جەژنی شکاندنی منداڵ … کارا فاتیح

بۆ کاروان کاکەسوور…
کە بەشێکی پارچە شکاوەکانی منداڵیم لە چیرۆکەکانی ئەودا بینییەوە

———————————————

دیدی تەقلیدی و نوستالۆژیی کوردی هەمیشە پێی وایە جەژنی جاران و مەراسیم و بۆنەکانی ئەوسا تامۆبۆی تریان هەبوو، لەززەت و خۆشییان تێدا بوو، هەستکردن بوون بە خۆشیی حەقیقی، لە سەر ئەم بنەمایە بە باڵای پێوەندیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتنی نێوان تاکەکان و ڕۆحی لێبوردەیی و بەتەنگەوەهاتن و پەرۆشیی بۆ یەک و گیانی هاوکاریی لای خەڵك هەڵدەدات و فرمێسکیان بۆ هەڵدەڕێژێت، ئەم دیدە کە بێتوانایە لە بینینی ئێستای خۆیدا و لە بێ پلانی و بێ خەونی و بێ ستراتیژیی خۆیشیدا گەر سەیری داهاتوو بکات، جگە لە مەرگی خۆی هیچی تر نابینێت، بۆیە بەردەوام ئاوڕ بۆ ڕابردوو دەداتەوە، بەڵام نەک ئاوڕ بە مانای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و بینینی هەموو گۆشەکانی، بەڵکوو ئاوڕ بۆ ڕابردوو وەک زەمەنی لەدەستچوو، زەمەنی لەدەستچوویش وەک ساتە هەرە شیرینەکان. هەژموونی ئەم دیدە تەقلیدییە بە شێوەیەک بەهێزە، کە کایە ڕۆشنبیرییەکانیشی گرتوەتەوە، لێرەوە زۆر هونەرمەند و نووسەر ناوی سەیرسەیر بۆ هەندێ لەو زەمەنانە دادەتاشن، یەکێک ماوەیەک بە سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی، یەکێك سەردەمێک بە مێژووی گەشاوەی گۆرانیی کوردی و یەکێکی تر زەمەنێکی تر بە سەردەمی ئاڵتوونیی چالاکیی ڕووناکبیری و خوێندنەوە و نووسین ناو دەبات و لە پاڵ ئا‌‌هـ و حەسرەت بۆ ڕۆیشتنی ئەو سەردەمانە، تێر شانازیشیان پێوە دەکات… ئەم دیدە بە دەلیلی ئەوەی کە توانای بینینی هەموو ڕەهەندەکانی ڕابردووی نییە و وەک مێژوویەکی نەپچڕاو ڕابردوو بە ئێستاوە گرێ نادات و لە سەر ئەم بنەمایەیش بۆ داهاتوو ناڕوانێت، بۆیە دەتوانین بڵێین دیدێکی تەواو ناواقیعی و عاتیفی و ناعەقڵانییە، هێزی بینینی کورت و لێڵ و ناڕۆشنە.

لێرەدا تەنها لە سەر ئەو خاڵە بە کورتی قسە دەکەم، کە لە پانتاییی کۆمەڵایەتیدا جەخت لەوە دەکرێتەوە، جەژنی جاران خۆشییەکی تری دەبەخشی، هەروەها بەتایبەت دەمەوێت، پەردە لە سەر ئەو درۆ گەورەیە لا بدەم، گوایە جەژن بۆ منداڵ خۆشە و ڕۆژانێکە کە دەتوانن لە کەیف و شادیدا بن، خاوەنانی ئەم دیدەیش بۆ ئەوە باسی شادییەکانی سەردەمی منداڵیی خۆیان لە جەژندا دەکەن، کە چەندە بێ وێنە و وەسفنەکراو بوە. ئەم ئاوڕدانەوەیە بۆ منداڵی جگە لە سۆز و فرمێسک بۆ سەردەمی لەدەستچوو، بارگاوییە بە درۆ و شاردنەوەی زۆر سیمای ئەو ساتانە…
جەژنە تەقلیدی و دینییەکان جگە لەوەی هەوڵێکی دین و ئایدیۆلۆژیاکانن بۆ یەکخستنەوەی کۆمەڵگا لە سەر هەمان ستایلە کۆن و تەقلیدییەکەی و چالاکی و تایبەتمەندیی جەژنەکان، تەقەلایەکن بۆ شاردنەوەی پێوەندییە پچڕاوەکانی توێژەکانی کۆمەڵ و بەزۆر دروستکردنەوەی کۆمەڵگا لە سەر فۆڕمە دێرین و دینیییەکەی، ئەم پێوەندییە کۆمەڵایەتییەیش خۆی لە سەردانیکردن و تەوقە و ئەملاولا ماچکردن و گەردنئازادی و… هتد، دا دەبینێتەوە، تەوقەکردن سیمای دیاری ئەو سەردانانەیە کە لەم بۆنانەدا دەکرێن، دەستی مرۆڤ لە ئەرکێک کە تایبەتمەندییەکی ئەخلاقیی هەیە چالاکە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، بکەری ئەم چالاکییە، گەورەکانن و منداڵان هیچ پێگەیەکی ئەوتۆیان نییە، بەتایبەت لەو ڕابردوەی بە سەردەمێکی زێڕێن دادەنرا، منداڵ خاوەنی ئەو دەستە نییە کە بۆ تەوقەکردن دەشێت، زۆر جار لە ناو ڕیزی تەوقەکەراندا منداڵ دەست دەهێنێت بۆ تەوقەکردن، بەڵام بێ دەستخستنە ناو دەستێکی تر دەگەڕێتەوە، واتە بە تەریقی و شەرمەزاری دەست دەهێنێتەوە دواوە، وەک منداڵ هەست بە بوونی مرۆڤانەی ناکرێت، تا شایەنی تەوقەکردن بێت، کەم منداڵی ئەو سەردەمە زێڕێنانە، کە بە بەهەشتی منداڵ وەسف دەکرێت، بەم شێوەیە نەشکێنراوە، گەر تەوقەکردن چالاکییەکی ئەخلاقی بێت، منداڵ لێی بێ بەش کراوە، گەر هەوڵی مرۆڤ بێت بۆ دروستکردنی بارودۆخێکی هاوبەشی مرۆیی، ئەوا منداڵ بە هۆی ئەوەی دەستی تەوقەکردنی بۆ درێژ ناکرێت، لەم هەوڵ و بارودۆخە دەهێنرێتە دەر، وەک کاراکتەرێكی پارچەپارچە و زیادە تەماشا دەکرێت، کەسێتیی منداڵ وەک بوونێکی مرۆڤانە و خاوەن مافی گەردوونی و ئازاد لە بەر چاو ناگیررێت، ئیتر جلی تازەی جەژن و یاریکردن و سەرگەرمکردن بە کۆبوونەوە و قەرەباڵغی و سەردانی ئەم شوێن و ئەو شوێن، تەنها شاردنەوەی ئەو کەسێتییە تێک شکاوە و دڵخۆشکردنێکی هەڵخەڵەتێنەرانەیە…

دیدی تەقلیدی و نوستالۆژیی کوردی ئەوە بە زەقی و ڕوونی دەبینێت و فرمێسک و حەسرەتی بۆ هەڵ دەکێشێت، کە بە منداڵی جەژنان جل و پێڵاوی جوان و خواردنی خۆش هەبوو، بەڵام ئەوە نابینێت، کە ئەو دڵخۆشییە زۆرە نیشانەی بێىەشیی چەندین ڕۆژ بوو لە جل و پێڵاوی جوان و خواردنی خۆش، دیدی تەقلیدی و نوستالۆژیی کوردی تەنها ئەوە دەبینێت کە جەژنان بە منداڵی یاریی خۆش خۆشیان دەکرد، ئەوە نابینێت، بێ لە جەژن ڕۆژانی تر لەو یارییانە نەبوو بیکەن…

کۆمەڵگایەک نەتوانێت منداڵ وەک کارەکتەرێکی کۆمەڵایەتی، کە خاوەنی بوونێکی مرۆڤانە و مافی گەردوونی و کەسێتییەکی ئازادە، ببینێت و تەنها وەک هۆکارێکی خۆشیبەخش یان مەبەستی تایبەتی خۆی دانی پێ دا بنێت، نەزانێت منداڵانیش وەک گەورەکان و بگرە زیاتریش دەکرێت ببنە سەرچاوە ئەزموون و فێرکردن، ئەویش لەوەدا گەورە وەک منداڵ خۆی بە شاییستەی خۆشحاڵبوون بزانێت، پێکەنین و شادی بە سامان و ئارەزوو و هەر ئامانجێکی ترەوە نەبەسترێتەرەوە و سروشتێکی بێ هۆی مرۆڤ بێت، هەروەها دەکرێت گەورەکان لە مندڵانەوە فێر بن هەمیشە خولیایەکیان هەبێت، هەمیشە بۆ خەونێک بژین و ئامانجێک لە سەریاندا بێت، ئەمە جگە لەوەی منداڵان وانەیەکی باشن بۆ گەورەکان، ئەوەی دەیانەوێت بتوانن دەری ببڕن.
کۆمەڵگایەک منداڵەکانی بە پارچەپارچەیی گەورە بکات، بە گەورەیییش وەک ئێستای ئێمە، لە جیاتیی بینینی ئێستا و خەونی ئاییندە، فرمێسك بۆ ڕابردوو هەڵدەڕێژێت…

جەژنی شکاندنی منداڵ … کارا فاتیح




گه‌یشتن به‌لێواری فه‌نتازیا وگه‌ڕانه‌وه‌ بۆكه‌توار … ڕانانی : ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا


“خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ رۆمانی سیسه‌می خوێناوی ”
ناوی كتێب : سیسه‌می خوێناوی
ژانر: رۆمان
نووسه‌ر : جه‌بار عوسمان
ساڵی چاپ : 2017سلێمانی
ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌ : 390
ڕانانی : ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




تیۆری رەخنەیی: شتێک لەمەڕ رەخنەی بونیاتگەریی و هەڵوەشانگەریی … سۆران محەمەد

تیۆری رەخنەیی:
شتێک لەمەڕ رەخنەی بونیاتگەریی و هەڵوەشانگەریی
Deconstruction & Structuralism
سۆران محەمەد

————————–

بونیاتگەرایی بزووتنەوەیەکی هزریی بوو ، لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠-١٩٦٠دا لە فەرەنسا پەرەی سەند، بەوەی کەلتووری مرۆڤایەتی بە زانستی مانا و ماناسازیی ڕاڤە دەکرێت (بۆ نموونە وەك سیستەمێك بۆ ئاماژەکان).
لەبنەڕەتدا لە بیروڕاکانی فیرناند دی سۆسێر و قوتابخانەکانی مۆسکۆ و پەراگەوە پەرەی سەند، لەماوەی ساڵانێکی دوورو دریژدا وەکو شیکارکاریی ئەکادیمی زمان و کەلتورو کۆمەڵایەتی و هونەریی و … دا بەکاردەهێنرا.
ئەوان وای بۆ دەچوون دەتوانرێت لە بوارگەلێکی کەلتوور تێبگەین لە ڕێی بونیادی پێکهاتەکانی زمانەوە، کە جیاکاریی دەکات لە نێوان رێکخستنە واقیعی و ئەندیشەییەکاندا، بۆ نموونە (لاکان) وای بۆ دەچوو کە تێۆری دەروونیی ، رێسای بونیادی هێماکانە کە جیاکاری دەخاتە نێوان واقیع و ئەندیشەوە.
بە پێی بیروڕاکانی (ئەلیسۆن ئەسیتێر) چوار بنەمای بەربڵاو و هاوبەش لە زۆربەی فۆرمە بونیاتگەراکاندا هەیە، کە ئەوانیش؛ یەکەم: بونیات دەستنیشانی شوێنگەی هەر توخمێك دەکات لە توخمەکان وەك گشت، دووەم: هەر سیستەمێك پەیکەرو بونیادی خۆی هەیە. سێیەم: یاسا بونیاتیەکان زیاتر مامەڵە لەگەڵ فەراهەمهاتووەکان دەکات وەك بیرکردنەوەو هەوڵدان بۆ گۆڕینیان، چوارەم: بونیاد “شتی راستەقینەیە” لە ژێر رووکارەوە ڕاکشاوەو ماناکانی لەخۆگرتووە. تەنانەت رەخنەی دوای بونیاتگەراییش
(post-structuralism)
هەر بە پەرەسەندن و درێژبوونەوەیەکی بونیاتگەرایی لە قەڵەم دەدرێت.

