زۆڵێتیی و حەرامزادەیی سیاسەت، پەرلەمان و دەسەڵاتدارێتی …. ئەحمەد ڕەسوڵ


ئاڵۆزی و سادەیی یان حەقیقەت

پێچاوپێچکردن لەنێو زماندا و دروستکردنی ئاڵۆزیی لە مانادا لە هەندێ باردا دەکرێت خۆی بەشێک بێت لە پڕۆسێسێکی فراوان بۆ بەرهەمهێنانی ڕێژەیی تێگەیشتن و ئەستەمبوونی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی ڕەها و بڕەر، واتا ڕێگر بێت لە زاڵکردنی فۆڕمێکی دیاریکراوی داوەریکردن و ڕێگربێت لە سەروەربوونی نۆڕمێک یان چەند نۆڕمێکی دیاریکراو، بەڵکو ئەم ئاڵۆزیە هەمیشە زەمینە خۆشبکات بۆ فرە تێگەیشتنی جیاواز و بۆ نۆڕمگەلی جیاواز. واتا پێچاوپێچیی زمان و ئاڵۆزیی مانا دەکرێت ڕێگای گەیشتن بێت بە پلوراڵیزمی ڕاستەقینە و سەروەرنەبوون و زاڵنەبوونی هیچ تێگەیشتنێکی دیاریکراو، بەڵکو هاوشانبوونی تێگەیشتنگەلی جیاواز و بەتەنیشت یەکدیەوە ڕاوەستانی نۆڕمگەلی تەواو لێکجودا. واتا ئاڵۆزیی دەشێت ڕێگایەک بێت بۆ گەرانتیکردنی فرەیی، جیاوازیەکان و هاوشانبوونیان.

هەروەکچۆن دەکرێت لە زۆر باریشدا پێچاوپێچکردن لە نێو زماندا و دروستکردنی ئاڵۆزیی لە مانادا، بەشێک بێت لە پڕۆسێسی شێواندن ، ونکردن و لێدان لە حەقیقەت. کۆتەیشتنی ناپێویست و ناپەیوەندیدار لەگەڵ ووردکردنەوەیان لە چێوەی نوسینێکدا جگە لەوەی گەمەیەکە بۆ ڕێگرتن لە ئەنجامگیریەکی سیسیتماتیک، گەمەیەکیشە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزیی و بەژێر خۆڵەوەکردنی حەقیقەت. ڕیزکردنی ناوی فەیلەسوفان و کتێبان، ڕیزکردنی چەندین چەمک گوایا بابەتەکە چەمکسازی و بەرهەمهێنی چەمکی نوێیە، ڕیزکردنی چەندین تێما و ئایدیا کە بەشێکن لە پڕۆسەی ئالۆزکاندن، جگە لە شێواندن و لێدان لە حەقیقەت، کردنیشیەتی بەباتێک بۆ دەستپێڕانەگەیشتن و بە بابەتێک بۆ تێنەگەیشتن. واتا ئەو جۆرە لە نوسین هێندەی هەوڵە بۆ بەژێر خۆڵەوەکردنی حەقیقەت و کردنی حەقیقەت بە موعەممایەک کە قابیلی دەستپێڕاگەیشتن و تێگەیشتن نیە، هێندە هەوڵ بۆ تێگەشتن و ڕۆشنکردنەوەی نیە.
هەڵبەت حەقیقەت وەک بابەتێکی ئەبستراکت و ئەبستمۆلۆجی جگەلەوەی خاوەنی ڕوخسارگەلێکی زۆر و لێکجودایە، هەروەها بابەتێک کە هەم پێویستی بە ئاڵۆزیی و چەمکسازیی هەیە و قۆناغبەندیی لە ئەنجامگیریدا. سەرباری ئەوانەش حەقیقەتێکی نەگۆڕ و دیاریکراو یان بەرجەستە و هەستپێکراو بوونی نیە، بەڵکو دەتوانین بڵێین حەقیقەتگەلی جودامان هەیە و دەکرێت بە هێندەی دیکەش و بگرە زێدەتریش لە حەقیقەتی جیاواز بگەین. واتا دەتوانین حەقیقەتگەلی زۆری دیکەی جودا بەرهەم بهێنین.

حەقیقەت لە ڕیاڵەوە

ئەوەی من لێرە لەم ڕووبەرە کورتەی نوسیندا دەمەوێ قسەی لەبارەوە بکەم، حەقیقەت نیە لە ناوەڕاستی کێڵگەیەکی ئەبستمۆلۆجیدا، حەقیقەت نیە وەک بەئامانجگیراوێکی ئەبستراکت، بەڵکو حەقیقەت وەک ئەزمون و ڕیاڵ. حەقیقەت وەک بەرکەوتن و هەستپێکردن. واتا حەقیقەت لە ڕێگای ژیان خۆیەوە.
حەقیقەت لە ڕێگای ژیان خۆیەوە ، سادە و ڕوونە. ئەگەر لە دەرەوەی چێوە تەسکەکانی ئایدیۆلۆژیا و بازنە بەتاڵەکانی سیاسەتەوە جێمان گرتبێت، سادە و ئاسان دەتوانین ئەو حەقیقەتە ببینین و لێیتێبگەین کە لە ژیانی خۆمانەوە بەریدەکەوین و هەستی پێدەکەین. حەقیقەتی ئەزمونکراو لە فەزای گشتی کۆمەڵگای ئێمەدا نە پێویستی بە کاری تیۆری درێژ و نە چەمکگەلی قەبە و نامەفهوم هەیە.
واتا ئەو ڕێگەیەی کە دەتوانین حەقیقەتی فەزای گشتی و کایەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێنیشانبدەین و بیخەینە ڕوو پێچاوپێچی زمان و ئاڵۆزیی مانای نەگەرەکە، بەڵکو زمانێکی ساف و مانای سادەیە. واتا هەم سادە نوسین و هەم سادەگۆیی ڕاستترین، ڕاستەوخۆترین و ڕوونترین ڕێگای پێشاندانی حەقیقەتە. لەم دۆخەدا سادەنوسین و سادەگۆیی نە سادەکردنەوەی حەقیقەتە بەمەبەستی شێواندن و لێدانی، نە مەبەست لە زاڵکردنی فۆڕمێکی دیاریکراوێتی، بەڵکو ڕێک لێتێگەیشتنێتی وەکو خۆی و بینین و پیشاندانیێتی وەکو خۆی، بێکەم وزیاد بە ڕەنگ، تام و بۆنی خۆیەوە.

