مەگەر بۆرجوازی کۆمونیستخوازە، تاکو “کۆمونیزم”ی ھەبێت و بۆ خۆجیاکردنەوە ئاوەڵناوی ” کرێکار و پڕۆلیتاریا” پێویست بێت؟

ھەژێن
٢٨ی جولای ٢٠١٨

بەشی یەکەم

خوێنەری ھێژا، ئەوەی لەنێو ئەم سەرنجدانە ڕەخنەییە لەسەر ڕاگەیاندنی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” دەیخوێننەوە، ھەوڵێکە بۆ وروژاندنی پرسە )بەرد-لەسەر-دانراوەکانی( نزیکەی سێ دەھە ڕابوردوو، کە بەداخەوە بێدەنگەکردنی زۆرێك لە چالاکانی دوا دەھەی سەدەی ڕابوردوو لە بەرانبەر ئەو پرسانە، بووە بە زەمینەخۆشکەری گاڵتەجارییەکانی ئێستا، ھەڵبەتە سەرنجداندنەکەی من بە پێشینە و ئەزموونی کەسیی و خوێندنەوە و ناسینی خۆم پشتئەستوورە.

پێش ئەوەی کەسێك بپرسێت : ململانێ و کەرتبوونی “پارتییە ڕابەرەکان” و قەیرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە تۆ چی؟ باشترە ئەوە ڕۆشنبکەمەوە، تاکو ئەو پرسیارە نەبێتە بەلاڕێدەبەری سەرنجی خوێنەر. ساڵی ٢٠٠٨ ھاوڕێیەک بە منی گوت “ھاوڕێ ھەژێن ڕەخنەی تۆ زۆر وردەکارە و شێوازت سەرنجڕاکێشە، بۆچی ڕەخنەیەکی چڕ و پڕ لە ڕەوتی “کۆمونیزمی حیکمەتی” ناگریت؟” …. گوتم ھاوڕێ، “کۆمونیزمی کرێکاری” ڕوداوی زووتێپەڕە و تەمەنی لە تەمەنی پاسۆک کورتتر دەبێت. من ھەرگیز “گوللەی بەزەیی” بە ئەو ڕەوتەوە نانێم، چونکە خۆتوانەوەی پەشمەکیانەی خۆی زۆر کاراتر و بە ئەزموونتر دەبێت. ئێستا ئیدی کاتی پاککردنەوەی شوێنەواری پەشمەکە تواوەکەیە.

ھەر ئاوا پێش ئەوەی بچمە بکەومە شرۆڤەکردنی دەستەواژە ناکۆک و پارادۆکسەکانی نێو ڕاگەیاندنەکە، پێویستە ئەوە بڵێم، کە لە چێشتی فەقێ و دوکانی چەرچی دەچێت، مەگەر ڕاگەیێنەرانی بزانن، کە خۆیان خوازیاری چین؛ شۆڕشی کۆمەڵایەتی یان ھەڵپەی دەسەڵات و مرخگرتن لە دەوڵەتمەندی؛ کۆمەڵی کۆمونیستی یان سیستەمی تاکپارتیی دەستەبژێران؛ سیستەمی خۆبەرێوەبەریی سۆڤیەتی [ئەنجوومەنی] یان فەرمانداریی وردەبۆرجوازی لەژێر دێوجامەی کرێکاران؛ کرێکاران شۆڕشگێڕن یان ڕۆبۆتی دەستی “ڕابەرانی پارتییبازی”؟ ئەھریمەنی ئازادیخواز، فریای لایەنگرانی خۆشباوەڕ بکەوە و نەھێڵیت ئەو جارەش ڕەدووی کڵاوی بابردوو بکەونەوە!

“ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق”

ناوی ڕێکخراوەکە لە چەند بارەوە سەرنجڕاکێشە:


“ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی”

وەک ناوە باوەکانی دیکەی ڕەوتی بڕوابوون بە پارتییایەتی و “پارتیی ڕابەر” و پێکھاتەی ئایدیۆلۆجیی لەوانە “دەنگی کۆمونیزم” ، “ئاڵای کۆمونیزم”، ئاڵای شۆڕش”، “ئاڵای ئازادی”، ڕەتکەرەوەی ھەموو دەنگێکی دەرەوەی خۆیەتی و خۆی بە بنەچە و ڕەسەن و درووست و ڕەوا دەبینێت و ئەوانی دیکە نابنەچەیی و ناڕەسەن و نادرووست و ناڕەوا دەبینێت، ھەر بەو جۆرەی کە لە خاڵی (١٢.) تەوەرەی ” به‌رنامه‌ی كاری …. – ده‌ستپێكه‌ گشتیه‌كان ” و خاڵی (٩.) لە ” ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری ….” بە ئاشکرا ئاماژەدراوە.

” لە عیراق “

ئاماژەیە بۆ ئاراستەی بان-وڵاتیی و بان-“نەتەوەیی” و جیھانی بیرکردنەوە و چالاکیکردنی کەسێک یان گرووپ و ڕێکخراوێک لە ھەر شوێنێك نیشتەجێبێت. من نازانم داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە چەندە تێگەییشتنیان لەو ئاماژەیە ھەیە، بەڵام دڵنیام لە پاگەندەیەکی ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی بەولاوەتر نییە. چونکە بە کردەوە تەواوی تەمەنی ئەوان وەک چالاکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە وڵاتانی دەرەوەی عیراق ئەوەی سەلماندووە، کە ئەوان زۆر لە کەسانی خۆ بە “کورد” و “عەرەب” و “ئێراقی”-زان ناسیونالیستترن و ھەمیشە “کرێکاران و سۆشیالیستەکانی جیھان” بۆ پشتیوانی لە خۆیان و بەرنامە عیراقی و کوردستانییەکەی خۆیان بانگەوازدەکەن، بەڵام بۆ جارێکیش بەشداریکردنی (ناڕەزایەتی و تێکۆشانی شوێنی ژییان و کارکردنی خۆیان) لە دەرەوەی عیراق بە ئەرکی خۆیان نازانن. ئەوەش بێجگە لە ھۆکاری بۆچوونیی، کۆمەڵێك ھۆکاری دیکەی ھەیە؛ دابڕاومانەوە و داخراویی لەنێو “جالیەی عیراقی” و تێکەڵنەبوون بە دانیشتووانی کۆمەڵی پەنادەر، ناکرێکاربوون و کاری لابەلایی و …تد

کۆتایی بەھاری ١٩٩٣ کاتێك پڕۆژەنامەی (مەنسووری حیکمەت) بۆ درووستکردنی “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” بە من وەک ئەندامی ڕێکخراوی “ڕەوتی کۆمونیست” گەییشت، ھەم لەنێو وەڵامەکانی ئەو و ھەم لەنێو وازنامەیەکی ھەژدە لاپەڕەیی بۆ نێوەندیی “ڕەوتی کۆمونیست”، ئەو پرسیارەم وروژاند : ئەی بۆچی لەجیاتی (حککع یان حککک) “پارتیی کۆمونیستی جیھانی”* و “لە عیراق” نەيێت؟ ئەو کات پرسیارەکەی من نەبووە سەرنجڕاکێشی خوێنەرانی وەڵام و وازنامەکەی من و ھەر ئاوا ئەو ھاوڕێیانەش[ کە لە ناوچەکانی ھۆرامان و شارەزوور و سلێمانی و ھەولێر و ڕانیە و …تد لەتەکیان کۆبوومەوە]، تاکو ھۆکاری بەشدارینەکردن و نەچوونی خۆم بۆ نێو ” پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” بۆ ئەوان بخەمەڕوو، کە ئەو کات (ساڵی ١٩٩٣) بڕوابوون بوو بە (ڕێکخراوێکی جیھانیی) بنکە لە ھەموو گۆشەکانی جیھان بۆچوون و پێگەییشتنی من بوو. بەداخەوە ئەو کات ھەمووان سەرقاڵی خۆساخکردنەوە بوون لەنێوان “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” یان “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان”، کە یەکێك بوو لە پرسیارەکانی مەنسووری حیکمەت. ئەوان نەیاندەزانی کە “عیراق”یی-بوون بە ھەمان ڕادەی “کوردستان”یی-بوون ناسیونالیستییە و ھیچی لە عیراقی-چییەتییەکەی (حشع) و کوردستانیی-چییەتییەکەی (کۆڕەک) کەمتر و زیاتر نییە. بەڕاستی ئەوەی کە پاش چارەکە سەدەیەک (بیست و پێنج ساڵ) تازە بە تازە ئەو پرسە ھۆش و ئاوەزی “ڕابەرانی پرۆلیتاریا”ی ختووکەداوە، شاییستەی ھەلھەلە و چەپڵەڕێزانە.

ناوی ڕێکخراوەکە لە باری ڕێزمانییەوە: ھەر ئاوا کە بیست و پێنج ساڵە “ڕابەرانی پڕۆلیتاریا” بە درووستی ناوی پارتییەکەی خۆیان بە زمانی سۆرانی “کوردی” نازانن، ئەو جارەش لەسەر کێش و سەروای ھەمان “تاس و حەمام” ناوی ڕێکخراوە ساواکەی خۆیان بە ھەڵە نووسیوە؛ “حزبی کۆمونیستی کرێکاریی عێراق / کوردستان”، “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمونیستیی له‌ عێڕاق” نەک “حزبی کۆمونیستی کرێکاری عێراق / کوردستان” و “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمونیستی له‌ عێڕاق”.

یەکەم، بەداخەوە پاش دوو دەھە بەردەوام داچڵەکاندنی سەران و ئەندامانی ئەو ڕەوتە لەلایەن منەوە، کە (کۆمونیزم و کۆمونیست) نەک “کۆمۆنیزم و کۆمۆنیست”، دووەم، داڕێژەرانی ئەو ناوانە ئەوەندە زمان-کڵۆڵن، کە جیاوازی نێوان [ناو] و [ئاوەڵناو] نازانن و نازانن کە واژەی (کرێکاریی) لەنێو “حزبی کۆمونیستی کرێکاریی عێراق / کوردستان” و (کۆمونیستیی) لەنێو “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمونیستیی له‌ عێڕاق” [ئاوەڵناو]ن نەک [ناو]. لەبەرئەوە بە دوو (یی) دەنووسرێن و ئاماژەی تایبەتمەندیی ناوەکەی پێش خۆیانن و (ی) دووەم گێڕانەوەی ئاوەڵناوەکەیە بۆ ناوەکەی پێش خۆی نەک بۆ پاشگری (عیراق). بە واتایەکی دیکە ئاماژەن بۆ جۆریی پارتییەکە، نەک نیشاندانی جوگرافیای چالاکی پارتییەکە! ھەر ئاوا لە باری ڕێنووس و ڕێزمان سەراپای ڕاگەیاندنەکە تژییە لە ھەڵە و ھەزار بارەکردنەوەی ھەڵە و نەزانییەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو. لێرەدا من لە ھەڵەبژێریی ڕاگەیاندنەکە خۆم لادەدەم، چونکە کاتی ئەنجامدانی ئەو ئەرکە نییە و ڕاستکردنەوەی ھەڵە ڕێزمانیی و ڕێنووسییەکان بۆ کەسانی ڕامیار، وەک ژماردنی گوێزە، تەنیا سەرەئێشە بۆ نووسەری دەمێنێتەوە.

لێرەدا بەم ئاماژەیە کۆتایی بە بەشی ڕێزمانیی ڕەخنەکەم دەھێنم؛ نووسینی ناوی پارتییەک یان پڕۆژەیەک لەنێوان جووت-کەوانەی گێڕانەوە “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق”، ئاماژەیە بۆ دوو شت: یان گواستنەوە وەک ڕۆژنامەنووسێک و گەیاندنی ھەواڵێك لەبارەی دەرەوەی خود، یان گواستنەوەی بۆچوون و ئاماژەیەک، کە گوێزەرەوە بە درووستی نازانێت و گومانی ھەیە. وەک دەزانین داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە وەک ھەواڵنێر و ڕۆنامەنووسێک بەو کارە ھەڵنەستاون، ھەر ئاواش وەک توانج و گومان بەرانبەر بە ڕاستگۆیی خۆیان بەکاریاننەبردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە، کڵۆڵییە لە زاینینی ھونەر و بنەماکانی نووسین، کە ھەر ھیمایەک بۆ مەبەستێکی دیاریکراو دانراوە، ھەر ئاوا کە بە گوێچکە نان ناخورێت و بە چاو ھەناسە نادرێت!


” وه‌ك ڕه‌وتێك به‌ره‌و پێكهێنانی حزبێكی سیاسی كۆمۆنیستی پرۆلیتاری تاكو به‌ستنی كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حزب له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا.”

ئەوەی پاش بیست و پێنج ساڵ لە ھەبوونی ” پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی عیراق” و فریودانی خەڵک بە ھەمان پاگەندەکانی ئێستای ھەوڵی درووستکردنی پارتییەکەی دیکە و جیابوونەوە و دەرکردنی دەرزەنێک پارتییۆکەی دیکە لەنێو پارتیی دایک، تازە بە تازە “ڕابەران”ی “پارتیی ڕابەر” دێن و واژەی “پڕۆلیتاری” دەخەنە شوێن واژەی “کرێکاریی”، ھەڵبەتە بەبێ ڕۆشنکردنەوەی ھۆکارەکەی؛ ئایا ئەو دوو چەمکە ھاوواتای یەکدین؛ ئەگەر ئاوایە، بۆچی واژە باوەکە بەکارنەبراوە؛ ئەگەر جیاوازن، جیاوازییەکەیان چییە؛ ئایا بۆ خۆجیاکردنەوەیە لە پارتیی دایک؛ یان نائومێدبوونە لە ڕەوتە ڕامیارییەکە “کۆمونیزمی کرێکاریی” ؟ ئەگەر دابڕانە لە نەریتی چۆنیەتی درووستبوون و کارکردنی پارتیی دایک، ئەی بۆچی لاسایی ھەمان شێواز و ڕاگەیاندنی ئەو و باڵە جیابووەکانی ئەو دەکەنەوە؟ ئایا ئەوە لاساییکردنەوەی خشکەییانەی ڕاگەیاندنی “بزووتنەوەی بنیاتنانی حزبی کۆمونیستیی عیراق” نییە؟ ئەگەر درووستکردن و سەرھەڵدانی پارتییەک پڕۆژەیەک و زەمینەسازی خۆیی و بابەتیی دەخوازێت، چۆن دەتوانن بەبێ سڵەمینەوە و گومان ڕابگەیێنن ” تاكو به‌ستنی كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حزب له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا.” ؟ ئەگەر ئەوان لەوە دڵنیان، کە بەو زووانە کۆنگرەی دامەزرێنەری پارتییە ئایدیالەکە دەبەسترێت، ئیدی بۆچی ئەو فێڵە لە خەڵک و خوێنەر دەکەن و ئەو پێچاوپێچییە درووستدەکەن؛ ئەوان کە بەو ڕاگەیاندنە مژدەی دەبەخشن و لە نزیکی کۆنگرەکەشی دڵنیان، ھەر ئاوا بیست و پێنج ساڵ لەمەوپێش لەنێو پڕۆژەنامەکەی مەنسووری حیکمەت ھاتبوو؛ بەزوویی بەستنی کۆنگرەی دامەزرێنەر یەکلاییکرابووەوە و مژدەدرابوو، ئیدی بۆچی بەبێ پێچاوپێچ و پەردە پارتییۆکەکەی خۆیا ڕاناگەیین. ئەوەی لە بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو ڕەخنەگرانە ڕاگەیاندنەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” خوێندبێتەوە ئاگاداری جیابوونەوە و دەرکردنەکانی نێو پارتییەکانی ئەو ڕەوتە ببێت، ئەوا ئەوەش دەزانێت، ئەوە ھەمان فێڵی بیست و پێنج ساڵی پێشترە و تەنانەت خۆشیان لەوە دڵنیان کە گوێگر و خوێنەریان نابێت و لە پارتیی دایک مایەپووچتر دەبن. چونکە سرووشتی پارتییایەتی و بەتایبەت ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” ئاوایە، کە ھیچ کات دوو کەس ناکات بە سێ کەس، بەڵکو ھەردەم سێ کەس بە دوو کەس و یەک کەس دەکات؛ جیابوونەوە و دەرکردنی دەرزەنێک پارتیی و فراکسیۆن و ڕەوت لەنێو ھەر دوو پارتیی “کومونیزمی کرێکاریی عیراق و ئێران” باشترین بەڵگەیە.
لەبەرئەوە جیابوونەوە و درووستکردنی پارتییەکی دیکە و خولاندنەوەی ئەندامان و لایەنگرانی خۆشباوەڕ لەنێو بازنەی پارتییایەتی، سەرەنجامەکەی ھەمان سەرەنجامی “جیابوونەوە و گۆڕانخوازیی و ڕیفۆرمەکە”ی نەوشیروان موستەفا دەبێت. ھەڵبەتە بۆ کەسانی “خۆ بەرابەر-زان” و خەڵک بە گێل-زان” ئاساییە، چونکە کەسانی ناوبانگخواز بێجگە لە ڕامیارییکردن ھیچی دیکە نازانن و ھەموو ناکۆکیی و ململانێ و جەنگەکانیان لەپێناو ناوبانگ و دەسەڵات و مشەخۆریی دەستەبژێرییە.


” ده‌ستپێكه‌ گشتیه‌كان – به‌رنامه‌ی كاری سیاسیمان ”

خاڵی یەکەم تاکو خاڵی پانزەھەم، فرەتر لێکدانەوەی ئایدیۆلۆجیی بار و دۆخی عیراق دەبن، تاکو بنەماکانی کار. خوێنەری وریا دەتوانێت سەرنجی دەسەپاچەیی داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بدات، کە تەنانەت توانای دیتنی جیاوازی بنەماکانی کار و لێکدانەوەی بار و دۆخیان نەبووە. وەک چێشتی فەقێ ھەر کەسە و لێرە و لەوێ چەند دەستەواژەیەکی ھێناون و لەنێو ڕاگەیاندنەکەی ئاخنیون. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم ڕاگەیاندنەکە نمایانی ھەژموونی ڕەوتە ڕادیکاڵەکانە [لە کۆمونیست بگرە تاکو ئەنارشیست] لەسەر داڕێژەرانی ڕاگەیاندنەکە؛ بۆ نموونە گەڕانەوە بۆ سەر مارکس و بەخشکەیی خۆدەربازکردن لە سایەی حیکمەتیزم و تەنانەت لێنین’یش وەک ھەژموونی کۆمونیستە جیھانڕەوەکان، ئاماژەدان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوەبەریی وەک ھەژموونی ئەنارشیستەکان …تد. سەرباری ئەوەش ھێشتا ڕووگیریی و ھەژموونی حیکمەتیزم’یش بەدیدەکرێت. ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە باڵ و فراکسیۆنە جیاوەبوو و دەرکراوەکانی پێشتری نێو پارتیی دایکیش ساڵی ١٩٩٦-٢٠٠٠ بە ھەمان شێوە سەرەتا نەیاندەتوانی ئەوە ڕابگەیێنن، کە (تێزەکانی حیکمەتیزم) نەزۆک دەرچوون و تەنیا بۆ پارچە پارچەکردن و پرش و بڵاوەکردنی بزووتنەوەکان بەکەڵک دێن.

