کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لە پشت تورکیا دەوەستێت بۆ تێکشکانی عەفرین

نووسینی: حەمید عەلیزادە
21/3/2018
وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

————————————–

ڕۆژی یەکشەممە ماشێنی جەنگی تورکیا بە پاڵپشتی هێزە بەناو بەرگریکارەکانی سوریا، دەستیان گرت بەسەر شاری عەفریندا کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن و دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە.
بەدڵنیاییەوە میدیای ڕۆژائاوا مەشغوڵی سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ڕژێمی ئەسەد بوون بۆ سەر هێزە ئیسلامێکان لە غۆتەی ڕۆژهەڵات، بەهیچ شێوەیەک گرنگیان بەو هێرشە دڕندانەیەی تورکیا نەدا بۆ سەر کوردەکان، کە هەرگیز هێرشیان نەکردۆتە سەر تورکیا.
پاش چەند کاتژمێرێک لەکەوتنی عەفرین سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە وتارێکدا وتی: ” ئێستا هێمای ئاشتی و ئارامی لە ناوەڕاستی عەفرین دەشەکێتەوە، نەک لە ژێر ئاڵا شڕی ڕێکخراوە تیرۆریستێکان. زۆربەی تیرۆریستەکان کلکیان نایە ناوگەڵیان و ڕایانکرد. هێزە تایبەتێکانمان بە هاوکاری سوپای ئازادی سوریا هەڵدەستن بە پاککردنەوەی پاشماوەی هێزەکانیان لەگەڵ ئەو داوانەی کە ناویانەتەوە.”

ئەو چەند ڕۆژ و کاتژمێرەی کە تێپەڕیون بەسەر داگیرکای عەفریندا، ئاماژەیەک نییە بۆ ئاشتەوایی لەلایەن هێزی داگیرکارەوە. ئەوێنانەی پاش کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی کورد لە عەفرین دێنە دەرەوە، هەموو ئەوە نیشاندەدەن کە هێزە سەربازێکانی تورکیا ئاڵای خۆیان لەسەر باڵەخانەکان هەڵدەدەن و چەکدارەکانیش پەیکەری کاوەی ئاسنگەر دەڕوخێنن. لە پەیکەرەکە گرنگتر کە بە هێمای بەرخۆدانی گەلی کورد دادەنرێت و بووبە سەردێڕی هەواڵی میدیایی ڕۆژئاوا، خەڵکی سیڤیلی ئەو شارەیە کە دەستی تیرۆریستەکانیان لێ ئاواڵەکردوون.

بەپێی لێدوانی ئەوانەی لەو شارەوە هەڵاتون، باس لە گرتن و تۆڵەکردنەوە و شەڵاقی کردنی ئەو ژنانە دەکرێت کەوا حیجاب پۆش نین. زۆرێک لەو ڤیدیۆیانەی لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە سەبارەت بەو هێزەی تورکیا پاڵپشتیەتی کە چۆن لە خەڵکی سیڤیل دەدرێت و بە “بەراز” دەیانشوبهێنن، خراپتر لەوە، ڤیدیۆ بڵاو بۆتەوە کە چۆن تەرمی چەکدارە کوردەکان دەشێوێنن بەدەم وتنەوەی” ئەڵاهوئەکبەر”ەوە. پاش کەوتنی عەفرین وێنەکان ئەوە پیشان دەدەن کە چ ڕاوڕوتییەک لەو شارە ئەنجامدراوە و چۆن ماڵان و دوکان و بازاڕەکان تاڵاندەکرێت. لەپێش کامێراکان دەردەکەون و بەشانازییەوە خۆ نمایش دەکەن بەوەی کاری جیهاد ئەنجام دەدەن و پەنجەی شاهێدمانیان بەرزدەکەنەوە. ئەوانە ئەو هێزە سەلەفی و جیهادیانەن کە میدیای ” سەربەخۆ”ی ڕۆژئاوا وای پیشاندەداین کە ئەوانە ” تێکۆشەران و لایەنگرانی ئازادی سوریان.”

لەڕاستیدا سوپای ئازادی سوریا بۆ ماوەیەکی زۆر پەردەیەکی تەنک بوو کە کۆمەڵێک لە هێزە ئیسلامییە کۆنەپەرستەکانی پێ داپۆشرابوو. ئەم بەکرێگیراوانەی ئەمڕۆ بۆ تورکیا شەڕ دەکەن هەر ئەو هێزە جیهادیانەن لە کۆنە چەکدارەکانی داعش و القاعیدە پێک دێن کە پێشتریش ئامانجی تورکیا بوون بۆ بەکارهێنانیان، ئێستاش لە عەفرین بەکاریان دێنێت. ئەم هێزە ” ئاشتیخوازە” بەپاڵپشتی تانک و تۆپ و تەیارەو هێزی تایبەت لە فاشستەکان کە لەناو تورکیادا ڕێکخران، کوێرانە دەستیان لە هیچ شتێک نەپاراست لە تۆپبارانکردن و تەنانەت بەکارهێنانی ” بۆمبی ناپاڵم ” دژ بە خەڵکی بێچەک و سیڤیلی کورد، هەر لە ماڵەکانیانەوە تاوەکوو ڕێگاوبان و تەنانەت کاروانی فریاگوزاری داودەرمان و خۆراکیش.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا میدیایی ڕۆژئاوا زۆر بە ئەمانەتەوە هەواڵەکانی تورکیایی دەگەیاند لەگەڵ بوونی گومانێکی کەمی بێمانا. هەڵسوکەوتەکانی ڕۆژئاوا زۆر پێچەوانەو دژ بەیەک دێتەوە لەگەڵ ئەو هەموو هاوارەی دەیانکرد دژ بە هێرشەکانی ڕژێمی ئەسەد بۆ سەر غۆتەی ڕۆژهەڵات، کە بەشێکە لە دیمەشق و لە لایەن توندڕەوترین هیزە کۆنەپەرستە ئیسلامێکانەوە دەستی بەسەردا گیراوەو کوێرانە دیمەشق تۆپباران دەکەن.
لەبارەی هێرش بۆسەر عەفرین، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا وتی: ” هیوادارین پرۆسەکە لە عەفرین زوو تەواوبێت، ئێمە وتومانە و دەزانین تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی سیڤیل نەگەیەنێت، لەو بارەشەوە گومانمان نییە بۆ هەوڵەکان.”
ئەمە بەو مانایە دێت ئەمریکا خوازیاری سەرکەوتنە بۆ تورکیا نەوەک کوردەکان، لەکاتێکدا کوردەکان هاوپەیمانی خۆیبون. بەرپرسە ئەمریکێکان ڕاشکاونە ئەوەیان وت کەوا ئەمریکا هاوپشتی کورد ناکات لە عەفرین، چونکە عەفرین خزمەت بە هیچ ستراتیجیەتێکی ئەمریکا ناکات.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆریس جۆنسن پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی ” تورکیا مافی خۆیەتی سەلامەتی سنورەکانی بپارێزێت”، ئەڵمانیا بەردەوام بوو لە دانی چەکی پێشکەوتوو بە تورکیا، کەچی کەسانێک لە ڕۆژئاوا فرمێسکی تیمساحاوی هەڵدەڕێژن بۆ ئەو ڕاوڕوتکردنەی کە لە عەفرین کرا لە لایەن هێزە دڕندە ئیسلامێکانەوە. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا بەتەواوی ڕازیبوون لەسەر کاری داگیرکاری لەلایەن تورکیاوە.

سەرباری قسەکردنیان سەبارەت بە دۆڕانی توندڕەوە ئیسلامێکان، بەڵام هێزە ڕۆژئاواییەکان و هاوپەیمانێکانیان لە کەنداو گەورەترین یارمەتیدەری جیهادێکان بوون، ئێستاش پشتیوانی لە کۆنەپەرسترین سوپا دەکەن کە درێژکراوەی هەمان هێزەکانی داعش و قاعیدەن دژبەو تاکە هێزەی کەلەسەر زەمینی واقیعدا شەڕی داعشیان کرد.
لەم کاتەدا ڕوسیا جیاوازتر لە هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا هەڵسوکەوت ناکات، هێزە ئاشتی پارێزەکانی خۆی لە ناوچەی عەفرین کشاندەوەو ئاسمانی سوریای ئاواڵە کرد بۆ فرۆکەکانی تورکیا، ئێران و ڕژێمی ئەسەدیش بەم هێرشە ڕازیبوون. ڕوسیا لە سەرێکەوە دژ بە تورکیا کار دەکات، لە سەرێکی تریشەوە نایەوێت ئێرانی هاوپەیمانی ببێتە هێزێکی بەهێز لەسەر زەمینەی سوریا. بەو پێیەی هێزێکی زەمینی بەهێز لەسەر زەمینەی سوریا بونی نییە، بۆیە ڕوسیا هاوسەنگییەک لە نێوان هێزەکان درووست دەکات بۆ وەستانەوە لە بەرانبەر یەکتر بۆ ئەوەی بتوانێت بەرژەوەندییە تایبەتێکانی خۆی بە باشی بباتە ڕێوە.

ئێران هێزێکی چەڤەنگی (ڕەمزی) چەند سەد کەسی لە چەکدارە شیعێکان ڕەوانەی عەفرین کرد بۆ یارمەتی کوردەکان، چونکە ئێران خوازیاری کێشەنانەوەیە بۆ تورکیا لە ناو سوریا. ڕژێمی ئێرانیش سەربەخۆی کوردەکان بە هەڕەشە دەبینێ لەسەر خۆی، چونکە دەکرێت کوردەکانی ئێرانیش هەمان ڕێجکەی سەربەخۆی بگرنەبەر. ئێران و تورکیا لە ڕۆژئاوای سوریا کار لەسەر دابەشکاری دەکەن بۆ دەستگرتن بەسەر بەشی خۆیاندا لە پاش کۆتایهاتنی شەڕ لە وڵاتە، بۆیە لەم هاوکێشەیەدا شوێنێک نییە بۆ سەربەخۆی کورد.
ئەسەد لەم هاوکێشانەدا دیلی دەستی هاوپەیمانەکانیەتی و هیچ ڕایەکی دیاری نییە شایانی باسبێت. لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشە بە بونی بزوتنەوەیەکی کوردی لاواز، بۆ ئەوەی لە داهاتودا ناچاریان بکات بیر لە سەربەخۆی نەکەنەوەو ناچاربن بەمانەوە لە چوار چێوەی سوریای یەکگرتودا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێی بە چەکدارە کوردەکان دا لە ناوچە کورد نشینەکانی ڕۆژهەڵاتەوە برۆن بەرەو عەفرین، ئەو کارەش لەبەرانبەر دەستبەردانیان لەگەڕەکێکی سەرەکی شاری حەڵەب کرا بۆ ڕژێم.

لەدووا لێکدانەوەدا، ئەم هێزانە هەرچەندە شەڕی یەکتر بکەن، بەڵام لە پێناوی بەرژەوەندی چینایەتیاندایە سەرکوتی بزوتنەوەی کوردی بکەن لەگەڵ هەموو ئەو دەسکەوت و دیموکراسییەی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هێناوە. بەدڵنیاییەوە بەکارهێنان و دەست ئاواڵەکردنی جیهادییە کۆنەپەرستەکان بۆ ( هەردوولایان) کێشە نییە تا ئەو شوێنەی بەرژەوەندێکانی چینی دەسەڵاتدار پارێزراوە.
ئەردۆگان نەیشاردۆتەوە کە دەیەوێت هەموو ئەو ناوچانە داگیر بکات کە کوردەکان لە سوریادا دەسەڵاتدارن تیایدا. بە بڕوای ئەو هەر دیاردەیەکی سەربەخۆی کوردەکان کاریگەری دەبێت لەسەر کوردەکانی تورکیا کە ملیۆنەهایان لەژێر سەرکوتێکی بێوێنەدا ژیان دەکەن. بزوتنەوەی کوردی لە شێوەی پارتی دیموکراتی خەڵکی خاڵێکی گرنگ بوو لەسەر سەکۆی سەرەتای هەڵکشانی بزوتنەوەی چینایەتی لە تورکیادا. ئەوەی یارمەتی ئەردۆگانی کرد بە شێوەیەکی ڕاستەو خۆ پارتی کۆماری خەڵکی بوو لە ڕێگەی جوڵاندنی هەستی نەتەوایەتی دژ بە کورد، هەر بۆیە کۆنەپەرسترین و دواکەوتوترین بەشی کۆمەڵگە چونەتە پشتی ئەردۆگانەوە. هێرشکردنە سەر عەفرین بەشێکی گرنگ دەبێت لەبردنەوەی پارتی داد و گەشە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانێکانی داهاتودا.

