دەربارەی هاوڕێیەتی … ئیدریس مستەفا

ئەرستۆ دەڵێت: هاورێی هەموان هاوڕێی کەس نیە. ئەفریقی دەڵێن: ئەو کەسە بێ هاوڕێیە کە هەمێشە راشکاوانە دەدوێت..
هاوڕێیەتی ئەو بابەتەیە کە لە نێو ئێمەدا کەمترین باس و خواسی لەسەر کراوە. بگرە، تا ئەوەندەی من بزانم شتێکی تایبەتی لەسەر نەگووتراوە. پێدەجێ هاورێیەتی لە نێو ئێمەدا، وەک پەیوەندیەکی ئاسایی و سروشتی تەماشاکرابێت کە مەسەلەکە ئەوەندە گران نیە و هەر کەس دەتوانێ هاوڕێی هەبێ چ لە گەڕەک یان قوتابخانە یاخود سەرکار و یان ناوەندی رۆشنبیری و سیاسی و ئاینی. ئەرستۆ هاوڕێیەتی لە سێ دەستەبەندیدا کۆکردۆتەوە. یەکێکیان هاوڕێی بەرژەوەندخواز (مەسڵەحەتچێتی) ئەوی تریان هاورڕیەتی کات بەسەربردن و دواهەمینیان هاوڕێیەتی (ڤێرچو) بەهاخوازی وەک باشێتی، هەقیاری، ئەخلاقدروستی، چاکێتی لە بەها مرۆییەکان …هتد. جیاوازی زەمەنی ئورستۆ و ئێمە ئاسمان و رێسمانە بەڵام ئەوەی ئەو ئاماژەی پێکردووە ئێستاش زیندووە لە پەیوەندیە هاوڕێیەتیەکاندا. ئەوەی زۆرتر جێگەی سەرنجی منە دەستەبەندی سێیەمێتی، هاوڕێی بەهاداری کە دەکرێ یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ تێگەیشتنمان لە چەمکی هاوڕییەتی لەم سەردەمەی ئێمەدا. ئەو سەردەمەی هاوڕێیەتی بەستراوەتەوە بەوەی من و تۆ چەند لەیەکەوە نزیکین یاخود چەند بەشداردەبین بۆ تێکشکاندنی بەهاکانی ژیان نەک بۆ مانەوە و رێکخستن و جوانکردن و بونیادنانەوەی. ئەو پەیوەندیە هاوڕێیەتیەی لە رۆژگاری ئێستەی ئێمەدا بە تایبەت لە کۆمەڵگەی ئێمە لە باشور لە ژیر ناوی هاورێیەتیدا دەچێتە پێش زۆرتر لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە و دەڕوات بەڕێوە.

هاوڕێیەتی پێناسەیەک نیە، یاخود بە تەنها ئەو تێگەیشتنە گشتخوازیە (عامیە) نیە کە هەموان دەیزانین، بگرە چەمکێکی هێند قوڵ و گرنگە کە تەواوی رەهەندە هزری و ئەثیکسیەکانی ئێمە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. (لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە هەندێ جار لە بری وشەی ئەثیکی ئنگلیزی وشەی ئەخلاق بەکاردەهینم کە دوورنزیک پەیوەندی بە مەسەلەی سەکس و جنسەوە نیە، بەڵکو ئەخلاق بە مانای ئەو بەڵگە مرۆییییە کە بەها و ویژدان و بەرخورد و هەڵسوکەوتە بەهاداریەکانی مرۆ لە خۆ دەگرێت). ئەو بەهاداریەی نەک هەر مانای هاوڕییەتی بەڵکو مانای مرۆیی کەسەکانیش
وەدەردەخەن. گرنگە بە هەندێ پرسیار دەست پێ بکەین. ئایا ئێمە هاوڕێمان هەیە؟ ئایا چ جۆرە هاوڕێیەتیەک لە ژیاندا پیادەدەکەین؟ کام جۆر لە هاوڕێ هەڵدەبژێرین؟ گەر هەمانە چۆنە و تا چەند لێی تێگەیشتوین؟ دیدی ئێمە بۆ هاورێیەتی چیە و چۆن هەڵسوکەوتمان لەگەڵیدا کردووە؟ …..هتد

هاوڕێیەتی لە نیوان دوو دید و دوو هەڵوێستدا قەتیس ماوە:

یەکەم: (تێگەیشتنی عام، عامیانە) تێگەیشتن یاخود هەڵوێستی ئێمە بۆ هاوڕێیەتی تێگەیشتنێکی ئێجگار تەسک و خوار و خێچە بگرە تا ئێستاش نەیتوانیوە لە چوارچێوە فیوداڵیەکەی، یان عەشایەریەکەی یاخود عامیەکەی دەربچێت. بەو مانایەی کە هاوڕییەتی چەندە بگاتە چڵەپۆپەی ئازیزی و قوربانیدان ناگاتە ئاستی خراپترین پەیوەندی خوێنی. یاخود، لە هاوڕێیەتی ئاساییدا هەندێ مەرج لەبەرچاو دەگیرێن کە زۆر دوورە لە مانا مرۆییەکانی هاوڕیەتی بوون.
لە ئاستە رۆشنبیری و سیاسیەکەی یاخود ئەخلاقیەکەیدا خراپترە لەوی یەکەم. دیدی سازمانگەرایی (ئیستابڵشمێنت)ی سەراپای هەموو پەیوەندیەکی هاوڕێیەتی داگرتووە. دنیای رۆشنبیری و سیاسی و ئەخلاقی (غەیرە عامیەکەیدا) ئێمە پڕە لە پەیوەندیەک کە دیدی ئیستابڵشمێنەتی زاڵە بەسەریدا. لێرەد اهەلوێستەیەک دەکەم و خواستمە لەسەر زاراوەی ئینگلیزی (ئیستابڵشمێنت) قسەیەک بکەم. لە وشەی سازمانگەرایی هچ وشەیەکی ترم چنگ نەکەوت تاکو بتوانم ئەو مانایە بگەێنم کە خۆم دەمەوێ. ئیستابڵشمێنت، لای من، واتە ئەو چوارچێوەیەی پارێزگاری لە کۆڵەکە تەقلییدی و باوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان کە پێشتر سازماندراون دەکات. جا لە دنیا غەیرە عامیەکەیدا رێک بە وێنەی دنیا عامیەکەی هاوڕێ بەوە ناپێورێ چەند ئەو کەسە بەهادار و بە هەڵوێست و هەقیار و راستگۆ و رەوشت جوان و تەنانەت تێگەیشتوو و خوێندەوار و لە بەرەی ناعەدالەتیدا نیە بەڵکو بەوە دەپێورێ ئەو کەسە چەندە گوێگرە، هەوادارە، لاگیرە، راستیەکان وەک خۆی ناڵێت، دەروێشە، …. هتد. لەو نێوەدا ئەوەی لە بەین دەجێ روحی جیاوازی و گێرمە و کێشەیە لەسەر مەسەلە جیاکان بە تایبەی مەسەلە فکریەکان. هاوڕێیەتی راستەقینەیی، لە هەندێ کاتەکاندا، لە میانەی کێشەکاندا دەردەکەوێت نەک مل لەقاندنەکان. نەک هەرحەقیقەتی هاوڕێیەتی بوون بەڵکو مرۆیی بوونی کەسەکانێش لەو دەمەدا دەردەکەون کە گێرمەکێشە لەسەر شتێک مەسەلەیەک دروست دەبن. کاتە ئاساییەکان هیچ کات ناتوانن حەقیقەتی هاوڕێیەتی بوون دەربخەن. بەهاداری هاوڕێ بوون و مرۆیی بوون لەو کاتانەدا خۆ رادەکێشێ کە کێشەیەک دروست دەبێت. بە تەنگەوەهاتن یاخود دەستدرێژکردنی یارمەتی گرنگە بۆهاوڕێیەتی بەڵام لەو چوارچیوەیە ئیستابڵشمێنتەیدا بۆ چاوکوێرکردن و دەم داخستنی هاوڕێیەتیە.
دیدی مرۆیی بوون بۆ هاوڕییەتی لە نیوان ئەم دوو تێگەیشتن و هەڵوێستەدا نەک هەر خراپ کاری پێکراوە بەڵکو رۆژانە تێکدەشکێنرێت بەوەی وێنەی هاوڕێیەتی بوون ناشیرین دەکرێت. کاتیك هاوڕێیەتی وەک یەکێک لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە بەهادارەکان نابود دەکرێت ئەوا کۆمەڵەگیەکی ناچالاک یان تێكشکاو دروست دەبێت وەک ئەوەی ئێمە هەمانە لە دۆخی ئێستادا.




ئه‌مه‌وێ‌ روح له‌ تامی كفرێكی شیرین* نوێ بێته‌وه‌ …. چنوور نامیق

ئه‌م به‌یانییه‌ ئه‌مه‌وێ‌ جێپه‌نجه‌م له‌سه‌ر ئاوێنه‌ی ژووری نوستنم جێبێڵم
نه‌ك بمرم و تازه‌ بوكێكی قژ ئاڵۆز
له‌به‌رده‌می ماكیاجه‌كه‌ی دوێنێ‌ شه‌وی بسڕێته‌وه‌
ئه‌مه‌وێ‌ نازی هه‌ر پێنج په‌نجه‌ سارده‌كانم
له‌سه‌ر ئاوێنه‌ی ژووری نوستنم
به‌تاڵ بكه‌م
نه‌با دایكێكی بێداری پێش مردنم
مناڵه‌كه‌ی له‌به‌رده‌می ژیركاته‌وه‌…..
ئه‌مه‌وێ‌ دوا سه‌رنجی گه‌رمم
دوا پروشه‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌م
له‌سه‌ر ده‌سته‌ سارده‌كانی مناڵی لای ترافیكه‌كان جێبێڵم
له‌وێش سه‌وز رێگه‌م نادا…
به‌نیازم دوا تنۆكی نیگای ساردم له‌ دڵی شعرێك جێبێڵم
كه‌ له‌سه‌ر لێوم تاساوه‌ و
دێت و نایه‌
ته‌نیا وێنه‌یه‌ك جێدێڵم
به‌ته‌نیشت ئاوێنه‌كه‌وه‌
وه‌لێ‌ ئه‌سه‌ف
كه‌س نازانێ‌ خه‌مێكی بخوێنێته‌وه‌
ته‌نانه‌ت ئه‌زیزه‌كه‌شم
دوای نیو سه‌ده‌ له‌ تێڕامان
له‌و وانه‌یه‌ سفر دێنێ‌ …
ئه‌مه‌وێ‌ دوا ئۆغری سه‌برم
جێپه‌نجه‌م
له‌سه‌ر هه‌موو شته‌كانی ژووری ژیان
به‌جێ بێڵم
تا هه‌ڵبه‌سته‌ شێته‌كه‌ی من
لێوه‌ی فێری به‌رگری بێ‌
به‌رگری له‌ خۆی
له‌ نیشتیمان
له‌ ئازادی…
ئه‌مه‌وێ‌ روح
له‌مه‌راقی پێكێكی تری ئه‌م بونه‌ نوێ بێته‌وه‌
له‌ تامی كفرێكی شیرین و
نیگایه‌كی خه‌مهاوه‌ری چاوی ئێلا
دوا هه‌ناسه‌ به‌ جێبێڵم
……..




