کاریکاتێر- تەوبەکردن لە بەڵێنەکان …. جەبار


من نامەوێت بچمەوە سەر ئادەم،
هەستەکەم نەوەی زەمەنێکم؛
هێشتا هیج سێوێک نەخوراوە.
ئاخر نەک وشەکانم،
پێستیشم نامۆیە بەم حەشاماتە.
شەو تا گزنگ، ڕۆژ تا زەردە پەڕ
بەشوێن خوایا ئەگەڕێم.
ئەڵێم بەڵکوشەقێکم لێ بداو
هەڵم بداتەوەعەدەن.
من زوو زوو لۆمەی ئادەم ئەکەم.
بیرمە شەوێ هاتە خەونم ، ووتی:
من لەبرسا سێوەکەم نەخواردووە.
تێگەیشتم کە لەبەر لیبیدۆ بووە،
ئاخر ئەم ئاگرە حەوا نەبێت،
کێ ئەتوانێت خامۆشی کات…؟!
نەوەکانی ئادەم زۆڵ نین
هەر کت و مت ئادەم خۆی.
من نامەوێت بچمەوە سەر ئادەم.
سەیرە..!!
جەند خرە بەردێکی خشڵاوی،
بەتاڵە مووی ئافرەتێکەوە،
بەدەست چەند بەربەرییەکەوە
(١)
ئاخر دڵۆپە سوێرەکانی نێوان پەنجەکان بێ رەحم بن،
تەنانەت ئاویش نابێت تینوێتی زەوی بشکێنێت.
ئەوان بە ئاوی سوێر تینوێتییان ئەشکێ،
من هاکا خنکام.
ئەوان زۆر لە سوتان ڕائەمێنن،
هەنێ جاریش لە خنکان.
کەچی هەر سەیر ئەکەن
وەک بڵێی چێژ لەودیمەنە وەرگرن.
بیرمە گەنج بووم، نە ئەخەوتم،
ڕام ئەکرد خێرا، خێرا
هەر کە ئەگەیشتمە لوتکەی چیاکە.
گەمژانە لەوێ خەوتبوون.
هەر بەخەوتوویی لەوێیان دانابوون.
ئیتر هەر ڕووم نەبوو بچمە سەرەکەشەوە.
سەر شۆڕ، مل حیز ئەگەڕامەوە.
شەوتا بەیان دایکم چقڵی پێکانمی دەرئەهێنا.
ئەو حەپۆلە لیکنانە هەر بەخەواڵویی هەموو گوڵەکانیان برد،
هێشتا دركێک نەچووە دەستیان.
من ساڵەهایە ئەم چیرۆکە ئەخوێنم و ئەخوێنمەوە.
ئیتر بێزار بووم بێزار.
زۆرجار کە ئەچوومە محازەرەوە
مامۆستا گەمژەکانم هەر ئەیان ووتو ئەیان ووتەوە؛
ئەم بەردە خڕەی ئێمە لەسەری ئەژین،
هێشتا پڕپڕە لە جوانی، پڕپڕە لە هیوا.
چەنێ گاڵتەجاڕییە…
خۆیان بێ هیوا،
بە دنیایەک ناشرینییەوە سەریان نایەوە.
(٢)
ئادەمییەکان زۆر بی هەستن.
جمەیان دێت، قوڵپ ئەدەن، ئەبن بە هەڵم.
هێشتا ئاگری ژێر ئەم دۆزەخە خۆشتر ئەکەن.
وەک بڵێی کێ بڕکێیان بێت،
کامیان زۆرترین ئازار بچننەوە.
ئەوشەوە زۆر گریام بەدیار تیڤیەکەمەوە
سەکسارێکی سور،
چی داری سەر زەمنی خوا هەیە ئەیبڕێت.
بودەڵەیەکی گرگن،
گەوهەری ژێر ئەم خاکە،ئەڕژێنێتە سەر زەمینی خوا.
ئەو جەلادە بەربەرییەش سوێندی خواردووە؛
وەجاخی ژێر ئەم دۆزەخە نابێت هەرگیز خامۆش بێت.
چەند ناشیرینە ئەم دوکەڵە.
ئێوچێژ لە ئازار ئەبینن،
من نامەوێت ببم بە هەڵم، ببم بە ئازار.
ئەمەوێت هەستی پێ بکەم.
من نەوە زۆڵەکەی ئادەمم.
چیرۆکی زۆرم نوسیوە.
باپیرم هەر ئەی ووت؛
‘جنێو بەهەموو کەس بدە، بە پیاوانی خوا نا’.
لە وەسیەتەکەیدا بۆی نوسیبوم؛
‘ئەوان یان جادوگەرن، یان بریکاری خوا’.
هەر بەڕاست کەس جورئەت ئەکا، بچێ بە گژ خوا…!
تێگەیشتم ئەوان چەنێ گەورەن.
ئەم جارە کە هاتە خەونم،
هەموو شتێکی پێووتم لەبارەی پیاوانی خواوە.
ووتی؛ ‘ ئەگەر دەرگای بەهەشتیان بۆت وڵآ کرد، تۆ بچۆرە دۆزەخ’
(٣)
ئەو گەمژانا زۆر بێ ئاگان،
خوا دەمێکە دۆزەخی گواستۆتەوە سەر ئەم زەمینە.
وەرە ببە بە ‘با’
با ئەم ئاگرە خامۆش بێت،
یانیش خۆشتر.
هەر بەڕاست نەوەکانی ئادەم زۆر زانینخوازن.
لە دوای مەرگی باوکەوە هەر ئەڕۆن و ڕێ ئەکەن.
جارێ ناوەستن، ناپرسن،
ئاخۆ کام تولە ڕێ ئەمان باتەوە عەدەن..؟
کام ڕەشەبا شوێن پێکانمان هەڵئەگرێتەوە سەر زەمینی باوک..؟
تیغی ملی مامز و گەردی نیوکلییە مان خستە سناپچاتەوە
هێشتا دەستمان نەدا لە خۆر…
نەچوینەوە سەر کوچەی ماڵی باوک..
ئێمە چەنێ وونین..!
چیمان دورییەوە..؟
هەر ئازاری توندتر، خوێنی خەستتر.
مامۆستاکانم زۆر گەمژە بوون.
لەدوای شەڕی براکانەوە،
جوانی و هیوا؛
هەرپۆڵیشی سەرلێومان بوون.
نەتوانیمان قوتیان بەین، نە هێشتمان بێنە ناومانەوە.
ئەفسوس…
من میزی درەنگانی شەوبێزارم ئەکات و
خەوم ئەزڕێنێ.
سوڵتانەکانی ئادەمیش، فەیس بوک و نیوکلیە.
هەموو شەوێک ئەکەومە هەلەکە سەما وچاوەرێی شەبەقم.
(٤)
کەڵکەڵەی عەدەم لێی داوم.
ئەوان هێشتا خەون بە تڕی زلترەوە ئەبینن.
چۆن ووشەی درێژتر گۆبکەن…؟
ڕستەی زیاتر هەڵچنن….؟
من نەوە زۆڵەکەی ئادەمم
نامەوێت بچمەوە سەر باوکم.
هەموو شەوێک خەون بەو شارە مێروولانەوە ئەبینم؛
بەژێرپێی ئادەمییەکانەوە
چ دژوارە ئاسەوارێکیان جێ هێشتووە..!
زۆر ڕقم لە شارە…
شاری ئادەمییەکان زۆر تاقەت پڕوکێنە.
جمەی دێت و تۆ ناتوانی هیچ مرۆڤێ ببینی،
مەگەر لوتت بەی لە لوتی.
من ئەمەوێت بچمەوە شاری خوا.
لەوێ دە چاو هەیە بۆ بینین؛
تەنها بینی خوا…
نە بۆ گریان..
نە بۆ تێڕامانی پوزی قەحپەکان…
لەوێ هیچ دەستێ تەور ناوەشێنێ.
دەستەکان تەنها گوڵ ئەگرن.
نەوەکانی ئادەم زۆڵ نین
ڕێک ئادەم خۆی.
پڕپڕن لە غەریزە؛ لە خوێن لە شەهوەت.
ئەوان ئەگرین و هەڵئەپەڕن.
هەمیشە خەواڵون یا خەوتوون.
(٥)
من نەوە بیژوەکەی ئادەمم.
من هەرگیز نێرگز نیم.
عەیامێکە دەفکرم…
هەر بەد گومانم.
زۆر دەترسم هەموو شتێ خەونێ بێت.
هێشتا دەمەوێت هەموو شەوێک تاریکی دونیا قوت بدەم.
ئەو هەموو بیرکرنەوەیە سەری من ئەخوا
دەستم پڕ پڕە لە سێو و نایخۆم.
من ئەمەوێت کوڕی زەمەنێک بم
هێشتا هیچ درەختێک نەژاکابێت..
مەلۆتکەیەکەی جێ ماوی ژێر درەختی سێوەکە بم.
هێشتا بەر شەقی خوا نەکەوتبێتم..
ئاخر من زۆر ڕقم لەو کۆچە بوو
ئەمزانی ئەم مەنفایە گەڕانەوەی نیە.
ئەم کۆچە زۆر دوورە
ساڵەهایە ئەیپێوین، هەر ئەڕۆین و ڕێ ئەکەین
بێ ئەوەی لە حیکمەتی ڕۆیشتن تێبگەین.
نە جارێ ئەوەستین…
نە جارێ ئەپرسین…
ئاخۆ کام تولە ڕێ ئامان باتەوە باغی عەدەن..؟
هەموو شتێ خەونێکی خۆش بوو؛ زڕا.
من لەگەڵ ئەم حەشآماتە هەڵناکەم
تەنانەت ڕقم لە گوڵ فرۆشەکانیشە.
ئەوان جەلادن جەلاد…
لقی کام دەرەخت نەما سەری نەپەڕێنن؟
کام چرۆ نەما هەتیوی نەکەن؟
(٦)
هەموو گوڵەکانیان ڕنی…
باخەکانیان ڕووتانەوە…
گەڵاکانیان وشک کرد و
خۆیان تۆزێ..تەنها تۆزێ گەروویان تەڕبویەوە.
ماوەیەکە وا هەست ئەکەم زۆر ئاسودەم.
ساڵانێکە پەڕەیەکیشم نەخوێندۆتەوە
ئاخر من پێم وایە؛ وشەیەک زیاتر، ئازارێک زیاتر…
ژانی ئەو ئازارە جەرگ بڕە.
بەڵام هەرکات سەیری تیڤییەکان دەکەم
سەرم پڕپڕ دەبێ لە ووشە.
ڕێک ئەو برادەرەم بیردێتەوە
لەگەڵ هەموو گو کردنێکدا
دنیایەک ووشەی دا ئەنا..
تومەس دێرکانی قوت دابوو،
هیچیانی نەخوێندبۆوە.
نەوەکانی ئادەم زۆر حەز بەبینینی خوا ئەکەن.
زوو زوو ئەچنە ماڵەکەی؛ بەزۆری لەدەرگای پشتەوە،
هەندێ جاریش لە پەنجەرەوە.
من زۆر بەغیلی بە ئادەم ئەبەم.
ئاخر ئەو هەردوو دوونیای بینی..
کەچی فەیس بوک نا.
ئەو ڕوخساری خواشی بینیوە.
من تەنها ئەو گەمژانە دەبینم؛
ناویان لەخۆیان ناوە خوا…
دوێنێ شەو لە خەوما ببووم بە دکتۆر،
٧
هی مرۆڤ نا.
هی ئاژەڵ.
دەمێکە نەژادی مرۆڤ لەسەر لەم هەسەرەیە نەماوە.
یان سیزیفن یان نێرگز.
وەلێ بت شکێن دەمێکە مردوون.
زۆر جار خەون بە یوسفەوە ئەبینم
هەموو جار ئەڵێت؛
هەرگیز پێت وانەبێت ئاو تینوەتی تۆ ئەشکێنێت.
