“مردووشۆر” و ڕەشەبای سلێمانی …. ڕانانی کتێب …. نووسینی بەکر ئەحمەد


ناوی کتێب: مردووشۆر
نووسینی: سارا عومەر
وەرگێرانی بۆ سویدی لە دانمارکییەوە: لیۆ گێفێرت
بنکەی بڵاوکردنەوە: پۆلاریس
ژمارەی لاپەرە: ٢٩٥

———————————————–

ڕۆژی 10 ئاوگوستی 2016 یە و فرمێسک لە خەستەخانەی “سکێیبی” دانمارک بە دەست بیمارییە دەروونی و جەستەییەکانی خۆیەوە دەناڵێنێت. ئەو ئێستا لە تەمەنی ٣٠ ساڵەی خۆیدایە و لە ئاخاوتنێکی دۆستانە و هەندێک جار نادۆستانەدا بەشێک لە حەکایەتی ژیانی خۆی بۆ “دەریا”ی پەرستیار کە کوردێکی وڵاتی خۆیەتی و لەم خەستەخانەیەدا کاردەکات، دەگیڕێتەوە.

فرمێسک لە دایکبووی سلێمانییە و کاتیک دێتە دنیا، قژ بەسەرییەوە نییە و گودیلەیەکی سپی درێژ بە ناوچەوانییەوەیەتی. بۆ خەلکانێکی زۆر، کچێک بەم سەر و سیمایەوە، یان ئەوەتا نەفرەتێکی خودایی تیا بەرجەستەیە و بەڵایەکە بۆ کەس وکار و بنەماڵەکەی، یان ئەوەتا دەکرێ موعجیزەیەک بێت و نیشانەی پەیامێک بێت لە ڕێی ئەم کچەوە نێردرابێت. بەلام ئەنوەری باوکی فرمێسک بەوەی خوازیاری کوڕە و کچی دەبێت، لە پاڵ دڕندەیی خۆیدا وەک پیاوێکی تووڕە، هەرچی ڕقی کۆبووەوەی خۆیەتی لەوەی کە کچییان بووە لە “ڕووبار”ی هاوسەری خۆیدا بەتاڵ دەکاتەوە و لە کۆمەڵێک پیلانی جۆراوجۆردا خوازیاری لە ناوبردنی کیژۆڵە تازە لەدایکبووکەیەتی. نەک هەر باوکی فرمێسک، بەلکو هەموو بنەماڵەی ئەنوەر بە چاوێکی سووکەوە لە دایکی فرمێسک و کچە تازەبووەکەی دەڕوانن و ئەم ڕقی دژی کچبوونەی فرمێسک لەناو ئەندامانی بنەماڵەکەیاندا پەرە پێدەدەن . دایکی ئەنوەر، هەر لە هەفتەکانی دوای لە دایکبوونی فرمێسکەوە دەیەوێ فرمێسک خەتەنە بکات و بەڵام لەڕو لاوازی فرمێسک و ناننەخواردنی ئەو، ڕووباری دایک دەتۆقێنێت لەوەی کچەکەی بەرگەی ئەم نەشتەرگەرییە خۆماڵییە نەگرێت و لە ناچاریدا بۆ دورخستەنەوەی فرمێسک لە پیلانەکانی باوک و بنەماڵەی ئەو، فرمێسک دەنێرێتە لای دایک و باوکی خۆیی تا چاکدەبیتەوە و بەو ئومێدەی ماڵی نەنەو باپیرەش، ببێتە پەناگایەکی ئارام بۆ ئەو.

گەوهەر، نەنکی فرمێسکە و تاکە مردووشۆری شارە. ئەو لەگەڵ دەروێشی مێردیدا کە پیاوێکی زەردەشتییە ژیان بەسەر دەبات و ئەو کارە دەکات کە هیچ کەسی تر لە شاردا، جگە لە دەستە خوشکەکانی دیکەی گەوهەر کە لە زیکر و تەراویح و نوێژە بە کۆمەلەکانی خۆیاندا یەکدەگرنەوە، پێیانوانییە ژنە کوژراوەکانی شار شایەنی ناشتنن. بەڵام گەوهەر، وەک ئامادەکردنێکی ڕۆحی، ئەم جەستە لەت وپەتکراوانەی قوربانییانی شەرەف پاک دەشوات و بۆ دوا ماڵیاوایی خۆیان کفن و دفنییان دەکات و دەروێشی مێردیش لە شاردنەوەی ئەواندا، هاو رۆح و هاوکارێکی گەورەیە.

زەمەن لەم ڕۆمانەدا لە ١٠ ی ئاوگوستی ٢٠١٦ وە دەستپێدەکات و دیمەنەکانی دیکەی ڕۆمان بەشێوەی فلاشباک و وەک بەشێک لەو تراومایەی کە فرمێسک لە ژیانی خۆیدا دووچاری بووە، دەمانگێڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. واتا ڕووداورەکانی ئەم ڕۆمانە لە نێوان ١٩٨٦ و ٢٠١٦ دەگووزەرێ.
بەڵام مێژووی نائومێدی و دەردیسەرییەکانی کە فرمێسک دووچاری دەبێت لە نێوان سالانی ٨٦ و ٩١دایە. ئەم ڕۆمانە مێژووی ژیانی شەش ساڵەی منداڵێک دەگێڕیتەوە لە گەرمەی جەنگی ئێران و عێراقدا و بەشێکیش لە ڕووداوە مێژوویی و سیاسییەکانی کۆمەلگای کوردستان تیشکیان بەردەکەوێت. شوێن لەم ڕۆمانەدا شاری سلێمانییە کە سارا عومەر بە زاموای ناو دەبات، گوایە ناوە کۆنەکەی سلێمانییە.

ئەگەر شەش ساڵی تەمەنی منداڵێک کرۆکی ئەم ڕۆمانە پێکدەهێنێت، ئەوا سارا عومەر لەم ڕۆمانەدا بەشێکی زۆر لەو پراکتیکە دڕندە و نا ئینسانییانەی کە ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا دووچاری دەبێتەوە، دەبیتە شوێنی نیگاو جێگایەک لە چیرۆکە کورت و ئاماژە کولتوورییەکانی ناو ئەم تێکستەدا داگیردەکات.
ئەم تیکستەی سارا عومەر، هاوارێکی توورە و تووندی ژنانەی کوردییە لەبەرامبەر ئەو کولتووری شەرەفەی کە قوربانیەکانی لە کوردستان و دەرەوی کوردستاندا، کوردی پێدەناسرێتەوە.

ئەگەر تاوانەکانی کولتوری شەرەف ئەدەبیاتێکی سیاسیی گەورەی لە ئەرشیڤی بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان و دواتریش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا داگیرکردبێت، ئەوا “مردووشۆر”ی سارا عومەر، بە ئەرشیڤکردنی ئەم مێژووە لەکەدارەی کۆمەلگای کوردستانە لە بواری ئەدەبدا.
زۆر جار لە جەدەلە سیاسییەکانی کە دەربارەی پرسی یەکسانی و خەباتە لەبەرانبەر کولتووری شەرەفی ژنکوژی کوردیدا، ڕژێمی جەندەری کوردی دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە و باسیلێوەدەکرێت، بەڵام “مردووشۆر”ی سارا عومەر نمایشکردن و بەڕوونی نیشاندانی ئەوە تۆڕە ئاڵۆز و لەیەکهەڵپێکراوەی ئەم ڕژێمی جەندەرەیە کە تیایدا ترادیسیۆن و ئایین، کولتور و دواکەوتوویی وجەنگ ئینسانەکانی لە داوەکانی خۆیدا گیرکردووە.
سارا عومەر لەم ڕۆمانەدا وەستایانە لە بەکارهێنانی زمانێکی ژنانەدا ئاخاوتنی پاڵەوانە ژنەکانی ناو ئەم ڕۆمانە تۆماردەکات. تەمەنی سارا و لە دەرەوە ژیانی ئەو لە زەمەنێکی دووردا، ڕێگری پێکنەهێناوە لە تێبینیکردنی ئەو زمانە تایبەتییەی کە ژنی کورد لە ئاخاوتنی رۆژانەیدا بەکاریدەهێنێت. زمانێک کە تێکەڵ بە دەستەواژەی ئایینی و پارانەوە و دوعا و نزای لە خۆگرترووە کە خوێنەری ئەوروپی تووشی سەرئێشەیەکی گەورەدەکات و ساراش ڕاستگۆیانە و وەستایەنە ئەم زمانە بە پاڵەوانە ژنەکانی دەبەخشێت و بە زمانێکی دیکەی ئەوروپی دایدەڕیژیتەوە.

دیمەنی ئێشکگرتنی گەوهەر و دەستەخوشکەکانی لە هەفتەی یەکەمی لە دایکبوونی فرمێسکدا بۆ ئەوەی شەوە نەیبات ، خوڵقاندنی کەشو هەوایەکی تەواو ژنانە بۆ پارستنی مندالێک لە دەست خێو و جنۆکە، لە قەلەمی کەسێکی بەتوانا دەوەشێتەوە کە چەندین رۆمانی نووسییەوە نەک وەک ئەوەی مردووشۆر یەکەم بەرهەمی ئەو بێت.
ئەم ڕۆمانە لە دانمارک تیشکێکی لە رادەبەدەری دەچێتە سەر. بە بڕوای من نەغمەی تووندی دژی ئیسلام و گەرم وگووڕبوونی جەدەلی تاوانی نامووسی و ئامادەیی گوتارێکی دژی پەنابەری و تا ڕادەیەک ڕاسیستی دژی پەنابەران، ئەو چوارچێوەیەن کە ئەم زەمینەیە سازدەکەن بۆ ئەوەی زیاد لە پێویست ئەم کارە لە بەر تیشکدا بێت. بێگوومان ئەمە بەمانای کەمکردنەوەی بایەخی ئەم کارە ئەدەبییە نییە کەمن لەم وتارەدا دەگەڕێمەوە سەری.

سارا عومەر لەسەرەتای ئەم کتێبەدا لە عومرانی کوڕی حسێنەوە، حەدیسێکی سەحیح دەهێنێتەوە کە بووخاری بە ٤:٤٦٤تۆماری دەکات: پێغەمبەر دەڵێ:سەیرێکی بەهەشتم کرد، بینیم خەڵکانی هەژار زۆربەی دانیشتوانی بەهەشت پێکدەهێنن. سەیرێکی جەهەنەمم کرد، بینیم زۆربەی دانیشتوانی ئەوێ ژن بوون.” بێگوومان هێنانەوەی ئەم حەدیسە لە دەستپێکی کتێبەکەدا جێگایەکی گەورە لە بنیاتنانی سترەکچەرەکانی ئەم ڕۆمانەدا داگیردەکات.

لە زۆر جیگای ئەم ڕۆمانەدا هەستدەکرێت زەبر وزەنگی تووندی بەکارهاتووی بەرانبەر بە ژنان کە پاڵەوانە جۆراوجۆرەکانی ناو رۆمان دووچاری دەبنەوە، هاوکات دەبێت بە هێنانەوەی بەشێک لەو ئایەتانەی کە بە زەقی باس لە ژێردەستەیی ژن و تەنانەت لێدان لە ژن ناوەڕۆکییانە، بۆیەش لەلایەن نووسەرەوە ڕیزدەکرێن و لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەخڕێنە ناو تێکستەکەوە. بە کورتییەکەی: دروستکردنی فەزایەک کە خوێنەر کیشبکریتە ناو قەناعەتی ئەوەی کە سەرچاوەی ئەم تووندوتیژییەی لەم دیمەنەدا دەگوزەرێ، ئیلهام لەم دەقە ئاینییەوە وەردەگرێت.

ئەگەر ئەم دیدە تووند و رەخنەگرانەیە لە ئیسلام وەک بووێریێەکی گەورە بۆ سارا تۆماردەکرێت و شایەنی بەزرکردنەوەی ئەوە بۆ وەستانەوە لە دژی ئیسلام و بزووتنەوە جیهادیستیەکەیدا، بەڵام ئێمە لە دنیای رۆمانداین و تەوزیفکردنێکی نائەدەبی لە کارێکی ئەدەبی گەورەدا وەک لاوازییەک بۆ کارە ئەدەبییەکە دەگەڕێتەوە. جا ئەگەر گۆشەنیگایەکی کوردی بۆ سەرنجدان لە چۆنێتی نیشاندانی پەیوەندی نێوان زەبروزونگ و ئیسلام لە بەرچاوبگیرێت بە تایبەت لە پەیوەند بە ڕوداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانەوە، ئەوا لە دیمەنی کوشتنی خەندەی بچکۆلەدا کە وەک کابووسێک دیتەوە یادی فرمیسک و تیایدا خەندە بە پاسکیلەوە دەکەوێت و خوێنی لێدێت گوایە پەردەی کچێنییەکەی دراوە، باوکێک کە خەنجەرەکەی دەردەهێنێت و بە سەدای ئەڵاهوئەکبەرەوە زمان و گوێچکەی منداڵەکەی دەبڕێت، یان بەلەقەوە چوونە سەر کۆرپەیەکی هێشتا لە دایکنەبوو کە بە زۆر لە سکی دایکی دەردەهێنرێت و حەشاماتێکی گەورە بە هاواری ئەلاهوئەکبەرەوە ئەم کوشتنە رەوایەت پێدەدەن و لە هەندێک دیمەنی دیکەی ناو ڕۆماندا کە بەرجەستەتر وتنەوەی ئایەتەکان لەلایەن پەڵەوانەوە هاوکاتە بە ئەنجامدانی کردەوەی تاوانکارانە، ئەم نموونانە دەکرێ بۆ ڕەخنەگرێکی ئەوروپی جێگای سەرنج نەبن و کاتێکیش دیدێکی ڕەخنەگرانەی کوردی لەبەرانبەر ئەم دیمەنانەدا ڕادەگیرێت، پرسیار دەبێتە ئەوەی: ئایا ئەم دیمەنانە کوشتنەکانی داعشمان بۆ وەسفدەکات یان ڕووداوەکانی ناو زەمەنێک کە دەکەوێتە نێوان ساڵەکانی ٨٦ و ٩١ سەدەی ڕابرووی شارێکی وەک سلێمانییەوە. لێرەدایە کە ڕەوایەتبەخشین بە زەبروزەنگی بەکارهاتووی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمان لەو نموونانەدا بە خواستی ئایدیۆلۆژی نووسەر دەچیتە پێش و زمانێک هەڵدەبژێردرێت بۆ وەسفکردنی زەبروزەنگ کە لە بیست ساڵی دوای رووداوەکانی ڕۆمانەوە دەکرێ ئێمە گوێبیستی بین لە کوردستاندا. یان بە زمانێکی ڕۆشنتر، ئەگەر هەمان کوشتنی ناو ئەو دیمەنانە بە بێ وتنەوەی سەدای ئەڵاهوئەکبەر ئەنجامبدرایە، کەس نەیدەتوانی ڕایەلێک پەیدابکات بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان بکوژان و ئیسلام بەیەکەوە گڕێبدات. کاریگەرییەکانی ئیسلامی سیاسی و بزووتنەوەکانییان لەسەر زمانی کۆمەلگای کوردی لە دوای جەنگی ناوخۆوە هەستیپیدەکرێت و لە ئێستایشدا ئەم زمانە ئایینییە لە ئاخاوتنی کۆمەلگای کوردستاندا بە زەقی لە زمانی ڕۆژانەدا دەبیسترێت.

لە راستیدا و لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا، ئێمە خاوەنی لیستێکی درێژ لە کردەی ژنکوژی نین لە کۆمەلگای کوردستاندا. بێگوومان ئەمە بە مانای نەهیکردن نییە لە کولتوری شەرەفی کوردی، بەڵکو بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە سادەیەی کە چوارچێوەیەکی یاسایی و لێپرسینەوە لە کەسانێک کە تاوانیان ئەنجامداوە ئامادەیی هەبوو. سیستەمێک کە لەگەڵ کەوتنی پەیکەرەکانی سەددامدا هاڕە دەکات و بە ئێستاشەوە کوردستان لە غیابی سیستەمێکی قەزائیدا کە بە حزبی کراوە، باجێکی گەورەی داوە.
ئێمە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ وە ڕووبەڕووی دیاردەیەکی نەخشەبۆداڕێژدراوداین لە بەرانبەر کوشتنی ژناندا کە یەکەمین فیشەکەکانی لە چەکەکانی بزووتنەوە ناسیونالیستەکانی کوردستانەوە دەتەقێنرێت نەک لە لایەن هێزە ئیسلامییەکانی کوردستانەوە.
ئەوە پرۆسەی لیستی ” لە قائیمەکەدا بوون”ی ژنکوژیە کە لە ٩٢ بە دواوە دەستپێدەکات و دەرگا لە سەر کۆنەپەرەستی کۆمەلگا دەکاتەوە و لێنەپرسینەوە لە کەس دەبێتە دەستپێکی مۆدەی ژنکوژی لە شارێکی وەک سلێمانیدا.

