ڕێز لێنان لە کارڵ مارکس وەک شۆڕشگێڕێک پاش 200 ساڵ لە دایک بوونی

نووسینی: کەڤن زیس و مارگرێت فڵاوەر
وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

————————

لە ساڵی 1848 کارڵ مارکس نووسیتی: ” فەیلەسوفەکان تەنها جیهانیان شیکردەوە بە ڕێگای جیاواز، بەڵام ئامانج گۆڕینیەتی”.
لە یادی 200 ساڵەی کارڵ مارکسدا، جەخت دەکەینەوە سەری وەک هەڵسوڕاوێکی سیاسی زیاتر لەوەی وەک فەیلەسوف و ئابوری ناسێک کە زۆرترین و گرنگترین شیکردنەوەو لێکدانەوەی کردووە بۆ سەرمایەداری و لەو بوارەشدا ئەڵتەرناتیڤ و مۆدێلێکی تری ئابوری برەو پێداوە.
لە “مانیفێستی کۆمۆنیست”دا مارکس نووسیتی: ” مێژووی کۆنی هەموو کۆمەڵگەکان، مێژووی خەباتی چینایەتی بووە.” بڕواشی وابوو گۆڕانی سیاسی لە ڕێی ئەو خەبات و تێکۆشانەی نێوان چەوساوەو چەوسێنەرەوە ڕوودەدات، چونکە ئاکامی ئەو چەوسانەوەیە دەبێتە مایەیی ململانێ و ڕووبەڕو بونەوە. مارکس شۆڕش بە داینەمۆی چوونە پێشەوەی مێژوو دەزانێت.
ڕیشەی خەباتی سیاسی مارکس سیستمی ئابورییە، کە بە دوای خۆیدا پێکدادانی چینەکانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. ئەم ململانێیانە لە ڕەوتی مێژوو خۆی نیشانداوە لە کۆیلەکان دژ بە کۆیلەدارەکان، جوتیاران دژ بە زەویدارەکان و لە سیستەمی سەرمایەداریشدا کرێکار دژ بە خاوەنکار.

مارکس خەباتگێڕێکی سیاسی بوو، دەیویست جیهان بگۆڕێت.

ئیمانویڵ واڵێرستن لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت: ” مارکس لە ژیانی خۆیدا بەتەنها بیرمەندێکی دابڕاو نەبووە لە نێوان کتێبەکانی مۆزەخانەی لەندەن لە بەریتانیا، بەڵکو هەمیشە شۆڕشگێڕێکی سەرسەختبووە لە کارە شۆڕشگێڕەکانی سەردەمی خۆیدا، بە هۆکاری هەڵسوڕانە سیاسێکانی لە فەرەنسا دەرکرا، لە سەردەمی لاوێتیشدا بەهەمان شێوە لە بەلجیکاو ئەڵمانیا دەریانکرد. لە سەردەمی نوشوستی شۆڕشەکانی 1848 دا دورخرایەوە بۆ بەریتانیا.
هەروەها لە ڕێی گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە تەرویجی بۆ بزوتنەوە کرێکارێکان دەکرد. لەهەر رێگایەکیشەوە گونجاو بوایە بۆی یارمەتی و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە کرێکارێکان دەکرد. دواتر لە ساڵەکانی 1864 تا 1872 بو بە سەرۆکی ” ئەنجومەنی نێونەتەوەیی کرێکاران – International Workingmen’s Association”
یەکەمین ڕێکخراوەی کرێکاری بوو کە سنوورەکانی نەتەوەیی بڕی. لە 1871 بەرگری کرد لە “کۆمۆنەی پاریس”، یەکەمین ئەزمونی سۆشیالیستی لە مێژودا.”

وایڵرشتاین لە درێژەی قسەکانی خۆیدا باسی لە ڕۆڵی مارکس کرد لە ڕێکخستنی خەڵک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هەروەها چالاکبونی مارکس لە بواری ڕۆژنامەگەریدا….. لەو بوارەشدا هەوڵی دابینکردنی بژێوی خۆشی دەدا، بەڵام هەرگیز بێ لایەن نەبوو لە بیرو بۆچونەکانیدا و هەمیشە ڕۆژنامەوانێکی سەقامگیر بوو.

لە تەمنی 24 ساڵیدا ڕۆژنامەیەی کە سەرنووسەری بوو، وتاری توندی دژ بە دەسەڵاتی پروسیا دەنووسی و بڵاودەکردەوە، هەربۆیە لە ساڵی 1824 لە لایەن دەوڵەتەوە ڕۆژنامەکە داخراو و مارکسیش دوورخرایەوە بۆ پاریس و لە “1844”یش لە پاریس دەرکرا.
لە 1848 مارکس و ئەنگڵز “مانیفێستی کۆمۆنیست”یان بڵاو کردەوە. مانیفێست ڕاگەیاندنی ” پەیوەندی کۆمۆنیستەکانی برۆکسل” بوو بۆ بنەماکانی سۆشیالیزم.
مانیفێستی کۆمۆنیست تاوەکوو ئەمڕۆش وەک بنەمایەک بۆ سۆشیالیزم سەیردەکرێت. لە تەمەنی 45 ساڵیدا بۆ شورای گشتی یەکەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی هەڵبژێردرا، کە خۆی چالاکانە کاری دەکرد بۆ ئەنجامدانی ساڵانەی ئەو کۆنفرانسە.
دێدگای سۆشیالیستانەی مارکس هیچ پەیوەندییەکی بە دیکتاتۆریەتی تاک حزبی یەکێتی سۆڤیەتەوە نییە کە خۆیان بەسۆشیالیست یان کۆمۆنیست دەزانی. بەلای مارکسەوە پرسیارەکە ئەوە نەبوو، ئەگەر دەوڵەت کۆنترۆڵی ئابوری کردووە، پرسیارەکە ئەوە بوو ئایا کام چین دەوڵەتی کۆنترۆڵکردووە. تەنها کاتێک کۆمەڵگە دەتوانێت سۆشیالیزم بەرقەرار بکات، ئەو کاتەی دەسەڵات بەدەست کرێکارانەوە بێت.

ئەرکی ئێمە: دەرخستنی نایەکسانی، دامەزراندنی سیستمێکی نوێی ئابوری.
مارکس جەخت دەکاتەوە سەر سەرمایەداری کەوا چۆن هەلومەرجەکەی ڕەخساوە بۆ کەڵەکەی سەرمایە. وا سەیری مارکسیزم دەکرا پاش سەردەمی ڕیغان – تاتشر و کۆتایی یەکێتی سۆڤیەت کە بەسەر چووە، بەڵام پاش نزیکەی 40 ساڵ لە لیبراڵیزمی نوێ، نایەکسانی سەرمایەداری جیهانی بێ کۆت و بەند، هەژارکردنی 99%ی خەڵک و کۆکردنەوەی سامان لە دەستی 1% بۆتە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر.

ڕاپۆرتە سەربەخۆکان لە یادی مارکسدا:

