کاک ئارام وا نابێت! … بەشی دووەم ….. خدر حسين

ئەم نووسینە درێژکراوەی بەشی یەکەمە کە تیایدا باسمان لەو وتەیەی کاک ئارام سدیق کرد کە رەفزی هەموو دەقێك دەکات بە پاسیڤ لە قەڵەمیان بدات، منیش لێرەدا چەند نموونەیەك لە شیعری شاعیرانی جیهانی دەهێنمەوە کە بە پێی پۆلێنکردنەکانی کاک ئارام پاسیڤن و نابێت خوێنەر بیانخوێنێتەوە.
ئەگەر چاوێك بخشێنین بە شاکارە جیهانییەکاندا دەبینین زۆربەی هەرە زۆری شیعرەکان لە جوغزی موعانەتەکانی مرۆڤ و گیانی ئەشکەنجەدراو و ویژدانی زیندووەوە دەخولێنەوەو هەڵدەقوڵێن، ئەمەش لەبەر هیچ هۆیەك نییە جگە لەوەی شیعر زمانی ئەو گیانە راستگۆیەیە لە دەرەوەی زمانی ئاسایی کە حاڵەتگەلێکی مرۆییمان بە شێوەیەکی هونەریی بۆ وێنا دەکات.
دەبوو کاك ئارام زوو لەوە بگەشتایە کە شیعر چییە؟ مەگەر نەنگی و شورەیی نییە رەخنەگر رووبەرووی ئەم راستکردنەوە سەرەتاییانە بێتەوە؟ ئەگەر ئەو وای ببینێت دەبێ شیعر ئەکتیڤ بێت نەك پاسیڤ ئەوا سەرەتا تەنگ بە ئازادی شاعیران هەڵدەچنێت و خۆی بە مامۆستاو ڕێنموونیکاریان دەزانێت ، پاشان ئەو ڕاستیەشی لە بیر دەچێت ئێمەی میللەتی کورد ئێستاش هێلکە لە توکیاوە هاوردە دەکەین و دەرزی و دەزووش لە چین و زەرفی عەلاگەو سفرەش لە ئێرانەوە.
ئێستا با بە خێرایی چەند نموونەیەك لە شیعری شاعیران بهێنینەوەو بزانین بۆچی بە پێی پێوەرەکانی کاک ئارام سدیق هەموویان بوودەڵەن؟

*١* شاعیری کورد قانع لە سەرەتا شیعری دیوانەکەیدا دەڵێت:

دەستەکانم هەر بە ئــــــــاهو ناڵەوە ئەمدان لە یەك
گەهـ لە تەپڵی سەرمەدان و گاهێ سینەی پڕ جەخار

*٢* ئەگەر لای کاک ئارام، بەختیار عەلی شاعیری دڵخوازی ئەو بێت ئەوا با گوێ لەم کۆپلەیە بگرێت لە شیعری (ئومیدو پیاوکوژان)دا و بزانین سەبارەتی چی دەڵێت:

چ ساردە ئەم بیرکردنەوەیە لە تۆ
کە من لە دوا دەرگای پوچیی هاتمە دەرێ و جگە لە سێوێکی تاڵ،
هیچی ترم بە ستوونی ئەو درەختە رەشانەوە نەدی

*٣* ژنە شاعیری بەناوبانگی ئێرانی فروخ فروخزاد (١٩٣٤-١٩٦٧)
لە شیعری (رمیدە) دەڵێت:

خودایە
نازانم چم دەوێ
نازانم چاوم لە چ دەگەڕێ
و بۆچ ئەم دڵە خەمبار بوو
دەمەوێ دوور بکەمەوەو لە وانەی دەیانناسم
تا گوێ لە ناڵەی ئەم دڵە نەخۆشە بگرم
کاتێ گوێیان لە شیعرەکانم گرت
گوڵبارانیان کردنم
کە رۆیشتم
بە شێت تاوانباریان کردم

*٤*لە ئەدەبی کلاسیکی عەرەبیشدا دەتوانین نموونەی شاعیری ناودار (ئەبولعەتاهییە) و شیعرە بەناوبانگەکەی بهێنینەوە بە ناونیشانی (بە فرمێسکی چاو بۆ لاویی گریام) کە هەمووی ئاخو ئۆفەو تیایدا دەڵێت:

بكيت على الشباب بدمع عيني فلم يغن البكاء ولا النــــحيب
فيا أسفا أسفت على شباب نعاه الشيب والرأس الخضيب
عريت من الشباب وكنت غضا كما يعرى من الورق القضيب
فيا ليت الشباب يعود يوما فأخبره بما فعل المشـــــــيب

