عەفرین دەسوتێت، چەپ لە کوێیە؟ … ولیام ئایکلر

وا پێدەچێت کورد بێ بەختبن لەوەی کەوتنە بندەستی هێزێکی “غەیرە ڕۆژئاواییەوە”، بۆیە ئازارەکانیان بەردەوامی هەیە.
کورد خاوەنی کۆمەڵێ دروشمی نافەرمییە، یەکێک لەو دروشمانە: “کورد تەنها شاخەکان دۆستیەتی”. ناوە ناوە هاوپەیمانیان لەگەڵ زلهێزەکاندا بەستووە، بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرێت ئەم هاوپەیمانێتییە بە ناپاکی کۆتایی هاتووە، چونکە ئاڵوگۆڕە سیاسێکان بەکەڵکی هاوپەیمانێتی بەردەوامی نایەت. کەمتریش ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە هێزە پێشکەوتوخوازەکان کۆمەکیان بە کورد کردبێت.
هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، دەبوایە چەپی جیهانی لە زۆربەی پایتەختەکان بهێنایەتە سەر شەقام.

دەبوایە خۆپیشاندەران بڕژێنە هاید پارکەوە بە ڕەنگەکانی سور، سپی، سەوز و زەردی ئاڵای کوردەوە، هەروەها بە سرودی ” ئێمە هەموو پەیەدەین ئێستا!” ئاسمان پڕکەن. بەڵام نەکرا، شەقام خامۆشە – چەند چالاکوانێکی کورد نەبێت – بە دەگمەن خەڵکی تریان لەگەڵ دەبینرێت.
ئەم دۆخە بەراوردبکە لەگەڵ خەڵکانێکی تری بێنیشتمان: فەڵەستینێکان. کاتێك هێزی بەرگری ئیسرائیل ( IDF ) غەزە بۆرومان دەکات چەپی ڕۆژئاوا بێ وەستان چەفییەو عەگال لەسەر دەکات و ڕێپێوان دەکات بۆ وایت هۆڵ؛ لە قودس توندو تیژی دەست پێدەکات، دەست بەچێ لە سۆشیاڵ میدیاکانەوە ئیسرائیل مەحکوم دەکرێت.
ئەی بۆچی ئەم شێوەیە لە بێدەنگی، کاتێک کار دێتە سەر کوشتاری کورد؟
دەسەڵاتێکی ئیسلامی نەتەوەگەرای دیماگۆجی، بە ڕابەرایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، هێرشی کردۆتە سەر دەوڵەتێکی بێگانە بە یارمەتی جیهادێکان بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی چەپ، سەرباری ئەمەش دەنگی دیموکراسیخوازانەی خەڵکی کوردیش لە ناوخۆ سەرکوت دەکات.

ئەی کوا توڕەیی!؟

پێشتر لەسەر کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل نووسیومە. چەپیش زۆر هاوسۆزە لەگەڵ کێشەی فەڵەستینێکان، چونکە وەک قوربانیەکی وڵاتە ڕۆژئاواییەکانی سەیردەکرێت، وە ئیسرائیلیش بە پاڵپشت و هەژمونی ئیمپراتۆریەتی ڕۆژ ئاوا درووست بووە.
لەم ساڵانەی دووایدا گۆڕانکارییەک لە دێدگای چەپی ڕۆژئاوا ڕوویدا بەوەی سەرنجیان زیاتر چووە سەر دژیاتی کردنی ئیمپریالیزم و ڕەیسیزم، گۆڕانێک لە چینایەتییەوە بۆ شوناسی سیاسی، هۆکارەکەش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ئیسرائیل وەک شوناسی ڕۆژئاوا سەیردەکەن بۆیە کێشەی فەڵەستینیان وەک سەکۆیەک بەکارهێنا دژ بە ڕاسیزم و تیرۆر. لێرەوە شەڕ لە دژی تیرۆ دەبێتە هۆکاری نەبینینی دیمەنەکانی تر.

بەهەرحاڵ، من لێرەدا دەمەوێت ئەوە بخەمە بەرچاو، بۆچی میلەتێکی زۆری وەک کورد لە جیهاندا کە تا ئێستا بێ دەوڵەتە، هەمان مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت؟
پێم وانییە کێشەکە ڕێکنەکەوتنی ئایدیۆلۆجی بێت. بزوتنەوەی کوردی وەک ئەوەی ئێستا لە تورکیا و سوریا هەیە ( نەک عێراق) بزوتنەوەیەکی زۆر پێشکەوتوخوازانەیە لە ناوچەکە. لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە زۆرتر تەبان لەگەڵ دێدگای چەپ بەبەراورد بە کۆمەڵەی حەماس و حیزبوڵا، بە پێی ئەو جێگاو ڕێگایەی کە هەیانە دژ بە ئیسرائیل، شوێنێکی تایبەتیان هەیە لای بەشێک لەو چەپانەی کە خۆیان بە ” دژی ئیمپریالیزم” دەزانن.
عەفرین، گۆڕەپانی شەڕی ئەردۆگان، باکوری سوریا یان کوردستانی ڕۆژئاوا ( ڕۆژئاڤا). لێرە پارتی یەکگرتوی دیموکرات PYD هاوڕێبازی پارتی کرێکارانی کوردستان ( PKK ) کە لە تورکیان، لەگەڵ هەردوو باڵی چەکدارییان YPG و YPJ پیادەی دیموکراتیەتی ڕاستەوخۆ دەکەن لە ژێر ئاڵای کۆنفیدراڵییەتی دیموکراتیدا.

ئەم بیرۆکەیە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە داڕێژراوە ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ئێستادا لە زیندانەکانی تورکیا زیندانی کراوە. بنەڕەتی ئەم تیۆرە لە ئەنارکیستی ئەمریکی (مورایی بۆکچین)ەوە وەرگیراوە کە شێوەیەکە لە سۆشیالیزمی ئازادانە کە چەخت دەکاتەوە سەر کۆمەڵگەو بنەما دادپەروەرێکەی، لەگەڵ هەوڵدان بۆ کۆتایی پێهێنان بە باوک سالاری لە پێناو بنیاتنانی دونیایەکی باشتردا.
ڕەخنە گران پێیان وایە ئەم بانگەشەی دیموکراتییە پەردەیەکە بۆ داپۆشینی بانگێشەی سەربەخۆیی کوردی. هەروەها پێیان وایە لە ژێر دروشمی یەکسانیخوازیدا بەرنامەیەکی نەتەوەیی کۆنەپەرستیان حەشاردراوە.

ڕەنگە.

ئاسان نییە بزانرێت چی لەسەر زەمینی شەڕ دەگوزەرێت، وەهیچ ڕێکخراوێکیش نمونەیی نییە. گریمان ڕەخنەگرەکان لەسەر حەقن، بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێت کەوا پارتی یەکێتی دیموکراتی زۆر پێشکەوتوخوازترە لە هەموو جیهادێکانی داعش کە شەڕیانیان کرد، هەروەها لە خوێن ڕێژەکەی دیمەشق و پارێزەرانی ئاین لە تەهران و ئەردۆگانی سەرکوتگەر. زەحمەتیش نییە لەوە تێبگەیت کێ خاوەنی مافێکی ڕەوایە.
بەهەرحاڵ، لای زۆرێک لە چاودێران ئاکامەکەی بۆ خاڵێک دەگێڕنەوە ئەویش ئاڵۆزی شەڕی ناوخۆ لە سوریا و پەیەدە وەک هێزێکی ئۆپزسیۆن لەناو ئەو هاوکێشەیەدایە. پەیەدە لەگەڵ هێزەکانی دیموکراتی سوریا(SDF) ئەم هێزە هاوبەشە لەلایەن یەپەگە و یەپەژەوە بەڕێوەدەبرێن کۆمەڵێک ڕێکەوتنیان کردووە دوواینیان (لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد) بوو، هەروەها یارمەتی و هاوکاریشی لەهێزەکانی ئەمریکاوە وەردەگرت.

پێناچێت ئەمەبێت.

