منیش سۆزانیم … هاوتا کوردستانی

سۆزانیەکی بێ ناونیشان و بێ شوناسم ،
ئاوارە و غەریبی نیشتیمانم و
هەمیشە قەڵغانی شکێنەری سەهۆڵبەندان و بەستەڵەکی نەریت و شەریعەتم
، شکێنەری کۆت و بەندەکانی ئاین و کەڵچەرەکانم ، من سۆزانیەکم
جەستەم دەفرۆشم بەو ناشەریفانەی کە بەپارەکانیان وەک گیانندارێکی دڕندە چۆنم بوێ دەیسوڕێنم و
چۆکی پێ دادەدەم لەبەردەم ڕەمەکی
بەڵام ئەو وەک شەهامەت باسی دەکات و
شوناسی لەشفرۆش دادەکوتن بە یەخە و گەردنی ئێمەدا .

بێ شەهامەتی پیاو لەوێدا دەست پێ دەکات
وەک پارێزەری کەرامەت و
بەدەقێکی ئاینیەوە
دەنەڕێنێ بەسەر ئافرەت و مێینەدا ،
من جەستەم دەفرۆشم
بەڵام
دڵم نافرۆشم و
ویژدانم نافرۆشم
خاوەن دڵ و خەیاڵێکی ئەفسوناوییم
من وێرانکاری و
نادادی ناخولقێنم
من پەیامی ئازادی لەناخمدایە نەک پەیامی خوێن ڕشتن و کاولکاریی ،
ئەمەوێت ئەوە بڵێم منێکی نەفرین لێکراو و
تاوانبار نیم ،
من هۆکاری وێرانکاریی کۆمەڵگا نیم
، ئەمەوێت دەستی دۆستەکانم بگرم و
وەک باڵندەکان بدەین لەشەقەی باڵ و
بفڕین
لەم نەریت و شەریعەتەی کە کۆتی کردووین لەقەفەسێکدا ،
ئەمانەوێت دەرچین و
ئازاد بین
ئێمەش وەک ئێوە خاوەنی شەهامەت و شەرەفین ،
کە تۆ چۆکت دادا لەبەردەم سۆزانیەکدا و
وەک باڵندەیەکی بێ پەڕ و باڵ کز و مات و
دەستە و ئەژنۆ بویت
ئیدی کێیە پێشەنگی بێ شەرەفی ؟ ،
کێیە سۆزانی ؟
گەر تۆ چۆک دانەیەیت بۆ سۆزانیەک
نابێته سۆزانی
تۆیت سۆزانی
، پێویستە پیاوان شوناسی سۆزانی
تا ئەبەد بە یەخە و گەردنیاندا بنەخشێنرێت ،

ئێستا کاتی ڕاچەنینە
لەو خەیاڵ بڵاویەی نەریت و شەریعەت
کە پەیتا پەیتا دوو ڕەشمار بوون
هەموو کات و ساتێک خۆیان مەڵاس داوە و
لەهەموو ئانووساتێکدا لەکەمیندا بوون و
ژەهری خۆیان ڕشتووە بەسەر
جەستە و ڕۆحی “ژن ” دا

گەر سۆزانی بوونی ژن جارێک بۆ
نالەباری ژیان و
جارێک بۆ سەرمایە و
ڕەنگە جارێکیش بۆ ڕەمەک بێت
بـەڵام ……
پیاو لە هێرشی ڕەمەک زیاتر
چی دیکە هەیە بێتە سۆزانی و
دروستکەری سۆزانیش بێ
پیاوانی ئاین سومبولی ئاینی فڕێدا و
پیاو شەڕواڵی داکەند
لەبەردەم سۆزانیەکدا دواتر
دەڵێن سۆزانیە و بێ شەرەفە
وەک بڵێی ئەوان فریشتە

دڵ فرۆشتن و
ویژدان فرۆشی و
ڕۆح فرۆشتن و
دەروون فرۆشی
نا …نا
هیچیان شوناسی
سۆزانی بوون نین
بەڵام ئێمەی سۆزانی کە
دڵ و
دەروون و
ویژدان و
ڕۆح
لە جەستەماندا ڕەگی چەقیوە
هەر ئێمەین سۆزانی نەفرین لێکراو
بەڵام
هەر کەسە و ڕۆحیەتی سۆزانی بوون لەجەستەیدایە
هەر سۆزانیەک و بەشێکی جەستەی دەفرۆشێت
دامێن فرۆشی
هێندەی فرۆشتنی
“دڵ و ویژدان ” فرۆشی بەسۆ نیە
کە هەمیشە سۆزانی بوون لە ناخیدایە
بەڵام نا ….. نا نا
هەر ئێمەین سۆزانی و
هەر ئێمەین سۆزانی .

هاوتا کوردستانی…




قوربانی و قوربان … نووسین و لێکۆڵینه‌وه: زانکۆ یاری


(ڕێوڕەسمی قوربانی‌کردن له ئایینه‌ جیاوازه‌کانی کورده‌واریدا، لە ڕوانگەی مێژوویی-ئەدەبی و چەند تێبینی بۆ وشەی قوربان)

نووسین و لێکۆڵینه‌وه: زانکۆ یاری

(دیوانده‌ره – 1397)
——————————————————-

دەستپێک:

قوربانی‌کردن لە هەموو ئایینە جیاوازەکاندا، لە سەرەتای بوونی مرۆڤ تاکوو ئەمڕۆ، بە چه‌ند شێوه‌ی جۆرواجۆر و هۆکارگەلێک وکوو: ڕێوڕەسمی ئایینی، بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی، هه‌روه‌ها بۆ ئاسووده‌یی له‌ش‌ساغی و هتد، لە مێژوودا وەکوو ڕێوڕەسمێک هەبوونی بووە. قوربانی ڕەنگە وەکوو خه‌ڵات، پێشکه‌شی یان دڵفراوانی کە باوەڕی مرۆڤ هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، بۆ پێواننی ڕادەی چاوپۆشیی مرۆڤ لە خاوه‌ندار‌ێتی، یان بۆ ده‌رکه‌وتنی ڕاستیی خواست و مه‌به‌سته‌کان بێ. لە شارستانێتیی کۆندا، وه‌کوو ڕه‌سمێک بۆ سه‌ره‌نج‌ڕاکێشانی خودایان به‌ئه‌ژمار ده‌هات و بریتییە لە پێشکەشکردنی گیان. سەردەمانێک ئەمه به‌شێوه‌ی پێشکەشکردنی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ بووە.

