ئاوڕدانەوەیەك لە دیدگا شیعریەکانی رۆژ هەڵەبجەیی …. لەتیف بێوار

دەربارەی شیعری باش گوتراوە نیشانەگەلێکە بۆ کەسانی تر تا هەوڵی هەستکردن بە جیهان بدەن، بەڵکو ئەو ئایدیایانەیە کە ناتوانرێت لە پەخشاندا جێی بکرێتەوە کە پێویستی بە وێنەگەلێکی بەهێزە.
ئەگەر وای دابنێین قەسیدەی (تكایه‌ بوه‌سته‌ ژیان له‌وسه‌ری‌ ونبونه‌وه‌ دێمه‌وه‌!!) ڕۆحی پەپولەی کارەساتبار بە وێنەی شیعریی نوێی تێکەڵ لە مەجازو حەقیقەت بمانگەیەنێتە لوتکەی داهێنانەکانی، لەناو کێشە حەقیقییەکانی ژیاندا خەمە ئەنتۆلۆژییەکان حزورێك بە مردنی نائامادە بدەن، لەبەردەم ئەو دەقەدا قووڵ ڕادەمێنین لە دنیایەك تراژیدیاو حەزو نائومێدیی، لە وێنەی تازەو موفرەداتی پنتە بەربڵاوەکانی سروشت و مەلەکان و رووەکەکان و کەرەستەکان و کردارە شەڕخوازەکانی دەستی مرۆڤ و خەونە یەعقوبییە عیرفانیەکان، بەڵام لە دواتردا هەموویان لە باوەشی مەرگ و ژیاندا دەبنە سەرگوزشتەیەك و شاعیر گیانی مرۆڤی ساکاوی پێ ژیر دەکاتەوە، مرۆڤێك واقی وڕما بێت بەرانبەر هەموو ئەو ئەشکەنجەو ناسۆرو کاڵفامیی و ناتەباییانە، گەر زیاتر رۆچین ئەوا رەنگە خودی شاعیریش بە کاڵی لەودیو سێبەری کۆپلەو وێنەکانەوە ببینینەوە لە بەرجەستەکردنی ئازارەکانی خودێکی مێینە لە کۆمەڵگایەکی پڕ ئاشوب و ناتەبا و نادادپەروەردا، کە مانایەكی تێدا نەماوە بۆ عیشق:

مردن چه‌ند جوانتره‌،
له‌درزی‌ فرمێسكی‌ ئه‌و كچانه‌ی‌
ماڵه‌ شوشه‌ییه‌كانیان،
كۆپی‌ كران له‌هه‌ناسه‌ بڕكێی‌ خوێن..