هەڵبژاردنی زمانێکی ئایینی بۆ ژنکوژی وەک ئەوەی سارا لە دۆخی کوشتنی هەندێک لە پاڵەوانەکانی “مردووشۆر”دا بەکاریدەهێنێت، تەنها ڕەگێکی ئایدئۆلۆژی لە پشتییەوە کاردەکات و لە کوردستانی هەشتاکاندا بە تەواوەتی وونە. بەکارهێنانی ئەم زمانە بۆ بەشێک لە دیمەنەکانی ژنکوژی لە مردووشۆردا و هەندێک ئاماژەی دیکە کە لە جێگایەکی دیکەی ئەم رۆمانەدا دەگەرێمەوە سەری، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

کەسێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە دەکرێ بپرسێت: بەڕاست ئەمە ژیانی ژێردەسەلاتی تالەبانی کوردیە و بۆچی ئێمە هەستمان پێنەکردووە و هیچ شتێکمان دەربارەی نەزانیوە؟ لە کاتێکدا سەدای ئەلاهوئەکبەر ببیسترێت و نەبیسترێت کولتوری شەرەفی کوردی بە تەواوی بەها و تێروانینەکانییەوە لە کۆمەلگای ئێمەدا ئامادەیی هەبووە بێ ئەوەی جێگاو ریگای ئاین لە پلەیەکی بالادا بێت وەک ئەمڕۆی کوردستان، یان لە دۆخێکی ترادیسیۆنی خۆیدا بێت وەک پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەوەی کە بۆچی سیمای کۆمەلگایەکی مەزهەبی بە قۆناغێکی دیاریکراوی کۆمەلگای کوردستان و شارێکی وەک سلێمانی دەدرێت، ئەو پرسیارەیە کە ئینسان دەکرێ بە شوێنیەوە بێت بێ ئەوەی ئەم ڕوونکردنەوەیە بچێتە خانەی پاککردنەوەی ئایین و ڕۆلی ئەو لە دووبارەبەرهەمهێنانەوەی کولتوری شەرەفدا.

خوێندنەوەی “مردووشۆر” وەک سەفەرکردنە بە ناو توونێلێکی هەتا بڵێێ تاریکدا. ناوە ناوە لەم تاریکاییەدا ترووسکایەکت نیشاندەدرێت، نەک بۆ ئەوەی بەرپێێ خۆت ببینیت، بەڵکو بۆ ئەوەی خنکاندنی منداڵێک بینی کە سەرین دەخرێتە سەردەمی بە نیازی خنکاندنی، یان بەلەقەوە دەچنە سەر جەستەی کۆرپەیەکی لە سکی دایکدا دەرهێنراو، یان دایکێک کۆرپەی بە باوەشەوەیە و بەر فیشەک دەدرێت. زەبرو زەنگ و وەسفکردنی لەم ڕۆمانەدا هێندە ڕووت و بێپەردەیە کە خوێنەر ناچارە ناوە ناوە ئەم کتێبە دابخات و مەسافەیەک بگرێت وئاهێکی بەبەردا بێتەوە و بە هیوای ئەوە بێت کە لە دیمەنەکانی دیکەدا ئەم کچ و ژنە هەژارانەی مەملەکەتی زاموای سارا عومەر بگەنە ئەو سەری تونێلەکە و ڕوناکی ببینن.

سارا عومەر لە لاپەرەی یەکەمی مردووشۆردا دەنووسێ: پێشکەشە بە فرمێسک، ئەو کچەی لە ساڵانێکی ئێجگار سەختدا، لە دڵی مندا زیندانی بوو”. ئەم پێشکەشکردنە و نووسینی مردوو شۆڕ، تۆڵەی سارا عومەرە لەم رژێمی جەندەرەی کە مردووشۆر دەکاتە زیندانێکی ئەدەبی بۆ فرمێسکێک کە ئەگەر هەموو ڕۆژڕەشییەکانی ناو ڕۆمانیشی نەبینی بێ، ژنان و کچانی دیکەی کوردستان بینیویانە. بۆیە سارا عومەر چاو لە هیچ شتێک ناپۆشێت و بەشێکی ئێجگار گەورەی ئەو سونەت و ترادیسیۆنە مردووانەیشی کە لەمێژە لە کوردستاندا نەماون، یان جیگایەکی ئەوتۆیان لە ژیانی ڕۆژانەی ژیانی ئینسانەکاندا نییە، لە کونجێکی چیرۆکە وردیلەکانی ناو ڕۆماندا ناودەهێنێت و شوێنیان بۆ دەکاتەوە. گەورە بە بچووک، سێ بەیەک یان دانی سێ کیژۆلەی مندال بە کچێک بۆ باوکێک کە ژنی دووەم دەهێنێتەوە، کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی قوزەکەمتیار لە شێوەی هەڵواسینی پارچەگۆشتێک بە کەمەری کچێکەوە تا بەختی بکرێتەوەو شوو بکات، پێشنیارکردنی میزی حوشترخواردنەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی، ئەم ئاماژە کولتووریانە و زمانێکی ئایینی کە لە سەدای ئەللاهوئەکبەری تاوانکاراندا دەنگدەداتەوە ، پرسیاری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە لەم کۆمەلگایەدا جگە لە خورافە و ژنکوژان دەکرێ خەبەر لە شتێکی دیکە هەبێت.
بێگوومان هەموو ئەمانە ڕیزدەکرێن تا بە خوێنەر بسەلمێنرێت کە لەم زۆنگاوەی ناوی زاموایە، ئەنوەر وفایەق وبەهرە و ڕەشیدی زیاتری تیا سەوزنابێت. ئەگەرچی لە واقیعدا دەستەواژەی قوزەکەمتیار و میزی حوشترخواردنەوە، هێندەی تەنزێکی زمانەوانی خۆشە کەمتر ترادیسیۆن و کولتورێکە کە خەڵک بڕوای پێیەتی.

خالید حوسەینی لە “هەزاران خۆری درەوشاوەدا” مریەم دەخاتە ناو چوارچێوەیەکی خیزانییەوە کە شەق و شەق نەک نان، سەرتاپای ژیانی مریەم داگیردەکات. بەڵام خوێنەر خێرا درک بەوە دەکات کە ئەگەر مریەم هەنگاوێک نانێت بۆ دەربازبوون لە تاڵیبانی مێردی ناو ماڵ، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ماڵ، سیستەمێکی دیکەی کۆمەلایەتی تاڵیبان لە دەرەوە چاوەڕێدەکات کە ژنی لە ڕووبەرە کۆمەلایەتییەکەیدا سڕیووەتەوە. بۆیە خوێنەر ئاسان مانەوەی مریەمی لە ناو دیوارەکانی ماڵدا پێ قبووڵە.
لە مردووشۆردا، تاکە کەسێک کە ژن ناکوژێت و دەکرێ وەک ئاماژەی زیندووی ئەم کۆمەلگایە سەرنجی بدرێتێ، دەروێشی مێردی گەوهەر و گەوهەر خۆیەتی. بەلام ئەوانیش توانای پاراستنی نەک هەر فرمێسک، بەڵکو کیژۆلەکەی خۆیشیان نییە کە ئەنوەر هەموو ساتێک بەبەرچاوی دایک و باوکیشییەوە تیرۆری نەفسی دەکات،
“مردوشۆر” مەملەکەتی ئەو دۆزەخەیە کە پێغەمبەری ئیسلام پێیوایە هاولاتییەکانی هەموو ژنن ئەگەر چیش هەموویان سەر بە چینە نەدار و هەژارەکەی کۆمەلگان. ئیتر خەبەرێک لە عەدالەتی کۆمەلایەتی، یەکسانی، مۆدیرنیتە، کاردانەوە خۆڕسکەکانی کۆمەلگا لە بەرانبەر ژنکوژیدا، لە هیچ شوێنێکی ڕۆمانەکەدا هەست پێناکرێت. زاموای ناو رۆمانی مردووشۆر، هێندەی لە دێ دەچێت، کەمتر سیمای شاری پێوە دیارە.

مردووشۆڕی سارا عومەر ئەگەر بە دروستکردنی کەش و هەوایەکی تا بڵێی دواکەوتووانە و کێشانی پەردەیەکی ئایینی فەرزکراو لە هەندێک جێگای ڕۆمان و لە دەوری ڕووداو و کارەکتەرەکانی دروستنەکرایە ، زەرەیەک لە ناوەڕۆکی بەربڵاوبوونی کولتوری شەرەف و دەرئەنجامەکانی لەسەر فرمێسک و تەنانەت پالەوانەکانی دیکەی ناو ڕۆمانی نەدەگۆڕی. بۆ خوێنەرێکی ئەوروپی زاموا دێهاتێکە و کولتوری شەرەف تیایدا بەهۆی خورافە و ئایین و دواکەوتوویی ئەم شوێنە جوگرافیایەوە لە برەوی خۆیدایە. لە کاتێکدا پاڵەوانەکانی مردووشۆر کچانی زانکۆی زامواش بوونایە و بە مینی جۆبی حەفتاکانەوە بسووڕانایەتەوە، پانتایەکانی کولتوری شەرەف بچووکتر نەدەبوو لەوەی کە هەیە و ئەگەر لە یەکەمین شەوی چوونە پەردەیانەوە پەڕۆکە سوورنەچوایەتەوە، چارەنووسێکی باشترییان لە چارەنووسی پاڵەوانەکانی ناو مردووشۆر بە نسیب نەدەبوو. بەڵام چی وادەکات کە نووسەر شار دەکاتە گوند و نەغمەیەکی بەهێزی ئایینی دەکاتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ژنکوژییە بۆ قۆناغێکی تایبەتی کۆمەلگای کوردستان کە تیایدا نەغمەی ئایین و دەسەلاتەکەتی بەتەواوەتی ونە.

من لە دڵەوە هیوادارم کە خوێنەرێکی ئەوروپی پێیوابێت کە پرسیارەکانی یەکسانی، جەنگی بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان، پرۆژەی ڕۆشنگەری، عەدالەتی کۆمەلایەتی و ئینساندۆستی پێشتر لە زاموای سارا عومەردا تێرۆکرابن و لەسەر تاتەشۆرەکەی گەوهەردا شۆردراون و کفن و دفن کراون و لە کونجێکی شاردا و لە گۆرستانێکی بێناودا بە خاک سپێردراون.

ڕەنگە تەفسیرێکی واهی لە زاموای ناو مردووشۆردا لە غیابی هەموو جومگەیەکی ئینساندۆستی و ژیاندۆستی لەم ڕۆمانەدا، وەلامێکی دروستتر بێت. لە تەفسیرێکی واهیدا ڕەشەبای سلێمانی کە ئامادەییەکی گەورەی ناو لاپەرەکانی “مردوشۆر” داگیردەکات، زیاتر وەک قیژەو هاواری ژنەکانی سلێمانی دێتە بەرگوێ، بەرلەوەی بە گۆیژەدا هەڵگەڕێتەوە و ئەم پەیامە بە شوێنەکانی دی بگەێنێ.
من کە لە رێگای دێرەکانی ئەم ڕۆمانەوە و لەسەر لاپەرەی ئەم کتێبەدا خۆم دەکەم بە کووچە و کۆلانەکانی زاموادا، لە زۆر کووچە وکۆلانی ئەم شارەی ناو ڕۆماندا وندەبم، لە زۆر شوێندا خۆم و شار ناناسمەوە.
بەڵام خێرا ئەوەشم دێتەوە یاد، کە زاموای ناو مردووشۆر دەستکردی سارا عومەرە کە دەکرێ ئەم شارەی وا بینیبێ. من ناتوانم ئەم بینینە لەو زەوت بکەم. بەڵام لەگەڵ ئەم تێبینیانەیشدا، من دڵنییام ئەوەی کە ئەم کتێبە توانای دروستکردنی جەدەلی هەیە و پرسی ژنکوژی بە هۆی شەرەفەوە دەخاتە ئاستێکی تر و چۆن گودیلە سپییەکەی ناوچەوانی فرمێسک تەفسیری جۆراوجۆری لیدەکرێت، ئەوا مردووشۆریش خوێنەر بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشدەکات.

نووسینی بەکر ئەحمەد
١٨ی تەمووزی ٢٠١٨




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (9-10) …. پرسی ناسنامه‌ …. عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

وشه‌ی ناسنامه‌ وشه‌یه‌كی ئاوێته‌یه‌، له‌ مانای زمانه‌وانیدا به‌ نامه‌ی ناسینه‌وه‌ دێت، كه‌سی ناسراو جیاوازی خۆی له‌ رێگای ئه‌و نامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ ده‌نوێنێ‌، نامه‌ی ناسین ده‌كه‌وێته‌ ژێر به‌های نه‌ته‌وه‌یی و بیر و ئایین و ره‌گه‌ز و دابونه‌ریت و كلتور و ویست و فۆرمی ره‌فتاركردنی تاك و …
چه‌مكی ناسنامه‌ گوزارشت له‌و حه‌قیقه‌ته‌ هاوبه‌ش و هاوگونجاو و به‌یه‌كچووه‌ ده‌كات، كه‌ كه‌سێك، كۆمه‌ڵێك، نه‌ته‌وه‌یه‌ك، هه‌رێمێك، كیشوه‌رێك… له‌ ئه‌ویدیكه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش مه‌رج نییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌های چه‌سپاو یان پیرۆزه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی ناتوانین ئه‌و به‌ها جێگیر و پیرۆزانه‌ ره‌تبكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ وه‌ك كرۆك و رۆحی ناسنامه‌ چاو لێبكرێن! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناسنامه‌ له‌ هاوژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدیكه‌دا به‌رده‌وام له‌ حاڵه‌تی تازه‌كردنه‌وه‌ و گۆڕانكاری و كارلێكردندایه‌… ده‌مێكه‌ (جۆن لوك) هه‌موو تێگه‌یشتنێكی تیۆكراتی له‌ سه‌ر ناسنامه‌ خستۆته‌ لاوه‌! له‌ كۆی ئه‌و قسانه‌دا ده‌مه‌وێ‌ بڵێم مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی عه‌قڵانییه‌ و كۆمه‌ڵێك توانای له‌ بننه‌هاتووی تێدایه‌، توانای ده‌ستنیشانكردنی ناسنامه‌ی تایبه‌تی و خودی هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانێت ته‌واو له‌ ویست و ده‌سه‌ڵاتی مێژوویی و سته‌می دابونه‌ریته‌كان ئازاد بێت، وه‌ك چۆن توانای ده‌ستنیشانكردنی ناسنامه‌ی بابه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌. لێره‌دا مرۆڤ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی هه‌موو شته‌كانه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كییه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز ناتوانین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كان له‌ ناسنامه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌واته‌ ناسنامه‌ چه‌سپاو نییه‌!

(عه‌دنان مه‌جید محه‌مه‌د) ماسته‌ر له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان و پسپۆره‌ له‌ سیستمی سیاسی په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی، له‌ گوتاری (ئه‌رگیۆمێنتی ناسنامه‌ له‌ نێوان گۆڕاو و نه‌گۆڕاو)دا قسه‌ له‌ دوو فۆڕم له‌ ناسنامه‌ ده‌كات، یه‌كه‌م: ناسنامه‌ی خودی، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هزر و كلتور و ئینتمای تاك بۆ بازنه‌یه‌كی دیاریكراوی كلتوری و مێژوویی. دووه‌م: ناسنامه‌ی تاك وه‌ك هاووڵاتی، یان وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سیاسی، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیاریكراودا ده‌ژیت و له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراو و یاسا جێگیره‌كانی كۆمه‌ڵگادا پراكتیزه‌ی كاره‌كانی خۆی ده‌كات و ماف و ئه‌رك و به‌رپرسیاری تاك دیاری كراوه‌ و چاره‌نووسی ژیانی تاك تێیدا به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت پارێزراوه‌.

ئه‌و دوو ناسنامه‌یه‌ی تاك، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌ك دژ ناكه‌ونه‌وه‌، به‌ڵكو ته‌واوكه‌ری یه‌كترین و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی وه‌ك ئامانج ده‌بینن، به‌ تایبه‌ت له‌ سیستمی دیموكراسیدا، كه‌ بازنه‌ی ئازادی و تاكگه‌رایی فره‌وانه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ تێیدا بانگه‌شه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان و فره‌ كلتوری و ئایینی و مێژوویی ده‌كرێت، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ تاك گوزارشت له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كان و بیر و بۆچوون و ناسنامه‌ و كلتوری دیاریكراوی خۆی ده‌كات،
به‌ڵام له‌ سیستمی تۆتالیتاریدا هه‌میشه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر لایه‌نه‌ چه‌سپاوه‌كانی ناسنامه‌ ده‌كرێته‌وه‌ و توانای گۆڕانكاری له‌ ناسنامه‌دا ئه‌سته‌مه‌، له‌ سیستمی دیموكراسیدا هه‌میشه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر توانای خۆگونجان و ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی ناسنامه‌ ده‌كرێته‌وه‌، سیستمی دیموكراسی به‌ زیندووێتی كۆمه‌ڵگا و تازه‌كردنه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی رۆحی هاووڵاتیبوون له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام سیستمی تۆتالیتاری ئازادی و رۆحی هاووڵاتیبوون ده‌كوژێ‌.

هه‌ندێك پێیانوایه‌ پچڕانی په‌یوه‌ندی یاسایی و سیاسی نێوان كه‌س و ده‌وڵه‌ت وێنه‌یه‌ك له‌ وێنه‌كانی مردنی كۆمه‌ڵایه‌تی نیشان ده‌دات، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌وڵه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌توانێ‌ پێناسه‌یه‌كی مۆدێرن به‌ هاووڵاتیانی ببه‌خشێ‌، هه‌رگیز وه‌ك سیستمێكی دیموكراسی دانی پێدانانرێت. جگه‌ له‌ مافی مرۆڤ، حه‌زی تاك، ئه‌وه‌ سته‌می ده‌وڵه‌ته‌ تۆتالیتاریه‌كانه‌ كۆچ و كۆچكردنیان تا ئه‌و ئاسته‌ به‌رزكردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ تۆتالیتاریه‌كانه‌ فۆرمی ره‌فتاركردنی تاك و ئازادی تاك و رۆحی هاووڵاتیبوون بێ‌ بایه‌خ ده‌كرێ‌!
ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌دا پێویسته‌ له‌ به‌ر چاوی بگرین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو مرۆڤێك كۆمه‌ڵێك ناسنامه‌ی هه‌یه‌، هه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات هه‌تا به‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌گات، به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و هه‌سته‌كان و په‌یوه‌ندی جۆراوجۆر و كار و ره‌گه‌ز و… هه‌موو ئه‌و ناسنامانه‌ش به‌ پێی گۆڕانی بارودۆخ و به‌ره‌وپێشچوون … گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت! به‌ڵام (ئه‌مین مه‌علوف) له‌ كتێبی (ناسنامه‌ بكوژه‌كان)دا پێیوایه‌ ده‌شێ‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ناویان هاتووه‌، به‌ ره‌گه‌زه‌كانی ناسنامه‌یان دابنێین و له‌ تاكه‌ ناسنامه‌یه‌كدا كۆیان بكه‌ینه‌وه‌.

