نهێنی گەڕانەوەی عیشق لە بەرگی تارماییدا … خوێندنەوەی: شێرزاد حەسەن


لەبارەی (عەشقی هاجەرە)وە

—————————

+ نامۆیی لە پای تابوو:

لە پاژی یەکەمدا بەر لەوەی بزانین چیرۆکبێژ کێیە، وەک توخم و رەگەز، وەک تەمەن و ناسنامە و هوشیاری و کار و باری کەسییەتی، دەنگێک دەبیستین کە سێ جاران منداڵانە بانگی باوکی دەکات: باوکە.. باوکە.. باوکە… تکاکارانە و کزۆڵە و شەرمنانە، دەنگێک کە پڕە لە ترسی فەرزەندێک کە هانا و پەنا بۆ باوکی ببات، یان هاوارێکە بەوەی کە باوکە رووەو مەترسییەک و هەڵدێرێک ملی نابێت، ئەمی جگەرگۆشە فریای بکەوێت و هۆشداری بداتێ کە ئاگاداری خۆی بێت، بانگ و هاوارە بە هەوا و ئاوازێکەوە دەگوترێت کە هەر لە سەرەتاوە بە خۆیەوە هەڵماندەواسێت تاوەکو مەراقدار و کونجکۆڵ بین و بپرسین: ئەم پەرۆشی و پاڕانەوەیە لە پای چ خەمێکی شاراوە و پەنهانەوە بە گوێی ئێمە دەگات؟ کەچی باوکە بێگوێ و کاس و هوڕ و بێئاگایە لەو هاوارە بە ئەندازەیەک کە گومان بکەین لەوەی کە کەڕە و نابیستێت کە تا کوتایی ئەو گومانە بەردەوام دەبێت، بگرە ئەوجارانەش کە بەدەم ورتەورتەوە زار هەڵدێنێت پتر لە منگەمنگ و بڵمە بڵمی کەڕ و لاڵێک دەچێت… ئێمە تا کۆتایی دەنگی ئەو نابیستین!

دواتر تێدەگەین باوکە کە دواتر بە “فەقێ عەلی” دەیناسین وەک “وەلی دیوانە ” عاشقی “شەم”ێکە و سەرگەردان و وێرانە ماڵ، بگرە هەستکردن بە کات و شوێن بزر دەکات، “هەڵۆ-ی چیرۆکبێژ” تەنها کەسێکی خانەوادەکەیە کە وەک سێبەر دەکەوێتە دوای باوکی، هەندێکجار گومانی لێدەکەین کە سیخوڕی بەسەر باوکییەوە بکات بە نیازی دۆزینەوە و پشکنینی هۆکاری شەیدایی و بێئاگابوونی لە ماڵ و حاڵ و دوکانە پەڕپووتەکەی، پیاوێکی ڕەشۆکی و خاکەڕا سەرقاڵمان دەکات، دەنێو ئەو هەموو کارەسات و ئافات و وەیشوومەیە و مەرگی هەرزاندا کە شارەکەی داغان کردووە، پیاوێکی پەتیارە و سۆزێکی شێتانە ئێمەش گیرۆدە دەکات کە لە پای عیشقی” هاجەر”ی قەرەج و گەڕیدە، بە ئەندازەیەک کە لە پیاوێکەوە وەردەگەڕێت و دەگۆڕێت بە تارمایی، بە ئەندازەیەک کە لە بری جیرۆکێکی واقیعی بگۆڕێت بۆ جۆرێک لە ئەفسانە و بۆنی داستانە کۆنەکان بدات بە ئێمە کە تیایدا “‌هاجەر”یش پتر لە تارمایی دەچێت نەک بنیادەم. ئێمەش وەک کوڕیژگە سیخوڕەکەی وەک گەلەتارمایی دەکەوینە شوێن ئەو پیاوە پەتیارەیەی کە بێ ئۆقرەیە و حەجمانی نییە، ئێمەش بە خۆیەوە دەکات بە گەڕیدە و کۆڵانکوت و کەلاوەنشین.

هەر بە راستی “هاجەر” پتر لەو سۆز و حەز و هەوەس و عیشقە ونبووە دەچێت کە کابرا خەونی پێوە بینیوە یان هەرگیز نەیبووە، “هاجەر”ە بەرجەستەی خەیاڵێکی خۆش و گەڕۆک و غەمینی ئەو پیاوە بێ خەو و خەونە بووبێت، نا.. هاجەرە دەقاودەق خودی ژیان و زیندەگی بووە یان زادەی بێبەشییەکی هەر هەموو ژیان بووە کە کۆڵ نادات و بۆی دەگەڕێت، کە لەوەدا وەک تاقانە عاشقێک دەردەکەوێت دەنێو ئەو سەدەها ژن و پیاوانەی کە هەرگیز تامی ئەو شەیدایی و سۆزە ئاگرینەیان نەکردووە، یان هەرگیز بەختی ئەوەیان نەبووە دەنێو دۆزەخی ژیانێکی یەکڕەنگدا بۆ هەزار رەنگی ئەوین بگەڕێن دەنێو قاقڕ و بیابانی بێ بارانی ئەویندا، یان مەرگدۆستی بە مێژووی هەزار ساڵەی خۆیەوە رایهێناون کە ژیان تەڵاق بدەن و هەر زۆر زوو خۆیان لە مەرگ مارە بکەن، یانیش شەرم و نەنگییە دەنێو زەریای خوێن و فرمێسک و ئارەقەدا خەون بە دورگەی سەوزی ئەڤین و ڤیانەوە ببینن. سەیر نییە کە کابرا بە تاقی تەنیا هێشتا لەناو سروشت ماوەتەوە و وەک بوونەوەرێکی کێوی کە هیچ کۆت و بەندێک ناناسێت وەک باقی گیاندارەکانی دیکەی ناو سروشت خۆڕسکانە باوەش بۆ ژیان و جوانی دەکاتەوە کە مەعریفەتێکی مرۆڤکوژ نەیتوانیوە خەیاڵ و خولیاکانی بمرێنێت، دەکرێت کارەکتەرێکی وا زادەی خەیاڵی نووسەر بێت بۆ کڕینەوەی ژیاندۆستی کە ئەوەشیان لە دونیای داستان و داهێناندا رەوایە، بەڵام دەکرێت تا ئەوپەڕی خاکەڕایی و سادەیی و نەشێوان ڕەگوریشەی دەنێو خاکی ئەویندا ڕەگاژۆ بووبێت، چش لە وشکەساڵی کە تەنها درەختێکی سەوز هەبێت و بشنێتەوە.
هاجەر

+ ستەمێک لە پای عیشق:

هیچ کام لە ئەندامانی خانەوادەکەش بە دایک و کچەکان و کوڕەکانەوە بە نهێنی خامۆشی ئەم نازانن، خامۆشی و سەنگینی باوکە کە بێباکە لە خەم و فرمێسکەکانی ژنەکەی و نیگەرانی فەرزەندەکانی و هەم تۆرانی لە خەو و خۆراک بۆ خۆی وێنەیەکی دیکەمان دەداتێ کە باوکە ستەمکاریشە، بەس ستەمکارێکی باو و ئاشنا نییە بە ئێمە وەک زۆرینەی باوکە زۆردار و کۆپیکراوەکان، دەی هیچ عیشقێکیش نییە بەدەر لە ستەم و خۆپەرستی، گەرچی هەر عیشقیشە سەوزایی و ئاهەنگ بەرپا دەکات. خامۆشی و نهێنی باوکە بۆ خۆی ستەمێکی دیکەیە کە باوکە وەک پیاو و نێری کۆمەڵگایەکی ترادیشناڵ و پاتریارکی ئەو مافە بە خۆی دەدات، پارادۆکسەکە لەوەدایە کە باوکە بە ناوی سۆز و ئەوینەوە ستەم دەرهەق بە کۆی ئەندامانی خانەوادەکە دەکات بە ئەندازەیەک کە فەرزەندەکانی و خانمەکەی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی تەریق دەبنەوە و هەست بە شەرم شورەیی دەکەن، ئەم وەڵامی هاوار و بانگ و تکای هیچیان ناداتەوە، گەرچی ئێمە وەک تەماشاکەر سەرسامین بەو عیشقە مەستانەیە، بە ئەندازەیەک کە بە درێژایی دەقەکە کە بە دیدگای من فۆرمێکی ناوازەی نۆڤلێتێک بێت کە “ئیدریس عەلی” لەژێر تاتیتلی ” گێڕانەوە”دا بڵاوی کردۆتەوە، ئێمە بە بێئاگایی خۆمان بێت یان هۆشیارییەکی نێرسالارانە دڵمان نایەت دادگایی باوکە بکەین کە ستەم دەرهەق بە ئازیزانی خۆی دەکات کە لە پێش هەموویانەوە خانمەکەی “باجی ئایشێ” خۆیەتی، کە بە سەلیقە و خۆڕسک دەماری پیاوەکەی خۆی دەناسێت کە لە میانەی دیالۆگێکدا دەگەڵ فەرزەندەکانی دەژنەوێت:

“ئیتر ئەو، هەرگیز وەڵام ناداتەوە… هەرگیز.. هەرگیز وەڵامی هیچ شتێکی نەداوەتەوە!”
ئەم رستەیە هی هەزارەها خانمی ئەم دەڤەرەی خۆمانە کە پڕە لە داخ و ناچاری و هەم بەخشندەیی و خۆبەدەستەوەدان کە کولتووری ملکەچکردن رایهێناون بە چارەنووسی سڕینەوەی خۆیان قایل بن. باجی ئایشێ لە یەکەمین شەوی زەماوەندەوە گومانی لە فەقێ هەبووە .. بەڵام بە روویدا نەداوە.
دایکی “هەڵؤ” هەموو قەرەبووی تەنیایی و فەرامۆشکردنی خۆی لە لایەن مێردەکەیەوە کە لە پای عیشقی بۆ “هاجەرە” مەست و سەرگەردان بووە، ناچار بووبێت یان جوانپەرست سەرگەرمی رازاندنەوەی ماڵەکەیەتی بە گوڵ و گوڵزار و درەختی بەردار کە مەل و فڕندەی ئاسمانان هان دەدەن ئەو ماڵە خامۆشە تەژی و پڕ بکەن لە چریکە و چەهچەهە بۆ دڵڕەوێنی و ئاوەدانی، دایکە بە جۆرێک هەست بو وشکانی سارای دڵی خۆی دەکات کە پانتایی سەوزایی زیاد دەکات و هێرش دەکاتە سەر پانتایی چیمەنتۆ کە کەمی بکاتەوە و گوڵڕێژی بکات کە بۆ مێتافۆر و خوازەی زیندەگی خانمی باخەوانە و بە میهری ژنانەی خۆیەوە هێشتا خەمی دڵی هاوژینەکەی خۆیەتی کە ترۆپکی بەخشندەیی کوشتنی خودگەرایە بە مانای خۆنەویستی، بە ئەندازەیەک سروشتپەرست و جوانچێن و سەوزهێنە کە فەرزەندەکەی واتەنی:
“پوورە ئایشێ بزمار بنێژێت، دەبێت بە گوڵجاڕ و مێرخوزار!” ئەم بایی ئەوەندەش جادووگەرێکی ناوازە و پەرچوودارە کە مەلەکانیش دەدوێنێت.

