ئەڵمانیا و سێکوچکەی قەیران … هەڵۆ بەرزنجەیی

لە هەنووکەدا سێ بابەتی سەیر و هەستیار شەقام و ماسمیدیای ئەڵمانی داگیر کردووە. پەنابەران و کێشەکانیان و پرسی ئینتگراسیۆن و دابڕکردنیان، کۆچبەران، بۆچوونێک مشتومڕی لەسەر دەکرێت،دەبێت ئەڵمانیا دەی ببێتە وڵاتی کۆچبەران و باسی سێیەمیش ڕاسیسیزم و شکستی ئینتگراسیۆن.
ئەڵمانیا بەو هەڵکەوتە جیوسیاسییەی هەیەتی لەناو دڵی ئەوروپادا و وەک چوارەمین بەھێزترین دەوڵەتی ئابووریی جیھان، لە مێژووی خۆیدا کەمجار وەک ئێستا لە قەیرانی وا سیاسی و دبلۆماسی لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیھان کاتی بەسەر بردووە.

لەگەڵ فەرەنسا، وەک گەورەترین وڵاتی دراوسێ و دۆستی ستراتیژیی لە یەکێتی ئەوروپا و گەلێ بواری دیکەی ژیان دا. لە ھەنووکەدا لە سیاسەتی بەرگریی و سیاسەتی دراو دا کێشەی نێوان بەرلین و پاریس گەورەیە.ئەڵمانیا بۆ ڕزگارکردنی ئەوروپا، نایەوێت بیرۆکە نوێیەکانی پاریس/ ماکرۆن وەک خۆی قبوڵ بکات. ئاخر فەرەنسا ھەمیشە دەست پێشخەر و ڕابەری بزافی سیاسی ئەوروپا بووە. ماکرۆن ھەمیشە خاوەنی بیرۆکە و پێشنیاز و ئەجیندای مرۆییە بۆ ئەوروپا، ھاوکات بۆ پیادەکردنی بەرنامەکانی پێویستی بە پشتیوانی سیاسیی و دارایی ئەڵمانیا ھەیە.

ئەڵمانیاش وا تێدەگات، کەوا چ فەرەنسا و چ بەشێکی تری جیھان چاویان بڕیوەتە گیرفانی وڵاتەکەی. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەڵمان بەوە ناسراون کە گەلێ بە پارێز و ھەستیارن لە دەست برد بۆ گیرفانیان و گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی دارایی ھیچ کەس و لایەک. ئاخر ئەڵمان ھەر فێرە کەرەسەی تەکنەلۆژی بەرھەم بھێنێ و بیفرۆشێ و قازانج بکات و گیرفان و خەزێنەی پڕ بکات،نەک بە پێچەوانەوە دەست بکات بە گیرفانیدا.

فەرەنسییەکان لەم بارەدا دەڵێن ئەڵمانەکان ئێمەیان بەھەڵواسراوی بەجێھێشتووە. بەتایبەتی دوای دامەزراندنی پیسکۆ و وەک بەرتەکێک بۆ زیاتر بەدەتهێنانی ئازادیی سیای و ەربازی و ئابووریی و ڕزگاربوون لە هەژموونی ئەمەریکا.لەگەڵ وڵاتی پۆلۆنیا وەک ھاوسێیەکی گرنگی ئەڵمانیا و بوونی مێژوویەکی ھەستیار لە نێوانیان دا. کێشەکەش بەرئەنجامی نزیکبوونەوەی ئەڵمانە لەگەڵ رووسیادا و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندی پۆلۆنیا لەم مەیدانەدا.

بەتایبەتی ڕاکێشانی بۆری گازی رووسیا، لەسەر ھەژماردی بەرژەوەندی پۆلۆنیا و بالتیک Pipeline Nord Stream2لەتەک یەکێتی ئەوروپادا کە گوایە دەوڵەتێکی دیموکراس و یاسایی وەک ئەڵمانیا بۆ بەرژەوەندی خۆی پێشێلی بنەماکانی رێکەوتنی یەکێتی ئەوروپا دەکات. ئەمەش بەو واتایەی ئەڵمانیا لەهەوڵی ئەوەدایە ھەرچی بوێ و بخوازێ و لەبەرژەوەندی بێت ئەوە دەکات. بێ ئەوەی گوێ بداتە بنەماکانی رێکەوتنامە و دەستوورەکەی برۆکسل.

بۆ نموونە نزیک بوونەوە لە چین.لەگەڵ ئەمەریکا لە بواری بازرگانی و وزە و ناتۆدا کێشەی ھەیە،چونکە ئەمەریکا داوای یارمەتی مادیی زیاتری بۆ ناتۆ لێ دەکات بۆ بواری بەرگری و دژی بازرگانیی ئەڵمانیایە لەگەڵ رووسیادا و دەڵێ پێویستە لەسەر ئەڵمان مەرجەکانی بازرگانی قبوڵ بکات. ھەروەھا گەرەکە ئەڵمانیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەرکی زیاتر بخاتە ئەستۆیی و بە قورسایی ئابووریی و سەربازیی و یاسی خۆیەوە بێتە مەیدان و بەھیچ بیانوویەکی ڕووداوەکانی مێژووەوە خۆی نەدزێتەوە لە بەرپرسیارێتی. ئەمە لەسەر ئاتی ئەوروپا ھەمان داخوازی فەرەنساشە.

بەشێکی ئەم باسانە بیرۆکەی ناو کتێبی نوێی نووسەری دیاری ئەڵمانیا Christoph von Marschall بەناوی: ئێمە چی دیکە لە جیھان تێناگەین.
ڕۆژنامەی تاگەشپیگل ئەم ناونیشانە یان بڕگەیەکی ئەم کتێبەی کردۆتە باس و بابەتێکی سەرنجراكێش و بەندەش ھەمان بیرۆکەم کردۆتە ھەوێنی ئەم وتارە.

لە دوای دیداری یاخود بانگھێشتنی پۆتین بۆ ئەڵمانیا و دیداری مێرکل لە ١٧/٨/٢٠١٨ دا، بەشێکی زۆری ئەم کێشانە سەریان ھەڵدا و زەق بوونەوە. چونکە پۆتین داوا لەئەڵمانیا دەکات پەنابەرە سوورییەکان ڕەوانەی سوریا بکرێنەوە رووسیا خۆیشی ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکە لەم مەیدانەدا. ئەم پێشنیازە لە نێوەندی حیزب و کەسایەتییە ئەڵمانییەکان دا ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە ڕەخنەی توند بۆوە، چونکە ئەوانە پێیان وایە ئەم ھەنگاوە کتومت دەکاتە ھاوکاریی و پشتیوانی پێشکەشکردن بە ڕژێمی ئەسەدی خوێناوی و بکوژی ھەزاران ھەزار کەس.

هاوکات بەێکی زۆر لە دۆستەکانی ڕۆژئاوایان بەتایبەت بەم پلان و نەخشەیە ڕازی نییە. ئەمە دیوێکی سیناریۆکەیە، چونکە رووسیا باش دەزانێ ئەسەد پێویستی بەیارمەتییە و دەبێت پەناھەندەکان بگەڕێنەوە بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵات. سووریاش ئامانجی ھاتۆتەدی ، کە لە ٣٠ ملیۆن سووری ١٠ ـ١٥ ملیۆنی باشی بەدڵی خۆی بۆ بمێنێتەوە ھەر قازانجێتی.

بەندە باوەڕی وایە کەوا بە شەپۆل ڕەوی خەڵکی سووریا بۆ پەنابەری لە ئەوروپا، هەر لەسەرەتاوە سیاسەت و ستراتیژێک بوو، خودی رووس ئەندازیار و نەخشەی بۆ کێشا بوو ، ئەسەدیش جێبەجێی کرد. ئەمەش مانای وانییە،خەڵکێک نییە بیەوێت لەو شەڕە هەڵ بێت و یاخی بێت،نەخێر ئاخر ئەو رۆژانە واتە پێش ٣-٤ لەمەوبەر ڕۆژانە لە سوریا نزیکەی ٣٠٠٠ ھەزار پەساپۆرت بۆ ھاوڵاتی سووری دەردەهات. ئەمەش بووە ریکۆردی گەورە لە دەوڵەتێکی پۆلیسی وەک سووریادا . سووریا لەم رێگایەوە داھاتێکی باشی دەست کەوت و ھەر ھاوڵاتییەکیش توانی پەساپۆرت بە ئاسانی بەدەست بھێنێ و بە سانایش بەرەو ئەوروپا ملی رێگا بگرێتە بەر .

ئاخر بەشێوەیەکی زۆر خێرا و سەیر ، سوریا دەرگای بەدەست ھێنانی پەساپۆرتی کردەوە و سەرسورھێنەرانە دەرفەتی ڕۆیشتنی خەڵکی فەراھەم کرد.ئامانجی رووسیاش لەم پلان و نەخشیە، سەرقاڵکردنی ئەوروپا بوو بە کێشەیەکی نوێوە، تاوەکو ئەو گوشارە توند و ھەڕەشانەی لەسەری دروست بوون، بە بۆنەی شەڕ و کێشەکانی داگیرکردن و ھەرا لە قریم و ئۆکرانیا لەبیر جیھان بەتایبەت ئەوروپا بەرێتەوە.

من لەم میانەدا، تەنھا تیشکێک دەخەمە سەرباسی سیاسەتی پەنابەریی ئەڵمانیا، ئێستا بارودۆخ سەبارەت بە پەنابەر بەجۆرێکی تر وەرسووڕاوە. ئەڵمانیا پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر کرد و تا ماوەیەکی باش دەرگای سنوورەکانی بە واڵایی بۆیان ھێشتەوە. لەم ڕێگایەوە ژمارەکی زۆر و بەرچاو لە پەنابەر بەتایبەت ووری ھاتنە ئەڵمانیا . ئەم ھەڵوێستەی حکومەتی مێرکل، بووە کێشە بۆ ناوخۆی ئەڵمانیا و تەواوی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا.

بەپێی سەرژمێرییەک %٤٣ ئەوەی هاتۆتە ئەڵمانیاوە تەمەنیان لە خوار ١٥ ساڵییەوەیە.کە بەتێکڕا زیاتر %٩٦ لە خوار ٤٠ ساڵییەوەن. ئەمەش دەستکەوتێکی مرۆییە گەورەیە،بۆ وڵاتێ رێژەی منداڵیزۆر کەمە و بە هەزاران هەزار دامودەزگا و سیاسەتی خۆی هەیە، زۆرینەی ئەمانە بکاتە کوڕی دەوڵەت، یاخود لە بازاڕی کارکردن دا بیانخاتە گەڕ بۆ پڕکردنەوەی ناتەواوییەکانی خۆیان.

لە پەڕاوێزی هەبوونی ئەم هەموو بێگانەیەدا، جارجار لێرە و لەوێ ڕووداوی نابەجێ و ناخۆ ڕوو بدات،لێ ئەمە هیچ لە بایەخ و سەنگی سیاسەتی ستراتیژی ئەڵمانیا کەم ناکاتەوە. بە کورتی و کرمانجی لەم مامەڵەیەدا، هەر ئەڵمان براوەیە. هەڵبەت ناکرێ بڵێێن هەستی مرۆدۆستی و کاریی مرۆیی لەناو ئەڵمان دا نییە، یاخود ئەڵمان شتی وای لەدەست نایەت،لێ بە هەموو خوێندنەوە و پێوەرێک ئەم خاڵە تەواو کز و سست و لاوازە.

ئەڵمان وڵاتێکە دوای یابان مەیلی دژە منداڵیان ھەیە ھەر خەریکی فێربوون و کارکردنن. بەھۆی پەنابەرانەوە باری ئابووریان زۆر پوژاوەتەوە و قازانجی ساڵانەیان زیادی کردووە لە ھەمووی گرنگتر نەوەی ئێستای ئەڵمان ئەوەی لە ژیان دا ماون ، زۆرینەیان نەوەی سەردەم و پاش جەنگن و پیر و پەککەوتە بوون و پێویستیان بە خزمەتە . ئەوەتا حکومەتی مێرکل لە وڵاتێکی وەک ئەلبانیاوە خەلک دێنن بۆ خزمەتیان بە ئیمتیازێکی زۆر گران .

زۆر پیشە لە فەوتان رزگاری دەبێت چونکە منداڵی ئەڵمان لەئاستێکی تردایە و ھەر خەریکی خوێندنی زانکۆ و باڵاترن.بازاڕی ئیش بە گەرمی پوژاوەتەوە و لەدوای یەکگرتنەوەی ئەڵمانیاوە،سەردەمی وا زێڕین نەهاتۆتە ئاراوە.