وشەی بونیاد(٠ لەبنەڕەتدا وشەیەکی لاتینییە، بە مانای بناغەو بنەڕەت دێت، لە رەخنەشدا دادەنرێت بە تێڕوانینی رەخنەگر لە رووکاری ناوەوەی کارە وێژەییەکان و شیکارکردنی بە پێی بەرەنجامە تایبەتیەکانی هەر بیردۆزێك بە هونەرو وێژەوە، لە پێناو گەشتنە تێگەشتنێکی وردو تەواودا.
بۆ نموونە لە بیروڕای بیردۆزی یەکێك لە دامەزرێنەرانی ئەم قوتابخانەیەدا کە ( جاکوبسن )ـە، وا دەڕوانێتە هەر زمانێك کە هەڵگری ئەم چوار رەگەزەیە:

نێرەر- – – بۆ نێردراو
ناوەڕۆك – – – رەمز

هەڵوەشانگەراکان هەڵدەستن بە خوێندنەوەیەکی رەخنەیی فەلسەفی پێکهاتوو لە سەر دوو یاسا، یەکەمیان: لەسەر بنەمای شوێنکەوتنی شێوازی دەربڕینی نووسەر کە بیروبۆچوونەکانی لەسەر بنیات ناوە. یاسای دووەمیان: هەڵدەستێت بە شیکارکردنی وردی وشە بەکارهاتووەکان لە دەربڕینی ئەو بۆچوونانەدا.
بە پێی پانتاییە فەلسەفیەکانیش دەرهاویشتە دەروونی و پێکهاتە هزریەکانی خاوەن کارمان بۆ ئاشکرا دەبێت، رەنگە جارانێکیش هێرشکردنە سەر نووسەر بێت بەوەی ناتەباییەکانی ناخیان دەردەکەوێت لە ڕێگای تاوتوێکردنی بابەتەکاندا.
هەڵوەشانگەرایی نزیکەی ٤٥ ساڵ پێش ئێستا لە فەرەنسا لەسەر دەستی( دریدا) سەریهەڵدا، خۆی لە خۆیدا فەلسەفەیەك نییە، هێندەی ئەوەی رەخنەی فەلسەفەیە، هەر لەبەر ئەمەش بوو یەکێك لە دروشمەکانی (دریدا) ئەوە بوو کە دەیگوت ( هیچ شتێکی تر لە دەرەەی دەقدا بوونی نییە). ئەوان بەم نموونەیە زیاتر رۆڵ و گرنگی ڕێبازی هەڵوەشانگەرایی روون دەکەنەوە:
گەوهەرێك بە درێژایی رۆژگار پیسی و تۆزی لەسەرکەڵەکە بووە، تا رووکاری دەرەکی داپۆشی و وەك شێوەی پشقلێك دەردەکەوت، بەڵام ئێمە بەهای راستەقینەی ناناسینەوە گەر لێی نەدەین و هەڵینەوەشێنینەوە تا پێکهاتەو بووە راستەقینەکەی خۆی نەبینینەوە.
بە پێی ڕاکانی دریدا ڕێبازی هەڵوەشانگەرایی تاکە هۆکارێکە بۆ وەرگرتنەوەو کێشانەوەی متمانە لە شتە باوەکانی وەك رامیاریی و ئاکاریی و لۆژیکی… جا لەبەرئەوەی ئێمە یەخسیری قەفەزی یاسای زمانەوانین، و دەرباز بوون لێی مەحاڵە، ئەوا باشتر وایە بە کاری هەڵوەشانگەرایی زمانی دەقەکان هەستین.
کەواتە دەبێت وشەکان و هەموو پاشکۆ زانستی و مەعریفی و کارلەجێیەکانیشی راڤەبکرێن لە ڕێی پەیوەندییان بە یاسا فیکریی و رۆشنبیرییەکان کە لێوەی هەڵقوڵاون.. کەواتە مەرج نیە ئەوانە دەربڕین لە راستی بکەن وەك ئەوەی ویستی دەکەین، چونکە وشە تەنیا هێما و شفرەیە کە مانا و ئاماژەکانیان لە نەست(اللاوعي) مرۆڤدا هەڵکۆڵراوە.. کەواتە بەم پێیە ماناکان بوونیان نییە. دەگەینە خاڵی درککردنی ئەوەی ڕاستیی جۆرێکە لە شێوەکانی خەیاڵ و ئەندێشە.. ئەوا ئێمە لە دنیای ڕاستەقینەدا ناژین، هێندەی لە ناو دیدو بۆجوونەکانماندا دەژین، بەم پێیەش خوێندنەوە دەبێت بە جۆرێك لە نەخوێندنەوە.
بۆیە پۆستمۆددێرنەکان گرنگییان بە زانستی زمان و بیردۆزەکانی تشومسکی دەدا، کە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە زمان و ئاخاوتن یاسای گەردوونی و جینیی هەیە، نەك وەك ئەوەی داروینیەکان بۆی دەچوون بەوەی زمان تەنیا پێشکەوتنێکی لەخۆڕا بووە لە سەفەری دوورو درێژی مرۆڤ لە زۆرانبازیی لە پێناوی مانەوەدا.

لێرەوە شوێنکەوتووانی دریدا کەوتنە مەیدانی نووسینەوەی مێژوو و بەرەنجامەکانی لە مردنی نووسەرەوە. لەبەرئەوەی ناتوانین مێژووش بگێڕینەوە کەواتە دەبێت بە شێوەیەکی ڕیژەیی لەگەڵ ئەو گێڕانەوانەدا بژین و شانبەشانی مێژوونووسانیش رەنگە ئێمەش گێڕانەوەی خۆمان هەبێت.
هەڵوەشانگەرایی کە یەکێك لە پێشرەوانی بریتی بوو لە (دریدا) لە گرنگترین کۆڵەکەکانی بریتی بوو لە نکۆڵی کردنی دواین پیناسە بۆ شتەکان، یان پێناسەی (ڕەها) وەك گوتراوە. بەم پێیەش راستی ڕێژەییەو لەسەر هەڵوێستی رووناکبیر وچوارچێوە مەعریفیەکەی بنیات دەنرێت کە لێوەی دەدەچێت. کەواتە ئێمە بە زمان قسە ناکەین، بەڵکو یاری پێ دەکەین. چونکە بونیادی زمان لە راستیدا تێڕوانینی ڕۆشنبیریی کەڵەکەبووە، نەك شتی تر. بە پێی بۆچوونی قوتابخانەی هەڵوەشانگەرایی کە دریدا پێشەوایەتی دەکات زمان ئاوێنەی سروشت نییە وەك زۆرینە وای بۆ دەچن، بەڵکو زمان خۆی لە خۆیدا وەهم و خەیاڵێكەو دەبێت لە بنەوە لە ڕیشە بکێشرێت.
(Jacques Derrida)
دریدا ناڵێت پەیوەندی نێوان وشەو ماناو ئاماژەکانی هەڵەیە، بەڵکو ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە وشە ئاماژەیەکی زانراوی نییە.




دواهـەمین نامەی لاوێک بـۆ دایـکی … هاوتا کوردستانی

ساڵانێک پێش ئێستا سەر لە ئێوارەی زستانێک سەرماو و سۆڵە و کڕێوە و بەفراویی بوو ، دونیا تەواو تەماویی بوو ، وە لەتەنیشت پەنجەرەی ژوورەکەمەوە دانیشتبووم و هەردوو دەستیشم لە ئەژنۆکانم گیر کردبوو و دایکیشم لەبەرانبەرم دانیشت بوو بە دەستە لەرزۆکەکانی خەریکی چنینی جلی زستانە بوو بۆ کوڕە تەنهاکەی وە پەیتا پەیتاش دەستم لە پێنووسەکە گیر دەکرد و دەمویست لەسەر دایک هۆنینەوە بکەم و شوناسی دایک بهۆنمەوە بەڵام هەر وەک پەیامبەرێکی بێ بەزەیی چریپاندبێتی بە گوێمدا هەستم بە پەژارەیەکی بەکوڵ کرد لە ناخمدا و لەو ئان و ساتانەی شەودا و دایکم چووە ناو دوونیای پەڕاوەکان و وشەکانم و پێنووسە لەرزۆکەکەی نەزۆک کردم لە هۆنینەوەی شوناسی دایک ، وە ئەو شەوە بووە یادگاریەکی تاڵ و لەو شەوەوە ژیان و قۆناغێکی تەواو جیاواز و تراژیدیتر هاتە ئاراوە و ڕێگەی بەقسەکردنی زاری دڵم نەدا و بووە کۆسپێکی دیکەی ژینم و وەک ئاگرێکی کڵپەدار وا لەناخمدا قەتیس ماوە و ئەمەوێ بە گوێتدا بچریپێنم لە سۆز و خۆشەویستی .

دایکم هەمان شەو کۆچی کرد بۆ ڕێگا ونبووەکانی خەیاڵەکانم و وەک باڵندەیەکی غەمگین بێ ماڵئاوایی لەقەفەس دەستی کرد بە فڕین ، فڕینێک کە گەڕانەوەی نەبێت ، نازانم ئا خۆ چوە دونیای کامەرانی و شادە بە کۆچەکەی یان دڵمات و زیزە ، گەر نا بۆ ناگەڕێتەوە ، بەڵام بەهەرحاڵ دوای ئەو کۆچەو فڕینەوە من بوومە مرۆیەکی ڕووخاو و دڵشکاو و تێکشکاو و شتێک نەمایەوە تەنها ئەوە نەبێت ببمە دۆستی تەنهایی و کۆنتکردنی ڕۆحم لەنێو چوار دیواردا و بوومە هاوڕێی شەوانی باڵندە بێ لانە و غەمگینەکان ، هێندە دۆستایەتیمان نزیک بوویەوە تا بەرەبەیان پێکەوە تامەزرۆ سەیر یەکمان دەکرد ، ژینێک ئاوا هات و چوو وە تێپەڕی .

ئێستاش نامەیەکی پڕ برینم پێیە ، کە دواهەمین نامەیه بۆ دایکم ، نازانم پۆستە چیەکانی خواوەند و پۆستەچیەکانی ئاسمان ئەم پەیامەم بە پارێزراویی دەگەیەنن یان نا ، تکا کارم لە فریشتەکانی خواوەند ئەم پەیامەکەم بۆ بگەیەنن بە پیرۆزترین ڕۆحی ئاسمان ، با منیش ئەم کڵپە ئاگرەی دەروونم هێوور بێتەوە ، ئەڵێم دایە گیان کۆچت کرد و ڕۆشتیت بێ ماڵئاوایی و فڕیت بۆ ئاسمان بێ لاکردنەوە ، بێ ئەوەی ئاوڕ بدەیتەوە و بێ ئەوەی ماڵئاوایی بکەیت ڕۆشتیت ، وا منیش فرمێسکەکانم چۆڕەی دێت بە بەردەوامی وەک لێزمە باران وەستانی نیە و بەهیچ ڕاناگیرێت ، جەستەم ، ڕۆحم ، دەروونم ، خەیاڵم ، هەستم ، هەمووی هەپڕوون هەپڕوون و شەقار شەقار بووە .

دایە گیان ئێستا ئەڵێم تۆ لەکوێی ؟ چی دەکەیت ؟ من وا وێڵ و سەرگەردان ، بێ ماڵ و دڵگران ، لێرە مرۆڤە دڵڕەقەکان ژینیان لێ بردووین و شتێک نەماوە بەناوی سۆز و وەفا بۆ ناگەڕێیتەوە لەدوای سۆز و ئەوینی تۆ شتێک نەماوە بەناوی ژین و سۆز و وەفاداریی ، نازانم لەشادی و کامەرانی دایت یان نا ، گەر مەیلی گەڕانەوەشت نیە دە دەستم بگرە دایەگیان با من بگەمە دیدارت بگەم بە جوانیت ، بە میهرت ، بە سۆزت ، بە وەفات ، بەشکۆت ، بەڕۆحت ، بەباوەشت ، با تێر لە باوەشت بگرم و بۆن و مەرامی ڕۆح و جەستەت بکەم ، منم کوڕە تەنهاکەی تۆ دە دایە گیان دەستم بگرە با من بگەمە دیدارت گەر مەیلی گەڕانەوەت نیە ، ئەزانی ئیدی توانای فرمێسک ڕشتنیشم نەماوە زۆر تەنهام و زۆریش نیگەران چون وەڵات بە وڵات و نیشتیمان بە نیشتیمان گەڕاندمیان وا فرمێسکەکانیشم بەرەو وشکبوون ئەچن ، چاوم کوێر بێت ، زمانم لاڵ بێت ، گوێم کەڕ بێت ، جەستەم وشک بێت ، گەر تۆی پێ نەبینم و وشەکانتی پێ نەبیستم و چاوەکانتی پێ نەبینم ، بۆ گەشتن بەدیدارت شاخەکان و کێوەکانت بە دەرزی بۆ شی دەکەمەوە و دەریا و ئۆقیانووسەکانت بۆ وشک دەکەم و زەوی و سەرزەمیات بۆ شەق دەکەم ، ڕۆح و جەستە و هەموو ژینم پێشکەش دەکەم بۆ گەشتن بە دیدارت .

