داعش موتوربەیەک بەقەدی مێژووەوە …. بەهاوبەشی: شووشان و موتەڵیب

عەیامێکە مێژوویەک بەتاوان سیاپۆش و بەخوێن سورکراو وەکو مریشکێکی توڕە لەسەر دەیان هێلکەی داعشئاسا گڕکەوتووەو هەر دەیەیەک دانەیەک ئەتروکێنێت. هێلکەی داعشی تروکاندو ئێستاش کەداعش زەعیف بووە، بزانین هێلکەی دوایئەو چی ئەبێت.

شەریعەتی ئیسلام هاوشێوەی دەستوری وڵاتانە، لێ جیاوازیەکە ئەوەیە ناتواندرێت لەیاساوڕێساکانی ئیسلامدا کەلیمەیەک زیاد یان کەم بکرێت. چونکە سەوابتن و سەردەمەکان دەبێت خۆیان لەگەڵ بگونجێنن و بەشێوەیەکی مەتاتیش داڕێژراون. یانی بەگوێرەی یاساکانی ئیسلام شوێنکەوتووان دەتوانن موسوڵمانی میانڕەو، ئاشتیخوازو مرۆڤ دۆستبن. هەر بەهەمان یاساش دەتوانن بکوژ، وێرانکارو توندڕەوبن.

یانی ئیسلام دوو ڕوخساری هەیە، ڕووە جوانەکەی ئەوەیە کە دایکو باوکانی ئێمەومانان پەیڕەوی ئەکەن، کەجگە لەمیهرەبانی، مرۆڤدۆستی و گیانی بەیەکەوەژیان شتێکیترنییە. ئەم دیوە جوانەی ئیسلام بەردەوام نیشاندەدرێت و خەڵکی پێئاراستە ئەکرێت.

وەلێ کەم کەس توانیویەتی خۆی لەقەرەی باسکردن لەدیوەکەیتر بدات. لێرەدا ئێمە دەمانەوێت ڕووی دووەمی ئەم مێژووە هەڵماڵین، بەتایبەتی ئاراستەی سەلەفی ئەهلی جیهادی قیتال و ئیسلامی داعشئاسا. ئەوانەی ئینکاریی ئەوە دەکەن داعش لەناو دەقەکانی ئیسلامدا جێینابێتەوە، بەشێکیان لەمێژووی فتوحات تێنەگەیشتوون، بەشێکیشیان هەوڵدەدەن ڕووە باطینیەکەی داپۆشن. ئێمەش ئەمانەوێت ئەم دەمامکە لادەین و بڵێین ئەوەی داعش دەیکات لەچوارچێوەی دەقەکانی شەریعەتدا جێگای دەبێتەوە، بەڵام لەپێناو پوختکردنەوەی بابەتەکە تەنها تەرجەمە کوردیەکانیان وەکو خۆی ئاماژەپێدەدەین.

لەحەدیسێکدا پەیامبەر دەڵێت: (من نەنێردراوم وەكو خوا سزا بدەم، بەڵكو نێردراوم بەلەملدان و توند بەستنەوەیان)! وەكو لە(سیرەی ابن هشام و رحیق المختوم- گولاوی سەرەمۆر)دا هاتوه:( كافرێك هەبوو له مەككه به شیعرەكانی زۆر كافرانی هاندەدا بۆ شەڕ له دژی ئیسلام. بۆیه پێغەمبەر فەرمووی به هاوەڵەكانی، كێتان هەیه لەناوی ببات؟ محمدی كوڕی مەسلەمە فەرمووی: من یارسول الله، ئیتر چوو كوشتی و كەگەڕایەوە سەحابەکان دەستیان كردە اللەاكبرو سەری كەعبی كوڕی ئەشرەفی بڕی بوو.

کەواتە سەربڕین شتێکی نامۆ نییە لەکلتوری ئیسلامداو نە شتێکی تازەشە. زۆر بەکورتی ئەمانەش چەند فەرمانێکی ڕێبەرانی ئیسلامن بۆ سەربڕینی نوسەرو ڕۆشنبیران: (مەحەمەدی مەسلەمە، سەری کینانی کوڕی ڕەبیعی یەهودی بڕی بەفەرمانێکی سەروی خۆی. عبدوڵای کوڕی مەسعود سەری ئەبو جەهلی بڕی لەغەزای بەدرو هێنایەوە.

ئەبو دووجانە کەسەحابەی دەستەڕاستی پێغەمبەربوو، سەری جابری کوڕی عەبدوڵای بەشمشێر پەڕاند. فەیروز سەری ئەسوەدی عەنەسی لێکردەوە کاتێک وتی بوومەتە پێغەمبەرو سەرەکەی هێنا بۆ پێغەمبەر. علی کوڕی ئەبی تاڵب سەری عەزوەکی یەهودی بڕی و پەیامبەریش مژدەی بەهەشتی پێدا). ئەوانەی سەرەوە مشتێکن لەخەرمانێک، بەڵگەی ڕوونیشن کە سەربڕین بەشێکی دانەبڕاوبووە لە کلتوری ئیسلام و عەڕەبدا. وە عەڕەب لەبەرگی ئیسلامدا بەزەبری شمشێر بوونی خۆی لەناوچەکەدا سەلماندووەو ”شمشێرو سەربڕین” دوو تاکە دروشمی ناسینەوەی عەڕەب و ئیسلامن.

