لێکدانەویەک بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەی بەجیهانیبوون … زانکۆ یاری


لێکدانەویەک بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەی بەجیهانیبوون؛ شرۆڤەی چەمک و ڕەهەندەکانی
(به ئاماژەیەکی کورت بۆ کۆمەڵگای کوردی)

زانکۆ یاری
(نووسهر، توێژەر و وەرگێڕ)

——————————————————-

جیهانیبوون یەكێك لەو چەمكە نوێیانەی كە زۆركەس تاکوو ئێستا وەك پێویست شارەزاییان دەربارەی نیە، تەنانەت زۆرجار لێكدانەوەی جیاواز بۆ ئەم بابەتە كراوە .لەم نووسینەدا به مێتۆدێکی ئاکادیمیک بەڵام کورت، سەرەتا تیشک دەخەینه سه‌ر چەمك و واتای بەجيهانيبوون و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا شرۆڤە دەکەین و لەگەڵ مێژوو و ڕەهەندەکانی ئاشنا دەبین. بۆیە ئەمانەوێ له چوار بەش وتارەکه درێژه بدەین، یەکەم؛ پێشەکی و تێگەیشتنێك بۆ چەمك و مێژووی بەجیهانیبوون، دووهەم؛ بەجیهانیبوون و فاكتەرەکانی، سێهەم؛ ڕەهەندەکانی بەجیهانیبوون و چوارەمیش بەجیهانیبون و کۆمەڵگای کوردی، له كۆتاییشدا دەرەنجام دەخه‌ینەڕوو.

پێشەکی و تێگەیشتنێك بۆ چەمك و مێژووی بەجیهانیبوون:

ئەوەی لەمەڕ بەجيهانيبوون، گرنگییەکی لە ڕادەبەدەری پێ بەخشیوە، خێراییی کاریگەرێتییەکانیەتی لەسەر هەموو فەزا و ڕووبەرە جیاجیاکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئەم دەستەواژەیە وەکوو گوتارێکی ڕۆشنبیری بوونی خۆی ئەسەپێنێ و بۆته بەشێك لەو چەمك و وشانەی که ڕۆژانه بەکار دێت و ئاماژه بۆ هێز و بوار و ڕەهەندەکانی بەجیهانیبوون و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی دەکات و وەکوو چەمکێک ماوەیەکە خۆی خزاندۆتە نێو پانتاییەکانی ڕۆشنبیریی ئێمەوە و بۆتە مایەی ورووژاندنی زۆر باس و بابەتی جیاواز و دژ بە یەک.

له ڕووی ماناوه بەجیهانیبوون زۆر لێکدانەوه‌ى بۆ كراوه، هەندێک لايەن ده‌ڵێن که وا باشتره چەمکی (Globalism) که له دوو چەمکی (Globalization) و (Localization) پێکهاتووه و سوود وەربگرین، کەواته هه‌ر کردارێکی ناوچه‌یی کردارێکی جیهانییه و کاریگەری هەیه و به پێچەوانەوه، هەندێک تریش دەڵین ئەمه به‌جیهانیبوون نییه، بەڵکوو “جيهانی کردنه” که پڕۆژەیەکی ئەمریکییه (تەوسلی، ۲۰۱۲، ل:۱۰(. ئەگەر چی زاراوەی جیهانی Global)) پێشینەیەکی چەند سەد ساڵەی هەیە، بەڵام زاراوەکانی Globalization))، (Globalizing) و Globalize)) لە نزیکەی ۱۹٦۰ەوە پەرەیان سەندووه که قاموسی ویبستر (Webster) یەکەمین قاموسی بەناوبانگ بوو که له ساڵی ۱۹۹۰ەوه هەنديێك پێناسەی بۆ دەستەواژه‌ی Globalism)) و Globalization)) پێشکەش کرد. کاتێك باسی به‌جیهانیبوون دەکەین ئەم زاراوه‌یه پەیوەندی به کۆمەڵيك دەستەواژەوه هەيه به لانی کەمەوه دەتوانین ئاماژه به پێنج دەستەواژەوه بدەین بۆ بەجیهانیبوون که بەکار دێن:

يەكەم: Internalization)) به مانای پەرەسەندنی سەرو و نەتەوەیی پێکەوه گرێدانی دوو لایەنی وڵاتان دێت.
دووهه‌م: Liberalization)) به مانای ئازادییه واتا نەهێشتنی بەربەستەکانی نێودەوڵەتی له گواستنەوه‌ی نیوان دەوڵەتەکان تا بتوانن ئابوورییەکی جیهانی ئازاد و یکپارچه پێک بێنن.
سێهه‌م: Universalization)) به مانای گرێدانی ئامانجەکان و بەرنامه تایبەتییەکان به خەڵکی سەرتاسەری جیهان.
چواره‌م: Westernization)) ئەم دەستەواژەیه له لايەن زۆر خەڵكەوه به تایبەتی ڕەخنەگرانی ئیمپریاڵیزمی فەرهەنگی بەکار دێت کە بەمانای ڕۆژاوایی کردنی جیهان دێت.

پێنجەم: Deterritorialization))، بە مانای دژە‌فراوانخوازی دێت کە لەسەر ئەو ئاساسە (مواد) و سنورە جوگرافییەکان بەشێک لە گرینگی خۆیان لە دەست دەدەن. (مسگفی ئەحمەد، ۲۰۱۰، ل:۱۱(.
حەز و فکری بەجیهانیبوون تازە نین و بەرهەمی پێشکەوتنی بەرفراوانی مرۆڤایەتییە. میکانیزمی کردەوەی بەجیهانیبوون لە تێکشکاندنی پەیوەندییە کۆنەکان و هەڵوەشاندنەوەی باوەرە بێفایدەکاندا دەردەکەوێ. بەڵام ئەوەی كە حاشاهەڵنەگرە، بەجیهانیبوون لە هەر ڕوانگەیەكەوە و بە هەر دوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەوە بۆتە بەشێك لە ڕاستیی سەردەمی ئێمە. چەمکی بەجیهانیبوون و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم چەمکه جیگای مشتومڕی زور بووه، هەندێ کەس و لایەن بڕوایان وایه که بەجیهانیبوون نزیکەی‌ 400 ساڵ مێژووی هەیه و لەگەڵ سەرهەڵدانی مۆدێڕنیسم دەسیپێکردووه. واته مۆدێڕنیته چەندین لقی هەیه و يەكێك له لقەكانی و یان تایبەتمەندییەکانی بەجیهانیبوونه.

ڕوبیرتسوۆن (Roland Robertson) پرۆسەی بەجیهانیبوون بە پێنج قۆناغ دابەش دەکات:

-قۆناغی سەرەتایی: لە ساڵی ۱٤۰۰ەوە دەسپێدەکات و لە ساڵی ۱۷٥۰ کۆتایی پێهاتووە.
-قۆناغی دەسپێک یان دووهەم: لە ئۆرووپا لە نێوان ساڵەکانی ۱۷٥۰ و ۱۸۷٥.
-قۆناغی سێهەم: پرۆسەی بەجیهانیبوون بەناوی قۆناغی هەستانەوە لە ساڵی ۱۸۷٥ تا ۱۹۲٥.
-قۆناغی چوارەم: له ساڵی ۱۹۲۰ تا ۱۹٦٥، قۆناغی هه‌ژموونییه.
-قۆناغی پێنجەمين: له ساڵی ۱۹٦۹وه دەسیپێکردووه. (گوڵحەممەدی، ۲۰۰۷، ل:٤٦)

پرسەكانی تایبەت و پەیوەندیدار بە بەجیهانیبوون، یەكێك لەو پرس و بابەتە ئاڵۆز و پڕ لە مشتومڕانەیە كە لە ڕوانگەی جیاواز و جۆراوجۆرەوە بەتایبەت لە پاش كۆتاییی جەنگی ساردەوە خوێندنەوەی بۆ كراوە. گەشانەوەی ئۆرووپا و پەل‌وپۆ هاویشتنی بۆ دۆزینەوە و داگیرکردنی ناوچەی نوێ لە جیهاندا، دواجار بە کۆلۆنیالی کردنی (Colonialism) هەموو وڵاتانی سەر گۆی زەوی، ڕۆڵێکی زۆری لە بەجیهانیکردندا هەبوو. تێکۆشانی ڕزگاریخوازی میللەتانی ژێردەستی کۆلۆنیالیزم ، هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم، دروستبوونی سیستەمی کۆمۆنیستی (Communism) و کێشەی جیهانی لە نێوان سەرمایەداری و کۆمۆنیزم، سەرەنجام ڕووخانی کۆمۆنیزم ڕۆلی مێژووییان لە قۆناغی نوێی بەجیهانیبووندا گێڕا.

ئەوەی لێرەدا جێی تێڕامانە، ئەو خوێندنەوە پارادۆکسیکاڵ یان جیاجیایانەن کە دەربارەی لایەنە جۆربەجۆرەکانی بەجیهانیبوون، لە بەردەستدان، بەڵام ئێمە ناتوانین بە شێوەیەکی ڕەها یەک لەم بیروبۆچوونانە پەسند یان ڕەت بکەینەوە، ئەمانەوێ ئاوڕێکی کورت و سەرپێیی لێ بدەینەوە له شێوە ڕوانینەکان بۆ گلۆبالیزەیشێن لە ئاست پرسی ئیتنیکەکان (ethnicity) و نەتەوەکاندا. لێرەدا دوو شێوە ڕوانینی گشتی بۆ ئەم بابەتە هەن کە بە کورتی ئەیانخەینە بەر باس؛
ڕوانگەی ڕیاڵیستی (Realism) یەک لەو دیده تایبەتانەیه، ئەمان پێیان وایە دەوڵەتەکان کاراکتەری سەرەکین لە گۆڕەپانی جیهانیدا و هیچ جۆرە کاراکتەرێکی‌تر لە سەرەوەی دەوڵەتەوە بوونی نییە. هەر ئەمەش وا دەکات دەوڵەتەکان ڕەوتی بەجیهانیبوون بە سوودی خۆیان بشکێننەوە. ڕوانینی لیبڕاڵیسمی (Liberalism) تەواو پێچەوانەی بۆچوونی ڕیاڵیستییە و پێی وایە دوڵەتەکان تاکە کاراکتەری گۆڕەپانەکە نین و هەندێ هێز و لایەنی‌تر لەدایکبوون کە بەپێی ڕادەی توانای خۆیان لە دیاریکردنی شێواز و ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەکەدا کاریگەرن.

ئەم ڕوانگەیە ئەڵێت مرۆڤ بوونەوەرێکە کە دەتوانێت بەرەو کەماڵ بڕوات، کە پێداویستی سەرەکیی ئەم کەماڵە دیمۆکراسییە (Democracy) و هۆکارگەلێک وەک میدیاکان، ئێکۆسیستەم و تکنۆلۆژیا لە دەورگێڕە گرنگ و چارەنووس‌سازەکانی جیهانی نوێن، به ڕای من وادیاره بە گشتی ڕوانینی لیبڕاڵی پۆزەتیڤ‌تر بێ. چەندین جۆرە ڕوانگە و بۆچوونی تریش بەرانبەر ئەم پرۆسەیە ئامادەییان هەیە، بۆ نموونه بۆچوونی مارکسیستەکان (Marxism) کە زیاتر لە گۆشەنیگایەکی ئابوورییەوە دەڕواننە ڕەوتی پێکهاتن و پەرەسەندنی بەجیهانیبوون و ڕەخنەی جیدی لێدەگرن، ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی کە مارکسیستەکان لە ڕابردوودا قسەیان لەگەڵ دەکرد، بریتی بوو لە ململانێی چینی باڵادەست و چینی ژێردەست.

ڕوانگەیەكی تریش هەیه که دەڵێت بەجیهانیبوون پرۆسەیەكه که پێی وایە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ڕەوتی پێشكەوتنی خۆیدا پێی گەیشتووه و ئەمە شتێكی سروشتیە و هەموو كۆمەڵگاكان بەناچاری پێیدا تێدەپەڕن. هەندێ‌ لە خاوەنڕاكان باس لەوە دەكەن كە كۆمەڵگای فرەچەشنی جیهانی دەبێتە گوندی جیهانی كە هەموو دانیشتوانی بە ئاسانی پێكەوە پەیوەندییان هەیە‌و هەموویان لە كۆمەڵێ‌ یاسا‌ و داب‌ و نەریت و یەك شێواز (Patterns) و شێوازی ژیان پێڕەوی دەكەن ‌و یەك زمان ‌و كولتوور‌ و یەك چارەنووسیان دەبێت.