زۆڵێتی و حەرامزادەیی بە مانای دیکەوە

“زۆڵێتی و حەرامزادەیی” لە نێو زماندا و بەگوێرەی ئەو مەدلول و مانایانەی لە پشتیانەوە وەستاون، بە بوونێک دەگوترێت کە بوونێکی ڕەوا و دانپێدانراو نەبێت. واتا ئەوەی لە نێو زماندا پێیاندراوە بە مانای ناشەرعی و نایاساییبوونی منداڵ یان هەر بوونێکە کە لە دەرەوەی چێوەی باو و زاڵی شەرعیەت و ڕەوایەتی هاتبێتە بوون. بۆ نمونە ئەگەر منداڵێک دایک یان باوک یان هەردووکیانی نەزانراوبن ئەوا بە زۆڵ یان حەرامزادە ناودەبرێت.

هەڵبەت ئەوە ڕاستیەکی سادەیە کە سروشت، ماهییەت و ئاکاری مرۆڤانەی ئینسانێکی لەو جۆرە مەرج نیە ڕاستەوخۆ وێنەدانەوەی چۆنێتی هاتنە بوونەکەی بێت. واتا ڕاستیەکی سادە لەم پەیوەندەدا ئەوەیە مرۆڤێک کە جۆرێتی هاتنە بوونەکەی بەوشێوەیە بێت کە پێشتر هێمای بۆکرا، دەشێت سروشت، چییەتی و ئاکاری مرۆڤانەی لە فۆڕمێکی هەرە جوان و بەرزدا بێت، هەروەک دەشێت بوونێکی دزێو و نزم بێت. هەمانشێوە بۆ هەر مرۆڤێک کە هاتنە نێو بوونەکەی هاتنەبوونێکی ئاسایی و دانپێدانراوی نێو چێوەی زاڵ و باوی تێگەیشتنی کۆیی بێت، دەشێت سروشت، چییەتی و ئاکاری مرۆڤانەی لە ئاستی بوونێکی جوان و بەرزدا بێت و هەروەک دەشێت بوونێکی دزێو نزم بێت. بەڵام ئەو مانایەی لێرەدا من دەمەوێ بیدەمە پاڵ هەر یەک لە ووشەکانی (زۆڵێتی و حەرامزادەیی)، خیانەتە لە ژینگەی هاتنەبوونمان و ناپاکیە لەو دنیایەی ئێمە سەربە ئەوین. واتا کاتێک ئێمە لە سەرزەمینێکی هەژارانە و لە ڕووبەرێکی ستەملێکراوەوە دێینە بوونەوە و لەوێوە دنیا دەستپێدەکەین، دواتر خیانەت بەو سەرزەمینە و ناپاکیی بەو ڕووبەرە بکەین، جگە لە زۆڵێتی و حەرامزادەیی چیدیکە نیە. ئێمە لەسەر زەمینێکەوە دێین هەژاری تەنها ڕوخساری ڕاستەقینە و جێگیریەتی، بەڵام دواتر کاتێک تۆ دەتەوێ دژ بە ڕەگی خۆت بجەنگیت و خیانەت بەو سەرزەمینە بکەیت و پێبنێتە سەرزەمینی تاڵانچیە ئەرستۆکراتەکانەوە، دەتوانین چی ناولێبنێین جگە لە زۆڵێتی؟ کاتێک تۆ ناپاکیی لە ڕووبەری بنەڕەتیی هاتنەبوونت دەکەیت کە ڕووبەرێکی ستەملێکراوی کارەساتبارە و دەتەوێت بچیتە نێو ڕووبەری ستەمکارانەوە و لە تەنیشتی ستەمکارانەوە جێبگریت، جگە لە حەرامزادەیی دەتوانین چیدیکەی ناولێبنێین؟
ڕوون و سادە، تۆ لە ناوجەرگەی هەژاری و تراژیدیاوە لە ناو دڵی گەرمیانەوە دێیت و دەتەوێت لە سیتیەکان و گوندە ئەوروپییەکان نیشتەجێببیت و بە پارەی تاڵانچێتی پەرلەمان و ڕاوێژکاریی، بڕوانامە بەرزەکان بخوێنیت و لە سێکیوریتی، ئاو و کارەبای بەردەوام، خوێندنگەی تایبەت بۆ منداڵەکانت، شەقامی پاک، پڕ لە گوڵ و سەوزاییدا بژیت و لە نێو شورا و چێوەکانی سیتی و گوندە شاهانەییاکاندا بژیت. بۆ ئەمە تەنها مانایەک کە لە خۆی بگرێت بتوانین لە ناونانیدا هەڵەمان نەکردبێت، جگە لە زۆڵێتی و حەرامزادەییمان زێتر چیدیکە بەردەست نیە.

