پرسی شۆڕش … کاوە جەلال … بەشی یەکەم


پرسی شۆڕش
بەشی یەکەم

———————

سەرەتا گەرەکە پرسی شۆڕش بە نموونەی کۆنکرێت ئاوەڵابکرێت، تاکو بەم ڕێیەوە ڕوونی بکەینەوە کە چۆن بەناو شۆڕشگێڕانی کورد شێوەهزرینی ئیسلامی-سوننییان لە وەرگرتنی هزرە شۆڕشگێڕییەکانی وەک مارکسیزم و وجودییەت و هتد درێژە پێ دەدەن. ئەم بەگەڕخستنەی شێوەهزرینی ئیسلامی-سوننی بێگومان لە نووسینی بابەتی ماستەر یان دکتۆراشدا باڵادەستە، بەڵێ لەو سەرەڕۆییانەشدا خۆی دەنوێنێت کە مرۆ بۆ نموونە سنگدەرپەڕیوانە ڕای دەگەیەنێت گۆیا کەڵە گۆڤاری نوێجۆر دەردەکات.

بە شێوەی بەرجەستە ببێژین: لە ئیسلامدا بەدەوییە ئارەبەکەی بیابان، سەرباری سۆسیالیزەکراوی (بەکەسکراوی)ی بەدەویانەی، یەکسەر بەدووی وەرگرتنی پەیامەکەی محەمەددا وەک سەحابە دادەنرێت، بەمەش هەڵدەزنێنرێت بۆ سەر ئاستێکی بێخەوش کە لێوەی گۆیا خۆی لە پێناوی داواکارییەکانی خودادا بەخت دەکات. کەواتە سەرجەم مۆرکی بەدەویانەی ئەو جۆرە کەسێتییە (“کەسێتی” لە ڕووی پسیکۆلۆژییەوە نەک فەلسەفەوە)، وەک شەهوانییەت، تاڵانچێتی، پیسوپۆخڵی، تۆڵەگەریی و هتد، لەتەک ئیمانهێنانی ئەو بەدەوییەدا “نامێن”ن و هاوکات ئیمانداری نوێ دەبێت بە سەحابەیەکی پیرۆز! لە بنەڕەتدا ئەم بنەمایەی لایەنیکەم ئیسلامی سوننی لە کاتی دامەزراندنی حیزبی شیۆعییەوە لە ئێراق بەرجەستە دەکرێت، کە پاشان هەروەها “کۆمەڵە” بەردەوامیی پێ دا و ئەمڕۆش بۆ نموونە مەنسوری حیکمەتییەکان سکۆلایستییانە درێژەی پێدەدەن.

ئەمە بێگومان لای بەناو وجودییەکانیش خۆی دەنوێنێت، کە بە تایبەتی دەبوو لێرە بە هەڵوێستوەرگرتنی لێرەبوونیانەی ئازاد نەفی بکرایە، لێ شێوەهزرینی سکۆلایستیی ئیسلامی لێرەش بەرجەستە دەکرێت و کوڕەی وجودی هیچ جیاوازییەکی لە مەسئولێکی دەمانچەیی نییە کە خەون بە ستایشکردنی خۆیەوە دەبینێت – ئەمە پاشان بە وردی ڕووی تێدەکەین. بە هەر حاڵ، لەم بزاوتانەشدا کوڕە یان کچە یەکسەر بەبێ هیچ ڕەخنەیەکی خۆمەئریفە، واتا بەبێ پشکنینی شیمانەکانی زانین، بەبێ ڕووکردنی ڕەخنەیی لە سۆسیالیزەکراوییە ئیسلامی-سوننیەکەی (هەروەها شیعییەکەی) خۆ، بەبێ پرسیار لە تەنینەوەی هەستی خێڵەکییانە بەنێو سەرجەم کارەکتەری خۆییدا و هتد، بەبێ پرسیاری ترس لە ئازادیی کەسی، بە کورتی مرۆ بەبێ ئەو پرسیارکردنانە یەکسەر دەبێت بە مارکسی، بە مارکسی-لێنینی و هتد، یان بە وجودی؛ هەروەها لە بواری دیکەشدا، بە تایبەتی بواری هزری و کولتووردا، یەکسەر ئەم یان ئەو فەیلەسوفی بەواتا یان کەمواتای خۆرئاوایی دەکات بە دەرووی خۆدەربڕینەکانی، ئەوجا دەست دەداتە نووسین، دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە و هتد. ئەمە ڕەوشێکە کە وەک بابەتی ڕەخنە وەریدەگرین تاکو لێوەی پرسی شۆڕش ئاوەڵا بکەین. لێ ئێمە سەرەتا بۆ ئەم مەبەستە دەرچەیەکی کۆنکرێت وەردەگرین کە بریتییە لە ئەستێرە کەریم.

ئەستێرە کەریم بە کەسێتیی خۆی هاتۆتە نێوەندی خەباتی ژنان و مرۆڤیی بە گشتی و کوردایەتییەوە. بێگومان ئەو بەبێ سۆشیال میدیا نەیدەتوانی دەنگی خۆی بە نێوەندی زۆر فراوان بگەیەنێت، جگە لەوە گەر ئەو لەنێو ڕیالێتیدا ئەوها ڕیشەیی (ڕادیکال) هەڵوێستی وەربگرتایە، ئەوا زوو لەناودەبرا. ئەمڕۆ سۆشیال میدیا نەک تەنیا بریتییە لە میدیەمی خەمۆکان و چەتوونان یان لومپۆنان و هتد، بەڵکو هەروەها میدیەمی چالاکیی شۆڕشگێڕانەی ڕۆشناییدەرە.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە دەتوانین یەکێک لە ئەکسیۆنەکانی ئەستێرە کەریم بە نموونە وەربگرین کە تێیدا “دەرپێ”ی ژنانەی هێناوەتە ڕەوشی تەمسیلکردنەوە، لێ تەمسیلکەر، واتا دەرپێکە، لە بنەڕەتدا دەرپێ نییە، بەڵکو “دێسوو”ی ژنانەی وروژێنەری سێکسی پیاوە. کاتێک ئەستێرە کەریم ئەو پارچە جلە ژنانەیەی ژێرەوە نمایش دەکات، ئەوا ناڕاستەوخۆ ترس و شەیدایی پیاو، بەڵێ پەرێشانیی پیاو بۆ “چکلێتەکەی ژن” دەهێنێتە پێشینەی هەست و بیرکردنەوەی پیاوانەوە. لێ کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان ناتوانن ئەو “چکلێت”ە بچێژن، چونکە ئەوان سێکسیستی ترسنۆکن و درۆزنانە “کوڕی باشی”ی خۆیان بۆ یەکدی، واتا نێویەکییانە، نمایش دەکەن.

ئەستێرە کەریم لەو روانگەیەوە شۆڕشگێڕە کە ئەو لە رواڵەتەوە ڕۆچووە بەرەو ڕیشەی کێشە مرۆڤی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردەکان، واتا ئەو ڕادیکالە. ئەمەیە کە سەرجەم کەسانی پابەندی ڕواڵەتی تۆقاندووە یان تەنانەت خستوونیەتە هەڵوێستی دژبەرەوە بەرانبەری. شۆڕشگێڕێتیی ڕۆشناییدەرانەیەی ئەستێرە کەریم بەوەدا دیاردەدات، کە کاتێک ئەو هەڵوێستی ڕاستەوخۆ و ڕەخنەیی بەرانبەر ڕیشەی کێشەکانی ژنان و پیاوان، هەروەها بەرانبەر نەریتی کۆمەڵی کوردی بەگشتی و دەسەڵاتدارەکانی (لە ئێراق) وەردەگرێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی ئەو پێورانە ناکات کە وەک ئەزەلی پێناسەکراون و لە دەرەوە پیاوسالارییانە سەپێنراون، بە پێچەوانەوە، ئەو دوای خۆ ئازادکردنی لەو پێورە ئۆبژێکتیڤییانە هەڵوێست وەردەگرێت، ئەویش بەوە کە شۆڕشگێڕانە ڕوو دەکاتەوە خودی پێورەکان و وەک دەسکەلای چەوساندنەوەی نێر و مێ دایاندەنێت.

لێ ئەو هاوکات، وەک مۆرکی هەڵوێستی ڕۆشناییدەرانەی، ڕوو دەکاتە خودی مرۆڤ و وەک بەرپرسیار لە خۆی و هاومرۆڤان و کۆمەڵەکەی دایدەنێت. ئیدی بەم شێوەیە، بە دەستدانی ڕۆشناییدەرانە لە مرۆڤێتیی کەس، خوویا دەبێت کە کوڕان و کچان چەند داماوان، یان چەند نامۆبوون لە خۆیان و چۆن بەو هۆیەشەوە گیرۆدەی ڕواڵەتەکان بوون. لێ ئەوان، ئەو چەوساوە چەوسێنەرانە، بەدترن لە باوکان و دایکانیان کە، سەرباری هەڵوێستی چەوسێنەری و ملکەچییان بۆ چەوسانەوە، هیچ نەبێت نەریتخوازانە کەم یان زۆر هەندێک ناوەرۆکیان پێ پیادەدەکرا و پیادەکرد. لێ هەروەها و هاوکات خوویا دەبێت کە واژەکانی وەک “گیانەکەم” و “چاوەکەم” و “ئازیزم”، یان داوکارییەکان بۆ “گەردن ئازادکردن” و هتد، هیچی دیکە نین جگە لە درۆزنی، کە مرۆڤ لە پێناوی مسۆگەرکردنی پێگەیەکی خۆیی لە جیهاندا دەریاندەبڕێت.

جگە لەوە ئەم ڕوانگەیەی ڕۆشناییدانمان لای ئەستێرە کەریم پتر بۆ ڕوون دەبێتەوە، گەر بڕوانین کە کاتێک ئەو کچان وەک ژێردەستە و دوور لە هەر ترووسکاییەکی خۆشیی ئاشکرا دەکات، هاوکات پێیان ڕادەگەیەنێت کە ئەوان گەرەکە بەرپرسیاری بۆ ژیانیان وەربگرن، ئەوەشیان پێ بەدی دێت، گەر ئەوان دەستبەرداری رواڵەت بن و ڕووبکەنە فۆرمی ژیان. ئەوان گەرەکە لە خۆیان بەئاگا بێن و ببینن کە چۆن لە مێینەبوونی خۆیان نامۆ بوون. ئاخر بەم هۆیەوەیە کە ئەوان شانازی بەوەوە دەکەن کە گۆیا “کچی عائیلەن”. “زۆرینەی هەر زۆر”ی ڕەگەزی مێینەش، هاوشێوەی “زۆرینەی هەرە زۆر”ی نێران و پیاوانی کورد، رواڵەتگەری بێشوناسە، کەواتە کچان یان ژنانیش هاوشێوەی پیاوان ناتوانن ڕۆ بچن بۆ نێو ناخیان و لەوێ گوێ بۆ ئاخ و ناڵەی ئەو ناخەیان رایەڵ بکەن.