*٥*یان نموونەی شیعری شاعیری هاوچەرخی عەرەب (حسن المرواني) کە کاظم ساهیریش شیعرەکەی کردووە بە گۆرانی و تیایدا دەڵێت:

لە میحرابی چاوانتا مرد لاڵانەوەکانم
و تەسلیمی بێهیوایی بوو ئاڵاکانم

*٦*هەرچی (موتەنەبیی)یە لە شیعرێکدا باسی کورهاندنی ژیان دەکات و هۆکارەکەشی دەردەبڕێت؛ کە هەمیشە تینووی کردووەو لە بری ئاو موسیبەتی بۆ باراندووە:

أظمتني الدنيا, فلما جئتها مستسقيا مطرت علي مصائبا

*٧*هەرچی شاعیری ناوداری فەرەنسییە (پۆل ڤالیرین) بە دڵشکاوییەوە لە زیندان ئەم شیعرە جوانە دەنووسێت و تەنانەت پاش چەندان ساڵ چاوی بە دنیای بڵاوکردنەوە هەڵهێنا:

فرمێسك لە دڵم دەچۆڕێ
وەك چۆن باران دەڕژێ بەسەر شاردا
چەند خۆشە دەنگی باران
لەسەر دڵێك بێهیوایی دایگرتبێ
هەمیشە فرمێسکی بێ هۆ دەچۆڕێ

*٧*هەروەها شاعیری ناوداری فەرەنسی سەدەی نۆزدە (رامبۆ) لە شیعری (دوای تۆفان)دا دەڵێت:

دوای ئەوەی نیشتەوە بێتاقەتی باڵی کێشا
بەردە بەنرخەکان شاردراوەن و گوڵەکان کراوە
لەوکاتەوەی نیشتەوە بێتاقەتی باڵی کێشاوە

*٨*هەروەها شەکسپیری شاعیری ناوداری ئینگلیز کاتێك لە تراژیدیای هاملێتدا خۆشەویستەکەی هاملێت کە(ئۆفیلیا) بوو بە خنکان لە رووباردا کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت، ئاوها (رامبۆ) کاریگەر دەبیت بە ئەم دیمەنە تراژیدیایەو دەیکاتە شیعرو سەرچاوەی ئیلهامی و دەڵێت:

هەزار ساڵە ئۆفیلیا خەمبارە
خێوێکی سپییە لەسەر رووبارێکی رەشی درێژ
هەزار ساڵە شێتییە سازگارەکەی
دەچرپێنێ گۆرانییەکەی بۆ شنەی ئێواران

*٩*دووبارە (رامبۆ) لە شیعری (برسێتی) دا ئاوها ژیانی کولەمەرگی دەهۆنێتەوەو ئەوپەڕی لانەوازەیی تیا رەنگدەداتەوە دەڵێت:

گەر ئیشتیهام هەبێ ئەوا نیمە.
بۆ جگە لە خۆڵ و بەرد.
هەمیشە لە هەوا دەخۆم،
و لە تاوێرو ئاسن و خەڵوز

*١٠*جارێکی تر نموونەی (رامبۆ) لە شیعری (خۆرو لاشە)دا دەهێنینەوە و بۆیە جەختی لەسەر دەکەینەوە دەڵێین رەنگە ئاگاداری شیعرەکانی بن، وا وێنەی رامبۆیان خستووەتە سەر گۆڤاری شیعری ئاستلاواز:

ئای چ بێنەواییەکە! ئێستا دەڵێ “شتەکان دەزانم”

دەشڕوات بە چاو قوچاوی و گوێ داخراوی…. تا ئەو شوێنەی دەڵێت:

ئاخ ئەگەر جارێکی تر کات بگەڕێتەوە! ئەو کاتانەی بوونیان هەبوو
مرۆڤ کۆتایی هاتووە، مرۆڤ هەموو رۆڵەکانی بینی

*١١*هەرچی شاعیری بەناوبانگی شیللییە (پابلۆ نیرۆدا) لە دیوانی (بیست خۆشەویستی و گۆرانی بێنەوا)دا و لە شیعری (لەشی ژن) دا ئەو لەشی ژن دەکاتە سیمبوڵێك بۆ جیهان کە چۆن مرۆڤایەتی لە زەلیلی و ئازاردا دەتلێتەوەو تیایدا دەڵێت:

ئەی عەشقم، ئەی حەزە بێکۆتاییەکان، ئەی ڕێگا سەختەکەم
ڕێگا تاریەکانی ئاو ، تینویەتی هەمیشەیی بەردەوام دەبێ
چەرمەسەریی بەردەوام ئەبێ، ئازاریش بێکۆتا

وا بزانم لە زۆربەی شیعری شاعیراندا لەگەڵ ئەم هەناسە خەمگینانەدا بەرکەوتنمان دەبێت و ئەمەش نەنگی نییە، بەڵکو هەوێنی شیعری سەرکەوتووە … جا کەسێك زۆر کەم شارەزای دنیای شیعری شاعیران بێت ئەم راستییە دەزانێت.
لە کۆتاییدا لە کاک ئارام دەپرسین دەکرێت هەموو ئەو شاعیرو شیعرانە رەفز بکەینەوە بە پاسیڤ لە قەڵەمیان بدەین؟!

من بەش بە حاڵی خۆم گەشتمە قەناعەتێك نووسین و بابەتەکانی ئەو بەڕێزە بایکۆت دەکەم، چونکە هیچ بەهای زانستییان نییەو ئەوەش بیانخوێنێتەوە بە لاڕێدا دەچێت و بە هەڵە شتەکان فێر دەبێت، ئەمەش نەهامەتییەکی بەشێك لە قەڵەم بەدەستەکانی بەرهەمی ٢٧ ساڵی رابردووی ژیانی کۆمەڵهایەکی بێ سەروبەرەی پڕ فەوزایە، هەروەها ئەو میدیایانەش بابەتی کاڵوکرچی وا بڵاو دەکەنەوەو ئەو کەناڵانەش چاوپێکەوتنی ئەو جۆرە تێگەشتنە ناتەواوانە پەخش دەکەن بە دڵنیاییەوە لە بەهای کاری میدیاییان دادەبەزێت.




ڕۆشناییەک بۆ سەر ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی خوێندنەوەیەکی وردی دەقی ئەدەبییە لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە. ڕۆچوونە بۆ نێو دەق و شیکاری دەقە بەپشت بەستن بە تیئوری مارکسیزم بۆ لێکدانەوەی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئەدەب لە خەباتی چینایەتیدا. پایەی سەرهەڵدانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی لەسەر بنەمای واقییبوونی ئەدەب و وابەستەبوونی دەقی ئەدەبییە بە ئینسان و خەمەکانی ئینسان، بەو ئاسۆ و ئامانجە چینایەتییەیە کە دەق دەیخانتە بەردەم خوێنەر. بۆیە لە ململانێ کۆمەڵایەتییەکانی نێوان چینەکان، نێوان کۆیلە و خاوەن کۆیلە. نێوان ئاغا و جووتیار، نێوان کار و سەرمایە، . بەرژەوەندی چینایەتی کۆیلەکان و جووتیاران و کرێکاران لە دەقی ئەدەبی خاڵی چاوتێبڕینی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە.

سەرەتای سەر‌هەڵدانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، بەتایبەت دوای ئەوەی مارکس و ئەنگلس فۆرمۆڵەی مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست گەڵاڵە دەکەن و پاشانیش لە نووسینەکانی تریاندا زیاتر ئەو ڕوانگەیەیان بۆ خوێندنەوەی ئەدەب ڕۆشنتر دەبێتەوە.هەرچەندە مارکس و ئەنگڵس وردکاری تیئورییەکانی سۆشیالیزمیان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە خستەڕوو، بەڵام تیئوری ئەدەبی مارکسیستیی تا دەیەی بیستەکانی سەدەی بیستەم سیستماتیک نەکرا و بەڕۆشنی بەیان نەکرا.گەورەترین هەوڵدان لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیاوە هاتە ستانداردکردن و ڕێکخستنی ئەم ڕەوتە ڕەخنەییە نوێیە. بیرۆکەی تیئوری ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی پشتبوستوو بوو بە دەستکەوتە زانستی و هونەرییەکانی ئینسان، وەستانەوە بوو لەبەرامبەر تەواوی ئەو ڕەوت و ڕێبازە ڕەخنەییانەی بورژوازی کە لە شڕۆڤە و لێکدانەوەکانیاندا ئینسان چەقی باسەکانیان نەبووە.
تیئوری ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی فۆرمێکی ڕەخنەیی یان گوتارێکە بۆ سۆراخکردنی کۆمەڵگەکان و دەقەکانیان سەبارەت بە هەندێ مەسەلەی دیاریکراو لەوانە ڕەگەز و چین و هەڵوێستە چون یەکەکانیان لە کلتوورێکی دیاریکراودا.ڕەخنەگری مارکسیستیی ڕەنگە لەو شڕۆڤەیەوە دەست پێبکات بە نیشاندانی چۆن دەقی نووسەرەکە ڕەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژییە لە خیلالی تاقیکردنەوەی جیهانی خەیاڵی کارەکتەرەکان، شوێنکات، کۆمەڵگە، یان هەر ڕەگەزێکی تری دەقەکە. ئەوسا ڕەخنەگر دەست دەکات بە سۆراخ و گەڕان بەشوێن ئەوەی چینی کۆمەڵایەتی نووسەر و جێوشوێنی نووسەر لە ململانێی چینایەتیدا و پاشانیش کاریگەری بەسەر کۆمەڵگە و تاقیکردنەوەی مێژوو و کلتووری زەمەن و ڕەنگدانەوەی ئەم ئەلەمێنتانە لە دەقەکەدا.ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی گەڕانە بەشوێن ئەوەی چۆن نووسەر بە دروست یان نادروست وێنای ئەو بڕگە مێژووییە دەکات. ڕەخنەگری مارکسیستیی هۆشیارانە لە باری میژوویی و کۆمەڵایەتییەوە دەق دەخاتە ژێر تیشکی لێکدانەوە و هێنانە دەرەوەی ئەو پرسیارانەی کە فەرامۆشکردنیان مەحاڵە.