لەلایەکی ترەوە پەنابەر دیپۆرت دەکەنەوە. بەتایبەت بۆ ئەلبانیا و کۆسۆڤۆ و مەکەدۆنیا و ئەفغانستان و گەلێ لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، لەگەڵ ئەوەشدا کەوا فێری زمان بوون و لە هەوڵی خۆ دامەزراندن دا. لەڕاستی دا،کەس سەر لەم سیاسەتە دووفاقییە دەرناکات. وەک باسی دەکەن ئەوەی مافی مانەوەی پێ دەبەخشن، گەرەکە فێری زمان بوو بێت و خەریکی کار بێت و باج بدات و خۆی دامەزراند بێت ، دەنا ئەوانی تر ھەموو ڕەوانە دەکەنەوە. واتە پەنابەران لە بێژنیان دەدەن و باش بۆ خۆیان گل دەدەنەوە و تەمەڵ و تەوەزلەکان بۆ دەرەوە و ئەو شوێنەی لێوەی ھاتوون یاخود بۆ ئۆردوگاکانی بولگاریا و ئەلبانیا و ئیسپانیا. کەواتە ئەوە بەسەرچوو،خەڵک بیەوێ لەسەر سۆیال بژی. پەنابەرانیش هەموو بۆ ئەوەی مافی مانەوە وەرگرن، دەست بەکار بوون. بەشێکی کەمی خۆی سەرمایەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و لێرە خزمەتگوزاری دەکات، بەتابەت لە بواری چێشتخانە و کردنەوەی دووکانی شیرەمەنی فرۆشتن دا. ئەوی تریشی ناچارا هەر کارێکی پێ بسپێرن ،با بواری خۆیشی نەبێت،گەرەکە بیکات.

ئەڵمان چاویان بڕیوەتە سامانە مرۆییەکە، بۆ خۆشگوزەران کردنی ژیانی خەڵکی خۆیان و ھەڵبژاردنی باشەکان بۆ بازاڕی کاری ناوخۆیان .سەر وەختێ سەرقاڵی چاپکردنی ئەم بابەتە بووم، میدیاکان راگەیاندنێکی نوێیان بلاوکردەوە، کە گوایە پێویستە پەنابەر بۆ ساڵێک خزمەتی بکات، لەبواری خزمەتگوزاری گشتی یاخود لە وەزارەتی بەرگریدا.

ئەمە ناوڕۆکی سیاسەتی وەرگرتنی پەنابەرە، با بەشێکی گچکەشی پەیوەندی بە هەستی مرۆیی و ڕێزگرتن بێت لە مافی مرۆڤ و گوزەراندنی ژیانی ڕاستەقینە بێت لەسایەی سیستەمە دیموکراسییەکان دا،ئەڵمانیا بە نموونە .
بەڵام لە بنەڕەتدا ماستەکە بێ موو نییە.

٢٨/٨/٢٠١٨




گەندەڵی هەڵبژاردن لە نێوان سویسراو كوردستاندا … عەلی مەحمود محەمەد

لە 10 ی ئابی ئەمساڵ 2018, رێكخراوی (Greco ) ( كۆمەڵەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ بنەبڕ كردنی گەندەڵی), بۆ جارێكی دیكە سەركۆنەی وڵاتی سویرسرای كردەوە, بەهۆی ئەوەی هیچ هەنگاوێكی نەناوە, بۆ ئەوەی پارتە سیاسییەكانی سویسرا, سەرچاوەی داهاتیان ئاشكرا بكەن, لەو بەخششانەی پێیان دەدرێت لە لایەن”كەسەكان,كۆمپانیاكان, یان گروپی بەرژەوەند خوازی دی هەرچییەك بێت”ئاشكرا بكەن.

Greco نیگەرانە لەوەی حكومەتی فیدراڵی یاسا یەك دەرناكات بۆ پیادە كردنی رونی لە خەرجی پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و بودجەی حیزبەكان, پێی وایە دەرنەكردنی یاسایەكی لەم چەشنە, بۆ خۆی پشتیوانیكردنە لە گەندەڵی لە لایەن حكومەتەوە.

لە مانگی ئۆكتۆبەری دا 2017 دا, دەستپێشخەرییەك لە ئاستی نیشتمانی سویسرا پێشكەشكرا لە لایەن كەسانێكەوە زۆربەیان چەپن, بۆ ئەوەی پارتە سیاسییەكان ناچار بكرێن سەرچاوەی داهاتیان ئاشكرا بكەن, لێ حكومەت داواكەی رەت كردەوە, وەلێ چاوەڕوان دەكرێت, هاووڵاتیان بۆ ساڵانی 2020 یان 2021 لە رێگای راپرسییەوە دەنگ بدەن بە دەستپێشخەرییەكە, وەك نەرێتێكی سستەمی دیموكراسی راستەوخۆ لە سویسرا, هەرچەندە ئەمساڵ كانتۆنەكانی شفیتس و فریبۆرغ دەنگیان بۆ رونی زیاتر دا لە تەمویلی حیزبەكان, لە كانتۆنەكانی تیتشینۆ و جنێف و نۆشتایل بۆ خۆی بڕیاری وا هەیە.

سوید و سویسرا دوو دورگەی نا شەفافی كاری سیاسین لە روی پارەدان بە حیزب و خەرجی هەڵبژاردن لە ناو ئەوروپا, هەرچەندە ئەم دوو وڵاتە وەك نموونەی باڵای دیموكراسی خۆیان نمایش كردووەو ئێمە زانیومانە,بەردەوام لەبەر چەقۆی تیژی رەخنەدان, سستەمە سیاسییەكەیان بەو هۆكارەوە كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە, لەم دوو وڵاتە یاسای نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دارایی حیزبەكان و هەڵمەتی هەڵبژاردن نییە, سەرچاوەی بەخششەكان لە تاریكیدایە, وەلێ پێچەوانەی كوردستان كە نغرۆی نارونی و تاریكییە, پارتەكانی ئەوان پێش هەڵبژاردنەكان بودجەی خۆیان بڵاو دەكەنەوەو رایدەگەیەنن بۆ رایگشتی, هەرچەندە ئاشكرای ناكەن لە زۆر حالەتدا كە چۆنیان پەیدا كردووەو لە كێیان وەرگرتووە, كێشەی ئەم دوو وڵاتە لێرەوە سەرچاوە دەگرن, سەیر بكەن پارتەكانی سوید 11 مانگ پێش پرۆسەی هەڵبژاردن, بودجەی پارتەكانیان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دیاریدەكەن و بڵاو دەكەنەوە, پارتی سۆسیال دیموكراتی دەسەڵاتدار 100 ملیۆن كرۆنی دیاریكردووە بۆ پرۆسەكە, تەنانەت شێوازی خەرجكردنی ئەو بودجەیەش دیاریكراوە, نموونە 70 ملیۆنی بۆ ریكلام دیاریكردووە, پارتی ناوەند 70 ملیۆن كرۆن, 50%ی بۆ ریكلام, پارتی دیموكرات 50 ملیۆن…. بودجەی هەڵبژاردنی 9ی ئەم مانگەیانە.

بەهۆی دابەزینی ژمارەی ئەندامانەوە, ئابونەی حیزبی تەنها 3%ی داهاتی پارتەكان دیاری دەكات لە سوید, لە ساڵی 1989 رێژەی 13%ی هاووڵاتیان ئەندامی پارتەكان بوونە, لێ ئێستا رێژەكە كەمترە لە 5%., بۆیە بەشداری ئابوونەی حیزبی كەمترە لە 5%ی خەرجییەكان, كە رەواترین رێگای پارە پەیداكردنی حیزبی سیاسییە.

كەموكڕی لە سستەمی دیموكراتی سویسری ئاشكرا نەبوونی خەرجییەكانە, هەرچەندە بەهۆی پیادەكردنی دیموكراسی راستەوخۆوە خۆی بەسەر مەشقی دیمكراسیەت لە جیهان دەزانێت, بەم هۆیەوە كەوتۆتە بەر رەخنەی توندی رێكخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی, سەبارەت بە تاریكی پشتیوانی سیاسی پارتە سیاسییەكان, جگە لە پارتی گەلی راستگەرا, هەموو پارتەكان بودجەی خۆیان پێشتر بۆ هەڵبژاردنەكان بڵاو كردۆتەوە ” پارتی سۆسیالست 1و4 ملیۆن فرەنك, پارتی لیبراڵی رادیكاڵ 3 ملیۆن فرەنك, پارتی دیموكراتی كریستان 2 ملیۆن فرەنك, پارتی سەوز 200 هەزار فرەنك, پارتی بۆرجوازی دیموكراتی 500 هەزار فرەنك, سەوزە لیبراڵەكان 300 هەزار فرەنك”.

وەك دەبینین پارتە سیاسییەكانی سویسرا كە لەبەردەم تیغی رەخنەی توندان, ناڕاستەوخۆ سەرچاوەی داهاتەكانیشیان دیاریكردوەو بڵاو كردۆتەوە” حیزبی لیبراڵی سویسری بودجەكەی 3 ملیۆن فرەنك”65%ی لە كۆمپانیاكانەوە”, پارتی دیموكراتی كریستان 2 ملیۆن “50%ی لە كۆمپانیاكانەوە”, پارتی گەلی سویسری 2 ملیۆن “35%ی لە كۆمپانیاكانەوە ” پارتی سۆسیالست 2,5 ملیۆن فرەنك “75%ی لە ئابونەیە, سۆسیالستەكان تەنها لە یەك كۆمپانیا بەخشش وەردەگرن, ئەویش ناوەكەی ئاشكرا كردووە, تاكە پارتە ناوی كۆمپانیاكەی ئاشكرا كردووە لەناو ئەو پارتانەی ئامادەن بەخشش لە كۆمپانیاكان وەربگرن, پارتی سۆسیالست بەهیچ شێوەیەك كۆمەك لە بانكەكان و كۆمپانیاكانی دڵنەوایی وەرناگرێت, بەمەش ساڵانە زیانی 400 هەزار فرەنك لە خۆی دەدات, “,پارتی سەوزی سویسری بەخشش لە بانكی كریدی سویس و یو بی ئێس وەر ناگرێت, بانكەكانی یو بی ئێس, كریدی سویس و رایفایزن و كۆمپانیاكانی سویس ئێر و ئەكسا فینترتور و …, ئەو پارانە ئاشكرا دەكەن داویانە بە پارتە سیاسیەكان, كریدی سویس ساڵانە ملیۆنێك فرەنك دەدات بەو پارتانەی 5 كورسی زیاتریان هەیە جگە لە سۆسیالستەكان كە بەخششی لێ وەرناگرێت وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا.

نیو سەدەیە چەپەكان سویسرا داوای ئاشكرایی دەكەن لە بەخششی پارتەكان و خەرجییەكان و سەرچاوەی پاڵپشتی دارایی هەڵبژاردن,پارتە چەپەكان لە گەڵ ئاشكرایین, راستگەراكان لەبەر ئەوەی پارەی زۆر وەردەگرن لە كۆمپانیاكان و بەستراون بەو بەرژەوەندیانەوەو زۆرینەن لە پەرلەمان, ناهێڵن ئەم داواكارییە سەر بگرێت, بە یاسا سەرچاوەو قەبارەی بەخشش و خەرجییەكان و سەرچاوەكانیان و ئاشكراكاری لە داهاتەكان جێی خۆی بگرێت.

وەك ئاماژەم پێی دا چەپەكانی سویسرا هەڵمەتێكیان راگەیاندووە بۆ ئاشكرا كردنی بەخششی سیاسی ئەوەی لە 10000 فرەنك زیاترە, بۆ ئەم مەبەستە 120 هەزار هاووڵاتی واژۆی لەسەر دەستپێشخەریەكە كردووە, پێشبینی دەكرێت لە نێوان 2020 بۆ 2021 بخرێتە بواری دەنگدانەوە, هەرچەندە 10000 فرەنك زۆر زۆرە, دەبوایا 1000 فرەنك كەمتریش بوایا.

ئەوان لە دەستپێشخەرییەكەیان داوا دەكەن وەرگرتنی بەخششی بێ سەرچاوە یاساغ بكرێت, سەرچاوەی بەخششەكان بە وردی بخرێتە بەردەست خەڵك و لایەنی پەیوەندیدار, نا رونی لە وەرگرتن و خەرجی نەمێنێت……

پشتیوانی دارایی دادپەروەرانە ئاشكرا یەكێكە لە پێوەرە سەرەكی و بنچینەییەكانی دادپەروەری هەڵبژاردن, پێویستە خەڵك بزانێت كێ لە پشت ئەم پارتانەوەیە, پارە لە كوێ دێنن؟, بۆ كێ كار دەكەن؟, چەند خەرج دە كەن لە پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن؟, لێرەشەوە بزانرێت كارەكانی ئەم فراكسیۆن و لیستانە دوای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی كام قارون و كام كۆمپانیادایە, ئاراستەیان رو لە كوێیە, چونكە جۆگەلەی پشتیوانیان لەكوێوە بێت, قیبلەی بەرژەوەندیان رو لەو شوێنەیە, پارە ئاینی ئەوانە, قیبلەنامەی ئاراستەی كارەكانیانە.