تێگەیشتن لە هێزێک بە گوتارەکەیدا یان بکەرەکانی

بەڕاست ئەوە چ داکۆکیکردنێک لە هەژارانە کە خۆت لەهەژاران و شوێنی ژیان و گوزەرانیان جیاکردبێتەوە؟ ئاخر فەرمانبەرێکی خاوەن بڕوانامە دوای زیاتر لە ٢٥ ساڵ خزمەت ئینجا بتوانێت ببێتە خاوەنی تەنها زەویەکی ١٠٠ بۆ ١٥٠ مەتری لە گەڕەکێکی بێتاپۆ بەبێکەمترین خزمەتگوزارییش، جەنابیشت بەو تەمەنە کەمەوە و بەو خزمەتە کەمەوە ببیتە خاوەنی خانووی ١٠ بۆ ١٥ دەفتەری لە پڕۆژەکانی سیتی و گوندەکان، چ دادپەروەریەکی کۆمەڵایەتیە، چ یاسا و پەرلەمانێکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی خەڵک؟ جگە لە تاڵانچێتی بە ناوی موچەی یاسایی و خانەنشینی یاساییەوە کە جگە لە خۆتان هیچ کەسێک نادۆزنەوە ئەوەی پێقبوڵ بێت و بە کارێکی وێژدانی و ئەخلاقی دابنێت.
ئاخر بەڕێزێک کە شەوانە لە تیڤیەکانەوە هەموان لە عەدالەتخوازی و هەژاردۆستیدا بۆڕدەدا، بەڵام بە موچەی تاڵانچێتی پەرلەمان و بە خانەنشینیەکەی نەک هەر لە نێو گەرمیانە هەژار و دڵقرچاوەکەی خۆی و لە تەنیشت هەژارانەوە ناژی، بەڵکو لە سلێمانی لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەکانی سلێمانی “کە نرخی هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون تێیدا، ژمارەیەکی خەیاڵیە بۆ خەڵکی هەژاری گەرمیان و سلێمانی” نیشتەجێدەبێت، ئەمە چیە جگە لە بارکردنی چەمکی عەدالەت، وەکیەکی ئینسانەکان و داکۆکیکردن لە هەژاران بە ماناکانی پووچیی و بێهودەیی.

بەڕێزێک کە خانمە پەرلەمانتارێک بوو لە ماوەی پێشوودا فەرمووی کە پەرلەمانتار حەقی خۆیەتی بە مووچەیەکی شایستە خانەنشین بکرێ. ئاخر بەڕێزێک کە لە بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیدا دەیفەرموو کە بەهەژاری خۆی پێگەیاندووە و داکۆکیکەری هەژاران و دابینکەری هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەبێت، دواتر لە نێو گەراجی ماڵەکەیدا بە موچەی تاڵانچێتی پەرلەمان پڕادۆ ئاخر مۆدێلەکەی ڕادەگرێت و شەرمدەکات لە هێنانە دەرەوە و لێخوڕینی بە هۆکاری دژبەرێتیکردنی لەگەڵ قسە، گوفتار و بەڵێنەکانیدا، ئەمە چیە لە دەبڵ مۆڕاڵیی و جگە لە ناشیریکردنی هەر خەمخۆرێەک بۆ جڤات و بێماناکردنی هەر بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵایەتیش.
ئاخر بەڕێزێک کە لەپەرلەمان پڕ بە گەرووی هاواریدەکرد (بودجەکەتان لە قوڕگ دەردێنین) و دواتریش وەک ئاوی نەرم و شل و خۆ گونجێن بایدایەوە و بە پێچێک نەک پشتی کردە هەموو بەڵێنەکانی و هەموو کاروکردەوەی ڕابردووی و هێزە سیاسیەکەشی بەڵکو هەر جۆرێکی ئەکتی بەرەنگاری و داکۆکی لە بەرژەوەندی گشتی کردە ئەکێکی پووچ و بێمانا. زۆر بەڕێزی دیکە کە هەموویان شوناسی ئەو هێزە و بکەرەکانی بەیاندەکات کە لێرەدا ڕیزکردنیان بەپێویست نازانم ئەوانە چەند نمونەیەک بوون.

ئاخر هێزێک ئەگەر بە بکەرەکانیدا نەیاناسینەوە و لەڕیی ئەکت و ڕیاڵیتی ژیانی بکەرەکانیەوە تێینەگەین ئەی بەچیدا بیناسینەوە و تێیبگەین؟ بە گوتاری فووتێکراو و قاندراو بە چەمکگەل و دەستەواژەی بریقەدار؟ بە هوتافات و دروشمە ئیعلامیە بێناوەڕۆک و بەتاڵەکانیدا؟ نا بۆ من ئەوانە ناخوات، ئەوانە با بۆ ئەو کەسانە بن کە بەهەوا دەژین و دۆگماتیزمی حزبی-سیاسی لە عەقڵ و لە پڕۆسەی داوەریکردنی عەقڵانی و لۆژیکی خستوون. ئەوانە با بۆ کەسانێک بن کە تەنها تا ئاستی دروشم لە دادپەروەری و وەکیەکی ئینسانەکان تێگەیشتوون.

ئاخر هێزێک بووبێتە پلە و پەیژەی سەرکەوتنی کۆمەڵێک کەس بۆ نهۆمی سەرەوەی شاهانەی ژیان و جێ بۆخۆکردنەوەیان لەسەرەوەی کۆمەڵگا و پێرەوابینینی خۆیان موچەی تاڵانچێتی پەرلەمان، وەزارەتخانەو دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان و عێراقیشدا چۆن بە پولێکی قەڵب لێیان وەردەگیرێت کە گوایا پەرلەمان بۆ گۆڕانکاری هێشتا تاکە ڕێگایە؟ چ گۆڕانکاریەک؟ هەمان موچە و هەمان خانەنشینی وەک سەرانی دوو خێڵەکە ئۆلیگارشیەکەی کوردایەتی؟ ئاخر کامە بوو جیاوازی نێوانتان کە هەمان بڕی موچە و هەمان ژمارەی پاسەوان و هەمان ئیمتیازات؟
ئەوەی تروسکاییەکی ئومێدی لەئاست ئێوە و ئیسلامیەکان و دووخێڵەکەی کوردایەتی مابێت بۆ گۆرانکاری لەبەرژەوەندی هەژاران، بۆ وەکیەکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، بۆ دادپەروەری و بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەی نێوان چینە ئەرستۆکراتیە مشەخۆر و تاڵانچیەکە لەلایەک و زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک لەلایەکیتر ئەوە بەڕاستی دەبێت گومان لە ئاستی ژیریی و پڕۆسەی داوەریکردنی ئاوەزدارانەی بکەین.