+بیانووەکانی ستەم:

خودی ئەو خۆ کەڕ و لاڵکردنەی پیرەی عاشق بۆ خۆی کوشندەترین خەم و سامناکی بۆ کۆی خانەوادەکە خوڵقاندووە، دیسانەوە باوکێکی دیکە کە بە ناوی جوانپەرستییەوە یان خەیاڵێکی زێدە عاشقانەی خۆیەوە بێئاگا دەبێت لە سووتان و سۆز و خۆشەویستی کەسانێک کە پەرۆشی ئەوەن بەرەو شێتبوون نەچێت، لەم دۆخەدا دیواری نێوان دڵڕەقی و بێباکی و هاوسۆزی و خەمخۆری وەک پەڕی سیر تەنکۆڵەیە. بەڵام مەرجە ئەو راستییە بزانین لە ئەدەبدا، بە تایبەتی ئەدەبی داستانئامێز کە بە فیکشن ناسراوە کە خودی خەیاڵ و گەمەکانی فانتازیا راهنماییمان دەکات، دادگایی کردنی کارەکتەر بە ناوی چاکە و خراپە کارێکی نادروستە، چونکە ئەدەبی داستانئامێز و فیکشن بەرپاکردنی پرسیار و گومانێکی زۆرە نەک خانەبەندی شەڕ و خێر کە روانینێکی کۆنە و هی ئەم سەردەمە نییە، ئەدەب خاوەنی ئایدیۆلۆژیا نییە کە یاسا و رێسای پیرۆزی هەبێت کەسەکانی پێ تاوانبار بکات، دوا جار خیڕ و شەڕ یان جوانی و ناشیرینی دەنێو کایەی ئەدەبدا پتر بۆ تێڕامان و شیکاری و خۆناسین و دونیاناسینە، هەر هەموو خەسڵەتە مرۆییەکان بە هەردوو دیوی خێر و شەڕدا ڕێژەییە، کە رەنگە ئەوەیان تاکە پاساوێک بێت بۆ ئەوەی لەم تێکستەدا بواری دادگایی بوونی نەبێت و ئێمە سەوداسەری چیرۆکێک و رووداوێکێن کە کۆتاییەکەی بە کوێ دەگات، یان دەلوێت هەتا لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و خانەوادەگی کە بە جۆرێک سازکراوە کە وەها مەزەندە بکەین هەمووان قایل بن بەو چارەنووسە کە لە هەژموونی زاڵی باوکەوە دێت، وەک مافێکی خواهانە و شاهانەی پاتریارک.

+تارماییەکانی دەرە ـ مێژوو:
باوکە بۆ هەمیشە لەسەر ئەو خوانە دانانیشێت کە خانەوادە کۆ دەکاتەوە، بگرە وای لێدێت کە خەڵکی گەڕەکیش بەزەییان پێیدا بێتەوە، بە جۆرێک کابرا زەبوون و گیرۆدەیە کە کەسێک نادۆزینەوە ڕقی لەو باوکە بێباکە ببێتەوە، کە بەوە کۆتایی بێت: هەردوو لاش بۆ یەکدی ببن بە تارمایی، بوون بە تارمایی بوارێک ناهێڵێتەوە کە پیرەی ئەویندار و خەڵکانی ئاشنا رۆشنا دادگایی یەکدی بکەن. چاوەڕوانی باوک بۆ سەر سفرە کە نایەت بەڵگەیە کە کەسیان زات ناکات دەست بۆ نان ببات یان غەمین و خامۆشانە و بە ترسەوە پاروو بگلێنن کە پەیوەستە بە نائامادەگی باوکە کە دیارە زۆر جیاوازە لە خامۆشی و نائامادەگی دایکە. دوا جار باوکە خاوەنی ماڵ و هەر هەموو کەرەستەکان و هەم مەردمەکانە. گەرچی کابرای ڕەشۆکی و کەس نەناس و تەریک و پەراوێزخراوە کە بۆ هەمیشەش ئەرکی ئەدەبی فیکشن ئاوڕدانەوە بووە لە بنیادەمە تەنیا و بێ ناسنامەکان، بەڵام هێزی رۆحی و هەژموونی خۆزاڵکردنی پاتریارک نەمردووە وەک میراتێکی هەمیشە زیندوو.

جوگرافیای رووداوەکان لە شارێکی تاریک و پڕ لە ترس و سارد و ماندوو و خامۆش و هەم خەوتوودایە، بگرە بەردەوام خەونی خراپ بە بوومەلەرزە و لافاو و وەیشوومەوە دەبینێت کە وەک منداڵێکی زەندەقچوو بەدەست مۆتەکەوە دەناڵێنێت کە خودی چیرۆکبێژ و هەم شارەکە جێگۆڕکێ دەکەن یان دەبن بە یەک تەن و رۆح، هەردووکیان خەون بە گەلەگورگەوە دەبینن کە هەقایەتێکی کۆنمان بیر دەخاتەوە ئەو وەختەی دایکەش لە ماڵ نییە و بێچووەکان دەکەونە بەر پەلاماری گەلەگورگەوە، بەڵام لەم دەقەدا دایک ئامادەیە و بەرگری دەکات بە زمانێکی رەمزداری کزۆڵە نکوڵی دەکات لەوەی هیچ کەسێک لەم ماڵە هەبێت، کەچی دیسانەوە مێردە لەوێدا ئامادە نییە کە رەهەندێکی ستەمگەری دەنوێنێت. گەرچی گورگەکان داوای بچوکترینیان دەکەن کە خودی “هەڵۆ”ی چیرۆکبێژە کە ئاماژەیە بۆ بە قوربانی بوونی پاشەبەرە کە ئەوپەڕی دڵڕەقییە و شارەکەش هێمای خەراباتە و بگرە دۆزەخ ئاسایە، دوا جار گورگەکان داوای خۆی دەکەن کە لە ترسان بێدار دەبێتەوە و سەیری سەعاتی قەد دیوار دەکات نازانێت چ وەختە، رۆژمێری هاوسەر هەڵدەداتەوە و نازانێت ج رۆژ و مانگ و تەنانەت چ ساڵێکە. ئەوەی کە گرنگە خودان ماڵ کە باوکەیە و لە ماڵ نییە کە وەک خوداوەندێکی نادیار لە دەرەوەی کات و شوێنە کە دیسانەوە گوزارشتە لە رۆحی ستەم کە زادەی عیشقێکی ناکامە، بەڵام دەکرێت پاکانە و بیانوو بۆ پیرە عاشق بدۆزینەوە کە بۆتە تارمانی و بگرە ئەوینداری خوێنی کردووە بە ئاو کە جوانترین دەستەواژەیە لەم دەقەدا بۆ کوشندەیی دۆخی گیرۆدەبوونی بە دەرد و سندانی عیشق. ئەوە تەنها شارێک نییە بەڵکو ئاماژەیە بۆ هەموومان کە لە دەرەوەی جوگرافیا و مێژوودا دەژین، کە دواتر تێدەگەین کە بابەتی سەرەکی بە تەنیا عیشقی هاجەرە نییە دونیای شێواندووە، بەڵکو خودی شارەکە بۆ هەمیشە بەر نەفرەتی مێژوو کەوتووە و کە ئافات و وەیشوومە و کارەساتی بەردەوام نەیهێشتووە یەک خەونی خۆش ببینێت.

بیرمان نەچێت کە سێتینگی ئەم رووداوانە خودی “هەڵەبجە”یە کە بۆ خۆی ناوجەرگەی کارەسات بووە، کە بۆ من گرنگە دیوە رەمزییەکەی گەورەتر پیشان بدەم مادامەکێ وەک داهێنانی ئەدەبی کەوتۆتە بەردەستمان، هەتا گەر بایۆگرافیای نووسەریش بێت لە بایەخی دەقەکە کەم ناکاتەوە، هەموو دەقێکیش نزیکە لە دیدگا و رۆح و ئەزموونی خودی نووسەرەکە مادامەکێ نووسەریش خودگەرا و تاکڕەوە و دابڕ نییە لە ئێمە و ئەو ژینگەی کە کۆمانی کردۆتەوە. دەکرێت وا سەیری ئەم تێکستە بکەین کە گێڕانەوەی ماجەرای کارەساتەکان بێت دەنێو شەوێکی درێژ و بێ بڕانەوە کە بۆنی کوشتارگایەکی لێدێت کە کۆتایی نایەت. ئەوەشیان وەک ئاماژەی ئاشکرا بە تەنها جەنگی ئێران-عێراق نییە، بەڵکو خاکی ئێمە بۆ هەمیشە شەڕگە و گؤڕەپانی خوێناوی ئیمپراتۆرەکان بووە، زیندەگییەک کە یەزدان تیایدا خەوتووە، یەزدانی خەوتوو وەک مێتافۆر و خوازەیەک بۆ مەرگی مرۆڤدۆستی و دادپەروەری و جوانی بە مانا رەهاکەی. واقیعێکی دۆزەخ ئاسا کە هیچ فانتازیایەک دەرەقەتی نییە وێنای بکات، خودی ژیانی ئێمە بۆ خۆی کوسندەترە لە خوێناویترین فانتازیا کە مرۆڤایەتی بینیوییەتی. من وای تێدەگەم نووسەری ئازا دەبێت لەو شوێنە ئامادە بێت کە یەزدان دەمێک ساڵە بەجێیهێشتووە، رەنگە بۆ من ئەوەیان تاکە ئەرکێکی هەموو نووسەرێک بێت.

+پرسی ژانری دەق:

دیارە هەر نووسەرێک ئازادە کام ژانری ئەدەبی هەڵدەبژێرێت بۆ دەستنیشانکردنی رەگەزی دەقەکەی، بۆ من گرنگ بوو کە کە نووسەر لەژێر تایتڵی “گێڕانەوە”دا خانەبەندی بۆ تێکستەکەی کردووە کە کەم و کورت بەرچاوم کەوتووە، یان بە زەینی خۆم بێت.. نەمدیوە، کە دەکرا ناویشی لێبنێت نۆڤلێت، بەڵام تایتلی “گێڕانەوە” ئاماژەیە بۆ کۆی ئەدەبی داستانی یان پەخشانئامێز، گەرچی بۆ ژانری فیکشن و لەم سەردەمە تازەیەدا فۆرمێک و شیوازێکی پیرۆز و تاقانە نەماوە کە خۆمانی پێوە ببەستینەوە، هەرچەندە نووسەران لەوەدا ئازادن کە تایتلی گونجاو بۆ تێکستەکانیان بدۆزنەوە، ژمارەیەک لە نووسەران سەرکێشی دەکەن و هیچ تایتلێک بە پێویست نازانن بۆ دەستنیشانکردنی ژانری بابەتەکانیان، کە هەندێکی دیکەیان بە “دەقی کراوە” ئاماژەی پێدەدات.. یانیش “میتا-رۆمان” و “نارۆمان” ، دەرە-رۆمان…هتد. “ئاراگۆن”: شاعیری فرەنسی بڕوای وابوو دیوارێک لە نێوان شیعر و پەخشاندا نەماوە. گەرچی ئەدەبی فیکش بەبێ رۆحی شیعر لەنگی و نەنگی دێنێت، ئیدریس کە خۆی شاعیریشە، بەس تەقەللای داوە وەک پێویست رۆحی پەخشان زاڵتر بکات، هەوا و هەناسەی شیعر بۆ خۆی بۆ فەزا و تەلارسازی ئەدەبی فیکش بە پەنهانی و ژێرەوانکێ هارمۆنیایەک دەبەخشێت بە کۆی دەقەکە، بە بڕوای رۆماننوسی فرەنسی”میشیل بۆتۆر” ئاوێتەکردنی فەلسەفە و شیعر بۆ ئەدەبی داستانئامێز پەیکەرێکی تەواوتر دەبەخشێت بە داهێنانەکە.

