خەمڵاندنێکی هەڵەی خودا و هاوڕابونی لەگەڵ عمر … مەحمود عەبدوڵڵا

قورئان ڕوی لە کۆمەڵی عەرەبی بەدەوییە،لەناو عەرەبیشدا ڕوی لە پیاوانە ،کاتێک خوای محمد دەڵێت :”ئەی باوەڕداران”ڕوی لەپیاوانە نەک لەهەردو ڕەگەز،چونکە کاتێک مژدەی پاداشت دەدات بەباوەڕدارانێک کە بانگی کردون پاداشتەکە بریتییە لە ژن و ئەسپ و …تاد.

بەڵام لێرەدا ناچمە ناو ئەم بابەتە، بەڵکو باس لە دووئایەتی دژ بە یەک دەکەین لە سوڕەتی تاڵانی یان دەستکەوتدا،کە لەو دوئایەتەدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت محمد خەمڵاندنێکی هەڵەی کردووە ،و دوای ئەوەی کە لەجەنگدا بۆی ڕونبۆتەوە کە خەمڵاندنەکەی هەڵەیە بە پاساوێک ئایەتێکیتر دێنێت و بەناوی خوداوە جێگیری دەکات.

لە ئایەتی شەست و پێنجدا ،بیست کەسی باوەڕدار دادەنێت،لەبەرامبەر دو سەدکەسی بێباوەڕدا،واتا یەک بەدە،بەڵام دوای ئەوەی بۆی دەردەکەوێت کە ئەمە هەم قوڕسە و هەم لەتوانادا نییە کە تاکە کەسێک شەڕی دەکەسبکات”بەگشتی،ئەگینا هەندێکجار ئەمە ڕودەدات،کەسێک بەرامبەر دەکەس بجەنگێت بەڵام ئەمە حاڵەتی شازە” بۆیە دواتر لە ئایەتی شەست و شەش ئەم حیساباتە دەگۆڕێت بە یەک بە دوو،واتا یەک کەسی باوەڕدار بەرامبەرە بەدوکەس،سەد بەرامبەردوسەد،و هەزار بەرامبەر بە دوو هەزار.

لێرەدا یان دەبێت بڵێین خودا حیساباتەکەی هەڵەبووە ودوای تاقیکردنەوە هەڵەکەی بۆدەرکەوتووە،کەئەمەش پێچەوانەی تایبەتمەندییەکانی خودایە لە قورئاندا،یان محمد ئەو خەمڵاندنەی بۆخۆیکردوە و بەڕاوێژ لەگەڵ هاوەڵانیدا.
پاشان محمد ڕاوێژ بە ابوبکرو عمر دەکات سەبارەت بە چارەنوسی دیلەکان،ابوبکر دەڵێت :مەیانکوژە.
عمر دەڵێت:بیانکوژە.

تەماشابکە دواتر ئایەتێک دێتە خوارەوە بۆ محمد کە بۆچونی عومەرە،ئەو ئایەتەی کەدەڵێت:”بۆ هیچ پێغەمبەرێک نییە کە دیلی هەبێت لە بێباوەڕان تا کوشتارێکی زۆریان لێنەکات”بە پێی گێڕانەوەی بوخاری محمد بە عمری وتوە کە خەریک بو توشی سزایەک ببین،بەهۆی هاوڕانەبونمان لەگەڵ تۆدا!ئێستا پێویستە بیربکەینەوە ،چونکە بێگومان خودای محمد ناتوانێت بەسەر ژیریدا زاڵبێت،خودای محمد تەنیا بەسەر هەست و نەستدا زاڵە ،خودای محمد دەڵێت:”ان اللە یحول بین المرء وقلبەِ”واتا ویستی خودا دە بێتە بەربەست لەنێوان مرۆڤ و دڵیدا،واتا خودا ئەوپەڕی دەسەڵاتی هەیە بەسەر دڵی بەندە کانیدا،نەک بەسەر عەقڵیاندا!ئاشکرا یە دین،هەموو ئاینەکان،بەجۆرێک دوچاری هەستو نەستی بڕواداران بوون.بۆ یە بە ستەڵەکی باوەڕ کاتێک دەکەوێتە بەر تیشکی عەقڵ دەتوێتەوە .




