مایە پوچی چەپی ئەمریکی … نووسینی: مستەر فیش*

وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

——————

دادپەروەری ئابوری و سیاسی بۆ هەژاران یان ڕەشپێست و ژنان و کرێکاران نایەتە دی لە چوار چێوەی سیستمی جیهانی سەرمایەداریدا. کەمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری ( corporate capitalism ) کە لەسەر بنەمای سیاسەتی شوناس و فرەکەلتوری و دادپەروەرییەکی ڕەگەزپەرستانە سیاسەتەکانی خۆی دەشارێتەوە، هەرگیز وچان نادات لە فراوانکردنی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و بە سەربازیکردنی بێ سنوور و نەهێشتنی ئازادییە مەدەنێکان و زیادکردنی دامودەزگاکانی چاودێری.

کەمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری قابیل بە ڕیفۆرم نییە، لەگەڵ جێگۆڕکێی بەردەوامی خۆیدا. تا زیاتر لیبراڵیزم بە جێگاو ڕێگای چینایەتی خۆی ئاشنا دەبێت، هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەو سیستمە کاربکات کە فەیلەسوفی سیاسی شیڵدن ولین ناوی لێناوە ” تۆتالیتاریزمی ئاوەژو inverted totalitarism- “، ئەوا زیاتر تەنگ بە ژیانی ئێمە هەڵدەچنرێت. ئەگەر هەوڵنەدرێت دامودەزگا حکومێکان گشتی بکرێنەوە کە پێک دێت لە بانقەکان و سەرچاوە سروشتێکان و کارگەکانی چەک درووستکردن، ئەوا بە دڵنیاییەوە قوربانییەکی بەردەوامی ئەم دۆخە دەبین.

کەمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری سەرو نیشتمانین، هیچ دڵسۆزی و لایەنگریەکی بۆ هیچ دەوڵەت نەتەوەیەک نییە. ئەم سیستمە بەهرەمەندە لە هێزی سەربازی ئەمریکا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورێکانی خۆیدا. لە هەمان کاتدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زەرەر مەند دەبێت و دام و دەزگا دیموکراتێکانی لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە، وە ڕێگا بە بنەما ئابورێکانی دەدات کە کۆچ بکەن بۆ ئەو شوێنانەی کە کرێکار وەک کۆیلە بەکار دەهێنرێن.

دەبێت بەرەنگار بوونەوە بەرانبەر بەم کەمینە بازرگانە چەتانە لە ئاستێکی نێونەتەوەیدابێت. دەبێت هاوپەیمانی ساز بکرێت لەگەڵ کرێکارانی سەرتاسەری جیهاندا. دەبێت دژایەتی دامەزراوە لیبراڵێکان بکرێت، بەهەمان شێوە پارتی دیموکرات کە خیانەت لە کرێکاران دەکات. ئەم خیانەتکردنە بوو وای لە فاشیستەکانی ئەوروپا و شوێنەکانی تر کرد کە بجوڵێن. دۆناڵد ترامپ هەرگیز هەڵنەدەبژێردرا ئەگەر ئەم خیانەتە نەبوایە. دەبێت بزوتنەوەیەکی جیهانی بەهێز درووستبکەین بۆ ڕوخاندنی کەمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری یان ئەوەتا تۆتالیتاریزمی ئاوەژوو زیاتر گەشەدەکات.

چەپی گومڕا، خۆی خەریککردووە بە شەڕی کەلتوری و سیاسەتی شوناسەوە. تا ئاستێکی زۆر بێئاگایە یان پشتگوێی خستووە ئەولەویەتەکانی سەرمایەداری و خەباتی چینایەتی. تا ئەو کاتەی سەرمایەداری دەسەڵاتدارە، هەموو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی و فەرهەنگێکان ڕووکەشانە دەبێت.
سەرمایەداری، لەناوەڕۆکی خۆیدا بە دوای بە کاڵاکردنەوەی ئینسانەکان و سروشتەوەیە بۆ وەدەستهێنانی قازانج. هەمیشە لە هەوڵی کەمکردنەوەی تێچوی کرێکاردایە، وە لەناوبردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە لە پێناو سودی گشتیدایە. بەڵام لەگەڵ وێرانکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، خۆشی دەکەوێت وەکوو هەر مشەخۆرێک کە لەوێوە ژیان دەکات. ئەوەی سەرچاوەی نەهامەتییە، ناتوانێت ئەو پەرۆشیەی نێوان خەڵک بۆ لە ناوبردنی سەرمایەداری لە ناوبەرێت.

“دەیڤد نۆر‌ث” سەرۆکی گشتی پارتی سۆشیالیستی یەکسانی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لەو کاتەی لە نیۆرک قسەمان دەکرد پێکەوە وتی: ” ئەم قەیرانە ڕەهەندێکی جیهانی هەیە، ئەم قەیرانە زاڵە بەسەر بەشێکی گرنگی سیاسەتمەدارانی ئەمریکادا. ئەو کاردانەوانەی کە دەیبینین، گۆڕانکارییەکی سەرسوڕهێنەرانەیە لە دەسەڵاتدارێتی وڵاتدا، لە گۆڕانکارێکانی ژیانی سیاسەتمەداراندا، لە خیتابی سیاسی لاواز و خاڵی لە فیکر، ئەمە لە خۆیدا دەربڕی دۆخی ئڵیتی دەسەڵاتدارە”.

هەروەها وتی: ” دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کەوا تەقینەوەیەکی چینایەتی گەورە لە ئەمریکا بە ڕێوەیە. بڕوام وایە ئەم وڵاتە بەرمیلێکە لە بارودی کۆمەڵایەتی، توڕەبونێکی زۆر هەیە لە بارەی بارودۆخی کار و نایەکسانی کۆمەڵایەتییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت زۆرێک لە پرسیارەکان تێکەڵاو بکرێت، کرێکار لەم وڵاتە بڕوایەکی قوڵی بە مافە دیموکراسییەکان هەیە. ئێمە بە تەواوی ئەو چیرۆکە بە پوچ دەزانین کە پێی وایە کرێکاران ڕەگەزپەرستن. بڕوادەکەم ئەم چیرۆکە لەلایەن پرۆ چەپەکانی چینی ناوەندەوە هۆنرابێتەوە کە سەرخۆشن بە سیاسەتی شوناس، ئەمانە بەرژەوەندییان لەپەرت پەرتکردنی خەڵکدایە لە ڕیزە چینایەتییەکەی خۆی لەسەر بنەمای نەژاد و ڕەگەز و پەسەندکردنی ڕەگەزێک بەسەر ئەوی تردا. ئەم دیدە ناتوانێت چارەسەری کێشە سەرەکێکان بکات.”

دەیڤد نۆرث بە شێوەیەکی درووست ئەوەمان پێدەڵێت کەوا سەرمایەداری بە سروشتی خۆی لە قەیرانێکەوە دەچێت بۆ قەیرانێکی تر، وەهەر ئەمە وا دەکات ئاستەنگێکانی ئەمڕۆمان هاوشێوەی ئەوانەی ڕابردوبێت.
دەیڤد وتی: ” هەموو پرسیارە بێ وەڵامەکانی سەدەی بیست لە چەشنی دەوڵەت نەتەوە، موڵکییەتی تایبەتی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و هێزی سەرمایە، هەموو ئەمانە سەرچاوەی شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی بون و ئێستاش ئامادەییان هەیە سەرباری فاشیزمیش.”

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: ” ئێمە ژیان لە چوار چێوەی یەک ئابوری جیهانی دەکەین کە پەیوەندییەکی توندو تۆڵی لەگەڵ یەکتردا هەیە، پرۆسەی جیهانگیری بەرهەمێنان، سیستەمی مالی. چینی دەسەڵاتدار یەک سیاسەتی نێونەتەوەیی هەیە، وە هەر لە ئاستی نێودەوڵاتیشدا خۆیان ڕێکدەخەن. لە بەرانبەریشدا کرێکاران لە ئاستی نیشتمانی خۆیان ڕێکخراو دەکەن، بۆیە بێ توانایە لە وەڵامدانەوە بە [ سیاسەتەکانی چینی دەسەڵاتدار] . هەر بۆیە دەکەوێتە پشتیوانیکردن لە بەرنامەگەلێکی نیشتمانی و سەندیکا کرێکارێکانیش دەچنە پشتی ترامپ.”

هەر لە نیۆرک لەگەڵ زانای کۆمەڵناس چارڵز دێربەر قسەم کرد، ئەویش هاوڕای دەیڤد نۆرث بوو.
دێربەر وتی: ” لە ڕاستیدا ئێمە چەپمان نییە، هەر بۆیە لەسەر سەرمایەداری قسەناکەین. چەند جار دەتوانیت بچیتە سەر چەناڵی هەواڵەکانی CNN و گوێت لە گفتووگۆبێت سەبارەت بە سەرمایەداری؟

بیرنی ساندەرز یەک کاری کرد، خۆی وەکو “سۆشیال دیموکراتێک” ناساند. ئەوە لە خۆیدا گۆڕانێکی نەوعی بوو لە وتاردان. دەڵێت شتێکی تریش هەیە بە جیاواز لە سەرمایەداری با گفتوگۆی لەسەر بکەین.

سەرمایەداری لەگەڵ بەجیهانیبونی خۆیدا زیاتر و زیاتر پەرت پەرتکردن” intersectional” دەگرێتە بەر، بۆیە بۆ ئێمە گرنگە شەڕی ئەم پەرت پەرتکردنە بکەین. لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەوکاتانەی فێرخوازێکی سیاسی بووم و ڕەهەندە جیهانێکانی چەپ ڕوو لەسەر بوو، کەچی ئەم ڕەهەندە لە شەستەکان داکەوت.
ژنان هەستیان دەکرد کێشەکانیان چارەسەر نەکراوەو لەلایەن پیاوانی سپیی و سەرکردە قوتابێکانەوە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرا. تیمی پڵینگە ڕەشەکان هەستیان دەکرد ئیتر سپێکان لەگەڵیاندا باس لە پێشبڕكێ ناکەن. هەر لایەو ڕێکخراوەی خۆیان پێکهێنا، چونکە چەپ خەسڵەتە جیهانێکەی خۆی لەدەستدا.

چەپ هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەم پەرتەوازەکردنەدا لەچوارچێوەی ئیمپراتۆریەت و عەسکەرتارییەتی ئەمریکاو باڵادەستی سەرمایەداریدا نەدەکرد، بەڵکو وەکوو کێشەو شوناسی گروپێک تەماشای دەکرد. ئەمە بۆ ژنان و ڕەشپێستەکان و هاوڕەگەزەکانیش هەروابوو.
زیانەکانی ئەم پەرت پەرتکردنە مەرگ هێنەرە. لە جیاتی جەختکردنەوە لەسەر مەینەتی زوڵملێکراوان، کەچی چەوساوەکان کۆمەڵ کۆمەڵ لە هەوڵی ئەوەدان نوێنەریان هەبێت لە ناو هەیکەلەکانی “structures سەرمایەداریدا.”

دێربەر لە درێژەی قسەکانیدا نمونەیەکی هێنایەوە: ” لێگەڕێن با ڤێرژنێکی مۆدرێنتان بە نمونە بۆ بێنمەوە “Sheryl Sandberg” سەرۆکی کارگێڕی فەیسبوک، شەپۆلی سێیەمی فیمینیزمی هێنایە دەرەوە. ئەو دەڵێ ” وەرە پێشێ ” ئەم سیاسەتکردنە لەسەر شوناس بۆتە زەهر بۆ چەپ. ” وەرە پێشێ ” چی دەگەیەنێت”؟ مانای ئەوەیە ژنان وەرنە پێشێ و تا ئەوپەڕی توانییتان بڕۆن و وەک ئەو لە کەمپانیایەکی زەبەلاحدا بەڕێوەبەرایەتی بگرنە دەست و دەوڵەمەندبن. هەرکاتێک فیمینیزم بەو بارە بچێتە پێشەوە، ئەمە لە خۆیدا شەرعیەت دانە بە سیستمێک کە لە خۆیدا بەدوای قازانج درووستکردنەوەیە. فیمینیستەکان پێشتر بە ئاشکرا سۆشیالیست بوون وەکوو [مارتن لوثر کینگ]، بەڵام هەموو ئەوانە ڕەشبونەوە.

چەپ لە دۆخێکی ناڕۆشندایەو کۆمەڵێک شتی هەڵبژێردراو لە هەگبەکەیدایە، ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە لایەنی پاکی مۆراڵتییەوە هەیە. تۆ نیگەرانی لە چونە پێشەوەت لەگەڵ سیستەمی مەوجود. پێشبڕکێی ئەوانی تر دەکەیت لەناو هەمان سیستەم. هەموو کەسێک مافی تایبەتی خۆی هەیە، نیگەرانی تۆ بۆ بەشداریکردنێکی دادپەروەرانەیە.
خەڵکی ناو بزوتنەوەکان دەرهاویشتەی هەمان ئەو سیستمەن کە شەڕی دەکەن، ئێمە هەمومان لە ناو فەرهەنگی سەرمایەداری و تاکگەرایی و خۆپەرستی گەورە بوینە، بۆیە پێت سەیر نەبێ. دەبێت بە ئاگاییەوە بیناسیت و خەباتی لەدژ بکەیت. هەموو کەسێک لەم بارو دۆخەدا گەورە بووە، هەر ئەمەشە کاریگەری لەسەر گۆڕینی ستراکچەری چەپ داناوە.

لە بەرانبەریشدا چەپ ڕەخنەیەکی گشتگیرانە لە ئابوری سیاسی سەرمایەداری پێشکەشناکات، تا ڕادەیەکی زۆر ئەمیش خەریکی سیاسەتکردنی شوناسە، زیاتر جەخت دەکاتەوە لەسە ڕیفۆرم بۆ ڕەش پێستەکان و ژنان و تاد… بەڵام هەرگیز لێکۆڵینەوەیەک ناکات بۆ ئەم کێشانە لە چوار چێوەی سیستمی سەرمایەداری.”
دێربەر بە هامان شێوەی نۆرث پێیوایە ئەوە سیاسەتەکانی چەپ بووە ڕێگای بۆ بزوتنەوە ڕاستەکان و فاشیستەکان لەسەرتاسەری جیهاندا ئاواڵە کردووە، هەر بۆیە کەسایەتییەکی وەکوو ترامپ سەردەکەوێت.