تینوەتی خۆی زادەی ئاوە، ئاو نەبێت تۆ هەرگیز تینوت نابێت.
من میزی شەوانی زستان زوو زوو لەخەوم ڕائەچڵەکێنێ
نەک تینوێتی..
زۆر جار تەمی سەر پەنجەرەکە لائەدەم،
سەیرێکی گڵۆپی سەر شەقامەکان ئەکەم.
تۆ بڵێی ئەو تروسکایە ڕێگا ڕۆشن کاتەوە..؟
نا..
ئەسڵەن ڕووناکی ئیشی ئەوەیە چاوت کوێر بکات.
هێزی ڕووناکی نەبوایە
ئێمە هەرگیز سڵمان لە تاریکی نە ئەکردوە.
نەوەکانی ئادەم؛
پڕ پڕن
لە خوێن
لە شەهوەت
ڕێک ئادەم خۆی..
تۆ هرگیز دیقەتت داوە..
هەرگیز بیرت لەوە کردۆتەوە
ئەسرینی، مناڵێکی پێ پەتی- چڵمن، نەوەرێت..؟
چۆن ئەتوانی ئەو فرمێسکە وشک بکەیت..؟
(٨)
چاوی دەرئەکەی؟
کوێری ئەکەی؟
بۆڕی فرمێسکی ئەبڕیت؟
پەڕەیەکی کتێبەکەیت ئەدڕیت و لەسە گۆنای ئەیسڕیت؟
نا..
خوا سوڵتانەکانی سەر زەمینی ئادەم
هەرگیز ناهێڵن ئەو ئەشکە وشک کات.
کارێزێکەو لەبن نایات.
ژانێکی ئەبەدییە خواکان سەرمەست ئەکات.
نەوەکانی ئادەم زۆر حەز بە بینینی خوا ئەکەن.
زۆرجاریش ئەچن بەگژ خواکەی ئادەما..
وەلێ لەمەڕ خواکانی خۆیان زۆر دەستە پاچەن..
هەمووان شکەتن،
وا ئەچنە ڕیزەکەوە.
چ جەنگەڵێکە ئێرە…!!
نەوکانی ئادەم هەر دەڵێی داری بنیامینن قۆخیان گرتووە.
هەموومان مەحکومی تارماییەکەی ئادەمین.
ئادەمیش کوشتەی ناوگەڵی حەوا..
حەوا …!!
هەرکات دێتە سەر باسی ئەو من ئیتر ئەترسم..
ئەوەستم، دەمێکی لاڵ و قەڵەمێکی شکاوم.
من هەرگیز ناتوانم حەوا بناسم.
کەس ناتوانێت
خوا نەبێت.
نەوکانی ئادەم زۆر ئەچنەوە سەر باوانیان.
وەلێ من ئەمەوێت کوڕی زەمەنێک بم؛
هێشتا هیچ سێوێک نەخورابێت.
(٩)
دەبا مەلۆتکەیەکی ژێر درەختی سێوەکە بم؛
هێشتا بەرشەقی خوا نەکەوتبێتم..
من زۆر ڕقم لەو کۆچە بوو..
ئەمزانی
ئەو ڕۆیشتنە گەڕانەوەی نیە.
من چیتر ووشە و ڕستەی کتێبەکان تۆخ ناکەمەوە..
تەنها ژیان دەنوسمەوە بەبێ درۆ..
من هێشتاش خەون بە بینینی خواوە ئەبینم.
کام خوا؟ لە کوێ؟
لەناو لەپی دەستا…
لە بن پەڕەی گوێدا
یان لە هیج شوێنێ …!
بەرزنجی جەمال
هاوینی ٢٠١٧/ سلێمانی/ کوردسات
A Play (Inheritance)
{قەرەوێڵەیەک لە گۆشەی تەختەی شانۆ. گۆزەیەک لەسەر مێزێک دانراوە،کورسیەک لەنێوان مێزەکە و پەنجەرەیەکدایە }
ئەکتەرەکان ( نووسەر. پیاوکوژ)
نووسەر: باشە براکەم خۆتدەزانی تازە لەفڕۆکەخانە دابەزیوم و ماندووم. هەروەک جاران یەک دووشەو لەباخەکەم پشوو دەدەم.(هەلوێستەیەک).
سبەینێ یەکتر دەبینین… بەلێ ئەمجارە سەفەرەکەم بۆ یەک مانگ دەبێت و زۆرتر یەکتر دەبینین.
ئەمجارەیان بەبەردێک دوو چۆلەکە دەکوژم. یەک میراتەکەم وەردەگرم، دوو کتێبەکەم چاپدەکەم.
ئای غەریبی چەند ناخۆشە. مرۆڤ تا نەگەڕێتەوە نیشتمان نازانێت چ گەنجینەیەکی جێهێشتووە.
(پێکێ ویسکی و جگەرەکێشان. کردنەوەی لاپتابەکەی)
هەرچەندە هاوڕێکانم وتیان با کتێبەکە لە حیسابی دەزگاکان چاپکەین، لێ من قەبووڵم نەکرد.
لە خارجەوە هاتووم و پارەم هەیە و بۆ خۆم چاپی دەکەم.
ئای کە ماندووم؛ دەترسم ئێستا دوشبگرم و خەوم بڕەوێتەوە، وا چاکترە سبەینێ خۆم بشۆم، پاشان قەیماخ و کولێرەی گەرم بکڕم و بچمە ماڵی برام.
(بەدەم خەواڵووەوە…لەسەر قەرەوێڵەکەی ڕادەکشێ؛ گوێی لە خشپە خشپێک دەبێت. گۆزەکە لەسەر مێزەکە هەڵدەگرێ. دزێک بە دەمانچەوە دێتە ژوورەوە. گۆزەکە دەداتە پشتی سەری و بەریدەداتەوە)
تاریکی
{ دزەکە بە کورسسیەکەوە بەستراوەتەوە }
نووسەر- گیرفانی دزەکە دەپشکنێ و ناسنامەکەی دەخوێنێتەوە.
نووسەر : ئەمەیە نەگبەتی، لەگەڵ یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەم دزێک پێشوازییم لێدەکات.
سەیرکەن گەنجیشە؛ وادیارە لەبەر بێکاری و برسیەتی دزی دەکات. نا باوەڕ ناکەم ئەوەی دزی لە خوێنیا نەبێت ناتوانێت دزی بکات.
باشە چۆن ئەم شوێنەی دۆزیەوە؟ چۆن زانیویەتی من لێرەم؟
(هەلوێستەیەک)
(دزەکە بە ئاگا دێتەوە)
دز: ئەوە بۆ بەستراومەتەوە؟؟
نووسەر: پێدەکەنێ…
دز: باشترە تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەیت.
نووسەر : چەند بێ منەتە؛ تەلەفۆن ناکەم، دەمەوێت بزانم تۆ کێیت و چۆن ئێرەت دۆزیوەتەوە؟ هاتووی دزی لەمن بکەیت.
دز: برسیم بوو…
نووسەر: ئەی ئەم دەمانچەیە بۆ لەگیرفانتایە؟
دز : لەترسی ژیانی خۆم.
نووسەر: ڕاستییەکەی بڵێ!
دز : بەڵێ هاتووم بۆ دزی…پێویستم بەپارەیە.
نووسەر: پارەی ژەمێک خواردن یان زۆرتر؟
دز : زۆرتر، دەمەوێت دەرچم لەم وڵاتە.
نووسەر: منیش بەسەفەر گەڕاومەتەوە ئەم وڵاتە! (سەرسووڕمان).
دز: گەر پام لە خارج گیربێت، هەرگیز ناگەڕێمەوە ئەم کاولبووە.
نووسەر: بێزارییت؟؟
دز : ئەم دزیەش هۆیەکە لە بێزاربوونم.
نووسەر : پێمبڵێ تۆ من دەناسیت؟
دز : نەخێر…
نووسەر : ئەی چۆن هاتووی بۆ ئەم باخە؟
(بێدەنگی)
ڕاستم پێبڵێ یارمەتیت دەدەم، ئەگینا، پێشئەوەی بتدەم بەدەست پۆلیس دارکارییەکی باشتدەکەم.
(نووسەر تووڕەیە)
ئەمە یەکەمینجارە دزی دەکەیت؟
دز: بەمنداڵی هەندێک وردە دزیم کردووە، بەڵام لەم تەمەنە یەکەمینجارە…ئەگەر لێم خۆشبیت بەڵێن دەدەم ، هەرگیز ئەم کارە دووبارە نەکەمەوە.
نووسەر: تۆبەی گوورگ مەرگە؛ باوەڕناکەم.
دز: بەچی باوەڕدەکەی؟ تا سوێندت بۆ بخۆم.
نووسەر: دەمەوێت بزانم تۆ کێیت و لە کوێ دەژیت؟
دز: ناوێرم پێتبڵێم لەگەڕەک ئابڕووم دەچێت.
نووسەر: ئەگەر لە ئابڕووت بترسیتایە دزیت نەدەکرد.
دز: من دز نیم؛ ئەگەر لەبەر خارج نەبوایە هەرگیز بیرم لەم کارە نەدەکردەوە..
نووسەر: لەبەر خارج ئامادەی پیاو بکوژی؟
دز : ناچارم…زانکۆم تەواو کردووە و لە هیچ شوێنێک دەنەمەزراووم…دەبێت ڕەشوە بدەم ..لە نیوەی مووچەکەم خۆشبم. ئینجا دامدەمەزرێنن.
نووسەر: ئنجا کەست نەدۆزیەوە منی نەگبەت نەبێت؟باوەڕکە دوو سەد دۆلار لە گیرفانمایە…بەس من گوومانم هەیە کە تۆ من دەناسیت و بە تایبەت هاتووی بۆ کوشتنم.
دز: تۆ ناناسم..بۆ تۆ ئەوەندە بەناوبانگیت؟
نووسەر : من نووسەرم، ئەگەر ناونیشانی کتێبەکانمت پێتبڵێم دەمناسیتەوە.
دز: من کتێب ناخوێنمەوە
دز: ( پێکەنین) نووسەروڕۆشنبیرەکان دزی دەرەجە یەکن…
نووسەر: سەرم سووڕماوە نازانم چی لەتۆ بکەم؟!
دز: لەم سەردەمەش بەس ناوی گۆرانی بێژەکان دەزانم.
نووسەر: تۆ قوتابی زانکۆ بوویت و یەک کتێبی ئەدەبیت نەخوێندۆتەوە؟
دز: نەخێر؛ لەم مەملەکەتە جەنگ بەدوای جەنگە بەردەوامە، بێ هیوادەژین…چیمان لە کتێب خوێندنەوە داوە.
نووسەر : ئەم قسە زلانە دەزانیت…واباشترە خۆتم پێ بناسێنیت؟
دز : من برسی و تینوومە، قوومێ ئاوم بەرێ، دواجار بۆ خۆت چی بڕیاردەدەی بیدە. دەمدەی بەدەست پۆلیس یان ئازادم دەکەی…
نووسەر: ئازادت ناکەم..
دز : بیستوومە نووسەرەکان مهرەبانن.ئەوەنییە گەڕاویتەتەوە بۆ نیشتمان ودڵت پێمان دەسووتێ.
نووسەر: نیشتیمان….
دز: ئەی بۆچی گەڕاویتەتەوە؟ بۆ ژنهێنان…
نووسەر: نەخێر؛ ڕۆمانێکم نووسیوەتەوە دەمەوێ چاپی کەم.
دز: قسەیەکت پێبڵێم پێتناخۆش نابێت؟
نووسەر: فەرموو..
دز: تووخوا پارەی ئەو چاپە بدەیت بەمن باشترنییە؟ لەم وڵاتە کەس کتێب ناخوێنێتەوە.