میترائیسم، زەردەشت و ئیسلام لە ئیران و کوردستان؛ شرۆڤە‌یک:

ميترائيسم (Mithraism):

بە گەواهی مێژوو، لە ئایینی ميترائيسمدا قوربانی‌کردن ڕەوا بووە و لەو سەردەمەدا جگە لە خوودی میترا، چوار بنه‌مای ئاو، خۆڵ، با و خۆر، پیرۆز بووە و بۆیان قوربانی دەکرا. یەکەم کاری میترا دوای دەرکەوتنی لە‌سەر زەوی، قوربانی‌کردنی گایەک بوو. بۆیە قوربانی گرنگ و یەکێک لە بنەماکانی ئەو ئایینە مه‌زنه بووه. هه‌روه‌ها پێڕه‌وانی ئەو ئایینە لە وەرزی بەهاردا گایەکیان لە نێو په‌ره‌سگه‌کاندا قوربانی دەکرد،
ميترائيسم که له ئایینه جیهانییه‌کان بوو، ئایینی فه‌رمیی ڕۆم بوو و ئێستاش شێوه‌کارییه‌کی کۆنی کوشتنی گا بەدەستی میترا، لە ئەشکەوتێک لە وڵاتی ئیتالیادا بەجێ ماوە. لە سەردەمانی پێشووی مێژووی ئایینیی ئێرانی کۆندا، بە پێشه‌وا و مەلایانی ئایینە جۆرواجۆرەکان دەگوترا مۆغ (Magi). مۆغ واتا کەسێکی پیر یان پێشه‌وایه‌ک کە ڕێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە دەبات. مۆغه‌کان بە پێی گێڕانه‌وه‌یه‌ک لە ئەسڵدا ده‌سته‌یه‌ک لە مێدەکان (Meds) بوونە كه دواتریش بە هاتنی حکومەتەکانی‌ تر بەڕێوەبردنی کارە ئایینییەکان لە ئەستۆیاندا بووه و ئه‌و ئه‌رکه‌یان پاراستووە. مۆغانی ميترائی یان پێشەوایانی ئایینی هەروا کە لە گاثاها (Gathes) هاتووە، هەمان “کەرپەن یان کۆرپەن”ه‌کان (Karapan) بوون و ئەرکی قوربانی‌کردن و قوربانی وەرگرتنیان له‌سەر شاندا بووه. بە بۆچوونی بەشێک لە خاوەنڕایان، کەرپەن هەمان قوربانییه لە ئایینی میترا. بۆ نموونه لە کتێبی “جستارهایی از مهر و ناهید”، نووسینی موحەممەد موقەدەم، هاتووە که کەرپەنه‌کان هەمان مەلایانی ئایینیی “مهر” بوونە و بەهۆی قوربانی‌کردنی گا لە لایەن ئەوانەوە وشەی قوربانیش لەوان وەرگیراوە (ل 2، هەمان کتێب). ئەوەش بۆته ده‌ستاوێژی ئه‌وه‌یکه هەندێک لە توێژەران، دوو وشەی کەرپەن و قوربان لە یەک بنچینه بزانن و لە جیاتیی یەک بەکاری بێنن. ئیبراهیم پوورداوود (مامۆستا و نووسه‌ر-1264)، وشەی کەرپەنی بەم شێوە ڕاگەیاندووە: ‌لە شرۆڤه‌ی پەهلەویی ئەوێستادا، کەرپەن به کەرپ Karap هه‌ڵگیراوه و لە کۆدا به کەرپان ده‌نووسیت. هه‌روه‌ها وشەی سانسکریتی “کەلپ” Kalap که واتای ڕێوڕەسم و داب و نەریتی ئایینی ده‌دات لەگەڵ کەرپەنی ئەوێستایی لە یەک بنچینه‌یه. (پوورداوود-نووسراوه‌کانی گاثا، ل 386)
وەک دەزانین خۆر لای میترائییەکان تا ئاستی خودا پیرۆز بووە. بۆیە ناکرێ قوربانی پێوەندی بە خۆرەوە نەبووبێ. جا لەو ڕوانگەوە هه‌ندێ که‌سیش پێیان‌‌وایە کەرپەن (karapan)، کەربەن (karaban)، قەربەن (gharaban)، قربه‌ن (ghoraban) کۆرپان، خۆرپان و خۆربان هەمان قوربانه (ghorbaan) و ئه‌وه‌ش لە بنەڕەتدا “خۆربان”، بە واتای “پاسەوانی خۆر” بووە. لە زمانی کوردیدا نمونەی گۆڕانی “خۆر” بە “قۆر” هەیە. بۆ وێنە “زەردەقۆرە” یان “زەردە قۆڕە” کە لە بنەڕەتدا “زەردە خۆرە” یان هەمان “آفتاب پەرەست”ی فارسییە. “ی”ی قوربانیش یای پێوەندیە بە واتای کاری پاسەوانی لە خۆره. بە دووریش نییە دەستەیەک لە پیاوانی ئایینی خۆیان کردبێ بە پاسەوانی گۆرستان و هەواڵی حاڵی مردووەکانیان بە زیندووەکان دابێ و لە بەرامبەردا مافی گۆڕبانییان وەرگرتبێ. بەو بۆچوونەش؛ قوربان دەتوانێ گۆڕدراوی “گۆڕبان”، واتا پارێزەر و چاوەدێری گۆڕ بێ.

