بۆچی لە رۆژهەڵاتی ناوین، بەردەوام شەڕە ؟ … نووسینی باستیان بێربنەر

و. لە ئاڵمانییەوە هەڵۆ بەرزنجەیی

————-
کوشتار لە سوریا،شەڕ لە عێراق و هەرای بێ بڕانەوە لەسەر ئیسرائیل. لە هیچ دەڤەرێکی جیهان دا، هێندەی رۆژهەڵاتی نزیک خوێن ناڕژێت.
سنوورەکان،هەر چۆنێک بن،شتێکی بەهادارن. جا وەک دیوارێک بن، لەسەرەوە بە تەلی دڕکاوی گیرابن، یان وێنەی پەرژین وابن، یاخود لە چەشنی شوورایەکدا، بە گوێنی پڕ لە خۆڵ هەڵچنرابن لە بیابان دا، وەیان هاوچەشنی هێلێکی خەیاڵی،کە تەنیا لەسەر نەخشە دەبینرێن.

سنوورەکان باشن، ئەگەر بێت و دوو شت بەجێبهێنن:

لە لایەک ئەگەر بێت، لە ناوەوە مرۆڤەکان یەکبخەن، ئەوانەی زۆر لەیەک دەچن، و دەتوانن لەبەرامبەر پرسیاری “کێ دەبێت حوکممان بکات” ؟ ڕێک بکەون. هەروەها ئەگەر لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی لەدەرەوە دەمێننەوە و لەگەڵ ئەوانەی ناوەوەدا هەرگیزاو و هەرگیز لەسەر یەک وەڵام ناتوانن یەک بگرن.
هەردوو لایەنەکە هاتونەتە دی، ئایا سنوورێک ئامێرێکی ڕێکوپێکی و ڕێکخستنە. ئەگەر نا، داخۆ سنوور گەرەنتی زەبروزەنگە.
لازقیە،شارێکە لە سوریا و دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست و کەنارێکی جوان و خۆشی هەیە. ئەم هاوینەش خەڵک لەوێ دەچنەوە بۆی، بۆ ئەوەی خۆیان بدەنە بەر پرژەی شنەی شەپۆلی بەرز و نزم بوونەوەی ئاوەکەی، بەدەم هاژەی نێرگەلە کێشانەوە. هەروەها ئەدلیبیش شارێکە لە سوریا. لەوێ خەڵکەکە، بەرمیلی بۆمبا هەلاهەلایان دەکات. لەسەرەتای ئەم ساڵ لە گوندێکی نزیکی ئەم ناوە، چەند وێنەیە بە جیهاندا بڵاوبۆوە، منداڵ بە گاز کەوتوون و دەمیان کەفی لێنیشتبووە.

ئەم دوو شارە تەنیا( ١٢٠) کم لەیەکەوە دوورن. هەردوو شارەکە لە لایەن بەشار ئەسەدەوە حوکم دەکرێن. زۆرینەی دانیشتوانی لازقیە عەلەوین و ئەمە بە باش دەبینن. زۆرینەی دانیشتوانی ئەدلەب سووننین و دەیانەوێ بەشار بڕوخێنن. ئەمانە مرۆڤەکان،کە لە ناوەوەن، بەلام حەز دەکەن لەدەرەوە بمێننەوە. بەلای ئەمانەوە، سنووری دوور و درێژ، دیواری بەندیخانەیە.

عەلەوی و سووننی لەژێر یەک دەسەڵاتدان و حەزیان دەکرد دوویان هەبوایە.
چەند سەد کیلۆمەترێ بەولاوە بەرەو رۆژهەڵات، نیشتمانی کوردانە. وڵاتێک زنجیرە چیا و ڕووباری گەورە و بە خوڕ و دۆڵ و نشێوی قووڵی تێدایە و پێدا تێدەپەڕێ و هەورەها بە ژمارەیەکی زۆر لە سنوور: سنووری سوریا ـ تورکیا، عێراق ـ تورکیا، سوریا ـ ئێراق،ئێران ـ تورکیا، عێراق ـ ئێران دەوری گیراوە. کورد لە چوار دەوڵەتدا دەژین، پێیان خۆش بوو، یەک دەوڵەتیان هەبووایە، یەکێ کە خۆیان لەناویدا بوونایە.

لە چۆڵەوانییەکی گردۆڵکەیی چەند سەد کیلۆمەترێ بەولاوە، خوارووی رۆژئاوا، دیسان محەمەد ناسر، کە تەمەنی ١٧ ساڵە، لە رۆژێکی هاوینی ٢٠١٦ دا دوو کیلۆمەتر بەلاوە دەچێتە گوندێکی دراوسێەوە. لەوێ هەڵدەکوتێتە سەر ماڵێک و خۆی دەخزێنێتە، ژووری منداڵەکانەوە ، کچێکی منداڵێکی ١٣ ساڵی لە جێگادا خەوتووە. دەداتە بەر چەقۆ تا دەیکوژێ. محەمەد، هیچ شتێکی تایبەتی لەگەڵ ئەو کچەدا نییە، بەڵام ئەو کچە لە ناوچەی کریات ئەربا، دەکەوێتە کەرتی رۆژئاوای فەلەستینەوە دەژی. ئەمە کوشتنێکی سیاسییە. ئەوی فەلەستینی ئیسرائیلییەکی کوشتووە، لە پێناوی ئەوەی پەیامێک بۆ حکومەتەکە ڕەوانە بکات و بڵێ: ئەمە وڵاتی ئێمەیە!.
چۆن دەبێت سنوورێک، پڕ مانا، جیاوازی بکات لە نێوان یەکێ لە ناوەوە و یەکێ لەدەرەوە؟.

وای دادەنێین، پیاو لەناو کەشتییەکی ئاسمانیدایە و لەسەر وڵاتی عەرەب لەسەرخۆ دەفڕێ. سەیرکردنەکە بەشی دەریای ناوەڕاست تا سنووری بەرزاییەکانی ئێران دەکات، لە زنجیرە چیاکانی ئەنادۆڵەوە تا کەنداوی فارس. وای دادەنێن پیاو هەر یەک لە دانیشتوان، لەسەرەوە وەک نوکتەیەکی بچووک دەبینێ.
٨٢ ملیۆن ئێرانی،٨٠ ملیۆن تورک، ٣٨ ملیۆن عێراقی،٢٨ ملیۆن سعودی عەرەبی، ١٧ ملیۆن سوری، ٨ ملیۆن لوبنانی، ٨ ملیۆن ئەردەنی،٨ ملیۆن ئیسرائیلی،٥ ملیۆن فەلەستینی.

وێنەیەک لە ٢٧٤ ملیۆن پیکسل/Pixel خاڵەوە. ئەگەر پیاو هەروا ڕامان بکات، کەوا هەموو ئەو مرۆڤانەی لەگەڵ سنووری وڵاتەکەیان و فۆڕمی دەسەڵاتەکەیان ئاسوودە و بەختەوەرن، وەک پیکسلی سپی ببینین و ئەوانەی دەیانەوەی سنوور و سیستەمەکان بگۆڕن، پیکسلی ڕەشن. پیاوی چاوی دەکەوێتە سەر ڕووبەرێکی زۆری ڕەش، کە وەک وەرەمی شێرپەنجە بەربۆتە ناوچەکە.

لە ڕۆژئاوای عێراق، سووننەکانەکان دژی حکومەتی شیعەکان، لە بەغدا وەستاونەتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی سعودیە، شیعەکان ڕکیان دەبێتەوە، لە حکومەتە سوونییەکەیان لە ریاز. کەناری رۆژئاوا، غەزا، ناوچە کوردییەکان، ڕۆژهەڵاتی سوریا هەمووی ڕەش دەنوێنێت.
Middle East,Proche Orient,Naher Osten، رۆژهەڵاتی نزیک، ئاساییە بە هەر زمانێ، ئەم دوو وشەیە بخەیتە ناو مێشکتەوە هەمان فلیم لێدەداتەوە.
تیرۆریستە ڕیشدارەکان، ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە. چاڵەنەوتە گڕگرتووەکان، خانوو و ماڵی بۆمباران کراوی داربەسەر بەردەوە نەماو. پیکاپی چەک لەسەر دابەستراو، جەنگ لە سوریا. کوشتار لە عێراق. خەبات لە تورکیا. ڕاپەڕین لە ئیسرائیل. پەلاماری تیرۆریستی لە هەموو شوێنێ. لە سەد ساڵی ڕابووردوودا نێزیکی ٨٠ جەنگ و قەیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕووی داوە. نێزیکی ٦،٥ ملیۆن کەس کوژراو و مردوون. ڕەنگە زیاتریش بوو بێت.

چۆن ئەمە ڕوو دەدات؟ بۆچی بە تایبەت رۆژهەڵاتی نزیک بۆتە شانۆی خوێنی بە ناهەق ڕژاو و بە خوێن تینوو؟
وەڵامی ئاسایی و باو دەڵێ: گەلانی فرە، ئاینزای زۆر لەم دەڤەرە تەسکەدا، کوڵاوبە کەفوکوڵ و تووڕەیی ئایینی. بێگومان ئەمە تەنیا لە سەرنجدانی سەرەتاییدا جێی باوەڕهێنانە، هەروەک کتێبێکی خراپ بە بەرگێکی جوانەوە. کێ بەڕاستی گەرەکێتی تێبگات،بۆچی جەنگ لەم بەشەی جیهان دا، کۆتایی نایەت، پێویستە ئاوڕ بۆ سەدساڵ، پێش ئێستا بداتەوە ، بۆ ئەو سەردەمەی،کە ئەم سنوورانەی ئێستا نەبوون.
ئەوەی لە ئەمڕۆدا بە ” رۆژهەڵاتی ناوین” ناسراوە، تاکە ئیمپراتۆرێتێکی بەهێزی بەسەرچوو هەبوو. ئەم ئیمپراتۆرێتە عوسمانییە کە لە کۆنستانتینۆپل، ئەمڕۆ پێی دەووترێ ئەستەمبوڵ، لە لایەن کەسێکەوە بە خۆی دەوت سوڵتان، حوکم دەکرا.
٧٠٠ سەد ساڵ ئەم ئیمپراتۆرێتە درێژەی کێشا و لە سایەیدا گەلان و ئاینەکان دەژیان، تورک، عەرەب،کورد، موسڵمان، کریست و جولەکە، بە شێوەیەکی گونجاو بە ئاشتی پێکەوە هەڵیان دەکرد.
بێگومان هەرا و ناکۆکی هەبووە، جارە و جاریش جەنگ، لێ بە تێکڕا پێکەوە، سەر سووڕهێنەرانە باش گوزەرانیان دەکرد. نهێنییەکە ئەوەیە ئۆتۆنۆمیییەکی فراوان، بەرپرسیارێتی خۆیی لە دەوڵەتێکدا بێ سنووردا هەبوو.
ئینجا جەنگی یەکەمی جیهانی هات. لە ژێر ئاگری تۆپەکاندا وڵاتان توانەوە و سەرلەنوێ نەخشەکێشرانەوە. دەسەڵاتدارێتی داڕمان و هی نوێ دروست بوونەوە. ئەمە لە ئەوروپا ڕووی دا، بەڵام زیاتر بۆ رۆژهەڵات. لە ئیمپراتۆرێتی عوسمانی چەندین دەوڵەت کەوتەوە، هێڵە سەرەکییەکانیان لەمڕۆدا،پیاو لە پەخشی هەموو دەنگوباسەکاندا دەبینێ. شەقڵ و شێوە نوێکەیان، حەتمی نەبوو. بەڵکو ئەوە سیاسەتکار و جەنەڕاڵەکان، دیبلۆماتکاران و سیخوڕەکان، ئەوان بەڕێوە دەبرد، سەربازەکان، ئەوانەی کە شەڕیان دەکرد، هەندێک بە چەکی مۆدێرن و هەندێکیش بە ڕاوەشاندنی شمشێر بە سواری حوشترەوە.
بەڵام بڕیاردەر ٣ کەس بوون. دووانیان خاوەن بیروباوەڕ بوون، یەکێکیان هەلپەرست بوو. هەر سێکیان بەریتانی بوون. هەرسێکیشیان ڕامان و چاوەڕوانییەکی تەواویان لەوە هەبوو، کام سنوورگەلێک، دەبێت دوای جەنگ رۆژهەڵاتی ناوین رێک بخات.
بەداخەوە ڕامانەکانیان پێکەوە نەدەگونجان.
کە بیر لەو بەزم و هەرایەی ئیمڕۆ دەکەیتەوە، ساڵ بە ساڵ دەتباتەوە بۆ رابووردوو، هەر وەک هەڵدانەوەی دەفتەری وێنەی بزۆک بۆ دواوە،هەتا ئەو شوێنەی پیاو، لە کۆتاییدا دەگاتە سەر ئەو ٣ دەموچاوە.

لای ئەفسەر تۆماس ئێدوارد لۆڕانس Thomas Edward Lawrence،کە لە ساڵی١٩١٧ وە هەڵکەوت، یەکێکە لە مێژووی پاڵەوانێتی تراژیدیایی مۆدێرنە بۆ نووسینەوە.
لای ئەرستۆکرات مارک سایکسMark Sykes دەربارەی ئەو، نووسەری ئەمەریکیScott Anderson بە کورتی دەنووسێ: “زەحمەتە کەسێک بدۆزیتەوە،کە لەسەدەی بیستەمدا بێ نێتی خراپی شەڕانی و بێ سوپا بتوانێ ببێتە هۆکاری ئەو هەموو وێرانکاریە”.
لای کیمیاکار خایم وایزمانChaim Weizmann ،کە لەڕاستیدا دەبوو لاوازترینی ئەو سییانە بوایە، بە بێ دامو و دەزگایەکی سیاسی ، بێ پارە، لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئاکامدا گەورەترین سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ڕەنگە سوریا ئەمڕۆ نە سووتایە، لەوانەیە کورد خاوەنی دەوڵەت بووایە، بەڵکو محەمەد هیچ کچێکی نەکوشتبایە بە چەقۆ، گەر بهاتایە ئەم سێ کەسە، پێش سەد ساڵ لەمەوبەر، بە جۆرێکی تر مامەڵەیان بکردایە.
مێژووی هاوبەشی ئەمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەست پێ ناکات، بەڵکو لە لەندەنەوە، داون ستریت Dawning Street 10 لە شوێنی دانیشتنی، سەرەک وەزیرانی بەریتانیا، کاتێ لە پاییزی ١٩١٥ دا، ئەندامانی کابینەی جەنگ، بەسەر نەخشەیەکی گەورەدا دەچەمنەوە و پرسیار لە خۆیان دەکەن: چۆن ئێمە ڕێگری لەوە بکەین، کە ئەڵمان شەڕەکە ببەنەوە؟

سەربازەکان جاران لە چاڵە قوڕاوییەکانەوە هەڵدەگەڕان، بە ڕاکردن، ڕووەو بەرەی رۆژئاوا و هەموو ڕۆژێک بۆ ڕووبەڕووی نوێی دژ بەیەکتر. ئەڵمانەکان لە لایەک و بەریتانی و فەرەنسییەکانیش لە لایەک،وەک گورگێکی دڕندە کە ژیانی ملیۆنانیان هەڵڵوشی و فلیقاندەوە. پرسیار ئەوەیە: کێ زیاتر بەرگە دەگرێت؟
حکومەتی بەریتانی مەترسی لێ نیشتبوو: ئەڵمانیا و سوڵتانی عوسمانیش وەک لایەنگری ئەڵمانیا هاتبووە جەنگەکەوە و تازە بە تازە، بانگەوازی لە هەموو موسڵمانانی جیهان کردووە، بۆ شەڕی پیرۆز/ جیهادیان لە دژی هاوپەیمانان.

لە ژێر ڕکێڤی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی ئینگلیزدا، ملیۆنان موسڵمان دەژیان. لەم پاییزی ساڵی ١٩١٥یەدا لەندەن بە خێرایی پێویستی بە بیرۆکەیەکی ستراتیژی هەبوو.
کۆمیساری باڵای بەریتانیا، لە میسر هاتە قسە. ئەو بەڕیوەبەری دەسەڵاتی کۆلۆنیالی بوو، لە قاهیرە هاوکارەکانی دەستییان کرد، بە داڕشنی نەخشەیەک، کە هەر دوو ئامانجەکە لە خۆ بگرێت وئامانج بپێکێ: ڕابوونی مەترسی داری موسڵمانەکان بخنکێنێ و ئەڵمانەکانیش بە چۆکدا بهێنێت.

ئەو کاتە، ماوەی چەند هەفتەیەکی کەم بوو، پیاوێک لە قاهیرە دەژیا، تازە پێی نابووە تەمەنی ٢٧ ساڵییەوە و باڵای هەر ١،٦٥ م بەرز بوو، لەگەڵ ئەو تەمەنە کەمەیشیدا، ڕەنگە باشترین کەسی رۆژهەڵاتی ناوینناسی حکومەتی بەریتانی بوو ـ بە لانی کەمەوە ئەو وا خۆی دەبینی ـ ناوی ت. ئی. لۆڕانس بوو.