فاكتەرەکانی بەجيهانيبوون:

پرۆسەی بەجیهانیبوون لەمەڕ گۆڕانكارییە لە فەزا‌و كات. سەرەکیترین هۆكارێك كە لەم تێڕوانینە باس دەكرێ‌ چڕبوونه‌وه‌ی کات و فەزایه كە كەسانێك وەك مانوئل كاستلز (Manuel Castells) لە كتێبی سەردەمی زانیارییەكان (The Rice of the Network Society) و ئەحمەد گوڵمحەممەدی، لە كتێبی “بەجیهانیبوون، كولتوور، شوناس”دا دەیخەنەڕوو.
هه‌ندێک لايەن بۆ پرۆسەی بەجیهانیبوون به‌م فاكتەرانه ئاماژه ده‌که‌ن:
1. سەرهەڵدان و گەشەی کۆمپانیا فره ڕەگەزەكان.
2. زۆربوونی ڕۆڵی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
3. بابەتەکانی پەیوەست به بەجبهانیبوونی پیسبوونی ژینگه.
4. بڵاوبوونەوه و کاریگهریی بازاڕەکانی دارایی جیهانی که ئه‌ویش به سێ قۆناغی: سەرمایەداری بازەرگانی، سەرمایەداری پێشەسازی، سەرمایەداری دارایی تێپەڕيوه. (ته‌وه‌سلی، ۲۰۱۲، ل:۲۲)

ڕەهەندەكانى بەجيهانيبوون:

بەجیهانیبوون خاوەنی كۆمەڵێك ڕەهەند بەشێوه و ئاستی جیاوازه و ئامانجمان ئەوەیه که بەشێوەیه‌کی کورت بەڵام زانستی تیشك بخەینه سەریان، بەڵام پێکەوە گرێدراوە کە پێکدادەچن .(Interaction) ئێستاش بوارەكانتانی شی دەكەینەوە.

بواری ئابووری

زۆرن ئەو تئۆریسیه‌نانه‌ی که سیمای سەرەکیی بەجیهانیبوون به ئابووری دەزانن و ده‌ڵێن زەق‌ترین بواره که لەسەدەی ۱۹وه دەسیپێكردووه و له هەلومەرجی ئێستادا خاوەنی دوو ڕەهەندی گەوره يه: 1-ئازادکردنی بازەرگانی نێونەتەوەیی بۆ کاڵاكان. (ئازادی بازەرگانی بۆته هۆی گۆڕینی شێوازەکانی بەرهەمهێنان لەسەر ئاستی وڵاتان و بەدوای ئەویشدا به‌ها جڤاکییەکان به‌رەبه‌ره گەشەیان کردووه. (فاخری، ۲۰۰۶، ل:۳) 2-خزمەتگوزارییەکان و ئازادکردنی شەپۆلی سەرمایه‌ی نێوەنەتەوەیی کە ئەمانەش به یارمەتی پەرەسەندنی تکنۆلۆژیا سێ دەرەنجامی لێدەکەوێتەوه ۱. زۆربوون ۲. پسپۆړی ۳. دابەشكردن (قه‌وام، ۲۰۰۹، ل:۸۹).

چەند تایبەتمەندیی بەجيهانيبوونی ئابووری:

١. بەجیهانیبوونی بازاڕه داراییەکان.
2. بلاوبوونەوەی تکنۆلۆژیا له هەموو جیهان به ئاستی جیاواز.
3. دروستبوونی هاوشيوه‌ییه‌ك له بەکارهێنانی جیهانی لەگەڵ بازه‌ڕەکانی بەکارهێنانی جیهانی.
4. جێگۆڕێ له نێوان ئابووری نەتەوەیی و ئابووری سیاسی جیهانی.
5. کەمبوونه‌وەی ڕۆڵی دەوڵەتی نەتەوه له داڕشتنی ئابووری جیهانی.
6. زاڵبوونی سەرمایه لەسەر کار و له ئەنجامدا لاوازبوونی هێزی پێشەیی و هەروەها کەسانێک که سەرمایەیان نییه. (زه‌نجانی، ۱۳۸۱، ل:۷۲(
دوکتۆر مەهدی مەفاخرى مامۆستای زانستگای تاران له كۆلێژى پەیوەندیيه نێوەدەوڵەتییەکان دەڵێت؛ جیهانگیری ئابووری دەتوانین له چوار گروپدا پۆلێن بکەین: ۱. بازەرگانی نێوەدەوڵەتی ۲. سەرمایەدانانی ڕاستەوخۆى دەرەکی ۳. ئالوگۆڕی دارایی ٤. جم‌وجۆڵی هێزی کار.

بواری سیاسی

بەجیهانی بوون كاریگەری خۆی لەسەر ئاڕاستەی سیاسی هەبووە، بەهەمان شیوەی بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە ئەوەتا دەبینین كە سیاسەتی دەوڵەتانی جیهان كاریگەری زۆرییان لەسەر ئەم پرسە هەیە. له بواری جیهانیبوونى سياسيدا دەتوانين بڵێين:
-هێز تەنانەت تایبەت نییه به حکوومەت و دەوڵەتەوه.
-هێز له سنووری توند و تیژی زیاتر ڕزگاری بووه.
-هێز به شێوەی سایبرنیتکی (Cybernetics) و توڕ شی دەکرێتەوه.
-هێز پێویستی به پەیوەندی ئازاده.
-هێز بەرهەمی رێکەوتنه.
-زانست و زانیاری وەکوو ئامرازيک له خزمەت بەهەمهێنانی هێزدایه.
لەوانەیە بتوانین بلێین بەربڵاوترین بۆچوون لە پەیوەندی لەگەڵ بەجیهانیبوونی ئابووری و ئابووری سیاسی نێوەدەوڵەتی ئەوە دەبێت کە بەجیهانیبوونی ئابووری دەوڵەت لاواز دەکات و دەوڵەت توانای کونتڕۆڵ و داڕشتنی بابەتەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لاواز دەبێت و لە لایەکیترەوە هێز لە نێو کۆمەڵگا دابەش دەبێت و بەرەوە سەرمایەداری نێوەدەوڵەتی باڵ دەکێشێت و دەچێتە ژێر دەستی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان.

بەجيهانيبوونى مافەکانى مرۆڤ

ڕاگەیانراوی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (Universal Declaration of Human Rights) له ساڵی ۱۹۶۸ یەكێک بوو له‌و بابەتانه‌ی که بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیان داڕشترا. ناکرێ دیمۆکراسی لە کۆمەڵگای دواکەوتووی برسی هەبێت، مافەکانی مرۆڤ لە ڕەفا و گەشەی ئابووریدا مانایان دەبێ (امارتیا سن، توسعە به مثابه آزادی).

بواری کولتوور

لە بواری كولتووری هەست بە زۆر گۆرانكاری دەكرێت و بزاڤە كولتووری و كۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتیەكان بە بەشێك لەم كۆمەڵگایە هەژمار دەكرێت. له ڕووی کولتوورییەوه بەجیهانیبوون پرۆسێسی جیاکردنەوەوه و له هەمان کاتدا یەك کردنه. ڕابرتسۆن بەجیهانیبوون وەکوو هەستی یەکبوون پیناسه دەکات، دەتوانین بڵێین کە سەردەمی شەڕی سارد و کێبڕکێی نێوان سەرمایەداری و کۆمۆنیزم ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەجیهانی کردنی کولتوور و هەر لایەنێک هەوڵی دەدا کە ئایدۆلۆژیای خۆی لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤدا بەرجەستە بکات. (زەنجانی، ۱۳۸۱، ل:۱۱۸)

هەندێ لە بیرمەندانی سەدەی نۆزدەیەم، بەتایبەت فەیلەسووف و كۆمەڵناسانی وەك كانت و ماركس لەم بڕوایەدا بوون، كە بە تێپەڕینی كات و گۆڕانی كۆمەڵگە مرۆیییەكان دەور و كاریگەریی كو‌لتوورە جۆراوجۆرەكانی وەك ئایین، ئیتنیك و نەتەوە لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا كەمتر دەبنەوە و كۆمەڵگەی جیهانی، بێ جیاوازی و كەلێنە كۆمەڵایەتی-كو‌لتوورییەكان پێك دێ. (ئەحمەد گوڵمحەممەدی)

بواری تكنۆلۆژی
پێشکەوتنی بوارەکانی تکنۆلۆژیی و زانست و ئابووری و کولتوور، مرۆڤایەتی خستە ناو قۆناغێکی نوێ کە پێی دەگوترێ بەجیهانیبوون. تكنۆلۆژیا یەكێكە لە سەرەكیترین هەنگاوەكانی سەرهەڵدان و بەرفراوانبوونی ئەم چەمكە چونكوو خۆی لە خۆیدا گەیاندنی جیهان بەیەكتری لە ڕێگەی تكنۆلۆژیاوە دەبێت. نیکۆلاس نیگرۆپۆنتێ Nicholas Negroponte)) دەڵێت: “ئێمە ئەمڕۆ لە جیهانێکدا دەژین کە دیجیتاڵکراوە، ئەم جیهانیەش جارێ ئەمە سەرەتاکەیەتی..”.

بواری كۆمەڵايەتی

بەجيهانيبوون کاریگەری هەیه لەسەر بزووتنەوه كۆمەڵايەتيیەكان، به لانیکەم له چوار بواردا بزووتنەوه کومەڵایەتییەکان ڕەهه‌ندی جیهانیان هەیه وەکوو: بزووتنەوەکانی ژینگه، بزووتنەوەکانی ئاشتبوونەوه، بزووتنەوه کانی ژنان، بزووتنەوەکانی کرێکاری که ئامانجیان کاریگەری لەسەر دەوڵەت نەتەوەکان بووه، (دهقانی، ۱۳۸٦، ل:۱۲).

بەجیهانیبون و کۆمەڵگای کوردی:

پرسی كو‌لتوور و شۆناس یەكێك لەو پرسانەیە كە لەژێر پارادایمی (Paradigm) بەجیهانیبوونەوە گڕوتینێكی نوێی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت بۆ نەتەوە، ئایین، ئایینزا، ئیتنیك، گرووپ، ناسنامه و بزووتنەوە پەراوێزخراوەكان، بۆیە تێگەیشتن لەم پرسە ئالۆزە و كاریگەرییەكانی بەجیهانیبوون لەسەر پرسە ناسنامەیی و كو‌لتوورییەكان بۆ ئێمەی كورد كە تاكوو ئێستا خاوەن دەوڵەت نەبووینه، گرنگیی تایبەتیی هەیە. بەهەرحاڵ کۆمەڵگای کوردستانیش وەک ماڵێکه لەو گوندەی مارشاڵ مەک‌لوهان (Marshal McLuhan) لە ساڵی ١٩٦١ ناوی لێنا گوندی جیهانی (Global Village). لەو گوندەدا هەموو ماڵەکان خاوەنی مێژوو و کولتوور و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن و پێکەوە لە دان و ستاندن دان.

دەبێ یەک بناسن. بەڵام کوردستان لەو گوندەدا لە کام پێگەیە؟ چارەنووسی چیە؟ ئێمه وەکوو کورد هەوڵمان داوە هەموو ئامێرەکانی بەجیهانیبوون بخەینه خزمەتی کێشەی خۆمانەوە؛ هەر لە سەتەلایت و تێلەڤیزیۆنەوە بگرە تا ئینتەرنێت، هەموو بوونەتە ڕووبەرێکی لەبار بۆ یەکانگیرکردنی خواستە نەتەوەییەکانمان لەگەڵ کاراکتەر و بارودۆخە نوێیەکانی جیهان و سەردەمی بەجیهانیبووندا. بەڵام بۆ گەیشتن به لووتکەی مۆدێڕنیزاسیۆن (Modernization)، ئەمە تەنیا سەرەتا و دەسپێکی کارەکانە و هێشتا کوردەواری زۆری ماوە چەمکە مۆدێڕنەکانی وەک عەقڵانییەت و دیمۆکراسی بەتەواوەتی تێکەڵی بزاڤی کولتووری و سیاسیی خۆی بکات، کە سەرەکی‌ترین ئەرکی ئێستاشمان ناساندن و بەرهەمهێنانی درووستی هەموو مەعریفە جۆراوجۆرەکانی جیهانی ڕووناکبیریی ئەم سەردەمەیە، خوێندنەوەیەک کە پێویستە شێلگیرانە و بە قووڵبوونەوەیەکی جیاواز لە پێشوو بیگەیەنینە ئەنجام. بێگومان خوێندنەوەکان و کارەکانی بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردی بۆ چەمکێک وەک بەجیهانیبوون، لەم پێناوەدا دەورێکی گەورە و گرنگ ئەگێڕێت.

دەرەنجام:
بەجیهانیبون بۆته جێگەی بایەخی بەشێك له تۆێژەران و بابەتی لێکۆڵینەوەکان له ناوەندەکانی توێژینەوه و لێکۆڵینەوه و پێکەوه ئاڵاندنی زیاتری جیهانییه بەڵام به ژمارەیەک پرۆسەی ئاڵوز و تێکەڵاو که له بنەڕەتدا ئابووری، تکنۆلۆژی و کولتووری و ژینگه‌یی و سیاسيیه له ژێر ناوی “بەجیهانیبوون” تیۆریزه کراون. جیهانیبوون هەڵگری ڕەوتی هاتووچوی کاڵا و سەرمایه، مرۆڤ و زانیاری و بیروڕا و مەترسییه نێوەدەوڵەتییەکانه. لە لایەک جیهان لە قۆناغی گواستنەوە دایە بۆ شکڵگرتنی چەمک و پەیوەندی نوێ لە لایەکیترەوە جیهان ئاڵۆز و پێشبینی نەکراوە و ناوەندییەتی کاڵ بۆتەوە و ئیدی چیتر ئاکارەکان لەسەر بنەمای بونیاد (Structure)، یان ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکوو زیاتر لەسەر بنەمای کاروکاردانەوەیە (Dialectic) و دەوڵەتانی دواکەوتوو یان ئایدۆلۆژیک کێشەی زۆریان بۆ درووست بووە. لێرەدا ڕوانگەیەكی جیاوازتریش بوونی هەیە، ڕوانگەیەك كە پێی وایە لەگەڵ ئەوەی بەجیهانیبوون دەبێتە هۆی دروستبوونی كولتووری هاوبەش و تایبەتگەراییە كو‌لتوورییەكانیش Cultural particularism)) بەهێز دەكات. بەجیهانیبوون دەبێتە هۆی ئەوەی كە كۆمەڵێ‌ كولتوور‌ و شێوازی ژیان ‌و بەهای هاوبەش لە نێوان خەڵكدا درووست بێت وەكوو ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ، دێمۆكراسی، ئازادی ‌و… هتد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵگا ‌و نەتەوەكان كۆمەڵێ‌ تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن‌. بەجیهانیبوون له لایەکەوه به‌رەو نەهێشتنی ناوەندگەرایی (Centralism) له دەسەڵات ئاراستەمان دەکات و له لایەکیترەوه دەبیته هۆى سەرهەڵدانی چەندین جۆر دەسەڵاتی بان نەتەوەیی.