وێنەکەت هەمیشە لە پێش چاومە و تا خەو دەمباتەوە تێر تێر سەیری وێنەکەت دەکەم هەرگیز ون نابیت لە پێش چاوم ، کاتێک هەر دایکێک ئەبینم کڵپەی ئاگرێکی بەتین لەڕۆح و جەستەم دێتەوە دەرەوە ، کاتێک سۆزی دایکێک بۆ ڕۆڵەکەی ئەبینم ، ئیتر فرمێسک و خوێن ئاوێتەی یەک دەبن لە جەستە و ڕۆحمدا ، گریان و تەنهایی و غەم و پەشێویی سەرلەباری ژینی منی گیرۆدەی خۆی کردووە ، دایە گیان منم کوڕە تەنهاکەی تۆ ، چرکەیەک نیە یادی تۆ نەکەم و لەغەم و گریان و پەژارەدا نەتلێمەوە بە جۆرێک مرۆڤەکانیش سڵم لێ دەکەنەوە و نایەنەوێ تێکەڵ بەو ژینەی من بن و وەک شێت سەیرم دەکەن ، نازانن شێتی دیداری تۆ و شێتی میهر و جوانی و وەفا و شکۆ و باوەش و ڕۆحی تۆم ، تەنها و تەنها بۆ یەک شەوی دیکە مۆڵەتم بدە لەباوەشتدا بنووم و تووند لە ئامێزت بگرم ، چاوەڕوانی گەڕانەوەت ژینی بردم ، گەر مەیلی گەڕانەوەت نیە دە دەستی کوڕە تەنهاکەت بگرە و با بگات بە دیدارت ، بە پەرۆشی و بە ڕاکردن بۆ ناو ئاگردانیش بۆ ئامێزت ڕا دەکەم .

هاوتا کوردستانی




هه‌فته‌نامه‌ی به‌دبه‌خته‌فه‌ندی …. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

بەیانی زووی یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌فته‌، کە لە ماڵ ھاتمە دەرەوە، ژنەکەم داوای کرد له‌ گه‌ڕانه‌وه‌م، ماسیحەیەک لەگەڵ خۆم بێنمەوە، چونکە ماسیحەی حەوشەکەمان شکابوو. کە بەڕێ کەوتم, گوتم نەبادا لە گەڕانەوەم بیرم بچێ، با ھەر لە ئێستاوە ماسیحە بکڕم ئینجا بۆ ئیشوکار بڕۆم، لە ڕێ لامدا جادەی شەھید سمکۆ مەنتک و لە مێنی مارکێتێک سەرە ماسیحەیەک و دار ماسیحەیەکم بەیەکەوە بە سێ ھەزار دینار کڕی. تەماشای سەعاتم کرد بینیم ھێشتا کاتەکەی بەبەرەوە ماوە، با ماسیحەکە ببەمەوە تا خانم حەوشەکە بشوات کە دوێشەو بەھۆی خۆربارانەوە ڕەنگی کاشییەکەی نارنجیی هه‌ڵگه‌ڕابوو. كه‌ گەیشتمەوە ماڵەوە، نایلۆنم لە ماسیحە داپچڕی و خەریک بوو دارەکەی لەناوقەد توندکەم، دارەکەم لەبەرنا، بینیم داییسی ماسیحەکە زۆر گەورەترە لە ئەستووریی دارەکە، یان بڵێین داره‌كه‌ باریكتره‌ و بۆی نابێ، چەندی ھەوڵمدا و سەرم ھێنا و برد یه‌كانگیر نه‌بوون، ناچار ھەڵتەک ھەڵتەک ماسیحەم بردەوە مێنی مارکێتەکە کە کوڕیژگەیەکی لەسەر بوو و پێشتر من لە باوکەکەیم کڕیبوو، تێمگەیاند کە ماسیحە و دار پێکناکەن و داوام کرد بۆمی بگۆڕێتەوە، کەچی کوڕیژگە گوتی: دەبێ بابم بێتەوە، خۆ لە منت نەکڕیوە! ناچارمام نیو سەعاتان لەبەر ئەو ھەتاوە تاقەت پرووکێنە خۆمم خافڵاند تا بابەی جامانە بەسەری كورته‌ك له‌ ڕه‌نگێك و شه‌رواڵ له‌ ڕه‌نگێك، ھاتەوە و دوای منجەمنجێکی زۆر ماسیحەی بۆ گۆڕیمەوە. من هیچم نه‌گوتبوو كه‌چی ئه‌و چه‌ند جارێك پێیگوتم: مه‌وادی ئێمه‌ هه‌مووی ئه‌سڵییه‌. جا بۆخۆت تێبگه‌!
دیسانەوە بەرەو ماڵ بوومەوە, تا ماسیحەم گەیاندەوە و دواتر گەیشتمەوە دەوام، ده‌وام قه‌یاسێكی مابوو.

بەیانیی یه‌كشه‌ممه‌ خۆم لە حەمامی ماڵەوە کوتا تا بەر لەوەی بچمە دەوام وەک ھەموو ڕۆژان، خۆم بشۆم، لە حەمامەکە بینیم تەشتاوە باغەكە کە سێ ساڵ دەبوو کڕیبووم، کون بووە و تەواوێک ئاوی بەبەرەوە دەڕوات. کە لە ماڵ ھاتمە دەرەوە یەکەوسەر بەرەو دەوام ڕۆیشتم و بیرم کردەوە کە باشتر وایە لە گەڕانەوەم تەشتێکی حەمام بکڕم. سەعاتێک بەر لە دەوام تەواو بوون ھاتمە دەرەوە و لە ڕێ چوومە دوکانی باغە فرۆشێک و تەشتێکی سپیی نورتونوێی ناو نایلۆنم کڕی. گەیشتمەوە ماڵەوە و تەشتەکەم خستە حەمام و کۆنەکەیشم لە دەرەوە لە تەنیشت زبڵدانی بەردەم دەرگاکەمان دانا. سبه‌ینه‌ زوو كه‌ له‌خه‌و ڕابووم دیسانه‌وه‌ خۆمم له‌ حه‌مام كوتا تا به‌ر له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌م، ئاوێك به‌خۆمدا بكه‌م، ته‌شته‌كه‌م ڕاكێشایه‌ لای خۆم، هه‌ستم كرد ته‌شته‌كه‌ زڕه‌ ده‌نگێكی لێوه‌ دێ، به‌ ئاسته‌م له‌ عه‌رده‌كه‌مدا هه‌ستم كرد ته‌شت شكاوه‌، به‌ دوای شكانه‌كه‌یدا گه‌ڕام، بینیم له‌ ته‌نیشته‌وه‌ درزێكی ستوونیی تێكه‌وتووه‌. خه‌می به‌دبه‌ختی دایگرتم و نه‌مزانی چۆن خۆمم شوشت! به‌ خۆم و ته‌شته‌وه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، دراوسێكان ته‌ماشایان ده‌كردم و به‌ لایانه‌وه‌ سه‌یر بوو كه‌ ده‌بێ ئه‌و ته‌شته ‌كێوه ‌به‌رم! گه‌یشتمه‌وه‌ لای باغه‌فرۆش و تێمگه‌یاند كه‌ ته‌شته‌كه‌ كون بوو و داوام لێی كرد كه‌ ده‌بێ بۆم به‌ ته‌شتێكی نه‌شكاو بگۆڕێته‌وه‌، كابرای باغه‌فرۆش به‌مه‌ زۆر قه‌ڵس بوو و دوای مشتومڕێكی زۆر، سوێندم بۆی خوارد كه‌ ته‌شته‌كه‌م به‌ شكاوی بردووه‌ بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانم. به‌ سه‌ت ده‌رده‌سه‌ری بۆی گۆڕیمه‌وه‌، ئه‌ویش هه‌ر ده‌یگوت و ده‌یگوته‌وه‌: مامۆستا ئێمه‌ شتی شكاو و عادیمان نییه‌، مه‌وادی ئێمه‌ فوول ئه‌سڵییه‌.

سبه‌ینه‌ زوو له‌ خه‌و ڕابووم ویستم وه‌ك ڕۆژان، خۆم بشۆم. چرك، پلاكی گڵۆپی حه‌مامه‌كه‌م پێكرد، له‌گه‌ڵ پێكردندا چرته‌یه‌ك له‌ گلۆپه‌كه‌وه‌ هات و سووتا، هه‌مووی مانگێك بوو گلۆپه‌كه‌م به‌ گرێنتی و ئه‌سڵیی كڕیبوو. به‌و تاریكییه‌ خه‌ریكی خۆ شووشتن بووم، نه‌مده‌زانی چۆن سابوونم له‌ لیفكه‌ هه‌ڵده‌سووی، به‌ سه‌ت حاڵ له‌و تاریكستانه‌ خۆم شوشت و سواری تڕومبێل بووم و چوومه‌ ده‌وام، شه‌وكه‌تی فه‌ڕاشم بانگ كرد و ده‌ هه‌زارییه‌كم له‌ مستی نا و داوام لێی كرد كه‌ی مه‌جالێك بوو بچێ له‌ دوكانه‌كانی جاده‌ی سێتاقان گلۆپێكی ڤێسته‌ڵی له‌وله‌بیی قوونك بورغووی ئه‌سڵیم بۆ بكڕێ و باقییه‌كه‌یشی بۆ خۆی. ده‌وروبه‌ری سه‌عات یه‌ك، شه‌وكه‌ت پاكه‌ته‌ گلۆپه‌كه‌ی بۆ هێنام و تێی گه‌یاندم كه‌ گلۆپه‌كه‌ ئه‌سڵی و ئه‌ووه‌لبابه‌. سوپاسێكی گه‌رمیم كرد. كه‌ چوومه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، دوای نانخواردن چوومه‌ حه‌مام تا گلۆپه‌كه‌ بگۆڕم، كۆنه‌كه‌م خسته‌ سه‌به‌ته‌ی زبڵه‌كه‌وه‌ و نوێكه‌یم جوان جوان قایمكرد، پاشان چرك، پلاكه‌كه‌یم پێكرد، كه‌چی گلۆپ ترووسكه‌یه‌كی رۆناكیی نه‌دامێ، بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ گلۆپه‌كه‌ نوێیه‌كه‌ش سووتاوه‌، خه‌م دایگرتمه‌وه‌ و هه‌زار جنێوم به‌ به‌دبه‌ختیی خۆمدا. عه‌سره‌كه‌ی له‌ تاریكی خه‌ریكی ده‌سنوێژ هه‌ڵگرتن بووم و دواتر تێلم بۆ شه‌وكه‌ت كرد و دوای كه‌مێك هاته‌ ماڵه‌وه‌ و تێمگه‌یاند كه‌ گلۆپه‌كه‌ سووتاوه‌ و داوام لێی كرد بچێ به‌ یه‌كێكیتر بیگۆڕێته‌وه‌. شه‌وكه‌ت كه‌وته‌ منجه‌ منج و پرته‌پرت. بۆ ئه‌وه‌ی ئارام بێته‌وه‌، ناچار پێنج هه‌زارییه‌‌كم له‌ گیرفانی نا، دوای سه‌عاتێك شه‌وكه‌ت هاته‌وه‌ و گوتی: مامۆستا، كابرای دوكاندار گلۆپه‌كه‌ی بۆ نه‌گۆڕێمه‌وه‌ و گوتی بڕۆ وه‌ستات بانگكه‌، گوتم وه‌ستات كێیه‌؟ گوتی: جه‌ناب، مه‌به‌ستی تۆیه‌. ناچارمام له‌گه‌ڵ شه‌وكه‌ت بچمه‌ لای دوكاندار و داوای لێ بكه‌م گلۆپه‌كه‌م بۆ بگۆڕێته‌وه‌، دوكانداره‌كه‌ حاجییه‌كی كه‌شیده‌ له‌سه‌ری ده‌م به‌ وێرد و سه‌ڵاوات بوو، ناچار به‌ ڕووێكی خۆشه‌وه‌ له‌گه‌ڵی كه‌وتمه‌ قسه‌، كه‌چی ئه‌و سماقفرۆشێكی زۆر تووڕه‌ و تۆسن ده‌هاته‌ به‌ر چاو، به‌ڵام دوای پرته‌پرت و منجه‌یه‌كی زۆر، گه‌یاندمه‌ قه‌ناعه‌ت كه‌ گلۆپه‌كه‌ له‌ ئه‌ساسه‌وه‌ سووتاوه‌، كه‌چی ئه‌و هه‌ر ده‌یگوت: مه‌وادی ئه‌م دوكانه‌ كه‌ بایی په‌نجا ده‌فته‌ر ده‌بێت، یه‌ك شتی تێدا نییه‌ زۆر ئه‌سڵی نه‌بێ، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ شتی وا لێره‌ ڕووده‌دات، ده‌یگوت: هه‌موو مه‌وادی ئێمه ‌ئه‌سڵییه.