هەروەها وتی: ” ئەو کاتانەی بە سانایی شان دەدەیتە بەر سیاسەتێک بۆ وەدەستهێنانی پارچە پسکیتێک بۆ کۆمەڵەکەت، کەواتە تۆ شیکارێیە گشتییەکانت لەدەست داوە، تۆ پارچە پارچەی و هیچ پەیوەندی و هاوپشتییەکت لەگەڵ کۆمەڵەکانی تردا نییە. تۆ چوار چێوە گشتییە گەورەکە نابینی. بۆ نمونە وەک هاوڕەگەزبازێک داوا دەکەیت بچیتە ڕیزی سوپاوە، لە ڕاستیدا ئەمە گاڵتە جاڕییە و ڕەوایەتی دانە بە ئیمپراتۆرییەتی ئەمریکا. ئەگەر لە ئەڵمانیایی نازی بژێی، ئەرێ دەڵێی دەمەوێت وەک هاوڕەگەزبازێک لە ڕیزەکانی سوپادا بجەنگم؟”
من ناڵێم دەبێت هەموو سیاسەتێکی شوناس وەلابنرێت، بەڵام دەبێت شوناس لە چوار چێوەی تێگەیشتنێکی ئابوری سیاسی فراواندا مانا وەرگرێت. ئەمەیان فرێدراوەتە دوورەوەو هیچ لێکۆڵینەوەیەکی قوڵ پەیدا نابێت سەبارەت بە سەرمایەداری و سەرمایەداری سەربازی. ئەم باسانە وەلانراون بۆیە ترامپ دێتە سەرەوە. ئەم هاتنەی وای کرد شوناسێکی سیاسی بە هێز بدات بە باڵی ڕاست کە خۆی بنیات دەنێت لەسەر نەتەوەپەرستی و عەسکەرتارییەت، ئەوەی کە ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا لێی بەهرەمەندە.”

دێربەر وتی: ” سیاسەتی شوناس تا ڕادەیەکی زۆر وتاری ڕاستەکانە، زیاتریش تیشک دەخاتە سەر خێڵ و پەیوەستکردنی بە نەتەوەوە لە سەردەمی مۆدێرنەتەدا و ئاوێزانکردنی بە ملیتاریزم. کاتێک چەپ شکست دێنێت لەم سیاسەتە نادیارە کە لە چوار چێوەی خۆیدا دانانرێت. لێرەوە بە ئاسانی لەم دۆگمە فەندەمینتاڵییە تێدەگەین. سیاسەتی شوناس لای چەپ وەبەرهێنانەوەیەکی کۆمەڵایەتی خراپتر لە داهاتودا لە کۆی گشتی سیستمەکە درووست دەکات. ئەمە جێگای ترسە.”

پرسیاری کرد: ” چەند لە چەپەکان هەمان ئەو شتانە وەبەر دێننەوە کە ئێستا لە کۆمەڵگەدا شەڕیان دەکەین؟”

21 Apr,2018
———————————

ژێدەر:
* مستەر فیش بە ناوی “دوواین بۆث”یشەوە دەناسرێتەوە هونەرمەندێکی کاریکاتێریستە و بەبەردەوام بۆ
www.truthdig.com و www.harpers.com
کاردەکات. لە شاری فیڵۆدۆڵفیای بەنسەلڤانیا ژیان دەکات.
———————————–

سەرچاوە:
https://www.truthdig.com/articles/bankruptcy-american-left/




توندڕەوی ئاینی و هۆکارو چارەسەر … دیار ئیبراهیم

بە گشتی دەتوانین پێناسەی توندڕەوی بکەین بەوەی بە کەسێک یان گرووپێک یان ئەفکارێک دەگوترێت کە خۆیان بە خاوەن ڕاستی تەواوەتی دەزانن و پێان وایە ئەوەی پێچەوانەی دیدو بۆچوونی ئەمان بێت لەسەر هەڵەیەو جگە لە خۆیان هیچ کەسی دیکە شایەنی پلەو پایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینیی نیە، وە پێان وایە هەر کەسێک پیچەوانەی دیدو تێڕوانینی ئەمان بێت دەبێت بە زەبری هێز سەرکوتی بکەن بە گوفتارو کردار.
بە گشتی توندڕەوی بەسەر چەندین جۆردا دابەش دەبێت لەوانە (توندڕەوی ئاینی و فیکری و سیاسی….هتد)
بە چاوخشاندنێک بە ڕاگەیاندنە جیهانیەکاندا دەبینین زۆرترین جار باس لە توندڕەوی دەکرێت ئەوەش بەهۆی ئەو مەترسیە گەوەرەیەی دروستی کردووە بۆ سەر ئاسایشی جیهان. کە وەک هەورێکی ڕەشی ترسناک لێی دەڕوانرێت و بووە بە باس و خواسی ڕۆژ.

ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم توندڕەوی ئاینییە، کە ئێستا لە بەشێکی زۆر لە شوێنکەوتوانی ئاینەکاندا بەدی دەکرێت بە تایبەت لە ئاینە ئاسمانیەکانداو بە تایبەت تریش شوێن کەوتوانی چەند مەزهەبێکی ئاینی ئیسلام (بۆ ئەوەی گشتاندن نەکەم ئەم تەعبیرەم بەکار هێنا)
شوێنکەوتنی ئاینی ئیسلام بە گشتی لە جیهاندا لە دۆخێکی خراپدان ئەوەش بەهۆی ئەو کارە قێزەونانەی بەناوی ئەو ئاینەوە دەکرێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر شوێنکەوتوە میانڕەوەکانیش کردووە بەوەی ناوناوبانگی ئەوانیشی پێ لەکەدار کراوە!

*دەپرسین توندڕەوی لە ئاینی ئیسلامدا نوێیە یان مێژوویەکی درێژی هەیە؟
*هۆکاری سەرهەڵدانی توندڕەوی لەم ئاینەدا چیە؟
*بۆچی لە ئێستایا زۆربەی گرووپە توندڕەوەکان شوێنکەوتەی ئەم ئاینەن؟
*پاڵنەرو هۆکاری دروست بوونی تاکی توندڕەو چیە لەم ئاینەدا؟
ئەگەر چی ئەم پرسیارانە بە نوسێنێکی وەها کورت ناتوانرێت وەڵامی تەواوەتی بدرێتەوە بەڵام هیچ نەبێت دەتوانم لێرەدا بە پێی ئەزموون و زانیاری خۆم هەڵوێستەیەکی پوخت و کورتی لەسەر بکەم. زۆربەی خەڵکی وا دەزانن دروست بوونی ڕەوتە توندڕەوەکانی وەک (قاعیدەو داعش) و هاوشێوەکانیان کە بە دوو لە توندڕەوترین گرووپە ئیسلامیەکان دادەنرێن بە سەرەتای دەستپێکردنی بیری توندڕەوی دادەنرێت لەم ئاینەدا، بەڵام ئایا بەو شێوەیە؟

بە چاوخشاندنێک بە مێژووی زۆرێک لە مەزهەب و گرووپ و ڕێچکەکانی ئەم ئاینەداو بە خوێندنەوەی کتێبەکانی بەشێک لە زانا ئاینەکان دەبینین بیری توندڕەوی لە ناو ئاینیەکەدا مێژوویەکی کۆن و درێژی هەیەو ئەو گرووپانەی کە ئێستا بوونیان هەیە بە کاریگەری ئەو مێژووە دروست بوون بەردەوام دەیانەوێت هەمان ئەو مێژووە دووبارە بکەنەوە.
بۆ نموونە دوای وەفاتی پەیامبەری ئیسلام، زۆرترین شەڕو توندوتیژی ڕوویداوە لە نێو ئەو هاوەڵانەی کە نزیکترین کەس بوون لە پەیامبەری ئاینەکەوە جەنگەکانی (صەفین و جەمەل ) سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.

هەروەها بە سەیرکردنی مێژووی مەزهەب و ڕێچکەکان بۆمان دەردەکەوێت ناکۆکیە مەزهەبی و تائیفیەکان لەوپەڕی لوتکەدا بووە تەنانەت جار هەبووە شوێنکەوتەی مەزهەبی حەنبەلی پەنجەی نوێژخوێنی مەزهەبی حەنەفی شکاندووە لە کاتی نوێژدا لەبەر ئەوەی وەک مەزهەبەکەی ئەم پەنجەی نەجووڵاندووە!
تەنانەت لە سەردەمانێکدا گەشتووە بەو ڕادەی لە مەککەدا چوار پێش نوێژ هەبن چوونکە شوێنکەوتوانی هیچ کام لە مەزهەبەکان ئامادە نەبوون نوێژ لەدوای ئیمامی مەزهەبەکەی بەرامبەری بکات!

بڵاوبوونەوەو دروست کردنی چەمکی (بیدعەچی) کە لە کاریگەرترین هۆکارەکانی پەرش و بڵاوی توندڕەوی بووە بەهۆی ئەوەی هەمیشە چەکێک بووە بەدەست کۆی گرووپەکانەوە کە نەیارەکانیان پێ تۆمەتبار کردووە و خستوویانیەتە قاڵبی خراپ تر لە بێباوەڕی چوونکە ئەگەر سەیری هەڵوێست و کاردانەوەکان بکەین بەرامبەر ئەو کەسەی بە بیدعەچی لە قەلەم دراوە زۆر خراپ تر بوون لەو حوکمانەی بەسەر کەسی بێباوەڕدا دراوە! بەوەی بیدعەچی سڵاوی لێ ناکرێت و جوابی سڵاویشی نادرێتەوەو ژنی نادرێت و چەندان حوکمی دیکە کە تەنانەت هەندێ لە گرووپەکان وتویانە کەسی بیدعەچی سوار گوێ درێژێک دەکرێت بە عەکسەوەو بەناو شاردا دەگێڕدرێت!ئەمە جگە لەوەی دەڵین دەبێت بەند بکرێت یان لێی بدرێت تا پاشگەز دەبێتەوە یان دەگاتە ڕادەی کوشتن!

بە سەیکردنی کتێبەکانی بەشێکی زۆر لە زانا حەنبەلیەکان و مەدرەسەی سەلەفیەت کە لە ئیبن تەیمیەوە دەست پێدەکات ، دەبینین زۆرترین هاندانی تێدایە بۆ توندو تیژی ئەمەش بە تۆخی ڕەنگی داوەتەوە لەسەر شوێنکەوتوانی ئەو مەزهەبانەوە و بە دامەزرێنەرانی بیری توندوتیژی و یەکتر ڕەت کردنەوە دادەنرێن بە بە بەڵگەی کتێب و نوسراوەکانیان!
بۆ ئەوەی بابەتەکە درێژ نەبێتەوە لێرەدا بە گشتی جەخت لەسەر گرنگترین هۆکارەکانی توندڕەوەی دەکەینەوە و دیاری دەکەین کە چی وادەکات تاکێکی توندڕەو دروست ببێت ئەمەش بە چەند خالێک بە کورتی و پوختی دیاری دەکەین:

١) غیابی ئەقڵ لە لێکدانەوەو ڕاڤە کردنی دەقە ئاینیەکاندا
٢)قبول نەکردنی ڕای جیاواز و بڕوا نەبوون بە پێکەوەژیانی ئاینەکان
٣)ڕاڤەی ئایەت و فەرموودەکان و بە لێکدانەوەی زانا ئاینیە کۆنەکان و حساب نەکردن بۆ گۆڕانی کات و شوێن
٤)وەهمی (گرووپی ڕزگار بوو) بەوەی کە موسڵمانان دەبنە حەفتاو سێ گرووپ و یەک گرووپ لەو گرووپانە ئەهلی بەهەشتن و لەسەر هەقن، ئەمەش وای کردووە هەر گرووپەو خۆی بەو تاکە گرووپە ڕزگار بووە دابنێ و ئەوانی دیکە بە گومڕاو سەرلێشێواوو نیشتەجێی دۆزەخ
٥)زیادەڕوە کردن لە زانا ئاینەکاندا بە ڕادەی هاوشانی کردنی وتەکانیان لەگەڵ دەقەکانی قورئاندا
٦)تێکەڵ کردنی دەقەکانی قورئان بە فەرموودە کە بە دوو سەدە دوای وەفاتی پەیامبەر نوسراونەتەوە و پڕە لە هەڵبەستراوو ناڕاست و هاوشانی کردنیان لەگەڵ قورئان بە تایبەت ئەو فەرموودانەی مۆرکێکی سیاسیان هەیە و بۆ مەبەستی تایبەت دروست کراون
٧)بێبایەخ کردنی دونیاو ڕازاندنەوەی خەیاڵی ئافرەت و باخ و خۆشی و حۆری لە مێشکی کەسی توندڕەودا
ئەمانەو دەیان هۆکاری دیکە ڕێگا خۆشکەرن بۆ دروست بوونی بیری توندڕەوی،ئەمە سەرەڕای ئەو فەوزای خیلاف و ناکۆکیەی لە نێو زانا ئاینیەکان و گرووپە ئیسلامیەکاندا هەیە کە هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنن کە لە خۆی لە خۆیدا خیلاف ئاساییە بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە زۆربەی ئەم گرووپانە تەنها خۆیان بە ڕاست دەزانن و بەرامبەرەکەیان بە گومڕاو سەرلێشێواو! کە ئەمەش فەوزاو بێسەرو بەریەکی بێ کۆتای دروست کردووە و هیچ کەسێک بەرامبەرەکەی قبوڵ ناکات و تەنها ڕێچکەی خۆی پێ هەق و ڕاستە!
ئەمە سەبارەت بە هۆکارەکانی توندڕەوەی بەڵام ئەی چی سەبارەت بە چارەسەری توندڕەوی؟ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە زۆری دەوێت بەڵام لێرەدا بە کورتی چەن خاڵێک دیاری دەکەم کە پێم وایە بە جێبەجێ کردنیان کەسانی توندڕەو بەرەو کەمی دەبات و ڕێ دەگرێت لە خێرا بڵاو بوونەوەی ئەم بیرە کە وەک بەشێک لە فەیلەسووفان دەڵێن توندڕەوەی سروشتی مرۆڤە چی جای ئەوەی هاندانی لەگەڵا بێت.

