مەرگی ڕەخنەگر … حەمە مەنتك

لە سەرەتای پەیدابوونی مێتۆدی بونیادگەرییدا، چەمکێکی تازە دێتە ناو بواری ڕەخنەی ئەدەبییەوە، ئەویش چەمکی (مەرگی نووسەر)ە. (ڕۆلان بارت) بە داهێنەری ئەم چەمکە دادەنرێت. ئەم تیۆریزانە بەم چەمکە ڕووبەڕووی ڕەخنەگرانی پێش خۆی بوویەوە، بەوەی چیدیکە، بۆ هەڵینجانی واتای دەق نابێ بۆ ژیانی نووسەر بگەڕێینەوە، بەڵکوو دەبێ ڕوو لە خودی دەق بکەین. لێرەدا دەق دەبێتە ناوەندی توێژینەوە. لێرەوەیە مەرگی نووسەر ڕادەگەیەنرێت.

ئەوەی ئێستا لە توێژینەوەی ڕەخنەییدا دێتە پێشەوە، چەمکێکی تازەیە، بە ناوی (مەرگی ڕەخنەگر). ئەم چەمکە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبی (مەرگی ڕەخنەگر)ی (ڕۆنان ماکدۆناڵد) بڵاو دەبێتەوە. ئاشکرایە ڕەخنە کۆمەكی باشی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی دەکات. ئەم ناونیشانە ڕاستە وەکوو ناونیشانێکی گشتی دەردەکەوێت، بەڵام نووسەر پتر مەبەستی ڕەخنەی ئەکادیمییە.

دەمەوێ بڵێم ئەم نووسەر و ڕەخنەگرە ئەکادیمییە باس لە نائامادەیی ڕەخنەی ئەکادیمی لە مەیدانی توێژینەوەی ئەدەبییدا دەکات. بە شێوەیەك لاپەڕەی ڕۆژنامەکان جێی ئەم جۆرە ڕەخنەیان گرتۆتەوە. بۆیەیش (ماکدۆناڵد) دەڵێت: ((سووپایەك لەو کەسانەی بەردەوام مەیلیان بۆ لاپەڕەی ئەدەب و هونەر لە ڕۆژنامەکاندا هەیە. هاوکات ئەم بەرپەرچدانەوە ڕەخنەییە تەنێ لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا قەتیس نییە، بەڵکوو لەم ساڵانەی دواییدا خوێندنەوە و کتێب داواکردن لە ئینتەرنێت زۆر بڵاوە. کۆمپانیای ئەمازۆن هانی خەڵک دەدات سەرنجی خۆیان لەبارەی ئەو کتێبانەی لەوێدا دانراون بنووسن.)) [ماکدونالد، ٢٠١٤، ص٢٤] نووسەر مەبەستی لەم چەمکە ئەوەیە ڕەخنە خەریکە جەوهەر و ئەرکی خۆی لە دەست دەدات، بەوەی هەموو کەسێک بواری ئەوەی هەیە بۆچوونی خۆی دەربڕێت. ئەم بۆچوونانە دەکرێ لە چوارچێوەی سەرنجدا هەژماریان بکەین، بەڵام ناکرێ وەکوو ڕەخنەیەکی ئەکادیمی تەماشایان بکەین.

دیارە مەبەستی من لە چەمکی ڕەخنەی ئەکادیمی بەو واتایەی لە زانکۆکانی کوردستان هەیە، نییە، بەڵکوو بەو تێگەیشتنەی لە ئەورووپا هەیە. ئەگەر لە تێڕوانینی ئەم نووسەرەوە لە بارودۆخی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بنۆڕین، ئەوا ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان پشکی شێریان لە مەرگی ڕەخنە و ڕەخنەگر بەر دەکەوێت. ئەو توێژینەوانەی بە ناوی نامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان لە ئەدەبیاتدا دەنووسرێن، زۆربەیان هێندە لاوازن، هێندە سواو و سادەن، هیچ زیادەیەك ناخەنە سەر خەرمانی ڕۆشنبیریی خوێنەر. ئەمە هەمان ئەو دەردەیە، کە (ماکدۆناڵد) باسی دەکات، بەوەی دەسەڵاتی ئەکادیمی لە ڕۆشنبیریی خەڵکدا خەریکە هەرەس دەهێنێت. ئەرکی ناوەندە ئەکادیمییەکان بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی ڕۆشنبیرییە.

بۆیەیش ئێستا ئێمە بە دەست خوێنەرگەلێکی ناپسپۆڕ دەناڵێنین. خوێنەرانێك لە بوارەکەدا پسپۆڕ نین، کەچی سەرنج بەناوی ڕەخنەوە دەنووسن. ئەم نووسەرە پێمان دەڵێت، ڕەخنەگر دەبێت کەسێکی پسپۆڕ بێت، خاوەن تێز و تێڕوانین بێت. بە بڕوای ئەو ڕەخنەی ئەکادیمی لەسەر بەها و نرخ وەستاوە، ئێستا ڕۆڵ و تێکۆشانی ئەم ڕەخنەیە لە پاشەکشەدایە، بەوەی ڕەخنەی ڕۆشنبیریی لە برەودایە. کاتێک گوتمان خوێنەری پسپۆڕ، مەبەستمان ئەو خوێنەرەیە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا وەکوو پسپۆڕ کاردەکەن. خوێنەرانی ناپسپۆڕ هەمیشە تینوون بەو بۆچوونانەی ڕەخنەگر دەیاننووسێت.

بۆیەیش هەموو ئەوانەی بەناوی توێژینەوەی ڕۆشنبیرییەوە (بە بۆچوونی نووسەر) دەنووسرێن، هەوڵێکن بۆ هەرەسهێنانی ڕەخنەی ئەدەبی، لەوێدا بەهای ئەدەبی و تێڕوانینی ئێستاتیکی لە دەقەکاندا نامێنێت. لەم کتێبەدا نووسەر گرینگی زۆر بە بەها و تیۆری ئەدەبی دەدات، بەتایبەتی لە ئەفلاتوونەوە تا پێش قۆناغی توێژینەوەی ڕۆشنبیریی. بۆ نموونە ئەو تیۆرەی (کانت) لەبارەی بەهای جوانیناسییەوە پێشکەشی دەکات (ل٧٥). بۆیەیش ڕەخنەگری پسپۆڕ بە مەعریفەیەکی فراوانەوە بەها و نرخی دەق بە شێوەیەکی کۆنکرێت و ورد دیاری دەکات. ئەم کتێبە کار لە ناوەڕۆکی ڕۆشنبیریی و ئەکادیمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، بەوەی ڕۆڵی ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیریی لەسەر خەڵک چییە؟