هەر لە تەمەنی گەنجییەوە بە تەنیا، ڕوو لە رۆژهەڵاتی ناوین کردووە و سەردانی قەڵای خاچپەرستەکانی دەکرد. دواتر لە سوریا دەستی کرد، بەکارکردن لە چاڵ هەڵکەندندا. لە خوارووی فەلەستین هونەری نەخشەکێشان/ کارتۆگرافی بیابانی دەکرد. زمانی عەرەبی بە ڕەوانی دەزانی و خەڵک و کولتوورەکەی چاک دەناسی، ئیدی ئەوە بوو، دەزگا سیخوڕییەکانی خاوەنشکۆکەی، هەر زوو لەگەڵ شەڕ هەڵگیرساندا، بەکرێیان گرت و هێنایانە ریزی خۆیانەوە.

لە بارەگای ئیدارەی بەریتانی، لۆڕانس نەخشیەکی گەورەی دەسەڵاتی عوسمانی هەڵواسی. هەندێ جاریش دواتر شتی دەنووسی، لەبەردەم نەخشەکەدا چەندین خولەک دەوەستا، و بیری قوڵی دەکردەوە، لە ڕەهەندەکانی وڵات ، کە لە لایەن سوڵتانی کۆنستانتینۆپەلی دوژمنەوە کۆنترۆڵ کرابوو.

بەڵام ئایا بە ڕاستی ئەو کۆنتڕۆڵی کرد؟

چەند هەفتەک پێشتر لە هاوینی ١٩١٥ دا، نامەیەک گەیشتە قاهیرە، هەر زوو نێرەرەکەی بووە، جێی بایەخی بەریتانییەکان. شەریف حوسەین، سەرەک هۆزێک لە مەککەوە، بەدەسەڵاترین پیاوی نیوە دورگەی عەرەبی. حوسەین خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانیدا کاری دەکرد، لێ کە شەڕ هەڵگیرسا، پیاو هەوڵ دەدات بارودۆخە بقۆزێتەوە. حوسەین خەونی بە دەسەڵاتێکی عەرەبی فراوانەوە دەبینی. ئەو دەیویست سنوورێک بکێشێ، بە دروستی لەو شوێنەدا، کە ئیمڕۆ سنووری تورکیا و سوریای پێدا تێدەپەڕێ. ئەگەر بێت و سوڵتان، بەشی سەرەوەی سنوورەکە تورکیا لە خۆی بگرێ،،بەشی خوارووی وڵات، کە بە زمانی عەرەبی قسەی تێدا دەکرێ، حوسەین بۆ خۆی دەویست. ئەوەش قەڵەمڕەوێکی فراوان بوو، پێکهاتووە لە سوریا و لوبنان و عێراق و ئیسرائیل و فەلەستین و ئەردەن و تەواوی نیوە دوورگەی عەرەبی.
حوسەین لە نامەکەیدا، تکای مامەڵەیەک دەکات لە بەریتانییەکان: ئەو عەرەبی بەرەو یاخیبوون و ڕابوون بە ڕووی سوڵتان دا بردوو و هاوکاری بەریتانییەکان دەکات، تا جەنگەکە ببەنەوە، بەرامبەر بەوە بەریتانیەکان یارمەتی بدەن، دوای سەرکەوتن دەوڵەتێک دابمەزرێنێ.

بەرپرسی لۆڕانس لەندەنی، لەم ئۆڤەر و داوایە ئاگادار کردەوە. بیرۆکەی ئۆڤەرەکە سەرنجڕاکێش بوو، لە دژی جیهاد، لە لایەن پیاوێکی ریش سپییەوە راگەیەندراو، بە پێچەوانەی سوڵتانەوە، شەریف ناو و ناونیشانی پیرۆزی هەبوو، بە هۆی ئەوەی لە نەوەی پێغەمبەرە. لە بارەگای بەریتانییەکان، بۆ خۆیان خەیاڵیان دەکردەوە: عەرەب لە ناوەوە دەسەڵاتی عوسمانی هەڵدەوەشێنێتەوە و قەدپاڵی ئەڵمانەکانیان لە خوارووی رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە ڕووت دەکردەوە. هەر لە پڕێکدا ئەڵمانەکان، بەرەی سێیەمیان لە بالکان بە ڕوودا کرایەوە، ناچاری چۆکدادانیان کردن.
ئەم نەخشەکە دەیتوانی بڕیار لەسەر چارەنووسی جەنگ بدات. جا پیاو چی هەیە بیدۆڕێنێ؟ دەوڵەتێکی عەرەبی پاش تەواوبوونی جەنگ؟ تا ئەو کاتە،زۆر شتی دیکە دێتە پێشێ و هەزار دەور دەگۆڕێت.

لەندەن ئەم بەرنامەیەی گرتە بەر

بۆ بەریتانییەکان، ئەم سەودایە لەگەڵ حوسەین دا، سوودێکی گەورەی هەیە: ئەوان دواتر شتەکە دەدەن و کەچی دەستبەجێ هەقەکەی وەردەگرن. لە قوڵایی وڵاتی عەرەبییەوە، دەست کرا بە ئامادەکاری یاخیبوون و ڕاستبوونەوە. لە قاهیرە لۆڕانس خۆشحاڵ بوو، کە حکومەتەکەی بە هۆی هۆکارێکی ستراتیژییەوە، گفتی دامەزراندنی دەوڵەتێک دەدات بە عەرەب، لۆرانس پێی وابوو بەراستی عەرەب شایستەن. لۆرانس رێزی بۆ عەرەب هەبوو. هەر بە گەنجی کاتێ خاوەنی هیچ نەبوو، بە خۆیی و نەخشەیەک و کامێرایەک و دەمانچەیەکەوە، گەشتی بە بیابانەکاندا دەکرد، بەردەوام ڕووبەڕووی میوانداری دۆستانە دەبۆوە. کاتێکیش دوایی کاری هەڵکۆڵینی دەست پێ کرد، زۆری حەز لەو ئیشە دەکرد. یەکێ لە کرێکارەکان، گەنجێکی سوری بوو، سەرەتا بووە یاریدەدەری و پاشان بووە باشترین هاوڕێ.

“ئەم وڵاتە بۆ بێگانە زۆر خۆش و نایابە. بۆ ئەوەی ئەم هەستە بە وشە دەربڕین” : لۆڕانس لە ١٩١٢ دا بۆ دایک و باوکی دەنووسێ: ئەوە سێ ساڵ تێپەڕی، کەوا حکومەتەکەی خۆی گەرەنتی سەربەخۆبوونی دا بە عەرەب،ئەو بڕیاری گردەبڕانەی داوە هەموو شتێک بکات لە پێناوی جێبەجێکردنی ئەو گفتەدا، کە بەڕاستی حوسەین سنووری دەوڵەتەکەی بۆ دیاری بکرێت. لە لایەکی دیکەوە هەواڵی سەوداکەی لەگەڵ حوسەین دا،شۆکی دروست کردووە. لە مانگی نۆڤەمبەری ١٩١٥،دیبلۆماتکارانی بەریتانی چاویان دەکەوێت بە Francois Georges – Picot پاشکۆ و وابەستە، لە سەفارەتی فەرەنسی لە لەندەن، پیکۆ هاوپەیمان و دۆستە، بەڵام ساتێ بەریتانییەکان باس و خواستی عەرەبیان پێ ڕاگەیاند، وتی ” تەواوی سەربەخۆیی” وەک بەشداربوویەک دەستی پێوە دەگرێ.

دوای ئەوەی ئەو هەموو فەرەنسییە کوژران،پیاو ناتوانێ هێزی تاڵانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوین بەخۆڕایی ببەخشێ. پیکۆ ئەم قسانەی کرد. ” ئەو باسی سوریا و فەلەستینی کرد،ئایا وەک نۆرمانی سەر بە فەرەنسا دەبن” .

سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسی و هەروەها بەریتانی،جاران سیاسەتێکی کۆلۆنیالی بوو. پاریس و لەندەن جیهانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کرد بوو. فەرەنسییەکان لە رۆژئاوای ئەفریکا دەسەڵاتدار بوون و بەریتانییەکان لە رۆژهەڵاتی ئەفریقاوە بەسەر هیندستان دا دەکشا، هەتا ئۆقیانووس.ئەم جەنگە بۆ جاری یەکەمە،دەرفەتی باڵادەستی و هەژموونداری سازداوە و پێویستە فەرەنسا سوودی لێ ببینێ.

پیکۆ پەیامێکی روون و ئاشکرای دا بە گوێ لەندەن دا.فەرەنسا سوریای دەوێ و خاکی پیرۆزی فەلەستینیش و گاڵتەی دەهات بە بیرۆکەی دەسەڵاتدارێتییەکی گەورەی عەرەبی. بەریتانیا هۆشیار کرایەوە. لەم کاتەدا پێویستیان بە بەزم و هەرا لەگەڵ فەرەنسادا نییە. تەوەری پاریس ـ لەندەن بڕبرەی پشتی جەنگی دژی ئەڵمانیایە.
لە لەندەن دیبلۆماتکاران سەرقاڵی ئەوە بوون، چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت. پێدەچێ Mark Sykes مارک سایکسی پەرلەمانتاری گەنج، کە باش شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بیرۆکەیەکی پێ بێت؟

سایکس نەخشەیەکی لا بوو،کاتێ لە ١٦/دیسەمبەری ١٩١٥ دا چووە کۆشکی سەرەک وەزیران. سایکس تەمەنی ٣٦ ساڵ بوو و پێنج ساڵە ئەندام پەرلەمانە و ڕۆژهەڵاتی نیزیکی دەناسی و تازە کتێبێکی دەربارەی دەڤەرەکە بڵاوکردبۆوە. کە زۆر شتی ڕاست نییە کەوا کەس ئاگای لە کەس نییە و ،لەوانەی ئەو بەیانییە گوێیان لەو دەگرت،نە سەرەک وەزیران،نە وەزیری جەنگ و هەروەها نە وەزیری تەقەمەنی David Lioyd George، کە بە هیوابوو.

سایکس گرنگترین سیاسەتمەدارەکانی وڵاتەکەی بینی بەو پەڕی باوەڕبەخۆبوونی نەجیبزادەیەکی ئینگلیزییەوە . نەخشەکەی لەسەر مێزەکە بڵاو کردوەوە وتی: ” من پێشنیاز دەکەم هێڵێک بکێشین لە e لە تەوەرەکەوە تا کۆتایی k لە کەرکوک”. ئەو بە پەنجەی بەسەر نەخشەکەدا رۆیشت. هەموو ناوچەکانی سەرەوەی هێڵەکە بەر فەرەنسا بکەوێت: سوریای ئیمڕۆ، لوبنان،خوارووی تورکیا،باکووری عێراق.ئەوەشی دەکەوێتە خوارەوە هێڵەکەوە دەبێت بۆ بەریتانیا مەزن بێت. ئیمڕۆی ئیسرائیل،فەلەستین،ئەردەن،بەشی گەورەی عێراق و نیوە دورگەی عەرەبی. ئەو پەنجەی سایکس کە ناوچەکەی دابەشکرد،نەدەگونجا بۆ ئەم جۆرە سنوورانە، نە بۆ بونیادە ئێتنی و نە بۆ ئایینییەکان. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە سنوورانە گەلانی دابەش کرد،هۆز و بنەماڵەی دابەش بوون بەسەر دوو دیوی یەک سنووردا.

پێشنیازەکەی سایکس ئاماژەیەکی کۆلۆنیالی بوو،لێ بە دڵی سەرەک وەزیران بوو. بەم شێوەیە فەرەنسا هێمن دەبێتەوە و بەریتانیای مەزنیش بازێک دەچێتە پێشەوە.بێگومان سەرەک وەزیران دەزانێ ئەم چارەسەرە،لەگەڵ ئەو گفتەی بە حوسەینیان داوە بەر یەک دەکەون. مەسەلەکان هەر لەمەڕ هەمان وڵاتەوەیە.لێ ئەو دەبێت چی بکات؟ بڕیار بدات بۆ عەرەب و دژی فەرەنسا بوەستێتەوە،زیان بە هاوپەیمانێتیەکەی دژ بە ئەڵمانیا دەگەیەنێ .بڕیار بۆ فەرەنسییەکان بدات دژ بە عەرەبەکان،ڕەنگە ئەمانە بچنە بەرەی دوژمنەوە.
سەرەک وەزیران هەردوو لای دەوێت، دەستاوێژی بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش،بریتییە لەوەی پاراستنی مەسەلەکەیە بە نهێنی. عەرەبەکان نابێ ئاگایان لەو قسانەی لەگەڵ فەرەنسا کردوویانە. ئەگەر ئەوان بەراستی هەر سوور بوون لەسەر ئەوەی دەوڵەتی خۆیان دەوێ، ـ دەبێت بڵێن جارێ بردنەوەی جەنگ پێویستە ـ پیاو دەتوانێ بیانوو بدۆزێتەوە. ئاخر فەرەنسا لە هەنووکەدا گرنگترە

کاتێ مارک سایکس لەو رۆژانەدا داونت ستریتی ١٠ بەجێهێشت،کابینەی جەنگی قەناعەت پێهێنا،جڵەوی سیاسەتی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی نیزیک لەدەستی خۆیدا بێت. وەزیر باوەڕی وابوو سایکس زمانی عەرەبی و تورکی دەزانێ،کەچی هیچیانی نەدەزانی.
پێنج رۆژ دواتر بۆ یەکەمجار سایکس چاوی بە پیکۆی فەرەنسی کەوت. لە ماوەیەکی کورتدا دیکۆمێنتێکیان ئامادە کرد، کە کاریکەرێتی وێرانکارییەکە پەلی هاویشت. رێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ ،کە تەنیا سێ لاپەڕەیە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لە خۆ گرتووە و کە بەناوجەرگەی دڵیدا هێڵ ڕاکێشراوە،کە سایکس پێشنیازی کابنێتەکەی کردوە. سەرەوەی هێڵەکە بەڕەنگی شین هی فەرەنسایە و خوارەوەی بە ڕەنگی سوور هی بەریتانیایە. فەلەستینیش بە شارە پیرۆزەکانییەوە هەردوو رێکەوتن نێونەتەوەییانە حوکمی تێدا بکرێ. لە بەشی ڕاستی خوارەوەی رێکەوتنامەکە هەردوو ئیمزای لەسەر دەکەن و ئەم دیکۆمێنتە زۆر بە نهێنی پارێزرا.

لە ماوەی چەند حەفتەیەکی کەمدا بەریتانییەکان، وڵاتێک کە تازە داگیریان کردبوو، گفتیان دا بیدەن بە دوو لایەنی جیاواز . ئەوە هەر وەک ئەوە وایە دوو شەمەندەفەر بخەیتە سەر یەک سکە و ئینجا بەسەر یەکدا بڕۆن. هێشتا رێگایەکی دووریان لە نێوانیان دا هەیە،هەروەها کات بەدەمییەوە ماوە، یەکێ لە دوو شەمەندفەرەکە لا بدەیتە سەر سکەیەکی تر.

سەرەتا وا دیار بوو سێیهەمین یاری ئیش دەکات.لە مانگی ٥ یونی ١٩١٦ شەریف حوسەینی تاجی سەرکەوتنی کۆشکەکەی خۆی لە مەککە لەسەر نا و چەخماخەیەکی کۆنی بە ڕووی قەڵای تورکیدا تەقاندوو،سەرچاوە عەرەبییەکان وا باس دەکەن. لە هەموو شوێنێکی ناوچەکەدا هێزی بچووکی عەرەبی دەستیان کرد بە دەستوەشاندن لە پێگەکانی عوسمانی. ئەمەش سەرەتای ئەو ڕابوونەیە،کە حوسەین گفتی بە بەریتانییەکان دابوو. هەروەها هەردوو هاوپەیمان دەستیان کرد بە گەورەترین هێرشی ئەم جەنگە. عەرەبەکان عوسمانییەکانیان لە مەککە و جددە دەرپەڕاند. پاشان پەلاماردانەکە چەقی و لە هاوینیشدا هاوپەیمانان نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن. دوای ٥ مانگ یەک ملیۆن سەرباز کوژران،لێ بەرەی جەنگ دوا نەخرا. لە کاتێکدا ستراتیژی هێرش لە لەندەن لە بەرەی رۆژئاوا راوەستێندرا و بەدوای بیرۆکە و پلانێکی نوێدا دەگەڕان پیاوێک لە لای عەرەبەکان بوو وازی نەدهێنا: ت.ئی.لۆڕانس.