لەو ڕێگایانە:

دورخستنەوەو تێکەڵاونەکردنی ئاین بە سیاسەت.
دەرخستن و بڵاو کردنەوەی ئەو دەقانەی کە ڕێگا خۆشکەرن بۆ یەکترقبوڵکردن و دادپەروەری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی.
ڕێگری کردن لە بڵاوکردنەوەی هەر نوسراوو بینراوو بیستراوێک کە هاندەر بێت بۆ توندو تیژی ئەمەش ڕێگا گرتن نیە لە ئازادی چوونکە بە ڕێگانەگرتن لەمانە ئازادی خامۆش دەکرێت.

پێویستە لەسەر کەسانی میانڕەوی ناو ئەم ئاینە هەستن بە نوسینەوەی توفسیرو لێکدانەوەی سەردەمیانە بۆ دەقەکان و ئاین پارێزن لە بە مێژوویی کردن.
بڵاو کردنەوەی بیری میانڕەوی و جەخت کردنەوەی لەسەر پێکەوە ژیانی ئاینیەکان.
هەروەها چەندین ڕێکارو چارەسەری دیکە
من زۆر جار کاتێک کەسێکی توندڕەو دەبینم بەزەیم پێیدا دێتەوە چوونکە دڵنیام پاڵنارو هۆکاری پەروەردەیی سەقەت وای لێ کردوە بە بەڵگەی ئەوەی زۆربەی توندڕەوان هیچ ڕۆشنبیریەکی فیکری و باگراوندێکی سەقافیان نیە بەڵکو کەسانی سادەو ساویلکەن بە پاڵنەری عاتفی و سۆز خێرا کاریگەر دەبن
لە کۆتایدا دەڵیم برای دیندار هەوڵبدە دەقە جوانەکانی هاندانی کاری چاکەو پێکەوەژیان بڵاو بکەرەوە بیر لەوە بکەرەوە خودا هەرگیز زۆر لەکەس ناکات و زۆر گەورەترە لەوەی تۆ بەناوی ئەو خوداوە جەنگی بۆ بکەی و پێویستی پێت بێت! تا بە هەموومان هۆکارەکانی پێکەوەژیان بگرینە بەرو ڕێز بگرین لە ڕای جیاوز و ئاینیش بە جوانی بمێنێتەوە.




پرەنسیپەکانی سەردەشت … محمود عەبدوڵا

سەردەشت ئەوگەنجە بوێرو ژیرو ڕاستگۆیەبو،کە پێغەمبەر ئاسا بانگی عەدالەت و ئازادی و بەختەوەری دابەگوێی دەسەڵاتی کوردی ڕاستتر دای بەگوێی ابوجەهلەکانی کوردایەتی.سەردەشت بەر لەوەی ئەوان بناسێت خۆی ناسیبو، باڵای بەرزی خۆی و کورتەباڵایی ئەمانی دیتبو،یەک لەوگەنجانە بو کە پێغەمبەرە شاراوەکەی ناخی هۆشیارببۆوە و نەیدەتوانی لە مردن بترسێت،لەپێناو ژیانێکی پڕ لەسوکایەتی بە انسانی کورد.ئەو مرۆڤێکی پڕجوڵە و زرنگ بو، نەیدەتوانی لەناو ئارامی ساختەی شار ئارام بنوێت.بۆیە سەرەڕای ئاگادارکردنەوە و هەڕەشە لێکردنی سوربو لەسەر شکاندنی بتەکان و بەزاندنی هێڵە سورەکان خۆی وتەنی: جامانە و گۆچانەکان.

سەردەشت گەنجێک نەبو کۆیلەی حیزبێک بێت دژی حیزبێکیتر،هەرکات ویستیان بێ دەنگی بکەن ،وەکخۆی لە نوسینێک دا دەڵێت:”کە دەنگم بە حیزبێک داوەپێم وابو گۆڕینەوەی شەیتان بەقوتابیەکانی بۆ ئێمە قازانجە”کااتێک بزانم خزمەتی ینک و پدک دەکات ئەوا هەمان هەڵوێستم دەبێت کە بەرامبەر دەسەڵات هەمبووە.واتا سەردەشت لەو خوێندەوارانە گەورەتربو کە بەرژەوەندی کەسی کوێری کردون و ئەوەی بۆ حیزبەکەی خۆیان بە حەڵاڵی دەزانن بۆ حیزبەکانیتر حەرا مو بە پێچەوانەشەوە.سەردەشت نوسەرێک نەبو چوبێتە ناو شەڕێکی حیزبی نەفامانە و بێتام و چەواشەکارانە،شەڕی ئەو شەڕی کەرامەت و ئازاد و عەدالەت بو،واتا سەردەشت هاواری نەدەکرد بۆئەوەی باڵای بەرزبێت،بەڵکو باڵای مرۆڤبونی بەرزبو بۆیە هاواری دەکرد.

سەردەشت مرۆڤێکی بە پرەنسیپ بو،ئەوەش لە هەڵوێستی بەرامبەربکوژەکانی و لەنوسینەکانیدا بەئاشکرا دەبیند رێت.لە نوسینەکانی سەردەشتدا ئەوە بەدی دەکرێت کە هاوارەکەی بۆ ئازادی لەباوەڕبونیەتی بە ئازادی نەک وەک ئەو مرۆڤە ساختانەی کە چاویان بە دو دینارکەوت تەسلیم دەبن،نەخێر لە ناودێڕەکانی سەردەشت دا ئیرادەیەکی ئیبراهیمی و ڕاستگۆییەکی عیسایی هەبو،کە بۆ دەسەڵاتیش ڕونبو کە دەستیان پێناگات،سامانەکەیان نرخی سەردەشت ناکات،بەڵێ لە بێ دەنگ کردنی نائومێدبون بۆیە شەهیدیانکرد.ڕاستە ئەوان توانییان ژیا لەسەردەشت بستێنن ،بەڵام هەرگیز ناتوانن خۆیان لەو ئیرادەیەی سەردەشت بشارنەوە کە ڕۆژ بەڕۆژ دەبێتە ئیرادەی دەیان سەردەشتی تر.دەنگی ئەوگوللەیە بڕایەوە کە بەڕوی سەردەشتدا تەقێندرا بەڵام نەعرەتەی قەڵەمەکەی سەردەشت هەر دەمێنێت .

خەمی سەردەشت خۆبردنە پێشەوە و خۆدەرخستن و جۆلانێکردن نییە لە نێوان حیزبەکاندا،بەڵکو خەمی ئەو ئەوستەمە ئایدیۆلۆژیە بەتاڵە بو کە بەهۆیەوە انسانی کوردی پێ بێدەنگکرابو،بەناوی کوردایەتییەوە نیشتیمانیان بەتاڵکرد لە هەمو بەهاو جوانییەک.
پرەنسیپەکانی سەردەشت بەسن بۆ هەر ئینسانێکی ئازادی خواز،هەر ئینسانێک کە تەماداری دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسابێت دەبێت سەردەشت ئاسا بێت و بۆحیزب نەبێتە مورید و بەیعەت دەر نەبێت دەنگدەر بێت.

سەردەشت لەکۆمەڵگایەکی شێواودا دەژیا،کۆمەڵگایەک کە هۆیهای کوردایەتی لەهەموشوێنێک ئامادە بو،ڕێبەرانی هۆیها بەناو شۆڕشگێڕانی دوێنێ بون،هەر بیرکردنەوەیەکی نوێ و هەرجیاوازییەکی فیکری دەخەنە بەر هۆیهای کوردایەتی.

دەبێت تاکیکورد وەک سەردەشت هەست بە گەورەیی خۆی بکات و خۆی بناسێت تا ئەم دەسەڵاتە بناسێت و خۆی بچوکنەکاتەوە لە پێناو پارەی دزراوی حیزب.
دەبێت مرۆڤ شەیدای ژیان بێت بۆ ئەوەی بتوانێت چاوەڕوانی بکوژەکانی بکات لەجیاتی ژیانێکی پڕلەسوکایەتی.ئەوانەی مەرگدۆستن لاموبالات و ناچالاکن،دنیا دەبەخشنە ستەمکارەکان بە ئومێدی یۆتۆپیای بەهەشت.بۆیە دەبێت تاکیکورد خۆی بخاتە ژێر بەرپرسیارێتی گشتی و ڕوبەڕوی ئەوستەمکارییە بێتەوە کە سەردەشتەکان دەکوژێت.دەبێت وەک سەردەشت خەمی ئەوەی بێت ئەم ستەمکارییە نەگوازرێتەوە بۆنەوەکانی داهاتو،وەک سەردەشت یاخی بێت بۆ ئەوەی برابچوکەکەی بەکەرامەتەوە بژی.

.سەردەشت لەناو سیاسەتی ڕۆژانەیی دا نەخنکا بو،ئەو دەیهەویست خۆی بچێت بەرەو ئایندە،نەک خەو ببینێت بەو دنیا ساختەیەی کە بەناو شۆڕژگێرەکان بە ڵێنیان دابو،ئەو دەیزانی کە خەریکە ئایندەش وردە وردە وەک سامانی ئەم وڵاتە بدزن،،بۆیە سەردەشت باوەڕی بە خۆی هەبو نەک بە فریاد ڕەس.هەربۆیە بەڵێنی دابو کە بتەکان بشکێنێت و بەڵێنی دابو کە بەرەو ڕوی باڵەخانەکانی فیرعەونەکان بچێت و بیانکاتەوە زەوییەک وەک ئەوکاتەیان لێبکاتەوە کە تەنیا کراسێکی ڕەشیان هەبو.
زۆر بەسادەیی بۆگۆڕینی ئەم هەرێمە،پێویست ناکات هیچ حیزب و کەسێک گەورەبکرێت ،بەڵکو دەبێت خۆتان بچوک نەکەنەوە.دەبێت وەک سەردەشت بە ئیرا دە و ڕاستگۆ و هۆشیاربن ،لەجیاتی شانازیتان بەم حیزب و ئەو حیزب شانازییە کە سەردەشتی بن .

ئەوان سەردەشتیان لەبەر ئەوە ژیانیان لێنەستاندکە خەیاڵێکی کردوە،بەڵکو لەبەر ڕاستییەکانی ناو خەیاڵەکەی ،کاتێکیش زەنگی مردنی لێدەدات ئەو بەڵێن دەدات ئیتر هێندەی عیسا ڕاستگۆبێت دا دەچێتە سەرخاچی زاڵمەکانی کوردایەتی چونکە ئەمان خواوەندیان درۆیە بەرگەی ڕاستی ناگرن.

لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتەدا دەبێت ئیرادە و پرەنسیپەکانی سەردەشت لە چوارچێوەی اخلاقماندا جێگابکەینەوە و بەڕۆحیەتی سەردەش بەرەنگاری فیرعەونەکانی کوردایەتی ببینەوە .ئەم هەرێمە تەنیا بە بزوتنەوەیەک دەگۆڕێت کە هەڵگری پەیام و ئیرادەی سەردەشت بێت. دەبێت ڕۆژێک بەشانازییەوە ببینە سەردەشتی .سەردەشت مرۆڤێکی باڵابو لەناو کۆمەڵگایەکی حیزبی لێوان لێو لە دوڕویی و دەبڵ مۆڕاڵی

محمود عەبدوڵا




کاراکتەری داگیرکەری عەرەب، لە قەسیدەی (داڵ)ی شێرکۆ بێکەس دا … هەڵۆ بەرزنجەیی

رەفیق عاشوور !
ئەڵێن ژنی ئەو شاخانە گەرچی بەفر
بەڵام بەفری گەرم و نەرمن
رەفیق عاشوور !
وا تۆ ئەچی
شیمال سێ شتی شیرینە
هەنگوێن و گوێز و ئافرەتی !!