لەڕوانگەی بەشێکی ترەوە پێیان وایە کورد هاوکاری هێزی نەیتۆ دەکات بە قازانجی ڕۆژئاوا بۆ بێهێزکردنی هێزی بەرگری کە خۆی نیشان دەدات لە یارمەتێکانی ڕووسیاوە، تا تەهران و دیمەشق و خواروی لوبنان.
هەندێک ڕاستی تێدایە. هێزی سوریایی دیموکرات، بنکۆڵی ئەسەد دەکات، هەروەها ڕێگرە لە پێش خەونەکانی پۆتین لە ناوچەکە و بە شێووەیەکیش قەڵەم ڕەوی ئێران پڕ گرێ و گۆڵەتر دەکات.
بەهەر حاڵ، بیانوویەک هەیە بۆ ڕێگرتن لە ڕوخانی دەوڵەتی سورییە، بیرکردنەوەیەک لەپشتی ئەمەوە هەیە کە پێی وایە هەر هێزێک پشتیوانی لە ئەسەد دەکات وەک هێزێکی پێشکەوتوخواز دەردەکەوێت چونکە شەڕی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواو هەژمونی وەهابیزم دەکات.
بەرەی مۆسکۆ، تەهران و دیمەشق هاوپەیمانی هیچ هێزێکی تری یەکسانیخواز و بەرەی چەپ نین. لەو بارەوە پرسیار لە خەڵکی گۆتەی ڕۆژهەڵاتبکەن.
ئەگەر جیۆپۆلەتیک بخەینە لاوە، هۆکاری تریش کە بیری لێبکرێتەوە. وەکو ڕۆزا بۆرک و کیریم شامبۆرگ لە پێگەی جاکۆبیان ئاماژەیان پێدا، ئەو هاوپەیمانێتیە تاکتیکییەی لەگەڵ سوپای ئەمریکیدا مانای ئەوە ناگەیەنێ کە ناوەڕۆکی بەرنامەی پەیەدە گۆڕانی بەسەردا هاتبێت. پنتاگۆن دەستێوەردان ناکات لە کاروباری ناوخۆی کوردەکان. ترامپیش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا نییە، ڕەنگە هەر هیچیشی لەبارەوە نەبیستبێ.

با ئەوە قبوڵ بکەین ئەو بارو دۆخە تێک ئاڵاوەی سوریا وایکردووە بەشێک لە چەپ بێدەنگی هەڵبژێرن سەبارەت بە کێشەی کورد. لە بارودۆخی شەڕدا هەندێکجار زەحمەتە زاڵم و مەزڵوم لێکجیابکرێنەوە، بەڵام هەموو ئەمانە ئەوە ناگەیەنێت کەوا هاوپشتی کوردەکان نەبیت.
لە تورکیا، پارتی دیموکراتی گەلی کەوتە بەر شاڵاوی سەرکوتکردن لەلایەن دەسەڵاتەوە پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سێزدە کورسییان بەدەست هێنا لە مانگی حوزەیرانی 2015، کە هۆکارێک بوو بۆشێواندنی پلانەکانی ئەردۆگان سەبارەت بە سیستمی سەرۆکایەتی.
پاش دەرکەوتنی بزوتنەوەی مافەکانی کورد لەگەڵ ناڕەزایەتێکانی پارکی گازی لە ئیستانبوڵ، سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی گەلی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگان یۆکسکداش و دەیانی تریان کەوتنە بەر شاڵاوی زیندانیکردن. ئەم سەرکوتکردنەش بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی تورکی توندتر بووەوە بەتایبەت پاش کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016.

لە پڕ سەرکوتی دادگایی گۆڕا بۆ سەرکوتی توندتر. لە 2015 شەوە پرۆسەی ئاشتی هەرەسی هێنا کە بڕیار بوو کۆتایی بهێنێت بە ململانێی چل ساڵەی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی دەسەڵات دەیویست دۆخەکە بەتەواوی بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە.
کارە دوژمنکارەکان وایان کرد سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سیڤیل لە جێگاو ڕێگای خۆیان هەڵبکەنرێن لە نێوان ساڵەکانی 2015 و 2016 دا وە 250 کەسیش لە خەڵکی بێ چەک بکوژرێن لە خواروی ڕۆژهەڵاتی تورکیا. جارێکی تریش چارەنووسی کورد بە بێدەنگی بەڕێ خرا لە لایەن بەرەی چەپەوە.

ئەم هاوپشتی نەکردنە کە پێشتریش ئاماژەم پێدا، بەڕای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا کورد قوربانی دەستی هێزێکی ” غەیرە ڕۆژئاواییە ” بۆیە ئازارەکانیشیان بەردەوامە. ئەوە گرنگ نییە کەوا تورکیا ئەندامی هاوپەیمانی نەیتۆیە، یان دەیەوێت بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە، یان بەتەنها دەوڵەتێکی سەرکوتکەرە و خەون و ئارەزوی ئیمپراتۆریانەی هەیە و مێژویەکیشی هەیە لەسەرکوتکردنی نەژادەکانی نێوخۆی.
ئەم دۆخە بۆ زۆرێک لە چەپەکانی ڕۆژئاوا جێی سەرنج نییە، بۆیە قوربانێکانیش ناکەونە بەرچاو.


وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

20/3/2018
ئەم وتارە لە
23-2-2018 نووسراوە.

—————————————–
ولیام ئایکلر:
ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆیە و لە وڵاتی بەریتانیا دادەنیشێت. هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ڕۆژهەڵات ناسیدا.
ڕۆزا بۆرک – Rosa Burç
توێژەرە لە پەیمانگای زانستە سیاسێکان و زانستی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی بۆن.
کیریم شامبۆرگ- Kerem Schamberger
توێژەر لە بواری زانستی پەیوەندێکان و میدیا لە پەیمانگای لۆدفیگ ماکسمیلیان لە میونیخ، وە ئەندامی چەپی مارکسییە.
جاکۆبیان – Jacobin
پێگەیەکی میدیایی چەپە لە ئەمریکا.

سەرچاوە:
https://www.opendemocracy.net/north-africa-west-asia/william-eichler/as-afrin-burns-where-is-left




موسڵ شاری مردو و نهێنیەکان … نوری بەشیر

جیهان هات و هاواری ئەمریکاو هاوپەیمانییە غەربی و ناوچەییەکانی باش بیست لەپرۆسەی ئازادی موسڵدا، ئایا موسڵ لەکێ رزگار کراو کێ جێگرەوەیەتی ئێستا، ئایا رزگارکردنی موسڵ بۆ ئەوە بوو کە هێزێکی دڕندەی وەک داعش لەو شارەدا نەهێڵن و خەڵکی موسڵ بۆ ژیانێکی باشتر لەکۆیلایەتی دەوڵەتی خەڵافەتی ئیسلامی بەرن یان بۆئەوە بوو خەڵک توشی ئەو هەلومەرجە ترسناکەی ئێستا بکەنەوە؟ راستیەکان و دیوە شاراوەکانی موسڵ شتێکی تر دەڵێت. ئەگەر بانگەوازی پرۆسەی ئازادی موسڵ و جەنگێک کە لەوێ بەڕێخراو چەکێک لەوێ تاقی کرایەوە و هێزەکانی داعشی لەو شارە وەدەرنا، ئێستا بە ئاوڕدانەوەیەک لەموسڵ و هەلومەرجی ژیانی ئەو شارەو خەڵکەکەی و وەزعی سوریا و عەفرین و لیبیا و یەمەن و… دەمانخاتە بەردەم ئەوەی کە دنیای سەرمایەداری بازرگانی بە ئینسانەوە دەکات و بۆ ئەمەش سیناریۆیان زۆرە بۆ بێهۆش کردنی کۆمەڵگە، بۆیە دەبێ بەشوێن رێگا چارەیەکی تری ئینسانیدا بگەڕێین.

مەبەست لەپرۆسەی ئازادی موسڵ چی بوو؟

مەسەلەی پرۆسەی ئازادی موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی پاردا کۆتایی هات لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانە جیهانی و ناوچەییەکان و حکومەتی عێراق و هەموو باڵە جۆراوجۆرەکانی حزب و میلیشیا شیعەکان و بەتایبەت حەشدی شەعبی و تا دەگاتە حزبە ناسیونالیستە کوردیەکان لەدەست هێزەکانی داعش، ئەوەندەی هەریەکە لەو هێزو لایانانە بەشوێن بەرنامەو سیاسەتی خۆیان و خۆ ئامادەکردن بۆ دوای پاکرنەوەی ئەو شارەوە بوون لەداعش، بۆ هەلومەرجی جێگا گرتن و شکاندنی بەرامبەرو چاڵ هەڵکەندن بۆ لایەنەکانی تر ئەوەندە بۆ رزگارکردنی خەڵکی موسڵ نەبوو لە وەحشیگەری و بەرنامەو سیاسەتی هێزەکانی داعش کە هەیبوو لەموسڵ و دەوروبەریدا.