——————————————–
سەرچاوه‌کان:
کوردی:

1- ئه‌نتۆنی، گیدنزو: حەسه‌ن ئەحمەد مستەفا ، ”كۆمەڵناسی”، هەولێر، چاپخانه‌ی ئاراس، ۲۰۰۹.
2- د.عبدالعلی قەوام، وەرگێڕانی سەلاح جەعفەری، “جیهانیبوون و جیهانی سێهەم و ئاسایشی نەتەوایی، هەولێر، چاپخانەی هاوسەر، ۲۰۰۹.
3- عەلیڕە‌زا گەنجی و ئەوانیتر، و: عارف سه‌لیمی، “ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی تۆڕەکان”، هەولێر، چاپخانەی دەزگای ئاراس، ۲۰۰۷.
4- د. ئیسماعیل مه‌ردانی گیوی و ئەوانيتر، وەرگێڕانی: ئازاد وەلەدبەگی، بەجیهانیبوون و شۆناس و نەتەوەیی، هه‌ولێر، سەنتەری ڕووناکبیری هەتاو، ۲۰۰۶.
۵- د. سالح مەڵاعومەرعيسی، ئەتنيک‌گه‌رایی و دەوڵەتی نەتەوەیی له چەرخی بەجیهانیبووندا، هەولێر، ده‌زگای ئاراس، ۲۰۰۸.
٦- ئازاد، حەممه، “چاخی زانیاری (گەشەی کۆمەڵگه‌ی نیتوۆرک) دەروازەیه‌ک بۆ مانوێڵ کاستیلز، سلێمانی، ده‌زگای چاپ و پەخشی سه‌رده‌م، ۲۰۰۶.
۷- مەهدی مسگفی ئەحمەد، ”به‌جیهانیبوونی سیاسی و کاریگەری لەسه‌ر دۆزی کورد”، هەولێر، نووسینگەی تەفسیر بۆ بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن، 2010.

فارسی:
8- مانوئل كاستلز، عصر اطلاعات: اقتصاد، جامعە و فرهنگ (ظهور جامعە شبكە ای) جلد اول، ترجمە: احد علیقلیان و افشین خاكباز، تهران: گرح نو، چاپ پنجم 1385.
9- یورگن هابرماس، جهانی شدن و آ‌یندە دمكراسی: منظومە پساملی، ترجمە كمال پولادی، تهران: نشر مركز، 1380.
10- احمد گل‌محمدی، جهانی شدن فرهنگ، هویت، تهران نشر نی، 1381.
11- داریوش اخوان زنجانی، “جهانی شدن و سیاست خارجی”، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجه، چاپ اول، تهران، 1381.
12- دکتر مجید توسلی،”پدیده‌ای بنام جهانی شدن”، پرسمان، تیر 1386، شماره 58.
13- دکتر محمود دهقانی، “ابعاد پدیدە جهانی شدن”، مرکز تحقیقات استراتژیک، اقتصادی، سیاسی و بین‌المللی در عصر جهانی شدن، شماره ۷، سال ۱۳۸٦.
14- پژوهش نامە علوم اجتماعی، سال دوم، شمارە 2، تابستان 1387، بررسی نقش رسانە های نوین با تاكید بر ماهوارە و اینترنیت بر هویت فرهنگی دانشجویان، د. احمد آذین و كبری پیرمحمدی.
15- فصلنامە مطالعات راهبردی، پژوهشكدە مطالعات راهبردی، سال چهارم، شمارە سوم، پاییز 1380، در چیستی جهانی شدن: تاملی نظری در سمت و سرشت آهنگ جهانی، قدیر نصری.
16. Clark, John, 1997, Globalization and fragmentation, oxford university press.
17. Giddens, Antony, 1990, The Consequences of Modernity, Cambridge, London, polity press,
18. Meyer, Anna & Katrina Geschiere, 1999, globalization and Identity, Oxford, Blackwell.




كاتێك ئه‌زموونەکان ده‌دوێن … له‌فارسیه‌وه‌: كه‌ریم سۆفی


(چه‌ند دیمانه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..كەریم سۆفی




نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ ئه‌حمه‌د تاقانه‌ … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

كاكه‌ ئه‌حمه‌د ڕۆژێكی خۆشی هاوینه‌، سایه‌ی گه‌وره‌ی یه‌كه‌م ڕۆژی ڕه‌مه‌زانه‌: 18\6\2015. ڕۆژێكی پڕ ژیان و گه‌شه‌یه‌. كاریگه‌ری له‌سه‌ر زه‌ینییه‌ت و بینینی هه‌مه‌چه‌شنم بۆ ژیان و دنیا داناوه‌، سه‌كۆیه‌كی به‌رهه‌مهێنه‌ بۆ ڕوانین و خۆبه‌رجه‌سته‌كردن. به‌وه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌مدا به‌چكه‌ كێشكه‌یه‌ك له‌ هێلانه‌كه‌ی به‌رببووه‌وه‌.

زیاتر له‌ پازده‌ ڕۆژ له‌ژێر فێنكایی موبه‌ریده‌دا ئاو و دانم ده‌دایه‌ و به‌ده‌وریه‌وه‌ بووم و به‌رچاویم به‌ ئه‌شقی خودایی ڕه‌نگڕێژ ده‌كرد، تا باڵه‌كانی هێزی فڕینیان تێدا گه‌ڕا. به‌چكه‌ كێشكه‌ی چاو به‌ تاسه‌م به‌ ماچه‌ كپ و بێ ده‌نگه‌كانم له‌ باوه‌شمدا گه‌وره‌ كرد، بیریشم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ ده‌بێت به‌ ژانی هێلكه‌ ترووكانی. واته‌: به‌ ژانی له‌دایكبوونیه‌وه‌ چه‌ند تلابێته‌وه‌، ئه‌م سبه‌ینه‌یه‌ له‌ دۆخی تینی سۆز و ڕۆحانیدا، كه‌ له‌گه‌ڵ دڵی خۆتدا ده‌بیت به‌ یه‌ك، مۆسیقای باڵه‌كانی بۆ لێدام و گۆرانی پێزانین و ماڵئاوایی به‌ كه‌شوهه‌وای ئاشتی به‌خشی، منیش له‌ دڵه‌وه‌ به‌ڕێم كرده‌ دنیای ئازادیی خۆی و سایه‌ی گه‌وره‌ی خودا. ئه‌و دنیایه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر زه‌ینییه‌ت و بینینی هه‌مه‌چه‌شنه‌م داناوه‌ و نه‌رمه‌ شه‌پۆلی لێم ده‌دا.

به‌ په‌یام و ئاكاری كاره‌م هێنده‌ی نووسینی كۆشیعرێك دڵخۆش بووم و جوانی و دڵباشی و پشووی ده‌روونیم دۆزییه‌وه‌. هه‌مان ڕۆژیش مووچه‌م وه‌رگرت، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م خۆمان ئاماده‌كرد بچینه‌ بازاڕ و ته‌واوی پێویستییه‌كانی خواردنی ئه‌م مانگه‌ بكڕین، له‌ دووكانی گۆشتفرۆشه‌وه‌ ده‌ستمان پێكرد، له‌ یه‌كه‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ گیرفانیان بڕیم و ته‌واوی مووچه‌كه‌یان لێ‌ دزیم. ئه‌م كاره‌ نه‌ته‌ی پێ‌ به‌رنه‌دام، گه‌شه‌ و خۆشی و جۆش و ته‌زووی خسته‌ ده‌مار و خوێنم. دڵنه‌وایی خێزان و منداڵه‌كانم به‌وه‌ ده‌دایه‌وه‌ و ده‌مگوت: له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ی گیرفانی بڕیوم بۆ ئه‌وه‌ی بووبێت تا پێویستییه‌كانی خواردنی ئه‌م مانگه‌یان بكڕێت. نازانم هه‌ڵزه‌قینه‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوه‌ بوو، یان خۆبه‌ختكاری و هه‌ست پێكردنی خۆی.

هه‌رچی پاره‌مان له‌ ماڵدا هه‌بوو، خێزانه‌كه‌م خستییه‌ ناو جانتاكه‌یه‌وه‌، دووباره‌ ڕێگای بازاڕمان گرته‌وه‌به‌ر، بایی شه‌ست و پێنج قاتی منداڵانی ته‌مه‌ن له‌ نێوان یه‌ك و ده‌ ساڵی كرد، هه‌موو منداڵه‌كانی خۆمم له‌گه‌ڵ خۆم برد و به‌سه‌ر خیوه‌تگای منداڵه‌ ئاواره‌كانی كوردستانی ڕۆژئاوامان دابه‌ش كرد. ته‌نیا بیست و پێنج هه‌زار دینار له‌ پاره‌كه‌ماندا مایه‌وه‌، ئه‌ویش به‌نزینمان پێ‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌مان كرد، ئه‌م سه‌ردانه‌ وه‌رزشی چاو و دۆخێكی شیاو بوو، به‌ به‌ختی زۆره‌وه‌ خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی منداڵیی خۆمم وه‌رگرت، بینیم منداڵان عه‌لاگه‌ی نایلۆنیان كردووه‌ به‌ كۆلاره‌ و له‌ فێنكایی ئێواره‌دا هه‌ڵیانداوه‌. ئاشنابوونه‌وه‌ به‌ خودی خۆت، به‌هره‌مه‌ندبوون و به‌خت باشییه‌، زیاتر به‌ دنیاوه‌ ئومێده‌وار ده‌بیت.

كاكه‌ ئه‌حمه‌د من كوڕه‌ لادێییم (ده‌ربه‌ندی گۆم). به‌ زه‌ینێكی زیندووه‌وه‌ وێنه‌ی دیمه‌نه‌كانی ئێوارانی گوندم گرتووه‌ ڕامكێشاوه‌ته‌ ناخی خۆمه‌وه‌، كه‌ ئێواره‌ی هاوین ده‌یدایه‌ فێنكی مه‌گه‌ر چۆن، ئه‌گه‌ر نا هه‌موو ڕۆژێك ده‌چوومه‌ سه‌ربان و هه‌ر منداڵ و مێرمنداڵێك له‌سه‌ربانی ماڵی خۆمان، یان دوو دوو و سێ‌ سێ‌ له‌سه‌ربانی ماڵی یه‌كمان كۆده‌بووینه‌وه‌ و كۆلاره‌ی خۆمانمان هه‌ڵده‌دا و داومان ده‌دایه‌، هاوارمان ده‌كرد: هه‌تاو جوانتره‌ له‌ مانگ، ڕۆژ جوانتره‌ له‌ شه‌و.

ماڵی ئێمه‌ له‌ لاپه‌ڕی گوند بوو، كه‌ كۆلاره‌كه‌م هه‌ڵده‌دا به‌سه‌ر ته‌واوی گونددا ڕه‌ت ده‌بوو، له‌سه‌ر كۆلاره‌كه‌ش ناوی دایك و باوكمم ده‌نووسی به‌وه‌ی وام ده‌زانی كۆلاره‌كه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و دایك و باوكیشم به‌بێ‌ هیچ دوودڵی و ئاسته‌نگێك ده‌گه‌ن به‌ حزووری خودا و له‌ خودا نزیك ده‌بنه‌وه‌، به‌ نزا و داوایه‌كانیان ئێمه‌ به‌ ئومێد و شیاوی بوونی ئه‌زه‌لی ده‌گه‌یه‌نن، په‌یوه‌ندیی گیانیشمان له‌گه‌ڵ كه‌سی نه‌ناسراودا بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌.

ڕۆژگار به‌ ڕوخساری پڕٍ ده‌مامكیه‌وه‌ هات و ده‌ستی خۆی وه‌شاند، له‌گه‌ڵ نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولدا، گونده‌كان داگیران و وێران كران، ئێمه‌ش به‌ر زه‌بری دڕندانه‌ كه‌وتین و ڕاگوێزراینه‌وه‌ هه‌ولێر. ته‌ممووزی 1978 له‌ گۆڤاری (ڕۆژی كوردستان)، ژماره‌ (50) شیعرێكی كورتت به‌ ناونیشانی (كۆلاره‌) بڵاو كرده‌وه‌. ئه‌م شیعره‌ خه‌ڵات و نیشانه‌یه‌كی شانازی بوو، له‌ شوێنی تایبه‌تی خۆیدا پێشكێش به‌ منی دڵشكاو كرا و ژیانی ژیاندمه‌وه‌. له‌و ئازارانه‌ ده‌دوا، كه‌ من هه‌ستم پێده‌كردن و پێیان ده‌تلامه‌وه‌، خودایه‌ ڕێگاكانت زۆر له‌وه‌ به‌خشنده‌ترن، كه‌ مرۆڤ هه‌ستی پێده‌كات: ئه‌و بڕوایه‌م لا دروست بوو، هه‌موو نووسینێك هێز و پێویستی و په‌یامی خۆی بۆ كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌.