سێشه‌ممه‌ بوو، دوای نیوه‌ڕۆ دره‌نگ له‌ ده‌وام هاتبوومه‌وه‌، ویستم ئێواره‌كه‌ی ئیسراحه‌تێ بكه‌م و نه‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ و كتێبێك بخوێنمه‌وه‌، دوای عه‌سرێكی دره‌نگ كوڕه‌كه‌م گوتی: باوه‌، هه‌ر ده‌بی بمبه‌یته‌ لای مۆبایلفرۆشه‌كه‌ی سه‌ر شه‌ستی، زرێی (درع) مۆبایله‌كه‌م زۆر درزی تێكه‌وتووه‌، به‌ڵكوو بیگۆڕم. ناچار تڕومبێلم به‌گڕ خست و چووینه‌ لای مۆبایلفرۆشه‌كه‌ و ئه‌ویش پوخته‌ و جوان داخوازییه‌كه‌ی جێبه‌جێ كردین و گه‌ڕاینه‌وه..
تازه‌ له‌ نوێژی عیشا هاتبوومه‌وه‌ و له‌ ژووره‌كه‌ی خۆم خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێكی خوسره‌و جاف بووم، له‌پڕ بووه‌ هه‌رای نێوان هه‌ردوو كوڕه‌كه‌م، كه‌ به‌رده‌وام شه‌ڕ و ئاژاوه‌یان بوو و قه‌ت دانوویان به‌ یه‌كه‌وه‌ نه‌ده‌كوڵا، هه‌ردووكیان ساڵێكیان به‌ین بوو، ئیسراحه‌تیان له‌و ماڵه‌ نه‌هێشتبوو، چه‌نده‌ ئامۆژگارییم ده‌كردن، بێسوود بوو. ئه‌وه‌ی مۆبایله‌كه‌یم بۆی چاك كردبووه‌وه‌ ده‌یگوته‌ ئه‌وه‌كه‌ی تر تۆ زرێكه‌یت لێ شكاندووم، ئه‌ویش ده‌چووه‌ كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك و ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ ده‌یگو‌ت من نه‌بووم، زرێیه‌كه‌ خۆی عادییه‌ و بزانه‌ به‌ر شتێ كه‌وتووه‌ و شكاوه‌. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌ ئارامكه‌مه‌وه‌ هاوارم كردنێ: كڕ بن ده‌ویت بابینه‌.

به‌و شه‌وه‌ بۆ لای مۆبایلفرۆشی گۆرین ڕاپێچیان كردمه‌وه‌، تا دیسانه‌وه‌ زرێیه‌كه‌ نوێكه‌ینه‌وه‌. كه‌ گه‌یشتینه‌ لای مۆبایلفرۆشه‌كه‌، خه‌ریك بوو دوكانه‌كه‌ی داده‌خست، به‌هۆی ئێمه‌وه‌ كه‌مێ خۆی دواخست و كوڕه‌كه‌م پێی گوت: عه‌ممۆ، ئه‌و زرێیه‌ی تۆ عادی بوو، به‌ڵكم یه‌كێكی ئه‌سڵیمان بده‌یتی، كابرا له‌و قسه‌یه‌ی كوڕه‌كه‌م چاوی چووه‌ پشتی سه‌ری، ته‌واو ده‌هری بوو و هاواری كرد: یانی من شتی عادی ده‌فرۆشم؟ بڕۆن نیمه‌. به‌هه‌زار حاڵ كابرام هێور كرده‌وه‌، كه‌چی ئه‌و هه‌ر پرته‌ و بۆڵه‌ی بوو و باسی له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ خۆی، تایبه‌ت بۆ هێنانی ئه‌م كه‌لوپه‌له‌ ئه‌سڵییانه‌ ده‌چێته‌‌ چین. كه‌ پاره‌ی زرێ تازه‌كه‌مان دایێ، ڕووی كرده‌ كوڕه‌كه‌م و گوتی: جارێكیتر ئه‌م قسانه‌ لای من نه‌كه‌یته‌وه‌، بۆ خۆت كه‌یفی خۆته‌ به‌ كێی ده‌ڵێی، به‌ڵام من نا، ئه‌م دوكانه‌ت بینیوه‌؟ له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ شتی عادیی نه‌هاتووه‌تێ، شته‌كانی من هه‌مووی ئه‌سڵیین. به‌هه‌ر حاڵ, ناچار سوپاسێكی گه‌رممان كرد و گه‌ڕاینه‌وه‌.
شه‌وی ڕابردوو به‌هۆی ژانی ددانێكمه‌وه‌ خه‌و نه‌چووبووه‌ چاوم، سه‌یره‌! هه‌مووی هه‌فته‌یه‌ك نابێ ئه‌و‌ ددانه‌م پلاتینڕێژ كردووه‌ و سه‌ت دۆلارم داوه‌ته‌ دختۆرێكی عاره‌ب كه‌ گوایه‌ باشترین دختۆری شاره‌، كه‌چی ژانه‌كه‌ی به‌ری نه‌ده‌دام. ناچار به‌و سبه‌ینه‌یه‌ ڕوومكرده‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلیی سه‌ر ڕێی كۆیه‌, ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ دختۆرێكی هاوڕێی خوێندنمی لێ بوو، ناوی دختۆر شه‌ماڵ بوو كه‌ بیست ساڵ ده‌بوو نه‌مدیبوو، پسووله‌ی دختۆر شه‌ماڵم بڕی و كه‌ سه‌ره‌م هات چوومه‌ ژووره‌وه‌. دختۆر شه‌ماڵ كه‌ چاوی پێمكه‌وت، كۆڵێ دڵخۆش بوو و زۆری ڕێز لێنام، ددانه‌ به‌ ژانه‌كه‌مم پیشاندا و جوان پشكنیی و پێیگوتم: مامۆستا، ئه‌و پلاتینه‌ی دختۆره‌كه‌ت بۆی داناوی له‌ جۆری هه‌ره‌ خراپه‌كانه‌ و به‌ ته‌واوی نه‌چه‌سپیوه‌، من ئێستا ته‌نیا ئیشی دروستكردنی ددان ده‌كه‌م و ده‌تنێرمه‌ ژووره‌كه‌ی ته‌نیشتم كه‌ دختۆر حه‌میدی لێیه‌ و ئه‌و شاره‌زای دانانی پلاتینی ئه‌سڵییه‌. ڕوومكرده‌ دختۆر حه‌مید و دوای سه‌عاتێك هێنان و بردن و ڕنین و غڕوهۆڕی مێشك هه‌ژێن، دختۆر حه‌مید پلاتینه‌ عادییه‌كه‌ی ڕنی و پلاتینی ئه‌سڵیی ئه‌ووه‌لبابی به‌ سه‌توپه‌نجا دۆلار بۆ دانام. دختۆر حه‌مید هه‌ر ده‌یگوت و ده‌یگوته‌وه‌: ئه‌و پلاتینه‌ی بۆت داده‌نێم جۆری یه‌كجار ئه‌سڵییه‌ و گه‌ر تا ساڵێكیتر عه‌یبی هه‌بوو، من به‌رپرسیارم.

سبه‌ینه‌ زوو كه‌ له‌ خه‌و ڕابووم، هه‌واكه‌ی زۆر سارد بوو، خۆم له‌ حه‌مامه‌كه‌ په‌ستا و شێره‌ی ده‌سته‌ چه‌پی ئاوه‌ گه‌رمه‌كه‌م كرده‌وه‌ و چاوه‌نۆڕ بووم كه‌ گه‌رم داهات به‌ سه‌ر و گوێلاكی خۆمی دابكه‌م، كه‌چی ئاوه‌كه‌ سارد و سڕ، گه‌رمه‌كه‌ نه‌هات و نه‌هات، بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ دڵنییاییه‌وه‌ لووله‌ هیته‌ره‌ ئۆتۆماتیكه‌كه‌ی بۆیله‌ره‌كه‌ سووتاوه‌، ناچار جله‌كانمم كرده‌وه‌ به‌ر..
له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی ڕابردوودا، یه‌كه‌مجارم بوو بێ خۆ شووشتن له‌ماڵ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌. تا ده‌وام ته‌واو بوو هه‌ستم ده‌كرد هه‌موو له‌شم داده‌خورێ. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌م سه‌رێكی بازاڕی كوورانم دا و لووله‌ هیته‌رێكی ئه‌سڵیی بۆیله‌رم به‌ گرێنتیی ساڵێك به‌ ده‌ هه‌زار دینار كڕی. دوكانداره‌كه‌ گوتی: مامۆستا، خه‌مت نه‌بێ، ئه‌مه‌یان زۆر ئه‌سڵییه‌.. سپانه‌ سه‌ر زله‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ هیته‌ر گۆڕینی بۆیله‌رم له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌بوو و دوای نانخواردن هێنام و كۆنه‌كه‌م لێكرده‌وه‌، ئاو ئه‌وناوه‌ی پڕ كرد، هه‌موو قالبم له‌ ته‌وقی سه‌رم تا بنی پێم له‌ ئاو هه‌ڵات، باش بوو نوێكه‌یم به‌ ئاسانی تێ گیركرد و به‌ سپانه‌كه‌ی خه‌ریكی بادان و قایم كردنی بووم، وه‌ختێكم زانی گرتی و نه‌ختێ قایم بوو، نا با نه‌ختێكی تریشی بۆ باده‌م، هه‌ستم كرد قایم بوو، دڵم ئاوی نه‌خوارده‌وه‌ نه‌وه‌كا ئاودزیی تێكه‌وێ هه‌ر بامدا و بامدا، به‌م زستانه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ هێز بامده‌دا، ماندوویی هه‌ردوو بازووم، ئاره‌قه‌ی له‌ هه‌نیه‌م داچۆڕاند، هه‌ر بامدا، ده‌ی كه‌مێكیتر، ده‌ی ئه‌مجاره‌ش، تا له‌ناكاو شرقه‌یه‌كی لێوه‌هات و داییسی هیته‌ره‌ لووله‌ییه‌كه‌ی له‌ناوه‌وه‌ڕا شكا. خه‌مێكی قووڵ دایگرتم! باشه‌، به‌دبه‌خته‌فه‌ندی.. ئه‌مه‌ی كه‌ی كاری تۆیه‌ توخوا؟ ئێ نه‌ده‌بووا وه‌ستایه‌كی شاره‌زا بێنم؟ سه‌یره‌! ته‌ماشای داییسه‌كه‌م ده‌كرد كه‌ له‌ بنوبۆتکەوه‌ شكابوو و وایه‌ری نه‌ده‌چووه‌ سه‌ر. بیرم ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ مه‌حاڵه‌ به‌ من و به‌ بابی منیش چاكبێته‌وه‌. ده‌مه‌و عه‌سر سلفێكم له‌ تڕومبێله‌كه‌مدا و بۆڕیچییه‌كم له‌و ده‌وروبه‌ره‌ بینییه‌وه‌، ئه‌ویش پێیگوتم كه‌ به‌هۆی ئیشی زۆره‌وه‌ مه‌جالی نییه‌ تا له‌گه‌ڵم بێت بۆ ماڵه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی دامێ تا پێوه‌ندیی پێوه‌ بكه‌م كه‌ ناوی وه‌ستا سه‌ردار بوو، زه‌نگم بۆ وه‌ستا سه‌ردار لێدا و كاره‌كه‌مم تێگه‌یاند، وه‌ستا دوای سه‌عاتێك له‌به‌رده‌م ماڵه‌وه‌مان حازر بوو و ته‌ماشایه‌كی بۆیله‌ره‌كه‌ی كرد و پێیگوتم: ئه‌مه‌ چ حه‌یوانێك ئاوای شكاندووه‌؟ وه‌رامیم دایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ خوێڕییه‌كی ئامۆزام گوایه‌ وه‌ستایه‌، لێیشی تووڕه‌ بووم و ده‌رمكرد و نه‌مهێشت چیتر ده‌ستی بگه‌یه‌نه‌تێ. به‌هه‌ر حاڵ سه‌ردار چوو سه‌ندووقی تڕومبێله‌كه‌ی كرده‌وه‌، لووله‌ هیته‌رێكی ده‌رهێنا و پێیگوتم: مامۆستا، ئه‌مه‌ جۆری ئیتاڵییه‌ و ئه‌سڵیی ئه‌ووه‌لبابه‌ و من به‌ گرێنتیی ساڵێك له‌ بۆیله‌ره‌كه‌تی ده‌خه‌م، به‌ڵام نرخه‌كه‌ی كه‌مێك گرانه‌ و به‌ به‌ستنه‌وه‌ ده‌كاته‌ چل هه‌زار دینار، چونكه‌ خۆی به‌ بیست هه‌زاره‌، ناچارمام سه‌ری ڕه‌زامه‌ندیی بۆ بله‌قێنم و ئه‌ویش چوو خه‌ریكی گۆڕینی بوو. ده‌مه‌و مه‌غریب هه‌ستم كرد ئاوی بۆیله‌ره‌ هیته‌ر ئیتاڵییه‌كه‌ نه‌ختێ شیرتێن بووه‌، خۆمم دایه‌ به‌ر ڕه‌شاشه‌كه‌ی و دوای لێبوونه‌وه‌م، چومه‌وه‌ ژووره‌وه، پاڵكه‌وتم و خه‌و بردمیه‌وه‌.
به‌یانی كه‌ له‌ خه‌و ڕابووم بینیم سه‌عات له‌ نۆ لایداوه‌، كه‌یفساز بووم به‌وه‌ی كه‌ هه‌ینییه‌ و نه‌ختێك بۆخۆم ئیسراحه‌تێ ده‌كه‌م. ده‌وروبه‌ری سه‌عات یازده‌، خانم داوای كرد كه‌ بچم نانی فڕن بكڕم. سه‌یره‌! خۆ منداڵه‌كانم له‌و ماڵه‌ دارێك له‌سه‌ر به‌ردێك دانانێن! گوتی: نیوه‌ڕۆ به‌ نییازی شفته‌ دروستكردن ونیسك لێنانم.

كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌عات یازده‌ بوو، له‌ نانه‌واخانه‌ی مام وه‌هاب نزیك كه‌وتمه‌وه‌ و به‌ هۆی قه‌ره‌باڵغییه‌وه‌، ته‌واوێك له‌ولاتر ڕامگرت و له‌ نانه‌واخانه‌كه‌ هه‌شت نانم كڕی و سواری تڕومبێله‌كه‌م بوومه‌وه‌. تڕومبێل ئه‌مڕۆ نییه،‌ به‌ڵكوو سه‌ت ساڵه‌ ئیش ناكات، قۆڵنجم كه‌وت ئه‌وه‌نده‌ی سلفه‌كه‌ باده‌م، خوایه‌ گییان ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ی كورد ژیانمان هه‌مووی هه‌ر بۆته‌ بادان؟ جامانه‌ هه‌ر باده،‌ كه‌لانگوچك هه‌ر باده‌، پشتێن هه‌ر باده‌، به‌له‌كپێچ هه‌ر باده‌، له‌ ژیانیش به‌كار بردنی كه‌لوپه‌له‌كانمان هه‌ر بادانیان ده‌وێ، هیته‌ر گۆڕینی بۆیله‌ر بادانی ده‌وێ، گلۆپ گۆڕین و ماسیحه‌ گۆڕین و فۆیلپه‌م گۆڕین و سلف لێدانیش هه‌ر بادانی ده‌وێ، بادان وه‌ك هه‌ناسه‌ و نان و ئاوه‌ بۆ كوردان. سلفه‌كه‌م دیسانه‌وه‌ بادایه‌وه‌، كه‌چی نه‌كه‌وته‌وه‌ گه‌ڕ و نه‌كه‌وته‌وه‌ گه‌ڕ. مۆبایله‌كه‌م ده‌رهێنا و تێلم بۆ ڕه‌وه‌ندی كوڕم كرد، دوای ده‌ ده‌قیقه‌ له‌وسه‌ری فولكه‌كه‌ ئه‌ویش بایدایه‌وه‌ و گه‌یشته‌ لام، تێگه‌یشتین كه‌ تڕومبێله‌كه‌م فۆیلپه‌می سووتاوه‌. خوایه‌ گییان كه‌ی ئه‌م هه‌موو سووتانه‌ به‌رۆكم به‌رده‌دات؟ سوتانی گلۆپ، هیی هیته‌ری بۆیله‌ر، هیی فۆیلپه‌م، هیی ترۆمپا، جا هیی چیی نا؟ خۆیشم هه‌ر به‌دبه‌خته‌فه‌نیی فیلم سووتاوم! ڕه‌وه‌ند ژماره‌ی فۆیلپه‌مگۆڕێكی گه‌ڕۆكی لابوو و پێوه‌ندیی پێوه‌ كرد، كابرا دوای بیست ده‌قیقه‌ گه‌یشته‌ لامان و چه‌ند جۆرێكی فۆیلپه‌می ده‌رهێنا و تێیگه‌یاندین كه‌ ئه‌سڵییه‌ ئه‌ووه‌لبابه‌كه‌ به‌ گۆڕینه‌وه‌ حه‌فتا هه‌زار دیناری تێده‌چێ، هه‌رچی ناوه‌نجییه‌كه‌یانه‌ به‌ شه‌ست هه‌زار و خراپه‌كه‌یش به‌ چل هه‌زار ده‌وه‌ستێ، دوای مامه‌ڵه‌ كردن، پێكهاتین كه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌مان به‌ شه‌ست و پێنج هه‌زار بۆ ببه‌ستێت، ئه‌ویش تا كاره‌كه‌ی ته‌واو كرد نیو سه‌عاتی خایاند، كابرا هه‌ر ستایشی جۆری فۆیلپه‌مه‌كه‌ی ده‌كرد و ده‌یگوت: ئه‌م فۆیلپه‌مه‌، جۆری ئه‌سڵیی یه‌كه‌مه‌، له‌ خۆم زیاتر كه‌سیتر نیییه‌تی‌.
به‌م هه‌ینییه‌، گوایه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ نایه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌چی كه‌ گه‌یشتینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، نوێژی هه‌ینییشمان چوو و سه‌عاتیش له‌ یه‌ك لایدابوو.

عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی




مەرگە مەلە لە ناو “هەنار و فریشتەی مردن”ی عەتا مەحەمەددا …. شۆڕش شڵماشی

دوای دووجار ژیان کردن و هەناسەدان و مەرگە مەلە، لە ڕۆمانی”هەنار و فریشتەی مردن” گومانێک کەوتە مێشکمەوە و لە قووڵاییی ناخمدا گومان هەڵدەقووڵا. گومانێک کە “گابریل گارسیا مارکیز” لە گۆڕەکەی هاتبێتە دەرێ و، دوای خۆتەکاندنێک، چەشنی باڵندە دابێتی لە شەقەی باڵ و بە ماندوویی و شەکەتی، لای “عەتا مەحەمەد” نیشتبێتەوە و، دوای گفتوگۆیەکی درێژ و، دووبەدوو، پلانی داڕشتنی ڕۆمانی”هەنار و فریشتەی مردن”یان دانابێ. “گابریل گارسیا” لە “عەتا مەحەمەد”ی ڕوانیبێ و، دواتر گوتبێتی: ئەرێ عەتا هەستت کردووە قەڵەمەکەت وەکوو چزووی مار بە خوێنەرەوە دەدا؟ “عەتا مەحمەد”یش گوتبێتی: جەنابی مارکیز، زمانی نووسین لە زات و خوێنمدا چەشنی مەنجەنیق دەکوڵێ، گەر گەرماوگەرم هەڵینەڕێژمە سەر کاغەز، سەراپای جەستەم دەسووتێنێ!. لە گومانی مندا “عەتا و مارکیز” قسەوباسی زۆریان کردووە، لە کۆتاییدا پێکەوە زمانی جادوویی و فەزاسازی ترسناک و ڕووداوی جەرگبڕ و کەسایەتی لاقەکراو، تا دوایی…
تۆ بڵێ ئەوە گومانی مێشکی منە! بەڵام گرنگ کڕۆکی ڕۆمانەکەیە. سروشتی “هەنار و فریشتەی مردن” وەکوو گیای گەزگەسک وایە، هەر دەستت بەری کەوێ پێتەوە دەدا و، خوروویەک لە جەستەتدا دروست دەکا، خوروویەک کە فکر و ئەندێشە قووڵەکەی تا دوا “خوێنە وشە”ی ڕۆمانەکە دەتبات.

دەسپێکی ڕۆمانەکە لە کافێیەکی شاری ستۆکهۆڵمەوە دەستپێدەکات. “سەربەست” وەک کەسایەتی سەرەکیی و ڕماننووسی ناو ڕۆمانەکە، دەیەوێ وێنەیەکی سێڵڤی بگرێت، بەڵام دوای بیرکردنەوە لەوەی ئایا ئەوە ئەوە دەژی، یا چیرۆکەکەیەتی ژیان دەکات. بەو شێوەیە ڕەوتی ڕۆمانەکە ڕێدەکا، ڕێگا بۆ گێڕانەوە خۆش دەکات. کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە، هەریەکە و لە وڵاتێک و شارێکی “جانەوەر نشین”ە و، ڕایانکردووە و چیرۆکی مەرگ و ئازار دەگێڕنەوە. لەوانەشە کەسایەتی ناو ڕۆمانەکە، وەکوو جەستە نەگیشتبنە جێی مەبەست، تەنیا چیرۆکەکانیان بێ، لە ڕێگەی کەسانی ڕزگاربۆوە، ڕزگار کرابێ! چیرۆکی “جەواد” بێچووە چیرۆکێکی هەناسە ساردە کە هەر زوو دەکەوێتە ژێر پێی چیرۆکەکانی تر و دەفلیقێتەوە. مەرگە چیرۆکی کچێکی ئەریتریای بە ناوی “ئەردانۆس” کە لە لایەن سێ چەکدارەوە دەڕفێندرێ و، بە هەرسێکیان هێندەی دەئاخننەوە، دەیکەنە سیپاڵ! سەدان ژانە چیرۆکی ترسناک و سەیر و سەمەرە لە ڕۆمانەکەدا هەناسە دەدەن.

خوێنەری زیرەک دوای ڕۆچوونە ناو ڕۆمانەکەوە، پەی بەو ڕستەیە دەبا کە دەڵێ: “ئەوە ئێمەین دەژین یا چیرۆکەکانمان؟” لەو ڕۆمانەدا، تەنیا چیرۆکەکان زیندوون و دەژین، کەسایتییەکان یا کوژراون یا خنکاون، یانیش لاقەکراون!. لە پێش چاوی من ڕۆمانەکە ڕیتمێکی خێرای هەیە، واتا ڕووداوەکان زۆر خێرا دەگێڕدرێنەوە و وشە و ڕستە و پەڕەگرافەکان، نائارامیی و شڵەژاویان پێوە دیارە و، هەموو کەسایتییە کاغەزییەکانی ناو ڕۆمانەکە، برینێکی قووڵ لە ناخیاندا ڕەگی داکوتاوە. گەورەترین و زامدارترین و خوێناویترین برین، برینی “کامەران”ە. زۆر بە کورتی… کامەران ماوەیەکە هاوسەرگیری کردووە و لە گەڵ دوو کەسی ئەمریکی بۆ ڕاپۆرت نووسین دەچێتە شەنگال، شەو هەواڵ دێ، کە خەریکە داعش لە “شەنگال” نزیک دەبێتەوە. بۆ بەیانی کامەران هەرچۆنێک بێت، دوو کەسەکە ڕەوانەی دهۆک دەکات، بۆخۆشی گیردەکات و دەرناڕوا. دوای چەند سەعاتێک داعش دەگاتە شەنگال، کامەرانیش وەک خەڵکی شەنگال، لە دەستی داعش ڕادەکا، بەڵام دوای سەعاتێک ڕۆیشتن داعش دەگاتە سەریان، هەموویان بە دیل دەگرن. کاتێک کامەران بە چاوی خۆی لێدان و کوشتن و زیندەبەچاڵکردن و پەردەدڕاندنی کچان لە لایەن داعشەوە دەبینێ، لە ناخیدا دادەڕمێ. دوای هەفتەیەک کامەران ئازاد دەکەن، بەڵام ترس و شەرم دەخزێنە جەستەیەوە و پیاوبوونی دەخۆن و، لە شەرم و ترسا دەبێتە ژن.

“دوای مانگێک، وردە وردە هەست دەکات لەشی دەگۆڕێت، ئیتر لە ماڵ نایەتە دەرێ و خۆی دەشارێتەوە، دەنگی ناسک و مەمکی بەرز دەبێتەوە، وردە وردە کێری بچووک و بچووکتر دەبێتەوە و دەپوکێتەوە، تا هەست دەکات لە بەینی ڕانەکانیدا برینێک دەم دەکاتەوە، کامەران دەبێ بە ئافرەت. بەڵام کامەران لە ئازاری یەکەم سووڕی مانگانەیدا بەرگەی ژنبوونی خۆی ناگرێت و خۆی دەکوژێت.” ل. ۳۹
کامەران، نوێنەری ژان و ئازار و برینی هەڵتۆقیوی گەلانی هەموو دونیایە، باوە گەورەی ئەو کەسانەیە کە بێتاوان بوونە قوربانی دەستی داعش و، تەقینەوە ترسناکەکان. لە بری کامەران، دەبووایە هیتلەر و مۆسۆلۆنی و کیتۆ و ستالین و سەددام حوسێن و دیکتاتۆرە مرۆڤکوژە خوێنخۆرەکانی دونیا، لە جیاتی کامەران لەشیان گۆڕانکاری بەرسەردا بێت. ئەوان لە شەرمان بتوێنەوە و پیاوبوونیان بۆگەن بکات، نەک کامەرانێکی بەرزە مرۆڤ. ئەو ئازارەی عەتا مەحەمەد لە ڕۆمانەکەدا دەیڕشێنێ، ئازارێکی مرۆڤانەیە، کە بەسەر هەموو کەسایەتیەکاندا بڵاو بۆتەوە، بەڵام عەتا مەحەمەدی ڕاستەقینە لەو ڕۆمانەدا، دوو لەتە؛ لەتێکی “سەربەست”ە و لەتەکەی تری “ڕێباز”ە. واتە: دابەشبووە بەسەر هەردووکیاندا. سەربەست، نوێنەری چیرۆکە خوێناوی و ترسناکەکانی تاراوگەیە. ڕێبازیش یەکێکە لە قوربانیانی چیرۆکە کوژراوەکانی کوردوستان. سەربەس، مرۆڤێکە لە ناو زبڵدانی وڵاتەکەی و بۆگەنیوی هەناسەی ئەوانیتردا، ڕۆیشتووە و بە دڵبرینداری زێدی خۆی جێهێشتوە و هاتۆتە خاکێک، کە چیرۆکی ئەو لەخۆدەگرێت. ڕێبازیش، ئەو پەندە کوردییەیە کە دەڵێ: “بەرد لە جێی خۆی سەنگینە.” سەراپای ڕۆمانەکە بە زمانێکی ئاویی، واتە ڕون و تەڕ و بێگەرد کە تینوویەتی خوێنەر دەشکێنێ، نوسراوە و، هەزاران کەلێن و قوژبنی تێدایە کە خوێنەر دەتوانێ لێێانەوە لە ژان و ئازار و مەرگی میللەتی خۆی و میللەتانی دونیا بڕوانێ.