هەرچەندە مردن لە هەموو ناشیرینیەکانی ژیان جوانتر بێت، ئەوا (ئاو)ه کە سەراپا ئاگرەکانی ناو دەقەکە خامۆش دەکات.. هەموو توخمەکان دەخاتە ژێر رکێفی ئەو زمانە ناڕاستەوخۆیەوە کە دوور دەمانبات و لە کۆتاییدا نزیك لە خۆمان یەخسیریی دنیابینی و بابەتیان دەکات، تا سەرەنجام بەر هەوڵی داهێنانەکانی شاعیر دەکەوین.
ئەو راست دەکات کاتێك دەڵێت: “نووسين نەك هيوايەتو حەز و ئارەزوو ، بەڵکو نووسين بەخۆڕسكى پەيامى منە”…
ئەم ئەزموونی ژیانکردنەیە لەگەڵ شیعردا وای لێدەکات بگاتە ئەو بڕوایەی کە بەڵێ ” ناكرێ شيعر وەك گۆمێكى ليخنى لێ بێت.. نەك شيعر ، هەموو شتێك لە پێشكەوتندايە، ژيان سەرمەشقى گۆڕان و پێشكەوتنە…” سەرەنجامیش بگاتە ئەو بڕیارەی بڵێت:
” شيعرى ئازاد و سەردەم لە چاوەكانم خۆشتر دەوێ”
بەڵام رۆژەکان زۆرن و شەوگارەکانیش درێژ، دەبێت شتێکی جیاواز هەبێت بۆ گوتن، تا بتوانین لە ناو ئەو سەدان دەنگە شیعرییەدا مۆرك و جێ پەنجەی خودی شاعیر بەسەر دەق و رەوتە شیعرییەکەدا ببینینەوە، گەر وەك زۆرینە بنووسین ئەوا نەفەسێکی گشتی شیعر هەیە کە بە سەر زۆر دەقەوە هەناسە دەدات و پێناسەی شیعر بەو دەقانە دەبەخشێت، بەڵام وەك دیارە شاعیر هەر بە وەندەوە ناوەستێت بە دەقەکان بگوترێن شیعر، بەڵکو دەیەوێت سیمایەکی جودا لە ناو ئەو هەموو دەقانەوە بە وشە پێناسە بکات و بڵێت ئەمەیە شێوازی شیعرو داهێنانەکانی رۆژ.
ئەو خوێنەرەی ورد دیقەتی هەوڵەکانی ئەم دواییەی شاعیر بدات، دەبینێت چۆن کەشفی هەوڵئاوێزانی شێوازی سوریالی دەکات لەناو دەقەکاندا، ئەمەیە جیاوازی بەو دەبەخشێت.
لە دواهەمین هەوڵەکانی شاعیردا چەند پۆستەرە شیعرو کۆپلەیەمان بۆ دەکاتە دیاریی تا بەرکەوتنمان هەبێت بۆ هەوڵی ئەو لەم بارەدا و زیاتر و زیاتر لێی نزیکبینەوەو پێی ئاشنابین، هەر لە ناونیشانەکەوە (چارەسەر) ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم شیعرانە هەوڵێکی نییان و کاران لە بەرچاوروونکردنەوەی هەندێك لەو دەردو کێشانەی مرۆڤ دووچاری دەبێت، ناکرێت بڵێین دەقگەلی تەندروستیی و پزیشکیی پاڵفتە، بەڵکو چارەسەری شیعرئامێز.
یەك/
گەر رستەیەك لەسەر ژیانی واقیع دابڕێژم سەبارەت نووستن ئەوا دەتوانم بڵێـم: ” ئەو لە ژوورەکەمدا نانوێت، نەخۆشە بە سەرماخوردەگی، پێویستی بە هێمنی و پشووە” بەڵام شیعر دەرچوونە لە داڕشتنی رۆژانە، دەبابزانین شاعیر چی لێکردووە تا شتێکی جیاوازی لێ بخولقینێت:

(1)
ژووره‌كه‌م نانوێ،
نه‌خۆشه‌ به‌گڤه‌ی‌ ڕه‌شه‌با،
ده‌بێت سه‌ری‌ بشێلم به‌شنه‌با..!!
…………………

هەڵێنجان(الاستنباط):

لە هەردوو دەستەواژەی ئاسایی و نائاسایی سەرەوە، دوو جۆر مانا تێدەگەین، مەعقول و نامەعقول، بەڵام ئەگەر جێگۆڕکێ بەنامەعقولەکە بکەین ئەوا واتای سێهەمی لێ هەڵدەگۆزین کە لە سەیرکردنی هیچ کام لەو دوو داڕشتنە سەرەوەدا نییە، بەم جۆرە:
گڤەی ڕەشەبا …. پێچەوانەی….شنەبایە
دەکرێت گڤەی رەشەبا هێما بێت بۆ توندو تیژیی، دڵڕەقیی…هتد، بەڵام چەرخوفەلەکی ئەم دەڤەرە کە بە ژوور چوێنراوە پێویستی بە هیمن بوونەوەیە تا شتەکان ڕێڕەوی خۆیان بدۆزنەوەو مانایەك هەبێت بۆ شەو و ڕۆژ یان خەوتن و هەستان…
…………………….

