دۆزینەوەی قارەمان … عومەرمحەمەد

لەبەرنامەیەکی کەناڵی (کەی ئێن ئێن)دا بوو، لەوەڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکەدا کە ویستی وەک ئازایەک پێشکەشی بینەرانم بکات، ئاوا وەڵامم دایەوە : (تکایە کەس لەسەر دۆسێی ئەنفال مەکەن بەقارەمان، هێشتا دۆسێی ئەنفال، قارەمانی بۆدروست نەبووە، ئەگەر قارەمان لەناوئەنفالدا هەبن ئەو کەسانەن کە دەربازبوون و رۆژگار چۆکی پێدانەداون) ئەم وەڵامەی من چەند (چالاکوان)ێکی ئەنفالی تورەکردبوو بەناوی خوازراوەوەو بەناوی خۆشیانەوە بەڵام ترسنۆکانە پەلاماریاندام وەلێ من وەک ئەوەی نەمبیستبێ بەرپەرچم نەدانەوەو هیچ قسەیەکم دەربارەیان نەکرد، تەنیا وەڵامێکم ئەوساو ئێستاش هەر ئەم قسانەیە کە ئێستا دەیانکەم.

نەئەوساو نەئێستاش ئامانجم لەو قسانەم شکاندنی کەس نەبووە، بەڵکو بینینی شکۆی مرۆڤە ئازاکان بوو، ئێستاش هەمان بیرورام هەیە ئەی خۆ نابێت ئێمە بەگێرانەوەی چیرۆکەکان خۆمان وەک قارەمان نیشانبدەین ؟ نابێت ڕێگە بدەین کەوا کەس بە هۆی چیرۆکی مەینەتیەکانی مرۆڤەوە ببێتە قارەمانی سەرشاشەکان و لە راستیشدا کارنەکەربێت چ جای بەهۆیەوە خۆشگوزەران و دەوڵەمەند بێت !؟. کەوامان کرد رێک وەک ئەو دکتۆرەمان لێدێت کە خەون بەنەخۆش کەوتنی مرۆڤەکانەوە دەبینێ بۆئەوەی خۆی سودمەندبێت و ناوبانگ وپول سامان لەسەر جەستەی ناساغی ئەوانی دی زیاتر بکات .
لە گەرانم بەدوای چیرۆکەکانی ئەنفالدا، بەتێگەیشتنێکی باش گەیشتم، من کە ژنە ئازاکانم دەدۆزییەوە و قسەیان بۆدەکردم و دواتر بڵاوم دەکردەوە، زۆرجار کە کاردانەوەکانم دەبینینەوە هەستم بە خاڵێکی لاواز کرد، ئەویش ئەوە بوو هێندەی دەستخۆشی لەمن دەکرد هێندەو زیاتریش ئەو ئازایانە پەراوێزدەخرانەوەوەو بە چاویی بەزەیی و وەک گوناه تەماشایان دەکرا، لەکاتێکدا من هەمیشە ویستوومە ئازاکان وەک بەرپەرچدانەوەی ئەنفال و ئازایەتی و بەرگری لەبەرانبەر دڵرەقی و فاشیزم نیشانیان بدەم .. ئیدی هەوڵم دەدا کارەکتەرەکان و خاوەن چیرۆکەکان خۆیان چیرۆکی خۆیان بنوسنەوە بۆئەوەی شەرەفی ئەو ئازایەتیەش هەر بۆخۆیان بێت نەک بۆ ئەو کەسانەی چیرۆکەکانیان دەنوسنەوە .

رۆژێک ژنێک پێیگوتم : بۆ دەتەوێ ژیانی من خۆم بینوسمەوە ؟ ئەی بۆتۆ ناینوسیتەوەو بییکەی بەفیلمێک ؟ دەمەوێ تێبگەم جیاوازییەکە چییە ئەگەر من بینوسمەوەو لەگەڵ ئەوەی تۆ دەینوسیتەوە ؟
لەوەڵامدا گوتم : لەبەرئەوەی خۆت بەقەرزداری من نەزانی، خۆت خوێندەواری ، خۆت چیرۆکی خۆت باشتر دەزانی، باشترە هەر خۆشت پاڵەوانی نوسینەوەی چیرۆکی خۆت بێت.. چونکە من کەسان دەناسم لە فیلمسازو چالاکوان و نوسەر، کاتێک بە دوای کارەکتەرەکاندا دەگەرێن و دەیانکەنە بەرهەمی هونەری وئەدەبی لەبەرئەوەی نیە کە زۆر خەمی مرۆڤایەتیەتی، بەڵکو لەبەر ئەوەیە بەو کارەکتەرەو چیرۆکەکەی بگاتە ڤیستیڤاڵێک، یان ئامانجێک کە بەرژەوەندی تایبەتی تیایدا هەیە . لەڕاستیدا ئەمەش مەترسیدارە !




عیراق و سوریا و کوردستانی دوای داعش … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

قۆناغی دوای داعش، قۆناغێکی جیاوازتر دەبێت لە پێشوو، زلهێزەکانی دنیا، بە تایبەتی ئەمریکا و ڕوسیا، بەگوێرەی پێویستییەکانی بارودۆخی تازە مامەڵە دەکەن، تاکتیک و پلانی کە پێشوەخت داینڕشتوە بۆ ئەو قۆناغە، دەیخەنە بواری کار پێ کردن، کە بێ گومان ڕەنگدانەوەی دەبێت لە جۆری مامەڵە کردنیان لەگەڵ ڕووداوەکان، هاوپەیمانیەتیی بەستن، بەکارهێنانی داشەکان هەروها هەڵوێست و بڕیارەکانیشیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەرامبەر بە کۆی لایەنە بەشداربووەکانی جەنگی دژ بە داعش.
کێشە و ناسەقامگیربوون و بەرقەرارنەبوونی ئاشتی و ئاسایشی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا وابەستە نییە بە نەمانی هێزی توندڕەوی داعش. بارودۆخی نالەباری ناوچەکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. بەهۆی مانەوە و کەڵەکە بوونی گرفتەکان بە بێ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆیان کە ئەنجامەکەی بە ئەمڕۆ گەیشتوە. لەو دیدەوە قۆناغی دوای داعش، ئاشتیی و ئاسایش بۆ ناوچەکە مسۆگەر ناکات و نابێتە هۆکاری ئاسایی کردنەوەی کەشوهەوای پڕ لە کێشمەکێشم و ململانێ.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لە رێکخراوی توندڕەوی داعش، بە سەدان رێکخراوی لە هەمان شێوەی تێددا بەدیدەکرێت، کە لە سەر هەمان ئەرزیەت، واقیع و هەمان بڕوا و میکانیزم کار دەکەن، هەر یەکێکیان لە لایەن زلهێزێکی دنیا و ناوچەکە پشتیوانی دەکرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ سەپاندنی مەرجە ئابووریی و سەربازییەکانیان. ئەم جۆرە یاری کردنە بە ناوچەکە، لە لایەن زلهێزە ناوچەییەکان و دنیاوە، بووە بە دیاردەیەکی زەق و یارییەکی قێزەوەنی بێ کۆتایی، کە گەلانی ناوچەکە مەست بە دروشمی بریقەدار لە فەلەکییدا و لە بازنەییەکی داخراودا تێددا دەخولێنەوە. لەو تێڕاوانینەوە نەمانی داعش مانای نەمان و بنبڕ کردنی ڕەگی ئەو جۆرە رێکخراوانە نییە و سەرهەڵدانی هەمان گرفت لە داهاتوودا لە ناوچەکەدا ئەگەرێکی چاوەرێکراوە.
ڕوسیا و ئەمریکای دوای داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گرفتی نێوانیان زیاتر قوڵ دەبێتەوە، لە ئەنجامی دابەش کردنی پشک و تاڵانی دوای جەنگ، هەوڵدان بۆ سەپاندنی دەسەڵات و هەیمەنە بۆ دەستکەوتی زیاتری ئابووریی و سەربازیی و سیاسیی و دابەش کردنی داشەکانیان لە ناوچەکە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانیان کە هەموو کاتێک دژ بە یەکە.

ئەسەدی پێش داعش و دوای داعش، بۆ ئەمریکا هەمان کەساییەتی ناخۆشەویست و نەویستە، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی دژ بە داعش تا تەواوبوونی، ڕوسیا و ئیران پشتیوانیان کرد، سوریا بوو بە دەریایەک لە خوێن، بەڵام شەپۆڵەکانی نەیانتوانی کورسییەکەی ئەسەد ڕاماڵن! پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ڕوسیا و ئێران، لە سوریای دوای داعش، دەستبەرداری ئەسەد دەبن، یان ڕاماڵینی ئەسەدیش جەنگێکی دیکەی بە نێوچەوانە؟
ئەردوغان، بەبێ گوێدانە هیچ یاساییەکی نێو دەوڵەتی، باکووری سوریایی دوای داعشی داگیر کردوە. لە ئاییندەیەکی نزیکدا، ئەگەر حکومەتی سوری، بەهێز بێت و بارودۆخی وڵاتەکە سەقامگیر بێت، ئەگەر دەستکاری نەخشە و سنووری وڵاتانی ناوچەکە نەکرێت، بێ گومان دەسەڵاتی سیاسیی سوری بە مافی خۆی دەزانێت داوا لە تورکیا بکات هێزەکانی لە وڵاتەکەی بکشێنێتەوە، لە کاتێکدا خەونی ئەردوغان پانتاو کردنی دەسەڵاتی تورکیایە و ژیاندنەوەی ئیمپراتۆڕیەتی عوسمانییە، لەو حاڵەتەدا تورکیا ئامادە نابێت بکشێتەوە، ئەگەر بڕیاری کشانەوەش بدات بەبێ قەرەبوو نابێت، کە ڕوون نییە دیمەشقی بەهێزی دوای داعش بۆ مەرجەکانی تورکیا سەرشۆر دەکات یان نا هەروها ئەوش ڕوون نییە کە پێشوەخت تورکیا هاوکار دەبێت لە بەهێز کردنی دیمەشەق کە دەزانێت لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دەرپەڕاندنی . لە دەرئەنجامدا ئەم گرفتەش بە ئاسانی ڕەت نابێت و چاوەڕوان دەکرێت، کە بارودۆخی ناوچەکە نا ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.

ئیران، هێزیکی سەڕەکییە لە ناوچەکە، بووە بە حاکمی عیراق، لە گەلێک وڵاتانی ناوچەکە هێزی سەربازیی هەیە، یەکێکە لە بڕیاردەرە سەڕەکییەکان لە چارەنووسی سوریا، تا داعش هەبوو لەگەڵ ڕوسیا و ئەسەد لە هاوپەیمانیەتییدا بوو، بەڵام لە سوریای دوای داعش ئیران و ڕوسیا مەرچ نییە بەرژەوەندییەکانیان جووت بێت. ئێران لە سوریا خاوەن پلانی سەربازیی و سیاسی و ئابوورییە، نایەوێت دەسەڵاتەکانی لە سوریا لاواز بێت، ئەوەش بەوە دەکرێت کە سوریا نەبێت بە خاوەن دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازیی بەهێز لە ئەنجامدا ئێران لە وڵاتەکەی دەربکات. لەو تێڕوانینەوە، ئەم گرفتەش دەبێت بە هۆکاری سەڕەکی لە ژیاندنەوەی گرفت و ناتەباییەکان.

ئەمریکای دوای داعش، هێزەکانی لە بەشێکی سوریایە و خۆی بە خاوەنی عیراق هەژمار دەکات. لە کاتێکدا ئیران دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە عیراق، توانیویەتی دەست بخاتە، نێو جومگە سەڕەکییەکانی دەسەڵاتی سیاسی، کۆنتڕۆڵ کردنی زۆربەی سەرکردە، پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی عیراق، بە تایبەتی لە نێو پێکهاتەی شیعە و نەتەوەی کورد. کە لە ئەنجامدا بەرژەوەندییەکانی ئیران و ئەمریکا وەک دوو هێڵی تەریب دەبێت لە عیراق و سوریا.
دوای نەمانی داعش، ئەمریکا هەڕەشەکانی چڕ کردۆتەوە دژ بە دەسەڵاتدارانی ئیرانی دۆستی ڕوسیا. ترامپ، لە هەموو بۆنەیەکدا، دوپاتی دەکاتەوە، کە ئەوان، دژ بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئیران و ئیدارەی ئۆبامان. وێرای ئەوەش ئەمریکا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندوە کە ئەوان ئامادەن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئیران. لە ئەنجامی ئەو گرفتەش چاوەڕوان دەکرێت دووبارە جەنگێکی دیکە یەخەو بەڕۆکی ناوچەکە بگرێتەوە.

