە دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان, بەرپرسانی دەست ڕۆیشتووی لایەنەكانی جەنگی هەڵەبجە بچونایەتە سەر مەزاری شەهیدان و داوای لێبوردنیان لە هاووڵاتیان بكردایە, لە بودجەی حیزبەكانیان رێژەیەكی زۆریان بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی هەڵەبجە ببڕدایەتەوە, هاوكات بە نرخی رۆژ و بە خستنە سەری قازانج بە پێی هێزی كڕینی ئەو 870000 دینارە لەوكاتە قەرەبووی زەرەرمەندانی بانكی هەڵەبجەیان بكردایەتەوە, هەرچەندە هەنگاوێكی زۆر بچووكی ناتەواو لەم بوارەدا نراوە وەك بەڕێوەبەری بانكی ئەو سەردەمە دانی پێدا دەنێت, ئەوەش لام روونە زۆربەی بەر دەستڕۆیشتووانی ناو حیزب كەوتووە:قادر سۆفی سەعید : ئێمە تا ماوەیەكی زۆر پارەكانمان بۆ ئەو كەسانە دەگێڕایەوە كە داوایاندەكرد, بەڵام دواتر وەستێنرا ,بەهۆی ئەوەی خەڵك زۆر درۆیانكرد,لەوەی كە چەندێك پارەیان لە بانقدا بووە (لڤین –ژمارە 87 – ل 17).
لە كۆتاییدا دەڵێم كاتی ئەوە هاتووە سیاسییە بڕیار بە دەستەكانی ئەوكاتی لایەنەكانی شەڕی هەڵەبجە, ئەوانەی لە ژیاندا ماون تا فرسەتیان لە بەردەستدا ماوە, با لە 16ی ئادار بچنە هەڵەبجە و داوای لێبوردن لە خەڵكەكەی بكەن و لە مومتەلەكات و بودجەی حیزبەكانیان قەرەبووی زیان لێكەوتوان و هەموو دانیشاوانەكەی بكەنەوە, ئەوانەشی نەماون لە مومتەلەكاتی كەسی ئەوەی بەناویانەوەیە یان حیزبەكانیان قەرەبووی خەڵكەكە بكرێتەوە, هەرچەندە ئەمان شانسی داوای لێبوردنیان لە دەست چووە, وە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ گەڕان بەدوای راستییەكانی ئەم دۆسیەیە پێك بهێنرێت و تەواوی لایەنە شاراوەكانی بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێت, تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە تژییە لە نهێنی خەردەل خەڵكەكەی كوشت وەلێ نهێنییەكانی بە زیندویی هێشتۆتەوە.




کێ درێژە بە کورتەی مێژووی کات دەداتەوە…؟! … موزەفەر عەبدوڵا


لەغەمی مەرگی ستیڤن هاوکینگدا …

لە کاتێکدا ئەمڕۆ یادی ١٣٥ ساڵەی مەرگی ئەو مرۆڤە بلیمەتە شۆڕشگێرەیە کە ڕێڕەوی مێژویی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گۆڕی ، کە لە تێزە بەناوبانگەکەیدا کورتی کردەوەو ووتی :هەمو فەیلەسوفەکانی پێشو تەنها دونیایان لێکداوەتەوە بەڵام گرینگ گۆڕینێتی ، کە ئەویش کارڵ هینرش مارکس بو کە لەساڵی ۱۸۱۸ لە ئەڵمانیا لە دایک بوو لە ساڵی ١٨٨٣ لە لەندەن مرد.

بەڵام بە داخەوە ئەمرۆ بە پێی هەواڵەکان کە لەسەر زاری کوڕەکانی یەوە لوسی ، ڕۆبەرتو تیم مردنی ستیڤن ئیدوارد هاوکینگی باوکیان بلاوکردەوەو بیستمان.
شایانی ئاماژەیە هاوکینگ خاوەنی چەندین تیۆرو کتێبەو کە یەکێک لە بەناوبانگترین و بەبەهاترینیان بریتی یە لە کتیبی کورتەی مێژویی کات وەک لە تایتڵی سەرەوەی بابەتەکە ئاماژەمان پیداوەو کردومانە بە پرسیارێکی ئومیدبەخش کە کێ جێگای ئەو دەگرێتەوەو بەردەوام دەبێت لە داهێنانی زانستی.

هاوکینگ لەم سەردەمەدا لەبواری فیزکو گەردونناسیدا بێ موبالەغە گەورەترین زاناو پسپورەو قامەتی ئەگەر لە ئەیزک ئەنستاین بڵندتر نەبێت ئەو هیچ کورتر نی یە.بە پێی ووتەی پسپۆرانی ئەو بوارە کە وەسفی دەکەن لەسەر کورسی یەکەی ئەنستاین دانیشتوە لە زانکۆی کامبرج لە بەریتانیا.
کورتەی ژیاننامەی ئەم مرۆڤە مەزنە ئەوەیە کە لە ڕێکەوتی ٤-١-١٩٤٢ لە دایک بوە لە شاری ئۆسفوردی بەریتانیاو ،هەر لەوێس چۆتە خوێندنگای سەرەتایی وپاشان ئامادەیی و لە کۆتایدا بە پلەی ئەکادمیک بەسەرکەوتویی تەواو کردوە.وە لە کۆلیژی زانستی گەردونناسی – کۆزمۆلۆجیا – لە زانکۆی کامبرج وەرگیراوە. بەڵام بەهۆی نەخۆشییەکی مێشکەوە کە لە دەورانی هەرزەکاری توشی هات تەواو پەکی کەوت .هەرچەندە یەکەمجار دەیتوانی کەمێک قسە بکات، بەڵام بە تێپەربونی کات دەنگیشی تەواو لە دەستدا.هەر لەوکاتانە پزیشکەکان پێیان وابو کە تەنها ٢-٣ ساڵ دەژێت .بەڵام خۆشبەختانە پێشبینی یەکانیان ڕاستدەرنەچوو . سەرەڕای چەند نەخۆشی تر تا ئەمڕۆ ژیاو ، لەسەرو هەمو ئەو نەخۆشیانەشەوە توانی بەهۆی زیرەکی و بلیمەتی و بە ئیرادە گەورەترین خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات بە تایبەتی لەو بوارەی کە خۆی لەرادەبەدەر ئارەزوی دەکرد کە فیزیاو گەردونناسی بو.هەر بۆیەش توانی چەندین تێور دابنێتو گەلێک دۆزینەوەی مەزنی بکات.لەوانە پەی بردن بە دەرهاویشتنی تیشکەکانی کونیلە ڕەشەکان- الثقوب السوداء-
کە بەم تیۆر- بیردۆز-ە یەی بیردۆزەکانی زاناکانی پێش خؤی لەوبوارە پوچەڵ کردەوە.
هەروەها لە بواری تێوری ڕێژەیی کە ئەنستایین بە داهێنەری دادەنرێت ، ئەو کۆمەڵێک زانستی تری خستە سەر ئەو تیۆرە.

شایانی ئاماژەیە کە کاتێک لە تەمەنی ٢٤ ساڵ تێزی دکتۆراکەی بڵاوکردەوە لە ساڵی ١٩٦٦ بوە پر فرۆشترین کتێبەکانی ئەوکاتە کە لە ١٣٤ ڵاپەرە پێکهاتبو.هاوکات ساڵی ١٩٨٨ کە کتێبی کورتەی مێژویی گەردونی بڵاوکردەوە لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە دوو ملیۆن دانەی لێفرۆشرا.
بێگومانە کە تیوری و دۆزینەوەو پەی بردنی بە نهێنی یەکانی دورستبونی کاتو شوێنو گەردون بۆ مرۆڤایەتی دەسکەوتی گەورەن بۆ پوچەڵ کردنەوەی ئایدیالیزمو میتافیزیک کە زیاتر پشت بە ئەفسانەو خەیاڵەکان بە تایبەتی خورافە ئاینییەکان دەبەستێت .

هاوکینکیش وەک سەدان زانای تری ئایزاک ئەنستاین و داروین و فیساگۆرسو کۆپەرنیکۆسو باسکاڵو نیوتن و گالیلۆ …هتد کە لە بوارە جیاجیاکانی زانستدا بونەتە بەهێز بونی تیورەکانی ماتریالیزمی دیالەکتیک بە تایبەتی لە بواری کۆمەڵناسیداکە یەکێک لەسەرچاوەکانی بیری بیرمەندو گەورە شۆرشگێری مرۆڤایەتی کارل مارکسە . ئەوە نزیک بە سەدونیویکیشە بە مارکسیزم ناسراوەو هەمو بەرەی ئایدیالیزمو میتافیزیک بە تایبەتی لە ڕوی فکری و سیاسی یەوە دژایەتی دەکەن.