نۆڕمەڵایزی سووکیی و لە شکۆمەندیی خستنی مرۆڤ لەوێوە دەستیپێکرد، کە پەرلەمانتاری، مووچەی قەبە و ئیمتیازاتی زۆروزەوەند، کورسی وەزارەت و بەڕێوەبەرێتیە گشتیەکان، پۆستەکانی ڕاوێژکاری و وەکیل وەزیری … هتد بوونە خودایەک بۆ پەرستن. لە پێناوی گەیشتن بە جاه و جەلالی نێو دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی هەموو هەڵویست و کار و ژیانی خۆتانتان بۆ لەقاڵبدا و بەو ئامانجە ئاڕاستەتان کرد. بڕوانامەی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و وەزارەتخانە، بەشداریکردنی لە خۆپیشاندان بەکارهێنا بەو مەبەستە، قوربانیبوونی کەسوکاری خۆی بەکارهێنا بەو ئامانجە. هەرچی کەیس و دەردەداریەکانی نێو کایە و کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمەتان بەکارهێنا بۆ گەیشتن بەو پلە و پێگەیەی کە چاوتان تێبڕیوە و خۆتانی بۆ دەپسێنن. ئاخر لە دوای گەیشتنتان بە پەرلەمان و وەزارەتەکان بەگوێرەی چ لۆژیک و بە چ پێودانگێک گێچی خۆپەرستیی و بەرژەوەندیخوازیتان تا دواپلە نافڕێت و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر بەو هەموو بەڵێنە قۆڕ و سواوانە؟ ئەوەی نەتوانێت ئەزمونی ڕابردوو بۆ تێگەیشتن شەنوکەوبکات، هەرگیز تێناگات و بۆ سەدان جار و بگرە زیاتریش لە هەمان کونەوە، هەمان مار پێوەی دەدات.

ئاخر کامتان هەیە پلانی بۆ دوای گەیشتن بە چەوری، غەز و بەزی پەرلەمان و وەزارەتەکان دانەنابێت بە مەبەستی چۆنێتی گۆڕینی ژیانی خۆتان، هەر لە خانوو،ئوتومبیل، شێوە ژیانی ماڵ و مناڵتان و چاوبڕینە سەفەر و گەشتە بێسەمەرەکانی سەر حساب و شانی خەڵکی هەژار و دەردەدار؟
ئاخر دوڕوویی و درۆڕیزکردنی بەردەوامتان ژیان، کەسێتی و هەڵویستتان ڕەنگڕێژدەکات. ئاخر ئەو جۆرە کەسێتیە چەماوە و دەبڵ مۆڕاڵیەیە کە دواتر وەک ئاو نەرم و خۆگونجێن دەبێت و دەتانکاتە ڕۆبۆتێکی حزبی لە نێو پەرلەمان، نەک داکۆکیکەری ژیانی گشتی کۆمەڵگا و هەژاران. ئاخر ئەمانەمان هەموو لە ڕابردوو بینی کە ئەوانەی بانگەشەی پاڵەوانبوونیان بۆ بەرپاکردنی عەدالەت دەکرد، جگە لەوەی کە بوون بە بارێکی قورسی دیکەی سەر شانی کۆمەڵگا و گەورەترکردنی گاپی نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێمە چیدیکە نەبوون.
من دەزانم کە ئێوە تەنها دەتانەوێ ژیانی خۆتان بگۆڕن نەک خەڵک.

مرۆڤێک بە هوتافات و دروشمی قەبەوە، بە ڕیزە درۆ و سەرمایەگوزاریکردنەوە لەسەر هەر ڕەفتار و هەڵویستێکی کە ئەم خواستەی بۆ دەستەبەر بکات لە کۆمەڵگەیەکی هەژار و دەردەدارەوە خۆی دەگەیەنێتە پەرلەمان و دواتر خۆ دەوڵەمەندکردن و نیشتەجێبوون لە سیتی و گوندە ئەوروپیەکان، خانووی گرانبەها و ئوتومبیلی مۆدێلبەرزی گرانبەها، خانەنشینیەکی قەبە، واتا جێهێشتنی ژینگەی هەژاران و جێبۆخۆکردنەوە لە نێو ژینگەی ئەرستۆکراتیە تاڵانچیەکان، جێهێشتنی ژینگەی بێخزمەتگوزاری خەڵک و جێگرتن لە ژینگەی پڕ خزمەتگوزاری و بە شورا چواردەوردراو و بە سێکیوریتی و کامێرا تەنراوەکان. خوێندنگە و شوێنی تایبەت و پشتکردنە خوێندنگە گشتی و شوێنە گشتیەکان، بۆ من هیچ مانایەکی نیە جگە لە زۆڵێتی و حەرامزادەیی. ئەمەیە سیاسەت، پەرلەمان، وەزارەت و دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی لە کوردستان. ئەمەیە زۆڵێتی و حەرامزادەیی.




خواستی نه‌ته‌وایه‌تی و ویستی ئۆلیگارشی …. نەجمەدین فارس حەسن

ئەم کتێبە لە هەشت بەش پێک دێت:

١- دەسەڵاتی ئۆلیگارشی , ترۆپكی دەسەڵاتی سەرمایه‌دارییە !
٢- هێزەكان و سروشتی هێزی سێهەم
٣-دەوڵەتی نیشتمانی و خۆش باوەڕی ووردە بۆرژوازی
٤-شۆڕشی كرێكاری و پرسی نەتەوایەتی
٥- کوردی عێراق سه‌رباکام شوێن بێت؟
٦- سەربەخۆی و ئازادی وەڵامی شۆرشگێڕانه‌ی دەوێت !
٧- ڕیفراندۆم و (un) و چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی:
٨- كرداری كردنەوەی یەكسانی مافی نەتەوەكان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