زەردەشتی (Zaroaster):

لەنێوان میتراییسم و زەردەشتیدا چەندین جیاوازیی قووڵ هەیە و ده‌بێ به‌ ئه‌وه‌ش ئاماژه بده‌ین که زەردەشت له سه‌ره‌تادا هه‌ندێ بنه‌مای چاندی، کولتووری و ئایینی میترائیسمی به‌سوودی خۆی وه‌رگرت و دژ به میترائیسم، پێگه‌ و یاساکانی له نێو کۆمه‌ڵگادا دامه‌زراند. بۆ نموونه لە نووسراوەکانی ئایینیی پەهلەویدا لە کەرپەن و کویه‌کان‌ وه‌ک دوژمنانی ئایینیی زەردەشتی و گرووپێک لە کەڕ و کوێرەکانن که توانای بیستن و بینینیان نییە و لە مزدیسنا (Mazdayasna) تێناگه‌ن، ناوبراوه. دیسان لە ئاڤێستادا (Avesta)، زەردەشت سکاڵا لە دەست سێ دەستە لە دژبەرانی ئایینیی خۆی دەکا کە تەنگیان پێ هەڵچنیوە: کەرپەن، کەوی و ئوسیج. زەردەشت بە دووستکردنی ڕیفۆرمێکی ئایینی، هەندێ داب و نەریتی باوی سەردەمی خۆی سڕییەوە و ئایينێکی نوێی وه‌دێهێنا و لە کاتی سه‌رهه‌لێنانی زەردەشت، هەر جۆرە قوربانی‌کردن، که لە گاثاهای زەردەشت ئاماژەی بۆ کراوە، لە کارە ناحەز و قەدەغەکان بە ئەژمار دەهات، چونکوو به باوەڕی ئەو دەبێ لە چوارپێیان ڕێز بگرین.
بەڵام لە دوای زەردەشت، ئامۆژگارییەکانی له‌ژێر کاریگه‌ریی ڕێباز و ئایین و پێویست و پێداویستەکانی ژیان، ڕچاو نەکرا و قوربانی بە ڕێوڕەسمێکی سەرسووڕهێنه‌رانە پێی نایە ناو کۆمه‌ڵگا. يەكێک لەو ئایینانە کە بەجێ ماوە، جێژنی “مهرگان”ە که ئاماژەیە‌که به ڕۆژگاری خۆر پەرەستن. لەو جێژنەدا، زەردەشتییەکان وەکوو ڕۆژی جێژنی موسڵمانان، قوربانی دەکەن. بەڵام زەردەشت بە هەموو هێز و توانایه‌وه دژی به ئەوە بوو. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ لە وڵاتانی تری جیهاندا و لە ئۆرووپادا و قوربانی کردن (Festival of Sacrifice) لە نێوان جووله‌که و مەسێحییەکان بەردەوامە.

ئیسلام (Islam):

جێژنی قوربان کە هێمای قوربانیی مەزنی ئیبراهیمی پێغەمبەرە و لە ئایینی ئیسلامدا یەکێک لە قوربانییەکانی ڕه‌وا و پێویست، قوربانیی ڕۆژی جێژنی قوربانە. جێژنی قوربان لە نێوان موسڵمانان لە ڕوانگەی ئایینی و بەشداربوونی خەڵکە و زۆر شتی تریش گرنگترین جێژنە. قوربانی، ئەمڕۆکە بەتایبەت لە نێو موسڵمانەکان بە ئامانجی نزیکبوونەوە به خودا یان کاری نه‌زرونیازه که به‌تایبه‌ت بە قوربانی کردنی ئاژەڵێک ڕێوڕەسمەکە به ‌ئه‌نجام ده‌گات.
سەربڕینی ئاژەڵان لە جێژنی قورباندا لە پێناو ئەوەیە مرۆڤ بگاتە پلەی (تەقوا)، چونکوو خودای گەورە لە کتێبی قورئاندا فەرموویه: “لَن یَنَال اللەَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَاؤُهَا وَلَکِن یَنَالُەُ التَّق٘وی مِنکُم٘”. واتا: فەرمانیش بە سه‌ربڕینی (ئاژەڵەکان: بزن، مەڕ، گا و وشترەکان) ئەدرێ، وەنەبێ خودا پێویستی پێیان هەبێ، چونکوو نە گۆشتیان و نە خوێنیان دەگاتە خودا، بەڵکوو تەنیا پاکی، پارێزگاریی و داوێنپاکی ئێوەی پێدەگات. قوربانی‌کردن لای ئێرانییەکان و لە وڵاتە عەرەبییەکانیش، لە زۆر ڕێوڕەسمی جۆرواجۆری ئایینی یان نائایینییه‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت.

