نامەکانی فێرنادۆ هەوڵێک لە پێناو نوسینەوەی ئازارەکانی منداڵان و ژنان …. هۆشیارجەمال

نامەکانی فێرناردۆ یەکێکە لە کورتە ڕۆمانە جوانانەی کە لەلایەن (ئەژین عەبدولخالق) ەوە نوسراوە.بەزمانی ئیستاتیکی لە دوو توێی (٩٠) لاپەڕەی قەشەنگ دا،و بۆ یەکەمجار لە ساڵی (٢٠١٥) چاپ کراوە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە بە دیزانێکی جوان و کوالێتیەکی بەرز بڵاوکرایەوە.
ئەم کورتە ڕۆمانە خوێنەر پەلکێشدەکات بۆ خوێندنەوە،کە لە کاتێکی کەمدا دەخوێندرێتەوە بەڵام زۆر بابەت هەڵدەگرێت،ڕۆمانەکە چوار کەسایەتی سەرەکی پێکی دەهێنێت،یەکەم کچێک بەناوی (یۆدێت) کە خەون بە چوون بە هەسارەیەکی تروە دەبینێت،(سورمێ) کەکچێکی پەراوێزخراوی خراپ پەروەردەکراوی باشوری کوردستانە،(ئەحلام مەنسور)ی چیرۆک نوسیش لە ڕۆمانەکەداکارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە کە زۆر جار ئازارەکانی سورمێ لەسەر زاری ئەمەوە دەنوسرێتەوە،(مارگرێت) کچێکی ترە کەبەژداری دەکات لە گفتووگۆکان لەگەڵ ئەحلام مەنسور.

سەرەتای ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٨٦) لەسەردەمی حوکمڕانی حیزبی بەعس دا. نوسەر لەڕێگای دە نامەوە، ڕۆمانێک دەخولقێنێت.ئەگەرچی نوسەری ئەم کتێبەوە زۆر لەژێر کاریگەری نوسینی چیرۆک نوسی کورد (شێرزاد حسن)ی لەسەرە وهاوشێوەی ئەو ئیشی لەسەر تێکشکاوی تاکی کورد، بەڕاوێز خستنی منداڵان و تێڕوانی پیاوی کورد بۆ ڕەگەزی مێینە کە هەردەم وەک بووکەڵەیەکی سێکسی لێیان ڕوانیەوە نەک وەک مرۆڤێک.
لەپەڕەگرافی یەکەمدا نوسەر باس لە گرنگی تەمەن دەکات گەنجان کە تەمەنیان کەمە،زۆر پەلەیان نیە لە کارەکانیان و هەوڵنادەن،بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم بۆچوونەیان دەگۆڕێت. کە چوونە تەمەنەوە لە گرنگی تەمەن تێدەگەن.

لەسەرەتای ڕۆمانەکەدا کچێک بەناوی (یۆدێت) کەساڵانێکی زۆر بووە خەونی بە چونە نێو فەزاوە دەبینی و ئاواتی زانیاریەکانی ئەو دیو دنیای هەیە ولەپێناو خەونە کەیداکۆمەڵێک پێکدەهێنێت و کەشتێک بەرەوناو فەزا ئەنجام دەدەن.

یۆدێت نامەیەک بۆ هەسارەیەک بەناوی بێرەنگەکانەوە دەنێرێت و نوسەر بەزمانێکی یەکجار سەرنج ڕاکێش توانیویەتی ئەم پەیوەندیە دروستبکات لەنێوان کچێک لە ئەمریکاوە و کچێکیتر لە کوردستان ، یۆدێت باسی بێزاری خۆی لەهەرای ڕاگەیاندن و سیاسیەکان دەکات بەسەرۆکی ئەمریکاشەوە.وە دواتر باسی گەشتەکەی بۆ ئاسمان و ون بوونی خۆی دەکا، وە باسی کاتی لە دایک بوونی سورمێ دەکات لە باشوری کوردستانەوە تێڕوانینی پیاوی کورد بۆ ساتی لەدایکبوونی کچەکانیان، کە چەند هەستێکی ناخۆشیان هەیە و بە چاوێکی کەم سەیری دەکەن.

،سورمێش لە ڕیگای نامەیەکەوە ئازارەکانی منداڵی کورد دەگێڕیتەوە،کەچۆن جەنگ و کلتور و شەڕی برا کوژی ژیانی لێسەندون و لەسەرەتاترین مافی ڕەوای خۆیان بێبەشن ،وە پەروەردەی خراپی منداڵەکان دەکرێت خێزانەکان شکستیان هیناوە، لەبنیاتنانی منداڵێکی خاوەن ئیرادە.

سورمێ یەکێکە لەو کچانەی ئاواتی بینینی خۆیەتی لە ئاوێنەدا ، بەڵام چونکە مناڵەو ‌هیچ گرنگیەکی پێنادرێ و وە ئاوێنەی ماڵەکەیان زۆر بەرزترە لە باڵای سورمێ ، تەنها خوشک و براکانی کە گەورەترن لە خۆی دەتوانن خۆیان ببینن ، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی دۆخێکی دەروونی سەخت کە سورمێ بە دەستیەوە دەناڵێنێت، و خۆی بەکەسێکی زۆر ناشرین دەزانێت .
حەزی بینینی خۆی لە ئاوێنەدا وا دەکات سورمێ بکەوێتە سەرجادە و زبڵدان شێنی فڕێدانی خاشاکی شار ، لەوێ بەدوای ئاوێنەدا دەگەڕێت. لەکاتی گەڕاندا وێنەیەکی (سەدام حسێن) دەبینێت کە فڕێدراوە هەر لەوێ زۆر لە وێنەکە ورد دەبێتەوە سڵاوێکی سەربازی بۆ دەکات ، ئەمەش ئەوە مان بۆ دەردەخات کە ڕاگەیاندن چەند ڕۆڵێکی خراپیان گێڕاوە ، لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بەتایبەت و چەند کاریگەری گەورەیان لەسەر منداڵان بەجێهێشتوە. گەڕانی بەردەوامی سورمێ بەدوای ئاوێنەدا وادەکات توشی کوڕێک بێت و دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری کەئەمەش دیسانە تێڕوانینی خراپی چینێکی کۆمەڵگا وڕەگەزی نێرە لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکانە بۆ منداڵ کە ئەو کەسانە لە سادەترین بەهای ئەخلاقی داماڵراون.

نوسەر سەرکەوتوانە لە ڕیگای ئاڵوگۆڕکردنی نامەکانی نێوان سورمێ و یۆدێت توانیویەتی کومەڵگای کوردی پێش ڕاپەرێن و دوای ڕاپەین بەیەکەوە ببەستێتەوە.کەلەنامەیەکی تردا کە سورمێ بۆ یۆدێت دەینێرێ دەکەوێتە گێڕانەوەی شەڕی براکان کە لەشاخەوە هێنایانە شار ، لە پێناو حەزی پاوانسازی و ساماندا خەڵکێکی زۆریان کردە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان، شارەکان کرانە سەنگەری شەڕەکان وبەشیکی وێران کران.

شوێنێک نامێنێت منداڵان بە ئارامی یاری تیابکەن شەڕێک کە تا ئێستاش ئاسەواری ماوە،بەڵام سورمێ بەردەوام دەبێت لە خوێندن سەرباری سەختیەکانی ژیان تا دەگاتە قۆناغەکانی زانکۆ و لەبەشی ڕاگەیاندن دەخوێنێت و دەبێتە ڕۆژنامەنوسێکی چالاک کە تەسلیمی دەسەڵات نابێت و چەندین بابەت لەسەر گەندەڵی دەنوسێت.
لایەنێکی تری ڕۆمانەکە کارکردنە لەسەر نیشاندانی ژیانی ئەو ژنانەی دەچنە ئەوروپا و لە ڕۆژهەڵات هەڵدێن،دەچنە شێڵتەرەکانی ژنان. سورمێ لەکوردستان هەڵدێ و خۆی دەگەیەنێتە سوید لەوێ دەژی ماوەیەک شێڵتەر دەبێت. لەوێ هەندێ لە ژنەکان دەڵێن کە ناچار دەکرێن بۆ ئەوەی مۆڵەتی مانەوەیان پێبدرێت ئەوا دەبێت ڕازیبن بەوەی دەستدرێژی سێکسییان بکرێتە سەر ،جەستەیان ئیستخلال بکرێت لەدەرەوەی ویستی خۆیان،یەکێک لەژنەکان دەڵێت (ئێمە لە ڕۆژهەڵات هەڵدێین لە پێناو ئازادی کەچی لێرەش دەکرێنە کۆیلەی لەشفرۆشی) .




یەپەگە و ئیسرائیل! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی، هەڵبژاردنی سیستەمی حوکمرانی، دامودەزگای پەرلەمان، دەستور و یاسا دانان و سەقامگیربوونی بارودۆخی میللەت، بە پەیکەرێکی سیاسی کە تەنیا دیکور و وێنە بێت، بەردەوام نابێت و گەشە ناکات، ئەگەر لە هەقیقەتدا ئەو پەیکەرە سیاسیە خاوەن هێزی ڕاستەقینەی سەرخان و ژێرخانی خۆی نەبێت و لە نیشتمانێک و لەسەر خاکێکی ئازادیکراودا دانەمەزرابێت.

دەوڵەتانی ئیمپریالیزم، زلهێز یان داگیرکەر، لە سەر خاکی داگیرکراودا، هەوڵی دروست کردن و داتاشینی پەیکەرێکی سیاسی کارتۆنی دەدەن، بەگوێرەی بەرژەوەندیی و تاکتیکێک کە لە خزمەتی ستراتیژیەتی خۆیاندا بێت. بۆ مەشروعیەت دان بەو پەیکەرە داتاشراوە، هەوڵدەدەن پارت و کەسایەتییە سیاسیەکانی نێو میللەتی ژێردەست، بکەن بە خاوەنی، لە ژێر ناوی پشتیوانی و چوونە نێو هاوپەیمانییەتی لە گەڵیاندا. لە دەرئەنجامدا، دەسەڵاتی داگیرکەر، ناهێڵێت ئەو پەیکەرە ئەوەندە بەهێز بێت ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە سەنتەری بڕیارداندا، ئاراستە کردنی ڕووداوەکان و سەپاندنی مەرەج و توانای ئەوەی هەبێت ڕۆژێک لێیان هەڵگەڕێتەوە.

کەسەکانی نێو میللەتی داگیرکراو، کە ئامادە دەبن لە پەیکەرێکی کارتۆنی لەو جۆرەدا بۆ دەستکەوتی تایبەتی خۆیان کار بکەن، کەسایەتی لاوازن، خاوەن و هەڵگری بیروباوەری پتەوی مرۆڤایەتی، نیشتمانی و نەتەوەی یان عەقیدەیی نین. ڕازین بۆ خۆدەرسخستن و بە ڕەواڵەت وەک دەسەڵاتدار خۆیان بنوێنن بۆ میللەتەکەیان کە ژێردەستە و نیشتمانەکەیان کە داگیرکراوە. لە ئاکامدا، ئەم جۆرە پێکهاتەیە لە دەسەڵاتی دیکۆردا، ئاییندەیان تەنیا نۆکەری و جاشایەتیی و کڕۆنۆش بردن دەبێت و گورزێکی کوشندەش لە بزوتنەوەی رزگاری میللەت و نیشتمانەکەیان دەدەن، نمونە بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی.

دەوڵەتانی داگیرکەر، لە سەر ئاستی خەڵکی سەر شەقامی میللەتی ژێردەستیشادا کاری خۆیان دەکەن، هەوڵدەدەن، تاکەکان بکڕن بیانکەن بە سیخور و هێزی چەکدار و جاشیان لێ پێکبهێنن. هەروها، داگیرکەر، هەرگیز نایەوێت گرفت و جیاوازیەکانی نێو کۆمەڵگەی داگیرکراو چارەسەر بکات، یان میللەت بەرەو ڕێگەی ئازادی ببات. لە ئەنجامدا، لەسەر بیناغەی بوونی ناکۆکی و جیاوازییەکان پارت و هێزی چەکداری دژ بەیەک دروست دەکات و بە گروپیان دەکات لە ژێر دروشمی جیا جیادا، ئینجا لە نێو چوارچێوەی پەیکەرە سیاسیە کارتۆنیەکەدا بە ڕەواڵەت لە قەوارەیەکی یەکگرتوو بە دنیا و خەڵکیان دەناسێنێت، نمونە عیراق.

داگیرکەران، لە وڵات و کۆمەڵگەی داگیرکراودا، بە فشاری هێزی چەکدار و سوپا، دەسەڵاتەکانیان دەسەپێنن، وەک بریتانیا، فرەنسا لە سەدەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامیان دەدا. تا هەنوکە داگیرکەرانی وەک تورکیا، ئیران، سوریا و عیراق لە کوردستاندا هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن. لە کۆتاییدا، هێزێک کە بڕوای بە فشاری چەکداری، چاوسوورکردنەوە، ترس و تۆقاندن هەبێت و هەڵگری ئەو جۆرە عەقڵیەتە بێت، زوو یان درەنگ ناتوانێت سەرکەوت و بێت و متمانەی میللەتی ژێر دەست بەدەستبهێنێت، نمونە، تورکیا سەدان ساڵە شەڕی میللەتی کورد دەکات، ئەگەر تا ئێستا میللەتی کورد هیچیشی بەدەست نەهێنابێت، بەڵام بزوتنەوە و جوڵانەوە سیاسییەکانی زیندون و نەیانهێشتووە تورکیا بە ئارەزووی دڵی خۆی بیخوات. بەدەر لەوانەی کە بوون بە جاش، بە شێوەیەکی گشتی میللەتەکە متمانەی بەدەسەڵاتی تورکیا قەت نەبووە و نابێت.

لە بارودۆخی لەو جۆرەدا، دەنگی ناڕەزا، ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوە و ڕقی ئەستوور لە نێو مێللەتەکەدا، لە گەشە کردن دەبێت، سروشتی ئەو جۆرە ناڕەزاییە و بوونی پارت و سەرکردەی خۆڕاگر، دەبن بە هەوێنی سەرکەوتنی ئەو میللەتە، ئیرادەی خۆڕاگرتنیان بەرامبەر بە سوپای بەهێزی داگیرکەر لە میژوودا بێ هاوتا دەبێت، نمونە، عەفرین، دوو مانگ بەرامبەر بە یەکێک لە گەورەترین سوپاکانی دنیا و بەکرێگیراوانی شەڕی کرد.

کورد، تەنیا میللەتێک نییە لە دنیا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا، کێشەی داگیرکردن و نەبوونی سیستەمی دیموکراتی هەبێت و دەورە درابێت بە ناحەز و دوژمن و ڕووبەڕووی شەڕی زلهێزەکان بووبێتەوە. کێشەی کورد، بەوە چارە ناکرێت بچێتە ژێر باری پەیکەری سیاسیی کارتۆنی دروستکراو، بوون بە جاش، هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەوەکان لە نیو دامودەزگای کارتۆنی وەک پەرلەمانی عیراق، پەرلەمانی ئیران و تورکیا یان دروستکردنی هەرێم و کانتۆن، لە سەر ئەرز و نیشتمانێکی داگیرکراودا.
لە نێو چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا مەحاڵە دامەزراندنی کیانی سیاسیی و سەربەخۆ بوون. یان خۆ غافڵ کردن بەوەی پێی دەگوترێت خەباتی تەرەماشی و خۆ هەڵخەڵەتاندن (خەباتی مەدەنی)! ئەو جۆرە خەباتە لە ژێر سیستەمی سیاسیی سەقامگیر و دیموکراتی لە عەقڵیەت و فەرمانڕەوایدا دەکرێت، نەک لە ژیر سایەی عەقڵیەتی دۆماگیەتی شۆفۆنیزمی خۆسەپاندنی وەک دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئێران، سوریا و عیراق.