لە كوردستان پارت و لیستەكان, نە بودجەی پارتەكان و نە بودجەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانیان دیار نییە, لە كاتێكدا وا 5 ساڵە پارتە سیاسییەكان كوردستان, وەك راگەیەنراوە بودجەیان لێ بڕاوە, كەچی سەتەلایت و ماشینی راگەیاندن و خەرجی بێشوماری بارەگاكان و هەڵمەتی هەڵبژاردنیان رانەوەستاوە, كڕینی دەنگی تاك و عەشیرەت بەردەوامە, كۆمپانیای زەبلاح كاریان بۆ دەكات, هاووڵاتیانی كوردستان بە گشتی و ئەندامان و دەنگدەرانی ئەم لایەنانە مافی خۆیانە سسەرچاوەی داراییان بزانن, دەوڵەمەندەكان پارەیان زۆرە بەهۆی بەخششەكانیانەوە ویستی خۆیان بەسەر كاندیدەكان دەسەپێنن لە دوای هەڵبژاردن, هاوكات ئاشكرا كردنی سەرچاوەی داهاتی پارت و خەرجی هەڵبژاردنەكان بەشێكە لە شەفافیەت, ئەگەر پایەی پارتێك لەسەر ناشەفافیەت دامەزرابێت, چۆن دەتوانێت لە ئایندەدا سستەمێكی شەفاف بنیات بنێت, كە شەو رۆژ شیوەن و رۆ رۆو قژ رنینیانە بۆی, ئایا دەنگدەری حیزب ئاگاداری خەرجیەكانی حیزبەكەیەتی؟, كە مافی خۆیەتی بزانێت كێ هاوكاری دەكات؟, كام لۆبی قاچاخچییە دەستی دەگرێت, قاچاخچی نەوتە یان تلیاك؟, پارەی بەكار هاتوو رەشە یان سپی؟, سەرچاوەی دیارە یان نەزانراوو بێ دایك و باوكە؟, سەرچاوەكەی كوێیە؟, ناوخۆییە یان دەرەكی؟, دزییە یان هەواڵگری وڵاتان؟, هەرێمی یان نێونەتەوەیی؟, هاووڵاتیانی خانووە قوڕەكانە یان فیرعەوناوەكان؟, ئەمە هەمووی ئەگەرەو هەمووشی لەگەڵ پرۆسەی سیاسی كوردستان دێتەوە كە مەحرەم تیایدا زۆر كاڵبۆتەوە یان هەر بوونی نییە, گەیشتۆتە ئەو ئاستەی متمانە بە سستەمی نوێنەرایەتی پەرلەمانی زۆر كزو لاواز بووە, بایكۆت رەنگدانەوەی وشیاریانەی بێ متمانەییە.

پارتی سیاسی پێویستی بە پارەیە بۆ راییكردنی كارەكانی, بە تایبەتی لە كوردستان بۆتە نەرێتی سیاسی باو بە بوونی بارەگاو دەم چەوركردنی ئەندامان و گردبونەوەو بوونی كەناڵی راگەیاندن …., ئەمە راستی و هاشا هەڵنەگرە, لێ ئەم پارەیە لە كوێ دێنێت؟, چۆن پەیدای دەكات؟, چۆن لە بەشە كارگێڕییەكانی خۆی تۆماریان دەكات؟, چۆن ژمێریارییەكانی كۆتایی بە وردی و وردەكارییەوە دەخاتە بەردەست خەڵك؟, ئەمە هەمووی پرسیارە, خەڵك لە مێشكیاندا دەیهێنن و دەیبەن, وەلێ تا ئێستا مخابن پرسیارەكان بە كۆكراوەیی نەكراوە,پارە رەگی گەندەڵییە,تا خەرجییەكان هەڵبژاردن زیاد بێت, ئاشكرا كاری و رونی دەبێتە پێویستی, وە قەبارەی پارە هاتووە جێی گومانەكان گەورەتر دەبێت, تا دەزگا حكومیەكان لاواز بن وەك هەنووكەی كوردستان, ئەوا دەوڵەمەندەكان باشتر دەتوانن پارەكانیان بۆ ئاراستەكردنی پارتە سیاسییەكان بەكار بهێنن, بۆ ئەوەی بڕیارەكان لە بەرژەوەندیان دەربچێت لە داهاتوودا, ئەوان زۆریان ناوێت, تەنها هێشتنەوەی چەند بۆشاییەك لە وەبەرهێنان و چەند شەڕێك بە بریكاری لە پەرلەمان بۆ لادانی ركابەرەكانیان, چاوپۆشی لە پیسكردنی ژینگە و باج و… یاخود گەیاندنی چەند زانیارییەك لەسەر پرۆژەكانی داهاتوو, ئیستغلالی سامانی ژێر زەمینی و چاوپۆشی لە دەركردنی یاسای كاری پێشكەوتنخوازانە و وێران كردنی كەرتی گشتی, یاخود گەیاندنی زانیاری بە كۆمپانیا بیانییەكان لە كاتی بوونی كێشە وەك بینیمان…. , ئەم بڕیارانە خەڵكی گشتی هەست بە مەترسییەكانیان ناكەن, نەیارانیشی بەهۆی نەبوونی كەناڵی راگەیاندن, نوزەیان ناگاتە خەڵكی, لێ هەمووی مەترسیدارتین بڕیارن كە دەدرێن.

دەمانەوێت بزانین كام كۆمپانیا و دەوڵەمەند هاوكاری پارتەكان دەكەن؟, چۆن كۆمپانیا و دەوڵەمەندەكانیان دابەشكردووە لە نێوان خۆیاندا؟, كێیە پارەی ماشینی راگەیاندنەكەیان دابین دەكات؟, لە كام وڵاتەوە پارە خۆی دەكات بە كوردستاندا ؟؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە راستەوخۆ پەیوەستن بە هەڵبژاردنەوە, چونكە پیویستە دەنگدەران بزانن ئەم پارانە لە كوێ دێن كە پارتە سیاسیەكانیان بەكاری دەهێنن, كە كاندیدە بەسزمانەكانیش زۆرینەیان نازانن, ئەو پۆستەرەی بۆیان دروستكراوە بە پارەی تلیاكە یان باجی جامخانەیە, یانی باجی بێدەنگی پارتەكەیەتی, یان داگیركەرانی كوردستانە……. ئەمەو یەك دنیا داواكاری و پرسیاری وەڵامنەدراوەی دیكە.

دەمانەوێت بزانین ئایا سستەمی سیاسی لە كوردستان دیموكراسییە یان بلۆتۆكراسییە؟, هەڵبژاردن و سستەمەكەی لە ژێر كاریگەری پارت و بۆچونە سیاسییەكانە؟, یان لە ژێر هیژمۆنیای پارەدایە؟, كە بێشك ئەوی دووەمە , ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێت بلۆتۆكراسییەو پارە ئاراستەی هەموو كارێك دەكات, پارەكانیش هێندە زۆرن فرە سەرچاوەی ناڕەوان, تەواو كۆنترۆڵی پرۆسەكەیان كردووە.

كەمەیاتی فرە دەوڵەمەند لە كوردستان, راگەیاندن لە بەرژەوەندەی سیاسی خۆیان بەكار دەهێنن, بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و درێژەدان پێی, بۆ مسۆگەركردنی سەرچاوەی داهات و تاڵانی سەروەت و سامان, دواتر بەو دەستكەوتە سیاسی و ئابورییەی بەدەستی دەهێنن, درێژە بە بەڕێوەبردنی كەناڵەكانیان دەدەن و بەرفراوانی دەكەن, بەمەش پارەو كورسی و راگەیاندن كۆنترۆڵ دەكەن, دەست دەنێنێنە بناقاقای هەموو بۆچونێكی عەدالەتخوازانەو پەراوێزی دەخەن و رەواج بە مافیایی و كۆنەپەرستی دەدەن, سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا برلسكۆنی لەمەدا كارامە بوو, هاوكات دەستبژێری دەسەڵاتداری ئەوروپای رۆژهەڵاتیش هەمان كاریان كرد, توركیا و كوردستانیش بەم ئاقارەدا رێ دەكەن و گەیشتونەتە دوا مەنزەڵ, ئۆلیگارشییەكان ورگ, دەم, چاو, گوێ و مێشكیان كۆنترۆڵ كردووە.

راگەیاندن چەندە جێی مەترسییە لە دەست دەسەڵاتی ستەمكارو گەندەڵدا بێت, بەهەمان ئەندازەو زیاتریش مەترسیدارترە كاتێك لە دەست ملیاردێرەكاندا بێت, ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیانی پێ دەپارێزن بۆیە كاتێك قارونەكان ئاراستەی سیاسەت دیاریدەكەن لە رێگای پارەو راگەیاندنەوە, هیچیان لەبەرچاو نییە جگە لە قازانج, سیاسەت و راگەیاندن لای ئەوان لقێكە لە بزنس, نەك بۆ چاكەی گشتی و گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری, ئێستای كوردستان لەم قۆناغە مەترسیدارەدایە .

بۆیە دەبێت پارتە سیاسیەكانی كوردستان ناچار بكرێن, سەرچاوەی داهاتیان ئاشكرا بكەن, دەسەڵاتی پارە لە پرۆسەی سیاسی بەتایبەت هەڵبژاردن كورت بكرێتەوە, كە تا ئێستا هەمووی لە تاریكییە و گۆڕەپانیش بۆ دەسەڵاتی پارە ئاوەڵا بووە, هیچ هێزێكی سیاسی لەم بارەیەوە دەستپێشخەری نەناوەندووە, كەس نازانێت ئەم پارەو سامانە لە كوێوە دێت و بە كوێدا دەڕوات؟, یاسایەك نییە بۆ رێكخستنی خەرجی پارتەكان و دیاریكردنی سەرچاوەكانیان و رێكخستنی كۆمەك و بەخششەكان و …. لەپاڵ رێكخستنی ئەوانە پێویستە كۆمپانیاكانیش ناچار بكرێن بەخششەكانی خۆیان ئاشكرا بكەن, سەرچاوەی پارەی كەناڵەكانی راگەیاندنەكان دیاری و ئاشكرا و رەوا بێت.

ئێستا دەپرسین پارتە سیاسییەكان پارە بۆ راییكردنی كارەكانیان لە كوێ دەهێنن؟, ئەم هەموو كۆمپانیا زەبلاحەی هەیانە, بە چی دروستیان كرد؟, ئەم هەموو كەناڵی راگەیاندنە بەچی ماشینەكانیان كار دەكات؟, …. هەموو ئەم پرسیارانە بۆیە وەڵام نادرێنەوەو ئەم دەزگاو كەناڵ و رێكخراوانە بۆ نایهێننە بەر باس و قسەو بەدواداچوون, چونكە هاوبەرژەوەندن و سەركردەكانیان زیاتریان كۆكردۆتەوە, یان خۆیانن سەرچاوەكەی, دەزانن ژیانی سیاسی پاكژ, كۆتایی بە هژمۆنیای ئەوان دەهێنێت, بۆیە ئەم پرسیارانە مەحرەمن لەمڕۆی كوردستان, هەرچەندە هەڵبژاردن رێگای گۆڕانكاری ریشەیی نییە لە كۆمەڵگاكان, لێ بۆ ژیانێكی سیاسی تەندروست دەبێت شۆڕشێكی سیاسی بۆ رزگاركردنی ژیای سیاسی ئەنجام بدرێت, پرسیارەكان بكرێنە بنچینەو لێرەوە دەستپێبكرێت.

