پێگەی ئیسلام لە زانستدا … گۆران هەڵەبجەیی

پێناسەی زانست .

زۆر سەرچاوە هەن کە بەشێوەی جیاواز پێناسەی زانست دەکەن ، وەک ئەم نمونانە:
*زانست پێدانی وەێنەیکە لە زهندا لە بارەی بۆچوونێکەوە کە پاشان ، لە گەڵ واقیعدا یەکدەگرێتەوە.
*زانست مەبدەئی مەعریفەیە.وە پێچەوانەی جەهلە.

*زانست بەو کۆمەڵە هەول و کارانە دەوتریت کە لە ئەنجامی بیرکردنەوەو کنەو گەڕان و لێکۆڵێنەوەدا دەگەنە پلەیەکی باش لە گشتگیری و سەلماندن.
*زانست ئەو دراسە بە مەنهەجەیە کە لەسەر یەک کۆڵەکەی ڕوون دەوەستێت پشت بە مەوزوعیەت دەبەستێت.
*زانست ئەو کارەیە کە کەسێک یا کۆمەڵە کەسێک بە پراکتیک یا تەئۆری لە بوارێکی دیاریکراودا کار دەکات یا دەکەن کە پێشتر لە مێشکدا جێگیر بووە ، بۆ هێنانەدی داهێنانێکی نوێ یا سەلماندنی دیاردیەک لە ژیانی مرۆڤدا کە لەوەو بەر نەبووە یا کەم و لاواز بووە .
ئەو کەسانەی بەم کارە هەڵدەستن پێان دەگووترێت زانا یا بەهرەمەند.
زانست زۆر بوار دەگرێتەوە وەک ، تەندروستی پزیشکی. فەلەک، سروشت ،زیندەوەر ، کۆمەڵایەتی ، شوێنەوار، ،بیردۆزی ،بایەلۆجی توخوم، زمان.مێژوو ئابووری ، ژینگە ،موزیک و بواری دیکەش.

زانست بنەمایەکی سەرەکیە لە ژیاننی ئینساندا. گەر زانست نەبوایە ژیانی مرۆڤایەتی پێش نەدەکەوت و زانیاریمان دەربارەی دەوربەر نەدەبوو.
زانست ئامرازێکی سەرەکیە بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ژیان لەسەر گۆی زەوی.

زۆربەی زاناکان ئامانجیان لە داهێنانەکانیان خزمەتکردنی مرۆڤایەتیە ،بەڵام هەندێک جار ئەو داهێنانانە لە لایەن دەسەڵاتداران و سیاسیەکانەوە بە خراپ بەکار دەهێنرێن و بە زیان بۆ مرۆڤایەتی دەگەڕێنەوە .
نمونە/ دیانەمیت ،بارود ،تی ئێن تی ،ئەتۆم، کیمیا ،دەرمانی پزیشکی. کە لە جەنگەکاندا بەکار هێنران ،وەک جەنگی جیهانی یەکەم و دوەم جەنگی عیراق ئیران و کیمابارانی شاری هەڵەبجە. هەندێک جەنگی دیکە .
زۆرێک لە زاناکانی ئەڵمان لە سەرووەختی جەنگی جیهانی دووەمدا دژ بە ئامانجی ئینسانیانەی پیشەکانیان کاریان کرد و بە داهێنانە مەترسیدارەکانیان خزمەتی هیتلەریان کرد. بەتایبەت لە درووستکردنی فڕنی سوتاندنی مرۆڤ و تاقیکردنەوەی جۆرەها دەرمان لەسەر جولەکەکان و بەندکراوانی سیاسی .
ئاشکرایە شارستانیەت کانیاوی زانست و داهێنانە ، بە پێچەوانەشەوە داهێنان و زانست ،شارستانیەت دەخولقێنێت و پێشی دەخات.

سەبارەت بە رۆڵ و پێگەی زانست لە نێو ئیسلامدا ، جێگەی خۆیەتی بەم پرسیارە دەستپێ بکەم :
ئایا لەسەردەمی جاهیلیدا، لە نیوەدوورگەی عەرەبی ،شتێک هەبووە بە ناوی شارستانی عەرەبی؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گەرەکە بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردمەو بەلای کەمەوە لایەنە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووریەکانی شرۆڤە بکەین.
لەو سەردەمەدا لە نیوە دوورگەی عەرەبی ژیان زۆر سەخت و دژوار بووە ، لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە دواکەتوویی و کەللە ڕەقی و پەیوەندیە خێڵاتیەکان ، سیمای هەرە دیاری ئەو سەردەمە بوون.
لە رووی ئابووریشەوە ، هەژاری باڵی بەسەر دەڤەرەکەدا کێشابوو . بۆ دابینکردنی بژێوی ،خەڵک پشتی بە لایەنێکی سەرەکی بە ستووە ،ئەوەیش بازارگانی بووە کە ئەمەش لەو قافڵە مەزنانەدا خۆی دەدیەوە کە لە دەڤەرەکانی دیکەوە شمەکیان هێناوەو پاشان لە مەکەو مەدینەو باژێڕەکانی دیکە فرۆشتویانەتەوە بە بازرگانە گچکەکان، کە ئەوانیش لە دوکانەکانیاندا فرۆشتویاننەتەوە. نمونەش بازاری عەکاز بووە لە مەککە کە لەو ڕۆژەدا وەک ناوەندێکی بازرگانی پڕ بایەخ سەیر کراوە.

لەپاڵ بازرگانیدا بڕیک لە خەڵکەکە ئاژەڵداریان کردوە وەک بەخیوکردنی حوشترو مەڕ. جگە لەم دووکارە هەندێکیش بە تاڵانی و جەردەیی ژیاون ،بەتابەتی تاڵانکردنی قافڵە بازرگانیەکان . ئەمە پێمان دەڵیت لەو دەمەدا شتێک نەبووە بە ناوی شارستانی کە بەرهەم هێنەری زانست و مەعریفەو پیشەسازی بێت ، کە بە هۆیەوە ژیانی خەڵک گەشە بکات..

دەتوانین بڵێن تاکە پیشە سازی لەو دەمەدا درووستکردنی شمشیر بووە، ئەوەیش پێوستی ناچاری کردوون کە ڕووبکەنە ئەو جۆرە پیشە سازیە ،چونکە بۆ بەرگریکردن لە قافڵەکانیان و هاوکات بۆ شەڕی نێوان خێڵەکان بەکاریان هێناوە.

پاش ئەوەی محەمەد پەیامەکەی خۆی ڕاگەیاند و هێدی هێدی خەڵکان هاتنە سەر ڕێبازەکەی ، دۆخەکە هەر وەک خۆی مایەوە ، تەنها شتێک کە زیادی کرد داگیرکردنی وڵاتان بوو لە ژێر ناوی غەزەوان و فتوحاتدا ،کە ئەمەش گەورەترین دەسکەوتی ئابووری بوو بۆ باوەڕە نوێکە . چونکە ئەو شوێنانە لە ئاستی بژیویدا لە دوورگەی عەرەبی زۆرپێشکەوتوتر بوون، بەمەش ئیسلامەکان بوونە خاوەنی سەرمایەیەکی باش ،کە لەڕێگەی بەتاڵان بردنی سامانی ئەو دەڤەرانەی کە داگیر دەکران دەستیان دەکەوت .
بۆیە محەمەد و پاشانیش خولەفاکانی ڕاشدین بیریان لە هیچ جۆرە پشەسازیەک یا زانستێک نەکردوەتەوە .چونکە بە حازری بێ ماندو بوون و بە خۆرایی هاتوەتە بەردەستیان.
لەو دەمەدا کیشوەرەکانی دیکە و شارستانیەکانی دیکە وەک میسریەکان، فارسەکان ڕۆمەکان، یۆنانیەکان،چینیەکان ئەمانە خاوەن زانست و شارساتنیەکی پێشکەوتووبوون .هەر یەکێک لەم ئیمراتۆرانە خاوەنی چەندین زاناو فەیلەسوف بوون کە کاریگەری و جیدەستیان لە بوارە جیاجیاکاندا دیار بووە.

بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە نە محەمەد و نە خەلیفەکانی دوای خۆی، گرنگیان بە زانست یا بە ئەستاتیکا نەداوە چەند نمونەیەک دەهێنمەوە.
– ڕۆژێک محەمەد بە یاوەری[ ئەنس بن مالک] بە مەکەدا دەگەرێت ،لە پڕ چاوی بە خانویەکی جوان دەکەوێت کە بە گومەزێک ڕازێنراوەتەوە . بە توورەییەوە دەپرسێت ئەو گومەزە هێ کێیە ئەنس دەڵیت هی فڵان کەسە .ئەنس مەسیجەکە تێدەگات و پاشان بەخاوەن خانوو دەڵێت ئەوەیش ناچار دەبێت بیڕوخێنیت . دوایی کە پەیامبەر دەزانێت گومەزەکە ڕوخاوە دەڵێت [هەموو گوومەزێک بەڵایە بۆ خاوەنەکەی].
هەروەها جارێک علی کوری ئەبی تالب بۆ نانخوردن پەیامبەر داوەت دەکات .دەمێک پەیامبەر دەیەوێت بچێتە ژوورەوە ،بەدیواری ژورەکەیانەوە پارچە چەرمێکی ئاژەڵ دەەبینێت کە وێنەی لەسەرە.دەگەڕێتەوە دواوە و دەڕوات .علی بەداویدا دەچێت و دەپرسێت بۆ نەهاتیتە ژوورەوە .لەوەڵامدا دەڵیت[ نامەوێت بچمە ماڵێکەوە کە زەوقی تێدا بێت].ئەوانیش ناجار دەبن تابلۆکە لایدەن.

چەند نمونیەکی دیکە لەم بارەوە .

لەسەردەمی خەلیفە عومەر کوڕی خەتابدا
سەرکردیەکیان بە ناوی [ئەبا دردا ]کە لە حمض دانیشتوە خانوەیەکی جوان بەحەوشەیەکی گورەوە درووس دەکات .ئەم هەواڵە دەگاتەوە دەمی عومەر ،ئەویش بۆی دەنووسێت و تێیدا سەرزەنشتی دەکات و دەڵێت [ئایا ئەوەی لە ڕۆمەکانەوە بۆمان جێماون بەس نین؟] هەر لە دوای ئەوە وەک سزایەک دەیگوێزیتەوە بۆ دمەشق.
هەر عومەر نامەیەک بۆ ئەبی موسا دەنووسێت لە دەڤەری وڵاتی فارس و پێی دەڵیت [بینای زۆرتان بۆ بەجێ ماوە لە فارس و ڕۆمەکانەوە ،بۆیە پێوست ناکات هیچی دیکە درووست بکەن و ئەوانە بەسن]

لە دەمی داگیرکردنی میسر و وڵاتی فارسدا لە لایەن سوپای ئیسلامەوە .هەریەک لە عمرو کوری عاص لە میسرەوە وە سعد بن ئەبی وەقاص لە وڵاتی فارسەوە ، لە کاتی جیا جیادا نامە بۆ خەلیفە عومەر دەنێرن. تێیدا داوادەکەن چی بکەن لەو گشت کتێب و مختوتاتە گرنگانە.
ئەوەیش لە وەڵامدا دەنووسێت[ گەر هیدایەتیان تێدایە ،ئەوە پێوستمان پێی نیە چونکە خوا هیدایەتی داوین، لە قورئانەوە هەموو شت وەردەگرین ، خۆ گەر تێیاندا نیە ئەوە بێکەڵکن و بۆیە پێوستمان بەو کتێبانە نیە و لەناویان بەرن.

تا ڕۆژی ئەمرۆش کارەساتی لە نێوبردنی کتێبەکانی کتێبخانەی ئەسکەندەریە لە میسر لە مێژودا بە کارەستبارترین ڕوداوی زانستی هەژماردەکرێت. مێژوو دەڵێت لەو کارەدا هەزارەها کتیبی سودمەن خرانە ئاوەوە.
هەر بۆیەش ئیبن خەلدون سەبارەت بە پەیوەندی عەرەب بە شارستانیەوە دەڵیت:
{ عەرەب لە ژینگەیەکی بەدەویدا ژیاوە و ئەو سەقافەتەی وەرگرتووە ،بۆیە هەر وڵاتێک داگیر بکەن بەخێرایی کاولکاری ڕووی تێدەکات ،هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوانە ئومەیەکی وەحشین و دژی ئاوەدانین }.