ئیسرائیل، لە میژوویەکی نزیکدا وەک کورد ئاسا، زلهێزەکان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی و کریستانەکانیش دژی بوونە و تووشی نەهامەتی و جینوساید کردن هاتووە و تا هەنوکە دەورە دراوە بە دوژمنێکی زۆر. ئیسرائیل، وەک ئەمریکا و ڕوسیا، زلهێز نییە و لە سەنتەری بڕیاردان نییە لە چارەنووسی وڵاتانی دنیای سێیەم. وێرای ئەوەش، هەنوکە توانیویەتی، خاوەن پێگەیەکی بەهێز بێت لە سەپاندنی مەرجی سیاسی سەربازی و ئابووری کە لە بەرژەوەندیی خۆیدایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئیسرائیل، هەنوکە وەک ئیران و تورکیا، نایەوێت پەلوپۆ بهاوێت، سنووری جوگرافیای فرەوان بکات، ئیمپراتۆریەتی فارسی و تورکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیندوو بکات. ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل، ئەوەیە پارێزگاری لە سنوور و وڵاتی خۆی بکات، دووبارە نەهێلێت هیچ هێزێک سنووری ببڕێت و دەستدرێژی بکاتە سەر میللەتەکەی و کەرامەتی بڕوشێنێت. لە ئەنجامدا، لە نێو ئەو کەینوبەینی سیاسی، بێ متمانەیی لە زلهێزەکان، وڵاتان و نەتەوەی دراوسێ، ئیسرائیل مەترسی لە دەستدانی کیانی خۆی هەیە. بۆ پارێزگاری کردن لەو کیانە هەر هەنگاوێک یان هەر هەڵوێستێک کە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆیدا نەبێت، خۆی بۆ ماندوو ناکات و خۆی ناکات بە خاوەنی و هەڵوێستی بەرامبەر نانوێنێت نمونە، ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی دژی داعش نەکرد. هەر وڵاتێک تۆزێک جوڵە بکات، ئەو بزانێت نزیک دەبێتەوە لە سنوورەکەی، دوو مووشەکی تێدەگرێت، بە بێ باکی لێدوان دژی دەدات نمونە، بوردومانی ئەو دوایەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ بنکەکانی سوپا و چەکدارانی ئیران لە سوریا، کە ئیران نەیتوانی متەقە لە دەمی بێتە دەرەوە دژ بە ئیسرائیل.

ئەمریکا، ئەوروپا و ڕوسیا زلهێز بوون کاتێک کە لە هەموو دنیا، ئیسرائیلییەکان، جێگە پێی هەنگاوێکیان نەبوو، بەڵام ئیسرائیلی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بووە بە هێزێک کە هەموویان هەژماری بۆ دەکەن بە تایبەتی زلهێزێکی وەک ئەمریکا.

ئیسرائیلییەکان، بە داڕشتنی بەرنامە، پلانی تۆکمە، ستراتیژیەتی ڕاست و خۆ ماندوو کردن گەیشتوون بەو دەستکەوتانە و پاراستنی کیانێک لە نێو دڵی دوژمنەکانیان. دامەزراندنی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی، سوپا، تەکنەلۆژیایی بەهێز و پتەو کردنی لۆبی جو لە هەندەران، وەکو لە وڵاتانی ئەوروپا، ڕوسیا و بە تایبەتی لە ئەمریکا، ئەنجامی جۆری کارکردن و ڕاستی داڕشتنی ستراتیژیەتی سەرکردە، پارتە ئیسرائیلییەکان، یەکگرتنیان و جۆری ئیدارەدانی پەیوەندییە دەرەکییەکان بووە. نمونە، ئیسرائیل خۆی بە دوور گرت لە هەڵگرتنی ئەو دروشمە سیاسیانەی کە بۆ ئەمریکا خاڵی هەستیارن وەک، هەڵگرتنی ئاڵای سوور، دروشمی ئایدۆلۆژیای سۆشیالیزمی و دەیان دروشم و هێمای دی کە ئەمریکا سەرچاوەی سەرهەڵدانیان بۆ قوتابخانە فەلسەفیی و فیکریەکانی ڕوسیا دەیگەڕێنێتەوە. بەو مەبەستە، ئیسرائیل بانگەوازی ئەوەی کرد، کە ئەو بڕوای بە پەیڕەو کردنی سیستەمی سیاسی دیموکراتی هەیە بۆ وڵاتەکەی، وەک لاسایکردنەوەی ئەمریکا. ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە زۆرجار ئەمریکا پەنجە بۆ سیستەمی دیموکراتی ئیسرائیل ڕادەکێشی و بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو هەڵیدەسەنگێنێ. بۆ هەمان مەبەست، ئیسرائیل هەوڵیدا، لۆبی ئیسرائیلی ئەمریکی بەهێز بکات و ببیت بە خاوەن پێگەی بەهێز، بە تایبەتی لە بواری ئابووری.

ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلێهزەکاندا گوماناوی بووە تا دەگات بە پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا، کە نەیتوانیوە متمانەی سەدا سەدی ئیسرائیل مسۆگەر بکات. لە سەرەتای ساڵی دووهەزارەکان تا هەنوکە، پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ ڕوسیای دوژمنی سەڕەکی ئەمریکا لە گەشە کردنی زیاترە، نمونە، ئیسرائیل بۆ مەسەلەی چیرچینا، هەڵوێستی دژ بە ڕوسیا دەرنەبڕی تەنیا ئەوە نەبێت، دوای فشاری ئەمریکا، بە نووسراوێکی فەرمیی داوای سەقامگیر کردنی ئاشتی کرد لەو وڵاتە. ئیسرائیل هاتە دەنگ و دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئۆباما و ئێران.

جو، وەک کورد خاوەن قەوارەیەکی نەتەوەیی چل میلیۆنی و وڵاتێکی بەرفرەوانی وەک کوردستان نەبوو، تاکو لەوەوە دەست پێ بکات. ئەوان لە خاڵی سفرەوە دەستیان پێکرد، وێرای ئەوەش لە ماوەیەکی کورتی مێژوویدا توانیان ئیسرائیلی ئەمڕۆ بنیات بنێن!

مێژووی ئەزموون و خەباتی گەلان و میللەتانی ژێردەست و رزگاربوونیان، ئەو پرسیارە دەهێننە پێشێ کە بپرسین میللەتێکی ٤٠میلیۆنی، کە چوارەم نەتەوەی گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ تا ئێستا وڵاتی بە داگیرکراوی ماوەتەوەو نەتەوەکەشی هەر جارێ بەدەست وڵاتێک یان گروپێکی چەکدار ئەتک دەکرێت، چاوەڕوانی رێکخراوە خێرخوازەکانی دنیا دەکات و دەست پان دەکاتەوە؟

کورد، پێی خۆش بێت یان پێی ناخۆش بێت، دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە خاڵی لاوازی سەڕەکی لە خۆی بووە، ئۆباڵی ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی سەرکردە خۆفرۆشەکان، پارتە کارتۆنییەکان، ڕۆشەنبیری پارە پەرست، نووسەر و ئەو کەسانەی کە توانای ڕێ نیشاندانیان هەیە و خۆیان دزیوەتەوە لە هەڵگرتنی ئەو بارە، ئینجا تاک بە تاکی نێو میللەتی کورد لە نەوەکانی ئێستا و ڕابردوو، لە هەر چوارپارچەی کوردستان لێپرسراوەتی ئەو بارودۆخەیان لە ئەستۆدایە.
کورد، بەیەوێت یان نەیەوێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە سەر ئەرز و خاکی خۆی بە کەرامەت ژیان بکات، پێویستی بە شۆڕشێکی بنەڕەتی هەیە کە سەرکردایەتیەک پێشەوای بێت، بتوانێت ئەو لێپرسراوەتییە بخاتە ئەستۆی خۆی و نە خەیانەت بکات نە خەیانەتی لێ قبوڵ بکرێت. یەکگرتن، دروستکردنی هێزی چەکداری فەرمیی و میللی، کۆبوونەوە لە ژێر یەک ئاڵا تەنیا کلیلی سەرکەوتنە.

ئەزموونی، ئەنفال، هەڵبجە، شەنگاڵ، کۆبانی و عەفرین و سەدان ئەزموونی دی لە مێژوودا هەن کە سەلماندویان کە نەتەوەی کورد، بە جاش و باشیەوە، تاکێکی کورد هەڵگری هەر بیروباوەڕێک بێت لە ئەوپەری چەپەوە بۆ ئەوپەری ڕاست، بە دەست دوژمنان یەک چارەنووس چاوەڕێیەتی، ئەویش پاکتاو کردنی نەژادی، لەناوچوون و دەستدرێژی کردنە سەر شەرف و کەرامەتیەتی.

ئەزموونی، ڕۆژئاوا و بەرەنگاری و خۆ ڕاگری عەفرینیەکان و هێزی یەپەگە و پەکەکە لە شەڕی دوو مانگەی دژ بە یەکێک لە گەورەترین سوپای دنیا، سوپای تورکیا و بەکرێگیراوانی، سەلماندی کە ئیرادە و ڕۆحی خۆ ڕاگری و بەرەنگاری بوونەوە لە هەر دوو ئاستی شەقام و سەرکردایەتی لە ڕۆژئاوادا، بەدی دەکرێت، کە دەکرێت بکرێت بە هەوێنی دروستکردنی هێزێکی چەکداری بەرفرەوانی میللی سەرتاسەری لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆ پارێزگاری کردن نەک تەنیا لە خاک و نیشتمان بەڵکو لە پاراستنی کەرامەتی یەکە بە یەکەی تاکی کورد.




ڕووداوەکانی عەفرین چیمان پێدەڵێن؛ هەڵوێستەیەک! … ريبوار عارف

یەکەم / ئەوەی عەفرینی کردە وێردی سەر زمانی ملیۆنەها ئینسان، نە سروشت وجوانی شاریکە وەک ناوەندیکی گەشتیاری، نە ناوبانگی تەلکنەلۆژیاو بازرگانی ئەم شارەیە، هاوکات نە کوردبوونی دانیشتوانەکەی ئەو ماناو هیزەی پیدەبەخشێت. ئەوەی عەفرینی گەیاندە ئەو ئاستە جلیوەیەكي ئینسانی وجولانەوەیەکی ئازادیخوازانەیە کەتیدا شەپۆل دەدا. بۆیە ئەم شارە نەک هەربووە ڕەمزی بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانە، بەلَکو لەڕاستیدا بووە جیَگەی مەترسیەکی تازە لە بەردەم ئەمرِۆی جیهانی سەرمایەداری و بەرژەوەندیەکانیاندا. ئاخەر لەم شارە دەنگێک هەیە کە لەخوارەوە برِیار دەدات و ژیان بنیاد دەنیَت. بۆیە کاتیَک کە شیَوازیَکی لەم شیَوەیە خەباتکارانە سەرهەلدەدات، ئیتر زاراوەگەلیَک بەدوای خۆیدا پەلکیَش دەکات کە سەرئەنجام لەبەردەم بەرژەوەندی سەرمایەداری و ئیمپریالیزمی جیهانیدا دەبیَتە جیَگەی مەترسی. هەرلیَرەشەوە ئەم حالەتە تیزیکیتر بەدوای خۆیدا دیَنیَت کە تیَزی رِاوەستانەوەو لەمپەر دروست کردنە لەبەردەم ئەم جلیوەو جولانەوە ئینسانیەدا، کە بەر شالاوی گەلەکۆمەکی هەموو نیهادە جیاوازەکانی پاریَزەری بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری جیهان دەبیتەوە.

دووهەم / ئەوەی کە ئێمە هەموومان لە جەرگەی ئەم ڕووداوانە دەبینن ئەوەیە کە چۆن ولاتانی ئەمریکا، ئەورپا، روسیا …و زلیهیزەکانی جیهان و تەواوی ریکخراوە خۆکردەکانیان لە چەشنی نەتەوەیەکگرتووەکان، ناتۆ، تەواوی ئورگانە بە نیو’’ ئینسان دۆستەکانیان’’ بوونەتە بەشیَک لەم کارەساتەو هاودەنگی و هاوهەلَویَستی خۆیان لەپشت هیَرشەکانی حکومەتی فاشیستی تورکیادا رِادەگەیەنن و هەموویان پێکەوە لە ئاوازیَک دەخویَنن وبەشیَوەیەکی یەکجار وەحشیانە شاریَک بە دانیشتوانەکەیەوە لەخۆین هەلَدەکیَشن. بۆیە ئەم ئەزموونەو داگیرکاریەکانی ئەمرۆژانە پیَماندەلَیَن هەر حزب و لایەنیَک و هەرکەسیَک زەرِەیەک پشت بەستووبیَت بەم زلهیَزانەو جەمسەربەندیەکانی جیهانی ئەمرۆ بەدلنیای لە شکست و هەرسهیَنانی یەک لەدوای یەک زیاتر شتیکيتر کۆناکەنەوە. کۆمەلگای کوردستان و ناوچەکە تارمای چەندین شکست و نائویدی لەم شیَوەی تیَدا بەدیدەکریَت. هیَزەگەلیَک کە باوەرِیان بە گۆرِانکاری لە خوارەوەو بە ئالوگۆرِی رِیشەی هەیە دەبێت لەباتی پشت بەستن بەم زلهیَزانە، تەنیاو تەنیا پشت بەستووبن بەهیَزی یەکگرتووی خۆیان و بە هاوپشتیەکی بەرەی ئازادیخوازانی جیهان!
سیَهەم / ئەوەی کە هەر لەسەرەتاوە ڕۆشن بوو، ئەوەبوو کە لە قۆناغی یەکەمدا حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی هێزە تیرۆریستەکان وداعش و جرِوجانەوەرە هاوشیَوەکانیەوە، دەخالەتی لە کیَشەکانی سوریادا کردو پیَگەیەکی بۆ خۆی بەدەستهیَنا. بەلام لە قۆناغی دووهەمدا بە پیَچەوانەوە ئەم حکومەتە خۆی رِاستەوخۆ هاتەمەیدان و هەموو هیَزە تیرۆریستەکان و ئیسلامی سیاسی هاتنە پشت نەخشەو پیلانەکانی ئەم حکومەتەو بوونە بەشیَک لە پیَچ ومۆرەکانی بەهیَزکردنی ئەم لەشکرکیَشی وداگیرکاریەی حکومەتی تورکیا. بۆیە ولاتانی عەرەبیش کە نازنامەی دەسەلاتدایەتیان تیَکەلەیەکە لە قەومپەرستی و مەزهەبگەرای، سەرئەنجام ئاینی ئیسلام سەرچاوەو برِیاردەری سەرەکی فەرمانرِەوایە، بۆیە چوونە پشت سیاسەتی حکومەتە هاوشیَوەیەکی خۆیان لە تورکیا ئەمرێکی واقعەوە شتیَکی جیاوازیان لی چاوەرِوان ناکریَت، لەپەیوەند بە لەشکرکیَشیان بۆ سەر شاری عەفرین وەک ئەرکی ئاینی.

