عەفرین و تێڕوانینێکی مارکسستی! … سامان کەریم

عەفرین داگیر کرا. عەفرین لەلایەن سوپایەکی گەورەو بە جبەخانەی تەکنۆلۆژی جەنگیەوە، دواجار داگیرکرا لەلایەن ڕژێمی بورژوای ئۆردوگانەوە. ئەمە لەسەرەتاوە ڕۆشن بوو، سەرەرای بەرگری جەسورانەی ‌هیزەکانی پەیەدە” یەپەگە” و”یەپەژە”، سەرەڕای خۆپیشاندانی چەندین ڕۆژەوە بەردەوامی کوردەکانی هەموو کوردوستانەکان و حزبە کۆمۆنیستیەکان و ئازادیخوازان و هەم لە دەرەوەو هەم لەشارەکانی کوردستانی عیراق و سوریا و ئیران…. سەرەڕای هەموو ئەوانە عەفرین داگیر کراو ‌هێزەکانی پەیەدە پاشەکشەیان کرد. ئێستا عەفرین سوپای داگیرکاری تورکیای تیایە لەگەڵ تیرۆریستە ئیسلامیە بەکرێگیراوەکانی.

گومان لەوەنەبوو، وەنیە کە بۆ کۆمۆنیزم بەرگریکردن لە عەفرین سیاسەتیکی دروستی کۆمۆنیستی بوو، وە لەمبارەوە کۆمۆنیستەکان لە ڕیزی پێشەوەی ئەو هێزو کەسانە بوون، کە دژی شەر بوون وە دژی هێرشەکانی سوپای فاشستی تورکیا بون بۆ سەر عەفرینو پیشتوانی خۆیان بۆ هیزەکانی پەیەدەو خەلكی چاونەترسی عەفرین ڕاگەیاند و بە پراتیکیش ئەوەیان نیشان دا، چ لە دەرەوە وە چ لە شارەکانی کوردستان. وە لەڕۆژەکانی سەرەتای ‌هێرشی سەربازی تورکیادا بوو کە حزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق ناڕەزایەتی خۆی نیشان دا، لە شاری بەغدا. بەڵام باس و ڕوداوەکە بە مە نەک تەواو نابێت بەڵکو، ئەم پراتیکە دروستە لە چوارچیوەی هەلومەرجی دژوارو ئاڵوزی ناوچەکە ونەبوونی درکێکی ڕۆشنی مارکسستی بۆ کۆی هەلومەرجی ناوچەکە، ون دەبێت، بە قازانجی ناسیونالیزم. لەمبارەوە ئێمە یان نەمانوسیوە، یان زۆر کەممان نوسیوە. بەش بە حالی خۆم پۆستێکی کورتم لە فەیس داگرتوە ، کە زیاتر باسی شیوەی کاری کۆمۆنیستیم کردوە، نەک سیاسەتیکی هەمەلایەنەی کۆمۆنیستی.

ئەم باسە بۆچی پیویستە وەلام وەربگرێتەوە، بۆچی مەسەلەیەکی گەورەیە؟! بۆچی دەبێت مارکسستەکان هەڵوێستی ڕۆشنیان هەبێت و ڕیزی سیاسی و سەربەخۆی چینی کرێکار لەم قۆناغە هێجگار ئاڵۆزو پڕ گرێوگۆڵە، جیابکەنەوە ، هەم لەناسیونالیزمی کورد وهێزەسیاسیەکانی لە هەموو کوردستانەکان، وە هەم لە ئیسلامی سیاسی وە لەڕوانگەی ” ئینسانیەتی” ی ڕۆژئاواو ئەمریکاو و هەم ووڵاتان و زلهێزەکانی نیو سوریا … ئەمریکاو هاوپەیمانانی و روسیاو هاوپەیمانانی… ئالۆزی مەسەلەی عەفرین یان کەرکوک بۆ نمونە … لە هەلومەرجی مێژوی ڕاگوزەری ” ئینتقالی” ئێستا سەرچاوە دەگریت. باسی عەفرین لە ئێستادا باسی بەرانبەرکێ و ململانێی ” کورد” و “تورک” نیە بەتەنها بەلكو هەلومەرجەکە فراوانتر وە ئاڵۆزترە. بە پێجەوانەوە عەفرین وکەرکوک و ئەم ڕوداوە مەرگبارانە لە چوارچیوەی ئەم هەلومەرجە تازەیەدا ڕودەدەن و دەبنە ڕوداوو مەسەلەیەکی نیو دەوڵەتی، نەک بە پێچەوانەوە. واتە ئەگەر مەسەلەی دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە و دوبارە ڕیخستنەوەی هێزهاوسەنگی نەبوایە لەنێوان زلهێزەکانی دونیاو ناوچەکە، ئەم ڕوداوانە بەم شێوانەی کە ڕویان دا، هەرگیز نەدەبوون.

لە ڕوانگەی کوردایەتیەوە ” پەیەدە” لە هەموو کارێکی دا جیگای پشتوانی و کۆمەکە وەکو چۆن یەکێتی نیشتمانی پراتیکی دەکات. بەلام لە ڕوانگەی کۆمۆنیستی یەوە وانیە، لە سیاسەت و پراتیکی دیاریکراودا لە جەرگەی ئەم هەلومەرجە دژوارەدا، جێگای لێکدانەوەی جیاوازە. بۆ نمونەو زیاتر ڕۆشنکردنەوەی باسەکە. “پەیەدە” لە عەفرین جێگای پشتیوانی بوو وە هەیە، لە کۆبانی بەهەمان شیوە، لە هەردوو بارەکەیدا مقاوەمەتی کردوە دژ بە داگیرکەرو تیرۆرستان و هەروەها خەڵکەکەی پاراستوەو لە فەزایەکی ئارام و ئەمندا ڕایگرتوون… لەم ڕوانگەیەوە دروستە وە پیویستە هاوپشتی بکرێت. بەلام ” پەیەدە”و ‌هێزەکانی بۆ نمونە لە ڕەقەو دێر ئەلزور کە پێش لەشکری بۆ ئەمریکا دەکەن پێویستە ڕەخنەیان لێبگیرێت وەک بەرەیەکی شەڕو پیش لەشکری کردن بۆ هیزێکی وەک ئەمریکا. ئەم سیاسەتەی ” پەیەدە” بوو وای کرد کە هاوپشتی جیهانی دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین هێجگار دابەزیبوو بە بەراورد لەگەڵ هاوپشتی جیهانی بۆ کۆبانی. لەگەڵ ئەمریکا بوون، باجی هەیە.

مەسەلەی ” کورد” ئەمرۆ لە چوارچیوەی سیاسەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا کایەی پیدەکرێت، ئەمریکا بەری دەدا، فەرەنسا یان بەرتیانیا دەیگرێتەوە، وە پێچەوانەوە هەر ڕاستە. کایەی پیدەکرێت نەک لەڕوانگەی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە کەهەمیشە باسی ئەوەدەکەن ئەمریکا” خیانەتی” لیکردون، بەڵکو کایەیەک کە لەچوارچیوەی ئیستراتیژییەکی عەمەلی نادیاری ئەمریکاو ڕۆژئاوادا بەپێی بەرژوەندی خۆیان لەم هەلومەرجەدا دێت و دەچیت. سیاسەتی کردنەوەی قەیرانەکان و بەجیهێشتنی لە لایەن ئەمریکاوە بۆتە تەوەرەیەکی سەرەکی لە سیاسەتی ئەم قۆناغەیدا. ” ‌هێزە ناسیونالیستەکانی کورد” لە چوارچیوەی ئەم سیاسەتی ئەمریکادا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. بەلام تەنها لە چوارچیوەی ئەم تەوەرە سیاسیەیدا، نەک لە کۆی ئیستراتیژی سیاسی و ئامانجی سیاسی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە بونەتە داردەستی هێزە گەورە جیهانی و ناوچەیەکان.

تیگەیشتن لەم ڕاستی یە ئاسانە. ئەمریکا لەکاتی ڕیفراندۆمی کوردستانی عیراقدا، بەقەولی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی ” پشتی لەکورد کرد” و لە هێرشی سوپای عیراقو حەشدی ئیسلامی دا بۆسەر کەرکوک، نەک فزەی لێوە نەهات، بەڵکو بیانوی بۆ هێرشەکە دەهێنایەوە. بەلام ئێستا دیسان دەیەوێت هێزەکانی ” پێشمەرگە” بچنەوە ناوچە جێناکۆکەکان کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابوردوەوە بەپشتیوانی ئەمریکا دەرکراوون لێی. ئەوە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرو مێژووی هێجگار تازەیە. وە سیاسەتی ئەمریکا لە هەردوو بارەکەیدا ڕۆشنە. بەلام پێدەچیت بورژوای کورد و بەتایبەت بزوتنەوەی کوردایەتی و هێزەکانی تەنها لە جۆگەی ئەمریکا ئاو بخۆنەوەو بۆیان تەرک ناکرێت سەڕەرای ” ئاش بەتاڵ” و ” ٣١ ی ئاب” و ” ١٦ی ئۆکتۆبەر” و ” عەفرین” و دواجار ئەوە ئەمریکا دەڵێت ” سوریا چۆل دەکەم” ، ئەو ٢٢٥ ملێون دۆلارەشی لە ” هەسەدە” بڕی بە پێێ بڕیاری ترامب، مەگەر سعودیە تەواوی بکات. ئەم جۆگەلەیە ئاوەکەی سازگار دیارە بۆ سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی. سەیرو سەمەرە ئەوەیە دڵ خۆشکەی بەوەی ماکرۆنی فەرەنسا رزگارت بکات و هێزت بۆ بنێرێت!! وە ئەگەر ناردیشی هیچ نیەو زیاتر بۆ بۆ شایی پڕکردنەوەیە. بەلام ئەوە ئیتر تێنەگەیشتنە لە دونیای سیاسەت لەمرۆدا.

ماکرون و هۆلاندو بلێر و تێرزامای وهەموو ئەو نۆکەرانەی سەرمایەو ئەمریکاو لیبرالیزمە نوێیەکەیان زۆر لەوە جەبونترو بێ دەسەڵاتترن کە بتوانن بەبێ ئەمریکا یەک هەنگاو بنێن. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە ئستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکە شکستی خواردەوە، سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە ” پەیەدە” شەوە نایانەوێت دان بەم راستیەدا بنێن، بە قەول و پەیمانە لەفزیەکانی تێدەکەون.

باسی عەفرین گرینگە و پێویستە سیاسەتێکی رۆشنی مارکسستی لەبارەیەوە پیادەبکەین ، بەدیاریکراوی لە هەلومەرجی کۆمەلایەتی و مێژوویی ئەم ساتە وەختەو و هەروەها سیماکانی یاسای بزوتنەوەی مێژوو لەم قۆناغە ناسک و خەتەرناک و ڕاگوزەرەی خەباتی چینایەتی دا، جێگاو ڕیگای ئەم ڕوداوە و ئەم باسە زیاتر گرینگتر دەکات. لەکاتێکدا کە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر ئاگرەو لەم نێوەدا مەسەلەی “کورد” لەم چوارچیوەیەدا پانتاییەکی گەورە پەیدا دەکات. بەکۆنکرێتی ئەگەر سەرنج بدەین ناسیونالیزمی کورد لە ئێران وە ئۆپۆزسیۆنی بورژوای ئیرانی خۆی ئامادە دەکات بۆ لێدانی ئیران یان تێکچونی هەلومەرجەکەی … هەلومەرجی سوریا ئالۆزتر بوە، لە عیراق دیسان هێز هاوسەنگیەکان چاوەرێێ ئالۆگۆری گەوەرەترن، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەوە، هێزەکان هەموو چاوەڕیی ئەنجامی هەڵبژاردنن و ڕیزی بزوتنەوەی کوردایەتی هەرگیز هێندە شەقوشڕ نەبوە. نێو خۆی تورکیا بەهەمان شیوە زیاتر ڕووی لە لێکترازانە وەک لە ئەمن و ئارامی.

لە هەلومەرجو چوارچیوەیەکی ئاوادا ناسیونالیزم دەتوانیت خۆی دەمەزەرد کاتەوە. ناسیونالیزمی کورد، لەعیراق بەهۆی شکستی ” ڕیفراندۆم “و چارەکە موچەو بلاوبونەوەی برسێتی و گەندەڵییەکی هەوسارپساوەوە، دواتر خۆپیشاندانەکانی دژ بە چارەکە موچەوە، زەربە دەخوات ” بروخی دزو….” و” تاڵەبانی و بارزانی ئەندازیاری تاڵانی…” بەڵام بەهۆی ناسیونالیزمی پەکەکەو پەیەدەوە دەمەزەرد دەبێتەوە، ناسیونالیزمی کورد وەک ناسیونالیزمی عەرەب لۆکەڵی نیە لە پانتاییەکی فراواندا دەتوانێت بەشێوەی جیاواز خۆی دەمەزەردو زیندو کاتەوە. بۆ نمونە مانەوەی سوریا ئومیدو هیوایەکی گەورەی دایە دەست ناسیونالیزمی عەرەب لە ئاستە ناوچەییەکەیدا، ئێستا لە میسرو لە لیبیاو تونس و تەنانەت عیراق و هەروەها جەزائیر گوڕو تینێکی دیکەی بەخۆیەوە گرتوە. بۆ کوردستانیش ئەم دیاردەیە دروستە، جا لەوانەیە حزبێک لە حزبەکان لاواز بێت، بۆ نمونە یەکێتی و پارتی بەلام بێ ئەوەی ناسیونالیزم وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەلایەتی زەربەیەکی گەوەرەی لێکەوتبێت. کۆمۆنیزم دەبێت لەمبارەوە هەنگاو بەهەنگاو لە هەوڵی جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاردا تیبکۆشێت و هەول بدات ئەم ڕیزە ئامادەو ڕێخراوبکات.

ڕوانگەی ناسیونالیزم بۆ شەڕی عەفرین

ناسیونالیزمی کورد، بەگشتی و لەئاستی ناوچەی و هەروەها ناسیونالیزمی پەکەکەو پەیەدە وەک بەشیک لەم بزوتنەوەیە، تێروانین و ڕوانگەی تایبەت بەخۆیان هەیە سەڕەرای چەند جیاوازیەک لە نێوانیاندا لەباری فۆرمەوە بەلام لە ناوەرۆکدا ناسیونالیزم ” کورد” و” کورد بوون” و” نەتەوەی کورد” یان ” پێکهاتەکان” و ” جوگرافیاو سنوری کوردستان” دیارە جوگرافیای جیگا باوەڕی خۆیان، لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر لا پیرۆزە و لەپێش هەموو ژیانی ماددی و واقعی ئینسانەوە ئەژمارەکرێن ودەبنە بناغەی هەر تێڕوانین و هەلویستێکی سیاسی و پراتیکی و بەرنامەیش.

باسی ” موچە ” و برسیکردنی خەلکی کوردوستانی عیراق بۆ ماوەی دووساڵ زیاتر بە کرێکارو فەرمانبەرو ماموستاوە، بۆ ئەم بزوتنەوەیە هەر باس نیە. هیچ هێزیک لەو هێزانەی بزوتنەوەی کوردایەتی لە هەموو کوردستانەکان لەسەر برسێتی دووساڵەی خەڵکی کوردستانی عیراق نەهاتەدەنگ وهاوپشتی دەرنەبڕی بۆ خەلكەکەی…دەسەڵاتی ئەم بزوتنەوەیە وەک نوێنەری بورژوای کورد بە ئاستێک بێ باکە لە ئاست ژیان و گوزەرانی خەڵکدا کە لە مێژودا بێ وێنەیە… بەلام کوێخا بون و ڕابەری خۆی بۆ هەموو ” کورد زمانەکان” لە ژیر ناوی ” نەتەوەی کوردا” وەک ئایدۆلۆژیایەک بۆ پیرۆزە، نەک لە بەر خەلكەکەی بەڵکو لەو ڕێگایەوە دەتوانیت خەلک بەلاریدا بەریت ، ڕیزی چینایەتی کرێکار لەسەر پایەی ” نەتەوە” لەت بکات و دەسەڵاتی سیاسی خۆی یان هێزی خۆی گەشە پێبدات.

خەلکی کوردستانی عیراق سەڕەرای بێ موچەیی و برسێتی دژ بە پەلاماری تورکیا بۆ سەر عەفرین هاتنە دەنگ و خۆپیشاندانی گەورەیان سازدا لە زۆربەی زۆری شارەکانی کوردستانی عیراق، بەلام ” یەدەپە” و ” یەپەگە”و ” یەپەژە” و ” هەسەدە”و ” پەکەکە” هیچ کامیان یان بەناوێکیانەوە، نەهاتنە دەنگ و بەیانێکی هاوپشتی خۆیان نەنوسی بۆ ئەو سەدان هەزار کریکارو ماموستاو فەرمانبەرانەی کە هاتونەتە سەرشەقام بۆ هاوپشتی ئەوان. ئەم ڕوانگە باوەی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە ڕوداو هێرش و داگیرکاری عەفریندا بە شیوەیەکی سەرنجراکێش نەک تەنها لە نێو بزوتنەوەی کوردایەتی دا کە ” بزوتنەوەی خۆیانە” بەلكو لەناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دا بەهەمان شیوە خۆی نیشاندا، وەک ئەوەی ئەم بزوتنەوەیە هیچ وانەو تەجروبەیەکی لە ڕوداوەکانی جەنگی خەلیج وەرنەگرتبێت کە مەنسوری حیکمەت بەشیوەیەکی رۆشن پێش ٢٧ ساڵ لەمەو بەر ئاماژەی پێدەکات. ڕوداوەکانی عەفرین جارێکی دیکە نیشانی دایەوە کە بزوتنەوەی ئێمە، باش نەکوتراوە دژ بە ڤایرۆسی ” کوردایەتی” و لیکدانەوە بەپێی بەرژەوەندی نەتەوە. ئەم ڕوانگەو بوچونەی ناسیونالیزم لە پەیوەند بە عەفرینەوە دەکرێت لەم خالانەدا، کورتی بکەینەوە:

یەکەم: جیاکردنەوەی عەفرین لە جیهانی دەوروبەرو ڕوداوەکان: لە روانگەی ناسیونالیزمی کوردەوە، شەڕی عەفرین ، ئەو ڕۆژە دەست پیدەکات کە تورکیا هێرشەکەی دەست پیدەکات. بەلام عەفرین چۆن و لەسایەى کام هەلومەرجەدا “پەیەدە” دەبیتە خاوەنی، لەم ڕوانگەیەوە جێگای پرسیار نیە. چۆن “پەیەدە” دەبێتە خاوەنی قامیشلو؟! هەر مەسەلە نیە، ئەم تیڕوانین و بیرکردنەوەیە، پرسیاری وا نایەهێنێتە بەردەم خۆی. ” پەیەدە” چۆن دەبێتە خاوەنی چارەکێک لە زەوی سوریا یان چۆن دەبێتە خاوەنی کوردستانی سوریا، جێگای پرسیار نیە!!. ” پەیەدە”و “یەپەگە” و” تەیەژە”و ” هەسەدە” چۆن دەبنە پێش لە شکری ئەمریکا لە دیرئەلزۆرو رەقە کە هیچیان کوردستان نین و سەر بەکوردستان نین، نابێتە جێگای پرسیار؟!! ئەم هێزە چۆن دەبێتە پیش لەشکری ئەمریکاو سوکانەکەی بادەداتەوەو لەحکومەتی سوریا و ڕوسیا چەند هەنگاو دەکشێتەوە ئەسڵەن جێگای پرسیار نیە بۆ ئەم تێروانین و فەرهەنگە. عەفرین کوردیەو کوردی لێی یە و پەیەدەی لێی یە… مادام مەسەلە ” کوردە” تەواو، لێرەدا ئیتر هەموو شتێک دەوەستێت. لەم روانگەیەوە تەنانەت خەباتی چینایەتی دەوەستێت و لە عەفریندا دەچیت بە هەوادا. عەفرین کۆتایی خەباتی چینایەتیە!!.

لە ڕوانگەی کۆمۆنیستیەوە، مەسەلەی عەفرین زۆر پێش هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین دەست پیدەکات. دەگەرێتەوە بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی “بەهاری عەرەبی” لە ناوچەکەو بە تایبەت لە سوریا. هەلومەرجی سوریا، بە هیچ شیوەیەک لۆکەلی نیە و جیهانیەوە جەنگی جیهانی بە وەکالەت بە ڕیوە دەچیت. ئەم باسە فراوانترەو لیرەوە راستەوخۆ دەچینە سەر ئەوەی کە تورکیا هێرشی دڕندانەو فاشیزمانەی خۆی دەکاتە سەر عەفرین. بەلام هەر کەس کەمێک ئاگاداری هەلومەرجی سوریا بێت دەزانێت، کە ڕێکەوتنێکی ئاشکرای نێوان ڕوسیاو تورکیا هەیە، لەگەڵ ڕیکەوتنێکی ناڕاستەوخۆی سوریاو تورکیا و بە ئاگاداری ئێران، وە خۆ لادانی ئەمریکا لە هێرشەکە و پشت گوێخستنی هاوپەیمانەکەی سەر زەوی” پەیەدە” دروست وەک ١٦ی ئۆکتۆبەری کەرکوک.. ئەمە ڕاستیەکەو شەڕی عەفرین ئینجا دەست پێدەکات. بەڵام ئەو راستیە لە چوارچیوەی هەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەیی هێجگار دژواردا لە سوریادا چۆتە پێشەوەو دەچێتە پێشەوە.