ڕۆشناییدان لای ئەستێرە کەریم ئابڵۆقەی پرس و کێشەکانی کچان و ژنان دەدات، لێرەشەوە سەرجەم کێشەکانی کوڕان و پیاوان لەنێو سێکسیزمیاندا دیاردەهێنێت و وەک سەرچاوەی چەوساندنەوەی ژن ڕاڤەیان دەکات. ئێمە لێرەدا دەگەین بە جۆرێکی مرۆڤ کە سارتر ناوی دەنێت مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی. ڕوونکردنەوەی ئەم تێگەیەی سارتر پتر نزیکمان دەخاتەوە لە پرسی مرۆڤیی لای کوردەکان.

سارتر لە “بوون و نەبوون”دا وایدادەنێت کە مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی ناتوانێت ژیانێکی بەکەرامەت بژی، چونکە “سەر بە جیهان”ە، لێ ئەو مرۆڤە بە چەشنێک سەر بە جیهانە کە ئیدی ئەو لەنێویدا هاوشێوەی “کەڤر” سرەوتووە – چەقیوە. ئەم مرۆڤە نەک تەنیا ناتوانێت بۆ خۆی ببێت بە پەناگە، واتا بۆ لای خۆی بگەڕێتەوە، بەڵکو تەنانەت ناتوانێت جیهان جێبهێڵێت، بەڵێ تەنانەت جووڵەیەک ناکات. ئاخر نێوجیهانیبوون بۆ مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی وەک پەچەیەک وایە کە ئەوی داپۆشیوە. ئەو، مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی، ئاگایی ئازادییەکەی خۆی بە قووڵی لەنێو ناخیدا شاردۆتەوە، هەر بۆیە ئەو سەرڕاست نییە.

ئەو تەنیا تەمسیل دەکات. بۆ نموونە گەنجە تەنیا خەریکی تەمسیلی گەنجێتییە، کەواتە ناگەنجە. گەنجەی ناگەنج نێوجیهانییانە وەک کوڕێکی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت و دیارنامێنێت، سڵاو دەکات و پێشوازی لە میوانان دەکات یان ڕێزمەندانە بەڕێیان دەکات. ئەوجا ئەو ناگەنجە ڕەسەنە بۆ کیژەی دراوسێ ئاگری تێ بەربووە و لە حەمامدا خۆی ئەندێشەییانە بە ئەو ڕەحەت دەکات. گەنجەی ناگەنج هەموو هەوڵێک دەدات تا کیژەی دراوسێ دەکات بە دەزگیرانی خۆی، لێ لەبەر ئەوەی ڕەسەنی کۆمەڵایەتییە، ئەوا یەکسەر بەدوویدا لەنێو کۆڕی هەڤاڵانیدا دەیکات بە بابەتی قسە و نوکتە و پێکەنین، نەک وەک کەسێکی ئازاد هەوڵ بدات پێکەوە پەیوەندییەکەی لەتەک کیژەی دەزگیرانیدا بژێنێت. نەخێر ئەوەی پێ بەدینایەت، چونکە ئەو نێوجیهانییە. ئامانجی ئەو وەک ناسەرڕاستێک ئەوەیە کە ئەو دەخوازێت بریتی بێت لە دوائەنجام/بەرهەم (کۆنزەکڤێنس). بۆیە ئەو گەنجە ناسەرڕاستە ناگەنجێکی پیاوانەی کوڕی باوکی خۆیەتی. ئەو بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت بە ئەوانی دیکەی نێوجیهانی ڕابگەیەنێت کە ئەو کوڕ و دەستەبرای ئەوانە. لێ لەبەر ئەوەی هەموو شتێک وەک دوائەنجام دەبینێت، ئەوا بۆ ئەو هیچ پرنسیپێک نییە.

هەر بۆیە ئەو زۆر ئاگای لە دوائامانجی کردارەکانی خۆیەتی. ئاخر کوڕەی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی خۆی تەنیا وەک بەرهەمی ڕووداوەکان دەبینێت نەک وەک سەبژێکتی (بکەری) ئەو ڕووداوانە. ئەو هەرگیز ناتوانێت ببیستێت کە دەشێت ئەو خۆی سەرچاوەی ڕووداوەکان یان کەشفکەریان بێت. نەخێر. بۆ ئەو بەهاکانی نێو جیهان لە دەرەوە چەسپێنراون، ئەویش تاکە ئەرکی ئەوەیە کە پابەندی بەهاکان بێت. ئەرێ! ئەو واتای جیهان لە فاکتەکانی خودی ئەو جیهانەوە دەخوێنێتەوە. ئەو وەک سەرەنجام یان بەرهەم تەنیا کاتێک پیاوی نێو پیاوانە، گەر بتوانێت قحبەیەتیی کچێک بخاتە بەردەم ژینگەکەی.

کۆیلەتییەکەی نێر و مێ کە ئەستێرە کریم چالاکیگەرایانە (ئەکسیۆنیستانە) لە مێدیەمێکدا هێناوییەتە نێوەندی خەباتی ڕۆشناییدانەوە، تەنیا کاتێک بۆ لێڕوانەر دەبێت بە مایەی پرسیار، گەر ئەو بزانێت کە ئەستێرە کەریم ئەکسیۆنێکی نمایشکراوی بەرخستووە و تێیدا ئەو خۆیشی وەک لێڕوانەر کراوە بە مەبەست. کەواتە ئەو بینەری پاسیڤ نییە. ئەو دەبێت بزانێت، واژەی بینەر، کە هەستی هۆزانڤانیی کوردی نەفامانە چێی کردووە، جیاوازە لە لێڕوانەر کە هەڵوێستێکی چالاک (ئەکتیڤ)ی هەیە، جا ئەوە لە سینەما، تیاتەر یان پێشانگە بێت، یان بەشداریکردن بێت لە چالاکییەکی نێو سۆشیال میدیادا.

بەم ڕێیەوە ئیدی پرسێکی کرۆکی بۆ لێڕوانەر ئاشکرا دەبێت: چالاکڤان، سەرباری تەحەداکەی، سەرباری بەگەڕخستنەوەی زمانی ئۆبسوێن (ڕووت)ی خەڵک لە چالاکییەکەیدا، مرۆڤدیدییەکی پۆزەتیڤی هەیە، چونکە وای دادەنێت کە لێڕوانەران دەتوانن لە چالاکییەکەی بهزرێن. کەواتە ئەستێرە کەریم نایەوێت بەرانبەر لومپۆنەکان بووەستێت، تووڕەیی یان فیکە و قاقای پێکەنین بوروژێنێت، نەخێر، ئەو دەیەوێت بۆ هزرین لە خۆیان بییان بزوێنێت، تاکو هێدی هێدی بۆیان ڕوون بێتەوە کە ئەوان چەند داماون، بە تایبەتی بۆ قوز، کە هەرگیز ناتوانن بی چێژن، چونکە لێی دەترسن. ئاخر مرۆ لێرەدا لە خۆی دەپرسێت کە داخۆ لومپۆنەکان فۆتۆی ڕووتی کچێکی بە حساب دەزگیرانیان بۆچییە؟ ئەو هەموو کەناڵە خۆڕاییە ڕووتە لە ئینتەرنێتدا هەن و ئەوانیش دەتوانن تەماشای هەر ڤیدیۆیەک بکەن: لە ڤیدیۆی ئێرۆتیکییەوە تا پۆرنۆگرافی بە هەموو شێوەکانییەوە.

مەسەلەکە لە بنەڕەتدا نەبوونی شوناسی کوڕێتییە، ئەقڵییەتی مێگەلە: داماو تەنیا ئەو کاتە دەرک بە پیاوبوونی خۆی دەکات، گەر هەڤاڵەکانی بزانن کە ئەو پەیوەندیی لەتەک کچدا هەیە. لێ مەسەلەکە لەوە زۆرترە: ئەو وەک پیاوتر دەنوێنێت، گەر هاتوو کچەی بە حساب دەزگیران خۆی بۆ ڕووتبکاتەوە یان ڕێ بدات فۆتۆی بە ڕووتی بگرێت، کە گومانی تێدا نییە ئیدی گەنجەی ناگەنجی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی لەو ساتە بەدوواوە بە قەحبەی دادەنێت.

کاوە جەلال




بەڕێز بەرهەم ساڵەح دەست بەجێ داوای لێبوردن بكە !!!! … عەلی مەحموود محەمەد

15 ساڵی تەواوە، لە پای ئەو تاوانانەی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان لە رابردوودا ئەنجامی داوە، داوا دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق وەك رەمزی باڵای وڵات داوای لێبوردن بكات، ئەركی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی بوو، لەو مانگە سەرەتاییەی دوای روخانی سەدام بونە سەرۆك كۆماری عێراق بە پێی پیتی ناوەكانیان، دەبوایە ئەو ئەركەیان جێبەجێ بكردبایا، دواتر بەڕێز فوئاد مەعسوم، دواتر بۆ دوو خول بەڕێز تاڵەبانی سەۆك بوو، دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو رو كرایەوە، وەڵام هەر نەبوو، بەڕێز مەعسومیش هات، داواكارییەكە روو لەویش ساڵ لە دوای ساڵ هەر بەردەوامە، ئەویش هەر بێدەنگ بوو، هەموو نەیانتوانی بە ئەركی خۆیان هەڵستن و سەروەرییەك بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو تۆمار بكەن، تەنها بۆ كورد نا بەڵكە بۆ مرۆڤایەتی، ناویان لە ریزی ئەوانەدا تۆمار بكرێت لە وڵاتانی خۆیان بەو شێوە هەڵوێستە هەڵستاون،لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە كە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە، شوێنێك پنتێك نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەكان، روباری خوێن، دنیایەك هەڵە، وەحشیەت بونەتە بەشێك لە كلتوری ئێرە.

مێژوویەك ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە لە ناو خوێن و ئێسك و پروسكدا غەرق بووە، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە داد پەروەرییە، دادپەروەری و ئاشتەوایی پێكەوە گرێدراون، بە بێ یەكەم ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و هەرگیز بەدی نایات، وەك ئەوەی سیاسییەكانی كورد لەمڕۆدا دەیكەن، لێبوردەیی هەموو كات دوای دان نان بە راستییەكان و تاوانەكان و دادپەروەری دێت، تاوانبار و قوربانیەكان لە ئاوێنەی دەرخستنی هەقیقەت و راستیەكانی رابردوەوە وەك ئەوەی هەن دەردەكەون نەك وەك ئەوەی لە تاوانەكانی رابردوو بشورێنەوە، كارێكی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا لە قوربانیانی تاوانەكان بكرێت ئاشتەواویی بكەن، لە كاتێكدا هێشتا دادوەری بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستیەكان و هەقیقەتی تاوانەكان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەكرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دكۆمێنت كردنی تاوانەكان و دەرخستنی راستیەكان و نووسینەوەی روداوە تاڵەكان !!.

لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە فێر بین كە “باسكردنی سەرچاوەی تاوانەكان، دانپێنان، قەرەبووكردنەوە، دان نان بەو تاوان و كارەساتانەی لە رابردوو روویان داوە، هەندێك جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەكانی بابەتەكە، ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی كە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن كردن هەبێت بەشێوەیەكی ڕەسمی تا ناكۆكیەكان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی “كۆمسیۆنی حەقیقەت و پێكهاتنەوە لە باشووری ئافریقا” ئەوە پیشان دەدات كە قەبوڵكردنی سەرەنجامەكان تا ئەندازەیەكی زۆر زیاد دەكات، كاتێك قوربانیان ی ان كەسوكاری قوربانیەكان دانپێنانێك و داوای لێبوردنێكی شەرعییان پێ دەگات.

“پێكهاتنەوە –چارلس ڤیلا –ڤیسیستۆ”.قەرەبووكردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان كەوتوونە, بەڵكە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێكەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنكردن بێت لە قوربانیان یاخود هەردووكیان پێكەوە, نابێت لە یادمان بچێت كە بژاردن هەم قەرەبووكردنەوەیە و هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەكردنەوەی تاوانەكانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر كە روداوەكان رابردوو دوبارە نەكرێنەوە, وەك دەبینین بەردەوام لەناو بازنەكەداین, لە كاتێكدا نە قەرەبو كراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێكراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوەكان لە ژینگەیەكی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, وەك بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داهاتووشدا بۆ ناوەكانی دی, راستە ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە, وەلێ ژیان بۆ داهاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەكەن .

قەرەبووكردنەوە كەرامەتی مرۆڤایەتی و هەندێك لە زیانە مادییەكان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل كراوە, بۆیە مافی قەرەبوو مافێكی بێ ئەملاو ئەولای سازش هەڵنەگرتنی قوربانیانی كوردستانە, كەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بكات ئەگەر لە ترۆپكی دەسەڵاتیش بێت, دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم كارە هەڵبستن.

دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان كە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی كارەكانی ڕابردووی تاوانەكان هەلبَێت, عێراقی ئێستا كە داوای لێبوردن دەكات و قەربووی قوربانیان دەكاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و هەڵەكان ڕابردووی سەدام, بەڵكە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی گشتییەوە و كاركردنیەتی بۆ دووبارە تێكەڵكردنەوەی قوربانیەكان بەكۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی كەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش هێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆكەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەكانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەكان, تا ئەمانە نەكات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەكات و ساتدایەو هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە.

بە داوی لێبوردن كردن بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون , تاكە زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانكاران , دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و كاری فەرمانڕەواكانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت , بەڵكە خۆ پاككردنەوەو شۆردنەوەیە لێی , پاككردنەوەی دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە كە لەم وڵاتە رویانداوە ,ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانكاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیز م ئاپارتاید و دیكتاتۆریەت پەیرەو كرا, كوردیش چاوەڕوانی دەكات لە ئێراقی نوێ كە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆكین ببێتە پرنسبێكی دەسەڵاتدارییەتی داهاتوو .

سەرۆكی شیلی لاگۆس هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی كەسی یان داوای لێبوردنكردن بۆ سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی پێشوو بە سەركردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1996 ەوە بۆ 2008 درێژەی كێشا, كەچی خۆی و بیروباوەڕەكەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوون كە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەكردە تاوانبار, بەڵكە نامەكانی وڵاتی لە تاوانەكانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەكانی پاككردەوەو خۆشی بردە ریزی سەركردە مەزنەكانەوە, بۆیە دەبێت عێراق لە تاوانەكانی سەدام حوسێن بشۆردرێتەوە.

قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ قەرەبووی مادی, هەر یەكەیان نامەی سەرۆك كۆمار”یوهانز راو” یان پێگەیشت , كە لە نامەكەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی هیتلەر كردبوو.”تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی “, لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەكان كە زۆرینەیان لە فەرەنسا دەژێن لە مەحرەقە رزگاریان بووە هەر یەكەیان بە 2300 ئیرۆ قەرەبوو بكرێنەوە .

لە تەیموری ڕۆژهەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیركاریشی كردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوزی , نەك تەنها قەرەبووی پێشێلكارییە گەورەكان, ئەمەش بۆ كورد جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە كاری لەسەر بكرێت, لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر كراوەو سامانەكەی تاڵان كراوە.

شیراك سەرۆكی كۆچكردوی فەرەنسا داوای لێبوردنی كرد لە بەرامبەر گرتنی 13 هەزار جولەكە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی 1942 لە میانی جەنگی جیهانی دووەم و پاشان بە كۆمەڵ كوشتنیان لە لایەن هیتلەرەوە.هەرچەندە ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە ئینكار كردن وە نە داوای لێبوردن كردن, لێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە 8ی شوباتی 2018 بڕیاریدا هەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی 1954 بۆ 1962 كە لە جەزائیر دەژیان لەوكاتە قەرەبو بكرێنەوە, هەرچەندە هێشتا فەرەنسا دانی بە هەقیقەتی یاسایی تاوانەكانی خۆی لە جەزائیر نەناوە كە ملیۆن و نیوێك قوربانی لێكەوتۆتەوە.

لە سیرالیۆنیش لە ساڵی 2010 سەرۆكی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە كرد كە قوربانی ململانێ چەكدارییەكان بوون , لە كەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی كەمبۆدی بڵاو كرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێكرا, لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ەش ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورك بە شێوەی زارەكی داوای لێبوردنی كرد, داوای لێبوردنەكان پێویستە بە نوسراوبن و بڕیاری فەرمییان بۆ دەرچێت و هەڵوێستەكان دوربن لە بەرژەوەندی سیاسی, ئەگەر مامەڵە وەك تاوان دەكات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەكانیش بنێت و كۆتایی بە نكۆڵی كردن بهێنێت, كۆتایی بەو شەڕە سەختەی لەبەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی كۆمەڵكوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەرو ملكەچی حەقیقەتە مێژوییەكان بێت, تۆنی بلێر سەرەك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی كۆیلەداری و ماندێلاش داوای لێبوردنی لە قوربانیانی كردارە سەربازییەكان كرد.

لە ساڵی 1998 دا بیل كلنتۆن لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی كرد لە رواندییەكان, بەهۆی هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكاەوە لەو گەل كوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا, شینزۆ ئەبی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن, رەتی كردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبوردن لە كۆریەكان بكات, وەلێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە 15ی ئۆگستسی 1995 بە بۆنەی 50 ساڵەی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە هەموو ئەوانە كرد چ وڵاتەكەیانی داگیر كردووە وە یان وڵاتەكەی لە میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون, لە فبرایری 2008دا سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا داوای لێبوردنی كرد لە هەمبەر تاوانێك كرد كە بەرامبەر هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی 17000 لە منداڵەكانیان, لێ سەرۆك وەزیرانی نەمسا سیباستیان كۆرتز داوای لێبوردنی كرد سەبارەت بە پێشوازیكردنی وڵاتەكەی لە سوپای هیتلەر.
حكومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای 3 ساڵی دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست و دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەكە, ئەمەشیان بە داكۆكی لە كەرامەتی نیشتمانی دانا, بۆخۆی ئەمەش داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت, ئەمەو نموونەی زۆری دیكە .

ئەو قەرەبوە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشكرا كردنی ڕاستیەكان و داوای لێبوردنكردن لە لایەن دەوڵەتی بكەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەك خوێن بایی و هەوڵی كڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەكرێت لە بڕی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی , كورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە, بەڵكە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بكەری تاوان بە فەرمی لە رێگای سەرۆكەكەیەوە بە بڕیاری رەسمی داوای لێبوردنی لێ بكات, بەڕێز بەرهەم ساڵەحیش كە هەنووكە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە ئەركە لەسەری بەمكارە هەڵبستیت و وەك ئەو سەرۆكانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەك بە یەكی قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی بنێریت, ئەمە وەك تاك وەك نەتەوەش داوای لێبوردن لە كورد و توركمان و ئاشور و كلدان و شیعە و كریستان و ئێزیدی و سائیبە ….
بكرێت, هیوادارم بەم ئەركە هەڵبستێت و هەڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی و مەعسوم دوبارە نەكاتەوە.چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورە لە كوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆكەوە نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەدا, ئەوە گەورەترین پەیام و بەرزترین دڵنەوایی و چاكترین هەنگاوی پاككردنەوەی رابردووە, ئەگەر بەو ئەركە هەڵنەستن بە ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆتان هەڵنەستاون .




نادیا موراد – ئانا فرانک! … برایم فەڕشی

ئەلیزابێت شافێر براون Elizabeth Schaeffer Brown خەڵکی ئامریکا، پێشتر بەرهەمی یەخچالی دەفرۆشت و دواترفرۆشیاری تەلەفوونی دەستی کامێراداری سۆنی ئەریکسۆن بوو. نادیا موراد خەڵکی گوندێکی باشووری کوردستان زیندانی گرووپی ئیسلامی داعش بوو، کە لە مەرگ ڕزگاری هات و ئێستا بۆتە دەنگی تڕاژێدی ئیزەدییەکان. براون کە پیشەی بواری تەبلیغاتە، لە سیمای نادیا موراد، ئانا فرانک دەبینێ، ئەو کەنیشکەی کتێبی بیرەوەرییەکانی ڕۆژانەی، بوو بە بەڵگەی ڕووداوی هۆلۆکاست لە سەدی بیست.

نادیا بە پێی پرۆژەیەکی هۆمانیستی لە کوردستانەوە لە گەڵ کۆمەلێک خەڵکی شەنگاڵ و دێهاتەکان بۆ ئاڵمان گوێزرایەوە، تا گەێندرایە نەتەوە یەکگرتووەکان و بوو بە سەفیری ئەم دەزگایە و بەرنامەی دیداری لە زۆر شوێنی جیهان لە گەڵ بەرپرسانی حکوومەتی و سیاسی و دام و دەزگای ئایینی، ژنان بۆ پێکهێندرا و لە سەفەرێکی پێنج ڕۆژە بۆ ئیسرائیل داوای لە پاڕلەمانی ئەو وڵاتە کرد کە کارەساتی ئیزەدییەکان وەک ژینۆ ساید بناسرێ.