چوارەم/ میدیا لە ئاست جیهاندا، وەک دەسەلاتی چوارەم ناسراوەو گرنگیەکی زۆری هەیە. بەلام ئیَمە بینیمان کە ئەم دەسەلاتی چوارەمە هیچ شتیَک نیە، جیاواز لەپیَچ و برخوەکانی تووندکردنەوەی پایەکانی دەسەلات و ئیدۆلۆژی باوی دەسەلاتداران. بۆیە ئەوەی ئیَمە لە ماوەی 58 رِۆژ بەرگری و بەرخوردانی دانیشتوانی شاریَکداو پشتگیری سەدان هەزارو ملیۆنەها ئینسانان لەسەراسەری دنیا هاتنەمەیدان بۆ پتگشیری لە عەفرین، بەهیچ شێوەیەک جێگەی سەرنج و تیارامانی دەزگاکانی ڕاگەیاندو سوسیال میدیاکانیانی ئەم ولاتانانە نەبوو؛ بۆ تەنیا جاریَک جەستەی مندالانی لەخۆین هەلکێشراویان نیشان نەدا، تا بە ڕاوەستانەوەو جەسارەتی کچ شۆرشگیرەکانی ئەم دەڤەرە دەگات. ئاخەر لە رِوالەتدا قۆناغی یەکەم تەواوبووەو ئیتر ئەم دەزگایانە پیَویستیان بەستایش و پیاهەلَدانی کچان و کورانی داعشبەزین نیەو تۆپ لە ساحەی هیزیَکی تردایە، کە بۆ ئەوان جیَگەی پشگیریە، چونکە بەرهەمی داری بەرژوەندیەکانیان لیَرە بەردەگریَت. هەربۆیە هیَشتا 58 خولەک تیپەرِنەبوو بەسەر داگیرکردنی عەفرین وئاوارەبوونی سەدان هەزار ئینساندا ئیتر تەواوی زۆنی کامیرەکانی رِوویان لە شەقامەکانی عەفرین و داگرتنی پیکەرەکەی کاوەی ئاسنگەر ونیمایشکردنی هیَزەکانی حکومەتە فاشیستەکەی تورکیاو هەلَواسینی ئەو ئالایەی کە هیَمای داگیرکاری و کوشت و کوشتاری حکومەتیکی فاشیستە! بۆیە ئیتر گلەی کردن لە کەنالی ڕووداو هەندیکی تر لە کەنالە کوردیەکان جۆریک لەو خۆشخەیالی و شەری نیوان بالەکانی ناسیونالیزمی کورد زیاتر شتیکی ترنیە، ئەگینا کێ بیَت نەزانیت کە رووداو نەک تەنیا میدیایەکی حکومەتی تورکیایە، بەلکو بەبروای من دەزگایەکی ئەمنی و جاسووسی ئەو حکومەتەیە لە کوردستاندا.

پیَنجەم / ئەوەی بۆ ناسیونالیستی کورد مەغزاو مانای بوون و داینەمۆی هەڵوێست نیشاندانە، بوونی’’خاک’’ی وەک گەوهەرە، چونکە لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا ئەوان زۆر بەباشی لە نیعمەتەکانی ئەم چەمەکە حالی بوون و دەزانن لە سایەی ئەم بەرەکەدا چۆن دەستیان بەدۆشنی ژیَرخان و سەرخانی ئەم ولاتە دەگات. ئاخەر ناسیونالیزم کە خاک و چەکی بەدەستەوە نەما ئیتر مانایەک بۆ بەرخوردان بەرنگاری بەلایانەوە نامێنێت. چونکە مۆتیفی ئەم بزوتنەوەیە ژیانی ئینسان و ماف و حورمەتی هاولاتیانی کۆمەلَگا نیە، ئەوەی بەلای ئەوانە دەکریَت هەویَنی خویَن رِشتن و قوربانیدان بیَت، تەپکەیەکە کە نابیَت لە دەست نەیارەکانیاندابیَت. بۆیە ئەوەی ئەمرِۆ لە عەفرینا رِوودەدات بۆ ئەم بزوتنەوەیە کۆتای هەموو شتیَکە و دەبیَت پرسەی بۆ بگیریَت، پاریزگای شاریکیش لە بیکاریدا بۆ هاوخەمی لەگەل قوربانیانی شاری عەفریندا داهیَنانی سێ رِۆژ پرسە رِاگەیەنیَت و فاتیحای هەموو شت دەخویَنیَت. بەلام لە رِاستیدا ئەوەی کە لە عەفرینا رِوودەدات، دواجار ئەوەیە سەرباری هەر پاشەکشەیەک بەلام هەموو بزوتنەوەیەک تاکتیک و شیوازی راوەستانەوەی خۆی هەیە و بریاریک کە هیزە سیاسەیەکانی عەفرین دایان بۆ پاشەکشە لەم شارەدا هیچ شتیَک نەبوو جیاواز لە ئاستيَکی بالا لە بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر بە ژیان و چارەنووسی هاولاتیانیکدا کە نابیَت لە پیَناوی پاراستنی خاک ژیانیان بکریَنە بارمتەو کارەساتی گەورەو گەورەرتر بەدوای خۆیان بهیَنن.

شەشەم/ سەرئەنجام ئەوەی کە خەلکی کوردستان و بەتایبەت بەرەی ئازادیخوازان دەخاتە بەردەم وەلاتدانەوە بە پرسیاری چی کردن، ئەوەیە کە ئیتر کاتی دامالینی دەمامکەکان و تەوقی ناسیونالیزم و قەومپەرستی و بانگەشەی فریوکارانەی ئیسلامی سیاسی و تیپەراندنی ئامانج و نەخشەو بەرژوەندیەکانی ولاتانی سەرمایەداری و ئیمپریالیزمی جیهانی یە. بە کورتی ئەم ئەزموونە پیَمان دەلَیَت (( نە شا نە شێخ نە ئاسمان هیچیان رِزگارمان ناکات، با خۆمان بۆ ڕزگاری ڕابین،…)). ماوەتەوە کە بلَیَن ئەوەی رِوودەدات بەردەوام بوونی بەرخودانە لە عەفرین لە شکل و فۆرمیَکی جیاوازدا، هەربؤيە ئەوەی کە خۆی لەبەرەی ئازادیخوازاندا دەبینیَتەوە دەبیَت لە سەنگەري هاودەنگ و هاوخەباتی بؤ گەرِانەوەی ئیرادەی ئینسانی لەم شارەدا، بيَتەمەيدان و خۆی ببینیَتەوە!




سۆفۆکلێس ئەنتیگۆنە… وەرگێڕانی: خەبات عارف

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….خەبات عارف




بپەیڤە ئەی بۆق … هەژار حوسێن

ب

جەنگ دەستپێدەکات
ڕۆژ ژمێرەکان خێرا دەبن و
منداڵەکان وجاخ کوێر
منیش لەم کتێبانە ڕادەمێنم
کەڕاڤەی
ئەم درەختە بێسەو شوێنانە
دەبەنەوە بەر باران
سەیری ئەو شۆستانە دەکەم
کەبەڕەگەز
دەچنەوە سەر کورد بوون و
لەنیشتیمان یاخی ببوون

ۆ
گۆرانیەکان لەهەلوەرینی گواناهـ
دەچن لەئیماندارێک
لەکوژرانی نەیژەنێک دەچن
لەقەراغ دەریا
وەک ئینجانەی دڵی هارێیەکمانن
کەپڕ بووە لەهیچ
چێژی ژیانن
بەدەم خەونی بەیانیانەوە

ق

تەنیایی
لەئاوازی گۆرانیێکی بێباک دەچێ
گوتنەوە وێردەکانی پاکیزەییە
لەدڵی ڕاوچیێکی بریندار
تێکشکاندی پیرۆزییە
لەبەر چاوی خواوە
لەدۆشدامانی ئێوارەیەک
هەتاویان کرد بەتاریکی و
پەنجەرەی ئەوساڵانەبوون
شیلەی گومانیان لێدەچۆڕا

بۆقەکان هاوڕێی نزیکی ئێمەن
بۆقەکان لێمان زویر نابن
بۆقەکان گۆرانیمان بۆدەڵێن

هەژار حوسێن




عه‌شقی ئیلاهی … به‌ختیار محه‌مه‌د

كه‌ ماچت ده‌كه‌م،
ده‌ڵێی له‌ ده‌رگای به‌هه‌شت
ڕاوه‌ستاوم.
كه‌ گۆی مه‌مكیشت ده‌مژم،
ده‌ڵێی له‌ حه‌وته‌مین ته‌به‌قه‌ی ئاسمان
وه‌ستاوم.
كه‌ ته‌ماشای ڕووتی
باڵاشت ده‌كه‌م،
ده‌ڵێی من ئاده‌مم و
له‌ حه‌وا ده‌ڕوانم.
ئاخ! ئه‌ی پاكیزه‌م،
ده‌زانم ئێستا خوا لێم تووڕه‌یه‌ و
له‌ به‌هه‌شته‌ كلاسیكییه‌كه‌ی خۆی
ده‌رم ده‌كا.




بۆ موچە هاتوەکان نادەن گەواویینە…؟! … موزەفەر عەبدوڵا

ئەمە قسەکەی مامۆستاغەزەباوییەکەی ناڕەزایەتیەکانی ساڵی پار بوو کە بە چەکدارەکانی دەسەڵاتی دەوت کاتێک تەقەیان لە خۆپیشاندەران دەکرد.لە کاتێکدا مامۆستایان بۆ هەقێکی ڕەوای خۆیان ناڕەزایەتی یان دەردەبڕی کە هەمان هەقی ئەو چەکدارانەش بوو.بەڵام ئەو چەکدارانە لە جیاتی پەیوست بون بە ناڕەزایەتی یەکانەوەو پاسەوانی خەڵکی ناڕازی کەچی خوێنی خەڵکیان دەڕشت.جا بۆ ئەبێت ئەم قسەیەی مامۆستایە لەسەری حیساب بکرێت لە کاتێکدا بەو ووشەیە تەنها دڵی پڕی خۆی لە چەکدارە بێ موچەکانو سەرانی دەسەڵات بەتاڵ کردۆتەوە.بە پێچەوانەی لێکدانەوەو هەڵوێستی کەسانێکی تەسک بینەوە ئەم قسەیە دوایی بوە مایەی دەسخۆشانەو نوکتەی خۆشی سەرزاری خەڵک نەک هەر لە ئاستی کوردستان بەڵکو لە ئاستی ووڵاتانی تریش، تەنانەت لە ڤیدیۆیەکی یوتوبدا لاوێکی چینی لە ماڵەکەی خۆیان بە زمانی کوردی بە شێوازیکی کۆمیدی دەیوتەوە.

بەڵام با کەمێک لە ناوەڕۆکی ئەم ووشەیە ورد بینەوەو ڕوونی کەینەوەو بزانین مانای چی یەو بۆ دەکرێت لە دژی ئەم دەسەڵاتەو دەزگا سەرکوتگەرو تاوانبارەکانیان ،کە لەسەر حیسابی گیانو ژیانو نانی خەڵک دەژین ، بەکار بێتو زۆریش ئاسایی یە.

پێم وایە زۆربەی کەس دەزانێت گەواو- گەواد- بەو کەسانە دەڵین کە بازرگانی بە کەسانێکەوە دەکەن کە کاری سێکس فرۆشی دەکەن. جا ئەو کەسانە بارودۆخ بە هەر هۆیەکەوە بێت ناچاری کردون بەوکارە.بیگومان ئەمەش بە پێی یاساو بڕیارە هاوچەرخو شارستانی یەکان تاوان نی یەو بەرەنجامی بونی دەسەڵاتی وەک ئەم دزو گەندەڵو چەتانەی کوردستانە کە ڕۆژانە موچەو کرێ خەڵک نادەنو سەرکوتیشیان دەکەنو کەسانێک ناچار نەم کارە دەکرێن.بەڵام تاوانبار ئەو کەسانەن کە بازرگانی بەم کاری سێکس فرۆشییەوە دەکەن هەر بۆیەش پێییان دەڵێن گەواو.

ئیستاش ئەم دەسەڵاتە جگە لەوەی خەریکی دزینی هەموسەروەتوسامانی ووڵاتە هاوکات موچەی سەدان هەزار کەسی وەک ئەو مامۆستا بەڕێزە چەند مانگە نادەن.سەرەڕای ئەوەش دەسەڵاتە تایەفی یەکەی بەغدا بۆ مەبەستی خۆی بڕیاری داوە موچەی بدات بەڵام بەهۆی ساتوسەودای لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەولێر ئیستا موچەکە تەواو نادەو زۆری دەدزن . باشە مەگەر ئەم موچە نەدانە کارێکی گەواوی نی یەو هیج جیاوازی یەکی هەیە لەگەڵ کاری ئەو کەسەی کە بازرگانی بە کاری سیکس فرۆشیەوە دەکات..! بروا بکەن ئەم کارەی دەسەڵات زۆر تاوانترە لە گەواوی بازرگانانی سێکس.لێرەدا من هەرگیز مەبەستم نییە شێوازو نەریتی جوێنو سوکایەتی پەیرەو بکەمو بکەمە باوو بەرگریشی لێ بکەم نەخێر هەرگیز..! بەڵام ئەگەر هەر کەسێک بە ژیری دور لە ڕوانگەی ئەخلاقی ڕووتەوە لێی ورد بیتەوەو هەڵوێستەی لەسەر بکات ئەوە ڕێکاوڕێک موچەنەدانو دزینی ئەوەی لەبەغداشەوە هاتوە لەناوەڕۆکدا هەمان کاری گەواوی بازرگاکانی سیکسن کە بە تاوانێکی گەورە دادەنریت لە ڕوانگەی بیروباوەرو نەریتو تەنانەت یاساکانیشەوە.

دیارە ئەمە واقعیەتێکە کە زۆر جا لە ڕوداوە پڕ کێشمەکێشو ململانێ سیاسی وکۆمەڵایەتی یەکاندا ووتەو قسەو هاواری ناڕەزایەتی کەسانێک ، بە تایبەت جوێنو سوکایەتیو توانج دەبیتە ،بەشێک لە دروشمو ناڕەزایەتی یەکانی دەمی جەماوەرو کاریگەریشیان دەبێت لەسەر ڕوداوکان. بە دڵنیاییشەوە ئەوانەی ئەو قسە بە ڕواڵەت جوێناوی یە دەدەن مەرج نی یە سوکایەتیو جوێنو بێریزی دیاردەی نەریتو کەلتوری ژیانیان بێت.بەڵام کاتێک دەسەڵاتدارانو ڕژێمە سەرکوتگەرەکان مافەکانی خەڵک پێشێل دەکەن ،هەروەک دەسەڵاتی چەتەو گەندەڵی پارتیو یەکێتیو هاوپەیمانەکانیان ، ئەوە کەسانێکی زۆر لە سۆنگەی لێرژانی جامی توڕەییو ناڕەزایەتی یان و، باری دەرونیان ناچار دەبەن قسەی وا بکەن. ئەمەش حاڵەتیکی زۆر ئاساییو بەرهەقە.وە ئەم جۆرە قسانە زۆر جار لەسەر زاری گەورە ڕابەرە سیاسی یەکان ، جا نەک هەر ڕاستەکان کە نەریت هەمیشەییانە ، بەڵکو ئازادیخوازو چەپەکانی دونیاش بە درێژایی مێژوو کراوەو دەشکرێت .
باشترین بەڵگەش جوێنو سوکایەتی یەکانی سەرانی خودی پارتیو یەکێتی و هاوفکرو نەریتەکانیانە بە یەکتر کاتێک کەمترین جیاوازیو دژایەتی دەکەوێتە نێوانیانەوە.
ئێستا کە منیش ئەم قسەیە بە کەمێک دەسکاری یەوە دەدەمەوە بەڕووی سەرانی دەسەڵاتداراندا ئەوە قابیلیانە.لەو بڕوایەشدام ئەگەر کەسانێک ، کە کەمترین لایەنگری مافو ناڕەزایەتی یەکانی جەماوەر، لەناویان مابێت مۆری تەئید لە ووشەیە دەداتو دەڵیت خەڵک هەقیانە هەرچی بڵێن بەم دەسەڵاتە.