لە شوێنێکی تردا ئیبن خەلدون دەڵێت ئیسلام بەرهەمی { سریان،کلدان،ئاشوری،فارس، وەرگرتوەو بەناوی شارستانیەتی ئیسلامەوە بڵاویان کردوەتەوەە}
هەروەها دەڵێت بەهۆی ئەوەی خۆیان زانست و پیشەیان نەبووە هەر بۆیەش نرخیان بۆئەم کارانە دانەناوە.
پاش داگیرکردنی هەر شوێنێک ئەوجا بۆیان دەردەکەوتوە کە ئەوان چەند لەدواوەن.
لە بەرامبەردا دەبینین نەتەوەکانی چین ،هند،نەسرانیەکان،عەجەم و ئەهلی رۆژهەڵات لای ئەمانە پیشەسازی بە شیوەیەکی بەرچاو گەشەی کردوە، چونکە خاوەنی شارستانین.
سەیر لەوەدایە ئیبن خەلدون لەو کاتدا ئەو بۆچوونەی هەبووە کەچی تا ئیستا حاڵەتەکە گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
* هەروەها ساعد کوڕی ئەحمەد ئەندەلوسی لەو بارەوە دەڵیت[ئیسلام بە هیچ جۆرێک گرنگی بە زانست نەداوە،گرنگیان تەنها بە ئەحکامی شەریعەو زمانەکەیان داوە]

ئەم حاڵەتە واتە نامۆبوون بە شارستانی و مەعریفە بەردەوام بوو تا سەرتای دەسەڵاتی خەلیفە ئەبو جەعفەری مەنسوور[754-775م] کە بە دامەزرێنەری خەلافەتی عەباسی هەژمار دەکرێت . پاش ئەوەی بەغدای بینا کرد، ئیدی لەوێوە حوکمی کرد.
لەو دەمەدا بواری مەعریفی سوکە تەکانێکی بۆ پێشەوە دا. ئەبو جەعفەر نامەیەک دەنیرێت بۆ پادشای ڕۆم کە هەندێک لە کتێبە وەرگێڕدراوەکانی [ئاوکلیدۆس] ی بۆ بنێرێت. بەتایبەت دەربارەی سروشتناسی . ئەوەیش هەندێک کتێبی بۆ نارد کە ڕۆمەکان خۆیان وەریان گێرابویە سەرزمانی عەرەبی.
بەڵام ئەو تەکانە مەزنە یا ئەو پێشڤەچوونە مەزنەی لەو بوارەدا ڕوویدا لە ژێر دەسەڵاتی هاورن ڕەشید و کوڕەکانی ئەمین مەئمون بوو.
سەردەمی هارون کە بەسەردەمی زێڕینی هەژمار دەکرێت و پاشان کوڕەکانی بەتیابەتی مەئمون ، سەدەها کاری تەرجەمە ئەنجام دران لە زمانەکانی فارسی و یۆنانی و لاتینی بۆ سەر زمانی عەرەبی.
ئەو کتێبانەی کە وەرگێڕدرانە سەر زمانی عەرەبی زۆربەیان بەرهەمەکانی فەیلەسوفە یۆنانەیاک بوون ،وەک ئەرستۆ، سوکرات،بەتلیمۆس ئەفلاتون و ئەوانی دیکە.
عەرەبەکان بەم جۆرە زانستە نوێیەیان دەگووت [زانستی ئەقڵ] یاحکمە.

گرنگە بزانین ئەم کارانەی وەرگێران چۆن کراون وە کی کردوونی؟
لە سەردەمی جەنگی فارسەکان{ساسانیەکان} و ڕۆمەکاندا [ 241-271 ، ]م ژمارەیەک ئەفسەرو سەرباز و سڤیل لە لایەن فارسەکانەوە بەدیل دەگیرێن.
ئەمانە تێکەڵەیەک بوون لە جۆرەها نەتەوە ئەتنیک و ئاین و کەلتووری جیاواز. بەمەش سودێکی مەزنیان گەیاند بە ساسانیەکان.
بەم کەسانە یا ئەم یەخسیرانە پادشا شاپوری زەردەشتی شارێکی پی درووستکردن بە نێوی [گوندی شاپور] یا گوند سابور 271
ئەو یەخسیرانە کۆمەڵێک زاناو کەسانی بەهرەمەندیان تێدا بوە بە تایبەتی لە بواری پزیشکی و دەرمان سازی و بینا سازیدا .لەوێ ئەکادیمیایەک دروستکرا ، ئەوانە لەو ئەکادیمیایەدا توانیان گەشەیەکی مەزن بە بواری مەعریفە لە زۆر بواردا بدەن ،وە کتیبە بەناوبەنگەکانی فەیلەسوفە یۆنانیەکانیان وەرگێرا بۆ سەر زمانی فارسی. ئەم بنکە زانستیە گەشەی باشی کردو بەردەوامی وەرگرت و بووە بنکەیەکی ڕوناکبیری و زانستی لە وڵاتەکەدا.
پردەکەی سەر دەریای قارون کە تائێستاش ئاسەواری ماوە ،یەکێکە لە کارە جوانن و نایابەکانی ئەندازیارەکانی ئەو سەردمە.
ئەکادیمیای گەند ساپوور لە زۆر بواری زانستیدا چێدەستیان دیار بووە ،بەتایبەتیش بواری پزیشکی ،کە تاڕۆژی ئەمڕۆش کۆلیژە پزیشکیەکەی باشترین و نیوبانگترین کۆلیژە لەسەر ئاستی ئیران.

هاورنە ڕەشید ناوبانگی ئەو ئەکادیمیەی بیستبوو ،بۆیە کۆمەڵێک خەڵکی نارد کە هەندێک لەو کتێبانە وەربگێڕن بۆ سەر زمانی عەربی بەتایبەت لە بواری پزیشکیدا.
ئەوانەی کە توانای وەرگێرانیان هەبوو تەنها وەرگێرە سریانیەکان بوون واتە کریستیانەکان.

لە بەغداد شوێنێک هەبوو بەنیوی [دار الحلکمە یا بیت الحکمە] ئەم بینایە تەنها وەک مەخزەن یا عەمبارێکی کتێب بەکار دەهێنرا. هاورنە ڕەشید ویستی شوێنێک لە هاوشیوەی گوند شاپور یا کتیبخانەی ئەسکەندەیەی میسر بنیات بنیت.
بۆیە ئەو شوێنەی کردە ئەکادیمیایەک و کۆمەڵیک خەڵکی شارەزاو وەرگێڕی لە ئەکادیمای گوندی شاپورەوە بۆ هێنا کە هەموویان کریستیان بوون. هەر ئەوانیش پێشتر زۆرێک لە کتێبەکانی ئەو ئەکادیمیایەیان وەرگێرابوە سەر زمانی عەرەبی.
ئەکادیمیای گوندی شاپور کلیلی کردنەوەی دەرگای بواری تەرجەمەو زانست بوو بۆ دەوڵەتی عەباسی.
ئەم گرنگیدانەش بۆ هۆی کاریگەریانەوە بوو بە کەلتووری فارسی .نەک بەهۆی ئیسلام بوونیانەوە. بۆنمونە هارونە ڕەشید لەسەر دەستی بنەماڵەیەکی فارسی ناوداردا پەروەردە کرابوو بە نیوی[ بەرمەکیەکان ]. هەروەها زانای بەرمەکی یەحیا بن خالد بەرمەکی فێری خوێندنی کردبوو.
مەئمونی کوری، لەسەردەمی خەلافەتی باوکیدا والی خۆراسان بووە. وە دایکی فارس بووە و زانایەکی بەرمەکی بە نیوی جەعفەر بەرمەکی پەروەردەی کردوە.

با بگەڕێینەوە بۆ ئەکادیمیای گوندساپور. لەو سەروبەندەدا سەقافەتی یۆنانی تاڕادەیەک زاڵ بوو بەسەر ئەکادیمیای گوند ساپوردا ،بەتایبەت بەرهەمەکانی ئەفلاتۆن ،ئەرستۆ ،پیتاگۆرسی. وە بە تایبەتیتر لە بواری پزیشک وفەلسەفەو مەنتیقدا.
لە دوایدا بەشەکانی بیرکاری،فەلەک،موزیک،کیمیا، زمانەوانی بەشی تری تێدا کرایەوە.
ئەم گەشەکردنە لەسەردەمی دەسەڵاتی خەسرەوی یەکەمدا رووی دا[531-579]م.
وەک پێشتر ئاماژەم پیدا زۆربەی وەرگێرەکان کریستیان بوون . لەم بارەوە [دەی پاول] ی ڕۆژهەڵات ناسی هۆڵەندی دەڵێت[ئەوانەی لە بواری وەرگێران لە نێوان سەدەکانی8-10 کاریان کردوە دەتوانم بڵێم هەر هەموویان سریان بوون .]
کەواتە لەم حاڵەتەدا تەنها شتێک پەیوەندی بە ئیسلامەوە هەبووبێت پارە بووە ئەوەیش هی زەکات و جزیەو تاڵانی وڵاتان بووە. چونکە کتێبەکان یۆنانی یا فارسی بوون وەرگێرەکان کریستیان بوون .

کریستیانەکان لەو دەمەدا جگە لە کارکردن لە بواری وەرگێراندا خۆشیان چەندین خوێندنگایان بردوە بەڕیوە وەک خوێندنگای ڕوحا، مار یعقوب، نسیبین ئەمانە جۆرە ها زانستیان تێدا دەخوێنرا { 2-4 میلادی}
یەکێک لە خوێندکارەکانی ئەکادیمیای گوندی شاپور [یوحەننا بن ماسویە ]بوو کە پاشان بووە دکتۆری تایبەتی هارونە ڕەشید.
یۆحەنا مەسیحی سریانی بوو ،هارونە ڕەشید ڕایسپارد بۆ تەرجەمەکردنی بواری پزیشکی
پاشان هارونە ڕەشید یۆحەنای کردە سەرۆکی وەرگێرەکان، ئەم مرۆڤە خۆی و کوڕەکانی خزمەتی هارون و کوڕەکانیان کرد تا دەگاتە متەوەکل بللا.
دەڵێن هەر ئەم کەسە بوو کە بۆیەکەم جار جەستەی مەیمونی [تەشریح ]کرد.
جگە لەمە زیاتر لە 28 کتێبی نووسیوە، بە سریانی و عەرەبی و یۆنانی قسەی کردوە

یەکێکی دیکە لەو وەرگێڕانەی گوند شاپور { حنین بن ئیسحاق }بووە، 873-809کە بە شێخی وەرگێرەکان ناسراوە
حنین ماوەیەک بەڕیوەبەری [داری حکمە] بووە لە بەغدا، ئەمیش چەندین زمانی زانیوە وەک سریانی فارسی یۆنانی عەرەبی. وەک دەڵێن پتر لە 100 کتێبی وەرگێراوە تە سەر زمانی عەرەبی.
یەکەم وەرگێر بوو کە لەبری وەرگێرانی حەرفی ناوەڕۆکی وەردەگێراوە.
حەنین دوو کووڕی هەبوو بە ناوەکانی ئیسحاق و داود کە یەکێکیان فەیلەسوفێکی جۆرە بەهرە بووە و ئەوەی دیکەیان وێرای کاری پزیشکی شارەزایی لە زانستەکانی دیکەیشدا بووە.
ئیسحاق بەرهەمەکانی ئەرستۆ سوکرات و چەند فەیلەسوفێکی دیکەی یۆنانی وەرگێڕاوە. بەهەمووی 25 کتێبی وەرگێراوە.

ناوی هەندێک لە وەرگێرە کانی تر:

**قەستا بن لوکا ، لە بەعلەبەگ لەداک بووە. هەروەها لە بواری فەلەک، بیرکاری کاری ،نووسیندا کاری کردوە.پتر لە 60 بابەتی نووسیوە..

**ثابت بن قرە-801 ، کەسێکی سابئی بووە لە بەغدا ژیاوە لە فەلسەفەو بیرکاری وفەلەکدا شارەزای هەبووە.

** یەحیا نەحوی کە زیاتر کاری وەرگێرانی کردوە .غەزالی دەڵێت زۆربەی زانیاریەکانم لە کتێبە وەرگێراوەکانی یەحیا وەرگرتووە.

**سهل بن بوشرە 786-845 جولەکە بووە کتێبەکانی بەتلیمۆسی کردوەتە عەرەبی. لە طەبەرستان لە ئێران ژیاوە.

** بنەماڵەی بەخت یەشوع{بختیسوع}

لە ماوەی 250 ساڵدا خێزانێکی کریستیانی سریانی بەنیوی [بەخت یەشوع] 6 نەوەی دکتۆریان پێگەیاندوە.
یەکێک لەوانە ، جرجیس جوبرائیل بن یشوع بووە کە چارەسەری ئەبو جەعفەری مەنسوری کردوە، دەمێک نەخۆشی گەدەی بووە.
سەردەمانێک جرجیس سەرۆکی بیمارستانی گوندی شاپور بووە.
یەکێک لە کتێبەکانی دەربا.رەی نەخۆشی شەکرە بووە. کە ئیبن سینا و ڕازی سودیان لەم کتێبە وەرگرتوە . 980- 1037

**یخشوع بن جرجیس ، دکتۆری تایبەتی هارونە ڕەشید بووە هاوکات سەرۆکی دەستەی
پزیشکەکانی بووە.

**جبرائیل بن یخشوع پزیشکی تایبەتی ئەمینی کوڕی هارونە رەشید بووە. ،هاوکات سەرۆکی بیمارستانی بەغد بووە.
ئەوەی سەیرە دەگێڕنەوە کە چ هارونە ڕەشید و چ کوڕەکانی هێندە متمانەیان پێیان بووە.بەبێ ئامادەبوونی یەکێک لە پزیشکەکانی یەخشوعیەکان نانیان نەدەخوارد ،
ئیبن خەلەکان دەیگێڕێتەوە دەڵێت[ئەمین داوی لە حنین بن ئیسحاق کردوە کە ئەوەیش پزیشک بووە و لە هەمان بنەماڵەی یەخشوعیەکان بووە، داوای لێدەکات کە ژەهرێکی بۆ دروست بکات تا یەکێک لە نەیارەکانی پێ بکوژێت، ئەوەیش ڕەتی دەکاتەوە ،بۆیە ساڵێک دەیخاتە بەندیخانەوە . پاشان ئازادی دەکات و دیسان هەمان داوی لێدەکاتەوە ،ئەوەیش بۆ جاری دووەم ڕەتی دەکاتەوە . ئەمین پێ دەلێت گەر فەرمانەکەم جێ بەجێ نەکەیت ملت دەپەڕێنم. دیسان ڕەتی دەکاتەوە .
ئەمین لێی دەپرسێت بۆ ژیانی خۆت دەخەیتە مەترسیەوە ؟ لەوەڵامدا حنین دەڵێت پیشەکەم بۆئەوەیە خزمەتی خەڵکی پێ بکەم نەک خەڵکی پێ بکوژم، دووەم من کرستیانم و ئاینەکەم ڕێگەم پێ نادات کاری وا بکەم ، چونکە ئاینەکەم پێم دەلیت دوژمنەکانی خۆتت خۆش بوێت.
ئەمینیش لە کۆتایدا قەناعەت بە قسەکانی دەکات و ئازادی دەکات .

