دەق و پاش دەق … گەڕانێک بە دونیای شیعریی تەیب جەباردا …. نووسینی: دیار لەتیف

یەكەم: سەرەتا.
نووسین، سێكسكردنە بە شاراوەیی.

نووسین پرۆساندنی دەقە؛ دەقیش، یارییەكی ئایرۆنییە لەگەڵ زمان. كرداری نووسین فڕێدانی تۆپەڵەیەک لە پیت و وشە و ڕستە و بەتاڵكردنەوەیەكی كێوییانەی خود نییە، ئەگەر بەشێک لە خۆخاڵیكردنەوەش بێت، ئەوا بە شێوە ڕەوتێكی بارگاوی بەكۆزانین. نووسینی ڕاستەقینە، گەڕانێكی قووڵە بۆ گەیشتن بە فیكر و دۆزینەوەی گۆشەنیگاكان و، خۆداماڵینە لە چەقین و بەستوویی. نووسین بەگژداچوونەوەی مەرگە، ڕووەو نەمریی. لەززەتی نووسین، ڕۆچوونە بە پنتە نادیارەكاندا و، تەنیا بكەرە بەو ساتە هەستدەكات، ڕێک وەک ئەنجامدانی سێكس. لە پاڵ هەر چەژە وەرگرتنێكدا لە نووسین، تاقیكردنەوەی ترسێكیشە. قووڵایـیی نووسین خۆهاوێژتنێكی میتافۆریانەیە بەبێ‌ هارنس. ئەو دەمەی دەگەینە ڕاستەقینێتی نووسین، كە بە تونێلی سەرچڵییەكان تێپەڕیبێتین؛ كەواتە یەكسان دەبینەوە بە وەی، نووسین بۆ خۆی سەرچڵییە بە زمان.
ساڵانی حەفتاكان، یەكەم وێستگەی شیعریی تەیب جەبار بوو، ئەو سەردەمە لەگەڵ كۆمەڵێک گەنجی هۆشیار بە واقیعی سیاسیی و هەڵاوسانی قەیرانی كولتووریی، زیاتر ئاشنای فەلسەفە و ئەدەبیات دەبێت و لە بیری بوونخوازی نزیك دەبێتەوە، ئەمە وا دەكات وەک هزر بكەوێتە تۆڕی بوونگەراییەوە، بـەڵام ئەگەر ورد ببینەوە لە ئەدەبیاتی شاعیر، بە گشتی ئەو كاریگەرییە بوونخوازییە، بە بەراورد كەمتر دەردەكەوێت و ناڕوونە.
لە سەرەتاكانی دەستپێكردنی دەقنووسیندا لای شاعیر، بوونگەرایی زۆرتر وەک فەلسەفەی ژیان دەردەكەوێت، نە وەک پرۆسەی نووسین. هێشتا ئەو هزرە لە نووسینی شاعیرانەیتیدا، بەكەمییش فۆرمی بە خۆیەوە نەگرتبوو.
……..

چەمكی “خودا” لە چامە شیعری “ئەو ڕۆژەی من دەمرم”دا، وێناندنێكی میتافیزیكییە و، بەرەو گۆڕینی وێنەسازیی هەنگاوی نەهاویشتووە. لەو دەقەدا، چەمكی “خودا” كاریگەرە بە ڕێكاری ئایینییەوە، تاوەكوو هەر وەزیفەیەكی ئەدەبییەوە. خودای شیعریی تەیب جەبار، لەو دەقەی ناوبراودا، خودایەكی ماتریاڵ و ناو زەوینی نییە، بەڵكوو پەروەردگارێكی ئایینیی شێوە نەگۆڕاوە. دوو جۆر “من” لە دەقەكانی تەیب جەباردا هەست پێ دەكرێت، ئەوەی پەیوەندی بە سەرەتاكانی شیعرنووسینییەوە هەبێت، نموونە بۆ ئەوەشمان “لاواندنەوەی خۆڵەمێش”ە، پتر “من”ێكی كۆگەرای نەتەوەیی بە ڕووخساری دەقەكانەوە زاڵە؛ بـەڵام كە دەگاتە “ئەو ڕۆژەی من دەمرم،” ئیتر بە كاوەخۆ ڕێچكەی ڕۆیشتنی چەمكی “من” پێچ بە لای “منێكی سەربەخۆدا” دەكاتەوە. “من”ی شیعریی قۆناغی حەفتاكانی تەیب، “من”ێكی شۆڕشگێڕە، وەک لەوەی “من”ێكی بیركەرەوە بێت، ئەمەش بە هۆی بارودۆخی فەزای سیاسیی ئەو دەیەیەوەیە.
ساڵانی حەفتاكان، ڕۆژگاری قوربانیدانی بەشێک لە شیعرییەت بوو، لە پێناوی سەربەستی نەتەوەیەكدا. شیعر لەو ماوەیەدا، لە پاڵ خەباتی چەكەوە، بە فەرمی دووەم ناسنامەی بەرگریكردن بوو، لە شووناسی كورد، وەک نەتەوەیەكی زوڵملێكراو. ئیتر بۆیە “من”ی ئەو قۆناغە شیعرییە چێوەدراو بەو كەشە ئاگراوییە، “من”ێكی یاخیی و خەباتكاری لێ دەردەچێت، زیاتر لەوەی “من”ێكی مەعریفی بێت؛ “من”ێكی دەستەكۆمەڵ دروست دەكات، وەک لەوەی “من”ێكی تاكگەرا.
سەرەتاكانی دەستپێكردنی نووسینی شیعریی تەیب جەبار، بۆ قۆناغی حەفتاكان و سەرهەڵدانی نوێگەری لە شیعر و ئەدەبی كوردیدا دەگەڕێتەوە، بۆیە یەكەم كۆمەڵە شیعری “لاواندنەوەی خۆڵەمێش” كە دەكاتە ئەو شیعرانەی كە لەو كتێبەدا نووسراون، زۆر بە ڕوونی كاریگەری بزاوتی “گرووپی كفری” بە گشتیی و لە ناویشیاندا “لەتیف هەڵمەت” بە دەقەكانەوە دیارە. لە فەزای شیعریی “لاواندنەوەی خۆڵەمێش،” زۆربەی جار دەنگی شیعریی لەتیف هەڵمەتی تێدا دەبیسترێت. بە گشتی، لە دەقەكانی تەیب جەباردا، بێ‌ لە یەكەم كۆمەڵە شیعری “لاواندنەوەی خۆڵەمێش،” جۆرە سوریالییەتێكی درامی دەبینین، كە بۆخۆی بە قازانجی دونیای شیعرگەراییی شاعیر كەوتووەتەوە. دونیابینینی شیعریی تەیب، دونیابینینێكی مرۆڤانەیە، خاوەن ڕوانینێكی تایبەتە بە خەونبینین بە بێگەردی دونیاوە.
…..


دووەم: سەرەتا.
بەهای ناونیشان.

ناونیشان پێكهاتەی دیواری دەقە، هەوڵێكە بۆ فراوانكردنی ناساندنی ڕووبەری دەق. ئەو وشانەی ناونیشان چێدەكەن، گرنگە پتر سەر بە كێڵگە لێكسیمییەكان بن، تاوەكوو كێڵگە ڕێزمانییەكان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كێڵگە لێكسیمییەكان جیا لە كێڵگە ڕێزمانییەكان، وەكوو باخچەیەكی بژاركراو وایە، لە دڕک و داڵی كەرەستە و ئامڕازە ناپێتڤەكان. ئەو واژانەی لە دانانی ناونیشاندا بەكار دەهێنرێن، باشتر و بە بایەخترە، كورت و ئیستەتیكی و فانتازی بن. لەبار نییە ناونیشان بە تەواوی گەیەنەری مانای بوونیادی دەقەكە بێت. هیچ مەرج نییە، تەواوی ئاماژەكانی دەق، لەسەر دێڕی تێكستەكەدا كۆ بكرێتەوە.
بڕێک لە ناوەخنی ناونیشانی ئەدەبیی، لە تەمتومانیدا جوانە، بە جۆرە گرێیەكی شێلگیرەوە، پەرژینی ماناكەی بەسترابێت. جگە لەوەش تا زۆرترین ڕادە دەبێت ناونیشان هونەریی و سەرنجڕاكێش بێت، ئەمەش بە شارەزابوون لە ژێرخانی ئەدەبیی و پاشخانی مەعریفییەوە بە چنگ دێت.

ناونیشان لای تەیب جەبار، بەسەر دوو جەمسەردا دابەش دەبێت:
جەمسەری یەكەمیان: لەو دەقانەدا ورد دەبێتەوە كە لە بازنە هزرییە شۆڕشگێڕیی و یاخییەكەیدا دەستنیشان دەكرێت.
جەمسەری دووەمیان: ئەو دەقانەن، كە لەو هزرەی ناوبرا تێپەڕیون.
ناونیشان لە جەمسەری یەكەمدا: زیاتر مەیلخوازی بەرەو هێماگەری دەشكێتەوە, ئەوەش بۆ هۆكاری كەش و هەوای ڕامیاریی و وێژەیی و كۆمەڵایەیتی ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. لە جەمسەری دووەمدا: ناونیشان هیچ گەشەیەكی بە بەراورد لەگەڵ جەمسەری یەكەمدا بە خۆیەوە نەبینیوە.
ناونیشان لە جەمسەری دووەمدا: ڕیالیستە و كەمتر ڕووپۆشی هونەریی پێوە دیارە؛ ئەو خەسڵەتی نەشاردنەوەی لەشی ناونیشان وایكردووە، زۆربەی هەرە زۆری ناوەكان كتوپڕ مانابەخش و هەواڵدەر بن؛ بە كەمترین ئاراییشتی هونەریبوونەوە.
هەرچەندە لەڕووی فۆرمەوە تازەكارییان تێدا كراوە، بەڵام ئەگەر هاتبا ڕەچاوی هونەریبوونی زۆرتری تێدا كرابا، ئەودەم ئاستی ناونیشان لاسەنگ نەدەبوو، بە تەنیا فۆرم گشت مەرجی نوێخوازی نییە، بەڵكوو سەرجەم ڕەهەندەكانی دیكەش، لە ئافراندنی پانتایی نوێگەریدا بەشدارن.
…..

سێیەم سەرەتا:
هێزی زمان.