ڕەخنەی ئەدەبی لە ساڵانی چل و پەنجا و شەستی سەتەی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی بۆچوونگەلی ئەکادیمی و پسپۆڕییدا خۆی دەبینییەوە، دواتر بۆ بۆچوونی تاکەکەسی ناپسپۆڕ گۆڕدرا و بەهای ڕەخنەیان قۆرخ کرد. کێشەکە لەوەدایە ڕەخنەگری ئەکادیمی نەک هەر جێی خۆی چۆڵ کردووە، بەڵکوو کۆی ئەو شتانەی پێوەندی بەوەوە هەیە جێیهێشتوون. بەمەیش ماوە و بەینێکی لە نێوان خۆی و ئەو خوێنەرانەی تینووی بۆچوونەکانی ئەوانن دروست کردووە. بۆیەیش ئەم کارەی بۆ ڕەخنەگری ڕۆژنامەوان و ناپسپۆڕ جێهێشتووە. هاوکات بۆ هێندێ پێشکەشکاری بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان، کە بڕیارەکانیان کاریگەریان لەسەر چێژی خوێنەر هەیە.

بێگومان ڕەخنەگر کەسێکە لە قسەکردن و ناسینەوەی شێوەکانی ئەدەب لە ئێمە شارەزاترە، هاوکات بۆچوونەکانیشی جێی بایەخن و بە هەند وەردەگیرێن. هێندێ پرسیاری جەوهەری لەم کتێبەدا هەن دەبێ بخرێنەڕوو: ئایا بەها و نرخی ئەدەبی بە بڕیاردانی ئێمە، بەوەی کام دەقمان پێ جوانە کاممان پێ خراپە بەندە؟ دەکرێ ئێمە بڕیار لەسەر بەهای هونەری دەق بە پشتبەستن بە پێوەرە بابەتی و دەرەکییەکان بدەین؟ (ماکدۆناڵد) وەرامی ئەم پرسیارانەمان لەناو کتێبەکەیدا دەداتەوە.

هاوکات خەمی ئەوەیەتی، ئەو ڕەخنەگرانە لە نیوەی سەتەی بیستەمدا وەکوو مامۆستای زانکۆ لە ناوەندە ئەکادیمییەکان کاریان دەکرد، هاوکات کتێبیان دەنووسی، کتێبەکانیان ئاراستەی خوێنەرانی نائەکادیمی دەکرد، کاریگەری گەورەیان لەسەر بەرهەمهێنانی تێزی ڕەخنەیی ئەدەبی هەبوو. بەڵام لە ئێستادا نموونەی ئەو کەسانە زۆر کەمن، زۆر کەم لە واقیعی ڕۆشنبیریی ئێستا ئامادەییان هەیە. لە بەشی سێیەمی کتێبەکەی (ماکدۆناڵد) زۆر بە جوانی کاری لەبارەی گەشەی ڕەخنەی ئەدەبی لە زانکۆکان و دەرەوەی زانکۆکان لە سەتەی بیست کردووە. بۆیەیش ڕەخنەی ئەکادیمی لەو کات وەکوو کێڵگە و ناوەندێك لە ناوەندە مەعریفییەکان ڕۆڵی هەبووە.

لێرەوە دەمەوێ بڵێم، ئەوەی ئێستا لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان دەگوزەرێ، بەشی هەرە زۆری ڕۆڵیان لە کوشتنی بیرکردنەوەی قوتابییدا هەیە، چونکە زۆربەی ئەوانەی بە ناوی مامۆستای زانکۆوە خەریکن ڕۆڵی کەسانی ئەکادیمی دەبینن، وەکوو شوێنی نان پەیداکردن و کاسبی هاتوونەتە ناو زانکۆ. زۆربەیان حیزب بۆ مەرامی خۆی فڕێیداونەتە ئەوێ، هاوکات بۆ وەرگرتنی مووچەی باش و زەوی لەوێ کار دەکەن.

لێرەوە دەبێ سپاسمان بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە دەرەوەی زانکۆکان خەمی ئەدەب و ڕەخنەی کوردیان بووە و هەوڵیان داوە. ئەوەی لە ناو ئەدەبی کوردی بە ناوی ڕەخنەوە دەخرێتە بازاڕەوە نە ڕەخنەی ئەکادیمییە بە واتا ماکدۆناڵدییەکەی و نە ڕەخنەی نائەکادیمییە. ئەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەکادیمیا ڕوودەدات، بۆچوون و سەرنجن، پێوەندیان بە چێژی تاکەکەسییەوە هەیە، ئەمە ڕاگەیاندنی مەرگی ڕەخنەگرە.

ڕەخنەگر پێشان ڕۆڵێکی گرینگی لە مێژوو، هونەر و ئەدەبیاتدا هەبوو، بەڵام ئێستا بە هۆی بوونی شوێنی وەکوو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لاپەڕەی پاشکۆ ئەدەبییەکان بۆ کەسانێک، کە پسپۆڕ نین لەو بوارەدا، ڕەخنەگر ئەو ڕۆڵەی زۆر کز بوو. کەواتە ئەوەی جاڕی مەرگی دەردرێت، ڕەخنەگرە نوخبەکەیە، کە کاریگەری لەسەر ڕەوتی مەعریفە و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی تێز هەیە.

کەسانێکی دیکە جێی دەگرنەوە، کە تەنێ خەریکی سەرنجنووسینن، سەرنجەکانیشیان بە مەعریفە و تێز پشت ئەستوور نییە. ئەگەر ئەمە بۆ ئەدەبیاتی ئەورووپی و ئەمریکی (لە دیدی ماکدۆناڵد)ەوە ڕاست بێت، ئەوا بۆ ئەدەبیاتی کوردی بە دووسەر زەرەرە، چونکە ئێمە تاکوو ئێستا لەناو ئەو ناوەندانەی بە ئەکادیمیا دادەنرێن (هێندەی من ئاگەدار بم) ڕەخنەگری پسپۆڕمان نەبوو، ئەوەی هەبووە لە دەرەوەی ئەکادیمیا بووە. ئەوەی ئێستایش بەسەر ڕەخنەی کوردییەوە زاڵە ئەو هەرواودەنگەیە بەناوی ڕەخنەوە بڵاو دەکرێنەوە، کە زۆربەیان بنەمایەکی تیۆرییان نییە، تەنێ لە چوارچێوەی سەرنج تێپەڕ ناکەن.

