گۆڤار کەلێن ژمارە 4

ناوه‌رۆك

ئه‌زموون، ڕه‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌، گفتوگۆ: مه‌له‌فی “ئه‌حلام مه‌نسوور”
((گه‌نجه‌كان له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ڕاپه‌ڕینه‌وه ‌ده‌ستپه‌ڕ لێده‌ده‌ن، وریابن له‌ پیاوه‌تی ده‌كه‌ون، ئێوه‌ی به‌سته‌زمان بێناز كه‌وتوون، له‌ حه‌سره‌تی ماچێك وا خه‌ریكه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ڕۆڵه‌ی منن، بووكه‌شووشه‌ قوڕمیشكراوه‌كان بێڕووح، مێشك و گیانن، ناخوێننه‌وه‌، مریشكن، ئێواران ده‌كرێنه‌ ناو كولانه‌كانیانه‌وه‌، خه‌ون به‌ ئۆتۆمبێل و خانووه‌وه‌ ده‌بینن، هه‌ر خه‌ریكی چه‌نه‌بازیین، گوێیان ڕابكێشن و وریایان بكه‌نه‌وه‌، كه‌سیان له‌یلا قاسم ناناسن.)) گره‌وه‌ی چاوه‌كانی ئه‌م”ئه‌حلام مه‌نسوور”

– چۆن “ئەحلام مەنسوور”م ناسی؟/ ئازاد حەمە شەریف

– جورئەتی یاخییبوون لە نۆرمە زاڵەکان و لە چاوەڕوانییەکانی زۆرینە/ ڕۆزا حوسێن

– ئەحلام مەنسوور: دەنگی پەراوێزخراوەکان/ ئەییووب کەریمی

– تێكڕايى پيته‌كانى ده‌قێك بۆ باڵاى ئه‌حلام/ گۆران سه‌مه‌د

– لە نێوان داهێنان و كورتبینییدا؛ نیگاری ئەحلام مەنسوور بە وشە/ سەنگەر زراری

– نەوەی ئێستا نەوەی ئایفۆن، كەوانتەر، ماڵ و ماشێنی بەرز و زێڕن، نەك نەوەی دەقێكی باڵا و خاوەن كەسایەتیی/ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ: سمكۆ محه‌مه‌د. سازدانی: سۆران محه‌مه‌ده‌ سووره‌

چیرۆك: مه‌له‌فی چیرۆكی چیرۆكنووسانی باكووری كوردستان.

– دوودلیا دله‌كی/ حەسەنێ مەتێ

– خه‌ریبه‌ك ل گوندێ مه‌/ جوانمه‌رد

– شێرۆ/ مهه‌مه‌د رۆناهی

– تا/ مهه‌مه‌د دجله‌

– پرچا وه‌ندابوویی/ مهه‌مه‌د سارمان

– فه‌رهه‌نگۆكی مه‌له‌ف (كوردی ژووروو و كوردی نێوه‌ندیی)/ ئاماده‌كردنی/ خه‌لیل سه‌لیم

– گەڕانەوە و شتی تریش/ ڕه‌شید مه‌حموود

– گێڕانه‌وه‌ و شتی تریش (خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی گه‌ڕانه‌وه‌ و شتی تریش)/ سۆران محەمەدە سوورە

شیعر

– …/ فرووزان بابایی نژاد

– (دیاریی باوكم)- پاییز زوو دێت/ هەژار حوسێن

– دەبێ ئێستا لە لای خودا.. کاتژمێر چەند بێ؟ بە کاتی کوێ؟/ سەردار حەمید (نۆڕێ)

– فیوز/ كاوان عه‌بدولڕه‌حمان

شانۆ

– دەربارەی زیانەکانی تووتن/ چێخەف، له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ئەژین باجەڵان

– چی، لە کوێ؟/ ساموێل بێکێت، له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ڕاڤین کامەران

سینه‌ما

– دایك/ حوسێن. ن

– یادەوەریی، وەک فۆڕمێکی هونەری باڵا لەنێو سینەمادا، لەبارەی فیلمی ئانا فرانک/ خەندە حەمید

شێوه‌كاریی

– خۆ_پۆرترێت لەگەڵ ئێسکبەندی بازوو/ کۆستیکا براداتان، لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

