تکایە بەهەڵە وەری مەگرن … عومەر محەمەد

ئیدی وەختی کردنەوەی دوکانەکانی یادەوەرییە، ئەوەی گوێمان لێی دەبیت قەوانە سواوەکەیە، کە خاڵییە لەفیکرو مەعریفەوهێندەی لەکۆڵ خۆکردنەوەیە نیو هێندە پەرۆشی نیە، ئیدی ئەوەی لەم ماوەیەدا زۆر دەبیسترێن کۆمەڵێک قسەی بەتاڵن لە زمانێکی هەژارانەدا کە پێیەکیان لەنێوقوڕی فیودالیزمدا چەقیوەو فەرماندەو سیاسیەکان پێی دەدوێن و پێکیشیان لە نێومۆدێرنەدایە رۆشنبیرە خۆشگوزەرانەکان پێی دەدوێن، کە بریتین لە خاڵانە:

١- بەرزو پیرۆزبێت یادی ئەنفال !!

ئەمە گوایە رێزیان نواندووە! لەبری ئەوەی بنوسن رێز بۆ قوربانیانی تاوانی ئەنفال، چونکە ئەنفال خۆی نەک پیرۆز نیە بەڵکو نەفرەت لێکراوە ! ئەنفال تاوانە، ئیتر بەرزو پیرۆزی تاوان لە کوێدایە ؟! لەوەش گرانترو بەئازارتر دامەزراوەی تایبەت بە ئەنفال نوسیوێتی : بەرزو پیرۆزبێت ڕۆژی جینۆسایدی گەلی کورد !

٢-کارەساتی ئەنفال دەبێت بە جێنۆساید بناسێندرێ ؟

کورە ماڵوێران بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتنێتی، تۆ هێشتا بەناوخۆی کوردستانت نەناساندووە، ئیتر بەکوێی جیهانی دەناسێنێ و چۆنی دەناسێنی !؟ تۆ هێشتا بەتاوانەکە دەڵێی کارەسات، وەک ئەوەی ئەو هەموو خەڵکە بومەلەرزە کوشتبنی و لافاو بردبنی ! بەبێ ئەوەی هێندە تێفکرینت هەبێت ئەنفال جەلادی هەیە، پێمناڵێی قوربانیەکانی کارەساتێکی سروشتی جەلادوبکەرەکانی کێن ؟ ئەی پێمناڵێی کارەسات چۆن دەبێتە وەسفی تاوانێکی نێودەڵەتی ؟

٣- کارەساتی ئەنفال زامێکە هەرگیز لەیاد ناچێت!

ئەمەش هەرقسەیەکی باوەو دەکرێت، دەنا میللەتێک تاوانی ئەنفالی لە یاد نەکردبێت چۆن (بەعسیانە رەفتار دەکات، میللەتێک ئەنفالی لەیاد بێت چۆن شەڕی ناوخۆ بۆ حزبی بنەماڵەکان دەکات ؟! ئاخر شەرم نیە میللەتێک دەست و پەنجەی ئازیزانی لە بیابان هەڵوەری بن لێرە خەریکی شکاندنی دەست وپەنجەی یەکتربن ؟ دەی لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دەردەکەوێ مرۆڤی کورد چەندە بەعسیانە ڕەفتار دەکات،ئەمەش بەڵگەیە کە یادی ئەنفالیان بۆ ئازادی و دادپەروەری ناوێ، بەڵکو وەک کەلوپەل بۆ بەرژەوەندی حزبەکانیان دەیانەوێ، بۆیە بەعسیانەش پەلاماری یەکدی دەدەن . حکومرانی حزبی بنەماڵەکانیش دەری خستووە چەندە مرۆڤی کوردیان لەکن بەرێزو بەهادارە!

٤- دەبێت ئەنفال وەک هۆڵۆکۆستی جولەکەکان کاری لەسەر بکرێت !

بەڵام جولەکەکان وەک ئێمە ساڵی جارێک بەم قسە سواوانە یادی هۆلۆکۆست ناکەنەوە، قسەی ئەوانەش بەهایەکی نیە کە هەرئامۆژگاری دەکەن و فەرمان دەردەکەن، بێ ئەوەی خۆیان ئامادەی کارێک بن .

٥- ئەنفال زامێکە هەرگیز سارێژ نابێت !

هەڵبەت ئەگەر ئیرادە هەبێت سارێژ دەبێت، بەڵام کە ئینسان لەگەڵ ستەمکاری ونادادپەروەری هەڵبکات و بەشداری شەڕی ناوخۆ بکات طبعا سارێژنابێت .
٦- رۆشنبیرانی خۆشگوزەرانیش لە ٢٧ ساڵی ڕەبەقە لە یادی ئەنفالدا باسی جینۆسایدی ئەرمەن وهۆڵۆکۆستی جومان بۆ دەکەن نەک ئەنفال.! ئەی سەیرنیە ئەو رۆشنبیرانە دەربارەی ئەرمەن وجو زۆر دەزانن ودەربارەی ئەنفالیش هێچ ؟! لەراستیدا ئەمەیان کارەساتە .