هه‌میشه‌ ناسنامه‌ پێویسته‌ شانازی به‌ خۆگونجان و جیاوازی و رۆحی هاووڵاتیبوون و تازه‌كردنه‌وه‌ و به‌ها مرۆییه‌كانی بكات! به‌ڵام (سامۆییل هنتگتۆن) له‌ باره‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه‌ پێیوایه‌ خۆرئاوا هه‌ر له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ و هه‌تا ئێستاش تاكه‌ نوێنه‌ری به‌هاكانی لێكبوردن بووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی دیموكراسییه‌ته‌… من ئه‌و نموونه‌یه‌م بۆ به‌رچاو روونی هێناوه‌ته‌وه‌، ئه‌گینا ئه‌و بیروڕایانه‌ی هنتگتۆن كۆمه‌ڵێك ره‌خنه‌ و به‌ دواداچوونی جیاوازی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌ پشتكردنه‌ له‌ كه‌له‌پوری جیهانی و تاكی داهێنه‌ر… هه‌موو ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ سوسیۆلۆجیایانه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن، كه‌ هه‌ر گه‌ل و كۆمه‌ڵه‌ یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك ره‌هه‌ندی جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و مێژوویی و ژیان و داهێنانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، پێشكه‌وتنی دنیا به‌رهه‌می كۆی داهێنانه‌ مرۆییه‌كانه‌ و كۆی كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی تێیدا به‌شدارن، ناتوانین هه‌موو پێشكه‌وتنه‌كان به‌ شارستانی خۆرئاوایی په‌یوه‌ست بكه‌ین، هه‌موو دواكه‌وتنه‌كان به‌ كۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتییه‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌…

ناسنامه‌ به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش پێویسته‌ له‌ هه‌وڵی پێكهێنانی به‌رده‌وامی ناسنامه‌ دابین، چونكه‌ گوزارشتكردنی مرۆڤه‌ له‌ بوون و هه‌ڵوێست و پێشكه‌وتنه‌ یه‌ك به‌دوا یه‌كه‌كانی و به‌پێی فاكته‌ ناوه‌كی و ده‌ره‌كیه‌كانی ده‌گۆڕێت، به‌رده‌وام تاك و كۆ ده‌رك به‌ بایه‌خی ناسنامه‌ ده‌كه‌ن و توانای دیاری كردنیان هه‌یه‌ و ده‌توانن له‌گه‌ڵ پێدراوه‌ ژیاری و به‌خششه‌كانی تازه‌ی سه‌رده‌م بیگونجێنن، به‌ڵام پشتگوێخستنی ناسنامه‌، یان توانه‌وه‌ له‌ ناسنامه‌ی ئه‌ویدیكه‌ به‌ قه‌د جێگیربوونی ناسنامه‌ ترسناكه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌میان دنیا به‌ شێوه‌ حه‌قیقییه‌كه‌ی ره‌تبكاته‌وه‌، گۆڕانكاری و جیاوازییه‌كان پشتگوێ‌ بخات، ئه‌وه‌ دووه‌میان هه‌موو پێشكه‌وتنێك له‌ سه‌ر ئاستی ماددی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر خۆی ده‌زانێت، به‌ كورتی ناسنامه‌ی جێگیر هه‌ر ته‌نها ملكه‌چكردن نییه‌ بۆ بارودۆخی جۆراوجۆری ئه‌ویدیكه‌، به‌ڵكو پشتگوێخستنیش ده‌گه‌یه‌نێت.

لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌ ناسنامه‌ی كوردی بكه‌ین، هیچ پرۆژه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدانی نابینین، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان تاك و ده‌وڵه‌ت له‌ لێواری مردن نزیك ده‌كاته‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌ ناسنامه‌ی كوردی چ وه‌ك چه‌سپاو چ وه‌ك گۆڕاو، چ وه‌ك ناسنامه‌ی خودی، چ وه‌ك تاكی هاووڵاتی، روون و دیار نییه‌، به‌ڵكو له‌ نێوان پارچه‌كانی باكور و باشور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواودا كۆمه‌ڵێك گیروگرفتی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ و هیچ رێكه‌وتنێكی جه‌وهه‌ری له‌ نێوان پارچه‌كانی كوردستاندا بوونی نییه‌، وه‌ك چۆن هیچ یه‌كێتییه‌كی نیشتمانی پیرۆز و چه‌سپاو بوونی نییه‌، كه‌واته‌ ناسنامه‌ی كوردی گوزارشت له‌ واقیعی هه‌نووكه‌یی پارچه‌ پارچه‌ بوونی كوردی ده‌كات، له‌گه‌ڵ پێدراوه‌ كلتوری و سیاسی و یاساییه‌كانی هه‌ر پارچه‌یه‌ك دێته‌وه‌، به‌و مانایه‌ش ناسنامه‌ی كوردی پارچه‌ پارچه‌یه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی پارچه‌ جیاوازه‌كانه‌! ناسنامه‌ی تاكی كوردی له‌ پارچه‌ی رۆژهه‌ڵات زۆر جیاوازه‌ له‌ ناسنامه‌ی تاكی كوردی له‌ باكور یان رۆژئاوا، ناسنامه‌ی تاكی كوردی له‌ باشور له‌ چه‌ند رووییه‌كه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ ناسنامه‌ی تاكی كوردی له‌ پارچه‌كانی دیكه‌…

پرسیار ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ له‌ كوێین؟ له‌ كوێ‌ هاتووین؟ بۆ كوێ‌ ده‌چین؟ چونكه‌ ده‌توانین له‌ رێگای خۆناسین و مه‌عریفه‌وه‌، له‌ رێگای تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه‌، له‌ رێگای بیركردنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه‌ كار بكه‌ین و ئه‌ویدیكه‌ بدوێنین! پرسیاری سه‌ره‌كی له‌ نامه‌ی ناسینی كوردی ئه‌وه‌یه‌، ئایا كورد خاوه‌نی چ ناسنامه‌یه‌كه‌؟ ناسنامه‌ی تاكی كوردی دیاره‌؟ ئایا كورد چ شتێك به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ناسنامه‌ ده‌زانێت؟ ئایا چ به‌هایه‌ك ناسنامه‌ی تاكی كوردی به‌ تاكێكی دیكه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌؟

هه‌ولێر/ 19/7/2018




(وه‌رگێڕی ناشاره‌زا، وه‌رگێڕانی سه‌قه‌ت) _ ڕۆمانی ده‌رگای ته‌باشیربه‌نموونه‌_ … سه‌دیق سه‌عیدڕواندزی

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، بزاوتێكی گه‌وره‌ له‌وه‌رگێڕان له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا ده‌ركه‌وتووه‌. كه‌تیایدا ده‌یان به‌رهه‌می نووسه‌رانی دنیا به‌زمانه‌ جیاوازه‌كان وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌رزمانی كوردی. ئه‌وبزاوته‌به‌ پێی پاشخانی ڕۆشنبیری وه‌رگێڕوئاستی زانین و شاره‌زاییان له‌زمان ده‌گۆڕێت. واته‌ئه‌زموونه‌كان جیاوازن. دیاره‌ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی نێوه‌ندێكی تایبه‌ت به‌وه‌رگێڕانه‌ كه‌تیایدا ستافێكی شاره‌زا، بڕیارله‌ سه‌رجۆروناوه‌ڕۆكی ئه‌وبه‌رهه‌مانه‌بدات كه‌وه‌رده‌گێڕدرێن. بۆیه‌ ده‌بینین هاوشێوه‌ی زۆركایه‌ی تر،وه‌رگێڕانیش له‌نێوئێمه‌داچه‌ندین كه‌موكورتی هه‌یه‌.چونكه‌ هه‌رده‌زگاو هه‌روه‌رگێڕێك په‌یڕه‌وله‌جۆرێك نووسین و ڕێنووس ده‌كات كه‌خۆی ده‌یه‌وێت. نه‌ك بنه‌مایه‌كی داڕێژراوی زانستییانه‌ و زمانه‌وانی هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌رگێڕان هونه‌ره‌.له‌وهونه‌ره‌شدا پێشمه‌رجی یه‌كه‌م شاره‌زایی و قوڵبوونه‌وه‌یه‌ له‌هه‌ردوو زمان.تائاستی هاوتاكردن و به‌راوردكاریانه‌ی زمان.ب
ه‌ڵام له‌ شاره‌زایی گرنگتر، زاڵبوونی وه‌رگێڕه‌ به‌سه‌رهه‌ردووزمانداله‌ڕووی واتاسازی و چه‌مك و ده‌ربڕینه‌كان. بۆئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌ق وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ بگه‌ینرێته‌ خوێنه‌ر. بێگومان مه‌رج نییه‌ له‌هه‌ردووزماندا، هاوواتاو مانای دروستی وشه‌یه‌ك وه‌ك یه‌ك بوونیان هه‌بێت. به‌ڵام مه‌رجه‌ مانای ئه‌و چه‌مكه‌ هێنده‌ له‌زمانی بۆ وه‌رگێڕدراو نزیكبكرێته‌وه‌، تاڕاده‌ی گه‌یاندنی مانای ته‌واو.له‌وه‌رگێڕاندا هه‌رگیز ده‌قێك وه‌كوخۆی به‌هه‌مان وێنه‌و بونیادی زمانه‌وانی، به‌هه‌مان ئاماژه‌و واتا،له‌زمانێكی دیكه‌دا به‌رجه‌سته‌ناكرێت. به‌ڵكو ناوه‌ڕۆك، په‌یام و ئاماژه‌كان ده‌گه‌ینرێن.كه‌چی له‌هه‌ندێك كاتدا، وه‌رگێڕه‌كانی ئێمه‌، وه‌رگێڕانی وشه‌یی یاخود ڕسته‌یی ده‌كه‌ن. به‌بێ گونجاندن و هاوشێوه‌كردنیان له‌گه‌ڵ زمانی كوردی.

به‌مه‌ش ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی سه‌یره‌وه‌ كه‌خۆشیان دركی پێ ناكه‌ن. چونكه‌ هه‌موو زمانێك، بونیادێكی ڕێزمانی و زمانه‌وانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌. كه‌له‌كاتی وه‌رگێڕاندا، گۆڕانكاری له‌وبونیادییه‌ زمانییه‌ دێته‌ ئاراوه‌.بۆیه‌ ده‌بێ وه‌رگێڕهێنده‌ شاره‌زاو به‌ئاگا بێت نه‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی له‌و شێوه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌سانێك پێیان وابێت وه‌رگێڕان، زمان زانینه‌ به‌ته‌نیا. یاخودهه‌ركه‌سێك زمانێكی زانی، ئیدی ئاساییه‌ كتێب وه‌ربگێڕێت.له‌ڕاستیدا وه‌رگێڕان هونه‌ری قوڵبوونه‌وه‌و شاره‌زایی و ئاگایه‌كی بێ سنووره‌ له‌هه‌ردوو زماندا. زاڵبوونه‌ به‌سه‌ر وشه‌و ڕسته‌و ده‌ربڕینه‌ زمانه‌وانییه‌كان. ئاگابوونه‌ له‌هاوواتایی وجیاكاری بونیادی زمانه‌وانی دووزمان له‌ئاستی مۆڕۆفۆڵۆژی وسێنتاكسدا.بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی وه‌رگێڕانی ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا، ناوه‌ڕۆك و ماناكانی ده‌ق به‌ زمانی بۆ وه‌رگێردراو بگه‌نه‌ خوێنه‌ر.

وه‌لێ به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌وه‌رگێڕه‌كانی ئێمه‌شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌وهونه‌ره‌ نییه‌، هه‌ر ته‌نها وه‌ك ئاره‌زووێكی خۆیان ئه‌و كاره‌ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ پیشه‌ وه‌رگێڕبن. واته‌ هه‌مووكاره‌ڕۆشنبیرییه‌كانی خۆی ته‌نهاله‌وه‌رگێڕانی كتێبدا ببینێته‌وه‌. چونكه‌ وه‌رگێڕان سه‌لیقه‌و پشوودرێژی ده‌وێت. بۆیه‌ ده‌بینین به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن ئه‌و وه‌رگێڕه‌ كوردانه‌ی وه‌رگێڕانه‌كانیان لای خوێنه‌ر به‌هاو چێژی ئه‌ده‌بی هه‌یه‌.چونكه‌ ئه‌گه‌رزمان زانین پێوه‌ر بێت بۆ وه‌رگێڕان، ئه‌وا به‌هه‌زاران كه‌س عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و فارسی و ئه‌ڵمانی ده‌زانن. به‌ڵام چه‌ندیان وه‌رگێڕن؟ڕۆمانی ده‌رگای ته‌باشیر، نموونه‌یه‌كه‌ له‌ونموونه‌ زۆرانه‌ی وه‌رگێڕان كه‌چه‌ندین هه‌ڵه‌وكه‌موكورتییان تێدایه‌. به‌بڕوای من وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌ هێنده‌ی مه‌به‌ستی بووه‌ ئه‌وڕۆمانه‌ وه‌ربگێڕێت، هێنده‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بووه‌ ئاخۆ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی له‌چ ئاستێكدایه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ جۆرێك له‌په‌له‌ی پێوه‌دیاره‌. هه‌روه‌ك خۆشی له‌پێشه‌كی ئاماژه‌ی پێكردووه‌ كه‌به‌هه‌شت مانگ ئه‌و ڕۆمانه‌ی وه‌رگێڕاوه‌. له‌كاتێكدا، وه‌رگێڕانی ئه‌و ڕۆمانه‌ ڕه‌نگه‌ پڕۆژه‌یه‌ك بێت چه‌ند ساڵێك بخایه‌نێت.به‌ده‌گمه‌ن ڵاپه‌ڕه‌یه‌كی ئه‌وڕۆمانه‌ هه‌یه‌، هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا نه‌بێت. چ له‌ڕووی چاپ، چ له‌ڕووی زمان. به‌ڕاده‌یه‌ك خوێنه‌ر به‌ر چه‌نده‌ها هه‌ڵه‌ده‌كه‌وێت. ئه‌وهه‌ڵانه‌ش به‌شێكییان هه‌ڵه‌ی چاپ و ڕێنووسن. به‌شێكییان په‌یوه‌ندی به‌شێوه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ پێده‌چێ وه‌رگێڕ وشه‌به‌وشه‌ی وه‌رگێڕابێت. بۆیه‌ هه‌ست به‌له‌نگی وناهونه‌رییه‌كی زۆر ده‌كه‌ین له‌ئاستی ده‌ربڕینه‌كاندا. لێره‌دا بۆ به‌رچاو ڕوونی خوێنه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه‌ دیاری ده‌كه‌ین.

یه‌كه‌م:_ هه‌ڵه‌ی ده‌ربڕین و زمان:_

بێگومان زمان به‌گشتی و زمانی كوردیش به‌تایبه‌تی، بونیادێكی زمانه‌وانی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، كه‌ تیایدا بكه‌رو فرمان و ئاوه‌ڵناوو پێشگرو چه‌ندین نیشانه‌ی زمانه‌وانی تر، به‌گشتی به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ مانا ده‌گه‌یه‌نن. هه‌رجۆره‌ لادانێك له‌وبونیاده‌ زمانه‌وانییه‌، ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی ماناكانی ڕسته‌. كه‌چی وه‌رگێڕی ئه‌وڕۆمانه‌، ئه‌مه‌ی ڕه‌چاو نه‌كردووه‌. بۆیه‌ چه‌ندین ده‌ربڕینی ناڕێزمانی ده‌بینین. وه‌ك ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌:_
*(منی فریشته‌ ئاسا هه‌رگیز باس له‌و ئاژه‌ڵه‌ نووستووه‌ی ناخی ناكات_ڵا22).
*(له‌سه‌ر جۆلانیه‌كه‌ له‌یلام پاڵاده‌نا_ڵا21).
*(كارپێكه‌ری یاره‌یه‌كه‌_ڵا23).
*(وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌كی قوڕس به‌بیریدا تێده‌په‌ڕ ده‌بێت_ڵا26).
*(هه‌ندێك لایه‌ن سكاڵایان له‌ئێستگه‌ تۆماركرد_ڵا30) ئایا سكاڵا له‌ ئێستگه‌ تۆمار ده‌كرێت؟.
*(كه‌وته‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڵاپه‌ڕه‌ی تێنووسه‌كه‌ بچووكه‌كه‌_ڵا43).
*(له‌ژێركاریگه‌ری توندوتیژی هه‌ستی به‌ونبوونی قیبله‌نامه‌و گه‌ره‌ڵاوژێ ده‌ستی به‌خوێندنه‌وه‌ كرد_ڵا51).
*(به‌بێ ئاگا هاواری ده‌ركرد-ڵا51). له‌ڕۆمانه‌كه‌دا مه‌به‌ست هاوار كردنه‌.كه‌چی ده‌بینین چۆن ته‌نها به‌ مۆرفیمێكی ساده‌، ته‌واوی مانای ڕسته‌كه‌ گۆڕاوه‌. له‌خۆوه‌ نییه‌ ده‌ڵێن: وه‌رگێڕ خائینه‌.
*(ماوه‌ی زیانزه‌ ساڵه‌_ڵا51).
*(له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ناسك و قرچۆك بوو به‌چركه‌ساته‌ شیعریه‌كان-ڵا60). خوێنه‌ری به‌ڕێز، هیچ چێژو جوانییه‌ك له‌وده‌ربڕینه‌ دایه‌؟.
*(به‌تامایه‌ كاری خوودكوژی بكات_ڵا62).
*(تژیه‌ له‌نه‌خۆشی پیری_ڵا66).
*(ده‌چووه‌ نماشی شانۆگه‌ری_ڵا72).
*(ئه‌مه‌خۆشحاڵی ده‌كات له‌به‌رقوڕسی ئاماده‌بوونی لێره‌_ڵا74).
*(ئه‌م پرسیاره‌ی لێ ده‌رپه‌ڕی_75). پرسیار ده‌رده‌په‌ڕی، یان ده‌كرێت؟
*(هه‌موو بۆچوونه‌ ڕۆمانسییه‌كان له‌به‌های ڕه‌وتی تایبه‌تی وبۆچوونه‌ نه‌بوونیه‌كانه‌وه‌_ڵا83).
*(ده‌ركه‌وت بڕیاری ئازادی عێڕاق له‌كۆنگریسی ئه‌مریكی بێ گرێگۆڵه‌، ئاسمان به‌چاودێری تاوی سه‌ندووه‌._ڵا85).
*(ئازادی گشتی بۆ زیندانییه‌كان ده‌ركردووه‌_ڵا85).مه‌به‌ست لێره‌ لێبووردنی گشتییه‌. به‌ڵام ئایا ئازادی گشتی و لێبووردنی گشتی هه‌مان واتایان هه‌یه‌؟.
*(ساڵی 2010سه‌دام ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بوو-ڵا90).
*(له‌وێنه‌یان زۆركه‌م بوو له‌دۆخێكی نێو ده‌وڵه‌تی له‌و شێوه‌یه‌دا_ڵا92).
*(شوویان به‌ كووڕی خێله‌ گه‌وره‌كان كردووه‌_ڵا94).وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌ واده‌زانێ(كوڕ)و(كووڕ)هاوشێوه‌و هاومانای یه‌كترین.كووڕ به‌مانای قه‌زه‌م ده‌ێت. به‌ڵام كوڕ به‌مانای كوڕدێت.