بۆ ناسیونالیزم بەرانبەرکێی تورکی فاشست و کورد هەیە و لەدەرەوەی ئەوە هەموو شتێک بەتاڵە. تەراتێنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە سالێ ١٩٩١وە تائێستا کە بۆتە هۆی کاولکاری و مەینەت و نەهامەتی و شەر وکوشتاورو، هەلتۆقانی تیرۆریزم ، لە ڕوانگەی کوردایەتیەوە، نەک جیگای ڕەخنە نیە، بەڵکو جێگای پیرۆزبایی و گوڵبارانکردنە. ڕوانگەی مارکسستی دروست بە پێچەوانەوە کۆی گشت ئاڵوگۆرەکان لە نێو سوریادا بە شێوەیەکی ڕۆشن هەم پێکەوە گرێ دەداتەوە وەهەم بەپیی ساتە جیاوازەکانی ئەم قۆناغە ڕاگوزەرە، سیاسەتی دروست دیاری دەکات. کۆمۆنیزم لە هیچ کات و هەلومەرجێکدا بۆی نیە وە ناتوانێت بچێتە پال ئەمریکا و بەرەکەی یان ڕوسیاو بەرەکەیەوە، کۆمۆنیزمی ڕیخراو هەمیشە لە هەولی ئەوەدایە کە بەر بەم جەنگە بگرێت و لەم ڕیگایەوە هەول بدات ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی کرێکار بەهیزتر بکات و ئامادەی بکات بۆ شەڕی دەسەڵات.

دووەم: یاریکردن و گرەو دانان لەسەر وولاتانی زلهێزو جیاوازی نێوانیان: ناسیونالیزمی کورد بە هەموو هێزەکانیەوە مان و نەمانیان لەسەر جیاوازی و ناکۆکیەکانی نێوان ووڵاتانی ناوچەکە بوە. ئەمرۆ لەوە گەورەترو زیانبارتر مان ونەمانیان بەستۆتەوە بە زلهێزانی جیهانەوە. ” پەیەدە” لەسەرەتاوە بە ئەمری واقع، بوە خاوەنی ناوچەیەکی گەورەو هێزێکی بەرچاو، پارەو پول و تەقەمەنی. بەئەمری واقع، واتە بەپیی هەلومەرجەکە لەسەرەتاوە حکومەتی سوری لاواز بوو، ئەو ناوچانەی بەپێی ڕێکەوتنێک خستە ژیر دەستی ئەوان. لەم نیوەدا پارەو پول وکۆمەکی دەکردن، تائیستاش کۆمەککردنی حکومەتی سوریا بەردەوامە ئەگەرچی بەشیوەیەکی کەمتر. ” ئەمری واقع” واتە لە لایەن ” پەیەدە” وە تنازلێکی سیاسی بەرچاو نەکراوەو هێز هاوسەنگیەکی دیاریکراو سەپاندویەتی. کە ئەمە نەک جێگای ڕەخنە نیە، بەلکو سیاسەتێکی دروست وە ژیرانە بوو. کەس هەیە ئەوە نەزانێت کە ئەمریکا هەمیشە حسابی قازانج و زەرەر دەکات و سیاسەت و بەرژەوەندی خۆی تەنها پێوەرە، نەک هیچ شتێکی دیکە.

بەلام دواتر ” پەیەدە” بە بەرچاوی حکومەتی سوریاو ڕوسیاوە پیش لەشکری بۆ ئەمریکا دەکات لە ڕەقەو دیر ئەلزور!! لەشەری کۆبانیدا لەو تارێکدا ئاماژەم بەوەدا، وهیوام خواست کە ئەم هێزە بەتەواوی پێی نەخزێت، بەلام خزا. ئیستا چارێکی نیە، یان دەبێت بەلاوازی خۆی تەسلیمی سوریا بکاتەوە لەڕیگای ڕوسیاوە بێت یان راستەوخۆ، و بە تەسلیم کردنی هەموو چەکەکانی یان دەبێت چاوەروانی هێرشی یەک لەدوای یەکی تورکیا بێت و لەمبارەوە وەرەقەی سیاسی هێجگار کەمی لە بەردەستە. مەگەر شانسی ئەوە بهێنێت هەلومەرجی تورکیا تێک بچێت، کە ئەویش ئەگەر ماوەیەکی کورت لە بەرچاو نەگرین لە دوا ئەنجامدا بە زەرەر بۆ خەڵکی ناوچەکە دەشکێتەوە.

لێکترازانی هەلومەرجی تورکیاو بەبێ بوونی ئەلتەرناتیڤێکی باشتر، هەلومەرجی ناوچەکە بەرەو لێکترازانێكی خەتەرناکترو مەرگبارتری ئەمنی و سەربازی زیاتر دەبات. لەمبارەوە سیاسەتی پەکەکە جیگای سەرنجدانە. پەکەکە لە زمانی موراد قەرەیلانەوە بە ئاشکرا دەڵیت و بانگەوازی حزبەکانی کوردستانی ئێران دەکات کە لەم هەلومەرجەدا ڕووی چەکیان نەکەنە کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە بە قازانجی تورکیاو سعودیە تەواو دەبێت.
قسەکانی ئەم بەرێزە هەم ڕاستی ئەم بوچونەی ئێمە دەسەلـمێنیت لە لایەک وەهەم سەرلێشوایی ئەم بزوتنەوەیەو ڕابەرانی. لە سوریا ” پەیەدە” لە گەڵ ئەمریکایە، لە قەندیل پەکەکەو پژاک لە گەڵ ئێران، لە کوردستانی عیراق ‌هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دابەشبون. یەکێک لە ئەنجامەکانی چونە پیشەوەی ئەم هەلومەرجە لە سوریا یان لەتبونی ” پەیەدە” یە بەسەر دووباڵدا و جیابونەوەی باڵی سەربازیەتی، لە باڵی سیاسی بەهۆی ئەوەی لە ژێر فشاری شەڕدایە…یان تەسلیمبونی باڵی سیاسیە بە باڵی عەسکەریەکەی، بۆ نیشاندان و پاراستنی یەکریزی. ئەم لینکەی خوارەوە قسەکانی بەریز موراد قەرەیلانە بە تۆمارکراوی.
https://www.facebook.com/firooz.mamoei/videos/2099148903445170/ بۆ زیاتر تێگەیشتن لە ناوەرۆکی چینایەتی و بورژواییانەی ” پەکەکە” سەرنج بدە وتاری ” لە وەڵامی دووپرسیاردا، تایبەت بە پککا و یەدەپە- سامان کەریم” ٢٥ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ . مالپەری دەنگەکان.

سێهەم: وێرانکردن و کۆمەلکوژی وتێرمی ” ئینسانیەت”: ئەگەر باس لە کوشتنی ئینسانە، وە باس لە ئینسانیەتی ” ئینسانە” ئەوە کاولکردنی موسڵ و دیر ئەلزۆرو ڕەقە هەموویان جیگای ئیدانە و مەحکوم کردنن. هەموویان ئینسانی لێ یە. جا عەرەب یان کورد یان شیعە یان سوننە، درزی و سریانی و کلدانی و کاسۆلیک و ئەرسەدۆکس، یەزیدی و تورکمان…. هەمووی مەحکومە لە ڕوانگەی ئینسایەتی کرێکارەوە، بەلام ئینسایەتی بورژوایی، جیاوازی هەیە دەکەوێتە دوای بەرژەوەندی ئاراستەی سەرمایە بە پێی پۆرالیزیۆنی هێزەکان. مارکس لە کاتی خۆیدا وەلامی ڕۆشنی بە تێرمی ” ئینسانیەت” دواەتەوە وەک مەفهومیکی بورژوایی. چینی کرێکار ئینسایەتی تەواو جیاوازە.

لە عەفریندا مەسەلەی “ئینسانیەت” دەکشێت و فراوان دەبێتەوە، لە ژێر ناوی ئەوەی کە مقاوەمەتی لێیە. ئەم ڕوانگەیە، وانیشان دەدات کە پاریزگاری لە عەفرین و پاریزگاری نەکردن لە شوینەکانی دیکە هۆکەی ” مقاوەمەتە”. بەلام باسەکە باسی ئینسانیەتە یان مقاوەمەت؟! ئەم ڕوانگەیە بەرگریکردنەکەی لە ئینسانیەت مەرجدارە بە ” مقاوەتەوە”، کەواتە باسی ئینسانیەت لێرەدا دەچیت بە هەوادا. پاشان ئەگەر مقاوەمەتە. وە لە شوێنی دیکەش ئاماژەم پێکردوە، تورکمانەکانی شارێکی بچووکی وەک ئامرلی (شارێکی تورکمان نشینی بە مەزهەب شیعەیە لە عیراق!!) دوو مانگی تەواو لەژێر گەمارۆی داعشدا بوون مقاوەمەتێکی باشیان کردو داعش هەر بۆی نەگیرا … بەڵام کەسێک نەیوت دەستان خۆش بێت؟! بە جیا لەوەی کە دەکرێت ئاماژە بە چەندین شارو چاروچکەی دیکە بدەین لەمبارەوە بە تایبەت لە سوریا. لە دوا ئەنجامدا دەگەینەوە سەر ئەوەی ئەم کۆمۆنیزمە هەم کاولكاریەکەی وەهەم بەرگریکردنی لە مقاوەمەت، مەرجدارە کە ” کورد” یان ” کورد” پێکهاتەی سەرەکی بێت تیایدا. ئەگەر نا چاوی نایبینێت. ئەمە نوسراو نیە تەجروبەیەکی زیندوی ئەم ٦-٧ ساڵەیە.

بەم پێیە سیاسەتی کۆمۆنیستی تەواوی هەلومەرجی لەبەرچاوە، وە لەسەر پایەی بەرەژەوەندییەکانی بزوتنەوەی خۆی، بزوتنەوەی چینایەتی کرێکار هەنگاو بەهەنگاو دەچیتە پێشەوە. بەرگری لە عەفرین دەکات، بەلام ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی نەک دەبێت ڕابگرێت، بەڵکو لەهەر ئالوگۆرو ڕوداوێکدا، قەیران و تەنگژنەی بورژوایی بە قازانجی بزوتنەوەکەی بشکێنێتەوە. لەهەموو ئاڵوگۆرەکاندا پیویستە لە ئاستی پراتیکدا سنورێکی ڕۆشنی چینایەتی هەبێت. کۆمۆنیزم دەتوانێت لەهەر مەیدانێکدا هێزی سەربەخۆی خۆی نیشانی کۆمەڵگا بدات، بە پراتیکی سەربەخۆی چینایەتی. لە عەفریندا دەکرا، دەیان شیوازی کاری جیاواز نیشان بدرێت، کە مەیدانی کاری ناسیونالیزم نین، یان لایەنی کەم لەباری مێژوویەوە نەبوون. سەرنج ڕاکێشانی یەکیتی و سەندیکا کرێکارییەکان و هاوپشتیان بۆ خەلکی عەفرین و دژی تورکیا، نمونەی کارێکی هێجگار جیاوازو رۆشنە، ئەمە تەنها نمونەیەکە، کە بەداخەوە کەم کاری لەسەر کراوە، پێویستە دەستی بۆ ببرێت وکاری لەسەربکرێت لەهەر ڕوداو شەرێکی دیکەدا، لە ئێستاوە زەمینە سازی بۆ بکرێت.

سیاسەتی مارکسستی لە سوریاو ناوچەکەدا، ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنەیە لە بەرانبەر هەردوو بەرەکانی جەنگدا، هەم بەرەی ئەمریکاو هاوپەیمانانی و هەم بەرەی ڕوسیاو هاوپەیمانانی. وەستانی جەنگ بەشیوەیەکی فەوری، لە ئێستادا سیاسەتێکی دروستی مارکسستیە لە هەموو بەرەکانی جەنگدا، نەک تەنها لە عەفرین و مەنبەج و کۆبانی، بەلکو لە هەموو جێگایەک کە شەری لێ یە لە ناوچەکەدا. وەستانی جەنگێک کە ئامرازی دەستی ووڵاتانی زلهێزە بۆ دابەشکردنەوەو رێخستنەوەی جیهان و ناوچەکە، سەدان هەزار ئینسانی تێدا کوژراوەو ملێونەهاشی ئاوارەو بێ خانەو لانەکردوە، کارێکی فەوری کۆمۆنیزم بزوتنەوەی چینی کریکارە. کاری کۆمۆنیستی و هەر هێزیکی کۆمۆنیستی لە هەر ووڵات و ناوچەیەکدا کە هەیە، پیویستە مەسەلەی سەرەکی خۆی کە دەسەڵاتە لە گەڵ بورژازی خۆییدا ببڕێنێتەوە. ئەمە مەسەلە و سیاسەتی سەرەکی ئێستایە وە کلاسیکی یە لە هەمانکاتدا. لە دڵی هەلومەرجێکی ئاوهادا کۆمۆنیزمێکی پشت بەستو بە هێزی چینایەتی خۆی دەتوانی هەنگاوی بەرچاو بنێت.

٤.٤.٢٠١٨

مالپەری دەنگەکان




وه‌فیق سامه‌ڕائی تۆمه‌تباری ژماره‌ یه‌كی ئه‌نفال … عه‌لی مه‌حمووود محه‌مه‌د

وه‌فیق سامه‌ڕائی له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌كانی هاتنی بۆ كوردستان له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو, پاش ئه‌وه‌ی پاڵه‌په‌ستۆكان له‌سه‌ر ڕژێم توند ده‌كرانه‌وه‌, ئومێدێك به‌ مانی ئه‌و ڕژێمه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ته‌نگتر ده‌بوه‌وه‌, ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ وه‌فیق سامه‌ڕائی وه‌ك فریاد ڕه‌سێك بۆ سه‌رتاسه‌ری عێراق سه‌یر ده‌كرا, هێزه‌ سه‌ربازیه‌كان له‌ كوردستان ده‌خرانه‌ به‌رده‌ستی گوایه‌ سه‌دام ده‌ڕوخێنێت, به‌تالیۆن و تیپ و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ خزمه‌تیدا بوون, بۆ ئه‌وه‌ی كوده‌تای سه‌ربازی له‌ به‌غداد ئه‌نجام بدات, لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان دواڕۆژی سیاسی خۆیان له‌سه‌ر نه‌خشه‌كانی ئه‌و بنیات ده‌نا, ئێمه‌ له‌” ڕێكخراوی ئاواره‌و ئه‌نفاله‌كانی كوردستان”كه‌مپینمان له‌ دژی رێكخست بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌نفالكراوه‌كانمان بۆ ئاشكرا بكات, تا ئه‌وكات ئه‌و كه‌مپینه‌ به‌رفراوانترین كه‌مپین بوو دژ به‌ كه‌سایه‌تیه‌كی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی له‌ پێناو دیاریكردنی چاره‌نووسی ئه‌نفالكراوان و بێسه‌روشێنكراوان به‌ڕێوه‌ ببردرێت ” ئه‌وانه‌ی ماندوو بوون به‌و كه‌مپینه‌وه‌ سه‌رباری خۆم ( به‌دره‌دین حه‌مه‌ ساڵه‌ح, مامۆستا فه‌رهاد خالید, فه‌لاح حه‌سه‌ن , سه‌رهه‌د تۆفیق , عادل قه‌شقه‌, ڕزگار مام بۆره‌ …. ” داوامانكرد,ئه‌گه‌ر وه‌فیق سامه‌ڕائی ئه‌مڕۆ زانیاریه‌كان له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال ئاشكرا نه‌كات, سبه‌ی له‌ به‌عس خراپتر به‌ كورد ده‌كات, دیاره‌ ده‌ربڕین و ئاشكرا كردنی زانیاری له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال, له‌ لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ به‌ گووته‌ی تاوانبارانی ئه‌نفال, ئه‌ندازیاری سه‌ره‌كی و نه‌خشه‌ داڕێژه‌ری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بوبێت ئه‌سته‌مه‌, هه‌ر واشیكرد….

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن ….

aliMahmud_wafiq




ئەمڕۆ هەموویان، هەر هەموویان لەوێ بوون! … بەها عومەر ( رێبوار عارف )

بۆ دەبێت مەرگیشمان جیاواز بێت؟! ….

وێنەی یەکەم

ئەمڕۆ ڕیزێکی دوورو درێژ لە بە ’’ئەتکیەترین’’ پیاوانی شار، لە بەرپرسترین سەرۆک و سەرکردەو لە ناودارترین سەرۆک عەشیرەت و پیاوماقولانی وڵات، ڕیزی وەزیرو پەرلەمانتارو سیاستمەدارهەر هەموویان لەوێ بوون بۆ ڕیزی دەست لێدانەوەی سەرۆک وەستابوون! ئەمڕۆ تەواوی ڕۆژنامەو گۆڤارو ڕادیۆ و تەلفزیون و دەزگاکانی ڕاگەیاندن پەیدا پەیدا یەک هەواڵ میوانی هاوبەشی یەک بەیەکی راگەیاندنەکانیان بوو !
هەموویان هەر هەموویان لە ماتەمی مەرگی ئەودا دەست لەسەر سنگ لەحزوری مامی مەزنی دلۆڤاندا بوون! ئەمڕۆ هەموویان هەر هەموویان بڵندگۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی مەرگی ’’ لە ناکاوی’’ ئەودا بوون!

وێنەی دووهەم

گۆمان دەکەم لەوەی لەم ساڵانەی ڕابردو تەنیا ڕۆژێک هەبووبێت، کە هەواڵی مەرگ و خۆکوشتن، خۆ هەڵواسین، برا کوشتن و دایک و باوک و خۆشک و هاوسەر و هاوسۆز و هاودەم کوشتنمان نەبیستبێت. ڕۆژیک نەبوو بێ خەم بین لە خەمی هەژاری ئەو ئینسانەی کە پارەی کرێ خانووەکەی نیەو خۆی دەکوژێت، کە قەرز تەنگی پێ هەڵچنیوەو خۆی دەکوژێت،…!
من خۆشخەیاڵ نیم بەوەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان هیچ کام لەم سەرۆک حزب و پەرلەمان و کۆمپانیانە، هیچ کام لەم بازرگان و سیاسەتمەندارانە، غەمی مەرگی هاوڵاتیەک لە کوڵنێن. بەڵام شەرم هەست بە سەربەرزی خۆی دەکات لە ئاست بێ دەربەستی ئەم دەسەڵات و حزب و حکومەتەدا کە بۆ تەنیا جارێکیش بۆیان پرسیار نەبوو کە ئاخۆ ئەم هاوڵاتیانە بۆ خۆیان دەکوژن، بۆ خۆیان هەڵدەواسن و کێ بەرپەرسە لە مەرگی هێدی هێدی ڕۆژانەی دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگایە؟

وێنەی سێهەم و پرسیارێک ؟

تۆ بڵیت ئەو جیاوازیە گەورەیە چی بێت، لەکاتێکدا کە ڕۆژانە دەیان کەس لەم کۆمەڵگایەدا دەمرێت، لە خزم ودۆستان و دراوسێکانی زیاتر هەواڵێک لە شاردا نابیستین. ئەرێ بەراست چ زەمین لەرزەیەک بوو ئەمڕۆ تەواوی سیاستمەدارو وەزیرو گزیرەکان هەستانە سەرپی و راچەنین و دەستیان گرت بەسنگیانەوە، چ خەبەر، چ قەوماوە، چ ڕووداوێک ئەمڕۆ وەک بۆمب دەنگدانەوەکەی خۆی گەیاندە ماڵی یەک بەیەکمان؟!
لە ڕواڵەتدا جیاوازیەک لە گۆرێدا نیە، هەموومان هەر ’’ئینسانین’’، هەموومان هەر لەژانی دایکێک، لە دایک بووین، هەموومان هەر گۆشت و ئیسقانین، هەموومان هەر ’’هاوڵاتین’’

تۆ بڵێت جیاوازیەکە لەوەدا بێت کە یەکەمیان هاوڵاتی پلە یەکەو دووهەمیان هاوڵاتی پلە دوو…، نا ناببورن ئەمانە هیچییان نیە، جیاوازیەکە تەنیا ئەوەیە ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی چینایەتیە، بەشێوەیەک مەرگیشی خستووەتە نێو دابەشکردنێکەوە، کە مانایەکی چینایەتی بەخۆیەوە دەگرێت. دەیەوێت پێمان بڵێت مەرگی ئەو مامۆستایەی کە لەبەر بێ دەرەتانی و نەبوونی کرێ خانوەکەی خۆی کوشت زۆر زۆر جیاوازە لە مەرگی ئەو سەرکردەو سەرکردەزادەو ئەسڵزادەو نەجیبزادەیەی کە تەواوی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی لەژێر دەستابوو!

ئاخر ئەوان ڕاست دەکەن بۆیە کاتێک چەند ساڵێک لەمەوبەر جەمال ڕینگۆ شەوێک لەپەنایەکدا ڕەقی دەبێتەوە، بۆ سبەی دەیخەنە پشت پیکابێکی شارەوانی و شۆفێرێک و دوو کرێکارەوە دەیبەنە گۆڕستان و دەینیژن… دەک نەفرەت لەو هەموو جیاوازیانەی کە بەهاو حورمەتی ئینسانیمان بەو شێوەیە دابەش دەکات…! دواجار با ئەوەش بڵێم: باوەڕ بکەن ئەو شیعارەی کە دوێنی لەخۆپیشاندانەکەی هەولێر دەوترایەوە، دەیەوێت ئەم جیاوازیە چینایەتیە نەهێڵێت کە بەدەنگی بەرز هاواریان دەکرد (( نان، کار، ئازادی)) . بۆیە جێگەی خۆیەتی کە لەمەرگی دلۆڤاندا بڵێین بژی بەهاو حورمەتی ئینسانیمان و بژی نان، کار، ئازادی!




چەند سەرنجێکی کورت لەسەر کتێبی(مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆڵ)ی هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای مانگی ئازاری ٢٠١٨

———————————–

ئەم هەوڵەی بەڕێز هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد وەکو هەوڵەکانی پێش خۆی، چەشنی سیمینارەکانی (مێژووی چەپ لە کوردستانی عێراق) ی هاوڕێیان موئەیەد ئەحمەد و بەختیار موستەفا و هاوڕێیانی کارگەران و ڕەوتی کۆمۆنیستی جاران لەسەر مێژووی بزووتنەوەی کومونیستی کە ئێستا بە دە بەش لە یوتوب دانراوە و دەتوانرێت ببینرێت و هەورەها کتێبی (مێژوویەک لە یادەوەری) بەڕێز سالار ڕەشید، جێگای دەستخۆشییە. ئەم کتێبە کە دوو بەرگە و خوێنەر هەر لەسەرەتاوە لە چاوەڕوانی ئەوەدا دەبێ تێکستێک بخوێنێتەوە دروست لەگۆشەنیگایەکی مارکسیزمەوە تەواوی گۆشە و کەلەبەرەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بپشکنێ و بخوێنێتەوە. یان لانی کەم هەوڵ بدات، خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ ئەو بزووتنەوە کۆمۆنیستییە بکات بێ ئەوەی بهێڵێ مەحفەلیزم و ئیگۆی خودگەرایی بەری چاوی خوێندنەوەکەی لێڵ بکەن. من ئەم کتێبەم بەو ڕوحیەتەوە خوێندەوە.