چیرۆكی هونەریی و، وردە نیگا … نووسینی: دیار لەتیف


“خوێندنەوەی دەقی ‘كێ‌ مام تۆفیقی دەنگزل دەناسێت؟’ ی ئارام كاكەی فەلاح.”

———————
پێشباس:

ئەم لێكۆڵینەوەیە، لەمەڕ دەقێكە بە ناونیشانی “كێ‌ مام تۆفیقی دەنگزل دەناسێت؟” چیرۆكنووس ئارام كاكەی فەلاحە، كە بە كورتە چیرۆک ناوزەند دەكرێت.
ترینویل میسیۆن دایت، دەڵێت: “كورتە چیرۆكی ئاسایی، لە سنووری پێنج هەزار، تا شەش هەزار وشەدا، جێی خۆیی كردۆتەوە.”1
دەكرێت لە كورتە چیرۆكدا، گازەرەكە سێ‌ لاپەڕە بۆ چوار لاپەڕە بێت، هەر بۆیە باشترین جۆری كورتە چیرۆک، ئەوەیە بە چنراوێكی تۆكمەی زمانیی بچێنرێت؛ هەروەها، “كورتە چیرۆک لە پێناو كردنەوەی گرێكاندا، كات و شوێن، لەبەر یەک بكشێنرێنەوە.”2
لە كورتە چیرۆكدا، پاڵەوان سنوورێكی دیاریكراوی هەیە، تاڕادەیەک وا باشە لە نێوان “1-3” كەسایەتی، لەسەر تەختەی شانۆی چیرۆكەكە ببن، چوونكە قەرەباڵغی دروستكردن و كێش هێنانەوەی كات و شوێن، ڕایەڵی نێوان كورتە چیرۆک و چیرۆكی درێژ دەپسێنێت و، دەبێتە چیرۆكی درێژ، كە ئەمەش باسێكی ترە.

لە ڕووی زمانەوە:

لێرەدا، چەند خاڵێک لە لاوازی زمانی ئەم دەقە چیرۆكە دەخەینە ڕوو:
لە شوێنێكدا، چیرۆكنووس دەنووسێت: “نەمدەتوانی لە ژوورەكانی ناوخۆ، لەگەڵ چەند هاوتەمەنێكمدا بژیم.”
لە ئێستای پرۆسەی خوێندندا، لە بری ناوخۆ كە لەبەرگرتنەوەی داخلی عەرەبییە. “بەشە ناوخۆییەكان” بەكار دەهێنرێت؛ ئەمە لە لایەک، لە لایەكی ترەوە وشەی “ناوخۆ” ئەگەر گونجاویش بێت، هێشتا هەر لەوێدا ڕێک نایەتەوە، چوونكە گێڕەرەوە دەڵێ: ‌”نەم دەتوانی،” كەواتە ئەو ڕاناوی “من”ە، كە لەگەڵ چەند هاوتەمەنێكیدا بووە، ناكرێت چەند ژوورێكیان هەبووبێت؛ كەواتە دەبوو بنووسرایە: “نەمدەتوانی لە ژووری ناوخۆیی، لەگەڵ چەند هاوتەمەنێكمدا بژیم.”
“ئێمە لە تەمەنێكدابووین، كە بە هەموو شتێكی دونیا پێدەكەنین و، گاڵتەمان بە هەموو كەسێک دەهات.” ئەم وتنە درێژبڕی تێدایە، باشتر وابوو بنووسرێت: “ئێمە لەو تەمەنەدا، بە هەموو شتێكی دونیا پێدەكەنین و، گاڵتەمان بە هەموو كەسێک دەهات.” یان “ئێمە بە هەموو شتێكی دونیا پێدەكەنین و، گاڵتەمان بە هەموو كەسێک دەهات.” چوونكە لە هەر دوو بارەكەدا، لەبەر ئەوەی هاوتەمەن هاتووە، پێویست بە “لە تەمەنێكدا بووین” ناکات، كە هاوواتای یەكن.

“تۆ حەقت چییە بە سەرەوە”
ڕاستییەکەی، ئەم ڕستەیە زۆر ستاندارد نییە و، لە هەمانكاتیشدا “حەق” وشەیەكی عەرەبییە و، لە “الحق”ەوە هاتووە، باشتروابوو بنووسرێت: “تۆ لەوە بگەڕێ‌.” یان “تۆ مافت بەسەر ئەوەوە نەبێت.” چوونكە هەم جوانكارییە و، هەمیش ستاندارد “یەكگرتوو.”
لە بری “قەت” كە لە “قگ”ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، واباشتربوو بنووسرێت: “هەرگیز.”
لە بری “فەقیر” كە لە “الفقرا‌و- فقرا”ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، باشتروابوو وشەی “نەدار”ی كوردی بنووسرێت.
“نسیب” عەرەبییە و، تاڕادەیەک “چارە- بەش” هەمبەرییەتی بنووسرابا باشتر بوو.
“حەسود” عەرەبییە و، دەبووایە بنووسرێت: “ئیرەیی،” کە كوردییە.
“قاڵدرمە” توركییە و، باشتروابوو “پەیژە، پلیكانە” بنووسرێت.
“ئەمر” عەرەبییە و، باشتروابوو “فەرمان یاخود داخواز” بنووسرێت.
“قایم” عەرەبییە و، باشتروابوو “بەهێز، تووند” بنووسرێت.
“خەبەر” عەرەبییە و، باشتروابوو “ئاگا” بنووسرێت.
“سەعات” عەرەبییە و، بشتروابوو “كاتژمێر، كاژمێر، دەمژمێر” بنووسرێت.
“قبوڵ” عەرەبییە و، بشتروابوو “ڕازی” بنووسرێت. بە مشێوە بنووسرێت:”كۆمەڵگە ڕازی بكەیت.” “مشتەری” عەرەبییە و، بشتروابوو “كڕیار” بنووسرێت.