ئەی یادی ئەنفال بەم هەموو ماڵوێرانیە ئەخلاقی و فیکرییەوە بکرێتەوە، ئیتر ئەم کۆستە چۆن راست دەبێتەوەو ئەم برینە چۆن سارێژ دەبێت ؟ ئاخر ڕۆشنبیری کورد رێز لەپێگەی خۆی نەگرێ و بەزمانێکی نزم بە کەسوکاری ئەنفال بڵێت (پاشماوەی ئەنفال) ئیدی چۆن شکۆ بۆ ئینسانی کورد دەگەڕێتەوە ؟!
من گرفتەکە هەر دەسەڵاتدا نابینمەوە، راستە ئەو بەرپرسی یەکەمە، بەڵام هەموو کۆمەڵگە ئەنفال و بەهای زیندووەکانیشی فەرامۆش کردووە، ئەگەرنا خۆ کەسوکاری ئەنفال خۆیان دەتوانن بەبێ حکومەت، یادێکی شکۆ مەندانە بکەنەوە ؟ بۆمەگەر یادکردنەوە هەر دەبێت خەرجی زۆرو بودجەی زۆری هەبێت ؟! خۆ دەتوانن لە یادی ئەنفالدا ماڵبەماڵ بگەرێن و سەردانی یەکتری بکەن و ئەوانەش ئاشت بکەنەوە کە دڵیان لێک ئێشاوە ئەمەش بۆ ئاسودەبوونی ڕۆحی قوربانیەکان و بەهای کەسوکارەکانیان، خۆدەتوانن بۆ بەرزراگرتنی گیانی قوربانیەکانیان لەیەکدی ببورن !




جەنۆساید وۆچ ئاگادارکردنەوەیەک سەبارەت بە کۆمەڵکوژی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە

لە کۆتایی هەفتەدا جەنۆساید وۆچ ئاگادار کردنەوەیەکی سەبارەت بە جینۆسایدکردنی کورد لە تورکیا، سوریا و عێراق بڵاو کردەوە. ئەمشێوەیە لە ئاگادارکردنەوەیە دەکرێت لەوکاتانەی کاری کۆمەڵکوژی بەڕێوەبێت. ئاماژە بە کۆمەڵکوژی لەڕێی ئەو ترسانەوە دێت کە زۆر جار کار لەسەر سڕینەوەی ڕەگ و ڕیشەکان دەکرێت.

ڕێگرتن لە کۆمەڵکوژی … عراق، سوریا، تورکیا
٢ی نیسانی ٢٠١٨

کورد لە ئاستێکی فراواندا کەوتۆتە بەر هێرشی کۆمەڵکوژی لە لایەن هێزە هەرێمێکانەوە لە ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا، هەموو ئەمانە کەمینەیەکی گەورەی کورد تیایاندا ژیان دەکات. لە کاتی ئێستادا زۆرترین هەڕەشە لەلایەن تورکیاوەیە. لە ٢٠ی جەنیوەری ٢٠١٨ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەستی بە هێرشی سەربازی کرد بۆ سەر باکوری ڕۆژئاوای سوریا لە ژێر ناوی ” هەڵمەتی چڵە زەیتون ” ئامانج لە هێرشەکە دەرکردنی یەکینەکانی “یەکێتی پاراستنی گەل – YPG ” بوو لە ناوچەکانی عەفرین.
تورکیا YPG بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان – PKK دەزانێت، کە لە ١٩٨٤ ەوە لە پێناو مافی زیاتر و ئۆتۆنۆمیدا لە شەڕێکی بەردەوامدایە لە ناوەو دەرەوەی تورکیا. YPG بەتوندی ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە درێژکراوەی PKK بێت، لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هاوپەیمانیەکی پێک هێنا ( لە نێوان وڵاتانی تردا ) بۆ شەڕ لە دژی داعشدا لە ٢٠١٤.
هێزی سەربازی تورکیا هەستا بە هەڵمەتی ” چڵە زەیتون ” لەگەڵ گرنگیدانێکی زۆر کەم بە یاساکانی شەڕ لەگەڵ بۆردومانکردنێکی کوێرانەی شارەکان. بەسەدان خەڵکی سیڤیل لە عەفرین و دەوروبەری بوونە قوربانی، لەگەڵ کەمینە ئایینێکانی تر کە ئاوارەببون بە هۆی شەڕی سوریا و داعشەوە. بەڵگە هەیە کە هێزەکانی تورکیا بەدەستی قەست خەڵکی سیڤیلیان کردۆتە نیشانە.

حکومەتی تورکی و میدیاکەیان یەکینەکانی پاراستنی گەل بە ” ڕێکخراوێکی تیرۆریست ” پێناسە کردووە، بۆیە بە پاساوی شەڕ دژی تیرۆر هێرشیان کردۆتە سەر سوریا. هێرشکردنە سەر وڵاتە هاوسێکەی خواروی خۆی بە ناوی ” جهاد”ەوە، ئەمە زمانێکە داعش و ڕێکخراوە توندڕەوەکانی تر بەکاری دەبەن. وشەی” تیرۆریست” لە تورکیا وەک وشەیەکی بێگیان بەکار دەهێنرێت بۆ سەرکوتی ئۆپزسیۆن بۆ داماڵینیان لە مافەکانیان و سەرکوتکردنیان و شەرعیەت وەرگرتن بۆ سەرکوتکردنی ئینسان و ئازادێکان.
لەکاتی هەوڵدان بۆ کودەتا لە ٢٠١٥ەوە، دەسەڵاتداران هەستان بەدەرکردنی هەزاران لە فەرمانبەرانی خزمەتگوزارییە مەدەنێکان و بەندکردنی سەدان لە مامۆستا، پرۆفیسۆر، رۆژنامەوان، کەسانی سیاسی و خەڵکانێک کە لەبواری مافەکانی مرۆڤدا کاریان دەکرد و زۆرێکیتریش لە ڕۆشنبیران بە هۆکاری لایەنگرییان بۆ بەرەی” ئۆپزسیۆن” زۆرێک لەو خەڵکانە تۆمەتبار کراون بە تیرۆریست.

