پەروەردە و دیموکراسی -1- …. جمیل حمداوي …. وەرگێڕ: جیهاد موحەمەد

بەشی یەکەم:

پەیوەندی پەروەردە بە دیموکراسیەوە پەیوەندییەکی دیالێکتیکییە، بە جۆرێک، کە ناتوانرێت قسە لەسەر فێربوون و ئازادییە تایەبەت و گشتییەکان بکرێت لە حاڵەتی نەبوونی دیموکراسی راستەقینەی هەڵنراو لەسەر بنەمای یەکسانیی‌ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بڕوابوون بە جیاوازییەکان و داننان بە پلۆرالیزمدا.
هەروەها ناتوانرێت قسە لەسەر دیموکراسی بکرێت لە حاڵەتی نەبوونی پەروەردەیەکی راستەقینە و فێربوونێک، کە بونیادنەنراو و ئامانجگیر و چییەتیەکی باش و داهێنەرانە و بەرهەمهێنەری چوست و چالاکیی و رێزلێنان لە بەهرە و بایەخدان بە چالاکیە پەروەردیەکان و هەروەها ڕێزلێنان لە فێرخواز و فێرکارەکان نەبێت؛ کە سەرقاڵی دۆزینەوە و بە دواداگەڕان و کۆڵینەوەی کرداریی و زانستیی نەبێت. لێرەوە دەبینین کە پەروەردە و دیموکراسی وەک پارەی نەختینەیی پەیوەستن بە یەکترەوە، پەروەردە بێ دیموکراسی نابێت و دیموکراسیش بێ پەروەردە نابێت.

لە ئەمڕۆی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەرە پێویستیترین پەروەردەیەکی دیموکراسییانەیە، کە هاوڵاتییبوون و مافەکانی مرۆڤ تیایدا بەرتەسکبووەتەوە و دادپەروەری بە جۆرێک لە کەمبوونەوەدایە، کە خەریکە بە تەواوەتی نامێنێت. پەروەردەی دیموکراسییانە لە پێناوی ئامادەکردن و گەشەی نەوە نوێکانمادایە تا نەوەیەکی نوێی مۆراڵ و ئاکار دیموکراسییانەی وایان لێ بێتە بەرهەم بتوانن ئیدارەیەکی وردی وڵات و کۆمەڵگە لەسەر دیدگایەکی ڕوونی فراژووتن و داهێنان و ئەفڕاندنی دیموکراسییانەی بونیادنراوی هەست بە بەرپرسیارێتیی و دیسپلین و هاوڵاتییبوون و ماف بکەن؛ ئارەزووکردن لە ئازادی و گۆڕانکاری و دروستکردنی دەوڵەت و نەتەوە لەسەر پێوەری داهێنان و بەرهەمهێنان و ئافڕاندن و فراژووتن و گەشەکردن بە مەبەستی گەیشتن بە پێگە و ئاستی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان و نەتەوە گەشەکردووەکان لە ڕووی شارستانیی و زانستیی و تەکنۆلۆژییەوە دەبێت.
کەواتە، پەروەردە چییە؟ ئەی کۆنسێپتی دیموکراسی چییە؟ پەیوەندی پەروەردە و دیموکراسی چییە؟ ئەو ئاستەنگ و تەنگەژانە چیین، کە دەبنە رێگر لەبەردم بە کردەییکردن و مەشقکردنی پەروەردەیەکی دیموکراسییانەدا؟ لەم توێژینەوەیەدا هەوڵئەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە.

١/ کۆنسێپتی پەروەردە:

پەروەردە کردەیەکی پەروەردەیی و پوختەکردن و چاکردن و مۆراڵی و ئاکاریە بە ئامانجی پێگەیشتن و گەشەکردنی منداڵ و فێرخواز بە پێگەیشتن و گەشەکردنێکی کۆمەڵایەتی دروست و ساغلەم. پەروەردە هاوبەشی دەکات لە پاراستنی داب و نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، پەروەردە هەوڵێکی شێلگیرانەیە بۆ پێکهێنان و بەرهەمهێنانی هاوڵاتییەکی باش، هەروەها کار دەکات لە پێناوی گۆڕینی کۆمەڵ بەرەو باشتر و پێشکەوتووتر لە رێگەی دیموکراتیزەکردن و بە کولتووریکردنی دیموکراسیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان. پەروەردە سەرلەنوێ بونیادێکی مۆراڵی و ئاکاری کۆمەڵگە دادەڕێژێتەوە و پێگەی بەرزدەکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئاستی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان و شارستانێتە مرۆییە بەرزەکان.
پەروەردەی جددی هەوڵ ئەدات بۆ پەیوەستبوونی تاک بە کۆمەڵگەوە، ئەویش بە گونجاندن و ڕاهاتن و سەرکەوتن و گۆڕانکاری تیایدا، هەروەها هەوڵ ئەدا بۆ:”پەرەپێدانی کەسایەتی مرۆڤ و پاڵپشتیکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیە بنەڕەتیەکانی. واتا پێکهێنانی سەربەخۆیی بیر و ئەندێشە و مۆراڵی تاک، ڕێزگرتنی ئەم سەربەخۆییەش لە لایەن ئەوانی ترەوە لەسەر بنەمای هەمان مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا تا سەربەخۆیی ببێت بە پڕۆژەیەک بۆ هەموو تاکەکان وەک یەک.”

بە هەرحاڵ، پەروەردە ئامڕازێکە بۆ بەدیهێنانی داهێنان و ئەفڕاندن و بەدواداگەڕان و دۆزینەوە و ڕاڤەکردن و کنەکردن و کۆڵینەوە و بە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە؛ چەقبەستن لەسەر ئازادی و دەستپێشخەری تاکی ئازاد لە هەرچ جۆرە گفتوگۆکردنی مەبەستدار و ڕەخنەگرتنی بونیادنەر و دیالۆگی دروست لە پێناوی بونیادنانی کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و بە ئاگا و هاوبەشیکار لە تازەگەری و ڕێگە خۆشکردن بۆ دەرکەوتنی وزەی تاک و کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەر و داهێنەر و دۆزەرەوەی تیۆری تەکنیکیی و کردەیی و زانیارییەکان.
دکتۆر محەمەد لبیب نجیحی دەڵێت:”ماددام ئامانجی بنەڕەتی پەروەردە گەشەی بیر و ئەندێشە و بەکارهێنانی زیرەکییە، کەواتە پەروەردە لە پێناوی ئازادییەکانی مرۆڤدا کار دەکات. جەختکردنەوە لەسەر گەشەی منداڵ، واتا جەختکردنەوە لەسەر سڕینەوەی ئاستەنگەکانی بەردەمی توانا هۆشیارییەکانی منداڵ، هەرەوها زەوینەخۆشکردن و دەرفەت و بواردان پێیی تا بتوانێت کارا بێت و توانا شاراوەکانی و ئەو ژینگەی تیایدا دەژی بەکاری بهێنێت بۆ ئەوەی کە خۆی دەیخوازێت. کۆمەڵگەی سەربەخۆ ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تاکەکانی هاوبەشی بکەن لە پەرەسەندنی و ئاراستەکردنی بەرەو گۆڕانکارییە پێیوست و پێشکەوتووەکان.”

کاتێک تاکەکانی کۆمەڵگە ئازد بن و هەست بە ئازادی بکەن کەواتە پەروەردە هاوبەشیی کردووە لە کرانەو و پێشکەوتنیدا. مەبەستمان لە کۆمەڵگەی کراوە ئەو کۆمەڵگەیەیە کە رێگەی گەشە و پەرەسەندنی بۆ کراوەتەوە و خراوەتە سەرپێی بەرەوپێشچوون، واتا واقیعی مەوجودی تێپەڕاندووە. کۆمەڵگەیەکی لەم جۆرەش ئەو کۆمەڵگەیەیە کە بە جۆرێک خۆی ڕێکخستووە توانای بەدەیهێنانی هەموو کاروبار و مەسەلەیەکی مرۆیی هەیە. کۆمەڵگەیەکە قبووڵی گۆڕاناکرییەکان دەکات و وەک ئاماڕازێک بەکاریان دەهێنێت بۆ سەرکەوتن بەسەر گەندەڵی و داڕزاندا، زیرەکی و هەوڵە هەروەزییەکان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا هەموویان دەبنە گەشە و پێشکەوتنی مرۆڤ و مرۆڤبوون.
جگە لەمانەش پەروەردە بەدیهێنەری کۆمەڵێک ئەرکی کرۆکییە وەک فێڕبوون، ڕۆشنبیربوون، پاقژبوون، پاڵاوتنبوون و ڕزگاریی بیر و هزر و ئەندێشە لە کۆتوبەندەکان و ئەفسانە و حیکایەتە ساختەکان و جادوگەریی و، پەیوەستبوون بە مرۆڤایەتیی و زانست و ئاسۆ ڕووناک و نموونەییەکانەوە.

٢/ کۆنسێپتی دیموکراسی:

ئەوە ئاشکرایە، کە دیموکراسی بە واتا پێدراوەکانی واتا حوکمی گەل لە لایەن خودی گەل خۆیەوە، بە واتایەکی تر حوکمی زۆرینە دوای پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان و جیاکردنەوە و پاکردنەوەی دەنگەکان. دیموکراسی بەرامبەر و دژی حوکمی دیکتاۆری و حوکمی ئۆتۆکراسییە، کە هەردووکیان حوکمی زوڵم و ستەم و هەژموونی دەسەڵاتێکی ڕەهان. دیموکراسی چەقبەستن و چاودانە لەسەر یاسا و ماف و ئازادیەکان و دادپەروەریی و کەرامەتی مرۆڤ بە بنەماگرتنی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندنی یەکسانی ڕاستەقینە لە نێوان ڕەگەز و توخمەکاندا. گرنگترین بنەمای دیموکراسی هەست بە بەرپرسیارێتی و پەیوەستبوون پێیەوە و، ڕێزگرتن لە سیستم و بایەخدانی زیاتر بە لایەنی زانست و زانین بەسەر لایەنی هێز و تووندووتیژییدا.

دیموکراسی کارا و ڕاستەقیەن بەم جۆرە دادەمەزرێت:”مامەڵەی دیموکراسیانە لە نێوان دامەزراوەکانی پاراستن و ڕێزگرتنی مافەکان و جێبەجێکردنیان بەو یاسا و دامەزراوانەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەت و ماف و یاسادا هەن. ئەوەش ئاشکرایە کە ڕێزگرتن لە مافەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان نایەتە دی بە بێ بوونی تاکی ئازاد و سەربەخۆ. دیموکراسی مەسەلەیەکی ڕووکەش و شکڵیی نییە، هێندەی ئەوەی کە فەرهەنگ و مامەڵەیە؛ تێگەیشتن و قبووڵکردنە بۆ ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان؛ یەکسانی و دادپەروەریی و ویژدانگەرایی و هاوبەشیکردنێکی سیاسیانە و بڕیاردانی (تاک)‌ە لەسەر چارەنووسی خۆی و هەڵبژاردەی خۆی؛ هەروەها ئەفەرۆزکردنی دەسەڵاتخوازییە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا؛ دیموکراسی ئەمڕۆ و سبەینێ بەدیهێنانی زیاتر و زیاتری ڕێزی تاکەکان و تواناکانیانە.

نابێت دیموکراسی و ڕەفتاری دیموکراسیی بەوە دابنرێت، کە دامەزراوەی دیموکراسیی لە ئارادایە، یان یەکێک بێت لە سیاسەتە نەگۆڕەکان، بەڵکو پێویستە وا تەماشای بکرێت وەک پێویستییەکی مۆراڵی کە پرنسیپڵەکانی لە نێوان مرۆڤەکان و ئامانجە جیاوازەکان و داننان بە جیاوازییەکان تا مرۆڤەکان بتوانن زاڵ بن بەسەر ‌هەڵچوون و تووندڕەوییەکانیاندا و دوورکەوتنەوە لە هەموو بڕیارێکی تاکلایەنە و خۆیی.”
کەواتە، دیموکراسی بەدیهێنەری بەختەوەریی مرۆڤەکانە، دڵنیابوونیانە لە ژیانێکی سەروەرانە، زۆرکردنی دەرفەت و بواری کارکردنە، پڕکردنەوەی حەز و ئارەزووە خۆڕسکییەکانیەتی وەک خواردن و خواردنەوە و سێکسکردن، شکاندنی تینوێتی زانست و زانین و هونەریی و کولتورییە، دەربازبوونی لە کڵۆڵیی و چنگی هەژاریی و دواکەوتوویی و پێشکەوتن بەرەو جیهانێکی زیاتر جێگیر و دڵنیایی پڕ لە ژیانی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و هاوبەشیکردن لە داهێنان و ئەفڕاندن و بەخشین.

٣/ کۆششکردن بۆ پەروەردەیەکی دیموکراسییانە:

کۆششکردنێکی فرە هەس بۆ گەیشتن بە پەروەردەیەکی دیموکراسییانە، گرنگترینی ئەو کۆششکردنانە کتێبەکەی جۆن دیویە، بە ناونیشانی”پەروەردە و دیموکراسیی” کە لە ساڵی ١٩١٦ی زاینییدا بڵاوکرایەوە، کۆی ئەم کتێبە باس لە فەلسەفەی پەروەردە و جێبەجێکردنی دەکات، کە هەریەکە لە میشڵین و فراند میڵی سەرپەرشییان کردووە. هەروەها کتێبگەلێکی زۆر و نووسیێکی فرە دەربارەی پەروەردە و دیموکراسی نووسراون، وەک کتێبەکەی ئافانزینی لە ژێر ناوی:”دۆگما و تازەگەری لە پەروەردەی فێرگەکاندا” کە بەشی سێیەمی لە ژێر ناوی:”پەروەردەی نوێ و دیموکراسییدایە”.

٤/ جێکەوتەی دیموکراسی لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا:

هەرچ کەسێک تەماشایەکی خێرای گشتی دامەزراوە فێرکاریی و پەروەردەییەکان بکات تووشی سەرسوڕمانێکی بە‌هێز دەبێت؛ چونکە ئەم دامەزراوانە گۆڕاون بۆ ئۆردوگای سەربازیی، تژی لە دیسپلین و ڕێزگرتن لە یاسا و سیستمی دامەزراوە، تەنانەت دەرگاکانیان لەسەر شێوازی دەرگای بەندیخانە شاراوەکانە، لە بەردەمی دەرگاکانیاندا حەزحەزێک بە پۆشاکی فەرمییەوە وەک پۆشاکی سەربازی ڕاوەستاوە، تێڵایەکی کورتی بە دەستەوە گرتووە وەک حەرەسی عەمبارەکان، بۆ ترساندنی چرۆ و ئاسۆی پاشەڕۆژ، ئەمەش لە پێناوی سەپاندنی سیستمەکەدا، ئەگەر پێویست بکات ئەوە تێڵاکەی و هێزی تووندووتیژیی بەکار دەهێنێت چ تووندووتیژی جەستەیی یان دەروونیی.

هۆکاری ئەم واقیعە پەروەردە خراپە لە سیستمێکی پەروەردەی ئۆتۆکراسیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پشت دەبەستێت بە زمانی سەرکوتکردن و ڕق و کینە و ترسان وەک دیکتاتۆریەتی سەربازی وایە، کە هیچ شتێک نازانێت جگە لە بەکارهێنانی تووندوتیژی و تەمێکردن و تۆقاندن؛ پەروەردەیەکی لەم شێوەیە لەتەمەنی ناسکی منداڵدا دەروونێکی خراپ و نەخۆش و نەگەتیڤ و هەستکردن بە ڕق و کینە و ترس دروست دەکات، هەروەها لاوازی و بێ توانایی لە سەرچڵێتیی و خەیاڵ و داهێنان و ئەفڕاندن دەکوژێت و تێنەگەیشتن و نەزانین دەربارەی دیموکراسی ڕاستەقینە و یەکسانی کۆمەڵایەتی بەربڵاو دەکات.

ئەنجامی ئەم فشارە سیاسییەش دەرکەوتنی نەوەیەکی تازە پێگەیشتووی لاوانە، کە یاخی دەبن و هەڵدەگەڕێنەوە لە خێزان و فێرگە و کۆمەڵگە، هەڵگری مەشخەڵی شۆرشێکی نەگەتیڤ دەبن کە پەلاماردان و هێشکردن بۆ سەر دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی وەک شکاندنی بۆری ئاوی خواردنەوە و وێرانکردنی هێڵی کارەبا و ڕووناکییەکانی سەر شەقام و کاولکردنی دامەزراوە فێرگەییەکان و ڕووخانی دار و دیواری فێرگەکانی خۆیانە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە خوێندن و دامەزراوە فێرگەییە زیندانئاساکانیان، لە دواجاریشدا مامۆستایانیش فێرگەکان بەجێدەهێڵن، هەرچی لە فێرگەکاندا بێت هەمووی هەڵدەتەکێ بە هۆکاری ئیدارەیەکی لاوازی دڵڕەق و ئاسۆیەکی تاریک و مردوو.

هەرچ وڵاتێک هەڵگری ئەم شێوازە لە پەروەردە بێت، ئاسۆیەکی داخراو و تاریک چارەنووسی لاوان و کۆی کۆمەڵگەکەیەتی، فێرگەکان دەبن بە شانۆیەکی تراژیدی و ململانێی نەوەکان، بە هەموو شێوەیەک فێرگەکان هەڵگری جیاوازییە چینایەتیەکان دەبن و میراتگریی و بۆماوەیی بەرهەم دەهێننەوە، وەک هەردوو بیرمەند(بییر بوردیۆ و باسرۆن دەلێن:”لەم فێرگانەدا بە تەواوەتی جیاوازییە چینایەتییەکان دەردەکەون، مناڵانی چینە دەوڵەمەند و ئەرستۆکراتیەکان خوێندن و فێربوونی تایبەتیان دەبێت و دەبن بە خاوەنی(بڕوانامەی زانین و زانست و زانیاری) لەم جۆرە سیستمی پەروەردە و سیستمە سیاسیانەدا گرنگی و بایەخ زیاتر بە چینی سەردەست و دەوڵەمەند دەدرێت، ئەوەی ئەم دوو بیرمەندە دەریدەبڕن، ئەوەیە کە تەواو پەروەردەی دیموکراسی ناکۆکە بەم پەروەردە باوە.

لە سیستمی سیاسی نا دیموکراسیدا، سیستمی پەروەردە نادیموکراسە و تەنها لە ڕاژە و بەرژەوەندی چینی دەوڵەمەند و ئەرستۆکرات دایە، فێربوونی گشتی و تایبەتی و بیریی و هزریی و پیشەییەکان هیچ نین جگە لە گوزارشتێک کە جیاوازییە کۆمەڵایەتیەکان دەیسەپێنێت و دامەزراوە پەروەردەیەکان دەگۆڕێت بۆ کەش و ژینگەیەکی جیاکاری زمان و ڕەگەزپەرستیی و شوێنێک کە دەبێت بە ئاشی هاڕینی کۆمەڵایەتی و ململانێ چینایەتیەکان. ئەگەر(ئەمیل دۆرکایم) لە دیدگایەکی پارێزگارییەوە شیکاری دەکات بۆ سیستمی پەروەردە، بەڵام (ئەلتۆسێر) پێیوایە کە تەکنیک و زانین و زانست لە فێرگەکاندا پێویستە بۆ هەموو وەک یەک بێت، دەنا پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە جۆرێک دەبن کە حوکمی چینێکی کەمینە بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت.

سیستمی فێرگە و پەروەردە ئامێرێکی ئایدۆلۆژیی دەوڵەتیە، سوود دەگەیەنێت بە بەردەوامی و بۆماوەیی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی ئامادەباشی خوێندن و فێربوونەوە کە گونجاو و تەبا بێت لەگەڵ دابەشکردنی کار و جیاوازییە چینایەتیەکاندا، هەروەها لە ڕێگەی سەپاندنی ئایدۆلۆژییە باوە بەرژەوەندخوازییەکەی چینی سەردەستدا. ئاراستە هەبووەکانی نێو فێرگە ڕەنگدانەوەی دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر چینەکاندا، بە مەبەستی مانەوەی پێوەندیە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان”.

لەبەر ئەوەی کە فێرگە لیبراڵیەکان، فێرگەی چینایەتی و نادیموکراسن، لە دەوڵەتی دواکەوتوو و ستەمگەردا سیاسەتی دواکەوتوو و کۆلۆنیالیزم دەچەسپێنێت و هەژاریی و کەمدەستیی دەهێڵێتەوە و دەیکات بە بۆماوەیی کۆمەڵایەتی، ئیڤان ئیلیتش داوای نەهێشتنی ئەم جۆرە فێرگە چینایەتیە نادیموکراسییانە دەکات لە کتێبی”کۆمەڵگەی بێ فێرگە”. تیۆری مردنی فێرگە بە پێی(کۆی ئافانزینی) لە ڕاستیدا تیۆریەکە:”لە ژێر کاریگەرییەکی گەورەی ئەو فاکتەرە جیۆگرافیانەدا بوو کە دەوریان دابوو، بۆ ئەوەی بیکات بە تیۆرییەکی گونجاو و باش بۆ وڵاتانی ئەمەریکای لاتینیی، کە بە تەواوەتی نامۆ بوو بە لۆژیکی پەروەردەی ڕۆژئاوایی، بە تایبەتی هەندێک پرسیار دێنە پێشەوە لەسەر ئەوەی ئەم لێکدانەوەیە، کە وای بۆ دەچێت کە تەنها لە وڵاتانی رۆژئاوادا جێبەجێ دەکرێت، ئەم ڕایەی ئیلیتش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە دەڵێت فێرگە گونجاوە بۆ سەردەم و قۆناغی پیشەسازیی و کەلەپوری تایبەت بە خۆیەتی، پێویستە لە وڵاتانی دواکەوتوودا بسڕرێتەوە و چونکە زەرورەتی بوونی نییە، سڕینەوەی و لابردنی دەبێت بکرێت بە مەرجێک بۆ سڕینەوە و لابردنی کۆلۆنیالیزم و سەرکەوتنی یەجگاری بەسەریاندا، هەندێک جار داوا دەکات بە تەواوەتی ئەم جۆرە لە فێرگەی رۆژئاویی بسڕێتەوە و باویان نەماوە.

بە هەرحاڵ، واقیعی نادیموکراسیی لە فێرگە پەروەردەییەکانماندا بە هۆکاری نەبوونی دیموکراسی و نەبوونی فەلسەفەی ئیداری و نەبوونی فەرهەنگی مافی مرۆڤ لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگەدا بوونی هەیە.

٥/ جۆرەکانی پەروەردەی دیموکراسیی:

دەتوانرێت قسە بکرێت لەسەر چەندین جۆری دیموکراسی لە بواری پەروەردە و فیربووندا، بەڵام لەم سێ جۆرەدا کورتی دەکەینەوە:
١/ پەروەردەکردن و فێرکردنی دیموکراسییانە:
مەبەست لە پەروەردەکردن و فێرکردنی دیموکراسییانە، ئەوەیە، کە فێرخواز مافی تەواوی هەیە بۆ پێدانی پەروەردە و فێربوون بە سوود وەرگرتن لە هەموو ڕێگاکانی پەروەردە و فێربوون، پێویستە فێرخوازان هەموویان وەک یەک پەروەردەکرێن و فیرکرێن و زەوینەخۆشیی پەروەردەکردن و فێربوونیان وەک یەک بخرێتە بەردەست و ز بۆ بڕەخسێةرێت. پێویستە مامۆستایان و ڕاهێنەران بە یاسا و ڕێسایەکی یەکسانانە ڕێگەی پێداگۆگییەکی دیموکراسییانە لە ئەستۆ بگرن، هیچ جۆرە جیاوازیەکی چینانیەتی و هەڵاواردن لە پەروەردەکردن و فێرکردندا لە ئارادا نەبێت. هەموو فێرخوازن یەک جۆر پۆشاکیان لەبەردا بێت، هەروەها فێرخوازن وانەی یاسایی وەربگرن بۆ ئەوەی فێری مافەکانی خۆیان بن و بتوانن بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە دیموکراسییەکان بەرگری لە مافی خۆیان بکەن.

٢/ فێربوونی دیموکراسییانە:

دەوڵەتە پێشکەوتووەکان هەوڵی دیموکراتیزەکردنی فێربوون و فێرخوازیی دەدەن، لە میانەی گشتگیرکردنی بەرنامەکان و یەکبوونی پرۆگرام و سیستمی خوێندن و بڕیارەکان لەگەڵ ئەوەی فرە جۆر و فرە شێوە و ناوەڕۆکن. هەروەها بە خۆماڵییکردنی فێربوون و ناچارییکردن و بە پێویستکردنی لەسەر هەموو منداڵێک تا دەوڵەت بتوانێت نەخوێندەواری و نەزانین و هەژاریی و دواکەوتووی تێپەڕێنێت. فێربوون و فێرخوازیی کۆمەڵگە دەگۆڕێت و دیموکراسی ڕاستەقینە بەدی دەهێنێت. فێرخواز لە فێرگەی دیموکراسی و دامەزراوە دیموکراسییەکاندا فێری دیموکراسیی دەبێت و ڕادێت لەگەڵ ژینگە پڕ لە ئازادییەکانیدا. کاتێک باس لە دیموکراسی فێربوون دەکەین، مەبەستمان ئەوەیە کە فێربوون خەسڵەتێکی میللیگەرایی هەیە کە هەموو کەسێک سوودی لێ وەردەگرێت بە بێ هیچ هەڵاواردن و جیاکارییەک، فێرگەی دیموکراسیی کراوەیە بە ڕووی هەژار و دەوڵەمەندا بە رێگەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانیانە بوار دەڕەخسێنێت بۆ هەموو لایەک.
پرنیسپڵەکانی یەکبوونی پرۆگرامەکانی خوێندن و سیستمی خوێندن کە بووە بە نیشانەی حیزبە میللیگەراییەکان و دروشمێکی درەوشاوەی هەموو بڕیارە سیاسییە نیشتیمانییەکان پێویستە هەڵنەوەشێنرێتەوە”ئەو واقیعە دەوڵەمەند و فرەییەی کە لە ئارادایە، ئەو هەموو مەرج و ئامێرە بەردەستانە بۆ گۆڕانکاری نوێ پێویستە هەڵنەوشێنرێتەوە، کە کرانەوە بە ڕووی هەموو جیاوازییە چینایەتیی و نەتەوەییەکان و جیاکاریی و ڕەگەزپەرستییەکان دەکات بە زەرورەت…
بە هاوبەشیکردنێکی گشتگیری پێویستە بەربەست دانرێت لەبەردم هەموو کێشەو ئاستەنگەکانی کرانەوە زەرورییەکەدا. بەم جۆرە، هەموو دەوڵەتێک هەوڵێکی شێلگیرانە دەدات بۆ جێگیرکردنی ژینگەی دیموکراسی لە دامەزراوە پەروەردەیەکانیدا لە ڕێگەی دەرکردنی کۆمەڵێك یاداشتی وەزاری و بڕیارگەلێکی حکومیی و یاساگەلێکەوە بۆ ئەوەی فێرکردن و پەروەردەکردن بگاتە پێگەیەکی بەرزی دیموکراسییانە، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە نادیموکراس بوو، ئازادییەکانی تاک بەرتەسکرابوونەوە، دەسەڵاتی سیاسی ستەمگەر بوو، ئەوە مەحاڵە فێرکردن و پەروەردەکردن دیموکراتیزە بکرێت.

٣/ دیموکراسی فێربوون:

هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت ببێت بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و بڕوای بە ئازادیە تایبەت و گشتییەکان هەبێت و بڕوای بە مافی مرۆڤ و هەبێت و پەیوەست بێت بە لۆژیکی قبووڵکردنی جیاوازیەکان و قبووڵکردنی لێبوردەیی و تۆلێرانس ئەگەر لەسەر دیموکراسییەکی ڕاستەقینە خۆی ڕانەهێنابێت و نەیکردبێت بە کولتوور و ڕەنگی نەدابێتەوە لە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری تاکەکانیدا.
هەڵبەت ئاشکرایە، کە ئۆردوگایەکی سەربازیی و داپڵۆسین و ڕقلێبوون ناتوانێت هیچ بەرهەم بهێنێت جگە لە ئامرازەکانی چەوساندنەوە و بیریی سڕینەوە و پاکتاوکردن و تووندڕەویی و تووندووتیژیی و حەز و ئارەزوو لە حوکمی دیکتاتۆریەت و بەربەریەت.
تەنها بە پەروەردە دەتوانین لە دیموکراسیی تێبگەین و بیکەین بە دروشم و فەرهەنگ.
شاراوە نییە لای هیچ کەسێک:”بوونی دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکردن دەورێکی سەرەکی دەبینێت، بۆ کرانەوەی ژیان و ژینگەی سیاسی کۆمەڵگە بە چەسپاندنی کۆمەڵێک پرنسیپڵ و بەهای مسۆگەرزادە بە ڕابوونی کۆمەڵگە و تازەگەرێتی لە ڕووی سیاسییەوە؛ دەوری فێرگە، تەنها کورت نابێتەوە لە چوارچێوە ناوخۆییەکەیدا، بەڵکو کاریگەرییەکانی ئەم چوارچێوە تێدەپەڕێنێت، لە ڕاستیدا کاریگەریە بنەڕەتییەکەی ئەوەیە کە چوارچێوەی خۆی تێدەپڕێنێت؛ چونکە پرنسیپڵەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پلۆرالیزمی سیاسیی، هەموویان بەهاگەلێکن بە پەروەردە و پرۆگرامە دیموکراسییەکانی بە دەست دێن؛ پێگەیشتن و گەورەبوونی تاک لەسەر ئەو بەهایانە ڕێگەچارەیەکی دروست و ڕاستە تەنانەت بۆ گەیشتن بە هاوبەشییەکی کارای سیاسیانە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانی کۆمەڵگەدا. بیرمان نەچێت، ئامژە بدەین بەوەی کە فێرگە دەورێکی باش دەبینێت لە دروستکردنی پەرلەمانی منداڵاندا: کەواتە پەروەردە یەکەم ئامرازە بۆ فێربوونی دیموکراسیی و سەپاندنی دیموکراسی وەک واقیعێکی زەروریی بۆ پاراستنی مرۆڤ و مافەکانی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.




ئاراستەکردنی نادروست و پێکانی هەڵە …. ئارام ئازاد

یادی مێژوویی دەوڵەتان کە شوناسی نەتەوەیی دەوڵەتەکە پێکدێنێت وەک ئەلبوومی وێنەکانی خێزانێکن کە نەوە بۆ نەوە دەگوازرێتەوە کەواتە دەوڵەت لە تاک دەچێ ، هەمیشە حەزی بە یادگارییە کۆنەکانە چونکە لە یادکردنەوە خۆشەکاندا هەمووان بیریان دەکەوێتەوە و ناخۆشەکان هەر زوو لە خەیاڵ و هزران دەنرێتە لاوە ، سەبارەت بەوە لویس کارۆل دەنوسێ ( ئەو یادەی تەنیا بەرەو دواوە کاردەکات ، یەکێکە لە جۆرە خراپەکانی یاد).

یادکردنەوە لای تاکیش هەمان تیۆر بەکاردێنێ ، هەمیشە بەرەو دواوە هەنگاونانە نەوەک بەرەو ئایندەیەکی روونتر کە رەنگە ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەو ناوچە جوگرافیە بێ کە وڵاتەکەی تێدا بەرجەستەیە یا ئەوەیە خەیاڵی مرۆڤ هەمیشە حەزی بە بینینی رابردوە خۆشەکان کردووە و ناخۆشەکان هیچ کاتێک بەشێک نەبوون لە ژیانی ئەوەوە ، ئەم حاڵەتە ڕەخنەگرێکی لاواز دروست دەکا ، وا دەکا جوان و ناشیرین بەیەکەوە بسوتێن ، نەڕوانین لە ئایندە و خۆ بەندکردن بە ڕابردوو سەرەتایەک دەبێ بۆ نەهێشتنی هەستی نەتەوایەتی.

لە دەوڵەتدا هاووڵاتی هەمیشە هێزی ژمارە یەکە و کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادگایی و ئابوریی و …هتد لە پێناو هێزی ژمارە یەک کار دەکەن ، هەر کاتێک کە یەکێک لەو بەهایانە لە ڕێگە لای دا ژمارە یەک دەتوانێ سزای بدا بە ڕادەرنەبڕین و شەرعیەت پێنەدانی بۆ چوار ساڵی ئایندە ، بەڵام ئایا ئەمە سزایەکی ڕەوایە و کاریگەرە ؟ ئەوەتا لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێژەی بەشداری نەکردن و ڕا دەرنەبڕین دەنگی یەکەمی بەدەستهێنا ، کە ئەمەش ترۆپکی بێزاری هاووڵاتی دەردەبڕێ لەو هێزانەی کە کایەکان بەڕێوە دەبەن تا ئێرە مافی هاووڵاتی بوونێکی ئاساییە ، ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە هاووڵاتی لەسەیرکردنی وڵاتانی ترەوە بڕوانێتە وڵاتەکەی و ئاستی خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی وڵاتێکی لە بابەتی بەلجیکا بەراورد بکا بە ئاستی گوزەرانی خۆی ، ئەمە نا واقیع بینێ دێنێتە ئاراوە ، چونکە ئەو لێکەوتە جوگرافیەی وڵاتێکی لە بابەتی بەلجیکای تێدایە زۆر جیاوازە لەگەڵ لێکەوتی جوگرافی کوردستان ، ڕەنگە داهات و سامانی کوردستان زۆر زیاتر بێ بەڵام ئەو زنجیرەی لە ملی کوردو خاکەکەی دایە لە هەر خاکێکی تری دنیادا بێ حاڵیان باشتر نابێ و بگرە ئەگەر خراپتریش نەبن هەر باشە بۆیە ، کە ڕەخنە دەگیرێ دەبێ ڕەچاوی هۆکاری سەرهەڵدانی شکست یا هەڵە لە بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە بکرێت کە ئایا سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکرێ؟ یا ئایا هێزی ئابووری وڵات ئەو هێزە نەماوە کە پشتی پێ ببەسترێ؟ ، ئایا دادگاکان سەربەخۆ نین چیتر؟ ئایا لایەنە کۆمەڵایەتیەکان وەک جاران نین ؟ هەموو ئەو پرسیارانە و دەیەهای تر هێزی ژمارە یەک لەکاتی نەچوون بۆ دەنگدان و ڕادەرنەبڕین هێناویەتیە ئاراوە و ئەو بۆشاییەی کە بە تەما بوو بەم جۆرە پڕی بکاتەوە نەک هەر پڕی نەکردەوە بەڵکو خزمەتی چاکیشی کردن ئەوەتا ئەو هێزانەی کە بە دەنگی کەمتر کێبرکێیان لەسەر هەمان ژمارەی کورسی دەکرد هەر چوونەوە بۆ پەرلەمان و ئایندەی هێزی ژمارە یەک کە وەک سزایەک نەچوو بۆ دەنگدان دوبارەوە لە دەستی هەمان کەسانی چوار ساڵی ڕابردوو دەبێ ، بۆیە ئاراستەکردنی هێزی ژمارە یەک نادروست بوو و پێکانەکەی هەڵە و بێ بەرهەم بوو .




وانەی چۆلەکەکان …. عەلی حەمەڕەشید

ھەر کە چۆلەکەکانی دەبینی ڕۆژانە پوش دەھێنن و بێ ماندوبوون ھەوڵدەدەن بۆ دروستکردنی ھێلانەیەک تا تێدا بحەوێنەوە و ھێلکەی تێدا بکەن و بێچووی زەرنەقوتە ھەڵبھێنن.کار و ھەوڵەکانی خۆی بیردەکەوتەوە .

زۆر جار دەیوت چۆلەکە بەو بچوکییە لە ھەوڵدایە بۆ ئاسودەیی و بەسەربردنی ژیان بەخۆشی و بەجریوە جریو و دەنگەخۆشەکەیشی دڵی ئێمە خۆش دەکات ،ئەی بۆچی منیش ھەوڵی زیاتر نەدەم و ھەوڵەکانم بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژێکی ڕوون نەبێت؟بۆچی وانەیەک لە چۆلەکەکانەوە فێر نەبم؟ئەمانە وتە و بیرکردنەوەکانی دارای بچکۆلە بوون،پێشتر زۆرترینی کاتەکانی بە یاریکردن لەگەڵ ھاوڕێکانی و گەڕان و تەماشاکردنی تەلەفزیۆن و ئایپاد بەسەر دەبرد،بۆیە لە قوتابخانە ھەمیشە نمرەی کەمی دەھێنا و مامۆستاکانیشی گلەییان لێی ھەبوو.ئیتر کەوتە خۆ و بە بڕوا بەخۆبوونێکی زۆرەوە بڕیاری دا کە ھەموو ئەو کارانە کەم بکاتەوە و لەمەودوا زیاتر خۆی بە کۆششکردنەوە ماندوو بکات.

بەردەوام بوو لەسەر ئەو کارە بۆیە ھەستی کرد کە ڕۆژانە ھەنگاوەکانی بەرەو سەرکەوتن و ئاسودەیی دەبەن و ڕەزامەندی مامۆستاکانیش لێی و دەستخۆشی کردنیان بوو بە گەورەترین پاڵپشت و ھاندەر بۆی…دارای بچکۆلە دوای ئەوەی کە بووە قوتابییەکی کارا و ھاوکاری ھاوڕێکانیشی دەکرد..زۆر جار لەبەر خۆیەوە دەیوت واباشە ھەمیشە مرۆڤ کار و ھەوڵەکانی ئامانجداربن و لەگەڵ سەرنجدان و وردبوونەوەی ورد بۆ دەوروبەر ، بەخۆداچوونەوەیشی ھەبێت..

٢/٢/٢٠١٨




موژده‌ …. سه‌ردار جاف

تۆ خه‌ره‌ندی كام شكۆفه‌ی
له‌ چ ده‌روازه‌ی باخچه‌یه‌ك
حه‌یرانه‌كه‌ی سه‌رزارانی
رووحی په‌ریت
به‌ ته‌وراتی مه‌سیحایی پڕ بۆن بووه‌
له‌ كام شه‌نگه‌گوڵی باغان
له‌ ترۆپكی و
ئه‌و سه‌ركز و بێ ده‌ره‌تان
بۆت له‌ كار بوو
جوانی به‌ سیمات به‌خشیووه‌
كام خوای ئاكار
له‌ بازاڕی بێ ته‌ریقه‌ت ، سه‌رگه‌ردانه‌
كه‌چی بۆ خۆی
پاكی به‌ ناخت به‌خشیووه‌
كام سنه‌وبه‌ری باڵا دوند
نوێبوونه‌وه‌ی فڕێداوه‌ و له‌ خه‌مزه‌ده‌ی ڕۆژگاردایه‌
باڵای به‌ باڵات ته‌نیووه‌
چرۆت له‌ كام باغی ئیره‌م چڵه‌حۆری دابه‌ستووه‌ و
به‌ ده‌م ڕێوه‌
دڵی چه‌نی وه‌كو منی پێ بڕیووه‌
ئه‌م ساده‌یی و به‌رائه‌ته‌ت
خۆرسكی یه‌
یا بۆ زه‌مه‌نێ خه‌مڵیووه‌

ئه‌ڵمانیا
29 / 10 / 2018




شۆڕشی کورد لە دیدگا و یادەوەریەکانی پێشمەرگە و کوڕە شەهید و پزیشک د.فایق محەمەد گوڵپی دا

ن.ئالان کەمال

دکتۆر فایق گوڵپی ، لە پەرتوکی ( کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم دەکەم ) بەرگی یەکەم ، باس لە یادەوەریەکانی قۆناغی ژیانی خۆی و هاوڕێکانی دەکات لەسەردەمەی ماناڵیەوە ، تاکو سەردەمی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی ، کە هەم وەک پزیشک و هەم وەک ئەندامێکی ڕێکخستن و پێشمەرگایەتی و خێزانێکی شەهید و قوربانی لە ڕێگەی کورد و کوردستاندا ، ئاگاداری زۆرێک لە و ڕووداو و میژووانە بووە و کاریگەی نەرێی لەسەر هزرو خەباتی بۆ داهاتوو تا ئەم چرکە ساتەش بەسەرەوە جێهێشتووە

ئەم پەرتووکەی نووسەر زۆر گرنگە زۆرینەی تاکی کورد بیخوینێتەوە ، تاکو بزانیت کورد و شٶڕشەکەی چەند پۆخڵەوات بوون و ، چەندیش کێشە شەخسیەکان بوون بە ئایدۆلۆجیای حزبی و کاریگەری لەسەر شۆڕش و خەباتەکی رزگاری کردنی گەلی کورد هەبووە

دکتۆر هەرچەندە بە پیشە دکتۆر بووە لە ناو شۆڕشدا ، بەڵام هەمیشە زیاتر وەک سیاسیەکی بەرهەڵستکار وغەدر لێکرا و موتەعەسب بینراوە و لەلاینە بەرپرسە باڵاکانی ئەو حیزبەوە بووەتە جێگەی گومان و رەخنە و گازندە کردنیان

ڕوونتر بڵێین پزیشک و سیاسیەکی دژە با و بووە لە قۆاناغەکانی کارو خەباتیدا و ، وەک هەندیک وابەستەی رازی کردنی دڵی مەسولەکانی ناوشۆڕش نەبووە ، بە ویژدان و دڵێکی سافەوە کار و چالاکیەکانی خۆی برەو پێ داوە و بی باک بووە لە دەم و فڵقی بەرپرسەکان لە ستایش و پیاهەڵدان

پەرتوکەکە چیرۆکی گێڕانەوەی سەردەمی منداڵی خۆی و شەهید کردنی محەمەد گوڵپی باوکی و دواتر غەدر و ناهەقی کەس و خزمە نزیکەکانیان ، دواتر باس لە میژوو و قۆناغەکانی خوێندنی کولە مەرگی خۆی و براکانی و چوونی بۆ کۆلیژی پزیشکی زانکۆ موسڵ و کارو چالاکیەکانی وەک ئەندامێکی نهێنی ڕیکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لەناو شاردا و، لەلایەکی ترەوە شەهید کردنی برایەکی کە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ، لە شەڕی براکاندا بە دەستی هێزەکانی ینک . دواتر باس لە قۆناغی کار کردن وەک پزیشک و دڵ رەقی بەعس لە دامو دەزگاکاندا وای کرد ئیتر دکتۆر کارو خزمەتەکەی بگوێزێتەوە بۆ شاخ و وەک پێشمەرگەیەکی دکتۆر سەدان بریندار و نەخۆش لە مردن رزگار بکات ، باس لە ناهەقی بەرپرسەکان دەکات کە بەرامبەرخۆی و هاوڕێکانی و پێشمەرگە کراوە و ، دواتر چیرۆکی شەڕی براکان و کێشە ناوخۆکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە شاخ لە نێوان بەرپرسەکان و ، دروست بوونی ئاڵای شۆڕش و پەرچەکردارەکانی ئەو سەردەمە و دەست پێکردنی تیرۆری جەستەی و فیکری لە شاخ و شار

ئەم پەرتوکە ی نووسەر بۆ ئەوەی ئاشنا بیت بە ڕابردووی دەسەڵاتدارانی ئەمرۆی هەرێم و حوکمڕانیەکەیان لات کارێکی ناوازە نەبێت ، دەکرێ سوودی تەواو لەم پەرتووکە وە ربگریت

دیارە پەرتووکەکە چاپ و بەرگی یەکەمیەتی، بۆیە دەکرا پیاداچوونەوەی بۆ بکرایە پێش لە چاپدان تاوەکو وەک بەڵگە و وەسائیقی سەردەمیانە ، لێکۆڵەرەوان سوودی تەواوی لێ ببینن . هەندێک بابەت دووبارە کراوەتەوە یان تێکەڵ بەیەکتر کراوە ، کە ئەمە لەوانەیە بۆ کەسانێک بیانەوێت وەک ئەرشیف و بەڵگە ئەم پەرتووکەی نووسەر بەکاری بهێنن زیاتر ماندوویان بکات ، دەکرا میژووی رووداوەکان زیاتر باس بکرایە بە پێی توانا ، جا شەرت نیە رۆژو مانگ بە دەقیقی ئەگەر بیرەوەریەکان فەوتابوون ، ئەیتوانی بە دیاری کردنی فڵان وەرز و ، فڵان ساڵ کە تاڕادەیەک دەبێت بە کارێکی ئەرشیفی و میژووی زیاتر

نووسەر هەندێک جار لە باسی کەسانی خائین یان تاونبار بە کارێک و ڕەوشتێکی دوور لە ئەخلاقی شؤڕشگێرانەی بەرپرسێک یان پێشمەرگەیەک باس دەکات ، خۆی لە ناوی ئەو کەسە دەپارێزێت و ئاشنای ناکات بە خوێنەر، دیارە لەوانەیە نووسەر لێرەدا بۆ زەقنەکردنەوەی کێشەی کۆمەڵایتی و کێشە لاوەکیە شەخسیەکان خۆی لە درکاندنی ناوەکان پاراستبێت ، بەڵام بۆخوێنەرێکی ئەم سەردەمە دەبێتە جێگەی گوومان و سەرنج دان لەسەریان و ناوی شاردنەوە ی کەسایەتیەکان زۆر جار گرنگی و مسداقیەتی زیاتر دەدات بە باسەکان
نووسەر لە باسی ئەنفال دا باسی ئەو شەرگانە دەکات کە خۆی بینیویەتی و وەک شایەد حاڵێک بۆمان دەگێڕێتەوە…..باسی جاش و جەیش دەکات کە چۆن بێڕەحمانە خەڵکی بێ دیفاعی گوند نشینەکانیان قەتل و عام کردووە تاکو بەکارهێنانی چەندین جۆری چەکی کۆمەڵ کوژ بۆزیاتر کوشنی بە کۆمەڵ

هەندێک جار باسی هاوکاری جاشەکان دەکات لە کاتی شکاندنی هیز پێشمەرگەو خەڵکی گوند نشینەکاندا ، کە ئەمەش بۆخۆی بەڵگەی ئەوەیە لە کاتێکدا کە تۆ چەکت بۆ دوژمن هەڵگرتووەو بووی بە نۆکەریان، بەس هەستێک هەیە لەناختدا و ئازارت دەدات ، زۆر جار تۆڵە لە دوژمنی خاک و نەتەوەکەت دەکەیتەوە و، پەنا بۆهاوکاری ێشمەرگەو هاوزمانانی خۆت دەبەیت

نووسەر لە هێرشێکی جاشەکاندا بۆ سەر هاوڕێکانیان وەها باسەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە :
دوانیوەڕۆیەک لە نەخۆشخانەی خەتێوە . سەردانی بارەگای مەڵبەدم کرد، کە گەیشتمە سەر ڕێگاکە، ئوتۆمبیلێکی گەورەی پێشمەرگە( زیلی سەربازی ) لەبەردەممدا وەستا، کەسێک لە پشتی ئۆتۆمبیلەکەوە دابەزی، سەیرم کرد دکتۆر دڵشادی هاوڕێمە. یەکسەر ئەملاو لایم ماج کرد، زۆرم پێمخۆش بوو کە شەهید نەبووە، دوای چاک وچۆنییەکی گەرم هەواڵی دکتۆر جەلالم لێ پرسی ؟ ووتی ئەویش ماوە و شەهید نەبووە …، ئنجا دکتۆر دڵشاد وا باسی خۆیانی کرد :
ووتی: رۆژی یەکەمی ئەنفال ، من و دکتۆر جەلال و دکتۆر ئاسۆ ، لە هێزی پێشمەرگە دابڕاین، جاشەکان لێمان نزیک بوونەوە دەوریان گرتین ، کاێک دکتۆر ئاسۆ ئەو دیمەنەی بینی خۆی بۆ ڕانەگیرا و دەستی دایە دەمانچەکەی و فیشەکێکی بەخۆیەوە ناو خۆی شەهید کرد ! جاشەکان کە بینیان دکتۆر ئاسۆ خۆی کوشت ، بەزەییان پێمانا هاتەوە و ، ووتیان: خۆتان مەکوژن، وەرنە لای ئێمە ژیانتان ئەپارێزین. ووتی بڕوامان پێ نەدەکردن ، بەرپرسی جاشەکان سوێندی بە گۆڕی ( مەلا مستەفا ) ! خوارد ، ووتی :
ئەگەر خۆتان بدەن بەدەستەوە دەتاناپارێزین و دەتانێرینەوە بۆ لای پێشمەرگە.

د.دڵشاد ووتی: ئێمەش بڕوامان پی کردن، چووینە لایان، لەلای بەرپەرسەکان سوپا و جەیشی عێراقی ئێمەیان وەک جاش ناسان ، لەو کاتەوە ئێمە لە ڕەبیەی جاشەکاندا ماینەوە تاکو ناوچەکە ئارام بووە و ئنجا ئێمەیان دەرکردو ڕەوانەیان کردین تاکو گەیشتینەوە لای هێزی پێشمەرگە…




دەست لە کوشتنت هەڵناگرم! …. هیوا سەعید

(1)
ماندوبوم ئەوەندەی تۆ بکوژم،
تۆ نامری!

لە مەیخانەکان
بە سەرخۆشی تۆم کوشت
نەمردی.

لە باوەشی ساردی سۆزانییەکان
بە ڕوتی تۆم کوشت
نەمردی.

لە ماڵی خوا چومە دەرێ،
لاپەڕە پیرۆزەکانم سوتاند،
بە بێباوەڕی تۆم کوشت
نەمردی.

بە یاسای هەمو شەڕێک
دو کۆتایی هەیە: یان دۆڕان، یان بردنەوە.
ئەم شەڕە بە یاسایەکی ترە
کەوتومەتە نێوان دو دۆڕان
یان لەبەردەمت چۆک بدەم،
یان خۆم بکوژم
تۆ نامری!

(2)
شەڕی ئێمە لەسەر یەکلابونەوەیە
من بە بیانوی نەبونت، هەوڵی کوشتنی تۆ دەدەم
تۆ بە پاساوی هەبونت، خەریکی لەناوبردنی منی
لەم مەیدانە یەکێکمان چۆک نەدا
شەڕەکە دەبێتە هەقیقەت!

(3)
مادام چۆکدادان هەر خۆکوشتنە بە بچوکی
با شەڕەکە بەردەوام بێ..
ئەم شەڕە ژیانیشە!

(4)
ئێوە بە ناشیرینکردنی ئەم شەڕە
ژیانتان پیس کرد
کارێکتان ناوناوە دادوەری
جارێک ئەم چۆک دەدا، ئەو سواری پشتی دەبێ
جارێکی تر ئەو چۆک دەدا، ئەم سواری پشتی دەبێتەوە
ئەوە چ کەربازاڕییەکە،
حەزتان لەم سواربون و هاتنەخوارەوەیە!

(5)
کاتێک جگە لەم ژیانە پیسە و مردندا
هەڵبژاردنێکی تر نەماوە
من دەچم لە بەرزاییەکان بە ئازاری ئێوە دەمرم،
ئێوەش لە نزماییەکان بە شێتبونی من پێبکەنن..

(6)
ئەم خۆکوشتنەم ناوبنێن
هەڵبژاردنێکی تر بۆ ژیان!

هیوا سەعید




مەترسە! … هێلین بەهمنی

بهێڵە بڕوات
بهێڵە ناوت نەبات
وای لێبکە سەیرت نەکات
پرچت بەردەوەو قەراغی لێوت بەو سوراوەی
کە حەزت لێیە تۆخی کەوە
بهێڵە لێوەکانت نوقمی زەردەخەنە بن
بۆ ناهێڵی دڵخۆشبی!
بۆ فێر نابی دڵخۆشبوون تەنها کەسێک نیە!
دڵێک نیە
ناوێک نیە
ئەشقێک نیە!
دڵخۆشبون تۆیت خانم
بهێڵە بژیت
بهێڵە با تەنها بن
خۆشبەختیت بچوک مەکەوە
مەڵێ وانیە
ئەوەنیە دەیبینم
دڵخۆشیت هێندە بچوک کردۆتەوە
لە دڵی ئەودا دات ناوە!
بە ناوی ئەودا لکاوە!
بە ڕێی ئەودا هەڵڕژاوە
کۆی کەوە
دڵت پێویستی پێتە
ئێمە دەبێ فێر بین
هەموومان
خۆشویستنێکی خۆمان قەرزارین
هەندێ هەست بە خۆت بکە
بزانە
تۆ ئەتوانی
ئەوەی نەت توانیوە ئەنجامی بدەیت!
بیرت نەچێ
خۆشویستنێکی خۆت قەرزاری .

هێلین بەهمنی




پرسی شۆڕش – بەشی دووەم …. کاوە جەلال

بەشی دووەم

1

لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا ئەو تێزەمان وەک زەمینەی سەرجەم نووسینەکە دانا، کە “چەپ”-ەکانی کورد هەر ئەوەندەیان پێکراوە کە بنەما کرۆکییەکەی ئیسلامی سوننی لە وەرگرتنی هزرە شۆڕشگێرییەکانی جیهاندا، وەک مارکسیزم و وجودییەت، بەگەڕبخەنەوە، واتا چۆن بەدەوییەکەی بیابان سووک و ئاسان دەبێت بە موسڵمانی خۆبەختکردوو بۆ داواکاریەکانی خودا، بە هەمان شێوە چەپەکانی کورد دەبن بە خەباتگێڕی چەپ، بەبێ ئەوەی ڕەخنەییانە کاریان لەوەدا کردبێت کە چۆن مەئریفەی مارکسیستی و بەمەش چۆن کەسێتیی مارکسیستی دێنە گۆڕێ، کەواتە بەبێ ئەوەی هەوڵیان دابێت “هەستی هەژاو”ی خۆیان بۆ سۆسیالیزم، کارەکتەری خێڵەکییانەی خۆیان، بەڵێ تەنانەت هەڵپەکانیان بۆ جیاکردنەوەی خۆ لە “ئەوانیدی” و بەمەش خۆدەرخستنیان لە هەستی کەمنرخیی کەسێتییەوە و هتد، بهێنن بۆ ژێر پرسیار. ئەوجا بە نموونەی کۆنکرێت، واتا ئەستێرە کەریم، پێشانمان دا کە هەڵوێستوەرگرتنی ئاشکرا بەرانبەر ترادیسیۆن، ئەوەش بە ئاگایی هەبوونی خۆوە لەنێو جیهاندا، یەکەم بنەمای شۆڕشگێڕێتییە، پاشان بە نموونەی تێگەی مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی لای سارتر مرۆڤی سوننەتیی دەڤەرەکەمان بە نموونەی گەنجی ناگەنج وەک ناسەرڕاست هەڵماڵی.

2

پەیوەند بە کوردەکانەوە یەک جار شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە مێژووی ئەوان و هۆزەکانی دیکەی ئێراندا ڕووی داوە کە زەردەشت (نزیکەی لە نێوان سەدەی دەیەم و حەوتەمی پ.ز.) هەڵیگیرساند. ئەو دەمە چەندین ئایینی سروشتی لەنێو هۆزە جیاکانى ئێراندا بڵاو بوون و جادوگەریى سەروەر بوو، هەروەها کۆچەرێتی بریتی بوو لە شێوەی بەربڵاوی ژیانی کۆمەڵایەتی. ئێستاش ئەم پەیامهێنە ناوچەی ئێران لە کۆچەرێتییەوە دەپەڕێنێتەوە ڕووەو یەکتاپەرستی و نیشتەجێبوون و کشتیاری.

مۆرکێکی شۆڕشگێڕانەی ئەم جیهانبینییە ئایینییە ئەوەیە کە زەردەشت جەخت لە بڕیاری ئازادی تاکەکەس دەکات، واتا لەوە کە چۆن تاکەکەس ئازادانە بڕیار بۆ کردار دەدات. مرۆڤ لە ڕەوتی هزریندا بۆی دەلوێت خودا وەک سەرەتا و کۆتایی گەردوون بناسێت. مرۆڤ بە چاوی زەین دەرکی خودا دەکات – خودا وەک سەرچاوەی چاکە لە جیهاندا (بڕوانە یەسنای 31، 8). ئەوجا کاتێک خودا لەش و ژیان، هۆش و ویژدان دەئافرێنێت، هاوکات لەتەکیاندا ئاوەز بە مرۆڤ دەدات، تاکو هەر کەسێک بەو ڕێیەدا بڕوات کە ئەو خۆی هەڵیبژاردووە (بڕوانە یەسنای 31، 11).

ئێتیکی زەردەشت بریتییە لە بنەمای “هزرینی چاک، گوتاری چاک، ڕەفتاری چاک”، ئەمەش لە ڕوانگەی زەردەشتەوە ئەنتیتێزێکە بۆ “هزرینی ناچاک، گوتاری ناچاک و ڕەفتاری ناچاک”. پرسەکە لەم ئێتیکەدا ئەوە نییە کە مرۆڤ تەنیا چاک بهزرێت، بەڵکو هەروەها گەرەکە چاک، واتا ڕاستگۆیانە بئاخڤێت، لێ هاوکات گەرەکە لەتەکیدا کرداری دروست بنوێنێت. مرۆڤ لە ئاخافتنی ڕاستگۆیانەدا کە پەیوەندە بە هزرینی خۆوە، لەوە ناترسێت کە کەسی بەرانبەر بڕوای پێنەکات، ئەوجا لە ترسدا سوێند بە خودا، بە سەری کاکە هەڤاڵی ئامادە یان بە “گۆڕی شەهیدان” و هتد بهێنێتە نێو ئاخافتنێکی نێویەکییەوە. ئاخر لەبەر ئەوەی لای زەردەشت پێگەیاندنی ویستی ئازادی خۆ (مرۆڤ ئەوە دەکات کە دەیەوێت بیکات)، هەروەها بەرپرسیاریی ئێتیکی-ڕەوشتییانە ی تاکەکەس لە شێوەی ڕاستگۆییدا، لە نێوەندی کۆششی مرۆڤیدان، ئەوا لەم ئایینەی فەزیلەدا دەرفەت چی نابێت بۆ ئەوەی مرۆڤ شوێن سوننەتی سەپێنراو بکەوێت. لە زەردەشتایەتیدا جێی ئەم جۆرە خۆژێرخستنە، تەسلیمبوونە بۆیە نابێتەوە، چونکە خودا وەک ڕۆناهی و چاکە دیاری دەکرێت و بەدەرە لە ئەدگارەکانی وەک “قەهار” و “مونتەقیم”. کەواتە هیچ پێویست نییە کە پیادەکەری ئایینەکە لە خودا بتۆقێت. لێرە جێی مرۆڤی لەخواترس نابێتەوە.

گومانی تێدا نییە کە لە ناخی هەموو کەسێکدا زۆرانێکی سەخت لە نێوان مەیلی ئەودا بۆ کرداری چاک لە لایەک، هەروەها بۆ کرداری بەد، یان کرداری ناڕەوا بەرانبەر مرۆڤان و ئاژەڵان و ڕووەک (بەگشتی سروشت) لە لایەکی دی، لەگۆڕێیە. لێ ئاوەڵایی هۆش و ژیری ڕێ بۆ تاکەکەس خۆش دەکەن بڕیار بۆ چاکە بدات. بە پێچەوانەوە کەسانی هۆشتەسک و ناژیر، کەواتە کەسانی نەزان، کە دەخۆن و دەخۆنەوە، لە خۆیانەوە یان لە سوننەتەوە قسان دەکەن و دەنوون، ناتوانن بڕیار بۆ چاکە بدەن، چونکە ئەوان تەنیا گرنگی بە نێو ماڵی خۆیان دەدەن و خاوێنییەکەی دەپارێزن، لێ ئامادە نین بەرپرسیاری بۆ ئەودیو دەرگەی ماڵی خۆیان وەربگرن، نەخێر ئەوانە بە لایانە ئاساییە کە نەوت و بەنزین، بەڵێ ژەهری کوشندەی وەک “موعجیزە” بڕژێن و بنیشنە نێو زەوییەوە، یان بە لێشاو ڕووەو کانی و چەم و ڕووبار ڕەوت بگرن! ئاخر ڕووداوەکە لە دەرەوەی ماڵی ئەواندایە.

زەردەشت داوا ناکات کە مرۆڤ زەوی بۆ مەبەستی خۆی بەکاربهێنێت، واتا دەسەڵاتی بەسەردا بنوێنێت، وەک چۆن لە تەوراتدا دەگۆترێت، بەڵکو مرۆڤ فێر دەکات ڕێز لە چوار توخمەکەی ئەرد و ئاو، هەوا و ئاگر بگرێت. هەڵوێستی ژینگەپارێز، واتا پیسنەکردنی چوار توخمەکەی ئەرد و ئاو، هەوا و ئاگر، یەکێکە لە فەزیلە بنەڕەتییەکانی ئەم جیهانبینییە ئایینییە. هەروەک هێرۆدۆت دەنووسێت: زەردەشتییەکان هەرگیز تف ناکەنە ڕووبارەوە. ئەوان ڕێزێکی زۆر لە ڕووبار دەگرن. (Herodot 1. Buch Absatz 138). لێ لەم جیهانبینییەدا نەک تەنیا دژایەتیکردنی هەڵوێستی ژینگەپارێز، بەڵکو هەروەها خاو و خلیچکی، پانبوونەوە و “دەمە-تەقێ” و ژیان لەسەر حسابی کەسانی دی، زۆر بێزراون. مرۆڤ بەرپرسە لەوە کە گوزەرانی بە کۆششی خۆی دابین بکات، چونکە “مرۆڤ تەنیا بە چوستی و کارکردن گەشەی ناخەکی دەکات” (یەسنای 51، بەیتی 12).

3

تەنینەوەی ئیسلام بە هێزی شمشێر و ئیجرای ئابووری (سەپاندنی جزیە بەسەر ناموسڵماندا) لە ناوچەکانی ئێرانی دێریندا بریتی بوو لە نەفیکردنی زەردەشتایەتی، کەواتە ناتوانرێت تاکلایەنە تێزی فتوحات بسەپێنرێت و کردارەکەش ناوبنرێت هیدایەتدانی “کافران” بە دینی محەمەد. ئاخر گۆڕینی ئایینی خۆ بە ئایینێکی دی لەژێر زەبری چەک و سزای ئابووریدا هەڵوێستێکی ناچارانەیە نەک هیدایەتدان. بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەو پرسە گرنگ نییە کە چۆن ئیسلام زۆر توخمی بنەڕەتیی زەردەشتایەتیی وەک خۆی وەرگرتەوە، هەروەها ئەو لایەنەش بابەت نییە کە چۆن زۆر توخمی زەردەشتایەتی هێشتا هەر لای موسڵمانانی نوێی ئێران مانەوە، بەڵێ تەنانەت تێکهەڵکێش بوون بە ڕەفتارە داواکراوەکانی ئایینی نوێ، بۆ نموونە نزیکی لە سروشت، حەزی فرەڕنگی لە خۆپۆشیندا، سەما و شایی تێکەڵی (ڕەشبەڵەکی) نێر و مێ و هتد، کە سەرباری بەرهەڵستیی توندی مەلایان و نوێنەرانی توندڕەوی ئیسلامی سوننی هێشتا هەر بە زیندوویی مانەوە. گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە ئیسلامی سوننی جۆرە کەسێتییەکی جیاواز لەو کەسێتییە جۆر دەدات کە پێشتر لەو ناوچانەی ئێراندا هەبوو، ئەمەش لەسەر بناغەی پەیڤی خودایی بەدیدەهێنێت: ئێستا بۆ ئەم کەسێتییە سوننییە پەیڤی دەربڕراو، لێرەشەوە وشەی تۆمارکراوی سەر کاغەز، دەبن بە بەرجەستەی ڕاستی ی ڕەها. بێگومان ئاشکرایە کە لەبەر ئەوەی ڕاستییەکە وەک ڕەها (ئەب-سولوت = لێ-جیابۆوە) گریمانە دەکرێت، ئەوا ڕاستییەکە تەنانەت بە تۆمارکراویش هەر سەربەخۆ لە ئەو دەمێنێتەوە، بەڵێ وەک سەربەخۆ بەرانبەر ئەو زیتدەبێتەوە، ئەمەش بە واتای کە نەشیاوە بەندەی ئیماندار بتوانێت ڕەخنەییانە بیخوێنێتەوە، واتە بیهێنێت بۆ ژێر پرسیار. نەخێر، لەبەر ئەوەی ڕاستییەکە وەک ڕەها لە ئەو سەربەخۆیە، ئەوا ئەو تەنیا پێی دەکرێت خۆی بخاتە ژێر ڕکێفییەوە و ئەوجا هەوڵ بدات “ئاقڵانە” تەفسیری بکات. کەواتە نەک هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار لەبارەی پێگەی خۆ لە جیهاندا، نەک وەرگرتنی هەڵوێستی ڕۆشنی ژینگەپارێز، نەک هاوشانیی نێر و مێ لە بەڕێوەبردنی ژیانی سۆسیالدا، کە لە ئایینی یەکتاپەرستیی پێشیندا هەبوون، بەڵکو ئیسلام کە وەک ئایینێکی نەفیکەری زەردەشتایەتی خۆی دەسەپێنێت، هاوکات بنەما ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی وەک لەبریی بۆ بنەماکانی ئایینی پێشین دادەنێت.

هاوکات ڕەهایەتیدان بە کتێبی پیرۆزی ئیسلام دەرفەت دەڕەخسێنێت کە ئاسانتر کەسێتییە بەدەوییەکەی نیمچە دورگەی ئارەبی ئیدیالیزە بکرێت، واتا ئەو جۆرە کەسێتییە کە بەزۆریی بەدەوییانە سۆسیالیزە کراوە و وەک پێشتر گۆتمان مۆرکەکانی بریتین لە تاڵانی، شەهوانیەت، پیسوپۆخڵی، تەمەڵی و هتد. سەرەڕای ئەوە دیاریکردنێکی بەم چەشنەی ئەو کەسێتییە یەکلایەنی دەبێت، کەواتە ناتەواوە، چونکە ئەو مۆرکی کولتوریشی هەیە: ئەو لە سروشتییەوە هۆزانڤانە، لای ئەو شەڕە هۆزان هاوشێوەی شەڕە شمشێرە: گەر هۆزانڤانی هەڵکەوتووی خێڵەکەی لەدژی هۆزانڤانی هەڵکەوتووی خێڵێکی دی لە شەڕێکی پەیڤیی هۆزانیدا بیدۆڕێنێت، ئەویش سەرشۆڕانە مەیدانی شەر چۆڵ دەکات! ئەم کەسێتییە سامییە ئەوها زۆر پەیڤی خۆش دەوێت! لەم ڕوانگەیەوە بەرەهاییکردنی قورئان هاوکات کودەتایەکە بەسەر ئەو بەدەوییە ئازادانەی بیاباندا کە خاوەنی زانینی زۆر باڵا بوون، هەروەها لێبوردەیی ئایینی هەڵوێستی ناخەکییان بوو، بەڵێ لە کاتەکانی ساڵانەی حەجکردنی ئەواندا دەشیا دوژمنانی خوێنەخۆ بە یەک بگەن بەبێ ئەوەی بۆ “خاتری ئەو کاتە موبارەکە” دەستی بەزەبر بۆ یەکدی بەرن. ئەوان شەهامەتیان هەبوو.

4

نوێنەرانی ئایینی خۆسەپێن، ئیسلام، سەرجەم وەڵامەکانیان وەک سوننەت، واتا وەک کرداری باو یان وەک پێوەری نەریتی دەسەپێنن. بێگومان ڕاستە کە سوننە لە ئیسلامدا بەگشتی ناوێکە بۆ پەیڕەوکردنی شێوازی کرداری محەمەد، لێ پێورە نەریتییەکان، یان ڕەچاوکردنی کردار و شێوە هزرینی باو، بریتی بوون و بریتین لەو بنەمایانە کە وەک دەسوێژی سۆسیالیزەکردن (پێرسۆنالیزاسیۆن، کولتورالیزاسیۆن)ی تاکەکەس بەگەڕ دەخرێن. لێرەدا ئاشکرایە، سۆسیالیزەکردن خۆشەکردنی تاکەکەسە بۆ فێربوونی ڕێنوماکانی ڕەفتار و کردار و شێوەهزرینێکی دیاریکراو، کە سەرەتا لە خێزاندا بەردەخرێت، لێ پاشان لە باخچەی منداڵان، فێرگە و زانستگەکان و شوێنی کار درێژەی پێدەدرێت. لێ ئەم جۆرە کەسێتییە، کە بەهۆى خۆشەکراوییە ترادیسیۆنییەکەیەوە لە هەڵوێستی ڕەخنەیی دەترسێت، تەنیا ئەوەى پێ دیارى دەکرێت و هەروەها دەخوازێت تەنیا ئەوە بە ئاخافتن یان نووسین دیارى بکات، کە لەنێو مەوداى ئاسۆی خۆیدایە. کێشەی کەسێتیی سوننی ئەوەیە کە ئەو چە لە وەرگرتنی تێکستە ئایینییەکان و چە تیۆرییە خۆرئاواییەکاندا ڕێگەی راڤەکردنی ئاقڵانە دەگرێتە بەر: چۆن کەسێتیی سوننی لە شێوەی پیاوى ئاییندا لە ناخەوە لە بەردەم قورئاندا دەچەمێتەوە و هێدى هێدى ئەو بابەتە، کە ئەو مەحاڵە بتوانێت بیخاتە ژێر پرسیارەوە، دەخزێنێتە نێو هۆشى خۆیەوە، ئەوجا گەر پتر لە کۆششی ئایینیدا پێشکەوت، ئیدی فێری تەفسیرکردنی دەبێت، بە هەمان شێوە خوێنەرەوەی تێکستی خۆرئاوایی مامەڵە دەکات، واتا هەردووکیان هەر نووسراوێک تەنیا وەک وشەى تۆمارکراو دادەنێن: دەیکەن بە “شت”، ئەوجا بە تەفسیرکردنی دەروویەک بۆ پەیوەندییە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگە دەبیننەوە. ئێمە ئەمڕۆ بە ڕۆشنی دەبینین، کە چۆن هزرینی سوننی لە خوێندنگە و زانستگەکاندا کتومت بە شێوازە تایبەتییەکەی دەرخکردن پیادە دەکرێت، هەروەها دەبینین کە چۆن چەپەکان بەهۆی سۆسیالیزەکراویی سونییانەوە تەنیا پێیان دەکرێت کە ئەوپەڕی تەفسیری سارتر، لێنین یان ترۆتسکی و هتد بخەنەوە.

-ماویەتی-

——————-

پەراوێز

(1) نابێت توخمەکان بە تایبەتی بەڕێی ژەهری لاشەوە پیس بکرێن، بۆیە بە پێویست دەزانرێت، بۆ خاتری پاراستنی پاکژیی چوار توخمەکە، لاشەی مردوو لە زەویدا نەنێژرێت، بەڵکو لەسەر چیایەک دابنرێت، تاکو لەوێ مەل گۆشتەکەی بخوات.

سەرچاوەکان

Dr. Bahram Varza: Gataha. http://www.gataha.info.
Kurt Scharf: Zarathustra und die Religion der Arier. www.taz.de/fileadmin/static/pdf/Kurt-Scharf_Zarathustra_erweit.pdf




زمان وناسنامە؛ لەنێوان ڕەسەنێتی ونامۆییدا …. بۆتان لەتیف عەبدولقادر

هەموو تاکێک کەلەدایک دەبێت؛ زمانی دایکی دەبێتە پایەیێکی بنچینەیی ناسنامەکەی، بۆیە لەنێوان زمان وناسنامەدا؛ پەیوەندیەکی بنیاتنەرانەو ئەندامی هەیە، بەجۆرێک زمان لەبنەڕەتی ناسنامەدا؛ بەردێکی بنچینەیی بناغەی ناسنامەیە، هەر ئەمەشە پێی دەڵێن زمان وناسنامەی ڕەسەن.

ž زمـــان:

ž گومانی تێدانیە کە زمان بنەڕەتێکی سەرەکیە لەناساندن ودروستکردنی کەسێتیی تاک، بەگوزارشتێکی دی؛ زمان؛ پەیکەری بیرو تێگەیشتنە، یەکێکە لەکۆڵەگە بنەڕەتیەکانی بنیاتی خود وخودێتی.
دی سوسیر لەسەرەتای سەدەی بیستدا پێی وایە، کە زمان (Langue) شتێکەو، قسە یان گوفتار (الكلام Parole) شتێکی دیکە. پێی وایە کە، زمان: ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆیە، بەڵام قسە؛ بەدیهێنان ودەستەبەرکردنی ئەم ڕژێمەیە لە وێنەو هێمادا. بەمانایەکی تر؛ زمان ڕێگای بیرکردنەوەیە لەئاوەزی مرۆڤدا، یاخود لەئاوەزی کۆمەڵگەکانی مرۆییدا. بەڵام قسە یان گوفتار؛ وێنەی دەنگەکانە، یاخود ئەو هێما نوسراوانەن کە دەیانبیستین ودەیانبینین؛ بەمەبەستی گوزارشتکردن وگەیاندن، گوزارشتکردن لەدەروون وناخی خود، پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ دەورو بەر وکەسانی تر.
ž هه‌ندێ له‌زمان ناسان(فیلۆلۆگه‌کان)له‌ جیهاندا له‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ یه‌کبوونی سێ شت له‌ چه‌ند دیالیکتێکی زماندا، ئه‌و زمانه‌ ئه‌کات به‌ زمانێکی یه‌کگرتوو، ئه‌میش ئه‌مانه‌ن:
ž 1- ڕێزمانی زمان (گراماتیک)
ž 2- شێوه‌ی ده‌ربڕین(فۆنه‌تیک)
ž 3- بنه‌ڕه‌تی فه‌رهه‌نگی زمان

ناسنامە:

دەستەواژەی ناسنامە؛ لەدوو وشەی لێکدراو پێکهاتووە، (ناس+نامە= ناسنامە)، وشەی(ناس) بەواتای ناساندن وناسین دێت، وشەی(نامە) کەدەچێتە سەر وشەی (ناس)؛ دەبێتە چەمکێکی زاراوەیی وبەواتای نامەی خۆناساندن دێت، ئیدی پێکەوە دەبنە پێناسەی کەسێتیی تاک. ئەمە؛ بەشێکە لەڕەوشی ژیاری وبەشارستانیبوون وبەدامەزراوەیی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، وەکو بوونەوەرێکی ژیرو بەئاوەز؛ لەپۆلێنکردن وجیاکردنەوەو ڕێکخستنی پەیوەندی وتایبەتمەندیەکانی خۆی زۆر ئامرازو ڕێ وشوێنی گرتۆتە بەر، ئەم ناسنامەیەش یەکێکیانە.
هەرچی وشەی(الهويّة)یە لەزمانی عەرەبیدا؛ لەڕاناوی (هو)؛ هاتووە، کە بەواتای خەسڵەتەکانی مرۆڤ دێت وگوزارشتە لەڕاستیەکەی، هەروەک بۆ بواردن وجیاکردنەوەی بنەماو تایبەتمەندی کەسێتیی تاکێک لەتاکێکی تر بەکار دێت. بۆیە لەڕووی زاراوەیی وچەمکەوە؛ ناسنامە؛ بریتیە لە کۆمەڵێ خەسڵەت وئەدگارو تایبەتمەندیی تاکەکان کە لەخۆیان دەگرن، وایان لێکردوون خاسیەتی تاک لەخودێتی وتاکخۆبووندا وەربگرن لەناو کۆمەڵگادا، دەکرێت چەند تاکێک لەهەندێ خاسیەتی خودێتی وتاکخۆییدا هاوبەش بن، ئەمە لەچوارچیوەی کۆمەڵگا؛ یان دەوڵەتدا.. بەواتایەکی دی؛ ناسنامە گوزارشتە لەهەموو شتێکی هاوبەشی نێوان چەند تاکێکی ناو کۆمەڵێکی دیاریکراو، کەوەک دەستەیەک لەبنیاتنانی چوارچێوەیەک بۆخۆیان کۆشش دەکەن وشەڕی بەردەوامی دەکەن لەژیاندا، بۆیە لەڕێی ئەم تایبەتمەندیە بنیاتیانەیاندا هەڵسوکەوتیان لەگەڵدەکرێت.

ئەو هۆکارانەی کاریگەریان لەسەر ناسنامە هەیە:

ž ١- کۆمەڵگا: کۆمەڵگا ژینگەی یەکەمی دروستبوونی ناسنامەیە، وەختی تاک لەدایک دەبێت؛ ئەو بارودۆخەی تیایدایە وەک خێزان وکۆمەڵگا وشوێنی ژیان و.. تاد لەدروستبوونی ناسنامەی تاک لەڕووی ڕەگەزی ونەتەوەیی وئایینی ڕۆلیان دەبێت.
ž ٢- ئینتیما- لاگیری: ئەمەش لەڕێگای ناسنامەوە تاک ئاراستە دەکات، کە لاگیری هەبێت بۆ شوێنی ژیانی وخێزان وکۆمەڵگاو نەتەوەو ئایین و.. تاد، بۆنمونە تاک لاگیری هەیە بۆ وڵاتەکەی، کە ماف وئەرکەکانی لەڕێی ڕێساو دەستورویاسا ڕێکخراون، بەمەش دەبێتە هاونیشتیمانی. بۆیە دەکرێت بڵێین: ناسنامە؛ هۆکارێکە بۆ چەسپاندن وبەرچاوخستنی لاگیری لەلای تاک وکۆمەڵگادا.

جۆرەکانی ناسنامە:

ناسنامە؛ زۆر جۆری هەیە بەڵام من؛ لەچوار جۆردا دەیخەمە ڕوو:
ž ١- ناسنامەی نەتەوەیی: ئەم ناسنامەیە؛ لاگیریی مرۆڤ دەستنیشان دەکات داخوا سەر بەچ نەتەوەیەکە.
ž ٢- ناسنامەی نیشتیمانی: ئەم ناسنامەیە؛ گوزارشتە لەشوێنی لەدایکبوون، یان ئەو شوێنەی تێیدا دەژیت..
ž ٣- ناسنامەی کولتوری وشارستانی: ئەم ناسنامەیە؛ پانتایی ودووریێکی مێژویی هەیە، بەجۆرێک؛ ڕەوشی ژیاری وبۆماوەیی بەگشتی(الموروث عامة) وڕۆشنبیریی خود وەدەر دەخات وگوزارشتی لێدەکات.
ž ٤- ناسنامە؛ وەک پێناسەی خود/ تاک: ئەم جۆرە ناسنامەیە؛ ناسنامەیەکی ڕێکخراوە لەلایەن دامەزراوەی دەوڵەت بۆهەر تاکێک، کە لەتابلۆیەکی بچوکی گیرفانی، زانیاریەکانی کەسیی لێ تۆمارکراوە.

ž پەیوەندی نێوان زمان وناسنامە:

ž ئایا زمان بەتەنها گەیێنەر؛ یان گوێزەرەوەیەکی بێلایەنە؟.. کەهیچ پەیوەندیەکی بەناوەرۆکەوە نیە کەدەیگوازێتەوە؟.. یان بەپێچەوانەوە؟.. وەڵامەکەمان بەڵێ بێت؛ کەزمان گەیێنەر؛ یان تەنیا گوێزەرەوەیەکی بێلایەنە؛ ئەوا پەیوەندی نێوان زمان وناسنامە پەیوەندیەکی پچڕاوە، یاخود هیچ پەیوەندیەک نیە. یان پەیوەندیەکی لاوەکیە، پەیوەندیەکی پڕ ئەگەرو مەگەرە، پەیوەندیەکی کراوەیە، پەیوەندیەکی گریمانەییە، لەوانەیە هەبێ ولەوانەیە نەبێت. واتا پەیوەندیەکی بونیادی وپێویست وپەیوەست وگرێدراو نیە، واتا پەیوەندیەکی بەڕێ وجێ وتەحەکومی نیە. لەم کاتەدا پەیوەندیان وەکو ئەوە دەبێت کە شلەیەک دەکەیتە دەفرێکەوە. ڕەنگە هەنگوین بێت، ئاو بێت، شیر بێت یان شەربەت بێت و… تاد، واتا هیچ پەیوەندیەک نیە، بۆیە گۆڕینی ناو هیچ گۆڕانکاریێک بەسەر ناولێنراو ناهێنێت. بەتێڕوانینێکی تر؛ ئەگەر وەکو هەڵگرێک نەبێت وەکو دەفرێک کە شلەکە هەڵدەگرێت؛ ئەوا وەکو گەیێنەرێک وایە، وەکو وایێری کارەبا، کە هیچ پەیوەندیەکی نیە، ڕەنگە ئەو وایێرە فافۆن بێت ڕەنگە ئاسن بێت یان هەر شتێکی تر.. کە بەبەرگێکی پلاستیکی داپۆشراوە، سورە یان شینە یان ڕەشە… تاد.

ž ئەدی ئایا پەیوەندیی نێوان ناسنامەو زمان چۆنە؟.. لەڕوانگەی ئاوەزو بەهاو پاشماوەی مێژویی وبیروباوەڕو چەمک وهەر ناوەرۆکێکی تر؛ ئایا وەکو دەفرو ئاوە، یان وایێرو کارەبا؟.. یان بەپێچەوانەوە؟..
گومانی تێدانیە کەزمان بێلایەن نیە لەگەڵ ناوەرۆکەکەی، واتا کەناڵێکی گرینگی ئەو ناوەرۆکەیە کەهەیەتی، بۆیە دەڵێین بەیوەندیەکی بنیاتی وئەندامی وڕیشەیی وڕەسەن لەنێوان زمان وناسنامەدا هەیە.
لێکۆڵەران وزانایانی زمان، لەتوێژینەوەکانیاندا کەلەنێوان زمان وئاوەز، زمان وناسنامە، زمان وکۆمەڵگا وتاد ئەنجامیانداوە، پێیان وایە کە زمان بەشێوەی ئاسۆیی وستونی لەگەڵ ناوەرۆکەکەیدا بەیەکدادەچێت. بەومانایەی کەزمان گوێزەرەوەو گەیێنەرێکی بێلایەن نیە، واتا ناکرێت نەتەوەیەک زمانی أ هەڵبژێرێ ودواتر زمانی ب و.. تاد. وەکو ئەوەی مرۆڤ پەرداخێک بەکاردێنێت ودواتر دەیگۆڕێت.. یان وایێری تۆڕی کارەبایی دەگۆڕێت، بەڵکو زمانی دایک لەئەزەلەوە یەک زمانەو ناگۆڕدرێت، بەڵام دەکرێت لەپاڵ زمانی دایک؛ چەندین زمانی تر فێر بیت وبزانیت، وەک ئەوەی لەپاڵ ڕەگەزنامە دایکی وڕەسەنەکەت؛ دەکرێت ڕەگەزنامەی تریشت هەبێت، مەگەر ئەوەی کۆچ بکەیت بۆشوێنێک ودەستبەرداری هەموو شوناس وناسنامەو ڕەگەزنامەی ڕەسەنت بیت ویەکێکی تر هەڵبژێریت، پاشان دوای چەندین نەوە؛ ڕەنگە نەوەکانت بشۆرێن وبەتەواوی داببڕێن لەناسنامە ڕەسەنەکەو ببنە نەتەوەیەکی تر. بەڵام لەوانەیە هەر بڵێن لەبنەڕەتدا ئەو تیرەیە، یان ئەو بنەماڵەیە فلان نەتەوەن لەبنەڕەتداو بوینە ئەو نەتەوەیە..
ž دکرێت بڵێم:
ž ناسنامە: هەستکردن وپەی بردنە بەخود.. ناسینی خودو کەسێتیە.. یەکێک لەبنەڕەتە هەرە بنچینەییەکانیشی زمانە.
ž ناسنامە: واتا هاتنەوەیە لەگەڵ ئاوەزو سروشت وڕوخسارو هەستی مرۆڤ. ناسنامە؛ زمانە، زمانیش؛ جەستەی بیرو پەیکەری تێگەیشتنە. تێگەیشتنیش بنەمای هۆشیاری وپەیبردنی تاک/ خودە، خودیش ناسنامەی لەم ڕێگایەوە دەردەکەوێت.

ž ناسنامەو زمان، ڕەسەنێتی ونامۆیی:

ž نامۆیی؛ ئەو بارودۆخە دەروونیەیە کەخود تێی دەکەوێت لەناو کۆمەڵگاکەیدا، ئینجا لەناو خێزانەکەیەوە بێت یاخود بەرەباب، هۆز، کۆڵان، گوند، شار، وڵاتەکەی، لەوەی کەبەچاوێکی جیاواز سەیری دەکرێت ولەماف وئەرکەکانی بێبەش دەکرێت، دەگوشرێتە گۆشەیەک کەهیچ هەست بەئاسودەیی وئارامی وبوونی خۆی نەکات. بەجۆرێک لەڕەسەنێتی ناسنامەو زمانەکەی دادەبڕێندرێت وبێبەشدەکرێت. زۆر جار؛ کە وڵات لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە داگیر دەکرێت، یان نەتەوەیەک دەکەوێتە ژێر هەژموون ودەسەڵاتی نەتەوەیەکی دیکە؛ ئەوا تاکەکانی هەست بەنامۆیی دەکەن، چونکە ناسنامەو زمانی ڕەسەنیان، وکولتورو داب ونەریت ومێژوو هەرچی هەیانە ژێرپێخراوەو، کار دەکرێت تاکو لەناو ببرێت.. هەروەک نەتەوەی زاڵ، یان دەوڵەتی داگیرکەر؛ هەوڵدەدات زمان وناسنامەی نەتەوەی بندەست ودەوڵەتی داگیرکراو لاواز بکات وهەوڵی لەناوبردن وتوانەوەی دەدات. دەکرێت بڵێین لێرەوە نامۆیی سەرهەڵدەدات، یان ڕەنگە نەتەوەیەک؛ خاوەنی چەندین شێوەزار بێت وشێوەزارێک زاڵتر بێت وشیوەزارو بێچوازارەکانی دیکە بمژێت ولاواز دەربکەون لەهەمبەریدا، هەروەها دەکرێت دەوڵەتێک لەچەند نەتەوەیەکی جیاواز پێک بێت وچەند زمانێکی جیاواز هەبن، بەڵام زمانی زاڵ ئەوەیە کە خاوەنەکەی زاڵەو دەسەڵاتدارە، بۆیێ نەتەوەو زمانەکانی دیکە؛ لەهەمبەریدا هەست نامۆیی دەکەن، کەواتە پەیوەندیەکی بنیاتی لەنێوان زمان وناسنامە هەیە، لەکوێ نامۆیی زمان هەبوو؛ ئەوا ناسنامەش نامۆیە، وە بەپێچەوانەشەوە، چونکە زمان کۆڵەگەیەکی سەرەکی ناسنامەیە، بۆیە زمانی ڕەسەن وزگماک(زمانی دایک) بناغەو بنەڕەتی ناسنامە ڕەسەنەکەیەتی( ناسنامەی دایک). دەکرێت بڵێم کە دوو شێوە نامۆیی هەن؛ ئەویش:

ž ١- نامۆیی سەپێندراو لەدەرەوە(لەلایەن نەتەوەو دەوڵەتێکی داگیرکەرەوە سەپێندرابێت).
ž ٢- نامۆیی سەپێندراو لەناوەوە(لەماڵی خۆت، ووڵاتی خۆت نامۆ بیت).
ž بەڵام جۆرەکانی نامۆیی زۆرن، بنمونە نامۆیی نەتەوەیی، نیشتیمانی، ڕامیاری، ئابوری، ئایینی، کۆمەڵایەتی وکارگێڕی و.. تاد.

ž نامۆیی؛ سەرەتا لەلایەن (هیگل)ەوە بەشێوەیەکی ڕێک وپەیڕەوی قسەی لەبارەوە کراوە، بەجۆرێک کەبەباوکی نامۆیی ناسراوە، هەروەها بوونگەراکانیش زۆریان لەبارەوە گوتووە، بەتایبەت(فرۆید)، بەشیوەیەک؛ لەدوو ئاستدا بۆچوونیان لەبارەیەوە خستۆتەڕوو، ئاستی یەکەم: نامۆیی وادەکات؛ مرۆڤ چێژی ژیان لەدەست بدات. ئاستی دووەم: نامۆیی ژینگەیەکە؛ هەندێ کەس تیایدا هەست بەکامەرانی وچێژ وەرگرتن دەکەن. هەروەها(کاڕلمارکس)؛ لەبارەی نامۆیی دەڵێت: ئەو بارودۆخ وکارە سەختانەی کەکۆمەڵگا سەرمایەدارەکان هێنایتیانە ئاراوە؛ نامۆیی کرێکاری لێ بەرهەم دێت. ئەمەش بەهۆی بێبەشکردنیەتی لەتواناو دەرفەتی پێویست بۆبەدیهێنانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی وئابووری، کەوا هەوڵی بۆدەدات، بەم جۆرە کرێکار وایدادەنێت کەکەسێکی نامۆیە بەو ئامرازو کەرستە بەرهەمهێنانە، لەبەرئەوەی ناتوانێت بەهۆیانەوە بگاتە ئاسودەیی ودڵداکاسان لەناو ئیشەکەیدا؛ چونکە ناتوانێت بەرهەمی ماندیبوون وکۆششی لەئیشەکەی خۆی بچنێتەوە، لەم ڕوانگەیەوە مارکس واتای نامۆیی لەسروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤ هەڵدێنجێت. ئەم بۆچوونەش لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی ڕژێمی سەرمایەداری هەڵدەنێت، زیاتر بۆچونێکی ئابوریانەیە. هەرچی (ئیریک فڕۆم) فەیلەسوف وزانای بواری زانستی دەروونیە؛ کۆمەڵێک خاسیەتی تایبەت بەنامۆیی لەپەرتووکەکەی (کۆمەڵگای بێخەوش) ئەخاتەڕوو، ئەو پێی وایەکە نامۆیی ئەو بارودۆخەیە کە تاک هەستی پێدەکات بەوەی کەخاوەنی ڕاستەقینەی وزەو سامانەکەی نیە، بەڵکو وا هەست دەکات کەبوونەوەرێکی لاوازەو دەبێت پشت بەهەبوونی هێزی دەرەکی دیکە ببەستێت، کەدوورو نزیکیش پەیوەندی پێیانەوە نیە. هەروەها (جان جاک ڕۆسۆ)ش توشی نامۆیی خودی بووە؛ لەوتارو پەرتووکەکانی (ڕەخنەکردنی شارستانی، دانپێدانانەکان وپەیمانی کۆمەڵایەتی).

ž ئەگەر سەیری مێژووی کورد بکەین؛ دەبینین جیۆدیموگرافیاکەی(خاک ودانیشتوان)ی دابەشی سێ نەتەوەو چوار دەوڵەت کراوە(عەرەب، تورک وفارس ودەوڵەتەکانیان)، بۆیە هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە کورد لەناو ببەن، ئەمەش لەڕێی لێدان لەزمانی حاڵ وگوفتار بووە، هەتا لەم ڕێگایەوە ناسنامە ڕەسەنەکەی بشێوێنن ولەناوبەرن، بۆیە هەمیشە وەکو میللەتێکی داگیرکراوو بندەست ماوەتەوە لەمێژوودا هەتا دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردوو، کوردستانی باشور گەیشتە نیمچە ئازادیێک، بەتایبەت لەڕووی کولتوری وزمان وخوێندن و..تاد. کورد وەکو گەلێکی بندەست، هەمیشە لەنامۆیی ژیاوە، کار لەسەر لایەنی دەروونی وکۆمەڵایەتی ودانیشتوانی کراوە کەبەلاوازی دەربکەوێت و، هەمیشە پشت بەخەڵکی دیکە ببەستێت، هەروەک ناسنامەو زمانەکەشی بەنامۆ بزاندرێت؛ لەهەمبەر ناسنامەو زمانی سێ نەتەوەی داگیرکەریدا کەعەرەب وتورک وفارسن، بۆیە دەبینین ناسنامەو زمانی سەپێندرو لەهەر پارچەیەکی کوردستاندا زمانێکی نامۆو ڕەتکراوە بووە لەلایەن کوردەوە، بەهەر نرخێک بێت نەتەوەی کورد هەوڵی پاراستنی زمانە ڕەسەنەکەی داوە وەک ڕاگرێکی سەرەکی بۆپاراستنی ناسنامەکەی.

ž دەکرێت لەچەند دۆخێکدا ناسنامەو زمانی نامۆ دروست بێت، ئەویش بەسەپاندنیان بەسەر خودو نەتەوەو دەوڵەتی داگیرکراو:

ž ١- ناسنامەو زمانی بێگانە = نامۆیی
ž ٢- ناسنامەو زمانی سەپێندراو = نامۆیی
ž ٣- ناسنامەو زمانی داگیرکەر = نامۆیی
ž لەهەر دۆخێکدا هەست بەنامۆیی زمان کرا؛ ئەوا نامۆیی ناسنامەش هەیە، هەروەها خود لەنێوخۆشیدا دەکرێت هەست بەنامۆیی بکات ونامۆ بێت بەناسنامەو زمانە زگماکە ڕەسەنەکەی خۆی، لەکاتێکدا پشتگوێ خراوە لەلایەن هاونەتەوەو هاونیشتیمانی وتا ئەوەی هاوخێزانیەکانیشی.
ž لەکۆتاییدا؛ دەڵێم: هیوادارم کورد بتوانێت بۆ تۆکمەتر پارستنی ڕەسەنێتی ناسنامەکەی، هەوڵبدات یەکگرتوو بێت وکار بکرێت بۆ چەسپاندنی بنەڕەتەکانی زمانی پاراوو ستاندارد لەهەموو پارچەکانی کوردستاندا، کەزمانی نوسین وخوێندن وخوێندنەوە بێت لەهەموو کوردستاندا، بەڕێزگرتن لەهەر شێوەزارو بێچوەزارێك، ئەمەش سەرەتا بەنوسینی فەرهەنگێکی فراوانی هەمەلایەنەو داپۆشەرو لەخۆگری وشەو پەیڤ ودەستەواژەو هەموو شێوەزارەکان دەکرێت، ئەم ئەرکەش بەتایبەت لەڕێگای زانایان وشارەزایانی بواری زمان وئەدەب دەکرێت، بەپشتیوانی هەموو تاکێک لەهەر کوێ بێت، چونکە ئەمە؛ پێگەیەکی زۆر گرینگ وسەرکیە بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی بەهێزو دەوڵەتی بۆ کوردو کوردستان، هەروەک ڕێز لەهەر زمان وناسنامەیەکی دیکەی هاونیشتمانی وجیهانیش بگرێت.