——————————–
سەرچاوە:
• ماکدونالد (رونان)، ٢٠١٤، موت الناقد، ترجمە: فخری صالح، المرکز القومی للترجمە، القاهرە.




عەفرین پەیامێک بۆ ئەمەریکا…نووسینی: زیگمار گابریل، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەڵمانی

و. لە ئاڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی …..

——————————

‌هێرشە سەربازییەکانی تورکیا لە عەفرین، پەیامێکی ڕوونە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا: نابێت هیچ بڕیارێک لەسەر ڕێکخستنەوەی ناوچەکان، پاش تەواوبوونی شەڕی سوریا، بەبێ تورکیا جێبەجێ بکرێ و هەروەهاش وەک هەمیشە،تورکیا هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی ناوچەیی لەژێر کۆنتڕۆڵی کورد دا پەسەند ناکات. بۆئەوەی ئەم پەیامە ڕوون و ئاشکرا بێت،کۆماری تورکیا هێزە زەمینییەکانی لە سوریا خستۆتە جوڵە و گەورەترین شاڵاو و هێرشی ئاسمانی لە مێژووی خۆیدا بەرپا کردووە،بەردەوام نیوەی زیاتری هێزە ئاسمانییەکانی لە هێرش و پەلاماردان.

ئەمەش لە دەڤەرێکدا ساز دەبێ کە سەروەریی ئاسمانەکەی، وا لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادا، بەڵام ڕووسیا ڕێگەی داوە بە هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر عەفرین، لەبەر ئەوەی ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکەی دەکات: تەڵزم و دەلاقەیەک بخاتە نێوان پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیاوە.
پێشتر چەند گفتوگۆیەکی توند لە نێوان و ئەمەریکا دەربازی رۆڵی هێزە کوردییەکان لە باکووری سووریا کراوە.ئەمەریکا دەستی بەوە کردووە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی YPG دا و کوردانی سووریا پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD هەروەها PKK دا جیاوازی بکات. پێی وایە یەپەگە و پەیەدە جیاوازن لە پ ک ک،نە لە ئەمەریکا و ئەوروپا، یاخود ئەڵمانیادا قەدەغەکراو نین.

بۆ تورکیا و زۆربەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، ئەم جیاکارییە دەستکردە. پەیوەندی نێوان پ ک ک و یەپەگە و نەک هەر لە لایەنی سیمبۆلی و ئایدۆلۆژییەوە زۆر توندە،پیاو دەتوانێ بەئاسانی بڵێ،کە یەپەگە و پەیەدە لەژێر ستراتیژی سەرکردایەتی پ ک ک دان. بێگومان ڕێژەیەکی زۆری ئازادی جموجوڵ و چالاکی خۆیان هەیە، بەڵام زۆرینەی هێزەکانی ئەمەریکا، دەیانەوێ سوود وەرگرن لە توانا و لێهاتوویی یەپەگە لەشەڕی دژە داعش دا. سەرباری هۆشداری دانی تورکیا، ئەمەریکا هەر بەردەوام چەک،لەپێناوی ئەو مەبەستەی سەرێدا، بۆ چەکدارەکانی کوردانی سووریا ڕەوانە دەکات.
زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی ئەمەریکا ئامادەبوون، لەپێناوی ئەم کارەدا نرخ بدەن: دروستکردنی ناوچەیەکی ئازادی بەرگریکردن لە باکووری سووریا، لەسەر سنووری تورکیا لەژێر کۆنتڕۆڵی کوردان.
بەهەند وەرنەگرتن و زیاتر ورووژاندن بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا،بەزەحمەت ڕامان دەکرێت. هەردوولا ـ تورکیا و پ ک ک و هاوگرێدراوەکانیان ـ دوای سەرنەکەوتنی گفتوگۆکانی ئاشتی ناوخۆی تورکیا، لۆژیکی بەنێونەتەوەییکردنی بەدوادا دێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتێکی کوردی هەرێمی لە عێراق و یەکێکی هاوشێوەی لە سووریا، وە هەروەها خەباتی خۆسەری سەربەخۆ لەسەر زەمینی تورکیا دەبێت ئەنجام بدرێن، ئەمە بۆ پ ک ک شتێکی بێگومان و چەندوچوونە. بۆ تورکیا گەورەترین هەڕەشەیە. لەبەرئەوە خەبات بۆ ئەمە یان دژی ئەمە، هەر بەردەوام بە رێگای سەربازی دەچێت بەڕێوە.

کارە زەبروزەنگەکان ئەشکەنجە و کوێرەوەریەکان، ئەوەی خەڵکی سڤیلی کورد دەیان ساڵە پێویستە بیچێژن بە کۆتایی ناگات. بێتاوانەکان دەکوژرێن لە پێناوی کێشەیەکی سیاسی ڕەگوڕیشە قووڵ لەناوچەکەدا. لێرەوەدا ئەم سەرۆک کۆماری تورکیایەی ئێستا بوو،لەکاتی خۆیدا وەک سەرەک وەزیران زۆر زۆر ئازایەتییەکی گەورەی نیشان دا، هەوڵی دا لە پێناوی ئاشتی نیشتمانیدا. سەرنەگرتنی ئەم گفتوگۆیانە لە ساڵی ٢٠١٥ دا، ئەمرۆ وەک ئاکامێکی درێژبووەوە لەمەودای درێژەکێشانی شەڕوهەرای سەربازی بۆ سووریا و ڕەنگە لەوە زیاتریش کاریگەری هەیە. لەهەلومەرجی ئێستادا مەسەلەکە ناواقیعیی دەبێت، هەر تەنیا بە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی ناوخۆی تورکیادا،بمانەوێ ڕووبەڕووی بەرفراوانبوونی شەڕوهەرای سەربازیی بینەوە و بۆ هەمیشە ڕاگرین. هەوڵێکی یەکجار گەورەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەرەکە، بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی پەنجەرەیەکی وا بۆ لێک تێگەیشتن،کە لە ئێستادا، بەتەواوی قەپات کراوە.