بیریشم دێت کاتی خۆی هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد دوو سێ بەشی لە سایتی هاوپشتی بڵاو کردەوە. من یەکەمجار دەستخۆشیم لێکرد و دوایی بۆم دەرکەوت کە ئەو هاوڕێیە بەچاویلکەی کۆن ڕووداوەکان هەڵدەسەنگێنێ نەک بە چاویلکەی واقیعی. دوای خوێندنەوەی ئەم دوو بەرگە هەرچەند لێرە و لەوێ سەرنج و ڕەخنەم لەم کتێبە بیستووە، بەڵام ئەو بەرێزانە خۆیان ئازادن چۆن ڕەخنەکانیان بەیان دەکەن، یان نا، بەس بۆ من گرنگە بۆچوونی خۆم بە ڕۆشنی لەسەر ئەم کتێبە بنووسم و لەوە زیاتر تاخیری نەکەم. وای دەبینم ئەم کتێبە زۆر هەڵدەگرێ لەسەری بنووسرێ و ڕاست بکرێتەوە، بەڵام من بەهۆی سەرقاڵیم بە پڕۆژە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانم، ئەو دەرفەتەم نییە جگە لەم کورتە سەرنجانە. هیوادارم هاوڕێیانێک بتوانن ئیش لەسەر هەڵە و ناتەواوی و کەموکوڕییەکانی ئەم کتێبە بکەن. من هەوڵ دەدەم کورتە سەرنجەکانم بە خاڵ ڕیز بکەم، بەو ئومێدەی نووسەر بتوانێ بۆ چاپی ئایندەی کتێبەکە سوودیان لێ ببینێ و خاڵ لەسەر وشەکان دابنێ و بەشێکی باشی کتێبەکە هەڵگێڕێتەوە.

یەک : سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە من وەک کادیرێکی ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)ی جاران و فەعالێکی سیاسیی کۆمۆنیستی کە لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە دوای چەند ساڵ چالاکی لە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، وازم هێنا و پەیوەست بووم بە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە. دەمەوێ بێ هیچ غەدر لێکردنێک یان زیادەڕۆییەک ڕەوتی کۆمۆنیست وەک خۆی چۆن هەبووە ببینرێ و بخوێنرێتەوە و لەلاپەڕەکانی مێژوودا لەشوێنی شیاوی خۆی دابنرێ، نەک ناهەقی بەرامبەر بکرێ.

لەگۆشەنیگای منەوە ڕەوت ڕێکخراوێک بوو لەدونیای واقیعدا خاوەن دونیابینییەکی مارکسیستی ڕۆشن بوو، ڕەوت خاوەن تەشکیلاتێکی تۆکمە و پتەوە بوو، ڕەوت لە دڵی نائومێدی چەپی ئەو سەردەمەدا جێگەی ئومێد بوو، ڕەوت تاکە ڕێکخراوێکی بزووتنەوەی چەپ بوو کە تا ئاستێکی زۆر کرێکاریی بوو، ڕەوت پێداگیری زۆری دەکرد لەسەر مارکسیزمی ئەرسەدۆکس، ڕەوت هەڵگری دەیەها کادیری بەرجەستە و بەتوانا بوو لە کۆمەڵگەی کوردستان چ لە ئاستی تیئوری و چ لەبواری پراتیکدا، ڕەوت خاوەن هێزی چەکدار بوو، ڕەوت خاوەن تەرحی شوورا کرێکارییەکان بوو، ڕەوت خاوەن ڕۆژنامەی عەلەنی و بنکەی عەلەنی و چەکدار بوو.

کەچی ئەم ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستە لەکتێبەکەی هاوڕێ ڕێبواردا کاڵ کاڵ نیشاندراوە و هەموو ئەو دەست پێشکەری و ئیبتکارانە فەرامۆش کراون و وەلا نراون. یان سەرپێیی باس کراون و هەقی خۆیان نەدراوەتێ. ئەمەش بەدەوری خۆی بەهای زانستی ئەو کارە دێنێتە خوارەوە. باسکردنی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بەلاوەکی و بێبەهایی و هەروەها گەورەکردنەوەی ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگەی ڕەخنەیەکی کادرە پلە دووەکانی ڕەوت کۆمۆنیستیان نەدەگرت و هەڵدەوەشانەوە، چ مانایەک دەدات بەدەستەوە؟ ئایا ئەمە لاوازیی کتێبەکە نییە؟. من ئەمە بە خەوشی سیاسیی دەبینم و مافی کادرە بەرجەستەکانی ئەوسای ڕەوتی کۆمۆنیستە لەئاست ئەم خەوشە سیاسییەی ئەم کتێبەی هاوڕێ ڕێبوار کە خەریکە مێژووی تێکۆشانمان دەشێوێنێ، بێدەنگن نەبن.

دوو : زمانی نووسینی ئەم کتێبە، زمانی دەیەی هەشتاکان و دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووە، زمانێکە کە زمانی چەپێکی سادە و ساکار و سەتحگەرایی بوو، نەک زمانی سیاسیی و باسی تیئوری. چەپێک کە جگە لە شکاندنەوەی خۆی کارێکی تری نەبوو. ئەم زمانە ئەوکات و ئێستاش ناتوانێ خزمەت بە بزووتنەوەی سیاسیی بکات. زمانی ئەمڕۆ، زمانی وردبینی و پشتبەستنە بە فاکت، زمانی بەڵگە و دۆکیمێنتە، زمانی لێکدانەوەی زانستییە بۆ مێژوو و چینەکان و دیاردەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، نەک زمانێک کە بڕ نەکات چوار مەتر لەولای خۆیەوە ببینێ و شەلم کوێرم بکەوێتە ناو مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشانی سەدەها کادیر با ئەمڕۆش لەگەڵ حیزب نەبن. بەڵام خۆ هەر ئەمانە بوون حیزبیان دروست کرد و حیزبیان لەسەر قاچی خۆی دانا.

سێ : نووسەر زیاتر باسی ئیگۆی خۆی و ڕۆڵی خۆی دەکات وەک لە کارەکتەرە سیاسییەکانی تری ناو بزووتنەوەی کۆنیستی، کە هۆکار بوونە بۆ خوڵقاندنی ڕووداوەکان. وەک ئەوەی هەموو شتێک بە ئیرادە و ویستی ئەو چووبێتنە پێشەوە. ئەم ئیگۆیە ئەگەر لە ئەدەبدا بتوانی مانایەکی مەجازی وەربگرێ، ئەوا لە دونیای سیاسەتدا ناتوانێ زۆر هەناسە بدات.
چوار : بێئاگایی لەبەشێکی گەورەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کە ئەمە خەوشێکی گەورەیە بە کتێبەکەوە.
ئەمە وا لە کتێبەکە دەکات بەهای سیاسیی و میسداقیەتی مێژوویی لەدەست بدات. چۆن دەکرێ کەسێک وەک هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد کە لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، وەک بە شێوازی نووسینی کتێبەکەوە دیارە کە بەڕێزیان ئاگایان لە جووڵەی مار و مێروو هەبووە، ڕێکخراوی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)ی نەبیستبێ!!! ئایا ئەگەر نەیبیستووە، ئەمە ئاگایی و هۆشیاری هاوڕێ ڕێبوار ناخاتە ژێڕ پرسیارەوە؟ ئەی ئەگەر بیستوویەتی، فەرامۆشکردنی ئەم ڕێکخراوە ئەدەبییە کۆمۆنیستییە، بیرتەسکی مەحفەلگەرایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو نەبێ، چییە؟. با بەفەرز دایبنێین کە هاوڕێ ڕێبوار (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)ی بیر نەمابوو، ئەی خۆ هاوڕێ ڕێبوار ئاگای لەو کورتە نووسینەی من هەبووە بەناوی ( ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) کە باسی مێژوو و چالاکی ئەو حەلقەیەم کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٢ لە سایتی دەنگەکان بڵاوم کردەوە و ئەوا شانزە ساڵە لە ئەرشیفی دەنگەکان دانراوە. دیسان با بەفەرز دایبنێین هاوڕێ ڕێبوار ئەمەشی نەبینیوە و بەڕێزیان بەهۆی سەرقاڵییان بە کاری تیئوری کۆمۆنیستی، فریای خوێندنەوەی سایتەکان ناکەوێت، ئێ خۆ بەڕێزیان ئاگایان لە سیمینارە چەند ڕۆژییەکەی هاوڕێ موئەیەد ئەحمەد و بەختیار مستەفا و هاوڕێیانی تر هەبوو لەسەر مێژووی چەپ کە هاوڕێ (سادق عزیز) ئاماژە بە حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) و گۆڤاری (ڕابەر) دەکات، هەبوو.

با وای دابنێین ئاگاشی لەمەشیان نەبووە، ئەی خۆ هەر هیچ نەبێ ئاگای لە کتێبە جوان و بەسوودەکەی هاوڕێ سالار ڕەشید هەبوو بەناوی ( مێژوویەک لە یادەوەری). خۆ لەو کتێبەی کاک سالاردا لەگەڵ دوو ئەندامی دامەزرێنەرانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست کە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ و هاوڕێ نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(هۆشەنگ)ن چاوپێکەوتنی ساز داوە. ئێ خۆ ناشێ بڵێت ئاگام لەمەشیان نەبووە؟!. چونکە ئەم بێئاگاییە خەوشێکی گەورەی ترە بە کتێبەکەی هاوڕێ ڕێبوارەوە. ئەگەر هیچ لەمانەش وا نییە و هاوڕێ ڕێبوار ئاگاداری حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیستە و ئاگاداری سیمینارەکانی هاوڕێیان موئەیەد ئەحمەد و بەختیار مستەفایە و هەروەها ئاگاداری کتێبەکەی هاوڕێ سالار ڕەشیدە، ئەی بۆ باسی نەکردووە؟ بۆچی باسی نامیلکەیەکی ئەدەبی مەحفەلێکی ئەو سەردەمە دەکات(زەنگ)، ئەی بۆ باسی ڕێکخراوێک ناکات کە هەم کاری سیاسیی و هەم کاری ئەدەبی و هونەری دەکرد و خاوەن ڕێکخستن بووە و بە دەیەها کادر و ئەندامی هەبوو، گۆڤارێکی دەردەکرد بەناوی (ڕابەر) و یانزە ژمارەی لەو گۆڤارە بڵاو کردەوە و ئەمە جگە لە چەندین نامیلکەی ئەدەبی تر کە وەک کتێبی گۆڤاری(ڕابەر) بڵاو بوونەوە. ئێوە بڵێن ئەگەر ئەمە عەقڵیەتی مەحفەلیزمی هەشتاکان نەبێ چییە؟

دواجار بەو پێیەی ئەم کتێبە کە تاهێزی نووسین بڕ بکا هۆشیارانە ئیشی لەسەر لێدان و وەلانانی کادر و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کردووە، هەوڵی داوە بە ئاگایانە یان بێئاگایانە مێژووی تەیفێک لە کادیرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی وەلا بنێ. بۆیە لەم سۆنگەوە ئەم کتێبە لای من ئیعتباری سیاسیی – مێژوویی لەخوارە و جگە لە خۆ بە پاڵەوانزانی نووسەری کتێبەکە هیچ ئامانجێکی تری لەپشتەوە نییە. بەو ئومێدەی هاوڕێ ڕێبوار بتوانێ لە چاپی دووەمی کتێبەکە ئەم خەوش و کەلێنانە پڕ بکاتەوە و ئیعتباری سیاسی – مێژوویی کتێبەکە بەرێتە ئاستێک کە دەست لەسەر سینگ بۆی بوەستین.




ئەڵمانیا و چەکفرۆشتن بە تورکیا … هەڵۆ بەرزنجەیی

کوێرەوەری پرسی کورد هەر لەوەدا نییە بە تەنیا شەڕی بوونی بەرامبەر بە چوار دەوڵەتی داگیرکەر دەکات، بەڵکو ئازار و سوێکەی لەو شوێنەدا زیاتر قووڵ دەبێتەوە،کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی،دوای ئەو هەموو تراژیدیایەی بەسەر کورد دا هاتووە،هێشتا لە چاوی بەرژەوەندی ڕووتەوە لەم کێشەیە دەڕوانێ و ئامادە نییە بە دروشم و پرنسیپەکانی مافی چارەنووس و مافی مرۆڤ و ویستە دیموکراسی و پێشکەوتنەکانی سەردەمی گلۆبالیزم ـ کە خۆی بانگاشەی بۆ دەکات ـ کار لەتەک کورد دا بکات و لەمپەڕیک بۆ ئەو سیاسەتە دڕندانەی دەرهەق بە کورد لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاوە پێڕەو دەکرێ، دروست بکەن و ئەو دروشمانەی بانگاشەی بۆ دەکەن، بۆ میللەتانی بندەستیش بەکاری بەرن. هاوکات بیسەلمێنن کەوا ڕێز لەو هەموو قوربانی و ئازارەی کورد دەگرن،کەوا بۆ ساڵانێکە لە بری جیهان دەجەنگێ لەدژی دڕندەترین و تاریکترین هێزی سەدەی بیست و یەک. کورد جەنگێک دەکات بە پێشمەرگە و شەڕڤان،کە کوڕ و کچی ڕۆڵەی کوردن ، داستان تۆمار دەکەن و گەورەترین سەروەری مێژووی سەدەی بیستەم دەنووسنەوە. ئەوە کچانی کوردن، هێزی (داعش)ی دڕندەیان هەڵبڕیوە. ئەوە کوڕانی کوردن ئەفسانەی داعشیان تێک شکاندووە. داعش ئەو هێزەی خەونی بەشێکی جیهانی زڕاندبووە / زڕاندووە.

دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی دوێنێ و دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەمڕۆ، لە ئاست تراژیدیای کورد دا، نابینا و گوێ ئاخنراو و زمان لاڵ و بڕاون. هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵوێستە شەرم هێنەرەش ڕایەڵی توندوتۆڵی دەوڵە داگیرکەکانی کوردستانە وەک بازاڕی ساخکردنەوەی کەرەسەی بەم دەوڵەتانە. هاوت ئەوەیە کوردستان دەوڵەت نییە. ئێمە لەم ڕیال پۆلەتیکە دەگەین.
هەڵوێستی ئینگلیز بە پلەی سەرەکی و فەرەنسا پاش ئەو دیار و زانراوە. رووسیا و ئەمەریکاش دەستی ڕەشیان لە چارەنووسی کورد گێڕاوە. ئەڵمانیاش سەدەیەک زیاترە ڕۆڵێکی نەڕێنی دەگێڕێ و لە زۆر قۆناخیشدا،بەداخەوە دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد لە بوون و هەبونیدا وەستاوەتەوە.

باس لەوە ناکەین چۆن ژەنەڕاڵ و سوڵتانەکانی عوسمانی و کەمالیزم لەسەردەستی ژەنەڕاڵەکانی ئەڵمانیادا مەشقیان پێکراوە. ئاماژەش بۆ ئەوە ناکەین کە چۆن چەکی کیمیاویان بە سەددام فرۆشت و قوربانییەکانی هەڵەبجەی لێکەوتەوە. بەڵکو دەمانەوێ تیشکێ بخەینە سەر پەیوەندی ئەڵمانیا بە داگیرکەری تورکەوە، هەتا ئەمڕۆ ڕەهەندێکی نامرۆیی و هاوزەمان گاڵتەجاڕیشی وەرگرتووە. وەک ئەوەی دەبینین ئەڵمانیا بە هەموو تەکنەلۆژیای نوێوە، پاڵپشتی لە تورکیا دەکات و لەگەڵ سەددامیش دا هەیبوو،ئێستاش لەژێر پەردەوە لەگەڵ ئێران برەوی پێدەدات.

لەسەر داخوازی تورکیا ساڵانێکە حکومەتی ئەڵمانیا ڕاوەدونانی ئەندام و لایەنگرانی پ ک ک دەکەن، ئەو پارتە قەدەغە کرا. کە منداڵێکی کورد لە ئەڵمانیا لەدایک دەبوو، کەسوکاری دەیان ویست ناوی کوردی لێ بنێن، دامودەزگاکانی ئەڵمانیا ئەو دایکوباوکەیان ناچار دەکرد، بچن لە سەفارەت و کونسۆلی تورکی پاڵپشتی بهێنن.دیارە لەم بارەدا تورکیا هیچ بەڵگەیەک نادات،لەمەڕ ناوی کوردییەوە.بەم جۆرە ئەو خێزانانە ناچار دەبن،ناوی دیکە هەڵبژێرن… ئەمانە و هەزاران نموونەی دیکە لەسەر پەیوەندی قوڵی ئەڵمانیا و تورکیا هەیە. لەڕاستیشدا تورک لە ئەڵمان دەخوا و باشیشی دادەدۆشێ.

بۆیەکا هەر رۆژێ کوردستان بێتە دەوڵەت و کورد دەسەڵات پەیدا بکات، پێویستی لە دادگای نێودەوڵەتی گازندە لەسەر هەموو ئەو وڵات و کارخانانە بە فەرمی بکات. ئاخر کورد قوربانییەکی گەورەی سیاسەتی نامرۆڤانە و بێ مۆڕاڵی نێودەوڵەتییە.
ئەگەرچی لەحاڵی حازردا پەیوەندی ئەڵمانیا و تورکیا،بەهۆی سیاسەتی ئەردۆغانەوە کە هێرشی زۆر دەکاتە سەر ئەڵمان و گەیاندوویەتیە سەر سووکایەتی و هیچ هەژمارێکیان وەک دۆست و هاوپەیمان بۆ ناکات و تەنانەت پێی وتن نازی، کە تا ئێستا بەس بەرپرسانی جوولەکە توانیویانە لەسەر ئاستی بەرز ئەو وشەیە بە ئاشکرا بە ئەڵمان بڵێن،لێ ئەردۆغانیش بێ سڵەمینەوە پێی وتنەوە،بەڵام حکومەتەکەی مێرکل هەر دەیەوێ تاڵە موووی معاویە لەگەڵ تورکیادا نەپسێنێ. ئەمەش بە بیانووی ڕێکەوتننامەی کۆچبەرانەوە، کە لەگەڵ تورکیا مۆریان کردووە. حکومەتی ئەڵمانیا لەژێر گوشاردایە و وەزیری دەرەوە دەیەوێ هەندێ مەرج بخەنە سەر تورکیا بە ناڕوونی دەیەوێ بڵێ:” ئێمە مادام تورکیا لەشەڕدایە، چەک و تەقەمەنی بۆ نانێرین”. لە وەڵامدا رۆژنامەیەکی سەباحی تورکی بەتەوسەوە دەنووسێ: ” باشە لەمو پاش لە گرێبەستەکاندا بۆمان بنووسن، چۆن و لە کوێ؟ بەکاریان بهێنین . لەمەو دوا چەکەکان تەنیا لە کودەتاکان دا بەکار دەهێنین” .
لە ڕاستیدا کێشەکە لەوەدایە، تورکیا ڕووە و ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی و رووسیا وەرچەرخاوە و باوەڕی وایە شەمەندەفەرەکەی هەرگیز ناگاتە برۆکسل، و هەرگیز وەری ناگرن ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.
ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین، ئاگاداری ئەو پرسیارەی خەڵکی ئەڵمانن، کە زۆربەی جاران دەکەین: ئێوە بۆچی ناتوانن پێکەوە هەڵکەن یاخود پێکەوە بژین؟!.
جگەلەوەی ئەو سنوورە دەستکردانەی ڕۆژئاوا کێشاوێتی لە دروستکردنی دەوڵەتە دەستکردەکان دا، بۆتە دیواری بەندیخانەی نەتەوە و گروپە ئێتنیکی و ئایینیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،هاوکات ئەوروپا ئەو بەهەشتەی کە بۆ خۆی سازی داوە، لەسەر خوێن و جەستەی ئاسیا ـ رۆژهەڵاتی ناوین وـ و ئەفریکایە. ئەوە ئەوانن ئەندازیاری ناوچەکە، دەستەوتاقمی گوێڕایەڵی خۆیانیان هێناوەتە سەر حوکم و بە هەموو توانایەکی لۆگیستییەوە پاڵپشتی لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەکەن، تا کارەکانی خۆیانیانی پێ مەیسەر بکەن. بۆیە دەبینین لەم میانەدا چاوپۆشی لە هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی و شارستانێتی دەکەن،و درۆی ڕووت و بێ پەردە دەفرۆشن بە خەڵکی خۆیان و جیهان.

پرسێکی حاشا هەڵنەگرە، ساڵانێکە بە چەک و تەقەمەنی ئەڵمانیا، تورکیا کوردستان کاول دەکات و وێنە تانکەکانی ئەڵمانی لە شەڕدا دژ بە کوردی بەشەکانی تریش بەکار دێت، چۆتە دەرەوەی سنووری دەوڵەتانی ناتۆشەوە، کەچی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانی دەڵێ: ئێمە بەڵگەی تەواومان نییە،ئەو تانکانە لە شەڕدا بەکار هێنرابن. گاڵتەجاری بگاتە ئەو ئاستە،ئیدی هیچ بەهایەک لە دروشم و بانگاشەکاندا نامێنێ. ئەوەتا دەبینین خۆشبەختانە کۆمەڵی ڕۆژنامەنووس و کەسانی هونەرمەند و پێشکەرشکار و سیاسی، بەرگەی ئەو درۆدەلەسە و دیماگۆگییە ناگرن و بێ گوێدانە سیاسەتەکەی حکومەتی مێرکل، هەندێ وتار و بەرنامەی تیڤی لەسەر ڕووداوەکان دەکەن و بە بەڵگەوە باس لە سیاسەتی دووڕوویی ئەڵمانیا دەکەن و وێنەی تانکەکان لە مەیدانی شەڕ دا نیشان دەدەن. کەچی لەتەک ئەوەشدا بێ سەرمانە دەیانەوێ خۆیان لەو تەنگەتاوییە،ڕزگار بکەن،بۆیەکا حکومەت بە فەرمی هەر دەیەوێ نکۆڵی لێ بکات.