ž بۆتان لەتیف عەبدولقادر
ž هەولێر ١٥-٧-٢٠١٨




سینه‌مای ئێران.. هه‌نگاونان به‌ره‌و لوتكه‌ …. ئاراز عه‌بدولره‌حمان

قسه‌كردن له‌سه‌ر سینه‌مای ئێران چه‌نده‌ له‌ ڕوی هونه‌ری و ته‌كنیكی سینه‌مایی وه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ڕوی كلتوری و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ بۆ سینه‌مای كوردی گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌ سینه‌مای ئێرانی دا نزیكی كلتوری و هاوسۆزیه‌كی تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ چاو میله‌تانی پێشكه‌وتوو له‌ سینه‌مادا وه‌ك سینه‌مای ئه‌مریكی و فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و ئیتالی بۆ كلتوری كوردی ده‌بینرێت، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كرێت بكرێت به‌ بنه‌مایه‌ك بۆ بنیات نانی سینه‌مای كوردی و به‌ پیشه‌سازی كردنی.

مێژوی سینه‌مای ئێران

كاتێك موزه‌فه‌ره‌دین شا له‌ ساڵی 1900 ز سه‌ردانی یه‌كێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی ده‌كات له‌گه‌ڵا خۆی كامێرایه‌كی وێنه‌گرتن دێنیته‌وه‌، وه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1904ز یه‌كه‌م هۆڵی سینه‌ما له‌ ئێران بنیات ده‌نرێت و ئامێری سینه‌ماتۆگراف دێننه‌ ئه‌و وڵاته‌ ئه‌مه‌ ده‌كرێته‌ خاڵی سه‌ره‌تا و ده‌سپێكی سینه‌ما له‌ ئێران دا كه‌ فیلمه‌ بیانیه‌كان كه‌ ته‌نها له‌ جوڵه‌ پێكهاتبوون نمایش ده‌كران.. تا ساڵی 1930 یه‌كه‌م فیلمی ئێرانی به‌ناوی (ئابی ورابی) له‌ ده‌رهێنانی ئافانیس ئوهانیان به‌هاوكاری یه‌كه‌م وێنه‌گری سینه‌مای ئێرانی خان بابا موعته‌زه‌دی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، كه‌ ئه‌م فیلمه‌ش ته‌نها له‌ وێنه‌ و جوڵه‌ پێكهاتبوو، له‌ ساڵی 1940 یه‌كه‌م فیلم كه‌ گفتوگۆی تێدا تۆمار كرابێت له‌ لایه‌ن ئه‌رده‌شێر ئیرانی و به‌ ناوی (دختر لر) به‌رهه‌مده‌هێنرێت، وه‌ پاشان فیلمی (چراغ های نیوورك) به‌رهه‌م دێت، ئه‌م دوو فیلمه‌ ده‌بێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ سینه‌مای ئێران دا، پاشان هه‌ریه‌كه‌ له‌ (ساموئیل خاشیكان، هوشنگ كاوسی، فروغ غفاری، ابراهیم گولستان، مسعود كیمیای، داریوش مهرجوئی، فریدون رهنما و علی حاتمی) وه‌ چه‌ندین سینه‌ماكاری تر به‌ ته‌واوی بناغه‌ی سینه‌مای ئێرانی جێگیر ده‌كه‌ن.. وه‌ ناكرێت له‌ هاوكاریه‌كانی ئه‌شره‌ف په‌هله‌وی كچی ڕه‌زا په‌هله‌وی و خوشكی محمد ره‌زا شا له‌بیر بكه‌ین كه‌ عاشقی به‌ره‌و پێشچونی سینه‌مای ئێران بووه‌ و به‌ هه‌مو هه‌وڵ و توانای خۆی پشتگیری هونه‌رمه‌ندانی كردوه‌ و هه‌وڵی داوه‌ پردی په‌یوه‌ندی بێت له‌ نێوان سینه‌ماكارانی ئێران و سینه‌ما و سینه‌ماكارانی ئه‌مریكی.. كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین فیلمی ئێرانی به‌رهه‌مهاتوه‌.

شۆڕشی ئیسلامی و سینه‌ما

هه‌رچه‌نده‌ شۆڕشی ئیسلامی له‌ ئێران گۆڕانكارییه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نوێی هێنایه‌ كایه‌وه‌ به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر سینه‌مای ئێران داده‌نێت چونكه‌ قۆناغی پاش شۆڕش سینه‌ما له‌و وڵاته‌دا قاڵبی خۆی نادۆزێته‌وه‌ تا ساڵی 1987 كه‌ ئه‌كرێت سینه‌مای ئێران له‌ پاش شۆڕش تا ئه‌و ڕێكه‌وته‌ به‌ قۆناغی مت بوون ناوبنێن وه‌ پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ بنه‌مایه‌كی نوێ بۆ سینه‌مای ئێران داده‌ڕێژرێت كه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی دوای شۆڕش دا بگونجێت.. ئیتر لێره‌وه‌ و له‌و كاته‌دا چه‌ندین گه‌نج ده‌رده‌كه‌ون كه‌ كاری سینه‌مایی ناوازه‌ به‌رهه‌م دێنن له‌وانه‌ (محسن مخملباف، ابراهیم حاتم كیا، مجید مجیدی و ئه‌بولفه‌زل جلیلی) كه‌ له‌گه‌ڵا گه‌وره‌ سینه‌ماكارانی پێش خۆیان له‌وانه‌ (عباس كیا روستمی، به‌هرام به‌یزایی و داریوش مهرجوی) چه‌ندین فیلم به‌رهه‌م دێنن كه‌ له‌گه‌ڵا بارودۆخی پاش شۆڕش و جه‌نگی ئێران عێراق دا بگونجێت.

فێستیڤاڵ و كاریگه‌ریه‌كانی

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی پێشكه‌وتنی سینه‌ما له‌ ئێران به‌شداربونی هونه‌رمه‌ندانی ئێرانه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌ جیهانیه‌ به‌ناوبانگه‌كان وه‌ هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌چونی فیستیڤاڵی فه‌جره‌ له‌ ئێران كه‌ تا ئێستا 36 خولی خۆی به‌ڕێ كردوه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆر باشی هه‌یه‌ بۆ هاندان و به‌رده‌وامی دان به‌ به‌رهه‌مهینانی فیلم و ده‌ركه‌وتنی خوێنی نوێ چ له‌ ڕوی نواندنه‌وه‌ بێت یاخود له‌ ڕوی به‌رهه‌مهێنان و ده‌رهێنان و سیناریۆ نوسینه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكاری به‌رده‌وامی دانه‌ به‌ سینه‌ما له‌و وڵاته‌دا وه‌ هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی فیلمسازانی ئێران له‌ فیستڤاڵه‌كانی وه‌ك ئۆسكار و كان و پڵنگی ئاڵتونی ئه‌ڵمانیا به‌هه‌مان شێوه‌ كاریگه‌ری زۆر باشی له‌سه‌ر سینه‌مای ئێران داناوه‌ كه‌ وای كردوه‌ جێگه‌ی تایبه‌تی له‌ نێو سینه‌مای پێشكه‌وتوی جیهان هه‌بێت.. كاتێك ساڵی 1998 فیلمی (بچه‌های ئاسمان) ی مجید مجیدی له‌ فێستیڤاڵی ئۆسكار ده‌پاڵیۆرێت بۆ باشترین فیلمی بینای وه‌ هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی كان بۆ فیلمی (تامی گێلاس)ی عباس كیا ڕۆسته‌می و به‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین خه‌ڵاتی تر له‌ ساڵانی دواتر دا بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (جعفر پناهی، ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی، ئه‌میر نادری و ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی) وه‌ هه‌وه‌ها به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ گه‌وره‌ سینه‌ماكاری كوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌همه‌نی قوبادی كه‌ چه‌ندین جار به‌ فیلمه‌كانی (ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان، كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌فڕن، ئاوازی سه‌رزه‌مینی دایكم، نیوه‌ مانگ) ده‌بێته‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی كان، كاریگه‌ری باشیان ده‌بێت له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی سینه‌ما له‌ ئێران دا.

سینه‌مای ئێران به‌ره‌و پیشه‌یی بون

یه‌كێكی تر له‌ پێشكه‌وتنی سینه‌ما له‌و وڵاته‌دا هه‌بونی هۆڵی سینه‌مایه‌، پاش ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ سینه‌ما له‌ ئێران ده‌بێت به‌ كلتور به‌تایبه‌ت له‌ نێو خێزان دا كه‌ گرنگی دان به‌سینه‌ما و ڕۆشتن بۆ هۆڵه‌كانی سینه‌ما ده‌بێت به‌ كاری ڕۆژانه‌، به‌رهه‌می نوێی سینما و سینه‌ماكاران له‌لای ئێرانیه‌كان جێگی گرنگی پێدانه‌، تا ساڵی 2013 له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران و له‌ 60 شاری ئه‌و وڵاته‌ 247 هۆڵی سینه‌ما بونی هه‌بووه‌ له‌م هۆڵانه‌ ڕۆژانه‌ به‌رهه‌می فیلمسازانی ئێرانی نمایش ده‌كرێن، سه‌ره‌ڕای فرۆشتنی كۆپی ڕایتی ئه‌و فیلمانه‌ ته‌نانه‌ت ده‌بینین له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا چه‌ندین ماڵپه‌ڕی سینه‌مای كراونه‌ته‌وه‌ بۆ نمایش كردنی تازه‌ترین فیلمی ئێرانی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی كارتێكی پریپه‌ید ئاسای كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی و مۆبایل كۆدێك ده‌كڕیت و پاش داخڵكردنی ئه‌و كۆده‌ ده‌تونین له‌ ماڵه‌وه‌ و له‌سه‌ر شاشه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت فیلمێكی پێببینیت،كه‌ ئه‌مانه‌ هۆكاری زۆر گرنگن بۆ به‌رده‌وامی دان به‌ هونه‌ری سینه‌ما له‌وه‌ش گرنگتر هونه‌رمه‌ندا گرنگی ته‌واو به‌ به‌رهه‌م هێنان و نوسینی سیناریۆی فیلمی واقعی هه‌ڵقوڵاوی نێو كۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ن زیاتر له‌وه‌ی گرنگی به‌ فیلمی ئارت بده‌ن باشترین نمونه‌ پڕ فرۆشترین فیلم له‌ مێژوی سینه‌مای ئێران كه‌ له‌ ئێستادا له‌ نێو سینه‌ماكاندا نمایش ده‌كرێت و زیاتر له‌ 36 ملیار تمه‌نی قازانج كردوه‌ فیلمی (هزار پا) ی ئه‌بولحه‌سه‌ن داوودی یه‌ له‌ نواندنی ڕه‌زا عه‌تاران و جه‌واد عزتی كه‌ فیلمێكی كۆمیدی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، وه‌ هه‌روه‌ها فیلمی (فرۆشنده‌) له‌ ده‌هێنانی (ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی) و نواندنی (شهاب حوسێنی و ته‌رانه‌ علی دۆستی) یه‌كێكی تره‌ له‌و فیلمه‌ واقعیه‌ ناوازانه‌ی تر كه‌ داهاتێكی زۆری هه‌بووه‌.

وه‌ به‌رهه‌م هێنانی درامای ته‌له‌فزیۆنی یه‌كێكی تره‌ له‌ پێشكه‌وتنی فیلم و فیلم سازی له‌ ئێران وه‌ ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین ئه‌كته‌ری به‌توانا له‌ كوڕان و كچان كاری گه‌ری باشی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامی فیلم له‌ ئێران به‌تایبه‌ت هه‌ریه‌كه‌ له‌ میهران مدیری و ڕه‌زا عه‌تاران علی صادقی و ئاناهیتا هیمه‌تی و چه‌ندین ئه‌كته‌ری تر.
له‌ كۆتایدا ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ ئێستا فیلم له‌ ئێران له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكانی به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت كه‌ له‌ پێش هه‌مو شتێك قازانج و زه‌ره‌ر له‌ به‌رچاو ده‌گیرێت وه‌ك چۆن كۆمپانیاكانی هۆلیۆد به‌هه‌مان شێوه‌ كارده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێت به‌ وه‌رچه‌رخانێك كه‌ فیلمی باش و به‌پێز به‌رهه‌م بهێنرێت و پاره‌ له‌ فیلمی ئاست نزمدا به‌ فیڕۆ نه‌درێت.

ده‌كرێت ئه‌م قۆناغه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغێكی سه‌ره‌تا دابنرێت كه‌ وه‌ك چۆن له‌ ئێران و له‌سه‌رتاكانی سینه‌مادا ده‌وڵه‌ت پشتگیری ته‌واوی ئه‌م هونه‌ره‌ی كردووه‌ له‌ فه‌ند كردنی و كردنه‌وه‌ی چه‌ندین ئاموزش و كۆلیژی هونه‌ر و به‌شی جیاواز بۆ ژانه‌ره‌كانی سینه‌ما وه‌ هاوكاری كردنی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی فیلم به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان حكومه‌ت پشتگیری كۆمپانیاكانی به‌رهه‌م هێنانی فیلم بكات ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ن و ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ داهاتودا داده‌مه‌زرێن تا سینه‌ما له‌ كوردستان دا ببێت به‌ پیشه‌سازی كه‌ داهات و قازانجی هه‌بێت.

—————————–
سه‌رچاوه‌:

• ویكوبیدیا
• ماڵپه‌ڕه‌كانی سینه‌مای ئیران
• www.Filimo.com




بازاڕی لەنگەی هەولێر قەرەبو دەکرێتەوە!؟ … فەرەیدون کونجرینی

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٥ / ١٠ / ٢٠١٨ بازاڕی لەنگەی هەولێر سوتێندرا!؟ بەم زوانە حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستان قەرەبووی زیان لێکەوتوانی خاوەن دوکان و کاسپکاران دەکەنەوە، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم سەرقاڵی خۆڕێكستنەوەی کابینەی داهاتوە ئەمەیش وای کردوە لێدوان و بەڵێنەکان بخرێتە پاش دامەزراندنی کابینەی نوێ”

بەرلەوەی حکومەت قەرەبوکردنەوەی بازاڕە سوتێندراوەکە بۆ خاوەنەکانیان ئاشکراکات” من لێرە دڵنیاتان دەکەمەوە حکومەتی هەرێم چاویان لە پەنجەی هەڵکێشراو لە مرەکەبی دەنگدانە و هەلی کارو کێشە ناوخۆیەکان چارەسەر دەکەن ” نوێژەنکردنەوەی دوکانەکان بەجۆرێ دەکرێ جیاوازدەبێت لە پێش سوتاندنی” ئەو شوێنەی نەخشەی بۆکێشراوەو سوتێندراوە لەلایەن سیاسیەکان دەکرێتە ناوچەیەکی بازرگانی کرنگ چەندین باڵاخانە بەنهۆمی دەیان مەتر بەرزدەکرێتەوەو دەبێتە شوێنێکی ستراتیجی جیهانی پشکی زۆرینە لەم پڕۆژەدا بەر کوڕی بەرپرس و حیزب دەکەوێت” ژێری باڵاخانەکان بۆ ئەو هاوڵاتیانەی زیانیان لێکەوتوە بەشێوەیەکی زیاترو بەرتەسکتر دروست دەکرێتەوە” نهۆمی دوو تا سەری سەرەوە بۆ حیزب و بەرپرس بۆئەو دزانەی ساڵەهای ساڵە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەهەدەر ئەدەن.

نمونەمان زۆرە لەو جۆرە کارەقێزەونە سیاسی و بازرگانیانەی حیزب و بەرپرسەکان ئەنجامی دەدەن هەروەك چۆن سوتاندنی بازاڕی لەنگە خرایە کاتژمێر چواری سەر لەبەیانی و نەهاتنی فریاگوزاری لەکاتی خۆیدا، لەکابینەی پێنجی حکومەتی هەرێم هەمو ئەو مەلەفی گەندەڵیانەی کۆکرابونەوە بەناوی هاوڵاتیانەوەو کەسێک سودی لێ وەرنەگرتبوو لە ڕۆژی پشودا بەناوی شۆرتیـ کارەبا دۆسیەی گەندەڵەکیانیان سوتاند” لە هەمان کابینەو کۆتاهیی ئەرکی دوبنەماڵە لە حکومەتدا” ژێرزەمینی ئەنجومەنی وەزیرانیان سوتان کە سەدان مەلەفی بازرگانی نەوت و دۆسیەی بازرگانی سوتێندرا” ساڵی ١٩٩٩ تاناكۆرەی هەولێرتان بیرماوە؟ سوتوێندراو دواتر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی كرا بە بازاڕی داونتاون و پاشان سەرجەم دوکانەکان فرۆشرانەوە و موڵکی بۆ حیزب مایەوە کەتا ئێستاس سەرانەی موڵك دەدرێ ؟

هەمو چەند ساڵ جارێك لەم جۆرە کارانە دوپات دەبنەوە هەرجۆرەو ڕەنگێکی هەڵگرتوە هەروەك چۆن ئاستی مێدیایی و هونەری و موزیک و تەنانەت کلتوری نەتەوەکەشمان دابەشکراوە بەسەر حیزب و بەرپرسدا خۆیان بەخاوەنی دەزانن و بازرگانی سیاسی دەستاودەستی پێدەکات لە پێناو بەرژەوەندی دوبنەماڵە” هەمو ئەوڕاستیانەدەزاندرێ کە حکومەتی هەرێم تەنها لە ژێر ڕکێفی دو بنەماڵەدایەو بازرگانی بە خەڵک و نیشتمانەوە دەکەن ، هەڵەی خەڵک لەوەدایە کاتێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ بەورەیەکەوە ڕودەکەنە سەر سندوقی دەنگدان هەمو تاوان و کارەقێزەونەکانیان لەبیر دەچیتەوە ” دەنگیان پێ دەدەن و ئەوانیش دەیان جاری تر دەتان سوتێنن برینی لەم جۆرە ساریژنابێت هەڵمەتی هەڵبژاردن دەسپێدەکاتەوەو هەمان تراژیدیا دوپات دەکەنەوە ئەمە خودی هاولاتی لێی بەرپرسیارە.

بەخۆتاندا بچنەوە و بڕوانن لە هاوپیشەکانی بازاری لەنگەی هەولێر دەیان خێزان موڵکی فرۆشتوە تا شوێنێکی بۆ کاروپیشەی بنیات بنێت موڵکی فرۆشتوە یان زێڕی خێزان و مناڵەکانی کردوە بە کونجێک تا کاری تێدا بکات”
لێرەدا ئەو چەندیڕە وەبیردێنمەوە کە دەڵێ ” کۆمەڵگەیەك مافیاو جەلاد بە ڕزگارکاری خۆی بزانێت ” وەك ئەوە وایە گوێرەکە چەقۆی قەسابەکەی بلێسێتەوە ” جا ئاینشتاین وەك هەمان بەرگری و بەخەبەرهێنانی خەڵك دەڵێت ” دنیا بەکەسانێك وێران نابێت کە کاری خراپ دەکەن بەڵکو بەوانە وێران دەبێ کە کاری خراپ دەبینن و ئامادەنین هیچ شتێك بکەن” هەموو ئەو راستییانە پێمان دەڵێن هەڵەکە لە خەڵکدایە! جگە لە کۆیلەیەک بۆ گەشە پێکردنی دەسەڵاتێک کەمینە زەوتی کردوە” لەسەرو هەمویانەوە دوبنەماڵەی مافیا ئارەزوەکانی خۆیان تێدا تاوداوە. کە گوێ نادەن بە هیچ جۆرە موقەدەساتی خەڵکی کوردستان بە شەنگال و گەشمردەو ئەنفال و هەڵەبجەو ئایندەی گەل و ئەم کارە قێزەونانەی ئەنجامی دەدەن کە دواینەیان بازاڕی لەنگە نابێت و دوپات دەبێتەوە.

فەرەیدون کونجرینی




یاری ئه‌ردۆگان له‌سه‌ر دووپه‌ت یا چه‌ند په‌تێكه‌ ؟! …. عه‌بدوڵا ساڵح

دوێنێ له‌ نوێترین په‌یامیدا ، ئه‌ردۆگان داوای له‌ سعودیه‌ كرد ئه‌و ١٨ تاوانباره‌ی ده‌ستیان بووه‌ له‌ كوشتنی وه‌حشیانه‌ی جه‌مال خاشه‌‌قچی ڕۆژنامه‌ نوسی به‌رهه‌ڵستكاری سعودی، ڕاده‌ستی دادگای توركیا بكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان .
ئه‌و ڕوداوه‌‌ هه‌ر له‌ 2/10/2018 ، كاتێك ناوبراو چووه‌ ناو قونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی و كوژراو تا ئێستاش لاشه‌كه‌شی بێسه‌رو شوێنه‌ ،‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی به‌شێكی زۆر له‌ وڵاتانی دنیا ، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا و ڕۆژئاوای به‌خۆیه‌وه‌ سه‌ر قاڵ كردوه‌ و بۆته‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌و ده‌زگایانه‌ .

ئه‌م داوایه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌ردوگان له‌ شكڵدا وا ڕه‌چاو ده‌كرێ گوایه‌ به‌دواداچونی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ بۆ ده‌رخستنی ڕاستیه‌كان له‌و تاوانه‌دا ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌ردۆگان مه‌به‌ستیه‌تی كلیلی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ی به‌ یه‌كجاری بكه‌وێته‌ ده‌ست تاكو له‌ حاڵی ڕازی بوون به‌و داوایه‌ له‌ لایه‌ن سعودیه‌وه‌ ، ئه‌ردۆگان بتوانێ به‌هره‌به‌رداری سیاسی و دارایی له‌و بابه‌ته‌ بكا له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و ئه‌مریكا وته‌نانه‌ت ئه‌وروپاش چونكه‌ :
یه‌كه‌م / ئه‌مریكای ترامپ وسعودیه‌ی محه‌مه‌د كوڕی سه‌لمان ،كه‌ گومان ده‌كرێ ناوبراو نه‌خشه‌داڕێژه‌ر و فه‌رمانده‌ركه‌ری ئه‌و تاوانه‌ بووبێت ،له‌سه‌ر یه‌ك خه‌تن له‌و باره‌وه‌ و هه‌رچۆنێك بێت مه‌به‌ستیانه‌ بابه‌ته‌كه‌ دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ بكرێ به‌ قازانجی ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌ و به‌ كه‌مترین سزا لێی بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش وا ده‌كا كه‌ ئه‌ردۆگان ئیپتیزازی سعودیه‌ بكا له‌ به‌رامبه‌ر به‌ لاڕێدابردنی لێكۆڵینه‌وه‌كان وله‌و حاڵه‌ته‌شدا ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریكا وه‌ده‌ست بێنێ و ئه‌ویش هه‌م له‌ مه‌نبه‌ج و له‌ هه‌ڵوێست له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی سوریای دموكرات به‌لای توركیادا بشكێته‌وه‌ و هه‌م له‌ مه‌ڕ سزا ئابوریه‌كانی له‌سه‌ر توركیا له‌په‌روه‌نده‌ی قه‌شه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌دا نه‌رمی زیاتر بنوێنێ .

دووه‌م / له‌مه‌سه‌له‌ی ده‌مڕاستی سونه‌كاندا سعودیه‌ ده‌ورێكی زیاتر بۆ توركیا قایل بێت و هه‌روه‌ها‌ كێشه‌ی قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ندێك وڵاتانی خه‌لیج یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ و سعودیه‌ له‌و باره‌وه‌ نه‌رمتر بێ ئه‌مه‌ش به‌ خاڵێكی ئیجابی له‌لایه‌ن قه‌ته‌ره‌وه‌ بۆ توركیا هه‌ژمار بكرێ .
سێیه‌م / په‌یامێكی توركیایه‌ بۆ ئه‌وروپا كه‌ ئێمه‌ش له‌سه‌ر هه‌مان خه‌تی ئێوه‌ین له‌مه‌ڕ ئاشكرا كردنی ئه‌وانه‌ی له‌و كاره‌ساته‌ تێوه‌گلاون و ئه‌وروپاش ده‌رگای چوونه‌ ناوه‌وه‌ی توركیا بۆ یه‌كیه‌تیه‌كه‌ی ئاوه‌ڵاتر بكا .

ڕوداوه‌كانی دوای بوونی محه‌مه‌د كوڕی سه‌لمان به‌ جێنشینی پاشایه‌تی سعودیه‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ سیاسه‌ت به‌ میزاجی شه‌خسی ، به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتێكی وه‌ك سعودیه‌ ، ئه‌نجامی كاره‌ساتباری لێده‌كه‌وێته‌وه‌ ، ئه‌م كوڕه‌ ، دوای ده‌ركه‌وتنی وه‌ك ژماره‌یه‌كی به‌هێزی نێو سیاسه‌تی سعودی ، كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی نا كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك نامۆن به‌ سیاسه‌تی باوی دنیای سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ، هه‌ر له‌ هه‌ڵایساندنی جه‌نگی یه‌مه‌ن ، به‌ره‌و گه‌مارۆی ئابوری قه‌ته‌ر ، ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌عد حه‌ریری و ناچار كردنی به‌ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی له‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی لوبنان ، زیندانی كردنی ده‌یان ملێونێری سعودی له‌ ڕیاز به‌ تۆمه‌تی خۆدزینه‌وه‌ له‌دانی باج ، زیندانیكردنی سه‌دان چالاكوانی مه‌ده‌نی ، به‌تایبه‌تی ئه‌و ژنانه‌ی داوای مافی زیاتری خۆیان ده‌كرد دوای ڕێگه‌دانی ژنان به‌ شوفێری و دواترینیان كوشتنی وه‌حشیانه‌ی جه‌مال خاشه‌قچی له‌ كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ، نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئه‌مڕوی دنیای سه‌رمایه‌داریدا زۆر گونجاو نین مه‌گه‌ر ده‌ست ئاوه‌ڵایی سعودیه‌ نه‌بێ بۆ ترامپ ، بۆیه‌ ده‌بێ ڕێگاو شوێنی دیكه‌یان بۆ دابنرێ ، تاكه‌ ڕێگای لۆژیكی ده‌رباز بوونی سعودیه‌ له‌و تاوانه‌ به له‌سه‌ر كار لابردنی‌ تاوانباری سه‌ره‌كی محه‌مه‌د كوڕی سه‌لمان كۆتایی دێت و ئه‌و دۆسیه‌یه‌ داده‌خرێ ‌! كه‌ ئه‌ویش له‌مڕۆدا به‌دوور دێته‌ به‌ر چاو هه‌رئه‌وه‌شه‌ وای كردوه‌ ئه‌ردۆگان گه‌مه‌ سیاسیه‌كه‌ به‌و شێوازه‌ی خۆی ده‌یه‌وێ بباته‌ پێشه‌وه‌.

له‌ دنیای سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆدا بچوكترین ( ئه‌خلاقی سیاسیش ) به‌دی ناكرێ ، كوشتنی وه‌حشیانه‌ی خاشقچی به‌و شێوازه‌ و هه‌وڵی هه‌موو لایه‌نه‌ به‌شدار بوه‌كان بۆ به‌هره‌به‌رداری سیاسی لێی، به‌دوور له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی ئینسانی و به‌كه‌م گرتنی ژیانی مرۆڤ، به‌ڵگه‌ی زیاترن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سیستمی سه‌رمایه‌داریه‌ جگه‌ له‌ سیاسه‌تی كوشت وكوشتار وبرسیكردن وفریودان ودرۆ و فرت و فێڵ و به‌كه‌م گرتنی به‌های ئینسانی هیچ وه‌سیله‌یه‌كی تری به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ بۆ به‌رده‌وامی حوكمڕانی خۆی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری .

27 / 10 / 2018




سەد شیعری نزار قەبانی بەم زووانە دەکەوێتە بەردیدی خوێنەران

بەرهەمی ئەدەبی نوێ
سەد شیعری نزار قەبانی
بە کوردی کردنی: پشکۆ ناکام
لە بڵاوکراوەکانی بنکەی ئەدەبی چاپ و پەخشی
جەمال عیرفان/سلێمانی
بەم زوانە ئەکەوێتە بەر دیدی ئەدەب دۆست و کتێبخانەکانی کوردستان




لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا چی فێردەبین؟ … ئاسۆ کەمال

” ڕێزگرتن لەم یادە گرنگیدانە بەو مەسەلانەی کە شۆڕش چارەسەری نەکردوە”. لینین

ڕوسیا لە سەدەی نۆزدەدا وەک قەڵای کۆنەپەرستی لە دنیای مۆدێرندا مایەوە و شۆڕشە بورژوایی و کرێکاریەکانی ئەو سەدەیە کاریگەری خۆیان دوای سەدەیەک لە ئەم کۆمەڵگەیە دانا. لەڕوسیادا لە سەدەی ٢٠دا سێ شۆڕش ، لەماوەی دوو دەیەدا و دوابەدوای یەک ، شۆڕشی ١٩٠٥، شوباتی ١٩١٧ و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧کرا. شۆڕشی ئۆکتۆبەر تایبەتمەندیەکی چینایەتی و جیهانی هەبوو لەچاو شۆڕشەکانی تردا. ئەم شۆڕشە هاوتا و هاوشێوەی شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس بوو کە بۆیەکەم جار لە مێژوودا چینی کرێکار خۆی سەربەخۆ شۆڕش دەکا نەک پاشکۆی بورژوازی یان حزبی چینەکانی تر و دەسەڵاتداران بێت.

ئەم دوو شۆڕشە ئایدیا و مافی شۆڕشکردنی کرێکارانی دژی چینی تازە بەدەسەڵات گەشتوی بورژوازی لە ئاستی جیهانی و لە ڕای گشتیدا جێگیرکرد، هەرچۆن بورژوازی مافی شۆڕشکردنی دژی دەرەبەگایەتی لە پرۆسەیەکی دورودرێژی چەندین سەدەی سیاسی و فکریدا لەدەستور و یاسادا سەپاند. دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆڕش دژی دەرەبەگایەتی و ئیمپریالیزم و دواکەتویی سەرتاپای جیهانی کۆنی گرتەوە و نیوەی جیهان بوە سیستەمێک کە لە ڕوسیادا بەناوی “سۆشیالزم”ەوە جێگیربوو. ئێستا هەرچەند ئەم “سۆشیالیزم”ە نەماوە بەڵام بورژوازی ناتوانێ ئایدیا و مافی شۆڕشکردنی کرێکاران و چینە چەوساوەکان و تارمایی شۆڕشی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی بەسەر کۆمەڵگەی نایەکسان و دژی ئینسانی سەرمایەداریدا بسڕێتەوە. یادی کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر هەمیشە بۆ مرۆڤایەتی پەیام و ئیلهامی ڕزگاری لە دەست سەرمایەداری دەبەخشێ.

شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە دەرس وەرگرتن لە کۆمۆنەی پاریس توانی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری و مانەوەی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانە لەماوەی ٣ ساڵدا بەرامبەر دڕندەیی وهێرشی سەربازی و ئابڵوقەی ئابوری و سیاسی بورژوازی ڕوسیا و سەرمایەداری دنیای دوای شەڕی جیهانی یەکەمدا مسۆگەربکا. بەڵام ئەم شۆڕشە نەیتوانی سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ و لە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا شکستی هێنا. هەربۆیە ئەمڕۆ ئێمە لە ڕیزگرتن لەم هەوڵەی چینی کرێکاری ڕوسیادا پێویستە بچینە سەر ئەو مەسەلەیەی کە ئەم شۆڕشە چارەسەری نەکرد ، واتە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی تاکو بزانین ئێمە چ دەرسێک لەم تەجروبەیە وەردەگرین؟ تا وەک بەلشەفیەکان کە دەرسەکانی کۆمۆنەیان کردە پەیڕەوێک بۆ سەرکەوتن لە ئۆکتۆبەردا ، ئێمەش بۆ شۆڕشی ئێستامان بەرچاومان ڕۆشن بێت کە پێویستە چی بکەین بۆ دوبارەنەکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕیەکانی ئۆکتۆبەر؟
کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر بەشێک لەم مێژووی هەوڵدانە فکری و سیاسی و پراتیکیەن کە پێویستە ئەمڕۆ گەشەیان پێ بدەین تا بتوانین ئەو مەسەلانەی ئەم شۆڕشانە نەیانتوانی ئەنجامی بدەن ئێمە پێیان هەڵسین.
ئێمە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیادا هەنگاو و سیاسەتی زۆرمان ناوە کە پیویستە هەمویان بە شێوەیەکی زانستی بدەینە بەرباس و لێکۆڵێنەوە و ئەم تەجروبە دەوڵەمەندە بەباشی تێبگەین و هەڵیسەنگێنین.

لێرە ئێمە لەگەڵ دیاردەی حزب و دەوڵەت و دامودەزگای بەڕیوەبردن و فەرهەنگ و سیستەمی ئابوری و کێشە سیاسی ناوخۆ و ململانێی جیهانی و پەیوەندی ئەنترناسیونالی و یاسا و دەستور و مافە مەدەنی و ئازادیە سیاسەکان و زۆر مەسەلە و گرفتی کۆمەڵایەتی تر دەرگیرین کە هەموو ئەمانە کۆی سیستەمی کۆمۆنیستی و ئینسانی ئێمە پێناسە دەکا. هەربۆیە بۆ ئێمە ئۆکتۆبەر تەنیا یادێک و ڕیزگرتنێک نیە لە مێژووی چینی کرێکار کە لە بڕگەیەکی مێژوویدا چی کردوە بەڵکو پێناسەکردنەوەی جارێکی تری بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیە کە دنیا چۆن ڕزگاردەکا لەدەست سەرمایەداری و چۆن جارێکی ڕەوابونی شۆڕشی کرێکاری و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی و ئینسانی نیشان دەداتەوە و چۆن ڕیوایەتێک و تەفسیرێکی تر لەم مێژووە و لە ئایدیا و کاریگەریەکانی ئەم تەجروبەیە بە دنیا نیشان دەدا .ئێمە ناتوانین تەنیا بە وتنی ئەوەی “ئەوەی ڕویدا لە سۆڤیەت سەرمایەداری دەوڵەتی بوو و پەیوەندی بە کۆمۆنیزمەوە نەبوە” شانی خۆمان خاڵی بکەینەوە لەوەی دنیای ئەمڕۆ هەر ئەو تەفسیرەی هەیە لە کۆمۆنیزم کە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و سۆڤیەتەوە ڕویداوە و ئێمە دەبێ وەڵاممان بۆ ئەم تەجروبەیە پێ بێت کە لەڕوانگەی ئێمەوە چی ڕویداوە و بۆچی شکستمان هێنا و چۆن ئاکامی شۆڕشی کرێکاری بو بە جێگیردنی شێوازێکی تر لە سیستەمێکی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری لەڕوسیادا و ئەمە بوە سیمای ناساندنی کۆمۆنیزم.

لێرەدا چەندین پرسیار خۆی دەخاتەڕوو، کە بەشێکیان ئەمانەن؛بۆچی حزبی بەلشەفی تەنانەت دوای شۆڕش نەیتوانی ببێتە حزبی بەشێکی زۆربەی کرێکاران و بۆچی نەبوە ڕێکخستنی سەرجەم پێکهاتە وتواناکانی چینێک ؟ ئایا حزبی کرێکاری کە لەدەسەڵاتدایە بە حزبی نوخبەی کۆمۆنیستەکان و بەشێک لە چینی کرێکار دەمێنێتەوە؟ بۆچی لەناو ئەم حزبەی چینی کرێکاردا ڕێگە بە دروستکردنی فراکسیۆنی جیاجیا نەدرا وەک “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” و “ناوەندێتی دیموکراتی” و هتد..؟ ئایا دروسبونی بۆچونی جیا و خەت و سیاسەتی جیاواز لە ناو حزبی چینێکدا سادەترین دیاردە نیە و کارکردنی فراکسیۆنەکان لە ناو حزبێکی جەماوەریدا ناتوانێ میکانیزمێک بێت بۆ دانەبڕان و قەتیس نەمانەوەی حزب لە چینەکەی؟ ئایا لە حزبێکی کرێکاریدا بۆچی بیرۆکراتیزم و سیکتاریزم سەرهەڵدەدا ئەگەر پایەکانی ئەم حزبە لە نێوچینی کرێکاردایە و حزب وەسیلەیەکە بۆ نەهێشتنی نەک جیاوازی لە نێو چینی کرێکاردا بەڵکو کار بۆ بەرتەسک نەبونەوەی دەسەڵات لە دەست چینێکی دیاریکراودا دەکا و دەیەوێ دەسەلاتی چینایەتی لە پرۆسەیەکدا کۆتایی پێ بێنێ و ئیدارە و دەسەڵات و حزب بەرەبەرە هەڵوەشێنەوە و کۆمەڵگە لە دەست ئەم نوێنەرانەی خۆی ڕزگاری بێ؟ ئایا فەلسەفەی بونی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و بێ دەوڵەت و بێ حزب نیە؟ بۆچی تەقدیسی حزب و خەتێکی سیاسی و شەخسیاتی ڕابەری حزب و دروستبونی گروپی بیروکراتی لە حزبی بەلشەفیکدا لە گرتنە دەستی دەسەلاتەوە گەشە دەکا لە جیاتی ئەوەی لەناو بچێ؟

لەسەر دەوڵەت و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی ئەم پرسیارانە لە ئارادایە؛بۆچی لە جیاتی شورا و سۆڤێتەکان سیستەمی تاک حزبی بەلشەفیک دەبێتە دەسەڵاتدار؟ بۆچی بۆ هەر بڕیارێکی گەورە و بچوک” دەگەڕێنەوە بۆ مەکتەبی سیاسی ‘پۆلیت بیرۆ”ی حزب؟ بۆچی دەبێ حزب دەسەڵات بدات بە سۆڤێتەکان و خۆیان خاوەنی دەسەڵات نەبن لەدوای ٣-٤ ساڵ لە شۆڕش؟ بۆچی ئازادی سیاسی بۆ هەموو حزبێک نامێنێ و تەنیا حزبی بەلشەفی ئازادە؟ بۆچی دەوڵەت لە ئۆرگانی سەرکوتی هێرش و بەرەنگاری هێز و سوپا بورژوازیەکانەوە دەگۆڕێ بە دەوڵەتێک کە خۆی سوپای پیشەیی دروست دەکا و دەهێڵێتەوە؟ بۆچی هیچ پرۆسەیەکی نەمانی دامودەزگای بیرۆکراتی دەوڵەتی دەست پێ ناکا و لەجێگایدا دژایەتی کۆنترۆڵی کرێکاری لەلایەن سەندیکا کرێکاریەکانەوە دەکرێ و حزب دەبێ کۆنترۆڵی کارگە و دامەزراوەکان بکا؟ بۆچی تیۆریە کۆمۆنیستیەکانی ناو”دەوڵەت و شۆڕش” لەسەر بەرتەسک بون و کاتی بونی دەوڵەت و پیویستی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت لە پراتیکی چەند ساڵەی بونی لینیندا هەر هەنگاوەکانی جێگیرکردنی ئیدەی دەوڵەت و کۆنترۆڵی حزبی و بەرتەسک بونەوەی ئەڵقەی دەسەڵاتدارێتی شوراکان ودەخاڵەتی سیاسی کرێکارانی لێ دەبینین؟ هەربۆیە ئەو بۆچونانەی وەک ترۆترسکی کە شکستی شۆڕش تەنیا لە نەمانی لینین و لینینزم و سەرهەڵدانی ستالینیزم و بیرۆکراتیدا، دەبینێ هێشتا لێکدانەوەیەکی بەرتەسکە و نەبینی سەرجەم کێشەکانی سیستەمی سۆڤیەت و هۆکارەکانی شکستی شۆڕشە لە چارەسەری ئەو کێشە حزبی و ئیداری و ئابوریانەدا. سەرجەم ئەم زەمینە سیاسی و ئابوری و حزبیانەیە کە دەبێتە مایەی سەرکەوتنی ستالینزم و کۆتایی هاتنی ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاری لە ڕوسیادا.

لە بواری ئابوریدا پرسیار ئەوەیە؛ بۆچی هەرەوەزیەکان نەبونە شکڵی سەرەکی شیوازی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و لەو هەنگاوانەی دەوڵەت لە ئابوری کۆمۆنیستی ٢ ساڵی یەکەمدا پاشەکشە دەکرێ؟ بۆچی دەسەڵاتی هەرەوەزیەکان لە بەرهەمهێنان و گۆڕینەوەدا نابینرێ؟ کۆنترۆڵی کرێکاری لە کارگە و دامەزراوەکاندا جێگای دەسەڵاتی حزب ناگرێتەوە؟ بۆچی سۆشیالیزم دەکرێ بە “کارەبایی کردن” و ” پیشەسازی گەورە” و سەرمایەداری دەوڵەتی، ئایا مانای سۆشیالیزم گۆڕینی یاساکان و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری نیە بۆچی بازگانی ئازاد و موڵکایەتی دەوڵەت جێگای نەمانی موڵکایەتی یان موڵکایەتی کۆمەڵگە دەگرێتەوە؟ ئایا خۆماڵیکردنی بانکەکان و دروستکردنی ترەستە پیشەسازیەکان چ پەیوەندیەکی لەگەڵ کۆمۆنیزمدا هەیە و ئایا سیستەمی کردیت ناتوانێ لە سیستەمی سودی بانکی و بازرگانی جیابکرێتەوە؟ ئەو بۆچونەی مەنسور حیکمەت کە دەڵێ “لینین و بەلشەفیکەکان “بەرنامەیەکی ئابوری دیاریکراویان نەبوە و شۆڕش لە ناڕۆشنی ئەرکە ئابوریەکانیدا” شکستی خوارد و دواتر لینینزم نوێنەرایەتی نەکرا”، دیسانەوە بۆچونێکی یەکلایەنە و ناکامڵە وئەم کێشانە وەک کێشەی سیستەمێکی سیاسی و ئابوری لێکهەڵپێکراوی سۆڤیەت نابینێ ، بەتایبەت کە لە دەورانی ڕاگوزەردا سیاسەت بڕێنەرەوەیە و پرۆلیتاریا هەڵەی ئابوری زۆر دەکا.

ئەوەشی پێی وایە “نەبونی بەرنامەی ئابوری گەڕانەوەی سیاسی و بیرۆکراتیزمی دروستکردوە” لێکدانەوەیەکی دوور لەواقیعە لە کاتێکدا دەزانین لینین و بەلشەفیەکان بەرنامەی نیپ و سەرمایەداری دەوڵەتیان هەبوو، هەرچەند لینین دەڵێ تیۆریەکیان نیە کە ئەوە ڕۆشنبکاتەوە کە “سەرمایەداری دەوڵەتی لەسایەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا چۆنە؟”. بەڵام هەوڵی جواروجۆر هەیە لە ١٩١٧تا ١٩٢٤ کە ئابوری ڕوسیا بەپێی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی گەشەبکا و بازرگانی ئازاد هەبێ و موڵکایەتی تایبەت و بچوک ڕێگە پێ دراوە و حزب و دەوڵەتی حزبی خاوەنی دامەزراوە و کارگە و بەڕیوەبردنن و گەشەی ئابوری هەیە. هەربۆیە ئەوە تەنیا ناڕۆشنی بەرنامەی ئابوری نیە کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر شکست پێدێنێت بەڵکو سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزم لەلای بەلشەفیەکان هێشتا پێنەگەیشتوە و کەموکوڕیەکی زۆری هەیە سەرەڕای هەوڵ و توانایی گرنگی لینین لە گەشەپێدانی میتۆد و جیهانبینی و سیاسەتە کۆمۆنیستیەکانیدا.

بەکورتی ئەو مەسەلانەی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر چارەسەری نەکرد ئەمڕۆ لەبەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا پێویستی بەوەڵامە.لە بواری ناوخۆی حزب و پەیوەندی حزب و چینی کرێکار، دەوڵەتی سۆڤیەتی و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی شوراکان، ئازادی سیاسی و گەیاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ بە ئەوپەڕی خۆی دوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، ئازادی لە دەست دەوڵەت و هێزی سەروو خەڵکی،هەرەوەزیەکان و کۆنترۆڵی کرێکاری و بەشداری ڕاستەوخۆی شوراکان لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و گۆڕینەوەدا، گۆڕینی شیوازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی بەرهەمهێنان کە کرێکاران و کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ خاوەندارێتی بەرهەمەکان بن نەک وەک کرێگرتەی دەوڵەت بن و قۆناغی گواستنەوە بریتی بێت لە هەنگاوەکان وچۆنیەتی نەهێشتنی یاسا و دامەزراوە ئابوریەکانی سەرمایەداری وەک کرێ و بانک و بازرگانی نەک گەشەپیدانی ئەمانە و جێگیربونی یەکسانی و نەمانی چینی جیاواز و موڵکایەتی سەرمایە. هەروەها دەوری دەسەڵاتی سۆڤیەتی لە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیهاندا.

کۆمۆنیزم جیهانبینی چینی کرێکارە کە دەیەوێ سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ بە سیستەمێکی بێ چین و چەوسانەوە هەربۆیە لە هەموو هەوڵە تیۆری و پراتیکیەکانی تا ئێستای خۆی بەشیوەیەکی مێژوویی و دیالەکتیکی دەڕوانێ، کە بۆ گەیشتن بە ڕۆشنی و دروستی و زانستی پێویستی بە دەرس وەرگرتن لەو تەجروبە زیندوانەیە کە کرێکاران و کۆمۆنیستەکان لە کاروخەباتدا پێی دەگەن. ئەمەش وادەکا کە جیهانبینی کۆمۆنیستی هەمیشە خۆی لە گۆڕان و بەرەو پێشەوەچوندا دەبینێ و کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای دۆگم و ڕاستی ڕەها نیە بۆ لەقاڵبدانی عەقڵ و پراتیکی شۆڕشگێڕانە.

کۆمۆنیزمی سەدەی ٢١ پیویستە جیهانبینیەکی ڕۆشن بخاتەڕوو ،نەک هەر سەبارەت بەو کەموکوڕیانەی سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و ئابوری لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا هەبوو، بەڵکو بە پشت بەستن بە هەموو ئەو گۆڕانکاریە ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتیانەی دنیای ئێستا کەزەمینەی کە سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستی جیهانی و ڕادیکاڵ و دروستکردنی دنیایەکی بێ چین و چەوسانەوە و بێ دەوڵەت و هێنانە دنیای ئینسانی ئازاد و کۆلیکتیڤیان فەراهەم کردوە پیویستی و ئیمکانیەتی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری بسەلمێنێ. بورژوازی لە چەندین سەدە و چەندین شۆڕشی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا سیستەمی دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتدارێتی پاشایەتی و کۆمەڵگەی تەقلیدی دینی گۆڕی ، کرێکارانیش لەدوای سەدەیەک لە ئۆکتۆبەر و سەدە و نیوێک لە کۆمۆنە پێویستیان بە درێژەدانی شۆڕش و خەباتی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیە دژی سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداری تاکو نمونە و فۆرم و پایە و دامەزراوەکانی خۆیان دەخەنە جێگای ئەم سیستەمەی لەسەر کۆیلایەتی کاری کرێ گرتە و ئینسان درێژە بەمانەوەی خۆی دەدا.


ئاسۆکمال




چیرۆکی “لە خەوما” ى جەمیل سائیب … کاوە جەلال

1

چیرۆکى “لە خەوما”ى جەمیل سائیب لەبارەى پیاوێکە، کە خەونێکى ناخۆش دەبینێت: لە خەونیدا هەژار دەکەوێت، ئەوەش ناچارى دەکات بڕوات بۆ وڵاتێکى دی، تاکو لەوێ کارێک بدۆزێتەوە و خێزانەکەی لە مەینەتى ڕزگار بکات، لێ کاتێک بە پایتەختى ئەو وڵاتە دەگات، دەبێت بە شایەتى بەزمێکى کۆمەڵایەتى و سیاسیى تاڵ.
هەژار لەتەک کاروانێکدا دەکەوێتە رێ و دواى ئەوەى کاروان پێ دەنێتە نێو سنوورى ئەو وڵاتەوە، تووشى تەگەرەى کوشندە دەبێت: جەردە ڕێى پێدەگرێت، لێ لەبەر ئەوەی کاروانچییەکان چەکدارن و بەرگرى لە خۆیان دەکەن، ئەوا جەردەکان ناتوانن زەفەریان پێبەرن. کاتێک کاروان دەگاتە کەنار شارى مەبەست، پاسەوانانى شار داوا لە کاروانچیەکان دەکەن پارەیان بدەنێ، لێ لەبەرئەوەى کابراى هەژار پارەى پێنابێت تاکو ئەویش وەک ئەوانی دی “سەرى خۆى بقەبڵێنێت”، ئەوا پاسەوانان تۆمەتى جاسووسیى دەدەنە پاڵ. سەرەنجام پاسەوانەکان لەسەر تکاى پیرەمێردێکى کاروانچى ڕێ بە هەژار دەدەن لەتەک کاروانچیەکاندا بڕوات لە خانێک بنوێت، هەروەها پیرەمێرد گفتیان پێدەدات، کە هەژار لەو خانە دەمێنێتەوە و ڕۆژى داهاتوو دەتوانن بێن بۆ لاى بەشکم “شتێکى لێ هەڵبکڕێنن”.

کابراى هەژار بەم شێوەیە بە وڵاتى مەبەست دەگات. هەژار لە خانەکە، لە سووچێکى ئۆدەیەکدا شەکەت و برسى لەسەر تاجەواڵێکى کاروانچییەکان بە چیچکانەوە سەر دەنێتە سەر ئەژنۆى، لێ دەنگى گریان و کڕوزانەوە لە ماڵێکى دراوسێى خانەکەوە خەوی لێ دەزڕێنن. هەژار دەیەوێت بزانێت هۆى ئەو شیوەن و گریانە چییە، بۆ ئەو مەبەستەش دەچێتە دەرەوە و لە خانچییەکە دەپرسێت، لێ کابراى خانچى زۆر بە ساردى وەڵامى دەداتەوە: “ئەوە هیچێکى وا نیە ئەو ژن و منداڵانە مێرد و باوکیان کوژراوە” (لا 35). هەژارى غەریب شتى واى نەبینیوە و نەبیستووە، لێ ڕەوشی بەو چەشنە لەو وڵاتەدا دیاردەیەکى ئاساییە، هەر بۆیە کابرای خانچی کوشتنی مرۆڤ بە شتێکی ئاسایی دەزانێت. ئاخر، وەک ئەو دەبێژێت، “شەو و رۆژى سەد شتى وا لێرە ئەقەومێ” (لا 36).

کەمێک پاش ئەو ڕووداوە کابرای هەژار هەوڵ دەدات بنوێت، لێ هەست دەکات خەوی لێ زڕاوە. هێندە ناخایەنێت سەرلەنوێ لەو دیو خانەکەوە تەقەی تفەنگ و هەرا و زەنا، شیوەن و گریانی ژن و منداڵ دەستپێدەکەنەوە. کابرای هەژار ئەم جارەش خۆی پێ ناگیرێت و لە خانچییەکە دەپرسێت، داخۆ ئەم جارە چی قەومابێت، لێ خانچی ئەم جارە تووڕە دەبێت: “چوزانم پیاو ئەگەر من بۆ ئەمانە جوابى تۆ بدەمەوە ئەبێ خەریکى هیچى تر نەبم هەر جوابت بدەمەوە، شەو و رۆژى سەد شتى وا لێرە ئەقەومێ، وتم ئاخر خاڵۆ تۆ عاجز مەبە انسان لەمانە دڵى ئەبێ بە ئاو، چۆن ناپرسێ، وتى ئاخر تۆ شتى وات نەدیوە بۆیە وا بۆ هەموو شتێک ئەپرسى، هێشتا ڕانەهاتوویت، ئەوە ساحێبى ئەم ماڵە نازانم لەسەر جاسوسى و ماسوسى گیراوە و فەلاقەیەکى زۆر کراوە و لە پاشان داواى جەزایەکى زۆریان لـێ کردووە، ئەویش پارەى نەبووە بیدا ماڵەکەیان فرۆشتوە، ئەویش بەشى جەزاکەى نەکرد، ئێستاش هەروا حەپسە، کەچى ئەوا فەقیرە دز هاتۆتە سەر ماڵەکەشى، ئەو تۆزە پڕ و پیتەشیان کە ماوە هەڵبەت بردوویانە، وا تفەنگیشیان پێوە ئەنێن، ئێستا منداڵێکیشى نەکوژرا بێت هەر چاکە. وتم ئەرێ ئەم هەموو جاسوسە چیە لێرە هەیە؟ کابراى خانچى سەرێکى لێ لەقاندم و سەیرێکى فصالى کردم و تۆزێک پێکەنى و وتى: ئاى باوکم ئەمە نەخۆشیەکە هەموو کەس ئەبێ بیگرێ، تۆ غەریبى هێشتا ئەمەت نەدیوە، بەڵام چاوت نەفڕێ تۆش ئەیبینى…” (لا 36).

هەژارى غەریب ئەوها یەکەم شەوى لە پایتەختى ئەو وڵاتە بەسەر دەبات. بەرەبەیان سێ تفەنگبەشان لە پاسەوانانى ئێوارەى ڕابوردوو خۆیان بە خانەکەدا دەکەن و دەپرسن: “… کوانێ کابراى جاسووسەکە”. پیرەمێردە کاروانچییەکە سەرلەنوێ بۆى دەپاڕێتەوە، کاروانچییەکانى دیکەش بۆى تێدەکەون، لێ هەوڵەکانیان بێسوودن. چەکدارەکان بە قۆناغە تفەنگ هەڵى دەستێنن و وەک جاسووسێکى دیلکراو پێش خۆیانى دەدەن. کابراى هەژار بانگەوازى “رەحم و موسڵمانەتی”یان دەکات، لێ ئەم جۆرە وشانە بە مێشکى ئەواندا ناچن. ئێستا کابرای هەژار لەنێو کۆڵانەکان و بازاڕدا ژیانى خەڵکانى ئەو وڵاتە نزیکتر دەبینێت: هەندێکیان بەزەییان پێیدا دێتەوە، هەندێکى دى پێى ڕادەبوێرن. لەنێو شاردا هاوکات کەسانى ئەوتۆى تێدان، کە مرۆڤ هەر بە بینینیان ترس دەیگرێت: “هەر یەکە دە دوانزە چەفتە و مشکى و جامانەى ڕەنگاو ڕەنگیان تێک ئاڵاندووە و بە سەریانەوە بەستوە هەر یەکە بەقەدەر بەرداشێ، چوار ڕیز و پێنج ڕیز فیشەکیان لە خۆیان دابوو، خەنجەر و دەمانچەیان کردبو بە قەدیانا، هەروا خوێن لە ناوچەوانیان ئەبارى” (لا 37).
کابراى هەژار سەرەنجام لە ئۆدەیەکی ماڵى حوکمدارى ئەو وڵاتەدا دەگیرسێتەوە تاکو حوکمدار لێى بپرسێتەوە. لێ دەسەڵاتداران هێندە هۆشقاڵى ژیانى کەسیى خۆیان و کێشەى سیاسین، کە ئیدی هەژاریان بە تەنیا لەو ئۆدەیەدا لەبیردەچێتەوە. ئۆدەکە چەند پەنجەرەیەکی تێدایە کە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنن ببێت بە شایەتی سەرجەم کێشەی سیاسیی ئەو وڵاتە و هاوکات بۆی دەربکەوێت کە دەسەڵاتدارانی ئەوێ چە ئەقڵییەتێکیان هەیە و چەند بەدڕەوشتن.

لە چەند پەنجەرەیەکەوە، کە دەڕواننە سەر ئۆدەی ژنى حوکمدار، کابرای هەژار دەبیستێت، کە چۆن ئەم ژنە تەنیا هۆشقاڵى ڕووى دەرەوەى خۆیەتى، لێ بە پۆشاک و خشڵى خۆى کە مێردەکەى بۆى کڕیون، تێر نابێت، بەڵکو هاوکات سامانى ئەم یان ئەو ژنى دەوڵەمەندى شار داگیر دەکات. ئەوجا هەژار لە چەند پەنجەرەیەکى دیکەى نزمترى بەرانبەرەوە کە دەڕواننە سەر دیوەخانى حوکمدار، دەبینێت و دەبیستێت کە چۆن حوکمدار لەنێو دیوەخانەکەیدا دەسەڵات دەنوێنێت. کەسانی جیاواز کە خۆیان بە نوێنەرى گەل دەزانن، پۆل پۆل دێن بۆ لای حوکمدار و لە ڕوانگەی خۆیانەوە پێشنیاری بۆ دەکەن کە چۆن وڵاتەکەیان لە مەینەتی ڕزگاری دەبێت. سەرەتا چەند عولەمایەکى ئایین دێن بۆ دیوەخانی حوکمدار، لێ پێش ئەوەی دەم هەڵبهێننەوە، حوکمدار خۆی هەڵوێستى بۆ ئەوان و پیاوانى دەورى دیارى دەکات:

“من ئەمە چەند ساڵە هەوڵ و تەقەلا ئەدەم، بریندارى و حەپسى و رەزالەتم کێشا، ئەنواعى مصيبت و مەرامەتم چێشت، دەستم لەسەر و ماڵى خۆم شت، هاتم تێکۆشام وتم بەڵکو ئەم میللەتە بۆ خۆى هەناسەیەکى رەحەتى هەڵکێشێت سەربەست و ئازایانە بۆ خۆمان بژین و دەستى بێگانەمان بەسەرەوە نەبێ، ئێمەیش وەکو ئەم میللەتانەى تر بکەوینە رەحەتى و خۆشى و زیادى و گەورەیى، دەوڵەمەند و سەربەرز بین، دینەکەمان بەرز بێتەوە، چەند جار چووم بەگژ ئینگلیزدا، لەگەڵ تورکدا تێک چووم، تەشەبوسم بە رووسیە و بوڵشەویک کرد، چەند خوێنمان ڕشت، من ئەمانەم هیچیان بۆ خۆم نەکردووە، هەموویانم بۆ ئەم دین و میللەتە کردووە (…). کەچى لەگەڵ ئەم هەموو ئەحوالانەدا، ئەوەتا هەموومان ئەبینین، بەشێکى زۆر لەم میللەتە لایان داوە لە من و چوون شوێن غەیرەدین کەوتوون، رۆیشتوون بۆ وڵاتان خزمەتى فکرى ئەوان ئەکەن، هەموو ماڵ و حاڵ و ژنیان بەجێ هێشتووە لێرە و خۆیان لە وڵاتان بەدیار غەیرە دینەوە دانیشتوون و ئێمە واین لەم حاڵ و رەزالەتەدا، عەسکەر و مامور و عولەماکان هەموو احتیاج و بێ ادارە ماونەتەوە، ئاخۆ فتواى شەرعى بۆ ئەمانە چۆنە؟” (لا 51 بەدواوە).

لێ حوکمدار جارێ کێشەیەکى گرنگى دیکەى وەک پرسیار بۆ پیاوانى ئایین پێماوە:
“… وەکو پێم وتن ئێمە ئەمە هەمووى لە ڕێى دینى ئیسلامدا ئەکەین، ئێستا غەیرى ئەوانەى کەوا ڕۆیشتوون و لەم لا و لا خزمەتى غەیرە دین ئەکەن، بعضيك کەسى تر هەیە لەناو خۆماندا لەوان زیاتر خەریکى مەحوى دینن، بە هەموو نەوعێک بۆ نەمانى ئێمە و ئەم حاڵە (کە هەموو بۆ دینى ئەکەین) هەوڵ ئەدەن و جاسوسى بۆ غەیرە دین ئەکەن و لەجیاتى تەلقینى اهالیەکە هەر خەریکى کفرکردن و گاڵتە بە مشایخ و علماى محترمن. ئەمانە ئەگەر هەروا بمێنن، ئەمینم کە بەرە بەرە ئەم تۆزە دینە کەوا ئێمە هەوڵ بۆ زیادى ئەدەین بە جارێک مەحوى ئەکەنەوە، ئێمەیش و عولەماى میللەتەکەش (جاروبار بۆ قوەتى قسەکانى خۆى وەکو خوێى چێشت ناوى عولەماکانى تێ ئەخست) ئەفەوتێن، ئەم نەوعە اشخاصه مضرانه بە ناوى دینەوە فەوتاندیان لەسەر ئێمە واجب و لازمە یان نا؟” (لا 54)
سەرەنجام زانایانى ئایین فەتوا دەدەن بۆ حەڵالکردنى ژن و ماڵى ئەو کەسانە کە بە بڕواى حوکمدار دژى ئایین و وڵاتەکەى وەستانەتەوە یان لە هەندەران بەدیار “غەیرەدینەوە” دانیشتوون، هەروەها بڕیار دەدەن بۆ کوشتنى ئەو کەسانە کە گۆیا لەنێو وڵاتەکەیاندا سیخوڕى بۆ کافرەکان دەکەن. تەنیا هاوکارێکى حوکمدار لەنێو دانیشتوانى دیوەخاندا – کە هەر “وەک مامورى اجراى ئەم فتوا ناحەقانە بێ و هەموو ئۆباڵ و گوناحى ئەمانە لەسەر ئەو بێ” (لا 54) – دەپرسێت، کە داخۆ ئەوانەى وڵاتیان جێهێشتووە، لەوێ بوونایە و بەرگرى شەرعییان لە خۆیان بکردایە، هێشتا ئەمان هەر لەسەر فەتواکەیان سوور بوونایە! مەلاکان لە وەڵامدا دەبێژن، کە بەرگرى ئەو جۆرە کەسانە شەرعى نیە.

هەژارى دیل لەنێو ئۆدەکەیدا ئاگاى لە خۆی نەماوە و ئارامى لێهەڵگیراوە، دەخوازێت هەڵبکوتێتە سەر دانیشتوان و دەست بنێتە بینى مەلاکان و ئەوانى دی، لێ نەخێر ئەمەى پێناکرێت، بەڵکو هانا بۆ خودا دەبات و لە ئەم دەپرسێت، کە “ئەمە چ دڵ و دەروون و وجدانێکە”، ئەمە چە جۆرە پەیڕەوکردنێکى شەریعەتە و چۆن توانییان ئەم بڕیار و فەتوایانە بدەن؟ ئاخر ئەو کەسانە کە هەڵاتوون و خۆیان لە شاڵاو و چەوساندنەوەى دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕزگار کردووە، بەو هۆیەوە بەر شاڵاوێکی دیکەی ئەوپەڕی “بێوجدان” دەکەون: مەلاکان فەتوا دەدەن بۆ “حەڵاڵکردن”ی ژن و ماڵیان. داماوەکانى بەردەستیشیان، کە نایانەوێت لەگەڵیاندا دەست بدەنە کوشتن و زۆردارى، لەناویان دەبەن، ئەوەش بە ئارەزووى ستەمکارێک، کە بە ئاشکرا لە بەردەم دانیشتواندا “لە سەد هەزار و دوسەد هەزار” دەدوێت، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەم بڕە پارە زۆرەى “لە ماڵى ئەم موسڵمانانە پێکەوە ناوە و ئەم عالەمەى خستۆتە سەر ساجى عەلى، بوە بە باعسى چەند هەزاران مەخلوق …” (56)
“وتم (اى خالق، اى منتقم اى قهار، اى عالم الغیوب) تۆ چى لەمانە ئەکەیت، ئەمانە لە رۆژى خۆیدا چۆن حسابیان ئەبینى (…)؟ (…) تۆ بۆچى هەر ئێستا ئەمانە بەناخى عەردا نابەیتە خوارەوە و حەقى ئەم میللەتە قوڕبەسەرەیان لێ ناسێنى (…)؟
ڕوانیم هیچ شتێک نیە و هیچ پەیدا نەبوو، منیش هەروا وەستام، لە جێگەى خۆم وشک بو بوم، ئەوان هەر قسە ئەکەن، منیش لەبەر خۆمەوە هەر ئەڵێم پەح.. پەح.. پەح ئەمە چى بوو من دیم، من لە کوێم، ئەمە خەوە یان نا؟” (لا 57)
بەدووى مەلاکاندا پەردە دەگۆڕرێت. ئێستا سێ کەسى دی دێن بۆ لاى حوکمدار و پێشنیاری بۆ دەکەن، کە پێویستە دەوڵەتەکەیان هاوکاریى تورکان بکات. بە بڕواى ئەمان، دەسەڵاتداریەکەى ئەو وڵاتە تەنیا بەم هاوکارییە فۆرمى دەوڵەت وەردەگرێت. ئاخر تورکان گەورە و خاوەنى گەلەکەیانن، هەروەها هەردوو لایان موسڵمانن و لەبەر ئەم هۆیە گەلى ئەمان لەتەک ئینگلیزدا هەڵناکات، جگە لەوە ئینگلیز فێڵبازە و دواى چەند ساڵێک چیوى سواڵ دەداتە دەستیان.
حوکمدار هیچ لارییەکى لەم پێشنیارە نییە و ڕێیان پێدەدات نوێنەرێک بۆ لاى تورکان بنێرن، تاکو موزاکەرە و گفتۆگۆیان لەتەکدا بکەن، هاوکات گفتى ئەوەیان لێوەربگرن کە رێگە و دامودەزگا بۆ حوکمداریەکەیان دابنێن.

بەدووى ئەماندا سێ کەسى دی دێن بۆ لای حوکمدار و لەوە دەچێت سەربازى و بازرگان بن. بە بڕواى ئەمان بارى ژیانى ئەو گەلە گۆڕانى بەسەردا نایەت، گەر ئینگلیز دەستى نەگرێت و پشتیوانیى نەکات. گەلەکەیان لە لایەنی خۆیەوە هیچى بۆ پێکنایەت، چونکە خاوەنى پیشەسازى و بازرگانیى گەشاوە نیە، لێ لە بنەڕتدا هەر ئەم کایە ئابووریانەن کە یارمەتیى گەلەکەیان دەدەن بە ژیانێکى باشتر بگات. بۆیە گەلەکەیان بەبێ پشتیوانی کارى مەیسەر نابێت. گەر هیوایەک هەبێت، ئەوە ئینگلیزە.
حوکمدار هیچ لارییەکى لەم پێشنیارەى ئەمانیش نیە، رێیان پێدەدات چەند نوێنەرێک بۆ لاى ئینگلیزەکان لە بەغدا بنێرن، تاکو گفتوگۆیان لەتەکدا بکەن.
تاقمى چوارەم کە بەدووى ئەماندا دێنە نێو دیوەخانەوە، جیاوازن لە هەموو ئەوانەى پێشوو. ئەمان تفەنگبەشانن و بەغەڵبە و هەرا خۆیان بە دیوەخانى حوکمداردا دەکەن، ئەوجا ڕایدەگەیەنن کە نە تورک و نە ئینگلیزیان دەوێت، بەڵکو دەیانەوێت تەنیا خۆیان لە وڵاتەکەیاندا سەروەر بن و دەستى غەریبیان بە سەرەوە نەبێت.
حوکمدار هیچ لارییەکى لەم داواکاریەى ئەمانیش نییە و پێى رەزامەندە. لێ ئایا حوکمدار خۆى چیى دەوێت؟ کاتێک دەورى چۆڵ کراوە و بە تەنیا لەنێو دەستوپێوەندەکانی خۆیدا ماوەتەوە، هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات:

“ئەم قسانە هەموو بە لامەوە پەشمن و گاڵتەم پێیان دێت، من بۆچى خۆم بۆ ئەم خەڵکە توشى ئەزێت و دەردى سەرى بکەم، ئەوى قازانج و خێرى خۆمى تیا نەبێ نایکەم، من هەتا پارەیەکى زۆر نەخەمە سەر یەک و لە بابەت ئیشوکارى خۆمەوە دڵم رەحەت نەبێ، ئەمانە هیچیان ناکەم، هەر کەسێک بێت بە هەوەسى خۆى، بۆ قازانج و کاروبارى خۆى قسەیەک بکات، بۆچى من شێتم، مناڵم، هەروا شوێنیان بکەوم و بە قسەیان بکەم. ئەگەر لێم بگەرێن هەتا ئیشى خۆم، وەک خۆم ئەیزانم جێبەجێ بکەم، ئەوا باشە، ئەگینا من خۆم ئەزانم چى ئەکەم …” (لا 71)
هەژارى شایەتى ئەم بەزمە لەنێو ئۆدەکەیدا وڕماوە و نازانێت لە کوێیە، کە ئیدی کۆنترۆڵی بەسەر خۆیدا نامێنێت و دەداتە قاقاى پێکەنین. لێ چە قاقایەکی پێکەنین! ئەوەش بەسە کە ببێت بە بەڵگەى سیخوڕییەکەى:
“ئیتر دوژمن ئیمانت بێ، هەر ئەوەندەم زانى سەگ و گورگى جەهەننەم، پێنج شەشێ رایان کێشام لە پیلکانەکان بردمیانە خوارەوە بۆ حەوشەکە. شەویش کردبووى بە سایقە (…) سەرمایەکى وایە تف هەڵدەى ئەیبەستێ! رووم کردە عاسمان وتم: خوایە تۆ لەسەر حەقى، ئەمانە بەناحەق وا لە من دەکەن! بەڵام هیچ سوودى نەبوو …” (لا 73)

2

ریالێتییەکى کۆمەڵایەتى و سیاسیى شێواو، هاوکات پڕنەسازى، کە چەند بەرژەوەندییەکى جیاواز لە نێویدا دژایەتیی یەکدی دەکەن. لێ نەخشى ئەم ریالێتییە چەک و مشکى و جامانەى پیاوانەن، کە سەروەرانە وەک سیمبۆلى دەسەڵات بەنێو کۆمەڵدا دەشەکێنرێنەوە. چەکدارە چوستەکانى دەوڵەت مرۆڤکوژ و ڕووتێنەرەوە و ساختەچین، لێ ئەم بیچمانە تاکە گەرەنتیی مانەوەی ئەو دەسەڵاتدارییەن، هەر بۆیە حوکمدارەکەیان و سەروەرانی دی دەرفەتیان پێدەدەن خۆیان بە گیرفانی هاوڵاتیان دەوڵەمەند بکەن. هەروەها نوێنەرانى فەرمیى ئایین لە بەشى سەرەوەى هیرارشیەکەدان، ئاسۆى کزى پەیوەندیى نوێ ترساندوونى، بۆیە وەک ئەندامى چالاکى ئەو هیرارشییە سیاسى و کۆمەڵایەتییە ئامادەن رێنوماکانى ئایین بخەنە گەڕ، تاکو ئەو دەسەڵاتدارییە لە مەترسی بپارێزن.

لێ ئەم قەوارە سیاسییە تەنیا بە رواڵەت ڕێکخراوە، لە بنەڕەتدا ناڕێکخراوێکى درزدارە و هاوکات بەرژەوەندییە جووداکان درزەکانى بەرینتر دەکەن. ئاخر نوێنەرانی ئەو بەرژەوەندییانە هیچ بنەمایەکی بەڕێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسییان نییە، بەڵکو لاواز و دەستەوستان چاویان لە دەستى بەخشندەى ئەم هێز یان ئەو هێزی بیانییە، تاکو ڕێکخراوێکى بەرگەگیراویان بۆ بنیاتبنێت. بیانییەکان هەمیشە گەورە و سەروەریان بوون، ئەمانیش خۆیان “ئاقڵن” و ئەم ڕاستییە لەیادناکەن، بۆیە وەک پچووکیان هانایان بۆ دەبەن. ڕەنگە بزانن کە هێزێکى ئەوتۆیان نیە، چونکە تەنیا ئەو کەس و تاقمانە هێزدارن کە خاوەنى چەکن، چەکدارانیش بەزۆرى ئەو بەڕبەڕانەن کە خۆیان بە غەڵبە و هەرا و شەڕانگێزانە بەنێو ماڵى سادە و کۆشکەکانى وڵاتدا دەکەن. دەسەڵاتداران دەبێت ڕێزى ئەم شەڕانگێزانە بگرن، چونکە نەشیاوە بتوانن بەبێ ئەوان دەسەڵاتیان مسۆگەر بکەن.
سەیر و سەمەرە لێرەدا ئەوەیە، کە نوێنەرانى بەرژەوەندیە جوداکان، واتا بازرگان و ئەفسەرەکان، زانایانى ئایین و چەکدارە بەڕبەڕەکان، سەربارى جیاوازییان لە ئەقڵیەت و ڕەفتاردا، شادمانن بە بوونى حوکمدارەکەیان و تەنانەت دەسەڵاتی ناڕەوای ئەویان ناساندووە.

لێ ئایا ئەم دەسەڵاتدارە خۆى چیى دەوێت؟ ئەم “کابرا”یە پێش هەموو شتێک “ڕێوییەکى فێڵباز” و چاوبرسییە و تەنیا خەریکى کۆکردنەوەى سامانە، بەڵێ تەنانەت بە مافی خۆی دەزانێت دەست بۆ گیرفانی هاوڵاتییان بەرێت، ئەوجا کێ دژى بەرژەوەندییە خۆییەکانی بووەستێتەوە، ئەوا یەکسەر بە تۆمەتى سیخوڕى لەناوى دەبات. بێگومان ئەم دەسەڵاتدارە شیمانەکانى ڕووتاندنەوە و موڵکداگیرکردنی وەک هەل بۆ نەڕەخساون و لە خوارەوە بۆ لوتکەى هیرارشییەکە هەڵزنابێت، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە (هەر بۆیە ئەم پایەگایەى وەرگیراوە) خۆى قەوارەیەکى دەسەڵات بووە، هاوکات هەر لە سەرەتاوە، پێش بوونی بە حوکمداری ئەو وڵاتە، بە لایەوە ئاسایی و ڕەوا بووە کە دەست بۆ گیرفانی خەڵک بەرێت و موڵک و سامانیان داگیر بکات. ئەوجا لە بەشی ژێرەوەی ئەو هیرارشییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەدا هەژارانى لاواز و ڕووتێنراوە خۆیان دەبیننەوە: کەرامەتشکێنراوەکان، بابەتەکانى نوکتە و پێپێکەنین، کە داما و بێتوانا چاوەڕوانی میهرەبانیی خودا دەکەن. ئەمان ژیانێکى پڕمەینەتى و نامرۆڤییانە بەسەر دەبەن، هێزیان بۆ خۆهێشتنەوە تەنیا لە قادیرێکى (ناقادیرەوە) وەردەگرن، لێ ئەم قادیرە پشتى تێکردوون – ئاخر تۆڵەى هەژاران لە حوکمداری زۆردار و دەسەڵاتدارانی دیکەی ئەو وڵاتە ناسەنێت، نەخێر، لەوە دەچێت کە ئەم قادیرە تەنیا خودای دەسەڵاتداران بێت.

ئێمە لەنێو “لە خەوما”ی جەمیل سائیبدا داڕشتنێکى “پەڕێنراوەی” هەمەکێتیی کۆمەڵایەتیمان هەیە. چیرۆکەکە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و ئامرازەکانیان فەزح دەکات. بێدادى و بێویژدانى و بێخودایى، هەڕەشەى داڕزانى یەکجارەکی لەو وڵاتە دەکەن. نووسەر لە خودایەتیی ئەزەلییەوە، هاوکات خۆگرێداو بە بنەما مۆرالیەکانى ئەم خودایەتییەوە، چیرۆکێکى هونەریى دەنووسێت کە لە نێویدا بێدادى و بێویژدانیى دەسەڵاتداران لە لایەک، داماوی و بێچارەیی هەژاران لە لایەکى دى، خۆیان دەبیننەوە. کەواتە مەبەستی جەمیل سائیب دیلێماى ئەو کۆمەڵە، یان ڕاستتر ببێژین، دیلێمای نوێنەرانى ئەو کۆمەڵە نییە کە لە لاوازییانەوە ناچارن بڕیارێک بۆ هێزە سەروەرە بیانییەکان بدەن، بەڵکو مەبەستى نووسەر لە کرۆکەوە ژێرکەوتنى داد و ماف و ویژدانە.

جەمیل سائیب بۆ داڕشتنى چیرۆکی “لە خەوما” من-فۆرم-ی هەڵبژاردووە. نووسەر بە ڕستەى “خوا بە خێرى بگێڕێ” خوێنەر دەگرێت، هەر وەک بڵێین لاى خۆى دایدەنێت و خەونەکەی بۆ دەگێڕێتەوە. ئەم شێوە ئەدەبییە، کە جەمیل سائیب بۆ داڕشتنى “لە خەوما” بەکاریهێناوە، بریتییە لە “حیکایەتخوانى” کە لە ترادیسیۆنى ئەدەبیی وەرگرتووە و هاوکات لە شێوە خۆییەکەیدا، وەک ئەدەبێکى نوێ، لە ترادیسیۆنى دوورخستۆتەوە. چۆن حیکایەتخوان لەنێو دانیشتوانێکدا حیکایەتێک دەگێڕێتەوە و بە “هەبوو نەبوو کەس لە خوا گەورەتر نەبوو” سەرەتا دەگرێت، بە هەمان شێوە جەمیل سائیب بە ڕستەی “خوا بە خێرى بگێڕێ” دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەى دەکات. لێ ئەوە چیرۆکێکی ئەفرێنراوی خۆییە کە ئەو دەیگێڕێتەوە، چونکە نووسەر، سەرەڕاى بەکارهێنانى شێوەی حیکایەتخوانى، ڕاستەوخۆ “من”ى دەردەبڕێت، واتا بیرى لەوە نەکردۆتەوە کە بۆ نموونە حیکایەتێکی هاوشێوەی “خورشید و خاوەر” بگێڕێتەوە و هەوڵ بدات بە دانانی پەندی جیاواز هۆشی خوێنەر بۆ هزرین ببزوێنێت.

دوورخستنەوەى هونەریانەى “لە خەوما” لە ترادیسیۆن بەوەدا رووندەبێتەوە، کە حیکایەتخوانى بریتییە لە ئێپیک (ملحمە) و دەشێت چەند دە ساڵێک لە ڕەوتى دوو یان سێ سەئاتی گێڕانەوەدا ڕەت ببن، لێ “لە خەوما” فۆرمێکى کاتدارى داخراوى هەیە و جەمیل سائیب کاتەکەى زۆر گونجاو دیارى کردووە: ڕۆژێک و شەوێک ڕێبڕینى کاروان بەبێ هیچ چەڵەمەیەک هەتا سەر سنوورى وڵاتى مەبەست، ئەمەش بە داڕشتنێکى کورت؛ ئەوجا لەسەر سنوورەوە رۆژێک رێگەبڕینى پڕمەترسى، هەتا کاروان لە تاریکیى ئێوارەدا بە کەنار شارى مەبەست دەگات؛ چیرۆکەکە لێرەوە بەرەو هەڵچوونى پتر دەڕوات؛ دواى شەوێک مەترسیەکانى کابراى هەژار پتر پەرەدەسێنن؛ ئەم بەشە کەمێک لە قۆناغى ڕێبڕینەکە درێژترە؛ ئەوجا کێشەکە رۆژى داهاتوو لە ماوەیەکى کەمتردا لە شەوێک ئالۆزتر دەبێتەوە، چیرۆکەکە بەرەو هەڵچوونى پتر دەڕوات و هەژار لە ماڵى حوکمدار دیل دەکرێت؛ ئەم بەشە درێژترین بەشە و هەر لێرەش خەونەکە، واتا چیرۆکەکە بە دوا هەڵچوونى بارى هەژارى دیلکراو و ئەشکەنجەدانى، کۆتایى دێت.
بە هەر حاڵ، چیرۆکی “لە خەوما” ستروکتورى زیندەخەوى پێدراوە. بۆیە ئەم جۆرە چیرۆکە لە بەراورد بە شێوازەکانى بەدیهێنانى ئەدەبیی ئەو سەردەمە نوێیە، واتا: سوودى خۆیى لە فۆرمە ئەدەبییەکانى ترادیسیۆن و وەرگۆڕینیان لە بەرهەمێکى نوێدا.

پرسیارێک پەیوەند بەم چیرۆکەوە ئەوەیە کە بۆچی جەمیل سائیب “خەون”ێکی وەک داڕشتنی چیرۆکەکەی هەڵبژاردووە؟ سەرەتا ئەوە ئاشکرایە کە جەمیل سائیب هێندە ڕۆشن ڕەفتاری حوکمدار و دەستوپێوەندە سادیستەکانی ئەوی داڕشتووە، کە ئیدی ناتوانین ببێژین، گۆیا ئەو ویستوویەتی بە گێڕانەوەی خەونێک مەبەستی خۆی بشارێتەوە. ئەمە بە ڕاستی وەڵامێکی ئەبزوردە، چونکە چیرۆکنووس زۆر ڕۆشن هەڵوێستی خۆی دیاری کردووە، ئەو ڕۆشنییەش تەنانەت زۆر خوێنەری بۆ حوکمێکی یەکلایەنی بردووە، کە گۆیا هەڵدانەوەی چییەتیی شێخ مەحمودی ئوزورپاتۆر (موڵکداگیرکەر) مەبەستی ئەو بووە.

ئێمە گەرەکە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە سەرلەنوێ لە مۆتیڤی جەمیل سائیب بڕوانینەوە. وەک لە سەرەوە گۆتمان، مۆتیڤی ئەو لە نووسینی ئەم چیرۆکەدا ئەوەیە کە تەنینەوەی بێدادی و بێویژدانی لە ژینگەی خۆیدا دەربخات، ئەمەشی خستۆتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە. لەم ڕوانگەیەوە ئاشکرایە، کە لەبەر ئەوەی تەنیا خەون سەرجەم سنووری کات و فەزای جیهانی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەوا دیلکردنی کابرای هەژار لە ئۆدەیەکی ماڵی حوکمداردا هیچ پرسیارێکی لۆگیکی سەبارەت بەوە ناهێنێت کە بۆچی جەمیل سائیب کابرای هەژار لەو جێیە دەگیرسێنێتەوە. ئاخر ئاشکرایە گەر وڵاتێک پاسەوانی سنوور و چەکدار و مەئموری هەبێت، ئەوجا حوکمدارێک لە لوتکەی قەوارە سیاسییەکەیدا خۆی ببینێتەوە، ئەوا بە سانایی دەشێت گریمانەی ئەوەش بکرێت کە لەو وڵاتەدا، یان لە پایتەختی ئەو وڵاتەدا لایەنی کەم گرتووخانەیەک هەیە و چەکدارەکانیش دەبێت هەژاری دیلکراو بۆ ئەوێ بەرن. لێ بە گیرساندنەوەی کابرای هەژار لەو ئۆدە پەنجەرە دارەی ماڵی حوکمدار دەرفەت دەڕەخسێت کە ئەو لەوێوە نەک تەنیا گوێی لە ئاخافتنەکانی دەسەڵاتداران بێت، بەڵکو تەنانەت دەتوانێت لە پەنجەرەکانییەوە بییان بینێت. ئەمە چاکترین ڕێیە بۆ فەزحکردنی حوکمدار و نوێنەرانی ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانە کە خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن.

لێ ئەمە واتایەکى ئەوتۆ ناگەیەنێت، کە جەمیل سائیب لە چیرۆکە هونەرییەکەیدا یەکلایەنییە، وەک چۆن هەندێک قەدیمی لە ئەقڵییەتی کوردیی پینەکەری مێژووەوە دەبێژن، کە گۆیا ئەو کینی لە حوکمدارییەکەی شێخ مەحمودی موڵکداگیرکەر هەڵگرتووە. لە بنەڕەتدا جیهانى سیاسى لە ڕوانگەى هەموو نووسەرێکی یان هونەرمەندێکى ،،ڕاستەقینە،،وە تەنیا جیهانى بەرژەوەندییە، جیهانى ماچ و پاشقولە، واتا ئەو جیهانەیە کە نەشیاوە هیچ نووسەرێکی یان هونەرمەندێکى مەزن بتوانێت بۆ سەندنى رەزامەندیى دەرەکی بیڕازێنێتەوە. ڕازاندنەوەی پیوەندییەکانی دەسەڵات، ستایشکردنی زۆرداران وەک پاڵەوانی گەل، کردنی زۆردارە مردووەکانی ڕابوردوو بە نەمر، لە بنەڕەتدا کاری نووسەرانی ئاستنزمە کە گەر بەرهەمی بەو چەشنەیان تەنانەت لە ڕووی ئەدەبییەوە سەرکەوتوو بێت، سەرەڕای ئەوە تەنیا شایانی ئەوە دەبێت ناوی ئەدەبی نزمی لێ بنرێت.

نووسەرێکى مەزنى وەک جەمیل سائیب نەشیاوە بتوانێت پەیوەندییە سیاسییەکان بڕازێنێتەوە، بۆ نموونە هەڵوێستێک “بۆ خاترى گەلەکەى” (!) وەربگرێت “تاکو بێگانە بەو گەلەی خۆش نەکات” (!!)، ئەوجا زۆرداران و موڵکداگیرکەران بکات بە پاڵەوانی گەل، بەمەش کییچێکی (Kitsch) سادەى سەر بە ئەدەبی نزم بهێنێتە ئاراوە، واتا پەخشانیانە هەستی هەڵئاوساو بهۆنێتەوە و زۆرداران بکات بە “نەمر”! نەخێر، کینى پسیکۆلۆژیانە جەمیل سائیبى نەتەنیوە، بەڵکو ئەو لە وڵاتێکی تەنراودا بە بێدادى و بێویژدانی، خوازیارى داد و ویژدانە. ئەو لە داڕشتنی چیرۆکەکەیدا هێمن و ئارامە و ڕاستەوخۆ بەدووى ڕستەى “خوا بەخێرى بگێڕێ”دا سەرەتاى چیرۆکەکەى دەدات، لێ بەبێ هەڵچوون و داچوونى پسیکۆلۆژییانە (ئەو ڕەوشانەى لێدەربچێت کە نووسەرى هۆش لە جیهان دابڕاو هانا بۆ ئاسمان دەبات) و هەروەها بەبێ وشەسازیى پلاستیکى. هۆشى بابەت فۆرمێنەر و زمانى ڕیالى ڕۆژانە “ى ئەو سەردەمە” بە شێوەیەک یەکدییان تەنیوە کە ئیدی نزیکەى نەشیاوە لە یەکدی جیابکرێنەوە.

لێ جەمال بابان کە بە بڵاوکردنەوەى چیرۆکی “لە خەوما” کارێکی مەزنی ئەنجامداوە، خۆى لە کارکردنى ئەدەبى هەڵقورتاندووە و دەبێژێت: خەونبین دەبووایە لە خەونەکەى بێدار ببوایەتەوە! ئەم جۆرە هەڵوێست وەرگرتنە زۆر جێی سەرنجە. پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە، کە ئایا ڕاڤەکارێک یان تەنانەت ڕەخنەگرێکی ئەدەبی چە هەقێکی بەسەر ئەفراندنی ئەدەبیی نووسەرێکەوە هەیە؟ ئایا چۆن ڕاڤەکارێک یان ڕەخنەگرێک دەوێرێت بە نووسەرێک یان هونەرمەندێک ببێژێت، کە گەرەکە ئەم یان ئەو ڕێیە بگرێتە بەر و ئەم یان ئەو ئەنجام بخاتەوە؟ ئەمە لە بنەڕەتدا خۆهەڵقورتاندنێکی زۆر نابەجێیە لە کارکردنی ئەدەبی و هونەری. لە بنەڕەتدا ڕەفتارێکی یاساغە.

بێگومان ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا دەبینین، کە کەسان هەن و بۆ نموونە هونەردۆست نین، کەچی دەچن بۆ پێشانگە، ئەوجا ڕوودەدات کە لەوێ دەبن بە مایەی سەغڵەتی بۆ هونەرمەندەکە: “ئەرێ کاکە ئەو هەموو ڕەنگە مۆرەت بۆ بەکارهێناوە؟”؛ یان ڕوودەدات کە مرۆڤ نە خوێنەرە و نە لە ناخییەوە بزواوە بۆ کۆششی خۆپێگەیاندن، کە ئیدی بتوانێت پەیوەندییەکی ڕەخنەیی لەتەک کایەی نووسینی هزری و ئەدەبیدا بهێنێتە گۆڕێ، بە کورتی، مرۆڤی بەم چەشنە کە گەر تەنانەت بڕوانامەدار بێت، هێشتا هەر کەسێکی سادەی کۆمەڵایەتییە، کەچی لە خۆیەوە لەسەر نووسین یان تەنانەت فەلسەفە دێتە گۆ! گومانی تێدا نییە کە پێویستە ئەم جۆرە سنووربڕینە خۆییانە لە ڕوانگەی ئێستێتیکی و ئەدەبناسی و هونەرناسییەوە وەڵامبدرێنەوە. جگە لەوە ئەم جۆرە سنووربڕینانە لە بنەڕەتدا کێشەی لایەنەکانی وەرگرتنی ئەدەب و هونەرن، وەرگرتنیش ئەخلاقێکی تایبەت ی وەرگر (لێڕوانەر، خوێنەر) پێویست دەکات کە مۆرکە کرۆکییەکەی ئاگاییەکی ڕەخنەیی نێویەکییانەی وەرگرانە بەرانبەر لایەنی ئەفراندنی ئەدەبی و هونەری وەک لایەنی بەرهەمهێنان، ئەوەش بەبێ بەدئاکاری خۆهەڵقورتاندن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان. لێ مەسەلەکە بەڕاستی ستەم دەبێت، گەر ئەو جۆرە ئەقڵیەتە ناوبراوەی سەرەوە بە چالاکی لە بواری توێژینەوە، ڕاڤەکردن یان ڕەخنەی ئەدەب و هونەردا دیاربدات. لەم جۆرە هەڵوێستەدا بەڕاستی کەمایەسیی ئێستێتیکی و مەئریفەی ئەدەبی و هونەریی کەسەکە دەردەکەون.

جگە لەوە گەر نووسراوێک ئەدەب نەبوو، ئەوا هەرگیز نابێت بە ئۆبژێکتی ڕاڤەکردن یان ڕەخنەلێگرتن. ئاخر ڕەخنە لە نائەدەب ناگیرێت! تەنیا ئەدەب، وەک نووسینی هونەرییانە بەدیهاتوو، بەڕێی فۆرمی خۆیەوە دەئاخڤێت. بەمەش یەخەی خوێنەر / توێژەر دەگرێت و ئادۆرنۆ واتەنی داوای لێ دەکات مەتەڵەکەی نێوی هەڵبهێنێت! جەمال بابان دەیەوێت بەو دەربڕینە ببێژێت کە چیرۆکی “لە خەوما” تەواو نەبووە! ئێمە ناڕاستیى ئەم جۆرە تێڕوانینەمان لەسەرەوە بە دەرخستنی فۆرمە کاتدارە داخراوەکەی “لە خەوما” پێشاندا و بۆیە ڕووى تێناکەینەوە.

جەمال بابان هاوکات پێناسەیەکی ئەوروپیانەى بۆ “لە خەوما” وەرگرتووە. ئەو دەبێژێت، گۆیا ئەم چیرۆکە سەر بە ڕیالیزمى ڕەخنەییە. لەم پەیوەندییەدا بەراوردێک بە ئیحسان فوئاد، کە “مەسەلەى ویژدان”ى ئەحمەد موختار جافی بڵاوکردۆتەوە، پتر نزیکمان دەخاتە لە شێوەی پەیوەندیی قەدیمییەکان بە ئەدەب و هونەرەوە، چونکە ئەو بەڕێزەش هەمان پێناسەی بۆ “مەسەلەی ویژدان” بەکارهێناوە. ئێمە لێرەوە دەگەین بەو تێڕوانینە، کە ئەو جۆرە خواستنەی ڕێبازە ئەدەبییە ئەوروپییەکان بە گشتی هەڵوێستێکى هۆشەکییە لەنێو قەدیمییەکاندا، جگە لەوە نەشیاو نییە کە لەژێر کاریگەریى ئەو مارکسییەتە هەڕەمەکییەدا (نەک هزری مارکس!) نەهاتبێتە ئاراوە کە لە ئێراق باو بوو. بە هەر حاڵ، ساغکردنەوەى کێشەیەکى بەم چەشنە بابەتى ئەم نووسینە نییە، بەڵکو هینى کەسێکە کە لەبارەى مێژووى ئەدەب و هونەر دەنووسێت.