ڕاستییەکەی، ئەم وشە عەرەبییانە، هەموو كوردێندراوە و خراوەنەتە ژێر فۆنەتاكتیكی زمانی كوردییەوە. وشەی “تۆز” كە لەوێدا هاتووە، “هەندێ‌ جار دووقاتی دەوت و ئینجا تۆزێكی لێ‌ دادەشكاند.” وشەی “تۆز” لێرەدا دەگونجێت، بەڵام لەبەر ئەوە وشەكە جوانناسی نییە، باشتروابوو “كەمێک، هەندێک” بەكار بهێنرایە، هەرچەندە ئاشكرایە وشەی “تۆز” لە ڕەهەندە واتاگەراییەكەیەوە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
بە دوای كابراكەدا، دەڕوات و دەڵێت: “درۆم كرد، گاڵتەم كرد, سوعبەتم كرد، تۆ گاڵتە نازانی؟” لێرەدا، دەستەواژەی “سوعبەتم كرد” زێدەیە و، پێویست ناكات بنووسرێت. لە شوێنێكدا، وشەی “موكەبەرە” نووسراوە،كە وشەیەكی عەرەبییە و، لە كوردیدا: “بڵندگۆمان” هەیە. پێشگری “هەچ” لەگەڵ “كاتێ،” هاتووە بەمشێوەیە: “هەچ كاتێ،‌” واباشتربوو بنووسرێت: “هەر كاتێ‌، هەر كاتێكک،” چوونكە نووسەر دەبێت ڕەچاوی باری زمانی ستاندارد “یەكگرتوو” بكات. “ئەوە دوو سەعاتە دەگری، زۆر بە دەنگی بەرز دەگری، گوێچكە تەحەمولی ناكات.” سەرەتا لە بری “سەعات” دەبوو “كاتژمێر،كاژێر،كاتپێو” بنووسرایە. بەمشێوەیە بنووسرێت: “ئەوە دوو كاتژمێرە زۆر بە دەنگی بەرز دەگری و، گوێچكە بەرگەی ناگرێت،” چوونكە “دەگری” یەكەمی ناوێت و زێدەیە، هەروەها “تەحەمول” عەرەبییە “بەرگەگرتن” كوردییە.
“ڕۆژێک لە دێیەكەی خۆمان بوومە شوانی كۆمەڵێک مەڕوماڵات، لەگەڵ مەڕ و بزنەكاندا ڕاكە ڕاكەو یاریم كردووە،” لێرەدا درێژبڕی كراوە و دەتوانرا بەمشێوەیە بنووسرێت: “ڕۆژێک لەدێیەكەی خۆمان بوومە شوانی كۆمەڵێک مەڕ و بزن، لەگەڵیاندا ڕاكەڕاكەو یاریم كردووە” چوونكە دەستەواژەی مەڕوماڵات خاوەنییەتی ئاژەڵدارییە. دەبێت ڕەچاوی باری كورتبڕی و واتاداری بكرێت. “بە حاڵ نووزەی دەهات،” وا جوانتر بوو بنووسرایە: “بە ئەستەم نووزەی دەهات.” هەروەها، وشەی “زەعیف” عەرەبییە و، لە بری ئەوە “لاواز” بەكار بهێنرایە. لە بری بە “نیوە قیمەت،” بە “نیوە نرخ یان نیوەی نرخ” بنووسرایە. لە بری وشەی “سەلاجە” کە وشەیەكی عەرەبییە، بنووسرایە: “بەفرگر یان بەفرگرە.” لە شوێنێکی دیکەش نووسراوە، “مودیر،” کە وشەیەكی عەرەبییە و، باشتروابوو بەڕێوەبەر” بنووسرێت. كە هەر لە دێڕی دواتردا وشەی “بەڕێوبەر” بەكاردەهێنێت، كە دەبوو خۆی یەكلا بکردبایەوە، لە نووسینی “مودیر” یان بەكارهێنانی “بەڕێوبەر.” وشەی “موعامەلە” بەكار هاتووە لە دەقەكەدا، “هەڵسوكەوت یان مامەڵە” زۆر و كەم لە بری ئەو وشەیە بەكاردێت بنووسرایە باشتربوو. “ئیمزا” بەكارهاتووە، واباشتربوو “واژوو” بنووسرایە. هەرچەندە وشەی “جنۆكە” كوردێندراوە، كە لە “جنی” عەرەبییەوە هاتووە، بە واتای “نادیار، شاراوە، پەنهان” دێت، هەروەها، وشەی “پەری، لەمەچێتر”یش بەكاردەهێنرێت. لە بری “غەدر” دەتوانرا وشەی “ستەم” بنووسرایە، كە هەم لە ڕووی ئاوازە و، هەم لەڕووی واتاییەوە ڕاستەوانە دێتەوە.