تەنانەت ئیسلام پێیوایە لەڕووی زانستی پزیشكیشەوە، بڕینی مل بەڕەحمترین جۆری كوشتنە، چونكە كەسی كوژراو هەست بەهیچ ئازارێك ناكات! لەبەرئەوەی خانەی بەرپرس لەهەستكردن بەئازار لەمێشكدایەو بڕینی دەمارەكانی مل بەخێرایی، ناهێڵێت ئازارەکە بگاتە مێشك! بۆیە داعش کۆمەڵێک بیدعەکار نین، بەڵکو تەمسیلی ڕاستەقینەی مۆدێلێکی ئیسلام دەکەن و وەفادارو شوێنکەوتووی سەرکردەکانی پێشوتری ئیسلامن و شەریعەت جێبەجێدەکەن.

داعش، قاعیدە و حیزبە ئیسلامییەکانی ناو حکومەت هەریەکێکن و گشتیان لەیەک مەنهەج فیکریان هەڵدێنجن، کەشەریعەتی ئیسلامە. حیزبە ئیسلامییەکان بەژداری هەڵبژاردنی دیموکڕاسیانە دەکەن و لەناو پەڕلەمانن و باسی ئازادی دەکەن. ئەوان هەتاکو ئەو کاتەی دەسەڵاتی ئیسلام ناوچەکە کۆنتڕۆڵدەکات ئەو ڕووخسارە میانڕەویە نیشاندەدەن، ئەگینا گەر دەمامکیان لادەی جیاوازیان نییە لەگەڵ داعش و هەمان فیکرو تێڕوانینیان هەیە، سەبارەت بە شەریعەت.

بەڵام ئەوان جیهادی قیتالیان بۆ داعش جێهێشتووەو خۆشیان لەناو کۆمەڵگادا وردەوردە کۆمەڵگا بەئیسلامی دەکەن و دەیانەوێت هەموو ژنان حیجاب ببن و
مەیخانەکان دابخرێن و لەهەموو کۆڵانەیەکیشدا مزگەوتێک بونیاد بندرێت. حزبی ئیسلامی تیرۆری فیکری دەکەن و داعشیش تیرۆری فیزیکی دەکات. حزبی ئیسلامی عەقیدەی ئیسلام بە دیدە تەکفیرییەکەی دەرخواردی خوشک و براکانی ئێمەمانان دەدەن و داعشیش فیشەک و شمشێری ئاراستەی مل و دەمی برا پێشمەرگەکانمانیان دەکرد. ئەوان هەردوکیان ئەرکیان تیرۆرە، جا یەکێکیان تیرۆری فیکری و ئەویتریان تیرۆری فیزیکی.

ئیسلامییەکان ئازادییە تاکەکەسییەکانی وەکو جلوبەرگ، قسەکردن، خۆشەویستی و هەڵبژاردنی ئایین لەناودەبەن، تەکفیری ڕۆشنفکران دەکەن، سنور بۆ هەموو چالاکییەکان دادەنێن کەیەکانگیر نەبێت لەگەڵ شەریعەت. دواتر شوێنکەوتوویەک بەرهەمدێنێن هەموو شتێکی بەرامبەرەکەی پێ ڕەفزە. تاکە پێوەری مرۆڤی باش لای ئەو، گەنجێکە ئەهلی مزگەوتەو خوشکێکی باڵاپۆشە. ئەوان لەڕووکەشدا ئاڵاو لۆگۆ و دروشمیان جیاوازەو لەباطیندا یەکێکن. لەزاهیردا ئیسلامییەکان موجامەلەی هەوادارانی خۆیان دەکەن و ئیسلام بەجۆرێکیتر تەفسیر دەکەن کەموتوربەیەک بێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستایان، کەواتە لەجەوهەردا هەمان باتینن و فەڕقێک لەگۆڕێدانییە لەنێوان موعتەدیلەکان و موتەشەدیدەکاندا.

هەموو ئەوانەش چ ناوێکیان هەیە گرنگ نییە، چونکە هەمویان ئەو مناڵە توندڕەوەن لەدامێنی شەریعەتەوە لەدایکبوون. بەعس و داعش لەژێر ڕۆشنایی سوڕەتی ئەنفال دەیان هەزار کوردیان بەزیندوویی خستە ژێر گڵەوەو ژنەکانیشیان کردن بەکۆیلەو لەلایەن جەنگاوەرە جیهادییەکانەوە هەتککران. لەڕابردوشدا ئیسلام بەزەبری شمشێر کوردستانی داگیرکردو جەنگاوەرەکانی عەڕەب هەزاران ژنی کوردیان کردە کۆیلەو هەزاران لەبابوباپیرانی ئێمەییان سەربڕی. لەقورئاندا ئایەتی (النساء) دەڵێت: ئەو ژنە ناموسوڵمانانەی لەجەنگدا بە ”غەنیمە” بەتاڵانی دەکەونە دەستتان بۆتان حەڵاڵن و دەتوانن بەبێ ڕەزامەدی خۆیان سێکسیان لەگەڵ بکەن! یانی ئەوەی داعش لەشەنگال دژی ئێزیدیەکان کردی ڕێک جێبەجێکردنی شەریعەت بوو. هەتائێستاش هەموو عولەمایانی ئیسلام نەیانتوانیوە بڵێن داعش ئیسلام نییە. ئیسماعیل سوسەیی، کەئیمامێکی بەناوودەنگە پێش گرتنی وتی: پێشمەرگە لەبەرەی غەرب و سیستەمێکی عەلمانییە بۆیە شەهید نییەو ناچێتە بەهەشتەوە، بەڵام داعش بانگەوازی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات و جیهاد لەپێناوی خودادا دەکات بۆیە ئەوان شەهیدن و دەچن بۆ بەهەشت.

