رۆڵى گەمە لە گەشەى کەسێتیى منداڵدا …. کاوە جەلال

خەریکبوونێکى رەخنەیى لەتەک تیۆرییەکەى ڤیللێم شتێرندا

کاوە جەلال

——————————————-

پێشگۆتن

گەمەى منداڵ چالاکییەکی کرۆکییە لە ژیانى منداڵدا. لێ ئایا گەمە چییە؟ ئایا ئەو پاڵهێزانە چین کە تەنانەت منداڵى شیرەمژە بۆ گەمە بە ئەندامانی لەشی خۆی دەبزوێنن؟ ئایا ئەم ڕوودانە سەنترالییەى ژیانى منداڵ چە کاریگەرییەکى لەسەر ژیاندنی ژیانى مرۆڤیانەی ئەو هەیە؟ واتا ئەوی مرۆڤ وەک زیندەوەرێکی یونیڤێرساڵ کە نەک تەنیا گەرەکە بۆ ژیاندنی مرۆڤێتییەکەی خۆی پێبگەیەنرێت، بەڵکو هاوکات گەرەکە دەرفەتی بۆ ئاوەڵا بکرێت خۆی مرۆڤێتییەکەی بژێنێت؟
ئێمە لە بەشی یەکەمی ئەم توێژینەوەیەدا تیۆریى گەمەى ڤیللێم شتێرن بە شێوەیەکی سیستەماتیک دادەڕێژین، پاشان لە بەشی دووەمدا دەیخەینە ژێر ڕەخنەوە، لێرەشدا بە تایبەتی ڕەچاوى ڕوانگە نوێترەکەی هانز مۆگل بۆ گەمەی منداڵ دەکەین. تیۆریی گەمەی شتێرن گەرەکە دانوستان بکرێت، چونکە ئەو وەک توێژەرێکى هەرە سەرەتایى گەمەى منداڵ کاری پێشەنگی لەم بوارەدا ئەنجامداوە. لێرەدا مەبەستمەندیى گەمە کە شتێرن جەختی لێ دەکات، واتا گەمە وەک مەبەستى ڕووکردووە ئایندە، کێشەیەکی کرۆکییە کە ئێمە ڕەخنەییانە کاری تێدا دەکەین.

داڕشتنى تیۆریى گەمەى منداڵ لاى شتێرن

1- پێناسەى گەمە

بە دیدى شتێرن گەمە چالاکییەکى ئازادە کە مەبەستەکەى لەنێو خۆیدایە: “مەبەستى چالاکییەکە لەنێو خودی” گەمەدایە، چونکە چالاکییەکە “بەتەواوى لە خۆیدا دادەمرکێتەوە” و “ڕووى نەکراوەتە ئامانجێک لە دەرەوەى خۆى”، وەک چۆن ئەمە بۆ نموونە لە ڕەوشى “کار”دا دەبینین کە هەمیشە ڕووەو دەرەوە ئاڕاستەدراوە. بە واتایەکى دى، مرۆڤ لە ڕوانگەى شتێرن تەنیا کاتێک گەمە دەکات، گەر ئاگایى ئەو “لەژێر جدییەتى خەباتى ژیاندا” نەچەمێنرابێتەوە(1).
لەبەر ئەوەى مەبەستى گەمە لەنێو خۆیدایە یان گەمە خۆمەبەستە، ئەوا مەبەستەکە بە تەواوبوونى گەمەکە تەواو دەبێت. لکاندنى گەمە بە مەبەستێکى دەرەکییەوە، بۆ نموونە بردنەوەى پارە بەڕێى کۆنکەنەوە، بە دیدى شتێرن لە کرۆکى گەمە کراوەتەوە و لەبەر ئەم هۆیە چیدى گەمە نییە. ئاخر گەمە دەبێت “گەمەى پەتى” بێت، واتا دەبێت “گەمەکە بەدەربێت لە هەر مەبەستێکى دەرەکى و نامۆ بە گەمە”(2). ئەوجا لەبەر ئەوەى مەبەستى گەمە لەنێو خۆیدایە، ئەوا نە وەک دەسوێژ وەردەگیرێت و نە پشتگیرى دەکرێت، بەڵکو بە شێوەیەکى سپۆنتان (عەفەوى) “لە قووڵترین پێداویستیى تاکەکەسەوە بۆ چالاکى” دێتەگۆڕێ، لێرەشدا “تاکى گەمەڤان خۆی ئەو گەمەیە بەگوێرەى ناوەرۆک و فۆرم و ماوەکەى دیاریدەکات”(3). چالاکیی ڕەمەکیانە لە سروشتى مرۆڤەوە دەردەچێت و پێکهاتەیەکی سەرجەمییانەی مرۆڤە، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە شتێرن هاوشێوەى فریدریش شیلەر لە “ڕەمەکى گەمە” لاى منداڵ دەدوێت؛ لە ڕەوشى ئەم رەمەکەشدا، “هاوشێوەى هەموو ڕەمەکەکانى دى، تاکەکەس بە خواستێکى نەشیاوى ڕاگیرکردن دەتەنرێت، ئەویش خۆى بۆ تەرخان دەکات بەبێ ئەوەى بپرسێت بۆچى و لەپێناوی چیدا گەمە دەکات” (4).

ئەم پێناسەیەى گەمە هێشتا هەر شتێرن قایل ناکات. وەک گۆتمان، گەمە بە دیدی ئەو چالاکییەکە کە مەبەستەکەى لەنێو خۆیدایە. لێ شتێرن لە لایەکى دی مەبەستى ناخەکى لە گەمەى منداڵدا دەبینێت: ئەم مەبەستە ناخەکییانە “زۆر دوور لە ساتی ئامادەى هەر چالاکییەکى گەمە تێپەڕدەکەن، بەڵێ تەنانەت گەمە دەکەن بە دەسوێژێک لە خزمەتى ئەرکە گشتییەکانى ژیاندا”(5). کەواتە گەمە لە لایەک چالاکییەکە کە مەبەستەکەی لەنێو خۆیدایە و وەک ئەمەش “دیاردەیەکى ئاگایی”یە، لێ گەمە لە لایەکی دی “وەک چالاکیی ژیان شیاوى لێتێگەیشتنە، ئەوەش سەربەخۆ لە دیاردانە ئاگاییئاساکەى”(6). کەواتە شتێرن خۆی تووشی پارادۆکسییەک (نەسازییەک) دەکات. ئەم پارادۆکسییە بە دیدی ئەو لە خودی چالاکیى گەمەوە سەرهەڵدەدات، ئەوجا بۆ خۆبەدوورگرتن لێی خێرا پشت دەکاتە پرسى گەمە وەک دیاردەى ئاگایى و تەنیا لە ڕەگى بیۆلۆژیانەى مرۆڤەوە لە چالاکییە ڕەمەکییەکانی مرۆڤ دەڕوانێت. شتێرن لێرەوە دەگات بەم پێناسە پوختترەى گەمە: “گەمە بریتییە لە شکۆفەی ڕەمەکییانەى ئەو زەمینە خۆرسکانە کە تاقیکردنەوەى بێئاگاى چالاکییە جدییەکانى ئایندەن”(7).

2- فاکتەرە ناخەکى و دەرەکییەکانى گەمەى منداڵ

بە دیدى شتێرن زیندەوەرى مرۆڤییانەی نوێزاێنراو “ڕیزێک چۆنێتیی پێگەیشتوو لەتەک خۆیدا دەهێنێتە نێو جیهانەوە”، پاشان چۆنێتیی دیکە “لە ڕەوتى گەشەى تاکەکەسدا کەم یان زۆر خێرا سەرهەڵدەدەن”(8). لێ گەر نوێزاێنراوی مرۆڤی بە نوێزاێنراوی ئاژەڵی بەراورد بکەین، دەبینین کە ئاژەڵ ڕەمەکى رێکخراوترى لە مرۆڤ هەیە، ئەمەش بە واتای توانستە خۆرسکەکانى مرۆڤ دەبێت پەیوەند “بە مەرجە بەردەوام پێشڤەچووەکانى ژیانەوە گەشە بکەن”؛ لێرەدا هاوکات پرنسیپى گەشەى ژیانى هۆشەکیى مرۆڤ لەگۆڕێیە (9). لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ زیندەوەرێکى کامڵ نییە، واتا وەک ئاژەڵ نییە و ئۆرگانەکانی بە ژینگەکەی گونجابن، بەڵکو دەبێت توانستەکانى پێبگەیەنێت. کەواتە مرۆڤ زیندەوەرێکى کەمایەسیدارە (نوقسانە).

منداڵی بەشێکى تایبەتیى ژیانى مرۆڤە. لە منداڵیدا “ئەو توانستانە کە هێشتا لە قۆناغى ئامادەکردندان” (10)، هێدى هێدى کامڵ دەکرێن و بەپێى مەرجەکانى ژینگە شێوەیان پێدەدرێت. سیمایەکى تایبەتیى ئەم بەشەى ژیانى منداڵ ئەوەیە کە ئەو خواستى لە ڕادەبەدەرى بۆ گەمە هەیە – گەمە کە “قووڵترین تێکچڕژانى ئەو توانستە ناخەکییانەیە کە پێویستە دەستیان لێبدرێت و چارەسەر بکرێن” (11).
چالاکییە ڕەمەکییەکانى مەلۆتکەى نوێزاێنراو بە دیدى شتێرن گەمەن وەک تەقەلا ڕووەو ئامانجێکى بێئاگا، واتا ئەم چالاکییانە تایبەت نین بە ژیانى هەنووکەى منداڵی ساوا: “لەنێو جووڵە و ڤنگەڤنگدا ئەو لایەنانە بەدەم گەمەوە دەردەکەون کە پاش ساڵێک دەبن بە ڕەمەکى ڕۆیشتن و بێژتن، هەروەها زەروورەى ژیانن”(12).

توانستە خۆرسکەکانى منداڵ فاکتەرى ناخەکین بۆ گەمەى منداڵ، ئەوجا فاکتەرى دەرەکى رۆڵى خۆیان دەگێڕن و بریتین لە مەرجەکانى ژینگە و دەوروبەری خێزانی. ئاخر منداڵ لەکاتى زایینیەوە بە جیهانێک دەوردراوە کە لە پەیوەندیى نێومرۆڤى و بابەتى و کولتوورى پێکدێت، جیهانێک کە لەنێو خۆیەوە و بە شێوازێکى تایبەتى کاریگەری لەسەر هەر منداڵێکى نوێزایێنراو دەنوێنێت. بۆ نموونە سێنسەکانى (حەواسەکانى) منداڵ دەرکی شتان دەکەن، ئەویش بەو بابەتانە گەمە دەکات کە دەورى ئەویان داوە. یان منداڵ لەتەک منداڵانى هاوشێوەى خۆیدا پێکدێت و ئەزموونى شێوەیەکى نوێى ژیان دەکات. سەرجەمى ئەم فاکتەرانە کاریگەرییان لەسەر گەمە و بەمەش لەسەر خودى منداڵ هەیە.

منداڵ لە دوو لایەنەوە کارى تێدەکرێت: لایەنى هاوگەمەڤان و لایەنى بابەتەکان. کاریگەریى بابەتەکان لەسەر منداڵ دەشێت چە پۆزەتیڤ و چە نێگەتیڤ بن: چە کەموکورتى لە ئامرازى گەمەدا و چە بزرکردنى منداڵ لەنێو ئامرازى گەمەدا دەشێت کاریگەریى نێگەتیڤ لەسەر منداڵ بنوێنن: گەر منداڵ ئامرازى گەمەکردنى نەبێت بۆ ئەوەى “ڕەمەکەکانى گەمەى خۆى بەسەریاندا بەکاربهێنێت”، ئەوا “ڕێى گەمەکردنى لێدەگیرێت”، ئەوەش سەرەنجامی نالەباری بۆ شکۆفەی دەروونیی ئەو دەبێت؛ هەروەها گەر منداڵ لەنێو ئامرازى گەمەدا بزر بکرێت، ئەوسا “بزێو و رواڵەتیى” لێدەردەچێت، چونکە مرۆ بەڕێى ئەو هەموو ئامرازەوە “بەهاى گەمە دەخاتە ژێر پرسیارەوە” (13). لێ بۆ گەشەى منداڵ رۆڵى هاوگەمەڤان زۆر گرنگترە لە رۆڵى ئامرازى گەمە. “لاى ئەو منداڵانە کە زۆر بە تەنیا جێدەهێڵرێن، زۆر جار کولبوونى ڕەمەکەکانى گەمە بەدیدەکرێت” (14). هۆى ئەمە بە دیدى شتێرن لەوەدایە، کە زۆرینەى ڕەمەکەکانى منداڵ کە گەمەش یەکێکیانە، تەنیا لەنێو چێوەیەکى سۆسیالدا شیاوى ساتارکردنن، چونکە منداڵ لە ساتى زایینییەوە پێویستیى بە سۆز و خۆشەویستیى ئەو خێزانە هەیە کە دەورى ئەوى داوە. سەرەڕاى ئەوە منداڵ ناتوانێت تەنیا بە گرنگیدان و خەمخۆریى دایک و باوک، بەگشتى هینى کامڵەکان، قایل بێت. منداڵ بە تایبەتى “لە تەمەنى نێوان چوار تا شەش ساڵاندا (…) بە ڕادەیەکی یەکجار زۆر لە لایەن منداڵانى دیکەوە ڕادەکێشرێت. نواندنى پەتائاساى هەڤاڵانى گەمەڤان، چالاککردنی یەکدی، هاوبەشى لە گرنگیداندا و هاوتەمەنیدا، پێکڕا دەبن بە فاکتەرێکى نەشیاوى دەستبەردارى بۆ گەشانەوەى گەمە، بە تایبەتى گەشانەوەى گەمەى سۆسیال” (15).