لێرەدا ئەوەندە دەبێژین، کە دەبێت جیهانبینیی نووسەر یان هونەرمەند بۆ هەر پێناسەیەکی ئەدەبەکەی یان هونەرەکەی ڕەچاو بکرێت. جەمیل سائیب لە داڕشتنى چیرۆکە هونەرییەکەیدا لە هێزێکى خاوێنى ئەزەلی و بنەما مۆرالییەکانی ئەو هێزەوە سەرچاوەى گرتووە. ئارامیى مێتافیزیکی و نائارامیى جیهانى مێژوویى، جیهانى هزرى جەمیل سائیبن، ژێرکەوتنى چاکە و سەروەریى خراپە کێشەى ئەون، بۆ ئەم پرسەش گەرەکە بیر لە تێگەیەکى گونجاو بە هزرى ئەو بکرێتەوە. لە بنەڕەتدا گەرەکە جەمیل سائیب بخرێتەوە نێو ترادیسیۆنە ئەدەبییەکەی مەلای جزیری و خانی و هاوشێوەیان، ئەوجا گەرەکە بۆ ئەم ترادیسیۆنە ئەدەبییە ناوێکی تایبەتیی کوردیی پابەند بە جیهانبینیی هۆزانڤان و نووسەرەکانەوە “هەڵبهێنجرێت”، نەک لاساییکەرەوانە تیگەی “کلاسیک”ی ئەوروپیانەی بۆ بخوازرێت و بەزۆر بەسەر نووسینە ئەدەبییەکانی ئەو ترادیسیۆنەدا بسەپێنرێت.

—————————-

سەرچاوە:
جەمیل سائیب. لەخەوما. پێشکەشکردن و لێکۆڵینەوەى جەمال بابان. بەغدا، ساڵى 1975.

تێبینی

– ئەم نووسینە یەکێکە لە بابەتەکانی نووسەر لە کتێبی “لەتەک فێنۆمێنە ئەدەبییەکاندا”، بیر و هوشیاری، سلێمانی 2006. نووسینەکە لەم شێوەیەی بەردەستدا کاری تێداکراوەتەوە و سەرلەبەر گۆڕراوە.
– وەک ئەمانەتی ئەدەبی سیتاتەکان (ئیقتیباسەکان) وەک خۆیان دراونەتەوە.
ک.ج.




رۆمان … لە ئۆکتۆبەردا کوژرام … نیهاد جامی


“رۆمان”

لە ئۆکتۆبەردا کوژرام
نیهاد جامی …

بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کلیکی ئێرەبکەن …..




رەخنەو ململانێ … تاهیر ڕەحیم

هەمووکۆمەڵگایەک لەسەر دوو بنەما گەشە دەکات. یەکێکیان رەخنەیە ئەوی تری ململانێیە.
رەخنەو ململانێ لە کایە سیاسی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، پیشەسازی، بازرگانی و پەروردەییه‌كان.
لە کۆمەڵگا پیشکەوتووەکان، بۆ نمونە ئەڵمانیەک نادۆزیتەوە سەنای حکومەت بکات، هەموو رەخنە دەگرن.
کاتێک حکومەت شتێکی باش دەکات پێویست ناکات دەستخۆشی لێبکەیت، چونکە یەکەم ئەوە ئەرکی حکومەتە دووهه‌م لە گیرفانی سەرۆک و وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکان خەرجی پرۆژەکان دەرناهێنراوە.

گەڕ کەسێک لە پارەی خۆی تەختەرەشێک بۆ قوتابخانە بکڕێ یان قەڕەوێڵەیەک بۆ نەخۆشخانە بکڕێ، بێگومان جێگای دەستخۆشی و باسکردنە. خۆبەخشانە بەو کارە هەستاوە. هەروەها ئامانج لەسەناو باسکردن بۆ ئەوەیه‌ نموونەیان زۆربێت. بەداخەوە لەناو دەسەڵاتێکی گەندەڵ و تێکشکاوی وەک هەرێم، ژمارەی گەندەڵکاران چەنده‌ زیادبکات، ئەوەندە ژمارەی خۆبەخشەکان کەمدەکات. چوونکە کێشە هەر لە گەندەڵیەکە نیە، بەڵکو خەڵک متمانەو ئومێد لەدەستدەدات.

حکومەتێکی وەک هەرێمی كوردستان کەتەواوی جەستەی لە گەندەڵی و لە شکستدا نوقم بووە، بۆ دەبێت ستایش بکرێ؟ میللەتی وشیار رەخنە دەگرێ نەک ستایش.
دووهه‌م ململانێ لەنێوان کایەکانی ژیان دەبێتە هۆی ئەوەی کە باشترو بەرەو پێشەوە بڕوات، لەئەوروپا تەنانەت ململانێی لەنێوان نەخۆشخانەکان، زانكۆكان و قوتابخانەکانیشدا هەیە.
کە ململانێ لە نێوان بازرگانەکان هەبوو، دەبێتە هۆی ئەوەی هەر بازرگانێک شت و مەکی باشترو هەرزان بهێنێ بۆ ئەوەی زوو ساخبێتەوە، نموونەیەکی سادە تر، لەگەرەکێک گەر یەک سوپەرمارکێتی لێبێت، ئەوە بە ئارەزووی خۆی نرخ لەسەر شمەکەکانی دیاری دەکات. شت و مەکی هەرزان و خراپ دەهێنێ. چوونکە سوپەرمارکێتێکی تر نیە ململانێی بازاڕی لەگەڵ بکات. خەڵکییش ناچارن بیکڕن.

بەڵام گەر چەند دوکانێکی لێبێت، بێگومان هەموو هەوڵی ئەوەدات نرخەکان گونجاوبێت بۆ ئەوەی زۆرترین کەس لای ئەو بازاڕی بکەن. ئەمە پیی دەڵێن بازاڕی ئازاد….
بەڵام لە کوردستان نەک بازاڕی ئازاد نیە بەڵکو بازاڕ لەلایەن چەند بازرگانێکەوە کە هەموویان سەر بەو دوو بنەماڵەن قۆرغکراوە. هه‌ر ئه‌وه‌ش هەموو جۆرە ململانێیەکی کوشتوە. قۆرغکردنی بازاڕ دەبێتە هۆی ئەوانەی شارەزایی و توانیان لە بوراێکدا هەیە، بواری ئەوەیان نەبێت تواناکانیان بخەنە گڕ. واتا بازرگانی و بواره‌كانی تریش لەنێوان دەستەیەکی گەندەڵدا قەتیس دەبێت.

ئەم دوو بنەماڵەیە چوونکە بەرژەوندیە بازرگانیەکانیان پێکەوەیە، لەبەر ئەوە بەناچاری لەباری سیاسیشەوە پێکەوەدەبن. چوونکە لاوازی بنەماڵەیەکیان دەبێتە هۆی لاوازی ئەوی تریان جا گەر لەهەندێک هەڵوێست هەندێک جیاوازیان هەبێت بەڵام لە کۆتایدا بەرژەوەندیەکانیان وادەخەوازێت پێکەوە بن.
لە دوایی ۱٦ ئۆکتۆبەرو رادەستکردنی نیوەی خاکی باشوری کوردستان بە حکومەتی عێراق، دوایی ئەو هەموو سوکایەتیە بەیەکتری، هێشتا پێکەوە کار دەکەن و پلان دادەنێن. لەبەر ئەوەی خواستی بەرژەوەندیە ئابوریەکان وا دەخوازێت.
نەبوونی ململانێ بووتە هۆی ئەوەی كه‌ ئەو دوو بنەماڵەیە ۲۷ ساڵ تەنها شکست و گەندەڵی بۆ خەڵکی کوردستان تۆمار بکەن.




كۆتایی دونیا 1916 … ڕیچارد هۆڵزنبك …. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

كار لەم دونیایەدا
بەم بارە كەوتووەتەوە ،
مانگا بەسەر دارتێلی تەلەفۆنەوە
چوارمەشقی دانیشتووە شەترەنج دەكا ..
باڵدار ،
لەژێر تەننوورەی
سەماكەرە ئیساپانییەكاندا
وەك شەیپوورژەنی
بنكەی سەركردایەتی
بە خەمگینی دەخوێنێ ‌ ..
دەسكی زەنگ ،
بە درێژایی ڕۆژ دەلەرێتەوە ..
ئا ئەوەیە كێڵگەی وەنەوشە
كە موختاری بەڕێز باسی دەكا ،
كاتێ‌ چاوێكی لە دەست دا ..
تەنێ‌ فەرمانگەی ئاگركوژێنەوە دەتوانێ‌
مۆتەكە لە دیوەخان دەربكا ..
بەڵام هەموو سۆندەكانی ئاو كار ناكەن !

ئای هەی سۆنیا !
گشتیان ،
لەباتی منداڵان ،
پڕیان داوەتە
بووكەڵۆكەی سلیلۆز و
ڕۆیشتوون هوتاف بكێشن :
خوا پاشا بپارێزێ !‌
یانەی یەكتاپەرستان هەموویان
بەسەر كەشتی (مایربیر)ـەوەن
كەچی تەنیا كەشتییەوان
هەندێ‌ شت لە ئاوازی ( دۆ ) دەزانێ ..

من ئەتڵەسی توێكاری ،
لە پەنجەی پێم دەكێشمەوە ..
كەچی خێرا
توێژینەوەیەكی بەڕاستی دەست پێ دەكا
(ماسی)تان دیوە
بەدرێژایی دوو ڕۆژی ڕابردوو
بە پارچە پارچەیی
لەپێش ئۆپیرادا وەستاوە ؟

ئاه ..
ئاه ئیبلیسە بە ترسەكان !
ئاه .. ئاه .. هەنگەوان !
ئەزبەركەری دە ڕاسپاردەكە و
كەوانەی هوس هوس ..
هەروا بو وو
كە ئەمڕۆ نازانێ‌
(هۆمیرۆس)ی باوكمان چی نووسیوە ..
من شەڕ و ئاشتی دەگرم
لە كاتێكدا جل وبەرگی زانكۆم پۆشیوە
بەڵام گێلاس دەكۆڵم ..
كەس نازانێ‌ ئەمڕۆ
ئەگەر سبەینێ‌ نەبێ‌
ئەوان بە لەپی دەست لە كات دەدەن
ئەگەر كەسیان دەمارێكی بەهێزی هەبێ‌
مووی كلكی
ئۆتۆمبیلێكی بارهەڵگر دەركێشێ‌
ئەوە سەردەمێكی ناوازەیە .
مامۆستایانی زیندەوەرزانی
لە كێڵگەدا كۆدەبنەوە و
بە لەپی دەستیان ،
پەلكەزێڕینە دەگەڕێننەوە ..
جادووگەری مەزنیش
تەماتە لەسەر نێوچەوانی دادەنێ ‌ ..
جارێكی دی سەردانی قەڵا دەكەی و
بە بیابانە فراوانەكاندا دەسووڕێیەوە
ئاسك هاوار هاواریەتی و
ئەسپ قیت دەبێتەوە
) ئا ئەوەیە جیهانی ئێمە
ئەمەش هێشتا وەختی ماوە ( .

(*)ریچارد هۆلزنیك : یەكێكە لە دەستەی دامەزرێنەرانی بزاڤی دادا .
برِوانة : طؤظارى ( الشعر 69 ) ذمارة 3 تةمموزى 1969 ضاثخانةى دةزطاى ( الجمهورية ) بةغدا .




زمان و ناكامڵی سیاسیی … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كتێبی هه‌ولێر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژوانگه‌یه‌كی به‌یه‌كگه‌یشتنی خوێنه‌ر و كتێب و خوێنه‌ر و نووسه‌ران و نووسه‌ران و كتێب و نووسه‌رانه‌ له‌ نێوان خۆیاندا، بازاڕێكی ڕۆشنبیری و كولتووره‌ جوداكانه‌، پێشانگه‌ی هه‌ولێر خه‌ریكه‌ وه‌ك دابێكی ڕۆشنبیری و نه‌ریتێكی كولتووری له‌ نێوماندا ده‌چه‌سپێ‌. من ناچمه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ ئابووری و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ بازاڕیه‌ بزنسییه‌كه‌ی به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌رچۆنێك و هه‌رچییه‌ك بێ‌ ئه‌م دیارده‌ ڕۆشنبیرییه‌ ئه‌رێنییه‌ وه‌ك جه‌ژنێك بۆ كتێب و نووسه‌ران و خوێنه‌ران ده‌ركه‌وتووه‌ و ده‌رده‌كه‌وێ‌.
ڕۆژانه‌ له‌وێ‌ بووم، نزیكه‌ی (20) كتێبم كڕی، له‌ بابه‌تی سایكۆلۆژی و ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و زمان، دوو كتێبی زۆر گرنگم له‌ بواری زمان و سیاسه‌تی زمان و بایه‌خی زمان وه‌ك توخمێكی بنچینه‌یی له‌ پێكهێنانی نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و ده‌وڵه‌ت و هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی دیكه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دۆزینه‌وه‌.

زمان هه‌ر به‌ته‌نها بوار یا بابه‌تێكی لینگویستیك و فیلۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی به‌ بابه‌تێكی زۆر سایكۆلۆژی و دواتر سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانرێ‌، هیچ ڕێچكه‌ و ڕێبازێكی ده‌روونی خۆی له‌ بایه‌خی زمان نه‌ لای تاك و نه‌ لای خێزان و نه‌ لای كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ لای نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌ت نه‌دزیوه‌ته‌وه‌، زمان بابه‌تێكی هه‌ره‌ له‌ پێشی ده‌روونزانییه‌، هه‌ر له‌ ده‌روونشیكارییه‌وه‌ تاوه‌كو دوا میتۆد كه‌ سایكۆلۆژیای گه‌شه‌سه‌ندنه‌(داریونیزمی ده‌روونی) و له‌ گه‌ڵیشیدا پۆزێتیف سایكۆلۆژیی. سایكۆلۆژیا به‌ر له‌ هایدگه‌ر زمانی به‌ (ماڵی وجوود) زانیوه‌، سیگمۆند فڕۆید به‌ میتۆدی به‌دوایه‌كداچوونی وشه‌كانWord association ده‌چووه‌ نێو قوڵایی نه‌ستی تاك و مێژووی ژیانی ده‌روونی ئه‌و، ئه‌م میتۆده‌ له‌ ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌ كاری خۆی ده‌كات و شۆڕبوونه‌وه‌شی بۆ تاریكایی نه‌ست كه‌ ئه‌مبارێكی پڕاوپڕی زانیارییه‌ شاردراوه‌ و چه‌پاوه‌كانه‌ هه‌ر چوونه‌ نێو زمان و دۆزینه‌وه‌ی نه‌زانراوه‌كانی هۆشه‌.

ژان پیاژێ‌ بۆ گه‌شه‌ی مه‌عریفی لای منداڵ و قۆناغه‌كانی سه‌رووتردا زمانی وه‌ك بونیادێكی هه‌ره‌ چالاكی نه‌خشه‌ مه‌عریفییه‌كانی مرۆڤ ده‌زانی، لای ئه‌و زمان به‌ستراوه‌ی ناسین و زانینه‌، له‌ ئێبیستیمۆلۆژیاكه‌ی خۆیدا كه‌ ناوی “پێكهاته‌یی” لێناوه‌ پیت و وشه‌كانی زمانن ورده‌ ورده‌ ده‌بن به‌ بونیاده‌ مه‌عریفیه‌كان و زه‌خیره‌ی زانینی مرۆڤ به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌به‌ن.
دواتر لای جاك لاكان زمان جێگه‌ی نه‌ست ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ته‌واوی مرۆڤ له‌ نێو زماندا هه‌ڵده‌سووڕێت و هه‌ر له‌ نێو ئه‌ویشدا گه‌شه‌ ده‌كات و ده‌ناسرێت، زمان سیستمێكی ئاڵۆزی سیمبولیكیه‌ و به‌ وریاییه‌كی زۆره‌وه‌ له‌وێدا وێنه‌ جوداكانی له‌ هه‌ڵوێست و زه‌مه‌ن و قۆناغه‌ جوداكان پارێزراون و له‌ هه‌لی جیاجیاشدا ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌.

زمان ئه‌گه‌ر كه‌ره‌سته‌ی بونیاتنانی مرۆڤ یا تاك بێ‌ و ده‌ركه‌وتی به‌رخوردی به‌رده‌وامی تاك و كۆمه‌ڵ بێ‌ له‌گه‌ڵ شوێن له‌ زه‌مه‌نی جیاجیادا و هه‌م زه‌مه‌نه‌كان و هه‌میش شوێنه‌كان له‌ ڕووی تایبه‌تمه‌ندییه‌ جوداكانی نێوانیاندا له‌یه‌كتر نه‌چن، چۆن چۆنی زمان له‌ هاوكێشه‌ی درووستكردنی مرۆڤ و پێگه‌یاندنیدا وه‌لاوه‌ ده‌نرێت؟، بایه‌خی زمان هه‌ر به‌ته‌نها له‌ مافه‌ كولتوورییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان كورت ناكرێته‌وه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد له‌ بونیادی سایكۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژیی تاك و گروپ و كۆمه‌ڵگه‌كاندا ده‌بێته‌ بنه‌ما یا بنچینه‌ی یه‌كه‌م له‌ نێوان دوو بنه‌مای تر كه‌ مێژووی هاوبه‌ش و خاكی هاوبه‌شن.

مێژوو له‌ بابه‌تی نه‌ته‌وه‌ یا گه‌ل یا كۆمه‌ڵگه‌دا ڕه‌هه‌ندی زه‌مه‌نمان بۆ ده‌رده‌خا كه‌ لای خۆیه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی جوله‌ و چالاكییه‌كانی تاكه‌كان ده‌كات و كولتوور به‌رهه‌مدێنێ‌، خاكیش ڕه‌هه‌ندی شوێن ده‌ستنیشان ده‌كات و ده‌بێته‌ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كولتوور له‌وێدا ده‌چێنرێت و پێبه‌پێ‌ به‌ خزمه‌تكردن و ئاودانی نه‌شونما ده‌كات.
كولتوور وه‌ك ڕه‌هه‌ندی زه‌مه‌ن و خاكیش وه‌ك ڕه‌هه‌ندی شوێن له‌كارلێكی نێوانیاندا زمانێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان دێننه‌ ئارا له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا زمانی دایك یا زمانی ڕه‌سه‌نی پێده‌ڵێن، به‌بێ‌ زمان ئه‌م كارلێكه‌ له‌ نێوان زه‌مه‌ن و شوێن ڕوونادات، چون نه‌ زه‌مه‌ن بێ‌ زمان مێژوو ده‌نووسێته‌وه‌ و نه‌ شوێنیش بێ‌ زمان ده‌بێ‌ به‌ وێنه‌ی جودا جودا و له‌ زه‌ین و هۆشی تاكه‌كاندا ده‌چه‌سپێن.

زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كولتووره‌كه‌یه‌تی، به‌خێو نه‌كردنی زمان به‌ڕه‌ڵاكردنی كولتووره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێ‌ به‌ نێچیرێكی سانا بۆ كولتووره‌ به‌هێزه‌كانی ده‌وروبه‌ری، زمان سه‌رمایه‌یه‌كی سیمبولیكی كولتوورییه‌ و نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵه‌ ئیتنیكییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی هه‌ر سیمبولێكه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی خستۆته‌ سه‌ر ئه‌م كولتووره‌، هێما و ئاماژه‌كانی كولتوور له‌ ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای خۆیانه‌وه‌ نه‌هاتوون، ئه‌گه‌ر هاتبیشن سانا ده‌ناسرێنه‌وه‌، به‌یه‌كگه‌یشتنی كولتووره‌كان ده‌بێ‌ به‌ سیاسه‌تێكی زمانناسانه‌ و زمانزانانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێ‌ و هاوسه‌نگی له‌په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماتیكییه‌كانی نێوان نێوه‌نده‌ سیاسییه‌كان بپارێزێ‌، نه‌پاراستنی هاوسه‌نگیی شكست و پاشه‌كشه‌یه‌كی كولتوورییه‌ كولتوورێكی بێهێز به‌رانبه‌ر به‌هێزێك ده‌یگرێته‌ به‌ر.

نه‌نرخاندنی زمانی كوردی و به‌كه‌مناسینی له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر زمانێكی دیكه‌ی دنیا به‌تایبه‌ت زمانی ئینگلیزی كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵای ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌دبه‌خت و به‌سته‌ زمانه‌ی خۆمان زه‌ق بۆته‌وه‌، كه‌وتنه‌ ته‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه‌ و كاره‌كته‌ره‌ به‌رپرسه‌كانی نێو ئه‌م دوو ئۆرگانه‌ وه‌ك دوو ئۆرگانی دژ به‌رانبه‌ر زمانی كوردیی كه‌وتوونه‌ته‌ كار و به‌ بڕیار و ڕێنمایی كه‌ڵه‌گایی زمانی ئینگلیزی ڕاده‌گه‌یه‌نن و زمانی خۆمان كه‌ نزیكه‌ی 30 ملیۆن كه‌س پێی ده‌دوێن به‌ شایانی به‌كارهێنانی ئه‌كادیمی نازانن.
ڕاسته‌ زمانی كوردی ستانداریزه‌ نه‌كراوه‌ و هیچ هه‌وڵێكی سیاسیش له‌و سیاسییه‌ ناكامڵانه‌ نابینرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك توخمێكی بنه‌ما له‌ پێكهاتنی ستاتوویه‌كی باوه‌ڕپێكراوی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌ربخرێ‌، به‌ڵام كوردیی زمانێكی به‌رگریكار بووه‌ له‌ مانه‌وه‌ی خۆیی و تاوه‌كو ئێستا به‌ بێ‌ بوونی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌ر له‌نێو قه‌واره‌ و جوگرافیای ئه‌تنیكی خۆماندا ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌كه‌وتووه‌.

زمانی زیندوو و به‌رقه‌راری وه‌ها نه‌ك توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ هاوڕێ‌ بێ‌ له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌مڕۆ، به‌ڵكو توانای هه‌رچی ورده‌كاریی ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه‌ی له‌ بواره‌ هه‌ره‌ هه‌ستیار و زانستییه‌كان هه‌یه‌، من ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمدا ڕوویدابێت و له‌ هه‌رچی دنیا هه‌یه‌ شتی وا ده‌رنه‌كه‌وتبێ‌ چ پێویستیم به‌ چوارچێوه‌یه‌كی تیۆرییه‌ دێڕێكی له‌م كێشه‌یه‌ تیا نییه‌ بیخه‌مه‌ ڕوو؟ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌گه‌ر ته‌نها لای خۆمان ده‌ركه‌وتبێ‌ چ پێویستم به‌ پێوه‌ره‌ خۆرئاواییه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی كوردیم بۆ بپێون؟…….تاد.

زمانه‌كان هه‌موویان پڕیانه‌ له‌ وشه‌ و هه‌ر وشه‌ش نوێنه‌ری شتێكه‌ له‌ جوگرافیای بوونی ئه‌و شتانه‌دا، ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی زانستی و ته‌كنۆلۆژیشه‌وه‌ نه‌یتوانیبێ‌ هیچی بخاته‌ سه‌ر مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بیمرێنیت و بیخه‌یته‌ ڕیزی زمانه‌ مردووه‌كانه‌وه‌، مردنی زمان له‌ ئه‌نجامی دۆڕانه‌ كولتوورییه‌كانه‌وه‌ دێته‌ ئارا و كولتووری كوردیی ئه‌گه‌ر چی نوێنه‌رایه‌تی سایكۆلۆژییه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سته‌پاچه‌ ده‌كات و نه‌یتوانیوه‌ بچێته‌ نێو هزرینی زانستی و گه‌شه‌ی ته‌كنیكی و عه‌قلانییه‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستا ڕه‌فتاره‌ هه‌ڵچوونی و سۆزدارییه‌كانمان بۆ ده‌نووسێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ ئیجازه‌ به‌ هیچ كه‌س و گرووپێك نادا وه‌ك چۆن له‌ ڕووی سیاسیه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له‌ده‌ست دا، كولتووریش بكه‌ن به‌ قوربانی شكسته‌ سیاسیی و دیبلۆماتیكییه‌كانیان.

زمانی كوردی په‌رته‌وازه‌یه‌ و به‌ باش به‌ڕێوه‌نه‌بردنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ململانێی گرووپگه‌ل و ناوچه‌گه‌رییه‌وه‌ نیشانه‌كانی شكست و چۆكدادان و شۆڕبوونه‌وه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵدێر به‌ ئاشكرا لێوه‌ده‌ركه‌وتووه‌، كلكایه‌تی سیاسیی بۆ نێوه‌نده‌ سیاسییه‌ زلهێزه‌كان كلكایه‌تی كولتووریشی بۆ ئه‌وان لێكه‌وتۆته‌وه‌ و به‌ خێرایی وا زلزمانه‌كان زمانمان ده‌به‌نه‌وه‌ نێو ده‌ممان و ورده‌ورده‌ ده‌یبڕن.

ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌ زمانی كوردی له‌ ده‌ستووری عیراقیدا كه‌ باشترینی خراپه‌كانی ناوچه‌كه‌مانه‌ وه‌ك ڕه‌سمیی چه‌سپیوه‌ و مۆركێكی ده‌ستووری و سیاسیانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی دنیا پێوه‌ لكاوه‌، كه‌چی كاراكته‌ره‌ حزبیه‌ كوردییه‌كان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر سایكۆلۆژیای هۆزگه‌ری و ماڵباتیی خۆیان ئه‌و زمانه‌ ته‌نها له‌ ئاستی جل و به‌رگ و نمایشی خۆبادان و نه‌ریتیانه‌ دا ده‌بینن و ئه‌و مانایه‌یان نه‌داوه‌تێ‌ توانای جوڵه‌ و پشكنینی له‌ هه‌رچی بواری ژیاندا هه‌بێ‌.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
• ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ زنجیره‌ی بابه‌ته‌كانی سه‌ر زمان و بایه‌خی زمانه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی كولتووریدا.




هونەر چییە؟ …. کاوە جەلال

هونەر لە فراوانترین واتادا چالاکییەکى مرۆڤە کە بەرهەمێک دەخاتەوە. ئەم چالاکییە هونەرییە بە کوردى ناو دەنرێت “وەستایەتى”. ئێمە هەروەها دەتوانین لە نووسینەکانى پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیسدا دیدى گریکەکان بۆ هونەر بخوێنینەوە. ئەوان لە “تێشنێ”ى، واتا لە هونەرى پاپۆڕسازى، پزیشکى، جەنگ، بیناسازى و هتد دەدوێن، کەواتە مەبەستى ئەوان وەستایەتییە بۆ دروستکردنى بابەتێک یان ئەنجامدانى پیشەیەکى وەک پزیشکى بە شێوەیەکى هونەرى. وشە ئەڵمانییەکەى هونەر (Kunst) لە توانستەوە (Können) وەرگیراوە و واتاکەى بریتییە لە: توانست بۆ سەروەربوون بەسەر کارێکدا.

گەر لە واتایەکى تەسکدا لە تێگەى هونەر بڕوانین، ئەوا دەبێت تێگەى وەستایەتى یان توانست پتر روونبکەینەوە، چونکە کێشەکە لەم پەیوەندیەدا دروستکردنى بابەتە زەرووریەکانى ژیان نییە، وەک خانوو، پێڵاو، پۆشاک و هتد، بەڵکو دروستکردنى بابەتگەلى ئەوتۆیە کە کاریگەرییەکى خۆیى (واتا: ئێستێتیکى) دەنوێنن یان گەرەکە بینوێنن. هونەر لەم حاڵەتەدا ناچێتە خزمەتى مەبەستێکى دەرەکییەوە، بەڵکو مەبەستەکەى لەنێو خۆیدایە، بەواتایەکى دى، ئەو خۆى مەبەستە.
لێ ئەم دیاریکردنە درشتەى سەرەوە تەنیا تا رادەیەک لە تێگەى هونەر نزیکمان دەخاتەوە. بۆ تێگەیشتنى وردتر لە هونەر پێویستە پاڵهێزى ئەم چالاکییە خۆمەبەستە دیاربهێنین. لە زۆرینەى ئێستێتیکەکاندا دەتوانین بخوێنینەوە کە هونەر چالاکییەکى ئافرێنەرانەى مرۆڤە و ڕەمەکیانە سەرهەڵدەدات. هونەر گرنگترین دەسوێژە بۆ خۆدەربڕین. بە هەر حاڵ، هونەر شتێکى ریالە، کەواتە بوونێکى سەربەخۆى لە هونەرمەند هەیە.

مۆرکى سەرەکیى کارى هونەرى، لە بەراورد بە بابەتە زەرووریەکانى ژیان، ئەوەیە کە دەبێت “جوان” بێت، جوانیش ئەوەیە کە مرۆڤ هۆشسام دەکات، کەواتە ئەو کارە رۆژانەیى نییە یان جیاوازە لە شتە ئاساییەکانى ژیان. جگە لەمە کاتێک لە پیشەى دەستیدا کەرەسەى دەرەکى (خشت و گەچ) وەردەگیرێت و بەڕێیەوە بابەتێک (خانوویەک) دروست دەکرێت، واتا بەدیدەهێنرێت، ئەوا لە حاڵەتى کارى هونەریدا بەدیهێنانمان نییە، بەڵکو “دانەوە”مان هەیە، لێ ئەوە کە هونەرمەند دەیداتەوە، بەرهەم نییە، بەڵکو “ناوەرۆک”ى داڕشتنە، کە وەک خانوو نییە و لە شتێکەوە دروستبکرێت، بەڵکو “لەنێو شتێکدا” دیاردەهێنرێت، کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە کە “لە چییەوە” ئیشێکى هونەرى دروست بکرێت، بەڵکو ئەوەیە کە “لە چیدا”، واتا لە چ مێدیەمێکدا، ئەو ناوەرۆکە دەدرێتەوە.

بێگومان ئەوە فۆرمە کە لە هونەردا هۆشسامى دەخاتەوە نەک ناوەرۆک. بە تێڕوانینى فریدریش شیلەر نابێت لە کارێکى هونەریى جواندا ناوەرۆک هیچ رۆڵێک، لێ دەبێت فۆرم هەموو رۆڵێک بگێڕێت. ئاخر، وەک شیلەر دەبێژێت، تەنیا بەڕێى فۆرمەوە کاردەکرێتە سەر سەرجەمێتیى مرۆڤ، بە پێچەوانەوە ناوەرۆک تەنیا کاریگەرى لەسەر تاکە هێزى مرۆڤ دەنوێنێت. ناوەرۆک، جا چەند مەزن و هەمەلایەنى بێت، هەردەم بە شێوەیەکى سنووردار کاردەکاتە سەر هۆش، لێ مرۆڤ تەنیا لە فۆرم دەتوانێت چاوەڕوانى گەیشتن بە ئازادیى ڕاستەقینەى ئێستێتیکى بکات.

هونەر پێش هەموو شتێک لە خزمەتى هونەرمەنددایە، ئاخر ئەوە هونەرمەندە کە بە خۆدەربڕینى ئافرێنەرانە بە ئازادى دەگات: ئەو لە ئافراندندا شوێن ڕەمەکێکى ناخەکى دەکەوێت، ئەم ڕەمەکە بە موئانات کاری تێکراوە، پاشان ئەو بە کارە هونەرییەکەى ساتاردەبێت و بە باڵاترین فۆرمى ئازادى دەگات. بەدووى ئەمەدا، وەک ساتاربوونى لاوەکى، ناساندنى (ئیئترافى) کارەکەى لە لایەن کەسانى دییەوە واتا وەردەگرێت، ئەویش بەوە کە ئەوان ڕەچاوى هونەرەکەى دەکەن، یان سەرسامیى خۆیانى بۆ دەردەبڕن، یان دەیکڕن. بێگومان لەبەر ئەوەى هونەر تواناى ڕوونکردنەوەى هەیە و پێى دەکرێت قووڵترین پرسە موئاناتاوییەکانى مرۆڤ دەرببڕێت، ئەوا هونەر لە خزمەتى کۆمەڵگەشدایە. هونەر دەتوانێت مرۆڤ پێبگەیەنێت، دەتوانێت لاى وەرگر (رێسیپیەنت) هەڵوێستى ڕەخنەیى بێداربکاتەوە.

کارە هونەرییەکان بەگوێرەى هێز و بەردەوامیى کاریگەرییە ئێستێتیکییەکەیان دەنرخێنرێن، واتا چۆنێتیى نزم یان بەرزیان پێدەدرێت. ئەوە جوانیى و ڕەسەنێتیى و یەکجارەکێتییە کە دیاریکەرى تەمەنى هونەرەکانە، بە پێچەوانەوە ناوەرۆکگەلى کۆکراوە و بەپاڵ یەکەوە دانراو، کارێکە کە بێگومان ئاماژە بۆ خواستى خۆدەبڕیبن دەدات، لێ تێیدا هاوکات نەبوونى تواناى فۆرماندن، کەواتە ناهونەرمەندێتى، دەردەکەوێت. یان با ئەمە بە زمانى ئەڕیستۆتێلیس دەرببڕین: ئەو کارە نیشانەیە بۆ لاوازیى زەین، لێرەشدا کەسی بابەت خەرەوە جارێ “تێگەى گشتێتى”، واتا تێگەى فۆرمى نییە. لەم ڕوانگەیەوە کەس هەوڵ دەدات هەستى هەژاو بەبێ پێگەیشتنى زەینیى بکات بە هونەر، لێ ئەوە کە ئەو دەیخاتەوە، هونەر نییە، چونکە فۆرماندن هەمیشە لەنێو پێکەوە کارابوونى زەین و هەستدا ڕوودەدات.

ئێمە بەم شێوەیە لە حاڵەتى کاریگەریى هونەردا دەکەوینە بەردەم پرسیارى نرخاندنى هونەر، واتا لێرەدا لاى وەرگرى هونەرین. لێ زەحمەتە بتوانین لەم پەیوەندییەدا بە پێوەرێکى ئۆبژێکتیڤى بگەین. هونەر، جا شێوەسازى، موزیک، هۆنراوە یان شانۆ بێت، بۆ هەندێک کەس جوانە گەر ڕوو لە هەست بکات، بۆ هەندێکى دى جوانە گەر ڕوو لە زەین بکات. ئاشکرایە مرۆڤێکى سادە هیچ لە هونەرى ئەبستراکت حاڵى نابێت. جگە لەمە کەسانى هۆشئاوەڵا و هەستمەند هەن و هونەرێک بە جوان دادەنێن کە هاوکات ڕوو لە زەین و هەست دەکات. گوێتە دەبێژێت: ئەوە کە جوانە، گەرەکە شارەزا بینرخێنێت، لێ ئەوە کە ڕازێنراوەتەوە، تەنیا بۆ ئاپورە دەئاخڤێت.
لێ پرسیارى زۆرتر لە بەردەمماندا زین دەبنەوە: ئایا لاساییکردنەوەى هونەرى گەلانى دى هونەرە؟ ئاخر ئاشکرایە کە لاسایى لە ڕەمەکى سپۆنتانى مرۆڤەوە هەڵنەقوڵاوە، بەڵکو پێشنموونەیەکى هەیە و کەسى لاسایکەرەوە، بۆ نموونە گۆرانیبێژ، لە جیهانەکەى خۆیدا کۆپیى دەکات.

جگە لەمە لە سەردەمە داڕزاوەکاندا دەکەوینە بەردەم پرسیارى چۆنێتیى هونەر. ئایا هونەر لەم جۆرە سەردەمانەدا پێى دەکرێت بەختیارى یان هەستى شادى دابڕێژێت؟ لە بنەڕەتدا هۆنینەوەى هەستى شادى لەم سەردەمانەدا نێشانەی ناڕاستگۆییە، هەر بۆیە بەهۆى ناڕاستگۆییەوە دەبێت بە کیچ، بەڵێ تەنانەت فۆلکلۆر (بۆ نموونە شایى) دەبێت بە دیاردەیەکى ناجوان، چونکە ئەو کەسە کە لەنێویدا دەست دەگرێت، لە ناخەوە نامۆیە بە ڕیتمە کرۆکییەکانى هەر شاییەک، بۆیە خوازیارانى فۆلکلۆر وەک کەسانى سادە و چێژشێواو هانا بۆ سادەترین جۆرى شایى دەبەن کە “شایى چەپی”یە. پێدەچێت لە سەردەمە داڕزاوەکاندا تەنیا ڕشانەوە گوزراشت لە دۆخى مرۆڤ و بێڕیشەبوونى بەها کۆمەڵایەتییەکان بکات. بەم شێوەیە هونەر لە سەردەمە داڕزاوەکاندا دەکەوێتە بەردەم ئەرکى ئاڵۆز، تەنانەت خۆیشى ئاڵۆز دەبێت.

بە دیدى ئادۆرنۆ نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێ بدرێت کە هونەر کۆمەڵایەتییانە بەکاربهێنرێت و نامۆ بکرێت، بە پێچەوانەوە هونەر دەبێت دڕکێک بێت لە چاوى جیهانێکدا کە پەچە بە ڕووى خۆیدا هەڵدەواسێت. لە بنەڕەتدا ئەم پەچەیەى داکەوتى کۆمەڵایەتییە کە هونەرمەند بەرى دەکەوێت، ئەوجا لەبەر ئەوەى ناتوانێت هیچ ئیجرایەک بەرانبەرى بنوێنێت، ئیدی تووشى موئانات دەبێت. هونەر وەک شتێکى زیادە، وەک ئوتۆنوم پێویستە هەڵوێستى دژبەرى خۆى بەرانبەر کۆمەڵگە بپارێزێت، چونکە تەنیا بەم شێوەیە بۆى دەلوێت پەیوەندییە ڕیالەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە.

———————————————
Adorno, Theodor W.: Gesammelte Schriften. Band 7: Ästhetische Theorie. 6. Auflage. Frankfurt am Main 1996.
Kuhr, Rudolf. Was ist Kunst. http://www.humanistische-aktion.homepage.t-online.de/kunst.htm
Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen




خەڵاتی نۆبلی نادیە و رەخنە نارەواکان بۆسەر نادیە و کۆمەڵگەی ئێزدیان … شاخەوان شۆڕش

نادیە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا لە ١٥ سەپتەمبەری ٢٠١٤ دا لە گوندەکەی خۆیان کۆجۆ لەلایەن داعشەوە دەستگیردەکرێ و بەکۆیلە دەکرێ، لە نۆڤەمبەری ٢٠١٤ رزگار دەبێ، لە سەرەتای ٢٠١٥ دا وەک پەنابەر دەگاتە ئەلمانیا، لەساڵی ٢٠١٦ دا ٣ خەڵاتی مەزن (بالوێزی نیازباشی یوئین، مەدالیای مافەکانی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین) بەدەست دەهێنێ، لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا لە ساڵی ٢٠١٨ دا خەڵاتی نۆبلی ئاشتی بەدەست دەهێنێ.

لە کورتەی پیشەکیەکەدا چاڵاکی و کاریگەری نادیەمان بە بەلگەوە بۆ دەردەکەوێت. دیارە خەباتی نادیە بریتی بووە لە خەباتی ئەو لە ناساندنی تاوانی گەلکوژی ئێزدیان و هەروەها ئازایەتی نادیە لە دەرچوونی لە قاوغی قوربانیبوونەوە بۆ خەبات دژ بە تاوانباران، ناساندنی دڕندەیی تاوانەکە بە جیهان و هەوڵدان بۆ دانپێنانی وەکو تاوانی گەلکوژی، هەروەها چوونی بۆ ئاستێکی جیهانی و لەوێدا خەباتکردن بۆ هەموو قوربانیانی تاوانی دەستدرێژی کە لە زۆربەی بارەکاندا لە کاتی شەردا و لە بوونی تاوانی جەنگ و پاکتاو و گەلکوژیدا روودەدەن، بۆنمونە وەکو دەستدرێژیەکانی تاوانی گەلکوژی دارفور، تاوانی پاکتاوی رەگەزی و گەلکوژی لە یوگوسلاڤیای کۆندا، لە شەری ئێتنی ناوخۆی کۆنگۆدا، تاوانی گەلکوژی رواندا و هتد. دیارە خەلاتەکە لەپای خەباتی نادیەیە بۆ قوربانیانی تاوانی دەستدرێژی لە شەڕدا و ئەوەش جەختی لەسەر دەکرێتەوە، هەروەکو خەباتی د.

دەنیس مەکویکە بەهەمان شێوە بۆ ڕزگارکردنی قوربانیانی دەستدرێژییە لە شەڕی نێوان وڵات و گروپە ئەتنیەکاندا. سەبارەت بە د. دەنیس پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو دکتۆرە تائێستا بە هەزاران نەشتەرگەری بۆ قوربانیانی دەستدرێژی کردووە و جگەلەوە هەوڵی داوە لەباری دەروونیدا یارمەتیان بدات. تەنانەت لە کاتی بەخشینەوەی خەڵاتەکەدا ئەو خەریکی نەشتەرگەری بووە. ئەو قوربانیانەی د. دەنیس نەشتەری کردوون بەتایبەتی قوربانی شەڕی ئێتنیانەی کۆنگۆن.

نادیە موراد کە خۆی قوربانیەکی دەستی داعشە ١٨ کەسی لە خێزانەکەی بوونەتە قوربانی، هەندێکیان لە کچ و ژنەکان بەکۆیلەکراون، هەندێکیان کوژراون، دیارە پیاوەکان هەموویان گولەبارانکران. نادیە خۆی یەکێک بووە لە کچە ئێزدیە بەکۆیلەکراوەکان، دەستدرێژی کراوەتەسەر و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەداندا بووە. دواتر دوای نزیکەی ٣ مانگ کۆیلەیی خۆی ڕزگار کردووە.

جگەلەو خەڵاتە پێشتر نادیە موراد لە ساڵی ٢٠١٦ دا لایەن یوئینەوە وەکو بالوێزی نیازباشی داندرا و هەروەها مەدالیای مافەکانی مرۆڤی هاڤل و مەدالیای ساخارۆفی بۆ ئازادی دەربڕین بەدەستهێناوە. بەدەستهێنانی ئەو پایەیە و خەڵاتانە بێگومان نادیە دەبەنە ئاستێکی بەرزی جیهانی، کە ئەرکی سەرشانی ئەو و خەباتی ئەو دەبەنە ئاستێکی جیهانی و زۆر بەرفراوانتر. بەمجۆرە بەشێکی گرنگی خەباتی نادیە لەسەرەتاوە هەوڵێک بووە بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی بەکۆیلەکران و دەستدرێژیان کرایە سەر و لەبازارە ئیسلامیەکانی داعشدا هەرزانفرۆش کران، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ دا ئەو لایەنەی خەباتی ئەو گرنگی زیاتر وەردەگرێ و دەبێتە جیهانی، چون کێشەکە کێشەیەکی جیهانیە و بەرفراوانە.

لای هەمووان ئاشکرایە کە لە ڕێکەوتی ٣ ی ئۆگستی ٢٠١٤ دا لەبەرچاوی هەمووان جیهادیە ئیسلامیەکانی داعش بە پشتبەستن بەدین و باوەڕیان هەلمەتی لەناوبردنی ئێزدیانیان دەستپێکرد و ئەنجامدا. بەر لە هێرشەکەی داعش دەسەلاتداران پەراوێزیانکردبوون و کۆمەڵگەیەکی پشتگوێخراوبوون، ئەوەی سەر بە پارتی نەبوایە و سەر بەلایەنیتر بوایە پەراوێز و دژایەتی دەکرا، پارتی هەمان ڕەوتی بەحزبیکردن و گەندەڵ و ناکوردستانی لەوێش پیادەدەکرد، کۆمەڵگە خرابووە ژێر چنگ و چەپۆکی حزبی پشووتەنگی سەرۆک. ئەوان وەکو کۆمەڵگەیەکی تایبەت هیچیان بۆ نەکرا و گرنگیان پێنەدرا و لەبیرکراوبوون.

لە کاتی هێرشەکەدا هێزەکانی پارتی کە گوایە هێزی بەرگری و پارێزگاری ئەوێ بوون رایانکرد و ئێزدیەکانیان بۆ ئیسلامیەکانی داعش جێ هیشت، هەروەکو ئاوارە ئێزدیەکان گوتیان “فرۆشتیانن”. دیتمان دەستدرێژیان کرایەسەر و کوشتوبڕ کران. شوێن هەبوو چەند رۆژ و هەفتە دوای هێرشی شەنگال ئەوجا داگیرکرا وەکو گوندەکەی نادیە گوندی کۆجێ کە لەلایەن داعشەوە دەوری درابوو و لە ١٥ سەپتەمبەردا دەستی بەسەردا گیرا و خەڵکەکەی بەر شاڵاوی تاوانی گەلکوژی کەوتن. هیچ هێزێک بەهانایانەوە نەچوو. بۆیە دەکرێ بڵێین کورد و جیهان پشتیان تێکردن.

ئێزدیەکان ئێستا چ وەکو تاک یا کۆمەلگە لە ئازار و تراومای تاوانەکاندا دەژین، چیرۆکە جەرگبرەکان ئاسمانی بیر و هۆشیانی داگیرکردووە و لە زامی تەنیایی و بێکەسیدا دەتلێنەوە. دەسەڵات و کۆمەڵگەی موسوڵمانی دەوریان لە ئازار و داخوازیەکانی ئەوان ناگەن، قوربانیە رزگاربووەکان هەندێکیان لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندان، گەلێکیان نائومێدانە چاوەڕێی کۆتایی و نەمان دەکەن، لای زۆریان دوای نەمانی خۆشەویستان و دوای ئەو هەموو تیرۆر و تاوانە درندانەیە ژیان هیچ واتایەکی نەماوە. دیل و بەکۆیلەکراوەکان هەر رۆژەی مردنێک بەچاوی خۆیان دەبینن و خۆزگەی نەمان دەخوازن، کەسە هوشیار و بەئاگاکان لەوانە نادیە لە خەمی رزگارکردنی ئەوانیترن و خەبات دەکەن. زۆر لە دایکەکان چاوەڕێی هەوالی کچ و کوڕە وونبووەکانیانن و لە هۆریسۆنتی هیوای دوورەدەستدا دەڕوانن….

گومان لەوەدا نییە کەوا زۆرینەی ئێزدیەکان لە باشوری کوردستاندا دەژین، ئەوان کەمینەیەکی خاوەن ئایین و کەلتوری تایبەت بە خۆیانن، بەدرێژایی مێژوو بوونەتە قوربانی دەستی جوداکاری ئایینی و نەتەوەیی و چەندینجار بەرەوڕووی تاوانی پاکتاوی ڕەگەزی بوونەتەوە و کوشتوبڕ کراون، دواجار لە 2014 دا ئیسلامیستەکانی داعش تاوانی گەلکوژیان بە دڕندانەترین شێوە دژیان ئەنجامدا. ئێزدیەکان خۆیان دەڵین ئەوان تائێستا ٧٤ جار بەرەوڕووی “فەرمان” واتە قڕکردن بوونەتەوە.

خەلاتکرنی نادیە ساڕێژی زامی ئەوان بێگومان ناکا هەروەکو مەبەستی خەڵاتەکەش ئەوە نییە، چون کێشەی ئەوان زۆر بەرفراوانتر و سەختترە، بەڵام بە جۆرێ لە جۆرەکان بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی دانپێنانێکە بە ئازارەکانی کۆمەڵگەی لەبیرکراوی ئێزدیان و بوونی ئەو کۆمەڵگە بەشخوراو و قوربانییە. گومان لەوەدا نییە کەوا هەولەکانی نادیە رۆلی گرنگی لە ناساندنی کۆمەڵگەکە و تاوانەکەدا وەکو تاوانی گەلکوژی بینی.

وەکو دیتمان دوودڵی لە دانپێنان لە خەڵاتەکە و رۆڵی نادیەدا بەجۆرێ لە جۆرەکان لە لاپەرە کۆمەلایەتیەکاندا خرایە روو، هەندێ بێ ئەوەی ئاگاداری هیچ خەباتێکی نادیە بن هێرشیان کردەسەر و ناوناتۆرەیان بۆ هەلبەست، هەندێ لەبەر رەتکردنەوەی کوردبوونی ئێزدیەکان هێرشیان کردنەسەر. بەکورتی بەپێی ئەوەی نوسران رەخنەکان هەندێکیان لە بێئاگایی بوو، هەندیکیان لە دیدی ئەتنۆناسیونالیستانەی کورتبینەوە بوو، وە هەندێکیان لە دیدێکی حزبیانەوە بوو، هەندێ لە دیدێکی ئیسلامیانەوە بوو. دیارە دوای بەرزبوونەوەی نادیە موراد وەکو ئەستێرەیەکی ئەو کۆمەلگە بەشخوراوە، ئەو رەخنە و هێرشانە خرانەروو.

پیشتر نادیە موراد لەلایەن دەسەڵاتی هەرێم (پارتی کە لەو دەڤەرەدا دەسەڵاتدارە) گرنگی پێنەدراوە و دژایەتیشی کراوە. پارتی هەوڵیدا ئەندامی پارتی و پەرلەمان ڤیان دەخیل بەرزکاتەوە و سەرنجەکان بۆ لای ئەو راکێش بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. بۆیە هەندێ لە رەخنەکان شون لەو دیدە حزبیەوە بەجۆرێ لە جۆرەکان هەڵدەگرێت.
رەخنەی ئیسلامیستەکان کلاسیکیە و گوتنەکان سەرچاوە لەو فاکتەوە دەگرن، کە ئیسلامیەکان ئەوان وەکو کافر سەیر دەکەن و نکۆڵی لە مافە ئایینی و کەلتوریەکانیان دەکەن، تووندرەوەکانیان لەناوبردنیان بەرەوا دەزانن. داعش کە رێکخراوێکی ئیسلامیستی تووندرەوە لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزدی بە ئەرک دەزانێ و هەر لەو ڕوانەگەیەوەش تاوانی گەلکوژی ئەنجامدا. لەراستیدا ئەو تێگەیشتنە نەرێنیە کاریگەری لەسەر کۆمەلگەی موسوڵمانیش بەدیاری هەیە، هەروەکو زۆر لە موسوڵمانان تێگەیشتن و سەیرێکی نەرێنیان بەرامبەر بە مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئێزدیان هەیە.

رەخنە ئیتنۆناسیونالیستیەکان بە جۆرێ لە جۆرەکان نکۆلی لە دانپێنان بە نادیە و کۆمەڵگەی ئێزدیان دەکات. دەگوترێ “ئەوان خۆیان بە کورد نازانن”، “نادیە چی بۆ کورد کردووە؟!”، “ئەوان حاشا لە کوردبوونی خۆیان دەکەن”! هتد. بەکورتی داوا لە نادیە و ئێزدیەکان دەکەن ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان ساغ کەنەوە و ئایا ئەوان سەر بە ئێمەن یان ئەوان! بەکورتی ئەوان تەنها ئەو کاتە کۆمەڵگەی ئێزدیان لاپەسندە، ئەگەر ئەوان خۆیان بە کورد دابنێن و خۆیان لە کورد جیانەکەنەوە.

بەپێی مێژوو گەلی ئێزدی هەرگیز حاشایان لە زمان و کەلتوری خۆیان نەکردووە. باشترە رەخنەگران بچن گوێیان لێبگرن و سەیری کەلتور و ڕێتوالی ئایینیان بکەن! مانەوەیان دوای دەیان هەلمەتی لەناوبردن بە درێژایی مێژووی بوونیان توانای خۆڕاگری ئەوان دەسەلمێنێ. ئەوان لە نێو گورگاندا ژیاون و درێژەیان بە مانەوەی خۆیاندا داوە. ئێزدیەکان وەکو کۆمەڵگەیەکی ئێتنی خاوەن ئایین و دابونەریتی تایبەت بەخۆیان، خۆیان سەرپشکن لەوەی وابەستەی نەتەوەییان چییە. ئێزدین یا کوردن؟ ئەوە پرسیارێکە ئەوان لە وەڵامیدا سەرپشکن. پێناسەی نەتەوەیی تەنها و تەنها مافی ئێزدیەکان خۆیانە، مافی کورد یا عەرەب یا کەسیتر نییە ناسنامەی نەتەوەیی بەسەر ئەواندا بسەپێنێ. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ئێزدیەکان هەمووی بەعەرەب نوسرابوون و نکۆلی لە ناسنامەی نەتەوەییان کرابوو، هەروەکو ئێزدیەکان کەوتبوونەژێر سیاسەتی بەعەرەبکردن و تواندنەوە لە پرۆسەیەکی پلانبۆداندراوی پاکتاوی رەگەزیدا. سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی بەسەر ئێزدیەکاندا بەهەرجۆرێک بێت دەچیتە خانەی چەوساندنەوە و پاکتاوی رەگەزی. هەروەها هەر جوداکاریەکی ئایینی یا نەتەوەیی پێشێلی مافەکانی مرۆڤە. بۆیە گرنگە دەرک بەوە بکرێت کەوا کۆمەڵگەی ئێزدی هەموو مافێکی کەلتوری و رامیاریان هەیە و پێویستە ئەو کەمینەیە بپارێزرێن، دان بە مافی کەلتوری و رامیاریاندا بندرێت، هاوکاریان لە ئاوەدانکردنەوە، گەشەسەندن و کرانەوەدا بکرێت، پێویستە خەڵکی کوردستان بە چاوی ڕێز و خۆشەویستیەوە سەیری ئەو کۆمەڵگە بەشخوراو و خۆڕاگرە لەمێژینەیە بکەن، شانازی بە جودایی و تایبەتمەندیەکانی ئەوان بکەن، باوەشی میهرەبانیان بۆ بکەنەوە و خۆشیان بوێن.

لە کۆتاییدا پیویستە بگوترێت، خەباتی نادیە خەباتێکی بەرزی مرۆڤایەتیە لە ئاستی کوردستان و ئێراق و هەرێم و جیهاندا. خەباتی چاڵاکوانانی مافی مرۆڤ و تاوانی گەلکوژی چ لە ئاستی کوردستاندا یا جیهاندا لەگەڵ خەباتەکەی ئەودا لەیەک ڕێچکەی خەبات دەکەنەوە. خەباتی نادیە وەکو خەباتی هەر چالاکوانێکی مافی مرۆڤ بۆ جیهانێکی رەواتر و باشترە.


ژمارەیەک لەو ڤیدیۆکلیپانەی کە ئاماژە بە چالاکیەکانی نادیە موراد، تاوانکاریەکانی داعش و ئازاری قوربانیان دەکەن لە خوارەوە داندراوە.

Nadia Murad speaking to BBC HARDtalk in 2016

Amal Clooney Criticizes World Response To Yazidi Genocide | NBC News

الفتاة الأيزيدية نادية مراد: “داعش يغتصبون السيدات بعد الصلاة .. وقتلوا 700 شاب في ساعتين
https://www.youtube.com/watch?v=FhjV2aDlo9Q

Nadia Murad: Eine Jesidin kämpft für Menschenrechte

ISIS Survivor Nadia Murad Becomes UN Goodwill Ambassador | NBC News

The Interview: Yazidi former sex slave Nadia Murad recalls IS group hell in Iraq (2016)

Nadia’s Story: Yazidi survivor calls for international protection

Nobel Peace Prize shared by Nadia Murad, anti-rape activist l Al Jazeera English

Nobel Peace Prize laureate 2018 Nadia Murad, Efforts to end sexual violence as a weapon in war

Nobel peace prize 2018 winners: who are Denis Mukwege and Nadia Murad?

Yazidi Girls: Prisoners of ISIS




شەونمە شینەکانی شەو … ناڵە حەسەن

تۆ دڵۆپە شەونمێکی
بەسەر لێوی گوڵێکی شینەوە
شین دەچییەوە
زەردەخەنەی باخچەکانیش
بە تیشکی سەر ڕوخساری تۆ دەبریسکێنەوە
هەندێجاریش / نەرم نەرم
بەسەر ڕووی پەنجەرەیەک دێیتە خوارێ
کە بە پەردەیەکی شین داپۆشراوە
لە دیوی ژوورەوەش
نەوڕەسە ژنێکی ناموراد
بە ژێرکراسێکی تەنکەوە
لەسەر سیسەمەکەی ڕاکشاوە
مۆمێکی داگیرساندووە و شیعر دەخوێنێتەوە
تۆ تریفەی مانگێکی شینی
لە نێو تاریکی شەو و
بەسەر تاشەبەردەکانی تەمەنم
دەدرەوشێیەوە
بە بوونی تۆ
هەموو / شەونمە شادومانییەکانی شەو
نیگای سنەوبەرەکان / شەپۆلی دەریاکان
ڕەشماڵی بنارەکان / شین دەچنەوە
تۆ /
کتێبی خەونەکانمت پڕ بارانی شین و
دەفتەری شیعرەکانم پڕ شیعری شین و
بوخچەی ئارەزووەکانیشمت
پڕ وردە کانیاوی شین کردووە
لە شەوێکی شین شینی پاییزیش
وەکو شیلە
شل شل
دەڕژێیتە نێو پێدەشتی
خەیاڵە شینەکانی من
شەونمی شین و شەوی شین
تاڤگەی شین و توانەوەی شین
عەشقی شین و شیعری شین
شین و شین و شین
شین وەک دەریا
شین وەک ئاگر
شین وەک خودا
تۆ تەونێکی لە شەوە شینەکاندا
ڕۆحی ئەستێرە دوورەکان و
شەونمە ئیرۆسییەکان و
پەپوولە یاخییەکان
بە ڕۆحی من دەبەستییەوە
تۆ قەڵەمێکی
هەوری نێو شەوە شینەکانت
لەخۆت لوولداوە
بە مەرەکەبی بارانە شینەکانیش
شیعری عاشقانە
لەسەر ڕووی ڕووبارەکان و دەریاکان
دەنووسییەوە
گوڵە گیانم
تۆ دڵۆپە شەونمێکی سەر گۆنای
خونچەیەکی شینی شەبەنگی
نێو تەمە سپییەکانیت
لەسەرەتای سەرەتاکانەوە هاتوویت
بەنێو کۆتایی کۆتاییەکانیش / تێپەڕیویت
کاتژمێرەکان بە هەناسەی تۆ بێدار دەبنەوە
زەمەنیش درێژە بە وەرز و سەدەکانی خۆیدەدات
تۆ سومبولێکی سەرمەدیت
دەبیت بە باران و تێکەڵ بەخاک دەبییەوە
دەبیت بەخاک و خۆت بۆ بەفر ڕووت دەکەیتەوە
هەموو بەرەبەیانێکیش
ئەوکاتانەی
پرشنگی خۆرەتاو
لێوی لە لێوە شینەکانت دەخشێنێ
وەرزە تاریکەکانی عەشق و
ئەشکەوتە تاریکەکانی تەنیایی و
بەهەشتە تاریکەکانی مردن
ڕووناک دەکەیتەوە
مەمکۆڵە گەرمەکانیشت
شەوە شینەکانی
نێو قەسیدە درێژەکانی غوربەتم
گەرم دەکەنەوە
وەک شلکە ڕێواسێکی ناسکیش
سەرگۆنای
زورگە وشکهەڵاتووەکانی خەیاڵم و
نێو دەمی
کێڵگەی ئارەزووەکانم / تەڕدەکەیتەوە …!

ئابی ٢٠١٨




ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە ڕۆمانی : دواوێستگەم باکوورە … جەلال بەرزنجی

هەڵەچنی کتێب
جەلال بەرزنجی

همنگوای دەڵیت”پێش ئەوەی رۆمانەکانم، چاپ بکەم (٢٠٠) جارپاکنووس و هەڵەبڕیان بۆ دەکەم. زۆر لە نووسەران، هەڵەبڕی خراپی نووسینەکانیانن، منیش یەکێکم لەوانە، بۆیە هەق وایە، ئەو ریکۆردەی همنگوای بشکێنم، بەڵام نازانم لە بەر چ هۆکارێک،ئەوە هێشتا رووی نەداوە؟ بۆیەیش،کە کتێبەکانم چاپ دەکەم، لە هەڵەی چاپ بەدەر نیین.

هەر چەندە پێش جاپکردنی رۆمانی ( دوا وێستگەم باکوورە) هەڵەبڕم هەبوو،بەڵام هێشتا، هەڵەکان بنبڕ نەکراون، جگە لەوەش لە کاتی گواستنەوەی ئەو فۆنتەی کتێبەکەی پێ نووسرابوو، بۆ ئەوەی، پێی چاپکرا، زۆر وشە پچڕ پچڕ بووین. داوای لێبوردن لەو خۆێنەرانە دەکەم ،کەوا لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکە تۆشی هەڵوەستە بووینە،بە بێ دەنگی و پشی فراوانی،ئەرکی چاک کردنەوەی هەڵەکانیان لە زەینیاندا لە ئەستۆ گرت.

لە بەر زۆر هەڵەکان، هەر زوو، فرۆشتنی رۆمانەکەم لە کتێبفرۆشەکان راگرت، دوای هەڵەچنیەکی ورد، بەم زوانە، رۆمانەکەم بە تایتلی( گەشت بە رێگەی خەون) لە مالێ وەفای بڵاو دەبیتەوە.




په‌یڤی سه‌ربه‌ستی؛ ژنان و کۆمه‌ڵگا … نووسینی: زانکۆ یاری

بە مەبەستی پاراستن ‌و ڕێزگرتن لە كەرامەت ‌‌و مافە سروشتییەكانی مرۆڤ و لە پێناو گەشەسەندنی مرۆڤ ‌و مرۆڤایەتی، لە پانتاییی جوگرافیا جۆراوجۆرەكانی دونیا هەوڵ ‌و تەقەلای زۆر دراوه، وه‌کوو سەرهەڵدانی هه‌ندێک له شۆڕش و خەباته مەزنەكانی مێژوو لە پێناوی ئازادی مرۆڤ و یەكسانی هەموو مرۆڤەكان. هه‌روه‌ها له مافێکی سەرەتایی، كە لە بەیاننامەی مافەكانی مرۆڤدا وەك ئەسڵی یەكەمی ئەو بەیاننامەیە هاتووە كە: “گشت مرۆڤەكان بە ئازادی لە‌دایك دەبن ‌و به‌رانبه‌ر لە نرخ ‌و پایە ‌و مافدا…”. (Universal Declaration of Human Rights) هه‌روه‌ها کۆمەڵگایەک کە ئامانجی پێشکەوتن بێ، دەبێ ڕووناکبیران و بیرمه‌ندانی به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه و بنه‌مایی له‌وه تێبگه‌ن که ئازادی ژنان، هه‌مان ئازادیی ته‌واوی مرۆڤایه‌تییه و له هەموو بوارەکاندا ڕێگای پێشکەوەتنی ژنان خۆش بکه‌ن و هاندەر بن بۆ ئەوەی میلله‌ت بگەنە لووتکەی دادوه‌ری. ده‌ره‌نجامی په‌یڤی ئازادیی ژنانیش ئەوەیه که ئه‌وان بتوانن بگەنه مافە ڕەواکانیان له کۆمه‌ڵگا.

ڕێنسانس (Renaissance)، ئەو شۆڕشە هه‌موو لایه‌نه‌‌ی کە لە ماوەی سێ سەدەدا ئۆرووپای گرتەوە و لە ئاکامدا توانی لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی کاریگەریی بەرچاوی هەبێ، توانی کاریگەری قووڵی لەسەر ڕوانینی مرۆڤ سەبارەت بە کولتوور، زانست، کۆمەڵگا، ئایین و سروشت ببێ و لە ئاکامیشدا ڕوانگەی مرۆڤ سەبارەت بە مرۆڤ، ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هات. بە سەرهەڵدانی ڕێنسانس لە شاری فلۆرانسی ئیتالیادا ڕۆڵی ژن لە گۆڕەپانی خەباتدا پێی نایە قۆناغێکی نوێ. گه‌ر ئاورێکی خێرا له‌ وێنای ژن له‌ کولتوور و ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می ڕێنیسانس‌ تاکوو ئێستا بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین له‌ نیگاره‌کانی سه‌رده‌می ڕێنیسانسدا که‌ درێژکراوه‌ی ئه‌نتیکه‌ بووه،‌ ڕۆڵی ژن له‌ بونه‌وه‌رێکی پاک‌، ژێرده‌ست و ملكه‌چه‌وه‌ گۆڕدراوه‌ بۆ ژنێکی تر. ژنێک که‌ ده‌توانێت پابه‌ند نه‌بێ به‌ ڕۆڵه‌ خوازراوه‌کان که‌ کۆمه‌ڵگا بۆی دیاری ده‌کات،‌ ژنێک که‌ ده‌توانێت خۆی بنووسێته‌وه‌ و شێعر، ڕۆمان، مووزیک و هونه‌ر به‌رهه‌م بهێنێ.

به‌ڵام ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نۆرمی دژه‌ ژنان به‌ درێژایی مێژوو‌ هه‌ندێک هه‌ڵس و که‌وتی ژنانی مۆرال نیشان داوە و هه‌ندێکی تری خستۆتە ده‌ره‌وه‌ی مۆراڵه‌وه‌ و کاریکردووه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی وێنایه‌کی نزم بۆ پێگه‌یان. له‌ زۆر کولتووردا سیفاتی مرۆڤانه‌ و به‌هێز دراونه‌ته‌‌‌ پاڵ پیاوان و ژنان پێگه‌یه‌کی نزمیان پێبه‌خشراوه‌. بەڵام زۆرجار ده‌که‌وتنه‌ به‌ر بێ ویژدانیی کۆمه‌ڵایه‌تی. هەروەها ترادیسیۆنی نووسینی پیاوانه‌، زیندووکردنه‌وه‌ و ڕاگرتنی پیاوگه‌رایی بوو؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش‌ ژن وه‌ک بونه‌وه‌رێکی لاواز و بێده‌سه‌ڵات له کولتوور و ‌ئه‌ده‌بدا وێناکراوه‌ و ‌کورتکردنه‌وه‌ی ژن ته‌نیا بۆ تێرکردنی حه‌ز و ئیرۆتیکی پیاو بووە. ئه‌م گرنگیدانه‌ به‌ ڕۆڵه‌ خوازراوه‌کان، جۆرێک له‌ حه‌زی ماسکۆلین لای کۆمه‌ڵگا زەق ده‌کاتەوە و له‌ به‌رهه‌می کلاسیکدا به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیی باوک‌سالارانه بووە. له‌و سه‌رده‌مه‌دا نووسه‌رانی تێکست زۆربه‌یان پیاو بوون و ئێدی نووسینه‌ ترادیسیۆنال و ستیریۆتایپه‌کان کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ڕۆلی ژن له‌ کۆمه‌ڵگا.

لە ژیانی مرۆڤدا، بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان ئەرکێکی پێویست و پیرۆزه و نەبوونی؛ بە مانای پەراوێزخستنی نیوەی کۆمەڵه. دەور و ڕۆڵی ژن بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی توندوتۆڵ، لە نێوان بزوتنەوەکانی دیمۆکراسی خوازی لە لایەک و ویست و داخوازییەکانی ژنان لە پێناوی خەبات و وه‌دێهێنانی مافە سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌کاندا لە لایەکی تر یەکێکه لە پڕبایەخترین هۆکارەکانی بەشداریی ژنان لە دیسکۆرسی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە هەر وڵاتێک. زۆرجار لە لای هزرڤانان بیرمەندان، سەدەی بیستەم سەدەی گەشەسەندن چەكەرەكردن‌ ‌و هەروەها به‌ڕێوه‌بردنی مافەكانی مرۆڤ بووه و توانیوه وەرچەرخانێكی مەزن لە ئاستی كۆمەڵگای جیهانیدا بێنێتە گۆڕێ.

لە وڵاتانی گەشەسەندوودا، بەشداریکردنی ژنان لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە. جوڵانەوەی سیاسی ژنان لە کۆمەڵگای ڕۆژاوادا، توانیویەتی ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە. لەو بوارەدا بە هەوڵ و ته‌قالای زۆر، بزوتنه‌وه‌کەیان بەرەو ڕێگایەکی درووست کاناڵیزە کراوە. لە ئازادییە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان چێژی تەواویان وەرگرتووە و توانیویانە بە خەباتی بێ وچان، تاکوو ڕاده‌یه‌کی باش مافی ئازادیی خۆیان وەدەست بێنن. به‌ڵام کاتێک کە فێمینیستەکان دەنگ هەڵدەبڕن و دەڵێن ژن دەبێ ئازاد بێ، باشتر ئەوەیە پرسیاریان لێ بکەی؛ بڵێی دەبێ لە چ شتێک ئازاد بێ؟ کەمتر کەسێک هەیە لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا (International Women’s Day)، وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە مەبەست لە ئازادی ژن چییە؟ لە کوێی جیهاندا دەتوانین وێنەی ژنێکی ئازاد بدۆزینەوە؟ ژنێک کە بۆ دۆزینەوەی بژێوی لە قەراخی شەقامەکان لەژێر چاوی حیزی هه‌ندێک له پیاوان دەستفرۆشی بکا، یان ژنێک کە بە پاره‌یه‌کی مەمرەوبژی دەبێ لە کارگا یان ڕێکخراوێکدا کار بکا، ئازادی ژن دەبێ چ واتایەکی هەبێ؟ ئه‌و کاته‌ش که باس له ئازادیی ژن دەکرێ، وڵاتانی گەشەسەندووی کاپیتالیستی (Capitalism)، پتر لە هەمووان دڵ بۆ ژنانی لە پاشکەوتووی جیهانی سێهەم و چوارەم دەسووتێنن کە مرۆڤ دەکەوێتە بیری گوتەیەکی بەنرخی فارسی کە دەڵێ؛ دایەنی دڵسۆزتر لە دایک!.

به‌ڵام به گوته‌یه‌کی کوردی، ده‌نگی ده‌هۆڵ له دووره‌وه خۆشه و ئه‌مه‌ش زۆر ڕاسته؛ چونکوو ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که له ‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ به‌م‌لاوه،‌ جه‌سته‌ی ژن ڕووبه‌رێک بووه‌ بۆ سیێکسوالیزه‌کردن، ده‌ربڕین، چه‌وسانه‌وه‌ و به‌کاڵاکردن. سه‌ره‌ڕای ئازادبوونی ژن له‌ زۆر ڕووه‌وه‌، وێناکردنی جه‌سته‌ و فێتیشایزکردنی و به‌کاڵاکردنی ژن وەکوو سیمایه‌کی دیاری کۆمەڵگا بووه، ئه‌و ژنانه‌ش که‌ له‌م وێناکردنه‌دا جێگایان نه‌ده‌بووه‌ به‌ ژنی که‌توو-خراپ (Fallen women) ناوزه‌د ده‌کران.

دونیای ئەوڕۆ گه‌واهی پێشێلكارییەكی سیسته‌ماتیك و بەرفراوانی مافەكانی مرۆڤە كە لەسەر دەستی دەسەڵاتە دیكتاتۆر‌ و تۆتالیتێرەكانی دەخوڵقێ‌. بۆ نموونه: بوونی دیاردەگەلێکی ئابڕووبەرانە وەک خانەی گه‌نده‌ڵی بەشێوەیەکی دیار و نادیار لە پێشکەوتووترین وڵاتانی کاپیتالیستی و کەڵک وەرگرتنی ئابڕووبەرانە لە پڕووپاگەندەی بازه‌رگانی، هەموو دەرخەری ئەوەن هەتاکوو ئەو کاتەی کە سیستەمی کاپیتالیستی بوونی هەیە، پەیڤدان لەمەڕ ئازادیی مرۆڤ بە تایبەت ئازادیی ژن، گاڵتەجاڕییە… به‌ڵام له به‌ر زۆر هۆکاری سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانین بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناڤین (Middle East) نەخۆشە و چه‌وسانه‌وه‌ و په‌راوێزخستنی ژنان له‌وێدا له ‌هه‌موو بواره‌کاندا، مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه‌.

کۆمەڵگای سوونەتی و لە حاڵ گەشەکردنی ئێمه، بە هێنانی شتی پڕوپووچ و بێ بنەما و دەمارگرژی بێ جێ، دەسەڵاتی پیاوسالاری و یاسا توندوتیژە ئایینییه‌کان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوتی ژنان، لە گەیشتن بە مافە سەرەتەییەکانی خۆیان بێ بەش کراون و هه‌روه‌ها بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەباتە پێش. لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، چەمکی ئازادی واتای تایبەتی خۆی هەیە و بە جۆرێک پیاوسالاری نەریتی بە سەریدا زاڵ بووه. دەوری ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، به‌تایبه‌ت له مێژووی ئێراندا جێگای باسی زۆره. خەباتی ژن بۆ وەدەسهێنانی مافی ڕەوا و بەرانبەر لەگەڵ پیاو، له سەردەمی مەشروتە‌دا وردە‌وردە شێوەیەکی نوێ بە خۆیەوە گرت و زۆر بوێرانە و ئازایانە لە گۆڕه‌پانی خه‌باتدا بوون. له سه‌رده‌می ڕەزاشادا،له‌دوای هاتنە سەر کورسیی حوکم، هێندێک ئاڵوگۆڕی پێک‌هێنا، بەڵام ژنان نەیانتوانی لە هەڵبژاردنه‌کاندا بەشداری بکەن و هه‌ر وەک هاووڵاتیی پله دوو سەیر دەکران!

لە کوردستان، بەتایبەت لە ئاواییه‌کاندا، بە ڕای زۆر کۆمەڵناسی کورد و غەیرە کورد، توێژه‌ری سیاسی و مێژوونوس؛ بە شانازییەوە، ژنی کورد لە چاو ژنانی نەتەوەکانی دراوسێ وەک فارس، تورک و عەرب بە درێژایی مێژوو ئازادتر بووە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی جوگرافیای کوردستان، خەباتی دوور و درێژی کورد و ژیانی کۆچەری و کوێستان و گەرمێن. چونکوو جگه لە بەخێوکردنی منداڵ و کاری قورسی ناو ماڵ، لە بەرهەمهێنان و ئاژەڵداری و کشت‌وکاڵدا، کە بناخەی ئابووری کوردستانن، شان بە شانی پیاوان کاریان کردووه. بەشداریی ژنی کورد لە کۆمه‌ڵگادا، بۆتە هۆی ئەوەیکە وەک پێویست کەسایەتیی خۆی نیشان بدا و هەر بەو پێیشەش مافی ئامادەبوونی لە کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بووه. کۆمه‌ڵگای کوردی له مێژه‌وه باوەڕی بە ئازادی و پاراستنی مافی ژنان بۆ وەدێهێنانی مافە سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌‌کانی هەبووە.

هه‌روه‌ها له ئه‌ده‌بیاتی کوردی و‌ نووسراوه‌کانیشدا ژنان پێگه‌یه‌کی به‌رزیان هه‌یه و بە درووستی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ کراوە. کچانی خێزانی كوردپه‌روه‌ر پابه‌ندبوونه به‌ کۆدی مۆراڵه‌وه‌ و تاکوو ڕاده‌یه‌ک پتر له نه‌ته‌وه‌کانی‌تر لە مافی کولتووری، ئابووری، سیاسی و کومەڵایەتیی بەرانبەر لەگەڵ پیاو کەڵکیان وەرگرتووه.

بەڵام ئەوەی گوتمان بەو مانایە نییە کە ژنانی کورد بە هه‌موو مافەکانیان گەیشتوون و زوڵمیان لەسەر هەڵگیراوە؛ ڕاستییەکەی ئەوەیە لەگەڵ ئه‌و هەموو هەوڵ و تەقالایه‌ی که ڕووناکبیران، زانایان و دڵسۆزانی کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ بنبڕکردنی ئەو داب و نەریتە ناحه‌زه کۆمه‌ڵایەتییانە کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافی ژنان، ئێستاش کە سەرەتای هەزارەی سێهەمە، ژنان هه‌موو به‌شێوەیەکی تر دەچەوسێنەوە.. لە بەرانبەر کۆمەڵگا و گیروگرفتەکانی، چەکی ژنی کورد، لۆژیک و دیالۆگ و عەقڵانییە‌ته، ئەرکی سەرشانیانه و ده‌بێ چەکی خۆپەروەردەکردن و به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی زانست بە‌دەستەوە بگرن و بۆ خەباتی ڕزگاری و گەیشتن بە مافە سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌‌کان تێ بکۆشن. چونکوو لە سروشت و خوڵقاندا، لە باری توانای ڕۆحی و بیرکردنەوەدا، جیاوازیان لەگەڵ پیاو نییە.

بیروبۆچوونی پیاوسالاری و هه‌ندێک داب و نەریتی کۆن و دواکەوتوون کە دەبنە هۆی درووستکردنی جیاوازییەکان و نە سروشت و یەزدان، هیچ لایان جیاوازیان بۆ ژن و پیاو دانەناوە. بە هیوای ئه‌وه‌یکه؛ ڕۆژێک کە ژنان لە پێناوی خەبات بۆ وەدێهێنانی مافە مرۆڤایه‌تییه‌‌کاندا و سروشتییه‌کاندا و لە پێناوی مافی بەرانبەر سەرکه‌وتوو بن و زوڵمی مرۆڤ بۆ مرۆڤ بە‌دەستی مرۆڤ بنبڕ بکرێ و لە هیچ شوێنێك هیچ چەشنە پێشێلكارییەكی مافی مرۆڤ نەبینین، و دونیا بەو ئاواتە لەمێژینەی خۆی: “ئازادی ژیان، بۆ تەواوی مرۆڤەكان”، پەرە بدات.

———————-
له زه‌وینی گه‌مه‌کانی منداڵیدا
چنرا بێ ده‌نگ گۆڵێکی جوان
تارایان دا له ده‌ور سه‌ری و
ده‌ستیان نایه ده‌ستی پیاوێک
دواتر ئه‌و گوڵه منداڵه
بوو به گوڵێکی وه‌ڕه‌زی نێو گوڵدان… «شه‌کیلا مه‌حموودی»
———————-

سەرچاوەکان:
1-ئه‌نتۆنی، گیدنزو (2009). حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د مسته‌فا، “کۆمه‌ڵناسی”، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ئاراس.
2-شێرکۆ، دوکتۆر به‌له‌چ (1990). کێشه‌ی کورد، حه‌مه حه‌مه‌باقی کردویه به کوردی، ته‌برێز، چاپخانه‌ی ڕه‌زایی.
3-مه‌دیحه سۆفی (2016). ئه‌مڕۆی ژنی کورد و ڕه‌هه‌نده‌کانی ئازادی، ئه‌ڵمانیا.
4-لازاریف، م. س و دیگران، (1386). تاریخ کردستان، مترجمین کامران ایمن ێ‌وه، منصور صدقی. تهران، فروغ.
5-درویش‌پور، مهرداد (2001). (جامعه‌شناس). چالشگری زنان علیه مرادن،استکهلم-سوئد، جامعه‌شناس. نشر باران.
6-میرزایی، ملکیان، (1387). محمد؛ نگاهی به وچعیت اجتماعی زنان، تاریخ دسترسی به مقاله: 20/4/97، ێ‌درس اینترنتی: Org/farpages/articles/roozna13850601.htm.
7-جاسبی، عبدالله؛ (1379)، زن در گستره اجتماع، تهران: انتشارات دفتر فرهنگ، چاپ اول.

————-
(این مطلب در هفته‌نامه فرهنگی-اجتماعی ده‌نگی کوردستان، سال چهارم، شماره 68، مرداد 1397 به چاپ رسیده است.)




بۆچی دۆخی سیاسی کوردستان لە بازنەیەکی بەتاڵدا دەسوڕێتەوە؟ … ئاسۆکمال

ناسیونالیزمی کورد لەبەرئەوەی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە شێوەی عەشیرەتگەری و ناوچەگەریدا دێتەمەیدان و لە ڕێگەی زمان و خوێندنی ڕەسمی کوردیەوە فەرهەنگێک شکڵ پێدەدا کە ناتوانێ هەموو بەشەکانی سۆران و بادینان هاوئاهەنگ بکا و کێشەی ناوخۆی بزوتنەوە سیاسیەکەشی لە شێوەی جەلالی و مەلایدا زیاتر ئەم خەسڵەتی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و ناوچەگەریە تۆخ دەکاتەوە. لە دوای ١٩٩١یشەوە هەرچەند دیفاکتۆ سەربەخۆ دەبێ لە ڕژێمی بەعس ،بەڵام نە لە باری ئابوریەوە توانای سەربەخۆی دەبێ و نە لەباری سیاسیشەوە دەتوانێ یەک ئیدارە بێت و بەم شێوەیە دوو ڕۆشنبیری ناوچەگەری لەلایەن دوو حزبی چەکدارەوە دەبێتە ناسنامەی دانیشتوانی کوردستان. لە ٢٠٠٣ەوە ئاڵوگۆڕی گرنگ لە باری ئابوریەوە ڕودەدا و نەوت دەبێ بە بنەمایەکی ئیمکانی سەربەخۆبون و ڕێکەوتنی ستراتیژی دەساڵەش حکومەتی هەرێم دەکاتە ئەمری واقیع. بەڵام هیچ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە ئیدارەی سیاسی و یاساییدا ڕونادات و دەستور و پەرلەمان و دەزگاکان وەک خۆیان ناکارا و ناجێگیر و ژێردەستەی سیستەمی میلیشیایی دوو ئیدارەی حزبی دەمێنێتەوە. هەم سیاسەتی نێودەوڵەتی و دژایەتیەکانی ئێران و تورکیا و هەم بەرژەوەندی سیاسی و ئابوریەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و پەیوەندیە پاشکۆکیەکانی یەکێتی بۆ ئێران و پارتی بۆ تورکیا قاڵبی مانەوەی کوردستان لەعێراقدا دەسەپێنن.

حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناسیونالیزمی کورد لەو چوارچیوە سیاسی و نێودەوڵەتیەی تیایدا کاردەکا بەرژەوەندیەکانی لە ئاستی لۆکاڵ و ناوچەکانی سەوز و زەرددا لە پاراستنی سیستەمێکی میلیشیایی عەشیرەتی و بنەماڵەییەوە بەڕیوەدەچێ کە لە پێناو پاراستنی ئەم دەسەڵاتە هەرێمیە ولەژێر فشاری دەرەوەدا پێویستی بە جۆرێک ڕیکەوتنە لە ئاستی کوردستاندا، بەڵام ئەمە نە سیستەمێکی سیاسی جێگیرە نە خاوەنی بەرنامەیەکی دەوڵەتی و ستراتیژیە. ئەم پێویستیانەی دەسەڵاتە ناوچەگەریەیە کە پلەی هاوئاهەنگی لە نێو ناسیونالیزمی کورددا دروست دەکات، نەک وەک ئەوانەی پییان وایە کە یەکێتی و پارتی ناسیونالیست نین هەربۆیە هاوئاهەنگیان نیە و دژ بەیەک دەوەستن و لەگەڵ هێزی دەرەکیدا ڕیک دەکەون لەدژی یەکتر. بورژوازی کوردیش ئەم حزبە ناسیونالیستانەی وەک نوێنەری سەرەکی خۆی لەم سێ دەیەیەدا قبوڵکردوە و هیچ بزوتنەوەیەکی تری بورژوازی نەیتوانیوە ڕەقیبی بێت و بتوانێ دۆخی کوردستان بگۆڕێ وئایندەیەکی جیاواز بۆ چارەسەری کێشەی قەومی بخاتە ڕوو.

نەبونی بەرنامە وئاسۆیەکیش بۆ چۆنیەتی دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی و ئابوری سەربەخۆ لە بەغداد وای کردوە کە ناسیونالیزمی کورد لە بنەبستدا بمێنێتەوە و نەتوانێ شەرعیەتی خۆی لەڕێگای ئایدیا و ڤیژن و سیاسەت و فەرهەنگێکی دەوڵەتیەوە جێگیر بکا و هەمیشە ئایندەی ئەم دەسەڵاتداریەتیە نادیارە ، هەربۆیە پێویستی بە سەرکوتی بێ پەردە یان تۆخکردنەوەی سنورە ناوچەیی و عەشیرەتی و حزبیەکانی زیاترە بۆ درێژەدان بە مانەوەی دەسەڵاتە لۆکاڵیەکانی. ئەم شێواز و سیستەمی بەڕیوەبردنە لە بواری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و بازرگانی و وەرگرتنی گومرگی سنورەکان و بودجە لە دەوڵەتی عێراق ، یا خود لە بواری سیاسەت و پەرلەمان و یاسا و پەروەردە و هتد.. دەبینرێ.

هۆکاری ١٦ ئۆکتۆبەر و ٣١ ئاب و ئەم سیاسەت و تاکتیکە دژ بەیەکی یەکێتی وپارتی و شەڕ و ململانێی ناوخۆیان و ڕیکنەکەوتنی ستراتیژیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمانە ناسیونالیزمێکی بێ دەوڵەتن و هێزێکی لۆکاڵی و ناوچەگەری میلیشیایین کە بەرژەوەندی داهات و دەسەڵاتی ناوچەکانیان لەپێش دۆخ و چارەنوسی کوردستان و خەڵکەکەیەوەیە.

ئارنست گیللنەر دەڵێ دۆخی کورد و سۆماڵیەکان شازن لەمڕۆی دنیادا بەوەی کە وەک نەتەوەیەکی قەبیلەیین ، کە هەندێ کات لەناوخۆدا وەک قەبیلەیە هەرچەند ڕوو بە جیهانی دەرەوە وەک قەومیەت دەردەکەوێ. ئەو لە ساڵی ١٩٨٣دا کتێبێکی بەناوی “نەتەوە و ناسیونالیزم”ەوە دەرکردوە و کە لە چەند جێگایەکدا ئاماژە بە کورد دەکا. ئەو دەڵێ ” ناسیونالیزم نەتەوە دروست دەکا نەک بە پێچەوانەوە”.

ناسیونالیزمی کورد نەتەوەی کوردی دروستکردوە بەڵام بەوەی نەیتیوانیوە و ستراتیژی نەبوە ببێ بەدەوڵەت ئەم پرۆسەیە هەروا بە ناکامڵی ماوەتەوە. دۆخی ئێستای کوردستانیش کە نزیک بە سێ دەیەیە دەسەڵاتی دیفاکتۆی کوردی هەیە نەیتوانیوە ئەو پرۆسەیە کامڵ بکا و قەوارەیەکی سیاسی مۆدێرنی دەوڵەتی دروست بکا و قاڵبی عەشیرەتگەری و بنەماڵەیی و ناوچەگەری سەپێنراوە بەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستاندا و ڕێگەی گرتوە لە گەشەکردنی و کامڵبونی بەرەو کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و دەوڵەتێکی مۆدێرن. ئەمانە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئابوری و خوێندن و ڕۆشنبیری و ناسنامە و خەباتی چینایەتی داناوە و دۆخێکی سەخت و چەقبەستوی دروست کردوە.

ئاسۆکمال




چیرۆک- چــاوانــی ئـەبـڵــەق … نووسینی: حـەمـە ھـیـوا

زۆربەی کات بیری دەکردەوە و لە خۆی دەپرسی ئایە کۆتایی بونی ھەیە؟نەستی ئەو ھەرزەکارە ڕوبارێک بوو لە پرسیار،گشت کاتێک لەسەر ئەو ئایدیایە بو،کە سەراسیمەیی نەبێت بەرامبەر ھیچ فەیلەسوفێک یاخوود ھەر پەرتوکێک،ھەر بۆیە دەیویست خۆی لۆجیک ببەستێت بە ھەمو ئەو ڕستانەی کە نیشانەی پرسیاری لە تەکەوە بوون.
لەو گەڕەکەی ئەو ھەرزەکارە و دایکە پەککەوتوەکەی لێ دەژیان،ئارایشتگایەک ھەبوو،سێ کچ خاوەندارێتیان دەکرد،تەمەنیان لە سەروو بیست ساڵ دەبوو.
ئەو ھەرزکارە دەمێک بوو بڕیاری ئەوەی دابوو بەبێ ئەوەی باوەری بە ھیچ ئاینێک بێت بژی،لە کوڕانی ھاوتەمەنی خۆی نەدەچوو،لەو رۆژەوەی باوکی لە جەنگ کوژرا،بڕیاری دا ببێتە جێگرەوەی باوکی بۆ دایکی.

لە کۆڵانەکەیاندا چەند فرۆشگایەک ھەبو،بازاڕێکی چکۆڵەش ھەبوو،چەندەھا پۆشتەفرۆشی لێبوو،جلکی ئافرەتانە و کچانەیان دەفرۆشت،ھاوکات مەیخانەیەکیش لەوێدا بونی ھەبوو.
ئەوەی مایەی سەرسورمان بو گشت رۆژێک کاتێک ھەتاو سەری دەردێنا ئەو ئارایشتگایە بەر لە ھەمو فرۆشیارەکان دەکرایەوە،زۆر جار خەڵکیان ھەراسان دەکرد بە ھاوارکردن و بانگێشتکردنی لاوە تازە ھەرزەکار بوەکان،سەرنجی ھەمو کورە باڵغبوەکانیان بۆ خۆیان ڕادەکێشا.

ئەو ھەرزەکارە ناوی عەلی ڕەزا بوو، خاوەن دایکێکی پەککەوتە و گۆچان بەدەست و داماو بوو،گشت بەیانیەک دایکی بە خەوتویی خاوێن دەکردەوە و پاشماوەکەی دەسری،بە ھۆکاری ئەوەی دایکی سانسۆری جەستەیی لەدەست دابوو و بە ئاشکرا میز و پیسایی دەکرد بە ژێر خۆیدا،بەڵام عەلی ڕەزا ھیچکات نەیدەھێنا بەسەر خۆیدا و ئامادەگی ئەوەی تێدا دەبینرا تاوەکو کۆتا نەفەس یارمەتیدەر بێ بۆ دایکی.
ئەوەی کە عەلی ڕەزای ناڕەحەت و بێزار کردبو ئەو سێ کچەی ئارایشتگا بون،گشت رۆژێک ئاژاوەیان پێ دەفرۆشت و تانەیان لێ دەدا،بەھەرجۆرێک بوایە عەلیرەزا خۆی لەوان دەدزیەوە.

موجاھید ئەو کوڕە بوو،کە لە قۆناغی ناوەندیدا لە مەدرەسە لەگەڵ عەلیرەزا ھاوپۆل بوو،کوڕێکی دەستکورت و بێ نەوا بوو،ھەفتانە سەری لە عەلیرەزا دەدا و بە قەرز بڕە پارەیەکی کەمی لێوەردەگرت.لە ڕاستیدا موجاھید لە نانەواخانەیەک کاری دەکرد،بەڵام خۆی بێبەش نەدەکرد لە کاری پاکردنەوەی پێڵاو،لە ھەمبەر ھەمو ئەمانە کچە مامەکانی کاتێک دەیان بینی سوکایەتیان پێ دەکرد و لە دورەوە تیری رقیان بۆ دەھاوێشت.
ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی وەرزی زستان لە مانگی دوو موجاھید دەیەوێت بڕواتە کار بە جلکە چڵکنەکانی،گەرچی ترسی ئەوەی لێ نیشتوە کچە مامەکانی بیبینن و دوبارە تەشقەڵەی پێ بکەن،ڕەگی ناچاری دایدەگرێت و دەچێت.

لەوکاتەدا کە لە ماڵ وەڕێدەکەوێت بارانێکی بێ ئەندازە خێرا دەبارێت و لەگەل خۆیدا تۆفان و تەرزە دەھێنێت.لەوکاتەدا دو کچە مامەکەی دەردەکەون و یەکێکیان کە ناوی ئیمانە،پانتۆڵێکی ڕەشی تەسک و بلوزێکی مۆری قۆڵکورت و چاکەتێکی سوری پۆشیوە،قۆپچەی بلوزەکەشی کردۆتەوە تا مەمکۆڵەکانی دەرکەون و دڵی لاوەکانی پێ ببا.
ئەوی تر ناوی نەدیە و تەنوریەکی مۆری کورت و گۆرەویەکی درێژی ڕەشی لەبەرکردوە،لەگەڵ ژێر کراسێک و بلوزێکی یەخەدار.

ئامۆزا نەگبەتەکەیان بەسەر دەکەنەوە بە جوێنی ناشرین،نەدی سمتە خڕەکانی خۆی بۆ موجاھید نمایش دەکات و بە چاوێکی سوکایەتیەوە لێی دەڕوانێت و دەڵێت:چیە حەزت لێ نیە؟!ناتەوێ بێی ھەرسێکمان کاتێکی خۆش ببەینە سەر؟موجاھید پڕبوە لە رق چاوانی ئاگرێکی جەھەنمیان لێ دەبارێت،ئیمانیش لەولاوە دەست دەخاتە بەینی مەمکەکانی و دەڵێت:وەرە داماو لەگەڵ ئێمە وەرە،ئێمە بە خۆڕایی خۆمانت پێ دەدەین وەرە گەمژەی سوک و ڕیسوا.لەوکاتەدا عەلیڕەزا وەک کابوسێک دێت و بە ھەمو ھێزی خۆیەوە شەپازلەیەک دەدات لە ئیمان و پاڵێکیش دەنیێت بە نەدیەوە و دەستی موجاھید ڕادەکێشێ و دەیبات بەرەو ماڵی خۆیان.

ڕێگادا دوبارە توشی کچانی ئارایشتگاکە دەبنەوە،یەکێک لەو سێ کچە کە چاویلکەیەکی ڕەنگی شینیی ئاسمانی لە چاو دایە،جاڕ دەدات بە کچەکانی تر کە عەلیرەزا و موجاھید ھاتون،لەو کاتەدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراوانە عەلیرەزا شاڵاوی بۆ دەبات و بە مستکۆڵە دەکێشێت بە سەریدا،خۆی و موجاھید دەرۆنە ناو ئارایشتگاکە و دو کچەکەی تر دەبینین کە تەنھا جلی ژێرەوەیان لەبەردایە و بە جەستەی ڕوتەوە لێی دانیشتوون.
کاتێک کە ئەو دو لاوە دەبینین بە دڵێکی ترسەوە ڕادەچەڵەکێن و ھەڵدەستنە سەر پێ،یەکێکیان دەست بۆ رومەتی عەلیرەزا دەبات،لەوکاتەدا عەلی رەزا شەقێک دەکێشێت بە دەستیدا و لە خۆی دوری دەخاتەوە.