با سەرنج بدەینە راستی کارنامەو سیاسەت وئامانجی هەریەکە لەو ‌هیزو لایەنانە لەموسڵدا. ئەمریکا بەدوای شکستی سیاسی و سەربازی لەعێراق و دواتر لەسوریادا، جەنگی موسڵ بۆی فرسەتێک بوو تا لەو رێگایەوە باڵانسی هێز بگێرێتەوە رۆڵی ئێران و روسیا، لە سوریادا بشارێتەوە… بۆ تورکیا و ئێرانیش هەریەکەیان بەشوێن ئەجیندانی خۆیانەوە بوون کەچۆن نفوزو دەسەڵاتیان لە عێراق و ناوچەکەدا بەرنە سەرو لەوێوە دەستێوەردان و رۆڵی خۆیان پەرە پێبدەن. بۆ حکومەتی عەبادیش جەنگی موسڵ ئەو نیعمەتە بوو تا لە ڕێگایەوە سەرکەوتنی ململانێی ناو خانەوادەی ئیسلامی سیاسی شیعی لەبەرامبەر نەیارەکانی و بەتایبەتی مالیکییدا، نیشان بدات، هاوکات وەک هێزی یەکەم بێنە دەرەوە و دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا بەرەو مەرکەزەت پەلکێش بکەن… لەو نێوەشدا کورتکردنەوی دەستی ناسیونالیزمی کورد و کەم کردنەوەی تواناییە ئابوری و سەربازی و سەرەڕۆییەکانی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی ئامانجێکی تریان بوو… تا بە هێرش بۆ سەر کوردستان و داگیرکردنی کەرکوک و کۆنترۆڵکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان بێت، لەچوارچێوەی ئەم بەرنامەیان دابوو… دیارە هاوکاری ئێران و سازشی باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ ئێران و عەبادی و حەشدی شیعی کە هەدەفی لوت شکاندنی پارتی بوو بۆ ئەوەی تۆڵەی ٣١ی ئاب و بکەنەوە، توانی نەخشەکەی عەبادی خێراتر بکات…

تا بە حزبە دەسەڵاتدارەکانی حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە لە پارتی و یەکێتی لەوەی ناوی پرۆسەی ئازادی موسڵ بوو، بەجیا لەوەی کە پارتی وەک هێزێکی کۆنترا بڕی ٤١٢ ملیۆن دۆلاری وەرگرتبوو بەپێی رێکەوتنی ئەمریکاو حکومەتی عەبادی، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە دوای ئازادکردنی موسڵ لەو ناوچانە بگەڕێنەوە، وە یەکێتی لەبەرامبەر هەلومەجی چەند پارچەیی و ململانێی نێوخۆیی و پاشکۆیی بۆ سیاسەتەکای پارتی، هەلومەرجی شەڕی دژی داعش چۆن بۆ پارتی یانسبێک بوو بۆ یەکێتیش بەهەمانشێوە لەناوچەکانی کەرکوک و دەوروبەی، بەڵام ئەم شایی و لۆغانەیان زۆری نەخایاندو حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە ئازادکردنی موسڵدا سەرکەوتووی یەکەم بوون، ئیتر بۆ ئەمریکاو تورکیا و ئێرانی هاوپەیمانانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی مەسەلەی یەکپارچەیی خاكی عێراق و گرنگی حکومەتی ناوەندی، خۆری ناسیونالیزمی کوردی ئاوا کردو پەنجەمۆرەکانیان کە لە ٢٠٠٣ دایان لە حکومەتی قەومی عەرەبی لەچوارچێوەی فدراڵیزمی قەومی و تایفی عێراقدا ئێستا باجەکەی نەک تەنیا خۆیان دەیدەن بەڵکو خەڵكی کوردستان بەگشتی ئەو باجە دەدەن و بوونە قوربانی سیاسەت و کارنامەی حزبەکانی کوردایەتی.

ئێستا کوردستان هەلومەرجێکی سەختی بێ حکومەت و بێ دەسەڵات و بێ یاسا بەسەر دەبات و هەموو حزبەکان بەئۆپۆزسیۆنی کۆن و تازەوە ملیان بەرەو بەغداد شۆڕکردوە بۆ جێگاگرتن لای حکومەتی عەبادی و باقی حزبە میلیشیا شیعەکان .

شاراوەکان و هەلومەرجی ئێستای موسڵ:

لەم هەموو ئاڵوگۆڕە خێراو جۆراوجۆرەدا، کە بۆرژوازی و میدیاکانیان هەر رۆژەی کارەسات و کۆمەڵکوژیەک دەکەنە نسیبی خەڵک و کردنی زۆر مەسائیل بەمەسەلەی رۆژ و دانانی لەلای سەرەوەی میدایاکاندا، لەگەڵ ئەو هەموو تەپڵ کوتانەی پرۆسەی ئازادی موسڵدا، بەڵام ئێستا موسڵ وەک شارێکی کەلاوەو جێگای مردوەکان بەشاراوەیی و بێدەنگی پەردەی بەسەردا دەدرێت، ئەگەرچی هەلومەرجی خەڵکی عێراق و کوردستان بەگشتی خراپە، بەڵام ئەوەی دوای پاکردنەوەی موسڵ لە چەکدارانی داعش لەو شارەدا دەگوزەرێت و باسی ناکرێت، تراژیدی ئینسانییە، لێرەدا ئیشارەت بەهەندێک لە نهێنیەکان و شاراوەکانی هەلومەرجی غەیرە ئینسانی ئەو شارە دەدەین.

موسڵ و جەنگی مردوەکان :

شاری موسڵ و هەندێ لەشارەکانی دەوروبەری چ لەسەرەتای دەسەڵاتی داعشدا کە سیمای مەدەنیەتی کۆمەڵگەیان پێوە نەما وە بەدەیان قەبری بەکۆمەڵ لەخەڵكی موسڵ لە ژن و مناڵ و پیریان ئەنجامداو کۆیلەتی جنسیان سەپاند، ئەوا لە جەنگی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیدا، ئەو شارە بەتەواوی کاولکراو ئێستا هیچ سیمای کۆمەڵگە و شارێکی پێوە دیار نەماوەو بەشاری کەلاوەو جەنگی مردووەکان ناو دەبرێت، کەبە هەزاران لاشە هێشتا لەژێر داروپەردوی خانوو باڵەخانەی داڕماو و باخچەو ناو ماڵەکاندایە کە بە تۆپبارانی هەوایی و زەمینی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی روویداوە، کە خەڵکەکە وەرس بوون لەبۆنی لاشەی مردوو لەدەوروبەریان و رۆژانە لاشەی چەند نەفەر و بەکۆمەڵ دەدۆزرێتەوەو خەڵک سەرەڕای نەبوونی ئاو و کارەبا ترسی جۆرەها نەخۆشیان هەیە بەهۆی لاشەی مردوو و بۆنی زۆری لاشەکانەوە.

هەندێ لەو کەسانەی گیانیان دەربازکردوە لەو شارەداو شایەت حاڵن باسی ئەوە دەکەن زۆرێک لە ناو ماڵ و باخی حەوشەکانیاندا لاشەی کەسوکارو مردوەکانیان لەترسی تۆپباران ناشتوەو کراون بەژێر کەمێک خۆڵەوە. کەسێک باسی ئەوە دەکات کە خۆی بەدەستی خۆی ٥٠ تا ٦٠ لاشەی بەکۆمەڵی لەوکاتەدا کردووە بەژێر گڵێکی کەمەوەو ئێستا بۆنی ئەو مردوانە گەڕەکی هەراسان کردوە و شوێنی ژیان نەماوە بۆ خەڵكەکەی. یەکێکی تر لەو کەسانەی لەرێکخراوەکان کار بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانی لاشەی مردوەکان دەکات، دەڵێت تەنها تا ناوەڕاستی مانگی جەنیوەری ٢٥٨٥ لاشەیان دەرهێناوە، بەڵام سەدان لاشەی مردوی تر لەبەرئەوەی لەقوڵایی ژێر دارو پەردوی خانووە روخاوەکاندان یان لەترسی زۆری چەک و تەقەمەنیەک کە هی داعش بوون و ماونەتەوەو زۆرێکی بۆ تەقاندنەوە دانراون ناتوانن لاشەکان دەربهێنن. حکومەتی عێراقیش گوێ بە بۆن و کاریگەرییە زیانبارەکانی ئەو لاشانە نادات، کەبووەتە خەتەرێکی گەورە لەسەر خەڵکی. دەسەڵات هێندەی بەدوای داسەپاندنی دەسەڵات و کاری ئەمنیەوەیەن، چارەکی ئەوە بەشوێن وەڵامدانەوەو چاکردنی سەختی ژیانی خەڵكی شاری موسڵەوە نین..

زۆرێک لەماڵەکان بۆ پاکردنەوەی ماڵ و گەڕەکەکانیان لەمردوەکان بەناچار مردوەکان ناسراو بن یان نا دەسوتێن لەترسی بۆن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ئاو و هەوای ناوچەکەیان. هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە بەکۆی گشتی دەیان هەزار لە ژن و منداڵ و پیر دیار نین… بەپێی هەواڵی جیاواز لەپرۆسەی ئازادی موسڵدا لەماوەی ٩ مانگدا تەئکید لە کوژرانی ١١ هەزار کەس دەکرێتەوە، بەڵام هەواڵەکان شتی جیاوازو زیاتر تاکید دەکەنەوە، ئەوە جیا لەوەی لە ریزی ملیۆنی ئاوارە بەهەمان شێوە زۆرێک لەکەمپی جۆراوجۆری پڕ کردووە کەچاوەڕێی خێرو خێرات و دەستی رێکخراوە خێرخوازیەکانی جیهان دەکەن.