دوا جار ئیدریس کە تیکستەکەی بە “گێڕانەوە” ناوزەد کردووە، کۆی ئەدەبی پەخشان و فیکشن یان داستانئامێز بۆ خۆی بە بێ گێڕانەوە بوونی نییە، گەرچی ئەمڕۆکە خودی (گێڕانەوە/ سرد / Narration ) بۆ خۆی لە بواری رەخنەسازیدا بە بەربڵاوی تیۆرەسازی بۆ دەکرێت و لق و پۆپی زۆریشی لێ دەبێتەوە.
سەبارەت بەم دەقە دەکرێت ژمارەیەک لەو (١٦) شازدە پاژەی کە دەقەکەیان پێکهێناوە وەک چیرۆکی سەربەخۆ بخوێنینەوە بۆ نموونە: شار خەون دەبینێت، کوژراوێک بە سواری ئەسپوعەرەبانەوە، ماسییەکی بزێو لەناو تۆڕدا و … لەتەک چەند دانەیەکی دیکەدا.

+بیانووەکانی چیرۆکبێژ بۆ جێگۆڕکێ:

هەڵۆ بۆ کاریگەری عیشقی هاجەرە کە باوکی ئەو زمان و رەوانبێژییەی نیە کە وەسفی بکات، جوامێرانە جڵەوی زمان لە باوکی وەردەگرێتەوە و شاعیرانە دەکەوێتە گێڕانەوەی داستانی ئەوینداری باوکی کە جێگۆڕکێیەکی میهرپەروەرانەیە کە لەتەک دایکیدا دووانەی بەخشندەیی و رۆحی ئاشتیەوانی دەنوێنن لە بەرامبەر پیرەی شەیدا و دێوانەی هاجەرە. ئەم عیشق وەک ئەو پەرجووە دەبینێت کە وای کردووە ئەو گەردوونە بە هاوسەنگی خۆی تا هەنووکە لە گەڕدا بێت، ئەم سەربوردەی عاشقە گەورەکان دەگێڕێتەوە. هەوڵی هەقایەتخوێن و نووسەر رزگارکردنی جوانی و عیشقە پێکەوە،
چیرۆکبێژ تا ئەو شوێنەی کە یادەوەری کاڵی خۆی فریا کەوتووە ماجەرای کارەسات و رووداوەکان و عیشقی “هاجەرە و فەقێ عەلی”مان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو بەشەی کە خۆی دەرەقەت نایەت بە مەزەندە و خەیاڵی خۆی تەواویان دەکات یان دەیخاتە سەر زاری هەقاتخوانی دیکە کە بەشدار و شایەتحاڵی ئەو رۆژگارە بوون، جوانترین مەزەندە و خەیاڵیش مەرگی کرێکارێکە لە سۆنگەی بۆمبارانی شارەکە کە کچە دڵخوازە مەزەندکراوەکەی لە شەرمی دەرودراوسێ ناوێرێت بگری کە ئەوەشیان لەتەک سەرسامی خەڵکی بە عیشقی هاجەرە و فەقێ عەلی تا ئەندازەی بە حەرامکردنی ئەو سۆزە لە رێگەی فەقێکانی دۆستی “فەقێ عەلی”ییەوە کە گوایە فەقێکان ترس دەخەنە دڵییەوە نەکا ئەوینداری وای لێبکات پشت لە ئایین و خودا بکات!

+ سیخوڕی ئەمەکدار و عیشقی مەحاڵ و مێگەلگەرایی:

ئەوەش بەڵگەیە بۆ چەشنێک لە دڕدۆنگی زۆرینەی خەڵکی دەگەڵ ئەوینێک کە گوزارشتە لە ژیاندۆستی و زاڵبوونی پێچەوانەکەیەتی کە مەرگدۆستییە، چونکە بۆ فەقێ عەلی خودی “هاجەر” بۆ خۆی رەمزی ژیانە ئەو کاتەی شارەکە بووەتە پرۆژەی مەرگ و کاولکاری، بەردوامبوونی ئەو عاشقە رووتەڵەیە بۆ خۆی واتا و ئاماژەی بەرگری و رێزگرتنە لە هێز و ئەفسوونی ژیان، هاوکاتیش عیشق بوونی نیە بە بێ کەسانی سەرئازا و ئازاد و یاخی و تاکڕەو و هەم لادەر و دڕدۆنگ بە رۆحی مێگەلگەرایی و ملهوڕی، بە واتا لێرەدا هێژی ژیان و ئەفسوونی عیشق بەرەنگاری خودی ئەو هێزانە دەوەستێتەوە کە مەرگ دەچێنن کە بە تەنها بە دەستی دوژمنەکان نییە، بەڵکو بەرهەمی رۆحی خەڵکانێکە کە دژی جوانی دەجەنگن و هەم شاگەشکەن بە پەرستنی خوداوەندی مەرگ کە من لە فەقێکانی هاوڕێی فەقێ عەلی – دا دەیبینمەوە و هەم ژمارەیەکی کەم یان زۆری شارێک کە بۆنی مەرگی لێدێت، ئەوەش بۆ خۆی داداگاییکردنی مێژوویەکی هەزار ساڵەی کەوتنە ژێر هەژموونی کولتووری داگیرکارییە کە تا هەنووکەش بەردەوامی هەیە. بگرە خودی لە دایکبوونی چیرۆکبێژ کەوتۆتە ناو جەرگەی کارەساتەکان کە بوون بە نیشانەی وەیشوومە و ئافات.

هەڵۆ گەرچی سیخوڕی بەسەر باوکییەوە دەکات نەک وەک خەمخۆری بۆ دایکی کە خانمێکی دیکە جێگەی نەگرێتەوە، بەڵکو لە میانەی کۆی رووداوەکاندا بێجگە لە هاوسۆزی و هاوخەمی هیجی دیکە نییە، هەڵۆ “هاملێت”ێکی کوردی نییە کە خەون بە داگیرکردنی دایکییەوە ببینێت یان لە حەزی شاراوەی خۆی بۆ دایکی کە لە پانتایی دەقەکە و رووداوەکاندا هەستی پێدەکەین، هیچ نیازێکیشی نییە لە باری رۆحی و جەستەییەوە ئازاری باوکی بدات، هاوکات خانمەکەشی زۆر بێباک دیارە کە مێردەکەی دێوانەی هاجەرە، هیچ ئیرەیی تێدا بەدی ناکەین. کوڕە و دایکە بە تەنها لە خەمی ئەوەدان کە فەقێ عەلی شێت و دێوانە نەبێت و سەری خۆی هەڵنەگرێت یان بمرێت، رەنگە بۆ هەموویان ئابڕوومەندی کۆمەڵایەتی گرنگ بێت کە دێوانەبوونی باوک و مێردە رابگرن. هاوکاتیش لەتبوونی هەڵؤ لە نێوان دایکی کە سەر بە خانەوادەیەکی چەپگەرا بووە، بە پێچەوانەی باوکییەوە کە ئاییندار و مەلازادە بوون، کەواتە رەنگە سەر بە دوو پاشخانی فیکری و کۆمەڵایەتی بووبێتە مایەی ناکۆکی ژنە و مێردەش کە بە شێوەیەکی پەنهان و ژێرەوانکێ لە دەقەکەدا خۆی نواندووە، سەرباری زەماوەندی بەزۆر سازکراوی “فەقێ و ئایشێ” لە دوای شاربەدەرکردنی هاجەرە-ی قەرەج و پیرە باوکی کە چەشنێک لە نەریتی رەگەزپەرستی و نزم و سووک بینینی کەسانێک دەسەلمێنێت کە گوایە سەر بە چینی ژێرەوەن. هاجەرەی قەرەج لە دیدگای ئەوانیتر بێ بنەچە و ناپەسندە وەک باری کۆمەڵایەتی دیارە رەدووکەوتنی دایکی هاجەریش بە بەر چاوی هەمووانەوە کە دەست لەگەڵ بەلەمەوانێکدا تێکەڵ دەکات بۆ خۆی نەنگی و شوورەیی بۆ کچەکەی کوشندەتر کردووە. لێکدابڕان و دەرکردنی هاجەرە و باوکی لە گوندەکە لە ترسی ئابڕووچوون، هاوشانە بە چیرۆکی دایکی هاجەرە و بەلەمەوانی عاشق رووە و مەرگ و نادیاری کە مەرگی تاکڕەوییە یان یاخیگەری و سەفرازی.

بگرە پاش ساڵانێکیش لە دوای ڕەوکردنی کۆی خانەوادەکە لە کۆنە گوندەکەی خۆیانەوە رووەو شارۆچکەیەکی دیکە بە فەرمانی باوکی فەقێ عەلی بۆ دوور کەوتنەوەی کوڕەکەی لە دەرد و بەڵای ئەوینداری، چونکە ئاسوودە نەبووە بە زەماوەندی کوڕەکەی و هاجەرەی قەرەج، کە شارۆچکەکە بۆردومان دەکرێت، لە بری خوێن وەک تەنێک لە ئاو بێت دەڕژێت بەسەر ستارەکەدا، نەک بە هۆی بۆمبارانەکە، بەڵکو پیرەی عاشق کە خوێنی بووە بە ئاو ئامادەی نەمان و فەنابوون بووە و بێ ئەوینی لە دەستچوو ژیانی پێ ئەستەم بووە.
تاکە تێبینی کەم خواستمە ئاماژەی پێبدەم کەوتۆتە ناوئاخنی ئەو پاژەی بە نێوی ” ماڵئاوا ئەی گوندە جوانەکە”دایە کە تیایدا دیالۆگی نێوان دایکی هاجەرە و مەلەوانەکەی دۆستییەتی کە زێدە شاعیرانەیە و کە دوو کەسی ڕەشۆکی بەم تەرزە نادوێن، چونکە ئیدریس بۆی هەیە جێگۆڕكی بکات و وەک مەزەندەکردنی ئەو رووداوانەن کە خۆی تیایدا بەشدار نەبووە و وەک تەکنیک زیرەکانەیە لە هەموو گەمەکانی جێگۆڕکێدا بە وردی چنیوییەتی،بەڵام کە بووە بە دیالۆگ: مەرجە بە زمانی سادە بێت یان رۆمانسی و یان قووڵ و فەلسەفی، دوا جار رەواترە لەگەڵ هوشیاری و پاشخانی فیکری و کۆمەلاێەتی کارەکتەرەکان یەکدی بگرنەوە نەک هی نووسەر، لە راستیشدا ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرانی بە ئەزموونیش لای خۆمان هەمان شتیان کردووە.
گەرچی کامە دەقی ئەدەبی داستانئامێز هەیە لە کۆنەوە تا هەنووکە هەرچەندە ریالیستیک و واقیعی بێت و بە سەدەها پرد و رایەڵ بە ژیان و بوونی مرۆڤەوە بەسترابێتەوە، دوا جار بۆ خۆی دەچێتە خانەی فیکشن و داستان وگەمەی فانتازیا و خەیاڵبازی، بە واتا داهێنانێکی مەزەندەکراوە.