“1. ئامانجی ڕاسته‌وخۆو هه‌رئێستای خه‌باتگێڕان، نوێنه‌رانی چینی كرێكار وبێبه‌شان وبه‌زۆر هه‌ژاركراوان ئه‌مڕۆ له‌عێڕاقدا ئاڵوگۆڕی سیاسیه‌ ، ئاڵوگۆڕی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا وده‌سه ڵاتی سیاسیه‌ ، به‌ڵام ئه‌وكاره‌ ڕونادات به‌بێ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست.”

” ئاڵوگۆڕی سیاسی‌ ” چییە؛ئەی چ ئاڵوگۆڕێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بۆ چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەدیدەھێنێت؟ ئایا خەڵکی عیراق تێر و تەسەلە و ھیچ ناڕەزایەتیی و داخوازیی ئابووریی نییە و تەنیا گرفتی ئەو گۆڕینی سەروەرێکە بە سەروەرێکی دیکە؛ ئەی جیاوازی سەروەریی سەروەرانی ئێستا و سەروەریی “ڕابەرانی پارتیی ڕابەر” چییە، بێجگە لە نەگۆڕینی و چل مەنی باری سەرشانی چەوساویان؟

چینی دەسەڵاتدار چۆن دەگۆڕدرێت؟ ئەگەر بڕیاربێت گۆڕانە خوازراوەکە جێگۆڕکێی دەسەڵاتخوازان بێت، جیاوازی دەسەڵاتدارانی “مارکسیست-کۆمونیست” و دەسەڵاتدارانی ” عەشایر و قەومی و دینی” چییە؟ ئەو جێگۆڕکێیە لە بندەستیی زۆرینەی کۆمەڵ چی دەگۆڕێت، جیاوازی چییە سەروەر چەپ یان ڕاست، کۆنەپارێز یان سێکیولاریست بێت؟

بەبێ گۆڕینی بنەماکانی سیستەمی ئابووریی، چۆن سیستەمی بەڕێوەبەردن دەگۆڕدرێت و چۆن ھەژموونی داراکان لەنێودەبردرێت؟ بەبێ ئامادەیی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی ئەندامانی کۆمەڵ بۆ گۆڕینی سیستەمی ئابووریی، چۆن سیستەمی ئابووریی دەگۆڕدرێت؟ بەبێ لەنێوبردنی دەزگە و پێکھاتە پارێزەرەکان [سیستەمی دەوڵەتی و فەرمانداریی و پارتییایەتی] چۆن سیستەمی ئابووریی مشەخۆرانە لەنێودەبردرێت و چۆن گۆڕانی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵایەتیی ڕودەدات؟

“به‌ڵام ئه‌وكاره‌ ڕونادات به‌بێ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست.” …

ئایا گۆڕینی چینی سەروەر بە چینێک یان ڕاستر بڵێین بە سەروەریی دەستەبژێری “خۆ بە ڕابەر-زان” چی لە پرسی چینایەتی کۆمەڵ و چەوسانەوە دەگۆڕێت؛ ئایا ئەزموونی ھەفتا ساڵەی ڕوسیەی بۆلشەڤیکی و بلۆک و ھاوپەیمانی وارشۆ بۆ تێگەییشتن لە “ھەمان تاس و حەمام”بوون بەس نییە، کە بە کردەوە ئەوەی نیشاندا، “پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتی ڕابەر” جێگەی چینی بۆرجوازی دەگرنەوە و سەراپای کۆمەڵ دەبێتەوە بە پڕۆلیتاریا [چین و توێژە نەدار و کرێگرتە و بێدەسەڵاتەکان]؛ یان کاسپییە ڕامیارییەکەی “خۆ بە ڕابەر-زانان” ئەو خۆگێلکردن و نادیدەگرتنە دەخوازێت، چونکە تێگەییشتنی خەڵکی چەوساوە [پڕۆلیتێرەکان] لە کڕۆکی پرسەکان و کەتواری ڕوداوەکانی یەک سەدەی ڕابوردوو بۆ پەزەکانی دەسەڵاتخوازیی ئەوان زیانی دەبێت؟

” 2. چینی باڵاده‌ست له‌عێڕاق ، ….تد “

ئەی ئەگەر ناوازەی مێژووویی ڕوبدات و سبەی پارتییە مژدەدراوەکەی نێو ئەو ڕاگەیاندنە بەدەسەڵات بگات، جیاوازی ڕێکخستنی سیستەمی ئابووریی و پێکھاتەکانی “دەوڵەتە پڕۆلیتێرییەکە” و دەزگەکانی لەتەک ئەوەی ئێستای عێراق ھەیە یان سەردەمی لێنین تاکو گۆڕباچۆڤ ھەبوو، چی دەبێت؛ ئایا ھیچ سیستەمێکی ڕامیاریی بەبێ سیستەمی ئابووریی [بنەمای ئابووریی] بوونی ھەیە؛ دەکرێت ئێمەی خوێنەر بزانین، بنەمای ئاڵوگۆڕ و سیستەمە ڕامیارییەکەی پارتیی مژدەدراو چییە و لەسەر چ بنەمایەک ئێمەی نەزان بە بەڵێنی سەرخەرمانی “خۆ بە ڕابەر-زانایان” بڕوابکەین؟ چ مسۆگەرییەک ھەیە، کە دەسەڵات و سیستەم و ڕامیاری (سوور) لە دەسەڵات و سیستەم و ڕامیاری (مۆر و قاوەیی) جیاواز بێت، ئھەر ئاوا کە ئەزموونی ڕوسیە نیشانیدا؟

” 3. كۆمه‌ڵگا له‌عێڕاقدا كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌داریه‌ ، ……. به‌ بێ ئه‌وه‌ی خاڵی ده‌ستپێك له‌ ڕه‌خنه‌ی عه‌مه‌لی په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رمایه‌ وڕۆڵی سه‌ره‌كی چینی كرێكار له‌ ده‌ستنیشان كردنی چاره‌نوسی سیاسی و ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌ستپێنه‌كات . “

ئەگەر چینی کرێکار وەک چەوساوەترین توێژی پڕۆلیتێریی لەنێو پارادۆکسەکانی پارتییایەتی چەپ دەربکێشین، بەدڵنیاییەوە بەشی ھوشیاری ئەو چینە ڕۆڵێکی بنەڕەتیی و چارەنووسسازی ھەیە، کە ھوشیارییەکەی وەک ھوشیاریی ھەر تاک و توێژ و چینێکی دیکە، زادەی پێگەی خۆیەتی لەنێو پێکھاتەی سیستەمی کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ئابووریی و ڕەنگدانەوەی ئەزموونەکانی تێکۆشان و ململانێی ھەر ڕۆژەی خۆیەتی دژی داگیرکەرانی ھۆش و کار و زەمین و سامانی کۆمەڵایەتیی و بەڕێوەبەردنی کۆمەڵ. دەرککردنی ئەو ڕۆڵە چارەنووسسازەی پڕۆلیتێرەکان [ھەڵبەت ئەگەر ھوشیار و شۆڕشخواز بن] لەلایەن ڕامیاران بەگشتی و دەسەڵاتخوازانی وردەبۆرجواز بەتایبەتی، لە ڕاپەڕینی گەورەی فەرەنسە تاکو ئێستا بە چەند ڕوخساری جیاواز خۆی نیشانداوە؛ ھەر لە سۆشیال دێمۆکراسی تاکو لێنینیستەکان و حیکمەتیستەکانی ئەم سەردەمە، بۆ ئەو مەبەستە لەپێناو قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی پڕۆلیتێرە ناھوشیارەکان ھەوڵدراوە و تاکو ڕادەیەکی زۆریش ئەو ڕەوت و ئاراستانە توانیوویانە تێکۆشان و ھەوڵی پڕۆلیتێرە ناڕازییە ناھوشیار و خۆشباوەڕەکان بخەنە خزمەتی مانەوەی سەروەریی چینایەتی بە جێگۆڕکێپێکردنی لەنێوان چەپ و ڕاستی دەسەڵاتخوازان بە دەیان ناو و ڕوخساری جیاوازەوە. بەڵام ھەر ھەموو ئەو ڕەوتە دەسەڵاتخوازانەی ژێر دێوجامەی کۆمونیزم یەک کڕۆکی ئایدیۆلۆجیی پڕ پارادۆکسی ھاوبەشیان ھەبووە و ھەیە، کە لەنێو ئەو چەند پاگەندە ھەڵخەڵەتێنەرانە خۆی بەرجەستەدەکات: ” کرێکاران شۆڕشگێڕترین چینی چەوساوەن و ڕۆڵی سەرەکی و چارەنووسسازیان ھەیە، بەڵام بۆ ڕێکخستن و تێكۆشان و شۆڕش، پێویستیان بە ڕابەریی کۆمونیستەکان ھەیە، چونکە ئەوان بەشی ھوشیار و پێشڕەوی کۆمەڵن”
ئەوە پوختەی بۆچوونی پارتییچییەکانە لەبارەی چینی کرێکار و ھوشیاری شۆڕشگێڕانە و شۆڕش. بە شێوەیەک لە شێوەکان لەنێو گوتار و بۆچوونی ھەموویان ئامادەیی ھەیە. دەکرێت ڕواڵەتی داڕشتن و دەربڕینەکانیان جیاواز بێت، بەڵام کڕۆکی ھەموویان یەک شتە؛ کرێکاران لەنێو شۆڕش ڕۆڵی چارەنووسسازیان ھەیە، بەڵام بەخۆیان دەبەنگن و پێویستیان بە پێشڕەویی وردەبۆرجوازی ھەیە. ئەو پارادۆکسە لەنێو بۆچوونی بابۆفیستەکان و بلانکییەکان و سۆشیال-دێمۆکراتەکان و مارکسیستەکان تاکو چەپە حیکمەتیستەکانی ئەم ڕۆژگارە ئامادەیی ھەیە و تەنانەت ئەم ڕۆژگارە لە سایەی ئیدئۆلۆگەکان واوەتر لە بۆچوونەکەی کاوتسکی ڕۆییشتووە.

” 4. وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ قه‌یرانی هه‌ر ئێستای كۆمه‌ڵگا و …. به‌بێ شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار …. ”
مەبەست لە “شۆڕشی کۆمەڵایەتیی” چییە؟ ئەگەر شۆڕشی کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار بنەمایە، ئیدی پێداویستی و پاساوی ھەوڵدان بۆ درووستکردنی “پارتییە ڕابەرەکان” چییە، کە ئامرازێکی ڕامیاریین بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵاتی ڕامیاریی؟

بۆ ھەر خوێنەرێکی وردبین و ئاگاداری پێشینە و سەراپای بۆچوونەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” ئەوە ڕۆشنە کە چەمکی (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) لەنێو ئەدەبیاتی ئەو ڕەوتە نامۆیە و ئەوان لە سەرھەڵدانەوە تاکو ئێستا لەسەر ھەڵپەی دەسەڵات و گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستا بە دەسەڵاتی خۆیان، ھەڵبەتە لەژێر دێوجامەی “کرێکاران”، پێداگرییدەکەن و تەنانەت بە کردەوەش ھەر بزووتنەوە و ڕەوتێکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەریھەڵدابێت یان بۆ کەوڵكردنی ھەوڵدراوە [یەکێتی بێکاران و یەکێتییە کرێکارییەکان و …تد لە ھەرێمی “کوردستان”]، یان بۆ دژاییەتیکردنی ھەوڵدراوە، وەک دژایەتیکردنی بزووتنەوە و ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ژینگەپارێز و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و لێبوردنی سزادراوان بە سێدارە و دایکی ئاشتی و ..تد نێو ئێران . ئەوان ئاگایانە دژاەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، چونکە پەرەسەندنی بزووتنەوە و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، واتە چۆڵبوونی بازاری ڕامیاریی پارتییبازان.

وەک پێشتر ئاماژەمداوە، خاڵەکانی دواتر تەنیا لێکدانەوەی ئایدیۆلۆجیی و پێوانەی کەتواری کۆمەڵن بەگوێرەی حەزی ئایدیۆلۆجیی و کلێشەسازیی ئایدیۆلۆجیی نووسەرانی ڕاگەیاندنەکە. لەبەرئەوە، تەنیا سەرنجدەخەمە سەر چەند دەستەواژەیەک لەنێو ئەو خاڵانە و لێکدانەوەکان بە مشتومڕی نێوان پارتییچیان خۆیان دەسپێرم:

“7. ……. بۆته‌ هۆی به‌رپابونی خه‌باتی ئابوری كرێكاری ‌به‌رده‌وام وناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری …….، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی ده‌بێته‌ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ هه‌ر ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ كۆتایهێنان به‌م بارودۆخه‌ی ئێستا وكۆتایهێنان به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌ . …. جیاكردنه‌وه‌ی ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان وخه‌باته‌ كرێكاری وجه‌ماوه‌ریه‌كان له‌ ئامانج وئه‌جینداو ئاسۆی هێزو ڕه‌وته‌ بورژازیە كۆنه‌په‌رسته‌ دینی وتایفی وعه‌شایری وقه‌ومی وڕیفۆرمیسته‌ جۆراو جۆره‌كان وسیاسه‌ته‌ عه‌مه‌لیاكانیان، به‌شێكه‌ له‌ به‌جێهێنانی ئه‌م پێشڕه‌ویه‌ به‌ره‌و سه‌رهه‌ڵدانی بارودۆخێك وقه‌یرانێكی شۆڕشگێڕانه‌ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگا.”

پێشینان گوتوویانە “کورد بدوێنە و شیکاریی خۆی دەکات”. بەڕاستی ئەو پەندە لەبارەی سەرانی “پارتییە ڕابەرەکان” بەگشتی و ڕەوتی “کۆمونیزمی کڕێکاریی” بەتایبەتی تەواو درووست و گونجاوە. ئەوەیە کڕۆکی دەسەڵاتخوازیی، کە لەبەر نەزۆکیی تێزەکانی خۆی ئاوازەخوازی برسیبوونی خەڵکە، تاکو زەمینەی بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆی مسۆگەربکات. ھەڵبەتە ئەوە ڕاستییەکی تێدا ھەیە، کە پڕۆلیتێرە ناھوشیار و خۆشباوەڕ و نائومێدەکان لە سەردەمە تەنگەژییەکان بە لێشاو لە ڕەوتە فاشیستە ڕاست و چەپەکان ڕوودەکەن. بەڵام ھەرگیز ئاراستە و خواستێکی شۆڕشگێڕانەیان نییە، چونکە برسیییەتی و بێکاری و ئاوارەیی و ناچاریی و نائومێدیی … تد شۆڕشگێڕیی بەرھەمناھێنن، بەڵکو دژە-شۆڕش بەھێزدەکەن، کێبڕكێی نێوان کرێگرتان بەھێزدەکەن، شکانەوەی ھۆکاری نەھامەتییەکان بەسەر بەشەکانی دیکەی ھاوچین و ھاودەردان ڕودەدات، ھەر وەک ئێستا کە لەلایەن پڕۆلیتێرە ناھوشیارەکان پڕۆلیتێرە کۆچەرەکان دەکرێن بە ھۆکاری نەھامەتییەکانی خۆیان. بەڵام ھیچ کام لەو ئەزموونانە بۆ دەسەڵاتخوازان نابنە وانە و ئەوانیش وەک پارتییە ڕاستڕەوەکان لەسەر ئەو ناھوشیارییە سەرمایەگوزاریدەکەن و دەیکەنە بەردەبازی پەڕێنەوە بەو کۆشکی دەسەڵات و مشەخۆریی.

” ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری ” کامەیە و “پارتیی ڕابەر” و قسەکەرانی چ پێوەرێک بۆ شۆڕشگێڕیی ڕاپەڕینەکان دەکەنە بنەما؟ مەبەست لە” جیاكردنه‌وه‌ی ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان وخه‌باته‌ كرێكاری وجه‌ماوه‌ریه‌كان ” چییە، بە پارتییکردنی بزووتنەوە و ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان و بەکاربردنیان وەک ڕێکخراوە پاشکۆکانی دەسەڵات و پارتییە “ناسیونالیستەکان”؟ جیاوازییەکان چین، ناو و ناتۆرە یان شێوازی ڕێکخستن و تێکۆشان و میکانیزمەکانی تیکۆشان؟


” 8. ….. چینی كرێكار ده‌خاله‌تی نه‌كردوه،‌ له‌ مشت ومڕی سیاسی بەرووی بورژازی، وه‌ك چینێك كه‌ سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی وبه‌دیلی سیاسی خۆی هه‌بێ بۆ كۆمه‌ڵگا. …. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ كرێكاریه‌كان و بزوتنه‌وه‌ داخوازیه كانیان ‌به‌رده‌وامه‌ ‌، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ ڕۆڵی خۆیان بگێڕن به‌ ڕاستای به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان “

بەشداریکردنی مشتومڕی ڕامیاریی چییە و لەپێناو چی؟ ڕامیاریی سەربەخۆی چینی کرێکار چییە و ئەڵتەرناتیڤە ڕامیارییەکانی کامانەن، کە دەبوو کرێکاران بیکەن، بەڵام نەیانکردوون؟ ئەی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو جەنابی “ڕابەرانی فیعلیی” چینی کرێکار لە کوێ بوون و خەریکی چی بوون؟ مەگەر ئەوان ناڵێن “کرێکاران پێویستیان بە پارتییەک ھەیە، تاکو ڕابەریی تێکۆشانی ئەوان بکات” و بیانشۆڕشێنێ و ژییان و کار و شۆڕش بۆ ئەوان دیکتەبکات، ئەی بیست و پێنج ساڵە ئەوان لەنێو (حککع) بڕیاردەر و قسەکەر و نەخشەڕێژ نەبوون، بۆ ڕابەریی کرێکارانی “نەزان و دەبەنگ” یان نەکرد؟

یان ھۆکارەکە ئەوەیە، کە “ڕابەرانی بلفعلی” کرێکاران ناخوازن ھۆکارەکە بیدرکێنن، چونکە بۆ پەزەکانی “پارتییی ڕابەر” زیانی ھەیە و ھۆکارەکە ئەوەیە، کە کرێکاران وەک زادەی سرووشتی تێکۆشانی ڕاستەوخۆ و سەربەخۆی خۆیان بەو سەرەنجامە گەییشتوون، کە ڕامیاریی ھونەری فریودانی چەوساوانە بۆ مسۆگەرکردنی و پاراستنی سەروەریی ڕامیاران و سەرمایەداران و سیستەمی ڕامیاریی قەفەزی ژییان و ویست و ئازادیی مرۆڤ و تەنانەت بوونەوەرەکانی دیکەیە و دەسەڵاتی ڕامیاریی ئامرازی پاراستنی سەروەریی ئابووریی کەمینەیەکە لەسەر زۆرینەی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو، ئەوەش خۆبەخۆ واتە دژایەتی خەون و خەیاڵ و ئامانجە دێرینەکانی پڕۆلیتێرە شۆڕشگێرەکان!