ساتەوەختێ خۆی و هاوکارەکانی لە قاهیرە، بە ڕێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆیان زانی، پێکەوە دڵیان تێهەڵ هات ،هەر وەک چۆن دواتر دەنووسێ،ئەو وا هەست دەکات لە لایەن حکومەتەکەیەوە ناپاکی لێ کراوە.چۆن دەکرێ لەم کاتەدا،کەوا سەرۆکی ئەمەریکا ویلسۆنWilson Woodrowمافی چارەنووسی گەلانی داوا دەکات، رێکەوتنامەیەک بکەیت ، خواردنەوەکەی بە بیرۆکەی کۆلۆنیالی.

لۆڕانس بڕیاری دا، سایکس پیکۆ تێک بدات،هاوکاری عەرەب بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.ئەو لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا حسابی خۆی دەکات. لە ئۆکتۆبەری ١٩١٦دا ئەچێ بۆ لای عەرەبەکان بە سواری حوشترەوە و عەبایەکی عەرەبیشی بە عەگالەوە بەستووە و دوو عەرەب بۆردگاردیشی لەتەکدایە.(٣٠) کاتژمێر بە نێو وڵاتی عوسمانی دوژمندا دەڕوات. ئەو بەڕێوەیەوە بۆ لای عەرەبە یاخیبووەکان، بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات، بەڵێ ئەو بۆ بەشداری لە جەنگەکەدا چوو. ئیدی لە ت. ئی. لۆڕانسەوە بوو بە لۆڕانسی عەرەب.

لە کاتێکدا کەسێک، لە بیابان، خۆی تەرخان کردووە بۆ شەڕ، وەک پاڵەوانێکی مێژوو،کە سەدەی بیستەم دەیناسێ لە لەندەن پێشهاتێ روو دەدات،ناوچەکانی سەرووی هێڵ ،کەمتر پێوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوینەوە هەیە. بەڵام لە هەقیقەتدا ڕەنگە گرنگترین ناوچەی خۆ لێدادان بێت بۆ ئایندەی ناوچەکە: لە دیسەمبەری ١٩١٦ دا داڤید لیود جۆرج David Lloyd George دەبێتە سەرەک وەزیرانی نوێ،یەکێ لەو پیاوانەی ساڵێ پێشتر، بە توانا و شارەزایی خۆی، لەسەر رۆژهەڵاتی نزیک، مارک سایکسی رازی کرد.
جۆرج بەر لەهەر شتێ، دەبێت جەنگ لە ئەوروپا بباتەوە، بەڵام سەرەک وەزیرانی نوێ، بیروڕای خۆی هەیە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.لە ساڵانی پێشوودا بەردەوام پیاوێکی ریشدار،بێ پسان سەردانی دەکرد،کە جلوبەرگێکی شیکی جوانی لەبەردەکرد،زمانی ئینگلیزی بە ئەکسێنتی رووسی دەئاخڤی.

ئەو پیاوە خایم وایزمانە Chaim Weizmann. ساتێ بۆ یەکەمجار ساڵێ ١٩١٤ جۆرجی ناسی ئەو کاتە تەمەنی ٣٩ ساڵ بوو.وایزمان کیمیاکار بوو،یاخود ڕاستتر بڵێم کیمیاکار لەگەڵ حەز و خواستی سیاسیدا.لە ڕووسیا لەدایک بووە، لە ئەڵمانیا خوێندوویەتی و لە سویسرا دکتۆرای بەدەست هێناوە و ماوەی ١٠ ساڵە لە بەریتانیای گەورە دەژی.بەڵام تا ئێستا نیشتمانێک لە ژیانیدا بزرە، کە کاتێک پیر بوو و مرد،حەز دەکات لەوێ بنێژرێت.

کێشەکە ئەوەیە ئەو نیشتمانە جارێ نییە. لێ وایزمان کردوویەتی بە ئەرکی ژیانی خۆی،دروستی بکات. وڵاتێک بۆ جولەکەکان. وایزمان سەرکردەیەکی زایۆنی بەریتانیای مەزن بوو و ئامانجی فەلەستینێکی جولەکەیی بوو. بەڵام عوسمانییەکان کە تا پێشتر دەسەڵادار بوون بەسەر فەلەستیندا،نایانەوێ شتێ بزانن. هەڵبەت ئێستا جەنگە و لە جەنگدا شتەکان دەکەونە جوڵە.

وەک ت.ئی. لۆڕانس ،وەک مارک سایکس، خایم وایزمانیش گەرەکێتی سنوورێک ڕابکێشێ. وڵاتی کتێبی پیرۆز، لە نێوان دەریای ناوەڕاست و ئەردەن دا،پێویستە سەرلەنوێ بێتەوە بە نیشتمانی جولەکە. ئەو مرۆڤانەی لە رووسیا و پۆلۆنیا لە گێتۆکاندا ئازار بەدەست ڕاوەدوونانەوە دەچێژن ،هەروەها جولەکە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیای مەزندا، لای ئەمانە هەمیشە و لە هەر شوێنێکدا دژە جولەکە دەبێتە مایەت بە ئاگا هاتنەوەی نیشتمانی .

وایزمان دەیەوێ بەریتانییەکان رازی بکات،دوای جەنگ فەلەستین بدەنە دەست جولەکە و بۆ ئەم خواستە تێدەکۆشێ. توانای رۆشنبیری یارمەتی دەدا، هاوڕێ خاوەن کاریگەڕێتەکانی لە ساڵانی یەکەمی جەنگدا وایزمان خێرا رێگای بەرەو لای پلە باڵاکانی دەستە و تاقمی بەریتانیا مەزن بدۆزێتەوە هەروەها بۆ لای وەزیری تەقەمەنی جۆرج، کە لەم کاتەدا کارپێکردنی بۆ بلیمەتێکی کیمیاکار هەبوو.

جۆرج پێویستی بە ئەسیتۆن بوو،ئەم مادە کیمیاوییە بۆ دروستکردنی تۆپ تەقاندن بەکار دێت. وایزمان شەو و رۆژ کاری دەکرد و توانی داهێنانێکی نوێ بکات ،ئەویش لەماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆر ئەسیتۆن بەرهەم بهێنرێ. لە هەموو گفتوگۆیەکدا، لەتەک جۆرج دا، وایزمان ،سوود و قازانجی دەوڵەتێکی جولەکەی لە فەلەستین بۆ بەریتانیای مەزن جەختی دەکردەوە. داخۆ ئەم دەوڵەتی جولەکەی وا، نابێتە بەشێک لە پردی بەستنەوەی میسری بەریتانیا بە هیندستانی بەریتانیاوە؟ ئاخۆ فەلەستینی جولەکە ناگونجێ لەگەڵ وێنەی جیهانی کریستی ـ جولەکەیی باوەڕ و ئیمانی جۆرج دا؟ ئەرێ ئەوە دادپەروەری نییە، جولەکە ئەم میللەتە بێ وڵاتە،لە فەلەستین،ئەم وڵاتە بێ میللەتە،رێگەیان پێ بدرێ نیشتەجێ بن؟ وە ئایا وایزمانی ئەمەکدار، شایستە پاداشتێک نییە،بەرامبەر بەو کاری دروستکردنی تەقەمەنییەی دۆزییەوە؟

جۆرج دەبێتە لایەنگری بیروباوەڕی زایۆنیزم.لە دێسەمبەری ١٩١٦ دا، وایزمان دەزانێ،کە پیاوێکی دروستی دۆزیوەتەوە،گۆرج دەبێتە سەرەک وەزیران.
وایزمان توانی ئەوە بکات،شەمەندەفەری سێیەم بخاتە سەر سکەکە. بەم جۆرە لە ٣ ئاڕاستەوە ٣ شەمەندفەر کەوتۆتە گەڕ بەرەو ڕووی یەکتر،یەکێکی عەرەبی،یەکێکی فەرەنسی و یەکێکی زایۆنیستی.

بەڵام هێشتا مەودا و دوورییەک لە نێوانیاندا هەیە. لەگەڵ دەستپێکی ساڵێ ١٩١٧ دا هەر یەکەیان تاویان دایە خۆیان.
کاتێ لۆڕانس لە کارەکەی،تێکدانی رێکەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ،بۆ ناو ڕەشماڵی بیابانی عەرەبە راپەڕیوەکان غاری دا، چاوی کەوت بە فەیسەڵی کوڕی حوسەین. لۆرانس دەبێتە بە باشترین ئامۆژگاریکاری فەیسەل و لە ڕاستیشدا فەرمانداری سوپا ڕاپەڕیوەکە.

لە یانوەری ١٩١٧ دا بەرەو باکوور دەڕۆن،فەیسەڵ لە پێشەوە بە جلی سپییەوە،لۆرانیش بە تەنیشتییەوە بە جلی سپی و سوورەوە و لە دواوە ٣ بەیداخی حەریری ئەرخەوانی بەستراوە بە دارێکی نووک تیژەوە،دواتریش ٣ تەپڵژەن و( ١٢٠٠) حوشتر ، بە چڕیی خەڵک دەچوو بۆ لایان بە خەنجەری بریقەدارەوە و سروودی جەنگیان بە هەزاران گەروو دەچڕی ،حەشامێک لە ئاژەڵ و مرۆڤ،وەک دەریا شەپۆلی دەدا.

بەم شێوەیە لۆڕانس دوایی وای هەست کرد،وەک جەنگاوەرەکانی سەردەمی کۆنە و لەسەر ئەوان لە ئۆکسفۆرد نامەی دکتۆراکەی نووسیوە.
ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە سەرەتای مانگی یانوەردا، لۆڕانس فەیسەڵ دەباتە لاوە و هەندێ جورئەت دەکات و دەڵێ : بۆچی دەتوانرێ سزای مەرگی بدەن: ئەو باسی هاوڕێکانی لە سایکس ـ پیکۆ دەگێڕێتەوە. ئەو ناپاکی ئاشکرا دەکات و پلانێکی نوێ دادەڕێژێ. گەر پیاو بتوانێ داوا بکات شاڵاو بەرنە سەر هێزەکانی بەریتانی و فەرەنسی،ئەو وڵاتەی کە حوسەینی باوکی فەیسەڵ، گەرەکێتی دەسەڵاتدارێتی عەرەبی دابمەزرێنێ، بەتەنیا داگیر بکات،پیاو دەتوانێ شتی نائاسایی و ناهەموار ئاسایی و هەموار بکات.

ئەو بیروباوەڕە لە دنیادا بڵاوە،هەر کەس بە خوێنی خۆی وڵاتێک داگیر بکات، مافی هەیە،دەست ڕۆیشتوو بێت لەو وڵاتەدا.لۆڕانس سەرەتا دەیویست شاری عەقەبە داگیر بکات،کە دوا قەڵای عوسمانییەکان بوو لە دەریای سوور.بەرەو ڕووی ئاوەکە هەموو شت مسۆگەر بوو، ڕووی هەموو تۆپەکان لەسەر دەریا بوو.لە باکووری وڵاتەوە چیای سەخت و لێژ بەرزبوونەتەوە،لەوێ بواری تێپەڕبوونی سوپا نییە. بەڵێ بێگومان لەوێ دەربەندێک هەیە،لێییەوە دەتوانن هێزێکی دەستوەشێن لە پشتەوە بچێتە ناو شارەوە وەک پەلامارێکی لەناکاو.
لە ماڵێکی دەوری لەندەن،سەرلەبەیانی رۆژی ٧/ فێبروەری ١٩١٧، حەوت سەرکردەی زایۆنی بەریتانیا،خایم وایزمانیشیان لە نێودا بوو،پێشوازییان لە میوانێک کرد.ئەویش سکرتێری کابینەی جەنگی رۆژهەڵاتی نیزیک، سەرەک وەزیران جۆرج تازە دایناوە،ئەویش مارک سایکسە.

سایکس ئاگای لە مەیلی سەرەک وەزیرانەکەی بوو بە لای زایۆنیزمدا. لەو بەیانییەدا وایزمان و ئەوانی دیکە، باسی ئەوەیان بۆ سایکس کرد،کەوا ئارەزووی دەوڵەتێکی جولەکە لەژێر تاجی بەریتانیدا دەکەن.بە هیچ جۆرێک نەیان دەویست کاریگەرێتییەکی فەرەنسی بەسەر فەلەستینییەکانەوە هەبێت. ئەوان هیچیان لەمەڕ ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆوە نەدەزانی،دەربارەی ئەو پلانە نهێنییە،کە بەرامبەرەکەیان ساڵێ لەوەو پێش سازی دابوو، دیقەت و وریایی دروست: گاریگەرێتی فەرەنسیەکان لەسەر فەلەستینییەکان، ئەوانیش هەروەها ئاگایان لەو گفتەی بەعەرەب دراوە نییە و سایکسیش هێندە نهێن پارێزە، وەک بەرد نقەی لێوە نایەت.

لە ٣/ ئاپرێل بەرەو رۆژهەڵاتی ناوین کەوتە ڕێ،چەند کاتژمێرێک پێش گەشتەکەی سەرەک وەزیران جۆرج، ئاگاداری ئاگاداری کردەوە، هیچ گفتێک بە سەرکردەی عەرەبەکان حوسەین نەدا،بەتایبەت سەبارەت بە فەلەستین.”جولەکە دەتوانن زیاتر بە کەڵکمان بێن تا عەرەب” .زایۆنیزم ئێستا بەشێکە لە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا.
مارک سایکس لەم کاتەدا، تاکە کەسێکە،ئاگای لە هەر سێ شەمەندەفەرەکە هەیە،کە ڕووبەڕووی یەکتر بە خێرایی لێدەخوڕن.

لە کاتێکدا شەمەندەفەری فەرەنسی بێ کۆسپ بەردەم دەڕوات،سایکس لە لایەن سەرەک وەزیرانەکەیەوە فەرمانی پێدراوە، شەمەندەفەری زایۆنیزم تاو پێ بدات و هی عەرەب بوەستێنێت. بۆ ئەوە دەبێت لۆرانس فریو بدات و هەر لەبەر ئەمەشە سایکس گەشتی رۆژهەڵاتی ناوین دەکات.

سەرەتای مانگی مای، سایکس و لۆرانس لە بەندەری ناوچەیەکی نیوە دوورگەی عەرەبی یەکتریان دی.تۆمارێکی وردەکارییەکانی ئەم دیدارە نییە،لێ دیارە،لۆڕانس حاڵی بووە،کە لەندەن بەرامبەر بەو گفتەی بە حوسەینی داوە، پاشگەز دەبێتەوە،ڕەنگە سایکسیش بۆی گێڕابێتەوە،کە عەرەب نەیاری ئایندەی زایۆنیزمن.
لە پڕێکدا لوڕانس پەلەی بوو،یەکسەر شەڕەکەی ڕاگرت و ، بەسواری بە نێو بیاباندا بەرەو شاری عەقەبە رۆیشت. دیدارەکەی لەگەڵ سایکسا،تووشی شۆکی کرد.تەواو نارەحەت بوو. کە نە زەبروزەنگی پێشهاتوو ،کە لۆرانس بێتاقەت بکات،نە ڕەشەبای لماوی بە درێژایی رۆژ، نە گەرما، کە ئەزێتی دەدا،نە هاواری حوشتری مردارەوە بوو یاخود مارە ژەهراوییەکان،کە ٣ لە هاوەڵەکانی کوشت، بەڵکو ناپاکی رژێمەکەی ،لە دەفتەری رۆژانەیدا ئەمەی تۆمار کردووە.

هاوبەشکارە عەرەبەکانی ئاگایان لە متمانە شکاندنە نییە،لۆڕانسیش شەرم دەکات.دواتر دەنووسێ :” ئەگەر بهاتایە من ئامۆژکاریکەرێکی ڕاستگۆی عەرەب بوومایە،دەبوو پێیان بڵێم. بچنەوە ماڵەوە و چیدیکە لێرە گیانبازی بە ژیانی خۆتان مەکەن!”. بەڵام ئەمەی نەکرد. هێشتا هیوای مابوو.
سەرەتای ژولای لە دەوروبەری عەقەبە،یەکەیەکی بەهێزی ٥٠٠ کەسی سوپای عوسمانی بەدیکرا.نزیکی ٣٠٠ کەس لەدوژمن کوژرا،کاتێ عەرەبەکان لە هەموو لایەوە تەقەیان لێ کردن. بەسواری حوشترەکانیاوە بەدوایان ڕایان دەکرد.،شەڕەکە هێند سەخت بوو،لۆڕانس نەیزانی تەقەی لە پشتی سەری حوشترەکەی خۆی کرد. پاش ئەوە لە دەربەندکەوە، پێشڕەوییان کرد و بێ تەقە عەقەبەیان گرت. لۆڕانس لە شەو رۆژێکدا بووە پاڵەوانی جەنگ.