کورد لە سوریای دوای داعش، زۆربەی ئاوارە و دەربەدەر بوون، بەشێکی وڵاتەکەی سوپای تورک داگیری کردوە. بەشێکی دیکەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا و هاوپەیمانانە. ڕوسیا و ئیران و ئەسەد دژیان ڕاوەستاون. ڕوون نییە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات دەربارەی عەفرین و مەنبیچ و ناوچەکانی دیکە، هەروها بەهێز بوونی حکومەتی ناوەند لە دیمەشەق بۆ کورد ئاسۆیەکی پڕ لە تەمومژە. لە ئەنجامدا خوڵقاندنی کەشوهەوایەکی سیاسی لەم جۆرە ناهەقیە، بۆ نەتەوەیەک کە خاوەن ئۆقیانوسێک لە خوێنە لە جەنگی دژ بە داعشدا، دەبێتە هۆکاری سەڕەکیی گەشە کردنی ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوە لە نێویاندا و چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکریت کە ئاشتیی و ئارامی باڵ نەکێشێت بەسەر ناوچەکەدا.

کورد لە عیراقی دوای داعش، پرسی کورد وەک نەتەوەیەکی ژێر دەستی چەوساوە بە هەڵپەسێردراوی ماوە. ئاماژەکان دەریدەخەن، کە لە عیراق میللەتی کورد، دووبارە چارەنووسی بە بەغداد ببەسترێتەوە، لەگەڵ بەهێزبوونی دەسەڵاتی سیاسی ناوەند لە بەغداد، میللەتی کورد، کورد بوونی خۆی لە دەست دەدات، سنووری جوگرافیای نابێت، دەبێت بە تاکێکی عیراقی، چەند تاکێکی هەلپەرست لە هەر دوو رەگەزی نێر و مێ و سەرانی کورد، دەبن بە ڕابەری دامودەزگایی کارتۆنی هاوشێوەی “مجلس تەشریعی و تەنفیزی” زەمانی سەدام و پێکهاتەی زۆرینە، دەبێت بە حاکمی. ئەم جۆرە چارەسەرە، ڕەنگە پارت وسەرکردە خۆفڕۆشە کوردەکان لە باشوور قبوڵیان بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە چارەسەری بنەڕەتی نییە بۆ پرسی کورد، کە لە ئەنجامدا، هۆکارێکی گرنگ دەبێت لە زیندوو کردنەوەی ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوە لە نێو میللەتی کورددا لە باشوور، بە تایبەتی لە نێو ئەو چین و توێژانەی کە شەیدای ئازادی و هەڵکردنی ئاڵای سەرکەوتنن.




کاپتنە چاو حیزەکە! … جەلال قادر

.دەمەوێت پالەوانیەتی ئەو خانمە بگێڕمەوە كە ژیانی من و پێنج سەد گەشتیاری ڕزگاركرد
.پارساڵ بڕیارمدا پشوویەك وەرگرم و بۆ هەفتەیەك بە كەشتی گەشتێكی تایبەت بكەم
لەوساتەی پێم نایە ناو كەشتیەكە خانمێكی قەشەنگ بە ناز و عیشوەوە بە تەنیشتمەوە ڕێیدەكرد
.سلاو یكم لێكرد، بە بزەی پێكەنین وەلامی دامەوە
وتم كەش و هەوایەكی خۆشی هەیە؟
! بەلێ.. كەشتیەكەش تا بلێی جوانە –
.. تۆ جوانترت كردووە +
..پێكەنی و وتی : دوایی دەتبینمەوە
لەکاتێکدا كاپتنی كەشتیەكە پێشوازی لێدەكردین، هەركە چاوی بەو خانمە كەوت بزەی پێكەنینی هاویشت و بە خێرهاتنێكی تایبەتی كرد، هەتا خانمەكە لەبەرچاو ون بوو سەیری دەكرد و ئاگای لە موسافرەكانیتر نەما
(لەدڵ خۆم وتم كاپتنی چاو حیز)
لە پاش چەند سەعاتێك كەشتیەكە كەناری دەریای بەجێ هێشت و گەشتیارەكان یەك لە دوای یەك بەرەو كافتریاو شوێنەكانیتر پەخش بوون. منیش چاوم دەگێڕا ئەو خانمە بدۆزمەوە ، لە پڕ بینیم لەگەل كاپتنەكە ڕاوەستاوە و قسەدەکەن ، بەلام خانمەكە دلخۆش دیار نەبوو، زوو لە كاپتنەكە دوور كەوتەوە بەرەو كافیترایەكە ڕۆیشت. منیش لێی نزیك كەوتمەوە و وتم : كاتت هەیە قاوەیەك بخوێینەوە؟
با بمێنێ بۆ کاتێكیتر –
بۆ ڕۆژی دوایی خانمەكەم بینی لەگەل كاپتن لە ڕەستورانت دانیشتوون و جەوێكی خۆشیان هەیە
ئیتر دەستم لەو خانمە شۆری و بڕیارمدا كاتەكانم بە فیڕۆ نەدەم . ئەگەر چی بینینی ئەو دیمەنە دڵتەنگی کردبووم
بۆ ئێوارە دەستمكرد بە خواردنەوە و خۆم مەست كرد
!.پیرەمێردێك هاتە لامەوە وتی : پەڵە مەكە ئەمشەو باڕەكە پڕ دەبێت لە خانمی جوان
!.وتم : قولابم پێ نییە
.. تۆڕ هەلدە –
شەو درەنگ چەند خانمێك دیار كەوتن. بەلام جوانانیان شایانی ئەوە نەبوو خۆت بۆیان ماندوو كەیت
…پیرەمێردەكە هاتەوە لام و وتی : دەی بتبینم
وتم: جارێ سەبر بگرە بەلكو بەرخی ناسكتر دەركەوون
!وتی : هەشت بێت لە مشت بێت نەك نۆ بێت و نەبێت
بۆ شەوی داهاتوو كابتنم بینی لەگەل خانمەكە سەمای دەكرد ، پیرەمێردەكەش لەگەل پیرەژنێک یەكتریان ماچ دەكرد
تا دوای نیوە شەو مامەوە
كاپتن قۆڵی خانمی گرتوو بردی. پیرەمێردەكەش لەبەردەمم تێپەڕی دەستی لەناودەستی پیرێژن بوو بە پێكەنینەوە وتی : هە ركات ماسی لەناو ئاو دەركەیت هەر تازەیە

كۆتایی بە گەشتەكەم هات و كەشتی ڕوو لە كەنار مڵی نا
لە كاتی دابەزیین دووبارە تووشم بە تووشی ئەو خانمە
بوەوە
پێمووت : كاتێكی خۆشبوو؟
هیوادارم بۆ تۆش خۆشتر بووبێت –
وتم : ئەگەر لەگەل تۆ بوومایە خۆشتر دەبوو
پێكەنی و وتی : بۆ كوێ دەچیت ؟
بەرەو ناو شار +
زۆرباشە پێكەوە دەڕۆیین –
پێكەوە سواری پاس بووین
لەڕێگە دەستی خستە نێو دەستم وتی : دڵ خۆت تەنگ مەكە ، دەمەوێت نهێنییەكت لە لا بدركێنم
فەرموو –
ئەو كاپتنەت بینی هەمیشە بەدوامەوە بوو؟ +
..بەڵێ كاپتنە چاو حیزەكە –
پێكەنی وتی : بەزۆر داوای لێكردم پەیوەندی لەگەل ببەستم، منیش رەفزمکرد، هەر كە گەیشتینە ناوەڕاستی دەریاكە هەڕەشەی لێكردم و وتی ئەگەر لەگەلم نەخەوییت كەشتیەكە نقووم دەکەم بەسەرجەم گەشتیارەكانەوە
منیش لەبەرخاتر ئەو هەموو ژن و منداڵ و چاوەكانی تۆ ناچار لەگەڵ كاپتن مامەوە
لە خۆشەویستیا تووند خانمەکەم لەباوەش گرت و وتم: كەواتە ئێمە قەرزاری تۆین
!.بەزەردەخەنە جوانەکەی وەلامی دامەوە : گوێی مەدەرێ منیش کاتێکی خۆشم هەبوو

(بیرۆچکەکەی لە تەنزێکەوە وەرمگرتووە)




یادی کارەساتە گەورەکە … فەرەیدون کونجرینی

سۆرانی مامەحەمە”” بوە قسەی زاری ڕۆژنامەوان و چالاکوان لە ڕۆژی بەخاکساپردنیاندا و هەمو یادێك دەڵێن ئێمە وەك ئەوانمان پێدەکرێ ” بەڵام بەویان پێ نەکرا جگە لە پاگهەندەی خۆدەرخستن و گەمەی سیاسی گەروانیە” لەکوێن ئەوانەی دەیانگوت ئێمە سەردەشت عوسمانین ؟ کــوان ئەوانەی دەیانوت ئەرکەکانی کاوە گەرمیانی دەگرینە ئەستۆ و بەردەوام دەبین لە مانگرتن و چالاکیە مەدەنیەکان” لەکوێن ئەوانەی ناوەندی شەقامەکانیان گرتبوو دەیان وت ئێمە هەموومان کاوەو سەردەشت و سۆران و تادوایین!؟

لە 5ی ئایار 2010 یەکەمین وێنەی مەرگی ئازادی خوازێک لە پایتەختی هەرێمی باشور” شاری پــتەوترین شوراو پەرژین کراو لە تیرۆرست” بڵاو کرایەوە ئەو لەخاچ درابوو دواتر ڕۆحیان دەرکردو جەستەیان لە لێوار شەقامێکدا جێـهێشت
ئەوان سەرەتا لە هەولێر قۆڵبەستیان کردو پیاسەیەکی ناو شاریان لەگەڵداکرد بردیانە سەری ڕەش و لەوێ ویستیان بوو کڕونوشی پێ بەرن” لەبەر پێیەکانی بەچکە ستەمکارێك ” ئەو کوڕی کۆلکە دیکتاتۆرێکە بەهەمان سیستەم و یاساکانی بەعس دادوەری لەسەروەری داماڵیوە خۆی خاوەنی هەموو بڕیارێکی ناوچەکەیە ، سەردەشت عوسمان کڕنوشی نەبرد بکوژو بەکرێ گیراوەکانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش” بردیانە دەروازەی موسڵ و لەوێ تیرۆریانکرد.

لە داتای حوکمی پارتی و یەکێتیدا گۆڕانکاری ئەوتۆ ڕوی نەداوە دڵنیابن لەم جۆرە تیرۆرکردنانە دوپات دەبنەوە ” لە پای ئەم دیکتاتۆری و سیستەمە شکستخواردوە، دولایەنی زلە هێزی هەرێمی کوردستان مافیاو بازرگانی گەورەی جیهانی دوکۆمپانیایی زلەهێزو خۆسەپێن” ویستیان بە تیرۆرکردنی عەبدل ستارو سۆران و سەردەشت و کاوە گەرمیانی تا ئەمدوایەی تیرۆرکردنی ویداد دهۆکی تا ئازادی بمرێنن و قڕوقەپ بە خەڵکی مەدەنی بکەن تا ڕاستیەکان نەگوێزرێنەوە شەقام خەڵك هۆشدار نەبێت ” بەپێچەوانەوە بە گیان بەخشینی ئەوان جوڵەی شەقام و هاوڵاتیان بوە هۆکاری ئەمڕۆو هێدی هێدی بەرگی دیکتاتۆریان وەردەگێڕین.
هاوڕێیانی قەڵەم سۆران و سەردەشت و عەبدل ستارو کاوە گەرمیانی و ویداد دهۆکی ” لەسەر گڵکۆو مەزاریان دەڵێن ئێستا کاتی بێدەنگی نیە سەرۆك هاوشێوە قەلەڕەشێك لەفڕیندایە” ئەوان بەدەنگێکی بڵند هاوار دەکەن باڵەکانی بــبڕن و پێیەکانی بشکێنن”

خۆتان مەشارنەوە و مەترسن بوێرانە ڕوبەڕوی هەر بەرپرسێك ببنەوە هاوشێوە ئێمە لەسەر شەقامەکان وێنەی گەندەڵ کاران بەرز بکەنەوەو لەسەر وێنەکان تەواوی تاوانەکانیان بنوسنەوە ، دزین و تاڵانی هەربەرپرسێك چۆن کراوە گەندەڵی و جۆری پیشەکانیان ئاشکراکەن ، کاتێك بەئێوە دەگوترێ ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی دەبێت قۆڵی مەردایەتی هەڵکەن و وشەی گورس وەشاندن ڕوبەڕوی هەر بەرپرسێك بکەنەوە تا ڕیشە کێش دەبن.