3- جۆرەکانى گەمە لە قۆناغى سەرەتاى منداڵیدا

گەمەى منداڵ “لە من ى خۆ”وە (16) سەرچاوە دەگرێت و “کاریگەرییەکەى بۆ نێو کایەى بەرینتر پەرەپێدەدات” (17)، واتا گەمە بەسەر پلەى جیاوازدا ڕەتدەبێت. پلەکانى گەمە بریتین لە تەرخانکردنى گەمە بۆ جەستەى خۆ، هەروەها گەمەکردن بە بابەت. ئەم جۆرەى گەمەکردن بە بابەت لە گەمەى تێکشکێنەرەوە ڕووەو گەمەى دروستکەر “بەرزدەبێتەوە” و منداڵ لە ڕەوتیدا هەمیشە پتر گۆڕان بە “ئاگایى سۆسیال”ى خۆى دەدات.

1.3 گەمەى تەنیاى ساوا

سادەترین فۆرمى گەمە کە ساوا لە قۆناغى سەرەتایى ژیانیدا دەیکات، “گەمەکردنە بە ئەندامانى لەشى خۆى” (18)، بۆ نموونە هەڵگلۆفینى چاو بە دەست لە یەکەم ساڵچارەکى ژیاندا. ئەمە بە دیدى شتێرن شێوەیەکى گەمەیە کە منداڵ لەتەک خۆیدا ئەنجامى دەدات. بەم پێیە گەمە سادەترین بزووتنەکانى ساوا دەگرێتەوە، بەڵى ئەم بزووتنانە بە دیدى شتێرن ڕاهێنانى سەرەتایین بۆ گەمەى ئایندە و چالاکیى دیکە، بە واتایەکى دى، بزووتنەکانى ساوا لکاون بە مەبەستى تایبەتییەوە، خۆیان لەنێو پەیوەندیى کاوساڵدا (هۆئەنجامیدا) دەبیننەوە. کەواتە خۆدەربڕینى سپۆنتانى (عفوى) منداڵ نین. “جموجووڵەکانى منداڵ ڕاهێنان بە ماسولکەى لاق دەکەن و بەهۆى ڕیتمەکەیانەوە ئاماژە بۆ جۆرێک ڕۆیشتنى تایبەتى دەدەن. جگە لەمە منداڵ بەبێ گەمەى ڤنگەڤنگ ناتوانێت توانستی سەروەرى بەسەر بزووتنى زمان و مل، بەسەر لێو و سییەکاندا کە سەراپا پەیڤین دەشێنن، پەیدا بکات” (19). ئەم بزووتنانە سیماى گەمەى منداڵن لە یەکەم ساڵچارەکى ژیانیدا و پلەى پێشینەى دووەم ساڵچارەکن، واتا ئەو پلەیە کە تێیدا منداڵ فێرى گرتن دەبێت.

3.2 گەمە بە بابەت

لە دووەم بەشى ژیانى منداڵی ساوادا “گەمە بە بابەت سەرچاوەدەگرێت” (20). منداڵ لە یەکەم ساڵچارەکى ژیانیدا قایلە بە گەمەکردن بە ئەندامانى لەشى خۆى، لێ لە دووەم ساڵچارەکى ژیانیدا فێرى گرتن دەبێت، ئەوەش بەڕێى دەستدانەوە لە بابەتەکان. بەم شێوەیە منداڵ فێردەبێت “دەسەڵات بەسەر شتەکاندا” بنوێنێت، واتا “دەیەوێت لە دەرەوەى خۆى شتێک بگرێت و بەسەریدا زاڵ ببێت” (21). منداڵ سەرەتا گەمە بە هەموو ئەو شتانە دەکات کە دەکەونە بەر دەستى، ئەوجا هەر ئەوەندەى فێربوو گەمەى “سەروەربوون بەسەر شتەکان”دا بکات، ئیدی فێرى ئەوەش دەبێت کە “ئامرازە ڕاستەقینەکانى گەمە لە شتانى دى” جیابکاتەوە (22).

گەمەکانى منداڵ لەم بەشەى ژیاندا ڕەهەندى نوێ وەردەگرن، جا گەرچى هێشتا هەر گەمەکردن بە لەشی خۆی کارایە. ئێمە دەبێت لاى شتێرن جیاوازى لە نێوان دوو قۆناغى گەمەکردندا بە بابەت بکەین: منداڵ لە یەکەم قۆناغدا گەمە بە هەر شێوەیەکى بابەت دەکات بەبێ ئەوەى بابەتەکان “لە هەبوونى خۆیاندا بگۆڕێت”، بە پێچەوانەوە گەمە لەم قۆناغەدا سووک و ئاسان کارایى ساتارکردنى هەیە، بۆ نموونە پێداویستیى منداڵ بۆ دەنگ (بابەتێک چەند جار دەکێشێت بە زەویدا). لە قۆناغى دووەمى گەمەکردنی بەم چەشنەدا تەنیا ئەو گەمانەی بابەت کارایى “ڕاهێنان”ى سەروەربوون بەسەر شتەکاندا وەردەگرن، کە تێیاندا “بابەتەکان و پێکهاتەیان لە لایەن منداڵەوە دەگۆڕرێن” (23). لێ شتێرن ئەم قۆناغەش بەسەر دوو پلە یان دوو جۆرى گەمەدا بەش دەکات کە بریتین لە تێکشکاندن و دروستکردن. چۆن منداڵ بەگوێرەى کۆنسێپتى شتێرن لە مرۆڤێکى ڕەمەکییەوە ڕووەو مرۆڤێکى بەئاگا لە بەرپرسیارى گەشە دەکات، بە هەمان شێوە ئەم دوو جۆرەی گەمەش بەدووی یەکدیدا دێن، کەواتە سەربەخۆ نین لە یەکدى، چونکە “لە مێژووى دەروونى منداڵیشدا، هاوشێوەى سەرجەم گۆڕانە مێژووییەکان، تێکشکاندن بە پێش دروستکردندا ڕادەبورێت” (24).

منداڵ لە یەکەم شێوەى گەمەدا هەر شتێکى بەردەست بکەوێت، تێکیدەشکێنێت. لێ، وەک شتێرن دەبێژێت، ئەم چێژبینینەی منداڵ لە تێکشکاندن قەلاچۆکردنى بەهاکان نییە، بە پێچەوانەوە “منداڵ گەمە بە بابەتەکان دەکات، هێزى خۆى بەسەریاندا تاقیدەکاتەوە و هێزەکەى بە بەرهەڵستیى شتەکان دەگات، لێ ئێستا هێزى ئەو بە قەد ئەوە بۆ چالاکیى دی بەرزدەبێتەوە، پاشان منداڵ بە سەرکەوتنى کۆتایى خۆی شادمان دەبێت بەبێ ئەوەى گرنگى بە ئەنجامەکەى بدات. ئاگایى هۆکار-بوون کە ئەوەندە پڕهێز بە حەز تەنرابێت، لە هیچ جێیەک هێندە توخمی نییە وەک لە حاڵەتى تێکشکاندندا. ئاخر سەرجەم دروستکردن کاتى دەوێت، بەڵێ دروستکردن تەنیا قۆناغمەندانە مرۆ بە ئامانج دەگەیەنێت، لێ پاڵهێزێکى ناخەکیانەى وەک: “ئێستا بە بورجەکەدا دەکێشم”، ڕاستەوخۆ و تەقێنەرانە مرۆ بەرەو سەرکەوتن دەبات” (25)
ڕووى پۆزەتیڤى چالاکیى تێکشکاندن لای منداڵ بریتییە لە “فێربوون”. منداڵ بەم ڕێیەوە فێرى “فیزیکى بەرهەڵستى، خاوى، سرەوتوویى و کێشى بابەتەکان دەبێت، پاشان فێرى پێکهاتەى ناخەکییان دەبێت کە لە حاڵەتێکى بەم چەشنەدا نەویستانە دیاردەدات” (26).

لە ڕەوتى گەمەکانى تێکشکاندندا گۆڕان بەسەر دەروونى منداڵدا دێت و هێدى هێدى گۆڕان دەدات بە “توانستى پێکهێنەری دەروونى”؛ منداڵ ئێستا فێرى گەمەى دروستکەر دەبێت، ئەویش بەوە کە ئەو “لە توخمەکان پێکهاتەى نوێ” دروست دەکات (27). پاڵهێزی سەرەکیى گەمەى دروستکەر بریتییە لە “خواستێکى تایبەتیى ئەفراندن کە دەیەوێت نەک تەنیا لەنێو ئەنێشەدا، بەڵکو هەروەها لە ڕیالێتیشدا بەها بهێنێتە ئاراوە” (28)؛ ئاخر منداڵ لەم ڕەوشەدا خۆی دەبێت بە هۆکار، ئەمەش شادمانییەکی لە ڕادەبەدەر بە ئەو دەبەخشێت. شادیبینین لە بوون بە هۆکار نەک تەنیا “لەکاتى گەمەی تێکشکاندندا (…) دەردەکەوێت”، بەڵکو هەروەها لە قۆناغى گەمەى دروستکردندا بە بابەت، کە ئیدی “لە لایەک دەبێت بە شادمانییەکى هۆشەکییانەى زۆرانبازى، ئەویش بەوە کە منداڵ دەکەوێتە زۆران لەدژى ئەو چەڵەمانە کە خۆى هێناونیەتە ئاراوە، لێ لە لایەکى دى دەبێت بە شادمانیى دەسەڵات و دروستکردن، شادمانییەکەش بێگومان کاتێک دێتەگۆڕێ گەر منداڵ لەو ڕەوشەدا بتوانێت فۆرمى نوێ بە شتەکان بدات” (29).

لە گەمەکانى دروستکردندا زۆر زوو مۆرکە تایبەتییەکانى دوو ڕەگەزەکە ئاشکرا دەبن. بە دیدى شتێرن گرنگترین ئەدگارى ئەم جیاوازییەى ڕەگەزەکان ئەوەیە کە “ڕەگەزى مێیینە (…) لە ژیانى دەروونیدا کەمتر (لە رەگەزى نێرینە) بەبەرهەمە” (30)، ئەم جیاوازییەش لە تەمەنى دوو ساڵییەوە بەدیدەکرێت. لاى کوڕان، بە پێچەوانەى کچانەوە، “لەم کاتە بەدواوە بە زیندوویى پاڵهێزەکان بۆ پێکەوەلکاندنى سەربەخۆى هەر شتێک دەبزوێن” (31). لە تەمەنى نێوان چوار بۆ شەش ساڵیدا گەمە دروستکەرەکانى هەردوو ڕەگەزەکە بەڕوونى دەردەکەون، لێ لەم تەمەنەشدا “کوڕان هەر پێشکەوتووترن” لە کچان (32). جیاوازییە ڕەگەزییە تایبەتییەکان لە ڕەوتى پێگەیشتنى هەردوو ڕەگەزەکەدا هەمیشە ئاشکراتر دەبن و بەتایبەتى لە گەمە سۆسیالەکاندا، لێرەش بەتایبەتى لە گەمەى لاساییدا، خۆیان دەنوێنن.
لێ ئەم گۆڕانە لە لاى دوو ڕەگەزەکە هەمان ڕەوت وەرناگرێت، بەڵکو هەر یەکەیان گۆڕان بەو ڕەمەکە تایبەتییانە دەدات کە بە خۆى ناخەکین. “لە شەڕەگەمەى کوڕاندا، لە بووکبووکێنەى کچاندا، ئەو ڕەمەکانەى شەڕ و خزمەتى کامڵەکان خۆیان ڕادەگەیەنن کە پاش چەند دە ساڵێک کاریگەرییان دەنوێنن” (33).

3.3 گەمەى رۆڵ

لەو گەمانەدا کە منداڵ دەیانکات، “گەمەکانى رۆڵ گرووپێکى تایبەتى” پێکدەهێنن (34). منداڵ لە گەمەى رۆڵدا هێشتا هەر گەمە بە بابەت دەکات، لێ ئێستا لەم گەمانەدا چیدى ڕوو ناکاتە گۆڕینى گەمەکان، بەڵکو “ڕوودەکانە سەرجەمێتیى من و گۆڕینى” (35). بۆ نموونە منداڵێک کە گەمەى ئاژووتنى ئۆتۆمۆبیل دەکات، دەشێت ئۆتۆمۆبیلەکەى لە کورسى یان بابەتێکى دی دروست بکات، لێ ئەم کورسییە “بەڕاستى” ئۆتۆمۆبیلەکەى ئەوە. لەم ڕەوشەدا ئەندێشە و ڕیالێتى لەنێو یەکدیدا تواونەتەوە، هۆى ئەمەش بە دیدى شتێرن لەوەدایە کە “لە سەرەتاوە سەبژێکتێتى و ئۆبژێکتێتیى ڕووداوەکان لە ئاگایى مرۆڤدا لە یەکدى جیانابنەوە، بەڵکو ئەم جیابوونەوەیە دوای گۆڕانێکى درێژخایەنى دەروونی ڕوودەدات. لە نێوان ئاڵوگۆڕى دیاردە و بووندا ژمارەیەکى یەکجار زۆر فۆرم هەیە کە زۆر جار بە زەحمەت شیاوى دیاریکردنن” (36).