” جێی سەرسوڕمان نییە پاش چەند دەیەیەک لە لیبراڵیزمی نوێ، گەورەترین بەڵگە لەسەر سەرمایەی ئازادی دان و چرونک سوور، کۆکردنەوەی سامانیان لە دەستی 1% کۆمەڵگە کەمکردەوە بۆ 0.1%. ژمارە کۆتاییەکان ئەوەمان پێ پیشان دەدەن، ئەو هەشت ملیاردێرەی جیهان ( کە لە سەر عاربانەیەک جێیان دەبێتەوە) سامانەکانیان بەقەی سامانی نیوەی دانیشتوانی کەمدەرامەتی جیهانە یان نزیک دەبێتەوە لە کۆی سامانی 5.3 ملیار کەس. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2016 بە 62 ملیاردێرەوە خاوەنی ئەو سامانە بوون، لە 2010 بە 300 ملیاردێرەوە ئەو توانایەیان هەبوو. ئەمە ئەو ڕێگایەیە کەلێیەوە کەڵەکەی سەرمایە دەکرێت، دەکرێ لێرەوە ئەفسانەی ئابوری ئازاد بناسرێت.”
لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا سێ کەس سامانی 50% خەڵکی ناوخۆیان لە ژێر دەستدایە، واتە کۆی 160 ملیۆن کەس یان 63 ملیۆن خێزانی ئەمریکی.” نزیکەی یەک لە پێنجی ئەمریکێکان سەروەتەکەیان سفرە یان خوار سفرە. ئەو ڕێژەیە زۆر زیاترە لە ناو ڕەش پێستەکان و پەناهەندەکانی ئەمریکای لاتین، ئەوەش بە هۆکاری دەیان ساڵەی مامەڵەی ڕەگەز پەرستانە.
لە هەندێ شوێنی کار لە ئەمریکادا، داهاتی بەڕێوەبەرەکە هەزار جار زیاترە لە داهاتی کرێکارێک. کەواتە کرێکارێ نۆ سەدەی دەوێت بۆ ئەوەی بەقەی داهاتی ئەو بەڕێوەبەرەی دەست بکەوێت کە ئەو لە ساڵێکدا دەستی دەکەوێت.
ناکۆکی لە نێوان بەرهەمهێنان و بڵاوبونەوەی هەژاری و نائەمنی ئابوری، لەگەڵ کارامەیی لە بەرهەمهێنان و پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، وە ڕێگە نەدان لە بەشداریکردن لەو داهاتەدا، هەروەها بەکاربردنی سەرچاوە سروشتێکان و تێکدانی ئاوهەوا، ئەمانە وا دەکەن خەڵک نا سەرکەوتوویی ئەم سیستمی سەرمایەدارییە باشتر بناسن.

لە ساڵی 2017 بە پێی ڕاپۆرتێکی ” ناشناڵ ڕڤیو” ئەوەی پیشاندا، لە ڕاپرسیەکدا دەرکەوتووە کە نزیکەی 40% ی خەڵک لە وڵآتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ” سۆشیالیزم بە باشتر دەزانن لە سەرمایەداری.” لە ڕاپرسیەکی تردا کە دەزگای ( YouGov ) لە ساڵی 2016 دا پێی هەستا، ئەوەی خستە ڕوو، ئەوانەی تەمەنیان لە 30 ساڵ کەمترە بە ڕێژەی 43% سۆشیالیزمیان پێ باشتر بووە لە سەرمایەداری لە بەرانبەر 32%. وشەی سۆشیالیزم لە 2015 زۆرترین گەڕانی بۆ کرابوو لە ماڵپەڕی (www.merriam-webster.com/)
بە پێی وتەی ” Peter Sokolowsk” وشەی سۆشیالیزم لە لیستی سەرەوەی ئەو وشانە بوو کە گەڕانی بۆ کرابوو لە چەند ساڵی ڕابردوودا.
لە ساڵی 2014 دا کەسایەتی ئەکادمیست و مارکسی ناسراو ” David Harvey ” لە بابەتێکدا بە ناونیشانی “حەڤدە خاڵی دژ بەیەک و کۆتایی سەرمایەداری” نووسیتی: ” ناکۆکیەکان دەبنە مایەی گۆڕانی گەورە: لە بارو دۆخێکی سیاسی ئاوادا، کە توندو تیژێکان و بەرانبەرکێکان بە شێوەیەکی فراوان زیادیان کردووە لە جیهاندا، هەرلە ( تورکیاوە تا میسر و بەرزایل و سوید لە ساڵی 2013 بەتەنها) ئەمە زۆر و زۆرتر ئەوە دەردەخا کە بومە لەرزەیەک لە چەشنی شۆڕشەکانی پۆست کۆلۆنیالیزمی ساڵی شەستەکان بێنێتە پێشەوە، لە یاریەکی مناڵانەش دەچێت.”

ئەم گۆڕانە چۆن ڕوودەدا؟

وەڵامەکە بۆ ئەوانە دەگەڕێتەوە کە کاری بەردەوام دەکەن لە پێناوی گۆڕاندا. (Youssef El-Gingihy) لە ئیندیپەندن لە بارەی یەکیک لەو ئەگەرانەوە دەنووسێت:
” گواستنەوەی سەرمایەداری بۆ بەدیلێکی سیاسی و سیستمێکی ئابوری، بە دڵنیاییەوە کاتێکی زۆری دەوێت، تەنانەت ئەگەر ئەو کارە لەڕێی شۆڕشیشەوە ئەنجام بدرێت. بەهەمان شێوەی گەشەی دەرەبەگایەتی بۆ سەرمایەداری لە ڕێی دوانەی پیشەسازی (ئابوری)، شۆڕشی فەرەنسا (سیاسی)، لێرەوە بۆرژوازی جێگای ئۆرۆستکراتەکانی گرتەوە کەوا پاش شەری ناوخۆی ئینگلیز لەسەدەی حەڤدە دەرکەوتوبون.”

ئێمە شاهێدی گواستنەوەیەکی لەسەر خۆین لەگەڵ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە پرۆژەی دیموکراتی ئابوری کە دەرفەت بە کرێکاران دەدات کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان بکەن لە ڕێی کاری هەرەوەزییەوە، هەر لێرەوە کۆمەڵگە دەرفەتی کۆنترۆڵکردنی دەبێت بەسەر داهاتەکانیدا و لە ڕێی بانکی گشتییەوە کارە مالییەکانی خۆی ڕێک دەخات. ئەمانە جۆرێکن لە تێکۆشان بۆ درووستکردنی شێوە ئابوورییەک لە خزمەتی خەڵکدا بێ درووستکردنی هیچ قەیدو بەندێک بۆ کرێکاران، کە بە هۆکاری ماشێنی ئۆتۆماتیکییەوە ژمارەیان کەم دەکات. زۆرێک لەم مۆدێلە نوێیەی ئابوری لەسەرەتای گەشەکردنی خۆیدایە.
مارکس بڕوای وایە: ” هیچ سیستمێکی کۆمەڵایەتی لە ناو ناچێت، ئەگەر پێشتر هێزی بەرهەم هێنانەکەی گەشەی نەکردبێت، بەهەمان شێوە پەیوەندییەکی باڵاتری بەرهەم هێنان ناتوانێت جێگرەوەی پەیوەندییە کۆنەکە بێت ئەگەر لە ڕووی مادی و کۆمەڵایەتییەوە گەشەی نەکردبێت لەناو چوار چێوەی سیستمە کۆنەکەدا.”
وانەکانی کارڵ مارکس ئەوەمان پیشاندەدەن، کە دەبێت خەباتی چینایەتی زیاتر تیژ بکرێتەوە، لەڕێی پیشاندانی نادادپەروەرێکانی سیستمەکە خۆیەوە، لەو ڕێیەشەوە جێگرەوەی سیستمی کاپیتالیزم ئامادەبکرێت.

—————————————-
By Kevin Zeese and Margaret Flowers.
Kevin Zeese and Margaret Flowers
سەرچاوە:
https://popularresistance.org/for-200th-birthday-marx-as-an-activist/