+ لە نێوان بوون بە تارمایی و خوێن بە ئاو بوون:

سەیر و سەمەرەترین کۆتایی بۆ عیشقی ناکامی فەقێ عەلی کە دەکرێت جوانترین فانتازیا بێت بۆ کۆتایی و فەنابوونێکی عاشقانە ئەو رۆژەیە کە شارەکە بۆمباباران دەکرێت، وەک هەمیشە فەقێ عەلی تەنیا و دوورەپەرێز و رەمیدە و بێئاگایە لە دونیا، کە دیارە دەردی عیشقە ناکامەکەی تین و تاوی لێسەندۆتەوە، لاواز و بێنموودی کردووە و جورمی نەماوە، کۆی ئەندامانی خانەوادە بۆی دەگەڕێن و نایدۆزنەوە، بە شایەتی دراوسێیەکی دیرینی کە پیرەی عاشقی بینیوە لە سەربان کە خۆی بەسەر ستارەکەدا شۆڕ کردۆتەوە، شایەتحاڵ هەر ئەوەندە هۆشی بە خۆی بووە کە دەنێو گرمە و زرمەی بۆمباراندا روناکی و پزیسکی ئاگرێک و ناڵەیەک لە چاوانیدا تێکەڵ دەبن، ئەوەی کە سەرسامی کردووە کە پیرەی عاشق نەک لەژێر زەبری بۆمباکە، بەڵکو لە تاو عیشق کە خوێنی بووە بە ئاو.. رێک وەک ئەوەی “فەقێ عەلی” گۆزەیەکی پڕ لە ئاو بێت: ئاوێکی روون و پاک کە لە چاوتروکانێکدا بەسەر ستارەکەدا دەڕژێت و پەرت دەبێت، ئەوەی لەو پیاوە رژاوە خوێنی ئادەمیانە نەبووە، بەڵکو کتومت ئاوێکی روون و پاک بووە، هەر وەک ئەوەی ستارەکە تازە دروستکرا بێت و بەر لە وشکبوونەوەی چیمەنتۆکە ئاوڕشێن کرابێت..!

گەر بڵێم هەموو رۆحی زیندووی ئەم دەقە لە ناوئاخنی ئەم دەستەواژەیەدا چڕ بۆتەوە کە “لە تاو و تینی عیشق فەقێ خوێنی بووە بە ئاو” رەنگە پتر لە هەر رەگەزێکی تۆکمە و دامەزراوی ئەم دەقە، خودی ئەم دەستەواژەیە هانیدام ئەم رەنجەی دەگەڵدا بدەم وەک خوێنەرێکی ئەدەبیات نەک رەخنەگر، سەرباری ئەوەش کە هەردوو عاشقەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی وەک تارمایی خۆیان دەنوێنن کە رەمزی مەحاڵبوونی عیشقە لە پای کوشتنی تاکگەرایی و زاڵبوونی رۆحی زەبوون و ترسنۆکی مێگەلگەرایی، عیشق هاوشانە بە خودگەرایی و سەربەستی ڕەها کە لێروکانە و تا هەنووکەش نەڕسکاوە.

هەڵۆ-ی کوڕیشی وەک چیرۆکبێژ و هەم فەرزەندێکی ئەمەکدار ئامادەیە بۆ گێڕانەوەی کۆی ماجەرای عیشقەکە تا ئاست و ئەندازەی لە ناوچوون کۆڵ نادات و خوێنی ببێت بە ئاو وەک چۆن باوکی بۆ هاجەرە خوێنی بووە بە ئاو. بەڵام هاوکات لەوەش دەترسێت کە وەک باوکی خوێنی ئەویش بووبیت بە ئاو مادامەکێ لە پشتی باوکییەوە هاتووە، بگرە لە ئازاری دۆڕانی ئەوینی یەکەم دەترسێت و بۆ باڵابوون و گەیشتن بە خەیاڵی مەحاڵ یان خۆدزینەوە لە ترسی شکستی یەکەمین ئەوین و ڤیانی چاورەڕوانکراو سەرگەرمی گێڕانەوەی ئەم داستانەیە بە مەرجی مانەوە، چونکە گێڕانەوە هاوشانە بە مانەوە جا چ لە باری رۆحییەوە بێت و ج لە باری فیزیکییەوە.. یان هەردووکیانە پێکەوە.

لە دوا بەشی تێکستەدا کە ئیدی فەقێ لە شارێکدا دەبێت بە عەتار و ژنانیش بۆ داو و دەرمان و پێویستی ژنانە سەرقاڵی دەکەن، دیسانەوە لە شاریش تارمایی و رۆحی هاجەر بەر دەرگای لێدەگرێت و داوای دەرمانێک دەکات کە ئاو بکاتەوە بە خوێن کە بەڵگەیە هاجەریش لە تاو دووری و لێکدابڕان بەر لە عاشقەکەی خوێنی بووە بە ئاو، کە بەڵگەیە فەقێ هەر هەمان شەوی دواتر بە زەبری بۆمباران نا بە تەنیا.. بەڵکو لە تاو دەرکەوتنەوەی هاجەر کە لە تاو عیشقی پیرەی عاشق هەر هەموو بەرزەخ و سنوورەکان دەبڕێت و دێتەوە ناو میحرابی عیشقی نەمری خۆیان کە داوای دەرمانێک بکات ئاو بکاتەوە بە خوێن کە تێدەگەین خودی هاجەرەیش ئاو بەناو دەمارەکانیدا دەڕوات نەک خوێن. هەڵۆ بۆ کاریگەری عیشقی هاجەرە کە باوکی ئەو زمان و رەوانبێژییەی نیە کە وەسفی بکات، جومێرانە جڵەوی زمان لە باوکی وەردەگرێتەوە و شاعیرانە دەکەوێتە گێڕانەوەی داستانی ئەوینداری باوکی کە جێگۆڕکێیەکی میهرپەروەرانەیە کە لەتەک دایکیدا دووانەی بەخشندەیی و رۆحی ئاشتیەوانی دەنوێنن لە بەرامبەر پیرەی شەیدا و دێوانەی هاجەرە کە وەک تارمایی دێتەوە بەردەمی و لە چاوتروکانێکدا بزر دەبێت و شوێنبزر دەبێت!
***




هەمدیسان کۆمەڵگە! … شوان حەسەن

مەحجووب گوتی:
– با جارێک قوتابخانە بنیات بنێین، ئینجا دەبێ گفتوگۆ لەسەر یەکخستنەوەی فێرکردن بکەن. ئەم خەڵکە چۆن بیردەکاتەوە؟ کات بە کۆنفراس و شتی بێ ماناوە دەکوژن! کەچی منداڵی ئێمەش چەندین میل دەبڕن تا دەگەنە قوتابخانەکەیان! باشە ئێمە مرۆڤ نین؟ ئەوەنیە باج و سەرانە دەدەین؟ بۆ لەم وڵاتە مافمان نییە؟ هەموو شتەکان لە خەرتوومن، هەموو بودجەی دەوڵەت لە خەرتووم خەرج دەکرێ. یەک خەستەخانە لە مرۆی هەیە، سێ ڕۆژە ڕێیە، ژنان لە کاتی منداڵبووندا گیانیان دەردەچێ.

)ئەلتەیب ساڵح( لە رۆمانی (وەرزی کۆچ بەرەو باکوور) لە وەرگێڕانی (سەباح ئیسماعیل) زۆر جوان درکی بە مەترسیی بێ پلانیی کێشەی شارنشینی ( Urbanization)* واتە گواستنەوەی خەڵک لە گوندەوە بەرەوە شار کردوە، کۆمەڵناسان گرنگییەکی زۆر بەو چەمکە دەدەن.. چونکە زۆربەی وڵاتە دواکەوتووەکان کێشەیان هەیە لەو بارەیەوە یان بە واتایەکتر بەدەردی دیکە ئەو بێ پلانییە دەناڵێنن.

لە نیشتیمانی ئێمەش ساڵانێکی زۆرە خەڵک لە گوندەوە بەرەو شارەکان ڕادەگوازرێن، وشەی ڕاگواستنەوەش زیاتر ئەوەمان بۆ دەردەخات کە جێگۆڕێیەکە پتر بارێکی ناچاریی بووە، دیارە دەسەڵاتی هەرێمیش وەک قەیرانێک سەیری ئەو کارەساتەی نەکرد.. ئەگەر وەک قەیران سەیری بکردبایە ئەوە بە دوای هۆکار و چارەسەرەکانیشدا دەگەڕا، بەڵکە ئەو خاڵەی پتر قۆستەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی تا کلتوری خێڵەکیی بەسەر خەڵکەکە زاڵتربکا.

ئەوە یەکلابۆتەوە پێویستییەکانی ژیان لە نێو شارەکان باشترە وەک لە گوند.. کەچی ئەوە بە ئاشکرا لە هەندێک گوند بەدیدەکرێ کە خەڵکەکە دەستی بە پێویستییە سەرەتاییەکانیش راناگات. لە ئەوروپا کارێکی راشکاوانە دەکرێ بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییە کەمتربکەنەوە.. بۆیە دەبینی پێداویستییە گشتییەکانیان بۆ زۆربەی گوندنشینەکان دابینکردوە تەنانەت لە هەندێک رووەوە ژیانیان لە گوندەکان باشتر و ئاسانتر کردوە، با ئەوەش بڵێم؛ ئەوروپاییەکانیش درەنگ دەستیان بەو پرۆسەیە کرد.. هۆکارەکەشی ئەوە بوو بە خێرایی بەرەو وڵاتی پیشەسازیی هەنگاویان نا، بەڵام بۆ وڵاتانی شێوە ژینگەی ئێمە زۆر لەبارترە چونکە هێشتا خەڵكێکی زۆر هەن وەک ئارەزوو حەز لە ژیانی گوندنشینیی دەکەن، بۆیە دەکرێ سوود لە هەڵەی ئەو وڵاتە پیشەسازییانەش وەربگیردرێ کە کەمترین گرنگییان بە لایەنی کشتوکاڵ دا.

لە باشووری وڵات بە هۆی شەڕ و پێکدادان لە نێوان دەسەڵاتى بەعس و هێزی پێشمەرگە گوندێکی زۆر خاپوورکران و خەڵکەکەشی بە تۆبزیی بۆ شار و شارۆچکەکان راگوێزران.. لەبەرئەوەی رێژەکە زۆر بوو شارەکانیش کە خۆیان هێشتا سیمای شاریان نەگرتبوو.. هەروا بە هۆی ئەو هەموو چەوسانەوەی بە درێژایی مێژوو بەرۆکی ئەو میللەتەی گرتبوو.. ئیدى شارەکان وێرانتر بوون، ئەوەی بە خەڵکەکەش کرا لەو کاتە تەنیا داڵدەدانی خزم و کەسوکارەکانی خۆیان بوو، لە هەمان کاتیشدا خەڵکەکە بێ ئەوەی پلان هەبی بە خەستیی کەوتنەوە نێو فەرهەنگی خزمایەتی، هەموومان ئەو راستییە دەزانین لە کاتی ئاساییدا گواستنەوەی خەڵک لە گوندەوە بۆ شار وردە وردە ئەو پەیوەندییە خێڵەکییە لاوازتر دەکا.. کەچی ئەو بارودۆخە ناچارییەی بەسەر ئێمەدا هات بە پێچەوانەوە پەیوەندییە خێڵەکییەکەى بەهێزتر کرد.