بۆچی کرێکاران وێرای بەردەوامیی بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکانیان، نەیانتوانیوە ڕۆڵی سەربەخۆی خۆیان بگێڕن؛ ئەو گرنگییەیان دەرکنەکردووە، دەسەڵات ڕێگربووە یان چەپەکان لە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردو و دەھەی یەکەمی سەدەی بیست بە پلانگێڕیی و تاکتیکی جۆراوجۆر، بزووتنەوە و ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی کرێکارانیان کەوڵکردن و مراندن؟

کرێکاران نەزان و تەمەڵ و ناشۆڕشگێڕن یان چەپی دەسەڵاتخواز بووە بە ھۆی دابەشکردنی ڕیزەکانی کرێکاران بەسەر سێکتە ئایدیۆلۆجییەکانی خۆی و لاوازکردنی بزووتنەوەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کرێکاران و نائومیدکردنی کرێکاران لە گۆڕینی سیستەمی چینایەتی، بەھۆی شکست و پارچەپارچەبوونی یەک لە دوای یەکی ڕێکخراو و پارتییە “کۆمونیستی” و “کرێکارییەکان”؟

“9 . لاوازی ڕۆڵی ژنان له‌ ژیانی سیاسیدا كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر بۆدواوه‌چونی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی وچه‌پ به‌گشتی ، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی ژنان بە شێوەیەکی تایبەت. دروشمی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی به‌هێزوتوانا بوونی نیه‌ بێ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕوله‌سه‌ری ڕزگاری خوازی ژنان، وه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕوله‌سه‌ری ڕزگاری خوازی ژنان بوونی نیه‌ به‌بێ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ‌سۆشیالیزم، “

” بۆدواوه‌چونی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی وچه‌پ به‌گشتی ، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی ژنان بە شێوەیەکی تایبەت ” چییە؛ چۆڵبوونی بازاری چەپ و پارتییایەتی یان نائومێدیی ژنان لە ڕزگاری؟ کێ بزووتنەوەی ژنانی لاواز و نائومێدکرد، “لاوازی ڕۆڵی ژنان له‌ ژیانی سیاسی” یان بە ڕامیارییکردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و ئابورووی و کولتووریی ژنان؟ کێ ڕێکخراوی ژنانی پووکانەوە و لەنێوبرد، لاوازیی و نەبوونی حەزی ژنان بۆ چالاکی ڕامیاریی یان بە کۆمیتەکردنی ڕێکخراو و بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخواز بۆ “پارتیی ڕابەر”، کە داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە قسەکەر و بڕیاردەری یەکەم بوون؟

بە پێچەوانەی پاگەندەی داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە، ئەوەی بە کردەوە دەینین و دیتوومانە، شکانی بازاری چەپە وەک ھەر ھێزێکی ڕامیاریی کە بۆ فریودانی ژنان و ڕامکردنیان ھەوڵدەدات. ئەوەش شتێکی ئاساییە و ژنان لە پیاوان ھەستەوەرتن و کەمتر بە ڕۆبۆت دەکرێن. ھەر ئاوا لە دەرەوەی دەرزەنە پارتییە جیاوەبووەکانی “کۆمونیزمی کرێکاریی” بزووتنەوەی ژنان بوونی ھەیە و بەھێزە و دیاردەی نێو کۆمەڵە و لە ئاستی سەرتاسەریی کۆمەڵ خەریکی ململانێی ڕەوتە کۆنەپەرستەکان و نێرسالارییە!

بەڵام ھێشتا ئەو قسەی ئەوان ڕاستییەکی تێدا ھەیە، چونکە دەرزەنە پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” و گشت گرووپ و پارتییە چەپەکان، تەنانەت ئەندامە ژنەکانی خۆشیان لەدەستداون و چیدیکە درووشمە بریقەدار و بێکردەوەکانی چەپ ناتوانن سەرنجڕاکێشی ژنانی ئازادیخواز و سەربەخۆخواز بن.

ئەوی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” و دەرزەنە پارتییە جیاوەبووەکانی بناسێت، دەزانێت، کە مەبەستی ئەوان لە ” بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕوله‌سه‌ری ڕزگاری خوازی ژنان بوونی نیه‌ به‌بێ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ‌سۆشیالیزم ” ئەوەیە کە بزووتنەوە و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی ژنان ببنە کۆمیتەی “پارتیی ڕابەر” و ھەرچی ڕاگەیێنەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بڕیاریدەدەن، ئەوان وەک دەروێشێکی ڕامیاری ئەنجامیبدەن.

“10 ٠. ….. به‌ڵام مه‌رجی بوونی چینی كرێكار به‌ هێزێكی سیاسی له‌كۆمه‌ڵگادا به‌نده‌ به‌ هه‌ڵكشانی خه‌باتی‌ ئابوری و سیاسی و فكری ئه‌و چینه‌ بۆ خه‌باتێكی چینایه‌تی كرێكاری سۆشیالستی، بۆ خه‌باتێكی سیاسی چینایه‌تی كرێكاری به‌ڕووی چینی بۆرژوازی وحزبه‌سیاسیه‌كانیان وبه‌ڕووی ده‌وڵه‌ت وه‌ك ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست. ….”

بەبۆچوونی من و بە گوێرەی ئەزموونی من، مەرجی ڕامیاریی-بوونی کرێکاران و تێکۆشانی کرێکاران، وازھێنانی ئەوانە لە تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنگەریی ئەو چینە و ئەندامەکانی. چونکە ئەزموونی تێکۆشانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی بە کردەوە و سەلماندی مێژوویی ئەوەی نیشانداوە، لە ھەر کوێ کرێکاران بە پارتییایەتی و ڕامیاریی خۆشباوەڕ ھەبن و لە دەوری پارتییەکان و ڕامیاران کۆبببنەوە، لەوێ تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووری و ڕۆشنبیریی ئەوان بەرەو ژێر سفر دەچێت ولە ھەر کوێ چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی لە خۆڕێکخستنی سەربەخۆی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی ڕووبنێن، لەوێ بازاری پارتییایەتی و ڕامیاران چۆڵ و شکستخواردووە. لەو بارەوە دەتوانین سەرنجی ئەو سەردەمانە بدەین، کە تێکۆشانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی و خۆرێکخستنی کرێکاران لە ھەڵکشاندایە، لەوێ چەپەکان گارەگارەی “پێویستبوونی پێکھێنانی پارتیی ڕابەر و تێکۆشانی ڕامیاریی” دەکەن و ھیچ کەس بە کڵاوی ڕامیارییانەی ئەوان ھیچ ناپێوێت ؛ سەردەمە درەوشاوەکانی سەدەی پانزە تاکو سەدەی بیست، باشترین نموونەن؛ ڕاپەڕینەکانی کۆمونەی پاریس ١٨٧١، ئۆکتۆبەری ١٩٠٥، ئاڵمانیا ١٩١٨-١٩١٩ ، ئێسپانیا ١٩٣٦-١٩٣٩، ھەنگاریا ١٩٥٦، پۆڵۆنیا ١٩٧٩، ئەرژەنتین ١٩٩٩-٢٠٠٣، ….تد

“11 . …. ئه‌وه‌ ده‌توانێ خه‌باتی ئابوری وسیاسی چینی كرێكار و توێژه‌ زه‌حمه‌تكێشه‌كان وا لێبكات ببنه‌ خاوه‌نی هێزوتوانا وڕێكیان بخات له‌ خه‌باتێكی سیاسی سه‌ربه‌خۆ وكاریگه‌ر بۆ ڕوخانی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی وپێكهێنانی حكومه‌تی كرێكاری تاكو ده‌ست به‌رێ بۆ شۆڕشه‌ ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی … و هه‌نگاوبنێ به‌ره‌و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆمۆنیستی، ئازاد ویه‌كسان. “

ئەگەر کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕی ئاوان، کە ڕزگاری مرۆڤایەتی بە شۆڕش و ڕزگاری ئەوانەوە پەیوەستە، ئیدی چ پێویستیان بە پارتییەکی درووستکراو لەلایەن کۆمەڵێك وردەبۆرجوازی ئایدیۆلۆجیگەر ھەیە؛ یان کرێکاران “دەبەنگن” و بەبێ ڕابەریی وردەبۆرجوازی توانای شۆڕشیان “نییە”؛ یان پارتییەکەی وردەبۆرجوازی بۆ کۆنترۆڵکردنی توانا و شۆڕشگێڕیی کرێکارانە؟

ئەگەر کرێکاران توانای ھۆشیی و ئاوەزیی شۆڕشکردنیان نەبێت، زۆر ئاساییە، کە وردەبۆرجوازی خێرخواز پارتییەک بۆ “کرێکارانی دەبەنگ” چێبکات و “لەڕێی یەزدان” کرێکاران “ڕزگاربکات”. ئەگەر کرێکاران ئەوەندە بە توانان و شۆڕشگێڕترین چین و ڕزگارکەری مرۆڤایەتین لە چەوسانەوە و کۆمەڵ بە کۆمونیزم دەگەیێنن، ئیدی گارەگاری “پێویستی ھەبوونی پارتییەکی ڕامیار بۆ ڕزگارکردنی کرێکاران و بەرەوپێشبردنی شۆڕشە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ” بێجگە لە درۆ و دەلەسەی وردەبۆرجوازی لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتن و زاڵبوون بەسەر باڵەکانی دیکەی بۆرجوازی و بەھێزکردنی سەروەریی چینایەتی [دەوڵەت] لەژێر دێوجامەی “پڕۆلیتاریا و کرێکاران و سۆشیالیزم”، ھیچی دیکە نییە و نابێت. تکایە وەڵام “کرێکاران دەبەنگن” یان وردەبۆرجوازی لەژێر دێوجامەی کرێکاران خەریکی خۆگەیاندە تەختی سەروەریی و مشەخۆریی چینایەتییە؟

” 12 . ڕه‌وته‌ سۆشیالست وكۆمۆنیسته‌كان له‌ عێڕاقدا نه‌یانتوانیوه‌ ئامرازێكی خه‌باتگێڕانه‌ دابین بكه‌ن بۆ چینی كرێكاروسیاسه‌تێكی سۆشیالستی كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی فیعلی هه‌بێ به‌ خه‌باتی چینایه‌تی كرێكاری و گه‌شه‌پێدانی بخەنەروو .‌ هه‌روه‌ها لاوازی ڕه‌وتی سۆشیالستی له‌ناو چینی كرێكاردا بۆته‌ خاڵێكی لاوازی سه‌ره‌كی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی چینی كرێكار وله‌ بوونی چه‌پ وبزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی له‌سه‌ر ئاستی خودی كۆمه‌ڵگه‌ش . “

ڕەوتە “سۆشیالست وكۆمۆنیسته‌كان له‌ عێڕاق” کێن؟ ئایا داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بێجگە لە (حککع) بڕوایان بە سۆشیالیستیی و کۆمونیستبوونی ھیچ ڕەوتێك ھەبوو و ھەبووە، تاکو ئێستا یەخەی ئەوان بگرێت؟ بێجگە لە خودی ڕاگەیێنەرانی ئەو ڕاگەیاندنە و ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” و (حککع) کێ پاگەندەی ئاوا (زل و دەرەی وێرانەی) کردووە؛ ئایا بێجگە لە سەرانی (حککع) ھیچ کەس ھەبووە ڕێگر بێت؟

یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی وردەبۆرجوازی ئەوەیە، کە ھیچ بەرپرسیارییەکی مێژوویی لە ئەستۆناگرێت و کرێکاران و خەڵک بۆ مردن و قوربانیبوون بانگەوازدەکات و بەکوشتدەدات و ماندوو و نائومیدیان دەکات و کە دوکانە ڕامیارییەکەی بازاری نەما، دەچێت بەناوێکی دیکە دوکانێکی دیکەی ڕامیاریی ڕادەگەیێنێت و بۆ ئەوەی خەڵک خۆشباوەڕبکات، دەکەوێتە سەروگوێلاکی ئەوانەی پێش خۆی و بە ھەموو شێوەیەک وردەکاریی کێبوونی ئەوانەی پێش خۆی دەرناخات و خۆی دەکاتە پاڵەوانی یەک شەوە و سنگ دەردەپەڕێنێت.

لەو کاتەوە (حککع) لەسەر بنەمای نووشتەی مەنسووری حیکمەت بۆ کرێکارانی عیراق نووسراوە، ڕاگەیێنەران و دامه‌زرێنەرانی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” لە ئاستی کۆمیتەی نێوەندی و نووسینگەی ڕامیاریی و کۆمیتەکانی خوارتر خەریکی لە ئاو کردنی نووشتەکەی مەنسووری حیکمەت’ن بۆ کرێکاران، کەچی لەنێو ڕاگەیاندنەکەیان وەک ئەوەی تازە لە ئەستێرەی مەریخەوە ھاتبن، خۆیان لە خراپکارییەکان و فریوکارییەکان و تێکدانەکان و پارچەپارچەکردنی ڕیزەکانی کرێکاران بەسەر کۆمەڵێك پارتیی لە یەکدی جیاوەبوو، نەبان دەکەن و ھیچ ڕەخنەیەک لە چارەکە سەدەیەک (بیست و پێنج ساڵ) ڕابوردووی خۆیان وەک لیدەر و سەرۆک و سکرتێری پارتییەکانی “ڕه‌وته‌ سۆشیالست و كۆمۆنیسته‌كان له‌ عێڕاق” ناگرن و ھیچ سووچێك لە ئەستۆناگرن. ئایا ئاوا کارێك لە ساختەچییەتی ڕامیاریی چیدیکە دەتوانێت پێناسەکەری بێت؛ بەگێلزانینی خەڵک و فێڵکردن و درۆکردن لەتەک خەڵک؟

” 13 . پێویستی بوونی نوێنه‌ری سیاسی سۆشیالزمی زانستی كه‌ دیدگاكه‌ی له‌ مه‌نهه‌جی ماركسی وه‌رگرتبێ وپشتی به‌ستبێ به‌ ماركسیزم وه‌ك مه‌نهه‌ج وتیوری شۆڕشگێر، مه‌سه‌له‌یه‌كی واقعی یه‌ وزه‌روره‌ته‌كه‌ی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگاو ژیانه‌وه‌ هاتوه‌. …. تریبیونێك ونوێنه‌رێك بۆ ماركسیزم وكۆمۆنیزمی پرۆلیتاری ڕه‌خنه‌گرله‌ ڕه‌وته‌ ڕیفۆرمیسته‌كان وسازشكاران وناسیۆنالیسته‌‌كان و”نیشتمانیه‌كان” كه‌به‌ناوی سۆشیالیزم وكۆمۆنیزمه‌وه ده‌دوێن‌ . ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ چه‌ندین له‌و ڕه‌وتانه‌ی له‌ عێڕاقدا هه‌ن به‌رده‌وامی به‌ بوونیان ده‌ده‌ن لە‌ ڕێگای قسه‌ كردن به‌ناوی سیاسه‌تی سۆشیالستی وبه‌ناوی ماركسیه‌ته‌وه‌ ، به‌لام نه‌یانتوانیوه‌ جوابگۆی پێكهێنانی ئامرازێكی خه‌باتكارانه‌ بن به‌ده‌ست چینی كرێكاره‌وه‌، …. ‌ئێمه‌ پێمان وایه‌ ڕه‌وته‌كه‌مان هه‌نگاوێكه‌ به‌ڕاستای نوێنه‌رایه‌تی كردنی سیاسه‌تی كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ وسۆشیالزمی زانستی وئه‌زمونی مێژوویی چینی كرێكار له‌ عێڕاق وجیهان .”