لەلایەکی دیکەوە،ئەڵمان کە دەڵێن ئێمە چەک نانێرین بۆ تورکیا و بۆ ناوچەی قەیراناوی، مەبەستیان ئەوەیە تۆڵەی خۆیان لە ئەردۆغان بکەنەوە. دەنا گەر ئەوان مرۆڤدۆستن و داوای ئاشتی دەکەن، بۆ هەر لە بنەڕەتدا چەک دروست دەکەن؟ ئەی بۆ نازانن چەک بۆ شەڕ و مرۆڤ کوشتنە.! دیارە هەمان پێوەر بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا ڕاستە.
لەوەڵامی ئەم پرسیارە کە گەڵێ جار بەندە لێی کردوون، دەڵێن: ئێمەش دروستی نەکەین و نەینێرین وا وڵاتێکی تر ئەم کارە دەکات. دیارە بۆ سەردەمی سەددامیش هەر هەمان شتیان دەگوت و دەشهاتن بە بە سەدان هەزار خەڵکیان دەهێنایە سەر شەقام بەناوی ” نا خوێن بۆ نەوت”. منیش دەڵێم ئەی ناتوانن ئێوە دەست پێشکەر بن و ببنە سەرتۆپ بۆ وڵاتانی تریش . دیارە هەردەبێت سەرەتا یەکەم هەنگاو لە وڵاتێکەوە دەست پێ بکات. بەڵام لەڕاستیدا ئەم وەرامەیان بۆ خۆدزینەوەیە لە ڕاستییەکان.Volker Perthes ،سەرۆکی “ناوەندی زانست و سیاسەت” و گەورە ڕاوێژکاری حکومەتی ئەڵمانی و ئەندامی ستاڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ـ لەتەک دیمیستۆڕا ـ بۆ کێشەی سوریا. لە چاوپێکەوتنێکی دا لە رۆژنامەی تاگە شپیگلی ٢٨/١/٢٠١٨، دەڵێ : ” هەناردەی ئەڵمانی بازاڕێکی باشە، شوێنی کار مسۆگەر دەکات و توێژینەوە و پێشکەوتن بەها پەیدا دەکەن ،گەر ئەو پارچە گەورانە بەرهەم بهێنرێ”. دواتر سەبارەت بەو پاسیڤیستانەی دەڵێ ئەم چەک بەرهەمهێنانە ئاگری شەڕ خۆشتر دەکات دەڵێ: “بۆ من لەم گفتوگۆیەدا توخمێکی گەوهەری دیار نییە: بەرژەوەندی ستراتیژی”.
کەواتە ئەوان بەم مامەڵە و بازرگانییە، کە ساڵانە گەشەی ئابووریان بە ملیارد یۆرۆ زیاد دەکات، بازاڕیان گەرمتر دەکەن و گەشە بە تەکنەلۆژیای خۆیان دەدەن ، هەر دەبێت بەردەوام بن. ئیدی با نەتەوەی بێ دیفاع و تەنیاباڵی وەک کورد هەر هاوار و داد بکات.
شاراوە نییە، گەر بهاتایە ئەم دەوڵەتانە هاوکار و پشتیوانی دەسەڵاتە خوێنڕێژ و دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان نەکردایە،لەمێژ بوو کورد و گەلانی دیکە بە ئامانجی خۆیان گەیشتبوون. بۆیەکا بەرپرسیارێتی مێژوویی و مۆڕاڵی دەکەوێتە سەر شانی ئەمانیش.
ئەم کورتە پێشەکییە بۆ دەوڵەمەندترکردنی ئەم وتارەیە کە پوختەکەم لە ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردی،لەمەڕ ئابڕووچوونی چەکفرۆشتنی ئەڵمانیا ،کە ناونراوە”ئەڵمانیا مەرگ هەناردە دەکات”.
————————–

لەژێر ئاگرباران دا
نووسینی کلاودیا ڤۆن زالزەن Claudia von Zalzen

و. هەڵۆ بەرزنجەیی

تا ئێستا لە مێژووی حکومەتی ئەڵمانیدا هێندە چەک نەفرۆشراوە،وەک ئەوەی لەسەردەمی هاوپەیمانێتی گەورە(CDU&SPD)لە چوار ساڵی ڕابووردوودا ئەنجام دراوە.
وەزیری ئابووری جارانی ئەڵمانیا Sigmar Gabriel-SPD، هاتۆتە قسە و دەڵێ : دەبێت چەک ڕەوانەکردن کەم بکەینەوە.بۆ ئەم وەزیرەی دەرەوەی ئێستا،کێشەیەکی دیکە لە چەک فرۆشتن سەری هەڵداوە. تورکیا ئەو تانکانەی لە ئەڵمانیای کڕیووە،بە ئاشکرا بەکاریان دێ لە پەلاماردان بۆ سەر کورد لە باکووری سوریا. لەدوا دیدیداری وەزیری ناوبراو لەگەڵ م. چاوشئگلو بە ئەرێنی باسی ئەمەی کرد و وتی: پێویستە تانکەکان لە تورکیا مۆدێرنە بکرێنەوە.

+ چی لەمەڕ ناردنی چەکەوە لە ساڵانی ڕابووردوودا زانراوە

ڕاپۆرتی چەکفرۆشتنی ساڵی ٢٠١٧ ی حکومەتی ئەڵمانی هێشتا بەتەواوی گەڵاڵە نەبووە و لەبەردەستدا نییە.،لێ لە وەڵامێکدا لەسەر داوای پەرلەمنتاری چەپ Stefan Liebischوەزارەتی ئابووری چەند زانیاریەکی دەدا و دەڵێ : لە ساڵی ڕابووردوودا هاوپەیمانێتی گەورە بایی 6,2 ملیارد چەکی فرۆشتووە. بەشێکی زۆری ئەو چەک و کەرەسە سەربازییانە بە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاEU و ناتۆ فرۆشراون. لەبەر ئەمە (لەم کاتەدا جگە لە تورکیا) بێ کێشە کارەکە پێشوازی لێ کراوە،لەلایەن دەوڵەتانی سێیەمەوە کە پێیان فرۆشراوە. بۆ ئەم وڵاتانە چەک بایی 3,8 ملیارد یۆرۆ ڕەوانە کراوە و بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ 120 ملیۆن یۆرۆ زیاترە.لە نێوان ساڵانی 2014-2017 دا حکومەتی ئەڵمانیا ڕێگەی بە فرۆشتنی چەک بە بڕی 24,9 یۆرۆ داوە. بەمەش توانیویەتی زیاتر لە کولیسیۆنی ڕەش و زەرد،واتە CDU&FDP بکەن کە ئەوان بایی 20,7 ملیاردیان فرۆشتووە. لێرەدا ناردنی چەکەکان زیاتر بۆ وڵاتانی سێیەم بووە.

لە کاتێکدا لە نێوان 2010-2013 دا فرۆشتنی چەک و پێداویستی تری سەربازی بە بڕی 9,9 ملیارد یۆرۆ بە دەوڵاتانی سێیەم ڕێگەی پێدراوە. لەم بڕەدا لە چوار ساڵی ڕابووردوودا ڕێژەکە بۆ %46 بەرز بۆتەوە. هاوپەیمانێتی CDU&SPD بە بڕی 14,5 ملیارد یان داوە بە وڵاتانی سێیەم.

+ ئەو دەوڵەتە گرنگانە کامانەن بۆ ناردنی چەکی ئەڵمانی؟

وڵاتە گرنگەکان لەسەروو هەموویانەوە،جەزائیر بایی 1,4 یۆرۆ و میسر 780 ملیۆن یۆرۆ و عەرەبی سعودی ـ ئەگەرچی لەگەڵ دەوڵەتی یەمەنی دراوسێیدا لەشەڕدایە ـ و ئیماراتی عەرەبی و کۆریای باشوور لەو 10 وڵاتە گرنگەی لیستەی ئەڵمانیادا بۆ چەک فرۆشتن.

+ ژمارەکان چۆن لەلایەن حکومەت و بەڕیوەبەری گشتییەوە دەنرخێندرێن؟

ئێمە لە 6,8 ملیارد یۆرۆوە کەممان کردۆتەوە بۆ 6,2 ملیارد یۆرۆ،ئەمە قسەی وتەبێژێکی وەزارەتی ئابوورییە. ئۆپۆزیسین بە توندی ڕەخنە لەم کارانەی حکومەت دەگرێ و ثییان وایە پارت دەسەڵاتدار بەتەوەی پەکی کەوتووە. Dietmar Bartsch فراکسیۆنی چەپ دەڵێت. بانێت چەک بە میسر و و سعودییە و ئیمارات بفرۆشرێت. چەک ناردن بۆ ئەم موشتەرییە گرنگانەی ئەڵمانیا ڕابگیرێت. ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن لە 2015 دا ناردنی چەک کەمی کردۆتەوە،لێ لەبەر ئەوەی ساڵی ریکۆرد شکاندن نییە وەک 2017
بە کورتی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێ هەر وڵاتێ شەڕ بکات ،نابێت چەکی پێ بفرۆشرێ و بۆ ڕەوانە بکرێ.لێرەشدا مەبەست میسروسعودییە و ئیماراتە.

+ ئەنقەرە بە ئاشکرا تانکی ئەڵمانی لەدژی کورد بەکاردێنێ،چی لەمەڕ ئەمە زانراوە؟

سەرەک کۆماری تورکیا ر.ت. ئەردۆغان بێ گوێدانە ڕای گشتی نێودەوڵەتی دەیەوێ هێرشەکان بۆسەر چکدارانی کورد YPGدرێژە پێبدات.” سەرەتا دەیانەوێ تیرۆریستان بنەبڕ بکەن و پاشان ژیان بۆ ئەو دەڤەرە بگێڕنەوە”.ئەمە ڕاگەیاندنی رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨ ئەردۆغانە.

حکومەتی ئەڵمانی ئەو داگیرکارییە بە نیگەرانیەوە سەرنج دەدات . قسەکەرەکەیان وتی: داوا لە هەموو لایەک دەکەین تەقە بوەستێنن و ڕێگە بۆ ناردنی کۆمەکی مرۆیی بهێڵنەوە.
بۆ هێرشە زەمینییەکانی تورک تانکی جۆری لیوپاردیLeopard2A4 بەکار دێنێ. ئەڵمانیا لە نێوان 2006-2011 دا 350 دانەی لەم جۆرە تانکە ڕەوانەی تورکیا کردووە و هیچ مەرجێکیشی لەسەر تورکیا دانەناوە.

ئەگەرچی لە ساڵی ڕابووردوو دا لە گرێبەستەکاندا ئەڵمانیا داوای کرد دەبێت تەنیا بە پێی بڕگەی 5 ڕێکەوتنامەکەی ناتۆ ئەو چەکانە بەکار بێت،واتە بۆ داکۆکی لە خۆیان و هاوپەیمانێتییەکەیان. رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨ سەفیری ئەڵمانیا لە تورکیا Martin Erdmann وتی لەگەڵ وەرزارەتی بەرگری تورکیا لەمەڕ هێرشەکانی تورکیاوە قسەمان کردووە.

+ پەلاماری تورکیا بۆ سەر کورد چ مانایەکی هەیە بۆ چەک ڕەوانەکردن بۆ تورکیا؟

ئەگەرچی تورکیا سەر بە ناتۆیە،بەس لە ساڵانی ڕابووردوودا چەندین جار حکومەتی ئەڵمانی ڕازی نەبوو چەک و تەقەمەنی بفرۆشی بە تورکیا. بەهای سەرجەم چەکی فرۆشراو بە تورکیا 83,9 ملیۆن یۆرۆ بووە و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بۆ 34,2 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە. هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر کورد چ ئاکامێکی دەبێت چانسێکی نوێ بات بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ تورکیا،حکومەتی ئەڵمانی لەم ڕووەوە نایەوێ هیچ بڵێت.

تورکیا دەیەوێ لیۆپاردی دوو مۆدێرنە بکاتەوە،واتە گەشەی زیاتری پێ بدات و داوا لە ئەڵمانیا دەکات ئەم کارەی بۆ بکات، بۆ ئەوەی بە هێز و توانایەکی گەورەوە شەڕی پێ بکات.گابریل لە دیدارەکەیدا لەگەڵ چاوشئۆگلو ڕایگەیان لە کاتێکی نزیکدا پشکنین لەلایەن حکومەتی ئەڵمانییەوە دەکەین. هەر چەپ و سەوزەکان بەتەنیا داوای وەستانی چەک و تەقەمەنی بۆ تورکیا ناکەن. پەرلەمانتاری کرریست دیموکراتەکان Norbert Röttgen دەڵی بەتەواوی دوورە تانکەکانی تورکیا تازە بکەینەوە و پێشکەوتووتریان بکەین. هەروەها پسپۆڕی سۆسیال دیموکراتەکانیش Rolf Mützenich دژی ئەو پرۆژەیە وەستایەوە.

٢٨/١/٢٠١٨

……………………
سەرچاوە: دێر تاگە شپیگل رۆژی ٢٤/١/٢٠١٨




نامه‌ی ئه‌پیكۆرس بۆ میناكایۆس … و. له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: ئه‌مین بۆتانی

پێویسته‌ مرۆڤ دوودڵ نه‌بێ‌ له‌ وردبوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ له‌ هه‌ڕه‌تی ته‌مه‌ندا، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌بێ له‌ پایزی ته‌مه‌نیشدا وردبوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ شه‌كه‌ت و ماندووی نه‌كا. كاتێك پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ بایه‌خدان به‌ رۆحه‌وه‌ هه‌یه‌؛ هه‌رگیز كات زوو و دره‌نگی بۆ نیه‌، وه‌ك چۆن كه‌سانێك هه‌ن ده‌ڵێن كه‌ هێشتا كات بۆ وردبوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ نه‌هاتووه‌ یان كاته‌كه‌ی به‌سه‌رچووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ هێشتا كات نه‌هاتووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ شادمه‌ندیی یانیش كاته‌كه‌ هه‌ر به‌سه‌رچووه‌. له‌سه‌ر مرۆڤ پێویسته‌ له‌ گه‌نجی و پیری فه‌لسه‌فیانه‌ وردبێته‌وه‌، له‌ دۆخی دووه‌م بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌شیی لاوێتی له‌ میانی یادكردنه‌وه‌ی رۆژانی رابردوو؛ له‌ دۆخی یه‌كه‌میش بۆ مكوڕی و دامه‌زران، وه‌ك كه‌نه‌فتێك له‌ رووی داهاتوودا سه‌ره‌ڕای كه‌فوكوڵی گه‌نجێتی. بۆیه‌ كۆشش و گه‌ڕان پێویسته‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی شادمه‌ندیی، چونكه‌ مرۆڤ به‌ دۆزینه‌وه‌ی؛ هه‌موو شتێكی چنگ ده‌كه‌وێ‌؛ و دوای له‌ده‌ستدانیشی هه‌موو شتێك ده‌كا بۆ وه‌ده‌ستهێنانی.

سه‌یری ئه‌و بنه‌مایانه‌ بكه‌ كه‌ پێمدابووی و كاریان پێ بكه‌، بزانه‌ كه‌ لێره‌دا ئه‌و توخمه‌ پێویستانه‌ هه‌ن بۆ ژیانێكی شاد. ئه‌وه‌ بیر خۆت بهێنه‌وه‌ كه‌ خوداوه‌ند هه‌بوویه‌كی شادی ناكۆتایه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ وێناكردنی هاوبه‌ش بۆ خوداوه‌ندێتی دیاره‌ و هیچ ئاوه‌ڵناوێك بۆ شادمه‌ندی و نه‌مریی ناخرێته‌ پاڵی. باشتر وایه‌ بیر له‌هه‌ر شتێك بكه‌یته‌وه‌ ئه‌و شادمه‌ندی و نه‌مرییه‌ ده‌پارێزێ‌. خوداوه‌ند هه‌یه‌؛ ئه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای بۆچوون دیاره‌، به‌ڵام سروشته‌كه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ خه‌ڵك بڕوای پێیه‌تی. ئه‌وه‌ی خوداوه‌ندی عه‌وام ره‌تده‌كاته‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بێبڕوا نیه‌، به‌ڵكو بێبڕوای راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مان ئه‌و ئاوه‌ڵناوانه‌ ده‌خاته‌ پاڵ خوداوه‌ند پێشتر به‌ باڵای عه‌وامدا هه‌ڵیبڕی بوو. ئه‌م بۆچوونانه‌ مه‌زه‌نده‌ نین به‌ڵكو خه‌یاڵپڵاوییه‌. لێره‌وه‌ش شه‌ڕ هه‌مووی بۆ مرۆڤی شه‌ڕانگێزه‌ و چاكه‌ش هه‌مووی بۆ مرۆڤی چاكه‌كاره‌. عه‌وام راهاتووه‌ وێنای تایبه‌تی بۆ چاكه‌مه‌ندیی هه‌بێ، هه‌ر بۆیه‌ ده‌یانبینی به‌ ته‌نیا ئه‌و خوداوه‌نده‌یان پێ قبووڵه‌ كه‌ به‌و چاكه‌مه‌ندییانه‌ی ئه‌وان قایله‌، بێجگه‌ له‌وه‌ ئه‌وانه‌ی دی گشتی ناجۆر و نابه‌جێن.

دووه‌م شت؛ بیركردنه‌وه‌ی خۆت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ چڕ و یه‌كلا بكه‌وه‌ كه‌ مه‌رگ شتێك نیه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاكه‌ و خراپه‌ هیچ راستیه‌كیان بۆ نیه‌ بێجگه‌ له‌ وژدانی ئێمه‌دا نه‌بێ. لێره‌دا درككردنی ئه‌و راستییه‌ی كه‌ مه‌رگ شتێكی ئه‌وتۆ نیه‌، وامان لێ ده‌كا خۆشی له‌و ژیانه‌ فانییه‌ وه‌رگرین به‌ بێ ئه‌وه‌ی داوای مانه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایی بكه‌ین و ته‌نانه‌ت ئاهێكی بۆ هه‌ڵكێشین. هه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش له‌ میانی ئه‌وه‌ی هیچ شتێك له‌ ژیان ئه‌و كه‌سه‌ ناترسێنێ‌ به‌و راستییه‌ گه‌یشتبێ كه‌ له‌ده‌ستدانی خودی ژیان هه‌رگیز مایه‌ی ترسلێنیشتن نیه‌. ئه‌وه‌ی دان به‌وه‌دا ده‌نێت له‌ مردن ده‌ترسێت نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دۆخێكی ترسناكه‌ كه‌ دێ‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكردنی خودی مه‌رگ شتێكی مه‌ترسیداره‌، بێگومان ئه‌و كه‌سه‌ كه‌سێكی گێل و گه‌مژه‌یه‌.

گه‌مژه‌ییه‌ مرۆڤ خه‌م دایبگرێ‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مردن به‌دواوه‌یه‌تی، چونكه‌ مه‌رگ شتێكه‌ هه‌ر كاتێ هات هیچ زه‌ره‌ر و زیانێك ناخاته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ مه‌ترسیدارترین شت كه‌ مرۆڤ لێی ده‌ترسێ‌ مه‌رگه‌؛ هه‌رگیز شتێك نیه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌رگ هیچ بوونێكی نیه‌ هه‌تا ئێمه‌ زیندووین، كه‌ هاتیش ئه‌وساكه‌ ئێمه‌ بوونمان نه‌ماوه‌. كه‌واته‌ مه‌رگ به‌لای زیندووان و مردووانه‌وه‌ وه‌ك یه‌ك هیچ بوونێكی نیه‌. به‌ مانای؛ مه‌رگ به‌لای هه‌ندێكه‌وه‌ بوونی نیه‌ و هه‌نده‌كه‌ی دیكه‌ش بوونیان نه‌ماوه‌. به‌مجۆره‌؛ عه‌وام جارێكیان له‌ مردن ده‌ترسن به‌وه‌ی كه‌ شه‌ڕ و خراپه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌، جارێكی دیكه‌ش ئاره‌زووی ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ شه‌ڕانگێزییه‌كانی ناو ژیان داده‌نێ. مرۆڤی دانا له‌ مه‌رگ ناترسێ‌، ژیانیش بار نیه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رچوون له‌ بوون بریتی نیه‌ له‌ شه‌ڕ و خراپه‌.

هه‌مدیس زۆر و زه‌وه‌ندیی خۆراك مایه‌ی خۆشی نین بۆمان به‌ڵكو ئه‌وه‌ جۆره‌ چاكه‌كانی خۆراكن چێژ و له‌زه‌تمان پێ ده‌به‌خشن، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌خته‌وه‌ریی ره‌ونه‌قی ژیانه‌ نه‌ك ته‌مه‌ندرێژیی. ئه‌وانه‌شی ئامۆژگاریی گه‌نجان ده‌كه‌ن روو له‌ ژیان بكه‌ن و پیره‌كانیش به‌ پیر مه‌رگه‌وه‌ بچن كه‌سانی ساده‌ و ساویلكه‌ن، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیان به‌لای پیره‌كانیشه‌وه‌ هه‌مان ره‌ونه‌قی هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌وه‌دا ساده‌ و ساویلكه‌ن كه‌ نازانن خه‌می ده‌ستله‌ملانی ژیان و خه‌می وه‌پیر مه‌رگه‌وه‌ چوون له‌ راستیدا هه‌ردووكیان یه‌ك خه‌من. خراپتر له‌و ساویلكه‌بوونه‌ش ئه‌و كه‌سه‌یه‌ پێی وایه‌ كه‌ نه‌بوون بریتییه‌ له‌ كرۆكی چاكه‌:
كه‌ له‌دایك ده‌بین، به‌ زووترین كات له‌ ده‌رگاكانی هادیس ره‌ت ده‌بین.*

ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی له‌مجۆره‌ به‌ مكوڕی و له‌ دڵه‌وه‌ ده‌كات، بۆ خۆی ناكوژێ؟ چونكه‌ به‌ده‌سته‌كانی خۆی ده‌توانێ‌ ئه‌و رێگاچاره‌یه‌ تاقیبكاته‌وه‌ هه‌ر كاتێك بیه‌وێ‌. ئه‌وه‌یشی كه‌ به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كات؛ بێگومان ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ گاڵته‌جاڕییه‌ك له‌و شوێنه‌ی پێویستی به‌ رژدی و راستییه‌. با ئه‌و نموونه‌یه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ ئاینده‌ بۆ ئێمه‌ نیه‌، به‌ڵام هاوكات ئه‌وه‌نده‌ش نامۆیه‌ نیه‌ پێویست نه‌كا چاوه‌ڕوانی بین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر دێ‌، یانیش وه‌ڕس و بێزار بین لێی هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاینده‌یه‌ له‌ داهاتوودا بمێنێته‌وه‌ و هه‌رگیز نه‌گات.
سێیه‌م شت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ تێبگه‌ی هه‌ندێ‌ له‌ شه‌هه‌واته‌كان ئاسایی و سروشتیین و هه‌ندێكیشیان زیاده‌ن، و هه‌ندێ‌ له‌ شه‌هه‌واته‌ سروشتییه‌كان پێویستن و هه‌ندێكیشیان سروشتیین و به‌س. و هه‌ندێ‌ له‌ شه‌هه‌واته‌ پێویسته‌كان گرنگ و پێویستن بۆ شادمه‌ندیی و سه‌عاده‌ت، و هه‌ندێكێشیان بۆ ئۆقره‌یی و سوكنایی له‌ش، هه‌ندێكی دیكه‌ش پێویستن بۆ خودی ژیان…

* ئه‌و دێڕه‌ هی سۆفۆكلیسه‌، هادیس جیهانی خواره‌وه‌یه‌، یاخود دۆزه‌خ له‌ ئه‌فسانه‌ی گریكی.