توخمی زمان، كاراییەكی تەواوەتی بە دەق دەبەخشێت، “دەقی پڕ” ئەو دەقانەن بە داینەمۆی بەكارهێنانی ئەندازەیەكی ناوازەی زمانەوە فەراهەم دێن. شلی زمان ڕۆحی دەق دەكوژێت، زمان كۆڵەكەی سەرەكی دەقە. هەموو تازەگەرییەک لە زمانەوە سەرهەڵدەدات، بە گەڕخستنی زمان بە نیمچەیی، دڵی داهێنان دەمرێنێت. هەرچی بینای فۆرمە لە دەقدا، بە یارمەتی زمان بە دەست دێت. دەق هەرچۆن خاوەنی فۆرمێكی نوێ بێت، بەبێ‌ زمانێكی بەگوڕ و تین, هێشتا ئەوە دەقێكی ناتەواوە، بە پێوەری ماناكانی تازەگەری و داهێنان.
شێواز هەموو شتێكی دەق نییە، زمان ئەو وزەیەی لە ناوخۆیدا هەیە، كە دەقێكی شێوەدار و لە هەمانكاتدا بە مانا بەرهەم بهێنێت، ئەمەش بە زمانێكی زیرەک دەكرێت. جوانی دەق لە زمانەكەیدایە، نەک بە تەنیا شێوازی بوونیادیی. زمان و فۆرم پێكەوە دەرەنجامی دەقێكی سەركەوتوون.
زمانی شیعریی لای تەیب جەبار، تەواو لە ئاستی پێویستیدایە، زمانێكی زیندووە و توانای بەرگەگرتن و خۆژیاندنەوەی هەیە و، كرداری ئەركی خۆی ڕاپەڕاندووە، ئەمە بە تایبەت بۆ هەردوو كۆمەڵە شیعری “ئەو ڕۆژەی من دەمرم،” ئەو شیعرانەی ئاوڕ بۆ پێشەوە دەدەن. هەستی بەرپرسیارییەتی بەگڕخستنی زمان لای تەیب جەبار، بەكارلێكێكی پڕ شیعریێتەوە بەكاربراوە. چامە شیعری “ئەو ڕۆژەی من دەمرم،” یەكێكە لە جوانترین دەقەكان بە گشتی و سەرنجڕاكێشترین دەق لە مێژووی تازەی ئەم ساڵانەی ئەدەبیاتی كوردی.
چەند ناڕێكییەكی زۆر چكۆلەی تەكنیكی لەم دەقەدا بەرچاو دەكەون، كە بەدەست خستنەسەری هیچ بەهایەک لە پێكهاتەی دەقەكە ناهێنێتە خوار.
لە شوێنێكدا، دەقەكە ئاوا هاتووە:

ئەو ڕۆژەی من دەمرم،
لە پێچی كۆڵانەكەماندا،
ئاو دەخلیسكێ‌ و بە پشتا دەكەوێ.
دەست و پێی دەردەچێ.
ناتوانێ‌ سەری بەرزكاتەوە،
ناتوانێ‌ بجووڵێ.
چەند فیكە لێدەدا…
كەس فریای ناكەوێ.
دەست و پێی بهێنێتەوە جێ.

لێرەدا پێویستی نەدەكرد “دەست پێی دەردەچێ” هاتبا، لەبەرئەوەی تا ڕادەیەک لە سەرەتاوە كۆدی كۆپلەكەی شكاندووە، گرنگ نەبوو ئەو ئاماژە بهاتبا، چوونكە خوێنەر لە كۆتایی كۆپلەكەدا بەری دەكەوت. هەروەها، ڕستەی “ناتوانێ‌ سەری بەرز كاتەوە، ناتوانێ‌ بجووڵێ‌،” لێرەدا شاعیر دەیتوانی ئاوا ئەم ڕستەیە ڕێكبخاتەوە: “ناتوانێ‌ سەری بەرزكاتەوە و بجووڵێ‌،” پێویستی بەوە نەدەبوو قەرزی وشەیەكی ناپێویست بكات، بە پێی ڕادەی پێویست ئەو وشەیە، نەبووەتە هۆكاری چێكردنی جوانكاری.
لەكۆپلەیەكی تردا، ئاوها دەڵێت:

ئەو ڕۆژەی من دەمرم،
ئاگر لە سەرمانا دەلەرزێ‌،
دێتە بەر دەرگای ماڵ، زمانی گۆ ناكا،
چاو دەگێڕێ‌، بەڵكوو
لە یەكێ‌ بپرسێ:
بۆچی مرد؟!
بۆچی مرد؟!
پاشای عەرشی سەدەی بیست و سێ؟!

هەستدەكەین ناوپۆشی ئەم كۆپلەیە، پێویستی بەم ئامڕازە لێكدەرە نەدەكرد، كە دەكاتە “بەڵكو،” ئامڕازەكان بە گشتی چڕی شیعر شی دەكەنەوە و هەندێجار لە شیعربوونی دەخەن و، بەرەو بازنەی پەخشان پەلكێشی دەكەن.

ڕەشەبا لە شوێنی خۆی دەوەستێ‌،
كزومات، بێ‌ تاقەت
لە ژێر ساباتی خۆڵ بارینا.

لەم زەمینەدا، وشەی “بێتاقەت،” هیچ خستنە سەرێكی بۆ دەقەكە نییە، لەبەر ئەوەی “كزومات” خاسێتێكە بۆ بێتاقەتی دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێكی كەم، وشەی عەرەبی تێدایە، ئەگەر وشەی كوردیبان، هیچ زیانێكی بە چێژی دەقەكە نەدەگەیاند.
بە كورتی ئەم هەڵە بچووكە هونەرییانە، هیچ نەبووەتە بارگرانی بەسەر دەقەكەوە. لای شاعیر تەیب جەبار, بە تایبەتی لە هەردوو كۆمەڵە شیعری “ئەو ڕۆژەی من دەمرم” و “ئەو شیعرانەی ئاوڕ بۆ پیشەوە دەدەن” دەقەكان خاوەن كێشێكی ناوەكین، كە خۆرسک و ڕەسەنانە هاتووەتە دی. هەروەها، بەراژووكردنەوەی ژیربێژیی و كیمای وشە، ڕۆڵێكی یەكجار بەرچاویان لەبەرەو پێشبردنی دەقەكانی شاعیردا بینیوە، كە ئەمەش وایكردووە شێوەی تەرزە زمانێكی تایبەت بە مۆركی تەیب جەبار بڕسکێ.

بارۆخ: بارودۆخ، زەمینە، زەوینە، وەک تیبینی: بە هۆی ئەوەی وشەی “بارودۆخ” وشەیەكی لێكدراوە بە یارمەتی ئامڕازی ناوبەند دروستبووە، بۆ ئاسانكاری لە شێوەی دەربڕیندا، وشەكەمان لە بۆتەی داڕێژراودا داڕشتەوە.

—————————

سەرچاوە:

١- سەردەمانێ‌… تاریكی سپی بوو، تەیب جەبار، چاپخانەی پەنجەرە، 2015.




ستایڵی شیعریی ساتایەر یان ئایرۆنیك لە دنیای یۆتۆپیای عەباس عەبدوڵلا یوسفدا … سۆران محەمەد


لێکۆڵینەوە
ستایڵی شیعریی
/ساتایەر/ یان /ئایرۆنیك/ Satire .ironic
لە دنیای یۆتۆپیای عەباس عەبدوڵلا یوسفدا

سۆران محەمەد

————————

ساتایەر یان ساتیر ئەو هونەرەیە کە قۆشمەو گاڵتەجاڕیی دەکاتە ڕێگایەك بۆ پەڕینەوەی بیرۆکەی دانەر بۆ تاك و کۆمەڵ، لەم تەرزە لە هۆنراوەدا دەبێت توانای تایبەتی لە وشەسازیی بەکار بهێنرێت بە شێوەیەکی زیرەکانە، بۆ گەیاندنی ئەو بابەتەی شایستەی ساتیر لێکردنە ، بەجۆرێك کە ڕاستەوخۆ نەبێت و ماناکان ئاشکرا نەبن، بەڵکو بە شێوەیەك خوێنەران وا هەست بکەن ئەو بابەتەی وا گیانی قۆشمە و ساتیری لە خۆ گرتووە پراوپڕ شایستەیەو جێگای خۆیەتی لە گەیاندنی ئەو بابەتەدا.(١)

ئەم تەرزە لە ئەدەب و هونەر بە ڕوونی و بە جۆرێك لە جۆرەکان، لە کاری سوریالیستەکاندا ڕەنگی دەدایەوە، سوریالیستەکان کەسانی خاوەن بڕوانامەو لێهاتووییە جۆراوجۆرەکانی مەیدانەکانی ژیان بوون، وەك دانیشمەندو پزیشك و هزرمەندان، کاتێکیش رەفزی عەقڵی رەهایان کردەوە لە ڕۆچوونی زیاد لە سنووردا بوو، کە هۆکارینەهامەتیەکانی بەرپابوونی جەنگە ماڵوێرانکەرەکانی یەکەم و دووەمی جیهانیان بۆ دەگەڕاندەوە.

لە ناو نۆتەکدا
بە چاو قوچاوی بڕۆم
سەلامەتم
بە چاو کراوەییش
مێشم لێ دەبێتە گامێش
سەت ساتمەش دەکەم (کلکی کتکی پرسیارە – ل ٢٢)

ئەم جوڵانەوە ئەدەبی و هونەریە لە کاتی سەرهەڵدانی خۆیدا نەك بینەران و بیسەران و خوێنەران لە کارەکانیان تێنەدەگەشتن، بەڵکو هەندێکیان ڕەفزیشیان دەکردەوە، تا دوایی وای لێهات مۆرك و جێ پەنجەی لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر بە شێوازێکی کاریگەر جێهێشت و خوێنەرانیش داهێنانی ناوازەیان تیا وەدی دەکردن و تامەزرۆی ڕاڤە جۆراوجۆرەکانی بوون. ئەمە وێڕای ئەوەی هەر خۆی لە خۆیدا لەم ژیانەدا پێشهات و ڕووداوی وای تێدا دەبینرێت لە ڕاڤەیەکی ناماقوڵ و ئاکامێکی بیرلێنەکراوە زیاتر هیچی تر هەڵناگرێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەم بانگەوازە بە شێتێتی بشوبهێنرێت وهەموو لۆژیك و هزرێك وەلا بنێت، بەڵکو مەبەست لەوەیە ژیریی ئاراستە سروشتیە دروستەکەی خۆی وەرگرێتەوەو سنوورێك بۆ چاوچنۆکی مرۆڤ دابنرێت. ئەم هەوڵانەش لەوسەری ئەزموون و شارەزایی و ڕۆشنبیریەوە هەڵدەقوڵێن:

لە خودا دەپاڕێمەوە
لاوێتیم بۆ نەگەڕێنێتەوە
بمباتەوە منداڵی بەسمە.
ئیدی وەك ئەزموندارێك
لێ ناگەڕێم گەورە بم! (کلکی کتکی پرسیارە – ل ١٢٤)

/ساتایەر/ یان /ئایرۆنیك/ Satire .ironic شێوازێکی دەگمەنە لە داهێنانی ئەدەبی و هونەریی کە هەموو نووسەرو هونەرمەندو شاعیرێك ناتوانێت بە سەرکەوتوویی ئەسپی خۆی تیا تاو بدات، لە ئاستە باڵاکەیدا مەبەست لەمە ئەوە نیە ناوی کەس بزڕێندرێت، یان سوکایەتی لە خۆ بگرێت، بەڵکو ئەو زمانە تایبەتەی هزرە کە لە قوڵایی هۆشەوە دێتە سەر رووکارو بە گیانێکی قۆشمەئامێزەوە جیهانبینیەکی شاعیرانەی ناوازەو دەگمەنمان پێشکەش دەکات، لە جەنجاڵی کێشمە کێشەکانی ژیان و سەرگەردانی مرۆڤدا پشوویەك بە گیانی ماندوومان دەدات. پرسیار لە ناخماندا جێدەهێڵێت و هەر یەك لەئێمە خۆی لەبەردەم وەڵامەکانیاندا بە شیوازی جیاواز دەبینێتەوە، هەر یەك بە پێی ئەزموون و ئاستی تێگەشتن و ڕۆشنبیریی خۆی. هەر ئەمەشە وا لە شاعیر دەکات بابەتە سواوەکانی شیعر جێ بهێڵێت :

نوێخوازەکە..
نەکەی توخنی چاو بکەوی
جاو بابەتی تایبەتی
شاعیرە کلاسیکیەکانە (کلکی کتکی پرسیارە – ل١١٢)

گەرمەبەست لە شیعری ساتیر مامەڵەکردن بێت لەگەڵ کەموکوڕییەکی کۆمەڵگا یاخود تاک، یان هەردووکیان پێکەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین لە ئەدەبیاتی جیهانییدا قۆناغێکی زۆر دوورو درێژی بڕیوە، تۆمارکراوە کە نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش هەوڵی ئەم تەرزە بوونی هەبووە کاتێك شاعیر جۆڤیناڵ مەسخەرەی بە سیستەمی خۆراکی گشتی کرد لە دەقی ( نان و سێرك) دا.(٢)
دەبێت ستایلی دەقی هۆنراوەی ساتیر بە وێنەگەلێکی وا پڕ بکرێتەوە، کە بمانجوڵینێت، تەنانەت دەگمەنی و شێوازی میتافۆڕو خوازەی ناو ئەو دەقانە بە جۆرێکن سەراپا لەناو گەردووندا دەگەڕێن…لە بروسکەوە، تا ئەستێرەکان…تاد… وێنە و بەرواردکاریەکان دەخوازن و سوودی لێ وەردەگرن، بەڵام ئاشنایەتی بەو جۆرە شتانە بە جۆرێکە شاعیر شتانێکی تریان لێ دروست دەکات و خوێنەران تامەزرۆی ئەو گەمە زمانەوانی و تەکنیکی تێهەڵکێشکردنە دەکات.(٣)
جارانێك شاعیر بەم تەرزە لە شیعری پێکەنیناوی و گاڵتەئامێزانە ڕەخنە لە دەستەواژە ناقوڵاکانی دەوروبەر دەگرێت بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە ، کە لە زیهنی شاعیردا کەڵەکە بوون و بەم ستایلی داهێنانە دەیانخاتە ڕوو.(٤)
گەر بمانەوێت نموونە بهێنینەوە لە ئەدەبی جیهانیدا، ئەوا نموونە زۆر هەن،بەڵام تەنیا بە دەقی شاعیرێکی بەناوبانگی سەدەی شانزەی ئینگلیزی دەوەستین، بۆ نموونە شەکسپیر لە سۆناتەی (سی/١٠٠)دا، لە دیدی شاعیرانەی خۆیەوە بە شێوەیەکی ساتیر دەیەوێت ڕووە نەرێنیەکەی کات بخاتە ڕوو، لە لەناوبردنی ئازیزان و تێکدانی ڕوخساریان، بۆ ئەم مبەستەو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی کەسایەتی پێغەمبەری نەوەی ئیسرائیلیەکان بەکاردەهێنێت، تا توانای شاعیرانەی پێ ببەخشێ و بتوانێتناوازە بنوسێت و بهۆنێتەوە و دەڵێت:

تۆ لە کوێی ئەی موسا وا لە یادکراوی لە مێژە
تا بدوێی بۆم لەمەڕ توانابەخشتەوە
ئایا ئیلهامت بە گۆرانیەکی بێ بایەخەوە بەسەر دەبەیت
توانای ڕاستەقینەت دەشاریەوە بە بەخشینی ڕوناکی بە بابەتی نابایەخدار
بگەڕێوە موسای لە بیرکراو یەکسەر هەقی بکەوە
ئیلهامم بە بۆ قەسیدەی نایاب لە جێی بەهەدەردانی کات
گۆرانی بڵێ بە گوێیەکدا کە بەڕێزەوە گوێ دەگرێ
و هەردوو لێهاتوویی و بابەت بە خامە بدە
هەستە موسای پشودەر ڕوخساری شیرینی ئەزیزم بپشکنە
گەر کات هیچ چروچولۆچیەکی هەڵکەندبێ لەوێ
گەر هەبێت ئەوا ساتیر بۆ خراپ بوون
و با لە گشت جێ بوغزانی تێکدەریی کات بێ
خۆشەویستەکەم خێراتر ناودار بکە لەوەی کات ژیان لەناوبەرێ
مەهێڵە داس و چەقۆی کات لەت لەتی کات (٥)

لە ئەدەبی کلاسیکی لەمەڕ خۆشمان نموونەی ئەم تەرزە لە داهێنان هەن، بۆ نموونە وەك شێخ رەزای تاڵەبانی لە شیعرە بەناوبانگەکەیدا لە فەزڵی نەتەوەی کورد ئاوها ئەسپی قەڵەمی خۆی بەرانبەر نەتەوەکانی تر تاو دەدات و دەڵێت:

عەرەب ئینكاری فەزلی ئێوه ناكەم ئەفزەلەن ئەمما
سەلاحەدین كه دنیای گرت له زومرەی كوردی بابان بوو
عومومی شەھر یاران و سەلاتینی فەرەنگستان
له روعبی سەتوەتی ئەوشێرەدا گشتی ھەراسان بوو
قوبوری پڕله نووری ئالی بابان پڕله ڕەحمەت بێ
كه بارانی كەفی ئیحسانیان وەك ھەوری نیسان بوو
كه عەبدولڵا پاشا له شكری والیی سنەی شڕكرد
ڕەزا ئەو وەخته عومری پێنج و شەش تفڵی دەبستان بوو(٦)

شاعیر عەباس عەبدوڵڵا یوسفیش لە دەقێکی ساتیرئامێزدا خودی خۆی لە نێو کاتدا بەم جۆرە دەنووسێتەوەو ماندووبوونی لەو پێشبڕکێ نابەرابەرەدا نزیکی دەکاتەوە لە بیری ئیگزیستیالیزم، زۆر لە خۆبووردووانەتر لە دنیای مادەدا ڕاشکاوانە پێمان دەڵێت چۆن مرۆڤ داماڵ دەبێت لە گیان:

سەیری کاتژمێرم کرد
تا چاوم مڕ بوو
هەر بە گڕناگەش تەماشام دەکرد
خۆم بوومە وردە بورغوو، بوومە شلکە سپرینگ
بوومە تك، تك، تك و
بە زەبری قامچی کات غارم دا
سات لە من خێراتر
لەو پێشبڕکێیەدا، ساتمەم کرد
هەلەنگوتم و لە نائومێدیەوە
دانم پیا نا: من و کات
قەت وەك یەك هاوڕۆ نابین (کلکی کتکی پرسیارە – ل ١٢١)

گەر بە قوڵایی دنیای دەقەکانی نێو کۆمەڵە شیعریی(کلکی کتکی پرسیارە – ساڵی نووسین ١٩٧٨- ٢٠٠٧ دەزگای ئاراس ، قەبارەی مامناوەندی١٤١ لاپەڕە) ی شاعیر عەباس عەبدوڵلا یوسفدا ڕۆبچین، دنیایەکی سەیرو سەمەرە دەبینینەوە ، بە شێوازێکی نایابی قۆشمە وەك مرۆڤێکی بلیمەتی تێپەڕیو بە نەهامەتی و ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا دنیابینی خۆیمان بۆ دەهۆنێتەوە، خۆدان لە مەسەلە چارەنوس سازەکانی مرۆڤ، وەك ژیان و مردن و کێشەکانی نێو کۆمەڵگاو پێشبڕکێ و سەرسەختیەکانی مرۆڤ، خۆشی و ناخۆشی، خەون و راستی، ئازارو پێکەنین…تاد، دەبینین چۆن وەك ئەکتەرێکی کۆمیدی ڕاماو لە بەرانبەر شەرەنگێزی مرۆڤ و ئەزموونە تاڵەکانیدا هەوڵ دەدات بمانخاتە پێکەنین و لەناخیشەوە نوقورچێکمان لێبگرێت تا لەو دەستەواژانە ڕابمێنین کە هزرمان دەجوڵێنێت و دەمانباتەوە سەر ئەو مەسەلە گرنگانەی ژیان و بە تێڕوانینێکی نوێوە مامەڵە لەگەڵ بیرە دۆگماو سواوەکان و حاڵەتە دووبارە بووەکان دەکات ، وەك ئەوەی پێمان بڵێ ئەمەیە ئەزموونی ژیانم، ئەمە مەزنی ئەو دەقە فرە ڕەهەندانەیە، کە ڕەنگە کەسانێك بە ڕووکەشی تەماشای بکەن و تەنیا بە زاراوە سەیرو سەمەرەکانی نێوی پێبکەنن و نەزانن چییان لە پشتەوەیە. لە کاتێکدا لای خوێنەرانێکی تر دەیان پرسیاری گرنگ خۆیان ئاشکرا دەکەن و بەوای وەڵامدا دەگەڕێن. جیهانی شت و گیانەوەرە بچوکە فەرامۆشکراوەکان دەبیننەوە کە هەر لە نموونەی ئەم دەقانەدا پێشچاو دەکەون و دەرگای نوستالیژیاو چاولێکەریی دەشکێنن و دەپەڕنەوە بۆ دنیای داهێنانی خۆماڵی خودی شاعیر.