کولتور و وڵاتی تونس …. زاهیر عەبەڕەش

رۆژی 6 جونی ئەمساڵ بە سەردانێکی هونەری سەفەری وڵاتی تونسم کرد، وڵاتێک پڕ لە ئەتەکیەت، دەتوانرێت جیاوازتر لەهەموو وڵاتە عەرەبیەکان ببینرێت. من بۆخۆم کە بیر لە پرۆسەی دیمۆکراتی و رۆژهەڵاتی ناوین دەکەمەوە، دەڵێم ئەو دوانە( دیموکراتیەت و رۆژهەڵات) زۆر زەحمەتە پێکەوە هەڵبکەن، وەک دوو هێڵی تەریب وان هەرگیز بەیەک ناگەن، هەرچەندە تونس دەکەوێتە کیشوەری ئەفریکاوە، بەڵام وەک وڵاتێکی عەرەبی ئەژمار دەکرێت.
دیمۆکراتیەت و مینتاڵیەتی و وڵاتانی عەرەبی بە کوردستانیشەوە دووشتی زۆر دژ بەیەکن. بەڵام کە مرۆڤ سەردانی وڵاتی تونس دەکات و بە ووردی رۆ دەچێتە سیستەمی کارکردن، سیستەمی پەروەردە وخوێندن، سیستەمی فەرهەنگی و کلتوری و، سیستەمی کۆمەڵایەتی. ئەو سەرنجەی سەرەوە دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە. هەرچەندە من گەشتەکەم بۆ مەبەستێکی هونەری بوو، بەڵام بە فزولیەتی خۆم حەزم دەکرد زیاتر لەسەر ئەو وڵاتەو یاساکانیشی بزانم. لە یاسای وڵاتدا تەواو مافەکانی ژن فەراهەم کراوە.
لە یاسای ئەوە وڵاتەدا هەموو قسەیەکی ناشرین و تەنانەت جوێندان بەژن، وەک توندو تیژی بەرامبەر بەژن حیساب دەکرێت، ئەوەش سزادانی لەسەرە. ژن و پیاو دەتوانن بەبێ پرۆسەی هاوسەرگیری پێکەوە بژین و منداڵ دروست بکەن بێ ئەوەی یاسا ریی لێبگرێت.
ژنان هەر بەرگێک بپۆشن ئازادن، هیچ کەسێک بۆی نیە بەلادەر لە دابوو نەریت تۆمەتباری بکات. ئەمساڵ سەدو هەشتا مزگەوت داخران، بەهیچ شێوەیەک نوێژ لەو مزگەوتانە ناکرێت، ئیمامی مزگەوتەکەش بێکار کراو لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە ئیمام و خەتیبی ئەو مزگەوتانە نەچوونەتە ژێر باری یاساکانی دەوڵەت و خەڵکیان تەکفیر کردووە و سوکایەتیان بە ژن کردووە.

بەیاسا قەدەغەیە لە شوێنە گشتیاکاندا و تەنانەت لەشوێنی کارکردنیشدا نوێژ بکرێت. لەو وڵاتە مزگەوت، کلێسا و سینەگوگە(واتە مەعبەدی جولەکەکان) لە شەقامێکدان و هەر دیانەتەو ئازادانە مەراسیمی سرووتە دینیاکانی خۆی دەکات.
یەکێک لەشتە سەرنجراکێشەکان بۆ من ئەوەبوو کە گرنگیەکی زۆر دەدرێت بە پەروەردەکردنی منداڵ. وەزارەتی فەرهەنگ و کلتوری ئەو وڵاتە لە هەموو ناوچەکاندا و بەتایبەتی لە ناوچە هەژار نشین و مییللیەکاندا خانەی فەرهەنگی کردۆتەوە. تیشکێکی زۆر دەخرێتە سەر پێگەیاندنی تواناو بەهرەی منداڵان.
دەوڵەت بودجەیەکی باشی تەرخان کردووە بۆگەشە پێدانی تواناکانی منداڵان. لەهەموو گەرەکاکاندا بەهێزکردنی خولی زمانی فەرەنسی، گرووپی شانۆیی، سەما، موسیک و گۆرانی هەیە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە کۆمەکی دارای دەکرێن و بەردەوامیش چالاکیان هەیە.
ئەو هەفتەیەی کە من لەوێ بووم لە پایتەختەکەی کە نزیکەی ملێۆنێک و دوسەد هەزار دانیشتوانەکەیەتی، نزیکەی بیست نمایشی شانۆی هەبوو، بە دەیان کۆنسێرتی موسیک و گۆرانی پێشەکش دەکران، سەرەرای ئەوەی کە لە هەموو کوچەو کۆڵانەکانیش نمایشی شانۆی پێشکەش دەکران ، گرووپی سەما و مۆسیک چالاکیان دەنواند.

تونس

لە یەکێک لە فەرهەنگ خانەکانی گەرەکی هەژار نشنینی حلق الوادي شانۆکار سەمیرە بوعمود بانگێشتی فەرهەنگخانەیەکی کردم، وتی بابرۆین بۆ فەرهەنگی خانەی حلق الوادي بۆ ئەوەێ موحازەرەیەک لەسەر رووناکی شانۆیی بۆ منداڵان بڵێمەوە، کاتێک گەیشتینەنە ئەوێ کاتژمێر دەی شەو بوو، تەنها گەنجێکی لێبوو هاوکاری سەمیرە بوو شارەزاییەکەی زۆر لە نەخشەو رووناکیدا هەبوو. پاشان وردە وردە خەڵکەکە هاتنە ژوورەوە، بۆ ماوەی کاتژمێرێک و نیو باسی چۆنێتی رووناکی کرا، پەیوەندی رووناکای بە دیکۆر و جۆری ئەو ئامێرو گلۆپانەی کە بەرکار دەهێنرێن لەسەر شانۆ.
موحازەرەکە بەشێوەیەکی تەفاعولی بوو زیاتر منداڵان وتوو وێژیان دەکرد، پرسیاریان دەکرد. منداڵان وەڵامی پرسیاری گەورەکاناین دەدایەوە، تێرامانیان هەبوو. نایشارمەوە، ئەوەی لەو شەوەدا لەو منداڵانەو لەو مامۆستایە و لەوگەنجە لەسەر رووناکی چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرەکان و تەوزیفکردنی رەنگ جیاوازیەکانی ڤۆدیل و شانۆی سێبەرو کلاسیک فێربووم، لە ماوەی پێنج ساڵی خویندنی پەیمانگام لە کوردستان ئەوەندە فێر نەبووم.

آنس العبیدي چالکوانێک و هونەرمەندێکی دیاری بواری شانۆ و سینەمایە لە یەکیك لە گەرە هەژار نشینەکان لەگەڵ هونەرمەندێکی تری بواری موسیک و شانۆ، صاڵح حمودة دوکانێکی لاکۆڵانیان کردووە بە شانۆ، تەواو هەموو کەل و پەلو پێویستیەکانی شانۆی تیا هەیە، گروپێکی هونەری شانۆ و موسیک و سەمایان دامەزراندووە بە ناوی المسرح المسار. ئەو گەرەکە میللەیان ناوناوە (حومتنا فنانە) بە واتای گەرەکەکەمان هونەرمەندە.
ئەوەی جێی بایەخی من بوو، بە منداڵ، گەنج و لاو پیر، دایک و باوکان هەموو بەخێزانی بەشداری چالاکیەکان دەبوون، رۆڵیان دەبینین. موسیکیان پێکەوە دەژەنی. هەموو گەرەک بەشداربوون. هەندێک لاویان هەبوو لە گەرەکەدا کە لەسەر خراپەکاری لە خانەی چاکسازی حکوم درابوون. ئەم گرووپە داوایان لە دەوڵەت کردبوو کە هەرزەکارانی ئەو گەرەکە کە بە هەر هۆکارێکەوە بێت سجن کراوە و کە لە خوار تەمەنی هەژدا ساڵیەوەیە و لە خانەی چاکسازی حکومداراوە، ئەم گروپە هاوکاریان بکەن و بیانگرنە خۆیان. لای ئەوان فێری هونەری نواندن، فێری ژەنینی ئامێرەکان، گۆرانی و سەما ببن، فیری هاوکاری و یارمەتی دانای خەڵکانی تر بکرێن. ئەم هەرزەکارانە لای گروپی (المسار) هەموو جۆرە هونەرێکیان بە تیۆری و پراکتیکی دەخوێندن و پاشان نمایشیان دەکرد. هەر ئەوان دەشبوون بە پاسەوانی چالاکیەکانی تر. بە واتایەکی تر بەهۆی چالاکای هونەریەوە جارێکی تر سیقەیان بۆ دەگارایەوەو دەهاتنەوە ناو کۆمەڵ، کاتێکیش بەرهەمێکی جوانیان پێشکەش دەکرد، لای خەڵک و دانیشتوانی گەرەک خۆشەویستر دەبوون.