ئێستا تیورەکانی هاوکینک بەر لەهەر شتێک وەڵامی تیژی زانستی یە دژی بیروباوەری خورافی ئایینی کە سەرچاوەی بونی هەمو شتێک بۆ دروستکەرێک – خالقێک بەناوی اللە – خودا- یەک دەگێرنەوە . لەمبارەیەوە هاکینگ چەندین کوتە ووتەی هەیە لەوانە کە دەڵێت :من مێشکی مرۆڤ وەکو کۆمپیوتەرێک ئەبینم لەکار ئەکەوێت کاتێک پێکهاتەکانی لەکار دەکەون.هیچ بەهەشتێک یان ژیانی ئاییندە – قیامەت – چاوەڕێی کۆمپیوتەرە شکاوەکان ناکات .ئەوەی باسی قیامەتو ژیانی ئاییندە دەکات ئەوە خورافەی ئەو کەسانەیە کە لە تاریکی ئەترسن- هەروەها بە پێچەوانەی زۆرێک لە زاناو پسپۆرەکانی تر ئەم زۆر ڕاشکاوانەو دور لە ڕێزدانان بۆ باوەرو هەستە ئایدیالیستی یەکان ڕای ماددیانەی خۆی داوە بە تایبەتی لەبارەی خورافەی دینی یەوە. تا هەرچی زیاتر خەڵک باوەڕ بەو خورافانە نەکەنو بیر بکەنەوەو بە شوێن پەی بردنی ڕاستی یەکانی دروست بونی بون بە گشتی یەوە بن.
خاڵێکی تری گرینگو بەرچاو و ڕونو ڕاشکاوی هاکینک بیرو هەڵویستە ئنسانی یەکانێتی لەڕویی ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتی یەوە.ئەو هەمیشە لایەنگری ئازادی و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان بوە. لە یەکێک لە ووتەکانی دەڵێت ئەگەر هەلومەرجو دەرفەتی یەکسانی بۆ هەمو مرۆڤەکان بڕەخسێت ئەوە لە جیاتی هاوکینگێک چەندین هاوکیکنگی تر پەیدا دەبن بۆ پەی بردن بە ڕاستی یە شاراوەکانی بون.

هەروەها لەبارەی بە خراپ بەکارهێنانی زانست لە لایەن سیاسەتو سیستەمی سیاسی یەوە کە چۆن بەهۆی ئەم سیستەمەوە ئەگەری زۆر هەیە بەهۆی جەنگێکی ئەتۆمی یەوە مرۆڤایەتیو زەوی لەناوبچێت .یاخود بەهۆی دروستکردنی ڤایرۆسێکی کوشندەیەوە لە لایەن ئەم ڕژێمێکەوە کە ببێتە هۆی بڵاوبونەوەیو لەناوچونی هەمو مرۆڤایەتی.هەر بۆیە پێشنیار دەکات کە پێویستە مرۆڤایەتی بیر لە گواستنەوەی ژیان بکەنەوە بۆ سەر ئەستێرەکان تا ئەگەر مرۆڤایەتی سەر زەوی لەناو چو بەهەر هۆیەکەوە ئەوە لەسەر ئەستێرەکانی تر ژیان بمێنێت.

تەنانەت لە ساڵەکانی ئەم دواییەدا بە تەواوی هەڵویستی لە دژی جەنگەکانی ئەمریکا . هەروەها لە دژی سیاسەتی بە تایبەتی کردنی بواری تەندروستی و خوێندنو پەروەدە دەربریوەو دژی ئەو سیاسەتانەی حکومەتی ڕاستی محافەزەکار بوو.وە هەمیشە داوای دەکرد کەبەهیچ جۆرێک نابێت.
بەشی تەندروستی بدرێت بە کەرتی تایبەت.چونکە تەندروستی سەرەتایی ترین پێویستی مرۆڤایەتی و نابێت دەوڵەت بە شوێن سودو قازانجەوە بێت.
هەروەها خاڵێکی تر ئینسانی ئەم زانایە ئەوەبو بە پیچەوانەی زۆربەی زاناکانی ترەوە هەمو کات تیۆرو دۆزینەوە زانستی یەکانی خۆی ڕاستەوخۆ، یان بەهەرزانترین نرخ دەخستەبەدەست هەمو خەڵکی .
هەر بۆیە نازناوی باڵوێزی زانستی خەڵکیان پێبەخشی بوو.تەنانەت لە کاتی فرۆشتنی کتێبی کونیلە ڕەشەکان لە یەک ڕۆژدا لەسەر پێگەی نێتی زانکۆی کامبرج ئەوەندە کڕیارو داگرتن زۆر بوو کە پێگەی نێتەکەیان لەکار کەوت .بەپێی ئامارەکان زیاتر لە نیو ملیون کەس ئەو ڕۆژە خەریکی داگرتنی ئەو کتیبە بونە.
بۆیە ئەمڕۆ کە ئەم زانا بلیمەتە گەورەیە لەدەست دەدەین ئەوە گەورەترین زیانە بە مرۆڤایەتی دەکەویتو پڕکردنەوەی ئەم زیانە وا ئاسان نی یە.
ئیمە وەک سەرنوسەرو نوسەرانو هەمو مرۆڤە ئازادیخوازو یەکسانیخوازو پیشکەوتنخوازو زانستخوازەکان ڕایدەگەیەنین کە وێرای بەشداری لە غەمو پەژارەی کەسوکاری ئازیزی هاوکینگو ،هەمو زاناو پسپۆرەکانو مرۆڤایەتی ئازادیخوازەکان ، بە لەدەستدانی ئەم مەشخەڵە گەشەی زانست و زانیاری ، هاوکات بە ئومێدەوە دەپرسین ئاخۆ کێ درێژە بە کورتەی مێژووی کات دەداتەوە لە جیاتی هاوکینگ.
بیگومانە کە ناوو یادی هاوکینگ لەسەدەکانیش تێپەر دەکات

تێبنی:
ئەم نوسینە ئەمرۆ لە بلاوکراوەی بۆ پیشەوە بلاوکراوەتەوە

موزەفەر عەبدوڵا
١٤-٣-٢٠١٨




زانست و کۆمەڵکوژیی و ئەمڕۆژانەی کورد! … برایم فەرشی

نیل ئامسترانگ و هاوسەفەرەکانی لە ڕۆژئاوای ئامریکا لە شوێنێکی تایبەت خەریکی ڕاهێنان بوون. کەسێک پاشماوەی هۆزێکی قڕکراو، لێیان پەیدا دەبێ و سەرسام لە دیتنیان، دەپرسێ، لێرە چ دەکەن؟ ئەوانیش کە لە دیتنی ئەو کەسە سەریان سووڕمابو، وڵام دەدەنەوە، ئێمە ماوەیەکی دی بەرەو مانگ دەچیین و لێرە خەریکی خۆڕاهێنانیین.
کابرا بێدەنگ دەبێ و لە ناکاو دەپرسێ، دەتوانن خزمەتێکی گەورە بە من بکەن؟ بەڵێ، چ خزمەتێک؟ ” ڕووحی هۆزەکەی ئێمە، چۆتە مانگ، تکایە ئەو ڕستەیەی منی پێبگەیینن”. پاشان بە زمانی هۆزەکەی ڕستەیەک دەڵێ. داوای لێدەکەن بۆیان هەڵگەڕێنێتەوە. پێیان دەڵێت، ئەوە زمانێکی نهێنییە و تەنیا ڕووحی هۆزەکەی من لێیتێدەگات.

ڕستەکە بۆ موسافرانی مانگ دەبێتە مەتەڵ. سەرئەنجام وەرگێڕێک پەیدا دەکەن. وەرگێڕ بە بیستنی ڕستەکە دڵی لە خۆدەبێتەوە و دەبێژێ، ماناکەی ئەوەیە ” ئەوانەی هاتوون هەرچییان گوت باوەڕیان پێمەکەن، ئەوان هاتوون وڵاتەکەتان داگیر بکەن!”

ئەم چیرۆکە لە کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە، چەندە ڕاست بێ یا نەبێ، گرنگ تێگەیشتن لە پەیامی کابرای سەرزەمین داگیرکراو و هۆزقڕ کراوە! نامه‌ی سه‌رۆکی سورپێسته‌کانی سياتل بۆ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مريکا له‌ ساڵی 1854 هەمیسان بەڵگەیە لە توواندنەوەی خەڵکان لە سەر سەرزەمینی خۆیان.
لە سەدەی پازدەی زاینیی بەولاوە، ئووروپییەکان کەوتنە داگیرکردنی ئامریکا، ئامریکای لاتین، مەکزیک، کانەدا، ئوسترالیا، نیوزلەند. خەلکی ئەو شوێنانەیان کردە کۆیلە یان لە ناویان بردن! لە کاریبیک کە ناوەکەی لە خەڵکی ڕەسەنی شوێنەکە وەرگیراوە و ئێستا بۆتە مەکۆی توریست، سەرجەم دانیشتووانەکەی لە ماوەی دەساڵدا بە یەکجاری لە سەر گۆی زەویی پاک کرانەوە. کۆمەڵکوژیی هاوچەشن لە مەکزیک، ئوسترالیا، نیوزلەند، ئەمریکا و ئەمریکای لاتین کراوە!

بوونی زمانی ئینگلیسی و سپانیایی لەو سەرزەمینانە و لە دەرەوەی بریتانیا و سپانیا، سەلماندنی پاکتاوکردنی دەیان ملیۆن هۆز و تایفە و گرووپە بە دەستی ئورووپییەکان! کلۆنیالیستەکان لە پاش مردنی کۆیلەکان لە ژێر تەوژمی کار، نەخۆشی و چەوساندنەوە، کۆیلەی نوێیان لە ئەفریقاوە بۆ ئەو شوێنانە گواستۆتەوە. بوونی ڕەنگیین پێستەکان لە ئامریکا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووە!