لەپەیوەند بە هەموو ئەمانەوە، هێرش بۆسەر عەفرین بەشێکە لە پیلانی ئەردۆگان بۆ قایمکردنی باکوری سوریا وەکو دەروازەیەک بۆ کاریگەرێکانی تورکیا لەسەر ناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی عەفرین لەڕوی سەربازییەوە، وەکوو سونەتی باوی عوسمانێکان، هەوڵدەدات سەدان هەزار لە خەڵکی عەرەبی سوریا لەسەر ماڵ و حاڵی کوردەکان جێگیربکات وەکو یەک خەتی سونی عەرەبی کە لەو ڕێیەوە دەتوانێت هەژمونی خۆی برەو پێبدات لە سوریا و دەرەویدا.
پاش عەفرین، ئامانجی ئەردۆگان دەستبەسەرداگرتنی مەنبەجە، وەکوو تورکەکان دەڵێن: ئەمریکا لەو بارەوە هاوکار دەبێت. لەسەرووی ئەمانەشەوە هەمان پلانی هەیە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات، هەروەها چیای شەنگال. ئەمانە خەونی پارتی داد و گەشەی عوسمانییە نوێیەکانە کە خوازیارن لە داهاتودا دەستبگرن بەسەر حەڵەب و موسڵ و هەولێر و کەرکوکیشدا.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی کێشەی لەگەڵ پلانی تورکیادا نییە. ئیمپریالیزمی ئەمریکا هێزە کوردێکان وەکوو کارتی فشار لە داهاتودا بەکار دەهێنێت بۆ پاراستنی جێگاو ڕێگای خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوە دەرکەوت کە ئەمریکا هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورددا کاتییە، لە کۆتاییدا جێگاو ڕێگای تورکیا لە نەیتۆ و بونی وەک گەورەترین وڵاتی پیشەسازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم جێگایە بۆ سەرمایەداری ئەمریکی گرنگتر و پڕبایەخترە لە چارەنووسی خەڵکی کورد. بەشێکیش لە دەزگا میدیاییەکانی ڕۆژئاوا کە تازە وەخەبەر هاتن سەبارەت بەکارە ئابڕوبەرەکانی داگیرکاری عەفرین، هیچ نین ئەوە نەبێت کە دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە هەندێک دەستکەوت لە تورکیاوە وەدەست بێنن.

پاش ئەوەی لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دران و هیچ لایەنێک بە هانایانەوە نەڕۆشت، بۆیە سەرکردەکانیان لە پێناوی پاراستنی هێزەکانیاندا بڕیاری پاشەکشەیانداو ڕێگایەکی تریان بۆ خەبات هەڵبژارد ئەویش شەڕی پارتیزانیە دژ بە داگیرکاری. ئەمە تەنها هەڵبژاردەی سەربازی بوو بۆیان بۆ وەستانەوە لە بەرانبەر سوپایەکی پڕ چەک و چەتە جیهادێکانی. ئەمەی کە ڕویدا گومانێک لای خەڵکی کورد ناهێڵێتەوە کەوا ناتوانێت پشت بە هیچ یەکێک لەو هێزە گەورانەی ناوچەکە ببەستێت.
لەلایەکی ترەوە کورد گەلێک دۆستی هەیە لە نێوەندی کرێکاران و لاوانی زەحمەتکێش لە ناوچەکە. سەرەتای دەستپێکردنی شۆرشی ڕۆژئاڤا لە شۆڕشی سوریەوە هات. سەرکەوتنەکانیشی لە شێوەکاری دیموکراتیانەو شۆڕشگێڕانەوە وەدەستهێنا کە توانی سەرنجی بەشێکی زۆر لە کرێکاران و هەژاران لە ناوچەکە بۆ خۆی ڕابکێشێت. ئەمە نیشانی دەدات ڕێگای خەبات و ئازادی خەڵکی کورد لێرەوەیە.

لە ئێران جەماوەر لە جوڵەدایە بەرەو شۆڕش، دەرگا ئاواڵەیە لە پێش کورد بۆ درووستکردنی بەرەیەکی هاوبەش لەگەڵ خەڵکی ئێراندا دژ بە دەسەڵاتدارێتی مەلاکان. بەهەمان شێوە لە عێراق، لێرە زەمینەو تواناییەکی باش هەیە بۆ بزوتنەوەی چەپی ڕادیکاڵ، گرنگە بتوانرێت بەرنامەیەکی ڕۆشن دابڕێژرێت بۆ ڕزگاری کورد. یەکەمینجار لە ناو خودی کوردەکانەوە دەستپیبکرێت کە بە هەمان ڕادەی دەسەڵاتی ناوەند ڕقیان لە هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانی و تاڵەبانییە. پاشان هەوڵبدرێت ببرێتە ناو کرێکاران و لاوانی عێراقییەوە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕۆشن بەدی ناکەن لە گروپە گەندەڵکارە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا.

لە تورکیا بزوتنەوەی کوردی دەرکەوت وەک بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ دژ بە داموودەزگا سەرکوتگەرەکان، بەرتەسک نەبووەوە لە چوار چێوەی کورددا، بەڵکو چوار چێوەیەکی نیشتمانی هەبوو. لەگەڵ تێک چونی بارودۆخی ئابوری تورکیا و چڕبونەوەی خەباتی چینایەتی و لاوازبوونی دەسەڵاتی ئەردۆگان، دەورەی ئایندەی سیاسی لە تورکیا شاهێدی هاتنە مەیدانی خەباتی زیاتری چەوساوەکان دەبین دژ بە چەوسێنەران.
لەگەڵ ئەوەشدا تاکتیکی شەڕی پارتیزانی گرنگی خۆی هەیە، بەڵام دەبێت بکەوێتە خزمەتی خەباتە چینایەتییە سەرتاسەرێکەوە. کۆڵەکەی بنەڕەتی دەسەڵاتی ئەردۆگان لەم کاتەدا لەسەر دنەدانی هیستریایی نەتەوەییە، بەم کارەشی توانیویەتی بەشێک لە ئۆپزسیۆن و چینی کرێکار بێنێتە پشتی خۆی. ئەرکی کەسانی شۆڕگێڕە ئەوانەی دژ بە دەسەڵاتدارێتی تورکیا خەبات دەکەن ئەم هاوپەیمانێتیە درووستکراوە هەڵوەشێننەوە، کە تەنها دژ بە مافەکانی خەڵکی کورد نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی چینی کرێکاریش لە ژێر پەردەی ئاسایشی نەتەوەیی و ” یەکێتی ” کە تاکە سودمەند لێی، چینی سەرمایەداری تورکییە.

ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە پشتگیری گەلی کورد دەکەین لە پێناوی ژیانێکی ئازادانە و لە نیشتمانێکی سەربەخۆدا کە خۆیان ئازادانە بڕیاری لەسەر بدەن. خەباتکردنیان لە خۆیدا خەباتکردنە بە ئەندازەی خەباتی ئەو کرێکار و لاوانەی لە جیهاندا دژ بە سیستەمی سەرمایەداری لە جەنگدان. هەموو ئەوانەی قەیرانە ئابورێکان درووست دەکەن و هێرشدەکەنە سەر ئاستی ژیانی زۆرینەی خەڵک، وە هەر ئەوانەن لە هەمان کاتدا سەروەتی بێ شومار بۆ خۆیان کەڵەکە دەکەن، لەو لاشەوە کار لەسەر شێواندنی ژیانی شارستانیانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و هێرش دەکەنە سەر داخوازییە ڕەواکان و چارەنووسی کورد. تاکە چارەسەر وەستانەوەیە بەرانبەر ئەم دەسەڵات و سیستمە کە سەرمایەداری نوێنەرایەتی دەکات.

————————————–
سەرچاوە:
https://www.marxist.com/international-community-unites-behind-turkey-to-crush-the-kurds-in-afrin.htm

نووسەر حەمید عەلیزادە
https://www.facebook.com/revoalizadeh




تا کەی دەبێت لەم داهۆڵە چاوەرێی جوڵەیەکی زیندو بکەن…؟! … موزەفەر عەبدوڵا

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا جارێکی تریش هێرشو تاوانەکانی سوپا شەرخوازە فاشی یەکەی تورکیا ، بە سەرۆکایەتی ئۆردوگانی تاوانبار ، بۆ سەر ناوچە سنوری یەکانی کوردستان ، بوە هۆی کوشتنی چوار هاوووڵاتی ،و زیانی تریش بە خەڵک ، ئەمەش بوە روداوو هەواڵی گەرمی میدیاکانو پرسو رای گشتیو نارەزایەتی خەڵک.بە تایبەتی رەخنەو ناڕەزایەتی خەڵک لەدەسەلاتە بێگیانو بی جوڵەو دەنگەکەی پارتی و یەکیتی کە ناویان ناوە حکومەتی هەریم کە هیچ کات هەڵوێستێکی نەبوە بەرامبەر ئەم هێرشو تاوانانە .
بێگومان ئەمە نەیەکەم هێرشو کوشتارو تاوانەو نە دواترینیشە کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت.وە لە هەمو ئەم هێرشو تاوانانە ئەم دەسەڵاتە هیج کات جوڵەو دەنگێکی ناڕەزایەتیان لێنەهاتوەو بەڵام خەڵکێکی زۆر هەمیشە گلەیی و گازەندەیان لەم بێ جوڵەییو بی هەڵویستەیان هەیە. جا بۆیە هەقمانە پرسیار بکەینو بڵێین تا دەکەی دەبێت لە داهۆڵە چاوەڕێی جوڵەیەکی زیندو بکەن…؟!
لە وەڵام بەم پرسیارەوە هەوڵ دەدەین ڕایەکی رۆشن بدەین لەسەر ناوەڕۆکی بێ هەڵویستی دەسەڵاتو هاوکات چاوەڕێبونی بێهودەی خەڵکانێک لێیان .

سەرەتا ئەوە بڵێنەوە وەک ئاماژەمان پێدا کە ئەمە یەکەم جار نی یە ئەم هێرشو تاوانانە دەرهەق بە خەڵکی دەکرێتو ئەم دەسەڵاتەش بێ جوڵەو بێ هەڵوێستە بەڵکو لە بیستو پینج ساڵی ڕابردودا ئەم داڵانەی پێی دەڵین حکومەتی هەریم دەیان هیڕشو دەخالەتی سەربازیو لەشکرکیشی کراوەتە سەر کوردستان بەبەهانەی لیدانی هیزەکانی پەکەکەوە. لە کاتێکدا دژی ئەم هیرشو تاوانانەدا زۆر لایەنی سیاسی ناوخوییو دەرەکیو دەزگا نیو دەوڵەتی یەکانیش ئەم هێرشو تاوانانەیان بە شێوازی جۆراوجۆر سەرکۆنەوریسوا کردوە .تەنانەت چەندین جار بەردەم باڵویزخانەکانی تورکیا لە کوردستانو ووڵاتانی دەرەوە بۆتە گۆرەپانی ناڕەزایەتی تا ڕادەی پەلاماردانیانیان.جگە لەمانەش لەناوخۆی تورکیاش بەرەی چەپو ئازادیخوازی بە شێوازی جوراوجۆر ئەم هێرشو تاوانانەیان سەرکۆنەو ڕیسواکردوە.هەڵبەت لەسەر ئەم هیرشەی تورکیا یەکیتی لە بەیانیکدا هەڵوێستێکی شەرمنانەی دەربڕیوە.بەڵام کاتێک بەهەمان شیوازی رژیمی تورکیا ڕژێمی ئیسلامی تیرۆریستی ئیران کە هێڕش دەکاتە سەر ناوچەکانی یەکیتیو تیرۆری ئاشکرای ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی لەو ناوچانە دەکات کەچی ئەم یەکیتی یە بیدەنگەو بگرە چاوساغیشیان دەکات.وە لەم حالەتەدا پارتی شەرمنۆکانەوە دیتە دەنگ.ئەم سیاسەتە دووفاقی یەش دەگەریتەوە بۆ وابەستەیی هەر یەکێکیان بۆ ئەو رژیمانە.

جا هەر بە تاقیکردنەوەی چارەکە سەدەیەک دەرکەوتوە ئیتر ناکرێت چاوەڕیی ئەم داهۆڵە بێگیانە بیت تا گیانوژیانی خەڵکی بپارێزێت .ئەم دەسەڵاتە وەک داهۆڵەکەی ئەو جوتیارە وایە کە بۆ پاراستنی کێڵگەکەی جلوبەرگێک بە داریکی بەرزدا هەڵدەواسیت تا دوای خۆی بەهۆی باوە بجوڵیتو کێڵگەو کشتوکالەکەی بپاریزیت لە باڵندەو گیانلەبەرەکان تا زیان بە بەروبومەکەی نەکەوێت.