هەروەها وشەی تیرۆر بەکار هێنرا وەک پاکانەیەک بۆکارە توندو تیژێکانی خۆیان دژ بە کەمینەی کورد لە خواروی ڕۆژهەڵاتی وڵات، کە بونی پارتی کرێکارانی کوردستان تێیدا بەهێزە. هەڵمەتی عەفرین جیاوزاز نییە لەو هەڵمەتەی بەناوی ” هەڵمەتی دژی تیرۆر” پێی هەستان لە خواروی ڕۆژهەڵاتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥، کە هێزی ئاسایشی تورکی لە شارێکی وەک جەزیرە بە ڕاگواستنەوەی بەشێکی زۆر لە خەڵکەکەی، وە قەدەغەکردنی هاتوچۆی بە شێوەیەکی قورس سەپاند ( جاری وا هەبوو درێژەی دەکێشا بۆ 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، تەنانە بۆ هەفتە و مانگیش). هەستان بە بڕینی ئاو کارەبا و کوشتنی دەیان کەسی سڤیل، دامودەزگا ڕۆشنبیرێکانیان ڕوخاند ( تەنانەت مزگەوتیش )، وێرانکردنی گۆڕستانەکان، تێکدانی پێداویستییەکانی ناو ماڵ و کوشتنی گیانەوەرەکان. سەربازەکان دروشمی ڕەگەزپەرستانەیان لەسەر دیواری باڵەخانەکان دەنووسی و ئاڵای تورکیایان بە پەنجەرەکاندا هەڵدەواسی.
لە جەزیرە هەروەکو عەفرین لاشەی ژنە جەنگاوەرەکانیان شێواند، بە ڤیدیۆ تۆماریان کرد و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی فراوان بڵاوکرانەوە. ئەم شێوەیە لە کاری دڕندانە ئاماژەیە بۆ کردەی کۆمەڵکوژی.
لە سوریا سوپای تورکیا و ئەو هێزانەی لەژێر ڕابەرایەتی ئەودابوون ( لەوانەیە چەکداری داعشیشی لەگەڵدابێت) لە 25ی مارسی 2018 ڕایانگەیان کە بەتەواوی دەست بەسەر عەفریندا گیرا. تاوانبار کران بەوەی کە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیایی ناوچەکانی عەفرین جێبەجێ دەکەن، لە ڕێگای نیشتەجێکردنی خێزانە تورکمان و عەرەبەکانەوە کە لەبنەڕەتدا خەڵکی ئەو ناوچەیە نین. دانیشتوانی عەفرین مەزەندە دەکرێت بە 150000 کەس لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی پاراستنی گەل چوونە دەرەوە پێش گەشتنی هێزەکانی تورکیا.
هەواڵەکانی ئەم دوواییە لەناو شاری عەفرینی داگیرکراوەوە باس لەوە دەکەن کە دەیان لاوی کچ و کوڕ ڕفێندراوان لە لایەن هێزەکانی تورکیا و جیهادێکانەوە و بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەسدرێژی کراوەتە سەریان. هەروەها ڕاپۆرتی تر هەیە باس لە بەزۆر گۆڕینی ئاینی ئێزیدێکان دەکات.

ئەردۆگان پەیمانی داوە بەردەوامبێت بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ مەنبەج و کۆبانی لە سوریا و لە وێشەوە بۆ ناوچەی شەنگال و موسڵ لە عێراق، بیانوی هێرشکردنەکەی پارتی کرێکانی کوردستانە کە بنکەی هەیە لە چیاکانی کوردستانی عێراق. لە بەرانبەر کردەی ڕیفراندۆم کە حکومەتی هەرێم لە کوردستانی عێراق لە سپتەمبەری 2017 پێی هەستا، کورد لەو هەرێمە تەریک کرایەوەو ڕووبەڕووی ئابڵۆقەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئابوری تووند کرایەوە. دەوڵەتی تورکی بە درێژایی ماوەی ڕابردوو هەمیشە هەڕەشە بووە لەسەر کوردەکان.

وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵا
www.dengekan.com
—————————————
سەرچاوە:
http://www.genocidewatch.com/countries-at-risk




هەر یەکەی بەلایەکدا… و. لە ئاڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی

نووسینی : Christian Böhme& Frank Herold
٣١/١/٢٠١٨
——————————-

ڕووسیا بۆ گفتوگۆ لەمەڕ ئایندەی سوریا داوەتی سازداوە.دوای تێکشکانی داعش، دەتوانێ دژە بەرژەوەندییە کۆنەکان سەرلەنوێ هەڵبدەنەوە

جارێکی دیکەش UN شکستی خوارد،کۆنفرانسی دوو ڕۆژەی سوریا لە کۆتایی هەفتەی ڕابوورد لە ڤییەنا،نەیتوانی هەنگاوێک لە چارەسەر نزیک بێتەوە.
لە ئێستادا سەرۆک پۆتین ڕۆژانی ٢٩ـ٣٠/١/٢٠١٨ باوەشی کردۆتەوە بۆ” کۆنگرەی گەلانی سوریا” لە سۆتچی Sotschi . لێرەوە بەشدارانی ناوەوە و دەرەوەی درامای سوریا، دەیانەوێ هێڵە سەرەکییەکانی نەخشەی قۆناغی دوای شەڕ بکێشن. هەروەها لەمەڕ ئەم گفتوگۆیەشەوە کەلێنێک هەیە: گەورەترین گرووپی ئۆپۆزیسیۆن بەشداری تێدا ناکەن.