با بزانین لە هەڵبژاردنی رابردوو چی گوزەراوە, ئەو كەمەی بیستمان و بینیمان و ئاشكرا كرا , ئەمە نموونەیەكە لە خەروارێك” وڵاتێك 22 ملیۆن دۆلاری ناردووە بۆ هەڵبژاردنی كەركوك, پارتێك لە ئێران پارە وەردەگرێت, سەركردەیەكەی لەم رۆژانە دەچێت, بارێك دۆلاری هاتوو لەو دیو سنورەوە گرترا, پارتێك لە كۆمپانیاو سەرمایەداران 950000 دۆلاری كۆكردۆتەوە نازانرێت چی لێكراوە, 3 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەڵبژاردنی عێراق هاتووە بۆ لایەنێكی كوردستان دیار نییە, حیزبێك زیاتر لە 50 كەناڵی راگەیاندنی هەیە, پارتێكی سیاسی مەرزیە دابەش دەكات, یەكی دی بە 200 دۆلار دەنگێك دەكڕێت , ئەوی دی دەمانچە دەبەخشێتەوە , كوڕە بەگێك بۆ دەرچوون 100 دەفتەری خەرجكردووە, سەرمایەدارێك كەناڵێكی تایبەەتی بۆ هەڵبژاردن كردەوە دواتر راگەیاندنكارانی گیرفان بەتاڵ و سكبرسی ناردە ماڵەوە…. ئەمە هەڵبژاردنە یان مافیایی و بازاڕی وڵات فرۆشییە”.
ئەگەر سویسراو سوید لەبەر چەقۆی رەخنەی توندا بن بەهۆی ناڕونی خەرجی و بودجەی حیزب و هەڵبژاردنەكان و نەزانینی سەرچاوەی داهاتەكان و لێڵبوونی سەرچاوەی پارەكان, ئەوا لە تاریكسانی پارەی رەشی پارتەكان لە كوردستان شەوەزەنگی سستەمی بلۆتۆقراتی دا, هەڵبژاردنەكان جگە لە شەڕی لۆبییەكانی پارە شتێكی دیكە نییە, پارتەكانیش دەستكردن و لە گیرفانی ئەو لۆبیانەدان.

تا ئێستا یەك پارتی سیاسی بودجەی هەڵبژاردنی داهاتووی بڵاو نەكردۆتەوە, كەسیش لیستی كۆمەككەرەكانی خۆی ئاشكرا نەكردووە, ئەوا باسی بودجەی پارتەكان و خەرجی كەناڵەكانی راگەیاندنیان بڤەیە, چاوەڕوانی ئاشكرایی لە خەرجكردنی پارە رەشەكانیش مەبن, پەرلەمانێك سەرچاوەكەی ئەم زێرابە پیسە بێت, چاوەڕوانی روانی خۆراكی تەندروستی لەبەردا مەكەن, ئەوجا هەر بڵێن كوردستان دورگەی دیموكراسی ناوچەكەیە.




دەلاقەیەك بەرووی دنیای تەرزی قەسیدەی سامناك دا … سۆران محەمەد


لێکۆڵینەوە …………..

/ هۆڕەHorror /
لە خوێندنەوەی دەقی (دەبڵجل…) دا

سۆران محەمەد
—————————

زاراوەی (هۆرۆر: / هۆڕە/ ) واژەیەکی وێژەیی و دەروونیی پێوانەییە، زیاتر لە ئەدەبی ترس (تاریکایی) و فلیمدا ڕەنگ دەداتەوە(١). ترسیش جیاوازە لە تۆقاندن چونکە لە ترساندا بە پێی نووسراوەکانی نووسەری (سامهێن): ئان رادکلیف(٢) ١٧٦٤-١٨٢٣ وەک تۆقاندن نییە کە دەناسرێتەوە بە ناڕوونی و نادەستنیشانکردن لەمامەڵەیدا لەگەڵ ڕووداوە سامهێنەکان: ئەمەش گیان بەرفراوان دەکات و دەیخاتە پلەیەکی بەرزی ژیانەوە. بەڵام هۆرۆر (ترس) بە پێچەوانەوەیە، گیان دەبەستێت و زاڵ دەبێت بەسەریدا. گەر نموونەی نێوان ئەم دووانە بهێنینەوە ئەوا دەتوانین بڵێین وەك جیاوازی نێوان بۆن کردنی مردن و ڕێکەوتکردنی بینینی لاشەیەکی مردوو وایە.
کەواتە لە (هۆرۆر)دا: ترس روودەدات دوای بینینی شتێکی سامناك یان خوێندنەوە یان بیستن، بەڵام تۆقاندن بریتیە لە ترساندن پێش ڕوودانی کارەساتێك، باری پتر ئەمە لە فلیمدا رەنگی داوەتەوە و کەمتر پشکی بەر ئەدەب کەوتووە، چونکە زیاتر دەتوانرێ بەر هەستبکرێت و مۆسیقاش ڕۆڵی کاریگەریی دەبێت لە دەستبەسەرکردنی هزردا، بابەتەکانیشی زۆرن، لەوانە: ئاژەڵە دڕندەکان، شەڕەنگێزەکان، ئەشکەنجە، خێو، خوێنمژان، جادوو، مرۆڤخۆرەکان، گیانەکانی نێو خانووە چۆڵەکان، ئەم جۆرە فلیمانەش لەساڵانی ١٩٣٠ـەوە لە ئەمریکا بەربڵاوبووەوە.
ڕەنگە لە تەواوکاریی ئەم پەیوەندییەشدا بێت شاعیر عەباس عەبدوڵلا یووسف دەڵێت:

فلمانە شیعر دەهۆنم، خۆمیش تاکبینەرو تاکبیسەر(٣)

سەبارەت هۆنراوەش ناسراوە بە قەسیدەی ڕەش کە دەربارەی مردن و ترسە، هەروەها ئەو کارەساتانەی تراژیدیاو وێرانکارییان لێدەکەوێتەوە، ئەوا لە توانای ئەم تەرزە لە نووسین و داهێنانەدا هەیە خوێنەران توشی شۆك بکات، دەبێت پێشتر ئامادەگی هزر ساز بکرێت بۆ خوێندنەوەی ئەم جۆرە لە نووسین، بە تایبەتی گەر لە تەنیایی و نیمچە تاریکیدا بخوێنرێنەوە.
لە ئەدەبی جیهانیدا لە مێژە ئەم تەرزە پێناسە کراوەو نووسەرانی بە توانا جڵەوی قەڵەمیان تیا تاو داوە، لەو کارە جیهانیانەش کە بە شیعری سامناك ناسراون چەند نموونەیەك دەخەینە بەر دیدی خوێنەران:
تی ئێس ئیلیۆت لە (سووتانی نۆرتۆن) لە ژێر سەردێڕی چوار چارەك (چوارینە) و لە کۆتایی قەسیدەکەدا دەڵێت:

ناکاو لە ڕمی تیشکی خۆردا
تەنانەت کاتێک تۆزەکە دەجوڵا
لەوێدا پێکەنینە شارراوەکە بەرز دەبێتەوە
هی منداڵەکانی ناو گەڵای درەخت
خێرا ئێستا، لێرە، ئێستا، هەمیشە-
کاتە بە هەدەرچووە خەمبارە جێی گاڵتەجاڕیەکە
درێژ دەبێت لە پێش و پاش.(٤)

Sudden in a shaft of sunlight
Even while the dust moves
There rises the hidden laughter
Of children in the foliage
Quick now, here, now, always–
Ridiculous the waste sad time
Stretching before and after.
***
هەروەها کچە شاعیری سەدەی هەژدەی ئەمریکا (ئێمیلی دیکینسن) لە ژێر سەردێڕی هۆنراوەی (ئایا هەرگیز لە ناو دەمی ئەشکەوتەکان نەوەستاویت) دەڵێت:

ئایا قەد تەماشای دەموچاوی تۆپەکانت نەکردووە—
لە نێوان چاوە زەردەکاندا—
و چوونە ناو قیامەتت –
پرسیارەکەی “دەبێت بمریت”(٥)

Did you ever look in a Cannon’s face–
Between whose Yellow eye–
And yours — the Judgment intervened–
The Question of “To die”–
***
دواجار، شاعیری خەم و داهێنان و خەون و ترسی ئەمریکی ئێدگار ئەلان پۆ لە هۆنراوەی (گیانەکانی مردووان) دەڵێت:

بێدەنگ بە لە و گۆشەگیرییە،
کە تەنیایی نییە- پاشان بۆ
گیانەکانی مردوو کە وەستاون
لە ژین پێش سێ، جارێکی تر
لە مردندا لە دەوری سێ- و ویستییان
داپۆشینت بە سێبەر: هەر وا بمێنەوە.(٥)

Be silent in that solitude,
Which is not loneliness – for then
the spirits of the dead who stood
In life before three, are again
In death around three – and their will
Shall overshadow thee: be still.
***
گەر چاوێکی خێرا بخشێنین بە ڕەوشی شیعری هاوچەرخی کوردیشدا، دەنگی جۆراوجۆرو جیاوازو داهێنەرانە لێرەو لەوێ دەبینینەوە، وەك چۆن لە لایەکی تریشەوە شاعیران چاولێکەری سروشت ژینگەی هەمەچەشنی دەوروپشت دەکەنەوە، بە سوود وەرگرتن لە کەرەسەکانیداو دوای تێپەڕاندنی بە فلتەرەکانی هونەری ڕەوانبێژی و سیمانتیکدا، شتێکی نوێیان لێ پێکدێنن، هەروەك چۆن لە لایەکی تریشەوە شیعرێکی زۆر دەبینینەوە هاوشێوەی یەکن و مۆرکی هاوبەشیان پێوە دەبینرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین فاکتەری چاولێکەریی و نەبوونی دنیابینی و شێوازی جیاواز سیمای ئەو شیعرانە دیاری دەکات، رەنگە لەبەر ئەمەش بێت داهێنان و هەوڵی داهێنەرانە لای ئەو بەشە یان مردووە یان بە مردوویی لەدایك دەبێت. جا ئایا هۆکەی کەمی و هەژاریی پاشخانی ڕۆشنبیریی بێت، یان کەمئەزموونی و نەبوونی جورئەتی پێویست بۆ شکاندنی ئەو قاڵبە نۆستالیژیانە.
بە هەمان جۆریش ڕەخنەی ئەکادیمی و پێوانەیی( ستاندارد) کەم تا زۆر لێرەو لەوێ دەبینینەوە، بەڵام نابێت نکۆڵی ئەوەش بکەین پەتای فەلسەفاندنی ڕەخنەش کەسانێکی وا لێکردووە نەزانن خۆشیان لە کۆتایی نووسینەکاندا لە کوێدا دەبیننەوە. تا کار دەگاتە ئەوەی مانایەك بۆ شیعر دیار نامێنێت و لە پێچە تاریکەکانی ئەگەرو بیردۆزو بۆچوون و ئاماژەکانی فەیلەسوفاندا سەرە داوەکە بە تەواوی بزر دەبێت.

وا هەست ناکرێت بەمە ڕەخنەو دەق باڵا دەست بن و زیاتر ببنە جێی بایەخ لای خوێنەرانی جیددی شیعرو ڕەخنە، هەرچەندە شیعر وەك گیان و ژیان فراوان و بێ سنوورە و بەشێکیش لەو بوارانە فەلسەفەیە، بەڵام هەرگیز ناتوانین بڵێین لە سەدا سەد شیعر= فەلسەفە.
نموونەی ئەم جۆرە ڕەخنە تەمومژاویانە وەك نموونەی ئەو شیعرانە وایە بە ئەنقەست دەئاڵۆسکێنرێن تا بەرگێکی ناوازەیان بکرێت بە بەردا، ئەمە لە کاتێکدایە دەقێکی فرە ڕەهەندو ناوازەی جیهانیی دەخوێنینەوە، بە پێچەوانەوە هەرچەندە وشەکان سادەو زانراون، بەڵام توانای شاعیرانەی داهێنەرانە کاڵایەکی بە بەهای لێ وەبەرهێناون و ناوازەیی و هونەرێکی بەرچاو لە دیوی دەرەوەو ناوەوەی ئەو دەقانەدا دەبینینەوە، ئێدی پەلکێشی جیهانێکی قوڵی پڕ ماناو ڕوئیاو تازەی جۆراوجۆری ئەندێشەو هزرو گیان و دنیاکانی شیعری ڕەسەنمان دەکەن.

بێگومان هەوڵەکانی (عەباس عەبدوڵلا یووسف)-هەباسۆس- یش هەر بەهەمان ئاقاردا تێدەپەڕن، سەبارەت ئەم شاعیرە ئەزموندارە خاوەن ڕۆشنبیرییە فراوانە، دەتوانین بڵێین وێڕای ئەوەی هەرچەندە ئەو لە ساڵێکدا تەنیا چەند دەقێك دەنووسێت و بڵاودەکاتەوە، بەڵام نایەوێت هەنگاوەکانی پێش خۆی و کەسانی تر دووبارە بکاتەوە، بۆیە جیاواز دەنووسێت – بێ سڵەمینەوە، جیاواز بە ناوەڕۆك و بابەت و فۆرم.. تاد، بۆ نموونە ئەو لە دەقی (تاککلی جمزێ) دا کەرەسەی : بابەتی تووخمی سێیەم بەکار دەبات و ئاماژەیەکی شاعیرانەی پێ دەکات، وەك چۆن لە دەقی (دیکانێشە) شدا لە پشت بابەتێکی بەکارنەهاتوو و دەگمەندا کە (ماشێنی ئاگر کوژێنەوە)یە شتێکی نوێمان پێ دەڵێت، کە دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین تەنیا مۆرکی جیهانی نووسینی عەباسە بە گۆشت و خوێن و ئێسقانەوەو بەس، وەك چۆن لە دوا دەقیشدا (دەبڵجل) دەروازە لەسەر نووسینی بابەتی ترسناکی هۆنراوە واڵا دەکات.