*(هاوڵایه‌تیانی شار_ڵا95).
*(هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاگه‌یاندنی نییه‌جگه‌ له‌زمانی فه‌وجی پاراستنی میلیشیای به‌هێزله‌كه‌سانی هۆزه‌كه‌ی و ئامۆزاكانی پێكدێن_ڵا100). مه‌گه‌روه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌ بزانێت مه‌به‌ست له‌ناوه‌ڕۆكی ئه‌وڕسته‌یه‌ چییه‌؟.
*(روخساری له‌نێوتۆزوخۆڵدا جووتێك چاوی گه‌وره‌ شه‌به‌قی داوه‌_ڵا123).
*(گوێنه‌دان به‌ڕێكخستنی گرنگ له‌ته‌ندروستی_ڵا138).
*(له‌علی وریاتر له‌جوڵه‌ی شه‌قامه‌وه‌ ده‌توانێت به‌ئاسانی مه‌له‌ی تێدا بكات_ڵا143).
*(خراپه‌كاری زاوزێ ده‌كات_ڵا144).
*(خاوه‌نی ئێستگه‌كه‌ تۆی به‌مه‌ن ڕایسپاردبوو_ڵا166).
*(عه‌لی له‌نووسینگه‌كه‌ی داده‌نیشت بوو_ڵا179).
*له‌یلا به‌نهێنی ده‌زگیرانی به‌عه‌بدولعه‌زیم بوو_ڵا183).
*(ته‌نها هه‌نگاوێك بۆسه‌رقه‌نه‌فه‌ی هۆڵه‌كه‌ ئه‌م زه‌خیره‌یه‌ به‌شی دوو هه‌فته‌ده‌كات_ڵا273). كێ ده‌زانێ وه‌رگێڕ مه‌به‌ستی چییه‌؟.
*(رافد بووبه‌ده‌سه‌ڵات-ڵا234).
*(له‌ناوبه‌فرگره‌كه‌ی خواردنه‌وه‌ی ده‌ركرد_ڵا307).
*(به‌یانی زووبیری په‌یمانی له‌یلای بیرهاته‌وه‌_ڵا313).
*(یه‌كێك له‌منداڵه‌كانی تای لێ نیشتبوو_ڵا316). ئایا منداڵا تای ده‌یگرێت، یا ده‌نیشێت؟.
*(دانیشتنی سڕینه‌وه‌ی خودی یاخی كه‌ ئه‌وبه‌ڕێوه‌ی ده‌برد_ڵا317).
*(ڕۆژێك جلێكی ڕێك و پێكه‌م له‌به‌ركردبێت_ڵا324). سه‌یری داڕشتنی ئه‌و ڕسته‌یه‌ بكه‌ن له‌ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌!.
*(گوێت له‌م قسه‌كانم بێت_ڵا336).
*(ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌زه‌مه‌نێكی لووسدا تێپه‌ڕێ_ڵا350). تۆ بڵێی شتێك هه‌بێت به‌ناوی زه‌مه‌نی لووس و زه‌مه‌نی زبر؟.
*(خۆی كرد به‌خه‌و_ڵا413).
ئه‌مانه‌ به‌شێك بوون له‌وده‌ربڕینانه‌ی له‌ڕووی زمانه‌وه‌، چه‌ند كه‌مو كورتییان هه‌یه‌، كه‌ده‌یانی تریشمان بواردووه‌و نه‌مان نووسیون.

دووه‌م:_نووسینی وشه‌ به‌ ڕێنووسی جیاواز:_

وه‌رگێڕی ئه‌وڕۆمانه‌، ڕه‌چاوی هیچ ڕێسایه‌كی زمانه‌وانی و ڕێنووسی نه‌كردووه‌ له‌كاتی وه‌رگێڕاندا. بۆیه‌ له‌چه‌ندین شوێندا، چه‌ندین وشه‌ به‌ڕێنووسی جیاواز ده‌بینین. ته‌نانه‌ت وشه‌ هه‌یه‌ به‌پێنج جۆری جیاوازی ڕێنووسی نووسیوه‌.وه‌ك:(تلفۆن ڵا130/ته‌له‌فۆن ڵا139/ته‌لیفۆن ڵا142/تلیفۆن ڵا30/تیلفۆن ڵا31).وێرای ئه‌مه‌ش ده‌یان وشه‌ی تری به‌ ڕێنووسی جیا نووسیوه‌.وه‌ك:_(سكس_سیكس/ده‌یگووت_ده‌یگوت/بانق_بانك/خوود_خود/شووقه‌_شوقه‌/په‌سپۆرت_پاسپۆرت/روخسار_رووخسار/كۆچه‌ به‌ر_كۆچبه‌ر/ساخته‌_سه‌خته‌/عه‌بدولعه‌زیم_عه‌بدوله‌عه‌زیم/ره‌شید_ره‌شیدد/ سه‌ره‌ده‌م_سه‌رده‌م). ئه‌مانه‌و چه‌ندان وشه‌ی تر، كه‌ ده‌كرێ خوێنه‌ران له‌ كاتی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا خۆیان تێبینی بكه‌ن.

سێیه‌م:_ هه‌ڵه‌ی چاپ:_

بڕواناكه‌م هیچ ڵاپه‌ڕه‌یه‌كی ئه‌و ڕۆمانه‌ هه‌بێت، هه‌ڵه‌یه‌كی چاپ و تایپكردنی تێدا نه‌بێت.هه‌ربۆ ئاماژه‌كردن ته‌نها له‌پێشه‌كی ڕۆمانه‌كه‌دا كه‌ خودی وه‌رگێڕ نووسیویه‌تی،نزیكه‌ی ده‌هه‌ڵه‌ی چاپ هه‌یه‌. ئه‌م هه‌موو هه‌ڵانه‌ ده‌لاله‌تن له‌وه‌ی كه‌ڕۆمانه‌كه‌ هیچ پێداچوونه‌وه‌یه‌كی بۆنه‌كراوه‌و وه‌رگێڕه‌كه‌ی هه‌رمه‌به‌ستی بووه‌ زوو وه‌ریبگێڕێت. ئه‌گه‌رچی كه‌م بڵاوكراوه‌هه‌یه‌ هه‌ڵه‌ی تێدا نه‌بێت، به‌ڵام به‌وشێوه‌یه‌ نا. لێره‌دا ئاماژه‌به‌هه‌ندێكییان ده‌كه‌ین.بۆنموونه‌:_(نامه‌ی كاغزی ڵا18/خالێ پشكن _ڵا20/توانه‌ی گوێگرتن_ڵا88/ هاولایه‌تیانی شار_ 95/كۆچه‌به‌ر _ڵا276/ته‌نگه‌ نه‌فاسی_ڵا144/بورار_ڵا142/ ناسنامه‌ی سه‌خته‌_ڵا109/ گه‌ڵته‌ت له‌گه‌ڵا ده‌كه‌م_/له‌وكه‌ته‌ی_ڵا144/ ناخۆ_ڵا277/به‌جێهێت_ڵا200/ دارامان_ كه‌مه‌به‌ست داڕمانه‌). ئه‌مانه‌وده‌یان هه‌ڵه‌ی چاپی تركه‌ده‌كرێ بۆدڵنیایی زیاترخوێنه‌ران خۆیان ڕۆمانه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌. دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌كاتێ له‌خوێنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ بوومه‌وه‌، گه‌یشتمه‌ ئه‌وده‌ره‌نجامه‌ی كه‌وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌، هیچ سه‌روكاری له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕان نییه‌. له‌وانه‌یه‌ عه‌ره‌بی بزانێت و زۆرباش قسه‌شی پێ بكات، به‌ڵام زمانه‌كه‌ی زمانی وه‌رگێڕان نییه‌.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌رگای ته‌باشیر ئه‌و ڕۆمانه‌ جوان و به‌چێژو گرنگه‌ نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕه‌كه‌ی له‌ ده‌یان شوێن بانگه‌شه‌ی بۆكردووه‌، كه‌دیاره‌ هۆكاره‌كه‌ی چییه‌.به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ڕۆمانێكه‌ ڕووداوه‌كانی تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵن، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی و بابه‌تی له‌نێوانیاندا نییه‌. كه‌ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌رگێڕانه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌بێت.ده‌رگای ته‌باشیر، نه‌له‌ڕۆمانی شه‌ماعیه‌، نه‌له‌ڕۆمانی كوژرانی كابرای كتێب فرۆش، نه‌له‌ڕۆمانی فیتنه‌، كه‌هه‌رسێكییان هی سێ نووسه‌ری عێراقین، جوانترو به‌چێژتر نییه‌. هه‌رخوێنه‌رێكیش گومانی له‌وبۆچوونه‌ی من هه‌یه‌، بابچێت ده‌رگای ته‌باشیر بخوێنێته‌وه‌!!…

*په‌راوێز_ ده‌رگای ته‌باشیر/ ڕۆمان-نووسینی ئه‌حمه‌د سه‌عداوی/ وه‌گێڕانی/ دانا عه‌سكه‌ر/ بڵاوكراوه‌ی دیالۆگ 2018.

سه‌دیق سه‌عیدڕواندزی




کاك ئارم وانابێت! …خدر حسين …. بەشی سێهەم

ئەلبێت کامۆ دەڵێت:( بۆ ئەوەی رۆشنبێرێتی دروست بکەیت تەنها کێشانی راستە بەسەری پەنجەکانتدا بەس نین)
هەروەها دیستۆفیسکی دەڵێت: ‘ ئەدەب ڕێگامان پێدەدات بۆ زیاتر ناسینی مرۆڤ’… کەواتە دەکرێت بڵێین نووسین رەنگدانەوەی ناخ و کەسایەتی مرۆڤیشەو لەو ڕێیەوە دەتوانین زیاتر بیناسین.
پیرەمێردی شاعیریش جوان دەفەرمێت:
پەڵی بەرد بۆ پەلی بەرزە …….. لەقەش بۆ سەر پەلی بەردار
کەواتە بەردگرتنە پەلی بەردار نیشانەی شکستی بەردهاوێژە، کە ناتوانێت بگاتە پەلەکە و نەیتوانیوە خەڵکانیش هەمووان بکاتە کۆپی فەشەل و نوشوستەکانی خۆی و وەك ئەو ببینن و بیربکەنەوەو رەفتار بکەن.
(ئیمیل سیوران)یش دەڵێت: یەکەمجار دەبێت خوێندنەوە لەپێناو ناساندنی خود بێت نەك کەسانی تر.
لەم بەشەدا چەند خاڵێکی گرنگ دەخەمە روو کە وەکو مەرجی باشی و سەرکەوتوویی رەخنەگر تەماشا دەکرێت و ئەوسا بە بەراورد بە نوووسینەکانی کاک ئارام، بزانین لە رووەوە مەوداو بۆشاییەکی چەند دەبینینەوەو هەست پێ دەکەین:

* توانا زیهنییەکان:

مەرجێکی زۆر سەرەکی کارکردن لەسەر دەقی ئەدەبی و نووسینی رەخنە دەربارەیان داواخوازی ئاستێکی بڵندە لە تێگەشتن و رۆچوون، بەو مانایەی رەخنەگر دەبێت توانای تێگەشتن و لێکدانەوەو پەی بردنی هەبێت بە وردو درشتی ئەو دەقەو ڕشتەو بواری دەقەکەش، بۆ نموونە لە دنیاو هونەرەکانی رۆمان یان چیرۆك یان شیعر ….. زۆر شارەزا بێت. ئاوەها دەتوانێت خاڵە دوورو شاراوەکانی مەبەستی نووسەر کەشف بکات و بە کارێکی تازەی رەخنەیی هەستێت.

* ئاستی رۆشنبیری و مەعریفیی:

کەسی رەخنەنووس وەکو گوتراوە دەبێت دەریایەك بێت لە عیلم و عیرفان، لە زانست و ئەدەب، لە فەلسەفەو رۆشنبیریی، خاوەنی زەخیرەیەکی هێندە دەوڵەمەند بێت لە بوارەکانی دەرەوەی ئەو ڕشتە ئەدەبییەشدا تیایدا دەنووسێت، تا پەی بە دیدگا هەمەچەشنەکانی دانەر ببات و لێکدانەوەیان بۆ بکات و بگرە ئەو لە دانەر زیرەکتر بێت و بتوانێت ئەو خاڵە پۆزەتیڤانەی لای دانەریش خامۆشە ئەم بە زانستی بەربڵاوی خۆی ئاماژەیان پێ بدات و بیانهێنێتە سەر رووکار. بێگومان لەمبارەدا وەک هەوڵی رەخنەنووس بۆ خۆرۆشنبیرکردن کاریگەریی هەیە، هەرواش ئاستی خوێندەواریی و بڕوانامەو زمانزانین کاریگەریی گرنگی دەبێت.

* باری دەروونی:

جگە لەوەی کاتێك رەخنەنووس دەیەوێت سەروکاری دەقێك بکات دەبێت لە ئەلفو بێی رەخنە زۆر شارەزا بێت و جیای بکاتەوە لە جۆرەکانی تری وەکو وتار و ڕانان و هەجوکردن و شکاندن، خاڵێکی زۆر گرنگی تر کە کاریگەریی دەبێت لە سەر ئەنجامی لێکۆڵینەوە رەخنەییەکاندا، ئەویش باری دەروونی رەخنەگرە کە دەبێت زۆر ئاسایی بێت و لە ژێر کاریگەریی هیچ هۆکارێکی ناوەکی و دەرەکی خودو لاوەکی دەق و دەقنووسدا نەبێت و هەروەها خۆشی نیشانە سلبیەکانی دەروونی تیا نەبێت، وەکو هەستکردن بە کەمیی و نەزانین، نەزعەی ڕق و تۆڵە و شکاندنی بەرانبەری تیانەبێت بۆ خۆ بڵند کردن، هەروەها لە پرەنسیپی دادگەریشدایە حاکمەکان دەبێتە لە ژێر هیچ فشارێکی ناوەکی و دەرەکیدا نەبن تا حوکمەکانیان دروست بێت.

* لەم رۆشناییانەوە:

لە ژێر تیشکی ئەم راستییانەی لەسەرەوە باسمان کردن باپرسیار لە کاک ئارام بکەین و بزانین تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی رەخنەیی موعتەبەری لە چ بڵاوکراوەیەدا بڵاوکردووەتەوەو ئێمە نەمانبینیوە تا بیخوێنینەوە، من تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی رەخنەیی کاک ئارامم نەبینیوە لە هیچ گۆڤارو سایت و رۆژنامەیەکی ئەدەبیدا بڵاوکرابێتەوە، ئەوەش دەینوسێت تەنها لەناو ئەو کتێبانەدایە کە خۆی بە رەخنەی دەزانێت و هەر خۆشی چاپییان دەکات، کە بە هیچ پێوەرێك بە لای رەخنەی کلاسیکیشدا ناچن، کە ئەو رەخنە کلاسیکیانەش کاریان هەر شیکارییەکی سادە بوو. کاک ئارام ئەمەشی نەکردووە.