پرسیارگەلێک کە کە دەبنە بەردی بناغەی ساختمانی ڕەخنە و دەستپێکی هەنگاوی شێلگیرانەی ڕەخنەگر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەقی ئەدەبیدا.ئەو پرسیارانەی کە رەخنەی مارکسیستیی دەیوروژینێت لەچەشنی چینی کۆمەڵایەتی نووسەر چۆن لە کارە ئەدەبییەکە نیشان دراوە؟ ئایا کارە ئەدەبییەکە پشتیوانی یان سەپۆرتی هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی مەوجود دەکات یان لەگەڵ ڕەوتی گٶران و بەرەوپێشچووندا دێتەوە؟ سیستەمی چینەکان چ ڕۆڵێک لە دەقەکەدا دەگێڕن؟ ڕۆڵی چینی کۆمەڵایەتی چییە لە کارە ئەدەبییەکەدا؟کارەکتەرەکان چۆن بەسەر چەوساوە و چەوسێنەر دابەش دەبن؟کارە ئەدەبییەکە چی دەربارەی سەرکوتی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی دەڵێ؟ ئایا کارە ئەدەبییەکە پێشنیاری شێوە تێڕوانینی تۆباوی یان ڕیفۆرمیستی دەکات بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی کە ژیان دەرگیرییەتی، یانیش پێشنیاری ئاکتی شۆڕشگێڕانە دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە ستەم؟.ئایا هیچ ناڕەزاییەک لەسەر سۆشیالیزم بوونی هەیە؟ئایا دەقی ئەدەبیی هیچ ڕەخنەیەک سەبارەت بە ژیانی بەتاڵی کۆمەڵگەی بورژوازی دەوروژێنێت؟نووسەر کۆمەڵگە چۆن دەبینێت؟ لە دەقەکەداپێداگیری لەسەر چی کراوە و چی فەرامۆش کراوە؟ئایا کارەکتەرەکان لە هەموو ئاستە کۆمەڵایەتییەکان بەهەمان ئەندازە وێنا کراون؟ئایا کێشە سەرەکییەکان کێشەی تاکن یان کێشەی کۆمەڵن؟