– ژنه‌كانی كلێمت، ڕاسته‌قینه‌ و له‌سه‌ر كانڤاس/ كین جۆنسۆنۆكت، له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: شاڵاو عه‌بدوڵڵا

– سه‌رنج و تێبینیی بۆ ناردنی بابه‌ت بۆ گۆڤار




کاریگەری میدیا لە سەر توندوتیژی … کرمانج فەتاح

ھەمیشە ڕاگەیاندن بەشێکی گرنگ بووە،لەگەیاندنی سەرجەم ئەوبابەت و زانیاریە پەروەردەی و ھۆشیاریانەی کە لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆرەوە پێشکەش دەکرێت کە رۆڵی ھەیە لەسەرپێش خستنی خێزانی کوردی وبەتایبەت گەیاندن ئەو بنەما گرنگانەی کە خێزانی پتەودەکات زۆرجارلەرێگەی دراما یان نمایشی شانۆی یاخود لەڕێگەی گۆرانیەوە ئەم دەکات .
بەڵام بەداخەوە بەھۆی زوو گيشتن بەشێوەیێکی زۆر ئاسان بەتەکنۆلۆژیای سەردەم وای کردووە تاکی کورد ھێلێکی دیاری کراوی نەبێت بۆ گەیشتن بەو تەکنۆلۆژیایە ,بە تایبەتی سەتەلایت و ئەنتەرنێت و مۆبایل و ئامێرەکانی دەنگ و رەنگ ,وای کردووە کە سنوورە کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگا نەھێڵێت بەتایبەتی .

لەرووی نیشاندانی ئەو بابەتانەی راستەوخۆ کاریگەری ھەیە لە سەر تاکی خێزانی کوردی ئەمەش زۆر جار لە خواستی تاک دەردەچێت و دەچێتە چوارچێوەی حەزو خوڵیا و ئەفسانەی خەیاڵی ئەمەش پاڵنەرێکی بەھێز بۆ گەورە کردن و بڵاوکردنەوەی ئەم توندوتیژیە زۆر جار ئافرەت لەگەڵ پیاو یا خود کچێک لەکەڵ کورێک جا دەبێتە ھۆی لادانی کۆمەڵایەتی و فراوان بوونی کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتیەکان کە بە داخەوە رۆژانە گویبیستی کوشتن و خۆ خنکاندن و سووتانی کەسەکان دەبین ئەمەش زۆر جار کۆمەلگا بەرەو ئاقارێکی زۆر خراپ دەبات. بە داخەوە لاسایکردنەوی کەسانی نمایش کەر دەبنە قوربانی تەکنۆلۆژیای سەردەم .

چارەسەر گەرانەوەیە ، بۆ سەرتای ئاشنا بوون بە تەکنەلۆژیا ، واتا ئەبێت تاک ئاشنایێکی تەواوی هەبێت بەو پێشکەوتنە ، ئەوکات بەشێوەیێکی راستە راست بەکاریبێنێت ، خواستی تاک ئەبێت لە رووی زانینەوە لە فەرهەنگی تەقلیدیەوە ببێت بە خواستی زانین لە روانگەی عقلەوە ، واتا هەمیشە هاتن بە نەقل کارەسات ئەخولقێنێت ، بە بەراورد کە بەشێوەیێکی دروست بەکاری بهێنی ، کوردیش لە زۆر لاینەوە شتەکانی بە نەقڵەوە پێگەیشتووە ، لەوەی بەعەقلەوە .

کرمانج فەتاح




یەکەمین کتێبی وەشانخانەی باڵندە بڵاودەبێتەوە

«باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت»، یەکەمین کتێبی وەشانخانەی باڵندەیە، کە هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی وەدیع سەعادە و لە عەرەبییەوە بڕیار محەمەد تاهیر کردوویە بە کوردی.