ساتایەر یان ئایرۆنیك، زیاتر لەمەڕ قۆشمەپێکردن و نارەزایی دەهۆنرێتەوە، وەك خستنە ڕووی لایەنی گاڵتەجاڕیی شتێك یان ڕووداوێك یان کەسێك چ لە رووی ناتەبایی یان ستەم یان هەڵەوە بێت، لە پێناو ئاماژەپێدانی یان نەهێشتنی، یاخود دامرکاندنەوەی باری نائارامی دەروون بەو دەربڕینانە، جارانێك پۆزەتیڤەو بزەهێنە کە پێی دەگوترێت ساتیری هۆراسی، ئەم ناوەش لە شاعیری ڕۆمەکانەوە هۆراس داکەوتووە.، بەڵام گەر بە ڕووە توندو تیژەکەیدا شۆڕبووەوە ئەوا پێی دەگوترێت ساتیری جوڤینال، کە ئەویش لە شاعیری ڕۆمانیەوە (جوڤینال) وە هاتووە.(٧)
کەواتە ساتیر بریتیە لە جۆرێکی تر لە ڕەخنە کە سیمای ناڕاستەوخۆیی لە خۆ دەگرێت، و دادەنرێت بە هونەرێکی مەسخەرە ئاراستەکردن، لە لێدانی تاك یان بیرۆکە بە شێوەی خوازراو.
ئەمەش لە خۆیدا جۆرێکە لە بەرەنگاربوونەوەو حوکمدان بەسەر دەستەواژە هەڵەو نادروستەکاندا کە لە هزری داهێنەرەوە جێی ئاماژە پێکردن و هۆنینەوەیە، نەك تەنیا لەمەڕ تاك و کۆمەڵ بەڵکو جارانێك کەلتوریش دەگرێتەوەو خودی شاعیریشی لێ وەدەرناچێت: (٨)

منێمە… ئاخ منێمە
بە تیژترین
تیغەی نۆژداری کارامەش
دوو لەت ناکرێیت
منێمە… دەرد منێمە! (کلکی کتکی پرسیارە – ل١٠٣)

هەرچەنده لێرەدا منێمە= من+ ئێمە، کە ئاماژەیەکی قوڵتر دەدات بە بابەتەکە، بەوەی لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا هەمیشە تاك بوونی خۆی لە باوەشی کۆ دا دەبینێتەوە.
ئەم شێوازەجارانێك بۆ گەیاندنی راستیە بە گوێی بیسەرو چاوی خوێنەر، جارانێکیش لە ڕێی ئاستی هوشیاری خوێنەرو پەی بردن بە مانا شاراوەکانی پشت وشەکانەوە سوودو چێژ وەرگرتنە لە ستایل و تەکتیکی وشەسازیەکان، هەرچەندە لە تێڕوانینی کەسانێکەوە هەندێك جار رەنگە پێداگریی تیا بێت ، بەڵام دەشکرێت مەوزوعی بێت و لە دووتوێی بەرگی نوێگەریی فۆرم و ناواخن هاوتا خۆیان ئارایشت بدەن.
ئەم شێوازە لە شیعر نووسین زۆر بە ناوبانگ نییە، هۆکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە جارانێك بێزارکەرە، نەك ساڕێژکەر، جارانێك برینە شاردراوەکان وەدیار دەخات و بۆ خەڵکی جێ دەهێڵێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و تیماری بکەن، ئەمەش جۆرە سلبیەکەیەتی، نەك ئەرێنی، لەکاتێکدا دەکرێت بڵێین جارانێکیش لە شەرەنگێزیی وەئاگامان دێنێتەوەو زۆر مانای پەنهانمان بۆ وەدیار دەخات.(٩)
وێڕای توڕە بوون و ناقبوڵ کردن و گاڵتەجاڕیی بە دەقگەڵێکی ئاوها لە لایەن هەندێك خوێنەرانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت نەفەسێك بێت بە گیانی شەکەتی مرۆڤ لە نێو ململانێکانی ژیاندا، نە خاسمە لە شێوازێکی کۆمیدیدا ئاراستە بکرێت، کە دەبێتە هۆی ئەوەی هەردووك لە شاعیرو خوێنەر توڕەییان بگۆڕن بە پێکەنین و قبوڵکردن، تەنانەت وەرگرتنی ڕەخنەش چ لە بواری کۆمەڵایەتی یان بوارەکانی تردا و قبوڵکردنی و جارانێکیش چێژ لێ بینینی. ڕەنگە بە شێوەی دیارو ئاشکرا ناوهێنانی کەسی تیا نەبێت و هەستی کەسی پێ بریندار نەبێت، جگە لەوەی هیچ ئازارێکی جەستەیی لێ ناکەوێتەوە. (١٠)

ئەمە چ دۆزەخێكە
هەر هێڵی ڕاست هەیە
چەماوە هەیە
ئەمانە زوو
دەبنە شیشی بەندیخانە
درەنگیش لە کاتی بەرهەڵدان
بەندیخانە بە هێڵەوە
دەبێتە شێتخانە (کلکی کتکی پرسیارە – ل ٧٤)

وا ئەزانم ڕەخنەنووس نەجات حەمید ئەحمەد زۆر باش پێکاویەتی لە خوێندنەوەی شێوازی بنیاتی زمانەوانی لە دەقەکانی شاعیردا کە نووسیویە ( هەندێك ساتیر بەرامبەر بەو زانین و بیرکردنەوانەی لە بیرماندا کۆنکرێتین… هەندێك بێ لایەنی و گوێ نەدان و پێکەنین… تۆزێك سەیرکردنی قوڵ، ئەمەیە بیرکردنەوە لە پاش زانین و گەیشتنی هەموو ئەو مانایانەی لە ژیانماندا هەن و دووبارە دەبنەوە… ( ل٢١٩/ زمان و فیکر لە نێوانی تیۆرو پراکتیکدا).

گێڕ بگۆڕە
بە چەشنی گوڵە بە ڕۆژە
هەتاویش لە بیر نەکەیت ( کلکی کتکی پرسیارە – ل ٦٠)

(ئەم هەموو وێنە سەیرانەی مرۆڤ لە لای شاعیر بەهایەکی فیکرییان نیەو مەبەستیش بەخشینی بەهایەکی فیکریی نییە، بەڵکو مەبەست بەخشینی وێنەیەکی ساتیریە کە تیایدا هەموو فیکرەکان وەلاوە دەنرێن و دەبنە شوێنی گاڵتەپێکردن…… ئەو وێنەکان لە حاڵەتی ساتیردا دەبینێت، ساتیرێك کە بۆی هەیە پێکەنین تێکەڵ بە گریان بکات، بێ هودەیی تێکەڵ بە واقیعی بوون بکات، ڕاستی تێکەڵ بە خەیاڵ و وەهم بکات…ل٢٢٣- زمان و فیکر لە نێوانی تیۆرو پراکتیکدا)

لێرەدا حەز دەکەم پێکەوە پیاسەیەکی خێرا بکەین بە هەندێك لە کۆڵانە خواروخێچەکانی دنیای ئەو قەسیدە ساتیر ئامێزانەدا و هەندێك خوێندنەوەیان بۆ بکەین، جگە لەوەی ئەمە ئەبێتە چاو ڕۆشنی زیاتری خوێنەران بە دنیای تەرزی هاوچەرخی ئەم دەقانەدا، هەرواش لە چێژو قۆشمە بێ بەش نابین کە چۆن خودی ئاگا لە پشت هەر دالێکەوە خۆی مەڵاس داوەو خوێنەران کەمەندکێشی جیهانی دەقەکان دەکات:-

* جیهانی مادەو گیان:
دەکرێت لە دنیای مادەدا هەموو شتێك بگۆڕدرێتەوە بۆ بەرژەوەندی، بۆیە لەم ساتە وەختانەدا ئاساییە مۆڕاڵی ڕاستگۆیی مرۆڤ لەدەست بدرێت و قێزەونترین سیفەت جێی بگرێتەوە کە درۆیە:

فیزیک
تا ڕاستیەک دەچەسپێنێ
هەزار درۆ دەکات ( کلکی کتکی پرسیارە – ل٧٧)

* سیستەمی ژیانی مێروولە:
هەموو شتێك بە خوێ و خوێش بە مەعنا، بەڵام هەڵپەی مرۆڤ جارانێك بە جۆرێكە سنوور دانانێت بۆ حەزو ویستەکانی تا سەری دەخوات، بەڵام شاعیر لە ئاماژەیەکی کورتبڕدا دەمانباتەوە بۆ سیستەمی ژیانی مێروولە ، لەگەڵ ئەوەی چەند بوونەوەرێکی بچووکە بەڵام زیرەکییەکی بێ هاوتای هەیە، شەرمیش نیە مرۆڤ سوود لەو یاسایانەی دەوروبەرو ئاژەڵان و سروشت ببینێت بۆ ڕێکخستنی شێوازی دروستی ژیانی خۆی:

مێروولە هەزار هەندی مرۆڤ
شەکر خۆرەو لەشساغه ( کلکی کتکی پرسیارە – ل٦٦)

* مافی ئاژەڵان:
سۆزو بیرکردنەوە لە مافی ئاژەڵان و نەرم و نییانی نواندن بەرانبەریان لە هزرێکی باڵاوە ڕچە دەگرێت، بۆیە دەبینین (ڤێجیتەریان- ڕووەك خۆران) لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا لە زیادبووندان و مافی ژیانیش بە ئاژەڵان ڕەوا دەبین و بەڵکو شێلگیرانە جارانێك داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن، شاعیریش بە شێوازێکی ساتیر ئەم مانایەمان فێر دەکات:

لە لۆقنتەدا
پاچەم دەخوارد
سەرکی مەڕەکە باعاندی
من نەبووم، ئەوەی پاچەی دەخوارد ( کلکی کتکی پرسیارە – ل ٨٢)