وڵاتانی دیموکرس” له‌ ڕێگای قسه‌کردنه‌وه‌ ده‌توانن کاریگه‌ریان هه‌بێت لەسەر حکومەت و بەرپرسیاری دەزگاکان” ئەم زانیاریە هاوڵاتیانی کوردستان بە ئاگان و سەرجەم چەمکە دیموکراسیەکانیان کردوە بە سەرەتای ڕوبەڕو بونەوەکان دژ بە خراپ بەکارهێنانی حکومەت، هەر لەبەر ئەوەیە به‌ری ئازادی به‌رناده‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئازادی بیرووڕای سه‌ربه‌خۆ.
ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ئازادی ڕاده‌ربڕین وه‌تێده‌کۆشین بۆ بەدەستهێنانی سەروەری گەل و یاسا تا پەرلەمانێکی تەندروست و حکومەتێکی یاساییمان هەبێت لە هەرێمی باشوری کوردستان
ئه‌وکوردستانه‌ی که‌ ئازادی و ئاسایشی تیا به‌رقه‌رار نیه له‌سایه‌ی حکومه‌ته‌که‌تانه‌وه‌‌یه‌ که‌ ته‌نها خۆتان متمانه‌ی پێ ده‌که‌ن!

سۆرانی مامە حەمە
سۆرانی مامە حەمە نوسینەکانی زیاتر دژی خیانەت و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردی بوون. لە یەکێ لە نوسینەکانیدا باس لەوە ئەکات کە خیانەت لە ناو دەسەڵاتی کوردیدا بۆتە فەلسەفە و فاکتەرێکە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات. بۆ نمونە ئەڵێ “ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ خۆیان به‌ سیاسی و خاوه‌ن خه‌باتی کوردایه‌تی ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌زانن، له‌ خۆیان وردبونه‌ته‌وه‌ که‌ ئایا، ته‌نها ڕۆژێک خه‌بات و سه‌روه‌رییان هه‌یه‌ بۆ بزاڤی ڕزگاری خوازی دۆزی کوردان له‌ مێژودا، جگه‌ له‌ کورد کوشتن و خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ییو بون به‌ کۆیله‌و جاسوسی ووڵاتانی دراوسێ و جیهان”

سەردەشت عوسمان
سەردەشت جگە لەوەی کەسانی پەیوەندیداری ئاگادار کردبوەوە لە هەڕەشەی کوشتن لێی، بابەتێکیشی بڵاوکردوە. لە بابەتەکەیدا بە ئاشکرا داوا لە بکوژەکانی ئەکات کە مەرگێکی شایستە بە ژیانەکەی پێ ببەخشن و ئەڵێ “دوعاش ده‌كه‌م مردنێكی تراژیدیام پێببه‌خشن كه ‌شایسته‌ی ژیانه‌ تراژیدیاكه‌م بێت. بۆیه ‌ئه‌م قسانه ‌ده‌كه‌م تابزانن گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته ‌چ هۆلیسۆسێكن و مردن ساده‌ترین هه‌ڵبژاردنیانه‌، بۆئه‌وه‌ی تێبگه‌ن كه ‌ئه‌وه‌ی ئێمه ‌ده‌ترسێنێت به‌رده‌وامی ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه ‌بۆ نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو، نه‌ك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبه‌ختی برا بچوكه‌كانمه، ‌نه‌ك خۆم”

کاوە گەرمیانی
کاوە گەرمیانی، سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ، شەوی پێنجشەممە 5.12.2013، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای کەلار، بە دەستڕێژی گوللە کوژرا. تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ڕێگیری بوو لە گەندەڵی بەرپرسان و سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان تا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سڵبکەنەوە لەبونی ڕاستیەکان بەتایبەت ئەولایەنەی کاوە گەرمیانی زیاتر بەدواداچونی بۆ دەکردو ڕوبەڕوی دادگای دەکردنەوە ” ئاشکرایە زۆرمان نوسی و زۆریش خوێندرایەوە.

لە ساڵیادی ڕفاندن و تیرۆر کردنی هەر یەکێکــــیان” یادی هەموان دەکەینەوە”

05.05.2018




ئاخۆ پشکۆ بە فو دەکوژێتەوە…؟! … موزەفەر عەبدوڵا

لە هەشتەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەردەشت عوسماندا…

ئەمرۆ هەشت ساڵی ڕەبەق تێپەر دەبێت بەسەر گیانبەختکردنی ڕۆژنامەنوسی لاوی ئازادیخواز سەردەشت عوسماندا کە لە لایەن دەسەڵاتە قەومی و خێڵەکی و بنەماڵەیی و چەتەگەریەکەی کوردستانو لە شاری هەولێر بە ڕۆژی ڕوناک ڕفاندنیانو پاشان کوشتیان.
لەو ساتەوە تا ئەمرۆ هیچ ڕۆژو هەفتەو مانگو ساڵێک نی یە کە لەهەر جیگایەک باسی ئەم دەسەڵاتەو پرسی ئازادی کرابێت باسی سەردەشت نەکرابێت .هەروەها لەو ساتەوە سەردەشت لەهەر گیانبەختکردویەکی تر زیاتر بۆتە هێمای خەباتو ناڕەزایەتی بۆ ئازادیو دژی ئەم دەسەڵاتە مرۆڤکوژە.

هەر بۆیە لەم هەشت ساڵەدا سەردەشت لە لایەک بو بە پشکۆو مەشخەڵیکی تری گەشەداری خەباتو ناڕەزایەتی بەرەی ئازادیخوازی لە دژی ئەم دەسەڵاتە بە تایبەتی یادی ساڵانەکەی ، لە لایەکی تریشەوە بۆتە مۆتەکەیەکی قورس بەسەر دڵی ئەم دەسەڵاتەوەو هەر ڕۆژیک بێت لە ترسا دڵی دەتەقێت.
لە راستیدا ئەم تاوانەی سەرانی دەسەڵات وەک ئەوە وابو کە ویستبێتیان بە فو پشکۆ بکوژێننەوە بەڵام نەیان زانی پشکۆ بە فو دەگەشێتەوەو گڕ دەگرێت .

سەیرلەوەدابو ئەم دەسەڵاتە بەو هەمو نوسەرو ڕۆژنامەنوسو ڕۆشنبیرو ئەکادیمی یە دەرباروپارەخۆرانەیان نەیان توانی بە نوسین وەڵامی سەردەشت بدەنەوە ڕیسوایانە هەر زوو پەنایان بردە بەسەر کاری تیرۆرو کوشتن.
بەڵام هەرگیز بە خەیاڵو بیریاندا نەدەهات کە ئەم کارە تیرۆرەیان فوکردنە لە پشکۆو سەردەشت دەبێت بە مەشخەڵێکی گڕدار بۆ گەرم ڕاگرتنی خەباتو ناڕەزایەتی بەرەی ئازادیخوازی لە دژی ئەم دەسەڵاتە چەتەیە .

بۆیە ناوو نوسینو خەباتی سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی هەمیشە لامان بە زیندویی دەمێنێتەوەو، هاوکات سورین لەسەر خواستی دەسگیرودادگاییکردنو سزادانی تاوانبارانو کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە دژی ئازادی یە.

٥-٥-٢٠١٨




ھەرگیز نەمر: کاک جەلالی حاجی حسین(کەلۆش) … هەڵۆ بەرزنجەیی

قەدەر و چارەنووس یەکێکن لەو دیاردە دژوار و عاسییانەی کە ھێشتا لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی مرۆڤدان. سەخت و مەحاڵیشە لە جغز و ئاقارێکی دیاریکراودا ھەڵسوڕێندرێن و بخرێنە مەیدانەوە،وەک ئەوەی دڵ ئارەزووی دەکات و پێداویستییەکانی ژیان دەیخوازێت.
کام چیرۆک دەبێت لەوە تاڵتر و بەسوێ تر بێت؟، پێشمەرگەیەکی کورد ھەموو تەمەنی گیانبازی بوو بێت، لە پێناوی کوردایەتی دا و دوای ئەزمونی ٣٠ ساڵ کۆڕی تێکۆشان سەروبنی زمانی “نەفرەت لە براکوژی بێت” قەدەر لە پەلەپیتکەی خواستەکانی ئەو بترازێ و بەدەم گێژاوێکی خوێناوی گەورەوە لە تەمومژێکی نادیاردا،ساتێ بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شەڕی براکوژی مانگی گوڵانی ١٩٩٤، پێیەکی لای پارتی و ئەوی دیکەی لای یەکێتی بوو،دڵسۆزانە سەرگەرمی “چارەنووسێکی پیرۆز و ھێژا”بوو.لەو دەمە ناسکەدا دەستی براکوژی ھار بە ڕیزێک گوولەی نەگریس ئێوارەی ٢ی گوڵانی ١٩٩٤ لە شاری سلێمانی کاک جەلالی کەڵەپیاو و جوامێری تەختی زەوی کرد و شەھید کراو بووە شەھیدی ئاشتی و تەبایی کورد و کورد.
ئەفسووس و سەدجار ئەفسووس ئەو دەیگووت :” گەر بە کوشتنی من کورد رزگاری دەبێت،وا من بە جەھەننەم”. بەڵام بەداخەوە براکوژی ھەرکۆتایی نەھات.
چ ژانێکی بەسفتوسێیە، کام تراژیدیای ناھەموار وماڵوێرانییە،لە چ نەفرەت بکەیت و بەگژ چیدا بچیتەوە،قەدەر ئەوەت ئاوقاو تووش بکات.! کاک جەلال ڕۆڵەیەکی قارەمان و ھەڵکەوتووی ئەم نیشتمانە کۆست کەوتوەیە و لە ساڵی ١٩٤٦ ز لە شاری سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە.بە کوردایەتی فریچکی گرتووە. لە ١٦ ھەمین بەھاری تەمەنییەوە پەیوەندی بە ر ێکخستنەکانی ناو شاری پارتییەوە ھەبووە و لە ١٩٦٥وە شەرەفی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی ئەیلوول مەزندا وەچنگ ھێناوە.

یەکێک بووە لە پێشمەرگە ھەرە بەجەرگ و ئازا و دەستوەشێنەکانی ساڵانی شەستی ناوشار. بەلێھاتوویی و دڵسۆزی خۆی بە پلەی جۆراوجۆر گەیشتووە و سەرئەنجام لەھەردوو بواری سەربازی و سیاسی دا،کادێرێکی زۆر کارامەو وریا و لێھاتووی کامڵی لێ دەردەچێ. دوای ئەوە بانگی کاژیک دەدرێت بە گوێی دا،ئەرکەکانی چالاکانە بەئەنجام دەگەیەنێت و لەنێو دەروونی شۆڕش دا،وەک سەربازێکی ونناو درێژە بە خەبات دەدات.
دوای ھەرەس لەگەڵ دەستە ھاوبیرەکانی دا بەشداری چالانە لە دامەزراندنی پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک دا لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٧٥ دەکات. زنجیری خەباتی بە نەپساوی رادەگرێت تا لە ساڵی ١٩٧٦ دا مەترسی گرتن ھەڕەشە لە ژیانی دەکات و ئاشکرا دەبێت و ڕوو دەکاتە شاخ و یەکەم بنکەی پێشمەرگەی پاسۆک دەکاتەوە.
لەو بارە سەختەدا بەچکەشێرانی کوردایەتی مەشخەڵی گەڵگیرسانەوەی شۆڕش بڵند دەکەنەوە.کاک جەلال ڕۆڵی زۆر دڵسۆزانە لە خاوکردنەوەی کێشە و ھەرا سیاسییەکانی ساڵانی پێش ھەشتا و دوای ھەشتا دەبینێت، لەخۆبووردووانە بەرگەی ڕۆژانی کولەمەرگی و تەنگانەی کوردایەتی. دەگرێت لەسەرەتای ھەشتاکان دا ڕوو دەکاتە سووریا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و بەردەوام دەبێت لە خزمەتی گشتی دا و پاشان دەچێت بۆ سوید و لەوێ دەبێتە پەنابەری سیاسی.