لەبری ئەوە هەروەها شەڕ دژی گرووپە کوردییەکان لە ناوچەکانی کشانەوە و دەرەوەی تورکیاش زاڵە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا. ئەم پێشڕەویکردنە نیشانی دەدات: هەروەها تورکیاش ئامادەیە لەم پێناوەدا نرخێکی گران بدات. ئەم نرخە لەناو ئەو چارەسەرەدایە کەوا بۆ ٦٠ ساڵ دەبێت هەیە و گرێدراوە بە رۆژئاواوە.
تورکیا ترس لە ئاکامەکانی جیۆپۆلەتیکی شەڕ لەگەڵ ئەمەریکادا نییە، یاخود بەلانی کەمەوە بە کەمی دەگرێ. لە بەرامبەر ئەو باڵادەستییە هەرێمییە کورد لە سنوورەکانیدا. هەمان کات ئەمەش بۆ ئەمەریکا وا بە دیار دەردەکەوێ لەبەردەم هەڵسەنگاندنی شەڕیکدایە لەگەڵ تورکیادا، کە شیاوی بەڕێوەبردنە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، یاخود دەبێت ڕۆڵی جیوستراتیژی تورکیا نادیدە بگرێت. دەشێ هەڵسەنگاندنی یەکەم بێتە هەڵە، دووەمیان ئاکامی کارەساتاوی بەر لەهەر لایەک، بۆ ئێمەی ئەوروپایی لێ بکەوێتەوە.

تورکیا وەک یەکێک لە ڕۆژئاوا،لە ناتۆ و لەدواجاردا لەسەر ئاڕاستەی ڕووەو ئەوروپا، وازی لێ بێنین بۆ ئەوروپا مانای سەرکێشییەکی نوێ و یەکجار ترسناکە. نەک هەر تەنها بە بادانەوەی بۆ لای رووسیادا هێزوتوانای پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ناتۆ بەتەواوی دەگۆڕێ، ئیمە لە دەرەوەی سنووری ئەوروپا هیچ هاوپەیمانی ترمان نابێت، بەڵکو نەیاری بەتوانا و هێزدار. بەڵام بەرەو پێشچوونی تریش شیاوی بیر لێکردنەوەیە: گەڕانەوەی بەهێزی تورکیا، لە ستراکچەری دەوڵەتێکی لایستییەوە بۆ توانا و هێزێکی ئامادەگی بزاڤی ئیسلامی.
جیا لەمانەش نموونەی خۆچەکدارکردنی ئەتۆمی وەک ئەوەی کۆریای باکوور، لە ئێستادا پێدەچێ وڵاتی وەک عەرەبی سعودی بیەوێ هاوشێوەی بکات. دەشێ زۆر بەخێرایی و ڕاستەوخۆ لەسەر سنوورەکانمان دووبارە بێتەوە. هەموو ئەمە واقیعەکە نییە،و پێویستیش ناکات وای لێ بێت. بەڵام بۆ ڕێگریکردن لەمە، پێویست بە ستراتیژێکی نوێ تەواوی ئەوروپایە، لەگەڵ تورکیا بەو دۆخەی ئێستاشەوە کە تێیدایەتی.
ئەوە ڕاستە ڕەخنە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کەماسی لەئازادی چاپەمەنیدا و پەلاماری سەربازی تورکیا لەعەفرین بگرین. لێ ئەوە بەتەنیا بەس نییە. ئەوە ئاسانە بەدەربڕینی ڕەخنە خۆت ئاسوودە بکەیت، بەئاشکرا ڕەخنە دەردەبڕین. لەبەرئەوەی پیاو لەتەک ڕووسیادا هێزی دووەمی خراپەکاری ناسیوە، کە پیاو دەتوانێ ڕۆژانە بەهاکانی خۆی بپارێزێ. دۆخی هەڕەشەکان، کەم نابنەوە.هەروەها ئەزموون لەگەڵ گەمارۆدان لەسەر روسیا،هیوادارین فێری کردبین کە ئەمەش ناتوانێ هیچ ڕێگاچارە بێت. هەڵبەتە تورکیاش بە دڵنیاییەوە، نایەڵێ لەم ڕێگایەوە بکەوێتە ژێر کاریگەرێتییەوە. بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانمان بەجێ بهێنین، هەوڵی زیاترمان گەرەکە.

هەروەها ئەم بەرژەوەندییەش فرەلایەنە: لە پێشی پێشەوە ئاگربەست دێ، ڕاگرتنی یاسای نێودەوڵەتی و یارمەتی بۆ خەڵکی سڤیل لە سووریا، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی باشووری تورکیا، لە ناوچە کوردییەکان. ئەمەش بەوە دەست پێ دەکات، کە ئیمە ڕاستگۆبین، نە زەبروزەنگ و بارودۆخی ژیان لە ڕۆژهەلاتی تورکیا بەشێوەیەک لە شێوەکان جێی قبوڵکردنە،نەخەمی تورکیا لەبەرامبەر پ ک ک و هاوگرێدراوەکانیدا ناهەقییە. هەر خودی کێشەی کورد وەرگرین ڕێزگرتن، لە داوای مافەمرۆییەکان بگرین و بۆ ئازادی و هەلومەرجێکی باشتری ژیان دەرکەوین، ئەمە نابێ مانای ئەوە بێ، وێنەیەکی فۆلکلۆری پ ک ک و دەستە و دائیرەکانییان نیشان بدەین. ئێ خۆ پ ک ک لەئەڵمانیاش قەدەغەیە، لەبەرئەوەی رێکخراوێکی کرمینالەو بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان، بازرگانی چەک و مرۆڤەوە و مرۆڤەوە دەبات بەڕێوە و بەزۆر پارە لەخەڵک دەسێنێ.
با خۆمان هەڵنەفریوێنین، تورکیا دەوڵەتێکی هەرێمی هەژمووندار، لەژێر دەسەڵاتی پەیەدە و پ ک ک دا قبوڵ ناکات و لە پێویستیشدا، بەڕەزامەندی ڕووس و ئێران و سووریا دژی دەوەستێتەوە. براوەکەش مۆسکۆ و دیمەشقە.

لەبەرئەوە پێویستە بەرژەوەندیەکانی خۆمان، بەر لەهەر شتێکەوە بێت، تورکیا لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە هەر بە خۆمانەوە” وابەستە بکەین” ـ هەروەها پیاو دەتوانی بڵێ “شوورەگرین ” بۆ ئەوەی نەکا بۆ هەمیشە بترنجێتە ڕۆڵێکی تایبەتەوە، ئاکامەکەی بۆ ئێمە سەرەرۆییەکی نادیار لەخۆبگرێ. لە ئێستادا ئێمەی ئەڵمان بەتایبەت دەبێ بزانین، چەند ترسناکە، ڕێگایەکی تایبەتی هێزی سەربازی بۆ هەموو ئەوانی تر. ئەم هەوڵە سەختە نائاسییە پێویستە بگرینە ئەستۆ، لەلایەک بێدەنگ نەبین لەڕەخنەگرتن، لەلایەکی دیکەوە، هەموو بژاردەکانی تر بۆ پێکەوە کارکردن بخەینە گەڕ. تورکیا پێویستە هەست بکات کەلای ئێمە شتێک دەباتەوە/ دەست دەکەوێت و بێ ئێمەش زۆرشت دەدۆڕێنێ.