بۆیە هەقی هەمو خەڵکە ، بە تایبەتی موچە خۆرانو ئەو مامۆستایەش جارێکی تر پێکەوە بە دەنگی زوڵاڵ لە ناڕەزایەتی یەکانیان بەم دەسەڵاتە بڵێنەوە بۆ موچەکان نادەن گەواوینە..؟!

٢٤-٣-٢٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا




7 فیلم لە بەشی “سینەمای ئیتالیا” لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر نمایش دەکرێن

مەنسوور جیهانی ـ 7 فیلمی سینەمای لە بەشی “چاوخشاندنێک بە سینەمای ئیتالیا” لە سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایش دەکرێن.

7 فیلمی سینەمای کە هەموویان ساڵی 2017 بەرهەمهاتوون لە بەشی “چاوخشاندنێک بە سینەمای ئیتالیا” لە میانەی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر FIFF لە شاری تارانی پێتەختی وڵاتی ئێران نمایش دەکرێن، کە بریتین لە: فیلمی سینەمایی “تیتۆ بچووک و بوونەوەرە فەزاییەکان” Little Tito and the Aliens لە دەرهێنانی “پائۆلۆ لیویا راندی” Paola Livia Randi، فیلمی سینەمایی “جەبر لاپاسی” The Laplace’s Demon لە دەرهێنانی “جیۆردانۆ جیولیۆی” Giordano Giulivi، فیلمی سینەمایی “یاسا ئەوەیە” The Law لە دەرهێنانی”ساڵواتۆرە فیکارا و پیکونە” Salvatore Ficarra and Valentino Picon، فیلمی سینەمایی “چامبرا” A Ciambra لە دەرهێنانی “یۆناس کارپینیانو” Jonas Carpignano، فیلمی سینەمایی “ڕێکوپێکی کارەکان” The Order of Things لە دەرهێنانی “ئاندرێ سگرێ” Andrea Segre، فیلمی سینەمایی “جێگەیەک کە سێبەرەکان دەڕووخێن” Where the Shadows Fall لە دەرهێنانی “ولنتینا پێدچینی” Valentina Pedicini و هەروەها فیلمی سینەمایی “میزان” Equilibrium لە دەرهێنانی “وێنچێنزۆ مارا” Vincenzo Marra.

لەم کۆمەڵە فیلمە، فیلمێکی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی، دوو فیلمی سینەمایی لە بەشی “چرای خەیاڵ”، فیلمێکی سینەمایی لە بەشی “نمایشی تایبەت” و هەروەها ئەو فیلمانەی کە ماوەتەوە لە بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکان” نمایش دەکرێن.

بەشی “چاوخشاندنێک بە سینەمای ئیتالیا” لە چەندین مانگ پێش ئێستاوە بەرنامەی بۆ داڕێژڕاوە و بە هاوکاری وەزارەتی فەرهەنگی ئێتالیا و باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

میوانانی تایبەت لە ئیتالیا بۆ بەشداریی لە سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر، بەڕێوەبردنی ڤۆرکشۆپی فێرکاریی لە زانکۆکان و هەروەها بەڕێوەچوونی شەوی ئیتالیا سەردانی وڵاتی ئێران دەکەن.

سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بە بەڕێوەبەرایەتی سینەماکاری ئێرانی “رەزا میرکەریمی” و بەشداریی بەرهەم و دادوەران، دەرهێنەران، رۆژنامەنووسان، رخنەگران و میوانانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی 19 تا 27ی ئەپرێلی 2018 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی “چارسوو” لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر.




زمانێ‌ كوردی و ئه‌ده‌بێ‌ كوردی … ئاری زێندینی

زمان و ئه‌ده‌ب,دوو كایه‌ی فراوانن له‌ ژیانی مرۆڤ به‌ چه‌ندین لق و پۆپ و بوار خۆیان ده‌خزێننه‌ نێو ژیانی تاكه‌كان, زمان و په‌یدابوونێ‌ زمانێ‌ مێژوویه‌كی نادیاری هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ورۆژه‌ی مرۆڤ په‌یدابووه‌ له‌ سه‌ر زه‌وی زمانیش په‌یدابووه‌ سه‌ره‌تا زمانێ‌ نڤیسین نه‌بوویه‌ ته‌نێ‌ زمانێ‌ وتوووێژولێكتێگه‌یشتن نێوان مرۆڤه‌كان بووه‌ به‌ شێوه‌ی جولانی جه‌سته‌ و ده‌ست و سه‌رو پاشی گه‌شه‌ی كردوو بووه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ رۆیشت ئه‌و تشته‌ی مه‌به‌ستیانه‌ وێنه‌ی بكێشن له‌ سه‌ر به‌ردودیواروئه‌شكه‌وته‌كانن واته‌ له‌ زووه‌كه‌وه‌ پاش زمانی وتوووێژوگفتوگۆ زمانی (نڤیسین) سه‌ریهه‌لداوه‌وپه‌یدابووه‌ تا به‌ رۆژی ئه‌ڤڕۆ ده‌گات چ زمانێ‌ وتوووێژی نێوان مرۆڤه‌كان چ زمانێ‌ نڤیسین گه‌شه‌ی كردووه‌وپه‌ره‌ی سه‌ندووه‌, ل هه‌می زمانه‌كانی میلله‌تان و دونیا زمان دوو شێوه‌ی هه‌یه‌:

یه‌كه‌م / زمانێ‌ وتوووێژ, كه‌ زمانێكی نێو خه‌ڵكه‌ هه‌رچه‌ندی كه‌ زمانێ‌ ڕه‌سه‌نی میلله‌ته‌كه‌یه‌ به‌ڵام زمانه‌كی نافه‌رمی (ناڕسمی) واته‌ زمانه‌كی ناوچه‌یی وباژێری خۆیانه‌ دویر له‌ په‌یڕه‌وكردنی یاساوده‌ستووروڕێزمانی زمانه‌كه‌ كه‌ زمانه‌كی ستاندارد نیه‌.
دووه‌م / زمانێ‌ نڤیسین, ئه‌مه‌ش دوو جۆره‌:
1- زمانێ‌ راگه‌یاندن و ئه‌ده‌ب وهونه‌روهه‌زاران كتێبی چاپ كراو كه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی شێوه‌ زمانێ‌ نافه‌ڕمی(ناڕسمی), مرۆڤه‌كان گۆڕانكاری زوو تێدا ده‌كه‌ن و تێكه‌ڵه‌ له‌ زمانێ‌ گوندولادێ‌ وشاروناوچه‌یی زاڵه‌.
2- زمانێ‌ (ستاندارد – یه‌كگرتی), كه‌ زمانێكه‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ومیلله‌ته‌كه‌ به‌ تێكڕا تێیده‌گه‌ن و ده‌شێن قسه‌ی پێبكه‌ن له‌ نووسراوودامووده‌زگاحكومیه‌كان بواری كتێبی په‌روه‌رده‌ له‌ قوتابخانه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌رێ‌ ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌وده‌كرێت واته‌ زمانه‌كه‌ ده‌ستووریه‌ ژ لایێ‌ رێنووس و ڕێزمانه‌وه‌ گۆڕانكاری دره‌نگ به‌ سه‌ردا چێدبیت دچیته‌ خانه‌ی زمانی (فه‌ڕمی , ڕسمی).

ژ لایێ‌ زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌ووڵات وكۆمه‌ڵگه‌كاندا له‌ زووه‌وه‌ هه‌وڵ هاتیه‌ دان كو زمانه‌ك سه‌رتاسه‌ری (ڕسمی – فه‌ڕمی) به‌ شێوه‌ی ستاندارد بێته‌ به‌كارئینان په‌ێڕه‌وی بكه‌ن كۆكردنه‌وه‌ی هه‌می تاكه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ئێك زمانێ‌ یه‌كگرتی ئه‌مه‌ش له‌ ڕیگایی (ئایین , سیاسه‌ت , نه‌ته‌وه‌په‌رستی , ده‌سه‌ڵات , زۆرداری) یانژی زمانه‌ك ستاندارد ژێده‌رێ‌ كتێبێكی پیرۆزی ئاینی بێت وه‌ك (قورئان) یان كتێبێكی ئه‌ده‌بی و ئه‌ده‌ب هه‌روه‌ك له‌ كۆنه‌وه‌ زمانێ‌ (لاتینی) زمانه‌كا فه‌ڕمی و ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می خۆی بوو ژبه‌ر زۆری به‌ر هه‌مێت ئه‌ده‌بی.زمان سامان و گه‌نجینه‌یه‌كی كه‌لتووریه‌ له‌ ناڤچوونی ئه‌ڤ سامان وگه‌نجینه‌وكه‌لتووره‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ مه‌رگی به‌شێك له‌و سامانه‌ كه‌لتووره‌یه‌ مه‌رگی به‌شێك له‌ شارستانیه‌تی مرۆڤه‌ , به‌داخه‌وه‌ش له‌ ڕابردوو به‌ هۆی داگیركه‌رانه‌وه‌ به‌ شێكی زۆری زمانه‌كه‌مان ل ناڤچوو, زمانێ‌ دایك و زمانی خوێندن و زمانێ‌ نڤیسین ئێك ل بنه‌مایه‌ترین مافه‌كانی تاكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ,میلله‌تی كوردیش به‌ درێژایی چه‌ندین ساڵ به‌شێكی زۆری مافه‌كانی پێشێلكراوه‌ زمانه‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ بۆی نه‌بووه‌ به‌ زمانی خۆی ئاخافتن بكات منداڵی كورد له‌ یه‌كه‌م رۆژی له‌ دایكبوونیه‌وه‌ به‌ زمانێكیتر مێشكی پڕده‌كرێت, زمان ل نهادا ته‌نێ‌ فاكته‌رێكی كه‌لتووری نیه‌ به‌لكی زمان فاكته‌رێكی سیاسی هه‌یی چونكی له‌ناوبردنی زمانێك وسووك ته‌ماشا كردنی زمانێك هه‌وڵدانه‌ بۆ نه‌هێشتنی سه‌رتاپایی ژیان و كه‌لتوورو خودان كارانی ئه‌و زمانه‌یه‌. زمان ده‌مرێ‌ و دێته‌ ل ناڤچوون به‌ هۆی له‌ ناڤچوونی میلله‌ته‌كه‌ونه‌بوونی كه‌لتووروئه‌ده‌بێكی كێم به‌رهه‌م و بێهێز بۆیه‌ گه‌ر میلله‌تیش له‌ ناڤ بچێت كه‌لتووروبه‌رهه‌می ئه‌ده‌بی لایه‌نێكێ‌ گرنگی زیندووكردنه‌وه‌ی ومانه‌وه‌ی زمانه‌,میلله‌تێكی وه‌كو میلله‌تێ‌ كورد له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌شكراوه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌تا نووكه‌ هه‌ندێك له‌ پارچه‌كانی كوردستان كه‌ ڕیگه‌ نه‌دراوه‌ زمانه‌كه‌مان قسه‌ی پێبكه‌ین و له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕسمی (ستاندارد) بێته‌ په‌ویڕه‌كرن به‌ڵام به‌ هۆی بوونی ئه‌ده‌بێكی كوردی به‌به‌رهه‌م وزۆروزه‌وه‌ند به‌ پیت به‌ تایبه‌ت له‌ (شیعروپه‌خشان) زمانه‌كه‌مان هه‌می گاڤا پێشده‌كه‌وێت و زیندووه‌ دویره‌ له‌ فه‌وتان و نه‌مان,به‌تایبه‌ت ل باشوورێ‌ كوردستانێ‌ (هه‌رێمێ‌ كوردستانێ‌) نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌كا وه‌رگرتیه‌ ژ لایێ‌ ئیداری وسیاسی له‌ راگه‌یاندن و دامووده‌زگا حكومیه‌كان وبواری كتێبه‌ قوتابخانه‌كان زمانێكی ڕسمی (فه‌ڕمی) په‌یڕه‌وده‌كرێت زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان لێكتێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ بۆ زمانه‌كه‌مان كه‌ شێوه‌ دیالێكتی كرمانجی ناوه‌ڕاسته‌,ئه‌مه‌ حاڵی زمانی كوردیه‌ له‌ نهادا پێتڤی به‌ بیركردنه‌وه‌وتوێژینه‌وه‌یه‌ نوێیه‌ چونكی هه‌رسه‌رده‌مه‌و شتی نوو وگۆرانكاری نوو ل زانست و بواره‌كانی ژیانی مرۆڤ كاریگه‌ری بله‌ز هه‌یه‌ بۆ سه‌ر زمان دبیت به‌ پێوه‌ری ئه‌ڤ گۆڕانكاریانه‌ ته‌ماشایی زمان بێته‌ كرن, له‌ سه‌رده‌می ئێستادا گه‌ر میلله‌تیش له‌ ناو بچیت و مافی قسه‌كردنی زمانی خۆیی نه‌بێت ئه‌ده‌ب و كه‌لتووره‌كه‌ ده‌مێنێت وه‌ك كه‌له‌پووروبه‌ڵگه‌ به‌هۆی هه‌زاران كتێبی چاپكراورۆژنامه‌ی بڵاڤكراوه‌وچاپكراو وه‌ك ئه‌رشیفێكی نووسراو.