* مرۆڤ و ڕاستگۆیی:
سەرسەختی و چاوچنۆکی و فێڵبازی و دڕندەیی لە بەرگی مرۆڤدا ، کە سەراحەت و ڕاستگۆیی زەوت دەکەن، کۆمەڵگا بە ئاقارێکی نالەباردا دەبەن، وێڕای ئەوەی خۆیان ئارامییان لێ هەڵدەگیرێت شاعیریش دەهێننە گۆو ئەو ڕاستیە دەدرکێنێت، کە مرۆڤ چەندێك زاڵم بێت زۆر باشترە گەر ڕاستگۆ بێت، وەك لەوەی ستەمکار بێت و دانی پیانەنێت و خەڵەتاندنیش بکاتە پیشە: لەمکاتەشدایە مرۆڤ سیفەتی دڕندەیی ئاژەڵێکی وەك گورگ وەردەگرێت و سیفەتی سۆزو میهرەبانی وەلا دەنێت:

ئەوانەی ناو لە منداڵیان دەنێن
گورگ- سەگ- مار مەیمون- ڕێوی
چەند ڕاستگۆن ( کلکی کتکی پرسیارە – ل٤٩)

گورگێک بانگم دەکا
هەڵمەیە… برا! ( کلکی کتکی پرسیارە – ل٢٩)

* ناهارمۆنییەتی مرۆڤ و دەوروبەر:
لە دید وئەزموونی شاعیرەوە لانی کەم لەم چاخەدا مرۆڤ و ژیان و دەوروبەر لە ناهارمۆنیەتێکی ترسناکدا دەژین، لە هزری شاعیرەوە سەدای ژینگەپارێزییەکی قەشەنگ بڵند دەبێت و دەیدات بە گوێی ئادەمیزادانی دەوربەردا و ڕاستی ئەو دۆخە ناهەموارەی واقیعمان پێشچاو دەخات کە چۆن هەندێك مرۆڤ وەك سیمبوڵی تێکدان، بێ پەیڕەوکردنی هیچ پرەنسیپێك پێداگری لە خۆیان دەکەن و گەر لەسەر پێشێلکردنی ماف و بوونی ڕووەك و گیانەوەرانیش بێت:

هەر جارێ
بە تیشکی زەقەوە بڵێی:
– بژی مرۆڤ
بەیەکجارەکی ئاژەڵێك لەناو دەچێ
هەر جارێ
بە تیشکی زەقەوە بقیژێنی:
– بژی مرۆڤ
بەیەکجارەکی ڕەگەزی ڕووەکێك لەناو دەچێ ( کلکیکتکیپرسیارە – ل١٠٢)

زەمین هی کەروێشکان بوو
مرۆڤ هات و لێی زەوت کردن ( کلکی کتکی پرسیارە – ل١١٣)

* سیمبوڵی بەختەوەریی و پرسیارێکی فەلسەفی:
ئەمە ڕاڤەی ئەوەیە زەمین جێی بەختەوەری بوو پێش ئەوەی هێزی شەڕەنگێزی مرۆڤ وێرانی بکات و تەبایی و شادی تیا لە بەین بەرێت، هەر شاعیر خۆی لە لاپەرە ١٢٠ دا ئەم سیمبوڵەمان بۆ شیکار دەکات کە هەوڵێکی نوێیەو پێش ئەو نەمبینیوە کەروێشك بە سیمبوڵی شادی خوازرابێت، بەڵام گەر تەنیا چاوتروکانێك تەماشای کەروێشك بکەیت دەبینیت شێوازی دوو ددانی سەرەوەو خوارەوەی دەموچاوێکی پێکەنیناویدپێدەبەخشێت:
کەروێشك هەمیشە پێدەکەنێ
ماسیش هەمیشە دەگریێ ( کلکی کتکی پرسیارە – ل١٢٠)

ئەم چڕبوونەوەیە پەلکێشی دنیای فەلسەفەمان دەکات و ئەو پرسیارەمان لا دەهروژێنێت کە ئایا تا چەند قەدەرو ژینگە کەسایەتیمان ڕووپۆش دەکەن، ئەی ئەوە نیە ماسی لە ئاودایەو هەمیشە فرمێسک چاوانی داگیر کردووە؟

*مرۆڤ و گورگ:
میتافۆڕی ئاژەڵان نەك تەنیا فەیلەسوفی هندی بەیدەبا بەکاریهێناون، بەڵکو جارانێك بە چاو خشاندن و وردبوونەوە لە ژیان و سروشتی ئاژەڵان گەورەترین وانە فێر دەبین، گورگ ئەو گیانەوەرە دڕندەیەیە تینوێتی بە خوێن دەشکێت، بەڵام مەخابن شاعیر بە پارادۆکسی ماناکان ئەوەمان پێ دەڵێت کاتێك مرۆڤ مۆڕاڵی مرۆڤایەتی داماڵێت ، زۆر لە گورگ دڕندەتر دەبێت بەرانبەر هاوڕەگەزەکانی خۆی، بۆیە لەمبارەدا گورگیش سەرکۆنەی ئەم سیفەتە لەناوبەرەی مرۆڤ دەکات و ئاشتیخوازی خۆی رادەگەیەنێت:

مرۆڤ خۆی مرۆڤخۆرە
گورگ لوراندی بە خوا من نیم
سەیری دروشمی مرۆڤ کەن
کەلـلە سەرێك و دوو ئێسقان ( کلکی کتکی پرسیارە – ل٩٨)

* گازندە لە ئەهلی… مەکە:
گەر چەم بێ چەقەڵ نەبێت، ئەمە مانای هارمۆنییەت دەبەخشێت لە دنیای یۆتۆپیای ڕیالیزمی شاعیردا، ناکرێت کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ببێتە فریشە و دنیاش هەر رووناکی بێت و تاریکایی بوونی نەمێنیت، ئەی ژیان چۆن بە بێ دوالیزمی کێشەکان دەبن؟ چەند جوان و بڵندە کاتێك بە مانا وەڵامێكی چڕو پڕاوپڕی ئەو گازندانەمان دەداتەوە کە جارانێك بێ ئاگایانە دەیکەین بێ ئەوەی ئەو پەندەمان لە یاد بێت کە دەڵێت (ئەوەی لە مشك بێت جەواڵ دەدڕێت) ئیتر گازندە بۆ؟ شاعیریش دەڵێت:

شار بێ مشك نابێ
گوند بێ کەر نابێ ( کلکی کتکی پرسیارە – ل ٨٩)

* دۆخی ئێراق:
دەگێڕنەوە پێشینانمان گوتوویانە دوای ئەوەی خەڵکی ئێراق بە ناهەق خوێنی حەسەن و حوسێنیان ڕشت ئەوا لەسەر ئەو خاکە هەرگیز خۆشی لە خۆ نابینن، شاعیریش زۆر بە کورتی و چڕی و لە ئەزموونی خۆی و مێژووەوە دەخوێنێتەوەو دەڵێت:

هەروا بووەو هەروا دەبێ
لە ئێراق دەوەشێتەوە ( کلکی کتکی پرسیارە – ل٧٩)

* تیۆرو پراکتیز یان خەیاڵ و واقیع:
زۆر ڕۆچوون لە بواری تیۆریدا جارانێك نەك توشی بێهیوایمان دەکات بەڵکو بەربینمان تەسك دەکاتەوەو ڕەفتارمان تار، بەڵام گەر بە مێشکێکی کراوەو فراوانەوە مامەڵە لەگەڵ دانەکانی بوون بکرێت زیاتر لە ڕاستیەوە نزیك دەبینەوەو ئەوجاش وەك تۆپ شەق لە مافی هیچ بوونەوەرێك نادرێت، لە ئازارو خۆشیەکانیاندا هەست بە ئازارو خۆشی خۆمان دەکەین:

زەمین بە تۆپی خڕ مەزانە
دونیات لێ تەسك دەبێتەوە ( کلکی کتکی پرسیارە – ل٩٠)

* ساتیری چاولێکەریی:
چاولێکەریی دەردێكی کوشندەی کۆمەڵایەتیەو رەنگە سەرچاوەکەی کاڵفامی خاوەنەکەی بێت، لێرەوە جێی خۆیەتی مرۆڤ خاوەنی کاراکتەری خۆی بێت و ئەوەی بۆ کەسانێکی تر لواوەو لەبارە ڕەنگە بۆ کەسانێکی تر بە جۆرێکی تر بێت، ئەم هوشیارییە ئاراستەی کۆمەڵگا بە ئاقارێکی باڵای پەیڕەوکردنی ئەرك و مافەکاندا دەبات و تەبایی پەخش دەکات:

لە ژوورێکا
یەکێك باوێشکی دەهات
دوازدە کەس بە دوایا وایان کرد
بۆقێکیش، بە هەموویان پێ دەکەنی ( کلکی کتکی پرسیارە – ل٩٦)

—————————
سەرچاوەو پەراوێزەکان:

١-ehow.com/how_5161652_write-satire-poem
٢-magmapoetry.com/archive/magma-39/articles/poetic-satire
٣-quod.lib.umich.edu/d/did/did2222.0000.694?rgn=main;view=fulltext
٤-people.virginia.edu/~jdk3t/epicintrog/others.htm
٥-دەقەکە لەم سەرچاوەیەوە وەرگیراوە:
www.poetrysoup.com/famous/poem/8816/Sonnet_C
ڕاڤەی دەقەکە لەم سەرچاوەیەوە وەرگیراوە:
nfs.sparknotes.com/sonnets/sonnet_100.
٦- دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی(١٨٣١-١٩١٠) – شوکور مستەفا- دەزگای ئاراس.
citelighter.com/literature/english/knowledgecards/satirical-poetry ٧-
funny-poems.edigg.com/Satire٨-
answers.yahoo.com/question/index?qid=20081118062121AAAonD8٩-
sarcasmsociety.com/satire.html١٠-
١١- وێڕای سوود وەرگرتن لە کۆمەڵە شیعریی ( کلکی کتکی پرسیارە) چاپی یەکەم ٢٠٠٧ – دەزگای ئاراس.
١٢- زمان و فیکر لە نێوانی تیۆرو پراکتیکدا- نەجات حەمید ئەحمەد- ٢٠١٣/ بەڕێوبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی.