کاریکاتێر … ئازادی…کاریکاتێریست: جەبار

ئازادی




مەشعەل بە نوێنەرایەتی كێ دەسخۆشانەی داگیرکردنی عەفرین لە ئوردوگان دەکات؟! … موزەفەر عەبدوڵا

خالید مەشعەل ، ڕابەری پێشوی جوڵانەوەی ئیسلامی حەماسی فەلەستینی (حەماس) ،کە تاقمێکی کۆنەپەرستو تیرۆیستی ئیسلامی هاوشێوەکانی کوردستانە ، لەمڕۆژانە لە بۆنەیەکدا دەسخۆشانەی لە ئۆردوگان کردەوە بۆ داگیرکردنی شاری عفرینو کوشتوبڕی خەڵکەکەیو فەرهود کردنی سەروماڵیان.
ئەم هەواڵەش بۆتە جێگای پرسوڕاو هەڵوێستگیری بەرچاوی زۆر کەس کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنوتۆڕەکۆمەڵایەتی یەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. بە تایبەتی بۆتە بەهانەیەک بۆ تەقینەوەی بورکانی ڕقو قینەی قەومی زۆرێک لە ڕۆشنبیرو نوسەرو سیاسەتەمەدارە ناسیونالیستەکان لە دژی هەمو خەڵکی فەلەستین، وەک ئەوەی مەشعەل نوێنەری هەمو ئەو خەڵکە بێت.

جا بۆ نادروستی نیشاندانو دژی ئینسانی بونی ئەو ڕابوچونو هەڵویستەش دەکرێت بەهەمان شێوە بپرسین کە ئاخۆ تاقمە ئیسلامی یەکانی کوردستان هەمویان ،بە تایبەتی یەکگرتو کۆمەڵی ئیسلامی کە پاڵپشتی ئوردوگانو دەسەڵاتەکەین، تەنانەت دۆستی حەماسیشن ، نوێنەرایەتی هەمو خەڵکی کوردستان دەکەن لەم سیاسەتو هەڵویستانەیان؟!

بە ڕای من ئەمانەی کوردستان نەک هەر نوێنەرایەتی زۆرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن تەنانەت ئەوانەش کە خۆیان بە موسلمان دەزاننو پەیرەوی هەمان ئاینی ئەو تاقمە ئیسلامی یانە دەکەن نوێنەرایەتی زۆرێک لەوانەش ناکەن. بێگومانە هەزاران کەسی ئاسایی سیاسی و نا سیاسی خۆیان بە موسلمان دەزانن وەک کەلتورو نەریتیکی سەپیندراو بەسەریاندا بەڵام لە ڕویی سیاسی یەوەو بە کردەوە دژی هەمو ئەم تاقمە ئیسلامیانەن.ئەوە ڕاستە هەمو رژێمو تاقمە ئیسلامی یەکان لە ڕووی فکری و سیاسی یەوە نوێنەرایەتی ناوەرۆکی ئیسلام دەکەن بەڵام ئەوەش راستە کە زۆرایەتی ئەوانەی خۆیان بە موسڵمان دەزانن پەیرەویەکی زۆر زۆر کەمی ناوەڕۆکی ئیسلام دەکەن وەکو دەستورو یاساو ڕێساو نەریتێک بۆ ژیان. شێوە ژیانی هاوچەرخانەی زۆربەی ئەوانەی خۆیان بە موسڵمانان دادەنێنن پێچەوانەی ناوەرۆکی دەقەکانی قورئانو شەریعەیی ئیسلامە . بە ووتەی هەمو مەلاو ئیسلامی یەکان بەشی زۆری خەڵک هیچ لە ئیسلام نازانن تەنها ئەو کاتە ئیسلامو خوداو پێغەمبەریان کەمێک دێتەوە یاد کە بە ناچاریو بەزۆر ڕودەکەنە مزگەوتو دوو سەرماوقولات لێدەدەن بەناوی نوێژەوە.

تەنانەت ئەم ڕاوبۆچونە بۆ حزبە قەومی یەکانیش وایە. بە دەیان هەزار کوردزمان، تەنانەت ناسیونالیستن لە ڕووی سیاسی و فکری یەوە بەڵام پارتیو بارزانی ، یاخود یەکێتی و تاڵەبانی، بە نوێنەری خۆیان نازانن . هەرچەندە ئەو حزبانە لە زۆر ڕوەوە بەرگری لە ئاسۆو ئامانجی ناسیونالسیتی ئەوانیش دەکات.
بۆیە ئەم هەڵویستە بۆ مەشعەلو حەماسیش هەر وایە.نابێت و هەڵەیە بەبەهانەی ئەم ڕاوهەڵوێستە فکری و سیاسی یەی مەشعەلی تاوانبار هێرش بەریتە سەر هەمو خەڵکی فەلەستینو عەرەبزمان. یاخود نوکولی لەو کێشەو ستەمی قەومی یە بکەیت کە دەیان ساڵە لەسەر ئەو خەڵکەیە. یاخود دەسخۆشانی سیاسەتەکانی دەوڵەتی رەگەزپەرستی ئیسرائیل بکەیت کە لە دژی ئەو خەڵکە پەیڕەوی دەکات.

ڕاستی یەک هەیە ئەویش ئەوەیە لەو کاتەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل بە هاوکاری دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان لەسەر بنەمایەکی قەومی و دینی پێکهاتوە کێشەو پرسو ستەمی قەومیش لەسەر خەڵکی فەلەستینیش سەریهەڵداوە. هەر وەک چۆن کێشەو پرسو ستەمی قەومی دەیان ساڵە لەسەر خەڵکی کوردستان هەیە لەوەتەی ئەم دەوڵەتە قەومی یانە لە عێراق سوریاو تورکیاو ئێران پێهکهاتون.لەسەر ئەم بنەمایەش دەیان ساڵە کارەسات قەوماوە.

کەسانێک ئەم ڕاستی یانە نەزانیتو کوێرانە بە یەکسانی هێرش بەرێتە سەر مەشعلو حەماس لەگەڵ هەمو خەڵکی فەلەستین ئەوە وەک ئەوە وایە کە مەشعەلو حەماس بە نوێنەری هەمو خەڵکی فەلەستین بزانێت وبناسێت.ئەمەش هەر وەک ئەوە وایە کە یەکگرتو کۆمەڵ بە نوێنەری هەمو خەڵکی کوردستان بزانیت کە بەهەمان شێوە پشتیوانی لە کارو سیاسەتەکانی ئوردوگانی فاشی دەکات .

ئەوانەی ئەم ڕاوبوچۆنو هەڵوێستەیان هەیە یان لە ناڕۆشنییانەوەیە یان لە نەزعەی سیاسی شۆڤێنیستی قەومی یەوەیە.
لە واقعدا مەشعەلو حەماس نەک هەر نوینەرایەتی زۆرایەتی خەڵکی فەلەستین و کێشە ڕەواکەی ناکەن بەڵکو عەباسو فەتحیش بەهەمان شێوە نوێنەرایەتی زۆرایەتی خەڵکی فەلەستینو تەنانەت کێشەکەشی ناکەن .

هەمو لایەک لەسەر هەقە کە ئیدانەی سیاسەتی شەرخوازانەو سەرجەم سیاستەکانی ئوردوگانی قەومی و ئیسلامی و، تەنانەت دەوڵەتی تورکیاش بکات ،کە لەسەر بنەمایەکی قەومی دامەزراوە.هاوکات پێویستە ئیدانەی ڕاوهەڵوێستی مەشعەلو هەمو سیاسەتو کردەوەکانی حەماسیش بکرێت. بەڵام هەڵەیەکی گەورەیە ئەمانە بکەین بە بەهانە بۆ هێرش بردنە سەر خەڵکی فەلەستینو کێشە ڕەواکەی.

ئەگەر کەسانێک بە فرمێسکە تیمساحی یەکەی نەتەنیاهو خۆشخەیاڵ دەبێت کە بۆ کوژرانی مناڵانی کوردستان دەیڕێژێت یاخود بە بزەو خەندەکەی بۆ دەوڵەتی کوردی دەیکات ئەوە یان لە ناڕۆشنیو خۆشخەیاڵیانەوەیە یاخود لە بونی نەزعەی شۆڤینیانەوەیە.
بە ڕاستی دەوڵەتی تورکیاو ئوردوگان هەروەک دەوڵەتی ئیسرائیلو نەتەنیاهو کە هەردولایان خاوەنی سیاسەتی سەرکوتگەرانەو ڕەگەزپەرستانەن بەرامبەر بە خەڵکی ناوخۆی ژێر دەسەڵاتەکەی خۆیان ئەوە هەرگیز ناتوانن ببنە ڕزگارکەری خەڵکانی دەرەوەی دەسەڵاتو دەوڵەتەکانیان.

بۆیە هەر کەسێک لە ڕوانگەیەکی سیاسی چینایەتییەوە لەم ڕواداوانە بڕوانێت ئەوە پیویستە پەری بەم ڕاستیانە بەرێت .لەسەر ئەم بنەمایانەشە کە مەشعەلو حەماس نوێنەرایەتی هەمو خەڵکی فەلەستین و کێشە ڕەواکەیان ناکەن. بەڵکو بە نوێنەرایەتی هەمو ئەو دەسەڵاتو جوڵانەوەو تاقمە ئیسلامی یانەی هاوشێوەی خۆیان دەسخۆشانە لە ئۆردوگان دەکەن بۆ داگیرکردنی عفرین کە تاقمە ئیسلامی یەکانی کوردستانیش دەگرێتەوە .

٣-٤-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا




کۆمەڵگای پرلە جنێو … هۆشیارجەمال

گەر چاوێکی خێرا بگێڕین بە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کەناڵە ئاسمانییەکان ، وهەروەها ئاوڕێک لە چواردەورمان بدەینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامی کە لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی هەنگاو هەنگاو بەرەو کۆمەڵگایەکی جنێو فرۆش هەنگاو دەنێت، کە ئەمەش جگە لە کاریگەریەکی خراپە لە ئێستادا سەرەتایەکی خراپە بۆ نەوەکانی داهاتوو چونکە دێنە سەر کەلتورێکی وێرانە.

کەلتوری جنێو مێژوویەکی تاڕادەیەک کۆنی هەیە لە ناو حزبە سیاسیەکانی کوردستاندا ، ئەوان هەرکات بەرژەوەندیان لەگەڵ یەک نەبوبێت و لە کاتی جیابونەوە و پەرتبووندا لە جیاتی قبووڵکردنی یەکتر ، دژی بەرامبەر جنێو و تۆمەتیان بۆ یەکتر هەڵبەستووە.

لەدوای جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە پارتی بەهۆی تێڕوانینی جیاوازەوە بۆ شۆڕش و حوکمڕان و حیزب بە چەندان شێوە جنێو و تۆمەت دەدرایە پاڵیان، ئەم کەلتورە حیزبەکانی تریش هێنایان لەگەڵ خۆیان تا ڕاپەڕین و دواتریش لە شەڕی ناوخۆ گەیشتنە ئەوپەڕی جنێوی ناشرین وخراپ نەما نەچێتە گوێی هاوڵاتیانەوە ، جیابوونەوەی باڵی ڕیفۆرم لە یەکێتی و لەدایکبوونی بزووتنەوەی گۆڕان بووە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک جنێوی توندی سیاسی کە هەردوولا هۆکاربوون.

تا ئێرە ڕوو سیاسیەکە بوو بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە جۆرێکی تری جنێو حزوری هەیەکە پیاوانی ئاینین کە بەشێکی زۆریان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە و هەفتانە و ڕۆژانە لە ڕێگای کەناڵە ئاسمانیەکانیانەوە جنێو بڵاودەکەنەوە، هونەرمەندێک نوسەرێک شاعیرێک هەر بۆچوونێکی هەبێت کە جیاواز بێت لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئەوان دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ چەندین جنێو و ئیهانە لە کاتێکدا کە زۆرترین جار کە کتێبەکە یان وتاری نوسەر یان شعری شاعیرێکیان نەخوێندۆتەوە.

ئاشکرایە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایە کە زۆر زوو کاریگەری ئاینی و سیاسی لەسەر جێ دەهێڵێت ، چونکە کۆمەڵگایەکی تائێستاش تەقلیدیمان هەیە بۆیە ئەم جنێوە بەشێوەیەکی خێرا بەنێو کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە کە ڕاگەیاندنەکانیش هۆکارێکی سەرەکین بەتایبەت کەناڵە ئاسمانییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت فەیسبووک چونکە لەئیستادا دەچنە هەموو ماڵێکەوە.

لە ئێستادا چەند هاوڕێیەکی بەڕێز سەرقاڵی دامەزراندنی ڕێکخراوێکن بەیارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی هەوڵبدەن ڕێگا لە زیاتر بڵاوبونەوەی ئەم کەلتورە ناشرینە بگرن کە بە ناوی ئازادیەوە کە دەردێکی کوشندەی بێ ناونیشانە هاتۆتە هەموو ماڵێکەوە.

من پێم وایە لە ئێستادا درەنگ نیە وەک چۆن بەشێکی کۆمەڵگا توانی بەچەند ساڵێک ئەم کەلتورە بۆ مەرامی خۆی بڵاوبکاتەوە ، ئاواش بەشێکی تری کۆمەڵگا بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەتوانێت ڕێگا لە تەشەنەکردنی ئەم کەلتورە بگرێت لە پێناو ئەوەی ناکرێت نەوەکانی ئایندە چاو هەڵبێنن لە دونیا وکۆمەڵگایەک دا ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی لەگەڵ کۆمەڵگایەکی جنیو فرۆشدابێت.
ژیانی ئێمەش بریتی نیە لە (خەو ، هەستان ، خواردن ، سێکس )بەڵکو بۆیە ڕێگادراوە بژین بەرپرسیارێتی لەسەر شان بگرین ، جۆرێک بژین لایەنی کەم خۆمان ئاسوودە کردبێت نەک ویژدانمان ئازارمان بدات هیچ بەرهەم و چالاکیەکی گشتیمان نەبوبێت.




پارتی بۆ هەمیشە خۆی بە زوڵملێکراو دەزانێت؟ … جیهاد موحەمەد

پارتی هەمیشە هەست بەوە دەکات گەلەکۆمەکێی لێ دەکرێت، هیچ حیزبێکم نەبینیوە هێندەی ئەم حیزبە ترس لە کودەتا و لە گەلەکۆمەکێی کردبێت بە چەکێک بۆ دژایەتی هەموو لایەک، هەر بەم چەکەش ئەندامان و لایەنگران وهەوادارانی خۆی گۆشدەکات. ئەم ترسەی پارتی و ئەم چەکەی بە دەستیەوەیەتی، کارێکی کردووە، کە زۆر جار ئەندامان و هەوادارانی گومان لە هەموو کەس بکەن، هەموو رەخنەیەک بە دایەتی بزانن، تەنانەت گومان لە دۆستەکانی خۆشیان دەکەن. ئەم ترس و هەراو زەنایەی پارتی، کە هەموو لایەنێکی پی تۆەمەتبار دەکات، لە لایەن حیزب و لایەنەکانی ترەوە ژیرانە وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو زۆر جار لە داخدا، کە داخ و کینە لە سیاسەتدا زۆر خراپە، بە جۆرێک دەکەونە بەرگریکردن لە خۆیان، کە دەکەونە هەندێک هەڵەی ڕاگەیاندنەوە، کە هێندەی تر مێدیاکان وێران دەکات و کێرڤی بێ متمانەیی بە مێدیاکان بەرزتر دەکەنەوە و، بەمەش دەرەقەتی مێدیا زەبلاحەکانی پارتی نایەن، کە دەمێکە پارە و پولێکی زۆریان بۆ تەرخان کردووە و، کردوویانە بە دیوارێکی گەورەی بەرگرییکردن لە خۆیان و لە سیاسەت و حوکمڕانییەکەیان.

پارتی بەم گومانکردن و دڵپیسییە لە هەموو لایەنێک، چەند مەبەستێکیان هەیە، یەکەم، لەسەر پرنسیپی”درۆبکە، درۆبکە، درۆبکە” تا درۆکان دەبێت بەڕاست و ئیتر تۆ بە راست دەزانن و هەرچەندە درۆبکەیت خەڵک بە راست وەریدەگرێت. بە تایبەتی مەبەستیان لەم پرنسیپڵە دزێوە ئەوەیە، کە سۆزی زۆربەی جەماوەری کوردایەتی رابکێشن بەلای خۆیاندا، ئەم جەماوەرەش بۆ کاتی دەنگدانەکان، پارتی زۆر سوودیان لێ وەردەگرێت، چونکە تەنها پارتی بە نوێنەری راستەقینەی کوردایەتیەکەیان دەزانن. لە لایەکی تر بۆ زیاتر تۆکمەکردنی جەماوەرە حیزبییەکەی خۆیان، بۆ ئەوەی ئەو جەماوەرە هیچ کات کەلێنی تێنەکەوێت و هەمیشە خۆیان و حیزبەکەیان بە راست بزانن، بۆیە وا هەموو لایەنێک دژیان وەستاوەتەوە. پارتی دەمێكە ئیش لەسەر مەسەلە کوردایەتییەکە دەکات و توانیوێتی ئەم مەسەلەیە بکات بە هەڵلاو و راگەیاندنێکی گەورە، کە تەنها پارتی توانیوێتی پێ لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی دابگرێت، مەسەلەی ریفراندۆمەکەشیان رەنگە چەندین مەبەستی لە پشتەوە بووبێت، بەڵام گرنگترین مەبەستیان هەر ئەمە بوو، کە سەرنجی هەموو جەماوەری کوردایەتی لە باشور و لە بەشەکانی تری کوردستاندا رابکێشن بەلای خۆیاندا، بە راستیش ئەمەیان بۆ چووە سەر، لەگەڵ ئەوەی ریفراندۆم شکستی هێنا و بە فەرمیشی وازیان لێهێنا.

مەبەستێکی تری پارتی لەم چەک و سیاسەتکردنە، ئەوەیە، کە بە هەموو لایەنێکی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان، بە تایبەتی پارتە رۆژهەڵاتییەکان، کە وجودێکی بەرچاویان هەیە لە باشوردا، هەروەها بە ئەنەکەسەی دۆستی خۆیانی رابگەیەنن، کە تەنها پارتی دەتوانێت ئەم ئەزموونەی باشور و ئەم حوکمڕانییەی باشور، کە ناوی (حکومەتی هەرێم)ی کوردستانە لە عێراقدا بپارێزێت، زیاتر ئەمەشیان بەوە بۆ چۆتە سەر، چونکە لە ماوەی ٢٧ ساڵی رابردوودا پارتی توانیوێتی بە پلەی یەکەم و لە پێش یەکێتیشەوە حوکمڕانبێت و دەستی باڵای هەبووە لەم حکومڕانییەدا، لە لایەکی تریشەوە شەریکە ستراتیجیەکەیان بە جۆرێک تووشی دەستەگەریی بووە، کە سەرکردایەتیەکی دیار و ئاشکرایان نەماوە و بووە حیزبێکی فرە کوێخا، بۆیە ئەو متمانەیەی نەماوە، کە مەسەلەی کوردایەتی بەرێتە پێشەوە. لەولاشەوە کۆمەڵێک حیزبی ئیسلامیی هەیە، کە نە جەماوەری کوردایەتییەکە و نە لایاندارانی راستەوخۆی پارتیش بڕوایان پێناکەن بەوەی، کە پرسی کورد بخەنە پێش دینەکەیانەوە. بزووتنەوەی گۆڕانیش دوای وەفاتی رێخەری گشتیان، لای خودی جەماوەرەکەی خۆیان نەبێت، لای پارتی و لای زۆربەی جەماوەرە کوردایەتییەکە و لای حیزبەکانی دەرەوەی باشور هێندە حسابی لەسەر ناکرێت وەک جاران. ئەمانەش هەموویان بوون بە خێر بۆ پارتی، کە بتوانێت بەکاریان بهێنێت، بە تایبەتی ئەو شەڕە نەخوازراوەی ئێستا لە نێوا بزووتنەوەی گۆران و شاسوار عەبدول واحیدا هەیە.