ناونیشانی چیرۆكەكە:

ناونیشانێكی پرسیارییە، هەڵگری پەیامێكی كۆمەڵایەتییە، ناونیشانی پرسیاری هەمیشە شتێک یان گرێیەک لە دەروونی خوێنەردا دەهێڵێتەوە؛ چوونكە هەڵگری چەمكی پرسیارە و هەر بۆیە وا لە خوێنەر دەكات، بە دوای واتا مەعریفیی و شاراوەكانی ناو دەقدا بگەڕێت. لە هەمانكاتیشدا، مەرج نییە هەموو ناونیشانێكی پرسیاری، خاوەن پێگەیەكی قووڵی مەعریفی یاخود دەرگایەكی كراوەی بە ڕووی دەقدا بێت. “ناونیشان بە توخمێكی گرنگی هەر دەقێكی ئەدەبیی و هەر نووسراوێكی مێژوویی و سیاسیی و جوگرافیی و زانستی… تاد دادەنرێت.”3
مەبەست لە توخم، واتە: بوونیادی هەر دەقێک یان نووسراوێكە، ئیتر چی سیاسیی یان ئەدەبیی یان جوگرافیی و زانستی بێت.
ئەم ناونیشانە، لە لێنراوەكە “دەقەكە” هەم بوونیادێكی ڕستەییە و، هەمیش پرسیاری، هەرچەندە ئامڕازی “كێ‌” چەمكێكی پرسیارییە و، دەتوانرێت وەكوو پێشگرێک یان ناوگرێک پرسیاری واتایی جیاوازی لێ دروست بكرێت؛ بـەڵام باشتروایە ئامڕازی پرسیار لە پێشەوە دابنرێت، چوونكە ڕاستەوخۆییەكی تێدایە و، كار لە وەرگری دەقەكە دەكات، بە واتایەكی دی، تووشی ڕامانی لەهەمبەر دەقدا دەكات.

بەڵام ئەگەر لە “ناوگر”دا بوو، كەمتر دەبێتە وەڵامـەتی بزواندن و، تاڕادەیەک بزوێنەری دەقەكە لەكار دەخات و، ئەوكات نزیك دەبێتەوە لە ناونیشانی ناجوانكاریی و پەردەی كپیییەک بەسەر دەقدا دادەدات، ئەمە لە كاتێكدا ئاوازی ناوەكە ئاڵۆزكاو بوو.
بڕگەی “مام تۆفیق،” ئەم وشەیە، ناوێكی عەرەبییە و، لە كۆندا لەمجۆرە ناوانە لە منداڵ دەنرا، هەروەها، بڕگەی دواتر “دەنگزل” ئەمەش لە دوو وشەی سادە پێكهاتووە: “دەنگ+ زل” كە ئەمەش هەردووكیان بەسەر یەكەوە وشەیەكی لێكدراویان ڕۆناوە.
ئەم وشانە بە جیا، خاوەن واتای تەواو نین و، بە لێكدانیان دەبنە وشەیەكی واتاداری لێكدراو، لێرەدا كۆی وشەكان بریتییە “لە پێنج وشە.” هەرچەندە ئەم ناونیشانە لە ڕووی ئاستەنگی درێژییەوە، كەمێک دروستكەری كێشەی نەمانەوەیە لە یادگەی وەرگرەكاندا؛ هەروەها، هەست دەكەین ئەو كاتەی ڕستەكە تەواو دەكەین، پێویستمان بە پاشخانی بڕە هەوایەكی زۆرە بۆ وتنەوەی. هۆکاری لاوازی درێژی ناونیشان بۆ بە ئاسان نەتوانینی وتنەوەی، لە لایەن تاكەكان بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە. هەرچەند لێرەدا، ناونیشانە كە ئەو زانیارییە بە خوێنەر دەدات، كە پیاوێكە و دەنگی زلە. دووەم ناونیشان یارمەتیمان دەدات، بۆ زوو هەرسكردنی لە یادگەماندا؛ هەروەها، بارسووكیش ببێت بۆ وتنەوەیی و لەسەر زار مانەوەی، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە نادیاری لە لای خوێنەر بە جێبهێڵت.

ناوەڕۆكی چیرۆكەكە:

ناوەڕۆكی دەقەكە، لە پانتایی چەمكی كۆمەڵایەتییدا چنراوە و، باس لە دیاردەیەكی ناو كۆمەڵگەی كوردی دەكات؛ كە دەڵێت: “ئێمە خۆمان میللەتێكین هەر بە دەگمەن بە دەنگی نزم قسە دەكەین.”٥.
لێرەدا، وەستانێک لەسەر ئەم واتای وتەیە دەكەین؛ لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا، مرۆڤ هەمیشە كۆت و پێوەندییەكی پێوەیە و ناتوانێت لە خۆی بكاتەوە، سنووری ئازادییەكانی زۆر تەسكە و لە زۆركاتدا دەگاتە ڕادەی نەبوون؛ هەر بۆیە كاتێک دەرگای ئەشكەوت بە ڕوویدا دەكرێتەوە، لە خۆوە بە بەرزترین دەنگ هاوار دەكات من ئازاد بووم، بەڵام لەڕاستیشدا وانییە، چوونكە پاش ئەوەی كە دەروونی تاكەكان هەریەک بە جۆرێک كۆمەڵكوژ دەكرێن، كە دیسان ئەم هاوكێشەیە، دەچێتەوە سەر كوژیارەكانی ناو ئەشكەوت، وەک وتمان بە هۆی تێكچوونی بەرنامەی دەروونی مرۆڤەكانەوە لەمشێوەیە دێتەكایەوە.
ئارام كاكەی فەلاح؛ لەم چیرۆكەدا، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پێمان ڕادەگەیەنێت، تاكی كورد لایەنی سۆزداریی زاڵە بەسەریدا. هەربۆیە كێشەی بیركردنەوەی هەیە و، هەمیشە ئەم دەردە ناكۆتایە بووەتە هۆكاری دواخستنی میللەتێكی خاوەن بوون و، پێگەی خۆی؛ كە هەر لە دێر زەمانەوە مۆڕكی نەتەوایەتیی و ڕەسەنێتی خۆیی هەبووە. هەروەها، بەشێكی تر لەتیشكی ناوەڕۆكەكەی دەخاتە سەر لایەنی ژیانی خوێندكار، لە گوزەرانی بەشە ناوخۆییەكان و زانكۆدا.
لێرەدا، باس لەو كێشەیەی بەشە ناوخۆیانە دەكات، كە ڕێگرە لە بەردەم پێگەیاندنی خوێنكاری بلیمەت و داهێنەردا، چوونكە بە هۆی نەبوونی لێژنەی چاودێرییەوە چەندین خوێنكار دەبنە هێزمی ئەو بارە ناهەموارە؛ وەک لە دەستپێكی چیرۆكەكەوە ڕەهەندە ڕەخنەییەكەمان بۆ ڕووندەكاتەوە، كە گەنجێكی زۆر چالاک و زانستخواز بووە، بـەڵام بە هۆی ئەوەی كە ناتوانێت لە ژووری بەشە ناوخۆییەكاندا گوزەران بكات، ئەویش بە هۆی ئەوەی دەكەوێتە لای كۆمەڵێک هاوڕێی گاڵتەچی و قۆشمەباز و پێچەوانەی باوەڕی تاكێتییەوەی. هەر بۆیە پەنا دەباتە بەر گەڕان بۆ دۆزینەوەی شوێن و دەرباز بوون لەو سەرهێشەیە. ئەنجا، لە كۆتاییدا باس لە دیاردەیەكی تازە دەكات، هەرچەندە ئەم دیاردەیە تازە نییە و، لە فەرمانڕەوایی “شێخ مەحموود”ەوە زۆر و كەم پیادە كراوە و، تا گەیشتۆتە ئەم سەردەمە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەویش بابەتی كۆمەككارییە/ واستە.

چیرۆكنووس، فلاشی لەو تاریكە دزێوەی ناو كۆمەڵگە داوە،كە كۆمەككاری هێزێكی گەورەی هەیە لە دامەزراندنی خوێندكاردا، نەک خوێندكار، هەنووكە هەموو بوارێكی دامودەزگاكانی گرتووەتەوە. هەر بۆیە لێرەدا، بێئومێدیی خوێنكارانی زانستگەمان لە پاش تەواوكردن بۆ دەردەخات و، دەڵێت: “ئەوە ئێستا بۆ ساڵێک دەچێت من زانكۆم تەواو كردووە، هەر بە دوای ئیشدا دەگەرێم و دەستم ناكەوێت، لەم شارەدا زانكۆش تەواو بكەی بێ‌ واستە هیچ شوێنێک ناتگرێتە خۆی.”6.
چیرۆكنووس، توانیویەتی باس لەسەر بوونێكی زیندوو و سەردەم بكات و، بە جیا تیشک بهاوێژێتە سەر دیاردە ناشرینەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردی.

ئەنجام:

١- لەڕووی زمانەوە: هەندێک هەڵەی زمانیی و كۆمەڵێک وشەی بیانی، بە تایبەتی وشەی عەرەبی بەكارهێناوە.
٢- لە ڕووی ناونیشانی دەقەوە: تاڕادەیەک درێژە و ئاستەنگی بۆ كاتی وتنەوە دروست دەكات، بـەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ناونیشانێكی جوانە و، سەركەوتووبووە لە هەڵبژاردنی ناوەكەدا و، توانویەتی ڕایەڵی نێوان ناونیشان و دەق ڕابگرێت.
٣- لە ڕووی ناوەڕۆكەوە: كەرەستەیەكی زیندووی كردووەتە بابەتی دەقەكە و، زۆر بە باشی هاوكێشەی قەیرانەكەی بە خوێنەر گەیاندووە.

—————————————————

ژێدەرەكان:
• هونەری كورتە چیرۆكنوسین، و. مستەفا ساڵح كەریم.
• هەمان سەرچاوە.
• ئەزمونی خوێندنەوە، ن: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد.
• هەمان سەرچاوە.
• گۆڤاری هەنار، ژ. 55، ئۆگەستی 2010.
• هەمان سەرچاوە.




فەوزای ناو فەزاکە ….. چالاک ئـاغجەلەری

لە دوورە قسەکردن و ڕاڤەکردن لەسەر کۆمەڵگەی کوردی زۆر جار گران بەڕووتدا دەشکێتەوە لە پێکانی ئـەو نیشانەی مەبەستە ، ئـەمەش بەھۆی ڕۆنەچوونەوەیە بۆ ناو ھەناوی خەڵک بەشێوەی فیعلی، بەنموونە زمانی ڕاگەیاندن وەک پەیامنێری ھەواڵ بۆ کۆی پرسەکان لە نێوان من و فەزای کوردیدا بە گشتی ، نەیتوانیوە ئـەو ئـەرکەی کە پێویست دەکات وەک خۆی بێگەیەنێت و مۆفەق بێت، زۆربەی کات بە خاتری بەرژەوندەیەکانی دونیابینی ئـەو یەکە سیاسیەی پشتیوانی ئـابورییەتی کاری کردوە و ئـەنجام کوانوی فۆبای باشتر جۆشداوە پێش ھەر کەسێک منی دەروەی فەزاکە کەوتوومەتە ناو زائـیدی دووربینەکەیەوە.