ئەو بە ڕوونی لە زۆربەی تاکدێڕەکاندا هەندێك لە کەرەسەی دنیای داهێنانی ترسئامێزو زاراوە بەرفراوان و هەمەجۆرەکانی بەکار هێناون و بە وێنەو ئیقاع و رەهەندی جیاوازەوە لە شوێنە جیاجیاکانی دەقەکەدا تەوزیفی کردوون، وەك:
( جەهەنم، نوتەك، سەرقەبران، مەزارگە، خوێن، دەبڵجل، ترس، ئەکوژرێن، نەتەقیەوە، قەبسان، کاژەمارە، هارووت و مارووت، بە مردوویی، هێسکانە، مەرریخفرۆش، مرۆخۆر.. تاد) .
شاعیر زۆر بە راشکاوانە بەم بەیتە لە دەرگای هزری خوێنەری هوشیار دەدات و هەواڵی ئەم تەرزی نووسینەیان ڕاستەوخۆ پێ دەدات، وێنەی ترسی دەریا لە نائارامی زەوی و ناتەبایی و پارادۆکس و ناهارمۆنیەتی نێوانیان ، بە قەد پڕ بوونەوەی لاپەڕە زۆرەکانی ڕۆژنامەکان لە هەواڵی ناخۆش و داگیرکردنی شاشەی تەلەفیزیۆنەکان بە دیمەنی جەرگبڕ تا کار دەگاتە ئەوەی حاڵەتی دڵڕەق بوون ئاسایی بێت، لە دووبارە بوونەوەی ئەو تراژیدیا دوابەدوا یەك هاتووانە، لەگەڵ ئەمەشدا پێشبینی کردنی نەقەوماوێکی چاوەڕوانکراو:

دەریا لە ترسی زەویلەرزەیەکی نەقەوماو، کەرت بە کەرت دەبێ.(٣)

لە رووی وشەسازی و فۆرمەوە شاعیر نەك بە تەنیا هەوڵی داوە لەم کارانەیدا زاراوەی ناوچەیی و دەشتەکی و رەسەنی کوردەواری زیندووبکاتەوەو لە لەنێوچوون بیانپارێزێت، بەڵکو خۆی وەك وەستایەکی کارامەی دارتاشیی دایاندەتاشێت و مانای نوێی بەکارنەهاتووییان لێ دروست دەکات، لە خزمەت سیاقی گشتی دەقدا کارایان دەکات، بە تایبەتی لە باری کارکردن لەسەر پێشگرو پاشگرەکان بۆ ناو و فرمانەکان.

مەسعوود محەمەد لە (زاراوە سازیی پێوانە) دا لەمبارەوە دەڵێت:

“وشەی داڕێژراو ئەو وشەیەیە کە لە وشەیێکی سەربەخۆ و لە زیادی ئەوتۆ پێك هاتبێ کە سەربەخۆ واتا نەبەخشێ)(٦) مانای بە سەربەخۆیی ئەو مانایە نەگەیەنێت.
سەبارەت دەسکاریکردنی پێش و پاشی – ناو- یش دەڵێت: ( وشەیێکی لە یەکدی ناو و زیادیێکی کە بە تەنیا واتا نابەخشێت پێك بێت بە داڕێژراو دادەنرێ، زیادیش کە بێت یا بە پێشەوە یا بە دواوە، ناو ناوەش بە ناو کڵێشەی وشەوە دەلکێت)(٦)
لە بارەی وشەسازیەکان و گەمە زمانەوانیەکانی نێو دەقی (دەبڵجل) یش ، هەرچەندە بۆ بەر چاو روونی خوێنەران شیکاریی هەندێك لە کورتبڕی و داتاشین و لکاندنی وشەکان دراوە، کە لە خودی خۆیدا دادەنرێت بە ئازادی ڕێزمان و شکاندنی کۆتەکانی زمان لە پێناو باری داهێنانەکانی دەقدا، هەر وەك چۆن لە فۆرمدا تاکدێڕەکان ئازادن و زیاتر وەك شێوازی شاعیری ئەمریکی سەدەی نۆزدە ( واڵت ویتمان) بە باری پەخشانە شیعردا شۆڕ دەبنەوە، بە هۆی بە هێند نەگرتنی سەرواو ئیکۆ و مۆسیقا دەرەکی و ناوەکیەکانی وشەکان، بەڵام دەکرا بۆ نموونە هەر تاکە دێڕێك بە دوو نیوە دێڕ دابنرانایە، کە ئاسانتر دەبوو سەرواو مۆسیقاکانی دەروەو ناوەوەی کۆتا وشەکان بە جۆرێکی وا ڕێکبخرانایە زیاترو زیاتر لە خزمەتی باری گشتی دەقەکەدا بوونایە لە گوێ و دڵی خوێنەردا زیاتر بزرنگانایەتەوە. هەر وەك چۆن دەکرێت هەموو تاکدێڕەکانیش بە زنجیرەیەکی شارراوە یان ئاشکرا، لە بابەت و ئیقاعدا زیاتر و پتەوتر پێکەوە ببەسترێنەوە. بەڵام لە باری ئەم دەقە ترسناکەدا ئەم شێوازە زیاتر خزمەت بە کەشی گشتی ترسی ئامادە دەکات، کە خوێنەر لەسەر هەر قەراغی پەنجەرەی تاکە دێڕێك قەلە رەشەکەی ئێدگار ئالان پۆ دەبینێتەوە، دەقیڕێنێت و دەڵێت ” هەرگیز، نا”
وەك چۆن لە دنیای چیرۆکیشدا ( گێ دی مۆپاسان) پەرەی بەم تەرزە لە نووسین داوە و ئەفراندنی تیا کردووە، کەچی لای خۆمان وەك زۆر لایەنی تر بە داخەوە فەرامۆش کراوە و تەنیا لە خولگەی چەند بابەت و کۆمەڵێك تێرمۆلیژیدا دەقەکان خۆیان دەنووسنەوە.

لێکۆڵینەوەی ئەم دەقە دەکرێت لە زۆر لایەنەوە بێت و ڕۆچوون بە هەر لایەنێکیاندا زۆر دەکێشێت، ئەوەی بۆ من ماوەتەوە لە کۆتاییدا ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە؛ من دەستخۆشی لە بڵاوکردنەوەی ئەم هەوڵانە دەکەمەوە و دووبارەی دەکەمەوەو دەڵێم بە قەد بەرفراوانی بوارەکانی ژیان، شیعریش بەرفراوانە، دەبا خاوەنی شیعر و دنیا بینی و شێوازی خۆمان بین و لە دووی تازەگەری و داهێنان و جیاوازیی بگەڕێین، نەك جوینەوەو خۆ لە قاڵبدان بە یەك تەرزەوە، بەوەی تەنیا بۆ ئارەزوو و دەرکردنی هەوای گەرمی ناخ بنووسین.

———————-
ژێدەرو سەرچاوەکان:

(١)deepundergroundpoetry.com/dark-poems
(٢)en.wikipedia.org/wiki/Horror_and_terror
(٣) پاشکۆی هزرو هونەر، ژمارە (٧٥) ل ١٦
(٤) poetrysoup.com/famous/poems/horror
(٥) goodreads.com/topic/show/447160-creepy-classic-horror-poetry
(٦) زاراوەسازیی پێوانە، مەسعوود محەمەد، ٢٠١١، لاپەڕە ٢٦- لاپەرە ١٠٦




لەودیوی توڕەبونمەوە بیرت دەکەم … مەلەک مەحەمەد

من شتانێکم خۆشدەوێت کــــە…..
پـــڕن لە ڕق و نەفرەت٫
هەتـــا تورەیشم خۆشدەوێت٫
بە جۆرێک دەجەنگم!
ئەڕۆم لای مرۆڤەکان٫
یاخی ئەبم لێیان٫
دەرگاکان بەرووی هەموواندا دائەخەم…
بەڵام هاوشێوەی ئەوەیە کە لە پشتی دەرگاکە
بوەستی و گریانەکان لە گەرودا بمێنێتەوە
بڵێــــیت تکایە ئیدی لەدەرگا بــــدە.
ئەم دەرگا نەفرەتیە بشکێنە
بم کەرە باوشی میهرەبانی خۆتەوە
دڵ هەستێکی هەمیشەیی پێویستە
تا دەردی ساڵانێکی بۆ بگێڕێتەوە
وەرەو گوێم بۆ بگرە
تا لە نەهامەتییەکانی تەمەنم
چیرۆکی هەزار و یەک شەوەت بۆ دارێژم
دەستم توند توند بگوشە و بینێ بە سینگتەوە
با هەست بەگرنگی بوونم بەتۆوە بکەم
من هەزار دێڕی شیعری کۆنم لەبەرە
هەزار گۆرانی و بەیتی کۆچکەکان
ئاسوودەم ناکات بەقەد دێڕێک
لەزاری تۆوە
من وردە وردە خەریکم کار
لەسەر مردنی خۆم دەکەم
بم لاوێنەوە، بم لاوێنەوە….
با بە ئاسوودەیی گیانمت پێ بدەم…

مەلەک مەحەمەد




چیرۆک — گەڕەکەکەی خۆمان … ھۆزار ئەحمەد

ڕووخساری ژیان لەم کۆڵانە ڕوون و ئاشکرا بوو، ئەرزێکی گڵ و ئاسمانێکی بێ بەری لەھەور و ڕووناک ئاسا خۆی نمایش دەکرد، جۆگەلەیەکی خوار و خێچ و ووشک، ڕەنگی ڕەش و شینکاو نێو ھەموو ئەو جۆگەلانەی داپۆشیبوو، کە لەھەر خانوویەکی مەکشوف درێژدەبوونەوە، ناوەڕاستی جۆگەلەی فەرمی کۆڵانەکە. ئەرزە گڵینەکە لە ژێر تیشکی خۆر، گەر بە ئاسۆیی سەیرت کردبا، زۆر بەڕوونی سیمای ئەو ھەڵمانەت دەدیت کە لە ئەرزەکەوە قووت دەبوونەوە. سەرەڕای ھامووشۆی منداڵەکان ئەرزەکە چینی سەرەوەی بەھۆی زەبری پێی خەڵک نەرم ببوو، لەگەڵ ئەوەشدا با و چڕە گەردەلولەکانی ھاوین میوانێکی تری ئەم کۆڵانەبوون، بۆیە کۆچەری ئەم گڵە نەرمانە شتێکی ئاسایی بوو، وێنەی ئەم کۆڵانە بۆ کۆڵانەکانی تری گەڕەک ڕاست بوو.
منداڵەکان بە کۆمەڵ لە کووچەی کۆڵانەکە، بەرەو خوارەوەی کۆڵانەکە ڕێیان گرتبووەبەر، دەبوو پاشماوەی کۆڵانەکە و شەقامی سەد مەتری ببڕن بۆ گەڕەکەی ئەو بەر گەڕەکی کشتوکاڵ.

دەنگەیلی منداڵەکان بەتەواوی بێدەنگی کۆڵانەکەیان قانگ دابوو، دوو لە منداڵەکان بەھۆی زۆر دواندنی یەکتریەوە، دیار بوو کە نزیکن لەیەک لە ڕووی ھاوسێیەتیەوە، یاخود خولیاوە. یەکیان ڕەشتاڵەی لاواز بوو، سەرووسەکووتی پۆخڵ و پەلۆش بوو، بلوزێکی شینی کاڵی لەبەردابوو لەگەڵ شەرواڵێکی قاوەیی، خوارەوەی ئەژنۆی کوونێکی بچوکی لێبوو، لە چواردەوری کوونە، خەتێکی دروومان لەشێوەی جوغز دەوری کونەکەیان دابوو، لە ژێر کوونەکە پارچە پەڕۆیەکی ھەمان ڕەنگ بەلام کاڵتر خۆی دەرخستبوو، بە کوردیەکەی پینە کرابوو، لە ڕاستیدا ئەو وەسفە نیشانەیەکی تایبەت نەبوو، تاوەکوو ئەو منداڵە لە منداڵەکانی تر جیابکاتەوە، بەڵکوو سیفەتەکە گشتگیر و گەڕەکی بوو، ئەو بارە بەتەواوی ناجۆر بوو، تەنیا لە پینە خۆی کورت نەکردبوویەوە، بۆنمونە منداڵ ھەبوو قۆڵی قەمیسەکەی ڕەنگی نیکلی دەدایەوە، ئەوەندەی چڵمی پێ بسڕێت، یا ھەبوو سەری تراشرابوو، تراشینەکە پیشەیی نەبوو، بەڵکوو ڕووی جەوجەوی پێوەدیار بوو، وەمنداڵیش ھەبوو جلەکانی ھەفتەیەک نەشۆردرابوو سەرەڕای ئەوەش ھەر بەپێ خواسی غارغارێنی بوو، ناجۆری ئەو باروودۆخە، بەتەواوی وێنەی چینێکی دیاریکراو و گەڕەکی بوو.