جەنگی دەڤەری ئیدلیب جەنگی یەکاڵاکردنەوەیی ئایندەی ڕۆژاوایە * …. زاهیر باهیر

ئەسەد و هاوپەیمانانی لە خۆئامادەکردندان بۆ جەنگی ئایندەی ئیدلیب، پێدەچێت ئەم جەنگە یا لەم مانگەدا یاخود سەرەتای مانگی ئایندەدا دەستپێبکات. واچاوەڕاندەکرێت کە جەنگەکەش بەبردنەوەی ئەسەد و ڕژێمەکەی کۆتایی بێت و کارەساتیش بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن وێن لە دانیشتوانی دەڤەری ئیدلیب بهێنیت کە کە1.6 ملیۆنیان زۆر دەمێکە پێویستیان بەهاوکاریی ڕیکخراوە مرۆدۆستەکانن و ئەوان بژێویان بۆ دابین دەکەن .
ئیدلیب نزیکە لە حەڵەب و حومس و حەماوە ، قەڵایەکی سەختی زیاتر لە 60 هەزار دژ بە ڕژێمی ئەسەد و 10 هەزار جیهادییە . ئەسەد پاساوی ئەم هێڕشەی بۆ سەر ئیدلیب بەوە دەداتەوە کە ئیدلیب پڕە لە تیرۆریست.

گەرچی جەنگی ئیدلیب وادەبینرێت کە جەنگێکی بچووکە، بەڵامی ڕوودانی جەنگێکی ئاوا کە ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا و ئەسەد و هاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بەشداردەبن ، گومانی نەهێڵاوەتەوە کە جەنگێكی زۆر گەورەیە. ئاشکراشە هەر یەك لەم لایەنانە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەوێ و لە ڕۆژهەلاتی ناوین-دا هەیە. هەرچی ئەسەدە بە بەزاندنی هێزەکانی دژ بەخۆی، بە هێزە تیرۆریستەکانیشەوە، دەیەوێت تەواوی سوریا بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. هەروەها دەیەوێت دەستیشی کراوە بێت لە بەرانبەر ڕۆژاوادا ئیتر بە سازش و وتووێژ بێت بەسەپاندنی بەندومەرجی خۆی بەسەریانا، یاخود بە سەرکوتکردنیان بێت. تورکیاش کە هەر لە سەرەتاوە بە هۆی چەند هۆکارێك درێخی لە کۆمەك و هاریکاریی موعارەزەی سوریا و گروپە تیرۆریستەکانی نێو ئەو موعارەزەیە نەکردووە، بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەیە. ئەمریکا و ڕوسیاش دوو هێزی سەرەکین لە ناوچەکەدا و بە حساب دوژمنی یەکدین، دەستەوەردان و هێڕشە سەربازییەکانیان تەنها بۆ سوودی ئابوری و دارایی و سیاسیی و پارێزگاریکردن و بەرگرییە لە دەسەڵاتی دۆستەکانیان لە ناوچەکەدا.

بارودۆخی ڕۆژاوا و ئایندەی لە سیناریۆی جەنگی ئیدلیب دا زۆر ئاڵۆزە. بە بۆچونی من پێگەی ڕۆژاوا لە مانگی تەموزی 2015 وە بە بەردەوامی لە لاوازیدایە ، لەو کاتەوەی کە ئەردۆگان شەڕیکی دڕندانەی دژ بە کوردی باکور و بە پەکەکە هەڵگیرسان و ناچاری کردن کە لەو شەڕەوە بگلێن. لە لایەکی تریشەوە پەیەدە کە لە شانی ئەمەریکاوە جەنگی دژ بە داعشی ڕاگەیاند، چەند هەڵەیەکی کوشندەی کرد. ئەم دوو ڕووداوە دوو هۆکاری سەرەکی بوون کە هەرگیز نە لە بەرژەوەندی ڕۆژاوا و نە لە بەرژەوەندی باکوری کوردستان نەبوون. من لە وتارێکمدا کە ماوەیەك لەمەوبەر نوسیومە پەنجەم بۆ هەڵەکانی پەیەدە ڕاکێشاوە کە ڕۆڵی خۆیان هەبووە لە لاوازبونی ڕۆژاواو ملنانی بەرەو شکست. بۆ تەماشاکردنی ئەو وتارە تکایە کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

http://zaherbaher.com/2018/04/17/عەفرین-و-سیاسەتەکانی-پەیەدە
جەنگی ئیدلیب زوو بێت یا درەنگ ڕوودەدات و جەنگێکی کاربڕ دەبێت بۆ دوو زلهێزەکە و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا هەروەها بۆ ڕۆژاواش. لە ئێستادا ئەمەریکا دژ بەم جەنگەیە چونکە دەبێتە هۆی خولقاندنی ” کارەساتی مرۆیانە” . کۆشکی سپی لە ڕۆژی 04/09 دا بەیانی کرد ئەگەر ئەسەد چەکی کیمیاوی بەکاربهێنێت ، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ” لەسەرخۆ و لەجێی خۆیدا” وەڵامیان دەبێت.
پرسیارەکە ئەوەیە ئەی کاتێک کە تورکیا عەفرینی داگیرکرد و بە سەدەهای لە خەڵکانی بێ گوناهی مەدەنی قەسابی کرد بۆ ” کارەساتی مرۆیانەی نەخولقاند”؟ لە ئیدلیب-دا ڕەنگە ئەمەریکا تەنها دەربەستی گروپە تیرۆریستەکان بێت زیاتر لە دانیشتوان و خەڵکە ئاساییەکەی ، چونکە دەیەوێت یارییە خوێناوییەکە کۆتایی نەیەت تاکو تەواوی پلان و ئامانجەکانی بچنێتەوە.