گەر ئەو وەرگێرە کریستیانانە نەبوونایە ئیسلام هیچی دەربارەی فەلسفەو زانستی یۆنایەکان نەدەزانی. کەچی سەیر لەوەدایە هیچ سەرچاوەیەکی ئیسلامی باسی ئەم وەرگیێڕە کریستیانانە ناکات .

ئەفسانەی [ ئەلف لیلەو لیلە ] کە بەکوردی دەکاتە هەزارو یەک شەو. ئەم ئەفسانیە لە بنەڕەتدا فارسیەو لە فارسەکانەوە وەریان گێڕاوە، بەڵام عەرەب هەرگیز باسی سەرچاوەکەی ناکات.
بۆ سەلماندی ئەم بۆچوونەش ناوەکانن .لە زمانی عەرەبیدا هیچ ناوێک نیە بە نێوی شهرزاد یا شهریار. ئەم دووناوە کە پاڵەوانی ئەفسانەکەن هەردووکیان ناوی فارسین.
وەرگێڕی ئەم ئەفسانەیەش کەسێکە بە نێوی مروج الزهب المسعودی.

یاخود[ کلیلەو دمنە] کە وا ناسراوە ئەفسانەیەکی عەرەبیە ،بەڵام لە ڕاستیدا هندیە و لە هندیەوە کراوەتە سریانی ،پاشان لە سریانیەوە وەرگێڕدراوە بۆ فارسی ،وە عەبدوڵا کوڕی مقفع لە فارسیەوە کردویەتیە عەرەبی. کە فارسێکی زەڕادەشتی بووە ،پاشان بووەتە ئیسلام.
گەر چاوێک بە ناوی ئەو زانایانەدا بخشێنین کە خزمەتی ئیسلامیان کردوە لە زانستە جیایجیاکاندا، دەبینن زۆربەیان عەرەب نەبوون و سەر بە نەتەوەکانی دیکە بوون.

بوخاری خەڵکی بوخارەی ئۆزبەکستان بووە
مسلم بن حجاج خەڵکی نیشاپور بووە لە ئیران
ئەسالە، تورکمانستان
تەرمەزی ، ئۆزبەکستان
ئیبن ماجە ، ئێران
محمد بن خریر الطبری، طەبەرستان
سیبەوەی شیراز ئیران/ نەحوی عەرەبی درووست کرد
ئیبن خەلەکان،خەلەکانی کوردستان
عباس بن فرناس / ئەمازیخی
ئیسماعیل جەزیری .جەزیرەی باکووری کوردستان

با بێینە سەر ڕاوبۆچوونی زانا و فوقەهاکانی موسلمان دەربارەی زانستی عەقڵی.

** ئیبن تەیمیە /

ئیبن تەییمیە بە یەکێک لە تووندرەوترین فوقەهاکانی ئیسلام هەژمار دەکرێت .زۆر بە تووندی دژی هەموو جۆرە زاستێک بووەو ئەو زانیانەش لەو بوارەدا کاریان کردبێت بە زەندەقەو مولحید ناوی بردوون .
ئەمەش هەندێک لە بۆچوونەکانیەتی دەربارەی زانست و زاناکانی ئەو سەردەمە:

*تەنها شتێک کە بتوانین ناوی بنێن زانست ئەوەیە کە لە محمەدەوە بۆ مان ماوەتەوە.
جگە لەوە یا زانست نیە یا خود بێ کەڵکە.
*ئەوانەی لە فەلسەفەدا کار دەکەن،کەسانی سەرلێشێواون و خەڵکانی دیکە بەلاڕێدا دەبەن، خۆیان درۆ هەڵدەبەستن و ئەو شتانەشی دەیگوێزنەوە نەزانینە لە لۆژیکدا.
هەروەها ئیبن تەیمیە دەربارەی ئیبن سینا پرسیاری لێدەکەن کە پێت فەیلەسوفە؟
لە وەڵامدا دەڵێت لە نێو ئیسلامدا فەیلەسوف نیە.
ئیبن تەیمیە لە شوێنێکی دیکەدا دەربارەی زانستی کیمیا دەڵیت/
هیچ کەسێک لە ئەنبیاکان ئەهلی کیمیا نەبوون ،نە زاناکانی ئاین نە مەشایخە موسوڵمانەکان نە ئەسحابەکان و نە شوێنکەوتوانی، ئەهلی کیمیا نەبوون.
دیسان ئیبن تەیمیە دەربارەی فەلسەفەی ئیبن سینا[980-1037] کە فارس بووە ،دەڵیت/
ئیبن سینا شتێکی نەهێناوە کە ئیلاهیات و لە شەریعتدا هەبیت. هەموو بیروبۆچوونەکانی لە مولحیدەکانەوە وەرگرتووە. ئیبن سیناو شوێن کەوتوانی لای موسوڵمانەکان بە مولحید ناسراون و کتێبەکانی هەمووی کوفرن. بۆیە لە فەلسەفەدا کاری کردوە چونکە بە خێزان کافر بوون.

هەروەها دەربارەی ڕازی دەڵێت 864- 923
هەرچی خراپی نێو ئاینەکان هەیە ئەم وەریگرتووە، بە تایبەت لە سابئەو دەهریەو فەلسەفەکانیان. بۆیە دەبینین کۆمەڵێک لە زەندەقەکانی جیهان سواری مەزهەبەکەی بوون
دەربارەی کیمیاش دەڵیت/
کیمیا زۆر لە ڕیبا حەرامترە، کەسانێک لە کیمیادا کار ناکەن گەر زمانی ڕاستگۆییان هەبێت. یا شێخێکی خەڵک شوێن کەوتووبێت، یا پادشایەکی عادل بێت، یا وەزیرێکی پاک بێت. ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن شێخانێکی سەرلێشێواون بە نمونەی ئیبن سیناو هاوشیوەکانی.


* با بزانین شافعی لەو بارەوە چی دەڵیت/

هەر زانستێک لەدەرەوەی زانستی ئیسلام بێت، تەنها کات بە فیڕۆدانە.
یاخود دەڵێت جگە لە زانستی فقی ئیسلام ئەوانی دیکە هەمووی ڕاڕایی و کاری شەیتانە.

*ئەوزاعی/ هەر زانستێک لە پەیامبەرو ئەسحابەکانەوە نەهاتبێ ئەوە زانست نیە

* جەلالەدین السیوطی/
هونەری منطق [لۆژیک] هونەرێکی پیسە ، چونکە ڕامان دەکێشێت بۆ فەلسفەو زەندەقە ،وە هیچ سودێکی ئاینی ودنیایشی تێدا نیە. بۆ یە پێوستە حەرام بکرێت.

*ابن سلاح/
فەلسەفە بۆتە مایەی سەرلێشێواندن و زەندەقە، هەر کەس فەلسەفە لێبدات چاوی کوێرە لە ئاست باشیەکانی شەریعەت کە بە بورهان پشت ڕاست کراونەتەوە.
ئەوانە شەیتان دەیانبزوێنیت و دڵیان تاریکە بەرامبەر پەیامەکەی محمد.
پێوستە لەسەر ئیمانداران و دەسەڵاتدارانی موسوڵمان لە شەڕی ئەمانە بمانپارێزن و لە خوێندنگاکان دوریان بخەنەوە.

* غەزالیش دەربارەی ئیبن سینا دەڵیت/
ئیبن سینا زانای ئیسلام نەبووە بەڵکو یەکێک بووە لە شەیتانەکان..
هەروەها دەربارەی فارابی و ئیبن سینا دەڵیت / گومانم لە کافربوونیان نیە.
فارابی کە زانایەکی فرەلایەن بووە [872-950] لەژێر دەستی ]ابو بشر متتی یونس دا دەرسی خوێندوە کە ڕۆژانە سەداها خوێندکار گوێیان بۆ وانەکانی گرتووە. فارابی کە هاتە بەغدا ئەم فەیلەسوفە مەسیحیەی دی و لای ئەو وانەی خوێند کە لەو دەمەدا زیاتر باسی لە فەلسەفەکانی ئەرستۆ دەکرد.

* ئیبن قیوم / بە ئیبن سینا دەڵێت شێخی ملحیدین یا ئیمامی مولحیدین، چونکە باسی لە فەلسەفەکانی ئەرستۆ کردوە.
یا بە ئیبن سیانیان گووتوە کافرێکی زیرەک.
زۆرێکی تریش ڕای دژ و خراپیان بەرامبەر بە ئەبن سینا هەبووە. بۆ نمونە غەزالی لە کتێبی [الشیفاء ]دا ئیبن سینا و فارابی تەکفیر کردوە.
بەگشتی نزیکەی 45 زانای ئیسلامی لە هەموو مەزاهبەکان ،کارکردنیان لە مەنتقدا حەرام کردوە. لە نیویاندا شافعی ،ئیمام حرمین، غزالی وەک شتر ئاماژەم پێدا.

بەم جۆرە دەبینین بەتواناترین فەیلەسوفەکانی ئەو دەمە وەک فارابی ڕازی ئیبن سینا لەبەر دیدی زاناکانی ئیسلام کافرو زەندەق بوون .

عەبدول رحمان بدوی لەکتێبی [ مێژووی ئیلحاد لە ئیسلامدا لاپەڕە 233] دەڵیت:
لایەنی بێباوەڕی لە فەلسەفەی ڕازیدا ڕون و ئاشکرایە. بە تایبەتی لە کتێبەکەی دا بە نێوی {العلم الالهی} و مخاریف الانبیاء.

پاش ئەوەی دیدو تێڕوانینی زاناکانی ئیسلاممان لە سەردەمی کۆندا دەربارەی زانست زانی ، با بزانین زاناکانی ئەم سەردەمە لەو بارەوە چی دەڵین؟

** ئەبو باز سعودی
هەرکەس گووتی زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، ئەوە کافرەو دەبێت بکوژرێت.

** ابن عثیمین
تا ئێستا زانست خولانەوەی زەوی بەدەوری خۆردا نەسەلماندوە.

** ساڵح فەوەزان
قسەکردن دەربارەی خولانەوەی زەوەی بە دەوری خۆردا مەزهەبی مرۆڤە عەلمانیەکانە کە مەزهەبێکی کفرو ڕێگە وونکەرە.

** نجیب بندەر الخبیری
گەر زەوی دەسووڕێتەوە ،بۆچی هەست بە گێژبوون و سەرئێشە ناکەین؟

** محمد عریفی
گەر زەوی دەسوڕێتەوە کەواتە دەمێک سواری فڕۆکە دەبین دەبێ لە وڵاتێکی کە بنیشینەوە نەک لەو وڵاتەی بۆی دەفڕین.

هەر لەو بارەوە بانگخوازێکی قەتەری گەنج دەڵیت ،بڕوا بە بیردۆزەکان مەکەن هەمووی درۆیە ،خۆ گەر وابێت گەر ئیمە لە فڕۆکە خانەی شارقەو لە قەتەر ، بفڕین بۆ فڕۆکەخانەی شەنگەهای لە چین ،وە لە ڕێگا فڕۆکەکە لە ئاسمان [ بوەستێت] ، ئەو دەمە فڕۆکە خانەی شەنگەهای دەبێ بێتە ژێر فڕۆکەکەمانەوە.
پێدەچێت ئەو بانگخوازە وابزانێت فڕۆەکەش وەک سەیارە و شەمەندەفەرو و کەشتی دەتوانێت بوەستێت.
هەروەها کەسێک هەیە بە ناوی دکتۆر عەدنا ن ئیبراهیم . ئەم کەسە بانخوازێکی مۆدێرنە و لە نەمسا دەژی . جیاوازی ئەم لەگەڵ ئەوانی دیکەدا ئەوەیە ،ئەم بڕوای بە زانست هەیە وە دەڵی ئیسلام لە ڕابردوودا گرنگی زۆری بە زانست داوە. لەو بارەوە دڵێت :
ئیمە لە ڕابردودا زانستمان هەبووە، داهێنەر بووین بەڵام ئەورپا لێمانی دزیوە . لەو شوێنەی ئێمە وەستاین ئەوان دەستیان پێکرد. ئەو ڕۆژە دێت کە دەستی پێ بکەینەوەو لە ڕووی زانستەوە ڕیادەی جیهان بکەین .