دوو:
لە ڕستەیەکی سادەدا دەڵێم: ” مرۆڤ پێویستە وەرزش بکات، تا دڵتەنگ نەبێت”
بەڵام شاعیر لە دیمەنێکی سوریالیدا ناڕەزایی خۆیمان بۆ دەردەبڕێت تا ڕاستییەکانمان پێ بڵێت بەم جۆرە:
(2)
جاده‌ پێویسته‌ وه‌رزش بكا،
تاقاچه‌كانی‌ هێڵنج نه‌دا
له‌دڵته‌نگییا..!!
………………

هەڵهێنجان:

وەرزش چ گیانیی بێت یان فیزیکی، دەمانپارێزێت لە هەردوو دەردەکە:
١-دەردەداریی فیزیکیی: هێما …. لەکارکەوتنی قاچ
٢-دەروونیی: کە پلەیەکی باڵا لە خەمۆکی مرۆڤ هەست بە دڵتێکەڵبوون ڕشانەوە دەکات، کەواتە ئەمە بەس دەربڕینێکی فەنتازی شاعیر نەبوو، بەڵکو ڕێگەچارەکانیش دەستی خوێنەری بەئاگا دەگرێت، ئاوها شاعیر بابەتی شیعر رزگار دەکات لە بابەت و مامەڵەو قاڵبە کلاسیکییەکەی.
…………………………
سێ: ڕستەیەکی سادەی ناوێژەیی رۆژانە: ” تەنگە نەفەس بووم پێویستم بە هەوای پاك هەیە”، بەڵام شاعیر دەڵێت:
(3)
كتێبه‌كانم قورس بوون به‌ته‌پوتۆز،
ده‌بێت چاره‌سه‌ریان بكه‌م،
به‌چه‌پكێك ئۆكسجین..!!!
……………

هەڵێنجان:

رەمزی بەکارهاتوو:
کتێب= رۆشنبیریی و پێشکەوتن
واژەی دژیەك: تەپوتۆز…….ئۆکسجین
لەمانای سێهەمدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی بە پەیامی دەق بگەین و راستییەکی تاڵی کۆمەڵایەتی درك بکەین کە تەنگەنەفەسیی کۆمەڵگایە لە غیابی مەعریفەدا کە لە کتێبدا هێمای بۆ کراوە، چارەسەری رزگاربوون لەو ژینگە پیسەی ژیانی تێدا دەکەین: هۆشیاری و بەرپرسیارێتی تاکەکانە.
……………
چوارەم:
رستەی سادە: ” گۆمەکان لێڵ بوون دەبێت پاك بکرێنەوە بە بەردانەوەی ئاوی زوڵاڵی جۆگەکان”، بەڵام شاعیر ئاوها دەهۆنێتەوەو زمانی شیعرییەت بە ماناکان دەدات :
(4)
ئاوی‌ گۆمه‌كان به‌قیڕه‌ی‌ بۆقه‌كان ،
لیخن بوون،
ده‌بێت ملپێچی‌ جۆگه‌كان له‌ملكه‌ن…!!!
………………

هەڵێنجان:

زاراوە سەرەکیەکان (گۆم …قیڕە….لیخن….جۆگە)
باشە، ئەوەی ئێمە لەسەری راهاتووین ئەوەیە کە لیخن بوون بەرەنجامی ماتریاڵی پیسە، نەك دەنگی نەسازی قیڕە، بەڵام شاعیر ئەو راستیەمان بۆ دەردەخات کە قیڕە چ درۆ بێت یان چەواشەکاریی، یان راگەیاندنی ساختەو ئاوازەکانی شەڕو حیزبایەتی و شەخسپەرستی، ئەوا هەمان کاردەکاتە سەر تێکچوونی ژینگە، فەوزاو هاتوهاوارەو هیچی کەمتر نییە لە نەسازیی قیڕەی قوڕباقەکان، ئەی بۆچی قوڕباقەکانیش ئەو مرۆڤە بۆشانە نەبن! با بگەڕێینەوە بۆ سازگاریی و سەفای پاکێتی بوون و خیلقەتی مرۆڤ.
……………………………

پێنج:
رستەی سادە: ” ئەو ئاگرە باوەشێن بکە تا دەبێتە ڕەژوو”، بەڵام شاعیر واناڵێت، بەڵکو بەجۆرێکی تر مرۆڤ دەردەکات لەو هاوکێشەیە هەرچەندە مەبەستیش لێی مرۆڤ بێت، بەڵام ئەی بۆ بەهایەك نەدات بە شیعرەکەو رزگاری بکات لە دەربڕینی راستەوخۆ ، بۆیە ئەویش پەنا بۆ رەگەزی ئاگرو خۆڵەمیش دەبات و دەڵێت:
(5)
ئاگر ده‌بێت ده‌سته‌كانی‌ بپژمێ،
تاخه‌و نه‌بینێ خۆڵه‌مێش باوه‌شێنی‌ بكا..!!
…………..