مێژووی کۆلۆنیالیزم، تەمەنێکی دوورودرێژی هەیە و لێوان لێوە لە ستەمکاری و دێوزمەیی و بەدفەساڵی. ئێمە لێرەدا هێندە ئاوڕ لەم ڕەهەندە مێژووییەی داگیرکاریی نادەیدەنەوە، بەڵکو دەمانەوێ زیاتر لە کایەی ئەقڵێت و کولتور و پەروەردەوە، سەرنجێک لەم پرسە لە جوگرافیایەکی تایبەتدا ـ لە نیشتمانی کوردستان دا ـ بگرین. ئەو دەسەڵاتە داگیرکارەی کە ئامانجی سەروبەری، بریتییە لە هەڵکێشانی زمانێک لە ڕەگوڕیشەوە و سوتماککردنی نیشتمانێک و تاڵانکردنی سامانەکەیی و دەستدرێژیکردن بۆ سەر نامووس و روومەتی خەڵکە کۆلۆنیالیکراوەکەی. ئەوەی کورد و کوردستان لە ئاکامی سیاسەتی کۆلۆنیالی لە ڕووی مێژوویی و سەربازیی و ئابوویی و ڕۆشنبیریی و کولتورییەوە چەشتوویەتی،شتێک نییە، لەکەس نامۆ و نائاشنا بێت. بۆیەکا فۆکۆسی قورسی نووسینەکە،دەخەمە سەر ئەو ئەقڵێت و کولتوورەی ڕەوایەتی بەخشیوە بە بێ ڕوومەتی و بێنامووسی کردن، بە کەرامەتی میللەتانی دیکە.
لە گەلێ ڕووداوی داگیرکاریدا وابووە، لەشکری داگیرکەر، لەپاڵ وێرانکاریی و سوتاندن و کوشتن و بڕین دا، تاک و تەرایان،یاخود زیاتریان دەرفەتیان قۆستۆتەوە و جڵەوی غەریزە سێکسییەکانی خۆیان بۆ نەگیراوە، پەلامار و لاقرتێ و زۆردارییان لە ژن و کچان کردووە. ئەم پەڵە چڵکنەش دیوێکی هەرە ناشیرین و قێزەونی لەشکر و سەرکردەی داگیرکەر نمایشت دەکات. ئەڵمانەکان تا ئێستاش، بە سەیر و سەمەرەوە، بۆ لەکەدارکردنی لەشکری کۆمۆنیزم و ڕووس بەتایبەت، باس لەوە دەکەن، لەسەردەمی هاتنی ئوردووی سووردا، لە جەنگی جیهانی دووەم دا، چەند سەربازێ پەلاماری ژنانیان داوە و لاقرتەیان پێ کردوون.
لە سەرنجدانێکی خێرای ئەو داگیرکارییانەی تووشی کورد و کوردستان هاتووە، ئەم دیارە قێزەون و تا سەر ئێسک نامرۆییە، بە زەقی بەدی دەکرێ. حاڵەتەکەش ئەوە نییە، سەربازێ، دوان و سییان لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو بێت و بە کارێکی وا ناشایستە بە دزی یاخود بە ئاشکرا هەڵسابێت، بەڵکو ئەوەی لێرەدا تێبینێ دەکرێ، مۆتیڤەکانی شتێکی ترمان پێ دەڵێن، ئەویش هەبوونی پاڵهێزییەکی گەورە و پاشخانێکی مێژوویی و ئایینی و کولتووری و سیاسی نامرۆیی و ئاژەڵئاسایی، ها لە پشت هەڵسوکەوت و ڕەفتار و پەروەردەی ڕۆڵەکانی میللەتی داگیرکارەوە. ئەوان پێشوەخت ئەم کۆنسێپتەیان خراوەتە بەردەست و لە قوڵایی دەقی پیرۆز و پرنسیپی پۆڵایینی حیزب و هەناوی کولتوور و چەقی ئەقڵێتەکەوە ڕەوایەتی پێ دەبەخشن و ئازایەتی پێڕەوکردنی بەدەست دێنێنن و وزە پەیدا دەکەن. ڕەنگە لە هەنووکەدا باشترین نموونەی ئەم باسە، ڕەفتارە دڕندە و نامرۆیی و ناشارستانێتییەکانی ڕێکخراوی داعش بێت.
کورد، وەک نەتەوە، لە لایەن ٣ ڕەگەزی جیاوازەوە، داگیرکراوە و نیشتمانەکەی کەرت کەرت کراوە. ئەو ڕەگەزانەش تورک و عەرەب و فارسن، کە خۆیان لە میللەتانی سەردەستی دەوڵەتە دەستکردەکانی، تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا دا دەنوێنن.
عاشوور حەمدان، نموونەی ڕۆڵەیەکی نەتەوەی عەرەبی سەردەست و حوکم بەدەستە لە و ستاتووەی ئیمڕۆ دا، لە چوارچێوەی دەوڵەتی بەناو عێراقی دروستکراودا. ناوبراو، لەم چیرۆکە شیعرییەدا کە مامۆستا شێرکۆ بێکەس بە “داڵ” ناوی دەبات، و وێنەیەکی ورد و پێناسەیەکی گشتگری ئەم کەسایەتییە، وەک “مشتێ نموونەی خەروارێکە” دەخاتە بەردەستمان و زۆر لێهاتووانە و سەرکەوتووانە، هەڵمەتێکی ناساندنی ئەم داگیرکەرەمان بۆ باس دەکات.
لەڕاستیدا ئەو شاکارە شیعرییە، شایانی لەسەر وەستان و دیقەت لێکردنە، چونکە شاکارێکە لە کایەی مێژوو و کۆمۆڵایەتی و سیاسیدا،ئیشی خۆی دەکات و لە خودی خۆیدا، نیشاندەری لایەن و خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکەیە و هاوسات، نیشاندەری کاراکتەرێکی نێو ئەم کولتور و پەروەردە و سیستەمەیە، کە ئیمڕۆ بە ستەمکاری و بە زۆر و ناسروشتی بەسەر نەتەوەی کورد دا سەپێنراوە.
“عاشوور حەمدان” لە وڵاتی لم و عوجاجەوە هات و
ئێستە دانیشتووی وڵاتی گوێز و بەفرە
بەر لە ئێستە
ـ صەریفەیەک ـ کە وەک دانی کلۆر وابوو
حەسیر ڕزیو، وەک تەڵەی مشک
تەنگەبەر و درێژکۆلە
ماڵی ئەو بوو، ماڵ ڕووتەڵە
عاشوور، ڕووت و ڕەجاڵ و پەڕپووتێکی نەداری، دواکەوتووی دوور لە شارستانێتییە و خەڵکی وڵاتێکی جوگرافیا نالەبار و ژینگەیەکی ناخۆشی کێژەڵووکاوی و لماوییە.
دە ساڵ پێشتر..
تەڵەی “عەفلەق” لەوێ لەناو
قوللەی مەخفەرێکدا گرتی
عاشوور بوو بە پێچکەی موسەلەحەی ڕژێم
ناوبراو سەرەتا بۆ دابینکردنی گوزەران، ڕوو لە پیشەی پۆلیسی دەکات، لە دەزگاکانی حکومەتی دەوڵەتە زۆڵەکەکەی عێراقدا. حیزبی بەعسی فەرمانڕەوا، دوای ئەوەی دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی ئەو دەوڵەتەدا گرتبوو، نەوت و سامانی ژێرخاکی کوردستان و ناوچەکانی تری، بۆ مەبەستە گڵاوەکانی خۆی تاڵان دەکرد، کۆمەڵی ئیمتیاز و خۆشگوزەرانی، بۆ خەڵکی بیابان و لایەنگرانی خۆیان فەراهەم کردبوو. کە ختووکەی فیزیان بەم پێشکەوتنە بەرچاوانەی دەسەڵاتی بەعس دەهات و هەر کەسێ ببوایەتە فەرمانبەر و کارمەند، داکۆکی لە عروبە بکردایە بەختەوەر دەکرا. لەو هەلومەرجەدا چجای کەسێک یەکەوڕاست ببێتە پۆلیس و وەک برغوویەک لە دامودەزگا داپلۆسێنەرەکانی سیستەمەدا کارا بێ. ئیدی دوو شەشی بوو و نانی بەتەواوی دەکەوتە ڕۆنەوە. هاوکات بەعس بەپەلە مرخی لەو کەسە خۆش دەکرد و یاخود پێشوەخت دەیسەپاند بەسەریدا، دەبێت حەپە سەوزەکە بخوا و بێتە ڕیزی حیزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالیستەوە.
ئیتر عاشوور بوو بەدەسکێش
بوو بە کیفی درۆی دوو دەم
بوو بە کێرد و خەڵکیش نێچیر
بوو بە “نصیر” بوو بە “عاگول”
بوو بە چاوی تەوری ئەمن
بوو بە “رەفیق”
بوو بە گوێچکەی دار و دیوار و بوو بە مار
عاشوورێکی لات و دنیا نەدیو، بە شەوق و زەوقەوە بەرەو ڕووی داخوازییەکانی بوونە “بەعس”ییەوە دێت و هەر زوو باری قورسی عروبە، دەخاتە سەرشانی و دەبێتە، دەستکەلایەکی کارای دەستی دەسەڵاتداران لە عێراقدا.
هەڵپە و دڵسۆزی عەشقی عاشوور، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرشانی و هێنانەدی خواستی بەرپرسەکان ، گەیاندنی پەیامە پێسپێردراوەکەی دەبێتە هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنەکانی و بڕینی پێپلیکانەی بەرەو باڵاچوونی بەسەر وێستگە بە وێستگەی دەوڵەت و هێزی تەوژمی بڕینی فلتەرەکانی ژیانی حیزبایەتی. لە چاوترووکانێکی کورتدا، لە دۆست و لایەنگر و نەسیر و عاگولەوە دەبێت بە “رفیق”. ئەمەش پلەیەکی بەرز و هەژمار بۆکراوە و خانەیەکی جێی متمانەی حیزبی بەعس و دەوڵەتی عێراق بوو.
بوونە ڕەفیق، دەسەڵاتێکی ڕەهای بۆ کوشتن و بڕینی دوژمن و نەیار و ناحەزان بەدەست دەهێنا . بەم پێیە ئەو کەسە، Okay ئاسمانی و زەمینی بەدەست دێنێ و لە مومارەسەکردنی دەسەڵاتدا ڕەها دەبێت.ئاخر هەر لەسەرەتاوە دەزانرا،بۆ دەیکەنە ڕەفیق.
ئەم وابەستەیی و بەخشندەیی و ئیمتیازات و خێروخۆشیە، هەمووی بۆ ئەو مەرامەیە، عاشور و عاشورئاساکان تەیار و ئامادە بکرێن، بۆ پرسە گەورەکە!،لە پێناوی خەمە گرانەکە!،لەبەر هەڕەشە کوشندەکە!،بەڵێ بۆ شەڕی کورد و ڕاماڵینی مەترسیییەکانی بەردەم، دەروازەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی عەرەبی.
هەر بۆیەکا دوای ماوەیەک، بە فەرمانێکی کتوپڕی قەرەقوشی، داوا لە عاشوور دەکرێت، لە پێناوی درێژە دان بەسەرکەوتنەکانی “عروبە”، شمێشێر و ئاڵا و پەیامی عەرەبی باپیرانی، بپێچێتەوە و لەتەک خۆیدا بیانبات و بچێ بۆ نیشتمانی چیا و بەفر و ژنی نەرم و گەرم. چەند وچانێ بەر لەوەی فەرمانەکەی پێ ڕابگەیەنن، بە پێشەیەکی ئاگرین و تژی لە هەست بزوواندنەوە، گەشتێکی خەیاڵی، بە مێژووی سەروەرییەکانی نەتەوەی عەرەب و پەیامی شمشێرەکەیان و سێبەری خێروخۆشی ئاڵاکەیاندا، پێ دەکەن. تەلقینێکی باشی وردی دەکەنەوە و مژدەی ئەوەشی دەدەنێ کە بووکی ڕازاوەی خەیاڵی!، بووکی بەفرینی، گەرد لێنەنیشتووی شارۆچکەیەک لە نیشتمانی کوردان، چاوەڕوانێتی و باوەشی گەرم و نەرمی ئەو بووکەی ئامادەکراوە، بۆ عاشوورە و تۆ دەبیتە خاوەنی، ئەی ڕەفیق عاشوور. ئاخر تۆ شایستەی ئەو خەڵاتەی ئەی ڕەفیق عاشوور. ئەم هەموو دەستکەوت و خۆشگوزەرانییە هەر بۆ خۆت باشە و لە خۆت موبارەک بێت، ئەی عاشوور!، ئەی بەچکە شێری عروبە!، ئەی نەوەی سەربڵندی خالید و قەعقاع و سەقەفی…هتد
ڕەفیق عاشوور!
پەیامی ئێمە و شمشێری باپیرانمان هەر یەک شتە
هەر یەک ئاڵا و هەر یەک مشتە
مشتی نەمر! پەیام هەڵگر
هەوا لە کوێ بێ لە وێیە
دەشت لە کوێ بێ ئەو لەوێیە
شاخ لە کوێ بێ ئەو لەوێیە
ئەم جیهانە هەویرێ بوو عەرەب شێلای
کردی بە نان..
خۆر کوێر ئەبوو ئەگەر ئێمە نەبووینایە
ڕەفیق عاشوور!
ئەسپی پەیام نزیک و دوور، بۆ هەر لایەک ئێمە بەرێ
ئێمە سورین! رەفیق عاشوور، لەم رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی
ئەم خەریتەی شمشێرەدا، لە گوێچکەی بەحری سوورەوە
هەتا قوڕگی شاخی پشتکۆ، گوڵە گەنمێ لە کوێ ڕوا
ڕکاعەتێ لە کوێ کرا، کڵۆ بەفرێ لە کوێ باری
ساوایەک لە کوێ ناو نرا، لەم خەریتەی شمشێرەدا
هەر بە تەنها عەرەب هەیە و، کەسی تر نا !
عاشوور، لەبەردەم داستانی ئازایەتی و حیکایەتی پیرۆزی شمێشێری خوێناویدا، ئەبڵەق دەبێ و وڕووکاس گوێ قولاغ، دەستەوسان ڕادەوەستێ. ئەگەرچی حەزێکی ناوەکی بێ سنوور ختوکەی دەدا، بۆ هەڵسان بەو کارە و بەڕاستیش دەیویست، ببێتە پاڵەوانی ئەو داستانە گەورە و پیرۆزەی حیزب و حکومەت و عروبە پێ سپاردووە بۆی فەراهەم کردووە. هاوکات دڵنیا بوو،کە هیچ دەرفەتێکی بۆ منجەمنج و ڕەتکردنەوە نییە.
عاشوور، نەیدەویست پاڵ بە هەموو خێروخۆشییەوە بنێ و گشتی توڕ هەڵبدات و دەرگای بەهەشتی چاوەڕوان کراو ، بە ڕووی خۆیدا دابخات. چونکە ئەو گەرەکی بوو، بە جوامێری و سەربەزرییەوە، خانەی خۆی لە بەهەشت ئاوەدان بکاتەوە. جا بۆیە بێ هیچ سێ و دوو کردنێک، سەری ڕەزامەندی ڕادەوەشێنێ و پڕ بە گەرووی باوەڕ و وزەی، جەخت لە ئەمەکداری خۆی، بۆ بە ئەنجام گەیاندنی، ئەم فەرمانە نیشان دەدات. دواجار بە دەنگێکی دلێر و لە خۆدا ڕابینەوە پێیان دەڵێ: فەرمان دەفەرموون گەورەم، ملم لە ئاستتاندا لە موو باریکترە. سڵاو بۆ سەرۆکی تاقانە و حیزبی پێشڕەو و دەوڵەتی عێراقی پۆڵایین و نەتەوەی عەرەبی خاوەن پەیامی نەمریی.
رەفیق عاشوور !
شیمال … سەرە
دەمێ ساڵە لەم سەرەدا
ڕشک گەرای خۆی خستووە
پیلانێ پەپکەی خواردووە
ئیدی عاشوور ڕازی کراو و ڕازی بوو، بۆ گرتنە دەستی کار و فەرمانە نوێیەکەی. چونکە لە ڕەهەندێکەوە دوای ئەوەی هێنایانە ژێربارەوە. بە تەماح و وەسفی جوانی ژنی وڵاتی شاخاوی و بە بەفر داپۆشراو لێ بەجەستە گەرم و نەرم، دەکەوێتە دۆخێکی ئیرۆتیکییەوە. هەر ئەمە نا بەڵکو، هەواڵی ئەوەیشی دەدەنێ، ئەو دەڤەرە مەڵبەندی سێکوچکەی “هەنگوین و گوێز و ژنە”. ئەم ٣ نیعمەتەش، بە تام و لەزەت و جوانییانەوە، بە هیچ بەهایەک ناپێورێن و لە زۆر مەڵبەندی تردا، شیاوی بوون و بەدەستهێنان نین. خۆ ئاوات و ئامانج و دەستکەوتێکی لەم چەشنە، لە وڵاتی لم و عوجاجدا،لە دەرەوەی مەحاڵە و دەچێتە خانە خەون و خەیاڵەوە و دەگاتە هاوشانی بەهەشتە مژدەپێدراوەکە.
کوڕی شمشێر
کوڕی قورئان.. ئەبێ بڕوا
بچێتەوە سەر بەردەنوێژی باپیران
بچێتەوە لای گیانی “آبا عبیدە”
بڕواتەوە و لەوێ بژی
ڕەفیق عاشوور !
لە شیمالی خۆشەویستدا
بووکی سپی شارۆچکەیەک چاوەڕێتە
لەمڕۆ بەدواوە باوەشی ئەو بووکەمان
شوێن و جێتە
حیزب شمشێرە و تۆ دەستی
با بزانین ئەو شمشێرە
لە چەند لاوە ئەوەشێنی
ئیدی سەرگەورەی داڵەکان لە چەگمەجەی پڕ لە تاوانەکاندا، فایلێ دەردێنێ، هەموو خاڵ و سەروبۆری پەیامی باوباپیرانی عروبەی، شەڕە خوێناوییەکانی شمشێر و ئازایەتی هاوخوێنەکانی و ئاڵای بەرزی پەیامی مرۆڤایەتی لە خۆ گرتووە. نامەی نەمریی دەدرێتە دەستی عاشوور و پیرۆزبایی کار و فەرمانە نوێیەکەی لێدەکەن.
رەفیق عاشوور!
ئەمە دەنگی فرمانێکە شمشێرئاسا
کە لە کیف هاتە دەرەوە
ناچێتەوە ناو کیف هەتا
خۆی سوور نەکا !
لەو ساتەدا
عاشوور بوتڵێکی خاڵیی بوو
کەوتبووە ناو گێژاوەوە
لە مابێنی سارد و گەرما
بەرز و نزما، سەر و بندا
ئەهات…ئەچوو
عاشوور، دوا مانگێ دەستبەکاربوون، لە شارۆچکەیەکی وڵاتی چیا و بەفردا، دەکەوێتە ژیانێکی ئەوپەڕی سەڵتەنەتەوە. جا بۆیەکا لە خۆشیدا و هەم بۆ هاندان و تامی تامیکردنی کەسانی دیکە، ئاماژە و ستایشی گوزەرانی دەکات و هەمیش بۆ سەلماندن و نیشاندانی ئەو پەڕی دڵسۆزیی و گوێ لە مستی, بۆ فەرمانی داڵەکانی سەرووی خۆیەوە. دەست دەکات بە نامە و بروسکە ناردن، بۆ هاوڕێیانی و باس لە خۆشی و جوانی وڵاتی چیاو بەفر دەکات و دەیچوێنێ بە بەهەشتە بچکۆلەکەی ئەم کلیلەکەی ها لە گیرفان دا.
لێ تاکە شتێ، کە عاشوور، پێی سەغڵەت دەبێ و زەوقی تێک دەدات. زمانی خەڵکی ئەم دەڤەرەیە. بە دیاردەیەکی شتێکی کرجوکاڵ و ڕەقوتەق دێتە بەرچاوی،و پێی وایە ئەمەی ئەم خەڵکە پێی دەئاخڤن، زمان نییە. پێی سەیرە شتی وا نامۆ، لە نیشتمانی عەرەبدا هەیە!!. بۆیە بەلایەوە گرنگە، بە زوویی ڕیشەکێش بکرێت. ئیدی بەم جۆرە خەیاڵ دەیباتەوە بۆ لای مێژوو و قسە و رەفتاری باووباپیرانی هەر زوو لەلای فەرمایشتی، مێژوونووسە گەورەکەیان! مەسعوودی لەنگەر دەگرێ. ئەو مێژوونووسە! پێی وابووە، خەڵکی ئەم ناوچەیە نەوەی دێو درنج و جنۆکەن و مرۆڤ نین.
عاشوور دوای ئەوەی کە قوڕگی
لە بەڵغی ترس پاککردەوە
ئینجا وتی :
لەبەردەمی ئەم فەرمانی شمشێرەدا
گۆچانین و کەمەی ملمان، تەواو کەچە
لەبەردەمی ئەم فرمانی شمشیرەدا
کێ ئەتوانێ کڕنووش نەبا
بەڵێ ! ئەڕۆم
………
رەفیق عاشوور !
ئەڵێن ژنی ئەو شاخانە گەرچی بەفرن
بەڵام بەفری گەرم و نەرمن
رەفیق عاشوور ! وا تۆ ئەچی
شیمال سێ شتی شیرینە
هەنگوێن و گوێز و ئافرەتی !!
عاشوور دوای مانگێک خزمەتکردن بە حیزبی بەعس، و بوونە فەرمانبەر لە شارۆچکەیەکی کوردستان دا، نامەکەی ئا بەم شێوەیە دەنووسێ، بۆ هاوڕییانی :
هاوڕێیان! ماچ و سەلام
من ئێستاکە
لە باوەشی بەهەشتێکی بچکۆلەدام
ئینجا عاشوور دەکەوێتە سەر بیرکردنەوەی گۆڕینی نەخشە و بڕینی ئەم زمانە.
هاوڕێیان!
پێویستە بەم نەخشەیەدا بچینەوە
وەکوو سەری گوندی یاخی
بەشمشێری زمانی خوا..
ئەم زمانەش ببڕینەوە!
لە چاوترووکانێکدا، هەڵمەتی پرۆسەی “تعریب و توانەوە” دەست پێدەکات و ناوی گەڕەکان دەبنە سەعد و قوتەیبە و ٧ نیسان و شیبان و یەرمووک. ٢٠ گوند کە پێشمەرگەیان داڵدە داوە، بەر تۆپ و گڕباران دەکەون و سووتماک دەکرێن و هەڵمەتی “تهجیر” دەست پێدەکات و ژن و منداڵ ڕادەگوێزرێ و میوەی بەری ڕەزوباخ و بێستان و دانەوێلەی تاڵان دەکرێ. شوێنە عاسی و چیا سەرکەشەکان، دەدرێنە بەر بۆمبای فسفۆری و دەسووتێندرێن.
عاشووریش،وەک پاڵەوان و سوارچاک، لە پشت پەنجەرەی بالکۆن و لەسەر سەربانی ماڵەکەیەوە، دەڕوانێتە ئەو دیمەنە و بەدەم کەیف و گۆڵمەزی جۆراوجۆرەوە ڕادەبوێرێ و، بەلێدانی قاقای بەرز، گوێ ئەرز و ئاسمان کەڕ دەکات.
کە عاشوور هات
لە حوشترێکی لەڕ ئەچوو
ملی درێژ، لاقی باریک
چاوەکانی بەقوڵا چوو
ئەمە پێناسەی هەڵکەوتی عاشوورە، کاتێ لە شارۆچکەکەش بوو، لە ترسدا هەر دەبوو، لە بنکە و مۆڵگای داڵاشەکان، ئاسایس و دەزگا سیخوڕییەکان بخەوێت.
دوای ماوەیەکی کەم عاشوور، بە خۆیی و هێزەکەیەوە، دەچێ چواردەوری ماڵی پێشمەرگەیەک بە ناوی ـ ئازاد ـ دەرگا داخراو و مۆرکراو دەدات. دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکە، دەچێتە ژوورەوە و کەسی چنگ ناکەوێ، ڕەفتارێکی ناشایستە لەتەک کەلوپەلی ناو ماڵەکە و وێنەیەکی هەڵواسراوی ئازاد و هاوسەرەکەیدا دەکات. لە کاتێکدا سڵ لە وێنەکەش دەکاتەوە و ترسنۆکانە هەندێ تەقە دەکەن و لە بارێکی ئاڵۆزی دەروونی سەختدا، بۆ شاردنەوەی ترسانەکەی خۆی، دەست دەکات بە قاقا لێدان و ماڵەکە جێدێڵێ.
ئێستە عاشوور حوشترێکە قەڵەو و ورگن
بەرازێکە شفرە ئاسن
ئێستە عاشوور لەم مەڵبەندەی کوردستاندا
قولاپی شادی گرتنە…
.بە قەد گوڵە ژاڵەی زامی لەشی”یافا”
لەناو بانقی خوێنی مندا پارەی هەیە
هەزار جار هێندەی بەیداخی “فەلەستین” و
فۆتەی سەری دایکانی ماڵە شەهیدی
گەڕەکێکی ڕەشپۆشی قودس
مەترە زەوی و عەردی هەیە
بەقەد هەر شەش
گۆشەی ئەستێرەکەی داوود
مەدالیا و نۆتەی کوردکوشتنی هەیە.
کەم داگیرکەر هەیە لە مێژوودا، بەم چاوترووکاندنە بووبێتە خاوەنی ئەم هەموو دەستکەوتانە. ئەوە ئینگلیز و فەرەنسی و پورتوگالی و هۆڵەندی و ڕووسی و ئەمەریکی، بزانن تاکە کەسێکی وەک عاشووریان تێدا هەیە!؟، ئەم هەموو دەسەڵاتە ڕەهایەی هەبێت! کەس رێگر نەبێت لە بەردەمی حەزە شەهوانی و دڕندەییەکەیدا!. ئەمەریکای ملهوڕی دنیا،تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری نامرۆڤانە سەربازەکانی دەکات، لە هەر دەڤەڕیکدا ئەنجامی بدەن و سزاشیان دەدات.
مامۆستا شێرکۆ، لە میانەی شاکارەکەیدا، ئاماژەیەکی بە پەلە و هەستیار بە پرسی عەرەب،لە نموونەی فەلەستین دا،دەدات و وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری و مێژوویەکی تێکشکان،لە کارەکەیدا جێی بۆ دەکاتەوە. ئەمەش بەو واتایەی گوایە فەلەستین داگیرکراوە و پرسێکی نەتەوەیی عەرەبییە،کەچی عەرەب خۆیان داگیرکارترن.
ئێستە عاشوور
“وەحدە”ی دەمی قیمەکێشی سەر جەستەمە
“حوریە”ی چەقۆی شۆفڵە و پێچکەی مەرگی بلدۆزەرە
” ئیشراکیەت” لای عاشوور..دابەش کردنی هەژاری و
برینی جەور و ستەمە.
ئەو سێ وشەیە(وحدة،حریة،اشتراکیة)،ناواخنی پەیامی ” نەتەوەی عەرەب یەکە و خاوەنی پەیامی نەمرییە”ی پێک دەهێنا،لە سێکوچکەی دروشم و فەلسەفەی حیزبی بەعسی دەسەڵاتدار بوو، لە عێراق و سوریادا. عاشوور لەژێر سێبەری ئەم سلۆگانەدا گەورە بووە و بەم گیانە پەروەردە کراوە، کانگای بژێوی مۆڕاڵی بووە، ئەمە سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتنی بووە، بۆیە وا بێبەزەییانە بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە، بە هەموو شێوە و شێوازێکی دڕندانە و خوێناوی تێدەکۆشێ. مامۆستا شێرکۆ بێکەس، پەردە لەسەر دیمەنێکی دیکەی ڕەفتاری، نامرۆیی و نایاسایی و ناشارستانێتی عاشوورمان بەم جۆرە بۆ لا دەبات:
ئەمڕۆ ئاشوور هاوڕێی عاشوور حیزبی عاشوور
شەوان درەنگ کە پەتی سێدارە ئەنوێ
لەسەردابی ئەشکەنەما کۆ ئەبنەوە..
چەکمەجەی عومری زیندانیم ڕائەکێشن
تەسکەرەی منداڵ و گەورەم دەرئەهێنن
گەورە گچکە ئەکەنەوە، گچکە گەورە ئەکەنەوە
سیانزە بۆ بیست، هەشتا بۆ چل..
تا،بەیانیی کە ڕۆژ بۆوە، بە پلیکانەی قانوندا
سەریان خەن و ، پەتی مەرگیان بکەنە مل
ئەم گەمە ئەکرۆباتییەی بە یاسا،لە دەوڵەتەکەی ئینگلیز بۆ عاشووری دروستکردووە و عەفلەق مۆری (یەکێتی،ئازادی و سۆشیالیستی) لێداوە، دیسان لە کەم شوێنی دنیادا بەرچاو دەکەوێ. لە کاتێکدا عاشوورئاساکان بە هەزاران هەزار کەسیان گوللەباران کردووە و لەژێر ئەشکەنجەدان کوشتووە، هیچ پێویستیشی بەو یاسا قەرەقووشییانە نەبووە.
ئەو رۆڵە کوردانەی بەدەستی بەعس گیانییان لەدەست دەدا و گەشمردە دەبوون، دەبوو کەسوکاریان، نرخی گوللە و ماندووبوونی جەلادەکەشیان بدەن.
کاتێ باسی کۆلۆنیالیزم بەو دێوزمەییە دەکرێ، بە کۆن و نوێوە لە هیچ دەڤەرێکی جیهاندا، سیاسەتی وای پێڕەو نەکردووە و هیچ میللەتێکی بندەست بەم چەشنەی کورد، لە لایەن داگیرکەرەکەیەوە ستەم و ئازاری نەچەشتووە.
ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێ:
تا چەک سەری هەڵنەبڕیبوو
هەتا خەڵک ڕانەپەڕیبوو
تا قەندیل هەڵۆی نەدیبوو
وشە گوللەی نەناسیبوو
شمشێرەکەی دەستی عاشوور وەک ڕەشەبا
بێ ترس و تەنیا ئەگەڕا
عاشوورێکی پۆلیس، رەفیق حیزبی و ئاسایش و سیخوڕی بەعس و عێراق و عروبە، چی ویستووە بی سڵەمینەوە کردوویەتی و ئەوەی لە فەرهەنگی شارستانیدا، باس نەکراوە، شاعیر لە عاشوورئاساکانی دەگێڕێتەوە.
ئەمنە سوورەکەی سلێمانی، هەیئەی کەرکووک، قەسابخانەکەی موسڵ و بەغدا و گرتووخانە ناو ڕزاوەکانی ئەبو غرێب و نوگرە سەلمان و عەرعەرستانەکانی روومادی و سعودیە و کۆنگرەی فاس و ڕاگوێزان و گەمارۆدان و سوتماککردن و ترس و تۆقاندن و ئاگرباران و کیمیاباران و ئەنفال هەموویان لاثەڕەی گەشی پەیامەکەی عروبەن.
مامۆستا شێرکۆ بێکەس، چەند پەردەیەکی دیکەی چیرۆکە شیعرییەکە، بە هونەرێکی بەرز و ڕەنگێکی ئەدەبی جوان نەخش دەکات. باسێکی وردی شمشێرە بێ سانسۆرەکەی عاشوور دەکات، کە توانیویەتی لە هەموو شوێنێک و لە دژی گشت کەس بوەشێنێ. لێ ئەم زۆرداریی و سەڵتەنە، لە ئاکامدا نەیتوانیوە بەردەوام بێت و ئیرادەی گەل بە ڕوویدا هەڵشاخاوە و پێشمەرگە و شۆڕش قەڵغانی بەرپەرچدانەوەی سیاسەت و کولتووری دڕندانەی نامرۆیی و دوور لە بەهای ژیان و مانای شارستانی عاشوورەکان بوون. عاشوور لە هەر شوێنێ بیویستایە و لەهەر کاتێکدا دەیتوانی، شمشێرەکەی دەستی بوەشێنێ و پەیامەکەی ڕابگەیەنێ. بەڵی بۆی هەبوو سزای مەرگی هەرکەس،گەورە و بچووک،ژن و منداڵ، بدات.
دوای ئەوەی ستەم و زۆرداری دەگاتە دوا پلە و ئاکارێکی ترسناک، ئیدی تفەنگ ڕادەبێ و پێشمەرگە خۆی دەبزوێنێ و پێویستە سنوورێک بۆ عاشوور و شمشێرەکەی بکێشرێ.
ئازاد، لە دیمەنی نوێی چیرۆکە شیعرییەکەدا، وەک پێشمەرگەیەک ڕۆڵ دەگێڕێ. شەوێک بە مەفرەزەوە دێتە، شارۆچکەکەی خۆی، کە عاشوور تێیدا بکوژ و ببڕە. لە چالاکییەکی بێوێنەدا عاشوور بەدیل دەگیرێ.
تا ئەو وەختەی ئیتر
تفەنگ چاوی گلۆفت
کورد دەڵێ :”مشت لە درەوشەوە دەگەڕێتەوە” دوای ڕابوون و بزاڤی کورد، ئیدی پاشەکشە بە شمشێر و ئاڵا و پەیامی عاشوور کرا. لە دیمەنێکی سینەمایی یان تابلۆیەکی بەرزی وشە و پێناسە، مامۆستا شێرکۆ درێژە بە چیرۆکە شیعرییەکەی دەدات. هەروەک بڵێی، شاعیر خۆی لەگەڵ مەفرەزەکەدا بووبێت، یاخود فەرماندەی هێزەکە بوو بێت، هێندە بەرز و جوان دیمەنەکانی ڕۆیشتن، قەتارەبەستن و لایت داگیرساندن و چەشتنی سەرما و سۆڵەی ژیان و چالاکی پێشمەرگەکان باس دەکات.
مەفرەزەیەک..یەک لە دوای یەک
بە هەنگاوێ یان دوو هەنگاو
سەری لووت و پەڕەی گوێچکە
سڕ و تەزیو..