ئیستاش ئەم دەسەڵاتە کە پارتی بەشی شییری هەیە تیایا هەر وەک ئەو دارو جلوبەرگە وایە کە لە دورەوە بە ئینسان دەچیت بەڵام لە ڕاستیدا شتێکی بێ گیانوبێ جوڵەیە . بیگومان ئەم بی جوڵەییو بێ دەنگی یەشیان ئاکامی رێکەوتنی بەرژوەندی یەکانی رژێمەکانی ناوچەکەو زلهیزە ئیمپریالیستی یەکانن کە بۆ پاراستنی گیڵگە نەوەتی یەکان و هەڵوشینی سەروەتو سامانی کوردستان ئەمانەیان وەک داڵان داناوە لە چوارچێوەی هێز هاوسەنگی و ململانێو هەلومەرجێکی دیاری کراو. تەنانەت ڕژیمە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیاش ،بە تابیەتی ئوردوگانیو دەسەڵاتە فاشی یەکەی و رژیمی ئیسلامیش هەروا ،ئەوەندەی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی یان هەیە لەم داهۆڵە ئەوە هیچ زیانیانکیان لە دانانیان نی یە.هەر وەک چۆن جوتیارەکە تەنها جلوبەرگێکی کۆنی خۆی دەکات بە دارەکەیا بەڵام زۆر کات کیڵگەو کوشتوکاڵەکەی دەپاریزیت لە زیان.

هەمو کەسێک دەزانێت کە زۆربەی ئەو حزبە دەسەڵاتدارانە بە تایبەتی پارتی و یەکیتی و سەرانیان لە سەرکردایەتی تا بنکردایەتیان قازانجو بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی گەورەیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیاو ئیران هەیە. هەر بۆیەش نەک هەر هێرشو کوشتارەکانیان لەسەر خەڵکی کوردستان مەحکوم ناکەن بەڵکو رۆژانەش ئەم تاوانانە ئەنجام بدەن هەر دەنگ ناکەن. بەڵگەی ئەمەش بونی ئەو سەدان بنکەو سەربازگەی نهێنیو ئاشکرایەن کە هەزاران سەربازو میتو پاسدارو جاسوسی دەوڵەتی تورکیاو ئیرانو زۆر رژێمی تریشی ژێر بەژیر تیادایە .
ئەم دەسەڵاتەی پارتیو یەکیتی ئەوەندە بەرژوەندی هەمەلایەنەیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو رژێمانە تێکڵاو بوە لەهەمو ڕویەکەوە کە بۆتە مایەو هۆکارێک بۆ درێژ بونەوەی دەسەڵاتە مافییەکەیان. خۆ ئەگەر ڕۆژیک لە ڕۆژان تورکیاو ئیران بزانن ئەم داهۆڵە ئەگەری کەوتنی هەیە بە هەر هۆیەکەوە بیت ، تەنانەت لە لایەن نارەزایەتیو ڕاپەرینی جەماوەریشەوە بیت، ئەوە ئەگەری هەیە گەورەترین لەشکرکیشی بکەنە سەر خەڵکی کوردستان بۆ مانەوەی ئەم داڵانە.

بۆیە پێم وایە ڕەخنەو چاوەڕی بونێک کە خەڵکانێک لەم داهۆڵە هەیانە تا بە زیندویی بچوڵێتو دەنگی نارەزایەتی دەربریت ئەوە ڕەخنەو چاوەڕێ بونێکی بێهودەیە.
هیج گومان لەوەدا نی یە کە بەشێکی کەمی خەڵکی کوردستان لە بنکردایەتی و حاشیەی پارتیو یەکیتی و کومەڵە تاقمیکی تر لەسایەی ئەم دەسەڵاتە حەساونەتەوەو هیج ئەم رەخنەو گلەییانەیان لە پارتیو یەکیتو دەسەلاتەکەیان نی یە چونکە باش دەزانن ئەو ژیانەی فرعەونییەی تیایدان بەرهەمی ئەم دەسەڵاتەیە. لە کاتێکدا بەشێکی زۆر خەڵک لەبەر بێ موچەییو بێکرێیو بێکاریو هەژاریو نەداریو بێخانەو لانەیی نانیشیان نی یە بیخۆن.
بۆیە پێویستە لە جیاتی ڕەخنەو گلەییو جاوەڕوانی بێهودە لەم داهۆڵە بۆ جوڵەو دەربینی نارەزایەتی دژی ئەو تاوانانە ئەوە جەماوەری ستەمدیدە لە هەوڵی وەلانانو کۆتایی هاتنی ئەم دەسەڵاتە داسەپنیراوەداو گۆرینی بێت. ئەمەش لە ڕیگای نارەزایەتیو راپەرینو دا.

٢٢-٣-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا




زانکۆ و کتێب … هۆشیارجەمال

زانکۆ لەسەرتاسەری جیهاندا شوێنی زانین وزانست بووە و هەردەم لە گەڵ ناو هینانی ناوزانکۆدا کتێبیش وەک سەرچاوەی زانست وزانیاردێت، لە سەرجەم زانکۆکانی جیهان ڕۆژانە فێرخوازەکان بە شێکی کاتەکانیان بە خوێندنەوە لە زانکۆ بە سەردەبەن و کتێب بە شێکی گرنگی ژیانی زانکۆ پێک دێنیت ،و لە ئەنجامیشدا جگە لە خۆڕۆشنبیرکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ، خوێندنەوە دەبێتە هۆکارێکیش بۆ پێش خستنی ئاستی زانستی زانکۆ و ئەو بەشەی فێرخواز لێدەخوێنێت.

بەڵام لەزانکۆکانی کوردستان هیچ پەیوەندیەکی پتەو نیە لە نێوان فێرخوازان و کتێب و کێبخانەکانی زانکۆ و کۆلێجەکان، کە ئەمەش بۆخۆی کارەساتە، خوێندکار گەر بۆ ڕاپۆرتێکی ناچاری نە بێت کە مامۆستاکەی ڕای دەسپێرێت ئامادە نیە هەرگیز بچیت بۆکتێبخانەی زانکۆ یان کۆلێجەکەی، وە لە ڕاستیدا ئەوەندەی سێڵفی گیراوە لەزانکۆکان نیو ئەوەندە کتێب بخوێندرایەتەوە، لە ئێستا دا بەدەرلە بەرز بوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری خوێندکارەکان ئاستی زانستی زانکۆکانیش بەرو پێش چووبوو.

تەنها چەند ڕۆژێک دەوام کرد بە سە بۆ شارەزابوون لەو وێران بوونەی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەیە لەو دێڕەی جێرۆک نوس مامۆستا شیرزاد حەسەن تێدەگەیت کە دەڵێت”لەزانکۆکانی کوردستان خوێندکارێک ئەگەربیەوێت بخوێنێتەوەئەوا بە شەرمەوە کێبێک دەگرێت بەدەستیەوە چونکە توشی تانە وتەشەر دەبێت لەلایەن هاوڕیکانەوە”لە ڕاستی دا ئەم جۆرە بیرکرنەوەیە ی خوێندکارێک بۆ کتێب بەرئەنجامی چەندین هۆکاری کەڵەکە بووی پێشترە کە پێوستی بەلێکۆڵینەوەی ورد هەیە.

خوێندکار پێش زانکۆ لە قۆناغی ئامادەی وناوەندی فێرنەکراون تا بخوێنەوە جگە لە مادەکانیان چونکە بەشیکی زۆری مامۆستایان خۆشیان ناخوێنەوە بە ڕاستی کارەساتە مامۆستا بیت و کتێبخانە لەماڵەکەتدا نەبێت، ڕۆژانە تووتی ئاسا تەنها ئەو چەند لاپەرەیە بڵیتەوە کە کردوتە بە ئەرک بە سەرخوێندکارەکانەوە.ودواجاریش هەر کۆمەڵێکی تووتی ئاسا جێگەی دەگرێتەوە.

دواتریش لە ساڵی کۆتایی ئامادەی کە دەکاتە پۆلی (١٢)خوێندکاردەکرێتە دوژمنی زانست و کتێب چونکە ساڵیکی تەواو لە شوێنیدایە هیچی کەمتر نیە لە دۆزەخ و هەموو ئایندەی دەبەستن بە چەند کاتژمێرێکی شومەوە،کە زۆر جار لە هەرلەترسی هینانی نمرەی کەم باری دەرونی تێک دەچێت و نمرەی کەم دە‌هێنێت.هەربۆیە کە دەگاتە زانکۆ خاڵیە لە هەموو جۆرە زانین زانیاریەک
کێبخانەکانی زانکۆش لە ئاستی پێوستدا نین ڕاستە ڕەنگە بە هەزاران سەرچاوەیان لە لادەست کەوێت بەڵام سەرجەم وئەو سەرچاوانە کتێبی زۆر کۆنن وکوالیتیان لە ڕووی چاپەوە زۆر خراپە کە بۆکەسێک گەر بیەوێت بخوێنتەوە بە بەردەوامی ئەوا ئەبێت حسابی کزبوون ولاواز بوونی چاوەکانی بکات ولە ئیستاشدا هێچ ئاسۆیەکی رون نیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە وئاشتکردنەوە ی خوێندکاری زانکۆ وکتێب.




له‌ نوێژی ئه‌م به‌یانییه‌مدا كه‌وتمه‌ ناو شكۆی ئاگر و ئاوی سرووش و به‌رزبوونه‌وه‌ … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ده‌می گۆزه‌ی پڕم شۆڕكرده‌وه‌ ناو زه‌ریا
زه‌ریا مه‌ی پێ خۆش نه‌كرا
گۆزه‌ و زه‌ریا ئێمه‌ پێكه‌وه‌ له‌به‌ر نازی نه‌رم و بۆنداری ئاشناییدا زۆر ڕۆیشتووین
من پیاوێكی بێ ڕێگام و پرچم هاتووه‌ته‌وه‌ سه‌ر ناوچه‌وانم
ده‌ڵێی له‌ ئاگره‌وه‌ هاتووم
خۆ بده‌نه‌ به‌ر گه‌رمایی ده‌مودووم
كتێبی حاڵم زۆر داوه‌ به‌ هاوه‌ڵانم بیخوێننه‌وه‌
له‌ یه‌كه‌م خه‌ڵوه‌تدام و سه‌رگه‌رمی ئه‌وه‌م شادبم به‌وه‌ی خۆشم ده‌وێ
خودای ناو ته‌ورات
خودای ناو ئینجیل
خودای ناو قورئان
ته‌ورات و ئینجیل و قورئان
داستانی خودایه‌كم بۆ ده‌گێڕنه‌وه‌ لاولاو به‌ په‌رژینی به‌رز بكه‌مه‌وه‌
سێبه‌ری پڕپڕه‌ له‌ دڵی ترساو
گه‌شه‌ی ڕۆح له‌ دوا خه‌ڵوه‌تدام و ئه‌م خۆشویستراوه‌م بۆ ورد ناكرێته‌وه‌
بولبولێك له‌ پاڵ گوڵێكدا دڕكی له‌ژێر پێیه‌كانی لاداوه‌
تاسه‌ی خۆی بۆ هه‌ڵده‌داته‌ ئاسمان و پێی ده‌ڵێت
تاسه‌ ساده‌یه‌ وه‌ك ده‌ستخستنه‌ سه‌ردڵی په‌یامبه‌رێك
په‌یامی وه‌رگرتبێ و له‌ چاوه‌ڕوانی ڕاگه‌یاندندا مابێته‌وه‌
یان بارینی ڕشێنه‌یه‌ك له‌ هه‌ورێكی ته‌نك و ڕووخۆشی یاڵی ئه‌سپ له‌ سه‌ما و بردنه‌وه‌ی پێشبڕكێدا
ئه‌رێ خودا له‌ شێوه‌ی چیدا ئاده‌می دروست كرد
چیشی به‌خۆی چواند و وه‌ك بۆنی خۆشیی خۆی هه‌ڵیدایه‌ ئاسمان
خۆر له‌ پشت سه‌رم ئاوابوو
به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ریش ڕۆژبه‌ڕۆژ كورتتر ده‌بێته‌وه‌
كه‌سێكی ته‌واو تووڕه‌ و ده‌م تاڵ و تفتبووش
له‌به‌ر ده‌رگای به‌هه‌شت یان دۆزه‌خ دوودڵ نه‌وه‌ستاوه‌
وه‌ك تیشكێك بكه‌وێته‌ ناو چرایه‌كه‌وه‌
یان وه‌ك به‌ردێك به‌رببێته‌وه‌ ناو گۆمێكه‌وه‌
گواره‌ی گوێی دره‌ختیش نه‌خشبه‌ند و بێپایان ده‌له‌رێته‌وه‌
مرۆڤ بێده‌نگ له‌ ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ ڕاده‌مێنێت و ده‌یه‌وێ شتێك بكا
به‌ڵام نازانێ چی بكات
ژیانی تاهه‌تایه‌شی نه‌دۆزییه‌وه‌
قۆزاخه‌یه‌كی خنكێنه‌ریش په‌پووله‌یه‌كی پاراو به‌ سه‌ما به‌سه‌ریدا نیشتووه‌ته‌وه‌
خودایه‌ مه‌مانده‌ره‌ ده‌ستی كه‌س و به‌زاری خۆت بانگمان بكه‌
دێمه‌ دیداری ئاشنا و له‌ دڵم ورد ده‌بێته‌وه‌
ڕێگا و ڕۆیشتن هه‌موو ئومێدیان تێدا كۆده‌بێته‌وه‌ و له‌ ساده‌یی تاسه‌دا خۆده‌دركێنن
ئاده‌م چووه‌ته‌ ناو كاته‌وه‌ به‌ گه‌رمایی پێگه‌یاندنی میوه‌دا دێت و ده‌چێت




هەڵسانەوەی ناسیۆنالیزم: شانۆگەریی سەروەرێتی بەسە تەواو

نووسینی: د. ئانا زاوەربرەی
لە ئەڵمانیەوە/ هەڵۆ بەرزنجەیی

———————————————-
بزاڤی سەربەخۆیی لە کاتالۆنیا نیشانی دا، دەوڵەتی نەتەوەیی لە قەیراندایە ؟ هەروەها پۆست ناسیۆنالیزمیش.