نووسەر: نا وانییە..تۆ ناخوێنیتەوە…خەڵکێک هەن دەخوێننەوە.
دز: دەپێمبڵێ چیرۆکەکەت باسی چیدەکات؟
نووسەر: باسی دزێکی وەک تۆ دەکات.
دز : ئنجا من نایخوێنمەوە…(بەپێکەنینەوە).
نووسەر: گالتەم پێدەکەی؟
دز: نەخێر گاڵتە ناکەم؛ چونکە لەم وڵاتە ئەوەندەمان دز هەیە هەتا خوا دەڵێت بەس. ڕۆژانە لەبەرچاومان دزی دەکەن…ناوێرین فزەبکەین.
نووسەر: تۆش دزێکی سیاسیت.
دز : نا ئەمە شتێکی ئاشکرایە، جاران دیکتاتۆرێک هەبوو دەیکوشتین. ئێستا سەدان مافیا هەیە بەخەفەت دەمانکوژن.
نووسەر: ئەم قسە زلانە دەزانی و دزیش دەکەیت؟
دز : پێموتی ..من دزی دەکەم تا لەم وڵاتە رزگارم بێت.
نووسەر: هەی گەمژە، نابێت دزی بکەیت..نازانم، چیتلێبکەم.
دز: ئازادم کە…
نووسەر: بەس ؛ باسی ئازادی مەکە.
دز : ئازادم کە، بەڵێن بێت هەرچی کتێبت چاپکردووە دەیخوێنمەوە.
نووسەر: مەیکڕە، بیدزە.
دز: نا نا، باوی کتێب دزین نەماوە. ئێستا سەردەمی ئاودیوکردنە.
نووسەر: دیسان ڕادەبوێری؟
دز : نەخێر، بەس بەڕێزتان ئەوەندە بەناوبانگن..لەم نیشتیمانە ماڵێک نەبوو میوانداریت بکەن. لەم باخە نەبێت؟
نووسەر: نامەوێت کەس ئەزیەت دەم.
دز : دەڵێن ئەم خارجیانە سپۆرتن…(پێکەنین)
نووسەر: بەسە زمان درێژی.
دز: ئەی باشە ماڵی برا و خوشک، دایک ..باوک کەسێک نەبوو….؟
نووسەر: دایک و باوکم ئێوە خۆش، یەک براو خوشکێکم هەیە.
دز: خوا لێکتان نەکات. منیش یەک برا و خوشکێکم هەیە.
نووسەر: ئۆی لەو درۆیە.
دز؛ هەقتە باوەڕنەکەی، من لەگەڕەکی ئیسکان دەژیم هەموو کەس دەمناسێت.
نووسەر: ئەی لەگەڕەکی شۆڕجە کەس دەناسیت؟
دز: شۆڕجە؟ (بیرکردنەوە)
نووسەر: براکەم لە ناو بازاڕ دوکانی دەڵاڵی هەیە.
دز: دەڵاڵ..خانووبەرە..
نووسەر: کەس دەناسیت لەناوبازار نزیک ئەحمەئاغا؟
دز: ها..نازانم..تۆ برات هەیە لەناو بازار..دەڵاڵی پاسکیل و سەیارە و خانووبەرە زۆرن.
نووسەر: (قوومێک ئاودەدات بە دزەکە)
دزەکە: وتت میرات وەردەگریت؟
نووسەر: بۆ حەزدەکەی بزانیت؛ نزیکی بیست سی دەفتەرە لەنێوان من و خوشک و براکەم بەشی دەکەین.
دز: ئەگەر سی دەفتەربێت..تۆ نزیک سیانزە دەفتەرت بەردەکەوێت، ئیتر قەپاتی بۆخۆت، خوشکەکەشت کەمتری بەردەکەوێت.
نووسەر: وانییە؛ من داوام لەبراکەم کرد کە بە یەیەکسانی بەشیکەین، بەڵام خوشکەکەم ڕازی نەبوو، وتی من لە شەریعەتی ئیسلام لانادەم.
دز: دونیا پڕ لە تەماحە، بەس مێشکی خوشکەکەتیان باش شۆریوەتەوە، ژن نیوە ئینسانە!.
نووسەر: تۆش ئەگەر بەپێی ئیسلام بێت دەبێت قۆڵت ببڕمەوە.
دز: لەخوا بەزیاد بێت نووسەرەکان کاری واناکەن.
نووسەر: واز لە قسەی زل ناهێنیت.
دز: دڵنیام ئازادم دەکەیت.
نووسەر: نەخێر دەتدەمە دەست پۆلیس…تا بە سزای خۆت بگەیت.
دز: بۆ خۆت باشترە ئازادم کەیت!.
نووسەر: (رووی دەمانچەکەی لێدەکات) مەبەستت چییە؟
دز: چی دەکەیت؟ دەزانی دەمانچەکە فیشەکی تیا نییە!.
نووسەر: (تاقیدەکاتەوە)…کەواتە تۆ نەتویستووە من بکوژی؟
دز: خوا دەزانێت!.
نووسەر: ڕاستیم پێبڵێ!.
دز : ویستم بتترسێنم و پارەکەت بەرم.
نووسەر: ( قاچ و دەستی دزەکە دەکاتەوە) تۆ دزێكی بەڕەحمی!.
دز: خوا دەزانێت!
نووسەر: بڕۆ دەرەوە..نامەوێت بتناسم.
[ لەناکاو دزەکە چەقۆیەک لە ملی نووسەرەکە گیردەکات]
نووسەر: دەتەوێت بمکوژی؟ بۆ دوو سەد دۆلار؟!
دز: (پێکەنین) دوو دەفتەر نەک دووسەد دۆلار.
نووسەر: دوو دەفتەر… با میراتەکە وەرگرم.
دز: بەخوا نووسەرێکی گەمژەی؛ من بەدیار تۆ دانیشم تا میراتەکەت وەردەگری..تۆ وادەزانی ئەوەی نەخوێنێتەوە گەمژەیە.
نووسەر: ئاخر من تێناگەم بۆ دەبێت من بکوژیت..دڵنیام حزبێک لایەئەنێک تۆیان ناردووە بۆ کوشتنم…بەرمدە من کەسێکی نیشتیمان پەروەرم.
دز: (پێکەنین) نیشتیمان بۆ ئەوکەسانەیە کە سەفتەی دەکەن…پێمووتی من لە دەست ئەم نیشتیمانە ڕادەکەم و بێزارم..تۆ هێشتا نازانیت لەناخی مرۆڤەکان چیدەگووزەرێت؟!.
نووسەر: چی دەگووزەرێ…دەتەوێت تاوانێک بکەیت لەبەرئەوەی بێزاریت.. دەتەوێت مرۆڤێک بکوژی بۆ ئەوەی بگەیت بە ئەوروپا.
دز: تۆ تێناگەیت…(چەقۆکە تووندتر دەکات).
نووسەر: تێمگەیەنە…کێشەکەت چیە..پارەیە..هەموو سەروەتی خۆمت دەدەمێ!.
دز: نەخێر…کێشەکە براکەتە.
نووسەر: برا….
دز: بەڵێ. براکەت منی ناردووە تا بتکوژم.
نووسەر: (سەرلێشێواو) باوەڕناکەم.
دز: ڕاستیەکەی من نەمزانی ئەوەی منی ناردووە براکەت بووە…تا خۆت پێناساندم و وتت برام هەیە دەڵاڵە لە ناو بازاڕ..پاشان ڕەنگتان بەیەکتر دەچێیت.
نووسەر: دەتۆ بەرمدە…شێتم مەکە…وێنەی براکەم لەناو موبایلەکەم هەیە و پێت پیشاندەدەم…ئەگەر خۆی بوو، خۆم بۆت ڕادەکشێم و بمکووژە.
(دزەکە ئازادی دەکات و سەیری وێنەی ناو موبایلەکە دەکەن)
دز: خۆیەتی و مەکتەبەکەشی ناوی (برایەتی)یە..
نووسەر: باوەڕ ناکەم..بۆ دەبێت بمکووژێ؟!
دز: دەڵێم لە گوێی گایا نووستووی..
نووسەر: خۆزگە، بمردمایە بەڵام ئەم کردەوەیەم لە خێزانەکەمان نەدیبایە…تۆ دڵنیایت، براکەم تۆی ناردووە.
دز: بەڵێ (شەماڵ)ی برات منی ناردوە، و وتی: کەسێک هەیە کات خۆی پارەی خواردووم، لە فڵانە باخە و بڕۆ بیکوژە دوو دەفتەرت دەدەمێ. ئیتر سەرم مەیەشێنە…منیش بەرگەی ئەم ڕووداوە ناگرم، برا برا بکوژێ!!
( دز ڕادەکاتە دەرەوە).
نووسەر: وەرە بۆ کوێ دەرۆی ..من بەرگەی ئەم ڕووداوە ناگرم…نا نامەڕۆ بەتەنیا جێم مەهێڵە…هەموو شتەکان با وەک جارانی لێبێتەوە…بگەڕێوە توانای ژیانم نەماوە.
——————–
تێبینی:
بۆ نمایشکردنی ئەم دەقە شانۆییە، تکایە پەیوەندی بە نووسەرەوە بکەن.
چەند دێڕێک لە بەسەرهاتی ٦ مانگم،وەک کوردێک لە سوریادا.
——————-
مانگی٧ی ساڵی ١٩٩١،دوای راپەڕین، چوومەوە کوردستان بۆ سەردانی کەس و کار و بینینەوەی نیشتمانی ئازیز و بەشداری لە کۆنگرەی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک دا. نێزیک بە ٣ مانگ مامەوە و چارەنووس وا هەڵسوڕ، هاوسەرگیرم بکەم. لە بەهاری ١٩٩٢،دا لە تەک هاوبیری هەمیشە لە دڵدا زیندووم،رەوانشاد کاک شەماڵ جارێکی دیکە چووینەوە بۆ کوردستان. نێتی سەرەکیم، هێنانی هاوسەرەکەم بوو. کە ئەودەم هێنانی ژن بە رێگای یاسایی گەلەک سەخت بوو، ناچار بووم، پەنا بۆ رێگای نایاسایی بەرم. بە کورتی بە قاچاخ بیهێنم. ئەوە بوو توانیمان پاسۆرتێکی ئەڵمانی ساز بدەین و وێنەی هاوسەرەکەم (دێرین)ی بخەینەسەر.
بە سڵامەتی لە رێگای ئیبراهیم خەلیلەوە هاتینە نێو تورکیاوە. ئەو رۆژەی ئێمە هاتین، شاندێکی باڵای حیزبی سۆسیالیستی کوردستان،بە سەرۆکایەتی رەوانشاد، کاک رەسول مامەندیش بەرەو تورکیا دەهاتن. ئەو رۆژانەش بە گەرمی باس لە یەکگرتنی پاسۆک و سۆسیالیست دەکرا و تەنانەت راگەیاندنی هاوبەشیش لەم رووەوە دەرچوو بوو.من بۆ خۆم لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نەبووم،چونکە زەمینەی راستەقینەی یەکگرتن لە ئارادا نەبوو،زیاتر گوشاری سیاسی دەرەکی، سەرکردایەتی هەردوولای بەرەو یەکگرتن دەبرد. لە نێو گەشت و فرۆکەکەدا، لەم رووەوە کەوتمە گفتوگۆ لەگەڵ کاک رەسول ـ تا بڵێی پیاوێکی بەڕێز و ئیسکسووک و خاکی و خۆشەویست دەهاتە بەرچاوـ و هەندێ پرسمان بەسەرکردەوە. ،گەرچی پێوەی دیار بوو،کە ئەویش بە تەواوی ئەو هەنگاوەی بەدڵ نییە، لێ هەر بە گرنگ و پێویستی دەزانێ. لە میانەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروباوەڕدا،بۆم دەرکەوت خۆشی بە قسەکانی من دەهات. دواتر رووبەرووی رەوانشادێکی دیکە کاک نیزامەدین گلی بوومەوە. کاک نیزامەدین هێشتا نوقمی دنیا تیۆریی سۆسیالیستی و بیروڕای مارکسی خەست بوو. لەتەک ئەمیشدا، لە گۆشەنیگای جیاوە، بڕەک گفتوگۆمان کرد. بە کورتی کاتێ گەشتینە دیاربەکر، کاک رەسول داوا لە برادەرەکانی کرد، ناو و ناونیشانی ئەنقەرەی نوێنەرەکەی سۆسیالیستم بدەنێ، تا لەوێ یەکتر ببینینەوە.