ئەوانەش دەکەونە بەر هێرشی شکاندنەکانی کاک ئارام هەموو کەسانی بەهرەمەندو زیرەکی بواری ئەدەبی کوردین، وا تێدەگەم کاک ئارام لە ڕێی ئەو هێرشکردنانەی بۆ سەر ئەو نووسەرانە بڵێت منیش هەم، ئەوە نییە هەموو ئەوانەی خاوەنی بەهرەو جیاوازین من تێکیان دەشکێنم و زەربی سفریان دەکەمەوە، کەواتە من لە هەموویان موهیمترم.
بۆ نموونە لە گەنجترین نووسەرەوە بیگرین کە (گەشبیر ئەحمەد) ـه ، دەبینین خاوەنی بەهرەو زیرەکییەکی لە رادەبەدەرە، بە شێوەیەك لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی خوێنەرێکی زۆر بۆ شێوازی خۆی پەیدا بکات و کارەکانی کاردانەوەیەکی باشی هەبێت، ئەگەر لای کەسانێکی وەکو کاک ئارامیش بە شکستخواردوو و بودەڵە لە قەڵەم بدرێن، ئەوا واقیع تەواو پێچەوانەی ئەم تێڕوانینە پڕ کینەو هەڵەیەیە.

باشترین ڕێگا بۆ باری دەروونئارامیی کاک ئارام ئەوە پێشنیار دەکەم واز لە کارێك بهێنێت کە لە توانای ئەودا نییەو مەرجەکانی ئەو کارەی تێدا نییە، بە تایبەتی کە قسەمان لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ زەریای نابەجەستەو پڕ نهێنی و جوانی ئەدەبە. زۆر ئاساییە بۆ بژێوی ژیانی کاری کامێرامانی بکات لەو کەناڵانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکەن لەبری ئەوەی سەر لە خوێنەران تێکبدات و خەڵکانیش ئازار بدات.




مــــــــردن … عومەر خەتات

میلی کاتژمێرەکە وا بەرەو چوارونیوی ئێوارە شۆڕدەبێتەوە،
کۆمبیوتەرەکەم کوژاندەوە و لە ژوورەکەم هاتمەدەرەوە، بێجگە لە من و بێدەنگی کەسی تر لە ئۆفیسەکە نەماوە. هەستم بە ئازارێك کرد کە بەلای گوێمدا بەرەو چەقی سەرم هەنگاودەنێت. زۆر گوێم پێ نەدا، چونکە سەرئێشەی دوای ئیش ئاساییترین شتە کە دووبارە دەبێتەوه.
کۆڵە پشتەکەم پێچایەوە و گڵۆپەکانم کوژاندەوە و دەرگاکەم لە دوای خۆمەوە داخست و هاتمەدەرەوە.بەناو بازاڕە داخراوەکەدا ڕێم کرد، لەتاو ئازاری سەرم چاوم کەسی نەدەبینی، لە ناڕەحەتی خۆمدا هەنگاوەکانم زیادکرد بۆ ئەوەی زوو بگەمە میترۆکە و لێی دانیشم تا دەگەمە ماڵەوە، پێش ئەوەی بگەمە سەر پلیکانەکان تەوژمێکی ئازاری قورس لەناو بەدەنمەوە سەرکەوت و زرمەی لە مێشكم هەڵساند و کوژامەوە، تومەس مردن هەر تەنیا ئەم بەلادا هاتنەیە.

خەڵکێکی زۆر لەدەوری لاشەکەم کۆبوونەوە و بەشێکیان دەستیان کرد بە تەلەفون کردن بۆ ئیسعاف و پۆلیس. گوێم لێبوو ژنێك وتی وەی دایکت بمرێ، من ئەو پیاوە دەناسم، ئەوە لە دایرەی کار ئیشدەکات و تابڵێی کوڕێکی دڵگەورەیە و یارمەتی خەڵکیش زۆر دەدات، یەکێکی تریان وتی، فەقیرە، خۆ هێشتا گەنجە! لەم قەرەباڵغی و مقۆمقۆیەدا ئۆتۆمبیلی ئیسعاف گەشتە شوێنەکەو منیان پێچایەوە و بردیانم بۆ خەستەخانە. هەر لەناو ئیسعافەکەدا دەستێکیان دا لە دەماری ملم، ئەوکاتەی کە دڵنیابوون مردووم، ئەوانیش وازیان لێهێنام و کەوتنە قسەکردن لەگەڵ یەکتر.

بردیانم لە ژورێکی تاریکدا دایاننام، ئەوشەوە تا بەیانی زیتەی چاوم دەهات. لەم ساتەدا بیرم لە مردنەکەی خۆم دەکردەوە، لەلایەکەوە پێمخۆش بوو کە مردم چونکە ئیتر نەجاتم بوو لە کرێ خانوو و قەرزەکانی بانك، لە چوونەسەر ئیشی ڕۆژانە و لەو دەموچاوانەی کە حەزم پێیان نییە و ڕۆژانە لەبەر لووتما قووتدەبنەوە. لە هەمانکاتدا ناڕەحەتیش بووم کە زوو مردم، چونکە ناتوانم بچم بۆ ژووانی ئەو کچەی کە تازە ناسیومە و وەعدم پێیدابوو بەم زوانە یەك ببینین.
لە هەمووی ناخۆشتر بیرم لە کۆمپیوتەرەکەم دەکردەوە کە پاسۆردی هەیە و ئەبێ کێ بتوانێت ئەو پاسۆردە درێژە بیست و هەشت پیت و ژمارەییە بشکێنێت و هەموو ئەو وێنە حەرام و ناحەرامانە بکاتەوە، بتوانێت ئەو نامە نهێنیانە بدۆزێتەوە کە بەدرێژایی تەمەنم کۆمکردونەتەوە و تاکە سەرمایەی منن. بۆ بەیانییەکەی دەرگاکەیان لێکردمەوە و لاشەکەیان بردم، ڕووتیان کردمەوە و پاك شۆردیانم، جلی پاکیان لەبەرکردم و خستیانمە ناو سندوقێکی پاکی جوان کە قوماشێکی سەتەنی ڕەنگ شەکەری ناوەکەی رازاندبۆوە.

سەری سندوقەکەیان بە کراوەیی هێشتەوە و خستیانمە سەر مێزێك و بەجیێیان هێشتم. دوای چەند کاتژمێرێك بینیم هەردوو مناڵەکەم و دووسێ هاوڕێی هەرە نزیکم بە شین و شەپۆڕ خۆیانکرد بە قاوشەکەدا. زۆر بە کڵپە دەگریــان، هەستم کرد مەرگ زوڵمێکی گەورەی لێکردم کە لەو خۆشەویستانەی کردم.سەریان داپۆشیم و لەناو شین و شەپۆڕی هاوڕێیــاندا بردیانم بۆ سەرقەبرانێك، لەوێ ئەو چاڵەی کە قەراربوو تێمبکەن ئامادەکرابوو، بە سندوقەکەوە شۆڕیان کردمەوە و دەستیان کرد بە پڕکردنەوەی چاڵەکە تا تەواو قەپاتیان کرد، وەك هەموو جارێك لاشەی مردوو جێدەهێڵرێت، بەجیێان هێشتم و یەکی چنگێ یادگاریان لەگەڵ خۆیان برد و ڕۆشتن.

ئیتر ئەوە من لەژێر خاکدام و بەدەنم تەواو سستە و توانای جوڵەم نییە بەڵام گیانم ئیش دەکات، بیرم کردەوە گیانم لە بەدەنم جیابکەمەوە سەیرم کرد زۆر ئاسانە نەك تەنانەت ئەوە بەڵکو دەشتوانم بفڕم. ئای لەو خۆشییە، بیرمە جارجار لەخەودا دەفڕیم، خۆشی خەوەکە و وێنەکانی هەر لە مێشمکدا مابوون. لە شەققەی باڵم دا و لە قەبر خۆم دەربازکرد وهاتمەوە دەرەوە. دنیــا شەو بوو، بەسەر شارەکەدا چەند جارێك فڕەم لێداو دواتر بیرم کردەوە وەك ئەوەی دەتوانم بفڕم بۆ نەچم بۆ ئاسمان و لەوێوە بۆ دەرەوەی زەوی، بۆ نەگەڕێم بۆ ئەو بەهەشت و دۆزەخەی بەزیندوێتی مێشکی منیان پێ بردبوو.

سەیرم کرد هیچ قورسە نییە، بەڵکو زۆر ئاسانە، ناچار ئەبێ لاسایی سۆپرمان بکەمەوە و ملی ڕێگەم گرت و بەچەند چرکەیەك زەویم لەدوای خۆمەوە بەجێهێشت. لەگەڵ مندا هەرخەڵك بوو سەفەری دەکرد و بەو ڕێگایەوە بوون، بەهەزارەها زەویان بەجێدەهێشت و هەموویان بەرەو شوێنێك دەڕۆشتن، تومەس بۆ هەر شوێنێك بچیت بەشی خۆی قەرەباڵغی و گەڕەلاوژەی لێیە. ژنێکی بەتەمەنی ئەم ئەوروپایەی لای خۆمان بەلامدا ڕەتبوو، سڵاووم لێی کردو وتم ها باجی بۆ کوێ ملت ناوە، وتی ئەچم بۆ لای عیسا (یەسوس) گیان خوا دەست بەباڵایەوە بگرێت، ئەمە خۆشترین چرکەی مێژووی منە.

گەشتمە شوێنی مەبەست، وەك بڵێیت ئەستێرەیەکی زۆر گەورە بوو، ڕێك عەینەن ئێرە وابوو. وەك فزولیەتی خۆم لە قەرەباڵغترین شوێن کە ئاپورەی خەڵکەکەی لێ بوو نیشتمەوە. ئەنواع و ئەشکال خەڵکی جۆراوجۆرم بینی، سپی، ڕەش، گەنم ڕەنگ، زەرد و سور…مەپرسە، هەریەکە لە شوێنێكەوە مردبوون. لەپڕ بوو بە گەڕەلاوژێ و هاتوهاوار وتیان ئەرەبەدین خوا هـــــــــات.منیش زیاتر نزیكبوومەوە لە قەرەبقاڵغیەکە بینیم خوا لەسەر عەرەبانەیەك دانیشتوە، پیر، سەروڕیشی سپی، جەماعەتێکی لەگەڵدایە.

بەهەزار پاڵەپەستۆ خۆم گەیاندە لای، وتم: ئەمە تۆی چۆنیت؟ وتی: “هــــــــــــــــــا؟” وتم: ئەڵێم چۆنیت؟ وتی: “هــــــا؟” تومەس فەقیرە گوێی گرانە، سێ بارەم لێکردەوە ئەمجارە بەهاوارەوە وتم: ئەڵێم جەوت چۆنە؟ وتی: “باشم… تۆ کێیت؟” وتم: ئای تڕحیو دۆشاو بە گونت، ئەڵێی نامناسیتەوە؟ وتی: “چاوەکانم کز بون ناتناسمەوە”. وتم: عومەرم عومەر! وتی: “کام عومەر، کوڕی خەتاب نەڵێیت؟” وتم: ماڵت بەقوڕ گیرێت ئەو هەزار ساڵ پێش من مردوە. وتی: “ئەی کام عومەر؟” وتم: عومەری خەتات، عومەری مام ئەحمەد! وتی: “ئێ سەرزل، ئێستا ئەزانم کێیت! ئای ژنانی گەڕەك دۆعایان لێکردیت، ئەو پێنج پشیلەیەی کە خنکاندتن، ئەو هەموو چۆلەکانەی هەر لەنییەتی چەقۆ ملت لێکردنەوە، ئەو هەزاران بۆقەی کە لە چۆگەی شێخ ڕۆژانە دەتکوشتن، ئەو هەموو زەردەواڵە و زەردەزیڕە نەگبەتانەی داد و بێدادیان بوە بەدەستەوە، هەموو ڕۆژێك ماڵەکانیانت دەشێوان.

هەموو شکاتیان هەیە لەسەرت”. تۆزێك وەستا و وتی: “تۆ زۆر موزیڕ بوویت”. وتم: نا خوا گیــان ئیشی باشیشم هەیە. وتی: “کەرەکەر، باشیەکەت ئەوەیە مردیت و خەڵك نەجاتی بوو لەدەستت”. وتم” باشە تۆش سەرت لەخەڵك تێکداوە، کۆمەڵێك پێغەمبەرت ناردوە و یەکی کتێبێکت داوەتە دەستیان هیچیان لەهیچ ناچن، کتێبەکانیشت پڕن لە قسەی هەلەق و مەلەق و خەڵك هاندەدەن یەکتری بکوژن. وتی: بێ ئەقڵ مەبە، من کەسم نەناردوە، ئەوانە خۆیان کردوە بە نێردراوی من، دەستیشیان خۆش بێت، ئێوەی کەریش بڕواتان پێیان کردوون، منیش لەداخی کەرێتی ئێوە یەکی بەهەشتێکم بۆ درووستکردون لێرە.

وتم: ئێستا چی؟ بۆ کوێم دەنێریت؟ وتی بەکەیفی خۆت ئەوە سێ بەهەشت و چەند خوردەیەك هەن لەو خوارەوە لێیان هەڵبژێرە! ئەوە بەهەشتەکەی موسا و ئەولاتر بەهەشتەکەی عیسا و ئەمەی بەردەم خۆشمان بەهەشتەکەی حەمەیە! ئەگەر گوێ لە منیش بگریت بۆ هیچیان ناچیت. وتم: یانی چوون بۆ بەهەشت و دۆزەخ ئیختیاریە و لەسەر ئەجر و پاداشت و عیقاب داتنەناوە وەکو ئەوەی ئەوان بە خەڵکیان فێردەکرد؟ وتی: “نا نـا ئاوا نییە، پێمنەوتیت ئەوانە فێڵبازبوون و فێڵیان لە ئێوە کردوە! بۆ کوێ پێتخۆشە بڕۆ”. تۆزێك خەیاڵم ڕاحەتتر بوو، پێموت: دەك ماڵت ئاوا بێت.

لە دڵی خۆمدا وتم: با سەرێك بدەم لە بەهەشتی جوەکان بزانم چی باسە، دوودڵیشم لەوەی جێگەم بکەنەوە چونکە من جوو نیم و هەمیشەش ڕەخنەگری ئیسرائیل بووم، ئێ خۆ تازە قابیلە جارێکی ترم بکوژن؟ کڵاوێکی پێنج فلسیم کردە سەرو خۆم کرد بە بەهەشتی جوەکاندا، هەریەکەم ڕۆژ خەریك بوو دڵم بتەقێت، بەهەشتێکی ناخۆش، سەریان کردوە بەناو یەکدا، چارەی یەك کەسی تریان ناوێت خۆیان نەبێت. ئێوارەکەی لە چایخانەیەك دانیشتبووم، کابرایەکی ڕەشپێستی جوو هاتەلامەوە و بە ترس و لەرێزێکەوە سڵاوێکی کرد.
ئێ منیش خوا خوام بوو کەسێك قسەم لەگەڵ بکات، زۆر بەگەرمی وەڵامی سەلامەکەییم دایەوە و وتم: فەرموو چایەك بخۆرەوە. کابرا کەمێ سەری سوڕما بەدڵخۆشیەوە داوەتەکەی قبوڵ کرد. بەزەردەخەنەیەکەوە وتی: “تۆ جوویەکی زۆر میهرەبانیت لەوانی تر ناچیت!” وتم: مەبەستت چییە؟ وتی: “کاکە لەوەتەی مردووم و هاتوومەتە بەهەشت کەس سڵاوی لێنەکردووم، ئێستا بۆم دەرکەوتوە کە ئەم جولەکانە زۆر ڕەگەزپەرستن و چارەی جوە ڕەشپێستەکانیان ناوێت.

ئێمە خەڵکانێکی زۆرین لێرەو لە گێتۆیەکدا ژیان دەکەین، نە تێکەڵمان دەبن و نە تێکەڵیان دەبین، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە کە ناتوانین ئێرە بەجێ بهێڵین، لەوەش ناچێت حاڵمان لە بەهەشتی موسوڵمانەکان و مەسیحییەکان باشتر بێت. بۆیە سەری خۆمان کز گرتوە و وردەوردە ژیان دەکەین، بەشکم بە خەیاڵی خوادا بێت شتێك لەم وەزعە بگۆڕێت.” جوان جوان گوێم بۆی شل کردبوو، بەڵام لام باش نەبوو کە بزانێت من جوو نیم. وتم: ئەی لەگەڵ خوا یان جەماعەتەکەی گلەییەك، شکاتێکتان نەکردوە تا بەو شێوەیە ژیانتان نەچێتەپێشەوە؟ وتی: “ئەوە تۆ دەڵێی چی کاکە؟! خوا هیچی بەدەست نییە و پیربوە و هەموو شتێکی بەدەست دەستوپێوەندەکەیەوەیەتی، ئەوانیش لە بەینی خۆیاندا بەشیانکردوە و دەنگێکیشمان لێبەرزبێتەوە شەقکاریمان دەکەن.

باوەڕ بکە ئەوەندە چەقاوەسوو بوون و چاویان سوور بوە، لەوانەیە خواش قسە بکات لە پۆستەکەی لایبەرن.زۆر دڵم پێی سوتا، ماڵئاواییم لێیکرد و بەجێمهێشت. خەریك بوو دڵم دەتەقی لەم شوێنە. هاواری کاردارێکی ئەو ناوەم کرد، وتم: وەرە لێرە دەرمکە حەزم لێرە نییە. وتی: “بۆ تۆ جوو نیت؟” وتم: نا کاکە من جوو نیم و بەهەڵە ڕێم کەوتۆتە ئێرە. وتی: “بەچیدا بزانم جوو نیت؟” وتم: وەرە سەیرکە نە بیجامەی خەتخەتم لەبەردایە و نە سێگۆشەکەشم هی جوەکانە. وتی: “دەی باشە بۆ کوێ دەچیت؟” وتم: بمبە بۆ بەهەشتی مەسیحییەکان.