له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می هه‌موو ده‌فته‌ره‌كانی قوتابخانه‌دا نووسیبوومه‌وه‌، تا هه‌موو كات له‌گه‌ڵمدا بێت و لێم جیا نه‌بێته‌وه‌. وام ده‌زانی هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌مه‌، كه‌ له‌ گوند ئێواران به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌سه‌ربان كۆلاره‌مان هه‌ڵده‌دا و ناهێڵێت شل و شێواوبم و لێم جیا ببنه‌وه‌، به‌جێم بهێڵن و هاوڕێیه‌ دڵسۆزه‌كانمن، كۆمه‌كم ده‌كه‌ن و كۆستم ڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌سته‌كانم ده‌پاڵێون. وشه‌ی ناهێڵێت وه‌ك ئه‌و ڕسته‌یه‌ وایه‌: (له‌ سه‌ره‌تادا وشه‌ هه‌بوو). به‌ناو وشه‌ و ده‌نگه‌كاندا ڕۆده‌چووم و هه‌ستی قووڵتر ده‌كردمه‌وه‌ و چركه‌ دڵگیره‌كانی منداڵی بۆ ده‌هێشتمه‌وه‌ و زه‌ینیشی گه‌رم ده‌كردمه‌وه‌. ئه‌و هه‌موو كپی و خورپه‌یه‌ی شیعره‌كه‌ بۆی په‌یدا كردبووم، ئێستا ناتوانم ده‌ربڕینی لێ‌ بكه‌م، مه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و چركه‌ بریندارانه‌ی تێیدا ده‌ژیام. ئه‌ویش مه‌حاڵێكی هێزی ده‌ربڕینه‌.

ئه‌ی له‌ مۆخ و ده‌ماری پیت و وشه‌ و ڕسته‌وه‌ برای پشتم: بزانه‌ شیعر چۆن مرۆڤ ده‌كاته‌ مرۆڤێكی خه‌یاڵكرد و خه‌یاڵكراوه‌ و یاده‌كانیشی ده‌پارێزێت، له‌ ڕیشه‌وه‌ش ده‌یڕوێنێته‌وه‌، سه‌رسوڕمانی وشه‌ی (ناهێڵێت) له‌ یاددا ده‌هێڵێته‌وه‌ و وه‌ك چه‌مكێكی گه‌رم چ شه‌رم و شانازییه‌كی به‌رانبه‌ر ده‌خوڵقێنێت. حیكمه‌تی به‌خته‌وه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ بارودۆخی زۆر سه‌خت و دڵشكاندا یاده‌وه‌ریت بگرێته‌ خۆی و بیلاوێنێته‌وه‌ و ببێته‌ ده‌ستی گه‌رمی سه‌ردڵت.

كۆلاره‌

نامیلكه‌یه‌كم له‌ چاپ دا..
دانه‌یه‌كم به‌خشی به‌ منداڵێكی ناو گونده‌كه‌مان
_منداڵانی گونده‌كه‌م هیچیان خوێنده‌وارییان نه‌بوو_!
په‌ڕی نامیلكه‌كه‌ی كردم به‌ كۆلاره‌ و..
هه‌ڵیفڕاند..
له‌ نێوان نامیلكه‌ كۆلاره‌كه‌م و ده‌ستی بچكۆڵه‌ی منداڵی گونده‌كه‌مدا
ده‌زوویه‌كی سپی.. پرده‌!!
كه‌ ده‌زوو ده‌پسێ‌ و كۆلاره‌ سه‌ر هه‌ڵده‌گرێ‌
منداڵه‌كه‌ به‌دوایدا ڕاده‌كا و.. ده‌گری..
ده‌یدۆزێته‌وه‌ و.. ده‌یهێنێ‌
ده‌ینووسێنێ‌ به‌ سینگیه‌وه‌ و..
به‌ كۆڵانی گونده‌كه‌مدا،
هه‌نگاو ده‌نێ‌..

شیعری چین چین و ئاستدار، دڵێكی به‌ بڕوا و هۆشمه‌ند و سه‌رڕێژ له‌ ژیان و بزوێنه‌ری ژیان به‌ بوون و نهێنییه‌كانه‌وه‌ ده‌ینووسێت، دڵێكی به‌ بڕوا و هۆشمه‌ند و سه‌رڕێژ له‌ ژیانیش. واته‌: خوێنه‌ری نموونه‌یی هه‌ستی پێده‌كات و ده‌یكات به‌ حه‌ڵاڵزاده‌ی خۆی و شیری گه‌رم و چه‌وری دایكی. ئه‌م شیعره‌، لووتكه‌ی دره‌وشاوه‌ی ئه‌زموونی تۆیه‌، هه‌م له‌ ڕووی زمانه‌وانی، هه‌میش له‌ ڕووی ئێستێتیكی و بیری فه‌لسه‌فیشه‌وه‌. له‌ هه‌مان كاتیشدا ماڵئاواییكردنه‌ له‌ ئه‌زموونی تۆ.

سه‌ره‌تا، تێگه‌یشتنی من بۆ شیعره‌كه‌ ته‌نیا یاد و یاده‌وه‌ری و خۆخواردنه‌وه‌ و سه‌كۆیه‌كی پشوودان بوو، به‌ڵام دوای پێداچوونه‌وه‌ و به‌راوردكردن، زه‌مینه‌ و ڕایه‌ڵ و تانوپۆ و ورده‌كارییه‌كانی، چه‌مكی نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولی لێ‌ ده‌ورووژێ، په‌یوه‌ندیی نێوان مێژوو و شۆڕشی داڕشتووه‌ و به‌ هه‌سته‌كانماندا ڕه‌ت ده‌بێت، بنه‌مای دنیابینییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ ناوه‌ندی بیركردنه‌وه‌مان جێگیر ده‌بێت، له‌ یاد و بوون و هه‌ست و نه‌ستی خۆی و خۆمان نزیك ده‌كاته‌وه‌، ڕووداوی نسكۆ خێرا له‌ شیعری نوێی كوردیدا گه‌شه‌ی كرد، كه‌مێك شیعری باش و شیعری خراپیشی زۆر به‌رهه‌م هێنا. بزانه‌: شیعر هاوكاری و ڕێنماییت ده‌كات بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی هه‌ست، چیرۆك و ڕۆمانیش هاوكاری و ڕێنماییت ده‌كات بۆ خۆشكردن و زیاتر بینینی زه‌مینه‌ی هه‌ست.

ئه‌فسوونی ئه‌و دوو جیاوازییه‌ ئه‌وه‌یه‌، شیعر هه‌ست قووڵده‌كاته‌وه‌، چیرۆك و ڕۆمانیش هه‌ست ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌و نه‌رمه‌ له‌رزه‌ شاراوه‌یه‌ی له‌ كات و ناكاتدا مرۆڤ ده‌گرێت. قووڵكردنه‌وه‌ی هه‌ست، بیركردنه‌وه‌ش به‌هێز ده‌كات، سه‌ره‌كیترین خه‌سڵه‌ته‌، كه‌ شیعری بێگه‌رد ده‌ستنیشان ده‌كات. شیعره‌كه‌ له‌ ناوه‌رۆك و پێكهاته‌یدا شیعرێكی هێمایییه‌، به‌ڵام هێمایییه‌كی خودی لێڵ نییه‌، هێمایه‌كه‌ ده‌بێته‌ گه‌شه‌ و په‌یوه‌ندیی گشتی كۆمه‌ڵگا و پرسێكی بڵاو و زاندراو و چاره‌نووسساز، واته‌: گه‌شه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیی گشتی كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌می ده‌هێنێ‌ و له‌ناو مانه‌وه‌ی خۆیدا دایده‌مه‌زرێنێ و ده‌بێته‌ ناسنامه‌ی، یان ناسنامه‌ی ده‌داتێ‌، كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ش ناسرا، زیاتر خۆشویسترا. له‌ناو هه‌ناسه‌ سارد و زیندووه‌كانماندا، گیانی گشتی تێدا ده‌خولایه‌وه‌.

ئه‌و زه‌مینه‌ت خۆش كردووه‌ و ده‌سه‌ڵات و هێزی ده‌ربڕینی خۆت تێدا تاقیكردووه‌ته‌وه‌، له‌و خاڵه‌ تاقیكراوه‌شدا پێوانه‌ت بۆ بوون و شادبوونه‌وه‌ به‌ خودا و شادییه‌كی بۆ كۆتایی داناوه‌، یان ژیان له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تدا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌یت. ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ ئه‌ندێشه‌ كراوه‌ی له‌ هێزی ده‌ربڕینی خۆته‌وه‌ خاڵت بۆی داناوه‌ و بینینی خۆت تێیدا ڕوون كردووه‌ته‌وه‌، بڕوابوون به‌ خۆت، له‌ خۆتدا دروست كردووه‌، حیكمه‌تی به‌خته‌وه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ت له‌بیر نه‌بردووه‌ته‌وه‌. ئێستا له‌ ته‌مه‌نی ڕامان و سه‌رنجدانم، به‌ڵام شیعره‌كه‌ هه‌ر ده‌سته‌ گه‌رمه‌كه‌ی سه‌ردڵمه‌، ڕه‌نگه‌ چه‌ندان ساڵی تریش ده‌نگی ئه‌و ده‌سته‌ گه‌رمه‌ی سه‌ردڵم هه‌ر ببیستێت و به‌رده‌نگی هه‌بێت.

نووسین گرینگترین و یه‌كه‌م ئامرازه‌ بۆ نه‌مركردنی هه‌سته‌كانی مرۆڤ و پێویستییه‌كانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ژیان له‌ هه‌ر قۆناخێكدا. هه‌م له‌باری خۆشی و هه‌م له‌ باری ناخۆشییه‌وه‌ش. هه‌ر نووسینه‌ كارامه‌یی و لێهاتوویی مرۆڤی نه‌مر كردووه‌، هه‌ست و بیركردنه‌وه‌ و ئه‌زموونیانی پاراستووه‌ و هێشتوونییه‌ته‌وه‌، ناهێڵێت ئێمه‌ له‌ یادیان بكه‌ین، له‌ ڕیشه‌وه‌ش ده‌یانڕوێنێته‌وه‌. سه‌رسوڕمانی وشه‌ی ناهێڵێت قه‌ڵغان و زرێپۆشێكه‌ ته‌نیا داهێنان توانای ڕاگرتنی به‌سه‌ر سه‌ری مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كانه‌وه‌ی هه‌یه‌. ئاوێنه‌ی داهێنان له‌ هه‌موو ئاوێنه‌كانی تر تاسه‌دار و رێ‌ ڕاستتره‌ بۆ ڕاستگۆیی، ڕێ‌ خوار ئه‌و نووسه‌ره‌ی له‌به‌ر ئاوێنه‌دا ده‌موچاوی ڕێڕێ‌ و به‌ڵه‌ك ده‌ربكه‌وێت، یان ئاوێنه‌ی درۆزن ڕه‌نگی ده‌موچاوی خۆی پێ بناسێنێته‌وه‌ .

له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا دوو بزووتنه‌وه‌ی نوێبه‌خشی سه‌ری هه‌ڵداوه‌، له‌ حه‌فتایه‌كان: (ڕوانگه‌) و له‌ هه‌شتایه‌كانیش: (پێشڕه‌و). له‌ هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌كه‌دا بۆچوونی خۆت له‌ دوو وتاری جیا جیادا ده‌ربڕیوه‌، له‌باره‌ی ڕوانگه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره‌ (35)ی ساڵی (1971)دا، به‌ ناونیشانی (ڕواڵه‌تی هه‌ڵبه‌ستی نوێ‌)، له‌باره‌ی پێشڕه‌ویش له‌ هه‌مان ڕۆژنامه‌دا، ژماره‌ (1082)ی ساڵی (1989)دا، به‌ ناونیشانی (له‌باره‌ی هه‌ندێك لایه‌نی هونه‌ریی شیعری نوێوه‌). له‌ هه‌ردوو وتاردا له‌گه‌ڵیاندا نیت. تاڕاده‌یه‌كیش دژی و توندیشی، له‌ كاتێكدا ئه‌م دوو بزووتنه‌وه‌یه‌ خاڵی وه‌رسووڕان و دۆخگۆڕینن، جۆرێك گۆڕانكارییان له‌ بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ریشدا به‌دی هێنا. له‌م پێودانگه‌دا پێویسته‌ نوێبه‌خشیی كار و به‌رهه‌م بكرێته‌ پێوه‌ر، ئه‌گه‌رنا نه‌زانین داگیر و بێ‌ بڕوامان ده‌كات. له‌م بۆچوونانه‌تدا به‌ ڕوونی دژی نوێبه‌خشی، نوێبه‌خشیی ئه‌م دوو بزووتنه‌وه‌یه‌، نه‌ك نوێبه‌خشی به‌گشتی. له‌ هه‌ردوو وتاریشدا بنه‌مای دژبوونی خۆت ڕوون نه‌كردوونه‌ته‌وه‌.

