ديــــــن و عيلـــــــــــم … نووسينى: ئالبێرت ئاينشتاين


ئەم گوتارەى ئالبێرت ئاينشتاين لە لاپەڕەكانى 24-28ى بەرگى 9ى نۆڤێمبەرى 1930ى گۆڤارى نيويۆرك تايمز New York Timesدا بڵاو بووەتەوە. پاشان لە لا پەڕەكانى 36-40ى ئايدياز ئاند ئۆپينيەنز Ideas and Opinions ى 1954يش دووبارە بڵاو كراوەتەوە و لە لاپەڕەكانى 24-28ى كتێبەكەى ئاينشتاينيش كە بە ناوى “دنيا وەك چۆن من دەيبينم The World as I see it” هاتووەتە وەشاندن كە فيلۆسۆفيكەڵ لايبرى Philosophical Library، لە نيويۆرك لە 1949دا بڵاوى كردووەتەوە.

کورداندنى لە ئينگليسييەوە: طاهر طيب أحمد – پسپۆر لە وەرگێڕان

——————————————

هەر كەسێك كە بيەوێ لە بزووتنەوە ڕووحانييەكان و گەشەكردنيان تێبگات، دەبێ هەميشە ئەمەى لە بير بێ کە تا ئێستا، هەرچى ئينسان كردوويەتى و بيرى لـێ كردووەتەوە هەمووى بۆ ئەوە بووە ئەو پێويستييە مكومانەی خۆى ڕەباس بكات كە هەستى پێيان كردووە و لەو پێناوەش بووە کە بڕی خۆی پێ بشكێنێ و ئازارەكانى بڕەوێنێتەوە.

هەست كردن و شەيدا بوون، ئەو دوو هێزە هاندەرانەن کە هەموو سۆز و توانايەکانى داهێنان لە ناخى مرۆڤدا تەيار دەدەن و واى لێ دەکەن لە پەناى پەردەڕا ترۆپكى مەزنايەتيى توانستى خۆى پێشکێشمان بكات. باشە، ئەو هەستكردن و پێويستييانە چنە وايان لە ئينسانى كردووە هزرى ئايينى و باوڕ – بە واتا هەرە بەرفرەكەيەوە – بدركێنێت؟ لێ وردبوونەوەيەكى كەم بەسە تا ئەوەمان نيشان بدات كە زۆربەى هەرە زۆرى بنەمای پەيدا بوونی دين، ئەو سۆزانەن كە كاريان لە پەيدابوونى فيكر و خودی ئەزموونى دينى كردووە.
ئەوەى پەيوەندى بە مرۆڤى سەرەتايييەوە هەبێت ئەوەيە كە ترس لە پێش هەموو شتێكدا– ترسان لە برسيييەتى و لە دڕندە و لە نەخۆشى و لە مردن – هزرە ئايينييەكانيانى لە كن وەئاگا هێناوە. چونكە لەو سەردەمى هەبوون (وجود)دا، بە گشتى، تێگەيشتنى ئاستى پەيوەندييە هۆدارەكان causal connections خراپ گەشەی کردبوو، بۆيێ هزرى مرۆڤيش بوونەوەرى ئەندێشەيى هاوشێوەی ئەو ويست و چالاكييانەى جەستاندووە کە – كەم يا زۆر – بەو ڕووداوانە بەسترابوونەوە كە مرۆڤيان ترساندووە.
بەم جۆرە هەر كەسە و گەرەكييەتى بەرژەوەندی ئەم بوونەوەرانە بپارێزێت و بۆ ئەوەش وايان لێبکات کە لێی قايل بن، هەڵدەستێ كاريان بۆ ڕادەپەڕێنێ و ديارييان بۆ دەبات و قوربانييان بۆ دەکات. بە گوێرەی ئەو نەرێتەی لە نەوەيەكەوە بۆ نەوەى پاشى خۆى گواستراوەتەوە، وا تێگەيێندراون يان وا لێکراون كە ئەم کردار و قوربانييانە، لە پاش مردنێ، دێنەوە ڕێيان.
من لەم لايەنەوە، قسە لە دينێكى ترس a religion of fear دەكەم. هەر چەندە ئەمە دروست نەبووە، بەڵام خۆ ئەمە قۆناغێكی گرينگە و لە ئەنجامی پێکهاتەی چينێكی كەهەنووتى تايبەت سەپاوە. ئەم چينە خۆی بە ناوبژيوانی نێوانی خەڵك و ئەو بوونەوەرانە دەزانێت كە خەڵکەکە لێيان دەترسن و هەر لەم ڕێگەيەشەوە بندەستيان دەکەن. لە زۆر دۆخدا، سەركردەيێك يان فەرماندارێك يان چينێكى خانەدان كە پلە و پايەكانيان بە هەندێ بنەمای ترەوە بەندن، ئەركی مەلايەتييان دەگەڵ دەسەڵاتی عيلمانييان لێك گرێ دەدەن تا دەسەڵاتە عيلمانييەكەيان توندتر بكەن، يان سەرکردە سياسی و چينە دينييەکان هۆکارێكی هاوبەش لە بەرژەوەندی خۆيان پەيدا دەکەن تا تەختەکانى بن خۆيان بچەسپێنن.

ڕوودانی گۆڕانكارى توند و نەكاوى emergency ناو كۆمەڵ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئايين ڕوون ببێتەوە. باودايكان parents و سەركردەكانى كۆمەڵە گەورەترەكانى مرۆڤايەتى كەسانێكن دەمرن و غەڵەتيش دەكەن. ئارەزووى پەيدا کردنی ئامۆژگار و خۆشەويستی و پشتيوانی، وا لە مرۆڤ دەكات کە هزرى کۆمەڵايەتی يان مەعنەوی خودا، لە کنيان دروست ببێت. ئەمە ئەو خوداوەندە ئاگادارەيە کە دەپارێزێت و ڕێك دەخات و پاداشت دەداتەوە و تەمێش دەكات؛ ئەو خودايەيە کە بە گوێرەى سنوورى ديدى ئيماندارانی – ڕيز لە ژيانى خێل يان لە توخمی مرۆڤ دەگرێت و خودی ژيانيشی خۆش دەوێ و بايەخيشى پێ دەدات؛ لە دڵتەنگى و لە كاتى نيگەرانيدا ئاسوودەی دەکاتەوە؛ ئەم خودايەيە کە ڕووحى مردووان دەپارێزێت. بەم شێوە تێگەيشتنە كۆمەڵايەتييە يان مەعنەوييە خەڵکی لە خودا دەگات.
نووسينە پيرۆزەكانى جوولەكە بە ڕەهايى ئەوە ڕوون دەكەنەوە كە چۆن ئايين لە دينى ترسەوە بۆ دينى مەعنەوى گەشەى كردووە و گەشەكردنەكەش لە ناو ئينجيليشدا دەوامى بووە و نەوەستاوە. ئايينەكانى هەموو نەتەوەيێن پێشڤەچووی، بە تايبەتيش نەتەوە خۆرەڵاتييەكان، لە بنەڕەتدا دينى مەعنەوينە. پێشڤەچوون لە ئايينى ترسەوە بەرەو ئايينى مەعنەوى هەنگاوێكى گەورەيە لە ژيێ گەلاندا وەديهاتووە.

لـێ خۆ هێشتا دەبێت لە بەرانبەرى ئەوانە لە خۆمان وريا بين كە خۆيان هەڵدەكێشن و دەڵێن ئايينە سەرەتايييەكان بە تەواوەتى لە سەر بنەماى ترسن و ئايينەكانى نەتەوە پێشکەوتووەکانيش لە سەر بنەمايێكى پاكى مەعنەوى هاتوونە. ڕاستييەكەى ئەوەيە كە ئايينەكان، هەموو لە هەموويان، تێكەڵەى هەردووك چەشنن و بە پێی ئەم هاوێر کردنەشيان: لە ئاستە باڵاترەكانى ژيانى كۆمەڵايەتيدا، ئايينى مەعنەوى باڵادەست دەبێت.

ئەوەى كە لە هەموو ئەم جۆرە ئايينانەدا هەيە جەستەبەندی کەسايەتی anthropomorphic character هزری يەزدانەکەيانە. بە گشتى، تەنيا ئەو تاكە كەسانەى كە لە زگماكييەوە بەهرەدارن، بە تايبەتيش لەو كۆمەڵانەى كە بنەماى هزرى باڵايان هەيە، ئەوانە تا ڕادەيێكى بەرچاو لە ئاستى ئەم جۆرە فيكرانە بەرزتر دەبنەوە. دەگەڵ هەندێشدا، ئەو ئەزموونە دينييەی کە هی هەموويانە پايەى سێيەميشى هەيە – هەر چەندە ئەم پايەيە بە دەگمەن، شێوە پاك و خاوێنەكەى وەدەر دەكەوێت: من پێى يێژم هەستى ئايينى گەردوونزەدە Cosmic Religious Feeling.

زۆر ئەستەمە ئەم هەستە بۆ كەسێك ڕاڤە بكرێت كە بە هيچ شێوەيێك ئەمەى لە مێشكيدا نەبێت، بە تايبەتيش ئەگەر هزرى جەستەبەندى خودا anthropomorphic conception of God لە مێشكيدا دروست نەبوو بێت.
هەر تاكە كەسێك هەست بە نسکۆی ئامانج و ئارەزووەکانی مرۆڤ دەکات و هەستيش دەکات کە ئەو فەرمانە بەرز و قەشەنگانەى هەم لە سرووشت و هەم لە دنياى هزريشدا خۆيان پێشانی ئينسانی دەدەن، هەموويان گاڵتەجاڕينە.
بوونى تاكە كەس واى لێ دەكات هەست بە چەشنە زيندانێك بکات و دەيەوێ، بە يێك جار، لە هەموو ئەو گەردوونە زەبەلاحە تێبگات. سەرەتاكانى هەستپێکردنی ئايينە گەردوونييەكان لە دۆخە سەرەتاكانى گەشەكردندا ديارن، بۆ نموونە: لە زۆر لە هۆزانەكانى داود و هەندێ لە پيغەمبەرەكانى ديكەدا ئەمانە هەنە. شۆپنهاوەر لە نووسينە قشتەكانى خۆيدا پێمان يێژێت كە ئايينى بودى Buddhism توخمى فرە لەمە بەهێزترى تێدايە.

ئايينزانە بليمەتەکان لە هەموو سەردەمانێكدا بەمە ناسراون کە هيچ عەقيدەيێکی هەستی دينييان نەبووە، باوەڕيان بەمەش نەهێناوە کە خودا لە شێوەی مرۆڤ جەستەبەند بێت. بۆيێ نابينين هيچ پەرستگەيێك هەبێ ئەم چەشنە عەقيدەيەى پەرستنى ئينسان فێر بكات و بڵاوى بكاتەوە. جا ئەمەيە بە كورتى لە نێو زينديقانى هەموو سەردەمەكانى پێشوودا دەبينين كە هەندێك بەو هەستە ئايينييە هەرە بەرزانە ڕەباس بوونە و گەلـێ جارانيش هاوچەرخەكانيان contemporaries بە كافريان لە قەڵەم داون يانيش بە پير و پياوچاكيان ناسيون. لە بەر ئەم ڕووناكييەدا سەيرى بكەين دەبينين كە پياوانى وەك دێمۆكريتيس و فرانسيسى ئاسيسى و سپينۆزا فرە لە يێکتری نزيكن.

چۆن دەكرێت هەستى ئايينى گەردوونى لە كەسێكەوە بۆ كەسێكى ديكە بگوازرێتەوە، ئەگەر نەتواندرێ تێگەيشتنى خودايێك يان هزرێكى لاهووتى بە ڕەوانى بۆ کەسێك ڕاڤە بكرێت؟ بە بۆچوونى من گرينگترين ئەركى ئەدەب و زانست ئەوەيە، ئەم هەستە لە كن ئەوانەى باوڕى پێ دێنن وەئاگا بێنن و پاشانيش لە كنيان (هزريان) هەر زيندوو بهێلنەوە.