پێنج شەممەی داهاتوو(واتە ٢٠/١٢/٢٠١٧…چونکە ئەم وتارە پێشتر نووسراوە.و) کاتالۆنییەکان پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێرن. هەڵبژاردنەکەش وەک ریفەراندۆمێکی ناڕاستەوخۆی سەربەخۆیی کاتالۆنیا تەماشا دەکرێ.
ڕاپرسییەکان نیشانی دەدەن کە کێبەرکێ زۆر نزیک لە نێوان لایەنگران و دژەکان دایە. ڕەگوڕیشەی کێشەی نێوان هەرێمی کاتالۆنیا و دەوڵەتی سپانیا دەگەڕێتەوە بۆ قووڵایی مێژوو. هەڵبەت بزاڤی نەتەوەیی کاتالۆنیایش لەبەردەم دوودڵییەکی بێهاوتای بارودۆخی جیهانیدایە: ئەو بەشێکە لە ناسیۆنالیزمی بەهێز لە پێناسەی تەسکی مێژوویی ـ کولتووریی بۆ کۆمەڵگایەک لە مرۆڤ،کە وا چاوەڕوان دەکرێ، دەبێت دەوڵەتی داواکراوی خۆیان دروست بکەن. هەروەها ئەو بەشێکە لە قەیرانی دەوڵەتی نەتەوەیی، کە ڕەوایەتی و تواناکانی لێ دەسێنێتەوە، نوێنەرایەتی بەرژەوەندی کاتالۆنی بکات.
لە کۆتاییدا سەرۆکی لابراوی هەرێمی کاتالۆنیا، کالۆس پیگیمۆنتCales Puigdemont دژی یەکێتی ئەوروپاEU وەستایەوە و وەک ” یانەی پووکاوەی مۆدێل بەسەرچوو نیشانی دا، کە لەلایەن کەمینەیەکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ”.
لە کاتالۆنیا پرسیاری بچووک لە خۆیان دەکەن، کە ئێستا لە زۆر شوێنی دنیا بایەخ و گرنگی هەیە: باشترین فۆڕمی رێکخستنی/ ئۆرگانیزەکردن کامەیە و ـ گەورە بۆ پێکەوە ژیانی سیاسی و مامەڵەی سیاسی هاوبەش؟ چەند گەورە، دیسان بەر لەهەر شت چەندە کراوە بێت،سیاسەت/Polis؟ ئایا زاڵبوون بەسەر خەونی دەوڵەتی نەتەوەیی دا دەست لە خەیاڵ پڵاوی هەڵگرتنە ؟!

ئێمە لە گەڕانەوەی ناسیۆنالیزم دا دەژین ـ یاخود داڕووخان بۆ یەکەی هێشتا بچووکتر؟ و ئایا پیاو چۆن دەتوانێ ڕایبگرێ؟
پاش کۆتایی جەنگی سارد،لە ساڵی 90 کان و دەستپێکی 2000 دا، کۆسمۆپۆلتیکە لیبەڕاڵەکان پێیان وابوو،دەکرێ و دەتوانرێ زاڵ بین، بەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی دا. جیهانگەرایی ئابووری، کێشە هاوبەشەکانی مرۆڤ، وەک کەمبوونەوەی کەرەسە و گۆڕانی کەشوهەوا، بەڕێوەبەرانی ئینتەرنێت و لێشاوی دارایی جیهانی، داخوازی ئەندازەیەکی زیاتری هەرەوەرزی جیهانی دەکەن، لە کاتێکدا تێزەکان دەڵێن،لە ڕێگەی جیهانگەرایی کولتوورییەوە،یەکێتی نەتەوەیی و جیاوازییە کولتوورییەکان کەم دەبنەوە.
Saskia Sassen،لە کتێبەکەیدا کە Territory,Authority,Rights کە2006 دەرچووە،بە نێزیکەیی دەوڵەتی نەتەوەیی وەک دیاردەیەکی دەرکەوتووی کاتی مێژووی جیهانە.
دەوڵەتی نەتەوەیی، وەک دەوڵەتی کۆلۆنیالی خاوەن بەرژەوەندی ئابووری بەهێز، جیهانگەرایی پاڵیپێوەناـ تا لە دوا قۆناخدا، بەسەریدا زاڵ بێت، بۆ هەڵهاتن لە سیستەمی نێونەتەوەیی پێکەوە کارکردن وەک سیستەمی Bretton-Woods System، (سیستەمی دراوی جیهانی دوای جەنگی جیهانی دووەم بڕیاری لەسەر درا و دۆلار بووە دراولەنگەر..و) بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دراو یاخود رێکخراوی بازرگانی جیهانی.

Sassen و هی دیکەش دژ بە هەست دەنووسن، کە دەوڵەتی نەتەوەیی باشترین و تاکە شیاوی بیرلێکردنەوەی، فۆڕمی رێکخراوەییە بۆ کۆمەڵگایەکی سیاسی. ناوبراو دەنووسێ”شتێکی سروشتی نەبوو،سووک یاخود پێشوەخت بڕیار لەسەردان لە دەوڵەتی نەتەوەیی”.
پۆست ناسیۆنالە خەیاڵییەکان خەونیان دەبینی و خەون دەبینن،بە زەقی دەریبڕم، بە سنوورە ئاوییەکان/ شلەکانەوە. بەو کۆمەڵگاکانەوە، کە جیابوونەوە لەوانەی کە خوێنی باب و باپیرانیان،لەسەرخاک ڕژاندوە بە کۆمەڵگای مەجازی نەتەوەییەوە،بە جیهانێکەوە،کە بیرکردنەوەی کۆسمۆپۆلەتی بەرپرسیارێتی هەموو بۆ هەموو لە ئامێز بگرێ. بە پێچەوانەی ئەمەوە، ئەمڕۆ ناسیونالیزمێکی نوێ قووت بۆتەوە. لە هەنگاریا،پۆلۆنیا، ئۆتریش/ نەمسا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بۆ دواجاریی جارەکانیش لە ئەمەریکا. لە جیهاندا سیاسییە نەتەوەییەکان دەیانەوێ تا ئەو شوێنە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا پێکەوە کار بکەن، کە بەس بێت بۆ بەرژەوەندی سەرەکی خۆیان، یاخود بەشی خۆیان بکات.

ڕاوێژکاری ئاسایشی دۆناڵد ترامپD.Trump،,Herbert McMaster& Gary Cohn کە لە ئەنجوومەنی ئابووریدان، پێش نیو ساڵ لە Wall Street Journal دا،بەم شێوەیە داڕشتووە” ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە کە بەرژەوەندییەکانمان دابەش دەکەن، نابنە دۆستی متمانەپێکراو،وەک ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان دەیبینێ. ئەوانەی ڕووبەڕووی ئێمە دەوەستنەوە،ئێمە زۆر یەکلاکەرەوانە بەرەنگاریان دەبینەوە”.
بۆ ئەوەی جاڕی گووژم و تەکانی گەڕانەوەیەک بدەین، جارێ زووە. نە ناسیونالیزم بردوویەتییەوە و نە بیرۆکەی پۆست ناسیۆنالیزم دۆڕاوە. گەشبینەکان بەردەوام ڕابەرایەتی دەکەن، کە ترامپ دەخوازێ ڕێکەوتننامەی پاریسی هەڵوەشانێتەوە، زۆر ولایەتی ئەمەریکایی هەر وابەستەن پێوەی و دەیانەوێ کاری پێ دەکەن. ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کەوا یەکێتی ئەوروپا لەم کاتەدا بەرگریکردن لە پێکەوە کارکردن چڕ دەکاتەوە و ئینجا پاش ڕەتکردنەوەی ترامپ بۆ ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازادی سەرووکیشوەرەکان، باقی وڵاتانی تر دەستی پێوە دەگرن. وە سیاسەتمەداری وەک سەرەک وەزیرانی کەنەدی Justin Trudean ، کە وڵاتەکەی وەک یەکەمین(پۆست ناسیۆنالی دەوڵەتی جیهان) دادەنێ، هەڵبژاردنەکان بباتەوە.

لەم ڕوانگە کۆسمۆپۆلەتیکییەوە، ناسیونالیزم نەخۆشییەکە، کە پیاو باوەڕی وایە بەسەریدا زاڵ دەبێ، لێ هەنووکە بەڵام هەتا ئێستاش بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە دووچاری مۆدێرنە بووە.
بزاڤی ناسیۆنالیستی لە لایەن لیبەڕاڵەکانەوە وەک Pathologie/ زانستی نەخۆشی، تەماشا دەکرێ، چونکە ئەوە بەر لەهەر شتێ وەک بزاڤێکی ئێتنیکی لێ حاڵی دەبن.
لە هەقیقەتدا زۆر لە ناسیۆنالیستەکان، پێناسەی دەوڵەتی نەتەوەیی، وەک شتێکی ئۆرگانی، شێوەیەکی بوونی بە کۆمەڵ، پێکەوە ڕاگیراوە، لە ڕێگای کولتوورێکی “زگماگەوە”. ” کولتوورەکان،زمانەکان و ناسنامەی نەتەوەییەکان”، ئەمە واتای لە پرۆگرامی پارتیAfD( پارتێکی ئەڵمانییە بەناوی: ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا و ساڵی ٢٠١٣ دروست بووە بە ناسیونالیست دادەنرێ.و) وایە “کایەی دیاریکردن و ناسینەوەی ناسنامە و دەستبەردارنەبوونی، کە تەنیا لە دەوڵەتی نەتەوەییدا، بە دەستوورێکی دیموکراتیی پر لە کاریگەرێتییەوە دەتوانرێت نەخشەی بۆ بکێشرێ”.
کەوتن و شکستی ڕەگەزپەرستانەی ترامپ، لە دژی کۆچبەرانی مەکسیکی و ترس لە ئیسلام لە هۆڵەندە و فەرەنسا، گوزارە و دەربڕیی ئەم ڕامانە. لە ئەڵمانیا گەنگەشەیەک خول دەخوا، بە دەوری ناسنامەی نەتەوەیی لەمەڕ پرسیاری چۆن: کێ پێوەندارە بەوەوە و بۆ ئەوە؟ کولتووری باڵای ئەڵمان چییە؟. داخۆ /ئیسلام سەر بە ئەڵمانیایە؟.