لەکاتی گەڕانەوە و تێکەڵ بوون بە ڕاستیەکان دەبینیت زۆر ئـەرک ئـاوەژۆ کراوەتەوە ھەر لەسورابوونی پاسێکەوە بیگرە تا ئـەو پەڕی ئـەرک کە خەڵک یان کۆمەڵگە دەبێت لە ئـاستی ئـەو ھۆشمەندیەدا بێت کە ئـەرکە شارستانیەکەی لە ئـەستۆیەتی جێ بە جێ بکات. بە نموونە .. پەنجەی تاوان و گەندەڵی ئـاراستەی حزب و حکومەت دەکرێت لەپەیوەند بە پێداویستیە سەرەکەیەکان وەکو ئـاو و کارەبا ، ھاوڕاتانم !؟، بەلام ھەڵکردنی گڵۆپێکی زیاد لە پێویست و بە فێڕۆدانی لیترێ ئـاو، پێش ئـەوەی پەنجەی تاوان و گەندەڵی ئـاراستەی دەسەڵات بکەیت ،پارەی ئـاو و کارەباکانت بدە بە تەنھا ئـەوانەی بێباکانە بەھەدەرت داون ، دواجار تەماشای ئـاوێنەکەی ماڵەکەت بکە و پێناسەکەی دروست بۆ خۆت بکە بۆ ئـەم کارەی کردووتە !!، کۆمەڵگە و تاک چەند مافی ھەیە بە ھەمان ئـەندازە ئـەرکی لەسەر شانە.

ئـەمڕۆژانە خۆشترین جەو لە شاری سلێمانی کاتی ئـێوارە و شەوانە. .. وەک دیاردەیەک دەچنە سەر ئـەزمەڕ و گۆیژە ، چێژ لە جوانی شار دەبینن و لە درەنگانی شەو بە مەستی و خەیاڵەوە دەچیتە سەر سوکانی سەیارەکەی بەبێ ئـاگایی ئـەم شارە بڕ دەکات لە ئـەگەری ناخۆش و کارەسات ، لێرەدا ئـەرکی دەسەڵاتە ڕێگری لێبکات و چارەیەک بۆ ئـەم دیاردە دزێوە ببینێتەوە ، من تێدەگەم سەرمەست بوون لەماڵەوە بەھۆی فەرھەنگ و کلتورە بڤە و نامۆیە بەڵام ڕێگەی تر زۆرن بۆ گەیشتن بە خۆشیەکان و چێژ وەرگرتن لە مەستی ، ھەر بۆیە تۆی ھاوڵاتیش بارتاقی دەسەڵات بێباکی لە داھاتووی ئـەم خەڵک و نیشتمانە بۆ کوێ ھەنگاو دەنێت و بە کۆی دەگات!!. ڕێگە و بانەکان گوزارشتە لە بە تەنگەوە نەھاتنی دەسەڵات و ئـیدارە ، ھەر ھەڵبەز و دابەزێک دەیان گەندەڵی لە پاڵیدا خۆی حەشار داوە ، ئـەوەی بۆ دەسەڵات مەبەست نەبێت سەلامەتی خەڵکە بۆ پرسی ڕێگە و بان، نموونەی ڕێگەی ھیران و نازەنین ..بە ئـەندازەیەک تێکچووە لە کاتێکدا گەشت کردن بەو ڕێگەیەدا و بە تایبەت لە شەودا وەکو شەڕی دەست و یەخە وایە ھەموو ساتێک ئـامادەی بۆ لە ناچوون و کۆتایی ژیان. تاسەکانی سەر ڕێگە زۆربەیان نیشانەی ئـاگادارکردنەوەی بۆ دانەنراوە؟!، ھەندێ کەس بوونەتە بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ تاسە دروست دەکەن و قیرەکەی بەردەم دوکان و ماڵەکەیان ھەڵدەکەنن؟! ، دەسەڵاتەکەش گوێ خۆی لێخەواندوە، زۆر ھێنام و بردم لەم سیحری بێدەنگەیە تێناگەیشتم!! لەھەمووی قەباعەتر باوکان و دیکان ڕێگە بە منداڵانیان دەدەن لە جامی سەیارە و سەقفەوە سەردەبھێنن وەک دزێوترین دیاردە کە پێویست دەکات دەسەڵات حاڵەتە بنەبڕبکات ، لە ھەر سەرپێچێیەکی لەم جۆرە توندترین سزای شۆفێر بدرێت چونکە یاریکردنی مەرگ بە نەوەی داھاتوەوە شایستەی سازشکردن نیە. ھەواری شار شوێنێکی جوان و دڵڕفێنە و شاری ئـاڵو و والاکردوە بەڵام کاتێ دەچیتە سەردانی ئـەو شوێنە بۆ حەوانەوە ئـارامی ، ھەندێ ھەرزەی بێئـاگا ئـاڵودە بە نەخۆشی دەروونی و بە ھۆی نەبوونی سیکیۆرتی پیویستەوە، کورد ووتەنی ( جرت و فرتیانە) بە ماشێنەکانیان و خێزانەکان بێزاردەکەن، کە دەکرێت ڕێگە بەم فەوزا چیانە بگیرێت، تەواوی ئـەم دیاردە دزێو و بێزارکەرانە مشتێکە لە خەرمانێ بەرامبەر بێباکی ئـەم خەڵک و خاکە کە پێویست دەکات دەسەڵات ڕێگریان لێبکات و ھاوکات لەکاتی ڕووماڵی ئـەم حاڵەتانە دەزگای ڕاگەیاندن بەرپرسانە گوزارشت لە مۆراڵی پیشەکەی بکات ، پەرێزی پاکبێت بۆ ئـەو ئـەرکانەی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی دایە.