پێش ھەموو شت دێڕی یەکەمی ئەو خاڵە لەنێو پەیڕەوی نێوخۆیی ھەموو گرووپێکی مارکسیستی ھەیە، ھەر ئاوا کە ” ِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ” سەرەتای ھەموو بەشێکی قورئانە. بێجگە لەوە، ھەر ئاوا ھەموو گرووپە مارکیستەکان بە ھەمان شێوەی ئەو ڕاگەیاندنەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” ھەموو گرووپ و پارتییە مارکیسیستییەکانی دیکە بە لادەر و ساختەچی دەناسێنێن. باشە، ئاوای دابنێین، کە ھەموو گرووپەکانی پێش “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” نامارکسیست-بوون و بۆ ئامانجی بۆرجوازییانەیان خۆیان لەژێر دێوجامەی “مارکسیزم” حەشارداوە. باشە چ بەڵگە و بنەمایەک ھەیە، کە گرووپی ناوبراو لە ھەموو ئەوانەی پێش خۆی “لادەرتر” و خراپەکارتر و ساختەچیتر و بۆرجوازییانەتر نەبێت؟ چۆن بڕوا بە کۆمەڵە کەسێك/کەسانێك دەکرێت، کە بیست و پێنج ساڵە [چارەکە سەدەیەکە] لەنێو پارتییەک (حککع) کە دامەزراوی خۆیان بووە لەسەر ڕەچەتەی مەنسووری حیکمەت و لەنێو ئەو پارتییە بکوژ و ببڕ ھەر خۆیان بوون و ھەموو “لادان” و بادان و خراپەکارییەکان و نەزانییەکان و کەچبینینەکان و “تەنگ-نەزەرییەکان” زادەی چالاکی و ھۆش و ئاوەزی ئەوان خۆیان بووە؟

جیا لەوەی کە پارتیی و گرووپە ڕامیارییەکان ئامرازی کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی کرێکارانن بۆ سەروەریی بۆرجوازی، ئایا باشتر نەبوو، کە داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە لەنێو پارتیی دایک بمێننەوەو لە بیست و پێنج ساڵ سەرکردە و ھەمەکارەبوونی خۆیان ڕەخنەبگرن و ئەو شاکارانە ئەنجامبدەن، کە ئێستا لێرە بانگەوازییان بۆ دەکەن؟ ئەی جیاوازی ئەوەی لەنێو ئەو ڕاگەیاندنە بانگەوازی بۆ دەکرێت و ئەوەی پارتیی دایک و پارتییە جیاوەبوو و دەرکراوەکانی دیکە بانگەوازی بۆ دەکەن چییە و جیاوازییەکانیان چین؟ یان درووستکردنی پارتیی باشترین ئامرازە بۆ مسۆگەرکردنی مشەخۆریی و جەنگەکە بۆ ناوبانگخوازیی ئەندامانی کۆمیەتی نێوەندیی و نووسینەگی ڕامیاریی و ڕابەرۆکەکانی خوارتر و چۆنیەتی دابەشکردنی بووجەی پارتییە، کە لەلایەن دەوڵەتانی بۆرجوازی ئەوروپی و دەوڵەتی عیراق لەژێر زۆر ناوی جۆراوجۆرەوە بۆ ئەوان دابیندەکرێت؟

ئەرێ بەڕاست “سۆشیالیزمی زانستیی” چییە و نازانستیبوونی سۆشیالیزمەکانی دیکە چییە؛ ئەگەر پاشکۆی “زانستی” وەک ئاوەڵناوێک بۆ سۆشیالیزم درووستبێت، چ بەڵگەیەک ھەیە، کە سۆشیالیزمەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” زانستیی بێت؟ ئایا پاشکۆی “زانستیی” ئاوەڵناوێکی خەڵەتێرانە نییە بۆ پاساودانی سێکتاریزمی پارتیی؟

ئەگەر سۆشیالیزم و کۆمونیزم سیستەمی کۆمەڵی ناچینایەتی بن، ئیدی لە چەمکە داتاشراوە ئایدیۆلۆجییەکانی “سۆشیالیزمی زانستی” و “سۆشیالیزمی شۆڕشگێڕ” و”سۆشیالیزمی بۆرجوازی” پوووچتر و تەرسەقولتر چی ھەیە؟ سۆشیالیزم یان نییە، یان سیستەمی کۆمەڵی ناچینایەتییە و ھەر ھەوڵێکیش بۆ گەییشتن بە کۆمەڵی ناچینایەتی [نەک دەوڵەت و حکومەت بەناوی سۆشیالیزم]، ھەوڵێکی شۆرشگێڕانەیە و نە کۆنەپەرستیی دارای سۆشیالیزمە و نە بۆرجوازی خوازیاری سۆشیالیزمە، تاکو ئاوەڵناوەکانی “زانستیی” و”شۆڕشگێڕ” و “بۆرجوازیی” لەدوای سۆشیالیزم ڕیزبکرێن. داتاشی ئەو چەمکانە وردەبۆرجوازییە، کە ھەردەم بۆ پاساودانی شکستەکانی خۆی پەنای بۆ داتاشینی چەمکێکی دیکە بردووە، تاکو سەرنجی سۆشیالیستخوازان لەسەر ھۆکاری شکستەکان لابدات و بە دێوجامەیەکی دیکە ئەوان فریوبداتەوە. نە بەڵگەیەک بۆ سۆشیالیست-بوونی بۆرجوازی ھەیە و نە بەڵگەیەک بۆ “ناشۆڕشگیڕبوون و نازانستیی” سۆشیالیزم ھەیە و نە بۆرجوازی و ناشۆڕشگێڕان و کۆنەپەرستان سۆشیالیزمیان ھەیە و نە خوازیاری سۆشیالیزمیش دەبن. ئایا لە ئاوا بارێکدا بێجگە لە جادووگەریی ڕامیاریی لە خەڵک بۆ فریودانەوەی بەناوێكی دیکە، پاشکۆکردنی ئاوەڵناوەکانی “زانستیی” و “شۆڕشگێڕ” و “بۆرجوازی” و “فیئۆداڵیی” و …تد ھیچ پێداویستی و بنەمایەکی مێژوویی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی و کولتووریی نییە؛ تەنیا تەرسەقولبێژیی وردەبۆرجوازین و بەس. ئەگەر سۆشیالیزم و کۆمونیزم ھەبن و دژی فێئۆدالیزم و کۆنەپەرستیی و بۆرجوازیی نەبن و ھی ئەو ڕەوتانە بن، ئەوا یان سۆشیالیزم و کۆمونیزم ئەفسانەبافی و تەرسەقولبێژیی ڕامیارانن، یان درۆیەکی پیرۆزکراوی وردەبۆرجوازی!

سۆشیالیزم / کۆمونیزم دەقیی تەورات و ئینجیل و قورئان نییە، تاکو ھەر کەسە بە ئارەزووی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکات و ناوی ئەو کەسە ھەڵبگرێت. بیرۆکەی سۆشیالیزم/کۆمونیزم لەنێوبردنی کۆمەڵی چینایەتی و ڕۆنانی کۆمەڵێکی ناچینایەتییە. ئایا کەسی کۆنەپەرست، فیئۆدال و بۆرجوازی دەتوانێت ھەڵگری ئاوا بیرۆکەیە بێت، یان ھیچ کات کۆنەپەرستان و فیئۆداڵان و بۆرجوایان خوازیاری کۆمەڵی ناچینایەتی بوون، تاکو سۆشیالیزم بۆ خۆجیاکردنەوە پێویستی بە پاشکۆکردنی ئاوەڵناوەکانی “زانستی” و “نازانستیی” و “فیئۆداڵیی” و “جوتیاریی” و “شۆڕشگێڕ” و “ناشۆڕشگێڕ” و بۆرجوازیی و “کرێکاریی و پڕۆلیتێری” ھەبێت؟

جیا لەوەی کە ھیچ گرووپ و پارتییەکی ڕامیار ناتوانێت سۆشیالیستی/ کۆمونیستی [ناچینایەتی] بێت، چونکە پێکھاتەی ڕامیاریی بەخۆی پێکھاتەیەکی چینایەتیی و کۆپیکراوی پێکھاتەی کۆمەڵی چینایەتییە. ئەگەر ئاوای لەبەرچاوبگرین، کە ئەگەری سۆشیالیستبوون و شۆڕشگێڕبوونی یەکێك یان چەند دانەیەک لە دەرزەنە پارتییە “کۆمونیستەکان” ھەیە، ئێمەی پڕۆلیتێری “نەزان و دەبەنگ” چۆن بزانین، کە کامەیان “زانستیی” و “شۆڕشگیڕ” و “کرێکاری و پڕۆلیتێریی”یە، لە کاتێکدا پەیڕەو و بەرنامە و پاگەندەی ھەموویان لەم سەر تاکو ئەو سەری جیھان ھەر یەکە و تەنیا پاش و پێشی ڕستە و بڕگەکان و جیاواز داڕشتنی دەقەکان جیاوازی ھەیە و تەنانەت ئەگەر لەتەک پەیڕەوی پارتییە دەستە ڕاستەکان بەراوردییان بکەین، بێجگە لە چەند سوێندخواردنێکی ئایدیلۆجیی بە “مارکسیزم”، جیاواززییەکی ئەوتۆی ئامانجیی و ستراتیجیی نابیندرێت؟

“14 . خه‌باتی كرێكاری به‌ ڕووی سه‌رمایه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌‌ به‌ژیانی چینی كرێكار وڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی دژ بە چه‌وسانه‌وه‌ “

ئەو خاڵە، نە لێکدانەوەیە، نە دۆزینەوەی پێکھاتەیە، نە بنەمای کار و چالاکییە، نە ئامانجە. وەک ئەوەیە، بنووسیت: منداڵ بە گەورەبوونی پیر-دەنێت. نە سەلماندی گەرەکە و نە داھێنان و نە دۆزینەوەی نەزانراوێکە. ئەگەر ئەوە “زانستیی”بوونی “سۆشیالیزم”ەکەی “ڕابەرانی بزووتنەوەی کۆمونیستی بێت، ھەزار سڵاوات لە نەزانیی خۆم.


“15 . بزوتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی وحزبه‌كه‌ی، له‌ دیدگای ئێمه‌وه‌ ،بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی چینایه‌تیه‌ وبه‌شێكه‌‌ له‌ دینامیزمی كێشمه‌كێشی چینایه‌تی وسیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی وفكری له‌ كۆمه‌ڵگادا. بۆیه‌ ئێمه‌ نه‌ فیرقه‌یه‌كی حزبی ونه‌ فیرقه‌یه‌كی فكری سیاسی وئایدۆلۆژی بێخه‌وش ودابڕاو له‌كۆمه‌ڵگا نین كه‌ به‌دوای خاوێنی فكری وتیوریدا بگه‌ڕێێن. ….. وه‌حزبی كۆمۆنیستی پرۆلیتاری حزبێكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و سه‌ربه‌خۆیی چینی كرێكار له‌ ڕوی سیاسی ئه‌نجام ده‌دا و شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار ڕێكده‌خا و ڕابه‌ری ده‌كا به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن. كۆمۆنیزم ڕه‌خنه‌ی فیعلی كرێكاره‌ به‌دژی سه‌رمایه‌داری وه‌به‌م مانایه‌ شتێك نیه‌ جگه‌ له ڕه‌وتێكی سیاسی وفكری، دیاریکراوی جیاواز لە رەوتەکانی تر، کە سه‌ر به‌ چینی كرێكار و ڕه‌خنه‌ی فیعلی ئه‌وە له‌ سه‌رمایه‌داری وه‌ك سیستمێكی چینایه‌تی ناكۆك ودژبه‌یه‌ك . “

گەلۆ ئەرێ دارێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بەخۆیان دەزانن چی دەڵێن و چۆن ئەو پارادۆکسانە لەیەکدی گرێدەدەنەوە؟ ئەگەر پارتیی “کۆمونیست” بابەتێکی کۆمەڵایەتییە، ئەی گارە گاری بیست و پێنج ساڵی ڕابوردووی سەرانی (حککع) کە بەشێک لە ئەوان ھەر ھەمان داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندنەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” دەبن، لەپێناو چی بووە؛ ئەگەر پارتیی کۆمونیست بەخۆی بابەتێکی کۆمەڵایەتییە؛ ئایا دەکرێت شتێک بەخۆی بابەتێکی کۆمەڵایەیتی بێت، بەڵام پێویستی بە کۆمەڵایەتییبوونەوە ھەبێت؛ بۆچی توانای نییە، کە لەنێوەندی ناڕەزایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سەرھەڵبدات؟

ئەوە زۆر گرنگە، کە ڕابەرانی “پڕۆلیتاریا” نائاگایانە بەخۆیان ئەوە دەسەلمێنن، کە ئەوان “‌ فیرقه‌یه‌كی حزبی و فیرقه‌یه‌كی فكری سیاسی وئایدۆلۆژی خه‌وشداری ودابڕاو له‌كۆمه‌ڵگا” ھەن، ئیدی کۆمەڵایەتییبوونی پارتییەکەیان چۆن دەسەلمێنن؟ ئەگەر پارتییەکەی ئەوان کرێکاران بە “دەسەپاچە و گێل ونەزان و ناتوانا” نازانن، ئیدی چینی کرێکار و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەی چینی کرێکار چ پێویستییەکی بە دەستەبژێرێکی وردەبۆرجوازی ڕامیار لە دەرەوەی خۆی ھەیە، تاکو وەک خێرخوازێك بێت و کرێکاران وەک ڕانەمەڕ بەرەو بەھەشتەی “پارتیی رابەر” بەرخۆی بدات؟ ئەگەر کۆمونیزم ڕەخنەی کردەیی کرێکارە لە سەرمایەداریی، ئیدی چۆن دەکرێت و دەتوانرێت “کۆمونیزمی فیئۆداڵی و بۆرجوازیی” بوونی ھەبێت؟

درێژەی ھەیە …[ بەشی دووەم ]
———————————————————-
* ھەڵبەتە من بڕوای تەواوم بە ڕۆڵی بنەڕەتیی و چارەنووسسازی کرێکارانی ھوشیار و شۆڕشخواز ھەیە، بەڵام بە ھوشیاریی و پێشڕەویی خود کرێکاران نەک ڕابەریی وردەبۆرجوازیی خۆ-بە-فریادڕەس-زان http://fullreels.com/ru/video/Wnu-EFh8SL0/

** لینکی پەڕتووکی مێزگردی پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان، (ئەزموونی خەبانی جەماوەریی ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨) https://bekaran.wordpress.com/2013/08/30

*** لینکی دەقی ڕاگەیاندنی باڵێکی سەرکردایەتی (حککع) بەناوی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق” http://www.hawpshti.com/ku/?p=19187




کۆمەڵەی کتێب دۆست و نیچەیزم … هاوتا کوردستانی

کۆمەڵەی “کتێب دۆست”ی خورماڵ کۆمەڵەیەکن هەڵگری شوناسی دۆستایەتی کردنی کتێب و ئاشتبوونەوەی تاک و کتێب و تاک و کۆمەڵ و تاک و خوود کار دەکەن ، لەم پێنج شەش مانگەی تەمەنیدا توانیویەتی کۆمەڵێک پڕەسیپ بەرز بنرخێنێ و کۆمەڵێ جووڵەی هەیمەنەدار بکات ، چونە نێو ناواخنی کتێب و چوونە نێو دونیای کتێبەکان و پرسگەلەکانەوە، بەها و کردارە عەمەلیەکان وای کردووە هەنگاوەکانیان شوێن پێی خۆیان جێ بهێڵن .

کۆمەڵەیەک کە پێکهاتوە لە گەنج و لاوانێکی بەهرەمەند و لێهاتوو وە خاوەن تێڕوانینێکی گشتگیر و عەقڵانی بۆ سەرجەم پرس و پرسگەڵۆکەکان ، کە مەودای هزری و ڕۆشنگەری پێکەوەی کۆکردونەتەوە و بارگاوی بوون بەڕەهەند و ئاکارە باڵاکانی هزری و لە ڕێگەی دانیشتنەکانیان پێگە مەعریفیەکان شەن و کەو دەکەن و پڕەنسیپی کارەکانیان لەسەر مۆڕاڵیەتێکی تۆکمە و قایم خۆی بونیاد ناوە ، بەهەموو شێوەک جیاوازتر دەردەکەون و بەشێوەیەک لە شێوەکان جیاوازیەکی گشتگیر بەدی دەکرێت لە کارەکانیاندا و وە خۆیان کەنارگیر کردووە لەو دید و تێڕوانینە کلاسیکی و پاتریارکیەی کە بەدرێژایی ماوە لە کۆمەڵگای کوردیدا بەرجەستە بووە و ئامادەیی هەبووە بەڵکو فۆڕمێکی دیکەیان هێناوەتە نێو ئاکارە مەعریفیەکانەوە .

هیوادارم ئەمە دەستپێکێکی جوان و ناوازە بێت بۆ سەرجەم گروپ و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان کە بە پڕەسیپیەکانیاندا بچنەوە و شوناسێکی دیکە هەڵگرنەوە و ئەم کۆمەڵەیەش بێتە پێشەنگ بۆ ئەوانی دیکەش ،
وە کۆمەڵەی کتێب دۆست لەتەقەلای ئەوەدانە کە هزرگەری و ئەو فۆڕمە لەتێڕوانین و بەرخوردە عەقڵانیانە بکەن بە کولتورێکی کۆمەڵگای کوردی و تازەگەریەک و بوونیادێکی دیکە و شوناسێکی دیکە بەرجەستە بکەن و ئەو کولتورە جێبهێڵن کە ئامادەیی هەیە و خۆیان کەنارگیر بکەن لەو فۆڕمە مەعریفیەی کە بەشێوەکی شاقووڵی درێژکراوەی هەمان بەها داخراوەکانی هاوچەرخبوون و کرانەوەیە لە ئێستای کوردستاندا .

کە تەواو ئاوێزان بوون و فۆرمەڵە بوون بە فەلسەفەکەی نیچەنیزم کاتێک کە ڕێچکەی فەلسەفەکەی فردریک نیچە دەڵێ ” من داوای جەنگ ئەکەم ، جەنگێکی بێ ئاگر و ئاسن ، جەنگێک تێیدا تێزەکان و بیرەکان لەپێکداداندا بن و خاوەن بیرەکانیش لە مەیدان ” مەبەستی هەڵوەدا بوونی جەنگێکە کە جەنگی دیالۆگە هزریەکانە کە تێیدا پێکدادانی بیرە جیاوازەکاندا بێت و جەنگێک پێچەوانەوەی جەنگەکان کە ئاگر و ئاسن ئامڕازی جەنگەکە بێت ، عەقڵانیەت و بەرخوردەکان ئامڕازی جەنگەکەن و وە لەبری ئاژاوە و کوشتار، کامەرانی و گەشتن بەدەروازەی حەقیەقەت بەدوای خۆیدا دەهێنێ ، ئەمەش ئەو فەلسەفەیه کە تەواو ڕەگی داکوتیوە لەم کۆمەڵەیەدا .

سەرەڕای بوونی هەل و مەرج و بارودۆخە نالەبارەکانی کۆمەڵگای کوردی لەزۆر لایەنەوە بیگرە لەلایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکری و بیگرە هەتاکو لایەنی ئابووری و ئەو دۆخە نالەبارەی، زۆرینەی نەک هەمووی توشی نائومێدی و دەستەوسانی کردووە و وای کردووە زۆر بەها کەنارگیر بێت بەڵام لێرەوە هەموو ئەوانە لەلایەک و تەقەڵا و هەم و خەمی ئەمانیش لەلایەک وای کردووە شتەکان نەوەستێت و کەشتی مەعریفەت بەشێوەک لەشێوەکان هەنگاوی خۆی بنێت و نەوەستێت و تادەگاتە کەنارێکی ئارام و هێمن .

لەبوونی لەم فۆڕمە لەگروپ و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان ئەتوانێت دەروازەیەکی گرنگ و جەوهەردار بێت بۆ کردنەوەی زۆر دەرگای دیکە و وە ئامادەییان بەتایبەت لە کۆمەڵگای کوردیدا جێگەی ئومێدە و دەتوانین زۆر ئومێد و هیوایان لەسەر هەڵچنین و بتوانن ئاڕاستەیەکی دیکە بدەنەوە بۆ کۆمەڵ و بەها چەسپیوەکان و بتوانن نوێبوونەوەیەک بەتەواوی مانا نوێ بوونەوە بەرجەستەی نێو تاکەکان و کۆمەڵیش بکەن ، وەسەلمێنەری هەموو ئەوانەش ئەوەیە لە غیابی بوونی لەم فۆڕمەی کارکردن و مامەڵەی مەعریفی بەدرێژایی ئەو تەمەنە مەعریفیەی کوردی ئەم هەنگاوانەی تێدا بەرجەستە نەبووە وە ئێستاش پشتکردن لێان دەمانباتەوە هەمان ئاقارەکانی ڕابردوو و دیسان داخرانەوە بەڕووی هاوچەرخبووندا و تەنها بەپشتیوانی کردن و دەست خستنە دەستی نێو تاکەکانیش بێت لەتوانایاندا هەیە ڕێڕەوێکی دیکە بەرجەستە ببێت و هەموو تاکێک تێکەڵ ببێت بە پرسی ئینسانبوون و تاکەکان بگەڕێنەوە نێو پرسی ئینسانبوون بەمانا مۆدێرنیەکەی نەوەک بەو مانا ئینسانیەی کەئێستا لەکۆمەڵگای کوردی بەرجەستەیە .