نوێنەرەکەیان د. خەیروڵلا بوو،پاشان چوومە سەردانیان و درێژەمان بە گفتوگۆکان دا، لێ بە ئاراستەی جیاوازدا، چونکە من ئەو کاتە پێویستی یەکگرتنم لەگەڵ سۆسیالیستدا بەو پێکهاتەوە بە باش نەدەزانی. بەلامانەوە گربنگ بوو لەسەر بەرنامە رێک بکەوین نەک لەیەکتردا بتوێینەوە. هەر لە چرکەساتی دەرکردنی بەیاننامەی رێکەوتنی پاسۆک و سۆسیالیست، نیگەرانی خۆم نیشانی هاوبیران بە تایبەت رەوانشاد و هەمیشە لە دڵدا زیندوو مولازم کەریم، بە ئامادەبوونی چەند هاوبیرێک راگەیاند.
با درێژە بەم باسە نەدەم. ئەوە بوو لەگەڵ هاوسەرەکەم بە سڵامەتی دەربازی نێو تورکیا بووین و چەند رۆژێکی خۆشمان لە شاری ئامەدی رازاوە،بەسەر برد. هەر لەوێ کوردێکی ئەو شارە لە هوتێلەکەوە لێمان بووە قیروزفت و بۆ هەر کوێ بچووینە دەهاتە کنمان دادەنیشت. منیش ئەوسا و رەنگە ئێشتاش هەر بە سۆز و مەیلی دڵپاکانەی کوردانەی خۆم هەڵسوکەوتم دەکرد. کەموزۆر باس لە سیاسەت و باری کۆمەڵاتیەتی کرا. ئیدی ئێمە، پاش چەند رۆژێ مانەوە لە ئامەد، بە فرۆکە بەرەو ئەنکەرە فڕین. لەوێش چەند رۆژێ ماینەوە. بەوشێوە دوا وێستگەمان فڕین بوو لە ئەنکەرەوە بەرەو بەرلین. لەو گەشتەماندا، رێکەوت وابوو ئەم برایانەش هەبوون کە لە بەرلین نیشتەجێبوون: کاک ئەحمەد دەشتی و کاک عەبدولموئمنینی برای،رەوانشاد ملازم سەردار،کاک محەمەدی زاوای کاک ئەحمەد دەشتی و کاک مارف کۆیی. دەبوو بە هەمان فرۆکە لە ئەنکەرەوە بەرەو بەرلین بگەڕێینەوە.
ئێمە لە فرۆکەخانە گیراین و هەستیان بە ساختەیی پاسپۆرتەکەی خێزانەکەم کرد. تووشی چەرمەسەری زۆر بووین. جێی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی رەوانشاد ملازم سەردار، بکەم کە گەلەک هەوڵی دا رزگارمان بکات و هەزار دۆلاری دەرهێنا،دایە دەست ئەفسەری فرۆکەخانەکە، بەس ئێمە ئازاد بکات و رێگە بدات بڕۆین. ئەفسەرەکە ووتی : برالە بەچاوان و حەزدەکەم، بەڵام لە ئامەدەوە بروسکە هاتووە، هەموو فرۆکەخانە مەسەلەکە دەزانێ لەبەر ئەوە ناتوانم هاوکاریتان بکەم. تومەز ئەو برا کوردەی ئامەد، کە ببوە سێبەرمان و لێمان جیا نەدەبووە و منیش بەردەوام خزمەتم دەکرد،ئەو کوڕی باشە راپۆرتی خۆی دابوو،ئیدی ئێمە بووینە قوربانی کاری نامەردانەی ئەو.
دوایی لێدان و چەند رۆژێ زیندانی، ئێمەیان بە هاوڕێیەتی دوو پۆلیس تا سنووری سلۆپی ناردەوە. پۆلیسەکان هێندە بێویژدان بوون،لە چێشتخانەکان، گرانترین خواردنیان دەخوارد و دەبوو، من پارەکەی بدەم.ئارەزووی چییان بکردایە،دەیانکرد و من دەبوایە دەست بە باخەڵمدا بکەم. بەهەرحاڵ ئاودیوی باشووری کوردستان کراینەوە. منیش نە لەرووم دەهات بەرەو سلێمانی و لای کەسوکار بڕۆمەوە و نە دەرفەتی ئەوەم هەبوو،ئەو هەموو کاتە بە خۆڕایی بسوتێنم.
هەر لە زاخۆ مامەوە و لەوێش لەگەڵ خاوەن هوتێلی (بغداد )دا بووە کێشەمان لەسەر ناوی هوتێلەکە!. ئەوە بوو ئەو رۆژانە، لە رێی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، تۆماری ناوی خەڵک دەکرا،وەک پەنابەر بچنە سوریا. ئێمەش ناوی خۆمان نووسی. من پاسپۆرتە ئەڵمانییەکەی خۆم شاردەوە و سەرلەنوێ وەک پەنابەرێک لە هیچەوە دەستم پێکرد چوومە سووریاوە. سەرەتا لە کەمپێکی نێزیک بە شاری حەسەکە نیشتەجێ کراین.
دوای چەند رۆژێ بە بیانووی کاروبارە چووینە دەرەوە. لەوێ نوسینگەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لێ بوو. لە رێگەی ناسیاوێکەوە بەڵگەنامەیەکم بەدەست هێنا،بە ناوی ئەوەی کاروباری سەفارەتم هەیە ،دەبێت بچمە شام. کە ئەوەم بەدەست هێنا، بە دزییەوە لە کەمپەکە هاتینە دەرەوە و بەرەو شام کەوتینە رێ. لە گەرەکی مساکن بەرزە،ژوورێکم گرت و چووم بەدەم کاروباری سەفارەتەوە.
گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەمان، لەلایەن سەفارەتی ئەڵمانیاوە رەتدەکرایەوە،بە بیانووی ئەوەی وەزارەتی داد و سەفارەتی ئەڵمانی لە بەخدا،مۆریان نەکردووە. دوای هێنان و بردنێکی زۆر ،بێ ئومێد بووم لەوەی بە رەسمی بتوانم هیچ شتێک بکەم. بۆیە بڕیارم دا،جارێکی دیکە بە قاچاخ هەوڵ بدەم دێرین بگەیەنمە ئەڵمانیا،یان وڵاتێکی ئەوروپایی دیکە. دوای سۆراخکردن، زانیم کابرایەک هەیە بە ناوی سعید عێراقی و دەتوانێ هاریکاریمان بکات و دێرین بنێرێت بۆ رووسیا،یان نەمسا.
ئەوە بوو، دیدارم لەگەڵ دا کرد و ووتی ئاسانە و بۆت دەکەم. دەبوو پێشەکی ١٠٠٠ هەزار دۆلاری بدەمێ، منیش بەم کارە هەڵسام پارەکەم خڕ کردە دەستیەوە.
ئەوەی باش بوو، هاوشانی ئەمەش هەر خەریک بووم، بە شێوەی رەسمی کاروبارەکانم لە رێی سەفارەتەوە،بەڕێوە بەرم. دوای هەوڵێکی زۆر، ئەو گرێبەستانەی هاوسەرگیری هی سلێمانی و هەولێر و مەریوان ـ لە مەریوانیش دێرینم جارێکی دیکە مارە کردبوو، تا لە رێی سەفارەتی ئەڵمانیەوە لە تاران کاروبارەکان جێبەجێ بکەم، لێ رەتیان کردەوە،چونکە وەزارەتی دادی ئێرانی مۆری نەدەکرد،ئاخر ئێمە پێوەندارێتیمان ئێرانی نەبوو ـ .
لە ئەنجامی چوونی رۆژانەمان بۆ سەفەرەت، ناسیاویم لەگەڵ گەلێ کەسدا پەیدا کرد. لێرەدا باس لە یەکێ لەو بەرێز و هەردەم لەیاد نەچووانە، رەوانشاد کاک عەزیز کۆیی،ناسراو بە( عەزیز جانەوەر) دەکەم.
کاک عەزیز،پیاوێکی بە تەمەن،لێ تا خودا حەز بکات، تەڕدەماخ و خۆش مەشرەب و ئەرباب بوو،هەموو خوسڵەتە جوانەکانی کەسێکی کۆیی تێدا بوو. هاتبوو، کچێکی خزمی خۆی بۆ کوڕەکەی بهێنێ و لە سەفارەت خەریکی کاروبارەکان بوو. کورەکەی کاک دلێر لەبەر کارەکەی ئەڵمانیای نەیدەتوانی زۆر بمێنێتەوە، باوکی واتە کاک عەزیز،سەرپەشتی ئیشەکانی بۆ دەکرد.
کاک عەزیز، زمانی ئەڵمانی باش نەبوو،من بە هانایەوە، دەچووم ئەو کەلێنەم بۆ پڕ دەکردەوە. ئیدی جارە و جار لەسەفارەتەوە پێکەوە دەگەڕاینەوە بۆ ماڵەکانمان هەردوو لا لە مساکن بەرزە نیشتەجێ بووین. وا دەبوو ئەوان دەهاتنە کن ئێمە، یاخود ئێمە دەچووین بۆ لایان. هەردوو لا دڵمان بە یەکتر دەگەشایەوە.ئەو بەڵگەیەی لە قامیشلۆ، لە نووسینگەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەدەستم هێنابوو، لە نووسینگەی شامیش بە هانامەوە هات.
بۆ بەدواداچوونی مەسەلەکە،ناوبەناو هەوڵی بینینی سعیدم ئەدا. رۆژێ بە هاوڕێیەتی کاک عەزیز چووین بۆ چایخانە یان قاوەخانەی هاڤانا، بۆ بینینی سعید. تۆزێ دانیشتین و چاوەڕێی هاتنی قاچاخچیەکە بوین، لە هیکڕا دوو ئەمن خۆیان کرد بە ژووردا، بە شەق و مشتەکۆڵە و تف و جوێندان و هەرچی کاری ناشرینە کەوتنە وێزەمان. ئەو نامرۆڤانە، مستێکیان لە کاک عەزیز دا نێزیک بە ٤ ـ٥ مەتریان پەڕاند. دەمانچەیان خستە سەر سەرمان بە پاڵەپەستۆ ترنجاندینیانە نێو ترۆمبێلێکی تەسک و بچووکەوە و دەبوو سەرمان بخەینە نێوباوەشمان، تاوەکو کەس نەبینین و کەس نەمان بینینێ.
پاش قەدەرێ رۆیشتن خراینە شوێنێ من نەمدەزانی کوێیە، لێ دیاربوو دائیرەی ئەمنە. سەرەتا چاومان بەسترایەوە و لەسەر کورسییەک دایان ناین. زۆری نەخایان هەرچیمان پی بوو، لێیان سەندین و خراینە ژووری تەنیایی زیندانەکەیانەوە. پاش چەند دەمژمێرێک بانگ کراین بۆ قسە لێوەرگرتن. من نەمتوانی نکۆڵی ئەوە بکەم، کە چ پێوەندییەکم لەتەک سعیددا نییە و راستییەکەم پێ ووتن . ئەوەشم باس کرد کەوا ئەو مەسەلەیەم بە ئاسایی وەرگرتووە و وام نیشاندا کەوا حکومەتی سوری خۆی ئاگادارە. لەراستیشدا هەروابوو، ئەو رۆژانە بە جەڵەب، خەڵک لە سوریاوە دەردەچوو،بەشی هەرە زۆری بە ئاگایی موخابەرات و ئەمنی سوری بوو. بە واتایەکی تر خۆیان قاچاخچییەکەبوون و خەڵکیان رەوانە دەکرد.