وەکو لوولەی کتری کوڵاو
دەم هەڵاوی لێ هەڵ ئەسێ
پێڵاوی لاستیک گرژ بوو، ئاو تێی ئەچێ و
شڵقە شڵق، سەری پەنجەی تیا ئەتەزێ.
بەم زمانە چڕ و باسە پوخت و ستایشە بەرزەوە،شاعیر بۆمان بەردەوام دەبێ لە گێڕانەوەی چیرۆکە. چۆن لەو رۆژگارەدا ڕۆڵەکانی نەتەوەی ستەمدیدەی کورد، بۆ ئاوات و ئامانجی سەربەخۆیی و ئازادی گیانبازییان بە ژیانی خۆیان کردووە و چ کوێرەوەریی و تاڵی و سوێرییەکیان لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکەی دۆزە پیرۆزەکە دا چەشتووە. گێڕانەوەیەک، مەگەر تەنیا چاوی کامێرا و فەنتازیای خەیاڵ و هەستی ناسک و قەڵەمی ڕەنگین و هزری فراوانی مامۆستا شێرکۆ لە عۆدەی بێت.
دواتر دێتە سەر چوونە ناو شارۆچکەکەوە بە شەوی تاریک و نانەوەی بۆسە بۆ داڵە مرۆڤخۆرەکانی عاشوورئاسا و نیشاندانی ئیرادەی میللەتێک، بەوەی خۆی نادات بەدەستەوە و هەرچی شمشێر و پەیامی عاشوورە ناتوانێ ویستوخواستی بوون و هەبوونی لەناوبەرێ.
ئەو دوای وەشاندنی گورزی جەرگبڕ لە داگیرکەر و لە دیمەن و پەردەیەکی ئەدەبی شاکاردا،کە شایانی ئەوەیە لە فلیمەکانی هۆڵیۆدا، بەرچاو بخرێن، جارێکی تر شێرکۆ بێکەسی مەزن، لە ڕێگای بابەتی ڕاگەیاندنی هەواڵی دەستگیرکردنی عاشوور و چەند دیلێکی ترەوە، چٶن بە ئامێری بێ سیم، هەواڵ و مژدە و مزگێنی سەرکەوتنەکان بە دامودەزگاکانی شۆڕش گەیەندراوە. ئا لێرەشدا، پێت وایە خودی شاعیر بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندن و بەشی سەربازییە، هێندە ورد و بە دیقەت و نەرم پێ بە پێی پێوەندی کردن، بە بێ سیم و ناردنی هەواڵ و وەرگرتنی هەواڵ و گیزە گیزی ئامێری بێ سیم و یاری بە ئەنتێنە و، پەیامی سەرکەوتنی چالاکی و مژدەی بەدیل گرتنی گەورە داڵ،”عاشوور حەمدان”. بە هاوڕێیان ڕادەگەیەنێ. بەڕاستی ئەمە هاوکات تۆمارێکی بەرزی لاپەڕەیەکی سەروەرییە.
بەڕێزان، دێژەدان بەم بابەتە لە لایەن بەندەوە، هەتا ئێرە هەر بۆ ئەو مەبەستەیە، کە بڵێن عاشوور، سیمبۆڵی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و دەوڵەتی عێراقی زۆڵەک و عروبەی تاوانبار، نەیتوانی، بۆ هەمیشە، ویست و خواستی نەتەوەیەکی کەنەفت و کۆڵەوار خامۆش بکات. بەڵی بۆ ئەوەی چیرۆکەکەتان بەنیوەناچڵی بۆ نەگێڕینەوە. دەنا ئەم پەردەیە و هەندێ لایەنی تری ئەم چیرۆکە شیعرییە،ڕەنگە هاوشان و هاومانای ناونیشانی باسەکەمان نەیەتەوە.
ئەوەتا وا عاشوور حەمدان، داڵاشی ڕەشی باڵ شکاو
بووە بە فاقەی پێشمەرگە و سروشتەوە دەردەست کراو.
شمشێرەکەی زەلیل زەلیل.پاڕانەوەی داماو داماو
داڵی گیراو،داڵی ناوسک پڕ لە بێچوە چۆلەکەی کورد پێش خراوە و ڕەت
ئەبات و هەنگاو هەنگاو ئەژنۆی ئەشکێ
ئێستە عاشوور پەیامێکە
کەسیرە،دروشمێکە قاچ و قول و دەست و پەنجە سەرما بردوو
ئیدی دوای ئەم وێستگەیە، باس دەگاتە ئەوەی عاشوور بە زیندوویی نەک بە وێنە ئازاد، ئازادی ماڵ قوفڵکراوی و داگیرکراو، لەبەردەم عاشووردا قووت دەبێتەوە. ئەمەش داستانەکە ورووژێنتر و بەجۆشتر دەکات.
لەتەک درێژەدان بە گێڕانەوەی پەردەکانی تری چیرۆکە شیعری “داڵ” دا، شاعیر سەرکەوتووانە بە دیمەنێکی هیوابەش و ورە بەرزەوە، دەمانخاتە بەردەم ئاسۆیەکی گەش و پڕ لە ئاواتی سەرکەوتن و بونیاتنانی وڵاتە وێرانکراوەکەی کوردستان،بۆ ڕۆڵە قارەمانانەکانی. کەواتە دەسەڵاتی زەبر و ستەمکاریی چەند قورس و گران و گەورە بێت، بتوانێ بۆ ماوەیەک ئاواتی نەتەوەیەک بتاسێنێ،ئەوە هەرگیز ناتوانێ ویست و خواستی بۆ هەمیشە بکوژێ. شاعیر بەم کۆپلە شیعرە بەرزەکۆتاتی بە چیرۆکی “داڵ” دێنێ و دەنووسێ:
ئێستە سەعات دەی بەیانی ڕۆژی هەینی
هەشتی هەشتی هەشتاو و شەشە
لەژێر کەپرەکەی خۆمەوە
لە نێوان لقی دارگوێزی گوێ چەمەوە
هەر لە هەمان دەربەندەوە
لە سەرەوە..بە توولە ڕێی ئەوبەرەوە
ڕێچکەیەک داڵی گیراوی چەماوەی ژێر
کۆڵە خۆڵ و خشت ئەبینم..
عاشووریشیان لە پێشەوە ڕێچکەیەک داڵ
تەنها بازێک لە پشتەوە
گڵ..ئەکێشن..بەرد ئەکێشن دار..ئەکێشن
بۆ خەستەخانەی ئەو هەڵۆ زامدارانەی
بەباڵی خوێناوی شۆڕش
شیعرێکی نوێم بۆ ئەنووسن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە دیوانی شێرکۆ بێکەس،ل ٤٥٧ـ ٥٠٢، بەرگی ٣ سوید ٢٠٠٩