هەر لە یەکێتی گومرگەوە تا هاوکاری پێکەوە کارکردن لە سیاسەتی پەنابەران دا، لە پشتیوانی ئابوورییەوە تا هاوکاریکردن لەبواری خوێندن و زانستیشدا. بەڵێ ئێمە دەبێت چالاکانە بەرەو لای تورک بڕۆین. نەک بۆئەوەی هەر دیالۆگی دەوڵەتی یاسای بخەینە بەردەست و پێشکەش بکەین، بەڵکو ئامادەش بین لە بیناکردنەوەی دادگای تورکیادا، دوای کاریگەرییەکانی هەوڵی کودەتاکەوە، بەشداری بکەین و کاریگەرییەکمان هەبێت.
ئەوە تەنها هەڵەیەکی سیاسەتی کۆنزەڤاتیڤکارەکان بوو، بەدیاریکراوی پێش ساڵانێک سەرمایەی دەوڵەتی یاسا، باس لەگفتوگۆکانی بوونە ئەندامی تورکیا لە یەکیتی ئەوروپادا/ EU نەیکردەوە. ئەمەش بێتە هۆی کۆتاییهاتنی کردەوە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سووریا، پەیوەندی بەو بژارانەوەی ئێمەوەیە، هەروەها دەستپێکێکی توندوتۆڵی هاوکاری و ناردنی چەک و تەقەمەنییە، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ـ ناتۆدا.

ئەوەی حکومەتی ئەڵمانیا، دوای پەلامارەکانی تورکیا بۆ باکووری سووریا، هیچ چەکێک بۆ تورکیا ڕەوانە ناکات، بڕیارێکی ڕاست بوو. تورکیا بیری لەوە کردەوە لەگەڵ رووسیادا ئەم کارە بکات، بەڵام پێویستە ئێمە بێ خەم نەبین، هەموو ئەمانە گەنگەشەی سیاسی ئێمە لە ئەڵمانیا دەخاتە ژێر سترێس و ناڕەحەتییەوە. هەموو نائاسوودەیەکە دژوار و ڕەنگە بەتاڵیش نەبێت لە بەرپەرچدانەوە و دژوەستانەوە. هەروەها دوودڵ بوونی مۆڕاڵی و پێوەریی، کە هەرکەسێ دەتوانی دژی قسە بکات. ئەوە نابێت وەڵام بدرێتەوە بەڵام بەرژەوەندییەکان ئەمە نییە، ئەوە رێگایەکە کە هیچ گەرەنتی سەرکەوتنی و سەرکێشی لەخۆنەگرتووە.
بەڵام تورکیایەکی ریزپەڕی ڕێگای تایبەت، تورکیا وەرچەرخاوە لە رۆژئاواوە، لە ئەوروپا و لە ناتۆ، بۆ ئێمە و هاوڵاتی تورک سەرەرۆییەکی زۆر گەورەیە.

—————————————-
سەرچاوە: دێر تاگە شپیگل ژمارە ٢٣٤٢٢،رۆژی ٢٥/٣/٢٠١٨
وتارێکی تایبەتە تەنیا بۆ رۆژنامەی ناوبراو نووسراوە.
https://causa.tagesspiegel.de/politik/nach-afrin-welches-verhaeltnis-hat-der-westen-zur-tuerkei/afrin-ist-eine-botschaft-an-die-usa.html




ترامپ بۆ دەیەوێت هێزی سەربازی لە سوریا بکشێنێتەوە…؟! … موزەفەر عەبدوڵا

لە چەند هەفتەی ڕابردووە تا ئێستاش لێدوانو هەوڵەکانی ترامپ و ووتەبێژو ڕاوێژکارەکانی لەبارەی کشانەوەی هێزە سەربازی یەکانیان لە سوریا بۆتە جێگای هەواڵو پرسوڕای گشتی و لێکدانەوەو هەڵوێستگیری جۆراوجۆرو، تەنانەت بەیانکردنی خۆشحاڵی و نیگەرانیشی بۆ دەکرێت .

‌هەڵبەت چڕ بونەوەی زیاتری ئەم لێدوانو هەوڵانەی ترامپ دوای هێرشو داگیرکاری یەکانی هەر یەک لە سوپای تورکیاو هاوپەیمانەکانی بۆ سەر عەفرینو چەند ناوچەی ترو ،هاوکات سوپای سوریاو هاوپەیمانەکانی بۆ گوتەی ڕۆژهەڵاتو چەند ناوچەی ترو، وەدەرنانی نەیارەکانی هەر یەکەیان هات.دیارە ترامپ سەرەڕای گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ هەر یەک لە وەزیری بەرگری و دەرەوەو سی ئای ئەی بەڵام هێشتا نەگەییشتونەتە بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ كێشانەوەی هێزەکەیان.
گومان لەوەشدا نی یە کە ئەم هێرشو داگیرکاریو ئاڵوگۆڕانە هەنگای یەکەمی ئەو ڕێکەوتنەیە کە لە کۆبونەوەی مانگی یەکی ڕابردوو لە سوتشی روسیا لە نێوان پۆتین و ئۆردوگان و روحانی هات لەبارەی هەوڵدان بۆ ڕیکەوتنی یەکلاکردنەوەو کۆتایی پێهێنانی دۆخی ململانێو شەڕ لە سوریادا .
جا پرسیاری ڕیشەیی لەم پرسەدا ئەوەیە کە بۆچی ترامپ دەیەوێت هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکی بەدینەهێناوە کە مەبەستی سەرەکییان ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد بوو هەر وەک رژیمی سەدام؟!

هەڵبەت وەڵامو لێکدانەوەو هەڵوێستگیری جۆراوجۆر کراوە وەک ئاماژەمان پێدا لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکاوە کە زۆرترینیان وەک تاکتیکو پلانو مانۆرلێدانی سیاسی و سەربازی ئەمریکا دەیبینن، هەم بەرامبەر نەیارەکانی وەک روسیاو ئێران هەم بەرامبەر هاوپەیمانەکانی خۆیان لە ئەروپاو ڕژێمەکانی رۆژ هەڵات لەوانە دەوڵەتی پاشایەتی سعودیە. تەنانەت تورکیاش کە لە نێوان دۆستو نەیاری ئەمریکاو ئەوروپا لەنگەری گرتوەو ئەویش بە ڕۆڵی خۆی خەریکی ساتوسەوداو مانۆر لێدانە تا ئەگەر قازانجێکی ئابوری و سیاسی گەورەشی دەسنەکەوێت ئەوە لانی کەم ڕێگا بگڕیت لە هەڵدانەوەی سەرقاپی قەیرانە هەمەلایەنە ناوخۆیی یەکانی.