بەم شێوەيە دەگەينە تێگەيشتنێکى پەيوەندى عيلم بە دين کە زۆر لە پەيوەندييەكى ئاسايى جياوازترە. كاتێك كەسێك کێشەکە بە مێژوويی دەبينێت؛ بەو لايەدا دەچێت کە عيلم و دين، لەبەر هۆيێكى زۆر زەق، دوو دژەوەری ئاوهان كە “لە ناو يەك مەنجەڵدا ناكوڵێن.” ئەو پياوەى قەناعەتى تەواوى بە ياساى هۆبەندى هەڵسووڕانى گەردوونی the universal operation of the law of causation يەوە هەبێت، ناتوانێت تەنانەت بۆ يێك چركەيێكيش باوڕ بەوە بێنێت كە بوونەوەرێك هەيە دەست لە ڕێچكۆڵەى ڕووداوەكان وەردەدات – بەو مەرجەی کە ئەو کەسە، بە ڕاستی، گريمەى هۆبەندى hypothesis of causalityش بە هەند بزانێت. ئاخر ئەمە فڕى بە سەر دينى ترسەوە نييە بە ئاستەميش بايەخ بە ئايينى كۆمەڵايەتى يان ئايينی مەعنەوييەوە دەدات.

ناتوانێت لەبەر ئەو هۆيە ئاسانەی پێويستی دەرەکی و ناوەکى، کە کردارەکانی مرۆڤ ديار دەکات، ئەو خودايە وێنا بکات کە پاداشت دەداتەوە و تەمێش دەکات؛ چونکە ناکرێت بە هۆی ئەو کارانەی دەيانکات لە شتێكی بەستەڵەك پتر لە پێش يەزدان بەرپرسيار بێت. لەبەر ئەمەيە کە زانست بە مەعنەوييەتی تێکدەر خەتابار کراوە؛ بەڵام خۆ خەتابار کردنەکەش ناڕەوايە. پێويستە ڕەفتاری ئەخلاقی مرۆڤ لە سەر بنەمای توندی پەيوەندييە هاوسۆزی و پەروەردەيی و کۆمەڵايەتی و پێويستييەکانەوە دروست ببێت؛ بۆيێ بنەمای ئايينی پێويست نييە. ئەو مرۆڤەی کە دەبێت ترس و ئومێدی پاداشتەکانی دوای مردن بيگەڕێنێتەوە، بە ڕاستی مرۆڤێکی بەستەزمانە.

هەر لەبەر ئەمەشە کە هەميشە کەنيسەکان بە گژ زانستيدا چووينە و سۆزدارانی زانستييان تەمبێ کردووە. لە بەرانبەريشدا، من جەخت لەمە دەکەمەوە کە هەستى ئايينى گەردوونزەدە بەهێزترين و خاوێنترين هاندەری توێژينەوەی ئايينينە. تەنيا ئەوانەی لەم هەموو کۆششە بێ ئەندازەيە دەگەن و دەشزانن ئەو کارە پێشەنگە لە زانستی هزرەکی theoretical science بە بێی ئەم کۆششە نەدەکرا، هەر ئەمانە دەتوانن لە باڵادەستی ئەو هێزە بگەن کە لە دوورەوە وەك چەقی ڕاستەوخۆی ژيانە و تەنيا ئەو خۆی ئەم چەشنە کارەی پێ دەکرێت.

ئای لەم باوڕە هۆشمەندە گەردوونييە قووڵە و لەو شەيدا بوونی ئەو تێگەيشتنانەی کە هەرچەندە لە ڕەنگدانەوەيێكی کزی هزرييان تێنەپەڕاندووە، بەڵام لەم دنيايەدا دەرکەوتن؛ دەبوو کێپلەر و نيوتن چەندين ساڵی تر بمابانا تا بيانتوانيبا بە تەنيايی بنەما ميکانيکييە ئاسمانييەکانييان هەڵبوەشاندبايەوە! ئەوەی بە شێوەيێکی سەرەکی لە ڕێی دەستکەوتە کردەيييەکانەوە practical results ئاشنای توێژينەوەی زانستی دەبێت، بە ئاسانی تێگەيشتنێكی فيکری تەواو هەڵە لەو مرۆڤانە وەردەگرێت کە دنيايێكی گوماناوی گەمارۆی داون و ڕێيان بەو ڕووحە هاوشێوانە نيشان داوە کە سەتان ساڵە لە سەرتاسەری دنيادا پەرتەيان کردووە.

تەنيا ئەو کەسەی ژيانی خۆی بۆ ئەو ئامانجە تەرخان کردووە دەتوانێت لەو پاڵدەرە تێبگات کە هانی ئەو پياوانەی داوە و ئەو هێزەی داونەتێ کە هەرچەندە بێ شمار تووشی هەرس هاتوون، بەڵام هەر ڕاست ماونەتەوە و وێڵی ئامانجەکانيان بوون و لێيان نەتەوساونەتەوە. ئەمەيە ئەو هەستە ئايينييە گەردوونزەدەيە کە ئەم توانستە بە پياو دەدات. هاوچەرخێك دەڵێت، ناڕەوا نييە کە لەم سەردەمە کەرستزەدە materialisticی ئێمەدا تەنيا زانايانی کارا و منجڕ کەسانی ديندار و ڕاست بن.




هۆشیاری خود/ خودی هۆشیار …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

(هۆشیاری) ده‌لاله‌ت له‌ شت له‌خۆگرتن ده‌كات، هیچ هۆشیارییه‌ك به‌بێ مه‌عریفه‌ نییه‌، هه‌ر چه‌ند مرۆڤ زانیاری خۆی زێتر په‌ره‌ پێبدات، ئه‌وه‌نده‌ زێتر هۆشیاری هه‌ڵده‌كشێ. كه‌واته‌ هۆشیاری وشه‌یه‌كه‌ ته‌عبیر له‌ حاڵه‌تێكی عه‌قڵی ده‌كات، عه‌قڵێك كه‌ له‌ حاڵه‌تی كرانه‌وه‌ و ده‌رككردن و سنوربه‌زاندا بێت، عه‌قڵێك كه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ ئه‌ویدیكه‌ و زمان و ژینگه‌ی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش له‌ رێگای هه‌ر پێنج هه‌سته‌كانی مرۆڤه‌وه‌ به‌ ده‌ست دێت.

به‌ كورتی هۆشیاری مرۆڤ له‌ كۆی كرانه‌وه‌ی فیكر و ئه‌زموون و رامان و تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه‌ دێته‌ به‌رهه‌م، كه‌ له‌ باره‌ی من و ئه‌ویدیكه‌ و بیره‌وه‌ری و زمانه‌وه‌یه‌، یان ژینگه‌ و ده‌وروبه‌ره‌وه‌یه‌. به‌ڵام مه‌دلوله‌كانی هۆشیاری به‌پێی بواره‌كان ده‌گۆڕێت، ده‌شێ تێگه‌یشتنمان بۆ هۆشیاری پۆلینی چوار جۆر بكه‌ین: هۆشیاری هه‌ڕه‌مه‌كی، یان له‌خۆوه‌، ئه‌و هۆشیارییه‌ بنه‌مایه‌ بۆ هه‌ڵسانمان به‌ چالاكییه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی فیكری گه‌ره‌ك بێ، جگه‌ له‌وه‌ش رێگامان لێ ناگرێ له‌وه‌ی به‌ كارێكی دیكه‌ی فیكری هه‌ڵبسین. هۆشیاری رامانئامێز (التأملی): ئه‌و هۆشیارییه‌ پێچه‌وانه‌ی هۆشیاری یه‌كه‌مه‌ و پێویستی به‌ ئاماده‌یه‌كی فیكری و ده‌رككردن و یاده‌وه‌ریی هه‌یه‌، رێگاشمان پێ نادات ده‌ست بۆ هیچ چالاكیه‌كی دیكه‌ی فیكری به‌رین.

هۆشیاری پێشبینیكردن (الحدسی): ئه‌و هۆشیارییه‌ وامان لێده‌كات‌ كتوپڕ و راسته‌خۆ‌ ده‌رك به‌ شته‌كان بكه‌ین، یان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دروست بكه‌ین، یان بیانناسین، بێ ئه‌وه‌ی توانای به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌مان به‌ ده‌سته‌وه‌ بێ. هۆشیاری ستانداری ئه‌خلاقی: ئه‌و هۆشیاره‌ییه‌ كه‌ وامان لێده‌كات فه‌رمانی پشتڕاست له‌ باره‌ی شته‌كان و ره‌فتاره‌كان بده‌ین، جا چ قبوڵیان بكه‌ین یان ره‌تیان بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام راستی و ناڕاستی ئه‌و فه‌رمانانه‌ پشت به‌ یه‌قینه‌ ئه‌خلاقیه‌كان ده‌به‌ستێت. پرسیاری بنه‌ره‌تی ئه‌وه‌یه‌: هۆشیاری خودی چۆن به‌ ده‌ست دێت؟ هۆشیاری چۆن به‌سه‌ر دنیا و ئه‌ویدیكه‌ و زماندا ده‌كرێته‌وه‌؟ سنوره‌كانی مه‌عریفه‌ و سنوره‌كانی خودی كراوه‌ كامه‌یه‌؟

هۆشیاری وه‌ك بیركردنه‌وه‌ له‌ خود

هیگل پێیوایه‌ مرۆڤ تاكه‌ بوونه‌وه‌رێكه‌ (خود)ی خۆی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ بوونی له‌ بوونی شته‌ سروشتیه‌كان ده‌كات و به‌و مانایه‌ی كه‌ بوونی خۆی بۆ خودی خۆیه‌تی. به‌ڵام شته‌كانی دیكه‌ یه‌ك شێوه‌ له‌ بوونیان هه‌یه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ پێویسته‌ به‌و شێوه‌یه‌ بژی كه‌ بۆ خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ به‌ ئاراسته‌ی دۆزێنه‌وه‌ و ناسێنه‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی كاتێك راسته‌وخۆ ده‌یگاتێ و له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆی ده‌رده‌كه‌وێ! مرۆڤ له‌ رێگای لێكچوونی به‌ شته‌كانی ده‌ره‌وه‌، خۆی ده‌ناسێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ كار بۆ گۆڕینی شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌كات، چونكه‌ ده‌یه‌وێت خودی خۆی ئه‌و كاته‌ ببینێ، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ پراكتیزه‌ ده‌بێ. به‌ڵام چۆن خود ده‌توانێ نوێنه‌رایه‌تی خۆی بكات؟

دیكارت پێیوایه‌ (گومان) تاكه‌ رێگایه‌ بۆ به‌ یه‌قین گه‌یشتن! ئه‌وه‌ گومانه‌ وامان لێده‌كات ده‌وری خۆمان بده‌ین. دیكارت گومان له‌ هه‌موو شتێك ده‌كات، له‌وانه‌ش بوونی خۆی! بۆیه‌ ناتوانێ بڵێ جه‌سته‌ و ده‌روون هه‌مان خه‌سڵه‌تیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ئاشكرا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناتوانێ گومان له‌وه‌ بكات كه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك چۆن بیركردنه‌وه‌ تاكه‌ خه‌سڵه‌تێكه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ گومان دوور ناكه‌وێته‌وه‌. كه‌واته‌ ده‌شێ له‌ بیركردنه‌وه‌وه‌ ده‌رك به‌ سیفه‌تی پێشبینیكردنی بوونی (خود) بكه‌ین، به‌مجۆره‌ دیكارت توانی بڵێت: من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌م. لێره‌دا خود و بیركردنه‌وه‌ لێكدوور ناكه‌ونه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی خود له‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌وه‌ستێ له‌ بوون داده‌بڕێ.