حیزبی بەعس هەمیشە کاری لەسەر ئەو راگواستنە کردوە، بە گوێرەی ئەو دانپێدانانەی ئەندامەکانیان کە لە راپۆرتەکاندا هاتوە ئەوان هەردەم پلانیان هەبووە چۆن نەیارەکانیان لەنێوببەن، کوردیش وەک نەتەوە هەرگیز نەکەوتۆتە نێو بەرنامەی دۆستایەتیی ئەوان.. ئەگەر پەیماننامەیەکیشیان لەگەڵ کورد مۆرکردبێ تەنیا بۆ ئەوە بووە تا خۆیان بەهێزبکەن بۆ هێرشێکی دیکە.

راستە دەسەڵاتی بەعس دەسەڵاتێکی بێ سنوور و دڕندە بوو بەڵام ئێمەش بە هەمان رامان و تێگەیشتنی ئەوان لە نێو ماڵی خۆمان شەڕمان لەگەڵیان دەکرد و هەرگیز شەڕەکەمان نەگواستەوە نێو ماڵی دوژمن. لە هەندێک شوێن دوو چەمک و تێگەیشتنی نەخۆش بە زەقیی ململانێی یەک دەکەن و بەرانگژی یەکدی دەبنەوە.. واتە دەسەڵات و بەرهەلستکار.. بەو بارەش میللەتەکەمان لە باشوور دوو جار تووشى ماڵوێرانیى بۆوە؛ جارێکیان لەسەر دەستى دوژمن و جارێکى تریش بە دەستى خۆمان.. هەڵەبجە و ئەنفال و چەندان شوێنی دی دەرەنجامی پێکدادانی ئەو دوو مینتالیتێتە نەخۆشەیە ، لە کاتێکدا نەمانتوانی بیانپارێزین کردماننە خۆراکی بەناو شۆڕش.

نزیکترین پرۆسەی راگواستن کە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم راگواستنەکانی ١٩٨٦ تا راپەڕینەکەی ١٩٩١ بوون.. لە پاش ئەوە کۆچڕەو دەست پێدەکا و پاشان ئەو سێ شارە (دهۆک و هەولێر و سلێمانی) بە فەرمیی دەکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی کوردی، ئەو حیزبانە بە هۆی ئەوەی چەندان ساڵ لە چیا و پێدەشتەکانى کوردستان شەڕیان دژی دەسەڵاتی حیزبی بەعس دەکرد تاکە شتێک بیریان لێدەکردەوە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە بوو نەک ئاوەدانکردنەوە.. جۆری بەرەنگاربوونەوەکەش بە شێوەیەکی نەریتیی بوو.

ئەو شارانەش وەک ئاماژەم پێدان بە هۆی ئەوەی لە رووی فەرهەنگییەوە لە لایەن فەرهەنگی گوندەوە داگیرکرابوون.. لەبەرئەوەی هەژاریی و خزمایەتی خڕیکردبوونەوە.. ئیدی پێویستیان بە هێزێکی رادیکاڵ هەبوو تا رزگاریان بکا و یاسا و دەستوورێکی هاوچەرخ بێ و ئەو قۆناغە هەڵگەڕێتەوە و بیباتەوە سەر رێچکە ئاساییەکەی خۆی، کەچی تووشی هێزێک بوون دابڕاو لە شارستانیەت بە واتای وشە؛ سەرکردەکانی ئەو هێزانە هەوڵیاندا کۆمەڵێک دروستبکەن لە خۆیان بچێ.. دەرگەیان بۆ چەکدارە خۆفرۆشە کوردەکان و نەیارەکانی دوێنێ واڵاکرد.. هاوڕێیە دڵسۆزەکانیان تووشی دوو هەڵویست کرد.. یان دەبوو خۆیان لەگەڵ ئەوان بگونجێنن یان دەبوو گۆڕەپانەکە چۆڵ بکەن.. وەک قۆناغی سەرەتایی دەستیان بە بڵاوپێکردنى دڵسۆزان کرد.. هێدی هێدی هەموو ئەو جومگە گرنگانەیان کۆنترۆڵ کرد کە کۆمەڵی بەرەو پێشەوە دەبرد:
– ئاودیوکردنی زۆربەی ئەو ئامێر و کەرەستانەی کە نیشتیمانی پی ئاوەدان دەکرێتەوە، دیارە خەڵکە دڵسۆزەکە زوو لەوە گەیشت ئەوانە نیازیان نییە ولات ئاوەدان بکەنەوە.. ئیدی لێیان دوورکەوتنەوە.
– سیاسەتی برسییکردن و خۆ بە خاوەن نەزانینی خەڵک.
– گواستنەوەی شەڕ و ململانێیەکانیان لەگەڵ یەکدی لە چیاوە بۆ نێو شارەکان.

هاوڕێیەکم بۆی گێڕامەوە گوتی:
– لەگەرمەی قەیرانەکان سەرەک وەزیرانم دیتوە لەگەڵ چەند وەزیر و چەند ئەندامەکی (مەکتەبی سیاسی) بە دیار دوو بەندبێژ دانیشتوون و مێزیان رازاندبۆوە (سەیری ئەو ‘زەوق’ە بکە!)، ئەو قۆناغە لە لایەن بەرپرسەکان بە قۆناغی وڵاتێکی خاپوورکراو کە رژێم بۆی بەجێهێشتبوون ناوى دەهێنن و باسى لێوە دەکەن.. کەچی ئەوها ئاوەدانیان دەکردەوە!

دەستیان بەسەر شوێنە گشتیەکاندا گرت و تیۆری (کەسى شیاو لە شوێنی شیاو) کە لە چیا وێردی سەرزمانیان بوو تێکوپێک دا و دامەزراوەى حکومییان کردە حیزبیی؛ ئەو کەسەی بۆ خۆیان دەیانخواست لەو شوێنانەیان دادەنا ئەگەر نەخوێنداوەریش بایە. بێگومان هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر وا بزانین ئەوان بە هەڕەمەکیی کاردەکەن.. نەخێر ئەوانیش کۆمەڵێک پرەنسیپی گرنگیان هەیە و کاری لەسەر دەکەن.. سوود لە ئەزموونی دراوسێیەکانیان وەردەگرن.. بۆ نموونە بڕوانامەی بێ زانست و زانیاریی گەورەترین دروشمی ئەو وڵاتە دیکاتۆر و دواکەوتووانە بوو.. ئەوان پشتیان پێ بەستا.. بە دەیان کەسیان نارد بۆ ئەو وڵاتانە ە بڕوانامە و ئەزموونیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە، ماوەیەکی زۆرە هەموو شتێک کە خۆیان دەیانەوێ لەسەر ئەو خەڵکە هەژارە تاقیدەکەنەوە، ئامانجیش دیارە چەندەی خەڵکەکە لەو دامەزراوە پێشکەوتوو و شارستانییانە دووربکەوێتەوە هێندە بۆ نەریتە کۆن و دواکەوتووەکان دەگەڕێنەوە. لە یەکێک لە گەڕانەوەکانم لە ماڵێک بووم کچێکی ١٦ ساڵەیان زگی دەهێشا و یەکێکیان گوتی:
– بیبە لای مەلا..
– بۆ بیباتە لای مەلا؟
– هەندێک قورئانی لەسەر دەخوێنی.
– جا ئەوە چ پەیوەندیی بە نەخۆشییەکەی ئەو هەیە؟
ئیدى ئەوانەی لەوێ بوون وەک کۆرسێک لێم هاتنە وەڵام و گوتیان:
– خۆ قورئان لەسەر خوێندن خراپ نییە..
ئیتر باسی ئەوەیان بۆ کردم کە (مەلا ئەو کارە بۆ خوا دەکا!) خۆ هەر پارەشی ناوێ.. ئێمە بۆ خۆمان هەندێک پارەى لە ژێر دۆشەکەکەی بۆ بەجێدەهێڵین (شوێنەکەشیان بۆ دیارکردبوون!).

گەڕانەوە بۆ مەلا و نوشتە کارێکی زۆر وردی ئەو دەسەڵاتەیە.. ئاساییە خەڵکەکە متمانەی بە پزیشک و دەرمان نەمێنێ و خۆیان رادەستی کەش و هەوای (قەدەر) کە چەمکێکی دیینییە بکەن.. تەنیا ئەوە فێرى مرۆڤەکان دەکەن کە (ئەوەی خوا نەیکوژێ نامرێ!).. مارکس رێک لەو بارەدا ئاین بە ئەفیون دەزانێ، دیارە قسەی من لەسەر ئاین و باوەڕدارانی نییە.. بەڵکە مەبەستم لە دەسەڵاتێکی دواکەوتووە کە چۆن ئاین دەکاتە ئامرازێک بۆ دواکەوتنی کۆمەڵ، بڕوام وایە دەکرێ بە یاسا و دەستوورێکی سیکۆلار دینی ئیسلامیش لە دەوڵەت جودابکرێتەوە.

بە کورتییەکەی هێز و راگەیاندنێکی قین لەدڵیان دروستکرد.. تینوو بە گیانی ئەو خەڵکە بەدبەختە، کۆمەڵێک دروشمیان هەبوو هەموو کات بە چاوی ئەو خەڵکەیان دادەداوە.. بۆ نموونە وەک ئەو قسانە: ”ئێمە ئێوەمان گەیاندە ئەو ڕۆژە” و ”ئێمە خەباتمان دەکرد و قوربانییمان دەدا” و… تد.. بەوەەش هەر کەسێک رەخنەی بگرتبا یا ناڕازیی با پێیاندەگوت: ”وا دیارە سەردەمی سەدامت پێ باشتربووە؟ ئەو رۆژانەت لەبیرچوو کە سەدام ئەنفالی دەکردین” و چەندین قسە و دەستواژەی ناشیرینى دیکە!

هەر بۆ ئەوەی وردتر قسە لەسەر ئەوە بکەین چۆن ئەو کۆمەڵەیان دروستکرد تا ئازادانەتر تێیدا بسوڕێنەوە.. خەڵکانێکیش بە ناوی رۆشنبیر بهێنن و بە دەیان وتار بنووسن و پێمان بڵێن ”ئەوە میللەت نییە..عیلەتە”!

پارە خەرجکردنێکی زۆر بۆ لەتکردنی ئەو گرووپ و رێکخراوانەی نەکەوتبوونە ژێر کۆنتڕۆڵیان.. کڕینی ویژدانی نووسەر و کەسە ئەکادیمییەکان.. پەراوێزکردنی خەڵکانی دڵسۆز، کە ئەو خەڵکانە کەوتنە ژێر دەستى خۆیان ئیدى ناڕەزاییەکانی خەڵک تەنیا وەک ناڕەزایی دەمێننەوە؛ ئەگەر تووڕەبوونەکانی خەڵکیش بگاتە ئاستێک هێرش بکەنە سەر بارەگا و دامودەزگەکانیان ئەوە هەندێک نووسەریان هەیە بەرگێکی (گاندی) لەبەردەکا و دەڵێ ”ئێمە لەگەڵ داواکارییەکانتاین.. ئێوە مافی خۆتانە.. بە داخەوە نەدەبا ئێوە بەو شێوە ناشارستانییە بجوولێنەوە و هێرش بکەنە سەر بارەگایەکان”.

