ئەو نامەیەی کۆتایی بە نەوشێروان مستەفا هێنا … سمکۆ عەبدولکەریم

ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە جیاوازی و ململانێکان و سەرەنجام وازهێنان و جیابوونەوەکانی نێو بزووتنەوە و حزبە سیاسییەکانی کوردستان بدەینەوە، دەبینین بە درێژایی مێژوو سەرجەم جیابوونەوەکان لە کۆتایدا مایە پووچ بوونە.
ئەگەر بشلێن ئەی ئەوە نییە یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانی سەرکەوتو بێت و وەک حزبێکی خاوەن پێگەو دەسەڵات رەگی داکوتێ.
من پێم وایە ئەگەر دەرفەتی قۆناغی دوای نسکۆی جوولانەوەی ئەیلول نەبوایە مومکین نەبوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەم ئەندازەیە سەرکەوتو و سەرفراز بووایە، وەک هێزێکی سەرەکی و دەسەڵاتدار بێتە مەیدان و تا ئێستاش بەردەوام بێت، وێڕای تێپەڕین بە چەندین هەوارز و نشێو و ململانێی نێوخۆیی، بتوانێ پارێزگاری لە پێگەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی جوگرافی خۆی بکات.

لای من ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە مومکین نییە لە دەرەوەی هیچ وەرچەرخانێکی نەوعی لە ناوچەکەدا، هیچ حزب و هێزێکی دیکە، کە جێگەی ئومێد بن لە کوردستان بێنە پێش، هەموو ئەوانەش کە سەرهەڵدەدەن، جگە لە کردنەوەی بازاڕێکی لاوەکی کە لێیەوە ژمارەیەک کەس سوودمەند دەبن شتێکی دیکە نییە.
زۆرجار ئەو بۆچوونەشم بەڕووی هەندێ هاوڕێدا داوە، کە وێڕای ئەو پیاهەڵدانەی گەلی جوولەکە، لەوەی میللەتێکی خاوەن جەسارەت و ئەقل و خۆڕاگری و لە خۆبووردوویی بوونە، بۆیە توانییان لە ناوجەرگەی خۆرهەلاتی ناوەڕاستدا دەوڵەتێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن، کە هەمدیسان من پێم وایە ئەگەر قۆناغی داگێرکاری و ئینتیداب و ڕۆلی بەریتانیا و فەرەنسا نەبوایە مومکین نەبوو جوولەکە بتوانن ئەم دەوڵەتە دابمەزرێنن.

دەمەوێ بڵێم گۆڕانکارییەکان هێندەی پەیوەندییان بە وەرچەرخانە گەورە و جۆرییەکانەوە هەیە، هێندە پەیوەندیان بە ئیرادەی کەسی و توانای میللەتانەوە نییە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاری کراو، مەگەر بە شێوەیەکی زۆر ڕێژەیی نەبێ.
نەوشێروان مستەفا دوای زیاتر لە شازدە ساڵ لە خۆخواردنەوە و بەرگە گرتن، کە بەردەوام ئەو ماوەیەشی بە خۆ تەریک کردن و چوون و هاتنەوە و بێدەنگی و دەنگ هەڵبڕیندا تێپەڕاند.

واتە هەر لە دوای ڕاپەرین و کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، بەردەوام هەست بە بێزاری و بێهیوایی نەوشێروان مستەفا کراوە لە نێو یەکێتی.
بەڵام بۆچی تا ( ٤/١١/٢٠٠٠) ئەو کاتەی نامەیەکی مام جەلالی پێدەگات هەر ئامادەبووە، بەو حالەیەوە هەر لە نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا بمێنێتەوە، کەچی ئەو نامەیەی مام جەلال ڕق و قینەی ئەو هەموو ساڵەی دەتەقێنێتەوە و بۆ دواجار بریار دەدات واز لە یەکێتی بێنی.
لە نامەیەکیدا لە (٦/تشرینی دوەمی ٢٠٠٠) کە بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەنێرێت، نەوشێروان مستەفا بۆ یەکەم جار وازهێنانی خۆی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە (م.س) ڕادەگەێنی:
{نامە بۆ م.س
بەڕێز مەکتەبی سیاسی یەکێتی ی نشتمانی کوردستان
سڵاوێکی گەرم
بە هیوای سەرکەوتنتانم لە خەبات و تێکۆشان
بەم نامەیە ئەمەوێ وازهێنانی خۆم لە ئەندامەتی یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان و پچڕاندنی هەموو جۆرە ئیلتیزامیکی سیاسی و رێکخراوەیی لە گەڵی بە ئێوەی بەڕێز رابگەیەنم.
نەوشیروان مستەفا ئەمین
سلێمانی، ٦ی تشرینی دوەمی ٢٠٠٠}
ئەگەرچی دوای ئەم نامەیەی، مام جەلال نامەیەکی بۆ دەنێرێ و پێی دەڵێ: (هەر چۆنێ بێت صبری انقلابی باشە).
بەڵام نەوشیروان مستەفا بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و مومکین نییە لێی پاشگەز ببێتەوە، هەر بۆیەشە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەم مەبەستە بێ هودە دەبن، ئەگەرچی دوای ئەو وازهێنانەشی بەشداری یەکەم ڕۆژی دوەمین کۆنگرەی گشتی یەکێتی نیشتمانی دەبێت کە لە (٣٠/١ تا ٥/٢ی ٢٠٠١) بەسترا.
وەک بۆخۆی دەڵێت: (بۆ پیشاندانی یەکڕیزی یەکێتی ، لە ریزی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی دا لەسەر خواستی زۆر لە دۆست و هاوڕێکانم بەشدار بوم).
٤/١١/٢٠٠٠ نامەیەکی مام جەلال دەگاتە دەستی نەوشێروان مستەفا، ئەو نامەیەی کۆی گشتی ئاراستەی بیرکردنەوەی دەگۆڕێت، نامەیەک کۆتایی بە بیرکردنەوەکانی دێنێت، دەیگەێنێتە کەنارێکی سەقامگیر و بۆ یەکەم جار ئۆقەرە دەگرێ و بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەدات.
بەوەی دوای بیستنی ئەو قسانە ڕاستەوخۆ لە خودی مام جەلال کەسی یەکەمی حزبەکەی چیترناتوانێ لە نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان –دا بمێنێتەوە و لە گەڵ هاوڕێ دێرینەکانیدا درێژە بە خەبات بدات.
{ئەمڕۆ مام جەلا نامەیەکی دریژی بۆ ناردم. لە نامەکەدا بەلایەکی دا ستایشی زۆری کردوم و دەوری منی لە یەکێتی دا بەرز کردۆتەوە، بەلایەکی تریدا هێرشێکی دوژمنانەی توندی کردۆتە سەرم. هەمو ئەو قسە و قسەلۆکە ناڕاستانەی جەند وەختە ناحەزەکانم لە ناو باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی دا لە ناو خەڵک دا بڵاوی ئەکەنەوە گۆیا من دژی هەولێری و کەرکوکی وبادینی و یەزیدی وپێشمەرگەی کۆن و ژن و عەرەب و چی چی…م ئەم لەم نامەیەدا هەمووی بە کوردیەکی رون و رەوان لە دژی من ” تەوسیق” و “تەقنین”کردوە.

لەمێژ بو ئەم بیستەوە و، گومانم ئەکرد ئاشی بەرهەمهێنانی سەرجاوەی بڵاوکردنەوەی زۆری ئەو قسە و باسانە هاوڕێکانی خۆم بن، ئەم نامەیە گومانەکانی کردم بە یەقین}.
واتە کۆی گشتی ئەو ڕەخنەو تێبینی و گلەیانەی بە درێژایی دوای ڕاپەرین هەیبوو، نەبونە هۆی ئەوەی کۆتایی بە ژیانی سیاسی بێنێ لە نێو یەکێتی، بەڵام قسەیەک کە پەیوەندی بەخودی خۆیەوە هەیە دەبێتە هۆکاری هەڵوێست وەرگرتنێکی جدی و کاریگەر، کە جارێکی دیکە هاوسەنگی هێزی بە شێوەیەک گۆڕی پێچەوانەی هەموو ئەو تێگەیشتنانەی بوو، کە لە ڕابردوودا هەیبوو.

ئەگەرچی بۆخۆشی ئەو قسانەی مام جەلام کە لە نامەکەیدا ئاماژەی بۆ کردوە ڕەت ناکاتەوە و دەڵێ:
{ئایا ئەتوانم درێژە بەکارکردن بدەم لەگەڵ سەرکردەیەکدا کە بە هاوکاری ئەوانەی لە خۆیەوە نزیکن (بەردەوام پروپاگەندەی دوژمنانە بۆ هەر قسەیەکی من ئەکەن کە بێ مەبەست یان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو وتومە؟)}.
(کە بێ مەبەست یان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو وتومە) ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو قسانەی کردوە، بەڵام بە مەبەست نەبووە.

ئیتر بۆ هەمیشە ئەو نامەیە ئاڕاستەی سیاسی کەسێکی وەک نەوشیروان مستەفا-ی بەشێوەیەک گۆڕی کە تا ئەم دوایانەش پێم وانە بوو سەرکردەیەکی قاڵبوی ڕۆژانی سەختی خەبات پێی وابێ وا بە ئاسانی دەتوانێ ڕێڕەوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و جوگرافی لە کوردستان-دا لە جوارچێوەی تەنیا شارێکی وەک سلێمانی بگۆڕێ.
بۆیە هەمێشە پێم وابووە هەموو ئەوەی ڕویدا لە گەمەیەکی تەکتیکی سیاسی بەولاوە شتێکی دیکە نییە، بەڵام دیارە منێش هەڵە بووم نەمتوانی تەواو لەوە تێبگەم کە بیرکردنەوەی زۆربەی سەرکردەکانی کورد، لە بیرکردنەوەی نێوان دوو کەلە شاخ زیاتر نییە.
هەر بۆیە نەوشێروان مستەفا-ش لە کۆتایی تەمەنی دا دەیەوێ پێمان بڵێ تێگەیشتم:
{لەم نامەیەوە ئیتر بە باشی و بێ هیچ گومان و دوودڵییەک تێگەیشتم کارکردن لە گەڵ ئەمانەدا ئاسنی سارد کوتانە}
تۆ بڵێی ئەوە چ تێگەێشتنێک بێت لە ئاسنی سارد کوتانێکەوە، بۆ ئاسنی سارد کوتانێکی دیکە؟




دين و عيلم: دژەوەرن؟ …. نووسينى: ئالبێرت ئاينشتاين.

كورداندنى: طاهر طيب أحمد – پسپۆر لە وەرگێڕان.