به‌ڵام (هنری برگسۆن-Henri Bergson) رێژه‌ییه‌كانی هۆشیاری ره‌تده‌كاته‌وه‌! له‌ دیدی ئه‌ودا هۆشیاری ساته‌وه‌ختێكی هه‌ستی نییه‌، كه‌‌ به‌ شتێكه‌وه‌ به‌ند بێ، به‌ڵكو هۆشیاری درككردنی خود و شته‌كانه‌ له‌ به‌رده‌وامی خۆیدا. هۆشیاری كرانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ئێستا و رابردوو و داهاتوودا. به‌مجۆره‌ هۆشیاری پارچه‌ پارچه‌ ناكرێ بۆ ساته‌وه‌ختی دیاریكراو، چونكه‌ هه‌ڵقوڵین و به‌رده‌وامییه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی نێوان ساته‌وه‌خته‌كانی قوڕس ده‌كه‌وێته‌وه‌. له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌پرسین ئایا هۆشیاری ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی دنیا و ئه‌ویدیكه‌وه‌؟

هۆشیاری كرانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر دنیا و ئه‌ویدیكه‌دا

(ئیمانۆیل كانت Immanuel Kant 1724-1804) هۆشیاری بۆ خود و مه‌عریفه‌ له‌ یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و پێیوایه‌ (هۆشیاری خود‌) بۆ خۆیه‌تی وه‌ك بوونێكی ئه‌خلاقی، ئه‌وه‌ش به‌ مانای هۆشیاری ره‌ها بۆ شته‌كان ناگه‌یه‌نێت (واته‌ ئێمه‌ هۆشیارییه‌كی ره‌هامان بۆ شته‌كان نییه‌) ئه‌و قسه‌ له‌ هۆشیارییه‌ك ده‌كات، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پێش ئه‌زموونه‌وه‌، قسه‌ی له‌ هۆشیارییه‌كی ترانسدنتالیستی كرد، چونكه‌ ئێمه‌ شته‌كان له‌ خودی خۆیان (نۆمینه‌كان) پشتگوێ ده‌خه‌ین، به‌مجۆره‌ش هۆشیارییمان بۆ شته‌كان وه‌ك هۆشیارییه‌كی رێژه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام (هۆسره‌ل، ئه‌دمۆند Edmund Husserl 1859-1938) پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، پێیوایه‌ هۆشیاری هه‌میشه‌ نیازئامێزه‌ (هۆشیارییه‌ به‌ شتێك). چه‌مكی هوشیاری لای هۆسره‌ل ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌بوون و واتا پێكه‌وه‌ گرێ‌ دراون، چونكه‌ نه‌ شت به‌بێ‌ كه‌س بوونی هه‌یه‌ و نه‌ كه‌س به‌بێ‌ شت بوونی هه‌یه‌، شت و كه‌س له‌ راستیدا دوو رووی یه‌ك دراون. ره‌نگه‌ هۆشیاری خه‌یاڵكردن بێ، یان یادكردنه‌وه‌، یان بیركردنه‌وه‌یه‌كی لۆژیكی.. به‌ڵام هه‌میشه‌ روو له‌ شتێكه‌، كه‌ بیری لێده‌كه‌ینه‌وه‌. به‌مجۆره‌ هۆشیاری خودی كرانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر خود له‌ رێگای نیازێكی دیاریكراوه‌وه‌، هۆشیاری دنیایی هۆشیارییه‌كی نیازخوازانه‌یه‌ بۆ دنیا.

میرلۆپۆنتی هه‌وڵده‌دات هۆشیاری له‌و مه‌یله‌ فینۆمینۆلۆژیا ده‌ربكات، ده‌ڵێ هۆشیاری رێگا بۆ دنیا ده‌كاته‌وه‌، تا چاره‌سه‌ری ئه‌وانه‌ بكات، كه‌ له‌ رێگای ئه‌وه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون: دنیا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ خودی خۆیدایه‌ هه‌موو ئاراسته‌ و بزاوته‌كانی رێژه‌ییه‌، شتێكه‌ كه‌ پێیوایه‌ بوونی له‌ودا نییه‌. به‌ڵام خودی هۆشیار ناتوانێ-به‌مجۆره‌ بێ- ئه‌و كاته‌ نوێنه‌رایه‌تی ئاگایی خۆی ده‌كات كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو دنیاوه‌، لێره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی دیالیكتیكی له‌نێوان خود و دنیادا هه‌یه‌: چونكه‌ به‌بێ خود دنیا ده‌بێته‌ دنیایه‌كی بێ لا و بێ ره‌هه‌ند، به‌بێ دنیاش خود ناتوانێ خۆی به‌رجه‌سته‌ بكات. به‌ڵام ئایا رۆڵی ئه‌وانیدیكه‌ له‌ هۆشیاری خود چییه‌؟ سارته‌ر ده‌ڵێ ئه‌وانیدیكه‌ وام لێده‌كه‌ن هۆشیاری خودی به‌ ده‌ست بهێنم: من كاتێك ته‌نیا ده‌بم خودم ده‌خه‌مه‌ لاوه‌ و هیچ بیری لێناكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام كاتێ به‌ چاو هه‌ڵبڕینێك ئه‌وانیدیكه‌ ده‌بینم ته‌ماشام ده‌كه‌ن، شه‌رم له‌خۆم ده‌كه‌م، چونكه‌ بۆم ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ له‌ چاوی ئه‌ویدیكه‌وه‌ ته‌ماشای خۆم ده‌كه‌م. كه‌واته‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌وانیدیكه‌ وام لێده‌كات هۆشیاری خودی وه‌ك شتێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆم به‌ ده‌ست بهێنم. هه‌ر ئه‌ویدیكه‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ندێك بۆ به‌ بابه‌تكردنی خودی خۆم. به‌مجۆره‌ ئه‌ویدیكه‌ ئه‌و بوونه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌یه‌ كه‌ وام لێده‌كات خودی خۆم بكه‌مه‌ بابه‌تێك بۆ هۆشیاری.

سنوره‌كانی هۆشیاری

نابێ له‌ بیرمان بچێ كه‌ كۆی ئه‌و چاره‌سه‌رییانه‌ی بیریاران و فه‌یله‌سوفان بۆ ئیشكالیه‌تی هۆشیاری به‌ ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نن، هۆشیاری به‌ ساته‌وه‌ختی مێژووییه‌وه‌ به‌ند ده‌كه‌ن، هۆشیاری به‌ ئه‌زموونه‌وه‌ ده‌لكێنن، هۆشیاری ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی مه‌عریفی و نیگه‌رانی مرۆكانه‌، له‌و لۆژیكه‌وه‌ قسه‌كردنیان له‌سه‌ر سنوره‌كانی هۆشیاری جۆراوجۆر ده‌كه‌وێته‌وه‌.

بۆ نموونه‌ كارڵ ماركس هۆشیاری به‌و سه‌رخانه‌ (البنا‌و الفوقی) داده‌نێ كه‌ كۆی چالاكییه‌ مرۆییه‌كان ده‌یخه‌نه‌وه‌، وای بۆ ده‌چێ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین له‌ ده‌ره‌وه‌ی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و دواتر په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی هۆشیاری بكه‌ین. خه‌ڵك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆیان ده‌كه‌ونه‌ نێو په‌یوه‌ندییه‌ دیاریكراوه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌، ئیتر له‌وێوه‌ پله‌ی هۆشیاری جیاواز دێته‌ ئاراوه‌. هه‌ر له‌و لۆژیكه‌وه‌ ماركس ده‌ڵێ: هۆشیاری (بوون)ی خه‌ڵكی دیاری ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ (بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی)یه‌ هۆشیارییان دیاری ده‌كات. لای ماركس هۆشیاری ره‌نگدانه‌وه‌ی سلبیانه‌ی واقیع نییه‌، چونكه‌ بڕوای به‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیالیكتیكیه‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌: ده‌شێ هۆشیاری (هۆشیاری دروست) كار له‌ واقیع بكات، یان به‌شداری له‌ گۆڕینی واقیعدا ده‌كات، یان به‌شداری له‌ چه‌سپاندن و پیرۆزیدا بكات (نه‌ك هۆشیاری ساخته‌). كه‌چی (نیچه‌، فریدرچ ڤیلهیلم Friedrich Wilhelm Nietzsche 1844-1900) پێیوایه‌ ده‌شێ مرۆڤ ژیان به‌ سه‌ربه‌خۆیی و به‌بێ هۆشیارییه‌كی ته‌واو به‌سه‌ر به‌رێت. ئه‌گه‌ر ژیانی مرۆڤ قابیلی له‌ناوچوون بێت، به‌و مانایه‌ی ململانێ له‌ پێناو مانه‌وه‌ سنوره‌كانی دیاری ده‌كات، كه‌واته‌ مرۆڤ ناچاره‌ به‌ وشه‌ ته‌عبیر له‌ خۆی بكات، له‌وێشه‌وه‌ گه‌شه‌كردنی زمان و گه‌شه‌كردنی هۆشیاری به‌یه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بن.

به‌مجۆره‌ مرۆڤ كۆمه‌ڵێك وه‌هم بۆ خۆی هه‌ڵده‌به‌ستێ به‌ بۆیه‌ی حه‌قیقه‌ت ده‌ینه‌خشێنێ (وه‌ك ئه‌رك، لێپرسراویه‌تی، ئازادی….هتد) هه‌موو ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك وه‌همی له‌بیركراو شتێكی دیكه‌ نیین. به‌ڵام فرۆید به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر جیاواز ته‌ماشای ژیانمان ده‌كات. ژیانی مرۆیی لای ئه‌و له‌ چیایی سه‌هۆڵی (iceberg) ده‌چێ (ئه‌وه‌ی كه‌ دیاره‌ زۆر له‌وه‌ كه‌متره‌ كه‌ شاردراوه‌یه‌- پانتاییه‌كانی نه‌ست زۆر له‌ پانتاییه‌كانی هه‌ست به‌رفره‌وانتره‌‌) بۆیه‌ ئێمه‌ زۆر هه‌ڵه‌ین، ئه‌گه‌ر ته‌واوی ره‌فتاره‌كانمان به‌ هۆشیارییه‌وه‌ گرێ بده‌ین، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و كردانه‌ی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو هۆشیارییه‌وه‌، نه‌ به‌ ‌یه‌كه‌وه‌ به‌ندن و نه‌ قابیلی تێگه‌یشتنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچار بین و بڵێین هه‌ر ده‌بێ له‌ رێگای هۆشیارییه‌وه‌ حاڵی بین، ئه‌وه‌ له‌ به‌شێكی زۆری ره‌فتاره‌كانمان ناگه‌ین، ته‌نها ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ بۆ لایه‌نێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌روونیمان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، ئه‌ویش نه‌سته‌، ناهۆشیاریه‌.

به‌مجۆره‌ ده‌توانین بڵێین مرۆڤ ژیانێكی ئاوێته‌ ده‌ژی، چونكه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ هۆشیاری و ناهۆشیاری رۆڵێكی سێنترالیزمی تێدا ده‌گێڕن. ئه‌گه‌ر ناهۆشیاری بۆ زۆرێك له‌ ره‌فتاره‌ به‌ تایبه‌تی لاده‌ره‌كان، نه‌خۆشه‌ ده‌گمه‌نه‌كان زه‌روری بێ، ئه‌گه‌ر نه‌ست به‌شێكی گه‌وره‌ی پانتاییه‌كانی ژیانی مرۆڤی له‌خۆ گرتبێ‌، ئه‌وه‌ به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ ناشێ له‌بیرمان بچێ كه‌ ژیانی مرۆیی ئازادی و ویست و لێپرسراویه‌تییه‌، به‌و مانایه‌ش ده‌شێ‌ مرۆڤ له‌ رێگای به‌شێك له‌ هۆشیارییه‌وه‌ ره‌فتاره‌كانی خۆی هه‌ڵبژێرێت.