ساڵی ٢٠١٧ ناوی بۆ خەڵاتی نۆبێل تۆمار کرا، خانمی حقووقناس ئامال کلۆنی Amal Clooney بریتانیایی بە ڕەچەڵەک لوبنانی تێدەکۆشێ بۆ ئەوەی کارەساتی کووشتاری ئیزەدییەکان بەرێتە دادگای ناونەتەویی جنایەتەکانی شەڕ. کلۆنی داستانی ژیان و بەسەرهاتی نادیا موراد وەک تراژێدییەکی کەم وێنە دەبینێ!
مێنێجێر، ڕاوێژکار و دام و دەزگاکانی پاڵپشتی نادیا، دەبێژن داستانێکی تراژیکی لەو چەشنە پێویستی بە مێدیا، پرۆپاگەندە و رێکخستن هەیە بۆ ئەوەی بە جیهانی بکرێ، هەر بۆ ئەو مەبەستە کتێبی ” من دەنگی ئێوەم” بڵاوکرایەوە و بازاری چاکی پەیدا کرد. دێر شپیگل پار لە ژمارەی ٤٤ ی دا نووسی کە نادیا موراد وەک “سوپر ستار” لە وڵاتان پیشوازی لێ دەکرێ و داستانی ئەو کراوەتە بەرهەمێکی باش، هەر وەک دەگوترێ هەر بەرهەمێکی باش پێویستی بە ڕێکلام و دەنگدانەوەی باش هەیە. نادیا کراوەتە “ئیکۆن” نیشانەی بەرچاو بۆ خستنە ڕووی بارودۆخی ژیان و چۆنیەتی ڕۆژگاری ژنان بە تایبەت لە وڵاتانی پڕ لە شەڕ و ناکۆکی و دوور لە ڕەچاوکردنی مافی ئینسان، بە تایبەت ژنان! نادیا لە پارلەمانی ئیسرائیل بەسەرهاتی جوو و ئیزەدییەکان وەک یەک دەخاتە بەر چاو و دەبێژێ ئێمەی ئیزەدی دوای ٧٤ کارەسات هەر زیندووین وەک مووساییەکان.

نادیا دەچێتە هەر شوێنێک باسی “کۆچوو” گوندەکەیان دەکات، باسی ژیانی خۆیان، کە مریشک و مەڕیان هەبوو، کشت وکاڵیان دەکرد و دایکی بە دەستی خۆی نانی دەکرد. من نووسەری ئەم دیڕانە لە چەند ساڵی ڕابووردوو لە گەڵ کۆمەڵێک کچانی ئیزەدی هاوتەمەن و گچکەتر لە نادیا ئاشنا بووم، ئینسانگەلێکی سادە و ساکار، پڕ لە هەست و خۆشەویستی. لە ناویاندا خزم و هاوگوندی نادیا هەن کە ئەو جار بەجار سەریان لێدەدا. ڕابووردوی زۆربەیان تاڵ و ناخۆش بووە و لێرە لە کار و خوێندن و فێربوون چالاکن، هەرچەند زۆربەیان لە گوندەکانیان دەرفەتی خوێندنیان کەم بووە. لێرە بە حەزی گەڕانەوە خۆیان پێدەگەیینن.

ئەو ڕۆژەی کە تازە هەواڵی بەخشینی خەڵاتی نوبێل بڵاو کراوە، بە یەک لەو کەنیشکانەم گووت کە خزمەکەتان خەڵاتی وەرگرتووە، تێنەگەیشت، دوایە لە گەل خانمی دەرسوێژی ئینگلیسی و ئاڵمانییەکەی گووتمان ئەو خەڵاتە چییە، چاوەکانی گەش بووە و گوتی دەچمەوە بە دایکم دەلێم، لە پڕ بە دەنگی بەرز گوتی منیش دەمەوێ خەڵاتێکی وا وەرگرم. ئەو نۆزدە ساڵانە و لە گوندەکەی خۆیان هەتا کەلاسی پێنجی خوێندووە، چوار ساڵە لە ئاڵمان دەژی و ئێستا لە کەلاسی دە دەرس دەخوینێ.

نادیا کچێکی سادە و ساکارە و ژیانی کەوتۆتە ناو بازنەیەکی جیاواز و بەردەوام لەم وڵات بۆ ئەو وڵات دەچێ و هەرچی وەزەی هەیەتی لەو رێگایەوە بە کاری هێناوە. نادیا ناوی حاجی سەلمان و داعشەکانی تری لە بیر ماوە و دەیگێڕێتەوە کە چیان بە سەر هێناوە. زۆرێک لەو کەسانەی کە وەک نادیا بوون لە بەر شەرم و حەیا خۆیان کووشتووە، ئەو بەردەوام بەسەرهاتە تاڵ و دڵتەزێنەکانی خۆی و بنەماڵە و ئیزەدییەکان دەگێڕێتەوە. ئەو چوارچێوە و داب و دەستوورە داخراوەکانی ئیزەدییەکانی تێپەڕاندووە و باس لەو بڤانە دەکات، کە کەمتر ژن و کەنیشکی کورد باسیان دەکەن. بە هەزاران و سەد هەزاران کچ و ژنی کورد هەیە کە ژیانی ڕۆژانەی تەنانەت ناو خێزانەکانیان پڕ لە کارەساتە و بێدەنگن لە ئازارەکانی خۆیان. نادیای کەم خوێندەواری گوندێکی ساکار لە سەر سەکۆکانی ئەم جیهانە، لە ناو بازنەی سەرانی جیهان دەنگ هەڵدەبرێ، کارێک کە بە هەموو حزب و دەستە و گرووپ و بە سەرجەم نوخبەی کورد نەکراوە و ناکرێ.

هەمووی ئەو کارانە نادیا نەیکردووە و ئەو دام و دەزگایانە دەیکەن کە لە پشت نادیا وێستاون و پسپۆڕی بە جەهانی کردن و گەرم ڕاگرتنی داستانی نادیان. سناریۆنووس و بەرنامەڕێژ و کارگیڕانی دەزگاکانی پشت نادیا لە ئاستی هەرە بەرزدا کارەکان ڕادەپەڕێنن.
لە پارلەمانی ئیسرائیل کاتێ نادیا بەرەو ئەوە دەچێ ورد ودرشتی بەسەرهاتی زیندانی بوونی خۆی بگێڕێتەوە، ڕاوێژکارەکانی داوای لێدەکەن هەموو شت باس نەکات و هەرکەس ویستی با بچێت کتێبەکە بخوێنێتەوە، واتە کتێبەکە بکڕێ.

ژێنۆسایدی ئیزەدییەکان پێنج هەزار کووژراو، حەوت هەزار ژنی ڕفێندراو و سێ هەزار بێ سەرو شوێنی لێکەوتەوە، تا ئێستا نەبیستراوە و نە دیتراوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرانی حکوومەت و حزبەکانی لێرە و لەوێ کارێکیان کردبێ و وەشوێن مەسەلەکە کەوتبێتن. حکوومەتی ناوەندی عێراق کارەساتی ئیزەدییەکانی بە هی خۆی نەزانیوە و ئاوڕی لێ نەداوەتەوە.

خانمی شافێر براون کەسێکی سەرکەوتوو بوو لە بواری تەبلیغات، ئەو لە نیۆیۆرک لە بازنەی ئەو ژنانەدا بوو کە دەیانویست بارودۆخی ژیانی ژنانی جیهان باشتر بکەن. دواتر دوچاری قەیرانی مانایی و فکریی هات و بەرەو ئەو پیشەیە ڕۆیشت کە لە سەرەوە باس کرا. دواتر ڕێکخراوێکی جیهانی مولتی مێدیالی پێکهێنا بۆ فێرکردن و بارهێنانی ژنان لە ئەفغانستان، لە هایتی و دواتر لە پرۆژەی تر بەشداری کرد، هەتا گەیشتۆتە پرۆژەی نادیا موراد. داستانی نادیا بۆ خانمی براون تراژێدییەکی تایبەتە کە کۆتایی پێنەهاتووە و بەردەوامە. بێگوومان ئەم سناریۆیەیە دەگاتە سەر پەردەی سینەما و مولتی مێدیای سەردەم و بازاڕێکی مەزن لە خۆی دەگرێ، کە ئەوە تەنیا لایەن نییە و لایەنی سیاسی، حقووقی، ئەدەبی، ئینسانی، هونەریی، کۆمەڵایەتی، ژنان و…لە خۆ دەگرێ.

داستانی نادیا موراد، داستانی ئانا فرانک بۆ ئەلیزابێت شافێر بڕاون زیندوو دەکاتەوە، ئەو لە تەمەنی پازدە ساڵان کتێبەکەی ئانا فرانکی خوێندۆتەوە، کە بۆتە هۆی گۆڕینی تێڕوانینی ئەو نیسبەت بە جیهان. نادیا بۆ براون زیندووبوونەی ئانا فرانکە، ئەو پێیوایە نادیا هەمان هێز و وزەی ئانا فرانک دەنوێنێ. ئیلیزابێت دەڵێ گەر سیاسەتمەدارانی جیهان بە پێی پێویست لە گەڵ ئەم مەسەلەیە مامەلەش نەکەن، کارێکی گەورەی کە دەکرێ ئەوەیە کە نەسل و نەوەیەکی نوێ لە ڕێگای داستانی نادیا مورادەوە پەروەردە دەکرێن. لەم رێگایەوە ئەو شانسە بە کچان دەبەخشرێ، کە نەوەیەکی نوێ لە ژنان پەروەردە بکرێ. ئێلیزابێت بۆ هەر شوێنێک لە گەڵ نادیایە، تەنانەت بۆ ئاودەستخانە، ئەو خواردنی بۆ دەهێنێ، سەیری تەلەفوونەکە و وێنەکانی دەکات و هێدی هێدی فێری ئینگلیسی کردووە.

لە ئیسرائیل لە نادیا دەپرسن ئەو هەموو هێز و وزەیە لە کوێڕا دەهێنێ؟ کچە گوندییەکەی کوردستان دەبیژێ” ڕووحی لە دەستچووم هانم دەدا”. ئانا فرانک پاش مەرگی ناوبانگی دەرکرد، نادیا موراد ناوی ئانا فرانکەکان و بە ملیۆن ملۆین ژنانی “ڕووح ڕفێندراو”ی زیندوو کردۆتەوە.
ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە کە کچە ئیزەدییەکەی خۆم، کەی خەڵات وەردەگرێ. لای من هیچ خەڵاتێکی جیهان بایخی نییە، لای من نادیا موراد، ئانا فرانک، ئێلیزابێت شافیڕ بڕاون، ئاماڵ کلۆنی و هەزارانی وەک ئەوان نڕخیان هەیە، کە سەدەیەکی جیاواز لە سەدەکانی پێشوو بونیاد دەنێنن. ئەوان سەر دەکەون!