داگیرکردن و قڕکردن بە بێ دەوری زانست و زانستکاران سەری نەگرتووە و سەرناگرێ. هەرچەند ئەسکەندەری مەقدوونی وەک بریتانی و سپانی و فەڕانسەویی و ئەوانی تر کلۆنیالیست نەبوو، بەڵام ئەویش کاتی هاتن بۆ سەرزەمینی ماد و پارس و میسر و هیندوستان فەیلەسووف و ئەستێرەناس و جوغرافیزان و زانای لە گەڵ بوون، بەڵام زاناکانی بریتانی و فەرانسەویی و سپانی بۆ پشکنیین، لێکۆلینەوە، توژینەوە و بەکارهێنانی زانست و زانیاری لە پێناو داگیرکاری و ڕاگرتنی کلۆنییەکان، ببوونە هاوقەتاری نیزامییەکان. نووسەری جێگای باوەڕی من چاڵڕز داروین کە ئەساسەن بیۆلۆگیست نەبوو، بەڵکوو تئۆلۆگ بوو، لە کاتی لاوی بەشداری سەفەرەکان بۆ داگیرکردنی سەرزەمینەکان بوو، کە دواتر ڕێگای خۆی لەوان جیا کردەوە. زانست و زانا و پسپۆڕەکان لە پێنجسەد ساڵی ڕابووردو کەرەسەی جیددی بە دەست حکوومەتەکانەوە و لە خزمەتی سیاسەت، ئابووری، شەڕ، وێرانی، چەوساندنەوە و ژێنۆسایدەکاندا بوون! ئەمرۆش هەمان دەور دەگێڕن!

ئەوەی کۆلۆنیالیست و زانستپیشەکانی بریتانی لە هیندوستان کردیان کەم وێنە بوو. ئەوان سەرجەم وڵاتەکەیان بە سرووشت و خەڵکەوە پشکنی، بست بە بستی وڵاتەکەیان پێوا، تەنانەت بەرزایی هیمالایا ئەوان دیاریان کرد. سەرجەم ئایینەکانی ناو ئەو وڵاتەیان لێکدایەوە، ئەوان زمان و بن زاراوەکانی خەڵکانی هیندوستان فێر بوون، سەرجەم ئەم زانیارییانە بوو بە هۆی ئەوەی بە سەر وڵاتەکەدا زاڵ بن و لە هەمان کات زۆرترین زانیاریی هەموو مێژوویی هیندوستانیان کۆ کردەوە، کە خوودی هیندییەکان بۆ ناسینەوەی خۆیان دەبێ پشت بەو زانیارییانە ببستن!

هەرچەند وڵاتی پارس نەبوو بە کۆلۆنی ئووروپییەکان، بەڵام تاقیکردنەوەی هیندوستانیان لە سەر ئێرانیش بە شێوەی جیاواز دووبارە کردەوە و لغاوی پاشاکانی ئێران کەوتە دەست بریتانییەکان. لە سەدەی شازدە چاویان بە خەتی بزماری لە پێرزەپۆلیس کەوت و دوو سەت ساڵ خۆیان لەگەڵ خەریک کرد، بۆیان ساخ نەبووە. لە سەدەی نۆزدە ئەفسەرێکی بریتانی ڕێگای کەوتە بەردەنووسەکانی بێستوون، خۆیان دەستیان بە نووسراوەکان نەگەیشت، کوردێکیان پەیدا کرد کە وەک بزن بە شاخەکەدا هەڵدەگەڕا و لە ڕێگای ئەو کەسەوە کۆپیان لە نووسراوەکان هەڵگرت و سەرئەنجام توانیان هەم زمانی بەردەنووسەکانی کرماشان بدۆزنەوە، هەم لەو ڕێگایەوە سەر لە خەتی بزماری دەربهێنن. ئێرانییەکان و کورد لە ڕێگای ئەوانەوە زانیان پێشنیانیان چیان کردووە و چیان گووتووە.

ئووروپییەکان، بۆرە خزمی کوردن، لە هەزارەکانی دوورەوە ڕێگایان کەوتۆتە کوردستان و کورد لە ڕێگای نووسین و بابەتەکانی ئەوانەوە زانیاری لە سەر خۆی پەیدا کردووە. ئەوەی کە لە کورد خۆی بەجێماوە هەموو زارەکی و خۆڕسک بووە، جگە لە چەند سەد ساڵەی ڕابووردو کە کەسانی وەک شەرەف خانی بدلیسی ئاوڕی لە دەوروبەری خۆی داوەتەوە، دەنا هەرچی هەیە، کۆمەڵێک کتێبی شیعر و چیرۆک و ئەفسانە و گێڕانەوەیە، بەڵام لێرەش ئەوە ئووروپییەکانن کە بە ناخی مێژووی کورددا کە هێشتا وەسەریەک نەخراوەتەوە ڕۆچوون. گرنگترین شتگەلێک جگە لە کۆنینەکان کە لە موزەخانەکانیان و موزەخانەکانی ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگیراون، کۆمەڵێک کۆکردنەوەی بەیت و باو و گۆرانی و داب و نەریت هەیە کە لە سەدەی شازدە بەدواوە کۆکراونەتەوە یان کۆمەڵێک کتێب و نەخشەی کوردستان کە بۆ مەبەستی سەربازی لە لایەن ڕووس و بریتانیا و فەڕانسە بەکار هێندراون.
سەرجەم زانیارییە گرنگەکان بۆ مەبەستی سیاسی، سەربازیی، ئابووریی کە لە سەدەی شازدە هەتا ئەمڕۆ لە سەر کورد کۆکراونەتەوە، بەدەگمەن کەوتۆتە بەر دەستی کورد خۆی. ئێستاش سەرجەم ئەو زانیارییانەی کە لە چارەکە سەدەی ڕابووردو لە سەر باشوور کۆکراوەتەوە، کورد خۆی دەستی پێڕاناگات. گەر بگوترێ کە وڵاتانی ئووروپی ڕۆژانە زانیاری لە سەر خەڵکی کورد و سەرجەم چالاکیان کۆدەکەنەوە، ڕاستییەکی ڕۆژانەیە و بۆ ئاگاداربوون ئەوەندە بەسە سەیری چارتی دەزگاکانی زانیاریی وڵاتانی ئووروپا بکرێ!
بریتانیا و فەڕانسە و دواتر ئەمریکا دەوری سەرەکیان لە کۆیلە هێشتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گێڕاوە. وڵاتانی ئاڵمان، ڕووسیە، تەنانەت چین و ژاپۆن سیاسەتیان گرێدراوی بەرژەوەندیان لە ناوچە و لە جیهان لە دژی بەرژەوەندی کورد سووڕاوە .

مرۆڤی سیاسی و بگرە نوخبەی کورد مێژووی ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا و ناوچە و مێژووی کورد هەڵنادەنەوە، چ بگات بەوەی بزاندرێ مێژووی بریتانیا، فەڕانسە، سپانیا، ئامریکا، ئوتریش و ڕووس چۆن بووە، بۆ ئەوەی بزاندرێ بۆچی ژێنۆسایدی ئەفرین لە گەلە کۆمەکی جیهانی دەچێ؟
ئووروپا لە ڕێگای ژێنۆسایدی بەشێک لە خەڵکی جیهان گەیشتۆتە ئەمڕۆ، ئەمە دەبێ لای مرۆڤی کورد ڕوون بێت، کە بەرژەوەندی ئەوان نڕخی لە ژنۆسایدی شارێک، وڵاتێک، ناوچەیەک زۆرترە! ئەوانەی جڵەوی سیاسیان بە ناحەق کەوتۆتە دەست، گەر لەم مێژووە و لە سیاسەتی ڕۆژئاواییەکان و چواروڵاتی دەوروبەریان نەگەن، خۆیان بە زانیین و نەزانیین ڕێگا بۆ ژنۆسایدی ئێرە و ئەوێ خۆش دەکەن، وەک شەنگال، کەرکووک و ئێستا ئەفرین! سیاسەتی هەموو حزبەکانی کورد دژ بە ژنۆسایدکردنی کورد چییە؟

ڕۆژئاواییەکان لە هەر قوماشێک، سیاسەت، ئابووری، زانست، تەکنیک و ئەخلاقیان گرێدراوی بەرژەوەندیانە و دۆستی ئەو لایەن و وڵات و کەسانەنن، کە لە ڕێگای بەرژەوەندییاندا هەنگاو هەڵدەهێننەوە، کوردیش لەم بازنەیەدا سەیر دەکرێ، بەو جیاوازییەوە کە کورد نە وڵاتی دیارییکراوی هەیە، نە حکوومەتی هەیە، نە ئابووری خۆی هەیە، نە کیانی هەیە، نە لەشکری هەیە، نە زانستی هەیە، نە تەکنیکی هەیە و نە سەنعەتی هەیە، بەڵام وڵاتێکی پڕ لە کان و وزە و هێزی بەلاشی ئینسانی هەیە، کە هەر نەبێ دەکرێ وەک کۆیلەی سیاسی و وەک هێزی کار سوودی لێوەرگیرێ، کرا لە وڵاتەکەی خۆی، دەنا لە وڵاتی کلۆنیالیستەکان. گەر کەتە هەرێمێکیشیان بوو، ئەوە دەکرێ بکرێتە بازاڕی کاڵای مادی و مانەوەی ڕۆژئاوا، ڕێک وەک باشووری کوردستان، کە بۆتە ویترینی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی جیهان، کە ڕازێنەرەوەی ویترینەکان کوردەکان خۆیانن!

سیاسەتی حزبەکانی کورد لەو سەردەمەی کە تێیدا دەژی، سیاسەتی ڕزگارکردنی خۆی و وڵاتەکەی نییە. سیاسەتی هاوڕێیکردن لە گەڵ چواروڵاتەکەی دەوروبەریان و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، کە کورد نەتەنیا تێیدا باڵا دەست نییە، بەڵکوو ژێردەستە. زیانی ئەم سیاسەتە بۆ سەرجەم کوردە و سوود و بەرژەوەندی بۆ چواروڵاتەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوا. سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی ئەم سیاسەتە قڕژەی کورد، لە ناو کورددا بەدی ناکرێ. پێداگرتن لە سەر ئەم سیاسەتە، داهاتووی دیاریی بەدواوە نییە!
کورد گەر مێژووی ئەم جیهان و مێژووی خۆی نەناسێ و بە پێی ویست و پێداویستییەکان و بەرژەوەندی خۆی سیاسەت نەکا و دام و دەزگای ئەمڕۆیی سیاسی- دیپلپماسی- نیزامی- ئیداریی- ئابووریی ساز نەکا و ستراتێژی دەربازبوون لە چوارچێوەی وڵاتانی داگیرکەریی خاک و خەڵک، دانەڕێژێ، لە جەغزیی تراژیک دەرناچێ!