میتۆدی باشه‌ و خراپه‌ …2… غه‌مگین بۆڵی

به‌شی دووه‌م

ئه‌مجۆره‌ گوتاره‌ كه‌ ده‌ق به‌ پێوه‌ری باشه‌ و خراپه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت، ئه‌وه‌ نه‌ هیچ به‌هایه‌ك بۆ كاری ڕه‌خنه‌سازیی ده‌هێڵێته‌وه‌، نه‌ حورمه‌تێكیش بۆ به‌های ده‌ق. ئه‌مجۆره‌ زمانه‌ی بنووسیش كه‌ گوتاره‌كه‌ی پێ نووسیوه‌ له‌ هه‌ناوی هه‌مان میتۆدی خراپه‌وه‌ هاتۆته‌ بوون. ئه‌مجۆره‌ گوتارانه‌ له‌ خزمه‌ت ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌كات كه‌ ده‌شێت به‌ سیسته‌می سڕینه‌وه‌ ناوی بهێنین، كه‌ ئامانج له‌و سیسته‌مه‌ هه‌تكردنی زمانی ڕه‌خنه‌ و ئه‌ده‌بی كوردییه‌ و هه‌میش خزمه‌تكردنه‌ به‌ زمانی ڕاگه‌یاندنه‌كانی حزب و گوتاره‌كانی ئاینی له‌ ڕۆژی هه‌ینیدا. ئه‌وه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌زموونی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی بنووس كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (هه‌ولێر) به‌ناوی (ئارام كۆشكی)یه‌وه‌ كاری هه‌واڵنووسین و ڕاڤه‌كردنی كتێب و ڕاپۆرتنووسین ده‌كات.**
ئه‌مجۆره‌ نووسینانه‌یش درێژكراوه‌ی هه‌مان ئه‌زموونن، وه‌لێ به‌ قه‌باره‌ی زیاتر و خه‌ساركردنی لاپه‌ڕه‌ی زیاتر. هه‌روه‌ها له‌ قالبدانی چه‌ندان هه‌واڵ و بابه‌ت و ڕاڤه‌كردنی كتێب له‌ قاوغی هه‌مان گوتاری سواو و گوتراوی پێشوه‌خته‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری كۆی نووسینه‌كانی بنووس بكه‌ین ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه‌ له‌ كۆی نووسینه‌كانیدا ناگه‌ین به‌ شتێكی تازه‌.

واته‌ وه‌ك خوێنه‌رێك وه‌به‌ر بۆچوونێكی تازه‌ و دیوێكی شاراوه‌ی ده‌قه‌كانی شاعیرێكمان نیشان نادات. لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم بپرسم، ئایا له‌م نووسینه‌دا كام میتۆدی تازه‌ی ئه‌ده‌بیاتت به‌كار هێناوه‌؟ ئاخر میتۆد به‌ر له‌وه‌ی پرۆژه‌ی نووسین بێت، پرۆژه‌ی بیركردنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی جددییه‌. ئایا به‌و جۆره‌ میتۆده‌ خوێنه‌ر ده‌توانێت بیر له‌و چه‌مكانه‌ بكاته‌وه‌؟ ئاخر ئه‌وه‌ هێزی میتۆده‌ وامان لێ ده‌كات زیاتر بیربكه‌ینه‌وه‌ و بۆ هه‌ر په‌ڕه‌گرافێك زیاتر قووڵ ببینه‌وه‌ و بۆ هه‌ر چه‌مكێكیش زیاتر بگه‌ڕێن. ئایا بنووس له‌م گوتاره‌ سواوه‌یدا ئه‌وه‌ی كردووه‌؟ ئایا ئه‌مجۆره‌ نووسینه‌ جگه‌ له‌ دروستكردنی وه‌همی شاعیرێكی دیكه‌ و دروستكردنی درۆی ڕووت، چی به‌ خوێنه‌ران به‌خشیوه‌؟

ئایا نووسین ده‌بێت له‌ پێناوی نووسین بێت، یان له‌ پێناوی زمان و بیركردنه‌وه‌؟ نووسه‌ر ده‌بێت ئامانجی یه‌كه‌می زمان بێت و له‌ ڕێگه‌ی هزری زمانه‌وه‌ قووڵ ببێته‌وه‌ و ئازاد بێت، دواتریش وه‌به‌ر شتی تازه‌ بكه‌وێت و ئه‌زموونیان بكات، نه‌وه‌ك ئامانجی ته‌نیا نووسین بێت له‌ پێناوی نووسین. ئه‌مجۆره‌ له‌ زمانی نووسین، زمانێكی په‌رش و بڵاوه‌ و خۆی به‌ هه‌موو شتێكدا ده‌دات و باسی هه‌موو شتێكیش ده‌كات، وه‌لێ له‌ كۆتاییدا خوێنه‌ری هۆشیار هیچی له‌لا به‌جێنامینێت. واته‌ گوتارێكه‌ هه‌موو گوتراوی ئاماده‌ و پێشوه‌خته‌ی تێ ده‌ئاخرێت و هیچ ناڵێت شیاوی گوتن بێت،چونكه‌ ئه‌مجۆره‌ گوتاره‌ له‌ ڕوخساردا وادیاره‌ هه‌مووشتێك ده‌ڵێت، كه‌چی هیچیش ناڵێت. چۆن ئه‌مجۆره‌ نووسینه‌ باسی هه‌موو شتێك ده‌كات ته‌نیا بابه‌تی به‌رباس نه‌بێت، یان باسی هه‌موو شتێك ده‌كات و حه‌قی ته‌واو به‌ هیچیشیان نادات.

چۆن ئه‌مجۆره‌ زمانه‌ درێژكراوه‌ی فیكری زمانی كادیرانی حزبه‌، ئه‌و زمانه‌ی كه‌ هێنده‌ی ئامانجی ئیهانه‌كردنی به‌رانبه‌ره‌، هێنده‌ ئامانجی دامه‌زراندنی بنه‌مایه‌كی ڕه‌خنه‌یی نییه‌. ئه‌مجۆره‌ زمانه‌ هێنده‌ی له‌ گوتارێكی هه‌ڕه‌شه‌كردن نزیك ده‌بێته‌وه‌، هێنده‌ گوتارێكی ئه‌ده‌بیی نییه‌. ئایا له‌ كوێی گوتاری ئه‌ده‌بیاتی دونیادا هه‌بووه‌، ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی جنێو و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ نووسه‌ری ده‌ق بكات؟ ئایا ئه‌وه‌ هه‌مان فیكری گوتاری سیاسیی كوردی و ئایینی نییه‌؟ ئه‌گه‌ر نییه‌ ده‌كرێت بنووس پێمان بڵێت: چییه‌؟ گوتاری ئێستای سیاسه‌تی كوردی، هێنده‌ی گوتارێكی تێكده‌ر و ڕووخێنه‌ر و تۆمه‌ت دروستكردنه‌، هێنده‌ گوتارێكی بنیاتنه‌رانه‌ و پاك نییه‌. بنووس ئێستایش به‌ فیكره‌یه‌كی سواوه‌وه‌ به‌ میتۆدی باش و خراپ ده‌ق هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.

لێره‌دا ده‌پرسم، ئایا هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌ به‌مجۆره‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا نیوسه‌ده‌ زیاتره‌ كاری پێ ده‌كرێت؟ ئایا ده‌كرێت ئاماژه‌ به‌و میتۆده‌ بده‌یت كه‌ به‌و میتۆده‌ ده‌قه‌كانت هه‌ڵسه‌نگاندبێت؟ ئایا به‌جددی بڕوات به‌ زانستی ڕه‌خنه‌سازیی هه‌یه‌؟ ئایا میتۆد به‌لای تۆوه‌ چییه‌ و چۆن كاری پێده‌كه‌یت؟ ئایا ئه‌وه‌ كاری چی ڕه‌خنه‌گرێكه‌ ڕێنمایی ئه‌ده‌بی ده‌ر بكات؟ ئایا له‌ دونیای ئه‌ده‌بیاتدا، شتێك هه‌یه‌ به‌ناوی ڕه‌خنه‌یی ڕێنمایی؟ بنووسێك كه‌ ساڵانه‌ كتێب ده‌خاته‌ ناو كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌، ده‌لوێت به‌ نووسه‌رێك بڵێت بیرنه‌كه‌ره‌وه‌ و دواتریش ڕاڤه‌ له‌باره‌ی شیعرییه‌كانیه‌وه‌ بكات؟ ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌ بوونی نه‌بێت، ئایا بوونی ده‌ق له‌ كوێدایه‌؟ ئایا دروسته‌ له‌باره‌ی (ده‌قی شاعیری بیرنه‌كه‌ره‌وه‌وه‌).
(2) بنووسین؟ ئاخر ده‌بێت به‌ر له‌ نووسین بزانین هه‌موو ده‌قێك به‌ پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌دا تێده‌په‌ڕێت و هیچ ده‌قێك به‌ده‌ر نییه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌. بنووس نووسیویه‌تی: ” پێویستمان به‌ نه‌ریتی ڕه‌خنه‌ییه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعری كوردی و ده‌ستبخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و كۆپیكارییه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی…”
(3) ئایا ده‌كرێت بزانین نه‌ریتی ڕه‌خنه‌یی چییه‌؟ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ساڵانێك خۆی به‌ كاری ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ هه‌ڵواسیبێت، ناشێت چه‌مكێك به‌بێ بیركردنه‌وه‌ و قووڵبوونه‌وه‌ لێی فڕێ بداته‌ ناو نووسینه‌وه‌! ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ كولتووری ڕه‌خنه‌یی بێت، ئه‌وا جیاوازه‌ له‌ نه‌ریتی ڕه‌خنه‌یی… ئایا له‌ نێوان په‌یڤی نه‌ریت و كولتووردا جیاوازیی ده‌كه‌یت، یان هه‌ردووكیان هاوواتان؟ ئایا هه‌ر به‌ڕاست له‌لای تۆ نه‌ریت چییه‌؟ ئایا هه‌ر به‌ڕاست نه‌ریت كولتووره‌؟ ئایا چۆن له‌ نه‌ریت تێگه‌یشتوویت؟ ئایا ده‌ته‌وێت به‌ “نه‌ریتی ڕه‌خنه‌یی” چی بڵێیت؟

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ڕسته‌یه‌دا ده‌وه‌ستم. بنووس هه‌ردووك وشه‌ی ” كاریگه‌ریی” و “كۆپیكاریی” تێكه‌ڵ ده‌كات. ئایا ئه‌وانه‌ له‌ ڕووی چه‌مك و چییه‌تییه‌وه‌ یه‌ك مانایان هه‌یه‌؟ دواتر ئه‌گه‌ر پێوه‌رێك له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌بێت و زانستی بێت، تیۆری كاریگه‌ریی و زانستی ده‌قئاوێزانییه‌. ئایا لێره‌دا زانستی ده‌قئاوێزانی بوونی نییه‌؟ ئه‌رێ زانستی ده‌قئاوێزانی به‌لای بنووسه‌وه‌ مانای هه‌یه‌ و چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئایا بنووس چۆن له‌ چه‌مكی كاریگه‌ریی تێگه‌یشتووه‌؟ ئایا كاریگه‌ریی به‌ وشه‌یه‌ك یان بابه‌تێك ڕووده‌دات؟ ئایا ده‌توانین به‌ شاعیرێك بڵێین ئه‌و بابه‌ته‌ت له‌م شاعیره‌ بردووه‌ و تۆ له‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌ودا ده‌نووسیت؟ ئایا بابه‌ت ده‌بێته‌ موڵكی یه‌ك شاعیر؟ ئایا كاریگه‌ریی له‌ رێگه‌ی بابه‌ت و وشه‌وه‌یه‌، یان له‌ رێگه‌ی زمان و ڕسته‌چنینه‌وه‌یه‌؟
با سه‌یری ئه‌و رسته‌یه‌ش بكه‌ین و دواتر له‌ باره‌یه‌وه‌ بپرسین: ” ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی ڕامبۆ و بۆدلێر و مالارمێی به‌ ئێمه‌ گه‌یاندووه‌، قه‌تیسبوون نه‌بووه‌ له‌ مێژوویه‌كی دیاریكراودا.”