منداڵ زۆرتر لە کەسى کامڵ زیندەوەرى ساتە. “ئەم پابەندییە بە ساتەوە وادەکات کە منداڵ وەک کامڵەکان پێداویستیى نییە بۆ ئەوەى پێشبینییەکانى خۆى پەیوەند بە ڕابوردوو و ئایندەوە، ئەوجا لەم پەیوەندییەشدا بەهاى ڕیالیان، بپشکنێت” (37). بۆ منداڵ زۆر ئاسان ئەوە “ڕیال”ە، کە ئەو خۆى “بەچڕى ئەزموونى دەکات، ئەوجا تا ئەو کاتە کە ڕوودانەکە خۆى بەتەواوى بۆ ناوەرۆکەکە تەرخان بکات، ئەو شتە هەر ڕیال دەمێنێتەوە” (38). ئەم ڕاستییە تەنیا گەمەى رۆڵە تایبەتییەکان ناگرێتەوە، وەک بۆ نموونە ڕودانى ئاژووتنى ئۆتۆمۆبیل کە منداڵ لەتەکیدا بە تەواوی یەکانگیر دەبێت، بەڵکو هەروەها چواندنى بۆ ناوەرۆکى پێشبینییە ئەندێشەییەکانى خودى منداڵ هەیە، واتا ئەم ناوەرۆکانەش بۆ ئەو ڕیالێتین. منداڵ لەکاتى بیستنى ئەفسانەیەکدا یان لەکاتى گێڕانەوەیەکى خۆیدا، بۆ نموونە چیرۆکێکى دۆزراوە لە لایەن ئەو خۆیەوە، تەواو یەکانگیری ڕووداوەکان دەبێت. لاى منداڵ “وەهمی ریالێتى (…) بەتەواوى یان (…) نزیکەى بەتەواوى لەگۆڕێیە”، هۆى ئەمەش بە تێڕوانینى شتێرن دەگەڕێتەوە بۆ “چڕیى ئاگایى خۆیى” لاى منداڵ (39). سەرەڕاى ئەمە پێویستە هاوکات جەخت لە واتاى پەیوەندیى ئۆبژێکتیانە لە نێوان منداڵ و ژینگەدا بکەین. منداڵ لەنێو جیهانێکى زۆر تەنگدا دەژى، ئەم جیهانەش بریتییە لە ماڵى گوزەران و ئەندامانى خێزانەکەى، ئەوجا ئامرازەکانى گەمەکردن و کەمێک چوونە دەرەوە. “باقیەکەى دیکەى ژیان لە دوورەوە دژەدیاردەى خۆى بەسەر دیاردەی منداڵیدا ئاوەڵا دەکات”، ئەوجا کاتێک منداڵ ئەم “دژەدیاردەیە دەهێنێتە نێو دیاردەى ئەندێشە و گەمەکانییەوە، ئیدی بەم ڕێیەوە کایەى ژیانى خۆى فراوان دەکات. ئەو نەک تەنیا جادووییانە بابەتەکانى جیهانى دەرەوەى، بۆ نموونە ئەسپ و گالیسکە، شەمەندەفەر و پاپۆڕ و هتد، دەهێنێتە نێو جیهانى گەمەکەیەوە، بەڵکو هەروەها (…) مرۆڤەکانیش، ئەویش بەوە دەکات کە ئەو خۆى دەخاتە نێو ڕەوشى رۆڵەکانی ئەوانەوە. گۆڕینەوەى کەسێتیى خۆ بە کەسێتییەکى دى (…) دەشێت چڕییەکى زۆر سووڕهێنەر وەربگرێت” (40).


4. گەمەى سۆسیال
4.1 لاسایى

منداڵ لەکاتى زایینییەوە بە کەسانى کامڵ دەوردراوە. کەواتە نەک منداڵانى دی، واتا نەک هاوشێوەکانى، بەڵکو کامڵەکان یەکەم هەڤاڵانى ئەون لە گەمەکردندا. منداڵ خۆى دەخاتە نێو نوکتە و گۆرانییەکانى ئەوانەوە و بەوەش دەبێت بە بەشداریکەری ئەو شێوازەی ژیانی ئەوان. لێ لەتەک پێگەیشتنى تەمەندا داواکاریەکانى ئەو بۆ هاوتەمەنى گەمەڤان پەرەدەسێنن، چونکە لەتەک ئەواندا ئاساتر بۆى دەلوێت گرووپى گەمە پێکبهێنێت.

گەمە سۆسیالەکان، هاوشێوەى گەمە خۆییە تاکەکان، بە پلەى جیاوازدا ڕەت دەبن، لێرەشدا “لاسایى” بەدیدى شتێرن یەکەم پلەى توخمییە: یەکەم “و توخمیترین پاڵهێزى سەرجەم سۆسیالێتى و بەمەش گەمەى سۆسیال بریتییە لە لاسایى” (41)، کە لە “سروشتى سێنسۆمۆتۆریکى منداڵەوە” (42) سەرچاوە دەگرێت. لێ لاسایی بە دوو شێوە، واتا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ڕوودەدات. “منداڵ ڕاستەوخۆ لاسایى دەکاتەوە، گەر ئەویش بە بینینى سەربازى ماڕشکەر کارى تێبکرێت و گەمەى سەرباز بکات، یان گەر منداڵێکى دیکە ببینێت کە لەنێو لمدا گەمە دەکات و ئەویش بییەوێت گەمەى لم بکات. لێ لاسایى ناڕاستەوخۆیە، گەر نموونەکە لە ساتى گەمەکردندا ئامادە نەبێت، بەڵکو پێشتر یان هەندێک جار دەرککرابێت” (43).

لەم ڕوانگەیەوە منداڵ لە لاساییەکانیدا پاسیڤ (بێلایەن) نییە، چونکە ئەو نەک تەنیا دەرکى بینراو و بیستراوەکان دەکات، بەڵکو تەنانەت لە بزووتنى خۆییدا بەکاریان دەهێنێت. گومانى تێدا نییە کە منداڵ لاسایى دراوە درەکییەکان دەکاتەوە، لێ لەبەر ئەوەى لاسایى بەگوێرەى کۆنسێپتەکەى شتێرن توانستێکى ناخەکیى خۆرسکە، ئەوا گەمەکانى منداڵ تەنیا لە لایەن نموونە ئۆبژێکتییەکانەوە دیاری ناکرێن، بەڵکو تێیاندا لایەنى خۆرسک و وەرگیراو تێکەڵ بە یەک دەبن. “فاکتەرى دەرەکیى ژینگە تەنیا کەرەسە شیاوەکانى گەمە و نموونەکان دەنێرێت (…)، لێ ئەوە لە بنەڕەتدا فاکتەرى ناخەکیى ڕەمەکى گەمەیە کە وادەکات کەى و چۆن فاکتەرە دەرەکییەکان ببن بە لاسایى ڕاستەقینە. ئاخر هەڵبژاردنى نائاگامەندانەی شت و ڕەوشە لاساییکراوەکان، هەروەها ئەو شێوازە کە چۆن لاساییکراوەکان وەردەگیرێن و کاریان تێدا دەکرێت، بەندن بە توانستە خۆرسکەکانەوە، واتا بە مەرجە ناخەکییەکانى گەشە و مەرجەکانى جیاوازیکردنەوە” (44).

لە تەمەنى نێوان سێ تا چوار ساڵاندا، واتا کاتێک جیاوازییە تایبەتییەکانى ڕەگەزەکان دەردەکەون، “لادانى تەواو توخمى لە گەشەى گرنگیدان و شێوازى گەمەکردندا” دیاردەدات، ئەم گۆڕانەش بەندە بە “جیاوازیى ڕەمەکییەوە (…) کە لە ناخى مرۆڤدا ڕیشەى داکوتیوە” (45). بە دیدى شتێرن ئەم جیاوازییە ڕەمەکییانە هۆکارن بۆ چێبوونی جیاوازیی تینوتاو لە گەمەکانى منداڵاندا: گەمەى منداڵى نێرینە “شێتگیرترە” لە گەمەى منداڵى مێیینە، ئەم جیاوازیانەش هاوکات کاریگەرییان لەسەر ناوەرۆکى جیاى گەمەکانى نێرینە و مێیینە هەیە.
“کچ بە هەمان شێوەى کوڕ ئاژووتنى ئاگرکوژێنەر و مارشى سەربازى و هتد دەبینێت، کوڕ بە هەمان شێوەى کچ دەبینێت کە دایک خەریکى کارى نێوماڵە و خزمەتى برا بچووک دەکات، واتا هەردووکیان بەندن بە هەمان ئەو شتانەوە کە شیاوى لاساییکردنەوەن، کەچى سەرەڕاى ئەوە بەدەگمەن بە هۆشى کچاندا دێت گەمەى سەرباز و ئاگرکوژاندنەوە بکەن، هەروەها بەدەگمەن بە هۆشى کوڕاندا دێت گەمەى لاسایى کارى زەویسڕین و خزمەتى برا بچووک بکەن” (46). لێ بە دیدى شتێرن هۆى لاساییکردنەوەى ئاگرکوژاندنەوە ئەوە نییە کە گۆیا کوڕان ئەم چالاکییە لە پیاوان دەبینن. ئاخر “جارێ ئاگایى ڕەگەزیى ئەوەندە لاوازە کە ئیدی منداڵ بەبێ هەڵبژاردن دواى کاریگەرییەکانى کەسانى کامڵى نێرینە و مێیینە دەکەوێت”، کەواتە “لە هەڵبژاردنى گرینگیدانەکاندا تایبەتمەندییە سروشتییە جیاوازەکانى هەردوو ڕەگەزەکە بە شێوەیەکى ڕەمەکییانە دەردەکەون: کچ بەزۆرى گەمەى ‘ماڵەوە‘، لێ کوڕ گەمەى ‘ژیانى گشتى‘ دەکات” (47).
ئێمە بە دیدى شتێرن لەم مۆرکە کرۆکییەى ڕەگەزەکانەوە دەتوانین ئەوە ڕوونبکەینەوە کە داخۆ فاکتەرى لاسایى چە واتایەکی بۆ گەشەى منداڵ هەبێت. شتێرن ئەم پرسە پەیوەند بە سۆسیالیزەکردنى منداڵەوە ڕوون دەکاتەوە: گەمەى لاسایى “پرۆسەى وەرگرتنى کولتوور لەتەک خۆیدا دەهێنێت. منداڵ لە گەمەدا دەگات بە یەکەمین شارەزایى شێوەکانى ژیان و دەستکەوتە کولتوورییەکان، یان ئاکار و خووەکان و ئەوجا بەسەریاندا سەروەر دەبێت. ئەمانە موڵکى گەل و ژینگەی ناوچەیى و گرووپى سۆسیال و خێزانەکەی ئەون، جگە لەوە بناغەى لێرەبوونى ئەو وەک کامڵبوویەک پێکدەهێنن” (48).

4.2 گەمەى کۆیى

هەر ئەوەندەى منداڵ دەگات بە پلەیەکى بەرزترى گەشەی کەسێتی و لێرەشەوە تا ڕادەیەک گۆڕان بە ئاگایی جیهانى منداڵى دەدات، ئیدی هاوکات فێردەبێت بۆ لای منداڵانى دیکە بڕوات و بەو ڕێیەشەوە دەرفەتى بۆ دەڕەخسێت ‘گەمەى نێوکۆیی‘ بکات. بەم شێوەیە منداڵان پێکڕا شێوەى تایبەتیى گەمە پێکدەهێنن و “بەشداریکەرانی ئەو گەمە کۆییە رۆڵی جیاواز وەردەگرن. ئێمە ئێستا لەم ڕەوشەدا دەتوانین لە ‘گەمەى کۆیى‘ ڕاستەقینە بدوێین. هەر هاوگەمەڤانێک ئەرکى تایبەتى لەو گەمەیەدا وەردەگرێت” (49).

گەمەى کۆیى یان هاوبەش بە دیدى شتێرن هاوکات دەرفەتێکە بۆ ئەوە کە منداڵ فێرى زەروورە سۆسیالەکانى پێکەوەبوون ببێت، چونکە ئێستا بەدەگمەن ڕێی پێدەدرێت جڵەوى خۆى بۆ ڕەمەکى لاسایى بەربدات، هەروەها چیدى ڕێى پێنادرێت بە هەوەسى خۆى دواى پاڵهێزە سپۆنتانەکانى گەمەکردنى خۆى بکەوێت، بە پێچەوانەوە “دەبێت ئەرکێکى سۆسیال لەنێو مەبەستى هاوبەشى گەمەکردندا وەک ڕەهەندى دیاریکەر بناسێنێت و لەسەرى بڕوات” (50).
گەر چەند منداڵێک پێکەوە کۆمەڵەیەکى گەمە دابمەزرێنن، ئەوا بەمە جۆرێکى دیکەى گەمە دەهێننە ئاراوە: “گەمەى نێوکۆیى رۆڵ”. لەم جۆرە گەمانەدا منداڵێکى بەتەمەنتر و کامڵتر و بەهێزتر رۆڵى ڕابەر وەردەگرێت، جا ئەم رۆڵە لە پێناوى ئەوەدا بێت کە ئەو منداڵە جۆش بە گەمەکە بدات و رۆڵەکان دابەش بکات، یان لە پێناوى ئەوەدا بێت کە ئەو گەمەیە بەبێ کێشە بەربخرێت.