رۆژی جیهانی مامۆستایان … رەزا شوان

لە ساڵی (١٩٩٤) ەوە، هەموو ساڵێک لە رۆژی(٥ی/ ئوکتۆبەر) کە بە (رۆژی جیهانی مامۆستایان) ناوبراوە، بەم بۆنەیەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بە گەرمی پیـرۆزبایی لە مامۆستایان دەکەن و گوڵیان پێشکەش دەکەن. لە قوتابخانەکان و لە شوێنانی تریشدا ئاهەنگی خۆشی و چەندین چالاکی هەمەجۆرە و هـۆنراوە و پەخشان پێشکەش دەکرین، هەر لەم رۆژدا، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی لێهاتوو خەڵات دەکرێن. ئەم یادەش رێکەوتی راگەیاندن و واژۆکردنـی ئـەو راسپاردانـەن، کـە رێکـخـراوی نەتــەوە یـەکگـرتـووەکـان (یۆنسکـۆ) بۆ پەروەردە و زانیاری و رۆشنبیری، بە هـاوبەش لەگەڵ رێکخراوی کـاری نێودەوڵـەتی (ئیدیۆکشن ئینتەرناشیۆناڵ) دا، کەلە کۆنگرەی (پـاریس) دا، هـاوهەڵوێست بـوون لە راگەیانـدنی کۆمەڵێک راسپاردە. لە پێـناوی ئـاوڕدانـەوە و بایەخـدانی پێویست پیشـەی مامۆستایی و بە وانەوتنەوە. بۆ باشکردنی باردۆخـی مامۆسـتایان و، پارسـتنی مافەکـانیان لە هەموو جیهاندا.. چونکە فێرکردنێکی باش و پەروەردەکردنێکی دروست، هـیوا و مـژدەبەخـشی ژیانـێکی باشـتر و خۆشـتر و داهـاتوویـەکی گەشـتر و شیاوتـرن.
لە کۆنگـرەی پێنجـەمی نێـودەوڵـەتی بۆ پـەروەردە، کە لە ساڵی (١٩٦٦) دا، لە شـاری (جنـێڤ) لە سویسرا بەسـترا، لەسەر رۆشنایی راسپاردەکەی (یۆنسـکۆ) و (ئیدیۆکـشن ئینتەرناشیۆنال) یەکێک لە بڕیـارە گرنگەکـانی ئەم کۆنـگرەیە ئەوەبوو، کە بۆ یەکەمین جار بڕیـاری ئەوەیـان دا، کە رۆژی (٥ی/ ئوکتۆبەر) هەموو ساڵێک، بکـرێت بە رۆژی مامۆسـتایان لە هەمـوو جیـهاندا، بە نـاوی (رۆژی جیهـانی مامۆسـتایان). بـۆ یەکـەمین جاریش لە (٥ی/ ئوکتۆبەر/١٩٩٤) دا، بە فەرمی لە زیاتـر لە (١٠٠) وڵات لە جیهاندا، لەو ساڵەوە تا ئەمـڕۆ، لەم رۆژ و مانگ و ساڵـەدا، بە ئەوپەڕی رێزەوە یادی ساڵڕۆژی (رۆژی جیهـانی مامۆسـتایان) دەکـەنـەوە.. مەبـەستـیش لـەم یـادکـردنـەوەیـە، دانــان و پێـزانینە، بە رۆڵـی بـەرز و قـوربانیدانی مامۆسـتایان و بە پیـرۆزی پیشـە و بە پەیامە پیرۆزەکـەیان، کە پیـرۆزتـرین پەیـامە.
رۆژی جیهانیی مامۆسـتایان، لە هەمـوو وڵاتـانی جیـهاندا لە رۆژی(٥ی/ ئوکتۆبەر) دا نییە، بەشــێک لە وڵاتانی جیهان هەمـان رۆژیـان نەکـردوون بە رۆژی مامۆسـتایان لە وڵاتەکانیانـدا، بەڵکو لە بەرواری جیاجیادا دەکـرێت، کە رەنـگە پەیـوەنـدییان بە بۆنـەی تایبەتمەنـدی خودی ئەو وڵاتـانە، لەو رۆژانـەدا هـەبێـت.
بۆ نموونە رۆژی مامۆستایان لەم وڵاتانەدا، لە رۆژانەدان: ( لە بەرازیل: ١٥ئوکتۆبەر) و (لە چین: ١٠ی سێپتەمبەر) و ( لە ئەرجەنتین: ١١ی سێپتەمبەر) و لە ( لە وڵاتە یەکگـرتووەکـانی ئەمـریکا: هەفـتەی یەکـەمی مایـۆ) و (لە ئوسـترالـیا لە دوا هەیـنی ئـۆکتۆبـەر) و (لە هـیندسـتان: ٥ی سێپتەمـبەر) و (لە پـۆلـەنـدا: ٢١ی دێسەمـبەر) و
(لە کـۆریای باشـوور:١٥ی مـای) و ( لە میسـر: ٢١ی دێسەمبەر) و (لە ئیندەنۆسـیا: ٢٥ی نۆڤەمبەر) و (پاراگـوای: ٣٠ی ئاپریل) و لە… هتد. بـەڵام زیـاتر لە سـەد وڵات لە جیهاندا رۆژی (٥ی/ ئوکتۆبەر) ی هەموو ساڵێکیان کردوون بە رۆژی مامۆستایان لـە وڵاتـەکـانـیان کـە (رۆژی جیـهانی مامۆستایـان) ە، لـە هـەنـدێ وڵاتـانیشـدا رۆژی مامۆستایان کـراوە بە پشووی فـەرمی.
لە باشـووری کوردسـتان و لە عێراقـدا، رۆژی (١ی/ ئـادار) ی هەموو ساڵێک، کراوە بـە رۆژی مامۆسـتایان، کـە عـێراق ئـەم رۆژەی دیـاری کـردووە نـەک کـوردسـتان.