باش بوو سواری کۆڵی خۆی کردم و بردمی بۆ بەهەشتی مەسیحییەکان.ئەم بەهەشتەیان شوێنێکی کەمێك جیاوازتر بوو بەڵام خۆشتر نەبوو. داروبەرد کرابوو بە کەنیسە، بەهەق و ناهەق زەنگیان لێدەدا، خەریك بوو سەرم دەتەقی. لە دڵی خۆمدا وتم: چیمکرد بەخۆم. دەڕۆشتم و داڵغە لێیدابووم لەپڕ سەرنجی ڕیزێکی درێژم دا کە سەروبنی نەبوو، هەمووی ژن بوون، تۆزێ دڵم خۆش بوو. لەتەکیاندا ڕێم کرد، بۆم دەرکەوت ئەمانە ئەو راهیبە ژنانەن کە خۆیان هەڵگرتوە حەزرەتی مەسیح تەڕاوێکیان لێ هەڵگرێت، ئێستا ئاوا گەشتوونەتە جێگەی مەبەست و سەرەیان گرتوە بۆ مەسیح گیان.

جەنابیشی تا دانەیەکیان لێ دەسەلمێنێت بە مەزاجی خۆی سەد دانەیان ئایەخ دەکات. کە نزیك بوومەوە لەسەری ڕیزەکە بینیم مەسیح دشداشەکەی کردوە بەدەمیدا و پێنج شەش لەو راهیبە ژنانەی هەڵبژاردوە و ڕیزیکردوون لەم دەری دەهێنێت دەیکا بەوەی تەنیشتیدا، قیژەی ئەو کچانە لەگەڵ زەنگی کەنیسەکان هەموو بەهەشتەکەی پڕکردوە. چوومەلایەوە وتم: خوا قەوەتت با، یارمەتیت ناوێت؟ هەر ئەوەندە کفرم کرد لەپڕ دوو موساعیدگانی تەنگە ئەستوور ئەملا و ئەولایان لێگرتم و هەر بەگوێ بەرزیان کردمەوەو بردمیانە ئەولاوە. وتیان: “بێ تەربییەت چۆن لە بەرامبەر مەسیحا ئاوا جورئەت دەکەیت قسە بکەیت؟” وتم: کاکە عەفوو بمبورن من بەهەڵە هاتووم بۆ ئێرە! وتیان: “بۆ جەنابت مەسیحی نیت؟” یەکسەر لە ترسا و لە ناچاریدا بۆ ئەوەی نەجاتم بێت هەر لەویا دەرپێکەم بۆ داکەند و وتم: وەرە سەیرکە، ئەبینیت من خەتەنە کراوم.

هەستی کرد تۆزێ بێناموسانە جوابی دەدەمەوە منیش نێر بوومەوە و وتم: نە مەسیحیم و نە حەزیش دەکەم یەك دەقە لێرە بـمێنمەوە، ڕووی بابی بابتان ڕەش بێت دەستی سەلاحەدینتان لەسەر درێژتر بێت، لە پڕێکا کارمەندێك هات، وتی کەواتە وەرە سەر پشتم بۆ شوێنێکی باشت دەبەم، نەمکردە نامەردی سوار بووم، جا لەم بەهشتانە خۆشترین شت سواربوونی کۆڵە، باوەڕ بکەن هیچ لەوە خۆشتر نییە. تومەس ئەمبا بۆ خانەکەی حەمە! کە گەشتمە ئەوێ سەیر دەکەم بەهەشتی ئیسلام بەش بەش کراوە بۆ بەشی شیعە و بەشی سوننە و ئەمانە لەوێش خەریکی شەڕ و فەرتەنن و دانوویان بەیەکەوە ناکوڵێت.

بە مەبەستی پێشگرتن بە شەڕ و ئاژاوە، کارمەندەکان بەهەشتەکەیان بۆ کردوون بە دوو بەشی سەرەکیەوە و پەیڕەوکەرانی ئەم دوو مەزهەبەیان بە پێی ناوو ئینتیما بەش کردوە بەسەر ئەو دووبەشەدا. هەردوو بەشەکە بە تەلی دڕکاوی و هەزارەها کۆماندۆ جیاکردۆتەوە و پاسەوانی دەکرێت. لەدەرگای بەهەشتەکەوە وتیان: “جەنابت سونەیت یان شیعە؟” زۆر توڕە بووم وتم: باشە کوێرن؟ ئەبوایە هەر بەناوەکەمدا بتانزانیبایە هەی نەخوێندەوارینە. یەکێ لە پاسەوانەکان بە چرپە بە هاوڕێکەی وت: “ڕاست دەکات ئەم هەتیوە ناوی عومەرە، یانی سوونەیە! بیکە بە بەری سوننەکاندا با نەجاتمان بێت!” ئەوەبوو کرامە بەرەی سوننەکان.

بەهەشتی ئیسلام پر بوو لە تاوانبار و پیاوکوژ، پڕ بوو لەو شێخ و ئەسحابە و مەلایانەی کە فتوای غەزاو داگیرکردن و تاڵانیکردنی وڵاتیان دەردەکرد، ئەو جەنگاوەرانەی خودا کە سەری مناڵ و ژن و پیرو گەنجیان لە ژێر ناوی ئەڵاهو ئەکبەردا پەڕاندبوو. پڕبوون لەو حاجیانەی لە کاتی حەساردا نرخی شتومەکەکانیان سێ قات کردبوو. ئەو مەلایانەی کە فتوای بەردەبارانی ژنانیان زۆرجار دەرکردبوو، ئەو هەزارەها داعیشەی کە هەستان بە سەبی کچە شەنگالییەکانمان. بەهەشت شوێنی ئەمانەیە و من لە غەریبیدا وا خەریکە جارێکی تر دەمرمەوە. لە دڵی خۆمدا وتم جا خۆ من لێرە هەموو ڕۆژێك ئەمانە ببینم، ئەوە ئیتر هەڵبێم بچمە دۆزەخ باشترە.

بەهەشت شوێنی گانگانێن بوو، حۆری داماو هەر بە ئاسمانەوە لێی دەپەڕین. بەهەر شوێنێکدا دەڕۆیشتیت هەر عەمامە بەسەر بوو، هەر داعش بوو، کێری دەرهێنابوو خەریکی گان بوو. لەسەر درەخت، لە کەنار رووبار، لەناو ماڵ، لە سەربان لەبن دیوار، عەشامەت هەموویان خەریکی گان بوون، خەڵك ئیش وکاری نەبوو گانکردن نەبێت. عەینەن سەیری فیلمی پۆڕنۆ بکەیت، ئەوها بوو. بەزەییم بەو حۆریانەدا دەهاتەوە کە ئیسراحەتیان لەبەر بڕابوو، هەندێ جار بەدووان خەریکی دانەیەك بوون.

ئەی ئەو هەموو غولامە داماوە بۆ ناڵێیت، باوەڕ بکە لە تاو ئازار لەسەر قن خۆیان پێ نەدەگیرا. لە داخی ئەوێش ئازاری سەرەکە لێی دامەوە، ئومێدم دەخواست جەڵتەیەکی تر لێمدا و ئەمجارەیان هەڵنەسمەوە. لە کەنار روبارێکدا دانیشتم. لەپڕ حۆریەکی باڵا بەرزی جوان هاتە تەنیشتمەوە! سڵاوی کرد، منیش زەردەخەنەیەکم بۆی کرد و هیچم نەوت. ئەوە عادەتی من نەبوو جوان ببینم و بێدەگن بم! کەچی ئەو دەستی پێکرد و وتی: “ناوت چییە؟” وتم: عولە. وتی: “ناوەکەت زۆر خۆشە!” هاهاهاها قاقا پێکەنیم، وتم: کچێ خۆشی چی ڕووی بابی ئەو مەلایە ڕەش بێت بانگی دا بە گوێما.

پێکەنی. وتم: ئەی تۆ ناوت چییە؟ بە نازێکەوە وتی: “زومورود!” مۆسیقای دەنگی تێکەڵ بوو لەگەڵ سەوزایی چاوەکانی و ناسکی زەردەخەنەکەی، بەهەرسێکیان ئەسیریان کردم. دەستیم گرت و وتم: تۆ زۆر جوان و میهرەبانیت دەکرێت هاوڕێم بیت؟ وتی: “تۆ دیارە لەو شەرواڵ پیسانە ناچیت کە پەلامارمان دەدەن و بەبێ بەزییانە و زۆرجار بەبێ ویستی خۆمان لاقەمان دەکەن، تۆ زۆر ئارام و کوڕێکی باش دیاریت.” وتم: من نامەوێت وەك ئەوان بم، لە ژیانیشمدا وەك ئەمانە نەبووم، بە پێچەوانەوە لەدەست ئەمانە هەڵهاتم.

باوەشێکی گەرمی پیاکردم و وتی: “ئەگەر تۆ بتەوێت من هی تۆم و نایەڵم کەسی تر توخنم بکەوێت.” لەیەك چرکەدا ئارامیەکی پڕ لە میهرەبانی بە گیانما هات و سەرئێشەکەی لە بیربردمەوە، بەڵام پێم وت: نا تۆ هی خۆت بە، هی کەس مەبە. منیش هی خۆم دەبم و هی کەس نابم. دەستیم گرت و هەردووکمان بەڕێ کەوتین و ماڵێکمان کرد بە ماڵی هەردووکمان. لەو ساتەوە من عاشقی زومورد بووم، ئەو کچێكی قژقەترانی چاو سەوز بوو، نیگاکانی پڕبوون لە سۆز، لە بەرائەت و لە عیشوەی خانمێکی ئەفسوناوی. بێجگە لە زومورد دڵم بەهیچی ترو کەسی تر خۆش نەبوو، ئەو بەهەشت و ئاسمان و خودای من بوو، بەڵام هەردووکمان ناڕەحەت بووین لە بوونمان لەبەهەشت.
دواجار بڕیارمان دا هەردووکمان باربکەین بۆ دۆزەخ. باشترین ڕێگە ئەوە بوو کە گۆڵمەزێك بنێینەوە و وایان لێبکەین کە دەرمانبکەن لەو بەهەشتە نەعلەتیە. بەیانییەکیان هەستاین و لە باڵکۆنی ماڵەکەمانەوە دەستمان کرد بە کفر کردن، بەداروبەردی خوا و پێغەمبەردا هاتینەخوارەوە. لە پڕ ماڵەکەمان پڕبوو لە جەندرمەی ڕیش درێژ و ناشیرین، هەردوکمانیان باڵبەست کردو بردینیان بۆ لای دەرەجەدارێکی نەجمەدار، دیاربوو ئەمیر بوو. بڕیاریدا کە هەردووکمان لەبەهەشت دەربکەن و ڕەوانەی دۆزەخمان بکەن. زۆرمان پێخۆش بوو، ئیمزامان کرد و هەردووکمانیان لەبەهەشت کردە دەرەوە.

ئێمە لە خۆشیدا خەنی بووبووین، دۆزەخ لەلامان گرنگ نەبوو، گرنگ ئەوە بوو کە بەیەکەوەین.دەرگای دۆزەخیان لێکردینەوە! ئێمە چاوەڕوانی ئاگر و گەرمی دۆزەخمان دەکرد، کەچی بە هیچ شێوەیەك وا نەبوو. دۆزەخ، ئەوەنەبوو کە لە کتێبە ئاسمانییەکاندا باس کرابوو کە شوێنێکە بۆ سوتاندنی ئەوانەی کەسەرپێچی و دژایەتی خودا دەکەن. بەڵکو شوێنێکی ئێجگار ئارام، پڕ لە جوانی سروشت و ئاو و هەواکەشی ئێجگار سازگار بوو. دۆزەخ پڕبوو لە خەڵكی جوان، بەحورمەت، ژیر و کامڵ، پڕ بوو لە زانا و فەیلەسوف، پڕ بوو لە میوزیك، لە شانۆ، لە هەڵسوڕانی ئەدەبی و فیکری و هونەری.

دۆزەخ شوێنێك بوو کە خەڵکەکەی ئاسایی و بەسادەیی دەژیان، خەڵك سڵاویان لەیەك دەکرد و کینە و بوغز لەوێ نەبوو. دۆزەخ بۆنی گوڵی لێدەهات. من و زومورد واقمان وڕمابوو، نەماندەزانی ئەمە خەوە یان حەقیقەت. هەر کە گەشتینە ئەوێ، بە میوزیکەوە پێشوازیان لێکردین، خانوویەکی بچکۆلەی دڵگەورەیان داینێ کە دەیڕوانی بەسەر دەریایەکی چاو سەوزی بێ ئەوبەردا. پێـیان وتین: “ئەمە ئیتر دوا مەنزلگەی ئێوەیە، لێرە، ڕق نابینن، بەرهەم بۆ هەموانە و مرۆڤەکانی ئێرە هەموو بەیەکەوە بە یەکسانی ژیان دەکەین و کەس لە ژیانی کەسی تردا خۆی هەڵناقورتێنێت. بەخێربێن بۆ خۆشترین دۆزەخ.

. ٢٣/٧/٢٠١٨




كە بومەلەرزە دێت، مولحید بەدەم هاوار و هانا بۆ خودا ڕا دەكات … کارا فاتیح

یەكێك لەو بەڵگە و دڵخۆشییانەی ئیماندار بۆ قاییمیی ئیمانەكەی بە خوداوەندی خۆی دەیهێنێتەوە، ئەوەیە گوایە ئەوانەی بڕوایان بە خودا نییە، لە كاتی تەنگانە و مەترسیدا جگە لە خوداوەند هیچی تر نییە هانای بۆ بهێنن و مولحیدان هەمیشە لە كاتی لێقەومانیاندا، بە تایبەت لە كاتی بومەلەرزەدا بەدەم هاوار و هاناوە بۆ خودا ڕا دەكەن و ئەوە لە بیر دەكەن كە ئەوان پێشتر لافی بێباوەڕییان لێ دەدات و گاڵتەیان بە توانای خودا دەهات و بگرە بڕوایشیان پێی نەبوو. بە چاوپۆشین لەوەی شەبەقی بێئیمانیی ئەوانی تر بكرێتە بەڵگەی بەهێزیی ئیمانداری، ئەوە خۆی بەڵگەی بوونی شەبەقە لە ئیمانداریدا. بەهێزی، خۆی پایە و بنەمای خۆی هەیە و چاوەڕێی بێپایەیی و بێبنەماییی ئەوانی تر ناكات، ڕاستیبوونی باوەڕێك لە سەر بنەمای ڕاستینەبوونی باوەڕێكی تر ڕانەوەستاوە، هاوكات ئەم دۆخەیش كە مولحیدان و بێباوەڕان لە كاتی تەنگانەدا هانا بۆ خودا دەبەن، خوێندنەوە و شیكار هەڵدەگرێت، بۆیە لێرەدا بە تایبەت دەمانەوێت لە دۆخی بوومەلەرزە بدوێین.

لە سادەترین نیگای زانستیدا، بومەلەرزە كارەساتێكی سروشتییە لە جووڵاندنەوەی چینەكانی خوارەوەی زەوی و بەریەككەوتن و لێكخشاندنیان، كە وەك هەر مادەیەكی تری گەردوون بەردەوام لە جووڵەدان، دێتە ئاراوە، بەرزی و نزمیی پلەكەی، ئاستی كاریگەرییەكەی بۆ سەر زەوی دیاری دەكات، لە پلە زۆر نزمەكاندا زۆر جار مرۆڤ هەستی پێ ناكات، لە پلە مامناوەندییەكاندا دۆخی ترس و دڵەڕاوكێ دروست دەكات، لە پلەی بەرزیشدا بوومەلەرزە كارەسات و ناهەمەتی و وێرانی و مەرگ دەهێنێت، بوومەلەرزە هەندێ جار لە چەقی دەریا و بیابانەكان ڕوو دەدات و هەندێ جاریش لە ئاوەدانی و شوێنی ژیانی مرۆڤ، گۆی زەمین هەندێكی كەوتوەتە سەر هێڵی بوومەلەزە، لەوانە وڵاتانی عەرەبی و ئێران، كە چەندین جار بومەلەرزە تێیاندا ڕووی داوە و چەندین كارەساتی خوڵقاندوە و گەلێ ناوچەی خاپوور كردوە، هەندێ لە وڵاتانی جیهانیش نەكەوتوونەتە سەر ئەو هێڵە و لەو ڕوەوە سەلامەت و ئارامن.

تا ئەم ساتەی پێشكەوتن و زانست، مرۆڤ لە ئاست بوومەلەرزەدا، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانێكی زۆر بە سەردا نەهاتوە، جگە لە هەندێ ڕێنمایی و هەندێ حاڵەتی فریاگوزاری، ئەویش دوا ڕوودانی کارەساتەکە، ئێستایش بۆ مرۆڤ بوومەلەرزە ڕووداوێكی لە ناكاو، پێشبینینەكراو و تا ڕادەیەك بە تایبەت بۆ زۆرینەی خەڵكی وڵاتانی دواکەوتوو و هەژار خۆبۆئامادەنەكراوە، لە چركەساتی بومەلەرزەدا مرۆڤ هەمان مرۆڤی سەرەتاییی ناو ئەشكەوت و شاخەكانە كە وەك گیاندارێكی سروشتی مامەڵەیەكی سروشتییانە لەگەڵ ژیاندا دەكات، لە چركەساتی بومەلەرزەی مەترسیداردا، زانست و توانای عەقڵی و كەلتوور و شارستانیەت و هیچ داهێنانێکی تر، زۆر كۆمەك بە مرۆڤ ناكەن و مرۆڤ وەك گیاندارێكی ڕووتی بێدەسەڵاتی سروشت دەبێتە نێچیر، بۆیە هەر هێندەی پێ دەكرێت هەڵبێت و غەریزەی مانەوە بەرەو خۆپاراستن پاڵی پێوە بنێت، ئەگەر چی پێشکەوتن و داهێنانەکانی لەم کاتەدا دەبنە بەڵا بۆی، وەک باڵەخانە و بینا چەند نهۆمییەکان.