وەدیع سەعادە شاعیرێکی لوبنانییە. ٦ـی جوولای ساڵی ١٩٤٨ لە گوندێک لە باکووری لوبنان لە دایک بووە، ناوی شەبتینـە. گوندەکە، وەک زۆر گوندی دی، بە تەواوەتی لەناو سروشتدایە. خۆی دەڵێت، لە ماڵێکدا لە دایک بووم، سەقفەکەی و ئەرزەکەی گڵ بوو. یان دەڵێت، سروشت یەکێک بوو لە ئەندامانی خێزانەکەمان. لە کۆی ئەزموونی شیعریی وەدیع سەعادەدا بە ئاشکرا ئەم ئاوێتەبوونەی سروشت و مرۆڤ دەبینینەوە.

یەکێکی دی لەو تێمایانەی لە شیعری وەدیع سەعادەدا بەری دەکەوین، مەرگە. ئەمەش چیرۆکی خۆی هەیە:
تەمەنی وەدیع ١٤ـساڵان دەبێت، کاتێک لە خوێندنگە دەگەڕێتەوە و گوێی لە مامی دەبێت: “وەدیع… وەدیع… باوکت سووتا، باوکت مرد.”

دەڵێت، کە باوکمم بینی، لەسەر قەنەفەکە دانیشتبوو، یەک پەیکەری گەورە بوو لە خەڵووز. دواتریش جەنگی ناوخۆی لوبنان و مەرگی زیاتر و زیاتر. مەرگ ئاوها هاتووەتە ناو ئەم ئەزموونەوە.

لە سەرەتادا وا پێ دەچێت بە پەرۆشییەکی زۆرەوە دەستی دابێتە نووسینی شیعر، ڕەنگە هێشتا ئەو پەرۆشییە مابێت، بەڵام پێ دەچێت لە سەرەتادا لای وەدیع هیوایەک هەبووبێت، کە ئەم شیعرانە شتێک لە دنیا دەگۆڕن، بەڵام ئێستا…

وەرگێڕ سەبارەت بە کتێبی «باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت» دەڵێت: “نامەوێت لێرەدا بکەومەوە ناو ئەو باسەی کە وەرگێڕانی شیعر کارێکی سەختە یان هەر قسەیەکی لەم بابەتە. تەنیا دەمەوێت بڵێم ئەم کتێبە یەکەم کاری وەرگێڕانی منە، پێش هەموو شتێکیش گرنگییەکی شەخسیی بۆ خۆم هەیە، هەر بۆیە کردوومە. کتێبەکە هەڵبژاردەیەکە لە کۆی بەرهەمەکانی وەدیع سەعادە، شیعری درێژ و شیعری زۆر کورتیشی تێدایە، بەڵام بە گشتی ئەزموونەکانی کۆتاییی وەدیع سەعادەی لە خۆ گرتووە.”

«باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت» لە ماوەی داهاتوودا لە دووتوێی ١٣٠ لاپەڕەدا و بە نرخی سێ هەزار دینار چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

Bryar Muhamad




مەترسییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان … رەزا شوان

لەگەڵ بوونی مرۆڤدا، ئاژەڵ و پەلەوەریش هەبوونە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانیشدا، ئاژەڵ و پەلەوەر پێگە و گرنگییەکی تایبەتییان لە ژیانی مرۆڤدا هەبووە. گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەر و بەرووبووم و سوودەکانیان، سەرچاوەیەکی سەرکی خـۆراک و بـژێوی مرۆڤ بوونە. تا ئەمڕۆش مرۆڤ قەرزاری سوودەکانی ئاژەڵ و پەلەوەرن. لەوانەش مـەڕ و بزن و گـا و مانگا و وڵاخی بەرزە و مریشک و عەلەشیش و قـاز و مراوی.

لە کوردستان و لە وڵاتانی ئیسلامیدا، هەموو ساڵێک رۆژێک یا چەنـد رۆژێک بەر لە چـەژنی قـوربان، وەکو سونەتێکی ئاینی و داب و نەریتێکی باو، خەڵکی بە تایبەتیش دەوڵەمەندە خێرکەرەکان، بەران و جوانەگا دەکەنە قوربانی و لە ماڵان سەریان دەبڕن و گۆشتەکانیان دەکەنە خێر و بەسەر هەژاراندا دابەشی دەکەن. لە رووی کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە ئەمە کارێکی باشە، کە ئـاوڕ لە خێزانانی هـەژار و نەبوو دەدرێتەوە.
لە بەهارانیشدا، کە بەرخ پێدەگات و وەرزی هات و سەیرانە، خەڵکی دەستڕۆ لە ماڵان بەرخ سەردەبڕن و گۆشتە ناسکەکەی بۆسەیران دەبەن و دەیبرژێنن.. هـەژارانیش هەناسە هەڵدەکێشن و زەقەی چاویان دێت.

ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە و کرۆکی باسەکەمانە، سەربڕینی ئەو قوربانی و بەرخانەیە کە لەبەرچاوی منداڵاندا سەریان دەبڕن، بێ ئەوەی کە سەربڕەکان ئەوە بزانن، کە سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان، چ زیانێکی خراپ و کارتێکردنێکی نەرێنی دەرووونی ترسناک و مەترسیدار بە منداڵانی بچووک دەگەێنن.
بەرخ ئاژەڵێکی ماڵی رووخسار جوانە و شیرینە. نزیکە لە جیهانی پاکی منداڵانەوە. بە تایبەتی منداڵان خۆشیان دەوێ. لە کوردەواریدا دایکان ساواکانیان بە بەرخ دەشێوێینن و پیان دەڵێن ( بەرخۆلەکەم) بەرخ کراوە بە پاڵەوانی بە دەیان چیرۆک و هۆنراوەی خۆش بۆ منداڵان، چیرۆکنووس و هۆنراوە نووسی کوردمان نییە کە بەسەر بەرخدا هەڵیان نەدابێت، چونکە زۆر خۆشەویست و ئاشنایە بە لای منداڵانی کوردمانەوە.

منداڵان وەکو هاوڕێکی پاک لە بەرخ دەڕوانن، بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی و هەستتێکی قووڵی ویژدانییان بۆی هەیە، شیر و ئاو و گیای دەدەنێ. یاری و بەزمی لەگەڵدا دەکەن، شەڕە قۆچی قەستینەی لەگەڵدا دەکەن، لە باوەشی دەکەن و ماچی دەکەن.. تەنانەت بە ناوێکی خۆشیشەوە بانگی دەکەن. ئەمەش لە رووی دەروونییەوە سوودێکی باشی هەیە.. منداڵان فێری ئەوە دەبن کە بەزەییان بە ئاژەڵدا بێتەوە.

کاتێ کە باوک بەرخە هاوڕێ و خۆشەویستەکەی کوڕەکەی دەگرێت و لەبەرچاوی بە چەقۆیەکی تیژ سەری دەبڕێت و خوێنی دەڕێژی و کەوڵی دەکات و کۆشتەکەی لەت و پەت دەکات. منداڵەکەی بە بینینی ئەم دیمە تراژیدیایە، تووشی سەدمەیەکی دەروونی زۆر خراپ و مەترسیدار دەبێت.. واقی وڕدەمێنێ و لە دڵێ خۆیەوە دەپرسێ ئاخر ئەم بەرخە بەسزمانە چی کردووە؟ چ گوناه و تاوانێکی هەیە؟ وا باوکم بەم شێوە دڕندەییە سەری بڕی و خوێنی رشت و کەوڵی کرد و کۆتایی بە ژیانی هـاوڕێکەم هێنا. باوکم ستەمکار، خوێنڕێژە ، دڕندەیەکی دڵڕەقە، رقم لێیەتی و خۆشم ناوێت.

ئەم منداڵە هێشتا لە قۆناغی دواکەوتووی منداڵیدایە، واتە نەبووە بە دە ساڵان، هێشتا چەمکە بنەڕەتییەکانی ئەم سونەتە ئاینی و داب و نەریتە تێنەگەیشتووە و نایزانێت. یا لە تەمەنێکی بچووکدایە، ناتوانێت لەم سونەت ئاینی و نەریتانە بگات.

