رۆندكی وشه‌كان …. ستار ئه‌حمه‌د

گه‌واڵه‌یه‌ك پاڵتۆی هه‌وره‌
قۆپچه‌كان ئه‌ستێره‌ی سه‌رما بردووه‌
لێدانێك له‌ چه‌خماخه‌.. سه‌رینێك له‌ مه‌رگ
ته‌مێك له‌ سته‌م.. شه‌وگارێك له‌ نوورو
چڵێك له‌ تیشك هانای ئابڕووه‌
بزه‌یه‌ك له‌ پاكی.. گۆشه‌ گیریه‌ك له‌ تاوان
هێمنیه‌ك له‌ ئاشتی‌و نه‌سره‌وتنێك له‌ ئامان
شه‌بقه‌یه‌ك له‌ نوورو زوقمێك له‌ رامان
رێگایان له‌ هه‌نسكی پێنووست گرتووه‌
هه‌وارێك له‌ گوڵ.. رێگایه‌ك له‌ كانی
خۆزگه‌یه‌ك له‌ به‌فر.. كاروانێك له‌ جوانی
پێشوازیه‌ك له‌ شكۆو.. مردنێك له‌ نه‌مری
دڵێك له‌ خوان.. ره‌نجێك له‌ قومری
روومه‌تیان بۆ گۆڕی وشه‌ی شه‌هیدت رنیوه‌
شاعیرێك رێڕه‌وی له‌ ته‌نهایی‌و
خه‌می له‌ تاسه‌و
پێنووسی له‌ خۆرو
رێنووسی له‌ زاری وه‌نه‌وشه‌ كڕیوه‌
ئاواتێك له‌ دڵتا.. سه‌رچاوه‌ی خوێناوتی گۆریوه‌
له‌ بیرته‌ گه‌ڵایه‌ك له‌ رووناكی‌و
كراسێك له‌ تیشك‌و
سوخمه‌یه‌ك له‌ په‌لكه‌زێڕینه‌
ته‌رمێك له‌ داستان
شه‌هیدێك له‌ ئه‌زموون
بوونه‌ كۆترێكی سپی‌و
تروسكه‌ی رۆژی روون
ده‌زانم جۆگه‌له‌ی دڵه‌كه‌ت
ئاوازی شیعرێكی نه‌به‌رده‌
خاكێك له‌ سۆزی دایك
لانكێك له‌ ئازادی
له‌ ده‌روازه‌ی خۆره‌وه‌ لێت ده‌ڕوانن
سه‌فه‌ر مه‌كه‌..
رێگای گزنگ‌و بسكی خۆر به‌رمه‌ده‌

ستار ئه‌حمه‌د




دوو شیعر بۆ مناڵان … عەلی حەمەڕەشید

ددان

ھـاورێکانــم بــــزانن
ددانەکـانم جـــــوانن
دەیپارێزم بـە چـــاکی
پێوەی دەنووم بە پـاکی
بەیانیان لە خەو ھەستام
وەک پێی وتــم مامۆستام
کاتێک شۆردم دەم و چاو
ددانیش دەشۆم تـــەواو
کڕیومە فڵچەو دەرمـان
بـەتایبەتی بـــۆ ددان
ھەر کاتێکیش شـت بخۆم
خێرا دەم و دان دەشــــۆم
شــــتی ڕەق بــە ددانم
ناشکێنم تـا بتـــوانم
بۆیە کە پێ دەکـــەنم
زۆر جــوانە دانءدەمم

……………….

بەبە گیان

بەبە گیان بەبەی خرپن
وەرە بــۆ بـاوەشـــی من
وەرە ببە بــە ھـــاوڕێم
بـا گــــۆرانیت بۆ بڵێم
دەی چـەچـەکــانت بێنە
بڵێ ھــەڵم پـەڕێنــە
بـۆ گـۆرانی خۆشی مــن
ئـەی بەبەی جوان و خرپن
تۆ پێکــەنین و قـاقـــا
لێدە وەکـو مـۆسیـــقـا
یاری دەکەین مـن و تــۆ
یاری خۆش و لــەسـەرخۆ
کە ھیلاک بووی بەبەی جوان
بــچۆ بــۆ لای دایـە گیان
بــا ئەویش بــەپێکەنین
پێمان بڵێ ئــافــــەرین

١٩٩٦

عەلی حەمەڕەشید