کچەکەی تر قاچی دەلەرزێت و دەیەوێت بە ھەر ڕێگایەک بێت ڕابکا و ھەڵبێت،لەوکاتەدا عەلیرەزا دەستی ڕادەکێشێت بۆ چاوانی ئەو دو کچە لاسارە و بە چاوێکی رقاویەوە پێیان دەڵێت:ئێوەی کچان وان چێژ لەوە دەبینین گشت نێرەکانی ئەم زەمینە ببن بە کۆیلەتان،شانازی دەکەن بەوەی ھەمو کوڕان و پیاوان بێنە بەینی ڕانتانەوە و ئەو شتە بکەن کە زۆرترین چێژ دەبەخشێت،ھاوکات ئەم چێژە کاتیەش بێ ئەرزشترین شتە لە دونیادا.
ئێوە کاڵایەکی بێ بەھا و ھیچن،دڵتان دەدەن بە کوڕێک،کە لە پێناوتان ھەمو شەو و رۆژ دەبەخشێت لە پێناوتان شەونوخونی دەکا لە پێناوتان گیان بەخت دەکات،کەچی بە زویی پەراوێزی دەخەن و دەچنە باوەشی دەیەھا و سەدەھای تر.پارچەیەک گۆشتان ھەیە و زۆرینەی نێرەکان برسیتانن،بەڵام لە کاتی خاڵیبونەوە ھیچ ئەرزشتان نامێنێ و ئەوەی بۆتان دەمێنێتەوە داوێنە پیسەکانتانە.

ھەردوو کچەکە فرمێسک لە چاوانیان دەھاتە خوارێ بە بیستنی ئەم گوتانە کە وەک فیشەکێک وابوو بۆیان،عەلیرەزا بێ گوێدانە گریانی ئەوان بەردەوامی بە قسەکانی دا و گوتی:دەمھەوێت بەر لە رۆیشتنم ئەوەتان پێ بڵێم،ئێوە شادن بەوەی کە چەندەھا کوڕ و پیاوی خانەدان دواتان کەوتون،دەشێ خاوەن بۆنی گرانبەھان بن دەشێت پۆشتەی ناوازە بپۆشن،بەڵام ھەمو ئەمانە ھیچن،ئەوانە ئێوەیان تا ئەو کاتە دەوێت تا تێریان دەکەن،پاشان دەرتان دەکەن و ئێوەش دەبن بە ھیچترین مێینەی سەر زەمین و وەکو سەگێکی بێ خاوەنتان لێدێت
ئێوە ناتوانن بەرگەی ئەو کوڕە ھەژار و لێقەوماوانە بگرن کە پڕ بە دڵ ئێوەیان خۆشدەوێت و بۆ بینینتان ھەمو ھەنگاوێکی دژوار دەبڕن،دەمەوێت ئەوە بزانن ھەر ئەو کوڕە پۆشتە دڕاوانەن کە بە ڕاستی پێتان دەڵێن تا ئەبەد دەمەوێی،بێ گوێدانە ھیچ شتێک ئێوەیان دەوێت،بە شێوەیەک ئێوەیان دەوێت گەر ئەو دونیاش بونی ھەبێت ژیانتان لەگەڵ بگوزەرێنن.
کەواتە ھەڵمەخەڵەتێن بەوانەی بۆ چەند ساتێک شادومانتان دەکەن بە پێشکەشکردنی دیاری گران بەھا و پۆشاکی مۆدێرنە،دڵخۆشی ئێوە لای ئەو کوڕانەیە کە دڵتان لایان گەورەترین ئامانەتە و دڵخۆشکردنی ئێوە بە پیشەی ھەمیشەیی دەزانن.
چونە دەرێ لە ئارایشتگاکە و بەرەو ماڵی عەلیرەزا کەوتنە ڕێ،بەڵام لە کاتی چونە ژورەوەیان بینیان کە دایکی عەلیرەزا ھەناسە نادات و ئیدی بۆ ئەبەد کۆچی دوایی کردوە.

نووسینی: حـەمـە ھـیـوا




وڵاتی من … به‌ختیار محه‌مه‌د

له‌ وڵاتی من
جاشه‌كان قاره‌مانن
قاره‌مانه‌كان دۆشداماون
شۆڕشگێڕه‌كان كرێچین
چه‌قۆكێشه‌كان وه‌زیرن.
له‌ وڵاتی من
گه‌مژه‌كان ڕووناكبیرن
ڕووناكبیره‌كان گه‌مژه‌ن.
له‌ وڵاتی من
حزب كه‌عبه‌یه‌ و
سه‌ركرده‌ش خوایه‌.
له‌ وڵاتی من
ئازادی له‌ مه‌یموون ده‌چێ
خه‌ڵك گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن.
له‌ وڵاتی من
حه‌قیقه‌ت وه‌ك قه‌حپه‌
ئه‌گه‌ر نه‌كوژرێ
شاربه‌ده‌ر ده‌كرێ.
له‌ وڵاتی من
داگیركه‌ر دۆسته‌ و
دۆست دوژمن.
له‌ وڵاتی من
سه‌نگه‌ر گۆڕینه‌وه‌
وه‌ك په‌ڕینه‌وه‌یه‌ له‌ پردی جۆگه‌یێ.
له‌ وڵاتی من
هه‌موو درۆزنه‌كان
به‌هه‌شتیین و
هه‌موو ڕاستگۆكانیش
جه‌هه‌نه‌میی.
له‌ وڵاتی من
هیچ شتێك تامی نه‌ماوه‌
جگه‌ له‌ درۆكردن نه‌بێ:
شه‌ره‌ف له‌خاچ دراوه‌ و
بێ شه‌ره‌فییش ئیمپراتۆڕه‌.
له‌ وڵاتی من
مێگه‌لی ڕۆشنبیر
له‌ناو مێرگی گه‌نده‌ڵیدا ده‌له‌وه‌ڕێن و
له‌به‌رده‌م پادشاكان
بۆ شاباشی زۆر
قوونی قه‌ڵه‌مه‌كانیان
باده‌ده‌ن و
له‌به‌رده‌م سه‌رۆكیشدا
كڕنووش بۆ بتی پاره‌ ده‌به‌ن.
له‌ وڵاتی من
چێشتخانه‌ زانكۆیه‌ و
زانكۆكانیش سكرابخانه.
له‌ وڵاتی من
ئازادی
له‌ تڕی گه‌وره‌ی به‌رپرسێك
ده‌چێ و
هزریش له‌ فسێكی
بۆنناخۆش.
له‌ وڵاتی من
خوا له‌ شه‌یتان ده‌چێ و
شه‌یتانیش له‌ خوا.
له‌ وڵاتی من
جه‌نگ ئاشتییه‌ و
ئاشتیش جه‌نگ.
له‌ وڵاتی من
له‌وه‌تی هه‌یه‌
عه‌شق له‌ مه‌رگ ده‌چێ و
مه‌رگیش له‌ عه‌شق.
له‌ وڵاتی من
هه‌موو شتێك درۆیه‌
ته‌نها درۆ خۆی نه‌بێ
كه‌ له‌ كۆشكی ده‌سه‌ڵاتدا
پادشایه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




١٦ ئۆکتۆبەر لاپەڕەیەکی ترە لە مێژویی شکستخواردوەکان…!…. موزەفەر عەبدوڵا

ڕێکەوتی ١٦ ئۆکتۆبەری ئەم مانگە ساڵێک تێپەڕی بەسەر ڕوداوێکی کارەساتباردا کە بوە هۆی کوشتنو برینداربونو ئاوارە بونی سەدانو هەزاران کەسی بێتاوان. جگە لەوەش بوە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حزبەکانی ئەم بزوتنەوە شکستخواردوەی کوردایەتی یە.
ئەو بزوتنەوە شکسخواردوەی کە پارتی و بارزانیەکان و، یەکێتی و تاڵەبانی یەکان ،بە ڕەنگی زەردوسەوز ڕابەری دەکەن لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنی ڕەنگاو ڕەنگی تر. هەروەها هەریەکەشیان خاوەنی میلیشایی خۆیاننو بەهیز ی چەکو چەتەگەریش خۆیان سەپاندوە بەسەر جەماوەری چەوساوەو ڕەوتە ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکان.

بێگومان ئەم ڕوداوەش بەشێک بوو لە ئاکامی کۆمەڵێک ئاڵوگوڕی سیاسی و سەربازی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی کە بوە هۆی گۆڕینی هێز هاوسەنگی لە ناوچەکەو ناوخۆو ،هاوکات سەرلێشیوایی و پەرتەوازەیی و پیلانگیری لایەنەکانی ناو ئەم بزوتنەوە شکستخواردوە .ئەم هەلومەرجەش لە رویەکەوە وایکرد پارتی و بارزانی بۆ پاشەکشە بەنەیارەکانی لە بە غداو هاوکات لایەنەکانی ناو بزوتنەوە شکستخواردوەکەیان دەسبەریت بۆ پرسی دەنگدانو هەرای سەربەخۆیی کە دەمێکە مافیکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە بەڵام ئەمانە زیاتر بۆ پیلانگیری بەکاریان هینا .لە بەرامبەریشدا تاقمی باڵادەستی ناو یەکیتی دەستیان برد بۆ ڕیسواترین شێوازو دەستێکەڵکردن و ڕێکەوتن لەگەڵ نەیارە کاتی یەکانی پارتی و بارزانی.
بەم شێوەیە ئەم ڕوداوەش وەک هەمو ڕوداوەکانی تر ،بە تایبەتی ڕوداوی ٣١ ئابی ٩٦ وەک تۆڵەیەک لە پارتی و باڵادەستی یەکان تا ئەمرۆی ،بوە لاپەڕەیەکی تر لە مێژویی پڕ ڕیسوایی بزوتنەوەی شکستخواردوی کوردایەتی .

دیارە ئەمەش یەکەم ڕوداوی پیلانگێریو ملشکاندنی یەکتر نی یە لەم مێژوەیان .بەڵکو لە نیوەی پەنجاکان بەدواوە کە ئەم بزوتنەوەیە باڵای کردوە چەندین ڕوداوی وایان لە مێژوی خۆیان تومار کردەوە.ڕوداوی ساڵی ٦٦ کە دوای چەند ساڵ لە ململانێکانیان بە تەقینەوە گەییشت بوە خاڵی دابەش بونی یەکجاری خێڵەکی و ناوچەگەری کە بەناوەکانیانەوە دیار بون . پاشان ڕوداوەکانی ٧٥ و ٨٣ و ٩٤ و ٩٦ هەمو ئەمروداوانە بریتین لە لاپەرە پیلانگیرانی یەکانو ملشکاندنەکانی یەکتر.هەموشی لە پێناوی ڕێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی بەغداو گەییشتن بە بەشیك لە دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایە لە کوردستاندا.

ئێستاش کە ساڵێک بەسەر ڕوداوی ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا تێپەڕ دەبێت سەرانی ئەم حزبانەی بزوتنەوەی شکستخواردویی کوردایەتی لە پاڵ ڕیزێک لە نوسەرو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوس و ئەکادیمی موچەخۆری گەندەڵ وێڕای تاوانبار کردن و سوکایەتی کردنی شەخسی بە یەکتر هاوکات خەریکی تێورداتاشینن بۆ ئەم ڕوداوە ڕیسوایە بە ناوی خیانەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی و کوردایەتی و میژویی. وەدەیانەوێت بیکەنە مێژویی هەمو خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و ڕەوتو لایەنە چەپو ئازادیخوازەکانیش.
لە کاتیکدا هەمولایەک دەزانیت کە ئەمە نە یەکەم ڕوداوەو نە دوا ڕودایش دەبێت لە مێژویی ئەم بزوتنەوە شکست خواردوەدا.
دیارە زۆر هۆکاری سیاسی و میژویی و زاتی و مەوزوعی هەیە کە بونەتە شکستیخواردنی ئەم بزوتنەوەی کوردایەتی یە.
زۆر بە کورتی ئەو هۆکارانەش ئەوەیە کە کاتێک ئەم بزوتنەوەیە سەری هەڵداو باڵای کرد هەلومەرجی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیستەمی سیاسی سەرمایەداری لە ئاستی دونیا بە تایبەتی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دوومی جیهان جۆریک لە جێگیری دووجەمسەری بەخۆیەوە گرتبو.
ئیتر ئەم جولانەوەیە هیچ ئاسۆو ئامانجو بەدیلیکی پێشکەوتوی لەبەردەمدا نەمابوو وەک بۆ بزوتنەوە ناسیونالیستی یەکانی پیش جەنگی جیهانی یەکەمو، بە تایبەتی سەدەی نۆزدە ،کە هەبون.
ئەم بزوتنەوەیە لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە نەیدەتوانی یەک بزوتنەوەی ناسیونالیستی پێشکەوتو بیت بۆ توانەوەی فۆرمە سیاسی یەکانی دەورانی فیودالیو خێلەکیانە لە فۆرمی یەک نەتەوەو نیشتیمانو ئابوری و ئامانجی سیاسی و کەلتوری هاوبەش .بە پیچەوانەوە لە زەمەنێکدا وەستاو پاشان ڕەوتی پاشەوپاشگەرانەوەی دەست پێکرد. ئەو چەند دەیەیە کە ڕێکخراوەو دەستە سیاسی یەکانی بۆرژوا ناسیونالسیتی یەکان لە پارتی دیموکراتدا توانەوە ئیتر لە کۆتایی پەنجاکانەوە ڕەوتی لەتبونو پەرشو بڵاوی دەستی پێکرد و لە مەلایی و جەلالیدا بەرجەستە بوەوە.لەوکاتەوە ئیتر هەر لایەکیان زیاتر بە تەنها لەهەوڵی ئەوەدابون بەهەر نرخێک بوە دەوڵەتی بۆرژوازی عیراق بیان کاتە دەسەڵاتدار لە کوردستان.بەڵام چینی بۆرژواز ناسیونالیستی عیراق دوای دەیان ساڵ لە شەڕو کوشتارو گفتوگۆ تەنها حوکمی زاتی ساڵی ١٩٧٤ پێدان ئەویش لاوازترین لاباڵی بزوتنەوەکە کە تاقمی حزبی دیموقرات و شۆرشگیر ی کورستان کۆببونەوەو ئەم دەرفەتەی قۆزتەوە وەک هاوکارێکی رژیمی فاشی بەعش کۆمەلگای کوردستانی بەڕیوە دەبرد.

بەم شێوەیە هیچ یەک لە دوو باڵە سەرەکی یەی کوردایەتی سەرەرای هەر ساتوسەودایەک لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا بەڵام هەر نەگەییشتنە دەسەڵات. تا لە سەرەتای نەوەتەکان و، لە هەلومەرجێکی پڕ وەرچەرخانو ئاڵوگۆڕی جیهانی دا کە لە کۆتایی دوو جەمسەری و پێویستی دابەشکردنەوەی هەمەلایەنەی جیهان بوو ئیتر ئەم حزبانە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا بگەنە دەسەڵات لە سەرەتای نەوەتەکان .

ئەو ئاڵوگۆڕو وەرچەرخانەش چونکە زۆر ناوەڕۆک کۆنەپەرستانو دژی ئیسانی بوو بە ڕابەری گەورە زلهێزی ئیمپریالی ئەمریکا تەنها رەوتو لایەنی زۆر کۆنەپەرستی بزوتنەوەی شکسخواردوی وەک ئەمانە دەیتوانی بگاتە دەسەڵاتی سیاسی .
ئەمە ئیتر زۆر بە کورتی مێژویی سەرهەڵدانو باڵاکردنو بە دەسەڵاتی گەییشتنی ناسیونالیزمی کورد- کوردایەتی – و حزبەکانیتی لە کوردستانی عێراق .بۆیە ئیتر نابێت جەماوەری ئازادیخواز نە خۆش باوەڕ و نە هێچ چاوەڕوانی یەکان لەمانە هەبێت بۆ بەدیهێنانی ماف وئازادی یەکانیان. چونکە ئەمانە دەمێکە شکستیان خواردوە.

ئەمانە ئێستا بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەکی و ناوچەگەری خۆیانو گردو کۆکردنەوەی پارەو سەرمایە بە دزی و گەندەڵی ئامادەن دەیان جار خراپتر ملی یەکتر بشکێنن بەهاوکاری وپشت بەستن بە کۆنەپەرستترین و دژی ئینسانی ترین دەوڵەتو ڕژێمیی دونیا.وە هەمو ئەم ڕوداوە کارەساتبارانەو ملشکاندنەی یەکتر ناو بێنن خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی میژویی لە کاتێکدا خۆیان هۆکاریکی سەرەکین بۆ قەوارەنەگرتنی ئەو یەک نەتەوەو نیشتیمان وزمان و کەلتور ەی وەک ناسیونالیزمەکانی دەورانی ڕێنیسانس کەلە ئەوروپاوە دەستی پێکرد.
لەم ڕوانگەیەوەیە کە ئێمە دەڵێین ١٦ ئۆکتۆبەر تەنها لاپەڕەیەکی ترە لە مێژووی بزوتنەوەی شکستخواردوەکان بە سەرکەوتو دۆڕاویانەوە. جا با هەر سەرانو بیرمەندو مێژونوس و ئەکادیمی و نوسەرانیان خەریکی تیۆرداتاشینی خیانەتی نیشتیمانی ونەتەوەیی مێژویی بن.

ئەگەر تا پیش ١٦ ئۆکتۆبەر یەکێتی و تاڵەبانی یەکان بە پارتی و بارزانی یەکانیان دەوت ڕوداوی ٣١ ئابی ٩٦ خیانەتی نیشتیمانی ونەتەوەیی بوو ئەوە ئێستا پارتی و بارزانی یەکان بە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ یەکێتی دەڵێن خیانەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی و کوردایەتی مێژویی.
جا گرینگ ترین دەرسو تاقی کردنەوە لەم روداوانە بە نیسبەت کریکارانو خەلكی ستەمدیدەو بەرەی ئازادیخوازیەوە پێویستە ئەوە بێت کە بزوتنەوەی ئازادیخوازی ڕیزی چینایەتی خۆیان ڕێکخەن بەرامبەر حزبەکانی ناو ئەم بزوتنەوە شکستخواردوە تا لەوە زیاتر نەبنە قوربانی و کۆتایی بە دەسەڵاتیان بێنن.هەر ئەمەش تاکە ڕیگایە بۆ بەدیهێنانی هەمو مافو ئازادی یە ئابوری و سیاسی یەکانی خەڵک خۆی.


٢١-١٠-١٨
موزەفەر عەبدوڵا




کەمنیش هاتم سنوور لێرە بوو … جەلال بەرزنجی

هەمووجارێک،
کە باوکم،
لە گەڵ چەند بازرگانێک؛
بۆ مافور،دەچوونە سەقز،
دایکم دەیگوت؛
“لە سنوورئاگاداری خۆتان بن”
“بەشەو لێی دەدەین” ئەوە وەڵامی باوکم بوو.
دارکەران،
هەمیشە،
چەند کیلۆمەترێک،
دوورلە سنوور،
دار دەکەن.
شوان،
راوچی ،
لە سنوور دەسلەمێنەوە.
کە هاتم سنوور لێرە بوو.
پێش باپیرم،
باپیرە گەورەم،
سنوور،هەر ئەوها تاپو بوو.
سنوورەکان،
زۆر دەبن
بەڵام من هەر بێ سنوورم.
لەو سنوورانەی چیان،
پەناهەندە، ئاسکە.
لە پێدەشت،
کالەی ئەدی داسە.
لەدارستان،
سمۆرەیە.
لەئاو،
بەلەمە .
ئەوسنوورەی دواجار،
بۆمانەوەم ،
لێمدا،
سیمی خاڵداربوو.
پەناهەندەکانی پێش من،
جێی پەڕینەوەی سەڵتە زەلامیان خۆش کردوە،
هەرچوومە ناوی،
هەستم دەکرد،
باڵندەیەکم،
لە قەفەز دەردەپەڕم.
لە نەشئەی خؤشی پەڕینەوە دەژیام.
پاسەوانەکانی سنوور،
ئەوانەی لە کۆنەوە لێیان دەترسێم.
دەوریان دام
بە دەستی کەلەبچە کراو
سنوور داش کرام..
ژیانم لە دەورو بەری کۆچ و
بڕینی سنوورەکان دەخولێتەوە
ئێستاش،
راناوەستاوم.
وام لە ئاسمان،
لە ژێر شینایی
بۆ چوونە سەر عاردی،
دەبێت سنووری هەور ببڕم.


جەلال بەرزنجی
٢٠١٨
کەنەدا




نووسەر سۆران ئازاد لە وەڵام بە دەنگەکان سەبارەت بە کارڵ مارکس

ئەم چاوپێکەوتنە بەشێکە لە مەلەفی ” مارکس لە ئێستادا” کە فریای بە چاپکردن نەگەشت لەگەڵ چاوپێکەوتنەکانی تردا….
کتێبی مارکس لە ئێستادا لە کوردستان لەم لەم کتێبخانانەی خوارەوە دەست دەکەوێت:
کتێبخانەی (جێژوانی خوێنەر و ئەندێشە) لەشاری کەرکوک، چەمچەماڵ – کتێبخانەی چەرموو، سلێمانی کتێبخانەی ئەندێشە دەستدەکەوێت
https://dengekan.info/archives/7490
گۆران

———————————————————————-


سەرنجێک بۆ خوێنەران

من پاش و پێشم بە پرسیارەکانی کاک گۆران کردووە. هۆکاری ئەوە دەگەڕێنمەوە بۆ بە پێشەنگزانینی هەندێک پرسیار. لە هەمان کاتدا، پرسیار هەیە، کە تێکەڵم کردوون، چونکە پێم وایە بۆ وەڵامدانەوەکەی من، هەم وا گونجاوتر بووە، هەمیش بەو شێوەیە زیاتر یارمەتیدەرە بۆ خوێنەر.

دەنگەکان:

له‌ دۆخی ئێستادا چۆن ماركس بخوێنینه‌وه‌؟ چۆن مارکس له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌ی ئه‌و راڤه‌ ئایدیۆلۆژییه‌ و تێگه‌یشتنه‌ دۆگماییه‌ ده‌ربهێنین که‌ له‌ تاکه‌ ره‌هه‌ندێکی ئایدیۆلۆژییدا کورتکراوه‌ته‌وه‌؟ ئایا باڵاده‌ستی گوتاری ماركسیزم به‌سه‌ر ژیاریی خۆرئاواوه‌ كۆتایی هاتووه‌ یاخود ئه‌و گوتاره‌ به‌شێوازی جیاواز بوونی هه‌یه؟‌

سۆران ئازاد:

من بۆچوونم وایە، کە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، پێویستیمان بەوەیە بزانین لە کوێدا دەست بە خوێندنەوەی (کاڕل مارکس) بکەین. دۆزینەوەی دەستپێک لە فەلسەفەی (مارکس) گرنگ و جەوهەرییە. دوای ئەو دۆزینەوەیە و تیشک خستنە سەر هزری (مارکس)، باوەڕ دەکەم ئەوە لە خۆیدا بەشێک لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت دابین بکات.
دیارە بەر لە ئێمە، (مارکس) خۆی باسی کێشەی دەستپێک لە هەر بوارێکی زانستیدا دەکات و دەڵێت: “دەستپێکەکان لە زانستدا هەمیشە قوڕسن”. دەستپێک بە تەنیا خاڵی دەستپێکردن نییە، چونکە خاڵی دەستپێکردن واتە ئێمە دەزانین لە چییەوە دەست پێ دەکەین و ئاڕاستەی باسەکەمان بۆ کوێ دەڕوات. بەڵام ئەو هاوکێشەیە بۆ فەلسەفەی (مارکس) و هەر فەیلەسووفێکی گەورەی تر دەست نادات، چونکە ڕەگوڕێشەی هەر بابەتێکی فەلسەفی لەو شوێنەدا نییە، کە باسی لێوە دەکرێت و دەست دەکرێت بە شیکردنەوەی، ئەوەیش لەبەر ئەوەی، کە هەر بابەتێکی فەلسەفی وابەستە و پێوەندیدارە بە بابەتەکانی پێش و پاش خۆی.

بۆیە دیاریکردنی دەستپێک بۆ فەلسەفەی (مارکس) ڕووبەڕووی هەمان کێشەی مێتۆدیمان دەکاتەوە، چونکە ئەو دەستپێکە نادیارە، یان بە واتەیەکی تر کێشەدارە و بیروڕای دژ بە یەکی لە خۆ گرتووە، بە تایبەت، کە باسەکەمان پێوەندیی بە یەکێک لە کێشەدارترین فەیلەسووفەکانی دنیاوە هەیە، کە (مارکس)ە و بە چەندین شیکردنەوەی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ کراوە. بۆیە سەرەتا هەر باسکردنێکی پێوەندیدار بە (مارکس)ەوە پێویستە لەو شوێنە دەست پێ بکات، کە پێمان بڵێت لە کوێوە دەست بە (مارکس) دەکەین و لە چ وێستگە و گۆشەنیگایەکەوە باس لە (کاڕل مارکس) دەکرێت. ئەگەرنا، هەوڵەکان توانای تێپەڕاندنی ئەو چوارچێوەیان نابێت، کە ڕۆشنبیرانی ڕووکەش لە بارەی (مارکس)ەوە دروستیان کردووە. ئەو چوارچێوەیەی، کە پێی وایە هەر کەسێک باسی (مارکس)ی کرد، (چ بە باش و چ بە خراپ!)، ئەوا مانای وایە لە قووڵایی فەلسەفەی (مارکس) تێگەیشتووە. من یەکەم کەسم، کە ددان بەوەدا دەنێم ئەو باوەڕەم هەبوو لەو کاتەی دەستم کرد بە خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە کوردەکان، بەڵام لە دوایدا دێمە سەر ئەو باسەی، کە چۆن ئەو وەهمە وردە وردە تێکشکا.

لێرەدا من پەنا بۆ بۆچوونەکانی (بۆب جیسۆپ- Bob Jessop) دەبەم، کە یەکێکە لە ڕەخنەگر و ئەکادیمیستە دیارەکانی جیهانی ئەمڕۆمان. خۆشبەختانە لە مانگی ئابی ساڵی 2016، بواری ئەوەم هەبووە لە یەکێک لە وانەکانی بەشدار بم، کە لە زانکۆی (ڕۆسکیلدە)ی (دانمارک) لە کۆڕسی (بەڕامیاریکردنەوەی سەرمایەداری-Repoliticing Capitalism) پێشکەشی کرد. ئەو بەشێکی گەورەی وانەکەی، کە ماوەی سێ کاتژمێری خایاند، بۆ دۆزینەوەی دەستپێک لە فەلسەفەی (مارکس) تەرخان کرد. لە دیدی ئەودا، دەستپێک بۆ فەلسەفەی (مارکس) یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگەکان، چونکە ئەو فەیلەسووفە خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی جیاوازە و کۆکردنەوەی هەموو بەرهەمەکان لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئەودا، نزیکمان ناکاتەوە لە مێتۆدێکی زانستیانە بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتن لە فەلسەفەی (مارکس).

یەکەم کتێب، کە پێویستە لێیەوە دەست پێ نەکەین و بیرەکانی (کاڕڵ مارکس)ی تێدا سنووردار نەکەین، (مانفێستۆی کۆمۆنیسم)ە. ئەو جۆرە تێڕامانە ڕووبەڕووی پرسیارمان دەکاتەوە، چونکە ئەو بەرهەمەی (كاڕل مارکس) و (فریدریچ ئەنگڵس) بوو بە ئایدیۆلۆگیا و بانگەشنامەی چەندین بزوتنەوەی ئایدۆلۆگی و هزری. لێرەدا من نامەوێت باسی ئەو جۆرە بزوتنەوە و پێوەندییان بە فەلسەفەی (مارکس)ەوە بکەم، تەنیا بە دیدێکی ڕەخنەگرانە لەو باسە دەڕوانم. خاڵی ڕەخنەگرانە لەوەی، کە بۆ گونجاو نییە لە کتێبی (مانیفێستۆی کۆمۆنیسم) دەست پێ بکەین ئەوەیە، کە یەکەم مانیفێستۆ یان مانیفێستنامە ژانرایەکی ئەدەبییە و لە شێوەی بانگێشتنامە دایە. لەو کاتەشدا هیچ بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی بوونی نەبوو.

بونیادی ئەو پارچە نووسینە لە ڕووی ستایشەوە بەهێزە و لە ڕووی خوێندنەوەی زانستیانە لاواز. ئەو بەرهەمە بانگەشەیەکی ستراتیجانەی جەوهەرییە (strategic essentialism). ئەو بانگەشەیەی پێداگری لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی گرووپ و بزوتنەوەکان دەکات. هەر بۆیە ئەو جۆرە بەرهەمە ڕێگەخۆشکەری ئەو جۆرە بانگەشەیەی بزوتنەوە کۆمۆنیست و مارکسییەکان هەبووە و لە هەمان کاتدا ئەو بەرهەمە بەردەوامی پێداگری لەسەر گرنگییەکەی کراوە. لە لایەکەوە کورتە و ئاسانە بۆ خوێندنەوە، لە لایەکی ترەوە لەبەر ئەوەی لەڕووی خوێندنەوەی زانستیانە لاوازە و زیاتر لایەنی ستایشی تێدا بەهێزە، بە ئاسانی توانای کۆکردنەوەی گرووپ و بزوتنەوەی جیاوازی هەیە. بۆیە دەستپێکردن لەو بەرهەمە دەستپێکێکی فەلسەفی و ڕەخنەگرانە نییە. یەکێک دەشێت پاش ئەوەی خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ بەرهەمەکانی (مارکس) و چەمکە جۆراوجۆرەکانی بکات، لە دوایدا ئەر بەرهەمە بخوێنێتەوە، چونکە خودی ئەو بەرهەمە ڕەنگدانەوە و بانگێشتمانەیە بۆ چەمک و ئەو کێشە مێژوویی و فەلسەفانەی، کە (کاڕل مارکس) بە کورتی ئاماژەی بۆ کردوون. لە ڕووی مێژوویشەوە، نووسینی (مانیفێستۆی کۆمۆنیسم) دەکەوێتە پێش نووسینی شاکارە گەورە ڕەخنەییەکەی، کە (سەرمایە)یە. لە هەمان کاتدا، نووسینی ئەو بەرهەمە دەکەوێتە پێش زاڵبوونی مۆدی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری.

بەرهەمێکی تر، کە بە دانانی وەکو دەستپێک نزیکمان ناکاتەوە لە فەلسەفەی (مارکس)، نووسینی (پارچەنووسینی ئابووری و فەلسەفی 1844- Economic and Philosophic Manuscript of 1844)ە، لەبەر ئەوەی ئەو بەرهەمە کۆمەڵێک یاداشتی ئەو فەیلەسووفەن و کاتێکیش خۆی لە ژیاندا بوو، بە چاپی نەگەیاندوون. ئەو یاداشتانە زیاتر لە کتێبی (سەرمایە) خراونەتە چوارچێوەیەکی فەلسەفی، کە تێیدا (مارکس) بە مێتۆدی فەلسەفیانەی خۆی ڕەخنە لە کەپیتاڵیزم دەگرێت و ڕووبەڕووی شیکردنەوە و لێکدانەوەی فەلسەفی دەکات. کێشەی مێتۆدی ئەو بەرهەمە لەوە دایە، کە زۆر کێشەی ئابووری و ڕامیاری بە تێرمی فەلسەفی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. لە هەمان کاتدا، یەکێکی تر لە کێشەکان ئەوەیە، کە کۆپییە نووسراوەکە ئاڵۆز و ناڕۆشنە، بۆیە کە چاپ و بڵاویش کراوەتەوە بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆنتێکس و تێرمانە کراوە، کە (مارکس) بە کاری هێناون. جگە لەو دوو بەرهەمە، پارچە نووسینی (پێشەکی 1859- 1859 Preface)، ڕووبەڕووی هەمان کێشەی مێتۆدیمان دەکاتەوە کاتێک دەمانەوێت لەوێوە دەست بە خوێندنەوەی (مارکس) بکەین.

کەواتە لە کوێوە دەست پێ بکەین؟ چۆن بتوانین ئەو کێشەیەی (مارکس) خۆی باسی کردووە چارەسەر بکەین و بیکەین بە خاڵی دەستپێک؟ لە ساڵی 1857دا، تێکچوونێکی ئابووری و بازرگانی گەورە کۆمەڵێک شاری گەورەی جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری کردەوە. ئەو تێکچوونە یەکەم قەیرانی ئابووری جیهانی بوو، چونکە لەو کاتەدا بوو، کە تازە ئابووری نێودەوڵەتی یان جیهانی گەشەی بە خۆوە بینی. سەرچاوەی ئەو قەیرانە لە (ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا) سەری هەڵدا و کۆمەڵێک شاری تری پیشەسازی و ئابووری جیهانی گرتەوە، لەوانە (لەندەن)، (لیڤەرپول)، (گلاسگۆو) لە (بەریتانیا)، (پاریس) لە (فڕەنسا)، (هامبۆرگ) و (لایپزیگ) لە (ئەڵمانیا)، (ڤیەنیا) لە (نەمسا)، (ئەمستردام) لە (هۆڵەندا) و (کۆپنهاگن) لە (دانمارک).

ئەو قەیرانە کاریگەری گەورەی لەسەر جووڵەی پیشەسازی و هێزی کار (labour power)ی کرێکارەکان هەبوو. شکستی بە زیاتر لە هەزار بانکی گەورەی (ئەمەریکا) هێنا. بەڵام هێشتا ئەوە گرنگییەکەی نییە، بەڵکو لە دوای ئەو قەیرانەوە، سەرمایەداری گەشە دەکات و دەبێت بە دیفاتکۆی ئابووری جیهان. ڕەنگە یەکێک بپرسێت چی وای لە (مارکس) کرد هێندە سەرنج بخاتە سەر ئەو ڕووداوە ئابوورییە جیهانییە. بەر لە هەر شتێک، دۆخی ژیانی (مارکس) لەو کاتەدا لەو پەڕی خراپیدا بوو. ئەوە بە ئاشکرا لە کۆمەڵێک نامەی بۆ (ئەنگلس)ی هاوڕێ و هاوپێنووسی دیارە و تەنانەت ئاماژە بەوە دەدات، کە هیچ کاتێک لە ژیانیدا هێندە لە ڕووخانی ئابووریدا نەبووە. ئەو بۆ ماوەی دە ساڵ بژێوی خۆی لەسەر نووسینی ڕۆژنامەوانی پەیدا دەکرد. بەشێکی ئەو نووسینانەی لە ڕۆژنامەی (نیویۆرک تریبون- The New York Tribune) بڵاو کردووەتەوە. خراپبوونی دۆخی ژیانی زەمینەی گەورەتری بۆ بیرکردنەوە و نووسینەکانی تری خۆش کرد، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، ئێرە دەبێتە دەستپێک. ئەو دەستپێکەی بە دوایدا دەگەڕاین، دەتوانین لێرەدا بیدۆزینەوە. دەستپێکی ئەو لە خۆڵەمێشی ناخۆشی و سەختی ژیانی خۆیەوە سەری هەڵدا. ژیانی (کاڕڵ مارکس) زۆر شتمان لە بارەی فەلسەفەکەیەوە پێ دەڵێت.

بۆ (مارکس)، ئەو قەیرانە سەرەتای سەرهەڵدانێکی نوێی مۆدێلی ڕامیاری و ئابووری جیهانە، کە پێوەندیی بە دەستەڵات و پارەوە هەیە. حکومەت و ڕامیارڤانەکان ڕۆڵی دەستەڵات و بانکەکان ڕۆڵی پارە دەگێڕن. قەیرانی لەو شێوەیە دروستکراون و پێوەندییان بە بەردەوامیدان بە کەشی قەیران و سوڕی پارەوە هەیە. لەو کاتە دایە، کە (مارکس) دەست دەکات بە نووسینی کتێبی (ڕەخنە لە ئابووری ڕامیاری). لەوێدا ئاماژە بەوە دەدات، کە توێژینەوەکەی دەبێت لە لێکۆڵینەوە لە شمەک (Commodity) دەست پێ بکات. لە بەشی چوارەمی کتێبی (سەرمایە)، کە لە ژێر ناونیشانی (دامەزراوەی گشتی سەرمایە)یە، یەکەم ڕستە بەو شێوەیە دەست پێ دەکات: (سوڕی شمەکەکان خاڵی دەستپێکی سەرمایەیە. بەرهەمهێنانی شمەکەکان و سوڕی گەشەی فۆڕمەکانیان، یان بڵێن بازرگانی لە پێشبیرەکانی مێژووەوە، کە لەژێریدا سەرمایە سەر هەڵ دەدات، یەک دەگرن.)
بە پێچەوانەی چەمکی (کۆمۆنیسم)، چەمکی شمەک یان شتومەک دەبێت بە خاڵی دەستپێک، چونکە لای (مارکس)، کێشە و دژەکان (contradictions)ی سەرمایەداری لە شمەکەوە دەست پێ دەکات. شمەک خەسڵەتی بەکارهێنان (use) و بەها (value)ی هەیە. بۆ نموونە ئاڵتوون هەم بە کار دێت و هەم بەهای هەیە، بەڵام بەهای ئاڵتوون وەکو شمەک ئاڵوگۆڕی (exchange)ی پێ دەکرێت. بۆیە هەر شمەکێک، کە خاوەن خەسڵەتی بەکارهێنان-بەها بوو، دەتوانێت بە شمەکێکی تر، کە خاوەن خەسڵەتی بەکارهێنان-بەهای هەیە، بگۆڕدرێتەوە.

لێرەدا شمەک دوو هاوکێشەی جیاوازی هەیە. یەکەمیان ئەوەی (مارکس) پێی دەڵێت (شمەک – پارە – شمەک Commodity – Money – Commodity/)، واتە شمەکێکمان هەیە، کە خاوەن بەهای ئاڵوگۆڕە و بە پارە بەهاکەی دیاری دەکرێت، بەڵام ئامانجی پارەش بۆ دەستخستی شمەکی ترە. (مارکس) بەو هاوکێشەیە دەڵێت هاوکێشەی سادە یان سرووشتی، واتە ئەو کرداری ئاڵوگۆڕە سەرەتاییە و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانە، وەک خۆی دەڵێت (فرۆشتن لە پێناو کڕیندا). هاوکێشەی دووەمیان هاوکێشەی کەپیتاڵیسمە و بەو شێوەیەیە؛ (پارە – شمەک – پارە/ Money – Commodity – Money). جیاوازیی ئەو هاوکێشەیە لەگەڵ هاوکێشەی یەکەم گەورە و جەوهەرییە، چونکە ئەگەر لە یەکەمیاندا بەکارهێنانی شمەک و ڕۆڵی پارە بۆ بەردەوامیدانە بە سووڕی ژیان و ئاڵوگۆڕی، ئەوا لە دووەمیاندا ئامانج لەو ئاڵوگۆڕە پارەیە. یەکەم ئێمە پارەمان هەیە و دەیدەین بە شمەکێک و دواتر دووبارە ئەو شمەکە دەکەینەوە بە پارە، وەکو خۆی پێی دەڵێت (کڕین لە پێناو فرۆشتندا).

(مارکس) پێی وایە هەر بە تەنیا گۆڕانی ئەو سوڕە سەرهەڵدانی سەرمایەدارییە. هەر لەو هاوکێشەیەدا، شمەک ون دەبێت، چونکە ئامانجەکە دەبێت بە پارە بۆ پارە، کە شمەک تەنیا بابەتی ئەو هاوکێشەیەیە. (مارکس) لە هەمان ئەو بەشەی ئاماژەمان پێی دا، بەو شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: (ئەگەر من 2000 پۆند (کە دەکاتە یەک تۆن) لۆککەم بە سەد پاوەند دەست کەوت و هەمان ئەو 2000 پۆندە بە 110 پاوەند بفرۆشم، ئەوا مانای وایە من 100 پاوەندم بە 110 پاوەند گۆڕیوەتەوە، پارە بۆ پارە). دیارە (مارکس) پێی وایە هەر شتێک بەهاکەی پارە بێت، پارەیە، بۆ نموونە لە یەکەی بانکی هەر کەسێک، لە جیاتی پارەی دەستی، ئێمە پارەی ژمارەییمان هەیە. بانک پێمان دەڵێت یان پێشان دەدات، کە چەند پارە لەسەر یەکەی بانکیی ئێمەیە. بۆ (مارکس) هەموو فۆڕمەکانی پارە، پارەن، گرنگ نییە دەستی بێت یان ژمارەیی مادام بەهای پارەی هەیە.

بەرهەمهێنانی ئەو شمەکە و گۆڕینەوەی بە پارە پێویستی بە کۆمەڵێک پڕۆسێسە. مادام ئێمە شمەک بۆ پارە بە کار دەهێنین، ئەوا هێزی کاریش هەمان ئامانجی دەبێت. لەو دۆخەدا، پارە دەبێت بە کرێ (wage). ئەو کرێکارەی ئیش دەکات، نرخ لەسەر تواناکەی خۆی بەرانبەر بە کرێ دادەنێت. هێزی کار (labour power) تاکە سەرچاوەیە بۆ بەهای زیادە (surplus value) و هۆکاری جێگرەوەی بەرهەمهێنان (substitutable factor of production). مادام لێرەدا ئامانج کڕینی پارەیە بۆ پارە، لە پێناو بەهای زیادە یان قازانج، ئەوا هەموو هاوکێشەکانی تر لە چوارچێوەی ئەو سوڕەدا دەتوێنەوە. هێزی کار، کە هێزێکی مرۆییە دەبێت بە ئامانجی سەرمایەداری و لە پێناو گەشەدان بە خۆی، بە کاری دەهێنێت. ترسناکیی سەرمایەداری هەڵوەشاندنەوەی هەموو بونیادە کۆمەڵایەتی و مێژوویی (social and historic constructions)ەکانە. هێزی کاری کرێکاران دەبێت بە داینامیکی بەردەوامیدانی بەرهەمهێنان و نرخ و بەهای ئەو هێزەش لە بەکارهێنانی دایە، نەک لە هەبوونی.

کەواتە دەستپێکردن لە کتێبی (سەرمایە) و (ڕەخنە لە ئابووری ڕامیاری) زۆر دەروازەی گرنگ و بنچینەیمان بۆ دەکەنەوە. خوێندنەوەی ئەو دوو کتێبە هێزی ئەوەمان پێ دەبەخشن فەلسەفەی (مارکس) بە قووڵاییەکەی خۆیەوە بناسین، نەک بە تەنیا لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بانگەشە. دەستپێکردنی خوێندنەوەی هەر فەیلەسووفێک و هزرێکی قووڵ لەو شوێنە دەست پێ دەکات، کە چەمکە بنچینەییەکانی ئەو فەیلەسووفە یان هزرەی لەسەر دامەزراوە. بۆ (مارکس) کەلتوور و نەریتی سەرمایەداری کێشە گەورە و بنچینەییەکەیە و لەوێوە خوێندنەوە بۆ دنیا و مێژوو دەکات. یەکێک لەو فەیلەسووفانەی، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرگری لەو بۆچوونە دەکات، (سلاڤۆی ژیژەک)ە. لە پێشەکی کتێبی (توندوتیژی)، (ژیژەک) ئاماژە بە نامەیەکی (مارکس) بۆ (ئەنگڵس) لە ساڵی 1870 دەدات، بەم شێوەیە (ژیژەک) شیکاری کردووە: “نامەکەی (مارکس) دەربڕینی ترسە خەستەکەیەتی؛ ئایا شۆڕشگێڕان ناتوانن بۆ دوو ساڵێك چاوەڕێ بکەن؟ ئەو هێشتا (سەرمایە)ی تەواو نەکردووە.”

(مارکس) لەو فەیلەسووفانە نییە ئێمە بۆچوونەکانیان بخوێنینەوە. بۆچوونەکانی (مارکس) هەر بۆچوون نین، بەڵکو کەرەستەی توێژینەوە و خوێندنن. بۆچوونەکان هێندە ئاسان نییە بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین باوەڕمان پێیەتی یان نا، چونکە فەلسەفەی ئەو لە دەرەوەی باوەڕە. بەڵکو، هزری (مارکس) وا دەخوازێت ئێمە خاوەن توانای توێژینەوە و ڕەخنەگرتن بین. هەر خۆی لە کۆتاییی یەکەم پێشەکی کتێبی (سەرمایە) دەڵێت، “هەر بۆچوونێک، کە لەسەر ڕەخنەی زانستیانە بونیاد نراوە، بەخێرهاتنی دەکەم.” لێرەدا، وەک هەر فەیلەسووفێک (مارکس) بانگەشەی ئەوە ناکات، کە ڕەخنە فەلسەفییەکانی ڕەهان، بەڵکو بەکراوەیی وەکو بابەتێک بۆ توێژینەوە و ڕەخنەی زانستیانە دەیهێڵێتەوە. کتێبی (سەرمایە) دابڕینی (مارکس)ە لە زۆربەی ئەو خوێندنەوانەی بۆ (مارکسی ئایدیۆلۆگی) دەکرێت. فەلسەفەی (مارکس) فەلسەفەیەکە، کە توانای گۆڕانی گەورەی مێژوویی و جیهانی هەبووە و هەیە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو زەمینەیەکی گەورەی بۆ ڕەخنە و فەلسەفەی ئابووری دامەزراندووە.

دەنگەکان:

2- ئایا بواری رۆشنبیریی و سیاسییمان به‌ ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری مارکس بووه‌؛ چیتر پێویستی به‌ مارکس نه‌ماوه‌؟ ئاخۆ ڕاسته‌ به‌ راگه‌یاندنی مه‌رگی ماركس، هه‌موو تێز و بیرکردنه‌وه‌کانی وه‌لا بنێین؟
4. ئایا توانای فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم له ‌گۆڕینی كۆمه‌ڵگادا كۆتایی هات، یاخود ئه‌وه‌ هه‌ر ماركسیزمه‌ که‌ توانای گۆڕینی كۆمه‌ڵگای هه‌یه‌؟

سۆران ئازاد

من لێرەدا وەڵامی پرسیاری چوارەمیشتان دەدەمەوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوییەک بۆ بۆچوونەکانم دابمەزرێنم. جگە لەوە هەوڵ دەدەم لە چەند ڕوانگەیەکەوە لە ئامادەیی مارکس لە کۆمەڵگەی کوردی بڕوانم.
سەرەتا پرسیارەکەی تۆ ئاڕاستەیەکی ڕووی لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردییە و ئاڕاستەکەی تری نێوەندی سیاسی. بۆیە سەرەتا پێویست دەکات بزانین نێوەندی ڕۆشنبیریی ئێمە چییە و کێن ئەوانەی نوێنەرایەتی دەکەن، ئینجا دەتوانین لەوە تێبگەین ئایا ئەو نێوەندە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ هزر و فەلسەفەی (مارکس) هەبووە تاکو بڵێین پێویستی پێی نەماوە. لێرەشەوە دۆزینەوەی دەستپێکێکیش بۆ ئەو باسە قوڕسە، چونکە خودی نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی ئاڵۆزە و نازانین باس لە کامە نێوەند و کامە ڕۆشنبیرەکانی دەکەین. یەکەم ئێمە بەرهەمی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەمان لەبەر دەستدا نییە تاکو بزانین پێویستیان بە (مارکس) ماوە یان نا.

دەگمەنن ئەو بەرهەمە فەلسەفیانەی بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی (مارکس)ەوە نووسراون. نەک لە بارەی (مارکس)، بەڵکو هەر فەیلەسووفێکی ترەوە. زۆر نابێت (د. محەمەد کەمال) تەواوی هەوڵەکانی خۆی خستۆتە کار بۆ دروستکردنی زەمینە. وەکو تر، نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی نێوەندی حوکمدانی پەیامبەرانەیە. ڕۆشنبیری ئێمە ڕۆشنبیری هەموو شت زانە و خۆی دەخاتە ناو هەموو بوارێکەوە وەک ئەوەی شارەزاییەکی بواری تەواوی لە هەموو بوارەکان هەبێت.

بەر لە هەر فەیلەسووفێک، (ئیمانوێڵ کانت) مەترسی ئەو دیاردە ڕۆشنبرییەی بۆ دیاری کردووین. لە پێشەکی نووسراوی (بناغەدانان بۆ مێتافیزیکی ڕەوشتەکان)، (کانت) ئەوانەی، کە خۆیان بە (بیرمەندە سەربەستەکان) ناو دەبەن، بەم شێوەیە ئاگادار دەکاتەوە، “ئەوانەی بە دوای تێرکردنی ئارەزووی ئاستی جەماوەرەوەن، بەلایانەوە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی، کە [بابەتی] ئەزموونی لە تەنیش هۆشەکی بە تێکەڵەی کەرتێک لە هەموو جۆرەکانی تر، کە خۆشیان سەریان لێ دەرناچێت، بفرۆشن و بە خۆشیان بڵێن ‘بیرمەندە سەربەخۆکان’، بە ئەوانەیشی خۆیان بۆ بەشی تایبەتی هۆشەکیی فەلسەفە تەرخان کردووە بڵێن ‘وشکەکان’.

ئایا وەکو سەرجەم، شتەکان بۆ کەسی شارەزا باشتر پێش نەدەکەوتن، ئەگەر هاتباو ‘بیرمەندە سەربەخۆکان’ ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی هەر لە خۆوە دوو بەرهەم، کە زۆر لە یەکتر و لە شێوە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا جیاوازن، هەڵنەگرن؟”. نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی پڕیەتی لەوانەی، خۆیان بە بیرمەند یان نووسەری ئازاد و سەربەخۆ ناو دەبەن و دەست بۆ هەموو بوارە جیاوازەکانی هزر دەبەن. هەر (کانت) لە پێشەکی ئەو نووسراوەدا، پێ لەسەر ئەو دادەگرێت، کە “لە هەر شوێنێک کارەکان بە وردی دابەش و لە یەکتر جیا نەکرابێتنەوە، لەو شوێنەدا هەر کەسەو وەستای هەموو-شت-زانە و هەر لەو شوێنەدا بوارەکان لەو پەڕی دواکەوتوویدا دەمێننەوە.” بۆچوونی (کانت) بۆ دۆخی ڕۆشنبیری و کەلتووری ئێمە پێناسێکی تەواوە. لە نێوەندی ئێمەدا هەر کەسەو دەست بۆ هەموو شتێک دەبات و ئازادانەش حوکم دەفرۆشێت.

(بەختیار عەلی) یەکێک لە نموونەکان بۆ وەها تێگەیشتنێکمان بۆ فەراهەم دەکات. لە بابەتی (خۆگێلکردن وەکو ستراتیژ) لە بارەی (مارکس)ەوە دەڵێت: “مارکس لە گەشبینە دەگمەنەکانی مێژووی فەلسەفەیە، بەڵام هیچ ڕەشبینێک لە مێژووی سیاسەت و فیکردا وەک ئەم گەشبینە تاقانە و ناوازەیەی مێژووی فیکر «مارکس» زەوی پڕنەکرد لە دیکتاتۆرییەت و زیندان و جینۆساید و ترس.” لێرەدا (بەختیار عەلی) نە لە پێش ئەم پەرەگرافە و نە لە بەشەکانی تردا، پێمان ناڵێت گەشبینیی (مارکس) لە کوێ دایە و بۆچی دنیای پڕ کردووە لە دیکاتۆریەت، زیندان، جینۆساید و ترس! ئایا ئەو چوارانە (مارکس) دروستی کردوون و لە پێش ئەودا بوونیان نەبووە؟ ئەی ئێستا، کە دیکتاتۆریەت، زیندان، جینۆساید و ترسمان هەیە، بەرهەمی (مارکس)ن؟ دێکتاتۆریەتی پادشایانی کەنداو هەڵەی (مارکس)ە؟ زیندانەکانی دنیا (مارکس) نەخشەی بۆ کێشاون؟ جینۆسایدی (جولەکەکان)، (ئەنفال) و بەم دوایەش (یەزیدیەکان) بانگەشەی (مارکس)ن؟

(بەختیار عەلی) بەوە ناوەستێت و دەنووسێت: “دەگەڕێمەوە سەر ڕستەکەی مارکس کە دەڵێت «کاری فەیلەسوفان تا ئێستا تەفسیری دونیا بووە، ئێدی کاتێتی بیگۆڕن». ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە بەڕێزتان {سیروان عەبدول} و هەموو ئەکتیفیستە سیاسییەکان و پۆزەتیفیستە لیبرالەکانیش لە خۆرهەڵات باوەڕیان پێیەتی. لە ژێر باڵی ئەم رستەیەوە هەموو دیکتاتۆرییەتەکانی سەدەی بیست هاتنەدەرێ. ” من لە کاتی خۆیدا نامەیەکم بۆ (بەختیار عەلی) نووسی و هەر لە سایتەکەی ئێوەدا (دەنگەکان) بڵاوم کردووەتەوە و خوێنەر دەتوانێت لەوێدا بیخوێنێتەوە. بە پێویستی دەزانم ئەو سەرنجەی ئەو کاتە لە بارەی ئەو حوکمە ڕووکەش و ڕەهایەوە نووسیومە، جارێکی تر لێرە دایدەنێمەوە، کە بەو شێوەیەیە:
“یەکێک بیەوێت (مارکس) لە نێوەندی ڕۆشنبیری کوردییەوە بناسێت، دەتوانێت چی لەو حوکمە ڕووکەشانە فێر بێت؟ ئایا ئەو جۆرە حوکمانە هیی کەسێکن، نەک بڵێن بەلای (مارکس)ەوە چووبێت، چونکە ئەو زمانە هەرگیز ناگاتە ئاستی باسکردنی ئەو فەیلەسووفە، بەڵام هەر بەلای فیکرەوە چووبێت و بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیش بێت جیاوازیی لەگەڵ ئەو کەلتوورە پڕ لە حوکمی سواو و ڕەهایە دروست کردبێت؟ وەڵامەکە نەخێرە.

زمانی نووسەرێکی قووڵ و داهێنەر هیچ کاتێک لەو ئاستەدا لە دنیا و فیکر ناڕوانێت.”
جگە لەو بۆچوونە، بەو مێتۆدەی (بەختیار عەلی) و هاوبیرەکانی، وەکو بەشێکی زۆری مامۆستایانی ئاینی بێت، (کاڕڵ مارکس) بەپرسیاریەتی تەواوی تاوانەکانی دیکتاتۆرەکانی سەدەی بیستی دەکەوێتە ئەستۆ، ئەویش بە یەک ڕستە. ئەو بۆچوونە نەک لە ڕووی لۆگیکیشەوە، بەڵکو لە ڕووی مێژوویشەوە، ناتەواوە. بە هێنانەوەی ئەو نموونەیەی (بەختیار عەلی)، کە نوێنەرایەتی نێوەندێکی گەورەی ڕۆشنبیریی کوردی دەکات، لەوە تێدەگەین، کە بیری (مارکس) نەک هەر لەو نێوەندەدا نەبووە و نییە، بەڵکو بۆ ڕەتکردنی ئەو فەیلەسووفە، ڕۆشنبیرانمان پەنایان بۆ هەموو جۆرە حوکمێکی ڕووکەش و سواو بردووە. لێرەدا پێویستی نەدەکرد ڕۆشنبیرانمان ئەو ئەرکە سەختە بگرنە بەر مادام مەلاکان دەمێکە (مارکس) بەو شێوەیە خستووەتە بەردەم دادگای حوکمەکانیان.

بەڵگەی ئامادەیی هەر فیکرێک زمانە. ئەگەر بۆ ئاستی زمان و هۆشیاریی خۆمان بگەڕێینەوە، دەرکەوتەکانی ئامادەیی (مارکس) لە هۆشیاری ئێمەدا نائامادەن و نین. لە زمان و هۆشیاری ئێمەدا گرنگی و قوڕسایی هەر بیرێک لەوە دایە، کە چەندە دەتوانێت باوەڕەکانمان پتەوتر و بەهێزتر بکەن. کەم نین ئەوانەی لەژێر کاریگەری هەژموونی ڕەوتی ئایدۆلۆگیای کۆمۆنیستی، دووبارە لە وەهمی باوەڕێکەوە بۆ وەهمی باوەڕێکی تر بازیان داوە.

بۆیە هەر زوو بەشێکی زۆری ئەوانە، لە دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەتی و بلۆکی کۆمۆنیسم لە سەر ئاستی ئایدۆلۆجیا یان گەڕانەوە بۆ باوەڕە کەلتووری و ئاینییەکەیان، یان وەکو شوێنکەوتوانی بەسۆزی کۆمۆنیسم لە نامۆیی و گۆشەگیرییەکی قووڵدا، بە هیوای زیندووبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی وەها ڕەوتێک، مانەوە. یەکێک لە کێشەکانی ئەو بزوتنەوانە ئەوە بووە، کە وەکو پەیامبەر مامەڵەیان لەگەڵ (مارکس) کردووە. وێژەیانە هەموو قسە و بۆچوونەکانی مارکس وەرگیراوە و باوەڕێکی ڕووتی لێ بەرهەم هێندراوە. پابەندبوون بە فێرکارییەکانی مارکس وەکو پانەبدبوون بووە دەقە ئاینییەکان. هێزی ئەو بزوتنەوانە لە ناوەوەی کۆمەڵگە سەرچاوەی نەگرتبوو تاوەکو بتوانێت گۆڕانی ڕیشەیی دروست بکات. بۆیە بۆچوونەکانی لە زۆر شت کورت کرابوویەوە.

یەکێک لەو نەریتانەی ئەو بزوتنەوانە، یان بڵێین ئەوانەی خۆیان لەژێر چەتری فەلسەفەی (مارکس) پێناسە دەکرد، هەمان ئەو چەمکە بوو، کە لە ڕەخنەی ئەدەبی ئیمپڕیالیزم بە (لۆگیکی دووانەیی ئیمپڕیالیسم- binary logic of imperialism) ناسراوە. (لۆگیکی دووانەیی ئیمپڕیالیسم) ئاماژەیە بەو لۆگیکە کەلتوورییەی دەوڵەتی (داگیرکەر) دژ بە دەوڵەت و کەلتووری (داگیرکراو) بە کاری دەهێنا، بۆ نموونە داگیرکەر پێشکەوتووە، خاوەن شارەستانییە، باڵادەستە، هەڵبژێرداوی خوایە، داگیرکراو دواکەوتووە، وەحشیگەرە، شایەن بە ئازادی نییە، نەفرەت لێ کراوە و زۆری تر.

لای ڕۆشنبیری کۆمۆنیستی هەمان لۆگیک بەرانبەر بە کۆمەڵگەی کوردی پەیڕەو کراوە. کۆمەڵگە کۆنەپەرست، ژن چەوسێنەر، نائازادیخواز، دواکەوتووە، بەڵام کۆمۆنیسم ئازادیخواز، تازەگەر، یەکسانخواز و پێشکەوتووە. دەبینین وەک چۆن ئایین بەربەستی زۆر گەورەی بۆ ئازادی و یەکسانی ڕەگەزی هەیە، ئاوا ئەو بزوتنەوانە سەرنجی زۆریان لەسەر ژن وەک بابەت نەک خۆ هەبووە. ئەوە بەبێ ئەوەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنمان بۆ کەلتوور و بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی هەبێت. شەپۆلی ئەو بزوتنەوانە دژ بە هەموو بەها کۆمەڵایەتیەکان بووە و سەرجەمی بونیادی کۆمەڵگەی بەلاوە نا بە خۆزگەی ئەوەی کۆمۆنیسم هێزی ڕزگارکەرە. گوژمی ئەو جۆرە بزوتنەوانە زوو دامرکایەوە، چونکە هێزەکەی لە کۆمەڵگەوە سەرچاوەی نەگرتبوو و خاوەن تێگەیشتن بۆ بونیادی کۆمەڵایەتی و کەلتووری نەبوو.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە، کە ئەو ژینگە و پاشخانەی (مارکس) فەلسەفەی خۆی لەسەر دامەزراندووە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئامادەیی نەبووە. (مارکس) فەیلەسووفێکە لەسەرووی هەموو بەربەستەکان، لەوانە جیاوازی نەژاد، ئایین، نەتەوە و ڕەگەز قسە دەکات و پڕۆژەکەی گشتگیرە. بە هەمان شێوەیش، ڕەخنەکانی (مارکس) نەک بە تەنیا ئاماژەن نین بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، بەڵکو باسن لە وەرگێڕانی ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی لە دەرئەنجامی گۆڕان و گواستنەوە لە شێوەی بەرهەمهێنان و چالاکی ئابووری. ئەو گۆڕان و گواستنەوانە کاریگەریی گەورەی لە وەرگێڕانی چالاکییە مرۆییەکان هەبووە، تەنانەت لە دابەشبوونی چینایەتی، نەژادی و ئاینیش. بۆیە ڕەخنەکانی (مارکس) گشتگیرن، بەڵام زەمینەی لە دایکبوونی ڕەخنەکانی (مارکس) لە نەریتە فەلسەفییەکانی پێش خۆی جیا ناکرێتەوە. بێ ئاگابوون لەو زەمینە، هەلومەرج و پاشخانەی فەلسەفەی (مارکس) تێیدا سەری هەڵدا، تێگەیشتنێکی ناتەواومان پێ دەبەخشێت.

بە گشتی، بەر لەوەی باس لە بەلاوەنانی (مارکس) و تێزەکانی بکرێت، ئێمە پێویستە باس لە هەژاری و کەمتوانایی نێوەندی ڕۆشنبریی خۆمان بکەین. تا زەمینە بۆ ڕەخنە و دامەزراندنی پڕۆژەی فەلسەفەیانە دروست نەبێت، بڕیار نییە بەو مێتۆدە کرچوکاڵانە، کە یان ستایشین، یان نەفرەتی لە (مارکس) و هەر فەیلەسووفێکی تر تێ بگەین. ئەوە ئاستی گەشەی هۆشیاری ئێمەیە، کە ئاڕاستەی گۆڕان دیاری دەکات. ئێمە ناکرێت چاوەڕێی گۆڕان لە هیچ فەلسەفەیەک بکەین، بەڵکو ئەوە ئێمەین، کە بڕیار دەدەین هۆشیاری ئێمە چ ئاڕاستەیەک وەربگرێت و چ گۆڕانێک بەرهەم بهێنێت.

دەنگەکان:

3- پاش رووخانی سیسته‌می سۆسیالیزم و وده‌ركه‌وتنی تێزی “كۆتایی مێژوو” له‌ لایه‌ن فۆکۆیاما و هاوڕاکانییه‌وه‌، ئایا ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ واتای مردنی ماركسی فه‌لسه‌فیی بوو؟ یان مه‌به‌ستی ئه‌و ماركسه‌ به‌ ئایدیۆلۆژییكراوه‌یه که‌‌ کۆتایی هات؟

سۆران ئازاد:

وەڵامەکەی من ئەوەیە، کە هیچ یەکێکیان. هۆکار بۆ ئەوە ئەوەیە، کە بیری فەلسەفی لە چوارچێوەی دوالیزمدا بڕیار و حوکمی لەسەر نادرێت. نەریتی دوالیزم یان دووانەیی، خەسارمەندییەکی گەورەی لە هێزی تێگەیشتنی فەلسەفیانەی هۆشیاری مرۆڤ داوە. ئێمە کاتێک دەتوانین ئازادانە بیرێکی فەلسەفی لێک بدەینەوە، کە لە هەڕەشەی پێشبیر و پاشبیرەکانی حوکم و بڕیاردان دووریان بخەینەوە. هەر بیرێک خاوەن خەسڵەتێکی پڕی ناتەواوە لە خۆیدا. ئەو پڕییە ناتەواوییە دەرئەنجامی بەریەککەوتن و تێکەڵبوونە لەگەڵ پێشبیر و پاشبیرەکانی دوای خۆی. بەو پێیە بێت، بیری فەلسەفی هەمیشە کراوەیە؛ شایەن بەوەیە لەگەڵ پێکهاتە و کەرەستەی نوێ یەک بگرێت و لە پێکهاتەی پێشووی خۆشیەوە داببڕێندرێت.

ڕەگی سەرچاوەی بۆچوونەکەی (فۆکۆیاما)، دیدی فەیلەسووفی ئەڵمانی (هیگڵ)ە لە بارەی مێژوو. ئەگەر پێش (هێگڵ) خوێندنەوەی مێژوو خۆی لە دابەشبوونی زنجیرەیی ڕووداو و ساڵەکاندا بینیوەتەوە، ئەوا لای (هێگڵ) ئەو تێگەیشتنە ڕووبەڕووی هەڵوەشاندەوە دەبێتەوە، کە لە کتێبی (فەلسەفەی مێژوو) بۆچوونەکانی خۆیی تێدا دامەزراندووە. لە دیدی (هێگڵ) گرنگیی فەلسەفەی مێژوو لەوەدا نییە لە چ ساڵێکەوە بۆ چ ساڵێکی تر دەمانبات، بەڵکو تێپەڕاندنی سەردەمێکی هۆشیارییە بۆ سەردەمێکی تر، یان گۆڕانی پاڕادایمەکانی گەشەکردنی هۆشیارییە بۆ بە دەستهێنانی ئازادی. هەر لە هەمان کتێبدا، (هێگڵ) ئاماژە بە دەستکەوتنی ئازادی دەکات و لەوێدا مێژوو دەگات بە کامڵیی خۆی.

یەکەم توێژینەوەی (فۆکۆیاما) لەو بارەیەوە لەژێر ناونیشانی (کۆتاییی مێژوو؟) لە ساڵی 1989 لە گۆڤاری (The National Interest) بڵاو کرایەوە. (فۆکۆیاما) هەوڵی داوە ئەو بۆچوونەی (هێگڵ) بۆ پێشکەوتنەکانی خۆرئاوا لەژێر سایەی دیمۆکراسی و زاڵبوونی هەژموونی لیبڕالیزم، کە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، خەریکە دەبێت بە تاکە مۆدێلی چارەسەر بۆ تەواوی ناکۆکییەکان، بەکار بهێنێت. وەک خۆی دەنووسێت: “ئەوەی ئێمە دەیبینین بە تەنیا کۆتایی شەڕی سارد یان تێپەڕین بەناو کاتێکی تایبەتی مێژووی دوای شەڕ نییە، بەڵکو کۆتایی مێژوو خۆیەتی؛ واتە خاڵی کۆتای گەشەسەندنی ئایدیۆلۆگیی ڕەگەزی مرۆڤ و بە گەردوونیبوونی دیمۆکراسیی لیبڕاڵ وەک کۆتا فۆڕمی حوکمڕانیی مرۆڤ.” زمانی (فۆکۆیاما) زۆر گەشبینانەیە. ئەو وای دەبینی، کە تارمایی دیمۆکراسیی لیبڕاڵ خەریکە تەواوی جیهان دەگرێتەوە.

زۆرێک لەو پێشبینییە گەشانەی (فۆکۆیاما) باوەڕی پێی هەبوو، لە جیهانی ئێستاماندا پێچەوانەکەی هاتووە دی. (فۆکۆیاما) پێی وابوو، کە لە کاتێکی زوودا، جیهان چیتر ڕووبەڕووی کێشە و ناکۆکی گەورە نابێتەوە. مانشێتی ڕۆژنامەکان کێشەی سادە و لاوەکی لە خۆ دەگرن، چونکە مێژوو وا دەگات بە کۆتایی و کامڵێی خۆی، کە تێیدا هەمووان لەژێر سایەی دیمۆکراسیی لیبڕاڵ چێژ لە بوونی خۆیان دەبینن. ئاوەڕدانەوەیەک لە کێشەکانی جیهان پێچەوانەکەمان بۆ دەسەلمێنێت. وڵاتێکی وەکو (چین)، کە (فۆکۆیاما) پێی وابوو بەرەو دیمۆکڕاسی هەنگاو دەنێت، بووەتە سەرمایەداری تۆتالیتاری. کاریگەرییە ئابوورییەکانی (چین) لەسەر هاوکێشەی بازاڕ حاشەهەڵنەگرە و ناتواندرێت بەلاوە بندرێت. ئەو بۆچوونەیشی، کە هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت دیمۆکراسی بۆ (ڕووسیا) فەراهەم دەکات پێچەوانەکەی دەرچووە.

جیهان بەدەم کێشەی لاوەکی نا، بەڵکو بەدەم کێشەی زۆر گەورەوە دەناڵێنێت. گەرمداهاتنی زەوی و گۆڕانی کەش، کە یەکێکە لە ئاکامەکانی گەشەی سەرمایەداری و ئەو بەرهەمهێنانەی، کە وا دەخوازێت لەپێناویدا سرووشتی زەوی تێک و پێک بدرێت هەر بە تەنیا بۆ ئەوەی گەشە بە خۆی بدات. کۆمپانیا و وڵاتە زلهێزەکان تەواوی سەرمایەی مرۆیی و سرووشتیان بۆ بەردەوامیدان بە گەشەی هاوتەریبی ئابووری (Exponential Growth) تەرخان کردووە.

دۆخی مرۆیی لە وڵاتە زلهێزە ئابوورییەکان، کە خاوەن سیستەمێکی تۆتالیتارین، وەکو (چین) و (سینگاپور) ڕەچاو ناکرێت، چونکە توانا ئابووریەکەیان نکۆڵی لێ نەکراو و کاریگەری گەورە لەسەر ئابووری جیهان دادەنێن. (چین) خاوەن یەکەم چوار بانکە گەورەکانی جیهانە. بە گوێرەی یەکێک لە لێکۆڵینەوەکانی (زانکۆی کۆپنهاگن)ی دانمارکی، ئایفۆنی هەر بەکاربەرێک کرێکارێک لە چین دەکوژێت! چونکە ئەو کرێکارانەی ئەوێ هەموو ژیانیان لە کارگەکاندا بەسەر دەبەن و تەنانەت وەچەکانیشیان دەبنەوە بە هێزی کرێکار، کە پێشەنگی ئەو کۆمپانیایانە (فۆکسیکۆن – Foxconn)ە. ئەوە تەنیا تایبەت نییە بە کۆمپانیای ئەپڵ، بەڵکو ئاماژەدانێکی بچووکە لەوەی، کە دۆخی مرۆیی چۆن لەپێناو پاراستنی گەشەی ئابووری جیهان پشتگوێ خراوە.

(مارکس) لە بەشێکی گەورەی ئەو مەترسیانە دواوە و هەستی بەو هێزە شاراوە ترسناکە کردووە، کە سەرمایەداری دەیجووڵێنێت. گەڕانەوە بۆ (مارکس) گەڕانەوەیە بۆ یەکەم ڕەخنەی فەلسەفەی ئابووری لەسەر سەرمایەداری. کێشەی گەورە لە بۆچوونەکانی (فۆکۆیاما)دا هەن، بەڵام پێشەنگترینیان ئەوەیە، کە هەوڵی داوە فەلسەفەی (مارکس) وەکو پەیامێکی ئایدیۆلۆگی کورت بکاتەوە، کە پەیوەست بووە بە کاتێکی دیاریکراو و لەگەڵ هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت، ئەو پەیامە دەورانی خۆی گێڕا و کۆتایی پێ هاتووە. (مارکس) پەیامێکی کورتی ئایدیۆلۆگی نییە. ئەو ڕەخنەکانی بۆ سیستەمێکی ئابووری جیهانی بەرز دەکاتەوە، کە سەرتاپاگیرە و بڕیار لەسەر کایەی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی جیهان دەدات. سیستەمێک، کە لەپێناو درێژەدان بە خۆی، هەموو شتێک لە خۆیدا دەتوێنێتەوە و دەخاتەگەڕ.

دەنگەکان:
٥- به‌ بۆ‌چوونی ژاك دێریدا، ئه‌وه‌ی كوژراوه‌ ماركسی ئایدیۆلۆژییه‌ نه‌ك فه‌لسه‌فیی. ئه‌و ماركس به‌ تارمایی هاملێت ده‌‌چووێنێت، به‌وه‌ی ئه‌و هه‌ر كاتێك بیه‌وێت‌ ده‌توانێت‌ بگه‌ڕێته‌وه لای و ‌ له‌حه‌قیقه‌تی تاوانی باوك كوشتندا ئاگادارمان بكاته‌وه‌. که‌واته‌ ئایا ماركسه‌كه‌ی ناو زمانمان كه‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بێته‌ گۆ؟

٦- با قسه‌یه‌كی بابه‌كی ئه‌حمه‌دی له‌باره‌ی ماركس بێنینه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت “ماركس ده‌رمانی ڕزگار بوونمان ناداتێ‌, به‌ڵام ئه‌وه‌مان بیر ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشین ‌و واچاكتره‌ مشورێكی چاره‌سه‌ركردنی خۆمان بخۆین، ئه‌و هه‌ندێ‌ ده‌رمانیشمان بۆ ده‌ست نیشان ده‌كات, به‌ڵام له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ كه‌ له‌ئاست كاریگه‌ری ئه‌و ده‌رمانانه‌ بتۆژینه‌وه‌” عه‌قڵی ئێمه‌ له‌كوێی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رمانه‌یه‌؟

سۆران ئازاد

چونکە پرسیارەکەت وێژەیانەیە و ئەو بۆچوونەی (جاک دێریدا) لە پەرتووکەکەی (تارماییەکانی مارکس)دا پێداگری لەسەر کراوە، کە ناوەڕۆکی ئەو پەرتووکە دەوڵەمەندە بە وێنەی وێژەیی، هەوڵ دەدەم بە هێنانەوەی شیعرێکی (ڕینە ماریە ڕیلکە) دەست پێ بکەم:

“لەدەستدانیش هێشتا هیی خۆمانە، تەنانەت لەبیرکردنیش
هێشتا خاوەن شێوەیەکە لە شانشینی گواستنەوە.
کاتێک شتێک دەڕوات، دەخولێتەوە و ئەگەرچی
ئێمە بە ئەستەم چەقی بازنەکەیەن،
بە دەورماندا هێڵە نەشکاو و سەرسوڕهێنەرەکەی
دەکێشێت.”

ئەگەر بمانەوێت ناوەڕۆک و گوڕی ئەم شیعرە بۆ ئامادەیی (مارکس) لە جیهانی ئەمڕۆماندا بە کار بهێنین، ئەوا دەتوانین بڵێین، کە (مارکس) خۆی ڕۆیشتووە، بەڵام فەلسەفەی بەدەورمانەوەیە و بۆ شێوە و خوێندنەوەی جیاواز گوازراوەتەوە. (جاک دێریدا) لە کتێبەکەیدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە، کە بۆچی لە جیاتی (تارمایی مارکس)، کە ئاماژەیە بە یەک تارمایی، (تارماییەکانی مارکس)، کە ئاماژەیە بە جۆرەها تارمایی، بە کار هێناوە. لە دیدی ئەودا، (مارکس) خاوەن یەک تارمایی نییە، بەڵکو بە دەورمانەوە و لە جیهانماندا تارماییەکانی (مارکس) جۆراو جۆرن. تارمایی خاوەن گیان نییە و جەستەیشی نییە. (دێریدا) وێژەیانە پێوەندیی نێوان تارمایی و گیان ڕوون دەکاتەوە، کە یەکەمیان نابێتە جەستە و نایەتە ناو ژیان، بەڵام دووەمیان جەستە دروست دەکات و دەبێت بە بەشێک لە جیهان. تارمایی ئامادەییەکی نائامادەی هەیە. وەکو لە بابەتێک ئاماژەم پێی داوە، مرۆڤ توانیویەتی شەڕی زۆر گەورە بکات، بەڵام هەرگیز لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ڕێگە لەو تارماییەکان بگرێت لەو کاتەی، کە دەردەکەون. (مارکس) بەوەدا خاوەن یەک تارمایی نییە، لەبەر ئەوەی فەلسەفەکەی بەرفراوانە، ئەو بەرفراوانییە تارمایی جیاواز بە دەوری جیهاندا دەکێشێت.

دیارە مەبەستی (دێریدا) ئەوە نییە، کە گیانی (مارکس) بووەتە تارمایی و وەکو گیانی پەیامبەران ئاگایان لە جیهانە، چونکە خودی (مارکس) بە هاوتا لەگەڵ (ئەنگڵس) لە کتێبی (ڕەخنە لە ئایدۆلۆگیی ئەڵمانی) ئاماژە بەوە دەدات، کە ئاگایی مرۆڤ هیچ نییە جگە لە ئاگامەندیی ژیان. مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاگامەندە و ئەو ئاگامەندییەش لەناو ژیاندا دێتە بوون، نەک ئەوەی ئاگامەندی پێش بوونی مرۆڤ، وەک ئەوەی فەیلەسووفانی مێتافیزیک پێداگری لەسەر دەکەن، لەوانە (پلاتۆ) و (دێکارت)، هەبووبێت و دواتر لە جەستە و بوونی مرۆڤدا خۆی بەرجەستە بکات. مەبەستی (دێریدا) لە خودی فەلسەفەی (مارکس)ە، کە خاوەن خوێندنەوەیەکی بێ وێنەیە بۆ دۆخەکانی مرۆڤ و ئەو شێوازانەی (سەرمایەداری) دەیگرێتە بەر.
(مارکس)ی ناو زمانی ئێمە هەبوویەکی جێگیر و لەپێشتر نییە تاوەکو بتوانێت بێتە گۆ.

بوونی (مارکس) ئاگامەندییە. پڕۆژەکانی ئەو ئاگامەندییە بەردەستن و توانای خوێندنەوەی هێزی شاراوەی ژیانی ئابووری مرۆڤ لەناو سیسیتەمی سەرمایەداریدا هەیە. (مارکس) بەر لەوەی بۆچوونەکانی بێت، ئەو وزە فەلسەفییەیە، کە خاوەن گوڕێکی بەهێزە لە خوێندنەوەی دیاردە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداری. بۆچوونەکانی (مارکس) جێگەی ڕەخنە، شیکاری و ڕەتدانەوەشن، بەڵام ئێمە پێویستییەکی گەورەمان بەو گوڕە فەلسەفیەیە، کە توانای دۆزینەوە و شیکارکردنی ژیانی ئێمە لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە. توانای ئەوەی هەیە ببینێت چۆن مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی ئاگامەند لە سیستەمی سەرمایەداریدا کورت بووەتەوە بۆ بەهای بەکارهێنانی. فەیلەسووفی دانمارکی (سۆرێن کیاکەگارد) لە ستایشی ژیانکردن لە شاری (کۆپنهاگن)دا دەڵێت: “بۆ من، بە پێچەوانەوە، [کۆپنهاگن] هێندە گەورەیە کە وەکو شار ڕەچاو بکرێت و هێندەش بچووکە، کە هیچ نرخێکی بازاڕ لەسەر مرۆڤەکان نییە.” دیارە (کیاکەگارد) لەگەڵ (مارکس)، هاورچەرخ بوو، بەڵام پێش ئەو کۆچی دوایی کرد.

ئەو بۆچوونەی (هیچ نرخێکی بازاڕ) من وای بۆ دەچم لەژێر کاریگەریی هەمان بۆچوونی (ئیمانوێڵ کانت) بێت لەبارەی فەلسەفەی ڕەوشت. لە دیدی (کانت)، مرۆڤ خاوەن شکۆمەندییە و بوونەوەرێکە بە هیچ شێویەک نابێت مامەڵەی نرخ و بەکارهێنانی لەسەر بکرێت. ئێمە لەڕووی ڕەوشتەوە بۆمان نییە مامەڵە بە شکۆداریی مرۆڤ بکەین و نرخی بخەینە سەر. (کیاکەگارد) هەستی بەوە کردووە، کە لە شارەکانی تر وا خەریکە نرخی بازاڕ دەکەوێتە سەر مرۆڤەکان. (مارکس) خوێندنەوەیەکی گشتگیر و پڕکۆ لەبارەی دینامیک و شێوازەکانی سەرمایەداری تەرخان دەکات، كە چۆن نرخ دەخاتە سەر بەهای مرۆڤ و لە پێویستبوون و نەبوون کورتی دەکاتەوە. پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بدەم. لە سەردەمی (مارکس) کارگەرکان پێویستیان بە هێزی کارە و مامەڵەیان لەگەڵ کرێکرەکان بە کەمترین کرێ و لە خراپترین ئاستدا دایە. بەڵام لە ئاکامی هۆشیاربوونەوە و یاخیبوون لە ئاست ئەو سیستەمە، دەبینین کە زۆر وڵاتانی جیهان ناچارکراون، کە هەوڵی دامەزراندنی سیستەمی دادپەروەرانە بدەن. دەبین، کە کرێکارەکان خاوەن کاریگەرییەکی گەورەن، چونکە ئەگەر ئەوان نەبن، سیستەم دەکەوێتە شۆکەوە.

بەڵام لە ئێستادا مەترسییەکی گەورەتر هەڕەشە لە بازاڕ دەکات، ئەویش ئەوەیە، کە خەریکە وردە وردە هاوکێشەی بازاڕ لەژێر سایەی پێشکەوتنی تەکنەلۆجی بە لایەکدا دەشکێتەوە، کە کەمترین و کەمترین فەرمانبەر و کرێکاری پێویستە. کەمتر و کەمتر نوخبە پێویستی بە دەستی کاری کۆمەڵگە هەیە. ئەوە دۆخێکی دروست کردووە، کە پێی دەگوترێت بێکەڵکی (dispensability). شەڕی ئێمە ئێستا لەسەر ئەوە نییە خراپ مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، بەڵکو لەسەر ئەوەیە ئاخۆ ئەوان پێویستیان بە ئێمەیە یان نا. هەر لە دۆخی ڕامیاریی کوردستانیش ئێمە ئەو کێشەیەمان هەیە. پێشتر ئەگەر یەکێتی و پارتی پێویستییەکی گەورەیان بە هێزی کۆمەڵگە هەبوو، ئێستا ئەو پێویستە وا کەمتر و کەمتری دەکەنەوە. ئامانجی هەوڵەکانیان بێکەڵکردنی توانای خەڵکە. یەکێتی و پارتی بەشی ئەوە سەرمایەیان دەست بەسەردا گرتووە بۆ ئەوەی بتوانن پێی بمێننەوە. مەگەر بوون بە ئەندام ئامانج لێی گۆڕانکاریکردن بێت، بەڵام ئەو گۆڕانکاریانەیش هەر خۆیان دەستنیشانیان کردوون.

بارزانی، کاتێک هەستی کرد دەمامکی ئایدۆلۆگیاکانی پارتەکەی خەریکە یەک لە دوای یەک دەکەون، پەنای بۆ بانگەشەی (دەوڵەتی کوردی) برد، چونکە بۆی دەرکەوت لانی کەم بەو بانگەشەیە دەتوانێت ماوەیەکی زۆرتر بۆ باڵادەستبوون مسۆگەر بکات. ماوەیەکی زۆر تەنیا هەڕەشە بە ڕێفراندۆم دەکرد و کاتێکش بینی ڕەوایەتداریی سەرۆکایەتییەکەی بەتاڵ بووەتەوە، ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند. لەژێر ئەو چەترەدا، بۆ بەشێکی ئەوانەی، کە پێش بوون بە لایەنگری بارزانی دەکەوتنە بەردەم پرسیاری خۆیان، ڕیفراندۆم ئەو بەربەستەی بۆ شکاندن. بوون بە لایەنگری بارزانی، واتە بوون بە لایەنگری دروستبوونی دەوڵەتی کوردی. ئێستایش بەشی ئەوە و بە هۆکاری شکستی ڕیفراندۆم، سوپاس بۆ وەچەکانی تاڵەبانی، کە بە پێشەشکردنی 150 گیانی پێشمەرگە وەکو دیاری بۆ (حەشدی شەعبی)، ڕەوایەتیان بە شکستەکە دا، بواری هەیە درێژە بە سەرکۆنەکانی بدات و بیخاتە سەر وەچەکانی تاڵەبانی. بۆ (مارکس) ئەوە سرووشتی هەرە ڕاستەقینەی ئایدۆلۆگیایە. ئێمە لە ڕێگەی ئایدۆلۆگیا و بانگەشەکان بەلاڕێدا دەبرێین و بەری ئەوەمان لێ دەگیرێت ڕاستەقینەی دۆخی مرۆڤ و جیهان وەک خۆی ببینین. بینینی ڕاستەقینە هێزی هۆشیاری پێویستە.

دیارە ئەوە واتای وانییە، کە ئاستی هۆشیاری بارزانی هێندە گەورەیە، کە توانای چەواشەکردنی کۆمەڵگەی هەیە. لە زانستی ئابووریدا چەمکێک هەیە پێی دەگوترێت (بنەمای هەر وەک- the principle of As If). بۆ نموونە، تۆ پێویستت بە زانینی ورد و دروست لە بیرکاری نییە بۆ ئەوەی بزانیت کاتێک دەچیت بۆ بازاڕ چی بکڕیت و بە چ نرخێک بیکڕیت، چونکە (هەر وەک) هەموو ژمێریارییەکە بزانیت، تەنانەت ئەگەر خوێندەواریشت نەبێت. با بڵێین تۆ 20 دۆلارت پێیە، دەتەوێت شەکر و برنج بکڕیت. نرخی یەک کیلۆ برنج یەک دۆلار و نرخی یەک کیلۆ شەکر دوو دۆلار، جگە لە کرێی تەکسی کە چوار دۆلارە. ئەگەر ئابووریانە و بیرکاریانە ئەوە لێک بدەینەوە، بەو شێوەیەی خوارەوەیە:
(نرخی برنج* کیلۆ برنج + نرخی شەکر* کیلۆ شەکر + کرێی تەکسی= داهات
1*ب+2ش+4=20). ئەگەر یەک کیلۆ برنج و یەک کیلۆ شەکر بکڕێت، ئەوا دەکاتە: 1*1+1*2+4= 7 دۆلار و 13 دۆلارت بۆ دەمێنێتەوە. تۆ دەزانیت، کە پاش کرێی تەکسی، دەتوانی یان 16 کیلۆ برنج، یان هەشت کیلۆ شەکر بکڕیت. بەڵام دەتوانی، بۆ نموونە، هەشت کیلۆ برنج و چوار کیلۆ شەکر بکڕیت. ئەگەر بیرکاریانە ئەوە لێک بدەیتەوە، دەکاتە: 8*1+4*2+4=8+8+4=20. ئێمە رۆژانە وا هەڵسوکەوت دەکەین (هەر وەک) ئەوەی هەموو ئەو ژمێریارییە بزانین. بێگومان دەکەوینە هەڵەشەوە، بەڵام نەبوونی زانین لەبارەی ئەو ژمێریارییە واتای وانییە ناتوانین بڕیاری دروست بدەین. چونکە یەکێتی و پارتی ئەزموونیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک هەیە، خستەگەڕی تەواوی هێزی میدیا و ئایدۆلۆگییان، (هەر وەک) ئەوەیە، کە بزانن چی دەکەن. نەک ئەوان، بۆ نموونە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر وروژاندنی هەستی ناڕەزایی خەڵک دروست بوو. هەر گۆڕانێک لە هاوکێشەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی تر، بە تەواوی لە زمانی ڕاگەیاندنەکەیان ڕەنگی دەدایەوە. کۆمەڵە و یەکگرتووی ئیسلامی هێزی خۆیان لەسەر ئەو بەشەی کۆمەڵگە بونیاد ناوە، کە متمانە بە لایەنەکان لەسەر بنەمای ئایین دەبەخشێت.

(مارکس) دیدی وابوو، کە باوەڕ، بەها و ئایدیاکان هێزیان لە پەرەپێدانی سەرمایەداریدا هەیە. لە ئەمەریکا ئەو پەرتووکانەی لەبارەی دەوڵەمەندبوون، گەشەی کەسی و نهێنیەکانی سەرکەوتن و زۆر ناونیشانی تر لە پڕفرۆشترین پەرتووکەکانن. لە بنەڕەتدا، ژمارەیەکی زۆر کەم توانای ئەوەی هەیە لە چینێکی کۆمەڵگە بۆ چینێکی تر بەرز ببێتەوە. بەڵام ئەو پەرتووکانە، بۆ نموونە، ڕۆڵی پەرەپێدانی سەرمایەداری دەگێڕن. ئەو ئایدۆلۆگیایە بڵاو دەکەنەوە، کە سەرکەوتن بەرهەمی گەشەی کەسییە و ئەوانەی دەوڵەمەندنن بەهۆی کۆششی خۆیانەوە گەیشتوون بەوێ و تۆش دەتوانی وا بکەیت. یان بۆ نموونە ئایین هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت، ئەویش یەکەم بە نکۆڵیکردن لە گرنگیی ئەو ژیانەی ئێستا و ئەو بۆچوونەی، کە پێی وایە پێدراوەکان لە لایەن خواوە پێیان دراوە.

(ئەنتۆنیۆ گڕامشی) ئەگەرچی مارکسیستە، بەڵام بۆچوونی وایە، کە مادام ئێمە دەزانین ئایدیاکان، بەهاکان و باوەڕەکان هێزیان هەیە، پێویستە هەوڵی ئێمە بۆ دابینکردنی زەمینەی گەشەپێدانی ئایدیا و بۆچونەکان بێت. پێویستە ئێمە بتوانین گەشە بە هۆشیاری گشتی بدەین و ببین بە کارەکتەری چالاک و هۆشیار لە بوارە جیا جیاکاندا بۆ ئەوەی هێزی گواستنەوەی دۆخە ئابووری و ڕامیارییەکانمان هەبێت. لێرەدا گرنگ نییە سەرمایەداری چەندە گشتگیر و باڵادەستە، هێزی ئایدیاکان و هۆشیاری دەتوانێت زەمینەی گەورە بڕەخسێنێت.
بە بۆچوونی (سلاڤۆی ژیژەک) کۆتایی بە وەڵامەکەم دەهێنم. فێربوون واتە هۆشیاربوونەوە. ئێمە بوونەوەری ئاگامەندین و ئاگامەندی تاکە خەسڵەتی جیاکاری ئێمەیە لەگەڵ بوونەوەرانی تر. ڕۆڵی مێژوویمان، ژینگە، جیهان و ئاستی کۆمەڵایەتیمان لەژێر هەڕەشەی خۆمان دایە. ئێمە خۆمان ڕووبەڕووی پرسیار نەکردەوە، کە بۆچی گیانی 150 پێشمەرگە وەکو دیاری بە (حەشدی شەعبی) بەخشرا.

لە خۆشمان ناپرسین چۆن بەرگری لە ڕیفراندۆمێک دەکەین، کە خاوەن هیچ زەمینەسازییەکی پێشکات نەبوو! کۆمەڵگەی ئێمە هێندە چەواشە کراوە، کە بەها بنەڕەتییەکانمان لەبیر کردووە. هەر یەکێک لەو 150 پێشمەرگەیە تاکی کۆمەڵگەی ئێمە بوون، کە هەم پارتی و هەمیش یەکێتی لێیەوە بەرپرسن. کەچی هێشتا شەڕی ئێمە لەسەر ئەوەیە، کە چەندە بە دڵی ئەوان بین. پرسیار لەوە ناکەین، کە چۆن دەبێت تاکی ئێمە، وەکو (سەردەشت عوسمان)، (سۆرانی مامەحەمە)، (کاوە گەرمیانی) و (ویداد حسێن) لەسەر ڕادەربڕین بە دڕندەترین شێوە بکوژرێن.

هێزی نیوەی کۆمەڵگەی ئێمە، کە ژنە، کپ کراوە. کۆمەڵگەیەک نیوەی هێزەکەی کپ کرابێت، چۆن چاوەڕێی گەشە و گۆڕانی لێ بکەین؟ هۆشیاری ئێمە پێویستە لەسەرووی بەربەستەکانەوە بفڕێت بۆ ئەوەی تەکان بە دۆخە چەقبەستووەکاندا بدات و ژیان بۆ ئاست و کێشەی باڵاتر، نەک بێکەڵکتر بەرز بکاتەوە. هەڵبژاردن لە دەست خۆمانە. کرانەوە بەڕووی هۆشیاریدا ڕۆڵگێڕانی ڕاستەقینەی ئێمەیە. فێربوونی ناوەڕۆکدار لەهەر کاتێکی تر زیاتر پێویستە. (مارکس) زوو بانگی لە کرێکاران کرد لە دژی چەوساندنەوە یەکبگرن. ئەو بانگە هەمیشە لەوێیە، نەک بە تەنیا لە دژ چەوساندنەوەی کرێکاران، بەڵکو لە دژ هەر جۆرە چەوساندنەوەیەکی تر. ئەو بانگە هۆشیارانەیە و واش دەخوازێت هۆشیارانە بەرەو ڕووی بانگەکانی تر بچین.

———————————————————–
تێبینی/
لە ڕاستیدا من مارکس-ناس نیم و رۆژێک لە رۆژان مارکسی نەبوویمە. خولیای ڕەخنەگرتن و فێربوون ئەو بەشە زانینەی لەبارەی فەلسەفەی (مارکس) و دۆخی جیهان پێ بەخشیووم. دەمێکە پەیمانم بە کاک (گۆران) داوە، کە وەڵامی پرسیارەکانی بدەمەوە، بەڵام بە پێویستیم زانی ئاقاری زانینم سەرەتا لەبارەی (مارکس) بەرفراوانتر بێت، بەر لەوەی ئەو مافە بە خۆم بدەم لەو بارەیەوە بدوێم. بۆیە هیوادارم بۆچوونەکانم بە زانینی ڕەها لەبارەی ئەو فەیلەسووفە مەزنە لێک نەدرێتەوە و باقی ڕەخنەی زانستیانە بۆ خوێنەران جێ دەهێڵم و وەک (مارکس) بەخێرهاتنیان دەکەم. لە سەرووی هەموو ئەوانەیشەوە، هیوادارم خوێنەران سوودی لێ ببینن.