—————————

ئەم گوتارە لە The Christian Register لە حوزەيران ١٩٤٨ و لە Ideas and Opinions، لە ١٩٥٤ بڵاو كراوەتەوە.
ئايا دژەوەراتييێكى ئاوا لە نێوانى دين و عيلمدا هەيە کە ناکرێت مرۆڤ بە سەريدا زاڵ ببێت؟ ئايا دەکرێت عيلم دين ڕەش بكاتەوە؟ وەڵامى ئەم پرسيارانە چەند سەد ساڵە ململانێى توند و لە ڕاستيشدا گەرمترين جەنگيان بەرپا كردووە. بە بۆچوونى خۆم، گومان لەوەدا نييە كە لە هەردووك دۆخەكاندا، هەر تێڕامانێكى پاراو جگە لە وەڵامێكى نەرێنى هيچى لێ پەيدا نابێت. ئەوەى چارەسەرييەكە ئاڵۆز دەکات ئەو ڕاستييەيە كە لەو دەمەى زۆربەى خەڵكى بە ئاسانى بە مەعناى “زانست – عيلم – science” قايل دەبن ئەگەرى هەيە کە لە سەر واتاى “ئايين – دين – religion” ڕێك نەکەون.

ئەوەى پەيوەندى بە زانستەوە هەيە، ئەوەيە کە ئێمە دەتوانين بۆ مەبەستى خۆمان عيلم وا پێناسە بکەين كە – “هزرکردنەوەيێكى بەرنامەدارە و مەبەستييەتى ئەم پەيوەندييانە بدۆزێتەوە کە لە نێوان شارەزايييە هەستەوەرەکانماندا our sensual experiences هەنە.” زانست science يێكسەر زانين knowledge بەرهەم دێنێت و بە شێوەيێكى ناڕاستەوخۆش هۆيەكانى كار پەيدا دەکات. ئەگەر ئامانجە ديارەکان لە پێشدا ڕێك بخرێن، ئەوا زانست کارى بەرنامەدارى لێ پەيدا دەبێت. زانست، لە ئەركى ديار کردنى ئامانجەكان و دەرچواندنى جاڕنامەى بەهادار لە پشتێنە تايبەتەكەى خۆى ڕەت دەدات. ڕاستە كە زانست ڕەنگە، تا ئەو ڕادەيەى پەيوەندييە هۆكارەكانى causative connections لەبەر دەستدا بێت، بتوانێت ئەنجامى گرينگ سەبارەت بە سازان و نەسازانى ئامانجەكان و هەڵسەنگاندنەكان وەدەست بێنێت، بەڵام پێناسە جودا و گرينگەكانى تايبەت بە ئامانجەكان و بەهايەكان هێشتا دەستى زانستيان نەگەيشتووەتێ.

لە لايێكى ديكەدا، سەبارەت بە دين، مرۆڤ بە گشتى لە سەر ئەوە كۆكن كە ئايين ئومێدەكان و بەهايەكان بە ئامانج دەكات و بە گشتيش، تا ئەو ڕادەيەى کە ڕەفتارێكى زگماكى inherited نەگۆڕى چەشنەكانى مرۆڤ پێشتر بۆى ديار دەكات، ئايين سەودا دەگەڵ بناغەى سۆزى هزرکارى و ڕەفتار كردنى مرۆڤدا دەکات. دين بايەخ بە هەڵوێستى مرۆڤ بەرانبەرى سرووشت بە گشتى دەدات و ڕێگەى ژيانى تاكە کەس و جڤاكيش خۆش دەكات و پەيوەندى هاوبەش لە ناو ئينساناندا دروست دەكات. ئايين هەوڵ دەدات دەستكەوتى هەبێت؛ بۆ پەيدا كردنى دەستكەوتيش سوود لە کاريگەرى پەروەردە لە نەرێت و لە هەندێك لەو بيرۆکە و چيڕۆكە (لاوك و ئەفسانە) بەردەستانە وەردەگرێت كە دەتوانن، هاودەم دەگەڵ هزروەرە پەسند كراوەكاندا، بە ئاسانى کار لە هەڵسەنگاندن و کرداردا بكەن.

ئەم ناوەڕۆكە ئەفساناوييانەيە، يان باشتر بڵێين ئەم هێمايە نەرێتييە ئايينييانەنە كە لەگينە ململانێى زانست بکەن. ئەمە لەو دەمانەدا ڕوودەدات كە كۆکراوەى ئەم هزرە ئايينييانە قسە لەو بابەتانە دەكەن وا لە ناو پشتێنەى زانستيدانە، كەچى عەقيدە چەسپاندوويانييەتى. لە پێناوى پاراستنى دينى ڕاست، خۆ دوور گرتن لەم جۆرە ململانێيانە فرە گرينگن؛ چونكە لەو بابەتانەوە پەيدا دەبن کە لەميانى جێبەجێ كردنى ئامانجە دينييەكاندا، هيچ بايەخێكى بنچينەيييان نييە. ئەگەر ئەو ئايينە جودايانەى ئێستێكە هەنە لەبەر چاو بگرين و تەنيا لە بنچينە ڕووتەكانيان ورد ببينەوە، مەبەستم ئەوەيە كە ئەفسانەكانيان لێ دەربكەين، وايان بۆ دەچم، لە بناغەدا، هيچيان لە هيچ جياواز نەبێت، وەك ئەوەى کە لايەنگرانى ڕووانەى “ڕێژەگر – relativistic” و نەرێتزەدەكان (المقلِدون) ئومێد دەكەن كە وابێت. خۆ ئەمەش بێگومان واق وڕ ناکات. چونكە هەڵوێستە ئەخلاقييەكانى هەر نەتەوەيێك، كە پێويستى ئايينى هانى دەدات، هەميشە بەو ئامانجەيە كە ژيريى و چالاكى كۆمەڵ و تاكەكانيش بپارێزێت و بە هێزى بكات؛ چونكە ئەگەر وا نەكات، ئەوا ئەو کۆمەڵە لە ناو دەچێت. ئەو گەلەى درۆ و فيشار و ناتۆرە و فرتوفێڵ و کوشتن پەسند دەكات، لە ڕاستيدا، ناتوانێت تا زەمانێكى درێژ بژيت.

كە تووشى بابەتێكى دياركراو دەبێتەوە، بۆى ئاسان نابێت بە ڕەوشەنى بڕيار بدات چى لا پەسند و گەرەكە و چى ديکەشى لە پێشدايە کە پێويستە خۆى لێ بپارێزێت. کتومت وەك ئەوە ئەستەمە بڕيار بدەين کامە تابلۆ جوانە و كيهان ئاواز خۆشە. ئەمە شتێكە کە ڕەنگە پێژنەکييانە (بديهيا) گەلەك ئاسانتر لەوە تێى بگەيت کە بتەوێت ژيرانە بە دوايدا بچيت. بە هەمان شێوە، گەورە مامۆستايانى ئەخلاقى مرۆڤايەتى لە هونەرى ژياندا بليمەت بوون. سەربارى ساکارترين ئەو ڕێسايانەى کە پاراستنى ژيان و خۆ دوورخستنەوە لەو ئازارەى پێويست نييە ڕاستەوخۆ هانيان دەدەن، هى تريش هەنە ئێمە بايەخى زۆريان دەدەينێ، بەڵام لە ڕاستيدا، بە چاكى دەگەڵ ڕێنماييە بنچينەيييەكان نا گونجێن. بۆ نموونە، ئايا دەبێ، بێ مەرج، بە دواى ڕاستيدا بگەڕێين تەنانەت ئەگەر لە پێناوى گەيشتنە ڕاستى تووشى نەهامەتى گەورە ببين و قوربانى گەورەتريش بدەين؟ پرسيارى لەم چەشنە زۆرن، کە لە گۆشەنيگايێكى ژيرييەوە، ناکرێت نە بە ئاسانى و نە هەرگيز هەر وەڵام بدرێنەوە. دەگەڵ ئەمەشدا، وا بۆى ناچم كە ئەوەى پێى يێژن بۆچوونى “ڕێژەگر – relativistic” ڕاست بێت، جا با سەودا دەگەڵ ئەو بڕيارانەشدا بکات کە گەلەك چەسەپاوتر و ئەخلاقيتريش بن.

كە لە گۆشەنيگاى فەرمانە دينييە هەرە سەرەتايييەكانەوە زەينى دۆخەكانى ژيانى ئەمێستاى مرۆڤايەتى ژيرمەند دەدرێت، مرۆڤ لە بەرانبەرى ئەوەى کە دەيبينێت، هەست بە نائومێدييێكى هەندە قووڵ و ئازاربەخش دەکات کە دەيتاسێنێ و کاسى دەكات. چونكە لەو دەمەى كە ئايين هانى خۆشەويستييێكى برايانە لە پەيوەندييەكانى نێوان تاكە کەسان و جڤاكەكاندا دەدات، دەبينين كە ژيانى ڕاستەقينە پتر لە گۆڕەپانى جەنگ دەچێت نەك لە ئۆکێسترايێك بكات. لە هەموو بزووتنەوەيێكى ئابوورى و سياسيدا دەبينين بنەماى ڕێ نيشاندەر ململانێيێكى سەختە لە پێناوى ئەوەى کە هەر کەسە و لە سەر شانى هاوڕێيەكى سەرکەوێت. ئەم گيانەى ڕكەبەرى تەنانەت لە قوتابخانە و خوێندنگەكاندا بە زەقى ديارە و هيچ هەستێكى برايەتى و هاريكارى ناهێلێت و هەمووشيان خاش دەکات و دەستكەوت وەك خۆشەويستيى بەرهەمهێنان و کارێكى هزرمەندانە نيشان نادات، بەڵكوو وەك بەرزە – فڕى خودى کەسى و ترسان لە نەلێكردن rejection دەرى دەخات.

کەسانى ڕەشبين هەنە وا دەزانن كە ئەم چەشنە ڕەفتارە بە زەروورەت زگماکى سرووشتى مرۆڤە؛ ئەمانەى بۆچوونێكى وايان هەيە دوژمنى دينى هەقن، چونكە ئەوانە لە بن لێوانەوە دەڵێن كە ڕێنماکارييە ئايينييەكان تا ئەوپەڕ ئەندێشەيين، بۆيێ ناگونجێن ڕێنمايى کاروبارى مرۆڤ بكەن. پێدەچێت توێژينەوەى نموونە جڤاكييەكانى پێيان دەگوترێت كەڵتوورى کاڵ، بەڵگەيێكى وەتۆيان پەيدا كردبێت كە هيچ پێويستى بەم هزرە بەزۆك defeatist ـە نەكات. ئامۆژگارى هەر کەسێك دەکەم بايەخ بەم گرفتە دەدات كە کۆسپەيێكى گەورەيە لە ڕێى ئەم جۆرە توێژينەوە ئايينييەدا، تا باسى هيندييەكانى پوێبلۆ Pueblo Indians لە كتێبەكەى روت بێنێديكت کە ناوى نموونەكانى نەرێت Patterns of Cultureـە بخوێنێتەوە. ئەندامانى ئەم خێلە، لە سەختترين دۆخەكانى ژيانياندا، ئەركێكى سەختيان جێبەجێ كردووە و تووانيويانە گەلەکەيان لە قوڕبەسەرى کۆستى ڕووحى ڕكەبەرى ڕزگار بكەن و گيانى لێبوردەيى و نەرمى بچەسپێنن و خۆيان لە كاريگەرى گوشارى دەرەكى ئازاد بكەن بێ ئەوەى هيچ لە خۆشگوزەرانى خۆيان لە دەست بدەن.