هەموو شت وەک ئەوەی ئەو بەهیوای بوو،کتومت هاتە دی.لۆڕانس ئێستا دەتوانێ لە یەک ئاستدا و هاوتا قسە لەگەڵ جەنەڕاڵە بەریتانییەکان بکات،کە سوپاکەیان لە قاهیرە خەریکی ئامادەکاری داستانی جەنگ بوون لەسەر فەلەستین.لۆڕانس لە نەخشە و پلانەکان هاوکاری کردن. بەڵکو بە هۆیەوە عەرەبەکانی ئەو وڵاتە بەلای خۆیدا ڕاکێشێ؟
هەروەها هاوڕێ مێمڵەکەی مارک سایکس کە پێکەوە کاریان دەکرد،هەستی کرد،کە ئیدی لەمەودا لۆڕانس دەبێتە سەرئێشە بۆی. ئەو هەوڵی فرتووفێڵی دەدا. لە نامەیەکدا بۆ ناسیاوێکی لە رۆژهەڵاتی ناوین دەنووسێ:”نەخشەکەی لۆڕانس شکۆدار و گەورە بوو،من دەمەوێت ئەو بە سوارچاک ناو دەربکات.

ئەمەی وت،ئێستا ئەو کە پیاوێکی قارەمانە،پێویستە ئەو خۆی وەک کەسێک هەڵسوکەوت بکات و دیدی وەک ئەوەی هەیە فراوان بکات. دە ساڵ لە ژێر سایەی سەرکردایەتییەکەماندا و عەرەبیش نەتەوەیەکن. سەربەخۆیی کتوپڕ ،مانای برسێتی و ئاژاوەیە”.
لۆڕانس جارێکی نامەیەکی ٧ لاپەڕەیی دەنووسێ،بەشێکی بە تەوسەوە و بەشێکی دڵ ڕەنجاندنێکی چاوەڕوان نەکراو، وا خراپی دەنووسێ فەرماندەیەک ناتوانێ بیگەیەنێتە دەست سایکس.
بەم نزیکانە لۆرانس جارێکی تر جەنگ ڕادەگرێ. لە پشت سنوورەکانی دوژمنەوە دەیەوێ شێوازی تری وەک خەباتی گەریلایی هەڵگیرسێنێ،پرد بتەقێنیتەوە، سکەکان تێک بدات، شاڵاو بەرێ بۆ سەر هێزە عوسمانییەکان.

هەر لۆڕانس پەلەی نەبوو، هەروەها خایم وایزمانیش هەنگاوێک چوو بووە پێشەوە. سۆزی پشت پەردە و ژوورە نهێنییەکان، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی جولەکە بەشی ئەوی نەدەکرد، ئەو داوای ڕاگەیاندنێکی هیوابەخشی حکومەتی بەریتانی دەکرد. شتێ کە دوای جەنگ زایۆنیزم خۆی پشتی پێ ببەستێ. بۆ ئەوەی ئەمە بەدەست بهێنێ ،ئەو بۆ تەنیا جارێک دانەچڵەکی لەبەردەم سەرانی جولەکەدا،بۆ بەڵگە هێنانەوەی قووڵی دژەجولەکە. هاوبەشکارە بەریتانییەکەی سەبارەت بەو بەرەو پێشچوونە دراماتیکییەی هاوینی ١٩١٧،گوێ لێ بگرێت.

وا دیارە بەختی جەنگ، بەریتانیا بەجێدێڵێت.لە رووسیای هاوپەیمان، شۆڕشێک سەری هەڵدا و ئاشتییەکی یەکلایەنە لە نێوان ئەڵمانیا و رووسیادا رۆژبەرۆژ ئەگەری زیاتر دەبێت. ئەمەش بۆ بەریتانیای مەزن گەورەترین هەڕەشەیە:ئەڵمانەکان دەتوانن هێزەکانیان لە بەرەی رۆژهەڵاتەوە بۆ بەهێزکردنی بەرەی ڕۆژئاوا بەرن. ئەمەش مانای سەرکەوتنە بۆ ئەڵمانیا. بۆ بەریتانیا دوو هیوا مایەوە. یەکەم: ڕووسیا خۆی ڕادەگرێت و ڕێگری لە هێزە ئەڵمانییەکان دەکات.دووەم: ئەمەریکا دێتە شەڕەوە و لایەنی هاوپەیمانان دەگرێت.
وایزمان دەڵێ ئەو دەتوانێ،یارمەتی بدات لە هەردووە. وایزمان پێشنیاز دەکات، تکا لە جولەکە ڕووسەکان بکات بە هاوکاری کاریگەرییان لە مۆسکۆ، ڕووسیا لە جەنگدا بهێڵنەوە. هەروەها جگە لەمەش دەتوانن جولەکە ئەمەریکییەکان، سەرەک ویلسن بەوە ڕازی بکەن،بەتەواوی بێتە ناو جەنگەکەوە.

وایزمان پشت بە ئارگومێنتی ستیریۆتایپی/ کڵێشەسازی هێزی جولەکەی جیهانی دەبەستێ. ” ئەو باوەڕی وابوو، کە دەتوانێ سوود لە دژەجولەکەیی ببینێ،ئاخرییەکەشی ئەوەی کرد”. مێژوونووسی ئیسرائیلی Motti Golani وا دەڵێ،کە ئێستا سەرقاڵی بیوگرافیایەکی گەورەیە لەسەر وایزمان.
ئیدی بۆ ئەو دۆخەی کە هێشتا تەواو ڕوون نەبوو، وایزمان بەڵگەیەکی زیاتر دەخاتە سەری: ئەگەر بەریتانییەکان ئارەزوومەندی پێکەوە کارکردن نەبن لەگەڵ زایۆنیستەکاندا، ئەوا ئەڵمانەکان هەموو ساتەوەختی ئامادەن.

سەرجەم ئەمانە بلۆفێکی گەورە بوون: ئەڵمانەکان ئامادە نەبوون، جولەکە ڕووسەکانیش هیچ کاریگەرێتیان لەسەر سیاسەتی جەنگی مۆسکۆ نەبوو و جولەکە ئەمەریکییەکانیش بە ئاستەم دەیان توانی کار لە ویلسۆن بکەن. لەندەن هاتە سەر ئەوباوەڕەی.لە ٣١/ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە هۆڵێکی کۆنفراسی وەزارەتی دەرەوەی شاری لەندەن سەرلەنوێ کابینەی جەنگ کۆببنەوە.

لە بەردەم دەرگای، ژوورێکدا وایزمان دانیشتووە و چاوەڕێ دەکات. دوای ئەو مارک سایکسی درەوشاوە بە ووشەکانی “د. وایزمان ئەمە گەنجە!” کابینێتەکە تێکستێکی ئامادەکراوی وازمانی وەرگرت.

دوو رۆژ دواتر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پەیمانی بەلفۆر/Balfour ڕاگەیاندنە ناسراوەکە بڵاو کردەوە.” حکومەت و خاوەنشکۆ، بە خێرخوازییەوە دامەزراندنی نیشتمانێ بۆ گەلی جولەکە لە فەلەستین و بەو پەڕی توانایەوە هەوڵی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەدات”.
ئەو ساتانە لە فەلەستین .لۆڕانس بە شەڕەکانیەوە بە دەوروبەریدا تێدەپەڕین. لە بیابان ڤاگۆنێکی سەربازی تورکی لەسەر سکە ترازان و ئەوەی تێیدا مابوو بە گوللەباران کرد دروێنە کران. بەم شێوە ئامادەکاری داگیرکاری سوپای بەریتانییان دەکرد،کە لە ١١/ دێسەمبەر ئۆرشەلیم/ قودس یان داگیر کرد.رۆژێکی هەتاوی سارد بوو ،کاتێ دوای(٦٠٠ ) ساڵ سوپایەکی ئەوروپایی شاری پیرۆزی گرتەوە. تۆماری فلیم، نیشانی دەدات، چۆن فەرمانداری بەریتانی لەبەردەم دەروازەی یافادا ،دەچێتە ناو شارە کۆنەکەوە.لە دوای ئەوەوە لۆرانسی دەم بە خەندە دەبینرێت لەگەڵ پیکۆی فەرەنسی دا.

ئێستا وڵاتی پیرۆز بەدەست بەریتانیای مەزنەوەیە.دروست ئەو بارودۆخە ساز بووە،کە بەریتانییەکان لە یەک کاتدا، هیوایان بۆ دەخواست و لێیشی دەترسان: بۆ ئەم وڵاتە گفتیان بە سێ لایەن دابوو،ئێستا پێویستە بڕیار بدەن،کام لە گفتەکان دەبەنە سەر و کامانە دەشکێنن.
لە ئاهەنگی ئێوارەدا ،پیکۆ ڕوو لە فەرمانداری بەریتانی دەکات و دەڵێ:” سبەی، جەنەڕاڵە خۆشەویستەکەم،هەنگاوە پێویستەکان دەگرمە بەر ،بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سڤیل لە شاردا”. بێدەنگییەکی سەیروسەمەرە دروست بوو،لۆرانس دەنووسێ کە خۆیشی ئامادەی دانیشتنەکە بووە.” زەلاتە، مریشک، سەندەویچ ،بە دەست لێنەدروای دانرابوون لەگەڵ خواردنەکەدا، کاتێ ئێمە لە جەنەڕاڵمان ڕوانی”.

وەڵامەکە،تاکە دەسەڵاتدار لەو میانەدا هی سوپای ئینگلیزی بوو،واتە خودی خۆی. هەتا ئەو کاتەی جەنگ بەردەوام بێت،هیچ بڕیارێک نادرێ،بەم شێوەیە قسە کرا. لۆڕانس ماوەیەک ماو و ویستی کەڵک لەمە وەرگرێت. بە شەڕکەرەکانی ، جەنگی بەرەو باکوور برد، ئەوان دەتەقێننەوە و پەلامار دەدەن، دەکوژن و بەردەوام ئازاد دەکەن و لە لایەن جەماوەری عەرەبییەوە چەپلەیان بۆ لێدەرێ.

کاتێ ئەوان بە سواری حوشترەکانیانەوە چوونە دیمەشقەوە،خەڵک لەسەر شەقام دەستییان کرد بە گۆڕانی و سەماکردن و ژنان لە بالکۆنەکانەوە گوڵبارانیان کردن. عوسمانییەکان بەزین،بەڵام بەهاکەی چییە؟ جۆرج دوو شەمەندەفەرەکەی تر ڕادەوەستێنێ؟ ڕێگە دەدات بە عەرەبەکان دەوڵەتی خۆیان هەبێت؟
هەنووکە، سەرەک وەزیران بۆ دواجار لەبەردەم بارودۆخێدا،ئەوەی کە سایکس بە هیوایەتی،قەت نایەتی دی. پیکۆ جەختی لەسەر داواکەی فەرەنسا کردەوە.عەرەبەکانی دەوری لۆڕانس، گیانبازییان بە ژیانی خۆیان کرد. وایزمانیش سەردانی رۆژهەڵاتی ناوینی کردووە،بۆ ئەوەی لە نزیکەوە داخوازییەکانیان پێ بسپێرێ.
ساتێ لۆرانس لەڕامەڵڵا ،گوندێکی بچووکە لە فەلەستین، بە وایزمان گەیشت هەستی کرد،کە ماندووبوونەکەی بە خۆڕایی بووە. وایزمان وریا بوو،قەت ڕاستەوخۆ باسی دەوڵەتی جولەکەی نەدەکرد. ئەو هەوڵی ئەوەی دەدا خەڵک دڵنیا بکاتەوە کۆچی جولەکە، نەرێنی نییە بۆ جەماوەری عەرەبی. بەڵام وایزمان هەر دەیڕوانییە ڕەوانبێژییەکەی. دوای پێکەوە قسەکردنەکەیان دەنووسێ:” د. وایزمان بە هیوای تەواوی فەلەستینێکی جولەکەیی بوو لە پەنجا ساڵ دا و فەلەستینێکی جولەکەیی تا ئەو کاتە لە پشت ڕوخارێکی بەریتانییەوە”.

بەم وشانە لۆڕانس وەسفی ئایندە بە وردی دەکات،تەنیا لە یەک خاڵدا خۆی بە هەڵەدا دەبات: پەنجا ساڵ ناخایەنێ،بەڵکو سی ساڵ دەخایەنێ ،دوایی جولەکە دەوڵەتی خۆیان دادەمەزرێنن و ناوی دەنێن ئیسرائیل و وایزمان دەبێت بە یەکەم سەرەک کۆمار.
جۆرج لێدەگەڕێ، شەمەندەفەرەکان لەنێوان، خۆیاندا پێشبڕکێ بکەن سەرەتای دیسەمبەری ١٩١٩ لە لەندەن دوای یەکلاکەرەوە لە نێوان خۆیی و جۆرج کلیمنسو George Clemenceau دێتە پێشەوە و لە مەلەفی بەریتانیدا راگیراوە.

کلێمەنسو : ” پێم بلێ چیت دەوێت”.
جۆرج : ” من موسڵم دەوێ.”
کلێمەنسو “هەقی خۆتە، ئەی چی تر”.
جۆرج بەڵی ئۆرشەلیم”.
کلێمنەسو “هەقی خۆتە”.

حکومەتی بەریتانی گفتەکەی خۆی لەگەڵ عەرەبدا دەشکێنێ. لە کۆنفرانسی ئاشتیدا، سنوورەکانی سایکس پیکۆ تا لاربوونەوە لە کوردستان ـ واقیعێکی یاسایی نێودەوڵەتی .
جۆرج دەڵێ:” دۆستایەتی فەرەنسا بۆ ئێمە دەجار بەهادارترە لە سوریا” و واز لە سوریا و لوبنانی ئیمڕۆ دێنن بۆ مانداتی فەرەنسی . دەستبەجێ پێویستە ڕاپەڕینەکان سەرکوت بکەن ،سێ سەدەیە فەرەنسییەکان لە سوریا خوێن دەرێژن.
لەم دەم و ساتەدا شتێکی سەیر ڕوو دەدات: عەرەبەکان بە تەواوی سەرقاڵی ئەوەن دەسەڵاتی بێگانەی فەرەنسی لەم ناوچەیەی سوریا دەرپەڕێنن،بەجۆرێک بەڕاستی نەیان دەویست سنوورەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە. سنوورەکانی سایکس پیکۆ خۆی چەسپاند،نەک هەر لەم لایەوە. لەو دیوی سنوورەوە بەریتانییەکان دوو دەوڵەتی دەستکردیان قووتکردەوە،عێراق و ئەردەن. لە عێراق سەرکردەی عەرەب فەیسەڵیان کردە پاشا،فلاستەر/ لەزگەیەکی برینی سەرەخۆشی بۆ شەڕەکان. لە عەممان عەبدوڵڵای برایان خستە سەر تەختی دەسەڵات.کوڕەکانی حوسەین هەردوو ئارەزوومەند بوون دەسەڵاتەکەیان و سنوورەکەی بپارێزن.
لە فەلەستین ئینگلیزەکان خۆیان حوکمیان گرتە دەست،بەڵام پشتیوانی کۆچکردنی جولەکەیان کرد،هەر بەو شێوەیەی وەک گفتیان بە وایزمان دابوو. نزیکی نیو ملیۆن جولەکە لە ماوەی ٣٠ ساڵی مانداتی ئینگلیزیدا کۆچیان کردە ئەم وڵاتە.، لە نێویاندا زۆر لەوانەی لە ڕاوەدونانی نازییەکان ڕزگاریان ببوو. لە کاتێکدا فەلستین وڵاتێکی بێ میللەت نەبوو،کە تەنیا چاوەڕێ ئەم خەڵکەی کرد بێت،لە ماوەیەکی کورتدا کوشتن دەستی پێکرد. دانیشتوانە عەرەبەکە لە دژی جولەکە کۆچکردووەکە و. ساڵی ١٩٤٨ بەریتانیا لە فەلەستین کشایەوە، بێ ئەوەی ئاوڕێ لە دواوە بدەن . جولەکە بۆشایی هێز و دەسەڵاتیان پڕ کرد. لەبەر ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانییەکاندا ژێرخانێکی شێوە دەوڵەتییان دامەزراند بوو.،کە عەرەبەکان ئەو کارەیان نەکردبوو.

ئەمەش لە دایکبوونی ئیسرائیلە.

ل.جۆرج و ج کلیمەنکۆیز دوا موچڕکەی ئیمپریالیزم بوون، بەڵام یەکێکی وا بەهێز و بەتین ،کە تا ئیمڕۆ دەرکیی پێ دەکرێت. لە کۆتایی کۆنفرانسی ئاشتیدا ،مێژوونووسی ئەمەریکی David Fromkin، لە شاکارەکەیدا A Peace to End All Peace بەم جۆرە دەنووسێ: ” رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە ڕێگایەکدا بینییەوە، کە بەرەو شەڕێکی بێ بڕانەوە و پەرەسەندنی تیرۆریزم بەڕێوە چوو.