زمان و ئه‌ده‌ب

زمان و ئه‌ده‌ب خزمه‌تێكی زۆری ئێكتری ده‌كه‌ن پاش ئه‌وه‌ی مرۆڤ پێشكه‌وت و بیرده‌كاته‌وه‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و بواری راگه‌یاندن (میدیا) خزمه‌تێكی گه‌وره‌وباشی زمان ده‌كه‌ن,زمانی كوردێ‌ وئه‌ده‌بێ‌ كوردیش یه‌ك له‌و زمان و ئه‌ده‌بانه‌ی سه‌ر رووی زه‌ویه‌,گه‌ر زمانی نڤیسین نه‌بوایه‌ ئه‌ده‌بیش نه‌ده‌بوو به‌ هه‌می لقه‌كانیه‌وه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاش ئه‌ده‌بیش به‌ هه‌می لقه‌كانیه‌وه‌ له‌ خزمه‌ت زمانه‌ وه‌ك فه‌رهه‌نگێكی زاراوه‌ووشه‌وپه‌یڤ ژ بو زمان .زمانێ‌ ئه‌ده‌بی زێتر زمانێكی پاراوڕه‌سه‌ن وپه‌تی پڕ فه‌رهه‌نگی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان و گوندولادێكانی كوردستان پاڵنه‌رێكی به‌هێزی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانێ‌ كوردیه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێز هه‌یه‌ له‌ نێوان زمان وئه‌ده‌ب,ئێك له‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی مانه‌وه‌ی زمانێ‌ كوردی و ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانێ‌ كوردی كه‌ پێویستمان به‌ هیچ وشه‌وزاراوه‌یكیتر نیه‌ له‌ زمانی بێگانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیه‌ به‌تایبه‌ت (شیعروپه‌خشان) هۆزانڤان و شاعیران ونووسه‌رانی كۆن و نوێ‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی زمانێ‌ ( نڤیسین) هه‌ژمارده‌كرێت پێنگاڤه‌كێ‌ گرنگ و سه‌ره‌تاییه‌ بۆ زمانێكی ( ستاندارد) بێجگه‌ له‌ مه‌ش بوونی زۆری وشه‌ و په‌یڤی نوێ‌ له‌ كه‌لتووروناوچه‌كانی كوردستان وكۆمه‌ڵگه‌ی كوردی زمانێ‌ كوردی جوانتر ده‌كات.زمانێ‌ كوردی به‌ هه‌می شێوه‌ولق و شێوه‌زارودیالێكته‌كان گه‌نجینه‌یه‌كی ب نرخه‌ ل وته‌وواژه‌وپه‌ندوبه‌یت و شیعروگۆرانی وفۆلكلۆرولاوك و حه‌یران ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مێ‌ میلله‌تی كورده‌ ل بواره‌كانی ژیانی خۆیدا پاشان زمانێ‌ كوردی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كات و جوانی ده‌كات ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ هێزی زمانێ‌ كوردی وئه‌ده‌بێ‌ كوردی به‌ دیار ده‌ئیخیت. له‌ مێژوویی زمانێ‌ كوردیدا به‌( سێ‌) شێوه‌ زمانی ئه‌ده‌بی كوردی نووسراومان هه‌یه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی و بناغه‌ی زمانێكی ستاندار كوردی له‌ نها و له‌ داهاتوودا, وه‌ك:

شێوه‌ی ئێكه‌م/ شێوه‌ی ئه‌ده‌بی (هه‌ورامی یان گۆران), كه‌ سه‌ر به‌ دیالێكتی كرمانجی خوارووه‌ ,ئێكه‌م به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی هه‌ورامی یان گۆرانی دیالێكتی كرمانجی خواروو شیعره‌كانی (بابا تاهیری هه‌مه‌دانی) پێش هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شیعری پێ‌ نووسیوه‌ پاشی ل سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و دوماهی سه‌ده‌ی (19) شاعیرانی وه‌كی (خانایی قوبادی , كاردۆخی) به‌ شێوه‌ی (هه‌ورامانی و گۆرانی) شیعریان وتووه‌ونڤیسیه‌,وی ده‌مێ‌ هه‌م زمانی وتوووێژوخه‌لكی بووه‌ هه‌م زمانێ‌ نڤیسین وه‌كی (شیعر) به‌ڵام زمانێ‌ ستانداردوزمانی دامووده‌زگایی میری نه‌بووه‌و ناشزانین وه‌كو مێژوویی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌ ته‌واوی كێ‌ حوكمی كردووه‌وچه‌ند بووه‌. شێوه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌ورامانی زمانێكی كوردی ڕه‌سه‌ن وپڕوپاراوبووه‌ ڤێگاڤێ‌ زۆرینه‌ی خه‌لكی ئاخافتنی پێكردووه‌ له‌ هۆزان وشیعری كوردی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ وشه‌وپه‌یڤ وزاراڤه‌و فه‌رهه‌نگ وكه‌لتووری ناوچه‌ودێهاته‌كانی كوردی وی سه‌رده‌مێ‌,ل سه‌رده‌می ئێستاشدا شێوه‌ی هه‌ورامی زمانێ‌ قسه‌ووتوووێژی ناڤ خه‌لكیه‌ له‌ ناوچه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر سنووری وڵاتی (ئێران) كه‌دابه‌شكراوه‌ كه‌ به‌شێكی كێم كه‌وتۆته‌ سنوری باشوری كوردستان كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ چه‌ند شارۆچكه‌ولادێیه‌ك ژ لایێ‌ ئه‌ده‌بیات ژی به‌شێكی كێم شیعروپه‌خشان دهێته‌ نڤیسین جاربه‌جاریش له‌ ستڕان و به‌دیارده‌كه‌وێت نه‌بۆته‌ زمانێ‌ دامووده‌زگایی حكومی, واته‌ زمانێ‌ هه‌ورامانی ماوه‌ونه‌فه‌وتاوه‌ وه‌كو ئه‌ده‌ب وكه‌لتوورێك ماوه‌ ده‌توانرێت سوودی لێببینرێت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانێ‌ كوردی و فه‌رهه‌نگێ‌ زمانێ‌ كوردی بناغه‌ی زمانێكی ستانداردی كوردی.

شێوه‌ی دووه‌هه‌م/ شێوه‌ی ئه‌ده‌بی (كرمانجی سه‌روو- ژوورو) كه‌ ده‌بێژنێ‌ (بادینی) به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی, ئه‌م شێوه‌ ئه‌ده‌به‌ هه‌می زمانێ‌ كوردی له‌ شێوه‌زاروناوچه‌زاروگوندولادێ‌ كه‌ سه‌ر به‌ دیالێكتی كرمانجی (ژوور , سه‌روو) ئه‌وبه‌شه‌ی كوردستانه‌ش كه‌وتۆته‌ سنووری وڵاتی (توركیا) كه‌ ناوچه‌یه‌كی فراوانی كورد ده‌ژی كه‌ پێكهاتیه‌ له‌ چه‌ند شاری گه‌وره‌وبچووك و زۆری لادێ‌ وگوند,ل نهادا زمانێ‌ زۆربه‌ی خه‌لكیه‌ ژ ئه‌ده‌ب وهونه‌روستڕان ورۆژنامه‌وته‌له‌ڤزیۆن ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌ری نووكه‌ له‌ ناڤه‌ ڕاستی سه‌ده‌كانی ناڤه‌راِست تا كۆتایی سه‌ده‌ی (19) زۆرترین به‌رهه‌مێ‌ ئه‌ده‌بی پێ نووسراوه‌ له‌ شیعروپه‌خشان وبواری رۆژنامه‌وانی به‌ پیتی (عه‌ره‌بی و لاتینی), شێوه‌ی ئه‌ده‌بی كرمانجی ژوورو-سه‌روو(بادینی) ئه‌ده‌بێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی كوردیه‌ چه‌ندین سه‌ده‌ شیعری پێ‌ نووسراوه‌وزمانی وی ده‌می خه‌ڵكی بووه‌ بووه‌ته‌ زمانێ‌ میرنشینه‌كانی ( بادینان و بۆتان وجه‌زیره‌وهه‌كاری) ل باكورێ‌ كوردستانێ‌ مه‌زن هه‌روه‌ها به‌شێكی كێم ژی كه‌وتۆته‌ وڵاتی (سوریا) كه‌ له‌ چه‌ند شارۆچكه‌یه‌كی وه‌ك( قامیشلۆ وعفرین و كۆبانی) چه‌ندین گوندولادێ‌ كه‌ ته‌نها زمانێ‌ خه‌لكی بووه‌ بوار نه‌هاتیه‌دان بۆ نڤیسین, تاكو نها ژی ئه‌ڤ شێوه‌ ئه‌ده‌به‌وزمانه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ زمانی قسه‌كردن و زمانی نڤیسین له‌و به‌شه‌ی كوردانی وڵاتی( توركیا) له‌ بواری شیعروگۆرانی و رۆژنامه‌وانی و ته‌له‌ڤزیۆن كه‌ پڕیه‌تی له‌ هه‌زاره‌ها وشه‌وپه‌یڤ و زاراوه‌ی په‌تی و ڕه‌سه‌نی زمانێ‌ كوردی.

ئه‌ڤ شێوه‌ زمان وئه‌ده‌بی كوردیه‌ شاعیرانی وه‌كو ( مه‌لای جه‌زیری و عه‌لی حه‌ریری و ئه‌حمه‌دێ‌ خانی و فه‌قێ‌ ته‌یران وپرته‌وێ‌ هه‌كاری و جگه‌رخوێن و قه‌دری جان ) شیعریان پێ‌ نووسیوه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ ئه‌ده‌بێكی ده‌وڵه‌مه‌ندوفه‌رهه‌نگێكی ڕه‌سه‌ن بۆ زمانێ‌ كوردی بناغه‌ك بۆ زمانێكی ستاندارد رۆلێكی كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ مانه‌وه‌ونه‌فه‌وتانی زمانێ‌ كوردی به‌ گشتی و زمانێ‌ دیالێكتی كرمانجی (ژوورو- سه‌روو).

شێوه‌ی سێ‌ هه‌م/ شێوه‌ی ئه‌ده‌بی كرمانجی ( ناڤه‌ڕاست) كه‌ به‌ زمانێ‌ (سۆرانی) ناڤ زه‌دكراوه‌, شێوه‌ی ئه‌ده‌بی ناڤه‌ڕاست ئه‌ده‌بێكی زۆروزه‌وه‌ندی هه‌یه‌, كه‌ به‌شێكی زۆری له‌ كوردانی وڵاتی (ئێران , ئێڕاق) قسه‌ی پێده‌كه‌ن و پێیده‌نڤیسن له‌ شیعروپه‌خشان وگۆرانی و رۆژنامه‌وانی و هونه‌ر, هه‌رچه‌ند زمانێ‌ ڕسمی ستانداردی خه‌لكی و دامووده‌زگایی حكومی نه‌بووه‌ به‌ڵام ل نهادا پشتی سه‌رهه‌لدانا خه‌ڵكی كوردستان له‌و به‌شه‌ی وڵاتی ئێڕاق زمانێ‌ ڕسمی خه‌لكی و دامووده‌زگا حكومیه‌ و له‌ بواری خوێندنی قوتابخانه‌كان دێته‌ په‌یِره‌وكرن, شێوه‌ی ئه‌ده‌بی كرمانجی (ناڤه‌ڕاست) شاعیرانی وه‌كو ( نالی و سالم وكوردی وحاجی قادری كۆیی و گۆران وفایق بێكه‌س ودڵدار و پیره‌مێرد و هه‌ژارموكریانی وهێمن موكریانی) چه‌ندانی دیكه‌ شیعروپه‌خشانی پێ نووسراوه‌ كه‌ ئه‌ده‌بێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ وشه‌وپه‌یڤ و زاراوه‌ فه‌رهه‌نگی زمانێ‌ كوردی پێش ئێخستیه‌ ژ فه‌وتان رزگاری كردووه‌ كه‌ بناغه‌یه‌كی پته‌وه‌ بۆ زمانێ‌ ستانداردی كوردی له‌ نهاوداهاتوودا. ئه‌م سێ‌ شێوه‌ ئه‌ده‌بیاته‌ی كوردی كه‌ به‌ زمانێكی پاراووڕه‌سه‌ن و زمانێ‌ زۆربه‌ی ناوچه‌ودێهات ولادێ‌ و زمانێ‌ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌ بناغه‌یه‌كی باش و ده‌وڵه‌مه‌نده‌و پێنگاڤی ئێكه‌مه‌ بۆ زمانێكی (یه‌كگرتی, ستاندارد) هه‌رچه‌ند ئه‌ركێكی قوِرس وزه‌حمه‌ته‌ به‌ڵام زمانه‌كه‌مان ده‌پارێزی له‌ فه‌وتان و ژ ناڤچوون, هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌رده‌می نهادا هه‌می تشت وه‌كی په‌ڕاونووسراوی كۆن ونوو نافه‌وتێت به‌ هۆی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی زانست وته‌كنۆلۆجیا هه‌مووی ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌كی خۆی ئه‌گه‌ر میلله‌تێك داپڵۆسێنی و له‌ ناویشی ببه‌ی به‌ڵام زمانه‌كه‌ی به‌ هۆی ئه‌ده‌به‌ نووسراوه‌كه‌ی ده‌مێنێت واته‌ جگه‌ له‌ ئه‌ده‌ب وكه‌له‌پووری چه‌ندین ساڵه‌ بواری ته‌كنۆلۆجیا زمان ده‌پارێزێ‌ گه‌شه‌شی پێده‌دات به‌ تایبه‌ت ئه‌و ئامێروته‌كنۆلۆجیایه‌ی له‌ بواری راگه‌یاندن به‌كاردێت له‌ رۆژنامه‌وگۆڤاروته‌له‌ڤزیۆن و رادیۆ كه‌زمانێ‌ كوردی بۆ خه‌ڵك و دونیایی ده‌ره‌وه‌ بڵاڤ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ زێتر ئاشنا دبیت به‌ مرۆڤه‌كان.

زمانه‌كه‌مان و ئه‌ده‌به‌كه‌كان له‌ ئێستادا:

پشتی گردووگۆو شیكردنه‌وه‌ی مێژووی زمانێ‌ كوردی وئه‌ده‌بێ‌ كوردی به‌شێوه‌یه‌كی پوخت,دگه‌هینه‌ ئه‌نجامێكی واقیعی و به‌رده‌ست كه‌ شێوه‌ی ئه‌ده‌بی كرمانجی سه‌روو- ژوورو خزمه‌تكاری زمانی كوردی دیالێكتی ژوورو- سه‌روو بووه‌ له‌ فه‌وتان رزگاری كردووه‌ هه‌روه‌ها شێوه‌ ئه‌ده‌بی كرمانجی ( ناڤه‌ڕاست) هه‌روه‌تر خزمه‌تێكی زۆری زمانی كوردی دیالێكتی (ناوه‌ڕاست)ی كردووه‌ له‌ ئێستاشدا هه‌ردوو شێوه‌ ئه‌ده‌بی و زمانی كوردی دیالێكتی ( ژوورو- ناوڕاست) زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی قسه‌ونووسراویان هه‌یه‌ به‌و دوو شێوه‌ زمانه‌ واباشتره‌وچاكتره‌ بناغه‌ی زمانێكی (ستانداردی كوردی) له‌و دوو دیالێكته‌ پێكبهێنرێت كه‌ شێوه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌یان فه‌رهه‌نگ و وشه‌وپه‌یڤ و زاراوه‌ی كوردی ڕه‌سه‌نی زۆربه‌ی ناوچه‌ كورد نشینه‌كانی ئاكه‌نجیه‌. زمانێ‌ كوردی ناسنامه‌ی میلله‌تێ‌ كورده‌, زمان واته‌ نه‌ته‌وه‌ , ئه‌ده‌ب واته‌ كه‌لتووروكه‌له‌پووری نه‌ته‌وه‌ , زمان وئه‌ده‌به‌كه‌مان بوونه‌ته‌ بوونمان و مانه‌وه‌مان له‌ مێژوودا, زمانێ‌ كوردی زمانێ‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌ پێوستیمان به‌ زمان و ئه‌ده‌ب و وشه‌وپه‌یڤی زمانانیتری بێگانه‌ نیه‌, زمانێ‌ كوردی له‌ سه‌رده‌می ئێستادا له‌ ڕێگه‌ی (ئه‌ده‌ب و راگه‌یاندنه‌وه‌) چۆته‌ ڕیزی زمانانی جیهان چه‌ندین كتێب ونامیلكه‌ ئه‌ده‌بی له‌ زمانێ‌ كوردیه‌وه‌ وه‌ڕگیِڕڕاون بۆ زمانانی (ئینگلیزی وفارسی وتوركی) كه‌ ئه‌ده‌ب رۆلێكی سه‌ره‌كی بینی له‌ ناسین و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانێ‌ كوردی,ئێكه‌م پێنگاڤیش بۆ به‌ره‌وپیشڤه‌چوونی زمانێ‌ كوردی و لێك نزیكردنه‌وه‌ی زمان وئه‌ده‌به‌كه‌مان نڤیسه‌ران و ره‌وشه‌نبیران وخوێنده‌ڤانان, با وازبهێنین له‌ زمانی ناوچه‌یی و ئه‌ده‌بی ناوچه‌یی و میزاجی به‌لكی زیاتر له‌ هه‌وڵی زمانێكی ( یه‌كگرتی)ی سه‌رتاسه‌ری بین بۆ زمانێ‌ كوردی له‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیش ڕه‌نگبداته‌وه‌ كه‌ دڵنیایی و بناغه‌یه‌كی پته‌ووقایمه‌ بۆ زمانی كوردێ, ده‌شێن پێنگاڤه‌كان بۆ ئێكخستن و تێكه‌ڵاوی هه‌ردوو دیالێكتی ( ژوورو, ناڤه‌ڕاست) ل چه‌ند خاڵێك كۆم بكه‌ینه‌وه‌ وه‌كی :

1-شێوه‌ی ئه‌ده‌بی كرمانجی( ژوورو , ناڤه‌ڕاست) ئێكبخرێت له‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان ڕه‌نگبداته‌وه‌.
2-له‌ دامووده‌زگا حكومیه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ باشووری كوردستان تێكه‌ڵاوی و ئێكخستنی دیالێكتی ( ژوورو و ناڤه‌ڕاست) بهێته‌ په‌یڕه‌وكرن.
3-ل كتێبی قوتابخانه‌كان ل حكومه‌تی هه‌رێما كوردستانێ‌ په‌یڕه‌و بكرێت كه‌ چینێكی خوێنده‌واروره‌وشه‌نبیری داهاتوون.
4-ل سه‌رده‌می ئێستادا كه‌ ڕاگه‌یاندن (میدیا) رۆلێكی كاریگه‌روسه‌ره‌كی ده‌بینێت به‌شێوه‌ی په‌یڕه‌وكردنی هه‌ردوو دیالێكتی (ژوورو , ناڤه‌ڕاست) زمانێ‌ كوردی په‌خش و بڵاو بێته‌ وه‌شاندن.
5- گرنگترین پێنگاڤ چاپكردنی كتێب و نامیلكه‌ ل شێوه‌ی (فه‌رهه‌نگی په‌یڤ و وشه‌= قامووسی وشه‌وپه‌یڤ) كه‌ هه‌ردوو دیالێكتی (ژوورو , ناڤه‌ڕاست) كۆم بكاته‌وه‌.