کەواتە تۆی موسوڵمان ئەگەر هەموو گروپە جیهادیستەکان بەتیرۆریست بزانی یان لەمێژوی فتوحاتی ئیسلام تێنەگەیشتووی یان لەگروپە تیرۆریستییەکان! عبدڕەحمان سەدیق بانگخوازو شارەزای فیکری ئیسلام وتی: هەموو ئەوەی داعش دەیکات لەناو کتێبەکانی ئیسلامدا هەیە. لەدەستبڕین، سەربڕین، ڕەجمکردنی ژنو هەڵدانەخوارەوەی خەڵک. (مەبەست بەرزاییە) تەنانەت دەڵێت: فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەش بەگوێرەی ئایەتەکانی ئیسلام سوتاندیان. چونکە داعش بەڵگەی قورئانی هێناوەتەوە کە، سەحابە شیشی سورکراوەی کردووە بەچاوی دوژمن و بەئاگر سوتاندونی، بۆیە ئەوانیش فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەیان سوتاندووە.

mutalib_shushan_journalist@hotmail.com




ئاخۆ جۆن مەکین بە ڕاستی دۆستی خەڵکی کوردستان بوو؟ … موزەفەر عەبدوڵا

لەم ڕۆژانەدا جۆن مەکین، کە پاڵێوراوی کۆماریخوازەکان بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵی ٢٠٠٨ دا بەرامبەر باراک ئۆمابا، بە نەخۆشی شێرپەنجە مرد. جۆن مەکین جگە لەو پۆستە چەندین پۆستی گەورەی تری لە دامودەزگا سیاسی و دیپلۆماسی و جاسوسی و سەربازییەکانی ئەمریکادا هەبووە.
مردنی ئەو بووە مایەی هەواڵی گەرمی ڕاگەیاندنەکان و پرس و ڕاو هەڵویستگیری گشتی دژ بەیەک لە ئاستی دونیادا.
تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بە ڕاوبۆچونو هەڵویستی دەسەڵاتداران و خەڵکی کوردستانیش بەهەمان شێوە لە گۆشە نیگای جیاجیاو دژ بە یەک ڕاو هەڵوێست بەدی دەکرا.

لە ئاستی بەرەی چەپ و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی بە گشتی جۆنیان وەک خۆی جەنگاوەرە خوێن ڕێژە فاشییەکە وەسف دەکرد، بەڵام بەشی زۆری سەرانی لایەنە ناسیونالیستەکان وەک قارەمانی ئازادی و ڕزگاریخوازو دۆستی خەڵکی کوردستان وێنایان دەکردو مەدالیای قارەمانێتیان پێدەبەخشی.
بۆیە هەقی خۆمانە لە دژی ئەو ڕیاکاری و دۆر و بوختانانە لێرەدا بپرسین ئاخۆ جۆن مەکین بە ڕاستی دۆستی خەڵکی کوردستان بوو؟
بەر لەوەی بە کورتی وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوەو ڕاو هەڵوێستی خۆمانی لەبارەوە بدەین وا پێویست دەکات کۆمەڵیك بەڵگەی ڕاستی هەیە لەبارەی ڕۆڵ و پێگەو کارنامەی ئەو لەئاستی سیاسی و سەربازی وەک، لایەنگری سەرسەختی شەڕو کوشت وکوشتارو داگیرکاری و وێرانکاری و دەیان کارەساتی تر، بخەینەڕوو تا نیشانی بدەین کە نەخێر ئەو دۆستی زۆرایەتی جەماوەری ستەمدیدەو ئازادیخوازو ئینساندۆستی کوردستان نەبووە ناشمانەوێت وا بکرێتە پێش چاوی ڕای گشتی ئازادیخوازی دونیا، بەڵکو ئەو تەنها دۆستی سەرانی قەومی و خێڵەکی وئیسلامییە تیرۆریستەکانی کوردستان و جیهان بووە.
وێنەکانی جۆن هەموی شایەدی ئەو ڕاستیانە دەدەن کە دەستی خستۆتە سەر شانی تیرۆریستانی ئیسلامی و قەومی و خێڵەکی و مەدالیای تاوانباری یان وەک خۆی پێدەبەخشێت.