کورد کێیە، کێ بوو و کێ دەبێ و داهاتووی کوێیە؟ ئایا خۆی لە کویلەتی ڕزگار دەکا و لە هەموو ئیمکانی ئەم سەدەیە بۆ پێکهێنانی کیانی خۆی کەڵک وەردەگرێ، یان چاوەڕێ دەمێنێ هەتا کەسێک پەیدا بێ، بۆ ناردنی پەیام بۆ ڕووحی نەتەوەکەی لە یەکێک لە ئەستێرەکانی نەناسراو؟!

برایم فەرشی
* لە زۆربەی کتێبە جیددییەکانی مێژوو، جێگای کورد پارس گرتوویەتەوە، یان عەڕەب و ترک!




کە جێت هیشتین – بۆ مەرگی مارکس … شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

پرسەیەک هات خۆی کرد بەنێو نیشتمانی پڕ لە ئازار و سوێی ژیان
باڵندەکان بۆ ساتێک لە فڕین وەستان
هەناسەکان تاساو تاساو سییەکانیان جێدەهێشت و
تێکەڵ دەبوون بە بۆن و بەرامەی وشە و یادەوەرییە ڕەنگینەکانی ڕۆژانی پێکەوەبوونمان
لە قەراغ ڕووباری هەوڵ و تێکۆشان
غەم وەک هەورێکی ڕەش تاریک
سێبەری خستە سەر ڕۆژەکانی تەمەن
ماتەمیی بوو بە پۆلە ئەستێرەی درەوشاوەی شەوەکانی چاوەڕوانی و
دەست گەیشتن بە هیواکان
کە جێت هێشتین شەقامەکان دەیان پرسی و
دەنگیان دەگەیشتە ئاسمان
کارگەکان لەنێو پاپۆڕەی کرێکاران کز کز بەدیار وێنەیەکی هەڵواسراوی تۆ دامابوون
ڕێگاکان ماتتر لە جاران لەژێر پێ و هەنگاوی ڕێبوارەکانیدا
دەیانڕوانییە ئەو ئاسۆیەی کە تۆ پەنجەی ئومێدت بۆ درێژ کردبوو
کە جێت هێشتین ڕیز ڕیز کرێکاران هاتن
بە بێدەنگی کڵاوەکانیان لەسەریان داگرت و
بەڕیزەوە لەبەردەم گۆڕستانەکە وەستان
لە پێشوازی ئەو هەتاوەی کە تاریکایی قووت دەدا
ئەو ڕووبارەی گەرووی وشکی تێراو دەکرد
ئەو پێدەشتەی پڕ لە گوڵ لە گوڵزارەی جێی سەیرانگای کرێکار بوو
ئەو شنەیەی کە ئارەقەی لەشی ماندووی کۆیلەیەکی دەسڕییەوە
ئەو ئاسمانەی جێی شەقەی باڵی باڵندەی ئومێد و هیوا و ئاوات بوو
ئەو باوەڕەی پۆڵا ئاسا دیوارەکانی غەریبیی و تەنیایی و گۆشەگیریی تێکوپێک دەدا
ئەو دەستەی پڕ بوو لە خەون
ئەو چاوەی پڕ بوو لە ڕوانین
ئەو دڵەی پڕ بوو لە ئومێد
ئەو چرایەی پڕ بوو لە شەوق و لە شکۆ
کە جێت هێشتین ئیتر بووی بە خۆر بۆ ژیان
بۆ دەرد و زام بووی بە هەتوان
بووی بە ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئاسۆ نزیک و دوورەکان
بووی بە شەبەق لەنێو دڵ و نێو باوەڕی
کرێکارە مەچەک تۆکمە و هەڵگری ئاڵا سوورەکان

ئازاری ٢٠١٧




نیشتیمان … هیوا سەعید

نيشتيمان چییە!
ئەو بازرگانە دزەیە
خۆراکی بەسەرچو دەفرۆشێ،
یان ئەو تەڕەفرۆشە فێڵبازەیە
تەرازوەکەی ناتەواوە،
یان ئەو نانەوا کەمتەرخەمەیە
نانی خاوم نەداتێ، هی سوتاوم دەداتێ؟

نیشتیمان چییە!
ئەو دراوسێیە بێباکەیە
لە ژورەکەم بمرم سەرێکم لێهەڵناکێشێ،
یان ئەو خزمە چەتەیە
کەسایەتی و
سامانم بە تاڵان تێدەگا؟

نیشتیمان چییە!
ئەو خاوەن خانوە چاوچنۆکەیە
لە نیوەی مانگەوە
تەنگی کرێیەکەم پێهەڵدەچنێ،
یان ئەو بەڕێوەبەرە بێهەستەیە
کاتژمێرێک لە کار دوابکەوم
هەموو ڕۆژەکەم بە نەهاتو دەژمێرێ؟

نیشتیمان چییە!
ئەو سیاسییە درۆزنەیە
بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی پێشوی بەجێنەهێناوە
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە بەڵێنی دیکەم پێدەدا،
یان ئەو حیزبە خائینانەن
لە جەنگدا برایەکیان بە کوشتن داوم
براکەی ترم دەنێرن بۆ مفاوەزات؟

کەس پێم نەڵێ نیشتیمان خاکێکی بە پیتە
کەس پێم نەڵێ نیشتیمان ماڵە
کەس پێم نەڵێ نیشتیمان ئاساییشە

خاکی بەبێ هاوڕێ غوربەتە
ماڵی بەبێ خۆشەویست وێرانەیە

نیشتیمان کام ئاساییشە؟
ئەو هەزار گوێیەی
گفتوگۆی من و هاوڕێیەکەم دەبیستێ،
یان ئەو هەزار چاوەی
تەماشای ماچی من و خۆشەویستەکەم دەکا!




لەزایەڵەی تۆفانێکدا … هاوار تەیب

ئەمشەو تکام لەتەمەنی فانیم کرد
بمداتەوە دەست ڕۆژگاری ئاو!
بمکاتەوە بەسووی بانی ماڵێكی ڕابردوو
منارەی ئەم خەمە!
هەر بەڕۆح ئاو دەدرێ
و بەعیشق واڵا دەبێ
ببە فریاد ڕەسم ئەی ئەمەرگ….
ئەو دەمەی لەسنووری سەفەرتا پەساپۆرتی
وڵاتێكی بێناونیشانم پێبەخشرا
ئیدی مەرگ بێدەنگ و ژیان بێمانا
هەر خۆم و
خۆم بەدەم داڵغەی بەیانییەوە
هەنووکە مقامێکی کریستاڵی دەیەوێ دیواری فیراق ببڕی و
مشتێك لەحیکایەتی مناڵیم
بباتەوە بەردەرگای خانەقای تۆبەکارێك!
جریوەی زەمەنێك
لەگۆشەگیریم
بخزێنێتە خەوی شیعرێکمەوە
خەراباتی ئەو هەموو نهێنییەم بەسپێدەیەکی ماڵئاوایی
خۆی بەدەم خۆیەوە شەرح دەکات
زایەڵەی سەحرایەك لەبێمروەتیم
عاشقانە بەبەرگی غەریبیم مەست دەکات
جەنگێك لەچاوەڕوانیم
ئەمداتە دەست چارەنووسی نیشتمانێك لەسەروەری و
زایەڵەی تۆفانێك لەیادەوەری
ئەوە قەدەرە دەستی ژیان دەگرێ و
چاوەڕوانی لەهاتنی ڕووناكییەك
لەپاییزدا دەچێنێ و
لەھاویندا بارانێك لەبیاباندادەبارێنێ
لەخەونی جگەرگۆشەیەك ئەنفالكراودا
میھرەبانی شوێنپێی جەللادێك دەكاتە
ماڵێك بۆ ناسكی خەیاڵ.