من وەکو مامۆستایەکی کورد، نە لە رابـردوو و نە لە ئەمـڕۆشدا، هیـچ تایبەتمەنـدی و بۆنەیەک شکنابەم.. کە رۆژی (١ی ئادار) پەیوەنـدی بە تایبەتمەنـدییەکی مامۆسـتایانی کوردستانەوە هەبێت. بیست و حەوت ساڵیشە دەسەڵاتی کوردی و وزارەتی پەروەردە و سەندیکای مامۆستایانی کوردستان لە هەریمی باشووری کوردستاندا، بیریان لە گۆڕینی ئەم رۆژە نەکـردۆنەتەوە، بۆچـی تا ئەمـڕۆش (١ی ئـادار) ی هەموو ساڵـێک بە رۆژی مامۆستانی کوردستان دەزانن، چ بۆنەیەکی مامۆستایانی کورد دەکەوێتە ئەم رۆژەوە؟! من پێشـنیاری ئەوە دەکەم کە یەکـێک لـەم دوو رۆژە بکـرێت بە (رۆژی مامۆسـتایانی کوردستان) یا هـەر رۆژێکی تر، کە پەیوەنـدی بە بۆنەیەکی مامۆسـتایانی کوردستانەوە هـەبێـت.

١ـ رۆژی (١٥ی/ مای) هەموو ساڵێک، بکرێت بە (رۆژی مامۆسـتایانی کوردستان) کە یادی دامەزراندنی (یەکێتی مامۆستایانی کوردستان)ـە. ئەوەبوو مامۆستایانی کوردستان لە یەکـەمین کۆنگـرەیانـدا، کە لە شـاری (سلـێمانی) لە رۆژی (١٥ی/ مـای/١٩٦٢) دا بەسترا و (یەکێتی مامۆستایانی کوردستان) یان دامەزرانـد، شایەنی خۆیەتی کە هەمـوو ساڵێک یادی ئەم رۆژە و مانگە، بە فەرمی بکرێت بە (رۆژی مامۆستایانی کوردستان) و لەم رۆژەدا ئاهەنگی خۆشی و شادی و کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆریش لە سەرجەم قوتابخانەکانی کوردستانـدا ئەنجام بدرێـن. خەڵاتی رێزلێنانیش پێشکەش بە کۆمەڵێک لە مامۆسـتایانی لێـهاتوو و خـزمەتـدرێژ و بە خـێزانی ئەو مامۆسـتایانەی کە شەهید بوون بکـرێن.. بەبـێ جـیاوازی کـردن.
٢ـ رۆژی (٦ی/ ئوکـتۆبەری) هەمـوو ساڵــێک، کە یـادی ساڵـڕۆژی يەکەمین شەهـیدی مامۆستایانی کوردستانە لە شـۆڕشی ئەیلـولی (١٩٦١) دا، کە مامۆسـتا و پێشـمەرگەی ئازا و قارەمانمان، شەهیدی نەمر مامۆستا (حەسیب محەمەد بەگ سیامەنسووری) یە، کە (مامۆستای قوتابخانەی شۆڕیجەی سەرەتایی کوڕان:١٩٥٨ـ ١٩٦٠) بوو لە شاری کەرکوک (نووسەر: من لە پۆلی پێنجەم و شەشەم دا، لە قوتابخانەی شۆڕیجە، قوتابی مامۆستا حەسیب ی نەمر بووم، وانەی وەرزش و بیرکـای پێدەوتینەوە) مامۆسـتایەکی کوردستان پەروەری سەرسەخـت و زۆر دڵسۆز بوو.. بوو بە پێشمەرگە و لە شەڕێکی قارەمانانەی دەستەویەخەی کەم وێنەدا، لە گەڵ سوپای دڕندە و رەگەزپەرستی عێراقدا، لە (گـردە قـارەمان) ی نزیک شارۆچکەی (ئاغجـەلەر) ی سەر بە قەزای چەمچەماڵ ی سەر بە پارێزگـای کەرکـوک، مامۆسـتا حەسیب محەمەد بەگ لەو داسـتانە نەمرییەدا لە رۆژی (٦ی/ ئوکتـۆبەر/١٩٦٢) دا شەهـید بوو، کە هەمـان ساڵی دامەزرانـدنی