نووسەر سۆران ئازاد لە وەڵام بە دەنگەکان سەبارەت بە کارڵ مارکس

ئەم چاوپێکەوتنە بەشێکە لە مەلەفی ” مارکس لە ئێستادا” کە فریای بە چاپکردن نەگەشت لەگەڵ چاوپێکەوتنەکانی تردا….
کتێبی مارکس لە ئێستادا لە کوردستان لەم لەم کتێبخانانەی خوارەوە دەست دەکەوێت:
کتێبخانەی (جێژوانی خوێنەر و ئەندێشە) لەشاری کەرکوک، چەمچەماڵ – کتێبخانەی چەرموو، سلێمانی کتێبخانەی ئەندێشە دەستدەکەوێت
https://dengekan.info/archives/7490
گۆران

———————————————————————-


سەرنجێک بۆ خوێنەران

من پاش و پێشم بە پرسیارەکانی کاک گۆران کردووە. هۆکاری ئەوە دەگەڕێنمەوە بۆ بە پێشەنگزانینی هەندێک پرسیار. لە هەمان کاتدا، پرسیار هەیە، کە تێکەڵم کردوون، چونکە پێم وایە بۆ وەڵامدانەوەکەی من، هەم وا گونجاوتر بووە، هەمیش بەو شێوەیە زیاتر یارمەتیدەرە بۆ خوێنەر.

دەنگەکان:

له‌ دۆخی ئێستادا چۆن ماركس بخوێنینه‌وه‌؟ چۆن مارکس له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌ی ئه‌و راڤه‌ ئایدیۆلۆژییه‌ و تێگه‌یشتنه‌ دۆگماییه‌ ده‌ربهێنین که‌ له‌ تاکه‌ ره‌هه‌ندێکی ئایدیۆلۆژییدا کورتکراوه‌ته‌وه‌؟ ئایا باڵاده‌ستی گوتاری ماركسیزم به‌سه‌ر ژیاریی خۆرئاواوه‌ كۆتایی هاتووه‌ یاخود ئه‌و گوتاره‌ به‌شێوازی جیاواز بوونی هه‌یه؟‌

سۆران ئازاد:

من بۆچوونم وایە، کە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، پێویستیمان بەوەیە بزانین لە کوێدا دەست بە خوێندنەوەی (کاڕل مارکس) بکەین. دۆزینەوەی دەستپێک لە فەلسەفەی (مارکس) گرنگ و جەوهەرییە. دوای ئەو دۆزینەوەیە و تیشک خستنە سەر هزری (مارکس)، باوەڕ دەکەم ئەوە لە خۆیدا بەشێک لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت دابین بکات.
دیارە بەر لە ئێمە، (مارکس) خۆی باسی کێشەی دەستپێک لە هەر بوارێکی زانستیدا دەکات و دەڵێت: “دەستپێکەکان لە زانستدا هەمیشە قوڕسن”. دەستپێک بە تەنیا خاڵی دەستپێکردن نییە، چونکە خاڵی دەستپێکردن واتە ئێمە دەزانین لە چییەوە دەست پێ دەکەین و ئاڕاستەی باسەکەمان بۆ کوێ دەڕوات. بەڵام ئەو هاوکێشەیە بۆ فەلسەفەی (مارکس) و هەر فەیلەسووفێکی گەورەی تر دەست نادات، چونکە ڕەگوڕێشەی هەر بابەتێکی فەلسەفی لەو شوێنەدا نییە، کە باسی لێوە دەکرێت و دەست دەکرێت بە شیکردنەوەی، ئەوەیش لەبەر ئەوەی، کە هەر بابەتێکی فەلسەفی وابەستە و پێوەندیدارە بە بابەتەکانی پێش و پاش خۆی.

بۆیە دیاریکردنی دەستپێک بۆ فەلسەفەی (مارکس) ڕووبەڕووی هەمان کێشەی مێتۆدیمان دەکاتەوە، چونکە ئەو دەستپێکە نادیارە، یان بە واتەیەکی تر کێشەدارە و بیروڕای دژ بە یەکی لە خۆ گرتووە، بە تایبەت، کە باسەکەمان پێوەندیی بە یەکێک لە کێشەدارترین فەیلەسووفەکانی دنیاوە هەیە، کە (مارکس)ە و بە چەندین شیکردنەوەی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ کراوە. بۆیە سەرەتا هەر باسکردنێکی پێوەندیدار بە (مارکس)ەوە پێویستە لەو شوێنە دەست پێ بکات، کە پێمان بڵێت لە کوێوە دەست بە (مارکس) دەکەین و لە چ وێستگە و گۆشەنیگایەکەوە باس لە (کاڕل مارکس) دەکرێت. ئەگەرنا، هەوڵەکان توانای تێپەڕاندنی ئەو چوارچێوەیان نابێت، کە ڕۆشنبیرانی ڕووکەش لە بارەی (مارکس)ەوە دروستیان کردووە. ئەو چوارچێوەیەی، کە پێی وایە هەر کەسێک باسی (مارکس)ی کرد، (چ بە باش و چ بە خراپ!)، ئەوا مانای وایە لە قووڵایی فەلسەفەی (مارکس) تێگەیشتووە. من یەکەم کەسم، کە ددان بەوەدا دەنێم ئەو باوەڕەم هەبوو لەو کاتەی دەستم کرد بە خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە کوردەکان، بەڵام لە دوایدا دێمە سەر ئەو باسەی، کە چۆن ئەو وەهمە وردە وردە تێکشکا.

لێرەدا من پەنا بۆ بۆچوونەکانی (بۆب جیسۆپ- Bob Jessop) دەبەم، کە یەکێکە لە ڕەخنەگر و ئەکادیمیستە دیارەکانی جیهانی ئەمڕۆمان. خۆشبەختانە لە مانگی ئابی ساڵی 2016، بواری ئەوەم هەبووە لە یەکێک لە وانەکانی بەشدار بم، کە لە زانکۆی (ڕۆسکیلدە)ی (دانمارک) لە کۆڕسی (بەڕامیاریکردنەوەی سەرمایەداری-Repoliticing Capitalism) پێشکەشی کرد. ئەو بەشێکی گەورەی وانەکەی، کە ماوەی سێ کاتژمێری خایاند، بۆ دۆزینەوەی دەستپێک لە فەلسەفەی (مارکس) تەرخان کرد. لە دیدی ئەودا، دەستپێک بۆ فەلسەفەی (مارکس) یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگەکان، چونکە ئەو فەیلەسووفە خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی جیاوازە و کۆکردنەوەی هەموو بەرهەمەکان لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئەودا، نزیکمان ناکاتەوە لە مێتۆدێکی زانستیانە بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتن لە فەلسەفەی (مارکس).

یەکەم کتێب، کە پێویستە لێیەوە دەست پێ نەکەین و بیرەکانی (کاڕڵ مارکس)ی تێدا سنووردار نەکەین، (مانفێستۆی کۆمۆنیسم)ە. ئەو جۆرە تێڕامانە ڕووبەڕووی پرسیارمان دەکاتەوە، چونکە ئەو بەرهەمەی (كاڕل مارکس) و (فریدریچ ئەنگڵس) بوو بە ئایدیۆلۆگیا و بانگەشنامەی چەندین بزوتنەوەی ئایدۆلۆگی و هزری. لێرەدا من نامەوێت باسی ئەو جۆرە بزوتنەوە و پێوەندییان بە فەلسەفەی (مارکس)ەوە بکەم، تەنیا بە دیدێکی ڕەخنەگرانە لەو باسە دەڕوانم. خاڵی ڕەخنەگرانە لەوەی، کە بۆ گونجاو نییە لە کتێبی (مانیفێستۆی کۆمۆنیسم) دەست پێ بکەین ئەوەیە، کە یەکەم مانیفێستۆ یان مانیفێستنامە ژانرایەکی ئەدەبییە و لە شێوەی بانگێشتنامە دایە. لەو کاتەشدا هیچ بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی بوونی نەبوو.

بونیادی ئەو پارچە نووسینە لە ڕووی ستایشەوە بەهێزە و لە ڕووی خوێندنەوەی زانستیانە لاواز. ئەو بەرهەمە بانگەشەیەکی ستراتیجانەی جەوهەرییە (strategic essentialism). ئەو بانگەشەیەی پێداگری لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی گرووپ و بزوتنەوەکان دەکات. هەر بۆیە ئەو جۆرە بەرهەمە ڕێگەخۆشکەری ئەو جۆرە بانگەشەیەی بزوتنەوە کۆمۆنیست و مارکسییەکان هەبووە و لە هەمان کاتدا ئەو بەرهەمە بەردەوامی پێداگری لەسەر گرنگییەکەی کراوە. لە لایەکەوە کورتە و ئاسانە بۆ خوێندنەوە، لە لایەکی ترەوە لەبەر ئەوەی لەڕووی خوێندنەوەی زانستیانە لاوازە و زیاتر لایەنی ستایشی تێدا بەهێزە، بە ئاسانی توانای کۆکردنەوەی گرووپ و بزوتنەوەی جیاوازی هەیە. بۆیە دەستپێکردن لەو بەرهەمە دەستپێکێکی فەلسەفی و ڕەخنەگرانە نییە. یەکێک دەشێت پاش ئەوەی خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ بەرهەمەکانی (مارکس) و چەمکە جۆراوجۆرەکانی بکات، لە دوایدا ئەر بەرهەمە بخوێنێتەوە، چونکە خودی ئەو بەرهەمە ڕەنگدانەوە و بانگێشتمانەیە بۆ چەمک و ئەو کێشە مێژوویی و فەلسەفانەی، کە (کاڕل مارکس) بە کورتی ئاماژەی بۆ کردوون. لە ڕووی مێژوویشەوە، نووسینی (مانیفێستۆی کۆمۆنیسم) دەکەوێتە پێش نووسینی شاکارە گەورە ڕەخنەییەکەی، کە (سەرمایە)یە. لە هەمان کاتدا، نووسینی ئەو بەرهەمە دەکەوێتە پێش زاڵبوونی مۆدی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری.

بەرهەمێکی تر، کە بە دانانی وەکو دەستپێک نزیکمان ناکاتەوە لە فەلسەفەی (مارکس)، نووسینی (پارچەنووسینی ئابووری و فەلسەفی 1844- Economic and Philosophic Manuscript of 1844)ە، لەبەر ئەوەی ئەو بەرهەمە کۆمەڵێک یاداشتی ئەو فەیلەسووفەن و کاتێکیش خۆی لە ژیاندا بوو، بە چاپی نەگەیاندوون. ئەو یاداشتانە زیاتر لە کتێبی (سەرمایە) خراونەتە چوارچێوەیەکی فەلسەفی، کە تێیدا (مارکس) بە مێتۆدی فەلسەفیانەی خۆی ڕەخنە لە کەپیتاڵیزم دەگرێت و ڕووبەڕووی شیکردنەوە و لێکدانەوەی فەلسەفی دەکات. کێشەی مێتۆدی ئەو بەرهەمە لەوە دایە، کە زۆر کێشەی ئابووری و ڕامیاری بە تێرمی فەلسەفی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. لە هەمان کاتدا، یەکێکی تر لە کێشەکان ئەوەیە، کە کۆپییە نووسراوەکە ئاڵۆز و ناڕۆشنە، بۆیە کە چاپ و بڵاویش کراوەتەوە بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆنتێکس و تێرمانە کراوە، کە (مارکس) بە کاری هێناون. جگە لەو دوو بەرهەمە، پارچە نووسینی (پێشەکی 1859- 1859 Preface)، ڕووبەڕووی هەمان کێشەی مێتۆدیمان دەکاتەوە کاتێک دەمانەوێت لەوێوە دەست بە خوێندنەوەی (مارکس) بکەین.

کەواتە لە کوێوە دەست پێ بکەین؟ چۆن بتوانین ئەو کێشەیەی (مارکس) خۆی باسی کردووە چارەسەر بکەین و بیکەین بە خاڵی دەستپێک؟ لە ساڵی 1857دا، تێکچوونێکی ئابووری و بازرگانی گەورە کۆمەڵێک شاری گەورەی جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری کردەوە. ئەو تێکچوونە یەکەم قەیرانی ئابووری جیهانی بوو، چونکە لەو کاتەدا بوو، کە تازە ئابووری نێودەوڵەتی یان جیهانی گەشەی بە خۆوە بینی. سەرچاوەی ئەو قەیرانە لە (ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا) سەری هەڵدا و کۆمەڵێک شاری تری پیشەسازی و ئابووری جیهانی گرتەوە، لەوانە (لەندەن)، (لیڤەرپول)، (گلاسگۆو) لە (بەریتانیا)، (پاریس) لە (فڕەنسا)، (هامبۆرگ) و (لایپزیگ) لە (ئەڵمانیا)، (ڤیەنیا) لە (نەمسا)، (ئەمستردام) لە (هۆڵەندا) و (کۆپنهاگن) لە (دانمارک).

ئەو قەیرانە کاریگەری گەورەی لەسەر جووڵەی پیشەسازی و هێزی کار (labour power)ی کرێکارەکان هەبوو. شکستی بە زیاتر لە هەزار بانکی گەورەی (ئەمەریکا) هێنا. بەڵام هێشتا ئەوە گرنگییەکەی نییە، بەڵکو لە دوای ئەو قەیرانەوە، سەرمایەداری گەشە دەکات و دەبێت بە دیفاتکۆی ئابووری جیهان. ڕەنگە یەکێک بپرسێت چی وای لە (مارکس) کرد هێندە سەرنج بخاتە سەر ئەو ڕووداوە ئابوورییە جیهانییە. بەر لە هەر شتێک، دۆخی ژیانی (مارکس) لەو کاتەدا لەو پەڕی خراپیدا بوو. ئەوە بە ئاشکرا لە کۆمەڵێک نامەی بۆ (ئەنگلس)ی هاوڕێ و هاوپێنووسی دیارە و تەنانەت ئاماژە بەوە دەدات، کە هیچ کاتێک لە ژیانیدا هێندە لە ڕووخانی ئابووریدا نەبووە. ئەو بۆ ماوەی دە ساڵ بژێوی خۆی لەسەر نووسینی ڕۆژنامەوانی پەیدا دەکرد. بەشێکی ئەو نووسینانەی لە ڕۆژنامەی (نیویۆرک تریبون- The New York Tribune) بڵاو کردووەتەوە. خراپبوونی دۆخی ژیانی زەمینەی گەورەتری بۆ بیرکردنەوە و نووسینەکانی تری خۆش کرد، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، ئێرە دەبێتە دەستپێک. ئەو دەستپێکەی بە دوایدا دەگەڕاین، دەتوانین لێرەدا بیدۆزینەوە. دەستپێکی ئەو لە خۆڵەمێشی ناخۆشی و سەختی ژیانی خۆیەوە سەری هەڵدا. ژیانی (کاڕڵ مارکس) زۆر شتمان لە بارەی فەلسەفەکەیەوە پێ دەڵێت.

بۆ (مارکس)، ئەو قەیرانە سەرەتای سەرهەڵدانێکی نوێی مۆدێلی ڕامیاری و ئابووری جیهانە، کە پێوەندیی بە دەستەڵات و پارەوە هەیە. حکومەت و ڕامیارڤانەکان ڕۆڵی دەستەڵات و بانکەکان ڕۆڵی پارە دەگێڕن. قەیرانی لەو شێوەیە دروستکراون و پێوەندییان بە بەردەوامیدان بە کەشی قەیران و سوڕی پارەوە هەیە. لەو کاتە دایە، کە (مارکس) دەست دەکات بە نووسینی کتێبی (ڕەخنە لە ئابووری ڕامیاری). لەوێدا ئاماژە بەوە دەدات، کە توێژینەوەکەی دەبێت لە لێکۆڵینەوە لە شمەک (Commodity) دەست پێ بکات. لە بەشی چوارەمی کتێبی (سەرمایە)، کە لە ژێر ناونیشانی (دامەزراوەی گشتی سەرمایە)یە، یەکەم ڕستە بەو شێوەیە دەست پێ دەکات: (سوڕی شمەکەکان خاڵی دەستپێکی سەرمایەیە. بەرهەمهێنانی شمەکەکان و سوڕی گەشەی فۆڕمەکانیان، یان بڵێن بازرگانی لە پێشبیرەکانی مێژووەوە، کە لەژێریدا سەرمایە سەر هەڵ دەدات، یەک دەگرن.)
بە پێچەوانەی چەمکی (کۆمۆنیسم)، چەمکی شمەک یان شتومەک دەبێت بە خاڵی دەستپێک، چونکە لای (مارکس)، کێشە و دژەکان (contradictions)ی سەرمایەداری لە شمەکەوە دەست پێ دەکات. شمەک خەسڵەتی بەکارهێنان (use) و بەها (value)ی هەیە. بۆ نموونە ئاڵتوون هەم بە کار دێت و هەم بەهای هەیە، بەڵام بەهای ئاڵتوون وەکو شمەک ئاڵوگۆڕی (exchange)ی پێ دەکرێت. بۆیە هەر شمەکێک، کە خاوەن خەسڵەتی بەکارهێنان-بەها بوو، دەتوانێت بە شمەکێکی تر، کە خاوەن خەسڵەتی بەکارهێنان-بەهای هەیە، بگۆڕدرێتەوە.