پارتی بە هۆی ئەوەی تاقە حیزبی حوکمڕانن لە کوردستاندا، پارە و پولێکی زۆریان لەبەردەستایە، ئەوەتا موچەی هەموو مامۆستایان و فەرمابەرانیان کردووە بە نیوە موچە، لە پێناوی ئەوەی پارەکانی خۆیان کەم نەبێتەوە، بەم پارەو پولە زۆرەی بەردەستیان توانیویانە کەم و زۆر پشتیوانی زۆربەی حیزبەکانی دەرەوەی باشور بکەن و هەموو جارێکیش وا پارەکەیان پێ دەدەن، کە ئەم پارەیە پارەی کوردایەتیە و تەنها پارتیش دەتوانێت ئەم سەروەتەی کوردایەتی بپارێزێت، بۆ ئەوەیە هەمیشە ئەم پارتانە بە وریاییەوە لایەنداری پارتی بکەن و ببنە بە حەرەسی بەردەرگیان، نەک ڕۆژێک “مانگا بمرێت و دۆش ببڕێت”.
بە کورتی و بە پوختی دەمەوێت ئەوە بڵێم، پارتی سیاسەتێک دەکات، کە هەمووی لەسەر بنەمای فڕوفێڵ هەڵنراوە، بەڵام لەبەرئەوەی لە دواجاردا ئەم فڕوفێڵەیان بۆ چۆتە سەر و توانیویانە سوودی لێ وەربگرن، بە هیچ جۆرێک پارتی لەم سیاسەتە پەشیمان نییە، مەگەر رۆژێک، کە لوتیان بدات بە بەردی گۆڕیچەکەیاندا.

جیهاد موحەمەد/ ٣/٤/٢٠١٨




ناڕەزایەتی بەرەو بایکۆتی دەنگدان …. سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان

بیست و حەوت ساڵ دزی و تاڵانی و ئاودیوکردن و فەرھوود و گەندەڵیی و جەنگی نێوخۆ و پێشلەشکریی دەوڵەتانی ناوچەکە و ھێنانی کۆمپانییە جیھانلووشەکان، دیوەکەی دیکەی بریتیبووە لە بیست و حەوت ساڵ ناڕەزایەتی و شکست و ئەزموونگیری و ھوشیاربوونەوە و زیاتربوونی نەفرەتی خەڵک.

بەڵام بەداخەوە وێڕای ئەو ھەموو ئەزموون و دەرکەوتنەی ڕاستی پشتی درووشمە ھەڵخەڵەتێنەرە ناسیونالیستی و ئایینی و چەپییەکان، ھێشتا خەڵکی ناڕازی ھۆکاری سەرنەکەوتنی تێکۆشان و ناڕەزایەتییەکانی خۆی دەرکنەکردووە و ھەر ئەوەش بووە بە ھۆی زاڵمانەوە و بەردەوامی تاڵانچییان و گەندەڵکاران و ملھورانی ڕامیار و دەستەبژێرەکان، ھەر ئاواش لەبارمانەوەی زەمینەی تەڵەکەبازیی ڕامیاران و بە گەڕخستنی دەزگە و نێوەند و دەستکەلا فریودەرەکانی خەڵک، لەوانە ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییەکانی پاشکۆی پارتییەکان و حکومەت و گرووپی جۆراوجۆری بەناو ناحکومی (NGO) و بڵندگۆی پەرەستگەکان و ئایینکاران و نووسەران و ھونەرمەندان و …تد و پارتییبازیی چەپەکان و بەڵێنی بەھەشتی “نەتەوەیی” نەتەوەچیان و “ئاسمانی” ئایینکاران و “دەوڵەتیی” چەپان.

ساڵی ٢٠٠٦ ناڕەزایەتی پەنگخواردووی پانزە ساڵەی چین و توێژە بەشمەینەتەکانی کۆمەڵ بە مانگرتنی کرێکارانی تاسڵوجە و خۆنیشاندانی ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە تەقییەوە و بە خۆنیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کەلار و دیانە و ڕانیە و ..تد سەرتاسەریی بووەوە و ناڕەزایەتییەکان بوون بە سەرەتایەک بۆ دەرکەوتنی جیاوازی نێوان بەرژەوەندی و ئامانجی ڕامیاران و خەڵک، دەسەڵاتداران و کۆمەڵ، دارا و نەدار. بەڵام بەداخەوە ئەو کات ھێشتا ئاستی خۆھوشیاریی خەڵک سنوورەکانی خۆشباوەڕیی پارتییایەتی و نەتەوەچییەتی و ئایینی نەبڕیبوو و ھەر ئەوەش بوو بە دەسمایەی دەستەکانی سەرو فەرمانداریی ھەرێم و لەنێو خودی دەسەڵات باڵێکی نەتەوەچی بەناوی “گۆڕان و گۆڕانخوازیی” قوتکرایەوە و سواری شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی خەڵك کرا و بۆ ماوەی یەک دەھە توانی ناڕەزایەتی خەڵک بخاتە خزمەت پاراستینی سیستەمی لۆبیگەریی پارلەمانی و خۆشباوەڕکردنی خەڵك بە جەلادانی دڵسۆزی گەل.

بەڵام وێڕای یەک دەھە ئەزموونی جۆراوجۆر لە دەسەڵاتداربوون و ھاوئامانجبوونی ئۆپۆزسیۆن، داخستن و خەندەقکردنی سنوور لە ڕووی “خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا”، ھێنانی لەشکری داعش، بڕین و نەدانی مووچەی خەڵک (ڕامیاریی تەقەشوف)، کردنەوەی چەند بارەی دەرگەی سنوورەکان لە ڕووی لەشکری دەوڵەتی تورکیە و گۆڕینی ناوچەی سلێمانی بە پارێزگایەک لە دەسەڵاتداریی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و ھەزار و یەک نەھامەتی و فێڵ و تەڵەکەی دیکە، کەچی ھێشتا زەمینەی لەخشتەبردنی جەماوەریی ناڕازیی لەبارە و ھێشتا کڵاوی نەتەوەچییەتی و یەزدان و سۆشیالیزم لەسایەی دەوڵەت و پارتییایەتی دەچێتەوە سەر خەڵك و مەلاکان دەتوانن خۆنیشاندانەکان بگۆڕن بە کۆنوێژی ڕۆژانی ھەیینی و دەسەڵاتداران دەتوانن ناڕەزایەتییەکان بگۆڕن بە شارچیەتی و ناوچەگەریی و گەمەی شۆڤینیستی زمانی و دەستەبژێری نووسەران و میدیا وەک لاقی چوارەمی سەروەریی چینایەتی دەتوانن بە سۆزی خۆشباوەڕانە و ناھوشیاریی خەڵک گەمەبکەن و ناڕەزایەتییەکان بۆ سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بەکاربەرن و ھێشتا چەپەکان دەتوانن یەکسانبوونی زیندانییانە لە سایەی دەوڵەتی دیکتاتۆریی “پارتیی پێشڕەو” مژدەبدەن.

سەرباری چوار خول لە گاڵتەجاریی پارلەمانی، کەچی خەریکە جارێکی دیکە ڕامیاران و کاندیدەکانی گاڵتەجاریی پارلەمان دەبنەوە بە قسەکەری خەڵک و لەنێو ڕیزی پێشەوەی خۆنیشاندانەکان خەریکی سەرمایەگوزارییکردنن لەسەر خۆشباوەڕیی خەڵك و چەندبارەکردنەوەی سیناریۆکانی بیست و حەوت ساڵی ڕابوردوو، چاوەڕوانکردنەوەی خەڵک بە خولێکی دیکە لە گاڵتەجاریی پارلەمانی و نائومێدکردنی خەڵکی ناڕازی لە ھەر بزووتن و ناڕەزایەتی و ھەوڵێکی گۆڕین.

بەداخەوە، ھێشتا خۆشباوەڕمانەوە و ناھوشیارمانەوەی زۆرینەی خەڵك، ئەو زەمینەیەی ڕەخساندووە، کە ڕامیاران و پارتییەکان و کاندیدەکانی خوارووی عیراق خەڵکی ناڕازی خواروو بەوە بترسێنن، ئەگەر “سووننەکان” دەنگنەدەن، ئەوا “شیعەکان” زاڵدەبنەوە و ئەگەر “شیعەکان” دەنگنەدەن، ئەوا “سووننەکان” زاڵدەبنەوە و ڕامیارە کوردیی-زمانەکانیش ناڕازییانی “ھەرێمی کوردستان” بەوە دەترسێنن، ئەگەر کوردیی-زمانەکان دەنگنەدەن، ئەوا دەسەڵاتدارانی خواروو زاڵدەبنەوە!

ئایا ئیدی کاتی ئەوە نەھاتووە، کە ھەموو کەسێكی نێو چوارچێوەی سنوورەکانی عیراق لەخۆی بپرسێت؛ ئایا لەنێوان ڕامیاران و پارتییەکان و دەسەڵاتداران و کۆمپانییەکانی باسوور و باکوور، “شیعە” و “سووننە” و “کورد” چ جیاوازییەك ھەیە؛ چ شتێك ھەیە، ئەمی ڕامیار کردبێت و ئەوی دیکە نەکردبێت؟

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە، کە خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات لە کاتی ھەستیاردا ئامرازی کارا بۆ سەپاندنی داخوازی و ویستەکانی خۆی بەکاربەرێت، کە بایکۆتی دەنگدان و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتییانەی ڕیزەکانی خەڵکە بۆ پێکھێنانی خۆبەڕێوەبەریی نانێوەندییانەی گشت ناوچەکانی عیراق و یەکگرتنەوەی فێدرالیستییانە و ھاوپشتییانەی گشت چین و توێژە چەوساوەکان لە یەکدی دژی ڕامیاران و پارتییەکان و حکومەتەکان؟

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە، ڕیزی پارتییەکان و گرووپە ڕامیارییەکان چۆڵبکەین و لەنێو ڕێکخراوە و ئەنجوومەن و ھەرەوەزییە سەربەخۆ و ئاسۆیییەکان خۆمان ڕێکبخەین و ڕێکخراوە و ئەنجوومەن و ھەرەوەزییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان بکەینە تان و پۆی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی؟

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە ھەر نەدار و بێدەسەڵاتێك لە خۆی بپرسێت؛ بۆچی من و ئێمە دەتوانین ھەموو ڕامیار و سەرمایەدارێک بکەینە پارلەمانتار، دەسەڵاتدار، ئەی بۆچی ناتوانین بەخۆمان خۆمان ڕێکبخەین و لەسەر بنەمای ئامانج و بەرژەوەندی ھاوبەشی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی خۆمان پێکبھێنن و بە ملھوڕیی و مشەخۆریی ڕامیاران و دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەران و سەرمایەداران کۆتاییبھێنین؟

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە، لەو ھاوکێشەیە تێبگەین، کە بەردەوامی ستەمی ھەزاران ساڵە و سەروەریی چینایەتی بەرەنجامی ناھوشیاریی و خۆشباوەڕیی و نائومێدی و لەخۆنامۆبوونی ئێمەی نەداران و بێدەسەڵاتانە و لەنێوچوونی ئەوانەش ھەر بەرەنجامی ھوشیاربوونە و بڕوابەخۆبوونەوە و یەکێتی ئێمەی نەدار و بێدەسەڵاتکراوە؛ بۆچی تۆ بە ئەندامبوون دەتوانیت پارتییەکان بەھێزبکەیت، بە دەنگدان ڕامیاران بە پارلەمان و دەسەڵات بگەیێنیت، بە کاریکرێگرتە مشەخۆران سەرمایەدار بکەیت، بەڵام بە یەکگرتنی خۆت لەنێو ڕێکخراو و ئەنجوومەنە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکانی خۆت، ناتوانیت چەوساندنەوە لەنێوبەریت و مەشەخۆری و سەروەریی ھەڵبوەشێنیتەوە و کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر و ناچینایەتی پێکبھێنیت؛ مەگەر ھەموو بوون و سەرھەڵدانێک بەرەنجامی ھوشیاری یان ناھوشیاریی ئێمەی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان نییە؟

ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە، کە ئێمەی چەوساوە لەجیاتی ئەوەی پاشاکۆیییانە ئەوە بکەین، کە ڕامیاران وەك شوانە بە ئێمە دەڵێن دەبێت چی بکەین، بەخۆمان ئازادیخوازانە و یەکگرتوو بۆ خۆڕزگارکردن و ھەڵوەشاندنەوەی کۆیلەتی چینایەتی و ڕزگارکردنی بوونەوەرانی دیکە و پاراستنی ژینگە لە ملھوڕیی ڕامیاران و مشەخۆریی سەرمایەداران، بڕیاربدەین کە چی بکەین و چۆن بۆ گێڕانەوە و بەدەستھێنانەوەی ژییان و ئازادی و خۆبوون و خۆبەڕێوەبەریی تێبکۆشین.

– بەرەو دەرپەڕاندنی ڕامیاران و ئایینکاران لەنێو ڕیزی ناڕەزایەتییەکانی خۆمان
– بەرەو خۆڕێکخستنی ئاسۆیی و کۆمەڵایەتیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان
– بەرەو بایکۆتکردنی دەنگدان و ڕەتکردنەوەی سیستەمی دەوڵەتی
– بەرەو پێکھێنانی ھەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان و سەندنەوەی کەرتەکانی بەرھەمھێنان و خەزمەتگوزاری لە دەوڵەت و سەرمایەداران
– بەرەو پێکھێنانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی لەسەر بنەمای یەکێتی فێدرالیستی ھەرەوەزییەکان و ناوچەکان و ھەرێمەکان
– بەرەو کۆمەڵی ناچینایەتی

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان
٢٩ی مارچی ٢٠١٨

سایتی سەکۆی ئەنارکیستان
www.anarkistan.com

پەیجی فەیسبووکی ئەنارکیستان
www.facebook.com/sekoy.anarkistan

سەکۆی ئەنارکیستان لە تویتەر

سەکۆی ئەنارکیستان لە تێلەگرام
https://t.me/anarkistan_KAF

ئیمەیل ئادرەسی ئەناکیستان
anarkistan@riseup.net




كوردی هائیم و حەیران (10) … هێمن عومه‌ر خۆشناو

ئەو دەمەی مرۆ بیەوێت قەتماغی سەر برینان لاببات، هەنسكی بەجێماوی ناو قوڕگ و هەوكان وەندابكات، حەسرەتان هەڵكێشێ، دەنگ و هاواری بەجێماوی میللەتەكەی وەدەنگ بێنێتەوە، سوكناییە ئەگەر ئەوی لە هەمبەرتە، لە ترپەی دڵت تێبگات، لە هەناسەی هەڵبزركاوت بپرسێ، بە تاسەوە گوێ ڕابێرێ، بەناو شەقامەكانی مێژوودا بڕوا و یەك بە یەكیان تەی بكات. لێ ئەمە ئەگەر بۆ هەموو گەلێك ڕاست بێت، بۆ فرمێسكی سەربڕدراوی گەلی ئێمە زۆر دوورە، دوور بە قەد ئاسمان ڕێسمان، سوور وەك ڕەنگی لێوی منداڵانی خنكێنراوی ناو گۆمی خوێن و دڵی جەسوور!

وەختێ لێت دەپرسن باسی هەڵەبجە بكە، تۆ نازانی لە كوێوە دەست پێبكەیت، ئاخر ئەو لە رەسم و وێنەكانیشت بە گومانە، گاهێ ئەوەی لە هەناوانە بۆی هەلدەڕێژیت، سەری سووڕدەمێنێت، چما ئەو نها بە توركی قسان دەكات و دایك و باوكی كوردن و بابەلباب كوردبوونە، بەڵام ئەو تشتەك لە كوردی فێم ناكات، وێ گاڤێ بۆ تۆ دەردەكەوێت، میللەتێك پشتی 29 ساڵان نەیتوانیوە ئەو تراژیدیایە بە برای شیریی خۆی بناسێنێت، ئاخر چ گلەیی لە جیهانی دوور بكرێت؟، جیهانێكی سەنگ دڵ و ویژدان شاخ!

حەیف بۆ وڵاتی فرمێسك سەربڕدراو، مخابن بۆ كوردی هائیم و حەیران، سەد ئەسەف و هەزار داخ، وەختێ قەتماغی برینان هەڵدەدەینەوە، هەموویان گوێ قوڵاغ دەكەن، چاویان زەق دەبن، بە تاسەوە گوێ دەگرن، وەك ئەوەی برای شیرییان تازە لە هەسارەیەكی دیكەوە هاتبێتەوە و هەواڵی ئەوێیان بۆ بگێڕێتەوە. نازانن ئەوە هەقایەتێك و دووان نییە، ئەوە كەندوێ هەقایەتانە و كوردی هائیم و حەیران تا ماوە هەناوی هەر تژینە لە هەقایەتی پڕ لە تراژیدیا.




پارتی تا ئێستا له‌ نیازی توركیا تێنه‌گه‌یشتووه‌ یان ناچاره‌ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی ؟ … عیماد عه‌لی

جموجوڵ و نیازه‌كانی توركیا به‌ روونی دیاره‌، ده‌یه‌وێت به‌ به‌ردێك له‌چه‌ند چۆله‌كه‌یه‌ك بدات. له‌ رۆژئاوا له‌ ده‌رئه‌نجامی هاوكێشه‌ ناوچه‌یی و نێوخۆییه‌كه‌ی سوریا و هه‌ڵوێستی زلهێزان و یاریكردنی ئه‌ردۆگان به‌ كارته‌كان، ه‌ بێ ده‌ربه‌ستی فیعله‌كه‌ی بۆی چووه‌ سه‌ر و عه‌فرینی داگیركرد و ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ به‌ ئاسانی و بێ كاردانه‌وه‌ی هیچ لایه‌نكی پێشره‌وی بكات دوور نیه‌ مه‌به‌ستی له‌ شوێنه‌كانی تریش بپێكێت، سه‌ره‌ای ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فورات قسه‌یتر هه‌ڵده‌گرن. له‌ باشوور، ئیستغلالی بارودۆخی دوای ریفراندۆمی كردووه‌ و رۆژ نیه‌ فرۆكه‌كانی بوردومانی هه‌ر ئامانجێكیان بوێت نه‌كه‌ن و هێزی زه‌مینیش به‌ ئازادیه‌وه‌ ته‌راتێن ده‌كات و پیلانی گه‌وره‌تریشی به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ی بۆ خۆش بكرێت.
له‌ باكوور تا راده‌یه‌كی باش له‌م كاتانه‌دا له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ لێدانی گورچكبری به‌ر ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسورمانه‌ و پرسیارێكی به‌جێیه‌؛ بۆچی له‌ كاتی پرۆسه‌ی داگیركردنی عه‌فرین ئه‌م چالاكیانه‌ی باكووری كوردستان جێبه‌جێ نه‌كران و دواخران بۆ ئه‌م كاته‌ كه‌ كاریگه‌ریه‌كانی ساناتر ده‌بێت .

ئه‌گه‌ر وردتر بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نیازی توركیا له‌ كوردستانی باشوور ئاشكرا بكه‌ین ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌ رۆژانه‌یی و مامه‌ڵه‌كانی له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كاندا بخوێنینه‌وه‌:
*جه‌خت له‌سه‌ر داگیركردنی شه‌نگال ده‌كاته‌وه‌، هه‌رچه‌ند ده‌زانێت ئامانجێكی قورسه‌ و شوێنێكی ستراتیجیه‌ و ته‌نها به‌خۆی ناتوانێت به‌ره‌و ئه‌و ناوچه‌یه‌ بجوڵێت ئه‌گه‌ر گڵۆپی سه‌وزی عیراق و ئیران و ئه‌مریكا و روسیاشی بۆ هه‌ڵنه‌كرێت و دیاره‌ فشاره‌كانی له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌و جۆره‌ ئامانجه‌ی له‌مباره‌وه‌ رۆژانه‌ ده‌ریده‌خات، مه‌به‌ستی شتی تره‌ وه‌ك چۆن له‌باره‌ی مه‌نبه‌جه‌وه‌ هه‌روه‌ها رۆژانه‌ مانۆری سیاسی و ئیعلامی ده‌كات.

*بوردومانه‌كانی باشوور له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ زۆر بووه‌ و ئه‌گه‌ر بزانێت سه‌رده‌كه‌وێت و هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌رێنی بێت دوور نیه‌ پێشره‌وی زه‌مینیش بكات و، له‌وباره‌وه‌ هه‌وڵی هه‌ماهه‌نگی عیراق ده‌دات، جگه‌ له‌ ملكه‌چبونی پارتی كه‌ به‌ ئاسان ده‌یبینێت. ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها بۆ لێدانی په‌كه‌كه‌ بێت به‌ڵكو مه‌به‌ستی سیاسی ناوچه‌یی خۆی هه‌یه‌ و ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی جێگیربونی وه‌زعی سیاسی ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ سه‌ر زه‌مینه‌یه‌ك كه‌ له‌ قازانجی ئامانجه‌ ستراتیجیه‌كانی ئاینده‌ی خۆی بێت.

* ئه‌م جاره‌ گه‌وره‌ترین ئامانجی توركیا له‌ جموجوڵه‌كانی له‌ كوردستانی باشوور ئه‌وه‌یه‌ وایده‌بینێت هه‌لێكه‌و ره‌خساوه‌ و تابتوانێت پێشره‌وی بكات و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وسا به‌هانه‌ بداته‌ ده‌ست عیراقه‌وه‌ كه‌ سوپاكه‌ی به‌ ئاسانی به‌ره‌و كوردستان بجوڵێنێت و ئه‌زمونه‌كه‌ به‌ ده‌ردی نسكۆ بروات. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌م باره‌وه‌ ئێران و عیراق ژێربه‌ژێر له‌به‌ر ئامانجی سیاسی خۆیان به‌دوور له‌ توركیا رێككه‌وتنێكیان له‌م لایه‌نه‌وه‌ به‌ زاره‌كیش كردبێت، ئه‌وا توركیا به‌ كرده‌یی ناتوانێت به‌ ئاسانی جێبه‌جێی ئامانجه‌ سیاسی و عه‌سكه‌ریه‌كانی بكات و ئه‌و ئامانجه‌ دوور ده‌بێت كه‌ به‌ ته‌واوی كوردستانی باشوور راده‌ستی ناوه‌ند بكرێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌وكاته‌دا فیدراڵیه‌ته‌كه‌ش چاره‌نوسی نادیار ده‌بێت.