تا به‌رانبه‌ر قه‌ناعه‌ت به‌ بۆچوونه‌كانت بهێنێت، به‌ڵكو هه‌ر ئاماژه‌ی ڕۆژنامه‌وانین، بێ‌ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنیت ئه‌وه‌ ڕاستیی من و ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌ی ئه‌وان. ئه‌گه‌رچیش تێگه‌یشتن له‌ شێواز و پێكهاته‌ی نوێبه‌خشی له‌ پله‌ی جیاوازدایه‌. ئه‌م جیاوازییه‌ش بووه‌ته‌ بابه‌تی سه‌رنجدان و پێداچوونه‌وه‌ و به‌راوردكردن، هه‌روه‌ها له‌ یه‌كه‌م بۆنه‌ی خه‌ڵاتی ده‌زگای ئاراس بۆ كتێب، له‌ 26/12/2004 له‌ هه‌ولێر، له‌ هۆڵی ئوتێل شیراتۆن، كه‌ ئه‌م نووسه‌رانه‌ خه‌ڵات كران: (د. مارف خه‌زنه‌دار، حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن، ئه‌حلام مه‌نسوور، فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، د. مونزیر فه‌زل).

به‌شێكی زۆری ئه‌دیبانی كوردیش بانگهێشتی ڕێوڕه‌سمی خه‌ڵاتكردنه‌كه‌ كرابوون، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری كه‌ركووكی له‌گه‌ڵ (سه‌باح ئیسماعیل) له‌سه‌ر مێزێك دانیشتبوون، ناسینی خوالێخۆشبووان: (عه‌باس عه‌سكه‌ر، ئه‌حلام مه‌نسوور، محه‌مه‌د سابیر مه‌حموود). نایشارمه‌وه‌ بۆ من خۆشه‌ویستی و ئاكاری نوێ بوون. عه‌باس عه‌سكه‌ر به‌ ده‌نگێكی ئاوازداره‌وه‌، ده‌نگی به‌رز كرده‌وه‌ و به‌ منی وت: (سه‌یابی كورد، سه‌یابی كورد). له‌ خۆشحاڵیی ناسینماندا ڕیزێك قاوه‌ی گه‌رم و شیرینی داوا كرد، به‌ ده‌ستی خۆشی پێشكێشی ئاماده‌بووانی كرد. ماوه‌یه‌كی پێچوو كتێبێكی به‌ ناونیشانی (كلمات تغدو نحو الینابیع) چاپ كرد، شیعری بیست شاعیری كوردی بۆ عه‌ره‌بی وه‌رگێڕابوو، سه‌رنج و تێبینیشی له‌باره‌وه‌ نووسیبوون، له‌ بۆنه‌ی دووه‌می هه‌مان ده‌زگا و خه‌ڵاتكردندا، كه‌ ببووه‌ نه‌ریتێكی ساڵانه‌.

(عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج) به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ و ته‌وسه‌وه‌ پێیگوت: ئه‌رێ‌ ئه‌وه‌ خێره‌ شیعری سه‌یابی كوردت هه‌ڵنه‌بژاردووه‌، وه‌ك سڵه‌مینه‌وه‌ و به‌خۆدا شكانه‌وه‌یه‌ك گوتی: شیعره‌كانی ئاڵۆزن و دامه‌زراندنی سه‌ره‌تا و درێژه‌ پێدانی ناوه‌ند و كۆتایی پێهێنانی بۆ من ڕوون و دیار نییه‌، كه‌چی: (محه‌مه‌د سابیر مه‌حموود) گوتی: جیاوازی له‌ نێوان ئاڵۆزی و قووڵی زۆره‌، تۆ هه‌ستت به‌ جیاوازییه‌كان نه‌كردووه‌. شیعره‌كانی ئاڵۆز نین، به‌ڵكو قووڵن. من به‌ خۆشحاڵی و لێزانییه‌وه‌ وه‌ریده‌گێڕم، وابوو به‌ جیا جیا دوو جار شیعری وه‌رگێڕام. جاری یه‌كه‌م، له‌ گۆڤاری (الصوت اڵاخر) ژماره‌ (150)ی حوزه‌یرانی 2007 بڵاوی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی تریش، یان له‌ هه‌مان گۆڤار بوو، یان گۆڤارێكی تر بوو، ببووره‌ زه‌ینم ناچێته‌وه‌ سه‌ری.

خودا شیرپاكیی ئه‌ده‌بی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی بێوێنه‌ی پێ به‌خشیوم، ناتوانم هه‌ست و سه‌رسامبوونی خۆم به‌رانبه‌ر ئه‌ده‌بی باڵا و ئێستێتیكی بشارمه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی له‌م ڕووه‌وه‌ش تووشی ئا و نا و لێپێچینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ش بوویمه‌. حوزه‌یرانی 2015 له‌ گۆڤاری ڕامان، ژماره‌ (206) شیعرێكی (ئازاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د) به‌ ناونیشانی: (سوبحی و سوهه‌یله‌) بووه‌ مایه‌ی داگه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و ناوه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ و به‌راوردكردنم.

زمانی ئه‌م شیعره‌ هێزێكی یاده‌وه‌ری دروست ده‌كات و وێنه‌كان له‌ یاددا له‌ گفتوگۆی ئه‌زه‌لیدا ده‌هێڵێته‌وه‌، هه‌روه‌ها شوباتی 2013 له‌ گۆڤاری 23، ژماره‌ (10) شیعرێكی (ئه‌دیب نادر)یش به‌ ناونیشانی: ( سه‌رگۆن پۆڵس) بووه‌ مایه‌ی داگه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و ناوه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ و به‌راوردكردنم. ئه‌میش هه‌ستێكی بێوێنه‌ی بۆ دروست كردم و چێژی ئێستێتیكی و یاده‌وه‌ریت ئاماده‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆ به‌دواداچوونی چێژی ئێستێتیكیی یاده‌وه‌رییه‌كانت و بوونی شاعیریه‌تی سه‌رگۆن پۆڵس ده‌كه‌وێته‌ ناو یاده‌وه‌رییه‌كانته‌وه‌.

ئێمه‌ سێ‌ شاعیر له‌ چایخانه‌ی مه‌چكۆ دانیشتبووین، قسه‌ و گفتوگۆی نێوانمان له‌باره‌ی پێویستیی ئه‌ده‌ب و كاریگه‌ری ئه‌ده‌ب بوو. (مه‌ولوود ئیبراهیم حه‌سه‌ن) له‌ ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌، ژماره‌ (101)ی ساڵی (1992)دا چیرۆكێكی نایابی به‌ ناونیشانی: (مه‌رگی سه‌گ) بڵاوكردبووه‌وه‌، تانوپۆ و ڕامانی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ ڕاگوێزانی گونده‌كانی كوردستان بوو، گرینگییه‌تی ڕۆڵی نووسینی ورووژاند، به‌وه‌ی به‌شێك له‌ گیانی ڕووخاوی كوردی وه‌ك هێزی ڕۆح و هێزی جه‌سته‌ بنیاد نایه‌وه‌. كاری داهێندراو به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ گرینگییه‌ك ده‌ورووژێنێت.

له‌ دۆخی خوێندنه‌وه‌دا هه‌رسێكمانی سه‌رسام كردبوو، له‌ناو سه‌رسامیی خۆماندا له‌ باس و ستایشی چیرۆكه‌كه‌دا مه‌ست و ئاسووده‌ بووین و سامانی دنیامان له‌ده‌ست بوو، چیرۆكه‌كه‌ هی من بوو، به‌ڵام ئه‌م دایڕشتبوو. له‌و كاته‌دا چیرۆكنووس له‌ ده‌رگای مه‌چكۆوه‌ ده‌ركه‌وت. هه‌ر به‌ چاو نیاز و شوێنی دانیشتنی خۆی له‌ نێوان ئێمه‌دا ده‌ستنیشان كرد، دوو براده‌ره‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ‌ هۆیه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی پرۆژه‌ی شۆڕشێكی نهێنی نه‌زاندرێت، زۆر به‌ پڕتاو و سڵه‌مینه‌وه‌ و به‌ ده‌موچاوێكی خامۆشه‌وه‌ گوتیان: با خۆمان له‌م بابه‌ته‌ لابده‌ین، بێده‌نگ بین، تا به‌خۆیه‌وه‌ نه‌نازێ‌، كه‌ چیرۆكێكی كاریگه‌ر و سه‌ركه‌وتووی نووسیوه‌ و به‌سه‌رمانه‌وه‌ ببێته‌ سه‌ركه‌ڵه‌بابی بانگدان. قسه‌ ئاكارێكی خودییه‌ و كردنی ئاسانه‌. له‌ هه‌مان كاتیشدا په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌سایه‌تیته‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ی قسه‌ بكه‌یت به‌ قووڵی بیرت كردبێته‌وه‌، له‌م ئه‌نجامه‌دا قسه‌ت ناسنامه‌ و كه‌سایه‌تییه‌كت بۆ به‌جێ‌ ده‌هێڵێت.

ئایه‌ له‌ دۆخی شته‌كاندا خاوه‌ن بڕیاری ته‌ندروستی، یان قسه‌ی هه‌ڵبزڕكاو. ئاخۆ به‌م درۆ له‌گه‌ڵ خۆكردنه‌ له‌ بایه‌خی داهێنان كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، یان ئه‌و ناخ شاردنه‌وه‌یان بۆ خۆبه‌زلزانین به‌كارهێنا. ناخ شاردنه‌وه‌ و خۆبه‌زلزانین خراپه‌ت ده‌هێنێته‌ ڕێ‌ و ئازایه‌تی داهێنانت له‌ناودا ده‌پووكێنێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ناخ ئاشكراكردن ئازایه‌تی داهێنانت له‌ناودا ده‌ته‌قێنێته‌وه‌ هه‌موو هه‌سته‌كانیشت ئاماده‌ ده‌كات بۆ دۆخی نووسین و داهێنان، نیازی هۆشیارانه‌ و هه‌ست دروستكردن له‌ ده‌قدا خه‌بات و تێكۆشانه‌ له‌ پێناو ئازادیی داهێنان و ئازادیی ئه‌ده‌ب و پێویستیی ئه‌ده‌ب و كاریگه‌ریی ئه‌ده‌بدا.

كاكه‌ ئه‌حمه‌د تاقانه‌ له‌ ژیانی ئه‌ده‌بیاتی تۆدا ئه‌وه‌ی زۆر جێگای په‌سندیی منه‌ و ئه‌فسوون لێكراوم بۆی، ئه‌وه‌یه‌ ژیان به‌ چه‌شنێكی باوه‌ڕپێنه‌كراو ده‌بینی. هه‌میشه‌ش به‌سه‌ر خودی به‌د زاڵی، خۆشت له‌ دیمانه‌ و گفتوگۆی ڕۆژنامه‌وانی و هه‌وڵ و هه‌نگاو و تیشكۆی كاتی پاراستووه‌، ئه‌مه‌ش كاكڵه‌یه‌ و یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترین خه‌سڵه‌ته‌كانی پیاوی بێ‌ نیاز و بێ‌ ناز و دان به‌خۆداگره‌، یان ئه‌و پیاوه‌ مته‌سه‌ووفانه‌ی له‌ بیركردنه‌وه‌ی وشه‌دا، ده‌گه‌ن به‌ سیسته‌می كه‌ماڵ و قووڵترین په‌یوه‌ندی داده‌مه‌زرێنن و كاریگه‌ریی ئاخاوتن ده‌دۆزنه‌وه‌. ده‌یانه‌وێت نادیاربن و كه‌س نه‌یانناسێت، نه‌ك له‌ ده‌مه‌بۆڵه‌ و هه‌ڵه‌وه‌ڕی و دڵڕه‌شی و ده‌ستپیسی. ئه‌و ڕسته‌ و وێنانه‌ی له‌ وێناكردنی ژیان و سه‌رچاوه‌ی بێگه‌ردیی خه‌یاڵه‌وه‌ پێیان گه‌یشتووی، ئه‌و شتانه‌ن له‌ ژیاندا په‌سندت كردوون و ویستووته‌ نه‌زاندراوییان پێ‌ بدۆزییه‌وه‌ و ئاشكرای بكه‌یت، ئه‌گه‌رچی شیعر له‌ توانایدا نییه‌ هیچ نه‌زاندراوێك بدۆزێته‌وه‌ و ئاشكرای بكات، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ بیهێنێته‌ به‌ر زه‌ین و ئاماژه‌ی پێبدات، بۆ خۆدۆزینه‌وه‌ش جۆرێك پێشوازیت لێ بكات و یارمه‌تیت بدات پرسیاری زیاتر له‌ ده‌وری خۆتدا بخولێنیته‌وه‌ و بتخاته‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ و نوێبه‌خشییه‌وه‌ و هه‌سته‌كان گه‌شه‌ پێبكات، هه‌سته‌كانیش له‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوی ئه‌وه‌دان، بزانن مرۆڤ بۆچی وا بیر ده‌كاته‌وه‌ .

حوزه‌یرانی 2015 هه‌ولێر




مردنێکی له‌بیرکراو شه‌کیب عه‌قراوی سه‌ندوقه‌ داخراوه‌که‌ی پاراستن … فــەهـــد گـــردەوانـی

یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تیه‌ گرنگه‌که‌ی پاراستن پاش مه‌سعود بارزانی ، کۆچکردوو شه‌کیب عه‌قراوی بوو له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی ئه‌و ده‌سگایه‌ هه‌تا ساڵی 1975 و ئاشبه‌تاڵی شوڕشی ئه‌یلوول ده‌وری گرنگی بینی له‌و ده‌سگایه‌ و به‌ دڵسۆزی خۆی کاره‌کانی جێ به‌جێ ده‌کرد .