لێرەدا شمەک دوو هاوکێشەی جیاوازی هەیە. یەکەمیان ئەوەی (مارکس) پێی دەڵێت (شمەک – پارە – شمەک Commodity – Money – Commodity/)، واتە شمەکێکمان هەیە، کە خاوەن بەهای ئاڵوگۆڕە و بە پارە بەهاکەی دیاری دەکرێت، بەڵام ئامانجی پارەش بۆ دەستخستی شمەکی ترە. (مارکس) بەو هاوکێشەیە دەڵێت هاوکێشەی سادە یان سرووشتی، واتە ئەو کرداری ئاڵوگۆڕە سەرەتاییە و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانە، وەک خۆی دەڵێت (فرۆشتن لە پێناو کڕیندا). هاوکێشەی دووەمیان هاوکێشەی کەپیتاڵیسمە و بەو شێوەیەیە؛ (پارە – شمەک – پارە/ Money – Commodity – Money). جیاوازیی ئەو هاوکێشەیە لەگەڵ هاوکێشەی یەکەم گەورە و جەوهەرییە، چونکە ئەگەر لە یەکەمیاندا بەکارهێنانی شمەک و ڕۆڵی پارە بۆ بەردەوامیدانە بە سووڕی ژیان و ئاڵوگۆڕی، ئەوا لە دووەمیاندا ئامانج لەو ئاڵوگۆڕە پارەیە. یەکەم ئێمە پارەمان هەیە و دەیدەین بە شمەکێک و دواتر دووبارە ئەو شمەکە دەکەینەوە بە پارە، وەکو خۆی پێی دەڵێت (کڕین لە پێناو فرۆشتندا).

(مارکس) پێی وایە هەر بە تەنیا گۆڕانی ئەو سوڕە سەرهەڵدانی سەرمایەدارییە. هەر لەو هاوکێشەیەدا، شمەک ون دەبێت، چونکە ئامانجەکە دەبێت بە پارە بۆ پارە، کە شمەک تەنیا بابەتی ئەو هاوکێشەیەیە. (مارکس) لە هەمان ئەو بەشەی ئاماژەمان پێی دا، بەو شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: (ئەگەر من 2000 پۆند (کە دەکاتە یەک تۆن) لۆککەم بە سەد پاوەند دەست کەوت و هەمان ئەو 2000 پۆندە بە 110 پاوەند بفرۆشم، ئەوا مانای وایە من 100 پاوەندم بە 110 پاوەند گۆڕیوەتەوە، پارە بۆ پارە). دیارە (مارکس) پێی وایە هەر شتێک بەهاکەی پارە بێت، پارەیە، بۆ نموونە لە یەکەی بانکی هەر کەسێک، لە جیاتی پارەی دەستی، ئێمە پارەی ژمارەییمان هەیە. بانک پێمان دەڵێت یان پێشان دەدات، کە چەند پارە لەسەر یەکەی بانکیی ئێمەیە. بۆ (مارکس) هەموو فۆڕمەکانی پارە، پارەن، گرنگ نییە دەستی بێت یان ژمارەیی مادام بەهای پارەی هەیە.

بەرهەمهێنانی ئەو شمەکە و گۆڕینەوەی بە پارە پێویستی بە کۆمەڵێک پڕۆسێسە. مادام ئێمە شمەک بۆ پارە بە کار دەهێنین، ئەوا هێزی کاریش هەمان ئامانجی دەبێت. لەو دۆخەدا، پارە دەبێت بە کرێ (wage). ئەو کرێکارەی ئیش دەکات، نرخ لەسەر تواناکەی خۆی بەرانبەر بە کرێ دادەنێت. هێزی کار (labour power) تاکە سەرچاوەیە بۆ بەهای زیادە (surplus value) و هۆکاری جێگرەوەی بەرهەمهێنان (substitutable factor of production). مادام لێرەدا ئامانج کڕینی پارەیە بۆ پارە، لە پێناو بەهای زیادە یان قازانج، ئەوا هەموو هاوکێشەکانی تر لە چوارچێوەی ئەو سوڕەدا دەتوێنەوە. هێزی کار، کە هێزێکی مرۆییە دەبێت بە ئامانجی سەرمایەداری و لە پێناو گەشەدان بە خۆی، بە کاری دەهێنێت. ترسناکیی سەرمایەداری هەڵوەشاندنەوەی هەموو بونیادە کۆمەڵایەتی و مێژوویی (social and historic constructions)ەکانە. هێزی کاری کرێکاران دەبێت بە داینامیکی بەردەوامیدانی بەرهەمهێنان و نرخ و بەهای ئەو هێزەش لە بەکارهێنانی دایە، نەک لە هەبوونی.

کەواتە دەستپێکردن لە کتێبی (سەرمایە) و (ڕەخنە لە ئابووری ڕامیاری) زۆر دەروازەی گرنگ و بنچینەیمان بۆ دەکەنەوە. خوێندنەوەی ئەو دوو کتێبە هێزی ئەوەمان پێ دەبەخشن فەلسەفەی (مارکس) بە قووڵاییەکەی خۆیەوە بناسین، نەک بە تەنیا لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بانگەشە. دەستپێکردنی خوێندنەوەی هەر فەیلەسووفێک و هزرێکی قووڵ لەو شوێنە دەست پێ دەکات، کە چەمکە بنچینەییەکانی ئەو فەیلەسووفە یان هزرەی لەسەر دامەزراوە. بۆ (مارکس) کەلتوور و نەریتی سەرمایەداری کێشە گەورە و بنچینەییەکەیە و لەوێوە خوێندنەوە بۆ دنیا و مێژوو دەکات. یەکێک لەو فەیلەسووفانەی، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرگری لەو بۆچوونە دەکات، (سلاڤۆی ژیژەک)ە. لە پێشەکی کتێبی (توندوتیژی)، (ژیژەک) ئاماژە بە نامەیەکی (مارکس) بۆ (ئەنگڵس) لە ساڵی 1870 دەدات، بەم شێوەیە (ژیژەک) شیکاری کردووە: “نامەکەی (مارکس) دەربڕینی ترسە خەستەکەیەتی؛ ئایا شۆڕشگێڕان ناتوانن بۆ دوو ساڵێك چاوەڕێ بکەن؟ ئەو هێشتا (سەرمایە)ی تەواو نەکردووە.”

(مارکس) لەو فەیلەسووفانە نییە ئێمە بۆچوونەکانیان بخوێنینەوە. بۆچوونەکانی (مارکس) هەر بۆچوون نین، بەڵکو کەرەستەی توێژینەوە و خوێندنن. بۆچوونەکان هێندە ئاسان نییە بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین باوەڕمان پێیەتی یان نا، چونکە فەلسەفەی ئەو لە دەرەوەی باوەڕە. بەڵکو، هزری (مارکس) وا دەخوازێت ئێمە خاوەن توانای توێژینەوە و ڕەخنەگرتن بین. هەر خۆی لە کۆتاییی یەکەم پێشەکی کتێبی (سەرمایە) دەڵێت، “هەر بۆچوونێک، کە لەسەر ڕەخنەی زانستیانە بونیاد نراوە، بەخێرهاتنی دەکەم.” لێرەدا، وەک هەر فەیلەسووفێک (مارکس) بانگەشەی ئەوە ناکات، کە ڕەخنە فەلسەفییەکانی ڕەهان، بەڵکو بەکراوەیی وەکو بابەتێک بۆ توێژینەوە و ڕەخنەی زانستیانە دەیهێڵێتەوە. کتێبی (سەرمایە) دابڕینی (مارکس)ە لە زۆربەی ئەو خوێندنەوانەی بۆ (مارکسی ئایدیۆلۆگی) دەکرێت. فەلسەفەی (مارکس) فەلسەفەیەکە، کە توانای گۆڕانی گەورەی مێژوویی و جیهانی هەبووە و هەیە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو زەمینەیەکی گەورەی بۆ ڕەخنە و فەلسەفەی ئابووری دامەزراندووە.

دەنگەکان:

2- ئایا بواری رۆشنبیریی و سیاسییمان به‌ ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری مارکس بووه‌؛ چیتر پێویستی به‌ مارکس نه‌ماوه‌؟ ئاخۆ ڕاسته‌ به‌ راگه‌یاندنی مه‌رگی ماركس، هه‌موو تێز و بیرکردنه‌وه‌کانی وه‌لا بنێین؟
4. ئایا توانای فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم له ‌گۆڕینی كۆمه‌ڵگادا كۆتایی هات، یاخود ئه‌وه‌ هه‌ر ماركسیزمه‌ که‌ توانای گۆڕینی كۆمه‌ڵگای هه‌یه‌؟

سۆران ئازاد

من لێرەدا وەڵامی پرسیاری چوارەمیشتان دەدەمەوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوییەک بۆ بۆچوونەکانم دابمەزرێنم. جگە لەوە هەوڵ دەدەم لە چەند ڕوانگەیەکەوە لە ئامادەیی مارکس لە کۆمەڵگەی کوردی بڕوانم.
سەرەتا پرسیارەکەی تۆ ئاڕاستەیەکی ڕووی لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردییە و ئاڕاستەکەی تری نێوەندی سیاسی. بۆیە سەرەتا پێویست دەکات بزانین نێوەندی ڕۆشنبیریی ئێمە چییە و کێن ئەوانەی نوێنەرایەتی دەکەن، ئینجا دەتوانین لەوە تێبگەین ئایا ئەو نێوەندە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ هزر و فەلسەفەی (مارکس) هەبووە تاکو بڵێین پێویستی پێی نەماوە. لێرەشەوە دۆزینەوەی دەستپێکێکیش بۆ ئەو باسە قوڕسە، چونکە خودی نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی ئاڵۆزە و نازانین باس لە کامە نێوەند و کامە ڕۆشنبیرەکانی دەکەین. یەکەم ئێمە بەرهەمی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەمان لەبەر دەستدا نییە تاکو بزانین پێویستیان بە (مارکس) ماوە یان نا.

دەگمەنن ئەو بەرهەمە فەلسەفیانەی بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی (مارکس)ەوە نووسراون. نەک لە بارەی (مارکس)، بەڵکو هەر فەیلەسووفێکی ترەوە. زۆر نابێت (د. محەمەد کەمال) تەواوی هەوڵەکانی خۆی خستۆتە کار بۆ دروستکردنی زەمینە. وەکو تر، نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی نێوەندی حوکمدانی پەیامبەرانەیە. ڕۆشنبیری ئێمە ڕۆشنبیری هەموو شت زانە و خۆی دەخاتە ناو هەموو بوارێکەوە وەک ئەوەی شارەزاییەکی بواری تەواوی لە هەموو بوارەکان هەبێت.

بەر لە هەر فەیلەسووفێک، (ئیمانوێڵ کانت) مەترسی ئەو دیاردە ڕۆشنبرییەی بۆ دیاری کردووین. لە پێشەکی نووسراوی (بناغەدانان بۆ مێتافیزیکی ڕەوشتەکان)، (کانت) ئەوانەی، کە خۆیان بە (بیرمەندە سەربەستەکان) ناو دەبەن، بەم شێوەیە ئاگادار دەکاتەوە، “ئەوانەی بە دوای تێرکردنی ئارەزووی ئاستی جەماوەرەوەن، بەلایانەوە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی، کە [بابەتی] ئەزموونی لە تەنیش هۆشەکی بە تێکەڵەی کەرتێک لە هەموو جۆرەکانی تر، کە خۆشیان سەریان لێ دەرناچێت، بفرۆشن و بە خۆشیان بڵێن ‘بیرمەندە سەربەخۆکان’، بە ئەوانەیشی خۆیان بۆ بەشی تایبەتی هۆشەکیی فەلسەفە تەرخان کردووە بڵێن ‘وشکەکان’.

ئایا وەکو سەرجەم، شتەکان بۆ کەسی شارەزا باشتر پێش نەدەکەوتن، ئەگەر هاتباو ‘بیرمەندە سەربەخۆکان’ ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی هەر لە خۆوە دوو بەرهەم، کە زۆر لە یەکتر و لە شێوە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا جیاوازن، هەڵنەگرن؟”. نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی پڕیەتی لەوانەی، خۆیان بە بیرمەند یان نووسەری ئازاد و سەربەخۆ ناو دەبەن و دەست بۆ هەموو بوارە جیاوازەکانی هزر دەبەن. هەر (کانت) لە پێشەکی ئەو نووسراوەدا، پێ لەسەر ئەو دادەگرێت، کە “لە هەر شوێنێک کارەکان بە وردی دابەش و لە یەکتر جیا نەکرابێتنەوە، لەو شوێنەدا هەر کەسەو وەستای هەموو-شت-زانە و هەر لەو شوێنەدا بوارەکان لەو پەڕی دواکەوتوویدا دەمێننەوە.” بۆچوونی (کانت) بۆ دۆخی ڕۆشنبیری و کەلتووری ئێمە پێناسێکی تەواوە. لە نێوەندی ئێمەدا هەر کەسەو دەست بۆ هەموو شتێک دەبات و ئازادانەش حوکم دەفرۆشێت.

(بەختیار عەلی) یەکێک لە نموونەکان بۆ وەها تێگەیشتنێکمان بۆ فەراهەم دەکات. لە بابەتی (خۆگێلکردن وەکو ستراتیژ) لە بارەی (مارکس)ەوە دەڵێت: “مارکس لە گەشبینە دەگمەنەکانی مێژووی فەلسەفەیە، بەڵام هیچ ڕەشبینێک لە مێژووی سیاسەت و فیکردا وەک ئەم گەشبینە تاقانە و ناوازەیەی مێژووی فیکر «مارکس» زەوی پڕنەکرد لە دیکتاتۆرییەت و زیندان و جینۆساید و ترس.” لێرەدا (بەختیار عەلی) نە لە پێش ئەم پەرەگرافە و نە لە بەشەکانی تردا، پێمان ناڵێت گەشبینیی (مارکس) لە کوێ دایە و بۆچی دنیای پڕ کردووە لە دیکاتۆریەت، زیندان، جینۆساید و ترس! ئایا ئەو چوارانە (مارکس) دروستی کردوون و لە پێش ئەودا بوونیان نەبووە؟ ئەی ئێستا، کە دیکتاتۆریەت، زیندان، جینۆساید و ترسمان هەیە، بەرهەمی (مارکس)ن؟ دێکتاتۆریەتی پادشایانی کەنداو هەڵەی (مارکس)ە؟ زیندانەکانی دنیا (مارکس) نەخشەی بۆ کێشاون؟ جینۆسایدی (جولەکەکان)، (ئەنفال) و بەم دوایەش (یەزیدیەکان) بانگەشەی (مارکس)ن؟

(بەختیار عەلی) بەوە ناوەستێت و دەنووسێت: “دەگەڕێمەوە سەر ڕستەکەی مارکس کە دەڵێت «کاری فەیلەسوفان تا ئێستا تەفسیری دونیا بووە، ئێدی کاتێتی بیگۆڕن». ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە بەڕێزتان {سیروان عەبدول} و هەموو ئەکتیفیستە سیاسییەکان و پۆزەتیفیستە لیبرالەکانیش لە خۆرهەڵات باوەڕیان پێیەتی. لە ژێر باڵی ئەم رستەیەوە هەموو دیکتاتۆرییەتەکانی سەدەی بیست هاتنەدەرێ. ” من لە کاتی خۆیدا نامەیەکم بۆ (بەختیار عەلی) نووسی و هەر لە سایتەکەی ئێوەدا (دەنگەکان) بڵاوم کردووەتەوە و خوێنەر دەتوانێت لەوێدا بیخوێنێتەوە. بە پێویستی دەزانم ئەو سەرنجەی ئەو کاتە لە بارەی ئەو حوکمە ڕووکەش و ڕەهایەوە نووسیومە، جارێکی تر لێرە دایدەنێمەوە، کە بەو شێوەیەیە:
“یەکێک بیەوێت (مارکس) لە نێوەندی ڕۆشنبیری کوردییەوە بناسێت، دەتوانێت چی لەو حوکمە ڕووکەشانە فێر بێت؟ ئایا ئەو جۆرە حوکمانە هیی کەسێکن، نەک بڵێن بەلای (مارکس)ەوە چووبێت، چونکە ئەو زمانە هەرگیز ناگاتە ئاستی باسکردنی ئەو فەیلەسووفە، بەڵام هەر بەلای فیکرەوە چووبێت و بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیش بێت جیاوازیی لەگەڵ ئەو کەلتوورە پڕ لە حوکمی سواو و ڕەهایە دروست کردبێت؟ وەڵامەکە نەخێرە.