منداڵەکان ھەریەکەیان بێجگە لەناوی ناسنامەی خۆیان، بە ناوێکی دیکەش بانگ دەکران، لەنێو یەکتر بەو کوڕەیان دەگووت چڵمن.. چڵمن کە بەردەوام سەر قۆڵی بە چڵم بوو، ئەمیش بەوی تری دەگووت پێ بەقڕێش… ئەو زایەڵانە تەنانەت لە نێو گفتوگۆی ئاسایی منداڵەکان دەبیسترا، ھەندێ جاریش شێوەی ڕق و تووڕەی بەخۆوە دەگرت، وەک ئەو ڕۆژە کەبەیەکەوە ھاواریان دەکرد بەشێوەی ھۆتاف” شەروار پینەکرای… ھۆیھا…” ئەویش ناچار دەبوو بە بێدەنگی خۆی زووتر پێش بە ھۆتافەکەیان بگرێ، سەری خۆی نیوی دەکرد و خۆی دادەبڕاند لە منداڵەکان، منداڵەکەی تر کە نزیک بوو لێیەوە شێوەی لەو زەخمتر دەردەکەوت، پێی گووت:” گێ لەو دایک حیزانە مەگرە..” بۆ دڵنەوایی بوو.

منداڵە شەرواڵ پینەکراوەکە پرسی:-” دلۆ ئەنگۆش ئاوتان نایەت؟” تەنەکە سەوزەکەی لە باوەش گرتبوو، ھێنایە خوارەوە، ھەوڵیدا بەیەک دەست بیگرێت، دەیویست بۆ بەرگری بەرامبەر منداڵەکان بەکاری بھێنێت.
-” بەرێ، ئەدی ئەوە نیە ئەمنیش تەنەکەم لە دەستە..” دڵۆ لەگەڵ شاپ تێھەڵدان لە قوتووە شیرە بەتاڵەکەی پێشی، کە بەھەناسە بڕکێوە وەڵامی دایەوە. دلۆ ئەمجارە بەردێکی بچووکی ھەڵگرت و لە دواوەی تەنەکە زەردەکەی دەستی دەکێشا، ھاوئاواز لەگەڵ ڕمبە ڕمبەکە دەیگووت:-” منداران وەرنە گەمانی شەوێ، پیرێژن گانی دەوێ..”

منداڵە شەرواڵ بە پینەکە پێکەنی:-” ھا ھا ھا.. خۆ ئێستا شەو نیە..!”
” ئەو شەو ویستم، بێمە دەرێ بابم گۆتیە داکم مەھێلە دلۆ بچیتە دەرێ..” وێجا ڕووی لە شەرواڵ بە پینەکە کرد و گووتی:- دارۆ دەزانی لۆ؟” ھەر بەخۆی وەڵامی خۆی دایەوە” بابم ئەو شەو سیلاحەکەی بەشانیدادا و چووە دەرێ.. ئەدی گێت لەو ھەموو تەقەیە نەبوو؟” لەگەڵ کۆتا دەربڕین چاوەکانی زیت کردەوە، تاوەکوو سەرسامی خۆی بۆ دارۆ دەربخا.
-” ئا ئا.. گێم لێبوو، ئەوجا چیە بابی منیش سیلاحی ھەرگرت و چووە دەرێ..” دارۆ لەگەڵ ئەو دەربڕینە، تەنەکەکەی خستە سە پیلی و ھەنگاوەکانی چڕ کردەوە، گوایە لاسایی باوکی دەکاتەوە. ” ئەوجا بە داکمی گۆت ئاگات لە دارۆ بی..” قسەکانی درێژ کردەوە.
لەنێو ئەو مقۆ مقۆیەدا، بێ ئەوەی ئاگادار بن، تەواوی کۆڵانەکەیان بڕیبوو، لە پڕ دەنگێک کەوتە بەرگوێیان” ھۆ مندارینە دیسان مارەکەی ناو قەسران سۆندەیان ھینایتە دەرێ ھۆ مندارینە…” دلۆ و دارۆ لە خۆشیان وەک گۆڕ ھەڵکەن سەریان بڵند و نەوی کرد، بەیەکەوە ڕایانکرد، سەرەتا ئەمان ململانێیان بوو تاوەکو ھەرچی زووترە تەنەکەکەی خۆیان لەسەڕە دابنێن، دوای ئەوەی دلۆ لەسەد مەتری پەڕیەوە، بینی دارۆ بەربویتەوە بەتەنەکەکی دەستیەوە، گووتی” ڕاکە دارۆ با سەڕەمان زوو بەربکەوێ.. ڕاکە” ھەنگاوە چڕەکانی دارۆ و پەڕینەوەی لەشەقامەکە کە وەک لبادی لێھاتبوو لەبەر تینی خۆرەکە، دلۆ سەیری دارۆی دەکرد تا بگاتەوە لای، ئەو ھاوسۆزیە بەتەواوی دژی ململانێی ڕاکردنەکەی پێشوتریان بوو. دلۆ سەیریکرد ، دارۆ دەیەوێت بپەڕتەوە لەشەقامەکە، دیمەنی پشت دارۆ لە وێنەی گەڕەکێکی داکەوتوو چڕ دەچوو.
دلۆ بەدەم ھەناسە بڕکێوە” دارۆ غاردە..”وێجا ھەرتکیان، بە گورگەلۆقێ ڕایانکرد، بۆ گەڕەکەکەی ئەوبەر.

گەڕەکی کشتوکاڵ بەتەواوی گەڕەکێکی ھێمن بوو، کۆڵانەکە ڕووی لەشەقامی سەد مەتری بوو، نێوانی ئەو دووگەڕەکە بەپێوەری مەتر، تەنیا سێ سەد مەتریان نێوان بوو، کۆڵانەکە قیڕتاو کرابوو، ھەموو منداڵەکان بەیەکەوە لەیەک ڕیز سەڕەیان گرتبوو لەبەر دەم دەرگای ماڵەکە، منداڵ ھەبوو یەک دەبەی ھێنابوو ھەشبوو تەنەکەیەک و دەبەیەک، لەسەڕەکە نزیکەی بیست منداڵ ڕاوەستابوون، ئەوان خۆیان سەڕەیان نەگرتبوو، بەڵکو تەنەکە و دەبەکانیان لەسەڕە دانابوو، خۆشیان بەدیار تەنەکە و دەبەکانیانەوە ڕاوەستابوون، ھەندێکیان یاریان بەتەنەکەکانیان دەکرد، لەترسی بێدەنگی، بەوەی تەنەکەکانیان دەلەقاند لەنێو سەڕەکە، ھەندێکیشیان بەردەوام ژمارەی تەنەکە و دەبەکانی پێشە خۆیان دەبژارد بەردەوام پاتەی ئەو زانیاریەی بەڕووی ھاوسەڕەکانیدا دەکردەوە. دلۆ و دارۆ نزیکەی دەسەڕەیان لە پێش بوو.
لە ئاسنای ئەو غەڵبە غەڵبە زنجیرە سەیارەیەک بەسەر شەقامی سەد مەتری داچوون. ژمارەیان پێنج سەیارە دەبوون لە جۆری بەڕازیلی ڕەنگ سۆر، ھەر سەیارە و چوار پیاوی تێدابوو، تەنانەت دوو لە بەڕازیلیەکانی دواوە، پیاوێک تا دووان لەنێو سندوقەکە دابوون. جامەکانیان بەتەواوی ھێنابویە خوارێ، شوفێرەکە، دەستی لەسەر ھۆڕنەکان دانابوو، سات ناسات دەستی ھەڵدەگرت و دایدەناوە، ھۆڕینەکان ھاوئاوازی خۆشی دەربڕین بوو، لەنێو ھەر یەک لە جامەکان پیاوێک لەشی تا پشتێنی ھێنابویە دەرێ، کە بەڕووی دەرەوەی سەیارەکە قایشی گوولەکان دیار بوو، بەدەستێکی کلاشینکۆفەکەی گرتبوو، بەدەستەکەی تر مستی ڕادەشت بۆ ئاسمان لەگەڵ سەدای ھۆڕنەکە ھاواریان دەکرد” بژی کاکە.. کاکە … کاکە..” لەو نێوەدا ھەموو منداڵەکان سەڕەکەیان جێھێشتبوو لە پێناو ئەو دیمەن و غڵبە غەڵبە، کە بێدەنگی شەقامەکەیان شکاندبوو، کەمێک لەمەوبەر چۆلەکە کوژیش بەم شەقامە تێنەدەپەڕی، دلۆ لەگەڵ ھەڵبەز و دابەزی منداڵەکان بەدەم گووتنەوەی کاکە.. کاکە، بانگی دارۆی کرد” دارۆ ..دارۆ.. بابمت دیت، ئەو ھاتەوە سیلاحەکەشی لە کن بوو” زنجیرەی سەیارەکە ڕوویان لە کۆلانێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکەکەی خۆیان کرد، یەک لەمنداڵەکان گووتی ” چوونەوە باداوان..”

دواتر ھەموو منداڵەکان گەڕانەوە لای دەبە و تەنەکەکانیان، منداڵێکی سیما قاوەیی سورباو بەجەستەو بازوو لەھەموویان گەورەتر دیار بوو، ڕۆیشتنێکی بەکێش و جڵەوی ھەبوو، ئەو دوو جلیتانی پێبوو، بە کورتیەکەی منداڵێکی چەلاخ بوو، گاھێک گەیشتە لای سۆندەی ئاوەکە، سۆندەکەی لە نێو تەنەکەی یەک لە منداڵەکان دەرھێناو خستیە نێو جلیتانەکەی خۆی، سەرەتا ھیچ کام لە منداڵەکان قسەیان نەکرد و تەنیا بینەر بوون.
دلۆ بێدەنگیەکەی شکاند و گووتی” ئەمە ھەموو سڕەمان لە پێشە تووە..”، ئەو دەربڕینە نیوەی بۆ ھەڕەشە و نیوەی بۆ ئاگادار کردنەوە بوو. لەگەڵ ئەو ئاگادار کردنەوەیە، دەنگە دەنگێک دروست بوو، دلۆ و دوو لەمنداڵەکانی تر ھاتنە پێشەوە و دلۆ لە نێوەندیان ڕاوەستابوو” دەی بڕۆ سەڕەی ڕاوەستە..” بەیەک ئاواز منداڵە زلەکەیان ئاگادار کردەوە.

ئەویش لەو باروودۆخە ، توانا جەستەییەکەی خۆی قۆستەوە و خۆ بڵند کرد و گووتی” ھا دایک حیزینە، ھەر بە عەنتەری یەکەم کەس پڕی دەکەم و پیاویشم دەوێ گووی دەخوات…” ھەرسێکیان بەقەد بارستایی منداڵە زلەکە کێشیان ھەبوو، ئەو بەتەواوی ھاتە پیشەوە چاوەنۆڕی کاردانەوەی ئەوان بوو، تاوەکوو ڕێ بەجەستە بەھێزەکەی خۆی بدا کارەکەی بکات. لەپڕ یەکێک لە منداڵەکان لە دواوە، کە تەنێ دەنگی دەبیسترا” ئەمە پیاوی گوو خواردنی نینە، ھەتا عەنتەرەکان ھەبن..” بە بلەز وایگووت.
ھەمووان پێکەنین.

منداڵە زلەکە، لەناخی خۆیدا بۆ ناشرینترین ووشە دەگەڕا، گووتی:-” ئەوە کیھان حیز گەواد وەیگۆت، ئەگەر ئازایە با خۆی دەربخا و بێتە پێشەوە، ئەوە مەیدان ئەوەش قەیتان..” لەگەڵ سوڕانەوەی بەنێو منداڵەکان وایگووت.
دلۆ کە لەسەر نۆبە بڕینەکە ھاتبووە وەڵام، تا تینی ھەبوو پێلەقەیەکەی لە جلیتانی منداڵە زلەکە دا، ئەمیش ئاوڕی دایەوە و خێرا پاڵێکی بە دلۆ وەنا و بەردەرگا کەوت. دوو منداڵەکەی تریش بوون بە ھێزی بەرامبەر منداڵە زلەکە و لەگەڵ پاڵپشتی گشت منداڵەکانی تر کە لەشێوەی ھاندان بوو، وێجا بوو بە شەڕی دەستە و یەخە.