لەم قسانەدا بووین، ساتێ یەکێ لە ئەمنەکان چاوی بە پێڵاوەکانم کەوت و دی هێشتا قەیتانەکانی پێوە ماوەوە و لێم نەکردۆتەوە، کەوتە وێزەم و هەرچەند توانی دەستی وەشاند. بە پەلە قەیتانەکانیان لە پێڵاوەکانم کردەوە و ناردمیانەوە بۆ ژوورە تەنیاییەکە. دوای من کاک عەزیز، خۆشبەختانە ئازاد کرا بوو. ئەو چ کارێکی لەگەڵ سعید دا نەبوو.
پاش ٥ ـ ٦ دەمژمێرێک جارێکی دیکە بانگ کرامەوە بۆ ژوورێک، بەرپرسێکی گەورە لە پشت مێزێکەوە دانیشتبوو، چەند کەسێکی تریش بەدەورییەوە بوون. هەمان پرسیاریان لێم کردەوە، ئایا پێوەندیم هەیە بە سعیدەوە یاخود نا. منیش ووتم، بەڵێ بەو جۆرە هەمە،کە پێم وابووە ئێوە لە کارەکانی ئەو برادەرە ئاگادارن و سعید ئەو کارانە بە فەرمی رادەپەڕێنێ. منیش پاسپۆرتی هاوسەرەکەم داوەتێ لەگەڵ بڕی ١٠٠٠ هەزار دۆلاردا، ڤیزام بۆ وەرگرێ و خێزانەکەم بەرم بۆ ئەڵمانیا. من لە ئەڵمانیا دەژیم و گەراومەتەوە حەزم کردووە لە وڵاتی خۆم ژن بهێنم، ئێستا ژنم هێناوە و دەمویست لە تورکیاوە بیبەم،لێ تورکەکان رێگەیان پێنەدام و وا ئێستا هاتووم بۆ وڵاتی سوریا، گەرەکمە هاوسەرەکەم بەم شێوەیە بەرم،چونکە ئەڵمانەکان، دان نانێن بە گرێبەستی هاوسەرگیریماندا، لەبەر ئەوەی مۆری سەفارەتی ئەڵمانی لە بەغدا و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی پێوە نییە. ئەو دووکارەش بۆ من زەحمەتە و ساز نابێت.
بەرپرسەکە، جوێنیکی بە تورکەکان داو، وتی سعید وا لە چنگی ئێمەدایە و گرتوومانە، ئینجا دەفتەر و قەڵەمێکی دایە دەستم و، وتی لە منداڵییەوە تا ئێستا، ژیاننامەی خۆت بنووسە.
منیش ووتم باشە، لێ رەنگە بە عەرەبییەکی دروست نەتوانم هەموو ژیننامەم بنووسمەوە. وتی هەوڵ بدە. ئیدی دەستم پێکرد، ناوی سیانی و شوێنی لە دایکبوون و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەییم کە لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. پاش تەواوکردنی قوتابخانە پێوەندیم کردووە بە شۆڕشی کوردییەوە. بۆ ماوەی چەند ساڵێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیم. ئەمە هێڵە گشتییەکانی ژیننامەکەم بوو، نووسیم و دامە دەستی.
خۆشەویستتان، ئەو نا مرۆڤە، پاش چاوپێداخشانیکی خێڕا، هێندەم زانی وەک پڵنگێکی بریندار، هەڵی کوتایە سەرم و بە جوێن و شەق و زللە و هەموو هێزی خۆیەوە کەوتە گیانم.. ئەوانەشی لەوێ بوون جارەو جار دەستێکیان دەوەشاند. لە سیاچارەیی من لەو کاتەدا (مراسل)ەکە، سینییەک چای دەهێنا، ئەویش چاکەی لەسەر مێزەکە داناو، بەشی خۆی کوتامی. دوای خوێناوی بوونی دەموچاوم و ماندوو بوونی خۆیان، دەستییان هەڵگرت. کابرای بەرپرس، بەدەم هەناسە هەڵکێشانێکی قووڵەوە، گووتی سەگی کوڕی سەگ، شۆڕشی کورد نییە و ئەو لاپەڕەیەی ژیننامەکەم تێدا نووسیبوو، هەلا هەلای کرد و وتی بینووسەرەوە و بڵێ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی. منیش زیندانی ئەوانم، دەبوو ملکەچی بنوێنم، بۆیەکا وتم باشە دەینووسمەوە. بە قۆڵی کراسەکەم سەروچاوە خوێناوییەکەمم سڕی و کەوتمەوە نووسینەوەی ژیننامەکەم بە هەمان شێوە، تەنیا ناوی شۆڕشی کوردم گۆڕی بە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی. دواتر بردمیانەوە بۆ ژووە تەنیاییەکەم. نیوەشەوێکی درەنگ بەراڵایان کردم و، وتیان دەبێت سبەی دەمژمێری ٨، لێرە لامان بیت.
ئیدی بەهەر حاڵێک بوو گەشتمەوە ماڵەوە. سبەی چوومەوە بۆ لایان و لەسەر کورسییەک لە چەقی رێگاکەدا دایاننام. هەر کەس دەهات تفێک و جوێنێک و خێسەیەکی تێدەگرتم. پاش چەند دەمژمێرێک، بەرپرسەکە هاتە لام و وتی:دەتوانی ئێستا بڕۆیت،بەڵام سبەینێش بە هەمان شێوە دێیتەوە ئێرە. بەم شێوەیە بۆ ماوەی نێزیک بە بیست و سێ رۆژێک ئەم بەزمە دوبارە دەبۆوە.
بیرم کردەوە، کار بەم جۆرە بڕوا، رزگاربوونم بەرەو مەحاڵ دەچێ. من لە هاتنە ناو سوریاوە، وتبووم ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستانم. ئەم خاڵە زۆر بەدرەدی نەدەخوارد. کاک عەزیز جانەوەر کۆیی بوو. نوێنەری یەکێتیش لە سوریا کاک عەبدولرەزاق، هەر کۆیی بوو.. کاک عەزیز پشنیازی کرد بچینە لای تاوەکو کارێکم بۆ بکات. منیش بەخۆشییەوە پەسەندم کرد. کاتێ چووین لە ماڵەکەی هەڤاڵ مام جەلال نیشتەجێ بوو، کاک عەزیزی ناسییەوە و بە گەرمی بەخێرهاتنی لە منیش کرد. کەسێکی بەڕیز و لەسەرخۆ بوو. حاڵ و مەسەلەمان تێگەیاند. وتی هەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین. پێشنیازی کرد. لە بازاڕی ئازادەکەی دیمەشق دوو بتڵ ویسکی و چەند پارچەیەک جگەرە بکڕم و کاتی دیاری کرد پێکەوە بچینە کن بەڕێوەبەری ئەمنی لقی ٢٧٤. ماڵی ئاوەدان بێ،زەحمەتی کێشا و لەتەکمدا هات. وەختێ چووین دیارییەکانمان دا و گفتیان دا چارەسەری کارەکە بکەن. ماوەیەکی پێچوو ئیدی بانگ نەدەکرام بۆ نوسینگەی ئەمن. ماوەیەک بوو گرێ بەستی ماڵەکەم نوێ نەکردبۆوە و بە دوای شوێنێکی باشتردا دەگەڕام . من و خێزانم چووینە لای ماڵی کاک عەزیز. ئەوان شوێنیان سەربەخۆ و گەورە بوو. نیوەڕۆیەک خەریکی نانخواردن بووین، هێندەمان زانی لە خوارەوە دەرگای ماڵەکە بە توندی دەکوترێ. کاک عەزیز چووە بالکۆنەکە و بە پەلە گەڕایەوە بۆ لای من. وتی ابو نضالە و داوای تۆ دەکات. منیش گورج چوومە بالکۆنەکە. بە هەڕەشەوە وتی دەمژمێری ٤ی پاش نیوەڕۆ، دێیتە نوسینگەی موخابەرات بۆ لام. بەراستی سەرمان سوڕما،چۆن زانیویانە من لەوێم. رەنگە دیسان کوڕی باشێک هەواڵیپێیان دابێت.
لە کاتی دیاریکراودا بە ترس و دڵەڕاوکێوە چووم. پاش راگرتنێکی زۆر داینام و وتی هەواڵی سەعید چییە. وتم هیچ نازانم، وتی ئاگامان لە هەموو جموجوڵەکانتە. لە راستیدا من لەو ساتانەدا بەدوای سەعیدەوە بووم پارەکەمی لێوەرگرم یان کارێکم بەشێوەیەک بۆ بکات.
ئیدی دوای هەڕەشە و سوکایەتی پێکردن، ئاگاداری کردم بە زوویی سوریا جێبهێڵم و بە هیچ جۆرێ باسی ئەم بەزم و هەرایەی لەگەڵمدا کراوە نەکەم. منیش گفتم دایە کەوا دەنگم لێوە نەیەت.
لەراستیدا ئەوان نەیان دەزانی من لە کەمپی حەسەکە هەڵاتووم و ناوم لە یونۆ نوسیوە. چونکە لە شام پەساپۆرتە ئەڵمانییەکەم نیشان دابوون.
بەهەرحاڵ من ئەو رۆژانەی لە شام بووم، لە هەوڵی خۆم نەکەوتبووم. هەوڵم دا دێرین مارە بکەمەوە و چوومە وەزارەتی داد و کاتیان بۆ دیاری کردم. رۆژی مارەیی داوای دوو گەواهیان لێکردم. پرسیارم کرد کورد هەیە لێرە، وتیان چایچییەکەی ژێر پێپلیکانەکان کوردە، بە هەڵەداوان خۆم گەیاندێ و ئەویش مەردانە هات بەدەنگمەوە. کەسێکی تریشمان دۆزییەوە بە پارە شایەتی بدات. وەختێ چووینە لای قازی ، کابرای بڕیار بوو شایەتی بە پارە بدات، رایکرد. هەر کوردەی چایچی مایەوە. قازی دەریکردینە دەرەوە. لەدەرەوە یەکێ ترمان رازی کرد. چووینەوە ژوورێ، کاتێ قازی بە عەرەبی سووری پرسیاری لە هاوسەرەکەم کرد، دێرین هیچ تێنەگەیشت. کوردەکە بۆی وەرگێڕایە سەر کوردی زاراوەی کرمانجی دیسان دێرین هەر تێنەگەیشت هەوڵم دا حاڵی بکەم قازی توڕە بوو. سەرێکی بادا و نا بەدڵی لێ مەردانە، مۆری شتەکانی کرد و وتی بچنە دەرەوە. ئۆخەی رزگار بوو، هەرشت ساز بوو. دوایی چووینە لای ئەو فەرمانبەرەی دەبوو کارەکان ئامادە بکات. وتی دوو رۆژی پێدەچێ. پاش دوو رۆژ چوومەوە. کابرا لەدوورەوە منی ناسییەوە و یەکەوراست باوەشی کرد بە دەفتەرەکەدا/ سجلەکەدا، بە دەم دەست و سەری ئاماژەی دامێ بچم دوو سەد لیرە بدەم بە فەرمانبەرەکەی مێزەکەی ئەو بەرەوەی خۆی. وتم: ئێ بۆ؟ وتی: ئەویش یارمەتی داوم و لەگەڵم ماندوو بووە. بە ناچاری دامێ. کابرا بۆ خۆیشی دەفتەرە بۆری وەک منداڵە نازدارەکەی بە توندی بە سنگییەوە گوشیوە و حەزرەتی فیل لە چنگی دەریناهێنێ. ئینجا وتی: نامەوێ لەوە زیاتر ماندوو بکەم. دووسەدیش بدە من دەنا هیچت نادەمێ. جا وەرە ئەو کەرە لەم قوڕاوەی دەربهێنە. ئەویشم دا و گرێبەستەکەم وەرگرت. یەکسەر چووم بۆ وەرزارەتی دەرەوە و مۆریان کرد و رۆژی دوایی چووم بۆ سەفارەتی ئەڵمانی و گرێبەستەکەم دانێ. لەوێش چەندجار چووبێتمە سەفارەت دەبوو پەنجا لیرە بخەمە ناو پاسپۆرتەکەوە، ئەوجا رێگەیان دەدا بچمە ژوورێ. کاتێ دەمانویست بچین و پەساپۆرتەکەی دەدی، کابرا دەرکەوان هەر لە دوورەوە دەیگووت تێیدایە، واتە پارەی تێدایە، ئەوجا رێگەی دەداین و دەچووینە ژوورێ.