ڕەخنەگری مارکسیستییلە ڕوویەکی تریشەوە دەڕوانێتە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو ئامرازانەی کەلەڕووی فیکرییەوە دەتوانن یارمەتیدەری خوێنەر بن بۆ گەیشتن بە پەیامی دەق. ڕیسواکردنی ململانێی چینایەتی و چینی باڵا دەست یان حاکم چییە؟ چینی حاکم بڕوای بە چی هەیە؟چۆن بیروباوەڕیان بەسەر کەسانی تردا دەسەپێنن؟خستنەڕووی چۆنیەتی بە تەڵەبوونی چینی کرێکارنیشاندانی چۆنیەتی چەوسانەوەی چینی کرێکار لەلایەن سەرمایەدارییەوە و خستنەڕووی ئەوەی چۆن چینی کرێکار دەتوانێ کۆتایی بە چەوسانەوە بهێنێت؟ بەمجۆرە دەقی ئەدەبی کاتێک کە بەچاویلکەی مارکسیزمەوە دەخوێنرێتەوە، دووچاری جۆرە شیتەڵی و شیکردنەوەیەکی ورد دەبێت. واتە دەقەکە ورد دەکرێتەوە و لە خیلالی عەدەسەی مارکسیزمەوە ئەو وردکراوەیە دەخرێتە بەر نەشتەری پرسیاری تر وەک ئەوەی ئایا ئێمەی خوێنەر بووینەتە بابەتی کۆمەڵایەتی بیناکراو یان نا؟
بەپێی ڕوانگەی ڕەخنەگرانی مارکسیستیی، ئەدەب لە واقیعدا ئەو هەلومەرج و دامودەزگا کۆمەڵایەتییە عەکس دەکاتەوە کە تیایدا دەردەکەوێ. کە ئەدەب خۆشی دەزگایەکی کۆمەڵایەتییە و وەک بەشێک لەسەرخانی ئابووری کۆمەڵگە،کاری هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدات و ململانێ و بەرژەوەندی خەباتی چینایەتی عەکس دەکاتەوە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی دەستەواژەیەکە وەسفی ڕەخنەی ئەدەبی دەکات لە ڕوانگەی تیئوری سۆشیالیزم و دیالەکتیک. هۆشیاری کۆمەڵایەتی – چینایەتی ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانە لە سیستەمی سەرمایەداریدا و لەئەدەبیشدا ئەو هۆشیارییە سەنگی مەحەکی پەیامی سیاسیی – کۆمەڵایەتی دەقە جا نووسەرەکە سەر بە هەر چینێک بێت.

تێری ئیگڵتن ئاوا ڕەخنەی مارکسیستیی پێناسە دەکا. ” ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی هەر بە تەنها کۆمەڵناسی ئەدەب نییە، کە تایبەت بە چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی ئەو ڕۆمانانەی کە باس لە چینی کرێکار دەکەن. ئامانج لەمەش شڕۆڤەکردنی کاری ئەدەبییە بەشێوەیەکی تەواو. ئەمەش مانای بایەخدانێکی هەستیارە بۆ شێوە و مانا.هەروەها مانای ئیستعابی ئەو شێواز و جۆر و مانایانەیە وەک بەرهەمێکی مێژوویی تایبەت.”ئەو نووسەرانەی لەژێر کاریگەریی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی بوون وەک ڕیچارد ڕایت، کڵاود مەککەی، جان پۆل سارتەر، سیمۆن دی بۆڤار،برتۆڵد برێخت پێیان وا بووە کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی تاقیکردنەوەی مێژوو و کلتووری زەمەنە، کە لە دەقدا ڕەنگ دەداتەوە.چونکە هەر دەقێک ڕەنگدانەوەی بڕگەیەکی زەمەنی دیاریکراوە. ئەو بڕگە زەمەنییەش ئاوێتەیەکی دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری کۆمەڵگەیە.ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی گەڕانە بەشوێن ئەوەی چۆن نووسەر ڕاست یان ناڕاست وێنای ئەو قۆناغە یان سەردەمە مێژووییەی دەکات و لەهەمان کاتیشدا فۆکس دەکاتە سەر نوێنەرایەتی چینەکان لە ململانێێ چینایەتیدا. ئەمە وێڕای جەغدی زیاتر کردنە سەر ڕەگەزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەق وەک لە ڕەگەزەکانی ئیستاتیکا. بەڵام ئیستاتیکا و ڕگەزەکانی فەرامۆش ناکات.

ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بێلایەن نییە و ناتوانێ لەم ململانێیە چینایەتییەی ئەمڕۆدا بێ تەرەف بێت، بەڵکو بەڕاشکاوانە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکاری دەکات لە خەباتیدا دژ بە بورژوازی. ئەم ڕەخنە شۆڕشگێڕانەیە هەڵدەستێ بە ڕەخنەگرتن لە تەواوی ئەدەبییاتی بورژوازی بەهەموو لق و ڕێباز و جۆرەکانییەوە. لەمسەری ئەدەبییاتی ناسیونالیستییەوە تا دەگاتە دوای پۆستمۆدێرنە. لەهەمان کاتیشدا بەرگریکەری ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێڕانەیە و هەوڵی ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای ئەو ئەدەبە دەدات و ئەو لەمپەر و ئاستەنگانەش دەناسێنێ و وەلادەنێ کە ڕێگرن لەبەردەم چوونەپێشەوەی ئەدەبی ئینسانی کرێکاریی. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بە ئەندازەی دەقی ئەدەبی، نووسەری دەقەکەشی بۆ گرنگە. ڕەخنە کار لەسەر نووسەر دەکات و باکگراوندی مێژوویی – کۆمەڵایەتی چینایەتی نووسەر دەستنیشان دەکات و شوێنێکی گرنگ لە پانتایی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی داگیر دەکات. میتۆدێک کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە شیکارییەکانیدا پشتی پێ دەبەستێ و بەدەستییەوە دەگرێ و گرتووە بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارانە لە ململانێی کۆمـەڵایەتی. ئاسۆ و ئامانجێک کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە شڕۆڤەکردن و خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیدا هەیەتی، ئاسۆیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیە. ئەم تایبەتمەندییانەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە هەر جۆرە ڕەخنەیەکی تری بورژوازی جیا دەکاتەوە.