برایم فەڕشی




جوانترین سێرڤس!…. جەلال قادر

لەسەر خۆ تاکسی یەکەم لێدەخووڕی… لەبەردەم پارکێک ژن و مێردێکی پیروپەککەوتەم بینی ، لەسەر کورسییەک دانیشتبوون و بە شادییەوە سەیری کۆمەڵی منداڵیان دەکرد کە لەناو پارکەکە جۆلانێ یان دەکرد!.
لەدلێ خۆم وتم: لە کۆتاییدا دەبێت ژیان بە سادەیی وەرگرین…بۆچی دڵی یەکتر بشکێنین.
لەم خەیاڵەدا بووم. ژن و مێردێکیتر کە تەمەنیان نزیک پەنجا ساڵێک دەبوو. دەستیان بۆ بەرزکردمەوە.
کاتێ ماشێنەکەم وەستان…پیاوەکە بەتەنیشتمەوە دانیشت. ژنەکەش لە دواوە دانیشت.
پێم بە بەنزین ناو وتم : بۆ کوێ؟
پیاوەکە وتی : شەقامی پێنج لە گلیب!.
ژنەکە وتی : وا باشترە من دابەزم.
پیاوەکە ئاوڕێکی دواوەی دا و وتی : چیبوە دیسان؟
_ چیبووە…تۆ لەمن دەپرسیت…بۆ لە پێشەوە دانشتووی؟ بۆ نەهاتی بە تەنیشتمەوە دانیشی.
+ بمبوورە…حەزدەکەیەت تاکسییەکە ڕادەگرم و دێمە دواوە.
_ نەخێر نامەوێت بێیتە تەنیشتم دانیشت…دەبوایە یەکەمینجار ئەو کارەت بکردایە…نازانم بۆ پیاوان درەنگ بیردەکەنەوە.
لەسەر جادەی یەکەم کە تێپەڕین کچێکی شۆخ و جوانمان بینی لەگەل سەگەکەی ڕێی دەکرد.
لەناکاو ژنەکە دەستی خستە سەرشانی مێردەکەی و وتی : ئەوە چاوت ژانی نەکرد…ژنت نەبینیوە؟
+ من سەیری سەگەکەم کرد..
_ بەلێ …بەڵێ…..چەند جوانش قایش و کەمەرت بەستووە…ئەی بۆ بە منت نەوت قایش ببەستم.
+ خۆ تۆ منداڵ نیت تا پێت بلێم خۆت ببەستیتەوە.
_ تۆ هەمیشە بیر لەخۆت دەکەیتەوە…لەنان خواردن وگەڕان و سەیران..
+ ئێستا تۆ چیت لەمن دەوێت؟
_ من چیم لەتۆ دەوێت؟ تۆ خۆت چیت لەمن دەوێت…هەرکات دەلێم ئەوە مەکە دەیکەی…
لەم کاتە هەستمکرد شەڕو دەمەقالێ کەیان بێ مانایە و خەریکە گەرمتر دەبێت. بۆ هێور کردنەوەیان، وتم : ژیان ئەوە ناهێنیت دڵ یەکتر بشکێنن…
موسافرەکەی تەنیشتم بە تووڕەییەوە ڕووی دەمی لەمن کرد و وتی : تۆ بۆت نییە قسە بکەیت!.
پێکەنیم و وتم : بە خوا ئەمەش لەوەیتر کەرترە…
کە گەیشتمە بەردەم ماڵیان کرێیەکەیان داو خێرا دابەزین و لە ئاوێنەی ماشێنەکەوە بینیم ژنەکە چەند هەنگاوێک لەپێش پیاوەکەوە ڕێی دەکرد و بۆڵە بۆلی بوو.
ئەم دوو مەسافرەم بێزاریان کردم..لە داخە بەرەو جادەی (کۆلینەید ) بەدەم کەناڵەکەوە ڕۆیشتم… تا سەیری دیمەنی جوانی پارک و جۆگەلە وڕووبار بکەم.
لەپشتی زانکۆی ( کارڵتۆن) کچ و کوڕێکی لاوی جوان دەست لەناودەست …هێمایان بۆ کردم..چراخی چوارییەکەم داگیرساند و ڕاوەستام. هەردووکیان لەپشتەوە دانیشتن.
لەناو پارچە کاغەزێک ناونیشانی موتێڵێکی لەسەر بوو دایانە دەستم.
لەپاشان کەوتنە ماچکردنی یەکتر و گاڵتە وگەپ و پێکەنین.
ئینجا کچەکە خۆی هەڵدایە باوەشی کوڕەکە، کوڕەکەش دەستی بە قژیا دەهێناو ناو ناوە ماچی دەکرد.
خۆشحاڵ بوو بەم دوو موسافرە جوانەم، بەلام لەخۆشم دەپرسی : ئەگەر لەوە زیاتر لەیەکتر بئاڵێن بەپێی یاسا بۆم هەیە ڕێگەیەن لێبگرم.
لەم خەیاڵە بووم…گوێم لە هەناسەکانیان بوو…ئاوڕمدایەوە بینیم گەنجەکە بەسەر کچەکەوەیە.
لەترسی ئەوەی مۆڵەتی شوفێرییەکەم لەدەست نەدەم…جوانترین سێرڤسی پێشکەش کەم..پێم بە بەنزین ناو…تا گەیشتمە بەردەم موتێڵەکە ئاوڕی دوای خۆم نەدایەوە!.




سۆرانی هه‌ر له‌ گه‌شه‌سه‌ندندایه‌ له‌ سۆربۆن … هه‌ڵكه‌وت حه‌كیم

له‌ ڕۆژی 26ی ئابی ئه‌مساڵ وتارێك له‌ سایدی ئاوێنه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر لێدان و ڕووخاندنی سۆرانی له‌ زانكۆی ئینالكۆ له‌ پاریس http://www.awene.com/2018/08/26/99427/. هه‌روا له‌ سایدی ده‌نگه‌كان له‌ 23ی هه‌مان مانگ ئه‌و وتاره‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ https://dengekan.info/archives/8062 . به‌ پێی نووسه‌ر خه‌تاباری ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی به‌شی كوردی و مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بی سۆرانیه‌ كه‌ منم. خاوه‌ن وتار ناوی ”مامه‌د شامه‌زدی“یه‌ و دكتۆره‌ له‌ بواری میدیا و ڕٍاگه‌یاندن له‌ زانكۆی ئێكس ئه‌ن پرۆڤانسی فه‌ره‌نسا. یه‌كسه‌ر په‌یوه‌ندیم به‌ به‌شی دكتۆرای ئه‌و زانكۆیه‌وه‌ كرد. وه‌ڵامیان ڕه‌سمیان ئه‌مه‌یه‌ : كه‌س لای ئه‌وان به‌و ناوه‌ و له‌و بواره‌ دكتۆرای نه‌كردووه‌…

كه‌وابوو نهێنیی ئه‌و ناوه‌ چیه‌؟ نووسه‌ری شاراوه‌ی ئه‌و وتاره‌ كێیه‌؟

له‌و وتاره‌دا حه‌وت جار ناوی شوان جه‌عفه‌ر هاتووه‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌ ڕواڵه‌ت دوو گله‌یی لێ كراوه‌، به‌ڵام هه‌مووی كڕووزانه‌وه‌ و گریانه‌ بۆ ئه‌و ”مه‌رده‌ ده‌نگ كپكراوه‌“ كه‌ موحازیره‌، واته‌ ”وانه‌بێژی كاتی“یه‌ له‌ ئینالكۆ، له‌ به‌شی كوردی كه‌ من به‌رێِوه‌به‌ری بووم هه‌تا خانه‌نشینیم پێش چه‌ند مانگێك.
”مامه‌د یان مه‌مه‌د“ كورتكراوه‌ی ”محه‌مه‌د“ه‌ به‌ ئازه‌ری و به‌ توركی. ناوی شوان ئێستاش هه‌ر محه‌مه‌ده‌. جه‌عفه‌ری باوكی ئازه‌رییه‌ و له‌ مناڵی هه‌ر به‌ ”مه‌مه‌د“ بانگی كردووه‌. ”شامه‌زدی“ ناوی خێزانی باوكییه‌تی. له‌سه‌ر ڕووپه‌لی چرا جه‌عفه‌ری خوشكی ئه‌و ناوه‌ ئازه‌ریه‌ نووسراوه‌ و نه‌شاردراوه‌ته‌وه‌… كه‌ ته‌ماشای ڕووپه‌لی مامه‌د شامه‌زدی ده‌كه‌ی، وێنه‌ی مه‌یموونێك ده‌بینی له‌ جیاتی وێنه‌ی خۆی. به‌ڵام له‌ژێر ئه‌و وێنه‌یه‌ سێیه‌م لینك هی به‌شی ڕۆژنامه‌نووسیه‌ له‌ زانكۆی ئێكس. كه‌ ده‌یكه‌یته‌وه‌ وێنه‌یه‌كی كاك شوانت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ له‌گه‌ڵ دوو وشه‌ی سپاس بۆ مامۆستایانی ده‌وره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی.

جگه‌ له‌و خاڵانه‌، شپرزه‌یی و هه‌ست و مێشك و وشه‌ و هه‌ڵه‌ی ڕێنووسی ئه‌و وتاره‌ هی شوان جه‌عفه‌رن كه‌ سی و دوو ساڵه‌ ده‌یناسم و هه‌ژده‌ ساڵه‌ له‌ به‌شێكه‌ من به‌ڕێوه‌به‌ریم. به‌كارهێنانی هه‌ندێ شێوه‌ی ده‌ربڕینی كوردستانی ئێران ته‌نیا بۆ خۆشاردنه‌وه‌یه‌ و هێچی تر. نووسه‌ری ئه‌و وتاره‌ شوان جه‌عفه‌ره‌.
بۆچی شوان جه‌عفه‌ر، پاش سی و دوو ساڵ، وا كوتوپڕ به‌ ”خوێنم تینووه‌“ وه‌ك خۆی نووسیویه‌؟ ئه‌ی چۆن پاش ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ ته‌نیا ئێستا بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌ڵكه‌وت حه‌كیم ”گه‌نده‌ڵه‌، پاره‌ په‌رسته‌، هێرۆ خان و یه‌كێتی له‌ ساڵی 2009 پاره‌یان بۆ ڕشتووه‌، حه‌ز له‌ خه‌ڵكی سلێمانی و سنه‌ ناكا، زمانی كوردی نازانێ، فه‌رهه‌نگه‌كانی پڕن له‌ هه‌ڵه‌، له‌ سه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیه‌ و له‌ ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی، پیاوی توركیایه‌، هاوڕێی عه‌دنان موفتی و جه‌بار فه‌رمان و عادل مراد و فوئاد حسێنه‌، نایه‌وێ سه‌رپه‌رشتی دكتۆرای كورده‌كان بكا، هاوڕێی عه‌ره‌به‌، هتد…“؟ ئه‌بێ چی ڕوویدابێ له‌م مانگانه‌ی دوایی بۆ ئه‌وه‌ی شوان جه‌عفه‌ر ئه‌و هه‌موو نهێنیه‌ كۆنانه‌ تازه‌به‌تازه‌ بدۆزێته‌وه‌؟

وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ وتاره‌كه‌ خۆیدایه‌. شوان جه‌عفه‌ر له‌سه‌ر شوان جه‌عفه‌ر ده‌ڵێ : ”لێره‌دا بیرمان بۆ (شوان جافر)یش ده‌چێت، چونكه‌ له‌ ساڵی 2000ه‌وه‌ له‌ ئینالكۆ وانه‌ی كوردیی سۆرانی ده‌ڵێته‌وه‌ و هه‌میشه‌ ماستاوی بۆ حه‌كیم ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا به‌ خوێنی تینووه‌، چونكه‌ هه‌ڵكه‌وت هێچ یارمه‌تی نه‌دا و نه‌یهێشت جێگه‌كه‌ی بگرێته‌وه‌. هه‌موو كورده‌كانی پاریس به‌ شه‌رعیان ده‌زانی كه‌ شوان جافر ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام حه‌كیم كه‌سێكی دانا كه‌ مووچه‌خۆری پارتیه‌ (ئامر ئه‌حمه‌د) كه‌ ئه‌م كاندیده‌ش له‌ ژیانیدا زمانی كوردی نه‌خوێندووه‌، وه‌ سه‌رباری هه‌موو بادینانیه‌…“

به‌ش به‌حاڵی خۆم نازانم ئایا هه‌موو كورده‌كانی پاریس به‌ شه‌رعی ده‌زانن كه‌ شوان جه‌عفه‌ر شوێنی من بگرێته‌وه‌ یان نه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاگادارم ئه‌و لێژنه‌ فه‌ره‌نسیه‌ی دانرابوو بۆ هه‌ڵبژاردنی پرۆفیسۆری یاریده‌ری زمانی سۆرانی و شارستانێتیی كورد، به‌ پێی یاسای فه‌ره‌نسی، كه‌ من ئه‌ندامی نه‌بووم، شوان جه‌عفه‌ری به‌ شایسته‌ی ئه‌و پۆسته‌ نه‌زانی نه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، نه‌ دووه‌م و نه‌ سێیه‌م. ”سه‌رباری هه‌مووی“ یه‌كه‌م و سێیه‌م كوردی كرمانج بوون و دووه‌میش هۆڵه‌ندی. به‌ڵێ، ئه‌و دۆڕانه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی شوان جه‌عفه‌ر به‌ خوێنی من تینوو بێ. ناتوانێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و واقیعه‌ ناهه‌موار و دڕنده‌یه‌ بێته‌وه‌ كه‌ هه‌ژده‌ ساڵی هه‌بوو خۆی ئاماده‌ بكا له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ بۆ پۆستێكی سۆرانی، كه‌ زمانی دایكییه‌، كه‌چی دوو كرمانج و هۆڵه‌ندیه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ، هه‌روا كوردێكی ئێرانیش لێیان برده‌وه‌…

كاركردن له‌ زانكۆی فه‌ره‌نسا

له‌ فه‌ره‌نسا كه‌ پرۆفیسۆرێك كاتی خانه‌نشینیی هات، داوای لێ ده‌كه‌ن پاش خۆی پۆسته‌كه‌ی ده‌بێ چۆن بێ. ئه‌ویش پێشنیاری خۆی ده‌كا و تێبینی و ڕا و ڕه‌زامه‌ندی هاوكارانی وه‌رده‌گرێ و ئه‌نجام ده‌نێرێ بۆ لێژنه‌ی زانستی. لێژنه‌ی زانستی ڕای خۆی ده‌رده‌بڕێ و هه‌ندێ جاریش ده‌ستكاری ده‌قه‌كه‌ ده‌كا به‌ پێی سیاسه‌تی گشتیی زانكۆ. پاشان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زانكۆ ده‌نگی بۆ ده‌دا و ده‌ینێرێ بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕه‌سمیدا. ئیتر زانكۆ لێژنه‌یه‌ك له‌ شه‌ش تا ده‌ ئه‌ندام پێك دێنێ، نیوه‌ی پیاو و نیوه‌ی ژن، نیوه‌ی مامۆستای زانكۆكه‌ خۆی و نیوه‌كه‌ی تر له‌ زانكۆكانی تری فه‌ره‌نسا. مه‌به‌ستی ئه‌م جۆره‌ پێكهێنانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ پپَی توانا یه‌كێ له‌ كاندیده‌كان هه‌ڵبژێرن. ئه‌و پرۆفیسۆره‌ی كه‌ خانه‌نشین ده‌بێ بۆی نیه‌ له‌و لێژنه‌یه‌ بێ.

كه‌ پۆست له‌ ڕۆژنامه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ هه‌موو كه‌سێ له‌ هه‌ر شوێنێك بێ ده‌توانێ له‌ ماوه‌ی مانگێكدا دۆسیه‌كه‌ی خۆی بنێرێ بۆ ئه‌و زانكۆیه‌. كه‌ پۆستێكی ئه‌ده‌بی فارسی ده‌رچوو و من سه‌رۆكی لێژنه‌ بووم، یه‌كێ له‌ كاندیده‌كان له‌ تارانه‌وه‌ هاتبوو، پۆسته‌كه‌ی وه‌نه‌گرت و گه‌ڕایه‌وه‌. مه‌رجه‌كانیش ئه‌مانه‌ن: دكتۆرا، زانینی زمانی فه‌ره‌نسی، لێكۆڵینه‌وه‌ و بڵاوكراوه‌ له‌سه‌ر بواری پۆسته‌كه‌ یان بوارێكی نزیك. كاندید ده‌بێ سێڤێكه‌ی خۆی و چاپكراوه‌كانی بنێرێ بۆ زانكۆ و له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كه‌دا كه‌ تیایدا چالاكی و توانای خۆی و پڕۆژه‌كه‌ی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ڕوون بكاته‌وه‌. پاشان ئیداره‌ هه‌موو دۆسیه‌كان ده‌نێرێ بۆ سه‌رۆكی لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی مامۆستای نوێ. ئه‌ویش بۆ هه‌ر كاندیدێك دوو ئه‌ندامی لێژنه‌ هه‌ڵده‌بژێرێ. ئه‌وانیش به‌وردی دۆسیه‌ و نووسینه‌كان ده‌خوێننه‌وه‌ و ڕاپۆرتێك ده‌نووسن. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا ڕاپۆرته‌كان ده‌خوێنرێنه‌وه‌ و پاش وتووێژ ئه‌ندامان ده‌نگ ده‌ده‌ن كێ بانگ بكرێ، كێ بانگ نه‌كرێ و دۆسیه‌كه‌ی داخرێ…

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌مدا كاندیده‌كان یه‌ك له‌ دوای یه‌ك بانگ ده‌كرێن و سه‌رۆكی لێژنه‌ داوا له‌ هه‌ریه‌كه‌ ده‌كا كه‌ له‌ ماوه‌ی پانزه‌ ده‌ققه‌دا باسی خوێندن و چالاكیه‌ زانستییه‌كانی خۆی بكا و پڕۆژه‌كه‌ی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ڕوون بكاته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند پرسیارێكی لێ ده‌كرێ. له‌ كۆتاییدا ده‌بێ به‌ گفتوگۆ له‌ نێوان ئه‌ندامانی لێژنه‌ و ده‌نگ ده‌ده‌ن بۆ كاندیدی یه‌كه‌م كه‌ پۆسته‌كه‌ وه‌رده‌گرێ و هه‌روا ده‌نگ ده‌ده‌ن بۆ دووه‌م و سێیه‌م.

سۆرانی هه‌ر له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ له‌ سۆربۆن

ئینالكۆ یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین زانكۆكانی فه‌ره‌نسا و له‌ ساڵی 1795 دامه‌زراوه‌. 94 زمانی ڕۆژهه‌ڵاتی تیا ده‌وترێته‌وه‌. فارسیزان و كوردناس و سه‌فیری فه‌ره‌نسا ڕۆجێ لێسكۆ (19141975-) له‌ ساڵی 1945 چه‌ند سه‌عاتێكی بۆ وتنه‌وه‌ی كرمانجی وه‌رگرت. له‌ ساڵی 1947، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ناردی بۆ یه‌مه‌ن. ئیتر كامه‌ران به‌درخان (1978-1895) له‌و شوێنه‌ جێگیر بوو، حه‌فته‌ی چه‌ند سه‌عاتێك زمان و ئه‌ده‌بی كرمانجی ده‌وته‌وه‌. چه‌ند ساڵێك پێش خانه‌نشینی (1970) بوو به‌ یاریده‌ر. پاش ئه‌و جۆیس بلۆ ئه‌و شوێنه‌ی گرت و له‌ ساڵی 1990 بوو به‌ پرۆفیسۆر و له‌ ساڵی 2000 خانه‌نشین بوو. پاش ئه‌و بۆ كرمانجی مایكل چایه‌ت و كریستین ئه‌لیسۆن هاتن. له‌ ساڵی 2009وه‌ ئیبراهیم ئه‌یدۆگان به‌شی كرمانجی ده‌با به‌ڕێوه‌. بۆ وتنه‌وه‌ی ده‌رسی نووسین و خوێندن چه‌ند كه‌سێك ئه‌و كاره‌یان كردووه‌.

له‌ 1964ه‌وه‌ تا 1967 زۆزه‌ك ڕه‌واندووزی بۆ یه‌كه‌م جار ده‌ستی كرد به‌ سۆرانی وتنه‌وه‌. پاش ئه‌و عه‌باس شه‌ریف هه‌مان ئیشی كرد هه‌تا ساڵی 1973. پاشان ئه‌كره‌م نه‌جم شوێنی گرته‌وه‌ هه‌تا ساڵی 1976. له‌ دوای ئه‌ویش عه‌بدولره‌حمان قاسملۆ بوو به‌ یاریده‌ر بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ. كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوردستان پاش شۆڕشی ئێران ڕه‌سووڵ قادری شوێنی گرته‌وه‌ بۆ سێ مانگ و هه‌ر له‌ ساڵی 1979وه‌ من بووم به‌ یاریده‌ر.
له‌ ساڵی 1983 دكتۆرام ته‌واو كرد و ده‌ستم كرد به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسینه‌كانم. له‌ ساڵی 1984ه‌وه‌ جۆیس بلۆ، لێپرسیاری به‌شه‌كه‌، ویستی ده‌رسی سۆرانی كه‌م بكاته‌وه‌. من قبووڵم نه‌كرد و به‌رامبه‌ری وه‌ستام. له‌ ساڵی 1986ه‌وه‌ ئه‌نستیتووی كوردی پاریسیش دایه‌ پاڵ جۆیس بلۆ و بڕیاری ده‌ركردنی من له‌ زانكۆ ده‌رچوو بۆ ساڵی 1988. به‌ڵام به‌ هه‌وڵێكی به‌رده‌وام، به‌ شێوه‌ی قانوونی و پشتگیریی دوو زانای به‌رزی فه‌ره‌نسا، بڕیاری ده‌ركردنم هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، (له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ زیاتر ڕوون ده‌كه‌مه‌وه‌). له‌ ساڵی 1991 و 1992 بۆ دوو جار زانكۆ و وه‌زاره‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی فه‌ره‌نسا دوو پۆستیان دا به‌ سۆرانی. جۆیس بلۆ به‌ یارمه‌تی هاوڕێكانی توانییان ڕێگه‌ی لێ بگرن. به‌ڵام له‌ ساڵی 1993 سه‌رنه‌كه‌وت و پۆستی پرۆفیسۆری یاریده‌رم وه‌ده‌ست هێنا. یاش خانه‌شینی جۆیس بلۆ له‌ ساڵی 2000 من بووم به‌ سه‌رۆكی به‌شی كوردی و ساڵی 2010، پاش دووه‌م دكتۆرای، پله‌ی پرۆفیسۆرم وه‌رگرت.