بەسەرهاتێکی سەیری ئەو رۆژانەوە ئەوە بوو، لەو رۆژانەدا کتێبی (عرب و اکرد)ی منذر الموصلی چاپێکی نوێی بڵاوکرابۆوە. منیش چەند نوسخەیەکم لێ کڕیبوو بۆ خۆم و چەند برادەرێک. نووسەر ناونیشانی سندوق پۆست و ژمارەی تلفونی تێدا بڵاوکردبۆوە، گەر یەکێک بیەوێ کۆمێنتێ یان باری سەرنجێکی لەسەر کتێبەکە هەبێت. بۆی بنوسێ و بینێرێ.
نوسەر خۆی بەڕیوەبەری ئاسایشی حەسەکە و قامیشلی بووە، ژنەکەی کوردە و گوایە خۆی بەدۆستی کورد، بەتایبەت سەرکردەکانی داناوە. سەروبەری کتێبەکە لەوەدا کۆکراوەتەوە، کوردستان لە سوریا نییە و عەرەب، لە بەخشندەیی خۆیان و دروشمە بەرز و قوڵە هومانیستێکانیانەوە، باوەشیان بۆ ئەو کوردانە کردۆتەوە، کە لەدەستی زوڵم و ستەمی تورک رایان کردووە..
منیش دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، دانیشتم ئەوەی دەمزانی و نەمدەزانی بە عەرەبی و شتێکیشم لێ گیربوایە بە کوردی(ئاخر دەمزانی کوڕی باش زۆرە بۆی وەرگێڕنە سەر زمانی عەرەبی!!) بۆم نووسی و ئەوە مێژووی بۆی تۆمارکردووین لە خراپەی داگیرکەری عەرەب بۆم هۆنییەوە بە کۆمەڵێ قسە و توانج و ووشەی زبری خەستەوە بۆم نارد. ئەوەش یادگارێکی خۆشە بۆم.
لەو ساتەدا وام دەزانی چالاکییەکی قارەمانانەم ئەنجام داوە. لەو سوریایە، کە گەلێک جاران پێی دەوترا،( شعب اسخف من النضام) شتی زۆر ناشیرینم دی و بەسەر هات. بەدرێژایی ئەو٦ مانگە تەنیا جارێک،کە ئیدی دەرفەتی مانەوەم تەواو تەواو تەسک ببۆوە، هەوڵم دا بلیتێ بکڕم و بگەڕیمەوە، لە نوسینگەیەک، خاوەنەکەی وتی: من یارمەتیت دەدەم،و بە نیوە نرخ بلیتەکەت بۆ دەبڕم، چونکە لەسەر پەساپۆرتەکەم پیشەی خوێندکاری زانکۆ نووسرا بوو. دەنا ئەوی دیکە رووم لەهەر شوێنێ کرد بێت، هەر رووتاندنەوە و داوای بەرتیل و سەرانە بووە. تەنیا (انشااللە شایل معاک شی؟! یان ما بدنا نعزبک ـ واتە هیوادارین پارەت پێ بێت و خۆت بخورێنی و نامانەوێ وەڕست بکەین پارەی خۆت بدە و بڕۆ) بیست و فێربووم.
تاکە یادگار و چاکەیەتی تریشی خورادنی خۆش و هەرزان بایی بوو.ئا لەمەدا هیچ درێخیمان نەدەکرد. ناسینی کۆمەڵێ برادەر و هاورێی چاک. بۆ منیش کڕینی دەیان کتێبی باش بوو لەسەر کورد و زۆریم بە پۆستدا دەناردەوە بۆ بەرلین، هەندێکیشی خۆم لەگەڵ خۆمدا هێنامن. لەگەڵ کۆمەڵێ کتێب لەسەر ئاو و مێژوو و هزریی نەتەوەیی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی.(لەمەدا هەندێک جار دێرینی هاوسەرم لێم قەڵس دەبوو، دەیگووت کاتی کتێب کڕین نییە،بەڵام…).
رەنگە گەلێ کەسانی دیکەش بەسەرهاتی لەمەی من تاڵتریان لە سوریادا بەسەر هاتبێ. ئەو کاتانەی لەوێ بووم و دواتریش شتی سەیر سەیرمان دەبیست. زۆر هەبوون هەر لە فڕۆکەخانەوە دەگەڕیندرانەوە. کوڕێکی کورد، لە دانیمارکەوە گەڕابۆوە، چووبوو بە ڤیدیۆ، هەندێ وێنەی لە ناوشاری دیمەشقدا گرتبوو. گیراو ماوەیەکی باش سەرونگوومیان کرد و وابزانم دەریان کرد و نەیان هێشت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
وڵاتی پۆلیسی و موخابەراتی وەک سووریا، رەنگە لە عێراقی سەددام حسینیشی تیپەڕاند بێت. ئەوانە بەرامبەر بە تۆریستەکانی وڵاتانی کەنداو، کە بۆ مەبەستی رابوورادن زێتر روویان لە سووریا دەکرد و پارە حوکمییان دەکرد، لە فرۆکەخانە کارێکیان پێ دەکرا،با بە دەواری شڕی نەدەکرد..
ئێستاش ئەوە بۆ ٥ ساڵ زیاتر دەچێ، شەڕیکی خوێناوی و نامرۆڤانە لە سووریادا بەرپابووە،ملیۆنەها ئاوارەوە هەزاران هەزار کوژراو و ماڵکاولی لێ کەوتۆتەوە، مرۆ لە ڕووی مرۆڤبوونەوە نیگەرانە. بەس راستییەک هەیە، با بووترێ سوریا و گەلەکەی ساڵانێکی ساڵی زۆرە لەسەر حسابی پرسی فەلەستینی کوردی باشوور و باکوور بەتایبەت و زۆر پرسی دیکەی، بەرەی خۆڕاگری و بەربەرەکانی و دۆستی شورەوی و پرسگەلێکی ترەوە دەژین و دەخۆن و دادەدۆشن. رەنگە بەشێک لەوەی ئێستا بەسەریاندا دێت پاداشتی خراپەکارییەکانیان بێت،کە بەرامبەر بە خەڵکی دیکە دەیان کرد و کردوویانە و ئیستا دێتەوە سەر ڕێی خۆیان.
٢٠١٧/٢/١٤
…..جار و بار لێرە و لەوێ لە زروفە ناخۆش وگەرمەکانا ، هەرزەکاری سیاسی و تازە پێگەیشتووی سیاسەت و پۆست ، مل دەرئەهێنن و بەدەنگێکی نەشاز ئەدوێن جگە لە قورسکردنی وەزعەکە هیچی تری لێ حاصل ناکەن، بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتای دامەزراننیەوە تا ئێستاش نە بڕوای بە چەک هەڵگرتن و نە بڕوای بە زمانی توند و تیژیی هەبوە لە لابەلا کردنی ناکۆکیەکان بەتایبەتی شەخسی کاک نەوشیروان بە دەیان جار ئەو بۆچونەی قەتعەن ڕەت کردۆتەوە و هەر ئەم پرینسیپەش بۆتە مایەی جێی ڕێزی جەماوەری گۆران و کۆمەڵگای مەدەنی و هەیئەتە دیپلۆماسیەکای لە هەرێم هەن . .. ئەمڕۆ لەسەر کێشەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانا بارێکی گرژ و مەشحون هاتۆتە پێشەوە پیاوی ئاقڵ ئەوەیە بێ گەیاندنی دژایەتیەکان بۆ حەدی خوێن ڕشتن رێگە چارەسەرییەکان بگرێتە بەر، کەچی لەم لاوە کەسانی باڵی ئیسلامیەکانی گۆڕان بە شێوەیەک ئەدوێن رێک دژ بەسەرەکی ترین پرینسپەکانی بزووتنەوەکەیە ، دیارە ئەوانە بە حوکمی ئیسلامەتی وەک سەرچاوەی بیرکردنەوەیان هەردەم لە ناکۆکیەنا لە خەیاڵی شمشێر وسەربڕینن ، دەنا گەر یەک غرام بە بیرکردنەوە گۆڕان بونایە نەک بە پۆستی پارلەمانتاری ، ئەوا ئەبوایە ئەوەی گۆڕان وەک مەبدەئو بەرنامە هەیەتی لە چارەسەری کێشەکان پێ داگرییان لەسەر برکردایە… ئیسلامییەکی بە بۆینباخ مەدەنی وبە ئەقڵ لەدایک بووی جەزیرەی عەرەبی ، ئەیەوێ دەهەزار گۆران خواز چەکدار بکات بۆ لابەلا کردنی کێشەی ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکانا و هەر هەموو ئەو دەهەزار گۆران خوازە خۆ بەخشن واتە ماڵ و مناڵ وئیشەکانیان بەجێ ئەهێڵن و سەروو چەکێک هەڵئەگرن و بە دوو سەعاتێک هەموو دەنگە دزراوەکان ئەهێنرێنەوە سنوقەکان …گۆڕان دەساڵە خەباتێکی مەدەنی سەخت ئەکا بێ ئەوەی پارچە چەکێکی بەناوی خۆیەوە هەبێت ، کەچی لەپڕ دەهەزار خۆبەخش چەکدار ئەکرێت هەقی خۆیەتی بریاربەدەستەکانی گردەکە بەو جەنەراڵە ئیسلامیە بڵێن : وەرە کاکی برا تۆ ئەم مەشجەبەت هەیە بۆ تا ئێستا قسەت نەکردوە ؟ بەشێکی زۆر لەجەماوەری دەرەوەی گردەکە لە گۆران دووچاری نارەحەتی و سەختی بەرێوەبردنی ژیان بوون بەڵام مساوەمەیان لەسەر بۆچونەکانی کاک نەوشیروان و مەبادیەکانی بزووتنەوەکە نەکردوە کە سەرەکیترینیان رەتکردنەوەی چەکە لە بوونی گرژی سیاسی و ناکۆکیەکان..جا لەوە تێناگەم چۆن ئەو” ناخ موحەجەبەیە” رێگ بە خۆی ئەیات لەو جۆرە تەسریحاتە ئاگراویانە بات ، یان ئەوەیە بۆی چۆتە سەر زۆر قسە ئەکاو کەم رێگری لێ ئەکرێ..کە هەرێم لە نێوان تورکیا و ئێران دابەش بوە تەحەمولی هیچ شەڕێکی ناوخۆیی ناکات و ئەوانەی دەهۆڵ بۆ ئەو شەڕە لێ ئەیەن لە هەر لایەک بن دژی لایەنەکەی خۆیانن پێش هەموو کەسێکی تر…جۆ ئەگەر ئەو ئیسلامیە بە ئەقڵ و گۆڕان بە وەزیفەیە هەر موسیڕە لەسەر چەکدار کردنی دەهەزار گۆڕان خۆاز ، دەبا خۆی پێش هەموو خۆ بەخشێک (چونکە خۆی خۆبەخش گۆڕان نیەو مانگی تەنها شەش ملیۆنی پارلەمانی هەیە ) خۆی ببەستێ و کەس و خزم و برادەرەکانی چەکدار بکات و پێش ئەوەی کوڕی هەژار و قوربەسەر بکا بە قوربانی دژایەتی پرینسیپکانی گۆڕان ، ئەویش قوربانیەک بات بەتایبەتی ئەو بروای بەوە هەیە قوربانیەکانی رێگەی راستی لە بەهەشت کابینەیان بۆ حیجز کراوە….کە کەسێک هانی خەڵکی یا بۆ شەڕ ئەبێ ئامادەش بێ بەشداری تیایا بکا ، دە فەرموو کاکی گۆران خواز بکەوە پێش ئەو دەهەزار (خۆبەخش)ە…!! و لەسەر بناغەی بیرکردنەوەی خۆت بە ووتنەوەی سوورەتی ” ئەنفال” پێشکەوە بە یادی شەڕی ئوحد
هەموو ئەو رەوەزە بەردانەی لەسەر زگم كەڵەكەكراون، بەس خوا دەزانێت چەندم خۆش دەوێن، ڕەگیان چۆتە ناو هەناوم و من ئەوانم و ئەوان منن، هەر كە دەرگای رۆحیان لە ڕێسمە دەبردرێ، رۆحم دەردەچێ، حەجمانم لێ هەڵدەگیرێت، ئای كە چەند حەز دەكەم یەك یەك نیشانی هەموو دونیایان بدەم، پێیان بێژم ئەشتۆ جگەرگۆشەم هەن! بەڵام بەو خوایەی لە ژۆر سەرانە، لەبەر ئەو دەشتە كاكی بە كاكی و ئەو بیابانانە لم ئەستورانە دڵم نایەت كە چەند ساڵە بە هەویای بەردێكن تا بیدەنە بەر پشتی خۆیان و سێبوورییان پێوە بێت، كەچی تا ئێستا لە چاوەڕوانیدا ئاوی چاویان سپی بوو، بەردێكی چكۆڵەشیان بۆ نەهات و هەر نەهات!