زمانی نووسەرێکی قووڵ و داهێنەر هیچ کاتێک لەو ئاستەدا لە دنیا و فیکر ناڕوانێت.”
جگە لەو بۆچوونە، بەو مێتۆدەی (بەختیار عەلی) و هاوبیرەکانی، وەکو بەشێکی زۆری مامۆستایانی ئاینی بێت، (کاڕڵ مارکس) بەپرسیاریەتی تەواوی تاوانەکانی دیکتاتۆرەکانی سەدەی بیستی دەکەوێتە ئەستۆ، ئەویش بە یەک ڕستە. ئەو بۆچوونە نەک لە ڕووی لۆگیکیشەوە، بەڵکو لە ڕووی مێژوویشەوە، ناتەواوە. بە هێنانەوەی ئەو نموونەیەی (بەختیار عەلی)، کە نوێنەرایەتی نێوەندێکی گەورەی ڕۆشنبیریی کوردی دەکات، لەوە تێدەگەین، کە بیری (مارکس) نەک هەر لەو نێوەندەدا نەبووە و نییە، بەڵکو بۆ ڕەتکردنی ئەو فەیلەسووفە، ڕۆشنبیرانمان پەنایان بۆ هەموو جۆرە حوکمێکی ڕووکەش و سواو بردووە. لێرەدا پێویستی نەدەکرد ڕۆشنبیرانمان ئەو ئەرکە سەختە بگرنە بەر مادام مەلاکان دەمێکە (مارکس) بەو شێوەیە خستووەتە بەردەم دادگای حوکمەکانیان.

بەڵگەی ئامادەیی هەر فیکرێک زمانە. ئەگەر بۆ ئاستی زمان و هۆشیاریی خۆمان بگەڕێینەوە، دەرکەوتەکانی ئامادەیی (مارکس) لە هۆشیاری ئێمەدا نائامادەن و نین. لە زمان و هۆشیاری ئێمەدا گرنگی و قوڕسایی هەر بیرێک لەوە دایە، کە چەندە دەتوانێت باوەڕەکانمان پتەوتر و بەهێزتر بکەن. کەم نین ئەوانەی لەژێر کاریگەری هەژموونی ڕەوتی ئایدۆلۆگیای کۆمۆنیستی، دووبارە لە وەهمی باوەڕێکەوە بۆ وەهمی باوەڕێکی تر بازیان داوە.

بۆیە هەر زوو بەشێکی زۆری ئەوانە، لە دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەتی و بلۆکی کۆمۆنیسم لە سەر ئاستی ئایدۆلۆجیا یان گەڕانەوە بۆ باوەڕە کەلتووری و ئاینییەکەیان، یان وەکو شوێنکەوتوانی بەسۆزی کۆمۆنیسم لە نامۆیی و گۆشەگیرییەکی قووڵدا، بە هیوای زیندووبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی وەها ڕەوتێک، مانەوە. یەکێک لە کێشەکانی ئەو بزوتنەوانە ئەوە بووە، کە وەکو پەیامبەر مامەڵەیان لەگەڵ (مارکس) کردووە. وێژەیانە هەموو قسە و بۆچوونەکانی مارکس وەرگیراوە و باوەڕێکی ڕووتی لێ بەرهەم هێندراوە. پابەندبوون بە فێرکارییەکانی مارکس وەکو پانەبدبوون بووە دەقە ئاینییەکان. هێزی ئەو بزوتنەوانە لە ناوەوەی کۆمەڵگە سەرچاوەی نەگرتبوو تاوەکو بتوانێت گۆڕانی ڕیشەیی دروست بکات. بۆیە بۆچوونەکانی لە زۆر شت کورت کرابوویەوە.

یەکێک لەو نەریتانەی ئەو بزوتنەوانە، یان بڵێین ئەوانەی خۆیان لەژێر چەتری فەلسەفەی (مارکس) پێناسە دەکرد، هەمان ئەو چەمکە بوو، کە لە ڕەخنەی ئەدەبی ئیمپڕیالیزم بە (لۆگیکی دووانەیی ئیمپڕیالیسم- binary logic of imperialism) ناسراوە. (لۆگیکی دووانەیی ئیمپڕیالیسم) ئاماژەیە بەو لۆگیکە کەلتوورییەی دەوڵەتی (داگیرکەر) دژ بە دەوڵەت و کەلتووری (داگیرکراو) بە کاری دەهێنا، بۆ نموونە داگیرکەر پێشکەوتووە، خاوەن شارەستانییە، باڵادەستە، هەڵبژێرداوی خوایە، داگیرکراو دواکەوتووە، وەحشیگەرە، شایەن بە ئازادی نییە، نەفرەت لێ کراوە و زۆری تر.

لای ڕۆشنبیری کۆمۆنیستی هەمان لۆگیک بەرانبەر بە کۆمەڵگەی کوردی پەیڕەو کراوە. کۆمەڵگە کۆنەپەرست، ژن چەوسێنەر، نائازادیخواز، دواکەوتووە، بەڵام کۆمۆنیسم ئازادیخواز، تازەگەر، یەکسانخواز و پێشکەوتووە. دەبینین وەک چۆن ئایین بەربەستی زۆر گەورەی بۆ ئازادی و یەکسانی ڕەگەزی هەیە، ئاوا ئەو بزوتنەوانە سەرنجی زۆریان لەسەر ژن وەک بابەت نەک خۆ هەبووە. ئەوە بەبێ ئەوەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنمان بۆ کەلتوور و بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی هەبێت. شەپۆلی ئەو بزوتنەوانە دژ بە هەموو بەها کۆمەڵایەتیەکان بووە و سەرجەمی بونیادی کۆمەڵگەی بەلاوە نا بە خۆزگەی ئەوەی کۆمۆنیسم هێزی ڕزگارکەرە. گوژمی ئەو جۆرە بزوتنەوانە زوو دامرکایەوە، چونکە هێزەکەی لە کۆمەڵگەوە سەرچاوەی نەگرتبوو و خاوەن تێگەیشتن بۆ بونیادی کۆمەڵایەتی و کەلتووری نەبوو.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە، کە ئەو ژینگە و پاشخانەی (مارکس) فەلسەفەی خۆی لەسەر دامەزراندووە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئامادەیی نەبووە. (مارکس) فەیلەسووفێکە لەسەرووی هەموو بەربەستەکان، لەوانە جیاوازی نەژاد، ئایین، نەتەوە و ڕەگەز قسە دەکات و پڕۆژەکەی گشتگیرە. بە هەمان شێوەیش، ڕەخنەکانی (مارکس) نەک بە تەنیا ئاماژەن نین بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، بەڵکو باسن لە وەرگێڕانی ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی لە دەرئەنجامی گۆڕان و گواستنەوە لە شێوەی بەرهەمهێنان و چالاکی ئابووری. ئەو گۆڕان و گواستنەوانە کاریگەریی گەورەی لە وەرگێڕانی چالاکییە مرۆییەکان هەبووە، تەنانەت لە دابەشبوونی چینایەتی، نەژادی و ئاینیش. بۆیە ڕەخنەکانی (مارکس) گشتگیرن، بەڵام زەمینەی لە دایکبوونی ڕەخنەکانی (مارکس) لە نەریتە فەلسەفییەکانی پێش خۆی جیا ناکرێتەوە. بێ ئاگابوون لەو زەمینە، هەلومەرج و پاشخانەی فەلسەفەی (مارکس) تێیدا سەری هەڵدا، تێگەیشتنێکی ناتەواومان پێ دەبەخشێت.

بە گشتی، بەر لەوەی باس لە بەلاوەنانی (مارکس) و تێزەکانی بکرێت، ئێمە پێویستە باس لە هەژاری و کەمتوانایی نێوەندی ڕۆشنبریی خۆمان بکەین. تا زەمینە بۆ ڕەخنە و دامەزراندنی پڕۆژەی فەلسەفەیانە دروست نەبێت، بڕیار نییە بەو مێتۆدە کرچوکاڵانە، کە یان ستایشین، یان نەفرەتی لە (مارکس) و هەر فەیلەسووفێکی تر تێ بگەین. ئەوە ئاستی گەشەی هۆشیاری ئێمەیە، کە ئاڕاستەی گۆڕان دیاری دەکات. ئێمە ناکرێت چاوەڕێی گۆڕان لە هیچ فەلسەفەیەک بکەین، بەڵکو ئەوە ئێمەین، کە بڕیار دەدەین هۆشیاری ئێمە چ ئاڕاستەیەک وەربگرێت و چ گۆڕانێک بەرهەم بهێنێت.

دەنگەکان:

3- پاش رووخانی سیسته‌می سۆسیالیزم و وده‌ركه‌وتنی تێزی “كۆتایی مێژوو” له‌ لایه‌ن فۆکۆیاما و هاوڕاکانییه‌وه‌، ئایا ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ واتای مردنی ماركسی فه‌لسه‌فیی بوو؟ یان مه‌به‌ستی ئه‌و ماركسه‌ به‌ ئایدیۆلۆژییكراوه‌یه که‌‌ کۆتایی هات؟

سۆران ئازاد:

وەڵامەکەی من ئەوەیە، کە هیچ یەکێکیان. هۆکار بۆ ئەوە ئەوەیە، کە بیری فەلسەفی لە چوارچێوەی دوالیزمدا بڕیار و حوکمی لەسەر نادرێت. نەریتی دوالیزم یان دووانەیی، خەسارمەندییەکی گەورەی لە هێزی تێگەیشتنی فەلسەفیانەی هۆشیاری مرۆڤ داوە. ئێمە کاتێک دەتوانین ئازادانە بیرێکی فەلسەفی لێک بدەینەوە، کە لە هەڕەشەی پێشبیر و پاشبیرەکانی حوکم و بڕیاردان دووریان بخەینەوە. هەر بیرێک خاوەن خەسڵەتێکی پڕی ناتەواوە لە خۆیدا. ئەو پڕییە ناتەواوییە دەرئەنجامی بەریەککەوتن و تێکەڵبوونە لەگەڵ پێشبیر و پاشبیرەکانی دوای خۆی. بەو پێیە بێت، بیری فەلسەفی هەمیشە کراوەیە؛ شایەن بەوەیە لەگەڵ پێکهاتە و کەرەستەی نوێ یەک بگرێت و لە پێکهاتەی پێشووی خۆشیەوە داببڕێندرێت.

ڕەگی سەرچاوەی بۆچوونەکەی (فۆکۆیاما)، دیدی فەیلەسووفی ئەڵمانی (هیگڵ)ە لە بارەی مێژوو. ئەگەر پێش (هێگڵ) خوێندنەوەی مێژوو خۆی لە دابەشبوونی زنجیرەیی ڕووداو و ساڵەکاندا بینیوەتەوە، ئەوا لای (هێگڵ) ئەو تێگەیشتنە ڕووبەڕووی هەڵوەشاندەوە دەبێتەوە، کە لە کتێبی (فەلسەفەی مێژوو) بۆچوونەکانی خۆیی تێدا دامەزراندووە. لە دیدی (هێگڵ) گرنگیی فەلسەفەی مێژوو لەوەدا نییە لە چ ساڵێکەوە بۆ چ ساڵێکی تر دەمانبات، بەڵکو تێپەڕاندنی سەردەمێکی هۆشیارییە بۆ سەردەمێکی تر، یان گۆڕانی پاڕادایمەکانی گەشەکردنی هۆشیارییە بۆ بە دەستهێنانی ئازادی. هەر لە هەمان کتێبدا، (هێگڵ) ئاماژە بە دەستکەوتنی ئازادی دەکات و لەوێدا مێژوو دەگات بە کامڵیی خۆی.

یەکەم توێژینەوەی (فۆکۆیاما) لەو بارەیەوە لەژێر ناونیشانی (کۆتاییی مێژوو؟) لە ساڵی 1989 لە گۆڤاری (The National Interest) بڵاو کرایەوە. (فۆکۆیاما) هەوڵی داوە ئەو بۆچوونەی (هێگڵ) بۆ پێشکەوتنەکانی خۆرئاوا لەژێر سایەی دیمۆکراسی و زاڵبوونی هەژموونی لیبڕالیزم، کە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، خەریکە دەبێت بە تاکە مۆدێلی چارەسەر بۆ تەواوی ناکۆکییەکان، بەکار بهێنێت. وەک خۆی دەنووسێت: “ئەوەی ئێمە دەیبینین بە تەنیا کۆتایی شەڕی سارد یان تێپەڕین بەناو کاتێکی تایبەتی مێژووی دوای شەڕ نییە، بەڵکو کۆتایی مێژوو خۆیەتی؛ واتە خاڵی کۆتای گەشەسەندنی ئایدیۆلۆگیی ڕەگەزی مرۆڤ و بە گەردوونیبوونی دیمۆکراسیی لیبڕاڵ وەک کۆتا فۆڕمی حوکمڕانیی مرۆڤ.” زمانی (فۆکۆیاما) زۆر گەشبینانەیە. ئەو وای دەبینی، کە تارمایی دیمۆکراسیی لیبڕاڵ خەریکە تەواوی جیهان دەگرێتەوە.

زۆرێک لەو پێشبینییە گەشانەی (فۆکۆیاما) باوەڕی پێی هەبوو، لە جیهانی ئێستاماندا پێچەوانەکەی هاتووە دی. (فۆکۆیاما) پێی وابوو، کە لە کاتێکی زوودا، جیهان چیتر ڕووبەڕووی کێشە و ناکۆکی گەورە نابێتەوە. مانشێتی ڕۆژنامەکان کێشەی سادە و لاوەکی لە خۆ دەگرن، چونکە مێژوو وا دەگات بە کۆتایی و کامڵێی خۆی، کە تێیدا هەمووان لەژێر سایەی دیمۆکراسیی لیبڕاڵ چێژ لە بوونی خۆیان دەبینن. ئاوەڕدانەوەیەک لە کێشەکانی جیهان پێچەوانەکەمان بۆ دەسەلمێنێت. وڵاتێکی وەکو (چین)، کە (فۆکۆیاما) پێی وابوو بەرەو دیمۆکڕاسی هەنگاو دەنێت، بووەتە سەرمایەداری تۆتالیتاری. کاریگەرییە ئابوورییەکانی (چین) لەسەر هاوکێشەی بازاڕ حاشەهەڵنەگرە و ناتواندرێت بەلاوە بندرێت. ئەو بۆچوونەیشی، کە هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت دیمۆکراسی بۆ (ڕووسیا) فەراهەم دەکات پێچەوانەکەی دەرچووە.

جیهان بەدەم کێشەی لاوەکی نا، بەڵکو بەدەم کێشەی زۆر گەورەوە دەناڵێنێت. گەرمداهاتنی زەوی و گۆڕانی کەش، کە یەکێکە لە ئاکامەکانی گەشەی سەرمایەداری و ئەو بەرهەمهێنانەی، کە وا دەخوازێت لەپێناویدا سرووشتی زەوی تێک و پێک بدرێت هەر بە تەنیا بۆ ئەوەی گەشە بە خۆی بدات. کۆمپانیا و وڵاتە زلهێزەکان تەواوی سەرمایەی مرۆیی و سرووشتیان بۆ بەردەوامیدان بە گەشەی هاوتەریبی ئابووری (Exponential Growth) تەرخان کردووە.

دۆخی مرۆیی لە وڵاتە زلهێزە ئابوورییەکان، کە خاوەن سیستەمێکی تۆتالیتارین، وەکو (چین) و (سینگاپور) ڕەچاو ناکرێت، چونکە توانا ئابووریەکەیان نکۆڵی لێ نەکراو و کاریگەری گەورە لەسەر ئابووری جیهان دادەنێن. (چین) خاوەن یەکەم چوار بانکە گەورەکانی جیهانە. بە گوێرەی یەکێک لە لێکۆڵینەوەکانی (زانکۆی کۆپنهاگن)ی دانمارکی، ئایفۆنی هەر بەکاربەرێک کرێکارێک لە چین دەکوژێت! چونکە ئەو کرێکارانەی ئەوێ هەموو ژیانیان لە کارگەکاندا بەسەر دەبەن و تەنانەت وەچەکانیشیان دەبنەوە بە هێزی کرێکار، کە پێشەنگی ئەو کۆمپانیایانە (فۆکسیکۆن – Foxconn)ە. ئەوە تەنیا تایبەت نییە بە کۆمپانیای ئەپڵ، بەڵکو ئاماژەدانێکی بچووکە لەوەی، کە دۆخی مرۆیی چۆن لەپێناو پاراستنی گەشەی ئابووری جیهان پشتگوێ خراوە.

(مارکس) لە بەشێکی گەورەی ئەو مەترسیانە دواوە و هەستی بەو هێزە شاراوە ترسناکە کردووە، کە سەرمایەداری دەیجووڵێنێت. گەڕانەوە بۆ (مارکس) گەڕانەوەیە بۆ یەکەم ڕەخنەی فەلسەفەی ئابووری لەسەر سەرمایەداری. کێشەی گەورە لە بۆچوونەکانی (فۆکۆیاما)دا هەن، بەڵام پێشەنگترینیان ئەوەیە، کە هەوڵی داوە فەلسەفەی (مارکس) وەکو پەیامێکی ئایدیۆلۆگی کورت بکاتەوە، کە پەیوەست بووە بە کاتێکی دیاریکراو و لەگەڵ هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت، ئەو پەیامە دەورانی خۆی گێڕا و کۆتایی پێ هاتووە. (مارکس) پەیامێکی کورتی ئایدیۆلۆگی نییە. ئەو ڕەخنەکانی بۆ سیستەمێکی ئابووری جیهانی بەرز دەکاتەوە، کە سەرتاپاگیرە و بڕیار لەسەر کایەی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی جیهان دەدات. سیستەمێک، کە لەپێناو درێژەدان بە خۆی، هەموو شتێک لە خۆیدا دەتوێنێتەوە و دەخاتەگەڕ.