سیمپاتی لەسیتمی سیاسی ــ شاعیرانەی ئەرستۆ و شانۆی سەکۆدا … زاهیر عەبە ڕەش

بواڵ لە شانۆکەیدا لە شاری ( ڕیو دی جانیرۆ ) کاری لەگەڵ ئەو پرس و کێشانە دەکرد، کە سەری هەڵدەدا، شکڵی شانۆکە و چۆنێتی کارکردنیان بە شێوەی شانۆی سەکۆ بوو. لەگەڵ ئەو کێشانەدا دەست و پەنجەیان نەرم دەکرد کە دەهاتە بوون، بەشانۆکەیان دەیان وویست ئەو چەوساندنەوە و کێشانە نەهێڵن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە لە کۆمەڵگاکەیاندا بوونی هەبوو. لە ماوەی کارکردنیشیاندا لەگەڵ ئەو کێشانە و ئاریشانە کاریان دەکرد، کە لەناو پەرەگراف و دێری یاساکاندا پەیدا دەبوون. نەهێشتنی چەوساندنەوە بە مانای تێکشکانی ئەو یاسایانەی کە لەمپەرە بۆ ئازادی مرۆڤ و چارەسەرکردنی گرفتەکانی.

بواڵ میتۆدی شانۆی لە کۆمەڵگادا وا دەبینی ،وەک ئامرازێکی سەربەخۆ بۆ مل ملانی و بەگژاچونەوەی ئەو قۆرخ و بەربەستانەی کە لە یاساکاندا رێی لە بە دیموکراتیزەگرتنی کۆمەڵگا دەگرت. لەبەرئەوەی بواڵ خۆشی ئەندامی ئەنجومەنی ڕیۆ دی جانیرۆ بوو، (شانۆی یاسادانان ) ی دروستکرد، ئەویش بەمانای ئەوەی خەڵک خۆی لە دروستکردنی یاساکاندا دەستی هەبێت. پاشان شانۆی یاسادانان لەو پرۆسەیەدا بوو بە رووداوێکی شۆڕشگێرانە، شانۆ بەربەستی لە دروستبوونی كێشەکان دەگرت لە ناو خودی یاساکاندا.
بەوشێوەیە بواڵ گەشە بە تیۆریەکەی دەدات لە بارەی شانۆ و پەیوەندی بە سیاسەت و کۆمەڵگاوە، بنچینەی ئەم بۆچونەشی لە سەر سێ پێداگیری دارشتووە.

1ـ هاوسۆزی ( سیمپاتی ) دەشێت لە دوو حاڵەتدا بەکاربهێنریت، جارێک بە نەگەتیڤی بۆ مەبەستی چەوساندنەوە و جارێکیش بە پۆزەتیڤی، زۆر گرنگە کە بە مەبەستی سەرفرازی بەکاربهێنرێت.
2ـ شانۆ سیاسەتە
3ـ بەشداران سەرزیندەو بەگوڕبن

ئەرگومێنتی بواڵ بۆ ئەوەی کە شانۆ سیاسەتە، رەخنەکەی دژ بە ئەرستۆتاڵیس بنیات دەنێت. ئەریستۆ جەخت لەوە کردۆتەوە کە شیعر و سیاسەت دوو شتی جیاوازن. بواڵ دەیەوێت ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە فۆرمی سیستمی ( سیاسی ــ شاعیرانە ) ی ئەریستۆ تاڵیس مرۆڤ کەم بایەخ و دەکات و دەیانچەوسێنێتەوە. بە بۆچوونی بواڵ سیستەمەکەی ئەرستۆ لە خزمەتی چینی دەسەڵاتداردا بووە، بەلام بەهۆی شیعرەوە ئەو چەوساندنەوەیە لە خەڵک شاراوە و پەنهان بووە، بەرگێکی بەشمەکی بووە بۆ شاردنەوەی ستەم لێکردن. ئەرستۆ لەو سیستەمەیدا باسی هیچ مەیل، خراپە و سەرنجێک ناکات کە زیان بە سیستمی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت.
بەواتایەکی تر سیستمی ( سیاسی ـ شیعر)یەکەی ئەرستۆ پارێزگاری لەو چەوساندنەوەیە دەکات و دەیانهێڵێتەوە کە لە کۆمەڵگادا هەیە، ئەویش بە نەهێشتن و قەلاچۆکردنی ئەوتێروانین وبیروباوەرنەی کە دژی ستروکتووری کۆمەڵگە هەبوو، یان هەیکەلی پێکهاتەی کۆمەڵگای بخستایەتە ژێر پرسیارەوە. ئەویش بەرگری کردنە لەو سیستم هەیکەلی کۆمەڵگە بەڕێگای هونەرەوە، چونکە ئەوەش لای چەوسێنەرەکان خۆی لە خۆیدا بوونێکی جیگیر و چەسپاوە، لەگەڵ بوونی مرۆڤدا خوڵقاوە و بریاری لەسەر دراوە، شتێکە دەبێت مرۆڤەکان خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن، چونکە مرۆڤ کەمدەستە لەلابردن و سڕینەوەی ئەو بڕیارە سروشتتیانەدا، بۆیە مرۆڤ تەنیا وەک تەماشاکەرێک وایە و توانای نییە لە سڕینەوەیدا.

تیۆریەکەی ئەستۆ درێژە پێدانی ئەفسانەکانە، کە چۆن ئەفسانەکان مرۆڤەکانی فێر دەکرد، کە چۆن ڕەفتار بکەن، دەسەڵاتدارانیش چۆن هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن، ڕەشەخەڵکیش چۆن ملکەچی دەسەڵات بن، هەروەها ئەرگومێنیتی خۆشیان پێشکەش کردووە بۆ بەردەوامی ئەو ڕەوشە. لەبری ئەوەی یەکسانی ژیانی خەڵک لە کۆمەڵگادا بەرەوپێش بەرێت، بەپێچەوەنەوە بەهۆی سیتمی شیعر ـ سیاسی، خەڵکانێکی وەک یەک بە پاسیڤی لە کۆمەڵگایەکی نایەکساندا دەنەخشێنێت. بواڵ ئاماژە بە قسەیەکی Arnold Houser دەدات کە دەڵێت: خەڵک لە چوارچێوەیەک دا بەگشتی لە درامادا موعایەشەی دیموکراتی کردووە، بەڵام لە راستیدا ناوەرۆکێکی نادیموکراسی و ئەریستۆکراتیانەی هەبووە، ئەویش نموونەیەکە بۆ چەوساندنەوەی پەنهان لە سیستەمەکەی ئەرستۆ کە پارێزگاری لێدەکات، چەوساندنەوەیەک کە لە ژیان و نەریت و ترادیسیۆنی خەڵکدا گوزەردەکات. تیۆریەکەی ئەرستۆ هەروەک تراژیدیەکانی کلاسیک لە ئاستێکی سیاسی باڵادا، باس لەوە دەکات تا چەند یاسا و ڕێساو کانی ووڵات لەگەڵ یاساکانی سروشتدا یەک دەگرنەوە. ئەوەش تراجیدیا وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ بەردەوامی سیاسەتی ستەملێکردن بەکار دەهێنن، ئەوەش هەروەک میتۆدی بانکی، پەروەردەکردن و فێرکردنی خەڵک بۆ قبوڵکردنی ئەو واقیعەی کە هەبووە بێ هیچ نارەزایەک.

بواڵ دەیەوێت ئەوە پیشان بدات کە چۆن بەها سیاسیەکان بە هۆی شیعرەوە گوزارشتیان لێدەکرێت و چۆن بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، کە ئەرستۆ دژی دەوەستێتەوە. بواڵ بۆمان ئاشکرا دەکات کە چۆن ئایدیا و بیری سیاسیانە بە دەقە شیعریەکانەوە داپۆشرابوو، بەڵام بەو بەوشێوە شیعریە کە لای خەڵک شاراوەبوو، تراژیدیەکان هەرچەندە لە میتۆلۆژیاو ئەفسانەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و بناخەیەکی پر لە نهێنی و پەنهان و راز و نیاز هەڵگرتووە، کە بەرگریکردنە لە ئافسانەی دەسەڵات، لەوێدا پاڵەوان ڕووبەرووی چارەنووسی خۆی دەبێتەوە، ئەوەش سەرەتایەکی تێگەیشتنە لە سیماتی هاوسۆزی بەرامبەر ئەو ئەفسانەو داکەوتە ئەو واقیعە دەبێتە ڕاستی لای بینەران. ئەو هاوسۆزیە بۆ پاڵەوان و بۆ واقیع، بە دیدی ئەو لە فۆرمی شانۆدا بەکارهێنرابوو.

بواڵ مەبەستی ئەوەیە کە بەکارهێنانی سیمپاتی لە شیعردا، بۆ ئەوەبوو چونکە خەڵک نزیکایەتی و ئاشانیەتی لەگەڵ دەقە شیعریەکاندا هەبوو. هەروەها سیستمی ( سیاسی ـ شیعری) لەسەر دیاردەو فۆرمەکانی چینی باڵادەست دامەزراوە، کە چەوساندنەوەی لە تێکستدا شاردبووە، بۆ پارێزگاری لێکردنی ئەوستروکتورەی کۆمەڵگا و دابەشکردنی چینەکان و دەسەڵاتەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە. کە هەل و مەرجی دەسەڵات وەک ئاکارێکی سروشتی و بێ ئەڵتەرناتیڤ چاو لێبکات، کە ئەو واقیعی دەسڵات دابەشکردنە وەک ڕاستیەکی شاراوە قبوڵ بکات، کە خەڵک بەرامبەر بە پاڵەوانی ریوایەتەکان protagonist هەست بە هاوسۆزی سیمپاتی بکات.

مانای ئەوەی خەڵک هاوسۆزی بۆ دیاردەکانی کۆمەڵگا و هەیکەلەکەی هەیبێت، کە هەمان سیستەم بەرهەم بهێنێتەوەو چەوساندنەوە تێکناشکێنێت، لەبیرمان نەچێت پاڵەوانی دراما و ریوایەتەکان protagonist هەمیشە سیمبوڵ و نوێنەرایەتی چینی باڵا دەستی کۆمەڵگا بوون. بواڵ باسی تراجیدیاکەی ئەرستۆ دەکات کە سیمپاتی چ کاریگەریەکی هەیە بۆ سەر چەوساندنەوە، بەڵام لە لایەکی تریشەوە بواڵ پێناسەیەکی تری هەیە بۆ سیمپاتی کە جیاوازە لە دیدەکی ئەریستۆ، لەشانۆی سەکۆدا سیمپاتی زۆر گرنگە بۆ کارکردن بۆ ئازادی و سەرفرازی. پاشان بینەر سیمپاتی دەبەستێتەوە بە رووداوەکان، وە بە چ شێوەیەک بینەر سیمپاتی بنووێنێت و بۆ کێ سیمپاتی هەبێت، جا بۆ ئەو چەساندەوەیە بێت یان بە پێچەوانەکەی بۆ ئازادی سەرفرازی و گۆڕینی واقیع و داکەوتەکە بێت.

بواڵ گازندەی خۆی ئاراستەی ئەریستۆ دەکات، بەوەی کە بەرهەمهێنەری ئەفسانەیە، ئەو ئەفسانەیەی کە بێدەنگمان دەکات لە بەگژاچونەوەی ستەمکاریدا، ئەو ئەفسانەیەی کە لەخوڵقاندنی مۆنۆلۆگدا دەورێکی باڵای هەیە، ژیانی ئێمە بەردەوام دەجوڵێت، لەم چرکەدا کە ژیان وەک هەل و مەرجێک تاقی دەکەینەوە، گەر هیچ وەلامێک لە ژینگەی دەورو بەرمانەوە نەهات ، بەو واتایەی کە دیالۆگ جێگەی خۆی لەگەڵ تاکە دەنگی مەنەلۆگ گۆریوەتەوە.

گەلێک جاران ئەفسانەکان دەوری سوکنایەتی و تێراپیدان لە ژیانماندا هەیە، بۆ نموونە خۆسازاندن لەگەڵ نادادوەری کۆمەڵایەتی و بندەستی، کاتێک دەگونجێت ئەگەر ئەمانە پەیوەندیان بە بەسەرهاتی سروشتی مرۆڤەکان و پێویستی سزای هێزە خواوەندەکانی دەرەوەمان هەبێت.

تراجیدیاکەی ئەریستۆ تالیس لە رووداوی چیرۆکی پاڵەوانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە تراجیدیادا پاڵەوانەکان بۆ میهرو چاکە خەبات و کۆشش دەکەن، دیارە چاکەکردن لە لای بواڵ زۆر بەروونی دیارە کە لە پێکهاتەی دەستور و یاساو رێساکانی کۆمەڵگادا خۆی بەیان دەکات. لەو کاتەدا مەرگەسات و تراجیدیا دەست پێدەکات کە خاڵی لاوازی پاڵەوانەکە ئاشکرا دەبێت، لاوازیەک کە لە دەستپێکەوە هۆکارێک بووە بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە پلەی باڵای پاڵەوانەکە پێش کەشف بوونی کە تێیدا ژیاوە، لاوازیەک کە هەمیشە خەسڵەتێکی ناجۆر و خراپ بووە کە ڕێی لە پاڵەوانەکە گرتووە بە کۆمەڵگا هۆمۆژین و یەکپارە و هاوشێوەبێت.

هەروەها لەسەرەتای تراجیدیاکەشدا هانی بینەر دەدات کە هاوسۆزی خۆیان بنووێنن بەرامبەری. بەڵام هاوسۆزی لە دیدی بواڵ ئەوەیە کە وەک بینەر خۆخستنە ناو دۆخێک و پەیوەندی ببەستیت، هەست بە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکە بکەیت، خۆخستنە ناو بارودۆخێک کە پەیوەندییەک دەخوڵقێنێ کە بینەر لە کایەی خۆیدا پاسیڤ رەفتار نابێت، بینەر رێ بە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکان دەدات، کە رووداوەکان بەجێبگەیەنن. لە پاشاندا تراجیدیا خاڵێکی وەرچەرخان وەردەگرێت، کە بینەران بەهۆی هاوسۆزیەوە لەگەڵ پاڵەواندا لە هەوراز و نەهامەتییەک بەیەک دەگەن، لە دواجاردا ڕووداوەکان بە ئاکام دەگەیەنن. جا بۆ ئەوەی رووداو و چیرۆکەکە تێک نەچێت و جێگای پاڵەوان نەڕمێت لە دواجاردا پاڵەوان دان بە لاوازی خۆیدا دەنێت. بە بروای بواڵ مەبەست لەم دانپیانانە ئەوەیە کە بینەر لە سیمپاتی و هاو هەستی خۆیاندا دان بە هەڵەو لاوازی خۆیاندا بنێن.
ڕوانگەی بواڵ بۆ کێشەکە ئەوەیە کە پێویست ناکات بینەران تووشی هیچ کارەسات و ناخۆشیەک ببن، چونکە هەموو ئەوشتانەی کە روویداوە لە کارەکتەرێکەوە بووە لەبەر ئەوە لە هەر وەختێکدابێت بینەر ئەوە بەجێدەهێڵێت.
ئەریستۆ تاڵیس داوا دەکات، کە تراجیدیا بە موسیبەتێک و کارەساتێک کۆتایی بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی لە رێگای هاوسۆزی بینەرانەوە تەواو هەست بە گرنگێتی دانپیانانی تاوان بکەن، لەگەڵیشیدا گرێی بدەنەوە بە ژیانی رۆژانەوە، بە بۆچونی ئەریستۆ بەهۆی کەوتنە ناو ئەو ترسی نەهامەتی و موسیبەت و کارەساتەوە بینەر پاک دەبۆوە لە خاڵی لاوازیان.
بەڵام جارێکی دی بواڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە خاڵی لاوازی پاڵەوانەکان، سیفاتی ناجۆر و خراپیان لە سەرچاوەی یاساو ڕێساو دەستوری کۆمەڵگە بنیات نراوە. ئەمەش ئەرستۆ وای دەبینێت کە هەموو بۆچونەکان پاک بکرێتەوە لەو گازندانە و رەخنانەی کە لە ستروکتوری کۆمەڵگا دەگیرێت، بە واتەیەکی دی بۆمان نییە ڕەخنە لە ستروکتوری کۆمەڵگا بگیرێت، کە چۆن دابەش کراوە.
هاوسۆزی لە تراژیدیا بەو شێوەیە نموونەی بەردەوامی و جێبەجێکردنی چەوساندنەوەیە. تراژیدیاکەی ئەریستۆ دەرسی خەڵک دادەدات و کە باریان دەکات بە خۆڕاهێنان و خۆ گونجاندن لەگەڵ داکەوتە و واقیعەکە، کە بەدەنگ نەیەن و بەگژیدا نەچنەوە
بواڵ دەڵێت ئەم جۆرە سیمپاتی و هاوسۆزیە هەتا ئێستاش بوونی هەیە، بەتایبەتی لەناو فیلمە سەرکەشە رۆژئاواییەکان،و لە شانۆ ڕەسمی و نەریتیەکاندان konvention و لە زنجیرە تەلەفیزۆنیە خۆشهاتەکاندا Tv.sopor دا، لەوکاتەدا بینەر خۆی لەگەڵ پاڵەوانی دراماکەدا پەیوەند دەکات، بۆ ئەوەی هێزی خێر بەسەر شەردا سەرکەوێت. یا وەک لە هەندێک تێکست و شانۆییە دروشم بازیەکاندا بە ناوی نەتەوەپەرستییەوە، پاڵەوان لەسەر دروشم بازی رادەهێنن، ئەو جۆرەش خزمەت بە دەسەڵاتی سەرکوتکرانە دەکات، لەژێر ناوی نەتەوەو بە پیرۆزکردنی سەرکردەکاندا، چونکە ئامانجی مرۆڤیانەو و گەرانەوەی مرۆڤبوون بەدروشمگەرایی دژی چەوسێنەران نابێت.

بەواتایەکی تر دراما تراجیدیەکەی ئەریستۆ تاڵیس نوێنەرایەتی شۆڕشگێرانەی گروپەکان ناکات، لەودەمەدا فۆرمی تراجیدیا داوای کۆمەڵگەیەک دەکات، کە سترکتورو فۆرمی تایبەتی هەبێت بێ هیچ گۆرانکاریەک، پاشانیش دراما تەنها ئەو سترکتورە ببینێت و تێیدا بژی. کۆمەڵگایەک کە چۆن بەروونی بەو ئاراستەیەی کە چ بوونێکی هەیە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، تەنها ئەوکاتە دەتوانیین خۆمان لەو دۆخەدا ببینینەوەو، بگەینە خاڵی پاک بوونەوە. ئازادی لە روانگەی ئەریستۆ تالیسەوە.

ئەو جۆرە هاوسۆزیە بەلای ئۆگستۆ بوڵەوە ووشەیەکی خراپە، چونکە ئەوەش دەبەسترێتەوە بەو میتۆدەی کە لەشانۆی ئەوروپادا بەکاردەهێنرا بۆ ئەوەی کار لە مرۆڤەکان بکات. بەڵام لە لایەکی تریشەوە نابێت ئینکاری ئەوەبکرێت کە لە شانۆی سەکۆدا پێویستە باوەڕمان بە سیمپاتی هەبێت کە بینەر بتوانێت خۆی بناسێتەوە لە پاڵەوانی ڕیوایەتەکەدا.
بەدیدی بواڵ بە هاوشێوەی ئەوەی کە باسی ئەرستۆمان بۆدەکات، کە چ رۆڵێکی هەبووە لە بناخە سەرەتاییەکانی شانۆدا، هەروەها چ کاریگەریەکی هەبووە لە بەرەو ]ێشەوە چونی دونیا و رەوتی شانۆدا، هەروەها باسی نیکۆڵای میکیاڤیللی و شکسپیریشمان بۆ دەکات و ئەرگومێنتەکانی خۆیمان پێشان دەدات، کە چۆن بە هوشیاریەوە لە بونیادی شانۆی رۆژئاوادا بەرجەستەکردنی چەوساندنەوە درێژەی هەیە. هەروەها بەگشتی باسی میکیاڤیللی و شکسپیر دەکات کە چۆن لە شانۆدا گەشەیان بە خوڵقاندنی کارەکتەرەکانیان لە ئۆبجەکتەوە بۆ سوبجەکت داوە ، هەردووکیشیان لە ماوەی چاخەکانی ناوەراستدا گەلێک چالاک بوون، لە سەردەمێکدا کە لە کۆمەڵگادا کەنیسە خاوەن دەسەڵاتێکی زۆر بووە ، بەتایبەتی لە کۆمیدیاکەی میکیاڤیللی بە ناونیشانی ماندراگۆلا Mandragola کە مەرامێتی نیشان بدرێت کە بینەران کەیف خۆش بن، بەڵام ئەویش بەرێگای دەسەڵاتی ئایندارێتی ئەقڵیەتی کەنیسە. لە ڕۆمای کۆندا چینی دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆیان و ئارامکردنەوەی نارەزای خەڵک، نەک دیالۆگکردن لەگەڵیاندا دەیان ووت زۆرکردنی نان و سەما بۆ گەل زۆر پێویستە ، لە پێناوی نەرمکردنەوەو مسۆگەرکردنی ئارامی خەڵکدا، بۆ ئەوەی بەگژ ئەو ناعەدالەتیەدا نەچنەوە، واقعی سەرداری خۆیان مسۆگەر بکەن و درێژەی پێ بدەن.

بەلای بواڵەوە ماندراگۆلا یەکەم قۆناغی پەرینەوەیە لە مێژووی شانۆدا، کە کارەکتەراکان رۆڵەکان بە ( تاکگەرایی) ئندیڤیژواڵ کرا، پێشتر رۆلەکان وەک سیمبوڵ هەبوون، تەنها دەلالەتیان دەبەخشی و بۆ موتیڤ و هۆی شانۆییەکە ئامژەیەک بوون. لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵەکان لە ماندراگۆلادا مۆرکێکی تەواو گەشەسەندوو نەبوون، لەو زەمەنی کارەکتەرا ئۆبجەکتیڤانەوە گۆرانکاریەکی کەمی بەسەردا دێت بۆ بە سوبجەکت بوون، واتە کارەکتەراکان کەمێک بوون بە سوبجەکت،بەلام سوبجەکتی تەواو نا. لە ماندراگۆلادا کارەکتەرەکانی ناو دراماکە کەمێک بەرگی ئۆبجەکتیان داکاند، ئەوەش ئاراستەو وەرچەرخانێکی زۆر باش بوو بۆ ئەوەی نووسەرانی دوای میکیاڤیللی جۆرێکی تر کارەکتەر دابرێژن. تا لای شکسپیر زۆر بەتەواوەتی ئیندڤیژوڵی تاکگەرایی کەسەکان گەشە دەسەنێت.

شکسپیر لە دراماکانیدا هەموو مرۆڤەکان وەک مرۆڤ بوونی خۆیان باسیان دەکات و دەیانگێرێتەوە، واتە لەلای شکسپیر کارەکتەرەکان ناسنامەی مرۆڤ بوونی خۆیان وەرگرت، بەنموونە هاملێت دیار نییە کە بەرجەستەی گومان و نادڵنیایی بکات یان سیمبوڵێک بێت بۆ گومان و نادڵنیایی بەڵکو کەسێکە خۆی گومان دەکات و نادڵنیایە، کاتێکیش کە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکان دەبێت بە چەمکێکی کۆنکرێتی، بە دیدی بواڵ، ئەوە پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ تێگەیشتنی بۆرجوازیەکان.




چیرۆك – نهێنی شاری سالورای … کۆرش وه‌حید

ماوه‌یه‌کی باش بوو ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووبوه‌وه ئاواییه‌ك دروست بووه‌ ناویان ناوه‌ (سالورای)، بۆ ئه‌وه‌ی زوو سیمای شار وه‌ربگرێت، حه‌زیان ده‌کرد زوو قه‌ره‌باڵغ بێت ، بۆیه‌ هه‌موو که‌سێکیان وه‌رده‌گرت، (ده‌غرا‌میه‌کان)یش که‌ له‌ودیو چیاکانه‌وه‌ بوون، به‌هه‌لیان ده‌زانی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت نه‌فییان بکه‌ن ره‌وانه‌ی ئه‌و ئاواییه‌ تازه‌یه‌ی بکه‌ن، ساڵ هات و ساڵ چوو قه‌ره‌باڵغی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند، سه‌گ ساحێبی خۆی تێدا نه‌ده‌ناسیه‌وه، که‌چی ئه‌و خووه‌ خراپانه‌ی له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هامنشینه‌کانیه‌وه‌ ته‌شه‌نه‌ی کردبوو کاڵ نه‌ده‌بووه‌وه، هه‌رچه‌نده‌ ده‌یان ساڵ و بگره‌ ره‌نگه‌ سه‌دان ساڵیشی به‌سه‌ر دانانی به‌ردی بناغه‌که‌یدا تێپه‌ر بوو بێت، ئه‌وخووه‌ش گاڵته‌کردن بوو به‌ مه‌خلوقاته‌کانی خوا، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ خۆیان جیاوازتربوون و ئه‌سڵزاده‌بوون، یه‌عنی ئه‌وانه‌ی چاکه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا ده‌کردو فشه‌یان نه‌ده‌کرد، خۆیان له‌ کاری خه‌ڵکانی تر هه‌ڵنه‌ده‌قورتاند.

کابرایه‌کی به‌ناوبانگی تیا بوو پۆشاك و جلوبه‌رگی ده‌به‌خشیه‌وه‌ به‌ نه‌دارو بێ به‌رگه‌کان، که‌چی وه‌کو ده‌ستی ڕێز خستنه‌سه‌ری ناوی خۆیان نابوو (عوسه‌ بێکراس)، یه‌کێکی تریش له‌گرانیه‌کاندا ده‌ستگیرۆیی هه‌ژارانی ده‌کردو ده‌غڵو دان و ئازووقه‌ی ده‌دا به‌ برسیه‌کان ناویان لێنابوو (عه‌ولی عه‌لاف)، کابرایه‌کی ئیختیاری تیا ده‌ژیا که‌ به‌ ئه‌زموون بوو له‌ داووده‌رمان و پاوده‌رو وشکه‌وات فرۆشتندا که‌چی له‌قه‌بی (عه‌له ‌لچه‌)یان لێنابوو‌، ئه‌گه‌ر بێ میزاجیش بوونایه‌و ڕقیان هه‌ڵبستایه‌ له‌وه‌ش خراپتریان ده‌گوت و داده‌هێنا و ده‌میان بۆ ره‌وشت ده‌برد.

هێنده‌ زبرو دڵڕه‌ق و بێ ماریفه‌ت بوون هنجه‌تیان له‌ هه‌موو شتێك ده‌رده‌هێنا، خۆشیان به‌ شێخی سه‌نعان نه‌ده‌گۆڕیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بابای کاسب هه‌یبوایه‌ پێیان ده‌گوت ئه‌و سه‌گبابه‌ له‌ کوێی بوو تا دوێنێ بوو هیچی نه‌بوو به‌ چی وا هه‌ڵگڕا؟ ئه‌گه‌ر نه‌بووش بووایه‌ ده‌یانگوت: ئه‌وه‌ که‌سێکی ڕسواو زه‌غه‌ل و ده‌ست و پێ سپییه‌.. شێته‌کانیشیان که‌سانی ئاقڵ بوون هه‌ر به‌و جۆره‌ قسانه‌ شێتکران، ده‌ره‌نجام شاره‌که‌ هه‌رچه‌نده‌ قه‌برستانه‌کانی قه‌ره‌باڵغ دیاربوون و زوو جێی تیا نه‌ده‌ما، ئاوهاش ئه‌وانه‌ی دوو که‌لیمه‌یان ده‌زانی له‌ چاوان ون ده‌بوون و که‌س نه‌یده‌زانی ئایا زیندوون یان مردوون؟ ئه‌گه‌ر مردوون ئه‌ی بۆ هه‌واڵی پرسه‌کانیان به‌ دیواری هیچ مزگه‌وتێکه‌وه‌ هه‌ڵنه‌واسرا؟ ‌ئه‌گه‌ر زیندووشن بۆچی له‌ هیچ کونوکه‌له‌به‌رێکه‌وه‌ دیار نین؟ ئێستاش له‌ نهێنی ئه‌و شاره‌ عه‌نتیکه‌یه‌ تێنه‌گه‌شتم.




کتێبی – کورد لە ئۆکتۆبەری ڕەشدا …. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …شاخەوان برایم عەبدوڵڵا




هەڵبژاردن شکستی خوارد دوای ئه‌وه‌ دەبێ چی بکەین!؟ … نوری بەشیر

دوو هەفتە لەمەوبه‌ر واته‌ ٣٠ی سێپتێمبەر، ڕۆژێکی گرنگ و هەنگاوێکی روو لەپێشی خەڵكی کوردستان بوو له‌ڕاستای بردنه‌ پێشه‌وه‌ی ئایندەی خۆیان بەرامبەر به‌چینی بۆرژوازی و هەموو حزبە رەنگاو رەنگەکانی، توانیان وەک هێزو بەرەیەکی گەورە خۆیان نیشان بده‌ن و جه‌ماوه‌ری ناڕازی”نا” یەکی گەورە بنێ به‌نێوچه‌وانی ده‌سه‌ڵات و سه‌رتاپای سیسته‌مێکی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌وه‌ که‌حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی ٢٧ ساڵه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر بایکۆتی هەڵبژاردن ئه‌و هێزه‌ی خه‌ڵک بوو که ‌له‌ده‌رگای گۆڕانکاریه‌کی گه‌وره‌ی داوه‌ و به‌عه‌زمه‌وه‌ چاوی بۆ ئاینده‌یه‌کی ئومێد به‌خش بڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ و ئه‌م ئومێده‌ سه‌ره‌ڕای کاریگه‌ریه‌که‌ی هێشتا کافی نییە و ده‌بێ وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک له‌راستای لێسه‌ندنه‌وه‌ی شەرعیەت لەحکومه‌ت و پەرلەمان و مه‌وجودیه‌تی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ناڕازیه‌وه‌ سه‌رنج بدرێ و لێره‌شه‌وه‌ نه‌خشه‌ و ئۆمیدێ هه‌نگاو هه‌ڵهینانه‌وه‌ی گه‌وره‌تری له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت. کەواتە گرنگی ئەم بایکۆت و به‌شداری نه‌کردنه‌ی خه‌ڵک له‌چیدایه‌و دەبێ هه‌نگاوه‌کانی دواتر چی بێت؟.

یەکەم: واتای بایکۆتی جه‌ماوه‌ری له‌چیدایه‌؟

بایکۆتی هه‌ڵبژاردن ته‌نها به‌مانای به‌گاڵته‌جاڕگرتنی ده‌نگدان و دیموکراسی و خودی ئه‌و سیناریۆیه‌ نییه‌ که‌ناویان نا هه‌ڵبژرادن، به‌ڵکو به‌مانای مایه‌پوچ گرتنی هەموو حزبەکانی په‌رله‌مان و حکو‌مه‌ت و سیسته‌مێکه‌ که‌ له ‌کوردستاندا کراوه‌ته‌ ڕووپۆشێک بۆ دوو حزبی میلیشیاو بنه‌ماڵه‌، به‌مانای ڕیسوابوونی حزبە گەورەکانی دەسەڵاتداری دوو زۆنی زەرد و سەوز و هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌ که‌ناوی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیان له‌خۆیان ناوه‌. به‌واتایه‌کی تر ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵک و بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردن شۆکێکی گەورە بوو بۆ حزبەکانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایەتی و ئیسلامیەکان و ریسوابوونی کارنامه‌ی هه‌ڵبژاردنیان.
بێگومان ڕووداو و هه‌قیقه‌تێکی ئاواش گشت سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی و حزبه‌کانی سه‌ر شانۆی سیاسی کوردستان ده‌خاته‌ نێو قه‌یرانێکی خنکێنه‌ری سیاسیه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ به‌مانای له‌ده‌ستدانی ڕازیبوون ومه‌قبولیه‌تی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می ئێستایه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌و وه‌لانانی بۆته‌‌ خاڵێکی مه‌رکه‌زی له‌زهنی جه‌ماوه‌رێکی ناڕازیدا. مێژووش نیشانی داوه‌ ئاڵوگۆڕه‌ سیاسیه‌کان له‌هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکدا له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌سیسته‌م و حوکمه‌ت له‌ هوشیاری و زهنی خه‌ڵكدا جێگایه‌کی گشتیگرو “زۆربه‌” بگرێ. به‌واتایه‌کی تر شۆڕشه‌کان، ڕاپه‌ڕینه‌کان و هه‌ستانی جه‌ماوه‌ری کاتێک مومکینه‌ خه‌ڵک له‌خواره‌وه‌ نه‌یه‌وێ و رازی نه‌بێت به‌ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجود و ئه‌مه‌ش له‌کرده‌ی جه‌ماوه‌ریدا خۆی عه‌کس بکاته‌وه‌، بایکۆت نیشانه‌ی ئه‌م نه‌ویستنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌خواره‌وه‌و عه‌کس که‌ره‌وه‌ی ئه‌م زهنیه‌ته‌ گشتیگره‌ی جه‌ماوه‌ره‌.

دووەم: بایکۆت سەرکەوت، بەڵام حزبەکانی کوردایەتی ماون!

جەماوه‌ری ناڕازی بایکۆتیان کرد و ده‌نگیان نه‌دا، به‌م کاره‌شیان سه‌رکه‌وتنێکیان تومارکرد و سیناریۆ و سیاسه‌تێکی حزبه‌ بۆرژوازیه‌کانیان ڕیسواکردو به‌گاڵته‌جاڕی گرتیان، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها شه‌قێک بوو له‌م حزبانه‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، ئه‌مه‌ ته‌نها سەنگه‌ر گرتنێک بوو، بەڵام حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌ شوێنی خۆیاندا ماون، هێشتا هه‌ر بازاڕی تاڵانچێتی و قاچاغچێتی کردن به‌ده‌رمان و وه‌گه‌ڕخستنی کۆمپانایا و دزی و راو و روتیان هه‌ر ده‌چه‌رخێ، هێشتا حکومت و ده‌زگای سه‌رکوتگه‌ر و یاساو په‌رله‌مانیان به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکه‌وه‌ سێبه‌ری گرتووه‌، هێشتا هه‌ر ئه‌م حزبانه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان موقه‌دەرات و نانی خه‌ڵکیان له‌ده‌ستایه ‌و هێشتا بۆ دابینکردنی خزمه‌تگوزاری و کارو موچه‌ ده‌بێ هه‌ر یه‌خه‌ی ئه‌وان بگیرێ، که‌وایه‌ هه‌روه‌ک وتمان بایکۆت هه‌ڵهێنانه‌وه‌ی هه‌نگاوێک بوو له ‌پرۆسه‌ی خه‌باتێکدا که‌جه‌ماوه‌ری ناڕازی له‌ ١٧ی شوباته‌وه‌ بۆی هاتونه‌ته‌ مه‌یدانه‌وه‌ و هه‌رجاره‌ به‌جۆرێک و له‌ده‌وری خواستێک و بۆ بابه‌تێک یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێ و شه‌قی خۆی ده‌هاوێت.

بێگومان ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و سه‌نگه‌رگرتنه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیشانه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریه‌ بۆ نان و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و هێزیکی گه‌وریه‌ و له‌ناوه‌خنی خۆیدا خواسته‌کانی، ژنان و لاوان، کرێکاران و کارمه‌ندان و هه‌موو به‌شه‌ مه‌حرومه‌کانی کۆمه‌ڵگەی له‌خۆ گرتووە‌‌، به‌ڵام به‌م حاڵه‌یه‌وه‌ هێشتا نه‌بۆته‌ بزوتنه‌وه‌یه‌ک بۆ وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، هێشتا خواستی کۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌ڵات ئاسۆ و په‌رچه‌می ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی جه‌ماوه‌ر نییه‌ هه‌ربۆیه‌ هه‌ر شه‌ق هاویشتن و هه‌ر سه‌نگه‌ر گرتنیك به‌ته‌نها ناتوانێ چاره‌نوسی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا یه‌کلابکاته‌وه‌. به‌واتایه‌کی تر کاتێک ده‌ڵێین حزبه‌کان ماون، یانی هێشتا بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری نه‌یتوانیوە‌ هاوکێشه‌ی هێزی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجودا یه‌کلا بکاته‌وه‌ و چاره‌نوسی کۆمه‌ڵگە له‌لایه‌ن خه‌ڵک خۆیانه‌وه‌ به‌ده‌سته‌وه ‌بگیرێ و جۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری شوێنی ئۆرگانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا بگرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و خاڵه‌یه‌ که‌ده‌بێ جێگای سه‌رنجی هه‌ڵسوڕاوان و رابه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ناڕازی جه‌ماوه‌ری بێ.
کەواتە ده‌بی چی بکرێ و رێگا چارەی خەڵک چیە!

ئاشکرایه‌ که‌رێگاچارەی حزبەکانی دەسەڵات بە پارتی و یەکێتی و ئۆپۆزسیۆنەوە بەدوای هەڵبژاردندا، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌پێکه‌وه‌ پایه‌کانی ده‌سه‌ڵات ڕابگرن و ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌جه‌وهه‌ردا بمێنێته‌وه‌. ئه‌مه حزبانه‌ بە هەموو خیلاف و گلەیی و گازندەو هەڵدانەوەی فایلی تیرۆر، گەندەڵکاری، تاکید کردنەوە لە ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ کۆنەپەرسترین حکومەتانی ناوچەکە و ئەمریکادا، لەبەرامبەر داواکاری و خواستەکانی خەڵكدا، یه‌ک مه‌سه‌له‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ ئه‌ویش درێژەدانە بە دەسەڵات و پەرلەمانەکەیان، له‌م ڕێگایه‌شه‌وه‌ هەموویان نانی بڕاوی سەر سفرەی خاڵی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەخۆن، خۆیان لە جۆرەها حزبی کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامی بازرگانی و سەرمایەدارو کۆنەپەرستدا رێکخراو دەکەن، کۆمەڵگە بە حزبی دەکەن، لەپشتی پەردەو ژوورە تاریکەکاندا رێدەکەون،… له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م راستیه‌دا یه‌که‌مین کار که‌ده‌بی خه‌ڵکی ناڕازی بیگرێته‌ به‌ر جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزی خۆیان و خه‌باته‌که‌یانه‌ له‌م حزبانه‌ و نابێ به ‌هیچکام لەو ‌حزبانه‌ فریو بخۆن و حساب بۆ به‌ڵین و سیاسه‌ته‌کانیان بکرێ.

له‌که‌نار ئه‌مه‌شه‌وه‌ ده‌بێ خه‌بات بۆ وه‌لانان و کۆتاییهێنان به ‌ده‌سه‌ڵاتی ئێستا وه‌ک ئاسۆ و سیاسه‌تێکی شۆڕشگێرانه ‌سایه‌و سێبه‌ری ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌و بچوکی جه‌ماوه‌ریمان بێت و ته‌واوی هێزی بۆ کۆبکرێته‌وه‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ خۆرێکخراوکردن لە شوراکان و کۆمیتە و ئەنجومەنەکانی شوێنی کارو ژیاندا وه هه‌ڵبژاردنی نوێنەرانی جه‌ماوه‌ری له‌ گەڕەک و کارگەو زانکۆکان و هێنده‌ش ته‌وازنی هێز ڕێگامان پێده‌دات ده‌ستبه‌رین بۆ کۆنترۆڵی ناوه‌نده‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردنی داهاته‌کان و سه‌ره‌نجام لێسه‌ندنه‌وه‌ی مه‌شروعیه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌خواره‌وه‌ له‌حزبه‌کانی ئێستا.. ئه‌توانرێ هه‌نگاوگه‌لێک بن که‌ به‌شوێن خۆیدا بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێرانه‌ بۆ وه‌لانانی ده‌سه‌ڵات پێ بنێته‌ مه‌یدانه‌وه‌و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو پێشڕه‌وی خه‌باتی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ناڕازی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رێ… بێگومان ته‌وای ئه‌م کارانه‌ به‌پشتیوانی و کۆبوونه‌وه‌ له‌ده‌وری حزبێکی شۆڕشگێڕی خه‌باتکار و کۆمۆنیستی هه‌رچی زیاتر له‌سه‌رکه‌وتن نزیک ده‌کاته‌وه‌.

له‌یه‌ک وته‌دا ئەبێت هوشیار بین بەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگایەکی چینایەتیەکە ئەوان ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی کوردایەتیان کەمایەتی کۆمەڵگان، بەڵام رێکخراو و یەکدەستن لەبەرامبەر بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا، بەدژی زۆربەی زۆری کۆمەڵگە، بەڵام ئێمە زۆربەین و دەبێ بە‌هێزی ملیۆنی خۆمان و تواناکانی خۆمان ئاگادار بین و لەحزبی چیانەیەتی خۆماندا رێکخراو و ئامادە بین، کە خۆشبەختانە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەپێشەوەی ئەم خەباتەدایە و زەروورە لە دەوری کۆبینەوەو خۆمان لەدەوری رێکخراو بکەین.




دوو هاوڕەگەزخواز ئاشکرادەبن، یەکێکیان هەڵدێ و ئەویتریش چارەنووسی نادیارە!

راپۆرتی: هێمن شەوکەت
—————

هەڵبەتە ئێستا لە چوارچێوەی رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی کردەیی لە سەرتاسەریی جیهان بە تایبەتییش لە ئەوروپا و وڵاتە رۆژئاواییەکان.. خەریکە مافەکانی هاوڕەگەزخوازانیش جا چ هی (نێوان نێر و نێر) بێ چ هی (نێوان مێ و مێ) وەک سەرەتایەکی دڵخۆشکەر جێی خۆیان دەگرن.. بەڵام هێشتاش زۆری ماوە بە تایبەتییش لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین وەک تابوو و بێ رەوشتییەکی گەورە لە لایەن سیستەمی دەسەڵات و کۆمەڵگەوە تەماشا دەکرێ و هاوڕەگەزخوازان ناوێرن بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانی خۆیان ئاشکرا بکەن و ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەریی دەگوزەرێنن.. واتە بە شێوەیەکی ئاسایی دووچاری سووکایەتیی پێکردن و راوەدوونان دەبنەوە و زۆر دڕاندانە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن.. تەنانەت زۆر جار رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە بێ ئەوەی هیچ کەس و دەزگایێک بتوانن سادەترین بەرگرییان لێبکەن تەنانەت دەزگا میدیایەکانیش ناتوانن رووماڵی ئەو کێشە هەستیارە بکەن مەگەر جاروبارێک ئەویش بە شێوەیەکی زۆر شەرمنانە و هێندەکیشیان بە پێی فەرهەنگە باوەکە وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیی دەیخەنەڕوو!

پاش ئەوەی دەنگۆی ئاشکرابوونی دوو گەنجی هاوڕەگەزخواز لە شارۆچکەی (سەیدسادق)ی سەر بە پارێزگای (سلێمانی) لە باشووری کوردستان وەک رووداوێکی ناوازە و بێ رەوشتیی کۆمەڵایەتیی بووە باسوخواسێکی گەرم و سەرنجڕاکێش لە نێو خەڵک.. وەک رۆژنامەنووسێکی ئازاد لە بەریتانیا توانیم لە رێگەی هاوکاران و پەیوەندییەکانم لە کوردستانەوە هەندێک زانیاریی سەرەتایی بەو شێوەیە بەدەستبخەم:

● ئەو دوو کوڕە هاوڕەگەزخوازە؛ (ز.س.ع، تەمەن ٣٥ ساڵ) و (ش.ح.ئـ، تەمەن ٣٣ ساڵ) دوو گەنجی خەڵکی شارۆچکەی (سەیدسادق)ن.
● (ز.س.ع) و (ش.ح.ئـ) ساڵانێک بوو دوو هاوڕێی زۆر نزیک و خۆشەویستی یەکتر بوون و زۆربەی کاتەکانی خۆیان بەیەکەوە دەگوزارند تا لە بەرواری (٣١/٨/٢٠١٨) برایەکی (ش.ح.ئـ) هەر لە ماڵەکەی خۆیان هەردووکیان بەیەکەوە لە ناو جێگە و بە رووتیی دەگرێ.. ئیتر هێرش دەکاتە سەر هەردووکیان و زۆر دڵڕەقانە ئەشکەنجەیان دەدا.. سەرئەنجام لە دەرفەتێکدا (ز.س.ع) لەبەردەستی هەڵدێ و خۆی رزگار دەکا.
● هەر لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانەم لەگەڵ هاوکارانم لە کوردستان لەم دواییانە پەیوەندییان پێوەکردم و پێیانڕاگەیاندم کە ”بە داخەوە تا ئێستا چارەنووسی (ش.ح.ئـ) دیار نییە و کەس نازانێ لە کوێیە و چی بەسەرهاتوە.. بەڵام وەک دەڵێن هاوڕێیەکەی واتە (ز.س.ع) رووی لە ئەوروپا کردوە، ئێمە لە هەوڵی خۆمان داین و هەر زانیارییەکی نوێمان دەربارەی (ش.ح.ئـ) دەستبکەوێ بە زووترین کات بۆت دەنێرین”.

ئیتر پاش بەدواداچوونێکی چڕوپڕ خۆشبەختانە دەرکەوت کە (ز.س.ع) لە کوردستان رزگار بووە و لە بەریتانیا گیرساوەتەوە، هەر زوو هەموو هاوڕێ و هاوکاران و رێکخراوە پەنابەرییەکانم تێگەیاند و لە ماوەی چەند رۆژێک ژمارە تەلەفۆنی (ز.س.ع)م پەیداکرد و پەیوەندییم پێوەکرد:

لە سەرەتادا هەستمکرد دەترسا و نەیدەویست خۆی ئاشکرا بکا.. بەڵام پاش هەوڵدانێکی زۆر تا دڵنیام کردەوە کە من رۆژنامەنووسم و لەمێژە لە بەریتانیا دەژیم و منیش بە هۆی نەبوونی ئازادیی رۆژنامەگەریی وەک تۆ ئاوارەی ئێرە بوومە ئەنجا وردە وردە خۆی ئاشکرا کرد، هەر لەو پەیوەندییەشدا خۆشبەختانە توانیم رازیی بکەم کاتێک و شوێنێک بۆ دیتنی دابنێین تا چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەنووسیی لەگەڵ ئەنجام بدەم.

لە کات و شوێنی دیاریکراودا خۆم گەیاندە کاک (ز.س.ع)، ئەوەی زۆر مایەی شادمانیی من بوو ئەوە بوو لە چوارچێوەی قسەکانیدا کە هێندەک باسی خۆی و سەربردەکانی خۆی کرد کەسێکی هۆشیار بوو و بە ئاگاییەوە بە دوای مافەکانی خۆی کەوتبوو.. واتە رێک بە پێچەوانەی فەرهەنگی باوی میللەتەکەمان و تەنانەت هی جیهانیش کە هاوڕەگەزخوازان بە کەسانی لاواز و خۆپەرستی جەستەبازیی دەزانن! دیاربوو ئەو کەسێکی بەهێز و تۆکمە پڕ زانیاریی بوو و باوەڕی بەوە هەبوو کە کێشەکە هەر خۆی و هاورگەزخوازانی وەک ئەو نییە بەڵکە پێویستە مرۆڤەکان لە هەر جێگەیەک هەین رێز لە هەموو ویست و حەز و مافەکانی یەکتر بگرین و خەباتیشی لە پێناودا بکەین تا ژیانێکی ئاسوودە و دوور لە توندوتیژیی و بێ چەوسانەوە بنیاتبنێین، هەروا گوتیشی بەڵام من حەز ناکەم هەموو ئەو قسانەی دەیانکەم بڵاویانبکەیەوە بەڵکە تۆ بە پێی پێویستی ئەو کێشەیەی من پرسیاری خۆت بکە و منیش بە پێی توانا وەڵامت دەدەمەوە و هەر ئەوانەش بڵاوبکەوە، ئیتر رێکەوتین بەو شێوەیە چاوپێکەوتنەکەمان ئەنجام دا.

ئەمەی خوارەوە پرسیارەکانی من و دەقی وەڵامەکانی ئەون رێک وەک خۆیان و بە بێ دەستکاریی:

سەرەتا بە پێویستی دەزانم – ئەگەر بتەوێ – بە کورتیی خۆت بناسێنی؟
+ من ناوم (ز.س.ع)، تەمەنم ٣٥ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی (سەیدسادق)م.

– کەی بەڕێزت هەستتکرد کەسێکی جیاوازی لە زۆرینەی ئەو خەڵکەی کە بەزۆر بەسەریان داسەپاندوون دەبێ خۆشەویستیی و سێکسکردن تەنیا لە نێوان نێر و مێدا بێ؟
+ من کە تەمەنم ١٣ – ١٤ ساڵ ئەبوو ئەو هەستەم تیا دروست نەبوو کە وەکو زۆرینەی هاوڕێکانم حەزم بۆ رەگەزی بەرانبەر هەبێت.. ئیتر کارەساتەکە لێرەوە دەستی پێکرد؛ نامۆیی بە خێزان، کۆمەڵگە، کەلتوور، دین پێش هەمووشیان بە جەستەی خۆم! چونکە هەستم دەکرد ئەم گیان و جەستەی منە بە هەڵە دروست کراون واتە هەستی کەسێکی هاورەگەزخواز لە جەستەی پیاوێکدا..
ئیتر تەمەنی من بە نمایش و شانۆگەریی دەستی پێکرد.. بە خۆ حەشاردان لەو راستیەی کە لە ناخمدایە، هەر لە سەرەتادا وەکو منداڵانی هاوڕێم ئەوانەی باسی هەستی خۆیان ئەکرد کە فڵان کچ جوانە و فڵان خۆشە بەڵام من هیچ قسەیەکم نەبوو بتوانم بیکەم.. هەندێ جار ئیرەییم بەو کچانەش ئەبرد کە ئەمان حەزی لێ ئەکەن!

وەک کەسێکی هاوڕەگەزخواز تەمەنت چەند بوو کە یەکەم جار لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆت ئەو پەیوەندییەت دروست کرد؟
+ لە راستییدا لە سەرەتای تەمەنی ١٥ ساڵییدا لە کوڕێکی دراوسێمان نزیک بوومەوە کە ئەویش هەمان هەستی هەبوو، سەرەتا هاوڕێ بووین بەڵام دواتر پەیوەندییەکەمان لە هاوڕێیەتی دەرچوو.. تا گەیشتینە ئەوەی چەندین جار پێکەوە بووین وەک دوو هاوڕگەزخواز.. بەڵام زۆر بە دزیی و نهێنی! ئیتر ئەمە سەرەتای ئەوە بوو کە بە لاشە و هەستی خۆم ئاشنا بم کە چیم دەوێت…

هەستت بە چی دەکرد.. واتە باری دەروونییت چۆن بوو و تا چەند ئاسوودە یان نائاسودە بووی بەو بارودۆخەی ژیانت؟
+ من تا تەمەنی ٢٥ ساڵییم ژیانم هەر بەم شێوەیە بەڕێکرد.. بەڵام پاشان بارودۆخی ژیانم زۆر سەختتر و نالەبارتر بوو.. واتە ون بوونێک لە هیچدا.. تا بڵێی نیگەران بووم و هەر لە خۆ خواردنەوە و ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیام! بەو بارەشەوە هێشتا خێزانەکەم لێم نەدەگەڕان وەک خۆم بم و دەبووایە وەک هاوڕێکانم بم.. واتە هەر زوو خستمیانە ژێر گوشاری قورسی ژن هێنانەوە! بەڵام من هەر رەتمدەکردەوە بە بیانووی ئەوەی ئەم کچانەی ئێوە ئەیدۆزنەوە لە ریزی مندا نیین و هیچ شتێکی هاوبەشمان نییە، بەم شێوەیە چەند ساڵێکم تێپەراند.. بەڵام تا دەهات گومانی ئەوانیش قووڵتر دەبۆوە کە بۆچی ژن ناهێنم؟! پاشان لە تەمەنی ٢٩ بەزۆر ملکەچیان کردم کە ژن بهێنم.. منیش بۆ ئەوەی گومانەکەیان بڕەوێنمەوە ناچار رازییبووم و کچی پوورەکەمیان بۆ خواستم و ئەڵقەیان لە دەستمان کرد!

چۆن توانیت ئەوە بکەی لە کاتێکدا وەک پێکەوەژیان و سێکس هیچ هەستێکت بۆ ژن نەدەجوولا؟
+ لە راستییدا ئەوە مردنێک بوو بۆ خۆی! سێ ساڵ بە درۆ و شانۆگەریی من دەسگیراندار بووم.. بەوەش هەر زوو کچە پوورەکەم تێگەیشت کە من پیاوی ژن هێنان نیم بەڵام ئەویش بەزۆر ناچار کرابوو کە رازیی بێ بە هاوسەرگیریی لەگەڵ من.. سێ ساڵ وەک ئەوەی لەگەڵ مقەبایەکدا بم هیچ هەست و خۆشەویستییم پێی نەدا تەنانەت یەک جار نەمووت خۆشم ئەوێیت.. تەنیا هەستێک بۆیم هەبوو هەستی بەزەیی بوو! ئای کە چەند ناخۆش و ئازاربەخش بوو! ئاخر هەر بە خۆمەوە نەوەستابووم بەڵکە کچێکی سادە و ساکاریشم کردبووە قوربانیی!

– سەرئەنجام، ئەو دەسگیراندارییەت بە کوێ گەیشت؟
+ دوای سێ ساڵ لەم پەیوەندییە کوڕێکم ناسی بە ناوی (ش.ح.ئـ)، بە هۆی ئەوەی هەموو هەڵسوکەوتێکمان بە یەک دەچوو زۆر زوو ئاشنای یەک بووین و تەواو نزیک بووینەوە تا کەوتینە پەیوەندیی خۆشەویستیی.. چ ژیانێکی پڕ لە شانۆگەریی؛ لەملاوە لەگەڵ کچێک دەسگیراندارم لەو لاشەوە لەگەڵ کوڕێک ئەکەومە خۆشەویستیی!
هەر زوو پەیوەندییم لەگەل پوورزاکەم تێکچوو چونکە نەیدەتوانی بەرگەی ئەم هەموو بێ هەستییەی من بگری.. ئیتر داوای جیابوونەوەی کرد یان راستتر بڵێم من ناچارم کرد کە داوای جیابوونەوە بکات.. هەرچەندە دەرفەتێکی پێدام کە کێشە نییە ئەگەر زەماوەند بکەین و بیگوازمەوە.. بەڵام من بە بیانووی ئەوەی جارێ پارەی تەواوم نییە بۆ ژن گواستنەوە و ماڵ دانان و ناتوانم خۆم بخەمە ژێر باری قەرزەوە.. سەرئەنجام جیابووینەوە.. هەرچەندە هەستمکرد زۆر ناخۆش بوو بۆ ئەو و زۆر بەزەییم پێیدا هاتەوە بەڵام من نەمویست پتر درۆ لەگەڵ خۆم و لەگەڵ ئەویش بکەم.

باشە، ئەی لەگەڵ (ش.ح.ئـ) بە کوێ گەیشتن.. ئەویش بەو بەزمەی دەسگیراندارییەتانی زانیبوو؟
+ بەڵێ زانیبووی.. ئەویش زۆر نیگەران بوو بەوەی کە من ئەو جۆرە پەیوەندییەم هەبووە.. بەڵام لەبەرئەوەی منی زۆر خۆشدەویست زۆر ئاسوودە بوو بەوەی کە جیائەبمەوە و ئیتر دەبم بە تەنیا کەسێک لە ژیانی ئەودا! تا دەهات نێوانمان خۆشتر و گەرمتر ئەبوو.. وای لێهات پەیوەندییەکەمان گەیشتە ئاستی خۆشەویستییەکی زۆر شێتانە! ئەوەش بووە مایەی ئەوەی خزم و کەسوکاری هەردوو لامان هەڕەشەمان لێبکەن تەنانەت چەندین جار بە لێدانیش لێیانداین بۆ ئەوەی هاوڕێیەتی یەکتر نەکەین بەڵام ئەمە لە کاتێکدا بوو تەنیا گومانیان هەبوو و هیچ بەڵگەیەکیان پێ نەبوو ئەگینا تەنیا بە لێدان رزگارمان نەدەبوو!
ئەم پەیوەندییەمان هەر بە ژێر بە ژێریی درێژە پێدا و سێ ساڵی خایاند.. تا رۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم کە کەسیان لە ماڵەوە نییە و بڕۆم بۆ لای.. منیش بە پەلە خۆم گۆڕی و هەندێک بۆنی خۆشم لەخۆمدا و رۆیشتم بۆ ماڵیان..

دوای ئەمە چی روویدا.. ئایە ئەمە دوا ژوانتان بوو یان یەکتریتان بینیەوە؟
+ بەداخەوە کە ئەمە دوا ژوانمان بوو.. تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێک توانیمان بە ئاواتی لەمێژینەی خۆمان بگەین و هەستمان دەکرد ئیتر ئەمە رۆژی ئێمەیە.. بەڵام بە داخەوە بەختی رەشمان هەر زوو ئەم خەونەی لە گۆڕ ناین.. براکەی بەسەرماندا هاتەوە و هەردووکمانی لە ژووری نوستن پێکەوە گرت.. ئیتر هیچ بیانوویەکی نەما بۆ ئەوەی کە نەمانکوژێ! بە شێوەیەکی زۆر وەحشیانە کەوتە سەرمان و تا هێزی تیا بوو لێیدەداین.. ئێمەش هەردووکمان تەنها بەرگرییمان ئەکرد.. کاتێکم زانی خۆشەویستەکەم پڕی پێدا کرد و دای بە عەرزا و هاواری ئەکرد کە من رابکەم بەڵام من دڵم نەدەهات بە تەنیا بەجێیبهێڵم چونکه ئەمزانی ئەو زۆر دڕندەیە و بۆ دەرفەتێکی ئاوا دەگەڕ کە بیکوژێ.. کەچی ئەو دیسان هاواری کردەوە و گوتی: ” تکایە تۆ بڕۆ و خۆت رزگار بکە.. با من بکوژێ و خەمی منت نەبێ” ئیتر منیش زۆر ترسام و هیچ دەسەڵاتێکم نەبوو جگە لە راکردن.. بەڵام نەموێرا بچمەوە ماڵێ و یەکسەر بەرەو گۆڕستانی شار چووم و لەوێ خۆم حەشاردا.. تاکە کەسێک کە هەستم دەکرد دەتوانێ لەو بارودۆخە پڕ مەترسییدارەم رزگار بکا خوشکەکەم بوو کە هەموو راز و نهێنیەکی منی ئەزانی.. بە ناچاریی تەلەفۆنم بۆی کرد و سەرئەنجام ئەویش هاوسەرەکەی نارد بە شوێنما و لەگەڵ خۆی بردمی بۆ سلێمانی.. بە کورتتییەکەی لە ماوەی پێنج رۆژدا هەموو شتێکی بۆ رێکخستم و لەگەڵ قاچاغچییەک رێکەوت تا بمگەیەنێتە دەرەوەی وڵات.. ئیتر بە دڵ و دەرونێکی زۆر تەنگ و بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە وڵاتم بەجێهێشت!

زۆر بە داخەوە کە ئاوەهات بەسەرهاتوە، ئەی لێرە.. ئێستا هەست دەکەی گیان و ژیانت پارێزراوە؟ ئاسوودەیت لێرە؟
+ بێ گومان بەڵێ.. چونکە لێرە یاسا حاکمە و وڵاتی مەدەنیەتە، بەڵام هێشتا ئاسوودە نیم چونکە خۆشەویستەکەم لەدەستچوو و چارەنووسیشی نادیارە.. ئێستا بە سەدان کەسی وەک ئەویش لە وڵاتی ئێمەدا ژیانیان لە مەترسیی دایە.. هیوادارم ئێوە وەک میدیاکاران بەدواداچوون بۆ ژیانی ئەو و خەڵکانی وەک ئەو بکەن..

بێگومان.. دڵنیابە ئەوەی لە توانامادا بێ دەیکەین.. زۆر سوپاس کە دەرفەتت داین ئەم دیدادرەت لەگەڵ سازبکەین.. سەرکەوتوو بی.
+ زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.

١٩/١٠/٢٠١٨
hemn.shawkat@yahoo.com




ژن، مه‌كوژن … ستار ئه‌حمه‌د

كاتێك تاڵه‌ پرچی
شۆڕه‌ ژنێك ده‌قرتێنن
خوێن له‌له‌شدا راده‌وه‌ستێ
دڵی ژیان ..
له‌ترپه‌و ئاواز ده‌كه‌وێ
چیا سه‌ری خۆی ده‌ڕنێ و
چاوی به‌مه‌لێك ناكه‌وێ
چۆن دڵتان دێ
ژن ده‌كوژن
بۆچی هه‌تاو له‌بار ده‌به‌ن
مانگ له‌گڕا ده‌سووتێنن
چۆن ده‌توانن
رازی دایكان بمرێنن
شیعر له‌شاعیرو
ئاواز له‌به‌سته‌و
ده‌نگ له‌سه‌دای دابڕێنن
كه‌ژنێك بسكی سوور ده‌بێت
به‌تابلۆی خوێن
نیشتمان گه‌رووی ده‌تاسێ
مناڵ باوكی ناناسێ
خاك سه‌رگه‌ردان
به‌دوای جوانیا وێڵ ده‌بێ
قه‌ڵه‌م تینووی
ماچی لاپه‌ڕه‌و هێڵ ده‌بێ
ژن مه‌كوژن
نه‌با دڵی یه‌زدان بشكێ
ئاسمان خوێناوی لێ بڕژێ
كه‌ژن نه‌بێت
كۆرپه‌ له‌لانك ده‌تۆرێ
مرۆڤ بێ نیشتمان ده‌ژێ
ژن مه‌كوژن
ژیان له‌سێداره‌ مه‌ده‌ن
له‌ژنا واتا ده‌به‌خشێ

ستار ئه‌حمه‌د




خه‌ڵاتی شانازیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” به‌ جه‌عفه‌ر په‌ناهی پێشکه‌ش کرا

جه‌عفه‌ر په‌ناهی: له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی شانازیی فێستیڤاڵی فیلمی “سلێمانی” زۆر خۆشحاڵم

مه‌نووچێهر جیهانی ـ خه‌ڵاتی شانازیی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” به‌ جه‌عفه‌ر په‌ناهی ده‌رهێنه‌ری ناسراوی سینه‌مای ئێران و جیهان پێشکه‌ش کرا و له‌ په‌یامێکدا گوتی: له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی شانازیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی زۆر خۆشحاڵم.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌”، رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” که‌ به‌ ئاماده‌بوونی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پشتیوانیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، “فوئاد جه‌لال” سه‌رۆکی کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” و به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌”، “دانه‌ر عومه‌ر فارس” به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری، “بێهزاد فه‌راهانی” ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌ما، شانۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێران، “مه‌حه‌مه‌دڕه‌زا ئه‌سڵانی” سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ناوبژیوانانی به‌شی رکابه‌ریی فیلمه‌ بڵینده‌کانی به‌ڵگه‌یی، “ره‌وانبه‌خش سادقی” ناوبژیوانی به‌شی رکابه‌ریی کورته‌ فیلمه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێن، ناوبژیوانانی به‌شه‌کانی جۆراوجۆری رکابه‌ریی فێستیڤاڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و لاوانی پارێزگای سلێمانی، “ئازه‌ره‌خش فه‌راهانی” ئه‌کته‌ری سینه‌ما، ده‌رهێنه‌ره‌کانی وڵاتانی جۆراوجۆر و هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما، به‌ پێشکه‌ش کردنی خاتوو “لینا ره‌زا” له‌ ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو که‌ خه‌ڵاتی شانازیی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ به‌ “جه‌عفه‌ر په‌ناهی” سینه‌ماکاری ئێرانی پێشکه‌ش کرا و به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ به‌ڕێزیان؛ خاتوو “تاهیره‌ سه‌عیدی” هاسه‌ری ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ ناسراوه‌ی سینه‌مای ئێران و جیهان، “ئه‌مین جه‌عفه‌ری” به‌ڕێوه‌به‌ری فیلمهه‌ڵگرتنی فیلمی سینه‌مایی “سێ روخ” و “شادمێهر راستین” له‌ هاوکاران و دۆستانی دێرینی به‌ڕێزیان، ئه‌م خه‌ڵاته‌یان وه‌رگرت.

سوپاس بۆ فێستیڤاڵی تازه‌دامه‌زراو به‌ڵام به‌هێزی فیلمی “سلێمانی”
“تاهیره‌ سه‌عیدی” له‌ دوای وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌، به‌ ناوی “جه‌عفه‌ر په‌ناهی” له‌ ده‌ستی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ریی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” گوتی” زۆر مه‌منوون له‌ بانگێشته‌که‌تان و سوپاس بۆ فێستیڤاڵی نوێ و تازه‌دامه‌زراو به‌ڵام یه‌کجار به‌هێزی فیلمی “سلێمانی” و زۆر سپاسگوزارم که‌ ئاغای په‌ناهی به‌ شایسته‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌تان زانی. ئه‌و قسانه‌ی که‌ بڕیار وابوو من بیڵێم، به‌ڕێز په‌ناهی له‌ په‌یامی وێنه‌یی و ڤیدیۆییدا گوتیان.

په‌خشکردنی په‌یامی وێنه‌یی تایبه‌تی “جه‌عفه‌ر په‌ناهی”
به‌ر له‌ پێشکه‌شکردنی خه‌ڵاتی شانازیی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” به‌ “جه‌عفه‌ر په‌ناهی” له‌ په‌یامێکی وێنه‌یی و ڤیدیۆیی تایبه‌تدا که‌ له‌ هۆڵی 1000 که‌سیی ته‌لاری هونه‌ر له‌ شاری سلێمانی په‌خش و بڵاو کرایه‌وه‌، له‌ ده‌ستپێکی قسه‌کانیدا به‌ زمانی کوردی گوتی: “سڵاو و رێزم هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵکی سلێمانی” و له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا رایگه‌یاند: سڵاوم هه‌یه‌ له‌ خزمه‌ت هه‌موو هونه‌ردۆستان و سینه‌ما دۆستان له‌ سلێمانی و به‌ تایبه‌ت به‌رپرسانی به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” که‌ منیان به‌ شایسته‌ی وه‌رگرتنی وه‌ها خه‌ڵاتێک زانیوه‌.

له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی شانازیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” زۆر خۆشحاڵم
ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “سێ رۆخ” و براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین فیلمنامه‌ی به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی حه‌فتاویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: به‌ راستی خۆشحاڵم و ئه‌مه‌ به‌ راشکاوی ده‌ڵێم؛ هه‌رچه‌نده‌ له‌م فێستیڤاڵانه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ش یاره‌مه‌تی بابه‌ت گه‌لی فه‌رهه‌نگی ده‌کات. ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که‌ هه‌رده‌م له‌ مشتومڕی توندوتیژییه‌کاندا بووه‌.

په‌ناهی هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌گه‌ر هه‌ر ئێستا من ئیزنم هه‌بووایه‌ و ده‌متوانی له‌ وڵاته‌که‌م بێمه‌
ده‌ره‌وه‌ و چه‌ندین فێستیڤاڵ منیان بانگهێشت ده‌کرد، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بزانن که‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” له‌ ریزبه‌ندی مندا ده‌بوو، هه‌ر به‌م هۆکارانه‌ی که‌ گوتم.

ئێمه‌ له‌ رێگای سینه‌ماوه‌ ده‌توانین کارگه‌لی گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌ین
په‌ناهی رایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌ رێگای سینه‌ماوه‌ ده‌توانین کارگه‌لی گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌ین؛ ئێمه‌ ده‌توانین فه‌رهه‌نگسازی بکه‌ین، ئێمه‌ ده‌توانین به‌ مافه‌کان و ئازادییه‌کانمان بگه‌ین، ئێمه‌ ده‌توانین بابه‌ت گه‌لی جۆراوجۆر چاره‌سه‌ر بکه‌ین و گه‌لانی جۆراجۆر له‌ ته‌نیشت یه‌کتریدا، به‌ ئاسووده‌یی و ئازادی پێکه‌وه‌ بژین و رێز له‌ مافه‌کانی یه‌کتری بگرن.

به‌ داخه‌وه‌م که‌ نه‌متوانی بۆ فێستیڤاڵی فیلمی “سلێمانی” بێم
“جه‌عفه‌ر په‌ناهی” له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا گوتی: به‌ داخه‌وه‌م که‌ وه‌ها نیه‌ و به‌ داخه‌وه‌م که‌ نه‌متوانی بۆ فێستیڤاڵی فیلمی “سلێمانی” بێم؛ به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێت، خۆشحاڵم که‌ هاوسه‌ره‌که‌م له‌وێیه‌ و به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ منه‌وه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌رده‌گرێت و ده‌مه‌وێت تکا بکه‌م که‌ به‌ڕێز “ئه‌مین جه‌عفه‌ری” به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنی دوایین فیلمم “سێ رۆخ”، که‌ له‌م به‌ر‌هه‌مه‌دا، یه‌کجار یارمه‌تی دام، هاوسه‌ره‌که‌م هاوڕێیه‌تی بکات و هه‌روه‌ها “شادمێهر راستین” که‌ له‌ زۆربه‌ی فیلمه‌کانمدا به‌ جۆرێک راوێژکاری من و یار و یارمه‌تیده‌ری من بووه‌؛ ئه‌م خه‌ڵاته‌ له‌ لایه‌ن من وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵاتێک به‌ شانازییه‌کانی سینه‌مای ئێران زیاد بێت. سوپاسی ئێوه‌ ده‌که‌م و ئومێد ده‌خوازم له‌ کاره‌که‌تاندا سه‌رکه‌وتوو بن.

مه‌نسوور جیهانی




ماسی …. ن. ریزان فەتاح

ماسییە وردەی ناو ئاوێ
دێت و دەچێ بە تاوێ
پولەکەی ڕەنگاو ڕەنگە
هەروەکو جل و بەرگە
جۆر و شێوەیان زۆرە
هەندێکیان دەژین لێرە
لە دەریا و لە زەریا دا
لە چەم و لە ڕووبار دا
بۆ خۆیان مەلە دەکەن
خۆراکیش پەیدا دەکەن
لەناو حەوز لە ماڵان
دەبنە هاوڕێی منداڵان

********************




حه‌جكردنێك به‌خه‌یاڵ له‌ڕۆمانی مه‌ككه‌دا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

تیمه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌وڕۆمانانه‌ی نووسه‌رانی فارس نووسیویانه‌، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی من خوێندوومنه‌ته‌وه‌، تیمه‌یه‌كی ساده‌، بابه‌تێكی ساكاربوونه‌.ڕووداو له‌وڕۆمانانه‌دا، ڕه‌نگه‌ ڕووداوێك بێ، ئاڵۆز نه‌بێت كه‌هه‌موومان پێی ئاشنا نه‌بین، به‌ڵام ئه‌م ڕووداوانه‌ ده‌بنه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌روهه‌ڵوه‌سته‌كردنی. ئه‌مه‌وێرای ئستاتیكای گێڕانه‌وه‌ له‌وده‌قانه‌دا، كه‌هونه‌ركارییه‌كی هێنده‌جوانی تێدایه‌، كه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشن. خوێنه‌ركه‌ڕۆمانی(له‌مه‌ككه‌)دا ده‌خوێنێته‌وه‌، سه‌رسام ده‌بێت له‌وهه‌موو هونه‌ركاریه‌ی له‌وه‌سفی شوێن وكه‌رسته‌وكاره‌كته‌ره‌كان، به‌زمانێكی ساده‌كراوه‌.
وه‌ك ئه‌وه‌ی خوێنه‌رخۆی كاره‌كته‌ری ئه‌وڕووداوانه‌ بێت و له‌په‌یوه‌ندی دابێت له‌گه‌ڵ شته‌كان. من وام هه‌ست ده‌كرد، ئه‌وه‌ خۆمم سواری ئه‌وجێبه‌ بوومه‌ كه‌مه‌ترێك له‌ئوتومبیله‌كانی دیكه‌به‌رزتره‌. شیعریه‌تی گێڕانه‌وه‌ له‌وڕۆمانه‌داله‌ئاستێكدایه‌، كه‌خوێنه‌رچێژله‌خوێنه‌وه‌ی هه‌مووئه‌ودیمه‌نانه‌ ده‌بینێت كه‌ڕۆماننووس باسیكردوون. ڕۆمانی له‌ مه‌ككه‌، له‌وجۆره‌ڕۆمانانه‌یه‌كه‌ساده‌ن، وه‌لێ له‌كاتی خوێنه‌وه‌یاندا خوێنه‌رچێژیان لێده‌بینێت و وشه‌و ده‌ربڕینه‌كانی ده‌بنه‌ جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنی.

بێگومان نابێ ئه‌وه‌شمان بیربچێت، كه‌ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ئاست وتوانستی وه‌رگێڕه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش له‌زمانی هۆڵه‌ندی كه‌له‌ڕه‌گه‌زی زمانه‌ قوڕسه‌كانه‌. به‌ڵام وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌،توانایه‌كی زمانه‌وانی دیاری له‌میانه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه‌دا،به‌رجه‌سته‌ كردووه‌. ڕۆمانی له‌مه‌ككه‌،باسی په‌یوه‌ندی نێوان دایك وكوڕێك ده‌كات، كه‌ڕه‌نگه‌ هه‌رخودی ڕۆماننووس خۆی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ بێت. پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌، له‌ئێران ده‌ژیت وقوتابی زانكۆیه‌.

له‌سه‌روبه‌ندی شۆڕشی گه‌لانی ئێراندا له‌كۆتایی هه‌فتاكان، وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسێك چه‌ندڕاپۆڕته‌ هه‌واڵێك به‌نهێنی ئاماده‌ ده‌كات و په‌یوه‌ندی به‌بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌ریلاییه‌وه‌ ده‌كات. هاوكات كتێبێكیش له‌باره‌ی كورده‌كانه‌وه‌ ده‌نووسێت. ده‌ستنووسی كتێبه‌كه‌ی له‌ماڵه‌وه‌، ده‌شارێته‌وه‌ له‌دووتوێی كتێبه‌كانی، تاكوڕۆژێكییان پیاوانی ڕژێم، به‌مه‌به‌ستی پشكنینی ماڵه‌كه‌ی، كه‌پێشترهه‌ستیان به‌وه‌كردووه‌ كه‌له‌باره‌ی كورده‌كانه‌وه‌ كاری نهێنی ده‌كات، به‌سه‌رماڵه‌كه‌ی داده‌ده‌ن.

ئه‌گه‌رچی خۆی هه‌رچۆنێك بێت هه‌ڵدێت وڕزگاری ده‌بێت، به‌ڵام پسمامێكی ده‌گیرێت، دواترله‌سێداره‌ ده‌درێت و هاوكاتی مه‌حبووبه‌ی خوشكیشی، ئیتلاعات زیندانی ده‌كات. به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نیشی له‌ زیندان ده‌باته‌ سه‌رودواجاریش وه‌ك غه‌ریب وگۆشه‌گیرێك وتێكشكاوێك ئازادده‌كرێت. پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌، ئیدی ده‌زانێت ژیان بۆئه‌وله‌ئێران، به‌مانای كوشتن وله‌سێداره‌دان.بۆیه‌ وڵات جێدێڵێت وله‌هۆڵه‌ندا، بۆماوه‌ی سی ساڵ ئاواره‌ده‌بێت. له‌وماوه‌یه‌دا، چه‌ندجارێك دایك و خوشك و باوكه‌خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی(كه‌كه‌ڕوڵاڵه‌) سه‌ردانی ده‌كه‌ن. دوای ساڵانێك جارێكی دیكه‌، دایكی ده‌یه‌وێت تاكو نه‌مردووه‌، به‌دیداری شادبێته‌وه‌.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دایكی تووشی نه‌خۆشی( زه‌هایمه‌ر_خه‌ڵه‌فان)بووه‌. ئه‌مه‌ش بۆئه‌وسه‌خته‌ شه‌ش كاتژمێر به‌فڕۆكه‌ گه‌شت بكات تاكو ده‌گاته‌ لای كوڕه‌كه‌ی له‌ هۆڵه‌ندا.بۆیه‌ كوڕه‌كه‌ی بڕیارده‌دات له‌وڵاتێكی نزیك ئێران، له‌گه‌ڵ دایكی یه‌كتری ببینن، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش میرنشینی عه‌ره‌بی، واته‌ دوبه‌ی دیاریده‌كه‌ن، كه‌ته‌نها چل خوله‌كێك به‌فڕۆكه‌ له‌ئێرانه‌وه‌ دووره‌. ئه‌میان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كه‌نداوی فارسییه‌، ئه‌ویشیان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كه‌نداوی عه‌ره‌بییه‌.چونكه‌ فارسه‌كان به‌كه‌نداوی فارس و عه‌ره‌به‌كانیش به‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بی ناوی ده‌به‌ن. بۆیه‌ هه‌ردووكییان بۆدوبه‌ی زێدی شێخ زاید، گه‌شت ده‌كه‌ن و له‌وێ یه‌كترده‌گرنه‌وه‌. دایكی كه‌ده‌گاته‌ ئه‌وێ و له‌هوتێلێك داده‌به‌زێت، هه‌رواهه‌ست ده‌كات چۆته‌ ئه‌مستردام.بۆیه‌ ژینگه‌و كه‌ل وپه‌ل و شوێنی مانه‌وه‌یانی جیاواز دێته‌ به‌رچاو.ئه‌گه‌رچی چه‌ند جارێك كچی و خوشكه‌كه‌ی، ده‌یانه‌وێت تێی بگه‌یه‌نن كه‌ ئێره‌ دوبه‌یه‌ نه‌ك ئه‌مستردام، وه‌لێ ئه‌و هه‌ر به‌هه‌مان ڕیتمی بیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنی خۆی ده‌ڕوانێته‌ ده‌ورو به‌ر.واهه‌ست ده‌كات ئه‌وه‌ كوڕه‌كه‌ی و ژنه‌كه‌یه‌تی دیزایینی ماڵه‌كه‌ی و شوێنه‌كه‌یان له‌ئه‌مستردام گۆڕیوه‌. كوڕه‌كه‌شی ئه‌مجاره‌یان هه‌وڵده‌دات، به‌پێی بیركردنه‌وه‌كانی دایكی درێژه‌ به‌وگه‌شت و مانه‌وه‌یه‌ بدات. چونكه‌ ئه‌وله‌به‌ردایكی هاتۆته‌ ئێره‌.

بۆیه‌ ژنه‌كه‌ی و مه‌حبووبه‌ی خوشكیشی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ شابانووی دایكی، هه‌راسان نه‌كه‌ن و ڕه‌چاوی باری سایكۆلۆژی و هزری بكه‌ن. به‌تایبه‌تی كه‌ئه‌و نه‌خۆشی خه‌ڵه‌فانی هه‌یه‌. ئیدی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌، به‌پێی ئاست و تێگه‌یشتنی دایكی ده‌یه‌وێت چێژله‌وگه‌شته‌و یه‌كتربینینه‌ ببینێت. تاكو ڕۆژێكییان به‌ڕێكه‌وت دایكی له‌ هوتێله‌كه‌وه‌ سه‌یری بیابان ده‌كات و له‌خۆیه‌وه‌ بێ هیچ توانایه‌كی هزری، وشه‌ی مه‌ككه‌ی به‌خه‌یاڵ دادێت. چونكه‌ خۆشی نه‌خۆشی هه‌یه‌، ئیدی واهه‌ست ده‌كات پێشتركوڕه‌كه‌ی چه‌ندجارێك به‌ڵێنی پێداوه‌ بیباته‌ حه‌ج، به‌ڵام به‌ڵێنه‌كه‌ی نه‌بردۆته‌ سه‌ر. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ڕووینه‌داوه‌، وه‌لێ دایكی روژدده‌بێت كه‌پێشتر وای پێ وتراوه‌.كوڕه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌وئاواته‌ی دایكی ئه‌گه‌ر به‌خه‌یاڵیش بێت بێنێته‌ دی، بڕیارده‌دات گه‌شتێكی مزگه‌وتی شێخ زایدی پێ بكات له‌شاری ئه‌بوزه‌بی. ئه‌م مزگه‌وته‌ مزگه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌، وه‌ك ڕۆماننووس ده‌ڵێت:_ (پتر هێمابوو بۆده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی شێخ زاید نه‌ك كارێكی خێر خوازی. بۆ ئه‌وه‌ی دوای مردنیشی وه‌ك هێمایه‌كی ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌).

بۆیه‌ ڕۆژێكییان دایكی سواری ئوتومبێلێك ده‌كات و به‌ره‌و مزگه‌وته‌كه‌ ده‌كه‌ونه‌ڕێ. به‌ڕێكه‌وت ئه‌وڕۆژه‌،ڕێكه‌وتی یادكردنه‌وه‌ی ساڵڕۆژی مردنی شێخ زایده‌. بۆیه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ژن و پیاو به‌جل و به‌رگێكی سپی تایبه‌تییه‌وه‌، دێنه‌ نێومزگه‌وته‌كه‌و دروشمی ئایینی ده‌ڵێنه‌وه‌. دایكیشی بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ نێو مزگه‌وته‌كه‌، ده‌بێ ئه‌و جۆره‌ پۆشاكه‌ بپۆشێت. بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌وێت و چه‌ند جارێك ده‌چێته‌ نێومزگه‌وته‌كه‌وپاشانیش بۆسه‌ر گۆڕی شێخ زاید. ئیدی دواتركه‌ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، دایكی به‌و پۆشاكه‌ سپیه‌، دێته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ده‌م نزاو پاڕانه‌وه‌، به‌ته‌سبیحێكی درێژه‌وه‌، واهه‌ست ده‌كات حه‌جی كردووه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا به‌خه‌یاڵ. به‌تایبه‌تیش كه‌خۆی نه‌خۆشی خه‌ڵه‌فانی هه‌یه‌.

به‌م شێوه‌یه‌ش كۆتایی به‌ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌دێت. له‌په‌راوێزی ئه‌وڕووداوه‌شه‌وه‌نووسه‌رئاماژه‌به‌ژیانی مرۆڤه‌كان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی وچه‌ند بابه‌تێكی سیاسی ده‌دات له‌میرنشینی عه‌ره‌بی، وه‌ك ململانێی ئێران و به‌شێك له‌وڵاتانی كه‌نداو، یاخود ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌سه‌رو به‌ندی حه‌جكردنی ئێرانییه‌كان بۆسعودیه‌، ڕوویانداوه‌. لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم له‌باره‌ی وه‌رگێڕانی ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌، سه‌رنجێك ده‌رببڕم. له‌ڕاستیدا، به‌بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، وه‌رگێڕ رۆِمانه‌كه‌ی وه‌رنه‌گێڕاوه‌،به‌ڵكو(كورداندوویه‌تی). یه‌كه‌م جاره‌ ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراو له‌زمانی هۆڵه‌ندی ده‌خوێنمه‌وه‌، كه‌وه‌رگێڕه‌كه‌ی هێنده‌به‌زمانێكی جوان وسه‌رنجراكێش، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی وه‌رگێڕابێت.

خوێنه‌ركه‌ڕۆمانه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، واهه‌ست ده‌كات به‌ كوردی نووسراوه‌. وشه‌وده‌ربڕینه‌كان ساده‌ن. به‌جۆرێك هه‌ركه‌سێك ڕۆمانه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌، به‌ئاسانی له‌ڕووداوه‌كان ده‌گات.ئه‌وزمانه‌ جوانه‌ له‌وه‌رگێڕان، به‌لامه‌وه‌ له‌نگییه‌بچووكترین خه‌وشی هه‌بێت. بۆیه‌ به‌ ئامانجی به‌بڕشتكردنی زیاتری زمانی وه‌رگێڕه‌كه‌ی، چه‌ند سه‌رنجێكی كورت ده‌خه‌مه‌ ڕوو. ئه‌وانیش:_
یه‌كه‌م:_ وه‌رگێڕبه‌درێژایی ڕۆمانه‌كه‌ی، مێشك ئاڵۆزی و ورێنه‌ی، له‌ جیاتی نه‌خۆشی خه‌ڵه‌فان به‌كارهێناوه‌. به‌ڵام به‌بڕوای من، ئه‌م دوو باره‌ هزرییه‌ جیان له‌خه‌ڵه‌فان. بۆنموونه‌: ئێمه‌ زۆرجارده‌ڵێین:_ مێشكم تێكچووه‌، یاخو ورێنه‌ ده‌كه‌ی، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا مێشكمان هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی وده‌ماری نییه‌. به‌ڵام خه‌ڵه‌فان جیاوازه‌،چونكه‌ نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌ن و بێ چاره‌سه‌ره‌و ورده‌ورده‌ مرۆڤ توانای ده‌ربڕین وكۆنتڕۆلكردنی ئاستی زمان وگوزارشتكردنی نامێنێت. بۆیه‌ ئه‌گه‌رخه‌ڵه‌فانی له‌ جیانی ورێنه‌و مێشك ئاڵۆزی به‌كارهێنابا، جوانتر ماناكه‌ی ده‌پێكا.

دووه‌م:_ وه‌رگێرله‌ڕۆمانه‌كه‌یدا، وشه‌ی (ڕادان)ی له‌به‌رامبه‌ر ئاماده‌كردن و سازكردن بۆ چه‌ندین شت به‌كارهێناوه‌. به‌ڵام له‌زمانی كوردی، ئه‌م وشه‌یه‌ بۆ هه‌مووبارێكی گوزارشتكردن نابێت. ته‌نهاله‌یه‌ك كاتدانه‌بێت، ئه‌ویش بۆنموونه‌ ده‌ڵێین:_ (قاتێكمان به‌ڕادان داوه‌). به‌ڵام نه‌مبیستووه‌ له‌زمانی كوردی بوترێت: ژوورێكم به‌ڕادان داوه‌، خواردنێكم به‌ڕادان داوه‌.
سێیه‌م:_ وه‌رگێڕله‌ڕۆمانه‌كه‌یدا، له‌چه‌ندین شوێن وشه‌ی(معمیل)ی به‌كارهێناوه‌. خۆزگه‌ له‌بڕی ئه‌و وشه‌ نامۆزیكی و نائستاتیكیه‌، وشه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردی هاوواتا ده‌كرد.
چواره‌م:_هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێزیان خۆشی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ده‌نگی حوشتر(بۆڕاندن)نییه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌نه‌بم ده‌نگی حوشتر(پڕماندن)ه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆڕاندن ده‌نگی گایه‌ و بۆ ئاژه‌ڵی حوشتر به‌كارنایه‌ت.

پێنجه‌م:_ ناونیشانی ڕۆمانه‌كه‌ له‌مه‌ككه‌یه‌. بۆیه‌ئه‌گه‌رپاشگری(دا) له‌ناونیشانه‌كه‌هه‌بایه‌، له‌ڕووی ڕێزمانییه‌وه‌ گونجاوترده‌بوو.به‌م شێوه‌یه‌ _له‌مه‌ككه‌دا).
جارێكی دیكه‌، ده‌ستخۆشانه‌له‌وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌ده‌كه‌م. چێژم له‌ خوێندنه‌وه‌ی بینی، هه‌رچه‌نده‌ ڕۆمانێكی ساده‌وساكاریشه‌. وه‌لێ هه‌میشه‌ بلێسه‌له‌پرووشك هه‌ڵده‌ستێت..

په‌راوێز: ڕۆمانی له‌مككه‌/ نووسینی( عه‌بدوڵا قادر) وه‌رگێڕانی( شه‌فیقی حاجی خدر) 2018..




واین لێرە …. نووسینی: ناس و دامیان ماڕڵی — وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

واین لێرە
بەڵێ
ئەوەی کە لێرەیە بۆ خەڵکە

ئارامی، ئارامی، ئارامی
شایستەی هەموو شتێکە
ئارامی، ئارامی، ئارامی
ئەگەر کەسێکت خۆشدەوێت

هێی تۆ دامیان
بالێرەوە بڕۆین تا ئەوسەر

هەندێک لە زیرەکترین گەمژەکان
ناتوانن زمانی مۆمیاکراوەکانی میسر بخوێننەوە
ئاڵا لەسەر مانگ دادەنێن و
ناتوانن نانێک بۆ زگی برسی پەیدابکەن

گوێ بە گەنجان نادەن
وەک ئەوەی داهاتوو پێویستی بەوان نەبێت
بەڵام گیانلەبەران دەپارێزن لە باخچەی ئاژەڵان
چونکە مەیمونی شامپازی پارەیەکی زۆر درووست دەکات

میدیا ئاوا تاڵانی دەکات
پیشاندانی لادێیەک وێنەی دڕندە
لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەوە
زاناکان ئێستاش ناتوانن باس لە ئەهرامەکان بکەن، هاها

بانگخوازێک ژیان دەکات
لەسەر پیشاندانی پەراسوی منداڵێکی بچکۆلانە
بەگشتگیرکردنی وێنەی وێنەکان
ئیتر ئەمەیە وێنەکە
کڕینی پانتۆڵێکی خاکی
لە هەموو ناکاوێکیشدا دەڵێی ئندیانا جۆنس

زێڕەکانیان دزی، دەستنووسەکانیان دزی،
تەنانەت ئێسکی ناو زەویشیان دزی
هەندێک لە خراپترین وێنەگرە ڕۆژنامەوانێکان کە هەرگیز شتی وام نەبینیوە
خراپترین دەخاتە ڕوو تا دونیا بیبینێ
ئیتر ئەوە بۆ ئەبەد پیشان دەدرێت
بۆیە کەسانێک لە ڕۆژئاواوە
هەرگیز ناڕۆن بۆ ڕۆژهەڵات
وەک ئەوەی هەست بکەن لە ماڵی خۆیانن

خەڵک بەلاڕێدا دەبرێت لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە
کاتێک ئەم جانەوەرە گەورە دەبێت
خەڵکی بۆ کوێ بڕٶن؟

من لە نەوەی شا سولەیمانم
نە دەدۆڕێین و نە کۆپی دەکرێین
دی ئێن ئەی ورەبەرزیم
کەنەخشاوە لەسەر ڕوحم و بۆ هەمیشە خاوەنی خودا دەبم

بەڵێ، سابالی. ئەمەیە ئارامی.
ئەوەی باپیران پێیان وتم
دۆزینەوەی دونیایەک پێش ئەم دونیایە.
ئەو دونیایە لە کاتی خۆیدا لەگۆڕ نرا
لێرەوە، لەناو ئەم سەروایەوە دەدۆزرێتەوە
تەنها لێرەوە.

سەیرە، ئێمە لە دایک دەبین هیچ نازانین،
ئایا لەدایک بوین و هەمووشتمان زانی؟
ئێمە هۆشیارانە گەورەدەبین،
یان تەنها باڵامان بەرزدەبێت؟

ئەتوانی بیرکردنەوە بخوێنیتەوە؟
ئەتوانی ناولەپ بخوێنیتەوە؟
سەیرە، دەتوانی درک بە داهاتو بکەیت؟
دەتوانی زریان ببینی کە دێت؟
زەوی تەخت بوو ئەگەر زۆر بڕۆشتیتایە دەکەوتیتە خوارەوە
ئێستا زەوی خڕە
ئەگەر شێوەکە بگۆڕێت هەموو کەسێک پێدەکەنێ.

ڕێژەیەک لە پیاوان
ناتوانن زۆربەی ئەو شتانەی قسەی لەسەر دەکەن بیان سەلمێنن
کەچی هێشتا ئامادە نیین بگەڕێن بۆ ڕاستێکان.

مامۆستاکانی زانکۆ کە خۆیان وەک زانا و هۆشیار پیشان دەدەن
پێیان بڵێ دەرمانێ بۆ پژمین ئەو کاتانەی ئاو بە لوتیانا دێتە خوارێ
دەوڵەمەندەکان تیمار دەکرێن، ئەو کاتانەی ئێمە بریندار دەبین
ئێسکێکمان دەشکێت بە قوڕو پوش دەیپێچینەوە
ئەتوانی نیشانەکان بخوێنیتەوە؟
ئەتوانی ئەستێرەکان بخوێنیتەوە؟
ئەتوانی ئاشتی بەرقەرارکەیت؟
ئەتوانی شەڕی شەڕ بکەیت؟
ئەتوانی سەیارە لێبخوریت و مانگا بدۆشی؟
سەییرە
ئێستا ئەتوانی بژێی سەرباری هەموو تەنگەژەکان؟

شێتییە ئەو کاتەی ڕاستی بەخەڵک دەڵێی
نازانی چۆن کاردانەوەیەک دەکات.
لە زاڵمەکان دەترسێی، چونکە خەڵکانێکی نەزانن
تۆ لە ڕاستی دەترسێی،
ئارامت هەبێت جارێ.

کێ تەوراتی نووسی؟
کێ قورئانی نووسی؟
ئەوە هەورەبروسکە بوو هەناسەی دابە زەوی و داینەسۆرەکان لە دایکبوون؟
نەفرەت
کێ وشەکانی درووستکرد؟
کێ ژمارەکانی درووستکرد؟
ئەی ئەوە چ سحرێکە لەسەر مرۆڤ؟
هەموو شتێکی ئەم هەسارەیە دەپارێزین لەناو قوتویەکدا و
لە مایکرۆوەیڤێکدا تاقی دەکەینەوە
هەرچییەک ببێت ئێمە هەر دەژێین
ڕەنگ چییە؟ پیاو چییە؟ مرۆڤ چییە؟
هەموو شتێکی سەر زەوی بەکار دێنین
دەیخۆین، ڕەشی دەکەینەوە، تێکی دەدەین
هەوڵدەدەین پارەمان هەبێت.