Anwari Majed Sultan
لەگەڵ گیانبەختکردووی گەورە ئەنوەری مەجید سوڵتان دا

کاک جەلال لەھەر کوێیەک بوو بێت، ھەر خوێنی کوردی بە دەمارەکانیدا ھاتوچۆی کردووە و ھەرچی پێکرا بێت بۆ خزمەتی نەتەوەکەی ھەرگیز درێغی نەکردووە، چونکە ئەو زەمینە مادی و رۆحییەی کە لەسەری ڕاوەستا بوو وە بڕوای پێی بوو، لێوەی ھەنگاوی ھەڵدەھێنا (کوردایەتی) بوو . ھەر ئەم خەسڵەت و بنەما و دیدە فکری و قەناعەتە گەشاوەی بە کوردایەتی لەتەک لەخۆبووردوویی و ھەوڵی بێنیاز و دڵسۆزانەدا،کاک جەلالی وا سەرکەوتووانە ھێنایە نێو کۆڕ و مەیدانی خەباتەوە نەک ڕێکەوت و سەپاندن و تەقلەی زەمانە.
کاک جەلال پیاوێکی قسە لە ڕوو و زمان شیرین و ساکار ڕاستگۆ و بەئەمەک و دلێر بوو . دۆستی ئەدەب و وەرزش بوو،پەیوەندی لەگەڵ ھەموو پارت و کەسایەتییە سیاسییەکانی گشت بەشەکانی کوردستان دا ھەبوو.
بیرەوەرییەکانی کاک جەلال کۆمەڵێ یادگاری زیندوو و لەبەرچاون و ئەوەی ساتێ ئاشنای بوو بێت ، ئێستاش چەخماخەی ئەو یادگارانە لە ئاسمانی بیر و ھۆشیدا گرمەگرمی دێت.
لەدەستدانی کەڵەمێردێکی وەک کاک جەلال بە گڕی ئاگری براکوژی، ئەو شەڕەی مووی لەشی پێ دەبووە نەشتەر و پێی کەللەیی دەبوو، داخ و خەفەتێکە ھەرگیزاو و ھەرگیز لەبیر ناچێتەوە.
ھاوبیرانی ئاڵاھەڵگرانی ڕاستەقینەی کوردایەتی خۆ بە منەتباری ئەو قوتابخانەیە دەزانین کە ڕۆڵەی ئاوھا بۆ نەتەوەکەی گۆشت دەکات و پنتی ئەو قەناعەتەشمان کە نەگۆڕو نەلەقیوە پیرۆزە لەھەمبەر خزمەتی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمان دا .
یاککردنەوەی کاک جەلال و شەھیدانی دیکەمان ئەرکێکی پێویست و دروستە.
ژین لەلای دڵسۆز هەر تێکۆشانە
ھەوڵە بۆ خاکی ئەم کوردستانە
خۆزگە ئەندازەی ژیان و تەمەن
تێکۆشان بوایە بۆ خاکی وەتەن
ئاخۆ تەمەنی کام دڵسۆزی کورد
لە چوار پێنج ساڵی تێپەڕی ئەکرد
کامەران موکری
نەمری بۆ کاک جەلال

——————
سەرنج: ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ ی نەورۆزی ٢٦٠٧/١٩٩٥ گۆڤاری خوێندکاری کوردی ڕێکخراوی سۆکسەدا بڵاوکردۆتەوە. دیسان بۆ یادی کاک جەلال پێشکەشە.




گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆحێك … ئه‌ژین فه‌همی

ده‌مه‌و ئێواره‌بوو كه‌ هاتمه‌ به‌رده‌رگاو باران ده‌باری، له‌گه‌ڵ بارانباراندا “من و یاسین” دواین له‌باره‌ی ئه‌وترسه‌ی له‌دڵمداهه‌بوو.. دواتر ئه‌و ڕووی خۆی وه‌رگێڕاو منیش چاوم له‌سه‌ری هه‌ڵنه‌گرت، له‌پڕ هه‌وره‌ تریشقه‌ وونی كردو دیارنه‌ما،به‌ڵام من نه‌مزانی بۆ ئه‌مه‌ ڕوویدا. هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێم باران له‌گه‌ڵ خۆی بیبارێنێته‌وه‌… ته‌ق ته‌ق ته‌ق ده‌نگی ده‌رگا دێت، بچۆ ده‌رگابكه‌وه‌ بزانه‌ باوكته‌؟ هه‌میشه‌ نائومێد ده‌بم به‌وله‌ده‌رگادانه‌.. له‌دوای ڕۆشتنی یاسین هه‌میشه‌ نائارامم، حه‌ز ناكه‌م هیچ پیاوێك ببینم. ویستم به‌ ته‌نها بژیم له‌گوندو كاربكه‌م بۆ بژێوی، به‌ڵام له‌به‌ر”دڵسۆز”ی كچم له‌شارمامه‌وه‌ چونكه‌ له‌ گوند هه‌ڵی نه‌ده‌كرد. “دڵسۆز” ئێستا ته‌مه‌نی (26) زستانه‌.

من به‌ڵێنم پێداوه‌ كه‌باسی په‌یوه‌ندی نێوان خۆم ویاسینی باوكی بۆ بكه‌م به‌رله‌هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵی… تازه‌ ماڵمان باری كردبووه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی ماڵی یاسینه‌وه‌. من، به‌ڕێكه‌وت ئه‌وم بینی، ئه‌ویش ئه‌وساته‌ بوو كه‌زبڵم ده‌كرده‌ ناوسه‌له‌ی ده‌ره‌وه‌. منی بینی وسڵاوی تازه‌ دراوسێیه‌تی لێكردم، ئه‌و ڕێكه‌وتانه‌ زۆرجار ڕووی ده‌دا، من و ئه‌و له‌ته‌مه‌نێك دابوین، له‌سه‌ره‌تادا هۆگربوون له‌لای ئه‌ودروست ببوو، چونكه‌ له‌هه‌رشوێنێك ده‌بوم به‌دوامه‌وه‌ بوو، سه‌یری ده‌كردم، هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێك بوو تاقسه‌م له‌گه‌ڵدا بكات منیش به‌شه‌رمێكی كچانه‌وه‌ سه‌یرم ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ داواكاریم هاتبێ‌. ئه‌و كاتانه‌ی كه‌من فلوتیشم لێده‌دا ئه‌وزیاتر له‌و ژووره‌ ده‌مایه‌وه‌ كه‌به‌رامبه‌ر ژووره‌كه‌م بوو، واپێده‌چوو ژووره‌كه‌ی خۆی بێت.

شه‌وانه‌ش كه‌ من فلوته‌كه‌م لێده‌دا ده‌مبینی په‌نجه‌ره‌كه‌ی واڵا كردووه‌، به‌سۆزێكی زۆره‌وه‌ گوێی ده‌گرت ولێی ده‌ڕوانیم. خووی به‌وه‌ گرتبوو هه‌موو شه‌وێ‌ به‌رله‌خه‌وتن گوێ‌ بۆ لێدانی فلوتم بگرێ‌. كه‌ده‌شهاتمه‌ دووكانی كۆڵانه‌كه‌مان بۆشت كڕین هه‌میشه‌ حیسابه‌كه‌ی بۆواسڵ ده‌كردم. تا ڕۆژێكیان به‌مه‌راقه‌وه‌پێی ووتم: بابتكه‌م به‌شاژنی خۆم له‌ماڵێك بژین پربێ‌ له‌موزیك و جوانی، پرته‌قاڵه‌كه‌م چیت ووت.. قایلی به‌مه‌؟ منیش هیچ گوێم پێنه‌داو تووڕه‌ بووم بۆ وتنی ئه‌مه‌، به‌ڵام له‌دڵیشه‌وه‌ پێمخۆشبوو. زۆرجاریش كه‌ به‌ ماندوویی ده‌یبینیم ده‌یووت: بۆ ئاوا شه‌كه‌ت دیاری، ده‌ڵێی پرته‌قاڵی ئاوت تیانه‌ماوه‌.منیش واخۆم پیشان ده‌دا كه‌ تووڕه‌بووم. كه‌ده‌یبینیم ئه‌وجۆره‌ قسانه‌ی بۆده‌كردم. من كه‌ له‌ ژووره‌كه‌م له‌ئاوێنه‌ سه‌یری خۆمم ده‌كرد، ده‌مبینی كه‌ یاسین له‌ئاوێنه‌كه‌وه‌ له‌پشتمه‌وه‌ دیاره‌و بۆم پێده‌كه‌نێ‌، منیش نیگایه‌كی شیرینم بۆی ده‌كرد. من سه‌ره‌تا هه‌ستم به‌و خۆشه‌ویستییه‌ی ناخم نه‌ده‌كرد كه‌خۆشمده‌وێت، به‌ڵام هه‌ستم شاردبۆیه‌وه‌ تاماوه‌یه‌ك، تاوای لێهات نه‌متوانی ڕه‌تی بكه‌مه‌وه‌ و بووین به‌خۆشه‌ویست.

هه‌ركه‌ ده‌یبینیم هه‌ردوو ده‌ستی بۆ سڵاو به‌رز ده‌كرده‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی خه‌نده‌م ببینێ‌ وبه‌ده‌سته‌كانی ڕووخساری ده‌شارده‌وه‌ ئه‌م یارییانه‌ی هه‌بوو بۆم، ئه‌و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوو منیش وه‌ك ئه‌و لێی نزیك بم. من هه‌میشه‌ ڕه‌تم ده‌كرده‌وه‌. به‌ڵام له‌كاتی ده‌ستگیرانداریدا سنوره‌كانی تێپه‌ڕاندو به‌بێ‌ ویستی خۆم لێم نزیك بۆیه‌وه‌ و تاوای لێهات تۆ دروست بووی.. هێشتا ئه‌ڵقه‌ی ده‌ستگیرانیم له‌ده‌ستی ڕاسته‌وه‌ نه‌بردبووه‌ چه‌پ، هه‌موو شه‌وێ‌ سه‌رینه‌كه‌م ته‌ڕ ده‌بوو، نیگه‌رانی ئه‌وه‌بووم چۆن بتوانم ئه‌وساوایه‌ی له‌ناو مندا دروست بووه‌ بیشارمه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری بكه‌م. به‌ڵام نه‌مهێشت كه‌س به‌مه‌ بزانێ‌. ده‌مویست ئه‌مه‌ی پێبڵێم. ئه‌وه‌بوو ده‌مه‌وئێواره‌یه‌ك بارانێكی به‌خوور ِده‌باری و هاتمه‌ به‌رده‌رگا، بۆ یه‌كه‌مین جار به‌نیگه‌رانی یاسین منی بینی، هات بۆلام ومن نیگه‌رانی خۆمم پێی ووت: زۆر نیگه‌رانم كه‌ له‌و نزیك بوونه‌وه‌ی ئه‌وڕۆژه‌ ساوایه‌ك دروست بوو من ده‌بێ‌ چیبكه‌م؟ به‌ڵام ئه‌وپێی ووتم: دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م ئیتر هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ین، خه‌مت نه‌بێت پرته‌قاڵه‌كه‌م.. هه‌ندێ‌ قسه‌ی ترمان كرد وورده‌ وورده‌ باران ته‌ڕیده‌كردین.

ئیتر ئه‌و ڕووی وه‌رگێڕا دواوه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌وره‌ تریشقه‌دا دیارنه‌ماو وون بوو.. تاسام و چۆكم كه‌وته‌ عه‌رزه‌وه‌. نه‌مده‌توانی كه‌س تێبگه‌یه‌نم: ڕۆشتووه‌ بۆ گه‌شت، به‌ڵام دێته‌وه‌.. هه‌میشه‌ ئه‌و درۆیه‌م له‌گه‌ڵ هه‌مووان ده‌كرد. زیاتر دایكم لێی ده‌پرسیم: چه‌ند مانگێكی به‌سه‌رڕابورد نه‌هاته‌وه‌، به‌ماڵه‌ باوانیشی نه‌ووتوه‌ بۆكوێ‌ ده‌چم، به‌تۆی نه‌ووتوه‌ كه‌ی دێمه‌وه‌؟ نا، بۆهاتنه‌وه‌ی به‌منی نه‌ووتوه‌. به‌ڵام، ده‌زانم دێته‌وه‌. هه‌رشتێكی لێ به‌سه‌ربێت كه‌نه‌توانم چاوه‌ڕێی بم، ده‌بێ‌ چاوه‌ڕێ‌ بم، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانم له‌گه‌ڵ كه‌س دابم، تاده‌هات سكم به‌رزتر ده‌بۆیه‌وه‌، باوه‌ڕیشم نه‌ده‌كرد به‌ومردنه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆڕی نه‌بوو. ئه‌وساته‌م له‌بیره‌ كه‌ هه‌رله‌خه‌یاڵ ده‌چوو، وون بوو نازانم بۆكوێ‌ چوو.. من هه‌ر ته‌نها ده‌توانم چاوه‌ڕێی ڕووداوبم،نازانم ده‌بێ‌ چبكه‌م.