شۆڕش شڵماشی




چیرۆك: خدر تەئخیر … نووسینی: کۆڕش وەحید

بەدەم چوالە خواردنەوە بە راڕەوەکەدا دەڕۆشت و کتێبەکانی ڕێکدەخست، هەر کارمەندێکی کچی بدیایە دەستێکی بۆ بەرزدەکردەوەو بە دەنگێکی نەرمی لەخۆبایی و مەکراویەوە دەیگوت (های)، دەزانیت پاش کەمێکی تر لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی فەنتەڵۆس چاوپێکەوتنم هەیە، خەمت نەبێت گەر پێشی ڕانەگەن ئەوا لە فەیسبوکەکەم یەکسەر دوای تەواو بوونی چاوپێکەوتنەکەم دایدەبەزێنم، دڵی زۆر خۆش بوو، خوشی نەیدەزانی چۆن لەو گوزەرەدا بە جەنابی (پرۆفیسۆر) ناوبانگی پەیدا کردبوو، بەڵام هاوڕێ کۆنەکانی هەر بە خدر تەئخیر بانگیان دەکرد.. نەیدەتوای خۆی لەوان بگۆڕێت، بەڵام بۆ ئەوەی لەو نازناوە ناخۆشە رزگاری بێت هەموو دەرگاکانی بە رووی ئەواندا دادەخست، حەزی نەدەکرد بیری مەلعونەکەی بکەوێتەوە، کە چۆن هەر لە مێردمنداڵیەوە (نەزانی) لا رازاندبووەو نەیهێشت بە هیچ بێت، بەڵکو وای لێکرد خۆشی لێبێتە پڕۆفیسۆرو دان بە نەزانیەکەیدا نەنێت، هەرچەندە پێستی رووی هێند قایم بوو چەندان جار تەریقکرابووەو پێچەوانەی قسەکانیان بە بەڵگەوە پێ دەگوت و دزینی ناونیشان و ناوەڕۆکی کتێبەکانی پیدەگوترا بەس ئەو بەسەر خۆی نەدەهێنا، بەم دوو دێڕە شیعرە زۆر کاریگەر بوو، هەر ئەوەشی لەبەر بوو..

بە خۆم زۆر چاك ئەفامێنم بە شێتی چەشنی مەجنوونم
بە بێ ئەقڵی لە لام وایە فەریدی روبعی مەسکنووم

ئەم دوو دێڕەی جارجار لەبەر خۆیەوە دەیگوتەوە، بەڵکو ئاوازێکی خۆشیشی بۆ دانابوو، بەڵام لای کەس نەیدەگوت، هەر لە دڵی خۆیدا دووبارەی دەکردەوە.. لە ناوەڕاستی چاوپێکەوتنەکەدا کەف لەدەمیەوە بڵقەی دەکردو بەرەو سەقفی ستۆدیۆکە بەرز دەبووەوە، لە بینەراندا وابوو لە بانێۆی حەمامدا بەرنامەکە تۆمارکراوە، خۆی سوور کردبووەو دەیگوت: “سیستەم کۆتی لەمپەر مەلی داهێنانە، ئەو مەلانە لە قەفەزدا بەند دەکات و دەبنە دەستەمۆی ڕژێم، ئەو مەلانە بە گەورەو بچوکیانەوە دەبێ ببنە گیڤارا تا ناویان لە تۆماری ئەدەبیاتی کۆماردا بە نەمری بمێنێتەوە”.
بەشێك لە تەماشاکاران واقیان وڕما بوو لەم فەلسەفانە، وایاندەزانی ئەم پڕۆفیسۆرە تازە لە مەریخەوە دابەزیوە، نەیاندەزانی بەم وتەیەی ڕووی تاقمێ سەر خێڵی سەرەتایی سپی دەکردەوە کە لافوگەزافی حوکمداری و دەوڵەتدارییان لێدەدا، بەڵام ئەو وای نیشان دەدا نەخێر وانیە ئەوانە هیچیان کەمتر نیە لە رژێمە دیموکراسیخوازەکانی رۆژئاوا، بەڵکو درێژکراوەیەکی ڤۆڵتێرو شۆڕشی فەرەنسان، بۆیە رۆشنبیر دەبێت بەرەنگاریان بێتەوە، دەبێت تا دوا هەناسەی یاخی بێت.

رۆژێك ئامادەبوویەکی کۆڕەکەی کە لە ناو حەشاماتەکەدا خۆی گرمۆڵەکردبوو تا نەیبینێت چونکە نەیدەهێشت ئامادەی کۆڕەکانی ببن، هەستاو پێی گوت: ئەم چەواشەکاریە تاکەی تۆ هەر خدر تەئخیرەکەی فەنتەڵۆسی، دەزانم مانگانە لە هەردوو لا چەند وەردەگریت و دەخۆیت ، گیرفانتی پێ گەرم دەکەیتەوەو گیرفانی ئەو خەڵکە داماوەش کێچ و ئەسپێ تەراتێن و ڕاوڕاوێن دەکات لە ناویاندا، ئیتر ئەم دروشمە درۆزنانەت لە پای چی، بۆچی خەڵکی سادەو دڵسافی تازە خوێنەر هەڵدەخەڵەتێنیت؟
کابرا قسەی تەواو نەکرد هەر هێندەی زانی دوو بۆدی گاردی بەردەرگا تووڕیان دایە دەرەوە.. بەڵام ئەو بەسەر خۆی نەهێنا، کەمێك بەر یەخەی چاکەتەکەی تەکاندو بۆینباخەکەی راست کردەوەو بەئامادەبووانی گوت: ئەو کابرا شێتە چۆن خۆی گەیاندووەتە ئێرە؟ کۆڕی پڕۆفیسۆرێکی وەك من نابێت ئاژاوەی تیا دروست بێت، ببورن ئەگەر سیلسیلەی ئەفکارتانی پچڕاندبێت.

ئەو هەر کاتێك دڵتەنگ بووایە و نزیك بووایەتەوە لەو قەناعەتەی کە ئەم ئەو پرۆفیسۆرە نیە کە خەڵك ناوی دەبەن، بەڵکو کەسایەتی پرۆفیسۆرێکی تری بزربووی هەڵگرتووەو کەسایەتیە حەقیقیەکەی خۆی هەر خدر تەئخیرە، یەکسەر دەچووە پشت سەفتە کتێبێکەوەو سێڵفییەکی خۆی دەگرت و دایدەبەزاند، ئاوها دڵخۆشی خۆی دەدایەوە، ئاوها بە زۆر بۆ خۆی دەسەلماند کە چەند هزرمەندێکی لێهاتوو و بێ وێنەیە، زوو زووش لەماڵەوە لەبەر ئاوێنەی ژووری نووستنەکەدا پرۆڤەی ئەوەی دەکرد ئەگەر دەمی وشك بوو و یان بوو بە تەڵەی تەقیو چۆن چارەسەری بکات و لەبیر خۆی بەرێتەوەو خۆی لێ ڕزگار بکات.

من بێزار بووم لە چالاکیە ئەدەبیەکان، ئیتر بڕیارمدا بەشداری ئەو چالاکیانە نەکەم، هەتا ئەوەی دەشیزانم لە بیرم نەچێتەوە، بەڵام شەوێکیان خەریك بوو خەو دەیبردمەوەو تەماشای گەمەی نێوان بەرازیل و کرواتیام دەکرد، هەر هێندەی نەبرد بەرازیل دۆڕا، نازانم چۆن دۆڕا؟ یەکسەرکاکی پرۆفیسۆر لە بەرنامەیەکی تایبەتدا دەرکەوت وسەرو دڵی گرتم، لەسەر شاشەکە نووسرابوو جەنابی پرۆفیسۆری پێشوو و سەرۆکی دەزگاکانی هەموو رۆشنبیران و چاپەمەنیەکان و هزرمەندانی دەڤەری فەنتەڵۆس ئەمشەو میوانی بەرنامە تایبەتەکەمانە، باش بوو کارەبا بڕاو ئەو کەفو بڵقانەی دەمی جەنابی پرفیسۆرم نەدی تا بیری حەمامکردنم بکەوێتەوە بەم خەواڵاوییەوە.


نووسینی: کۆڕش وەحید




بەرزاییەکانی فەرامۆشی … ئومێد قەرەنی

لەبەرزاییەکانی فەرامۆشیەوە
با بەسەر وشەکانمەوە دەمرێت و
گوریسەکان گەمارۆی هەڵاتن دەدەن

هێشتا دایکم لەچیاکانە،
دڵی لەشمشاڵێکی قامیشدا
هێدی هێدی لێدەدا
بەناو کێڵگەی مینەکاندا
بەپێ دزکێ دێت و دەچێت،
تەڵە بۆ خۆشبەختی دەنێتەوە !

باهۆز هه‌ڵدەکا و
چیمەنەکان دەبن بەبەرد
زیخی جیایی باریونەتە چاوەکانی
وەک ئەسپێکی کێوی گلاو
:باوکم دەیویست بڕبڕەی پشتی
چارەنووس بکات بە کاڵانی شمشێرەکەی

قەلە ڕەشێکی پایزی
لەسەر بانێژەکە نیشتووە
با بەسەر باڵەکانیەوە دەمرێت
لەبەرزاییەکانی نادیاریەوە

بابەسەر نەستەوە دەمرێت
وەک مێوژی بەرهەتاو
وشک دەبنەوە ، خەونەکان
لەبەرزاییەکانی فەرامۆشیەوە
تەنانەت وەک خەونیش نامێننەوە
خەونەکان
_________________________________________

ئومێد قەرەنی




پەروەردەکـردنی منـداڵی سەرکـردە.. رەزا شوان

لە ئەمڕۆدا پەروەردەکردنی دروستی منداڵان، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نییە، ئێمە لە سەردەمی جیهانگیری و شۆڕشی تەکنەلـۆژیا و گۆڕانکـاری خـێرا و داهێـنانی سەیـر و سەمەرەدا دەژین، لە جیهانێکی جەنجاڵی پـڕ لە کێشە و قەیـران و کارەساتـدا دەژین.
منداڵانی ئەمڕۆمان، لە سایەی داهێنانی نوێدا، لە منداڵانی سەدەی رابردوو، زیرەکتر و کراوەتـر و وریـاتر و رۆشنبیریتر و زۆرزانـترن، هـیوا و خـەون و خواستەکانیشیان، هەمان هـیوا و خواست و پێداویستییەکانی منداڵانی سەدەی بیستەم نین.
هەرچەندە دایکان و باوکان و پەروەردەکـارانی ئەمڕۆش، رۆشنبیریتـر و هۆشیارتـر و بەڵەدتـرن لە رێبازەکـان و لە شێوازەکـنی پـەروەردەی نوێی منـداڵاندا. لەگەڵ ئەمەشدا، رووبەڕووی گەلێ بەرهـەڵست دەبنەوە، کە ئەرکەکانیانی زیاتر قـورس کـردوون.
بەڵام ئەمە ئەرکێکی پیرۆز و پێویستی ئەستۆیانە، چونکە ئەمان منداڵەکانیان هێناونەتە کایـەوە.. لە سەریانە کە بە جـوانی پـەروەردەیـان بکەن و بە دروستی رێنماییان بکەن و بە باشی ئاراستەیان بکەن.. پێداویستییەکانی گەشکردن و پێشکەوتنشیان بۆ دابـین بکەن. هەر کەمتەرخەمی و هەڵەکـردنێک لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا، زیانێکی گەورە بە چـارەنووسی ئەمـڕۆ و داهـاتووی منـداڵەکانیان و بە گەلەکەمـان دەگەیەنن.