ئەمانەی ئاماژەم پێکردن تەنها نمونەیەکن لە خەروارێک .زۆری دیکە هەن هەمان بۆچوون یا نەگەتیڤتریان هەیە دەربارەی زانست . بانگخوازانی کوردیش هەمان شیوەی بانگخوازانی عەرەب، لەم ڕوەوە ڕۆڵی خراپیان هەیە .بۆ نمونە دکتۆر عەبدولواحد ،خۆی پزیشکە بەڵام باوەری بە زانست نیەو زیاتر باوەری بە خورافیات یا بە پزیشکی نەبەوی و بە قورئان خوێندن هەیە بۆ چارەسەری نەخۆش .ڤیدیۆکانی لە یوتۆب گەواهی ئەوە دەدەن.
یا خود کەسێکی دیکەی کوردیش کە لە ئەورپا دەژی لە ڤیدییەکدا دەڵی ئیمە ڕیادەو سیادەو قیادەی جیهانما کردوە لە ڕووی زانستەوە ،بەڵام کافرەکان لێیان وەرگرتین و خۆمان بەدەست بەتاڵ ماینەوە.

لە قوتابخانە ئیسلامیەکەی لەندەن چی دەخوێنن؟

لە زۆر بەی وڵاتانی ئەورپا خوێندنگای تایبەت بە موسوڵمانەکان هەن . ئەم خوێندناگایانە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵت یا وەزارەتی خوێندنی ئەو وڵاتانەدا نین، بەڵکو لەلایەن دەستەیەک پیاوی ئاینی ئیسلامیەوە سەرپەرشتی دەکرێن ،کە لە زۆر حاڵەتدا کەسانی تووندڕەو و سەر بە ڕەوتە سەلەفی و ئیرهابیەکانن.
ئەوانەی لەو خوێندنگایانەدا دەخوێنن زۆربەیان منداڵ و مێردمنداڵن. مەبەست لەم خوێندنگایانە پتر ئاشانکردنی ئەو خوێندکارانەیە بە ئیسلام و ئەرکانەکانی ئاینی ئیسلام و قورئان خوێندنە . لە پالیشیدا هەندێک وانەی تر دەخوێنن وەک زمان ،بیرکاری ، مێژوو تاد..
ڕۆژنامەنووسێکی ئینگلیز خۆی کرد بە یەکێک لەو خوێندنگایانەدا ،وە هەندێک پرسیاری لە خوێندکارەکان کرد کە چی دەخوێنن . وەڵامیان ئەوەبوو کە ئێمە بەپێیی سیستەمی ئیسلامی دەخوێنین و هەرچی لە قورئان و حەدیسدا نەبێت بڕوامان پێیی نیە و نایخوێنین.
پاشان ئەو ڕۆژنامەنوسە یەکێک لە مامۆستاکانی دواند کە ئافرەتێک بوو ،ئەوەیش هەمان شتی گووت . وە جەختی لەسەر ئەوە کرد، کە ئەوان شتێک ناخوێنن دژ بە ئیسلام بێت ،واتە زانستی ئەم سەردەمە ناخوێنن .
ڕۆژنامەنووسەکە تووشی شۆک بوو .پرسی چۆن دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەورپا لە وڵاتێکی دیموکراتیدا وە لەسەر نەفەقەی دەوڵەت منداڵەکانتان فێری جۆرە زانستێک بکەن کە زەمەن تەجاوزی کردوە و بۆ ئەم سەردمە ناشیت ؟ لە وەڵامدا مامۆستاکە گووتی ئەوە بەدست من نیە بەڵکو بڕیاری سەرپەرشتیارانی خوێندنگاکەیە.

وەک پێشتر ئاماژەم پیدا لە سەردەمی خەلافەتی ئیسلامیدا ،وە بە تایبەت لەسەردەمی خەلافەتی عەباسیدا بزافێکی ڕوناکبیر ،فەلسەفی زانستی لە ئارادا بوو.
ئەوانەی ئەو بزافەیان دەبرد بەڕیوە زۆربەی هەرە زۆریان لە نەتەوەکانی دیکە بوون، جگە لەوە ئەوانە یا بێ باوەڕ بوون یا ئیمانیان بە ئاین زۆر لاواز بووە . هەر بۆیەش پاشان زۆربەیان بە دڕندانە ترین شیوە کوژران یا ئەشکەنجە دران ،یا دەربەدەرو نان بڕاو کران نمونەکان ئەمانەن
حەلاج ،ابن ڕشد ،ابی بکر ڕازی،فارابی، ابن هیثم، بشار بن برد، ابن مقفع
ابن خطیب،کندی. عباس بن فرناس و چەند زانایەکی دیکە.
کوشتنی ابن ختیب کە زۆر بە وەحشیانە کووشتیان ، بە هۆی دۆزینەوەی نەخۆشی تاعونەوە بوو کە گووتبووی لە کەسێکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ کەسێکی تر.واتە نەخۆشیەکی {ساریە} ،ئەمەش بەلای ئەوانەوە دژ بە حدیثی نەبەویە . بۆیە کووشتیان .خستیانە گۆڕ ،دوایی دەریان هێنایەو سوتانیان و جارێکی تر خستیانەوە گۆرەوە .بەمەرجێک بێ گوناهیشی سەلمێنراوبوو . ئەمە لە ئەندەلوس ڕووی دا .

یاخود کندی کە زانای فەلەک،پزیشک،موزیک،دەرونناس،لۆژیک، کیمیا ،فیزیا بوو.
مەلیک متەوەکل بە وە ناسرابوو دژی زانایان بوو ئیدی موسوڵمان بوایە یا نا. فەرمانی کوشتنی کندی دەرکرد. کندی پشتگیری لە خۆی کرد ،وتی [دوژمنانی فەلسەفە جاهلن بێ مێشکن غەبین،بازرگانی بە ئاینەوە دەکەن..]

پێگەی موسوڵمانان لە خەڵاتی نۆبڵدا

خەڵاتی نۆبڵ باشترین پێگەیە بۆ ناسین و بەرجەستەکردنی تواناو بەهرەی هەر وڵاتێک یا نەتەوەیەک لە بواری زانستدا.

ئەلفرید نۆبڵ 1833-1896 ئەندازیاری کیمیاوی بوو لە سوید.
لە ژیانیدا 350 داهێنانی کردوە ،گرنگەکەیان دۆزینەوەی دینامیت بوو بۆ تەقاندنەوە.
خۆی دامەزرێنەری خەڵاتی نۆبل بوو ،وە لەسەر پێشنیاری خۆی ئەم خەڵاتە بەخشرا بەو کەسانەی لە بوارێکی زانستیدا خزمەتیان کردوە.
سەرتا تەنها لە چەند بوارێکی دیاریکراودا دەبەخشرا ،بەڵام پاشان بوارەکان فراون بوون، لە ئیستادا لەم بوارەانەدا خەڵت دەبەخشرێت:
فیزیا،کیمیا،ئابووری ،ئەدەب ،پزیشکی ،ئاشتی.. زانستی هەمجۆر و بواری دیکەش
یەکەم خەڵات ساڵی 1901 بەخشرا.
*جولەکەکان کە ژمارەیان لە جیهاندا بە [12] ملیۆن مەزەنە دەکرێت184 خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتوە .
*بەڵام بە [59] وڵاتی ئیسلامی کە ژمارەیان ملیاردێک و 600 ملیۆنە تەنها 9 خەڵاتیان وەرگرتوە.
جا گەر ژمارەی دانیشتوان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ حساب بکەین دەبوو نزیکەی هەر 25000 موسوڵمان خەڵاتێک وەربگرن.
لەبواری کیمیادا تا ئێستا [111] خەڵات بە خشراوە. تەنها یەک عەرەب لەو بوارەدا وەریگرت ئەویش [ئەحمەد حسن زەوایل] ساڵی 1999 وەری گرت کە لە کالیفۆرنیا وانەی دەگووتەوە. بڕوانامەکەشی لە زانکۆی بەنسلڤانیا وەرگرتوە.
لەبواری ئابوریدا 76 کەس وەری گرتوە. یەک موسوڵمان یا عەرەبی تێدا نیە.
لە بواری دەرمانسازیدا[107] خەڵات بەخشراوە بەهەمان شیوە موسوڵمانان لێی بێبەشن.
یابانیەکان کە ژمارەی دانیشتوانیان 128 ملیۆنە تا ئێستا[9] خەڵاتی نۆبڵیان لە بوارە جیاجیا کاندا وەرگرەتوە کە زۆربەیان داهێنانی تەکنەلۆجین .

لەبواری ئەدەبدا [109] خەڵات بەخشراوە ،لە نیو عەرەب و موسوڵماناندا تەنها نەجیب محفوز ساڵی 1988 وەریگرتوە ، کە ئەوەیش بە بیروبۆچوون و مومارەسە کە سێکی عەلمانی بووە.
لە بواری ئاشتیشدا ڕالف بونچە 1950 لە فەلەستین وەری گرتووە.
1978 سادات لە میسر [لەبواری ئاشتیدا]
1994 یاسر عەرەفات فەلەستین [لە بواری ئاشتیدا]
2003 شیرین عەبدای ئیرانی لە بواری داکۆکی لە دیموکراتی و مافی مرۆڤ وەری گرت .
2005 محمد بەرادعی میسری لە بواری وزەی ناوەکیدا وەری گرت؟
2014 مەلالە یوسفزاد پاکستانی لە بواری داکۆکی لە خوێندنی منداڵانی کچ وەریگرت.

بەراوردێکی گرنگ

تۆماس ئەدیسۆن خۆی بەتەنها 1093 داهێنانی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردوە ،بەتایبەتی لە بورای پێشەسازی و تەکنەلۆجیادا کە تا ڕۆژی ئەمڕۆش مرۆڤایەتی قەرزادری کارەکانیەتی . گەر ئەدیسۆن نەبوایە دەبوو تا ئیستا بە تاریکی دابنیشتینایە .
بەڵام لەولاوە لە بەرەی ئیسلام و دژ بە زانستدا [ ئیبن تەیمیە] مان هەیە کە نقڵ پێش ئەقڵ دەخات. واتە ئاین پێش زانست و بەرهەمی ئەقڵی دەخات . فیزیا، کیمیا ،مەنتق ،فەلسە تەحریم دەکات و بەمەش هەزارەها جیلی تووندرەو و تەرۆریستی بەرهەم هێناوە کە کاریگەر بوون بە بۆچوونە مەترسیدارو دژە ئینسانیەکانی .هەر وتەکانی ئیبن تەیمییەیە ،ئیمرۆ ژیان وێران دەکەن و دژ بە هەموو زانستێک دەوەستنەوە.
جا ئاینێک گەر ئیبن تەیمیەو هاوشیوەکانی بەرهەم هێنابێت، بێگومان ناکرێ و ناتوانین بڵێن ئەو ئاینە زانست دۆستە.

——————————————————-
سەرچاوەکان :

تاریخ دمشق لابن عساکر لاپەرە 138
فیض القدیر بەرگی 5 لاپەڕەی 19
ابن طبری تاریخ مختصر للدول ،دولە التاسعە
مێژوی ئیبن خەلدون بەشی یەک لاپەڕە 156
هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە 430
مێژوی فەلسەفە لە ئیسلامدا {دی پاوڵ }لاپەڕە 28
عیون الانباء فی طبقات الاطباء -ابن ابی صبیعە بەشی 72 لاپەرەی 124.
فهرست لابن الندیم لاپەڕە 425
[عیون الانباء فی طبقات الاطباء.]لاپەڕە 256
البدایە و النهایە لابن کثیر بەرگی 10 لاپەڕەی 251
صحیح بخاری بەرگی 15 لاپەڕە 223
ئیبن تیمیە بەرگی 10 لاپەڕە 613
فەتاوی ئیبن تەیمیە بەرگی 9لاپەڕەی 142
هەماان سەرچاوە لاپەڕە
الحاوی للفتاوی لاپەڕە 393
فەتاوی ئیبن تەیمیە بەرگی 29 لاپەڕەی 378
سیر الاعلام النبلاء 407
[ اغاثە اللهفان بەشی 2 لاپەڕە 443]
سیر الاعلام النبلاء لاپەڕە 344
پرسیاری بوێر ژمارە 124 .{رشید مغربی}
مصیر بعض العقول التی انارت التاریخ
جدلیە الاسلام و الاسئلەالمحرجە .
محاضرە د.نضال قسوم.
موقف العلامە البواحی من تقنیە الانترنیت.




ئەخلاقی چەپگەرایانە … عەلی مەحمود محەمەد

چەپایەتی چەندە دروشمەكەی قورس و گرانە و هەموو جەستەیەك بە هەڵگرتنی ناتوانێت لەبەری نەچەمێتەوە، هاوكات باجەكەشی لەوە قورسترە، بڤەو حەرامی زۆری تێدایە، حەرامەكانی خەونی گەورەن، ئەگەر لە هەمبەر ئاڵوگۆڕەكان و زانست و تازەگەری تەواو كراوەبێت، لێ بەها ئەخلاقییەكانی گرانە و هەموو مرۆڤێك ناتوانێت پارێزیان بكات ، جاران دەوترا كە مردیت تەنها 2 مەتر كفنی سپی خام لە گەڵ خۆتدا دەبەیتە ژێر گڵەوە، كەچی ئێستا سیاسیەكان كورد خەریكە فیرعەون ئاسا ببێتە نەرێتیان شاخ و گردیش لە گەڵ خۆیاندا دەبەن، ئەگەر سیاسەت بڕیار بێت بۆ چاكەی گشتی بێت، نەك بەشێك لە كاسبی ئەوا پێویستە سیاسیەكان لە هەموو ئیمتیازاتێك داماڵدرێن، گشتیش زۆرینەی هەژاران دەگرێتەوە، نەك كەمایەسیەكی قارونی، بۆیە حەرامی چەپەكان ئەوەیە نابێت لە عەوام خۆیان جیابكەنەوەو سیاسەت پێویستە لۆ ئەوان و بۆ ئەوان بێت، بگرە دەبێت هەمیشە وەك سولاحی داچەمێنەوە بۆ پیاڵە، بە تایبەتیش ئەوانەی دەیانەوێت بارودۆخی ئێستا بەرەو باشتر بگۆڕن.

دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئازادی و یەكسانی بەدی بهێنن كە پێیان دەوترێت هەڵگرانی پەیامی چەپ، لەم نێوەدا سیاسییە بەناو چەپەكان بێبەری نین لەم دابڕانە ئەخلاقییە لەگەڵ بەهاو نەرێتی چەپگەرایانە، چونكە تەرازوی ئەوان هەستیارترە، تاڵە موەكانیش دەكێشێت، بەشێكی زۆری پاشەكشەی چەپیش لە ئەستۆی داڕمانی ئەخلاقی بەناو ئەو سەركردە چەپانەیە، ئاخر تۆ نەتوانیت لە ریزی رێكخستنەكانی خۆتدا تا رادەیەك هاوسەنگی لە یەكسانی رابگریت، سبەی چۆن دەتوانیت لە كۆمەڵگادا ئیدعای یەكسانیخوازی بكەیت، خۆت موچەت دەی ن جاری ئەندامان بێت و منداڵت لە قوتابخانەی تایبەتی بخوێنێت، چارەسەرت لە نەخۆشخانەی هاندەران بێت، هەندێكیش لە ماڵەوە كارەكەیشیان هەبێت، هەر گەرما هات لە خانووی هاوینە بیت و شەوان خەریكی كەیف و سەفای پێك لێدان بیت …..

بەم نەرێتانەوە كێ باسی یەكسانیخوازیت لێ دەكڕێت؟ دیارە ئەمانەی باسم كرد بۆ حیزبی بۆرژوازی قەترەیەكە لە دەریایەیەك بۆ هەرە پاكیزەترینیان، لێ هەڵگرتنی ئاڵای خەباتی چینایەتی ئەگەر ئیمتیازی خەبات بۆ دادپەروەری لە هێقەت دەدات، هاوكات دەبێت تۆش رێز لە بەهاو پرنسیبەكانی یەكسانیخوازی بگریت، پارێزی حەرامەكانی بكەیت، دەبێت موچەی باڵا رەتكەیتەوە وەك چەپەكانی بەلجیك و نەمسا و …..

دەیان نموونەی دی، دەبێت قوتابخانەی تایبەت وەك شیوعیەكانی نیپاڵ تەحریم بكەیت بۆ مناڵەكانت، دەبێت و دەبێت هەرچی بەهای جوانی چەپی جیهانە لە ژیانی تۆدا رەنگ بداتەوە، بەدوای جوانیەكانی هاوڕێیانت لەم جیهانە بگەڕێیت، خۆ ئەوان تەنها بۆ ریكلام هاوڕێ تۆ نین، لە بەهادا چاو لە مۆخیكا بكە، لە وردبینی و سیاسەتدا ماركست هەمیشە لە یادبێت، نابێت تەنها ئاڵا هەڵگربیت و شەق وەشێنی بەهاكان بیت.

لەم رۆژانەدا لەناو پارتی پۆدیمۆسی ئیسپانی- دەتوانین”7 ساڵ لەمەوپێش لە گۆڕەپانەكانی مەدرید, گەنجان رژانە سەر شەقامەكان و داوای دیموكراسیەتی راستەوخۆو دابەشكردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامانیان كرد, لە شارو شارۆچكەكانیش بەرەو روی ئەو پۆلیسانە بوونەوە كە دەیانەویست هاووڵاتیانی هەژار لە خانووەكان دەربكەن بەهۆی نەدانی قستی خانووەكانیانەوە, وردە وردە لە هەناوی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەوە بزووتنەوەیەكی سیاسی بەرفراوان لە دایك بوو بەناوی پۆدیمۆس” ئازار –نۆڤەمبەری 2014 دامەزراوە خاوەند 71 كورسی پەرلەمانە, 505545 ئەندامی هەیە” .

یەكێك لەو گەنجانە لەناو ئەو لەشكرە گەنجە ناڕازییە لە دواییدا لە هەمووان زیاتر بەرجەستە بوو , پێشكەشكارێكی تەلەفزیۆنی لێ هاتوو و كادیرێكی قوتابی شیوعی پێشوو و مامۆستای زانستە سیاسییەكانی زانكۆ, هەموو كات بڵندگۆ بە ملیەوە, شەقامەكانی ئیسپانیای بە پێیەكانی تەی دەكرد بۆ گەیاندنی بانگەوازەكەی, بە بێدەنگی و بە سادەیی بڵندگۆكەی بۆ قسەكەرانی رادەگرت تا پەیامەكانی خۆیان بگەیەنن, ئیتر ئەوانە بێكارێك بونایە, یان سیاسیەكی دیار, جیاوازی ناكرد, ئەو گەنجە روح سوك و خۆنەویستە ناوی بابلۆ ئیغلیسیاس بوو ” 17-10-1978 -مەدرید ” , دوایی 5 ساڵ بووە یەكێك لە سەركردەو ئەكتەرە قسە رۆیشتووەكانی ئەو وڵاتە.

” مشتومڕێكی توندی بەرفراوان هاتە ئاراوە, سەرجەم ئۆرگانەكانی ئەم حیزبەی لە سەر تا خوارەوەی گرتەوە, ناڕازییەكان كەوتنە رەخنەگرتن, تۆڕە كۆمەڵایتییەكان گەرمتری كرد, چیرۆكەكە ئەمە بوو, كڕینی ڤیلایەك بوو لە لایەن ئەو دو گەنجەوە, بابلۆ ئیغلیسیاس و ئێرنی مۆنتیرۆ” 13-2-1988 ” كە ئەمینداری گشتی پارتەكەو وتەبێژی پارتەكەن و لە ساڵی 2017 بوونە هاوسەری یەكتر,ئەو دووە ڤیلایەكیان بە ناوی “شالی ” بە 615 هەزار ئیرۆ بە قەرزی 30 ساڵ كڕی لە قەراغی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا, كە چاوەڕوان دەكرێت لە پایزی ئەمساڵ دوانەیەكیان ببێت و لەو ڤیلایە ژیان بەسەر بەرن.
لە هەمبەر ئەو كارە رەخنەی زۆریان لێگیرا, بابلۆ ئیغلیسیاس و هاوسەرەكەی ئیرینی, فشاری گەورەیان خرایە سەر, بڕیاریان دا لە ریزی حیزب راپرسیەك بكرێت لە بەرامبەر ئەو داخوازییەی داوای دەستلەكار كێشانەوەیان لێدەكرێت لە ریزی حیزب, لە پرسیاری راپرسیەكەدا هاتبوو ” پێویست دەكات ئیغلیسیاس و ئیرینی لەسەركردایەتی حیزبدا بمێننەوە ,وەڵام بە یەكێك لە بەڵێ و نا “, ئیرینی رایگەیاند هەردوكیان دەیانەوێت لەسەركردایەتی حیزب بمێننەوە وەلێ بڕیار بۆ زۆرینەیە, وە وتی كڕینی ئەو ڤیلایە دەستێوەردانە لە ژیانی تایبەتیمان , ئلیغیسایسشیش وتی ئەگەر رێژەی بەشداربووانی راپرسیەكەش كەم بێت دیسان دەست لەكار دەكێشمەوە, دیارە ئەندامانی پۆدیمۆس مافی خۆیان بوو, چونكە ئەوكارە ئاستی دەتوانینیانی هێنایە خوارەوە, كە ناوی پارتەكەیە, چونكە پایەی حیزب لەسەر دژایەتی بەهای سەرمایەداری بنیات نراوە هێنرایە لەرزین, ئەوان كە بە جوتە بەرزترین بەرپرسیارێتی حیزب دەگرنە ئەستۆ پێویستە هەڵسوكەوت و ژیانیان لەگەڵ بەهاكانی حیزبدا بێتەوە.

ڤیلای شالی پانتاییەكەی 260 مەترە و مەلەوانگەو مەزرەعەیەكی 2300 مەتری لە گەڵدایە كە دەڕوانێتە سەر مونتەزایەك لە قەراغی شاری مەدرید, نرخەكەی 615000 ئیرۆیە, ئیغلیسیاس و ئیرینی هەردوكیان پەرلەمانتارن و هەر یەكەیان موچەكەیان 2200 ئیرۆیە لە مانگێكدا, وەك پەرلەمانتار دەتوانن قەرزی 540000 ئیرۆ بكەن بۆ ماوەی 30 ساڵ,كە بەو قەرزە ڤیلاكە دەكڕن, هاوكات ئەمینداری گشتی پۆدیمۆس پێشكەشكاری بەرنامەشە لە كەناڵی حیسبانی ئێرانی كە بە زمانی ئیسپانی پەخش دەكرێت, لەوێش موچەیەكی هەیە, ئەم دووە پێویستە بۆ ماوەی 30 ساڵ مانگانە 1600 ئیرۆ قەرز بدەنەوە, ئیلیغیساس پێشتر ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپی بوو موچەكەی زیاتر لە 9000 ئیرۆو ئیمتیازاتی زۆریشی لە گەڵدا بوو, وەلێ بۆ سەركردایەتی پارتەكەی ئەو پۆستەی رەتكردەوە ” پەرلەمانتاری ئیسپانی موچەیان 2813087ئیرۆیە مانگانە پێش بڕینی باج, لە كۆتادا 2200 ئیرۆی لێدەمێنێتەوە “.

كڕینی ڤیلاكە بەشێوەی سروشتی بووەو دوور لە هەر ئیمتیازی تایبەتی و گەندەڵییەك بووە, وەلێ پاش كڕینی ئەو ڤیلایە بە قەرز لە لایەن سەرۆكی پارتێكی چەپگەراوە كە ئیدعای دژی كاپیتیالیزم دەكات پرسیاری ئەخلاقی گەورە كرا لە ئاستی سیاسی ئیسپانیا, چونكە گوتاری سیاسی پۆدیمۆس دژ بە سەرمایەدارییە, بەمەش دروشمەكە هێنرایە ژێر پرسیارەوە, كە لەسەر ئەو بنچینەیە دامەزراوە, رەخنەی توند ئاراستەی ئەم دوو سەركردەیە كرا, رایان گەیاند ” ئەمانە شێوە ژیانێكیان هەڵبژاردووە پێچەوانەی ئەو بەهایانەیە حیزب خەباتی بۆ دەكات, چالاكانی حیزب رایان گەیاند ئێمە ژیانی سادە دەژێین, بۆ ئەوەی بتوانین نوێنەرایەتی خەڵكی ساد بكەین, پێویستە دەست بەرداری ئیمتیازات وەك موچەی باڵا و شێوە ژیانی سەرمایەداریانە ببین.

هەڵسوڕاوانی حیزب پێیان وایە بە كڕینی ئەو ڤیلایە زیانێكی زۆریان بە وێنەی حیزب و پێگەكەی گەیاندووە, هەموو دژایەتی نایەكسانی كۆمەڵایەتی و نەمانی ئیمتیازاتی چینایەتی حیزبیان هێناوەتە ژێر پرسیارەوە .

ئەم كارە هەڵەیەكی ئەخلاقی و مەعنەویە كاریگەری زۆر لەسەر دەنگەكانی پۆدیمۆس لە هەڵبژاردنی داهاتوو دادەنێت, چونكە حیزبی بەناو نوێنەرایەتی چینەكانی خوارەوە بەرگە ئەم جۆرە لەرزینە ناگرن و كاردانەوەكان توندە بن و فەلسەفەی بوونی پارتەكە و مانەوەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
بۆ پارتەكانی دی ئاساییە, وەلێ كەسانێك پێگەی جەماوەرییان لەسەر دادپەروەری و تەقەشوف و زوهد بنیات نابێت نا ئاساییە.

لە ئەنجامی راپرسییەكەدا كە 178188 كەس بەشداریان تێدا كرد, 70%یان دەنگیان بەمانەوەی ئەو دوو سەركردەیە دا لە سەرۆكایەتی حیزب, كە پارساڵ لە ململانێیەكی تونددا لە گەڵ باڵی ریفۆرمخواز بۆ سەركردایەتی پارت 82%ی دەنگەكانیان هێنابوەوە, لە كۆی 190155 كەس كە بەشداری هەڵبژاردنەكەی كردبوو, بەمەش وەك لە ژمارەكان دەبینین پێگەی سیاسیان هاتە خوارەوە, تەقەبولی ڤیلایەكی سپی شەرعی نەكرا, نەك ئیمتیازی دەسەڵاتداران.




مێدیا و مێدیای ئاڵترناتیو! … برایم فەڕشی

کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و کۆمۆنیکاسیۆن لە ماوەی دەهەزار ساڵی ڕابووردو، لە نیشانەکانی ساکاری سەرەتاییەوە گەیشتۆتە مێدیای دیژیتاڵی، کە نە تەنیا بە سەر مرۆڤدا زاڵ بووە، بەڵکوو مرۆڤی لە چەمبەرەی خۆیدا قەتیس هێشتۆتەوە و بگرە بیرکردنەوەی لێ ئەستەم کردووە!

کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەبوو بۆ تێگەیشتن و تێگەیاندنی ئینسانەکان لە جیهان، لە ژیان، لە یەکتر، بەکار هێندرابا و مەبەستی کۆمۆنیکاسیۆن بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و زانیاریی بایە، کە سەدەکان لە ڕێگای کتێب و ڕۆژنامە، شانۆ و شێوەکانی تری کۆمۆنیکاسیۆن، بە ئەنجام دەگەیشت.

ڕادیۆ و تەلەوزیۆن هەر لەسەرەتاوە بۆ مەبەستی سیاسی و ئیدئۆلۆژی بەکار هێندران. لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم ڕادیۆ لە پاڵ بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئاگاداریی، دەزگایەک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی شەڕ، خاپاندنی خەڵک و قووڵکردنەوەی ڕق و کین و گرژی.

یەکەم بەرنامەی تەلەوزیۆن کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ساڵی ١٩٣٩ بڵاو کراوە، ڕێوڕەسمی کۆنگرەی نازییەکانی ئاڵمان بە بەشداری هیتلر لە شاری نورنبێرگ بوو، لەو شارەی کە هەر ئێستا ئێمە سێمیناری مێدیای کوردی لێدەگرین! ‌دوای کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی ڕادیۆ و تەلەوزیۆن لە ژێر دەسەتەڵاتی ڕاستەوخۆی ئیدئۆلۆژی و ئایین و سیاسەت و حزب و هەر دەزگایەکی فکریی- سیاسی لە وڵاتانی ئوروپای ناوەندی و ڕۆژئاوا دەرکێشرا. بە پێی قانوون دەبوو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە تایبەت ڕادیۆ وتەلەوزیۆن ڕەنگدانەوەی ویست و داخوازی هەمەلایەنەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و نیازی گشتی بن.

مێدیای نادەوڵەتی کە بە مێدیای ئازاد بە خەڵک دەفرۆشرێ وبە سەرمایە، کۆنسێرنەکانی نیزامی، سەنعەتی، بازرگانی، ماڵی و سیاسی گرێدراون، دەزگای ڕاگەیاندنی کردۆتە کەرەسەیەکی مەترسیدار. تەشەنە ساندنی یەکەم شەڕی کەنداو لە ٢٢ سپتامبری ١٩٩٨٠ نێوان ئێران و عیراق، دووهەم شەڕی کەنداو پاش داگیرکردنی کویەت لە لایەن عیراق، شەڕی ئەفغانستان و وڵاتانی ڕۆژئاوا، سەر لەنوێ شەڕی عێراق و ڕۆژئاوا، مێدیای کردە بەشێک لە ماشێنی شەڕ کە بە سی ئین ئین دەستیپێکرد. (سی ئین ئین وەک یەکەم تەلەویزیۆنی خەبەری لە یەکی ژوئن ساڵی ١٩٨٠ سێ مانگ و ٢٢ ڕۆژ بەر لە شەڕی کەنداو دەستی بەکار کرد و دواتر بوو بە سەرچاوی سەرەکی هەواڵی شەڕەکان)

Udo Ulfkotte ژۆڕنالیست، کە ماوەی حەفدە ساڵ نووسەری ڕۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگەماینە بوو، لە کتێبێک بە ناوی Gekaufte Journalisten (ڕۆژنامەنووسە کڕدراوەکان)، دەنووسێ:” لە بەغدا سواری ماشینێنان کردین و هەرکام گاڵۆنێک بینزینیان داینە دەست، کە گەیشتینە شوینی دیارییکراو، هەر ژۆرنالیستێکی گاڵۆن بەدەست، ڕژانە دەرەوەی پاسەکە و ئەو شوێنە دیاریکراونەیان بەنزینپۆش کرد، لە ناکاو ئاورێکی گەورە سازکراوە و کامێراکان لە سەر دەموچاوی رێپۆرتێرەکان زووم کران، بەم چەشنە بە ناوی ڕێپۆرتاژی ڕاستەوخۆ لە بەرەکانی شەڕەوە هەموو تەلەوزیۆنەکانی جیهان بەو وێنانە داپۆشران”

ئودۆ ئولفکۆتە و کۆمەڵێک ژۆرنالیستی دیکە کە وازیان لەو چەشنە مێدیا چەواشەکارانە هێناوە، سەدان نمونەی وا لە هەموو بوارەکانی زانستی، کۆمەلایەتی، سیاسی، ماڵی، ئیقتیسادی و نیزامی دەدەن بەدەستەوە. Uwe Krüger هەمیسان ژۆرنالیستێکی ئاڵمانی لە کتێبەکەیدا بە ناوی Meinungsmacht نە تەنیا باس لە داسەپاندنی نەزەر لە لایەن مێدیاوە دەکات، بەڵکوو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سیاسی، ماڵی، نیزامی، حکومەت و سازمانەکانی جاسووسی و ئیتلاعاتی، شیوە و فۆرم و مێتۆدی سیستمی مێدیا و پێوەندییەکانیان، ئاشکرا دەکات و ناوی سەرجەم کەسانی باڵادەستی مێدیای ئاڵمان، ڕادیۆ،تەلەوزیۆن و ڕۆژنامەکان کە مۆرەی داسەپێنەری نەزەری لایەنەکانن، بڵاودەکاتەوە و چۆنیەتی کاری ئاشکراو نهێنی ئەم سیستمە دەخاتە ڕوو.

بە پێی زانیاریی و لێکۆڵینەوەی بەردەوام کە لە ڕێگای کەسان و مێدیای ڕاستگۆوە بڵاو دەکرێتەوە، دەزانرێ کۆنسێرن مێدیاکانی سەردەمی ئێمە، باڵێکی گرنگی سیستمی سیاسی گرێدراو بە کۆنسێرنەکان و ناوەندەکانی نیزامی و ئەمنیەتی جیهانن، کە لە سەردیاندا وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا لەم بازنەیەدا دەوری سەرەکی دەگێڕێ.

مێدیای دەوڵەتی وڵاتانی ئێران و عێراق و سەرجەم وڵاتانی عەڕەبی، کەرەسەی دەسەڵاتەکانن و مێدیای سەرجەم وڵاتانی ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدا دەژین، بۆ کورد مێدیای خاپاندن، چەواشەکاری، داڕزاندن و شێواندنی مێشکی گەورەوبچووکی ئەو میللەتە بوون و هەن. توانەوە و شواردنەوەی پێناسە و مێژوو و فەرهەنگ و زمان، یەکێک لە ئەرکەکان بووە، کە لە ڕێگای کارمەند و کارگێڕ و بەشێک لە نوخبەی کوردەوە، جێبەجێ کراوە و دەکرێ!

کوردی بێ مێدیا لە ماوەی یەک سەدە، بە تاک و تووک ڕۆژنامەی لە دەرەوەی وڵاتەکەی و ڕادیۆی هێلی کورتی بە قاچاخی لە ئەشکەوت و شاخەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاگاداری و بیری سیاسی و زیندووڕاگرتنی زمانەکەی هەبووە. قاهیرە، سویس، ئەیرەوان، بوڵغارستان، ئەستانبووڵ و کوێ و کوێ، بیرەوەری کۆنی کورد لە سەت و حەفدە ساڵی ڕابووردو، زیندوو دەکەنەوە! ئێستا نە لە ئەشکەوتەکان بەڵکوو لە ئاسمان ٣٠ کاناڵی ڕادیۆ و تەلەوزیۆنی ساتەڵایت، دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە و سەدان ماڵپەڕی ئینترنێتی سامانی مێدیای کورد، پێکدەهێنن، کە شەو و ڕۆژ سیمای کورد دەخەنە بەرچاو!

هەڵسەنگاندنی سەرجەم مێدیای کورد کە نزیک بە سەتاسەتی سەربە حزبەکان و لە ژێر دەستەڵاتی ماڵی، فکری، سیاسی و فەرهەنگی ئەواندایە، کارێکی دژوار نییە. مێدیای کورد گەر لە بەرهەمە ئاورتەکانی گەڕێین، مێدیایەکی نانەتەوەی، ناپرۆڤسیۆناڵ، ناپێشکەوتوو و نە ئازاد و ناسەردەمیانەیە.

مێدیای کورد داڕزێنەری فەرهەنگ و هونەر و کەسایەتی مرۆڤی کوردە و لە باشترین حاڵەتدا، لاساییکەریی مێدیای داپلۆسێنەری تورک و عارەب و فارسە و مێدیایەکی سەرسەری و دوور لە بەخشینی زانیارییە و لە ئاستی نیاز و پێداویستی خەڵک و بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەمنیەتی و ئاسایشی مرۆڤی کورد و سەرجەم نەتەوەکەدا، ناجوڵێتەوە و بە پێی بەرژەوەندی لایەنەکانی دەستەڵاتی کورد و دەرەوەی کوردستان هەڵدەسووڕێندرێت!

مێدیایەکی لەو چەشنە نە تەنیا متمانەی خەڵکەکەی خۆی پەیدا ناکات، بەڵکوو ئەوان دەتارێنێ و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ لای مێدیای باڵادەستی ناوچەکە و جیهان. ئەو مێدیایە لە کورتخایەن و درێژخایەن زۆرترین زیان بە هەموو لایەنەکانی ئینسانی و نەتەوەیی کورد دەگەیێنێت!

مێدیای ئەمڕۆی جیهان گەر ١٠ لە سەدی زانیاریی بەخش بێت، ٩٠ لە سەدی تیجاڕەت، ڕابواردن، چەواشەکاری و ڕاهێنانی مرۆڤی بێ دەروەستە. سەردەمێک زۆرێک لە ڕۆشنبیر و بیرمەند و هونەرمەندانی جیهان لە ڕیگای مێدیاوە توانیان سامانێکی بیر و هزر و فەرهەنگی ئینسانی بەرهەم بهێنن و ڕاستی ڕووداوەکانی جیهان بگەیینە خەڵک! ئەم جیلە لە مێدیاکاران، یان نەماون یان پاشەکشەیان پێکراوە.

سازمانی جاسووسی سیا پاش کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم، ناوندێکی شاراوەی جاسووسی لە ئاڵمان دژ بە بلوکی سۆویەت و وڵاتانی کۆمۆنیستی پێک هێنا. هاوکات بۆ کڕینی ڕۆشنبیرانی چەپ و ئینساندۆستی ئاڵمانی و فەرانسەویی لە ڕێگای ناڕاستەخۆ، پلان بەڕێوە چوو. لە ڕێگای ئەوانەوە تەبلیغ بۆ دێموکراسی و ئازادی ئامریکایی لە ئووروپا پەرەی ساند و ئامریکا وەک جیهانی ئازاد بە خەڵکی ئوروپا فرۆشرا. هەر لەو ڕێگایەوە کۆچکردنی زانا و ڕۆشنبیرانی ئوروپایی بە تایبەت ئاڵمانی بەرەو ئامریکا پەرەی ساند.

بۆ پێشبردنی ئەم پرۆژەیە، سازمانی سیا لە واشنگتۆن لە سەر کاغەز بونیادێکی بە ناوی پەرەپێدانی دێموکراسی و ڕۆشنبیری لە ئووروپا دامەزراند و لە ڕێگای ئەم بونیادەوە پووڵ دەڕژایە ناو حیسابی دووناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە شاری بۆن و پاریس. پاش چەند ساڵ ڕاستی ئەو بونیادە بۆ نووسەرانی بەشدار لەو پرۆژەیە لە ئاڵمان و فەڕانسە ئاشکرا بوو. ئەم شێوەیە دواتر لە وڵاتانی ئامریکای لاتین، ڕۆژهەڵاتی ئووروپا و ئاسیا بەکار هێندرا، کە تا ئێستاش بەردەوامە و دوجینێک لەم چەشنە بونیادگەلە لە ئامریکا و ئووروپا بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئێران بەرپا کراوە، کە بەشێک لە خەرجی مێدیای ئێرانی و کوردەکان لەو ڕێگایەوە بە شێوەی ڕەسمی و ناڕەسمی دابین دەکرێ.

نووسەران و ڕۆشنبیرانی ناوداری ئاڵمانی و فەرانسەویی پاش ئاشکرابوونی ئەم شێوە کارەی ئامریکاییەکان کە لە ڕێگای بنەماڵەیەکی بەناوبانگی ئەدەبیات و یەکێک لە قورس وگرانترین وەشانخانەکانی ئاڵمانەوە بەڕێوە چووبوو، دوچاری شەرمەساری گەورە هاتن. بەڵام تەجرەبەی ئامریکا بۆ کڕینی هونەرمەندان، بیرمەندان، ڕۆشنبیران و مێدیاکاران بەردەوام مایەوە. ئەم ڕێگایە هێندە چڕ وئاڵۆز کراوە کە کەسی کڕیاگ هەست بە کڕین نەکات. لە ئووروپا و ئامریکا دەیان بونیاد، زانستگا، ناوەند،ئەنستیتۆ، ئاکادێمی خەڵات بەخش و بوورس بەخش و پرۆژە بەخش و ئیقامەتبەخش هەیە کە نازاندرێ سەریان بە کوێوە گرێدراوە. سرنجڕاکێش ئەوە بوو کە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەی ئاڵمان و ئووروپا کە لە فەڕانسە و ئاڵمان و ئیتالیا و سپانیا گرێدراوی ئەو پرۆژەیە بوون، سەربەست بوون لە گوتن و گوتنەوەی درووشم دژی ئامریکا.