تەفسيرى دين، وەك ئەوەى لێرەدا پێشکێش كراوە، ئەوە دەگەيێنێت كە زانست باوڕى بە هەڵوێستى دينى هەيە و ئەمەش پەيوەندييێكە كە لەم سەردەمە کەرستزەدە زاڵەى ئێمەدا، گەلەك پشتگوێ خراوە. ڕاستە كە ئەنجامە زانستييەكان بە تەواوى لە ڕەفتارە ئايينى و ئەخلاقييەكانەوە جودانە، بەڵام هەموو ئەو کەسانەى کە ئێمە قەردارى داهێنانە زانستييە گەورەكانيانين، هەموويان بەو باوڕە ڕاستە ئايينييە ڕەباس ببوون کە ئەم گەردوونەى ئێمە لێى دەژين شتێكى تەواوە و بە پێى ئەو كۆششە ژيرمەندانەيە كە بۆ زانين دەکرێت. ئەگەر ئەم قەناعەتە گەلەك بە سۆزەوە نەبێت و ئەوانەش كە بە دواى زانيندا دەگەڕێن Amor Dei Intellectualisى سپينۆزا هانى نەدابن، ئەستەم بوو بتوانن ئاوا خۆ بەخت بكەن كە مرۆڤ بە تەنيا وا لێدەكات کە دەستكەوتە مەزنەكانى خۆى وەدەست بێنێت.




له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناسنامه‌ ده‌قی “خۆپیشاندان” بۆ خوێندنه‌وه‌ … عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

ئه‌گه‌رچی پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، ئایا (حكومه‌ت/ده‌سه‌ڵات) هه‌وڵیداوه‌ نوێنه‌ری ته‌واوی خه‌ڵكی بێت، یان ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی لێپرسراوان و ده‌سه‌ڵاتداران ره‌چاو ده‌كات؟ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئا یان نا، ده‌قی خۆپیشاندان به‌ مه‌رگی ئایدیۆلۆژیا و میتا ناسنامه‌ و منی ئازاد و شۆڕشی سپییه‌وه‌ ناس ده‌كرێت، بۆیه‌ ناتوانین له‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشانداندا نكۆڵی له‌ سلبیاتی (حكومه‌ت/ ده‌سه‌ڵات) بكه‌ین، وه‌ك چۆن ناتوانین ئاماده‌گی هه‌مه‌ڕه‌نگی شه‌قام و به‌تایبه‌تی نه‌وه‌ی زانست و ته‌كنۆلۆجیا و ئینته‌رنێت به‌ هه‌ند نه‌گرین!

كه‌واته‌ رووییه‌كی به‌رفره‌وانی كرده‌ی خۆپیشاندان ته‌عبیر له‌ كێشه‌ (كۆمه‌ڵایه‌تی/سیاسی)ییه‌كان ده‌كات! به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان له‌ رێگای چاكسازی و دادپه‌روه‌ری و ئازادی و مماره‌سه‌كردنی دیموكراسییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (خۆی له‌ به‌ كه‌م ته‌ماشاكردنی تاك و به‌ها مرۆییه‌كان و په‌راوێزخستنی گه‌نجان و هه‌ژاری و بێكاری، گه‌نده‌ڵی، ته‌سككردنه‌وه‌ی مه‌وداكانی ئازادی، نواندنی تووندوتیژی به‌رانبه‌ر‌ ژنان، و زۆر شتی دیكه‌)، ده‌بێ‌ به‌ په‌له‌ و له‌ ساته‌وه‌ختی ئێستادا قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكرێ‌! نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كێك له‌ مافه‌ ره‌واكانی هه‌ر تاكێك ده‌ژمێردرێت، به‌ڵكو له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌كی، یه‌كه‌میان: چونكه‌ فاكته‌رێكه‌ له‌ فاكته‌ره‌كانی درێژه‌دان به‌ كرده‌ی خۆپیشاندان. دووه‌م: بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسییه‌كانی وڵات خه‌ڵك و شه‌قام دووچاری گومان نه‌بنه‌وه‌! به‌یه‌كبه‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو كێشه‌یه‌ش له‌وێوه‌ دێ‌، كه‌ دیارده‌ی خۆپیشاندان دیارده‌یه‌كی (حقووقی/سیاسی)یه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێكی زۆری كێشه‌ی یه‌كه‌م به‌ خه‌ڵك و شه‌قامه‌وه‌ به‌ند بێت، ئه‌وه‌ به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌كانی دووه‌م ده‌بێته‌ بنه‌مای كاری ئۆپۆزسیۆن.

به‌مجۆره‌ یه‌كێك له‌ خوێندنه‌وه‌كانی ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك دیارده‌یه‌كی هه‌نووكه‌یی، به‌ چه‌مكی (حقووقی/سیاسی)یه‌وه‌ ده‌لكێ‌. له‌وێوه‌ ده‌توانین بڵێین كۆی میكانیزمی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان بڵاوبوونه‌وه‌ی ورده‌ زانیاری سه‌ر شه‌قام و كلاسیكیه‌تی رووبه‌وِرووبوونه‌وه‌، تووندوتیژی و ناتووندوتیژی، فه‌زای داخراوی ژووره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ و فه‌زای كراوه‌ی شه‌قام، هه‌ڵنانی خه‌ون و خه‌یاڵ و كوشتنی ئه‌گه‌ره‌كان… هتد، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌و جۆره‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ له‌لایه‌ك ده‌بێته‌ پێگه‌یه‌كی نوێ‌ بۆ به‌یه‌كگه‌یشتنی خوێنه‌ری جیاواز، خه‌می جیاواز، بیروڕای جیاواز، خه‌ونی جیاواز، له‌لایه‌كی دی خوێنه‌ر جۆرێكی دی له‌ په‌یوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ خۆ و شه‌قام و ئه‌ویدیكه‌ داده‌مه‌زرێنێ‌.
كه‌واته‌ ئه‌مڕۆی پێكهاته‌ی ده‌قی خۆپیشاندان، ئه‌مڕۆی خۆپیشاندانی شه‌قام له‌ (ئه‌ویدیكه‌ی دۆزه‌خ) بۆ منی ئازاد، له‌ خه‌باتی ژێر زه‌وی بۆ خه‌باتی سه‌ر زه‌وی، له‌ مێژووی گشتی بۆ ورده‌ مێژوو، له‌ پاراستنی خود بۆ گۆڕینی خود… هتد به‌ره‌و پرۆسیسه‌كردنێكی به‌رده‌وامی چاودێری و گۆڕان و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازمان ده‌كاته‌وه‌! به‌ مانایه‌كی دیكه‌ به‌رجه‌سته‌كردنی پێكهاته‌كانی ده‌قی خۆپیشاندان ده‌لاله‌ت له‌ كرانه‌وه‌ و جیاوازی و شه‌فافییه‌ت ده‌كات. ده‌قی كراوه‌ش ئه‌و ده‌قه‌یه‌، كه‌ پێكهاته‌كانی بتوانن به‌پێی جێكه‌وته‌یان ده‌ربكه‌ون و نه‌خش و جێده‌ستی خۆیان بۆ هه‌مووان جێبهێڵن.

به‌مجۆره‌ ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك ده‌قێكی كراوه‌ هه‌ر ته‌نها به‌سه‌ر رۆشنبیران و ره‌خنه‌گران و نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات دابه‌ش نابێ‌، به‌ڵكو هه‌موو چین و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان رۆڵی خۆیان تێدا وازی ده‌كه‌ن. به‌و مانایه‌ش ده‌قی خۆپیشاندان ده‌قێكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌، ده‌قێك نییه‌ بۆ نوسینه‌وه‌! ده‌ق بۆ خوێندنه‌وه‌ لای (بارت) ده‌قێكه‌ رۆشنبیریی له‌ سرووشتی خۆی ده‌كاته‌وه‌ و سه‌ره‌وژێری ده‌كات.

ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك ده‌قێكی سپی

ده‌شێ‌ ده‌سته‌واژه‌ی ده‌قی (خۆپیشاندان) به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ته‌عبیر له‌ جورئه‌تی (خۆ) بۆ (ده‌ركه‌وتن) بكات. به‌ڵام هه‌میشه‌ جه‌سته‌ی ده‌ركه‌وتوو له‌ خۆپیشانداندا وه‌ك ده‌قێكی سپی به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی وه‌ك به‌رجه‌سته‌كردنێكی ره‌مزی و بێ‌ لایه‌ن خۆی ده‌نوێنێ‌، ئه‌وه‌نده‌ ناوه‌ڕۆكخواز و لایه‌ندار نییه‌. ئه‌وه‌نده‌ی مانا خه‌فه‌كراوه‌كان ده‌یبزوێنێ‌، ئه‌وه‌نده‌ مانا دیاره‌كان نایجولێنێ‌. به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌وڵی گه‌ڵاڵه‌كردنی ده‌نگه‌ په‌نماوه‌كان ده‌دات، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌می دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی خۆپیشانداندا نییه‌. به‌ كورتی جه‌سته‌ی ده‌ركه‌وتووی (خۆپیشانده‌ر) پتر وه‌ك بریسكانه‌وه‌یه‌كی ره‌مزی ده‌رده‌كه‌وێت… لێره‌ هه‌وڵده‌ده‌م خۆپیشانده‌ر له‌ سێ‌ خه‌سڵه‌تدا جیا بكه‌مه‌وه‌: خاكه‌ڕایی، نه‌گونجان، بوێری. هه‌ر له‌ رێگای ئه‌و سێ‌ خه‌سڵه‌ته‌وه‌ش بێ‌ لایه‌نی ده‌قی خۆپیشاندان له‌ ده‌قی سپی نزیك ده‌كه‌مه‌وه‌. ده‌قی سپی ته‌عبیركردنێكی بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ و نادیاره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌وڵه‌ نا زه‌مه‌نییه‌ دێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی دیاریكراو و ده‌ره‌وه‌ی دیدی دیاریكراوی ئایدیۆلۆژیاكانه‌وه‌.. له‌و بنه‌مایه‌وه‌ ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ناشێ‌ هه‌وڵی كرده‌ی خۆپیشاندان له‌ چوارچیوه‌ی پێناسه‌یه‌كی ته‌سكدا گیر بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشاندان ته‌قینه‌وه‌ی بێده‌نگییه‌ و كرده‌ی خۆپیشاندان پڕشنگه‌كانی بێده‌نگی ده‌نوێنێ‌!