موسڵ شارێکی وێرانە:

سەرەڕای ئەوەی موسڵ بۆتە شاری مردووەکان و جەنگ بۆ دۆزینەوەی مردووەکان لەو شارەدا بەردەوامە. ترسی نەخۆشی بەربڵاو دەکرێت بەهۆی لاشەیەکی زۆری ژێر زەوی، قسە لەوە دەکرێت کە بۆ ئەوەی شار پاک بکرێتەوە لە چەک و تەقەمەنی ترسناکی ژێر خاک و خۆڵی باڵەخانەو ماڵ و شوێنە حکومیەکان ئەوە چەندین ساڵی دەوێت بۆ پاکرنەوەی، ئەمەش ترسێکی زۆری هەیە. بەپێی قسەوباسی رێکخراوی کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنی، بە هەزاران تەن لەو چەک و تەقەمەنیانە کە لەسەردەمی داعشەوە کە زۆرێکی بۆ کاری خۆکوژی و تەقاندنەوە ئامادەکراوە لە مەخزنەکاندا ماونەتەوە. بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لابردن و پاکردنەوەی ئەو شارە لە تەقەمەنی پێویستی بە زیاتر لە ١٠ ساڵ هەیە کە پسپۆڕێکی هەڵگرتنەوەی ئەڵغام سەر بە UN لە ١٤/٢/٢٠١٨ دا دەڵیت ئەو تەقەمەنیانەی کە هێشتا لەموسڵدا هەن و نەتەقاونەتەوە شارەکەیان داگیر کردووە کە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوەو یەک ملیۆن کەس لەو شارەدا دەکەونە بەر خەتەری ئەو چەکانە.

بێرد لودهامر مدیری کاروباری ئەڵغامە لە UN دەڵێت سێ بەشی ئەو تەقەمەنیانە لەژێر داروپەردوی روخاودان. لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە جنێف ئیشارەی بەوەدا کە پاکردنەوەی رۆژئاوای موسڵ زیاتر لە دەیەیەک دەخایەنێت. هەروەها دەوترێت ئەو شارە پێویستی بە ٤٠ هەزار خانوو هەیە کە دروست بکرێتەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی منداڵان – یونسێف ئەو هەلومەرجە وایکردووە کە ٧٥٠ هەزار منداڵ بێ بەهرە بن لە خزمەتگوزاری تەندروستی. ئەم رێکخراوە لە ٦ فێبریوەری ٢٠١٨ دا لە بەیانێکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند ئەو ژمارەیە لەمنداڵان لەموسڵ و دەوروبەریدا بێبەشن لە خزمەتگوزاری و پێداویستی تەندروستی و ترسی زۆر لەنەخۆشی هەیە بەهۆی پیسبوونی ژینگەو ئاو و ئاوەڕۆوە.

نوێنەری یونسێف لەعێراق بیتەر هوکینز دەڵێت، ناوەندە تەندروستییەکان لە ٢٠١٤ وە تاکو کۆتایی شەڕی موسڵ لەبەردەم هێرشدا بوون و نزیکەی ٦٠ بنکەی تەندروستی کاولبوون؛ ئەمەش خەڵکی ئەو ناوچەیەو بەتایبەتی منداڵان و ژنان و بە تایبەتی ژنی حامیلەی لەبەردەم خەتەردا داناوە و ئێستا ئەو شارە لەبەردەم کەمی خزمەتگوزاری تەندروستی و داو و دەرماندایە، وە باس لەوە دەکات ئەوەی لەنەخۆشخانەکانی موسڵ بینویەتی زۆر جێگای نیگەرانییە.

پێشێلکاری مافی مرۆڤ بەردەوامە لەموسڵدا:

هەروەک چۆن پێشێلکاریەکان بەرامبەر بەخەڵكی مەدەنی لەموسڵدا لەلایەن داعشەوە بەوپەڕی نائینسانیانە لەکوشتارو دەستبڕین و کۆیلەی جنسی و فرۆشتنی ژنان و بەکارهێنانی منداڵان بۆ کوشتار وخۆتەقاندنەوە ئەنجامدەدرا، ئێستاش بەجۆرێکی تر ئەو کارنامەیە لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە دەڕواتە پێشەوە، بەپێی راپۆرتەکانی یەكێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ Human Rights Watch پێشێلکاریەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو درێژەی هەیە.
لە موسڵدا بەکردەوە هیچ دەسەڵاتێکی حکومی!! نییە، ئەوەی هەیە دەسەڵاتی ڕەشی حەشدی شەعبییە. خەڵک بەدەست دەیان دەردو کوێرەوەرییەوە دەناڵێنن… بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری ئاو و کارەباو رێگاوبان و دەست نەبردنی خێرا بۆ پاکردنەوەی ئەو شارە و لابردنی مردوەکان، ژیانی خەڵکی لە کارەساتدا راگرتووە، حوکمی زیندان و کوشتن بەبێ یاساو راگواستنی خەڵکانێک کەکەسوکاریان داعش یان هاوکاری داعش بوون، بێداد دەکات.

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لەموسڵدا:

ناڕەزایەتیەکی زۆری دانیشتوان و کەسانێک کەتازە دەگەڕێنەوە لەئێستادا لەشاری موسڵدان هەیە بەدژی نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکاری و ترسی فەزای نەخۆشی و بۆنی مردوو کاروکردوەی نائینسانیانەی حەشدی شەعبی… بەجیا لەوانەش خۆپیشاندانی کرێکارانێک کەبەعەقد کاردەکەن لە دائیرەی تەندروستی موسڵ لە ٤/٢/٢٠١٨ دا بۆ دانی موچەکانیان لەو ماوانەی پێشوداو داوادەکەن بخرێنە سەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی، وە ناڕەزایەتی بە نەدانی موچەی کارمەندێکی زۆر بەبیانوی جۆراوجۆری نەبوونی لیست و مەسەلەی ئەمنی. بەڵام دەسەڵات لەبری وەڵامدانەوە بەخواستەکانیان خەریکی پیاچوونەوەی ناوەکان و خەڵكەکەیە تا بزانێت کێ سەر بەداعش بووە.

دزی و گەندەڵکاری لە کار بۆ پاکردنەوەی موسڵ:

ئەگەرچی دیار نییە کە بڕێکی گونجاو و پێویست تەرخان کرابێت بۆ پاکردنەوەو بیناکردنەوەی ئەو شارە، بەڵام هەروەک هەلومەرجی عێراقی ژێر دەستی میلیشیا شیعەکان و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی، کە بەجیا لەگەندەڵکاری و دزی و کاری مافیایی، لەموسڵیش هەمان شت حزبە میلیشیاکان خۆیان ئامادە دەکەن لەرێگای سەرمایەدارو کۆمپانیاکانی سەر بەخۆیانەوە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانەی موسڵ وەرگرن و بەئارەزوی خۆیان گەندەڵکاری و دزی تێدا بکەن هەروەک ئەوەی تا ئێستا لە عێراق و کوردستاندا بەڕێوە چووە.

بەڵێنێکی نێو دەوڵەتی کەپێش هێرشی سەر موسڵ دابوویان، لە کۆنگری یارمەتی بۆ چاکسازی عێراق کە لەم مانگەدا لە کوێت بەسترا و ماوەی ٣ رۆژی خایاند پاشەکشەی زۆری پێوە دیاربوو کە پێشتر بڕیاری ٨٨ ملیار دۆلاریان دابوو، بەڵام توانرا تەنها ٣٠ ملیار کۆبکرێتەوە کە دەکاتە لەسەدا ٣٧ی ئەو بڕە، ئەمەش نەک بەشی موسڵ ناکات و نایدەنە موسڵ، بەڵکو خەڵکی عێراق ئەبێت بۆ بیناکردنەوەی عێراق هەر لەچاوەڕوانیدا بن.

ئەمانەی لێرەدا باسکران درێژەی تراژیدیایەکی ئینسانییە لەشاری موسڵداو گۆشەیەکی بچوکە لەو مەرگەساتەی کەخەڵکەکەی لە ٢٠١٤ وە بەدەستیەوە دەناڵێنێت وە ئایندەیەکی رۆشنێش نابینرێ. رێگا چارەی خەڵکی عێراق و کوردستان بەموسڵیشەوە وشیاری و رێکخراوبوونی سۆشیالیستیانەی خەڵکە و خۆ جیاکردنەوەیە لەسیاسەت و بەرنامەی ئەحزانی قەومی ئیسلامی.

مارسی ٢٠١٨




لەژێر دووکەڵێکی ڕەشدا … عەبدوڵڵا سلێمان )مەشخەڵ(

لەژێر دووکەڵێکی ڕەشدا…
چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە لەتاریکترین ڕۆژەکانی ژیانم….