زۆر قسە لەسەر لەسەر ئەوە کراوە کە نووسەران و رۆشنبیران بوونەتە پەرژینێک بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتە، دیارە ئەو پێوەرەش یەکلابۆتەوە کەهەر وڵاتێک دەسەڵاتێکی دیکاتۆر بەڕێوەی ببا واتە نووسەران و رۆشنبیرانی چالاک نین، بەڵام من نامەوێ قسە لەسەر ئەو لایەنە بکەم.. بەڵکە لایەنی زمانە.. بەشێک لە نوسەران کۆششێکی زۆر دەکەن تا زمان بگەڕێننەوە بۆ قۆناغی خێڵەکیی ئەوەش بە بیانووی گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی، دیارە هەر کۆمەڵێک کە گەشەدەکا زمانەکەشی لە رووی چەمک و دەسەتەواژە و ئیدیۆم و… تد گەشە دەکا.. بەڵام ئەو نووسەرانە بۆ ئەوەی تێروانین و هۆشمەندیی نوێ لە دایک نەبێ دژایەتیی ئەو نەوە نوێیە دەکەن چونکە ئەو جۆرە نووسەرانە بە دوای ژینگەیەکدا دەگەڕێن گونجاوتر بێ بۆ خۆیان.. بۆیە دەبینی بەرژەوەندییان لەگەڵ مانەوەی ئەو دەسەڵاتەیە.

ئەوەشمان لەبیر نەچێ بەشێک لەو نووسەرانە لە خوێندنگەی ئەو حیزبانە لە دایک بوونە.. بێجگە لەو نووسەرانەی لەگەڵ دەسەڵاتن.. جا هەر کێ بێ.. دەیانەوێ تەنیا لە جیهانە نێرگزییەکەی خۆیان بژین.. بە نوسینەکانیان کار لەسەر ئەوە دەکەن خەڵک بێ یادەوەریی بکەن.. بە کۆمەڵێک شتی پووچ و ئەندێشەبازیی خەریک دەکەن.

دیارە خاڵێکی ترسناکتر لە گەشەی زمان کە تا ئێستاش بە زەقیی دەبیندرێ ئەوەیە بەشێک لە زمانزانەکانی ئێمە سەرچاوەی سەرەکییان زمانی عەرەبییە.. ئەوەش تووشی دوو کێشەی کردووین؛؛ یەکەم ئەوەی عەرەب بیڵێ راستە ئێمەش بیڵێین، بەوەش لەو لایەنەوە زمانەکەمانیان بەعەرب کردوە چونکە تۆ ناگەڕێیتەوە سەر ئەوەى کورد چی دەڵێ بەڵکو ئەوەت پێ راسترە کە عەرەب دەیڵێ! دووەم زمانی عەرەبی چەمک و دەستەواژەیەکی گەللەک زۆری خێڵەکیی و دینیی تێدایە.. ئەو کارەش بە بەرنامە لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێ، وشەگەلەکی یەکجار زۆر هەن لە زمانی کوردی دەکرێ بە یاسا سنووریان بۆ دیاربکرێ چونکە بێ رێزیی بە ماف و بەها و شکۆی مرۆڤ دەکەن.

دوا قسەم ئەوەیە ناکرێ نکۆڵیی لەوە بکەین کە کۆمەڵەکەمان دواکەوتووە.. هۆکارەکانیش زۆر دووبارە و چەندبارە کراونەتەوە.. بەڵام ئەو کەسەی دەیەوێ کار بۆ چاکسازیی یان گۆڕانکاریى کۆمەڵایەتی بکا دەبێ بشزانێ ئەو جۆرە کۆمەڵانە پێویستیان بە لێبووردەیی هەیە و ناکرێ سەرزەنشتیان بکەی. دیسان ئەو رستەیە دووبارە دەکەمەوە؛ بە بڕوای من یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەو بارودۆخەی ئێمە تێیکەوتووین ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتەی باشووری وڵات دەیەوێ کۆمەڵێک دروستبکا لە خۆی بچێ نەک پێچەوانەکەی.. دیارە گشت پیداویستییەکانی کۆمەڵیش لە دەست خۆیەتی، ئەوەی ئەو کۆمەڵگەیەی ویرانکردوە خودی دەستەبژێرە سیاسی و ئەدەبییەکەیەتی.

shwanhassan@hotmail.com




كێ دەتوانێت شکست بە سیاسەتی شەڕخوازی ئۆردوگان بێنێت..؟! … موزەفەر عەبدوڵا

بەهۆی بەرگری قارەمانانەی خەڵکەوە دوای دوو مانگ لە شەڕو هێرشی ئاسمانیو زەمینیو بەکارهێنانی جۆرەها چەکی کوشندەو ئابڵوقەی ئابوری هەمەلایەنەو کوشتنو برینداربونو پەککەوتنو ئاوارە بونی سەدان هەزار کەس ئینجا سوپای داگیرکەری دەوڵەتی فاشی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئۆردوگان توانی شاری عەفرین داگیر بکات .
دوای داگرتنی شارەکەش هێزی سەربازی تورکیاو هاوکارە داعشەکانی کەوتنە ئازارو ئەشکەنجەدانو دەسگیرکردنی ئەو خەڵکەی کە نەیانتوانیبو بڕۆن. ئەمە جگە لەوەی نەک ئازاری خەڵکیان دەدا بەڵکو ئازارو ئەشکەنجەی گیانلەبەرەکانیشیان دەدا لە پاڵ دزیو ڕاوڕوتو چەتەگەری یەکی کەم نمونە لە مێژودا. خۆ ئەگەر نمونەیەکی ئاوای تری تاوانی جەنگ هەبوبێت ئەوە هەر هی دەسەڵاتی خەلیفەکانی عوسمانیو باقی خەلیفەکانی پێشوتری ئیسلامی یەکان بوە تا دەگاتە خەلیفەکانی ڕاشیدی یەکانو جەنگو غەزاکانی سەردەمی محمد خۆی.
هەڵوێستی ڕیسواییو ڕیاکارانەش ،هاوکاتی ئەم کارەساتانە ، بێ دەنگە لێکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانو دەوڵەتەکان بون لەسەرو هەمویانەوە ئەمریکاو ئەوروپا کە خۆیان بە هاوپەیمانی خەڵکی ئەو ناوچانەو یەپەگە دادەنا.

تەنانەت سەرکردەکانو ڕاگەیاندەکانی یەپەگەش کە ڕۆڵی ڕابەریان هەبو لەم جەنگی بەرگری یە کەچی چاوێکیان هەر لە هاوکاری و پشتیوانی تەواوی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بوون بۆ شکست پێهێنانی ئۆردوگانو پێیان وابو شەری عەفرینیش هەر شەری کوبانی یە. وە بە جۆرێکیش ڕای گشتیشیان توشی خۆش خەیاڵی کردبو.
بەڵام ئەوەی روویدا نەک هەر هاوکاریو پشتگیری ئەو دەوڵەتانە بە گەورەو بچوکیانەوە نەبون بەڵکو بەم بێدەنگی یەیان لە ئاستی میدیاکانیانو ڕای سیاسیو فەرمیان بە جۆریک لە جۆرەکان پشتیوانی ئوردوگانو سیاسەتە شەڕخوازی یەکانی بوون.
ئێستاش کە ئوردوگانو هاوبەرژوەندەکانی وەک ڕوسیاو ڕژێمی ئیسلامی و ڕژیمی ئەسەدیش کە هاوکاری ئەم شەڕو هیڕشو داگیرکاری یە بوون ،ئەوەش بەپێی ڕێکەوتنێک کە لە نیوەی مانگی جەنیوەری لە سوتشی مۆریان کردبو، بە نیازە نەخشەو پلانو گۆڕەپانی شەڕەکەی فراوانتر بکاتەوە .وە بە پێی لێدوانەکانیان هەوڵ دەدەن بە داگیرکردنی چەند شارو ناوچەی تری سوریا کە لەبەردەست هێزەکانی یەپەگەدان هەتا دەگاتە زۆر ناوچەو شاری تری کوردستانی عێراقیش لەوانە شەنگاڵو ئەو ناوچانەی کە ژێر دەستی هێزی چەکداری پەکەکەدان تا دەگاتە قەندیل.

هەمو ئەم ڕوداوانە لە چەند ڕۆژو هەفتەی ڕابردودا بۆتە هەواڵی گەرمو جێگای پرسوڕای گشتی بە تایبەتی لە لە ماسمیدیاکاندا گرینگ ترینو بەرچاوترین پرسیاریش کە دەکرێت لەمبارەیەوە ئەوەیە ئاخۆ کێ دەتوانیت شکست بەم سیاسەتی شەڕخوازی یەی ئۆردوگانی فاشی بێنێت؟
جا بەو ڕادەیەی ئەمە بۆتە پرسیاری سەرەکی ،هاوکاتیش بە جۆریک هەم ڕاو چاوەروانی زۆرێک لە سەرکردەکانی خودی یەپەگەو ، بە تایبەت ڕۆشنبیرو نوسەرو لایەنگرنیان لە دەرەوە ، وا پڕوپاگەندەیان دەکردو دەکەن ،کە تەنها ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کە دۆستی کوردن ، دەتوانن شکست بەم سیاسەتی شەڕخوازانەیەی ئۆردوگان بێنن ، ئێمەش وا پێویستە دەکات لە گۆشەنیگای خۆمانەوە بە تیشک خستنە سەر دووخاڵ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوەو تا بزانین ئاخۆ کێ دەتوانێت شکست بەم سیاسەتی شەرخوازی یەی ئۆردوگان بێنێت …؟!بەڵام بەر لە روونکردنەوەی ئەو خالانە وا پێویستە دەکات یەک ڕاستی ڕەهاو ڕاشکاو بڵێین بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو ڕاوبوچونو هەڵوێستەی کە پێی وایە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دۆستی کوردنو دەیانەوێت و دەتوانن شکست بە سیاسەتی شەڕخوازانەی ئۆردوگان بێنن لە دژی خەڵکی کوردستان . ئەو راستی یەش ئەوەیە کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە درێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو تا ئێستا نەك هەر دۆستو پشتیوانی خەڵکی کوردستانو کێشەو مافەکانی نە بونە بە ڕاستی بەڵکو زۆربەی کات هاوپەیمانی ڕژێمە فاشی یەکانی ئەو ووڵاتانەش بونە ، خۆ ئەگەر دۆستو پشتیوانی حزبە قەومییە عەشیرەتییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بونە ئەوەش لە ڕوانگەی بەرژەوەندی یە سیاسی یەکانی خۆیانەوەو پاشکۆبونی تەواوی بی قەدیو شەرتی ئەم حزبانەوە بووە بۆیان.

ئەوان بە ڕاشکاوی ڕایان گەیاندەوە کە هیچ کات لایەنگری بە کردەوەی مافی خەڵکی کوردستان نین بۆ بڕیاردان لەسەر مافی چارەنوسی خۆیان لەهیچ یەکێک لەو ووڵاتانە.ئەوپەڕەکەی لایەنگری هەندێک مافی سەرەتایی وەک خودموختاری یا فیدرالین .وە هەر کاتێک کار گەیشتبێتە سەر مافی دەنگدانو جیابونەوە ئەوە نەک هەر لەگەڵی نەبونە بەڵکو هاوکاری ڕژێمە سەرکوتگەرەکانیشیان کردوە بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان.