یەکێـتی مامۆستایانی کوردستانە، لەگەڵ مانگڕۆژی (رۆژی جیهانیی مامۆستایان) شدا، رۆژێک جیاوازی هەیە. پێویستە یەکێـتی مامۆستایانی کوردسـتان و وەزارەتی پەروەردە، واز لە رۆژی (١ی/ ئـادار) بهێنن و رۆژێکی تایبەتمەندی کوردسـتانیمان بکـەن بە رۆژی کە پەیوەندی بە رۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە هەبێت.
بێگومان مامۆستایی پیرۆزترین و گرنگترین و هەستیارترین پیشەیە لە هەموو جیهاندا. مامۆستایان خاوەنی پەیامـێکی گـەورە و پیـرۆز و چـارەنووسازن، ئـەوان بـە ئەوپـەڕی دڵسۆزی و لەخۆبووردن و مانـدووبوونەوە خـزمەت دەکـەن، بێ ئەوەی کە چـاوەڕوانی سوپاس و هیـچ پاداشتێک بن، نەوە لە دوای نەوە پێدەگەن.. مامۆستایانن بەردی بناغە و کۆڵەکەکانی شارسـتانی و پێشکەوتن و داهێنان و گۆڕانکاریـن.. مامۆستایان رابـەر و چرای گەشی رووناکردنەوەی شەوەزەنگی تارن.. مامۆستایان مۆم ئاسایی دەسووتێن و دەتـوێنەوە، بـۆ ئـەوەی کـە رێـی سەرکـەوتـن و پێشـکەوتـن و داهــاتوو بـۆ رۆڵەکـانی نیشتمانەکەیـان روونـاک بکـەنـەوە.. مامۆسـتایـان هـەنـگ ئاسـایین و شـیلەی گـوڵانـی زانیاری و زانستی دەمژن و هەنگوێنی زانیاریمان پێشکەش دەکەن.. مامۆستایان هێندە رێـزدار و شـکۆدارن، تـا ئـەو رادەیـەی کـە بە میـراتـگر و بە جێگـرەوەی پێـغەمـبەران نـاوزەنـد کراون. میری شاعیرانی عەرەب (ئەحـمەد شـەوقی) کە (بە رەچەڵەک کوردە) دەڵێ:”هەستە بۆ مامۆسـتا شکۆدارییە.. هێندەی نەمابوو مامۆستا ببێت بە پێغەمبەر”
مامۆستایان رۆڵـێکی گرنگ و کارتیکەری هەیە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا.. چونکه مامۆسـتایان نـەوە لە دوای نـەوە پێـدەگەیـەنن.. مامـۆستایـان هێـمایەکـن لـە هێماکـانی پێشـکەوتن و شارستانی.. گـەر گـەلان شـانازی بـە زانـا و دانـا و بیرمەنـد و بلیمەت و داهێنەرەکانیانەوە بکەن، دەبـێ ئـەوە بـزانـن، کە هەمـوو ئـەم هەڵکـەوتووانە لە پێـشا قوتـابی مامۆسـتا بوونـە.
ئێمەش لە پـڕێک، نەبووینە بە کـچ و کوڕێـک.. مامۆستایانی کوردپەروەری دڵسۆزمان فێری ئەلفوبێی کوردایەتی و کوردستان پەروەری و تێکۆشان و گەشبینی و هیوادارییان کـردین.. هـۆشی ئێـمە زەوییـەکی بەیـار بوو.. مامۆسـتاکان کـێڵایان و تـۆوی زانسـت و زانیاریان لێ تۆکردن و ئێمەیـان هێـنایە بەرهـەم.. لە چ پلـە و پایـە و پۆستـێک دابـین، هـەمیـشە قـەرزاری مامۆستاکـانمانین، شانـازی بۆ دڵسـۆزی و رەنـج و مانـدووبوونـی ئەوان دەگەڕێتەوە. ئەوان رۆڵێکی گرنگـیان بینی لە بنیاتنانی کەسێـتی دروستی ئێمەدا.