تێبینییه‌کی تر بۆ وشه‌ی قوربان و قوربانی:

وشەی قوربان ئێستاکه زۆر بەکار دێت؛ به‌ڵام ئایا وشەی قوربان و جێژنی قوربان عەرەبییە؟! دەگوترێ وشەی قوربانی، هه‌روا که لە وشه‌نامه‌کاندا هاتووە لە “قُرب”ی عەرەبی وەرگیراوە بە واتای نزیکبوونەوە، وەرگیراوە و ئەم کارە بۆتەسە هۆی تَقَرّب (نزیکبوونەوە) بە خودا. بەڵام به باوه‌ری ئه‌ز:
یەکەم: داڕشتنی وشەکە لە عەرەبیدا باو نییە؛ قُرب + ان. لە وشەی قُرب (نزیک) ناتوانین قوربان (قَربان) درووست بکەین؛ چونکوو لەو حاڵەتەدا واتاکەی دەبێتە دوو دانە نزیک و ئه‌وه وشەیەکی بی واتایە. ئیدی قوربان و قربانی عەرەبی نییە. له عه‌ره‌بیدا به‌م شێوه‌یه کۆی وشه‌که ده‌نووسریت: قُربان (الجمع): قَرَابِينُ. تەنانەت بەشێوەی گشتی کێشی فُعلان به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ناوێکی ناعه‌ره‌ب.
دووهەم: جێژنی قوربان عربییە. عەرەب بە جێگەی جێژنی قوربان و قوربانی لە وشەی “الضَحی” که‌ڵک وەردەگرێ؛ کەواتە پێی دەڵێن: عیدالاضَحی (Eid al-Adha). نه‌ته‌وه‌ی عەرەب واتای جێژنی قوربان نازانن و لە زمانی عەرەبیشدا ئەو وشە‌ بەکار نایە. هه‌روه‌ها لە کتێبی “واژه‌های دخیل در قرآن مجید” نووسینی ئارتور جێفری (Arthur Jeffery) و وەرگێڕانی فەرەیدوون بەدره‌یی، ئەم وەشەیە به سریانی یا عبری ناوبردووه و بە عەرەبی نه‌یزانیوه. (ل 343)

له ئەده‌بیاتی کوردیدا:

وشەی قوربان که لە کاتی پاشاکاندا له لایه‌ن نووسه‌رانی لایه‌نگری سه‌رده‌می خۆیان بۆ ڕێز و حورمەت بەکار دەچوو، ئاماژه‌مان به‌وه‌ش دا که ئێستاش هه‌ر بەکار دێت. لە زمان ویژه‌ی کوردیدا، وشەی قوربان زۆر بەکارهاتووە. لێره‌دا ته‌نیا سەرجێک ده‌ده‌ین بۆ چه‌ند شێعر له ئه‌ده‌بیاتی کوردی که له‌وێدا شاعێران وشه‌ی قوربان و قوربانی به‌کار دێنن. (هه‌روا که ده‌زانن ئه‌م به‌شه لێکۆڵینەوه‌ی زۆرتری پێویسته و بە‌هۆی که‌مبوونی کات چه‌ند هۆکاری جۆرواجۆر نووسه‌ر نه‌یتوانی ئه‌م به‌شه گه‌شتر بکاته‌وه. به‌ڵام له داهاتوودا بابه‌تێکی تایبه‌ت له‌سه‌ری بڵاو ده‌کرێته‌وه.)

نموونه:

شێعره‌کانی مامۆستا نالی (1800-1856) و تاهیر بەگی جاف (1875-1918).
دیوانی نالی: (پیتی قاف، لاپەڕەی 248-بە هەمان ڕێنووسی چاپکراوی بڵاوکەرەوەی کوردستان، چاپی سێهەم، 1383).

قوربان مەحاڵە پێکەوە بن صەبر و ئیشتیاق
خاریج لە نەصصی ئایەیە تەکلیفی لایطاق
مەعنایی نوور و ظوڵمەت و نەشری حەیات ومەوت
بوو، ڕوو و زوڵف و ڕۆژی ویصال و شەوی فیراق
ئیظهاری ئیدیعایی تەصەببور لە وەصڵی تۆ
یا مەکرە، یا دەسیسەیە، یا کیذبە، یا نیفاق
بۆ تۆ کە بیکر و تازە، وەکوو حۆریی جەننەتی
قەیدی چییە عەجووزەیی دونیا بدەم طەڵاق؟!
شیرینی‌یو، لە تاڵی‌یو ترشیی عیتابی ڕووت،
خاڵت لەسەر جەبین بووەتە دانەیی سماق
صۆفی لە فەقر وفاقە وەکوو فاقە فاقی دا
تەسبێحی دام و دانەیە، ڕیشی دوو فاقی فاق
ئەی میھری میھرەبان وەرە سەر بامی بامیداد
دا مەھڕووان ببن بە ھیلالی شەوی میحاق
«نالی» کە صەدری مەسنەدی تەمکینی تەکیە بوو
بۆ تۆ بووە بە دەربەدەری کووچە و سوقاق

———————

دیسان له دیوانی نالی‌دا:

که تۆی قیبلەی، دەمت سا بێنە قوربان!
له‌‌سه‌ر قوبله‌ دڵم مه‌شکێنه، قوربان!
وەرە بنواڕە دوو دەستی حەناییم
حه‌نایی چی؟ هه‌موو خۆ خوێنه‌ قوربان!
شەقی‌که، غەیری حوبیی تۆی تێدا بێ،
بە دەستی خۆت دڵم دەربێنە، قوربان!
له‌ بۆ خه‌ڵقی خه‌ڵات به‌خشانی ماچه‌
خه‌ڵاتی من هه‌موو خۆ جوێنه‌، قوربان!
فوتووری چاوه‌کانت نانوێنی،
بە “نالی” فیتنە بەس بنوێنە قوربان!