ڕانیە
هاوار_تەیب




كوردی هائیم و حه‌یران -9- … هێمن عومه‌ر خۆشناو

هێشتا تەواو دەرگای دوکانەکەیمان لەڕێسمەنەبردبوو، هەر سەرمان بە ژوورێ داگرت، ئەو یەک پێ بڵندبوو و بەرەو پیرمانەوە هات.
سەلاممان کرد و، سەلامی لێستاندینەوە، هەر بە تورکی فەرمووی لێکردین و بەخێری هێناین. ڕەفیقەکەم بە حەنەکەوە و بە کورمانجییەکی ڕەوان هەڵیدایێ:
-کوردی دزانی؟
-(بە تورکی):زۆر زمانان دەزانم، کورمانجی، زازاکی، تورکی، عەرەبی.
-(بە تورکی): ئەو هاوڕێیەشم کوردی عێراقە!
-یا اهلا وسهلا!
-ئەڤە کوردە، تو کرمانجی نزانی؟
-(بە تورکی)من هەموو زمانان دەزانم، بەڵام نەژادپەرست و ڕەگەزپەرست نیم!
-تو دزانی ئەڤە سۆرانە سۆران، نە کورمانجە.
-(بە تورکی)بەڵێ بەڵێ دەزانم سووریانە.
جا وەرە فرمێسکی سەربڕدراومان لە حەژمەتان کەرتک بە کەرتک نەبێ، وەرە هەناسەت نەخنکێ و لە برای شیریی خۆت ببیتە بێگانە و غەیرە دینیش!
تۆ بڵێی چ جێی شانازییەک بێ، منێک خودێی سەر سەران بە کوردی خولقاندوومی و گەل و میللەتی دیکەشی بە زمانی خۆیان، جارێ لە فرمێسکی مل قوتکراوی مەیان نەپرسی، چما باسکردنی نیعمەتی زمان، کە موجیزەی خودێیە، نەژادپەرستییە؟ ئاخر برالەی پشت و قەوەتم، کاکۆی گۆشت و هەناوم، تۆ بە زمانی غەیر بەرسڤم دەدەیتەوە و هەر گاڤێ ئەز خۆ ب کورد دحەسبینم، تۆ دەمارت گرژ دەبێ و پێم دەبێژی:
من هەموو زمانێ دەزانم، لێ نەژادپەرست نیم!
تۆیەک، کە سەر و ڕدێنت لەو دونیایە پڕ لە فرمێسک سەربڕەدا سپی کردووە و ڕۆندکێکی ساغ و سەلیمت دەناو چاواندا نەماوە، چما من بە نەژادپەرست دەزانی؟ هەر لەبەرئەوەی باسی موعجیزەیەکی ئەو خودایەم کردووە کە تۆ پێنج فەرزە 34جاران بە ڕووی موباڕەکتەوە تەوێڵ و هەنیەتی بۆ دەخەیتە سەر عەردی؟

وەرە ئه‌ی كوردی هائیم و حه‌یران، با وێکڕا دەنکە فرمێسکە شکێندراوەکانمان خڕوەکەین و جارێکی دیکە بە تەڕایەتییان دەسنوێژێکی نوێ بشۆینەوە و ئەوجار تۆ پێشی من وەهۆش خۆ بێیتەوە و دوور بڕوانی دوور، تا جارێکی دی منێکی سۆرانی هاوپشت و هاوگۆشت و هاوخوێنت لێ نەبێتە سووریانی.




ڕەخنەگری ئەکادیمی و خوێنەری ڕەخنەگر… هاوکار موسا

کارکردن لە ڕەخنەی ئەدەبیدا وردی و وریایی و پشوودرێژی زۆری پێویستە ،بەم شێوەیە لێکۆڵینەوەیەکی باش بەرهەم دەهێندرێت و ڕەخنەگر سەرکەوتوو دەبێ لە نوسینی ئەو بابەتەی دەستنیشانی کردوە.
زۆرێک لە نوسەرەکان کاری ڕەخنە دەکەن و زیاتریش بە ڕێگاوەن بۆ ئەم کارە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگ و شایانی قسە لەسەر کردنە ئەوەیە ئایا هەموو ڕەخنەگرەکان وەکوو یەکن؟ جگە لە ڕووی کارکردنەوە ،چونکە کارکردن بە ویست و ئازەزو و توانای ڕەخنەگرە سەبارەت بە بابەتەکە.

دەبێ هەردوو جۆرەکان بە باشی بناسینەوە و کارەکانی ئەم دووجۆرە نوسەرانە هەڵسەنگێنین، بە بڕوای خۆم نوسینی هیچ کام لەم دوو جۆرە ڕەخنەگرە هەڵە نین و ڕەتیان ناکەمەوە ،بەلکی زیاتر سەرنج دەدەم و سودیشان لێوە دەبینم و شێوازی کارکردنی ئەم دوو لایەنەم بۆ ئاشکار دەبێ.
خوێنەرە ڕەخنەگرەکان دەیانەوێ هەمیشە کاری زیاتر بکەن ،بەوەی زۆر پەلەیانە ،وەک چۆن شاعیری بەپەلەمان هەیە ئاواش ڕەخنەگری بەپەلەشمان هەیە، بەڵام ڕەخنەگرە ئەکادیمییەکان ورد و هێواش و لەسەرخۆن و بە چاوەکانیان سەیری هەموو شتێک دەکەن و هەموو ئەو کارانەی کە دەیکەن و هەوڵدەدەن ورترین چەمک و بابەتی پەیوەست بە لێکۆڵینەوە فەرامۆش نەکەن و سودی لێ وەرگرن،بە‌ کەم و زۆزی بابەتەوە بەڵگەی بەرچاو دەهێننەوە ،واتە ڕەخنەگری ئەکادیمی بە شێوەیەکی زیاتر و بەرچاوتر قوتابخانە ڕەخنەییەکان و شەپۆڵەکانی ڕەخنە و مێتۆدەکان بەکار دێنێ و لەسەری لانادا و بەم شێوازە کارەکانی ئەنجام دەدا، کە بڕگە و بنەما و سیماکانی قوتابخانە ڕەخنەییەکە کردوویەتی.

خوێنەری ڕەخنەگر زیاتر مەجازییە و پەڵەیەک یاخود بۆنێکی لایەنگیری لە نوسینەکانی بەدی دەکرێ، بۆ نموونە نوسەرێکی دیکە موقەدەس دەکا و بە نوسینەکانیدا هەڵدەڵێ و زیاد لە ڕادە گەورەی دەکا ،جا چ بە هۆی هەستی کەسی خۆیەوە بێ، یان بە هۆی شارچییەتی و ئەم شتانەی ڕێک لەناو دڵی ئەدەب دەدا و کاریگەری نێگەتیڤ لەدوای خۆیەوە بەجێدێڵێ ،هەروەها بە شێوەیەکی بەرچاویش کاردەکاتە سەر بیرکردنەوەی خوێنەرەکان.

ڕەخنەگری ئەکادیمیش خاڵی نییە لەم لایەنگیرییە ،بەڵام بە ئەندزاەی خوێنەری ڕەخنەگر نا، بەلکی لە چوارچێوەیەکی بچوک و داڕێژراودا ،یانی تاکوو ئەو ئاستەی کە کاری لێکۆڵینەوەکەی لەپێناو کەس فەرامۆش ناکا و متمانەی خوێنەر لەدەست نەدا و لە بەرهەمی هیچ کەسێک نەدا بەپێی مەزاجی خۆی و گەڕان بەدوای واتا لە دەرەوەی دەقدا ،وەک چۆن خوێنەرە ڕەخنەگرەکان دەیکەن.

خوێنەری ڕەخنەگر زۆر بە ڕەهایی و موتلەق دەنوسێ و سەرنجەکانی دەخاتەڕوو ،بەڵام ڕەخنەگری ئەکادیمی بە پێچەوانەوە.
هیچ کاتێک ڕەخنەگری ئەکادیمی نایەوێ ببێتە بەشێک لە کێشەکانی دەق و ئەمە بۆ خوێنەر جێدێڵێ!

بەڵام خوێنەری ڕەخنەگر زیاتر پەل دەهاوێژێ و زیاتر خۆی لە دەقەکە دەباتە پێوشەوە، بەم شێوەیەش لە مێتۆدی وەرگر نزیکتر دەبێتەوە یان ئیستاتیکای وەرگر.
ڕەخنەگری ئەکادیمی لە ڕێگای خوێندنەوە بەم پلەیە گەیشتووە ،هەموو بابەتێکی ڕەخنەی خوێندووە و پسپۆڕی تایبەتە بە ڕەخنەی ئەدەبی ،بەڵام خوێنەری ڕەخنەگر لە ڕێگەی ئەزموونی خوێندنەوەی خۆیەوە تێگەیشتووە، ئەمە واتای ئەوە نییە خوێنەری ڕەخەگر نەتوانێ بگاتە ئاستی ڕەخنەگری ئەکادیمی ،نەخێر،خوێنەری ڕەخنەگر هەیە زۆر لە ڕەخنەگرێکی ئەکادیمی پێشکەوتووترە و هەشیانە بە پێچەوانەوە.
ڕەخنەگری ئەکادیمی دەست بە وشەوە دەگرێ و زیادە خەرجی ناکا لە وشەدا، بەڵام خوێنەری ڕەخنەگر بە پێچەوانەوە




موزیسیانێکی کورد لە کەنەدا کارێک پێشکەش بە ئەیلان کوردی دەکات

نەورۆز حەسەن تەنیا لە زانکۆی ویڵفرید لەورێ کۆنشێرتۆیەک بۆ پیانۆ و ئۆرکێسترا دەنوسێت و بیرۆکەکەی لە کارەساتی خنکانی ئەیلان کوردیەوە بونیاد دەنێت. کاتێک ڕۆژنامەی جارلی ئێبدو کاریکاتۆرێکی لەسەر ئەیلان بڵاوکردەوەو تێدا وا نیشاندراوە کە ئەگەر ئەیلان نەخنکایە دەبوە پەنابەرێکی سەرشێت، نەورۆز بیرۆکەی کارەکەی لەسەر ئەوە بونیاد ناوە کە با پێچەوانەی چارلی ئیبدو دەکرا ئەیلان ببیێتە پیانۆ ژەن. کارەکە لەلایەن Daniel Bartholomew-Poyser ڕابەری دەکرێت وSarah Kenter وەک پیانۆژەن کاری تێدادەکات.
ڕۆژی ٢٣ ی ئەم مانگە لەلایەن Wilfrid Laurier University Symphony Orchestra و لەسەر هۆڵیMaureen Forester پێشکەش دەکرێت.