تا دێته‌وه‌ لێم ناگه‌ڕێن چاوه‌ڕێی بكه‌م و بڵێم ئه‌گه‌ر هه‌رشتێكت لێبه‌سه‌رهاتبێ‌ دوای تۆ ژیان ناكه‌م، ئه‌مه‌درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ئه‌م قسانه‌ بكه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌نگبێ‌ دوای ئه‌و هه‌ست و سۆزێكی دیكه‌ داگیرت بكات و عه‌شقی یه‌كه‌مت له‌بیربكه‌ی. به‌ڵام من ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو كه‌ واشبڵێم له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌دروست بوونی سكمیان زانی و زۆر ناشیرین ده‌ریان كردم. له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆیان له‌سكم به‌حه‌رام زاده‌ دانا، چونكه‌ هاوسه‌ریم پێكنه‌هێنابوو. جا”دڵسۆز”ه‌كه‌م ڕۆشتم و له‌دووری هه‌مووانه‌وه‌ به‌ ته‌نیاژیام، ناڕه‌حه‌تی زۆرم چه‌شت تا له‌شوێنێكم دۆزیییه‌وه‌ بۆ حه‌وانه‌وه‌ و ئازاری زۆرم بینی تا تۆ بووی له‌من. به‌ڵام مناڵی تۆ له‌مناڵی من نه‌چوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی من رێگه‌م به‌وه‌ نه‌دا كه‌ته‌نها له‌مناڵی سۆزت بده‌مێ‌ و له‌گه‌وره‌بونت ده‌رتبكه‌م.

كه‌ مناڵ بوین دایكم شه‌وانه‌ له‌نێو جێگه‌كه‌ی ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌تانی به‌سه‌رداده‌داینه‌وه‌ كه‌له‌سه‌رمان لاچوو بوو، خۆمان گرمۆڵه‌ كردبوو ده‌ستمان له‌نێو ئه‌ژنۆمان دابوو، كه‌گه‌رم ده‌بوینه‌وه‌ قاچمان درێژده‌كرده‌وه‌. هه‌موومان تێكه‌ڵ ده‌نوستین له‌ڕیزێك، دایكم دوو دۆشه‌كی به‌پانی داده‌نا له‌خواریه‌كتره‌وه‌ تا درێژبێت و به‌شی هه‌مووان بكات، ئه‌وڕاخستنه‌ هه‌ركه‌ بچوكبوین به‌شی ده‌كردین، ئیتر كه‌گه‌وره‌بوین قاچمان لێوه‌ی ده‌هاته‌ خوار، تاخواره‌وه‌ی چۆكمان. كه‌چی ئێستا هه‌موومان له‌ڕیزێك نانوین وگه‌وره‌بوین، من له‌وماڵه‌دا نه‌ماوم و ده‌ركراوم، نازانم ئێستا هه‌مووان چۆن ده‌ژین، ئێستاكه‌ وه‌كو ئه‌وسانییه‌ خه‌وو خۆراك كۆمان بكاته‌وه‌، بیری سفره‌ی به‌یانیان ده‌كه‌م، نان خواردن له‌گه‌ڵ ئه‌واندا خۆش بوو، كه‌ باوكم له‌سه‌رووی هه‌موانه‌وه‌ داده‌نیشت و سه‌یری هه‌موانی ده‌كرد، بیری گاڵته‌و پێكه‌نین و توڕه‌بوونه‌كانی ده‌كه‌م، بیری هه‌مووشتێكی ده‌كه‌م، ڕه‌نگبێ‌ ئێستا مردبێ‌ وهه‌مووانی جێهێشتبێ‌.. بیری حیكایه‌ته‌كانی هه‌ندێ‌ شه‌وانی دایكم ده‌كه‌م به‌رله‌خه‌وتن كه‌ده‌یووت: هه‌بوو نه‌بوو… كه‌ (یاسین) یش به‌گۆرانی بۆی ده‌ووتم: ((هه‌بوو نه‌بوو عه‌شقێ‌ رۆِژێ‌ له‌ڕۆژان ئازیزێ‌))… كچه‌كه‌م له‌مناڵییه‌وه‌ هه‌رواده‌زانێ‌ باران باوكی بۆ ده‌بارێنێ‌ هه‌رسه‌ره‌تاتكه‌ی بوو.. ئێستاكه‌ كچه‌كه‌م له‌ومانای چاوه‌ڕوانییه‌ تێده‌گات،چونكه‌ ئه‌و ئیتر گه‌وره‌بووه‌.. حه‌زی ده‌كرد باوكی بینیباو پێی وتبا: باوكه‌ من ئیتر گه‌وره‌ بووم له‌باوه‌شم ناگری؟ تا باوكیشی به‌سۆزه‌وه‌ باوه‌شی پیا كردبا و ده‌ستی به‌پرچی داهێنابا.

من واهه‌ست ده‌كه‌م یاسین دێته‌وه‌ له‌گه‌ڵماندا ده‌ژی، نازانم بۆ واهه‌ست ده‌كه‌م ، هێشتا ده‌توانم چاوه‌ڕێ‌ بم تادێته‌وه‌. بۆنی ده‌كه‌م، وا هه‌ست ده‌كه‌م له‌دووره‌وه‌ دێت و نزیك ده‌بێته‌وه‌ و له‌كاره‌كانی “سه‌لما”كه‌ی ده‌پرسێته‌وه‌. له‌وه‌ده‌چێت ئه‌وجاره‌یان ئه‌وله‌ده‌رگادانه‌ ئه‌وبێت، نا، بۆده‌بێ‌ ئه‌وبێت، ئه‌و نییه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێره‌پێنازانێ‌ و ڕه‌نگبێ‌ بشمبینێ‌ نه‌مناسێته‌وه‌، ئه‌و ده‌مه‌و ئێواره‌ بوو كه‌ له‌گه‌ڵ باراندا ڕۆشت. نا،نابێ‌ ئه‌وبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا باران نابارێ‌ تاله‌گه‌ڵ خۆی بیبارێنێ‌. دیسانه‌وه‌ له‌ده‌رگه‌ درایه‌وه‌، دوو دڵم له‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگا، ده‌بێ‌ ئه‌وبێت؟ نا، ئه‌ونییه‌. دڵسۆزه‌كه‌م، ده‌رگایه‌ مه‌یكه‌ره‌وه‌، با نائومێدنه‌بم.

ئه‌ژین فه‌همی




بڕیاری خێرا و وانەیەک … گۆڕینی : محەمەد بەرزی

منداڵە وریاکان : باوکێک و کچە پچکۆلەکەی ، پیکەوە لە ناو باخێکی گەورەدا یارییاندەکرد . کچە پچکۆلەکەی لە دوورەوە پیاوێکی بینی سێوی دەفرۆشت ، بۆیە داوای لە باوکیکرد سێوی بۆ بکڕێت . جا چونکە باوکی ئەوەندە پارەی لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگرتبوو ، ئەو پارەیەشی پیێ بوو تەنها بەشی کڕینی دوو سێوی دەکرد ، هەر بۆیە دوو سێوی بۆ کڕیی و دای بە کچەکەی .
کچەکەش هەر سێوەی خستە ناو دەستێکێوە . پاشان باوکی پرسیارێکی لێکرد و وتی : دەکرێت سێوێکییان بۆ من بێت ؟ . کاتێ کچەکەی گویی لەو پرسیارە بوو ، خێرا قەپاڵیکی لە سێوێکیانگرت و پێش ئەوەی باوکیشی قسەیەکی تر بکات ، گورج قەپاڵیکی تریشی لە سێوەکەی تریانگرت .
باوکەکەی بەو هەڵویستە سەیرەی کچەکەی زۆر سەری سوڕما ، لە دڵی خۆیدا وتی : تۆ بڵێیت کارێکی خراپم بەرامبەر بە کچەکەم کردبێت ، کە بەو جۆرە ناشیرینە هەڵسوکەوتم لە گەڵدا دەکات . ئیتر بەردەوام هەر بیریدەکردەوە و نەیدەزانی بۆ کچەکەی وایکرد . لە دڵی خۆشیدا زوو زوو دەیوت : لەوە دەچێت هێشتا کچەکەم منداڵ بێت ، هەر بۆیە وا بەرچاوتەنگە و نایەوێت بەشی من بدات و حەزنەکات هاوبەشی لەگەڵ کەسدا بکات ، دیارە دەیەوێت هەموو شتێک هەر بۆ خۆی بێت . بەم هەڵویستە سەیرەش باوکەکەی زۆر نیگەران بوو ، هیچ خۆشی و پێکەنینێکیش بە ڕوویەوە نەما . بەڵام لەم کاتەدا کچەکەی گورج سێوێکی ناو دەستێکی بۆ باوکی ڕاگرت و بە ڕوویەکی خۆشەوە وتی : بابە گیان ئەوە بۆیە بە خێرایی قەپاڵێکی پچووکم لە هەردوو سێوەکە گرت ، تا بزانم کامیان خۆشترە ، دە فەرموو ئەم سێوەیانم لێبگرە ، چونکە لە سێوەکەی تریان خۆشتر و مزر و بە تامترە .
باوکی ، کە گوێی لەو قسانە بوو ، بە تەواوی حەپەسا و لە بیرکردنەوە هەڵە و خێراکەیدا بەرامبەر بە کچەکەی زۆر پەشیمان و شەرمەزار بوو . ئنجا بە زەردەخەنە و شادییەکی زۆرەوە سێوەکەی لە دەست وەرگرت و تێر تێریش کچە ژیر و سەلارەکەی خۆی ماچکرد .

*****
منداڵە ئازیزەکان : نابی هیچ کاتیک بە پەلە و خێرایی بڕیار بدەین ، بەڵکو پێویستە ماوەیەکی باش بیربکەینەوە ، تا بە چاکی و وردی لە شتەکان دەگەین ، ئنجا بڕیاری ڕاستییان لەسەر بدەین .
تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نەبوو .




شیبوونه‌وه‌ … ستار ئه‌حمه‌د

ورشه‌ی گڕێكی ئه‌سكڵی دڵ بووم
به‌ر ژیله‌ی لوتكه‌ی هه‌ستی تۆ كه‌وتم
گه‌رمی هه‌ناوم هاته‌ خواره‌وه‌
له‌سه‌ر به‌رۆكی ئه‌وینت خه‌وتم
…………………….
تۆ توایته‌وه‌و بوویته‌ قومێك ئاو
من خۆڵه‌مێشی كوانووی نه‌دارێ
نه‌تۆ سه‌رابی ناخمت دامركان
نه‌منیش بوومه‌ ژوانگه‌ی یارێ
……………………….
له‌گه‌ڵ زستانا تیله‌ت كوێر ده‌بێ
گوڵێك لاسكی پێت ناشواته‌وه‌
چاوه‌ڕێی كه‌سكیی به‌هارێك ده‌كه‌ی
په‌ڕه‌ی عه‌شقێكت بۆ هه‌ڵداته‌وه‌
…………………..
ساڵ ده‌ڕواو ته‌مه‌ن ئاوه‌ژوو ده‌بێ
سات چركه‌ی خۆزگه‌ت ده‌سڕێته‌وه‌
له‌خه‌ونی ئاڵا چاوان لێك ده‌نێنی
زامێك له‌زه‌مین بۆت ده‌كرێته‌وه‌
…………………………..
كه‌م كه‌م ورد ده‌بیت له‌گه‌رووی خاكا
ئێسك و پروسكت شی ده‌بێته‌وه‌
نه‌گوڵێك رۆژێك دێته‌ سه‌ردانت
نه‌مه‌لێك به‌سته‌ت بۆ ده‌ڵێته‌وه‌




(داکۆکی لە ڕۆماننووس یان (چی ئەقەومێ کە کەس ئیتر چیرۆک نەگێڕتەوە؟

داکۆکی لە ڕۆماننووس

یان

(چی ئەقەومێ کە کەس ئیتر چیرۆک نەگێڕتەوە؟)*

 

 

نووسەر:کاوان محەمەدپوور

 