ده‌زگای پاراست ده‌بێت که‌سانی لێوه‌شاوه‌ و باوه‌ڕپێکراوی ماڵی مه‌لامستافای بارزانی بێت ، ئه‌گه‌رنا ئه‌و ئه‌رکه‌ی پیناسپێردرێت . دیاره‌ دڵسۆز و باوه‌رپێکراوی ئه‌وانیش ئه‌و شه‌کیب عه‌قراوی یه‌ بووه‌ که‌ باسی لێوه‌ده‌که‌ن .
لە خێزانێکی دیاری شارۆچکەی ئاکرێ ساڵی 1938 لە دایک بووە .
لە 23 ئۆکتۆبەری 2017 گوایە بە نەشتەرگەری کۆچی دوایی کردووە . لە ئەمریکای هیندە پێشکەوتوو لە بواری پزیشکی کەچی گیانی رزگارنەکراوە و مردووە . لە شەستەکان لە بەغدا بەشی یاسای تەواوکردووە . لە ساڵی 1970 لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتی بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی .

ساڵی 1974 کۆچکردوو مەلا مستەفای بارزانی داوای خوازبێنی لە شەهید صالح یوسفی دەکا کە نارین کچی بداتە شەکیب عەقراوی ، دیارە سەیدا صالح داواکەی مەلامستەفا بە دایکی نارین دەڵێ ئەویش حەزی نەکردووە ئەو خوازبێنە سەربگرێت لەبەر دەور و شوێنی شەکیب عەقراوی ، پاشان بەدەستخەتی خۆی مەلامستەفا نامە دەنیرێ و داوادەکات ڕازی بن بەو خوازبێنیە چونکە شەکیب وەکو یەکێکە لە کوڕەکانی ، بۆیە لە ئاداری 1974 لەگەڵ کچی شەهید صالح یوسفی کە ناوی [نارین]ە هاوسەرگەری دەکات . دوو منداڵیان پێکەوە هەیە بە ناوی {سەعید و میدیا} .

ماوەیەک کە لە ئێران رایکرد لە سوریا ژیا پاشان چووە میسر و لەوێش دەستبەسەرکرا ، لە رێگای پارێزەر نەجیب بابان لە میسرەوە سەفەری کرد بۆ ئەمریکا . دوا سەفەری بۆ کوردستان ئایاری 2017 بوو . واتە پینج مانگ بەر لە کۆچی ئەبەدی . گەلۆ مانگی ئایار لە کوردستان کێی بینیووە و نان و چای لای کێ خواردووە هەمووی دەکەویتە ژێر پرسیار ، بە تایبەت ئەو ماوەیە نەخۆش نەبوو . ئەوانەی لە نزیکەوە بینیوویانە یان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردووە دەتوانن وەڵامی گەلێک پرسیار بدەنەوە .

دروست بوونی پاراستن :

لە کتیب و ڕۆژنامەکان دەربارەی ئەو دەسگایە نووسراوە ، ئێمە هەر بۆ زانیاری جارەکی تر لێرەوە دەربارەی دەنووسین . یەکێک لەو ناوانەی لە دروستبوونی ئەو دەسگایە باسدەکرێت و دەنووسرێت کۆچکردوو شەکیب عەقراوی یە . دیارە لەو کەسانەشم زۆرجار ناوی بیستووە کە باسی پاراستنیان بۆ دەکردم . ئەو دەسگایە بە یارمەتی موسادی ئیسرائیلی و ساڤاکی ئێرانی دروست کراوە . هەندێک دەڵێن ساڵی 1965 و هەندێکی تر دەڵێن سەرەتای 1966 دروستکراوە .

پاراستن

سەرەتا ناوی مەسعود بارزانی و شەکیب عەقراوی و فەرەنسۆ حەریری و کەریم شەنگاڵی و ئازاد محەمەد نەجیب بەرواری و محەمەد هەرسین و عەزیز عەقراوی دێت کە لەو دەسگایە بوون . یەکەم جاریش بۆ زانیاری وەرگرتن و سوود بینین لە مۆساد سەفەری ئیسرائیلیان کرد شەکیب عەقراوی و محەمەد هەرسینی و عەزیز عەقراوی بوون . هەرسێکیان لە ژیان نەماوون . ئەو محەمەد هەرسینە ساڵی 1979 بەدەستی خویان کوژراوە بۆ ئەوەی نهینیەکانیان ئاشکرا نەکات دیارە دەیانزانی لەملاو لەولا قسەی دەربارەی یان دەکرد . شەکیب عەقراوی پەیوەندی ئیسرائیل و ئێران و بارزانی بوو ، شوینی خۆی لای ساڤاک و مۆساد کردبۆوە ، بۆیە کاتێک شٶڕش تێکچوو لە ئێران نەیتوانی وەکو ئەوانەی تر بژیت و ناچار خۆی لەدەستی ساڤاک ڕزگارکرد .

لە بیرکراو

ئەو کاتەی دەبوایە لە بەرەی مەسعود بارزانی بێت و ببێتە دەستە ڕاستی ، خۆی لە ئەمریکا شاردەوە و نزیکی ماڵی بارزانی نەکەوتەوە ئەو نهێنیە لەو کتێبە باس نەکراوە گەلۆ لەساڵی 1975 هەتا ساڵی 1992 چ کارێکی کردووە و لەگەڵ کێ کاری کردووە . هەروەها لە کتێب و نووسینەکانی کۆچکردوو شەکیب عەقرای بۆی باسنەکردووین بۆ ئیتر بای بای لە شۆڕش و لە کوردایەتی و لە ماڵی بارزانی کردووە .
بەگوێرەی قسەی کەسوکاری داوای لێکراوە جارەکی تر حزبایەتی بکات و دەوری خۆی ببینی بەڵام خۆی رازی نەبووە و دەستی لە حزبایەتی هەڵگرتووە . لە گەلێک سەرچاوەی نادروست کە باسی پاراستن دەکرێت و ناوی شەکیب عەقرای هاتووە بە هەڵە نووسراوە لە ئەمریکا ژەهرخواردکراوە یان لە ماڵەکەی کوژراوە میژووەکەش دەگەڕێننەوە بۆ ساڵانی 2000 و 2006 کە بەداخەوە میژووەکە بە هەڵە نووسراوە . سەرچاوەکانیش ئەو نووسینانەن کە بە نادروستی و نازانستی باسی لێوەکراوە .
نووسینی کتێبیک دەربارەی مەسەلەی کورد بووە سەرەتای دەستپێکردنەوەی چاڵاکی کۆچکردوو شەکیب عەقراوی .

لە شاری هەولێر لە چاپخانەی منارە ساڵی 2007 کتابی [سنوات المحنه فی کردستان] چاپکردووە و 525 لاپەرەیە . بۆ ئەوانەی لە نزیکەوە شارەزای ڕووداوەکان نەبن زانیاری چاکی تێدایە دەربارەی رووداوەکان و مێژووەکان کە بەخۆی لە نزیکەوە ئاگاداربووە لەبەر ئەوەی لە دەسگایەکی تایبەتی نزیک بارزانی کاری کردووە ، دەربارەی بارە سیاسی یەکەی کە کوردستان پیدا ڕۆیشتووە بە شێوەیەکی سەرەتایی خۆی لێبردووە و باسی کردووە هیندە بە ڕەخنەگرانە لە سەرکردایەتیکە نزیک نەبۆتەوە ، دیارە ئەوەش هەر بۆیە خۆی لە نزیکی ئەو بنەماڵەیە داناوە و مەسعود بارزانی بە سەرۆکی بزووتنەوە دادەنێت و وێنەی مەلا مستەفاشی لە لاپەرەی یەکەمی کتابەکەی داناوە . من کتێبەکەم لە هەولێر ساڵی 2008 بە دەست کەوت و کتابەکەم لەگەرخۆم هیناوە سوید بەڵام دەیانگووت ماڵی بارزانی ئەو کتابەشیان لە بازار کۆکردیتەوە ، دیارە حەزیان نەکردووە بڵاوببیتەوە .

شەکیب عەقراوی

بەکەم و زۆر خۆی لە دەسگای پاراستن و کارەکانی نەداوە ئەوەش ڕەنگە بۆ ئەوەی بیت خۆی زیاتر ناشرین نەکات لەلایەن پارتی و ماڵی بارزانی . ئەگەر دەسگای پاراستن ساڵی 1965 دروست بێت و ساڵی 1975 یش ئاشبەتاڵی شۆرشی ئەیلول بێت ئەوا دەکرا نهینیەکانی 30 ساڵە بنووسرێتەوە و باسی لێوەبکرێت . ئەو کتابەی 32 ساڵ دوای ئاشبەتالەکە یە و 42 ساڵیش پاش دروست بوونی دەسگای پاراستنە . کاک شەکیب بۆخۆی پارێزەر بووە و دەزانی لە ئەمریکاش هیندەک نهینی پاش 30 ساڵ تەمەن نهینی خۆی لەدەست دەدا بۆ خۆی لەوباسانە دزیتەوە ئەوە بەداخەوە نەکرا لە ڕۆژنامەکان پرسیارەکی ئاوای لێبکرێت و بەدەمی خۆی و بە نووسینی خۆی ڕوونکردنەوە بدات .

دیارە نووسینی بابەتی ئاوا پێویستی بە سەرچاوەی گەلێک گرنگتر هەیە بۆیە ئەوەش لێدەگەڕێم بۆ ئەو دەرفەتە . تەمەنی درێژ بۆ هاوسەرەکەی و هەردوو منداڵەکەی .

فەهد گردەوانی 3/6/2018ستۆکهۆڵم




کوا دەوڵەتو دامەزراوەی بەهێزو یەکگرتو تا نەهێڵێت ووڵات داگیر بکرێت..؟


٣-٦-٢١٠٨
موزەفەر عەبدوڵا

……………………..

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا دوو ڕوداو ، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەست بوون پێکەوە، ئەوانەش لەشکرکێشی چەند بارەی سوپای تورکیاو گرتنەوەی ئاوی دیجلە بوو، بونە دوو ڕوداو و هەواڵی گەورەو گەرمی میدیاکانو پرسو ڕای گشتی .بە تایبەتی ڕوداوی لەشکرکێشی یەکە ،کە ئەمە نە یەکەم جارەو نە دوا جاریش دەبێت، بوە هۆی بەرزبونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی بەشێک لە خەڵکیو لایەنە سیاسی یەکانو ئەندام پەرلەمانەکان لە ئاستی کوردستان و عێراق.

وە بە شیوەیەکی گشتیش ئەوانەی ناڕەزایەتی یان دەربڕیوە ،بە تایبەتی ئەو چەند ئەندام پەرلەمانەی کوردستان ،لە راگەیاندنیکدا داوای هەڵوێستگیری لە پەرلەمانو حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەن بۆ دەرکردنی هێزی سەربازی ترکیا.

دیارە هیچ گومانیش لەوەدانی یە کە ئەم لەشکرکیشی یەی دەوڵەتی تورکیا بۆ کوردستان ، بە جیا لە گۆشە نیگای جیاوازوناکۆکی ئێمەوە بۆ نیشتیمانو دەوڵەتو سەروەری یاساییو ئەمانە، بەڵام هەر لە ڕوانگەی یاساو ڕێسا نێو دەوڵەتی یە بۆرژوایی یەکانیشەوە خۆی لە خۆیدا پێشیلکاری یە. جا پرسیارەکە لێرە ئەوەیە کوا ئەو دەوڵەتو دامەزراوە لە عیراقدا کە کوردستانیش بەشێکە لێی تا سەروەری خۆیان بپارێزنو بەرگری لێ بکەن وا هەندێک لە خەڵکو ئەو لایەنانەو ئەندام پەرلەمانانە داوا دەکەن تا لە دژی ئەم لەشکرکیشی یەی تورکیا هەڵویست وەرگرێت و وەدەریان نێت؟

بە ڕای من وەڵامی ئەم پرسیارە سادەیە زۆر ڕۆشنە ئەویش ئەوەیە کە شتێک نی یە بە ناوی دەوڵەتو دامەزراوەی بەهێزو یەکگرتو لەسەر ئەم پارچە جوگرافیەی کە پێی دەڵێن عێراقو هەرچەندە رەسمیەتی نێودەوڵەتیشی هەیە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم کەمێک ئەم وەڵامو ڕایەم ڕوشن کەمەوە.

وەک ئاشکرایە لە ساڵی ١٩٩١ ئەمریکا بۆ بەرژوەندنی یەکانی خۆی بەبەهانەی جۆراجۆرەوە گەورەترین شەڕو داگیرکاری لە دژی عێراق بەرپاکرد. ئەگەر چی ئەمریکا ئەو کات مەبەستی لەو شەڕە روخانی ڕژێمی بەعس نەبو. بەڵام هەر بۆ بەرژەوەندی یەکانی خۆیان کوردستانیان بە کردەوە لێی دابڕی بێ ئەوەی بیکەن بە ووڵاتێکی سەربەخۆ.سەرەنجام وەک کەمپێکی ئاوارەییان لێکردو پارتی و یەکێتیشیان وەک دوو هێزی عەشیرەتی وچەکدارکرد بە پاسەوانی ئەم کەمپی ئاوارەیییەو خەڵکەکەشی لەسەر خێرو هاوکارییە نێودەوڵەتی یەکان دەژیان.