لینک و زانیاری تەواوی کۆنسێرتەکە لێرە دەبینرێت:

https://adc.wlu.ca/activedata/EventList.aspx?fromdate=3/1/2018&todate=3/31/2018&display=Month&type=public&eventidn=2660&view=EventDetails&information_id=7192




لانک لە فۆلکلۆر و هۆنراوەی کوردی دا … رەزا شوان

(لانک) و (بێشکە) دوو ناوی هاومانان، مەبەستێک دەگەیەنن، لۆرک و جۆلانیش دوو ناوی ترن، هەموویان شوێنی نووستن و ژیـرکردنەوە و ئـارام بەخشینن بە منـداڵی کۆرپە، تەنها جۆلانێ نەبێت کە بۆ هەموو قۆناغەکانی منداڵی بەکاردەهێنرێت.. هەندێ جاریش بەپێی کات و شوێن و پێویست بەکارهێنراون و بەکاردەهێنرێن. لانک و بێـشکە و هەلـۆرک بە نەرمی رادەژێنـرێن، بەڵام جـۆلانی باڵیپێوەدەنـرێت.
لانک کەرەستەیەکی رەسەنی داهێـنان و دروستکراوێ تایبەتی گەلی کوردە لە هەموو جیهان دا. مێژووی دروستکردن و بەکارهێنانی لانک لە کوردستـان دا، زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، تا ئەمـڕۆش لانک بایـەخ و جـوانی و رەسەنایەتی خۆی لەدەست نەداوە و لە زۆربەی ماڵەکانی کوردستان دا هەیە، دایکانی کوردمان بەکاری دەهێنن.. بوونی لانکیش لە ماڵان دا، گوزارشتە لە بوونی منداڵ لەو ماڵانەدا، منداڵیش بەرهەمی خێزانییە و مایەی خۆشی و شادی و درێژەدانە بە ژیـان و مان و زۆربوونی وەچە و نەتەوە.
لانک یەکێکە لەو کەرەستە جوان و دێرینە بەرچاوانەی، کە مۆزەخانەکانی کەلەپووری کوردییان لە کوردستان دا رازاندۆتەوە و جێی سەرنج راکێشانی گەشتیارانی بیانییە.

لانک لە زۆربەی جـۆری دارەکـان دروست دەکرێت، بە تایبەتیش لە داری (هەنـار، هەنجیر، قۆخ، بی، قەزوان، گوێز، توو، بەڕوو، کە ئەم دارانە لە دارستانەکان و لە چەمەکانی کوردستان دا زۆرن و بڕین و ریکخستنیشیان ئاسانە بۆ دروستکرنی لانک.
دەشێ وشەی (لانک) لە (لان) یا (لانە) ەوە وەرگیرابێت، کە بە واتای (شوێن خەو) و پشوودان و حەسانەوە دێت.. دەوترێت لانەی شێر، دەوترێت لان یا لانـە یا هێـلانەی هەڵۆ، واتا شوێنی نووستن و حەسانەوەی، شیر، هەڵۆ.. لانکیش شوێنی نووستنی منداڵی کۆرپەیە.. با شرۆڤەکردن و ساغـکردنەوەی ناوی (لانـک) بۆ شارەزایان و پسپۆرانی زمانی کوردیمان بهێڵینەوە، ئەوان ناوی لانک یەکلایی بکەنەوە.
هیچ دیمەنێک لە جیهان دا، ناگاتە دیمەنی ئەو دایکە میهرەبانەی کە جگەرگۆشەکەی کردۆتە نێو لانکەکەی و بە نەرمی رایدەژێنێت و، بە دەنگە ناسک و شیرینە پڕ لە سۆز و خۆشەویستییەکەی، لای لایـەی و لۆرین بۆ دەکات، دەنگی تێکەڵ بە دەنگی تەقەی لانک و زڕەزڕی پۆیلە و تەکە و پەتکە و خڕوهۆڕی موتوموورو و کوژەکە و تەقەی خولخولۆکەی هەڵوسراوی شۆڕەوبووی قەد کەمەری لانک و بێشکەی کۆرپەکەی دەبێت.. تێکەڵ بە دەنگی خڕەخڕی بازنگەکانی قۆڵە ناسکەکان و بە زرینگە زرینگی زەنگلۆکە و خرینگەی خڕخاڵەکانی پێیە ناسک و قنجەکانی کۆرپەکانیان دەبێتەوە.
شاعیری نەمری گەلەکەمان (فایق بێکەس) لە هۆنراوەی (دایک) دا دەڵێ:
بە لای لایــــە گـــــۆرانی
رایژەنـدووم تا بەیـــــانی
(لامارتین) دەڵێ:” جـوانترین هـۆنراوە لە سەرانسەری جیهان دا، لای لایەی دایکانە”
(بیکۆن) دەڵێ:” ئەو گۆرانییەی کە دایکمان لەسەر بێشکە بۆمان دەڵێت.. تامـردن لە گوێچکەکانمان دا دەزرینگێتەوە”
(ناپلـیۆن) یش لە بارەی گـەورەیی دایـکەوە دەڵێ:” دایـک بە دەستی راسـتی لانـک رادەژێنـێت.. بە دەستی چەپیـشی جیــهان رادەژێنـێت”
حەزدەکەم دەربارەی لانـکی کوردی، دەقی نووسینێکی، نووسەری ناسراوی کوردمان دکتۆر (جەمشـید ئیبراهیـم) کە کوردێکی هاوڵاتی ئەڵمانیایە، بۆتان باس بکەم، کە لە بەرواری (١٥ی/ئەوگوست/ ٢٠١٢) دا، بە زمانی عەرەبی لە سایتی (الحوار المتمدن) دا، لەژێر ناوی (لانـک ـ مهـد الطـفل الکـردي) دا بڵاوی کردۆتەوە.. پێم جـوانە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم باسەمان، نووسینەکەی دکتۆر جەمشید وەرگـێڕم بۆ کوردی:
“لانکی منداڵی کۆرپەی کورد، بە هەموو جۆر و رەنگەکانییەوە، لە داری هەمەجۆرە دروست دەکرێت، بە تایبەتیش لە داری هەنار یا هەنجیر هەر وەکو لە گۆرانی کوردی و لە لای لایـەی دایکی کوردی میهرەبان دا دەردەکەوێت، کە منداڵەکەی دەلاوێنێتەوە بۆ ئەوەی بنوێت.
هەروەها منیش دەمپرسی، بۆچی دایکی کورد منداڵە کۆرپەکەی بەم رادە بێبەزەییە لە جێگایەکی داردا، دەست و پێیەکانی بەند دەکـرد؟ منداڵێک چۆن خەوی لێبکەوێت، کە نەتوانێت دەستەکانی و پێیەکانی ببزوێنێت؟ دەبێت چ پەندێك لە دوای ئەمەوە هەبێت؟
لە چەشنی (لانک) تا ئێستا لە کولتوورەکـانی تردا بەرچـاوم نەکەوتووە.. نازانم ئەم وشەیە لە کوێوە هاتووە، وەرگێڕانەکانیشی نازانم، دەشێ (لانـە) بگرێتەوە یا شوێن، هەروەکو لە وشەی (لانە) دا دەردەکەوێت. وەڵامی ئەم پرسیارانەم دەست نەکەوت، تا ئەو کاتەی کە خانمە شارەزایەکی دەروونی کۆمەڵایەتی ئەڵمانی بە رێکەوت لە ماڵەکەم دا ـ لە ئەڵمانیا ـ ئەو لانـکە بچکۆلانەیەی بینی، کە لە کوردستانەوە لەگەڵ خـۆم دا هێنابـووم.. سەرنجـی راکێشا و لێـیپرسـیم: ئەمە چیـیە..؟ کاتی کە مەبەستەکەیم بۆ راڤەکرد، کە چۆن منداڵی کورپەی بەسزمانی کورد لە ناوی دا دەنـوێت.. شارەزاکە سەیری دەکردم و بەزەیی بە بە نائارامی مندا دەهاتەوە و وتی: پێویستە منـداڵ هەر لە کۆرپەییەوە فێری ئەوەبێت، کە سنووری دەروونی و جـووڵەیی و کۆمەڵایەتی خۆی رابگرێت.. نووستنیش بەم شێوەیە لە بنەڕەت دا، منداڵ فێری ئەوە دەکات بە شێوەیەکی گشتی رێـز لە سنوور بگرێت.
ئایە ئەمە بەجێـیە؟ من چاوەڕوانی ئەوەم لێدەکـرد، کە پێی سەیربێت و ئەوە بڵێت کە دایکانمان نەزانن، نازانن زیانی توندبەستنی دەست و پێیەکانی منداڵی کۆرپەی نەرم و نۆڵ بەم شێوە رەقییە چییە، کە ئەو لە قۆنـاغی گەشەکردنی سەرتای دایە.. خانمە شارەزاکە ئەوەی بۆ سەلماندم، کە شێوازی سەرەتایی، کە بـووە بە داب و نـەریت، هەندێ جار باشترە لە شێوازی تازە، کە بڕوایان بەوەیە، لە کاتی نووستن نابێت ئازادی منداڵ کۆتبکرێت.. شارەزاکە ئەوەشی بۆ زیادکـرد، دەشێ دایکی کورد شێوازی راست فێربووبێت، بێ ئەوەی کە بزانێت سوودەکـانی چین.
ئەم قسانەی شارەزا ئەڵمانییەکە، کە (١٨٠) پلە بۆچوونی منی گۆڕی.. ئەوەم بە بیردا هات.. کە ئەوە لە دایکێکی بەسۆزی کورد ناوەشێتەوە، کارێکی ئەوەتۆ بکات کە زیان بە کچۆڵەکەی یا کوڕیلەکەی بگەیەنێت.. جێ ماچێکم لەسەر (لانک) کوردی شەقڵکرد.. ئەوەشم بە خەیاڵ هاتەوە کە من چۆن بە دەست و پێ بەستراوەوە لە ناوی دا راکشاوم، دایکە میهرەبانەکەم بە لای لایـەی پاکی کـوردی، هەواڵەی خەوێکی قووڵی کردووم”
ئەگەرچی لە ئەمڕۆدا، بە هۆی تەکنۆلۆژیای تازە و داهێنانی نوێوە، دروست کردنی چەندی شێوەی مۆدێرزمی لانکیش هاتوونەتە ئاراوە.. بازاڕي شێوە رەسەنی لانکی کلاسیکی گەرم و گوڕی نەماوە و کڕین و فرۆشتنی لانکی دار کـزبووە.. بەڵام تا ئەمڕۆش لە هەموو شارەکانی کوردستان دا، کەسانێکی وەستای ناسراوی لانک هەن کە لە باپیران و باوکانیانەوە پیشەی لانک دروستکردنیان بۆ ماوەتەوە.. دەستبەرداری دروستکردنی لانکی دار نەبوونە.. لە پاڵ دروستکردنی لانک بۆ منداڵانی کۆرپە، هەر لە دار (لانکـۆڵە)ی قنجیيش بۆ بووکە شووشەکانی کچۆڵەکان دروست دەکەن.. هەندێ لەو لانکۆڵانە، گەشتیارانی بیانی وەکو دیارییەکی جوان لە کوردستان دا، کڕیویانە و گەیشتوونەتە هەندێ لە شارەکانی ئـەوروپا و ئەمریکا.