کۆسمۆپۆلێتییەکان سەر دەکەون بەسەر گەنگەشەکان دا و لە دژی دەوەستن. لەوێدا لە بایەخی ئەوە کەم دەکەنەوە، کە گومانلێکردن و بەتاڵکردنەوەی جیهانی، دەوڵەتی نەتەوەیی، هەر تەنها ناسنامەی نەتەوەیی نادیار ناگرێتەوە، بەڵکو هەروەها مانای زیانی ڕاستەقینە و کاریگەرێتی توانای خۆییشە.
لە ئۆکتۆبەردا، لە کۆڕی بیرەوەری 40 ساڵەی مەرگی Hanns Martin Schleyers مێژووناسی خەڵکی شاری Mainz،Andreas Rödder، بەتوندی ڕەخنەی لە سیاسەتی کۆچبەری ئەڵمانی گرت و نەخشانی بەوەی،کە بە خەمساردی و کەمتەرخەمییەوە بەدەستەوەدانی سەروەرێتی نەتەوەییە. ئەو پێناسە کلاسییکییەکەی دەوڵەتی نەتەوەیی وەبیرهێنایەوە، لە ڕێگای ئەکۆدی سێ دەنگەکە، دەوڵەتایەتی،گەلی دەوڵەت و ناوچەی دەوڵەت و وتی، ئەم ناوچەی دەوڵەتە پەیوەستە بە کۆنترۆل کردنی خاوەنەکەی، سنوورەکانیشی خاوەنەکەی وابەستەیە بە کۆنترۆل کردنی.
وەزیری ناوخۆ Thomas de Maiziere ،بە ڕەقی بەرپەرچی دایەوە. ئەم پێناسەیە هیچ مانایەکی نییە هەر ئەوە لەبەرئەوەی لە کاتی Schengen وە سنووری دەرەوەی ئەڵمانیا، دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست. یاخود لەوەتەی ڕێکەوتنامەی یەکێتی ئەوروپا ـ تورکیا، ناکەوێتە نێوان سوریا و تورکیاوە؟ داخۆ لەوکاتەی رێکەوتننامەی، لوتکەی یەکێتی ئەوروپا و ئەفریکا، بۆ مەسەلەی کۆنتڕۆڵی کۆچبەران، ناکەوێتە نێوان لیبیا، نێجیر و چادەوە؟ داواکاری زیاتری کۆنترۆڵکردنی سنوور، وەک کاری بانگاشەی سەروەری نەتەوەیی،دەڕوات بەرەو دوورتر پووچانەوەی سنوور.
دەوڵەتایەتی،گەلی دەوڵەت و ناوچەی دەوڵەت، لە ڕەوتی جیهانگەراییدا، ڕوون و ئاشکرایی خۆی لەدەست داوە، کەواتە هێشتا مانای دەوڵەت چییە؟. دامودەزگا و کۆمپانیا گەورەکان، لە باجدان خۆیان دەدزنەوە و دادەماڵن، لە ڕێگای پێکەوە بەستنی زیرەکانە بە کۆمپانیایاکانی دەستەخوشکییانەوە.
هاوکات ئەوان بە شێوە ـ دەوڵەتییەک خۆیان دەکەنە لایەنی دەوڵەتی. فەیسبووک بۆ نموونە لە وڵاتانی تازە پێگەیشتووی ئاسیا و ئەفریکا ژێرخانی ئینتەرنێت فراوان دەکات ـ و لەگەڵ ئەوەدا خۆی دەکاتە ڕێکخەر ، بەوەی کۆنترۆڵ دەکات. خەڵک کام جۆر خزمەتگوزاری دەتوانێ بەکاری بهێنن و بۆی نییە کامانە بەکاربهێنێ.

“کۆمپانیا یاخود کارخانەکان چالاکانە دەست بەسەر کایەی دەوڵەتدادەگرن،ئەوان پراکتیزەی کۆلۆنیالیزمی دیگیتالی دەکەن، بەتایبەت لە ئەفریکا و Cathryn Clüver Ashbrook، لە Harvard Kennedy School ، پێش ماوەیەکی کورت ،لە ۆورکشۆپیHolbrooke Forums ی ئەکادیمیای ئەمەریکی سەبارەت بە ئاکامی دیگیتالیزەکردن بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
ۆورکشۆپەکە بەڕێکەوت نەبوو لە تالینی ئیسلاند بەڕێوە چوو. ئیسلاندی بچووک (43,000 کم و خاوەنی 1,300,000 ملیۆن دانیشتوانە)، هەڵمەتێکی ستراتیژی دەئاژووتێ، سەرزەمینەکەی بە دیگیتال بتەنێتەوە و لەم ڕووەوە پێناسەی کلاسیکی”ناوچەی دەوڵەت” دەخاتە بەردەم پرسیارەوە.
کۆمپانیاکانی دیگیتال دەتوانن نشینگەیان لە ڕاستیدا بگوێزنەوە بۆ ئیسلاند و لە سیستەمی ئاسانی باجدانی ئەو وڵاتە قازانج بکەن. داتای هاوڵاتییەکانی ئاسایشی دەوڵەتی باڵادیگیتالیزە مسۆگەر کردووە،لەسەر هەمان بیرۆکە، لەم ساڵەوە لە ترسی هێرشی سایبەر Cyber attackی ڕووسەکان و هەروەها بۆ سەر سێرڤەکان لەسەر خاکی لۆکسەمبۆرگ، لە ژێر مافی ئێسنی ـ بە شێوەیەک “کۆپی دیگیتال” بە کردەوە لەسەر زەمینی ئیسلاند.
کایەی ماف بەڕاستی( بۆ نموونە ڕێکەوتنی پاراستنی داتاکان) لە گرێبەستی نێونەتەوەییدا(رێکەوتنامەی بازرگانی ئازاد، ڕێکەوتننامەکانی کەشوهەوا) و ڕێکخراوە جیهانییەکان دا(UN,EU,WTO) لێکترازانی مەودای یاسایی و سەرزەمین و خوڵقاندنی بێسەروبەریی لە داواکاری، کە دەوڵەتی نەتەوەیی دەبێ جێبەجێ بکات.

لە دیدوبۆچوونی زۆرینەی هاوڵاتییانەوە،هێشتا دەوڵەتی نەتەوەیی، لە ڕاستیدا،هەر نوێنەری ئارەزوو و بەرژەوەندییەکانیانە، ئامێری مامەڵەی سیاسەتیشە، ـ بۆ ناوخۆ و بۆ دەرەوە. بۆیە چاوەڕوانی بێ هیوابوون لە تواناکانی مامەڵەی دەوڵەتی نەتەوەیی، تووڕەیی و شێگیری دەخوڵقێنێ.
لەو کۆڕی یادەورییەی باسمان کرد، بەر لە هەمووان کۆنزەڤاتیڤە لیبەراڵەکان، لە نێوانیاندا زۆر یاساناس بەیەک گەیشتن، بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرا، هەتا ئەمڕۆ لەدەستدانی کۆنترۆڵ، مۆتیڤی ناوەندی بزوێنەری ڕەخنەیە لە سیاسەتی کۆچبەرانی Angela Merkel. دا. “تێشکانی دەوڵەت” بوو بەهۆی و دەبێت بە یەکێ لە خۆشەویسترین ڕۆژی لەتوپەتکردنی/ AfD-Hashtag . توێژەرە پۆپۆلیستەکان دەڵێن،لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ، مۆتیڤێکی بەهێزی بزاڤی پۆپۆلیستییە، لە ئێستادابە هۆی پەککەوتنی پاراستنی سنوورەوە. سنووری دەوڵەت، کولتوورە ـ ئیتنۆکەکان،دەبەسترێتەوە بە مەرامی سەروەرێتی ناسیونالیستەکانەوە.

لەبەر ئەوەی سیاسییە ناسیۆنالیستەکان دەزانن، کەوا زۆرینەی خەڵک هێشتا هەر چاوەڕوانن، دەوڵەتی نەتەوەیی لە خاوەندارێتی تەواوی دەسەڵاتی خۆیدا بێت، گەمەی شانۆگەری سەروەرێتی دەکەن. سیاسییەکان لە هەموو شوێنێکی جیهان دا، گفتی گەڕانەوەی پیشەسازی پۆڵا، باشتر پاراستنی داتا، یاخود کۆنتڕۆڵکردنی کۆچبەران ـ لە مەعریفەدا، کەوا سەرجەم ئەم ئامانج و مەبەستانە، هەموو کاتێ لەسەر فاکتەکانی گلۆبالیزەکردن یاخود کەماسی ئیرادەی هەرەوەرزی، دەتوانێ دەوڵەتانی دراوسێ شکست پێ بهێنێ.
لە گفتوگۆی تایبەتی جامایکا(ئاماژەیە بۆ ئاڵای وڵاتی جامایکا بە ڕەنگەکانی ڕەش،زەرد و سەوز،واتە پارتەکانی: کریست دیموکراتەکان، لیبەڕاڵەکان و سەوزەکانی ئەڵمانی.و) بۆ نموونە، ٣ پارتی ناکۆکن لەسەر لەکارخستنی هێنانی کەسوکاری خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی لاوەکیSubsidiary. (ئەو کۆچبەرانەی مافی پاراستنیان لەم ئەڵمانیا بەدەست هێناوە،دەتوانن یان ناتوانن کەسوکاریان بهێنن. بۆ نموونە کەسێک تەنیا بێت و لەژێر ١٨ ساڵییەوە، بەپێی یاسا مافی ئەوەی هەیە کەسێکی پلە یەکی خۆی ڕاکێشێ،یان کەسێک هەمان مافی هەیە، دەتوانێ ماڵومنداڵی ڕاکێشێ،وەک یاسا دانپێدا نراوە،بەس لە ڕووی سیاسیی و کردارییەوە بۆتە جێی گفتوگۆ. بە تایبەت لە نێوان پارتە ئەڵمانییەکان و بابەتێکی گەرم و بەهێزی هەڵبژاردەکانی ٢٤/٩/٢٠١٧ بوو.و)
یاسای یەکێتی ئەوروپا بێگومان یارمەتیدەرو دانپێدانراوە،کۆچبەرانی پارێزراوی لاوەکی بە پێی ڕیکەوتنامەی Genf وەک یەک هەروەها لە هێنانی کەسوکاریاندا. بەپێی یاسای کارکردنی 2011/95/EU ئەوانەی خاوەنی پاراستی لاوەکی پێداویستی پاراستن، مافی هێنانی کەسوکاریان هەیە. بەپێی تێڕوانینی هەندێ یاساناس درێژکردنەوەی وەستاندنی ئەم کارە، لەبەردەم دادگای ئەوروپادا چ چانسێکی نییە،دەبێ یەکێ گازندە بکات.

زەحمەتە بووترێ،چی زیاتر ناسیۆنالیزم تاو دەدات،کولتووری ـ ئیتنی سەرباری هەست و خرۆشی یاخود لەدەستدانی کاریگەڕێتی و توانای خودی،وەک هاوڵاتی. بەم شێوەیە یاخود بەو شێوەیە، مۆتیڤی “لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ” دەهێنێ و شایستەی ئەوەیە، بایەخی سەرنجدانی زیاتری بۆ تەرخان بکرێ.
ترس لە هەمەجۆری ئێتنی و کولتوور لەژێر بنمیچی دەوڵەتی نەتەوەیی دا، خێرا بەرەو کەندەڵانی بیروباوەڕی شعوبی و ڕەگەزپەرستی دەڕوات. لێرەدا پێوانەی گفتوگۆی ڕاستەقینە نییە،لە لەدەستچوونی توانای مامەڵەی هاوڵاتیدا و هاوبەشیکردنیدا، بەڵام پارچەی بڕاوی حازر بەدەست بۆ بیرکردنەوەی لیبەڕاڵی کۆسمۆپۆلیتی هەیە. ئێمە بووینەتە دانیشتوانی جیهانی، لێ نەک هاوڵاتی جیهانی. ئەمەش گرفت و کێشەیە و لەسەر ئەمەش دەیان ساڵە کۆسمۆپۆلەتیکەکان بیردەکەنەوە.
پیاو دەتوانێ چی بکات؟

یەکەم: توانا و دەرەتانی کۆنتڕۆڵ ساز بدەن،لە هەر کوێیەکدا شیاو بوو. ڕێگەی هاوڵاتی بدرێ لە ڕێکخراوە جیهانییەکاندا زیاتر ڕاستەوخۆ توانا و کاریگەرێتی بدرێتێ، ڕوونییەک/شەفافێتێکی گەورەتر لەسەر بڕیاردان دروست بکرێ. لەو گوتاری هەنووکەییەدا، سەبارەت بە ڕیفۆرمی یەکێتی ئەوروپا، ئەوە ڕۆڵێکی هێجگار بچووک دەلێزێ.
دەستپێک بۆ نموونە،لیستی هەڵبژاردنی سەروونەتەوەیی، وەک فەرەنسا،ئیتالیا،سپانیا، گریک/ یۆنان داوای دەکەن،جێگا لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کاندیدەکانیان لە سەرتاسەری ئەوروپا. پیاو دەتوانێ دەست پێ بکات، لەگەڵ چاوەڕوانی بەتاڵبوونی مانداتە بەریتانییەکان.(دوای برێکسد ئەندامە بەریتانییەکان دەکشێنەوە و شوێنەکەیان بەتاڵ دەبێت.و)
دووەم: کۆتایی بە شانۆگەریی سەروەرێتی بێت. سیاسییە ناسیۆنالیستەکان پێویستە بەکراوەیی بڵێن لە چ کایەکدا توانایان هەیە بە تەنیا زاڵ بن و لە چ کایەکیدا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی ئەرکی خۆیان ڕێک دەخەن و هەیە و بۆچی بەکاری دێنن. ئەوە شەرمەزارییە،وا ـ بکەیت ـ هەر ـ وەک ئەوەی چاوەڕوانی دەبێتە هۆی بەهێزکردن لە کارکردنی نەتەوەییانە ـ و زیاترکردنی نائومێدی.
سێیەم: ئازایانەتر پارێزگاری لە دەوڵەتایەتی لە دژی کۆمپانیا جیهانییەکاندا بکرێ، ئەوانەی نوقسانی پەرەسەندن یاخود ڕێکخستن دەقۆزنەوە. لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی دیاریکراو و دژی هەڵاتنی باجەوە بۆ نموونە.لە هندستان دامودەزگا ڕێکخستنییەکان هەوڵەکانی فەیسبووکیان وەستاند، کە وەک Gatekeeper دەرگەوانی ئینتەرنێت دابمەزرێن و بچەسپێن.
چوارەم: بۆ خۆدزینەوەو و خۆلادان لەو دۆژدامان و چەڵەمەیە، متمانە بە بچوکترین ئەندامی کۆمەڵگا دیاری بکە بۆ چارەسەری کێشەکە.
ناسیۆنالیزمی نوێ کولتوور ـ ئێتنۆ مانای کۆمەڵگای دەوڵەتە نەتەوەییەکان دەگۆڕێ لە مامەڵە و هەڵسووکەوتی هاوبەشەوە بۆ بوونی هاوبەش. ئەو نیگای خۆی لە ناوەوە دەگرێ و خۆی ئازار دەدات بەدەم پرسیاری ئەندامێتییەوە و هێنانەوەی ناوی نەتەوە وەک یەکەیەکی کۆتایی پێهێنراو و تەواو بووی کامڵ. لە جیاتی ئەوەی مامەڵەی بەهێزتر لەگەڵ خەسارەتەکانی مرۆڤ وەک هاوڵاتی بکات،وا وێنەیەکی دیکەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەهێز دەکات لە کۆمەڵگایەکی بازرگانی/ مامەڵەی کراوە، لە جیهانێکی پۆست ناسیونال دا.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی دێر تاگە شپیگل، ژمارە ٢٣٣٢٧ی ١٧/١٢/٢٠١٧
http://www.tagesspiegel.de/politik/aufstieg-des-nationalismus-schluss-mit-dem-souveraenitaetstheater/20733860.html