ڕاڤە و ڕەخنەى تیۆریى گەمەى شتێرن

ڤیللێم شتێرن لەسەر پرنسیپی ئەنترۆپۆلۆژیانەى پێشکەوتن (التقدم) گۆڕان بە تیۆرییەکى گەمەى منداڵ و رۆڵى گەمە لە گەشەى کەسێتیى ئەودا دەدات. ئەم پرنسیپە پێشڤەچوونى کرۆکییانەی مرۆڤە لە زیندەوەرێکى سروشتیى کەمایەسیدارەوە ڕووەو کەسێتییەکى کۆمەڵایەتیى تەنراو بە هەڵوێستى سۆسیال و رۆڵڕەفتارى تایبەتى. لەم تیۆرییەى گەمەى منداڵدا، منداڵ جێگەى مرۆڤى ڕەمەکییانەی دۆخى سروشت (natural state) دەگرێتەوە، واتا ئەو دۆخە کە بە پێش ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی یان دەوڵەتیدا ڕادەبورێت و مرۆڤان بەزۆریی بەگوێرەی یاسا سروشتییەکان ڕەفتار دەنوێنن. لەم روانگەیەوە سادەترین بزووتنەکانى منداڵ مەبەستمەندن. پێگەى ئۆنتۆگێنێزیى مرۆڤ، بە پێچەوانەى ئاژەڵەوە کە بەندە بە سروشتەوە، مرۆڤ دەکات بە زیندەوەرێکى کراوە ڕووەو جیهان، کە بێگومان هاوکات خاوەنی پێداویستییە بۆ هاومرۆڤان و فێربوون، واتا مرۆڤ دەبێت خۆى جارێ بۆ مرۆڤبوونى پێبگەیەنێت. بە واتایەکى دى، لەبەر ئەوەى ئۆرگانەکانى مرۆڤ وەک لای ئاژەڵ بە ژینگەکەی گونجاو نین، ئەوا ناچارە تواناکانى خۆى کامیل بکات. شتێرن لەم ڕوانگەیەوە گۆڕان بە تیۆرییەکى گەمەى منداڵ دەدات، واتا تیۆرییەکەی جەخت لە ڕەهەندى کامیلبوون دەکات. وەک شتێرن دەنووسێت، “تێکشکاندن” لە مێژووى دەروونیى منداڵدا هاوشێوەى گۆڕانە مێژووییەکان بە پێش “بیناکردن”دا ڕادەبورێت (51).

گەمە لە سروشتى سێنسۆمۆتۆریکى منداڵەوە دێتەئاراوە، لێ ئەم توانستە خۆرسکەى گەمە لای شتێرن تێکەڵ بە دەرککردنى ژینگەیى منداڵ دەبێت، ئەوجا ئاوەڵابوونى گەمە لە ڕەوتی گەشەى مناڵدا پرۆسەیەکی هەڵچووە لە قۆناغى تێکشکاندنەوە ڕووەو قۆناغى دروستکردن. وەک شتێرن دەنووسێت، منداڵ لە ڕەوتى تێکشکاندنى بابەتەکاندا “فێر”ى یاساکانى جیهانى شتان و پێکهاتەى ئەو شتانە دەبێت، ئەوجا هێدى هێدى گۆڕان بە “تواناى پێکهێنانى دەروونى” دەدات (52). منداڵ شادى دەبینێت لە بوونى خۆى بە هۆکار. منداڵ بە تایبەتی لە ساتى تێکشکاندنى شتەکاندا دەرکی هۆکاربوونی خۆی دەکات. لێ شادیبینین لە بوونى خۆ بە هۆکار سەرەنجام دەخاتەوە کە “شادیبینینە لە زۆرانى هۆشەکى”، ئەوەش بێگومان دێتەگۆڕی، گەر منداڵ بتوانێت لەم ڕەوشەدا فۆرم بە شتەکان بدات (53). کەواتە تیۆریى گەمەى منداڵ لاى شتێرن ڕوو دەکاتە کرداری ئاڕاستەدراو ڕووەو ئایندە و تێیدا هێدى هێدى توانستە سۆسیالە جدییەکان شکۆفە دەکەن.

گومانى تێدا نییە کە ڤیللێم شتێرن یەکێکە لەو پسیکۆلۆژانە کە بۆ یەکەم جار لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا خۆیان زانستیانە بە جیهانى منداڵەوە خەریککردووە، ئەمەش کارێکى دژوارە. لێ ئەو کارە نەک تەنیا بەهۆى هەقیقەتى مەتەڵئاساى جیهانى منداڵەوە دژوارە، بەڵکو بەو هۆیەشەوە کە زۆر جار توێژەرێک بەناچارى دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هۆشى سەردەمەوە. گەر لە سەردەمى شتێرن بڕوانین، ئەوا دەبینین کە ئەو سەردەمە هێشتا هەر بەزۆریى لەژێر کاریگەریى ئیدێى پێشکەوتندا بوو، بۆیە جێى سووڕمان نییە کە شتێرن وەک پسیکۆلۆژێکى ڕابەر لە بوارى توێژینەوەى ژیانى منداڵدا ئەو ئیدێیانە بگوازێتەوە بۆ نێو پسیکۆلۆژى کە لە بنەڕەتدا ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى بزووتنەوەى رۆشنایى. ئەم کێشەیەى کاریگەریى سەردەم هاوکات لە زمانى شتێرندا دەردەکەوێت و بۆیە ناشێت مایەى توانج بێت، چونکە شێوازى خۆدەربڕینى ئەو دەمە جیاواز بوو لە ئەمڕۆ. ئەمە بۆ نموونە لە واژە و دەستەواژەکانى وەک “خەبات”، “شادیبینین لە شەڕ”، “خەبات لەدژى بابەتەکان” و هتد دەردەکەوێت. لە بنەڕەتدا کێشەى ئەم تیۆرییەى شتێرن لەوەدایە کە ئەو مەبەستى دەرەکى بە گەمەوە دەلکێنێت: مەبەستە ناخەکییەکانى نێو گەمە وا لە گەمە دەکەن کە ببێت بە دەسوێژێکى بناغەیى لە خزمەتى ئەرکەکانى ژیاندا. بۆ ئەوەى بتوانین ئەم کێشەیە بەگونجاوى دیاربهێنین، تیۆریی نوێترى گەمە لای هانز مۆگل بەهەند وەردەگرین. بەم شێوەیە دەشێت بگەین بە تێڕوانێکى وردتر بۆ هەقیقەتى گەمە.

مۆگل بە تێبینییەکى ڕەخنەیى ڕوودەکاتە گەمەى منداڵ: هیچ کام لە هەوڵە تیۆرییە هەمەلایەنى و هەمەتوێژەکان ناتوانێت “داواکارییەکى ئەوتۆ بۆ خۆى بەرزبکاتەوە کە گۆیا تاکە تیۆرییەکى گونجاوە. لە بنەڕەتدا گەمەى منداڵ هەتا ئەمڕۆ هێشتا هەر مەتەڵێکى سووڕهێنەرە” (54).
گەمە بە دیدى مۆگل “فۆرمێکى سەنترالییە لە ژیانى منداڵدا” (55). ئەمیش، هاوشێوەى شتێرن، ئەو تێزە دادەنێت کە واتا و مەبەستى گەمە لەنێو خودى گەمەدایە، بە واتایەکى دى “گەمە ئازادە لە هەموو مەبەستێکى دەرەکى” (56). لێ کاتێک شتێرن لە گەمەدا مەبەستى ناخەکى (ئیمانێنت) دیارى دەکات و مەبەستەکانیش خودی گەمە دەخەنە خزمەتى ئەرکە گشتییەکانى ژیانەوە، ئەوا مۆگل بە پێچەوانەوە لە نێوخۆى گەمەوە وەڵامى پرسى گەمە دەداتەوە: منداڵ لە گەمەدا، “ڕاستەوخۆتر و بێخەوشتر و کامڵتر لە هەر چالاکییەکى دیکەى ژیانى، ریالێتییە خۆییەکەى” دروست دەکات (57). لێ، وەک مۆگل دەبێژێت، هەڵەیەکى مەزن دەبێت گەر هەوڵ بدەین لە ئاگایى مرۆڤى کامڵەوە خودی گەمەی منداڵ دیاری بکەین – گەمە کە لە بنەڕەتدا ژیاندنى ریالێتیى خۆیى منداڵە. “گەمەى منداڵ لەنێو ئەو خۆیەوە ژیان وەردەگرێت و تەنیا لەوێوە دەتوانین لێى تێبگەین. لێ ئەم ژیانە لەنێو خودى خۆوە ڕەنگینە و پڕە لە دیاردەی چاوەڕواننەکراو، ئەمەش هاوشێوەى ژیانى منداڵ خۆى. گەر بمانەوێت بگەین بە تێگەیشتنى یەکێک لە فۆرمە سەنترالییەکانى ژیانى منداڵ کە گەمەیە، ئەوا دەبێت خۆمان بخەینە سەر ئاستى پەیوەندییەکانى ژیانى ئەو، واتا خۆمان بەدەستەوە بدەین. لێ ئەمە پێش هەموو شتێک ئەو واتایە دەگەیەنێت کە منداڵ وەک تاکەکەس قبووڵبکەین، بێگومان تاکەکەسێک کە لە ڕێکخستنى هەڵوێستى خۆیدا ڕێگەى خۆى دەگرێتە بەر، لێرەشدا دەخوازێت خۆى ئاڕاستەکانی ڕێگەکەى دابنێت. گەمە لەم لایەنەدا چاکترین دەرفەتى بۆ دەڕەخسێنێت” (58).

کەواتە هەردوو توێژەر گەمە وەک کردارێکى سپۆنتان (عەفەوى) دادەنێن، واتا وەک کردارێک کە منداڵ لە ڕەوتیدا خۆى و ژینگەکەى دەگۆڕێت، لێ هەردووکیان هاوکات لە تێڕوانینیاندا بۆ گۆڕانى تاکەکەسیى (ئیندیڤیدوێل) جیادەبنەوە. شتێرن لە کۆرپەى شیرەمژەدا، کەواتە لە سەرەتاى ژیانى جیهانیى منداڵەوە، ڕەهەندێک ڕووەو وەرگرتنى رۆڵڕەفتار دیارى دەکات، لێرەشدا رۆڵى پەروەردە دەخزێتە پشتییەوە. ئاخر گۆڕانەکە ڕەمەکییە. ئەم کێشەیە بەتایبەتى لە پێشاندانى گەمەى تایبەتى دوو ڕەگەزەکەدا دیاردەدات.

گومانى تێدا نییە کە شتێرن دروست جیاوازیەکانى نێوان ڕێساى دەروونیى نێرینە و مێیینە دیارى دەکات: جیاوازى لە شێوەى هەستکردنى نێرینە و مێیینەدا کاریگەریى لەسەر جۆرەکانى گەمەى هەردووکیان دادەنێت. لێ کێشەکە لاى شتێرن ئەوەیە، کە تاکەکەسەکان رێگەى خۆیان ناگرنە بەر، بەڵکو شتێرن لە گەمەکانیانەوە رۆڵڕەفتارە سۆسیالە تایبەتییەکان دەردەکێشێت: لە گەمەى زۆرانى کوڕاندا، لە گەمەى بووکبووکێنەى کچاندا، ئەو ڕەمەکانەى زۆران و خزمەتگوزارى خۆیان ڕادەیەگەیەنن کە پاش چەند دە ساڵێک کاریگەرییان دەنوێنن (59). لێ مۆگل بە پێچەوانەوە گەمە وەک هێنانەگۆڕێى ریالێتییەکى (داکەوتێکى) گەمە دەبینێت کە هاوشێوەى هەموو ڕیالێتییەکانى دیکەى ژیان جددى و کرۆکییە. گەمە وەک گەمە دەمێنێتەوە و “ئازادە” لە هەموو ئەو مەبەستە دەرەکییانە کە پێگەیشتووەکان لە دەرەوە دایاندەنێن. لەم ڕوانگەیەوە بەهای گەمە خۆی لە موئایەشەکردنی هەنووکەییدا دەبینێتەوە، بۆیە لای منداڵ دەبێت بە دەروویەک بۆ خۆنوێکردنەوە و بەرینکردنی ‘من’ی ئەو. بێگومان لاى مۆگلیش پارادۆکسیى ئامانجى دەرەکى دێتە ئاراوە، واتا گەمە لەسەر ڕێساى تایبەتى بەردەخرێت و ئەمەش مەبەستێکى دەرەکییە، لێ سەرەڕاى ئەمە گەمەى راستەقینەیە. گەر خێزانێک، بۆ نموونە دایک و باوک و منداڵ کۆببنەوە و گەمەى “کڵاوکڵاوێنە” بکەن، ئەوا دەشێت دایک و باوک پێشیار بکەن کە گەرەکە ئەو ئێوارەیە پێکرا شتێک ئەنجام بدەن، واتا گەمەیەکى کۆیى بکەن، تاکو شادی لەو کاتبەسەربردنە پێکەوەییە ببینن. “لەم ڕەوشەدا مەبەستە دەرەکییەکە، کە چالاکییەکى نێوکۆیى هەموو خێزانەکەیە، بە مەبەستى ناخەکیى گەمەکەوە گرێدراوە کە شادیبینینی هەمووانە پێکەوە…” (60).