ئه‌گه‌ر له‌ ناوكۆیی خۆپیشانداندا خه‌سڵه‌تی خاكه‌ڕایی، ده‌لاله‌تی بابه‌تگه‌رایی بگوازێته‌وه‌. ئه‌وه‌ بوێری ده‌لاله‌تی زاتكردن به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. به‌ڵام له‌ نێوان بابه‌تگه‌رایی و زاتكردن، پاڵنه‌ری خۆپیشانده‌ر نه‌ به‌رگریكردنه‌ له‌ خود، نه‌ گه‌ڕانه‌ به‌دوای ناسنامه‌دا.. له‌ نێوان خاكه‌ڕایی و بوێری، ئه‌وه‌ فه‌ردانییه‌ت نییه‌ پاڵ به‌ خۆپیشانده‌ر وه‌ده‌نێت، ئه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ ژیانێكی خۆشتر نییه‌، به‌ڵكو نه‌گونجانه‌.. ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ر هانده‌دا هه‌وڵی خودگۆڕانه‌، تاكو له‌گه‌ڵ ماناكانی ئازادی ماناكانی دادپه‌روه‌ری، ماناكانی جیاوازی بێته‌وه‌!
ده‌مه‌وێ‌ بڵێم له‌ ده‌سته‌واژه‌ی (خۆ+پیشاندان)دا ئه‌گه‌ر وشه‌ی (خۆ) ته‌عبیر له‌ خاكه‌ڕایی و بابه‌تگه‌رایی خۆنیشانده‌رانه‌ی نه‌وه‌ی زانست و ته‌كنۆلۆجیا و ئینته‌رنێت (نه‌وه‌ی نه‌گونجاو) بكات، ئه‌وه‌ وشه‌ی (نیشاندان) كۆی ئه‌و جورئه‌ته‌ی له‌ خۆدا هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ بینراوه‌كان و بیستراوه‌كان به‌رجه‌سته‌ی ده‌كه‌ن.

كۆی ئه‌و بوێرییه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ژووره‌ داخراوه‌كان، قسه‌ داخراوه‌كان، بیركردنه‌وه‌ داخراوه‌كان، شه‌قامی ته‌نیووه‌… له‌ نێوان (خاكه‌ڕایی خود) و (بوێری ده‌ركه‌وتن) ئه‌گه‌ر دیارده‌یه‌كی ئه‌خلاقی و مرۆیی هه‌بێ‌، به‌شداریكردنه‌ له‌ داهێنانێكی هاوبه‌ش و ئازاد و كراوه‌! داهێنانێك بێ‌ ئه‌وه‌ی واژۆی كه‌سێكی دیاریكراو و كۆمه‌ڵێكی دیاریكراو و دیدێكی دیاریكراوی به‌سه‌ره‌وه‌ بێت! كرده‌ی خۆپیشاندان به‌شداریكردنه‌ له‌ درووستكردنی فه‌زایه‌ك، كه‌ (نه‌گونجان) ئاڕاسته‌كانی دیاری ده‌كات، نه‌ك سه‌ركرده‌ و سیاسه‌ت! به‌و مانایه‌ خۆپیشاندان له‌بری ئه‌وه‌ی پێشڕه‌و و سه‌ركرده‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌بێت، رستێك كاراكته‌ری نه‌گونجاو و ئیشكالی رۆڵی تێدا ده‌بینن.

به‌مجۆره‌ بۆشایی نێوان هه‌ردوو وشه‌ی خۆ+پیشاندان، فره‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌خاته‌وه‌ و له‌ رێگای چه‌مكی نه‌گونجانه‌وه‌ ده‌لاله‌ته‌كانی په‌رت ده‌كات. كه‌واته‌ خۆپیشانده‌ر ئه‌و كاراكته‌ره‌ نه‌گونجاوه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌: ناتوانم تێكه‌ڵ واقیعێك بم، كه‌ تێیدا به‌شدار نیم!! لێره‌دا خۆنیشانده‌ر ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگری بیروڕایه‌كی مرۆییانه‌یه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ بیه‌وێت بیروڕاكانی ببێته‌ بابه‌تێك بۆ جێبه‌جێكردن، ئه‌گه‌رچی حه‌ز به‌ تازه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌كات، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ته‌قلیدییه‌وه‌ وه‌ك دوژمن چاو لێده‌كرێـت!
له‌ نێوان ماناكانی (خاكه‌ڕایی، نه‌گونجان، بوێری) خۆپیشانده‌ر ئاڵای نه‌گونجان له‌بری ناسنامه‌، ئایدیۆلۆژیا، نه‌ته‌وه‌، ئایینزا… به‌رز ده‌كاته‌وه‌. به‌مجۆره‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشاندان ئازادییه‌كانی له‌ به‌شداریكردنی نادیاردا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، وه‌ك چۆن مه‌رجی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان له‌ واژۆی تایبه‌تدا نادۆزێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ بریسكانه‌وه‌ی ره‌مزییانه‌ و فره‌یی خوێندنه‌وه‌دا ده‌بینێ‌.

ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ده‌لالی

بێگومان ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ده‌لالی، خۆی له‌ نێوان دادپه‌روه‌ری/نادادپه‌روه‌ری، ئازادادی/نائازادی، گه‌نده‌ڵی/ناگه‌نده‌ڵی……….. ده‌بینێته‌وه‌. لێره‌ له‌و به‌رانبه‌رییه‌دا، یه‌كه‌ ده‌لالیه‌كانی مانا، ده‌بێته‌ جێگه‌ی سه‌رنجدان. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر دادپه‌ره‌وه‌ری/نادادپه‌روه‌ری…. له‌ چه‌ندین مانادا یه‌كبگرنه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ مانایه‌كدا دژ ده‌كه‌ونه‌وه‌، ئه‌و دژكه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ (نا)دا خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ئه‌و كاته‌ی وشه‌ی (نا) له‌ به‌رانبه‌ر وشه‌ی (ئا)دا خۆی ده‌خاته‌ سه‌ر شه‌قام، دژ كه‌وتنه‌وه‌كه‌ روونتر خۆی نیشان ده‌دات. به‌ هه‌مان شێوه‌ خۆپێشاندانیش وشه‌ی (نا)یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر وشه‌ی (ئا)دا…

به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین له‌ ده‌ره‌وه‌ی وشه‌ی (ئا یان نا) یه‌كه‌مین پرنسیپی دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر توانا و خه‌سڵه‌ته‌كان له‌ خه‌ڵك نه‌پێچینه‌وه‌، جیاوازی له‌ نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار… دانه‌نێین، یاسا بۆ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێت، ئازادی بێ‌ شوناس و جوگرافیایه‌، با ئازادی بۆ هه‌مووان بێت…
ئه‌و كاته‌ دادپه‌ره‌وه‌ری، به‌ نایه‌كسانی دادپه‌ره‌وه‌ری رازییه‌، ئه‌و كاته‌ ره‌وایه‌ جیاوازی له‌ نێوان دوو كه‌سدا بكرێت، كه‌ یه‌كێك له‌ویدیكه‌ شاره‌زایی زێتر و پسپۆرتر و به‌ تواناتر بێت و له‌ كاره‌كانیدا ده‌ستپاكتر و خزمه‌تی زێتر به‌ كۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت سه‌رمایه‌ی ده‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌ویتر و زێتر بێت. به‌و مانایه‌ش ده‌بێ‌ نایه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری له‌ سه‌ر دوو مه‌رج جێبه‌جێ‌ بكرێت: یه‌كه‌م، پێویسته‌ ئه‌و پێگه‌ و وه‌زیفانه‌ بۆ هه‌مووان كراوه‌ بێت. ئه‌و پێگه‌ و وه‌زیفانه‌ نابێ‌ به‌ڕووی هیچ كه‌سدا داخراو بێت، له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی توانا و شاره‌زایی و پسپۆری… دووه‌م، ده‌بێ‌ ئه‌و نایه‌كسانییه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ تاكه‌ زۆر هه‌ژاره‌كاندا ره‌نگبداته‌وه‌، واته‌ پێویسته‌ حكومه‌ت پارێزگاری له‌ تاكه‌ زۆر لاوازه‌كانیش بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ر به‌ تواناكاندا هه‌ست به‌ بێ‌ به‌هایی نه‌كه‌ن.

به‌ كورتی ده‌مه‌وێ‌ بڵێم (نا) له‌و خوێندنه‌وه‌ ناجێگیره‌دا، ده‌شێ‌ به‌و فاكسینه‌ (لقاح) بژمێردرێت، كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ نه‌خۆشییه‌كان ده‌پارێزێت. به‌و مانایه‌ش (نا) وه‌ك خوێندنه‌وه‌، ده‌شێ‌ جوانیه‌كانی خۆی له‌ ئاینده‌ی نادیاردا هه‌ڵگرێته‌وه‌! به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی جێگیری (ئا) له‌ رێگای ئه‌و هێزه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ك موڵكێكی جێگیری خۆی ده‌ناسێنێ‌! ئه‌و هێز و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ره‌تده‌كاته‌وه‌، پێیوایه‌ قابیلی به‌شداریكردن و تێگه‌یشتنی ئه‌و نییه‌، له‌وێوه‌ كه‌ ئه‌و زۆرینه‌یه‌ و ده‌شێ‌ نكۆڵی له‌ كه‌مینه‌ بكات… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم خوێندنه‌وه‌ی جێگیری (ئا) هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌، كه‌ ئه‌ویدیكه‌ بۆ دیمه‌نێكی گاڵته‌جاڕانه‌ و كه‌مبایه‌خ بچووك بكاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ له‌و سنووره‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیار، كه‌ (نا) دێته‌ سه‌ر شه‌قام.