دەنگەکان:
٥- به‌ بۆ‌چوونی ژاك دێریدا، ئه‌وه‌ی كوژراوه‌ ماركسی ئایدیۆلۆژییه‌ نه‌ك فه‌لسه‌فیی. ئه‌و ماركس به‌ تارمایی هاملێت ده‌‌چووێنێت، به‌وه‌ی ئه‌و هه‌ر كاتێك بیه‌وێت‌ ده‌توانێت‌ بگه‌ڕێته‌وه لای و ‌ له‌حه‌قیقه‌تی تاوانی باوك كوشتندا ئاگادارمان بكاته‌وه‌. که‌واته‌ ئایا ماركسه‌كه‌ی ناو زمانمان كه‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بێته‌ گۆ؟

٦- با قسه‌یه‌كی بابه‌كی ئه‌حمه‌دی له‌باره‌ی ماركس بێنینه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت “ماركس ده‌رمانی ڕزگار بوونمان ناداتێ‌, به‌ڵام ئه‌وه‌مان بیر ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشین ‌و واچاكتره‌ مشورێكی چاره‌سه‌ركردنی خۆمان بخۆین، ئه‌و هه‌ندێ‌ ده‌رمانیشمان بۆ ده‌ست نیشان ده‌كات, به‌ڵام له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ كه‌ له‌ئاست كاریگه‌ری ئه‌و ده‌رمانانه‌ بتۆژینه‌وه‌” عه‌قڵی ئێمه‌ له‌كوێی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رمانه‌یه‌؟

سۆران ئازاد

چونکە پرسیارەکەت وێژەیانەیە و ئەو بۆچوونەی (جاک دێریدا) لە پەرتووکەکەی (تارماییەکانی مارکس)دا پێداگری لەسەر کراوە، کە ناوەڕۆکی ئەو پەرتووکە دەوڵەمەندە بە وێنەی وێژەیی، هەوڵ دەدەم بە هێنانەوەی شیعرێکی (ڕینە ماریە ڕیلکە) دەست پێ بکەم:

“لەدەستدانیش هێشتا هیی خۆمانە، تەنانەت لەبیرکردنیش
هێشتا خاوەن شێوەیەکە لە شانشینی گواستنەوە.
کاتێک شتێک دەڕوات، دەخولێتەوە و ئەگەرچی
ئێمە بە ئەستەم چەقی بازنەکەیەن،
بە دەورماندا هێڵە نەشکاو و سەرسوڕهێنەرەکەی
دەکێشێت.”

ئەگەر بمانەوێت ناوەڕۆک و گوڕی ئەم شیعرە بۆ ئامادەیی (مارکس) لە جیهانی ئەمڕۆماندا بە کار بهێنین، ئەوا دەتوانین بڵێین، کە (مارکس) خۆی ڕۆیشتووە، بەڵام فەلسەفەی بەدەورمانەوەیە و بۆ شێوە و خوێندنەوەی جیاواز گوازراوەتەوە. (جاک دێریدا) لە کتێبەکەیدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە، کە بۆچی لە جیاتی (تارمایی مارکس)، کە ئاماژەیە بە یەک تارمایی، (تارماییەکانی مارکس)، کە ئاماژەیە بە جۆرەها تارمایی، بە کار هێناوە. لە دیدی ئەودا، (مارکس) خاوەن یەک تارمایی نییە، بەڵکو بە دەورمانەوە و لە جیهانماندا تارماییەکانی (مارکس) جۆراو جۆرن. تارمایی خاوەن گیان نییە و جەستەیشی نییە. (دێریدا) وێژەیانە پێوەندیی نێوان تارمایی و گیان ڕوون دەکاتەوە، کە یەکەمیان نابێتە جەستە و نایەتە ناو ژیان، بەڵام دووەمیان جەستە دروست دەکات و دەبێت بە بەشێک لە جیهان. تارمایی ئامادەییەکی نائامادەی هەیە. وەکو لە بابەتێک ئاماژەم پێی داوە، مرۆڤ توانیویەتی شەڕی زۆر گەورە بکات، بەڵام هەرگیز لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ڕێگە لەو تارماییەکان بگرێت لەو کاتەی، کە دەردەکەون. (مارکس) بەوەدا خاوەن یەک تارمایی نییە، لەبەر ئەوەی فەلسەفەکەی بەرفراوانە، ئەو بەرفراوانییە تارمایی جیاواز بە دەوری جیهاندا دەکێشێت.

دیارە مەبەستی (دێریدا) ئەوە نییە، کە گیانی (مارکس) بووەتە تارمایی و وەکو گیانی پەیامبەران ئاگایان لە جیهانە، چونکە خودی (مارکس) بە هاوتا لەگەڵ (ئەنگڵس) لە کتێبی (ڕەخنە لە ئایدۆلۆگیی ئەڵمانی) ئاماژە بەوە دەدات، کە ئاگایی مرۆڤ هیچ نییە جگە لە ئاگامەندیی ژیان. مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاگامەندە و ئەو ئاگامەندییەش لەناو ژیاندا دێتە بوون، نەک ئەوەی ئاگامەندی پێش بوونی مرۆڤ، وەک ئەوەی فەیلەسووفانی مێتافیزیک پێداگری لەسەر دەکەن، لەوانە (پلاتۆ) و (دێکارت)، هەبووبێت و دواتر لە جەستە و بوونی مرۆڤدا خۆی بەرجەستە بکات. مەبەستی (دێریدا) لە خودی فەلسەفەی (مارکس)ە، کە خاوەن خوێندنەوەیەکی بێ وێنەیە بۆ دۆخەکانی مرۆڤ و ئەو شێوازانەی (سەرمایەداری) دەیگرێتە بەر.
(مارکس)ی ناو زمانی ئێمە هەبوویەکی جێگیر و لەپێشتر نییە تاوەکو بتوانێت بێتە گۆ.

بوونی (مارکس) ئاگامەندییە. پڕۆژەکانی ئەو ئاگامەندییە بەردەستن و توانای خوێندنەوەی هێزی شاراوەی ژیانی ئابووری مرۆڤ لەناو سیسیتەمی سەرمایەداریدا هەیە. (مارکس) بەر لەوەی بۆچوونەکانی بێت، ئەو وزە فەلسەفییەیە، کە خاوەن گوڕێکی بەهێزە لە خوێندنەوەی دیاردە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداری. بۆچوونەکانی (مارکس) جێگەی ڕەخنە، شیکاری و ڕەتدانەوەشن، بەڵام ئێمە پێویستییەکی گەورەمان بەو گوڕە فەلسەفیەیە، کە توانای دۆزینەوە و شیکارکردنی ژیانی ئێمە لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە. توانای ئەوەی هەیە ببینێت چۆن مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی ئاگامەند لە سیستەمی سەرمایەداریدا کورت بووەتەوە بۆ بەهای بەکارهێنانی. فەیلەسووفی دانمارکی (سۆرێن کیاکەگارد) لە ستایشی ژیانکردن لە شاری (کۆپنهاگن)دا دەڵێت: “بۆ من، بە پێچەوانەوە، [کۆپنهاگن] هێندە گەورەیە کە وەکو شار ڕەچاو بکرێت و هێندەش بچووکە، کە هیچ نرخێکی بازاڕ لەسەر مرۆڤەکان نییە.” دیارە (کیاکەگارد) لەگەڵ (مارکس)، هاورچەرخ بوو، بەڵام پێش ئەو کۆچی دوایی کرد.

ئەو بۆچوونەی (هیچ نرخێکی بازاڕ) من وای بۆ دەچم لەژێر کاریگەریی هەمان بۆچوونی (ئیمانوێڵ کانت) بێت لەبارەی فەلسەفەی ڕەوشت. لە دیدی (کانت)، مرۆڤ خاوەن شکۆمەندییە و بوونەوەرێکە بە هیچ شێویەک نابێت مامەڵەی نرخ و بەکارهێنانی لەسەر بکرێت. ئێمە لەڕووی ڕەوشتەوە بۆمان نییە مامەڵە بە شکۆداریی مرۆڤ بکەین و نرخی بخەینە سەر. (کیاکەگارد) هەستی بەوە کردووە، کە لە شارەکانی تر وا خەریکە نرخی بازاڕ دەکەوێتە سەر مرۆڤەکان. (مارکس) خوێندنەوەیەکی گشتگیر و پڕکۆ لەبارەی دینامیک و شێوازەکانی سەرمایەداری تەرخان دەکات، كە چۆن نرخ دەخاتە سەر بەهای مرۆڤ و لە پێویستبوون و نەبوون کورتی دەکاتەوە. پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بدەم. لە سەردەمی (مارکس) کارگەرکان پێویستیان بە هێزی کارە و مامەڵەیان لەگەڵ کرێکرەکان بە کەمترین کرێ و لە خراپترین ئاستدا دایە. بەڵام لە ئاکامی هۆشیاربوونەوە و یاخیبوون لە ئاست ئەو سیستەمە، دەبینین کە زۆر وڵاتانی جیهان ناچارکراون، کە هەوڵی دامەزراندنی سیستەمی دادپەروەرانە بدەن. دەبین، کە کرێکارەکان خاوەن کاریگەرییەکی گەورەن، چونکە ئەگەر ئەوان نەبن، سیستەم دەکەوێتە شۆکەوە.

بەڵام لە ئێستادا مەترسییەکی گەورەتر هەڕەشە لە بازاڕ دەکات، ئەویش ئەوەیە، کە خەریکە وردە وردە هاوکێشەی بازاڕ لەژێر سایەی پێشکەوتنی تەکنەلۆجی بە لایەکدا دەشکێتەوە، کە کەمترین و کەمترین فەرمانبەر و کرێکاری پێویستە. کەمتر و کەمتر نوخبە پێویستی بە دەستی کاری کۆمەڵگە هەیە. ئەوە دۆخێکی دروست کردووە، کە پێی دەگوترێت بێکەڵکی (dispensability). شەڕی ئێمە ئێستا لەسەر ئەوە نییە خراپ مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، بەڵکو لەسەر ئەوەیە ئاخۆ ئەوان پێویستیان بە ئێمەیە یان نا. هەر لە دۆخی ڕامیاریی کوردستانیش ئێمە ئەو کێشەیەمان هەیە. پێشتر ئەگەر یەکێتی و پارتی پێویستییەکی گەورەیان بە هێزی کۆمەڵگە هەبوو، ئێستا ئەو پێویستە وا کەمتر و کەمتری دەکەنەوە. ئامانجی هەوڵەکانیان بێکەڵکردنی توانای خەڵکە. یەکێتی و پارتی بەشی ئەوە سەرمایەیان دەست بەسەردا گرتووە بۆ ئەوەی بتوانن پێی بمێننەوە. مەگەر بوون بە ئەندام ئامانج لێی گۆڕانکاریکردن بێت، بەڵام ئەو گۆڕانکاریانەیش هەر خۆیان دەستنیشانیان کردوون.

بارزانی، کاتێک هەستی کرد دەمامکی ئایدۆلۆگیاکانی پارتەکەی خەریکە یەک لە دوای یەک دەکەون، پەنای بۆ بانگەشەی (دەوڵەتی کوردی) برد، چونکە بۆی دەرکەوت لانی کەم بەو بانگەشەیە دەتوانێت ماوەیەکی زۆرتر بۆ باڵادەستبوون مسۆگەر بکات. ماوەیەکی زۆر تەنیا هەڕەشە بە ڕێفراندۆم دەکرد و کاتێکش بینی ڕەوایەتداریی سەرۆکایەتییەکەی بەتاڵ بووەتەوە، ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند. لەژێر ئەو چەترەدا، بۆ بەشێکی ئەوانەی، کە پێش بوون بە لایەنگری بارزانی دەکەوتنە بەردەم پرسیاری خۆیان، ڕیفراندۆم ئەو بەربەستەی بۆ شکاندن. بوون بە لایەنگری بارزانی، واتە بوون بە لایەنگری دروستبوونی دەوڵەتی کوردی. ئێستایش بەشی ئەوە و بە هۆکاری شکستی ڕیفراندۆم، سوپاس بۆ وەچەکانی تاڵەبانی، کە بە پێشەشکردنی 150 گیانی پێشمەرگە وەکو دیاری بۆ (حەشدی شەعبی)، ڕەوایەتیان بە شکستەکە دا، بواری هەیە درێژە بە سەرکۆنەکانی بدات و بیخاتە سەر وەچەکانی تاڵەبانی. بۆ (مارکس) ئەوە سرووشتی هەرە ڕاستەقینەی ئایدۆلۆگیایە. ئێمە لە ڕێگەی ئایدۆلۆگیا و بانگەشەکان بەلاڕێدا دەبرێین و بەری ئەوەمان لێ دەگیرێت ڕاستەقینەی دۆخی مرۆڤ و جیهان وەک خۆی ببینین. بینینی ڕاستەقینە هێزی هۆشیاری پێویستە.

دیارە ئەوە واتای وانییە، کە ئاستی هۆشیاری بارزانی هێندە گەورەیە، کە توانای چەواشەکردنی کۆمەڵگەی هەیە. لە زانستی ئابووریدا چەمکێک هەیە پێی دەگوترێت (بنەمای هەر وەک- the principle of As If). بۆ نموونە، تۆ پێویستت بە زانینی ورد و دروست لە بیرکاری نییە بۆ ئەوەی بزانیت کاتێک دەچیت بۆ بازاڕ چی بکڕیت و بە چ نرخێک بیکڕیت، چونکە (هەر وەک) هەموو ژمێریارییەکە بزانیت، تەنانەت ئەگەر خوێندەواریشت نەبێت. با بڵێین تۆ 20 دۆلارت پێیە، دەتەوێت شەکر و برنج بکڕیت. نرخی یەک کیلۆ برنج یەک دۆلار و نرخی یەک کیلۆ شەکر دوو دۆلار، جگە لە کرێی تەکسی کە چوار دۆلارە. ئەگەر ئابووریانە و بیرکاریانە ئەوە لێک بدەینەوە، بەو شێوەیەی خوارەوەیە:
(نرخی برنج* کیلۆ برنج + نرخی شەکر* کیلۆ شەکر + کرێی تەکسی= داهات
1*ب+2ش+4=20). ئەگەر یەک کیلۆ برنج و یەک کیلۆ شەکر بکڕێت، ئەوا دەکاتە: 1*1+1*2+4= 7 دۆلار و 13 دۆلارت بۆ دەمێنێتەوە. تۆ دەزانیت، کە پاش کرێی تەکسی، دەتوانی یان 16 کیلۆ برنج، یان هەشت کیلۆ شەکر بکڕیت. بەڵام دەتوانی، بۆ نموونە، هەشت کیلۆ برنج و چوار کیلۆ شەکر بکڕیت. ئەگەر بیرکاریانە ئەوە لێک بدەیتەوە، دەکاتە: 8*1+4*2+4=8+8+4=20. ئێمە رۆژانە وا هەڵسوکەوت دەکەین (هەر وەک) ئەوەی هەموو ئەو ژمێریارییە بزانین. بێگومان دەکەوینە هەڵەشەوە، بەڵام نەبوونی زانین لەبارەی ئەو ژمێریارییە واتای وانییە ناتوانین بڕیاری دروست بدەین. چونکە یەکێتی و پارتی ئەزموونیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک هەیە، خستەگەڕی تەواوی هێزی میدیا و ئایدۆلۆگییان، (هەر وەک) ئەوەیە، کە بزانن چی دەکەن. نەک ئەوان، بۆ نموونە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر وروژاندنی هەستی ناڕەزایی خەڵک دروست بوو. هەر گۆڕانێک لە هاوکێشەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی تر، بە تەواوی لە زمانی ڕاگەیاندنەکەیان ڕەنگی دەدایەوە. کۆمەڵە و یەکگرتووی ئیسلامی هێزی خۆیان لەسەر ئەو بەشەی کۆمەڵگە بونیاد ناوە، کە متمانە بە لایەنەکان لەسەر بنەمای ئایین دەبەخشێت.

(مارکس) دیدی وابوو، کە باوەڕ، بەها و ئایدیاکان هێزیان لە پەرەپێدانی سەرمایەداریدا هەیە. لە ئەمەریکا ئەو پەرتووکانەی لەبارەی دەوڵەمەندبوون، گەشەی کەسی و نهێنیەکانی سەرکەوتن و زۆر ناونیشانی تر لە پڕفرۆشترین پەرتووکەکانن. لە بنەڕەتدا، ژمارەیەکی زۆر کەم توانای ئەوەی هەیە لە چینێکی کۆمەڵگە بۆ چینێکی تر بەرز ببێتەوە. بەڵام ئەو پەرتووکانە، بۆ نموونە، ڕۆڵی پەرەپێدانی سەرمایەداری دەگێڕن. ئەو ئایدۆلۆگیایە بڵاو دەکەنەوە، کە سەرکەوتن بەرهەمی گەشەی کەسییە و ئەوانەی دەوڵەمەندنن بەهۆی کۆششی خۆیانەوە گەیشتوون بەوێ و تۆش دەتوانی وا بکەیت. یان بۆ نموونە ئایین هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت، ئەویش یەکەم بە نکۆڵیکردن لە گرنگیی ئەو ژیانەی ئێستا و ئەو بۆچوونەی، کە پێی وایە پێدراوەکان لە لایەن خواوە پێیان دراوە.