هەڵۆ بەرزنجەیی
٨/٨/٢٠١٧




دەنگدەرو هەڵبژێردراو…کامیان خزمەت بە کامیان دەکات ؟! … موزەفەر عەبدوڵا

چەند ڕۆژێکە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە لایەن دەستەو تاقمە قەومی – خێڵەکی و دینی – تایەفی و کاندیدەکانیانەوە لەسەراسەری عیراق، بە کوردستانیشەوە ،دەستی پێکردوە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق.
هەڵبەت ئەمە یەکەمجار نی یە، ڕەنگە دوا جارێش نەبیت ، کە ئەم زەلکاوەی دروستیان کردەوەو پێی دەڵێن پەرلەمان ، دەنگدانو هەڵبژاردنی تیا بەڕێوە دەچێت تا چەند سەد کەسێک لە فاسدترین سیاسی و تاوانبارەکان دەنگیان پێ بدرێت و ببنە ئەندامی بەناو پەرلەمانو تا چوار ساڵی تر خەریکی دزیو گەندەڵی و سەرکوت بن.
هەر کەسێک ئەگەر سەرنجێک لە پروپاگەندەو قسەو باس ،و تەنانەت تەماشایەکی بیوگرافی و کارنامەی زۆربەی کاندیدەکان بدات ئەوە ڕادەی ڕیسوایی ئەم هەڵبژاردنەی بۆ دەردەکەوێت. دەردەکەوێت ئەوانەی خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنانە کاندید کردەوە بە لەبەرچاگرتنی دەسەڵاتی ئەم دوو سێ دەدەیەیەی ئەم دەستەوتاقمانە ئەوە ئاشکرا دیارە کە ئەمانە بە شوین چ مەبەستێکی قێزەونەوەن.

ئەم کاندیدانەو سەرانی حزبەکانیان لە بانگشەکانیان سەروبنی قسەکانیان ئەوەیە کە ئەوان لە خزمەتی خەڵکدانو بۆ شەری خزمەتی خەڵک خۆیان کاندید کردەوە ودەیانەویت ببنە ئەندام پەرلەمان.هەمویان بە ڕاستو چەپەوە لیستی درۆو تەفرەدان ڕیز دەکەنو هەزارو یەک بەڵێن دەدەن کە ئەوان لە خزمەتی خەڵکدان.
بۆیە هەقە خەڵکی ستەمدیدەو بێبەشو هەژارو نەدار لە کریکاران ،بێکاران. مامۆستایان ،کارمەندانو تویژە کەمدەرامەدەکان ،کە بە نیازن دەنگ بدەن ، ئاوڕێک لە دەنگدانەکانی پێشوتر بدەنەوەو لە خۆیان پرسیار بکەن ئاخودەنگدەرو هەڵبژێردراو بە فعلی کامیان خزمەتی کامیان دەکەن؟ !

دڵنیام هەر بە چاوپیاخشاندنێکی خێرا بە پرۆسەی دەنگدانو هەڵبژاردنەکانی پێشوو بۆیان دەدرکەوێت کە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی چەند سەد کەسێک لە نوێنەرانی ئەم دەستەو تاقمە قەومی – خێڵەکی و ئیسلامی – تایەفیانە تەنها دەبێتە خێروبێرێکی گەورە بۆ ئەو نوینەرانە کە دەبنە ئەندام پەرلەمان تا چوار ساڵی تر. وە تەنها کاریان دزی و گەندەڵیو پێشلکردنی هەمو مافو ئازادی یەکانی جەماوەری دەنگدەری ستەمدیدە دەبیت . چونکە ئەمە ناوەرۆکی پەیامی ئەو دەستورو یاسایانەیە کە پەرلەمانو حکومەتو هەمو دامەزراوەکانی ئەم دەوڵەتەی لەسەر بنیادنراوە.
دەستورو یاسایەک کە خەڵکی دابەش بکات بەسەر دەستەو تاقمی قەوموخێلو دینو تایەفەوە هەرگیز لە سایەیدا هیچ نوێنەرو هەڵبژێردراوێک ناتوانێت بە یەکسانی لەخزمەتی هەمو خەڵکدا بیت.