بەهەرحاڵ سەرەتا پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە سیاسییە بدەین کەمێژووی سیستەمی سەرمایەداری و چینی بۆرژوا دەسەڵاتدارەکەی لە دونیادا بە گشتی، و بۆرژوازی ئەمریکاو دەوڵە ئیمپریالیستی و ڕەوتە فاشیەکەی کە کۆماریخوازەکان نوێنەرایەتی دەکات ، لەم سەد ساڵەدا بە خوێنی مرۆڤایەتی ئازادیخوازان نوسراوەتەوە. ئەگەر تەنها چاوێک بخشێنین بەو شەڕە خوێناویانەی کە لە دژی خەڵكی وڵاتانی تر بەڕێی خستووە تەنها لە نیو سەدەی ڕابردودا هەر لە ئەمریکای باشور و ئەوروپای ڕۆژهەڵات تا دەگاتە وڵاتانی ئاسیاو ئەفریقا لە هەموو مێژویی مرۆڤایەتی خوێنرێژی وا ڕوینەداوە.

بە تایبەتی جەنگ لە دژی خەڵکی ڤیتنام و ئەفغانستان و عێراق و لیبیاو سوریا کۆمەڵە شەڕو کوشتارێکی ئاشکرا بوون لە پێناوی داگیرکاری و دزی و تاڵانی و بازرگانی چەکو تەقەمەنی هەمووشی بۆ زیاتر باڵادەستی سیاسی و سەربازی و بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر.لەم شەڕوکوشتارو داگیرکارییانەشدا هەمیشە کۆمەڵە کەسێکیان بە کردەوە بونەتە هێمای سەرکردەی سیاسی و سەربازی جەنگاوەری گەورەی خوێنڕێژ. جۆن مەکین لەو سەرکردە دانسقانەیە کە هەموو ئەم کارەکتەرانە لەودا بەرجەستە بۆتەوە.جۆن مەکین یەکێک لەو جەنگاوەرە بکوژو خوێنڕێژێرانە بووە کە بە قارەمانی سیاسی و سەربازی نیشتیمانی ئەمریکی ناوبانگی دەرکردەوەو دەیان مەدالیای چ لە ئاستی ئەمریکاو چ لە ئاستی دونیادا پێبەخشراوە.

لە ڕاستیدا دەگمەنن ئەو جەنگاوەرە تاوانبارانەی وەک جۆن مەکین نەک هەر لە مێژووی چینی باڵادەستی ئەمریکا لەم سەد سالەدا، بەڵکو لەهەموو جهاندا ئاوا دەم ودەست و قاچ خوێناوی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەم ڕاستیانەشدا بە بەرگریکار و جەنگاوەری ئازادی و ڕزگای خەڵکی ستەملێکراو نیشان بدرێت و مەدالیای قارەمانی پێ ببەخشرێت! لایەنگری و هاوکاری و پشتیوانی بیدرێغی مەکین بۆ کۆنەپەرسترین و تیرۆریسترین و دژی ئازادیخوازو یەکسانیخوازترین لە ڕەوتە قەومی و ئیسلامییە فاشییەکانی لە دونیا، بە تایبەتی لە وڵاتانی بەناو عەرەبی و ئیسلامی، ڕون و ئاشکرایە. وێنەکانی لەناو ئەو تاقمە تیرۆریستانەدا لە ئەفغانستان و سۆماڵ و سوریاو لیبیاو زۆر وڵاتی تر زیندوترین بەڵگەی کارنامەی ڕەشی ئینسانیکوژی جۆن مەکینە.

ئەو لە شەڕی تاوانکارانی ئەمریکا لە ڤێتنام کە فڕۆکەوانی جەنگی بوو بە قورسترین چەکی ئەتۆمی بۆردومانی خەڵکە بیتاوانەکەی دەکرد ،بەڵام پێکراو کەوتە دەست خەڵکی ڤێتنام. خۆ ئەگەر چەند دەقەیەک درەنگ تر نەکەوتایە بەردەستی خەڵک دەمرد، بەڵام هەڵیان گرتەوە چارەسەریان کردو پاشان بە پێی ڕێکەوتنێک ئازاد کراو گەڕایەوە سەر هەمان کاری شەڕوخوین ڕشتن. بێئەوەی دان بەوەدا بنێت هەڵەیەک یان تاوانێکی کردەوە. تەنانەت بێ ئەوەی سوپاسی ئەو خەڵکە بکات کە ڕزگاریان کرد لە مەرگ و هەر لەوێ نەیان کوشت.

هەتا ئێستاش سەرەڕای ڕەخنەگرتن و داننان بەوەی کە جەنگی ڤێتنام جەنگێکی هەڵەو تاوانکاری بوو نەک هەر لەلایەن ڕای ئازادخوازی دونیاوە، بەڵکو لەلایەن زۆرێک لە سەرانی سیاسی ڕاستڕەوی ئەمریکا خۆی، بەڵام جۆن مەکین هەمیشە پێی وابوو ئەو جەنگە جەنگی ڕزگاری و ئازادیخوازی و پێویست بوو.