ڕۆژاوا: خۆبەڕێوەبەرییەکانی ، هێزەکانی سوریای دیمۆکرات و پەیەدە لەم جەنگە و کۆتایی جەنگەکەشدا ناتوانرێت فەرامۆش بکرێن. ناشتوانرێت ڕۆژاوا هەر ئاوا وەکو ئەوەی هەیە بەجێبهێڵرێت. ڕۆژاوا لەبەردەم گریمانگەلێکی زۆردایە . ئەگەر ئەسەد لەم جەنگەدا سەرکەوێت ، کە وەکو چاوەڕواندەکرێت، پێگەی کوردانی ڕۆژاوا لاوازتر دەبێت. لەم بارودۆخەدا ئەسەد لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدا دەبێت و ئەم سەرکەوتنە بۆ ماوەیەك زەمانەتی مانەوەی لە دەسەڵاتا، دەکات. ئا لەم حاڵەدا دەتوانێت مەرج وبەندەکانی خۆی بەسەر پەیەدە و هێزەکانی سوریای دیمۆکراتا ، کە لە پێگەیەکی لاوازدا دەبن ، بسەپێنێت، هەروەها گریمانی زۆری هاریکاریی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لەم شەڕەدا هەیە ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەیەدە لە تەك ڕژێمدا لە دانوسان و وتووێژدایە. هەر وەکو دەیبینین پەیەدە و هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لە بارودۆخێکی یەکجار ئاڵۆزدا دەبن. کاتێك کە ئەو هێزە لە هاوشانی سوپای ئەسەدەوە بەشداری ئەم شەرە دەکەن ، ئەمەش دژ بە بەرژەوندی ئەمەریکایە، بەڕوودانی ئەمەش لەوانەیە کە پەیەدە و هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لەلایەن ئەمەریکاوە کەلا بخرێن و هاوکاتیش ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەمە هۆکار و هاندەرێك بێت بۆ تورکیا تاکو هێڕش بکاتە سەر ڕۆژاوا ، یا لانی کەم چەند شارۆچکەیەك کە لەسەر سنورن و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندان، داگیر بکات .

ئەگەر لەم جەنگەدا ئەسەد نشوست بێنێت، دیسانەوە لە بەرژەوەندی ڕۆژاوا نابێت، چونکە تێشکانی ئەسەد یانی سەرکەوتنی تورکیا و بەهێزبوونی، بەمەش تورکیا لە پێگەیەکی باشترا دەبێت بۆ هێڕشکردنە سەر ڕۆژاوا هەروەکو ئەوەی کە لە عەفرین کردی.
سەرنجامی جەنگی ئیدلیب هەرچۆن بێت، زۆر گرنگ دەبێت بۆ ڕۆژاوا و ئایندەی کەلە کاتێکدا ئەم ئایندەیە گرێدراوە بەو هێزانەی کە لە سەرەوە ناونوسم کردن. ڕەنگە بارودۆخەکە بەو ڕادەیە ئاڵۆز بێت زۆر زەحمەت و گران بێت کە کوردانی ڕۆژاوا بتوانن پارێزگاری و بەرگریی لە پرنسپڵەکەیان کە دروستکرنی ‘ کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ‘ ە بکەن.

ئەوەی کە ڕۆژاوای بە زیندوویەتی هێشتۆتەوە ، وەکو پێشتریش وتومە ، بەردەوامبوونی جەنگی داعش و مانەوەی خودی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکەیە و هەرەوەها ئابڵوقەی ئابوریی و داراییە کە لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەسەریدا سەپێنراوە . کاتێكیش کە ئەمە دەلێم مانای ئەوە نییە کە ڕۆژاوا هەرەس دەهێنێت. بەڕای من کورد لە ڕۆژاوادا توانیوێتی خۆی بسەلێنێت و گەلێك لە پرسە سەرەکییەکانیان لابەلا کردۆتەوە، هەر لەبەر ئەمەش ناتوانرێت هەر بەو ئاسانییە لە لایەن هیچ کام لەو هێزانەوە پەراوێز بخرێن. من باوەڕم وایە لە کۆتاییدا ڕەنگە جۆرێك لە دانوساندن لە نێوانی ڕوسیا و ئەمەریکادا سەبارەت بە ڕؤژاوا و سوریا و ڕژێمەکەی، بکرێت . ململانێی پرسی دەسەلات و پاوانەکردن لە نێوانی ئەو دووزلهێزە و هاوپەیمانەکانیانا لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەسەد یاخود حکومەتی ئایندەی سوریا ناچار دەکەن کە جۆرێك لە ئۆتۆنۆمی و هەندێك مافی کوڵتوریی و ڕؤشنبیریی بدەن بە کورد لەوێ. ئەم مافانەش زۆر دوورن لە دروستکرنی ‘ کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیك’ کە ئامانجی سەرەکی ڕۆژاوا بوو.

زاهیر باهیر – لەندەن
17/09/2018

Zaherbaher.com

*ئەم وتارە ناوەرۆکی وتارە ئنگلیزییەکەیە کە لە ڕۆژی 05/09 دا سەبارەت بە هەمان بابەت نوسیم. ئەوە لێرەدا لینکە ئینگلیزییەکەی ئەم وتارە دادەنێم :
http://www.anarkismo.net/article/31124




دەنگ بۆ تۆ ئەدەم … یوسف إبراهيم

درەنگی شەوە
بە شەقامەکانی شار دەسورێمەوە
سەرنجی لافیتە بە لافیتە دەدەم
لە هیچ دروشم و بەلێنێکیان
نەنووسراوە تۆم بۆ دەگەڕێننەوە
لەم دنیایە چی تر هەیە
لە تۆ گەورەتر بۆم
تا من دەنگی بۆ بدەم؟

درەنگی شەوە
لە تیڤی و رادیۆکان بێزاربووم
کەناڵ و وێستەگاکان خەجالەت
هورێنەیان کەڕی کردین، ئەلێن
ئەوەی پێویستتە ئێستا منم
بێ خەبەر لەوەی
ئەوەی هەردوو دونیا
پەیوەستم پێی
تۆیت

درەنگی شەوە
هەر کۆڵان و رەنگێکی لەبەر کردووە
هەر چی دار و دیوارە
کەسێکی بەسەرەوەیە
دەنگی ئەگاتە ئەوسەر
کەچی لەم هەموو دەنگە
من بیری دەنگی
تۆ ئەکەم