*ئه‌گه‌ر هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ له‌مه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ دڵی ئه‌ردۆگان كارلێك بكات و به‌ پێی نیازه‌كانی ئه‌و زه‌مینه‌ سازی بكات، ئه‌وه‌ له‌ هیچ شتێك سڵ ناكاته‌وه‌ و به‌ ملهوری خۆی هه‌مان كرده‌وه‌ی عه‌فرین دووباره‌ و سێباره‌ ده‌كاته‌وه‌.

* پارتی گیرۆده‌ی ده‌ستی ئه‌و ملكه‌چبونه‌ی خۆیه‌تی كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ خۆی راده‌ستی توركیا كردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێلكه‌كانی خستۆته‌ سه‌به‌ته‌كه‌ی توركیاوه‌ و ئێستا له‌سه‌رجه‌م رووه‌ ئابوری و سیاسیه‌كه‌وه‌ هیچ بوارێكی نه‌ماوه‌ مانۆر بكات و جگه‌ له‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی هه‌میشه‌یی هیچی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و ناچاره‌ كه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بێت و له‌وانه‌یه‌ له‌ ڵیدانی په‌كه‌كه‌ش خودپارێزی بكات ئه‌گه‌ر هاوكار نه‌بێت.
* ترسه‌كه‌ له‌وێدایه‌ كه‌ توركیا ته‌نها به‌ كوردستانی رۆژئاواوه‌ ناوه‌ستێت به‌ڵكو بۆ توندوتۆڵ كردنی وه‌زعی خۆی و بۆ ئه‌وه‌ی كوردستانی باكوورزیاتر بخاته‌ ژێر ركێڤی خۆیه‌وه‌، ده‌یه‌وێت له‌ باشوور و رۆژئاوه‌ دایبرێت و وه‌زعی سیاسی پارچه‌كانی كوردستان بۆ پێش روخانی سه‌دام و شۆرشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی بگه‌رێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بكرێت پارچه‌یك كێكی گه‌وره‌ی له‌و هاتوهاواره‌ ده‌ست بكه‌وێت.

* هه‌وڵی توركیا بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ عیراق دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان نیشانه‌ی نیازی دوورمه‌ودای توركیایه‌ له‌وباره‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر بكرێت به‌ ره‌فتار و هه‌نگاوی ئابووری هه‌رێم قه‌تیس بكه‌ن و گه‌مارۆ بده‌ن و هیچ بواری هه‌ناسه‌دانێكی نه‌مێنێت و زیاتر وه‌لیل بێت و به‌پێی خۆی به‌ یه‌كجاری روو بكاته‌ به‌غدا كه‌ گه‌وره‌ترین ئامانجی توركیایه‌ له‌پێش ناوه‌ندی عیراقیش.
* ئه‌مریكا بۆ هه‌مووانی ده‌رخست كه‌ دۆستی هیچ لایه‌نێكی كوردستان نیه‌ و ناكرێت بۆ سبه‌ی چاوه‌رێی هه‌ڵوێست له‌مه‌ر هه‌ر جموجوڵێكی سیاسی وعه‌سكه‌ری توركیا له‌مه‌ر په‌كه‌كه‌ و هه‌ریمی كوردستان له‌ ئه‌مریكا بكرێت. بۆیه‌ تاكه‌ ئاواتی كورد خۆرێكسختنه‌وه‌ و یه‌كگرتویی و هاوكاری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان خۆیانن كه‌ تا ئێستا دركیان به‌ ترسناكی وه‌زعه‌كه‌ نه‌كردووه‌ و مه‌شغولی شته‌ بچوكه‌كانن.

ئێران و عیراقیش له‌مه‌ر جموجوڵی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان واده‌یبینن كه‌ زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان نادات و هه‌رچۆنێك بێت گه‌رانه‌وه‌ی هه‌رێم به‌ یه‌كجاری بۆ حوكمی سه‌نترالیزمی عیراق و لێدانی ئه‌زمونه‌كه‌ی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ پێشێلكردنی ده‌ستوره‌كه‌یشی بێت ئامانجی توركیا و ئێران وعیراقیشه پێكه‌وه‌.‌
بۆیه‌ پارتی به‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مرۆی ده‌ریده‌خات كه‌ یان ناچاره‌ له‌م ره‌فتار و متبون و بێ فزه‌یه‌ی له‌مه‌ر كرده‌وه‌كانی توركیا و تا ئێتسا له‌ ره‌فتار و گوفتاره‌كانی واده‌رده‌كه‌وێت هه‌روه‌ك نه‌ بای دیبێت نه‌باران، به‌ هه‌مان شێوه‌ی جاران مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشهاته‌ رۆژانه‌كه‌ ده‌كات و زیاتریش ملكه‌چ ده‌بێت، یان ئه‌وه‌یه‌ باوه‌ر ناكات كه‌ توركیا نیازی ئه‌وه‌نده‌ خراپ بێت وه‌ك چۆن پێشتر پێی هه‌ڵخه‌ڵه‌تابوو تاوه‌كو ریفراندۆم هه‌موو شتێكی هێنایه‌ سه‌ر به‌ره‌ و، له‌وێدا توركیاش بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وت نه‌ك ته‌نها بۆ پارتی.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته بوترێت، ئه‌مرۆ یه‌كه‌مین و تاكه‌ دوژمنی گه‌وره‌ی كورد له‌م قۆناغه‌دا كه‌ پیلانی دۆزه‌خیانه‌ی بۆ سه‌رجه‌م پارچه‌كانی كوردستان هه‌یه‌ توركیایه‌ و، ده‌بێت له‌ روانگه‌ی نیازه‌كانی توركیاوه‌ كورد دژه‌پیلانی هه‌بێت و هه‌نگاو بنێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌ شكستخواردوه‌كه‌ی ئێمه‌ هیچ خه‌مێكی نیه‌ و گیرۆده‌ی ده‌ستی شكسته‌كه‌ی خۆیه‌تی و ته‌نها پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات و به‌س، تادواجار ده‌ستی له‌بن هه‌مبانه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و ئه‌وه‌ی قوربانی بۆ دراوه‌ ئێوه‌ خۆش. ‌




وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منـداڵان … رەزا شوان

لەم ساڵانەی دواییدا، مۆدەی هونەری وێنەکێشان لەسەر دەموچاودا (فـەیس پنتـین) بە تایبەتیش لەسەر دەموچـاوی منـداڵاندا، بە شێوەیـەکی بەربـڵاو لە هەمـوو جیهاندا تەشنەی کردووە. لە شوێنە گشتییەکان و لە مۆڵەکان و لە ناوەنـدە بازرگانییەکان و لە باخچە گشتییەکاندا، تەنانەت لە ماگدۆناسەکانیشدا، لە بۆنەکانی جـەژنی لەدایکبوونی منـداڵان و لە بۆنە کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و وەرزشییەکان و لە ئاهەنگەکانی باخچەکـانی منداڵان و قوتابخـانە بنەڕەتییەکاندا، یا لە (رۆژی جیـهانی منـداڵان) دا، وێنەکێشان بە بۆیەی رەنگاوڕەنگی ئاویی تایبەت، لەسەر رومەتەکان و دەموچاوی منداڵاندا بووە بە باو، بە مەبەستی خۆشی و شادی و گەشی و زەردەخەنە خستنە سەر لێوەکانی منداڵان.
منداڵان، کە وێنە لەسەر دەموچاویاندا دەکێشرێت، هەست بە خۆشی و شادییەکی زۆر دەکەن.. وەکو وێنەی: گوڵ، پەپولە، هەنگ، چۆلەکە، هەڵۆ، دەموچاوی پشیلە و شێر و پڵنگ، یا کاراکتەرە ناسراوەکانی فیلمە کارتۆنییەکان، پیتەکـان و نووسین،…هتد.

لە ئێستادا مێژوونووسان و زانایانی دەروونناسی، وێنەکێشان لەسەر دەموچاودا، وا لێکدەدەنەوە، کە بۆ سەرنج راکێشان و لاکردنەوە و خۆدەرخستنی کەسایەتییە.
(فـرۆید) پێی وایە:” وێنەکێشان لەسەر دەموچـاو یا لەسەر جەسـتەدا، بۆ هەستکردن و خۆنازینی خـودە”
لە ئەمڕۆدا وێنەکێشان لەسەر دەموچاو، لە نێوان مێردمنداڵان و گەنجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبۆتەوە، بە تایبەتیش لە کاتی یارییە وەرزشـییەکاندا، لە نێوان بینەران و هەواداران و هاندەران و هیواخوازانی سەرکەوتن و بردنەوەی تیپە وەرزشییەکانی یانە ناسراوەکان یان یارییە نێودەوڵەتییەکانی فوتبۆڵ و یارییەکانی تری، کە بە زۆری وێنەی ئاڵاکـانی وڵاتەکانیان، بە بۆیەی ئاویی رەنگاوڕەنگ لەسەر رومەتەکانیان دەنەخشێنن، بەم شێوەیە گوزارشت لە هـاندان و لە پاڵپشتی تیپەکانی وڵاتەکـانیان دەکەن.

بێگومان دایک ناتوانێت لە بەردەم حەز و داواکردن و وڕکگرتن و گریانی منداڵەکەیدا بوەستێتەوە، کە دەبینێت منداڵە هاوتەمەنەکانی، وێنەی رەنگاوڕەنگ لەسەر رومەت و دەموچاویاندا کێشراون، منداڵەکەی ئەمیش وەکو ئەوان حەزی لێیە کە وێنەیەک لەسەر دەموچاویدا هەبێت. ناچار ئەو دایکە ملکەچی داوا و وڕکی کچـەکەی یا کـوڕەکەی دەبێت.. لە لای وێنەکێشێکی هونەری دەموچاو نەخشاندن، خواستی جگەرگۆشەکەی دێنێتە دی و دڵی خۆشدەکات.. گەرچی لەوانەیە کە زیانەکانیشی بزانێت کە چین.
لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا، هەندێک لە هونەرمەندانی سەرقـاڵبووی ئەم هونەرە، وێنەکێشان لەسەر دەموچـاوی منداڵان، بۆتە پیشەیان و مایەی پارە دەسکەوتنیان.. (رەفـۆ)ی هونەرمەندی وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان دەڵێت:” من ماوەی دە ساڵە وێنە لەسەر دەموچاوی منداڵان دەکێشم.. چەندین کلیشەی جیاوازم هەیە، وەکو وێنەی: ئاژەڵان، گوڵ، ئەستێرەکان، کاراکتەرە کارتۆنییەکان، پیتە ئینگلیزییەکان، لەسەر دەموچاوی منداڵان دەکێشم.. لە هەر بۆنەیەکدا نزیکەی (پەنجا وێنەی جیاواز) دەکێشم.. تێکڕا لە هەر (دە خولـەک)دا وێنەیەک دەکێشم.. (سی) رەنگی بۆیەی ئاوی بەکاردەهێنم.. بێجگە لە وێنەی تر، کە بە پێی بۆنەکان دایان دەهێنم و دەیان کێشم”
دەربارەی مێژووی سەرهەڵدانی هونەری وێنەکێشان لەسەر دەموچاو و (تاتـۆ) یاخود هێڵکاری و داکوتینی رەنگ لەسەر لەش، بە پێی ئەو بەڵگانەی کە بە لاشەی مـرۆڤە مۆمیاکراوەکانەوە دۆزراونەتەوە، مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە، بۆ چـاخی بەردین دەگەڕێتەوە، واتا چەندین هەزار ساڵ بەر لە مێژووی زاینییەوە هەبووە.. مرۆڤی کۆن لەسەر دەموچاو و قۆڵ و مەچەک و جەستەیاندا، وێنەی خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و گوڵ و دڵ و باڵندە و ئاژەڵیان نەخشاندووە.. ئەوان باوەڕیـان بەوە هـەبوو، کە ئەم وێنانەی سەر لەشیان بەختیان بۆ دێنن و لە رووحـە پيس و شەڕانییەکـان دووریان دەخەنەوە.. هەر بە پێی بەڵگەی مێژوویی، ئەم هونـەرە لە نێو سۆمەرییەکان (کە بە رەچەڵـەک دەچنەوە سەر کورد و لە چیاکانی کوردستانەوە شۆڕبوونەوە)، چینییەکان، یابانییەکان، فەرعونییە میسرییەکان، بوونی هەبووە.
هونەری وێنەکێشان لەسەر دەموچاودا، لە شانۆی ئەوروپیشدا، بڵاوببۆوە، بۆ گوزارشتکردن، لە خۆشی و شادی یا لە ناخۆشی یا لە گرژی و مۆنی و تووڕەیی. لەسەر دەموچاوی ئەکتەرەکانیاندا، بە پێی مەبەست، وێنەی رەنگاوڕەنگیان دەکێشا.

دواتریش ئەم هونەرە، بوو بە دیاردەیەکی باو لەسەر دەموچاوی (قۆشمەچییەکان)ی نمایشەکانی سێرکەکـان.
لە چارەگی کۆتایی سەدەی رابردوودا، بەشێک لە هونەرمەندە وێنەکێشەکان، هۆگری وێنەکێشان لەسەر رومـەت و دەموچـاوی منـداڵان بوون، لە میانەی وێنەکێشانی کەسایەتییە کارتۆنیەکان و وێنەی داهێنانی تـازەی وەکو: فرۆکە و رۆکێت و ئۆتۆبیل، هەندێ داهێنانی تازەشیان خستە سەر شێوازەکان و بەکارهێنانی رەنگە ئاوییەکان و وێنەکێشانی سەر دەموچاوی منداڵان، تا لە هونەرێکی تازە بچێت.

بێسو دایکان و باوکان لەگەڵ ئەوەدا، کە بە هەموو هۆ و شێوە و شێوازێک خۆشی و شادی بخەنە دڵی منداڵەکانیانەوە.. بەڵام ناشێت ملکەچی زیدەنازیان ببن و هەموو خواست و داواکرییەکیان بۆ بهێنەدی.. پێویستە لە هەر هۆکـارێکی زیانبەخش بیان پارێزن، کە زیان بە تەندروستی ئەمڕۆ و داهاتوویان دەگەیەنێت.. لەوانەیە منداڵانی دڵپاک هەست بە زیانبەخشین و کارتێکردنی، گەلێ شتی جوان و بریقەدار لە رواڵەت و زیانبەخش لە ناوەڕۆکدا نەکەن.. دەشێ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی ناسکیان، جوانی و خۆشییەکی زۆریان پێببەخشێت بەڵام لە هامان کاتیشدا زیانێکی زۆریان پێبگەیەنێت.

لە ساڵی (٢٠٠٩) دا دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی، لە بارەی وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان کە لە زۆربوونێکی فراوان دایە، ئاگادارکردنەوەیەکیان راگەیاند، لە بارەی زیان و کاریگەرییە خراپەکانی ئەو بۆیانە و فرشانەی کە لە وێنەکێشانی سەر دەموچاوی منداڵاندا بەکاردەهێنرێن، چ زیانی دەرەکییان لەسەر پێستی منداڵاندا هەیە کە هێشتا بە تەواوی گەشەیان نەکردووە، وەکو: سووربوونەوە، خوران، بیرۆ (ئەکـزیما)، هەستیاری پێست (حەساسییە) سەرئێشە، برین بوون، دومەڵ دەرکردن، کەمبوونەوەی تاوانا زانیارییەکان بە شێوەیەکی کاتی یا هەمیشەیی، لاوازبوونی بەرگـریی لەش، هەوکردنەوە، ئاوسان، گوڵە نەخۆشی (لەسەر رومەتەکان و دەوروبەری لووتـدا سووربوونەوەیەکی زۆر دروست دەبێت)، جەندین نەخۆشی تری پێست، تەنگە نەفەسی (رەبـۆ)، کەم خوێنی، کارتێکردن لە کۆئـەندامی دەمـاری.
بە کورتی دێینە سەر زیانەکانی بۆیەکان و فرشە بەکارهێنراوەکان بۆ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منـداڵان.. کە لەم سێ خاڵەدا چڕمان کردوونەتەوە:
١ـ زیانەکانی ئەو ماددە کانزاییانەی کە لە پێکهاتەی بۆیەکـان دان:
لە ئەمڕۆدا بۆیەیەکی زۆری ئاوی و بۆیەی ئاسایی دار و دیوار، لەژێر چاودێریدا نین و وەکو پێوست پشکنینیان بۆ ناکـرێن، بە شێوەیەکی بازرگـانی دروست دەکـرێن و مەرجە پێویستییە تەندروستییەکانیان تێدا نین، ئاگـاداری و مێژووی بەرهەمهێـنان و مێژووی ئێکسپایەربوونیان لەسەر نییە، پسوولەی (ڤنگر بێت ) ی مارکەی جیهانیشیان لەسەر نییە، بە پێی ستاندارد نین، زانیاری چۆن بەکارهێنانیشیان لەگەڵدا نییە.. بۆیە گومـان لە ساغی و لە نەبـوونی مەرجە تەندروستییەکان لە ئەو بۆیە رەنگاوڕەنگانە دەکرێن.

زۆربەی ئەو بۆیانەی کە بۆ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان بەکاردەهێنرێن، ناتەندروستین، ماددەی کیمیاوییان تێدایە، توخمی کانزای قورسیان تێدایە، لەوانەش توخمی (قوڕقـۆشم)، قوڕقۆشم لە سروشتدا هەیە، تا ئەمڕۆش پێکهاتەیەکی گرنگە، لە دروستکردنی گەلێ ماددە و پیشەسازیدا، وەکو: بۆیەکـان، بەنـزین، پێچانی وایـرەی کارەبـا، پاتری، گەلی شتی تریش.
ئەو بڕە قورقۆشمەش کە لەو بۆیانەدا هەن، سی هێندە زیاترە لە رێـژەی دیاریکراوی ئاسایی و دڵنیایی.. پشکنینەکان ئەوەیان سەلماند، کە لە هەر کیلۆگرامێکی ئەم بۆیانەی دەموچاوی مندالاندا (٢٦٠٠) ملیگرام قوڕقۆشم هەیە، کە بە رادەیـەکی زۆر رێـژەی دڵنیایی بێ زیانی رەتداوە، وەکو زانراوە کە رادەی ئاسایی (٩٠ملیگرم/ گیلۆگرام)ـە.
قوڕقۆشم ژەهـراوییە، لەوانەیە لە میانەی وێنەکێشان لسەر دەمووچاودا، منداڵانان تووشی خورانـدن و سووربوونەوە و هەوکـردن و نەخۆشییە هەستیارییەکـانی پێست ببن، دەشیش قوڕقۆشمی ناو ئەو بۆیانە، لە رێی خانەکانی پێستەوە بچێتە ژێر پێستەوە، منداڵان تووشی ژەهـراوی بوون بە قوڕقـۆشم ببن. قورقـۆشم هۆکـارێکیشە بۆ کارتێکردن خراپ لەسەر کۆئەنـدامی دەماری، مێشک، گورچـیلە، هـۆش، کەم خوێنی، لاوازی بیستن، دواکەوتنی گەشەکـردنی منداڵان.
بۆیە پزیشکە پسپۆرەکانی پیست، داودەکـەن کە ئەو بویانەی بۆ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان بەکاریان دەهێنن، قەدەغەبکرێن و ئەوانەی لە ئێستاشدا لە بازاڕ و فرۆشگاکاندان، دەست بە سەریاندا بگرن و بیانکێشنەوە.

دەسەڵاتدارانی (هونگ کۆنگ) بە ئاگادارییەک، بە فـەرمی فـرۆشتنی هەموو ئەو بۆیە ئاوییە رەنگاوڕەنگانەیان قەدەغەکردن، کە بۆ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان بەکاردەهێنرێن، دوای ئەوەی کە ئاشکرابوو، کە بڕێکی زۆری قوڕقـۆشمیان تێـدایە.
ئەگەرچی هەندێ لە وێنەکێشانی ئەم هونەرە، خۆیـان بۆیە رەنگاوڕەنگەکانی وێنەکێشانی سەر دەموچاوی منداڵان، لە بەروبوومی رووەکی و رۆنی سوک و بۆیەی خۆراکی دروست دەکەن، بەڵام ئەم رەنگانەش لە ژێر چاودێری و پشکنینی پسپۆراندا نین، هەموو مەرجێکی پێویستی تەندروستی و دڵنیاییان تێدا نییە.. بۆیە نابێت باوەڕ بەم بۆیانەش بکرێن.
وەکو وتمان لە بۆیەی دار و دیوارشدا، رادەیەکی زۆر قوڕقۆشم هەیە، پێویستە منداڵان لە دار و لە دیواری تازە بۆیەکراو دوور بخرێنەوە، لە وڵاتـانی رۆژئـاوادا، کە دیوار و چەپەر و شوورە و دەرگـای حەوش تـازە بۆێە بکەن، لە ئەمسەر و ئەوسەری دیوار یا شوورەکەدا، لەسەر دوو کارتۆن دەنووسن (تـازە بۆیـە کـراوە).. بە زۆری مەبەستیان ئەوەیە کە دەستی پێوەنەدەن، نەباکـا ئەو قوڕقـۆشم و ماددە زیانبەخشانەی کە لە پێکهاتەی بۆیەکەدان، زیـان بە پێستی ئەو کەسانە بگەیەنێت، کە دەستیان بەر بۆیەکە بکەوێت و بنووسێتە دەستییانەوە..