ئەو جۆری کارکردنەش تەواو گونجابوو لەگەڵ ئامانجی ئەو میتۆدەی کە من زۆرجار بەکاری دەهێنم بەناوی شانۆی سەکۆ بەڵام چۆنێتی کارکردنمان جیاواز بوو. ئامانج ئەوەیە مرۆڤ زیاتر مرۆڤ دۆستانەتربێت. ئازادتربێت. خوشەویستی زیاتربێت.
ئەو شەوەی کە گەیشتمە تونس کچە هونەرمەندی شانۆ سەمیرە بوعمود وهاوکارەکانی بە ئوتۆمۆبیل کاتژمێر دوو نیوی شەو لە فرۆکەخانەی قەرتاج چاوەرێیان دەکردم. سەمیرە دەرچووی زانکۆیە بەشی شانۆ، وەک دەرهێنەرو ئەکتەر کار دەکات دەزگایەکی هونەری تایبەت بەخۆی هەیە. بۆ رۆژی دوای یەکێک لە ئەکتەرە کۆمیدیەکانی سینەماو شانۆ بەناوی توفیق بەحری هات بۆ لام، پاشان ووتو وێژێکی هونەری بەناو بازاردا بە ئۆتۆمبیل گەشتێکمان کرد، لە قاوەخانەیەک لاماندا و قاوەمان خواردەوە ووتووێژێکی زۆرمان لەسەر هونەورو ژیانی سیاسی وڵاتانی عەرەبی و کوردستان و شۆرشی فەرەنسی ئەوەی بهاتایە بە بەخەیاڵماندا قسەمان لەسەر دەکرد هتد. پاشان ووتی پێم خۆشە ئەم شەو داوەتی نمایشێکتان بکەم کە خۆی دەوری پاڵەوانی دەبینی لە نمایشەکەدا، کە ڤۆدڤیلێک بوو بە ناوی (لمدک ) واتە گەمژە.

لەکاتی چوونەدەرەوەدا مەسافەیەکی زۆرمان بری، بینیم لەدواوە کەسێک کە دیار بوو رایبکردووە بە شوێنماندا کێشای بە سەر شانمدا بە فەرەنسی ووتی ( بەرێز تۆ ئەم جانتایەت لەبیر کردبوو) ئەو کات بیرم کەوتەوە کە جانتاکەم بیر چووبوو لە قاوەخانەکە. هەرچەندە من حاڵی نەبووم لە پێشدا، پاشان سەمیرە پێی وت کە ئەم میوانەمان زمانی فەرەنسی نازانێت، ئەوجا کورە گەنجەکە بە زمانی عەرەبی دواو وتی تۆ لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەیت دەبێت رێزت بگرین. بەراستی لە شوێنی خۆم واقم وورما بۆ تاکە جارێکە لە وڵاتێکی عەرەبیدا خەڵک بە ئەتەکێتەوە هەڵس و کەوت بکات، دەستپاک بێت وهونەرمەندەکانی خۆیانیان خۆش بووێت.

تۆفیق بەحری کاتژمێر نۆی شەو بە ئۆتۆمۆبیل هاتەوە شوێمناندا من و سەمیرە چوین بۆ نمایشەکەی، بەهای چونە ژورەوە بۆ بینینی نامیشەکە بە بیستو پێنچ دیناری تونسی بوو کە یەکسانە بە دە دۆلاری ئەمەریکی. کاتژمێری یانزەی شەو نمایش دەستی پێکرد، بینەر زۆر بە جۆش و خرۆشە تامەزرۆی دەرکەوتنی ئەکتەر تۆفیق بەحری بوون، ئەوکاتە زیاتر بۆم دەرکەوت کە ئەو کەسە ئەکتەرێکی دیارە ، لەراستیدا، توانایەکی نواندنی کۆمیدی بێئەندازەی هەبوو.
یەکیکی تر لەو خاڵانەی کە بۆ من جێی سەرنج بوو کە دەتوانرێت سیاسەتی کلتوروفەرهەنگی لە کوردستان کەڵکی لێبینێت، چۆنێتی هاوکاری و کۆمەکردنی گرووپە شانۆی و نمایشە شانۆیەکانە. چۆنێتی هاوکاری کردن دەوڵەت دوو شێوەیە یەکێکیان پێیدەوترا دەوڵەتی، ئەویتر یان زاتی. لە پاڵ ئەمانشدا چەندها شەریکە هەبوو کە هاوکاری مادی دەزگا و گروپەهونەریەکانیان دەکرد.
هاوکاری دەوڵەتی: ئەوەیە کە راستەوخۆ دەوڵەت کۆمەکی زۆری ئەو بەرهەمە شانۆیانە دەکات کە بە تایبەتی نووسەرو دەرهێنەرەکەی تونسی بن. ئەوەش بۆ بەرەوپێش بردنی کاری نوسینی تێکستی شانۆی تونسیە، پاڵیشیدا بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی دەرهێنەر لەو وڵاتەدا زۆر بن و پشت بە دەرهێنەری فەرەنسی یان وڵاتانی تر نەبەستن.

هاوکاری زاتی: ئەوەیە کە ئەو گروپە زۆربەیان تونسی بن گرنگ نیە نوسەرەکە تونسی بێت یان دەرهێنەرەکە. ئەوەش لەرێگای فەرهەنگخانەکانەوە هاوکاری دەکرێت. یان سەرۆکی ئەو گروپەداوای هاوکاری لە هەندێک شەریکەی هونەری دەکات. مەرجی هاوکاری حوکمەت لەرێی فەرهەنگ خانەکانەوە ئەوەیە کە رەنگە لە ساڵێکدا 20 نمایش بکات، دەوڵەت شوێنی نمایش و پێشکەشکردنی بۆ دیاری دەکات بەڵام لەیەک شوێن نا، بەڵکۆ دەبێت هەر جارەی یان هەرهەفتەی لە گەرەکێک کە فەرهەنگ خانەی تێدایە نمایش بکەن وە بەتایبەتی لە گەرەکە هەژار نشینەکان. واتە نمایش تەنها لە هۆڵێکدا و بە چەند رۆژێک نمایشکردن قەتیس ناکرێت، بەردەوام لە جوڵەدان، وە هەر فەرهنگی خانەیەک لە هەفتەیەکدا چەند نمایشێکی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، هار جارەی گروپێک نمایش دەکات. خەڵکەکە بەردەوام نمایش دەبینێت
جۆری سێەم: شەریکەی هونەری هەیە کە هەم کاری ریکلام و بڵاوکردنەوەش دەکات هەم فیلم و زنجیرەی تەلەفیزیۆنی بەرهەم دەهێنێت هەم شانۆش نمایش دەکەن. ئەم شەریکانە، خۆیان دەستنیشانی ئەکتەر، دەرهێنەرو نوسەر دەکەن. بەشداران کرێی خۆیان مانگانەی خۆیان وەردەگرن و دەزگا هونەریەکە رۆژی نمایش و شوێنی نمایش چەند رۆژ بەردەوام بێت دەستنیشان دەکات. وە هەر هەفتەی لە شوێنێکیش نامیش دەکەن، بەتایبەتی گەرەکە دەوڵەمەندەکان.

لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە هەر بابەتێک، نمایشێک بەرهەمەکەی ئاراستەی پێگەیاندنی منداڵان بێت، مەلەفی ئەو گروپو نمایشە دێتە سەرەوە بۆ وەرگرتنی کۆمەکەی دارایی
لەم گەشتەشمدا هەندێک هاورێ و تازەو ئەکتەرو دەرهێنەری تازەم ناسی لە پێش هەمویانەوە سەمیرە بوعمود، کەسێکی میهرەبان و ئەکتەرێکی وریاو دەرهێنەرێکی جدی بوو، توفیق بەحری ئەکتەرێکی تا بڵێی وریاو زیرەک. گۆرانی بێژ و مامۆستای ئەدەبی فەرنسی سامیە بوقرة و بیلالی هاوسەری و شانۆکار انس العبیدي.