منداڵ بە دیدى مۆگل لە ڕەوتى گەمەدا وزەى خۆیى وەردەگرێت، لێ دینامیک و ڕەوتى گەمە هەروا ئاسان لە سەرەتاوە نایەنە گۆڕێ. بە دیدى مۆگل چەند مەرجێک هەن بۆ ئەوەى منداڵ لە خۆیەوە دەست بە گەمە بکات و بەردەوامیى پێبدات. هەندێکى مەرجە بەرخەرەکانى گەمە لە ناخى منداڵ خۆیدان، ئەوانى دیکەیان لەنێو ژینگەى نزیکى ئەودان. تەنیا گەر منداڵ پێداویستیى بۆ گەمە هەبوو، ئەو بەڕاستى گەمە دەکات، لێ ئەو تەنیا کاتێک دەتوانێت گەمە بکات، گەر ژینگەکەى دەرفەت بۆ گەمەکەى بڕەخسێنێت، بۆ نموونە منداڵ ئەو ئامرازانەى گەمەى لە بەردەستدا بێت کە تایبەتن بە خواستى گەمەکەى. ژینگەیەکى کەموروژێنەر بەبێ هیچ ئامرازێکى گەمە دەشێت پێداویستیى منداڵ بۆ گەمە سست بکات بە هەمان شێوەى ژینگەیەکى پڕ لە ئامرازى گەمە کە ئامرازەکان هوروژم بۆ پێداویستییەکانى بەرن. لە حاڵەتى یەکەمدا دەشێت حەزى گەمە بەهۆى کەمایەسیى بابەتى گەمەوە ساتار نەبێت، لە حاڵەتى دووەمدا ڕەنگە حەزى گەمە بە هیچ شێوەیەک سەرهەڵنەدات، چونکە بە هۆى نقومبوونى منداڵەوە لەنێو ئامرازى گەمەدا گرژیى فزوولییەت خاودەبێتەوە.

بە دیدى مۆگل منداڵ لە گەمەدا هاوکات فۆرم بە خۆى و ژینگەکەى دەدات، واتا ڕوودانى گەمە گرێدراوە بە گۆڕینێکى هاوکاتیانەى خۆ و ژینگەوە. گەمە پەیوەندییەک لە نێوان دوو شێوەى گۆڕاندا چێدەکات: گۆڕانى ناخەکی کە خودى منداڵەکە دەگرێتەوە، ئەوجا گۆڕانى دەرەکی کە ژینگەى ئەو دەگرێتەوە. واتاى پسیکۆلۆژیانەى ئەم پەیوەندییە لەوەدایە کە منداڵ و ژینگەکەى بە فۆرماندنى گەمەکەرانە دەبن بە سەرجەمێکی کردار، لەو ڕەوتەشدا هەردوو لایەنى ئەو سەرجەمە بەڕێى گەمەى منداڵەوە پتر گۆڕانیان بەسەردا دێت.

لێ لەبەر ئەوەی کامڵەکان یەکەمین هاوگەمەڤانی منداڵن نەک هاوتەمەنانی، ئەوا هەردەم مەترسیی ئەوە لەگۆڕێیە کە منداڵ بەردەوام پتر گیرۆدەی فەزای ژیانی کامڵەکان بکرێت، بەمەش فەزای منداڵی لای ئەو تەوا تەنگ بکرێت. لە بنەڕەتدا منداڵى کە شێوازى ژیاندنى خواست و ئەندێشەکانى منداڵە لە فەزاى منداڵانەى ئازاددا، لە دیدى کامڵەکان بۆ منداڵى جیانابێتەوە، لێرەشدا پرسیارێکى کرۆکى ئەوەیە کە داخۆ ئەوان تا چەند ئەو جیهانە تایبەتییەى منداڵیان لە ئاگاییەوە ناساندووە، یان داخۆ تا چەند لە جیهانبینیی ترادیسیۆنییانەوە وایدادەنێن کە منداڵ بابەتێکى خۆشەکردنە بۆ ئایندە، واتا داخۆ چۆن منداڵ بە دیدی ئەوان ببێت بە پیاو یان بە ژن. لەم ڕوانگەیەوە کە جیهانبینییانە بنیاتنراوە، نەرێنیى خودى “منداڵى” دەکرێت، کە ئیدى وەک سەرەنجام گەنجى پیاوانە یان ژنانە سەرهەڵدەدات نەک گەنجى گەنجانە. لێرەدا کوڕێتی و کچێتی زوو دەپووکێنەوە و هەریەکەی ڕەگەزەکان لە بنەمای لاسایی کامڵەکانەوە نەک تەنیا ڕەفتاری کامڵانە بەرهەمدەهێننەوە، بەڵکو تەنانەت لەو تەمەنە گەنجەدا شێوەی کامڵانە لەسەر ڕوخساریان دیاردەدات.

لەبەر ئەوەى جیهانى ناخەکیى منداڵ دووبەش نەبووە بەسەر ئاگایى و جیهانى دەرەکیدا، بەڵکو ئەو لە کردارەکانیدا کە گەمەش یەکێکیانە، دەژى و تەنانەت ئەندێشەکانى بۆ ئەو ڕیالن، ئەوا تەنیا لە منداڵیدا گەمەى “ساغ” هەیە. هۆى ئەمە لەوەدایە کە منداڵ هێشتا “سەرجەم”ێکە، واتا نەشکاوە – دووبەش نەبووە بەسەر ئاگایی و دانراوی (ئۆبژێکتی) ئاگاییدا، یان بەسەر خۆ و جیهاندا. لەم ڕوانگەیەوە پێگەیشتن یان فێربوون و گەمە لەنێو یەکدیدان. لە نیۆڕۆلۆژیدا “توێژینەوەکانى مێشک” ئاشکرایان کردووە کە “فێربوون هەمیشە لەو کاتانەدا ڕوودەدات کە ئێمە هەست دەکەین، ئەزموون دەکەین، دەهزرێین، بڕیاردەدەین و کردار دەنوێنین. ئاخر هەر کاتێک ئێمە مێشکمان بەکاربهێنین، ئیدى ئەو گۆڕانى بەسەردا دێت. ئێمە دەتوانین لەم ڕوانگەیەى نیۆرۆلۆژییەوە بگەین بە دیدێکى فراوانتر بۆ شێوازە جیاکانى فێربوون (…). توێژینەوەکانى مێشک پێشانى دەدەن کە گەمە و فێربوون بۆ منداڵان وەک یەکن”(61). لەم ڕوانگەیەوە گەمەى منداڵ زەمینەیەکە بۆ گەیشتن بە توانستى تاکەکەسی و بەمەش فاکتەرێکى کرۆکییە لە گەشەى کەسێتیی ئەودا.

—————————————————

پەراوێز

1) Stern, William: Psychologie der frühen Kindheit. Leipzig 1914, S. 212.
2) Ebenda, S. 212.
3) Ebenda, S. 213.
4) Ebenda, S. 215.
5) Ebenda, S. 213.
6) Ebenda, S. 213.
7) Ebenda, S. 213.
8) Ebenda, S. 213.
9) Ebenda, S. 214.
10) Ebenda, S. 214.
11) Ebenda, S. 214.
12) Ebenda, S. 214.
13) Ebenda, S. 218.
14) Ebenda, S. 218.
15) Ebenda, S. 218.
16) Ebenda, S. 223.
17) Ebenda, S. 224.
18) Ebenda, S. 54.
19) Ebenda, S. 54f.
20) Ebenda, S. 55.
21) Ebenda, S. 224.
22) Ebenda, S. 224.
23) Ebenda, S. 225.
24) Ebenda, S. 225.
25) Ebenda, S. 225.
26) Ebenda, S. 226.
27) Ebenda, S. 226.
28) Ebenda, S. 226.
29) Ebenda, S. 226.
30) Ebenda, S. 226.
31) Ebenda, S. 226.
32) Ebenda, S. 227.
33) Ebenda, S. 215.
34) Ebenda, S. 229.
35) Ebenda, S. 229.
36) Ebenda, S. 187.
37) Ebenda, S. 188.
38) Ebenda, S. 188.
39) Ebenda, S. 188.
40) Ebenda, S. 191.
41) Ebenda, S. 233.
42) Ebenda, S. 217.
43) Ebenda, S. 217.
44) Ebenda, S. 220.
45) Ebenda, S. 221.
46) Ebenda, S. 221.
47) Ebenda, S. 221.
48) Ebenda, S. 219.
49) Ebenda, S. 224.
50) Ebenda, S. 234.
51) Ebenda, S. 225.
52) Ebenda, S. 226.
53) Ebenda, S. 226.
54) Mogel, Hans: Psychologie des Kinderspiels, Berlin 1991, S. IX.
55) Ebenda, S. IX.
56) Ebenda, S. 9.
57) Ebenda, S. 10.
58) Ebenda, S. IX-X.
59) Stern, William, a.a.O., S. 215.
60) Mogel, Hans, a.a.O., S. 45.
61) Spitzer, M.: Spielen und Lernen. Friedrich Schiller und der Wachstumsfaktor BDNF. In Zeitschrift Geist und Hirn, Nr. 5. 2008, S. 461.

——————————
فەرهەنگۆک

ئۆنتۆگێنێزە: گۆڕانی تاک (ئیندیڤید) لە هێلکۆکەوە ڕووەو دۆخی پێگەیشتووی ڕەگەزی.
سێنسۆمۆتۆریک: هەماهەنگیی ئۆرگانە سێنسییەکان (حەواسەکان) و ماسولکە بە کاریگەریی وروژێنەرەکان.




ده‌سه‌ڵاتی زمانی شیعر له‌ پشت زوومی (کامێرا)که‌ی ڤینۆس فایه‌قه‌وه‌


لێکۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی

سۆران محەمەد
————————–

شاعیر (ڤینۆس فایه‌ق) له‌ شیعری (کامێرا)دا توانیویه‌تی به‌ ته‌کنیکێکی نوێ کامێرا شیعریه‌که‌ی بکاته‌ کارگه‌ی وه‌به‌رهێنانی وێنه‌گه‌لێکی نوێ و ناوازه‌، جیاواز له‌و شیعرانه‌ی وێنه‌کانی واقیع به‌ شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ تیایاندا ده‌گوێزرێنه‌وه‌ سه‌ر کاغه‌ز، بێ ئه‌وه‌ی کارێکی ئه‌وتۆی ئه‌فراندنیان تیا ئه‌نجامدرابێت.
**********

ڤێنوس فایه‌ق

زانای زانستی زمان و پۆله‌تیك (چۆمسکی) بڕوای وایه‌ که‌ وه‌ده‌ستهێنانی زمان بونیاتیکی فیتری هه‌یه‌، یان ئه‌رکدارێتی ده‌ماخی مرۆڤه‌. هه‌رچه‌نده‌ زانراوه‌ ‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ماغدا جڵه‌وی راڤه‌و وه‌به‌رهێنانی زمان و ئاخاوتن وه‌دیدێت، به‌ڵام ئاشکراو راشکاو نییه‌ که‌ چۆن مرۆڤ تواناداریی زمانی وه‌ده‌ستهێنا؟ چ به‌ مانای راڤه‌کردن یان وه‌به‌رهێنان، ئه‌مه‌ مه‌یدانی کارو به‌خشینه‌کانی چۆمسکیه‌. (1)


نه‌عوم چۆمسکی

تا چه‌ند زمان له‌ ناو ده‌قدا زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر بابه‌تدا و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئیلهام و گیانی شاعیریشدا؟ ساته‌ وه‌ختی تایبه‌تی ئه‌فراندنی شاعیر تا چه‌ندێك له‌ ناو ساته‌ وه‌خته‌ ئاساییه‌کاندا جێی ده‌بێته‌وه‌؟ ئایا جارانێك بابه‌ت؛ زمان ناخاته‌ ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه‌و به‌و جۆره‌ به‌کاریناهێنێت که‌ بیه‌وێت؟ ئه‌ی تا چه‌ند زمان سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌یه‌ و جیاو به‌ ده‌ر له‌ هه‌موو بابه‌ت و مه‌وزعیبوونێك ته‌عبیر له‌ هه‌موو شته‌کان ده‌کات، ڕۆڵی فاکته‌ری گه‌شه‌و وه‌رگرتنی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌زموونه‌کانی ژیان و هه‌گبه‌ی ڕۆشنبێرێتی چه‌نده‌ له‌سه‌ر زمان؟! ئایا زمان توانای ده‌شکێت به‌سه‌ر ده‌ربڕینێکی ته‌واو و پڕاوپڕ بۆ حاڵه‌ت و دنیا نه‌زانراوه‌کان، له‌وانه‌ش نهێنه‌کانی ده‌روون و قوڵایی و په‌ناکانی و ساته‌ وه‌خته‌ تایبه‌ت و جیاوازه‌کانی؟ ئه‌ی گوایا هزر تا چه‌ندێك پێکاویه‌تی له‌ داڕشتنی زاراوه‌کان بۆ شته‌کان و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بوون و ده‌بن؟!.. ئایا زمان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دایه‌ له‌گه‌ڵ شته‌کان، یان ده‌سته‌واژه‌کان ده‌سه‌وسانن له‌ به‌باڵا بڕینی زاراوه‌ی پێویست تا یارمه‌تی دروستی ده‌ربڕین بدات؟؟!.. ئه‌مانه‌و چه‌ندانی تر پرسیارگه‌لێکن له‌ دنیای بیردۆزو ئه‌گه‌ره‌کان و وه‌رگرتن و به‌رپه‌چدانه‌وه‌دا مشت و مڕێکی قوڵ و جه‌وهه‌ری له‌ دنیای ئه‌فراندنی شیعردا به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
ره‌نگه‌ له‌ سه‌روده‌ری ئه‌م چه‌مکه‌ هه‌سته‌وه‌رو باڵایانه‌دا بێت نه‌جات حه‌میدی ره‌خنه‌نووس ده‌ڵێت:
زمان هه‌ڵگری هه‌موو نه‌مریه‌کانی مانا نییه‌ و هه‌روه‌ها هه‌ڵگری توانای خولقاندنی ماناش نییه‌ ، به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ ئیتر سنوورێك بۆ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی مانا دابنێت ، به‌ڵکو زمان له‌ ته‌واوکردنی وه‌زیفه‌ی به‌ده‌قبووندا کۆتایی به‌ ده‌وره‌کانی دێنێ و ئیتر ئه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌یه،‌ که‌ له‌ ئازادییه‌کی بێ سنووردا مانای نوێ ده‌خولقێنێ .