له‌ ساڵی 2000 یه‌كه‌م بڕیارم ئه‌وه‌ بوو ده‌رسه‌كانی سۆرانی زیاد بكه‌مه‌وه‌ و بیانگه‌یێنمه‌ ئاستی كرمانحی. له‌و ڕۆژه‌وه‌ ڕێگام نه‌داوه‌ ئه‌و یه‌كسانیه‌ بگۆڕدرێ. داوام له‌ به‌ختیار ڕه‌ئووف كرد كه‌ وانه‌ی قسه‌كردن و نووسینی سۆرانی بڵێته‌وه‌. ئه‌وم هه‌ڵبژارد چونكه‌ له‌ قسه‌كردندا كوردیه‌كه‌ی ڕه‌وان بوو. یاش ساڵێ، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ خۆیه‌وه‌ هه‌بوو نه‌ك به‌ من، شوان جه‌عفه‌رم خسته‌ شوێنه‌كه‌ی. ئه‌و كات زۆر كه‌سم نه‌ده‌ناسی له‌ پاریس بتوانێ ئه‌و كاره‌ بكا. دواییش چه‌ند سه‌عاتێكم وه‌ده‌ست هێنا و سپاردم به‌ خاتو نسار حسێن كه‌ باشترین مامۆستا بووه‌ هه‌تا ئێستا. له‌ ساڵی 2007 ئیشێكی تری دۆزیه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی كاتی ده‌برد و خۆی ده‌ستی له‌ كاری زانكۆ هه‌ڵگرت و منیش وانه‌كانی ئه‌ویشم سپارد به‌ شوان جه‌عفه‌ر كه‌ هه‌تا نووسینی ئه‌م دێڕانه‌ ماوه‌ته‌وه‌.

كه‌ ئیمساڵ من نزیك بوومه‌وه‌ له‌ خانه‌نشینی داوام كرد پۆستێكی ”زمان و ئه‌ده‌بی كوردی سۆرانی“ بدرێ به‌ كوردی. لێژنه‌ی زانستیی زانكۆ گۆڕی به‌ ”زمانی سۆرانی و شارستانێتیی كورد“ و به‌و شێوه‌یه‌ بڵاوكرایه‌وه‌. لێژنه‌ی پۆستی كوردی بریتی بوو له‌ ده‌ پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریده‌ری زانكۆكانی فه‌ره‌نسا كه‌ پسپۆڕ بوون له‌م بابه‌تانه‌ : زمانی فارسی، زمانی عیبری، زمان و ئه‌ده‌بی كرمانجی، فارسی، په‌شتۆ، ڕووسی، ئه‌ده‌بی فارسی كۆن، مێژووی كورد، عوسمانی و توركیای هاوچه‌رخ.
پێنج كه‌س كاندید بوون: (میشێل لێزه‌مبوورگ) كه‌ پسپۆڕی فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌ و كوردناسه‌ و هۆڵه‌ندیه‌، هاشم ڕه‌حمانی كه‌ پسپۆڕی كۆمه‌ڵناسه‌ و كوردی ئێرانه‌، (ئامر ئه‌حمه‌د) كه‌ پسپۆڕی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی و فارسییه‌ و كوردی كرمانجه‌، شوان جه‌عفه‌ر كه‌ پسپۆڕی شانۆی كوردییه‌ و كوردی عێراقه‌، هه‌روا (ئیرگن ئۆپگن) كه‌ زمانناس و پسپۆڕی سۆرانیه‌ و كوردی توركیایه‌.

سه‌رۆكی لێژنه‌ بۆ هه‌ر كاندیدێك دوو ئه‌ندامی هه‌ڵبژارد كه‌ ڕاپۆرتی خۆیان بكه‌ن له‌سه‌ر دۆسیه‌ و نووسینه‌كانی. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا، پاش خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كان و گفتوگۆ كردن، بڕیار درا هه‌ر پێنج كاندید بانگ بكرێن بۆ لێدوان. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌مدا، هه‌موو كاندیده‌كان، یه‌ك له‌ دوای یه‌ك، چوونه‌ته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ و هه‌ریه‌كه‌ چاره‌كه‌ سه‌عاتێك قسه‌ی كردووه‌ و پرسیاری لێ كراوه‌ و ئه‌ویش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌. پاشان بووه‌ به‌ وتووێژ له‌ نێوان ئه‌ندامانی لێژنه‌ و ده‌نگدان. ئه‌نجام به‌م جۆره‌ بووه‌: یه‌كه‌م ئامر ئه‌حمه‌د، دووه‌م میشێل لێزه‌مبوورگ و سێیه‌م ئیرگن ئۆپگن. به‌م شێوه‌یه‌ ئامر ئه‌حمه‌د جێی منی گرته‌وه‌ و بوو به‌ مامۆستای سۆرانی به‌ پله‌ی پرۆفیسۆری یاریده‌ر. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی شوان جه‌عفه‌ر نووسیویه‌تی، ئامر ئه‌حمه‌د كوردی خوێندووه‌ و به‌كالۆریۆسی ئه‌ده‌ب و زمانی كوردی هه‌یه‌ له‌ زانكۆی دهۆك. سێڤێكه‌ی شوان ناتوانێ ناتوانێ دوو ده‌ققه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ئامر ئه‌حمه‌د خۆی ڕاگرێ. له‌مه‌ودوا شوان جه‌عفه‌ر ده‌بێ له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و كار بكا.

هه‌ڵاتن له‌ واقیع برینی دۆڕان ساڕێژ ناكا

من كاك شوان جه‌عفه‌ر له‌ ساڵی 1986ه‌وه‌ ده‌ناسم. ئه‌و كاته‌ داوای بورسی له‌ ئه‌نستیتووی كوردی پاریس كردبوو و به‌ پێی مه‌رجی وه‌رگرتن كه‌ من دامنابوون ئه‌و له‌ پێشه‌وه‌ یوو. به‌ڵام كه‌نداڵ نزان، سه‌رۆكی ئه‌نستیتووی كورد، یه‌كسه‌ر بورسه‌كه‌ی لێ بڕی، كه‌ بۆ ماوه‌ی پێنج شه‌ش ساڵ بوو، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی خزمه‌تی ئه‌نستیتوو ناكا. من كه‌ تاكه‌ كه‌س بووم له‌ ئه‌نستیتوو دژی ئه‌و بڕیاره‌ وه‌ستام و وتارێكم له‌سه‌ر نووسی و له‌ ئه‌نستیتوو كشامه‌وه‌. كه‌نداڵ ناچار بوو نیوچه‌ بورسێكی چه‌ند مانگی بۆ پینه‌ و په‌ڕۆ بكا. پاشان شوان ئاگاداری كردمه‌وه‌ كه‌ بورسه‌كه‌ی ئه‌و دراوه‌ به‌ خوارزایه‌كی كه‌نداڵ له‌ سویده‌وه‌ هاتبوو بۆ بزه‌نسۆن له‌ فه‌ره‌نسا.

له‌ مانگی دووی ئه‌مساڵ، پێش داواكردنی پۆستی سۆرانی، بۆ شوانم ڕوون كرده‌وه‌ كه‌ من له‌ لێژنه‌ نیم، هه‌قی ئه‌وه‌م نیه‌ خۆم بخه‌مه‌ ناو كاری ئه‌ندامانی لێژنه‌وه‌ و ناتوانم پشتی كه‌س بگرم و ئه‌وانه‌ی ده‌نگ ده‌ده‌ن شاره‌زان و به‌ ئاسانی كاندیدی به‌هێز و دۆسیه‌ به‌توانا له‌ كاندیدی لاواز و دۆسیه‌ی لاواز جیا ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌روا ئاگادارم كرد كه‌ كه‌سانی تریش ده‌یانه‌وێ شوێنی من بگرنه‌وه‌ و دۆسیه‌ زانستییه‌كانیان به‌هێزن. ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌گه‌ر منیش له‌و لێژنه‌یه‌ بوومایه‌ وه‌كوو ئه‌ندامه‌كانی تر ده‌نگم بۆ لاوازترین دۆسیه‌ نه‌ده‌دا. چونكه‌، وه‌ك ئه‌ندامێك پێی وتم، دۆسیه‌كه‌ی شوان جه‌عفه‌ر ئه‌وه‌نده‌ لاواز بووه‌ كه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ ته‌نانه‌ت بانگیش نه‌كرێ بۆ گفتوگۆ. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تووشی سه‌رشۆرییه‌كی گه‌وره‌ نه‌بێت (humiliation) بانگ كراوه‌.

ئه‌و فرسه‌ته‌ی بۆ شوان جه‌عفه‌ر ڕه‌خسابوو بۆ كاندیدی تر نه‌ڕه‌خسابوو. هه‌ژده‌ ساڵ بوو له‌ هه‌مان زانكۆ بوو، ده‌یتوانی له‌و ماوه‌یه‌دا خۆی به‌ باشی ئاماده‌ بكا له‌ ڕووی زانستی و نووسینه‌وه‌. سۆرانی زمانی دایكیه‌ و پێنج ئه‌ندامی لێژنه‌كه‌ی ده‌ناسی و قسه‌ی له‌گه‌ڵیان كردبوو. به‌ڵام هیچی به‌ هیچ نه‌كرد.
ڕاسته‌ وه‌ك خۆی نووسیویه‌تی، دۆڕانی ئه‌وتۆ ئیمڕۆ و سبه‌ی له‌بیر ناچێ. برینه‌كه‌شی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌ خه‌تاباركردنی ئه‌م و ئه‌و نه‌ جنێودان ساڕێژی ده‌كه‌ن. ته‌نیا یه‌ك شت یارمه‌تی ده‌دا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ قبووڵی ئه‌وه‌ بكا كه‌ خه‌تاباری ئه‌و دۆڕانه‌ ته‌نیا خۆبه‌تی، هه‌ر وه‌ك چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وپێش له‌ زانكۆ بزه‌نسۆن بۆ پۆستێكی شانۆی ڕۆژه‌ڵات دۆڕاندی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێكی ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ و ناچار بوو زانكۆ به‌جێ بێڵێ. لاشم وایه‌ خوێنه‌رانی كورد كه‌ له‌ دووره‌وه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بینن، هه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌ی كوردێكه‌ی شوان جه‌عفه‌ر و ڕێنووسی وتاره‌كه‌ی و پله‌ی فكریی تێده‌گه‌ن كه‌ لێژنه‌كه‌ هه‌قانی بووه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سۆرانی بڕیاری خۆی داوه‌. هه‌روا تێش ده‌گه‌ن كه‌ ئه‌و نووسینه‌ی شوان جه‌عفه‌ر هی كه‌سێك نیه‌ شایه‌نی یله‌ی پرۆفیسۆری یاریده‌ر بێ له‌ زانكۆیه‌كی فه‌ره‌نسا.