هەڵێنجان:

ئاگر دەستی نییە و ناشپژمێت، بەڵام بۆ ئەوەی دانەمرکێتەوەو نەبێتە مەخسەرەی ڕێوی و لەناوبچێت ئەوا دەبێت ئەو لە زۆرانی ژیاندا (بەدەست) باوەشێنی خەڵوز بکات تا خۆی نەبێتە خۆڵەمێش و هەر گەش و کڵپەدار بێت، لەمەشدا لۆژیك هەیە بۆ رەگەزی ئادەمیزاد چۆن خۆیان رزگاربکەن لە پاشقولگرتنی هاوشێوەکانیان.

شەشەم:
رستەی سادە:”کۆڵانێك زەلالەتییەتی بە دەست منداڵی هاروهاجەوە” هەروەها:
” لەو دارتاشە گۆچانێك دروست بکە وەك هی شارلی شاپل”
بەڵام شاعیر دەڵێت:
(6)
كۆڵانێك به‌هاروهاجی‌ منداڵان كه‌وتۆته‌ پیری‌،
ده‌بێت دارتاشێك گۆچانێكی‌ بۆ چێكا،
پڕ له‌پێكه‌نینی‌ شارلی‌ شاپلن…!!
…………….

هەڵێنجان:

بە خوێندنەوەیەکی بە دیقەت لەم کۆپلەیە تێدەگەین چەند زاراوەیەکی سەرەکی تێدایە وەك (کۆڵان، پیریی، گۆچان، پێکەنین)، بەڵام کۆڵان پیر نابێت، ئەی گۆچان چ پەیوەندییەکی هەیە بە پێکەنین؟ با ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین پێش ئەوەی ئەو ڕاستیە تاڵیە هەرس بکەین هەموو ئەم ئاماژانە ناراستەوخۆ دەربارەی مرۆڤی خاەن هۆشن، کە وەك کەسایەتی شاپلن با ناسۆرەکانمان لە یادبکەین هەرچەندە پیرمان بکات، با دڵی کەسانی تر خۆش بکەین و بشزانین لە پیریش مانای دڵتەنگی نییەو دەشێت شادمان بین، هەندێك شت بە گوێنەدان چارەسەر دەبێت گەر دەسەڵاتمان بەسەریدا نەشکێت، هەندێکیش بە گۆچان…. بۆ وەشاندن نا بەڵکو وەك لاقێکی یارمەتیدەر.
………………

نابێت ئەو وتە بەناوبانگە لە یاد بکەین کە دەڵێت ” مانا لە دڵی شاعیردایە” بەس ئەم نووسینەی من هەوڵدانێکی لە خۆبووردوانەی خوێنەرێکی تامەزرۆی شیعرە بۆ تێگەشتن و گەشتنە ڕێگای سێهەم، رەنگە دیدی کەسی (ب) و (ج)ش لە ماناکانی ناو دڵی شاعیر و ئەم هەڵێنجانانە جیاوازتر بێت… ئەمەیە جوانی شیعری هونەرکار، شاعیر دادەبڕێت لە دەق و خۆی کاری ڕاڤەو تێگەشتنی لەسەر دەکات بە پشت بەستن بە ڕێژەیەك لە پێداویستیەکانی تێگەشتن لەدق وەك پێودانگی زانستی و بابەتییبوون.