بەڵام بە پێچەوانەی زۆری ئەو ڕاو هەڵویستو لێکدانەوانە کە زیاتریان لە گۆشە نیگاو بەرژەوەندی ڕاستڕەوانەوە دەکرێت ڕاو لێکدانەوەی ڕاستو دروستو ڕوانگەی چینایەتی لە بەرەی ئازادیخوازی بە پێی هەلسەنگاندنی باری ئابوری و سیاسی و سەربازی بۆ ئەمریکاو، تەنانەت هاوپەیمان ئەوروپی و نەیارەکانیش ،ئەوە دەسەلمێنن کە نەخێر هۆکاری ڕیشەیی هەیە بو ئەم لێدوانو هەوڵانەیی ترامپ بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکەی. کە بە کورتی هۆکارەکەی لە دابەزینی هێزهاوسەنگی ململانێوشەڕەکانە بە زیانی ئەمریکا لە بەرامبەر ڕوسیاو هاوپەیمانەکانی.

هەمو بەڵگەکانیش کە زۆرێک لە چاودێران ئاماژەیان پێداوە ئەمە دەسەلمێنین .هەر لە بەڵگەی بونی قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی ئەمریکاوە تا دەگاتە بەڵگەکانی تر بۆ ئەم دابەزینی هێزهاوسەنگی یە بە زیانی ئەمریکا لە چاو چەند جەنگی پێشو تر. لەوانە جەنگ لە دژی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وە تا دەگاتە جەنگی ئەفغانستان لە ٢٠٠١و سۆماڵ لە ١٩٩٤ وجاڕێکی تر عێراق لە ١٩٩١. تەنانەت ئاماژە بە زۆر دور تریش وەک شەڕی ڤیتنامیش دەدەن.بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەش ئەمریکا لە جەنگی یەکەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ کە بڕیاری دا هیچ دەوڵەتیک دژی نەبو نە لە ئەنجومەنی ئاساییش نە لە دەزگاکانی تر.تەنانەت لە شەری ئەفغانستانو شەڕی دوومی دژی عیراق لە ٢٠٠٣ ئەگەر دژایەییەکیش هەبوبێت بەڵام سەرەنجام عەنتەریانە بە حوکمی زلهێزی جەنگی سەپاندەوەو ئەنجومەنی ئاسایشیشی ناچار کردوە تا بڕیاری بۆ دەرکات وەک داگیرکارێک.

بەڵام تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بەم دەخاڵەتو جەنگەی لە سوریاوە ئەوەیە کە ئەمریکا لە دەورانی ئوباماوە کە هێزە ١٠ هەزاری یەکەی لە عێراق کشانەوەو تەنانەت ڕەخنەی شەڕو داگیرکاری یان لە عێراق لە خویان دەگرت . کەچی ئێستا دەڵین نەدەبو ئۆباما هێزەکەیان لە عێراق بەو شێوازە بکێشنەوە .لە کاتێکدا هەر لە دوای ئەوە دەخاڵەتیان لە سوریا کرد بە بەهانەی سەرکوتی ئەسەد بۆ خەڵكی ڕاپەڕوییو پێویستی ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد وەک قەزافی. کە ئەمە هەر بۆیان نەچوە سەر ئیتر بە بەهانەی مەترسی باڵادەست بونی داعشەوە دەخاڵەتەکەیان چڕ تر کردوەو پرسو کێشەی کوردیشیان کردە بەهانەیەکی تر بۆ ناردنی زیاتری هێزی سەربازیی.

ئێستاش کە ترامپو ئیدارەکەی دەڵین مادام داعش لە گۆرەپانی سیاسی تەواو بوە ئیتر پێویست بەو هێزە سەربازی یە ناکات لە سوریا ئەمە جگە لە بەهانەیەک زیاتر هیچی تر نی یە. یاخود وەک زۆرێک لە چاودێرو ڕاڤەکارەکانی خولگەی سیاستەکانی ئەمریکا دەڵێن ئەم لێدوانو هەولانەی ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکەی تەنها مانۆر لێدانە بەرامبەر نەیارەکانیو، تەنانەت دۆستەکانیشی، جگە لە لێکدانەوەو ڕای کرچوکالی وەک خودی بەهانەکەی ترامپ زیاتر هیچی تر نی یە.

ئیتر ئەمریکا ئەو زلهێزە ئیمپریالیستی یەی چەند دەیەیەی پێشو نی یە کە بۆشی باوکو کلینتون بە گاڵتەو پێکەنینەوە دەستی گورباتشوف و یەڵتسنیان لەسەر شانۆی سیاسی دەگرت تا بەرنەبنەوە بە لایەکداو کار لە کار نەترازیت لە چوارچیوەی ستراتیژی یە نوی جیهانەکەی ئەوان بچێتە دەرەوە.بەڵام ئێستا ئەوە پۆتین و ڕوسیایە وەک تازە زلهێزێک لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە جیهانو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر شانوی سیاسی و، تەنانەت هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش ،گوێی ئەمریکا ڕادەکێشیت.ئەمە ئیترواقعەتێکە .جا هەمو چاودێرانو ڕاڤەکارانی خۆش خەیاڵی خولگەی سیاستە ڕاسترەوی یەکان یان ئەم واقعیەتە ناینینو نوکولی لێ دەکەن یان دەیبینن بەڵام چونکە دوكەلەکەی دەچیتە چاویانەوە نایانەوێت تەماشای کەن .

لە ڕاستیدا کارەساتەکە لەوەدایە کە یاریکەرە سەرەکی یەکان دەوڵەتو دەسەڵاتە ئیمپریالیو زلهێزە کونەپەرستەکانی جیهانو ناوچەکەن کە لە گۆڕەپانەکەن .خۆ هەر کامیان سەرکەون یان ژێر کەون لە قازانجی چینی کرێکارو بزوتنەوە سوسیالستی و کۆمۆنیستی یەکەیو بەرەی ئازادیخوازی نین .ئەمەش بەهۆی لەمەیدانی نەبونی هەمەلایەنەی ئەم چینەو لاوازی هێزی ڕێکخراوی سیاسی و حزبی و جەماوەریو بێ بەدیلی یەوە چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی ووڵاتەکانو چ لەسەر ئاستی جیهانیش.