پاشان لە درێژەی هەمان سیاستو ستراتیژی باڵی ڕاستڕەوی بۆرژوا ئەمپریالیستی ئەمریکا جاڕێکی تر بەبەهانەی جۆراوجۆرەوە ساڵی ٢٠٠٣ شەڕیان بەرپاکردەوەو ئەم جارە عێراقیان تەواو داگیرکردو ڕژێمی فاشی قەومی و نیمچە ئیسلامی بەعسیان ڕوخاند.دوایی زیاتر لە دوو ساڵ بەڕیوەبردنی لە لایەن ئەمریکاوە بە سەرپەرشتی پۆل برێمەر کۆمەڵێک دەستەو تاقمی چەتەو ڕێگرو ئینسانی کوژی ئیسلامی و قەومی یان هەروەک کوردستان کرد بە دەسەڵاتدار.بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتەکەیان هەر چەند ساڵ جاڕیکیش گاڵتەجاڕی یەک بەناوی هەڵبژاردنی پەرلەمانو حکومەتەوە بەڕیدەخەن . ئیتر لەو ساوە یانی نزیک بە سی ساڵە کوردستان و ١٥ ساڵیشە هەمو عێراقیان کردۆتە گۆڕەپانی ململانێ سیاسی وشەڕی بە کردەوەی نێوان ئەو لایەنانەو دەخاڵتو لەشکرکێشی ڕژێمەکانی ناوچەکەو گیژاوو کارەساتی گەورەیان بۆ خەڵکەکەی پێکهێناوە.تورکیاو ئێرانو زۆر ڕژیمی تریش لەشکرکێشی و تەڕاتێنی خۆیانی تێدا دەکەن.بەم شێوەیە کوردستانو عێراقیان کردوە بە لاوازترین دەوڵەت کە خاوەنی هیچ دامەزراوەیەکی یەکگرتوو بەهێزی وەک پەرلەمانو حکومەتو سوپاو..هتد نی یە.ئەوەی هەیە وەک ووتمان تەنها دەسەڵاتی میلیشایی کۆمەڵێک باندە بەناوی پێهاتەی دینیو تایەفیو قەومو خێڵو بنەماڵەیی یەوە.ئەمانەش گرێدراون بە خودی ئەمریکاو تورکیاو ئێرانو سعودیەو ..هتد.
بۆیە مایەی گاڵتەجاری یە کە ئەم ئەندام پەرلەمانانە ، کە دڵنیام لە ئێمە باشترئەم ڕاستی یانە دەزانن، بەڵام داوا لەم دەسەڵاتە دەکەن تا هەڵوێست وەگرێت لە دژی لەشکرکێشی تورکیا.

ئاخر ئەمانە خۆیان وەک ئاماژەمان پێدا لەئاکامی شەڕو لەشکرکێشی ئەمریکاو ڕوخانی دەوڵەتی عیراق ،کە لە لایەن حزبو ڕژێمێکی زۆر بەهێزی قەومیو نیمچە ئیسلامی فاشی وەک بەعسو سەدام بەڕێوە دەبرا هاتنە سەر دەسەڵات، ئیتر چۆن دەیانەوێتو دەتوانن هەڵویست وەرگرن لەدژی لەشکرکیشی تورکیاو دەوڵەتو ڕژێمەکانی ناوچەکە.
جا ئەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی بۆ نایانەوێتو ناتوانن عێراق ببێتەوە ئەو دەوڵەتە بەهێزە سەربەخۆیەی وەک بەعس کە بتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت ئەوە بێگومانە ئەوکات ئەو دەوڵەتە بەهێزە یەکەم هەنگاو دژی شەڕو داگیرکاری و لەشکرکیشی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەوەستێتەوە.

بۆیە ئەوە نزیک بە سی ساڵە هەم عێراق بە کوردستانیشەوەو هەم ناوچەکە لە بەردەوامی شەڕو کارەساتوقەیرانی سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابوریدایە ،کە ڕزگاربونو دەرچونی وا ئاسان نی یە. نە لە تواناییو نە لە ویستی ئەمریکاو ڕژێمەکانی ناوچەکەیە کۆتایی بەم قەیرانانە بێنن.هەمویان قازانج لەوە دەکەن کە ئەم دۆخە قەیراناوی یە درێژەی هەبێت.بەڵام بێگومانە کە سەرەنجام هەر کۆتایی پێ دێت .جا چ ئەوەی بە سەرکەوتنی یەکێک لە زلهێزەکانی دونیاو هاوپەیمانەکانیان تەواو بێت یاخود سەرەنجامی ناڕەزایەتی و ڕاپەرینی جەماوەری ستەمدیدەو ئازادیخواز کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم دەستەو تاقمانەو بێنێتو ڕێگاش بگرێت لە دەخاڵەتی هەر دەوڵەتێکی ناوچەیی و جیهانی و وەک هەر دەوڵەتێکی ئاسایی جیگاوڕیگا پەیدا بکاتەوە لە پەیوەندی یە نێو دەوڵەتی یەکانەوە . ئەگەرچی هەردوو ئاییندەکە بە ڕای من وا نزیک نایاتە بەرچاو .بەڵام دەسکۆتاکردنوروخانی دەسەڵاتی ئەم تاقمانە لە ئاستی کوردستانو عیراق پێشمەرجی هەر ئاڵوگوڕیکە بە قازانجی ئەمنو ئاساییشی خەڵکیو پاراستنی سەروەری یاسایی ئەم ووڵاتە.




چه‌ند قه‌سیده‌یه‌كی شاعیر قاسم سعودی … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ‌

* پاككردنه‌وه‌ی ماڵ

گه‌نجێك ده‌ناسم
شه‌وانه‌
له‌ گۆڕه‌وه‌
به‌ره‌و ماڵه‌كه‌ی ده‌فڕێ‌ ..
شیر و سه‌وزه‌
له‌ ئاشپه‌زخانه‌ داده‌نێ‌ ..
وانه‌ به‌ منداڵه‌كانی ده‌ڵێ‌
ماڵه‌كه‌ به‌ باشی پاك ده‌كاته‌وه‌
زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك
بۆ وێنه‌ی ژنه‌ مردووه‌كه‌ی و
سه‌ری پیره‌ دایكی ماچ ده‌كا
كه‌ ته‌واو به‌ هه‌تیوانه‌وه‌ ماندوو بووه‌ .

* قاچی هاوسێم

جارێكیان
قاچی ڕاستیم
له‌ هاوسێكه‌م خواست ،
به‌و مه‌رجه‌ی
ده‌ستی چه‌پمی بده‌مێ‌ ..
به‌و شێوه‌یه‌
ئه‌ندامه‌كانمان هه‌رده‌م ده‌گۆڕینه‌وه‌
تا ئه‌و به‌یانییه‌ی
هات داوای ده‌ممی لێ كردم
كه‌ بۆی هێنامه‌وه‌
خۆشترین و
درێژترین ماچی
له‌ دونیادا پێوه‌ بوو .

* وه‌ختێ‌ مریشك هێلكه‌یه‌كمان پێشكێش ده‌كا

ته‌نانه‌ت خواردنی سووتاوی
ئاشپه‌زخانه‌ی دایكیشم
له‌ نێو ددانماندا پێده‌كه‌نێ‌
لێ‌ زۆری پێ ناچێ‌ ده‌گری ،
كه‌ ئاردمان ته‌واو ده‌بێ‌ ..
پاشان ناكاو
مریشكه‌كه‌ هێلكه‌یه‌كمان ده‌داتێ‌
ناكاو دره‌خت له‌ ماڵ هه‌ڵدێن و
باوكم به‌ خه‌مباری
ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ..
تا به‌ بێده‌نگی
له‌ باره‌ی شه‌ڕه‌وه‌ پێمان بڵێ‌
له‌ وڵاتیدا بێدار بووه‌ته‌وه‌ .

* كه‌ڕاده‌ی مریه‌م

ده‌ڵێی له‌گه‌ڵ تۆ
له‌ كه‌ڕاده‌ی مه‌ریه‌م پیاسه‌ ده‌كه‌م
ئێمه‌ ناپه‌ڕینه‌وه‌ ..
پرد پێماندا تێده‌په‌ڕێ‌ ،
ماسی و قایه‌خ و تفه‌نگ
به‌ ده‌ورمان هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه‌
ئینجا
سه‌ر له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌بڕی
ده‌ست بۆ سه‌ربازه‌كانی بازگه‌
ڕاده‌وه‌شێنی
به‌ چرپه‌وه‌ پێم ده‌ڵێی :
ئه‌وه‌ به‌ تۆ ده‌چێ‌
هه‌موو سه‌ربازه‌كان به‌من ده‌چن ..
بۆ تۆ ده‌خه‌نن
منیش به‌ ته‌نێ‌
له‌ كه‌ڕاده‌ی مه‌ریه‌م
چاودێریان ده‌كه‌م .

* منداڵێكه‌ی ژێر كه‌لوپه‌لان

ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ی به‌ ته‌نێ‌
له‌ تاریكیدا ڕێ ده‌كا ،
خانه‌واده‌ نییه‌
پاشماوه‌كه‌یه‌تی ..
ماڵێك به‌ ته‌نیا ژوورێك
مێزێكی شه‌ت و خوار
هه‌ندێ‌ بجگوڕی هه‌تیوكه‌وتوو ..
ناكاو (ده‌ق)ـه‌كه‌ ده‌وه‌ستێ‌
منداڵێك
له‌ ژێر كه‌لوپه‌له‌كاندا
یارمه‌تی برا شیره‌خۆره‌كه‌ی
بۆ ڕۆیشتنی یه‌كه‌مجاری ده‌دا .

* ئه‌و كیژه‌ی به‌هه‌شتی خۆش ناوێ‌

باشه‌ ..
ئه‌و كیژه‌تان بینیوه‌
هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌
له‌ هه‌ڵبژاردنی جل و به‌رگه‌ ساده‌كانی ده‌كا ؟
كیژه‌كه‌ سه‌وزه‌فرۆشه‌
ئه‌و كیژه‌ی به‌هه‌شتی خۆش ناوێ‌ ،
ئه‌مڕۆ شووی
به‌ وێنه‌ی سه‌ربازێك كرد
كه‌ له‌ بازاڕ
له‌ گیرفانی پیره‌مێردێكه‌وه‌ كه‌وتبوو .

* زوو نووستن له‌ ژووردا

ژووره‌ بچكۆله‌كه‌م
سه‌ربازی زۆری تێدایه‌
له‌ ژیانمدا ناسیوومن
كراسه‌كانم به‌شیان ناكا
خواردنیشم ..
ئه‌وه‌ی خه‌مبارم ده‌كا
ناوی هه‌مووانم له‌بیر چووه‌ته‌وه‌ .
له‌ ژووره‌ بچكۆله‌كه‌مدا
زوو چرا ده‌كوژێنمه‌وه‌
تا ئه‌و سه‌ربازانه‌ی
شه‌وانه‌
له‌ سه‌رمدا ده‌قیژێنن ..
بنوون .

* دره‌خت

داره‌ وشكه‌وه‌بووه‌كه‌ی
به‌ر ده‌رگای ماڵه‌كه‌مان
به‌زین
ورده‌ ورده‌ خواردوویه‌تی
دایكم بڕیاریدا بیبڕین
كه‌ ده‌ستمان پێ كرد
له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م لێدانیدا :
وێنه‌ی باوكم كه‌وت
له‌و كاته‌ی ڕواندوویه‌تی .
له‌گه‌ڵ لێدانی دووه‌م :
وێنه‌ی دایكم به‌ جلی بووكێنی .
له‌گه‌ڵ لێدانی سێیه‌مدا :
داره‌مه‌یتی براكانم
له‌ لێدانی چواره‌میندا :
داره‌كه‌ ڕاقه‌نا و
ئێمه‌ش تا به‌یانی گریاین .

* پایسكل

كه‌ منداڵ بووم
خه‌ونم به‌وه‌ ده‌بینی
پایسكلێكم هه‌بێ‌
بۆ هیچ نا
جگه‌ له‌وه‌ی به‌ خێرایی
له‌ پاسه‌وانی قوتابخانه‌ی كچان هه‌ڵبێم
چاوبڕكێم له‌گه‌ڵ هه‌موویاندا ده‌كرد
كه‌چی هه‌موو جارێ‌
پێڵاوه‌كانیان
میهره‌بانییان بۆ پشتم ده‌نواند ..
من وه‌ك پێویست قۆز نه‌بووم
منداڵێكی له‌ڕو زمانپیس و سه‌ربه‌گێچه‌ڵ بووم ،
كه‌ گه‌وره‌ بووم
سواری زۆر ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی بووم
تفه‌نگ و
شه‌هید و
بریندارم
خسته‌ سه‌ر پشتم ..
هه‌مان پشت
كه‌ پێڵاوی كچان ڕاویان ده‌نا .

* ئه‌و كورسییه‌ی
له‌ ماڵێدا دێ و ده‌چێ‌

كه‌ منداڵ بووین
درۆیان زۆر له‌گه‌ڵ كردین
وتیان خوا له‌ به‌رزایدا ده‌ژی ..
به‌ڵام ئه‌مڕۆ
هه‌ستم كرد له‌ ماڵی ئێمه‌یه‌ و
له‌ ژووری دایكیشمه‌
كورسییه‌ نووستوه‌كه‌ی
بۆ چاك ده‌كاته‌وه‌ ..
چونكه‌ خودا كورسی به‌ هاتووچووی خۆش ده‌وێ‌
كه‌ دایكان ،
له‌ ژووره‌كانه‌وه‌
بۆ ئاشپه‌زخانه‌
ده‌گوێزێته‌وه‌ .