ده‌قی خۆپیشاندان و میكرۆفیزیای هێز

ده‌سه‌ڵات له‌ په‌یوه‌ندی هێزه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ‌ و سیسته‌مێك و زنجیرێك پێكدێنێ‌، ئه‌و سیسته‌م و زنجیره‌یه‌ یان به‌نده‌ به‌یه‌كه‌وه‌ یان له‌یه‌كپچڕاوه‌. كه‌واته‌ كه‌ ده‌ڵێین ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ندییه‌، ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ په‌یوه‌ندیش به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌، بۆیه‌ ناتوانین ئه‌مڕۆ قسه‌ له‌ سێنته‌ری ده‌سه‌ڵات یان ده‌سه‌ڵاتی سێنته‌ر بكه‌ین! چونكه‌ هێز له‌ هه‌موو شوێنێ‌ په‌رت و بڵاوه‌، به‌و مانایه‌ش ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێته‌ نێو جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵاَیه‌تییه‌وه‌، له‌ هه‌موو پنتێكی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا په‌یوه‌ندی هێز هه‌یه‌: له‌ نێوان ژن و پیاو، له‌ نێوان تاكه‌كانی خێزان، له‌ نێوان هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانناسی و ئه‌وانه‌ی نایانناسی… ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات (فۆكۆ) به‌ میكرۆفیزیای “هێز/ده‌سه‌ڵات” (Micro-physique du pouvoir) ناوی ده‌بات.
فۆكۆ ره‌فزی ئه‌و دیده‌ (ئاڵتۆسێر)ییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ دامه‌زراوه‌ ئایدیۆلۆژییه‌كان و دامه‌زراوه‌ سته‌مكاره‌كانی ده‌وڵه‌تدا كورتده‌كاته‌وه‌. چه‌مكی ده‌سه‌ڵات لای فۆكۆ ته‌جاوزی بواری سیاسی ده‌كات و له‌ هه‌موو لایه‌كی كۆمه‌ڵگا و له‌ هه‌موو شوێنێك به‌دی ده‌كرێت. ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو شوێنێك و له‌ هیچ شوێنێك نییه‌ (وه‌ك چۆن خوێنه‌ری ده‌قی خۆپێشاندانیش له‌ هه‌موو شوێنێكه‌ و هیچ شوێنیشی نییه‌)!

به‌مجۆره‌ میكرۆفیزیا مۆڕكێكی جۆراو جۆر و فره‌ به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێ‌، واته‌ بوونی ژماره‌یه‌كی بێ‌ كۆتا له‌ پنتی رووبوڕووبوونه‌وه‌ و تیشكۆی ناجێگیر. هه‌ر پنتێكیش ترسی ململانێی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌ و ده‌كه‌وێته‌ دووتوێی كاتێكی دیاریكراوی هێزه‌وه‌. كه‌واته‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له‌به‌رانبه‌ر تیشكۆی هێزه‌كانی دیكه‌دا له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و پێوانه‌كردنی به‌رده‌وامدایه‌. په‌یوه‌ندی هێزه‌كان جێگیربوون ناناسن. په‌یوه‌ندی هێزه‌كان به‌هۆی به‌ دامه‌زراوكراوه‌كانه‌وه‌ ناسنامه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن.
فۆكۆ پێیوایه‌ په‌یوه‌ندی، یان ململانێی هێزه‌كانی نێوان دوو لایه‌ن، له‌ رێگای هاوگونجان، یه‌كلاناكرێته‌وه‌! یان به‌هۆی گفتوگۆ و ئه‌وه‌ی (هابرماس) پێیده‌ڵێ‌ به‌یه‌كگه‌یشتن (continuity) یه‌كلاناكرێته‌وه‌، به‌ڵكه‌ له‌ رێگای سه‌ركه‌وتنی ئامانجی یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌ویدیكه‌دا یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ كامیان بتوانێ‌ زۆرینه‌ی پێداویستییه‌كان جێبه‌جێ‌ بكات، هێز به‌لای ئه‌ودایه‌. به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دیكه‌ فۆكۆ پێیوایه‌ هیچ دانپیانانێكی پێوانه‌یی بۆ ره‌وایه‌تی هێز بوونی نییه‌.
كه‌واته‌ لای فۆكۆ ئه‌وه‌ هێزه‌، یان په‌یوه‌ندی هێزه‌كان و ده‌سبه‌سه‌راگرتن و زاڵبوون و دواتر حوكمكردن و چاودێری و سزایه‌، ململانێكان یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و جۆره‌ له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ (دۆڵۆز) فۆكۆ به‌ (نیچه‌)ییی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات… به‌ڕای دۆڵۆز، فۆكۆ له‌ وێناكردنی ده‌سه‌ڵاتدا رێبازی نیچه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات، واته‌ وه‌ك نیچه‌ له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی هێزه‌كاندا دوو رێگا ده‌بینێ‌، یه‌كه‌میان: وه‌هم، یان ئایدیۆلۆژیا و خه‌ڵه‌تاندن. دووه‌م: به‌كارهێنانی تووندوتیژی. واته‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ جارێك هانا بۆ هێزی فیزیكی ده‌بات و جارێكی دیكه‌ بۆ خه‌ڵه‌تاندن.

له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی هێزه‌كاندا، ده‌شێ‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشاندان هێزی “فیزیكی” و “خه‌ڵه‌تاندن” ته‌رجه‌مه‌ی مه‌دلولی “ئاشكرا” و مه‌دلولی “شاراوه‌” بكه‌ین. ده‌مه‌وێ‌ بڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشاندان سه‌ر به‌ لایه‌نێكی دیار نییه‌، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات (ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزیسیۆنیش ده‌گرێته‌وه‌) بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌كانی زێتر پشت به‌ فیكره‌ی درووستكردنی سیناریۆ (خه‌ڵه‌تاندن) ده‌به‌ستێت. واته‌ ده‌سه‌ڵات هه‌تا هێزی سیناریۆ درووستكردنی پێمابێت ده‌ست بۆ ئاشكراكردنی تووندوتیژی نابات.. ده‌سه‌ڵات له‌ خوێندنه‌وه‌ شاراوه‌كانیدا هه‌میشه‌ له‌ به‌رانبه‌ر خه‌سڵه‌تی “خاكه‌ڕایی” و “نه‌گونجان” و “بوێری” بنه‌ماگه‌لی “ناپاك” و “نه‌یار” و ” ئاژاوه‌گێڕ” له‌ سیناریۆكانی ره‌نگده‌داته‌وه‌! به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ كرده‌ی خۆپیشاندان بوێری ده‌نوێنێ‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا ئاژاوه‌گێڕه‌.. ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سلبیاته‌كان ناتوانێ‌ بگونجێ‌، ده‌سه‌ڵات به‌ دوژمن و نه‌یار وه‌سفی ده‌كات.. ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ لێپرسراوێتی ده‌كات و خاكه‌ڕایانه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ دڵسۆزی بۆ نیشتمان نیازێكی له‌ پشته‌وه‌ بێت، ده‌سه‌ڵات به‌ ناپاك و دوو ڕوو له‌ قه‌ڵه‌می ده‌دات..

وه‌ك گوتمان چونكه‌ ده‌قی خۆپیشاندان ناكه‌وێته‌ نێو لۆژیكی تێگه‌یشتن و نیاز و لایه‌نێكی دیاریكراوه‌وه‌. چونكه‌ ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك ده‌قێكی سپی نایه‌وێت هێله‌ دیاره‌كانی تێگه‌یشتن بكێشێ‌ و زێتر هێله‌ نادیاره‌كانی خه‌یاڵ به‌رفره‌وانتر و سنووری ئه‌گه‌ره‌كان تۆختر ده‌كاته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و توانایه‌ش به‌هۆی ده‌ركه‌وتن و ئاشكرابوونه‌وه‌ به‌ده‌ست ناهێنێ‌، به‌ڵكو له‌ پێچه‌ نادیاره‌كانیدا هه‌ڵیگرتووه‌، یان به‌هۆی فره‌یی مانا و فره‌یی خوێندنه‌وه‌ی نێو ده‌نگه‌ په‌نماوه‌كانه‌وه‌ به‌دی ده‌هێنێ‌، نه‌ك وێنه‌ دیاره‌كانی سه‌ر سه‌حنه‌. بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات له‌به‌رانبه‌ردا له‌ رێگای به‌كارهێنانی ده‌مامكه‌وه‌ به‌ نواندنی سیناریۆكانی خۆی هه‌ڵده‌سێت!

به‌ڵام كاتێك خۆپیشاندان له‌سه‌ر مانای وێكچوو هاته‌ مه‌یدان، كاتێك خۆپیشاندان كۆمه‌ڵێك پاڵه‌وان و فه‌ردی موقه‌ده‌سی به‌رهه‌مهێنا، كاتێك خۆپیشاندان ئاڕاسته‌ی دیاریكراوی گرته‌به‌ر… ئه‌و كاته‌ ده‌قی خۆپیشاندان له‌ ده‌قێكی سپی بۆ خوێندنه‌وه‌، به‌ره‌و ده‌قێكی دیار بۆ نوسینه‌وه‌ ده‌چێ‌!! ئه‌و له‌كه‌داركردن و گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ده‌قی خوێندنه‌وه‌ بۆ ده‌قی نوسینه‌وه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ حه‌زی ئۆپۆزسیۆندا كورت ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو وه‌ك حه‌زی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌كرێ‌ سه‌یری بكه‌ین!! ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كه‌میان ده‌لاله‌تی هێزی له‌خۆدا هه‌ڵگرتبێ‌!! ئه‌وه‌ بۆ دووه‌میان ده‌بێته‌ وێنه‌یه‌كی دیار بۆ نیشانه‌گرتن!!

كاركردنی خۆپیشاندان له‌سه‌ر مانای وێكچوو، نیاز و مه‌به‌ست و ئاڕاسته‌ی دیاریكراو، یان ده‌ركه‌وتنی ناوه‌ڕۆكی خۆپیشاندان وه‌ك ده‌ق بۆ نوسینه‌وه‌… ده‌شێ‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن ماناكانی هێزی ته‌عبیركردن له‌خۆ بگرێ‌. به‌ڵام بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌ركه‌وتنی وێنه‌ی دوژمن ده‌گه‌یه‌نێت. بۆ ئۆپۆزسیۆن جێگه‌ی دڵخۆشی و شانازییه‌، بۆ ده‌سه‌ڵات جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ و له‌ هه‌مان كاتتدا دیاریكردنی خاڵی ده‌ستبردنه‌ بۆ هێز و تووندوتیژی.