ئەگەر ئەم هێزە لە مەیداندابوایە هەروەک جەنگی جیهانی یەکەم لە یەک ڕاپەڕینو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەدا لە هەر یەکێک لەو ووڵاتە زلهێزە جیهانی و ناوچەییانە هەمو هاوکێشەکەی نێوان ئەوانی هەڵدەگیرایەوە بەسەریانداو دوو جەمسەر بەندی چینایەتی تەواو جیاوازی بەدیدەهێنا لە جەمسەری سۆسیالستی و جەمسەری سەرمایەداریو ئیمپریالیستیدا.
ئەو کاتەش زۆر ڕوشنو سادەتر هۆکاری پشتی هەمو دەخاڵەتو شەڕو پاشەکشێکان درک پێدەکرا بە بێ پێچوپەناو ئەمما و ئەگەرو لێکدانەوەی مانورلێدانو پلانگێری کە ئێستا بۆ لێدوانو هەوڵەکانی ترامپ دەکرێت.

٨-٤-٢٠١٨




3 قه‌سیده‌ ی شاعیر خاتوو مه‌ناهل ئه‌لسهه‌وی …. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

(1)
ژنانی ئه‌وروپا

خه‌مبار
به‌سه‌ر پێخه‌فه‌ نه‌رمه‌كه‌دا ،
پاڵ ده‌كه‌وم ..
ڕووم به‌لای دیواردا وه‌رده‌گێڕم
زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بمه‌وه‌ ..
به‌ په‌نجه‌م
ناوت له‌سه‌ر دیواردا ده‌كێشم
له‌گه‌ڵ ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی دووره‌وه‌
چاو ده‌نووقێنم
ئێستا ده‌توانم بنووم ،
بێ‌ ئه‌وه‌ی خه‌ون به‌ هیچه‌وه‌ ببینم
بێ‌ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی هیچ بكه‌م ..
ده‌زانم زۆرن ئه‌وانه‌ی
وه‌كو تۆ
كۆچیان بۆ ئه‌وروپایێ كرد
كۆچیان بۆمه‌رگ و زیلله‌ت كرد
به‌ڵام پاش چه‌ندان ساڵ
كه‌ منداڵه‌كانیان
هۆی هاتنیان لێ‌ ده‌پرسن
ده‌ڵێن :
چونكه‌ جه‌سته‌ی ژنانی ئه‌وروپا
له‌ ژنانی ئێمه‌ گه‌رمتره‌ ..
ژنانی ئێمه‌ ،
كه‌ له‌وێ‌
له‌ به‌ته‌نێیدا مردن .

(2)
له‌ ملدا

هه‌میشه‌ زانیومانه‌
شتێك له‌ مڵدا هه‌یه‌
لێی ده‌ترسین ،
نابێ‌ له‌ په‌تی لوولدراو
نزیك بینه‌وه‌ ..
چه‌قۆیه‌ك
یا دوو مشتی بێ‌ به‌زه‌یی
كه‌واته‌ ئێمه‌ مه‌رگ ده‌ناسین !
ئه‌و مه‌رگه‌ی ڕێك له‌ ملدایه‌
له‌ جێیه‌ك
له‌ هه‌موو جێیان پتر لێ ده‌دا
له‌ هه‌موو جێیان گه‌رمتره‌
له‌وێدا ماچیش هه‌یه‌ .

(3)
هه‌ناسه‌ بڕكێ‌

ئه‌مڕۆ
به‌ كیسه‌ی زۆرانبازیم هاتییه‌ به‌رچاو
به‌ مشت وه‌رت گه‌ڕامێ‌ ،
ئه‌وه‌ی له‌ كاتی خۆیدا نه‌مدایتێ‌ ..
كیسه‌كه‌ ده‌هات و ده‌چوو ،
دوور ده‌كه‌وته‌وه‌ ..
پاشان به‌ هێزێكی زۆرتره‌وه‌
ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ،
مشتی دیكه‌ی لێبوه‌شێنم
جارێكی دی وه‌ك دڕنده‌یه‌كی برسی
ده‌هاته‌وه‌ ..
وا مامه‌وه‌ ، تا هه‌ستم كرد شه‌كه‌ت بووم ..
به‌ ده‌سته‌كانم گرتم
به‌ جومگه‌ی په‌نجه‌ قڵیشاوه‌كانم
سه‌رم پێ كرد
پڕم بووم له‌ خوێن و
به‌ ڕوونی
گوێم له‌ هه‌ناسه‌بڕكێی خۆم بوو
وێنه‌ی ئاژه‌ڵێكی تۆقیو
خێراتر ده‌بوو .

——————–

ئاماژه‌ :

شاعیرێگی گه‌نجی سورییه‌ ، یه‌كێكه‌ له‌و شاعیره‌ ژنانه‌ی ڕه‌خنه‌گران ئاینده‌یه‌كی له‌ كاروانی شیعری عه‌ره‌بیدا تێدا ده‌بینن . شیعره‌كانی مناهل – له‌ سایتی گۆڤاری (كیكا)وه‌ كراون به‌ كوردی .
بڕوانه‌ http://www.kikahmagazine.com/?p=5486




هه‌توان … سه‌ردار جاف

له‌ شنه‌ی با
پرچی ئاسمان
ناوی ( په‌ری ) ده‌چنم و
له‌ به‌رۆكی خۆری ده‌م سپێده‌ی ده‌ده‌م
نه‌با گریان و حه‌سره‌تم
بیژاكێنێ روخساری پڕ تریفه‌ و نهێنی جوانی
له‌ سه‌مای گوڵ
له‌ تیشكی ئه‌ستیره‌ی به‌یان
له‌ قاوه‌ی ده‌م غه‌واره‌یه‌ك
روحی ئه‌وین ، شه‌ماڵی ته‌ڕ ، با بۆ كه‌زێی ( په‌ری ) بڕنم
تا ئه‌و خه‌ونه‌م
ڕواڵه‌تی ناسكتر با به‌ هه‌ناسه‌ و بۆنی گیانی
له‌ ره‌نگی سه‌وزی به‌هاری
له‌ باڵه‌خانه‌ی سروشتا
په‌یكه‌ر بۆ ( په‌ری ) چێ ده‌كه‌م
نه‌با چاوم
مه‌یلی غه‌در بكا و بترازێ له‌ شوانی
له‌ زنه‌ی كانیاوه‌كانی نیشتیمانا
ئاونگباران به‌ سه‌ر سیمای ( په‌ری ) ده‌كه‌م
نه‌با رووخساری مانگ ئاسای
كاڵبێته‌وه‌ وه‌كو فریشته‌ی په‌نهانی
بۆ ( په‌ری ) یه‌كه‌م
هه‌ر له‌ گه‌ڵا به‌ گه‌ڵای دارئه‌رخه‌وانی
ئارایشتی بوكێنی بۆ ته‌داره‌ككه‌م
نه‌با گه‌ردێ دروست بێت و
یانزه‌ قه‌له‌می ساڵنامه‌
بگرێ رێگه‌ی په‌شیمانی