پێویست بە شیکاری و لێکوڵینەوەی سیاسی ورد ناکا لەسەر دەستورو یاساو ململانێی سیاسیو فکری ئەم دەستەو تاقمانە. چونکە لە ماوەی ١٥-٢٠ساڵی ڕابردودا خەڵک بە کردەوە تا سەر ئێسک تاڵی دەسەڵاتی ئەمانەیان چێشتوە. تەنها سەرنجی کاروکردەوەی ئەم تاقمانەو نوێنەرو کاندیدەکانیان بکەیت ئیتر ئەو ڕاستی یە دەرکەوێت کە دەنگدەرو هەڵبژێردراو کامیان خزمەت بە کامیان دەکات .

هەر هەڵبژێدراوو ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق و کوردستان، تەنانەت شەریفترنیشیان لە ڕوانگەی خەڵکەوە ،دەبینین لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا ،ئەگەر پێشترهیچیشی نەبوبێت ،ئەوە دەبێتە خاوەن کۆشکو تەلارو باخو ماشینی دوا مۆدیل و چەندین کۆمپانیاو چەند ژنێکیش دەکرێت لە سایەی بەرەکەتی یاسا فرە ژنە قیزەونەکانیان.وە لەم چوارساڵەدا چەند خزمێکی خۆشی دەکات بە پاسەوانو جانتاهەڵگریو موچەیەکی باشیان پێ دەدرێت .

بەڵام هەمو ئەو خەڵکانەی تر کە دەنگیان داوە تەنها شەڕو کارەساتی ئەم دەسەڵاتەو نوێنەرەکانیان پێ دەبڕێت.ئیتر هەرلە کارەساتی بێ موچەیی ، بێ کرێی ، بێ ئاوو کارەبایی ، بێکاری و بێخانەو لانەیی و دابین نەکردنی دەیان و سەدان پێویستی و مافی تر تا دەگاتە بون بە قوربانی نێوان کێشەو ململانێ و شەڕی ئەم دەستەوتاقمانە لەسەر دەسەڵاتو دزی و گەندەڵی.

بۆیە بە بێ گوێدانە هێج بەهانەیەک کە دەڵین ئاخر ئەگەر دەنگ نەدەین بدیل چی یە؟یاخود ئەگەر دەنگیش نەدەین ئەم حزبانە خۆیان لە جیاتیان دەنگد دەدەن؟! یاخود ئیتر ئەمە دەنگدانو هەڵبژاردنی دیموکراسی پەرلەمانی و مافی خەڵکە دەنگ بدات؟! یاخود ئەم دەنگدانو هەڵبژاردنە باشترە لە موبایەعەکەی سەدامو بەعس؟!دەیان بەهانەی پوچی تر. بەڵام دەنگنەدانو ڕیسوا کردنی ئەم گاڵتەجاری یە هەڵوێستی سیاسی بە کردەوەی دژی ئەم دەسەڵاتەیە لە ئاستی کوردستانو عیراق.
وەهەر بەم هەڵوێستەش ڕێگا خۆش دەبێت تا خەڵک یەکگرتو بن وەک بەدیل بەرامبەر دەسەڵات دەرکەون .

١٩-٤-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا




چه‌پڵه‌ لێده‌ن …. شێرزاد فه‌قێ‌ ئیسماعیل

ئه‌ی به‌ رواڵه‌ت ئه‌وروپی و،
په‌روه‌رده‌ و بیر و ناخیشت
مه‌ڕه‌كانی سه‌ده‌كانی
ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵاتی،
كۆیله‌كانی تۆرانێتی
بیدروونه‌وه‌
به‌رهه‌می ره‌گه‌زپه‌رستی.
ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ گه‌وره‌ی سه‌رۆك
به‌ ده‌ستی خست
هه‌ر بلیمه‌تی خۆیه‌تی
ئه‌گینا ئێوه‌ چووزانن
سوڵتان چی ده‌ڵێ‌ و چی ده‌كات.
ته‌نیا له‌ توانای ئه‌ودایه‌
په‌رجۆ و فه‌لسه‌فه‌ دروستكات.
به‌یانییان له‌ ئه‌نكه‌ره‌
حوكمی ده‌ستگیری سه‌دان كه‌س
له‌ ره‌خنه‌گرانی ده‌رده‌كا
ئێوارانیش
فه‌رمانی تۆپبارانكردنی
ده‌یان دێهات و شارۆچكه‌ و
شاری خۆرئاوای كوردستان
واژۆ ده‌كا.
به‌ رووه‌ شه‌رمه‌زاره‌كه‌ی
فه‌رمانی رێگه‌پێدانی
تاڵانی سامانی كوردان
به‌ تلیاك كێشه‌كان ده‌دا.
خۆی خۆراكدانی تیرۆره‌
هه‌ركه‌س له‌و خولگه‌ نه‌سووڕێ‌
به‌ تیرۆریست ده‌یناسێنێ‌.
ئێوه‌ ته‌نیا بۆتان هه‌یه‌
چه‌پڵه‌ لێده‌ن، سه‌ما بكه‌ن
پیرۆزبایی و ئافه‌رین و
ده‌ستخۆشانه‌ی پێشكه‌ش بكه‌ن.
گه‌ر چاویشتان له‌ به‌رامبه‌ر
هه‌زاران گله‌یی هه‌ر زه‌قه‌
پشتیوانی هه‌زاران له‌
نموونه‌ی وه‌ك خۆتانئاسا
له‌و رۆژهه‌ڵاته‌ وێرانه‌
له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌بووه‌ و ده‌شبێ‌.
ئه‌وه‌ی وانه‌ی خیانه‌ت و
گه‌نده‌ڵچێتی و پانكردنه‌وه‌ی
به‌ وردی ره‌وان كردبێ‌،
گوێ‌ به‌ هیچ به‌هایه‌ك نه‌دا
رۆژ دوای رۆژ ساماندار و
به‌خته‌وه‌ر و شادتر ده‌بێ‌.
زلهێزه‌كان له‌ پاداشتی
ئه‌و خزمه‌ته‌، فڕوفێڵه‌
ملیۆنه‌ها لیره‌ و دۆلار
ده‌به‌خشن به‌م گوێڕایه‌ڵه‌.
یا رێگا خۆش ده‌كه‌ن خاكی
گه‌لێكی بێ‌ هێز و په‌نا
داگیر و كاول و تاڵانكا.
ئێوه‌ی مه‌ڕیش بۆی هه‌ڵپه‌ڕن
به‌و خه‌یاڵه‌ی ، له‌پێناوتان
ده‌سكه‌وتێكی باشی هێنا.
مه‌گه‌ر به‌ چاوتان نابینن
ملهوڕان و كه‌ڵه‌گاكان
چه‌ند به‌هێزن، چه‌ند بێ‌ رێزن
ده‌وڵه‌مه‌ندن، چه‌ند كه‌ساسن
به‌ دروشمی چڵه‌ زه‌یتوون
دارستانه‌كانی زه‌یتوون
به‌ ئاگر و ئاسن هه‌ڵقرچان
هه‌زاره‌ها تۆپ و بۆمبا
بۆ گیانی ژن و منداڵ
په‌ككه‌وته‌ و پیر
به‌ بێباكی به‌ڕێ‌ ده‌كا،
خۆی و چه‌ندان ریش چه‌په‌ڵێك
فتوای قڕكردنی كورد ده‌دا.
تلیاك كێشی ده‌یان وڵات
داماڵراو له‌ خوو و ره‌وشت،
له‌ گشت به‌های مرۆڤێتی
شكستخواردوان له‌ ژیان
له‌ ژێر ئاڵای ئیسلامه‌تی
كۆكرده‌وه‌ له‌ ده‌وری خۆی
ئاسایشترین هاوسێی خۆی
كرده‌ ئامانج
شاری ئاشتی و دۆستی و رۆزی و
میواننه‌واز ، خانه‌دانان
به‌سه‌ر یه‌كدا كردن وێران.
سه‌دان هه‌زار بێ‌ گوناهی
له‌ ماڵ و زێد و هێلانه‌ی
به‌ره‌و ده‌شت و چۆل وه‌ده‌رنان
دیاره‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كیش
له‌ رۆژهه‌ڵات
ئاوه‌زی دڕندایه‌تی و
دیسان هه‌ر خوێن رشتن و
ماڵوێرانكردن و تاڵانه‌،
جێبه‌جێكردنی پیلانه‌
زلهێزان ئه‌وه‌ ده‌خوازن.
ئیتر ئه‌نجام هه‌رچی هه‌یه‌
مه‌ڕ و بزن قه‌ده‌غه‌یه‌
پرسیار بكا له‌پای چییه‌
ئه‌و هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌؟
ئه‌ی مه‌ڕه‌كانی توركیا
ده‌ بخوێننه‌وه‌ مێژوو
له‌بیرتان چوو
ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕانتان
به‌سه‌ر ده‌یان وڵات هه‌بوو
سته‌مكاری و بێ‌ باكیتان
هه‌مووی ده‌ركرد له‌ ژێر ده‌ستتان؟
چه‌پڵه‌ لێده‌ن . . .
مامه‌ حه‌مه‌ و پیشه‌ی ماستاو
ده‌یان سته‌مكار و ده‌ستڕه‌ش
ده‌یان دیكتاتۆر ، نه‌شیاو
به‌رهه‌می چه‌پڵه‌ی ئێوه‌یه‌
ئیتر تا هه‌ن
نه‌ك هه‌ر خه‌ڵك ، بگره‌ خۆشتان
بۆ ساتێكیش ناتوانن
له‌ ژیانتان ئۆخه‌ی بكه‌ن.
له‌ لاسایی ئه‌وروپییان
دیمه‌نتان وا دیاره‌ گوایه‌
زۆر پێشكه‌وتوونه‌ له‌ ژیان،
به‌ڵام روون و ئاشكرایه‌
هه‌ر رووكه‌شی ده‌ره‌وه‌یه‌،
مێشك هه‌ر بیری سه‌رده‌می
جه‌نابی سوڵتانه‌كانه‌،
ئێستاش به‌ ڕه‌وای ده‌زانن
سوڵتان خاوه‌نی سه‌دان ژن،
خزمه‌تكار و به‌نده‌ و كۆیله‌ و
ده‌یان گه‌نجی خه‌سێنراوی
ناو حه‌ره‌م و
ئه‌نده‌روون، داڵانه‌كانه‌
ئیتر هه‌ر خووی
سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌
خۆتان و ده‌سته‌ی حوكمڕان
به‌و رێبازانه‌ په‌یوه‌سته‌
كلتووری مه‌غۆله‌كانی
ژێر فه‌رمانی هۆلاكۆیه‌
داگیركردن ، سته‌مكاری
خاپووركردنی وڵاتان
لای ئێوه‌ تیۆری ژیانی
سه‌رفرازی و ره‌وایه‌تی و
رێی دروسته‌.
رۆژێ‌ هه‌ر دێ‌
له‌سه‌ر خه‌ونه‌ گڵاوه‌كانتان
خۆتان و سه‌ركرده‌ و سوڵتان
له‌ قوڕ بچه‌قێ‌ ده‌متان
ئه‌وه‌ی زه‌وتیشتان كرد له‌مه‌وپێش
له‌ قوبرس و ئه‌سكه‌نده‌روون
له‌ عه‌فرینی پڕ زام و ئێش
له‌گه‌ڵ تۆڵه‌ و قه‌ره‌بوویان
ئه‌و شوێنانه‌ بۆ یه‌كجاری
بۆ هه‌زاران چاوچنۆك و
زۆرداری له‌ وێنه‌ی خۆتان
ده‌بێته‌ دوا گۆڕستان.
تا ئه‌و رۆژه‌ی جێی ده‌هێڵن
عه‌فرین بۆ تۆرانییان ژانه‌
بۆ كوردانیش
ده‌روازه‌ی، یه‌كبوون، ئازادی،
به‌رخودان و تێكۆشانه‌.

20 – 3 – 2018




داوای گەڕاندنەوەی هەموو کۆپیەکانی کتێبی سەردەشت عوسمان دەکەین!

هەروەکوو ئاگادارن ئێوارەی دوێنێ رۆژی پێنجشەممە (١٩ \٤\٢٠١٨) لەبازگەی بێستانە، ئاسایشی پارتی دەستی بەسەر ٥٤ دانە لەبەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمان داگرت و ئەندامی ستافی ئامادەکاری کتێبەکە ( بەهزاد موحسین) دەستگیر دەکات و بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە ئاسایشی هەولێر دەست بەسەری دەکا و دواتر ئازادی دەکەن.
به‌هزاد موحسین به‌بێ هیچ پێڕاگه‌یاندن و سۆراغێك له‌ لایه‌ن ئاسایشی پارتی ده‌ستگیركراوه‌ به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی كتێبه‌كه‌ی سه‌رده‌شت. پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکیتر ڕاستەوخۆ دژایەتی ئازادی دەربرین و دۆسیەی تیرۆریکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دەکات، کە بەرسیارەتی تیرۆرەکە لە ئەستۆی پارتیدایە و بکوژان لەژێر فەرمانڕەوایی ئەو ئازادن.
تا ئێستا کتێبەکان لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەرداگیراوە و نەگەڕاندراوەتەوە بۆ ستافەکەی. ئەمە پێچەوانەی هەموو پرەنسیپێکی دیموکراسی و ئازادی دەربڕین و بەیان و بڵاوکردنەوەیە کە خۆیان رۆژانە ئیدعای بۆ دەکەن.
جارێکیتر بەتوندی ئەو کارە سەرکوتگەرانە سەرکۆنە دەکەین و داواکارین سەرجەم کتێبەکان ئازاد بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ خاوەنەکەی. پێویستە پارتی دەستبەردارداری ئەو سیاستە چەوتەی بێت، کە بازگەکانی کردۆتە شوێنی دەستگیر و دەستبەسەرداگرتنی شتە تایبەتیەکانی هاوڵاتیانی کوردستان.
لێرەدا جارێکیتر بانگەوازی سەرجەم ئازادیخوازان، ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوە مەدەنیەکانی دەکەین بەهەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی، وەڵامی ئەو سەرکوتگەری و پێشێلکاریە بە ئازادی و مافی تاکی کوردی بدەنەوە. پارتی بەهیچ شێوەک مافی ئەوەی نییە دەست بەسەر مومتەلەکات و کتێبی هیچ کەسێک بگرێت. پێویسته‌ ده‌ست به‌جێ كتێبه‌كان ئازاد بكات و بوونی سه‌رده‌شت وه‌ك سیمبولی ئازادی له‌ هه‌ولێر و كوردستان قبوڵ بكات.
بەردەوام دەبین لەهەوڵەکانمان لە ئاگادارکردنەوەی رێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتیەکانی بەرگری لە ئازادی دەربڕین و بڵاوکردنەوە، نوسەران، رۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. لەم کارە سەرکوتگەرانەی ئاسایشی پارتی کە سەرتاپا ناکۆکە لەگەڵ سەرەتایترین پڕەنسیپی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ.
هەر لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە، ئەم کتێبە لە تەواوی کوردستان و عێراق و هەموو شوێنیکیتر بەفراوانی و بە تیراژی زیاتر بڵاو دەکەینەوە. سەرکوتگەران خەیاڵیان خاوە بتوانن لە ڕێگای بازگەکان کۆنترۆڵی بیر و مێشکی گەنجان و ئازادیخوازی کوردستان بکەن. هاوکات لە نزیکترین ماوەدا لینکی بەرگی یەکەم و دووەم لەسەر ئەنتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ڕاستەوخۆ دەخرێتە خزمەتی خوێنەران.