٢٠١٧ – ٢٠١٨
————————–

ئەو سەرچاوانەی کە بۆ نووسینی ئەم کورتە نووسینە سوودم لێ بینیون :

1- Marxist Literary Theory
Edited by Terry Eaglton and Andrew Hilne
2- Thesese on the Problems of Marxist Criticism A. V. Lunacharsky On Literature and Art Progress published 1973 translated by Y. Ganuskin
3- النقد السوسیولوجی في ضوء المدرسة المارکسیة
4- Understandind and overstanding Marxist criticism Adam Szabadose
5- Msrxist Literary Critisism wikipidia
6- 20th Century Literary Criticism Edited by David Lodge Longman group UK Limited Printed in Singapore 1972.




ئه‌ولادی عه‌سڕ و كوڕی بێوه‌ژنێ … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

1- کوڕی بێوەژنێ

لە ناوەڕاستی حەفتاکان کە پۆلی شەشی زانستیم تەواو کرد، نمرەکەم بایی ئەوە بوو لە کۆلیجی زانستەکان لە زانکۆی سلێمانی وەربگیرێم، ئەوکاتە باوکم تەواو کەوتبووە ساڵەوە و پیر و کەنەفتە بووبوو، ماڵمان لە خانووێکی دووچاوەی یەک لە گەڕەکە کۆنەکانی عەربەت بوو، منی عەربەتیی، بۆ جارێکیش چەندە! سلێمانیم نەبینیبوو، لەگەڵ حەمیدی ئامۆزام بۆ یەکەمجار، ڕوومکردە ئەو شارە، کە ئەویش لە کۆلیجی ئاداب لەوێ وەرگیرابوو، سەرەتا بەر لەوەی لە بەشەناوخۆ ناومان بێتەوە، مانگێک لە چاوەخانووێکی داتەپیوی مەڵکەندی دەژیاین، ئێوارەیەکیان لەگەڵ حەمید بەرەو بازاڕ شۆڕبووینەوە، لاتوپات و گیرفان نیمچە بەتاڵ تێی وەردەسووڕاین، گەیشتینە دەوروبەری مزگەوتی کاکەحمەی شێخ و لەولاوە چەند پڕوپیرەژنێک ماست و سەرتوێژ و قەیماغیان دانابوو دەیانفرۆشت، لێیان نزیک بووینەوە و من دەمویست جامێ بچکۆلەی ماست بۆ نانی ئێوارە بکڕم، پیرەژنەکان بەھۆی قسەوباسی نێو خۆیانەوە بەریان بە خەڵکەوە نەمابوو، زۆرم بەلاوە سەیر بوو! چما ئەم پیرەژنە سەرگەردانانە بۆ قسە ھاتوون یان بۆ کار و کەسابەت؟ زیاتر لێیان نزیک کەوتمەوە تا بزانم لە چیی دەدوێن، دواتر گوێم لێیان بوو قسە و لفتیان لەبارەی کێچەوە بوو، یەکیان دەیگوت: من حەجمینم لەدەست کێچەوە نەماوە، ئەویتر بۆی دەسەندەوە: کێچ شەوێ نایەڵێ بەکامی دڵ بخەوم، لەولاتر پیرەژنێکی چاویلکە لەچاوی گۆچان لەپاڵ کە زۆر زیت و زرنگ دیار بوو، دەیگوت: نازانم کەی لەدەست ئەم کێچە پیسە قورتارمان دەبێت! مەراقمە بۆ جارێک کێچێک چەندە! بەدەست بگرم، منیش فزوولەن ویستم ھەر بۆ شۆخی لەمبارەوە لەگەڵی بدوێم و لە بەرانبەریەوە وەرامیم دایەوە: پورێ گیان توخوا ناوت چییە؟
وەرامی دامەوە: من ناوم گورجی یە، بۆ؟
گوتمێ: پوورە گورجی گیان، دەبا من چارەسەریی ئەم کێچە لەعنەتییەت بۆ باسکەم، ڕێگایەک ھەیە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی کێچ و با بۆتی باسکەم.
ھەستم کرد گەشانەوە بە ڕوخساری دادە گورجییەوە دەرکەوت و بە سەرسڕمانەوە تەماشای دەکردم:
دا دەی ڕۆڵە گیان چۆن چۆنی؟
پوورە گورچی ئێوە لە ماڵەوە خۆڵەمێش(مشکی)تان ھەیە؟
ئەیچۆن نیمانە!
پوورە گورجی، تۆ ھێڵەگت بینیوە؟
ئەیچۆن بەساقە.
ھێڵەگێک بێنە چەند مشتێ مشکیی تێکە.
ئێ ێ ێ ێ؟
ئینجا مشکییەکە لە بنی ھێڵەگەکەوە بێنەوە.
ئێ ێ ێ ێ؟
بیخە ناو ھێڵەگێکی وردتر.
ئێ ێ ێ ێ ؟
پاشان لە تافتەی بدە.
ئێ ێ ێ ێ ؟
ئینجا خۆڵەمێشە پۆدراوییەکە لەسەر دەسڕێک ڕاخە.
ئێ ێ ێ ێ ؟
پاشان یەک یەک کێچەکان بگرە و پێڵووی چاویان بکەوە و مشکییەکەی تێکە، بەمجۆرە کێچ تەواو دەبن و بۆ ھەتاھەتا لە کێچ ڕزگارتان دەبێ .
ھەستم کرد پوورە گورجی زۆر لێم دەھری بوو و تێگەیشت بە بەزمێکم بردووە!
بە سەروڕوخسارێکی پەشۆکاوەوە ڕووی کردمێ و پێی گوتم:
بەساقە ە ە ە ە؟
وەرامم دایەوە: بەڵێ پوورێ گیان؟
پێی گوتم:
بەساقەەە ە، توخوا تۆ کوڕی بێوەژنێ نیی؟