———————

له دیوانی مامۆستا تاهیر بەگی جاف‌دا:

ئەی ڕەفیقانی تەریقەت دەردی ئیشقم چارەکەن
یان بەجارێ بمکوژن جەرگم بە خەنجەر پارەکەن
بۆچ ئەمن سوچم چیە ئەی سەروی بوستانی ئیرەم
بۆی که‌بابی جه‌رگه‌که‌م با هه‌ر به‌شی کافر ببێ
ڕۆژی جەژنە چاوەکانم مەوسمی ئازادیە
بۆ بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە
سەد حەکیم هات و عیلاجی ئەم برینەی قەت نەکرد
تۆ عیلاجی زەخمەکەم کە زوو بە لوقمانم وەرە
چاوەکەم بۆ ڕووی فیراقت دڵ دەناڵێ وەک ڕووباب
بۆ دوو ئەبرۆی میسلی تاقت بەندی جەرگم بوو کەباب
هەرکەسێ هات و وتی من عاشقم بڕوا مەکە
تا لەسەر گۆنای نیشانەی زەخمی مارانگاز نەبێ
ڕۆژی جەژنە چاوەکانم مەوسمی ئازادیە
بۆ بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە
من کە سووتانم نەدیوە مەنعی گریانم مەکە
عاشقی ڕووتم بەقوربان تیرە بارانم مەکە

————————————
سه‌رچاوه‌کان:

1-لازاریف، م. س و دیگران، (1386). تاریخ کردستان، مترجمین کامران ایمن آوه، منصور صدقی. تهران، فروغ.
ئه‌نتۆنی، گیدنزو (2009). حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د مسته‌فا، “کۆمه‌ڵناسی”، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ئاراس.
2-کاکه‌وه‌یس، حه‌کیم. (وه‌رگێڕان “لسان الکرد”) زمانی کورد، (نووسینی مه‌سعود محه‌ممه‌د)، چاپخانه‌ی حه‌وادس-هه‌ولێر، .1987
3-یه‌عقووبی، حوسێن، زمان، وەرگێڕان و په‌یوه‌ندی کولتووره‌کان (نووسین و وەرگێڕان)، وەرگێڕانی: ئیسماعیل زارعی، چاپخانه‌ی دەزگای ئاراس، کۆلێژی په‌روەرده، سۆران، چاپی یه‌که‌م-هه‌ولێر .2007
4-یاری، زانکۆ، زمان و وێژه‌ی کوردی، ڕابردوو و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، وتار، به‌شی دووه‌م (زمانی کوردی له ڕابردوودا)، خاکه‌لێوه‌ی
5-دیاکونوف، ا.م، بی‌تا، تاریخ ماد، ترجمه‌ی کریم کشاورز، 1377، چاپ چهارم، تهران: انشارات علمی‌فرهنگی.
6-اوشیدری، جهانگیر. دانشنامه مزدیستا، واژه‌نامه توضیحی آیین زرتشت. چاپ اول. تهران: نشر مرکز، 1376.
6-ارفع، حسن، کُردها، یک بررسی تاریخی و سیاسی، به کوشش و ویرایش محمد رئوف مرادی، چاپ اول، نشر آنا 1382.

7-Toufiq Wahby; (The Origins of the Kurds and their Language), Sweden, 1982.

zanko.yari@yahoo.co.uk




تۆ ژن بە … نەوال شەریف …. وەرگێڕانی: ئاری بابان

ئەی ئەو پیاوەی
واتای نیه
وەرە با لێوەکانت
بەبەهار بچنم و
بەسێبەرت بۆشایی سینەکانم
پڕکەمەوە
ئەی ئەو کەسەی
له بناری شاخەکان دا
خۆت مه لاس داوه و
زه وی لەوێ دەسوڕێتەوە
دەوەرە بۆ لام
تا ئاسن و کۆنکرێتەکانت
بنۆشم و
دڵم له دووریت بشکێنم
ئەی ئه و پیاوه ی …….
بەچرپەوە وەرە بۆلام
تا بۆشاییەکانی مانگت لێ بدزم و
به قەیسی پڕی بکەمەوە
قەیسیە سەوزەکانم
له کیڵگه پاکیزەییەکانم ڕواندومە
تۆ لەسەر هەورەکەی و
له ئاسمانی حەوتەمیندایت
دەوەرە بۆ لام
له سەر سینگت مۆسیقایەکی جوان
بژەنم
یەکم ژەنینمە لە کۆچی ئەفسانەیمندا
ئەی ئەو پیاوەی
هەناسەی بۆنی خۆڵەمێشیم
هەڵئەمژم
لەشم وەکو دوکەڵی جگەرەکەت
بەدیوارەکەدا ئەکێشم
ئەی ئەو پیاوەی
واتای نیە
لەزەمەنی بێ واتادا
وەرە با بەپیچەوانەوە بجوڵێین
دەوەرە با لەفەرهەنگی
پیرۆزی و ئاڵۆزی ئایینەکان
دەربچین و
بەئاوی خەون خۆمان بشۆین
ئەودەمەی هێشتا مرۆڤەکان لەخەو ڕانەبوون و
چاویان هەڵنەهاتبووە
ئەی…پی…ا..وە…کەی
ئه و کاته هێشتا مرۆڤه کان له خه و هه ڵنه سابون و
چاویان نه کردبوه وه
ئه ی …..پی ….ا….وه …که ی
هێشتا ساری کەشتیەکەت هەڵنەدابوو
لە شوشە ماڵت دروست نەکردبوو
وەرە بۆلام
تا پێکەوە سەرلەنوێ ببینەوە
تۆ ببە بە ژن
منیش ئەبم ئاوێنەو
تۆ سۆزیت و
منیش پاشگری تۆم
پاشگری سەرسوڕهێنەری حەزەکانت
پێکەوە دەبین بەو پێاوەی
مانای هەیەو
پاشگری سه رسورهێنه ری حه زه کانت
پێکه وه ئه بین به و پیاوه ی
مانای هەیەو
مانای هەیە
مانا