تا ئەو جێگایەش دەگەڕێتەوە بە لایەنگری و دۆستایەتی گوایە بۆ خەڵكی کوردستان بە پێی قسەکانی سەرانی ناسیونالیزمی کورت دەکرێت دەیان و سەدان بەڵگەی هەمەلایەنە ئاماژە پێبدرێت کە ئەو نەک هەر دۆستی خەڵکی کوردستان و ماف و کێشەڕەواکەیان نەبووە، بەڵکو هەمیشە دژی بووە. لێرەدا ئەوەندە بەسە ئاماژە بە قسە بەناوبانگەکەی بکەین کە هەمیشە دەیوت کورد شەڕکەری باشە بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەرامبەر دوژمنان بۆیە تا ئەو جێگایەی پێویست دەکات دەبێت هاوکاریان بکەین و بەکاریان بێنین.بەڵگەیەکی تر بۆ دوژمنایەتی ئەو لەگەڵ خەڵكی کوردستان بە تیرۆریست دانانی ئۆجالان و پەکەکە بوو بەرامبەر دەوڵەتی فاشی تورکیا بە درێژایی نزیک بە ٤٠ ساڵ.
جا ئەگەر هەندێک لەلایەنە خۆبە چەپ و ئازادیخوازو ڕۆشنبیرە کاڵفامەکان وەک سەرانی قەومی کورد، لەوانە بارزانی و تاڵەبانی، بە دۆستی خەڵکی کوردستانی دەناسێنن ئەوە زۆر بەهەڵەدا چوون و ئێمە دۆستی وامان نییەو نامانەوێت.

جۆ مەکین و هەر سیاسیەتمەدارێکی تر لە ئاستی دونیا ئەگەر دۆستی خەڵکی کوردستان و ماف و ئازادی و کێشە ڕەواکەی بن دەبێت بێ قەیدو شەرت لەگەڵ کۆتاییپێهێنانی کێشەو ستەمی قەومی بن بەهەموو شێوەیەک تا ئاستی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە هەموو مافە سەرەتایییەکانی خەڵک دەستەبەر بکات.
نەک دۆستی تاقمێکی بنەماڵەیی و خێڵەکی سەرکوتگەری وەک پارتی و یەکیتی و ئیسلامییەکان بن.جا کاتێک ئەمە کارنامەی دەستەی چینی باڵادەست و فەرمانڕەوا، بە تایبەتی کۆماریخوازەکان، کە جون مەکین دیارترین سەرکردەیان بوو، ئاوا بێت ئێمە خەڵکی کوردستان نەک هەر بە دۆستی خۆمانی نازانین، بەڵکو هەروەک چۆن دوژمنی خەڵکی ڤیتنام و ئەفغانستان و لیبیاو سوریا و عیراق و یەمەن و یوگسلاڤیای کۆن و زۆر شوینی تر بووە، ئاواش دوژمنی خەڵکی کوردستانە.

ئەو لە ڕاستیدا تەنها دۆستی سەرانی بنەماڵەیی و خێڵەکی و قەومی میلیشایی پارتی ویەکێتی و ئیسلامییەکان. جۆن مەکین وەکو سەرەتاوانبارێکی گەورەی سەرمایەو قەسابی ئینسان مرد، بێ ئەوەی دەستی دادگایەکی عادلانە پێ رابگات… مردنی جۆن مەکین، نەک مردنی دۆستێکی ئازادیخوازی، یان خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو مردنی جەلادێکە، کە کارگەی نیزامی درندەیی سەرمایەداری بەرهەمیان دەهێنێت. تا نیزامی سەرمایەداریش هەبێت، هەم جۆم مەکین کان، دەبن و هەمیش ستایشکەرانی بوونیان دەبێت… هیچیش لەوە ئاسایی ترنییە، ژمارەیەک نووسەر و هەندێک حزب و ڕیکخراوی سیاسی بۆ مەرگی خومەینی بگرین و بەدۆست و پشت پەنای گەلانی بزانن، جۆن مەکین بە دۆستی خەڵکی کوردستان و مەرگی رۆمانسیەت، لەقەڵەمی بدەن…

۲٠۱۸_۸_۳۱
موزەفەر عەبدوڵا

———————–
تیبینی
ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆ پێشەوەدا ژمارە ۳٥ بڵاوکراوەتەوە




وه‌رزشوانانی جیهان و به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی كوردستان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

زۆربه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكانی كوردستان له‌ پاش رۆژانی پێشمه‌رگایه‌تی و هه‌ڵگیرسانی راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ شاخ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ناو شاره‌كان و به‌ پێی پێگه‌ی هه‌ردوو حزبه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ پارتی و یه‌كێتی كوردستانیان دابه‌ش كردو هه‌ر یه‌ك جگه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌كانیان له‌ شاخ ده‌یان هه‌زار گه‌نجیان وه‌ك پێشمه‌رگه‌ ناونووس كرد بۆ پاراستنی خۆیان و ده‌سكه‌وه‌ته‌كانیان و پاشان چوون به‌گژی یه‌كترو شه‌رێكی چه‌په‌ڵیان دروستكردو سه‌دان كه‌س شه‌هیدو په‌ككه‌وته‌ وسه‌قه‌ت بوون و سه‌دانی تریش تا ئێستا بێ سه‌رو شوینن.