(ئەنتۆنیۆ گڕامشی) ئەگەرچی مارکسیستە، بەڵام بۆچوونی وایە، کە مادام ئێمە دەزانین ئایدیاکان، بەهاکان و باوەڕەکان هێزیان هەیە، پێویستە هەوڵی ئێمە بۆ دابینکردنی زەمینەی گەشەپێدانی ئایدیا و بۆچونەکان بێت. پێویستە ئێمە بتوانین گەشە بە هۆشیاری گشتی بدەین و ببین بە کارەکتەری چالاک و هۆشیار لە بوارە جیا جیاکاندا بۆ ئەوەی هێزی گواستنەوەی دۆخە ئابووری و ڕامیارییەکانمان هەبێت. لێرەدا گرنگ نییە سەرمایەداری چەندە گشتگیر و باڵادەستە، هێزی ئایدیاکان و هۆشیاری دەتوانێت زەمینەی گەورە بڕەخسێنێت.
بە بۆچوونی (سلاڤۆی ژیژەک) کۆتایی بە وەڵامەکەم دەهێنم. فێربوون واتە هۆشیاربوونەوە. ئێمە بوونەوەری ئاگامەندین و ئاگامەندی تاکە خەسڵەتی جیاکاری ئێمەیە لەگەڵ بوونەوەرانی تر. ڕۆڵی مێژوویمان، ژینگە، جیهان و ئاستی کۆمەڵایەتیمان لەژێر هەڕەشەی خۆمان دایە. ئێمە خۆمان ڕووبەڕووی پرسیار نەکردەوە، کە بۆچی گیانی 150 پێشمەرگە وەکو دیاری بە (حەشدی شەعبی) بەخشرا.

لە خۆشمان ناپرسین چۆن بەرگری لە ڕیفراندۆمێک دەکەین، کە خاوەن هیچ زەمینەسازییەکی پێشکات نەبوو! کۆمەڵگەی ئێمە هێندە چەواشە کراوە، کە بەها بنەڕەتییەکانمان لەبیر کردووە. هەر یەکێک لەو 150 پێشمەرگەیە تاکی کۆمەڵگەی ئێمە بوون، کە هەم پارتی و هەمیش یەکێتی لێیەوە بەرپرسن. کەچی هێشتا شەڕی ئێمە لەسەر ئەوەیە، کە چەندە بە دڵی ئەوان بین. پرسیار لەوە ناکەین، کە چۆن دەبێت تاکی ئێمە، وەکو (سەردەشت عوسمان)، (سۆرانی مامەحەمە)، (کاوە گەرمیانی) و (ویداد حسێن) لەسەر ڕادەربڕین بە دڕندەترین شێوە بکوژرێن.

هێزی نیوەی کۆمەڵگەی ئێمە، کە ژنە، کپ کراوە. کۆمەڵگەیەک نیوەی هێزەکەی کپ کرابێت، چۆن چاوەڕێی گەشە و گۆڕانی لێ بکەین؟ هۆشیاری ئێمە پێویستە لەسەرووی بەربەستەکانەوە بفڕێت بۆ ئەوەی تەکان بە دۆخە چەقبەستووەکاندا بدات و ژیان بۆ ئاست و کێشەی باڵاتر، نەک بێکەڵکتر بەرز بکاتەوە. هەڵبژاردن لە دەست خۆمانە. کرانەوە بەڕووی هۆشیاریدا ڕۆڵگێڕانی ڕاستەقینەی ئێمەیە. فێربوونی ناوەڕۆکدار لەهەر کاتێکی تر زیاتر پێویستە. (مارکس) زوو بانگی لە کرێکاران کرد لە دژی چەوساندنەوە یەکبگرن. ئەو بانگە هەمیشە لەوێیە، نەک بە تەنیا لە دژ چەوساندنەوەی کرێکاران، بەڵکو لە دژ هەر جۆرە چەوساندنەوەیەکی تر. ئەو بانگە هۆشیارانەیە و واش دەخوازێت هۆشیارانە بەرەو ڕووی بانگەکانی تر بچین.

———————————————————–
تێبینی/
لە ڕاستیدا من مارکس-ناس نیم و رۆژێک لە رۆژان مارکسی نەبوویمە. خولیای ڕەخنەگرتن و فێربوون ئەو بەشە زانینەی لەبارەی فەلسەفەی (مارکس) و دۆخی جیهان پێ بەخشیووم. دەمێکە پەیمانم بە کاک (گۆران) داوە، کە وەڵامی پرسیارەکانی بدەمەوە، بەڵام بە پێویستیم زانی ئاقاری زانینم سەرەتا لەبارەی (مارکس) بەرفراوانتر بێت، بەر لەوەی ئەو مافە بە خۆم بدەم لەو بارەیەوە بدوێم. بۆیە هیوادارم بۆچوونەکانم بە زانینی ڕەها لەبارەی ئەو فەیلەسووفە مەزنە لێک نەدرێتەوە و باقی ڕەخنەی زانستیانە بۆ خوێنەران جێ دەهێڵم و وەک (مارکس) بەخێرهاتنیان دەکەم. لە سەرووی هەموو ئەوانەیشەوە، هیوادارم خوێنەران سوودی لێ ببینن.




سیمپاتی لەسیتمی سیاسی ــ شاعیرانەی ئەرستۆ و شانۆی سەکۆدا … زاهیر عەبە ڕەش

بواڵ لە شانۆکەیدا لە شاری ( ڕیو دی جانیرۆ ) کاری لەگەڵ ئەو پرس و کێشانە دەکرد، کە سەری هەڵدەدا، شکڵی شانۆکە و چۆنێتی کارکردنیان بە شێوەی شانۆی سەکۆ بوو. لەگەڵ ئەو کێشانەدا دەست و پەنجەیان نەرم دەکرد کە دەهاتە بوون، بەشانۆکەیان دەیان وویست ئەو چەوساندنەوە و کێشانە نەهێڵن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە لە کۆمەڵگاکەیاندا بوونی هەبوو. لە ماوەی کارکردنیشیاندا لەگەڵ ئەو کێشانە و ئاریشانە کاریان دەکرد، کە لەناو پەرەگراف و دێری یاساکاندا پەیدا دەبوون. نەهێشتنی چەوساندنەوە بە مانای تێکشکانی ئەو یاسایانەی کە لەمپەرە بۆ ئازادی مرۆڤ و چارەسەرکردنی گرفتەکانی.

بواڵ میتۆدی شانۆی لە کۆمەڵگادا وا دەبینی ،وەک ئامرازێکی سەربەخۆ بۆ مل ملانی و بەگژاچونەوەی ئەو قۆرخ و بەربەستانەی کە لە یاساکاندا رێی لە بە دیموکراتیزەگرتنی کۆمەڵگا دەگرت. لەبەرئەوەی بواڵ خۆشی ئەندامی ئەنجومەنی ڕیۆ دی جانیرۆ بوو، (شانۆی یاسادانان ) ی دروستکرد، ئەویش بەمانای ئەوەی خەڵک خۆی لە دروستکردنی یاساکاندا دەستی هەبێت. پاشان شانۆی یاسادانان لەو پرۆسەیەدا بوو بە رووداوێکی شۆڕشگێرانە، شانۆ بەربەستی لە دروستبوونی كێشەکان دەگرت لە ناو خودی یاساکاندا.
بەوشێوەیە بواڵ گەشە بە تیۆریەکەی دەدات لە بارەی شانۆ و پەیوەندی بە سیاسەت و کۆمەڵگاوە، بنچینەی ئەم بۆچونەشی لە سەر سێ پێداگیری دارشتووە.

1ـ هاوسۆزی ( سیمپاتی ) دەشێت لە دوو حاڵەتدا بەکاربهێنریت، جارێک بە نەگەتیڤی بۆ مەبەستی چەوساندنەوە و جارێکیش بە پۆزەتیڤی، زۆر گرنگە کە بە مەبەستی سەرفرازی بەکاربهێنرێت.
2ـ شانۆ سیاسەتە
3ـ بەشداران سەرزیندەو بەگوڕبن

ئەرگومێنتی بواڵ بۆ ئەوەی کە شانۆ سیاسەتە، رەخنەکەی دژ بە ئەرستۆتاڵیس بنیات دەنێت. ئەریستۆ جەخت لەوە کردۆتەوە کە شیعر و سیاسەت دوو شتی جیاوازن. بواڵ دەیەوێت ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە فۆرمی سیستمی ( سیاسی ــ شاعیرانە ) ی ئەریستۆ تاڵیس مرۆڤ کەم بایەخ و دەکات و دەیانچەوسێنێتەوە. بە بۆچوونی بواڵ سیستەمەکەی ئەرستۆ لە خزمەتی چینی دەسەڵاتداردا بووە، بەلام بەهۆی شیعرەوە ئەو چەوساندنەوەیە لە خەڵک شاراوە و پەنهان بووە، بەرگێکی بەشمەکی بووە بۆ شاردنەوەی ستەم لێکردن. ئەرستۆ لەو سیستەمەیدا باسی هیچ مەیل، خراپە و سەرنجێک ناکات کە زیان بە سیستمی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت.
بەواتایەکی تر سیستمی ( سیاسی ـ شیعر)یەکەی ئەرستۆ پارێزگاری لەو چەوساندنەوەیە دەکات و دەیانهێڵێتەوە کە لە کۆمەڵگادا هەیە، ئەویش بە نەهێشتن و قەلاچۆکردنی ئەوتێروانین وبیروباوەرنەی کە دژی ستروکتووری کۆمەڵگە هەبوو، یان هەیکەلی پێکهاتەی کۆمەڵگای بخستایەتە ژێر پرسیارەوە. ئەویش بەرگری کردنە لەو سیستم هەیکەلی کۆمەڵگە بەڕێگای هونەرەوە، چونکە ئەوەش لای چەوسێنەرەکان خۆی لە خۆیدا بوونێکی جیگیر و چەسپاوە، لەگەڵ بوونی مرۆڤدا خوڵقاوە و بریاری لەسەر دراوە، شتێکە دەبێت مرۆڤەکان خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن، چونکە مرۆڤ کەمدەستە لەلابردن و سڕینەوەی ئەو بڕیارە سروشتتیانەدا، بۆیە مرۆڤ تەنیا وەک تەماشاکەرێک وایە و توانای نییە لە سڕینەوەیدا.

تیۆریەکەی ئەستۆ درێژە پێدانی ئەفسانەکانە، کە چۆن ئەفسانەکان مرۆڤەکانی فێر دەکرد، کە چۆن ڕەفتار بکەن، دەسەڵاتدارانیش چۆن هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن، ڕەشەخەڵکیش چۆن ملکەچی دەسەڵات بن، هەروەها ئەرگومێنیتی خۆشیان پێشکەش کردووە بۆ بەردەوامی ئەو ڕەوشە. لەبری ئەوەی یەکسانی ژیانی خەڵک لە کۆمەڵگادا بەرەوپێش بەرێت، بەپێچەوەنەوە بەهۆی سیتمی شیعر ـ سیاسی، خەڵکانێکی وەک یەک بە پاسیڤی لە کۆمەڵگایەکی نایەکساندا دەنەخشێنێت. بواڵ ئاماژە بە قسەیەکی Arnold Houser دەدات کە دەڵێت: خەڵک لە چوارچێوەیەک دا بەگشتی لە درامادا موعایەشەی دیموکراتی کردووە، بەڵام لە راستیدا ناوەرۆکێکی نادیموکراسی و ئەریستۆکراتیانەی هەبووە، ئەویش نموونەیەکە بۆ چەوساندنەوەی پەنهان لە سیستەمەکەی ئەرستۆ کە پارێزگاری لێدەکات، چەوساندنەوەیەک کە لە ژیان و نەریت و ترادیسیۆنی خەڵکدا گوزەردەکات. تیۆریەکەی ئەرستۆ هەروەک تراژیدیەکانی کلاسیک لە ئاستێکی سیاسی باڵادا، باس لەوە دەکات تا چەند یاسا و ڕێساو کانی ووڵات لەگەڵ یاساکانی سروشتدا یەک دەگرنەوە. ئەوەش تراجیدیا وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ بەردەوامی سیاسەتی ستەملێکردن بەکار دەهێنن، ئەوەش هەروەک میتۆدی بانکی، پەروەردەکردن و فێرکردنی خەڵک بۆ قبوڵکردنی ئەو واقیعەی کە هەبووە بێ هیچ نارەزایەک.

بواڵ دەیەوێت ئەوە پیشان بدات کە چۆن بەها سیاسیەکان بە هۆی شیعرەوە گوزارشتیان لێدەکرێت و چۆن بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، کە ئەرستۆ دژی دەوەستێتەوە. بواڵ بۆمان ئاشکرا دەکات کە چۆن ئایدیا و بیری سیاسیانە بە دەقە شیعریەکانەوە داپۆشرابوو، بەڵام بەو بەوشێوە شیعریە کە لای خەڵک شاراوەبوو، تراژیدیەکان هەرچەندە لە میتۆلۆژیاو ئەفسانەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و بناخەیەکی پر لە نهێنی و پەنهان و راز و نیاز هەڵگرتووە، کە بەرگریکردنە لە ئافسانەی دەسەڵات، لەوێدا پاڵەوان ڕووبەرووی چارەنووسی خۆی دەبێتەوە، ئەوەش سەرەتایەکی تێگەیشتنە لە سیماتی هاوسۆزی بەرامبەر ئەو ئەفسانەو داکەوتە ئەو واقیعە دەبێتە ڕاستی لای بینەران. ئەو هاوسۆزیە بۆ پاڵەوان و بۆ واقیع، بە دیدی ئەو لە فۆرمی شانۆدا بەکارهێنرابوو.

بواڵ مەبەستی ئەوەیە کە بەکارهێنانی سیمپاتی لە شیعردا، بۆ ئەوەبوو چونکە خەڵک نزیکایەتی و ئاشانیەتی لەگەڵ دەقە شیعریەکاندا هەبوو. هەروەها سیستمی ( سیاسی ـ شیعری) لەسەر دیاردەو فۆرمەکانی چینی باڵادەست دامەزراوە، کە چەوساندنەوەی لە تێکستدا شاردبووە، بۆ پارێزگاری لێکردنی ئەوستروکتورەی کۆمەڵگا و دابەشکردنی چینەکان و دەسەڵاتەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە. کە هەل و مەرجی دەسەڵات وەک ئاکارێکی سروشتی و بێ ئەڵتەرناتیڤ چاو لێبکات، کە ئەو واقیعی دەسڵات دابەشکردنە وەک ڕاستیەکی شاراوە قبوڵ بکات، کە خەڵک بەرامبەر بە پاڵەوانی ریوایەتەکان protagonist هەست بە هاوسۆزی سیمپاتی بکات.

مانای ئەوەی خەڵک هاوسۆزی بۆ دیاردەکانی کۆمەڵگا و هەیکەلەکەی هەیبێت، کە هەمان سیستەم بەرهەم بهێنێتەوەو چەوساندنەوە تێکناشکێنێت، لەبیرمان نەچێت پاڵەوانی دراما و ریوایەتەکان protagonist هەمیشە سیمبوڵ و نوێنەرایەتی چینی باڵا دەستی کۆمەڵگا بوون. بواڵ باسی تراجیدیاکەی ئەرستۆ دەکات کە سیمپاتی چ کاریگەریەکی هەیە بۆ سەر چەوساندنەوە، بەڵام لە لایەکی تریشەوە بواڵ پێناسەیەکی تری هەیە بۆ سیمپاتی کە جیاوازە لە دیدەکی ئەریستۆ، لەشانۆی سەکۆدا سیمپاتی زۆر گرنگە بۆ کارکردن بۆ ئازادی و سەرفرازی. پاشان بینەر سیمپاتی دەبەستێتەوە بە رووداوەکان، وە بە چ شێوەیەک بینەر سیمپاتی بنووێنێت و بۆ کێ سیمپاتی هەبێت، جا بۆ ئەو چەساندەوەیە بێت یان بە پێچەوانەکەی بۆ ئازادی سەرفرازی و گۆڕینی واقیع و داکەوتەکە بێت.