مێدیای فارسی زمانی ئامریکا- بریتانیا لە واشنگتۆن، لەندەن و پراگ و ئەوانی تر، کە کولێکسیۆنێکە لە کۆی ڕۆژنامەنووسانی پێشووی مێدیای رژیمی ئیسلامی ئێران، دژبەری ڕژیمی ئێران، کە بەردەوام دژی حکوومەتی ئیسلامی بەرنامە بڵاو دەکەنەوە، درێژەی ئەو ستراتێژییەن کە ٧٠ ساڵ لەوە پێش لە ئووروپا تاقی کراوەتەوە.

لە بەرانبەر ئەم ڕەوتە جیهانییە، شەپۆلێک بە ناوی مێدیای ئاڵترناتیو لە ڕۆژئاوا دەستی پێکردوە کە ڕادیۆ و تەلەوزیۆن و ڕۆژنامە و کتێب و مێدیای دژیتاڵی و ئینترنێت لە خۆ دەگرێ. مێدیای ئاڵترنتیو، هەمان مێدیای ڕاستگۆیە کە پێشتر بەشێک لە مێدیای ئەو وڵاتانە بوو و ڕێگای خۆی لە مێدیای باڵادەست جیاکردۆتەوە.

وڵاتی ئێمە کوردستان، نە تەنیا خاوەنی مێدیای ئاڵترناتیو لە بەرانبەر مێدیای باڵادەستی دەوڵەتانی ناوچە و مێدیای جیهان نییە، بەڵکوو مێدیای خۆشی مێدیایەکی ڕاستگۆی درووستکەر نییە و ئێستا و داهاتووی نەتەوەیەکی ٥٠ ملیۆنی لە هەموو لایەنێکەوە، دەخاتە ژێر مەترسی، مەترسی لەبەریەک ترازان و لە بەریەک هەڵوەشانەوەی هەموو عونسورەکانی پێکهێنەری نەتەوەی کورد، کە بەرهەمی هەزاران ساڵ ژیانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بووە.

تراژێدی ئێمە لەوەدایە کە خۆمان بەشێک لەو پرۆژەیەین کە لە سەر دارەکە تۆتەمان کردووە و هەر خۆشمان خەریکی بڕینەوەی دارەکەین. ئە لێرەدا ئەم پرسیارە لە بەر دەمی هەموو بیرمەند و هزرمەند و فەرهەنگساز، هونەرمەند و نوخبە و ئاکادمی کورد بەرز دەبێتەوە، کە ئەرکی سەرەکیان چییە؟

برایم فەڕشی
————————

* ئەمە بابەتی سێمینارێک بوو لە شاری نۆڕنبرگ ساڵی 2014
** بەداخەوە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری ئاڵمانی Udo Ulfkotte لە زستانی ٢٠١٧ لە پڕێکا مرد و لە هێج شوێنێک بە ڕەسمی هەواڵەکەی بڵاو نەکراوە.
*** ئەم کۆبوونەوەیەش کە لە چەند دەورەدا بەرپا بوو، وەک سەدان کۆبوونەوەی تری کورد هیچی لێدەرنەهات.
**** ئەم نووسراوەیە لە شێوەی ئاخافتن بۆ شێوەی نووسراو هەڵگەڕێندراوەتەوە.




بۆ نابێت خەڵک هیچ ئومێدوچاوەڕوانی یەکیان لە حکومەتی داهاتوی عێراق هەبێت…؟؟!!

موزەفەر عەبدوڵا
————————–

ئێستا نزیک بە دوو هەفتە بەسەر گاڵتەجاری هەڵبژادنی پەرلەمانی عیراق تێپەڕ بووە. بەپێی هەواڵەکان لیستی سائیرون ، کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکاتو تاقمێکی شیعەگەرای میلیشایی یە ،زۆرایەتی دەنگەکانی هێناوەو بوە بە لیستی براوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.وەک ئاشکراشە لیستی سائیرون جگە لە تاقمی سەدر کۆمەڵێک دەستەو لایەنی تری لایەنگر لە مەدەنیەتو سکویلاریزم تێدایە. لەوانە حزبی شیوعی عیراقیش کە تاکە لایەنێکی سیاسی یە بانگشەی چەپو سکویلاریزمو ئازادیخوازی دەکاتو، لەمبارەیەشەوە مێژوویەکی دێرینی هەیەو نوکولی لێناکرێت.

شایانی ئاماژەیە کارنامەی موقتەداو تاقمەکەشی وەک تاقمێکی میلیشاییو شیعەگەرا لای ڕای گشتی ، بە تایبەتی بەرەی ئازادیخوازیو یەکسانیخوازی ، ئاشکرایە کە یەکێکە لە دەستەو تاقمە لۆمپەنەکانی گۆڕەپانی شەڕو کوشتارو سەرکوتو کۆنەپەرستی ئیسلامی لە عێراقدا.
هەرچەند ئەم بەشداری یەی حزبی شیوعی کەوتە بەر ڕەخنەو ناکۆکی زۆرێک لە ئەندامانی لەسەرەوەو خوارەوەو ،لایەنگرانیو، بەرەی چەپو ئازادیخوازی یەوە ،بەڵام هیچ گومان لەوەدانی یە ئەگەر پێیان وابێت کە هاوپەیمانیان لەگەڵ ڕژێمی بەعسو هەڵەیەکی سیاسی گەورە بوە، ئەوە ڕۆژێکش دێت ئەم هاوپەیمانییەشیان لا هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە دەبێت.

بەهەر حاڵ ئەوە چەند ڕۆژێکە سەرانی لیستی سائیرون ،لە پێشیانەوە سەدر بە سنگ دەرپەڕاندنەوە ،کەوتوتە هاشو هوشو بەڵێندانی بە درۆ .هەر لە بەڵێن لە گۆڕانکاری و چاکسازی بە قازانجی خەڵکی یەوە تا دەگاتە بەڵێنی ئاشکراکردنو دەسگیرودادگایی کردنی گەندەڵکارانو تاوانبارانو سەپاندنی یاسا لە سایەی حکومەتێکی تەکنۆکرات. هەتا وەدەرنانی ئەمریکاو ڕژێمەکانی ناوچەکەو ڕیگا گرتن لە دەخاڵەتی هیچ دەوڵەتێک بۆ کاروباری عیراقو پاراستنی سەروەری سیاسی عیراق.
بێگومان ئەمەش وەک هەمو سەرانی دەستەو تاقمەکانی تری پێش خۆی ، تا جێگیرکردنی پایەکانی دەسەڵاتی ، پێویستی بەم وەعدو بەڵێنو درۆزنانەیەو ڕیاکاری یە هەیە.

بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش لە پاڵ هەمو ئەم بەڵێنانە بۆ چاکسازیو گۆڕانکاری و باش کردنی وەزعی خەڵکو سەروەری یاساوە دەبینین سەدرسنگە دەرپەڕیوەکەی کردۆتەوە بۆ پێکهینانی حکومەت لە هەمو لایەنەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنو بڕیاری داوە دڵی هیچ لایەنێک نەشکێنێت.ئیتر هەر ئەمە هەمو بەڵینەکانی بۆ گۆڕانکاری و سەروەری یاساو مافی یەکانی هاووڵاتیو چاکسازی بە قازانجی خەڵک بەدرۆ دەخاتەوە.
جا هەمو ئەم قسەوباسو پەیمانو بەڵینانە دوای پێکهینانی حکومەت بۆتە جێگای پرسوڕاو هەواڵی سەرەکی دەزگاکانی ڕاگەیاندنو ڕای گشتیو بەشێکی خەڵكیان لە ئومێدو چاوەڕوانیدا ڕاگرتوە .

بۆیە پرسیاری سەرەکیو گرینگ لێرەدا ئەوەیە بۆ نابێت خەڵک هیچ چاوەڕوانی یەکیان لەو حکوتە هەبێت کە لە داهاتودا بڕیارە پێک بێت ، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە بەشداری دەنگدانیان بە ئومێدو چاوەڕوانی باش بونی وەزعیان ،کردوە؟!
زۆر بەڵگە هەیە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە کە بۆ نابێت خەڵک هیچ ئومێدو چاوەڕوانی یەکیان لەو حکومەتە هەبێت کە لە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنەوە پێک دێت.وە بە دڵنییایی یەوە ئەو حکومەتەش هەر هەمان ناوەڕۆکی حکومەتە ئیسلامی و تایەفی و قەومی یەکانی ڕابردوی دەبێتو هەر بە ڕێکەوتنی- توافق – نێوان ئەو دەستەو تاقمانە پێک دێت.

بەڵگەکانیش هەر پەیوەستە بە خودی ئەم هەڵبژاردنەو لایەنەکانی بەشدارو ئەو هەلومەرجە تایبەتی یە کە ئەم هەڵبژاردنەی تیا بەڕێوە چوە.لەمبارەیەوە پێویست بە لێکدانەوەو شیکردنەوەو هەڵسەنگاندنی زۆر بۆ بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیو ئاڵوگۆڕ لە هاوکێشە سیاسی یەکان ناکات.

ئەو بەڵگانەش ئەمانەن:

بەڵگەی یەکەم: ئەوەیە کە لە گۆشە نیگای مارکسیستیو بەرژەوەندی سیاسی چینایەتی کرێکارانو جەماوەری ستەمدیدەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانیو سیستەمی پەرلەمانی بە گشتی ، کە تەعبیرە لە شێوازی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازیو سیستەمە سەرمایەداریەکەی،هەتا پاکترینو دیموکراترینیان لە سکویلارترین دەوڵەتیش، ناتوانێت نەک هەر ئازادی و یەکسانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادپەروەری تەواو دەستەبەر بکات، بەڵکو ناتوانێت جیاوازی یە چینایەتی و سیاسی یەکانو گیروگرفتەکان تا ڕادەیەکی کەمیش کەمکاتەوە.ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە خودی هەڵبژاردنی پەرمانیو حکومەتی هەڵبژێردراو و دادوەری یەکەی ،کە سێ پایەکەی ڕاوەستانو پاراستنی سیستەمی سەرمایەداریە، هەرگیزاوهەرگیز ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری تەواو لە سایەیدا دەستەبەر نابێت.

بەڵگەی دووەم:ئەوەیە کە دەسەڵاتو دەوڵەتیک ڕێساویاساکانی بە فەرمی لەسەر بنەمای ئایینو تایەفەو نەتەوەو قەومو خێڵو ..هتد دامەزرا بێت، وەک عێراقو زۆر ووڵاتی تری هاوشێوەی ،هەرگیز ناتوانرێت دەزگای پەرلەمانو حکومەتو دادوەری دیموکراسی لەسایەیاندا دامەزرێت.هەر بەم هۆیەشەوە هەرگیز ناتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاکوخاوینو ئازادانە ،بە پێوەرە بۆرژوا لیبرالو سۆشیال دیموکراسی یەکەی، بەڕێوە بچێت.یانی کاتێک حزبێک یان کۆمەڵە حزبێکی دینی و تایەفی و قەومی و خێڵەکی ،میلیشایی یان میلیتاری ، دەسەڵاتدار بن ناکرێتو ناتوانرێت هەڵبژاردنی ئازادانە لە سایەیاندا بەڕێوە بچێت. خۆ ئەگەر بەڕێوەش بچێت ئەوە شتێکی ڕواڵەتیو ڕوکەشیانەو ناوەرۆک بەتاڵە. تەنها بۆ شاردنەوەی ناوەڕۆکی دەسەڵاتە سەرکوتگەریو کۆنەپەرستیەکەی خۆیانە.نمونەی ئەمانە هەمو ئەو هەڵبژاردنانەیە کە لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستو زۆربەی ئەفریقا بەڕێوەدەچێت.

بەڵگەی سێهەم :ئەوەیە کە هەمو ئەو هەڵبژاردنانەی لە ساڵی ١٩٩١وە لە کوردستان و لە ٢٠٠٣ لە عێراقدا بەڕێوە چوە ئەگەر چی ،بەناوی هەڵبژاردنی پەرلەمانو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەڵبژێردراوو دەزگای دادوەری یە ، بەڵام نەک هەر ناچنە خانەی هەڵبژاردنی ئازادانەو دیموکراسی یەوە، بەڵکو جگە لە شانۆگەری یەکی کۆمیدی زیاتر هیچی تر نی یە.چونکە لە سایەی هەلومەرجێکدا بەڕێوە دەچێت ئیتر نەک هەر دەسەڵاتو دەوڵەتێکی هاوچەرخو سکویلارو دیموکراسی بونی نی یە، بەڵکو ئەوەی هەیە کۆمەڵێک دەستەو تاقمی چەتەو ڕێگرو چەقوکیشو مافیایی چەکدارن.ئەمانە چونکە لە سایەی شەڕو داگیرکاریو وێرانکاریو کوشتوبر هاتونەتە سەر دەسەڵات بۆیە بچوکترین بوار نی یە تا هەڵبژاردنی ئازادی تیا بەڕێوە بچێت.بێگومانە هەمو سەرانی ئەم دەستەو تاقمانەو نوسەرو ڕۆشنبیرەکانیان باش ئەم بەڵگەو ڕاستیانە دەزانن. بەڵام ئەوان بۆ شەرعیەت دان بە دەسەڵاتەکەیان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و تەفرەدانی ڕای گشتی پێویستیان بەم بەناو هەڵبژاردنانە هەیە.