ئێمه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی دۆستایه‌تیمان له‌ گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌كانی سه‌ر گۆره‌پانی تێكۆشان دژی دیكتاتۆر سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی هه‌بوو، له‌ زۆر شوێندا باره‌گاكانمان تێكڵاوو، له‌ یه‌كتر نزیك بوون، بۆ نموونه‌ له‌ بانی شار له‌ شاخی سه‌ركه‌شی سورێن و، له‌ چه‌مه‌ك و سپارو گۆلی سیاگوێزو قه‌ره‌داغ شوێنه‌كانی تر.

به‌ هۆی نزێك بوونی باره‌گاكانمان و، بۆ كاروباری هاوبه‌ش زوو زوو سه‌ردانی یه‌كترمان ئه‌كردو، به‌ چاوی خۆمان هه‌ندێ به‌رپر سمان ئه‌بینی ماتو مه‌لول دانیشتوون و، هه‌ندیكیان به‌ هوێ بێكاری مێشیان قاو ئه‌داو، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌ ئێران یارمه‌تی و ئازوقه‌یان وه‌رئه‌گرت ،به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خواردنی رۆژانه‌یان له‌ گه‌ڵ خواردنی پێشمه‌رگه‌كانی حزبمان به‌راورد نه‌ئه‌كراو، زۆرجار داوای یارمه‌تیان له‌ حزبی شیوعی كردوه‌و، بۆ مێژوو پارتی و یه‌كێتی به‌ بسوڵه‌ی (برگ عبور) بۆ شاره‌كانی ئێران یارمه‌تی ئێمه‌یان ئه‌داو، هاورییانمان هاتووچۆیان ئه‌كردو، له‌ پاش پرۆسه‌ی ئه‌نفالی بێفه‌ره‌و قیزه‌وه‌ن هاورێیانمان له‌ هه‌وڵیرو ده‌شتی موسڵ و دهۆك گه‌یشتنه‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك له‌ دۆڵه‌ كۆگاو گوێزێ رۆژانه ئۆتۆمبێلێك ئازووقه له‌ ئێرانه‌وه ئه‌گه‌یشته‌ باره‌گاو، هاورێ شوان ته‌رخان كرابوو بۆ كرینی ئازووقه‌و ناردنی و، پارتی و یه‌كێتی جێی سوپاس بوون.

له‌و سه‌رگوزشته‌یه‌ی سه‌ره‌ودا ده‌ركه‌وت هیچ كه‌س له به‌پرسه‌كان خاوه‌نی (هیچ) نه‌ بووه‌ به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌ هوێ خۆسه‌پاندن و دزی نه‌وت و، هێنانی ده‌رمانی ئێكسپایرو، جگه‌ره‌و ته‌نانه‌ت ده‌رمانه‌ پێهۆشییه‌كان ( مخدرات) ‌‌‌ و، ده‌سه‌ڵات بوونه‌ته‌ خاوه‌ن كێڵگه‌و سامان و خاكی كوردستان و، ئه‌وانه‌ی دوێنی نانیان نه‌بوو بیخۆن، ئیستا خاوه‌نی كارگه‌و ته‌لارو باخن و، هه‌ر به‌رپرسێك به‌ ئاره‌زوی خۆێ باشترین زه‌وی كوردستانی داگێر ردووه‌و، نموونه‌ش زۆره‌ شه‌قلاوه‌و خانزادو ورێی هه‌ولێرو عه‌لیاوه‌و بابه‌ مه‌حمودو بنكوره‌و ، میرگه‌پان و سه‌رگه‌لوو به‌رگه‌ڵوو، سه‌ری ره‌ش و قه‌ڵاچۆلان و ته‌وێڵه‌و بیاره‌و ده‌ربه‌ندزه‌لته‌و هه‌رچی جێی نایاب و دلفرێن و به‌رزایی هه‌یه‌.

باوه‌ر ناكه‌م هیچ به‌رپرسێك له‌وانه‌ی له‌ شاخ نان نه‌بوو بیخۆن دز نه‌بن، ئه‌گینا چۆنچۆنی ته‌لار دروست ئه‌كه‌ن و گه‌راجی ئۆتۆمبێله‌كه‌یان له‌ سه‌رووی ته‌لاره‌كه‌ بێت و، له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه‌ مه‌لوانكه‌ (مسبح) هه‌بێت و، خاوه‌نی كیڵكه‌ی نه‌وت وغازوو چیمه‌نتۆو مۆڵ و، هه‌روا خاوه‌نی سه‌دان ئیزگه‌و ویستگه‌ی ته‌له‌فزیۆن و كه‌ناڵی سته‌لایت و ده‌زگای راگه‌یاندن بن و، به‌ پاره‌ی گه‌ل خه‌رجی هه‌زاران رۆژنامه‌نووس و پێشكه‌شكارو كامێره‌مان و ده‌رهێنه‌رو كاره‌باو كه‌ره‌سته‌ی هونه‌ری و شتی تر دابین ئه‌كه‌ن.