https://dengekan.info/wp-content/uploads/2018/09/najatHamed.jpg
نه‌جات حه‌مید

له‌ ڕووی زمانه‌وه‌ هه‌موو ده‌قێکی ئه‌م بوونه‌ به‌ بێ زمان له‌ دایك نابێت، گه‌ر بڕیار وا بێت ته‌نیا له‌ زماندا مانا بدۆزینه‌وه‌ ، مه‌به‌ست له‌ زمان هه‌موو شێوازه‌کانی دروستکردنی مانایه‌.
ئاخۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمان و ئاماژه‌کانیدا شتێکی دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ سیسته‌مێك له‌مانای کۆتایی بنوێنێ ، واته‌ سیسته‌مێك له‌ زمانێکی دیکه‌ که‌ به‌ته‌واوه‌تی زمانێکی دیکه‌ی ده‌قه‌و له‌ پێکهاتی ماناو تاکه‌کانیی وشه‌دا له‌ زمانی نووسین جیا ده‌بێته‌وه‌؟! (2)
له‌ کاتی نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا بیری وته‌یه‌کی (فه‌ره‌یدون سامان)م که‌وته‌وه‌ که‌ له‌ نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا گوتی: “دڵنیام ده‌قێکی زۆر ناوازه‌ ده‌نووسم له‌ داهاتوودا، به‌ڵام نازانم که‌ی..” ئه‌و له‌مه‌دا باشی پێکابوو که‌ مانایه‌کی دروست بکات له‌ ده‌سه‌ڵاتی زمان و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ساته‌ وه‌ختی ره‌هابوون و سه‌روه‌ریی زمان و هاوشان و ته‌با له‌گه‌ڵ ئیلهام و بابه‌تدا، چونکه‌ ده‌یزانی چه‌ندان جار ده‌سه‌ڵاتی زمان له‌ناوه‌ندی ده‌قدا بزر ده‌بێت و ده‌قیش ڕووگه‌یه‌کی تر وه‌رده‌گرێت، دوور له‌ بیرۆکه‌ی پێشینه‌و ته‌نانه‌ت توانا به‌هره‌ییه‌کانی شاعیر، لێره‌وه‌ هه‌ستی به‌و خاڵه‌ کردبوو، که‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ تا ئێستا ئه‌و زمان و مانا باڵایانه‌ی له‌ ناو گیانمدا گێنگڵ ده‌ده‌ن توانیبێتم به‌ دڵی خۆم خستبێتمه‌ سه‌ر کاغه‌زو لێی ڕازی بم، یان روونتر بڵێین زمانی گیان و خودی ناوه‌وه‌.


فه‌ره‌یدون سامان

عەبدوڵڵا به‌گی سلێمان به‌گی گۆران ( ١٩٠٤-١٩٦٢) ی شاعیریش له‌ مێژه‌ و پێش فه‌ره‌یدون سامان نه‌ك ته‌نیا درکی به‌م خاڵه‌ گرنگه‌ کردبوو، به‌ڵکو له‌ شیعرێکیشدا ئاشکرا ده‌ربڕینی لێ ده‌کات، کاتێك ده‌ڵێت:
هه‌رچه‌ند ئه‌که‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌ستم
بۆم ناخرێته‌ ناو چوارچێوه‌ی هه‌ڵبه‌ســــــــتم
لێکدانه‌وه‌ی ده‌روون ، قســــــــــــــــــه‌ی زوبانم
بۆچی وه‌ها له‌یه‌ك دوورن؟ نازانــــــــــــــــــــــم
به‌ڵێ راسته‌ هه‌ست وسۆزو خه‌یاڵ و زمانی ناخ جارانێك ئه‌سته‌مه‌ وه‌ك پێویست بتوانرێت بخرێته‌ سه‌ر کاغه‌ز، لێره‌وه‌یه‌ پرسیاری ده‌سه‌ڵاته‌کانی زمانمان لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بن، به‌وه‌ی تا چه‌ندێك ته‌باو ناکۆك، هاوبه‌ش و جیایه‌ له‌ هه‌ست و گیان، ئایا زمانی حاڵ ده‌بێته‌ زمانی گوتار؟ ئه‌ی ئایا زمانی هه‌ست و گیان ، یاخود به‌رفراوانتر بڵێین میتافیزیك هه‌ر هه‌مان ئه‌و زمانه‌ ماتریاله‌یه‌ رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین و به‌کاریده‌هێنین؟ یان زمانێکی زۆر تایبه‌ت و شاراوه‌یه‌و له‌ پشت زمانی ئاساییه‌وه‌ خۆی مه‌ڵاس داوه‌؟ یان وه‌ك میوانێکی زۆر ده‌گمه‌ن جار جار ده‌که‌وێته‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ گیاندا؟ ئه‌ی کاری داهێنه‌رانه‌ و به‌کارهێنانی گه‌مه‌و ته‌کنیکه‌ جۆراوجۆره‌کان له‌ کوێی زمانی ده‌قه‌ ناوازه‌کاندان؟ چه‌ندێك شاعیر شه‌ونخونی ده‌کێشێت و ماندوو ده‌بێت بۆ کارکردن له‌ ناو بونیاته‌ جۆراوجۆره‌کانی ده‌قدا؟

ڕه‌نگه‌ له‌ سۆنگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ بێت عه‌بدلموته‌لیب عه‌بدوڵلا بڵێت:

زمان هه‌ر ته‌نیا کۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ نیه‌، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندییه‌، هه‌ر ته‌نیا خوێنه‌ران و فه‌رهه‌نگسازان به‌ بونیاتنان و دروستکردنی خه‌ریك نین، به‌ڵکو بۆ خۆی قه‌واره‌یه‌کی زیندووی گه‌شه‌کردووه‌ له‌ ناو کۆییه‌کانی ژیان و سه‌رده‌م و کارو بیرکردنه‌وه‌و ژینگه‌و شه‌قام و پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ، په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رنج و به‌دواداچوون و مه‌رگه‌سات و خه‌ونه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ش شه‌ڕی زمان شه‌ڕی خوده‌کان نییه‌، به‌ڵو وه‌ك (بارت) ده‌ڵێت: شه‌ڕی ناو کۆییه‌کانی زمانه‌. واتا ئه‌وه‌ی که‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌کتر ده‌بنه‌وه‌ ناو کۆییه‌کانی زمانه‌، تاکه‌کان نین، زاراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، نه‌ك تاك. (3)
له‌ هه‌مان کاتیشدا ده‌کرێت بڵێین رێی تێده‌چێت ئه‌و زمانه‌ تایبه‌ته‌ی تاك، که‌ تاك خۆی وه‌ك بوویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌رگرتن وپێدان جوڵه‌ ده‌کات، رۆڵی هه‌بێت له‌ ناو ره‌وتی بزاوتی زماندا، وه‌ك به‌شێك له‌ کۆو له‌ هه‌مان کاتیشدا جیا له‌ هه‌مووان.
هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا له‌ ناجات حه‌مید ده‌کات به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌کان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بداته‌وه‌و بڵێت:
شیعر گه‌وهه‌ری هیچ بوونێکی دیکه‌ جگه‌ له‌ بوونی بنیاته‌ زمانه‌وانییه‌کان ناگرێته‌ خۆی و له‌مه‌شدا ئازادی هاتنه‌ گۆو داڕشتن بناغه‌ی نووسینی شیعره‌.
من له‌و بڕوایه‌دا نیم هیچ یه‌کێك له‌ نووسینه‌ تیۆریی و بنیاتگه‌رییه‌ نوێیه‌کان له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خاوه‌ن خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵدا بگونجێت.(4)
گه‌ر بێینه‌ سه‌ر زمانی شیعرو له‌ ره‌وتی ئه‌ده‌بی جیهانیشدا ده‌توانین بڵێین یه‌کێك له‌ هۆکانی ‌سه‌رهه‌ڵدانی قوتابخانه‌ی زمانی شیعریی The language school of poetry له‌ ساڵی 1970 له‌ ئه‌مریکا بریتی بوو له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌و به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی شیعری ئه‌مریکی باو و ترادیشنه‌ڵ و هه‌روه‌ها فۆرمه‌که‌ی، له‌وانه:‌ بزوتنه‌وه‌کانی قوتابخانه‌ی نیویۆرك و چیای ره‌ش the Black Mountain and New York schools. هه‌و‌ڵیاندا جه‌ختی ته‌واو بکه‌نه‌ سه‌ر زمانی شیعرو ڕێگه‌یه‌کی نوێ به‌رهه‌م بێنن تا خوێنه‌ر کاریگه‌ری له‌گه‌ڵ ده‌قدا دروست بکات.(5)



شاعیرانی قوتابخانه‌ی نیویۆرك (کینت کۆچ و هاوڕێکانی)

لای ئه‌مان یه‌کێك له‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی زمانی شیعر که‌ له‌ خۆی ده‌گرێت بریتیه‌ له‌ بیرۆکه‌و بابه‌ت، به‌وه‌ی زمان ماناکان هه‌ڵده‌بژێرێت و وه‌رده‌گرێت نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، لێره‌وه‌یه‌ زمانی شیعر هه‌وڵده‌دات خوێنه‌ر به‌شدار پێ بکات له‌ ده‌قدا، بایه‌خدان به‌ خوێنه‌ر به‌وه‌ی جێی بکرێته‌وه‌ له‌ ده‌قدا و ته‌نانه‌ت به‌شدار بێت له‌ بونیاتنانی ماناش تیایدا، له‌ ڕێی تێکشکاندنی زمانی شیعره‌وه‌ ، لێره‌وه‌ شاعیر ده‌خوازێت له‌ خوێنه‌ر ڕێگه‌یه‌کی نوێ بدۆزیته‌وه‌ بۆ نزیککردنه‌وه‌ی بۆ ناو ده‌ق.
زمانیش هیچ نیه‌ جگه‌ له‌ ئاماژه‌کانی مانا ، ماناش بریتیه‌ له‌ ڕێکخستنی زاراوه‌کان، به‌ جۆرێك ده‌گمه‌نییان پێوه‌ دیار بێت له‌ دروستکردنی وێنه‌ لێیانه‌وه‌، ده‌گمه‌نیش ده‌چنه‌ ناو چوارچێوه‌ی زاراوه‌وه‌، تا کار ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی به‌ جۆرێك ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ بێ کۆتایه‌ درێژ بێته‌وه‌ له‌ نێوان ده‌لاله‌ت و زاراوه‌کاندا.
هاوشانی (ڕۆن سیلییمان) و (هیجینجان)، زۆرێکی تر به‌شداریان له‌م بزوتنه‌وه‌ شیعریه‌دا کرد، وه‌ك چارڵس بێرنشتاین، باریت واتن، هه‌روه‌ها بۆب پیریلیمان.(5)