سنوورەکانی جاران بە فراوانی هەروەها هی ئیمڕۆشن. چی دەبوو،ئەگەر عەرەب دەسەڵاتدارێتی بدرایەتێ؟ ناوچەکە دەبووە پەناگە و گەنجینەی ئاشتی؟ گەلانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەسەر شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێکەوە هەڵیان دەکرد؟

ڕەنگە حوسەینی عەرەبەکان بیتوانییایە دۆخی پێش شەڕی عوسمانییەکان لە لێچواندنێکی نزیکدا : وڵاتێکی گەورەی بێ سنوور، لەتەک دەسەڵاتێکی ناوەندی لاوازدا ـ ئەمە تەنیا کاتێ سوڵتان لە کۆنستانتینۆپەل نەمایە، بەڵکو شەریف لە مەککە بوایە. بە دڵنیاییەوە لە دەوڵەتێکی وادا، جەنگ ڕوو بدات ـ ” هەروەها زەحمەتە ڕامانی ئەوە بکەین، کە ئەمە مێژوویەکی خەمناکی بەرهەم هێناوە، وەک ئەوانەی ،بەراستی ڕوویان داوە لە سەد ساڵی ڕابووردوودا” سکۆت ئەندەرسۆن Scott Anderson ی نووسەری بیۆگرافیای لۆرانس نووسیویەتی.

ڕەنگە دەسەڵاتێکی ناوەندی لاواز و دوور، لە واقیعدا باشتر بوایە لە دەسەڵاتێکی بەهێز لە نزیکەوە. لە دەسەڵاتدارێتییەکی بەرفراواندا، کە تێیدا هەر میللەت و گروپێک خۆی خۆی بەڕێوە بەڕێت، هەر دەربڕینێکی ناڕەزایی مانای یەکسەر ڕاپەرین نادات، کەوا دەمودەست سەرکووت بکرێ. ئەوە یارمەتی دەدات، دەوڵەتە نوێ سنوردارەکان وەک پارچەیەک زەوی بهێنینە بەرچاومان. یەک پارچە وڵات،بەدەوریدا ئەڵقاوئەڵق پەرژین.

لەسەر ئەم پارچە زەوییە، پێویستە رۆژێک لە رۆژان خەڵکێک پێکەوە بژین، کە هەرگیز نایانەوێ پێکەوە گوزەران بکەن، ڕکیان لە یەکترە. لەوڵاتی تازە قوتکراوەی عێراق دا بۆ نموونە ،سوونی،شیعی و کورد. لە سوریای دروستکراودا، سوونی ،عەلەوی،کورد و کریستیانی. ئا لێرەدا تەنانەت ئاماژەدان بە چەمکی هەرێمی/تێریتۆریالی “عێراق” هەزار ساڵە بوونی هەیە یارمەتی نادات و “سوریا” کۆنترە. ئەم وشانە هەمیشە تەنیا مانای نادیار دەبەخشن، نەک دەوڵەتی نەتەوەیی.

کێشانی سنوورە نوێیەکە بە دڵی کەس نەبوو،ئاڕاستەی پەرژینەکان ـ هیچ کەسێک جگە لەوەی هێزی کۆلۆنیالی دەسەڵاتەکەی سەپاندووە،بێتە خاوەنی ئەو پارچە زەوییە نوێیە. لە سەرەتادا ناویان فەیسەڵ و عەبدوڵا بوو،پاشان سەددام و ئەسەد.بەم شێوەیە بەریتانی و فەرەنسی دەستەیەکی نوێ کاراکار و بکەری سیاسییان دروست کرد. بەجارێک دەسەڵاتدار پەیدا بوو، ئەو سنوورە کە بە هەوەس کێشرا بوون، بە ڕق و زۆرەملێی بەرگریکیان لێ دەکرد.

هەروەها لەبەر ئەوەی خەڵک کە لەسەر ئەم پارچە زەوییە دەژیان، هێندە جیاواز بوون، هێندە نەگونجاو و پێچەوانە بوون لە بیرباوەری ئاینی و بنەچەدا، دەتوانرێ تەنیا یەک شێوە دروست بکات حوکمیان بکرێت: بە دەستێکی پۆڵایین. ڕژێمێکی لاواز زوو بە زوو کێشەی دەبوو،لە سوریا ٢٠ هەرای دەوڵەت لە ٢١ ساڵدا هەبووە و هەندێکیان سەرکەوتوو بوون و هەندێکیان نا،حافز الاسد،باوکی حوکمداری ئیمڕۆ ، بە وڵاتەکە سەقامگیرییەکی دیکتاتۆرییانەی بەخشی.،مەرجی ئەوەی لەم کۆمەڵگایەوەدیموکراتی بن، هەر لەسەرەتاوە بیرکردنەوەیەکی هەڵە بووە.

هەنووکە پیاو دەتوانی بیسەلمێنێ،ئەوە ئاسانە،تاوانەکە بدەی بەسەر ملی هێزە کۆلۆنییەکان دا. بە کورتی لە سەد ساڵ دا،گەلێ دەرفەت هاتە پێشەوە، سنوورەکان ڕاست بکرێتەوە، پەرژینەکان هەڵکەنن . ئەمە لە ڕووی تیورییەوە ڕاستە. لە پراکتیدا ڕاستکردنەوەیەکی لەم جۆرە هەموو توانا و بێهاوتایی خەسڵەتی چاکەی دەسەڵاتدارێکی گەرەک بوو: واز لە دەسەڵات هێنان.

دیارە لە دیموکراتی زۆر کەم ڕوو دەدات، لە ئۆتۆکراتی ئەوە بە نزیکی نەناسراوە لە بنەڕەتدا ئەوانە بەرچاوتێر نین، کە لەم دەوڵەتانەدا دێنە سەر دەسەڵات،بەڵکو ئەوانە ، کە تەماح لێیداون . هەروەها ئەگەر دیکتاتۆرێک بیەوێ واز بهێنێ، ئەو ناتوانێ بۆ خۆی دڵنیا و زامن بێت،جێگرەوەکەی چی لەو دەکات. لە کوێ رك بەرقەرار بوو،دەستتا و دەستی دەسەڵات دەگمەنە.

لە سەروو ئەمانەشەوە کێشەی تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوین دێتە پێشەوە: کشانەوەی فەرەنسا و بەریتانیا،لە ساڵانی چل دا،مانای ئەوە نییە، کەوا عەرەب دەتوانن بە ئارامی کێشەی سنوورەکانیان چارەسەر بکەن. ئەوێ خاكی بیابان نەوتی بێ سنووری تێدایە و ناوچەکە لە ڕووی جیوستراتیژییەوە گرنگ بوو، هێزە جیهانیەکان دەستتیان تێوەرداوە. ئەمەریکا یان رووسیا، پێوەندییەکیان لەگەڵ خاوەن پارچە زەوییەکەدا گرێداوە،ئەوان ویستوویانە ئەو بمێننەوە ئەو کەسە کێشەی هەیە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکەیدا، بە خۆشییەوە بڕەک پارە یان چەکیان بۆ ناردووە. زۆر لە دانیشتوانە یاخیبووەکە لە ڕووی ئیدیۆلۆژیا خزمەتیان بە ئیسلامیستەکان کرد،ئەمەش کەڵکی بۆ سەقامگیری نەخوارد.

پیاو مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوینی سەدساڵی رابووردووی بە دوای چرکەساتێکدا دەپشکنێ، لەوێدا یەک دەسەڵاتدار ببینێتەوە توانیبێتی یەک بڕیاری یەکلاکەرەوەی هەبێت، بۆ راگرتنی ئاشی خوێن لەبەرچوون، بەڵام پیاو بۆی دەردەکەوێ، ئەم کارە هەردەم بە جۆرێک لە جۆرەکان زەحمەت بووە.

کەواتە پیاو دەتوانێ ئیمڕۆ چی بکات و چی لە دەست دێت، بۆ ئەوەی بکرێ کوشتاری بێ بڕانەوە کۆتایی پێ بهێنێ؟ پیاو ناتوانێ هەروا بە ئاسانی خاوەن پارچەزەوییەکان تاوانبار بکات؟ لەو بارەوەی ئەمەریکا و ڕووسیا هەرایانە لە سوریا. دێباتەکە گفتوگۆکان دەچنە سەر کرۆکی کێشەکە. تەنانەت گەر ئەسەدیش بڕوات، ئەوە بەس نییە. هەروەک بەس نەبوو سەدام حسەین ڕوخێندرا. هەتا ئەوکاتەی مرۆڤەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا وەک عێراقی و سوری یاخود ئەردەنی خۆیان نەبین، بەڵکو وەک شیعی و سوننی و وەک کورد یان عەرەب،جولەکە یان کریست ،ئەوا دەوڵەتەکان تەنیا ئەو کاتە توانای ژیانیان هەیە، ئەگەر بێت و سنوورەکانیان، ڕەنگ بەم درز و دابەشبوونانە بدەنەوە.

بە نزیکی هەر جەنگێکی رۆژهەڵاتی ناوین دەرفەتی کۆنفرانسێکی ئاشتی دێنێتە پێشەوە. لەوێ لەسەر هەموو بژاردە و شیاوەکان گفتوگۆ دەکرێ،تەنیا لەسەر یەک بابەت نەبێت،کە بەڕاستی دەتوانێت ئاشتی بهێنێت: سەرلەنوێ کێشانەوەی ئەو سنوورە گومانلێکراوانە، کە پێش سەد ساڵ ڕاکێشراون.

ڕەنگە لە ئاکامدا لازقییە و ئیدلیب نەکەونە هەمان وڵاتەوە. ڕەنگە کوردەکان خۆیان حوکمی خۆیان بکەن . ئەم چارەسەرانە شیاوی بیرلێکردنەوە و گونجاونن لە هەموو ناوچەکەدا،بە تەنیا یەک ئاوارتەوە / شازەوە ـ فەلەستین. گەر دوو میللەت داوای هەمان وڵات بکەن، سنوور دێتە سەر سنوورەکەیان. ئینجا تەنیا هێز هەژماری بۆ دەکرێ.

سەرچاوە: دۆسییەی هەفتەنامەی دی تیساید/ Die Zeit ،ژمارە ٢٦ ی رۆژی ٢٢/٦/٢٠١٧




شەڕو ئاشتی پەنجەکان یان دیوانی (ماچباران) ؟ … ئیسماعیل تەنیا

ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر
کەژاڵ ئیبراهیم خدر یەکێکە لەو شاعیرە ئافرەتانەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە تاوەکو ئێستاکە، توانیویەتی جێ پەنجەی خۆی لەسەر نەخشەی شیعری کوردیدا دیاری بکات و، وەک ئافرەتێکیش کۆژانەکانی ڕەگەزەکەی خۆی، لە ڕێگای دنکە مروارییەکانی شیعرەوە بە کۆمەڵگا بگەیەنێت.
کەژاڵ، لە کۆمەڵە شیعری ( شەڕو ئاشتی پەنجەکان )دا، خەمەکانی هەموومانی بەسەرکردۆتەوەو، زۆر بە جورئەتیشەوە پەنجەی لەسەر زامەکاندا، داناوە. ئەو لە کۆمەڵگایەکدا باسی خۆشەویستی و ماچ دەکات، کە ڕۆژانە چەندین کچ لەسەر پیاسە کردن لەگەڵ کوڕێک، یان ئاشکرابوونی پەیوەندی خۆشەویستی و بەرگریکردن لە ڕاو بۆچوونەکانیان، ڕاپێچی گۆڕ دەکرێن، یان لوتیان دەبڕدرێت… هەموومان ڕۆژانە چەندین کورتە هەواڵ و ڕێپۆرتاژی لەم بابەتە لە ڕۆژنامەو سایتە کوردییەکاندا، دەخوێنینەوە.