له‌ یه‌كێ له‌و كۆمه‌ڵه‌ تۆمه‌تانه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ شوان جه‌عفه‌ر خستوونیه‌ پاڵ منه‌وه‌ ده‌ڵێ كه‌ كاك محه‌مه‌د سابیر، نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ پاریس له‌ ساڵانی نه‌وه‌د، پێنج هه‌زار فره‌نكی دامێ بۆ چاپكردنی یه‌كه‌م فه‌رهه‌نگی فه‌ره‌نسی­كوردیی (سۆرانی). هه‌ر ته‌نیا ئه‌و نه‌بوو چه‌ند هاوڕێیه‌كی تریش بوون بیست و یه‌ك هه‌زار فره‌نكیان كۆكرده‌وه‌ بۆ چاپكردنی ئه‌و كتێبه‌ كه‌ بیست و هه‌شت هه‌زاری تێ چوو. حه‌وته‌كه‌ی تر له‌ گیرفانی خۆم دام. چوارسه‌د دانه‌م له‌و فه‌رهه‌نگه‌ دا به‌ كاك حه‌مه‌ سابیر، نه‌ك چه‌ند دانه‌یه‌ك وه‌ك شوان جه‌عفه‌ر نووسیویه‌. ئه‌وانی تریش هه‌روا. سه‌د و په‌نجا دانه‌شم دا به‌ پارێزه‌ری ئیسماعیل بێشكچی كاك عه‌لی بووجاق كه‌ به‌داخه‌وه‌ پۆلیس بردی و تا ئێستاش نازانێ چی به‌سه‌ر هاتووه‌. دیاره‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ردی چایكردنی كتێب نه‌زانێ بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نووسه‌ر پاره‌ په‌یدا ده‌كا!

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كۆنگره‌ی مه‌ولانا خالده‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2009 له‌ سلێمانی ڕێك خرا، من نه‌وشیروان مسته‌فا داوای كردبوو په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بكه‌ن نه‌ك یه‌كێتی. وه‌ك بیستم مه‌سره‌فی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ 230000 دۆلار بووه‌ و ئه‌زانم كه‌ هێرۆ خان دای به‌ مامۆستا جه‌عفه‌ر. ده‌بێ له‌و بپرسن چی كرد به‌و پاره‌یه‌. به‌ش به‌ حاڵی خۆم سێ هه‌زار دۆلارم خه‌رج كرد بۆ ئه‌و كۆنگره‌یه‌. ڕۆژێك به‌ دوور و درێژی باسی مه‌ته‌ڵی مه‌ولانا له‌ سلێمانیی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ده‌كه‌م.

یه‌كێتی و پارتی ئه‌وه‌نده‌ ساویلكه‌ نین پاره‌ بڕێژن بۆ یه‌كێك كه‌ پێویستی پێیان نیه‌ و ده‌یان وتاری نووسیوه‌ و ئازادیی بیری خۆی تیا ده‌رخستووه‌. مووچه‌خۆرێكی ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو فه‌ره‌نسا چ پێویستیه‌كی به‌ پارتی و یه‌كێتی هه‌یه‌؟
هه‌رچی هاوڕێتیی جه‌بار فه‌رمانه‌، شوان جه‌عفه‌ر باش ده‌زانێ كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ كرد، نه‌ك بۆ به‌ژن و باڵا و چاوه‌جوانه‌كانم یان بۆ نووسینی پڕ به‌هره‌ به‌تواناكانم، به‌ڵكۆ پێویستی به‌وه‌ بوو خزمه‌تێكی سیاسیی بكه‌م. كه‌ زانی هیچی ده‌ست ناكه‌وێ به‌ دوو پیكابی پڕ له‌ پێشمه‌رگه‌ی چه‌كداره‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێ كردم. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هیچی ده‌ست نه‌كه‌وت.

به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو توانجانه‌ی شوان جه‌عفه‌ر له‌ من و له‌ كه‌سانی تری گرتووه‌، لێره‌ ئه‌گه‌ر یه‌ك به‌ یه‌ك وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌ی زۆری ده‌وێ. بۆیه‌، له‌ كۆتاییدا ته‌نیا یه‌ك پرسیار ده‌كه‌م: ئایا ده‌بێ كێ گه‌نده‌ڵ بێ، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ سه‌ره‌ڕای ده‌ پانزه‌ ساڵی بێكاری ده‌بێ به‌ خاوه‌ن چه‌ند موڵكێك له‌ ناوجه‌رگه‌ی پاریس و له‌ كوردستان، یان ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پاش چل و شه‌ش ساڵی مامۆستایه‌تی جووته‌ موڵكی قه‌ڵه‌مێكه‌ بۆ نووسین و چه‌كوشێكه‌ بۆ په‌یكه‌رتاشی؟
هه‌ڵكه‌وت حه‌كیم
پرۆفیسۆری موته‌مه‌ڕس له‌ زانكۆی پاریس




شیعرێكی (كوردی) و شیعرێكی (عه‌ره‌بی) و ئاماژه‌یه‌ك … كه‌ریم بامه‌ڕنی

كێ‌ تاڵاوی خوارد
كێ‌ تاڵاوی خو
كێ‌ تاڵاو
كێ‌ تاڵ
كێ‌ ت
ك
شیعری: نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌

***

شیعری (فازیل عه‌زاوی)

شیعره‌ كوردییه‌كه‌ وه‌ك شێواز ته‌واو له‌ شیعره‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ وه‌رگیراوه‌، لاسایكردنه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌ و ڕاسته‌. به‌ڵام وه‌كو مانا و فه‌زای شیعرییه‌ت زۆر له‌ شیعره‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ به‌هێزتر و كاریگه‌رتره‌. ئه‌ده‌بی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك زۆر ئاساییه‌ سوودی (مانا) و (شێواز) له‌ یه‌كتری وه‌ربگرن و به‌یه‌ك كاریگه‌ربن و له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ سنووری سوود وه‌رگرتن و ئاڵوگۆڕی جوانناسی دابێت. جا نازانم شاعیره‌ كورده‌كه‌ (نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ) له‌ بیری چووه‌ ئاماژه‌ به‌ وه‌رگرتنی شێوازه‌كه‌ بدات یا خۆی لێ‌ لاداوه‌.

شاعیر (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) كه‌ براده‌رێكی نزیكی شاعیر (نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌)ه‌. له‌ كتێبی چوار كتێب له‌باره‌ی شیعره‌وه‌، كه‌ ساڵی 2017 له‌ ده‌زگای سه‌رده‌م چاپكراوه‌. له‌سه‌ر ئه‌م شیعره‌ی نووسیوه‌ و بردوویه‌تییه‌ ئاسمانی دره‌وشاوه‌ی حه‌وته‌م. نازانرێ‌ به‌م وه‌رگرتنه‌ی نه‌زانیوه‌ یا چاوپۆشی لێ‌ كردووه‌.
ئه‌م ئاماژه‌یه‌ ته‌نیا وه‌ك ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كه‌ و به‌س، به‌ هیوای سوود وه‌رگرتن.




ژن …. سه‌ردار جاف

له‌و دیو وه‌رزی زستانه‌وه‌
باڵا ڕنووی به‌فر پۆشه‌
هه‌ناسه‌یه‌ك چرپه‌ی گه‌رم
به‌ گوڵزاری ئه‌رخه‌وانیم
كه‌ ده‌سپێرێ
ده‌بێته‌ قردێله‌ی لۆكه‌
له‌و دیوی كلوه‌ به‌فره‌وه‌
په‌نجه‌ ڕچیوه‌كانی شه‌ڕه‌ تۆپه‌ڵی
به‌ نێو له‌پم
ڕاده‌بوورێ
له‌و دیو كزه‌ بای ته‌زیوا
ڕچه‌شكێنێكی كۆنه‌ و شڵه‌قیوه‌
شله‌ژان سه‌راپا جه‌سته‌ی
وا پۆشیوه‌ و روحی منی لێ ته‌نیوه‌
ئا ئه‌وه‌یه‌
شمشاڵ مه‌مه‌ری نێو په‌نجه‌م
ناسكێ پڕ له‌ ئه‌وین و
هێشتا ژنه‌
خۆی بۆ ئه‌وین
نه‌گۆڕیوه‌

سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا
7 / 10 / 2018




زەنگیانەی ئاویی بەشی هەشتەم … فەتاح حەسەن

( قیروسیا )
گەر تۆ نەیەیت
بڵێی رۆژ ئاوابێ؟
بڵێی جۆگە بڕژێتە روبار و
روباریش دەریا؟؟
ئەگەر رۆژ ئاوا نەبوو
جۆگە نەڕژایە روبار و
روباریش دەریا..
دەتۆش مەیە.

( کفری عیشق )
لەژوانێکدا
بە ئەفسونی جوانی چاو ، تێر نەبێ
,لوت پڕنەبێ لەبۆنی رەشە رێحانەی پەرچەم
بە ماچ دەمولێو لە گۆ نەکەوێ
گوێ پڕنەبێ بە چرپە و ڕاز
لەسەر مەمان هەردوو دەست شل نەبێ
کفری عیشقە .. ئەو دیدارە،
ناوی بنرێت.. ژوان.

جانانە ) )
ئەوی بەمەی مەست نەبێ، دەبێ حاڵی جانانەبێ
ئەوی جانانەبێ، دەبێ لە مەیخانە وەدەربێ
لەدێر زەمانە، مەیخانە هەواری مەستانە
مزگەوت و خانەقاش، عەزیزم، لەبۆ جانانە.

( پێك )
خەمی تەنهاییە کە، خەم لە تەنیایی پێك دەخۆم.
یان
خەمی بێ تۆییە، کە مەیلی پێکی تەنها دەکەم ؟

( بەدبەختیی )
ئەو ساتانەی
مەی و پەستیی دەمگرێ
لەبەختی کەچم
یەکەمیان زوو بەرم دەیات
دوەمیان درەنگ..

( بولبول )
بولبول هەر دەخوێنێ ..
ئاوازی سەرچڵی
پڕکەری باخێکە
وەلێ ئاوازی تیابەندی ..
پڕاوپڕی جیهانێکە.

( ڕق و خۆشەویستیی )
خۆشەویستی ..
کلیلی دەرگای خۆشییەکانە
ڕقیش .. نەهامەتیی.
مرۆڤ زیاتر
پێویستی بە خۆشەویستییە
نەوەك ڕق..
تۆوی خۆشەویستی
لەسەر دڵێکی رەقتر لەبەرد
شین دەبێ
وەلێ تۆوی رق ..
لەدڵە کرمێکاندا نەبێ نابێ.

( سپڵە )
بێ تۆیی، هێندەی
تینیوێتی شکاندنی
پشیلەیەك لە روبار
جاڕسم دەکات
وانەزانی بی تۆ ناژیم .
—————

جاڕس – وەڕس ،بێتاقەت، قاڵس، بێتابوشت

فەتاح حەسەن
دانیمارك / ڤالبی
2018