بواڵ گازندەی خۆی ئاراستەی ئەریستۆ دەکات، بەوەی کە بەرهەمهێنەری ئەفسانەیە، ئەو ئەفسانەیەی کە بێدەنگمان دەکات لە بەگژاچونەوەی ستەمکاریدا، ئەو ئەفسانەیەی کە لەخوڵقاندنی مۆنۆلۆگدا دەورێکی باڵای هەیە، ژیانی ئێمە بەردەوام دەجوڵێت، لەم چرکەدا کە ژیان وەک هەل و مەرجێک تاقی دەکەینەوە، گەر هیچ وەلامێک لە ژینگەی دەورو بەرمانەوە نەهات ، بەو واتایەی کە دیالۆگ جێگەی خۆی لەگەڵ تاکە دەنگی مەنەلۆگ گۆریوەتەوە.

گەلێک جاران ئەفسانەکان دەوری سوکنایەتی و تێراپیدان لە ژیانماندا هەیە، بۆ نموونە خۆسازاندن لەگەڵ نادادوەری کۆمەڵایەتی و بندەستی، کاتێک دەگونجێت ئەگەر ئەمانە پەیوەندیان بە بەسەرهاتی سروشتی مرۆڤەکان و پێویستی سزای هێزە خواوەندەکانی دەرەوەمان هەبێت.

تراجیدیاکەی ئەریستۆ تالیس لە رووداوی چیرۆکی پاڵەوانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە تراجیدیادا پاڵەوانەکان بۆ میهرو چاکە خەبات و کۆشش دەکەن، دیارە چاکەکردن لە لای بواڵ زۆر بەروونی دیارە کە لە پێکهاتەی دەستور و یاساو رێساکانی کۆمەڵگادا خۆی بەیان دەکات. لەو کاتەدا مەرگەسات و تراجیدیا دەست پێدەکات کە خاڵی لاوازی پاڵەوانەکە ئاشکرا دەبێت، لاوازیەک کە لە دەستپێکەوە هۆکارێک بووە بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە پلەی باڵای پاڵەوانەکە پێش کەشف بوونی کە تێیدا ژیاوە، لاوازیەک کە هەمیشە خەسڵەتێکی ناجۆر و خراپ بووە کە ڕێی لە پاڵەوانەکە گرتووە بە کۆمەڵگا هۆمۆژین و یەکپارە و هاوشێوەبێت.

هەروەها لەسەرەتای تراجیدیاکەشدا هانی بینەر دەدات کە هاوسۆزی خۆیان بنووێنن بەرامبەری. بەڵام هاوسۆزی لە دیدی بواڵ ئەوەیە کە وەک بینەر خۆخستنە ناو دۆخێک و پەیوەندی ببەستیت، هەست بە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکە بکەیت، خۆخستنە ناو بارودۆخێک کە پەیوەندییەک دەخوڵقێنێ کە بینەر لە کایەی خۆیدا پاسیڤ رەفتار نابێت، بینەر رێ بە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکان دەدات، کە رووداوەکان بەجێبگەیەنن. لە پاشاندا تراجیدیا خاڵێکی وەرچەرخان وەردەگرێت، کە بینەران بەهۆی هاوسۆزیەوە لەگەڵ پاڵەواندا لە هەوراز و نەهامەتییەک بەیەک دەگەن، لە دواجاردا ڕووداوەکان بە ئاکام دەگەیەنن. جا بۆ ئەوەی رووداو و چیرۆکەکە تێک نەچێت و جێگای پاڵەوان نەڕمێت لە دواجاردا پاڵەوان دان بە لاوازی خۆیدا دەنێت. بە بروای بواڵ مەبەست لەم دانپیانانە ئەوەیە کە بینەر لە سیمپاتی و هاو هەستی خۆیاندا دان بە هەڵەو لاوازی خۆیاندا بنێن.
ڕوانگەی بواڵ بۆ کێشەکە ئەوەیە کە پێویست ناکات بینەران تووشی هیچ کارەسات و ناخۆشیەک ببن، چونکە هەموو ئەوشتانەی کە روویداوە لە کارەکتەرێکەوە بووە لەبەر ئەوە لە هەر وەختێکدابێت بینەر ئەوە بەجێدەهێڵێت.
ئەریستۆ تاڵیس داوا دەکات، کە تراجیدیا بە موسیبەتێک و کارەساتێک کۆتایی بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی لە رێگای هاوسۆزی بینەرانەوە تەواو هەست بە گرنگێتی دانپیانانی تاوان بکەن، لەگەڵیشیدا گرێی بدەنەوە بە ژیانی رۆژانەوە، بە بۆچونی ئەریستۆ بەهۆی کەوتنە ناو ئەو ترسی نەهامەتی و موسیبەت و کارەساتەوە بینەر پاک دەبۆوە لە خاڵی لاوازیان.
بەڵام جارێکی دی بواڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە خاڵی لاوازی پاڵەوانەکان، سیفاتی ناجۆر و خراپیان لە سەرچاوەی یاساو ڕێساو دەستوری کۆمەڵگە بنیات نراوە. ئەمەش ئەرستۆ وای دەبینێت کە هەموو بۆچونەکان پاک بکرێتەوە لەو گازندانە و رەخنانەی کە لە ستروکتوری کۆمەڵگا دەگیرێت، بە واتەیەکی دی بۆمان نییە ڕەخنە لە ستروکتوری کۆمەڵگا بگیرێت، کە چۆن دابەش کراوە.
هاوسۆزی لە تراژیدیا بەو شێوەیە نموونەی بەردەوامی و جێبەجێکردنی چەوساندنەوەیە. تراژیدیاکەی ئەریستۆ دەرسی خەڵک دادەدات و کە باریان دەکات بە خۆڕاهێنان و خۆ گونجاندن لەگەڵ داکەوتە و واقیعەکە، کە بەدەنگ نەیەن و بەگژیدا نەچنەوە
بواڵ دەڵێت ئەم جۆرە سیمپاتی و هاوسۆزیە هەتا ئێستاش بوونی هەیە، بەتایبەتی لەناو فیلمە سەرکەشە رۆژئاواییەکان،و لە شانۆ ڕەسمی و نەریتیەکاندان konvention و لە زنجیرە تەلەفیزۆنیە خۆشهاتەکاندا Tv.sopor دا، لەوکاتەدا بینەر خۆی لەگەڵ پاڵەوانی دراماکەدا پەیوەند دەکات، بۆ ئەوەی هێزی خێر بەسەر شەردا سەرکەوێت. یا وەک لە هەندێک تێکست و شانۆییە دروشم بازیەکاندا بە ناوی نەتەوەپەرستییەوە، پاڵەوان لەسەر دروشم بازی رادەهێنن، ئەو جۆرەش خزمەت بە دەسەڵاتی سەرکوتکرانە دەکات، لەژێر ناوی نەتەوەو بە پیرۆزکردنی سەرکردەکاندا، چونکە ئامانجی مرۆڤیانەو و گەرانەوەی مرۆڤبوون بەدروشمگەرایی دژی چەوسێنەران نابێت.

بەواتایەکی تر دراما تراجیدیەکەی ئەریستۆ تاڵیس نوێنەرایەتی شۆڕشگێرانەی گروپەکان ناکات، لەودەمەدا فۆرمی تراجیدیا داوای کۆمەڵگەیەک دەکات، کە سترکتورو فۆرمی تایبەتی هەبێت بێ هیچ گۆرانکاریەک، پاشانیش دراما تەنها ئەو سترکتورە ببینێت و تێیدا بژی. کۆمەڵگایەک کە چۆن بەروونی بەو ئاراستەیەی کە چ بوونێکی هەیە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، تەنها ئەوکاتە دەتوانیین خۆمان لەو دۆخەدا ببینینەوەو، بگەینە خاڵی پاک بوونەوە. ئازادی لە روانگەی ئەریستۆ تالیسەوە.

ئەو جۆرە هاوسۆزیە بەلای ئۆگستۆ بوڵەوە ووشەیەکی خراپە، چونکە ئەوەش دەبەسترێتەوە بەو میتۆدەی کە لەشانۆی ئەوروپادا بەکاردەهێنرا بۆ ئەوەی کار لە مرۆڤەکان بکات. بەڵام لە لایەکی تریشەوە نابێت ئینکاری ئەوەبکرێت کە لە شانۆی سەکۆدا پێویستە باوەڕمان بە سیمپاتی هەبێت کە بینەر بتوانێت خۆی بناسێتەوە لە پاڵەوانی ڕیوایەتەکەدا.
بەدیدی بواڵ بە هاوشێوەی ئەوەی کە باسی ئەرستۆمان بۆدەکات، کە چ رۆڵێکی هەبووە لە بناخە سەرەتاییەکانی شانۆدا، هەروەها چ کاریگەریەکی هەبووە لە بەرەو ]ێشەوە چونی دونیا و رەوتی شانۆدا، هەروەها باسی نیکۆڵای میکیاڤیللی و شکسپیریشمان بۆ دەکات و ئەرگومێنتەکانی خۆیمان پێشان دەدات، کە چۆن بە هوشیاریەوە لە بونیادی شانۆی رۆژئاوادا بەرجەستەکردنی چەوساندنەوە درێژەی هەیە. هەروەها بەگشتی باسی میکیاڤیللی و شکسپیر دەکات کە چۆن لە شانۆدا گەشەیان بە خوڵقاندنی کارەکتەرەکانیان لە ئۆبجەکتەوە بۆ سوبجەکت داوە ، هەردووکیشیان لە ماوەی چاخەکانی ناوەراستدا گەلێک چالاک بوون، لە سەردەمێکدا کە لە کۆمەڵگادا کەنیسە خاوەن دەسەڵاتێکی زۆر بووە ، بەتایبەتی لە کۆمیدیاکەی میکیاڤیللی بە ناونیشانی ماندراگۆلا Mandragola کە مەرامێتی نیشان بدرێت کە بینەران کەیف خۆش بن، بەڵام ئەویش بەرێگای دەسەڵاتی ئایندارێتی ئەقڵیەتی کەنیسە. لە ڕۆمای کۆندا چینی دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆیان و ئارامکردنەوەی نارەزای خەڵک، نەک دیالۆگکردن لەگەڵیاندا دەیان ووت زۆرکردنی نان و سەما بۆ گەل زۆر پێویستە ، لە پێناوی نەرمکردنەوەو مسۆگەرکردنی ئارامی خەڵکدا، بۆ ئەوەی بەگژ ئەو ناعەدالەتیەدا نەچنەوە، واقعی سەرداری خۆیان مسۆگەر بکەن و درێژەی پێ بدەن.

بەلای بواڵەوە ماندراگۆلا یەکەم قۆناغی پەرینەوەیە لە مێژووی شانۆدا، کە کارەکتەراکان رۆڵەکان بە ( تاکگەرایی) ئندیڤیژواڵ کرا، پێشتر رۆلەکان وەک سیمبوڵ هەبوون، تەنها دەلالەتیان دەبەخشی و بۆ موتیڤ و هۆی شانۆییەکە ئامژەیەک بوون. لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵەکان لە ماندراگۆلادا مۆرکێکی تەواو گەشەسەندوو نەبوون، لەو زەمەنی کارەکتەرا ئۆبجەکتیڤانەوە گۆرانکاریەکی کەمی بەسەردا دێت بۆ بە سوبجەکت بوون، واتە کارەکتەراکان کەمێک بوون بە سوبجەکت،بەلام سوبجەکتی تەواو نا. لە ماندراگۆلادا کارەکتەرەکانی ناو دراماکە کەمێک بەرگی ئۆبجەکتیان داکاند، ئەوەش ئاراستەو وەرچەرخانێکی زۆر باش بوو بۆ ئەوەی نووسەرانی دوای میکیاڤیللی جۆرێکی تر کارەکتەر دابرێژن. تا لای شکسپیر زۆر بەتەواوەتی ئیندڤیژوڵی تاکگەرایی کەسەکان گەشە دەسەنێت.

شکسپیر لە دراماکانیدا هەموو مرۆڤەکان وەک مرۆڤ بوونی خۆیان باسیان دەکات و دەیانگێرێتەوە، واتە لەلای شکسپیر کارەکتەرەکان ناسنامەی مرۆڤ بوونی خۆیان وەرگرت، بەنموونە هاملێت دیار نییە کە بەرجەستەی گومان و نادڵنیایی بکات یان سیمبوڵێک بێت بۆ گومان و نادڵنیایی بەڵکو کەسێکە خۆی گومان دەکات و نادڵنیایە، کاتێکیش کە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکان دەبێت بە چەمکێکی کۆنکرێتی، بە دیدی بواڵ، ئەوە پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ تێگەیشتنی بۆرجوازیەکان.




چیرۆك – نهێنی شاری سالورای … کۆرش وه‌حید

ماوه‌یه‌کی باش بوو ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووبوه‌وه ئاواییه‌ك دروست بووه‌ ناویان ناوه‌ (سالورای)، بۆ ئه‌وه‌ی زوو سیمای شار وه‌ربگرێت، حه‌زیان ده‌کرد زوو قه‌ره‌باڵغ بێت ، بۆیه‌ هه‌موو که‌سێکیان وه‌رده‌گرت، (ده‌غرا‌میه‌کان)یش که‌ له‌ودیو چیاکانه‌وه‌ بوون، به‌هه‌لیان ده‌زانی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت نه‌فییان بکه‌ن ره‌وانه‌ی ئه‌و ئاواییه‌ تازه‌یه‌ی بکه‌ن، ساڵ هات و ساڵ چوو قه‌ره‌باڵغی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند، سه‌گ ساحێبی خۆی تێدا نه‌ده‌ناسیه‌وه، که‌چی ئه‌و خووه‌ خراپانه‌ی له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هامنشینه‌کانیه‌وه‌ ته‌شه‌نه‌ی کردبوو کاڵ نه‌ده‌بووه‌وه، هه‌رچه‌نده‌ ده‌یان ساڵ و بگره‌ ره‌نگه‌ سه‌دان ساڵیشی به‌سه‌ر دانانی به‌ردی بناغه‌که‌یدا تێپه‌ر بوو بێت، ئه‌وخووه‌ش گاڵته‌کردن بوو به‌ مه‌خلوقاته‌کانی خوا، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ خۆیان جیاوازتربوون و ئه‌سڵزاده‌بوون، یه‌عنی ئه‌وانه‌ی چاکه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا ده‌کردو فشه‌یان نه‌ده‌کرد، خۆیان له‌ کاری خه‌ڵکانی تر هه‌ڵنه‌ده‌قورتاند.

کابرایه‌کی به‌ناوبانگی تیا بوو پۆشاك و جلوبه‌رگی ده‌به‌خشیه‌وه‌ به‌ نه‌دارو بێ به‌رگه‌کان، که‌چی وه‌کو ده‌ستی ڕێز خستنه‌سه‌ری ناوی خۆیان نابوو (عوسه‌ بێکراس)، یه‌کێکی تریش له‌گرانیه‌کاندا ده‌ستگیرۆیی هه‌ژارانی ده‌کردو ده‌غڵو دان و ئازووقه‌ی ده‌دا به‌ برسیه‌کان ناویان لێنابوو (عه‌ولی عه‌لاف)، کابرایه‌کی ئیختیاری تیا ده‌ژیا که‌ به‌ ئه‌زموون بوو له‌ داووده‌رمان و پاوده‌رو وشکه‌وات فرۆشتندا که‌چی له‌قه‌بی (عه‌له ‌لچه‌)یان لێنابوو‌، ئه‌گه‌ر بێ میزاجیش بوونایه‌و ڕقیان هه‌ڵبستایه‌ له‌وه‌ش خراپتریان ده‌گوت و داده‌هێنا و ده‌میان بۆ ره‌وشت ده‌برد.

هێنده‌ زبرو دڵڕه‌ق و بێ ماریفه‌ت بوون هنجه‌تیان له‌ هه‌موو شتێك ده‌رده‌هێنا، خۆشیان به‌ شێخی سه‌نعان نه‌ده‌گۆڕیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بابای کاسب هه‌یبوایه‌ پێیان ده‌گوت ئه‌و سه‌گبابه‌ له‌ کوێی بوو تا دوێنێ بوو هیچی نه‌بوو به‌ چی وا هه‌ڵگڕا؟ ئه‌گه‌ر نه‌بووش بووایه‌ ده‌یانگوت: ئه‌وه‌ که‌سێکی ڕسواو زه‌غه‌ل و ده‌ست و پێ سپییه‌.. شێته‌کانیشیان که‌سانی ئاقڵ بوون هه‌ر به‌و جۆره‌ قسانه‌ شێتکران، ده‌ره‌نجام شاره‌که‌ هه‌رچه‌نده‌ قه‌برستانه‌کانی قه‌ره‌باڵغ دیاربوون و زوو جێی تیا نه‌ده‌ما، ئاوهاش ئه‌وانه‌ی دوو که‌لیمه‌یان ده‌زانی له‌ چاوان ون ده‌بوون و که‌س نه‌یده‌زانی ئایا زیندوون یان مردوون؟ ئه‌گه‌ر مردوون ئه‌ی بۆ هه‌واڵی پرسه‌کانیان به‌ دیواری هیچ مزگه‌وتێکه‌وه‌ هه‌ڵنه‌واسرا؟ ‌ئه‌گه‌ر زیندووشن بۆچی له‌ هیچ کونوکه‌له‌به‌رێکه‌وه‌ دیار نین؟ ئێستاش له‌ نهێنی ئه‌و شاره‌ عه‌نتیکه‌یه‌ تێنه‌گه‌شتم.