هه‌ر به‌رپرسێك ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ یان پۆلێسی هه‌یه‌ بۆ پاراستن ( حمایه‌) و، به‌رپرسه‌ ( نیمچه‌باڵاكان) هه‌ریه‌ك به‌تالیۆنێك یان لێوایه‌ك و بگره‌ زیاتر كه‌سی هه‌یه‌ بۆ پاراستن و، ئه‌وانه‌ش خه‌رجێكی زۆریان هه‌یه‌و، خوا نه‌یبری موچه‌ی مانگانه‌شیان به‌ كه‌موكورتی پێیان ئه‌درێت و، به‌رپرسه‌ ( باڵابه‌رزه‌كان – زۆربه‌رز ) هه‌ر یه‌ك فه‌یله‌قێكی پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه‌ و، پێویسته‌ ئاگادار بن زۆر كه‌س له‌ پێشمه‌رگه‌و پۆلیس و هاوڵاتی له‌ به‌ر بێ پاره‌یی خۆیان ئه‌كوژن.
براورد به‌و كاره‌ساتانه‌و دزێی و گه‌نده‌ڵی له‌ زۆر بواردا، وه‌ك گواستنه‌وه‌ی سامانی كوردستان بۆ توركیای ره‌گه‌زپه‌رست و ئیتالیاو نه‌مساو سویسراو بریتانیاو ئه‌مریكاو وڵاتانی تر، كرینی زه‌وی و مۆڵ و دروستكردنی ئاپارتمان و ته‌لار، ناتوانن ئاو كاره‌با بۆ گه‌ل دابین بكه‌ن و موچه‌ی كرێكارو فه‌رمانبه‌رو پێشمه‌رگه‌و پۆلیس دابین بكه‌ن.

‌له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ وه‌رزشوانانی جیهان به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رپه‌رسه‌كانی كوردستان یارمه‌تی نه‌خۆش و ئاواره‌ ئه‌ده‌ن و، خه‌سته‌خانه‌ دروست ئه‌كه‌ن و، به‌شداری ته‌واویان له‌ كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌و، بۆ نموونه‌ مێسی { باشترین یاریزانی جیهان} و یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانی و، هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین ده‌زگایه‌كی خێرخوازی له‌ ئه‌رجه‌نتین كرده‌وه‌، بۆ یارمه‌تیدان و فێركردنی ئه‌و مناڵانه‌ی ته‌ندروستی و بارۆدۆخییان خراپه‌و، ناردنی مناڵانی په‌ككه‌وته‌ بۆ ئیسپانیاو تیماركردنیان و، كاتێك مناڵه‌ سورییه‌كه‌ له‌ سه‌ر لێواری ده‌ریا له‌ توركیا دۆزرایه‌وه‌، مێسی یه‌كسه‌ر (100) هه‌زار یۆرۆی به‌خشییه‌ مناڵانی سوریا كه‌ به‌ هوێ جه‌نگه‌وه‌ تووشی ناخۆشی و ده‌ربه‌دری بوون و، هه‌روا یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی بۆسنه‌ی كردو، له‌ جزایر ( 3 سێ ) خه‌سته‌خانه‌ی گه‌رۆك (عیاده‌ متنقله‌) دامه‌زراند بۆ خزمه‌تكردنی هه‌ژارو مناڵان. .

كریستانو رۆنالدو- باشترین یاریزانی جیهان – و یانه‌ی یۆفانتۆس و هه‌ڵپژارده‌ی پورته‌گال و، جۆن سینای ئه‌مریكی – پاڵه‌وانی زۆرانبازی و – سیرینا ولیامز ( یه‌كه‌می جیهان له‌ تێنیسی سه‌ر زه‌وی) و، نێمار دا سیلفا یاریزانی پاریس سانت جیرمانی فه‌ره‌نسی، به‌ پێی رێكخراوێكی ئه‌مریكی تایبه‌ت به‌ كاروباری خێرخوازی (DoSomething ) ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ ده‌یان ملیۆن یۆرویان به‌خشیوه‌ به‌ لیقه‌وماوانی نه‌خۆشی سه‌خت و دژوارو، بۆ نموونه‌ رۆناڵدو به‌ ته‌نها (5) ملیۆن یۆرۆی دا به‌ لیقه‌وماوانی ئه‌و بومه‌له‌رزه‌یه‌ كه‌ له‌ نیپاڵیداو، بووه‌ هوێ له‌ ناوچوونی زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س و، هه‌روا به‌شداری كرد له‌ كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی بۆ نیپاڵ و، ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت دایان به‌ ده‌زگای خێرخوازی – Save The Children. و، به‌شداركردنی وه‌رزشوانان له‌ زۆر بواری تردا دژی نه‌خۆشی شیرپه‌نجه‌و فایرۆسی ( سی) و، میسی و سیرینا ویلیامز ده‌ستیان كرد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی له‌ پێناو باشكردنی ژیانی (58) ملیۆن مناڵ له‌ جیهانداو فیركردنیان و، له‌ ساڵی 2010 وه‌ میسی بوو به‌ باڵوێزی نيازپاكی یۆنیسیف بۆ پشتگیری له‌ مافی مناڵان..