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….مەشخەڵ




نەورۆزی کورد .. کۆنترین وگەورەترین و جیهانیترین جە ژنی مرۆڤایەتییە


نووسینی :
دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
١٠/٣/٢٠١٨
– زانکۆی سەلا حەدین /هه ولێر

———————————————

جەژن زۆرن لە جیهان ..جەژنی جیهانی و ئاینی وجەژنی نەتەوەیی و جەژنی کلتوری ودەوڵەتی جەژنی عەشیرەتی و ڕێکخراوەیی وزۆر جەژنی تر ، بەڵام ؛ هیچیان ئەوەندەی جەژنی نەورۆز کۆن و جیهانی نین .
هه روەها هیچ میللەتێکیش ئەوەندەی کورد بە بەڵگەی مێژوویی و جوگرافی و کلتوری و نەتەوەیی بۆ خاوەندارییەتی ئەم جەژنە بە ڵگەی بەدەستەوە نیە !کەچی دواجار بە هۆی – بێ ئاگایی و بێ دەوڵەتی کورد – ئەم جەژنە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر بنە مای ناڕاست وەک- جەژنێکی ڕیشە ئێرانی !!- لە کاتی بە جێهانی کردنیدا بە فەرمی بە جیهانی ناساند ، هه ر لە م کاتە شدا ترکیاو ئەفغانستان و پاکستان بە توندی ناڕەزاییان دەربڕی ودژی ئیران و هه ریەکەیان خۆیان بە خاوەنی ئەم جەژنە دەزانی ! وەزیری دەرەوی ئەفغانستان بە ناڕەزاییەکی زۆرەوە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە جێهێشت و واژۆی لە سەر بڕیارە کە نە کرد ، ئەم ناتەبایی و ناکۆکیە هه تا ماوە یەکی زۆر راگەیاندنە کانی ئەم وڵاتانە و چەند وڵاتێکی تری گرتەوە.
ئەم چەندو چۆنە گەرمە لە نەتەوە یەکگرتووکان لە سەر خاوەندارییەتی نەورۆزدەکراو خاوەنی ڕاستە قینەشی – کورد – بێ ئاگاو بێ هه ڵوێست بوو .!!

مێژووی نەورۆز

هه موو شارەزاو پسپۆرانی مێژووی کۆن و شوێنەوارو کلتورو شارستانیەتی سۆمەریەکان ، لە سەر ئەوە یەکڕان کە جەژنی نەورۆز هه مان جەژنی – زەگمەک – ی سۆمەریەکانەو پەیوەستە بە داستانی گەورەی – ئیننەناو دەمموزی – کە دواجارزۆرتر بە – داستانی تەموزو عەشتار – دەناسری لە لێکۆلینەوە زانستیەکانی پسپۆران ، پسپۆرانی هه موو جیهان .
سۆمەرییەکان کێن ؟
سۆمەریەکان خاوەنی کۆنترین و پێشکەوتووترین شارستانییەتی مرۆڤایەتین ، ئەم سۆمەریانەش بەڕای زۆرترین و گەورەترین پسپۆرانی سۆمەریناس ئەوانە ن لە کوردستان و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس سەریان هه ڵداوەو بەردەوامی مرۆڤە هه رەکۆنە کانی کوردستانن ، کە بە – زاگرۆس -ی و -برادۆست – ی و- شانەدەر- ی دەناسرێن . لیکۆڵەران ، هه رلێکۆڵەران ئەوە دەسەڵمێنن کە یەکەمین کشتوکال لە هه موو جیهاندا–کشتوکاڵی ئەشکەوتی شانەدەرە – ئەوەی بە کشتوکاڵی – گوندی زاوی جمی – زەڤیا چەمێ – ناسراوەو زەمە نە کەی بۆ زیاتر لە ١٥ تا ١٢ هه زار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە ، لێکۆڵەران سەرهه ڵدانی داستانی تەموزو عەشتاریش هه ربۆ ئەو زەمە نە دە گێڕنەوە . کشتوکاڵیش شادەماری پێشکەوتنی مرۆڤ و شارستانیەتەکەیەتی کە بەم شێوەیە ی خوارەوە گۆڕانکاری بەسە رداهاتووە و بەرەو پێشەوە چووە :

یەکەم :کشتوکاڵی بارانیی ئە شكيوت ، ئەشکەوتی شانەدەری گوندی زەڤیاچەمێ –زاوی جمی – کە زەمەنی سەر هه ڵدانی بۆ( ١٥ تا ١٢ هه زارساڵ پێش زایین) دەگەڕێتەوە .
دووەم : کشتوکاڵی بارانیی گوند- گوندی چەرموو- کە بۆ٧ تا ٩ هه زار ساڵ پێش زایین و گوندی – بێستان سوور – ی تازەدۆزراوەی شارەزوور کە زەمەنەکەی بۆ( ٩ تا ١٢ هه زارسال پێش زایین) دەگەڕێتەوە .

سێیەم : کشتوکالی بارانیی شار – کشتوکالی بارانیی شاری هه ولێر – کە زەمە نە کە ی بۆ( ٧ تا ٦ هه زار ساڵ پێس زایین) دەگەڕێتەوە .
چوارەم : کشتوکالی ئاودێری شار– کشتوکالی ئاودێری شاری ئوور – ی خوارووی ئەمڕۆی ئێراق کە زەمە نە کە ی بۆ( ٤ هه زارساڵ پیش زایین) دەگەڕیتەوە پاش ئەوەی کە بە شێک لە سۆمەریەکان دەچنە خواروی ئیراق وقۆناغی دووەمی شارستانیەتەکەیان لەوێ دەست پێدەکەن .
ئەم بەردەوامی و پێشکەوتنەی کشتوکال بەردەوامی بە شارستانییەتی باپیرانی سۆمەرییەکان و سۆمەرییەکان خۆی داو لە هه موو ڕووێکەوە گەشەێ پیکرد و ئەم گەشە کردنەش هاو تەریب بوو لە گەڵ بەردەوامی ئایینی شانەدەریەکان کە بۆزیاترلە ٦٠ هه زارساڵ پیش زایین دەگەڕیتەوە ، کە بە کۆنترین – بیرۆکەی ئایینی – هه موومرۆڤایەتی دادەندرێ .ئەوەش لە سەر قسەی لیکۆڵەرپڕۆفیسۆر (ڕالف سوالکی ) پسپۆری شوێنەوارناسیی و سەرۆکی دەستەی یەکەمین پشکنین و هه ڵکۆڵین لە ئە شکەوتی شانەدەر لە نیوان ساڵانی (١٩٥١ تا ١٩٦١ ز) دا وباس لە و بیرۆکە ئایینیەی شانەدەریەکان دەکات کە لەلێکۆڵینەوە ی ناشتنی مردووەکانیان دەرکەوتووە کە پێش لە ٦٠ هه زار ساڵ پیش زایین لە ئەشکەوتی شانەدەر نێژراون . هه رئەم بیرۆکە ئایینیە بەردەوامی هه بووە تا گەیشتووەتە سەردەمی کشتوکالی ئەشکەوت و سەرهه ڵدانی داستانی – ئیننەناو دەمموزی – کە دوو گەورەترین خوداوەندی ئەو ڕۆژگارەن و پاڵەوان و کارەکتەری سەرەکی داستانی – تەموزو عەشتار – ن ،ئێمە ئەم بیرۆکە ئاینییە نێو ئەشکەوتی شانەدەر بە تۆی ئایینی سۆمەرییەکان دەزانین ، ئەو ئایینە سۆمەرییەی کە دکتۆر خەزعەل ئەلماجیدی بە – تۆی هه موو ئایینەکانی جیهان – ی دەزانێ .

بنەماکانی سەرهه‌ڵدانی داستانی تەموزوعەشتار :

هه موو تازەداهاتوێک لە خۆڕا سەر هه ڵناداوبێشک چەند هۆوبنەمایەکی تایبەت بە خۆی هه یە ، داستانی تەموزو عەشتاریش چەند بنە مایەکی هه بوو
یەکەم – بنەمای ئەفسانەیی ؛بەپێی ئەفسانە ئایینیەکەی ئەو سەردەمەی باپیرانی سۆمەریەکان ، تەموزی خوداوەني شەش مانگ دەچێتە – بن دنیایێ – عالم السفلى – ودەمرێ و لە ڕۆژی نەورۆز ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەریەکان دەموزی زیندوو دەبیتەوە ، ئەم زیندووبوونەوەی خوداوەندی دەموزی کراوە بە جەژن وسۆمەریەکان پێیان گوتووە – زەگمەک –وئەم ئاهه نگە بو وە بە بۆنەیەکی یەکجارگەورەو پیرۆزو هه موو خەڵک و دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی بە ڕێو ڕەسمێکی گەورەو چەند ڕۆژە تێیدا بەشداربوونە .

دووەم – بنەمای ئایینی ؛ وەک پێشتر باسمان کرد تەموزی خوداوندوئیننەنا دوو گەورە خوداوەندی باوەڕی ئایین ئەو سەردەمەی خەڵکەکە بوون و مردن و ژیانەوشیان سروتێکی ئاینی پیروزو گەورە بووە لایان و هه موو خەڵکەکە وەک ئەرکێکی پیرۆزی ئایینی هاوبەشیان تێداکردووەو ئاهه نگیان بۆ گێڕاوە .
سێیەم – بنەما سروشتییەکەی ؛ ئەم جەژنە پەیوەست بووە بە گۆڕانکارییە سروشتیەکان و لە پاش زستانیکی دوورودرێژو پڕبەفروسارد ی زستانیی ، بەهاریکی ئاووهه واخۆش و سروشتێکی سەوزو ڕازاوە سەرهه ڵدەداوئەم گۆرانکارییەش لەگەڵ زیندووبوونەوەی دەموزی خوداوەن هاوکاتە و ئەمەش جەژنەکە پیرۆزتردەکات و هه رئەم ڕۆژەش بوو بە ڕۆژی دەست پیکردنی ساڵی نوێ وکە لەم ڕۆژەدا شەوو ڕۆژ بەرابەر دەبن و ئەمەش بوو بە گەورەترین و کۆنترین – ساڵنامە – تقویم – ی هه موو جیهان وسۆمەرییەکان دریژەیان بەم ساڵنامەیەداو ئێستا کوردێش ئەم ساڵنامەیە پەیرەودەکات ولەگەڵ چەند نەتەوەیەکی تر .