شاعیر لە کۆمەڵگایەکدا دەژیت کە تا ئێستاکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر بناغەی عەشیرەتگەریی و خزمایەتیدا، ڕایەڵ کراوە. هەر چەندە تەواوی شیعرەکان، لە منداڵدانی شەڕو خۆخواردن، شەڕو داغانبوونی کۆتری ئاشتی، شەڕو فرمێسک باراندنی چاوەکان، شەڕو هەڵوەرینی پەنجەکان، شەڕو… شەڕو…. لەدایکبوونە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، من پێموایە کۆمەڵە شیعرەکە بە ناوی (ماچباران) ناوزەد بکرایە، تەواو پڕ بە پێستی ناوەڕۆکی شیعرەکان دەبوو، چونکە تەنیا لەم نامیلکە (١١٦) لاپەڕەییەدا، (٣٢) جار وشەی ماچی بەکار هێناوە.
کەژاڵ بە یاخیبوونی لە کۆمەڵگاو شتە باوەکاندا،هەوڵی ئەوەی داوە ئەو کۆت و پێوەندانە بپچڕێنێ کە بە بیانوی وەهمییەوە کراونەتە دەست و گەردنی ئافرەتەوە. دیاردەی کۆچ و سەرهەڵگرتنی لاوانی خێر لەخۆنەدیوی کوردیش، لە منداڵدانی ئەم قۆناغەدا لەدایکبوونە، بۆیە شیعرەکانی ئەویش، بێبەری نین لە ئازارەکانی لێکدابڕانی خۆشەویستان و کۆژانەکانی تەنیایی. ئەو زامانەش دەکولێنێتەوە کە لە جەستەی کۆمەڵگادایەو تا ئێستاکەش، خوێنی لێ دەچۆڕێت. دەیان وێنە شیعری ناسک و تازەی ئەفراندوە… کەژاڵ مێژوونووس نییە، بەڵام بە شیعر، مێژووی زەمەنێکی دیاریکراومان، بۆ دەنوسێتەوە.
یاخیبوون لەو کولتورە دەق گرتووانەی دەوروبەر، جۆرە هەڵوێست و جورئەتێکی دەوێ بۆ گۆڕ کردنیان، نەخوازەڵا ئەگەر ئەو دەقانە لەلایەن کۆمەڵگاوە، بە پیرۆز سەیریان کرا بێت… پەروەردەی سەقەتیش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم پێشکەوتن و، تا ئێستاکەشی لەگەڵدا بێت، هەموومان قوربانی ئەم جۆرە پەروەردانەین کە شتە ئاساییەکانیان لێکردوین بە قەدەغەو حەرام. کەژاڵ، لەو جۆرە دەوروبەرە یاخییەو، لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەمڕۆکە لەسەر دوێنێ بنیات نانێت.
بیرمە ئێستاکەش کە منداڵ بووم
دایکم پەنجەی شایەدمانی ڕادەوەشاند
بە دەنگی بەرز پێی دەوتم:
ئەتۆ کچی
مەچۆ بۆ ئەوێ شەرمە
بۆ ئەولایەش شوورەیی یە
نەکەی بچی….!
کە گەورە بووم
پەنجەکانت فێریان کردم
ئەو پەنجانەم هەر بشکێنم
لە کچەکەمی ڕاوەشێنم.
( شەڕو ئاشتی پەنجەکان…ل ٦-٧)
لای شاعیر کۆت و پێوەند هەر کۆت و پێوەندە، با هەندێک جاریش سیمبوڵی خۆشەویستی و پێکەوە گرێدانی دوو جەستەش بگەیەنێت… تاکە ئەڵقەیەک مادام بەشێکی دانەبڕاوە لە زنجیرە ئەڵقەیەکی دەرگای زیندانەکان و کەلەپچەی دەستی تێکۆشەران، ئەو بە چاوێکی گومانەوە. لەم پیرۆزییە دەڕوانێت کە بۆتە شتێکی باو لە تەواوی کۆمەڵگاکانی دنیادا.
هەموو پەنجەکان جوانن
تەنیا ئەو پەنجەیە نەبێت
ئەڵقەیەک داگیری دەکات.
( شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ١٠)
لە کۆمەڵگایەکدا ئەگەر پاداشتی خۆشەویستی و خۆشەویستی کردن لوت بڕین و زیندانی کردن و کۆتابوونی جەستەی بوێت، ئەو کەسە ی بەم کارە هەڵدەستێ و ئەنجامی دەدات،دەبێتە پێشمەرگەی عیشق و بە ڕاشکاوی بانگی محەمەد دەدات و لە هیچ داوەڵێک ناسڵەمێتەوە. کەژاڵ لەنێوان میلی کاتژمێرو ترپەی لێدانی دڵدا، وێنەیەکی جوانی قوربانیدانی بەرجەستە کردوە…
دڵی من و کاتژمێرەکەی
ژوور سەرم لەیەک دەچن
ئەو چەندە بۆ کات لێدەدا
دڵی منیش هێندە بۆ تۆ.
( شەڕو ئاشتی پەنجەکان…..ل ٣٢).
خۆشەویستی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای لەیەکتر حاڵیبوون و خوێندنەوەی یەکتر هەڵدەچنرێت، نەک لەسەر بنەمای ماددەو زێڕو گەوهەر… ئەو خۆشەویستییانەی لەسەر بنەمای یەکەم هەڵدەچنرێت. دەبنە ئەزەلی و ئەوەی تریان وەک (هێمن)ی شاعیر گوتەنی: ( ماڵی دنیا چڵکی دەستە وەک دەڵێن). شاعیر هەموو شتێک دەکاتە قوربانی ئەو دوو قۆڵەی کە لەسەر بنەمایەکی پتەوی خۆشەویستی، دەکرێتە کەمەری…
ئەگەر ویستت خوازبێنیم کەیت
بە دایکم بڵێ
بیانووی پشدێنت پێ نەگرێ
من هەردوو قۆڵی تۆم بەسە
بۆ کەمەرم.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان…. ل ٤٦).
ئەو ماچەی کە لە زۆربەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا بۆتە ڕەمزی گۆڕینەوەی خۆشەویستی و متمانە بەیەکدان، بە شێوەیەکی ئاشکراو بەبەر چاوی هەموو خەڵکی، لە گۆڕەپانەکان و، لەسەر کارو، ناو پاس و پیاسە کردن و…… مومارەسە دەکرێت، لای خۆمان، با تاسەر ئێسقانیش یەکتریت خۆشبوێت و حەڵاڵی خۆشت بێت، ماچکردن شوورەییەو، زۆربەمان لێیدەسڵەمینەوەو، دارو دیوارمان لێ دەبێتە گوێچکەو خەفیەو چاو و، لەوە دەترسین نەوەک باجی ئەو ماچە، قوربانی جەستەیی بەدواوە بێت… کەژاڵ لە ناڕەوابوونی ئەو دیاردە باوانە، ڕوی پرسیار دەکاتە هەموومان و دەڵێت:
بۆچی دەبێ
بەس بۆ ماچێک
لە چاوی منداڵێک بترسین !
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان…. ل ٥١).
چاوەڕوانی، پانتاییەکی گەورەی ئەم کۆمەڵە شیعرەی داگیر کردوە… چاوەڕوانییەک، کە هەموومان هەر لە لەدایکبوونەوە تا گۆڕستان، لە چاوەڕوانیداین و، بە ئاواتەوەین بگەین بەو چاوەڕوانییانەی کە تەمەنی خۆمان لە پێناویدا، بەخشیوە… بەڵێ، چاوەڕوانییەکی بێسنوورو بێ چوارچێوە، وەک ئەو چاوەڕوانییەی کچێکی دەزگیران ئەنفالکراو، کە لای کەژاڵ بۆتە پەڕتووکی خۆشەویستی….
چەند ساڵێکە
پەڕتووکێکی خۆشەویستی
دەتخوێنمەوەو لێت تێر نابم…
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ٥٧).
ئەو کچە خێر لەخۆ نەدیوە، کە تەواوی تاڵە قژەکانی لە چاوەڕوانیدا سپی کرد، بە بێئومێدییەوە سەیری دەقە باوە ئەفسانییەکان دەکات، کە تا خەونەکانیان لەوێدا بەدی بکات… خەڵکێکی زۆر ، لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا، هاتنەدی خەونەکانیان، لەسەر ئەم ئەفسانانە، هەڵدەچنن… کەژاڵ دەڵێت:
دایکم دەڵێ
هەر کاتێ کۆتر لەسەر باڵێک بکەوێ و
چۆلەکە لەسەر گوێسوانەکان بجریوێنی
میوانێکی ئازیزت دێ
ئەوە چەند ڕۆژە کۆترەکەی دڵم
باڵی خستووە چۆلەکەی چاوەکانم
دەجریوێنی
ئەی میوانی ئازیزی من بۆ دیار نەبووی….
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ٦١).
لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا، هەر پیاو توانیویەتی خۆشەویستی خۆی بە ڕاشکاوی بۆ ئافرەت دەرببڕێ. بە پێچەوانەوە، ئافرەت – تاک و تەرای ناو داستانەکان نەبێت-، دەنا نەیتوانیوە ئەو تەلیسمە بشکێنێت و هەست و خۆشەویستی خۆی بەرامبەر بە پیاو دەرببڕێت. کەژاڵ پێشبڕکێی خۆشەویستی لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەکات و، دڵنیایە لەوەی کە ئەو لە شەڕە سپییەکەدا، دەیباتەوە. لە دەڤەرێکدا، کە خۆشەویستی یەکێک بێت لە شتە قاچاغکراوەکان، چۆن دەتوانرێت بە ئاشکرا دەستنیشانی پێوانەکان بکرێت، کەژاڵ، بە ڕاشکاویی دەستنیشانی پێوانەکە دەکات و دەڵێت:
من و تۆ هەردەم شەڕمانە
کە تۆ زیاترت خۆش دەوێم،
یاخود من
دوێنێ هێندە سەیری یەکترمان کرد
چاوەکانی تۆ هیلاک بوون
چاوەکانی من هەر گەشتر
ئینجا زانیم کە من زیاترم خۆش دەوێی…
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان… ل ٩١-٩٢).
هەر لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگادا عیشق حەرامە، کەژاڵ لەوە دڵنیایە، کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لە پێناوی ئەم عەشقەدا، سەر بنێتەوە، دوای خۆی کەس شینی بۆ ناگێڕێ و جگە لە چەند کورتە هەواڵێکی ڕۆژنامەکان، ناویشی ناهێنن، چونکە خۆشەویستی لە دەڤەرێکی سنوور تەلبەندکراو، بە عەیب و عارو شەرمەزاری، دەهێتە ژماردن و کەسە نزیکەکانی خۆیشی، خۆی لێ بە خاوەن ناکەن.
من دەمەوێ بۆ عەشقی
تۆ بمرم
بەڵام دەزانم، نە دەتوانن
شینم بۆ بگێڕن
نە دەوێرن ناوم بێنن.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….ل ٩٢).
بەراوردکردنی وەرینی گەڵای پایز بە وەرینی ماچی کچێک بۆ دەستگیرانەکەی، وێنەیەکی شیعری جوانەو لە شیعرێکی شیاویشدا تەوزیف کراوە. گەڵا لە حەژمەت پایزو، هەڵکشانی تەمەن، ئەمیش بە داخی ئەو بەربەستانەی کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم بەیەک گەیشتنیان…. ماچەکانی ئەو، تەنیا لە حزوری نیگای خۆشەویستەکەی، هێدی هێدی، بە خامۆشی دەوەرن، بێ ئەوەی ماچی هەقیقەت بکەن و ببنە دوو گیان لە یەک جەستەدا و، لەناو یەکتریدا، بتوێننەوە.
پایز هەنگاوەکانی ناو
گەڵاکانیش بەسەر ڕوخساری زەویدا
دادەبارن
گەڵاڕێزانی من و تۆش دەستی پێکرد
درەختەکان گەڵاکانیان وەراندو
لێوەکانی من ماچ
ئەوان بۆ سەر سنگی زەوی
من بۆ نیگای سیحراوی تۆ.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ١٠٥).
لە شیعری کوردیدا، بەو سیفەتەی زۆربەی هەرە زۆریان، پیاوەکان نووسیویانە، هەر خودی شاعیرەکان، خۆیان بە پەپوولە چواندوەو، دەستگیرانەکانیشیان بە گوڵ و مۆم چواندوە… هەر چەندە لە واقیعدا، زێترو زێتر، کچەکان دەبنە قوربانی و زۆر جارانیش، ئەو پیاوانەی کە بوونەتە پەروانە، وەک بەرزەکی بانان لێی دەردەچن و، کچەکانیش مەرگ و ئاگر، دروێنەی تەمەنیان دەکات. کەژاڵ، ئەمجارەیان، وێنە شیعرییەکەی بەرەواژ کردۆتەوەو، خۆی کردۆتە پەپوولەیەک و دەستگیرانەکەشی، بە هەموو زبریەکەوە، بە گوڵ چواندوە. ئەو، لێرەدا دەڵێت:
کە من هێندە شەیدای تۆ بم
کە تۆ هێندە عاشقی من
دەبێ من ببمە پەپوولەو
تۆش گوڵێکی باخەکەی من.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….ل ١١٣).
لەدوا جاردا، هیوای سەرکەوتن و بەخششی بەردەوام و جورئەتی بەردەوام بۆ کەژاڵ دەخوازین و، ئومێد دەکەین ببێتە یەکێک لە کۆڵەگە پتەوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ئافرەت و ، سەوڵێک بێت بۆ ئەو گەمییەی کە هەموومان دەمانەوێت بەرەو یەکسانی و ئارامیمان ببات.

* شەڕو ئاشتی پەنجەکان، کەژاڵ ئیبراهیم خدر، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٠.
* ئەم وتارە پێشتر بڵاوم کردۆتەوە. بەبۆنەی مەرگی ناوادەی ( کەژاڵ )ی هەمیشە نەمر، پێم باشبوو دووبارە بڵاوی بکەمەوە.
* کەژال، لە ساڵی ١٩٦٨ ، لە قەڵادزێ لە دایکببوە. شاعیرێکی هەست ناسک و بە بڕشت بوو… کۆمەڵێک شیعری لە دوو توێی چەندین کتێب لە دوای خۆی جێهێشتوە…شیعرەکانی وەرگێردراونەتە سەر زۆربەی زمانەکان لە نموونەی؛ ( عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ئەمازیغی،…….). دەیان لێکۆڵینەوەی ئاسایی و ئەکادیمی ، لەسەر شیعرەکانی نوسراوەو بڵاوکراونەتەوە. بە داخەوە، لە شەوی ٢٣/٤/٢٠١٨ دا، بە یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین….جارێکی تریش بە داخەوە، بۆ مەراسیمی پرسەکەی کە زۆر چۆل و هۆل، ساردو سڕ، بوو… دڵنیام ئەگەر ئەوە پرسەی زڕە سیاسییەکی کورد با، زۆر گەرم و گوڕتر دەبوو….لێرەوە تێدەگەین کە ئەوەی لای سیاسی و سەرکردەکانمان قەدرو قیمەتی نەبێت، ئەوە شاعیرو ئەدیب و نووسەرەکانمانن. حەیف و مخابن بۆ نەتەوەیەک کە سەرکردەکانیان، ڕێز لە قەڵەم و نووسەرەکانیان ناگرن…!!!




کاریکاتێر – یەکپارچەیی… جەبار

یەکپارچەیی




له‌ شاعیری چینی خاتوو ( زایۆ هوایۆ ) وه‌ … وەرگێڕانی: نەژاد عەزیز سورمێ

(1)

ناسنامه‌یه‌كی شێواو
ناتوانم له‌ دادگادا
ددانی پێدا بنێم
به‌فرم له‌ باخه‌ڵی چه‌پ دایه‌ و
ئاگر له‌ گیرفانی ڕاست
ئاگر ده‌كارێ‌
چۆلایی ، شار ، ماسی
بسووتێنێ‌ ..
به‌فریش پێی ده‌كرێ‌
ڕێوبان و تاوانان
داپۆشێ‌ ..
تریفه‌ی مانگم پێیه‌ ،
به‌ڵام له‌ تاریكاییدا .
دار خۆخێكم پێیه‌ ،
لێ‌ نایبینم گوڵ بكا .
به‌هارێكی دیماهی نه‌هاتووم پێیه‌
كه‌چی هه‌ست به‌ زستان ده‌كه‌م .
بنیاتی كیمیاوی و حكوومه‌تی و مۆزه‌خانه‌م دزی
كه‌چی هیچم نییه‌ .. موفلیس .
من گوناهم
وازم لێ بێنه‌ دوور بڕۆم
من ،
له‌سه‌ر خۆمدا حه‌كه‌مم
ڕێ‌ له‌ ڕۆحم بگره‌
له‌ تاریكی شه‌وێكدا ده‌ڕۆم
بێ‌ شوێنه‌وار
له‌م شاره‌ دوور ده‌كه‌ومه‌وه‌ .

(2)
هه‌موو چین ته‌ی ده‌كه‌م له‌گه‌ڵت بنووم
به‌كاربێنی و به‌كاربێی
جیاوازی چییه‌ ؟
ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌ك هه‌بێ‌
دوو جه‌سته‌
پێكدا ده‌ده‌ن
هێز ،
گوڵ به‌هێز كرایه‌وه‌ و
به‌هاری چاوه‌ڕوانكراو
گوڵێك هێنای
له‌وه‌ زیاتر نا ..
هه‌ڵه‌یه‌ وابزانین
ئه‌مه‌ ژیانێكه‌
له‌ نوێدا ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌ .
له‌ نیوه‌ی چین هه‌ندێ‌ شت ڕووده‌ده‌ن :
گڕكان ده‌ته‌قنه‌وه‌ ،
ڕووبار به‌ وشكی تێده‌په‌ڕن ..
زیندانیی سیاسی و
كرێكاره‌ له‌بیركراوه‌كان ..
ئاسك ، له‌ق له‌قه‌ تاج سووره‌كان
به‌ر بۆردومان ده‌كه‌ون ..
به‌ ناو ڕێژنه‌ی گوللاندا دێم
له‌گه‌ڵت بنووم ..
چه‌ندان شه‌و كۆده‌كه‌مه‌وه‌
بیكه‌مه‌ سپێده‌یه‌ك
له‌گه‌ڵت بنووم ..
به‌ناو چه‌نداندا ڕاده‌كه‌م و
چه‌ندان له‌ من ڕاده‌كه‌ن بۆ یه‌كێك
له‌ گه‌ڵت بنووێ‌ .
ئاساییه‌
ڕه‌نگه‌ په‌پووله‌ بتوانن ده‌سخه‌ڵه‌تم بده‌ن ..
له‌وانه‌یه‌ گومانم
په‌سن بكاته‌ به‌هار و
گوندی هنگدیان
بكاته‌ نیشتمانم ،
به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی بیانوون
من شه‌وم له‌گه‌ڵ تۆدا به‌سه‌ر برد .

——————————–
ئاماژه‌

زایۆ هوایۆ : خاتوو هوایۆ شاعیرێكی چینییه‌ ، له‌گه‌ڵ له‌ دایك بوونیدا ، ئیفلیجی له‌ مێشكدا هه‌بووه‌ ، له‌ گوندێكی دووره‌ده‌ستدا له‌ دایك بووه‌ ، له‌ ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا باوكی به‌شووی داوه‌ته‌ پیاوێك به‌ ده‌یان ساڵ له‌ خۆی گه‌وره‌تر كه‌ پاشان به‌ كڕێنی شوقه‌یه‌ك بۆی لێی جیا بووه‌ته‌وه‌ .
سه‌ره‌تا چه‌ند قه‌سیده‌یه‌كی له‌ سایتێك بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌خۆی بۆ خۆی كردبووه‌وه‌ ، له‌ دواییدا سه‌رنجی هه‌ندێ‌ گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی ئه‌ده‌بی ڕاكێشا تا ئه‌وه‌ی زۆرجار به‌ ( ئیمیلی دیكنسۆن )ی چینیان چوواندووه‌ .
تا گه‌یشتووه‌ به‌وه‌ی زانستگه‌ی ستانفۆردی ئه‌مه‌ریكایی بانگهێشتی بكا بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانی .. بۆ ده‌قی شیعره‌كانی هوایۆ بڕوانی : سایتی گۆڤاری كیكا

http://www.kikahmagazine.com/?p=5975




ڕەهێڵ … کۆبەرهەمی شیعری موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..ڕەهێڵ




کوردایەتیی! … جیهاد موحەمەد

کوردایەتی، ئەو چەمکە سەقەت و ناوەڕۆک پوچەیە، کە عەقڵی مرۆڤەکانی کوردی خستۆتە داوی خۆیەوە، چەمکێکە لە چەمکە ناسێۆنالستییە رەگەزپەرست و نەژادپەرستییەکانی تورکچێتیی و عەرەبچێتیی و فارسچێتییەوە هاتۆتە ئاراوە. ئەم چەمکە بووە بە عەقڵیەتێک، کە: (لە پێناوی ئازادی و سەرفرازی و مافی نەتەوەی گەلی کوردا بەکارهاتووە و بەکاردەهێنێرت، بۆ ئەوە هاتۆتە کایەیی سیاسییەوە، کە گەلی کورد ئەبێت خەبات و تێکۆشان بکات بۆ رزگاربوونی لە چەوساندنەوە نەتەوەییەکەی، زیاتر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە چۆن دەبێت گەلی کورد، کەگەلێکی دێرینی ناوجەکەیە و مێژووی خۆی هەیە، زمان و کولتووری تایبەت بە خۆی هەیە، جوگرافیاییەکی سیاسیی داگیرکراوی خۆی هەیە، کەچی لە لایەن شۆفێنیزمی عەرەبیی و تورکیی و فارسییەوە دەچەوسێنرێتەوە و زمانی لێ زەوت دەکرێ و کولتوور و ژیانی تایبەتی خۆی لێ زەوت دەکرێ و رێگەی پێ نادرێت وڵات و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت و وەک گەلانی عەرەب و فارس و تورک (شکۆمەن)دانە بژی!). کەچی هەر خودی ئەم چەمکەیە، بووە بە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم نەکرانەوەی عەقڵی کورد و خۆ دەربازکردن و رزگارکردن لەو عەقڵیەتەی، کە هەموو گەلانی ناوچەکە بە گەلی کوردیشەوە دەناڵێنن بە دەستیەوە.