ئـەنجام چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت ، ھاوکاری شەقام و دەسەڵات ئـەرکی لە پێشینەی ھەمووانە ، بۆ ھەرچی کەمکردنەوەی ھەر دیارەدەیەکی ناجۆر دەبێت پێش دەسەڵات بەدەنگ بێین ، ھەرکەس لەماڵی خۆیەوە دەست پێبکات بۆ چوونە ناو ئـامێزی نیشتمانێکی جوانەوە، بە پێچەوانەوە درێژەدان بە دیاردە ڕۆدەچێتە نێو فەرھەنگ و کلتورەوە دواجار بەرگریکردن لە خۆ ئـاماژەکردنی پەنجەی تاوان بەڕووی دەسەڵاتدا ، ڕاکردنە لە ھەقیقەتێکی تاڵ ، با نەگاتە ئـەو ئـاستەی بڵێین بێشەکە خۆی لەبارە!! … فەوزای ناو فەزا دەکوڵێت پێویستە ھەموو بە ئـاگابێنەوە و ستۆپێکی پێبکەین.

چالاک ئـاغجەلەری
سلێمانی ٢٩/٨/٢٠١٨




ڕوونکردنەوەیەک … پشکۆ ناکام

….لە گۆشەی کلتووری سایتی ” سپی” خۆشەویست ، ڕاپۆرتێکم بەر چاو کەوت کە ( تیپی شانۆی ئارارات/ کوردستان – ئەوروپا ) بە نیازە شانۆگەری” ڕووتبونەوە ” لە سلێمانی پێشکەش بکات ، لێرەدا سەرنجی سایتی سپی و ئەهلی هونەر و شانۆ بۆ چەن خاڵێک ڕائەکێشم :
– بەندە لە کۆتایی هەشتا وسەرەتای نەوەکانی سەدەی ڕابردوو ئەندامی” تیپی شانۆی ئارارات” بووم لە ووڵاتی سوید ، تیپەکە کە هونەرمەندی هەڵکەوتوو د. فازل جاف ئەیبرد بەڕێوە ، جگە لە ناوی تیپەکە هیچ کوردستان و ئەوروپایەکی پێوە نەلکابوو ” بڕواش ناکەم وەک ئەوەی باوە دوو حیزب لە پڕ یەکئەگرن و یەک دوو پیت یان ووشەیەک ئەچێتە سەر ناوی حیزبە تازەکە ، ئەمەی ئاراراتەکەی هەولێریش هەر وا بێت..”…زۆرم لە خۆم کرد لەو کوردستان / ئەوروپایە تێبگەم ، سەرکەوتوو نەبووم ! تیپەکە لە کوردستانە و خۆی ئەوروپییە ، یان تیپەکە لە ئەوروپایە و بەش یان لقێکی لە کوردستان هەیە..!!!
– ئەو شانۆگەرییە کە لە وەرگێڕان و دەرهێنانی بەڕێز د. فازیل جافە ، کاتی خۆی ساڵی 1989 لە ستۆکهۆڵم پێشکەش کرا وە و بەندە و کاکە( کوردۆ گەڵاڵی ) ئەکتەری هەردوو کەسایەتییەکەی دەقەکە بووین ، بە شاهیدی ڕەخنەگر و بینەران تا ئاستێکی باش سەرکەوتوو بووین .
– ئەوەنەی من بزانم کارکردن لە دەقەکانی ” مرۆژێک ” پارووی هەموو کەس نیە ، مەگەر کەسێکی وەک “د. فازیل” نەک هەر پێی بوێرێ ، بەڵکو بەڵانسی هاوتروپی دەق و دەرهێنان وەک پیێویست بەرجەستە بکا. …لە رووی کارەکتەرەکانەوە خۆم ئەزانم ئەبێ چەن ماندوو بیت تا هەست بە ئافەرینی ماییرهۆڵد و مرۆژێک بکەیت..
– ئومێدەواریشم ئەو برادەرانەی هەولێر کە ئەیانەوێ خۆیان لە قەرەی
” ڕووتبوونەوە ” لە سلێمانی بەن ، وەک عورفێک و ڕەوشتێکی هونەری ، باسێک لەوە بکەن عەوامێک چەن هونەرمەندێک لە غوربەت ئەو شانۆگەرییان پێشکەش کردوە…
….کەمێک کۆنترۆڵی خۆم کرد و نەمویست ئەم ڕوون کردنەوەیە توند بێت تا ئەو کاتەی ئەو برادەرانە لە هەولێرەوە تەشریف ئەهێنن بۆ سلێمانی ، ئەو کاتە قسەی زیاتر و گفت و گۆی چڕترم ئەبێت.. هەر لەبەر هیچ نا لەبەر بەبیر هێنانەوەی ئەو برادەرانە کە پێش دووشەممە ، یەک شەممە و شەممە هەبووە لە مێژوودا…….

پشکۆ ناکام
27/08/2018 – دووشەممە