چوارەم – بنەماکشتوکالیەکەی ، پێشتر گوتمان ئەم جەژنە لە گەڵ سەرهه ڵدانی کشتوکال سەری هه لداوەوکشتوکالیش مانگی بەهار سەرەتایەکەیەتی و بەهارێش لە ڕۆژی- جەژنی نەورۆز- دەست پێدەکات و ئەم ڕۆژەش ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەر یەکان بووەو دواتر زۆر نەتەوەی تر ئەم جەژن و ساڵنامەیان لە شارستانییەت و کلتوری سۆمەرییەکان وەرگرتووە ، هه موو ئەو میللەتانەی پیش زایین شارستانییەت و دەسەڵاتیان هه بووەو دواجار بەشێکن لە پێکهاتەی میللەتی کورد بۆ نموونە ..گوتی و میتانی و خوری و مادو ئیلامیەکان و تادەگاتە ساسانیەکان و هه تا ئەمڕۆش ، ئەوە جگە لە – ئەکەدی و ئاشووری و بابلی – ەکان وزۆری تریش کە کەوتنە ژێر کاریگەری ئایین و شارستانیەتی سۆمەریەکان و درێژەیان پێدا.هه ر بۆیە دەتوانین بڵێین ..جەژنی نەورۆز هه ر لە کۆنەوەو پێش زاینیش ڕەهەندێکی جیهانی بوونی وەرگرتووە و گەیشتووەتە هێندومیسرو یۆنان و زۆروڵاتی تریش .

ئەمانە هه مووی دەیسەڵمێنن ..کە جەژنی نەورۆز لە کوردستان سەری هه ڵداوەو هه ر لە کوەدستانیش بە دنیا بڵاو بووەتەوە .
بە جیهانی بوونی نەورۆز جارێکی تر :

لە ساڵی ٢٠١٠ ی زاینیدا – کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان – لە سەرداوای ئێران و ترکیاو ئەفغانستان و پاکستان و چەند دەوڵەتێکی ترجەژنی نەورۆزیان وەک جەژنێکی – کلتوری ئاشتی – کرد بە جەژنێکی نێو نەتەوەیی و ئێستا لە هه موو جیهان و لە سەرداوای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ١/١ی ساڵی نوێ و بەرامبەر ٢١/٣ ی زاینی لە هه موو جیهان ئەم رۆژی نەورۆزە جەژنە .
ئەوەی گرفتەو بۆ کورد کارەساتە ، ئەم جەژنە وەک جەژنێکی – ڕیشە ئیرانی و تەمەن ٣٠٠٠سال و ڕۆژی ٢١/٣ کرا بە جەژنی فەرمی !! کەچێ هه رلە ڕۆژی ئیمزاکردنی پەیماننامەکە لە نێوان ئێران و ئەفغانستان و ترکیاو پاکستان بوو بە کێشەو هه ریەکە ئەوی تری بە – دزی نەورۆز- تاوانباردەکردووخۆی بە خاوەن دەزانی یەکتریان بە شەیتان ناودەبرد ، کەچێ خاوەنی ڕاستە قینە ی ئەم جەژنە کۆن و گرنگە بێ ئاگابوو لەم کە ین و بەینە !!

بۆچی نەورۆز جەژنێکی کوردو کوردستانییە ؟

وەک لە پێشدا ڕوونمان کردەوە ئەم جەژنە لە داستانی تەموزو عەشتاری سۆمەرییەوە هاتووە ،سۆمەرییەکانیش لە کوردستان پەیدابوون وکۆنترین پێکهاتەی میلەتی کوردن ، ئەمە ش ڕایەکی گشتییەو ڕە هه ندێکی جیهانی هه یەو پسپۆرانی زانستخوازی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه ڵاتی وسۆمەرناسان و لە وانەش لێکۆڵەرانی میللەتانی فارس و ترک و عەرەب و دەیسەڵمێنن و ساغیانکردووتەوە .ئەو پشتگیرییەی بۆ نەورۆزی کوردو کوردستانی هه یە ، بە بەڵگەی مێژوویی و جوگرافی وکلتوری بۆ هیچ نەتەوەیەکی تر دەستناکەوی بە تایبەت ئەوانەی خۆ بە خاوەنی نەورۆز دەزانن ..هه تا ئێرانێش ، ئەوە ترکیا هه رهیچ ! ترکیا لە کاتێکدا نەورۆز قەدەغە دەکات و لە سەر پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز کورد دەکوژێ و دەخاتە بەندیخانە ، کەچی لە وێ خۆی بە خاوەنی نەورۆز دەزانێ !؟
ئێستا کوردستانی بوونی نەورۆز لە چەند خاڵێک دا کورت دەکەینەوە –
یەکەم :لە ڕووی مرۆییەوە لە نێو سۆمەرییەکان و لە کوردستان سەری هه ڵداوە .
دووەم : لە ڕووی جوگرافیەوە لە خاکی کوردستان سەری هه ڵداوەو هه رلە کوردستانێش بە دنیادا بڵاو بووەتەوە .
سێیەم : لە ڕووی مێژووییەوە لە گەڵ سەر هه ڵدانی کشتوکالی ئەشکەوت ١٥ تا ١٢ هه زار ساڵ پیش زایین و لە گوندی زاوی جمێی کشتوکالیئەشکەوت وگەشە کردنی شارستانییەتی ناوچەکە بڵاو بووەتەوە .

چوارەم : لەڕووی ساڵنامەییەوە ڕۆژی نەورۆز سەرەتای ساڵنامەی کوردستانی کۆن و ئێستایەو هه ر کوردێشە ناوی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی خۆی بە ناوی – مانگی نەورۆز – کردووە ، کە ئەمە لە نێو هیچ وڵات و لە کن هیچ نەتەوەیەکی تر ئاوانییە.
پێنجەم : نە ورۆز بە هۆی کۆنی مێژووییەوە لە کوردستان بۆ کورد بووە بە جەژنێکی – نەتەوەیی و هێمای خەبات – ئەوە تەنیا کوردە داگیرکەران نەورۆزی لێ قەدوغەدەکەن و هه رکوردیشە ناچارە بە خەبات و خوێن جەژنی نەورۆز پیرۆز بکات، لەم ڕووەو کورد مێژووێکی دوورو درێژو خوێناوی و پڕ لە قوربانی دانی هه یە لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە هه رچوارڵاوە ، هه رئێستا لە هه موو پارچەکانی کوردستان هه ریە کە بە شێوازی جیا جیا نەورۆز لە کورد قەدەغە دەکەن ، ئەمە بۆ خۆی بەڵگەیەکی گرنگە چۆن نەورۆز بۆ کورد ڕەمزێکی نەتەوەیی و ئامرازێکی خەباتە . بەڵام لای میللەتانی تربە زۆری جەژنیکی کلتورییە .

بۆچی نەورۆز بۆ کورد گرنگە ؟

کە پێشتر سەڵمێندرا ئەو جەژنە لە کوردستان و لە ناو کورد سەری هه ڵداوە ، ئەوا ئەگەر هێج گرنگیەکیشی نەبێت – کە هێج کاتیک نەورۆز بێ گرنگیی نەبووە – ئەوا گرنگی مێژوویی خۆی هه یە ، بەڵام بە هۆی میژوویی و کڵتوری و نەتەوەییەوە ئێستا نە ورۆز رەهه ەندێکی جیهانی وەرگرتووەو لە وە شەوە چوەتە نێو ڕەهه ندە سیاسی و ئابووری و کلتوری وهونەری و و فەرهه نگیەکانەوە ی نێو دەوڵەتیەوە . هه ربۆیە کورد دەتوانی ئەم جەژنە وەک ئە لقیە یەکی پەیوەندیەکان بەکاربێنی ولە گەل وڵاتانی تر سودی جیا جیای لێ بەرهه م بینن .

نەورۆزئێستا داگیرکراوە !