«مووزلمان» ( Musselmanیا Muselmann) دەستەواژەیەک بوو لە زیندانەکانی نازی بە کەسێک دەکوترا کە لە ترسان و برسان و به هۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە، هەر چەشنه ئاگاهی و هەستیارییەک کە نیشانەی شوناسی مرۆڤ بێت لە دەروونیدا نەمابوو و هیچ هەست و ئامانج و هەڵوێستێکیان لەمەڕ ژیانەوە بە خۆش و ناخۆشیەوە نەبوو. ئەوانە کەسانێک بوون کە رووبەڕووی دژوارترین ئەشکەنجەکانی سەربازانی نازی دەبوونەوە و تەنانەت لە بەرامبەر ئەشکەنجەشدا هەوڵ و خواستێکیان بۆ دەربازبوون-چ بە هات و هاوار یان بە ڕاکردن-نەبوو.مڕۆڤێکی داماڵدراو لە هەر چەشنە شوناسێکی مرۆیی. واتە مووزلمان پێش مەرگی بایۆلۆژیکی توشی مەرگێکی نمادین ببوونەوە. پریمولوی لە بیرەوەریەکانی خۆی لە ئۆردوگای ئاشوویتس لە بارەی گەنجێکەوە به ناوی (018) دەنووسێت: “من وەها بیردەکەمەوە کە تەنانەت ناوی خۆشی لەبیر چۆتەوە، بێ‌گومان ئەو هەر وەها ئەنوێنێت”.(١) مووزلمان بەهۆی بەسەرهاتە تاڵ و قیزەونەکانی ناو ئۆردوگای ئاشوویتس هەستی مرۆڤ بوون و توانستەکانی مرۆڤیان لێ سڕابۆوە. لای ئاگامبێن، مووزلمان وێنای تەواوکۆی مرۆڤی دیلکراو لە لۆژیکی ئۆردوگایە، نە دەتوانن بمرن-مەرگی بایۆلۆژیکی- نە دەتوانن قسە بکەن، نە دەتوانن مان بگرن، نە دەتوانن ئۆمێدوار بن، تەنیا لە ژێر فەرمانی حاکم ئەتوانن ژیان بکەن، ژیانێکی داماڵدڕاو لە هەر چەشن یاسا و رێسایەک بۆ پشتگیری لە پێگەی ئاسایی مرۆڤ.(٢) ئەوەی کە مووزلمان چ ئەزموونێکیان لە ئۆردوگا هەبووە تەنیا لە بەشێک لە بیرەوەریەکانی پریمولوی و جۆرج سێمیریۆن دەردەکەوێت کە بە گوێرەی ئەوان، ئەم بیرەوەرییە تەنیا بەشێکی زۆر کەم و بچکۆلە لە چەرمەسەرییەکانی ئەو مرۆڤانەیە. هۆی ئاگادار نەبووبی تەواوکۆ – یان زیاتری- ئێمە لەو چەشنە مرۆڤە!!، و پۆرنۆگرافی مەرگ لە ئۆردوگاکانی ئاشوویتس، دەگەرێتەوە سەر دوو لایەن. یەکم، بەشێکی زۆر لە مووزلمانەکان لە ئاگردانەکانی ئاشوویتس سووتان و ئیتر هەر بوونیان نەبوو تا بەسەرهاتەکانیان “بگێڕنەوە”- جا بەهەر چەشنێک لە گێڕانەوە بێت!- ، دووهەم، ئەو بەشەی کە زیندوو مانەوە ئیتر نەیان دەتوانی “بگێڕنەوە”!، لە واقیع دا تووشی وێستانی زەمەن لە کاتی ئاشوویتس هات بوون و توانستی دەربازی لەم زەمەنەیان نەبوو، بە شێوەی سایکۆلۆژیکی لە دۆخێکی ناوازە لە زەمەن-ترسی کارەسات- کەوت بوونەوە. لەم دۆخەدا توانستی زمان لەسەر ئاخافتنی ئاسایی لەمەڕ بیرەوەری سەقەت دەبێت، کە واتە تووشی  چەشنێک لە “لاڵی” و “بێ‌زمان” هاتبوون.(٣) ئەم دۆخە- وێستانی مێشک لە کاتی کارەسات دا- توانستی گێڕانەوەی کارەساتی لەو چەشنە مرۆڤەی هەستاندبۆوە!.

 “نەگێڕانەوە”ی مووزلمان فەرامۆشی یان هیچ نەبێت کەمترین بیرەوەری بۆ نەوەی داهاتووی خۆی پێیە. ئەگەر ئەم بیرەوەرییانە گرینگ بن، وەها پاساوێک لەسەر گێڕانەوە ئەتوانین بێنینەوە کە لە تاوتوێ کردنی دەستەواژەی “گێڕانەوە” (Narration)، بەم دەرئەنجامە دەگەین کە ریشە و بنەماکەی دەگاتەوە سەر وشەی (Narrara) لە لاتین و (Gnarus)‌ی یۆنانی کە بە مانای “زانست” و “ناسین” دێت کە ڕیشەی هێند و ئۆرووپایی (gnos)ی هەیە. بەم پێیە گێڕانەوە، دەبێتە “دۆزینەوەی زانست”، ئەرەستووش لە بووتیقادا هەر بەم مانایەی گرتووە. بەم پێیە گێڕانەوە، “زانست لەسەر رووداو و بەسەرهاتێکی تایبەتە”،(٤) زانست لەسەر رووداو، لە رووی مانەوە و ئەزموونی داهاتووی رووداوە کە بۆ مرۆڤ گرینگ ئەنوێنێت. بە چەشنێک  گێڕانەوە، هەوڵدان بۆ هەرمان بوونەوەیە، چون لە گێڕانەوەدایە کە شێوازێک لە رووداو و بەسەرهاتەکان خۆ ئەنوێنن و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی‌تر هەناردە دەکرێن. مێتافۆری “شەهرزاد” لە کتێبتی حەقایەتەکانی “هەزارو یەک شەو”، باس لە هەوڵی شەهرزاد بۆ زیندوومان‌و نەکووژرانی ئەو لەلایەن پاشاوە دەکات، ئەم هەوڵەی شەهرزاد لە “گێڕانەوەی چیرۆک” بۆ پاشا خۆ دەنوێنێت. شەهرزاد هەر شەو بۆ زیندومانەوەی چیرۆکێک بۆ پاشا ئەگێڕێتەوە، بەم شێوە پاشای تامەزرۆی بیستن دەکات بۆ شەوێکی تر. کە واتە تەنیا بە گێڕانەوەیە کە دەتوانێت زیندوو بمێنێت، بە شێوەی مێتافۆر، “نەگێڕانەوە” فەرامۆشییە و فەرامۆشیش چەشنێک لە مەرگە.

 بێگومان بەسەرهاتی مووزلمان، چیرۆکێکی چێژ بەخش نییە و هیچکات بەتەواوی ناگێڕدرێتەوە- زمانی گێڕانەوە لەمەڕ کارەسات تووشی قەیران دەبێت-، بەڵام ئەم بیرەوەریەی پریمولوی و دەیان بیرەوەری‌تر لە بەسەرهاتەکان، گرینگی “گێڕانەوە” لە سووچەگەلی جیاوازەوە دەردەخات.

 ئەگەر هەنووکە و بۆ مرۆڤی ئاسایی!- هەڵبەت ئەگەر دەستەواژەی مرۆڤی ئاسایی درووست بێت- دۆخی “بێ تابشتی لەمەڕ گێڕانەوە”(٥)، ڕووبدات یان ئەگەر زۆر بە ئاسانی جارێکی‌تر پرسیارەکەی مارتین مەکۆئیلان بهەژێنین و خۆمان بەرەوڕووی ئەمە بکەینەوە (کە چی ئەقەومێت کە ئیتر چیرۆک نەوترێتەوە یا نەنووسرێتەوە؟!(٦)، بەڕاستی جیهانی مرۆڤ چی بەسەر دێت؟، ئایا ئایدیا و هەستەکانی تووشی قەیران دەبێتەوە؟ ئایا مرۆڤ هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چیرۆکی نوێ دەدات؟ یان واز لە چیرۆک دێنێت و کۆتایی بە بیرەوەری و ئایدیاکانی خۆی دێنێت؟. بەڕای ڕۆڵان بارت تەنانەت بیرکردنەوە لەم پرسیارە و یان خود وازهێنان لە چیرۆکیش -ئایدیای چیرۆک- خۆی چەشنێک لە (گێڕانەوەیە):”گێڕانەوە لەسەرانسەری ژیانی مرۆڤ دایە، گێڕانەوە خۆی ژیانە”(٧). یەکەمین فەرزی گێڕانەوەناسەکان لەسەر گشتی و بەردەوام بوونی گێڕانەوەیە، واتە ئەوەی کە گێڕانەوە بەرساختێکی زمانییە و مرۆڤ بەردەوام لە زمان دایە. پرسیارەکەی مەکۆئیلان دووهەمین فەرزی گێڕانەوەناسەکانیش- کە” جیهانی ئێمە پڕە لە چیرۆک”- بە چەشنێک تووشی مەترسی دەکاتەوە. بەڕای گێڕانەوەناسەکان مرۆڤ بەردەوام چیرۆک دەڵێتەوە یان بە زمانێکی گێڕانەوەناسانه خودی ئایدیای چیرۆک (story )، هەمیشە لە زەینی مرۆڤ دایە. بێگومان بۆ وڵامدانەوەی مەکۆئیلان دەبێت سەرەتا وەک هەموو پرسیارێکی‌تر پاساوێک بۆ گرینگی پرسیار (کە لێڕەدا لە ناوچوونی هەمیشەیی چیرۆکە) بهێنینەوە و دوواتر واتای گێڕانەوە و چیرۆک تاوتوێ بکەین تا گرینگی ئەم باسەمان بۆ دەرکەوێت یان دەرفەتێک بۆ وڵامەکەی بدۆزینەوە.

پاساوی من بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسیارە، گرینگی گێڕانەوەی چیرۆکە. بۆ شیکردنەوەی مەبەستەکم ئاوڕ لە چەن ڕوانگەی تایبەت بە چیرۆک ئەدەمەوە کە تا ڕادەیەک بابەتەکە بەڕبڵاوتر دەکاتەوە. کۆندرا لە کتێبی (هونەری ڕۆمان)دا دەڵێت: «باوکی ئەندێشەی مۆدێڕن تەنیا دیکارت نییە بەڵکوو سێروانتێسیشە»(٨). بە ڕای کۆندرا سێروانتێس وەک یەکەمین ڕۆمان نووس، شێوازێکی نوێی لە (گێڕانەوەی ئەم جیهانە)ی بۆ ئێمە خولقاند، ئەم شێوازە نوێیە “ڕوانگەیەکی نوێ” و “شێوەڕوانینی نوێ” و لە ئەنجامدا “جیهانێکی نوێ” یان باشترە بڵێین بەشێکی نوێی لە جیهان بۆ مرۆڤ دەرئەخات. گێڕانەوەی نوێ، بەرهەمهێنەری زانستی نوێشە، سیمۆر چەتمەن لە کتێبی (چیرۆک و گوتار)دا، ئاماژە بە وتاری ژان پیاژە لەسەر پێکهاتە دەکات و بەم ئەنجامە دەگات کە بەڕای پیاژە «گێڕانەوەی نوێ و شێوە ڕوانینی نوێ بە جیهان، زانستی نوێ بەرهەم دێنێت، گشت پێکهاتەکانی زانستەمرۆییەکان -مرۆڤ ناسیی، فەلسەفە، دەروونناسیی، زمانناسیی و… هتد- لەسەر سێ چەمکی کووللییەت، ئاڵۆگۆڕی شێواز و بە نیزام کردن، پێک هاتوون.»(٩). هەر بە پێی ئەم ڕوانگەیه دەتوانین ڕۆمان – گێڕانەوەی چیرۆک- وەک زانستێکی نوێ پێناسە بکەین. شێوە ڕوانینی نوێ بە چەشنێک ئاشکرا کردنی داپۆشراوەکانی جیهانی مرۆڤە، هەر سووچێک لە ڕوانین بێ گومان نەڕوانین لە دەیان سووچی ترە، بەڵام لۆژیکی چیرۆک، حەول بۆ ڕوانین لە زۆرینەی شێوە ڕوانینەکانە. میخایل باختین ئەم تایبەتمەندییەی چیرۆک- هەڵبەت لێرەدا مەبەستی باختین ڕۆمانە نە شێوەکانی‌تری گێڕانەوە وەکوو کورتە چیرۆک. حەقایەت، چیرۆکی مینیماڵ و….- وەک دەرکی چەمکی دێمۆکراسی پێناسە دەکات و کۆمەڵگایەک کە هەڵگری ژانری ڕۆمانە بە کۆمەڵگایەک دەزانێ کە مێشکی مرۆڤەکانی توانستی دەرکی دێمۆکراسییان هەیە(١٠)، کاراکتێرگەلی ڕۆمان، جیهانە جیاوازەکانی مرۆڤ نیشان دەدەن، مرۆڤ‌گەلێک کە هەر کام مەجالی جیاواز ژیان و ڕوانگەی جیاوازیان هەیه و هاوتەریب لەگەڵ ئەم جیاوازییە، دژوازی و لەمپەڕ و کێشەی ژیان ئاشکرا دەکەن.