1- ئه‌ولادی عه‌سڕ

شێعەلی خوێندەواریی نەبوو، لەگەڵ ئەوەش پیاوێکی تڕوتۆپەستوور بوو و خۆی بە گووێکی گەورە دەزانی، بەڵام گرێی نەخوێندەواری، ناوەوەی ھەنجن بە ھەنجن کردبوو. زێنەدینی کوڕە گەورەی شێعەلی ھەرزەکارێکی دەمچەفت بوو و بە کەلەش لەندەھۆرێک بوو، زەلام لێی دەترسا، شێعەلی ئەوەندەی دار لە دەمی زێنەدین وەردابوو، زێنەدین بە تەواوی شەرمی لە بابی شکابوو و جاری وا ھەبوو لەسەر شتی بێمانا دەبووە مشتومریان و بابی لەبەر سەی ڕوودەکرد و سەت جنێوی پێ دەدا و ھارێک بوو، لە چاوی ماری نەدەگەڕایەوە. زێنەدین لە پۆلی پێنجی سانەوی بوو و خوێندەوارییەکی چاکی پەیدا کردبوو، شێعەلی ئیرەیی پێ دەبرد و ڕۆژ نەبوو داوای لێ نەکات فێری خوێندەواریی بکات، ئەویش گوێی پێ نەدەدا، قسە و داواکانی بابی وەک بایێک بوو بەبن گوێی دابێ. شێعەلی زۆری مەراق خوێندەواری بوو و بڕیاریدا دانە ڕۆژێک بۆ دەوامی مەحوەلئومییە تەرخان بکات، بەڵکم ئەوە خوایە لەو گرێکوێرەی نێو دەروونی بە یەکجاری ڕزگاری بێت.