بۆ خاوەندارییەتی لە نەورۆز هه رئەوەندە بەس نییە کە ئەمڕۆ ئێمە بۆ نەورۆزو لە نە ورۆزدا دەیکەین ، ئەوتا لە کەرکوک بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەمرۆ نەورۆز قەدەغە دەکەن و لە ئیران ئاگرکردنەوەی نەورۆز قەدەغە دەکات وەک هه نجە تێک و سەرەتایەک بۆ قەدەغە کردنی ئاهه نگی نەورۆز بە تەواوی و لە ترکیا ئاهه نگی نەورۆز تێکدەدات ونەورۆزیان دەکوژێ و دەخاتە بەندیخانەوە ! لە سەر هه موو ئەمانە ش نەورۆز بە شێوەیەکی فەرمی و لە ئاستی جیهانی بە ناوی – ڕیشە ئیران – ی تۆمار دەکرێ و ساڵانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵە تە مە زنە کانی وەک ئە مریکاو بەریتانیاو ئەلمانیاو فەرەنسا وە پیرۆزبایی لە – حکومەتی ئیران دەکرێت وەک خاوەنی نەورۆزی مێژوویی – ئەمەش غەدرێکی گەورەیە لە میللە تی کورد لە ئیراق دەکریت وبەڵگەی – داگیرکردنی نەورۆز – ە بە ڕەهه ندێکی جیهانی . هه ربۆیە بۆمن وەک لێکۆڵەرێکی مێژووی نەورۆز ئەم داگیرکردنە بە هیچ شێوەیەک لە داگیرکردنی کەرکوک و هه رشارێکی تری داگیرکراوی کوردستانی بە کە متر نازانم .ئەم داگیرکردنەی مێژوو کلتورەی کورد داگیرکردنێکی ترسناکەو پێویستە کورد لە سەر هه موو ئاستەکانی پێهاتەی نەتەوەیی لێی بیدەنگ نەبیت . ئەوەتە ئێران و ئەفغانستان و ترکیا لە سەر کلتوری – شاعیری گەورەی جهینانی مەوڵانا جەڵالەدینی ڕۆمی – لە شەڕدان شەڕێکی کلتووری ، ئەفغانیەکان دەڵێن مەوڵانا مولکی ئێمەیە ، چۆن لە عەفغان لەدایک بووە ، ئیرانیەکان دەڵێن مولکی ئێمەیە چونکە مەوڵانا بە فارسی شیعری نووسیوە و ترکیاش دەڵێ مولکی ئیمەیە چۆن مەوڵانا زۆربەی ژیانی لە ترکیا بەسەر بردووە .

ئەگە ربۆ مەولانا ئەمە ڕاست بیت و هه ریەک لە م وڵاتانە بەشێکی لە مەوڵانادا هه یە، ئەوا بۆ نەورۆزی کورد بە هیچ شێوەیەک ئاوا نیە و کورد لە خاوەندارییەتی میژووی نەتەویی نەورۆز بێ هاوبەشە.ئەوەش بەو مانایە نیە کە میللەتانی تر لە گەڵ نەورۆز میژوویان نیە ! بەڵی نەورۆز زیاتر لە جوار هه زار ساڵە بە دنیادا بڵاو بووە تەوەو لە گەڵ هە روڵات و میللەتیک میژووێکی بۆ خی پەیداکردووە ولەم ڕووە وە ئەم میللەتانە مافی خۆیانە خۆیان بە خاوەن ئەم میژووە بزان و ساڵانە نەورۆز وەک جەژنی خۆیان پیرۆزی بکەن ،بەڵام ؛ئەوە ئەوە ناگە ێنێ کە نەورۆز تەمەنی سێ هه زارساڵەو ڕێشە کەی ئیرانیە و هه روڵات و میللەتێکی نەورۆز پیرۆز دەکات بڵێ من خاوەنی مێژوویی نەورۆزم!!

چۆن جەژنی نەورۆزبۆ خاوەنی خۆی بگەڕێنینەوە ؟

هه رچەندە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٠دا نەورۆزی وەک جەژنێکی ڕیشە ئیرانی بە فەرمانێکی ئاشکرا کرد بە جەژنێکی جیهانی ، بەڵام ؛ ئەم بڕیارە دەکری چاوی پیدا بخشێندرێتەوە و ڕاست بکرێتەوە ، چونکە نەتەو یەکگرتووەکان پیشینەی بڕیار گۆڕینی هه یە وئە گە ربە فەرمی و بە بەڵگە وڵاتیکی خاوەن سیادەی تەواو داوابکات ، ئەوە ش ئەمرۆ هه رێمی کوردستان و لە ڕێگای ئیراقەوە ئەگەربە دوانە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن دەکرێ فەرمانە کە ڕاستبکرێتەوە و بۆ ئەم کارەش پێویستیمان بە دوو لیژنەی فەرمی هه یە .
یەکەم – لیژنەیەکی سیاسی و دبلۆماسی ویاسایی شارە زا لە یاساکانی نێو دەوڵەتی ویاساکانی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان ، کە دەکرێ ئەم لیژنە یە لەکەسانی پسپۆری کوردو ئیراقیەکان پیک بیت .

دووەم – لێژنەیەکی پسپۆر لە مێژووی کۆنی ئیراق و سۆمەر و جەژنی نەورۆز ، کە ئە مە ش دەکرێ ئەندامەکانی کوردو ئیراقی و جیهانیش بن .
ئەم دوو لیژنە یە ئەگەر دەوڵەتی ئیراق و هه رێمی کوردستان پشتگیریان بکە ن بێ دوو دڵی سەر دەکەون و نەورۆز دەکەنەوە بە جەژنێکی سۆمەری و کوردستانی و ئیراقی . من هیوادارم ئەم جەژنە مێژوویی و کلتورییە تێکەڵ بە سیاسەتی ڕەواکوژو یاساشکین نەکرێت و وەک کلتورێکی کۆنی مرۆڤایەتی و مافێکی رەوای خەڵکی ئیراق وکوردستان تەمە شابکرێ پشت بە ڕیشە مێژووییە زیاتر لە دوازدە هه زار ساڵیەکە بڕێاری لە سەر بدرێ .

تێبینی : نەورۆزو ئەفسانەی کاوە و زوحاک

لە گەڵ ئەم هه موو مێژووە دوورو درێژەی کە نە ورۆز هه یەتی و پڕە لە ڕووداوی گەورەو کۆن و گرنگ ، کەچێ ئەفسانەی – کاوەو زوحاک – لە هه مووان زیاتر بڵاوە و بووە بە مێژووی ڕاستە قینەی نەورۆز لە ڕۆشنبیریی گشتیدا . ئەمەش بەڕای ئێمە بە هۆی – شاهنامەی فیردەوسی – یە .کە ئەو کتێبە ڕەهه ندێکی ڕۆژهه ڵاتی و جیهانی وەرگرتوەو لە ئەفسانەوە بووە بە میژوو. بەڵام ، هێندەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردبێ ئەم ئەفسانەیەی کاوەو زوحاک دوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێ .

یەکەمیان – خوێندنەوەیەکی فارسیانەیە وەک زانراوە – ئەستیاگ – دوا پاشا ی ماد ، کە لە سەر قسەی ( هیرۆدۆتس ) پاشایەکی باش بووە و خەڵکەکەی زۆریان خۆش ویستووە ، کەچی فارسەکان وێنەیەکی زاڵمانەیان بۆ دروستکردووەولە – ئەستیاگ – ەوە کردوویانە بە – زوحاک –ی دوو مار لە سەر شان و بەو هه نجەتەوە ش – کوورش- ی کچە زای زوحاک خۆیان ؟ کردووە بە – کاوەی پاڵەوان – و بەم شێوەیە لە ساڵی ٥٥٠ پێش زایین کۆتاییان بە دەسەڵاتی مادەکان هێناوە ! کە ئەم داستانە زۆرتر لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئیمپراتۆریەتی ماد دەگونجێ . لە گەڵ ئەوەی کە ئەفسانەیەکی هه ڵبەستراوە و ڕاستیەکە ی کۆتایی هاتنی ماد ڕاستە بە دستی کۆروش بووە ، بەڵام کۆتایی ههاتنەکەی دەوڵەتی ماد بە شێوە یەکی ترە .

دووەمیان – خوێندنەوەیەکی کوردانەیە ، ئەویش کاوە – کەیخوسرەوپاشای ماد – ە کە ئەو پاشایە توانی دەسەڵاتی لە میژینەو زاڵمانەی ئاشووریەکان لە ناو ببات بە یارمەتی بابلییەکان لە ساڵی ٦١٢ پیش زایین ، ئاشووریەکان لە زاڵمی و دڵڕەقیدا نموونەیان زۆر کەمە لە کوشتنی خەڵک و وێرانکردن و سوتاندنی شارو ئاوە دانیەکان ، ئێستاش وێنەی ئەو کوشتارە پڕ لە دڵرەقیەیان ماوە کە لە سەر شاخ و لە تابلۆ بەردینیەکان کێشاویانەو لە بەڵگە نووسراوەکان دا نووسیویانە، ..سەربڕین و چاو دەرهێنان و دار تێبڕین و کەورکردن و سوتاندن و لە خاچ دان و زۆر شێوەی تر لە ئازاردانی دیل و دوژمنەکانیان هه تا بە زەییان بە منداڵ و ژن و پیرو نەخۆش و بریندارە کانییش نەدەهاتەوە و بەلکە شانازیشیان پێوە دەکرد. بەڕاستی زوڵمە زۆرو کەم وێنەکانی ئاشووریەکان بەو حوکمە دوورو درێژەی کە دەسەڵاتیان هه بووە ..زۆر لە زوحاک زوحاکترو زالمانەتربوونە . هه ربۆ یە کورد لە ئەفسانە کە دا کەیخوسرەو بە کاوە ی پاڵەوان دەزانی و ئاشووریەکان و پاشای ئاشووریەکانیش بە زوحاک .هه ربەم هۆیەوە ئەفسانەی کاوەو زوحاک بۆ کورد بەم شیکردنەوەیە زیاتر لە گەڵ حە قیقەتی مێژووییە کە دێتەوە .