7 / 4 / 2018




خۆشکردنی ئاگری شەڕ…. کاریکاتێر – جەبار

جەبار - ئاگری شەڕ




نامەیەکی خۆشەویستی لە منەوە … چرۆ زەند

ئيوارەیە کاتی خۆر ئاوابوون، ئەو کاتەی کە دەمەوی بگەڕێمەوە بەرەو ماڵ، بۆ کاتی منداڵیم بۆ مەڵکەندی. بۆ زێدی تۆ.
ئيوارەیە کاتی خۆر ئاوا بوون، لێرە بەفرهۆن هۆن دەبارێ، لای تۆ تاوە،
لەم خۆرئاوابونەدا، وەک باڵندەی سەرو ژوور، سەروخوار شەیدای فرینم لە کوێستانێکی سارد بۆ خۆرهەڵات،
بۆ زێدی تۆ، بۆ سەرەتایی شارستانیەت، بۆ مێتۆپۆسامیا ، بۆ نیشتمان، بۆ خۆشەویستی خاك و گەل کە لە تۆ فيربووم.
لە خەیاڵمدا، دەگەمە بەر دەرگا، دڵم خۆشه‌ تۆ بەروە پیرم دێیت و باوەشێکی گەرمی خۆشەویستیم بۆ دەکەیتەوە.
من له‌م دڵ خۆشیه‌دا سەما ده‌كه‌م. ، بەسەماوە دەچمە بەردەرگای ژوورەکەت، پاش تاوێ دەبینم،
کلێتەکەت، ڕه‌مزی خه‌باتی حه‌فتاساله‌ت، لە چوارچێوەیکی شوشەدا هەڵواسراوە،
جلوبەرگی کوردی لەگەڵ مەدالیا زێری ڕێزلێنانت لە چوارچێوەیەکی تردا داندراوە،
بەبێ جوڵە، چوارچێوەکان هه‌ڵواسراوون،
دایکم ڕەش پۆشە. ماڵ خامۆشە، یەکەم نەورۆزمە بە بێ تۆ. من لە سەما دەوەستم دەبی بڕۆم بۆ دیدی تۆ.
دەڕۆم بەرەو دەرکی سەرا، بۆ گردی سەیوان ئەو گردەی کە تەرمەکەت بەخاک سپيرا. لە ڕێگا لەگەڵ خۆم دەدوێم،
ئەگەڕێمەوە بۆ ڕابردوو، ئەو کاتەی بە پیادە ڕەو پێکەوە دەرۆیشتین، هەمیشە تۆ خێرا تر بووی له‌من ، پاش ڕاکردنێکی پەلە پێت دەگەیشتم.
بابە ئەی تاکە خۆشەویستی ژینم، نزیکترین هاوڕیم، مامۆستاکەم، بەندی دڵم، کە خۆشه‌ویستی تۆ فێری كردم، زانیاری پێبه‌خشیم، ڕه‌های كردم تا لە دڵ و هزری مندا نیشتەجێ بووی
پيم بڵي چۆن تۆ لەبیرکەم؟
Kleta
کە دەڕوانمە ئاوينە، خۆم دەبینم، خوێنی تۆ بە شادەماری مندا دەڕوا،
تەنها خاڵيکی جوانی کە یەزادن پي بەخشی لە جەستەدا، بەخشیت بە من،
کاتێ ناوەکەم دەنووسم ناوی تۆ دواناو و ناسنامەمە.
کاتێ کە نەم دەتوانی بدوێم لەوەی کە لەهزمدایە، پێنووست دامی تا بیرۆکەمەم کاکڵە بێت هەستی خۆم بە نووسین دەرببڕم. له‌ به‌تانی گشت ڕۆژێكدا به‌ سروودی نیشتمانی به‌ ده‌نگێكی وه‌ك بولبول به‌ خۆشه‌كه‌ی خۆت به‌خه‌به‌ر ده‌هاتم.
کاتی کەوتنم پاڵپشتم بووی، لە سەرکەوتندا هاندەرم بوویت. بەرایی نووسەری یەکەم پەڕتووکم، وەرگێری یەکەم کورتە چیرۆکم هەر تۆ بوویت. دوا وێنەمان، دوا ڕاوێژ و دوا وتە و ئامۆژگاریت گشتی لە دڵمدا نەخشاوە.
پيم بڵێ چ خۆشەویستیەك دەگاتە خۆشەویستی تۆ، دەمەوێ لەو خۆشەویستیە مەزنە دەگمەنەدا بژیم،
بە هیوایەک کە من و تۆ لە جیهانێکی تر دوور لە مەی کەتیا ژیاین یەکتر ببینینەوە،
تابتوانم بەشی لەو خۆشەویستیەی تۆ پيت بەخشیم، پێت بدەمەوە. بەم ڕستەیە دە ست پێده‌كه‌م “نامەیەکی خۆشەویستی لە منەوە”

كچت: چرۆ

نەورۆزی ٢٠١٨
تۆرۆنتۆ، كه‌نه‌دا
zandchro@hotmail.com




گومان … ستار ئەحمەد

چەپكێ گڵ و
مشتێك زەلكاوی
ترپەی دڵێك و
كورتەی هەناسەی
مەودای هەنگاوی
لەبێشەی رازا
لووتت لەلوتكەی
هەور بەرزترە
ژیانت سوتووی جگەرەیەكەو
دوارۆژت چڵی زاری ئاگرە
ئای كە دڵێكی
چەند تەنگ و تاری
بەرووكەش چرای هەنگاوی ماتی
لەناخا بێشەی دڕندەو ماری
بەچی دەنازی
بای چركەساتی
چۆن لەیادت چوو
رۆژگاری شوم و قڕی و نەهاتی
هێندە دەروونت پەست و بێزارە
شاعیر بوونی تۆ جێگەی پرسیارە