زاهیر عەبەڕەش




خۆشحاڵه‌كانی جه‌ژن … حسێن مه‌روه‌ ….. وەرگێڕانی: عیماد عه‌لی

هه‌موو جه‌ژنێك خۆشحاڵیه‌كی هه‌یه‌ و دڵخۆشی ئه‌م جه‌ژنه‌ش بۆ رۆژووانانه‌، ئه‌و رۆژوانانه‌ كێن و، كێن ئه‌وانه‌ی پێی دڵخۆشن؟
ئه‌وه‌ی به‌ر استی به‌ رۆژوون، ئه‌وانه‌ن كه‌ ((هه‌موو مانگه‌كانیان مانگی رۆژوو گرتنه)) وه‌ك شه‌ریف ئه‌لره‌زی ده‌ڵێت. ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ هه‌موو ژیانیاندا به‌ رۆژوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م جه‌نجألی ژیان و له‌م گۆره‌پانی ( كیبركێی ئازاد)ه‌دا شوێنێك بۆ لاشه‌ هیلاكه‌كه‌یان نادۆزنه‌وه‌ پشویه‌كی تێدا بده‌ن و تێیدا ئاسوده‌بن، رۆژوه‌كه‌یان بشكێنن و تێر بن….. ئایا ئه‌وانه‌ كێن؟‌

ئه‌وانه‌ خودی ئه‌و( چڕبونه‌ی) قه‌ره‌باڵغیی ژیانن له‌ رێگه‌ی كێبركیكاراندان، ئه‌وانه‌ (به‌ردی) گۆره‌پانه‌كه‌ن و( ئه‌سپی) راكه‌راكی مه‌یدانه‌كانن، ئه‌و ده‌ستانه‌ن كه‌ بونیات ده‌نێن، ئه‌و دڵه‌ن ده‌ژێننه‌وه‌ و ئه‌و چاوانه‌ن كه‌ رۆشنایی ده‌ده‌نه‌ دەوروبه‌ریان..
ئه‌وانه‌ شایانی ئه‌وه‌ن كه‌ رۆژوویه‌كی دوورودرێژ بشكێنن و خۆشحاڵ بن به‌ جه‌ژنه‌كه‌یان… جه‌ژنیان له‌وه‌ زیاتر نیه‌ كه‌ له‌ پاش رۆژوویه‌كی درێژخایه‌ن خۆراكی رۆژوشكاندنه‌كیان بدۆزنه‌وه‌ و له‌ پاش برسێتی تێر بن و، جلپۆشینێكی پاش رووتی ده‌ستكه‌وێت ، ئارامیه‌كی له‌ پاش ترس و شكۆی پاش زه‌لیلی و ئازادی پاش كۆیله‌یی ومرۆڤایه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ پاش به‌ تالانبردنی مرۆڤایه‌تی؟
ئینجا كێ خۆشحاڵه‌ له‌م رۆژی جه‌ژنه‌دا: جه‌ژنی رۆژووانان؟

دڵخۆشانی ئه‌مرۆ. ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ره‌مه‌زاند جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر زگی تێر نه‌بێت رۆژوو ناگرن و، له‌سه‌ر تێریش نه‌بێت رۆژوو ناشكێنن و له‌ ئاسوده‌یی و پشوداندا نه‌بێت هیچ هیلاكیه‌ك نابینن و، له‌سه‌ر پشوو و ده‌ست به‌تاڵی نه‌بێت هیچ بیزاریه‌ك نابینن.
ئه‌وانه‌ن كه‌ رۆژوو به‌ برسێتی و تینوێتی و هیلاكبوون نه‌بینیوه‌، به‌ڵام به‌ رابورادرن و ئاسووده‌یی و خۆشی و چیژه‌وه‌ ده‌یبینن، یان به‌ هه‌لێكیان زانیوه‌ وه‌ك گه‌شتوگوزارێك یان وه‌ك ئامرازیك بۆ لاوازكدرنی قه‌ڵه‌ویه‌كی بێتامی خۆیان ده‌یگرن، یان به‌خه‌وێك له‌سه‌ر جێگه‌دا و له‌گه‌ڵ گأڵته‌كردن به‌ قسه‌ی قۆره‌وه‌، و سه‌رمه‌ست كردن به‌ هه‌ندێك شتی پۆچه‌ڵه‌وه‌.

ئه‌وانه‌ن كه‌ رۆژوویان به‌ ده‌ست و ده‌م پارێزیی له‌ شتی حه‌رام نه‌زانیوه‌ و، له‌ زوڵم و زۆرداری وازیان نه‌هێناوه‌ و، به‌ درۆ و چاپلوسی و نیگه‌رانی رووگیر نه‌بوون و، رۆژوویان بۆ پاراستنی خود له‌ رق و فریودان و كینه‌ و ته‌ڵه‌كه‌بازی نه‌زانیوه‌، به‌ڵام به‌ هه‌لێكیان له‌ هه‌له‌كانی رۆژانه‌یان زانیوه‌ بۆ سه‌ركوتكردن و هیلاك كردنی سه‌رگه‌ردانان و، بۆ راكێشانی قازانج و ده‌ستكه‌وت له‌ هیلاكیی به‌رۆژووه‌ راستگۆكان.

ئه‌وانه‌ به‌ ته‌نیا، خۆشحاڵن به‌ رۆژی جه‌ژن: رۆژی به‌رۆژووان، ئه‌وان به‌ ته‌نیا به‌ خۆشیه‌كانی جه‌ژن خۆشحاڵن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نها بۆخۆشی ئه‌وانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ ته‌نیا ده‌توانن چێژ له‌و خۆشیانه‌ ببینن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشیه‌كان له‌پیناو ئه‌وان‌ به‌ ته‌نیا دروستكراوه‌ و ئه‌فرێندراوه‌.
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ ( به‌رۆژوون) و هه‌میشه‌ هیلاكن، سه‌رگه‌ردانی هه‌میشه‌یی سه‌ر زه‌وین، ئه‌مانه‌ جه‌ژن نازان چیه‌ تاوه‌كوو به‌ تێڕبون به‌ خۆراك و جل پۆشین و ئارامی و شكۆداریه‌وه‌ رۆژوو ده‌شكێنن ئه‌و شتانه‌ به‌ بێ منه‌ت و( سه‌ده‌قه‌ ) په‌یدا ده‌كه‌ن…
ئا له‌و رۆژه‌دا ئه‌مانه‌ خۆشی جه‌ژن و تامی شیرینی و خۆشیه‌كه‌ی ده‌چێژن.

سەرچاوە:
www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=602558




وەرزش: لە سایەی سیاسەتو ئابوریدا..! … موزەفەر عەبدوڵا

ڕایەک لەبارەی جامی جیهانی یەوە….

وەرزش هەر وەک زۆربەی کاروچالاکییە مرۆیی یەکانی تری کاروهونەرو ئەدەبو..هتد بە یەکێک لە دیاردە هەرە کۆمەڵایەتی و ئینسانی یە پڕبەهاو سودوشادبەخشەکان دادەنرێت.
لە نێوان وەرزشەکانیشدا یاری دووگۆڵی – سۆکە – بە تایبەتی جامی جیهانی – مۆندیال- لە ئاستی جیهانی لە ماوەی نزیک بە نەوەد ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵایەتی ترین جۆری وەرزش بوەو پڕ بینەرترینیانە.
ئەم یارییانە سەرەتا لە ساڵی ١٩٢٨ لە لایەن گوڵ ڕیمیە ،کە پارێزەرێکی فەرەنسی خولیا وەرزش بوو دامەزراو، لە ساڵی ١٩٣٠ دا یەکەم خولی جیهان دەستی پێکرد لە نێوان چەند تیمێکی ووڵاتەکان .لەو کاتەوە تا ئێستاهەر چوار ساڵ جارێک دەکرێتو ئەمەی ڕوسیاش بیستودوهەمین خولە کە ٣٢ تیمی وڵاتەکان بەشدارن کە لە ١٤جونەوە تا ١٥ جولای دەخایەنێت.

بە پێی ئامارەکان جگە لەوەی چەند ملیون کەس ڕاستەوخۆ لە روسیا بەشداری دەکەن، هاوکات چەند ملیار کەسی تر لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بینەرین.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا چەند ملیار کەس کە ئارەزویی بینینی دەکەن ناتوانن بینەری بن بەهۆکاری جۆراوجۆرەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەم سیستەمە سیاسی یەوە کە ئەم یاری یە لە سایەیەدا دەکرێت .
ئیتر ئەم ماوەیە ئەم یاری یە بە گەورەترین دیاردەو ڕوداوی کۆمەڵایەتی هەفتانە دادەنرێت و دەبێتە جێگای پرسوڕاو قسەوباس. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو ڕایە باوەیە کە دەڵێت وەرزش پەیوەست نی یە بە سیاستو ئابوری یەوە تەنها کاروچالاکی یەکی ئینسانی و ئەخلاقی یەو نابێت تێكەڵ کرێت بە سیاسەتو ئابوری…هتد.

بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ لە دونیای واقعدا ئەم ڕایە ڕاستەو وایە..؟
لە ڕاستیدا نەک هەر وا نی یە بەڵکو ئەم کاروچالاکی یە ئینسانی یەش وەک هەمو کارو چالاکی یە ئینسانی یەکانی تر لە سایەی ئەم سیستەمەدا بۆتە گۆڕەپانو بازاری کیشمەکێشی و ململانێو هەڵوێستگیری سیاسی و ئابوری لە پێناوی سودو قازانجی سەرمایەی نێوان یارچی یەکانو تیمەکانو کۆمپانیاکانو دەوڵەتەکان.
هەر کەسێک بە وردی لە گۆشە نیگایەکی سیاسی و چینایەتی یەوە سەرنجێکی ڕەخنەگرانە بدات دەبینێت چون لە بۆتەی ئەم کێبڕکییانەدا دەمارگیری سیاسی قەومی و نەتەوەیی و نیشتیمانی وڕەگەزپەرستی و ئاینی و، تەنانەت تایەفی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی ،بەرزدەبێتەوە تا ڕادەی بە یەکدادانو شەڕو لێکدان دەچێت.

خودی یارچی یەکان کە تا ئێستا هەر پیاوانن ئەوە نیشانەی جیاکاری جنسیە. ئەمە جگە لەوەی لە زۆر وڵاتەوە ژنان مافی ئەوەیان نی یە بەشداری ئەم یاریانە بکەن بە دەگمەن نەبێت.
کەچی دەبینین سەدان هەزار ژن کە لە دەست ڕژێمە کۆنەپەرستە ئیسلامی یەکان ڕایانکردوە وەک ئێرانو سعودیەو زۆر تر ئەگەر لە دەرەوە دەرفەتێکیان هەبێت بۆ بەشداری کردن بەڵام بەهۆی دەمارگیری قەومی و نیشتیمانی و دینی یەوە کە سەرچاوەی چەوسانەوەن دەبنە لایەنگری ئەو تیمانە کە نوێنەری ئەو ڕژێمانەن.لێرەدا لە ڕوانگەی بەهاو نەریتە ئینسانی یەکانی ئەم چالاکی یەو خودی یارچی یەکانەوە سەرنج نادرێتو مەمەڵە ناکرێت کە بنەمایە بۆ پەیوەندی ئینسانی و بەختەوەری مرۆڤەکان.بەڵکو لایەنگری یەکان لەسەر بنەمای دەمارگیری قەومی و تەنەوەیی و نیشتیمانی ودینی و رەگەزپەرستی یەوە.

هاوکاتیش بە دەگمەن ڕێدەکەوێت یاریچی یەک یان تیمی ووڵاتیک هەڵوێستگیری سیاسی لە ڕوانگەیەکی ئینسانی یەوە دەکات بۆ نمونە ڕەتکردنەوەی بەشداری تیمی ئەرجەنتین لەگەڵ ئیسرائیل بە بۆنەی کوشتو بڕی خەڵکی فەلەستینەوە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
دەکرێت لەم بارەیەوە زۆر دیاردەی تری سیاسی بەدی بکریت کە وەک بەڵگە نیشانی دەدەن کە وەرزشیش چەند لە ژێر کاریگەری سیاسەتی چینی باڵادەستدایە.بە تایبەتی کە زۆر جار وڵاتە زلهێزەکان دەیکەن بە ئامرازێکی فشاری بۆ سەر نەیارەکانیان.
لە باری ئابورییشەوە هیچ گومان لەوەدانی یە کە وەرزشیش وەک هەمو کاروچاکی یەکانی تری مرۆڤ بۆتە کاڵایەک بۆ خزمەتی سەرمایەو کەڵەکردنی سەرمایەو سودو قازانجی کۆمەڵێک کەس لە یاریچی و تیمو خاوەن کۆمپانیاکانو دەوڵەتەکان.بە پێی ئامارەکان ئەو پارەو سەرمایەی لە بواری وەرزشدا دەگوزەرێت و وەبەرمهەمدێت لە کەم بواری تری کاروسەرمایەو ڕشتەی تری بەرهەمهێنان وەگەڕخراوە.
هەر بۆیە بەو ئەندازەیەش دیاردەی دزی و گەندەڵی و فروفێڵو کرێنو فرۆشتنو، تەنانەت بە دەر لە ڕێساو یاسا فەرمیو کارپێکراوەکانی خۆیان ، بەدی دەکرێت. بۆ نمونە ئاشکرا بونی گەندەڵی لە لایەن سەرۆکایەتی فیفا کە خولی ساڵی ٢٠٢٢ یان دا بە قەتەر بە پارە. ئەمەو دەیان نمونەی تری گەندەڵی تر ئاشکرا بوە.

ئەمانە جگە لەوەی کە سەدان ملیون کەس کە ئارەزوو خولیای بەشداریو بینینی ئەم یاری یانە دەکەن بەڵام بەهۆی هەژاری ودەسکورتی و بێ ئیمکانی دارایی ، یاخود بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و شەڕو ئاوارەییەوە ، ناتوانن .تەنانەت بەهۆی ئەوەی ئەم یاری یانە لە لایەن دەزگا زەبەلاحە ڕاگەیاندنەکانی وەک جەزیرەو سی ئێن ئێن و بی بی تی ڤی یەوە پەخشی پاوان دەکرێت وەرگرتنی ئەمانەش پارەی گەرەکە بۆیە بینینیان بۆ خەڵکی هەژار لە توانادا نی یە.
بۆیە لەهەر گۆشە سەرنجێکەوە بڕوانین لە وەرزشیش وەک هەر کاروچالاکییەکی تری ئینسانی دەبینین بە توندی لە ژێر کاریگەری سیاسەتو ئابوری دایە.
وەرزشو هونەرو ئەدەبیش لە سایەی ئەم سیستەمە سیاسی یەی سەرمایەداریدا بۆتە کاڵایەک بۆ ئاڵوگۆڕو کڕینو فرۆشتنو کەڵەکە کردنی سەرمایەو سودو قازانجی کەسانێکو کۆمپانیاو دەوڵەتە بۆرژوازی یەکان.
جا بۆ ئەوەی هەمو مرۆڤەکانو مرۆڤایەتی بەهرەمەندو بەختەوەروشادبن لەهەمو کاروچالاکی یە ئینسانی یەکانی خۆیان پێویستە یەک سیستەمو هەلومەرجی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئازادو یەکسان کە بۆ هەر کەس بە پێی تواناییو بۆ هەر کەس بە پێی پێیویستی دابین بکرێت.مەرجی ئەمەش لە نەهێشتنی موڵکداری گەورەی تایبەتیو دابین کردنی موڵکایەتی گشتیدایە.
گەییشتن بەمەش پێویستی بە ئاگایی سیاسی و ڕێکخرابونی چینایەتی هەمەلایەنەی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیو زەمینە سازکردنی ڕاپەڕینو شۆرشەدایە.