(ئەلـیزابێت مـاخ) دەڵێ:” لە کـاتی ئەنجـامدانی پەروەردەکـردنی منداڵەکـانماندا، هـەر هەڵەیەک بکەین، دەبێتە هـۆی دۆڕانـدنی جەنگێک کە لە پێناوی داهـاتوویەکی باشتردا دەستمان داوەتـێ”
بێگومان هەمـوو دایکـان و باوکـان هـیواخوازی ئـەوەن، کە منـداڵەکانیان جیـاواز و بەهێزبن.. ببن بە سەرکـردە و رابـەر و پێـشەنگ و جێی متمانەی هـاوڕێکانیان بن. هەرگیز دایکان و باوکان حەز ناکەن کە منـداڵەکـانیان ببن بە پاشکۆی منـداڵانی تر.
حەزی زاڵـبوون و دەسەڵات و خـۆدەرخستن، حەزی رابـەری و سەرکـردەیی، حەزی رەمەکین لە مرۆڤـدا، لەگەڵ بوونی گەردوونـدا، ئەم حەزانەش لەگەڵ مرۆڤدا هاتوون.

بە کـورتی با بـزانین واتای”سەرکـردە” چییە؟

تا ئێستا پێناسەیەکی گشتی سەرکردە نییە، بەڵام هەندێ را و راڤەی نزیک لە یەکتروە هەن. وەکو:”سەرکـردەیی ـ سەرکردایەتی ـ بـزوانـدنی خەڵکـییە بـەرەو ئامـانج”
“سەرکـردەیی، هونـەرێکە، دەکـرێ بە فـێربـوون و راهێـنان وەربگـیرێت”
(وارن بـلاک) دەڵێ:” هیچ مـرۆڤـێک بە سەرکـردەیی لەدایک نەبـووە، سەرکـردەیی پـرۆگرامکـراوی جـینە بۆ ماوکـان نییە، دەکـرێ بە فێربوون و راهێنان وەربگیرێت”
(پیـتەر وارکـەر) یش دەڵێ:” پێویستە فـێری سەرکـردەیی بيت، ئەمەت پێـدەکـرێت”
هەنـدێ کەس لەو باوەڕەدان، کە کەسایەتی سەرکـردە تەنها بەهـرەیەکە لەگەڵ مرۆڤـدا لەدایک دەبێت. ئەمەش بە پێچەوانەی جەختکردنی شارەزایانی ئەم بـوارەیە، کە پێیان وایە سەرکردەیی، لە منداڵییەوە بە تێپەڕبوونی کات، وەردەگیرێت. دەکرێت مرۆڤ زیاتر لای شیرین بێت و گەشەی پێـبدات.
سەرکـردەیی واتـا دەسـەڵات، دەسەڵاتـدار یا سەرکـردەی لێهاتوو و دڵسۆز و شایستە، پێویستە ئەو بەرپـرسیاریەتی لە ئەستۆ بگرێت، کە کـاروانـەکە بە لاڕێـدا نەبـات و بە سەرکەوتوویی بیگەیەنێـتە کۆتایی رێگـاکە و بە ئامـانج، گەر کـاروانەکە نەگەیەنێت و بە لاڕێـی دا ببات.. پێویسـتە لە بەرپرسیارییەتی خـۆی نەدزێتـەوە و ئامـادەبێت بۆ لێپرسینەوە.

ئێمە باس لە پەروەرەکردنی منداڵی سەرکـردە دەکەین.. چونکە ساڵانی یەکەمی تەمەنی مرۆڤ واتا قـۆناغی بەرایی منداڵی (قۆناغی پێش قوتابخانەی بنەڕەتی) کە گرنگـترین و هەستیارترین قـۆناغە لە ژیـانی مـرۆڤـدا، چونکە لەم قۆناغـەدا ناسنامەی ئەو منـداڵە دەرەکەوێت کە لە داهـاتوودا چ کەسایەتییەکی لێـدێتە کایـەوە. بۆیە پێویستە گرنگییەکی زۆر بەم قـۆناغـە هەستیارەی تەمـەن بـدرێت، بە تایبەتیش گرنگیدان بە ئەو منداڵانەی کە سیما و خەسڵەتەکانی سەرکـردەییان لێبەدیدەکـرێن، پێشبینی ئەوەیـان لێدەکـرێن کە لە داهـاتوودا ببن بە سەرکردە و بە رابەر و بە پێشەنگ و پێشەوا.
منداڵی سەرکردە هەر لە منداڵییەوە، سیما و خەسڵەتەکانی سەرکردەیی لێبەدی دەکرێن، وەکو: بەهـرەمەندە، بڕوابەخۆیە، ئیرادە بەهێزە، ئازا و چاونەترسە، راستگۆیە، ئارام و لەسەرخـۆیە، زیـرەکە، ژیـرە، هـاوڕێـدۆستە، دڵـسۆزە، خـۆپەرست نییە، هـاوکـارە، ورەبـەرزە، چـاکەخـوازە، گـەشـبینە، بەرپـرسیاریەتی هـەڵـدەگـرێت، دادپـەروەرە، دەستپاکە، چـالاکە، رووخـۆشە، کۆمـەڵایەتییە، رێـزدارە، رەوشـت بـەرزە، دووربیـنە، کەسایەتییەکی هـاوسەنگە، جـوان پـۆشە، توانـای چارەسەری کـێشەی هـەیە.. هتد.
بۆیە دەبینین کە مامۆستایانی رابـەری پۆلەکـان، بە زۆری ئەو قوتـابیانە دەکەن بە (چـاودێری پـۆل) کە ئەم خەسڵەتە جوانانەیان هەیە.. یا سەرکـردە و سەردەستەکانی (تیـپی دیـدەوانی قوتابخـانە) کان، ئەو قوتابیانە دەکەن بە سەرکردە و بە سەردەستە شیاوی ئەم پایـە و پلانانەن و توانای بەڕێوەبردنیان هەیە.

گەر ئێمە هـاوڕاین لەسەر ئەوەی، کە هەموو کەسێک، شایانی سەرکـردەیی نییە و لە باریدا نییە کە ببێت بە بە سەرکردە و بە رابەری کەسانی تر. چونکە سیما و خەسڵەتە پێویستییەکـانی سەرکـردەیی و رابـەری و پێـشەوایی و بەڕێوەبـردنییان تێـدانین.
دێینە سەر گرنگترین خەسڵەتانەی منداڵی سەرکردە، وەکو پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی منـداڵی بەهـرەوەمەند و بە تـوانا و لێهـاتـوو، کە بە شایـانی سەرکـردەی دەزانـێن.
پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵان رابهێنین و بە جوانی پەروەردەیان بکەین، ئازادی و سـۆز و خۆشەویستی و رێـز و متمانەیان پێـببەخشین، بۆ ئـەوەی ببنە سەرکـردەی دڵسۆز و سەرکەوتووی داهاتووی گەلەکەمان لەو بـوارانەی کە تێیاندا هـەڵکەوتوون.
١ـ بـاوەڕبەخـۆبوون: یەکێکە لە گرنگترین خەسڵەتەکانی منداڵی سەرکردە، منداڵێکی گەشبینە و هەمیشە بـڕوای بە خۆی و بە تواناکـانی هەیە، بۆ گەیشتنیش بە هیـوا و ئامانجەکانی، ئەوپەڕی تواناکانی بەکاردەهێنێت. بەرپرسیاریەتی هەڵـدەگرێت، ئەوەش دەزانێت کە بڕیارەکـانی گـرنگ و چـارەنووسازن، لەوانـەیە زۆر شـت بگـۆڕن، هـەر بڕیارێکی دروست بدات، سەرکەوتوو دەبێت و ئامانجەکـانی دەپێکێت، هەر بڕیارێکی هەڵەش بدات، لەوانەیە کـارەساتێکی لێبکەوێتەوە، بە پلەی یەکەمیش خـۆی باجـی بـڕیارە هەڵەکـانی دەدات. منـداڵێکیش بـڕوای بە خـۆی نەبێـت، ئـازایی بڕیـاردانی چارەنووسازی نییە و ناتـوانێت بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت.

٢ـ بوونی خەسڵەتی جـوان: خەسڵەت جـوانی و رەوشت بەرزی رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە دروستکـردنی منـداڵی سەرکـردە، وەکو: ئـازایەتی، راستگـۆیی، دەستپاکی، دادوەری، بەزەیی، خـاکی، لەخۆنەبایی، رووخـۆشی، رێک پۆشی، یارمەتی،..هـتد. ناکرێت منداڵی سەرکـردە، درۆزن، ستەمکـار، دووڕوو، لەخـۆبایی، خۆپەرست بێت.
گەر دایک و باوک بە راستی بیانـەوێت، هـەر لە منـداڵییەوە، منـداڵەکـەیان ببێت بە سەرکـردە، دەکـرێ بە ئاسانی ئـەو خەسڵەتە جوانـانەی فـێربکەن و رایبهـێنن، بە مەرجێک خۆیان لەم رووەوە نموونە و پێشەنگ بن و لە خۆیاندا بەرەجەستە بووبن.
٣ـ بە ئازادی و بە راشکاوی گـوزارشت لە را و بۆچوونەکانی دەکات: شانازی بوونی ئەم خەسڵەتە گرنگە لە منـداڵدا، بۆ دایک و باوکی زرنگ و هۆشیار دەگەڕێتەوە، کە رێگر نەبوونە، لە بەردەم ئازادی منداڵەکەیان بۆ گوزارشتکردن له هیـوا و لە خەون و خواستەکانیان، بۆ دەربڕینی ئەوەی لە بیر و ناخیان دایە.. بە پەرۆش و دڵخـۆشیشەوە گۆیان لێگرتـوون و را و بۆچوونەکانیان هەڵسەنگانـدوون، را و بیـرۆکە ئـەرێنی و جوانەکانیان بەرز نرخـاندوون. پێداویستییەکانی گەشەکـردنی بەهـرەکانیان بۆ دابین کردوون. ئەمەش پشتگیری و هاندانێکی باشە و متمانە و بڕوابەخـۆبوونێکی زیاتر بە منداڵەکەیان دەبەخشێت.. شتێکی باش و ئەرێنییە، کە دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکەیاندا دادەنیشن و لێیان دەپـرسن کە بەبێ شەرمکـردن گوزارشت، لەو بیرۆکـانە بکات کە لە خەیاڵی دان، یا سەرقاڵی چییە.. ئەم پێکەوە دانیشتنانە لە رووی دەروونیشەوە دڵنیایی و متمانەیەکی زیاتـر بە منداڵەکەیان دەبەخشێت، گەشە بە بیرکـردنەوەکـانی دەکات، هەستیش بەوە دەکات، کە بە هەندی دەزانن و رێز لە کەسایەتی دەگرن و راو و پێشنیار و بۆچوونەکانیشی فەرامـۆش ناکەن.. لە بڕیارەکانی خێزانیشدا، مافی بڕیاردانی هەیە. بێگومان ئەم پەروەردە دروستەی منـداڵ، لە لایەن خـێزانەوە، وا لە منـداڵ دەکات کە ئـازایی ئەدەبی هەبێت و بەبێ شەرم و ترس بە جـوانی لە بەردەم کەسوکار و هاوڕێ و مامۆستاکانیدا بە زمانێکی پەتی بدوێت و گوزارشت لە بەهـرە و لە بیرۆکەکانی بکات.

٤ـ پشت بە خـۆی دەبەستێت: ئەمەش خەسڵەتێکی گـرنگی تری منـداڵی سەرکـردەیە. پشت بە خۆبەستن وا لە منداڵ دەکات، کە خۆی تاقـی بکاتەوە بۆ سەرکەوت و گەیشت بە هـیوا و ئامانجەکـانی و بۆ هێنانەدی ئەو پەیـامەی کە لە ئەستۆی گـرتووە، ئەوپەڕی تواناکـانی خۆی بەکـاردەهێنێت، بەرپرسیاریەتی هەڵـدەگـرێت. ئەمەش لە منـداڵێکی کەسایەتی بەهێزی بڕوابەخۆو دەوەشێتەوە.. دایک و باوکی هۆشیاریش هەمیشە هانیان دەدەن، کە کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.. بۆ نموونە: داوا لە کچەکەتان یا کوڕەکەتان بکەن، با خۆیان ژووری نووستنیان پاکبکەنەوە و رێکیبخەن. یا ئيشێکیان پێبسپێرن، ئافەرین و دەستخۆشییان لێبکەن.