كچه‌كه‌م شه‌ڕ له‌گه‌ڵ باوكیدا ده‌كا ئایا ده‌توانم یارمه‌تیی بده‌م؟! … نووسینی: مارێلا فرۆستره‌پ

وه‌رگێڕانی: ئه‌ریوان جاسم
———————-

مارێلا پێیوایه‌ دایك ده‌توانێ‌ زیاتر ڕۆڵی ئامۆژگاریكار ببینێت تا ناوبژیكه‌ر له‌و كاته‌ی كچه‌كه‌ی دووباره‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ باوكیدا دروست ده‌كا. كچه‌ 18 ساڵانه‌كه‌م په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵا باوكیدا هه‌بوو, به‌ڵام له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا به‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌ و به‌به‌رده‌وامی به‌ باوكی ده‌ڵێت: وازم لێبێنه‌, یاخود ده‌ڵێ ئه‌رێ كێشه‌ی تۆ چییه‌؟ كاتێك باوكی داوای ئه‌نجامدانی شتێكی لێده‌كات, ئه‌م ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌. زۆر ناخۆشه‌ ببینی ئاوا ڕه‌فتار ده‌كات. وتم هیوادارم په‌یوه‌ندیی نێوانتان باشتر بێت, به‌ڵام گوتی “باوكم پێویسته‌ به‌رامبه‌رم باش بێت “. باوكیشی به‌ به‌رده‌وامی ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت, به‌ڵام ئێستا ده‌یه‌وێت بایه‌خ به‌ ژیانی بدات, كه‌چی ئه‌و گوێی پێنادات. زۆر توڕه‌ ده‌بێت كاتێك داوای ئه‌نجامدانی شتَكی لێده‌كات و ئه‌ویش ئه‌نجامی نادات (چونكه‌ پێی وایه‌ زۆر ناگوێڕایه‌ڵه‌,من هانیان ده‌ده‌م تا گفتۆ بكه‌ن, به‌ڵام به‌ هاواركردن له‌ نێوانیاندا كۆتایی دێت). هه‌وڵم داوه‌ هانی باوكی بده‌م واز له‌م خووه‌ی بێنێت, به‌ڵام هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت قسه‌ی كۆتایی خۆی بیكات. هه‌روه‌ها هه‌وڵم داوه‌ ناوبژییان بكه‌م, به‌ڵام ئێستا ناتوانم به‌و شێوازه‌ گوێم له‌ ده‌نگیان بێت. بۆیه‌ ژووره‌كه‌ به‌جێ ده‌هێڵم. حه‌زده‌كه‌م په‌یوه‌ندییان باش بێت, به‌ڵام نازانم چۆن یارمه‌تیان بده‌م. مارێلا ده‌ڵێت: پچڕانی په‌یوه‌ندی شتێكی قورسه‌. تۆ شایه‌تحاڵی ڕووداوێكی بوومه‌له‌رزه‌ ئاسای له‌ كاتێكدا كه‌ په‌یوه‌ندیی منداڵێتی كچ و باوك ده‌ست پێده‌كات و دروست ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی باشه‌ كه‌ زۆربه‌ی كچان پێویسته‌ زاڵ بن به‌سه‌ر سه‌ره‌تای خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ باوكیان هه‌ر له‌به‌روه‌شه‌ كه‌سانی وه‌ك من پێش قۆناغی گه‌وره‌بوون

باوكیان له‌ده‌ستداوه‌, به‌شێكی زۆری ژیانیان به‌ هه‌وڵدان بو گۆڕینی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌ن پێش ئه‌وه‌ی درك به‌وه‌ بكه‌ن هاوشێوه‌كانیان نموونه‌یه‌كی پێویست نییه‌.
له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا, هه‌رچه‌نده‌ كچه‌كه‌ت له‌ ده‌ستپێكێكی تاڕاده‌یه‌ك دره‌نگه‌, به‌ڵام به‌ بڕوای من ماسوولكه‌كانی نمایش ده‌كات و هێزی خۆی به‌كارده‌هێنێ, ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه‌ و پێویسته‌ هه‌ر وابێت. به‌ تێپه‌ڕبوونی ساڵ دایك و باوكان و منداڵه‌كانیان پێویسته‌ شێوازی نوێی گفتوگۆ فێربن. له‌وساته‌ی كه‌وا كۆرپه‌یه‌ك له‌دایك ده‌بێت, گۆڕانێكی به‌رده‌وام له‌ پێشبینی كردن هه‌یه‌ بۆ گوێڕایه‌ڵنه‌یكردن, هه‌وڵه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌ت بۆ درێژه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری هه‌تا دێت بێسوود ده‌بێت كاتێك كه‌ كچه‌ بچووكه‌كه‌ی ده‌بێته‌ ئافره‌تێكی پێگه‌یشتوو. گرنگه‌ باوك تێبگات ئه‌گه‌ر له‌م كاته‌دا به‌ تێگه‌یشتی دوو لایه‌نه‌ی نێوانیانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی دروست نه‌كات, ئه‌وا دواتر دره‌نگ ده‌بێت و ناكۆكی له‌ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌ درێژایی ژیان ڕووده‌دات. ئێستا چانسی باوكه‌ تا ببێته‌ هاوڕێی كچه‌كه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ ڕێگه‌ی كچه‌كه‌ی بدات له‌ ژووره‌وه‌ تا كاریگه‌ری باوكی له‌سه‌ر خۆی كه‌م بكاته‌وه‌. تێده‌گه‌م چه‌ند قورسه‌ له‌ دووره‌وه‌ ناوبژێتی بكه‌ی, به‌ڵام پێویسته‌ تۆش ئه‌ركی خۆت به‌ره‌وپێش ببه‌یت و له‌ ڕۆڵی دایكایه‌تیت داهێنان بكه‌یته‌وه‌.

ئه‌ركی تۆ ئه‌وه‌ نییه‌ بێده‌نگ بیت به‌رامبه‌ر هاوسه‌ر و كچه‌كه‌ت و لات گرنگ نه‌بێت په‌یوه‌ندیان چه‌ند خراپه‌ و ده‌بێت خۆیان چاره‌سه‌ری بكه‌ن,به‌ڵكو ئامۆژگاریی تۆ پێویسته‌. هه‌وڵبده‌ سه‌رسوڕمانی خۆت پیشان بده‌یت كاتێك یه‌كێكیان گوێ ده‌گرن, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش به‌ ده‌گمه‌ن ڕووده‌دات له‌ ساتی هه‌ڵچوون له‌كاتی گفتوگۆدا. هه‌ندێكجار باوك كاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت به‌هۆی گرنگی ڕۆڵی دایك له‌ كاتی بوونی كۆرپه‌دا, كه‌واته‌ گرنگه‌ بزانی باوك ڕۆڵێكی چه‌ند سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌ ژیانی منداڵه‌كانی. ڕه‌گه‌زی منداڵه‌كانیان هه‌ر چی بێت, ئه‌وا به‌هۆی باوكیانه‌وه‌یه‌ كه‌ فێری هێز و توانا ده‌بن و ئه‌مه‌ش وانه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی به‌ زۆر شێواز وێنا ده‌كات. سه‌ره‌ڕای دروشمه‌ فێمه‌نیسته‌كانی ته‌وژمی دووه‌م كه‌ جوداخوازییان بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌كسانی له‌ مافدا بووه‌ته‌ هۆی دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ پیاوان, به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ردوولا یه‌ك بژارده‌یان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ڕۆڵێكی پێویست و بێ هاوتایان هه‌یه‌ له‌ ژیانی منداڵه‌كانیان. له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ڕێژه‌ی ته‌ڵاق, به‌ڵام گرنكه‌ دایك و باوك شێوازی گونجاو بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیان ببینه‌وه‌.په‌یوه‌ندیه‌كانی داهاتووی كچه‌كه‌ت و ڕه‌فتاری به‌شێوه‌كی زۆر به‌هۆی كاریگه‌ری باوكییه‌وه‌ له‌لایه‌ك و هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و ڕه‌فتاره‌وه‌یه‌ كه‌ تێبینی ده‌كات له‌ نێوان خودی دایك و باوك.باوكی چه‌ند باشتر بێت ئه‌وا كچه‌كه‌ی پیاویكی باشتری له‌ داهاتوودا خۆشده‌وێ. پێویسته‌ ئه‌وه‌ به‌بیر مێرده‌كه‌ت بخه‌یته‌وه‌ كه‌ ئه‌و نموونه‌یه‌كه‌ بۆ كچه‌كه‌ی و ئه‌م نموونه‌یه‌ش بارێكی قورسه‌ تا به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو ڕه‌فتار بكات. ئه‌سته‌مه‌ بۆ كچه‌كه‌ له‌ ژیانی به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ باوكی پچڕاندبێت, به‌ڵام له‌ ئێستادا چۆنیه‌تی بنیادنانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان ده‌بێته‌ هۆی بنه‌مای ڕه‌فتاریان بۆ ده‌یان ساڵی داهاتوو. قورسه‌ بۆ تۆ كه‌ به‌ئاسانی ببیته‌ چاودێر له‌م گۆڕانكارییه‌ بنچینه‌یه‌, به‌ڵام جگه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م جۆره‌ی ئێستای ناكۆكی تا چه‌ند سروشتییه‌, تۆ ده‌توانی كه‌مێك ئامۆژگاری بكه‌یت له‌ كاتی ئاشتی نێوانیان دا.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی گاردیان




ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ شیعر…. ناڵه‌ حه‌سه‌ن

● بابه‌ت:
● ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ شیعر
● ناڵه‌ حه‌سه‌ن
● پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانی:
● نه‌خشه‌سازی ناوه‌وه‌: ڕێدار جه‌عفه‌ر
● به‌رگ: هۆگر سدیق
● نرخ ()
● چاپی یه‌كه‌م: 2016
● تیراژ: (500) دانه‌
● چاپخانه‌ی: چاپخانه‌ی موكریانی (هه‌ولێر)
● له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كتێبخانه‌كان ژماره‌ی سپاردنی (….) ساڵی(…..)ی پێ دراوه‌.
زنجیره‌ی كتێب (…..)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….ناڵە حەسەن




بەرژەوەندخوازیی، تیرۆریستان دابەشدەکات …. جیهاد موحەمەد

گومانی تیا نییە، گەورەترین هێزی تیرۆرستیی و داگیرکاریی ئەمەریکا و سیستمی سەرمایەداریە، لەم سەردەمەدا بە دەگمەن وڵاتانێک هەبن توانیبێتیان خۆیان لە هەژموونی سەرمایەداری بپارێزن، یان توانیبێتیان دژایەتی هەژموونی سەرمایەداری بکەن، ئەگەر خۆپاراستن و دژایەتیکردنێکیش هەبێت لە ئارادا بەرامبەر بە ئەمەریکا ئەوە لەو حاڵەتانەدا دروست دەبێت، کە لایەنی دژ و خۆپارێز هەست بە ترسی تەواو هەڵلوشین دەکەن لە لایەن سەرمایەداریەوە، لە ترسی تووشبوون بە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرامبەر بە ئەمەریکا دەوەستنەوە. بۆیە لە دواجاریشدا هەموو یەکدەگرن و بەردەوام لە شەڕ و ئاشتیدا دەبن، ئەم ئامڕازە (شەڕ و ئاشتی) لە نێوان وڵاتانی سەرمایەداریدا سیاسەتێکە بەردەوامی دەدات بەم (نەزمە نوێە) کە لە ڕاستیدا نەزمی نوێ نییە بەڵکو بەزمی نوێیە.