هەندێ باری تایبەتیش هەیە، کە لە رێی ئەو بۆیانەوە، منداڵ توشی و زیبکە و دومەڵ و دەموچاو سووربوونەوە و خوران دەبێت، لە دۆخێکی وادا، پێویستە ئەو منداڵە ببرێت بۆ لای پزیشک، تا دەرمـان و مەرهـەم و چارەسەری پێویستی بۆ بنووسێت.
٢ـ فرشەکان هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکان لە نەخۆشەوە بۆ ساغ:
ئەو فرشانەی کە لە وێنەکێشانی سەر دەموچاوی منداڵاندا بەکاردەهێنرێن، بە زۆری مەرجی تەندروستییان تێدا نییە، هۆکارێکی گرنگن بۆ گواستنەوەی میکرۆبەکان و ڤایرۆسەکان و بیرۆ و تەنگەنەفەسی و لاوازی بەرگـری و نەخۆشییەکانی پێست، لە منداڵانی تووشبوو بەم نەخۆشییانە، بۆ منداڵانی تەندروست، بە تایبەتیش لە منداڵانی تووشبوو بە نەخـۆشییە درمییەکـان و درێـژخایەنەکـان.. چونکە زۆریەی وێنەکێشەکان، هەر هەمان فرشە بەکاردەهێنن و نایان گـۆڕن، بە باشی و بە جوانیش نایان شۆرن.
٣ـ پێویستە هەر منداڵێک بۆیە و فرشەی تایبەتی بە خۆی هەبێت: تا نەخۆشییەکان لە رێی فرشەی بەکارهێنراوەوە لە وێنەکێشان لەسەر دەموچاو لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر نەگۆازرێتەوە.. چونکە وێنەکێشەکان چەنـد جارێک هەمـان فـرشە بەکاردەهێنن و فرشەکانیان لە هەمان رەنگەکان هەڵدەکێشن و لە هەمان دەڤـری ئاودا، هەڵدەکێشن کە بۆ پاکردنەوەی فرشەکانیان دایان ناوە.
پزیشکە پسپۆرەکانی نەخۆشییەکانی پێست، چەند مەرجێکیان بۆ هـونەری وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان داناون، بۆ ئەوەی کە بۆیەکان و فرشەکان زیان بە منداڵان نەگەیەنن و تووشی نەخۆشییان نەکەن، لەو مەرجانەش:

١ـ بەکارهێنانی بۆیەی زۆر باش و کواڵێتی بەرز، ماددە هەستیارییەکانیان و کیمیاوییە زیانبەخشەکانیان تێدا نەبێت.. لە لایەن لەیەنە پسپۆرەکانیشەوە پشکنینی باشیان بۆ کرابن، مێژووی دروستکردن و کۆتایی بەکارهێنانیان بەسەرەوە بێت.
٢ـ جەختکردن و دڵنیابوون لە پاکی ئەو فرشانەی کە تایبەتن بە هەر منداڵێک.. فرشەی بەکارهێنراوی منداڵێک بۆ منداڵێکی تر بەکارنەهێنن لە وێنەکێشانی سەر دەموچاودا.
پێویستیشە فـرشەکـان نـەرم بن، رەق و دڕ نەبن، بۆ ئەوەی ئـازاری دەموچـاو و رومەتەکانی منـداڵان نەدەن.
٣ـ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت، کە نابێت رەنگە تاریک و تۆخەکان بەکاربهێنرێن، وەکو رەنگی:(رەش و خـومی و قـاوەیی تۆخ) ئەم رەنگانە تیشکی خـۆر هەڵـدەمـژن.
٤ـ باشتر وایە دایکان لە دوای دوو کاتـژمێر، لە وێنە رەنگاوڕەنگە کێشراوەکانی سەر دەموچاوی منداڵەکانیان، لایبەرن و بە ئاوی پاک، پاک بیان شۆرن، هیێچ بۆیەیەک بە دەموچاویانەوە نەمێنێت.. نەباکا رەنگەکان شیببنەوە، لە خانەکانی دەموچاویانەوە بچنە ژێر پێستیانەوە و ببنە هۆکـاری ژەهـراوی بوونی پێـست.

لە کۆتاییدا، هیوای خۆشی و شادی و گەشی و زەردەخەنە بۆ منداڵە خۆشەویستەکانمان دەخوازین، رێگرییان لێناکەین، کە وێنە لەسەر دەموچاو و رومەتە ناسک و خڕەکانیان بکێشن، کە دەبینین منداڵێکی کوردمان بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ ئاڵای رەنگین و پیرۆزی کوردستانیان لەسەر رۆمەتەکانی کێشـاوە، زۆر دەگەشێینەوە و دڵخـۆش دەبین.. بەڵام زۆر پێویستە لە وێنەکێشانی سەر دەموچاو و رومەتەکانی منداڵە جوانکیلەکـانمان لە بۆنەکاندا، بە پێی رێنمایی و مەرجە تەندروستییە باشەکان بن.. تا جگەرگۆشەکـانم لە تەندروستییەکی باشدابن و بە خۆشی بـژین.. چونکە گەلەکەمان چاوی بڕیوەتە منداڵانی نەوەی ئەمڕۆمان.. کە هیوای داهـاتووی کوردسـتانن.. تا بتوانن برین و ناسۆرییەکانی ئەمڕۆمان ساڕێـژ بکەن.. داهـاتوویەکی شیاوتـر بۆ کورد و کوردستان دابینبکەن.
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەند سایتێکی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگرتووە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٤ی/ ئاپریل/ ٢٠١٨




ھناڤ بەری بھنژینا ئاخێ یان– توخمبوونا فڕینێ … ئەمین بۆتانی

ژخەو رابە
رابە لۆۆۆۆۆۆۆ؛
وەختە ئێدی
بیرا تە لسەرێ تە نەھێت!!
ھندە ئێدی
وەرزێ دۆتنا بەلگایە
ژگوھانێت ئاخێ!!!
ھندە ئێدی
وەرزێ مەخەلکرنا (با)یە
ل بن چەنگێن ھۆگریێ!!!
وەرزێ چنینا قازوقولنگایە
دناڤ لاتێن ئاسۆیێ!!!
یارۆۆۆ
توژی کەرەمکە
ڤێ ژڤانا خۆ ڤەڕەڤینە و
قەفتێن خاترخاستنێ
لسەر ھەمی شینواران دانە.
نێ تو یێ دبینی
رەژی شەرمێ ژئاگری ناکەت!
ھەمی رەزوباغان
ڤەدگەڕینتە ناڤ چاڤێن دویکێلێ!!!
ما تە گوھ لێ نیە با چ دکەت؟!
سیڤاندێن دانعەمر دگرینیت و
خیڤەتا ھیڤییان بۆ بێواریێ ڤەددەت!
ئاڤ چننە! ھەر بەحس نەکە!!!
دبیتە پت پتا وێ دگەل ئاخێ و
زەلالبوونا یاری و نەیاریێ شێلی دکەت!!!
ژمن ڤەبە لۆۆۆۆۆ
ھندی جانێ من قەترە دکەت
دێ فڕم،
دێ فڕم و
ژمالباتا ئاخێ
تنێ دێ دلۆپەکا خوینێ دگەل خۆ بەم!
ژمالباتا ئاڤێ
تنێ بەلەمەکێ کون رێھەڤالێ منە!
ژمالباتا ئاگری
تنێ گونەھەکا نەغەفراندی
دشێت حازریا خۆ بکەت!
ژمالباتا بای
تنێ پایزەکا درەنگ
دگەل من رێڤینگییە!!!
دێ فڕم….. ئەرێ ێ ێ دێ فڕم!.
فڕین گلۆلکا خەونا منە
دێ ھەلبێژمە ئەڤرازیێن گۆتنێ.
دێ سترانەکا بێ دوماھی
دابێژمە نشیڤیێن قەناعەتێ.
سویند بیت
پەڕا بەردەمە پیستێ کەلە و دیواران؛
زەنگلا حیکمەتێ
بێخمە ستویێ دین و ھاران!!!
ئەز ژکەسێ کێمتر نینم
ئەڤە دەریا
عەڤرا بۆ خۆ دکەنە گۆپال و دفڕن!!!
ئەڤە ئاڤاھی
رێکا بۆ خۆ دکەنە ھێجەت و
پنیێن قۆناغا
دئێخنە شەلوالێن دووریێ و کاڤل دبن!!!
ئەڤە کانی
ئنیەتا تێھنییا بۆ خۆ دکەنە بەرچاڤک و
زق و زق ل عەورەتا وەستیانێ دنێڕن!!!
ئەڤە کەڤیێن زۆزانا
قوربانی بەلەکێن بێریڤانا دبن و
لسەر خاترا خاترا دبھوژن.
ئەڤە ئاھورا
حەز ژسوحبەتا دکەت
ئەھریمەنەکی بۆ خۆ دکەتە لێبوک و
دۆژەھا لاقردیێن خۆ تژی غوفران دکەت!!!
ھی ێ ێ ی ئاخا سار
تو من ڤەشێرە
ئەز دێ عەیب و عللەتا دەمە بای.
کا دێ سویندێ بخوینە
ھەکە جارەکێ تە ئەز دیتبم!
کا دێ سویندێ بخوینە
ھەکە جارەکێ بتنێ ژی
من دادابیتە سەر تایکێن کەڤرەکی!.
نابیتە درەو ھەکە بێژم
ئەز دزانم
بن کلیژی یا لەیلانێن تە
چەند بابەلیسک پێڤەنە!.
زیر و زنارێن تە
چەند جارا
دگەل من ھاتینە شەڤینێ!.
بارۆڤێن من
چەند جارا
بەندۆشکا کەندالێن تە بزداندینە!.
چ ژدەستێ تە دھێت بکە؛؛
ھەمی نیشان بۆ تە
ھەمی بەرزەبوون بۆ من.
ھەمی گۆڕستان بۆ تە
ھەمی مرن بۆ من.
ھەمی سۆتن بۆ تە
ھەمی ئێش بۆ من.
ھەمی گەڕ بۆ تە
ھەمی خەندقین بۆ من.
ھەمی دەریا بۆ تە
ھەمی سیپەل بۆ من.
خڕ گەمی بۆ تە
ھەمی وەغەر بۆ من.
ھەمی دەرگەھ بۆ تە
ھەمی ڤەکرن بۆ من.
ھەمی پەنجەرک بۆ تە
ھەمی دیتن بۆ من.
ھەمی رکەھ بۆ تە
ھەمی فڕین بۆ من.
ھەمی رازان بۆ تە
ھەمی خەون بۆ من.
ژخەو رابە
خۆ بڤی نانەی ڤە زێدە مژویل نەکە
دێ زەڤیەک خراب بەربیتە ھناڤێن تە،
من گەلەک گۆتە تە
ھشیار بە،
چاڤێن خۆ بنقینە و
کۆلانکێن تەنگ و تاری بھێلە،
لێ ێ ێ ……
تو ڤەگەڕیای بێ لێڤ
ھناڤ تژی رامووسان
لێ ێ ێ…
تو ڤەگەڕیای
ھاتن پڕی گەھشتن
چوون تژی گیرۆبوون!.
” تو بچەنگێن خۆ یێن شھدای
ناگەھیە تخویبێن رەجمێ !!”.
دەلالۆۆۆۆۆۆۆۆۆ
ھەسپێ خۆ
ل سەر چ کانیکان نەڕاتەولینە.
لەگلەگەیێن خۆ یێن خەمبار
ڤەگەڕینە ناڤ
وەسەنییەتا پەڕ و (با)ی دا،
ل وێرێ
زەبوونەک لسەر خالیچا خەیالێ
روونشتییە و
باوەشینێ ل ھێکا دکەت!.
بێژێ ئەز پشتا خۆ نابینم
ب خێرا خۆ
لێ بنێڕە؛
کانێ
نیشانێن چەند عەمفەریا پێڤە ماینە؟!.
نەترسە و
ھەمی قاقانیێن رەش
پاقێژە دکۆشا وی داٍ،
باوەر بکە چ ناقەومیت !
دێ ھەمی بەلا ژتە ڤەبن..
دناڤبەرا سە و تاڤێ
دناڤبەرا برس و راڤێ؛؛
دێ ماقویلەکێ بۆھیمی بینی؛
رژد لسەر بەرزەبوونێ
پێشەمان ژ وەغەرێ.
پێشەمان ژ برینێ و
رژد لسەر خەنجەرێ.
پێشەمان ژ کەندوکۆرا
رژد لسەر لەھییێ.
پێشەمان ژ بوھایان
رژد لسەر بەھییێ .
ھێ ێ ێ ێ ی غەریبۆۆۆۆ
تە ئەڤ ھەمی سترانە
کرنە ددەڤێ گرک و ملان
تە ژ قەستا
ئەڤ ھەمی چیڕۆکە
کرنە دگوھێ دارودیواراڤە!!
قەی ل بیرا تەچو !
کەڤر ل بەراھیێ کۆزک و چەپەر بوون
بۆ کەھیکرنا گورٍێلبوونێ!!
پشتی ھنگی
کومت و ژۆردانی پێکحەسیان!!!
پشت ل بەراھیێ
چ خزماتی دگەل باروبەرا نەبوو !
پشتی ھنگی
نوتفەیا قەھرەمانییێ لێ کرنە بەلا!!!
چاڤ ل بەراھیێ
پێشەمانی یا جەسەدان بوو !
پشتی ھنگی
ب گولومولان ھاتە سەردابرن !!!
ئەرێ ئەرێ
ئەز دترسم بێژی وە نیە!
دارستانا بەراھیێ نەبا
دویکێلا بەراھیێ
ھزرا خۆ دفرٍینێدا نەدکر..
ما ھەکە خوینا بەراھیێ نەبا
برینا بەراھیێ
ھزرا خۆ دڕەڤینێدا دکر؟!..
ھێ ێ ێ ێ ی غەریبۆۆۆ
کفنا بەراھیێ
دەسمالا گۆڤەندا بەراھیێ بوو.
ھێ ێ ێ ێ ی غەریبۆۆۆ
خەنا بەراھیێ
زێمارا نخری یا دناڤا شاھیێ بوو !!
بلبلۆ مالک وێرانۆ
کەڤرێن زناران
بۆ کیڤی یا بۆسا ڤەدنێن،
بۆ گولشلێران
رادچینن خەفک و داڤان !
خوینا ھابیلان
ھلما خۆیا سۆر
ب مەھبوورینا کەڤۆکێن سپی دشۆن
ل مێرگ و دەراڤان …
غەریبۆۆۆ؛ ب دەڤێ من نەبیت:
دبێژن تەیرێ ژھەمیا مەزنتر
بەری نھا
کەڤرێ ژھەمیا مەزنتر بوو،
دھێتە گۆتن
ئەو کەڤر ژکەندالەکێ بلند گوڕێل دبیت؛
ب سەر ھێلینا تەیرەکێ بچووک دادکەڤیت و
ھێکێت وێ خڕا دبژکینیت!!!
ل وێ رۆژێ ڤە؛
ھەر کەڤرەک گوڕێل دبیت
رحا ھێلینەکێ دئێشینیت و
رەزکێن ئاسمانی
ئویشیێن تەیر و تەوالا و
ستێرێن برسقی پێڤە تێن!!!.
ھێ ێ ێ ی ڤالاھی یا تژی
ھێ ێ ێ ی فڕینا جیوار
خوھدانا تیرۆژکێ
مایسترۆیا کەسکەسۆرێن شەرمینە.
ئاشۆپ
پیانۆیا رەنگان دژەنیت،
باران
کۆرسا زوھابوونێ یە.
ھا ئەڤەیە فڕینا رۆژێ
بەرەڤ گولستانا رۆناھیێ!
ھا ئەڤەیە فڕینا دەنگان
بەرەڤ دانگا سلبوونێ!
ھا ئەڤەیە فڕینا مال و مەزەلان
بەرەڤ دێرانا غوربەتێ!!!.
وەی بەندەوارۆ
بابەلیسکا ھناڤان
ل بەندا دارستانا دوماھیێ؛
سال زەمان
شڤڕکێن وێ دبنە رکەھ !
لێ بەلگێن وێ نابنە شالویل!!!
بلا بەس بیت
ئەز دەھری بووم
دێ ب گێسکا پایزێ
تایکێن ھەمی وەرزا مالم!
ھندە ئێدی
ئەز دێ فڕم و
ل وێ بلنداھیێ؛
ئاسمانا ددلێ وەدا
نیشا ھەمی ستێرا دەم.
گوڕی یا دفنا من
ل بەندا ئێتوونا دوماھیێ؛
دەم و گاڤ
سەقەما سباتێ بسلامەت و
برھێن شەمالکا پێ دکوزرن !!!
ھندە ئێدی
لسەر جۆخینا ڤێ تەحرێ
ئەزێ پەلاتینکێن خۆ دەمە بای!
گینیکێن من تژی چەنگێن شەوتی
فڕینا وان ژی
جارەکا دی ھاڤێژمە سەر تەلھێن ئەلندێ!!!
کانیکا دلان
ل بەندا دەریا دوماھیێ؛
پەل و پێل
جەڕ و گۆزکێن شکەستی،
نەورەس
دویڤەلانکێن گەھشتنا بەژایێ!!!
ھندە ئێدی
ئەزێ دلۆپەکا بارانێ
کەمە خۆدیکا ئاخێ؛
دا بۆ تافیلکرنا گونەھان
کەزیێن فڕینێ لبەر ڤەھینیت!!!
ھێی ھەڤال و ھۆگرێن تەنگاڤی یا
نەیارتی بەرفرەە بوو!!
ھەفتا بۆ ھەشتا نەبێژن؛
خوینا رێتی نەھەوجەی سەرکەفتنایە!!!
ل قاما دی یا بارۆڤێ
ھەسپێ من چاڤەڕێ یە!.
ئێدی ژئەڤرۆ پێڤە
من نابینن
دناڤ بیستانا دنیاداریێ
ھەلامەتەکی ژی بچقینم!.
… … …

ئەمین بۆتانی
گولان ٢٠١٧




ژنێک لە ناخما هات و چۆ ئەکات … شیعری : نزار قبانی … وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

l

كەس نیە کوپەکەمی نەخوێنبێتەوە
و
نەیزانی بێ کە تۆ
خۆشەویستی منی… .
كەس نیە دەستمی نەگرتبێتەوە
و
چوار پیتەکەی
ناوەکەتی نەدۆزیبێتەوە..
هەموو شتێک بە درۆ ئەخرێتەوە
جگە لە بۆنی
ژنێک…خۆشت بوێ
هەموو شتێک ئەشاردرێتەوە
جگە لە هەنگاوەکانی
ژنێک
لە ناخمانا ئەجوڵێ
هەموو شتێک
مایەی گفت و گۆیە
جگە لەو سیحرەی
پێ ی ئەوترێت ” مێ”..
“””””’
خۆشەویستم : لە کوێ بتشارمەوە..؟
ئێمە دوو دارستانین
كە ئەسووتێین
و
هەموو کامێرای تەلەفزیۆنەکانمان
لە سەرە
خۆشەویستم :
لە کوێ. بتشارمەوە..؟
هەموو ڕۆژنامە نووسەکان
ئەیانەوێ بتکەن
بە بەرگی یەکەمی
گۆڤارەکان…
و
منیش بە ئابڕوو چونێکی
چاپکراو
بکەن بە:
پاڵەوانێکی یۆنانی..
“””””’
بۆ کوێت بەرم..!!
بۆ کوێم ئەبەیت..!!
هەموو گازینۆکان
دەم و چاوی ئێمەیان
لەبەر چاوە….
و
هەموو ئوتێلەکان
ناوی هەردووکمانیان
لەبەر كردوە…
و
هەموو شۆستەکان
مۆسیقای پێ یەکانمانیان
دەرخ کردوە….
ئێمە وەک بالەکۆنێکی
سەر دەریا
بۆ دونیا ناسراوین
و
وەک دوو ماسی ئاڵتونی
لە حەوزێکا
لەبەر چاوین
“””””””””
کەس نیە شیعرەکانمی
دەربارەی تۆن نەخوێنبێتەوە
و
سەرچاوەکانی ” زمان” می نەزانی بێ
كەس نیە لە ناو کتێبەکانما
سەفەری نەکردبێ
و
بە سەلامەتی نەگەشتبێتە
كەناری چاوەکانت..
كەس نیە ئادرێسی
ماڵەکەمم نەیابێتێ
و
یەکسەر ڕوەو لێوەکانت
نەچوبێ
و
كەس نیە ژوورەکەمی نەکردبێتەوە
و
یەکسەر. وەک پەپولەیەکی نووستو
تۆی نەدی بێ
كەس پەڕەکانمی هەڵنەیاوەتەوە
بێ ئەوەی ، مێژووی ژیانی تۆی
نەزانی بێ…
“”””””””
ڕێگەیەکم فێرکە
تیایا بەندت کەم
ڕێگەی دەرچوونت نەیەم
فێرم کە
بە قەڵەمێکی بەنەفسەجی بازنەیەک
بە چواردەوری مەمکەکانتا
دروست کەم
و
ڕێگری فڕینیان کەم
فێرم کە
وەک نوقتەی کۆتایی دێڕ
دەستت بەسەرا بگرم
ڕێگەیەکم فێر کە
لە ژێر بارانی چاوەکانتا بڕۆم..و..
تەڕ نەبم
و
بۆنی لەش و لارتی
تێکەڵ بە بۆنی کوردەوای بکەم
و
…..گێژ نەبم
و
لە بەرزاییەکانی مەمکەکانتا گل ببمەوە
و
تێک نەشکێم
“”””””’
دەست لەسەر خوە بچوکەکانم
لە شتومەکە ووردەکانم
هەڵگرە،،،
لەو قەڵەمەی پێی ئەنووسم
و
پەڕەکانم
كلیلەکانم
قاوە لە بیر چوەکەم
و
بۆینباخەکانم
و
دەست لەسەر نووسینەکانم
هەڵگرە….
ڕێی تێ ناچێ بە پەنجەکانی تۆ
بنووسم
و
بە ” سی” یەکانی تۆ هەناسە بەم
ڕێی تێ ناچێ بە لێوەکانی تۆ
پێ بکەنم
و
تۆ بە چاوەکانی “من ” بگریت…
“”””””’
دانیشە تا بزانین
سنووری چاوەکانت کامەیە
و
سنووری غەمەکانم کامەیە..؟
دەریاچەکانی دەور و پشتی تۆ
لە کوێوە دەست پێ ئەکات
و
خوێنی من لە کوێ یا ، کۆتایی یەت
دانیشە ، با لە یەکتر بگەین
بزانین داگیرکردنەکانت
لە کوێ ی لەشما کۆتایی یەت
و
لە کام سەعاتی سفری شەوا
دەست پێ ئەکات……………..
“””””””’
تۆزێک لام دانیشە
با لەسەر شێوەیەکی خۆشەویستی
بگەینە ئەنجامێ….
كە تۆ تیایا
كەنیزەی من من نەبی
منیش داگیرکراوێکی
لیستی” ژێر دەستەکانت ” نەبم
ئەو ژێر دەستانەی
زۆر دەمێکە
داوای رزگار بوون
لە مەمکەکانت ئەکەن
بێ ئەوەی :
گوێ یان لێ بگیرێ
هەرگیز
گوێ یان لێ ناگیرێ