دوو شیعر شیعری: … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ئێوە چ شیعرێکتان دەوێ؟

ئێوە شیعرێکتان لێم دەوێ پڕ لەپێچ و لە پەنا بێ
دوور لە دەردەکانی ژیان هەڵبکورمێ و
بەچاوی تیژی وشەوە
ببێ بە پەت تا ئینسان دیلی فەنا بێ
ئێوە شیعرێکتان لێم دەوێ شەرمن .. بێدەنگ
دەنگی یاخی لێوە نەیێ
دەروازەی نائومێدی بێ و
پەنجەرەکانی خەیاڵی
جەستەی قاقا و لەشی ماندوو و
گیانی هەلابەهەلای گیانبەختکردووانی پێوە نەیێ
ئێوە شیعرێکتان لێم دەوێ پڕ لە لوغز و ناڕۆشن بێ
نەهێشێنێ دڵی بێبەزەیی سەرمایە
ڕوو بە هەق نەدوێ و لانەدا پەردە لەسەر ڕووی دزێوی ئەم دونیایە
ئێوە نازانن شیعری من گشت بەیانییەک بەر لەوەی غەدر خەبەری ببێتەوە
ئەو لەبەر دەرگای کارگەکان
لەمەیدانی کرێکارانی شارەکان
لەنێو کونجی تاریکایی زیندانەکان
لەنێو ترس و هەڕەشەی پیاو دژ بە ژنان خەریکی ئاواز چڕینن
مەقەستێکن بێهەدادان خەریکی ستەم بڕینن
من ناتوانم شیعرێ بڵێم بێدەنگ بێدەنگ لەبەردەم قاپی کۆشکەکانی سوڵتان و
چەوسێنەران لە چاوەڕوانی پارە بێ
من ناتوانم شیعرێ بڵێم دوور لەزام و لە ئازار و دەردی خەڵکی زەحمەتکێش بێ و
نووتەکێ بێ پێچەوانەی ڕێ چارە بێ
من دەربار نیم.. کۆیلە و مەسینەهەڵگر نیم بۆ هیچ هێز و دەسەڵاتێ
شیعرم ئازادە و ملکەچی قەت لا نییە بۆ مەعاش و خانوو و عەرزە و
سەر شۆڕ ناکات لەبەردەم هیچ پیا هەڵگوتن و خەڵاتێ
من شیعرێکتان بۆ دەنووسم لەناو کارگە بۆ کرێکار ببێ بە چەتری تووڕەیی
لەنێو کۆڕی خانەوادەی زەحمەتکێشان تووڕ هەڵبدا لە عەیب و عارە و شوورەیی
ئەو شیعرەی من لەگۆشەی زیندانی غەدرا
ببێ بە پەنجەرەی حەزێ
لەنێو دەریا و ڕێگای قاچاخی هەڵاتن لە زوڵم و زۆر
بۆ گەرووی ئینسانی ڕێبوار ببێ بە شەراب و ڕەزێ
من شیعرێکتان بۆ دەنووسم خاوەن بەڵێنی تاسەر بێ
لەگەڵ ئازاری ئینسانەکان بژێت و
لەگەڵ خەڵکی ئاوارەدا دەربەدەر بێ
وشەکانی ببن بە ژێ بۆ دەنگی پڕ لە بانگەواز
ببن بە ورەی پۆڵایین ببن بە گۆرانی و ئاواز
گەر دەتانەوێ ببینن شیعری مەشخەڵ چەند کەڵەگەت و سەربەرزە
لە لووتکەیا بۆی بگەڕێن نەک لەم دەشتایی و سەر ئەرزە
من شیعرێکتان بۆ ئەنووسم لەگەڵ خەندە و وێردی زارتان
لەهەڵپەرکێ و لە سەما بێ
بۆ لەدەستدانی ئازیزان هەم لەپرسە و لەخەما بێ
من شیعرێکتان بۆ ئەنووسم خاکیی سادە
بۆنی هەمان بۆنی باران
تاسەی هەمان تاسەی خەڵک بۆ ئازادی
چاوگ هەمان مانیفێستی جاری جاران
من شیعرێکتان بۆ ئەنووسم
نیگای هەمان نیگای پڕ لە خۆشەویستی بۆ ڕزگاری کرێکاران
شیعرێک ببێتە ڕووبار و دارچنارەکانی خەون ئاو بدات و
ڕۆحی ڕۆژگارە وشکەکانی تێکۆشان تێراو بکا و
گۆرانییەکەی (لینین) زیندوو بکاتەوە
شیعرێک ببێتە کەنارێک بۆ کەپڵی عەشق
کەپڵی ئارەزووی خەبات و
کەپڵی ئومێد و ڕزگاری بەرەو سنوورەکانی ئومێد و خۆزگە بباتەوە
شیعرێک دەستێکی سەوزەڵانی ژیان بێ و
دەستەکەی تر، گڕ بێ دژ بە نا یەکسانی زۆر و غەدر
شیعرێک بۆ ڕەهێڵەی ستەم بۆ ئینسان ببێ بە چەتر
من ئەو شیعرە شۆڕشگێڕە ئەنووسم و
ئێوەش چی ناو دەنێن بنێنن
با وڕێنەکانی نووسەرانی دەربار، نووسەرانی بورژوازی
کڵاو بێخەمی لەسەر نێن.

ئەیلوولی ٢٠١٧

سروودی کۆڵبەر

لەم سەرەتای سەدەی بیست و یەکەی تیایدا زیندووم دەژیم
وەکو ماشێن وەکو ڕۆبۆت کار دەکەم و
ئارەقەی ئیش بۆ ژیانێکی سەربەرزانە دەڕێژم
لەنێو پەتووی ڕۆژگارەکان، لەسەر پشتی ئەستێڵکێک لە خەم و حەسرەت
دانە دانە چرۆی خەون و ئومێدەکان لەنێو چاڵی زەمەنی غەددار دەنێژم
سەیری دەستەکانم دەکەم زبر و شەقار
پێستی ژێر هەتاوی ژینم شەق شەق بووە
وشەی یاخیم ڕوو بە ستەم و زۆرداری سەرمایەدار تا بڵێی زبر و ڕەق بووە
ئەمن دەڕۆم پەیژەکانی ڕوو لەسەر و ڕوو لە خواری تێکۆشانم ناسیوە هەر وەک حەزی خۆم
لەتاو برسێتی هاوچین و ئەوڕەشەخێزانەی هەمە ڕۆژانە خەم و داخ دەخۆم
من کۆڵبەرم…کۆڵی ژانی ئەم ژیانەم بەکۆڵەوە
لەناو ئەم چاخە نوێیەوە چاخی بە گوند بوونی جیهان
وێڵم بەدوای ناو و نیشان
لەم پەراوێزی زەمەنە بە پشتی کۆم و هەناسەی تاساومەوە
بۆ بژیوی ماڵومنداڵ کەوتومەتە سۆراخی نان
لە کەلێنی زامەکانی ئەم ڕۆژگارە دەڕوانمە ئەو خۆزگانەی کەوا هەڵدێن وەکو هەتاو
من لەچاوی برسێتییەوە خەریکە ئەبمە ئەو خەونە ڕەنگینانەی
بەرەو ڕووی ڕۆژەکانم دێن بە غار پرتاو
من لەزاری هاوارەوە ئەوا دەبم بەو گۆرانییەی هەموو دەمێک دەمڵێتەوە
دەستی ڕەشی ژێر سێبەر ڕیشی ئاخوندێک
بێئەوەی ئۆخەیەک بکەم هەناسەم دەبڕێ و ئەوسا دەمکوژێتەوە
مێزەرێک لە تەڵە و ستەم
هەر بە تەسبیحی ئیعدام و خوا پەرستی کۆڵەکانم لێوەردەگرێ و
دەیخاتە سەر شانی ماڵو منداڵی برسی و بێچارەم
برینێک دەخاتە ڕۆحم، ڕۆحی هەژاری بێپارەم
من کۆڵبەرم… تەنها خۆم و تەنها مانگ و ئەستێرەکان دەزانین چۆن ڕەنجم داوە
ئەژدیهای مەرگ لە ناوەختدا چۆن قەپاڵی لە ڕۆحی زامدارم داوە
توولەڕێگای ئەو هەڵدێر و شاخانەی سنوور دەزانن دڵی من چەند پڕ تاسەیە
ژێر گەوەڕ و تاشە بەردەکان بینەری وەرینی دونیایەک خۆزگە و هەناسەیە
بۆرژوا دەزانێ ئەو کارە مەرگهێنەرەی دەیکەین
لەسەر شانی ڕۆژەکانی ئەم تەمەنەم بست بست دەمخاتە ژێر ئەرز
گیانم لە قەفەس دەنێت و دامدەڕزێنی لەژێر قەرز
من کۆڵبەرم…ئاوازێکم دێتە گوێ غەمگین و هێمن
سۆناتایە بۆ ئەو دەرد و بەڵایانەی وەکو باران دەبارێنە سەر جەستەمان
ئەومیلۆدییە دڵ گوێی لێیە هەناسەیە بۆ بەستەمان
چەند دەکوژرێم..چەند لەنێو مەنجەنیقی زۆر دێمە سووتان
وەکو گەنم لەنێو بەرداشی ژیان و مەرگی ناوەخت دێمە کوتان
کۆڵ نادەم و کۆڵی ژینم بەکۆڵەوە
باڵەخانەی ئەم ئومێدەم نایە سەر یەک
لەنێو دڵی ئەم لووتکە و شاخ و دۆڵەوە
من کۆڵبەرم…کۆڵنەدەرم گڕم لافاوم جەربەزەم
بۆ نەمانی چەوسانەوە و ژێردەستی و کۆیلەتی ژیان
ڕەهێڵەم زریانم تەرزەم
من کۆڵبەرم.. بەکۆڵی خۆم حەسرەتەکانم دەبەم بۆ بازاڕی ژین
ڕق و دەرد و برسێتی و خەم
وەکو تۆزی دوای کارکردن دادەتەکێنم لەخۆم و
چاپووک چاپووک هەڵدەزنێم بە شاخەکانی ڕزگاربوون
هەتا ئەو ڕۆژە بێتە دی منی ڕەنجدەر
دژ بە ستەم
دەبم بە باهۆزی سوور و بە گەردەلوولی تووڕەبوون

ئەیلوولی ٢٠١٧




تاوەباران … چاوە/ فاتح شێخ

“… خۆزگە بەو ڕۆژەی بەهار
بە جووت لە بەر بارانێ”
(لە گۆرانیێکی مەزهەر خالقی)
بە لاتیری تاوەبارانا دارەکان تێ ئەپەڕن، گورج
بە گەڵاکانیانا شۆڕ شۆڕ ئاو دائەچۆڕێ
ئەڵێی ئازیەتبارن، بە هەزاران چاو فرمێسک ئەبارێنن.
پۆل پۆل گەڵا بە هەوای وەشت،
خۆشی خۆشی هەڵئەپەڕن،
تاوێ
کەچی بە چاوترووکانێ لەولاترێ ئەکەونە زەوی
پەل پان ئەکەنەوە، ئەمرن.
ئۆی لەم پایزە خەمبارە
ئۆی چەنێ بە تاوەباران خەمبارتر ئەنوێنێ پایز

***

هێلانه کۆترەکان خووساون،
تەواو
کۆترە باڵ تەڕەکان خزاونەتە پاساران
خۆیان ئەشارنەوە لە تاوەباران
پەڕە سەوز و بۆرەکانیان
ڕائەشەکێنن
دڵۆپی دەنک پچوکی بلوری
لە سەر و کاکۆڵ ئەتەکێنن
ئۆی لە ئێوارە بارانی پایز،
چ بە ناکاو دا ئەکا
چ بە ناوەخت ئەبارێ،
چ بە خوڕڕەم

***

شەوانە با بە ویزەویز ئەکەوێتە گیانی دارسان
هەرچی گەڵا زەردەڵەیە ئەپروێنێ
بە جارێ ئەیانداتە بەر بەرەو کەسنەزان
بەدەم با و بۆرانەوە هەپرون هەپرون ئەبن
گەڵا زەردەڵەکان
ئۆی شەوانی پایز چ تاریکسان و کاولکارن
باران و بۆرانی پایزەشەو چ ڕێونکەرن،
چ سەرشێوێن و بێفەڕن

***

من عاشقی تاوەبارانی بەهارانم
بە دەنکە دەنکەی ئەبووژێمەوە
گەزگەز باڵا ئەکەم بە ڕەهێڵەکان و لێزمەکانی
برینەکانم بە دڵۆپ دڵۆپی ئەشۆمەوە
هازی ژیان و سۆزی بێ ئەوپەڕی خۆشەویستی
بە گیانما ئەگەڕێ
دە وەرە
ئەی تاوەبارانی بەهاری
دە وەرە
تا دوا تنۆکت
ببارە بەسەرما
ئەی بەهارە باران