لەتیف بێوار




كەی نەوەی نوێكان دەبنە شاسواری داهاتوو؟ … عەلی مەحمود محەمەد

رێزدار شاسوار عەبدالواحد، سەرۆكی بزوتنەوەی نەوەی نوێ، لەزۆر بۆنەو كاتدا، بانگەشەی ئەوە دەكات، كە كار دەكات لە داهاتوودا، هەموو لاوانی هەرێمی كوردستان وەك ئەویان لێبێت لە هەموو بوارەكانەوە، گوایا ئەو خەبات دەكات بۆ ئەوەی 3 ملیۆن نەوەی نوێكەی هەرێمی كوردستان بەرز كاتەوە بۆ ئاستی خۆی، ئەگەر جارێ واز لە نەوەی نوێكانی دەرەوەی هەرێم بهێنین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق، یاخود لەم خولەی پەرلەمانی عێراق شتێكیان بۆ بكات، لە كەمترین حالەتدا بیانكاتە سەرو خاوەند ئۆتۆمۆبیلێكی كارەبایی، ئەو زۆر سەختی تەبیعەتە لە گەڵ خەونی سەرخستنی ئەواندایە بۆ ئاستی خۆی نەك اتنە خوارەوەی خۆی بۆ ئاستی ئەوان، ئیتر نازانم سەرخستنی لەشكرێكی 3 ملیۆن كەسی ئاسانە یان هاتنە خوارەوەی تاقە سوارێك ؟، ئەمە وتەو بەرنامەی بۆرجوازی جیهانە، كە لە سێ سەدەی رابردوو بانگەشەی بۆ دەكەن، لەیەك حالەتی بچوكیش جێبەجێیان نەكرد، بگرە رۆژ لە دوای رۆژ سەروەت و سامانی جیهان زیاتر دەچێتە گیرفانیانەوە، ژمارەو رێژەیان نەك لە زیاد بوندا نییە بگرە لە كەمبونەوەدایە، نەك كەسیان نەهێنایە ریزی خۆیانەوە، بگرە خۆیان بەربنەتە گیانی یەكترو خۆ دەخۆن، تا ئێستا نەمانبینی تاقە سوارێكیشیان بە ئارەزووی خۆی بێتە ریزی گەلەوە، ئەوانەشی دەچنە ریزیانەوەو بە بەرنامەی پارتەكانیان لە خشتە دەبردرێن، دەبنە ئامرازێك بۆ پاراستنی سستەمی چینایەتی و پارێزەری سەروەت و سامانی شاسوارەكان، نەك گەیشتن بە یەكسانی و سەركەوتن بۆ ریزەكانیان، رۆژ بە رۆژ ئەوانەی خوارەوە زیاتر دەچنە خوارترەوە، تەنانەت ئەوانەشی گە شتونەتە نیوە رێگا، ماری سەرمایەداری لە نیوەی رێ قوتیان دەداو دەیان هێنێتە ناو دۆزەخی وەیلەوە، رێگا بە سەركەوتن لە پێپلیكانەكانیان نادرێت، سەركەوتن لە پردی سەرمایەداری گرانترە لە پردی سیرات.

بگرە خۆیان بەربنەتە گیانی یەكترو خۆ دەخۆن، تا ئێستا نەمانبینی تاقە سوارێكیشیان بە ئارەزووی خۆی بێتە ریزی گەلەوە، ئەوانەشی دەچنە ریزیانەوەو بە بەرنامەی پارتەكانیان لە خشتە دەبردرێن، دەبنە ئامرازێك بۆ پاراستنی سستەمی چینایەتی و پارێزەری سەروەت و سامانی شاسوارەكان، نەك گەیشتن بە یەكسانی و سەركەوتن بۆ ریزەكانیان، رۆژ بە رۆژ ئەوانەی خوارەوە زیاتر دەچنە خوارترەوە، تەنانەت ئەوانەشی گەیشتونەتە نیوە رێگا، ماری سەرمایەداری لە نیوەی رێ قوتیان دەداو دەیان هێنێتە ناو دۆزەخی وەیلەوە، رێگا بە سەركەوتن لە پێپلیكانەكانیان نادرێت، سەركەوتن لە پردی سەرمایەد ری گرانترە لە پردی سیرات.
كاك شاسوار بوێرە لەم بڕیارەی, ترسی لەوە نییە موشتەری چاڤی لاندەكە و كڕیاری شوقەكانی گوندە ئەڵمانیەكانی نەمێنێت, چونك 3 ملیۆن سەرمایەداری وەك ئەو پەیدا دەبێت, دەكەونە شەڕی بەدەستخستنی زێدەبایی و بازاڕەوە لە گەڵی, پاش نەوەیەكی دیكە, هێندەی دی بە زیاترەوە دێتە سەری, خۆ ناكرێت نەوە نوێكان دی لە بیر بكات و سەریان نەخات لە ترافیكەكەی,گرنگ لای ئەو ئەوەیە ئەوان سەركەون و ببنە خاوەند چاڤی لاندەكان و گوندە ئەڵمانیەكان و دەزگای راگەیاندنەكان, یان هەر كارێكی دیكە وەلێ بە هاوتای سەرمایەكەوە,ئایا بەڕاستی شاسوار ئەمەی دەوێت و دەشتوانێت بیكات؟, ئایا دەكرێت 50 بۆ 60%ی كۆمەڵگا ببنە خاوەند چاڤی لاند و گوندی ئەڵمانی و كەناڵی راگەیاندن و هەموو ئەو شتانەی بەڕێزیان هەیانە؟, دەكرێت لە كوردستان لەم هەرێمە بچوكە 3 ملیۆن گەنجی خاوەند 660 ملیۆن دۆلاری بوونیان هەبێت؟, كە بووە سەرەك وەزیران وەك خەونی پێوە دەبینێت , ئەوانیش وەك ئەو سەركەون و تامی بكەن و پۆستەكە تاقیبكەنەوە, باشە 3 ملیۆن كەس بە چەند ساڵ دەتوانن پۆستەكە تاقی بكەنەوە ئەگەر جەنابی دوای خولێكیش جێی هێشت؟, ئەگەر باوەڕی بە یەكسانی وایە بۆ نەوەیەكی نوێی كاندید نەكرد بۆ وەرگرتنی پۆستەكە؟, ئەگەر وایە ئێمە خیانەتێكی گەورەی چینایەتی دەكەین, كە نابینە هاوسەنگەری بۆ یەكسانی, كە ئەو دەیەوێت بەدی بێنێت لە كوردستان.