چەند كەیفم دێت دەگەڵ گەردی بەیانی، ئەو دەمی فەجری سادیقە و تێر تێر نووری مەشریق ڕادەمووسم، ئەوجار چی لالە و حاجیلە و هێرۆیە دەنگی پێكەنینیان دەگاتە ئاسمان. بە من بی ئەو بەهارە جوانە و ئەو كەیفخۆشییەی جەرگی جەرگانم بە رۆح و چاو، پێشانی هەموو جێیانی بدەم، بە چی توانام هەیە، پێكەنین، دڵخۆشی، كەیف و سەفام بگەینمە هەموو هەسارەیەكی ئەو گەردوونە. ئەمما قورعان بە حەقت بە ساحێبت سوێندت لەسەرم نییە، زگم بەو چیایە رەقەن و رەشانە دەسووتێت، كە هەزار ساڵە چاویان لەوەیە ئەو دڵە رەقەیان نەرم بێت، جارێك بۆ تەنیا جارێك و بەس، بۆنی بەهارێك بكەن و لە دیار پێكەنینی گوڵاندا خەندەیەكیان بێتە سەر لێوان و بەو نزمەوە خەویان لێ هەڕمێت و ئیدی بە دیار ژیانەوە پێبكەنن و پێبكەنن. بەڵام چش. كوا بۆ ئەوێ ڕۆژێ كوا!
نووسراوی سەر تیوەڕە شاخێك.
نهخۆشییهكی بێدهرمان..
چاو له ڕێگهیهكی دوورو
جێژوانێكی ڕوخاو،
به حهسرهتێكی ئاگرینهوه
چاوهڕێی هاتنی شیعرێكم..
لهژێر زمانمدایهو
بۆ چاوه خهواڵوهكانی تۆ نهبێ
نایه
تۆش نایهیت و
لهشهوگاری منیشدا
ڕۆژنابێتهوه!
خاتوونهكهم!
من له تۆدا
بۆ خۆم دهگهڕێم
بۆ مێژووی لهدایكبوونم
كه هێشتا دهستی پێ نهكردووهو
ساتێكی نابێ
بۆ دهست پێكردن.
تۆ ههموو شتێكت له مندا
دیاره
ئهوهی دیار نییه
منم
سهدهیهك ئهولاتره
مهلێكی.. سهرباڵ شینی..
لێدراو
وهخت و ناوهختی نییه
له تاریكایی مندا
دهفڕێ و
له ڕووناكایی تۆدا…
دهنیشێتهوه.
لێگهڕێ
با ههر خۆشمبوێی
با ههركاتێ بمهوێ ..
بتهێنمه ژوورهكهم
من ههر، بۆ ئهوه هاتووم
تۆم خۆشبوێ
بۆ ئهوهش دهڕۆم ..
تۆ لهگهڵ خۆما
ببهم
لێگهڕێ
باههر خۆشمبوێی
قیبله به بۆ شیعرهكانم!
شیعر..
ڕووی له قیبله نهبێ …
بهتاڵه!
تۆ تۆییمهو..
نێوانمان دوور نییه
با دووریشبێ
ترپهی هاتن…
له دڵهكانیشدا بێ
ههر هاتنه!
ئێمه ئهگهر ڕێگهكان
دوورمان دهخهنهوه …
دهتوانین، له ووشهكانهوه بێینهوه
ئهگهر نهمانتوانی ماڵی یهكتر ئاوهدان بكهینهوه
دهتوانین لهخهونی یهكتردا بژین
پێمخۆش بوو من بێم
داخهكهم ئهوه ناكرێ
من ڕێگهی هاتنم لێ وونه …
وا تێگهیشتم ..
كهچی وا نهبوو
ئهوهی وون بووه
منم!.
من ئیتر چاوهڕێ ناكرێم..
ههر ئهبێ چاوهڕێ بم!
ئهی ناكرێ تۆ بێی؟
ههر ههنگاوێكت ..
به ههزار له من وهرگرهو
لێگهڕێ با ههر خهون …
به هاتنتنهوه ببینم
بۆنی هاتنی تۆ
مانهوهی منه
تا تۆ دێی
من چاوهڕێم و
تا من چاوهڕێم
ئهزانم..
هێشتا ماووم!!
———————
ڕهنجه دوورترین ژووری دونیا
موزەفەر عەبدوڵا
————————————-
بڕیاری کشانەوەی تاکلایەنەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێکەوتنە نێو دەوڵەتی یەکەی ٥+١ یانی ،ئەمریکا،بەریتانیا،فەرەنسا،ئەڵمانیا،روسیاو چین – لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی ئێران ، کە لە لایەن ترامپەوە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر واژۆ کرا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوەوە تا ئێستا یەکێک لە گەورەترین ڕوداوە جهانی یەکان بوو.ئەم ڕوداوە بوە یەکێک لە هەواڵو پرسە گەرمەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنو ڕای گشتی جیهان.
لەمبارەیەوە لێکدانەوەو ڕاوبۆچونو هەڵویستی جۆراجۆر لە گۆشەنیگای جیاوازەوە بەدی دەکرێت. زیاتریش ڕاوهەڵوێسگیری یە سیاسی یە گشتی و فەرمی یەکان لایەنگیرن بۆلایەنەکان ،جگە لە ڕاو هەڵویستی هەندێک لە چەپو کۆمۆنسیتەکان کە بە گشتی دژایەتی هەمو لایەنەدەرگیرەکان دەکەن.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجیشە ئەوەیە کە زۆربەی لێکدانەوەو ڕاوبۆچونەکان زیاتر لە ڕوانین لە ڕواڵەتی پرسەکەوە هەڵوێستگیری دەکەن .وە پێیان وایە کە کرۆکی پرسو کێشەو ململانێکە هەر ئەوەیە کە خودی لایەنەکان پروپاگەندەی بۆ دەکەن.
ڕواڵەتی پرسەکەش لای ئەوان ئەوەیە کە گوایە ئێران لە هەوڵی دەسڕاگەییشتنە بۆ چەکی ئەتۆمیو ناوکی و، ئەمریکاو هەمو دۆستوهاوپەیمانەکانیشی ڕێگای پێنادەن ئەم نەیارو دوژمنەیان بێیتە خاوەنی ئەم جۆرە چەکانە چونکە ئەمنو ئاساییشی جیهان دەکاتەوە مەترسی یەوە.لە کاتێکدا وەک ئاماژەمان پێدا ئەمە تەنها ڕواڵەتی کێشەو پرسەکەیەو کردویانە بە بەهانە تا لەم ڕێگایەوە کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی و ئابوری و سەربازی تر بەدی بێنن.
جا بۆ ڕۆشنکرنەوەی هۆکارە راستەقینەکان وا پێویست دەکات ئاماژەیەک بە هەندێک تایبەتمەندی ڕژێمی ئیسلامی و بنەمای کێشەوململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا و هەندێک لەو زلهێزانە بدەین.
بەر لەهەر شتێک پێویستە ئەو ڕاستیی یە جارێکی تر جەخت لێبکەینەوە کە ئەم ڕژێمە بەرەنجامی بەلاڕێدابردنی ڕاپەرین وشۆرش و سەرکوتی جەماوەری شۆرشگێر بوو کە ڕژێمی شایان ڕوخاند لە ساڵی ١٩٧٩ دا .ئەمەش بە پلەی یەکەم لە نەبونی یەک بەدیلی بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمۆنیستی و کرێکاری وایکرد ئەم باڵە ئیسلامی یەی چینی بۆژوازی لە هەلومەرجێکی تایبەتی ناوخۆیی وناوچەیی و جهانیدا بتوانێت دەسبە سەرهەمو دەسەڵاتو دەوڵەتدا بگرێت و بەهێزی سەرکوت خۆی تا ئێستا بسەپێنێت.
تایبەت مەندی ئەم ڕژێمە ئیسلامی یە سەرکوتگەرو کۆنەپەرستو تیرۆریستیەش لە چاو ڕژێمی شای سەرکوتگەری هاوکارو هاوپەیمانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا وەک زۆربەی ڕژێمە سەرمایەداری یە ژێردەستە ئیمپریالی یەکان زیاتر پەیڕەوکردنی بو بۆ مۆدیلی سەرمایەداری دەوڵەتی بەسەر هەمو هۆیەکان وسەرجەم پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەو زیدەبایی و زیدەقازانج لە سایەی دەسەڵاتێکی ئەوپەڕی سەرکوتگەر کە سەرەتایی ترین مافو ئازادی بە ڕەوا نابینێت بۆ کرێکاران و توێژە ستەمدیدەکان.
ئەم ڕژێمە بە پێی ماهیەتە چینایەتی یەکەی نایەوێتو ناتوانێت ڕێگا بدات بە کەمترین کردنەوەی دەروازە بۆ سەرمایەی دارایی و هاوردنی کاڵاو پێویستی یەکانی تری بازارو ململانێی ئازاد.
وە هەر ئەمەش هۆکارو کرۆکی هەمو کێشەو ململانێی و هەڕەشەو کوڕەشەو پیلانەکان لە دژی یەکتر لە نزیک بە چڵ ساڵی ڕابردوەوە تا ئێستا.