چاوە/ فاتح شێخ- حەوتی هەشتی ٢٠١٧




دوایین شه‌وه‌كانی سیمرخ …. سه‌ڵاح شوان

1
تا ئه‌مڕۆكه‌ش…
هه‌موو ڕۆژێك كاتێ‌ كه‌ ئێواره‌ دادێ‌
به‌ یادی عه‌شقه‌ جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی تۆ
په‌رده‌كانی دڵم داده‌ده‌مه‌وه‌ و
مۆمه‌ شیعرێكی گه‌شی وه‌ك چاوه‌كانت
داده‌گیرسێنم و بێده‌نگ
پشت له‌م سه‌رده‌می گورگانه‌ ده‌كه‌م و
ڕووه‌و ڕۆژئاوا داده‌نیشم
زۆر چاوه‌ڕێم كرد تاوه‌كو كوێرییم داهات
ئێستاكه‌ش خۆری خوداكه‌ی تۆ
لێم هه‌ڵنه‌هات
تازه‌ به‌م دره‌نگان شه‌وه‌
به‌م دره‌نگه‌ زه‌مانه‌
به‌ ده‌م مه‌ستیی و نه‌ستییه‌وه‌
نه‌ خۆر هه‌ڵدێ‌ و نه‌ من چاوه‌ڕوانی خۆرم
به‌ مۆمه‌ كوژاوه‌كانی خه‌ونه‌كانمدا ده‌چمه‌وه‌
لاپه‌ڕه‌ به‌ لاپه‌ڕه‌ هه‌ڵیان ده‌ده‌مه‌وه‌ به‌ڵكو
له‌م شه‌وه‌ سارد و تاریكه‌ی دوادواییدا
ترووسكاییه‌ك ببینم
هیچ دیار نییه‌
وتی لێره‌ دانیشه‌
له‌گه‌ڵا یه‌كه‌م گزنگی خۆرهه‌ڵاتندا دێمه‌وه‌
ئێستا و ئه‌وسا نه‌مدییه‌وه‌
تا ئه‌مڕۆكه‌ش…
هه‌موو ڕۆژێك كاتێك كه‌ ئێواره‌ دادێ‌
به‌ یادی عه‌شقه‌ جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی تۆ
په‌رده‌كانی دڵم داده‌ده‌مه‌وه‌ و
مۆمه‌ شیعرێكی گه‌شی وه‌ك چاوه‌كانت
داده‌گیرسێنم و بێده‌نگ
پشت له‌م سه‌رده‌می گورگانه‌ ده‌كه‌م و
ڕووه‌و ڕۆژئاوا داده‌نیشم
خۆی پێی وتم
كاڵا و كرچه‌ به‌ری داری زڕی ئه‌وان
بۆش و به‌تاڵه‌ په‌یامی پێغه‌مدزان
من به‌ خوێنی باخچه‌ی ته‌مه‌ن بۆت ده‌نووسم
گه‌ر یه‌ك جار بیخوێنیته‌وه‌
ئیتر پێویستت به‌ پاپۆڕ نابێت تاكو
ده‌ریاكانی هوشیاریی پێ‌ په‌ی بكه‌ی
2
با شه‌ویش بێت و با دنیا
ئاگربارانی دۆزه‌خ بێت
من ده‌یبینم
خۆی به‌ په‌ڕه‌ی گوڵێكی وه‌ریو پۆشیوه‌
تا به‌ ئاگری دۆزه‌خی مارس نه‌سووتێ‌
تۆ سه‌یریكه‌…
ئه‌م گه‌ردوونه‌ چۆن له‌ گۆمی
قیڕی توواوه‌ی تاریكیی خودای جه‌نگدا
توواوه‌ته‌وه‌ و خنكاوه‌
ئه‌وه‌ شیعره‌، یان كۆنه‌ دڵی عه‌شقێكه‌
وا به‌ شمشێری خوداكان ئاوه‌ها له‌تله‌ت كراوه‌؟
ئه‌وه‌ ئاواته‌كانی منه‌، یان ئاوازه‌كانی داوده‌
وا دڵی ئه‌مدیو و ئه‌ودیو
به‌ تیری ڕق سمێنراوه‌؟
به‌ردبارانه‌، ئاگربارانه‌
غه‌مبارانه‌ ئه‌م گه‌ردوونه‌ ئه‌مشه‌و
كوا تازه‌ به‌ من چاره‌ ده‌كرێ‌
ئه‌م به‌زم و ڕه‌زمی زه‌مانه‌!
كوا تازه‌ من چاره‌سه‌ری ئه‌م به‌زم و ڕه‌زمی زه‌مانه‌م پێده‌كرێ‌
3
ئێستا له‌ دوایین هه‌نگاودا
ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه‌ ڕێگام خۆڵه‌مێشه‌
نازانم كێ‌ پێشتر گڕی تێبه‌رداوه‌
نازانم كێ‌
كێ‌ بوو؟ بۆچی؟
گوڵزاره‌كه‌ی ئه‌وسای جێگا دڵداریمانی كردووه‌
به‌ وشكه‌ خاكێكی وه‌كو
وه‌كو دڵم ڕه‌ق و چۆڵا و شه‌قار شه‌قار؟
ئه‌و وتی ئێستاش هه‌ر ماوه‌
تۆ نایبینیت
كوێره‌ چاوێك خه‌و به‌ خۆری سبه‌ینێوه‌ نه‌بینێ‌
وێرانه‌ دڵێك نه‌بێته‌ چوارچێوه‌ی خۆرێكی عاشق
من هه‌ردوو خۆره‌كه‌م دۆڕاند
4
ئه‌و وتی به‌سه‌ با ئه‌مشه‌و
له‌وه‌ زیاتر نه‌خۆینه‌وه‌
من دوایین شیعرم هێشتاكه‌ له‌ نیوه‌بوو
كه‌ سه‌یری ده‌وری خۆم ده‌كه‌م كه‌س نه‌ماوه‌
هیچ كوێیه‌كم لێ‌ دیار نییه‌
هیچ ده‌نگێكیش له‌م مه‌یخانه‌یه‌وه‌ نایا ئه‌م شه‌و
دنیا ئه‌م شه‌و مه‌یخانه‌یه‌كی چۆڵی داخراوه‌
وێرانه‌ وێرانه‌ وێران
ئه‌م خاكی خودایه‌ خه‌وتووه‌
تاریكه‌خاكه‌ ئا ئه‌م شه‌و
منیش له‌ خودا
ته‌نیاتر و
دڵته‌نگتر و
بێزارترم
5
جه‌للاد جارێكیان
شێره‌كانی خۆی به‌ردایه‌ گیانم تا بمخۆن
من شیعربارانیانم كرد
به‌ڵام تائێستاش نه‌ڕه‌یان
دێته‌ گوێم له‌ودیو دیواری
زه‌مانه‌وه‌ خۆیان مه‌ڵاس داوه‌ بۆم
ڕۆژێك دێت په‌لامارم بده‌ن
6
من وتم به‌هه‌شتم ناوێ‌
به‌ ڕووباری شیر و شه‌راب و هه‌نگوینه‌وه‌
ته‌نیا شیعرێك
ته‌نیا پێكێك
به‌ یادی چاوه‌كانی تۆ بیخۆمه‌وه‌
7
…ئا ئه‌مڕۆ نا
دوێنێ بوو هه‌ر ته‌نیا دوێنێ‌
ڕه‌وه‌ كۆترێكی سپی
ئا لێره‌دا هه‌ڵنیشتبوون
نازانم كام گه‌رده‌لوولی قینێك هات
ڕاپێچی ئه‌و دنیای كردن؟
كامه‌ دنیا؟ كامه‌ ئه‌ودیو؟
دنیا هه‌ر یه‌ك دیوه‌ و هه‌رگیز
خودا ڕوویه‌كی دیكه‌ی نییه‌
ئاسمان هه‌ر یه‌ك ڕه‌نگه‌ هه‌رگیز
ڕاستی ڕه‌نگی دیكه‌ی نییه‌
شیعر هه‌ر یه‌ك ده‌نگه‌، باران
هیچ ده‌نگێكی دیكه‌ی نییه‌
ئه‌ودیو، ئه‌وسا، ئه‌و دنیا و ئه‌و
ئه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن
كه‌ی؟ له‌ كوێ‌؟ چۆن ده‌رده‌كه‌ون؟
من چاوه‌ڕوانیی زیاترم پێناكرێ‌
8
له‌وه‌ته‌ی هه‌م ده‌خولێمه‌وه‌
به‌ده‌وری خۆم و ئه‌وان و شوێنه‌كان و كاته‌كاندا
نه‌ چراكه‌ی دیۆجینۆسم پێیه‌
نه‌ زوڕناكه‌ی داود
هه‌رچی هه‌یه‌ وه‌كو من ده‌خولێته‌وه‌
به‌ده‌وری خۆی و خودادا
زه‌وی و خۆر و ڕێی كاكێشان و گشت گه‌ردوون ده‌خولێنه‌وه‌
خه‌ڵكی له‌ ده‌وری به‌رده‌ ڕه‌شه‌كه‌ی ده‌ستی ڕاستی ئه‌ڵڵا
دایكم پێمی ده‌گوت: له‌ ده‌ورت گه‌ڕێم
شۆفێر له‌ ده‌وری فولكه‌كه‌ی سه‌را
گه‌رده‌لوول، گێژه‌نگ
ئه‌تۆم و ئه‌وه‌ی نایبینین
هه‌ر هه‌موو ده‌خولێنه‌وه‌.
ئه‌ی خودا به‌ ده‌وره‌ی كێ‌، چیدا ده‌خولێته‌وه‌؟
ئه‌م خولانه‌وانه‌ گشت پووچن
خولانه‌وه‌ی من و زه‌وی و ئه‌ستێره‌كان و گشت گه‌ردوون
كێ‌ ده‌توانێت ڕایان بگرێ؟
9
كێ‌ له‌ خولانه‌وه‌ ده‌وه‌ستێ‌؟
كێ‌ له‌ كوێدا ڕاده‌وه‌ستێ‌؟
له‌ سه‌ره‌تا، یان ناوه‌ڕاست، یان كۆتایی؟
سه‌ره‌تای كۆڵان، یان شه‌قام؟
سه‌ره‌تای ڕۆژ؟ خواردن؟ كردن؟
سه‌ره‌تای ژیان؟ یان مردن؟
كوا سه‌ره‌تای من له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێده‌كات؟
له‌دایكبوون، یان كۆرپه‌یی، یان له‌ له‌شی دایك و باوكمدا
ئه‌ی ئه‌وان له‌ كوێیان هێنام؟
ئه‌ڵڵا ده‌ڵێت: له‌ ئاده‌م و له‌ حه‌واوه‌ من هێناتم
داروین ده‌ڵێت: له‌ دوو ترشۆكه‌ی ده‌ریاوه‌
ئه‌ی ده‌ریا خۆی له‌ كوێوه‌ هات؟
ئه‌ی خودا خۆی له‌ كوێوه‌ هات؟
منیش هه‌ر له‌وێوه‌ هاتم
هیچ شتێك سه‌ره‌تای نییه‌
هیچ شتێك كۆتایی نییه‌
هه‌موو شتێك خۆی سه‌ره‌تا و كۆتاییه‌
ئه‌گه‌ر بتوانین بیبینین
10
تۆ ڕوو له‌ كامه‌یان ده‌كه‌ی؟
كامه‌یانت پێ‌ واز لێدێت؟
نوێژ و نزا، یان خواردن و هه‌ناسه‌دان؟
مزگه‌وت جێگای كامه‌یانه‌؟
خۆ دوو گڵۆڵه‌ به‌ یه‌ك ده‌ست هه‌ڵناگیردرێت
بۆیه‌ زه‌رده‌شت وتی:
یه‌ك درۆیه‌، هه‌مووی دوانه‌
بوون و نه‌بوون، تاریك و ڕوون
سه‌ره‌تا و كۆتایی
چاك و خراپ
11
هێشتا سه‌ره‌تای به‌هار بوو
كه‌ جێی هێشتم
له‌وساكه‌وه‌ به‌دوای خۆیدا
چوار وه‌رزه‌یه‌كی باران و گه‌ڵاڕێزانی بۆ جێهێشتم
كێ‌ پایز و گه‌ڵاڕێزان و مردنی بۆمان هێنا
كێ‌ كوشتن و درۆ و ڕقی پێمان به‌خشی
كێ‌ ئه‌م دنیایه‌ی وا دانا
بۆ وای دانا
یه‌ك تای ته‌رازووی هه‌بوو، ئه‌ویش لاسه‌نگ
12
به‌ لاپه‌ڕه‌ی كاڵبووه‌وه‌ی ته‌مه‌نمدا ده‌چمه‌وه‌
به‌ره‌و دواوه‌، به‌ره‌و دواتر
تاكو ده‌گه‌مه‌وه‌ ئه‌وێ‌
ئه‌وێ‌ له‌ باوه‌شی دایكم
له‌ پایینی (خاڵخاڵان)دا
به‌ڵام نازانم بۆ؟ كه‌ی؟ چۆن؟
نه‌ دایكم، نه‌ باوكم، نه‌ ئه‌وێش هیچیان نه‌ماون
كێ‌ ئه‌و هه‌موو خاڵانه‌ی سڕیوه‌ته‌وه‌؟
خه‌م و خۆشی، خه‌ون و خه‌یاڵا
هه‌ست و سۆز و ئاوات و ئومێدی به‌تاڵا
به‌تاڵه‌ به‌تاڵه‌ به‌تاڵا
ئه‌م گه‌ردوونه‌، ئه‌م ژیانه‌
پڕه‌ له‌ بۆش و له‌ به‌تاڵا
ئه‌م گه‌ردوونه‌ بێخاوه‌نه‌
كێ‌ یه‌كه‌م به‌ردی داناوه‌؟
بۆچی ئێستا دیار نه‌ماوه‌؟
بۆ دروست بوو؟
بۆچی؟ كه‌ی؟ چۆن؟ له‌ناو ده‌چێ‌؟
كێ‌ وه‌ڵامێكی هه‌یه‌ بۆم؟
پێش مردنم با پێم بڵێ‌
تا به‌ به‌تاڵی نه‌مرم
13
منیش ڕۆژێ‌ له‌ ڕۆژان منداڵبووم
خۆشه‌ویستی دایه‌ و باوه‌
ئێستاكه‌ پیرێكی ته‌نیای پڕ
پڕ له‌ ئاگری كوژاوه‌؟
ئێستا له‌سه‌ر كه‌لی
ئاوابوونمدا وه‌ستاوم
دوایین سه‌رنج
دوایین ئاوڕ
له‌ ڕابردوو ده‌ده‌مه‌وه‌
ڕێگایه‌كه‌
به‌ بست هه‌ر بستێ‌ دوان ده‌بێ‌
به‌ كاتیش وه‌ها درێژه‌
له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م دنیایه‌وه‌
هه‌ر هه‌یه‌ و هه‌ر هه‌بووه‌
تا كۆتایی ئه‌م دنیایه‌ش هه‌ر ده‌مێنێ‌
هه‌ر دووكه‌ڵه‌ و ته‌پوتۆزه‌
دووكه‌ڵی دانه‌مركاوه‌ی
ئازار و غه‌مه‌كان هێشتا
بۆنچڕووكیان لێ‌ هه‌ڵده‌سێ‌
ته‌پوتۆزی ئاژاوه‌كان
هێشتا سه‌ر و چاوی ئه‌وانی پۆشیوه‌
گوڵی شیعره‌كانم سیس و هه‌ڵوه‌ریون
تاشه‌به‌ردی بیرۆكه‌كانم هێشتاكه‌
ڕێگاكه‌یان ته‌نگ كردووه‌
ئه‌و هه‌موو گه‌ردانه‌ی عه‌شقه‌
بۆ بێلانه‌ جێهێڵراون؟
كێ‌ هه‌ندێكی له‌گه‌ڵا خۆیدا برد و ڕۆیی؟
نازانم بۆ پێشم كه‌وتن
خۆ من وتم
مه‌رگم به‌ پێش مه‌رگتان كه‌وێ‌
وتم مه‌رگتان نه‌بینم هه‌رگیزاوهه‌رگیز
بۆچی كه‌سێ‌ نه‌بوو جارێ‌ گوێم لێبگرێ‌
كاتێ‌ وتم:
14
كوانێ‌ ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن گوێی له‌ خشه‌ی مار و مێرووه‌، كوا؟
بۆچی ئێستاكه‌ كه‌ڕ بووه‌؟
درۆیه‌ درۆیه‌ درۆ
كه‌س نییه‌ گوێ‌ له‌ كه‌س بگرێ‌
هه‌ر دووكه‌ڵه‌ و هه‌ر ته‌پوتۆز
وتی به‌ر به‌دواوه‌ مه‌كه‌
ئه‌گینا ده‌تكه‌م به‌ به‌رد
ئه‌م هه‌موو به‌ردانه‌ كێ بوون؟
چییان ده‌وت؟ چییان ده‌كرد؟
كێ‌ ده‌زانێ‌؟
له‌ كێ‌ پرسم؟
كێبوو وتی: ئاخر شیعر بۆ كێ‌ بڵێم
كوا كێ‌ ماوه‌ دڵێكی ئاشقانه‌ی هه‌بێت
زه‌مانی دڵبه‌رده‌كانه‌ ئا ئه‌م زه‌مانه‌، ئه‌م زه‌مان
زه‌مانی مرۆڤ خۆرانه‌
زه‌مانی درۆبارانه‌ ئه‌م زه‌مان
هه‌زاران ساڵ بوو بێده‌نگ بووم
وامده‌زانی گورگه‌ هاره‌كانی دارستانی پاشا
خواردوویانه‌
به‌ڵام كه‌ گوڵێ‌ ده‌وه‌رێ‌
ده‌یان تۆوی گوڵی نه‌مر جێده‌هێڵێ‌
وتیان گوڵه‌ كێوییه‌كان بگرن، بیان كوژن.
ئێمه‌ ته‌نیا گوڵی سه‌ر مێزمان گه‌ره‌كه‌
بچن له‌ بازاڕی خۆفرۆشاندا بیكڕن
ئه‌و گوڵزارانه‌ وێران كه‌ن
كه‌ گوڵا بۆ خۆیان ناگرن
وێرانه‌ وێرانه‌ وێران
ئه‌مڕۆكه‌ خاكی كوردستان
كه‌ گوڵی یاخی ناگرێ‌
وێرانه‌خاكه‌ ئه‌و خاكه‌ی
جێگای گۆڕی
شاعیرێكی گێلی تێدا نابێته‌وه‌
جێگای دڵی عاشقێكی
خه‌مان گه‌سته‌ی وه‌ك منی تیا نابێته‌وه‌
نالی، حاجی، شێخی سه‌نعان
ئه‌وانی تری گۆڕغه‌ریبان
وێرانه‌خاكه‌ ئه‌و خاكه‌ی
كرا به‌ جێی گۆڕپه‌رستان
كرایه‌ جێی براگه‌وره‌ و
سه‌ری گه‌وره‌ و
كه‌ری گه‌وره‌
من گه‌وره‌كان ناپه‌رستم
بچووكه‌كانم خۆشده‌وێ‌
وه‌ك كانییه‌كه‌ی گۆران و
پێكه‌كه‌ی ده‌ستی خه‌یام و
گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستی شارلی و
كه‌ره‌كه‌ی حه‌زره‌تی نالی
15
من وڵاتێكم بۆچییه‌
وه‌رزی دیار و نادیاری
تارمایی ئه‌ژدیها و كابووسبێت
16
ئێستا گورگه‌ چاوسوور و سه‌گه‌ ڕاهێنراوه‌كان
كه‌ڵبه‌یان له‌ شیعره‌كانم گیركردووه‌
ده‌یانه‌وێ‌ جریوه‌كانی خه‌فه‌كه‌ن
خۆ من داود نه‌بووم كه‌چی
ویستیان گۆرانی خودایان بۆ بڵێم
كه‌ی سروودی سرووده‌كان
له‌ ناو قه‌فه‌سدا وتراوه‌
كه‌ی خوڕه‌ی ئاو
له‌ ناو زه‌لكاودا خوڕه‌ی دێ‌
كه‌ی ئه‌هریمه‌ن له‌ ژێر خۆردا
بۆ گوناهكاری ده‌گه‌ڕێت
بۆشه‌
ناهه‌قه‌
ناڕه‌وا
هه‌رچی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر زه‌وی و
له‌ ژێر ئاسماندا به‌تاڵه‌
ناڕه‌وایه‌
به‌تاڵه‌ وه‌ك
دڵی گورگه‌كانی جه‌للاد
ناڕه‌وایه‌ وه‌ك كوشتنی شیعره‌كانم
له‌ باخچه‌كه‌ی جه‌للاددا ده‌ستم برد بۆ گوڵێ‌
ئه‌و جه‌ندرمه‌كانی خۆی نارده‌ گیانم
له‌پای گوڵێ‌ هه‌زاران دڕكی قینیان
چه‌قانده‌ ناو دڵی خۆم و شیعره‌كانم
من دڵی دڕكاویم ناوێ‌
من خودایه‌كم…
من خودایه‌كم ئه‌وێ‌ چه‌ته‌ و شیعركوژی
نه‌بێت و دڵی هیچ كه‌سێك
دڕكاوی و ژه‌هراوی نه‌كات
وتیان خودا
له‌ خشه‌ی مار و مێرووله‌ش ئاگاداره‌
كه‌ چووم گله‌یی لا بكه‌م
له‌وێ‌ نه‌بوو
وتم ئاسمان له‌ گیرفانی به‌تاڵی من به‌تاڵتره‌
وتیان بڕوانه‌ حه‌لاج و
گیڤارا و
شیعره‌كانی خۆت
خۆت له‌ هه‌ناسه‌ی ساردی من ده‌پارێزی و
ئه‌شارییه‌وه‌.
نه‌ك ببێ‌ به‌ گه‌رده‌لوولی ئه‌شقێك و
ئیتر ئه‌شق ڕاپێچت كا و
بتباته‌وه‌ بۆ دۆزه‌خی دڵدارییه‌كه‌ی جارانمان
به‌تاڵه‌ به‌تاڵه‌ به‌تاڵا
كێ‌ ئه‌م شووشانه‌ی به‌تاڵكرد؟
چۆڕێ‌ نییه‌ بیخۆینه‌وه‌
كێ‌ ئه‌م ڕووبارانه‌ی به‌تاڵكرد؟
كێ‌ ئه‌م ئاسمانه‌…
ئه‌م گه‌ردوونه‌ی…
ئه‌م ژیانه‌ی به‌تاڵكرد؟

ئابی 2017: نه‌رویج




ڕۆمانی(ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی)؛ جیهانێکی جاڵجاڵۆکەیی: … بۆتان لەتیف عەبدولقادر

ڕۆمانی(ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی)؛ لەساڵی ٢٠١٥دا دەزگای غوڕاب بۆبڵاوکردنەوەو دابەشکردن چاپ وبڵاوی کردۆتەوە. ڕۆمانێکە؛ ڕۆمانتیکیەو سەر بەئەدەبی ژنانەو، هەڵگری کێشەی کۆمەڵایەتیە، کچە نوسەری میسڕیی ئیسکەندەرانی “مونا مەنسور” نوسیویەتی، ئەم ڕۆمانە هەڵگری خەم وخولیای ژنانە؛ لەهەمبەر دەردەسەریەکانی ژیان وستەمی کۆمەڵایەتیدا، بوێرانە؛ لەبارەی ڕەوشی ژنان وگرفت وکێشە کۆمەڵایەتی ودەروونیەکانیان ئەدوێت. ئەمە؛ وەک هەوڵێک بۆ خستنەڕووی کێشەکانیان وهەوڵێکیش بۆدروستکردنی هۆشیاریی مرۆیی وکۆمەڵایەتی؛ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی ژن.