ئایا ئەو سستەمە سیاسیەی ئەو خوازیارە دایمەزرێنێت لە داهاتووی كوردستاندا , پاش ئەوەی دەبێتە سەرۆكی حكومەت, دەتوانێت بودجەی 3 ملیوێن” ژمارەی گەنجان” 660 ملیۆن دۆلاری ” نرخی سەرمایەی شاسوار” دابین بكات؟, تەنانەت لە مەودای نەك سەدەیەك بگرە هەزارەیەكیشدا, بۆئەوەی هەموو نەوەی نوێكانی كوردستان سەرخات بۆ ئاستی خۆی, پاش نەك نەوەیەك 33 نەوەی تریش, ژمارەكە هێندە زۆر عەقڵ لە ئاست خوێندنەوەی نییە نەك دابینكردنی 1980000000000000دۆلار, كە لە ئێستادا نرخی هەموو سەروەت و سامانی جیهان 280 ترلیۆن دۆلارە, بۆ ئەوەی نەوەی نوێكانی كوردستان وەك كاك شاسواریان لێبێت پێویستمان بە سەروەت و سامانی 7 ئەستێرەی وەك زەوی و مانگێكی قشتی تر هەیە, ئیتر نازانم كاكە شاسوار چۆن بودجەی ئەو حكومەتە دابین دەكات كە خۆی كاندیدی سەرۆكایەتیەتی و هەموو گەنجانی كوردستان دەگەێنێتە ئاستی خۆی , ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ئاو و ئارد و خوێ و پاراستیمۆل و مەچەو ئۆكسجینیش بۆ نەوە كۆنەكەی وەك ئێمە مانان دابین نەكات و لێمانی ببڕێت, رێگاكانی مەرگیش دەستیان لێنەدرێت ,جێبەجێكردنی وێنەی ریكلامی شارە پڕ بریقەو باقەكانی ریكلامەكانیش واز لێبهێنرێت كە بڕیار وایە جێبەجێیان بكات وەك لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیدا هاتوونە, باسی ئۆتۆمۆبیلە كارەبایەكانیش ناكەم, خۆیان وێستگەی شەحنكردنی پاتریەكانیان, لەوەیا هەواداریم ئەگەر بتوانێت چەند هەزارێك وەك قۆناغی یەكەم هاوردە بكات.