کتێبی – کورد لە ئۆکتۆبەری ڕەشدا …. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …شاخەوان برایم عەبدوڵڵا




هەڵبژاردن شکستی خوارد دوای ئه‌وه‌ دەبێ چی بکەین!؟ … نوری بەشیر

دوو هەفتە لەمەوبه‌ر واته‌ ٣٠ی سێپتێمبەر، ڕۆژێکی گرنگ و هەنگاوێکی روو لەپێشی خەڵكی کوردستان بوو له‌ڕاستای بردنه‌ پێشه‌وه‌ی ئایندەی خۆیان بەرامبەر به‌چینی بۆرژوازی و هەموو حزبە رەنگاو رەنگەکانی، توانیان وەک هێزو بەرەیەکی گەورە خۆیان نیشان بده‌ن و جه‌ماوه‌ری ناڕازی”نا” یەکی گەورە بنێ به‌نێوچه‌وانی ده‌سه‌ڵات و سه‌رتاپای سیسته‌مێکی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌وه‌ که‌حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی ٢٧ ساڵه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر بایکۆتی هەڵبژاردن ئه‌و هێزه‌ی خه‌ڵک بوو که ‌له‌ده‌رگای گۆڕانکاریه‌کی گه‌وره‌ی داوه‌ و به‌عه‌زمه‌وه‌ چاوی بۆ ئاینده‌یه‌کی ئومێد به‌خش بڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ و ئه‌م ئومێده‌ سه‌ره‌ڕای کاریگه‌ریه‌که‌ی هێشتا کافی نییە و ده‌بێ وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک له‌راستای لێسه‌ندنه‌وه‌ی شەرعیەت لەحکومه‌ت و پەرلەمان و مه‌وجودیه‌تی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ناڕازیه‌وه‌ سه‌رنج بدرێ و لێره‌شه‌وه‌ نه‌خشه‌ و ئۆمیدێ هه‌نگاو هه‌ڵهینانه‌وه‌ی گه‌وره‌تری له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت. کەواتە گرنگی ئەم بایکۆت و به‌شداری نه‌کردنه‌ی خه‌ڵک له‌چیدایه‌و دەبێ هه‌نگاوه‌کانی دواتر چی بێت؟.

یەکەم: واتای بایکۆتی جه‌ماوه‌ری له‌چیدایه‌؟

بایکۆتی هه‌ڵبژاردن ته‌نها به‌مانای به‌گاڵته‌جاڕگرتنی ده‌نگدان و دیموکراسی و خودی ئه‌و سیناریۆیه‌ نییه‌ که‌ناویان نا هه‌ڵبژرادن، به‌ڵکو به‌مانای مایه‌پوچ گرتنی هەموو حزبەکانی په‌رله‌مان و حکو‌مه‌ت و سیسته‌مێکه‌ که‌ له ‌کوردستاندا کراوه‌ته‌ ڕووپۆشێک بۆ دوو حزبی میلیشیاو بنه‌ماڵه‌، به‌مانای ڕیسوابوونی حزبە گەورەکانی دەسەڵاتداری دوو زۆنی زەرد و سەوز و هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌ که‌ناوی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیان له‌خۆیان ناوه‌. به‌واتایه‌کی تر ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵک و بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردن شۆکێکی گەورە بوو بۆ حزبەکانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایەتی و ئیسلامیەکان و ریسوابوونی کارنامه‌ی هه‌ڵبژاردنیان.
بێگومان ڕووداو و هه‌قیقه‌تێکی ئاواش گشت سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی و حزبه‌کانی سه‌ر شانۆی سیاسی کوردستان ده‌خاته‌ نێو قه‌یرانێکی خنکێنه‌ری سیاسیه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ به‌مانای له‌ده‌ستدانی ڕازیبوون ومه‌قبولیه‌تی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می ئێستایه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌و وه‌لانانی بۆته‌‌ خاڵێکی مه‌رکه‌زی له‌زهنی جه‌ماوه‌رێکی ناڕازیدا. مێژووش نیشانی داوه‌ ئاڵوگۆڕه‌ سیاسیه‌کان له‌هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکدا له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌سیسته‌م و حوکمه‌ت له‌ هوشیاری و زهنی خه‌ڵكدا جێگایه‌کی گشتیگرو “زۆربه‌” بگرێ. به‌واتایه‌کی تر شۆڕشه‌کان، ڕاپه‌ڕینه‌کان و هه‌ستانی جه‌ماوه‌ری کاتێک مومکینه‌ خه‌ڵک له‌خواره‌وه‌ نه‌یه‌وێ و رازی نه‌بێت به‌ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجود و ئه‌مه‌ش له‌کرده‌ی جه‌ماوه‌ریدا خۆی عه‌کس بکاته‌وه‌، بایکۆت نیشانه‌ی ئه‌م نه‌ویستنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌خواره‌وه‌و عه‌کس که‌ره‌وه‌ی ئه‌م زهنیه‌ته‌ گشتیگره‌ی جه‌ماوه‌ره‌.

دووەم: بایکۆت سەرکەوت، بەڵام حزبەکانی کوردایەتی ماون!

جەماوه‌ری ناڕازی بایکۆتیان کرد و ده‌نگیان نه‌دا، به‌م کاره‌شیان سه‌رکه‌وتنێکیان تومارکرد و سیناریۆ و سیاسه‌تێکی حزبه‌ بۆرژوازیه‌کانیان ڕیسواکردو به‌گاڵته‌جاڕی گرتیان، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها شه‌قێک بوو له‌م حزبانه‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، ئه‌مه‌ ته‌نها سەنگه‌ر گرتنێک بوو، بەڵام حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌ شوێنی خۆیاندا ماون، هێشتا هه‌ر بازاڕی تاڵانچێتی و قاچاغچێتی کردن به‌ده‌رمان و وه‌گه‌ڕخستنی کۆمپانایا و دزی و راو و روتیان هه‌ر ده‌چه‌رخێ، هێشتا حکومت و ده‌زگای سه‌رکوتگه‌ر و یاساو په‌رله‌مانیان به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکه‌وه‌ سێبه‌ری گرتووه‌، هێشتا هه‌ر ئه‌م حزبانه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان موقه‌دەرات و نانی خه‌ڵکیان له‌ده‌ستایه ‌و هێشتا بۆ دابینکردنی خزمه‌تگوزاری و کارو موچه‌ ده‌بێ هه‌ر یه‌خه‌ی ئه‌وان بگیرێ، که‌وایه‌ هه‌روه‌ک وتمان بایکۆت هه‌ڵهێنانه‌وه‌ی هه‌نگاوێک بوو له ‌پرۆسه‌ی خه‌باتێکدا که‌جه‌ماوه‌ری ناڕازی له‌ ١٧ی شوباته‌وه‌ بۆی هاتونه‌ته‌ مه‌یدانه‌وه‌ و هه‌رجاره‌ به‌جۆرێک و له‌ده‌وری خواستێک و بۆ بابه‌تێک یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێ و شه‌قی خۆی ده‌هاوێت.

بێگومان ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و سه‌نگه‌رگرتنه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیشانه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریه‌ بۆ نان و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و هێزیکی گه‌وریه‌ و له‌ناوه‌خنی خۆیدا خواسته‌کانی، ژنان و لاوان، کرێکاران و کارمه‌ندان و هه‌موو به‌شه‌ مه‌حرومه‌کانی کۆمه‌ڵگەی له‌خۆ گرتووە‌‌، به‌ڵام به‌م حاڵه‌یه‌وه‌ هێشتا نه‌بۆته‌ بزوتنه‌وه‌یه‌ک بۆ وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، هێشتا خواستی کۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌ڵات ئاسۆ و په‌رچه‌می ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی جه‌ماوه‌ر نییه‌ هه‌ربۆیه‌ هه‌ر شه‌ق هاویشتن و هه‌ر سه‌نگه‌ر گرتنیك به‌ته‌نها ناتوانێ چاره‌نوسی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا یه‌کلابکاته‌وه‌. به‌واتایه‌کی تر کاتێک ده‌ڵێین حزبه‌کان ماون، یانی هێشتا بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری نه‌یتوانیوە‌ هاوکێشه‌ی هێزی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجودا یه‌کلا بکاته‌وه‌ و چاره‌نوسی کۆمه‌ڵگە له‌لایه‌ن خه‌ڵک خۆیانه‌وه‌ به‌ده‌سته‌وه ‌بگیرێ و جۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری شوێنی ئۆرگانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا بگرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و خاڵه‌یه‌ که‌ده‌بێ جێگای سه‌رنجی هه‌ڵسوڕاوان و رابه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ناڕازی جه‌ماوه‌ری بێ.
کەواتە ده‌بی چی بکرێ و رێگا چارەی خەڵک چیە!

ئاشکرایه‌ که‌رێگاچارەی حزبەکانی دەسەڵات بە پارتی و یەکێتی و ئۆپۆزسیۆنەوە بەدوای هەڵبژاردندا، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌پێکه‌وه‌ پایه‌کانی ده‌سه‌ڵات ڕابگرن و ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌جه‌وهه‌ردا بمێنێته‌وه‌. ئه‌مه حزبانه‌ بە هەموو خیلاف و گلەیی و گازندەو هەڵدانەوەی فایلی تیرۆر، گەندەڵکاری، تاکید کردنەوە لە ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ کۆنەپەرسترین حکومەتانی ناوچەکە و ئەمریکادا، لەبەرامبەر داواکاری و خواستەکانی خەڵكدا، یه‌ک مه‌سه‌له‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ ئه‌ویش درێژەدانە بە دەسەڵات و پەرلەمانەکەیان، له‌م ڕێگایه‌شه‌وه‌ هەموویان نانی بڕاوی سەر سفرەی خاڵی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەخۆن، خۆیان لە جۆرەها حزبی کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامی بازرگانی و سەرمایەدارو کۆنەپەرستدا رێکخراو دەکەن، کۆمەڵگە بە حزبی دەکەن، لەپشتی پەردەو ژوورە تاریکەکاندا رێدەکەون،… له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م راستیه‌دا یه‌که‌مین کار که‌ده‌بی خه‌ڵکی ناڕازی بیگرێته‌ به‌ر جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزی خۆیان و خه‌باته‌که‌یانه‌ له‌م حزبانه‌ و نابێ به ‌هیچکام لەو ‌حزبانه‌ فریو بخۆن و حساب بۆ به‌ڵین و سیاسه‌ته‌کانیان بکرێ.

له‌که‌نار ئه‌مه‌شه‌وه‌ ده‌بێ خه‌بات بۆ وه‌لانان و کۆتاییهێنان به ‌ده‌سه‌ڵاتی ئێستا وه‌ک ئاسۆ و سیاسه‌تێکی شۆڕشگێرانه ‌سایه‌و سێبه‌ری ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌و بچوکی جه‌ماوه‌ریمان بێت و ته‌واوی هێزی بۆ کۆبکرێته‌وه‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ خۆرێکخراوکردن لە شوراکان و کۆمیتە و ئەنجومەنەکانی شوێنی کارو ژیاندا وه هه‌ڵبژاردنی نوێنەرانی جه‌ماوه‌ری له‌ گەڕەک و کارگەو زانکۆکان و هێنده‌ش ته‌وازنی هێز ڕێگامان پێده‌دات ده‌ستبه‌رین بۆ کۆنترۆڵی ناوه‌نده‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردنی داهاته‌کان و سه‌ره‌نجام لێسه‌ندنه‌وه‌ی مه‌شروعیه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌خواره‌وه‌ له‌حزبه‌کانی ئێستا.. ئه‌توانرێ هه‌نگاوگه‌لێک بن که‌ به‌شوێن خۆیدا بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێرانه‌ بۆ وه‌لانانی ده‌سه‌ڵات پێ بنێته‌ مه‌یدانه‌وه‌و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو پێشڕه‌وی خه‌باتی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ناڕازی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رێ… بێگومان ته‌وای ئه‌م کارانه‌ به‌پشتیوانی و کۆبوونه‌وه‌ له‌ده‌وری حزبێکی شۆڕشگێڕی خه‌باتکار و کۆمۆنیستی هه‌رچی زیاتر له‌سه‌رکه‌وتن نزیک ده‌کاته‌وه‌.

له‌یه‌ک وته‌دا ئەبێت هوشیار بین بەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگایەکی چینایەتیەکە ئەوان ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی کوردایەتیان کەمایەتی کۆمەڵگان، بەڵام رێکخراو و یەکدەستن لەبەرامبەر بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا، بەدژی زۆربەی زۆری کۆمەڵگە، بەڵام ئێمە زۆربەین و دەبێ بە‌هێزی ملیۆنی خۆمان و تواناکانی خۆمان ئاگادار بین و لەحزبی چیانەیەتی خۆماندا رێکخراو و ئامادە بین، کە خۆشبەختانە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەپێشەوەی ئەم خەباتەدایە و زەروورە لە دەوری کۆبینەوەو خۆمان لەدەوری رێکخراو بکەین.




دوو هاوڕەگەزخواز ئاشکرادەبن، یەکێکیان هەڵدێ و ئەویتریش چارەنووسی نادیارە!

راپۆرتی: هێمن شەوکەت
—————

هەڵبەتە ئێستا لە چوارچێوەی رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی کردەیی لە سەرتاسەریی جیهان بە تایبەتییش لە ئەوروپا و وڵاتە رۆژئاواییەکان.. خەریکە مافەکانی هاوڕەگەزخوازانیش جا چ هی (نێوان نێر و نێر) بێ چ هی (نێوان مێ و مێ) وەک سەرەتایەکی دڵخۆشکەر جێی خۆیان دەگرن.. بەڵام هێشتاش زۆری ماوە بە تایبەتییش لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین وەک تابوو و بێ رەوشتییەکی گەورە لە لایەن سیستەمی دەسەڵات و کۆمەڵگەوە تەماشا دەکرێ و هاوڕەگەزخوازان ناوێرن بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانی خۆیان ئاشکرا بکەن و ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەریی دەگوزەرێنن.. واتە بە شێوەیەکی ئاسایی دووچاری سووکایەتیی پێکردن و راوەدوونان دەبنەوە و زۆر دڕاندانە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن.. تەنانەت زۆر جار رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە بێ ئەوەی هیچ کەس و دەزگایێک بتوانن سادەترین بەرگرییان لێبکەن تەنانەت دەزگا میدیایەکانیش ناتوانن رووماڵی ئەو کێشە هەستیارە بکەن مەگەر جاروبارێک ئەویش بە شێوەیەکی زۆر شەرمنانە و هێندەکیشیان بە پێی فەرهەنگە باوەکە وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیی دەیخەنەڕوو!

پاش ئەوەی دەنگۆی ئاشکرابوونی دوو گەنجی هاوڕەگەزخواز لە شارۆچکەی (سەیدسادق)ی سەر بە پارێزگای (سلێمانی) لە باشووری کوردستان وەک رووداوێکی ناوازە و بێ رەوشتیی کۆمەڵایەتیی بووە باسوخواسێکی گەرم و سەرنجڕاکێش لە نێو خەڵک.. وەک رۆژنامەنووسێکی ئازاد لە بەریتانیا توانیم لە رێگەی هاوکاران و پەیوەندییەکانم لە کوردستانەوە هەندێک زانیاریی سەرەتایی بەو شێوەیە بەدەستبخەم:

● ئەو دوو کوڕە هاوڕەگەزخوازە؛ (ز.س.ع، تەمەن ٣٥ ساڵ) و (ش.ح.ئـ، تەمەن ٣٣ ساڵ) دوو گەنجی خەڵکی شارۆچکەی (سەیدسادق)ن.
● (ز.س.ع) و (ش.ح.ئـ) ساڵانێک بوو دوو هاوڕێی زۆر نزیک و خۆشەویستی یەکتر بوون و زۆربەی کاتەکانی خۆیان بەیەکەوە دەگوزارند تا لە بەرواری (٣١/٨/٢٠١٨) برایەکی (ش.ح.ئـ) هەر لە ماڵەکەی خۆیان هەردووکیان بەیەکەوە لە ناو جێگە و بە رووتیی دەگرێ.. ئیتر هێرش دەکاتە سەر هەردووکیان و زۆر دڵڕەقانە ئەشکەنجەیان دەدا.. سەرئەنجام لە دەرفەتێکدا (ز.س.ع) لەبەردەستی هەڵدێ و خۆی رزگار دەکا.
● هەر لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانەم لەگەڵ هاوکارانم لە کوردستان لەم دواییانە پەیوەندییان پێوەکردم و پێیانڕاگەیاندم کە ”بە داخەوە تا ئێستا چارەنووسی (ش.ح.ئـ) دیار نییە و کەس نازانێ لە کوێیە و چی بەسەرهاتوە.. بەڵام وەک دەڵێن هاوڕێیەکەی واتە (ز.س.ع) رووی لە ئەوروپا کردوە، ئێمە لە هەوڵی خۆمان داین و هەر زانیارییەکی نوێمان دەربارەی (ش.ح.ئـ) دەستبکەوێ بە زووترین کات بۆت دەنێرین”.