جەناب …. کۆڕش وەحید


چیرۆک/

————————————

-ببورە جەناب ئەو رۆژنامە بەدەستانەی لە دوورەوە دەیانەوێت لە دەرگای کۆشك نزیکبنەوە هیچ دەربارەی نووسەری سوێدی سلاڤۆی ژیژەك نازانن و کردوویانە بە ژیژك، ئەوان هێندەی چاوەڕوانکردنی رۆژانەیان لەبەردەم کۆشکدا خەریکی موتاڵاکردن و تێفکرین بوونایە ئەمێستا سوپایەکیان لە رۆشنبیران پێکهێنابوو و کتێبخانە گشتیەکانی گوندو شارۆچکەکانیش جمەیان دەهات لە جێی ئەوەی ئەسپەکانی تێدا ببەسترێنەوە ، بەڵام پارە تەزوویرەکانی تۆ هەموویانی لە بنڕا چەموشترو تینوتر کردووە، ئەم پارانە لە دەرەوەی ناوچەی کۆشکدا کەس مامەڵەیان پێوەناکات، خەڵك گەڕاونەتەوە بۆ کۆمۆنی سەرەتایی و شت بە شت دەگۆڕنەوەو ئاوها مامەڵە دەکەن، کابرای تاكچاو هەموویانی لە خشتە بردووە، هێندە خێرا دەڕوات بە هەموو شوێەکان ڕادەگا. کوا ئەو فڕۆکەیەی پێنج ساڵە بەڕێوەیە و ناردووتانە بۆ هەسارەی پلۆتۆ بۆ داواکردنی یارمەتی؟ هیچ دەنگی نییە بگەڕێتەوە! رەنگە هەر لە بۆشاییدا بخولێتەوە تا سەروەختی کەڕەنا !

*تۆ نازانیت من لە جەنگەکانی باپیرمەوە تێگەشتم کە ناو لولەی بڕنەوەکان دەبێت جوان خاوێن بکرێنەوەو چەور بکرێن تا باشتر تەقە بکەن، ئەوە مەتریلۆزەکان هەر باس مەکە، هەموو رۆژێك بە ئەسیرەکان هەڵیاندەوەشێنین و پاکیان دەکەنەوەو دەیبەستنەوە.
-ئەی کوا ئەو کتابانەی لە جەنگیز خانت شاردنەوە، تا دوایی خەڵك وانەیان لەسەر بخوێنن و خوێنەواری فێر بن، بۆ دەریان ناهێنیت؟ خۆ پەڕەیەکی سپی لە هیچ دوکانێکدا دەستناکەوێت بۆ تیانووسین.
*تەواو ئەوەی نووسرا نووسرا، لە مێژە فەرمانمان داوە خامەو تیانووسەکان قەدەغەی فرۆشتن بکرێن، لە شوێنیاندا پەڕەی سیغارو گەڵای توتنەکان بەکاربێنن.

-نەشەپۆلی رادیۆ ماوە نە هێڵی تێلەفۆن، ئەستەمە نەزانیت چی لە دەوروبەرتدا دەگوزەرێت و بەڕەنگی هەورەکانی ئاسمان رووداوەکان بخوێنینەوە، هەور هەیە بۆرە، هەیە زۆر تاریکە، هەشە سوور، لە بنەڕەتدا هەندێكجار تەپوتۆز هەر ناهێڵێت رەنگی ئاسمان ببینین.
*ئەی ئەو هەموو جادوگەرانەم بۆچی ڕاگیرکردووە؟ مەگەر نازانیت؟ تیلسکۆبێکیان لەسەربانی کۆشك بۆ داناوم خۆم هەموو شتەکان دەبینم و هەر لە ئیلهامی ئەو نیگایانەمەوە بەیانیان خەڵك تەدارەك دەدەین.
-ئەی جارێکیش نەماندی لولە ئاگرگرتووەکان بکوژێنیتەوەو خەڵك بەکاریبێنن بۆ خۆ گەرمکردنەوە؟ لە بابلییەکان وایە ئاگرەکەی زردەشتە لە دوورەوە دەبریسکێتەوە، ئەوان لەوێوە وزەی لێوەردەگرن.

*دواجار کە وینستۆنم بینیەوە بە گەرمی ئەملاولای ماچکردم و نەمهێشت باسی ئەو لولانە بکات، یەکسەر باسەکەم گۆڕی بۆ ئەو جۆرە سەگە رەسەنانەی لێرە هەن، زۆر کەیفی پێهات، نازنم بۆچی داوای نەمامی دارگوێزی دەکرد؟
-ئەو شەوەی کڕێوە لەیەکتری جوداکردینەوە منیش وەکو ئەو خەڵکە بەردەوام بە قوڕاو و چڵپاودا ڕێم دەکرد تا بگەمە سنووری ئاوەدانی، هەر گژوگیاکانی دەم ڕێمان دەخوارد، دەمانبینین ئەوانەی شارەزابوون لێیان دەکردنەوەو دەیانخوارد منیش هەروام دەکرد، لەوساوە بەڕێوەم ئێستاش نەگەشتوومەتە هیچ شوێنێك..