نیسانی2011
——————————
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:

– رولان بارت، مغامره‌ فی مواجهه‌ النص، تالیف، فرانك ایفرار و اریك تینه، ترجمه‌، د. وائل بركات، دار الینابیع، دیمشق، گ1 2000، ص119.
– بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌، ه.س.پ. ل77.
– لێره‌دا هه‌وڵمداوه‌ چه‌مكی نه‌گونجان له‌ چه‌مكی كاراكته‌ری ئیشكالی نزیك بكه‌مه‌وه‌، تێگه‌یشتن له‌ پاڵه‌وانی ئیشكالئامێز، به‌وه‌ی ئیشكاله‌كان ده‌خاته‌ روو، نه‌ك به‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵی گۆڕینیان ده‌دات.
– كۆی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی خۆپیشانده‌ر، ده‌شێ‌ له‌ خه‌سڵه‌تگه‌لی رۆشنبیریشدا به‌دییان بكه‌ین. به‌و مانایه‌ كه‌ رۆشنبیر ئه‌و كه‌سه‌یه‌، بوونی خۆی له‌ هه‌ستكردن به‌ ره‌خنه‌ی به‌رده‌وامدا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌. به‌ كورتی رۆشنبیر و خۆپیشانده‌ر له‌وێوه‌ رووبه‌رووی ده‌سه‌ڵات ده‌بنه‌وه‌، كه‌ سته‌مكاری جێگه‌ی دادپه‌روه‌ری، دیكاتاتۆرییه‌ت جێگه‌ی دیموكراسییه‌ت ده‌گرێته‌وه‌، له‌وێوه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ بیروڕاكانیان ببنه‌ بابه‌تێك بۆ جێبه‌جێكردن…
– له‌ڕیگه‌ی وه‌رگرتنی باجی زێتر له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هه‌ژاراندا بۆ ئه‌وه‌ی باری ژیانیان به‌ره‌و باشی به‌رن. بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌: الفیلسوف الامیركی فی كتاب جدید عن العداله‌ و الحریه‌، هاشم صالح،22/3/2011، الشرق الاوسگ.
– فوكو و میكروفیزیا‌و السلگه‌، معزوز عبدالعالی، جمعیه‌ الفلسفیه‌ المغربیه‌،5/2/2011، مدارات فلسفیه‌.
– له‌ ته‌وای ئه‌و وتاره‌دا هه‌وڵمداوه‌ ده‌قی خوێندنه‌وه‌ به‌ ده‌قی بێ‌ لایه‌ن و ده‌قی نووسینه‌وه‌ وه‌ك لایه‌ندار بناسێنم، به‌و مانایه‌ش مه‌رجی تێگه‌یشتن بۆ ئه‌و دوو جۆره‌ له‌ ناسین پشت به‌ ده‌ق بۆ خوێندنه‌وه‌ و ده‌ق بۆ نووسینه‌وه‌ی (بارت) نابه‌ستێت.

تێبینی:
ئه‌و زنجیره‌ بابه‌ته‌ی لێره‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، وه‌ك كتێب له‌ ژێر ناونیشانی (ناسنامه‌، تواناكانی بوونی مرۆڤ) ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ.




ئایا شیعر خۆی دژه‌ سیسته‌م نییه‌؟ …3 … خەمگین بۆڵی


به‌شی سێیه‌م

——————

ئه‌م بنووسه‌ هه‌میشه‌ هه‌بوونی شیعر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دژه‌ سیسته‌م و به‌رده‌وام له‌ هه‌موو گوتاره‌كانیدا ئه‌م وشه‌یه‌ وه‌ك هه‌وێنی نووسینه‌كه‌ی پاته‌ ده‌كاته‌وه‌ و وشه‌ی (سیسته‌م)ی كردۆته‌ بنیشته‌خۆشه‌ی سه‌ر زمانی، به‌بێ ئه‌وه‌ی تاقه‌ جارێك له‌ خۆی بپرسێت: سیسته‌م چییه‌ و منی بنووس باسی كام سیسته‌م ده‌كه‌م؟ ئایا شیعر له‌ كوێی سیسته‌م دایه‌؟ ئایا شیعر ده‌توانێت ببێته‌ به‌شێك له‌ سیسته‌م؟ ئاخر بنووس بێئاگایه‌ له‌وه‌ی كرده‌ی شیعریی، كرده‌یه‌كه‌ خۆی دژی سیسته‌مه‌كانه‌ و شیعری نه‌مر هیچ سیسته‌مێك له‌و سیسته‌مانه‌ له‌ خۆیدا كۆ ناكاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر زیاتر به‌ناو ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌دا شۆڕ ببینه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی هونه‌ری شیعر دژی سیسته‌می قسه‌كردنه‌، واته‌ ئه‌م هونه‌ره‌ شیعر له‌ قاوغی قسه‌كردن ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌ و دژی ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر هێشتانیش وردتر ببینه‌وه‌، هه‌مدیسان شیعر پابه‌ندی بنه‌ماكانی ڕێزمان و زانستی زمانه‌وانی نابێت و زۆرجاران ئه‌وانه‌ تێكده‌شكێنێت كه‌ وه‌ك سیسته‌مێكی ڕێزمانی و زمانه‌وانی به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌. ئه‌وه‌ قه‌ده‌ری شیعری راسته‌قینه‌یه‌ كه‌ ئه‌و چوارچێوه‌ به‌ندییه‌ تێكده‌شكێنێت و خۆی ته‌سلیمی هیچ سیسته‌مێك ناكات. هه‌روه‌ها شیعر هه‌ر خۆی دژی سیسته‌می مانای ڕووته‌ و زۆرجاران له‌ بۆته‌ی شیعردا مانایه‌ك دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ مانای ڕووت ناڕێك ده‌كه‌وێته‌ و وه‌ك گوتراوێكی سه‌یر و قۆڕ دێته‌ به‌رچاو. بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و جوانیناسییه‌ی له‌ بۆته‌ی شیعردا شاعیر وێنای ده‌كات و ده‌یسازێنێ، جوانییه‌كی ناڕێكه‌ له‌ واقیعی ڕووت، وه‌لێ واقیعی ڕووت جیاوازی نییه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی فیكر و فه‌زای نووسین. به‌ختیار عه‌لی له‌ كتێبی (جوانییه‌كانی ناڕێكی)دا له‌م باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تی: ” ناڕێكی لێره‌دا بریتی نییه‌ له‌ خواستێكی شه‌یتانی بۆ كاوڵكاری، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌ خواستێكی توند بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك له‌و قاڵبانه‌ ده‌رمانبكات كه‌ ئه‌قڵ و تێڕاوانینمانی تێدا دیلبووه‌” (7).

لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ گوتراوێكی كاك ئارام سدیق ده‌كه‌م و دواتر نموونه‌ شیعرییه‌كان ده‌خه‌مه‌ ڕوو. كاك ئارام نووسیویه‌تی: ” بنووس شه‌رم له‌وه‌ ناكات شیعر وه‌كو قسه‌ی تڕۆهات ببینێت، چونكه‌ به‌شێكی زۆر له‌ وانه‌ی به‌ناوی شیعره‌وه‌ چاپیكردوون، له‌ قسه‌ی تڕۆهات زیاتر نین”.

ئه‌وه‌یش نموونه‌ شیعرییه‌كانن كه‌ به‌لای بنووسه‌وه‌ قسه‌ی تڕۆهاتن:

– ناو سگم پڕ قسه‌یه‌ و خه‌ریكی نووسینسشم.
– بۆچی بێده‌نگی فه‌لسه‌فه‌ی گوتن نه‌بێت؟
– بۆچی كرم ماڵی له‌ناو شووتی نه‌بێت؟
– بۆچی ژیان مردنێكی سه‌راوبن نه‌بێت؟”(8)

ئه‌م ڕستانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌لای كاك ئارام سه‌دیقه‌وه‌ قسه‌ی تڕۆهاتن، قسه‌ی بێمانان، قسه‌ی هه‌ڵیتوپه‌ڵیتن! ئه‌گه‌ر بپرسین: په‌یڤی (ترۆهات) به‌لای بنووسه‌وه‌ چی واتایه‌كی هه‌یه‌؟ ئایا ئه‌و جۆره‌ له‌ قسه‌كردن ده‌شێت ناوی بنێین گوتراوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی؟ ئایا ئه‌وه‌ ده‌شێت گوتراوی كه‌سێك بێت، كه‌ سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیات و فیكردا هه‌بێت؟ ئه‌و ڕسته‌ شیعرییانه‌ به‌لای بنووسه‌وه‌ له‌ خه‌یاڵ و تێفكرینی ئه‌وه‌وه‌ ناڕێك و ناباو و بێمانا و ناشیعر كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ شیعرییه‌ی كه‌ بكه‌ری ناو شیعریش پێی ده‌دوێت، پرسیاری بێ بنه‌ما و بێمانان به‌لای بنووسه‌وه‌، ده‌وروژێنێت. ئه‌گه‌ر له‌ بنووس بپرسین: ئایا ئێستایش بڕوات وایه‌ ئه‌و دێڕه‌ شیعریانه‌ بێمانا و قسه‌ی تڕۆهاتن؟ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌مان فه‌زا و كه‌رسته‌ی نووسینی تۆ لێت بپرسمه‌وه‌، ئایا ئه‌و دێڕه‌ شیعرییانه‌ خزمه‌تی سیسته‌م ده‌كه‌ن، یان دژی سیسته‌من؟ ئایا هه‌موو كرده‌یه‌كی قۆڕ و تۆڕه‌هات دژی سیسته‌م نییه‌؟ ئایا سیسته‌م ساده‌ترین پێناسه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ مه‌به‌ستی رێكخستنی هه‌موو ئه‌و كرده‌ و شتانه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌ورووبه‌رماندا هه‌ن؟ ئایا وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌توانم داوای ئه‌وه‌ت لێ بكه‌م گوتارێك له‌باره‌ی چه‌مكی (تڕۆهات) بنووسیت؟ ئایا تڕۆهاتنووس و شاعیری بیرنه‌كه‌ره‌وه‌ و ناشاعیر به‌لای تۆوه‌ چی مانایه‌كیان هه‌یه‌؟ ده‌توانیت ناوی یه‌ك تاقه‌ ره‌خنه‌گری دونیام بۆ بنووسیت كه‌ له‌باره‌ی ده‌قێكی ناشیعرییه‌وه‌ نووسیبێتی، یان له‌ باره‌ی ئه‌زموونی ناشاعیرێك و شاعیرێكی بیرنه‌كه‌ره‌وه‌وه‌ هه‌زاران وشه‌ی نووسبێت و دواتریش گوتبێتی ئه‌و ده‌قانه‌ی له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌نووسم، شیعر نین؟ ئایا ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی به‌ ڕه‌خنه‌گرێكی جددی و هۆشیار بزانێت و هه‌موو ساڵێك كتێب له‌م بواره‌وه‌ چاپ بكات، گوتراوی ئاوا فڕێ ده‌داته‌ ناو نووسینه‌وه‌؟ ئایا خوێنه‌رێكی هۆشیاریش قسه‌ی وا ده‌كات و بڵێت: ئه‌و ده‌قه‌ی قسه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌م، شیعر نییه‌؟ ئایا ئه‌گه‌ر جیاتی بنووس له‌ خوێنه‌ران بپرسم، ئایا هیچ كرده‌یه‌كی شیعری هه‌یه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ماناوه‌، هه‌تاوه‌كو مانای نه‌بێت؟ هه‌روه‌تر، ئه‌گه‌ر شیعرێك مانای نه‌بێت، ڕه‌خنه‌گر چۆن ده‌توانێت له‌ناویدا بیر بكاته‌وه‌ و هه‌زاران وشه‌ی له‌باره‌وه‌ بنووسێت؟ بۆیه‌ ده‌مه‌وێت كاك ئارام وه‌ڵامی ئه‌وه‌م بداته‌وه‌، ئایا ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كان ناشیعرن، چۆن توانیت ئه‌و گوتاره‌ درێژدادڕه‌ی له‌باره‌وه‌ بنووسیت؟ بنووس له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ڕێبازێكی ڕه‌خنه‌یی نییه‌ و بنه‌مایه‌كی جێگیری ڕه‌خنه‌یی نییه‌ بیكاته‌ بنه‌مای كۆی گوتاره‌كانی، بۆیه‌ زۆرجاران له‌ گوتارێك بۆ گوتارێكی دیكه‌یدا دژی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه‌. له‌ گوتارێكی به‌ناونیشانی (شیعر و دۆخی به‌ لێبوكبوون) دا ته‌واو دژی ئه‌م گوتاره‌ی خۆیه‌تی، چونكه‌ له‌وێدا پێیوایه‌ ناڕێكیش ده‌شێت جوان بێت، له‌ناو كرده‌ی ناشیرینیشدا جوانی بدۆزینه‌وه‌. واته‌ خۆی دژی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و دووڕوویی و دووفاقییه‌تی نووسینی خۆی مانیفێست ده‌كات.” ده‌كرێت تابلۆیه‌كی جوان چێژی هه‌بێت، هاوكات ده‌كرێت تابلۆیه‌كی ناشیرینیش به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان چێژی خۆی هه‌بێت” (9).