سیاسەتی ترامپ بە ئاشکرا جیاوازە لە سیاسەتی ئۆباما، ئەم پیاوە سەرشێتە هەر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار هەڕەشەو گوڕەشەکانی خۆی لە دەوڵەتانی ئیسلام و دەوڵەتی ئێران نەشاردۆتەوە، ئەم هەڕەشە و تۆقاندنانەش لە پێناوی کۆکردنەوەی سەرمایەیەکی نەختینەیی زەبلاحدا بووە. ترامت بە هەڕەشەکانی دەیەوێت هەژموونە ئابوورییە زەبەلاحەکەی ئەمەریکا کە خۆی دەبینێتەوە لە بازرگانییە گەوەرکان و ناردنی کەلوپەل بۆ وڵاتانی دەرەوەی ئەمەریکا لە بچوکترین ئامێرەوە تا دەگات بە ئوتومبیل و گەمێ و فڕۆکە و چەک و چۆڵێکی زۆری خەزنکارو، هیچ وڵاتێکی وەک چین و روسیا نەتوانن کێبڕکێکی بکەن، لە لایەکی تریشەوە دەخوازێت جگە لە سەپاندنی ئەو هەژموونە ئابووریی و بازرگانیە، سامانێکی نەختینەی گەورەش کۆبکاتەوە لە وڵاتانی وەک سعودیەی عەرەبی و قەتەر و ئێران و چەندین وڵاتی دیکە.

ترامپ زەوینەیەکی باشی لە بەردەستایە بۆ مسۆگەرکردنی ئەم سیاستە هەژموونکاریە، جەنگ و پێکدادانەکانی نێوان سعودیە و ئێران، کە خۆی لە جەنگە نەگریس و نەبڕاوەکەی نێوان هەردوو ئایینزای سوننیگەرایی و شیعەگەریی دەبینێتەوە. لە لایەکی تریش سەرکێشییەکانی ئەکپارتی و ئەردۆغانی سەرشێت، کە دەخوازێت هەڕەشە لە هەموو جیهان بکات و خەلافەتی عوسمانی بهێنێتەوە سەر سەحنی حکومڕانی و ببێت بە کوێخا و دەمسپی هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بە تایبەتی کاتێک کە تورکیا زانیان لە یەکێتی ئەوروپادا قبووڵناکرێن ئیتر بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستیان شت لە رۆژئاوا. لە لایەکی تر دەوڵەمەندیە گەورەکەی قەتەر بووە بەو دوگە چەورەی کە چاوچنۆکانە ئەمەریکا چاوی تێبڕیەوە، دەیەوێت سەدان ملیار دۆلار لە قەتەر بسێنێت، هەموو ئەمان زەوینەی لەبارن بۆ سیاسەت گڵاوەکەی ترامپ.
ئەم چاوچنۆکییانەش بوونەتە هۆکاری دابەشکردنی تیرۆریستانی جیهان. لە لایەک ئێران و سعودیە، لە لایەک تورکیا و ئەمەریکا، لە لایەکی تر ئێران و ئەمەریکا. لە لایەکی تر ڕوسیا و چین لە هەوڵی ئەوەدان ئەم سیاسەتە قێزەونەی ئەمەریکا سەرنەگرێت و هەرچۆنێک بێت بەرژەوندی خۆیان لە جیهاندا بپارێزن.

ئەم سیاسەتەی ترامپ و بە گشتی سەرمایەداری جیهانی، بە تەواوەتی ترسێکی گەورەی دروستکردووە بۆ هەموو خەڵکی ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند باری سایکۆلۆژی خەڵک لە حاڵەتێکی زۆر خراپ و ترس و تۆقاندندان لە قەیران و شەڕ و پێکدادانی ئەم هێزە تیرۆریستانە، باری سایکۆلۆژی حوکمڕانانی ئەم دەوڵەتانەی ناوچەکە بە هەمان شێوە لە حاڵەتێکی خرپادایە و پەلەقاژەی مەرگیانە. کەواتە جیهان بە گشتی و وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و جیهانی سێ بە تایبەتی کەوتوونەتە دووڕیانێکی تاریک و ئاڵۆزەوە، بە جۆرێک کە هیچ کام لەم دەوڵەتانە ناتوانێت بڕیاری تەواوەتی خۆی بدات، ئەوەی کە هەیە تەنها هەڕەشەکردن و خۆ گیڤکردنەوە زیاتر هیچی لێ سەوز نابێت.

هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئێرا لە یەکتری بەردەوامە، هەڕەشە و نیگەرانییەکانی ئەمەریکا و تورکیا بەردەوامە. عێراق و کوردستانیش لەم هەڕەشە و گوڕەشە و نیگەرانی و تێکچوونی باری دەروونیە بێ بەش نییە. عەبادی لە لایەک دەڵێت ئێمە ناچارین بڕیارەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکەین، لە لایەکی تر پەشیمان دەبێتەوە، دەچێت بۆ تورکای و پەیمانیش بە تورکیا دەدات، کە چیتر ڕێگە بەو هەڕەشانە نادات کە لە عێراقەوە دەکرێت لە تورکیا، هەر دوای ئەم پەیمانەی عەبادی یەکسەر تورکیا دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر شەنگال و چەدنین کەسی سەرکردەی یەبەشەیان تیرۆرکرد بە بۆمببارانکردنی فڕۆکە جەنگیەکانیان. عەبادی دەیەوێت سەفەری ئێران بکات و لەولاشەوە ئێران قبووڵی ناکەن، لە لایەکی ترەوە هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و سوننە و کورد، ناتوانن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان جێبجێ بکەن و حکومەتی نوێ پێک بهێنن. قەتەر لەگەڵ ئەوەی پشی پشی بۆ ئەمەریکا دەکات لە هەمانکاتدا خۆی دەگەیەنێتە لای ئەردۆغان و پەیمانی ئەوە ئەدات کە بایی ١٥پانزە ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە تورکیادا ئەنجام بدەن. سعودیە بە جۆرێک سەرشێت بووە، کە محەمەد بن سەلمان دەیان لە شازادەکانی دەستبەسەر کردووە و داوای سەدان ملیار دۆلاریان لێ دەکات، بۆ ئەوەی حوکمی بنەماڵەکەیان بپارێزن و خۆیان دەرباز بکەن لە هەڕشە و هەژموونی شیعەگەرایی و ئێران، ئەمەریکاش هەرچی داواکرد بڵێن بەسەر چاو. ئەم سەرشێتیەی محەمەد بن سەلمان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بە ساروخ لە قوتابخانە سەرەتای و ناوەندییەکانی یەمەن بدەن و بە دەیان منداڵ خەڵتانی خوێن بکەن و هیچ هیزێکیش لە دنیادا ئیدانەی نەکات.

لە هەموو ئەمانە ناخۆشتر ئەوەیە، کە خەڵکی ستەمدیدەی ئەم ناوچەیە لەگەڵ هەموو نیگەرانیەکانیاندا، لەگەڵ هەموو ترس و تۆقاندنیاندا، بەش بەش بوون بەسەر ئەم هێزانەدا، کۆمەڵە حیزبێکی ئیسلامی سیاسیی کاریگەریەکی ئاشکرای هەیە لەسەر گەوجاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکیەوە بۆ لایەنداری ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت. بە داخێکی گەورەوە، ئەو هێزانەی خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن، ئەو هێزانەی دژی تیرۆریستان چەندین ساڵە دەجەنگن، وەک پەکەکە و پەیەدە و شەڕڤانان و یەپەژە و پەژاک و هەروەها هێزی پێشمەرگە و گەریلا، دڵیان خۆشە بەوەی ئێران و تورکیا و ئەم دەوڵەتە فاشیانە تووشی قەیران و شەڕ و پێکدادان دەبن لەگەڵ ئەمەیرکادا، بێ ئەوەی ورد بیربکەنەوە کە هەموو ئەم شەڕخوازی و هێڕش و پەلاماردان و جەنگانە هیچیان لە بەرژەوەندی شۆڕشگێران و خەڵکی ستەمدیدە نییە. جگە لەمانیش حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بە چەپ و ڕاستەوە شەرمنانە ئیدانەی ئەم جەنگ و پێکدادانانە دەکەن، دەنا لە دڵەوە هیوایان بەوەیە بەم شەڕ و پێکدادانانە با سەدان هەزار کەسیشی تیا بچێت، با ماڵی سەدان هەزار کەسیش وێران بێت، با بە سەدان هەزار منداڵ تووشی مردن و لە ناوچوون و نەخۆشی و لانی کەم تووشی نەخوێندەواری و تووندوتیژیی بن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لایان کە ئەم دەوڵەت وحوکمڕانانە لاواز دەبن و ئەمان دەتوانن لەگەڵیان رێکبکەون یان جۆرێک لە حوکمڕانیە گەندەڵەکەی باشوریان پێ ببڕێت.

هەرچی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانی باشوریشە، ناتوانن هیچ بڕیارێک بدەن، وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەمان خۆیان ڕادەستی چارەنووسی عێراق کردووە، ئەو عێراقەی کە ڕیفراندۆمیان دژی دەکرد و، دەیانوت ئەوی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نەبێت خائینە، ئێستاش وشەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەر دەمیانەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەداوانیانە چۆن کۆمەڵێک پۆستی گەورە لە عێراق وەربگرن.