(4) ئایا ده‌كرێت ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی شیعره‌كانی ئه‌و شاعیرانه‌ بكه‌یت، یان مه‌به‌ستته‌ به‌ خوێنه‌ران بڵێیت: ئه‌وانه‌یش ده‌ناسیت؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ته‌نیا ناو ڕێزكردنی ئه‌و شاعیرانه‌ نییه‌، بفه‌رموو چه‌ندان كۆپله‌ له‌ شیعره‌كانی شاعیر (مالارمێ) مان بۆ بنووسه‌. ئایا به‌ شیعری مالارمێ ئاشنایت، یان ئه‌وه‌ته‌ به‌ ته‌نیا به‌ناوی مالارمێ؟ ئایا كامه‌ كتێَبی شیعری مالارمێت خوێندۆته‌وه‌؟ ئایا كامه‌ كتێبی شیعری مالارمێ كراوه‌ به‌ كوردی؟ بنووسی به‌ڕێز هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێك بئاخنێته‌ ناو نووسینه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی نووسینه‌كه‌ گه‌وره‌ ببێت و لاپه‌ڕه‌ی زیاتر خه‌سار بكات. هه‌ر بۆیه‌یش زۆربه‌ی پێشه‌كیی گوتاره‌كانی گوتراوی ئاماده‌ن و سواون و به‌رده‌وام له‌ كۆڕ و سیمینار و بابه‌تی بڵاوكراوه‌ و نووسینی ئه‌ده‌بی كوردیدا دووپات ده‌بنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م په‌ڕه‌گرافه‌ی بكه‌یت زیاتر ئه‌و گوتراوه‌مان بۆ ڕوونتر ده‌بێته‌وه‌. ” ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌زموونه‌كانی شیعری كوردی وردبینه‌وه‌، له‌ شاعیرانی كلاسیكه‌وه‌ تا ڕوانگه‌ و شاعیرانی دوای ڕاپه‌ڕین، هیچ كام له‌م شاعیرانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دروست و به‌دیدێكی ڕه‌خنه‌یی فراوانه‌وه‌ ده‌قه‌كانیان هه‌ڵنه‌سه‌نگێنراوه‌.”

(5) ئایا ئه‌وه‌ قسه‌ی ڕه‌خنه‌گرێكه‌ كه‌ ساڵانه‌ چه‌ندان كتێب به‌ ناوی ڕخنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ بخاته‌ ناو كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ گوتراوێكی سواو و چه‌ندانباره‌ی ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردی چیتره‌؟ ئایا ئه‌وه‌ قسه‌ی هه‌موو خوێنه‌رێكی شیعریی نییه‌؟ ئایا شتێكی تازه‌ له‌م په‌ڕه‌گرافه‌دا هه‌یه‌ و خوێنه‌ر بۆ یه‌كه‌مجاریی بێت بیخوێنێته‌وه‌؟ ئایا بنووس ده‌یه‌وێت چی بڵێت و تازه‌ بێت؟ ئایا به‌جددی ئه‌وه‌ لۆژیكی زمان و فیكری ئه‌ده‌بیاته‌ كه‌ ئه‌و شتانه‌ به‌رده‌وام بڵێته‌وه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامی گوتراون، یان ئه‌وه‌ لۆژیكی خودی ئایینه‌كانه‌؟ هه‌روه‌تریش، ئه‌گه‌ر ئه‌م گوتراوه‌ سواوه‌یش وه‌رگرین به‌ده‌ر نییه‌ له‌ پرسیاركردن. ئایا قسه‌كردن به‌م شێوه‌ ڕه‌هاییه‌ بۆ كاری ڕه‌خنه‌گریی دروسته‌؟ ئایا ئه‌گه‌ر شاعیرێك له‌ گروپی (ڕوانگه‌) وه‌رگرین، بۆ نموونه‌: (شێركۆ بێكه‌س)، ئایا به‌دیدێكی ڕه‌خنه‌یی ده‌قه‌كانی تا ئێستایش هه‌ڵنه‌سه‌نگێنراون؟ ئایا كام شاعیری كورد هه‌یه‌، هێنده‌ی شیركۆ بێكه‌س ده‌قه‌كانی به‌ر ڕه‌خنه‌ ئه‌ده‌بی و دیدی جیاواز كه‌وتبێت؟ ئایا ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ قسه‌فڕێدان چیتره‌؟ بنووس له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مۆدێلی باش و خراپ به‌كارده‌هێنێت و خاوه‌ن دیدگه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی قووڵ نییه‌ و ناتوانێت له‌ناو چه‌مكه‌كاندا بیر بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری ده‌ق ده‌كات و له‌ گوتارێكدا سه‌دانجار گوتراوه‌ سواوه‌كان دووباره‌ و دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌. نووسه‌ر و ڕه‌حنه‌گری ئێرانی (ڕه‌زا به‌راهه‌نی) له‌ كتێبی ( خولیای نووسین) دا ده‌ڵێت: ” ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نووسه‌ران به‌ دووبه‌ش داده‌نێن و ده‌ڵێن: نووسه‌رانی ڕه‌شبین و گه‌شبین، زه‌بوونترین و به‌دڕه‌وشترین خه‌ڵكی ڕۆژگارن. ده‌بێت ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌سه‌ر ئاخوڕی ئه‌خلاق ببه‌ستییه‌وه‌، تاكوو ده‌ست بكه‌ن به‌ كاوێژی چاكه‌ و خراپه‌” .(6).




ڕەهەندی سکیۆلاری دوعا … کارا فاتیح

پاڕانەوە و دوعای جۆراوجۆر لە کاتی جیاجیا و بۆ فرە مەبەست، لە ڕەهەندی و خورافی و ئایینەوە، بە هۆی بەهێزییان لە نەستی کۆدا لە پاڵ ئەم دوو ڕەهەندە دێرینە ڕەهەندێکی کەلتوورییشیان وەرگرتوە و بوونەتە بەکارهێنانێکی گشتی بۆ حاڵەت و بۆنەی دیاریکراو و تایبەت و هەمەجۆر و بەشێکی گەورە لە کەلتووری زارەکی و قسەکردن پێک دەهێنن. پاڕانەوە و دوعاکردن لە پانتایییەکی بەرفراوان بە کار دەهێنرێن و بۆ زۆربەی خەون و هیوا و خۆزگە و چاوەڕێکردن و پێشبینیکردن بۆ ئاییندە و… هتد،ـەکانی مرۆڤ پەنا بۆ دوعاکردن و پاڕانەوە براوە و ئێستایش وەک دیاردە و ڕاهاتن لە سەر زاری زۆرینەی زۆر (گەر نەڵێین هەموو) مرۆڤێکە.

پاڕانەوە و دوعاکردن لە پاڵ دیوە ئایینییەکەدا، لە ڕووی دەروونییەوە دەکرێت وەک هەوڵی مرۆڤ بۆ نەرمکردنەوەی زبریییەکانی ڕێگەی ژیانی بێت و هەست بکات بە ژێر تیشکێکی میهرەباندا ڕێ دەکات و ئەوەی دەیبینێ و دێتە ڕێی مانادار و بەهادارتر بێت، بەم هۆیانەیشەوە مرۆڤ ئەزموونی ئیرادەی خۆی بەهێز بکات، بەڵام کە پاڕانەوە و دوعاکردن دەکرێنە عادەت، وەک نەریت و موجامەلە و پڕکردنەوەی ناکاراییی زمان لە تەعبیر لە فیکر و بیرکردنەوە بە کار دەهێنرێن، ئیتر دوعا و پاڕانەوە ئەو ڕەهەندە لە دەست دەدەن کە لە پشت دەروونێکی پتەوەوە دەوەستن و ئیرادەی مرۆڤ بە هێز دەکەن، بۆیە پاڕانەوە دوعاکان دەبن بە:

1- گۆڕینی کار بۆ نیەت، ڕاستە دەکرێت هەموو کارێک سەرەتا نیەت بێت، سەرەتا بیرێک، مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی کارێك دەجووڵێنێت، بەڵام نیەتی بێ کردار، بوونی ئومێدێک بێ جووڵە و هەوڵ، خەونێک بێ گەشت و سەرکێشی بریتییە لە نیەتێکی پاسیڤ و خەونێکی مردوو و ئومێدێکی بێ گیان، هەموو ئەمانیش لەو دوعا و پاڕانەوانەدا بە تەواوی بەرجەستەن کە وەک عادەت بە سەر زاراوەن: خوایە، ئەم زوڵمە قەبووڵ نەکەیت. خودایە زاڵمان لە ناو بەریت. خودایە بۆ خاتری ناوە جوانەکانی خۆت ئەم دز و مافیایانەمان لە کۆڵ بکەیتەوە… هتد.

2- دوعا و پاڕانەوەکان وەک جۆرێک ڕێز بە کار دێن، بەڵام ڕێزێکی حەقیقی نا لە مرۆڤ، بەڵکوو تەنها نماییشێکی پێویست یان ناچاری یان ئامانجدار بۆ خۆناساندن وەک کەسێکی مرۆڤدۆست و ئیجابی و چاکەخواز. ڕێزی ڕاستەقینە ڕێزە لە مرۆڤێکی خاوەن بەها و مافی گەردوونی، ڕێزگرتن لە مرۆڤ داننانە بە مافی هەنووکەیی مرۆڤ و وەلانانی هەر بەربەستێک لە بەردەم ئازادی و ژیانی. لەحزەیەکی ئێستایییە و کار و جووڵەی ڕووبەڕوو و دەمودەست پێشکەش دەکات، بەڵام ڕێزی ناو دوعا و پاڕانەوەکان ڕەوانەکردنی کۆمەڵێک وشەی بێ کردارن بۆ داهاتوو، قسەن و نابنە چالاکی، ڕێزن بەڵام ڕێزێکی پاسیڤ کە هیچ ئەکتێک لە خۆ ناگرن و تەنها بە نماییشی دەمێننەوە: لە خودا داواکارم تەمەندرێژ و سەرکەوتوو بیت. خودا ڕەحمەت پێ بکات و شیفای دەردت بنێرێت… هتد.

3- پاڕانەوە و دوعا بە زمانێکی دینی تەنها داوا دەکات، داواکاریش سیفەتێكی ناچالاكی هەیە، ئەوەی داوا دەكات، تەنها دەخوازێت و دەپاڕێتەوە بەڵام كاریان بۆ ناكات یان زەحمەتە هەوڵیان بۆ بدات، بۆیە داواكاران لێرەدا بكەر نین، پاسیڤ و لەكارداماڵراون، داواکاریی بێ هەوڵ دەبنە جۆرێک لە دروشم، دروشمیش پەیامێكی بێ قورسایی و ناوەرۆكە، یان ناوەرۆکێکی پوچی هەیە، چونكە دروشم هەمیشە پەیام لە ئاستی زارەکی و قسەدا دەهێڵێتەوە و نایگۆڕێت بۆ كردار: خودایە ستەملێکراوان بە سەر ستەمکاراندا سەر بخەیت. خودا لەگەڵ هەژارانە…. هتد.

4- پاڕانەوە و دوعاکردن، هەمیشە یان بەزۆری زمانێکی دینیی هەیە، هەمیشە بە شێوەیەکی میکانیکی زمان و بیركردنەوەی مرۆڤ دەخاتەوە باوەشی دیدی میتافیزیکی و ئایینی و خەون و ئامانج و کارەسات و ئاییندەی مرۆڤ دەخاتە ناو دەستێکی دوور و نەبینراو، ئەمەیش وەک عەڵقەیەکی بەهێزی ئەو پرەنسیپە تۆتالیتارییە کار دەکات کە خەونی تاک لە ناو کۆبیرکردنەوە و گشتخوازیدا دەتوێنێتەوە و دەسەڵاتی گۆڕانکاری کوێر یان لاواز دەکات.