درەنگی شەوە
لە شارێکی قەرەباڵغ
پڕ بەڵێنی درۆ
بیری بەڵێنی تۆم ئەکەوێتەوە
لەم هەموو بێ بەڵێنیەی ئەوان
من هێشتا بەڵێنەکانی تۆم
لەبیرناچێتەوە

درەنگی شەوە
یادگاریەکان ئەکەمەوە کۆڵم
بەرەو ماڵەوە رێ ئەکەم
چوار ساڵی تر
هەمان بەڵێن دەڵێنەوە
نەئەوان دەیبەنە سەر
و نەتۆش دێیتەوە

یوسف إبراهيم




منداڵی کوژراوێک …. شیعر – نووسینی:حـەمە ھـیـوا

ئەوەتام دەبینم
دەبینم پیاوێکی ڕیشسپی
فرمێسک بە چاوانیدا دەبارێت
پیاوێکی پشت چەماوە
جاڕ دەدات بە ھەورەکاندا
ھاواری خودایەک دەکات
خودایەک
بێ پیرۆزی کتێبەکان
خودایەک
بێ خاچ
بێ شمشێر
بی بەھەشت و دۆزەخ
خودایەک
کە ئاگری سوری
ئەم دنیایە دەکات بە باران
دەیبارێنێت بە سەری
کوژراوەکانی شەڕ،
لە جەنگدا منداڵێکم بینی
منداڵێک
قاچەکانی تا ئەژنۆی بڕاو
منداڵێک
خوێنی مەییو
بە لوتیدا شۆڕدەبێتەوە
منداڵێک بە بەرچاویەوە
پێغەمبەر پەرستەکان ھێرشیان ھێنا
ھێرشیان ھێنا و دایک و باوک
بونە قوربانی
منداڵێک دەبینم
پڕ بە گەروی دەقیژێنێت
خودایە!
ئەی خودای
شەوە تاریکەکانی من
ئەی خودای دڵە شەھیدەکەی من!
خودایە تاوانم چیبو
وەک پێغەمبەرەکان دەستت نەھێنا
بەسەرمدا
وەک پێغەمبەرەکان
نێرینیەکی نورانیت
لە ئاسمانەوە بۆ نەناردم!
من چیبکەم
ئەودەم نەبووم
ئێستا من
تفەنگ دەبینم
خوێن دەبینم
برین دەبینم
بێ نازی دەکێشم!




لە باوەشی هیوا …. یوسف ئیبراهیم

باڵت گرتووە بەئاسمانی هیواوە ئەفریت
هەزار جار ون ئەبم لە بێ دەنگیت
روو زەردێکی لە پایزی ئاشقێک زەردەخەنەم بۆ ئەکەی
لە مینبەرێکی رووخاوەوە بانگمان ئەکەی
خۆشەویستی، خۆشەویستی
لە باوەشی مەرگ نادۆزرێتەوە
بەزیندوویی بیکەن بەسەروایەک
تا ئەژین
رق تەنها بەرامبەر رق بگرن
کەباڵتان گرت هەڵفرن
بەدەوری یەکتری
نەبن بە گیانەوەرێکی کۆچەری
کە هەر وەرزەو کەسێ لە باوەش کەن
کز کز بە گوێی مندا ئەچرپێنی
دروود دروود بۆ گیانی پاک
لە جەستەت هەڵگرە تا ئەتوانی
دروود دروود بۆ رووخسارێک
فریاد رەسە بۆ دڵتەنگی
نەیشێوێنی تا ئەتوانی
منیش دەستی بچوکت ئەگوشم
سەرت دەخەمە سەر سینەم
وشەکان سەمایەکی سەیر لە قورگم ئەکەن
دەڵیم جێ پێت ئەگرم
دوور یان نزیک
قژم لادەبەم
وەک تۆ
سەمایەک لە ئاسمانی هیوا ئەکەم

یوسف إبراهيم

—————————-
تێبینی : هیوا لەم شیعرەم بەدوو مەبەستە یەکەم وەک هیوا خۆی، دووەم وەک نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی.




|سوپاسێک بۆ بەرزی مەقامی کاندیدەکانی پەرلەمان ….رەسوڵ بەختیار

سوپاس بو نامەکانتان تیایدا داوا دەکەن دەنگت پێبدەین، وێنەکانتان دەریدەخەن ئێوە بەشێکن لەمێژوو، جونکە پڕن لەزانیاری، ئێوە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵاتان بردۆتە ترۆپک لەتەک ئەوەی باس لەپرۆسەی حکومەتی شکستخواردوو دەکەن.
سوپاستان دەکەین زۆر لەمێژە ئەم وشە بریقەدارەرانمان بیر چوو بوو. سڵاوتان لێبێ بۆ بەرنامە و پڕۆژەکانتان تیایدا ھەوڵ دەدەن ھەلی کار دابین بکەن، لەبیر مەکەن ئەو مامۆستایەی بەرشەق درا لەپێشەوەیە بۆ دەنگدان، ئەو ئافرەتەی قسەی ناشیرینی پێدرا دروشمەکانی بۆ سەرخستنی ئێوەیە.

سوپاستان دەکەین ئێوە زوو زوو شانازییەکانمان بیر دەھێننەوە، سوپاستان دەکەین ئەوە ئێوەن سیستەم و خزمەتگوزاری پێمان ئاشنا دەکەن. ئێوە زۆر باڵان، توانیتان وشە زاراوەکان یەکبخەن. ئەوەنییە دوو رێکخراوی ژن و ئافرەتان ھەیە.
سوپاستان دەکەین ئێوە بەسیستەم کار دەکەن ئەوە نابینن دوو دەزگای ئاسایش و پێشمەرگە ھەیە، ھەر یەکێکان جلێکی تایبەتیان پۆشیووە، بەڕاستی ئەمە ھەلی کارە بەسیستەم، ئەوەتا مامۆستای پەروەردە و خوێندنی باڵا لەنێوەندی ھەر ھەڵەیەک دابێ ئەوە حزبەکانیان ھەرچییەک بێ پەردەپۆشی دەکەن، زۆر سوپاستان دەکەن ئەم ھەرێمە بچووکەتان کردۆتە کەمپی دوو زۆن…زۆر سوپاس باس لەدەوڵەتی مەدەنی دەکەن.