جیهاد موحەمەد/
١٦/٨/٢٠١٨




هەژارتـرین سەرۆک لە جیهانـدا …. و: رەزا شوان

بێگومان عێراقی نییە.. هـەژارترین سەرۆکی پێشوو لە جیهاندا، رەتیدەکـاتەوە کە مووچـەی خانەنشینی وەربگرێت.
سەرۆکی پێشووی ئۆرگـوای (خـۆسیە مـوخیکا) کە ناوی ” هـەژارتـرین سـەرۆکی جیـهان” یان لێنا.. بە هۆی شێوازی ژیانی و دەست نەبەڵاوێ لە خەرجکردنی سامانی وڵاتەکەی. لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەیدا وتی:” من نامەوێت لە بری ئەو ماوەیەی کە وەکو ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیـران خزمەتم کـردووە، هیچ مووچەیەکی خانەنشینی وەربگرم”
خۆسیە موخیکا، لە ساڵی (٢٠١٣) دا، بە سەرۆکی ئۆرگوای هەڵیان بژارد، وەکو خۆی وتـی، بە هـۆی” ماوە دڕێژی ماندووبوونمەوە ناتـوانم ماوەی سەرۆکایەتیم تا ساڵی (٢٠٢٠) درێژە پێبدەم”. خۆسيە ماوەی پێنج ساڵ سەرۆکی ئـۆرگوای بوو. ئەندامی چـالاکی ئەنجوومەنی پیرانیش بوو. هیچ مووچەیەکی خانەنشینی لە دەوڵتەکەی وەناگرێت، بە فرۆشتنی بەربوومی کێڵگە ساکارەکەی دەژی.
خۆسیە موخیکا تەمەنی (٨٣) ساڵە. بە ئۆپۆزسیۆنێکی رابـردووی چەپ دادەنرێت.
خۆسیە موخیکا، لە دوای پێنج ساڵ حوکمڕانی وەکو سەرۆکی ئۆرگوای لە رۆژی سێ شەممە (١٤ی/ ئاوگوست/٢٠١٨) دا، بە شێوەیەکی فەرمی، نامەی دەست لە کارکێشانەوەی خۆی نارد بۆ خاتـوو (لویسا توبۆلۆنسک) ی سەرۆکی ئەنجوومەنی پـیران، کە پێشتر جێگری سەرۆکی ئۆرگوايش بوو، خێزانی موخیکا بوو.. لە دەست کارکێشانەوەکەی ئاگاداری کردەوە.
لە نامەکەیدا وتی:” هۆکاری دەستکێشانەوەم، تایبە بە خودی خۆمەوە، دوای گەشتی درێژی ژیانم ماندووم” لە نامەکەیدا ئەوەشی نووسیبوو:” سەرەڕای ئەمەش، لەبەر ئەوەی هێشتا ئەقڵم کارەکات و پەکی نەکەوتووە، ناتوانم لە هاوکاریکردن و لە جەنگی بیرۆکەکاندا دەست بکێشمەوە”
خۆسێە موخیکا، ئۆپۆزسیۆنێکی قسەلەڕوو بوو.. ناسراوە بەوەی کە قسەلەڕوو و توانج لێدەر و پلاهـاوێژە، بۆیە هەر لەو نامەیەیدا نووسیبووی:” داوای لێبووردن لە هەر هـاوڕێیەک دەکەم، کە لەوانەیە لە لووتکەی گفـتوگۆدا، من هەستیم بریندار کردووبێت”
موخیکا، لە ساڵی (٢٠١٣)دا، داوای لێبووردنی لە سەرۆکی ئەو کاتەی ئۆرگوای خاتوو (کـریستینا فـرناندیز) کرد، کە پێشتر بە “پیرێـژنە قـۆتڕکە” ناوی بردبوو.. هەروهـا داوای لێبووردنی لە مێردەکەشی (نیستور کـرشنەر) کرد، کە ئەویش سەرۆکێکی پێشووی ئـۆرگوای بوو، کە چاوێکی گزبوو، بە “چاوخێلەکە” ناوی دەبـرد.
توانجەکانیشی لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژانەمەوانیدا وتن، بێ ئەوەی ئەوە کە بزانێت مایکەکان کـراونەتەوە و قسەکـانی تۆماردەکەن.
خۆسیە موخیکا، لە ساڵی (٢٠١٦) دا، وتی:” سەرۆکی فەنزوێلا (نیکۆلاس مادۆرو) وەک ـ بـزنی شێتە”
هۆکـاری راستی ناوبانگ دەرکردنی خۆسیە موخیکا، ئەوەیە (دەستبڵاو نەبوو) وەکو سەرۆکێکی وڵاتەکەشی لە ماوەی فەرمانـڕەواییدا، رەتیکـردەوە کە لە (کۆشکی سەرۆکایەتی) دا بژی. لە خانـووە ساکارەکەی خۆیـدا دەژیا.
موخیکا و هاوسەرەکەی، پێش ئەوەی کە لە ساڵی (٢٠٠٥) دا هاوسەرگیری بکەن، بۆ ماوەیەکی درێـژ هاوبەش و هاوڕێ و هـاورێبازی خەبات بوون، لە جـەنگی پـارتیزانی درێژخایەنی وڵاتەکەیدا پێکەوەبوون.
ئێستاش پێکەوە دەژین و ماڵەکەیـان لە گێڵگەیەکی ساکـاری گوڵـدایە، لە نزیکی شاری(مۆنتڤـیدیۆ).
موخیکا، بەشی زۆری ئەو مووچەیەی وەکو سەرۆکێک وەردەگـرت، دەیبەخشی بە کۆمەڵە خێرخوازییەکـان.
خۆسیە موخیکا لەو کاتەوە کە بوو بە سەرۆکی ئۆرگـوای، تا ئەمڕۆش لە ئۆتۆمبیلێکی (فـۆکسواگـن) ی قالـۆنچەیی مۆدێل (١٩٨٧) زیاتـری نییە.
دەست لە کارکێشانەوەی موخیکا، لە پۆستی سەرۆکی وڵاتەکەی، کۆتۆپڕ نەبوو، لەدوا دانیشتنیدا لەگەڵ ئەنجوومەنی پیراندا، لە (١٤ی/ ئاوگوست/٢٠١٨) دا، رایگەیاند، کە نامەی دەست لەکارکێشانەوەی دەنێرێت بۆئەنجوومەنی پیران بۆ قبووڵکردنی.
لەو دانیشتنەدا، هەندێ لە سیاسییە رکەبەرەکانی، دڵنـیا نین، کە بە یەکجـاری واز لە چالاکی سیاسی دەهێنێت.
سیناتۆر (لویس ئەلبیرتۆ هێربیر) ئاماژەی بەوە دا، کە ئەو باسە لە ئارادایە، موخیکا بۆیە دەستی لە کارکێشایەوە، تا لە هـەڵـبژاردنەکانی سەرۆکـایەتی ساڵی (٢٠١٩) دا بەشداری بکات.. ئەوەشی وت:” سروشتییە بەلامانەوە بڕۆای پێبکەین ئەوەشە کارێکی نایابە پشووبدات و بحەسێتەوە و نەبێت بە ئۆپـۆزسیۆنی پارتەکەمان.. ئێمە هیوای کاتێکی هێمنی بۆ دەخـوازین”
سەڕای هـیواخوازی پشووخـۆشی بۆی، لە لایەن هـاوڕێکانی لە ئەنجوومەنی پـیراندا، بەڵام هەندێ لە رەخنەگران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وتیان: پێویستە موخیکا، داوای لێبووردن لەو کارانەی بکات، کە لە ماوەی ئەندام بوونی لە رێکخراوی (تۆبامارۆس) ی ئۆپـۆزسیۆنی چەپـدا لە شەستەکـان و حەفتاکـانی سەدەی رابردوو کردوونی.




ئەشق … مەلەک محەمەد

کە ئاشق بووی
دەست لە هەموو
شت بەر ئەدەی
بڕوا بەخراپی
هیچ كەس ناكەی
زەردەخەنە بۆ
هەمووكەس دەكەی
دەبیتە پشت و
پەنا بۆ هەمووكەس
هەمیشە بۆنی پاكی
مرۆڤ بوونت لێدێ
ژیان جوان ئەبێت
هیوا دروست دەبێت
شکان لە ناو چێت
دڵ تەنگی نامێنێت
دەرگای دۆزەخ دادەخرێت
دەرگای بەهەشت دەکرێتەوە
بەهار بەڕووتان پێدەکەنێ
گوڵەکان بلاو ئەبنەوە
ڕابکەن وێڵ بن پێبکەنن
دروشمی دڵ خۆشی بڵێنەوە
سەما بکەن مەوەستن
ئاشقی بێ کۆتایی خودا بن
مەترسن لە پشتانە
دەستان دەگرێ بۆ هەمیشە

مەلەک محەمەد




تۆمارگای دۆڕاننەکان شیعر… نزار قبانی … وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

نە شەڕمان شەڕە
و
نە ئاشتیش ، ئاشتی
لە ژیانمانا هەموو شتێک
وەک فیلمی سینەمایی
……ئەگوزەرێ
خۆشەویستیمان بێ بەرنامە
هاوسەرگیریمان بێ بەرنامە
خۆشەویستیمان هەر وەک خۆشەویستی
سەرەتای فیلمەکان
و
بڕیاریش لە مەرگمان دراوە
هەروەک مەرگی
کۆتایی فیلمەکان
هەر بازرگانی خەیاڵە
دەنا هیچ ڕۆژێک
مشکێکیشمان نەبەزانوە
فەرماندە و سەرانمان
هەموویان خراونەتە قووتوی
…فیلمەکان

“”””
دۆڕانن
بەدوای دۆڕانن ،
چۆن شەڕێک ببەینەوە
كاتێ ، ئەکتەر
و
وێنەگر
و
دەرهێنەر
هەموویان :
لە وەزارەتی ڕاگەیانن و ڕۆشنبیرییەوە
خۆیان فێری
شەڕ کردن کردوە !!

“”””
هەر چەن ساڵ جارێک
فەرمانڕەوایەک
” یەک ڕیزی ” لەناو جێگایا
سەر ئەبڕێ
و
خەوەکان لەبار ئەبا
هەر چەن ساڵ جارێک
فەرمانڕەوایەک
فەرمان ئەکا
و
خۆر بەرەو سەکۆی
لەسێدارەدان ئەبرێ

“””””
هەر چەن ساڵ جارێک
عاشقێکی خۆ لە خۆ ڕازی
یەتە لامان
و
خۆی بە حەزرەتی مەهدی
و
ڕزگارکەر و نەمر
و
زانا و پیرۆز و لێزان
ئەناسێنێ

“”””’
هەر چەن ساڵ جارێک
پیاوێکی قومار چی
یەتە لامان ، تا :
ووڵات و خەڵک و فەرهەنگ
و
ڕۆژ هەڵاتن و ڕۆژ ئاوابوون
و
نێر و مێ
شەپۆل و دەریا
لەسەر مێزی قومارەکەی
بە بارمتە ، دائەنێ

“””””’
لە خوێننەوەی مێژوو
درۆ ئەکەین…
لە خوێننەوەی هەواڵەکان
بۆ سەرکەوتن
درۆ ئەکەین…