لەوانەیەیە دیمەنی ئەو سەربڕینە لە یادیدا کاڵ نەبێتەوە و ببێت بە هۆکاری ئەوەی کە بە یەکجاری واز لە خواردنی گۆشتی ئاژەڵ بهێنێت.
لە ئەمڕۆدا گەلی کەسانی گەورە هەن، کە گۆشتی سوور (ئاژەڵ) ناخۆن، رەنگە بۆ ئەم هۆکارە بگەڕێتەوە کە لە تافی منداڵییان رووبەڕوویان بووبێتەوە.
من بۆ نموونە باسی هاوڕێیەکی گەنجی کوردمان دەکەم کە لە شاری (بێرگن) لە وڵاتی (نەرویج) دا دەژیت، خەڵکی پارێزگای (دهۆک)ە، هاوسەرەکەی ئافرەتێکی نەرویجییە، تا رادەیەک کوردییەکی باش فێربووە. هاوڕێکەم وتی:” لە ساڵی ٢٠٠٠ دا، کە بۆ یەکەمین جار بۆ سەردان، هاوسەرەکەم بردەوە بۆ کوردستان، باوکـم و بۆ نیشاندانی رێزگرتن و خۆشەویستی بۆ هاوسەرەکەم، وەکو نەریتێکی باوی کوردەواری، بەرخێکی لە بەردەماندا سەربڕی. کە هاوسەرەکەم سەربڕینی ئەو بەرخەی بینی.. هەموو گیانی کەوتە لەرزین و رەنگی زەرد هەڵگەڕا و هاواری کرد ئەو چیت کـرد؟ پێشی وتـم باوک خوێنڕێژ و زۆر دڵڕەقە.. چەند هەوڵشمان لەگەڵی دا لە گۆشتی ئەو بەرخەی نەخـوارد”
منیش بە هاوڕێکەم وت: هاوسەرەکەت هەقێتی، چونکە لە وڵاتی نەرویـج، ئاژەڵ و پەلەوەر لە بەرچاوی منداڵان سەرنابڕن.. ئەوەی سەرپێچیش بکات تووشی لێپێچینەوە و سزایەکی قورس دەبێت.. لە کوشتارگا فەرمییەکانیشدا، پێش سەربڕین بە تەزووی کارەبایی ئاژەڵەکان بێهۆش دەکەن.. میدیاکانیشیان دیمەنی سەربڕین پێشان نادەن.
بە داخەوە هەندێ لە وڵاتان، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئاژەڵ دەکوژن و سەردەبڕن. بۆ نموونە لە زۆر شوێنی وڵاتی (چـین)دا، لە بەرچاوی گەورە و منداڵان، پێش سەربڕین زۆر بە قایمی و دڵڕەقانە و بێ بەزەییانە کوتەکێک دەکێشن بە مێشکی ئاژەڵەکەکاندا و گێژیان دەکەن، پێش ئەوەی سەریشیان ببڕن، قاچ و دەستەکانیان دەبڕن و و دەست بە کەوڵکردنیان دەکەن، ئاژەڵەکانیش دەباڕێنن یا دەبۆڕێنن و لەقەفڕکێ دەکەن.. نازانم خاوەنی چ ویژدانێکی مردوون و چ دڵێکی رەقیان هەیە.. کە بەم شێوە قێزەوەن و نامرۆییانە رەفتار لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن؟!