مامۆستایانی خۆشەویست، ئێوەی پێشمەرگەی گۆڕەبانی پەروەردە، شایەنی ئەوپەڕی سوپاس رێـز و پێـزانین، ئێوەن منداڵانی گەلەکەمان بە باشی فێردەکەن و بە دروستی پەروەردەیـان دەکەن، ئێوە دایک و باوک و خوشک و بـرا ئـاسایین، دەسـتی سـۆز و بەزەیی و خۆشەویستی و رێـز بە سەر منـداڵە چاوگەشەکـانماندا دەهێـنن، کە هـیوای داهـاتووی گەلەکەمانن.. ئێوەن زاخاوی بیر و هۆشیان دەدەن، ئێوەن بـەردی بناغەی کەسایەتییان دادەنـێن.. ئـێوەی مامۆسـتایان سامانێکی بێهاوتـای گەلەکـەمـانن.. ئـێوە پارەیـەکی دەگـمەنن کە بە ئاسانی دەستناکەون، ئێـوە ژێـرخانی داهـاتوومـانن.
مامۆستایانی دڵسـۆز، ئەو منداڵە چاوگەشـانەی کە تـا دوێـنی قوتـابی ئێـوە بـوون، لە ئەمـڕۆدا: مامـۆسـتان، نووسـەرن، هونەرمەنـدن، پارێـزەرن، پزیشـکن، ئەنـدازیارن، بەڕێـوەبـەرن، تێکۆشـەرن، رۆژنـامەنـووسن، راگەیـانـدنکـارن، چـالاکـوانـن،…هـتد. ئەمـانە ئـەو تۆوانـەن، کە ئێوە تۆتان کـردن و پێیانتـان گەیـانـدن و هاتوونەتە بەر.