جا کە بەشێکی کەم یان زۆر لە خەڵکی بێبەشو ستەمدیدە بەشداری دەکەنو دەنگدەدەن ئەوە یان بەهۆی گوشارە ئابوری و سیاسی یەکانی دەسەڵاتدارانەوەیە یاخود بەهۆی خۆشخەیاڵی و ئومێدو چاوەڕوانی بێهودەیە بۆ بچوکترین گۆڕانکاری و باش بونی ژیانو گوزەرانیانە.
بێگومان ئێمەش ڕوی ڕاوقسەمان لەو کەسانەیە. لە کرێکارانو خەڵکی ستەمدیدە کە نابێت بەشداری لەم شانۆگەری یە گاڵتەجاڕی یە بکەن. وە ناشبێت هیچ ئومێدو چاوەڕوانی یەکیشیان هەبێت لەو حکومەتەی کە پێک دێت تا کەمترین چاکسازی بە قازانیان بکات.

بەڵگەی چوارەم: ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنەی کە لە چەند هەفتە لەمەوبەر بەڕێوە چوو، وسێهەم هەڵبژاردن بوو لە دوای شەڕو داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق ، کەمترین ڕێژەی دەنگدەران بەشداربونەو دەنگیان داوە.بە پێی قسەی دەزگا سەرپەرشتییەکانی خۆیان ڕێژەی کەمتر لە سەدا چلو سێ بەشدار بونە. بەڵام وەک پێشتریش ئاماژەمان پێداوە بە پێی هەندێک سەرچاوە کەمتر لە سەدا بیستو سێ،دەنگی داوە .دیارە ئەم ڕێژەیەش ناکاتە ڕێژەی ستانداری نێو دەوڵەتی کە لە سەدا بیستو پێنجە. ئەم بەڵگەیەش ڕادەیی ڕیسوایی و گاڵتەجاری زیاتری ئەم هەڵبژاردنە دەردەخات.

تەناتەت ئەگەر لەسەدا سەد ڕێژە فەرمی یەکەی لێژنەی سەرپەرشتیاری عێراق ڕاست بێت ئەوە هەر مایەی گاڵتەجاری یە. چونکە بەپێی خودی ئەو لێژنەیەو زۆربەی لایەنەکانی بەشدار ،تەزویر بە شێوازی جۆراجۆر کراوە.لەمبارەیەشەوە بەڵگەی زۆر هەیەو بڵاوکرانەوە. بە تایبەتی بەڵگەکان لەسەر هاک کردنی کۆمپیوتەرەکان.

هەمو ئەمانەو زۆر بەڵگەی هەن، وەک وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە کە بۆ نابێت خەڵک هیچ ئومێدو چاوەڕوانی یەکیان لەو حکومەتە هەبێت بۆ کەمترین ئاڵوگۆڕو چاکسازیو باش بونی ژیانو گوزەرانیان لە داهاتودا.
خەڵکی بە گشتی و ،ئەو کەسانەی کە دەنگیان داوە ، دەبێت ئەوە باش بزانن کە ئەوەی دەگۆڕێت تەنها هەندێک لە دەموچاوەکانەوبەس.یاخود هاتنە پێشەوەو چونە دواوەی دەستەو تاقمە ئیسلامیو تایەفیو قەومی و خێڵەکیەکانە کە هەمویان یەک شێوەو ناوەڕۆکو ،یەک ئامانجو مەبەستی ،کۆنەپەرستی و سەرکوتگەرییو دژی ئینسانییان هەیە.ئەوەی بۆیان مەبەست نی یە ئینسانیو خواستو مافەکانی ئینسانە.

خەڵکی ستەملێکراو بێبەشکراو لە لایەن دەسەڵاتی ئەم دەستەوتاقمانەوە لە جیاتی بەشداری کردن لە سیناریۆ گاڵتەجاری یەکانی ئەمانەو ئومیدبەستنو چاوەرێ بون بۆ حکوتەکەیان دەبێت ئومیدو بروایان بە خەباتو نارەزایەتی بە کۆمەڵو ڕیکخراوی خۆیان هەبێت تا مافوئازادی یەکانیان بەسەر حکومەتەیەکەیان بسەپێننو هاوکات بەردەوام بنو درێژە بە خەباتو نارەزایەتی یەکانیان بدەن تا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم دەستەوتاقمانە دێنن.لە جیگایدا دەوڵەتو حکومەتی خۆیان کە شێوازی دەسەڵاتدارێتی شورایی و ناوەرۆک شۆسیالیستی یە دادەمەزرێنن.ئیتر لە سایەیدا دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی هەمەلایەنەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بێگومانە مەیسەر دەبێت.

٢٨-٥-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا

تیبینی:
ئەم نوسینە لە بۆپیشەوەی ژمارە۲۹ دا بڵاو بۆتەوە




خوێندەنەوەیەک بۆ یەکی شەش…چالاک ئـاغجەلەری

تەواوی جوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایەدا بێت لە پشتیەوە چەند مۆتیڤێک وەک داینەمۆی بەگەڕخستن بۆ بەردەوامیدان بەو خواستە کە لە هەناوی هاندان و هۆکارەکانەوە پێگەی هەڵچنیوە بە مەبەستی گەیشتین بەو ئەنجامەی کۆمەڵ و گروپەکان بەرنامە ڕێژییان بۆ کردوە دواتر مانفێست دەکرێت.

هەرچی پەیوەندی بە خەبات و تێکۆشانی مافە ڕەواکانی کۆمەڵگەی گەلانەوە هەیە لە پەیوەند بە پرسی بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکان لەم جیهانە نەبەرابەرییەدا ، بۆ خۆی یەکی شەش زادەی ئەو زوڵمەیە بەسەر کومەڵگەیەکەوە کە ڕۆژانێ بەبێ خواستی خۆیان تەسلیم بە قەدەرێکی تاریک کران.
بەڵێ خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بە گشتی ئەم ناچارییەیان پێ قووت نەدرا و بە زنجیرەیەک لە ژمارەی دەست پێکی خەباتکردن بەڕووی ئەو نادادیەدا وەستانەوە ، یەکی شەشیش وەک ئەڵقەیەک لەو زنجیرە خۆی ناساند بەڵام ئەم بەجۆرێکی جیاوازتر لەوانەی پێش خۆی، ئەم جیاوازیەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرباری پرۆتستۆی بە دونیای بۆرژوازی بەر ڕەخنەدانی هەڵۆێستە دژ بە مرۆڤایەتیەکانیان دەرهەق بە گەلی کورد، لە هەمان کاتدا دژی خۆبەدەستەوەدان و بە چۆکداهاتنی سەرکرادیەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون بەسەرۆکایەتی( مەلا موستەفای بارزانی) ، بەر ڕەخنەدانی شکستی ( ئاشبەتاڵ) جیا لە ووڵاتانی هەرێمی وجیهانی، هۆکاری شکستی ئەو جوڵانەوەیە لە کورستا نی عێراقدا خرایە ئەستۆی سەرکردایەتیە عەشایەریەکەی ، ئەم مێژووەش وەڵامێک بوو بەڕووی ئەو شكستەدا و هەستانەوەی خەباتی سەر ڕێخست.

ئەم تەوژمە سیاسیە پاراو بە فەلسەفەی مارکس-لینینی بۆ ڕزگاری گەلان لە ژێردەستەیی و گەیشتن بە خواستە ئینسانیەکانی مافی گەلان سەرچاوەی گرت ، دەست گرتن بەم رەهەندە سیاسیەوە زادەی ئەوە پاشخانە فیکریە بوو کە لە هزری مام جەلال و هاوڕێکانیەوە ئاراستەی سیاسی وەرگرت بە تایبەت خۆ گونجاندنی خەباتی گەلی کورد بە خەباتی گەلانی دیکە ، ئەوە بوو نزیکایەتی خەباتی گەلی چین کە جوتیار و لادێنشین وەک بەشێکی سەرەکی جوڵانەوەکە ئاراستەکراون و فیکری ماوتسیوتۆنگ بەشێکی دانەىڕاو بوو لە ئیلهامدان بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان و چواندنیان بە تێکۆشانی میللەتانی چین .
هاوکات ئەم جوڵانەوە سیاسیە تەواو خۆی داماڵی بوو لەو شێوازە تەقلیدیەی خەبات لە کووردستاندا کە ئەو دەمە ئامادەیی هەبوو ئەویش لە بەجێهێشتنی تاك حزبی و یەک رەهەندی فیکری بۆ شۆڕش و بەڕێ خستنی خەباتێکی بەرەیی پێکاتوو لە چەند ڕێکخراوێک لە ژێر یەک چەتری سیاسی و عەسکەرییدا کە ناوی لێ نرا (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)،بەدوای ئەمەدا هەر لادانێک لەم ئاراستەیە و شاڕێگەی جولانەوەکە پرسێکی ترە دەکرێت قسە و باسی تری لێبکرێت .
لە ماوەیەکی کەمدا ئەم هێزە بەرەییە بووبە ئەو هێزە موگناتیسیەی زۆرێک لە چینەکانی خەڵکی کوردستانی بە ڕووی خۆییدا ڕاکێشا بە جۆرێ هەستانەوەی تێکۆشانی گەلی کوردستانی کردە دیفاکتۆ و خۆی ناساند ، بێشەیەک بوو بۆ ئەو کەسانەی تینووی ئازادی و سەربەستی بوون. لە کاتێکدا ڕژێمی سەردەست ئاهەنگی دیکتاتۆری بەڕێدەخست لە تەواوی ووڵاتدا ، یەكێتی بەردەوام بوو لە گەشەکردن و سەرکەوتنەکانی ،هەروەها ڕایەڵەیەکی توند و تۆڵی لەگەڵ هاوخەباتەکانی لە نەتەوەی عەرەب و تورکمان و مەسیحی لە ووڵاتدا دروست کرد دژ بە جەبەڕووتی دەسەڵاتی سەرکوتکەر. بەم هەنگاوەی نیاز پاکی لە جوڵانەوەکەی نیشاندا .

گۆڕانکاریەکانی عێراق لە دوای دەسەڵاتی پاوانخوازی سەدام حسێن بۆ ووڵاتی کوێت، خەباتی شاخ لە کوردستان ئامانجەکانی خۆی پێکا و هەوڵ و خەبات تێکەڵ بە ژیانی ئیداری خەڵکی کردن ، لێرەدا لە هەست کردن بەم بەرپرسیارێتیە یەكێتی کۆنگرەی بەست و خۆی ساغکردوە لە ئاراستە فیکریەکەی ، بۆ خەباتی شار و باوەڕبوون بە پرۆسەی دیموکراتی و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە ئەم هێزە پاشخان بە ڕەهەندی چەپ خۆی خستە باوەشی ئایدۆلۆژی سۆشیال دیموکراتەوە ، بە بڕاوی من وەک چۆن سەرەتای دەستپێکی ژیانی سیاسی لە چواندنی بە گەلی چینەوە هەنگاوێکی عەقڵانی ئەوە کاتە بووە ، بەم هەنگاوەشی وەکو بژاردەی فۆرمی سیاسی کورتی نەهێناوە ، ژیرانە ئەم ئاراستەی کردۆتە ڕەهەندی سیاسی خۆی ، ئەوەی کە دەمێنتەوە هەنگاونانە بۆ ژیانێکی بەرابەری کۆمەڵگە و دەرچوون لە دونیای کاپتاڵ بە شێوەیەکی ئاشآتیانە دوور لە ڕەهەندی ڕادیکاڵ و توندوتیژی.

تا ئێرە وەکو مەبدئی سیاسی ، کرۆکی ئایدیای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچیوەی فەلسەفەی سۆشیال دیموکراتدا باوەڕبوونە بە ژیانێکی ئارام و بێ خەوش ، باوەڕبوونە بە کێبڕكیی پەرلەمانی دوور لە فۆرم و دەستەواژەی ڕق و یەکتر سڕینەوە، لێرە بەدوا کاریزماکانی پشتی ئەم دیدگایە بەجێیان هێشتیووین و ڕیگەکەش زۆری ماوە ، چی بکرێت ئەم مەشخەڵە نەکوژێتەوە و بگەیەنرێتە قەڵای ئاشتی و پێکەوەژیان، کەواتە یەکی شەش خاوەنی جوانترین پەیامە بۆ هەمووان ، پەیامی مام و کاکەکان ڕوونە ئەوەی دەمێنێتەوە ئێمەین چۆن پەیامەکە بەرز ڕابگرین و کاری پێبکەین.

نوێ بوونەوە و یەکتر قبوڵکردن، فەرهەنگی سیاسی و نهێنی سەرکەوتن و گەشەکردن و بەردەوامیدانە بە ‌هێشتنەوەی یەکی شەش بە گەشی، ناکرێت یەخسیری مێژوویەکی ڕووت بکرێت چونکە ئەو ڕۆژە کۆمەڵێ ئومێدی جوانی بە خۆیەوە پێچاوە ناکرێ بەرپرسیارێتی بەهەند وەرنەگیرێت فەرامۆش بکرێت. سبەی رۆژێکی نوێیە و لاوی بەتواناش هەمیشە ئامادەیە لە هەڵگرتنی بەپرسیارێتی بە وێنەی ئەو لاوانەی یەکی شەشیان داگیرسان.