زەویمان هەیە، چەندین دۆنمان هەیە
کەواتە ئەتوانم وەک جاک نیکلسون پاڵبدەمەوە
زەق زەق سەیری یاری یانەی لیکەرس بکەم
لە دونیایەکی پڕ لە ٥٢ فێڵباز
قەرەجەکان، ئامادەبوون لە دانیشتنە ڕوحێکاندا، نوێژە نهێنێکان
ئەوانە پڕوپوچین؟

لە خوێیە پرژاوەکانی سەر شانتەوە هیوایەک بگرەوە بۆ ڕۆژ
وەکوو کەسانێک بووکە پەڕۆینەیەکیان لە وێنەی من بەدەستهێنا
دەرزیەکیان لە دەمارەکانم چەقاند
بەڵام هەستی پێناکەم
هەندێکجار وەک بەشێک لە من، بەڵام ڕۆحێکی ڕاستەقینەی گەورەم بەدەستهێنا
من ناترسێم ….. من ناترسێم

هەوڵ نەدەی خۆت بە ڕۆحمەوە هەڵبواسی
وەکوو سەربازێک هەر لە حەوت ساڵییەوە
لاشەی مردویەکم لە باوەش گرتبوو
هەستم دەکرد هێواش هێواش سارد دەبێتەوە، ئاه..
بۆچی هەر یەکەمینجار هاتینە ژیانەوە
ئەگەر ژیانمان هەر ئاوا دەڕوا
نەفرەت.

ئەمە دەگونجێ لەگەڵ هەموو زانا و گەریدەیەک
سابالی، ئارامی، بەڵێ

………………..

ژێدەر:

سابالی – ئارامی – بە زمانی بەمبارای وڵاتی مالی
جاک نیکڵسۆن: ئاکتەرێکی ئەمریکییە.
لیکەرس: تیمێکی یاری سەبەتەیە لە لۆسئەنجڵس.

سەرچاوە:
https://genius.com/Nas-and-damian-marley-patience-sabali-lyrics

تێبینی:
ئەم شیعرە لە ژمارە 5 ی گۆڤاری کەلێن بڵاوبۆتەوە.




کۆجیتۆی جەلال تاڵەبانی …. سەڵاح جەلال

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




“وێنەی ژن لە چەند گۆشە نیگایەکەوە” … ئومێد قەرەنی

لە کۆمەڵگە بابسالاری و ئایینەکان ڕوانگەی عەقڵی کۆ پتر لەپێکھاتەی بایۆلۆژی ژنەوە سەرچاوەدەگریت، ئەم شێوە ڕوانینەش لەوەوە سەرچاوەی گرت کاتێک جیاوازییە بایۆلۆژیەکان کرانە بنەما و ھۆکاری جیاوازی کۆمەڵاتی، واتە دابەشکردنی کار، ڕۆڵ، پێگە و دەستنیشانکردنی مافەکان لە نێوان ژن و پیاودا لە قۆناغە بەراییەکانی مرۆڤایەتی و بەسترانەوە بەجۆر و ڕۆڵی بایۆلۆژی. ئەمە بووە سەرچاوەیەک بۆ ھاتنەکایەی بابەت و پرسی جیاوازی ڕەگەزی.
جیاوازی ڕەگەزی بەو واتەیە نزیک دەبێتەوە لە چەمکی جیاوازی کۆمەڵایەتی، کەبریتیە لە جیاوازی نێر و مێ، بەھۆی ستەمی باڵادەستی ڕەگەزێک و پەسندکردنی تاک ڕەچەڵەکی بەسەر ڕەگەزەکەی تر، کە ژنە سەری ھەڵداوە. بەدەر لەمەش جیاوازی لەسەر بنەمای ڕەگەز سەرەڕای ھۆکارە بایۆلۆژیەکان، بەرھەمی کۆمەڵگەو بارودۆخێکی دیاریکراوە،پاڵپشت بە جیاوازیە کولتووریەکان کە ئەزموونێکی مرۆیی دوور و درێژی ھەیە،وای کردووە ڕەگەزێک لەبەرانبەر رەگەزێکی دیدا لەزۆرێک ئەرک و ماف بێبەشبێت.

ڕاستیەکەی ئەو کەلەپوورەی حوکمی نێر و مێ دەکات کەلەپورێکی دواکەوتووە و دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی ھێزی جەستەیی،دەنا ئەوی پێی وابێت پیاو لە ژن باڵاترە ئەوە ھێشتا لەئەفسانە تەمەن درێژەکانی سیستەمی بابسالاری دەربازی نەبووە. ھەڵبەتە لێرەدا نابێت ڕۆڵی ئایینە ئاسمانی و زەوینیەکان لە پشتگرتن و ڕەوایەتی دان بە سیستەمی بابسالاری لەبیر بکەین کە بەردەوام ڕۆل و شوێنی ژنیان لە زۆربەی بوارەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیوەندیە فەرھەنگی و سایکۆلۆژی و کولتوریەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی کەژن تێیدا دەژێت بە بەراورد بە پیاو تەواو نادیدە دەگرێت، و نکۆڵی دەکات لەوەی ژن وەک مرۆڤێکی پێگەیشتوو و سەربەخۆ، یەکسان و ھاوبەش تەماشای بکرێت،ڕۆڵی ژن لە و کۆمەڵگەیانەدا پارێزەریەتیە لە چەمکە باوەکانی ناو ئەو کۆمەڵگەیە وەک (ناموس و شەڕەف)

مێژووی ئەو ئەفسانەیەش کە گوایە پیاو لەژن باڵاترە، ھەر بۆسەر ھەڵدانی سیستەمی بابسالاری دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی لێکدانەوەی ئەنترۆپلۆگەکان، ئەگەر ھەشت ھە زار ساڵێک بێت، بابسالاری سەری ھەڵدابێت، لە پێش ئەو وەرچەرخانەدا، نزیکەی دووسەد ھەزار ساڵێک، ژن وپیاو لە ماف و ئەرکدا یەکسان و ھاوبەش بوون. فرێدریک ئێنگلس لەکتێبی (ڕەچەڵەکی خێزان و موڵکی تایبەت و دەوڵەت)دا، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت چەوساندنەوەی ژن و بابسالاری ھاوکات لەگەڵ سەر ھەڵدانی کۆمەڵگەی چینایەتی پەیدابوون(٢) ھەروا لە بن سایەی سیستەمی کەپیتاڵیزمیشدا،بنیاتی ڕەگەزی ژن لەجەستەیدا کورتکراوەتەوە و وەکو بەروبوم چاوی لێ دەکرێ ئەوی گرنگە توێکڵەکەیەتی دەنا کاکڵەکەی ھەر بۆ توڕھەڵدانە، و ژن تەنێ بۆ بۆئەوە باشە منداڵی ببێت بۆئەوەی وەچە بۆ چەرخاندی مەکینەو کارگەکانی بخاتەوە،

مارکس پێیوایە ژێردەستەیی و پاشکۆیی ژن لەسروشت و پێکھاتە بایۆلۆژیەکەی سەرچاوەناگرێت کە نەگۆڕن، بەڵکو ئەو میکانیزمە کۆمەڵایەتییەیە کە مێژوو و پێشینەیەکی ئاشکراو و دیاریان ھەیە و شیاوی گۆڕانن(٢) کەواتە جیاوازیە بایۆلۆژیەکان جیاوازی سروشتین واتەی ئەوە ناگەیەنن کە پیاو لە ژن باڵاترە و نابێت بکرێنە بنەمایەک بۆ درووستکردنی جیاوازی لەنێوان نێر و مێ لەژیانی کۆمەڵایەتیدا و ئەگەر جیاوازی رەگەزی بەرھە می بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی بێت،ئەوەدەبیت گۆڕانی بەسەردابێت و لێرەوە چەمکێکی دی دێتە پێش ئەویش بریتیە لە یەکسانی ڕەگەزی، واتە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ نێر و مێ لەڕاپەڕاندنە کۆمەڵایەتیەکان و پێشڤەچوونی کۆمەڵگە ئەم یەکسانیەش بەتەنێ بریتی نەبێت لە (لێکچوون) بەلکو وەک بەھا و، ڕێزگرتن و، بە واتەیەک دادگەری یەکسانی ھە بێت لەنێوان ھەردوو ڕەگەز.

ئومێد قەرەنی

———————————–
سەرچاوەکان:
١-حەمە سەعید حەسەن، مێ لەسایەی ستەمدا، چاپخانەی موکریانی،ھەولێر، ل ٦٩
٢-نەسرین حەسەن، من و تۆ یەکسانین،چاپخانەی رۆژھەلات، ھەولێر، ٢٠١٠ ل١٨
_____________________________________________________




3 قەسیدە لە (ڕامبۆ)وە … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
كۆمیدیایه‌ك له‌ سێ ماچدا

لەوەی دایدەپۆشێ‌ داماڵڕابوو
درەختی گەورەی خۆتێهەڵقورتێنیش
لەوێ‌ بوون ،
بە گەڵاكانیان
مینای پەنجەرەیان
لە نزیكەوە … لە نزیك ،
بە مەكرۆییەوە دەكوتا .

لەسەر كورسییەكی گەورە دانیشت
دەستی تێكئاڵاندبوون
نیوە ڕووت

لەسەر زەوی ژوورەكەدا
ئازاد دەلەرێنەوە ..
مەبەستم
لە پێیە جوانە ناوازە ، ناوازەكانیەتی ..

زەینم دایێ
ڕەنگیشم ڕەنگی مۆم بوو ..
تیشكێكی ورشەدار ، دێ و ده‌چێ و
لە خەندەیدا دەشەكێتەوە ..
گوڵەمێشێكیش لەسەری مەمكی ..

هەردوو قاچە نەرمەكانیم
ماچ كردن ..
پێكەنی ..
له‌مه‌كرۆیی پێكەنینی هەڵوەریویدا ،
بوو بە بلوری جریوە و كریستاڵان ..
پێیەكانی لە ژێر كراسێكی ڕووبەدەردا
دەستووریان دا :
دەكرێ‌ تەواوی كەی ؟
یەكەم لایلایە ئەو دەستی پێكرد
پێكەنینە هەڕەشاوییەكه‌ی
بە سزایەكی زۆرەوە ..

چاوەكانیم
بە سۆزەوە ماچ كردن ،
كە بە لەرۆزكی
لەژێر لێوەكانی مندا
ئارامیان گرتبوو ..
سەرێكم بەرەو دواوە پاڵدا
هەست بە شەكەت بوون دەكا
ئای … ئەمە باشترە !

(( ڕێگەی تەنیا هەندێ‌ وشەم دەدەی ؟ ))
هاتم ماچەكانی ترم ،
بەسەری مەمكانەوە نووساند
وام لێ كرد
ماچەكە زۆر ئارەزوومەندانە پێبكەنێ‌
كە …

لەوەی دادیدەپۆشی داماڵڕابوو
درەختی گەورەی خۆتێهەڵقورتێنیش
لەوێ‌ بوون
بە گەڵاكانیان
مینای پەنجەرەیان
لە نزیكەوە … لە نزیك
بە مەكرۆییەوە دەكوتا .

(2)
خه‌ونمان بۆ زستان دی

زستان
بە فارگۆنێكی گوڵڕەنگی ، سەرین شین
سەفەر دەكەین ..
باش دەبین
هێللانەیەك ،
لە ماچگەلێكی شێتانەدا
لە هەموو گۆشەیەك
لە گۆشە نەرمەكانیدا
دێتە ژێر بار
چاوەكانت دەنووقێنی
تا لە میناكەوە سەرنج
لە ددان جیڕكردنەوەی ،

تارماییەكانی شەو نەدەی
ئەو شێواوە دڵڕەقە هارانە
لە ئیبلیسی ڕه‌ش و گورگی ڕەش ..

پاشان
هەست بە گۆناكانت دەكەی
ڕووشاون ..
ماچێكی چووكە
وەك بڵێی
جاڵجاڵۆكەیەكی شێت بێ‌
بەسەر گەردندا دەبزوێ‌
پێم دەڵێی :
(( بە دوایدا بگەڕێ !‌ ))
لە كاتێكدا سەرت خوار كردووەتەوە ..
وەختێكیشمان پێ دەچێ‌
لەو جانەوەرە دەگەڕێین
كە زۆر دەبزوێ ‌ ..

(3)
بۆ نووستوی دۆڵێ

كە ڕامبۆ ئەم قەسیدەیەی لە 1870 دا لە ( برۆگرێد ) بڵاوكردەوە ناونیشانێكی دیكه‌ی پێدا، ئەم سۆناتایە، وێنەیەكی كاریكاتێرییە بۆ شەڕ كە لەو ساڵەدا (1870) لە گۆڕێ‌ بوو .. لەگەڵ تێبینی ئەوەی دیارە كە ئەو سەربازە نەنووستووە ، كوژراوە .
ئەو بەرابەریەش لە نێوان سرووشتی جوان و میهرەبان و كارەساتەكانی شەڕ دەبینرێ‌ ، هەروەها لە نێوان پەڵەی سەوز و پەڵەی خوێن .

مەزرایەكی سەوزە ،
ڕووبارێك
گۆرانی تێدا دەچڕێ ‌ ..
شێتانە
لێشاوی ئاوی سازگاری زیوین
بەسەر گیادا بڵاو دەكاتەوە ..

كه‌ خۆر ،
لە شاخە بەرزەكانەوە دەدرەوشێتەوە
ئەوەتا دۆڵێكی بچووك
بە پڕشنگان شەپۆل دەدا ..

سەربازێكی گەنج هه‌یه‌
– دەمی كراوەتەوە –
سەر ڕووت
ملی لە ژێر
هۆ ئەو شیناییە تازەیە دایە ..
لەناو گیادا ،
لەو سارایەدا ،
ڕەنگپەڕیو
لە پێخەفی سەوزیدا
كە ڕوناهی لێ‌ دەگری .
درێژ بووە دەنوێ ‌ ..
پێی لە ژێر سەوزایدان
خه‌نده‌دار
وەك بزەی مناڵێكی نەخۆش دەنوێ‌
نا ئەو ،
لە سەرخەوشكاندنێكی سادەدایە
ئەی سرووشت !
بە گەرمی ڕایژەنە !
سەرمایەتی
ئەو بۆن و بەرامەیە
كار لە لووتی ناكەن
ئەوەتا لەژێر خۆردا دەنوێ‌ و
دەستی ئارام لەسەر سنگییەتی
دوو كونی سووریش لەكه‌له‌كه‌ی ڕاستی ..

————————–

ئاماژه‌
(*) ئارسەر ڕامبۆ : شاعیری بەناوبانگ و جێی سەرنجی مێژووی نوێی شیعری فەڕەنسی و جیهانی ( جین نیكۆلاس ئارسەر ڕامبۆ) ، نۆڤمبەری 1845 لەدایك بووە .
گرینگترین و سەرنجڕاكێشترین كاری نووسیبێ‌ لە تەمەنێكی لاوی سنووردار بووە ، فیكتۆر هۆگۆ بە (منداڵیی شەكسپیر)ی ناوزەد كردووە .. لە بیست و یەك ساڵیدا وازی لە شیعر نووسین هێناوە !
* بۆ ده‌قی عه‌ره‌بی شیعره‌كان بڕوانه‌ :
http://www.alnoor.se/article.asp?id=25158




خۆزگەی منداڵان … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

منداڵی کوردستانین
دۆستی ئاشتی و ژیانین
بادووربین لەناخۆشی
هەتا بژین بە خۆشی

جیهانی ئێمە وایە!
پڕلەخۆزگەوهیوایە
ئامانجمان گەش و روونە
ژینی بەرەو پێشچوونە

بەپرسیارو تێڕوانین
تێدەگەین ودەزانین
ئەوگەلە پێشکەوتووە
کەڕۆڵەیی تێگەیشتووە

دنیامان مەشێوێنن
لەژین مەمانڕەنجێنن
دەمانەوێت دواڕۆژمان
گەشبێ وەک ناخی خۆمان۰


فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی




ڕۆمانی دواوێستگه‌م باكووره‌وچه‌ند سه‌رنجێك … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ئه‌وه‌ی ڕۆمان له‌گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی جیاده‌كاته‌وه‌،به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی نوێیه‌به‌ده‌رله‌وێنه‌ مێژووییه‌كه‌. نوێ به‌ومانایه‌ی ڕۆماننووس چه‌ند له‌كڵاوه‌ڕۆژنه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌ بۆڕووداوه‌كان ده‌چێت و گوزارشتیان لێده‌كات.كێشه‌ی به‌شێك له‌وانه‌ی ڕۆمان ده‌نووسن به‌تایبه‌تیش كه‌هیچ ئه‌زموونێكی نووسینی ئه‌وژانره‌یان نییه‌له‌وه‌ دایه‌، كه‌درك به‌وجیاوازییه‌ ناكه‌ن كه‌ڕۆمان له‌بیۆگرافیاو یاده‌وه‌ری، وه‌ك مێژووجیاده‌كاته‌وه‌. واته‌به‌هه‌مان زمانی واقیع ڕووداوه‌كان له‌ده‌قی ڕۆماندا، به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن. مێژووئه‌وه‌یه‌كه‌ڕوویداوه‌. به‌ڵام ڕۆمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌یخوێنینه‌وه‌. ئه‌گه‌رخوێنه‌ربه‌هه‌مان شێوازی گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی ڕۆمانی خوێنده‌وه‌، ئیدی جیاوازی له‌نێوان ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی باڵا، له‌گه‌ڵ ڕووداوو مێژوونامێنێت. بێگومان له‌نێوان هه‌ردووژانره‌كه‌دا، چه‌ندین توخمی هاوبه‌ش هه‌ن، كه‌ گێڕانه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌وڕه‌گه‌زه‌هاوبه‌شانه‌.

به‌ڵام له‌ڕۆماندا، گێڕانه‌وه‌ ڕه‌هه‌ندێكی هونه‌ری هه‌یه‌كه‌تیایدا، وه‌سف و گوزارشتكردن و شیعریه‌تی گێڕانه‌وه‌وچه‌ندین لایه‌نی دیكه‌ی زمانی، له‌خۆده‌گرێت. له‌ خوێنه‌وه‌ی مێژوودا، خوێنه‌رته‌نها به‌رمێژوو،به‌رڕووداوه‌كان ده‌كه‌وێت. به‌ڵام له‌ڕۆماندا به‌رشوێن و كاره‌كته‌رو چه‌ندین ته‌كنیكی دیكه‌ ده‌كه‌وێت. گه‌لێك جار ڕۆمانێك ده‌خوێنینه‌وه‌، پترله‌وه‌ی ڕۆمان بێت، سه‌رگوزشته‌ی ژیانی تایبه‌تی وكه‌سی نووسه‌ره‌كه‌یه‌. كه‌ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی یاداشتنامه‌، نه‌ك ڕۆمان. چونكه‌له‌ڕۆماندا، مه‌رج نییه‌كات و شوێن وكاره‌كته‌ره‌كان، هه‌مان ئه‌وانه‌ی نێو واقیع بێت.به‌ڵام له‌یاداشتنامه‌دا،نووسه‌رچه‌قی ڕووداوه‌كانه‌.

چونكه‌ ئه‌وباسی خۆی ده‌كات. لێره‌وه‌ش ده‌بینین گه‌لێك جارنووسه‌رانی ئێمه‌به‌شێكیان یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆیان له‌ژێر تایتڵی ڕۆمان نووسیوه‌ته‌وه‌، كه‌له‌ڕاستیدا ڕۆمان نییه‌.ئه‌گه‌ركتێبه‌كه‌ ناونیشانی ڕۆمانی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت، ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ركێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بێت. به‌ڵام كاتێ له‌ژانڕی ڕۆماندا پۆڵین ده‌كرێت، ئه‌وكات ده‌بێ هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زه‌كانی نووسینی ڕۆمان بێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ بڕوام وایه‌كتێبی(دواوێستگه‌م باكووره‌) یاداشتنامه‌یه‌ به‌رله‌وه‌ی ڕۆمان بێت. چونكه‌ نووسه‌ره‌كه‌ی به‌زمانێكی واقیعیانه‌ی ڕووت،به‌گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی مێژوویانه‌، ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌. له‌و كتێبه‌داته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ له‌هه‌ندێ شوێندا ئه‌وه‌نده‌ساده‌ونائستاتیكی ده‌بێته‌وه‌، كه‌خوێنه‌رهه‌ست به‌وه‌ده‌كات ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه‌ ڕۆمان نییه‌،به‌ڵكوگێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژووییه‌. كه‌مترین هونه‌ركاری له‌ڕووی زمانی گوزارشتكردنه‌وه‌ له‌كتێبه‌كه‌داهه‌یه‌.

ناوه‌ڕۆكی ئه‌وكتێبه‌، كه‌بڕوام وایه‌ خودی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، كاره‌كته‌ری ڕووداوه‌كانه‌، باس له‌كه‌سێك ده‌كات كه‌ناوی(شكۆیه‌).شكۆ له‌گوندێك له‌دایك ده‌بێت، به‌شێكی ژیانی له‌وێ ده‌باته‌ سه‌ر.تادواجاردێنه‌شاروله‌وێ ژیان ده‌گوزرێنێت و دوای ساڵانێكی زۆریش، به‌هۆی ڕووداوه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین وشه‌ڕی ناوخۆی نێوان هێزه‌سیاسییه‌كان،ئاواره‌ی كه‌نه‌دا ده‌بێت. له‌وێش گه‌شتێك بۆجه‌مسه‌ری باكوورده‌كات وهه‌وڵده‌دات كتێبێك بنووسێت.

له‌په‌راوێزی گێڕانه‌وه‌ی ژیانی كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه‌، نووسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ دووقۆناغ له‌ژیانی تایبه‌تی شكۆ ئاوێته‌ی یه‌كتری بكات ودواتریش له‌سه‌رئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی به‌راوردی یه‌كتریان بكات.ئیدی نووسه‌رله‌په‌راوێزی گێڕانه‌وه‌ی ژیانی شكۆ، باسی چه‌ندین ڕووداوی دیكه‌ی سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات. باسی شۆِرشی ئه‌یلول، ئه‌نفال،كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، ژیانی دوێنێی مرۆڤی كوردله‌گوند، دیارده‌ نوێیه‌كانی ئێستای ژیانی به‌ناومۆدێرنی مرۆڤی كورد،ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی وچه‌ندین ڕووداوی دیكه‌ده‌كات.ته‌نانه‌ت باسی تره‌مپ، ئوسامه‌ بن لادن، شه‌ڕی قاعیده‌، ڕووداوی یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ر، فیدل كاسترۆ،نازییه‌كان و جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی وداعش و ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی وده‌یان باسی دیكه‌ ده‌كات. ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ له‌وكتێبه‌دا، له‌شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی ژیاننامه‌ی كه‌سێكه‌.

زمانی ده‌ربڕین وگوزارشتكردن، وه‌سف وده‌ربڕینه‌كان به‌گشتی زمانێكی واقیعیان به‌سه‌ردازاڵه‌.بۆیه‌كه‌خوێنه‌ركتێبه‌كه‌ده‌خوێنێته‌وه‌زۆرئاسایی درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ژیاننامه‌ی كه‌سێك به‌ناوی شكۆ ده‌خوێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی نووسه‌رچه‌ندله‌سه‌رژیانی شكۆوه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌نده‌زیاتریش ئاماژه‌ی بۆبابه‌ت ورووداوی دیكه‌ی لاوه‌كی كردووه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌رمێژوومان بۆبگێڕێته‌وه‌، كه‌له‌بنه‌ڕه‌تیشداوایه‌. ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌كانی ڕۆمانێك هێنده‌واقیعی بوونه‌وه‌،كه‌وه‌ك مێژووێك باس بكرێت، ئیدی سیما هونه‌رییه‌كانی ڕۆمان كاڵده‌بنه‌وه‌. نووسه‌رچونكه‌ مێژووی گێڕاوه‌ته‌وه‌، له‌چه‌ندین ڕوه‌وه‌هه‌ڵه‌ی زه‌قی كردووه‌. ئه‌گه‌رچی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ یه‌كێكه‌له‌شاعیره‌دیاره‌كانی قۆناغی هه‌فتای شیعری كوردی، وه‌لێ ئه‌وزمانه‌ شیعرییه‌له‌ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ستی پێ ناكرێت. به‌گشتی وه‌ك خوێنه‌رێك له‌باره‌ی ڕۆمانه‌كه‌وه‌، ئه‌و سه‌رنجانه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو:_

یه‌كه‌م:_هه‌ڵه‌ی مێژوویی_

نووسه‌ر له‌ڕۆمانه‌كه‌یدا،چونكه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی بۆ مێژوو ته‌رخانكردووه‌،بۆیه‌ باسی چه‌ندین ڕووداوی مێژوویی ده‌كات. هه‌ندێكییان ته‌نها دووسێ ساڵێك به‌سه‌ریاندا ڕه‌تبووه‌، كه‌چی نووسه‌ر به‌هه‌ڵه‌ ئاماژه‌ی به‌كاتی ڕوودانیان داوه‌.بۆنموونه‌:_
*ڵاپه‌ڕه‌22 نووسیویه‌تی:_(له‌ساڵی 1983له‌ شه‌ڕی ئێران و عێراق كوژرا.سێ ساڵ دواترئه‌وشه‌ڕه‌ ڕاوه‌ستا). هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر سێ ساڵ دواتر بخه‌ینه‌ سه‌رساڵه‌كه‌ ئه‌واده‌بێته‌ 1986، له‌ كاتێكدا شه‌ڕی ئێران و عێراق له‌ ساڵی 1988 كۆتایی هات..
*ڵاپه‌ڕه‌ 33نووسیویه‌تی:_( شكۆله‌پۆلی نۆ بوو). گه‌رچی نووسه‌رباسی ژیاننامه‌ی شكۆ ده‌كات له‌شه‌سته‌كاندا،به‌ڵام ده‌بوو بزانێ ئه‌وكات پۆلی نۆنه‌بووه‌، به‌ڵكو پێیان ده‌گووت سێی ناوه‌ندی. پۆلی هه‌فت و هه‌شت و نۆ، دوای كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌یی له‌دووهه‌زاروهه‌فت، بووه‌ شوناسی ئه‌وقۆناغه‌.
* ڵاپه‌ڕه‌ 74 نووسیویه‌تی:_( داعش له‌ 30ی ئاب په‌لاماری شنگالیدا). بێگومان هه‌ڵه‌یه‌و 3ی ئابه‌ نه‌ك سی ئاب.
*ڵاپه‌ڕه‌ 93 نووسیویه‌تی:_(ساڵی 2015 داعش په‌لاماری عێراقیدا). بێگومان ئه‌مه‌شیان هه‌ڵه‌یه‌. داعش له‌ 10 حوزه‌یرانی 2014 په‌لاماری عێراقیدا.
*ڵاپه‌ڕه‌ 211 نووسیویه‌تی:_(سعودیه‌ دراوسێی عێراق و سوریایه‌). هه‌ڵبه‌ته‌ سعودیه‌ دراوسێی عێراقه‌، به‌ڵام سوریانا. ئوردن دراوسێی سعودیه‌یه‌. ده‌كرێ بۆزانیاری نووسه‌رسه‌یری نه‌خشه‌ی نیشتمانی عه‌ره‌بی بكات.

*ڵاپه‌ڕه‌ 212 نووسیویه‌تی_( وه‌سی مامی فه‌یسه‌لی دووه‌م كاره‌كانی پاشای ڕایی ده‌كرد). وه‌سی مامی پاشا نه‌بوو، خاڵی پاشا بوو.
*ڵاپه‌ڕه‌264 نووسیویه‌تی:_( عێراق وئێران هه‌شت ساڵ شه‌ریان له‌سه‌ر كه‌نداوی عه‌ره‌بی كرد). ئایا شه‌ڕی ئه‌ودوو وڵاته‌له‌سه‌ركه‌نداوی عه‌ره‌بی بوو؟.
*ڵاپه‌ڕه‌ 265 نووسیویه‌تی:_(یه‌ك بلیۆن مرۆڤ له‌سه‌رزه‌وی هه‌ن).نازانم مه‌به‌ستی نووسه‌رله‌وبلیۆنه‌ چییه‌؟ له‌كاتێكدا هه‌مووجیهان ته‌نها هه‌فت ملیار كه‌سه‌.

دووه‌م:_گێڕانه‌وه‌:_

ئه‌گه‌رچی ڕۆمان به‌گشتی، ده‌بێ هه‌ڵگری زمانێك بێت كه‌مترین فۆڕمی گێڕانه‌وه‌ی واقیعی تێدابێت.چونكه‌ ئه‌گه‌رزمان ڕه‌هه‌ندێكی هونه‌ری نه‌بێت، ئه‌وا جیاوازی له‌نێوان گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك له‌ڕۆمان و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێكیش له‌مێژوودا ناكرێت. به‌ڵام له‌وڕۆمانه‌دا، خوێنه‌ربه‌رچه‌ندان ده‌ربڕین و په‌ڕه‌گراف ده‌كه‌وێت كه‌واهه‌ست ده‌كات ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه‌ ڕۆمان نییه‌، به‌ڵكوگێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاساییه‌ بێ هیچ جوانكاریی وهونه‌ركارییه‌كی زمان. لێره‌داچه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌هێنینه‌وه‌:_
* ڵاپه‌ڕه‌ 86 ڕۆماننووس نووسیویه‌تی:_(سه‌ركانیه‌كانیان سه‌ب ده‌كرد، خه‌ڵكیشیان به‌كۆمه‌ڵ زینده‌به‌چاڵ ده‌كرد، هاتووچۆیان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرد).
*ڵاپه‌ڕه‌ 90 نووسیویه‌تی:_(له‌ڕێگابه‌تایبه‌تی هاوینان له‌نێوخۆیان له‌ڕێگا پاره‌یان كۆده‌كرده‌وه‌).

*ڵاپه‌ڕه‌ 96 نووسیویه‌تی:_(سه‌لیم چووه‌ بازارتورشی كڕی، تاریك داهات، گه‌وهه‌رسفره‌ی ڕاخست، هێلكه‌كانی سپی كرد).
ڵاپه‌ڕه‌ 154 نووسیویه‌تی:_(پیاوێك ناوی ئه‌نوه‌ربوو،ته‌مه‌نی له‌سه‌رووی چل بوو، مامۆستابوو، له‌وكاته‌ی هاوسه‌رگیری كردبوو، هه‌مووساڵێك منداڵییان ده‌بوو، ئه‌وكات ده‌منداڵی هه‌بوو). سه‌یری ئه‌وهه‌موو(بوو)ه‌ بكه‌، له‌ سێ ڕسته‌دا.
*ڵاپه‌ڕه‌272 نووسیویه‌تی:_( له‌كاتی نوێژده‌بێ پێلاِوه‌كان داكه‌نی و له‌ده‌ره‌وه‌داكه‌نی).
بێگومان، زۆرپه‌ڕه‌گرافی دیكه‌ی له‌وشێوه‌یه‌ له‌كتێبه‌كه‌دا هه‌ن، وه‌لێ ئێمه‌ ته‌نها ئه‌م چه‌ند نموونه‌یه‌مان خسته‌ڕوو.

سێیه‌م:هه‌ڵه‌ی چاپ_

گه‌رچی ئه‌م كتێبه‌ هه‌ڵه‌چنی بۆ كراوه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌به‌بێ پێداچوونه‌وه‌ چاپ كرابێت. له‌چه‌ندین شوێن هه‌ڵه‌ی فۆنت و پیت ده‌بینین. له‌هه‌ندێ شوێندا، پیتی(ك) كراوه‌به‌(گ).گریمان نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ له‌به‌رباری ته‌ندروستی یاخود ته‌مه‌ن، یان هه‌رهۆكارێكی دیكه‌،نه‌یتوانیبێت بژاری ئه‌وهه‌ڵانه‌ بكات، به‌ڵام نازانم هه‌ڵه‌چنی كتێبه‌كه‌ ئه‌ركی چی بووه‌؟ ته‌نانه‌ت له‌ ژیاننامه‌ی نووسه‌ردا،هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووی زه‌ق كراوه‌. كاتێ نووسیویانه‌ یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ شیعری له‌ ساڵی(1997) بڵاوكردۆته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌و ساڵی 1977 وبه‌ناوی سه‌مای به‌فری ئێوارانه‌. دواجار ده‌ڵێم خۆزگه‌ به‌رزنجی شاعیرو ماڵی وه‌فاییش، كتێبی پیاوێكی بێجامه‌ شینیان له‌بڕی ئه‌م كتێبه‌ وه‌رده‌گێڕاو چاپ و بڵاویان ده‌كرده‌وه‌، كه‌زه‌مه‌نێكه‌ حه‌زده‌كه‌م ئه‌و كتێبه‌به‌زمانی كوردی بخوێنمه‌وه‌..

————————————–
*په‌راوێز:_ دواوێستگه‌م باكووره‌/ ڕۆمان/نووسینی جه‌لال به‌رزنجی/بڵاوكراوه‌ی ماڵی وه‌فایی 2018..




بۆچی لە دژی سزای لەسیدارەدانیت ؟جیگای خەباتی دژی لە سیدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا چیە؟

حەمید تەقوایی وەڵام ئەداتەوە

ئێمە لەدژی سێدارەین لەژیر هەربیانویەک ولەهەر جێگایەکدا.لە بۆچونی ئێمەدا سێدارە سزاوتەمبێ کردن نیەبەلکو تاوانێکە.نەک تەنها لە ڕوی سیاسییەوە بەڵکو لەڕویی ئینسانی وماف ودادوەریەوە سێدارە شیاوی جێبەچیکردن نیە شاوی بەرگری لێکردن نیە وە ئەبێت وەک زۆرێکیتر لە دیاردە وەحشیانەکانی کۆمەڵگەی چیانەیەتی بخرێتە موزەخانەوە.ئەگەر ئامانج لە سزادان چاکسازی لەکەسی تاوانبارو پاریزگاری لەکۆمەڵگەبزانین نەک تۆڵەکردنەوەوتۆڵەسەندنەوەو ڕوبەڕوبونەوەی کتومت،ئەوکاتە ئاشکرا ئەبێت کە سزای لەسێدارەدان نابێت لەسیستمەی دادوەری کۆمەڵگەی شارسانیدا هیچ جێگایەکی هەبێت.سیدارە ڕیگاچارەو وەڵامی هیچ شتێک نیە،بەڵکو خۆی یەک گرفتیکی کۆمەڵایەتیەو ئەبێت لە مل کۆمەڵگەی بکرێتەوە .هەمومان بە ئەزمون دەیبێنین کە ئامارو ترازوی تاوان لە وڵاتانێکی وەک وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە سیدارە لە هێشتا هەندێک لە ولایەتەکانیدا هەیە نەک تەنها کەمی نەکردوە بەڵکو زیتر لە کۆمەڵگەکانی ئەوروپایە کە سێدارە تێیاندا هەڵوەشاوەتەوە.

بەدەر لەو لایەنە سیاسی ودادوەریانە،لەڕوی ئینسانیشەوە سێدارە خەنجەریکە کە لەپەیکەری کۆمەڵگەی مروڤایەتی دراوە.هەرخۆی بەڕەسمەیەت ناسی لەسیدارەدان وەک کارێکی ڕێگە پێدراو ویاسایی ودەوڵەتی،گیانی ئینسانەکان،ئینسانیەت وکەرامەتی ئینسانی لە هەموو کۆمەڵگاکاندا کەم بی بەهاو بێ نرخ دەکات وە بە مانایە لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا ڕێگا بۆ کوشتاری نا دەوڵەتیس دەکاتەوە.کاتێک دادوەران وسوێندخۆرەکان وقازی وپارێزەرەکان لەدەوریەک ماوەیەکی درێژ لەدەوریەک کۆدەبنەوە لەسەر لێسەندنەوەی مافی ژیان لە ئینسانێک گفتوگۆ دەکەن وڕادەگۆڕنەوە وەلە کۆتایدا بەوپەڕی خوێن ساردیەوە بەو ئاکامە دەگەن کە ئەبێت ئینسانێک بکوژرێت.هەر تاکێکی تری کۆمەڵگەش دەتوانێت ،ئەوەی کە قازی یان ئەنجومەنی سوێند خۆران لە ڕوی یاساییەوە مافیان هەیە بڕیاری لەسێدارەدان دەرکەن وئەندامانی تری کۆمەڵگە ئەومافەیان نیە جیاوازی پێناسەکان هیچ لە کێشەکەناگۆڕێت.ئەمە تەنها جیاوازیەکی ماف وبڕیارنامەییەبەڕەسمیەت ناسینی سێدارە،خودی کوشتنی ڕێپێدراو هەژمارکراو تارمایی ودڕندەییەک کە ئەم ئینسان کوژیەیی پەردەپۆشکردوە،لە وەها کۆمەڵگەیەکدا کوشتارو نابودی ئینسانەکان بەشێوەی تر بەشیوەیەکی ئاسانتر بەڕیوە دەچێت.بەم هەموو بەڵگانەیەکە ئێمە سزای لە سێدارەدان لەهەر بارودۆخێکدا بەتاوان دەزانین وە من وای بۆ دەچم کە زۆرینەی خەڵکی ئێرانیش لەم بارەیەوە لەگەڵ حیزبی ئیمەدا هاوبۆچونن.

بەڵام سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی کێشەکە زۆر کارەساتبارترو وەحشیانەترە بەبەراورد لەگەڵ کۆمەڵگەکانی تر.کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکە کە بە سزایی سێدارە خۆی لەسەر پێ ڕاگرتوە.لە سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامیدا بەفەرمی ویاسایی بێ تاوانەکان لە سێدارە ئەدرێن.ئەم لە سێدارەدانانە هەتا لەو کۆمەڵگایانەشدا کە سزای لە سێدارەدان ڕێگە پێدراویشە بەتاوانێکی بێ ئەملاولا حیساب دەکرێت.ئەگەر لە سەدا یەکی ئەم وەحشیگەریەی کەلەژێر ناوی یاسایی تۆڵە وخراپەکارانەی سەر زەوی ودادگا و دادگایکردنی شەرعی و داوەری تاوانبارانێکی وەک قازی مورتەزەوی بەڕیوە دەچیت،لەهەر کۆمەڵگەیەکی تر ڕویبدایە لەگەڵ توندرین ناڕەزایەتی هەتا لەلایەن لایەنگرانی سزای لەسێدارەدانەوە ڕوبەڕو دەبویەوە.کۆماری ئیسلامی بەڵگەی حاشا هەلنەگرو ئاشکرای ئەو ڕاستیەیەکە ئیعدام کوشتنی بەئەنقەستی دەوڵەتیە ئەو<<باشان>> هەموان هەیانە ئەوحکومەتە هەموی بەتەنها لای خۆیەتی!#کاتێک بەرەدەبارەن وسزای لە سێدارەدان لە ئیران ئەنجام ئەدرێت لەڕوی ئینسانی ،لەڕوی ماف ودادوەری،لەڕوی سیاسیەوە تاوانێکی سامناک ئەنجامدراوە.تەواووی مێژوی ئەم حکومەتە سەرڕیژە بەمتاوانانە.
سزای لەسێدارەدان ئەبێت هەڵوەشێتەوە وە نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا بە ڕێ پێدراو دابنرێت.ئەمڕۆ سزای لە سێدارەدان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەڵوەشاوەتەوە وە لە ئیرانیش دەتوانرێت وە دەبێت هەڵوەشێنرێتەوە.بەڵام ئاشکرایە کەلە ئێران خەبات بۆهەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان خەباتێکی ڕاستەوخۆ سیاسیە وبێ ئەملاولا لە دژی ڕژێمی تاوانباری دەسەڵاتدارە.هەروەک ئاماژەم پێدا ئەم ڕژێمە بە سێدارەو بەردەباران وتۆڵە خۆی لەسەر پێ ڕاگرتوە وە هەر بۆیە خەبات لە دژی سێدارە هێرشێکی کاریگەری سیاسی لە دژی مانەوەی ئەو حکومەتە ئەبێت.لەم ڕوەوە بۆ بزوتنەوەی ڕوخاندن وبزوتنەوەی جەماوەرێک کە بۆداڕوخانی ئەو حکومەتە کات وسات ژمێری دەکەن خەبات لە دژی سزای لەسێدارەدان مەیدانێکی گرن و چارەنوس سازە.حیزبی ئێمە زۆر دەمێکە ئاڵای ئەم خەباتەی بەرزکردۆتەوە.

و:کاوە عومەر
————————————–

# آنچه «خوبان» همه دارند این حکومت به تنهائی دارد!

.




درۆ … پشکۆ ناکام

…..هەر وەک چۆن ئەوترێت” عسی ان تکرهوا شیئآ و هو خیر لکم / بەڵکو ڕقتتان لە شتێک بێتەوە کە خێری بۆتان تیا بێ ” بەو شێوەیە سەرەڕای هەموو نەهامەتی و لێقەوماوییەک ، خەڵکی کوردستان دوای ئاش بەتاڵ ئەیان ووت بەڵکو ئەمە خوایە بەم ئاش بەتاڵە بنەماڵەمان لەکۆڵ بێتەوە قیروسیا لەو نەگبەتییەی بەسەرمانا هاتوە ، ئەگینا ئاش بەتاڵ دوو و سێ بارە ئەبێتەوە..ئەوە دیمان چۆن بە نیازی ئاش بەتاڵ کردن بە خەڵک و مقاوەمەی ڕۆژهەڵات ئەو بنەماڵەیە و پارتی بوون بە بەشێک لە سوپای پاسداران و لە کوردستانی خۆشمان بەدەیان مەفارزییان بوون بە بەشێک لە سوپا و ئیستخباراتی بەعس لەسەر نەزەرییەی ” گەر شۆڕشمان پێ نەکرێت، پێمان تێکئەرێت..!!”.. ڕۆژگار هات و ڕۆژگار ڕۆشت ، بەهۆی گەمژەییەکی “صدام” کۆێت داگیرکرا و لە ڕزگار کردنیا ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لێ کەوتەوە ، بە سنگ فراوانیەکی خەڵک و “ی.ن.ک” کە ئەو سنگ فراوانیە زۆر لەسەر خەڵک و خودی یەکێتی کەوتوە بە ئێستاشەوە ، بنەماڵە و پارتی پاشکۆی هێنرانەوە سەر سفرەی حازر، لە جیاتی ملکەچی بۆ خەڵک سەبارەت بە ئاش بەتاڵ ،مەرامە خێڵەکی و تاک ڕەویی و ڕەفتار مافیانەی بنەماڵە و ئەو سوپەر مارکێتەی ناوی لێ ناوە پارتی کەوتە ڕوو، لەسەر داهاتی گومرک دەبابەی بەعس بوون بە پۆلیسی فریاکەوتنی ڕێبازە پیرۆزەکەی باوکی ڕۆحی کورد..!! دوای لابردنی بەعس لەسەر حوکم دیسانەوە ئەمجارە بە سنگ فراوانیەکی تاک لایەنانەی یەکێتی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی عەرزیان بۆ تەخت بوو لە هەرێما کەوتنە چەتەیی داهاتی هەرێم ( یەکێتیش لێی بێ بەش نەبوە ) بە حوکمی پارە کەوتنە جێبەجێ کردنی ( ما وراء الکوالیس) ،و هەتا ئەمڕۆ بنەماڵە و پارتی پاشکۆی دوو دڵی ناکەن لە هیچ شتێک بێ ئەوەی حیساب بۆ بچوکترین کەس و لایەن بکەن و لووت بەرزی و خۆ بە عەنتەر زانینیان وای کردوە هەرێم غەرقی ئەزمە و نا جێگیریی و کارەساتێکی بێ شومار ببێت ، ” دیارە یەکێتیش بەرپرسیارێتی خۆی بەر ئەکەوێت”..ئێستا خەڵک جۆش داماوە : چی بکرێت تا لە مۆتەکەی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی نەجاتمان بێ ؟! هەرچی ڕێگە و شێواز هەیە تاقی کراوەتەوە ، شەڕ..ڕێکەوتن ، خیشکردن ، ..گلەیی.. ناوبژی دۆست و نەیارانیش..پاڕانەوە و هەڕەشە..ڕیسوا کردن و پیاهەڵان..و..هتد.. تەنانەت گۆڕانیش بەناوی چوار ساڵ ئارامی فۆرمێکی تری ڕێکەوتنی لە گەڵیانا تاقی کردەوە بەوە کۆتایی هات کە بەسەرۆکی پارلەمانیان ووت : ڤیزەکەت ئێکسپایەر بوە و بۆت نیە بچیتە هەولێر!
هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە بە ئەوەی بەدوو ئیدارەییشەوە ناو ئەبرێت ، ئێستا بنەماڵە و پارتی پاشکۆی لە خۆ بایی بوونێکیان لە ئاستێکایە خۆیان بە فیرعەونی هەرێم بزانن و بێ بنەماڵە و کوڕە ئازاکەی!! ڕیفڕاندۆم هیچ کەس و لایەنێک بۆیان نیە بۆ هیچ پۆستێکی هەرێم و بەغا دەست نیشان بکەن ئەگینا غەزەبی بنەماڵە وەک ڕەشەبا هەرێم وێران ئەک ، هەرێم دەمێکە دوو ئیدارەیە کەچی بەگەڕانەوەی دوو ئیدارەیی هەڕەشە ئەکەن ، وەک ئەوەی ئێستا دوو ئیدارەیی نەبێت، گەر سەرۆکی بنەماڵە شارێکی گەورە و دێرین و مێژوویی وەک سلێمانی بە هەرێمێکی تر نەزانێ ناڵێت” با بۆ خۆیان بڕۆن هەڵپەڕن..” ، گەر ئێستا دوو ئیدارەیی نیە هەڵبەتە شارێکی وەک سلێمانی یان هەڵەبجە یان گەرمیان بەقەد زاخۆ یان بلە و بارزان بودجەی ئەبوو و ئاوەدان ئەکرانەوە، کۆیلەیەک ئەڵێ گەر دوو ئیدارەیی دروست بێتەوە ناوچەی سلێمانی بە شەش مانگ ئێسک و پروسکی نامێنێ، دیارە ئەو داماوە لە حیزبەکەی خۆیەوە سەیر ئەکا بۆ ئەوەی تووشی ناڕەحەتی نەبێ ئامادەیە لە خزمەتی هەر دەوڵەت ولایەک بێ بە چەک هەڵگرتنیشەوە ، بەڵام لێرەیا هیچ ناڵێین با مێژوو شایەتی لەسەر ڕۆحی مقاوەمە و خۆ نە دۆڕاننی ڕۆژانی میحنەتی سلێمانی بات ، ئەوە سلێمانی نیە بۆ بژێوی خۆی ئەزمڕ و شارەزوور و بکات بە سەربازگەیەکی تورکی.. لە کاتێکا بنەماڵە و پارتی پاشکۆی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی ئەکات کەس بەقەد ئەوان لە دوو ئیدارەیی زەنگەقی چوو بێ لەبەر دوو هۆی زۆر بچوک ، بچوک تر لە مێشکی ئەوان :
– گەر بنەماڵە ئیدارەیەکی خۆی لەو ناوچانەی ئێستای هەبێ ، بەتەواوەتی لە بەغا دائەبڕێ چونکە هەموو ئەزانین بنەماڵە و پارتی پاشکۆی چەن لای ناوەند مەحبوبن وبەغا بەدوای بچوکترین فورسەتەوەیە کە تۆڵەی کۆنکەنەکەی ڕیفرابدۆمیان لێ بکاتەوە
– کە بەغا پشت بکاتە پارتی وبنەماڵە ، بۆ ئەوەی ئیشیان بڕوات ئەبێ بەتەواوەتی بچنە باوەشی تورکیاوە و ئەویش لە دۆخێکی ئاوایا زیاتر چۆکی پێ دائەیا و وەک تەسبیح مامەڵەیان لەگەڵ ئەکات و بنەماڵە و پارتیش بۆ لەدەست نەیانی بەرژەوەنیە ئابورییەکانیان ( کالعادة ) نقە لە خۆیان ئەبڕن.

کەواتە ئەم یارییەی ئەوان تەنها ترساننێکی مناڵانانەیە ، دەنا فەرموو ڕایگەیەنن ، چونکە دەمێکە سلێمانی بە دەست بنەماڵەوە ئەتلێتەوە ،،لە شەستەکانەوە بەردەوامە ،،کە هیچ چارەسەرێکیش دادی خەڵک لە بەرامبەر بنەماڵەیا نەیات ، بە یەقینەوە دوو ئیدارەیی حەلێکی نمونەییە، یۆگسلافیا دوای شەڕی بالاکان بوو بە چەن دەوڵەتێکیش نەک هەر هەرێم و دونیاش نەڕوخا، دوو یەمەن ،،دوو کۆریا ، بیست و قسور ووڵاتی یەک نەتەوە کە عەرەبە ، تەنانەت دوو برا لەیەک ماڵا جێیان نەبێتەوە ئەبێ بیر لەوە بکرێتەوە هەریەکەیان ماڵی خۆی بۆ خۆی” هەرچەنە ئێمە و بنەماڵە و پارتی پاشکۆی نە براین و نە ئەشبین و ئەو پەیوەندییەش کە هەیە علوجە ،،وابزانم کات بەسەر بردن و خۆهەڵخەڵەتاننە ، با ڕاپرسییەکی جدی بکرێ کە باشتر نیە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ببێ بە هەرێمێکی سەربەخۆ ؟گومانم نیە زۆرینە ئەڵێت: بەڵێ ، پێچەوانەی ” بەڵێ” کەی ریفراندۆم کە قوڕی کرد بەسەر خەڵکا ، گەر هەرێمەکەی بنەماڵەش پێیان خۆش بوو ئەکرێ لبەو دوو هەرێمە کۆنفیدراڵیەکش بێتە کایە ، هەر چەنە ئەمە زۆر زەحمەتەچونکە بنەماڵە حاکمی موتڵەق نەبێ هیچ فۆرمێکی حوکمڕانی قبوڵ نیە..کاتی ئەوە هاتوە حیزب و لایەنەکانی ئەم دیو دێگەڵە بەرامبەر هەڕەشە و هەیمەنەتی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی پلات فۆرمێکی سیاسی دروست بکەن بۆ بیر بیر کردنەوە لەو بار و دۆخە ناهەموارەی هەیە کە دەسەڵاتدارانی هەولێر بەرپرسی یەکەمن لێی، نە لە ڕووی تەئریخی و نە جوگرافییشەوە توانراوە خەڵكی کورد و بنەماڵە پێکەوە هەڵکەن،،گەر خەتای ئێمەیە ئەوا بە دوو هەرێمیی ئەوان نەجاتیان ئەبێ لە دەستمان ، گەر خەتای ئەوانیشە ئەوا حوکمی بنەماڵە و پارتی پاشکۆیمان لە کۆڵ ئەبێتەوە ” خۆش بەختانە “… بۆ یەک جار بەدڵی داخوازی بنەماڵە بکەین و بۆ دوو هەرێم” ئیدارە” کار بکەین ، بەرکەوتنی ئێمە و ئەوان وەک سارد و گەرم هەر موسیبەتە بۆ خەڵک.ئەمە موقەدەری ئەم هەرێمەیە ،، با میدیا حیزبی و ئەهلیەکان لەناو خەڵکا ڕاپرسی بکەن کە بوونی هەرێمێکی سەربەخۆی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە چۆن ئەبینن ، گەر وەک هەڵبژاردنەکان تەزویری تیا نەکرێت ڕوون ئەبێتەوە کە دڵی خەڵک چی تیایە و زەرورەتی مێژوویی چی فەرز ئەکات بە سەرمانا ، خەڵک چی یاوە لەنەوت و ئابووری هەرێمێک کە بۆ ئەوان نەگبەتیە و بۆ بنەماڵە و پارتیەکی پاشکۆی نیعمەت بێ..؟ ڕەنگە داماوی وا هەبێت پرۆژەی هەرێمێکی سەربەخۆ بە “سلێمانچێتی ” لەقەڵەم بات ، بنەماڵەیەک بننەماڵەچێتی بکات ، پارتیەک پارتچێتی بکات ، کە تۆش دەمت کردەوە بڵێن ئەمە شارچێتیە ، بەڵێ لەم حاڵەتەیا تاسەرئێسقان شارچێتی خۆم ئەکەم کە بزانم بە قازانجی ئەو شارە بێ کە لەوەتەی هەیە قوربانی بوە بۆ ئەوانەی لەسەر حسابی ئەو درێژه بە ژیانیان ئەیەن ، بنەماڵەیەک بۆ یەک کەسی سەر بەخۆیان کە فەشەلی کرد ببێ بە سەرەک کۆمار ئامادەن دوو هەرێمی دروست بکەن ، ئەی منێکی بەش خوراوی گیرفان.
بڕاو بۆ مافی داواکردنی هەرێمێکی تایبەت بە خۆمم نەبێ کە بە جدی یەک هەرێمیی ماڵی وێران کردووم ..؟.بڕۆن لە خەڵک بپرسن خێر و بەرەکەتی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی بۆ خەڵکی سلێمانی تا ئێستا چی بووە؟ گەر یەک لاپەڕەی فلوسکاپیان پێ پڕ کرایەوە ، دیارە
مێژوو درۆیە..




مێشوولەکانی ئێوارە …. ھۆزار ئەحمەد

نزیکەی نیو کاژێرە، بەدیار شوعلەی لامپاکەوە گیرم خواردووە، دایکم پێم دەڵێت ھەر مێشوولەیەکت بینی بەم مێش کوژە، بیکوژە، منیش بێ دوودڵی، پێیاندا دەکێشم، ھەر دانەیەکم کوشت، ئەوا دایکمی لێ ئاگادار دەکەمەوە.
زۆر ھەوڵدەدەم بزانم کامەیان نێرە کامەیان مێیە، ئاخر مێیەکان میھرەبانترن ئەوان تەنیا خوێن دەمژن، بەڵام نێرەکان پێمان وەدەدەن، ھەر چۆنێک بێت ئێمە ئەوەندە خوێنمان ھەیە بەشی مێشوولەیەکی بچوکی بدەین، من سەرکێشیم دەکرد تاوەکو مێشوولەکە لە سەر پێستم دەنیشت، ئەگەر پێی وەدام ئەوا نێرە ئەگەر تەنیا خوێنی مژیم، ئەوا مێیە، منیش جۆر و شکڵی نێرەکە دەناسمەوە ئیتر دەکەومە قڕ کردنیان، بەڵام ئەو بیرۆکەیە دایکم بەرھەڵستی کرد و گوتی ماریا کچم ئەوان دوژمنی ئێمەن دووژمنەکانیش جۆریان ھەن ھەندێکیان سەرەتا ماندوت دەکەن وەک مێیەکان، دواتر بەشەکەی تریان دەتکوژن، قسەکانی دایکم دەچوو بە گوێکانم، منیش ئەو خەیاڵانەی کە ھەمبوون ناچار بە ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکانی دایکم دەکرد.

دایکم کتریە ئاوی گەرم کردووە، لەسەر کەرپوچێک دایناوە، ڕاڤین دوو ڕۆژە ھەڵامەت و کۆخە ڕەشەی گرتووە، ئیتر دایکم گووتی دەبێت سەری کتریەکە ھەڵبگرین و بەرماڵەکە بەسەر برایەکەم دابدەین و دەمی بکاتەوە تاوەکوو ھەڵمەکە دەچێتە نێو قوڕگی نەرمی دەکاتەوە، یارمەتی دەدا، لەکۆخەکەی تاوەکوو باشتر بێت، بەڵام ئەوە نزیکەی دوو کاژێرە بەسەر چارەسەریەکەی دایکم تێپەڕیوە ڕاڤیار ھێشتا دەکۆخێت، کاتێ دەکۆخێ دایکم ڕادەچڵەکێ، سەیری دەرگای حەوشەکە دەکا، لەپەنجەرەوە، منیش زۆر سەیر دەکەم، تاوەکوو لەو سەراسیمەیەی دایکم تێبگەم، ئاخر دایکم ئەو کاتانەی باوکیشم لەماڵە ھەروا پەرێشان حاڵە بۆ دەرگای حەوشە، منیش ھەمان خووی دایکمم گرتووە و لەگەڵی سەیری دەرگا دەکەم، خۆ دایکم ھەر لە کاتی کۆخینی برایەکەم، سەیری دەرگا ناکا، بەڵکو لەگەڵ تاودانی پشیلە زەردەکەش کاتێ باز دەداتە سەر تەنکی ماڵەوە دەنگ دێ دایکم بە پەلەداوان سەیری پەنجەرە دەکاتەوە، ئەو بۆ ھەر دەنگێک سەرێک لە پەنجەرە ھەڵدەکێشێ، با ئەوە نەشارمەوە کە پرسیاری ئەوەم لێکردووە بۆچی ئەوەندە لە دەرگا ڕادەمێنی، خۆ باوکم تا چەند ڕۆژی تر نایەتەوە، بەڵام ئەو پێم دەڵێ کە خۆم لە باسی گەورەکانم ھەڵنەقورتێنم، منیش بێدەنگ دەبم و حەز دەکەم گەورەبم و بزانم چی لە پشت ئەو دەرگایە ھەیە، لە دڵە خۆم نزا دەکەم دەڵێم خوایە ئەو دەرگایە بە شەو بکرێتەوە.

ھەموو بەیانیەک کاتێ دایکم ڕێگەمان پێدەدا بچینە کۆڵان دەچمە ئەو دیو دەرگاکە ھیچ نابینم، سەیر ئەوەیە دایکم ئەو کات ھیچ سەیری دەرگا ناکا، وەک ئەوە دەرگای شەوان، چاوەڕێی شتێک بکا، یا شتێک بخاتە ژوورەوە. چەند شەوێک بەر لە نەخۆشبوونی ڕاڤیار، کەسێک لە دەرگای دا، زۆر بەھێز لە دەرگای دەدا، بارانێکی بەخووڕ دەباری ئەو کات، دایکم لامپاکەی خامۆش کرد و من و براکەمی خستە ژێر جێگاوە گووتی ئێوە لێرە بن، کاتێ دایکم چووە دەرەوە، منیش ڕامکردە لای پەنجەرەکە، تیشکی ڕووناکی لە ھەورەکە بای ئەوەندە دەیتوانی بۆ ھەرکەسێک کە بیەوەی بە بێ فانۆس ڕێ بکا، بەر پێی خۆی ببینێت، چوون ئەو شەوانە مانگ لە پشت ھەورەکان پڕ ببوو، دایکم لە ژێر بارانەکە بینی، تا نزیک دەرگاکە گووتی ئەوە کێیە، دەنگێک ھەر ئەوەتە و گوێت لێدەبوو ھاتە بەرگوێم، گووتی منم شیرینی دراوسێتان، لەو شەوەوە زانیم ئەو شتەی لە پشت دەرگایەوەیە جێگای خۆشحاڵی دایکم نیە و بەڵکوو دەشێت ترسناک بێت، بەڵام دەمگووت نەء ھیچ شتێک ڕووینەدایە تا من بترسم ئێرە خۆ دەرگای دۆزەخ نیە، باوکم ھەموو جارێک بەو دەرگایە دێتە ژوورەوە، ئیتر بۆ دەبێ ئەو دەرگایەی باوکم پێیدا دەێتە ژوورەوە دەرگای دۆزەخ بێت.

ھەر ھەموو شەوێک لە پەنجەرەکەوە گوێم لە دەنگی لوورەی سەگەکانە، لەگەڵ دەنگی سیرکەی بایەکە تێکەڵ دەبن، دایکم دەڵێت ئەو سەگانە دوورن لێرە، کەچی بایەکە دەنگیانی لە ھەناوی خۆیدا بارکردووە و پێمان دەڵێن ھەموو زەویەکان ھێشتا ژیان بەردەوامە، ئەو بایانە پۆستەچین و نیشانەی ئارامی شوێنەکانی تری زەوین، بەڵام من دەترسم و ھەندێک جار وا گوومانم دەکرد، دایکم لە ترسی سەگەکانە، ئەوەندە چاودێری دەرگا بچوکەکەمان دەکات، بەڵام دایکم ھەمیشە قسەی جیاوازی دەکرد و منیش بەخۆمم دەگووت خۆ سەگەکان ناتوانن لەسەر دەرگا باز بدەن یا کڵۆمی دەرگاکە بکەنەوە، سەرم سوڕمابوو لەو ئاستە ھەستیاریەی دایەم، لە دڵی خۆمدا دەمگوت ئەو لە پاسەوانێک زیاتر ھیچ نیە، تەنانەت شەوێک بە ڕوویم دادایەوە، ئەویش گووتی بەڵێ من پاسەوانم و کلیلی بەھەشت لای منە.

من زۆر ڕقم لە دەنگی زیک زیکەیە، کەچی دایکم دەڵێ ئەو زیک زیکانە، پەیامی تاریکیە پێمان دەڵێن ھەستەکانمان
درۆزنن ئێوە لە نێو تاریکیش ھەر پارێزراون. منیش پێدەکەنم و لەدڵی خۆمدا دەڵێم ئەی بۆ ئەوەندە چاودێری دەرگاکە دەکەیت، بە ڕوومدا دەتەقێتەوە دەڵێ ھا ڕشکن بۆ پێدەکەنی، منیش دەڵێم خۆشم دەوێی دایکە پاسەوانەکەم، ئەو با ھەر ئەو قسانە بکات، بەس من حەز ناکەم دڵی دایکم بشکێنم، ئاخر زیک زیکەکانم خۆشناوێن، دڵنیام دایەم لەبەر ئەوە خۆشی لە زیک زیکەکان دێت، گەر دەنگیش لە پشت دەرگاکەوە بێت دەیەوێت وەک زیک زیکەکان خۆی نیشان نەدات، دایکم دەڵێت ئەو زیک زیکانە نزا دەکەن، ئەوە نوێژی تایبەتی ئەوانە، وەک ھەموو گیانداربکی تر بێجگە لە خواردن و خۆپاراستن، حەزیان بە ئاسوودەکردنی ڕووحیانە، ئەی ھەموو بەیانیەک دەنگی کەڵەشێرەکانی ماڵی مام سمایلی جیرانمان نابیستی، ئەی جریوەی چۆلەکەکان و ئاوازی کوختیەکانی سەر گوێسەبانەی ماڵەکەمان، ئەو دەنگانە مەتەڵی ڕووحن، دایکم دەیگووت ئاژەڵەکانیش یا ئەوەتا وەک مرۆڤ گوناھ دەکەن یا سوپاسگوزارن بۆیە نوێژ دەکەن، منیش گاڵتەم بە قسەکانی دەھات و پێم دەگووت ئەی خۆ ئاودەست شوێنێکی زۆر پیسە خۆ کەسێک دەچێتە ئاودەست پاشان دەبێت دەستنوێژ ھەڵبگرێتەوە، ئەی بۆ ماڵی سیسرکەکان نوێژ دەست نادات و خۆ ئەوان ھەر لە ئاودەست نوێژ دەکەن، کاتێک لە ئاودەست بووم ھەر سیسرکەیەک بھاتایە دەرێ بە قاچەکانم پانم دەکردەوە، کرتەیەکی دەھات، وامبیردەکردەوە ئەوە ئازاری سیسرکەکە نیە، بەڵکو کرتەی جەستەیەتی، کە زۆرم حەز لەو دەنگە بوو، ئەگەر ئازاری نەبێ ڕووحیان نیە جەستەکانیان، ئەوەم بە دایەم گووت ئەویش ھەڕەشەی لێکردم، جارێکی تر ئەگەر سیسرکەکانم کوشت لە وێیان جێ نەھێڵم بەڵکو بە نوکی نەعلەکەم بیانخەمە نێو کوونی ئاودەستەکە.

ڕاڤیار بۆ ساتێک چیە کۆخەی لێنەدەبڕایەوە، من و دایەم، زۆر خەممان بوو، دایکم گووتی دەبێت بیبەینە لای دکتۆر، ھەر ئەو کاتە قەمسەڵەی باوکمی لەبەر کرد و منیشی تووند پێچایەوە، جاجمێکی بچووکمان ھەبوو، قاوەیی بوو نەخشەکانی زۆر جوان بوو، بەڵام زۆر زبر بوو، دایکم لەشەوانی زستان وەکوو بەتانی بە ئێمەی دادەدا، بەڵام من دەمگووت دەبێت لە ژێریەوە بەتانیەکی نەرمم پێدابدەیت، دایکم دەیگووت ھی نەنکیەتی لە جۆرە-یەکی مەسیحی کڕیوە، کە وەک دێوەرە دەھاتنە گووندی مورتکە.

ڕاڤیاری بچوکی خستە باوەشی من، لامپاکەی کوژاندەوە و دەرگاکەی کڵۆم دا، دەرگای حەوشەی زۆر بەھێمنی کردەوە سەرێکی لە دەرەوە ھەڵبڕی و بەھەمان شێوە دەرگای حەوشەشی کڵۆم دا، ڕاڤیاری لە من وەرگرت و خستیە ژێر جاجمەکە، ئامۆژگاری کردم بە شوێن پێیەکانی ئەو دابڕۆم، باران بێ ڕەحمانە لە سروشتی خۆی بەردەوام بوو، ھەموو گیانمان تەڕ ببوو، ھەر نزام دەکرد خوایە باران نەمێنێ تا دێینەوە، لەگەڵ بارانەکە بایەکی بەھێز دەھات، منیش لچکی مەکسی دایکم گرتبوو، لە کووچەی کۆڵانەکە قاچی چەپەم خزی و خۆم بە دایەم گرتەوە، ئەو قسەی نەکرد، بە نیگای لۆمەکەر سەیری کردم. کارەبامان نزیک بە سێ ھەفتە نەبوو، تاوەکوو گەیشتینە بەردەم نۆرینگەی دکتۆر، دایەم ئەوەندە لە چواردەورەی خۆێ دەڕوانی، وەک ئەوەی کەسێک لە بۆسەمان بێت. دایەم زۆر بەھێز دەرگای ماڵی دکتۆری دەکوتا، دکتۆریش بەھەمان شێوەی دایکم بەر لەوەی دەرگا بکاتەوە گووتی ئەوە کێیە؟
– منم گولیزار.
– ئاخر ماڵت ئاوا بی، ئەوە وەختە ھاتووی.
– دکتۆر منداڵە بچووکەکەم نەخۆشە.
دکتۆر بەخێرایی دەرگای کردەوە و سەرێکی ھەڵبڕی لە دەرەوە، لەبەر خۆمەوە گووتم ڕەنگە دکتۆریش چاودێری ئەو دەرگایە بکا وەک دایکم.
– ئاخر پێم ناڵێی بەو کاتە بۆچی ھاتووی، خۆ ھێشتا دەڵێن لە گەڕەکە.
– بمانبوورە دکتۆر ڕاڤیار زۆر نەخۆشە، ڕەنگە ئێستا ڕۆیشتبێت، شەش سەعات بەسەر ھەواڵەکە تێپەڕیوە.
– ئەی سامان ھیچ خەبەری نیە؟
– ناوەڵا لەو کاتەوەی ھاتوەتەوە لە شاخ، ئەو ھەواڵەی بڵاوبوەتەوە گوایە ئەو لەگەڕەکە، سامان خۆی وون کردوە.
– دەی ئینشالا زوو دێتەوە.
لە ژوورەوە قوڕگی براکەمی تۆزێک کووشی، فانۆسەکەی بڵند کرد و سەیری نێو گەرووی کرد.
گووتی:- گەروەستورەی گرتووە، ئەو شڕوبە ببەن ھەموو جەمێک سەرێکی پێبدەن و ئیستاش با سەرێک فڕ بکات و جوان دایپۆشن با سەرمای نەبێتەوە.
بارانەکە نەمابوو، سەیری ئاسمانم کرد، ساماڵ بوو، مانگ خڕ خڕ خۆی دەرخستبوو، ھەموو شوێنێک تەڕ دیار بوو، بەڵام بایەکی زۆر ساردی دەھات، دکتۆر ئێمەی بەڕێکرد و بەھێواشی دەرگاکەی داخست، تاوەکوو گەیشتینەوە ماڵەوە ھەموو قاچەکانمان ببووە قوڕ و لیتە، دەرگای حەوشەمان داخست و بۆ دواجار بەر لەوەی شڕوبەکە بداتە ڕاڤیار و لامپاکە بکوژێنێتەوە، سەیری دەرگای حەوشەی کرد و ئینجا خەوتین، منیش لە ژێر جێگاکەمەوە، بیرم لە قسەکانی دکتۆر و دایەم کردەوە دەبێت ئەو کێ بێت، باوکم لە بەر ئەو ڕۆیشتووە! نزام کرد باوکم سەلامەت بێ، بۆ دواجار ھەستم کرد ئەو- ئەو شتەیە دایکم لە پشت دەرگاکە چاودێری دەکا.
بەیانیەکەی ڕۆیشت و نیوەڕۆش ڕۆیشت و دوای ئێوارە بارانێکی زۆر بە ھێز دایدەکرد، دڵۆپی بنمێچەکە زیاتر و زووتر تەشتەکەی ژورەوەی پڕ ئاو کرد، دایەم دەیگووت دەبێ زوو ئاوەکەی نێوی بڕێژین ئەگەر نا ژوورەوە پڕ ئاو دەبێت، ھاشەی بایەکەی دەرەوە بەردەوام دەرگای حەوشەی دەلەقاند و چەندین دەنگی جۆراو جۆر ئەمشەو دەھات دایەم لەھەموو شەوێک زیاتر پەرێشان و وریاتر بوو، کەمێک بەر لە ئیستا زۆر بەھێز دەکێشرا بە دەرگامان، دایکم چوو دەرگا بکاتەوە،
مام سمایلی جیرانمان بوو، کە ھاتە ژوورەوە زۆر بەخێرایی لەگەڵ دایکم ھاتنە بن ھەیوانەکە،
مام سمایل گووتی:- ئەوان چەندین پێشمەرگەیان گرت دوای ئێوارە.
دایەم دەپاڕایەوە:- تخوا مام سمایل لەگەڵ خۆت بمبە بۆ دەوروبەری مەنزومە، بەڵکو سۆراغێکی سامان بکەین..
مام سمایل قایل بوو، دایکم ھاتە ژوورەوە، چاوەکانی بەرەو ئاسمان بڵند کرد و بە سینگی خۆی کێشا و نزای کرد:- یاڕەبی خوایە ئیبراھیم خانەقینی وەک سەگ بتۆپێنیت…
ھەر زوو گوتی ماریا کچە بچکۆڵانەکەی خۆم، ئاگات لە ڕاڤیار بێ، زوو دێینەوە، دەرگا لەکەس مەکەوە تاوەکوو نەزانیت کێیە، سۆباکە کز بکەن و یاری بە ئاگر مەکەن، لەگەڵ مام سمایل ڕۆیشتن.
منیش ئیستا ئەو قسانە بۆ ڕاڤیار دەکەم و مێشوولەکان چتر ناکوژم، تەنیا ھەلیاندەفڕێنم و لە ڕاڤیار دەپرسم، ئیبراھیم خانەقینی کێیە؟ ئەویش ھەر یاری بە شەق شەقەکەی دەکا و لە ناکاو دەنگی زیک زیکەیەک دێت ئەو بەتەواوی ھاتوەتە نزیک ئێمە، دەعبایەکی ڕەشە باڵەکانی دوو ئەوەندەی لەشیەتی، کە ڕووناکی فانۆسەکەی نزیک دەخەمەوە بێدەنگ دەبێت.




بۆ نادیە موراد بو بە پەیامبەری دەنگی قوربانیانی کارەساتی شەنگاڵ..؟ … موزەفەر عەبدوڵا

بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی جیهانی بۆ ئاشتی بە نادیە موراد ،کە خۆی قوربانیەکی کارەساتی خەڵکی شەنگاڵ بوو، لە هەفتەکانی ڕابردوودا بۆتە یەكێک لە ڕوداوە گەورەوگەرمەکان و جێگای پرسوڕای گشتی.
ئەم ڕوداوەش جارێکی تر تاوانو کارەساتی کۆمەڵکوژی خەڵکی شەنگاڵ و ناوچەکانی دەوروبەری کردەوە باسو بابەتێکی گەرمی هەنوکەیی .هاوکات بونی ئەم کچەش کە بۆتە هێما و پەیامبەرو قارەمانی ناو ئەو خەڵکە ستەملێکراوەوکارەساتەکە زیاتر بۆتە خاڵی ململانێیو پرس و راگۆڕینەوە بە لایەنگری ونەیاری.

ئەگەر چی نادیە موراد بەهرەمەندە لە گەورەترین پشتیوانی بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی ئینسانی لە ئاستی دونیا بەڵام هاوکات بۆتە جیگای بێڕیزی و سوکایەتی سیاسی و شەخسی بە تایبەتی لە لایەن کەسانی خاوەن ئایدیۆلۆژی ئیسلامی و قەومی و خێڵەکییانە لە کوردستان.تەنانەت تاکو تەرا کەسانیک کە خۆی بە ئازادیخوازو یەکسانیخوازو چەپ دەزانێت بەهۆی دەمارگیری ئایدیولۆژی و پێوەری هەمو ڕوداوەکانو کەسایەتی یەکان بە بێژنگی ئایدیۆلۆژی خۆی پێی خزاوەتە ئەم سوکایەتی کردنەوە.زیاتریش بەبەهانەی وەرگرتنی خەڵاتەوە کە ئەمە خەڵاتی دەزگایەکی بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی یە.بەم بەهانەیەوە ئەوەیان لەبیر چوە کە کرۆکی پەیامو ئەرکەکەی نادیە موراد وەک قوربانی و پەیامبەرێکی ئەم روداوە کارەساتبارە چی یە.

بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆ لە نێو هەمو ئەو خەڵکەی کە بە شیوازی جۆراوجۆر بونە قوربانی نادیە موراد بوو بە پەیامبەری جیهانی دەنگی راستەقینەی ئەو خەڵکە ، لە کاتێکدا ئەو کۆمەلگایە کەسانی سیاسی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیر ی و داکۆیکاری مافەکانی ژنان و مافی مرۆڤ تیدابوە ؟!؟

بۆ وەڵامی سادەو کورتی ئەم پرسیارە وا پێویست دەکات ئاماژە بە چەند ڕاستی یەکی سیاسی و میژویی بابەتی بدەین بۆ زیاتر ڕۆشنکردنەوەی پرسەکە.
بەر لەهەر شتێک پێویستە ئەوە بڵێم کە من راوبۆچونم لەسەر ئەو کارەساتەو پیویستی بونی کەسانی وەک نادیە دابو تا ببنە پەیامبەرو نوینەری دەنگی راستەقینەی قوربانیانی ئەو کارەساتە لە وتارێکی ٣ ساڵ لەمەوبەر بەناوی کێ دەبێتە ئەننا فرانکی شەنگاڵ کە هێشتا خودی نادیە موردا وەک پەیامبەرێکی ئەمرۆ دەرنەکەوتبو . ئەوکات لە برگەی سەرەتاوە نوسیبوم کە : زۆر جار لە ڕوداوە گەورەکاندا، جا چ ڕاپەرین و شۆڕشەکان بیت کە ئومێدو هیواو ویستی گەورە بە مرۆڤەکان دەبەخشێت بۆ گۆڕانکاریو وەرچەرخان ،یا خود کارەساتە مرۆڤیی یەکان بێت کە بێ ئومێدی و بێ هیوای و بێ توانایی بەدوادا دێت ،کەسانێک دەبن بە قارەمان و مێژوویی ئەو ڕوداوانە دەنوسنەوەو دەگێڕنەوە کە بە واقعی لەگەڵیدا ژیاون.وە ڕەنگە هەرگیز بە خەیاڵی خۆیاندا نەهاتبێت ئەم کەسانە دەبنە ئەم پەیامبەرو قارەمانە میژووییانە.
بۆ نمونە لە دەورانی سیستەمی کۆیلایەتی کێ پێشبینی ئەوەی کردەوە کە سپارتاکۆس دەبێتە پەیامبەرو قارەمانی خەباتی ئازادی بۆ کۆیلەکان .

یاخود لە میژویی نوێدا کێ پێشوەخت پێشبینی کردەوە کە ماندیلا ناوێک دەبێتە هێماو پەیامبەرو قارەمانی خەباتی دژی رەگەزپەرستی لە هەمو ئەفریقا..!
یاخود کێ پێش بینی ئەوە دەکرد کچەمناڵیکی وەک ئەننا فرانک کە لە ترسی فاشی یەکان لە چاپخانەکەی باوکی دوو ساڵ خۆیان شاردەوە بەلام بە نوسینەوەییاداشتە رۆژانەیی یەکانی توانی لاپەرەکی گەورە لە مێژووی ستەمو چەوسانەوەی ئەو دەورانەی ئاشکرا بکات .و وەک دوای کارەساتەکەش ببێتە یەکیك لە هیماو پەیامبەرە قارەمانەکانی ئەو کارەساتە…!
یان کێ پێشبینی دەکرد لاوێکی وەک محمد بوعەزیزی کاسبکاری هەژار لە دژی ستەمو چەوسانەوەی دەسەڵاتی بن علی لە تونس ئاگر لە جەستەی خۆی بەرداو ئەو ڕوداوەش بێیتە مەشخەڵی چەند ڕاپەرینی گەورە لە چەند ووڵات و چەند دەسەڵاتی سیاسی سەرکوتگەر بڕوخێنێت..!

ئەمانەو دەیان نمونەی زیندویی تری سیاسی و مێژویی دەکرێت وەک بەڵگە ئاماژەی پێ بکەین لە وەڵامی ئەم پرسیارە کە بۆ نادیە مورادێکی گومناو بوو بە پەیامبەرێکی جیهانی دەنگی راستەقینەی خەڵکی قوربانی کارەساتی شەنگاڵ.

جا ئەوانەی ناوەڕۆکی روداوەکان و دەرکەوتنی پەیامبەرو رابەرو قارەمانەکانی کە لە بۆتەی ئەو کێشەو ململانێ یانەوە دێنە دەرێو کرۆکی پەیامەکەیان نابینن ئەوە تەنها لە روانگەی ئایدیۆلۆژیایەکی رووتی خۆیانەوەروداوو ململانی و کارەکتەکانی وهەڵدەسنگێنن . جا ئەوانە یان خاوەن ئایدیۆلۆژیایەکی فاشستین یاخود زۆر دەمارگیرانە لەو ئایدیۆلۆژیایە گەییشتون .
کاتێک هەر کەسێکی ئیسلامی یاخود بەهەر پلەیەک بروای بە ئاینی ئیسلام بێت بەڵام بەهۆی ئەوەی نادیە موراد سەربەباوەری دینی ئەو نی یەو سوکایەتی و بێریزی ئەخلاقی و شەخسی پێ دەکات ئەوە جگە لە دەمارگیرێکی فاشی هیچی تر نی یە.

کاتێک کوردزمانێک کە بەو هۆیەی نادیە موراد بە کوردی قسەی نەکردوە یاخود ناسنامەی کوردایەتی بۆ خۆی دانەتاشیوە و بگرە بڕوای بە ناسنامەیەکی ترە و سوکایەتی و بێ ڕێزی ئەخلاقی پێ دەکەن ئەوە ئەو کەسانە بێگومانە خاوەن باوەڕێکی دەمارگیری قەومی فاشین.
نادیە موراد پێویستە ئازاد بێت لەوەی بە چ زمانێک قسە دەکاتو بیروباوەری چی یە .

هیچ کەس مافی ئەوەی نی یە بە بەهانەی زمان و بیروباوەرو کەلتور ،و تەنانەت هەتا بۆ ئەو خەڵاتەی وەرگرتوە بێ ڕێزی پێبکات. بێڕێزی کردن بە نادیە موراد بێڕێزی کردنو سوکایەتی کردنە بە خودی کارەساتی شەنگال و قوربانی یەکانی .
ئەو لەبەر زمان و بیروباوەرو کەلتور نەبۆتەپەیامبەرو قارەمانی ئەو کارەساتە نەخیر هەرگیز…! بێگومانە ئەوانە هۆکارێک بونە بۆ کۆیلەو قوربانی بونەکەی .بەڵام ئەوەی ئەوی کردوە بە پەیامبەرو قارەمانی ئەو روداوەکارەساتبارە بە پلەی سەرەکی لەبەر ئەوەیە کە ئەو خاوەن ئیرادەو ئامادەیی و قوربانی ئازادانەیە لە پێناوی گەیاندنی کرۆکی ئەو کارەساتە بە ڕای گشتی ئازادیخوازی جیهان .

بۆیە ئەگەر لەم گۆشە نیگایەوە سەرنجی کارەساتو قوربانی یەکانی خەڵكی شەنگال و خودی ڕۆڵ و ئەرکو پەیامەکەی نادیە موراد بدەین ئەوە بەو ڕایە دەگەین کە ئەو بەڵێ ئەمڕۆ لە نێو دەیان هەزار کەسی قوربانی ،و تەنانەت ئەوانەی لەناو ڕیزەکانی حزبەکانی کوردایەتیو خێڵەکیەکاندان و خاوەن بڕوانامەو سیاسەتمەدارن، بەڵام نادیە بۆتە هێماو پەیامبەرو قارەمانی ئەو خەڵکە قوربانی یە.
بەڵێ ئەوەی ئەم قوربانی یەی کردە پەیامبەرو قارەمانی کارەساتی شەنگال تەنها ئیرادەو ئامادەیی و عەزمو جەزمی ئینسانی خۆی بوو.خۆ ئەگەر هەر کەس و لایەن و دەزگاو دەوڵەتیکێش لە پشتی ئەو ڕوداوە هەر مەبەستو بەرژەوەندیەکییان هەبێت ، کە بیگومانە زۆریان هەیانە ،ئەوە هیچ لە پێگەو ڕۆڵو ئەرک و پەیامەکەی نادیە کەم ناکاتەوەو نابێت کەم بکریتەوە.

١٤-١٠-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا
———————————-
تیبینی. :
ئەم بابەتەی پرس و ڕای هەفتانە لە بڵاوکراوەی ژمارە۳۸ ی بۆپێشەوەدا بلاوکراوەتەوە کە۱٥_۱٠_۱۸ دەرچوە.




وارێ مە … ڕۆستەم خامۆش

وارێ مە

وارێ مـە گەلەک جوانـە
نـاڤـێ وێ کـوردسـتـانـە

وارێ مــە جــهــێ ژیـنـە
قەشـەنگ و پڕ ئـەڤـیـنـە

وارێ مــە بـــاخێ گـــولا
خـۆشـتــەڤـــی لبــەر دلا

وارێ مــە زۆر شـیـریـنـە
هــەمـی دەمـا ڕەنـگیـنـە

 ڕۆسته‌م خامۆش



مه‌كسیم گۆرگی – تۆێژینه‌وه‌ له‌مه‌ڕ ِژیان و داهێنانه‌كانی … وەرگێڕانی: خاڵه‌به‌كر


لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە – 2005
…………………

بەشی یەکەم……..

مه‌كسیم گۆرگی له‌28ی ئاداری1868له‌نیجنی نوفغورد وه‌ك هه‌موو له‌دایك بوویه‌ك چاوه‌كانی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌.ساڵی1872ش مه‌كسیم سافاتیش_ی باوكی به‌هۆی نه‌خۆشی كولێراوه‌”ئاوڵه‌”ده‌مرێت و ما ڵئاولێده‌كات_برباره‌فاسیلفنا_ی دایكیشی به‌هۆی مردنی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌”باوكی گۆرگی”ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كن ماڵی باوانی”فاسیلفیتش كاشرین”له‌ نیجی نوفغورد.باپیره‌ی گۆرگی له‌و ده‌مه‌دا خاوه‌نی كارگۆگه‌یه‌كی بۆیاخ بوو. ژیانی دایكی گۆرگی له‌ ماڵی باوانیدا هێنده‌ی نه‌خایاند، هه‌ر زۆر زوو ماڵ ئاوایی له‌ژیان و گۆرگی كرد. كاشیرین_ی باپیره‌ش بژێوی گۆرگی گرته‌ ئه‌ستۆی خۆی به‌گوێره‌ی ئه‌و خواستو ویسته‌ی كه‌خۆی پێی قایل بوو، خستیه‌ ژێر ڕكێفی خوێندن، ئاكولینائیفانوفاكاشیرینا_ی دایه‌ گه‌وره‌ی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاو كۆششی خۆی خسته‌ گه‌ڕ له‌پێناو په‌روه‌رده‌كردنیدا. ژیان و ده‌رامه‌ت و گوزه‌رانی باپیره‌ی ڕووی له‌سه‌ختی كرد لێ له‌ته‌ك دایه‌ گه‌وره‌یدا هه‌ستی به‌ئاسووده‌یی ده‌كرد هه‌ستی به‌وه‌ش ده‌كرد كه‌ ئافره‌تێكی ژیرو ووریاو. خۆش گوفتارێكی بێ هاوتایه‌ له‌ته‌ك ئه‌مانه‌شداخۆش نوادێكی میللی بوو شاره‌زاییه‌كی ته‌واویشی له‌مه‌ڕ ئه‌فسانه‌وگۆرانی وحیكایه‌ت خوانیدا هه‌بوو، به‌هۆشمه‌ندیه‌وه‌ ئه‌مانه‌ی بۆ كوڕه‌زاكه‌ی باس ده‌كردو ده‌گێڕایه‌وه‌.

پاشان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك گۆرگی له‌پێناو دابین كردنی بژێودا شوێن گۆڕكه‌ی له‌شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر ده‌كرد،ئه‌و كارو پیشانه‌ی چنگی ده‌كه‌وت به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر هیچیان سه‌قامگیرو جێگیر نه‌ده‌بوو، ده‌مێك كاری ده‌رگاوانیی ده‌كرد، ده‌مێك به‌ شه‌وان پاسه‌وانی ده‌كرد، ده‌مێك ده‌بووبه‌نانه‌وا، ده‌مێك له‌ویزگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ردا ده‌بوو به‌بارهه‌ڵگر،هه‌موو هاتووچۆیه‌كیشی له‌نێوان ” نیجنی و قازان دا”بوو، له‌قازان _یشه‌وه‌ بۆ بنكه‌كانی ڕاوه‌ ماسی له‌سه‌ر ڕۆخ و كه‌ناره‌كانی ده‌ریای خه‌زه‌ر، له‌نێوان به‌رداشی بارودۆخی ئه‌م ژیانه‌ سه‌خت و ناهه‌مواره‌دا كه‌سایه‌تی گۆرگی ڕووی له‌ به‌هێز بوون وپته‌و بوون كرد، تاوه‌كو له‌بۆته‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێزدا خۆی بینیه‌وه‌، رۆژ به‌ڕۆژ شاره‌زایی و هه‌ڵسو كه‌وتی به‌ره‌و هه‌وراز گه‌شه‌ی ده‌كرد، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌ته‌ك جه‌ماوه‌ردا، ساڵی1884به‌ره‌و قازان ڕێی گرته‌به‌ر ئه‌مه‌ش هانده‌رێك بوو بۆ گۆرگی كه‌ تێكه‌ڵ به‌لاوانی ڕۆشنفكروشۆڕشگێڕ ببێت، هێدی هێدیش خۆی له‌ته‌ك ئه‌ده‌بی شۆڕشگێڕیدا قاڵ بووكرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ساڵی 1891بۆ یه‌كه‌مین جار به‌پێ سه‌رتاسه‌ری ڕوسیای ته‌ی كرد، هه‌ر له‌”فۆڵگا”ی پان و به‌رینه‌وه‌ پاشان به‌ره‌و “نیجنی وتسارتسین”ملی نا، كه‌پێشتر به‌”ستالینگراد” ناوزه‌ند ده‌كرا، پاشان به‌ره‌و ناوچه‌ی”دۆن” ڕێی گرته‌به‌ر پاشان سه‌رله‌نوێ ڕووه‌و ناوچه‌كانی “دۆن و ئۆكرانیا و باسارابیا”ڕێی گرته‌به‌رتا گه‌یشته‌ كه‌ناره‌كانی “دانۆب”، پاش ئه‌م گه‌شته‌ش ڕۆخه‌كانی ده‌ریای ڕه‌ش_ی هه‌موو ته‌یكرد، ئنجا به‌ره‌و “ئۆدیسا”ملی نا، “قه‌ره‌م و كۆبان ” و ناوچه‌ی” تفیر” ی جێهێشت تاوه‌كو به‌ناوچه‌ شاخاویه‌كانا گه‌یشته‌”ته‌فلیس”ی پایته‌ختی جۆرجیا. له‌م هه‌موو ڕێ كردنانه‌دا نكوڵی له‌ كار كردن نه‌كردو پاشگه‌ز نه‌بۆوه‌، له‌كێڵگه‌و ڕێگه‌و بانه‌كاندا سه‌پانی و بارهه‌ڵگری بۆ جوتیاره‌كان ده‌كرد ، ئه‌م گه‌شته‌ش له‌ لای گۆرگی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سه‌یه‌كی به‌سوودو چڕوپڕی داهێنانی له‌لا دروست و گه‌ڵاڵه‌ ببێت. هێنده‌ش به‌سه‌ ئه‌گه‌ر بێت و بڵێین به‌رهه‌مه‌كانی گۆرگی هه‌ر له‌ “ماكسارجۆدراو، گلگامش و،ئیزرغیلی پیره‌و، ویملیان بیلای و، ده‌ره‌نجامه‌كان و ، چه‌ندینی تریش له‌و شێوه‌یه‌، كه‌له‌ژیانی گۆرگی دا بوون به‌ بنه‌مایه‌ك له‌و گه‌شته‌دا، ئه‌و گه‌شته‌ش له‌ به‌هاری 1891وه‌ تاوه‌كو كۆتایی پایزی خایاند .
ئه‌مانه‌ش وای له‌گۆرگی كرد كه‌ ژینبه‌ندی مناڵی و هه‌رزه‌كاری خۆی له‌ یه‌كێ له‌ هه‌ره‌ به‌رهه‌مه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كانیدا له‌زنجیره‌ چێرۆكی”مناڵی” له‌ساڵی1913، وه‌هه‌روه‌ها چیرۆكی “له‌نێوان خه‌ڵكانا”ساڵی1916، وه‌چیرۆكی”كۆبه‌نده‌كانم”ساڵی1923به‌رجه‌سته‌ بكات. ئه‌م چیرۆكانه‌ش بوونه‌ هۆكارو بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی بۆ پێناسه‌ كردن و ناساندنی پێشكه‌وتنی ئه‌ده‌بی گۆرگی، به‌های بێ هاوتای به‌گۆرگی لاو و هه‌ڵقوڵاوی نێو گه‌ل و جه‌ماوه‌ر به‌خشی. جگه‌ له‌مه‌ش گۆرگی له‌ چیرۆكه‌ درێژه‌كانیدا سه‌ره‌ڕای گرنگی به‌تابلۆ هه‌میشه‌ییه‌كانی ژیانی منداڵی،ژیانی ڕوسیای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می ئه‌و سه‌رده‌مه‌شی ده‌خسته‌ نێو تابلۆ ئه‌ده‌بیه‌كانیه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاستگۆیانه‌ له‌ته‌ك ژیان و بارودۆخی هه‌ژارو بێ ده‌رامه‌ته‌كانی ئه‌و ده‌مه‌دا مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد، ئه‌و هه‌ژارو بێ ده‌رامه‌تانه‌ی كه‌ نێوی نابوون “پاڵه‌وانه‌ ساكاره‌كان” .

چالاكی و جموجۆڵی گۆرگی له‌ شۆڕشدا.

له‌و ده‌مه‌دا كه‌ گۆرگی له‌”قازان” بوو واته‌ له‌ ساڵی 1884دا،كه‌ به‌زێدو بنكه‌ی ئیشكردنی(وه‌كوكار) ده‌زانی، ترس و گومانێكی سه‌باره‌ت به‌كۆبونه‌وه‌كانی هه‌ڵقه‌ ڕۆشنبیرییه‌كانی لاوانی شۆڕشگێڕی شاره‌كه‌ لا دروست بوو بوو ،ئه‌وه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی شۆڕشگێڕی له‌ نێو جوتیاره‌كانی ناوچه‌ی “ڤۆڵگادا” له‌ساڵی 1888 بڵاوبكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ “نیجنی نوفغورد” ساڵی 1889گۆرگی بۆ یه‌كه‌م جار ده‌ستگیر بكرێت به‌گومانی ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌سێكی گێره‌شێوێن و ئاژاوه‌گێڕه‌، پاشان خرایه‌ ژێر چاودێریی ووردی پۆلیسه‌وه‌، پاش ئه‌م ڕوداوه‌ش گۆرگی له‌10ی كانونی دووهه‌می1905 به‌یاننامه‌یه‌كی شۆڕشگێڕی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی هاندانی جه‌ماوه‌ر بوو به‌ بره‌ودان به‌ ڕاپه‌ڕین و به‌رپاكردنی شۆڕش و نه‌هێشتن و كۆتایی پێهێنانی حوكمڕانی ده‌سه‌ڵاتی”نیقۆلای دووه‌م”،چونكه‌ به‌فه‌رمانی ئه‌و له‌ 9ی كانونی دووهه‌مدا دارو ده‌سته‌كه‌ی به‌ته‌قه‌كردن به‌ره‌نگاری خۆپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری هێمنانه‌و ئاشتی خوازانه‌ بوونه‌وه‌. ئاكامیش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتدارانی قه‌یسه‌ر گۆرگی بگرێت و مه‌حكومی بكات و له‌قه‌ڵای “بترۆبافلسكایا” زیندانی بكات. ئه‌م كاردانه‌وه‌یه‌ی قه‌یسه‌ر ده‌ربڕینێكی توندی جه‌ماوه‌ری نێو ڕوسیاو جه‌ماوه‌ری ئۆروپاشی گرته‌وه‌، قه‌یسه‌ریش له‌ حه‌نای ته‌وژمی ئه‌م ناڕه‌زاییه‌دا به‌رگه‌ی نه‌گرت و به‌رگری پێنه‌كراو ناچاركرا گۆرگی ئازاد بكات .