دوریت ئازارێکی تربوو.. سلێمانی …. کرمانج فەتاح


لەیادەوری سلێمانیدا
هەناسە نادەم.
…..

جارێکی تر “ئەزمەر” گوێ بۆ هەمان گلەیم شڵناکات
جارێکی تر لە چاوی خۆماندا سلێمانی نابینین
ئەزانم پێ راناگەم
جارێکی تر لە ترپەی باغی گشتی دا هەمان گوڵ ماچ بکەینەوە
لە قاوەخانی شاردا
هەمان ماچی لێواری کوپەکە قاوەکە بکەینەوە .
حەزم لە فرینە ..فرین
تا بێ تۆی لە تەواوی ژیاندمدا هەڵفرێنم
تا لەو هەموو دیوانەی مندا
لە تۆ بۆن ترێک دروست ببنەوە

وەلێ شارێکە
شاری هەناسە
بۆنی نولیفەر
لە سێبەری مندا نابێتەوە
لەوێ لای خۆم

دەچمەوە سەر رەچەڵکی بابان ، دەچمەوە سەرحەقیەتی ئاشنای ئاوازێک
لە سوچێکی سەرادا ئەو ئاوازە ئاشنایەم ئەچرم
تۆقەڵەگەڵ گوڵێکدا ئەکەم
رەنگە لەوێ بم ناسێتەوە

دەزانم لەهەموو دیوێکی مندا
تۆیێک وابەستی منی و منێک وابەستەی تۆ

لەودەمە تامەزرۆی بینی خۆمانین ، کاتێک
دەچینەوە نێو حیکایەتە کۆنەکان
ئەگەرێینەوە سەرتای ئاشنابوون ، بە نیشتنەوەی من لە تۆدا
بە رەگ داکوتانم لە سوچێکی باغی گشتی .

دەرفەتم بدە ..تا
ماچێکی تەر ” شەقامی ساڵم”
خزانە نێو رۆحی ئەو، و
ئاشت بوونەوە لەگەڵ” ئەزمەر” لەگەڵ
خواردنەوی شیعرێکی” شێرکۆ بێکەس”دا ، خەمەکان دڵم هەڵوەرێنم،
دەرفەتم بدە.. دەرفەت
تا ئاشت ببمەوە بەحەقیقەتی خۆم
تا” با “بکەم بە دوو لەتەوە
باچیتر من لەم شارەدا نەباتەو ئەودی سنوری بێ تۆی




لە سەهۆڵەکە دابەزین هەیە …. بەیان ئیبراهیم

لە سەهۆڵەکە دابەزین هەیە
لێرە دائەبەزم
دەمەوێ بۆن و بەرامەی سەھۆڵەكەو كۆڵانەكانی لاویم بكەم
تا بتوێمەوە و ببم بە ئاو
دائەبەزم بۆ ئەوەی ڕەنگم بگۆڕێ
پەمەیی ببم و بچمەوە سەر
ڕەنگی هەقیقی خۆم
لە پەنای دوا وێستگەی تەمەنم دابەزین هەیە
تا تێبگەم منی ژن کە پڕ بم لە جوانی
دڵێك پڕ بکەم لە ڕەنگ
………………………………

هاوڕێ دائەبەزم
تا بە گوڵاوەی شەقامەكە ئاشنا بم و
بە رەنگی باخچەكان مەست بم
تا دانە دانەی
ملوانکەی پچڕاوی تەمەنم کۆبکەمەوە
دائەبەزم چی تر ئەم پاسانە
توانای گەشتینی منیان نەماوە بۆ باخی گشتی
لێرە دائەبەزم
دانە دانەی هاوارەکانی سەر ئەم شەقامە کۆدەکەمەوە
جارێکی تر
لەسەر شوستەی ئەم شەقامە دەیانڕوێنمەوە
دائەبەزم …….منی ژن
لە دوا وێستگەی خاڵی لە ئازادی دائەبەزم
هەمو شەقامەکانی سلێمانی چەپک دەکەم
ئەیدەمە دەست ئەو مناڵانەی
کە مناڵیم دەبەنەوە گەڕەکەکانی چوارباخ
………………………………………

لە سەهۆڵەکە دابەزین هەیە
کە دابەزیم شۆستەیەک دەکەم بەهاوڕێم
بە چەخماخەی رەقیبان و لە بڵێسەی ئاگری نەورۆزدا پیاسەیەك بكەم
گریانەکانمی بۆ شی دەکەمەوە
دائەبەزم بە شار دەڵێم
بۆ منی ژن نەتوانم ژیان بكەمە گەردانەو
بەقەڵەمی سپی ڕۆحم
حیکایەتی عاشق بونم
لەسەر لاپەڕەی ڕەشی شەوانی سەهۆڵەکە بنوسمەوە
لێرە لەم شەقامە سەهۆڵیە
دائەبەزم
لەسەر میلی کاتژمێری قەدەرما دەتوێمەوە
…………………………………
لە سەهۆڵەکە دابەزین هەیە
تا بە تابلۆیەك پربم لە رەنگ
ببمە لەرە بۆ لقی شۆەربیەكان
شریتی تەمەنم دەبڕم
فڕێی ئەدەمە سەر ئەو کتێبانەی
کە تۆزیان لەسەر نیشتوەو ناخوێنرێنەوە
چاوم لێرە جێدەهێڵم
دڵیشم دەدەمە دەست فڕین
پێ یەکانم دەبەخشمە هیلاکی و
پەنجەکانم لێدەکەمەوە
بە ڕێگایەکدا هاتوم
پڕ بوە لە لاشەی ئازادی
ئەو ئازادییەی کە لە دەمی کڵۆم دراوی
ژنانی هاوڕێمەوە ڕژاون
……………………………..

هاوڕێ دائەبەزم
بە ئەسپایی دوا سڵاو
لە دوا وێستگەی دابەزین دەکەم
دەڕۆم و لەوێ لە بونێکی تردا
باخچەیەک لە هەناسە بۆ خۆم دروست دەکەم
داوای لێبوردن لە گەنم دەکەم و
ڕەنگم دەبەمەوە سەر گوڵێکی پەمەیی
بۆ ئەبەد گۆرانی عەشق دەڵێم و
دەچمە ناو دڵێکەوە
تا بمکات بە شاژنی کۆشکی باخچەیەک
باخچەیەک لە ڕاموسان و ماچ و عەشق
لە سەهۆڵەکە دابەزین هەیە
ئەمەش دوا دابەزینمە هاوڕێ .




خانووە زێدەڕەوییەکان بیانووە بۆ دەرکردنی کورد لە کەرکوک … رەزا شوان

لە دامەزراندنی دەوڵەتی عـێراقەوە لە (١٩٢١) دا، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی ئێستاشەوە، بە پێی پیلانێکی رەگەزپەرستی و شۆڤێنی داڕێژراو، پیلانی بە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک بە تایبەتی و باشووری کوردستان بە گشتی، لە کردارە پێشینەکانیان بووە.. بەڵکو لە راستیدا رەگی ئەم پیلانە رەگەزپەرستییە قووڵتر و کۆنترە، عوسمانییە داگیرکەرەکانی کوردستانیش، کە تورکی رەگەزپەرست بوون و تا ئەمڕۆش نەوەکانیان، درێژە بە سیاسەتی رەگەزپەرستی و بە تورککردن دەدەن، ژمارەیەکی زۆریان لە سەربازە تورکەکانیان لە پارێزگای کەرکوک و لە چەند شوێنێکی تری باشووری کوردستان نیشتەجێکردن، بە تایبەتیش لە کەرکـوکدا، زەوی و زارێکی زۆری کشوکاڵی کوردیان داگیرکرد و دابەشیان کردن بەسەر سەرکردە و پیاوەکانیان (بەگەکانیان) بۆ نموونە دێیەکەی ئێمە (گۆگـجە ـ شوان) دەبوایە هەموو ساڵێک هەر جووتیارێک چەند جەواڵ گەنم و جۆیان بە موڵکانە ببـردایە بۆماڵەکانی ئەو تورکە بەگانەی دانیشتووی شاری کەرکوک.. سەفەوییە فارسە رەگەزپەرست و شیعەمەزهەبە ئێرانییەکانیش هەر بە هەمان شێوەی عوسمانییەکان، ئەوانیش لە ناوچە ئەزەرییەکانەوە، ژمارەیەک لە تورکمانە ئەزەرییەکانیان لە پارێزگای کەرکوک و دوز و داقـوق و چەندین شوێنی تـری کوردستان دا، نیشتەجێیان کردن، پەیـڕەویی سیاسەتی بە شیعەکردنی ئەو ناوچە کوردستانیـیانەیان دەکرد، تورکمانە شیعەکـانی ئەمڕۆی (گەڕەکی تسعین و گەڕەکی هەمزەلی) لە شاری کەرکوک، نەوەی ئەو شیعە هاوردانەی سەفەوییەکانن.. ئێستاش دوای داگیرکردنی شاری کەرکوک بوونەتە (الحشد الوحـشي) و پەیوەندییان بە پاسدارانی ئێرانەوە هەیە.. بەڵکو هاوبەستەبوونیشیان بۆ ئێرانە.

رژیمە رەگەزپەرستە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقیش، لە ساڵی (١٩٢٧) ەوە، تا ئەمڕۆ رانەوستاوە لە بە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک، تا ئەمڕۆ زیاتر لە ملیۆنێک عەرەبیان لە خواروو و لە ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ کەرکوک هێناون و لەسەر زەوی کورد دا نیشتەجێیان کردوون.