ئەگەر بڕیار وایە هەموو وەك خۆی لێبكات ئیتر چ پێویست دەكات پارت و بزووتنەوەی سیاسی دی بوونی هەبێت لە كوردستان, بە تایبەتیش ئەوانەی كار دەكەن بۆ یەكسانی ئابووری, ئەركیشە ماركس لە گۆڕەكەی رابپەڕێت داوای لێبوردن بكات كە نەیزانی رێگایەكی وەك كاكە شاسوار بدۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە یەكسانی, هەر نەبێت ئەنگلز حەقی لە سێدارە دانی هەیە چونكە هەوڵی نەدا نەگبەتەكانی وەك ماركس وەك خۆی لێبكات, بۆ ئەوەی هەر نەبوایا 3 منداڵەكەی لە برسان نەمردبانایان.

گەنجان وەك هەر توێژێكی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا دابەش بوونە بەسەر چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان, لە بێكارەوە بۆ كرێكار و سەرمایەدار و وردە بۆرژوازی و جوتیار و ئاغا و كرێكاری كشت و كاڵی و كوڕی ملیاردێر و ئۆلیگارشی و منداڵی سەرۆكی گەورەو بچوك و مام ناوەند و, ملیۆنێری وەك كاك شاسوارو….., حەشاماتی بێكارانی گەرمیانیشمان هەیە, گەنجانی وەك ئەوانەشمان بە ملیۆنان هەیە پارەی كرێ خانویان نییەو رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی خۆكوژییەكانیان زیاد دەكات , كە كاكە شاسوار سەدان شوقەی بەتاڵە ناهێڵێت لەبەردەم باڵەخانەكەی چادرێكیش هەڵدەن و بحەوێنەوە, لە روی تەمەنەوە بەشێك لە كۆمەڵگا لە تەمەنێكی دیاریكراودا گەنجن یان نەوەی نوێن وەك جەنابی ناوی لێ ناون , لێ لە روی پێك هاتەی كۆمەڵایەتییەوە, ئەمانە خاوەند شێوە ژیانی هاوبەش و رۆشنبیری هاوبەش و كاری هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش و خەونی هاوبەش و خاوەنداری یەك جۆر نین, تەنانەت لە روی جوانی و درێژی تەمەن و باڵا و ئاستی خوێندن و پلەی زیرەكی و نەخۆشی و میراتی بەجێ ماو و بڕوانامەو ….
جیاوازن , چینە باڵاكان تەندروست , پۆشتە , باڵا بەرز , زیرەك و خاوەند بڕوانامەی باشترین زانكۆكانی جیهانن, تەنانەت تەمەن زۆر زیاترو بە تەندروستی باشتر دەژێن, لە روی چینایەتیەوە یەك چینی كۆمەڵایەتی نین, لە روی سیاسیەوە بەرژەوەند و خەون و حەزی جیان, بۆیە پێویستە لەناو پارت و رێكخراوی سیاسی جیا جیا لە پاڵ چین و توێژەكانی كۆمەڵگا خۆیان رێك بخەن,چونكە بەرژەوەندی و خواستیان جیایە لە یەكتر, گەنجێكی كرێكار بەرژەوەندی لە گەڵ كرێكارێكی پیر یان بێكارێك یەك دەگرێتەوە, یاخود دەستفرۆشێكی سەرجادە , كەچی منداڵێكی سەركردە یەكیان بە سەرۆكی نەبێت رازی نابێت, خەونی وەك شاسوارە, ئەوی دیكەیان لە ناوچەوانی نوسراوە تا هەتا هەتایە جێگیر بێت, سێیەمیان وەزیرو خاوەند پڕۆژە بێت ….., كاك شاسواری گەنجیش بەهۆی سەرمایەو كەناڵە راگەیاندنەكەیەوە هەرچەندە دەیەوێت هەموتان وەك خۆی لێبكات لێ زەمەنێكی نادیاردا, نازانین ئێستایە یان دوای زیندوبونەوەی محەمەدی مەهدییە, یان لە جیهانی كۆمۆنیستی یاخود كۆمۆنەی سەرەتاییە,یان خەیاڵ وەك جیهانی دیلمۆن , نازانین ئەگەر ملی شەیتان شكاو كورسییەكەی بە جنگ هێنا, ئەوا سەروەت و دەسەڵات لە هەموو وەك نەوە نوێیە دەسەڵاتدارەكانی هەنووكە لە چنگی خۆی كۆدەكاتەوە, یان هەمووی بە یەكسانی دابەش دەكات؟, گەنجە دەنگدەرەكانی وەك رۆژنامەنووسە بێكار كراوەكانی كەناڵەكانی بێكار دەبن؟, یان وەك خاوەند پشكەكانی چاڤی لاند هەر دەبێت لێ لێ بانگ كەن, لۆ لۆی پاش دەسەڵاتداریش بەڕێوەیە, كارەبامان فولە كات, یان بە خۆڕایی وەك هەنووكە بۆ ترافیكەكانی سەرە خات, ئەوكاتە لە بری ئەوەی ببنە خاوەند 660 ملیۆن دۆلار, بیتاقەی ترافیكیان بەدیاری دەداتێ تا لەسەر گۆیژەوە سەیری شار بكەن.