جا هەرچی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی ئەمریکاو ئەوروپایە دەیانەویت ئێران ،کە لەسەر دەریایەک لە نەوتوگازو سەروەتو سامان ،بە تایبەتی هێزی ملیۆنی کاری هەرزان ،ڕاوەستاوە دەرگاکەی بە فراوانی ئاوەڵابێت بۆ ناردنی سەرمایەی دارایی و کاڵاو تەکنیکی ئەوان وەک زۆر ووڵاتی تری دونیا .هەرچی ڕژێمی ئیسلامی ئیرانیشە، وەک ووتمان بە پێی ناوەڕۆکە چینایەتی یە بۆرژوازی یەکەی ، لە ڕووی فکری و سیاسی و مێژویی یەوە نە دەیەوێتو نە دەتوانێت پەیڕەوی تەواو لە مۆدیلی سەرمایەی بازاری ئازادو هاوردنی سەرمایە دارایی و ..هتد دەرەکی بکات بە بێ سانسۆرو لابردنی تاریفەی گومرکی و ململانێیەکی ئازاد.
ئیتر هەمو دروشمو پروپاگەندەکانی تریان لەهەردو لایەنەوە بە تایبەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوا لە بونو پەرەپێدانی ئێران بۆ چەکی ناوەکی و مەترسی بۆسەریان و پرسی مافی مرۆڤو دیموکراسی زیاترکۆمەڵە بەهانەیەکن لەدەوری ئەم کێشەو ململانێ سەرەکییەدا دەخولێنەوە.
تەنانەت پروپاگەندەی مافی مرۆڤو دیموکراسی لە دژی ئەم ڕژێمانە تا ئەو جێگایە مەبەستی ئەمریکایە کە کەمترین دەرفەت بدەن بۆ کردنەوەی بازارەکانیان بۆ وەبەرهێنانی سەرمایەی ئەوانە.هەر کات ئەو دەرفەتەیان دا ئیتر پروپاگەندەکان هەموی خودبەخود نامێنن.
باشترین نمونەش دەوڵەتو دەسەڵاتی پاشایەتی سعودیەو زۆری ترە کە سەرەتا ترین مافی مرۆڤو دیموکراسیو هەڵبژاردنی تێدا نی یە بەڵام نەک هەر هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ نی یە بەڵکو باشترین دۆستو هاوپەیمانی ئەمریکاو دەوڵەتە سەرمایەداری یە ڕۆژئاوایی یەکانن.
بێگومانە ئەوە ڕونە کە ئەمریکاو پێنج زلهێزە ئەمپریالیزمەکەی بەریتانیاو فەرەنساو ئەلمانیاو ڕوسیاو چین لەوەتەی ڕژێمی ئیسلامی لەسەر کارەو، دەسەڵاتە سەرکوتگەری یەکەی جێگیر کردوە ،بەردەوام بەشێوازی جۆراوجۆر لەهەر دەورەیەک ، چ بە تەنهاو چ پێکەوە ، هەم لە ناکۆکی و ململانێدابونە و هەم لە ڕیکەوتنو هاوکاری بە پێی هێزهاوسەنگی یان .بە تایبەتی ئەمریکا لەهەر دەورانێکی باڵادەستی خۆیدا هەمو شێوازکی فشاری هێناوە بۆ ئەم ڕژێمە .هەر لە ئابڵوقەی ئابورییو پێکدادانی سیاسی، جار جار سەربازی ، تا نەخشەو پیلانی ڕوخانی ڕژێم جا چ ویستبێتی شەر لە دژی بەرپا بکاتو سیناریوی رەشی وەک عیراقو سوریا بەدی بێنێت، بەهاوکاری تاقمە پرۆ ئەمریکایی یەکانی وەک سەڵتەنەتەکان ، یاخود بەهاوکاری باڵە کۆنەپەرستەکانی ناو ڕژێم هەوڵی داوە ئاڵوگۆر بکات بە قازانجی خۆی .
بەڵام دوای چەندین ساڵ لەهەڕەشەو گوڕەشەی دەخاڵەتی سەربازی و سەپاندنی ئابڵوقەی ئابوریو پیلانی جۆراجۆری ڕژێم چێنچی بێئاکام ئیتر لە مانگی مەی ٢٠١٥ هەمویان بە چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکانو دەخاڵەتی لیژنەی چاودێری ووزەی ناوەکی و یەکیتی ئەوروپا لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێکەوتن. گرینگ ترین خاڵیش ملدانی ڕژێمی ئیسلامی بو بۆ سنوردانان بە پەرەپێدانی پرۆژەی ووزە ئەتۆمییەکەی لە ژێر چاودێری ئەوان. لەبەرامبەر ئەمەدا هاوکات ئەمریکاو هاوکارەکانیشی ئابڵوقەی ئابوری لەسەر لابەرن کە چەند ساڵ بو دایان نابوو. هەڵبەت لەم ئابڵوقەیەشدا ئیران زیاتر لە ١٦٠ ملیار دۆلار زیانی پێکەوتبو.بەڵام بە پێی ڕێکەوتنەکە ١١٠ ملیار دۆلاری بلکۆکراویان دایەوە.ئەمە سەرەڕای کۆمەڵیک شەرتوشروتی تر.
بەڵام دوای ٣ ساڵ لەم ڕیکەتننامەیەو لاوازی بونی پێگەی سیاسی و سەربازی ئەمریکا چ لە گۆڕەپانی ململانێ و شەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرامبەر نەیارەکانی لەوانە خودی ڕژێمی ئیسلامی چ دابەزینی کێشی لەنێو هاوپەیمانە ئەوروپی یەکانیشی ئیتر ترامپو ئیدارەکەی ناچاربوون چاوبخشێننەوە بە ڕێکەتنامەکەو بەبەهانەی پوچەوە پاشگەز ببنەوە.دیارە لەمڕوەوە نیگەرانی یەکانو هەندێک بەڵگەی ئیسرائیلو سعودیە وەک دوو دۆستی دێرینی ئەمریکاش کاریگەری هەبوە لەسەر ئەم پاشگەزبونەوەیەو کشانەوەیە لە ڕێکەتنەکە.
لە واقعدا ئەمانە هۆکاری سەرەکیو راستەوخۆی ئەم کێشەو ململانێ و پرسەو تەنانەت پاشەکشەی ئەمریکایە لەو ڕێکەوتنامەیە.
بەڵام ئەوەی ئاکامەکانی ئەم کشانەوەیە لە ئێستاو داهاتودا چی دەبێت دەکرێت ئاماژە بە زۆر خاڵ بدرێت لە ئاستی ناوخۆیی وناوچەیی و جیهانی لە زۆر لایەنەوە بۆ نمونە:
یەکەمین : ئاکامی کاریگەری سەلبی هەردو ئەم دەوڵەتە بۆرژواییە ئەوەیە کە بەبەهانەی چارەسەرنەبونی کێشەو ململانیکانیان و ،هەڕەشەوگوڕەشە تەنانەت ئەگەری شەڕ. ئەوە فشاری ئابوری و سیاسی و سایکۆلۆژی زیاتر بۆ خەڵک دێت .بە تایبەتی خەڵکی ئەو ووڵاتانەی کە چەند ساڵە دەرگیری شەڕی نوێنەرایەتی نێوان ئەم ڕژێمانەن.
ئەوەتا هەر لەگەڵ کشانەوەکەیدا ترامپ بریاری سەپاندنی ئەوپەڕی ئابڵوقەی دا بەسەر ئێڕاندا.وە ئەمەش یەکەمین قوربانی یەکەی خەڵکی ستەمدیدەی ئێران دەبێت.
دووەم:هەمو لایەنەکانی دەرگیر لەم کێشەو ململانی یەدا ،بە تایبەتی ئەمریکاو ڕژێمی ئیسلامی دەخاڵەتەکانیان لە ووڵاتانی ناوچەکە ، بە تایبەتی عێراق و سوریاو یەمەن و لیبیاو زۆری تر، توندتر دەکەنەوە. چ ڕاستەو خۆ بە لەشکرکێشی زیاتر، چ بە هاندانوهاوکاری ڕژێم و دەستەوتاقمە کۆنەپەرستە ئیسلامی و تایەفی و قەومی یەکانیان.
سێهەم : پێکدادانە سەربازی و هێرشو ، تەنانەت ئەگەری شەڕی نێو هەندێک لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەم قۆناغە زیاتر دەبێت . بە تایبەتی پەرەگرتنی ڕاستەوخۆی شەڕ لەنێوان ڕژێمی سوریاو ئێران لەگەڵ ئیسرائیل. وە هەر ئێستا ئەوە بەچاوی خۆمان دەبینین لەم ٢-٣ هەفتەیەی ڕابردوو کە چۆن هێرشی ئاسمانی و موشەکبارانی بنکەکانی یەکتر دەکەن.
چوارەم : قوڵبونەوەی کێشەو ململانێو ، تەنانەت شەڕ لە نێوان سعودیەو هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەکانیان . بە تایبەتی تاقمە چەکدارە تیرۆریستی یەکانیان.بێگومان ئیسرائیلیش لەم نێوەدا ئاگری ئەم شەڕەی نێوان ڕەوتە سوننگەراو شیعەگەراکان بە بە قازانجی خۆی خۆشتر دەکات.
پێنجەم: لەگەڵ زیاتر جەمسەربەندیو گۆرانی هیزهاوسەنگیو قوڵبونەوەی قەیرانو ئاژاوەو پەشیویو شەڕو پێكدادانەکانی نێوان ئەم ڕژێمو تاقمانە لەم ووڵاتانە ئیتر ئەگەری پێکدادانو شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان خودی ئەم زلهیزانەش ممکنتر دەبێتو جیهان زیاتر دەخزێننە ناو سیناریوی ڕەشو شەرو کارەساتی گەورەترەوە.
بیگومان هەمو ئەم ئاکامانەش هیچی لە بەرژوەندی و قازانجی جەماوەری ئەو ووڵاتانەو ناوچەکەو جیهان نی یە. تەنها خەڵک دەبیتە قوربانی نێوان کێشەو ململانێو شەڕی ئەم دەوڵەتە سەرمایەداریو ئیمپرپالیستیانە.وە سەرەنجام وێرای پەرەسەندن دیاردەی شەڕوکوشتوکوشتار بێگومان ئاوارەیی و بێکاری وهەژاریو برسیتیو بیخانەولانەییو زۆر دیاردەی تریش سەرهەلدەدات.
جا ئەگەر لە سایەی ئەم ڕژێم و دەوڵەتە سەرمایەداری و ئیپمریالیستیانەو باری ئەمنو ئاساییشو هێمنی و ڕێکەوتنیاندا خەڵک هەمیشە دەچەوسێتەوەو بیمافن ئیتر ئەوە لە سایەی ململانێوئاژاوەو شەرەکانیاندا بێگومانە خەڵکی توشی کارەساتی زیاترو زیاتر دەبن .
بۆیە پێویستە لەسەر جەماوەری کرێکارانو توێژە ستەمدیدەو نەدارو هەژارەکان بۆ ڕێگا گرتنو کۆتایی هێنان بەم هۆکارو ئاکامە کارەساتبارانەی کە دەبنە هۆی دروستبونی ئەم دۆخو کەشە بۆیان بە ئاگایی سیاسی چینایەتی خۆیان ڕێکخراوو یەکگرتوکەن.وە بەردەوام بن لە ناڕەزایەتیەکانیانو خەبات درێژە پێ بدەن تا پاشەکشەو لاوازکردنو تەنانەت ڕوخانی دەسەلاتی بۆرژوازی لەم ووڵاتانە.
بە تایبەت ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامی کە نزیک بە چڵ ساڵە بۆتە هێمای ئیرهاب و ئیعدامو سەرکوتو جیاکاری ڕەها بۆ خەڵکی ناوخۆی و ناوچەکە . روخانی ڕژێمی ئیسلامی لە ڕیگای ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێرانەی جەماوەرەوە ،کە جارێکی تر تارمایی یەکەی دێتو دەچێت ،دەسکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ خەڵکی ئێرانو ناوچەکە .چونکە هاتنەسەکارو مانەوەی ئەم رژێمە تا ئێستا تەنها لە ڕیگای ئیرهابو ئیعدامو سەرکوتی ڕەهاوە بووە .