لە ساڵی (١٩٦٣) دا، کە پارتی بەعسی رەگەزپەرست و فاشست، لە رێی کودەتایەکی سەربازییەوە، دەسەڵاتی عێراقیان گرتەدەست، لەگەڵ کورد دا، بە ئـاگر و بە ئـاسن رەفتاریان دەکرد، بە پیلانێکی گڵاوی نەخشەداڕێژراوی تۆکمە، بە چڕی دەستیان بە بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک کرد بە هەزاران خێزانی عەرەبیان بۆ بەعەربکردنی کەرکوک هێنان، بە هەزاران خێزانی کوردیشیان لە کەرکوکدا دەرکرد و بەرەوە سلێمانی و هەولێر دەریانکردن، یا دووریان خستنەوە بۆ پارێزگاکانی خـوارووی عێراق، تا لە بۆتەی نەتەوە عەرەبدا بیانتوێننەوە و بیانکەن بە عەرەب.. چەندین دێی کوردیشیان لە دەوری کەرکوکدا رووخاندن، بە بیانووی ئەوەی نزیک دامەزراوەکانی کۆپانیای نەوتی کەرکوکن.. بەڵام لە دوای رووخاندنی دێیەکانی کورد، هەر لەو ساڵەدا و لە نـزیکی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک، چەندین دێیان بۆ عەرەبە هاوردەکان دروستکرد، کە تا ئەمڕۆش لێی نیشتەجێن.. دروشمیان ئەوەبوو”دەرکردنی کورد لە هەر شوێنێکدا نەوتی لێبێت.. بە عەرەبکردنی ناوچەکـانشیان” بە کـرداری ئەم دروشمە رەگەزپەرستییەیان جێبەجێکرد.. چی زەوی زاری کورد هەبوون، لە دەوری کەرکوکدا، داگیریان کردن و دایانن بە عەرەبەکان و هەمووشیانیان چەکدارکردن.. تێکڕاش لە شاڵاوەکانی ئەنفالی بەدناودا، هەموو دێیە کوردییەکانی پارێزگای کەرکوکیان بە شۆفڵ تەخت کرد کە زیاتر لە (٨٠٠) دێ کورد دەبن.. کە تا ئەمڕۆش ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەو دێیانە ئاوەدان کراونەتەوە.. ئەمەو پارێزگای کەرکوک لە شاڵاوەکانی ئەنفالی بەدناودا، پشکی شێری نەنفالیان بەرکەوت.. کوردێکی زۆریشیان لە ناو شاری کەرکوکدا بە زۆر دەریانکردن و رەوانەی پارێزگای هەولێر و سلێمانی کران. خانووەکانيشیان داگیرکردن و دایانن بە عەرەب، خانەی سەرژمێری هەموو کوردە دەرکراوەکانیشیان لە کەرکوکدا سڕینەوە و ناردیانن بۆ هەولێر و بۆ سلێمانی.. ژمارەی تێکڕای ئەو کوردانەی کە لە پارێزگـای کەرکوک دەرکران زیاتـر لە (٧٠٠) هـەزار کورد بوون. کە تا ئەمڕۆش زیاتـر لە نیوەیان نەگەڕاونەتەوە بۆ کەرکوکی زێدی خۆیان.. کەچی هەموو عەرەبە هاوردەکان کە بۆ بەعەرەبکردنی کەرکوک هێنرابوون، زەوی و پارەیان دانێ و زۆر بە خێراییش خانەکانیان گواستنەوە بۆ دایـرەی تۆمارکردنی سەرژمێری کەرکوک.. لە کۆمپانیای نەوت و گازی کەرکوک و لە قوتابخانە و دایرەکانی كەرکوکدا بە فەرمانبەر و موچەخۆر و کاربەدەست دایان مەزراندن.. لە ئێستادا ژمارەیان دە هێندەی تر زیـاد بوونە.

رژێمی شیعەی دەسەڵاتداری ئێستاش لە ساڵی (٢٠٠٣) وە، درێژە بە پروژە گڵاوەکەی رژێمی بەعس دەدەن، بەڵکو بە شێوەیەکی توختر و تۆکمەتر و زۆر خیراتر دەستیان بە بەعەرەبکردن و بە شیعەکردنی پارێزگای کەرکوک و خانەقین و دوز و داقوق و جەلولا کردوون. بە تایبەتیش لە دوای داگیرکردنی شاری کەرکوک و دوز و خانەقین و چەندین ناوچەی تری باشووری کوردستان لە (١٦ی/ ئوکتۆبەر/٢٠١٧) دەوە، بەعەرەبکردنی کەرکوکیان خێراتر و چڕ و پڕتر کردوون.. بە هەزاران خێـزانی عەرەبی شیعەیان لە کەرکوکدا نیشتەجێ کردوون، بەشێک لەم هاوردە عەرەبە شیعە تازانە، لە هـێزە توندڕەوەکاـنی الحشد الوحشي ین.. ئەو ئاوارە عەرەبانەش، کە زۆربەیان سوننەن و لە ترسی داعش و لە ترسی شەڕی تایفی نێوان شیعە و سوننە رایاکرد، بە مەبەست بۆ کەرکوکیان هانین، تا نەگەڕێنەوە و بکرێن بە بەشێک لە شاڵاوی بە عەرەبکردن لە کەرکوکدا، ژمارەیان لە (٦٠٠) هـەزار عەرەب زیاترن، ئەوانەش ناگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، عەبادی بەڵێنی پێداون کە لە کەرکوکدا زەوی و پارەیان بداتی تا خانوو بکەن، هەموو ئاسانکارییەکشیان بۆ دەکەن، بۆ گواستنەوەی خانەکانیان بۆ تۆمارکردنیان لە دایرەی تۆماری سەرژمێری کەرکوکدا. ژمارەی ئەو عەرەبانەی کە (سەدام حوسێن)ی گۆڕبەگۆڕ لە ماوەی (٢٤) ساڵی حوکمڕانیی دا بۆ بە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک نیشتەجێی کردن زیاتر لە (٧٥٠) هەزار عەرەب بوون.. حەیـدەر عەبادی رەگەزپەرست و شیعەپەرست دەیەوێت بە کەمتر لە ساڵێک زۆرتر لەو ژمارەی سەدام، عەرەب لە پارێزگای کەرکوکدا نیشتەجێ بکات.. هەمووی بە مەبەستی گۆڕینی زیاتری باری دیموگرافیای نەتەوەیی لە پارێزگـای کەرکوکـدا، کە لە بەرژەوەنـدی نەتەوەی عەرەبدا بێت و لە زیانی کوردیشدا بێت.. بۆ زیاکردنی رێژەی عەرەب و بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کوردە لە کەرکوکی کوردستانیدا.
ئەمەش بە تەواوی بە پێچەوانەی جێبەجێکردنی ماددەی بە ناوە دەستووری (١٤٠)ە، کە سەرکردەکانی کوردیان پێ خەڵەتان.. بە پێی ئەم ماددەیە، دەبوایە هەموو کوردە دەرکراوەکانی کەرکوک بگەڕانایەتەوە بۆ زێدی خۆیان و قەرەبوو بکرێن، بەڵام زیاتر لە نیوەیان نەگەڕاونەتەوە، چونکە بڕویان بەوە نەبوو کە ئەو ماددەیە جێبەجێدەکرێت، ئەزموونێکی درێـژ و تاڵشیان هەیە لەگەڵ، بەڵێنە درۆکانی دەسەڵاتدارانی عەرەبە شۆڤێنییەکانی عێراقدا، کە هەمیشە دەیانەوێت سوود لە تێپەڕاندنی کات وەربگرن. بە بەڵێنی درۆ کورد بخەڵەتێنن، دوایش چی ناشێت بە کوری بکەن.. هەر واشیان کرد.

بە داخەوە کە سەرکردەکانی کورد تا ئەمڕۆش پەند وانەیان لە رابردوو وەرنەگرتوون و مێژوو خۆی دووبارە و دەبارە دەکاتەوە، جار لە دوای جار خراپتر تێدەکـەون.. چونکە نابەڵەدن لە هونەری سیاسەتدا و گەمەکەرێکی سیاسی نەزان و بێ ئەزموونن.. هەموو جارێکیش گەلە بێدەرەتان و داماوکەمان، باجێکی زۆری هەڵەکانیان دەداتـەوە.. ئەو رۆژە کەرکووکیان دۆڕاند کە بە ماددەی (١٤٠) هەڵخەڵەتان.. نەیانتوانی بە باشی ناخ و مەبەست و نیازی ناپاکی بەرانبەرەکانیان بخوێننەوە، نەیان توانی پێشبینی ئەمڕۆ بکەن، بە ئاسانی کەرکوکیان لە دەست دا.. دیارە بڕواشیان بەم پەنـدە کوردییەمان نەبووە، کە دەڵێ:”قـەت بە پێکەنینی دوژمـن و.. بە خۆشی زستان بـڕوا مەکەن”
لە رۆژی داگیکردنی شاری کەرکوک و خانەقین و دوزەوە، رژێمی رەگەزپەرست و شعەپەرستی عێـراق، شیعە بەعسییە نوێیەکان، بە تەوای دەسەڵاتیان لە کەرکوکدا قورخکردوون، هەل و دۆخێکی زیاتریان بۆ بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک و دوز، بۆ رەخساوە، زیاتریش تەنگیان بە کورد هەڵچنیوە، بۆ دەرکردنیان لە کەرکوک و دوز. بە هەموو شێوەیەک فشار دەخەنە سەر کورد.. هەڕەشەیان لێدەکەن و بە تانک و زرێپۆشەوە الحشد الوحشي سوپاکەی عەبادی و پۆلیس بە شەقام و گەڕە کوردییەکاندا دەسووڕێنەوە، پڕوپاگەندە و ترس و تۆقین لە ناو شاری کەرکوکدا بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی کورد بترسێنن و کەرکوک بەجێبهێڵن.
(راکان سەعید الجبوري) کە عەرەبێکی کۆنە بەعسی و رەگەزپەرستە، زۆر رقـی لە کوردە، بە ئەسڵیش کەرکوکی نییە، بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری کەرکوکیان دایی، ئەم رەگەزپەرستە شۆڤێنییە، سنووری دەسەڵاتی خۆی بەزاندووە و هەموو بڕیارەکانی لە دژی کـوردن.. لەم مانگەدا بڕیارێکی دەرکرد، بە رووخاندنی خانووە زێدەڕەوییەکان واتە (بێ تاپۆکان) کە خانووی ئەو کوردە رەسەنە کەرکوکییە هەژارانەن، کە رژێمی بەعسی فاشستی، بە زۆرداری لە کەرکوکی زێـدی هـەزاران ساڵەی باب و باپیرانیان دەریانی کرد، گەڕاونەتەوە بۆ کەرکوک، لەبەر هەژاری و نەبوونی و بێجێیی، لەسەر ئەو زەوییە بەردەڵانی و بەرز و نزم و بەیار و وشکانەدا، کە گیاشیان لێناڕوێت، بە کوێرەوەری و قەرز و قۆڵە، هەر یەکە خانوویەکیان دروست کردوون.. کە تا ئەمڕۆش زۆربەی کۆڵانەکانیان نە قیرکراون و نە ئاوڕۆ و نە خزمەتگوزاری پێویستیان هەیە. ئەم زەوییانەش موڵکی باب و باپیرانی کوردن.. نە باب و باپیرانی راکان الجبوري لە عەرەبستانەوە هێناویانە، نە بەرەی تورکمانیش لە ئەنادۆڵەوە هێناویانە.. کەرکوک بەشێکە لە خاکی کوردستان.. شاری کەرکوک چەندین سەدە بەر لە زایینی لە لایەن (گۆتییەکان)ی بە رەچەڵەک کوردەوە دروستکراوە کە (٩١) ساڵ فەرمانڕەواییان کرد. کەرکوک شارێکیش بووە لە شارەکانی (ئیمبراتۆریەتی میدی) ی کوردی.

شایەنی باسیشە، رووخاندنی خانووەکانی کورد لە کەرکوکدا بە بیانووی زێـدەڕەوی، پیلانێکی گڵاوی تازە نییە، بەڵکو دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆی ساڵی (١٩٦٣) یە.. کە لەم ساڵەدا پارتی بەعسی عەرەبی شۆڤێنی لە رێی کودەتایەکی سەربازییەوە دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست، کەوتنە پیلانگێڕان و دژایەتیکردنی گەلی کوردمان.. هەموو فشارێکیان خستە سەر کەرکوک، بە شێوەیەکی نەخشەداڕێژراوی تۆکمە و فراوان دەستیان بە بەعەرەبکردنی کەرکوک کرد، کوردێکی زۆری کەرکوکییان لە دایرە فەرمییەکان دەرکردن، کوردێکی زۆریشیان لە کەرکوک دوورخستنەوە. هەر لەم ساڵەدا بەعسییەکی پلە باڵای سەربازییان بۆ کەرکوک نارد و کردیان بە حاکمی گشتی سەربازی لە کەرکوکدا، دەسەڵاتێکی رەهای سەربازی هەبوو.. بەشێکی زۆری گەنجە تـۆرانییە توندڕەوەکانی کەرکوک، بوون بە بەعسی و چەکـدارکران و چـوونە ریزەکانی (الحرس القومي ـ گاردی نەتەوەیی) کە هێـزێکی چەکـداری میللی سەر بە پارتی بەعەس بوو. ئەو حەرەس قەومییە تورکمانانە، لە ناو شەقامەکانی شاری کەرکوکدا بڵاوببوونەوە و، رێیان لە کورد دەگرت و سوکایەتیان پێدەکردن، ئەوان هەمیشە لە دژی داخوازییەکانی کورد بوون، هەلپەرست و بێبار و ئاژاوەگێڕبوون.. دەستەیەکی نوێنەری تۆرانییەکان چوون بۆ لای ئەو ئەفسەرە بەعسییە فەرمانڕەوایەی کەرکوک، بە پارە و بە دەعوات و بە …، رازیان کرد کە (گەڕەکی کۆماری) لە کەرکوکدا بڕووخێنن (گەڕەکێکی کوردنشین بوو، هەموویان کرێکار و کاسبکاری هـەژار و بێجێ و ڕێ بوون، خەڵکی رەسەنی کەرکوک بوون، لە دوای شۆڕشی (١٤ی/ گەلاوێژی/١٩٥٨) دا، لە نێو شێو و چاڵەکان و زەویە بەرداوییەکانی باکووری شاری کەرکوکدا، بە خشت و بە قوڕ و دار و قامیش، هەریەکە بە ناچاری خانوویەکیان لە دوو ژوور دروستکردبوون، دڵێان پێیان خۆشبوو، (بێ تاپۆ) بوون. تەنانەت خانووەکانی (گەڕەکی حەدیدییەکانی) ناوجەرگەی کەرکویش، کە حەدیدییە عەربەکان لێی نیشتەجێبوون زیدەڕەوی بوون، لەبەر ئەوەی کە عەرەب بوون خانووەکانی ئەوانیان نەڕووخاند و بۆیان تاپۆکردن.. (شاری سەورە) ش لە بەغـدا، کە ئێستا بە (شاری سەدر) ناو دەبرێت، ئەوانەش هەموویان زێـدەڕەوی و بێ تاپۆبوون، بەڵام ئەوانەشیان نەرووخاندن، دوایی هەموویان تاپۆکران و بوون موڵکی دانیشتوانەکانیان.. کە دێنە سەر خانووەکانی کورد، دەبێت بە (بانێک و دوو هـەوا)؟
رووخاندنی خانووەکانی گەڕەکی کۆماری لە کەرکوکدا جێبەجێ کرا، حەرەس قەومییە تورکمانەکان پاسەوانی شۆفڵەکانیان دەکرد.. تا هەموو خانووەکانیان ڕماندن.. ئای کە دیمەنێکی دڵتەزێنی تراژیدی رەگەزپەرستی چەند قێزەون بوو، هەرگیز لە یادم ناچێت. خاوەنی ئەو خانووە رماوانە، بۆشیان نەبوو کە لە شوێنێکی تری شاری کەرکوکی زێدیاندا نیشتەجێببن، مەگەر بەبێ ئاشکرا.. گەر ئاشکراش بوونایە دەیان گرتن.