هه رچەندە ئەفسانەی کاوەو زوحاک ئەفسانەیەکە لە سەر گۆڕینی ڕاستیە مێژووییەکە دامەزراوە و تێکەڵ خەیاڵ و بابەتە ئەفسانەییەکان کراوە ، بەڵام ؛ بووە بە هێمای خەبات و ڕاپەڕێنی خەڵکی چەوساوە دژی پاشاو دەسەڵاتی ناڕەواو زاڵمانە وتاموبۆیەکی هیوا بەخشانەی وەرگرتووەو خەیاڵی ڕۆژهه ڵاتیەکانی پڕکردووە ، تازە بە هیچ شێوەیەک و هێزێک ڕەشنابیتەوە ! ئەمەش ئەگەر جێگای مێژووە ڕاستەقینەکە نەگرێتەوە و وەک دەقێکی ئەدەبی ئەفسانەیی سەیربکرێت ،هیچ زیانێکی نیەودەچێتە نێو دەقە جوانە ئەفسانە ئەدەبیە جیهانیەکانی ڕۆژهه ڵات وهه مووجیهان .




گرفتی ئاو له‌ عیراق.. به‌ره‌و كوێ‌؟! عەبدولموتەلیب ڕەفعەت سەرحەت

ئاو به‌ گرنگترین سه‌رچاوه‌ی سروشتی داده‌نرێت و كلیلی هێنانه‌دیی هه‌موو پێكهێنه‌ره‌كانی ژیانه‌. ئاو هۆكارێكی ستراتیجی گرنگه‌، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هه‌وڵی جددی دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی وڵاته‌كانه‌وه‌, وئه‌و وڵاته‌ی خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌، ئه‌بێته‌ خاوه‌ن بڕیاری كاریگه‌ر. هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێ‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن، كه‌ جیهان به‌ره‌و گرفتی كه‌می ئاو هه‌نگاو ده‌نێت و زۆربه‌ی وڵاتان هه‌موو ئامرازه‌كانیان به‌كارخستووه‌ بۆ گلدانه‌وه‌ (خه‌زنكردن)ی ئاو، چونكه‌ به‌شی تاك له‌ ئاو به‌ پێی پێشبینییه‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ بۆ خوارووی (1000 م3/ساڵ) له‌ ساڵی (2030)، كه‌ كاریگه‌ری زۆر به‌هێزی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراكی هه‌موو وڵاتان.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هۆشدارییان داوه‌ به‌ وڵاتانی جیهان، به‌ مه‌به‌ستی یه‌كخستنی ئه‌رك و تواناكانیان بۆ په‌یداكردنی ڕێگه‌یه‌كی نوێ‌ و زانستی به‌ مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گرفتی كه‌می ئاو و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ فیڕۆدانی ئاو و دانیشتن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆكردن بۆ واژۆكردنی په‌یماننامه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوسنوورو هاوبه‌ش له‌سه‌رچاوه‌كانی ئاو, له‌ په‌نجا ساڵی ئاینده‌دا پێشبینی وشكبوونی زۆرێك له‌ ڕووباره‌كانی جیهان ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ زیادبوونی ڕێژه‌ی دانیشتووانی جیهان بۆ زیاتر له‌ (8) ملیار كه‌س, هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ هۆی ئاڵۆزبوونی كێشه‌ی كه‌می ئاو له‌ جیهاندا. به‌و هۆیه‌وه‌ وڵاتانی سه‌رچاوه‌ (المنبع) په‌نایان بردووه‌ته‌ گۆڕینی ستراتیجییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌كانی ئاوو هه‌وڵی جیدیان داوه‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان (كه‌ تایبه‌تن به‌ ڕووباره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی دانانی پێوه‌ری سیاسی و ئابووری تازه‌ له‌ شێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕیژگه‌ -المصب-) و به‌م كاره‌ش ده‌توانرێ‌ سوودی زۆر به‌ده‌ست بهێنن و بۆ مه‌ودایه‌كی درێژخایه‌ن. هه‌روه‌ها وڵاتانی سه‌رچاوه‌ (بۆ نموونه‌ توركیاو ئێران) ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خه‌ریكی په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی تینووكردنن (تعگیش) سه‌ره‌ڕای هه‌موو په‌یماننامه‌و پرۆتۆكۆڵ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

عیراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا تووشی گرفتی ئاو ببێت، به‌هۆی لاوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئاو له‌ ناوخۆی وڵات و لاوازی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌و به‌ تایبه‌تی وڵاتانی سه‌رچاوه‌. له‌ ئاینده‌دا، كه‌می ئاو كاریگه‌ریی ته‌واوی له‌سه‌ر سه‌روه‌ری و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عیراق دروست ده‌كات و ئه‌بێته‌ هۆی هه‌نگاونان به‌ره‌و جه‌نگێكی هه‌رێمایه‌تی گه‌وره‌.

ڕه‌هه‌نده‌ جیۆسیاسییه‌كانی تایبه‌ت به‌ گرفت و كێشه‌ی ئاو له‌ عیراق به‌نده‌ به‌ ڕه‌هه‌ندی جوگرافییه‌وه‌، كه‌ وڵاتانی دراوسێی عیراق (ئێران و توركیا و سوریا) كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عیراقیان كردووه‌ به‌ ڕێژه‌ی زیاتر له‌ 60% به‌ هۆی ئه‌وه‌ی عیراق وڵاتی ڕێژگه‌یه‌. ڕه‌هه‌ندی سیاسییش له‌وه‌دا خۆی ئه‌بینێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو په‌یماننامه‌و پرۆتۆكۆڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ ڕێكخستنی ڕووبارو ده‌ریاچه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پشتگوێ‌ خراون.
له‌ دێڕی زه‌مانه‌وه‌ عیراق به‌كارهێنه‌ری ئاو بووه‌ (سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ دێنه‌ نێو خاكی عیراقه‌وه‌) بۆیه‌ پێویست ده‌كات عیراق مافی به‌شه‌ ئاوی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ دانی پیابنرێت و پێویسته‌ عیراق داوای پاڵپشتی مه‌عنه‌وی بكات له‌ هه‌موو جیهان بۆ پارێزگاریكردن له‌ مافی به‌شه‌ ئاو كه‌ ناسراوه‌ به‌ (ماڤه‌كانی مێژوو) به‌ تایبه‌تی عیراق پێشتر وڵاتێكی كشتوكاڵی بووه‌.

ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ داواكارییه‌كانیان بۆ ناچاركردنی حكومه‌ته‌كانی تاران و ئه‌نقه‌ره‌ بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانیان ده‌رباره‌ی ڕێزگرتن له‌ وڵاتانی ڕێژگه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێكخراوانه‌ داوایان له‌ عیراق كردووه‌ به‌ داڕشتنی سیاسه‌تێكی ئاوی گونجاو له‌ به‌كارهێنانی مۆدێلی نوێ‌ بۆ ئاودێری و ڕیگه‌گرتن له‌ به‌فیڕۆدانی ئاو و چاككردنی تۆڕه‌كان وپێویسته‌ عیراق هه‌موو ئامۆژگاریه‌كانیان په‌یڕه‌و و جێبه‌جی بكات به‌تایبه‌تی له‌ دانانی (ئه‌نجومه‌نی باڵای سه‌رچاوه‌كانی ئاو).




کاریکاتێر – عەفرین …. جەبار

عەفرین




نەورۆزانە … دڵشاد تاقانە

من و عەفرین
ئەمساڵەکە
گڕی نەورۆز دەکەینەوە
ئەو بەجەستە
من بەڕۆحم
تاهەتایە ناکوژێینەوە
،،،
گەمژەکانی وادەزانن
بەسوتانێ
لەناودەچین!
ئێمە گڕی ژیلەمۆینە
دوای خۆڵمێش
دەژیێنەوە
،،،
سەرا لە مێشکی پوچەڵتان
ئێمە خاوەنی
ئەو خاکەین
شار و گوند و تەلار
سەرلەنوێ
دروست دەکەینەوە
،،،
ئێستا ناخمان کڵپە دەدا
دەهەروایە
وامان کردووە
نەورۆز بەگڕ
پیرۆزدەکەینەوە
،،،
نەورۆزانە
هەردەسوتێین
خۆمان گوندمان
شارمان
قوربانیە و
گڕی پاکین
دەکرێینەوە

دڵشاد تاقانە