ئیسپانیاش ک یەکێکە لە وڵاتانی ئەوروپا، تا ئەمڕۆش وەرزشی (زۆربازی گا) یەکێکە لە وەرزشە باوەکانیان. ساڵان بە بەرچاوی هەزاران کەسەوە، بە ناوی زۆربازی گـا، چۆن دڵڕەقانە ودڕندانە، ئەشکەنجە و ئازاری گاکان دەدەن و شیر و رم لە جەستەی ئەو گایە بەسزمانانە دەچەقێنن و دەیان کوژن و رایان دەکێشن. کوشتارەکانیشیان بە پاڵەوان دەزانن و دەستخۆشییان لێدەکەن و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن. خەڵاتی ئەنجامدانی ئەم تاوانانەیان پێدەبەخشن!
بە ناوە لە زۆربەی وڵاتانیشدا (کۆمەڵەی بەزەیی بە ئاژەڵ) دا هەیە. کوان ئەم کۆمەڵانە بۆ بێدەنگ و بێ هەڵویستن و ناڕەزایی دەرنابڕن؟ بۆ داوا لە ئیسپانیا ناکەن، کە ئەم وەرزشە بێ مانایە، قەدەغەبکەن.
پسپۆران و پزیشکانی دەروونی و شارەزایانی بواری پەروەردەی منداڵان، هۆشیاری دەدەن کە نابێت ئاژەڵ و پەلەوەر لەبەرچاوی منداڵان سەرببڕێن، چونکە ئەم دیمەنە تووشی شۆک و ئازاراری دەروونیان دەکات و گەلی دۆخی ناتەندروستی لێدەکەوێتەوە.
چەند رۆژێکمان ماوە بۆ جەژنی قوربان و بۆ سەربڕینی قوربانی. بۆیە بە پێویستمان زانی کە زۆر بە کورتی باس لە هەندێ لە مەترسی و لە زیانەکانی سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان بکەین، بۆ ئەوەی باوکان لە بەرچاوی منداڵەکانیان ئاژەڵی قوربانی سەرنەبڕن. کارتێکردنی دەروونی نەرێنی منداڵەکانیان لەبەرچاوبگرن:
١ـ منداڵ تووشی شۆک و سەدمەیەکی دەروونی دەبێت، لەوانەیە ئەو دیمەنە ترسناکە کاریگەرییەکی خراپێ تێبکات و ببێتە نەخۆشی و بە گرێیەکی دەروونی و لە داهاتوودا رەنگدانەوەیەکی خراپی لە هەڵسوکەوتی ببێت و بە درێژایی ژیانی پێوەی بناڵێنێت.
٢ـ لەوانەیە تووشی فۆبیای خوێن بێت و دیمەنی سەربڕین و خوێنڕشتنی ئاژەڵ ببێتە هۆی خەونی ترسناک و هاواربکات و لە خەو راچەنێ و تووشی خەوزڕان بێت.
٣ـ گرژی و توندوتیژی دەروونی لێدەکەوێتەوە، لەوانەشە ببێتە منداڵێکی شەڕخواز.
٤ـ زۆر جار کۆنترۆڵی خۆی پێناکرێت و بەبێ ویست میز بە خۆیدا دەکات.
٥ـ لەوانەیە بە درێژی ژیانی رقی لەو ئاژەڵ سەربڕە ببێتەوە کە بەرخەکەی لەبەرچاوی سەربڕی و خوێنی پژان و کەوڵی کرد و گۆشتەکەی پارچە پارچە کرد، ئەو کەسە باوکی یبێت یا کەسێکی تربێت.

٦ـ لەوانەیە گۆشتی ئاژەڵی لەبەرچاو بکەوێت و بە دێژی ژیانی گۆشتی ئاژەڵ نەخوات.
٧ـ منـداڵ چاولێکەری گەورەکانە، دەشی و بە دووری مەزانن کە منداڵێک لاسایی سەربڕ بکاتەوە و چەقۆیەکی تیژ هەڵبگرێت و بیخاتە سەر ملی هاوڕێیەکی بچووکی و زیانێکی کوشندەی پێبگەیەنێت، لەوانەشە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، بێ ئەوەی کە بزانێت و هەست بەوە بکات کە چ فەرتەنەیەکی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.
٨ـ بێجگە لەو مەترسییانە، سەربڕینی ئاژەڵ لەبەرچاوی منداڵان، چەندین نەخۆشی دەروونی و دۆخی نەخوازراوی تری لێدەکەوێتەوە، کە کاردانەوەیان لە ژیانی ئەمڕۆ و لە داهاتوویان دەبێت.

باوکان و دایکانی خۆشەویست، ئەو مەترسیانەی سەرەوە لەبەرچاو بگرن، ژیان و تەندروستی منداڵەکانتان بەلاوە گرنگ بێت.. ئەوە نەکەن کە لەبەرچاوی منداڵەکانتان ئاژەڵ و پەلەوەر سەرببڕن، مەهێلن منداڵەکانتان ئەم دیمەنە تراژیدیانە ببینن.
لە دوای تەمەنی دە ساڵانەوە، دەتوانن بە شێوەیەکی لۆژێکی و زانستییانە و قۆناغ بە قۆناغ باسی ئاژەڵ و پەلەوەر سەربڕین و قوربانییان بۆ بکەن.
لەم رووەشەوە ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری دایکان و باوکان رۆڵیان هەیە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٣ی/ئاوگوست/ ٢٠١٨