یاریزان وئه‌فسانه‌ی تۆپی به‌رازیلی پێلێه بریاریدا هه‌رچی له‌ یاری تۆپی پێ (فوتباڵ) ده‌ستكه‌وتووه‌ وه‌ك : تیشێرت و پێڵاو میدال ( مه‌دالیا) كه‌ له‌ ساڵی 1958 له‌ جامی جیهانیدا ده‌ستیكه‌وتووه‌ له‌ بازار ( مه‌زاد) بفرۆشێت و، چه‌ند كۆكرایه‌وه‌ بدرێت به‌ نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی سوریتیبا له‌ به‌رازیل. و، زۆر له‌ یاریزانانی ناسراو پێڵاوه‌كانیان كه‌ جێی شانازییانه‌ بده‌ن به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی خێرخوازی له‌و وڵاتانه‌ی مناڵی نه‌خۆش و هه‌ژاریان هه‌یه‌ و بێ ده‌رامه‌تن و، جێی شانازییه‌ یاریزانی لاوی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌رنسا { كیلیان امپاپێ) بریاریدا هه‌رچی وه‌رئه‌گرێت له‌ هه‌ڵپژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌ مناڵانی نه‌خۆش ببه‌خشێت.

به‌رپرسه‌ باڵاكانی كوردستان دزی ئه‌كه‌ن وبه‌ سامانی وڵات فێللاو ته‌لارو خانوبه‌ره‌ دروست ئه‌كه‌ن و ناتوانن كاره‌با دابین بكه‌ن و، زۆرجار له‌ سه‌ر (شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن وكه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان) درۆیان كردووه‌و، یه‌كێكیان زۆر دڵگه‌رم بوو به‌ ده‌نگی به‌رز له‌ ساڵی 2009 وتی : ئه‌گه‌ر ساڵیكی تر كاره‌با 24 كاتژمێر نه‌بوو، ئه‌وا پۆسته‌كه‌م به‌جێئه‌هێڵم و، وا ساڵ 2018 و كابرای درۆزن داوای پۆستی به‌رزتر ئه‌كات و، ئه‌وه‌نده‌ی یاریزانانی جیهانیان له‌ ده‌ست نایه‌ت..
وه‌زیری خوێندنی باڵای هه‌رێم یه‌كێكه‌ له‌ وه‌زیرانه‌ی كه‌ گومانده‌كریت له‌ چه‌ندین فایلی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تیوه‌ گلا بێت و پۆسته‌كه‌ی بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن به‌كار هینا بیت، ئێمه‌ لێره‌دا باسی زۆر شت ناكه‌ین و ته‌نها ئاگاداری ئه‌كه‌ینه‌وه‌ خۆی چاك بكات و ده‌ست له‌و كاره‌ خراپانه‌ی هه‌لگریت ئه‌گینا فه‌یسبووك و راگه‌یاندنه‌كانی كوردستانی و دنیای لێ پر ئه‌كه‌ین و رووی راسته‌قینه‌ی ئاشكرا ئه‌كه‌ین
ئه‌م وه‌زیره‌ هه‌موو هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆراكانی كوردستانی ناچار كردوه‌ بچن شه‌هاده‌ی ئایه‌لس و ده‌وره‌ی زمانی ئینگلیزی ببینن، له‌ كاتیكدا هه‌ر تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و شه‌هاده‌یه‌ نرخه‌كه‌ی نزیكه‌ی 300 دۆلاره‌، نرخی به‌شداریكردن له‌ هه‌ر خولیكیش نزیكه‌ی 500 دۆلاره‌، به‌مه‌ش هه‌زاران ماسته‌ر و دكتۆرای كوردستان ناچار ئه‌بن هه‌ریه‌كه‌یان بری 300 دۆلار بده‌ن به‌ تاقیكردنه‌وه‌ و 500 دۆلار بده‌ن به‌ خولی زمان، به‌مه‌ش ملیۆنه‌ها دۆلار كۆ ئه‌بێته‌وه‌ ، پاشانیش سه‌نته‌ركانی تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌زانن ئه‌مه‌ پێویستی زانكۆیه‌ بۆیه‌ هه‌رگیز ریگه‌ ناده‌ن ئه‌و خویندكاره‌ به‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ نمره‌ی پێویست به‌ده‌ست بهێنێت بۆیه‌ ئه‌بیت چه‌ند جارێك تاقیكردنه‌وه‌ بكات و چه‌ند جارێك 300 دۆلار پیشكه‌ش بكات، گومان ئه‌كریت وه‌زیر خۆی له‌ پشت ئه‌م سیناریۆیه‌وه‌ بێت پشتكیكی گه‌وره‌ی ئه‌و داهاته‌ زه‌به‌لاحه‌ كه‌ ملیۆنه‌ها دۆلاره‌ بۆ وه‌زیر بروات
شتی تریش زۆره‌ وه‌ك ته‌داخولی وه‌زیر له‌ زانكۆ ئه‌هلییه‌كان، زۆری تر … ئیمه‌ چاوه‌ری ئه‌كه‌ین بزانین وه‌زیر خۆی چاك ئه‌كات و به‌ بریاره‌كه‌ی خۆیدا ئه‌چیته‌وه‌ یان نا، ئه‌گه‌ر سوور بوو ئه‌وكات ئیمه‌ كاری خۆمان ئه‌كه‌ین و رووی ئه‌و وه‌زیره و حزبه‌كه‌شی كه‌ یه‌كیتیه‌ بۆ دنیا ئاشكرا ئه‌كه‌ین ،،،، هیوادارین وه‌زیر بیسه‌لمینیت كه‌ پیاویكی پاكه‌

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
4/8/2018