شێعەلی بەخۆی و کورتەک و شەرواڵی نورت و نوێی و جەمەدانیی نمرە پێنجی، ڕۆژانە لەدوای سەعات سێوە دەچووە وانەکانی بنکەی نەھێشتنی نەخوێندەواری لە تەیراوە، سێ مانگان بێ پسانەوە دەوامی کرد و خەریک بوو دەستوقەڵەم پەیدا بکات. ئێوارەیەکی ھەینی، دیوەخانی شێعەلی لە مێوانی خزم و دەرودراوسێ و ناسیاو جمەی دەھات و زێنەدینی کوڕیشی قولینچکی دیوەخانەکەی گرتبوو و گوێی لە قسەوباسان دەگرت و باوکی باسی لە خوێندەوارییەکەی خۆی بۆ ئامادەبووان دەکرد. زێنەدین تۆزقاڵێ باوەڕی بە فشەفشەکانی شێعەلیی بابی نەدەھات، چونکە شێعەلی لە قسەوباسان زۆری پێوەدەنا و کونەبایەک بوو لەو گۆڕە. زێنەدین ڕقی لەو فشانەی بابی ھەڵسا و لەنکاوڕا قیت بۆوە و چوو لەودیو کتێبێکی (مێژووی نوێ)ی پۆلی پێنجی ئەدەبیی ھێنا و لەبەردەم شێعەلیی دانا و پێی گوت دە مادام خوێندەوارییت پەیدا کردووە، دە دەی بەرگی ئەم کتێبەم بۆ وەخوینە. شێعەلی دەمێکی خۆش لە بەرگی کتێبی مێژووی نوێ ڕاما و چەندی سەر ھێنا و برد، نەیزانی بیخوێنێتەوە، مەجلیس ھەموو چاوەنۆڕ بوون شێعەلی بزانێ (مێژووی نوێ) بخوێنێتەوە، شێعەلی ڵاڵ و پت دامابوو و ئەوەی ڕەنگ بوو لە ڕووی نەمابوو، زێنەدینی کوڕیشی لەسەر سەری بوو. لەناکاو شێعەلی قیت بۆوە و مێژووی نوێ ی بە ( مشیر نوری) خوێندەوە. زێنەدین لە قاقای پێکەنینێی دا و شیڕاندییە سەر بابی: کورە گووم لە خوێندەوارییەکەت شێعەلی، ھەی دایکحیز ئەمە کەی خوێندەوارییە!
• بیرۆكه‌ی خوێندنه‌وه‌ی كتێبی (مێژووی نوێ) ف.پ بۆی باس كردم و لای من ئه‌م ده‌قه‌ی لێ كه‌وته‌وه‌.




سه‌فه‌ری گوڵزه‌عفه‌ران … سۆران محەمەد

له‌ ژێر تارمه‌ی رۆژه‌ بێنه‌واکان
پێش ئه‌وه‌ی بارانێکی زه‌عفه‌رانی دابکا
به‌ کزه‌بایه‌کی ناواده‌
له‌بن گوێسوانه‌ی نیگه‌رانیه‌وه‌
زه‌ڕنه‌قوته‌کان ده‌که‌وتنه‌
سه‌ر باوه‌ڵی یاده‌وه‌ریه‌کان..
+
چه‌خماخه‌ی ئاسمانێکی تار
رۆشنایی ده‌خسته‌ سه‌ر توله‌ڕێکانی کۆچ
‌ئیدی هه‌ر رەنگی زەعفەران بوو
لە دەموچاوی تابلۆکانیش ده‌نیشت..
زەعفەران!!
ئەو میوانە ناوەختەی:
لە نسارێکی بڵندو لاچەپا
لە پایزێکی قورمزیی
دەیویست ئەزمونی ژیانی
گوڵێکی نامۆ تاقیبکاتەوە..
+
هەر لە پایزێکی درەنگ وەخت
سەردەمانێ
گوڵێکی زەعفەران
لە شەقامەکانی (پاریس) و (کالێی)
چاوی بۆ شارڵ بۆدلێر دەگێڕا
تا پرسیاری نهێنی
زه‌ردیی زەعفەرانی لێ بکا
بەڵام هیچ سۆراخێکی نەبوو..
خۆرێکی ماتی مۆرباو
پێش ئەوەی ئاوا بێت گوتی:
رەنگە بۆدلێر نەخۆش بێت
چوو بێت بۆ برۆکسل بۆ چارەسەر!
+
ساڵانی داهاتوو:
زەوی بچوکتر دەبووەوە و ئاسمان فراوانتر
بەهار کورترو هاوین درێژتر
پاییز بزرو زستانیش زاڵتر
رۆژەکان خێراو
جوڵەکان هێواشتر
لەم زۆرانەدا
دەرفەتێك نەما بۆ تێگەشتن
لە نهێنی
سەفەره‌کانی
گوڵزەعفەران!!
تەنانەت قەسیدەی (دواکۆچی
فارغۆنە بە تاڵەکانی زەردەپەڕ) یش
چیدی:
– نەبوونه‌ جێی تێڕامان و
– عاشقە بێدەنگەکانی
هۆڵی ( مۆلێر ) ی
شەقامی (سانت مارتن)یان
رانەچڵەکاند !…