دەیان جار ئەمە مێژوو سەلماندویتی هەر لەم نیو سەدەیەدا کە ئازاری ١٩٧٥و ئاشبەتاڵی جولانەوە چەکداری یەکەی بارزانی باوک بوو تا ئیستا کە داگیرکردنی عەفرینە.
ئەمریکا بە ئاشکرا دەڵێت ئێمە تا ئەو جێگایە پشتیوانی کوردین کە لە بەرژەوەندی سیاسەتو ستراتیژەکانیان بێت. وە دەڵین کوردەکان چونکە شەڕکەری باشن تا ئەو جێگایەی لە بەرژوەندی ئەمریکا بن ئەوە هاوکاریان دەکەن لەوە زیاتر هاوکاری ناکەن.ئەمە هەمو پشتیوانی ئەمریکایە بۆ کوردەکان بە ووتەی خۆیان جا ئاو بێننو دەستتان بشۆن.

بەڵام با بزانین لەهەمو ئەو کارەساتانەی کە بەسەر خەڵکی کورددستاندا هاتوە کی بە جدیو ڕونو ڕاشکاوی هەڵوێستی بە کردەوە وەردەگرێت و دێتە سەرشەقامەکانو پشتیوانی هەمەلایەنەیانە..؟!.پێم وایە ئەم جارە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوبانی و عەفرین و بەرگری خۆراگرانەیان لەهەمو کاتێک باشترو زیندوتر دەرکەوت ئەم راستی یە دەرکەوت.
جا خاڵی یەکەم لە وەڵامی پرسیارەکە کە كێ دەتوانێت شکست بە سیاسەتی شەرخوازی بێنێت ئەوەیەکە ئەوە بەرەی چەپو سۆسیالسیتیو کۆمۆنستیو کرێکاریە لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی تورکیا دەتوانێت هەم پشتیوانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بێت تا رادەی جیابونەوەو پیكهینانی دەولەتی سەربەخۆو هەم دەتوانێت ببێتە مایەی شکست بۆ سیاسەتەکانی ئوردوگان .
جا با زیاتر ئەم خاڵانە روونکەینەوە.
ڕابەرانو کەسایەتیو ڕەوتو حزبەکانی ناو ئەم بەرە کۆمەڵایەتی و سیاسی یە لەسەراسەری وڵاتانی جیهان نەک هەر بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەو ناوچانەو ئیدارەیەکانو یاساو بڕیارەکانیان و لە دژی هێرشی داعشو هاوکەرەکانیان ، بە تایبەتی ئۆردوگانو دەسەڵاتەکەی ، ڕژانە شەقامەوە بەڵکو بەناردنی کۆمەکی هەمەلایەنەی مادیو مەعنەوی ، تەنانەت پەیوەست بونی سەدان کەس لە ووڵاتانی جیاجیا ، بە تایبەتی لە ناو ڕیزەکانی حزبە چەپوکونیستەکانی تورکیا ،نیشانیاندا کە ئەوانن پشتیوانو هاوکاری خەڵکی کوردستانو کێشە ڕەواکەی .

هەر کەسێک یەک جار بەشداری ئەو ناڕەزایەتی یانەی کردبێت لەهەر ووڵاتو شارێک کە بۆ خەڵکی کوبانی و عەفرین کراوە ، یاخود تەماشای وێنەو ڤیدیوکانی کردبێت ، بۆی دەرکەوێت ئەوە هێزە چەپو کۆمۆنیستو کرێکاری یەکانە بە کردەوە پشتیوانو هاوکاری خەڵکی کوردستانن نەک دەوڵەتو ڕژێمە سەرمایەداری و حزبە بورژوازی یەکانیان.
بێگومان ئەمانە هەموی هەنگاوی گەورەو باشن بۆ پشتیوانی خەڵکی کوردستانو دژی سیاسەتی شەڕخوازانەی ئوردوگان .وە دەکرێت ئەم نارەزایەتی یانە لە دژی ئوردوگان تا رادەی داخستنی سەفارەتەکانی و دامەزراوەکانی سەر بە دەووڵەتی تورکیا بچیتە سەرو ببیتە فشاری گەورە بۆ سەریان لە دەرەوەی توکیا. بەڵام ئەمانە بە تەنها نابنە هۆکارێکی گەورەو ڕاستەوخۆ بۆ شکست پێهینانی سیاسەتی شەڕخوازانەی ئۆردوگان نەخێر هەرگیز.ئەمانە دەکرێت فاکتەری فشارو ڕیسواگەری سیاسەتی شەڕخوازانە بن.وە کارو هەڵوێستێکی باشە بەڵام لەم نیوەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هاتنە مەیدانی جەماوەری ئازادیخوازی ملیۆنی تورکیا خۆی. ئەگەر ئەم جەماوەرە ڕاستەو خۆ لە دژی دەسەڵاتی ملهوڕو سیاسەتی شەڕخوازانەی ئۆردوگانو حزبو دەسەڵاتەی بێتە مەیدان ، هەروەک لە خۆپیشاندانی دە ملیونی شاری ئەستەمبول ٣ ساڵ لەمەوبەر بینیمان ئەوە نە هەر شکست بە سیاسەتی شەڕخوازانە دێنن بەڵکو پاشەکشەی گەورەی پێ دەکەن لە زۆر بوارەوە.تەنانەت ڕوخانی دەسەلاتەکەی لە هاتنە مەیدانی شۆرشگیرانەیان .

بەڵام ئەوەی بۆ ئەو جەماوەرە تا ئێستا نەهاتونەتە مەیدان ، هەرچەند جار جار لێرەو لەوێ لە دژی شەڕو زۆرێک لە سیاسەتو کردەوەکانی تری ئوردوگانو دەسەڵاتەکەی ناڕەزایەتی یان دەربڕیوە ، بەڵام نەبوتە جولانەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتیو سیاسی ،هۆکاری ئەمە زۆرن بەڵام دەکرێت بە کورتی ئاماژە چەند خاڵێك بدەین کە گرفتی گەورەن لە بەردەم بەرەی ئازادیخوازی تا نەبێتە جوڵانەوەیەکی گەورە.

یەکێک لەو خاڵانە پەیرەو کردنی ئۆردۆگانە بۆ ئەم سیاستی شەڕخوازیەو زاڵکردنی فەزای شەڕ لە ئاستی کۆمەڵگادا لە ڕووی سیاسی وکۆمەڵایەتی و سەربازی و دەروونییەوە بۆ سەرکوتکردنی هەر ناڕەزایەتی یەکی جەماوەری کە لە ناو تورکیا خەڵک بۆ خواستەکانیان دەریدەبڕن.
لەمبارەیەوە هەر کەسێک پێی وابێت ئۆردوگانو حزبو دەسەڵاتەکەیو سەرجەم چینی بۆرژوازی تورکیا بە تایبەتی لەم چەند ساڵەدا ئەم سیاسەتی شەڕخوازی یەی لە پێناوی هەمو خەڵکی تورکیاو بەهۆی پەرەسەندنی باری ئابوری و جێگیری دەسەڵاتەکەیو ، یەک دەست بونی چینی بۆرژوازی تورکیاوەیە، ئەوە لێکدانەوەکەی زۆر هەڵەیەو بە جۆرێک ڕەوایەتی یە بەم سیاسەتانە چونکە مەبدەئیەن شەڕ هیچ کات لە قازانجی جەماوەری ستەمدیدە نی یە.

بەڕای من تورکیا لەهەمو ڕویەکەوە لەسەر قەیرانێکی ئابوریو سیاسیو کۆمەڵایەتیو سەربازیو ،تەنانەت کەلتوری ،گەورەو پڕ ئاڵۆگۆڕی بۆ دواوە گەرانەوە ڕاوەستاوە.بەڕێخستنی ئەم شەڕانە بۆ ڕێگا گرتنە لەسەر ئەو فشارە گەورەیەی وەک هەڵم کە لە ژێرەوە دێت تا ئەو سەرقاپی مەنجەڵەکە فڕێ بدات.
هەر کەسێک لەم دە پانزە ساڵەی دەسەڵاتی ئۆردوگانو حزبەکەی لە فو دەورانو هەڵبەز دابەزەکانی ورد بێتەوە کە چۆن دەسەڵاتی وەرگرتوەو پێگەکەی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە چۆنە بۆی ڕون دەبێتەوە کە ئەم سیاسەتی شەڕخوازیەو پەلهاویشتنی بۆ ناوچەی نفوز لە دەرەوەی قەڵەمڕەوی ناوخۆیی هەموی بۆ خاو کردنەوەی بارە نالەبارە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی یە ناوخویی یەکەتی.
مەگەر دەسەڵاتێک ڕێژەی بێکاری نزیک بوبێتەوە بە لەسەدا بیستو هیچ بیمەیەکی کۆمەڵایەتییش نەبێت ، هەروەها ڕێژەی هەژاری زۆر لەسەرەوە بێت ئاخۆ وەزعی لەبارە..؟یاخود نزیک بە یەک ملیون کەس لە گەورە ئەفسەرو سیاسەتمەدارو ڕۆژنامەنوسو نوسەرو هونەرمەندو..هتد لە زینداندا بێت و ئەشکەنجە بدرێن ئەوە ئەو دەسەڵاتە لە دۆخێکی لەبارو جێگر دایە…؟! نەخێر هەرگیز.

بۆیە بۆ داپۆشینی سەرقاپی هەمو ئەم فشاری هەڵمە ناوخۆیی یە ئەم دەسەڵاتە پێویستی بە گەورە کردنەوەی نەیارەکانێتی تا هەمو چینی بۆرژوازی و باڵو حزبەکانیو، تەنانەت وردو بۆرژواو حزبەکانی، بێنێتە پشتی سیاستەکانێوە. وە بە شێوەیەکی گشتیش ئەم نەیارەیان لە پەکەکەدا بەرجەستە کردۆتەوە کە دەرهاویشتەی ناوەڕۆکی پێکهاتنی دەوڵەتە قەومییە نەژادپەرستی یەکەیانە.ئەمە جگە لەوەی بە بەهانەی هاوکاری پەکەکەوە لە ئاستی دەرەوەش دەوڵەتانی وەک سوریاو ئیرانو عیراق بە گشتی تۆمەتبار دەکەن.بە تایبەتی ناسیونالیزمی عەرەب کە ئەم چەند ساڵە لە حزبی بەعسو دەوڵەتی سوریاو شەخسیەتی ئەسەدا بەرجەستە بۆتەوە.