ئه‌و شه‌قه‌ی له‌ جه‌سته‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی هه‌ولێردرا له‌هه‌موو كورد درا … عیماد عه‌لی

ئه‌و گرته‌ فیدیۆیه‌ی ئه‌مرۆ كه‌ به‌ راستی گریاندمی. دیمه‌نه‌كه‌ باس له‌سه‌ر فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و تاران نیه‌ كه‌ به‌ هه‌وڵه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌ دوژمنكاریه‌كانیان له‌به‌رامبه‌ر كورد هه‌موو جۆره‌ شێوازێكی نابه‌جێ به‌كاردێنن و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیان ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت كوردستان تێكبده‌ن. باسه‌كه‌ لێره‌دا له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌ دارایی و ئابووریه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش نیه‌ كه‌ كه‌رامه‌تی كوردیان خسته‌ ژێر پێیانه‌وه‌، باسیشم له‌سه‌ر ملكه‌چكردن و سه‌ردانواندنی ده‌سه‌ڵاتی كوردی نیه‌ بۆ دوژمنانی گه‌لی كورد كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی و كه‌سی خۆیان تا ئه‌مرۆش به‌رده‌وامن له‌و كاره‌یان و دان به‌ شكستی خۆیاندا نانێن.

باسم له‌و شه‌قه‌یه‌ كه‌ هه‌رزه‌كارێكی په‌روه‌رده‌ی ده‌سه‌ڵات وحزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ مامۆستایه‌كی ده‌ده‌ن كه‌ بۆ مافی سه‌ره‌تایی خۆی و بژێوی ماڵ و منداڵی هاتۆته‌ سه‌رجاده‌ و ناله‌باری ژیانی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه‌، ئه‌و مامۆستایه‌ی هه‌ولێر كه‌ سه‌ره‌رای جه‌ورو سته‌می ده‌سه‌ڵات تا ئه‌مرۆ سه‌بری گرتووه‌ و له‌هه‌موو شوێنێكیتر زیاتر پشوودرێژتربووه‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ ته‌نها خۆپیشاندانی كردووه‌ و داوای بچوكترین مافی خۆی كردووه‌. بۆچی ئه‌مه‌ رووبدات؟ بۆ رێز له‌ ته‌مه‌نی خاوه‌ن مافێك نه‌گیرێت كه‌ هیچ تاوانێكی نیه‌ و پاش شه‌ق تێهه‌ڵدانی زۆر به‌ ساده‌یی و بێ هیچ هه‌ڵچونێك ده‌ڵێت؛ له‌من ده‌ده‌یت بۆمن چیم كردیه‌؟

كه‌س هه‌یه‌ ئه‌و پشودرێژیه‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێری له‌به‌رچاو نه‌بێت؟ بۆچی رێز له‌و وه‌فاداری و به‌ئه‌مه‌كه‌یه‌ی ئه‌وان نه‌گیرا. ئه‌گه‌ر باستان له‌ سلێمانی كرد كه‌ فره‌یی راوبۆچون و ململانێی سیاسی و حزبی رۆڵی خۆی له‌ ناره‌زایه‌تیه‌كان هه‌بێت، خۆ ئه‌وه‌ مامۆستایه‌كی هه‌ولێری به‌سه‌بر و هێمن و ژێرده‌سته‌ی چه‌پوكی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌یه‌ وه‌ك ده‌لێن‌ كه‌ تا ئه‌مرۆ هیچی نه‌كردووه‌ و به‌هۆكاری دروستنه‌كردنی بۆشایی بۆ دزه‌كادنری دوژمنان و رێگریكردن له‌ ده‌ستێوه‌ردانیان ته‌نها خۆی خواردۆته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ ئێسك هات پێست ده‌درێت و ئه‌ویش ته‌نها داوای ره‌وای خۆی ده‌كات. سه‌ره‌رای شكستی حوكمرانیتان ته‌نانه‌ت نه‌یوتووه‌ برۆخێن و برۆن، به‌ڵێ راست ده‌كات چی كردیه‌، هیچ زیانێكی له‌كه‌س نه‌داوه‌، ده‌ستدرێژی نه‌كردۆته‌سه‌ر هیچ داموده‌زگایه‌ك و كه‌سێك، به‌ڵام ره‌فتاری كاسه‌لێسه‌كانتان بگاته‌ ئه‌و حاڵه‌ی كه‌ به‌عسیش سڵی لێ ده‌كرده‌وه‌.

لێره‌دا هیچ نامێنێته‌وه‌ بۆ وتن، جگه‌ له‌وه‌ی به‌وردی ته‌ماشای ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ بكه‌یت و تێرامانێك بكه‌یت و له‌ په‌روه‌رده‌ و ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و داروده‌سته‌كه‌ی بروانیت‌ و له‌ هۆكاری بكۆڵیته‌وه‌. بۆچی گه‌یشتۆته‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی كورد به‌ خۆی به‌ ئاشكرا پیشانی بدات كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ عه‌قڵ و نه‌ پلان و نه‌ رێز و نه‌ مافی كه‌س و نه‌ش گرنگترین شت كه‌ ئه‌خلاقه‌ له‌ نێو داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا نه‌ماوه‌.

به‌ڵێ توێژینه‌وه‌یه‌كی زۆر ورد و قوڵی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بزانرێت ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات كاریگه‌ری سه‌لبی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ و ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاق و ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ و عه‌قڵی تاكی كوردی كردووه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت بگاته‌ ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ما ئه‌خلاقی و كلتوری و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆی لایداوه‌ . ئه‌گه‌ر قه‌یرانی ئابووری و لایه‌نی مادی له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت چاره‌سه‌ر بكرێت و وه‌زعی دارایی خه‌ڵك رووه‌ و باشی بروات و گۆرانكاری رووبدات، ئه‌گه‌ری گه‌وره‌یه‌ كه‌ زۆر شت بگه‌رێته‌وه‌ شوێنی خۆی، به‌ڵام شكستی ئه‌ده‌بی و ئه‌خلاقی و كه‌لتوری و تایبه‌تمه‌مندی چاكه‌ و سیفه‌ته‌ ناوازه‌كانی میله‌تێك بشێوێت چۆن ده‌گه‌رێته‌وه‌ جێگه‌ی خۆی، چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت خه‌ڵكینه‌؟




گەورەترین ناپاکی ناپاکیکردنە لە کوردستان …. رەزا شوان

کوردستانی جوانمان، بە زەوی ئاسمانییەوە، بە شاخ و گرد و دەشت و دۆڵییەوە، بە ئاو و دار و بەرد و خاک و خۆڵییەوە، بە گوڵ و گوڵزارییەوە، بە کوێستان و گەرمانییەوە، بە باکوور و رۆژهەڵات و باشوور و رۆژئـاوایەوە، نیشـتمانی پیـرۆزی ئێمەی کوردە، جێی هەزاران ساڵی باوباپیرانمانە.. کوردستان جوگرافیا و مێژوومانە، رابردوو و ئێستا و داهاتوومانە، تا ئەوپەڕی خۆشەویستی خۆشـمان دەوێ، هەمیشە وا لە نـاخی دڵ و دەروونمانە، لە بیر و هۆش و خەیاڵمانە، بۆتە وێردی شیرینی هەمیشەی سەر زارمان.
کوردستان پێناسە و ناسنامەمانە، خوێن و هەناسەمانە، سەربـەرزی و شکـۆداری و سەروەریمانە.. کوردستان ئابڕوومانە، دایک و باوک و خوشک و برا و خۆشەویست و کەسوکارمانە، سامان و سەرمایەمانە.. کوردستان هەموو شتێکمانە.
سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان، سۆز و ئەڤین و خۆشەویستییەکی قووڵی رەمەکییە، هاوبەستەبوونێکی رەگ بەهـێز و قـەد ئەستوورە، کە هەرگیز داگیرکەران و دوژمنانی کورد و کوردسـتان نەیان توانیوە و ناتوانن ئەم خۆشەویستییە لە هۆش و دڵمـاندا دەریبهێـنن یا کاڵی بکەنەوە.. چونکە خۆشەویستی کوردستان چۆتە خوێنمانەوە.. کوردستان بووە بە گروپی خوێنمان.. وەکو شاعیری گەورەی گەلەکەمان (عەبـدوڵڵا گـۆران)ی نەمر دەڵێ:

کوردســتان: جێــگـامی جـێی هـــەزار سـاڵەم
پەروەردەی ئەم دۆڵ و سەر لووتکە و یـاڵەم
عەشـقی تـۆ ئەی دایـکی خـۆم و هــاوخــوێنم
هـەر لـە پشـــتی بـاوکـــا چــــووە هــــــەوێنم
ئەشـــچێـتە هــــەوێـنی کـــــوڕ و کـــــــوڕەزا
تـا کـــورد مـــابێ لـە چـیـــــــای بـــــــــــەرزا

هەموومان قەرزاری کوردستانین، ئاوی شیرینیمان نۆش کرد، هەوای پاکیمان هەڵمژی، لە بەروبوومی زۆر وزەبەندیمان خوارد، لە باوەشیدا لە دایکبووین و گۆش و پەروەردە کراین، بە دیمەنی سروشتی قەشنگ و دڵڕفێنی چاومان هەڵێنان و حەیـران و مەستی بووین.. کوردستانە قەڵغان و سەنگەرمانە بۆ بەرگری و خۆپاراستن لە داگیرکەران.
بۆیە بەرگریکردن لە کوردستان، ئەرکێکی پێویست و زۆر پیرۆز و رەوشتیی هەموو کوردێکە، راستە ژیـان شیرینە، خـوێن بەنـرخە، بەڵام لە ژیانمان شیرینتر، لە خوێنمان بەنرختر، کوردستانمانە.. بەبێ کوردستان بوون و مانمان هیچ واتایەکی نییە، ژیانمان هیچ چێژ و خۆشییەکی نییە، دنیاش لەبەرچاوماندا هیچ جوانییەکی نییە، شوێنێکیش نییە لە جیهاندا کە جوانتربێ لە کوردستان.. کوردستان بە دنیا ناگۆڕینەوە.
لووتکەی دڵسۆزی و خۆشەویستی و ئەمەکداری و بەخشینیش، قوربانیدانە لە پێناوی بەرگریکردن لە کوردستانی شیرینمان، بە هەزاران کوردستان پەروەری دڵسۆزمان شەهدبوون و گیانیانی خۆیان بەخشی بە کوردستان و بوونە مایەی ڕێز و شانازی بۆ گەلەکەمان.. تا هەتایە بە شانازییەوە یادیان دەکەکرێنەوە و بەڕێزەوە ناویان دەهێنن.
(هۆمیرۆس) دەڵێ:” لە دنیادا هیچ شتێک لە خاکی نیشتمان شیرینتر نییە”
(پیرەمێرد)ی نەمریشمان دەڵێ:

کـــــاولەکەی وەتـــەن هــــێندە شیـیرینە
ژاری دووپـشکی عـــەربەت هەنــگوینە

(جیڤارا)ش دەڵێ:” نیشتمانەکەم فێری کردم.. کە خوێنی شەهیـدانە.. سنووری نیشتمان دیاری دەکات”
سۆز و پەرۆش و خۆشەویستیمان بۆ کوردستانی نیشتمانمان، هێندە لە ناخمدا گەورە و بێ سنوورە، رەنگە نەتوانین بە نووسین و هـۆنراوە و چیرۆک گوزارشتی لێبکەین.
کە پەرلەمانتاری کوردمان بەڕێز (عوسمان بایدەمیر) ناوی کوردستانی هێنا، تورکە رەگەزپەرستەکان، چاویان چووە پشت سەریان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە ناو هۆڵی پەرلەماندا بە رقەوە وتی:” کوردسـتان لە کوێیە؟” عوسمان بایدەمیریش دەستی خستە سەر دڵی خۆی و سێ جار وتی: ” کورددستان لە ناو دڵمان دایە” راستە کوردستان لە ناو دڵمان دایە و هەرگیز داگیرکەرانی کوردستان، ناتوان دەریبکەن.

بەڵام لە هەموو کات و شوێنێکدا، لە نێو هەموو گەلێکدا، کەسانێکی لە رێدەرچـووی هەلپەرست و خۆپەرست هەن، کە تەنیا بیر لە ژیانی خۆیان دەکەنەوە، گوێ بە ئازار و نەهامەتییەکان و کارەساتەکانی گەلەکەیان نادەن، گوێ بە دەستدرێژی و ستەم و ئەو مەترسییانەش نادەن کە لە لایەن داگیرکەران و دوژمنانەوە رووبەڕووی نیشتمانەکەیان دەبنەوە، ئەم جۆرە کەسانە هیچ خۆشەویستی و دڵسۆزی و هـاوبەستەبوونێکیان بۆ گەل و نیشتمانەکەیان نییە، لەمەش خراپتر و مەترسیدارتر، ئەوەیە وەکو گوڵنین، کەچی بوونەتە دڕک و چەقیونەتە جەستەی گەلەکانیان.. ئەمانە ئامادەن بۆ پارە و دەسەڵات و پایە و بۆ بەرژەوەندی کەسێتییان، ئەوپەڕی ناپاکی لە گەل و نیشتمانەکەیاندا بکەن، خۆیان و ویژدانیان و رەوشتیان و مرۆڤایەتییان بە داگیرکەران و بە دوژمنانی گەل و نیشتمانەکەیان بفرۆشن، سیخوڕی لەسەر گەلەکەیان بکەن و بە ئاشکرا و بە نهێنی زانیاری گرنگ و مەترسیدا بە داگیرکەران بفرۆشن.. ئامادەن نۆکەری و تانە و لۆمە و سەرشۆڕی و شەرمەزاری و سووکایەتی قبووڵ بکەن.