ئەگەر سەیری بنیاتی هونەری ڕۆمانەکە بکەین؛ دەبێت لەناونیشان دەستپێبکەین، ناونیشانەکە؛ لەدوو وشە پێکهاتووە، وشەی(أیام) بەواتای ڕۆژانێک دێت کەبەنەناسراو(نکرة) هاتووە، لەگەڵ وشەی (حب) کەبەواتای خۆشەویستی دێت و، بەشێوەی نەرێ خراوەتە سەر وشەی(أیام) لەڕێگای پیتی جەڕ(ب) وپیتی نەرێ(لا)دا، ئەم وشەیەش هەر نەناسراوە، بۆیە دەکرێت بڵێین: ئەم ڕۆمانە؛ گێڕانەوەی ڕۆژانی ڕابردووی ژیانی کەسایەتی سەرەکیە، کەخۆشەویستی تێدا نیە، بەواتایەکی تر؛ ڕۆمانەکە؛ یاداشتنامەی کەسایەتی سەرەکیە کەلەژیانیدا تۆماری کردوون.

ئەوەی پەیوەندی بەکەسایەتیەکانەوە هەیە؛ دەبینین کەڕۆماننوس بەچەند جۆرێکی جیا کەسایەتیەکان پێشکەش دەکات وڕۆڵ وئەرکیان پێدەدات، ڕۆماننوس هەندێ کەسایەتی پێشکەشکردووە، ناوی کەسایەتی سەرەکی ناوی(ئیمان)ە، کەژنێکی بێبەشە لەسۆزی باوکایەتی و، لەدوای مەرگی باوکیشی، لەخۆشەویستی براکانیشی بێبەش دەبێت، بەومانایەی براکانی سەرقاڵی ژیانی خۆیان دەبن، (ئیمان) کە سێ برای هەیە(محمود، مستەفا وئەحمەد)؛ بەزۆر بەمێرد دەدرێت، بەپیاوێک بەناوی(سەلاح)، کەلەلایەن دایکی(ئیمان)و براکانی؛ بەکەسێکی باش وگونجاوو بێ کێشە وەسفدەکرێت، ئەگەرچی ئەو مێردکردن بە(سەلاح) ڕەت ناکاتەوە؛ بەڵام زۆریشی پێ خۆش نیە، چونکە بەشێوەیەکی کتوپڕ داواکەی لێکرا، دواتر کچێکی لێ پەیا دەبێت بەناوی(سوها)، پاشان (ئیمان) زۆر حەزی لەکاری پێشکەشکاریەو لەتەلەفیزیۆن بەرنامە پێشکەش دەکات، بەڵام وا پێدەچێت(سەلاح) زۆر حەزی لێ نەبێت، چونکە هیچ هاوکاری ناکات لەوەی منداڵەکەی(سوها) لەباوەش بگرێت وئاگای لێبێت، ئەمەش (ئیمان) پەست ونیگەران دەکات تا ئەو ڕاددەیەی لەلای دایکی بێزاری پیشان بدات وداوای جیابوونەوە بکات لە(سەلاح)، بەڵام دایکی ئەمە ڕەتدەکاتەوەو پێی دەڵێ کەتۆ کەسێکی لەخۆبایی، یان ڕەنگە لەگەڵ پیاوێکی دی دەستت تێکەڵ کردبی، هەرچی (ئیمان)ە؛ ئەمە ڕەتدەکاتەوە، ئەگەرچی لەڕاستیدا لەگەڵ پیاوێک بەناوی(هیشام) پەیوەندی هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەلەتەلەفیزیۆن، بۆمەبەستی ڕووماڵی کۆنفڕانسێکی ئەدەبی شاند دەکرێت بۆ وڵاتی تونس، وەلێ دایکی پێی دەڵێت: ئیمان؛ تۆ دووگیانی وپیرۆزبایی لێدەکات.. ئەویش زۆر سەرسام دەبێت، پاشان براژنەکەی(سەوسەن) پیرۆزبایی لێدەکات، دواتر (سەلاح)یش پیرۆزبایی دووگیانبوونی لێدەکات، هەرچەندە (ئیمان) لەلای سەیرە کەدووگیان بووە، چونکە بەردەوام حەبی ڕێگری لەدووگیانبوونی خواردووە، نازانێت کەجارێک لەبیری چووە.

لەڕووی ناولێنانەوە؛ ڕۆماننوس ڕەنگە بەمەبەست ئەم ناوانەی هەڵبژاردبێت، بۆنمونە (هیشام) بەمانای هەپڕوونبوون و وردوخاشبوون دێت، ڕەنگە ئەمە لەشوێنی خۆی بێت، چونکە ژیانی ئاسایی(ئیمان) و(سەلاح) تێکدەدات، هەروەها واتای ناوەکە لەگەڵ ژیانی ژنەکە دەگونجێت؛ بەوەی ڕۆژگار دەیهاڕێت وبێبەشە لەخۆشەویستی باوکی وبراو، هاوسەرێک کەبەخۆی بڕیاری لێدابێت وخۆشەویستی جوان هەبێت لەنێوانیان. هەرچی واتای ناوی(سەلاح)ە؛ بەواتای چاکەو چاککردن دێت، کەبەپێی دایکی(ئیمان) بێت؛ ناوەکە گوزارشت لەکەسایەتی(سەلاح) دەکات کەبەڕاست کەسێکی باش وپاکە، بەڵام لەچاوی(ئیمان)ەوە وانیە، لەوەی ئەم پیاوە؛ ئەوە نیە کە ببێتە هاوسەری. هەروەها کەسایەتی(سوهێر) کەهاوڕێی زانکۆیی (ئیمان)ە، لەڕێگای ئەم کەسایەتیەوە؛ باسی شەڕی عێراق وکوێتیش دەکات، چونکە هاوسەری(سوهێر) بۆکارکردن چۆتە کوێت و، لەوێ دەژین. بەپێی ئەم ڕۆمانە؛ ئەو کات سەرۆک کۆماری عێراق؛ هاواری لێهەڵدەستێت وداوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات، بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانان لەلەشکری عێراق دەدەن ولەکوێت وەدەری دەنێن.

لێرەدا؛ کێشەی کۆمەڵایەتی ناو خێزان باس دەکات، کەئەمە وەکو ئەزمونێکە لەژیاندا، لەوەی دەکرێت مرۆڤ ڕێز لەیەکتر بگرن وژیانیان بەخۆشی وخۆشەویستی وبێ کێشە ببەنە سەر، هەروەک ڕۆڵی باوک بەرز دەنرخێنێت، چونکە سۆزی باوک سێبەرێکە بەسەر منداڵەکانیدا، ئەگەرچی کەسایەتی سەرەکی لەم ڕۆمانەدا؛ لێی بێبەش بووە، لەدوای باوکێکی بەرپرسیش، ڕۆلی برا زۆر گرینگە، وەکو سایەیەک بۆ خوشکەکانی، چونکە ژیان بەرپرسیاریێتیە، لەکۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا؛ برا؛ لەدوای باوک ئەرکی چاودێریکردن وبەرپرسیارێتی خێزانی دەکەوێتە ئەستۆ، بەتایبەت هی خوشکەکانی، هەروەها ژنیش وەک بوونەوەرێک مافی ژیانێکی خاوێن وشیاوی هەیە، کەهەم ڕۆلی دایک وخوشک وخێزانیش دەگێڕێت و، ئەمەش گەوهەرێکە دەبێت ڕێزی لێبگرێت ولەئاستیدا بێت. هەروەها دایکایەتی بەئەرکێکی سەخت دادەنێت، چونکە پەروەردەکردنی منداڵی دەکەوێتە ئەستۆ، سەرباری ئەوەی ژیانی هاوسەری بەتەنیا لەبوارێکدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو بەرپرسیاریەتێکی مرۆیی وڕەوشتیە، دەبێت بەڕەوشتەوە مرۆڤەکان لەهاوسەرگیریدا بەرپرسیاریەتیەکان هەڵگرن و، ژیانێکی شیاو بەمرۆڤبوون بژن، لەلایەکی دیکەوە باسی ژیانی هاوڕییەتیش دەکات، کە دەبێت پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان ڕێزیان لێ بگیردرێت ومافی خۆیان پێ بدرێت. ئیدی ئەم ڕۆمانە؛ جیهانێکی جاڵجاڵۆکەییە، تۆڕێکە بەچەندەها سەرەداو پێکەوە گرێدراوە، خەیاڵێکی بەربەرینی ڕۆماننوسە لەژیانی واقیعیی کەسایەتی سەرەکی(ئیمان)دا.

گێرەرەوە لەم ڕۆمانەدا؛ کەسایەتی سەرەکیەو بەڕاناوی کەسی یەکەم قسە دەکات، وەک ئەوەی هەموو شتێک دەربارەی کەسایەتیەکانی دیکە بزانێت؛ وەسفیان دەکات ودەیانناسێنێت، بۆیە لێرەدا؛ ئاستی زانیاریەکانی ڕۆماننوس(مونا مەنسوڕ فەرماوی) وکەسایەتی سەرەکی(ئیمان) وەکو یەکە. بەڵام دوو کەسایەتی جیاوازن، واتا ڕۆمانەکە بەشێک نیە لەیاداشتەکانی ڕۆماننوس، دەکرێت سودی لەیاداشتەکانی هاوڕێیەکی وەرگرتبێت، یانیش بەگشتی لەژینگەی ژیاندا کەڵکی وەرگرتووەو، ویستویەتی وەکو کچێک کێشەی ژن بەگشتی بخاتەڕوو، هەروەها پەنهانیەکانیان ودیوە شاراوەکانیان پیشانبدات، کەهۆی دەردەسەری وکێشەی زۆرن لەژیاندا بۆیان.
هەرچی پەیوەندی بەکاتی ڕۆمانەکەوە هەیە؛ لەدوو ئاستدایە، ئاستی یەکەمیان؛ هەمان کاتی گێڕەرەوەیە، هەروەها ئاستەکەی تر؛ هی ڕوودانی ڕووداوەکانە، بەگشتی ڕۆمانەکە باسی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەکات.

سەبارەت بەزمان؛ ڕۆمانەکە بەزمانێکی سادەی عەرەبی نوسراوە، هەروەها ڕۆماننوس هەژموونی هەیە بەسەر ڕۆمانەکەدا، هەوڵیداوە؛ جۆرە زمانێکی شیعری پێببەخشێت.
ڕۆماننوس “مونا مەنسور” لەڕۆمانی(ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی)دا؛ دەکرێت بڵێین: گەشتێک بەلاپەڕە بەراییەکانی ژیانی ژنانی میسڕ دەکات و، لەچاوی (ئیمان)ەوە؛ ئەوە دەخاتە ڕوو، وەک ئەوەی بەناوی کەسایەتی سەرەکیەوە قسە بکات؛ دەیەوێت بڵێت: لەتەنیایی بوونی خۆیدا بەهاو ڕاگری ژیانی هەر دایکیەتی، هەروەک ئەوەی ئەم سەرنجە خێرایە؛ بەگێڕانەوەیەکی ڕاشکاو ناخاتە ڕوو، بەڵکو وەکو پردێکی پێیزە هەڵوەریو، وەکو هێماو ئاماژەی ئەوەی ئەو لەم تەنیاییەدا؛ هۆگری لەپەیوەندیە ساردو سڕەکانی ڕۆژگاریش دەخولقێنێ، بۆیە ئەم هۆگریە؛ بارگاویە بەزۆر ئاماژەی ناڕوون، هەر ئەوەیە کە کچێک لەتەمەنێکی هەڵکشاودا؛ لەژانی دەروون وئازاری هەستدا تابلۆی دایکی جارێکی دیکە دەکاتەوە بەپێکەنینێکی خۆڵەمێشی، پێکەنینێک وەک هەناسەی مردوو لەگەڵ بەختی وەخەبەر نەهاتووی خۆیدا. لەڕۆمانەکەدا؛ بوێری وڕاشکاوی هەڵدەهێنجرێت، ڕۆماننوس سەرکەوتوو بووە لەپێشکەشکردنی بۆچوونەکەی لەڕێگای نوسینی هونەری ڕۆمانداو، توانیویەتی گوزارشت لەژیانی کۆمەڵایەتی خێزان وناخی ژن بکات. دەکرێت بڵێین: ڕۆمانی”ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی”؛ جیهانێکی جاڵجاڵۆکەییە؛ لەخەیاڵی “ئیمان”دا.

“مونا مەنسور فەرماوی” چیڕۆکنوس وڕۆمانوسەکە میسڕیە، خەڵکی شاری ئیسکەندەریەیە، ئەندامی یەکێتی نوسەرانی میسڕو، یانەی بولکلی ڕۆشنبیریە لەئیسکەندەریە، هەروەها ئەندامی تۆڕی ئەدەبی ئیسلامی جیهانی ویانەی چیڕۆکی قاهیڕەیە، هەروەک ئەندامی تاقیگەی گێڕەرەوەکانیشە لەپەرتووکخانەی ئیسکەندەریە. لەڕۆژنامەو گۆڤارە پەڕاوو ئەلیکتڕۆنیەکانی میسڕو جیهانی عەرەبیدا شتەکانی بڵاودەکاتەوە، خاوەنی سێ کۆمەڵە چیڕۆکە بەناوەکانی”لەپێناو کوشتنمدا گۆرانی دەڵیم، ئەوەی ماوەتەوە بۆم، فرمێسکەکانی دڵۆپە شەونم”، هەروەها دوو ڕۆمانیشی بڵاوکردۆتەوە بەناوی”خەونی باوکم، ڕۆژانێک بەبێ خۆشەویستی”.

بۆتان لەتیف عەبدولقادر
هەولێر ٢٠/٧/٢٠١٨




كه‌سێك نییه‌ وێنه‌مان بگرێ ؟ … شیعری: ئیبراهیم هه‌ورامانی

(1 )

كه‌ دایكم مرد ،
مێخه‌ك به‌نده‌كه‌یم خسته‌ گۆڕه‌كه‌یه‌وه .‌
تابه‌هه‌شت ،
بۆنی مێخه‌كی لێوه‌ بێ .

*******
(2 )


وه‌ره‌ نێو خه‌ونمه‌وه‌
له‌وێ ،
پۆلیس نیه.

*******

(3 ) ‌


تامی چه‌ند شیرینه‌ ،
گێلاس ،
وه‌ك خه‌نده‌ی تۆ.

(4 )


شیعر ده‌نوسم ،
ئه‌مه‌ بیانویه‌كی باشه‌ ،
بۆئه‌وه‌ی بزانیت
تۆم خۆشده‌وێت .

*******
(5 )

چه‌ند ئاوازێكی خۆشی هه‌یه ،‌
ده‌نگی تۆ .
كاتێك ده‌ڵێێ :
سڵاو…

*******
(6 )


كه‌ تۆ ڕۆشتی
پاییز هات .
ڕه‌نگ زه‌رد مامه‌وه .

*****
(7 )



ته‌واوی دڵم به‌خشیوه‌ به‌ تۆ
كاتێ ده‌ڕۆی ،
بیرت نه‌چێ
ئینسان ،
به‌بێ دڵ ناژی .

******
(8 )


هه‌ناسه‌ی ساردم
هێنده‌ به‌سه‌ ،
دونیا بكاته‌ به‌سته‌ڵه‌ك .

*******
(9)
بۆ شیركۆ بێكه‌س

به‌مردن بڵێن :
به‌بێ شێركۆ ،
چه‌ند ،
بێكه‌سین .
ئای چواری هه‌شت !!

*******
(10 )


ناوت ،
له‌ پارچه‌ كاغه‌زێك ده‌نوسم و
له‌نێو په‌ڕۆیه‌كی سه‌وزدا
ده‌یكه‌م به‌یه‌خه‌مه‌وه .‌
تا له‌م ده‌ردی ،
تاعه‌ونه‌ به‌دوور بم .
(11 )

خۆزگه‌ ،
دڵم ده‌هات .
پێیه‌كانتم لێده‌كرده‌وه .‌
تا بیر له‌ ڕۆشتن نه‌كه‌یته‌وه .

******
(12 )

‌چاوی بڕیوه‌ته‌ ،
چاوانم .
ده‌زانێ ته‌نیام
به‌كامی دڵ لێم ده‌ڕوانێ ….
ده‌یه‌وێت
له‌وه‌ بگات ،
بۆچی ته‌نیا بومه‌ته‌وه‌ .؟
ئه‌و پشیله‌یه‌ی ،
برسێتی گه‌یاندویه‌تیه‌ ماڵی من .
برسێتی بیر چۆته‌وه‌ و
لێم ده‌ڕوانێ .

******
(13 )
تۆ ده‌رۆی ،
من دڵم دێشێ .

ته‌موز – ئاب \2018 هه‌له‌بجه‌




پێش 53 ساڵ له‌م رۆژه‌دا گیرام …. ئه‌حمه‌د رجه‌ب


ئه‌م رووداوه‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌ رووداوی تانكه‌كه‌ ناسراوه‌.

له‌ تێكۆشاندا له‌ پێناو ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی گه‌ل و دوارۆژێكی پرشنگدار بۆ گه‌لانی ترو مرۆڤایه‌تی پێشكه‌وتوخواز ژماره‌یه‌كی زۆر خۆیان به‌خت ئه‌كه‌ن و ئه‌بنه‌ قوربانی و شیوعییه‌كان و چه‌په‌كان له‌و‌ بواره‌دا رۆڵی سه‌ره‌كییان نواندووه‌و پێشه‌نگ بوون‌‌.
له‌ درێژه‌ی كاروانی تێكۆشانداو، له‌ گه‌رمه‌ی ئیشوكاری رێكخراویی حزبداو، له‌م رۆژه‌دا پێش {53} ساڵ له‌ لایه‌ن ئیستخباراتی كه‌تیبه‌ی (32) ی سوپای عێراق به‌ هاوكاری به‌ریو‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ده‌ربه‌ندیخان و، له‌ ماڵی كه‌سایه‌تی نیشتمانی و شیوعی ناسراو تێكۆشه‌ر { حسه‌ێن حاجی كه‌ریمی زۆراب، بابی شه‌هید (ره‌فیق ) له‌ ده‌ربه‌ندیخان گیرام.
له‌و رۆژانه‌دا به‌رپرسی رێكخراوی ده‌ربه‌ندیخان بووم و، رۆژێكیان هاورێی تێكۆشه‌ر عه‌بدوڵلای مه‌لا فه‌ره‌ج قه‌ره‌داغی { مه‌لا عه‌لی} نامه‌یه‌كی بۆ ناردم له‌ گه‌ڵ پسووڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی محه‌مه‌د ناوێك ( ره‌یس عوره‌فا) له‌ كه‌تیبه‌ی (32) له‌ ده‌ربه‌ندیخان.