5- لە هەموو ئەم خاڵانە گرینگتر پاڕانەوە و دوعاکردن، مرۆڤ لە سەر ئەوە ڕادەهێنێت کە ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان وەک ڕووداوگەلی سروشتی ببینێت، وەک ئەوەی هێزی بانسروشتی لە پشت ئەو ڕووداوانەوە بن و خوڵقاندبنی، ئەمەیش خۆبەخۆ لە خزمەت بکەرانی ڕاستەقینەی ئەو ڕووداوانەن و هاوکات دەستی مرۆڤ کورت و بێهێز دەکات لە ئاست بەرگرتن بەو ڕووداوانە و گۆڕینی ئاراستەکانیان و کۆتاییهێنان بە کارەسات و سزادانی بکەر و تاوانباران.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ناکرێت پاڕانەوە و دوعا ڕەهەندێکی سکیۆلار و دونیایییش وەربگرن؟ وەڵام بەم پرسیارە هەر (بەڵێ)یە، چونکە پاڕانەوە و دوعاکردن مادام بەشێکی پتەو بن لە کەلتووری زارەکی و بەپتەوی لە نەستدا جێگیر بوووبن و بە‌هێزەوە و زووزوو لە ئاخاوتن و ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بێنە سەر زار، بۆیە پێویستە ئەم نەریتە زارەکییە ڕەهەندێکی سکیۆلاری تێدا بەهێز بکرێت، ئەویش بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەو خاڵە نێگەتیڤییانەی ئاماژەیان بۆ کرا، پاڕانەوە و دوعاکردن بکڕێنە پاڵنەر بۆ بەهێزکردنی ئەزموونی ئیرادە، بکرێنە خۆراکی ئەو عەشقە دونیایییەی دەیەوێت مانا بە جیهان بدات و لە ڕەنگڕێژکردنی چارەنووس ڕۆڵی هەبێت.




له‌ یادی ساڵوه‌گه‌ری تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ دا ن … كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

ئێستا وه‌كو خه‌ون دێته‌وه‌ یادم ساڵی 1977 ده‌قاو ده‌ق به‌رواره‌كه‌م له‌بیر نیه‌ به‌ڵام مه‌زنده‌ ده‌كه‌م مانگی شه‌ش بێ ئه‌و كاته‌ی له‌ گۆره‌پانی قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ سه‌رجه‌م قوتابیانی قوتابخانه‌وه‌ستا بووین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ئه‌زموونه‌كانی كۆتایی ساڵ پێش دانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان مامۆستا زرار له‌ نێو گۆره‌پانی قوتابخانه‌ له‌ وته‌یه‌كی كورتدا گووتی: به‌نیازم تیپێكی مۆسیقا دابمه‌زرێنم و خوولێكی موسیقا ده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ ئێوه‌ حه‌ز ده‌كات یان ئاره‌زووی فێر بوونی مۆسیقای هه‌یه‌ باناوی خۆی بنوسێت..له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له‌م قوتابخانه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌ستی مامۆستا زرار به‌شداری چه‌ندین ئۆپه‌رێت و شانۆگه‌ریم كردبوو بۆیه‌ حه‌زو و ئاره‌زووم زیاتر بۆ شانۆ ده‌چوو نه‌وه‌ك مۆسیقا،هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ش من ناوی خۆم بۆئه‌و خووله‌ نه‌نوسی به‌ڵام هه‌رگیز له‌ خووله‌كه‌ دوور نه‌بووم هه‌رده‌م هامووشۆی خووله‌كه‌م ده‌كرد له‌ نیگارگایه‌كه‌ی(مه‌رسم) مامۆستا زار له‌ نهۆمی دوومی قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ بوو كه‌ جگه‌ له‌ موزیك چه‌ندین خوولی تریش هه‌ر له‌سه‌رده‌ستی مامۆستا زار هه‌بوو وه‌كو خۆش نووسی ، جوانكاری..ئه‌م ژووره‌ هونه‌رییه‌ ته‌نیاپه‌یمانگایه‌كی هونه‌ری نه‌ بوو به‌ڵكو قوتابخانه‌یكی كوردایه‌تیش بوو هه‌رده‌م ئامۆژگای ئێمه‌مانی ده‌كرد كه‌ چۆن خاك و كورد وكوردستانمان خۆش بوێت فێری كردین هه‌رده‌م خاوه‌ن هه‌ڵویست بین هه‌رئه‌م په‌روه‌ده‌ش بوو دوای راپه‌رینی 1991 كوردستان ده‌ركه‌وت زۆر به‌ی ئه‌ندامان وه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌ رێكخستنه‌كانی حزبه‌كان بوون به‌ڵێ ئه‌م نیگار گایه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندێكی گشتگیر به‌رێوه‌ ده‌چوو له‌هه‌مووی سه‌یرتر پێداویستیه‌كانیش وه‌كو ئامێری موزیك و كه‌رسته‌كانی خووله‌كه‌ هه‌ر له‌ ئه‌ستۆی خودی بوو بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك یان لایه‌نێك هاوكاری ئه‌و زاته‌ بكات ، بگره‌ هه‌ندێك كه‌س به‌ چه‌ندین شێواز ده‌بوونه‌ كۆسپ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژیه‌یه‌ سه‌رنه‌كه‌وێت به‌ڵام مامۆستا زرار بێگوێدانه‌ ئه‌م و ئه‌و له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام بوو .

دوایی هه‌وڵ و كۆشش و هه‌وڵ و ماندوو بوونێكی زۆر له‌ 1977/7/1 له‌ سه‌ر ده‌ستی مامۆستای پایه‌به‌رز هونه‌رمه‌ند (زرار محمد مسته‌فا) تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ هاته‌ دامه‌زراندن و رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو له‌ خزمه‌تكردنی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی مۆسیقا له‌ شاری رواندز و ته‌واوی كوردستان.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌سه‌ر توانای خۆی بێئه‌وه‌ی كه‌سێك یان لایه‌نێك هاوكاری بكات توانی پۆلێ له‌ هونه‌رمه‌ندانی موزیك پێیگه‌ێنێت كه‌ئێستا رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ گۆرپانی هونه‌ری موزیكی كوردستان، به‌ڵێ 41 ساڵ به‌ر له‌ئه‌مرۆ ئه‌م تیپه‌ دامه‌زارا توانی له‌ ماوه‌یه‌دا چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی وه‌ك (سیروان سیرینی ، شێرزاد حه‌یده‌ری، چه‌تۆ نه‌ورۆز ، ئامانج غازی ، سه‌ید ئه‌حمه‌د رواندزی ، فاروق باپیر، زینل خیری ، ئه‌حمه‌د شێخه‌.. ) چه‌ندانی تر له‌سه‌رده‌ستی هونه‌رمه‌ندی پایه‌به‌رز ( زرار محمد مسته‌فا ) پێگه‌یشتن هه‌روه‌ها ئه‌م تیپه‌ له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا توانی چه‌ندین كاری هونه‌ری ئه‌كادیمی و پێشكه‌ش بكات و چه‌ندین موزیكی جیهانی وه‌كو ئۆكێسترا پێشكه‌ش به‌ هه‌ودارانی موزیك بكه‌ن و چه‌ندین گۆرانی بێژیش له‌م تیپه‌ كاره‌كانیان بڵاو بكه‌نه‌وه‌ وه‌كو( ولی دۆسكی، ئه‌حمه‌د مه‌ندانه‌، هاوتا ئه‌سعد، كاڵێ،ئه‌بوو بكری لزگی، ناسڕی ره‌زازی،سامان و سه‌لام ، خدر بێجانی …) چه‌ندانی تر

به‌داخه‌وه‌ له‌دوای راپه‌رینی 1991 گه‌لی كوردستان به‌هۆی ململێنی حزبی وكۆچكردنی هونه‌رمه‌ندان بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار په‌رته‌وازیی له‌نێون ئه‌م تیپه‌ روویدا هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئه‌م تیپه‌ ماوه‌ به‌ڵام هیچ چالاكی هونه‌ری ئه‌وتۆی نییه‌.
له‌كۆتاییدا هه‌زاران سڵاو چه‌پكه‌ گوڵ پێشكه‌ش به‌ مامۆستای گه‌وره‌و خۆشه‌ویست و ماندوو دڵسۆزی هونه‌ر مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا ده‌كه‌ین هیوای ته‌مه‌ن درێژی بۆ ده‌خوازین.




با ئەم شەو شتێک بۆ نەوەکانی” فیرعون” بنوسین … کاروان حەسەن

با ئەم شەو ئەوان بە باپیرەیان شاد بکەینەوە ،
ئەوانێک لەدامێنی دل رەقیدا
لەدایک بوون
لە تەپۆڵکی بێ رەحمیدا غلۆربونەتەوە نێو ژیان

با لەو دیوی سنورە تەڵبەندەکاندا
بگەینەوە بەدیداریان ..

دیدارێک لەنەوەکانی مێهرەبانیەوە دروست بکەین و
با فێریان بکەین
چۆن هەورە ناسکەکان دەناسنەوە
بافێری فیدا کردن ببن لە پێناو رەنگی رەساسیدا
با فێربن چۆن ئەخزێنە ئامێزی بیستنمانەوە
بافێربن ئاوازی ناسک بژەنن
بافێربن بۆنی تالەکانی قژیان بخەنە نامە
بافێربن کە” پیاو” چەندە ناسک ئەبنەوە کا عاشق ئەبن
بافێربن چۆن دل کە شکا شکانی مرۆڤایەتیە..

ئیتر هاتنێک وەرن هاتنی تازەیی بێت ،
واز لە فیرعون بونتان بێنن ، ئێرە ژیانە ژیانێک پر لە رەنگی جوانی
جوانیێک تا کەناری ئارامی و تا کەناری پێکەوە بونمان دەبات
لەبەرامبەرتم
ئەزانی ؟
هەمیشە جۆرێک هەست بە برین دەکەم بەسەر جەستەمەوە
کە کەسێک هەیە نایەوێت بێت
هەمیشە رێگایێک هەیە بۆ پیاو ، هەموو هەنگاوەکانی دەچنەوە سەر ئەو رێگایە..
وەک بلێ تاکە رێگایێک موڵکی ئەوە ..
برینێکی جێماوەن، بەسەر دڵمەوە .

“کاروان حسن ”
کەنساس ستی
ئەمريكا
کات 8:43




لە یادی هەژدە ساڵەی تیرۆری پێنج ئینسانی کۆمۆنیستدا….موزەفەر عەبدوڵا

سورین لە تێکۆشان تا بەدیهێنانی ئامانجەکانیان ودادگایی کردنی تاوانبارانیش

هەژدە ساڵ لەمەوبەر ڕیکەوتی ١٤-٧-٢٠٠٠ بە بریاری سەرکردایەتی یەکیتی نیشتیمانی و سەرکردەیی شەخسی نەوشیروان مستەفا هەستان بە ئەنجامدانی تاوانێکی گەورە ئەویش تیرۆری ئاشکرای پینج ئینسانی کۆمۆنیست بوو لە ناو شاری سلێمانی. بەم تاوانەشیان لاپەرەیەکی میژوویان رەشکردەوە لە لە ئینسانکوشتنی ئازادیخوازو یەکسانیخواز.

بێگومان کوشتنی ئەم پینج ئینسانە بەوشیوە ئاشکرایە لەسەر ئەوە نەبو کە ئەمانە وەک زۆربەی سەرانی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە و هاوپەیمانە ئیسلامیەکانیان تاوانبار بو بن بە :

– بە کاری توندو تیژی و کوشتنی ژنان بە بەهانەی ناموس پەرستی .

– ئەم پینج ئینسانە تاوانبار نەبون بە کاری دزیو گەندەڵی موڵکو ماڵی گشتی و تاکە کەسیش.

– ئەم ێینج ئینسانە تاوانبار نەبون بە کاری قاچاخچیتی بە مەوادی موخەدرو هیچ جۆرە بازرگانیەک بە كاڵاو داودەرمانی خراپو قاچاخچیتی بە ئینسانەوە..