پێش هەموو شت ئەگەر وردبینەوە، لە گەلانی ناوچەکەو، لەو گەلانەی، کە بە حسابی کوردایەتی (شکۆنمەند و بەڕێزن، رزگاریان بووە لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی)، لە راستیدا ئەگەر بە جۆرێکیش لە جۆرەکان رزگاریان بووبێت لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی، ئەوە لە چەندین رەهەندی ترەوە دەچەوسێنرێنەوە، وەک لە بابەتی-مێژووی ون و پڕ لە کێشەمان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە -خستمە روو، کە گەلی کورد پێویستە لە هەموو رەهەندەکانی ژیانیەوە وەک خود، رەگەز، نەتەوە، چین و ئیکۆلۆژی رزگاری بێت و نەچەوسێنرێتەوە، بە هەمان شێوە ئەمەش بۆ هەموو گەلانی تر راست و دروست و مافی رەوای خۆیانە، بۆیە لەم روانگەیەوە، تێبینی دەکەین، گەلانی ناوچەکە لەم روانەوە نە رزگاریان بووە، نە شکۆمەندن و نە ڕێزدارن و نە ژیانێکی شایستەیان وەک تاک و وەک کۆمەڵ و میللەت هەیە، هەموویان چەوساوەی دەستی چەوسێنەرەێکن، کە پێی دەوترێت(حکومڕانانی ناسیۆنالستیی، یان حکومڕانانی دینیی).

گەلی کوردیش لە ناوچەکەدا، لە سەرجەمی ئەم رەهاندانەوە چەوساوەیە، بە واتای خودی مرۆڤی کورد وەک تاک، بە واتای رەگەزیی، نەتەوەیی، چینایەتی و ئیکۆلۆژیی. ئەم هەموو چەوساندنەوەیە لەسەر گەلی کورد بووە بە ئۆبجێکتیڤێکی بەهێز و ئاشکرا و ڕوون، مەسەلە سەبجێکتیڤەکەشی کۆمەڵێک کەس یان حیزب ویستوویانە ئەم مەسەلە ئۆبجێکتیڤیە بقۆزنەوە و بە ناوی شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردەوە، ئەوە سەد ساڵ زیاترە خەڵکی رەشوڕووتی کوردیان کردووە بە سوتەمەنی ئەم بڕوا و ئایدۆلۆژیەی خۆیان. تا ئێرە ئاساییە، ئەوەی، کە ئاسایی نییە و لە ژێر تێبینی و رەخنەی ئێمەوماناندایە، ئەوەیە، کە سەبجەکتیڤەکان لە ئاستی ئۆبجەکتیڤە چەوسێنەرەکەدا نیە، زۆربەی شۆرشەکان کەسانێکی ئاغا و دەرەبەگ و شێخ و مەلا و یان چەند حیزبێک، کە بە هەمان شێوە، بیر و هزریان لە خولگەی دەرەبەگایەتی و بۆرژوا دواکەوتووەکەی ناوچەکەدا گیری خواردوە و، هەرگیز نەیتوانیەوە ئەم عەقڵیەت و مێنتالێتە تێپەڕێنێنن، بۆیە بە هیچ جۆرێک گەلی کورد بەم جۆرە و بەم میکانیزمە نەیتوانیوە و ناتاونێت بگات بە مافە ڕەواکانی خۆی و رزگاری نابێت لە دەست چەوساندنەوە. ئەو هەموو شەڕەی، کە بە گەلی کورد کراوە، جگە لە درێژە پێدەری ناسیۆنالستییە چەوسێنەرەکە، یان شۆڤێنێتی دینیی و ناسیۆنالستیی زیاتر شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە.

ئەگەر وردبینەوە لەو هەموو قەیرانە مرۆڤیی و فەرهەنگیی و زمانەوانیی و ئابووریی و داراییەی، کە ٢٧ساڵە حوکمڕانانی خودی گەلی کورد لە کوردستانی باشوردا سەپاندویانە بەسەر گەل و کۆمەڵگەی کوردی باشوردا، خۆ ئەمە، نە خواست و ئارەزوویان بووە، نە حەزیان پێکردووە، ئەوەی، کە ئەمەی پێ دروستکردوون، مێنتالێتە دەرەبەگایەتیی و بۆرژوازیە دواکەوتووەکەیان بووە، کە نەیاتوانیوە و ناتوانن خۆیانی لێ رزگار بکەن. لەسەر دەمی (شۆرش)ەکانیانەوە هەمان کار و کردەوەیان کردووە لەگەڵ هەموو پێشمەرگە و ئەو خەڵکە ستەمدیدەیەی، کە سوتەمەنی بوون بۆیان و خۆشیان ویستوون و ئەم هێزانەیان پەرستووە وەک هێزگەلێکی رزگاربەخش و بوێر و ئازا حسابیان بۆ کردوون، بەڵام چونکە ئەم هێزانە نەیانتوانیوە خۆیان رزگار بکەن لە فەرهەنگی حوکمڕانانی ناوچەکە، کە بنەمای سەرەکی چەوساندنەوەی گەلی کوردبوون، بۆیە جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینین لە نێوان حوکڕانانی کوردستان و حوکمڕانانی شیعەگەراییە شۆڤێنیەکەی عێراقدا. بەم پەروەردە و فەرهەنگە دواکەوتووەوە، هەتا هەتایە هەموو گەلانی ناوچەکە و گەلی کوردیش دەبێت بناڵێنێنن لە ژێر چەوساندنەوە و کۆیلەبووندا.

جیهاد موحەمەد/ کوردستان
٢٧/٤/٢٠١٨




پارتی لە کوێی کەوتندایە؟ … چالاک ئەغجەلەری

ئـەم پرسیارە زۆرێک لە شڕۆڤەکاران بە تایبەت ڕەخنەگرانی دەسەڵاتی کوردی ھەمیشە برۆی چاوەکانیانبەرز کردۆتەوە بەرامبەری، ھەردەم بۆ وەڵامێکی دروست و موقنع دەگەڕێن، لە کنەی مێژووە دەست پێکەین تادەگاتە خەسەڵەتە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان کە ئـەم ھێزەی بە پێوە ڕاگرتووە. ھەروەک سەرەتایھەنگاوە یەکەمەکانی لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێکرد ، سەردەمانێک ھەر لەدوایشەڕی کاولکاری دووەھەمەوە کاروانەکەی کەوتە جوڵە ، جوڵەیەک پێچراو بە مۆتیڤی فەلسەفەیدەروەی خۆی ھاوزەمان خودی فەلسەفەکەش بەرکەوتنێکی ھەڵگیرسان لە نێوان فەلسەفەی نەتەوەیی بۆڕزگاری گەلان بەرامبەر بە بیر وباوەڕی سوسیالیستی کە شنەکەی لە ساڵی ١٩١٧ ە بە دواوە زۆریکلە کۆمەڵگەی ژێر دەستی گەلانی سەرمەست کرد بوو، بەم ھۆیەشەوە کۆمەڵگەی کورد لەڕێیموعەلیمەکانی ئـەودەمەوە ئـەم فەلسەفەیە وەک ڕێگە چارەی ژیانی ژێردەستەیی کردیانە ژەمە خۆراکیبنەڕەتی ھزری کۆمەڵگەی کوردەواری بەگشتی بە لادێ نشینەکانیشەوە (خانوەقوڕەکان)!! ھەرچەندەوەرگرتن و ھەزمکردنی ئـەم جۆرە فەلسەفانە بۆ تاکی شارنشین ( خوێنەوار ) ی ئـەوکاتە دوژار بووتاوەکو بەڕووی جوتیاری بکەیتەوە، سەرباری ھەموو ئـەمانە بۆ خۆی خودی فەلسەفە ھێنراوەکانزادەی ناخی کۆمەڵگەکە نەبوو لەودەمەدا و بگرە تا دەگاتە ئـەمڕۆش .

بە ھێنانی ئـەم فەلسەفە نەخەمڵیوانە لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگەی شەرقیدا بە تایبەت لە ناو کوردا وەکسەرچاوەی چارەسەر ، شەمەندەفەرەکەی کردە سەر سکەی مۆدێرنە، لە کاتێکدا مۆدێرنە بۆ خۆی زادەیکێژەڵۆکەی دوو شەڕی گەورە بوو کە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژئـاواییەکانی شەڵەقاند ،ئـیندیڤیجوالیزم ( تاکێتی) نەھێشتنی جیاوازی نێوان تاکەکان وەک پرسێکی بابەتیانە لە ھەناویمۆدێرنەدا بووە ھێزی ئـەو مەکینەیەی لە بازدانی نێوان سەدەی ١٩ بۆ ٢٠ بوو بەرامبەر بەگۆڕانکاریەکانی ژیانی سەردەم.
بەڵێ .. نەخەمڵین و ئـامادە نەبوونی دونیای کوردی بەرامبەر ئـەم ھەژانە و بەزۆر ڕاکێشان و پێوەلکانیئـایدیا ھاوردەکان بووە سەرەتای ھەڵەیەکی بەردەوام بۆ پرسی سیاسی کورد لە ناوچەکە.

بەدیاریکراوی ئـامادەنەبوونی مۆتیڤێکی بە ھێز و تەندروست لە ژیانی بزوتنەوەی سیاسی کوردییدا ھیچوەختێک نەبووە و نەبۆتە سەنگەری پارێزگاری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵک، بۆ نموونە کاتێشۆڕشی کوردی لەو پەڕی بەھێزییدا بوو( ئـاستی سەربازی) لە شەست و سەرەتای حەفتاکان ، لە ئـان وساتێکدا بووبە ھەڵم و دیار نەما ، لەم وێستگەیەدا نابنرێت فۆرمی کوردایەتی وەک ڕێگەی چارەسەرئـەنجامەکەی خۆی پێکابێت ، لە کاتێکدا نموونەی بە پێوە وەستانی زایونیزمی یەھودت دەبینیت ، ئـەوکاتسەردەوای وەڵامەکان چنگ دەکەون ئـەگەر مەبەستمان بێت.

لێرەدا ھێندەی سەرکردە و دەست ڕۆیشتووی سیاسی نا مۆفەق بوونە بەرامبەر بەم ئـاراستەیە ،خەڵکیئـاسای تەنھا باجەکەیان داوە، ئـەویش بە گەورەترین سەرمایە کە بەخشینی ڕوح(خوێن) ە، ئـەمە جیا لەھەرەسی بەردەوامی ئـابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی.

بەردەوامیدان بەم ھەڵە سیاسیە درێژەی کێشا ، ھەرچی چیا و دەشت و دۆڵ ھەیە لە کوردستان بوونەشوێن و شەڕگەی ململانێیەکی سیاسی و عەسکەری بە ئـامانجی بچوکردنەوەی یەکتر و خۆنیشاندانیانوەک ئـایکۆنێکی سیاسی فریادڕەس بۆ دونیای کوردی.

بەدوای گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەو عێراقدا ، ھەلێک ڕەخسا لە زادەی سەرکێشی و ھەڵەیدیکتاتۆریەتیەوە ، ئـەم فیگەرە ئـەساسیانە بەو مێژووەی پێشترەوە ھاتنەوە گۆڕەپانەکە ، بەھەمانپاسیڤی دوێنێوە بەرووڕووی ژیانێکی تەواو جیاواز لە دوێنێ بوونەوە ، فۆرمی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنیکۆمەڵگە ، شەقاو ھەڵنان بۆ ناو دونیای کێبڕکێی مەدەنی و ھەڵبژاردن ، بەڵێ ئـەنجامەکەیمان بینی کە تاچەند ئـەم فیگەرە سیاسیانە دەتوانن ھەزمی یەکتر بکەن!!؟
شەڕی ناخۆ نموونیەکی تر لەشکست و ھاوکات ھێنانە سەر شانۆی ڕەقیب وەک فریاد ڕەس بووبەبەشێک لەو کوردایەتیەی تاکی کورد بەردەوام باجی بۆداوە .
بەدوای ڕوخانی حزبی بەعسدا ، وێستگەیەکی تری کردوە بۆ ھێزە رکابەرەکانی کوردایەتی ، ھەرچەندەبەرژەوەندی ئـابوری پردێک بوو بۆ پشتیوانی یەکتر بەرامبەر بە عێراقی نوێ، جارێکی تر لەمھەنگاوەشدا لەگەڵ ئـەوەی ھەموو پێکڕا ھاوپۆلی سیاسی بوون سەرکەوتوو نەبوون ، بەھۆی چاوچنۆکیسەروەت وسامانەوە کەوتنە داوی تەڵەی حکومەتەکانی عێراقەو ئـەنجام جارێکی تر خەڵک کەوتە باجدان.

ھاتنی داعش و بەرز بوونەوەی کێرڤی کورد تا ئـەندازەی لە خۆبایبوون و دیراسەنەکردنی واقعی سیاسیناوچەکە ، ھەروەھا بە ڕەواجدانی ئـەو فۆرمە فەلسەفیە کوردایەتیە سەقەتەی کە درێژکراوەی چلەکانیسەدەی پێشوە کەوتنە داوی شکستی ڕیفراندۆمەوە ، ئـاکامەکەی دواھەناسەی ئـەو باڵۆنەی خۆیانیان پێداھەڵواسی فش بووە و کەوتە زەوی و تەواوی ئـەو ناوچانەش کە بەشێکن لە ھەرێمی کوردستانگەڕایەوە دۆخی پێش داعش و دەوڵەتی فیدراڵ کۆنترۆڵی کردەوە ، لەمەوە فۆرمی ١٦ی ئـۆکتۆبەریانداتاشیوە بە خستنە ناو تابوتی خیانەتی ھەندێ کەس بۆ ھەر چی دەرباز بوونی خۆیان لەو شکستەی کە١٦ ی ئـوکتۆبەر ئـەنجامی ئـەو ئـەزموونە دۆڕاوەی ڕیفراندۆمە نە وەکو ھۆکار بێت.

لێرەدا دەبێت ئـەوە ببینین ئـەمڕۆ لە ھەموو ھێزێک زیاتر پارتی دەستی بەسەر ئـەم فۆرمە لە کوردایەتیداگرتووە ، لە پاڵ ئـەمەشدا شادەماری ئـابوری ھەر بە گیانی ئـەو ھێزەدا ھاتوچۆ دەکات، کوردایەتی وخەبات بۆ پارتی چۆن دەستی پێکردوە ھەر وەھاش ھێشتویەتێوە، ڕۆژگارێک یەکێتی نەیدەھێشتپەلبھاوێژێ بەڵام بەھۆی تێکچوونی ناخۆی یەکێتی و پارچە بوونیەوە پارتی کەوتە سەرخەت ، ھەرگۆڕانێک لە بەرژەوەندی ئـەودا نەبێت ئـیمکانی جوڵەکردنی نیە، یەکێتی نەوەتەکان و ئـێستا ( یەکێتی،گۆڕان و ھاوپەیمانی) بۆ پارتی ئـاسمان و ڕێسمانی فەرقە، لەمڕۆ بەدوا پارتی پێویستی بە تفەنگ نەماوەخۆی یەکلا بکاتەوە ، ئـەمەش بە چەند ھۆکارێک یەکەم خاوەنی ئـابورییەکی تۆکمەیە وەک حزب ،دووھەم کوردایەتی بەو فۆرمەی خۆی مەبەستێتی یاری پێدەکات ئـایکۆنێک سیاسی بوێری ئـەوەی نیەبەڕووی بوەستێتەوە لە کاتێکدا ئـەم بوێرییە ئـەنجام دەبێت دەستی بۆ ببرێت ، سێھەم بەردەوامیدان بەلۆکاڵیزم و پەرژینکردنی دەسەڵاتی خۆی ، چوارھەم بێھێزی رکابەرەکانی بەتەواوی ھێزە سیاسیەکانەوەو ھاوکات سەرقاڵ کردنیان بە ناکۆکیەکانی یەکترەوە ، پێنجەم بەکارھێنانی ھێزەکانی تر لە دەسەڵاتدا وەکوئـەوەی خۆی مەبەستێتی، دوا خاڵ نەبوونی بوێری ھیچ ھێزێک لەدەروەی پارتی بە دیسکۆرسێکیجیاوازتر لەوەی پارتی کاری بۆ دەکات لە پەیوەند بە پرسی کورد و کوردایەتی.