 ریچارد روورتی لە وتاری (هایدیگەر و کوندرا و دیکێنز)دا پرسیارێک دێنێتە ئاراوە کە وەڵامەکەی هەوڵ بۆ بەجەستەکردنەوەی پێگەی گێڕانەوەی ڕۆمان لەمەڕ جیهان و مێژووی فەلسەفەیه. لەو وتارەدا روورتی داوا لە ئێمە دەکات بیر لە جیهانێک بکەینەوە کە هەرچی ئاسەوار و دەستکەوتی مرۆڤ که لە جیهانی رۆژئاوا دایه، لە کارەساتێک‌دا لە ناو ئەچێت و هیچ نامێنێتەوە، جیا لە بەرهەمەکانی چارڵز دیکێنز وەک ڕۆمان نووس و هایدیگەر وەک فەیلەسووف. دوواتر روورتی پرسیارەکەی بەروەرووی وەها جیهانێکی خاپوورکراو دەکاتەوە، ئەو دەپرسێت: بەرهەمی کام یەک لەوە دووانە بە داهاتوو دەڵێت- رۆژئاوا- چ دەستکەوت‌گەلێکی هەبووە؟ چ مێژوویەکیان ڕابواردوە؟ و مرۆڤەکانی چلۆنیان بیرکردۆتەوە؟. روورتی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا بەرهەمەکانی دیکێنز هەڵدەبژێرێت و ئاماژە ئەکات: (جیهانی دیکێنزە بە داهاتووان دەڵێت ئێمە چ دەستکەوتێکمان هەبووە، چلۆن بووین و چیمان کردووە، دیکێنز بە خولقاندنی کاراکتێرگەلی جیاواز، جیهانێکی سەیروسەمەرەی لە مرۆڤی جیاواز و تاک بۆ ئێمە پێک هێناوە، بێ گومان جیهانی فەلسەفە- وەک مێژوویی فەلسەفە- توانای خولقاندنی ئەم جیهان‌گەلەی نییە)(١١).

ئێستا ئەگەر وەک گێڕانەوەناسەکان،(فۆرمالیست و پێکهاتەخوازو پاش‌پێکهاتەخواز)گێڕانەوەی چیرۆک لە گێڕانەوەکانی‌تر جیا بکەینەوە، تا ڕادەیەک لە مەترسی و دژواری پرسیارەکەی مەکۆئیلان کەم ئەکەینەوە. ئەم بۆچوونه لە رۆڵان بارت وەردەگرین کە لە وتاری( پێشەکییەک لەسەر شی کردنەوەی پێکهاتەی گێڕانەوە)دا، شێوازگەلی بێ‌ژومار بۆ گێڕانەوە پێناسه دەکات. بارت لەم وتارەدا شێوازگەلی گێڕانەوە بە ڕادەی شێوە ڕوانیینەکانی مرۆڤ بێ‌ئەژمار دەزانێت و گشت ئاکارەکانی مرۆڤ هەر لە وتووێژ ڕا تا دەگاتە وێنەکێشان و پەیکەرسازی بە چەشنێک لە گێڕانەوە پێناسە دەکات. ئەو تەنیا چۆنییەتی دەربڕینی ئەم گێڕانەوانەی پێ جیاوازه، بۆ نموونە گێڕانەوەی چیرۆکنووس- باسی تایبەتی فۆرمالیستە رووسەکان و پێکهاتەخوازانی فەڕەنسی- لە گێڕانەوەی وێنەکێش جیاوازە، بەڵام هەر دووک گێڕانەوەن. واتە لە گێڕانەوەدا (شێوەی نواندن) هەیە، یەک شێوە نواندن لە مێدیادا خۆی نیشان ئەدات و شێوەێکی‌تر لە وێنە یان لە دەقدا.

لە ڕوانگەی پێکهاتەخوازەکانەوە گێڕانەوە هەمیشە هەیە(١٢)، بەڵام گێڕانەوەی چیرۆک چی؟ ئایا چیرۆکیش هەمیشە هەیە؟ یان سەردەمانێک دێت کە بەکۆتایی دەگات؟. ئەگەر دیسانەوە بەرەوڕووی پرسیارەکەی مەکۆئیلان سەبارەت بە لەناوچوونی چیرۆک لەمەڕ گێڕانەوە ببینەوە چی؟ و ئایا گێڕانەوەی چیرۆک چ گرینگییەکی هەمبەر به شێوەکانی‌تری گێڕانەوە هەیه؟. ئەگەر روورتی وڵامی ئەو پرسیارەی دابایەوە، ڕەنگە بیگوتبایە: جیهانی چیرۆک، جیهانی جیاوازیەکانە، جیهانێک کە گرینگی به تاک دەدا، هەر بەو جۆرەی که هەیه، یا بەو شێوەیەی کە خۆی لە وتاری ((هایدیگەرو کوندرا و دیکینز)، باس دەکات: “جیاوازی کەسایەتییەکی وەکوو دیکێنز، رابلە و سێروانتێس لەگەڵ وۆڵتر و مارکس لە شێوە ڕوانینی ئەوان بە چەمکی مۆرالێتییە. دیکێنز، رابلە و سێروانتێس وەها بیر دەکەنەوە کە (گوناح)، دەرئەنجامی نەزانی مرۆڤە نەوەکوو پەستی و لەجاجەت، بەڵام وۆڵتر و مارکس گوناح جیاواز لە نەزانی مرۆڤ، به دەرئەنجامی خواستێکی لاواز لەمەڕ پاکی و خواستێکی بەهێز لەمەڕ ناپاکیش دەزانن”. روورتی لە درێژەدا گرینگی ڕۆماننووس لە وێناکردنی کردارە ورد و نادیارەکانی مرۆڤدا دەبینێت و مێژووی فەلسەفە لەم کارکردەدا به ناکارامە لە قەڵەم ئەدات.

میلان کۆندرا لۆژیکی ڕۆمان جیاواز لە لۆژیکی فەلسەفە دەزانێت و لە کتێبی ” هونەری رۆمان” دا دەڵێت: “ڕۆمان خولقاوی رۆحی نەزەری نییە، بەڵکوو خولقاوی ڕۆحی تەنزە ( satire) ، هونەرێک کە لە پێکەنینی خوداکانەوە سەرچاوەی گرتووە، خزمەتی ئایدۆلۆژییه دوگمەکان ناکات، بەڵکوو ئاوقایان دەبێتەوە، ڕۆمان هەموو شەو حەریری هۆنینراوی فەیلەسووف و زانایان و ئەندێشمەندان وەک پێنێلۆپە هەڵدەوەشێنێتەوە”. کۆندرا ڕوانینی ڕۆمان نووس بە ژیان و کێشەگەلی مرۆڤ لەسەر- گێڕانەوە و شانس و ئیقباڵ- پێناسە دەکات و ڕای وایە دەبێ ببێته جێنشینی شێوە ڕوانینی فەیلەسووفەکان کە -عەقڵانییەت و دیالکتیک و تەقدیرە-.

بەڵام لەمەڕ گێڕانەوی چیرۆک خودی چەمکی “گێڕانەوە” بە چ مانایە؟ ئەگەر وەک سیمۆرن چەتمەن کە لە ڕوانگەی پیاژەوە دەڵێت: جیاوازی زانستە مرۆییەکان، جیاوازی لە گێڕانەوە دایەوە و بە ڕای کۆندرا و روورتی گێڕانەوەی چیرۆک بەرزەجێترین گێڕانەوەیە بە نیسبەتی تەنانەت فەلسەفەش، ئەم گێڕانەوەیه چییە؟ پێکهاتەی چییە و چڵۆن ئەتوانیین بیناسین؟. چیرۆک دەتوانێت ئایدیای رووداو یان بەسەرهاتەکان بێت لە زەینی مرۆڤ دا، بێ ئەوەی بگێڕدرێتەوە و یا بەردەنگی هەبێت. بەڵام هەرکە لە پێش وشەی چیرۆک، گێڕانەوە وترا بە مانای هەبوونی بەردەنگ و پێکهاتەیەکی تایبەت لەسەر سیستەمی چۆنییەتی گێڕانەوەیە و هەروەها ماناگرتوو لە گوتارێکی تایبەت دایە.

لە مێژووی گێڕانەوەناسیی چیرۆک، دوو چەمکی (گریمانەی گێڕانەوە و گێڕانەوەناسیی) لەیەک جیا دەکەنەوە،- هەڵبەت ئەم جیاوازییە بە مانای دوو کارکردی جیا لەیەک نین-، گریمانەی گێڕانەوە، پێناسەی گشتی سیستەمی گێڕانەوەیە- هەر گێڕانەوەیەک گۆشەنیگا، گێڕەوە، کاراکتێر و رووداوی تایبەتی تێدایە کە لە زەمەن و شوێنی تایبەت روو ئەدات-، بەڵام گێڕانەوەناسیی شیکاری و تاوتوێی گێڕانەوەکانە(١٣)-بۆ نموونە ئەگەر سیستەمی گێڕانەوە (گۆشەنیگا، گێڕەوە، کاراکتێر، رووداو و …هتد) لەسەر بەیتی کوردی تاوتوێ بکەین کارێکی گێڕانەوەناسانەمان لەسەر بەیت کردووە-. هەڵبەت هەر وەک ئاماژەمان پێ کرد ئەم دوو چەمکە بەمانای جیاوازیان لەیەک نییه، ریمۆن-کنان هەر دووکیان لە ژێر چەمکی گێڕانەوەناسیی پێناسە دەکات، کنان دەڵێت: (گێڕانەوەناسیی هەم شرۆڤەی سیستەمی سەقامگیر لەسەر گشت گێڕانەوەی چیرۆکەکانە و هەمیش شێوازێک لە تاوتوێی دانەدانەی گێڕانەوەکان وەک نیزامێکی گشتی بە ئێمە دەدات)(١٤).

لە چەمکناسیی ئەدەبیدا، گێڕانەوە بەمانای دەقێک دێت کە چیرۆکێک دەگێڕیتەوە، تاوتوێی گێڕانەوە کە بە گێڕانەوەناسیی ناوی لێ دەبردرێت یەکەم جار لەلایەن تێزۆتان تۆدۆرۆف لە کتێبی (رێساکانی دیکامێرۆن)(١٩٦٩) ناوی لێبردرا. تۆدۆرۆف  مەبەستی لەم وشە تاوتوێی سیستەمی سەپێندراو بەسەر گێڕانەوەی چیرۆک‌گەلی دیکامێرۆن -نووسراوەی بۆکاچیوۆیی ئیتاڵی- بوو. بەڵام یەکەم کەس کە ئەم زانستە بەکار دێنێت ڤلادیمیر پراپه لە کتێبی (مۆرفۆلۆژی حەقایەتگەلی پەرییەکان)دا، کە تاوتوێی ساکاری گێڕانەوەناسانەی حەقایەتەکانی فۆلکلۆری رووسە. کارەکەی پراپ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕوانگەی پێکهاتەخوازەکانی فەرانسی لە مەڕ ئەدەبیاتەوە هەبوو. لە پاش ئەو گێڕانەوەناسەکانی‌تر شێوازی گێڕانەوەیان لە چیرۆکە مۆدێڕنەکان کە بێگومان پێکهاتەیەکی دژوارتریان بە نیسبەتی چیرۆکی فۆلک هەیە ئەنجام دا. ئەتوانین بنەمای ئەم زانستە بگەڕێنینەوە بۆ تاوتوێی چیرۆک لە بووتیقای ئەرەستوودا، بەڵام ئەرەستوو زیاتر شێوازێکی وەسفی لە گێڕانەوە ڕەچاو دەکا، زۆربەی پێناسەکانی گێڕانەوە لەلایەن گێڕانەوەناسە بەناوبانگەکان (پراپ، تۆدۆرۆف، ژێرار ژنێ، ئاگریماس، سیمۆر چەتمەن، ریمۆن-کنان) بەم شێوەیەیه: «ئاڵۆگۆری لە دۆخێکی سەقامگیر ڕا بەرەوە ناسەقامی و دیسانەکە گەڕانەوە بۆ سەقام».