مامۆستا دڵسۆزەکانمان، ئێوە شوێنێکی تایبەتیتان لە ناخی دڵماندا هەیە، خۆشەویستی و رێزمان بۆ ئێوە بێسنوورن، هەردەم لە یادتان ناکەین، هەرگیز رێز و خۆشەویستیتان لە دڵمـاندا کـاڵ نابـنەوە.. نـەک تەنـها لە رۆژی جیـهانی مامۆسـتایان دا، بەڵکو لە هەمـوو رۆژەکـانی ساڵدا، رووخسـاری گـەش و شـیرینی ئـێوە لەبـەر چاومـانە. وشـە ناسـک و جوانەکـانتان، رێنماییە دروست و بەسوودەکـانتان، زەردەخـەنە شیرینەکانتان، چـێژێکی تایبەتییان لە یادەوەرییەکـانماندا هـەن.. ئـێوە دینەمـۆی هـۆشی ئێمە بـوون.. لە ئـێوەی دڵسۆزەوە فێری تێکۆشان و کوردایـەتی و کوردسـتان پەروەری و گەشبینی و کۆڵنەدان و هـیوا و ئومیدی سەرکەوتنتان بووین.. لە ئێـوەوە فـێربوویـن، کە لە بـەردەم بــڕوا و ئـیرادەی پـۆڵایین و خۆڕاگـری کۆڵنەدانـدا، بۆ گەیشتن بە هـیوا و ئاواتەکانمان، ئەستەم بـوونی نیـیە.
مامۆستایـانی دڵسـۆز و کوردسـتان پـەروەرمـان، وشـەی سوپاس و سـتایش شەرمـتان لـێدەکـەن.. چونکە ئێـوە زۆر لەوە گـەورەتـر و جیاوازترن، کە وشە و رستەی شیرین، بتـوانن هـاوسەنگی دڵسـۆزی و بـاڵایی و شـکـۆداریتـان بکـەنـەوە.
دان بـەوەدا دەنێـم، کە بـۆ هیـچ نووسیـنێک هێـندە دانـەمـاوم، بـەڵام بۆ نووسـینی ئـەم بابەتـە زۆر دامـام، کە چۆن بتوانم بە وشە و بە رستە، ئەو خۆشـەویستی و پێـزانین و رێـزەی بۆ ئێوەی دڵسۆز، کە لە ناخی دڵمدایە بە نووسین گوزارشتی لێبکەم، هەرچەنـد دەکەم بە وشـە و رسـتە نایـەنە دەربـڕین و گوزارشکردن و نووسین، جوانترین وشە و شیرینتریـن رسـتە، چـێژی ئەو خۆشـەویستی و هـەسـتە ناخیـیەم نـادەن، کە بـۆ ئێـوەی مامۆستانی کوردستانی شیرینمان لە دڵ و دەروونـم دان.
مامۆستایانی خۆشەویست، ئەی پێشمەرەگـە دڵسۆزە گیانبەخشەکـانی مەیـدانی فـێرکردن و پەروەردەکردنی جگەرگۆشە چاوگەشەکانمان.. بە راسـتی ئێوە جیـاوازن و کەم وێنەن لە جیهادا.. لە کـاتی شـۆڕش و راپـەڕینەکـانی کوردسـتاندا، رابـەر و پێشڕەوبـوون، بـە دەستێکتان چەکتان هەڵگرتبوو و قارەمانانە و سەرسەختانە، لە سەنگەرەکـانی پێشەوە بەرگریتان لە خاکی پیرۆزی کوردستانمان دەکردن.. بە دەستەکەی تریشـتان پێنووسـتان و پەرتووکتان هەڵگرتبوون لە دێیەکان و لە پەنا و ئەشکەوتەکانی کێوەکانی کوردستاندا منـداڵانی گەلەکەمـانتان فـێردەکـردن، فـێری چـڕینی سـروودی ئـەی رەقیبـتان دەکـردن. لەخەباتی نهێنی شارەکانیشدا، ئێوە دینەمـۆی هـاندان و هـۆشیارکردنەوەی گەلەکەمـان بوون.. ئێوە بە رۆژ شـانە تێکۆشەرەکـانی ناوشارەکـانتان رێکـدەخستن، بە شـەوانیش سەرپەرشتی چالاکییەکانی دژ بە رژێمی داگیرکەرتان دەکرد.. ئێوە لە هەموو شۆڕش و راپەڕینەکانی کوردستاندا، پشکی شـێری تێکـۆشـان و خەبـات و گیانبەخشینتان هەبوو. مـێژووتـان پـاکە و پـڕە لە سـەروەری و شـکۆداری و لـە هـەڵوێستی بـەرز.. ئێـوە لـە شۆڕشەکـانـدا پێشـمەرگـەی هـەڵمەتبەری شـێر ئاسـایین.. لە ئاشتیـشدا هەڵـگـری چـڵە نیگـزی خۆشەویستی و ئاشـتین.. ئەمە باوەڕتـان بووە و.. باوەڕتـانە و.. نەگـۆڕاون.
کێ وەکو ئێوەی لە دەست دێت و پێیدەکرێت؟ کە بە بێ مووچە و نیوە مووچە و چارەگە مووچە، خۆڕاگربوون و بایکوتی خوێندتان نەکرد و قوتابخانەکانتان بەجێ نەهێشتن، بە کوێـرەوەری و بە نەبـوونی درێـژەتان بە پەیـامە بەرز و پیـرۆزەکەتـان دا.. ویـژدانـتان ئاسوودە کردوون؟ لاپەڕەیەکی شکۆداری و سەروەریی ترتان لە مێژووی گەلەکەماندا تۆمارکردن.. هەرگیز گەلەکەمان هەڵـویست و خۆڕاگـری و دڵسۆزیتـان لەیادناکـات.
پێویستە كاربەدەستانی کوردسـتان، بە ئەمەکـبن و ئەوپەڕی پێـزانین و رێزیـان بۆ ئەم دڵسـۆزی و رۆڵ و هەڵوێستەی مامۆسـتایانی کوردسـتان هەبێـت، بتوانن پـاداشتی ئەم هەڵوێستە جوامـێرانەیان بدەنـەوە، گەرچـی بە پـاراە و مـاددە قـەرەبووی خۆڕاگـری و خۆبەختکـردنیان ناکـرێنەوە.. رێـز و پێـزانین و خۆشـەویستی راسـتی گەلەکـەمـان بـۆ ئێـوەی مامۆستایانی دڵسـۆزمـان، بەرزتـرین میـدالـیای پێـزانین و رێـزلێـنانە.
مامۆستایانی کوردسـتان پەروەر، خوشـک و برایـانی دڵسـۆز و خۆشـەویستمان، ئـەی شـۆڕە سوارە نەبەردەکـانی مەیـدانی پەروەردە و فـێرکردن و بنیاتنـانی داهـاتووەیەکی گەشـتر و شـیاوتر بۆ کـورد و کوردسـتان.. بە قەی ژمارەی نـێرگزی نێرگـزەجاڕەکانی کوردسـتان، بە قـەی ژمارەی ئەستێرەکـانی ئاسمان.. بەقـەی دڵـۆپە شەستەبـارانەکانی کوردستان.. سۆپـاس و رێـز و خۆشـەویستی و پێـزانینمان بۆ دڵسـۆزیتـان هـەیە.