ئیتر پاش بەدواداچوونێکی چڕوپڕ خۆشبەختانە دەرکەوت کە (ز.س.ع) لە کوردستان رزگار بووە و لە بەریتانیا گیرساوەتەوە، هەر زوو هەموو هاوڕێ و هاوکاران و رێکخراوە پەنابەرییەکانم تێگەیاند و لە ماوەی چەند رۆژێک ژمارە تەلەفۆنی (ز.س.ع)م پەیداکرد و پەیوەندییم پێوەکرد:

لە سەرەتادا هەستمکرد دەترسا و نەیدەویست خۆی ئاشکرا بکا.. بەڵام پاش هەوڵدانێکی زۆر تا دڵنیام کردەوە کە من رۆژنامەنووسم و لەمێژە لە بەریتانیا دەژیم و منیش بە هۆی نەبوونی ئازادیی رۆژنامەگەریی وەک تۆ ئاوارەی ئێرە بوومە ئەنجا وردە وردە خۆی ئاشکرا کرد، هەر لەو پەیوەندییەشدا خۆشبەختانە توانیم رازیی بکەم کاتێک و شوێنێک بۆ دیتنی دابنێین تا چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەنووسیی لەگەڵ ئەنجام بدەم.

لە کات و شوێنی دیاریکراودا خۆم گەیاندە کاک (ز.س.ع)، ئەوەی زۆر مایەی شادمانیی من بوو ئەوە بوو لە چوارچێوەی قسەکانیدا کە هێندەک باسی خۆی و سەربردەکانی خۆی کرد کەسێکی هۆشیار بوو و بە ئاگاییەوە بە دوای مافەکانی خۆی کەوتبوو.. واتە رێک بە پێچەوانەی فەرهەنگی باوی میللەتەکەمان و تەنانەت هی جیهانیش کە هاوڕەگەزخوازان بە کەسانی لاواز و خۆپەرستی جەستەبازیی دەزانن! دیاربوو ئەو کەسێکی بەهێز و تۆکمە پڕ زانیاریی بوو و باوەڕی بەوە هەبوو کە کێشەکە هەر خۆی و هاورگەزخوازانی وەک ئەو نییە بەڵکە پێویستە مرۆڤەکان لە هەر جێگەیەک هەین رێز لە هەموو ویست و حەز و مافەکانی یەکتر بگرین و خەباتیشی لە پێناودا بکەین تا ژیانێکی ئاسوودە و دوور لە توندوتیژیی و بێ چەوسانەوە بنیاتبنێین، هەروا گوتیشی بەڵام من حەز ناکەم هەموو ئەو قسانەی دەیانکەم بڵاویانبکەیەوە بەڵکە تۆ بە پێی پێویستی ئەو کێشەیەی من پرسیاری خۆت بکە و منیش بە پێی توانا وەڵامت دەدەمەوە و هەر ئەوانەش بڵاوبکەوە، ئیتر رێکەوتین بەو شێوەیە چاوپێکەوتنەکەمان ئەنجام دا.

ئەمەی خوارەوە پرسیارەکانی من و دەقی وەڵامەکانی ئەون رێک وەک خۆیان و بە بێ دەستکاریی:

سەرەتا بە پێویستی دەزانم – ئەگەر بتەوێ – بە کورتیی خۆت بناسێنی؟
+ من ناوم (ز.س.ع)، تەمەنم ٣٥ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی (سەیدسادق)م.

– کەی بەڕێزت هەستتکرد کەسێکی جیاوازی لە زۆرینەی ئەو خەڵکەی کە بەزۆر بەسەریان داسەپاندوون دەبێ خۆشەویستیی و سێکسکردن تەنیا لە نێوان نێر و مێدا بێ؟
+ من کە تەمەنم ١٣ – ١٤ ساڵ ئەبوو ئەو هەستەم تیا دروست نەبوو کە وەکو زۆرینەی هاوڕێکانم حەزم بۆ رەگەزی بەرانبەر هەبێت.. ئیتر کارەساتەکە لێرەوە دەستی پێکرد؛ نامۆیی بە خێزان، کۆمەڵگە، کەلتوور، دین پێش هەمووشیان بە جەستەی خۆم! چونکە هەستم دەکرد ئەم گیان و جەستەی منە بە هەڵە دروست کراون واتە هەستی کەسێکی هاورەگەزخواز لە جەستەی پیاوێکدا..
ئیتر تەمەنی من بە نمایش و شانۆگەریی دەستی پێکرد.. بە خۆ حەشاردان لەو راستیەی کە لە ناخمدایە، هەر لە سەرەتادا وەکو منداڵانی هاوڕێم ئەوانەی باسی هەستی خۆیان ئەکرد کە فڵان کچ جوانە و فڵان خۆشە بەڵام من هیچ قسەیەکم نەبوو بتوانم بیکەم.. هەندێ جار ئیرەییم بەو کچانەش ئەبرد کە ئەمان حەزی لێ ئەکەن!

وەک کەسێکی هاوڕەگەزخواز تەمەنت چەند بوو کە یەکەم جار لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆت ئەو پەیوەندییەت دروست کرد؟
+ لە راستییدا لە سەرەتای تەمەنی ١٥ ساڵییدا لە کوڕێکی دراوسێمان نزیک بوومەوە کە ئەویش هەمان هەستی هەبوو، سەرەتا هاوڕێ بووین بەڵام دواتر پەیوەندییەکەمان لە هاوڕێیەتی دەرچوو.. تا گەیشتینە ئەوەی چەندین جار پێکەوە بووین وەک دوو هاوڕگەزخواز.. بەڵام زۆر بە دزیی و نهێنی! ئیتر ئەمە سەرەتای ئەوە بوو کە بە لاشە و هەستی خۆم ئاشنا بم کە چیم دەوێت…

هەستت بە چی دەکرد.. واتە باری دەروونییت چۆن بوو و تا چەند ئاسوودە یان نائاسودە بووی بەو بارودۆخەی ژیانت؟
+ من تا تەمەنی ٢٥ ساڵییم ژیانم هەر بەم شێوەیە بەڕێکرد.. بەڵام پاشان بارودۆخی ژیانم زۆر سەختتر و نالەبارتر بوو.. واتە ون بوونێک لە هیچدا.. تا بڵێی نیگەران بووم و هەر لە خۆ خواردنەوە و ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیام! بەو بارەشەوە هێشتا خێزانەکەم لێم نەدەگەڕان وەک خۆم بم و دەبووایە وەک هاوڕێکانم بم.. واتە هەر زوو خستمیانە ژێر گوشاری قورسی ژن هێنانەوە! بەڵام من هەر رەتمدەکردەوە بە بیانووی ئەوەی ئەم کچانەی ئێوە ئەیدۆزنەوە لە ریزی مندا نیین و هیچ شتێکی هاوبەشمان نییە، بەم شێوەیە چەند ساڵێکم تێپەراند.. بەڵام تا دەهات گومانی ئەوانیش قووڵتر دەبۆوە کە بۆچی ژن ناهێنم؟! پاشان لە تەمەنی ٢٩ بەزۆر ملکەچیان کردم کە ژن بهێنم.. منیش بۆ ئەوەی گومانەکەیان بڕەوێنمەوە ناچار رازییبووم و کچی پوورەکەمیان بۆ خواستم و ئەڵقەیان لە دەستمان کرد!

چۆن توانیت ئەوە بکەی لە کاتێکدا وەک پێکەوەژیان و سێکس هیچ هەستێکت بۆ ژن نەدەجوولا؟
+ لە راستییدا ئەوە مردنێک بوو بۆ خۆی! سێ ساڵ بە درۆ و شانۆگەریی من دەسگیراندار بووم.. بەوەش هەر زوو کچە پوورەکەم تێگەیشت کە من پیاوی ژن هێنان نیم بەڵام ئەویش بەزۆر ناچار کرابوو کە رازیی بێ بە هاوسەرگیریی لەگەڵ من.. سێ ساڵ وەک ئەوەی لەگەڵ مقەبایەکدا بم هیچ هەست و خۆشەویستییم پێی نەدا تەنانەت یەک جار نەمووت خۆشم ئەوێیت.. تەنیا هەستێک بۆیم هەبوو هەستی بەزەیی بوو! ئای کە چەند ناخۆش و ئازاربەخش بوو! ئاخر هەر بە خۆمەوە نەوەستابووم بەڵکە کچێکی سادە و ساکاریشم کردبووە قوربانیی!

– سەرئەنجام، ئەو دەسگیراندارییەت بە کوێ گەیشت؟
+ دوای سێ ساڵ لەم پەیوەندییە کوڕێکم ناسی بە ناوی (ش.ح.ئـ)، بە هۆی ئەوەی هەموو هەڵسوکەوتێکمان بە یەک دەچوو زۆر زوو ئاشنای یەک بووین و تەواو نزیک بووینەوە تا کەوتینە پەیوەندیی خۆشەویستیی.. چ ژیانێکی پڕ لە شانۆگەریی؛ لەملاوە لەگەڵ کچێک دەسگیراندارم لەو لاشەوە لەگەڵ کوڕێک ئەکەومە خۆشەویستیی!
هەر زوو پەیوەندییم لەگەل پوورزاکەم تێکچوو چونکە نەیدەتوانی بەرگەی ئەم هەموو بێ هەستییەی من بگری.. ئیتر داوای جیابوونەوەی کرد یان راستتر بڵێم من ناچارم کرد کە داوای جیابوونەوە بکات.. هەرچەندە دەرفەتێکی پێدام کە کێشە نییە ئەگەر زەماوەند بکەین و بیگوازمەوە.. بەڵام من بە بیانووی ئەوەی جارێ پارەی تەواوم نییە بۆ ژن گواستنەوە و ماڵ دانان و ناتوانم خۆم بخەمە ژێر باری قەرزەوە.. سەرئەنجام جیابووینەوە.. هەرچەندە هەستمکرد زۆر ناخۆش بوو بۆ ئەو و زۆر بەزەییم پێیدا هاتەوە بەڵام من نەمویست پتر درۆ لەگەڵ خۆم و لەگەڵ ئەویش بکەم.

باشە، ئەی لەگەڵ (ش.ح.ئـ) بە کوێ گەیشتن.. ئەویش بەو بەزمەی دەسگیراندارییەتانی زانیبوو؟
+ بەڵێ زانیبووی.. ئەویش زۆر نیگەران بوو بەوەی کە من ئەو جۆرە پەیوەندییەم هەبووە.. بەڵام لەبەرئەوەی منی زۆر خۆشدەویست زۆر ئاسوودە بوو بەوەی کە جیائەبمەوە و ئیتر دەبم بە تەنیا کەسێک لە ژیانی ئەودا! تا دەهات نێوانمان خۆشتر و گەرمتر ئەبوو.. وای لێهات پەیوەندییەکەمان گەیشتە ئاستی خۆشەویستییەکی زۆر شێتانە! ئەوەش بووە مایەی ئەوەی خزم و کەسوکاری هەردوو لامان هەڕەشەمان لێبکەن تەنانەت چەندین جار بە لێدانیش لێیانداین بۆ ئەوەی هاوڕێیەتی یەکتر نەکەین بەڵام ئەمە لە کاتێکدا بوو تەنیا گومانیان هەبوو و هیچ بەڵگەیەکیان پێ نەبوو ئەگینا تەنیا بە لێدان رزگارمان نەدەبوو!
ئەم پەیوەندییەمان هەر بە ژێر بە ژێریی درێژە پێدا و سێ ساڵی خایاند.. تا رۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم کە کەسیان لە ماڵەوە نییە و بڕۆم بۆ لای.. منیش بە پەلە خۆم گۆڕی و هەندێک بۆنی خۆشم لەخۆمدا و رۆیشتم بۆ ماڵیان..

دوای ئەمە چی روویدا.. ئایە ئەمە دوا ژوانتان بوو یان یەکتریتان بینیەوە؟
+ بەداخەوە کە ئەمە دوا ژوانمان بوو.. تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێک توانیمان بە ئاواتی لەمێژینەی خۆمان بگەین و هەستمان دەکرد ئیتر ئەمە رۆژی ئێمەیە.. بەڵام بە داخەوە بەختی رەشمان هەر زوو ئەم خەونەی لە گۆڕ ناین.. براکەی بەسەرماندا هاتەوە و هەردووکمانی لە ژووری نوستن پێکەوە گرت.. ئیتر هیچ بیانوویەکی نەما بۆ ئەوەی کە نەمانکوژێ! بە شێوەیەکی زۆر وەحشیانە کەوتە سەرمان و تا هێزی تیا بوو لێیدەداین.. ئێمەش هەردووکمان تەنها بەرگرییمان ئەکرد.. کاتێکم زانی خۆشەویستەکەم پڕی پێدا کرد و دای بە عەرزا و هاواری ئەکرد کە من رابکەم بەڵام من دڵم نەدەهات بە تەنیا بەجێیبهێڵم چونکه ئەمزانی ئەو زۆر دڕندەیە و بۆ دەرفەتێکی ئاوا دەگەڕ کە بیکوژێ.. کەچی ئەو دیسان هاواری کردەوە و گوتی: ” تکایە تۆ بڕۆ و خۆت رزگار بکە.. با من بکوژێ و خەمی منت نەبێ” ئیتر منیش زۆر ترسام و هیچ دەسەڵاتێکم نەبوو جگە لە راکردن.. بەڵام نەموێرا بچمەوە ماڵێ و یەکسەر بەرەو گۆڕستانی شار چووم و لەوێ خۆم حەشاردا.. تاکە کەسێک کە هەستم دەکرد دەتوانێ لەو بارودۆخە پڕ مەترسییدارەم رزگار بکا خوشکەکەم بوو کە هەموو راز و نهێنیەکی منی ئەزانی.. بە ناچاریی تەلەفۆنم بۆی کرد و سەرئەنجام ئەویش هاوسەرەکەی نارد بە شوێنما و لەگەڵ خۆی بردمی بۆ سلێمانی.. بە کورتتییەکەی لە ماوەی پێنج رۆژدا هەموو شتێکی بۆ رێکخستم و لەگەڵ قاچاغچییەک رێکەوت تا بمگەیەنێتە دەرەوەی وڵات.. ئیتر بە دڵ و دەرونێکی زۆر تەنگ و بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە وڵاتم بەجێهێشت!

زۆر بە داخەوە کە ئاوەهات بەسەرهاتوە، ئەی لێرە.. ئێستا هەست دەکەی گیان و ژیانت پارێزراوە؟ ئاسوودەیت لێرە؟
+ بێ گومان بەڵێ.. چونکە لێرە یاسا حاکمە و وڵاتی مەدەنیەتە، بەڵام هێشتا ئاسوودە نیم چونکە خۆشەویستەکەم لەدەستچوو و چارەنووسیشی نادیارە.. ئێستا بە سەدان کەسی وەک ئەویش لە وڵاتی ئێمەدا ژیانیان لە مەترسیی دایە.. هیوادارم ئێوە وەک میدیاکاران بەدواداچوون بۆ ژیانی ئەو و خەڵکانی وەک ئەو بکەن..

بێگومان.. دڵنیابە ئەوەی لە توانامادا بێ دەیکەین.. زۆر سوپاس کە دەرفەتت داین ئەم دیدادرەت لەگەڵ سازبکەین.. سەرکەوتوو بی.
+ زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.

١٩/١٠/٢٠١٨
hemn.shawkat@yahoo.com




ژن، مه‌كوژن … ستار ئه‌حمه‌د

كاتێك تاڵه‌ پرچی
شۆڕه‌ ژنێك ده‌قرتێنن
خوێن له‌له‌شدا راده‌وه‌ستێ
دڵی ژیان ..
له‌ترپه‌و ئاواز ده‌كه‌وێ
چیا سه‌ری خۆی ده‌ڕنێ و
چاوی به‌مه‌لێك ناكه‌وێ
چۆن دڵتان دێ
ژن ده‌كوژن
بۆچی هه‌تاو له‌بار ده‌به‌ن
مانگ له‌گڕا ده‌سووتێنن
چۆن ده‌توانن
رازی دایكان بمرێنن
شیعر له‌شاعیرو
ئاواز له‌به‌سته‌و
ده‌نگ له‌سه‌دای دابڕێنن
كه‌ژنێك بسكی سوور ده‌بێت
به‌تابلۆی خوێن
نیشتمان گه‌رووی ده‌تاسێ
مناڵ باوكی ناناسێ
خاك سه‌رگه‌ردان
به‌دوای جوانیا وێڵ ده‌بێ
قه‌ڵه‌م تینووی
ماچی لاپه‌ڕه‌و هێڵ ده‌بێ
ژن مه‌كوژن
نه‌با دڵی یه‌زدان بشكێ
ئاسمان خوێناوی لێ بڕژێ
كه‌ژن نه‌بێت
كۆرپه‌ له‌لانك ده‌تۆرێ
مرۆڤ بێ نیشتمان ده‌ژێ
ژن مه‌كوژن
ژیان له‌سێداره‌ مه‌ده‌ن
له‌ژنا واتا ده‌به‌خشێ

ستار ئه‌حمه‌د