ئـەنجامی ئـەم جۆرە لە کاری سیاسی پارتی و ھەڵسوکەوتەکانی لە ناخۆدا دەزانێت چۆن بەرخود لەگەڵژینگەی خۆی بکات ، دەنگدەرانیشی بەشێکی دانەبڕاوی فۆرمی دیوەخانە ، ھاوکات پێش نەکەوتنیئـاستی ھوشیاری کۆمەڵگە فاکتەرێکی بەھێزە بۆ ئـەم جۆرە ئـایکۆنانە، ھەر ھێزێکیش مەبەستی بێت بەئـاراستەی پارتی ھەنگاو بنێت بێ دوو دڵی دەبێت پاش ماوەی پارتی بچنێتەوە.
دوا پۆینتم بۆ ھەڵبژاردنەکانی مانگی داھاتوو کە پارتی بایکۆتی کەرکوک ئـەو ناوچانەی کردوە ،دەریدەخات کە پارتی بەچی ئـاراستەیەک شەن دەکات !!، ھەر ھێزێک مەبەستی بێت ڕکابەری سیاسیپارتی بکات دەبێت تەواو جیاوازبێت بە پێچەوانەوە بەم فۆرمەی ھێزەکانی تر کاری لەسەر دەکەن دڵنیابنپایەکانی پارتی زۆر لەوە بەھێزترە بە پاڵۆچکەکانی ئـێوە بکەوێت.




راخستنی فەرشی سوور بۆ داگیرکەرێکی کوردستان! … رەزا شوان

کە زانیم سەرەک وەزیرانی عێراقی شیعستان دەیەوێت بچێت بۆ سولێمانی و بۆ هەولێر لەو باوەڕەدا بووم، کە خەڵکی ئەم دوو شارەی باشووری کوردستان، لە دژی سەردانی عەبادی رەگەزپەرست و شیعەپەرست، لە دژی داگیرکەرێکی خوێنڕێژ، کە دەستەکانی بە خوێنی دەیان کورد سوورن، گەورەترین خۆپێشاندانی ناڕەزایی سازدەکەن وبە دەیان لافیتەش بەرزدەکەنەوە و کردەوەکانی عەبادی شەرمەزاردەکەن.. چونکە هێشتا ساڵێک بەسەر ئەو تاوانانەی لە رۆژی (١٦ی/ ئوکتۆبەر/ ٢٠١٧) دا لە دژی گەلی کوردمان ئەنجامیدان تێنەپەڕیون.. بە بڕیاری عەبادی (سوپا دڕندە) کەی و (حەشدی وەحشی) و (تەرەسی سەوری ئێرانی) بە زەبەلاحترین هێزەوە پەلاماری کەرکوک و دوز و خانەقین یان دا، ناشبێت (کەواسوورانی پێش لەشکری داگیرکەر ـ کەرکوکفرۆشان) لەبیربکەین، کە رۆڵێکی زۆر ناپاکیان هەبوو لە بە دەستەوەدانی کەرکوک. ئەی ئەو هێزەی عەبادی نەبوو کە بە دەیان کوردی سفیلیان لە کەرکوک و دوز و خانەقین کوشت؟ بەسەدان ماڵ و کۆگای کوردیان تاڵانکردن و سوتانیان و تەقاندیانەوە، زیاتریش لە پەنجا پێشمەرگیان شەهیدکردن و زۆریش بێڕەوشتانە بە تانکی ئەمریکی لاشکانیان پانکردنەوە؟ ئەی ئەو هێـزەی عەبادی نەبوو دەستدرێژیان بۆ ئابڕووی کورد کرد؟ تا ئەمڕۆش نزیکەی دوو سەد هـەزار کوردی خەڵکی کەرکوک و دوز لە ترسی (حەشدی وەحشی) ی بێڕەوشت، ناوێرن بۆ کەرکوک و دوز و شەنگار بگەڕێنەوە، چونکە ئەمانە لە داعش پیستر و دڕندەتر و بێڕەوشترن. سەرانی کورد هەموو ئەمانەتان لەبیرکرد؟! ئەی هەر هێزەکەی عەبادی نەبوو کە لە کەرکوک و دوز و خانەقین، بێرێزییان بە ئاڵای کوردستان و بە بەهـا پیرۆزییەکانی کورد کرد؟ عەبادی رەگەزپەرستیش دەستخۆشی لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە کرد و بە سەرکەوتنێکی گەورە ناوی بردن و ناویان دەبات.. ئەی هەر عەبادی نییە کە درێژە بە سیاسەتە گڵاوەکەی نوری مالیکی هاوبیر بۆگەنی دەدات و موچەی فەرمانبەرانی کوردستانی بڕی، بۆ برسیکردنی گەلەکەمان؟ ئەم بڕە پارەیەش کە لەم دوو مانگەدا وەکو خێرپێکردن بۆی ناردوون، تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە.. هەر کاتێکیش ملکەچی بڕیارە تاکڕەوییەکانی نەبن، دووبارە ئەم چەکەی بەرانبەر بە گەلی کوردمان بەکار دەهێنێت.. ئەمەش تەنها لە دیکتاتۆرێکی رەگەزپەرست دەوەشێتەوە.

عەبادی رۆژی چوار شەممە (٢٥ی/ ئەپریل/ ٢٠١٨) سەردانی شاری سلێمانی کرد و لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە لایەن سەرکردە باڵاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبەکانی ترەوە پێشوازی لێکرا.. رۆژی پێنج شەممەش (٢٦ی/ ئەپریل/ ٢٠١٨) سەردانی هەولێری کرد، سەرۆک وەزیرانی کوردستان فەرشی سووری بۆ عەبادی کە داگیرکەرێکی کوردستان راخست و دەستی خستە نێو دەستی و زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکرد.. بەڵی دەسەڵاتدارانی باڵای کوردستان فەرشی سووریان بۆ داگیرکەرێکی رەگەزپەرستی کوردستان راخست.. عەبادی بۆ ئەوە نەهات کە مژدەی کارێکی باش یا کردنەوەی دوو پرۆژەی ئاوەدانی لە سلێمانی و هەولێر بدات، بۆ ئەوە نەهات داوای لێبووردن لە گەلی کوردمان بکات لەمەڕ ئەو تاوانانەی لە کەرکوک و دوزدا دەرهەق بە کورد ئەنجامیان دان..
جا نازانم سەرانی کوردمان بۆ هێندە نەفس نزمن و خۆیان بە کەم و دەزانن؟ هەر بۆ ئەوەی لە دەسەڵات و لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە؟ کەچی پارتی بڕیاری ئەوەی دا کە لە کەرکوک دا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراقـدا ناکەن.. چونکە بەشداریکردنیان دانانە بە رەوایی داگیرکردنی کەرکوک.. ئەی باشە پێشوازیکردنتان لە سەرەک وەزیرانی عێراق و راخستنی فەرشی سوور بۆ داگیرکەری لە (سەدا پەنجا)ی خاکی باشووری کوردستان، دانان نییە بە رەوایی داگیرکردنی کەرکوک و دوز و خانەقین و مەخمور و شەنگار..؟؟ ئەی بارەگاکانتان لە شاری کەرکوک و لە دوز و خانەقین لایەن حەشدی وەحشییەوە تاڵان نەکـران؟ تا ئەمڕۆش حەشدی وەحشییان تێدان، ئێوە ناوێرن بچنەوە بۆ کەرکوک، ئەی ئەمەتان دانان نییە بە داگیرکردنی کەرکوک؟ کەرکوکفرۆشانیش لە سولێمانی و لە هەولێردا پاڵیان لێداونەتەوە و بە سەردانەکەی داگیرکەری کەرکوک بۆ سولێمانی و هەولێر رووخۆش و دڵخۆشن.

عەبادی لە ئەمڕۆدا درێژە بە پیلانە گڵاوەکەی رژێمی بەعس دەدات، بە شێوەی چڕتر درێژە بە بەعەرەبکردن و بە شیعەکردنی پارێزگای کەرکوک دەدات.. ئەمەش یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەرنامەی لیستەکەی.. عەبادی بۆ ئەوە سەردانی سلێمانی و هەولێر کرد، رەنگە سەردانی دهۆکیش بکات، بۆ پشتگیریکردن لە کوردە خۆفرۆشانەی خۆیان لە لیستەکەیە عەبادی دا کاندید کردوون.. ئەو کوردە خۆفرۆشانەی کە لە لیستی داگیرکەرێکی کوردستاندا خۆی کاندید کردوون و دەیەویانەوێت ببن بە جاش پەڕلەمانی و بە نۆکەرێکی داگیرکەرێکی کوردستان، بە لای ئێمەوە زۆر ناپاکتر و نامەردترن لەو جاشانەی کە چەکیان لە دژی کورد هەڵگرتن.. تا ئێستا جاشی پەرلەمانیمان نەبوو، وا خەریکە ئەم جۆرە جاشانەش لە کورد دا پەیداببن.

دەبوایە بە سەدان کورد، لە بەردەم فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی و هەولـێرد دا، لە دژی سەردانەکەی عەبادی بوەستبانایە و هاواریان بکردایە و عەبادییان شەرمەزار و رسوا بکردایە، دوایان بکردیان کە بدرێتە دادگا بۆ دادگایی کردنی، چونکە تاوانی جەنگی لە دژی سفیلی کورد ئەنجام داوە.
عەبادی دەیەوێت درزی ناکۆکییەکانی ریزەکانی کورد گەورەتر بکاتەوە، چونکە باش لە خاڵە نەرێنی و لاوازەکانی سەرانی کورد گەیشتووە، باش هەڵیسەنگاندوون کە هیچیان لەباردا نییە و هیچیان لە دەست نایات.. ئەوەش دەزانێت “لایەنە کـوردییەکان لەسەر ئەوە رێکەوتوون کە رێنەکەون”
سەرکردە کوردە عێراقچییەکان، هێندە لە رووی داگیرکەرانی کوردستان خۆیان بەکەم و بە بێدەسەڵات دەزانن، بۆیە عەبادی بە هەندیان نازانێت .

راخستنی فەرشی سوور بۆ داگیرکەرێکی کوردستان، زۆر شەرمەزارییە بۆ سەرانی کورد.. عەبادییەکی رەگەزپەرست، کە بە دەیان کێشەی بۆ کورد دروستکردووە، رۆژ لە دوای رۆژیش کێشەی زیاتری بۆ دروست دەکات و، دانیش بە مافە رەواکانی کورد دا نانێت، دەیەوێت فیدرالی باشووری کوردستان لە ئەتۆنۆمییە کارتۆنییەکەی سەدامیش کەمتر بکاتەوە.
عەبادییەک ئەمە کردار و نیازی گڵاوی بێت.. بۆ دەبێت سەرۆک وەزیرانی کوردستان و بەرپرسانی حیزبە کوردستانییەکان، بە گەرمی پێشوازی لێبکەن و فەرشی سووری بۆ رابخەن و دەستبخەنە نێو دەستی داگیرکەرێکی کوردستانەوە؟!




ئۆغر … سه‌ردار جاف

هۆ په‌رییه‌كه‌م …..
له‌ مناڵدانی ئیشقما
ته‌نها له‌وێ وێنه‌ی تۆیه‌
تۆیش گاسنی ئومێدمت تێكشكاند و
له‌ ده‌سرازه‌ی خه‌ونه‌كانم
باوڵێك خه‌می نارنجیت جێهێشتووه‌
له‌ ته‌ك پیاسه‌كانی ئه‌ستێره‌ی ژینم
هۆگر بوویت و دانابڕێی
چه‌ن سه‌فه‌ركه‌ی
دوور دوور بڕۆی
دڵمت له‌ گه‌ڵ تاشه‌به‌ردی شێلگیرانه‌تا بردووه‌
هۆ په‌رییه‌كه‌م ……
ئه‌وه‌ هه‌ر تۆی
له‌ گه‌ڵ زه‌رده‌ی تیشكی خۆرا
هه‌موو ده‌مێ له‌ ده‌رگای په‌نجه‌ره‌م ده‌ده‌ی
ئاشنای چاوه‌ پڕ له‌ فرمێسكه‌كانم به‌
ئه‌وه‌ ته‌نها و ته‌نها منم خولیام پێته‌وه‌ گرتووه‌
هێشتان له‌ هه‌ناسه‌ی منا
له‌ هه‌ڵكشانی هه‌ورازی دڵما خۆو مه‌ڵاس داوه‌ و
گڕی سۆزت په‌خش ده‌كه‌ی
چما چاوی به‌زه‌یی تۆ
رۆشنایی خوێنمی دیتووه‌
هۆ په‌رییه‌كه‌م
وڕ وڕ بووم و
دڵم له‌ جۆلانه‌ی سه‌فه‌ری ئۆسلۆ و سوید و ته‌كساس
له‌ نێو جوانی سلێمانی
شه‌قام به‌ شه‌قامی شارت
ئاخر خۆ من هێشتان نه‌چووم
هه‌ر له‌ كه‌لاوه‌ی ته‌مه‌نی رابردووما قوتار ده‌بم
ئه‌و خه‌یاڵه‌ بڵق نین و سه‌ر ئاو نابن
ئه‌وه‌ له‌ته‌ك جه‌سته‌ی مندایه‌ و گه‌نیووه‌
هۆ په‌رییه‌كه‌م …..
تۆ خڕۆكه‌ سووره‌ی خوێنمی
باوه‌ڕ ناكه‌م به‌ سانایی ماڵئاوایی له‌ من بكه‌ی
ده‌ست له‌ ملی گاف و رێ و یی و میما بنێ و بیرم بكه‌
ئه‌و یادانه‌ شیوه‌نێكن له‌ هه‌نسكما رۆنیشتووه‌
له‌ سه‌ر باڵی
چرپه‌كانی بای ئه‌ستێره‌
كڵافه‌یه‌ك شه‌ونم به‌ دیاری بهێنه‌
حه‌سره‌ته‌كان ناگه‌نه‌ گڵۆڵه‌ی لێژی
ئۆغرت كرد
گریانی خه‌ست ده‌ڵه‌مه‌یه‌ و وا پێ ده‌گا
له‌ دڵ و هزر چێ بووه‌
هۆ په‌رییه‌كه‌م ……….
خوا ئافاتم بۆ ده‌نێرێ
ئاهورامزدا خه‌رابات
فریشته‌ تاریكستان و
ئاونگیش شه‌سته‌بارانیی
گوناه باوه‌شم پیا ده‌كا
سزا په‌تم له‌مل ده‌نێ
روحم ئیدی رۆیشتووه‌
هه‌ش به‌ سه‌رم
تاڵه‌ مووه‌كانی قژم
ئیتر هه‌رگیز نابنه‌ نیگای ژنێكی تر
هه‌ڵده‌وه‌رێن
وه‌ك شێرپه‌نجه‌ لێ ده‌بنه‌وه‌
ئه‌و په‌ته‌ی تۆیش
قه‌ناره‌یه‌ و ملمی به‌ سه‌ر رۆنیشتووه‌

ئه‌ڵمانیا
27 / 4 / 2018




دۆزه‌خه‌ ژن … ستار ئه‌حمه‌د

بڕۆ له‌گۆشه‌ی ترسه‌وه‌
جلی خۆ كوشتن بپۆشه‌
گومان له‌ته‌وقی سه‌رت بده‌
له‌رێڕه‌وه‌كانه‌وه‌
له‌هاوجووتی خۆت بڕوانه‌
هه‌تا ده‌توێیته‌وه‌
له‌ژێر پێڵاوو
پاژنه‌ی سه‌رسمی خه‌ڵكا
بمره‌ ..به‌تاسه‌وه‌
له‌چێژی ئه‌وین بێبه‌شبه‌
پێسته‌ی مرۆڤبوون فڕێده‌
له‌گه‌ڵ گاشه‌به‌ردی رێگاو
نسرمی چیاكان جووت به‌
سه‌رت بۆچییه‌
كه‌بیرێكی رووناكی تیا نه‌بێت
ئه‌ندامه‌كانی له‌شت هه‌مووی زیادن
كه‌تۆ به‌كاریان ناهێنی و
هیچ نابیستی
تۆ په‌یكه‌رێكی رووخاوی
تابلۆیه‌كی
له‌كینه‌
گومان
ترس و
خۆپه‌رستی
ئه‌وه‌ تۆی
جگه‌ له‌گیرفانێك پاره‌
هه‌ستێك نییه‌
رۆحت به‌ به‌رابكا
دڵت كراسێكی چڵكنه
ویژدانت
بنمیچی گرتووخانه‌یه‌
زارت تووله‌ مارێك سڕه‌
نیشتمانت دۆزه‌خێكه‌
له‌ژانو سۆی داڕمان و
گڕی داوێن
ده‌رچووی ئه‌زموونی زیندانی
بڕوانامه‌ی خۆكوشتن و
خوێن مژینت وه‌رگرتووه‌
هه‌رچی بكه‌ی
ناتوانی له‌په‌یوه‌ستی سته‌م و
ئینسان سه‌ربڕین
بچیته‌ ده‌رێ
تۆ ئالووده‌و
به‌رده‌بازی بۆ په‌یكه‌رێ