ئه‌وه‌ ڕێك پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی خۆیه‌تی و هه‌موو ئه‌و گوتراوانه‌ی ناو ئه‌و گوتاره‌ی خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌م پرسیار و گومانه‌وه‌. ئه‌و جۆره‌ دووڕوویی و دووفاقییه‌ته‌ی ناو دونیای نووسین ده‌مانباته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی، كه‌ له‌ كولتووره‌ خێڵه‌كییه‌كانه‌دا هه‌یه‌ و ئه‌و جۆره‌ بنووسه‌ خێڵه‌كییانه‌ به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م ئه‌و كولتووره‌ ڕووكه‌شگه‌راییه‌دان و خۆیان له‌ناو بۆچوونه‌كانی خۆیان ته‌ریق ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی دركی پێ بكه‌ن و بوه‌ستن و بیربكه‌نه‌وه‌. تێهزرینی بنووس له‌مجۆره‌ گوتارانه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ كه‌شف ده‌كات، كه‌ بێ ئاگاییه‌كی ئاقڵانه‌ و ئاگامه‌ندانه‌ خۆی به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌ و وه‌ك نووسه‌رێكی ساخته‌كار و خێڵه‌كیانه‌یش وه‌ها خۆی نیشان ده‌دات كه‌ ڕاستی ناشارێته‌وه‌.

بنووس به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌ و دواتر ئاماژه‌ به‌وه‌یش ده‌دات كه‌ ئه‌وانه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی شیعری (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف) دا نووسراون. ئه‌گه‌ر لێره‌دا بپرسین: ( له‌م گوتاره‌دا ئامانجمان دامه‌زراندنی پڕه‌نسیپی گفتوگۆیه‌، بۆیه‌ ده‌بێت بۆچوون و گوتراوه‌كانمان وه‌ك پرسیار ئاڕاسته‌ بكه‌ین) ئایا ده‌كرێت ئاماژه‌ به‌و شیعر و دێڕانه‌ی عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف بكه‌یت، كه‌ ئه‌م دێڕه‌ شیعرییانه‌ی له‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌ودا نووسراون؟ ئایا دروسته‌ به‌بێ خستنه‌ڕووی ده‌قی هه‌ردووك شاعیر، باسی كاریگه‌ریی بكه‌ین؟ ئایا بۆچی ئاماژه‌ت به‌ نموونه‌ شیعرییه‌كانی عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف نه‌كردووه‌؟ ئایا ده‌كرێت به‌بێ ئاماژه‌دان تۆمه‌تی وا وه‌ك گوتراو فڕێ بده‌ین؟ ئایا ئه‌گه‌ر نووسین چووه‌ ناو ئه‌و قاوغه‌وه‌ و به‌بێ بنه‌مایه‌كی مه‌عریفی و رێبازێكی زانستی ڕه‌خنه‌وه‌، جیاوازیی چییه‌ له‌گه‌ڵ گوتاری سیاسی حیزبی؟ ئایا له‌ نێوان هه‌ردووك گوتاردا ئامانج له‌وه‌ دروستكردنی بوختان و قسه‌ی بێ بنه‌مای مه‌عریفی نییه‌؟ ئایا له‌ نێوان ئه‌و جۆره‌ گوتاره‌ و گوتاری كادیرێكی حیزبی، ئامانجی یه‌كه‌م شكاندنه‌وه‌ی ئه‌وی دیكه‌ نییه‌؟ ئایا له‌ كوێی ئه‌ده‌بیات و ڕه‌خنه‌ی دونیادا هه‌بووه‌ بڵێین: ئه‌و شاعیره‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و شاعیره‌دایه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ ده‌قی لێچووی ئه‌و شاعیره‌ بكرێت؟ ئایا ده‌كرێ له‌ ئێستاوه‌ تا ساڵێكی دیكه‌یش نموونه‌ شیعرییه‌كانمان بۆ بنووسیت؟




تەکنیک و هونەری گوێگرتن … کرمانج فەتاح

کە باس لە ئەتیکێتی قسەکردن دەکەین، بیر لەوە دەکەینەوە چۆن بدوێین بە چ شێوەیەک قسە بکەین کە رێز و شکۆ لەدەست نەدەین، کە بەرانبەرەکەمان بە چاوێکی بەرز تەماشامان بکات. ئەویش هەست بەوە بکات کە بایەخی پێ دەدرێت و رێزی لێ دەگیرێت.
شارەزایانی ئەتیکێت لەمبارەیەوە وا رێنماییمان دەکەن، کە باشتر وایە تا ئەوەندەی پێمان دەکرێت کەم بدوێین، زۆرتر بوار بە کەسانی دیکە بدەین گوزارەی لە خۆیان بکەن، تاکو ئەوانیش هەست بە پردەکانی لێکگەیشتن و پێوەندی بکەن.

پسپۆڕانی ئەتەکێت سەبارەت بە ئاخاوتن و گوێگرتن، هەمیشە جەخت لەسەر هاوسەنگی و هارمۆنیا دەکەن. هاوسەنگییەک لەنێوان تۆ و ئەوانی تردا گرینگە. واتە چەند کات و بوار بە خۆت دەدەیت کە خەڵک گوێت لێ بگرن، باشتر وایە هەمان قەوارە، کات و بوار بە کەسانی دیکەش بدەیت کە بئاخڤن، تۆش گوێیان لێ بگریت، خۆ ئەگەر مۆڵەت و بواری قسەکردن بە کەسانی دیکە بدەیت و خۆت بە شێوەیەکی کارا گوێ بگریت، ئەوە هەر زۆر باشترە.
گوێگرتن، ئەم وشە ئەفساوناییە کلیلی کاریزما و هاوسۆزییە، چەندەی زیاتر گوێ بگریت، ئەوەندە شیرینتر و خۆشەویستتر دەبیت. گەلێک سەرکردەی کاریزمایی هەن، بەوە ناسراوان کە باش گۆی لە خەڵک دەگرن، هەر ئەم گوێگرتنەیش بووە بە سەرچاوەی کاریزمایان.
بەڵام گوێگرتن بۆ زۆرینەمان ئەوەندە ئاسان نییە.

بۆ هەندێک کەس قسەکردن، هەندێک جار تا رادەی زۆربڵێیی، زۆر لە گوێگرتن ئاسانترە .
هەستەکان زۆرناسکن ئازاریان مەدە ، وانەکانی ژیان فێرمان دەکەن
سەڕاحەت هەمووکات خۆشە ،بەڵام هیچ کات بە بەرامبەرەکەت مەڵێ پیری ،بەتایبەت ئەگەر ئافرەت بوو چونکە ناخی بەو وشەیە و هەستەکانی ئەشکێن ، ڕەنگە پیرتری بکات ، وە بەشێک دەبێت لە زێدەرۆی قسەکردنەکانت ..
ڕۆشنبیری ئەتەکێتی قسەکردن ئەوەیە لەتەمەنی کەس نەپرسیت ،کەپرسیشت ئەگەر گەورەبوو بڵێ ئەزموونی ژیانت زۆرە بەهیوام سوودمەندبم لێت…
گەرلە تۆگەورەتربوو بەچەند ساڵێک باشترە نەڵێی تۆئەوەندە گەورەتری لەمن ئەوقسەیە زۆر ڕەقە،ئاساییە زۆر گەر بڵێیت هێندەمان نێوان نیە برای بچوکتم یان خوشکی بچوکتم …
هەندێک کەس هەیە بەتەمەنن بەڵام بەدڵ و بیرکردنەوە گەنجن،هەندێک هەیە گەنجن بەڵام بەڕەفتارو بیرکردنەوە پیرن…..
سادەی و ئەتەکێتی ئاخاوتن مەودای نێوان کەسەکان زۆرکەم دەکاتەوە…
بەئومێدم له هەوڵی ئەوەدابین چ بەقسە چ بەڕەفتار هەستی کەس بریندارنەکەین…چونکە هەم ئاینەکان کۆکن لەسەر ئەمە ڕێزی لە ئادەمیزاد بنێین پێویستە ئێمەش بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین …

کرمانج فەتاح




ئایا کرۆکی کێشەکە هەر دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمە یان کۆی سیستەمەکەیە…؟! … موزەفەر عەبدوڵا

دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم كە چەندین ساڵ بوو مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد،و ببوە ڕوگەیەکیش بۆ بەشێکی سەرەکی لە باڵەکانی ناو بزوتنەوەی ناسیونالیزم بە گشتی، بەڵام لەهەمان کاتدا ماکی ناکۆکی و دژایەتیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبو بە حوکمی پوچی ناوەڕۆکی سەرجەم بزوتنەوەکەو دەسەڵاتەکەیان.
ئەگەر چی لەسەرەتای دامەزراندنی و دەسبەکار بونی قۆناغی یەکەمی لە لایەن بارزانیەوە کەمێک بێ دەردی سەر بۆی چوە بەڵام بەر لە جێگیربونی تەواوی دەسەڵاتەکەیان توشی کیشەو ململانی بون لەسەر ئەم دامەزراوەیە وەک هەمو دامەزراوەو جومگەکانی تری دەسەڵاتەکەیان.تەنانەت لە چەند ساڵی ڕابردودا ئەم کێشەیە باڵی کێشابو بەسەر هەمو کێشەو گیروگرفتە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی یەکانو ناڕەزایەتی یە جەماوەریەکانیش لە دژیانو بونە قوربانی ئامانجدارانەی دوو لای ئەم کێبڕکێ یە.
هەردو لایان هەوڵیان دەدا ئەم ناڕەزایەتی ئازادیخوازیە جەماوەری یە بۆ مەبەستی خۆیان لەدەوری ئەم پرسو کێشەیە چەق پێببەستن تا لایەکیان لەم سەنگەرەوە پاشەکشە بە لایەکەی تریان بکات.