بە پێی ئەو بەڵگانەی باسمان کرد بازنەی گێڕانەوە لە چیرۆک  بەربڵاوترە. یان بە دەربڕینێکی‌تر، لە گێڕانەوەی چیرۆکدا-هەر وەک فۆرمالیستەکان ئاماژەدەکەن- یەکەم جار چیرۆک(Story) لە زەینی مرۆڤدا پێک دێت، لێڕەدا مەبەست لە چیرۆک ئادیایی چیرۆکە، کە رووداوێکی تایبەتە لە زەمەن و شوێنی تایبەتدا. دوواتر لە دارشتنی چیرۆکدا(Story) گێڕانەوە(Narration) یان خود سیستەمی گێڕانەوە، پێک دێت(١٥). کەواتە دەستپێکی گێڕانەوەی چیرۆک، بە چەشنێک کۆتایی چیرۆکە، ئەم کۆتاییە بەمانای بەسەرئەنجام گەیاندنی ئایدیای چیرۆکە. ئەگەر ڕوانگەی بارت سەبارەت بە بێ‌ژومار بوونی جۆرەکانی گێڕانەوە پەسەند بکەین، ئەمجار چیمان هەیە کە پێناسەیەکی تایبەتمان لەمەڕ گێڕانەوە بداتێ؟. واتە لە گشت جۆرینەکانی گێڕانەوە چ تایبەتمەندییەکی هاوپیت و هاومانا هەیە کە گێڕانەوەکان پێکەوە گرێ ئەدات؟. کلۆد بێرمون، ئەو تۆخمە هاوپیتە لە ناو بێ‌ژمار گێڕانەوەکان دا “چیرۆک” دەزانێت. ئەو دەڵێت:« بابەتی چیرۆک ئەتوانێ بنەما و دەستمایەی سەمای باڵە یان شانۆ یان فیلمێکی سینەمایی بێت، ئەتوانین فیلمێکی تایبەت بۆ کەسێک کە نەیبینی‌وە بگێڕینەوە، ئێمە وشەکان ئەخوێنینەوە. وێنەکان ئەبینین و ڕاڤەی ئیماژ و نیشانەکان دەکەین، بەڵام بەهۆی وشەکان و وێنەکان و ئیماژەکان، بەشوێن چیرۆک دەکەوین و چیرۆکە کە هەمیشە بوونی هەیە»(١٦). بە چەشنێکی‌تر گێڕانەوە خاوەنی مانایەکی چەند لایەن و چەند ڕەهەندە، بەڵام گشت ڕەهەندەکانی خەریکی گێڕانەوەی بەسەرهات یان رووداو یان مانایەکی دەروونییە، ئەم رووداوە کاتێک لە هەوڵی چیرۆکێک دایە ،”گێڕانەوەیە”. چیرۆک دەتوانێک بیرەوەری تاکی یان بیرەوەری نەتەوەیی بێت، بۆ نموونە “بەیت”بێژ، یان کەسێک کە”سیاچەمانە” دەخوێنێت ئەگەر لە هەوڵی حەقایەت بێژیشدا نەبێت دیسانەکە بۆ ئێمەی کورد، بەم هۆیەی کە پێوەندی لەگەڵ ڕۆحی نەتەوەیی هەیە، لە هەمان کاتدا کە گوێ بیستی دەبین، لەگەڵ مێژوویەکی زەینی یەکمان دەخاتەوە، بۆیە دەتوانێت وەک گێڕانەوە بێتە ئەژمار، کە واتە هەمیشە گێڕانەوە هەڵگری ڕەواڵەتێک لە چیرۆک یان باشتر وایە بڵێین (ئایدیایی چیرۆکە).

ئەگەر لە کۆتاییدا دیسانەوە پرسیارەکەی مەکۆئیڵان لە خۆمان بپرسینەوە، بە پێی ڕوانگەی گێڕانەوەناسیی، تا مرۆڤ هەبێت “نواندنی زمان” هەیە و تا زمان هەبێت “نواندنی گێڕانەوە” هەیە و لە گێڕانەوەشدا تۆخمە هاوپیتەکەی “چیرۆکە”. کە واتە مرۆڤ بەردەوام لە ناو گێڕانەوەی چیرۆکدا ئەتلێتەوە، ئەم چیرۆکە لە ئیماژ و نیشانە بگرە تا دەگاتە وێنە و هەڵسووکەوت دێنێتەوە بازنەی خۆی. ئەم گێڕانەوەی چیرۆکە، بە هەر چەشنێک دەتوانێت خۆی بنوێنێت. بێگومان تاوتوێی گێڕانەوەی چیرۆک، بەم شێوەیەی کە سیستەمی تایبەتی گێڕانەوەی چیرۆکی لەسەر بێت-  مەبەست لەم نیزامی گێڕانەوەیە وەک گۆشەنیگا، گێڕەوە و رووداوە کە لە زەمەن و شوێنی تایبەت لە لایەن کاراکتێرەوە روو ئەدات- تاوتوێی گێڕانەوەناسیی تایبەتی پێویستە، تا ئەو گێڕانەوەیەی کە مانایەکەیمان بۆ تاکەکەسی دەبێتەوە وەکوو مۆسیقا یان وێنەیەکی تایبەت. هەڵبەت زانستی ئێستای گێڕانەوەناسیی تایبەتمەندی تریش لە سیستەم و شێوازی گێڕانەوە پێناسە دەکات، وەکوو دەستەواژەی “بیسەری گێڕانەوە” (Narratee)، یا ناوەندی کردنەوە (Focalization) کە باس لە شێوەی فامی کاراکتێرەکانی چیرۆک دەکات،

 تاوتوێی گێڕانەوە تا مرۆڤ هەبێت بەردەوامە، مرۆڤیش بەپێی مێژوو و ئەزموونەکانی بەردەوام لە ئاڵۆگۆر دایە و هەر بۆیە شێوەگێڕانەوەی سەردەم (ڕۆمان، چیرۆک) لەگەڵ شێوەگێڕانەوەی پێشوو (حەقایەت) جیاوازی هەیە. بەپێی بەڵگەی توێژینەوەی گێڕانەوەناسەکان حەقایەته کۆنەکانی هەر نەتەوەیەک ئەتوانێت شێوەیەکی تایبەتی لە گێڕانەوە و مۆدێڵی گێڕانەوەیی لەگەڵ خۆی پێ بێت، واتە گێڕانەوەناسیی تایبەتی خۆیان لەسەر سیستەمی گێڕانەوە هەبێت. ئەویش شێوەڕوانینی تایبەت تا دەگاتە مۆدێلێکی تایبەتی گێڕانەوە لەبەر دەگرێت. هەر ئەم شێوە توێژینەوەیه بەشێکی زۆر لە لایەنە نادیارەکانی بۆ نموونە بەیتی یان چیرۆکی کوردی بۆ ئێمە دەردەخات. ئەویش شێوازی گێڕانەوەی کوردە کە لە چۆنیەتی وەسفی رووداوەکان ڕا بگرە تا دەگاتە بەرجەستەکردنەوە چەشنێک لە ئاکار و هەڵسووکەوتەکان.

ئەگەر دیسانەوە “مووزلمان” لە ئۆردوگاکانی ئاشوویتس بێنینەوە یادمان، یان دەیان بەسەرهات و رووداو کە ئێمە لێیان بێخەبەرین، ئەو مەترسیەمان لەمەڕ نەگێڕانەوە بۆ دەردەخات. هەڵبەت چیرۆک دەتوانێ گێڕانەوەی رووداوێکی ڕاستەقینە بێت بە زمانی چیرۆک، کەواتە پەروەردەکردنی ئەندێشەی گێڕانەوەی خۆمان، لە ڕاستی‌دا هەوڵێکه بۆ سازدانی جیهانێکی نوێ و هەرمان و تەنانەت دەنگ دەربڕینێکی نوێیە. یان وەک کۆندرا دەڵێت: «تەنیا لە ڕۆمان دایە کە کێشە تاکە کەسییەکانی مرۆڤ خۆ دەنوێنێت» و«ڕۆمان نووس تەنیا پێناسەی، ئاگایی لەسەر رووداو و هەڵسووکەوتەکانی چیرۆکە». هەرمان بوونی مرۆڤ، لە بەردەوامی گێڕانەوە و سازدانی چیرۆکی نوێیە. نەبوونی ئەم هەست و هەوڵە لە پانتای نەتەوەدا بەربڵاوتر و هەڵبەت مەترسیدارتر دەبێتەوە، ئەو کات بەرەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە: ئەگەر نەتەوەیەک توانستی “گێڕانەوەی خۆی” نەبێت ئایا بوونی هەیە؟!”.

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

 

*کورت کراوەی ئەم وتارە، یەکەم ڕا بە فارسی لە رۆژنامەی شەرقی تاران-روزنامه شرق-، ژمارەی ٢٩٧٥ (١٠ مهر١٣٩٦)، بەناوی (اگر داستانی روایت نشود، چه پیش می‌آید؟) بڵاوکراوەتەوە.

١. لوی ، پریمو. آیا این یک انسان است؟.. ترجمه: رویا طلوعی. کتابخانه علاالدین (www.aladdinlibrary.org)

٢. کیانپور، امیر. فلسفه در زندان وجدان: درباره یادداشت «جدال زندانی با زمان و وجدان». سایت (www.meidaan.com)

٣.کاتێک موریس بلانشۆ باس لە قەیرانی شارۆمەندی جوولەکەکانی سەردەمی نازی دەکات، ئەم دەستەواژەی بەکار دێنێت. جوولەکەکان بۆ ئەوەی لە شەقام و کۆڵانەکاندا نەناسرێنەوە، قسەیان نەدەکرد، وەک ئەوەی (ڵاڵ) بووبن.

٤.ریمون-کنان، شلومیت ، روایت داستانی، بوطیقای معاصر، ترجمه البوفضل حری، تهران، نیلوفر. (١٣٨٧)

٥.مەبەست نەتوانین لەمەڕ گێڕانەوەدایە، بەهۆی کێشەی سایکۆلۆژیک یان ترسی سیاسی-کۆمەڵایەتی، هێز و هەوڵی گێڕانەوە بزر دەبێت.

٦.مکوئیلان،مارتین ، گزیده مقالات روایت شناسی (مقاله معماهای نوشتار:روایت و ذهنیت)، ترجمه: فتاح محمدی، تهران، چاپ دوم، مینو خرد،(١٣٩٥)

٧.بارت، رولان، درآمدی بر تحلیل ساختار روایت ها، ترجمه: محمد راغب، تهران، چاپ اول، فرهنگ صبا.(١٣٨٧)

٨.کوندرا،میلان ، هنر رمان، ترجمه: پرویز همایون پور، تهران، نشر قطره (١٣٨٢)

٩.چتمن، سیمور. داستان و گفتمان، ترجمه: راضیه سادات میرخندان، تهران، مرکز پژوهش‌های صدا و سیما، چاپ اول (١٣٩٠)

١٠.باختین، میخایل. تخیل مکالمه‌ای (جستارهای درباره‌ی رمان).ترجمه: رویا پورآذر، تهران، نشر نی، (١٣٨٧)

١١.رورتی، ریچارد. مقاله : هایدگر و کوندرا و دیکنز، ترجمه: هاله لاجوردی، مجله ارغنون، شماره 1، (١٣٧٣)

١٢.دیوید هرمن و دیگران. دانشنامه‌ی نظریه‌های روایت، گردآوری و ترجمه: محمد راغب. تهران. نیلوفر. (١٣٩٦)

١٣.حری، ابوالفضل. مقاله: درآمدی بر رویکرد روایت‌شناختی به داستان روایی با نگاهی به رمان آیینه‌های دردار هوشنگ گلشیری. پژوهش‌های زبان های خارجی (نشریه دانشکده ادبیات و علوم انسانی دانشگاه تبریز) پاییز و زمستان ١٣٨٧

١٤. ریمون-کنان، شلومیت (سەرچاوەی پێشوو)

١٥. مکوئیلان،مارتین ،(سەرچاوەی پێشوو)

١٦.برمون، کلود. پیش درآمدی بر بوطیقای روایت‌شناسی ساختارگرا، ترجمه: محبوبه خراسانی، نشریه: ادبیات داستانی، شماره ٧٩، اردیبهشت ١٣٨٣