کۆنە بەعسی (راکان الجبوري) کە بە وەکالەت پارێزگاری ئێستای کەرکوکە، لەسەر داخوازی بەرەی تورکمانی، کە لە راستیدا هاوبەستەبوونیان بۆ تورکیا هەیە و هەر بە رووکەش خۆیان بە عێراقی دەزانن، تا ئێستا چەند جارێک داوای رووخاندنی خانووە بێ تاپۆکانی کوردیان کردووە لە کەرکوک، هەر وەکو چۆن لە ساڵی (١٩٦٣) دا، ببوون بە حەرەسی قەومی، ئێستاش بەشێکی زۆری گەنجەکانیان چەکیان هەڵگرتوون و بوونە بە (الحشد الوحشي) لە لایەن تورکیاشە و بە نهێنی و بە ئاشکرا، یارمەتی ماددی و لۆجستی دەدرێن، بە ئاشکراش گێچەڵ بە کورد دەکەن.. هەموو ئەو تاوانانەی کە لە دوز و لە ناو شاری کەرکوکدا کران و دەکرێن (الحشد الوحشي التروکماني) رۆڵێکی قێزەوەن و نامەردییان تێدا بینین و دەبینن، بوونە بە کڵاوسووری پێش لەشکر و بە چاوساغی ئەو هێزانەی کە پەلاماری کەرکوک و دوز و پردێیان دان، هەر (الحشد الوحشي الترکماني) بوون کە لە شاری دوزدا، بازاڕ و ماڵە کوردەکانیان تاڵانکردن، دوایش سوتاندییانن و تەقاندیانەوە.. ئەوان بوون سوکایەتیان بە کورد کرد.

بەرەی تورکمانی، رۆڵێکی هەلپەرستییان هەیە، رۆڵی فیتنەگێڕی دەبینن، بە سەدان بوختان و تاوانی بێبنەما و درۆ بۆ کورد هەڵدەبەستن.. کە زۆر دوورن لە راستییەوە.. هەر بۆ ئەوەی کە رووی کورد ناشیرین بکەن و ناوی بـزڕێنن.. بەرەی تورکمانی، ئەوەیان بۆ کورد هەڵبەست، گوایە لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانەوە، بە هەزاران کوردمان بۆ کەرکوک هێناون و نیشتەجێمان کردوون، بوختانێکی درۆیە و دوورە لە راستییەەوە و مایەی پێکەنینە.. لە ئێستادا بەبەر چاوی بەرەی تورکمانییەوە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە عەرەب دەهێنرێن بۆ بەعەرەبکردنی شاری کەرکوک و لەسەر زەوی کورد و تورکماندا، خانوویان بۆ دروست دەکەن و نیشتەجێیان دەکەن؟ ئەی بەرەی تورکمانی بۆ سەریان شۆڕکردووە..؟ تەنانەت ئەو غیرەتەشیان نییە کە کەمترین هەڵوێست بنوێنن و ناڕەزایی خۆیان دەربڕن؟ کەچی سوپاس و دەستخۆشی لە بڕیارە شۆڤێنییەکەی راکان الجبوري دەکەن، کە داوکەیان و ئامانجییان دێنێتەدی و خانووەکانی هەژارانی کورد دەڕووخێنن.

داگیرکەرانی ئەمڕۆی کەرکوک دەیانەوێت بە هـەڕەشە و بە ترس و تۆقـین و بە تاوانی بێبنەما و بە بوختانی هەڵبەستراو، کورد لە شاری کەرکوک دەربکەن و (ماڵ لە خـاوەن ماڵ حـەرام بکەن) ئەوان ناکۆکییەکان و ململانێییەکانی نێوان پارتە کوردییەکانیان و فرە کوێخایی کوردستان و پەرتەوازەیی ناوماڵی کوردیان قۆزتوونەتەوە.. بۆیە ئەمە یەکەم بڕیار و دوا بڕیاری راکان الجبوري و ئەوانەی دوای الجبوریش نابێت بۆ دەرکرنی کورد لە شاری کەرکوکدا. چونکە کورد دەسەڵات بێ هێزە و هیچی پێناکرێت.
هەموو ئەم پیلانانەی لە دژی کورد لە شاری کەرکوکدا ئەنجام دەدەرێن، بۆ چۆڵکردنی کەرکوکە لە کورد، بۆ گۆڕینی باری دیموگرافیای نەتەوەییە، لە سوودی نەتـەوەی عەرەب و لە زیانی نەتەوەی کورد، بۆ زیادکردنی رێـژەی عەرەبە و بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کوردە لە کەرکوکدا، بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانیەتی کەرکوکە.
ئەمەش پیلانێکی رەگەزپەرستی زۆر مەترسیدارە بۆ ئەمڕۆ و بۆ داهاتووشمان.
کوان ئەو دروشمە بریقەدارانەی، هەردوو پارتی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان، بۆ موزایدە و بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان بەرزیان کردنەوە (کەرکوک دڵی کوردستانە) و
(کەرکوک قودسی کوردستانە) و (کەرکوک هێڵی سوورمانە) و (هەرگیز سازاش لەسەر کەرکوک ناکەین) و (مەگەر بەسەر لاشەکانمان دا تێپەڕن) و..، گەلێ قسەی زلتریش.
ئەی بۆ ئێستا فزەتان لێوە نایات و ناوی کەرکوک ناهێنن و ملی خۆتان خەوانـدوون؟؟ بە داخەوە، کێشەی نەتەوەیی و چارەنووسازی کوردتان هێندە بچووک کردوونەتەوە، کە کردنەوەی فڕۆکەخانەی هـەولێر و سلێمانی لەژێـر چاودێـری و کۆنترۆڵکردنی حکوومەتی ناوندیدا، یا ناردنی بڕە پارەیەکی کەم کە وەکو خێرپێکردن بۆی ناردوون، بە دەستکەوتی مەزنیان دەزانن.. خۆتانی پێهەڵدەکیشن و زۆر سوپاسی بەغدا دەکەن.

فیدراڵی کوردستانتان هێندە سووک و بچووک کردۆتەوە، کە لە (حوکم زاتییەکەی) کاتی سەدام بچووکتر بۆتەوە.. بەغدا بە چاوی فەرمانبەرانی عێراقەوە لە وەزیـرەکانی کوردستان دەڕوانێت، کە پێویستە مەرج و داخوازییەکانی بەغـدای ئاغایان جێـبەجێ بکەن.. بەرپرسە فسفس پاڵەوانەکانی هەردوو پارتی دەسەڵاتـدار، پارێزگای کەرکوکیان بەدەسەوە دا و کەرکوکییەکانیان بە گورگانخوارد دان، خۆشیان رایان کرد و لە هەولێر و سلێمانی دا پاڵیان لێداونەتەوە، کەرکوکییەکان باجێکی زۆری ئەم ناپاکییە دەدەنەوە و لە جەنگێکی دەروونی قورس و لە چارەنووسێکی نادیاردا دەژین.
راکان سەعید الجبوري، هێزێکی گەورەی لە دژە تیرۆری عێراق و لە الحشد الوحشي و لە پۆلیسی ئیتحادی و لە هێزی پەرپەچدانەوەی خێرا و لە ئەمنییەتی شاری کەرکوک پێکهێناون، کە بە دەبابە و زرێپۆشەوە، پاسەوانی ئەو شۆفڵانە دەکەن، کە خانووە بێ تاپۆکانی کورد لە کەرکوک دەڕووخێنن.. بڕیاری ئەوەشیان هەیە، هەر کوردێکی خاوەن ئەو خانووانە ناڕەزایی دەرببڕێت، ئامادەن بیکەن بە قوربانی فیشەکێک.
ئایا راکان الجبوري دەوێرێت داوابکات، کە بە هەزاران خانووی زێدەڕۆی بێ تاپۆ لە شارەکانی بەغدا و کەربەلا و نەجەف و بەسرە و هەموو شارەکانی تری خواروو و ناوەڕاستی عیراقیش بڕووخێنین.. کە لە دوای ساڵی (٢٠٠٣) وە دروستکراوان؟

ئەی کوا ئەو سینگدەرپەڕێنەی، کە لە نەورۆزدا، لە شاری کەرکوکدا وتی:” پارێزگاری کەرکوک ناتوانێت خانووی کورد بڕووخێنێت..؟” خۆهەڵکێشان و خۆفشکردنەوە و قسەی زل و بەڵێنی درۆ ئاسانە و هیچی تێناچێت، بەڵام ئەمانە بە کردەوە هیچیان لە باردا نییە.. کورد دەڵێت” پیاو ئەو پیاوەیە سەریشی بدۆڕێنێت.. قسەی نادۆڕێنێت”
ئەی کوان ئەو شەقوەشێنە بێ غیرەتانە.. بۆ ناچن لە کەرکوکدا شەق بۆەشێنن.؟؟
دەسەڵاتدارانی کورد، گەر لە ئاستی رووخاندنی خانووەکانی کورد لە کەرکوکدا، بێدەنگ بن و خۆیان گێلبکەن.. بە دووری مەزانن کە هەڵبکوتنە سەر شاری هەولێر و سلێمانی ودهۆکیش، بە بەرچاوتانەوە هەموو خانووە بێ تاپۆکانی ئەم شارانەش وک خانووەکانی کەرکوکی کوردستانی بڕووخێنن و بکەونە ژێر دەسەڵاتی (الحشد الوحشي) یەوە.

رەزا شوان
٣٠ی/ ئادار/ ٢٠١٨




داواكاری … ستار ئه‌حمه‌د

چۆن بوو ئاده‌م
له‌و ئاسمانه‌
به‌رز به‌رزه‌وه‌
هاته‌ زه‌وی
به‌خه‌ون و خه‌یاڵ
سواری ئه‌سپێكی
خۆر ره‌نگ بوو
یاخود به‌باڵ
ئه‌و كاته‌ حه‌وا له‌كوێ بوو
له‌نێو گیانی
یاخود وه‌كوو ته‌رمی هابیل
ته‌كه‌ی ده‌هات له‌سه‌ر شانی
به‌چه‌ند رۆژ
گه‌یشتنه‌ سه‌ر ئه‌رز
حه‌ز ده‌كه‌م بزانم حه‌وا
كورت و خڕ بوو
یان باڵا به‌رز
چ كاتێك هاتنه‌ خواره‌
شه‌و بوو یان رۆژ
په‌یامیان چی بوو بۆ دوارۆژ
ئاره‌زوومه‌ ..
به‌زمانی ئه‌وان بدوێم
هه‌تا كه‌چوومه‌ سه‌ردانیان
بتوانم په‌یامی خۆم و
هه‌موو مرۆی ئه‌م جیهانه‌
به‌باشی به‌گوێیان بده‌م
كێ ده‌توانێ
ئه‌درێسێكی وام بداتێ
هه‌تا بگه‌مه‌ خزمه‌تی
باوكی ئاده‌م

ستار ئه‌حمه‌د