لەگەڵ پێکداھەڵپژانی ئەمان سەڕەکە بەتەواوی تێکچوو، شەڕی ئەمان بەردەوام بوو، دەنگیان بەتەواوی بێدەنگی کۆڵانەکەی شکاندبوو، ئەو شەڕە بووە ھۆی ئەوەی خاوەن ماڵەکە مزەخەکە بکوژێنێتەوە و سۆندەکە لە ژێر دەرگاکە ڕابکێشێتە ژوورەوە.
بەبێ ئەوەی ھیچ کام لەمنداڵەکان ئاگادار بن کە چیتر ئاو نەماوە. لە دەرگا ژنێکی ڕووخسار سوور و سپی دەرکەوت، چرچ و لۆچی ڕووخساری بەڵگەی ئەوەبوو، کە تەمەنی لەنێو پەنجا بۆ شەست ساڵی دەکرد، مەکسیە فشۆڵەکەی لەگەڵ ئەوەی فراوان بوو، کەچی ناڕێکی سک و مەمکی بەئاسانی بەھۆی مەکسیەکەوە نەدەشێردرایەوە، قژە تیتاڵ تیتاڵەکەی بەڕەنگی سور لە خەنە ئاڵا بوو، ئەمەش نەبووە ھۆی ئەوەی لەژێرەوە واتا سەر پێستی، سپیەتی قژی بشارێتەوە.
ژنەکە بە دەنگێکی تووڕە و زیقەوە ھاواری کرد” دەی بڕۆنەوە ماڵێ، چیدی ئاو نیە..” لەگەڵ ئەو ھاوار کردنە ھەتڕەشی منداڵەکان چوو، شەڕەکەش وەستا.
یەک لەمنداڵەکان بە دەنگێکی ھاوئاوازی پاڕانەوە گووتی:-” تخوا دایەگیان بەخوای سوندی دەخۆین سێ ڕۆژە ئاومان نایەت..” وەک ئەوەی ڕازی دڵی ھەموو منداڵەکانی درکاندبێ، ھەمووان بەسەر لە قاندنەوە سەیری ژنەکەیان کرد.
ژنەکە بە پێچەوانەی ھیوای منداڵەکان، ئەو بێدەنگیەی قۆستەوە، تاوەکوو زیاتر پێداگر بێ و ڕوونکردنەوەی زیاتر بدا، لەسەر نیازی خۆی گووتی” ئێ بابە خۆ کارەباتان ھەیە، مزەخەتان ھەیە..”
زۆر خێرا دوو منداڵ قسەیان کرد بەیەکەوە، یەکیان گووتی:-” لەکۆرانی مە، بەس مارێ مام سمایلی مزەخەیان ھەیە”
منداڵەکەی تر گووتی:-” حەفتەیەکیشە کارەبامان نیە..”
ڕوون نەبوو کە ژنەکە لە قسەکانیان گەیشت یانا، یاخود بۆی گرنگ نەبوو، کەچیان گووت. جەسورانە بەرسیڤی دانەوە:-” چەند چەقاوەسوونە، بڕۆنە چیدی ئاو نیەدەی بڕۆن لەبەر دەم مال ئێمە..”
دەرگاکەی داخست.
ھەموو منداڵەکان کەوتنە بەر تاوانباری یەکتر، ئەوان ئیتر ھیوایان لەبیر کردبوو، چوون بچوکترین کاردانەوەی ھەر یەک لەمنداڵەکان، بەتەواوی کاریگەری لەسەر ئەوانیتر ھەبوو. بێدەنگی ئەمجارەشیان بەھۆی زنجیرەیەک سەیارەی تر بوو، لەجۆری بەڕازیلی دووبارە شەقامەکەیان تەی دەکرد.
سێ لە بەڕازیلیەکان سپی بوون ئەوانی تر ڕەنگی شینی کاڵیان ھەبوو، ھەروەک زنجیرە سەیارەکەی پێشوتر، پیاوە چەکدارەکان نیوەی لەشیان لە نێو جامی سەیارەکان دەرھێنابوو، بەگڕوتینەوە ھاواریان دەکرد و کلاشینکۆفەکەی دەستیان بۆ ئاسمان ڕادەشت و بە شێوەی ھۆتاڤ دەیانگووت:- ” بژی مامە …. مامە…مامە..”.

منداڵەکان وەک چۆن چارەگە سەعاتێک بەر لەو نمایشە، بەیەکەوە ھەمان ھۆتافی پیاوانی نێو زنجیرە سەیارەکەیان دەگووتەوە، ئەمجارەش بێ دوودڵی لەگەڵ سەدای گەورەکان ھەڵدەبەزین و ھۆتافەکانیان دەگووتەوە، بێ ئەوەی بزانن ئەو سەدایانە ڕێبواری چی ئەوکێکە.
دارۆ تەنەکەکەی دەستی کە بەبەرد دەکووتا و ھۆتافی دەگوتەوە، بانگی دلۆی کرد” دلۆ … دلۆ ئەھا سەیری بابم کە.. ئەوە سیلاحەکەی بابمە” دڵخۆشیە منداڵانەکەی بە تەواوی لە زەمینی ھیواکانیەوە دەردەچوو، وەک ئەوەی پابەندی ئەو ھێمایانە بێت، کە لە کۆمەڵگای فیودالی بوونیان ھەیە.
دووبارە زنجیرە سەیارەکە لە نێو گەڕەکەی خۆیان وون بوون، تا دەھات دەنگی ھۆڕنەکان کزتر دەبویەوە بە گوێی منداڵەکان، وێجا ئەمانیش ھەمووان تەنەکە و دەبەکانی خۆیان ھەڵگرت و پەڕینەوە لەشەقامەکە.
کاتێ گەیشتنە نێوەڕاستی کۆڵانەکە، دەنگەلێکی تر منداڵەکانی سەرسام کرد، ئەمجارە دەنگی ترس و شانازی بوو، دەنگێک کەمنداڵەکان دەبوو سەریان ھەڵبڕن بۆ ئاسمان و لەھەمان کاتدا پێبکەنن و بتاسێن، ڕابکەن و ھەڵپەڕن، بێ ئەوەی لە نیازی گەورەکان تێبگەن.
دلۆ و دارۆ، بە یەک ترس و یەک خەون و یەک بیرکردنەوە، دەستی یەکیان گرتوو بە دەستەکەی تریش تەنەکەکانیان و ڕایانکرد و ھەر بەیەکیشەوە گوتیان” دەچینەوە کن بابمان، دەچینەوە کن بابمان…”

ھۆزار ئەحمەد




چیرۆك — دوای تۆ…. کۆڕش وەحید

هاتمە خوارەوە، لە هۆڵی دانیشتنەکە تەماشای شوێنی پێی فەرهادو میسیۆ لوسیانام دەکرد بە زەمینی ڕاڕەوەکەوە، چایەکی سەوزی سیلانیی ئەسڵم دەمکردو لەگەڵ بەستە تروکاندندا دەمخواردەوە، ئەو چایە وەکو دەرمانە میللیەکەی هۆزەکەی ئەمازۆن کاری لە رۆحم کرد، لە جەستەم جیابوومەوەو حەقیقەتی شتەکانم وەکو ناوەڕۆك و جەوهەریان دەدی نەك وەك ئەوەی ڕووکەشیانی پێی سواغدراوە، زوو لە نهێنی ئەوە تێگەشتم بۆچی محەمەدی حاجیزادە تەنانەت لای هاوڕێ نزیکەکەشی فەرهاد خۆی کردووەتە مسیۆ لیوسیانای راستەقینە، لە چاوە گەشەکانیا زوو ئەو راستیەم خوێندەوە ئەو بەشە پاکەی رۆحی حاجیزادە کە ئەسەفی هەڵدەکێشا بۆچی فاڵەکەی بە دڵی ساقی گوڵچین بۆ ڕوئیا خانم گرتەوەو بووە هۆی توشبوونی بە جەڵتەو مردنی؟ نەیزانی ئەمە نەخشەی ئەوەیە کە ساقی گوڵچین خۆی شووی پێ بکات، هەر ئەو بەشە جوانە راستگۆیەی حاجیزادەش بوو وایلێکرد نهێنی گۆڕینەوەی کەسایەتی خۆی بە میسیۆ لوسیانا لای کەس ئاشکرا نەکات، ئاوەها وەفای بەڵێنەکەی لەگەڵ میسیۆ لوسیانا جێبەجێکرد، کەچی فەرهاد پێی دەگوت ئەو ئیبلیسە..

میسیۆ لوسیاناش کە ئێستە چووەتە سەر ئاینی زیبا لە ئەسفەهان دەنیو پەڕتوکەکانی باپیرە گەورەیدا سەرقاڵی گەڕان و بە دواداچوونە، بۆ کوێ بگەڕێتەوە خۆ ئەو کەسی نەماوە لەم جیهانە فراوانەدا دڵی پێ خۆش بکات، ناحەقیشی نەبوو هیچ پەیوەندییەکی بە فەرهادەوە نەکرد، هەتاکو نهێنیەکەی کەشف نەبێت، ئاخر لە سەرەتادا زۆر ئاسان نەبوو لەم جێکۆڕکێ رۆحییەدا سەرکەوتن مسۆگەر بکات و لەو بۆشاییە دەروونیە رزگاری بێت کە چەندان ساڵ بوو تیایدا دەژیا، دەزگا تۆقێنەرەکانی دەوڵەتان هەرگیز نایەڵن گیانی ئادەمیزادەکان سنوورەکانی تێکەڵاوی گیانەکان ببەزێنن و مومارەسەی ئینسانیی بوونی خۆیان بکەن، دوور لە بەرژەوەندی و نەخشەی دەوڵەتە بەرژەندیخوازە ملهوڕەکان، کە مرۆڤەکانیان کردووە بە دوژمنی یەکتر..

یەکسەر کە گەڕامەوەو چاوم بە جەستەمدا هەڵهێنایەوە نیگام لەسەر تابلۆی پێڵاوە سپییەکە جێگیربوو و نەمزانی کێ لە هۆڵی پێشوازی ئوتێل ئەوروپا هەڵیواسیوە، بیری وتەکەی میسیۆم کەوتەوە کە هونەرمەندان لە عەشق و جوانی حەقیقی تێدەگەن و تیایدا دەژین و شادمانیان دەکات، نەك پارەداران و ئەکادیمیستەکان، ئەوان بە دوای ئاسارەکانی جوانیدا دەخولێنەوەو بەس.