رۆژی هەینی داهاتوو ( ٥ی/ ئوکتۆبەری/٢٠١٨) یـادی (بیست و چوارەمین) ساڵڕۆژی (رۆژی جیهانی مامۆستان) ە، هەر لە ئێستاوە، پڕبەدڵ پـیرۆزبایتان لێـدەکـەین.. دەستە پیرۆزەکانی یەک بە یەکتان مـاچ دەکەم و چەپکە گـوڵی خۆشەویستی و رێـز و دڵسۆزی و پێـزانیتان پێشکەش بێت.. ئەمـەش کەمـترین شـتە لە ئاسـتی دڵسـۆزی و شـکـۆداری ئێوەدا.. ئێـوە شایـەنی زۆر لە پیـرۆزبـایی و سوپاسکردن و پـاداش پەخـشین زیـاترن. ئێوە بە درێـژایی ژیانتـان دەبەخـشن.. چاوتان لە خـەڵات و لە پاداشـت نەبووە و نییە.
پیـرۆزبایی (رۆژی جیـهانی مامۆسـتایان) تان لێدەکەم، هـیوای ئەوپـەڕی تەنـدروستی و تەمەنـدرێـژی و خـۆشی و بۆ ئـێوەی مامۆسـتایانی کوردسـتان دەخـوازین. گـەشبـینم کە لە سایەی دڵسۆزی و ماندووبوونی ئێوەدا، داهاتووی کورد و کوردستان گەشتر دەبێت.

رەزا شـوان
نەرویـج: (٢٧ی/ دێسەمبەر/٢٠١٨)




ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی: ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازیی ده‌بێ خه‌باتی سینه‌ما فێری مێرمنداڵان بکات

مه‌نووچێهر جیهانی ـ “ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی” ده‌رهێنه‌ری سینه‌مای ئێران گوتی: مێرمنداڵان له‌ کۆڕه‌کانی فێرکاریدا وه‌کوو ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازی ده‌بێ خه‌باتی سینه‌ما فێر بن؛ نه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نیا چاوه‌ری به‌زمی ئه‌م هونه‌ر و سه‌نعه‌ته‌ بن.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی‌ویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، “ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی” که‌ ده‌رهێنانی فیلم گه‌لێکی زۆری بۆ مێرمنداڵان ئه‌نجام داوه‌؛ سه‌باره‌ت به‌ سازدانی ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازی مێرمنداڵان که‌ له‌ به‌شی لاوه‌کیی سی‌ویه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، گوتی: زاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازی بۆ میرمنداڵان باشه‌، به‌ڵام ده‌بێ ده‌رکه‌وتی ئه‌م خولانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکرێت.