ئه‌گه‌ری دۆڕانی كورد له‌ یاریه‌كه‌ی به‌غدا … عیماد عه‌لی

ئه‌وه‌ی زۆر قازانجی بۆ كورد بوو، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوتله‌ سیاسیه‌ براوه‌كانی عیراق له‌ژماره‌ و قه‌باره‌دا له‌ده‌رئه‌نجامدا له‌یه‌كتر نزیكبوون له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییدا و كوتله‌ی گه‌وره‌ی جیاواز له‌وانیترده‌رنه‌كه‌وت. بۆیه‌ یاریه‌كه‌ی ئه‌مرۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م خوله‌دا ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان دروست بێت یان به‌هه‌مان به‌شبه‌شێنه‌ی پێشتر بروات، ئه‌مه‌ش له‌ ئامانجه‌كانی ده‌سترۆیشتوانی وڵاتانی‌ هه‌رێمی جیهانیه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت وه‌ك قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كه‌ كه‌ به‌دڵیان نه‌بوو، به‌ دروستكردنی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن بتوانن به‌ زاڵی بمێننه‌وه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت رۆشنبیری و فه‌لسه‌فی گه‌لانی عیراقه‌وه‌. ئه‌گه‌ر كورد به‌ یه‌كگرتوویی و دوور له‌ هه‌ندێگ به‌رژه‌وه‌ندی بجوڵێته‌وه‌ ( كه‌ له‌وباوه‌ره‌دام به‌م كاره‌كته‌رانهوه‌‌ سه‌ركه‌وتوو نابێت) ئه‌وه‌ براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌بێت و ئه‌گه‌ر وه‌كو ئه‌و دوو پێكهاته‌كه‌ی تر كێبركێی حزبی بكات، ئه‌وه‌ دۆراوی یه‌كه‌م ده‌رده‌چێت و له‌وان زیاتر زه‌ره‌ده‌كات نه‌ك وه‌كو ئه‌وانیتر نه‌ دۆراو نه‌ش براوه‌ بیت، بۆ؟
ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو بێت و پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تر هاوپه‌یمان بن، له‌ هه‌موو بریاره‌كان به‌ هه‌ستیاره‌كانیشه‌وه‌ ده‌بنه‌ هێلكه‌ی قه‌پانه‌كه و ئه‌توان سه‌رجه‌م پرسه‌كان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و، وه‌ك ئه‌وه‌یان لێدێت كه‌ به‌ ناراسته‌وخۆ حوكمی عیراق بكه‌ن. یه‌كگرتوویی كورد بۆ پرسی نێوخۆیی و چاره‌نوسی دورمه‌وداش به‌ر‌دێكی بناغه‌یی ده‌بێت.

به‌ڵام گه‌ر په‌رته‌وازه‌ بن و به‌ دوو دید و بۆچون یان زیاتر برۆن، ئه‌وا به‌هه‌مان وه‌زعی سونه‌ و شیعه‌، ئۆپۆزسیۆن و دسه‌ڵاتیان لێ دروست ده‌بێت و به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌روه‌كو پێكهاته‌كانی تر دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا و، هیچ قورساییه‌كی تایبه‌تیان نامێنێت و به‌هه‌مان بارودۆخی پێشتر ده‌رۆن به‌رێوه و ته‌نانه‌ت خراپتریش‌.
له‌ هه‌ڵبژاردنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رلمانی عیراق و مه‌سه‌له‌ی كاندیدی سه‌رۆك كۆمار و ئه‌گه‌ری له‌ ئارادا بونی دووكاندیدی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ كورد له‌و ئاسته‌دا‌نیه‌ بتوانێت له‌م قۆناغه‌ ئامانجی حزبی بكاته‌ قوربانی ئامانجی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵك چ ئومێدێكیان پێ بمێنێت.

دابه‌شبونی عیراق به‌سه‌ر دوو دید و روانگه‌ و پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆن و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ پشكداری گه‌وره‌ترین خاڵی یه‌كێتی و یه‌كبونی خاك و ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری عیراق ده‌بێت و ئه‌وه‌ی له‌م بۆچون و ره‌فتاره‌ ی به‌ نیازن له‌ عیراق به‌رجه‌سته‌ بكرێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌شدار بێت ده‌بێت له‌ دووباره‌ لكاندنه‌وه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ عیراق به‌ زه‌لیلی و ژێرده‌سته‌ییه‌كی زیاتر و به‌هێزتره‌وه‌ خۆی بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵكو خۆی له‌ سه‌ره‌تای گه‌رانه‌وه‌ بۆ پاش ساڵه‌كانی بیستی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراق ده‌بینێته‌وه‌.

له‌م رۆژانه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام دوكه‌ڵه‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی په‌رله‌مانی عیراق و نه‌بونی هه‌ماهه‌نگی له‌ دیاریكردنی كاندید بۆ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق و سه‌رۆكی عیراقیش ده‌ركه‌وت وئێستاش ئه‌و ململانێیه‌ كه‌ له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆك كۆمار له‌ نێوان هه‌ردوو حزبی زلهێز له‌ ئارادایه‌، كه‌ ترسناكیی زۆر گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و، لاف و گه‌زافی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌خاته‌ ژیر پرسیاره‌وه‌. له‌م‌ مانگه‌دا زۆر شتمان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ و عه‌قڵیه‌تی كوردیشمان به‌یه‌كجاری بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ تاچه‌ند بیریان له‌ ستراتیجیه‌ت و ئامانجی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان كردۆته‌وه‌، یان واده‌رۆن كه‌ به‌ناچاری ده‌بێت دووباره‌ بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ خاڵی سفری چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م.‌