بۆ ڕووسیا،لەم کاتەدا هێز و لایەنە دەرەکی و بێگانەکان جێی باس و خواستە. پۆتین مانگی دێسەمبەر سەرکەوتنی بەسەر داعش دا ڕاگەیاند، لێ تێکشکانی سەربازی جیهادییەکان کۆتایی بە کێشەی ناوخۆی سووریا نەهێناوە، بەڵکو بارودۆخەکەی هێشتا ئاڵۆزتر کردووە. شەڕ لەگەڵ داعش دا، دوژمنێکی هاوبەش هەبوو، ئێستا هەموو لایەنەکانی شەڕ ـ هێزە دەرەکییەکان نا ـ سەرلەنوێ بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن، ئەو بەرژەوەندییانەی لەسەری ڕێکنەکەوتوون. لەمەشدا پێیان باشە پەنابەرن بۆ زەبروزەنگی سەربازی.
بەم شێوەیە ماوەیەکی کورت پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەزم و سەرکێشییەک بۆ پۆتین هەتا سیاسەتی ناوەوەی وڵاتەکەی دێت. لە دیدی مۆسکۆوە، هەرای سوریا ئالۆزتر بووە، ساڵ بە شێوەی شەڕێکی ناهاوشێوە، دەستی پێکرد. هێرشی هەڕەشاوی بۆ سەر بنکەی ڕووسەکان، تەقە لە هەلیکۆپتەر و سەربازەکانی. ئەم کارانە نیشانی دەدەن، کە پۆتین بێئومێدە لەو هەواڵەی ڕایگەیاند بوو،داخۆ شەڕ تەشەنە دەکات، یاخود ژمارەی پەلاماردان بۆ سەر هێزەکانی زیاد دەکەن. سەرۆکی ڕووسیا دەکەوێتە دۆخێکی تەنگەتاوی و ناچارییەوە.

ئەو ـ کە وەک تاکە هێز لە سوچییە ـ پێویستی بە سەرکەوتنێکی پێشوەختە بەلانی کەمەوە لەسەر کاغەز.
گۆڕانی سەرکێشییەکان، وای کردووە، بە ڕێکەوت نییە لەم ئانوساتەدا، گفتوگۆ لەسەر بە تایبەتی کردنی سوپا دەکەوێتە بەر باس . تەنیا لەمەڕ بوونییەوە بەشێکی زۆری ڕووس هیچ نازانێ سەربازە بەکرێگیراوەکانی ڕووسی، وەک یەکە ئەمەریکییە Blackwater شکستخواردووەکان وان، بەنێزیکی لە 2013 دا لە سوریا خراونەتەکارەوە، بەپێی هەواڵێکی ناڕاگەیەندراو 3000 سێ هەزار کەس دەبن.

وەزیری دەرەوە Sergej Lawrow، پێش ماوەیەکی کورت داوای کرد، بە یاساییکردنی سوپا ڕێگەی پێ بدرێ و بکرێتە فەرمی. ئەو بە ئاشکرا پێی وایە، ئەم سەربازانە لە هەرا چەکدارییەکاندا، یاخود شەڕی دیکەداا، بایەخێکی زۆر گەورە بە ئامادەگی و بەشداری رووسیا دەبەخشێت.
ئەم هێزە لەو بەشدارییەی سوریادا بایەخێکی بێ پایانی گەورەیان هەیە: ڕووسیا هێزێکی لەسەر زەمین هەیە، هەروەها بێگومان پیاو دەتوانێ لە کاتی پێویستدا خۆیانی لێ بەدوور بگرێ،ئەگەر بێت و شتێکی ناخۆش و نەخوازراو دروست بوو. سەرکێشییەکە دەبێت بە “پەنابردن بۆ سەرچاوەی دەرەکی”.

دیارەیەکی نوێ هەیە. تورکیا شاڵاوی سەر کوردان دەکات، تا بتوانێ قسە و ڕۆڵێکی لە ئایندەی سوریادا هەبێت. بێگومان ئەگەر پەلامارەکەی تورکیا ناویشی “هێرشی چڵەزەیتون” بێت،وا بەهیچ جۆرێ هەڵگری ئاشتی نییە.
تورکیا بە ڕەزامەندی ڕووسیا، نائومێدانە شەڕی کورد دەکات. لەمەش زیاتر Alexander Lawrentjew نێردراوی تایبەتی پۆتین بۆ سوریا، لە ڕووی کردارییەوە چرای سەوزی هەڵکرد، کاتێ ئەو لە پێشەوە ڕایگەیاند، هێرشەکانی سوپای تورکیا کاریگەرێتییان لەسەر گفتوگۆکانی سۆتچی نابێت. رووسیا لە ناوچەکانی نزیکەشەڕ، بنکەی ڕاکێتی دژەفڕینی هەیەS400 وS300 دامەزراندووە، هیچ ڕاکێتێکی بە ڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا نەتەقاند، سەروەختێ سنووری سەروەرێتی سووریان بەزاند و هێزە پیادەکانیشی پێش دەسپێکردنی شەڕ کێشایەوە. کاتێ دەسەڵاتداری سوریا بەشار ئەسەد بە ئاشکرا تووڕە بوو، لە هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا و وەک پێشێلکردنی سەروەری سوریا مەحکومی کرد، شتێکی زۆر سەیروسەمەرە نەبوو.