جه‌لیلی که‌ پێی وایه‌ له‌و بارودۆخه‌ی ئێستادا هیچ چه‌شنه‌ فێرکاریی تیۆریک یا به‌کرده‌وه‌یی سینه‌ما به‌که‌ڵک نابێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سێبه‌ری ئه‌ودا مێرمنداڵان ئه‌خلاق و ناسیاوه‌تی پێکه‌وه‌ فێر بن، رایگه‌یاند: به‌ بڕوای من، ئه‌وه‌ی که‌ سینه‌مای ئه‌مڕۆ پێویستی پێیه‌تی، زیاتر له‌ فێرکاری، ئه‌خلاق و ناسیاوه‌تی په‌یدا کردنه‌ که‌ من هیوا ده‌خوازم وه‌ها رووداوێک له‌ ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازیشدا که‌ تایبه‌ته‌ به‌ مێرمنداڵان بێته‌ ئاراوه‌.

ده‌رهێنه‌ری فیلمی “گال” رایگه‌یاند: به‌م پێناسه‌یه‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازیی مێرمندالان ئه‌گه‌ر له‌ پێناو جێکه‌وتنی بابه‌ت و ناوه‌رۆکی سینه‌ما به‌ مانای ژیان به‌خشین له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌ری وێنه‌ییدا بێت، به‌که‌ڵک ده‌بێت. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا ده‌بێ بۆ په‌یدا کردنی باشترین و به‌که‌ڵکترین که‌سه‌کان بۆ سینه‌ما له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌کانی ئێران به‌هره‌کان بدۆزرێته‌وه‌.

جه‌لیلی له‌ درێژه‌دا جه‌ختی کرده‌وه‌: هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دۆزینه‌وه‌ی به‌هرانه‌ کاری یه‌ک خول یا دوو خول له‌ به‌ڕێوه‌چوونی رووداوێکی سینه‌مایی نیه‌؛ به‌ڵکوو کاتێکی زۆر ده‌خایه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانرێت له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌کانی وڵاته‌وه‌ باشترینه‌کان هه‌ڵبژێردرێت، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌ که‌ له‌ درێژایی هه‌مووی ئه‌م ساڵانه‌ بۆ وێنه‌ هه‌رگیز یه‌ک ئه‌کته‌ر یا ده‌رهێنه‌ری تورکه‌مه‌ن یا به‌لووچ که‌ سامانه‌کانی خۆماڵی و فه‌رهه‌نگیی خۆی به‌ خه‌ڵکی بناسێنێت، نه‌مانبووه‌ و من ئیومێد ده‌خوازم ئه‌م ئه‌رکه‌ گرینگه‌ له‌ رێگای ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازیی مێرمنداڵانه‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تای رێگایه‌، روو بدات.

“ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی” له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا به‌ ئاماژه‌دان به‌و بابه‌ته‌ی که‌ ده‌بێ خه‌بات و ره‌زمی سینه‌ما به‌ مێرمنداڵان و تامه‌زرۆیانی هاتنه‌ ناو ئه‌م پیشه‌یه‌ فێر بکرێت، گوتی: روانگه‌ی زۆربه‌ی بینه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ستێنی سینه‌ما بۆ ئه‌م هونه‌ر‌ و پیشه‌یه‌، به‌زم و خۆشیی ئه‌م پیشه‌یه‌یه‌، له‌ حاڵێکدا وه‌ها نیه‌ و سینه‌ما به‌ ته‌واوه‌تی ره‌زم و خه‌باته‌؛ خه‌باتێک که‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامی شیاو و گونجاو هه‌وڵ ده‌دات. هه‌ر له‌م رووه‌شه‌وه‌ له‌ کۆڕه‌کانی فێرکاریدا وه‌کوو ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازی ده‌بێ خه‌باتی سینه‌ما فێری مێرمنداڵان بکرێت.