ناپاکی پەتایەکی زۆر مەترسیدارە و، کارەساتی زۆری لێدەکەوێتەوە.. ناپاکی جۆری زۆرە، وەکو ناپاکی هاوسەرگیری، ناپاکی هاوڕێتی، ناپاکی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، ناپاکی دەسەڵات،… هتد، بەڵام گەورەترین و پیسترین و ناپاکـترین ناپـاکی، ناپاکیکردنە لە نیشتمان.. کە بە گەورەترین تاوان دەرهەق بە گەل و نیشتمان دادەنرێت. لە هەموو یاساکانی گەلانی دنیادا، لە ناپاکی نیشتمان نابوورن و بەر هیچ لێبووردن و بەخشینێک ناکەوێت و قورسترین سزا دەدرێت.
بێگومان مێژووی گەلی کوردیشمان بەدەر نییە، لە لاپەڕە رەشەکانیدا، ناوی چەندین ناپاکی نیشتمان و خۆفرۆش و کوردستان فرۆش و جاش و نۆکەر و سیخوڕ و، چاوساغ و کڵاوسووری پێش لەشکری داگیرکەر و دوژمنانی کورد و کوردستان تۆمارکراون، کە بۆ پارە و پایە و دەسەڵات، یارمەتی دوژمنانی گەلەکەمان و داگیرکەرانی کوردستانیان داون و پێشیان کەوتن و رابەریان بوونە و، لوولەی تفەنگەکانیان کردوونەتە گـەل و نیشتمانەکەیان، یا زانیاری نهێنی و مەترسیداریان بە داگیرکەران فرۆشتوون.. رۆڵێکی زۆر ناپاکیان بینیوە لەو کارەساتە خوێناوییانەی کە بەسەر گەلەکەماندا هاتوون.. زۆر بەداخەوە، کە ئەم جاش و خۆفرۆش و نۆکەر و ناپاکانە هۆکارێکی سەرەکی بوونە لە شکستییەکانی شۆڕشەکانی گەلەکەماندا.. پەندێکی ئیرلەنـدی هەیە. دەڵێ:

“بوونـی شـێرێكی دڕنـدە لە پێشەوە بێت.. باشـترە لە بوونی سەگێکی ناپاک کە لە دواتەوە بێت”
ناپاکی کوردستان، ئەوە کوردە ناپاکەیە، کە ناپاکی لە کورد و کوردستان بکات، چ بە نهێنی یا بە ئاشکرا هاوکاری داگیرکەرانی کوردستان بکات، سیخوڕی بکات و زانیاری و نهێنیی مەترسیدار بە داگیرکەران بگەیەنێت، هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی داگیرکەران پێیان بخەنە کوردستانەوە و داگیری بکەن.. ناپاکانی نیشتمان فرۆش، شایانی ئەوە نین کە لە کوردستاندا بژین و بمێننەوە.. نابێت چاو لە ناپاکی و لە تاوانەکانیان بپۆشرێت و لێیان ببوورن، پێویستە قورسترین سزا بدرێن، سەر بە هەچ لایەنێکبن، لە پاڵی هەچ حیزبێکدا بن.. هەچ لایەنێک بیان گرێتە خۆیان و چاوپۆشی و پەردەبۆشی لە ناپاکی و لە کارە قێزەوەنەکانیان بکەن ئەو لایەنەش بە هاوناپاکی دادەنرێت.. چونکە ئەم ناپاکانە زیانێکی زۆر گەوریەیان بە چارەنووسی ئەمـڕۆ و بە داهـاتووی کـورد و کوردستان گەیاندوون، رەشوڕووتی گەلەکەمان باجێکی زۆر قورسی ناپاکی و تاوانانەکانی ئەم ناپاکانە دەدەنەوە.. نابێت ئەم ناپاک و نیشتمان فرۆشانە، وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچن و هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا نەکرێت.. هیچ بیانوو و پاکانەیەک بۆ ناپاکیان لێ قبووڵ ناکرێن، ناپاکیش وەکو پەڵەیەکی قێزەوەنە بە ناوچەوانیانەوە کە تا هەتایە دەمێنێت و بە نەشتەرگەریش لێیان نابێتەوە، دوای مردنیشیان هەر بە ناپاک ناودەبرێن.

ناپاکان شایەنی ئەوەن کە رۆژی هـەزار جار نەفـرەت و تـف و بـەردباران بکرێن.. بۆ ئەوەی ببن بە پەند بۆ کەسانی تری هـاونیاز.. بۆ ئەوەی هاوشێوەی موشـیر ئاغـا و مەلای خـەتی و ئەرشەد زێباری و… دووبارە نەبنەوە. ناپاکان شایەنی ئەوەش نین کە بشمرن، خاکی پیرۆزی کوردستان جەستەی پیسیان بگرێتە خۆێ.
(ناپلـیۆن پۆناپـارد) دەڵێ:” نەمتوانی ئیسپانیا بگرم چونکە جاشیان نەبوو”
پێش ئەوەی کە (هیتلـەر) بمرێت، لێیان پرسی: هیچوپوچترین کەسانێک، کە لە ژیاندا چاوت پێکەوتوون کێن؟ لە وەڵامدا وتی:” هیچوپوچترین کەسانێک کە لە ژیانمدا چاوم پێکەوتوون، ئەو کەسانەن کە بۆ داگیرکـردنی نیشتمانەکانیان یارمەتیان دام”
ناپاکانی نیشتمان کە خۆفرۆش و بەکرێگیراون، تەنانەت ئەو لایەن و داگیرکەرانەش کە بە بەکرێان گرتوون و سیخـوڕی و نۆکەریان بۆ دەکەن.. ئەوانیش بە هیچوپووچ و بە بێنرخییان دەزانن.. رقیان لێیانە و بە چـاوێکی سووک و بێـڕێزییەوە لێیان دەڕوانـن.
بۆ نموونە: چیرۆکی ( ناپلیـۆن و ئەفسەرێکی ناپـاکی نەمساوی) تان بۆ دەگـێڕینەوە.

(ناپلیۆن) لە شەرەکانیدا بۆ گرتنی نەمسا، لەبەر سەختی تۆبۆگرافیای نەمساوە شکستی هێنا و نەیتوانی بیگرێت.. بیریان لەوە کردەوە کە بە پارە نۆکەرێکی نەمساوی بکڕن و سیخوڕیان بۆ بکات و لەسەر سوپای نەمسا زانیاری لێوەربگرن. توانیان ئەفسەرێکی نەمساوی بە پارە رازی بکەن.. ئەفسەرە ناپاکەکە نهێنی و زانیاری زۆر مەترسیداری دەربارەی شوێنەکان و جۆری چەک و ژمارەی چەکدارانی سوپای نەمسای بە سوپای فەرەنسی دا، ئەوەشی پێ وتن کە کە لە نێوان دوو چیای نزیکی سوپای فەرەنساوە، سوپایەکی کەمی نەمساوی لێیە و چەکی قورسیان پێ نییە، گەر ئەو لەشکرگایە بگرن دەتوانن بە ئاسانی بچنە ناوەندی نەمساوە. سوپای فەرەنسی سوودێکی زۆریان لە نهێنی و زانیارییەکانی وەرگرت.. بە هێزێکی زەبەلاحەوە، لە شەوێکدا، لە ناکاودا هێڕشیان کردە سەر ئەو لەشکرگایە و بە ئاسانی گرتیان.. لەوێشەوە چوونە ناوەندی نەمسا و لە ماوەیەکی کەمدا هەموو نەمسایان گرت.. کە بارودۆخی فەرەنسا ئارام بۆوە ئەو ئەفسەرە سیخوڕە ناپاکەکەی نەمسا، کە رۆڵێکی ناپاکی هەبوو لە بەدەستەوەدانی نەمسا چوو بۆ فەرەنسا، چوو بۆ کۆشکەکەی ناپلیۆن بۆ وەرگرتنی کرێی ناپاکییەکەی کە گەیشتە بەردەم (ناپلێۆن)، ناپلیـۆن (گۆزیەک زێڕ)ی بۆ هەڵدایە سەرزەوییەکە.. ئەفسەرەکە وتی:”بەڵام دەمەوێ بەختی ئەوەشم هەبێت، کە تەوقە لەگەڵ دەستی ئیمبراتـۆردا بکەم” ناپلیۆن وەڵامی دایەوە:”ئەم زێڕە بۆ کەسانێکی وەکو تۆیە، بەڵام دەستی من تەوقە لەگەڵ کەسانێکی وەکو تۆ ناکات، کە ناپاکی لە نیشتمانەکەی بکات”
ئەفسەرە سیخوڕە نەمساوییەکە، زێڕەکەی هەڵگرت و بە سەرشۆڕییەوە چووە دەرەوە.
ئەفسەرە پلە باڵاکانی فەرەنسا کە لەوێدا ئامادەبوون.. ئەم هەڵوێستەی ناپلێونیان پێ سەیربوو، چونکە ئەو ئەفسەرە یارمەتی و هاوکارییەکی زۆری کردن و هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ سەرکەوتنیان و بۆ داگیرکردنی نەمسا، بۆیە لە ناپلیۆنیان پرسی بۆ بەو شێوەیە رەفتاری لەگەڵدا کرد؟ ناپلیۆن بە وتەیەکی مێژوویی زۆر جوان و بەجێ وەڵامی سەرکردەکانی دایەوە و وتـی:”ناپـاکی نیشـتمان، وەکو ئەو دزە وایـە کە دزی لە سامانی بـاوکی دەکات و دەرخـواردی دزەکانی دەدات.. نە باوکی لێیدەبوورێت، نە دزەکانیش سوپاسی دەکەن”
نیشتمان هەرگیز ئەم ناپاک و خۆفرۆش و سیخـوڕ و جـاش و بەکرێگیراوانە لە بیر ناکات، کە دەستێکەڵی دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتمان بوون.. هەرگیز لە سزای گەل رزگایان نابێت.. هەرگیزیش مۆری ناپاکییان لێنابێتەوە.
کـورد دەڵێ:”سەد ساڵ بکەیت بێگانە پەرستی.. دوایی هەر دێنیت نشوستی”
دەشڵێ:”هـەزار کـراس بـدڕە بـە پـاکی.. کـراسێ مـەدڕە بـە پیسی”
ئەو ناپاکانەش دیارن کە کێن، وەکو دەڵێن:” دار هـەڵبڕە سەگ دز دیـارە”




حیزبی خەفەت …. شیعری: نزار قبانی … وەرگێرانی: پشکۆ ناکام

گەر نیشتمان دوور خرابێتەوە
وەکو من
و
بیرلە چەرچەفە سپی یەکەی
دایکی بکاتەوە
وەکو من
و
بیر لە پشیلە ڕەشەکەی
ماڵەوە بکاتەوە
وەکو من
و
گەر قەدەغە بێ نیشتمان
نووسین بگرێتە بەر
وەکو من
و
فەرهەنگ و ئەقڵ بگرێتە بەر
وەکو من
ئیتر بۆ ناخرێتە
ئەو خەستەخانەیەی
هەموومانی تیاین….!
بۆ نابێتە ئەندامی حیزبی خەفەت
كە بە هەزاران
كوردی لە خۆ گرتووە
وەکو من…..!

=================




عەفرین؛ لاولاوی نیشتیمان … بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پـایــان”

لەپەرتوکی ئاڤێستادا
وێنەی چلە زەیتونێ کێشراوە..
لێی نوسراوە: عەفرین؛ ئاوی ئافەرێنە..
بەرخودانی ڕەیحانەو لاولاوی نیشتیمانە
ئاااخ چۆن پێکراوم؟!..
گەرچی دەستم؛ بەکلیلەکانی ئاشتی وئازادیەوە گرتووە
بەڵام هێشتا؛
ئەو تۆفانە نامرۆییە دڵی زەیتونیم لەت ئەکاو ئەڕوشێنێ.
** * **
وەختی کەرکوک دڵی شکا؛
وەختی چوارچرا دامرکێندرایەوە؛
وەختی دیاربەکر دڵی تێکهەڵهات؛
کوردستانەکەی بن خەتێش گریا..
ئەی عەفرینم؛
تەنیاییت هەر لەزستانە بێ بارانەکەی خۆم ئەچێ و
لەپارچە شوشە شکاوەکانی بەرهەتاویش..
لێرە ناڕۆین وەک گرێ مەزن دەمێنین
گەر برسی بووین؛ خۆڵی پێش بێرایی ئەخۆین..
کەمردیشین؛ وەکو زەیتون بەژن زراڤ ئەڕوێینەوە
دڵمان زمانی ئازادی و لەمێژووشدا دڵی عەفرینێ ئەدوێنێ.
*** * ***
بۆ کوێ دێن وبۆ کوێ؟!
نازانن کە هەتاوی پێش مردنن؟!..
نازانن کە لەسێبەری سەوزی زەیتون
لەسێبەری فریشتەیی گۆنای ئەودا دەمرن؟!..
مادام میفتاحی عەدەمن؛
لەئاسمانی سەوزی عەفرین تێکشکاوو دڵبەخەمن.
مادام میفتاحی فەتح بین؛
بەبرژانگی چاوەکانمان نیشتیمان ڕەنگین ئەکەین و
پێتان دەڵێین خاتر جەمن.
بۆئازدی وئاشتی ومرۆیی
وەک کۆترێ چلە زەیتونمان هێمایەو
ئاڤرینە لەمێژە ڕووباری ژیانەو
سەرچاوەکەی؛ دڵی بێگەردی ئاڤێستا
وەک لێوی عەزەب باریکەو
لەگرێ مەزن؛ غەزەل لەمردن ئەڕوێنێ..
**** ** ****
کەزیەکانی نارین کوبانێ
بەتۆقەی چڵە زەیتون چنراون
دەنگی بولبول؛
هەتاوی ئەوین بەسێبەری زەیتون خاو ئەکاتەوە
ئەدی نەمگوت:
لەتاریکایی مەشریقی وجود
کۆبانێیە (مشتێ نورە) بۆئازادی؟!..
بۆ بەرخۆدان..
بۆ سەربەستی..
ئەرتەش شکێن گوڵی سوورە!..
چڵە زەیتونی عەفرینێش
وەک ترپەسپی ی کوبانێ مشتێ نوورە!..
ئەی گرێ مەزن؛
چۆڕاوکەی تەریک وتیزمارەکانت وەگەڕخەوە..
هاواری بێ فریا دەنگی وشک بووە..
ئەم قرچەی گەرمایە هی کوورەی ئاگرەو
ئەرتەش شکێن ئاڤێستاکەی چاوی بوورە..
***** * *****
ئەوە فەتحە؟!..
ڕوخاندنی دوو گردی سەر سینگی نارین؟!..
ئەی خودایە..
فەتحی عەدەم ستەم ئەکات..
ئەی خودایە..
ئەو نارینە مشتێ نورە
فوڕقانی وجودە بۆفەتحی عەدەم..
بزەی جێماوی دوای ئەنفالە وادوورە..
****** * ******
لەعەفرینی بەژن زراڤی دارزەیتون حەشرە..
سوڵتان لەکۆڵانەکانی ئازار
لەکۆڵانە تەنگەکانی جەحیم
سازی سوتان ئەژەنێت و
زەیتونەکانی ناو بەهەشت هەراسان وبێزار ئەکات..
******* * *******
لەم گەردوونە بێ بنەدا
نەنوح هەیەو نەکەشتیەکەی..
وەلێ کەزیەکانی زەیتونێ دزراون..
دیلی دەستی سوڵتانن بۆستەم..
ئەی خودایە لەو جیهانەی؛ نقەی لەبەر نایێت!..
من دەڵێم: ئەی دڵی پڕ خورپەم..
ئەی بەرخودانی نیشتیمان
هەر پەرتوکێک بکەیتەوە هەر مەنفایە
دەست بەکلیلەکانی بەرەبەیانەوە بگرە..
ئاسۆیەکەی وەک برۆی ئاڤێستا باریک
سڵاو لەدڵگەرمی گەنج وخورتێن وڵاتپارێز..
سڵاو لەبەرخودانی عەفرین کەبەور هەڵمەت ئەبات.