شاعیر رۆن سیلییمان

کینیت کۆچ له‌ گۆڤاری ره‌خنه‌ی نیویۆرکدا ده‌ڵێت:
ڕێگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر روونکردنه‌وه‌مان پێ بدات له‌مباره‌وه‌، ئه‌و وته‌و پێشنیاره‌ به‌ به‌هایه‌ بوو که ‌(پوڵ ڤاله‌ری) پێیدام کاتێك گوتی: بیرکردنه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ چی له‌ناو ده‌قی شیعردا ده‌گوزه‌رێ و له‌ شوێنه‌کانی تردا نابینرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ شیعر خۆی له‌ خۆیدا زمانێکی جیایه‌، یان زۆر تایبه‌تمه‌ندتر بڵێین ” زمانه‌ له‌ ناو زماندا” (6)
ئه‌مانه‌ی باسمان کردن وه‌ك پێشه‌کییه‌ك وابوون بۆ چوونه‌ ناو کرۆکی لێکۆڵینه‌وه‌که‌مان له‌سه‌ر شیعری (کامێرا)ی شاعیر ڤێنۆس فایه‌ق(7)، که‌ من به‌ هه‌وڵێکی جیاوازی ده‌بینم له‌ ناو خودی شیعره‌کانی شاعیرداو کار له‌سه‌رکردنی زمان و بونیاتنانی فۆرمێکی نوێ و ته‌کنیکی زمانه‌وانی جیام تیا خوێنده‌وه‌ که‌ شه‌ونخونی شاعیر ده‌رئه‌خات بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌قێکی له‌م شێوه‌یه و سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌ جیاجیاکانیش.
ئه‌م ده‌قه‌ به‌ ده‌قێکی کراوه‌ی فره‌ ره‌هه‌ند دێته‌ ئه‌ژمارکردن، خوێنه‌ریش ئازاده‌ لێکدانه‌وه‌ی خۆی بۆ بکات و به‌ دیوێك له‌ دیوه‌کاندا چه‌شه‌و چێژی خۆی لێ ببینێت. یان خۆی له‌ نێو دێڕه‌کانیدا بدۆزێته‌وه‌.
یه‌کێك له‌ هۆکاره‌کانی ئه‌وه‌ی به‌ ده‌قێکی کراوه‌ داده‌نرێت ئه‌وه‌یه‌ زیاتر له‌ مانایه‌ك هه‌ڵده‌گرێت، نه‌ك به‌ هۆی ئاڵۆزیی زمانه‌وه‌، به‌ڵکو به‌هۆی ته‌کنیکی تێهه‌ڵکێشکردنی دنیا جیاوازه‌کان و گه‌مه‌کردن به‌ زمان و هێنانه‌دی وێنه‌گه‌لێکی شیعری نوێ که‌ ته‌عبیر له‌ پارادۆکسه‌کانی ئاماده‌ ده‌که‌ن هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شیعره‌که‌وه‌ تا کۆتایی، هه‌ر له‌ .. ژیان و مردن، خه‌یاڵ و واقیع، ڕابردوو و ئێستا.. تاد
ئه‌و به‌ زمانێکی نا راسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێت ئه‌م ژیانه‌ له‌ خه‌ونێك به‌ده‌ر نییه‌، خه‌ونێك که‌ زۆر جار ناخۆش بووه‌و کاتێکیش ده‌مانه‌وێت بیگۆڕین رووبه‌رووی سێبه‌ره‌کانمان ده‌بینه‌وه‌، به‌ مانای دنیای خه‌یاڵ، هه‌ر زووش پێش کۆتایی هێنانی ده‌قه‌که‌ شاعیر له‌م خه‌ونه‌ی ژیانه‌دا کاتێك شێوازی فلاش باك به‌کاردێنێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دواوه له‌ ڕێی زوومی کامێراوه‌‌، جوانی و پاکی و به‌رائه‌تی منداڵی ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام ته‌نیا هه‌ر به‌شێکه‌ له‌ زنجیره‌ی حه‌کایه‌ته‌کانی ژیان.
فه‌لسه‌فه‌ی ده‌رچوون له‌ شوێنکات Space-time هه‌ر له‌سه‌ره‌تا کۆپله‌وه‌ سه‌رنجی خوێنه‌رانی زیره‌ك به‌لای به‌ها شاردراوه‌کانی نێو ئه‌م ده‌قه‌دا راده‌کێشێت. ئه‌وه‌ زمانی تایبه‌تی گیانه‌ که‌ ده‌توانێت بچێته‌ نێو ئه‌و جیهانه‌ سیحراویه‌ی خه‌ونه‌کان و رابردووه‌وه‌ که‌ ئێستایه‌کی شادومانی لێ فه‌راهه‌م بێنێت. ‌
له‌یه‌که‌م کۆپله‌دا دوو کۆمه‌ڵه‌ پارادۆکس هه‌ن که‌ هه‌ر کۆمه‌ڵه‌یه‌کیان ته‌عبیر له‌ مه‌به‌ستێکی جیاوازی شاعیر ده‌کات:
ره‌ش و سپی –> فلیمی کۆن X ره‌نگاوره‌نگ -> فلیمی تازه‌
بێده‌نگی X دووان
بێ شوێنی X شوێنداریی
ئه‌مانه‌ی یه‌که‌م ئه‌و باره‌ ناسروشتییه‌ن بۆ ده‌رچوون له‌ به‌شێکی حیکایه‌ت و خه‌ونه‌که‌و له‌ پێناو هاتنه‌وه‌ ناو دنیای واقیع و بونیاتنانی دنیای یۆتۆپیا به‌ :
– ڕێکخستنه‌وه‌ی ده‌موچاو (به‌و شێوه‌ی شاعیر ویستی لێیه‌، چ به‌ باره‌ خوازه‌که‌یدا بێت، یان ده‌موچاوی حه‌قیقی بێت).‌
– هه‌ڵگێرانه‌وه‌ی ژیان (بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ڕێره‌وی راسته‌قینه‌و جوانه‌که‌ی خۆی- وه‌ك له‌ کۆتایی شیعره‌که‌دا له‌ جریوه‌ی چۆله‌که‌و به‌رائه‌تی منداڵیدا ده‌یدۆزێته‌وه‌).

– دوورینه‌وه‌ی که‌لێن و قه‌ڵبه‌کانی ته‌مه‌ن، که‌ وێنه‌یه‌کی نوێ و جوانی شیعریه‌، چونکه‌ له‌ باره‌ واقیعیه‌که‌یدا جلوبه‌رگ ده‌دورێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ باره‌ مه‌جازیه‌که‌یدا نوشوستیه‌کانی ژیانیش هه‌ر وه‌ك به‌رگێکی دڕاون پێویسته‌ بۆ ساڕێژکردنه‌وه‌یان بدورێنه‌وه‌.
لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌که‌وێت شاعیر زیاتر کاری له‌سه‌ر فۆرمی شێوه‌کان کردووه؛ وه‌ك ده‌موچاو دوورینه‌وه‌، فلیم.
به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیشدا جه‌وهه‌ر فه‌رامۆش نه‌کراوه‌و کارامانه‌ تێهه‌ڵکێشی ئه‌م دیمه‌نانه‌ی کردوون به‌ هه‌ناسه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیه‌وه‌و ده‌رچوون له‌ سنوورو پێوه‌ره‌کانی ئه‌م جیهانه‌و فڕینی مه‌لی خه‌یاڵ له‌ زوومی کامێرایه‌که‌وه‌ که‌ حیکایه‌تی تاکێکی نامۆمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌.
له‌ کۆپله‌ی دووه‌مدا کامێراکه‌ ده‌بێته‌ کاراکته‌ری سه‌ره‌کی و دوو دیمه‌ن له‌یه‌ك ده‌دات، دیمه‌نی ڕابردوو که‌ خودی شاعیر تیایدا غائیبه‌و هه‌نگاوه‌کانی دێنو ده‌چن، هه‌ناسه‌کانی دێن و ده‌چن، له‌گه‌ڵ دیمه‌نه‌کانی ئێستای که‌ خۆی له‌ کامێراکه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام سه‌رڕێژ له‌ تابلۆی سوریالی قه‌شه‌نگ که‌ لێوردبوونه‌وه‌و ستایشکردنیان پێویسته‌. وا ده‌رده‌که‌وێت باسی سیمفۆنیای سه‌یرانێکی ئاڵوواڵای ئاوه‌ژوو ده‌کات، به‌ گێڕانه‌وه‌ی تابلۆکان بۆ واقیع لێی تێده‌گه‌ین و به‌م جۆره‌ ده‌توانین پارچه‌ په‌رتبووه‌‌کان له‌یه‌ك بده‌ین:

ره‌نگێك هه‌ڵده‌ده‌م (ده‌ق) X چه‌ترێك یان خێوه‌تێك هه‌ڵده‌ده‌م (واقیع)
ده‌نگێك ده‌پرژێنم (ده‌ق) X ئاو، یان عه‌تر (بۆن) ده‌پرژێنم (واقیع)
هه‌نگاوێك داده‌نێم (ده‌ق) X (بۆ هه‌ڵبژارنی جۆراوجۆری خوێنه‌ر) —– داده‌نێم
به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی ره‌نگ شێوه‌و فۆڕمه‌، ده‌نگ یان زمان: ناواخن و هه‌سته‌، هه‌نگاویش (جوڵه‌) یه‌، که‌واته‌ ده‌توانین بڵێین کردنه‌وه‌ی گیانه‌ به‌ به‌ری ژیانێکی نوێدا. هه‌رچه‌نده‌ وێنه‌گرتنی ئه‌مانه‌ش له‌ داهاتوودا ده‌بن به‌ حیکایه‌ت و کۆن ده‌بن، له‌ گۆشه‌یه‌کی بچوکی ئه‌م ژیانه‌وه‌ ون ده‌بن و که‌سێك یادیان ناکات، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بووبن.
جێی خۆیه‌تی ئاماژه‌ به‌وه‌ش بکه‌ین میتافۆڕی سێبه‌ر زۆر به‌هێز به‌ چه‌ند مانایه‌کی جیا له‌م ده‌قه‌دا به‌کارهێنراون، له‌وانه‌:
سێبه‌رێك واقی وڕماوه‌.. لێم نابێته‌وه‌ = منی ئێستای بزر
پیربوونی سێبه‌ره‌کان و نه‌مردنیان = گیان
ره‌سمی سێبه‌رێك ده‌گرم: هه‌ڵماقۆ/ په‌تپه‌تێن .. تاد = منداڵیی
هه‌ڵبه‌زینه‌وه‌ی سێبه‌ره‌کان له‌ کاتی په‌تپه‌تێندا (سێبه‌ره‌کان له‌ حاڵه‌تی کۆدان) = هاوڕێکانی منداڵی یاخود هاوه‌ڵ و ئازیزانی کۆچکردوو.

به‌ گشتی له‌م ده‌قه‌دا کێشه‌و ململانێیه‌کی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌ نێوان بابه‌ت و زماندا، زمان جارانێك ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها وه‌رده‌گرێت و زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر فۆرمدا، پاشتر بابه‌ت و بیرۆکه‌ ده‌یه‌وێت زمان ژێربار بخات و ته‌نانه‌ت له‌ ساده‌بوونه‌وی زمان‌دا له‌ جێگاگه‌لێکدا ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هیچ گوێ به‌ زمانی شیعر نه‌دات و له‌ به‌رانبه‌ریشدا له‌ داو و گرێی شیعره‌که‌وه‌ ده‌گلێ و بۆیه‌ یان به‌ هێندی وه‌رناگرێ یاخود له‌ ساته‌وه‌ختی نووسینی شیعره‌که‌دا‌ ئه‌و ره‌گه‌زه‌ بزر ده‌بێت، بۆ نموونه‌ ئه‌و بێ په‌نا بردن به‌ هونه‌ره‌کانی ره‌وانبێژی راسته‌وخۆ و به‌ زمانێکی بێ گرێ و گۆڵ ده‌ڵێت:
كامێراكه‌م به‌رانبه‌ر كه‌لاوه‌یه‌ك رێده‌خه‌م
یان
به‌رانبه‌ر به‌ دیمه‌نێك كامێراكه‌م داده‌نێم
له‌ کۆتاییدا ده‌ستخۆشی له‌م هه‌وڵه‌ جیاوازه‌ی شاعیر ده‌که‌م و هیواداریشم له‌ هه‌موو شاعیره‌ جیاوازو ئه‌فرێنه‌ره‌کان هه‌وڵی جیدی نیشان بده‌ن و ئومێده‌وارم نووسینی شیعری له‌مه‌ڕ خۆمان هه‌ناسه‌یه‌کی نوێ بدات و به‌ ڕه‌نگو بۆیه‌کی داهێنه‌رانه‌وه‌ شاعیره‌کان ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن و شه‌یدایانی ده‌قی باش ئاسوده ‌بکه‌ن و ره‌خنه‌گرانی ئه‌کادیمی و زانستی بهێننه‌ جۆش و خرۆش.

————————————

په‌راوێزو سه‌رچاوه‌کان‌:
………………………………..
muskingum.edu/~psych/psycweb/history/chomsky1-
2- زمان و فیکر له‌ نێوان تێۆرو پراکتیکدا، نه‌جات حه‌مید . 2013 .ل 10 و 22.
3- شه‌ڕی زمان له‌ پێناو ته‌ئویلکردنی ده‌قدا، عه‌بولموته‌لیب عه‌بدوڵلا. 2010. ل 178
4- – زمان و فیکر له‌ نێوان تێۆرو پراکتیکدا، نه‌جات حه‌مید . 2013 ڵ21،40
5- poets.org/poetsorg/text/brief-guide-language-poetry
6- The Language of Poetry. Kenneth Koch ، May 14, 1998 Issue.The New York Review
7- پاشکۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ، ژماره‌ 941، لاپه‌ڕه‌ 1، شیعری کامێرا، ڤینۆس فایه‌ق




چەند سەرنجێکی زمانی سەبارەت بە ڕۆمانی(لە مەککە)ی وەرگێڕدراوی شەفیقی حاجی خدر

ــ سەڵاحەددین مەغدید ڕوستی
————————————————

پاش وه‌رگرتنی ڕۆمانی(له‌ مه‌ككه‌)ی قادرعه‌بدوڵا كه‌ به‌رهه‌مێكی تازه‌ وه‌رگێردراو له‌ هۆڵه‌ندیەوەیە له‌لایه‌ن كاك شه‌فیقی حاجی خدری وه‌رگێڕەوه‌ به‌دیاری بۆم به‌ سوپاسه‌وه‌، داواشی كرد سه‌رنج وتێبینیەكانی خۆمی بۆ بنوسم، هەرچەنده‌ من نه‌ ڕه‌خنەگرم و نه‌ زمانەوان به‌ڵام وەک ڕێزێك بۆ داواكاری جه‌نابیان، وەک خوێنەرێكیش دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە له‌دوو ڕەهه‌ندەوه‌ چەند سەرنجێكم لا گەڵاڵه‌ بوو یەكەمیان سەبارەت به‌ زمانی وەرگێڕانەكه‌ و ئەوەیتر دیدو فەلسەفه‌و تەكنیكی ڕۆمانەكه‌یە، ئەوەی پەیوەندی بەوەرگێڕانەوه‌ بێت بەشێكی لێره‌ دەخەمه‌ بەرچاو، بەڵام سەبارەت به‌ سەرنجەكانم بۆ ناوەڕۆكی دەق و ئامانج و فەلسه‌فەی ڕۆمانەکه‌ له‌ دەرفه‌تێكی ترئەگه‌ر بۆم لوا ئەیانخەمه‌ ڕوو.