لە سادەترین نیگای فەیلەسووفانی مەتریالیستیشدا، دین بەرهەمی هۆشیاریی مرۆڤی سەرەتایی بووە لە سەر گەردوون و ژیان و مردنی خۆی، چەمكی خودا بەرهەمی سەردەمی ئوستوورەیی مرۆڤ بوە لە بیركردنەوەی لە ژیان و بوون، بە تایبەت لەو چركەساتانەدا سەری هەڵداوە، كە مرۆڤ لە بەرانبەر هێزی دڵڕقانەی سروشت و كارەساتەكانیدا بێ دەسەڵات و بێ چەكی ڕووبەڕووبەڕووبوونەوە و بێ تەفسیر و لێكدانەوە بوە و توانای تێگەییشتنی لێیان نەبوە، لە لایەكی ترەوە بە بۆچوونی هیگڵ مرۆڤ گەر سروشتی بیر كاتەوە و ژیان و دەوروبەر هەڵبسەنگێنێت، ئەوا میتافیزیكییانە بیر دەكاتەوە، ئەوجا بە پێی قۆناغەكانی بیری مرۆڤ و پێشكەوتنی هۆشیاری، دین و خودا و چەمكە میتافیزیكییەكانی تر گۆڕانكاریی زۆریان بە سەردا هاتوە، دین وەك سیستمێك بۆ ڕێكخستنی ژیانی مرۆڤ و پرۆسەی بەكۆمەڵایەتیبوون خۆی پێشكەش كردوە، چەندین نوێنەر وەك پەیامهێن خۆیان ناساندوە، چەمكی خودایش گۆڕانی بە سەردا هاتوە و لە فرەخودایییەوە بەرەو تاكخودایی، لە فرەخودایی (خوداوەندی خێر، خوداوەندی شەڕ و… هتد) بەرەو خودای تاك و تەنهای هەمووشتزان و خاوەن توانای بێسنوور گۆڕانكاریی بە سەردا هاتوە، ئەنگلس لەم ڕوەوە بەردەوام پێداگریی لە سەر سروشتی مێژوویی– كۆمەڵایەتیی ئایین دەكاتەوە، پێی وایە ئایین بەگوێرەی تێپەڕبوونی مێژوو و گۆڕانی كۆمەڵگا ئەویش گۆڕانی بە سەر هاتوە. لەم نێوەدا دەپرسین ئەی مولحید كێیە؟ ئەگەر چی پرسیارێكی ئاڵۆزە، بەڵام لێرەدا هەر دیسان پەنا بۆ نیگا سادەكان دەبەین، مولحید كەسێكە باوەڕی ئایینی ڕەت دەكاتەوە، هەموو ئەو بەڵگە و ئەرگۆمێنتانەی بۆ بوونی خواوەندێك كە دەسەڵاتی بێسنووری هەبێت و خالقی تەواوی گەردوون و ژیان بێت، پوچەڵ دەكاتەوە. مولحید هەوڵ دەدات لە بیركردنەوە و تەنانەت لە دەربڕینیشدا، چەمكی خودا لە سەری زمانی بسڕێتەوە، ڕەنگیشە بیەوێت بە بەڵگە و ڕوونكردنەوە و پێوەری زانست، ئەوانی تری وا لێ بكات و تێیان بگەیەنێت، لە مێژووی مرۆڤ و كەوندا دەسەڵاتی خودا دیار نییە و تەنانەت زەڕڕەیەك كاریگەریی لە سەر ژیانی مرۆڤ نییە و ئەوە مرۆڤ خۆیەتی بە پێی هۆشیاریی خۆی لە بێدەسەڵاتی و نەزانینیی بۆ تێگەییشتن لە سروشت و دیاردەكانی، لە ژیان و ئاڵۆزییەكانی چەمكی خودای داهێناوە و دینی كردوە بە سیستمێك بۆ ژیان و بیركردنەوەی. كە ئەمە سروشتی كەسێكی مولحیدە و سیمای سەرەكییەتی، دەپرسین بۆچی لە چركەساتی تەنگانە و بە تایبەت لە كاتی ڕوودانی بومەلەرزەدا، ئەوەی بە خورافیی دەزانی، دەبێتەوە بەشێك لە كارەكتەری و ئەوەی دەیویست لە سەر زمان و زەینی ئاسەواری نەهێڵێت، لەو لەحزەیەدا هانای بۆ دەباتەوە و خودا دەبێتە تاكە چەمك كە بە بیركردنەوە و زاریدا تێپەڕ دەبێت؟ بۆچی وشەیەكی تر نییە هانای بۆ بهێنێت و چەمكێكی تر نییە پەنای بۆ ببات؟
پێشتر گوتمان لە چركەساتی بوومەلەرزەدا، مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر زەمەنێك كە خاوەنی هیچ كەلتوور و زانست و شارستانیەتێك نەبوو، مرۆڤ لەو ساتەدا غەریزەی مانەوەی چالاكە و بەرەو هەڵهاتن لە مەرگی دەبات، بۆیە مرۆڤ چ مەلحید بێت یان ئیماندار، سەر بە هەر ئایینێك بێت یان نەبێت، خاوەنی هەر زانستێك بێت یان نەبێت، هەموو ئەمانە لەو ساتە بەتاڵ دەبنەوە و بایەخیان نامێنێت، مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر بنچینە سەرەتایییەكە: بێ زانست، بێ كەلتوور، بێ شارستانیەت و بێ هیچ پێشكەوتنێك لە ژیانیدا.
بە پێی ئەو دابەشكارییەی فەیلەسووفی كۆمەڵایەتی، ئوگوست كۆنت، بۆ مێژووی مرۆڤایەتیی دەكات: سەردەمی ئوستوورەیی، سەردەمی فەلسەفی و سەردەمی زانستی لە لەحزەی ڕوودانی بومەلەرزەدا، مرۆڤ لە هەر سەردەمێكدا بێت دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا و بۆ سەردەمی ئوستوورەیی، بۆ بیركردنەوەی خورافی و دەربڕینی نازانستی، بۆیە ئەو بەڵگە و دڵخۆشییەی ئیماندار بۆ قاییمیی ئیمانەكەی بە خوداوەندی خۆی دەیهێنێتەوە، گوایە ئەوانەی بڕوایان بە خودا نییە، لە كاتی تەنگانە و مەترسیدا جگە لە خوداوەند هیچی تر نییە هانای بۆ بهێنن، لە جێی خۆی نییە و بە سەرنجدانێكی كەمێك ورد دەردەكەوێت، ئەم دۆخە بەڵگەیەكی بەهێزە بۆ ئەو بۆچوونەی مەتریالیستییەی پێی وابوو دین بەرهەمی هۆشیاریی مرۆڤی سەرەتایییە لە سەر گەردوون و ژیان و مردنی خۆی، ئەو بۆچوونەی پێی وابوو، چەمكی خودا بەرهەمی سەردەمی ئوستوورەیی مرۆڤ بوە لە بیركردنەوەی لە ژیان و بوون، بە تایبەت لەو چركەساتانەدا سەری هەڵداوە، كە مرۆڤ لە بەرانبەر هێزی دڵڕقانەی سروشت و كارەساتەكانیدا بێ دەسەڵات و بێ چەكی ڕووبەڕووبوونەوە و بێ تەفسیر و لێكدانەوە بوە و توانای تێگەییشتنی لێیان نەبوە، چونكە ئێستایش لە بەرانبەر بومەلەرزە بێ دەسەڵات و بێ چەكی ڕووبەڕووبوونەوەیە، هەروەها بومەلەرزەی مەترسیدار كە یەكسەر مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگ دەكاتەوە، واتە مرۆڤ یەك جار دەمرێت و ناتوانێت مردن ئەزموون بكات، بۆیە مرۆڤ لە ململانێی لەگەڵ مەرگدا، مەبەست لە مەرگ بە هۆی بوومەلەرزەوە، هەر چەند لە ناو چەندین بوومەلەرزەی وێرانكەریش ڕزگاری بوو بێت، هێشتا مرۆڤێكی بێ ئەزموونە و ناتوانێت لەگەڵ مەرگی ڕابێت، ئەزموون بریتییە لە كەڵكەبوونی تاقیكردنەوەكان، كەڵەكەبوونی ئەزموونەكانیش زانست بەرهەم دەهێنێت، مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت مەرگ تاقی بكاتەوە بیكاتە و ئەزموون بۆ خۆی، چونكە یەك جار دەمرێت، كەواتە بوومەلەرزەی وێرانەكەر تاقی ناكرێتەوە، كە تاقییش نەكرایەوە نابێتە ئەزموون بۆ مرۆڤ و مرۆڤ بێ ئەزموون و بێ زانست و بێ هۆشیاری و كەلتوور و شارستانیەت و پێشكەوتن تووشی بوومەلەزرە دەبێت، بۆیە ئەوەی ڕووبەڕووی بوومەلەرزە دەبێتەوە، مرۆڤە بە بێ دەسەڵات، بێدەسەڵاتییش سەرچاوەیەكی بەهێز و ڕوونی سەرهەڵدانی خورافاتە، خۆ ئەگەر بهاتایە مرۆڤ توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەبوایە، یان ئاستی پێشكەوتنی بەو شێوەیە بێت، كە شوێنی ژیانی هیچ پلەیەكی بومەلەرزە كاری تێ نەكات و خۆی لە مەترسییەكانی بپارێزێت، ئەو كات دۆخەكە بە جۆرێكی تر دەبوو، كاردانەوەكانیش بە چەشنێكی جیاوار ز دەبوون.

ئەوەی ماوە قسەیەكی كورتی لە سەر بكەین، ئەوەیە، هاو كات لەگەڵ كەیف و بڵندیی دەنگی مرۆڤی ئیماندار بە سەر دۆخی مولحیددا، كاتێك كە بومەلەرزە دێت بەدەم هاوار و هانا بۆ خودا ڕا دەكات، هەر چەند خۆیشی بە هەمان شێوە ڕا دەكات، بەگاڵتەجاڕییەوە بە مولحید، بەوە دەنگی دلێرە گوایە بومەلەرزە پیشاندانی دەسەڵاتی خودایە بە بێباوەڕان، بەڵام هەرگیز لە خۆی ناپرسێت، ئەگەر بوومەلەرزە نیشانی دەسەڵاتی خودا بە بێباوەڕانە، بۆچی:
١- هەزاران و بگرە زیاتریش بوومەلەزەی بێهێز ڕوو دەدەن و مرۆڤ هەستیشی پێیان ناكات، ئایا دەكرێت خودا لەو هەموو هەوڵانەی بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی خۆی بە مرۆڤ، شكست بهێنێت.

٢- بۆچی زۆر جار بوومەلەرزەی بە هێز و بێهێز لەو ناوچانە ڕوو دەدەن كە ئاوەدانی نیین مرۆڤی لێ ناژیت، وەك دەریا و زەریاكان و بیابان و… هتد، ئایا ڕوودانی ئەم بومەلەرزانە نیشانی دەسەڵاتی خودایە بە كێ؟
٣- بۆچی هەندێ ناوچە هەرگیز بومەلەرزە، بەتایبەت بومەلەرزەی وێرانكەری پلە بەرزی تێیدا ڕوو نادات و هەندێ ناوچەیش زۆر ڕوو دەدات، ئەگەر چی لەو شوێنانەی ڕوو دەدەن، زیاتر مەڵبەندی ئاییین و مرۆڤ ئیماندارن بە خودا؟
٤- بومەلەرزە چەندە ئیماندار هێندەیش بێ باوەڕ دەترسێنێت، ئەگەر مرۆڤ بكوژێت، لە گیاندارانی تریش دەست ناپارێزێت، ئەگەر مەترسی بێت بۆ گەورە بۆ منداڵیش هەر وایە، جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو، چاك و خراپ، مزگەوت و مەیخانە، نەحۆشخانە و باڕەكان، قوتابخانە و قومارخانەدا ناكات، ئیتر خودا دەیەوێت دەسەڵاتی نیشانی كێ بدات؟




بکوژە جەللادەکانی ڕۆژنامەنووسان کێن؟ … شووشان مستەفا و موتەڵیب حەسەن

نزیکەی ”دەیە”یەک بەسەر دوو لە قێزەونترین ئەو تاوانانەدا تێدەپەڕێت کە لەمێژووی کوردستاندا دوو پەڵەی ڕەشن بەناو چەوانی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری کوردەوە. لە٢٠٠٨ سۆرانی مامە حەمە کە ڕۆژنامەنووسێکی ئێجگار بوێرو ئەکتیڤ بوو لەم شارەی ئێمە لەکەرکوک لەلایەنی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانیەوە تیرۆرکرا، لەبەرئەوەی چەند ڕاپۆرتێکی ڕەخنەئامێزی لەسەر یەکێتی لەمیدیاکاندا بڵاوکردبوویەوەو بەنیازیشبوو پەردە لابدات لەسەر چەندین نهێنی ئابڕوچوانەو سکانداڵی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە چۆن دەستدرێژی سێکسیان کردۆتە سەر ژنان و ئیستیغلالی دەیان قوتابی زانکۆییان کردووەو پەیوەندیشیان لەگەڵ ئافرەتە لەشفرۆشەکان هەبووە، بەڵام بەرلەوەی فریای بڵاوکردنەوەی ئەم نهێنیانە بکەوێت تیرۆرکرا.

سۆران بەدەنگی بەرز وتی کەبکوژەکان سەرقاڵی تیژکردنی تیغی خەنجەرەکانیانن بۆبڕینی سەری من و نوکی قەڵەمەکەم. سەردەشتیش وتی: لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بۆیەکەمین جار پێیان وتم، کە تەمەنت چەندی نەماوە، یان بەوتەی خۆیان مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نەباکم بەمردنە و نەئازاردان، لەچاوەڕوانی کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەمم، تابەدیداری بکوژەکانی خۆم بگەم، دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت، بۆیە ئەم قسانە دەکەم تابزانن ئەوەی ئێمە دەترسێنێ بەردەوامی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داهاتوو، نەک مردنی خۆمان، کاری منیش خۆشبەختی برا بچوکەکانمە، نەک خۆم، زۆر بەسادەیش تاکە هۆکاری نیگەرانی من لەم هەڕەشانە ئەوەیە، کەهێشتا زۆر شت ماون قسەیان لەسەر بکەین و هەرئاوا بەجێیان بێڵین، بەدبەختی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە، کەباکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە.
بەڵام تائەو شوێنەی کە ماوین دەبێ قسە بکەین، لەو شوێنەش کەتەمەنمان کۆتایی هات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێ و بێتە سەر دێڕێکی نوێ و سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە. بەڵی سەردەشت گیان ئێمەی هاوڕێ و هاوپیشەت ئەوا خاڵت بۆدانانێین و دێڕی نوێش دەستپێناکەین، بەڵکو لەسەر هەمان دێڕی تۆو ڕێبازو باوەڕی تۆ بەردەوام دەبین، ئەگەرچی دەزانین هەمان چارەنوسی تۆمان دەبێت. دە ساڵ لەمەوبەرو لە٢١/ ٧/ ٢٠٠٨دا ڕۆژنامەنووسی چالاک سۆران لەبیستویەکەمەیین بەهاری تەمەنیدا بەدەستی جەللادەکانی یەکێتی لەم کەرکوکە بەبەرچاوی دایکو خوشکیەوە تیرۆرکرا.

هەشت ساڵ لەمەوبەریش لە بیست و سێهەمین بەهاری تەمەنیدا، لە ٥ی ئایاردا گەنجێک کە دەسەڵاتێک ڕۆحی لە پێنوسەکەی چوو بوو، لەم هەولێرەی کە دەسەڵاتدارانی میرنشینی زەرد سەری قسەو بنی قسەیان ئەوەیە کە پایتەخت شارێکی سەقامگیرەو بەقەولی خۆیان مێرولە دەربازی نابێت، بەڵام سەردەشتەکەم لەبەر دەم زانکۆکەیدا بەبەرچاوی خەڵکەوە، بەبەرچاوی پۆلیس و ئاسایشەوە، دەڕفێندرێت. دوای ڕۆژێکیش بەقودرەتی قادر لە دەیان بازگەی چڕو توند ئاودیو دەبێت بەرەو موسڵ. بۆ ئەوەی گومانەکانیش بەلایەکی تردا بڕۆن دوای شەهید کردنی تەرمەکەی لە نزیک کۆمیتەیەکی یەکێتی فڕێدەدرێت. سادەترین بەڵگەش بۆ یەکلایی کردنەوەی گومانەکان بۆ لای بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی، ئەمەنە بەسە کە فیشەک بە ناو دەمیەوە نراوە، ئەم دەمەی کە بە قەولی خۆیان شەڕەفی ئەوانی پێ لەکەدار کراوە.

جارێ هەتا ئێستا ئێمە نازانین ئەم شەڕەفە چییە؟ لە کوێیە؟ ڕەنگی چۆنە؟ ئەم شەڕەفەی ڕۆحی مرۆڤی قوربان دەکرێت ناتوانین نە بیبینین، نە دەستی لێدەین، نەبیدۆزینەوە، داخەکەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی هەموو شەڕەف و نرخی ژیانیان لەناو ڕانی ژن و کچەکانیاندا ئەدۆزنەوە. لای هەردوک بنەماڵەی دەسەڵاتداری جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی تەنها شەڕەف خەتی سورە، نەک ڕۆحی مرۆڤ، بەڵام لەڕاستیدا شەڕەف هەرچیەک بێت، زۆر لەوە بچوکترە کە مرۆڤی لەسەر بکوژرێت، بەڵام سەردەشت نەک شەڕەفی کەسی لەکەدار نەکردووە، بەڵکو تەنها وتی من عاشقی کچەکەی سەرۆکم، ئەرێ باجی ئەم قسەیە کوشتنە؟ ئاخر ئەگەر کچەکەی ئێمە گەورەبوایەو سەردەشت عاشقی بوایە، ئێمە کچەکەمان پێشکەش دەکرد نەک بیکوژین.