١٧-٦-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا




سەرەگرتن … شیعر : نزار قبانی …. وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

داوای تۆزێک
گەرمایی خۆرم کرد
پۆلیسەکان ووتیان :
وەک ئەوانی تر
سەرە بگرە !!،،
داوای تۆزێک
مەرەکەبم کرد
تا ناوی خۆمی
پێ بنووسم
ووتیان :
مەرەکەب زۆر نەماوە…!!
داوام کرد
كام کتێب بخوێنمەوە ؟
جل خاکیە لەبەرەکە
هاواری کرد :
ئەوەی داوای زانست ئەکا
با بەیانەکانی حیزب
و
بڕگەکانی دەستور دەرخ کا
داوای مۆڵەتم کرد
تا ژنەکەم ببینم
ووتیان :
دیداری ژن قورسە..!
پیاوی عاشق نابێ
لە دوور و درێژی
سەرەگرتن
بێ تاقەت بێ
داوی مۆڵەتم کرد
تا کوڕێکمان ببێ
ئەفسەر بە قاقاوە ووتی :
مناڵ بوون گرنگە
بۆیە ئەبێ
ساڵێکی تر سەرە بگری
و
چاوەڕوان بی
“””””’
داوام کرد
ڕوخساری خودا ببنم
یەکێک لە وەکیلەکانی خودا
هاواری کرد :
بۆچیتە خودا،،؟
ووتم :
چونکە من کەسێکی لێقەوماوم
بەپەنجە ئیشارەتی کرد
تێگەیشتم
کە لێقەوماوانیش
سەرەی تایبەت بە خۆیان هەیە…!!
خودایە ،ئەمەوێ بتبینم،،،
وەک سەگی بەرەڵا
لە سەرەیا جێم مەهێڵە
لەوەتەی هاتومەتە دونیا
لە سەرەیا چێنراوم
قاچەکانم تەزیون
خۆشم وەک گەڵای پەرش و بڵاوم
چاوەڕێی ووڵاتێکم
كە نایەت
چاوەڕێی کەناری گەرم و باڵندەم
نازانم چۆن شیعر بڵێم…
بۆ هەر کوێ بچم
تەور وا لەدوای هەنگاوەکانم
هەموو پەرەکان : بۆمب رێژ کراوون
هەموو قەڵەمەکان : بۆمب رێژ کراوون
هەموو مەمکەکان :بۆمب رێژ کراوون
ناو جێگەی خۆشەویستیش
پاسپۆرتی ئەوێ….!
ئەم هەرێمەی لە نێوان
ئاوێک و ئاوێکی ترا
لەنگەری گرتوە
غەمبارە وەک شمشێری شکاو
گەر ماڵ ئاواییمان
لە سوڵتان ” کافور ” ێک کرد
دەیانی تر یەنە ڕێمان
خودایە:
ئاسمان خۆڵەمێشییە..
گەر ئەتەوێ بگەیتە فریام
بمکە بە چۆلەکەیەک
چونکە پەرۆشم
پەرۆشی ( ڕووناک ) یم
گەر ئەتەوێ بگەیت بە فریام
خودایە…
بمکە بە چۆلەکەیەک
…..بە
چۆلەکەیەک،،،،




دوو کتێبی نوێی پێشەوا کاکەیی چاپکرا و ئێستا لە کتێبخانەکان دەست دەکەوێت….


۱- ئەفەریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر

۲- ئەمریکانامە، بە تامی شیعر، “ڕۆمانە شیعر/ قەسیدە”

دوو کتێبی پێشەوا کاکەیین، بریتین لە چوار پڕۆژەی شیعریی، لە کۆی ۸ پڕۆژە، کە پێشەوا، لە ساڵی ۲٠۱٦ەوە، بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی، سەرقاڵی نووسینێتی. ئەم دوو کتێبە؛ لە چاپخانەی کارۆ/ سلێمانی، چاپ کراوە، له‌سه‌ر ئه‌رکی نووسه‌ر. نووسه‌ر، له کتێبی یه‌که‌میدا: ئه‌فریقانامه و زەمیننامە، به تامی شیعر، ده‌روازه‌یه‌کی بۆ کۆی پڕۆژه‌کانی نووسیوه، به نێوی “شیعره/ ڕێ” که نووسه‌ر، له‌ وێوه دونیایه‌کی شیعری، په‌نجه‌ره‌یه‌کی دیکه به ڕووی شیعردا ده‌کاته‌وه.

د. ڕەفیق سابیر، لە بارەی ئەفریقانامەوە، دەڵێت:
ئەفریقانامە، بە تامی شیعر… مرۆڤ لە خوێندنەوەی ماندوو نابێت، چوونکە تێکستێکی پڕ فانتازیا و تایبەتە و، بە زمانێکی پاراو و شاعیرانە و ستایلێکی تایبەت نووسراوە…
پێشەوا کاکەیی- ئەفریقانامە

ئیسماعیل حەمەئەمین: له باره‌ی ئه‌مریکانامه‌وه، ده‌ڵێت:
ئەمریکانامە، بە تامی شیعر؛ قەسیدە- ڕۆمانێکی قووڵە، قووڵ بە قەد سەفەرکردن بەسەر ڕێگەی ئاوریشمی مارکۆ پۆلۆدا. ئەمریکانامە، گەڕانە بە دووی سوبێکتێک، خودێک، لەسەر ئەم زەویە ونبووەدا. ون بووە لە ناو خۆیدا، بە جۆرێک «خودی شیعریی» لە ناو کایەی خۆیدا، بە دووی کایەی گەورەتردا دەگەڕێت. لە ناو لۆکاڵدا بە دووی شیعرییەتێکدا دەگەڕێت، پڕ بکات بە جیهاندا.

پێشەوا کاکەیی--- ئەمریکانامە




چیرۆک بۆ منداڵان.. مامۆستاکانی ماڵەوەمان …. رەزا شوان

ساڵی پار کە لە پۆلی پێنجەمی قوتابخابەی بنەڕەتیدا بووم، لە زمانی کوردی، لە وانەی داڕشـتـندا، کە مامۆستاکەمان بابەتـێکی داڕشـتنی دەداینێ و داوای لێدەکردین کە بۆ هەفتەی داهـاتوو، لایەنی کەمەوە شەش دێـڕ، لەسەر بابەتە داواکـراوەکەی بنووسین. هـۆڵم لێدەهات، تا شەش دێـڕ رستەی کـاڵ و کـرچم دەنـووسی، بە هیلاک دەچـووم. لە راستیدا خۆشم نووسینەکـانی خۆمم بە دڵ نەبوون، لە رووشم ناهـات، کە لە بەردەم هـاوڕێکانم و مامۆستاکەماندا بیان خوێنمەوە. گەرچی ئاستی داڕشتنەکـانی زۆربەی هـاوڕێکـانیـشم، لە ئاسـتی داڕشتنەکانی من بەرزتر نەبوون. تەنها نووسینەکـانی (جـوان)ی هـاوڕێمان نەبێت، ئەو لەسەر هـەر بابەتـێک زیـاتر لە پانـزە دێـڕی دەنووسی، کە لە بەردەماندا دەیخوێندنەوە، وشە و رستەکانیان هێندە جـوان و شـیرین بوون، سەرنجی هەموومانی رادەکێشان.. گومانم دەکرد کە جوان خۆی داڕشتنەکانی بنووسێت.. دەموت لەوانەیە کەسێکی بۆی بنووسێت.
تا رۆژێک مامۆستاکەمان لەسەر تەختەڕەشەکە، سەرناوی بابەتی داڕشتنی ئەو هەفـتەیەی بۆ نووسین (کوردسـتان نیشـتمانی خۆشەویسـتمانە) کە بۆ هەفـتەی داهـاتوو لایەنی کەمەوە حەوت دێـڕ لەسەر ئەم بابەتە بـنووسین.
مامۆستا: هێشتا دە خولەکی ماوە بۆ کۆتایی وانەکەمان، کێـتان ئێستا بەبێ نووسـین، بە زاری دەتـوانێت لەسەر ئەم بابـەتە قسەبکات؟
جـوان (دەستی هەڵـبڕی): مامۆسـتا من دەتـوانم.
مامۆستا: فـەرموو جـوان گـیان.
جـوان زیاتر لە پێنج خوولەک لەسەر کوردستان نیشتمانی خۆشەویستمانە قسەی کـرد.. وشە و رستەکـانی جـوان و ناسک بـوون.. ئافـەریمان کـرد و چەپڵەیـەکی قـایمان بۆ لـێدا.
گۆمانیشم نەمـا و دڵنیابووم، کە جـوان خۆی داڕشتنەکـانی دەنـووسێت.
لە پشووی دوای ئەو وانەیەدا، چووم بۆ لای جوان و لێم پرسی: جوان گیان تۆ ئەو وشە جـوان و رسـتە ناسک و شـیرینانە لە کـێوە فـێربـووی؟
جـوان ( بە روویەکی خۆش و بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە): هـەڵاڵە گـیان، من لە مامۆستاکانی ماڵەوەمـان ئەو وشە و رسـتانە فـێربـووم.
وامزانی کە جـوان گـاڵتەم لەگـەڵـدا دەکات. ئەو یەکسەر هـەستی کـرد کە من لە مەبەستی قسەکـەی تێنەگەیشـتم.
جـوان: هـەڵاڵە بەیانی رۆژی هـەینییە، وەرە بۆ ماڵـمان، تا بە مامۆستاکـانی ماڵەوەمـان ئاشـنات بکەم.
ئەو شەوە بیرم لە قسەکەی جـوان دەکـردەوە، دەمـوت: دەبێ مامۆستاکـانی ماڵەوەیان کێبن؟ لە دایک و باوکی زیاتر کێن؟ دایک و باوکیشی مامۆستا نین. ئەی ئەو مامۆستایـانە کـێن؟
بەیانی رۆژی هەینی مۆڵەتم لە دایک و باوکم وەرگرت، چووم بۆ ماڵی جـوان، کە کۆڵانێک لە پشتی ماڵی ئێمەوەن. جـوان زۆر بە رووخـۆشی و بە رێـزەوە بەخێرهاتنی کردم. بردمی بۆ ژوورەکەی خۆی. لەسەر دیوارێکی ژوورەکەیدا، نەخشەیەکی رەنگاوڕەنگی کـوردستانی هـەڵواسی بوو، لەگەڵ تابلۆیەکـدا کە بریتی بوو لە وێنەی کۆمەڵێک پێشمەرگـەی کـوردسـتان. پەرتـوکخـانەیەکی جـوانیش لە ژوورەکەیدا بوو. بە مەزنـەی من زیاتر لە سەد و بیست و پێنج پەرتـوک و گۆڤـاری رەنگاوڕەنگی منـداڵان، لە ناو پەرتوکخـانەکەیـدا بوون.
جـوان سەیـرێکی منی کـرد و دەستی بۆ لای پەرتـوکەکـانی راکێـشا.
جوان: مامۆستاکـانم، هەڵاڵەی هاوپۆلم و هاوڕێی خۆشەویستم، هاتووە کە بە ئێوەی دڵـسۆز ئاشنابێت.. هـا هـەڵاڵە گیان ئێستا لە مەبەستی قسەکەی دوێنێم تێگەیشتی؟
وتم: بەڵێ جوان گیان، ئێستا زانیم مەبەستت لە مامۆستاکـانی ماڵەوەتان کێن.