لە چركە ساتێكی مێژوییدا دەژێین بە خێرایی سەروەت سامانی جیهان لە دەست كەمایەتییەك رۆژ بە رۆژ ژمارە كەمتر كەڵەكە دەبێت, سەرمایەكەشیان بە ملمی چركە لە هەڵكشاندایە , لە سەردەمی كۆمپانیای ئەپل داین كە نرخەكەی ترلیۆنێكی تێپەڕاند و جیف بۆزیس خاوەندی ئەمازۆن سەرمایەكەی 159 ملیار دۆلاری رەتدا, كە تەنها لەم ساڵدا زیاتر لە 60 ملیار قازانجی كردووە , هێشتا 4 مانگیش ماوە بۆ كۆتایی ساڵ, لە سەردەمێكداین 1%ی كۆمەڵگا خاوەند 82%ی سەروەت و سامانی جیهانە و 99%یش خاوەند تەنها 18% ەكەی دیكەیە, 8ی هەرە دەوڵەمەندی جیهان سەروەت سامانەكەیان بە ئەندازەی نیوەی هەژاری جیهانە كە 3650 ملیۆن كەسە, چاوەڕوانی ئامارە ترسناكەكانی سەری ساڵی داهاتوو دەكەین, كە بە خێرایی نرخی كۆمپانیاكان و سەرمایەی خاوەنەكانیان دەچنە سەر و هەژارانیش رۆژ لە دوای رۆژ هەژارر دەبن, كاك شاسوار لەم ژینگەیە بە ئایدۆلۆجیای وڵاتی ئەپڵ و ئەمازۆنەوە خوازیارە هەموو گەنجان وەك خۆی لێبكات, ئەمە چ دیماگۆگیەتێكە كە هیچ سیاسی و حوكمڕانێك نەیان توانیوە شەكری وا بشكێنن, بۆیە لەم سەردەمە باوەڕ هێنان بە مەقولەی هەمووتان وەك خۆم لێدەكەم گەمژەییەكی ئەحمەقانە زیاتر نییە.

لە كۆتاییدا داوا لە گەنجان دەكەم رستە بەناو بانگەكەی تۆبامارۆسە رۆبن هودەكانی ئۆرۆگوای بە پراتیك بكەن ” هەموو یان پێكەوە سەما دەكەین یان كەس نایكات” چاوەڕوانی شاسوارەكان مەكەن بۆ ئەوەی ئیعازی سەماتان بداتێ وەك خۆیتان لێبكات, ئەوە خەونێكی مردووەو دەكرێت چەند دانەیەك لە ترافیكەكەی سەركەون لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو, لێ ملیۆنانتان ئەگەر ئەوان نەهێننە خوارەوە ئەوا رۆژ لە دوای رۆژ ژیانتان خراپتر دەبێت و لە ناوی زێرابی شوقە بهادارەكانیشی ناژێن, با خۆمان رێك بخەین هەموو سەما بكەین نەك تەنها ئەوان و ئێمەش تەماشاكەرێكی رەزا گرانی جانتا هەڵگر بین, با شاسوارەكان بهێنینەخوارەوە بۆ ریزی خۆمان نەك لە چاوەڕوانی گۆدۆی سەرخستنی ئەودا بین, یان هەموو ملیۆنێر بین یان كەس, گوڵ لە كوێیە لەوێ سەما بكەین.

عەلی مەحمود محەمەد