لە لایەک ئەردۆغان بە پێی ئارەزووی خۆی هەرچی بوێت دەیکات،بۆئەوەی شەڕەکەی لە دژی کورد بەڕێوەبەڕێت. لە لایەکی دیکەوە سەرۆک یەکێکە لە دوژمنە باوەکوشتەکانی هاوڕێ دیمەشقییەکەی. کاتێ خۆی، کە خۆی بە ڕابەر و سەرکردەی سونییەکان دایە قەڵەم، ئەردۆغان وەک بنێشتەخۆشەی ژێر زمان، بەردەوام دووپاتی دەکردەوە ئەسەد بکوژە.
هێڕشەکانی تورکیا سوود و قازانجی هەم بۆ ڕوسسیا و هەمیش بۆ سوریا هەیە: کورد لاواز دەکات و لەوێشەوە کاریگەڕێتی ئەمەریکاUS لە ناوچەکەدا. بێگومان زۆر سەختە پێشوەخت ئیدی بزانرێ چی ڕوودەدات، دەبێت ئەسەد ـ بەپێی هەر کامە هەڵسەنگاندنێک بێت ـ لە ڕاستیدا بەدەنگ داواکەی کوردەوە بهاتایە و بکەوێتە ناو شەڕەوە. لە ئاکامدا ئێستا ئەندام و هاوپەیمانانی ناتۆ تورکیا و ئەمەریکا بەرامبەر بەیەک ڕاوەستاون. ئەمەریکا YPG یەپەگە دەنرخێنێ و پشتیوانیشی لێ دەکات، لەبەرئەوەی لەشەڕی دژی “داعش”دا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە، هەوروها ئەمانە دەبوو ببنە بڕبڕەی پشتی، پێکهێنانی هێزێکی 30,000 سی هەزار کەسی(هێزی پاراستنی سنوور).

دەسەڵاتداران لە ئەنقەرە و زۆر لە تورکەکان بە پێچەوانەوە دەڵێن: کورد هیچ نین جگە لە تیرۆریست، دەیانەوێ دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەمەریکا، لەسوریا تابێت دابڕاو و رێگەلێگیراو دەبێت و واشینتۆن بەدەنگ داخوازی تورکیاوە هاتوو و ڕایگەیاند، کە چەکی نوێ بۆ یەپەگە نانێرێ، ئایا بەڕاستی بەرژەوەندی ئەمەریکا لەسەردەمی Barak Obama دا وا تاکڕەهەند بوو، بە کەمی و لە مەودایەکی تەسک دا کاری سەربازی دەکرد. ئەمەریکا لەژێر لێوەوە ڕایگەیاند،کە چەند حەز بە کۆتایی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکەن. کارە راستەقینەکان ئاڕاستەی داعشن و ئیدارەی Trump ئەم ڕێبازەی وەرگرت و دریژەی پێدا. لەتەک ئەمەشدا هەروەها هاوپەیمانێتی مەبەستدار لەگەڵ چەکدارە کوردەکان دا هەیە . بەڵام بە هەموو حاڵێک ئێستا ئەمەریکا نەیارەکەی کەمە. وەزیری بەرگری ئەمەریکا James Mattis، لەم دواییانە هۆشیاداری دا، هێڕشەکانی تورکیا سەرنجمان لەسەر گرنگترینەکە لا دەبات: شەڕی دژ بە داعش. بەڵام بەلای ڕەخنەگرتن لە ئەنقەرە دا نەچوو.

لە ئێستا ئەمەریکا هیچ کاریکەرێتییەکی وای لە ناوچەکەدا نییە، لەبەر ئەوە سەرکێشییەکەیان زۆر کەمە. واشینتۆن دەتوانێ بەئارامی لە کۆنفرانسی سۆتچی بڕوانێ.
پیاو دەتوانێ لە ئێستادا بڵێ: بەشار لەم چرکە ساتەدا براوەیە. ڕاپەڕین لە دژی ئەو دەیتوانی بیڕوخێنێ، بە هەموو دڕندەییەکەوە و بە پێچەوانەی هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتی. بەلانی کەمەوە لە ڕووی سەربازییەوە وا دیارە شەڕ بە قازانجی رژێم بشکێتەوە. یاخی بووەکان ـ ئیسلامییەکان بن یاخود ئەوانەی تری ماونەتەوە جەنگاوەرانی میانڕەوـ هیچیان بۆ نەماوەتەوە. دەسەڵاتدار جارێکی تر فاکتەرێکی دەسەڵاتە، ئەمە واتای ئەوەیە لە سۆتچی، لەگەڵ ئەسەد دا قسە دەکرێت نەک دەربارەی ئەو. پێش دوو ساڵ و نیو، تەنانەت خودی خۆی کە ئێستا 52 ساڵە، ئەم کارەی زۆر بە ئەستەم دادەنا. لە پاییزی 2015 دا، هەموو شتەکان وا دیاربوون، کە سەرۆکایەتییەکەی ڕاستەوخۆ لەبەردەم تەواوبووندایە. لە هەموو شوێنێ هێزەکانی سەر بە ڕژێم لە پاشەکشەدا بوون، هێزە شێڵگیرەکانی دژە ئەسەد، لە پێشرەویدا بوون.