ئەوەبو دوا جار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی چەند جارەی سەرۆکایەتی بارزانی پەرلەمان بوە گۆڕەپانی شەڕو پێکدادان ،و سەرۆکی پەرلەمان کە گۆران بوو، لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانیان، بە هێزی چەک شاربەدەر کران. ئێستاشی لەگەڵ بێت ڕیگایان بە سەرۆکەکەی نەدا ڕوبکاتەوە بەناو پەرلەمانداو دەستیان پێ لە کار کێشایەوە.ئەمەش بوە قوڵبنونەوەی قەیرانە هەمە لایەنەکانیانو تەنانەت وێرانتر کردنی ناو ماڵی کوردایەتیەکەیان لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیش.
باشترین بەڵگەش شڕو وڕی دۆخی ئێستایانە لە بەغدا کە هەر یەکەیان ئامادەن لەگەڵ دوژمنە سەر سەختە قەومی و تایەفی یەکان یەکبگرن لە دژی یەکتر.
بەڵام لەم ڕۆژانەی هەفتەی ڕابردودا لە پرۆژە یاسایەکدا کە گۆڕان پێشنیاری کردەوە بۆ بەردەم پەرلەمانەکەیان بە زۆرایەتی دەنگ بڕیاری هەڵپەرساردنی- تعلیق-ئەم دامەزراوەو پۆستەیان داوە.بەمەش جارێکی تر گۆڕان دەستی کردەوە بە زوڕنا ژەنین وشایی و هەڵپەڕکێ وەک ئەوەی هەمو کێشەو گیروگرفتەکانی خەڵکیان چارەسەر کردبێت و کردویانە بە جێگای پرسوڕایەکی گەرم.

تێۆردانەرانو ڕاڤەکارانو نوسەرانو ڕۆشنبیرانیان دەستیان داوەتە بانگشەو هاندان و خۆیان سەرگەرم کردوە بە ئومێدی ئەوەی هەم پارسەنگی خۆیان لە هاوکێشە دۆراوەکانیان هاوسەنگ بکەنەوە و هەم قەیرانە ناوخۆیی یەکانیان خامۆش کەنەوە .هاوکاتیش دەیانەوێت جارێکی تر جڵەوی نارەزایەتی قوڵی جەماوەر، کە ڕووی لەهەمو دەسەڵاتەکەیانە بە گۆڕانیشەوە ، بگرنەوە دەست بۆ بەهێزکردنەوەی کێشی خۆیان.وەک کارتێکیش بەکاری بێنن بۆ دەسکەوتی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی بەناو پەرلەمانی کوردستان.
جا پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ئەم بەناو دامەزراوەیەی سەرۆکایەتی هەرێمە کەوا کردویانە بەم کێشەو گیروگرفتە گەورەیەی نێوان خۆیان و دەیانەوێت خەڵکێشی پێ سەرگەرم بکەنەوە سەرچاوەی سەرەکی هەمو کێشەو گیروگرفتەکانە…؟!
لە وەڵامێکی زۆر کورتدا پێویستە بڵێین نەخێر هەرگیز..!
لێردا پێویستیش دەکات کەمێک وەڵامەکە ڕۆشن بکەینەوە.

لە ڕاستیدا ئەم بەناو دامەزراوەیە نەک هەر سەرچاوەی سەرهەڵدانی هەمو کێشەو گیروگرفتەکانی جەماوەری ستەمدیدەو بێمافکراو نین بەڵکو سەرچاوەی سەرەکی سەرهەڵدانی کێشەو ململانێ و جیاوازی یەکانی ناو ماڵی کوردایەتی خۆشیان نین.
سەرچاوەو هۆکاری سەرەکی بۆ هەمو کیشەو گیروگرفتەکان کە بونەتە بێمافی ڕەهای خەڵکو، تەنانەت بۆتە هۆی قەیرانو پەرشوبڵاویو لاوازی خودی سەرجەم دەسەڵاتەکەشیان، لەناوەڕۆکی داکەوتوییو بێ ئاسۆیی جوڵانەوەکەیان وەک جوڵانەوەیەکی بۆرژوا قەومی وعەشیرەتی لەهەمو ڕویەکی ئابوری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتور شاراوەتەوە.ئەمە جگە لەوەی حزبەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەهەمومەرجێکی جیهانی پڕ ئاڵوگۆڕو وەرچەرخانو پاشەوپاش گەڕانەوەی سیاسو کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیشدا دەسەڵاتیان گرتە دەست کە نەیان توانی دووساڵ تامی دەسەڵاتێکی یەکگرتوی بەهێز بکەنو توشی بنبەست بوون .

بۆیە کۆی ئەم دەسەڵاتە هیچ کات نە دەتوانێت بێ کێشەو قەیرانو شەڕو ئاژاوە بێت تا هەلومەرجێکی لەبارو ئارام بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەو پەیوەندی یەکانو ڕێساویاساکانیان دەستەبەر بکات نە دەتوانێت کەمترین ئەمنو ئاسایشو خزمەتگوزاریو مافو ئازادی یە سەرەتایی یەکانیش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی بەرهەمهینەر ڕەچاو بکاتو دابین بکات لە کرێکارانو تویژە ستەمدیدەکان.ئەم دەسەڵاتە بەهەردو باڵە سەرەکیو لاباڵەکانی یەوە نە دەتوانیت باڵە لیبرالەکەو نە باڵە سۆشیال دیموکراتەکەی ڕۆژئاوا بیت تا لە سایەیاندا ڕیساو یاساو نەریتە ڕەسەنەکانی پەیوەندنی بەرهەمهێنانی سەرمایەو کەڵەکەی سەرمایەو سود وقازانج کاری خۆی بکات.
هەر لەم گۆشە نیگایەشەوە نابێت جارێکی تر جەماوەر توشی خۆش خەیاڵی ببنەوە بەو شەڕو ململانێ یەی کە دەگوزەرێت لە نێوان پارتی و گۆڕانو هاوپەیمانەکانی لەسەر دەزگای سەرۆکایەتی و هەڵپەساردنی، و تەنانەت لابردنیشی.

هەرچەند دەورانێک بە کردەوە جەماوەر توشی خۆشخەیاڵی هاتنو ناڕەزایەتی یەکانیان بوە قوربانی نێوان ململانێی ئەم باڵانەی دەسەڵات ، بە تایبەتی لە دوای ناڕەزایەتی یەکانی شوباتی ٢٠١١ وە .بەڵام لەم چەند ساڵەی دوای ئەوەوە جەماوەر بە دروستی نیشانی لێیان گرتوەو داوای وەلانانو کۆتایی پێهێنانی سەرجەم دەسەڵایان دەکەن.هەڵبەت ئەمە هێشتا نیوەی دۆزینەوەی ڕێگاکەیە نیوەکەی تری لە گرەوەی دەستەبەرکردنو دابین کردنی ئەلتەرناتیڤی شۆڕشگیرانەی خودی جەماوەرەیە بەرامبەر کۆی ئەم دەسەڵاتە بە ئۆپۆزیسێونیشەوە.

١٥-٧-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا




مراوی زیرەک …هۆنراوە بۆ منداڵان/ محەمەد بەرزی

دوو مراوی نێر و مێ
نزیک کەناری گۆمێ

دەگەڕان بۆ مێشوولە
بۆ بۆق و کرم و کوللە

ڕێوییەکی زیتی زۆرزان
زۆر بە گوڕ نیشتە سەریان

مراوییەکان بە پرتاو
خێرا فرینە ناو ئاو
ڕێوی مەلەی نەزانی
ترسی ئاو زوو وەستانی

بە قیقە قیق مراوی
دیقیانکرد بە مام ڕێوی

١٦ / ٣ / ٢٠١٨

مانگا زەردە

مانگا زەردە نەوسنە
بۆیە تۆزێ ورگنە

ڕۆژانە شیری زۆرە
خۆشە بۆ ماست و کەرە

زەنگۆڵەی لە ملدایە
حەزی زۆری لە گیایە

ئەو دەمەی کاوێژ دەکا
هەردەڵێی بنێشت دەخوا

برسی بێ دەبۆڕێنێ
دنیا بە ئاگا دێنێ

خۆ مێشی لیێ بنیشێ
بە کلکی پیای دەکێشێ

٢٢ / ٨ / ٢٠١٧




ڕاگەیەندراوی ماڵپەڕی هەڵوێست

هاونیشتمانان و کاربەرانی بەرێزی ماڵپەڕەکەمان ئاگادار دەکەین کە بەهۆی هەڵەی تێکنێکیی لە پرۆسەی گواستنەوەی ماڵپەڕەکەمان بۆ شەریکەیەکی دیکە و چارەسەرنەکردنی، سەرەنجام ناچار بووین ئادرەسی ئینتێرنێتیی هەڵوێست بگۆڕین. بەو بۆنەوە وەشانی هەڵوێست ماوەی ٣ حەفتە ڕاگیرا.
بەختەوەرانە سەرنجام کێشەکان چارەسەر کران و ئادرەسێکی نوێ ( www.hellwest.com ) بۆ هەڵوێست دیاریکرا و سەرلەنوێ ماڵپەڕەکەمان وەشانی خۆی دەسپێکردوە.
داوا لە هەموو هاونیشتمانان ، ماڵپەڕەکان و کاربەرانی هەڵوێست دەکەین لە ناساندنی ئادرەسی نوێ ( www.hellwest.com ) بە رای گشتی و میدیا و سوسیال میدیا یارمەتیدەرمان بن.
بەسپاسەوە
بەرێوەبەریی ماڵپەڕی هەڵوێست
١٢ی ٧ ی ٢٠١٨( ٢١ی پووشپەڕ)
www.hellwest.com