بژی ئازادی دەربڕین!
کۆتایی بێت سەرکوتگەری و پێشیلکردنی ئازادی سیاسی!

ستافی ئامادەکاری بەرگی دووەمی کتێبی سەردەشت عوسمان
ئاسۆس هەردی
بەهزاد موحسین
نیاز عەبدوڵا
بەکر عوسمان
دڵشاد ئەنوەر
دلێر ئەمین

2018-04-20




فیلمی کوردی “ئێل کلاسیکۆ” له‌ فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر نمایش ده‌کرێت

مه‌نووچێهر جیهانی ـ فیلمی بڵیندی سینه‌مایی “ئێل کلاسیکۆ” له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری کورد “هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا” له‌ به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م”ی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌ په‌ردیسی سینه‌مایی “چارسوو” له‌ تاران نمایش ده‌کرێت.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر، به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م” The 7th Hour سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر به‌ نمایش کردنی حه‌وت فیلمی بڵیندی سینه‌مایی و چوار کورته‌فیلم کاری خۆی ده‌ست پێده‌کات و له‌م به‌شه‌دا، فیلمه‌ گه‌لێکی شیاو له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و سه‌لیقه‌ی قوتابیانی ئێرانی نمایش ده‌کرێت. به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م” هه‌لێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ قوتابیان له‌گه‌ڵ شێوازه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ره‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلم ئاشنا ببن و پاشان ده‌توانن به‌ نووسین و ناردنی ره‌خنه‌کانی خۆیان بۆ نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ له‌ رکابه‌ری کردن بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌ جۆراوجۆره‌کانی باشترین نووسینی ره‌خنه‌ به‌شداری بکه‌ن.

فیلمی “ئێل کلاسیکۆ” El clásico به‌رهه‌می‌ وڵاتانی عێراق و نه‌رویج، یه‌کێکه‌ له‌ بژارده‌ سه‌رنجڕاکێشه‌کانی لیستی فیلمه‌کانی به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م” که‌ چیرۆکی “ئالان” و براکه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ له‌ کوردستانی عێراقه‌وه‌ به‌ره‌و ئیسپانیا وه‌ڕێده‌که‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌ یاریزانی خۆشه‌ویستی خۆی “کریس رۆناڵدۆ” ببینێت. ئه‌و فیلمه‌ به‌ تێمێکی پڕ له‌ جۆش و خرۆشی لاوێتی ده‌توانێت یه‌کێک له‌ بژارده‌کان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بینه‌ران بۆ بینینی ئه‌و فیلمه‌ پشتی پێ ببه‌ستن.

بیرۆکه‌ی ئه‌و فیلمه‌ له‌ سه‌فه‌رێکدا بۆ شاری هه‌ولێری هه‌رێمی کوردستانی عێراق هاته‌ زه‌ینی هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا. کاتێک که‌ له‌به‌ر داربی یانه‌کانی رێئاڵ مه‌درید و بارسێلۆنا نیوه‌ی خه‌ڵکی شاره‌که‌ ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و وه‌ها بێسه‌روبه‌ره‌یی به‌سه‌ر شاردا باڵ ده‌کێشێت که‌ ئه‌و ناتوانێت له‌و هۆتێله‌ بچێته‌ ده‌رێ که‌ له‌وێدا نیشته‌جێیه‌. ئه‌و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نه‌رویج بلیتێکی فڕۆکه‌ و بلیتێک بۆ ئێل کلاسیکۆی دواتری کڕی و چوو بۆ ئیسپانیا.

ئه‌و دوو برا کورده‌ی که‌ ده‌وره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م فیلمه‌ ده‌گێڕن، له‌ کاتی یه‌که‌مین نمایش کردنی فیلمی “ئێل کلاسیکۆ” له‌ شاری ئۆسلۆ بۆ یه‌که‌مین جار له‌ ته‌مه‌نی خۆیاندا پێیان نایه‌ هۆڵی سینه‌ما. هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا ماوه‌ی یه‌ک ساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو برایه‌ ژیا که‌ به‌رده‌وام خه‌ریکی ده‌مه‌قاڵه‌ له‌سه‌ر یانه‌کانی خۆشه‌ویستی خۆیان بوون؛ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی که‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشان و داکشانی ژیان و هه‌سته‌ راسته‌قینه‌کانی ئه‌وان له‌ نزیکه‌وه‌ ئاشنا بێت و تێبگات که‌ مرۆڤه‌ کورته‌باڵاکان له‌ سووچێکی تێڕوانین به‌ به‌رزایی 90 سانتی مه‌تر، چلۆن دونیا و ده‌وروبه‌ری خۆیان ده‌بینن.

هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا سیناریۆی فیلمی ئێل کلاسیکۆی به‌ هاوکاری “ئاندرێس فاگرهۆڵد” له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا نووسیوه‌. نوسخه‌ی یه‌که‌می سیناریۆکه‌ تێمی عاشقانه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵکه‌وت له‌گه‌ڵ خه‌ونی هاوبه‌شی زۆربه‌ی مرۆڤه‌ کورته‌باڵاکان ئاشنا ده‌بێت، بڕیار ده‌دات نێوئاخنی عیشق به‌ چیرۆکه‌که‌ی زیاد بکات. “خه‌ونی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنانی باڵابه‌رز” ره‌نگه‌ به‌و هیوایه‌ که‌ به‌ختیان بۆ هه‌بوونی منداڵی به‌ باڵای ئاسایی زیاتر بێت.

هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ ده‌یتوانی وه‌کوو زۆربه‌ی ده‌رهێنه‌ره‌کان، فیلمه‌که‌ی له‌ وڵاتانی ئه‌ردن یا مه‌راکیش دروست بکات، وڵاتی عێراقی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی که‌ فیلمه‌که‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و بایه‌خێکی زیاتری هه‌بێت. بۆ دوو حه‌وته‌ فیلم هه‌ڵگرتن له‌ به‌غدا ناچار بوون، دیکۆری شار و گشت بازاڕی به‌غدا دروست بکه‌نه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ بۆردومانه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کان و به‌ تایبه‌ت هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی ساڵی 1988 شتێکی وای له‌ به‌غدای پێش جه‌نگ نه‌هێشتبووه‌وه‌.

فیلمی “ئێل کلاسیکۆ”ش وه‌کوو “دڵی سوور” یه‌که‌مین فیلمی بڵیندی هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا باسی بابه‌تی گروپه‌ که‌مینه‌کان ده‌کات. به‌م جیاوازییه‌وه‌ که‌ دڵی سوور به‌ توندی فیلمێکی سیاسی بوو، به‌ڵام ئێل کلاسیکۆ په‌یامێکی سیاسی راسته‌وخۆی نیه‌. یه‌کێکی دیکه‌ له‌ وێکچوونه‌کانی ئه‌م دوو فیلمه‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ ماتۆڕسیلکێت له‌ فیلمی یه‌که‌مدا و چوارته‌گه‌ری له‌ فیلمی دووهه‌مدایه‌.

“هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا” له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: “من پێم خۆشه‌ که‌سایه‌تییه‌کانم شتێکیان هه‌بێت،
بۆ ئه‌وه‌ی که‌ به‌و شته‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆن و ماتۆڕ زیاتر له‌ ترۆمبێل که‌ چوارپاڵوویه‌کی سه‌ربه‌ستراوه‌، هه‌ستی رزگاری و ئازادی وه‌بیرده‌هێنه‌ته‌وه‌.”

فیلمی “ئێل کلاسیکۆ” نه‌ له‌ چیرۆکدا قسه‌یه‌کی تازه‌ ده‌کات و نه‌ له‌ فۆڕمدا. فیلمێکی کلاسیکی جاده‌یی به‌ تێمی عیشقی گه‌ڕان و به‌دواداچوون و به‌ پێش زه‌مینه‌ی تۆپێن و هانده‌رانی دڵخوازی ئه‌ستێره‌یه‌کی وه‌رزشی. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ ئێل کلاسیکۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه‌، وێنه‌ گرتنی عێراقی هاوچه‌رخ و ته‌نزی زاڵ به‌سه‌ر فیلمه‌که‌دایه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌مووی ئه‌و فیلمانه‌ی که‌ به‌ر له‌ ئێستا له‌م ناوچه‌یه‌دا و سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌ دروست کراون، چیرۆک گه‌لێکی خه‌مناکن به‌ ته‌وه‌ری زوڵم لێکراویی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌ جوگرافیایه‌.

یه‌کێک له‌ خاڵه‌ به‌رچاوه‌کانی ئه‌م فیلمه‌ مۆنتاژی “ئینگ لیزلانگفێڵت”ـه‌ که‌ کورته‌باڵابوونی که‌سایه‌تییه‌کانی فیلمه‌که‌ به‌رده‌وام به‌رجه‌سته‌ ناکاته‌وه‌. ئه‌و فیلمه‌ به‌ر له‌وه‌ی که‌ قه‌یرانی کورته‌باڵابوون وه‌بیر به‌رده‌نگ بهێنێته‌وه‌، زیاتر سه‌رنجه‌کان ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌وڵی که‌سایه‌تییه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌کانیان و به‌م خاڵه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێک، ژیان به‌رده‌وامه‌. له‌گه‌ڵ هه‌بوونی جه‌نگ و بۆمب و چه‌ک و تیرۆر و تیرهاوێژیی به‌رده‌وام، پێکه‌نین هێشتا له‌ ژیاندا بوونی هه‌یه‌ و خه‌ڵكی به‌رده‌وام به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌، یاریی نێوان یانه‌کانی خۆشه‌ویستی خۆیان ده‌بینن و ئه‌و یاریزانانه‌ هان ده‌ده‌ن.

سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌ رۆژانی 19 تا 27ی ئه‌پرێڵی 2018ی زایینی رێکه‌وتی 30ی خاکه‌لێوه‌ تا 7ی گوڵانی 1397ی هه‌تاوی به‌ ده‌بیریی “سه‌ید ڕه‌زا میرکه‌ریمی” له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




ڕووباری غەمەکان
شیعر : نزار قبانی
ورگێڕانی : پشکۆ ناکام
“”””””””
چاوەکانت دوو ڕووباری غەمن
دوو رووباری مۆسیقا،،،
كە گێڕایانمەوە
بۆ دێر زەمان…
دوو رووباری مۆسیقا کە ونبوون
و
ئەنجا خانمەکەم
منیشان وون کرد…
“””””
فرمێسکی ڕەشی چاوەکانت
ئاوازی درکاندن ئەبارێنێن
چاوەکانت و جگەرە و “مەی”یەکەم
و
دەیەم پێک و نابینایان کردم
و
لەسەر کورسییەکەم سووتاوم
ئاگرەکانم یەکتری ئەخۆن
پێت بڵێم :
خۆشم ئەوێیت… مانگەکەم..!!
ئاخ خۆزگە ئەمتوانی بیڵێم..
من لە دونیا
جگە لە چاوەکانت و غەمەکانم
چی تر شک نابەم…..
“”””’
پاپۆرەکانم لە بەندەرەکەیا ئەگرین
لەسەر دوورگەکان
تێک ئەشکێن
و
چارەنوسی زەرد هەڵگەراوم
ڕوخانمی…
باوەڕ بوونمی وێران کرد..
ئەی سێبەری خودا
لەسەر پێڵوی چاوەکانم
بێ تۆ چۆن سەفەرکەم…!!
هاوینی سەوزم…خۆری من
ئەی جوانترین لە ڕەنگە جوانەکانم
چۆن جێت هێڵم
كە چیرۆکەکەمان
لە گەڕانەوەی بەهار جوانترە
لە نێرگزی ناو تاریکایی قژی
كیژێکی سلێمانی ،
……..جوانترە
تاکە خۆشەویستم ، مەگری
فرمێسکەکانت ناخم هەڵئەکەنێ
من لە دونیا
جگە لە چاوەکانت و غەمەکانم
چی تر ..شک نابەم
“”””
ئاخ خۆزگە ئەمتوانی پێت بڵێم :
خۆشم ئەوێیت..ئەی ڕۆشنکەری شەوانم
چونکە من ئینسانێکی وونم
پێگەی خۆم پێ نازانم
ڕێ ڕەوم وونی کردم
ناوم وونی کردم
ئەدرێسم وونی کردم
مێژووم…!؟
مێژووم نیە….
من لە بیرچونەوەی لەبیرکراوم
لەنگەرێکم لەنگەر ناگرێ
زامێکم لە شێوەی ئینسان…
خۆشەویستەکەم :
چیت پێ بەخشم..!!
نیگەرانیم…!
خودا نەناسیم …!
هێڵنجەکانم…!
چیت پێ بەخشم جگە لە
قەدەرێک ،
لە ناو لەپی دەستی شەیتانا
سەما ئەکا..
“”””
هەزاران جار خۆشم ئەوێیت
لێم دوورکەرەوە
لە ئاگر و دوکەڵم
دوورکەرەوە
من لە دونیا
جگە لە چاوەکانت و غەمەکانم
چی تر شک نابەم
چی تر……شک نابەم