بە داخەوە کە هەنـدێ لە دایکان و باوکان، هەموو شتێکیان لە منداڵەکانیان کـردوون بە (بـڤە) سەری زمان و بنی زمانیان (مەکەن) (ئێـوە ناتـوانن) ( ئیشی سەربەخۆ مەکەن.. بە ئێمە بڵێن) ئەم شێوە مامەڵەکردنەیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا، وایان لێدەکەن کە بـڕوا و متمانەیان بە تواناکـانی خۆیان نەبێت و خۆیان بەبێ دەسەڵات بزانن. بۆیە ئەم منداڵانە ناتوانن ببن بە سەرکـردەی منـداڵانی تر.. چونکە وا رانەهێنراون کە ببن بە سەرکردە.
٥ـ هەوڵـدان و راهێنان بۆ هێنانەدی ئامـانجێک: منداڵی سەرکردە، چاودەبڕێتە هێنانەدی ئامانجێک، پلانی گونجاو و نەخشەڕێگایەک دادەنێت بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجەی.. پـلان دانـان و نەخـشەڕێگا، هۆکـارێکی گـرنگن بۆ راهێـنان و کارکـردن و جێبەجێکـردن و هێنانەدی. سوودیش لە کـات وەردەگـرێت و بە فـیڕۆی نادات.. فێری ئەوەش دەبێت کە بە کـرداری هەنگاو بۆ هێنانەدی هـیوا و ئامانجەکانی بنێت. ئەمەش دەبێتە یاسایەکی دەقگـرتووی ژیـانی و درێـژەی پێـدەدات بۆ هێنانەدی هـەر هـیوا و ئامـانجێکی تر، گەر ئامانجێکی بچووکیش بێت.
٦ـ گرنگی دان بە لایەنی جەستەیی و تەندروستی: وتراوە (ئەقـڵی تەندروست لە لەشی تەندروست دایە) مرۆڤ یەکەیەکی پێکهاتووە بۆ بنیاتنانی کەسی تاک، ناتوانین لایەنی دەروونی لە لایەنی جەستەیی و کۆمەڵایەتی دابڕین. تەندروستی جەستەش بە خواردنی خـۆراکی گـونجاو دێتەدی. گـرنگیدانیش بە وەرزش پێویستی بە وزەیـە، وزەش تەنها سوود بە تەنـدروستی جەستە ناگەیەنێت، بەڵکو ئـارامی بە دەروونیـش دەبەخـشێت.
٧ـ ورەبەرزی فـرەخـوازە: خەسڵەتێکی تری منداڵی سەرکـردە، هەمیشە ورەی بەرزە و سنوورێکی دیاریکـراوی بۆ خواستەکـانی نییە، هەردەم هـیوای شتی زیاتر دەخوازێت. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، بۆ هێـنانەدی هیـواکانی بە گـەرمی هـەوڵـدەدات. ئەمـەش بۆ ئـیرادە و ورەبەرزی و متمانەبەخۆبوونی دەگەڕێتەوە، ویست و ئیـرادەش هێـما و کلیلی سەرکەوتنەکـانن، ئـیرادە یەکـەمین هەنـگاوە بۆ گەیشـتن بە هــیوا و بە ئامـانج. لە فەرهـەنگی منـداڵی خـاوەن ئیـرادەی بەهـێزدا، تەمەڵی و بێـزاری و کۆڵـدان و ئەستەم بوونیان نییە.. ئەو هەمیشە دەڵێت (بەڵێ دەتـوانـم).. ئەگەر بڵێت (ناتـوانم، پێم ناکـرێت، ئەستەمە) کەواتە خەسڵەتی سەرکردەیی و سەرکەوتنی تێدا نییە.
٨ـ خـۆدەرخـەر و خـۆبەرەپێـشەوەیە: منـداڵی بە توانـا و لەبـار، هەمیشە خـۆی دەباتە پێشەوە و دەیەوێت خۆی دەربخات و بەهـرە و تواناکانی بسەلمێنێت. بۆیە خۆی لە زۆر کـار و شـتدا هەڵـدەقـورتێنێت، بەڵام منداڵی بێ دەسەڵات و هیچ لەبـار، داخـراوە و خۆی بە دووردەگـرێت، ئـازایی خۆتاقیکردنـەوەی نییە و لە شکستی دەتـرسێت.

٩ـ هەستکردن بە بەرپـرسیاریەتی: منداڵێک کە جێبەجێکردنی ئەرکـێکی پێـدەسپێرن، تەنانەت گـەر ئەرکـێکی بچـووکیش بێت، گـەر بە سەرکەوتـووی ئەنجامیـدا، واتـا هەسـتی بە بەرپرسیاریەتی ئەستۆی کـردووە.
ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە بەشێوەیەکی رەهـا و بەبێ چاودێریکردن منداڵان سەرپشک بکەین و هەموو بڕیارێکی گرنگ و چارەنووساز بدەن. بەڵکو پێویستە لە پشتیانەوەبین و رێنـمایی دروست و ئاراستەی پێویستیان بکەین. چونکە لەوانـەیە بڕیـارێکی هەڵـەی مەترسیدار بـدەن و کارەساتێکی لێبکەوێتەوە.. ئۆبـاڵی ئەم ئاکـامە نەخـوازراوەش لە ئەستۆی ئێمەدایە، کەواتە نابێت بواری منداڵان بدەین کە زیـادەڕۆیی لە سەرکێشی و خۆهـەڵقـورتاندن لە کـاری مەترسـیداردا بکەن.. کە سوور دەزانین ئاکامێکی خـراپی لێدەکەوێتەوە.. باشتر وایە بۆیان روون بکەینەوە و تێـیان بگەیەنین کە لە قۆنـاغی داهـاتوودا دەتوانن ئەم کـارانە و لەمانەش گەورەتـر ئەنجـام بـدەن.
١٠ـ بوونی بەهـرە و ئامادەیی: هەر منـداڵێ لە بـوارێک یا زیاتـردا بەهـرەی هـەیە. دایکان و باوکان دەزانن کە منداڵەکـانیان لە چ بوارێکدا بەهـرەمەنـدن و ئـارەزووی چییان هەیـە. بەهـرەبوون ئامادەییە لە منـداڵاندا، پێویستە ئەم بەهـرانەیـان بقـۆزنەوە و زاخـاویان بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر گەشەبکەن.. بوونی بەهـرەش ئەو هەستە بە منـداڵ دەبەخشێت کە جیاوازە. دەشبێتە پاڵنەرێکی واتایی بۆئەوەی خـووی پێوەبگرێت و لە چەندین بواری تریشدا خۆی سەرقاڵ بکات و خۆی تاقیبکاتەوە.. ئیرادەش تەواوکەری بەهرەیە. زۆربەی کەڵە زانا و داهێنەرەکانی جیهان لە منداڵییاندا وەکو بەهـرەمەندێک، دەستیان بە تاقیکردنەوەی بەهـرە و ئارەزووەکانیان کردوون، گەشەیان پێدان و لەگەڵ گەورەبوونیاندا، بەهرەکانیشیان گەورەبوون و تا گەیشتن بە ئەنجام و بە بەرهەمـدان.
١١ـ کـاریگەری لە منداڵانی تر: منداڵی زیـرەک و بلیمەت و بە توانا، زمـان شیرینە، دەتـوانێت بە ئاسانی و بە شێوازێکی دیـپلۆماسی، قەنـاعەت بە هــاوڕێکانی بکات و کاریان تێبکات، خۆی لایان خۆشەویست و شیرین و رێـزدار بکات، منداڵانیش وەکو کەسایەتییەکی کاریـزمەیی بـزانن، بە پێشەنگ و رابەری خۆیان هەڵیبژێـرن، ئەمەش خەسەڵەتێکی گرنگی منداڵی سەرکـردەیە.. شارەزایانی پەروەردەی منـداڵان، ئەمە بە باشترین جـۆری سەرکـردەیی دەزانـن، چـونکە بە شـێوەیەکی دیموکـراتی لە لایـەن هاوڕێکانیەوە هـەڵیان بـژارد و بـڕوا و متمانەی خۆیان پێـبەخشی.
١٢ـ ئامادەی قـوربانیـدانە: ئەو منـداڵەی کە بە ئـارەزووی خۆئ، ئەوپەڕی ئامادەیی تێدایە و دەیەوێت لەپێناوی هێنانەدی بەرژەوەنـدی و ئامانجە گشتییەکاندا، قوربانی بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بدات، ئەوە منداڵێکی خۆپەرست نییە، شایانی ئەوەیە کە ببێت بە منـداڵێکی سەرکـردە و بە رابەر و بە پێشەوای هـاوڕێکانی.

بێگومان قوتابخـانەش رۆڵێکی گرنگی هەیە و لە رۆڵی خـێزان کەمتر نییە لە پێکهێنانی کەسایەتی منـداڵانـدا، دەتـوانێت بە پێی ستراتـیژییەتێکی نەخـشەداڕێـژراوی پێـویست، گەشە بە کەسایەتی منـداڵان بکات، بەهـرە و تواناکانیان لا شیرین بکات و هـانیان بدات کە پشت بە سەربەخـۆیی خـۆیان ببەستن.
با ئـەوەش بە بیـری خـۆمان بهـێنینەوە، کە زۆر لە سەرکـردەکـانی وڵاتـانی جیـهان ، لە قوتابخـانە و لە یـانە و لە تیـپ و لە رێکخـراوەکـانی قـوتابیانـدا سەرکـردە بـوون.
پێـویستە رێگریشـبین لە بـەردەم ئـەوەی، کە منـداڵی سەرکـردە، ببـێت بە دیکـتاتـۆر و ستەمکار و زاڵبێت بەسەر هـاوڕێکانیدا و بیان چەوسێنـێتەوە. دەتوانین بە گێڕانەوەی چەندین چیرۆکی مەبەستدار دەربارەی کەسان و سەرکردە سەرکەوتووەکان و سەرکردە سەرنەکەوتووەکان رایبهـێنین.. ئەوەشی پێبڵێین کە تا ئەو سـنوورە ئـازادە، کە پێشێلی ئـازادیی هـاوڕێکانی و کەسانی تـر نەکات.

وەکو لە سەرەتاوە باسمان کرد، کە دایکان و باوکـان و مامۆستاکان، رۆڵـی سەرەکییان هەیە لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵان و لە چاندنی بەهـای بەرز و پرەنسیپە مرۆییە ئەرێنییەکان لە هـزر و لە ناخی دەروونییاندا.. دەتوانن هەر لە منداڵییەوە بە فێرکردن و راهێنان، خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی سەرکـردەیی لە منـداڵەکانیادا بـڕوێنن.. گەر بیانەوێت، لە سایەی خۆماندووکـردن و پشوودرێـژیـدا، ئەمە کـارێکی ئەستەم نییە.
(حەبووبە حەداد) دەڵێ:”منداڵەکەت کوتاڵێکە لە بەردەست دایە.. زیرکبە لە دوورینی”.

هیـچ گەلـێکیش نیـیە، کە بە قـەی گـەلی کـوردمان، هێـندە پێـویستی بە سەرکـردە و بە پێشەوا و بە رابـەری ئـازا و دڵـسۆز و دەستپاک و راستگۆ و دادپەروەر و ژیر و دانا و زانـا و خۆنەپـەرست و کـورسی نەپـەرست و خـۆبەخـتکەر بێت.

رەزا شـوان

نەرویـج: ٢٤ /٨ / ٢٠١٨
(*) تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە، تا رادەیەک سوودم لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگرتووە.




خۆشه‌‌ویستی لێه‌ره‌دا نییه‌ … ئه‌حمه‌دی شاملوو .. له‌ عەرەبیه‌وه‌: به‌رزان

خۆشه‌ویستی لێره‌دا نییه‌
تا بۆی تامه‌زرۆی بین
هه‌ موو شتێک پێچه‌وانه‌ یه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی
که‌ هه‌یه‌ .
زیندان/ باخچه‌ی ئازادییه‌
شه‌لاق و قامچی و زنجیر/ هیچ زه‌لیلی تێدا نی یه‌
به‌ ڵکو پیوه‌رێکه‌ له‌ به‌های مرۆڤایه‌ تی
کوشتار/ ته‌رکی دونیا و پیرۆزییه‌
مه‌رگ/ ژیان
ئه‌وه‌ی به‌گه‌ردنی هه‌لئه‌واسرێ
بۆ ژیانێکی بێ کۆتا زیندوو ده‌کرێته‌وه‌
لێره‌دا خۆشه‌ویستی نی یه‌
تا بۆی تامه‌زرۆ بین
هه‌ موو شتێک پێچه‌اونه‌ یه‌، له‌ وه‌ی هه‌ یه‌
خراپه‌ کار/ چاکه‌ کاره‌
بێ ده‌نگی و سه‌ بر کردن/ لاوازیه‌
که‌ وابێ، گوێ بگرن
ئێوه‌ ئه‌ی خه‌ڵکی شاره‌
پیرۆزه‌که‌م
له‌ مێژه‌ به‌ زمانێکی توند له‌گه‌ڵم ئه‌دوێن
ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم له‌ تواناتاندا هه‌یه‌ ؟
پێتانده‌کرێ گۆێی بده‌نێ ؟

خۆشه‌‌ویستی لێه‌ره‌دا نییه‌ … ئه‌حمه‌دی شاملوو .. له‌ عەرەبیه‌وه‌: به‌رزان