– ئەم پینج ئینسانە تاوانبار نەبون بە کاری جاسوسی و دەستێکەڵ کردن لەگەڵ ڕژێمە کۆنەپەرستە دژی ئینسانیەکانی ناوچەکە کە هەمویان دژی خەڵکی کوردستانو مافە ڕەواکانیانن .

– ئەم پێنج ئینسانە تاوانبار نەبون بە پێشێل کردنی ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەری و کوشتنی ڕۆژنامەنوسانو نوسەرانو ڕۆشنبیران .

– ئەم پێنج ئینسانە تاوانبار نەبون بە سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەری ناڕازی لە دەسەڵاتی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە..

– ئەم پینج ئینسانە تاوانبار نەبون بە بڕینو دزینی موچەی کرێکارانو کارمەندان ،و بڕینی ئاوو کارەباو خزمەتگوزاریەکانی تری خەڵکی .

– ئەم پینج ئینسانە تاوانبار نەبون بە تێکدانی ئەمنو ئاساییشی هاووڵاتیانی کوردستان و قەومانی شەری ناوخۆو دیل کوشتنو ئەتک کردنیان.

– ئەم پینج ئینسانە تاوانبار نەبون بە هاندانی کارو نەریتی مەحسوبیەو مەنسوبیەو خزمخزمێنەو عەشرەتگەریو تایەفەگەریو قەومپەرستیو هیج بیرو نەریتیکی فاشیو نازیو رەگەزپەرستی…هتد

– ئەم پینج ئینسانە تاوانبار نەبون بە تیرۆری هیچ کەسیکی سیاسی لایەنە نەیارەکانو دژ بە ڕژیمە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بە تایبەتی رژێمی ئیسلامی ئێران و تورکیا.

– ئەم پینج ئینسانە نەک هەر هیچ تاوانیکی سیاسی و شەخسیشیان نەکردوە بەڵکو تەنانەت یەک دانە بی ڕیزی و سوکایەتیشیان بە هیچ تاکە کەسیکیش نەکردوەو هیچ داوایەکیان لەسەر نەبوە وەک پەپولەی ئازادی وابون.

ئەی کەواتە ئەم پینج ئینسانە لەسەر چی لە لایەن سەرانی یەکیتیەوە تیرۆر کران وەک سەدان هەڵسوراوی سیاسی و ڕۆژنامەنوسو نوسەرو هەزاران ژن لە لایەن سەرانی ئەم حزبە قەومیو ئیسلامیانەو ئەندامو دۆستانیانەوە؟

لە یادی هەژدە ساڵەیاندا جارێکی تر دەیڵیینەوە کە ئەم پینج ئینسانە هەر وەک سەرانی یەکیتی خۆشیان ووتیان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە تیرۆر کران:

یەکەم : لەسەر ئەوەی ئەندامی حزبێک بون داوای ئازادیو یەکسانی و دادپەروەریان دەکرد تا هەمو ئینسانەکان وەک یەک بژیین.

دووەم:ئەم پینج ئینسانە ئەندامی حزبیک بون داوای کۆتایی هینان بە ستەمو کێشەی قەومی و نادیاری چارەنوسی خەلکی کوردستانیان دەکردو دەیانوت تاکە ڕێگای چارەسەر بۆ ئەو دۆخە وەرگرتنی دەنگی هەمو خەڵکەو جیابونەوەی کوردستانە بونێتی بە ووڵاتیکی سەربەخۆ.

سیهەم:تاوانی ئەم پینج ئینسانە کە ئەندامی حزبیک بون داوایان دەکرد دەبێت دەخاڵەتی هەمەلایەنەی ڕژیمە دژی ئینسانیەکانی جهانو ناوچەکە لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان کۆتایی پێ بێت ودەبیت.

پێنجەم:ئەم پینج ئینسانە ئەندامی حزبێک بون دەیانوت دەبێت کار بە دەستورو یاساو بریارە دژی ئینسانیەکانی ڕژێمی بەعس نەکریت لەوانە یاسای باری کەسیتیو یاسای کارو دادوەری و سزادان بە تایبەتی سزای سێدارە دەىیت قەدەغە بکرێت..

شەشەم: ئەم پینج ئینسانە ئەندامی حزبێک بون دەیانوت پێویستە ئازادی بێ قەیدو شەرتی سیاسیو بەیانو ڕۆژنامەگەریو هەمو مافو ئازادیە سەرەتاییەکان بو هەمو خەڵک دەستەبەر بکرێت..

حەوتەم:ئەم پینج ئینسانە ئەندامی حزبیک بون دەیان ووت پێویستە کار بۆهەر کەسێکی سەروهەژدە ساڵ دابین بکریت ئەگەر نا دەبێت بیمەی بێکاری تیروتەسەلی پێ بدرێت.

هەشتەم : ئەم پینج ئینسانە ئەندامی حزبیک بون دەیان ووت پێویستە هەمو پیویستیە حزمەتگوزاریەکانی وەک ئاوو کارەباو خوێندنو تەندروستی و پاکوخاوێنی و وەرزشوهونەر و … هتد هەمو بە خۆرایی دابین بکرێت بۆ هەمو خەڵکی .ئەمانەو زۆر مافو ئازادی تر تا دەگاتە بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانیو تەواو لە ڕیگای یەکگرتنو ڕیکخراو کردنو ئامادەکردنی کردنی جەماوەری کریکارو خەڵکی ستەمدیدە بۆ شۆرشو کۆتایی هینانی بە چەوسانەوەی ئینسان لە لایەن ئینسانەوە.

ئەمانەو چەندین مافو ئازادی تر ئامانجی ئەم پینج ئینسانە بون کە لەسەری تیرۆرکران وەک هەزاران ئینسانی یەکسانیخوازو ئازادیخوازی تر لە دەیان ساڵی ڕابردودا لە لایەن دەسەڵاتە زۆردارو سەرکوتگەرەکانەوە.

بۆیە پێویستە هەر ئینسانێکی تر کە ئەندامی ئەم حزبەش نەبن کە خۆی بە هاوبەش لەم مافو ئازادی و ئامانجانە دەزانیت وەک ئیمە سور بین لەسەر ڕێگای تێکۆشانو خەباتیان تا بەدیهێنانیان ،و هەروەها سوریش بین لەسەر بەدادگایی گەیاندنی هەرکەسێک کە دەستی هەبوە لە تاوانی تیرۆری ئەم پینج ئینسانەو زۆری تر کەلەسەر هەمان خواستوئامانج تیرۆر کراون.

جارێکی تر دەیڵێنەوە لە یادی هەژدە ساڵەی تیرۆرکردنیاندا سورین لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیانو بە دادگایی گەیاندنی تاوانباران.

موزەفەر عەبدوڵا
۱۲.۷.۲٠۱۸




بودجەى حیزبەکان پێویستە لاببرێت … نەجمەدین فارس

لێرەدا ئەوەى دەمەوێت دەربارەى بودجەى حیزبەکان بیڵێم ئەمەبوو،کە ئەو بڕە لە پارەى بۆ رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و حیزبەکان تەرخان کراوە بە فیرۆ چووە لەڕابردوودا بە فیرۆش دەچێت لە ئیستاو داهاتوودا.
بۆیە نابێت ئەو بڕە پارەیە لە بودجەى هەرێم بۆ حیزبەکان تەرخان بکرێت چونکە بەشێکە لە قووتى خەڵکى نەدارو نەبووى ئەم کۆمەڵگەیە.
حیزب دەبێت بودجەى خۆى لە رێگەى ئابونەى ئەندامەکانیەوە بە دەست بێنێ.چونکە حیزب بۆ خۆى بە پێى تێڕوانینى خۆى بۆ خزمەتى کۆمەڵ ئیش دەکات ئیتر تێڕوانینى چۆنە یان چى بە یان دەکات ئەمەش لە دواتر لە میژوودا بەپێى هەلوێست و بەرنامەکانى ئەگەر هەیان بێت حسابیان بۆ دەکرێت.

من نازانم ئەم حیزبانەى کەلە کوردستاندا هەیە چیان بۆ بردنە پێشەوەى دۆزى کورد کردووە لە مێژوودا؟! ئەوەش پرسیارێکە لە بەرەنجامى چوونە پێشەوەى یان پاشە کشە کردنى ئەو دۆزەیە لە ئیستاى پرسى کورددا.هەڵبەتە دەبێ ئەوەمان لا ڕوون بێ کە پرسى کورد لە چوارچێوەى عیراقدا بەم شێوەیەى ئیستاى هەڕەشەى لەسەرە .واتە هەر ئەو حیزبانەى کە لە ناوەندا خۆیان بە دەمڕاست و بەرپرسى چارەسەرى دۆزى کورد دەزانن چیان جێ بەجێ کردووە؟

چونکە هەرکاتێک لە عیراقدا دەرفەت بڕەخسێت باڵى شیعە و سونەى عیراق،بەقازانجى خۆیان کار بۆ هەموار کردن و گۆڕینى دەستورى هەمیشەیى دەکەن.جا کەبەگوێرەى واقعى ئیستا کورد ناتوانێ دوو لەسەر سێى دەنگى ناو پەرلەمان بەدەست بێنێ بۆیە بمانەوێ و نەمانەوێ ئەو هەموار کردن و گۆڕینە بەڕێوەیەو ئیدى دەرەنگ و زوو کەوتووە .تەنها ئەگەر یەک لەسەر پێنچى دەنگەکانیش بێت لە دەستورداو لە بڕیاردا ناتوانێت بەر بەهەژموونى بیرى نەتەوە پەرستى عەرەب و سونەو بیرى تایفى شیعى دابگرێ.
چونکە هەرلایەو بەلای بەڕێوەبەرى ئەجنداى سیاسى و ئابورى هێزەکانى دەرەوەى خۆیانن و وەک بوکەڵە بە پێى بەرژەوەندیەکانى ئەوان ئەجوڵێندرێن .رۆژێک گفت و لفتیان شیرین و رۆژێکى تر تاڵ گفتن بۆیەمن ئەوە بەزیاد دەبینم کەحزبەکان لەبودجەى گشتى هەرێم بودجەیەکیان بۆ دابنرێت .چونکە بودجەکانیان نابێتە هۆیەک لەبۆ چونە پێشەوەى پرسى کوردو لەو پێناوەدا خەرج ناکرێت، بەلکو هۆیەک دەبێت بۆ بڕینەوەى مووچە بۆ ئەندامەکانیان تا گرنتى مانەوەیان بکەن هەروەک لە پێشتردا وتم ئەمەش لەسەر حسابى بودجەى تاکەکانى ترى کۆمەڵ جێبەجێ دەکرێت.

ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى کام هێزى وشیار کردنەوەى مرۆڤى ناو کۆمەڵگەکەیانن لەبەرامبەر هەموو دیاردەیەکى ناشارستانى و شێوە ئەداتى کارکردنى دەسەڵات و حکومەت،دەرخستنى ژیانى کۆمەڵگەو هێرشە ڕۆژانەیى و بەردەوامەکانى دەسەڵاتداران و حکومەتەکانیان بەرامبەر بە ژیان گوزەرانى خەڵک ئەمانە چ ئەرکێکیان جێبەجێ کردووە.
واتە تەنها بەیانامەیەک ناتوانێت هێزى ڕاستەوخۆو کاریگەرى ئەو ڕیکخراوانە بێت.چونکە هیچ کامێکیان نەیان توانیوە هێزى جەماوەر ووشیار بکەنەوە و بەرچاو ڕونیان بکەن و لەبەر ئەرک و مافیان و داخوزایەکانیان لە ڕیکخستنى کۆمەڵ لەبەرامبەر دەسەڵات و حکومەتدا بهێنە سەر شەقام و داواى گۆڕانى ژیانى نابەرامبەرى ئەندامانى کۆمەڵگەو بن بڕکردنى گەندەڵى وکارى نەشیاوى بەڕیوەبردن بکەن .