پسووڵه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی محه‌مه‌دم وه‌رگرت و، به‌شیوه‌یه‌كی زیره‌كانه‌ چاومان به‌یه‌كتر كه‌وت و، دیار بوو محه‌مه‌د زێته‌ڵ و وریایه‌، بۆیه‌
پێش ئه‌وه‌ی بیخه‌ینه‌ ناو رێكخراوی تایبه‌تی سه‌ربازه‌كانی تر له‌ كه‌تیبه‌ی 32 و به‌تالیۆنی ده‌ربه‌ندیخان، داوای زانیاری زیاترم له‌ مه‌لا عه‌لی كرد.
ده‌ربه‌ندیخان به‌ هوێ به‌نداوه‌كه‌و شاخه‌ به‌رزكانی له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ شوێنێكی ئیستراتیجی گرنگ بوو، كه‌تیبه‌ی 32 به‌ فه‌رمانده‌یی موقه‌ده‌م كه‌مال ئه‌حمه‌د ئه‌لراوی و، به‌تالیۆنی ده‌ربه‌ندیخان به‌ فه‌رمانه‌یی جه‌میل ئه‌لشێخلی تیادا جێگیر بوو بوون و، سه‌باره‌ت به‌ هاتنی محه‌مه‌د گوماناوی بوو، دڵنیا نه‌بووم بخرێته‌ ناو رێكخراوی سه‌ربازه‌كان و، هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌دا له‌ رۆژی 7/8/1965 گیرام.

ئێمه‌ وه‌ك حزبی شیوعی عێراق له‌ چه‌ند شوێنێكی كوردستان له‌ شۆرشی ئازادیخوازانه‌ی كورد به‌شدار بووین و، لقی {10} ی تێكۆشه‌ر له‌ قه‌ره‌داغ بوو، نزیكترین هێزی پێشمه‌رگه‌ی حزب بوو له‌ ناوچه‌كه‌دا، هاورێ مه‌لا عه‌لی به‌رپرسی یه‌كه‌می رێكخراوه‌كانی حزب و، هاوكات سه‌رلقی لقی {10} بوو.
لقی {10} وه‌ك هێزێكی پێشمه‌رگه‌ پێویستی به‌ زۆر شتومه‌ك و كه‌ره‌سته‌ هه‌بوو، وه‌ك دووربین و ته‌قه‌مه‌نی و تفاقی سه‌ربازی و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ قسه‌مان له‌ گه‌ڵ ره‌یس عورفا محه‌مه‌د كردو، ئاماده‌یی پێشاندا به‌رامبه‌ر نرخێكی كه‌م و، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو له‌ برواری 7/8/1965 هه‌ندی شتومه‌كی هێناو، به‌ هاوری حسه‌ێن ره‌وانه‌ی جییه‌كی ترمان كردو، به‌ هاوری حسه‌ینم وت له‌ مامرستا غه‌ریب حه‌مه‌ سه‌عید ئه‌ندامی لێژنه‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان هه‌ندێ پاره‌ له‌ بری ئه‌و شتومه‌كانه‌ بێنێت.

له‌ گه‌ڵ ده‌رچوونی هاوری حسه‌ێن له‌ ماڵه‌وه‌و، له‌ پاش ماوه‌یه‌كی كورت هێزێكی سوپاو ئه‌فسه‌رێك و، تاقمێكی ئاسایش و مفه‌وه‌ز غالب و، موختاری شار شیخ محه‌مه‌د مه‌لا قادر بانیخێڵانی هه‌ڵیانكوتا سه‌ر ماڵی هاورێی تێكۆشه‌رو، یه‌كسه‌ر ئه‌فسه‌ره‌كه‌ زله‌یه‌كی كێشا به‌ به‌ناگۆێی ره‌یس عوره‌فا محه‌مه‌دو كه‌وته‌ لێدانی و، فه‌رمانیدا به‌ سه‌ربازه‌كانی به‌ مردووی بێبه‌نه‌وه‌ بۆ كه‌تێبه‌ و، له‌ منی پرسی نه‌خشه‌ی چیتان ئه‌كێشا؟ منیش وه‌ڵامم نه‌دایه‌وه‌و، زانیم ره‌یس عوره‌فا محه‌مه‌ توانی خوێ بخزێنه‌ته‌ ناو رێكخراوی حزبمان و، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ كێشای به‌ سه‌رمداو پرسیاره‌كه‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌ و، منیش زۆر به‌ هێمنی وتم: من به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ بۆ كه‌مپی خوار ئه‌رۆیشتم و ئه‌و كابرایه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌ربازه‌كانت بۆ باره‌گای كه‌تیبه‌ ناردته‌وه‌ وتی: ئه‌مه‌وێ له‌م ماڵه‌ { بێستانه‌كه‌ی تێكۆشه‌ر حسه‌ێن} ته‌مانه‌و بامیه‌و سه‌وزه‌ بكرم ئه‌توانی یارمه‌تیم بده‌ی له‌ وه‌رگێران چونكه‌ كوردی نازانم.

ئه‌فسه‌ره‌كه‌ وتی: كوا ئه‌و شتومه‌كانه‌ كه‌ ره‌یس عوره‌فا محه‌مه‌د بۆتانی هێنا؟ و، به‌ سه‌ربازه‌كانی وت: ماڵه‌كه‌ ببشكێنن و، سه‌ربازو موختارو ئه‌منه‌كان كه‌وتنه‌ بشكنین و ماڵه‌كه‌یان ژێروبان كردو تووشی شۆك هاتن و هیچیان نه‌دۆزییه‌وه‌و، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ تووشی شڵه‌ژان بوو و، داوای كه‌ره‌سته‌كانی ئه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بیگێرێته‌وه‌ بۆ كه‌تیبه‌ و، له‌ باوه‌ره‌دا نه‌بوو شته‌كان به‌و خێرایه‌ گواسترا بێته‌وه‌ بۆ شوێنێكی ترو، له‌وێ ( زانیم نه‌خشه‌ی شانۆگه‌رییه‌كی كرچوكاڵیان دارشته‌وه‌ بۆ گرتنم و نهێنییه‌كانی حزب بدركێنم) كاتێك زانی وه‌ڵامم نییه‌ كه‌وته لێدانم و‌ به‌ تووره‌ییه‌وه‌ به‌ تاقمه‌كه‌ی وت: لێده‌ن و بیبه‌ن بۆ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌و، له‌ ماڵ حاجی حسه‌ێن هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌و، به‌ شه‌ق و زلله‌و بۆكس به‌ ته‌نافه‌كانی گه‌رماوه‌كه‌ی حاجی تالیب كۆكسی ده‌ست و قاچه‌كانم به‌سترانه‌وه‌و، به‌ راكێشان‌ تا لای زیله‌كه‌ كه‌ له‌ به‌رده‌م یه‌كه‌مین مزگه‌وتی ئه‌وسای ده‌ربه‌ندیخان وه‌ستا بوو بردمیان و، فرێیاندامه‌ ناو زیلكه‌و ده‌م وچاوو روومه‌تم سووتاو، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌شم و قاچ و ده‌سته‌كانم به‌سترابوونه‌وه ‌نه‌متواتی له‌ گه‌رمای پلێتی زیله‌كه‌ رزگارم بێت و، به‌و شێوه‌یه‌ تا كه‌تێبه‌ مامه‌وه‌.

له‌ كتیبه‌ بردمیانه‌ ژوره‌كه‌ی فه‌رمانده‌ وله‌وی موقده‌م كمال الراوی وتی: ئه‌مناسی؟ وتم: گرنگ نییه‌ بتناسم یان نه‌تناسم به‌ڵام ئه‌مه‌وێت بزانم بۆ منتان گرتووه‌؟ فه‌رمانده‌ پێكه‌نی و وتی: ئه‌گه‌ر یارمه‌تیمان بده‌یت و له‌ گه‌ڵماندا راستگۆ بێت یه‌كسه‌ر به‌ره‌ڵات ئه‌كه‌ێن و، نه‌وه‌ستاو پرسیاری كردو وتی: ئه‌ندامانی رێكخراوی حزبه‌كه‌تان له‌م شاره كێن‌؟ مه‌به‌ستم رێكخراوی حزبی شیوعی عێراقه‌؟ و، ئه‌ندامانی هێڵی عه‌سكه‌ری كێن؟ په‌یوه‌ندی به‌ كێوه‌ ئه‌كه‌ێت؟ ناو به‌رپرسه‌كه‌ت چییه‌؟ ئه‌ركی هێزه‌كه‌تان له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی “”یاخیبووی كورد چییه””‌؟ جموجوڵ و چالاكی لقی {10} چییه‌؟ و، هه‌ندی پرسیاری تریش و، له‌ وه‌ڵامدا وتم: من به‌ رێی خۆم ئه‌رۆیشتم له‌ پر ره‌یس عوره‌فایه‌كم دی و، وتی ئه‌توانی یارمه‌تیم بده‌ی له‌ كرینی ته‌ماته‌وه‌وسه‌وزه‌ به‌ڵام تۆ له‌ باره‌ی رێكخراوه‌كانی حزبی شیوعی عێراق پرسیار ئه‌كه‌ێت ، من هیچ زانیارییه‌كم نییه‌و نازانم لقی {10} چییه‌.
موقه‌ده‌م كمال الراوی وه‌ك گای تۆر له‌ شوێنه‌كه‌ی خوێ هه‌ڵساو به‌ نه‌رم ونیان وتی: من ئازادت ئه‌كه‌م ئه‌گه‌ر بڵێت: ئه‌و ( ماڵه‌ جێی خراپه‌كارییه‌) و، منیش یه‌كسه‌ر ته‌قیمه‌وه‌ وقیراندم و وتم: كمال الراوی ئه‌زانێت كام ئافره‌ت خراپكارو سووكه‌؟ جارێكی تر وه‌ك شێت و به‌ تووره‌ییه‌وه‌ وتی: كێیه‌؟

منیش وه‌ك لاوێكی خوێن گه‌رم و راشكاوانه‌ وتم: ژنی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كه‌ دێنه‌ كوردستان بۆ كوشتنی گه‌لێكی بێوه‌ی، له‌وێدا عروبه‌چی كمال الراوی خوێ پێنه‌گیراو، به‌ ده‌مانچه‌كه‌ی هات به‌ سه‌روگوێلاكم و خوێن به‌ ناوچاوانمه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌و، بانگی ره‌یس عورفا محه‌مه‌دی كردو وتی : بیبه‌ن بیكوژن و، هه‌ر له‌وێ به‌ لوله‌ی تانكێك هه‌لیانواسیم و، به‌ شوڵ به‌ سه‌رپه‌رشتی محه‌مه‌د كه‌وتنه‌ لێدانم و، پاشان ده‌ستمیان به‌ ئۆتۆمبێلك و قاچه‌كانم به‌ ئۆتۆمبێلێكی تر به‌سته‌وه‌و بۆ ترساندنم، كراسه‌كه‌یان له‌ به‌رم داكه‌ندو، له‌ پاش لێدانم و بۆ پشوودان جگه‌ره‌كانیان له‌ سه‌ر پشتم و جاروبار سێنگم دائه‌نا ( باشترین ته‌پڵه‌ك) یان دۆزێیه‌وه‌، له‌ پاش چه‌ند ۆرژێك ڵیدانی وه‌حشیانه‌ به‌ ره‌تڵێكی عه‌سكه‌ری (قافڵه‌) له‌ ده‌ربه‌ندیخان گواستمیانه‌وه‌ بۆ جه‌له‌ولاو پاشان بۆ
سه‌ربازگه‌ی سه‌عه‌د له‌ باقوبه‌ و به‌غدا و كه‌ركوك و سلێمانی.
زیندانی سلێمانی له‌ چاو به‌غداو كه‌ركوك وه‌ك (به‌هه‌شت) وابوو، له‌ سلێمانی ئاگادار كرامه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مام هوسه‌ینی هوسه‌ینی هۆرێنی و حاجی محه‌مه‌دی كه‌ریمی زۆراب ئه‌درێن به‌ دادگای عه‌سكه‌ری و ، ئێمكانه‌ من سزای له‌ سیداره‌دان بدرێم ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یان ده‌سكه‌وێت كه‌ من له‌ گه‌ڵ حزبه‌كانی دژ به‌ رژێم هاوكار بم، به‌ هوێ شه‌ركردن له‌ گه‌ڵ یه‌كێك له‌ سه‌رسه‌رییه‌كان به‌ناو (عمر به‌هاو) و خاینێكی رووره‌ش بۆ كه‌ركوك گواستمیانه‌وه‌و، زیندانی كه‌ركوك (ته‌ویله‌كه‌) به‌ پێی راپۆرتی ڤێته‌نه‌ری ( بیطره‌) ده‌ستنادات وڵاخ تیادا بژێ كه‌ چی (600) كه‌سی تیا بوو.
كمال الراوی ده‌ركه‌وت سیخوری ئیسرائیله‌ له‌ تاقمه‌كه‌ی یوسف زه‌ڵخا، له‌ به‌ره‌كانی شه‌ر له‌ سوریا به‌ جلی خه‌و (پیجامه‌) هێنایانه‌وه‌ بۆ به‌غدا و وله‌ پاش سزادانی گولله‌ باران كراو، لاشه‌كه‌یان له‌ مه‌یدانی ئازادی (باب الشه‌رجی) له‌ ناوه‌راستی به‌غدا هه‌ڵواسی.
نه‌مری بۆ تێكۆشه‌ر حسه‌ێن حاجی كه‌رێم زۆراب. سه‌ربه‌رزی بۆ تێكۆشه‌ری بێ هاوتا رابیعه‌ خان داێكی شه‌هید ره‌فیق.
مردن بۆ دوژمنانی شیوعییه‌ت.

ئه‌م بابه‌ته به‌ عه‌ره‌بی له‌ 7/8/2005 بڵاو كراوه‌ته‌وه‌و، له‌ سه‌ر ئه‌م لینكه‌:
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=42778

7/8/2018




بۆ ژەنگاڵ … ع. سەرکەش

کاتێ ڕشانەوەی داعش هات
لەگەڵ هەناسە سواریتان هەناسەم تووند دەبوو
لەگەڵ ترس و دڵە ڕاوکەتان زەندەقم دەچوو
لەگەڵ هەنگاوەکانتانا ڕام ئەکرد و
شپرزە دەبووم
چونکە ئەو چاوترووکانە
ئەوسا
نەخوا لەوێ بوو
نە فریاد ڕەسێ

کە ڕشانەوەی داعش هات
لەگەڵ ئێوە دەکوژرام و گولەباران دەکرام
لەگەڵ ئێوە ئەتک دەکرام و
گوێم لە ئەللاهو ئەکبەری
تەگە داوێن پیس و
تەگ گرگنە دەم بۆگەنەکان دەبوو
هەر ئەو ڕۆژە لەگەڵ کچۆڵە و
لەگەڵ کوڕیژگە جوانکیلە
دڵ پڕ ترس و
چاو پڕ ترس و
ڕۆحچووەکانتانا هەڕاج دەکرام و
دەکڕڕام و
دەفرۆشرام و
دەکرام بە کۆیلە
دەبووم کۆیلە
کەچی خوا لەوێ نەبوو
نازانم مردبوو
نازانم چاوەکانی مجرۆ ببوو
نازانم گوێچکەکانی کەڕ و کوند ببوو
نازانم زمانی شکا بوو یان لاڵ ببوو لاڵ!
ئەم دونیایە، بێ خودایەش
خەڵکی ئەم دونیایەش مردبوون
چاویان کوێر و مجرۆ
گۆێچکەیان کەڕ ببوو
زمانیان شکا بوو … بۆ بۆ
نازانم بۆ

کە داعش هات
وەکو ئێوە
وەکو خۆم
کە تەگە داوێن تەڕەکان
داوێنی پیسیان
لە پاکیزاکانتان هەڵدەسوو
لە ڕۆحی منیش دەپەڕین!
ئەوەی ئەوان دەیان کرد
ئەو فەرمانەی ئەوان دەیاندا
بۆ سەر ژەنگاڵ
بینینم و ئەوسا زانیم
خوا نەمابوو
چاوی کوێر و مجرۆ ببوو
دڵی لە ژێر پێی شمشیر بەدەستانی بیابان، لە گیانەڵا بوو
لە ئاوزینگدانی دوا هەناسەی بوو

کاتێ ڕشانەوەی داعش هات
ئێوە ڕاتان دەکرد و
برسی بوون
ئێوە ڕاتان دەکرد و
تینوو بوون
ئێوە ڕاتان دەکرد و
جڕ و جانەوەری ئال سعوود و
سوڵتانی تورکان
بە دواتانەوە بوون وەک ڕشانەوە
منیش وەکو ئێوە سەرا سیمە
لەگەڵ ئێوە ڕام دەکرد
ئەزانم
خوا لەوێ نەبوو
تا فریامان کەوێ
تەنیا شاخ و
تەنیا ئاسمانی چیا ژەنگاڵ مابوو
تەنیا ئاسمان و چیای ژەنگاڵ پشت و پەنا بوو
ڕووی تیبکەین.

ع. سەرکەش
ئوپسالای سوید ‌ 2018.08.06




داکوەستا ….دڵشاد تاقانە

ئەی داکوەستای ژیان و یەکەم وشەی زمانم
فێرت کردم چۆن دەبێ خۆشمبوێ نیشتمانم

بەدادە دادە و بابە هەردەم قسەت پێکردووم
فێری ئاکاری چاکەو بەرەو مەزناتیت بردووم

بەتامی شیری مەمەت تاتی چوونە سەرپێیان
بوومە مرۆڤی بەخشندە خاوەنی پێگە و جێیان

تۆ شانازی و نیشانەیت لەسەر سینە و دڵمدا
هەرچی لەتوانات دابوو بەخشیووتە بەمنتدا

بۆیە لە ئاستی وەفات سەرمت بۆ دادەنوێنم
بەهیوای بەخشینی تۆم پەیامت بەجێ دێنم

دڵشاد تاقانە




ئه‌فسانه‌ … چرۆ زه‌ند

نامه‌یه‌كی خۆشه‌ویستیم بۆ نووسی
چاوه‌ڕێم وه‌ڵامم بده‌یته‌وه‌
ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ت له‌ لیستی په‌یوه‌ندیدایه‌
هه‌رگیز نایسڕمه‌وه‌
چاوه‌ڕوانی ئه‌فسانه‌یه‌كم، گه‌ر‌
ڕۆژێ، ساتێ، ته‌نها جارێ
تۆ وه‌ڵامم ده‌یته‌وه‌

03/08/2018

zandchro@hotmail.com