******** * ********
بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پـایــان”
١٦-٢-٢٠١٨ هەولێر




پەیـامێک بۆ منـداڵانی جـیهان


لە ( کۆمەڵـەی منـداڵانی کـورد ـ لە نەرویـج )ەوە

ئێمەی ئەندامانی (کۆمەڵـەی منـداڵانی کـورد ـ لە نەرویـج) کە بەشێکین لە منـداڵانی کوردستان ئەم پەیامەمان بە زمانی کوردی ئاراستەی سەرجەم منداڵانی جیهان دەکەین، کە ئێمەش بەشێکین لە ئەوان.. لە هەچ وڵات و شوێنێکدا بژین.. لە هەچ نەتەوەیەک بن.. سەر بە هەچ باوەڕ و ئایینێک بن.
ئەی منداڵانی جیهان.. ئێوە لە ئێمەی منداڵانی کورد بەختەوەرتر و ژیانخۆشترن.. ئێوە بە ئاسوودەیی و ئارامی و ئاشتی دەژین.. بە شادی و کامەرانی دەژین.. ئێوە ئازادن و خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆتانن.. ئازادی و دیموکراتی و ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ و منـداڵان و ژنـان لە لای ئێوە بوونیان هەیە.. ئێوە مافەکانتان پارێـزراون و رێـزتان لێدەگرن.. ناتانکـوژن و دەربەدەر و ئاوارەتان ناکەن.. سەرما و گەرماتان نابێت.. تێرن و برسیتان نییە.. بە ئەوپەڕی ئازادی و دڵخۆشییەوە پێدەکەن و یـاری دەکەن.. بە ئارەزووی خۆتان شایی و سەما دەکەن.. لە باوەشی گەرمی دایکان و باوکانتان دا، گوێتان لە ئاواز و موزیکی خۆش دەبێت، بە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆش دەتانکەنە خەو.. لە هەموو لایەکەوە سۆز و خۆشەویستی و رێز دەورەی داون.. بە تامی دڵتان چێژ و خۆشی لە تافی منداڵیتان دەبینن.. جیهانی پڕ لە هیوا و خەیاڵ و خەونی خۆشتان لێتێک نادەن.. کەس ناتان تۆقێنێ و کەس ماڵ و قوتابخانەکانتان ناڕووخێنێت..

بەڵام لە کوردستانی داگیرکراوی ئێمەی کورد دا.. داگیرکەران هێـندە رەگەزپەرستن، هێندە دڕندەن و خوێنڕێـژ و فاشستن، هیندە شەڕخواز و کاولخوازن، هێندە دژی ئازادی و دیموکراتی و ئاشتی و پێکەوەژیان و مافەکانی مـرۆڤ و منداڵانن.. هێندە ستەمکار و تاوانبارن.. خاوەنی رقێکی هێندە رەشن.. لە هەموو جیـهاندا لە وێنەیان نییە.. لەوەتەی هەن دژایەتی گەلی کوردمان دەکەن.. لەوەتەی هەن کورد ژینۆساید دەکەن.. کوردستان کاول دەکەن.. سامانی کوردستانمان تاڵان دەکەن و دەدزن.. داگیرکردن و خوێنڕشتن و کوشتنی منداڵان و ژنانی بێتاوان.. بێڕەوشتی و نامەردی و تاڵانکردن و جەردەیی و دزی و وێرانکردن و دەربەدەرکردن و رەگەزپەرستی، بەشێکی رەسەنن لە کولتووری بۆگەنی داگیرکەرانی کوردستان، کە لە باب و باپیرانیانەوە بۆیان ماونەتەوە.

ئەوەتا بە رۆژی رووناک، بە بەرچاوی جیهان و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتییەوە، تورکیای زیندانستان و ئێرانی سێدارە و عێراقی شیعستان و سوریای بەعستان، بە چاوپۆشینی رۆسیا و ئەمریکا و ناتۆ.. گەلەکۆمەیان لە گەلی بێتاوانی کوردمان کردووە.. بە زەبەلاحترین هێز و بە قورسترین چەکی مۆدێرزمەوە، پەلاماری شاری کەرکوک و خانەقین و دووز و مەخموور و شەنگالیان دا، لە باشووری کوردستان، بە سەدان ماڵ و دوکان و بازاڕیان تاڵانکرد و تەقاندیانەوە، بە دەیان کەسیان کوشت، بە هەزاران کورد ئاوارە بوونە و ناهێلن بگەڕێنەوە بۆ زێـدی خۆیان.. هەر ئەم داگیرکەرانەی کوردستان هەمان گەلە کۆمەیان لە شاری (عەفـرین)ی رۆژئاوای کوردستان کرد و، سوپای رەگەزپەرست و دڕندەی تورکیا، لەگەڵ هەزاران جاشی بەکرێگیراویان لە پاشماوەی داعشە بێڕەوشتەکانی سوریا و عێراق لە ژیـر ناوی (سوپای ئازاد) دا پڕ چەک کردن و دڕندان و نامەردانە، شەو و رۆژ بە فڕۆکەی تانک و تۆپ و زرێپۆشی رووسی و ئەمریکی و ئەوروپی، بێ دەستپاراستن و زۆر بێبەزەییانە و نامەردانە شەو و رۆژ بە بێوچان بۆردوومانی ماڵەکان و بازار و قوتابخانە و نەخۆشخانەی شاری عەفرینی قارەمان و جوانیان کرد.. بە سەدان کوردی سڤیلیان شەهیدکرد، بە سەدان برینداریان هەیە.. کە لە نێو شەهیدەکاندا، زیاتر لە پەنجا منداڵی کورد شەهیدکران، زیاتر لە سەد منداڵیش بریندارن.. کەچی ئۆردوگانی خوێنڕێژ، کە تا ناقڕگەی بە خوێنی کورد سوورە، نکووڵی لە تاوانەکانی دەکات، لە جیاتی کوشتنی پەنجا منداڵی کورد بە پەنجا چەکداری کورد ناوی بردن.. بێجگە لە لە شەهیدبوونی بە سەدان ژن و پیری کورد لە عەفرین و دەوروبەری.. تا ئێستاش تورکیای فاشست درێژە بە تاوانەکانی دەدات، لە عەفرین و لە باکوور و باشووری کوردستاندا، رۆژانە ئتاوانی قێزەوەنتر لە دژی گەلی کوردمان ئەنجام دەدات.. تورکیا دژی کوردە لە هەرشوێنێکدابین.
بە هۆی پەلاماردانی عەفرینەوە، لە ترسی کوشتن، زیاتر لە دوو سەد و پەنجا هەزار کوردی عەفرین ئاوارەی سوریا بوونە، لە بەر باران و سەرما و سۆڵەدا دەژین.. لەو ژمارەیە زیاتر لە حەفتا و پێنج هەزار منداڵیان تێدایە.. لە باروودۆخێکی زۆر سەخت و کارەساتاویدا دەژیـن.. چی ماڵ و سامانیشیان هەیە، لە لایەن سوپای تورکیا و جاشە بەکرێگیراوەکانییەوە بە بەرچاوی کامیراکانی میدیاکانی جیهانەوە تاڵان کران.

بە داخەوە گەلی کوردمان زیاتر لە سەد ساڵە، بۆتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە زل هێزەکان.. هەموویان لە جیاتی جیهان شەڕی داعشیان بە کورد کرد، ئێستاش پشتیان تێکردووین.. تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ راگرتنی تاوانەکانی تورکیا نەناوە.. هیچ هەڵویستێکی پراکتیکیان نەناوە.. تورکیا و ئێران و عێراق ئەو هەموو تاوانانەیان دژ بە گەلی کوردمان ئەنجام دان و ئەنجامیدەدەن.. کەچی تا ئێستاش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و ژنان، لە ئاستی تاوەنەکان و رەشەکوژی و ژینۆسایدکردنی بە ئاشکرای گەلی کوردمان، کوێـرن کـەڕن، لاڵـن، ویـژدان مـردوون.. هیچ هەڵویستێکی نەرێنییان نەنواندووە، تا ئێستا بە ئاشکرا و بە فەرمی پرۆتستۆی تاوانەکانی تورکیایان نەکردووە.. بێدەنگیش لە ئاستی تاوانـدا، تاوانـە.. ئەمەش شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بۆ رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و ژنان، بۆ ویژدانی مردووی جیهانی بۆ بێهەستی مرۆڤایەتی.. بەرانبەر بە گەلی کوردمان.. هەموو دەوڵەتانی جیهان قەرزاری پێشمەرگە و شەرڤانانی کوردن لە بەرخودانی و قوربانیدان و بەرگریکردنیان لە دژی داعش.

ئەی منداڵانی جیهان، داوا لە ئێوەی هاوڕێ و خۆشەویستی ئێمە دەکەین، کە دەنگتان هەڵبڕن و دەنگتان بخەنە پاڵ دەنگمان و بە توندی پرۆتستۆی تاوانەکانی داگیرکەرانی کوردستان بکەن.. داوکان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە رێکخـراوەکانی مافـەکانی مرۆڤ لە ویژدانی جیهانی و لە هەستی مرۆڤایەتی بکەن، پێيان بڵێن بەسە چاوپۆشین و بێدەنگی و بێهەڵویستی لە ئاستی ئەو هەموو تاوانانەی کە ئەردۆگانی دیکتاتۆری سیکۆپاتی، سەرەک کۆماری تورکیای زیندانستان، بە نارەوا لە کوردی دەکات.. هاوارکەن و بڵێن، بەسە کوشتن و بەندنکردن و وێرانکردن و دزی و تاڵانکردن و دەربەدەرکردنی کوردی بێتاوان.. بڵێن بەسە خوێنڕشتنی خەڵکی سڤیلی کورد.. داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەن، فشار بخەنە سەر ئەردۆگان و دوای لێکەن هێڕش و تاوانەکانی لە دژی شاری عەفرینی داگیرکراو رابگرێت و هێزەکانیان دەرچن لەم شارە کوردستانییەمان.. بڵێن بەسە شەڕ و داگیرکردن.. بەسە ژینوسایدی گەلی کورد.. با هەموومان داوابکەین، کە ئەردۆگانی تاوانبار و ستەمکار، بە تاوانی کوشتن و خوێنڕشتن و ژینۆسایدی کورد، بە کوشتنی منداڵان و ژنانی کورد و وێرانکردنی کوردستان.. بدرێتە دادگای نێودەوڵەتی.. بێگومان تاوانە قێزەوەنەکانی ئەردۆگان، تاوانی دژی بە مرۆڤایەتین.. پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای هەموو یاساکان و رێکەوتنەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و ژنانن.

ئەی منداڵانی جیهان.. سڵاو و خۆشەویستی و رێزمان بۆتان هەیە.. سڵاوی سەرجەم منداڵانی کوردستانی ئازادیخواز و ئاشتیخواز و دیموکراتیخواز و ژیانخواز.

رەزا شوان/ سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد ـ لە نەرویج
نەرویـج: ٢٥ی/ ئادار / ٢٠١٨




تابلۆ بۆ ده‌ربرینی خه‌م و ئازاره‌كانی په‌نابه‌ران … ئامادەکردنی: هەژار تەها

عه‌باس عه‌بودی ، ناوی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ عێراقییه‌ كه‌ جیاواز له‌ په‌نابه‌رانی تری هاوڕێی ، خه‌مه‌كانی ئه‌وان و خۆیشی له‌و تابلۆیانه‌دا ئاوێته‌ ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ به‌ڵام پڕ مانا كێشاونی.
عه‌باس ، ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ران له‌ دوورگه‌ی ناورۆ ژیان به‌سه‌رده‌بات به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بزانێت چی به‌سه‌ردێت له‌ داهاتوودا.
عه‌باس وه‌ك خۆی ده‌ڵێت وێنه‌ ده‌كێشتێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌مه‌كانی له‌ بیربچێته‌وه‌.
ئه‌م په‌نابه‌ره‌ یه‌كێكه‌ له‌و په‌نابه‌رانه‌ی دوورگه‌ی ناورۆ و پاپانیوگینیا كه‌ پێشتر ویستویانه‌ به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بكه‌ن و بڕی 13 هه‌زار دۆلاری داوه‌ به‌ قاچاخچییه‌كان به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی ئوسترالیاوه‌ ده‌ستگیركراون و ڕه‌وانه‌ی كه‌مپه‌كانی ئه‌و دوو دوورگه‌یه‌ كراون و هه‌رگیز له‌ ئوسترالیا نیشته‌جێ‌ ناكرێن.
ئه‌م سیاسته‌ تونده‌ وه‌های له‌ عه‌باس كردووه‌ كه‌ به‌رپرسانی باڵای ئوسترالیا بخاته‌ ناو تابلۆكانی و له‌ دوو تابلۆی جیاوازدا سه‌رۆك وه‌زیرانی ئوسترالیای وه‌ها نیشانداوه‌ كه‌ په‌نابه‌رێكه‌ و منداڵه‌كه‌ی له‌ ئامێزدایه‌ له‌كاتی نقومبوونی به‌له‌مه‌كه‌یاندا و هاوكات وه‌زیری ناوخۆی ئوسترالیاشی له‌ تابلۆیه‌كی تردا كێشاوه‌ كه‌ وه‌ك په‌نابه‌رێك ده‌رده‌كه‌وێت و داوای داخستنی كه‌مپه‌كان ده‌كات. به‌ ووته‌ی خۆی ده‌یه‌وێت ئه‌وانیش هه‌ست به‌و ئازارانه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌وان چه‌شتویانه‌.

سه‌رچاوه‌ : ئاژانسی هه‌واڵی ئێس بی ئێس




دایکی شیرینم … ڕۆستەم خامۆش

ئـازیـزه‌كـه‌ی مـن ئـه‌رێ هــۆ دایـه‌
لـه‌گوێـم هه‌ر ماوه‌ سـۆزی لای لایـه‌

له‌ بـیـرم ناچێ بـاوه‌شـی گه‌رمت
گــۆرانی ڕۆڵـه‌ و ئــاوازی ده‌مــت

به‌هه‌ڵبه‌ستی جوان تۆ ده‌تخه‌واندم
كـاتێ ده‌گریــام زوو ڕات ده‌ژاندم

له‌ تاریكی شه‌و چه‌شنی چرا بووی
به‌ گیان و بـه‌ دڵ بۆ من په‌نا بووی

له‌ بیرت نـاكـه‌م دایـكـی شـیریـنم
سـاتـێ نـه‌تبـیـنـم لێــم تـاڵـه‌ ژیـنم

هـه‌تـا بــمـێنـم مـن لــه‌م دونیـایه‌
خــۆشـه‌ویستی تـۆم هه‌ر له‌ دڵدایه‌

هەولێر ۲٠٠٤/۸/۲٤