جوان تێنووسێکیشی پێشانم دام، کە لەسەری نووسیبووی (گۆڵبژێرێ وشە و رستە جوانەکـان)
جـوان: من رۆژانە لە کاتژمێرێک زیاتر پەرتـوک و گۆڤـار دەخوێنمەوە، هەر وشە و رستەیەکی جـوانم لە خۆێندنەوەی بابەتەکانی پەرتوک و گۆڤارەکانم بەرچاو کەوتووبن، لەم تێنووسەدا نووسیویانم، لە کـاتی پێویستدا سوودێکی زۆرم لێوەرگـرتوون.
سوپاسی جوانم کرد، دوای ماوەیەک پێکەوە قسەکردن گەڕامەوە بۆ ماڵەوە.
بیـرۆکەکەم بۆ دایـکم و باوکـم باسکرد، داوام لێکردن، کە پەرتوکخـانەیەک و کۆمەڵێک پەرتوک و گۆڤاری منداڵانم بۆ بکڕن. هەردووکیان داواکەمیان زۆر پێخۆشبوو. هەر ئەو رۆژە چووین بۆ بازاڕ. پەرتوکخانەیەکی جـوان و بیست و پێـنج پەرتـوکی ئاسان و گۆڤـاری کوردی منداڵانمان کـڕی.

دەستم بە خوێندنەوە کـرد.. ژمارەی پەرتوک و گۆڤـارەکانیشم مانگ لە دوای مانگ زۆرتر دەبوون. دوای چـوار مانگ، هەستم کرد کە ئاستی رۆشـنبیریـم بەرزبۆتەوە و وشەکـانم زۆرتـر بوونە.. بـڕواشم بە توانـای خۆم کـرد. دوای ئەو ماوەیە، کە مامۆستای کوردیمان داوای نووسینی هـەر بابەتێکی داڕشتنی لێبکردینایە زیاتر لە دە دێڕم لەسەر دەنووسین، بە وشەی جوان و بە رستەی ناسک دەمەڕازانـدنەوە. بە دڵخۆشیشەوە لە پۆلـدا دەمخـوێندنەوە، ئافـەرین و دەستخۆشی مامۆستاکەمـان و چەپڵەلـێدانی هـاوڕێکانم بە دەسـت دەهـێنان.
لە پشووی هـاوینی رابردووشدا، هەلێکی زیاتـرم بۆ خوێنـدنەوە بۆ رەخسا. لەگەڵ جوانی هـاوڕێشم دا، هەفتەی جارێک دەچـووین بۆ بەشی منـداڵان لە پەرتوکخانەی گشتی شارەکەمان و پەرتوکی منداڵانمان دەخوازی و لە ماڵەوە دەمانخوێندنەوە.. تا ئەمڕۆش سەردانی بەشی منداڵان لە پەرتوکخانەی گشتی شارەکەمـان دەکـەین. لە ئێستادا، بـوومە بە هـاوڕێی هـەمیشەی پەرتـوک و خوێنـدنەوەش بـووە بە بەشـێک لە ژیـانم.
ئەمساڵ کە لە پـۆلی شەشەم دام.. هەست دەکـەم ئاستی رۆشـنبیری گشتی و توانای داڕشتن و گوزارشتکردنم لە گەڵ پارەکەدا، زۆر بەرزتر بۆنەتەوە. لە وانەی داڕشتندا، هـەموو جارێک لە دوای جـوانی هـاوڕێمەوە.. من هـەڵساوم و یەکسەر بە زاری گـۆزارشتم لەو بابەتانە کـردوون، کە مامۆستای کوردیمان داوای لێکردوویـن.
من و جـوان نیازیشمان وایە، لە ئەمـڕۆ بـەدواوە، چیـرۆک و هـۆنـراوە بۆ منـداڵان بنووسین، لە گۆڤـارە کوردییەکانی منـداڵانـدا بڵاویـان بکەینەوە.

نەرویـج: ٢٠٠٠




مه‌رگی په‌نابه‌رانی كورد له‌ كه‌مپی دوورگه‌كان

ماڵپه‌ری گاردیان بڵاویكرده‌وه‌ ، په‌نابه‌رێك له‌ ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو له‌ كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ران له‌ دوورگه‌ی ناورۆ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.
ماڵپه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كورده‌ ناوی فاریبورس كه‌ریمی بووه‌ و له‌ بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ خۆی كوشتوه‌ و پێش ئه‌و ڕووداوه‌ش چه‌ندین جاریش داوای هاوكاری ته‌ندروستی كردووه‌ چونكه‌ باری ده‌روونی ڕۆژ به‌ ڕۆژ خراپتر بووه‌.
به‌پێی ئاماره‌كان ، له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2012 ه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌مپانه‌ دووباره‌ له‌ دوورگه‌كانی ناورۆ و پاپانیوگینیا كرانه‌وه‌، 12 په‌نابه‌ر به‌ ڕووداوی جۆراوجۆر له‌ناویاندا خۆكوشتن گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ دووانیان به‌ڕه‌گه‌ز كورد بوون. ئه‌و په‌نابه‌ری تریش كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز كورده‌ له‌ شه‌وی 17 شوباتی ساڵی 2014 دا له‌ پێكدادانێكی نێوان په‌نابه‌ران و پۆلیسی كه‌مپه‌كه‌یاندا گیانی له‌ده‌ستدا.
په‌نابه‌رانی دوورگه‌ی ناورۆ و پاپانیوگینیا ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ویستویانه‌ به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بكه‌ن به‌ڵام ده‌ستگیركراون و ڕه‌وانه‌ی كه‌مپه‌كانی ئه‌و دوو دوورگه‌یه‌ كراون و هه‌رگیز له‌ ئوسترالیا نیشته‌جێ‌ ناكرێن. ئه‌و سیاسه‌ته‌ش بووه‌ته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی ڕێكخراوه‌كانی داكۆكیكار له‌ مافی په‌نابه‌ران و به‌ پێشێلكاری مافی ئه‌وانی ده‌زانن.

ئامادەکردنی: هەژار تەها