ستایش یان ڕه‌خنه‌؟ … به‌ختیار محه‌مه‌د

به‌ بۆچوونی ئێمه،‌ نووسه‌ری گه‌وره‌ پێویستی به‌ ستایش نییه‌، به‌ڵكو پێویستی به‌ ڕه‌خنه‌یه‌؛ پێویستی به‌ ستایشكه‌ر نییه‌، به‌ڵكو پێویستی به‌ ڕه‌خنه‌گره‌. دواجاریش (له‌پاش هه‌موو شتێك) پێویسته‌ خه‌ڵات بكرێ (ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین ستایشی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ری گه‌وره‌یه‌)؛ ئه‌و ستایشه‌ی، كه‌ ستایشی داهێنان ده‌كا، نه‌ك ساخته‌ و درۆ. به‌ڵێ، ستایشكردن به‌ بێ پره‌نسیپی ڕه‌خنه‌، ستایشكردنێكی ڕوواڵه‌تی و درۆزنانه‌یه‌.

داهێنان، ستایش (ستایشی ڕووت) ناكرێ، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كی و ئیستاتیكی و فیكری بۆ ده‌كرێ. به‌واتای خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بۆ ده‌كرێ؛ ئه‌مه‌ش وه‌زیفه‌ی ڕه‌خنه‌گری ڕاسته‌قینه‌یه‌ بۆ ده‌ق (ده‌ق له‌ خوێنه‌ر زانین و عیشق و جددیه‌تی ده‌وێ). ڕاستییه‌كه‌ی هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌كی عه‌قڵانی و زانستی و بابه‌ته‌كی گه‌وره‌ترین ستایشه‌ بۆ هه‌ر ده‌ق و بابه‌تێك (ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ ڕه‌خنه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تاكیی و زاتیی نییه‌). ڕه‌خنه‌ ماده‌م پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌یه‌ (مه‌عریفه‌ی نوێیه‌) له‌ناو مه‌عریفه‌یه‌كی (ده‌قێكی) داهێنه‌ری دیكه‌ی پێش خۆیدا، ئه‌وه خۆی له‌ خۆیدا‌ ستایشێكی ڕاسته‌قینه‌یه‌ بۆ ده‌ق، یان هه‌ر شتێكی دیكه‌ (به‌واتای ستایش لێره‌ هه‌میشه‌ به‌ چاوی ڕه‌خنه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌ق یان هه‌ر كار و چالاكییه‌كی دیكه‌ی مرۆیی ده‌كا). ستایش خۆی له‌ خۆیدا هیچ به‌هایه‌كی مه‌عریفی و مرۆیی ئه‌وتۆی نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بابه‌ته‌كی و عه‌قڵانی له‌گه‌ڵدا نه‌بێ (ده‌شێ ستایشكردنی به‌ بێ هه‌ڵسه‌نگاندن پتر له‌ حاڵه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سییدا به‌دی بكرێت).

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ هه‌میشه‌ بیناكه‌ره‌؛ ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ ده‌شڕووخێنێ (حاڵه‌تی دابڕان)، ئه‌وه‌ له‌ پێناو بیناكردندایه‌ (بیناكردنێكی باشتردا). هه‌ڵبه‌ته‌ (له‌ ئاستی سۆسیۆلۆژیاشدا) له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌ چالاك بێ، ئه‌وه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چالاك و زیندووه‌. به‌ نموونه‌: هیچ ئه‌ده‌بێكی پێشكه‌وتوو نییه‌ (یان ئه‌م ئه‌ده‌به‌ به‌ باشی ناناسرێ) به‌ بێ ڕه‌خنه‌یه‌كی چالاك و پێشكه‌وتوو. ئه‌م نموونه‌یه‌ بۆ هه‌موو كایه‌كانی دیكه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ش ڕاسته‌؛ له‌مه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی دیموكراسییه‌تیشه‌. به‌واتای هیچ دیموكراسییه‌تێك بوونی نییه‌ به‌ بێ ڕه‌خنه‌. پره‌نسیپی ڕه‌خنه‌ش له‌ خوده‌وه‌ ده‌ست پێده‌كا. واته‌ یه‌كه‌مجار خود ده‌بێ ڕه‌خنه‌گر بێ و ڕه‌خنه‌ له‌ خۆی بگرێ (ده‌شێ بڵێین ئه‌مه‌ پرۆسه‌ی خۆڕۆشنبیركردنه‌: خۆڕۆشنبیركردنێكی دیموكراسیانه‌).

ده‌شێ بشڵێین، كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی كاری مشت و ماڵكردنی خود (واته‌ پرۆسه‌ی خۆخوێندنه‌وه‌ و خۆهه‌ڵسه‌نگاندن و خۆڕۆشنبیركردن): خود ده‌بێ له‌ ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌وه‌ به ته‌كنیكی مۆنۆلۆگی ناوه‌كی دیموكراسیانه‌ (به‌واتای دیالۆگی خود له‌گه‌ڵ وێنه‌ی ئه‌وی دیكه‌ی ناو خه‌یاڵی خوددا) خۆی په‌روه‌رده‌ و گه‌ڵاڵه‌ بكا. خود لێره‌ ده‌بێ ببێته‌ ڕه‌خنه‌گر: ڕه‌خنه‌گر له خودی خۆی و له‌وی دیكه‌ش (به‌واتای ده‌بێ پێوه‌ندییه‌كی دیالیكتیكی له‌ نێوان ئه‌م دوولایه‌ن و ئاڕاسته‌یه‌ی ڕه‌خنه‌دا هه‌بێ). ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی كرده‌ی دیالۆگه‌ له‌ نێوان خوده‌كاندا (زۆر گرنگه‌ خود له‌ ناخه‌وه‌ باوه‌ڕی به‌ دیالۆگ هه‌بێ، ئه‌مه‌ پره‌نسیپی داننانه‌ به‌ بوونی ئه‌وی دیكه. شكسپیر له‌ ده‌قی شانۆیی {هاملێت} دا ده‌ڵێ: ((خۆت بناسه‌، ئه‌گه‌ر ویستت ئه‌وی دیكه‌ باش بناسی))(*) ‌: ئه‌وانه‌ی دیالۆگ ناكه‌ن، نایانه‌وێ دان به‌ بوونی ئه‌وانی دیكه‌دا بنێن؛ له‌مه‌شه‌وه‌ خۆناسین ئاوێنه‌ی ناسینی ئه‌وی دیكه‌یه‌). ڕاستییه‌كه‌ی خودێك كه‌ دیالۆگ ده‌كا و باوه‌ڕی پێیه‌تی، خودێكه‌ هه‌م توانای ڕه‌خنه‌گرتنی هه‌یه‌، هه‌م به‌رگه‌ی ڕه‌خنه‌ لێگرتنیشی هه‌یه‌. دیموكراسییه‌تیش بریتییه‌ له‌ پێوه‌ندی دیالیكتیكی نێوان ئه‌م دوو كرده‌یه‌: كرده‌ی ڕه‌خنه‌ و كرده‌ی ڕه‌خنه‌ لێگرتن، كرده‌ی ڕه‌خنه‌ له‌خۆگرتن و كرده‌ی ڕه‌خنه‌ لێگرتن؛ ئه‌مه‌ په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان ئه‌و خودانه‌یه‌ (تاكانه‌یه‌)، كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و ڕه‌خنه‌وه‌ (له‌ ئاستی هه‌ر ده‌زگایه‌كی كۆمه‌ڵگه‌دا بێ) باشتر یه‌كدی (خۆیان) و واقیعی هه‌مه‌لایه‌نی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌شیان بناسن.

————————————-

* وليم شيكسبير, هاملت, ت: صلاح نيازى, دار المدى للثقافة و النشر (الطبعة الاولى: 2008), ص 282.




هـێـلانـەی تـرێ … محەمەد بەرزی

تـۆ بـڵـێـی گـیـانـە
ڕۆژێ لــە ڕۆژان
لـە بـەخـتـی ئـێـمـە
دنـیـا بـگـەڕێ
لـە ژێـر کـەپـرەکـەی
تـەنـراوی تـرێ
شـنـەی شـەمـاڵـی
ژووانـی جـاران
ڕامـاڵـێ خـەمـی
دڵ و دەروونـمـان
تـریـقـەی نـاخـی
پـڕ ئـەویـنـی تــۆ
حـەزی ئـاوێـزان
بـکـا بـە پـشـکـۆ
لــە نـاو سـیـنـەتـا
دەسـتـی بـزێـوم
بـە دەوری مـەمـی تـورتـا
بــگــەڕێ
بـە شـڵـپـەی مـاچ و
بـۆنـی هـەنـاسـە
تـۆزێ ئـارام بـێ
ئـەم سـەرە کـاسـە
لـە نـاو بـاوەشـتـا
ڕۆحـی ڕەوانــم
سـاتـی هـەزار جـار
لـە دەوری بـەژن و بـاڵای
تـۆ گــەڕێ
تـۆ بـڵـێـی گـیـانـە
یـەزدانـی مـەزن
گـویـێ یـە بــۆ ڕازی
ئـەم دڵـە بـگـرێ
هـەر بـۆ سـبـەیـنـێ
بـمـانـخـاتــەوە
بـەهـەشـتـی خـۆشـی
هـێـلانـەی تــرێ




په‌نابه‌ره‌ كورده‌كه‌ی دوورگه‌ی مانوس نوێترین كاری خۆی بڵاوكرده‌وه‌

به‌هرۆز بوچانی ، ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كورده‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی دوورگه‌ی مانوس ده‌ستبه‌سه‌ره‌ و بووه‌ته‌ نوێنه‌ری گه‌یاندنی ئازاره‌كانی سه‌دان په‌نابه‌ری تر كه‌ له‌و دوورگه‌یه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن.
له‌ پاڵ كاری بڵاوكردنه‌وه‌ی ووتار و نووسینه‌كانی له‌ ماڵپه‌ری ڕۆژنامه‌ی گاردیان، به‌هرۆز به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر كاری هونه‌ر و ئه‌ده‌بیش به‌جۆرێك له‌ نوێترین هه‌وڵیدا كتێبێكی به‌ ژانه‌ری ڕۆمان نووسیوه‌ كه‌ به‌ ووته‌ی خۆی، تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌موو ستایڵه‌كانی نووسین.
به‌هرۆز كه‌ له‌ بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، له‌ڕێگه‌ی وه‌تسئاپه‌وه‌ به‌شی زۆری كێبه‌كه‌ی ناردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاری دیزان و ڕێكخستنی بۆبكرێت.
پێشتریش، به‌هرۆز فیلمێكی دۆكومێنتاری له‌سه‌ر خراپی ڕه‌وشی ژیانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ به‌ مۆبایله‌كه‌ی تۆماركردوه‌ و براوه‌ی چه‌ندین خه‌ڵاته‌ له‌ بواره‌كانی نووسین و ده‌رهێنان. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له‌ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ شوناس و مرۆڤایه‌تی خۆی ده‌پارێزێت و ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی به‌ندكردنیان له‌و دوورگه‌یه‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێت ئه‌و سیسته‌مه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ شوناسی په‌نابه‌ران بسڕێته‌وه‌.
په‌نابه‌رانی دوورگه‌ی مانوسی پاپانیوگینیا و ناورۆ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ پێشتر ویستویانه‌ به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بكه‌ن به‌ڵام ده‌ستگیركراون و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و كه‌مپانه‌ كراون و هه‌رگیز له‌ ئوسترالیا نیشته‌جێ‌ ناكرێن.

ئاماەکردنی: هەژار تەها