واتە ئەمانە کۆمەڵێک خەڵک هەن لە ڕێکخراوەکانیان کە بە ناوى ڕۆشنبیرو نوسەرو هەندێ شتى تریش کۆبونەتەوە،تەنها لە پێناوى بڕینەوەى مووچە یە بۆیان .چونکە ئەمانە ڕیکخراوى سەربەخۆ نین بەڵکو دەسکەلاو کۆکەرەوەى نفوسن ئەگەر هەیان بێت بۆ حزبەکانیان.
بە برواى من دەبێت ڕیکخراوەکانى کۆمەڵەى مەدەنى سەر بەحکومەت نەبێت و بێلایەن بێت لە بەرامبەر حزبەکاندا و لێکۆڵیارى خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات و بەڕیوە بردنى حکومەت بێت کەشفکارى ووردو درشتى کارە ناهەموارو خراپەکانى دەسەڵات و حکومەت لە ئەستۆ بگرێت و ئەندامانى کۆمەڵگەى لە بەرامبەر دەسەڵاتدا بهێنێتـە سەر پێ.هەروەها نابێت بە پێى خواست و ویستى دەسەڵاتداران بجوڵێتەوە بەڵکو دەبێت زۆر لەوە گەورەتر بێت کە ئەلقەلەگوێى دەسەلاتداران و حکومەتەکەیان بێت کاتێ،دەڵێن سەر بەحکومەت نەبێت بەڵام بودجەى لە حکومەت وەربگرێت و هەبێت خەڵکانى بێلایەن لە حزب و گروپەکان بەڕێوەى بەرن و بوێرو ڕاستگۆ بن لە بەرامبەر هەردیاردەیەک و روداوێکدا هەڵوێستى ڕاستەوخۆ بەکاریگەریان هەبێت.

بە بڕواى من دەبێت هەر لە ئیستاوە و ئەوبارە لە پێشتریشدا ئەوە جێبەجێ بکرایە،کە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەى دارایى هەموو حزبەکان بکرایە بە ووردو درشتیانەوە سەرچاوە داراییەکانیان لەپێش ساڵى ١٩٩٠ بزانرایەو لەکوێ و چۆن و لەبەرامبەر چیدا وەرگیراوە؟ چونکە هەر ئەندامانى خۆیان دەیانووت ئێمە بە جوتێک پاتەى شڕەوە هاتینەوە کوردستان و هیچمان نەبوو.

لەبەر ئەوە بونى کۆمپانیاکانى سەر بەحزب و سەرچاوەکانیان جێگاى گومانە لە هەموو ڕوویەکەوە هەر بۆیە دەبێت ئەمەش لەڕیگەى دادگایەکى نیو دەولەتى یان ناوخۆیى سەربەخۆو بوێرەوە لیکۆلینەوە لە ووردو درشتى هەموو سەرچاوەکانیان بکرێت. هەروەها ئەوانەش کە سەرمایەکان و کۆمپانیاکانیان بەناوى کەسەکانەوە تۆمار کراون و هەن ئەگەر سەرچاوەیەکى نادروست و ناشەرعیان هەبوو ئەوا بە تەواوى دەستیان بەسەردا بگیرێت و حزبەکەشى چالاکى وکارى سیاسى و ڕیکخراوەیى لێ قەدەغە بکرێـت هەروەک چۆن بەسەر حزبى بەعسدا هات.

چۆن لە ڕابردودا حساب لەگەڵ بەتەڵ و خیانەتکاردا دەکرا لەسەردەمى پرشنگدارى فەرەنسادا وەک ئەوەى کە بەسەر میرابۆدا هات ئاواش حساب لەگەڵ ئەندامانى باڵاى حزبەکاندا بکرێت. هەڵبەتە ئەو بودجەیەى کە بۆحزبەکان تەرخان کراوە زۆرباشترە لەدامەزراندن و دروستکردنى قوتابخانە خەرج بکرێـت،یابۆ قوتابیانەى کەبەهۆى ناهەموارى بارى ژیان گوزەرانى خیزانەکانیانەوە لەسەرجادەو شەقامەکان کارى دەست فرۆشى یان بۆیاخى پیڵاودەکەن خەرج بکرێت و بیان گەڕیننەوە سەر ڕەوتى خویندن،ئەمەش بەباش کردنى هەلومەرجى ژیانى خێزانەکانیان دەکرێت.

چونکەئەم لایەنە زیاترو زیاتر سودمەندترە بۆ پیشکەوتنى کۆمەڵ وکەم کردنەوە ڕێژەى نەخوێندەوارى، کە دەردێکى کوشندەى کۆمەڵە بۆ دواکەوتنى کەلتورو نەزانى و مانەوەى پەیوەندیەکى کۆمەڵایەتیانەى دواکەوتوانە.

نەجمەدین فارس ١٠/٤/٢٠١٠




“دواهـەمیـن ڕێگـا، ئەو ڕێـگەیەی نامگەیەنێ بەتۆ … عــزیــز حـــسێن

“دواهـەمیـن ڕێگـا، ئەو ڕێـگەیەی نامگەیەنێ بەتۆ
ئەو ڕێـگـەیـەی ناچـێتـەوە سەر حەقیقەت”

ڕێگاکانی خۆتم نیشاندەوە ، من وێنەیی پیاوێکی پیر بووم ، هێندە گەڕام هێـندە هەڵـبەزیم ڕۆژێ چاوم بە نەورەسێکی فڕیوی ئاسمانی تۆ نەکەوت
نەمبینی کەسێک لەو هەموو ڕێگەیە بە زیندوویی گەڕابێتەوە
گوڵێکم بۆن نەکرد لەم باغی سەرابستانی گەیشتن بەتۆیە ڕوابێ …
ڕێگاکانی خۆتم نیشاندەوە من وەک موریدێکی یاخی ئەم ڕێگایانە هاتووم و کەسێ نیە لەبەر ئەم سێبەری حەقیقەتە ڕامچلەکێنێ تۆ نەبێ
تۆ ئەو مەخلوقە پڕ لە هۆگربوونەیت لەجیاتی ئەم باخچە و ئەم باخچەیە ئاســمانت بۆ گەڕام و لە جیاتی زەردەپەڕی ئاوابووندا لە پایزێکی عاشقدا لە دڵی هەنارێکی لەتکراو بە دەستی خودات بۆ گەڕام … ئەی جوانتر لە سۆز ، میهرەبانتر لە وەفا

تۆ خامەیی نوسینەوەیی قەسیدەیی من بووی
تۆ ئەو بایە بووی ڕۆحی منت لەمندا ڕفانـــد و لەسەر ئەم گەڵای دارانە فێری غرور کرد
فێرتکرد لەگەڵ چۆلەکەکان ئاوازی تەنیایی و حەسرەت بخوێنێ و لەگەڵ گەڵاکاندا تا ئەوسەری پایز بچێت و نەگەڕێتەوە
ئەی نیشتەجێی شاری دڵ…
پایز لەو ڕۆژەوە دەستی پـێکرد کە تۆ ئەم شارەت جـێهێشت لەو ڕۆژەوە گوڵی ڕۆحم سیسبوو
لەو ڕۆژەوە ڕووناکی دڵم کوژایەوە ، لەو ڕۆژەوە تاریکی باغی سینەمی گرتەوە..
تۆ وەرە نەخشەیەکم بدەرێ بمگەیەنێ بەو باغەی تۆی لێ ڕواوی ، نوێژێکم بدەرێ بمخاتەوە نیو ئەو دوعایەیی تۆی تیا جێماوی
ئاخر من …
لەبەر خۆمەوە قسە ئەکەم ، ئەو دەمەی بیرتەکەم ….
ئەبمەوە بە قاصیدی هەورەکان و سەد جاریتر ئەبارمـەوە
ئەو دەمــەی گووڵەچێنی
ئەی قەقنەسی هەمیـــشەی نێو ماڵــی شیعری من
تۆ بخوێنە با چیتر ئەم تەنیایەی دڵم ناز بەسەر کەوندا نەکا
تۆ ئەم باڵندانە لە دەوری خۆتا کۆبکەرەوەو ،
ئەم چیرۆکی عیشقەی من ، ئەم داستانە وەهمەی خۆتیان
بۆ بگێڕەوە تا من سەرخەوێ ئەشکێنم تا من ڕێگایەکیتر ئەدۆزمەوە تا من دووبارە دەمرمەوە …

ئەمێـسـتا کە ئەمبینن کۆڵانەکان بەدەم خەندە گرتنەوە
ئەڵـێن ئەرێ لەو هەموو ساڵە کەسی تر نەبوەتە ڕێبواری ئەم ڕێگەیه تۆ نەبێ ؟ ئاخۆ ئەبێ چەند لە مناڵێکی سپی بچیــت تۆ !؟
ئاخۆ ئەبێ تەمەنت چەند لە گووڵـە نێرگزێ بچێ تــۆ !؟
کە لە سەرەوە ئەمبینن هەورەکان گریان ئەیانگرێ گریان
بەدەم بارانـی نائـومـێدەوە، پیـاڵـەیـەک لە چا لە ئـاو لە سەرابی جاویــدانی عـیشقـی خۆیــانەوە بۆم چێئـەکـەن ئەی
چاپووکترین ڕاوچــی ئەم جەنگـەلـی گـومانـە
من ئەو مەخلوقە تەنیاییەم هەمیشە حەزمکردووە بچمــەوە سەر ڕێگاکانی تۆ کەچی ئەم زەمینە جگە لە باخچەیەک و فەرشێکی حەسیری و خەیاڵـی تۆ هیچیتر نەبووە بۆمن
ڕێگایەکی تر نەبووە ئاشنام کاتەوە بە وجودی تۆ
لەو هەموو قافیــەی ژیـانە !
شیعرێک نیــە لە خۆیدا هەلمگرێ …
دیوانێ نیــە وەک وشەیەکـی هەتیوو هەڵمگرێتەوە و بمکاتەوە ناونیشانی خۆیی، ئاخر هەر لە ئەزەلەوە ئەم
مەخلووقە تەنیایە خۆی لە هیچ
شوێنێکا نەبینیوەتەوە کەس نەبووە
باوەشی پێدابکا ….
ســەراب نـەبێ
لەو هەموو ڕێگەیـە نیشانەیەک نەبووە گومانی ئەوەی لا درووست بکا کە تۆ بەوێدا گوزەرت کردبێ
ئاخر ئەم مەخلوقە چۆن ببێتەوە بە خۆی؟ چۆن لەگەل هاڕەیی خەیاڵەکانا نەبێتەوە بە یەک پارچە لە وەهم
چۆن دووبارە نەمرێتەوە چـــۆن … !

ئەمێستا ئەم بونەوەرە تەنیا یەک شت شک ئەبا تەنیا یەک شت ، هەر ئەویش بوو ……
خـەیـاڵبـوو لەو هەموو ئاسمانە
لەو هەموو مــەخلـووقــە تـەنیا تۆی ئەخـستـەوە نێــو
حیکایـەتـەکانـی قـەسـیدەیــی مـــن
ئەوە خەیــاڵبـوو منی ئەبردەوە سەر خۆی
ئــەو بوو.. حەقیقەتی لە منــدا کردەوە بە هەمان
ئەتمۆسفیری وەهم منی بردەوە هەمان کۆلانی سەراب
هەمان ڕێگا، ئەو ڕێگەیەی ناچێتەوە سەر حەقیقەت …
من .. من جارێکی تر ڕەسمی تۆ لەسەر ئەم لاشە بێگیانەی خۆم ناکێشمەوە ، نابمـەوە بەو وێنەکێشەی خەیاڵە پڕ لە تۆیەکانی منی ئەخســتە سەر ئەم تابلۆی دڵە و کەس نەبوو
لێی تێبگا… کەس نەبوو دەستی بخاتە سەر و بڵێ ئەوە تۆ تاکەی ئەم بارە ڵەگەل خۆتا ئەگێری تاکەی فێر نابی
چاوەڕێی ئەم بوونەوەرە عەزابدەرە نەکەیـــی تـاکــەی فێـرنابی !؟
تاکەی
تاکەی فێـرنابی !؟

———————
عــزیــز حـــسێن

۳/ ۷ / ۲۰۱۸
سێـشـەممـە