هەرچەندەش بۆ بەراوردكردن و تێبینی بۆ دەقێكی وەرگێڕدراو پێویست به‌بەرده‌ست بوونی دەقەکە به‌هەردوو زمانەكه‌و کارامەیی تیایاندا مەرجێكی پێویسته، كه‌ بۆ ئێمە مەیسه‌ر نەبووه، بەڵام دیاره‌ لەوه‌رگێڕانیش ئەشێ باشترین وشه‌و دەستەواژەی دروست له‌زمانی دووەم هەڵبژێردرێ بۆ گەیاندنی پەیامی نوسەرو بەخشینی چێژ به‌ خوێنەری هەمان زمان، بۆیه‌ تەنانەت ئەگەر هەندێ وشه‌و دەستەواژه‌ وەكوو وەرگێرانی وشه‌یی(ترجمة حرفیة) نەشگوازرێنەوه‌ له‌بەهای وەرگێڕانەكه‌ كەم ناکەنەوە، ئەنجا من وەك خوێنەرێك و له‌سه‌ر بنەمای ئەوەی پێم وایه‌ گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوه‌ رێگایەکی فێربوون و خۆ ڕۆشنبیركردنه‌، دەمه‌وێ بەشێك له‌سەرنجەكانم بخەمه‌ ڕوو بۆ ئەوەی ئەگەر نەشم پێكابێت بتوانم سوود له‌ وەڵامی بەرامبەرەکانم وەرگرم.

سەبارەت به‌ وەرگێڕانەكه‌و بەڕەوانی زمانی و گوزارشتەوە به‌ پێویستی دەزانم‌ دەست خۆشی له‌ وەرگێڕ بكەم كه‌ كارێكی زۆر جوانی ئەنجامداوه، سەرەڕای بەكارهینانی زمانێكی ڕەوان و بێ گرێ چەندین وشه‌و زاراوەی ڕەسەن و تۆزگرتوی زمانی كوردی تیایدا زیندوو كردۆتەوه‌‌، هەرچەنده‌ لەوانەیه‌ هەندێكیان مۆركی ناوچەیی بونیان پێوه‌ دیاربێت بەڵام زۆرینەیان زۆر گونجاوو له‌ شوێنی خۆیاندان و له‌وانەیه‌ سودیان هەبێت بۆ دەوڵەمەند كردنی زیاتری زمانی نوسین و پڕكردنەوەی چەندین بۆشایی زمانی لەوانەش: كێفەڕات، تێشی، تیدان، قەلۆش، دەمبەشكه‌، سارنجخانه‌، گۆرین، بەخشكەیی، زراسك، …

هەرچەنده‌ زیندوو كردنەوه‌و بەكارهێنانی وشه‌ی ڕەسەن و كۆن دیاردەیەكی جوان و سودبەخش بێت بۆ زمان بەڵام ناكرێ خۆمان لەو ڕاستیەش ببوێرین ‌كه‌ ڕای بەشێكی زۆری زمانەوانانه‌ كه‌ ئەو دیاردەیه‌ سەرەڕای لایەنه‌ ئەرێنیەكەی لایەنی نەرێنیش لەخۆ دەگرێت ئەگەر ڕەچاوی هەندێ له‌یاساو بنەما زمانیەکان نەكرێت، وەك:

1- له‌كاتی ژیاندنه‌وه‌و به‌كارهێنانی وشه‌یه‌كی كۆن له‌ كاتێكا جێگره‌وه‌یه‌كی گونجاوو ناسراوتر له‌خۆی هه‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر مۆركی ناوچه‌یشی پێوه‌ دیاربێت له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی شلۆقكردنی زمانی و ماندووكردنی زیاتری خوێنه‌روو ترازانی ته‌ركیز له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ده‌ق.

نمونه‌: جه‌ڕباندن به‌كارهێنراوه‌ له‌جیاتی تاقیكردنه‌وه‌ یان ئه‌زمون.

2- زمانه‌وانان پێیان وایه‌ هاو واتای ته‌واو له‌ زماندا دیارده‌یه‌كی ته‌ندروست نیه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ش بێت پاش ماوه‌یه‌ك یه‌كێكیان ئه‌وه‌یتر ده‌به‌زێنێ و خۆی جێگای ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ڕای من هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ زمانی ستانده‌رمان نیه‌و وشه‌ی تایبەتمەندمان بۆ زمان یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌ بۆچوونی من باشتر وایه‌ نوسه‌ر له‌ هه‌موو ده‌ق و نووسینه‌كانیدا ته‌نها یه‌كێ له‌و فۆڕمانه‌ كه‌ باوترینه‌و له‌ قه‌ناعه‌تی خۆی نزیكه‌ هه‌ڵبژێرێت و به‌كاری بێنێت، نه‌ك چه‌ند فۆڕمێكی جیاواز بۆهەمان مەبەست له‌یه‌ك ده‌قدا كه‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ بیانیه‌ك وا ئاسایی نه‌بێت وه‌كوو بۆ هاوزمانیه‌ك ئاسایی دێته‌ به‌رچاو.

نموونه‌: ئێستا= نها…

3- ناڕوونی له‌ چه‌مكی وشه‌ یان زاراوه‌، زهنی خوێنه‌ر سه‌رقاڵ ده‌كات له‌ نێوان جیاوازی مه‌فهومی وشه‌كه‌، به‌ نمونه‌ نوسه‌ر له‌ هه‌ندێ شوێن وشه‌ی(گه‌وره)‌و له‌ هه‌ندێ شوێنی تر(گه‌ورۆنه)‌ی به‌كار هێناوه‌، ده‌كرێ بگوترێ ئه‌و مێرووله‌یه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌هه‌مان كات ئه‌شێ بشگوترێ ئه‌و شاخه‌ گه‌وره‌یه‌، كه‌واته‌ وشه‌ی گه‌وره‌ ڕه‌ها نیه‌و ڕێژه‌ییه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ زاراوه‌ی گه‌ورۆنه‌ به‌ دلنیایه‌وه‌ وشه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نه‌و له‌ كۆنه‌وه‌ به‌كار هێنراوه‌، به‌ڵام ڕوون نیه‌ له‌ به‌كار هێنانی له‌ناو ئه‌و ده‌قه‌ جیاوازی نێوان ئه‌و دوو فۆڕمه‌ چیه‌؟ به‌ بۆچوونی من ئه‌گه‌ر وشه‌ی گه‌وره‌ له‌ به‌رامبه‌ر(مه‌زن – كبیر)و وشه‌ی گه‌ورۆنه‌ له‌ به‌رامبه‌ر (زه‌به‌لاح، زۆر گه‌وره‌ – عملاق ، ضخم) به‌كار هاتبێت زۆر گونجاوە.

له‌لاپه‌ڕه‌ 169 ده‌نوسێ پاپۆڕی گه‌ورۆنه‌ گه‌ورۆنه‌ له‌ جێیخۆیدایه‌ له‌ جیاتی (باخرة عملاقة) به‌ كار هاتووه‌ به‌ڵام له‌ چه‌ندین شوێنی تریش له‌ جیاتی گه‌وره‌ به‌كار هاتووه‌ بۆ ده‌رگه‌ و بۆ سه‌كۆی گەورەش هه‌مان زاراوه‌ به‌كار هاتووه‌.

وشه‌ی(قه‌په‌نگ)یش كه‌ له‌ زمانی توركیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی و دۆڵی ڕوستی به‌ر له‌ ڕاگواستن بۆ په‌نجه‌ره‌ره‌ی گه‌وره‌ی نهۆمی دووه‌م و سێیه‌می خانوه‌ گه‌وره‌كان به‌كار ده‌هات، به‌ڵام به‌ پێی زانیاری من زاراوه‌ی (دووبانكه‌)زیاتر بۆ به‌له‌كۆنه‌ی ئه‌وكات به‌كار ده‌هات كه‌ به‌ ده‌رگایه‌ك به‌نهۆمی دووه‌م وسێیه‌می خانوه‌كانەوە پەیوەست دەکرا.

له‌ لاپه‌ڕه‌ 30 و شوێنی تریش نوسراوه‌(قه‌ده‌ممان لێدا) كه‌ پێ ده‌چێت مه‌به‌ستی وه‌رگێڕ ڕۆیشتن یان پیاسه‌كردن بێت، به‌ ڕای من جگه‌ له‌ ناڕه‌سه‌نی وشه‌ی قه‌ده‌م كه‌ كتومت عه‌ڕه‌بیه‌كه‌یه‌تی باشتر وایه‌ جێگره‌وه‌كانی بۆ به‌كار بێن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داتاشراوو سازێنراویش بن گونجاوتره‌.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌سته‌واژه‌كانی( له‌ پڕشتێك ڕویدا لا23، شتێكی تر له‌ ئارادابوو لا17، شتێك قه‌وما لا24، شتێك له‌ ماله‌كه‌دا ته‌قیه‌وه‌ لا25، روداو گه‌لێك قه‌وماون لا36، له‌یه‌كه‌م نیگادا شتێك قه‌وما لا44، …) له‌ چه‌ند ڕوێكه‌وه‌ تێبینی هه‌ڵده‌گرێت، سه‌ره‌تا وشه‌ی قه‌وما هه‌رچه‌نده‌ له‌وه‌ده‌چێت له‌ قیامی عه‌ڕه‌بیه‌وه‌ وه‌رگیرابێت به‌ڵام ده‌مێكه‌ له‌هه‌ندێ ناوچه‌و شێوه‌زاری كوردی شوێنی خۆی گرتووه‌و له‌ زۆر زمكانی جیاوازیش به‌كار ده‌برێت به‌ نمونه‌ له‌ جیاتی (حدث – رویدا)یان(فعل، قام – قه‌وماندی) ، به‌ڵام به‌ بۆچوونی من وا باشتره‌ ئه‌م وشه‌یه‌ له‌جیاتی روداو به‌كار نه‌هێنرێت چونكه‌ وشه‌ی(روداو) بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ قه‌ومان ڕه‌سه‌نتر ده‌رده‌كه‌وێت تا رادده‌یه‌كی زۆریش له‌ناو زۆربه‌ی شێوه‌زاره‌ كوردیه‌كانیش نامۆ نیه‌ نه‌خاسمە له‌ دیالێكتی ناوه‌ڕاست، وه‌له‌ لایه‌كی تر جیاوازی زۆره‌ له‌ نێوان(حدث – قام یان فعل) چونكه‌ یه‌كه‌م روداوێكی خۆكردی له‌خۆوه‌و بێ پلان ویستی مرۆڤه‌، وه‌ك:(له‌یه‌كه‌م نیگادا شتێك قه‌وما…) به‌ڵام دووه‌میان پێچه‌وانه‌ی یه‌كه‌مه‌، وه‌ك: (شه‌ڕێكی كرد، قه‌وماندی) كه‌ ناتوانرێ لێره‌ رودان به‌كار بهێنرێ.

وه‌ تێبینی ترم له‌و باره‌یه‌وه‌ جیاوازی نێوان هه‌ردوو وشه‌ی(شت”ته‌ن” – روداو)ــه‌، دیاره‌ به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ كه‌ ئه‌و دوو وشانه‌ دوو چه‌مكی جیاواز ده‌به‌خشن یه‌كه‌میان زۆربه‌ی ته‌نه‌‌كان ده‌گرێته‌وه‌ بێجگه‌ له‌ كه‌س و ڕوداو…، به‌ڵام ڕوداو كرده‌ویه‌كی رودراوه‌ واتا به‌ ئه‌نجام گه‌یشتنی چالاكیه‌كی دیاری كراوه‌، بۆیه‌ واهه‌ست ئه‌كرێ له‌وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌دا ڕه‌چاوی جیاكردنه‌وه‌یان نه‌كرابێ وه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌ 23 ده‌ڵێ:له‌پڕ شتێك ڕویدا، من لێی ئاگادار نه‌بووم… ، به‌ بۆچوونی من بگووترێ: له‌پڕ ڕوداوێك ڕویدا…، گونجاوتر دێته‌ به‌رچاو، یاخود له‌ لاپه‌ڕه‌ 25 كاتێك ده‌ڵێ: شتێك له‌ ماڵه‌كه‌دا ته‌قیه‌وه‌… وا گونجاوتره‌ بنوسرێ: (ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ ماڵه‌كه‌دا ڕویدا..) چونكه‌ شته‌كه‌ خۆی نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكوو له‌ ئه‌نجامی ده‌ستكاری كردنی بووه‌ به‌بێ مه‌به‌ست، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ڕوداو.

به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌ لاپه‌ڕه‌ 36دا كه‌ ده‌ڵێ: ڕوداوگه‌لێك قه‌وماون…، من وام پێ گونجاوتره‌ بنوسرێ: ڕوداوگه‌لێك ڕوویانداوه‌.

هه‌روه‌ها كه‌ له‌لاپه‌ڕه‌24 ده‌نوسێ: ئه‌و كات شتێك قه‌وما كه‌ مۆرێكی له‌ هه‌موو ژیانی منداو…

له‌وانه‌یه‌ به‌مجۆره‌ هاوسەنگتر بێت بۆ زهنی خوێنه‌ر كه‌ بگوترێ: له‌و كاته‌دا رووبه‌ڕووی ڕوداوێك بوومه‌وه‌ كه‌ بووه‌ مۆرێكی هه‌میشه‌یی به‌ژیانمه‌وه‌…، یاخود هه‌ر گوزارشتێكی تری هاوشێوه‌.

ئیتر نمونه‌ی تریش زۆرن به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م به‌ پێویست زانی وه‌ك تێبینی و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری خه‌رمانه‌ی پڕ له‌به‌ره‌كه‌تی وه‌رگێڕی به‌توانا كاك شه‌فیقی حاجی خدر، هیوادارم سودێكی هه‌بێت.




جیاوازیم لەگەڵ جیاوازێکانی ئێمە …. نەجمەدین فارس حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..