دیارە وەک بنەماڵەی سەردەشت دەڵێن تەنها بەیەک وشەش بێت، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نەبووە، جگە لەو بابەتەی کە بەناونیشانی (عاشقی کچی سەرۆکم) کە بەڵگە نەویستە لەسەر تەنها ئەم بابەتە کوژرا، ئەو منداڵەی کە هێشتا لەناو بێشکەدایەو تەنها دایەو بابە فێر بووە، ئەگەر لێی بپرسین ئەرێ سەردەشت و کاوەو سۆران کێ کوشتنی، تەنها بۆ ئەم وەڵامە دێتە گۆو وەڵامی دروستمان ئەداتەوە. ئەم پۆلە ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوە چەمکی موقەدەسی بنەماڵەی کاڵ کردەوەو ئەمەیان چرپاند بەگوێی دەسەڵاتداران کە لەم وڵاتەدا هیچ بنەماڵەیەک موقەدەس و مەرجەع نییە، وە کچی سەرۆک خەتی سور نییە، بەڵکو تیرۆرو کپ کردنی دەنگی ئازاد خەتی سورە.

لەسەرەتای ڕووداوەکەی سەردەشت، خەڵکی ئازادیخوازو گەنجانی وڵات و ڕۆژنامەنوسان هەموو هاواریان کرد بێدەنگ نابین، بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان فشارێکی توندیان خستە سەر دەسەڵات، بەبێ ئەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژ بکەن، بەڵام وەک پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت (دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە) بۆیە هەر زوو بنەماڵەی بارزانی توشی قەلەقی هاتن و هەروەک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ختوکە بدرێن، ئیتر لەهیکەوە پارتی توشی بەرز بونەوەی زەخت و شەکرە بوو. نمونەی ئەم دەسەڵاتو ئەم حوکمڕانیە لەکوێی دونیادا بوونی هەیە؟ تیرۆری دەنگی ئازاد دەکات، دواتر خۆڵ ئەخاتە چاوی خەڵکەوەو وەڵامێکی مەنتیقی پێنییە بۆ ئەم پرسیارگەلەی لای ڕای گشتی دروست بووە، لەمەش سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە نەشەرم دەکات، نەحیساب بۆ دادگاو یاسا دەکات، نە ترسی هەیە، نە گوێ دەگرێ، نەتێدەگا، نەک هەر تێناگا بەڵکو بڕیاریداوە تێنەگا.

تیرۆرکردنی ئەم پۆلە ڕۆژنامەنووسە، کوشتنێکی ئاسایی و تاوانکاری نەبوون، بەڵکو ئەوان ڕۆژنامەنوس بوون، کوشتنیشیان هێما بوو بۆ کوشتنی ئازادی، بۆیە ئەوان لەوە دەرچوون کەتەنها کوڕی بنەماڵەی خۆیانبن، ئەوان ئێستا موڵکی نیشتیمانن، موڵکی هەریەکێک لە ئێمەن، کەیسەکانیشیان بەنەتەوەیی کراوەو هاوکات سومبول و نازناوی ئازادییان پێبەخشراوە. بەگوێرەی ئەم داتایەی لای من هەیە دەبێژێت: سەبارەت بەم پۆلە شەهیدە ڕۆژنامەنووسە لەئینتەرنێتو بەدیاریکراویش لە گۆگڵو یوتوب یەک ملیۆن دۆکومێنتو ڕاپۆرت هەیە. ئەمە شتێکی دەگمەنە لەمێژوودا، بۆیە ئێمەی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان، ئەنجامی سیناریۆئامێزی ئەم لیژنانە ڕەت دەکەینەوە، وە هەرگیز ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئەم کەیسانە دابخات، بەڵکو بەکراوەیی دەمێننەوە هەتا ئەو ڕۆژەی لیژنەیەکی سەربەخۆ لەژێرچاوەندێریەکی نێودەوڵەتی و دادگایەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی جددییان تێدادەکرێتەوە.

سەردەشت، سۆران، کاوەو ڕۆژنامەنووسانیتر بە گیانی خۆیان ئاڵای ئازادیان بەرز کردەوە، ئێمەش بەهەر فیداکاریەک بێت ئەم بەرزیە بەرزو بەرزتر دەهێڵینەوە، چونکە ئازادی بۆ مرۆڤ ناهێتە خوارەوە بەڵکو دەبێت مرۆڤ بۆی بچێتە سەرەوە. ئێمە کە ئەمڕۆ یادی هاوڕێ و هاوپیشەمان سۆران دەکەینەوە، بەهەمان شێوە ڕێزدەگرین لە خەباتی ڕۆژنامەوانیی کاوەو عبدوستارو سەردەشتو دەیان ڕۆژنامەنووسیتر کە پێشو پاشی ئەوان شەهید بوون، کە لەساڵی ١٩٩١وە ٢٤٦ ڕۆژنامەنووس لەعێڕاق لەسەر ئازادی ڕادەربڕین کوژراون، وە ئێستا کە ئێمە لەساڵی ٢٠١٨داین هێشتا سیلسیلەی کردەوە تیرۆریستییەکان، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و سوکایەتیپێکردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن گشت حیزبە عێڕاقییەکانو بەدیاریکراوی لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بەردەوامی هەیە، کەهەموو ئەم ڕۆژنامەنووسانە قوربانی هەمان ڕێگاو هەمان دەستی ڕەشی هەرسێک دەسەڵاتی سوننی، شیعەو کوردین. بەتایبەتی بنەماڵەی دیکتاتۆری بارزانی و تاڵەبانی مێژوویەکی قێزەون و تاریکیان هەیە لەکوشتنی نوسەران و دەنگە ڕەخنەگرەکان.

هیچ گومانێک نییە کەوا بکوژەکانی سەردەشت و سۆران دوو دەستی دوو جەستەو دوو بنەماڵەو یەک عەقڵیەتن. تیرۆری سەردەشت ڕاستەوخۆ کردەوەکە بە فەرمانی کوڕی بارزانی ئەنجامدراوەو تیرۆری کاوە گەرمیانی و سۆرانیش هاوشێوەی سەردەشت لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە ئەنجامدراون، بەتایبەتی و زۆربەدیاریکراوی لەلایەن جەللادەکانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە بەناوی ”مەحمود سەنگاوی” کەبەفەرمانی ئەو کاوە گەرمیانی کوژراوە. مەحمود سەنگاوی وەکو سەرکردەیەکی سەربازی چەندین هەزار چەکداری شەخسی خۆی هەیەو چەند بیرە نەوتێکی داگیرکردووە، کەسێک کەبتوانێت بیرەنەوت داگیربکات زۆر بەئاسانیش ئەتوانێت کە ڕۆژنامەنووسێک بکوژێت کەڕەخنەی لێدەگرێت.

دواتر یەکێتی تەنانەت ئاگاداری پێشوەختەی کوشتنی سەردەشت بووەو هاوکاری بکوژانی سەردەشتیان کرد لە موسڵ. یادکردنەوەی ئەم شەهیدانەی ڕێگای قەڵەم وەک کولتورێک بابچەسپێ و لەهەر ساڵوەگەڕێکدا، کورزێکی کوشندەو شەرم ئامێزە بۆ دەسەڵاتدارانی کورد. بۆیە هەموو دەسەڵاتدارانی کورد وەکو یەک هەژمار دەکەم چونکە، ئەم ئینتیفاقە سیاسییەی لەنێوان یەکێتی و پارتی کراوە کە لەپێناو دابەشکردنی پارەوپول و دەسەڵاتە، وایکردووە کە لەبەرانبەریەکتریداو لەئاستی تاوانی ئەوا قێزەوندا بێدەنگ بن، یەکێتی و پارتی هێندە بەخراپ باوەشیان بەیەکا کردووە، کە قسەیەک هەیە دەڵێت جیاوازیەکانی یەکێتی و پارتی تەنها وەک کۆکاکۆلا و بیبسی کۆلا.

نووسەران بەهاوبەشی: شووشان مستەفا و موتەڵیب حەسەن/کەرکوک
mutalib_shushan_journalist@hotmail.com




مەملەکەتێک پڕ لە داهۆڵ … شاخەوان ئەحمەد

تۆ قسە ناکەیت
تۆ پێناکەنیت
تۆ ناشگریێیت
تۆ نە مرۆڤی و نە نامرۆڤ
نە وەهیمی و نە ڕۆح
نە خەونی و نە ڕاستی
تۆ
بە دەستی درووستکەرێکی خێڵ
یان جوتیارێک یان شوانێک
ڕەنگە بجوڵێیت
ترسێکی لە ڕاوەستاوی

تۆ
وە نیو ڕۆحی بەشێکمان دەڕژێتە ناو مرۆڤ
دەستێکت و دەستێکمان بەدیار یادەوە لەسەر یەکدی دادەنێین
چاوێک و ڕویێکت بەدیار خەساندنی تەنیاییدا لێکدەکەینەوە
بە چاوێکیدی پەرێشانی و جەنگی چینەکانی مەملەکەت شەدەکەین

نیو ڕۆحەکانیدیکە و دەستەکانیدیکە و چاوەکانیدیکە و ….
کەمەک لە زەین و بیری ئێرە خۆش ناکەن
بەڵام
ئەوان بکوژی سوودەکانی دەست بریندارەکانن
دەوڵەمەندکردنی قاچاغەکان و
بکوژی هیواکان و
خەساندنی کەرەکان و
کرمیبوونی دارەکان و
ساوابوونی نەوەکان و
لەناوبردنی گەنجینەی گەنجەکانن و
تەمڕێژکردنی زەوی

مەملەکەتێک کە تێیدا
ڕۆح وەهمی جەنگەکانە و
ژیانێک و زەویێک و چێژێک تێیدا خەونێکی بە ئازارە
برین بەشێکی دانەبڕاوی بەردەوامی دەروونی مامزەکان و کۆترەکان و مرۆڤەکانە.

خەونم دەدیت نەمردبووم و داهۆڵ نەمابوون
سەردەمێکبوو کە
ئاشتی و دیموکراسی زنجیر نەکرابوون
بن کۆشکەکانی ڕۆمان و فارس و خەلافەت زیندان نەبوون
چ سەردەمانێکی درەنگبوو خودا!

خودا درەنگبوو ئەو خەونە چاوەڕوانکراوە!
باسی مردنی ئاشتی بڕابوەوە
شەوە تاریکەکانی ستەم ڕوناک ببونەوە
ترس ئاواببوو

ئەو ڕۆژە دورە لە خەونمدا دییاربوو کە
داهۆڵ لاوازترببوون
ئاوازی مردنییان چڕ ببوو
ترسیان پشتگوێ خستبوو

دەرەبەگیان سووک کردبوون
چۆڵەکە گەمەیان پێ دەکردن

جوتیارەکان ئەنجومەنیان درووستکردبوون
لە دواهەمین کۆبوونەوەدا باسیان لە کۆتایی هاتنی ترسی خۆیان دەکرد
باسی بەهەست هاتنەوەی ڕۆحی خۆیان و
مرۆڤبوونی خۆیان و داهاتووی خۆیان دەکرد
خودا چ خەونێکی دوربوو!

شاخەوان ئەحمەد




بۆ هەموو گەنجێک …. حەمەی مام ئەنوەر

هاوسەرگیری بۆ ئەوە بکە کە بتوانی خۆشت بوێت، هاوسەرگیری کڕین و فرۆشتن نیە ، هاوسەرگیری دروستکردنی لانەیەکە کە پێویستە دوو دڵ بە ئارامی تێیدا بژین!

شوکردن قەناعەتە ! نەک تێرکردنی حــــەزە مادی و مەعنەویەکان ! دەبــێ کە شوو ئەکەیت قەناعت بکەی بەنانی ڕەق بە نەبوونی زیاتریش ، دەبێ بزانیت تـــــۆ ئەوکات خاوەن ماڵێکیت جیاواز لە ماڵی باوانت !

تۆ دەبێ زۆر شت بگۆڕی و زۆر شت قبوڵ بکەیت گەر وانەکەیت تەمەنی هاوسەریت کورت دەبێت !! ـ تەنها ئاهەنگی مارەبڕین و گواستنەوە و خۆشەییەکان و خۆ بە ســـاقەکردن مەبینە ـ دەبێ لێبوردەیت ، میهرەبانیت ، ئارامیت ، دو هێندە و سێ هێندە بکەیت !

تۆ دەبیت بەدایک و گەورەتر دەبیت و پڕ دەبیت لە مەسولیەت ، ڕەنگە نەشبیت بەدایک و نابێت دنیا وێران بکەی ، ئەوەی نەبوو خودا باشتر دەزانێ …

میوانت دێت و بەمیوانیش دەچی ئەوکات وەک کەسێکی سەربەخۆیت نە لەگەڵ دایکتیت نە لەگەڵ باوکت دەبێ فێربیت دو قسە بکەی و دو میوان بدوێنی و خواحافیزیەک و بەخێرهاتنەکی جوان بکەیت ! دەبێ دڵی هاوژینەکەت ڕابگری و بەرانبەر دۆستانی ئەو دۆست بیت و بەرانبەر دوژمنانی ئەو دوژمن بیت ، ڕێز لەمیوان و کەس،وکاری ئەو بگری !

بەرگەی سەرما لەنەبوونی نەوت و بەرگەی بێ کارەبایی بگری ، تۆ لەماڵێکی گەورە دەچیتە ماڵێکی بچوکی خــــۆت ڕەنگە ژورێک بێت نە قەنەفە و نە تلفزیۆنی گەورە و نە سورەیای لێ نە بێت !تـــــۆ دەچیتەوە خاڵی سەرەتا و لەوێوە بناغەی ماڵێکی نوێ و ژیانێکی نوێ دروست دەکەی بۆخوت لەگەڵ ئەو کەسەی هەڵتبژاردوە ! دەبێ بوێر و ئازا و خۆڕاگربیت … تۆ گەر تەنها ئەڵقە و زێڕ و جل و ماڵت گــــەرەکە ماڵی باوکت خۆشترین و باشترین شوێنە نەژیانی کەس تێکدەدەیت و نە یاری بەخۆشت دەکەیت !!!

ئیتر بۆ کوڕیش هەمان شت بەڵام بە بەرپرسیاریەتی زیاتر و ئارامگرتنی زیاتــــر ، کوڕ کە زەواج دەکات دەبێت بەسەرۆکی ئەو نیشتیمانەی کە پێی دەوترێ خێزان ، گـــــەر توانای وەرگرتنی ئەو پۆستەت نییە جارێ دانیشە و وەریمەگرە بۆ ژیانی خەڵکانی تر قوربانی کامڵ نەبوونت دەکەیت ؟ !

بەیانیان ئەبێ زوتر هەڵسی ئیتر ژیانی هاوسەرت و مناڵەکانت لەسەر ئارەقی نێوچاوانتە ، دەبێ ماندوو بیت وە نابێ ماندبونی دەرەوە بهێنیتە ماڵەوە دەبێ بەشەوق و زەوقەوە بچیتەوە ماڵ ئیتر لای ئەوان تۆگرنگتری لەپارو و لە پارە ! ئیتر تۆ سەرۆکی نابێ ماندبونت پێوە دیاربێت ـ دەبێ لە ناخۆشیەکان هیوابیت و سەختیەکانی ئەوانی تر ئاسان بکەی ، باشی تۆ باشی خێزانە دەبێ باش بیت باش !

ئیتر با بۆ هەمووان ڕوون بێت زەواج پێش ئەوەی چێژ و خۆشی بێت پێش ئەوەی پڕکردنەوە بۆشاییەک بێت بەرپرسیاریەتی و قوربانیدانە، دەست پێکردنە لە سفرەوە! ڕۆیشتنە بەرەو ژیانێکی نوێ و جیاوازتر لە ژیانی پێشوو !!!!!.

حەمەی مام ئەنوەر




دەنگێك بانگم دەكات … ستار ئه‌حمه‌د

لەدەنگی بارانا …

هەنسكی گوڵ

دیدەنیی تۆو

ورشەی گریان

كۆمدەكەنەوە

كەشیعرێك لەدڵما دەزێ

عەشقێك ..

لەتیلەی جوانیتا دەمنێژێ

بەرۆخی بوونا شۆڕدەبمەوە

لەوەتەی دەتناسم

تۆو شیعر زامێكن

لەهەناوما كاڵ نابنەوە

دەنگێك لەناخما

بانگم دەكات

دەنگێگ

شنەی باو

نیگاری تۆی

بەهەناسەو

تاسەكانت گرێداوە

دەمكات بە تۆ

بەدڵۆپەو

فرمێسكی چاوەكانت و

بەهۆنراوە

بۆیە وشەیەك سەربڕن

كەرتە شاخێك بەلادا دێ

پەنجەكانم

سەراپای لەش و

جەرگ و رۆحم

لێوان لێون

لەخوێنی نیشتمان و

بۆنی كوژرانی تۆیان لێوە دێ

من تژیم لەعەشق

شەوان زیكرو فیكرت

دەمكەنە دەفێكی شەهید

تەجەللای مەرگەساتێك

بەرەو پەرستگای دەرونت

دەمخەنه‌ باڵ

بەرز دەفڕم

لەشارێكی گۆڕ قەرەجا

دەبمە ئاڵای كێلی خۆم و

لەهەناوتا

وڵاتێك لەكاغەز پێك دەهێنم

كەبیر لەدووریت دەكەمەوە

توانەوە دەمخاتە دیدەی دڵۆپێكەوە

نیگای باران رامدەژێنێ

نەئەوەتا لەبۆتەی خوێنم دەربچی

نەلە پێكی شیعرێكی ئاڵا

جێگەی لاشەی سەربڕاوم دەكەیتەوە

ستار ئه‌حمه‌د