بە دەیان بەیت و کۆپلە و گۆرانی فۆلکلۆری کوردیمان هەیە، کە بەسەر لانک و بێشکە و هەلۆرک و جۆلانێ و سەرلانک و دەسرازەی لانکی منداڵ دا هەڵـدراون.. و باس لەو دارانەش دەکەن کە لە کوردستان دا، لانکیان لێ دروستکراون.. باسیش لە بەڵەدی و دەستڕەنگینی وەستای دروستکردنی لانک لە شارەکان دەکەن.. بۆ نموونە ئەم بەیتانەی خوارەوە بەسەر لانک یا بێشکە و سەربێشکە (سەرچـاوکە) و دەسرازەی لانکی منداڵ و وەسـتای لانکی منداڵ هەڵـدروان:
داری لانــــــــــکی داری بــــــــــی یە
سەرچـــاوکەکەی چیـت هـــەوری یە
* * *
داری لانـــــــــکی داری قـــــــــۆخە
سەرچـــاوکەکەی چیـت شلــــــــۆخە
* * *
داری لانــــــــکی دار هـەنـــــــــــارە
کەمــــــەی لانــکی بە بـزمــــــــــارە
* * *
داری لانــــــــــکی بـەلالــــــــــــووکە
وەسـتای لانـکی لە کەرکـــــــــــووکە
* * *
داری لانـــــــــکی داری گـــــــــــــیزە
کەمــەی لانــــــکی بە زریـــــــــــــزە
کــوڕ لە مەمكـــــان بـۆ زیـــــــــــــزە
* * *
داری بێشـــــــــــــکەی داری لاولاوە
وەستای کارگەی شـێخی زەهـــــــاوە
* * *
وەســـــتا دێـــــــنم لـە تــــــــــــارانێ
لانک دروست کا بۆ چـاو جــــــوانێ
* * *
لانکت بۆ دەکـەم لە داری قـــــەزوان
دەیـڕازێنـمەوە بە شـەوە و شــــیلان
* * *
لانــــــــک لـە دار کـەنــــــــــــــــێرێ
وەســتا هــات لە هـەولـــــــــــــــێرێ
لانکی دروستکرد دوێـنێ و پــــــێرێ
رەوارەی لانــــــــــکی کـــــــــــــورتە
ناگــــــــاتە مــــــەمکی مـــــــــــــێرێ
* * *
لانکت بۆ دەکـەم لە دار خـورمـــــایە
وەستات بۆ دەهێنم لەناو بـەغــــــایە
* * *
لانکۆڵـــــــەکەی دار هـەنـــــــــــــارە
دەســرازەکەی لە کـــەژ مــــــــــــارە
* * *
لانــکت بۆ دەکـەم لە دار حەیـــزەران
خــەوت لێـبکـەوێ تا بـەری بـەیــــان
* * *
وەســــتا دێـــــــنم لـە سلــــــــــێمانی
لانــك دروسـت کات بۆ ڤـــــــــــێمانی
* * *
لانکـۆڵــــــەکەی دار عەنــــــــــــــابە
لێــوەی دیـــارە مــــاڵی کــــــــــــــابە
* * *
لانکـۆڵـــــــەکەی داری گـوێــــــــــزە
سەرلانكــۆڵەی چیـت تـەورێــــــــــزە
غــەوز لە عــەجەم بـی پارێــــــــــزە
* * *
گۆرانی فۆلکلۆری بەسەر لانک دا:
باوترین و خۆشترین گۆرانی فۆلکلۆری کوردی کە بەسەر لانک دا هەڵدراون، گۆرانی (لانــک لانــک لانــکۆڵێ) یە.. کە تا ئێستا چەند هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی ناسراوی کوردمان ئەم گۆرانییەیان وتۆتـەوە و تۆمـاریان کـردووە، تێکست و میلـۆدییەکەی فۆلکلۆری یە.. لەو هونەرمەندانەش کە ئەم گۆرانییەیان وتۆتەوە (مەزهـەری خالقی، ناسری رەزای، مەرزییە فەریقی، خەلیل سدیقی، محەمـەدی ماملێ، حەسەن زیـرەک، جەلال سەعید، بێـژەن کامکار، کـاروانی نەی، ئەیـاز یوسف، محەمەد فەخـری، رەزا نـەزەری، زانـا عەبدوڵڵا ،…)
ئێمە لێرەدا تەنها کۆپلەی یەکەمی گۆرانییەکەمان نووسیوە، کە وشەی (لانـک)ی تێدایە.. ئەودوای کۆپلەکانی گۆرانییەکە لە لای هونەرمەندان کەمێ جیاوازی هەیە.. تەنانەت لە کۆپلەی یەکەمی گۆرانییەکەش دا، جیاوازییەکی زۆر کەم هـەیە:
مەزهەری خالقی:
لانـــــــــــک لانـــــــــــک لانـــــــــــکۆڵێ
لانـــــــــــــک لـە دار کـنـــــــــــــــــنـێرێ
وەســتا هــــات لـە هـەولــــــــــــــــــێرێ
لانــکی دروسـتکرد دوێـــنێ و پـــــــێرێ
رەوارەی لانـــــــــــــکی کــــــــــــــــورتە
نـاگــــــــــاتە مـەمــــــکی مـــــــــــــــێرێ
ئەی رۆڵە سەر دڵ خڕبی، باب مردووبی
شـــــەو درەنــــــــــگە بـۆ جــــــێ ژوانێ
جــــا ئــــــــەوە رۆژی روونـــــــــــــــاکە
هـــــــەمـوو عـــــــالـەم دەیــــــــــــــزانێ
مەرزییە فەریقی:
لانـــــــــــک لانـــــــــــک لانــــــــــکـۆڵێ
لانـــــــــــــک لـە دار هـەنــــــــــــــــــارێ
وەســـــــــتا بـــــــــێ لـە تـــــــــــــــارانێ
لانکی دوسـت کـا بـۆ چـاو جـــــــــــوانێ
دەڵـــێ لـە لانـــــــــكێ دا نـانـــــــــــــووم
دەبــا بــۆی ســـــازکـەین جــــــــــــۆلانێ
جــــا ئـــــــەوە رۆژی روونـــــــــــــــاکە
هـــــــەمـوو عـــــــالەم دەیـــــــــــــــزانێ
لە هەندێ دەقـی تردا، ئەم نیوە دێـڕە (جا ئەوە رۆژی رووناکە) بڕگەی (جـا) بووە بە
(تـاوە) بەم شێوەیە (تاوە رۆژی رووناکە).
لە لای لایەیەکی تری مامۆستا مەزهەری خالقی دا، لە جێی (لانک) وشەی (هەلۆرک)ی بەکارهێناوە:
رۆڵـــەی خۆشـــەویست ، بیــنای چـــاوم
هـــــێزی ئەژنـــۆم و هــــــیوای ژیـــــانم
هـەتــــا دێیـــــتەوە هـــەر چـــــــاوەڕێتـم
هـەلـــــۆرکی منــــاڵیـت رادەژیـــــــــــێنـم
حەسەن گەرمیانی:
لانــــــــــکـدار هـــــــات بـەلامــــــــــــەوە
دڵـخـــــــــــــۆشی دەردی دامــــــــــــــەوە
شاعیری نەمرمان مامۆستا (هـەژار موکریانی) لە هۆنراوەی (لای لەیـە)ی دا، کە هونەرمەندی خوالێخۆشبوومان (محـەمەدی مامـلێ) بە گۆرانی دەیڵێتەوە، دەڵێ:
لای لایـــــــە ، رۆڵــــــە لای لایــــــە
ئەمشــەو بەزەییت بە منــدا نـایــــــە
ژیـربەرەوە رۆڵەی شـیرین و جـوانم
لـە داخــی لانـــــک دەگـــری دەزانــم
دەڵـێی بـۆ حەپسم بـۆ دەستە بەســتم!
بـەو حـەپســە مــن جـەســتە بەسـتم
لە نێــو کــورد نەبـێ دەســـرازە نـیە
ئـەو بـەنـــد و قــفڵ و قـــەرازە چـیە؟
کـــوڕم مـن بــــیرم لـە تـۆ زیاتـــــرە
دەســـرازە و لانــــــك بـبێ چاتــــــرە
راسـتە تـۆ نــەوەی شــێری ژیــــانی
نـەوەی پــــاکی گـــــەلی کـــــوردانی
بـەڵام چونکە ئەمـڕۆ کـورد بێکەسە
بەشـیان لـە دنـیا کـۆت و مەحـبەسە
بۆیـە دەتپێـچم تا خـووی پـێ بــگری
نەک تـا مـن مــاوم لە بەنــدا بــمری
هـەی لای لایـــە ، رۆڵــە لای لایــــە
هـــــــەزار تێــــبینی دواڕۆژم لایــــە
لانکۆڵێ یەکی تری محەمەدی ماملێ:

لانـــــــــک لانـــــــــک لانـــــــــکۆڵێ
لانــــــــک لـە شــــــــتڵە بـــــــــێزایە
وەســــــتا بــــــێ لــە بـەغــــــــــدایە
لانــــکێ دروســت بـۆ لەیـــــــــــلایە
دەبـــێ بـــۆی ســازکەم جــــــــۆلانێ
لە لانـــــکێ دا خــــەوی نــــــــــــایە
لە دەڤەری بادینانیش دا چەندین هونەرمەندی گۆرانیبێژی کوردمان بەسەر لانک دا، بەیت و گۆرانی فۆلکلۆرییان وتووە، ئەمە دێـڕێکی یەکێکە لەو گۆرانییانەیە:
دادێ لانـــــــــــکێ ب هــــــــــــەژێنە
لـۆ کــــوڕێ ســـــاڤـا بـخــــــــــەوێنە

لەم کۆپلە هۆنراوەیەی خوارەوەدا کە (ناوی هۆنراوەنووسەکەیم بەرچاو نەکەوتووە) جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە پێویست دایکانی هۆشیاری کوردمان، هەر بە کۆرپەیی جگەرگـۆشەکانیان بە کوردستان پـەروەری گۆشبکەن.. چاو بە نەخـشەی کوردسـتانی داگیرکراودا هەڵبێنن.. بە کوردستان بێنە گڕوگاڵ، کە گەورەبوون تۆڵە لە داگیرکـەرانی کوردستان بکەنەوە:
خەریـــتەی هەمــوو خـــاکی کوردســـتان
دایـک بە دەرزی و دەزوو و دروومــــان
بكێشــێت لەسـەر سەربێشـــکەی منــــاڵ
هـــەر بـە کوردســـتان بێـتە گــڕوگــــــاڵ
لـە بێشــکەی وایـا چـــاو هـەڵـنەهــــێنێ
درۆیــــە هەســتێ و تـۆڵـــــە بســــــێـنێ
(لانـک) یا (بێشکە) لە هۆنراوەی کوردی دا:
وەکو نموونە لە هۆنراوەی هۆنراوەنووسانی کوردمان لەسەر لانک.. ئەم هۆنراوەیەی شاعیری گەورە و نەمری گەلەکەمان کاک (شێرکۆ بێـەس) م هەڵبژارد، کە لەژێـر ناوی (بێشـکە) دایە.. بڕوانن کە شێرکۆ بێکەس، چەند بە جوانی و ناسکی و شیرینی پەیامە پـڕ لە مەبەست و واتاکەی بە هۆنراوە دۆستانی کوردمان دەگەیەنێت.. شـێرکۆ بێکەس چوار بێشکەی سوور بۆ کۆرپەکـانی کوردمـان لە دار و لە تەختەکـانی ئەو سـێدارەیـە دروست دەکـات کە سەرۆک کۆمـاری کوردسـتان پێشەوای نەمرمان شەهـید قـازی محـەمەد و هـاوڕێکانیان، لە گۆڕەپـانی چـوارچـرای (مەهـاباد)ی پایتەختی کۆماری کوردستان دا پێیان لە سێدارە دران.. شێرکۆ بێکەس چوار بێشکە سوورەکە دەنێرێت بۆ (باکـوور، رۆژهــەڵات، باشـوور، رۆژئـاوای) کوردسـتان.. بێشکەکان دەسووڕێنـەوە و ئەم ماڵ و ئەو ماڵ.. ئەم دەست و ئەو دەست دەکەن لە ماڵەکانی کوردستان دا، نـەوە لە دوای نـەوەی تازەی کورد تێـیان دا، بە بیر و بە رێبازی ئازادی و رزگاریخوازی شەهید قازی محەمەد گـۆش و پەروەردە دەکـرێن.. بێشکە لەم هـۆنراوەیەی شێرکۆ دا، هێـمایە بۆ نەمـری کورد و بـۆ بیری کوردایـەتی و کوردستان پـەروەری.. ئەو پەیامەش بە داگیرکەرانی رەگەزپەرست و نەیارانی کـورد و کوردسـتان دەگەیەنێت.. خەیاڵیان خـاوە، گەر وابـزانن بە لەسێدارەدانی قـازی محـەمەد چۆکیان بە گـەلی کوردمان داداوە، یا بێ هیـوایان کردووین و دەسـتمان لە خەبـات و لە قوربانیـدان هەڵگرتووە.. کورد هەرگیز نامرێت، نـەوە لە دوای نـەوەی تازەی کوردمان پێگەیشتوون و پێـدەگەن، کە درێـژە بە پەیـام و بە رێبـازە پـیرۆزەکەی پێشەوای نەمر قازی محەمەد دەدەن.. لە ئەمـڕۆدا بە هـەزاران تێکۆشەر و دڵسۆزی کوردستان پەروەرمان، کە لە دەرچـووانی قوتابخـانەی کوردایەتی قازی محەمەدن.. گیانبەخشانە درێژە بە خەباتی رزگاری کوردستان دەدەن.. ئەمەش دەقی هۆنـراوەی (بێشـکە)ی کاک (شێرکۆ بێکەس) ی هەمیشە نەمرە:
کە لاشەی ساردی چـواچـرا
وەکوو هێـشووی سەرما بـردوو
لە سـێدارە کـرانەوە،
دار.. بەجـێ ما،
هـەژارانـی سـابڵاخ بردیـان!
زسـتانیش بوو نەیانسووتـان!
لەو دارانـە.. لەو تەختـانە
چـوار بێشکەی سووریـان دروست کـرد؛
لـەو رۆژەوە هەتـا ئەمـڕۆ،
ئەو لانــکانە
هەر ئەگــەڕێن،
ئـەم مــاڵ.. ئـەو مــاڵ
ئـەم دەسـت.. ئـەو دەسـت
وەریـان دەگـرن
ئەی نابیـنی هـەزاران قـازی محەمەد لەسەر لـوتکە وەسـتاون و
چـەک هـەڵـئەبـڕن؟!
کورتە فیـلمی کوردی (لانــک) بۆ منداڵان:
هونەرمەندی لاوی کورمان کاک (زانیار لوتفی) خوێندکاری ماستەر لە بەشی (سینەما) لە زانکۆی تاران، بەرپرسی هونەرە وێنەییەکانیشە لە شاری (سـنە) لە رۆژهـەڵاتی کوردستان، توانایەکی باشی لە دەرهێنانی بواری شانۆ وسینەما دا هەیە.. تا ئێستا چوار کورتە فیلمی بۆ منداڵان بە زمانی کوردی دەرهێناوە، لەگەڵ فیلمێکی دیکۆمێنتاری دا.

کاک زانیار لوتفی بە کورتە فیلمی (لانـک) کە فیلمێکە بە زمانی کوردی بۆ منداڵان، لە شانزەمین فيستیڤاڵی نێونەتەوەیی ساڵانەی (ئیسپانیـا) کە لە (١٦ی/ یانوار/٢٠١٨) لە شاری (بۆرگسی) بەڕێوەچوو، بەشداری کرد.. خـەڵاتی باشترین کـورتە فیـلم و تابلۆی دیپلۆمای فیستیڤاڵەکەیان بە کورتە فیلمی (لانـک) بەخشی.. نیازیش وایە ئەم فیلمە و شەش کورتە فیلمی تر کە بە زمانی کوردین بۆ منداڵان، لە ئەمساڵ دا لە هەشتەمین فیستیڤاڵی فیلمی منـداڵان لە (هیندستان) نمایش بکرێت.. پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە کاک زانیار لوتفی دەکەم و هیوادارم درێژە بە خزمەتکردنی منداڵە بێنازەکانمان بدات.
حەزدەکەم خوێنەرانی ئازیـز ئەوەش بزانن، کە لە بەرواری (٢٩/٦ /٢٠١٤) دا، بابەتێکم دەربارەی (لای لایـە)ی کوردی بڵاوکردەوە، بە ناونیشانی (لای لایە بەشێکە لە ئەدەبی منداڵان) کە چەند نموونەیەکم لە لای لایەی دایکانی کوردمان گوڵبژێرکردووە.
(*) بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم نووسینەم، سوودم لەم سەرچـاوانە وەرگرتووە:
١ـ (لانک) مهد الطفل الکردي ـ دکتور جمشید ابراهیم ـ الحوار المتمدن ـ (٢٠١٢)
٢ـ چەند سایتێکی کوردی.
٣ـ چاوپێخشانێک بە مێژووی ئەدەبی منداڵان ـ رەزا شوان ـ ٢٠١٥ ـ کەرکوک.
٤ـ ئەدەبی منداڵان ـ بە سەرپەرشتی : سەعدوڵڵا شێخانی ـ هەولێر.
٥ـ دیوانی هەژار موکریانی ـ بۆ کوردستان.

رەزا شوان
نەرویــج: ١٥ی/ئـادار/ ٢٠١٨