هەتا پۆتین بە سوود و قازانجی هاوپەیمانەکەی هاتە ناوەوە. لەو دەمەوە سەرانی دیمەشق بۆیان لوا بەشێکی گەورەی وڵات بە هاوکاری بۆمبای بەرمیل، گازی ژەهراوی و گوللە بخاتەوە ژێر دەستی خۆی. بەڵێ تا ئێستا رژێم نەیتوانی هەمووی کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. دەبێت ئێستا خۆی بگۆڕێ. پێش گفتوگۆکانی سۆتچی ئەسەد دەیویست لە مەیداندا فاکت بقولقێنێ، ئاشکرای بکات ،کەوا رژێمێکی نیمچە سەقامگیری دوای شەڕ، دژی ویست و ئیرادەیەتی. ئەوانەی ئازاردەکێشن سورییەکانن. کەوا چەند هەفتەیەک دەبێ دەسەڵاتداری زەبروزەنگ ڕێگەی داوە، هەر دەڤەرێک بۆمباران بکرێ، لەو شوێنانەی باقی ڕاپەریوەکان پەنایان بۆ بردووە. بەر لە هەمووان لە پارێزگای ئیدلیب و ناوچەی رۆژهەڵاتی غوطە لای دیمەشق، شەڕ گەرمە.

لەوێ ملیۆنان خەڵکی بێ پاراستن دەژین. کێ توانای هەبێت، هەوڵ دەدات هەڵ بێت. زۆریان بۆ جاری یەکەم، دووەم، سێیەم یاخود چوارەم جار ماڵەکەیان لەدەست دەدەن. لە پێەوە ئەوانە بە گشتی بتوانن ژیانن قوتار بکەن. هەموو وا گومان دەکەن: ئەمە دوا شەڕ و پێکدادانە. هیچ کەس ناتوانێ لە ئایندەدا چیتر لە بەردەم ڕێگای ئەسەد و دڵسۆزەکانی ڕاوەستێ. بۆ ئەم شێوازە لە ئارامی گۆڕستان سوپاسی سوریا بەناو سەرۆکی دەوڵەت بەتەنیا مۆسکۆ نییە، زۆر بەتایبەتی ئێران هەر لەسەرەتاوە لە پاڵ ئەسەدە وەستا. یەکسەر پاش دەستپێکردنی هەراکە، تاران لە مەیدان دا بوو، بۆئەوەی دەسەڵاتەکەی بپارێزێ. چەک، چەکدارە شیعیی وەک حیزبوڵڵا، یەکەی ئێرانی سوپای پاسداران و پارەیەکی زۆر ـ کۆماری ئیسلامی چەند خەرجییەکی کەوتە سەر، هەر لە پێناوی ئەوەی نەهێڵێ ئەسەد بڕووخێت و لە ڕووی سیاسییەوە خۆی تێهەڵکێش بکات. پارەی باج بە بڕی ملیاردەها ئامادە کرا، ئەوەی گەلی ئێرانی هەژاری بەتایبەتی توڕە کرد. لە دوا نائارامییەکان دا خەمگینییەکانی خۆیان دەربڕی. لێ دیسانیش ئەو کارەیان لە سوریا بۆ مەلاکان سوودی هەبوو. ئەوان دەتوانن بڕیاڕ بدەن چی لەو وڵاتەی شەڕدا ڕوو دەدات و ئاگاداری ئەوە بن کە کاریگەڕێتییان پارێزراوە.

پیاوە بەهێزە کۆن و نوێکەی دیمەشق بۆ ئەوان، وەک گەرەنتی وایە. کەوا سوریا وەک بەشێکی گرنگی ناوبراو بە هیلالی شیعە ـ زۆنێکی کاریگەری ئێرانی، کە خۆی بەسەر یەمەن،عێراق و لوبنان دا هەتا دەریای ناوەڕاست کێشاوە. پابەندبوونی دارایی و سەربازی دەبێ بدات. هەروەها بێگومان هێزە ناوچەییەکانی وەک ئیسرائیل و سعودی عەرەبی پێکەوە لەگەڵ ئەمەریکا، دەیانوێ رێبەندی بکەن، ئەوان زیادبوونی هەژموونی ئێران، بە هەڕەشە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن. بەر لەهەر شوێنێ یورشەلیم بە گومانێکی گەورەوە، چاودێری دەکات، چۆن ئێران لە سوریا جێگیر خۆی دادەمەزرێنێ و قایم دەکات.