جا ئەم ململانێی و دژایەتیەی کە هەیە لە نێوان ئەم دوو جوڵانەوەو دەوڵەتو ڕژێمە ناسیونال ئیسلامی یەی ئۆردوگانو ئەسەد هەرچەندە خاڵی هاوبەشی زۆرییان هەیە بەڵام ناکۆکی گەورەشیان هەیە کەلێرەدا جێگای نی یە بچینە سەر ڕونکردنەوەی بە درێژی . چونکە ئەمە لە ڕووی مێژویی یەوە پەیوەستە بە سەرهەڵدانو گەشەو بە دەسەڵات گەییشتنی هەر یەک لەو دوو جوڵانەوەی ناسیونالیستیە تورکیو عەرەبیە.وە هاوکات جوڵانەوەی ئیسلامی سیاسی کە ئۆردوگانو حزبو دەسەڵاتەکەی لەمڕۆدا هەڵگری ئاواتو مەبەستە ئابوریو سیاسیو کۆمەڵایەتیو، تەنانەت کەلتوری یەکانی هەردو ئەو جولانەوەیەیە. ئەویش لە ڕێگای بەدی هێنانی یەک سیستەمی فکری ،سیاسیو سەربازیو کەلتوری ئیمپراتۆری ئیسلامیو، زیندوکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی وەک سەرخانێکی پێویست بۆ پاراستنی ئابوری سەرمایەو قازانجو سود لە سەپاندنی هەلومەرجێکی جێگیرو بێ ڕکابەر نەک هەر لە ئاستی تورکیادا بەڵکو لە ئاستی ناوچەکەداو تەنانەت جیهانیشدا.لێدوانەکانی ئوردوگان لەمڕۆژانەدا بۆ پێکهێنانی هیزێکی سەربازی گەورەی نیو دەوڵەتی ئیسلامی ئەگەر بە قسەش بێت پرسێکە بە شوێن ئەو ئامانجەدا.
ئەمە جگە لەوەی هەر کەسێک سەرنجی گەمەکانی ئۆردوگان بدات لەسەر ئاستی ناوخۆو ناوچەکەو جیهان، بە تایبەتی لە نێوان دوبەرەی زلهێزی جیهانی ئەمریکاو ڕوسیا ئەوە دوبارە ئەوە بەدی دەکات کە بە دوای چ پیگەیەکەوەیە.

جا بۆ شکست پێهێنانی هەمو سیاسەتەکانی ، بە تایبەتی سیاسەتی شەڕخوازییەکەی ،کە بەشێکە لەسەرجەم سیاسەتو ستراتیژی، ئەوەی دەتوانێت بەم ڕۆڵە هەستێت ئەوە هێزی ملێونی چینی کرێکارو جەماوەری ستەمدیدەو ببەشو هەژاری تورکیایە.وە پێویستە بەرەی ئازادیخوازیو یەکسانیخوازی لەنای خەڵکی کوردستانی تورکیاش ببنە هاوپەیمانو هاوکاری ئەم بەرە کۆمەڵایەتی و سیاسی یە. وە لێرەشەوە کێشەو پرسو مافەکانی خەڵکی کوردستان لە دروشمو خواستی مافی دەنگدانی گشتی بۆ دیاری کردنی مافی چارەنوسی – لەگەڵ سەرنجیشمان لەم دروشمە لەم سەردەمەدا – بەرزکەنەوەو پشتیوانی ئەم بەرە چەپو یەکسانیخوازی یە لە ئاستی ناوخۆو دەرەوە بەدەست بێنن.
دیارە ئەوە هەنگاوێکی باشو لەبارە کە باڵە ناوخۆیی یەکانی پەکەکە، کە پارتی دیموکراتی گەلانە ،بە سەرۆکایەتی دەمیرتاشو هەڤالەکانی ، لەم چەند ساڵە ئەم تاکتیکەی پەیرەو کردوە سەرەڕای ئاسۆو ئامانجە ناسیونالیستی یەکانی، توانیوێتی بەم تاکتیکەش بەشێک لە بەرەی چەپو ئازادیخوازی بکاتە هاوپەیمانی خۆی . بەڵام هەر ئەمە کافی نی یە. هاوکات لە ڕاستیدا ئەم پارتەش هەرگیز ناتوانێت ئەم تاکتیکە بگۆڕێت بۆ ستراتیژیکو هەروەها وەرچەرخانی ئاسۆو ئامانجی کۆتایی .بێگومان ئەمەش بە حوکمی ناوەڕکۆو پێگە چینایەتی یە ئابوری و کۆمەڵایەتی یە وردە بۆرژوازی یەکەیان.

لە ڕویەکی تریشەوە هۆکارێکی تر لەم نەکەوتنەیان زیاتر بە لای چەپدا خۆی لە نەبونی یەک حزبی کۆمۆنسیتی بەهێزی کرێکاری بۆ سەرجەم جولانەوەی نارەزایەتی یەکانی جەماوەر لە تورکیادا دەبینێتەوە.بەڵام لەگەڵ هەمو ئەم گرفتو لاوازیانەش هێشتا کۆمەڵگای تورکیا لەناو هەمو ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زووترو زیاتر چاوەڕیی ئاڵوگۆڕو وەرچەرخانی بەلای چەپدا لێ دەکرێت. سەڕەرای گیان سەختی بۆرژوا ناسیونالیزمی تورک بە تایبەتی باڵە ئیسلامی یە سیاسی یەکەی کە خەونی سوڵتانیو دامەزراندنی خەلافەی داعشی ئیسلامی هەیە.

جا ئەگەر لە کۆتاییدا پرسیارەکە دوبارە کەینەوە کە کێ دەتوانێت شکست بە سیاستی شەڕخوازانەی ئۆردوگانو دەسەڵاتەکەی بێنێت دەبێت دوای ئەم ڕونکردنەوانە بڵێین کە تەنها بە هاتنە مەیدانی بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی، کە لێدانی دڵی لە جوڵاەوەی کرێکاریو شوسیالستی کۆمەڵگای تورکیادایە دەتوانێت شکستی پیبێنێت. وە پێویستە هەر جولانەوەیەکیش کە خوازیاری کۆتایی هینان بە ستەمی قەموی یە لەسەر خەڵکی کوردستان هاوپەیمانو هاوکارو هاو ئاسۆو ئامانجی ئەو جوڵانەوە سەراسەری یە بێت.بە بێ ئەمە پرسو کێشەو ستەمی قەومی سەر خەڵکی کوردستان تا سەد ساڵیش تریش چارەسەر نابێت.وە دەبێتە گەمەی دەستی دەوڵەتە زلهێزە ئیمپریالی یەکان بۆ ئامانجەکانی خۆیان کارەسات بە دوای کارەسات دەخوڵقێنن .

٣٠-٣-٢٠١٨




دوا کۆچ… چالاک ئـاغجەلەری

بەکام درۆ گێژم ئـەکەیت
کام خۆش خەیاڵی
سەفەرە!
بە سفرەی نەدیوی
ئـەو دیو شار…
یان پڕ شەرابی ھەردەم
بەھار!؟
دە لێم گەڕێ با بوخچەکەم
کراوەبێ،
کەمێ تەڕی ھەنارەکەم بە لێومەوە
ملوانەکەبێ،
ھەندێ نیگا بۆ یادگاری
خەندە ڕێژبێ
چەند ووشەیەک بەدوای
خۆمدا ئـارام چێژ بێ
.
———-
بەرد..

ئـەم بەردە ئـەوەندە ئـەستور و
دڵیشی ھێندە ڕەق نەبوایە
ڕەشە با ھەزار جار
تلا و تل بردبوی
زەمانێ بوو ئـاسەواری
بەوێنەی شەپۆلەکانی دەریا
بە عەدەم سپاردبوو
مێرووەکانی ژێرێشی
بۆ دوێنێیان پەناگە بوو
ئـەمڕۆش گۆلاوێکە
لە ژێر ھەڕەشەی باراندا
ڕێک بەیاسای مرۆڤستان
ھەرچی خرتە
دەرباز ئـەبێ
ووردەکانیش ژێر ئـەکەون
دوا ھەناسەیان
ئـاودار ئـەبێ!!

—————

بۆ دڵدارێ!

ئـەی عەشقی وون
تۆ نھێنی گرێیەکی بە بۆنی گوڵ
دەکرێیتەوە،
بەستەڵەکی ساردیی منیش بە تیشکی تۆ
دەتوێتەوە،
وەرە ئـاوێزانی حەز بزربووی
حەسرەتت بم
ترپەی دڵە وام لێدەکات لەحزە لەحزە
لەگەڵت بم
بابەسبێ ناز .. لەپانتایی نھێنیتدا
گوڵە ڕەعنا
دڵم تکا .. خواستم گریا بۆ ئـەڤینێ
لە تۆوە ڕا
گەڕام .. گەڕام کەسێ ھەبێ
لەتۆ بچێ
جوانی و ناخی ھاوشێوەتبێ
ئـیدی بەسە
پایزی عومرم بلاوێنەوە
وەک بەھارێ
بەردەوامبێ لە گەرمیی باوەشی
دڵدارێ.
——–

کۆششی ئـەوین…

دڵم نەھات ڕوحم
بە ئـەندێشەی
لەحزەکانی گرمۆڵەی دڵت
بسپێرم،
حەسرەتەکەت لە تابوتی
جودایدا بنێژم و
جێتبھێڵیم ،
ئـەمە فزوڵەتی
ھەستەم نیە بۆ
ووشک ھەڵانی
کانی ھەناسەکەم
بەقەد ھێندەی وێڵی
ئـاوابوونی مەحزونی
ئـەوینێکەو
ژینگەی ئـارامی
بۆ ڕێک بکەم،
فەرشی ژیان بەشەوقەوە
لەشوێن پێی
موحبەتتدا خۆی
ڕادەخا
شەپۆلە دڵکوژەکانی
ئـۆقیانوسی تاریکی
خامۆش دەخا،
ئـەوین شاد دەکا بە
کرانەوە
لەرە ژێیەکانی سروشت
ئـەبزوێنێ
بێبڕانەوە،
تەوژمی ڕوح
بۆ ھەمیشە وەک
سێبەرێ…
ئـاسودە پرژێنی ناخی
دڵ ئــەکا
بۆ ھەتایە ویشوەمەکان
بەربەست دەکا ،
ئـەمە نە ھەنگاوی
خۆنەویستی
بوزایە
نە بارانی ئـاشتەوایی
ئـەھرومازدایە،
ئـەوەی ھەیە
باوەشی
سۆزی عیشقە و
داری ژیان ئـەپارێزی و
باڵا ی دەکا
ئـای لە کۆششی
حەزی ئـەوین
بە تەسەوە شوێن پێی
فەرھاد دەگرێ و
تاراماییەکان ئـەسپێرێ
بە گزنگ و
ڤینا دەبەخشێتە
قەشنگیەکەی
شیرین.

تێبینی / ڤینا – جوانترین کچی دونیا




من پیاوم … هیوا سەعید

من پیاوم
حەزم لێیە ماڵێکم هەبێ لە باخ
سێ جۆگەلە بەناویدا بڕوا
یەکێک شیر،
یەکێک هەنگوین،
یەکێک شەراب
هەمیشە تەڕ و شیرین و مەست بم!
بەهەشت وەکو خەیاڵی منە.

من پیاوم
حەزم لە ژنی زۆرە
ژنی جوان،
تازە بوک
هەموو شەوێک بە زاوا ببم!
بەهەشت وەکو خەیاڵی منە.

من پیاوم
حەزم لە ژیانێکی نەمرە
پیر نەبم،
نەخۆش نەکەوم،
هەر گەنج بم!
بەهەشت وەکو خەیاڵی منە.

من پیاوم
پەراسوی چەپم ئیرەییم پێ ببا
چەندین جۆری کوشتن هەیە
بە گوللە،
بە سێدارە،
سوتانی بە ئاگر لە هەموان کوشندەترە!
دۆزەخ وەکو خەیاڵی منە.

هیوا سەعید