کۆڕش وەحید




بۆ شەهیدانی ژینگە و سروشت …. سوهەیلا مەیهەمی

زەردەخەنەت مەتۆرێنە
لە کاتژمێری گوڵەبەڕۆژە
دەبێ بۆ غووربەتی ئەم دارستانە
چرا بدوێی

لە هەڕەتی شەوەزەنگدا
ترپەی هەنگاوەکانت هەدای بەڕوو بێت

ئەی تۆ شانامەی شەوانی شەرا
هەناسەت بە کێها درەخت دەسپێری
دەستەویەخەی ئاگر
سنەوبەری تەڕ بدوێ

ئەمشەو هەر دڵۆپ بوو
لە چاوی زاگرۆس تا زرێباری خنکان
خۆری برینیان هەڵدەهات

ئاسمانی کپکراوەی ئێرە
بە تەمەنی پیری تینوەتییدا
هەورێکی “شەریف”ی پێویستە
دەسپێکی سروودی باران لە پەنجەکانییدا

سوێند بە پێکەنینەکانی سەوزتان
ڕەهێڵەی ئەم کاروانە
کەروێشکە دەکا
هەتا شیعری خوشەویستیتان
هاواری بەڕوویە

رووبارەکان بنووسەوە بە
داوێنی گڕ
تۆ کە رۆحت بە ئاقاری برینی
خاکدا ئوقرە ناگرێ

هاوڕێ
دڵ بە درەخت بوونت
دەبەخشم
بە برژانگی ئاسماندا
ماتەمێکی تەڕ دەمێنیت

بگەڕێوە
وەکوو هەمیشە
جلی ڕەش لە دارستان داکەنە
بە پێکەنینە شینەکانت

تۆ دەزانی قاچی ڕێگاکانی هاوار
بلۆق دەکا
بوغزێکی نامۆ
گەرووی چیا دەتۆقێنێ
کە بژیوی کۆڵبەرێک تفەنگ
بیخوات و
منداڵانی بۆمەلەرزە تۆ نەدۆزنەوە

ئەم تابووتە تەژی لە بۆنی پوونگە و هەزبێ مەچۆ
ئاوڕێ بە
ئاوری دڵی زرێبار و
مەریوانی مەراق

سنه‌
4 خەرمانانی2718
سوهەیلا مەیهەمی

————————
# شەهیداني سرووشت
# شەریف _باجوەر
# ئومێد_کۆنەپۆشی
# ڕەحمەت_حەکیمی_نیا
# محەممەد_پەژووهی




پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کێ یە ..؟؟ … بەختیار نامیق

ڕێککەوتنامەی ستراتیژی ئەگەر چی ڕێککەوتنێکە ڕەگێکی مێژویی هەیە و درێژکراوەی ڕێککەوتنامەکانی تری مێژوی نێوان ئەنقەرە و تارانە ، دوو (والی) یان دو وەکیل ئەم وەکالەتە جیبەجێ دەکەن ، زۆنی زەرد وەکالەتی ئەنقەریە و زۆنی سەوز وەکالەتی تارانە ، لە بەشی ناوەندیشدا ئەم ڕێککەوتنە بە یەکسانی دابەشکردنی پۆستە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ، واتا پۆستەکان بە پێ ی قورسایی دەبێت هاوشانی یەکتری بن ، ئەم دابەشکاریە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە واتا لە وەزارەتە سیادیەکانەوە تا دەگاتە ئاستی بەڕێوەبەری گشتی و خوارەوە تر بۆ ئاستی سەندیکاکان ، ئەگەر حیزبێکیش لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی هێنا بێت ( یەکگرتو کۆمەڵ .. و هتد) ئەوا بەشیان دراوە و تا ئاستێک پۆستەکانیان کارتۆنی بوە و هەر لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتی و یەکێتیدا بوە ، ئەگەر حیزبێکیش زانیبێتیان بە پێچەوانەی بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنەوە بوە ئەوا بە هەمو هێزی میت و ئیتلاعات هەوڵیان داوە کە نەهێڵن گەورە بێێت ، ئەگەر چی هێزی ناوخۆی و دەنگدەریشی لەگەڵ بوبێت ، هەر بە ساختە کردن پارتی و یەکێتیان بردوەتە سەروی هەرەمەکە ، بۆ نمونە بزوتنەوەی گۆڕان کە دەیویست دەستکاری ئەم دابەشکاریە بکات و پاشکۆیەتی کۆتایی پێ بهێنێت و نەخشەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی هەڵبوەشێنێتەوە ، لە هەمو هەڵبژاردنەکاندا ئەگەر چی دەنگی زۆر گەورەی هێنا بێت ، ئەوا نەیان هێشتوە ببێت بە دەنگی یەکەم ، وەک هەڵبژاردنی پارێزگاکان هەر قاسمی سلێمانی خۆی کرد بە سلێمانیدا کە ١٢ بە ١٢ کۆتاییان پێ هێنا هەموشمان دەزانین کە چۆن بو بە یەکێتیشەوە ، هەر لەسەر زاری بەرپرسەکانیانەوە بە ئاشکرا وتراوە ( سینی ئاڵتونی و یەک کورسی بێنن هەر لە هەرەمی دەستەڵاتدا دەبن ) مادام گۆڕان دەیوسیت دەستکاری نەخشەی ڕێککەوتنی ستراتیژی بکات ئەوا بە هەمو توانای ئەنقەرە و تارانەوە دژی دەوەستنەوە ، ئەگەر وردتری بکەینەوە لە بەرزترین پۆستەوە ئەوا سەرۆکی کۆماری عێراق بۆ یەکێتی بوە و لە باڵی دەست ڕۆیشتوی یەکێتی دانراوە ، هەمو خولەکان هەر بۆ یەکێتی بوە کێ دادەنێ ئارەزوی خۆیەتی ، لە بەرامبەردا پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی دەبێت و کێ دادەنێن ئارەزوی خۆیانە ، چەند خول دەمێنێتەوە و کێ دادەنێن هەر ئارەزوی پارتیە و دەبێت یەکێتی پشتگیری لێ بکات و یاسای بۆ دابتاشێ ، وەک بینیمان هەر وا بوە ، ئەڵبەت هەردو پۆستەکە ڕای یەکتر وەر دەگرن ، بۆ سەرۆکی کۆماری عێراق دەبێت یەکێ بێت بە دڵی یەکێتی و هەم پارتیش بێت ، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمیش هەر وا بوە ، واتا هەردوکیان ڕەزامەند بون لە بەرامبەر یەکتریدا وەک بینیمان لە ڕیفراندۆمیشدا کارئاسانیان بۆ پارتی کرد ( بەرهەم ساڵح کە خۆی کاندید کرد لەبەر ئەوەی خواست دو سەرەی لەسەر نەبو نەیتوانی ببێت بە سەرۆک کۆمار و ئێشتەش کە بەڵینی ئەو پۆستەیان پێداوە و خەریکە حیزب و ڕاگەیاندنەکەی دەپێچێتەوە دوبارە کڵاو دەکەنەوە سەری ) .

ئێستە پۆستی سەرۆکی هەرێم نەماوە و هەڵپسێراوە ، کاتێک یەکێتی داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات لەبەرامبەردا دەبێت چی بدات بە پارتی ، کە بنەماکانی (بەناو) ڕێککەوتننامەی ستراتیژیە ، کەواتە شەڕەکە لێروە دەست پێ دەکات ، پارتی بە پێ ی کورسی و قورسایی خۆی داوای ئەو پۆستە دەکات و یەکێتیش دەڵێ ئیستحقاقی خۆمە ، کە دەبێت یان سەرۆکایەتی هەرێم زیندو بکەنەوە و خولێکی تر بۆ بارزانی درێژ بکەنەوە (کە ئەمەش مەحاڵە هەر بارازنی خۆشی وازی لێهێناوە ، وازلێهێنانی دەرئەنجامی هەڵەی یەکێتی بوە لە بەرامبەر بنەماکانی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی ) کەواتە ئەگەر یەکێتی نەتوانێت خولێکی تر بۆ بارازانی درێژ بکەنەوە ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە لە بەرامبەر سەرۆکی کۆماری عێراق کە ئیستحقاقی کوردە و لە ناو کوردیشدا بە پێ ی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی بۆ یەکێتیە چی پۆستێک بۆ پارتی دەبێت کە سەرۆکایەتی هەرێم نەماوە ، شەرەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە پارتی بە حوکمی کورسی زۆرینە ( ئەڵبەت هەردوکیان بە تەزویری ئیقلیمی ) دەڵێت دەبێت ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت چونکە سەرۆکی هەرێم نەماوە و یەکێتیش دەلێ نەخێر هی ئێمەیە ، ململانێکان لێرەوە دەست پێ دەکات یان دەبێت هەردوکیان یەکێک هەڵبژێرن کە هەم پارتی بێت و هەم یەکێتی بێت ، کە ئێستە دەنگۆی بەرهەم هەیە ، کە باڵی دەست ڕۆشتوی یەکێتی چارەی بەرهەمیان ناوێ مەگەر گوشاری پارتی ئەمەی پێ بکات ، کەواتە شەرکە نزیکە لە بونەوە ، کە پێم وا بێت هەردو بنەماڵە ئێستە بە دوای یەکێکدا دەگەڕین کە خواستی هەردو لایانی لەسەر بێت ، کە من پێم وایە دوا جار لە پارتی دەبێت و یەکێتیش قبوڵی دەکات لە بەرامبەر دانی وەزارەتێکی سیادیدا بە یەکێتی .




سێ هۆنراوە بۆ مناڵان …. عەلی حەمەڕەشید

دەچینەوە بۆ خوێندن

ئێمەی منداڵ ھەر ھەموو
دوای تەواو بوونی پشوو
دڵ پڕ لە ھیوای مەزن
دەچینەوە بـــــۆ خوێندن
دەچین بۆ قـــوتابخانە
بە چالاکی و ژیــــــرانە
پڕ سۆزترین جێگــــایە
پیرۆزترین ڕێگایــــــــە
دڵسۆزی ئێمەی تیایــە
کە ئە ویش مامۆســتایە
دەچین لەوێ دەخـــوێنتن
داری ھیوا دەڕوێــــــنین
ھەوڵی زۆر و تێکۆشــــان
دروشمێکە بۆ ھەمـــــووان
تا ڕۆشن بێت دوا ڕۆژمــان
بۆ خزمەتی کوردســــــتان

دەغیڵەکەم

عەلی حەمەڕەشید
دەغیڵــــەکەم پڕ بـــووە
کاتی ئەوە ھــــــــاتووە
لە بەردەم بــــابە و دایە
بزانم چــــەندی تیایــە
بیکـــەمــــەوە لەگەڵیان
خۆ شــــــی بخەمەدڵیان
ئەوســـا ڕوویان تآ دەکەم
مژدەیەکــــیان پی دەدەم
کتێبخــــانەی پآ دەکڕم
کتێبی تیا ھــــەڵدەگرم
چــــونکە بە خوێندنەوە
دەڕۆم بەرەو پێشــــــەوە
٣٤/٧/٢٠٠٧

کەسێتیم

تا بەھێز بێت کەسێتیم
بزانن کە کێم و چـــیم
بمدوێنن گوێم لێبگرن
نەکەن قسەم پآ ببڕن
یان کاتێک ھاوڕێکانم
دێن دەبن بـــە میوانم
وەک میوانی خۆتان بن
تەواو ڕێزیان لێبگرن
تا بڕوام ببێت بە خۆم
کاتێک بۆ لایەک بڕۆم
ئەوسا خاوەن کەسێتیم
دڵ پڕ لە خۆشەویستیم
دەزانم کە کێم و چیم
چونکە خاوەن کەسێتیم

٥/١/٢٠٠٣




هاوڕێیەتی …. ڕۆستەم خامۆش

هاوڕێـیــەتـی هـەر وایـە
ڕاستگـۆبوون و وەفـایـە

لــەبـــۆ ژیــن پێویستییە
پاکیی و خۆشـەویستییە

هــاوڕێــیـــەتــی وادەبـێ
ڕێـزی بـگـری لـەهـەرجـێ

کــە بـیـنـیـت ئـاسـودە بی
ڕووخۆش و بە خەندە بی

ڕۆستەم خامۆش




فیلمی ده‌رهێنه‌ری مه‌هابادی له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی منداڵان و مێرمنداڵان وه‌رگیرا

مه‌نووچێهر جیهانی ـ فیلمی چیرۆکیی “ئیستادیۆم” له‌ ده‌رهێنانی که‌یوان فه‌هیمی ده‌رهێنه‌ری کورد و وانه‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی مه‌هاباد له‌ سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران وه‌رگیرا.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، کورته‌ فیلمی چیرۆکیی “ئیستادیۆم” له‌ ده‌رهێنانی که‌یوان فه‌هیمی و له‌ به‌رهه‌مێنانی سه‌میرا مه‌رزبان، که‌یوان فه‌هیمی و “شارۆ فیلم” له‌گه‌ڵ 10 کورته‌ فیلمی دیکه‌ له‌ سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران رکابه‌ری ده‌کات. ئه‌م کورته‌ فیلمه‌ به‌ ماوه‌ی 15 خوله‌ک به‌سه‌رهاتی کوڕێکی مێرمنداڵ ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ بۆ رۆیشتنی بۆ ئیستادیۆمی یاریگای تۆپی پێ له‌ ماشێنه‌که‌ی باوکیدا خۆی ده‌شارێته‌وه‌، به‌ڵام باوکی ناچێت بۆ یاریگا و تووشی به‌سه‌رهاتێکی دیکه‌ ده‌بێت.

که‌یوان فه‌هیمی خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ری ده‌رهێنانی شانۆ و وانه‌بێژی کارگه‌ی فیلمسازیی شێوازی ئه‌زموونی له‌ ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران نووسینگه‌ی مه‌هاباد که‌ چالاکی خۆی له‌ ساڵی 1997 به‌ ئاماده‌کردنی کورته‌ فیلم له‌ ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی مه‌هاباد ده‌ست پێکرد و به‌رهه‌مهێنانی 6 کورته‌ فیلمی چیرۆکی له‌ کارنامه‌ی خۆیدا هه‌یه‌.

ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران نووسینگه‌ی مه‌هاباد یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ چالاکه‌کان له‌ بواری فیلم چێکردن و کاروباری سینه‌مایی به‌ ئه‌زموونی 32 ساڵ له‌ شاری مه‌هاباد له‌ ناوچه‌ی موکریان له‌ باشووری پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا.

سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.