سەرەک وەزیران Benjamin Netanjahu ، کە ساڵانێکە وەک دژە تاران ناسراوە، نایەوێ بەهیچ جۆرێ ئەوە قبوڵ بکات. لەبەر ئەوە چەندین دەرزەن جار پێگەکانی حیزبوڵڵای لە وڵاتی درواسێ(سوریا.و) بۆمباران کرد. هێزە چەکدارە خاوەن ئەزموونەکانی شیعە، وەک گەورەترین مەترسی سەربازی بۆ دەوڵەتی جولەکە دادەنرێن. هەموو جارێک ناتانیاهۆ لای پۆتین بە تکایەکی بە پەلەوە خۆی پێشکەش دەکات. ئەو حەز دەکات ئێران بگێڕێتەوە قاوغەکەی خۆی.

ئەم جیاوازییانە بەر لەهەرشتێ بە قازانجی رووسیایە، هەتا لایەنە جیاوازەکانی شەڕ یەکتر ببڕن و هەریەکەی بەلایەکدا بڕۆن، پۆتین گەمەکی سووک و ئاسانی هەیە، بۆ ئاڕاستەکردنی هەر شتێک بە دڵخوازی خۆی : تەنیا ئەوەی کەوا ڕوودەدات، ئەوەیە لەسەری رێک کەوتوون. مۆسکۆ ئارەزوومەندە شەڕەکەکەی سوریا لە ڕووی سەربازییەوە بڕیاریچارەسەری لەسەر بدرێ. ئایا ئەوە بۆ کرێلمن سەر دەگرێ، ئاشتی بۆ ئەو وڵاتە زوڵم لێکراوە بهێنرێ، ئەوە زیاتر جێ پرسیار و گومانە.
بەهەرهاڵ ستراتیژێکی چەسپاو و توانای ژیانی هەبێت،هەتا ئێستا بە دڵنیاییەوە نابینرێت.

^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^
سەرنج،ئەم وتارە لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی سۆتچی دا لە ٢٩/١/٢٠١٨، دا نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە. بەلامەوە بابەتێکی بەپێز بوو، لێ دەمودەست دەرفەتی وەرگێڕانیم بۆ ساز نەبوو.بۆیەکا دەبێت لە یەکەم چرکەساتەکانی پێش گۆنگرەی ناوبراوەوە تەماشای ناوەڕۆکی ئەم بابەتە بکرێ.دوائەوە پێشهات و ئاکامەکانی کۆنگرە بە کوێ گەیشت،ئەوە باسێکی ترە.
سەرچاوە دێر تاگە شپیگل رۆژی ٢٩/١/٢٠١٨




پێغه‌مبه‌رێکی منداڵ … هیوا سه‌عید

له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ت له‌ پانتایی بچوک بچوکی ئایدیۆلۆژی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی ئێمه‌ی خستۆته‌ به‌ره‌ی دژبه‌یه‌ک و لێکی دابڕیوین، بۆیه‌ یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانی هونه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ یه‌کترمان بکاته‌ دۆست و ئاشنامان بکاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بیرکردنه‌وه‌ جوانه‌ بچێته‌ خانه‌ی خه‌یاڵه‌وه‌، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و جوانییه‌ ڕه‌وایه‌تی دانه‌ به‌ ناشیرینی، لێره‌وه‌یه‌ ئه‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌ی ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تی نه‌دا به‌و ناشیریینییه‌ ئیش له‌سه‌ر خه‌یاڵه‌ جوانه‌که‌ ده‌کا، چونکه‌ له‌ دواجار ئه‌وه‌ی کێشه‌ی هه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌سه‌ر بکرێته‌وه‌ ته‌نیا مرۆڤه‌، ئینجا ئه‌و مرۆڤه‌ سه‌ر به‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ یان ژێرده‌سته‌ بێ.

له‌لای سینه‌ماکاره‌ گه‌وره‌کانی جیهان هونه‌ر چه‌کێک نییه‌ بۆ لێدان له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینێکی تر به‌ مه‌به‌ستی به‌رگری له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌کانی خۆیان، له‌ هیچ به‌رهه‌مێکی پییه‌ر پاۆلۆ پازۆلینی و ئه‌ندرێ تارکۆڤسکی کاری له‌م شێوه‌یه‌ نابینرێت. ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌وان وه‌کو سینه‌ماکارێک له‌ جیهانیبون ده‌که‌ون و هونه‌ره‌که‌یان ده‌بێته‌ هونه‌رێکی لۆکاڵی.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌جید مه‌جیدی یه‌کێکه‌ له‌و سینه‌ماکارانه‌ی له‌ به‌رهه‌مه‌کانیدا هونه‌ر ده‌خاته‌ خزمه‌ت ئایدیۆلۆژیا و مه‌زهه‌بگه‌رییه‌وه‌، وه‌کو ئێرانییه‌کی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی فه‌قێ و شیعه‌ مه‌زهه‌بێک هه‌میشه‌ له‌ شه‌ڕی نه‌یاره‌کانیدایه‌، ئه‌و نه‌یاره‌ جارێک خۆی له‌ ئایدیۆلۆژیایه‌کی وه‌ک مارکسیزم ده‌بینێته‌وه‌ که‌ له‌ فیلمی باران وێرانبونی ئه‌فغانستان ئه‌وه‌نده‌ی به‌ خه‌تای سوپای سۆڤییه‌ت ده‌زانێ به‌ خه‌تای تاڵیبانی نازانێ، یان له‌ دواترین به‌رهه‌می به‌ناوی )محه‌مه‌د په‌یامبه‌ری خوا( شه‌ڕی ئیسلامی سوننی ده‌کات.