* جل و به‌رگی قوتابخانه‌

هێشتا بچووك بووم
تۆپانێمان
دژی تیپی
گه‌ڕه‌كی هاوسێمان ده‌كرد
ئه‌وان كراسی پان و پۆڕی سپی و
پێڵاوی وه‌رزشیی نایابیان ده‌پۆشی
ته‌نانه‌ت گۆره‌ویه‌كانیشیان
درێژ و وه‌كو یه‌ك بوو ..
ئێمه‌ش پێخواس
جل و به‌رگی قوتابخانه‌مان له‌به‌ر ده‌كرد
كه‌ دایكمان هه‌موو ڕۆژێ‌ ده‌یشووشتن
چی دیكه‌مان نه‌بوو
یارییه‌كه‌ درێژ و ڕژد و چه‌شه‌به‌خش بوو
تا ئێستاش ته‌واو نه‌بووه‌ ! ..
یارییه‌كه‌ ته‌واو نابێ‌ …

* پارچه‌یه‌ك شیرینی

له‌ ده‌ ساڵیمدا
تا نه‌چمه‌ چایخانه‌
باوكم ته‌له‌فزیۆنێكی بچووكی بۆ كڕین
جامی جیهانی پێ ببینین له‌ ئه‌رژه‌نتین
ئه‌وكاته‌ نیوه‌ی ماڵمان باخچه‌ بوو
منداڵانی گه‌ڕه‌ك
گشتیان ده‌هاتن
كێمبس(*) ببینین
من نه‌مده‌هێشت بێنه‌ ژووره‌وه‌
ئه‌گه‌ر پارچه‌ شیرینیه‌ك نه‌ده‌ن ..
به‌خشنده‌ بووم له‌گه‌ڵیان .

*ماریۆ ئه‌لبێرتۆ كێمبس ، یاریكه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتێن له‌ حه‌فتاكانی
سه‌ده‌ی ڕابردوو كه‌ له‌ جامی جیهانی 1978 دا به‌ یه‌كێك له‌ گۆڵكه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كان
ناسێنرا ..

* له‌ هه‌شت سه‌عاتدا

پێی دڵخۆش بووم
یه‌كه‌م جار بوو ده‌چوومه‌ شه‌ڕ
له‌ پاسدا
كچێكی جوانم له‌ پاڵ دانیشت
زۆر له‌ سیمایه‌وه‌ ڕامام
له‌ هه‌شت سه‌عاتدا ،
زه‌ماوه‌ندم له‌گه‌ڵدا كرد
سێ‌ منداڵمان په‌یدا بوون
ماڵێكی بچكۆله‌ ، جۆللانه‌یه‌كی ساده‌ و
چه‌ند مریشكێكی به‌خته‌وه‌ری تێدا بوو
له‌ هه‌شت سه‌عاتدا ..
كه‌ گه‌یشتینه‌ وێستگه‌
به‌ ته‌نێ‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ .

* ژنی باپیرم

داپیرم نه‌چووه‌ته‌ كوردستان
به‌ڵام ده‌ڵێت
خه‌ڵكی له‌وێ‌ ده‌م به‌ خه‌نده‌ن !
داپیرم له‌ نزیك ڕووبارێكی بچووكدا ده‌ژیا
لێ‌ كه‌ باپیرم
خانوویه‌كی بۆ له‌ به‌غدا كڕین
ڕووبار له‌گه‌ڵ داپیرمدا
هاته‌ ژوور
به‌ڵام
له‌و شه‌وه‌یدا
گولله‌ تۆپ باڵیان گرت .. هه‌ڵات
داپیرم نه‌چووه‌ شه‌ڕ
ئه‌و له‌ سیمایاندا ده‌یبینی
تۆپی قورس و
بریندار و ژنی سه‌ربازه‌كان و
ژنانی خه‌مباری گه‌ڕه‌ك
هه‌ر كاتێ‌ سه‌ریان وێك دێته‌وه‌
ده‌چنه‌ ژووری داپیره‌م
نه‌ختێك پێبكه‌نن ،
كه‌ باسی ژنی دووه‌می باپیرم ده‌كا له‌ كوردستان
كوردستان ،
كه‌ هه‌رگیز نه‌مدیوه‌ .

* زه‌ماوه‌ند

له‌ زه‌ماوه‌ندی
سه‌وزه‌فرۆشی هاوسێمان
منداڵگه‌لێكم بینی چاوه‌ڕێن
له‌گه‌ڵ دانانی خواردن هێرشیان هێنا
منداڵێك نه‌بێ‌
له‌ جێی خۆی نه‌بزوت ،
له‌كاتێكدا براده‌ره‌كه‌ی
به‌خێرایی په‌لی داوێت
تیككه‌ گۆشتێكی بۆ بێنێ‌
ئه‌و منداڵه‌ی دانیشتبوو
كوێر بوو ..

* ژنانی شه‌و

ژنانی شه‌وم زۆر خۆش ده‌وێن
له‌به‌ر ئه‌وه‌نا
دڵی به‌رزیان هه‌یه‌
یان زۆر به‌ خه‌ڵكی ده‌خه‌نن
به‌ڵكو یه‌كیانم بینی
باوه‌شی به‌ سه‌ربازێكی خه‌مباردا كردبوو
نه‌یده‌ناسی
كیسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی میوه‌ی
بۆ منداڵه‌كانی پێده‌دا ..

* ئه‌و سه‌ره‌ی به‌ سۆپا ده‌چێ‌

ئه‌و سه‌ره‌ی به‌ سۆپا ده‌چێ‌
سه‌ری هاوسێمانه‌
فرۆشیاری جل و به‌رگی كۆنی سه‌ربازی
ئینجا به‌هۆی
هه‌ڵگێڕ و وه‌رگێڕی جل و به‌رگی سه‌ربازان
ته‌واوی شه‌ڕ ده‌بینێ‌ و
به‌ گه‌رمی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو منداڵه‌كانی .

* باخچه‌ی قوتابخانه‌

كه‌ مامۆستا وشه‌ی (شه‌ڕ)ی نووسی
منداڵان بایه‌خیان پێ نه‌دا
زۆر چاوه‌ڕێی پشوو بوون
هه‌ندێ‌ ئاو و شه‌ربه‌ت و
شه‌ڕه‌ ده‌نووكی جوان له‌ باخچه‌دا
كه‌ گه‌وره‌ بوون :
ناكاو خۆیان
له‌ سه‌نگه‌ر و داره‌مه‌یت و
بیناكانی خانه‌نشینیدا دیته‌وه‌
گولله‌یان به‌دواوه‌یه‌
ته‌نێ‌ ڕاویان ده‌نێ‌
بێ‌ ئه‌وه‌ی بایه‌خێك به‌مه‌ بدا
مامۆستا
كه‌ وشه‌ی (شه‌ڕ)ی نووسی و به‌ درێژایی وانه‌ گریا ..

* به‌ نموونه‌

ڕۆژێ‌ دونیا سه‌رسام ده‌كه‌م
به‌ نموونه‌
شه‌قێك له‌ جوانترین كچی شار ده‌ده‌م
پاشان له‌ باوه‌شی ده‌گرم ..
یان ده‌ست و قاچگه‌لێكی ده‌سكرد
بۆ ئه‌و تۆلازانه‌ ده‌كڕم
كه‌ تا كێڵگه‌ی مین خۆیان هه‌ڵدا ..
یان ده‌چمه‌ ناو هێلكه‌ی چۆله‌كه‌یه‌ك
ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و كۆرپه‌له‌یه‌ داده‌نێم
كه‌ جل و به‌رگی سه‌ربازی ده‌بینێ‌
بێگومان ڕقی لێم ده‌بێته‌وه‌ .
وه‌ك مۆری ڕزق
له‌گه‌ڵ ده‌ستفرۆشان ده‌نووم
یان له‌ كتێبه‌كانی قوتابخانه‌دا
وه‌ك وێنه‌ی زۆردارێك
به‌ڵام
من نه‌خۆشم دایه‌ .. نه‌خۆش
ده‌رمانیش له‌ گۆڕستانه‌ .

——————————————

ئاماژه‌ :
* قاسم سعوودی : شاعیرێكی عه‌ره‌بی عێراقییه‌ ساڵی 1969 له‌ به‌غدا له‌دایك بووه‌ ، تا ئێستا چه‌ندان كۆشیعری بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و چه‌ند خه‌ڵاتێكی وه‌رگرتووه‌ له‌وانه‌ ،
خه‌ڵاتی ( الشارقه‌ ) بۆ داهێنانی ئه‌ده‌بی .
شیعره‌كان له‌ كۆشیعری قاسم سعوودی – ( الصعود علی ڤهر أبی ) –
ده‌زگای ( العنوان ) بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ – چاپی یه‌كه‌م – 2016 كراون به‌ كوردی .




گەڕیدەیەك لەبا …. هــاوار ته‌یــب

( 1 )

لەگەڕیدەیەك دەچم
کەماڵی نەبێ،
هۆشی وێران وێران بێ.

( 2 )

لەگەریدەیەك دەچم
کەسەراپای جەستەی
ئەنجن ئەنجن کرابێ.

( 3 )

گەریدەیەك
هەموو ڕۆژێك
بەتاوانی ماڵوێرانی
لەخاچ دەدرێ.

( 4 )

گەڕیدەیەك
نزاکانی لای خوداش
گیر نابن.

( 5 )

گەڕیدەیەك
ماڵیی لەباران
و
ڕۆحی لەهەور.

( 6 )

گەڕێدەیەك
دەکرێت بەقوربانی کەوا و سەڵتەنەیەکی
دۆگما دۆگما.

( 7 )

تۆ لەجنسی شەپۆلەکانی دەریایی و
وەك هەور
بەشەقامەکانیی تەنیاییمدا
هاتووچۆتە*.

( 8 )

گەڕیدەیەك
لەشەقامەکانی تەنیاییمدا
خەریکی یاریکردنە
بەچارەنووسی ئاو.

( 9 )

گەڕیدەیەك
لەڕۆژگاری ئاودا
خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشـــەکانی
کەوا و سەڵتەنەتی دۆگمایی
ئایینە.

( 10 )

گەڕیدەیەك
لەتەنیاییمدا شەپۆل دەدات و
هیندەی تەنیاییش تەنیایە.

( 11 )
گەریدەیەك
دەیویســت لەگەڵ ژنێكدا
جێژوانێك لەدڵی بەرددا
دروست بکات.

( 12 )

گەڕیدەیەك
لەگەڵ خێڵ و نەریتدا
لەململانێ دایە،
تاببێتەوە بەخۆی.

( 13 )

گەریدەیەك
دەیەوێ لەگەڵ بادا
تۆفانێك هەڵبکا.

( 14 )

سه‌رت به‌رز بکه‌وه‌ و
دییه‌کانت دابخه،‌
تاوێنه‌ی من
بۆ هه‌میشه‌ له‌نیگاکانت ون نه‌بێ.
منیش وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌ك
بسکی ئاڵۆزت بۆ شانه‌
ده‌که‌م.

20/6/2013
ڕانیە
هــاوار ته‌یــب

*کۆپلە شیعرێکی خاتوو شیلان جەبارە، بەکەمێك دەستکارییەوە.




ته‌نیایی .. ستار ئه‌حمه‌د

له‌شه‌وبۆی ئه‌و كه‌نارانه‌ ده‌چی
به‌هاران
به‌سه‌ر زستان و هاوینا به‌شت ده‌كه‌ن
له‌نێوانی خۆرو خاكا
سه‌مات ژاكان و وه‌رینه‌
نه‌زریان ده‌هێڵێ‌
ده‌نكه‌ بارانێك
له‌دیده‌تا بشاریته‌وه‌
نه‌ ره‌شه‌باش
ئاڵی دڵت
به‌گه‌واڵه‌ ده‌سڕێته‌وه‌
ته‌مه‌نت به‌كاتا ناگا
گه‌ڵایه‌ك شك نابه‌ی
له‌ سایه‌یدا
باوه‌شێنی رۆحت بكه‌ی
دڵێك نییه‌
له‌ سووچێكی
خه‌ونه‌كانیا هه‌ڵتگرێ‌
ده‌ستێك
گه‌ردنت ماچ ناكا
نیگایه‌ك له‌دووت هه‌ڵناوه‌رێ‌
ره‌گ و قه‌دت
دوو سروشتی
هاوته‌ریبن
دوو دورگه‌ی شاجوانی عه‌شقن
به‌ناونیشانت غه‌ریبن
ته‌نیای وه‌ك من
نامۆیی ده‌تباته‌ رۆخی
هه‌وارێكی خاڵی له‌خۆت
پڕ له‌ ئه‌شكی ماڵاوایی
سێبه‌رێك له‌دووت ناكشێ‌
ده‌ستێك په‌نجه‌ی ئومێدی
بۆ خه‌ڵوه‌تت راناكێشێ‌
شه‌وبۆیه‌كی
مه‌گه‌ر ته‌نها په‌پووله‌یه‌ك
بۆ چه‌ند رۆژێك
بۆ مژینی گه‌ڵایه‌كت
له‌سه‌ر شیله‌ی خه‌ونه‌كانت رابكشێ‌
ته‌نهای وه‌ك شیعرو
شاعیرو
حێژوانم
ته‌ نیای چوون
خامه‌ی بێزاری نێو گیرفانم