له‌ فیلمه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی مسته‌فا عه‌قاد به‌ناونیشانی )په‌یامی ئیسلام( که‌ ئه‌و فیلمه‌یان جێگای ڕه‌زامه‌ندی مه‌زهه‌بی سوننه‌یه‌، پێغه‌مبه‌ر له‌ سه‌روی ته‌مه‌نی چل ساڵیدایه‌ و به‌ شه‌ڕه‌کانی به‌در و ئوحد خه‌ریکی گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌یه‌تی، واتا له‌و فیلمه‌دا پێغه‌مبه‌رێکی شه‌ڕکه‌ر و په‌یامێکی توندوتیژت به‌رچاوده‌که‌وێ، که‌چی له‌و به‌رهه‌مه‌ی مه‌جیدی به‌س ژیانی منداڵی به‌ر له‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی محه‌مه‌د ده‌بینی، منداڵێکی نه‌رمونیانی فریشته‌ئاسا دوای ئه‌وه‌ی بێ باوک که‌وتوه‌ مامی له‌خۆی ده‌گرێ، ئه‌و مامه‌ش ئه‌بوله‌هه‌ب نییه‌، هه‌مزه‌ نییه‌، ئه‌بوتاڵیبه‌.

پڕکردنه‌وه‌ی ته‌واوی فیلمه‌که‌ به‌ ژیانی منداڵی پێغه‌مبه‌رله‌به‌ر گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌می منداڵی ئه‌و نییه‌، به‌ڵکو منداڵ ئاماژه‌یه‌ بۆ پاکی و به‌رائه‌ت، گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌جیدی له‌بری شه‌ڕانگێزی به‌در و ئوحد بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ له‌پێناو به‌فریشته‌کردن یان ڕاستر بۆ به‌عیساکردنی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌ده، هه‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌و دنیابینییه‌ سۆفییانه‌ی ئێران بره‌وی پێده‌دا دژ به‌ مۆدێرنه‌ و شارستانییه‌تی خۆرئاوایی یه‌کبگرێته‌وه‌.

له‌ هه‌مان کات ئێران وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی جێگیری کستوکاڵی بۆ جیاکردنه‌وه‌ی شارستانییه‌ته‌که‌ی له‌ به‌رانبه‌ر بیابانشینه‌کانی دورگه‌ی عه‌ره‌بی و کلتوری هێرش و به‌تاڵانبردن که‌ دواتر له‌ ئیسلامدا له‌ فتوحات و غه‌زو ته‌رجه‌مه‌ ده‌بێته‌وه‌ خۆی دور بگرێ.

له‌ هه‌مووی گرنگتر بۆ ڕۆڵی ئه‌بوتاڵیبه‌ له‌ په‌نادان و له‌خۆگرتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ منداڵه‌، ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌ نیشانبدا سه‌رکه‌وتن و گه‌یشتنی په‌یامه‌که‌ی بۆ ئه‌بوتاڵیبی باوکی ئیمامی عه‌لی و باپیری حه‌سه‌ن و حوسێن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و شیعه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ئێران ڕابه‌رایه‌تی ده‌کا، به‌ بیانوی ئیسلامبونه‌وه‌ نه‌که‌وێته‌ بن قه‌ڵمڕه‌وی عه‌ره‌ب و ئیسلامی سوننییه‌وه‌. به‌ مانای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا بۆ خزمه‌تی شیعه‌گه‌رایی، له‌ کۆتایی مه‌زهه‌بی شیعه‌ وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ پاراستنی شوناسی ئێران.




گۆڤاری كه‌لێن ژماره‌ 1 به‌هاری 2017

چیرۆك

– ئوم محەمەد/ فاروق هۆمەر
– ژەنگ/ بەڕێزعه‌لی
– پیاوە لەشفرۆشەكان/ گۆران ڕەئووف
– كۆلارە بەخوێنەكان/ ئارام شێخ وەسانی

ڕەخنە و لێكۆڵینەوە

– هاوار- ئەزموون: خوێندنەوەیەكی دەروونیی بۆ ئەحلام مەنسوور/ خەلیل سەلیم
– ئاوڕێك لە شەپۆلەكانی شیعری نوێی كوردیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان/ شەریف فەلاح

شیعر

– (…) فرووزان بابایی نژاد
– (…) ئارام فەتحی
– (بۆ ئارام فەتحی) ستار خوسرەوی

شانۆ

– شانۆنامەكانی چێخەف: دیدێكی گشتگر/ دانا ڕەئووف
– گەڕان بەدوای شانۆیەكی فەلسەفیی، لە ڕێگەی ئەبسێردەوە/ نیهاد جامی
– شانۆی ڕەش/ ڕێباز محەمەد جەزا
– پینا باوش لە نەخشەی شانۆی كوردییدا/ شكۆ عومەر كاكەڕەش

سینەما

– سینەما، وەك پارادایمی ژیانێكی تر/ شەنگار سابیر
– ئینفێرنۆ، ڤایرۆسی نەزۆكییە؟/ ڕێكان وەلید

شێوەكاریی

– ناشاد، تابلۆی نیو نیگا بۆمەرگ، زۆر نیگا بۆ ژیان/ سالار مەجید
– لە تابلۆی كات و چاوەڕوانیی/ هێرۆ شێخە
– نۆچركە/ ئاریان ئەبوبەكر عەلی