جموجۆڵ و چالاكیه‌كان وای له‌ گۆرگی كردبوو كه‌نه‌زانێت سره‌وتن چیه‌، له‌مۆسكۆ له‌ده‌ماوده‌می به‌رپابوونی شۆڕشی 1905شوقه‌كه‌ی ببوو به‌بنكه‌ی دابینكردنی چه‌كو ته‌قه‌مه‌نی سه‌ره‌ڕای دروستكردنی قومبه‌له‌ی ده‌ستیش تیایدا بۆ كرێكارانی شۆڕشگێڕ، هه‌وڵ و كۆششیش هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بوو بۆ كڕینی زیاتر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، هه‌ر له‌و ده‌مه‌شدا له‌ “بترسبۆرگ” بۆ یه‌كه‌م جار چاوی به‌ لێنین كه‌وت ، وه‌ له‌ساڵی1906وه‌ تاوه‌كو ساڵی 1913له‌ مه‌نفاو ده‌ربه‌ده‌ریدا ژیان و گوزه‌رانی به‌ سه‌ر ده‌برد به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت و توانای هه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕوسیا، ئه‌وه‌ بوو له‌ ژێر جه‌خت و ڕای گشتی نێو ده‌وڵه‌تیدا له‌31ی كانونی یه‌كه‌می1913دا ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ر دادگایی كردنی گۆرگی ڕاگرت و هه‌ڵیپه‌سارد.

گۆرگی و ئكتۆبه‌ر.

گۆرگی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی شۆڕشی ئكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵ و كۆششێكی خۆی له‌ پێناو یارمه‌تی و هاریكاری كردنی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێتی و خوڵقاندن و به‌رپا كردنی شۆڕشێكی سۆسیالیستی نوێ خسته‌ گه‌ڕ، هه‌ستا به‌دامه‌زراندنی لیژنه‌یه‌ك بۆ هاریكاری كردنی زانایان و پسپۆران و شاره‌زایان له‌ پێناو بنیات نانی بنكه‌یه‌كی “ئه‌ده‌بی جیهانی”بۆ په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌، وه‌هه‌روه‌ها گۆڤارێكیشی به‌ناو نیشانی “كارگه‌ران” بڵاو كرده‌وه‌.

وه‌ئه‌و ده‌مه‌ی گۆرگی ژیانی له‌ مه‌نفادا ئه‌گوزه‌ران و به‌سه‌رده‌برد په‌یوه‌ندیه‌كی توندو تۆڵ و ئێجگار پته‌وی به‌ ده‌ڤه‌رو ووڵاته‌كه‌یه‌وه‌ هه‌بوو، وه‌ رۆژ به‌ رۆژ عه‌وداڵ و په‌رۆشی هه‌واڵ و ده‌نگ و باس و وه‌دوا چوون و چۆنێتی پێشكه‌وتن و به‌ره‌و پێشچونی نوسه‌ره‌ لاوه‌كان بوو.له‌ هه‌مان كاتیشدا گۆرگی له‌ مه‌نفا بوو به‌ نوێنه‌ری ڕۆشنبیری وڵاتی سۆڤێت، وه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا بوو به‌دوژمنی سه‌رسه‌ختی سه‌ره‌كیی كۆنخوازو دوژمنانی شۆڕش له‌ هه‌ر چیزه‌و شێوه‌یه‌ك بووبن.

***
بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئێرەبکەن ……

سه‌رچاوه‌:دراسات ادبیه‌ دكتۆر جلیل كمال الدین چاپی یه‌كه‌م ساڵی 1985 ل114،111




نامەی گروپێك له‌ ژنانی كورد له‌هه‌موو شوێنێكی جیهانه‌وه‌ بۆ نادیە موراد

بۆ به‌رێز نادیه‌ موراد سه‌فیری نیه‌ت باشی و كه‌رامه‌تی قوربانیانی بازرگانیكردن به‌مرۆڤه‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی.
ژنانی كورد ده‌ست خۆشیت لێت ده‌كه‌ن و شانازی به‌ ده‌سته‌كه‌وته‌كانته‌وه‌ ده‌كه‌ن.

سه‌ره‌تا ئێمه‌، ئه‌وانه‌ی له‌خواره‌وه‌ ئیمزامان كردووه‌، له ناخی‌دڵه‌وه‌ پیرۆزبایت لێده‌كه‌ین. پیرۆزبایی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و له‌و بڕوایه‌داین كه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ دانپێدانانێكی گه‌وره‌یه و ‌ ‌پڕواپڕ شایسته‌ی ئێوه‌یه‌. هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌ لیژنه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ ده‌كه‌ین كه‌ له‌كاتی خۆیدا بڕیاڕێكی حه‌كیمانه‌ی داوه‌ به‌به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ نادیه‌ موراد. ئێمه‌ خۆشحاڵین به‌وه‌ی به‌ڕێزتان له‌گه‌ڵ كه‌سێكی وه‌ك دكتۆر دێنیس موك وێگه‌دا خه‌ڵاته‌كه‌ به‌شده‌كه‌ن. دكتۆر دێنیس بێ پسانه‌وه ‌ ته‌مه‌نی خۆی له‌دژی به‌كارهێنانی توندوتیژی سێكسوالی به‌سه‌ربردووه‌‌، كه ‌وه‌ك چه‌كێك له‌جه‌نگه‌كاندا لایه‌نه‌كان له‌دژی یه‌كتر به‌كاریده‌هێنن.
ئێمه‌ ستایشی‌ ئازایه‌تیه مه‌زنه‌كه‌ت ده‌كه‌ین كه‌ بێ ترس چیرۆكی خۆت و چیرۆكی ژنانی كوردی ئێزیدیت بۆ جیهان گێڕایه‌وه‌، دیاره‌ به‌مه‌ش تۆ نه‌ك ته‌نها چیرۆكی ژنانی ئێزێدیت هێنایه‌ به‌ر باس و ئاشكراكردن، به‌ڵكو له‌هه‌مانكاتیشدا تیشكت خسته‌ سه‌ر ئازار و چه‌وساندنه‌وه‌ی میلۆنه‌ها ژن له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌. ئێوه‌ ته‌نها تاوانه‌كانی داعش و هێرشه‌ سێكسوالیه‌ فروانه‌كانیانتان بۆ سه‌ر ژنان ئاشكرا نه‌كرد، به‌ڵكو ڕۆشنایه‌كی وه‌هات خسته‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، كه‌ له‌وه‌و پێش كاری وه‌ها نه‌كراوه‌، به‌جۆرێك ئه‌م بابه‌ته‌ت هێناته‌ سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو تاڵیه‌ك و له‌ده‌ستدان و ئێش و ئازارێك كه‌ به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی چه‌شتوته‌، كه‌ ئازارێكی خه‌یاڵنه‌كرده‌یه‌، تۆ هه‌ر ڕاشكاوانه‌ وه‌ستایت و شكۆدارتر مایته‌وه‌. تۆ سمبول و ئایدیالی هیوابه‌خشینیت به‌ ژماره‌یه‌كی بێ شومار له‌ژنان له‌جیهاندا. ژنانێك كه‌ ڕۆژانه‌ و به‌رده‌وام ده‌فڕێندرێن و بازرگانیان پێوه‌ده‌كرێت، ده‌ستدرێژیان ده‌كرێته‌ سه‌ر ، توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و ده‌كوژرێن.
ئه‌م چالاكیه‌ ناوازه‌یه‌ی ئێوه‌ هیوای به‌خشی به‌و ژنانه‌ی تاوانیان ده‌رهه‌ق كراوه‌، ئه‌وانه‌ی هیواخوازكرده‌وه‌ كه‌ تاوانبارانی توندوتیژی دژی ژنان سزای خۆیان وه‌ربگرن. ئه‌م چالاكیه‌ ناوازه‌یه‌ی ئێوه‌ حكومه‌ته‌كانی جیهانی دووباره‌ خسته‌ ‌ به‌رده‌م ئه‌رك و لێپسراوێتی خۆیان، به‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی توندوتیژی و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژنان به‌هه‌ند وه‌ربگرن و له‌ڕێگه‌ی یاساوه‌ تاوانباران سزا بده‌ن.
ئێوه‌ به‌م ده‌نگ به‌رزكردنه‌وه‌تان بوونه‌ ئیلهامبه‌خش بۆ ژنانی دیكه‌، كه‌ ده‌نگیان له‌دژی تاوانبارانی جه‌نگ به‌رزبكه‌نه‌وه‌. تۆ مۆدێلێكی باڵا و جه‌نگاوه‌رێكی ئازادی و كه‌رامه‌تی مرۆڤیت.
دووباره‌ ئێمه‌ سڵاو له‌و ئازایته‌یه‌ت ده‌كه‌ین و پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمانت ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ین. سڵاو له‌ خه‌باتی به‌ره‌دوامی پڕ شكۆمه‌ندیت و جێگه‌ی شانازی ئێمه‌یت. ئێمه‌ سه‌رسامین به‌ ئازایه‌تی و خه‌باتت، دووباره‌ پیرۆز بێت.

دڵسۆزی و خوشكایه‌تیمان قبوڵ بكه‌.
گروپێك له‌ ژنانی كورد له‌هه‌موو شوێنێكی جیهانه‌وه‌.
11 ئۆ كتۆبه‌ری 20018

ئیمزاكان:

1. Dr. Soraya Falah: Researcher California States University Northridge,USA
2. Houzan Mahmoud: Cofounder of Culture Project-UK
3. Shikofeh Ghobadi: Sweden
4. Poshya Kakil: Artist & Architect-USA
5. Bayan Salman: Writer and novelist-France
6. Dr. Nessar Yousif Hussein: Phd in Law-France
7. Narmin Osman Hassan: Member of the leadership of Patriotic Union of Kurdistan
8. Adalat Omar: Writer & researcher of Genocide-South Kurdistan
9. Susan Shahab Nuri: Former member of Kurdistan parliament
10. Lanja Xawe-Southern Kurdistan
11. Dashni Murad: Singer-Kurdistan
12. Chinar Binavi: KHRW,CA
13. Rukin Isik: Doctoral candidate in Gender Studies-USA
14. Berin Altin: Sociology Ph.d Student-University of Nottingham
15. Golala Arya: Chemistry Professor Fairfax Virginia USA
16. Sara Mohammed: Never forget Pella & Fadima Organisation-Sweden
17. Simin Chaichi,Writer and Poet, Iran Shikofeh Ghobadi
18. Kaziwa Salih, Ph.d candidate-Canada
19. Shahla Yar: Norway
20. Koral Noori: Journalist-Kurdistan
21. Lanja Abdulla: Southern Kurdistan
22. Lazo Azad: United Kingdom
23. Renas Babakir: Kurdistan
24. Hana Qader: Counselor-Canada
25. Kazhal Ali: Writer and poet-Switzerland
26. Nicola Ashraf Shali: Lecturer-Univeristy of Sulaymania-Kurdistan
27. Shene Awaz: Student-South Kurdistan
28. Dr. Shawnm Yahia: Socilogist-Kurdistan
29. Bayan Hamasaed: Teacher-Kurdistan
30. Bayan Ahmed Saeed: Artist and poet-Kurdistan
31. Dr. Basma Mohammed Mustafa: Commissioner at the High commission of human rights in Iraq.
32. Trifa Amin: Manager-Kurdish/German Centre in Nuremberg & KNK member-Germany
33. Shara Taher: Writer and Social Psychologist-Sweden
34. Avan Anwar: Artist-Australia
35. Avan Omar: Artist-The Netherlands
36. Kurda Khalaf Saeed: University Nurse and health supervisor in Kirkuk Governorate-South Kurdistan
37. Shahen Sabir: Writer and Journalist-South Kurdistan
38. Dr. Srwa Asaad Sabir: Humanities College- Hawler-Kurdistan
39. Nian Hamaamin Ahmed: Manger of Heart Foundation hospital-Kurdistan
40. Bayan Nasih: Sociologist and acitivst against honour based violence-Sweden
41. Sozan mama: Poet and Teacher-London-UK
42. Sargul Mirzaye: Women’s rights activist-East Kurdistan
43. Taban Garmyani: Journalist and women’s rights activist-Kurdistan
44. Tara Jaff: Musician-UK
45. Shara Baban: Artist-Kurdistan
46. Hîvron Turanli, Artist/Life Coach, Montreal-Canada
47. Nigar Omar: Lawyer and member of the management committee of Democratic organisations. Kurdistan
48. Sola Samira: Kurdistan
49. Suna Alan: Singer-United Kingdom
50. Viyan Mayi: Film maker-Kurdistan
51. Sara Hama Salih: Student-Kurdistan
52. Lavin Nawal: South Kurdistan
53. Sakar K.Zereen: Doctoral Student in Sociology: Berlin-Germany
54. Tanya Nuri: London-UK
55. Naz Ali Awla: Software engineer & artist-South Kurdistan
56. Sara Majed: teacher-South Kurdistan
57. Aven Aziz: Behaviourist-Sweden
58. Rozhgar Mahmoud Mustafa: Artist-South Kurdistan
59. Rojin Sharifi: Peshmarga – Mahabad-East Kurdistan.
60. Tishka Marsene: Sweden
61. Kner Abdula: Writer-South Kurdistan
62. Zhino Mohammed: Journalist-South Kurdistan
63. Sidiqa Mohamedi: Teacher-Sweden
64. Nahyeh Khoshkalam: Germany
65. Khanda Rashad: Activist-South Kurdistan
66. Roza Huseein: Writer-Norway
67. Shilan Fuad: Interpreter, translator and independent researcher
68. Khanda Hameed: Writer-South Kurdistan
69. Baran Hussein: Writer-Sweden
70. Rezan Betula Fatime: Artist-France
71. Darya Salah: Germany
72. Amira Mohammed: Writer and researcher-South Kurdistan
73. Sara Omar: author from Denmark
74. Cklara Moradian: MSW candidate, California
75. Ava Homa: author and journalist. Los Angeles.
76. Suzan Salim: Operations Manager at the Education department-Sweden
77. Sahar Dinarvand: Women’s rights activists From London-UK
78. Leslie Ladd, California-USA
79. Evin Baysal, Rojava
80. Rojan Feyz,vocalist, California-USA
81. Ghomri Rostampour: Director of Empower The Immigrant Woman in Maine USA
82. Marmar Stewart: U.S
83. Evin Cheikosman: U.S (from Rojava )
84. Shobo Shali: Technology & Managment Expert- Kurdistan Parliament
85. Soraya Mofty: California, Kurdish (Hewrami) language project.
86. Victoria Azad: professor- Sweeden
87. Shukriya kurdistani: PhD student in international security & foreign policy, UN employee
88. Avan Jaff: Journalist, Kurdistan
89. Tajzan Sharif :London-UK
90. Yasmine DarwishHaket: California-USA
91. Negin Vatani: Sweeden
92. Valintina Nasimi: Political scientist and Nurse, Stockholm, Sweden
93. Hanna Jaff: Founder at We Are One and Founder at Jaff Foundation, Mexico and U.S
94. Zhawen Shalli: Poet and Journalist-USA
95. Amal Jalal: Kurdistan
96. Choman Hardi, The American University of Iraq – Sulaimani and Bloodaxe
97. Dr. Pary Karadaghi,President at Kurdish Human Rights Watch and Postdoctoral Fellow at Georgetown University Hospital
98. Sa Omer, Marketing Consultant at Caritas Czech Republic -Iraq
99. Trifa Shakely, lawyer and writer from Sweden Stockholm
100. Rabia Elyasi: Eskilstuna Sweden
101. Chalank Yahya: Tunisia
102. Hauzhin Samiei: Stavanger- Norway
103. Shne Khalid Abdullah: MD,U.S
104. Sarah Jahangiry: Oslo – Norway
105. Ilham Osman: Stockholm – Sweden
106. Kwestan Fotohi: Germany
107. Kobra Karimi: psychologist
108. Pakshan Ahmadi: City staff, Oslo Norway
109. Leyla Mohamadi: Stockholm –Sweden
110. Peri Shakely: Swedish Council for Higher Education
111. Amineh Kakabaveh: Member of Swidish Parliament
112. Bêrîvan Doskî: Diplomat & president PEN Kurd
113. Mahabad Qaradaghi: Poet and Writer:, Hawler, Kurdistan
114. Gülbahar Kavcu, musician, Turkey
115. Dr Zeynep Kurban, UK
116. Sakina Teyna, Musician & Refugee Advisor, Austria
117. Mahin Alimoradi. Ottawa. Canada
118. Deleveen Sharif, Eskilstuna, Sweden
119. Halima Ebrahimi Australia
120. Arez Mohamadi, Sweden
121. Kwestan Muhamad, Kurdistan
122. Shahin Bahman Sultani , Finland
123. Hilia Sadegh Vaziri, French
124. Forogh Rasoulpour, Norway
125. Mahin Shokrolahpoor, French
126. Ronak Muradrasouli
127. Pahsahan Muradrasouli
128. Zamand Muradrasouli
129. Shirin Muradrasouli
130. Vanawsha Muradrasouli
131. Laylia Muradrasouli
132. Shler Muradrasouli
133. Hanna Tayeri
134. Sanna Tayeri
135. Mamam Hazhar Ibrahim
136. Binai Diye Mohmoud, Stockholm
137. Fatma Qadri, Koya, Kurdistan
138. Roya Hosseini, Australia
139. Frozan Karimizad, Norway
140. Shahla Rasoulnejad, Sweden
141. Shukrya Kuristnai, PhD student, New York
142. Bahar Rajabi, Hawler
143. Nahid Husseini: Writer and poet
144. Kamila Nousodi: Artist
145. Shahla Ilbegy Asli: Sweden
146. Kwestan Jafari
147. Azadeh Zarei: Sweden
148. Seyan Sharafi , USA
149. Dalile Rostami, Sweden
150. Parwa Ali, Member of Kurdish Parliament-Kurdistan
151. Golala pishnman, Sverige
152. Mastane Gomohammadi, Finland
153. Fuzie Khatmi, Sverige
154. Bahare Musleh, Iran
155. Golbax Bahrami, Kurdistan
156. Zeinab Elkhanizadeh, Sverige
157. Zhean Najmadden, Sweden
158. Shownem Rahmini, Sweden
159. Leyli Hassanpour, Norway
160. Rojda Sjöö, Sweden
161. Nisti Stêrk, producent, Actor Sweden
162. Khadija Rostami, Sweden
163. Hana Ghadershenas Hataw Abdolahi, Germany
164. Bahar Munzir Osman, kurdistan
165. Bahia Haidari, Stockholm, Sweden
166. Kwestan Davodi, Sweden
167. Jamila Hassankali, Sweden
168. Mahin Alimoradi
169. Shirin Jalali, Sweden
170. Parvin Ardalan, Sweden
171. Gona Taba
172. Shena Amini, Canada S
173. hahla Parvizy, Sweden
174. Arazu Ghaderi, Sweden
175. Pary Kamangar, Norway
176. Fariba Mohamadi, Germanی
177. Kajal Noori: Political activist- Holand
178. Jina Totaghajy, Sweden
179. Shokhan Ghader, Austria
180. Roupak Muradrasouli, Sweden
181. Amanj Kurdistani, Swedn
182. Chiman Soleimini, -Norway
183. Maryam Fathi: Spain
184. Truska Khizri: Norway
185. Peri Rashidian: Norway S
186. Hola Qadri, Sweden
187. Chnoor Mehrparvar, Norway
188. Fariba Nasrollahy, Norway
189. Daroon Saied, Darbandixan, Kurdistan
190. Mastura Soltani, Sweden
191. Rojin Ashrafi, Sweden
192. Marjam Massudi, Germany
193. Kejal Karimi, Norway
194. Fariba Rashidi
195. Sabri Bahmani, Germany
196. Vafa Mamle, Sweden
197. Parvin Khalandi, Finland
198. Jila Hassanpour, Norway
199. Zohre Sharifi, Sweden
200. Rufia Ramazanali Abassi, Sweden
201. Tara Mhmoud, Sweden
202. Asmar Memari, Sweden
203. Badri Tawhidi, Sweden
204. Soraya Satouri, Sweden
205. Ronak Shwani, Sweden
206. Dilan Azizi Muradi, Hawler, Kurdistan
207. Leyla Aliar, Sweden
208. Leyla Soltanpanah, Norway
209. Hamide Khedri, Sweden
210. Evin Hanna, Sweden
211. Leyla Khanlandi Raada Palani, norway
212. Kobra Karimi, Sweden
213. Shahin Shahlai, Sweden
214. Seyran Duran: President of Kurdish women’s association-Sweden
215. Jila Mostajer, Kurdistan
216. Sermin Bosarslan, Sweden
217. Sargul Shabazi Halima Rasuli, Sweden
218. Simin Nasrollahi, Finland
219. Bahar Hosseini, Germany
220. Sozan Fahi, Sweden
221. Kwestan Gadani, Norway
222. Leyla Mohamadi, Sweden
223. Shahla Dabaghi, Sweden
224. Laeh Nahid
225. Dlniya Rahimzada: Kurdistan
226. Chinar Hussein
227. Roya Nahid
228. Marmar Stewart
229. Dilkhwaz Ahmad
230. Jamile Rahimi: Sweden
231. Nishtiman Taheri: Sweden
232. Rewas Ahmad Banixelani: Writer -Sweden
233. Essmat (Asema)Sophie -Author-Norway
234. Farzaneh Razabi: Germany
235. Traci Fahimi: Professor political Science Irvine Valley College, Ca
236. Chinar Binavi: KHRW,CA
237. Roza Gergerî, Musician, Georgia
238. Roya Nahid California
239. Shirin Enrahemi: Sweden
240. Solmaz Dorudi Stockholm-Sweden
241. Parvin Shslmashi: Sweden
242. Tara Mbegi: Stockholm Sweden
243. Elham Zangana: Stockholm
244. Nesrin Wali: Stockholm-Sweden
245. Najiba Mahmud , journalist , Stockholm-Sweden
246. Rezan Garib: Stockholm-Sweden
247. Zhala Tawfiq: Scientist-USA
248. Shilan Ahmed: Stockholm-Sweden
249. Dilsoz Abdulla
250. Nazanin Hassan: Sweden
251. Narmin Abdulrahman: Sweden
252. Zhala Hassan: Teacher-Kurdistan
253. Nigar Kader: Sweden
254. Gulaleh Samie
255. Lida Darai, Business woman
256. Dr. Galawez Karadaghi: Phd nuclear physics, math instructor nominated for US presidential award for excellence in teaching
257. Kanny Ahmadi: businesswoman

258. Chnoor HamaAli: Activist-Kurdistan
259. Ashti Ahmed Ismail: teacher and journalist-Kurdistan
260. Awat Hisamaldin Taib: representative of Zardashtis in the ministry of Religious affairs.
261. Sara Sardar: Jouranlist and activist-Kurdistan
262. Bahar Abbasi: East Kurdistan
263. Lisa Calan, film director, Turkey
264. Elmas Hesib – former Adviser- Ministry of Culture and Youth- Southern Kurdistan
265. Evar Ebrahim – MP- Kurdistan Parliament
266. Dr. Niaz Baban- Dentist-Southern Kurdistan
267. Shler Arif- Restauran Manager- Southern Kurdistan
268. Reem Baban- former diplomatic staff- Southern Kurdistan
269. Pary Fayeghi Sweden
270. Suzan Ahmed, site supervisor preschool
271. Shler Bapiri, Norway
272. Kazhal Draxshani, Norway




مه‌حاڵ … به‌ختیار محه‌مه‌د

تۆ كچی ((مه‌حاڵ)) بووی،
كه‌چی من خۆشم ویستی.
ئه‌ی كچی عیشقی مه‌حاڵ،
ئێره‌ مه‌مله‌كه‌تی عیشقی مه‌حاڵه‌كانه‌.
من له‌ناو دۆزه‌خی ((مه‌حاڵ)) یشه‌وه‌‌ تۆم ناسی.
ئێمه‌ لێره‌ له‌ نێو ((مه‌حاڵ)) ی دڵه‌كانیشدا ده‌ژین،
ئه‌و دڵانه‌ی له‌سه‌ر پردی ((مه‌حاڵ)) دا قه‌ت پێك ناگه‌ن.
تۆ دڵێكی سافیلكه‌ی ((مه‌حاڵ)) ی و
منیش دڵێكی عاشقی وێرانه‌
ئای گوڵم چی بكه‌م؟
من ساڵانێكی زۆره‌
له‌ بیابانی مه‌حاڵدا
قه‌ت له‌ سه‌رابی خۆشه‌ویستی تۆ نه‌گه‌یه‌شتم.
ئێستاش هه‌ر له‌وساوه‌،
وه‌ك دێوانه‌یه‌ك
له‌ بیابانی خۆشه‌ویستی ((مه‌حاڵ)) دا
لێت ده‌گه‌ڕێم.
من له دۆزه‌خی‌ مه‌حاڵه‌وه‌ سه‌فه‌ری دۆزه‌خی مه‌حاڵم كرد.
ئێستاش خۆم ناناسمه‌وه‌:
ئاخۆ من عاشق بووم،
یانیش گه‌ڕیده‌یه‌كی ناو وڵاتی مه‌حاڵ؟

به‌ختیار محه‌مه‌د




بۆرژان … ئومێد قەرەنی

١.خۆر
گیرفانەکانی لەپاڵتۆی
ڕووناکی خاڵی دەبن

تارمایی ڕوانینەکان
لە برژانگەکانی ڕێگە دەشۆیتەوە،
وەکو پرسی دەرنگ کەوتووی بێگانەیەکیت
لە نێو نەڕڕەی ڕەشەبادا بۆ ھۆتێلێک
خۆت و جانتایەک نیگەرانی
لە نێو خەونەکانی سبەی دەنووی .

(بەسەر ترسی-ئیستا- بێ دەنگ کەوتووی،
چەندین پرسیاری ڕەنگاو ڕەنگ
لە دۆڵەکانی مێشکت گەشت و ڕەو دەکەن).

٢.ژیان
بەسەر خاچی ڕابردووەوە
باڵەکانی ڕاخستووە

لەنیو پەراسوی مێژووت
شانمداوە بەسوپایەکی بەفرین،
بە نەختێک گۆرانی غەمگینەوە
بە نەختێک تلاوەیی ناو ئاگر و دوکەڵەوە
بە نەختێک کۆخەی ڕاوەدووکاری
خەو و گەرمی ناونوێنەکەتەوە
لەوێدا داستانێک تاوان
بەو گوناھانەی من دەم چنین
دیکۆمێنت کراوە.

*بۆرژان :نێوان بێداری و خەو، بیرە خەو
______________________________________
ئومێد قەرەنی




ئه‌مریكانیزم و هه‌ژموونی منداڵه له‌نده‌نیه‌كان …. ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

ئه‌مریكا هیچ ناكات له ‌ئێراق جگه ‌له‌سوستماتیك كردنی گه‌نده‌ڵی نه‌بێت، به‌مانای كه‌سه ‌گه‌نده‌ڵه‌كان ده‌باته ‌شوێنه ‌هه‌ستیاره‌كانی وه‌ك وه‌زاره‌ت و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیه‌كان. به‌مه‌ش ئه‌مریكانیزم ته‌نها ده‌موچاوه‌كان ده‌گۆڕێت، چونكه‌ ئه‌وان له‌ نه‌شته‌رگه‌ری ده‌موچاودا، چ له‌وڵاتی خۆیاندا و چ له‌ده‌ره‌وه‌دا ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه‌!

گابرێل گارسیا ماركێز له‌ ڕۆمانی (سه‌د ساڵ له‌ گۆشه‌گیری) له‌زاری یه‌كێك له‌پاڵه‌وانه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ی (كۆلۆنێل ئۆرلیانۆ بۆیندیا) ده‌ڵێت؛ (( سه‌یری ئه‌م گووه‌ بكه‌ تێیكه‌وتووین، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێواره‌یه‌ك گرینگۆیه‌كمان ده‌عوه‌تكرد بۆ ماڵی خۆمان بۆئه‌وه‌ی مۆزی تایبه‌تی‌ ناوچه‌كه‌مان بخوات، ئاوا كه‌وتینه‌ ناو ئه‌م هه‌موو گووه‌ وه‌ ‌…١*))…له‌ئه‌مریكای لاتیندا كه ‌ده‌ڵێن ؛ (گرینگۆ) ئه‌وا مه‌به‌سه‌تیان ‌ئه‌مریكی سپیه‌.

به‌مشێوه‌یه‌ له‌و ‌زه‌مه‌نه‌ی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر‌ه‌ له ‌میسره‌وه‌ بووه‌ پیاوی ئه‌مریكا و له‌ ساڵی ١٩٦٣ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆدێتای ڕووخانی حكومه‌تی ژه‌نراڵ عه‌بدولكه‌ریم قاسم و شیوعیه‌كان، ئیدی ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی به‌عسیه‌كان و سه‌دامه‌وه‌ هاته‌ ناو شانۆی ڕووداوه‌كان ٢، ‌ له‌و كاته‌وه‌ ئه‌م (گرینگۆیه‌مان) ده‌عوه‌تكردووه‌ بۆئه‌وه‌ی بێت مۆزی ناوچه‌كه‌مان بخوات. هه‌ربۆیه‌ گه‌مه‌كانی گرینگۆ ئه‌مجاره‌ ته‌نها بۆ هێشووه‌‌ مۆزێك یان دووان نییه، به‌ڵكو بۆ كۆی كێڵگه‌كانی ناوچه‌كه‌یه‌. لێره‌وه و له‌م گرینگۆیه‌وه‌ قسه‌ده‌كه‌ین و باس له‌كۆی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ین و باسی دوا گه‌مه‌ی ده‌كه‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

بێگومان من وه‌ها چاوه‌ڕوانده‌كه‌م له‌ داهاتوویه‌كی نێزیكدا ئێراق‌ هێمنیه‌كی كاتی به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت‌، به‌ڵام تێبینی ئه‌وه‌ بكه‌ن له ‌ملیاره‌ها دۆلاری سامانی ئه‌م وڵاته‌ ته‌نها كه‌متر له‌ سه‌دا یه‌ك به‌ر خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه ‌ده‌كه‌وێت…پارادۆكسه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌م هێمنیه‌ش ڕازین، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام نابێت. ئیدی دووباره ‌قه‌یران و دووباره‌ هێمنی و دووباره قه‌یران، ده‌بێته ‌شێوازی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ناوچه‌كه‌دا‌. به‌مه‌ش گروپه‌ ئیتینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و مه‌زهه‌بیه‌كان و حزبه‌ سیاسیه‌كان هه‌میشه‌ به‌نیگه‌رانی و گومانه‌وه‌، ‌ له ‌ترسی له‌ناوچوونی شوناسی خۆیان و ژیانیان، له‌ناوخۆیاندا گۆشه‌گیرده‌بن. به‌مه‌ش متمانه به‌یه‌كتری له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌میشه‌ له‌قه‌یراندا ده‌بێت، تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی (گرینگۆ) دێت و قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات‌‌. بێگومان وه‌های چاره‌سه‌ر ده‌كات كه‌ قه‌یرانێكی دیكه‌ له‌هه‌ناویدا بخه‌وێت. ئاوه‌ها گرینگۆكان قه‌یران له‌ناو هه‌ناوی خه‌سڵه‌ته‌ كولتورییه‌كان و ئاین و مه‌زهه‌ب و بیروڕای خه‌ڵكه‌كاندا به‌رهه‌مده‌هێنن.

له‌ڕاستیدا ئه‌م جوڵه‌یه‌ی دوایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێراقی ٢٠١٨ و هه‌رێمی كوردستان و نیشاندانی ئه‌وه‌ی؛ گوایه‌ ئه‌مریكا و ئێران له‌زۆرانبازیدان! جگه‌ له‌ گه‌مه‌یه‌ك نه‌بێت هیچیتر نه‌بوو‌، جگه‌ له‌وه‌همێك نه‌بێت هیچیتر نییه‌. ماكۆرگ و حاجی سوله‌یمانی له‌سه‌ر یه‌ك سفره‌ و له‌سه‌ر یه‌ك مێز گه‌مه‌ ده‌كه‌ن و هێشتا ئه‌مریكا و ئێران له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گه‌وره‌كاندا هاوبه‌شن. هه‌ربۆیه‌ من بڕوام به‌ كێبڕكێی مه‌كۆرگ و حاجی سوله‌یمانی نه‌بووه‌‌، چونكه‌ گه‌مه‌كه‌ ته‌نها گه‌مه‌ی ئه‌مریكانیزمه‌. به‌مانایه‌كی دیكه،‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ نوێیه؛‌ نه‌ حكومه‌تی چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی ده‌بێت و نه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوكه‌ و نه‌چاره‌سه‌ری فیدرالیه‌تی هه‌رێمه‌…چ حكومه‌تی نوێی داهاتوویی ئێراق و چ حكومه‌تی نوێیی هه‌رێم جگه‌ له‌ گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان نه‌بێت، هیچیتر نین‌.

ئه‌م هیلاكیه‌ی ( گرینگۆكان) بۆ دووباره‌ پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێراق و هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌یه ‌هه‌موو گرێبه‌ست و پاره‌كان بێ سێ و دوو له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی خۆیاندا بێ به‌ربه‌ست ئیمزابكرێت و بێ به‌ربه‌ست پاره‌ بڕوات به‌ره‌و ئه‌مریكا. تێبینی بكه‌ن كۆمپانیاكانی ئه‌وروپا (جگه ‌له‌بریتانیا نه‌بێت) كه‌مترین شانسیان به‌ركه‌وتووه‌. بۆئه‌مه‌ش پێویسته ‌ئێراق بۆ ماوه‌یه‌ك ئارامی به‌خۆیه‌وه ‌ببێنێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش كاتی ده‌بێت، به‌مانای نیمچه‌ ئارامی پڕ قه‌یرانی بچوك و هه‌ندێك جار خوێناوی به‌رۆكی ‌ناوچه‌كه‌ ده‌گرێت.

ئه‌مریكانیزم باش ده‌زانێت له‌گه‌ڵ (ئارامی ته‌واو) دا ئه‌و هه‌سته‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بیناده‌بێت، به‌وه‌ی دیموكراتیه‌ت ده‌بێت فروانتر بكرێت و ئازادیه كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كان بگاته‌ ئاستێكی باڵا. مرۆڤ كه‌ ئارامی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت، ئه‌وسا خۆشگوزه‌رانی و ژینگه‌پاراستنی زێده‌تری ده‌وێت، ئه‌مه‌ سروشتی مرۆڤه‌ و سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیه كه ‌نایه‌وێت له‌ناو هه‌ژاری و دوكه‌ڵی جه‌نگ و دوكه‌ڵی كارگه‌ی سه‌رمایه‌داراندا بژی‌، بێگومان ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر سیاسه‌تی نیولیبرالیزم له‌ناوچه‌كه‌دا كه‌ له‌ مۆدێلی ئه‌مریكانیزمدا خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.

به ‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وروپای یه‌كگرتوودا مۆدێلی ئه‌مریكی ناشرینترین مۆدێلی حوكمڕانی كۆمه‌ڵگه‌یه، نه‌ بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئه‌مریكا بوونی هه‌یه‌ و نه‌ كاژێری كاركردن به‌یاسا وه‌ها ڕێكخراوه‌ كه‌ به‌هاكانی مافی كرێكار و كارمه‌ندی تێدا ڕه‌چاو بكرێت. چینێك ته‌واو له‌سه‌ره‌وه‌ و چینی ناوه‌ڕاستیش ئیداره‌ی سه‌رمایه‌ی مادی و ڕه‌مزی چینی سه‌رمایه‌دار ده‌كات و كۆمه‌ڵگه‌ش له‌ناو هه‌ژاری و نه‌خۆشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و پۆرۆنۆگرافیه‌ت و شمه‌كخۆریدا وه‌ك كۆیله‌ بۆ ئه‌م سوستێمه‌ كارده‌كه‌ن…مرۆڤ له‌ئه‌مریكا دوانزه‌ كاژێر كارده‌كات، هه‌فته‌ی یه‌ك ڕۆژ پشووی هه‌یه‌. به‌گشتی مرۆڤ له ‌ڕۆژدا هاتوچۆی بخه‌یته‌ سه‌ر، ڕۆژی زیاتر له‌ شازه‌ده‌ كاژێر كارده‌كات. ساڵی هه‌فته‌یه‌ك یان پێنج ڕۆژت هه‌یه‌ مۆڵه‌تی بێ پاره‌ت هه‌یه‌. له‌هه‌ندێك كۆمپانیا و شوێنی تر ئه‌م ڕێژه‌یه‌ ‌ زیاد و كه‌م ده‌كات، به‌ڵام به‌گشتی وه‌ك مۆدێلی ئه‌ڵمانی یان سویدی یان بریتانی و فه‌ڕه‌نسی و هۆڵه‌ندی نییه،‌ كه‌ كۆتایی هه‌فته‌ پشوو بێت و ساڵی چوار تاوه‌كو پێنج هه‌فته‌ت مۆڵه‌تت هه‌بێت. له‌زۆر وڵاتی ئه‌وروپی مانگی دوانزه‌ له‌ كریسمیس ده‌بڵ مووچه‌ وه‌رده‌گریت.

به‌م به‌راوورده‌ بچوكه‌‌ ئه‌مریكانیزم له‌وڵاتی خۆشیدا مۆدێلێكی خراپه‌، بۆ نمونه‌ گه‌ر نه‌خۆش بكه‌و‌یت پاره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ت ده‌بڕدرێت، زۆرجار نیوه‌شه‌و له‌ده‌رگات ده‌ده‌ن و كۆمپانیاكه‌ ده‌یانه‌وێت بزانن به‌هه‌قه‌ت له‌ماڵه‌وه‌یت و نێرسێكت بۆ ده‌نێرن نه‌ك بۆئه‌وه‌ی ئاگای لێت بێت، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی بزانن كحولت خواردۆته‌وه‌، له‌ماڵیت یان نا، درۆده‌كه‌یت یان نا؟!…ڕۆمانی (پۆست ئۆفیس) ی نوسه‌ری ئه‌مریكی (چارلس بۆكۆفسكی) كه ‌خۆی زیاتر له‌ بیست ساڵ كرێكار بووه،‌ باس له‌و ژیانه‌ شڕه‌ی كرێكاران ده‌كات له ‌ئه‌مریكا كه ‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆ گۆڕانكاری ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. ئه‌مه‌ جگه ‌له‌وه‌ی ‌ كه‌رتی ته‌ندروستی گرانترین كه‌رته‌، بۆ بچوكترین نه‌خۆشی ده‌بێت پاره‌ بده‌یت، پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی و تاقه‌تپڕوكێن…هاوڕێ ئه‌مریكایه‌كانمان؛ چ هاوڕێ كورده‌ ئه‌مریكایه‌نمان و چ هاوڕێ ئه‌مریكاییه‌ ئینگلیز زمانه‌كانمان كه‌ ‌هه‌ند‌ێكیان پڕۆفیسۆرن له‌به‌شی زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا و یه‌كێكیتریان ئه‌ده‌بی ئینگلیزی و خاوه‌نی چه‌نده‌ها كتێبن. یان هه‌ندێكی تریان زیاتر له‌ چل ساڵه‌ له‌ سه‌ندێكای كرێكاراندا كارده‌كه‌ن، چیرۆكی سه‌یر سه‌یریان ده‌رباره‌ی گیرۆده‌بوونی ئه‌مریكایه‌كان به‌ده‌ست كه‌رتی ته‌ندروستیه‌وه‌ بۆ گێڕاوینه‌ته‌وه‌.

گه‌ر له‌سه‌ر جاده‌ ئۆتۆمبێل لێتبدات و شۆفێره‌ نه‌ناسراو بێت و ببرێت بۆ به‌شی فریاكه‌وتن، دوایی لیستێكی پشتشكێنی پاره‌ت بۆ ده‌نێرن و ده‌چیته‌ ژێر قه‌رزه‌وه، به‌مانای ده‌وڵه‌ت تێچوونی ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كانیش ناگرێته‌ ئه‌ستۆ‌. ته‌نانه‌ت زۆر ‌نه‌خۆشی له‌پڕ كه ‌ده‌برێن بۆ خه‌سته‌خانه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێن به‌ته‌واوه‌تی، هه‌ندێكیان ده‌مرن چونكه‌ تێچوونی چاره‌سه‌ریان بۆ دابین ناكرێت. (باراك ئۆباما) هه‌وڵیدا ڕیفۆرمێكی بچوك بكات له‌م بواره‌دا، به‌ڵام (دۆناڵد ترامپ) كه ‌هاته‌ كۆشكی سپی نه‌ك هه‌ر گاڵته‌ی پێكرد، به‌ڵكو كۆی بڕیاڕه‌كانی ئۆبامای هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. خۆ هه‌موو كه‌سێك بچێته‌ ناو میترۆی نییۆركه‌وه (وه‌ك نمونه‌)‌ ده‌بینێت شتێك نییه‌ پێی بڵێین كه‌رتی گشتی و خزمه‌تگوزاری گشتی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ئه‌وروپا ده‌یبینین. ئاوه‌ها تۆ وه‌ك مرۆڤ فڕێده‌درێیته‌ ناو ئه‌م سوستێمه‌وه‌ و به‌م شێوه‌ ژیانه‌ش ده‌ڵێن؛ خه‌ونی ئه‌مریكی – ئه‌مریكان دریم!

به‌دیوێكی تردا، ئه‌مریكانیزم نایه‌وێت مۆدێلی دیكه له ‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌بێت و به‌مه‌ترسی تێده‌گات له‌سه‌ر بوونی خۆی، هه‌ربۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وروپادا هه‌میشه‌ له‌ ململانێدایه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و سوستێمی سۆسیال و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، وه‌ها بكه‌ن مرۆڤ گه‌ر كاری نه‌بێت بكه‌وێته‌ سه‌ر جاده‌ وبه‌مه‌ش پاڵ به‌خه‌ڵكه‌وه‌ بنێن وه‌ك كۆیله‌ كاربكه‌ن. ئه‌و شته‌ی لێ بستێننه‌وه‌ كه‌ پیێده‌ڵێن هه‌ڵبژاردنی كار و پیشه و بیمه‌ی بێكاری و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌. ئه‌م مۆدێله‌ وه‌نه‌بێت دزه‌ی نه‌كردبێته‌ ئه‌وروپاوه‌ له‌ڕێگه‌ی حزبه‌ لیبرال و كۆنزه‌ره‌ڤاتیڤه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام چه‌پ و سۆسیال دیموكرات و سه‌وزه‌كان به‌رده‌وامن له‌دژایه‌تیكردنی. ئه‌مریكا نایه‌وێت دونیا سوستمێكی وه‌ك ئه‌ڵمانیای هه‌بێت كه‌ ملیۆنێك و چوار سه‌د هه‌زار په‌ناهه‌نده‌ی له‌ماوه‌ی ساڵێكدا وه‌رگرت ‌ و پاره‌ی ژیان و ته‌ندروستی و خواردنیان بۆ دابینده‌كات. ئه‌مریكانیزم ئاوه‌ها وه‌ك نه‌خۆشیه‌ك كه ‌له ‌جه‌سته‌ی كاپیتالزمی وه‌حشیه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌یه‌وێت دونیا و ژنیگه‌ش پیس بكات. هه‌ر بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستاش ئیمزای له‌سه‌ر (په‌یماننامه‌ی كیۆتۆ) نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تان له‌ژێر یاسای ژینگه‌پارێزی ڕێكده‌خات.

لێره‌وه‌ گه‌ر كورد له‌ڕووی ناچاریه‌وه‌ مه‌جبوریش بێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا بكات، ئه‌وا نابێت به ‌ته‌واوه‌تی هه‌موو وه‌ره‌قه‌كانی بخاته‌ سه‌ر مێزی قوماری گرینگۆكان، نابێت وڵاته‌كه‌ی خۆی پڕ بكات له‌ زانكۆی بریتانی و ئه‌مریكایی و قوتابخانه‌ی بێگانه‌ تایبه‌ت. نابێت بودجه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی كه‌مبكاته‌وه‌. ده‌نا دوایی ‌چۆن ئه‌مریكای لاتینیان گووشی، ئاوه‌هاش كوردستانت به‌ گوشراوی بۆ جێدێڵن. ئه‌مریكای لاتین كاتێك مۆز و مه‌تاتی هه‌بوو پڕی بوو له‌ كۆمپانیا و كارگه‌ و بواژنه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ مۆز و مه‌تات نرخی نه‌ما، وێرانه‌یان بۆ به‌جێهشێتن. گابرێل گارسیا ماركێز له‌سه‌ر زاری پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی (پایز پاتریاركدا) ده‌ڵێت؛ ته‌نانه‌ت ده‌ریای گه‌وره‌یان پارچه‌ پارچه‌ كرد و خستیانه‌ سندوقه‌وه‌ و بردیان، ئێستا جگه‌ له‌ سارایه‌كی بێ سنوور هیچیتر نییه‌….
ئاوه‌ها ئه‌مریكایه‌كان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وێرانت بۆ جێدێڵن و سه‌ری هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌خۆن كه‌ بوونه‌ دارده‌ستیان. نێزكترین نمونه‌ سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر بوو كه‌ده‌یگووت؛ من به‌سه‌ر پشتی ده‌بابه‌یه‌كی ئه‌مریكی هاتوومه‌ته‌ سه‌ر حوكم…هه‌ر بۆیه‌ تاوه‌كو دواساته‌كانی له‌سێداره‌دانی بڕوای وه‌هابوو، ئه‌مریكایه‌كانی هاوڕێی له‌ به‌ندیخانه‌ ده‌رده‌هێنن و ده‌سه‌ڵاتی پێ ده‌به‌خشنه‌وه‌. ٣

له‌م گۆشه‌ نیگایه‌وه‌ ‌ ئه‌مریكانزم هه‌میشه‌ پشتگیری ئه‌و حزب و كه‌سایه‌تیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بێ ویژادن و هه‌ستمردوون و له‌هه‌موو كاتێكدا ده‌توانن بارودۆخه‌كان پڕبكه‌ن له‌قه‌یران و خوێن، و خه‌ڵك برسی بكه‌ن. بێگومان ئیسلامی سیاسی (شیعی و سونی) و ڕژێمه‌كانی وه‌ك ئێران و توركیا وسوریا وحزبه‌ ئیسلامیه‌كانی دیكه‌ش له‌ناو هه‌مان هاوكێشه‌ی ئه‌مریكانیزمدان و فاكتۆری قه‌یرانن. ئه‌مریكا بوونیان به‌ پێویست ده‌زانێت، ته‌نها كار ده‌یكات ئه‌وه‌یه‌ جارجاره‌ سنوورداریان ده‌كات.
لێره‌وه‌ هه‌موو گروپێكی چه‌پی ڕاسته‌قینه‌ و هه‌موو گروپێكی ڕۆشنبیران له ‌ده‌ره‌وه‌ی نیولیبرالیزمی ئه‌مریكایی كاربكه‌ن و بنوسن و بیروڕای خۆیان ده‌ربڕن، به‌ر فشار و گه‌مارۆی هێزه‌ لۆكالیه‌كان ده‌بنه‌وه‌ و ده‌نگیان خه‌فه‌ ده‌كرێت و فه‌رامۆشده‌كرێن و له‌پۆستی حكومی و په‌ڕله‌مانی و وه‌زیفی شیاو به‌خۆیان دوورده‌خرێنه‌وه‌. له‌باری دیكه‌داشدا بوونی مه‌عنه‌وه‌ی و فیزیكیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

بێگومان ئه‌مریكا هه‌میشه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی ته‌رخانی كردووه‌ بۆ ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نی NGO و میدیاكاران، فیگوری نیولیبرال و میدیاكاری به‌تاڵ و سیاسی سوپه‌ر ستار دروستده‌كات. زانكۆی ئه‌مریكی و زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌شێكن له‌و سیاسه‌ته‌ی‌ كه‌ چینێكی ئۆرستۆكرات له‌ لۆكاله‌كاندا دروستده‌كه‌ن، بۆ هیچ نا، ته‌نها بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌مریكانی و لایڤ ستایلی ئه‌مریكی و تێڕوانینی نیولیبرالیزمانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. بێگومان ئه‌م توێژه‌ ئۆرستۆكراته‌، ئه‌مریكه‌ن لایڤ ستایلی و ماگدۆنالزییه‌، له‌داهاتوودا پشتگیری ده‌كرێن بۆ وه‌گرتنی پۆست و پله‌ و وه‌زیفه‌كان له‌ كایه‌ لۆكالیه‌كاندا، به‌ڵایه‌كی ترن بۆ ڕێخۆشكردنی دزینی سامانی كۆمه‌ڵگه‌كان. هه‌ر بۆیه‌ سه‌یر نییه‌ چ له‌هه‌ولێر و چ له‌سلێمانی ئه‌مریكا و بریتانیا زانكۆكانی خۆیان كردۆته‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌و له‌ژێر ناوێكدا ئه‌میان به‌ناوی زانكۆی كوردستان و ئه‌ویتریان زانكۆی ئه‌مریكی.

ئاوه‌ها له‌ڕێگه‌ی ئه‌م میدیاكار و ڕاوێژكاره‌ ئه‌كادیمیست و ڕێكخراوه‌كانی ‌ به‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ مه‌ده‌نی NGO و زانكۆی ئه‌مریكی و ڕاپۆرتنوسی سه‌فاره‌ته‌كان، ئه‌مریكا ده‌م و لووت و گوێچكه‌ی خۆی ده‌خاته‌ ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی خاوه‌نی سامانی گه‌وره‌ی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وین. ئاوا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ‌سه‌فاره‌ت و كارمه‌نده‌كانیان له‌پشت مه‌كینه‌ی دروستكردنی قه‌یرانه‌وه‌ وه‌ستاون، و به‌پله‌ی دووهه‌م ڕێكخراوه‌كانی به‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی NGO و خێرخوازیه‌كان. هه‌موو ئه‌مانه ئه‌ركی سه‌ره‌كیان ‌ ڕاپۆڕتنوسینه‌ له‌مه‌ڕ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و چۆنێتی بیركردنه‌وه‌یان و سیاسه‌ت و حزبه‌ سیاسیه‌كان و كولتور و ئاین و جوڵه‌ی سیاسی و حه‌زه‌كانیان. وورده‌كاری وه‌ها له‌ڕاپۆرته‌كانیاندایه‌ كه‌ ئه‌قڵی خه‌ڵكی لۆكالی ناوچه‌كه‌ مه‌زنده‌ی ناكات.‌ بێگومان له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌زاره‌ها ڕاپۆڕتی ڕۆژانه‌ی ئه‌م ڕاپۆرتنوسه‌ مۆدێرنانه‌‌، سیاسه‌تی بردنی قووتی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ پیاده‌كرێت. ‌

به‌مجۆره‌ ئه‌مریكا قه‌یران بۆ میلله‌تان ده‌خوڵقێنت، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی جوڵاندنی ئه‌م حزب و فیگورانه‌وه‌ كه‌ له‌هه‌موو شوێنێكدا به‌ ته‌زكیه‌ی سه‌فاره‌ت و بێگانه‌كان له‌حزب و ڕێكخراوه‌كاندا دانراون، بۆ هیچ نا، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی پاره‌ی زیاتر بۆقاسه‌ی ئه‌مریكی په‌مپ بدرێت. كه ‌قه‌یرانه‌كانیش ده‌گه‌نه‌ خاڵێك په‌مپی پاره‌كه‌ له ‌كار بخات، خۆیان ده‌‌بنه فریادڕه‌س، بێگومان ئه‌مه‌ سروشتی ئه‌مریكانیزمه ‌ئه‌مه‌ش به‌گشتی ناوی (ڕیكۆلۆنیالیزه‌كردنه‌ – recolonisation) به‌مانای دووباره ‌كۆلۆنیالیزه‌كردنی وڵاتانه‌‌‌.

گرنگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ داگیركردنی ڕاسته‌وخۆ وه‌ك مۆدێلێك كه ‌له‌سه‌رده‌می كۆلۆنیالی بریتانی و فه‌ڕه‌نسی و ئیتاڵی هه‌بوو، پاره‌و سه‌رباز و خوێنی تێده‌چوو. شۆڕش و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و قه‌یرانی ناوخۆی بۆ حكومه‌تانی داگیركه‌ر دروستده‌كرد. ته‌نانه‌ت مۆدێلی (پۆست كۆلۆنیال) یان (دوای داگیركردن) چیتر به‌كه‌ڵكی فراوانبوونی بازاڕ وبازاڕی جیهانگیری و گڵۆباڵیزم نایه‌ت.

له‌ مۆدێلی پۆست كۆلۆنیالدا دیكتاتۆرێكی وه‌ك سه‌دام، ڕژێمی شای ئێران و قه‌زافی و حافز ئه‌سه‌د و…هتد پشتگیریده‌كران، ئه‌وانیش به‌خۆیان و سوپا گه‌وره‌ ترسناك و به‌ پشتگیریی ئه‌مریكاوه‌، ده‌بوونه‌ پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا. نابێت ئه‌وه‌ ڕووداوه‌ له‌بیر بكه‌ین كه‌ سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر له‌ هه‌شتاكاندا كاتێك ده‌وڵه‌تانی ئۆپێك نرخی نه‌وتیان له‌بازاڕی جیهانیدا به‌رزكرده‌وه‌ و بۆرسه‌ی ئه‌مریكا قه‌یرانی تێكه‌وت، ده‌وڵه‌تی سعودیه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی خۆی زیادكرد و نرخه‌كری به‌رز نه‌بۆوه‌، له‌ولاشه‌وه‌ سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر نه‌ك هه‌ر پابه‌ند نه‌بوو به‌ بڕیاڕی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، به‌ڵكو له‌ژێره‌وه‌ وه‌ك ڕاپۆڕته‌ نهێنیه‌كان باسیده‌كه‌ن، نه‌وتی خاوی به‌ به‌لاش بۆ ئه‌مریكاییه‌كان په‌مپدا…به‌ڵام ئه‌م دیكتاتۆره‌ پۆست كۆلۆنیالانه‌ جارجاره‌ شێت ده‌بن و سوپاكانیان له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا به‌كاردێنن و ململانێ ده‌ستپێده‌كه‌ن…هه‌ربۆیه ‌ میتۆدی نوێی ئه‌مریكا لێدانی ئه‌م ڕژێمه‌ پۆست كۆلۆنیالانه‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست بوو، له‌ڕێگه‌ی پشتگیریكردنی (به‌هاری عه‌ره‌بی) و خه‌تی ئیسلامی سیاسی له‌ناو هه‌ژموونه‌ نوێیه‌دا. ئامانج وه‌ك ده‌یبنین كۆی ناوچه‌كه‌ له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ بیگره‌ تاوه‌كو كه‌ندا و سوریا و ئێراق و ئێران و توركیا و لیبیا و میسر له‌ژێر مه‌ترسی ئه‌م گروپانه‌دا ده‌ژیت و گیرۆده‌ی ئیسلامی سیاسیه‌. خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ له‌نێوان ڕژێمێكی گه‌نده‌ڵ و ئۆپۆزیسێۆنی ئیسلامی و شێواز ئیسلامی دۆش داماوه. به‌م میتۆده‌، له‌نێوان دیكتاتۆر و ئیسلامیزمدا، ئه‌مریكانیزم هه‌ناسه‌ی بزواتی چه‌پ و بزواتی كرێكاری ده‌خنكێنێت و خه‌ونه‌كانی ئازادی میلله‌تان ده‌خنكێنێت و به‌لاڕێیدا ده‌بات.

له‌ڕووی مۆدێلی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی پۆست كۆلۆنیاله‌وه‌ كه‌ له ‌قه‌واره‌ به‌زۆر سه‌پاوه‌كانی وه‌ك ئێراق و ئێران و سوریا بوونیان هه‌یه‌، ئه‌وا ئامانجی ئه‌مریكانیزم ئێستا ئه‌وه‌یه‌ ده‌وڵه‌تۆچكه‌ی پارچه‌ پارچه‌ دروستبن، نه‌ك بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوونیان، نه‌خێر، به‌ڵكو بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی لۆكالیزم و كردنی ئاین و كولتور به شوناسی سیاسی و تیژكردنه‌وه‌یان له‌دژی یه‌كتری.

بۆ نمونه؛ ‌ ئه‌مریكا له‌ سێپتمبه‌ری ٢٠١٧ دژی ڕیفراندۆمی هه‌رێم بوو، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی چینی سیاسی كوردی ده‌سه‌ڵاتداری به‌دڵ نه‌بوو، نه‌خێر، چونكه‌ ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ هه‌ركه‌سێك له‌پشتیه‌وه‌ بێت، ئه‌وا بنه‌ما ترادیتسیۆنه‌كانی و نه‌ریته‌گه‌راییه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كانی كوردی زیندووده‌كرده‌وه‌، شوناسێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و كوردبوونی ده‌كرده‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژوویی. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و مۆدێله‌ لاوازه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌مریكانیزم نه‌خشه‌ی بۆ كێشاوه‌‌. به‌مانای مۆدێلی ئه‌وان ڕاسته‌ دانپێدانانه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی هه‌رێم‌ و پاراستنی شوناسی لۆكالی و نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام ده‌بێت قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی لاواز و پڕ نیگه‌رانی بین و ئاسۆگه‌ی دیكه‌ی له‌خۆدا هه‌ڵنه‌گرتبێت. هه‌ر بۆیه‌ دوو جوڵه‌ی كرد یه‌كه‌م؛ ‌ پاڵپشتی هێزه‌ مه‌زهه‌بیه‌كانی شیعه‌ی كرد. دووهه‌م ؛ ته‌وژمێكی دژه‌ سه‌ربه‌خۆیبوونی له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا خۆی دروستكرد. ڕۆشنبیر و میدیاكاره‌كانی خۆی خسته‌ گه‌ڕ بۆ دروستكردنی ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه‌. زیره‌كیه‌كه‌ی له‌وه‌دا بوو په‌لاماری ته‌وژمی پۆپۆلیستیان دا له ‌كوردستاندا و كۆی ئه‌كتی سه‌ربه‌خۆییان پابه‌ندكرده‌وه‌ به‌ ئه‌زموونی خراپی حوكمی بیست و حه‌وت ساڵه‌ی هه‌رێم. به‌مه‌ش وه‌ك هه‌وێری ژه‌هرێك وه‌ها بوو زۆربه‌ی ڕۆشنبیر و سیاسی ئه‌م هه‌ویره‌یان خوارد، بێئه‌وه‌ی مێژووگه‌رایانه‌ له‌ پرسه‌ی دروستبوونی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌ و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بڕوانن.

مه‌به‌ست له‌م نمونه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی كرده‌ی ڕیفراندۆم نییه‌، به‌ڵكو تێگه‌یشتنه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكانیزم له‌گه‌ڵ هیچ ئه‌كتێك نییه‌ ڕه‌گه‌ مێژوویه‌ قووڵه‌كانی شوناسی نه‌ته‌وه‌ و كولتور بجوڵێنێت، له‌گه‌ڵ هیچ ئه‌كتێك نییه‌ نه‌وه‌یه‌كی تر بێن ڕه‌خنه‌ له‌ (ئه‌كته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان) بگرن و ئه‌و به‌شه‌ ناته‌واوه‌ی ته‌واوبكه‌ن. له‌گه‌ڵ هیچ جوڵه‌یه‌كدا نین كولتوری ناوچه‌كه‌ بخاته‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن و ململانێیه‌ دروسته‌كانی خۆیه‌وه‌. بۆ زیاتر پشتگیری ئه‌م بۆ چوونه‌ ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ ڕیفۆرمی (دكتۆر موسه‌ده‌ق ) بكه‌ین له‌دژی گه‌نده‌ڵیه‌كانی شای ئێران و ده‌رئه‌نجام شای ده‌رپه‌ڕاند. دكتۆر موسه‌ده‌ق ده‌یویست گه‌لانی ئێران خۆیان نه‌وتی خۆیان بفرۆشن و شوناسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زهه‌بیه‌كانی خۆیان له‌نێو خۆیاندا بێ كاریگه‌ری ده‌ره‌كی یه‌كلایبكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام له‌ساڵی ‌ ١٩٥٣ دا سیای ئه‌مریكی، كۆدێتایه‌كی بۆ ڕێكخست و فڕیاندایه‌ زیندانه‌وه‌‌، وه‌ك چۆن ئه‌مریكاییه‌كان دوای چه‌نده‌ها ساڵ دانیان به‌وه‌دا نا، كه‌ كۆدێتاكه‌ی هێنانه‌وه‌ی شای ئێران ده‌زگای سیای له‌پشته‌وه‌ بوو٤

له‌ ئێستاشدا هه‌مان گه‌مه‌ دێرینه‌كه‌یه‌ ‌، به‌ڵام به‌ میتۆد و پلانی نوێیه‌وه‌، ئه‌ویش تیژكردنه‌و‌ه‌ی شوناسی گروپه‌ مه‌زهه‌بی و تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌‌، و پڕكردنیانه‌ له‌نیگه‌رانی و بێ متمانه‌یی له‌ نێواناندا. كردنی شوناسه‌ كولتوریی و ئاینیه‌كانه‌ به‌ دیسكۆرسێكی سیاسی، به‌جۆرێك دژایه‌تی یه‌كتر بكه‌ن، چونكه‌ نیو لیبرالیزم له‌ڕێگه‌ی بیرمه‌نده‌ ساخته‌كانیانه‌وه‌ له‌و بڕوایه‌دان؛ كه‌ كولتوره‌كان له‌دژی یه‌كتر له‌زۆرانبازیدان. وه‌ك چۆن چه‌مكی (ململانێیی شارستانیه‌كان) ی هێنایه‌ ئاراوه‌، كه ‌له‌ڕاستیدا قسه‌یه‌كی بێمانا نه‌بێت، هیچیتر نییه‌‌. چونكه‌ شارستانیه‌تیه‌كان یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، كولتوره‌كان یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، موزیكی میلله‌تان یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن. كولتوری خواردن و بازرگانی و پیشه‌ی ده‌ستی ژیانی شارستانی نه‌ك له‌زۆرانبازیدا نین، به‌ڵكو به‌بێ یه‌كتری و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا نه‌بێت توانای به‌رده‌وامیان نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌مریكانیزمه‌ له‌ دوورگه‌یه‌كی دووره‌وه‌ دێت و ده‌یه‌وێت كولتوره‌كان بكاته‌ دێودرنج له‌یه‌كتری و سیاسه‌تی دژایه‌تی كولتوره‌كان و دژایه‌تی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناوچه‌كه‌دا پیاده ‌ده‌كه‌ن.

گرینگۆكان له‌ڕێگه‌ی سیاسیه‌كانی ناو حزبه‌ لۆكالی و ڕێكخراو و به‌ناو كه‌سایه‌تی و به‌ناو ڕاوێژكاره‌كانه‌وه‌ دێنه‌ نێوان ئه‌م پارچه‌ پارچه‌ییه‌ پۆست كۆلۆنیالیه‌وه‌ و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. وه‌ك له‌ ‌ به‌هاری عه‌ره‌بیدا بینیمان دیكتاتۆره‌كان ڕۆیشتن، به‌ڵام بۆ نمونه‌ (لیبیا) بۆته‌ چه‌نده‌ها ناوچه‌ی دژ به‌یه‌ك ‌، سوریا له‌سه‌ر زه‌وی په‌رتبووه‌ و ئێراقی دوای سه‌دامیش هه‌ر به‌ناو یه‌كگرتووه‌ و له‌داهاتوودا ئێران و توركیاش یه‌كگرتوویی به‌زه‌بریان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. به‌مه‌ش گروپ و نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ چۆن پێشتر له‌قه‌یرانی خوێناویدا بوون، ئاوه‌ها دیسانه‌وه‌ له‌ مۆدێلی تازه‌ی نیولیبرالیزمدا ده‌كه‌ونه‌ ناو قه‌یرانی خوێناوی نوێوه‌.

له‌ناو ئه‌م فه‌وزای ئێستای ناوچه‌كه‌دا، فیگورێكی پۆست مۆدێرن و ئه‌مریكانی وه‌ك (مه‌لیك سه‌لمان) ی گه‌نج له ‌سعودیه له‌ناو خانه‌واده‌ی (ئال – سعود) ‌ په‌یدا ده‌بێت و هه‌ژموونی ترادیتسێۆنی نه‌وه‌ی كۆن ڕاده‌ماڵێت. به‌ڵام ده‌بێت تێبینی ئه‌وه‌ بكه‌ین ڕاسته‌ به‌ پۆپۆلیستی و هه‌رای مۆدێرنبوون و عه‌لمانیبوون ده‌ستپێكرد، به‌ڵام به‌‌گۆڕانكاری كه‌م و ته‌نها له‌فۆرمدا نیشتۆته‌وه، چونكه‌ هێشتا سه‌ربڕین و ده‌ست بڕین و فڕاندن و ئازادی بیروڕا وه‌ك خۆیه‌تی‌. بێگومان ئه‌مریكانیزم له‌وه‌ش زیاتر ڕێگه‌ نادات (بنه‌ما وه‌هابیه‌كانی) ئه‌م ڕژێمه‌ بگۆڕدرێت كه‌ بێگومان خزمه‌ت به‌ سیاسه‌تی نیو لیبرالیزم ده‌كات له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌مانای ئه‌وه‌نده‌ ده‌گۆڕن كه ‌ته‌نها به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری جوانی ستایل ئه‌مریكایی بكات.

به‌مشێوه‌یه‌ نه‌ریته‌ كۆنه‌كانی عه‌ره‌بایه‌تی و كوردایه‌تی و ئیسلامه‌تی و شۆرشگێڕی ته‌قلیدی ده‌گۆڕدرێت به‌ فۆرمێكی تر كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكانیزم و شۆیه‌كانی سیاسه‌تدا بگونجێت. ئاوه‌ها له‌م شۆ و نمایشه‌ ئه‌مریكانیه‌دا، فیگوری سیاسی له‌ناوچه‌كه‌دا وه‌ك (سوپه‌ر ستار) یان لێ دێت چۆن له‌پڕ به‌ناوبانگ ده‌بن ئاوه‌هاش له‌پڕ ده‌بن به‌هه‌ڵم و هیچ به‌جێناهێڵن. وه‌ك هه‌مبه‌گه‌ری مه‌گدۆنالزیان لێ دێت ته‌نها تامی هامبه‌رگه‌ری ڕاسته‌قینه‌ ده‌دات و تامه‌كه‌ی وه‌همیه‌ و تێربوونیش ته‌نها بۆ كاتێكی كورته‌. ئاوه‌ها سیاسی ئه‌م ناوچانه‌، ده‌بنه‌ كرێكاره‌ هه‌رزانه‌كانی ناو مه‌تبه‌خی ماگدۆنالزی نیولیبرال، بێ مێژوو و بێ به‌ها، چۆن په‌یدا ده‌بن ئاوه‌ها ونده‌بن.

میتۆدی نوێی ئه‌مریكانیزم و لیبرالیزمی نوێی ئه‌م مه‌تبه‌خی‌ مه‌گدۆنالزه‌ له‌ڕێگه‌ی سه‌فیره‌كانیان و ڕاپۆرتنوسه‌كانیانه‌وه‌، حكومه‌ت و حزب و كه‌سه‌كان ده‌جوڵێنن، پۆپۆلیزم و ئیسلامیزم و مه‌زهه‌بیه‌ت تیژده‌كه‌نه‌وه‌، گه‌نده‌ڵه‌كان به‌به‌رگی ته‌كنۆقرات و به‌شێوازی یاسایكردنی گه‌نده‌ڵی جارێیكتر نمایشده‌كه‌نه‌وه‌. ئاوه‌ها له‌م كه‌رنه‌ڤاڵه‌ نیولیبرالیه‌تدا سه‌رمایه‌داری له‌پڕ ده‌بن به‌سیاسی و مه‌لای واعیزی سه‌ر شاشه ده‌رده‌كه‌ون ‌ و ده‌بنه‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مان و منداڵی سه‌كرده‌كانیش كه‌ له‌ ئه‌و‌روپا و ئه‌مریكا گه‌وره‌بوون دێنه‌وه‌ ناو وڵات و گه‌مه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.
له‌دێر زه‌ماندا‌ بریتانیا وه‌ك هێزێكی ئیمپریالی ته‌قیلدی، خه‌ڵكیان ده‌نارده ‌ناو شۆڕشه‌كان و ئه‌وانه‌ ده‌بوون به‌پاڵه‌وان و سه‌ركرده‌ و ڕووداوه‌كانیان ئاڕاسته‌ده‌كرد. ئه‌مانه ئه‌م پیاوی بریتانی و هه‌ندێك جار ئه‌مریكایانه‌ ‌ دوای مردنیشیان له‌ یاده‌وه‌ری میلله‌تاندا ماونه‌ته‌وه وه‌ك شۆرشگێڕ، به‌ڵام هه‌ر كاتێك زانیوویانه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بن به‌ ڕه‌مزێك و نه‌وه‌ی داهاتوو بۆ گه‌ڕان به‌دووی سیاسه‌تێكی نوێ و شوناسێكی به‌كاریدێنن، ئه‌وا ئه‌رشیفه‌كانیان ئاشكرا كردووه‌. به‌ڵام له‌م سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌دا و پۆست مۆدێرن و گڵۆبالیزه‌یشنه‌دا چیتر ئه‌م مۆدێله‌ درێژخایه‌نه‌ پێویست نه‌ماوه‌. چونكه‌ له‌هه‌شتاكانه‌وه‌ ئه‌مریكانیزم میتۆدی دیكه‌ی تاقیكردۆته‌وه‌‌‌ وه‌ك دروستكردنی ئه‌فغان عه‌ره‌ب و قاعیده‌ له‌ڕێگه‌ی عه‌بدوڵا عه‌زام و ئوسامه‌ بن لادن و ئه‌یمه‌ن زه‌واهری و موخابه‌راتی پاكستانه‌وه‌. به‌ڵام كاتێك ئه‌مانه‌‌ش ده‌بن به‌گرفت، بنه‌مای گه‌مه‌كه‌ ده‌گۆڕدرێت، ئه‌مریكانیزم مۆدێلی خواردنی سه‌فه‌ری یان بڵێین مۆدێلی ما‌گدۆنالز په‌یڕه‌و ده‌كات، دێت و ئیسلامیزم له‌و خه‌ته‌ ئیخوانییه‌ نه‌ریتگه‌راییه‌ و عه‌زامی و سه‌یدقوتبی و حه‌سه‌ن به‌نیاییه‌ی ده‌ردهێنێت و ده‌یكاته‌ قاپی سه‌فه‌ری و ماگدۆنالیزه‌ی ده‌كات.

چۆن ئه‌مه‌ ده‌كات؟ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ماگدۆنالیزه‌یه‌ تێبگه‌ین نمونه‌ی پیاوێكی شه‌رمنی وه‌ك (ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی) وه‌رده‌گرین كه‌ ئه‌مریكاییه‌كان باش ده‌یانزانی ئه‌م پیاوه‌ شه‌رمن و بێده‌نگه‌، ده‌سته‌ ڕاستی (ئه‌بوموسه‌عه‌ب زه‌رقاوی) ئه‌میری قاعیده‌ بوو له‌ ئێراق، كه‌چی له‌زیندان ده‌یهێننه‌ ده‌ره‌وه‌ و دوایش ده‌یكه‌ن به‌سه‌ركرده‌یه‌كی ئیسلامی جیهادی توندڕه‌و له‌ باشووری ئێراق و شتێك داده‌مه‌زرێنێت به‌ناوی داعش‌ و دژایه‌تی خۆی بۆ ‌ڕێكخراوی قاعیده‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت. به‌مه‌ش ئه‌مریكانیزم وێنه‌ی جیهادیه‌كان ده‌گۆڕێت له‌ جیهادیستی ته‌قلیدییه‌وه‌ بۆ جیهادیستی ئه‌مریكان ستایل. به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ركه‌و‌تنی (ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ) به‌ كاتژمێرێكی ده‌ستی (ئۆمێگا) ی شه‌ش هه‌زار دۆلاریه‌وه‌ له مزگه‌وتێكی موسڵدا، و به‌م ڕه‌مزه‌ لایڤ ستایل ئه‌مریكانیه‌وه‌ سه‌ره‌تای ستایلێكی نوێ و بێ په‌رده‌‌ له‌ناو ڕه‌وته‌ جیهادییه‌ نوێیه‌كاندابانگه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌مریكانیزم ده‌یه‌وێت به‌م وێنه‌یه،‌ له ‌وێنه‌ی پیاوه‌ كۆنه‌كه‌ی خۆی (بن لادن) ڕزگاری بێت.

‌ ڕاسته‌ خانه‌واده‌ی (بن لادن) له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی (جۆرج ده‌بلیو بوش) له‌ بازرگانی نه‌وتدا شه‌ریك بوون، به‌ڵام كاتێك پیاوه‌ ئیسلامییه‌، سعودیه‌ ئه‌فغان عه‌ره‌به‌ دروستكراوه‌كه‌ی سیای ئه‌مریكی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا و له‌سه‌ر شاشه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و به‌ جلێكی ساده‌و كڵاشنكۆفێكی شان و ده‌وو ده‌ستی ساده‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م وێنه‌یه‌ وێنه‌ی (ئوسامه‌ بن لادن) ی ملیۆنه‌ره‌ كه‌ نایه‌وێت وه‌ك ملیۆنه‌رێك ده‌ربكه‌وێت، كه‌چی ئه‌بوبه‌كری به‌غدادی له‌ڕه‌چه‌ڵكدا هه‌ژار دێت و ئه‌م نه‌ریته‌ جیهادییه‌ ئایدۆلۆژییه‌ خاكییه‌ ده‌گۆڕێت به‌ پیاوێكی هه‌ژار كه ‌وه‌ك (بیزنس مان) به ‌كاتژمێری ئۆمیگای شه‌ش هه‌زار دۆلاریه‌وه‌ و دونیایه‌ك بۆدی گارده‌وه‌ له‌مزگه‌وتێك ده‌رده‌كه‌وێت. جله‌كانی گرانبه‌ها و گرته‌ی كامێراكه‌ی له‌كامێرا هه‌ره‌ به‌رزه‌ (Full HD) و نه‌ك كڵاشینكۆفی خۆی پێ نییه‌، به‌ڵكو له‌جیاتی كڵاشینكۆڤ زوو زوو به‌مه‌به‌سته‌وه‌ كاتژمێره‌كه‌ی ده‌رده‌خات. به‌مه‌رجێك (ئوسامه‌ بن لادن) هه‌میشه‌ كڵاشینكۆفه‌كه‌ی وه‌ها داده‌نا كه‌ به‌رچاو بێت.

ئاوه‌ها وێنه‌كانی ئه‌مریكانیزم ده‌بینین له‌نێوان دووپیاوی سیای ئه‌مریكدا، دوو وێنه‌ی شۆی ئه‌مریكی جیاوازمان نیشانده‌ده‌ن؛ ئه‌وه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست و ئه‌وه‌ی دووهه‌زار و چوارده‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك. وێنه‌ی شۆڕشگێڕی ته‌قیلدی و شۆڕشگێری سه‌فه‌ری‌، سمبولی ئه‌ویان كڵاشینكۆفه‌ و ئه‌ویتریان كاتژمێری ئۆمیگای شه‌ش هه‌زار دۆلاری. به‌م شێوه‌یه‌ به‌غدادی سه‌ره‌تای ئێرایه‌كی دیكه‌ی ئه‌مریكانیزمی له‌ناو ڕه‌وته‌ جیهادیه‌كاندا بانگه‌شه‌كرد. به‌و كاتژمێره‌ ئۆمیگا و ‌ گرته‌ ڤیدوێیه‌كی های كوالێتیه‌وه‌ له‌موسڵ، سه‌ره‌تای گۆڕانی گه‌مه‌كه‌ له‌ئاسۆگه‌دا ده‌ركه‌وت‌‌. به‌جۆرێك، كه‌ قاعیده‌ی (ئه‌یمه‌ن زه‌وا‌هیری) له‌دژی ئه‌م وێنه‌ نوێیه‌ی ڕه‌وته‌ جیهادیهی ئێراق‌ بوون، چونكه‌ ئه‌وان وه‌ك فیگوری دروستكراوی سیای ئه‌مریكی و درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌فغان عه‌ره‌ب، هه‌ستیانكرد چیتر به‌كه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نه‌ماون و به‌سه‌رچوون…

ئاوه‌ها داعش وه‌ك سوپه‌رستار وه‌هابوون چۆن په‌یدابوون ئاوه‌ها ڕۆیشتن، به‌مه‌رجێك قاعیده‌ سه‌ر به‌ نه‌وه‌ نه‌ریتگه‌راییه‌ ئیسلامیزمه‌كه‌ بوو، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین، سه‌ره‌ڕای لاوازبوونی وزه‌ی عه‌سكه‌ری قاعیده‌، هێشتا ڕه‌گه‌ مێژوویی و ئایدۆلۆژیه‌كه‌ی كارده‌كات و ته‌نها خواوه‌نده‌كان ده‌زانن ئه‌مریكا بۆ كه‌ی هه‌ڵیگرتوون! داعش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مۆدێله‌ مه‌گدۆنالزه‌كه‌ی ئیسلامی سیاسی بوو، ‌ زۆر زوو سه‌رف بوو.

بۆئه‌وه‌ی زیاتر له‌ مۆدێلی ئه‌مریكانیزم و گه‌مه‌كه‌ی تێبگه‌ین له‌ناوچه‌كه‌دا له‌ نمونه‌ی داعش ده‌رناچین و ئاوڕێك ده‌دینه‌وه‌، به‌وه‌ی چۆن له‌ماوه‌ی چوار ڕۆژدا، به‌مانای له‌ ٦ حوزه‌یران تاوه‌كو ١٠ ی حوزه‌یران (یونیو ) ٢٠١٤ داعش شاری موسڵیان داگیركرد. پرسیاره‌كه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه؛‌ چۆن ئه‌م هه‌موو سوپایه‌ به‌رامبه‌ر چه‌ند كڵاشنیكۆف به‌شانێك هه‌ڵاتن؟! به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كان دیاربوو، به‌وه‌ی ئه‌م داگیركردن و كشانه‌وه‌ به‌په‌له‌یه‌ له ‌موسڵ، وڵاتانی كه‌نداو و توركیا و ئێرانیشی هه‌ژاند. ئیدی هه‌زاره‌ها گرێبه‌ستی كڕینی چه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ئیمزاكرا و چه‌كی ئه‌مریكی كه ‌ئێستا به‌كه‌ڵكی ئه‌مریكایه‌كان نه‌ماون و سه‌د قات له‌وه‌ نوێتریان هه‌یه،‌ ناوچه‌كه‌ی ته‌نیوه‌ته‌وه‌‌. ئه‌مریكا وه‌ك ئه‌و تلیاك فرۆشه‌ و‌ایه‌ كه‌سه‌ره‌تا تلیاكت به‌ خۆڕایی ده‌داتێ به‌ڵام كه‌ موعتاد بوویت به‌گران و سه‌د قات پێتده‌فرۆشێته‌وه‌…به‌مجۆره‌ چه‌كی ئه‌مریكی له‌ڕێگه‌ی توركیا و قه‌ته‌ره‌وه له‌سه‌رێكه‌وه‌ درا به‌داعش،‌ له‌سه‌رێكی تره‌وه‌ به‌ كورد و سوپای ئێراقی.

به‌مجۆره‌ له‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌مریكی له‌ناوچه‌كه‌، ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو و توركیاش بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی سه‌ربازی خۆیان، وورده‌ وورده‌ كه‌وتنه‌ كڕینی چه‌كی نوێی ئه‌مریكی. به‌مجۆره‌ ده‌خیله‌‌كان به‌تاڵده‌بوونه‌وه‌، به‌تایبه‌ت توركیا كه‌وته‌ ته‌ڵه‌ی ئه‌و فۆبیایه‌ی، كه‌ كورد چه‌كی ئه‌مریكی به‌ده‌سته‌ و ده‌خیله‌كه‌ی له‌جه‌نگ و سوپادا ڕۆژ به‌رۆژ به‌تاڵ و به‌تاڵتر ده‌بێته‌وه‌. ئێستاش له‌لایه‌ك ئه‌مریكا گه‌مارۆی ئابووری خستۆته‌ سه‌ر توركیا و له‌لایه‌كیش سوستێمی به‌رگری ڕۆكێتی له‌ كه‌نداو كشاندۆته‌وه‌، به‌مانای گه‌مارۆی سه‌ربازی خستۆته‌ سه‌ر كه‌نداو وبه‌ئاشكرا داوای پاره‌ ده‌كه‌ن و توركیاش له‌به‌رده‌م نابووتبوونه‌دایه‌‌، به‌مجۆره‌ ئه‌مریكا به‌ری داگیركردنی موسڵ به‌هێواشی و له‌سه‌رخۆ ده‌چنێته‌وه‌.

ده‌بێت هه‌میشه‌ ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و بزواته‌ سیاسیه‌ لۆكالانه‌ی دژی گه‌نده‌ڵی كارده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مریكا و ئه‌مریكانیزم هه‌رگیز دژی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران نین‌، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ بۆ سیاسه‌تی نیولیبرالیزم وه‌ك ئه‌و مریشكه‌ وه‌هان كه‌ هێلكه‌ی ئاڵتونیان بۆ ده‌كه‌ن و هه‌میشه‌ داڵده‌ و پشتگیریان ده‌كه‌ن. بچوكترین نمونه‌؛ هه‌ر له‌ ئێراقدا و ته‌نانه‌ت پێش شه‌ڕی داعش وه‌زیری به‌رگری ئێراقی پێشوو (عبد القادر العبيدي) ، به‌پێی لێدوانی ئه‌ندام په‌ڕله‌مانی پێشووی ئێراق (هاشم الدراجی) كه ‌له‌ لیژنه‌ی په‌ڕله‌مانی به‌دواداچووندا بووه‌ ده‌ڵێت؛ جه‌نابی وه‌زیر (ده ‌ملیار دۆلار) ی بۆ چه‌ند گرێبه‌ستێك ئیمزا كردووه‌ ‌كه ‌له‌بنه‌ڕه‌تدا شتومه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان هه‌ندێكیان نرخیان چل هه‌زار دۆلاره به‌قازانجه‌وه، كه‌چی ملیۆنه‌ها دۆلاری بۆ سه‌رفكراوه‌‌! یه‌ك فڕۆكه‌ی جه‌نگی نرخی دووسه‌د هه‌زار دۆلار بووه‌، كه‌چی جه‌نابی وه‌زیر به‌دوانزه‌ ملیۆن دۆلار كڕیویه‌تی! دوایش جه‌نابی وه‌زیر سه‌فه‌ر ده‌كات بۆ ئه‌مریكا و له‌پڕ ونده‌بێت. دوایی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ ‌ئه‌مریكا پاڵیداوه‌ته‌وه‌ و نه‌شته‌رگه‌ری ده‌موچاوی خۆی كردووه‌!٤…ئاوه‌ها به‌ڕێزان ئه‌مریكانیزم كارده‌كات، ده‌موچاوه‌كان وه‌ك وه‌زیری پێشووی ئێراق ده‌گۆڕێت! به‌مشێوه‌یه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ڕێگه‌ی ئه‌مریكانیزمه‌وه‌ ڕه‌هه‌ندێكی گڵۆباڵ و یاسایی وه‌رده‌گرێت.

جوڵه‌یه‌كی تری ئه‌مریكانیزم ‌ له ‌كوردستانی باشوور‌ به‌مجۆره‌یه‌، به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌ به‌ها نه‌ریته‌گه‌راییه‌كانی شۆڕشی ته‌قلیدیی كوردیی بدات كه ‌له‌ ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌، به‌مانای ده‌یه‌وێت پیره‌كانی شۆڕش فڕێبداته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. بێگومان له‌ڕێگه‌ی چین و توێژێكی نوێ، كه‌ له‌هه‌ناوی هه‌مان چین و توێژی شۆڕشه‌وه‌ له‌دایكبوون. ئه‌مانه‌ منداڵه‌ ئه‌مریكی و له‌نده‌نیه‌كانی سه‌ركرده‌ زیندوو و مردووه‌كانی شۆڕشی كوردین.

ڕاسته‌ ئه‌م منداڵانه‌ له‌ ده‌موچاودا جیاوازن، له‌به‌رگ و زمانزانین و ستایلی ژیانی ڕۆژئاوایدا جیاوازان، به‌ڵام له‌ جه‌وهه‌ردا كوتومت كۆپی نه‌وه‌ی پێش خۆیانن. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م كۆنسێپته‌ ئه‌مریكانییه‌‌ سه‌ره‌تاكانی گۆڕانكاری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ ئاسۆگه‌دا خۆی ده‌رخستووه‌‌؛ ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ڕاماڵینی نه‌وه‌ی كۆنی شۆڕشه‌ كه‌ له ‌ده‌سه‌ڵاتدان، به‌نه‌وه‌ی تازه‌ی مۆدێرنی له‌دایكبووی هه‌مان نه‌وه‌، به‌ڵام سه‌د ده‌ر سه‌د پڕۆ ئه‌مریكایی.

ئاوه‌ها ‌چ له ‌زۆنی زه‌رد و له ‌زۆنی سه‌وز و مۆر، له‌ڕێگه‌ی پشتگیركردنی هه‌ژموونی ئه‌مریكانیزم ‌ له ‌ناو حزب و بزواته‌كاندا‌، ئه‌م چینه‌ و توێژه‌ پیرانه‌ی شۆڕشی كوردی ته‌قلیدی، له‌ڕێگه‌ی منداڵه‌ ئه‌مریكی و له‌نده‌نیه‌كانه‌وه‌ ڕاده‌ماڵرێن و پێگه‌ی سه‌رۆك و جێگری سكرتێری گشتی و ڕێكخه‌ری گشتی گه‌ر لانه‌برێن ئه‌وا ته‌واو كاڵده‌بنه‌وه و ڕه‌مزی ده‌كرێن‌. ته‌نانه‌ت له‌ناو كۆنزه‌رڤاتیڤترین حزبی كوردی وێنه‌ی سه‌رۆك ته‌واو كاڵده‌بێته‌وه به‌ هه‌ژموونی نه‌وه‌یه‌كی ئه‌مریكی و پڕۆ ئه‌مریكیه‌كه‌ی. له‌ ناو سۆسیال دیموكراتی كوردیدا ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له ‌له‌نده‌ن گه‌وره‌ بوون، هه‌مان ئه‌رك جێبه‌جێده‌كه‌ن و سیاسه‌تی ماگدۆنالیزه‌كردنی یه‌كێتی وورده‌وورده‌ ده‌ستیپێكردووه‌‌. له‌ناو گۆڕانیشدا منداڵه‌ له‌نده‌نیه‌كان ده‌مێكه‌ هه‌موو سامانی گۆڕانیان به‌تاپۆی ڕه‌ش له‌بنده‌ستدایه‌ و به‌و ئاڕاسته‌یه‌ كارده‌كه‌ن، كه‌ نه‌وه‌ كۆنه‌كه‌ی باوكیان ده‌ربكه‌ن. ته‌نانه‌ت كه‌ وه‌فده‌ ئه‌مریكی بێگانه‌كان دێن، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو منداڵه‌ له‌نده‌نیه‌دا كۆده‌بنه‌وه‌، وه‌ك چۆن له‌ناو یه‌كێتیشدا هه‌مان چیرۆكه‌. له‌ پارتیشدا به‌هه‌مان شێوه‌یه‌.

له‌كۆتایدا، من وای بۆ ده‌چم ساڵی داهاتوو، ساڵی كۆنگره ‌حزبیه‌كان ‌بێت، تێدا ‌نه‌وه‌ی كۆن، چ له‌ناو پارتی و چ له‌ناو گۆڕان و چ له‌ناو یه‌كێتیدا ماڵئاوایی بكه‌ن. به‌مه‌ش سه‌رده‌م و ئێرایه‌ك كۆتایی پێدێت. له‌ژێر ئه‌م چه‌تره‌دا ده‌موچاوی بیزنسمانی سیاسی نیو لیبرالی نوێ، وه‌ك چۆن له‌ سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێدا به‌رجه‌سته‌یه‌، له‌دایكده‌بن و له‌ژێر چه‌تری منداڵه‌ له‌نده‌نیه‌كاندا كه‌شێكی نوێی سیاسی ده‌ستپێده‌كات، كه‌ كه‌ش و هه‌وای ئه‌مریكانیزمه‌ له‌ناوچه‌كه‌.

ڕاسته‌ هه‌ندێك سه‌رمایه‌ و پڕۆژه‌ ده‌جوڵێت، به‌ڵام كۆی كوردستان ده‌بێته‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ كه‌رتی تایبه‌تبوون و فرۆشتنی ئاسمان و زه‌وی و ئیراده‌ و كردنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ كۆیله‌ی ‌ كارگه‌یه‌كی گه‌وره‌ و كرێچی و پاسه‌وانی چینێكی نوێیی سه‌رمایه‌داری وه‌حشی ڕۆژهه‌ڵاتی. بۆ ئه‌مه‌ش سیاسه‌ت له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا به‌ ئاڕاسته‌ی (ماگدۆنالیزه‌كردنی كوردبوون) هه‌نگاو ده‌نێت. به‌مانای به‌شمه‌كخۆركردنی شوناس و كولتور و به‌ها كوردیی و دیموكراتی و ئازادییه‌كانه‌. به‌ بێ به‌هاكردنی زمان و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردی و شوناسی كوردبوون و توانه‌ی له‌ئێراقبووندا ده‌ستپێده‌كات.

‌ به‌مجۆره‌ ئه‌مریكانیزم گه‌مه‌ نوێیه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌ویش فڕێدانی قه‌یرانێكی دیكه‌ی ترسناكه‌ ‌ بۆ ناو شوناسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و كولتوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان. ئه‌مریكانیزم شۆی ده‌وێت، كه‌ڕنه‌ڤاڵی خۆی ده‌وێت، هه‌ربۆیه‌ ‌ئێرای ئه‌مریكانیزم له‌ڕێگه‌ی منداڵه‌ له‌نده‌نی و ئه‌مریكانیه‌كانی نه‌وه‌ی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كان ده‌ستپێده‌كات و شۆیه‌ هه‌رزانه‌كه‌‌ی ماگدۆنالیزه‌بوونی كوردبوون وه‌ك ئه‌نفالێكی ڕۆحی به‌رۆكمان پێده‌گرێت.

——————————————

په‌راوێزه‌كان؛

1. *One Hundred Years of Solitude – Chapter 12

٢. بۆ زیاتر ده‌رباره‌ی پشتگیری سیای ئه‌مریكی له‌ سه‌دام له‌ ١٩٦٣ فه‌رموون له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاپۆڕته‌ی ئیندیپێندێنتی بریتانی؛
https://www.independent.co.uk/news/world/revealed-how-the-west-set-saddam-on-the-bloody-road-to-power-1258618.html

هه‌روه‌ها؛ چۆن سیای ئه‌مریكی سه‌دامی خسته‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه – هارتفۆرد ئه‌رشیف‌؛
http://www.hartford-hwp.com/archives/51/217.html

هه‌روه‌ها ئه‌م لینكه‌؛ پێگه‌ی هه‌واڵه‌ مێژووییه‌كان –
https://historynewsnetwork.org/article/1066

٣. ده‌رباره‌ی دانپێدانانی سیای ئه‌مریكی كه‌ له‌پشت كۆدێتاكه‌ی ١٩٥٣ ئێرانه‌وه‌ بوون فه‌رموون له‌گه‌ڵ گاردیان؛
https://www.theguardian.com/world/2013/aug/19/cia-admits-role-1953-iranian-coup

٤. . https://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=75761&T.
چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌باسی ونبوونی (عه‌بدولقادر عوبیدی) وه‌زیری پێشوی به‌رگری ئێراق ده‌كه‌ن له‌ ئه‌مریكا
ڕۆژنامه‌ی (الوطن) ؛ https://www.alwatanvoice.com/arabic/news/2012/08/18/309555.html
ڕۆژنامه‌ی (الحیاه‌) ؛ http://www.alhayat.com/article/1555176

ئه‌مبابه‌ته‌ له‌ كولتور مه‌گه‌زین بڵاوبۆته‌وه‌؛ http://cultureproject.org.uk/kurdish/




پاكیزه‌ی شنگال…. دۆزه‌خی هه‌میشه‌ی كچ و ژنانی ئێزدییه‌كان … یاسین برایم

(پاكیزه‌ی شنگال…. دۆزه‌خی هه‌میشه‌ی كچ و ژنانی ئێزدییه‌كان )

یاسین برایم _ ڕواندز

—————————————-

له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بی ، پێویستی به‌ سه‌لیقه‌و تێڕامان و قووڵبوونه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌ و كۆد ومانا و واتای نێو دێره‌كانه‌ وله‌ هه‌مانكاتدا ، كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی تره‌ به‌ ئاشنابوون به‌ جوانی و دونیای نێو ده‌قه‌كان. بۆئه‌مه‌ش خوێنه‌ر ، ده‌بێت خاوه‌ن دیده‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی و ئه‌زموونی بێت و به‌رده‌وام له‌ جیهانی ئه‌ده‌بدا نزیك بێت وخه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ و خۆڕۆشنبییركردن و توانه‌وه‌ و ڕووچوون بێت به‌ نێو دونیا گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ده‌ب . جا قسه‌كردن له‌ سه‌ر هه‌ر ژانرێكی ئه‌م ئه‌ده‌به‌ ، ده‌یان تیۆر و ڕێبازو قوتابخانه‌ و دید و بۆچوونی (كۆن و تازه‌) ، ده‌بنه‌ كلیك و ده‌روازه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كان .

هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌رهه‌می مرۆڤن و بۆئه‌مه‌ش ده‌كرێت ، له‌گۆشه‌نیگایێكه‌وه‌ و به‌ تێڕوانین و تێگه‌یشتنی خۆمان ، شتێك له‌و جیهانه‌ هه‌ڵێنجین و ڕاو بۆچوونی خۆمان بخه‌ینه‌ ڕوو ، ئێمه‌ش بۆ بابه‌تێكی ئه‌وها ، ئاوڕێك له‌ رووداو و نمونه‌ی نێو ڕۆمانی (پاكیزه‌ی شنگال)(1) ده‌ده‌ینه‌وه‌ . ئازارو خه‌مه‌كانی كچ و ژنانی ئێزدیی نێو ڕۆمانه‌كه‌ ، به‌دیده‌یه‌كی مرۆڤدۆستانه‌ وخه‌مخۆرانه‌ ، ئاشنایان ببین و هه‌ڵگری خه‌م و ئازاره‌كانی ئه‌وان بین ، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه‌ قیزوه‌نه‌، له‌ بیر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ زیندووی بمینێته‌وه‌ و له‌ به‌رچاوان بێت.

ڕۆمانێك ، تژی له‌ كاره‌سات و هاوار و خه‌م و فڕمێسكڕشتن. خوێناوی له‌ خوێنی بێتاوانان و ڕه‌ش له‌لایه‌ن هێزی تاریكپه‌رست و شمشێر به‌ده‌ست. شه‌ڕی ناشیرینكردنی هه‌موو جوانییه‌كان و له‌كه‌داركردن وسوكایه‌تیكردن به‌ به‌هایه‌كانی مرۆڤ. وێرانكردن وسڕینه‌وه‌ی سومبله‌ ئایینییه‌كان و مزگه‌وت و په‌رستگه‌و كه‌نیسه‌كان وگۆڕی پیاو چاكان و ته‌نانه‌ت ته‌قاندنه‌وه‌ی گۆڕی پێغه‌مبه‌ران و ماڵی خواش! له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ نوێنه‌ری خودا ده‌زانن. جا هێزێك ئه‌مه‌ كار و كرده‌وه‌ی بێت ، دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌یی ئه‌وانه‌ ده‌رده‌خات ، كه‌ چ هێزێكی ترسناك و پیس و قین له‌ دڵن. ده‌بینین سه‌رجه‌م مافه‌كانی مرۆڤ ، پێچه‌وانه‌ جێبه‌جێده‌كرێت. مافی منداڵ و ژن و به‌ساڵاچوان و ئاژه‌ڵان و دارو دره‌ختیش له‌ ژێرخانه‌ی سفر خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌. له‌ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانێكی خودا (به‌قسه‌ی ئه‌وان) ، سه‌دان فه‌رمانی خودا پێشێل ده‌كرێت. ڕۆمانێك ، پڕه‌ له‌ وشه‌ی غه‌مناك ودێری خوێناوی و وێنه‌ و چیڕۆكی ناخهه‌ژێن.

گێڕانه‌وه‌ی مێژووێكی ناشیرینی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ ، كه‌ تێدا نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست وئایین و مه‌زهه‌به‌كان و دووچاری چه‌وسانه‌وه‌و ڕه‌گه‌زپه‌رستی وسڕینه‌وه‌ وله‌ ناوبردن ده‌بنه‌وه‌. تاوانگه‌ڵێك له‌ پێش چاوی هه‌موو وڵاتان و گه‌لانی دونیا ئه‌نجامده‌درێت. تا نهۆش به‌ چه‌ندین شێواز و رێگا و ئایدیا و ده‌سته‌ و هێزی ده‌مارگیرو نه‌ته‌وه‌په‌رست و ته‌وژمی سیاسیی و ئایینی توندڕه‌و و به‌رگی جۆراوجۆر، درێژه‌ به‌م مێژووه‌ ڕه‌ش و قیزه‌وه‌نه‌ ده‌ده‌ن. كاره‌ساتی شنگال و ئێزدییه‌كان له‌م ڕۆمانه‌ ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ . چه‌ندین لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی ئاڵۆزو جیاواز له‌ خۆ ده‌گرێت. له‌ هه‌ر گۆشه‌نیگایێكه‌وه‌، بڕوانینه‌ بنیات و داڕشتن وكاكڵ و كرۆكی بابه‌ته‌كانی ڕۆمانه‌كه‌. قسه‌و باس و وردبینی قووڵ وشڕۆڤه‌كردنێكی تێروته‌سه‌ڵی ده‌وێت.. ڕۆمانێكه‌ ، مێژوو ، سیاسه‌ت ، ئایین ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، ده‌رووناسی و ئایدیا و فكری توندره‌و و نادادی وچه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ و ژێرده‌ستی و زوڵم و سته‌می ناڕه‌واو ده‌یان رووداو و دیارده‌ی ناشیرین وتاوانی به‌كۆمه‌ڵ و سه‌یر ، له‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌ خۆیان نمایش ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌م تاوانانه‌ بووه‌ وای له‌ (سه‌لیم به‌ره‌كات)(*)ی ڕۆماننوسی گه‌وره‌ كردوه‌ ، ئازارو چه‌وساندنه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بكاته‌ هه‌وێنی ڕۆمان و پێشانی جیهان بدات.

له‌ ڕۆمانی (پاكیزه‌ی شنگال) ، ئاه وخه‌م و كۆژانی سه‌دان منداڵ و كچ و ژنی تێدایه‌. پاكی و فریشته‌یی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ هێزێكی پیس و دڕنده‌ و له‌ به‌هاو ڕه‌وشتی مرۆڤ بوون، دایان ده‌ماڵن و ده‌یانكه‌ن به‌ كویله‌. ده‌نگی خۆڕاگری و بوێری و چاونه‌ترسی ئه‌و كچ و ژنانه‌یه‌ كه‌ به‌ (نا)یه‌كانیان. ملكه‌چی حه‌زو داواكاری ئه‌و هێزه‌ نابنه‌وه‌و (مه‌رگ) به‌ شانازییه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرن ، نه‌ك دیلی و ژێرده‌ستی. ئه‌م ڕۆمانه‌ ، ژان و ئازاری ژنه‌ دوو گیانه‌كانه‌. خه‌می منداڵی بێ لانه‌و بێ سه‌رپه‌رشتیاره‌. ده‌نگ و هه‌ناسه‌ی دایكه‌ جه‌رگ سووتاوه‌كانه‌. فرمێسك و گریانی ژنه‌ مێردكوژ وكچه‌ به‌ زۆر فرۆشراوه‌كانه‌. ڕۆمانێك پڕه‌ له‌ تاوان و چه‌وسانه‌وه‌ و خوێن و فرمێسكی مرۆڤه‌ بێتاوانه‌كانی ده‌ڤه‌ری شنگاله‌.

بڕیارده‌ركردن

هێزێك ، پیشه‌ی خوێنڕشتن و سووتان و گرتن و كوشتن بێت. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ بڕیار به‌ده‌ستن و هه‌رچی بیانه‌وێت ده‌یكه‌ن و شه‌رعییه‌ت به‌كاره‌كانیان ده‌ده‌ن ، تا هێزو ترس له‌ نێو خه‌ڵك بڵاوبكاته‌وه‌. بڕیار و یاسا و فه‌رمانه‌ به‌ په‌له‌ و تونده‌كانیان ، ژیانی خه‌ڵك ده‌كه‌نه‌ دۆزه‌خ. كاتێك ده‌ڤه‌رێكی زۆر ده‌كه‌وێته‌ ژێرده‌ستیان و هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌بێ جیاوازی ده‌گرن و ئازاریان ده‌ده‌ن. ئه‌می رو گه‌وره‌كانیان ئه‌وها فه‌رمان به‌ چه‌كداره‌كانیان ده‌كه‌ن. كه‌ به‌چ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مرۆڤانه‌ بكه‌ن ، كه‌ له‌ ژیرَده‌ستی ئه‌وان دان. چۆن فه‌رمانی كوشتن وگرتن و فرۆشتنیان ده‌ده‌ن .
” هه‌ر كافرێك له‌مانه‌ ، بووه‌ مایه‌ی زه‌ڵه‌زه‌ڵ و ده‌نگه‌ده‌نگ بیكوژن، ئه‌و منداڵه‌ی ده‌گری و كپ نابێته‌وه‌ په‌لی بگرن و به‌دیواره‌كه‌یدا بده‌ن… كچه‌ وشه‌ڕكه‌ره‌كان له‌ ولایه‌تی موسڵ بنێرن…. ئه‌و منداڵانه‌ی نێرینه‌ن بیانخه‌سێنن، تاكو له‌سه‌ر بێ جاهێڵه‌كان له‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانیان جیابكه‌نه‌وه‌ و بۆ ماڵه‌كانی خه‌لیفه‌ و موجاهید ئه‌مری خودا گه‌وره‌ نه‌بن، ئه‌وانه‌ كۆیله‌ی ئێوه‌ن، به‌ پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌سكه‌وته‌كانیان ، ژنه‌ له‌ نێو خۆتاندا دابه‌ش بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی ده‌مێننه‌وه‌ بۆ فرۆشتن بۆ بازاڕیان بنێرن….ل262″
به‌ پێی ئه‌و لێكۆڵه‌ر وشاره‌زایانه‌ٍی له‌سه‌ر (داعش) ئه‌نجامیان داوه‌ ، ئه‌و زانییاریانه‌یان پشت ڕاستكردۆته‌وه‌، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی داعش ، له‌ ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی ئێزدییه‌كان و ئایینه‌كه‌یان بووه‌ ، بۆئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستان هات كردیان. به‌ڵام خه‌ونه‌كانیان نه‌چووه‌ سه‌ر.

خه‌ساندن

كرداری خه‌ساندن بۆ ئاژه‌ڵه‌ نێرینه‌كانی وه‌كو (جوانه‌گا و گا و كه‌ر و ئه‌سپ) به‌كاردێت به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزبوونی جه‌سته‌و سوود وه‌رگرتن له‌ كاروباری جووتكردن و بارهه‌ڵگرتن . ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بۆ ئاژه‌ڵ ئازاربه‌خش بێت. ئه‌ی بۆمرۆڤ چ تاوانێكی گه‌وره‌یه‌ ، نێرینه‌كان بخه‌سێندرێن و له‌ پیاوه‌تیی و شه‌هوه‌ت و وه‌چه‌یان بكه‌ن.ده‌سه‌ڵاتدارو شارستانیه‌ت و نه‌ته‌وه‌ زلهێزه‌كان . مێژووێكی ڕه‌شیان له‌م كاره‌ تۆمار كردووه‌. پاشا و میرو سوڵتان و خه‌لیفه‌ و والی و بازرگان و پاره‌به‌ده‌ست و شمشێربه‌ده‌سته‌كان . له‌ كۆشك و ته‌لار و حه‌رمسه‌راكانی(2) خۆیان، سوپایه‌كی زۆریان له‌م خه‌ساوانه‌ هه‌بووه‌، بۆمه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان. ئه‌گه‌ر بۆ سه‌رده‌می كۆیلایه‌تی ئه‌مه‌ ڕه‌وا بێت ، هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌واش نییه‌. كه‌چی له‌ سه‌رده‌می ئێستادا ، ئه‌مه‌ تاوانێكه‌ لێخۆشبووونیان بۆ نییه‌ ، به‌ بێ هیچ هۆكارێك كۆمه‌ڵێك منداڵ ، بخه‌سه‌ندرێن. له‌م ڕۆمانه‌ ، دیمه‌نی به‌كۆمه‌ڵخه‌ساندنی تێدایه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی تا مردن ، دیل و ره‌زیلی ده‌ستی ئه‌وان بن!
” … ئه‌و منداڵانه‌ی نێرینه‌ن بیانخه‌سێنن، تاكو له‌سه‌ر بێ ئه‌مری خودا گه‌وره‌ نه‌بن، ئه‌وانه‌ كۆیله‌ی ئێوه‌ن… ل262″

خه‌ته‌نه‌كردن

كارێكی سووك و قیزه‌وه‌ن ، كه‌ مرۆڤ له‌ باسكردندا شه‌رم ده‌كات، كه‌چی ئه‌وان پاكییه‌تی ئافره‌ت له‌و سونه‌تكردنه‌ ده‌بینه‌وه‌. ده‌ستدرێژی بكه‌نه‌ سه‌ركچان و ژنان و خه‌ته‌نه‌كردنیان به‌ كارێكی پیرۆز بزانن ، وه‌ك جیهاد سه‌یربكه‌ن. ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ربڕین رزگاریان بووه‌ و نۆره‌ی بنبڕینیان دێته‌ سه‌ر!. ئایا ئه‌مه‌ كاری پیاو وكه‌سانی ئایینییه‌ ، ده‌ست و په‌نجه‌ی لێ هه‌ڵده‌كه‌ن و روو ده‌كه‌نه‌ نێو گه‌ڵیان. ده‌بێ ئه‌و چه‌قۆ به‌ ده‌ستانه‌، پرسیاریان له‌ خۆیان كردووه‌، ئاخۆ دایك و خۆشك و كچی خۆیان خه‌ته‌نه‌كراوه‌ وخۆیان خه‌ته‌نه‌ی ده‌كه‌ن؟ یا جورئه‌ت و ئازایه‌تیان تێدایه‌ ، ده‌رپێ له‌ خوشك و دایكی خۆیان بێنه‌ خوارو خه‌ته‌نه‌یان بكه‌ن؟! ئه‌ی خه‌ته‌نه‌كردن و كوشتنی شه‌هوه‌ت و حه‌زی ئه‌م هه‌موو كچ و ژنانه‌ له‌ پێناوچی!! خۆ ئه‌وان به‌خێوكه‌رو ڕێپێدراوی ئه‌وان نین ، تا ئه‌م كاره‌ بكه‌ن. لێره‌شدا باس و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌خه‌ینه‌ روو ، كه‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی شه‌رمه‌زار ده‌كات.
” له‌ خه‌ته‌نه‌كردنی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ری ، هه‌ربه‌ته‌نیا ئه‌و خه‌ته‌نه‌ نه‌كرا، گه‌لێ ژنی لادێی دیلی دیكه‌شیان له‌ گه‌ڵ ئه‌و دا خه‌ته‌نه‌كرد…. ل258″
” تۆ ئێزدییه‌كی قه‌حبه‌ی كافری… بڕیار دراوه‌ خه‌ته‌نه‌ت بكه‌ین، ئه‌و پنتكه‌ زیاده‌یه‌ت ببڕن. سوپاسی خودا بكه‌ كه‌ ناتسووتێنین و هه‌ڵتناواسین. ل266″
” به‌سه‌زمانه‌ … باسی بۆكردم چۆن به‌ زۆر لاقه‌ كراوه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌میرێكی شیشانییه‌وه‌… دواجار هه‌لاتبوو، به‌ڵام گرتیان و بردیانه‌وه‌…. به‌زۆر و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی و دڕندانه‌ خه‌ته‌نه‌یان كردبوو…. ل196″

لاقه‌كردن و سوكایه‌تیی پێكردن پیشه‌ی هه‌میشه‌یان ، بڕوانه‌ ئه‌و كیژو ژنانه‌ ، لاقه‌ده‌كه‌یت وخه‌ته‌نه‌ی ده‌كه‌یت و وه‌ك قه‌حپه‌ سه‌یری ده‌كه‌یت دواتر وشه‌ی كافربوونی ده‌ده‌یه‌ پاڵ . ئه‌وجا سوپاسی ئه‌وان بكه‌یت كه‌ (نه‌یانسووتاندووه‌ و هه‌ڵیاننه‌واسیووه‌). ئایا ئه‌م سوكایه‌تییه‌ ، گه‌وره‌ترین كوشتن نییه‌ ، ڕۆح و كه‌سایه‌تی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ پارچه‌ پارچه‌ ده‌كه‌یت! به‌ ڕۆژ سوكایه‌تیی و به‌شه‌ویش ، خۆیان به‌ قوربانی ناو گه‌ڵیان ده‌كه‌ن . به‌ كافرو قه‌حپه‌ ناویان ده‌به‌ن ! له‌لایه‌كی تریش پێشبركێ ده‌كه‌ن له‌ سه‌ر كچ و ژنه‌كان له‌ خۆیان ماره‌ده‌كه‌ن و كه‌ تێرده‌بن و ده‌یفرۆشنه‌وه‌ به‌ هاوڕێیه‌كی خۆیان و هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌كێكی ترده‌ده‌ن.. له‌وانه‌یه‌ جوانترین پێناسه‌ بۆ ڕه‌وشت و كار و كرده‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ، هه‌ر ئه‌وه‌ بێت ئافره‌تێك به‌م شێوه‌یه‌ باسی ده‌كات.

” له‌م دونیایه‌دا له‌ كوشتن و گان وگولله‌ و پاره‌ وسامان به‌ولاوه‌، هیچی دیكه‌ نازانێت…. ل186″
سووكایه‌تیی و مردنی هه‌میشه‌یی
كچ و ژنانی ئیزدیی به‌وه‌ ناسراون ، خاوه‌ن ڕه‌وشتی به‌رز و داوێنپاكی و بوێری و ڕاستگۆن. پابه‌ندی ئایینی خۆیانن و له‌ یاساو ڕێسایه‌كانی خۆیان لاناده‌ن و پێگه‌و به‌هاو كه‌سایه‌تیی خۆیان هه‌یه‌. ئه‌مانه‌ به‌ ئاسانی ئایینی خۆیان ناگۆڕن ، تووشی كوشتن و هه‌ڵواسین ده‌بن ، یان به‌ زۆری ئایینه‌كه‌یان پێده‌گۆڕن و سووكایه‌تییان پێده‌كه‌ن. له‌وانه‌یه‌ دیمه‌نی ئه‌و هه‌رزه‌كارو كیژۆڵه‌ ئیزدییانه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ ئازارهێن و خه‌مهێنه‌ر بێت ، هه‌ر له‌ ڕۆژیی دوایی بچێت ، كاتێ نایانه‌وێت ئایینه‌كه‌یان بگۆڕن ، له‌به‌رچاوی خه‌ڵك (نێوبازاڕ) ، به‌ ڕووتی داركاری ده‌كرێن و پرچیان ده‌تراشن و هه‌تكیان ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌وان سوورن له‌ سه‌ر ئایینه‌ پیرۆزه‌كه‌ی خۆیان و به‌رگه‌ی هه‌موو سووكایه‌تییكیش ده‌گرن.. ئه‌م رووداوه‌ ، هه‌ر له‌ رووداوه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی جووه‌كان ده‌چێت كه‌ زمان ناتوانێت بگێرێته‌وه‌ و چاو توانای بینیین نییه‌ ، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ قیزه‌وه‌نه‌.

“ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ له‌ ناوه‌ڕاستی بازاڕه‌كه‌ ڕاوه‌ستا و چوار چه‌كداری لێ دابه‌زین، له‌ پشتی پیكابه‌كه‌ شه‌ش كیژۆڵه‌ی ڕووتو قووت ، ته‌مه‌نیان نزیكی یه‌كه‌ ، هه‌رده‌ڵێی جمكن و له‌ یه‌ك ڕه‌حمه‌وه‌ ده‌رچوون. له‌ شه‌رم و ئابڕووی خۆیاندا هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ بتوێنه‌وه‌…. هه‌موو به‌ یه‌ك زنجیر به‌ستراونه‌ته‌وه‌…. ل35″
” روخسار ئاوه‌ڵیینه‌كه‌ چووه‌ ناو پیكابه‌كه‌وه‌ ، یه‌كه‌ یه‌كه‌ ده‌ستی له‌ سمتیان ده‌دا، وه‌ك گرانی هه‌ڵسه‌نگێنێ، به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌رمه‌زارانه‌ و بێئابڕوانه‌ ئه‌وه‌ی ده‌كرد، بزه‌ی سه‌ركه‌وتنی ده‌خسته‌ سه‌ر لێوی، به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا نووكی داره‌كه‌ی به‌ كۆمی یه‌كێ له‌ كچه‌كاندا كرد….. ل41″
” كه‌ قامچییه‌كه‌یان به‌رزده‌كرده‌وه‌ ، شوێنه‌كه‌ی گورجێ خوێنی لێ ده‌چۆرا، كه‌ قامچییه‌كه‌یان داده‌هێنایه‌وه‌، پریشی خوێنی جه‌سته‌یان به‌ملاوبه‌ولادا ده‌پرژا، سێیه‌م كچی ڕیزی یه‌كه‌م سه‌ری لاربووه‌وه‌ و له‌ هاواركردن كه‌وت، پێستی بووبووه‌ نه‌خشه‌یه‌ك له‌ خوێن وله‌ ناو گه‌ڵیشیه‌وه‌ میز به‌ ڕان وقاچیا هاته‌ خواره‌وه‌. ل42″
بوێری كیژ و ژنان هه‌میشه‌ سوورن له‌ سه‌ر ئایینی خۆیان ، ده‌زانن له‌ لایه‌ن ئایینێكی تر ئه‌م سوكایه‌تییه‌یان پێده‌كرێت. ئه‌وان خۆڕاگرن ، له‌به‌رده‌م راسپارده‌و بڕیارو یاساكانی ئه‌وان (نا) ده‌ڵێن. به‌ڵام ئه‌وان بێتاوانن له‌ به‌رده‌م هێزێكی وا ، كه‌ دیلی ده‌ستی ئه‌وان و ئه‌وانیش دڕێخی ناكه‌ن له‌ لێدان و ئازار و كوشتن و ملكه‌چكردنیان به‌ زۆره‌مڵی .. كه‌چی ئه‌وان مردنیان پێخۆشتره‌ ، به‌ سه‌ربه‌رزی و شكۆیی ده‌زانن ، نه‌ك مل بۆداواكارییه‌ سه‌پێندراوه‌كانی ئه‌وان دابده‌ن.. بۆ ئه‌مه‌ش نمونه‌ی ئازایه‌تی و هه‌ڵوێستجوانی ئه‌وان ده‌بیندرێت. مه‌رگ هه‌ڵده‌بژێرن، نه‌ك ژینی ژێرده‌ستی و چه‌وساندنه‌وه‌.

” له‌شه‌رمی نامووسی خۆمدا خه‌ریكه‌ ده‌مرم، هیچم ناوێت له‌ مردن به‌ولاوه‌….به‌ناوی دینه‌وه‌ به‌ قه‌حبه‌ بووم… هه‌موو ڕۆژێك جاشێك به‌ ناوی دینه‌وه‌ لاقه‌م ده‌كات… هه‌رچی پاكی و خاوێنی له‌ جه‌سته‌مدا هه‌بوو هه‌موویان مژی و پڕیان كردووم له‌ ژار…. ل309″
بوێری ئه‌و كیژیانه‌ زۆرن ، نایه‌نه‌وێت به‌ زۆر وه‌ك ده‌سكه‌وتی شه‌ڕ و له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ ده‌ستدرێژیان بكرێته‌ سه‌ر ، یان له‌ رێگای ماره‌كردنێكی ناچاری و بچنه‌ باوه‌شی دوژمنه‌كانیان ، نه‌خاسمه‌ كه‌سانێك پیر و گه‌وره‌ی وه‌ك باوكیان بۆ تێركردنی حه‌زو ئاره‌زوویان به‌رده‌بنه‌ گیانی ئه‌م كچ و ژنه‌ دیل و داماوانه‌. نمونه‌ی وه‌ها زۆرن ، له‌م ڕۆمانه‌ په‌نجه‌ بۆ ئه‌و كیژۆڵه‌یه‌ ده‌به‌ین، كه‌ گونده‌كه‌یان تووشی سه‌ربڕین و كۆشتارگه‌ی مه‌زن هاتووه‌،
“كچێكی تازه‌ هه‌ڵچووی دانیشتووی گوندی (كوجو)خۆی كوشت، كه‌ زانیی وه‌كو ده‌سكه‌وتی شه‌ڕ به‌ ئه‌میرێكیان به‌خشیوه‌… ئازایانه‌ خۆی خنكاند….ل339″(**)

رووداوه‌ سه‌یره‌كان

رووداو و هه‌واڵی سه‌یرله‌ سه‌ر كار و كرده‌وه‌كانیان گوێمان لێ بووه‌ ، یان له‌ گرته‌ی (ڤیدیۆ و ئینته‌رنێت )، هه‌واڵی پڕ شۆك و جه‌رگبڕمان پێش چاو هاتووه‌. له‌م ڕۆمانه‌ش ، شتی وا زۆره‌ ، كاتێك كه‌سێك ، كارێك ئه‌نجامده‌دات كه‌ به‌دڵی ئه‌وان نییه‌ ، تووشی سزای توند ده‌بێته‌وه‌ ، كارێك پێش هاتنی ئه‌وان ئاسایی بووه‌، هیچ شه‌رم و تاوان و ناشیرین نه‌بووه‌. به‌ڵام ئه‌وان كاری وا نیشانی بكه‌ری كاره‌كان ده‌ده‌ن ، زۆر قیزه‌وه‌نتره‌.. مناڵێك له‌ سه‌ر گۆرانی عه‌ره‌بی و پانتۆڵا و جگه‌ره‌ و مه‌ی و نوێژنه‌كردن.. به‌ قامچی و دار وپه‌ت ، دۆزه‌خی بۆدروست ده‌كه‌ن…
“گه‌نجێ به‌ هۆی تاوانی جگه‌ره‌كێشانه‌وه‌ له‌ یه‌كێ له‌ چایخانه‌كان پێستی به‌ده‌م قامچیه‌وه‌ داده‌ماڵرێ ، دوو ڕیشداریش هه‌ریه‌كه‌ و سه‌رێكی په‌ته‌كه‌یان گرتووه‌ ، داره‌كه‌ش بۆ شكاندنی قاچی گه‌نجێكی دیكه‌یه‌، چونكی تاوانێكی گه‌وره‌ی كردووه‌ و پانتۆڵی جینزی له‌ پێدا بووه‌… هه‌ینی ڕابردوو ژنێكیان هه‌ڵواسی، چونكی ملكه‌چی مێرده‌ مجاهیده‌كه‌ی نه‌بووه‌. … ل66″
له‌سه‌ر مه‌یخواردنه‌وه‌ش ، به‌ نه‌عل و پێڵاو له‌ مه‌یخۆران ده‌ده‌ن ، گوایه‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری له‌ سه‌ر جێبه‌جێده‌كه‌ن.
” ئه‌مه‌ مه‌یخۆره‌ ، نه‌فره‌تی خودای لێ بێت و شه‌رمه‌زاری بكات… به‌ نه‌عل و لقی دارخورما له‌ مه‌یخۆران بده‌ین…. ل69″

ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ژنان

هه‌ر شوێنێك له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ داگیركرابێت و ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتبێت ، ئه‌گه‌ر بۆ كاتژمێرێكیش بێت ، كاره‌سات و تاوانی خوێناویان ئه‌نجام داوه‌ ، كوشتن و ڕه‌فاندن كاری سه‌ره‌كییان بووه‌، كچ و ئافره‌ته‌ به‌ شووه‌كان وبگره‌ پیره‌كانیش، وه‌ك ده‌سكه‌وت و خه‌ڵات و پاداشتی سه‌ركه‌وتنیان ڕه‌پێش خۆیان داون . ده‌ستدرێژیان كردونه‌ته‌ سه‌ریان و لاقه‌یان كردوون. ته‌نانه‌ت به‌زۆری و زۆرداری له‌ به‌رچاوی خێزان و باوك و براكانیان یان دایكیان! ده‌ستیان بۆ بردوون و جه‌سته‌ی پاكیان پڕ ژه‌هر وپیسایی وشه‌هوه‌تی بۆگه‌نی خۆیان كردووه‌.. كچانیان به‌ دیاری بۆ گه‌وره‌كانیان بردوون و ئه‌وانیش وه‌ك گورگی هار، چڕنۆكیان له‌ جه‌سته‌ی ناسكیان گیركردووه‌ .

زۆریشیان له‌ به‌رچاویان هاوسه‌ره‌كانیان كوشتوون و سه‌ریان بڕیوون. یان له‌دایكیان جیاكردونه‌ته‌وه‌ و بۆ كرین و فرۆشتن و بازرگانی پێكردن ره‌وانه‌ی شوێنی تایبه‌ت به‌ خۆیان كردوون. بۆئه‌مه‌ كچ و ژنانی ئیزدیی و مه‌سیحی به‌ بیانووی ئایینی جیاواز و كافربوونیان هه‌رچی خوا پێی ناخۆشه‌ ، له‌ به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.. چیرۆَكی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن ، هه‌موو كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و گوند و شار و ئۆردوگایه‌ك ، چیرۆكگه‌لی وا ، سه‌یرو قیزه‌وه‌ن و سووك و ویژدانهه‌ژێن و توقینیان تێدا ئه‌نجامدراوه‌.. مرۆڤ له‌ بیستن و بینین و گێڕانه‌وه‌ ، شه‌رمه‌زار ده‌بێت.. مێژوێكی ڕه‌ش و تاریك و خوێناویی و پڕكاره‌سات كه‌ تێدا ژنان قوربانی گه‌وره‌ن!له‌سه‌ر زاری ئه‌و ژنه‌ دۆزه‌خدیوانه‌ ، ئه‌وها باسی تاوانه‌كان ده‌كه‌ن…
“خه‌ڵكێكی زۆریان كوشت ، به‌ بێ هۆ، ده‌ستدرێژیان كرده‌ كچ و كچۆڵه‌كان و ژنه‌ به‌شووه‌كان. ل25″
” له‌ پێش چاوی باوك و برایانه‌وه‌ ده‌ستدرێژییان كردۆته‌ سه‌ر كچه‌كان، ئه‌مه‌ له‌ سه‌ره‌تای داگیركردنه‌كه‌دا ڕووی دا ، ئیسلامی درنده‌ نازانین له‌ كام بیابانه‌وه‌ په‌یدا بوون…. ل58″
” زۆر به‌ ئاسانی هاوسه‌ره‌كه‌میان كوشت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووگیان بووم و مانگی خۆم بوو، وازیان لێ هێنام…. ل74″
” هاوسه‌ره‌كه‌میان سه‌ربڕی، به‌ به‌رچاومه‌وه‌، وه‌كو به‌رخ سه‌ریان له‌ له‌شی جیاكرده‌وه‌…. ل76″

بازرگانی كردن به‌ كچ و ژنان

یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ ناشیرینه‌كانی ئه‌و هێزه‌ تاریكپه‌رسته‌ ، بازرگانیكردن به‌ كچ و ژنان و فرۆشتنیان به‌ دۆست و لایه‌نگر و كریاره‌كانی خۆیان. بۆئه‌مه‌ش بازاڕێكی گه‌وره‌یان بۆخۆیان دروستكرد و كه‌وتنه‌ مامه‌له‌كردن به‌ جه‌سته‌ی ژنان و فرۆشتنیان به‌ نرخێكی هه‌رزان. ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ سوكایه‌تییكردن به‌ مرۆڤ . ئێمه‌ ئه‌و كاره‌ كرین و فرۆشتنی دیل و كه‌نیزه‌كان له‌ چیرۆكه‌كانی (هه‌زارو یه‌ك شه‌وه‌ )(***) ده‌بینن كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌ ئه‌م بازرگانیكردنه‌ روویداوه‌. به‌ڵام بۆ سه‌رده‌می ئێستا و له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌وه‌ ئه‌و په‌ری سوكایه‌تیكردن به‌ پیرۆزییه‌كانی مرۆڤ و ئایین ونه‌ته‌وه‌كان ده‌كرێت.. هێشتاش ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و ژن و كیژۆڵانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بێ سه‌رو شوێن كراون و چاره‌نووسیان نادیاره‌. هه‌ندێكی تریش ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستاو ده‌ستیان پێكراوه‌ له‌و شار بۆ شارێكی تر گواستراوه‌ته‌وه‌ ، وه‌ك ده‌سكه‌وتی شه‌ڕ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌.. ئه‌و هێزه‌ی له‌ پێناو خودا ده‌جه‌نگێت ، دیویكی تری بازرگانیكردن و په‌یداكردنی پاره‌و سامان وماڵه‌. هه‌رچی حه‌زیان كردووه‌ و ویستوویانه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی خه‌ون و حه‌زو سامانه‌كانیان.

بێ ماندوو بوون به‌ ناوی مجاهید و ئه‌میر و خه‌لیفه‌ بۆخۆیان ده‌سته‌به‌ر كردوووه‌. بۆئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ به‌دوای كچ و ژنانی جوان وناسك گه‌ڕاون و له‌ ده‌وری خۆیان كۆكردونه‌ته‌وه‌. یان له‌ نێو خۆیان وه‌ك دیاری و به‌خشیش ده‌ستاوده‌ستیان پێوه‌كردوون. یان له‌ رێگای ده‌لاله‌كانیانه‌وه‌ به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م هه‌رزانفرۆش كراوون.
“هه‌موو ژنه‌ ئێزدییه‌كان ، كه‌نیزه‌ی دیلن . زۆربه‌یان له‌ موسڵا و ڕه‌ققه‌ و حه‌له‌ب و فه‌لوجه‌ فرۆشران…. هه‌ر داعشێك به‌شی خۆی له‌ ژنه‌ كه‌نیزه‌ دیله‌كاندا هه‌یه‌، ده‌توانێت بیانهێڵیته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ خۆیدا ، ده‌شتوانێ بیانفرۆشێته‌وه‌ به‌ هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت ، تا شتێ پاره‌ی ده‌سكه‌وێت… ل54″
” ژن و كچه‌ دیله‌كان ده‌فرۆشن، یان به‌سه‌ر موجاهیده‌كاندا وه‌كو دیاری دابه‌شیان ده‌كه‌ن، …. ل152″
خیانه‌ت
كاره‌ساته‌كه‌ ، هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ڤه‌رێك ، ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی هێزێكی بێگانه‌ ودڕنده‌. ئه‌وی له‌ خه‌یاڵی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ ئاسانی باوه‌ڕناكرێت و ناچێته‌ مێشكیان ، چۆن ئه‌وها به‌ ساناهی و به‌و شێوه‌ به‌رفراوانه‌ هه‌موویان وه‌ك مه‌ڕێك بدرێنه‌ ده‌ستی ئه‌م گه‌له‌گورگانه‌. پشت له‌ خاك و خه‌ڵكه‌كه‌ بكرێت و به‌رگرییه‌كی ئه‌وها نه‌كرێت كه‌ شانازیی پێوه‌ بكه‌ن.. ئه‌مه‌ش به‌ جۆرێك له‌ فرۆشتن و بازرگانیكردن به‌ پیرۆزیه‌كانیان ده‌زانن.. هه‌مووان پشتی تێده‌كه‌ن . ئه‌م كۆمه‌ڵكوژیه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و نه‌ته‌وه‌ و هێز و ده‌مارگیری ئایینی له‌ ڕابردوو به‌رامبه‌ر به‌ ئێزدییه‌كان ئه‌نجامدراوه‌. بۆیه‌ ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ به‌ ئاشكرا له‌ ده‌می كه‌سایه‌تییه‌كانی نێو رۆمانه‌كه‌ ده‌بیسترێت ، كه‌ ئه‌مه‌ به‌ خیانه‌ت و فرۆشتن به‌ هێزێكی دڕنده‌ له‌ قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن.

” سه‌گه‌كانی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كان به‌ ته‌نیا جێیانهێشتین… ل57) ”
ته‌نانه‌ت پرسیاره‌كه‌ ئاراسته‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ش ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌ شایه‌نی باسكردن بێت . چونكه‌ ده‌ڤه‌رێكی به‌رفراوان ئه‌وه‌ها بدرێته‌ ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ به‌رگریكردن و شه‌ڕكردن وه‌ك پێویست نه‌بووه‌.
“هه‌موویان ئێمه‌یان خه‌ڵه‌تاند…حكومه‌ت فرۆشتینی ، پێشمه‌رگه‌ش ئێمه‌ی فرۆشت…من هه‌موو كه‌سوكاره‌كه‌م له‌ ده‌ست دا و كه‌سیان نه‌مان… ل229″
جا خودی كاره‌ساته‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌زنه‌ ، مێژووی مرۆڤایه‌تی شه‌رمه‌زار ده‌بێت . كه‌ بۆچی ئه‌مه‌ به‌ ئاسانی ڕوویدا. بۆئه‌مه‌ش پرسیارگه‌لێك ، رووبه‌رووی ئه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ . كه‌ كه‌مته‌رخه‌م بوون له‌م كاره‌ساته‌ گه‌وره‌ و جیهانهه‌ژێنه‌. كه‌ تێدا مرۆڤ هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌كات. چونكه‌ ئێزدییه‌كان زه‌ره‌مه‌ندی یه‌كه‌م بوون و خاك وئایین و بنه‌ماڵه‌و خێزانه‌كانیان، بوونه‌ قوربانی ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گبه‌تییه‌، كه‌ ئه‌وان بێتاوان وهه‌رچی تاوانی ناشیرینه‌و نه‌خوازراوه‌ به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت. برینێكه‌ ساڕێژبوونی نییه‌ له‌ مێژووی ئێزدییه‌كان.

” له‌ هه‌رماڵیكی ئێزدیدا، كوژراوێك و ده‌ربه‌ده‌رێك و ونبوویه‌ك و دیلێك هه‌یه‌…. ل75″

له‌ ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ ، مرۆڤ هه‌ست به‌ گه‌وره‌ترین كۆژان ده‌كات. چه‌وسانه‌وه‌و زوڵم و سته‌می و ده‌ستدرێژی و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌و ئایینی ومه‌زهه‌بی . بێبه‌هاكردنی مرۆڤ به‌ بێگوێدان به‌ ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و شكاندنی شكۆ و پیرۆزیه‌كانیان. رووداو و كاره‌ساتی جه‌رگبڕ و ترسناك ، كه‌ تێدا كۆمه‌ڵكوژیه‌ك نیشانی جیهان ده‌دات ، دادگایه‌كان له‌ ئاستیدا شه‌رمه‌زارده‌بن و مافه‌كانی مرۆڤیش له‌م باره‌یه‌وه‌ ته‌نها ده‌بنه‌ قسه‌و برگه‌ و رسته‌ی سواوی نێو به‌یاننامه‌و مانشێتی ڕۆژنامه‌ و تیڤییه‌كان. ئه‌م ڕۆمانه‌ كۆی به‌ڵگه‌و رووداو و مه‌رگ وئازاری بێكۆتایی ده‌ڤه‌ری ئێزدییه‌كانه‌ ، ئاوێنه‌یه‌كی ڕاستی ئه‌و مێژووه‌یه‌ ، كه‌ كچ و ژنان ، له‌ دۆزه‌خی هه‌میشه‌یدا ، ده‌نگی ئازارو هاواری بێتاوانیان دێت. برینێكی قووڵه‌و ساڕێژ نابێت وخوێنی لێ ده‌چۆڕێت . ئازاره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ش ، نه‌ هه‌ر به‌نووسینێكی بچووك ، به‌ڵكو ده‌یان فیلم ناتوانرێت مشتێك له‌ خه‌روارێكی رووداوه‌كان بخه‌نه‌ ڕوو.

———————————–
سه‌رچاوه‌ و په‌ڕاوێز :

1. پاكیزه‌ی شنگال، وارید به‌در السالم، وه‌رگێڕانی : ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل، 2018 ، سلیمانی. چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م .
* ڕۆمانی( سه‌لیم به‌ره‌كات) به‌ ناوی (سبایا شنگال)ه‌.
2. ئافره‌ت له‌ودیو په‌رده‌ی حه‌ره‌مسه‌راكانه‌وه‌ ، حه‌سه‌ن ئازاد، و: وریا قانیع ، چاپی یه‌كه‌م ، 2007، هه‌ولێر.ٍ
**. كۆجۆ : گوندێكی ئیزیدی نشینه‌ و (23) كیلۆمه‌تر له‌ ڕۆژئاوای شنگاله‌. (داعش) ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ی كۆمه‌ڵكوژكرد و ژماره‌یه‌كیش به‌ دیل گرتن و ماڵ و موڵكیشان به‌ تاڵان بردن. بۆ زانیاری زیاتر له‌ سه‌ر گوندی (كۆجۆ) و رووداوه‌كه‌ بڕوانه‌ : كتێبی (جینۆسایدی ئێزدییه‌كان … كۆجۆ)، داود مراد خه‌تاری ، وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن : ته‌ها سلێمان ، چاپی یه‌كه‌م ، 2015.
* * * هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌ ، له‌ لایه‌ن (جه‌وهه‌ر مه‌حمود داراغا) وه‌ڕگێراوه‌ بۆ كوردی وله‌ ناوه‌ندی هونه‌ری وڕۆشنبیری ئه‌ندێشه‌، به‌ چواربه‌رگ، چاپ كراوه‌. چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ ئه‌م چیڕۆكانه‌ ده‌گێردرێنه‌وه‌و به‌شی زۆری چیرۆكه‌كانیش باس له‌ بوونی كرین و فرۆشتنی ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌نیزه‌و خزمه‌تكاروكویله‌ كراون

تێبینی : له‌ هه‌فته‌نامه‌ی (ریگای كوردستان) ، ژ (1143) به‌شی یه‌كه‌م ، ژ (1144) به‌شی دووه‌م ، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




بۆچی کەم ئاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، دەبێتە مایەی شەڕ و هەرا … لە ئەڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی


بۆچی کەم ئاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا، دەبێتە مایەی شەڕ و هەرا.
جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوین دا. دەتوانێت خراپتریش لە هەنووکەدا ئاو ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە زۆر بێت.
شەڕ لە پێناوێ هەر تکە ئاوێک دا
نووسینی :Christian Böhme,Berlin
Thomas Seibert, Istanbu

لە ئەڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی

—————————————————-

ڕۆژهەڵاتی ناوین،6% ی دانیشتوانی جیهان پێک دێنێ،لێ %1 ڕێژەی ئاوی خواردنەوەی لێیە. ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفەریقا لە قاقڕ و وشکترین ناوچەکانی گۆی زەوین. قاتووقڕی ئاو، لەم دەڤەرەدا بەردەوام هەرا و کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی گەرم دەکات.

بۆ بارودۆخی دژوار و ناخۆشی کەم ئاوی، هۆکار زۆرن لەوانە:
ـ گۆڕانی ئاو و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هاوین دا تا پلەی 50، کە ساڵی پار لە کوێت باڵندە بە هۆی گەرماوە کەوتوونەتە سەر زەوی بە مردوویی. هەندێ لە زانستکاران ترسی ئەوەیان هەیە، چەند ناوچەیەکی کەنداوی فارسی لە کەمتر لە ١٠ ساڵی داهاتوودا، کەس نەتوانێ تێیاندا بژی. ساڵانێکە سەردەمی وشکبوونەوەی بەردەوام ڕووی لەم ناوچەیە کردووە. لە ئیسرائیل چەند جۆگە و ڕوبارێکی ئەملاولای ڕووباری ئەردەن وشکبوون، لەبەرئەوەی 5 ساڵە باران کەمتر دەبارێ لە جاران و هەتا بێت باران بارین ڕوو لە نەمان دەکات. فاکتێکی تری ئەم بارودۆخە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکەیە بە ڕێژەی 2% ساڵانە. ئەمەش زیاتر بە شارەکانەوە دیارە،کە هەتا بێت خەڵک ڕوو لە ناوەندەکان دەکات.
ئاوی تینیوویەتی ملیۆنەها قاتی خەڵکی نادرێت. بەم جۆرە لە ئێستادا ئاو لە زۆر شەڕ و هەرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێ. بەنداوەکانی سووریا و عێراق ئامانجێکی گرنگی داعش بوون، بۆ دەست بەسەرا گرتنیان لە مەیدانی شەڕدا. هێزی تەقینەوەی کێشە و هەراکان لەسەر ئەو 3 ڕووبارەی ڕۆژهەڵاتە، کە لە وڵاتانی دراوسێوە هەڵدەقوڵێن و دێن. ئەمەش وا دەکات شەڕی دابەشکاری/ ئاودابەشکردن، سەرهەڵبدات. نیل لە قوڵایی ناوەوەی ئەفریکاوە دەڕژێتە میسرەوە. دیجلە و فورات سەرچاوەیان، وا لە تورکیا ( لەڕاستیدا سەرچاوەی دیجلە و فورات لە کوردستانە و نووسەرانی ئەم بابەتە نەیان ویستووە، ئاماژەی پێ بدەن و باسێکی شەڕی کورد و دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بکەن ـ و). لە توێژینەوەیەکدا لەمەڕ کەم ئاویی لە جیهان دا، بانکی جیهانی هاتە سەر بڕیارێک، دەوڵەتانی ناوچەکە دەبێت زیاتر پێکەوە کار بکەن، تاوەکو” ئاسایشی ئاو” زیاتر بکەن. ئایا ئەمە جێبەجێ دەبێت؟.

تورکیا،عێراق، سووریا تورکیا

عراق

تورکیا جیا لەو وڵاتانەی دراوسێی باشووریی، بە بەراورد لە ئاودا وڵاتێکی دەوڵەمەندە. تورکیا بەربەستی ئاوی تەوراتی هەردوو دیجلە و فورات دەکات، کە بەرەو باشوور دەڕۆن، لە ڕێگەی تۆڕێکی گەورەی بەنداوەوە لە باشووری رۆژئاوای ئەنادۆڵەوە،(گاپ ـ و) بە بیانووی بەدەستهێنانی سەرچاوەی وزە و ئامانجی ئاودێری وڵات و دەروبەریەوە ئاو گل دەداتەوە. سووریا و عێراق دەیان ساڵە گازندە و هاواریانە لە سیاسەتی توندوڕەقی ئەنقەرە. گومان لە تورکیا دەکرێ، بیەوێ چکە چکە ئاو بۆ دراوسێکانی بەر بداتەوە. ئەنقەرە بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەکرێ ڕەتدەکاتەوە. بۆ کۆتاییهێنان بە گازندەیی درواسێکان. لە هەنوکەدا بەنداوی Ilisu لەسەر ڕووباری دیجلە، لە ناوچەی خوارووی رۆژهەڵاتی باتمان هەرای ناوەتەوە، کاربەدەستانی تورکیا سەرەتای مانگی6 دەستتیان بەکارکردن، حەوزەکانی پشت بەنداوە زەبەلاحەکە پڕ بکەنەوە. دوای هەفتەیەک ئەم کارە ڕاگیرا، لەبەرئەوەی بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوەوە، ناڕەزایی توندی بەغدا بەرز بۆوە.

ئیلیسو، لەناوخۆی تورکیاش دا مشتومڕی لەسەرە، چونکە دەبێتە هۆکاری شارێکی دێرینی وەک حەسەنکێڤ(شارێکی دێرینی کوردستانە ـ و) و نزیکەی ٢٠٠ گوند و ناوچەی تریش ببن بەژێر ئاوەوە. پارەپێدەرانی ڕۆژئاوا، لەم پرۆژە گەورە ملیاردییەدا، خۆیان لەم پرۆژەیە کشانەوە. بەڵام مەسەلەکە بۆ عێراق زۆر لە پارە زیاترە. ئەم وڵاتە 3/4 سێ لەسەر چواری پێداویستی ئاوی خواردنەوەی لەو ئاوانە بەدەست دێنێ، کە لەپشت سنوورەکانێوەیەتی. وەک دیجلە و فوراتیش سەر بەم سەرچاوانەیە ـ بەپێی قسەی عێراق تورکیا لێرەش ئاو دەگرێتەوە. لە ڕابووردوودا عێراق توانای ڕاکێشانی 30 ملیارد مەتر سێجا ئاوی لە دیجلەوە هەبووە. وەزیری ئاو حسن النجیب لە ساڵی ڕابووردودا بە ڕۆژنامەی”Independent”بەریتانی وتووە. ئەو لە ئەمڕۆدا خۆشحاڵە، ئەگەر 16 ملیارد ئاو بێتە وڵاتەکەیەوە.

کێشەی کەم ئاوی ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە سووریادا لە ساڵی 2011 دا، کاتێ ڕاپەڕین دژ بە سەرۆک بەشار ئەسەد سەری هەڵدا، چونکە زنجیرەیەک خراپی لە بەرووبووم، دەیان هەزار کەسی لە خەڵک لە گوندەوە دەرپەڕاند و چوونە شار. کە ژمارەی زۆری بێکاریی هێندەی تر شێوان و تێکەڵوپێکەڵ کرد. لەشەڕی ناوخۆدا بەردەوام ئاو بەمەبەست وەک چەک بەکارهێنراوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لە ڕژێمی ئەسەد گرت، ئەو ناوچانەی کە لەلایەن یاخیبوونەکانەوە، کۆنترۆڵ کرابوون، لە رۆژئاوای باکووری دیمەشق بۆمباران کرد و سەرچاوەی ئاوی لە 5,5 ملیۆن مرۆڤ بۆماوەیەک خاپوور کرد. هەروەها ڕاپەڕیوەکانیش لەوە سڵ ناکەنەوە، ئاوی ئەو ناوچانە بگرنەوە،کە لەلایەن ڕژیمەوە بەڕێوە دەبرێن. بەهۆی ئەم هەرا و کێشانەوە ژێرخانی وڵات زیانی زۆری پێ گەیشتووە. کەناڵ و داموودەزگای پەمپی ئاودەرهێنان تێکشکاون و ساڵانێکە ناتوانن بۆرییەکان چاک بکەنەوە.

میسر/ سوودان/ ئەسیۆپیا

پرۆژەیەکی زەبەلاح دەوری 1500کم لە باشووری دەوڵەتەکەی، وای کردووە وڵاتی میسر ترسی ژیانیان لا دروست بێت. ئیسیۆپیا دەیەوێ لەم ساڵەدا گەورە بەنداوی لەدایکبوونەوەی ئیسیۆبیا تەواو بکات. پرۆژەیەک بەھای 5 ملیارد دۆلار لەسەر ڕووباری نیلی شین، کە دەبێتە ھۆی ئەوەی بەرھەمی وزەی وڵاتانی ئەفەریقا دووقات بکات. میسر %95 زیاتر پشتی بە ئاوی نیل بەستووە، لەم بەنداوە ئەفریقاییەدا مەترسی لەسەر مەرگی خۆی دەبینێتەوە. نیوەی زیاتری ئاوی میسر لە نیلی شینەوە دێت کە لەسودان لەگەڵ نیلی سپیدا تێکەڵ بە یەک دەبنەوە. ھۆکاری ھەراکە ئەوەیە ئیسیۆبیا گەرەکێتی بەزووترین کات بەنداوی ئاوەکان پڕ بکاتەوە. حکومەتی ئەدیس ئەبابا،دەیەوێ زۆر بە خێرایی پرۆژەکە بخاتە کارەوە، تاوەکو بەپێی توانا دەست بە بەرھەمھێنانی سەرچاوەی وزە بکات. میسر ھەوڵدەدات ئەم پرۆسەیە درێژە بکێشێ. ئەگەر بێت و ئەم پرۆژەیەی ئیسیۆبیا بەنداوی ئاوەکە، بێتە هۆی کەمبوونەوەی تەنھا %2 لە ئاوی میسر، دەتوانێ 80.000 هەزار ھیکتار زەوی کشتوکاڵ وشک بکات، ئەمەش ھەڕەشەئامێز و ترسناکە.

لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی سودانی درواسێی ئەسیوپیا، خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕاڕەوی ئەم پرۆژەیە بەنداوە دەربڕی، کە بە ھۆیەوە لافاوی ڕووباری نیل بەربەست دەبێت. لەسەرو ئەمانەشەوە سوودان دەیەوێ ئەلەتریکی زیادەی ئیسیۆپیا لەسەرچاوەی وزە ئاوییەکان بکرێ. تەنانەت ئەگەری کێشەیەکی سەربازی لە نێوان میسرو ئیسیۆبیا، لەکاتی خۆیدا لەسەر پرۆژەی بەنداوەکە دەرکەوت. لە دیدارێکی لوتکەدا لە مانگی 6 ئەمساڵ دا, عبدالفتاح سیسی و سەرۆک وەزیرانی ئیسیۆبیا ئابی ئەحمەد, بەفەرمی چوونە شەڕەکەوە. بەڵام گرژییەکان لەسەر ئەم پرۆژە بەنداوە نابڕێتەوە. پێش چەند حەفتەیەک سەرەک ئەندازیارانی ئەم بەنداوە، Simegnew Bekele، لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە بە گوولەیەک کوژرا.

غەززا/ ئیسرائیل

null

کێ لەلای شاری غەززا بچێتە ناو ئاوەوە، سەرکێشی بە تەندروستی و لە خراپترین دۆخ دا تەنانەت بە ژیانی خۆیشی دەکات. لەوێ دەریای سپی ناوەڕاست پیس و ژاراویکراوە. هەمان شت بۆ کەناری دەریاچەکە، کە وا باشترە دایک و باوک نەهێڵن منداڵەکانیان لەوێ یاری بکەن. لە بارێکی تردا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی/ درم لەو ناوە هەیە. ئەمەش شتی سەیر و چاوەڕوان نەکراو نییە. مەزەندە دەکرێ ،ڕۆژانە 100.000 مەتر سێجا لە ئاوەڕۆ و چڵکاو بڕژێتە ڕەنگە ناو دەریاوە یاخود ڕوون نییە بچێتە ژێر زەوییەوە ـ پیسی و بۆگەنی ئاوێکی زۆر بۆ دانیشتوان دروست دەکات. ئەمە تاکە مەترسی نییە.کە پەیوەندی هەبێت بە ئاوی نایابەوە. بەم شێوەیە ئاوی ژێر زەوی بەردەست لە ڕووی جۆرێتی و چەندایەتییەوە بەش ناکات. بۆئەوەی ژمارەی زیادی دانیشتوانی ئیسرائیل و میسر و ناوچەکانی کەنار دەریای چڕ بەدانیشتوان، کە ژمارەیان نزیکەی2 ملیۆنە مشوریان بخوات.
بەپێی بیروڕای شارەزایان و پسپۆڕان %95 ئاوی بەلوعە، بۆ بەکاربردنی مرۆڤ گونجاو نییە/ نەگونجاوە. پیس و ژەهراوی بووە. سنووری بەهای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ نیترات و کلۆریدا بە چڕی و فراوانی تێدەپەڕێندرێن. ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە:

بۆ نموونە، هیچ دیار نییە و ڕوون نەکراوەتەوە، ئاوی پیس و چڵکاو ،خۆڵ و خاشاک ، پەین و دەرمانی نەهێشتنی جڕوجانەوەر دەچنە ئاوی خواردنەوەـ بەلام دامودەزگا و ئامێری پاڵاوتن و پاککەرەوە نییە. 3 جەنگ لە 10 ساڵی ڕابووردوودا، گورزی کوشندەی لەو ژێرخانە ناتەواوەی هەیە و لەبەردەستدایە داوە. کەم ئاوی کارەساتێکی گەورەیە، ئیسرائیل ساڵانە چەندین ملیۆن مەتر سێجا ئاو فەراهەم دەکات و هێشتا هەر بەش ناکات. پێویستە ئاوی سوێر لەخوێکەی پاک بکرێتەوە و دامودەزگای ئەم کارەش زۆرگرانە و تێچووەیەکی/ خەرجی زۆری دەوێت، کارەبای چڕ و کەرەسەی بیناکردن، لەو کەنار دەریایە زۆرزەحمەت چنگ دەکەون. حکومەتی ئورشەلیم دەترسێ، دەسەڵاتدارانی حەماس سوودی خراپ لەو ڕەوانەکردنانە بۆ ئامانجی خۆیان وەرگرن، بۆ نموونە لە ڕێگای دروستکردنی تونێلی هێرش بردنەوە.

سەرباری ئەمانەش بەردەوام کەمبوونەوەی بارانیش ڕێگرێکی ترە،کە ئاوی ژێر زەوی لەناوچەکەدا زیاد بکات. لەمانەش زیاتر ئەو ئاوەی هەیە، بێ گوێدانە هیچ شتێک تاڵان دەکرێ و ئاوی دەریا دزە دەکاتە ناو بەنداوەکانی پاشەکەوتکردنەوە. جێی سەرسوڕمان نییە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی هۆشداریی دەدەن،کەرتی غەززا لە دوو ساڵی ئایندەدا دەست نادات بۆ ژیان.

ئەو گرفتارییەی غەززا لە هەنووکەدا، ئیسرائیلیشی گرتۆتەوە. ئاوەڕۆی پیسی و چڵکاوی کەناری دەریا،لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ڕووی دەوڵەتی جولەکە کەوتۆتە ڕێ. لەبەردەم ئەمەدا مرۆ هەوڵ دەدات بۆ نموونە لە ڕێگای بەربەستەوە خۆی بپارێزێ. دەرئەنجام دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتی، شوێنێکی سەرەکی و بەرایی داگیرکردووە و بەشێکە لە بنەماکانی ئاسایش. ئیسرائیل دەستکەوت و قازانجی زۆری هەیە: ئەگەر کارەکە ئەوە بێت ،کاریگەرانە ئاو بەکاربهێنن، وا سوپاس بۆ بوونی زانیاریی و شارەزایی و ئەزموونی Knowhows تەکنیکیی زۆر، کە دەیان ساڵە لە ئیسرائیل لەبەردەستدایە وئیسرائیل یەکێکە لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکان. بەهاوکاری ئەو ئاوەی لە خوێ پاک دەکرێتەوە، دەتوانرێ بەشێکی زۆری پێداویستییەکان فەراهەم بکرێ، بەڵام نەک لە بواری کشتوکاڵ دا.

لێ دەستگا و ئامێری لەم چەشنەش،وەک ئامانجێکی بەهێزی پەلاماردارەکانە. لەبەرئەوەیە دەوڵەتی جولەکە هەروەها پشت بە سەرچاوە سروشتییەکان دەبەستێ. ڕووباری ئەردەن و جلیل ڕۆڵێکی گەورە دەگێرن لەم بوارەدا. بێگومان بەهۆی کەم بارانییەوە دەریاچەکەش ئاوی کەمە وشک دەکات. دوورگەی بچووک بچووک دروست بووە. لە هەموو لایەکی ڕووباری ئەردەنەوە بەردەوام شەڕی دابەشکردن لەگەڵ وڵاتی ئەردەن هەیە. شانشینی ئەردەن یەکێکە لە وڵاتە هەرە هەژارەکانی دنیا لەئاودا و بەردەوام ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرێ، کە بێ شەرمانە خزمەتی خۆی دەکات لەسەر حسابی ئەردەن.

ئێران

ئەسفەهان

ڕووبارەکان کە ئاویان پێدا نەڕوا، کێڵگەیەک، کە کەس داوای نەکات، لەبەرئەوەی لە بیابانێکی بەردەڵانی دەچێ ئاوی ژێر زەوی خوێیاوییە. زەویوزاری وشکبووی دوورە دەست کەدەست نادەن بۆ نیشتەجێبوون و بەهۆی تۆڕنادوە/ڕەشەبای توندەوە،ڕادەماڵدرێ ـ کەمئاوی ئێران ڕوون و ئاشکرایە و لە تەواوی وڵات دا هەستی پێ دەکرێ و بەرچاوە. ئەمەش زیان و کاریگەریی گەورەی هەیە. هۆکاری تەنگژەکە هەمەلایەنە و زۆربەی کات سروشت بەرپرسیار نییە، بەڵکو ئەو مرۆڤەی کە سەرچاوە پێویستەکان لە بەکاربردنی سەرچاوە سرووشتیەکان بەڕێوە دەبات. ئەم وڵاتە، کە دانیشتوانەکەی لە شۆڕشی 1979 ژمارەکەی 2 قات زیادی کردووە بۆ 80 ملیۆن زۆر دوورە لە بارودۆخی ئۆکۆلۆگییەوە. لەگەڵ ئەمەدا مەسەلەکە لێرەوە ڕوونە، ساڵانێکە ئێران بەدەست وشکبوونەوەی بەردەوامەوە دەناڵێنێ. باران نابارێ و پلەی گەرما بەنزیکەی 2 پلە بەرزتر بۆتەوە. بەم بارودۆخە وڵات نزیکەی %50 ئاوی سەر ڕووی زەوی لەدەست داوە. بەڵێ لەبری ئەوەی دەست بەئاوەوە بگرن، ئیسرافی پێوەدەکەن.

ئەمە بەتایبەت بۆ ئەو شارانەیە کە بەردەوام گەورە دەبن. %70 ئێرانییەکان لە ئەمڕۆدا، لە ناوەندی شارە پێشکەوتووەکان دا دەژین. وا پێدەچێ تینوویتییان بەری پێنەگیری و نەشکێ. لەبەرئەوەی دامودەستگاکان ناتوانن پێداویستییەکان دابین بکەن، خەڵکی خۆیان ئاو دەردێنن،واتە بیر لێ دەدەن. کە بەمەش ئاوی ژێرزەوی پاشەکەوتکراو بەتاڵ دەبێتەوە. کشتوکاڵ بەتەواوی هیچ سوودی نەماوە %90 ئاو بۆ کێڵگە و باخەکان بەکاردێت،جوتیارەکان بێ مۆڵەت دەستیان بە ئاودەرهێنان و بیر لێدان دەگات. لە شوێنی دیکە ئەوە نییە. پێویستە کارخانە کشتوکاڵییەکان دایبخەن، دەیان هەزار کەس ترسیان لەسەر بوونیان بۆ دروست بووە.

لەم ماوەی دواییەدا دووبارە بەزموهەرا سەری هەڵداوە، خەڵک توڕەن لە پرسی گەندەڵی و گازندەیی دەکەن، خاوەن زەویوزارە گەورە بەدەسەڵاتەکان ئاویان هەیە و دەری دێنن بۆ کاروباری خۆیان و هیچ بۆ هاولاتی ئاسایی نامینیتەوە. خراپ بەڕێوەبردن و سەرنەکەوتنی کشتوکاڵ و ئەقڵێتی خزمەتی خۆکردن، دەمێکە حکومەتی سەرقاڵ کردووە. سەرۆک حسن رۆحانی شەڕی لەدژی کەمئاوی کردۆتە شا کاری خۆی و بە دروشمی کەمکردنەوەی ئاوبەکارهێنان. هەڵبەت ئەم گرفتارییە هاوکات هۆکاری سیاسی هەیە: سزاکانی ئەمەریکا.

بەرامبەر بەمە ئێران ڕێوشوێنی توند دەگرێتەبەر بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خودی خۆی. خۆراکی وەک گەنم دەبێت لەناوخۆی وڵات بەرهەم بهێنرێ ئەمەش پەیوەستە بەوەی دەوڵەت دانەوێڵەی جوتیاران بەنرخێک بکڕێ، کە لەسەرووی نرخی بازاڕی جیهانییەوە بێت. ئەمەش وا لە جوتیار دەکات زیاتر لە پێویست دەست بەئاوەوە بگرێ. ئەوە تەنگژەکە ئالۆزتر دەکات، پرۆتێستەکان هەتا بێت کەڵەکەتر دەبن. ئەمەش کتومت ئامانجی ڕوونی ڕاگەیەندراوی سزاکانی ئەمەریکایە. واشینتۆن دەیەوێت چۆک بە ئێران دابدات، بۆئەوەی مەلاکان ناچار بکات بێنە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەو وەڕسیی و بێزارییەی لە ئاکامی کەم ئاوییەوە دێ، دۆناڵد ترامپی وەک دژەپاڵەوانی ڕژێم داناوەـ ئەو نەیارەکەی لاواز دەکات.

———————————
سەرچاوە: ڕۆژنامەی تاگە شپیگلی رۆژی ٢٢/٩/٢٠١٨
https://www.tagesspiegel.de%2Fpolitik%2Fwasserknappheit-warum-die-wassernot-im-nahen-osten-zu-konflikten-fuehrt%2F23097300.html




شیعر… یان کیمیاگه‌ریی وشه‌ … سۆران محه‌مه‌د

ئەگەر بڵێین شیعر سیحرە بە وشە، ئەوا هەموو دەقێکی شیعریی ئەمڕۆی کوردی کە لەسەرڕووپەڕی ڕۆژنامەو گۆڤارو پەڕتووکەکاندا… چاو هەڵدێنن، جۆرێك له‌ خاڵی به‌هێزیی و ئیستاتیکای داهێنه‌رانه‌یان تێدا ده‌بینرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌مووشیان ناتوانن کەمەندکێشی گیانمان بکەن بەرەو جیهانە تایبەتەکەی خۆیان و لە ئاکامیشدا رامان و لەیادنەکردنمان لا دروست بکەن و سەدایەكی درێژخایه‌ن لە ناخماندا جێبهێڵن، یان وه‌ك پێویست چه‌شه‌ی گیانییمان پێبده‌ن.

شیعر وێڕای ئەوەی وەك پێناسە کلاسیکیەکەی بەهرەیەکی نابه‌رجه‌سته‌و ئایدیالیستییە، لەهەمان کاتیشدا بە پێی لێکدانەوە مۆدێرنەکان بریتییە لە ته‌کنیك و کار لەسەرکردن و به‌کارهێنانی زمانێکی تایبه‌ت له‌ناو زمانی گشتیدا.
بە پێی هەنگاوە خێراکانی کەلتووری مرۆڤایەتی کار لەوە دەرچووە نووسینی شیعری باش تەنیا دەربڕینی کەف و کوڵی ناخ بێت و ئیلهامی ساتەوەختێك بێت و بەپەلە و بێ پێداچوونەوەو دیراسەکردن و تێڕامان و دووبارە ذاڕشتنەوەو پێکەوە بەستنی زنجیرەی بیرۆکە فرەڕەهەندەکانی ناوی، ته‌نیا وەك ئارەزوویەك بنووسرێت و بڵاوبکرێتەوە، ڕاستە شتەکان و کەسەکان لە ژێر سێبەری ناوەکانیاندا دەژین، کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە پێدانی پەساپۆرتی بڵاوکردنەوەی زۆر لەو بەرهەمانە گەر وەك پێویستیش پێنەگەشتبن! بەڵام لە ئاکامدا بێ سەلیقەیی و بێزارییمان لا جێدڵن و رەنگە هۆی ئەمەش بێت وەك پێویست کاردانەوە لای خوێنەرو ڕەخنەگران دروست نەکات و وه‌ك پێویست نه‌مانجوڵێنن.

بۆ نموونە کاتێك لە ماوەی مانگێکدا چه‌ندان هۆنراوەی شاعیرێک دێته‌ پێشچاومان، یه‌کسه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆمان ده‌که‌ین که‌ دەبێت چ جیاوازییەك لە نێوانیاندا هەبێت و چ داهێنانێکی جیاوازیان لە خۆ گرتبێت؟ بۆیە له‌ ئه‌نجامی لێكچوونه‌کاندا ‌وا دەزانرێت تەنیا هەریەك شیعر دەخوێنرێتەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی لە ئاستی هونه‌ریی دەقەکان کەم دەکاتەوە، دەشبێتە پێوەرێکی نەرێنی بۆ پاشەڕۆژی هەڵسەنگاندنی کۆی بەرهەمەکان و دنیای ئافراندن و بەرهەمەکانی ئەو شاعیرە.

له‌ هه‌مانکاتیشدا بۆ نموونه‌ که‌ دەقی شاعیرێکی جیهانی وه‌ك ئۆکتاڤیۆ پاز یان بۆدلێر یاخود مالارمێ و ڕامبۆ و تی ئێس ئیلیۆت و ئێدگار ئه‌لان پۆ و….تاد دەخوێنیەوە وا دەزانیت لەبەردەم تابلۆیەکی نوێ و سه‌رنجڕاکێشی نیگارکێشێکی کارامەدا وەستاویت (به‌ وشه‌) و تا لێی وردتربیتەوە زیاتر چه‌شه‌و لێکدانه‌وه‌و تامەزرۆییت لا دروست دەکات، هەست دەکەیت مامەڵە لەگەڵ داهێنانێکی سەنگین و بەویقاردا دەکەیت کە دەیەوێت به‌ زمانێکی هونه‌ریی ناڕاسته‌وخۆ زۆرشتی فەرامۆشکراوت پێ بڵێت و له‌گه‌ڵ گیانتا بدوێت، هەر بۆ نموونە کاتێك به‌راوردی دەقێکی لۆرکام کرد کە لەیەکەم ساڵی بە شاعیر بوونیدا نووسیبووی و بەراوردم کرد بە دەقێکی تری کە دوای پانزە ساڵ نووسیبووی جیاوازییەکی زۆرم لە نێوان ئاستیاندا بەدی کرد، بەڵام ئێستا لۆرکا لۆرکایە بە هەموو دەقەکانیەوە، دەقەکانی سەرەتا و ئەوانی دواتریش، بۆیە ئێستا باشتر وایە (که‌ له‌ دنیای نوێی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ده‌ژین) خۆمان لەم کێشەیە دەرباز بکەین بە پەلە نەکردن لە بڵاوکردنەوە و زیاتر قوڵبوونەوە بە رەگ و ڕیشەکانی داهێنانی دەقی شیعریدا و ئەنجا بیخەینە بەر دیدەی خوێنەران، پێوەری گونجاویش بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە ئەوەیە لە خۆمان بپرسین ئایا شتێکی تازەمان کردووه‌؟.

لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە شاعیری واشمان هەیە لەساڵێکدا ڕەنگە دوو دەقی شیعریی بنووسێت و ببینین بڵاویان بکاتەوە.

گەر چاو بخشێنین بە دەوروبەرماندا تەنانەت لەیاساکانی سروشتیشدا ئەمە دەبینینەوە؛ بۆ نموونە ئاژەڵێکی بە بەهای وەك پاندا لە ساڵێکدا تەنیا ره‌نگه‌ یەك بەچکەی ببێت، ئەویش (گەر بیبێت) بەڵام بۆ نموونە بۆق بە جارێك سه‌دان گه‌را داده‌نێت. یان گەر تەماشای کانزاکان بکەین دەبینین زێڕ بە هۆی ئەو سیفەتە دەگمەنانەی هەیەتی زۆر ئەستەم دەبینرێتەوەو به‌هایه‌کی زۆری هه‌یه‌، لە کاتێکدا ئاسن زۆرو زەبەندەیەو هه‌رزانه‌و بە ئاسانی چنگ دەکەوێت.

یه‌کێك له‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ی سه‌رنجمداوه‌ له‌ لای هه‌ندێك شاعیر که‌ به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه‌ و وایکردووه‌ ده‌قه‌کانی سه‌رساممان نه‌کات و نه‌مانجوڵێنت بریتییه‌ له‌ کێشه‌ی (سواویی که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌کی و به‌کارهاتووی ناو شیعره‌که‌دا)،که‌ ره‌نگه‌ خۆی هه‌ستی پێنه‌کردبێت، چونکه‌ نوێبوونه‌وه‌ خاڵێکی زۆر کاریگه‌ره‌، جا ئه‌گه‌ر لای منی خوێنه‌ر که‌ره‌سه‌که‌ (که‌ زاراوه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ناو ده‌قه‌که‌یه‌)‌ لای شاعیرانی تر زۆر به‌کارهاتبێت ئه‌وا بمانه‌وێت یان نا له‌ پۆینتی به‌های ئه‌و شیعره‌ که‌مده‌کاته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی که‌ ئه‌مڕۆ زۆر بوارو چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌و کێشه‌ی نوێ هاتوونه‌ته‌ ناو ژیان و فه‌رهه‌نگی مرۆڤی مۆدێرنه‌وه‌.

ئەوە ماوە بڵێم خۆڕۆشنبیرکردن و ئەزموونە جیاوازەکانی ژیان سەنگێکی بە بەهان بۆ دروستبوونی هه‌وێنی شیعرو دەوڵەمەندکردنی بەرهەمی شیعریی باش و دڵنیاشم وەك چۆن جێ پەنجەی هیچمان بەیەك ناکات، ئاوهاش دنیابینی و لێکدانەوەو چەشە جوداکانمان بەیەك ناکات و بەم هەمەڕەنگیەشەوە ژیان جوانتر ده‌بێت.
بۆ نموونه‌ شاعیر هه‌یه‌ زیاتر کار له‌سه‌ر نوێبوونه‌وه‌ی ره‌گه‌زی خه‌یاڵ ده‌کات، هه‌شه‌ نه‌گوتراوه‌ گه‌رمه‌کانی ڕیالیزم، هه‌یه‌ سۆز جوڵێنه‌ری سه‌ره‌کی ده‌قه‌که‌یه‌تی، لای هه‌ندێکیش یه‌که‌کانی زمان، بۆ هه‌ندێك زیاتر باری هزر گرنگه‌ له‌ شیعرداو بۆ هه‌ندێکی تریش بابه‌ت، لای هه‌ندێکی تر فۆرم و جوانکاریی زمانه‌وانی.

لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی بڵێین هه‌موو پێکهاته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی شیعر تێکه‌ڵ ده‌بن و به‌ره‌نجام ره‌گه‌زێکی نوێمان پێده‌به‌خشن و ته‌واوکاریش له‌ هه‌ر لایه‌نێکیاندا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاستی کۆی ئه‌و شیعره‌ به‌رز بکاته‌وه‌و له‌ یاده‌وه‌ریماندا نه‌سڕدرێته‌وه‌. به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا پێشکه‌وتنی شیعر خوازیاری بوونی جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه‌ی شیعره‌، مه‌به‌ستم له‌و جه‌ماوه‌ره‌یه‌‌ که‌ له‌کاتی ئاماده‌بوونی کۆڕه‌ شیعریه‌کاندا ته‌نیا گوێت له‌ ده‌نگی هه‌ناسه‌کانیان ده‌بێت.




کتێبی: سارا تیسدەیل ژنە شاعیری ئەمریکی … وەرگێڕانی: ناڵە حەسەن

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….ناڵە حەسەن




فه‌زیحه‌ی گۆڤاری (شیعر) …. تاهیر سیوه‌یل

هاوڕێکه‌م وتی : ئێوه‌ی خوێنه‌ری کورد مه‌بنه‌ مه‌ڕ، ده‌رگای مێشک و بیرکردنه‌وه‌تان دامه‌خه‌ن و سه‌ر بۆ هه‌موو جه‌هاله‌تێك مه‌له‌قێنن.
وتم: بۆچی خێره‌ چی قه‌وماوه‌؟
وتی : ئه‌ی فه‌زیحه‌تی دنیای به‌ ناو ڕۆشنبیران ئازارت نادات؟
وتم: وه‌کو چی؟
وتی: جا پێویست به‌ نموونه‌ ده‌کات؟ تۆ به‌س ژماره‌ حه‌وتی گۆڤاری به‌ناو شیعر بخوێنه‌وه‌، بزانه‌ چی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ده‌گوزه‌رێت به‌ ناوی شیعره‌وه‌؟
وتم: چی ده‌گوزه‌رێت؟
وتی: جگه‌ له‌ بابه‌ته‌ وه‌رگێڕدراوه‌کانی که‌ زۆربه‌ی زۆری رووبه‌ره‌که‌ی داگیرکردووه‌، چه‌ند کاڵفامێك سه‌رو بنی قسه‌یان سیسته‌مه‌، ئه‌گه‌ر سیسه‌م له‌ ژیانی خه‌ڵك ده‌ربێنێت هه‌ر ده‌ژی، ده‌چێت له‌سه‌ر عه‌رز ده‌خه‌وێت، به‌ڵام سیسته‌م له‌ ناو ئه‌و نووسینانه‌دا ده‌ربێنیت هیچی نامینێته‌وه‌! ئه‌و سیسته‌مه‌ی ته‌واو به‌ مانای دژه‌ گه‌نده‌ڵی دێت!
وتم : ببوره‌ ئێمه‌ی ناحاڵی وا به‌ ئاسانی تێناگه‌ین، بێزه‌حمه‌ت وه‌کو موز بۆمان پاک بکه‌.
وتی: به‌ختیار عه‌لی مێشکیانی شتوه‌ته‌وه‌ به‌ وشه‌ی سیسته‌م، شیعرێك به‌ شیعر داده‌نێن ده‌بێت دژی سیسته‌م بێت، بێ ئه‌وه‌ی بزانن سیسته‌م چییه‌؟ به‌ختیار بیستوچوار جار له‌و نووسینه‌یدا وشه‌ی سیستمی چه‌ندباره‌ کردووه‌ته‌وه‌، وێرای ئه‌وه‌ی به‌ختیار له‌ هه‌موو بوارێکدا ده‌نووسێت به‌ڵام شاعیر نیه‌، ئه‌وه‌ی به‌ ناوی شیعره‌وه‌ نووسیونی دروشمی قه‌به‌ قه‌به‌یه‌، بۆیه‌ سه‌ره‌نجام وازی له‌ شیعر هێناو رووی کرده‌ شتی تر.

وتم : سیسته‌م باشه‌ یا خراپ؟
وتی: ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان ده‌گوزه‌رێت، دژه‌ سیسته‌مه‌ چونکه‌ ده‌سه‌لاتی دوو بنه‌ماڵه‌ی مافیا هه‌موو شتێکیان قۆرخ کردووه‌و به‌ راست و چه‌وتا ده‌خۆن و ده‌دزن و ده‌کوژن و ده‌چه‌وسێننه‌وه‌، گه‌ر یاسا و ئیداره‌ی ڕێکوپێك ببوایه‌ جێیان نه‌ده‌بووه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌یه‌ ماناو کاری سیسته‌م، وه‌ك له‌ پێناسه‌ جیهانییه‌که‌یدا هاتووه‌ (سیسته‌م کۆمه‌ڵێك توخمی کاریگه‌ر و پێکه‌وه‌په‌یوه‌سته‌ به‌شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێك یه‌که‌یه‌کی ته‌واو فه‌راهه‌م دێنێت).
وتم: هه‌ر ئه‌وه‌نده‌؟
وتی: نا، ئه‌و سێ براده‌ره‌ی تریش ناوکۆی نووسینه‌کانیان به‌ وشه‌ی سیستم‌ ته‌نیوه‌ته‌وه ، جا گه‌ر ئێوه‌ی مه‌ڕ ببنه‌ خوێنه‌ری گۆڤاره‌کانی وه‌کو (که‌لێن) و (شیعر)و لاپه‌ڕه‌ ئه‌ده‌بیه‌کانی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی تر که‌ که‌سی بێ ئاست و ناحاڵی‌‌ به‌ڕیوه‌یان ده‌بات ئه‌وا نه‌وه‌یه‌کی ناحاڵیتان لێده‌رده‌چێت.
وتم: جا به‌ رای تۆ ره‌خنه‌ نابێت بوونی ببێت؟
وتی: ئه‌وه‌ی به‌ ناوی ره‌خنه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێت مه‌هزه‌له‌یه‌که‌ له‌و گۆڕه‌، نووسینی ئه‌و سێ براده‌ره‌ که‌ نووسیویانه‌ دوورو نزیك په‌یوه‌ندی به‌ ره‌خنه‌و لایه‌نه‌کانی شیعرییه‌ته‌وه‌ نییه‌، به‌س قسه‌ له‌سه‌ر مه‌عناکانی شیعر ده‌که‌ن به‌وه‌ی لێی تێده‌گه‌ن، ئه‌گه‌ر مه‌عناکان دژه‌ سیسته‌م نه‌بێت لای ئه‌وان ره‌فزه‌، ئه‌گینا بۆ نموونه‌ ئه‌و شاعیره‌ لیریکیه ساده‌‌نووسه‌ی ره‌خنه‌ی لێگیراوه‌، نه‌ك هه‌ر شیعره‌کانی وێرانن و شایسته‌ی ره‌خنه‌یه‌ به‌ڵکو له‌ زۆنگاوی بۆگه‌نیدا ڕزیوه‌، سه‌رده‌مانێك له‌ گۆڤارێك کاری ده‌کرد، به‌ گۆڤارێکی تریان ده‌گوت ئێوه‌ بابه‌تی ئێمه‌ بڵاوبکه‌نه‌وه‌و ئێمه‌ش بابه‌تی ئێوه‌ بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌ تا پاداشته‌کانیش هه‌ر بۆ خۆیان بێت، چونکه‌ ئه‌و کاته‌ پاداشته‌کان به‌ دۆلار دایانده‌نا.
باسی ره‌خنه‌ی چی ده‌که‌یت؟ براده‌رێکی تر زۆربه‌ی کتێبه‌ عه‌ره‌بیه‌ ره‌خنه‌ییه‌کان ته‌رجومه‌ ده‌کات و به‌ناوی خۆیه‌وه‌ بڵاویان ده‌کاته‌وه‌، ڕاکان و کاره‌کانیان کۆپی ده‌کات و رۆژانه‌ دایانده‌نێت و زۆربه‌ی نووسینه‌کانی پێ پڕ ده‌کاته‌وه‌و هه‌مووانیش به‌ مامۆستای ره‌خنه‌گر بانگی ده‌که‌ن، بێ ئه‌وه‌ی خوودی خۆی خاوه‌نی هیچ دیدگیه‌کی ره‌خنه‌یی بێت و شتێکی جیاوازمان بۆ بدۆزێته‌وه‌.

وتم: ئه‌ی چار چیه‌؟
وتی: ئێوه‌ پێویستتان به‌ شۆڕشه‌، یه‌که‌مجار شۆڕشی فیکری و مه‌عریفی به‌سه‌ر ئه‌و بت و فیگۆره‌ ساختانه‌ی پانتایی رۆشنبیریی کوردییان داگیرکردووه‌‌ و عه‌قڵی خوینه‌ریان سڕ کردووه‌، له‌ هه‌ردوو زۆنه‌که‌دا باش ده‌له‌وه‌ڕێن، ئه‌مه‌ش تاکه‌ مه‌به‌ستیانه‌، نه‌ك هۆش و مرۆڤ و گۆڕانکاریی..
وتم: بابێنه‌وه‌ سه‌ر سیسته‌م ، ئایا به‌ڵگه‌ت هه‌یه‌ له‌ ناو نووسینه‌کانه‌‌وه‌؟
وتی: به‌ڵێ.. هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ ناو نووسینی ئه‌و چوار براده‌ره‌دا :
1/ مامۆستاکه‌یان ده‌نووسێت:
سیستم له‌ جه‌وهه‌ردا له‌سه‌ر ده‌رکردن و سیستماتیزه‌کردن…..دروست بووه‌
شاعیران هه‌وڵده‌ده‌ن شیعر له‌ سیستم ڕزگار بکه‌ن.
ده‌توانێت هه‌میشه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سیستم بێت و ئاماژه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی سیستم بکات.
2/ یه‌کێکیان ده‌نووسێت:
ئایا ئه‌م خوده‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سیستمدا ده‌کات.
ئه‌مه‌ش به‌ دیوێکدا ده‌چێته‌وه‌ خزمه‌تی سیستم…………….. ده‌بیته‌ نوێنه‌ری سیستم ….
3/ یه‌کێکی تریشیان (که‌ زۆر له‌ مامۆستاکه‌ زیاتر وشه‌ی سیستمی له‌و نووسینه‌دا به‌کارهێناوه‌ که‌ 78 جاران‌، ده‌ڵێت:
سیستم دژی وێنه‌ی راسته‌قینه‌یه‌. سیسته‌م ده‌ڵێت ژیان هه‌ر ئه‌مه‌یه‌.
بوونی شیعر ئه‌وه‌یه‌ سیستم تووشی داخوران و ناکۆکی ده‌کات.
4/ ئه‌و براده‌ره‌ی تریش ده‌نووسێت:
که‌ له‌ ناوسیستمدا ده‌بنه‌ دیل……نێوکۆیی سیستم به‌رهه‌میانده‌هێنیت.
چه‌شه‌و حه‌زی سه‌پینراوی سیستم ده‌وێت، ئه‌و سیاقه‌ی سیستم بۆ مرۆڤی کوردی دروستکردووه‌…سیاقی داخراوی سیستمدا…
وتم : ئه‌م هه‌موو خه‌فه‌ته‌ به‌ ئێمه‌ هه‌ڵناگیرێت، نه‌ختێ دڵیشمان خۆشکه‌.
وتی: من شاعیر نیم، به‌س وشه‌ی سیستم گێژی کردم، که‌ خه‌وتم هه‌ر ئه‌م وڕێنانه‌مان ده‌کرد، به‌شکوم ئاوازێکی بۆ دابنێیت بیه‌کینه‌ مارشی ده‌زگاکانیان:
__سیسته‌م__
سیس/ته‌م
سه‌رین/سوتا
له‌سه‌ر سیسته‌مێ
سیسته‌ماتیك
سڕ بووووو
سسسسسسس سسسسسسس
ساتمه‌م ده‌داو
هه‌ناسه‌ سست
سمتیش سیس
سیسرکرکان
سرته‌ سرتیان بوو
سانتیمێ سیسته‌مم سه‌ند
‌تا سه‌ر ببێ سرت
سه‌رسه‌ریه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش
به‌ره‌و شاری سرت




محمد پێغەمبەری خێڵ … مەحمود عەبدوڵڵا

زۆرینەی ئاینەکان لەناو خێڵەکان سەریان هەڵداوە،خێڵەکانیش کانگای ئەفسانەکانن،هەربۆیە ئاینەکان وەڵامدەرەوەی پێویستییە ڕۆحیەکانی کۆمەڵگای خێڵەکین،چەندە کۆمەڵگایەک خێڵەکی بێت هێندە لەئاین نزیک دەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە.بۆتاکیش هەروایە.لەبەئەوە تا زیاتر ئاین وڵامی پێویستە دەرونیەکانی تۆبێت تۆش هێندە لەخێڵ و مێنتالێتەکەی نزیکیت و بە پێچەوانەشەوە.
چەندە کۆمەڵگا لەشارستانی نزیک بێت هێندە لەئاین دوردەکەوێت و بە پێچەوانەشەوە …تۆش هەر وەها….
ئەوە گاڵتەجاڕییە،کەدەڵێن مرۆڤ بە بێ ئاین ناژیت…مرۆڤێک کە بتەواوی مانا ڕۆشنبیر بێت بەبێ خودا دەژیت،و لەگەڵ پرەنسیپە اخلاقیەکانی ئاینیش هەڵدەکات ، بەڵام مرۆڤ ناکاتە قوربانی ئاین ئاین بۆمرۆڤ نەک بەپێچەوانەوە.

ئاینی ئیسلامیش لەناو خێڵ سەرهەڵدەدات و وەڵامی کێشەکانی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی دەداتەوە.
محمد و بۆچون و لێکدانەوەکانی ئەودیوی سنوروکات نەبوون،محمدیش پیاوی سەردەمی خۆی بووە،لەزۆر ڕووەوە نەیتوانیوە سەردەم وکلتورەکەی تێپەڕبکات،بەڵکو زۆر لە نەریتە کانی ئەوکات، کە لای خۆی پەسندبوون ،بە ناوی خوداوە جێگیری کردوون و هەندێک نەریتیشی هەربەناوی خوداوە ڕەتکردونەتەوە.محمد چاکسازێکی کۆمەڵایەتیبووە. ئەوە محمد نییە کە بۆچون و بیرۆکەکانی بۆهەموو سەردەمێک گونجاون،ئەوە تۆی مسلمانیت کە پێوەرەکانت تێڕوانیینەکانت ناگۆڕێن،ئەوە ئیسلام نییە کە پێشکەوتووە ،ئەوەتۆی کە دواکەوتویت و یەک ملیم پێشناکەویت و هەموو شتێک بەمەتری ئیسلام پێوانەدەکەیت.

ئیسلام ئاینێکە لەناو خێڵ سەری هەڵداوە،بۆزۆرێک لە خەڵک لەوکاتەدا ئیسلام بیروباوەڕێکی پێشکەوتووە بووە ،وە زۆر گونجاویش بووە لە گەڵ هەست و نەستی عەرەبێکی دەشتەکی،لەهەمانکاتدا تەنانەت لەسەردەمی محمد خۆیشدا ئیسلام چ نییە جگە لە گێڕانەوەی ئەفسانەی پێشینان،بەتایبەت لای کەسانێک کەخوێندەواربوون،بەڵام لە کاتێکدا محمد پەیامەکەی ڕادەگەیەنێت لەمەککەدا چەند کەسێکی کەم خوێندەواربون ،کە ژمارەیان هەر هێندەی پەنجەکانی دەست دەبێت، ئەمەش هۆیەکە بۆ سەرکەوتنی ئاینی پێغەمبەرێکی بەحیساب نەخوێندەوار.ڕەنگە نەخوێندەواری محمد هۆکارێک بوبێت بۆ ئەوەی نەخوێندەوارەکان شوێنیبکەون و خۆشیان بوێت کەدەبینن محمد نەخوێندەوارێکە وەک خۆیان،جائەگەر محمد نەخوێندەوارییەکەی پڕوپاگەندەش بوبێت! بە ئاشکرا دیارە کە نەخوێندەوار بونی محمد پاساوێکە بۆ ڕەوایەتیدان بەوەی کە لەلایەن خوداوە هاتووە،ئەمەش خۆی لەخۆیدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە پەیامەکەی محمد بۆیە گرینگە کە نەخوێندەوارە،ئەگینا ئەگەر خوێندەوارێک بوایە بیروو باوەڕو زانینەکانی هێندە سەرسامکەر نەدەبون،بەواتایەکیتر،ئەوەی محمد دەیڵێت دەشێ کەسێکی خوێندەواریش بیزانێت،بەڵام ناشێ کەسێکی نەخوێندەوار بیزانێت!

ئیسلام ئاینێک نییە بۆ هەمو سەردە م کۆمەڵگایەک بگونجێت،بەڵکو دەگونجێندرێت، ئەویش بەدوو ڕێگا:یەکەم سیستەمی پەروەردە ئیسلامی بێت نەوە لەدوای نەوە ئەم بیرو باوەڕە نەقڵ ببێت و ، کەسێتیەکی ئیسلامی بەرهەم بێنیتەوە،کە دیارە مرۆڤیش بەرهەمی سیستەمە،وە لەڕێگای پەروەردەوە کۆمەڵگا لەدۆخی خۆیدادەهێڵیتەوە کاتێکیش کۆمەڵگا پێشناکەوێت ئەوە لەگەڵ ئاینەکە هاوشان دەبێت ،ئاخر مەنتیق نییە حەزو ئارەزوو ویستی کۆمەڵگایەک پێشکەوتو تربێت لە ئاینێێک کە بۆتە پێکهاتەی هزری ئەو کۆمەڵگایە.دووەم- تەفسیر،لەڕاستیدا موفەسیرەکان چ نین جگە کەسانێک کە معجیزە دادەتاشن،لەبەر ئەوەی قورئانیش زمانی شیعرە لاستیکییە و چۆنت بوێت ئاوا لێکیدەدەیتەوە و بەفیزیاوکیمیاش ترش و خوێی دەکەن،بەنمو نە -الطیر -ئەکەن بە فڕۆکە ،ئاخر پێم ناڵێن کە” مرۆڤی کافر”فڕۆکەی دروستنەکردبایە ئێوە چۆن دەتانزانی ئەو طیرەی محمد مەبەستی هەمان طیارەیە. محمد باسی باڵندە دەکات کە خوا ئاسمانی بۆ مسخر کردووە،دەی فڕۆکە حەفتاجار ئاسمانی بۆ مسخربکەی ،سوتەمەنی ببڕێت حەفتاجار دەکەوێتەخوار بەحەفتاقورئانێ.

بەکورتی دەمەوێت بڵێم ئەوەتۆی کە خێڵەکی و ئاین و پێغەمبەری خێڵ پڕبەپێستی تۆن،نەک ئیسلام بۆهەموسەردەمێک گونجاوبێت،ئەوەتۆی لەم هەویری ئیسلام دروستکراویت .تا تۆش پێشنەکەویت ممکین نییە ئاینەکەت دواکەوتوبێت ،تۆ لەئاینەکەیت و ئەویش لەتۆ.




خۆشەویستی … بەختیار محەمەد

كه‌ تۆم خۆشویست
هه‌موو دنیام له‌بیر كرد.
من بوومه‌ عه‌ده‌مێك
له‌ناو گێتی عه‌شقی مه‌زنی تۆدا.
من ئه‌ستێره‌ی عه‌شق بووم
له‌ناو كه‌ونی عه‌شقی بێ پایانی تۆدا.
له‌ جیهانی عه‌شقی تۆدا
هیچ سنوورێك نه‌مابوو
له‌نێوان مانای بوونی عه‌ده‌م و
مانای بوونی مندا.
من سه‌ره‌ڕۆیه‌ك بووم
وه‌ك كۆڵۆمبس،
ده‌مویست،
دوورگه‌ی دووری عه‌شقی تۆ
بدۆزمه‌وه‌.
من پێغه‌مبه‌ری (موسای) عه‌شق بووم
سفری ته‌كوینی عه‌شقی تۆم
ده‌نووسیه‌وه‌.
ئه‌ی ڤینۆس
تۆ خالیقی عه‌شق بووی
منیش په‌یامبه‌ری په‌یامه‌كه‌ی تۆ.




پچڕانی گه‌ردانه‌ی ته‌مه‌ن … ستار ئه‌حمه‌د

په‌پووله‌یه‌ك ته‌مه‌نی ده‌مژێ
ساته‌كانی له‌ باڵی رۆژگارا سه‌ره‌وخوار ده‌بنه‌وه‌
ئه‌و كاتانه‌ی هه‌ڵچوون ژیانی ده‌نۆشی‌و
تووڕه‌یی قوڵپی گریانی ده‌كرده‌ مه‌زه‌ی توانه‌وه‌ی
هه‌ڵسانه‌وه‌ی تاریكی شه‌ویش له‌ ته‌ورداسی زه‌مه‌نی ئه‌دا
ئه‌وه‌تا خه‌ریكه‌ ده‌ستی حه‌ز به‌ره‌و ئارامگه‌ی سره‌وتن ده‌یبات
له‌ كه‌نار ژوانێكی هه‌ڵكشانی هه‌ناسه‌ی گه‌ڵاو
به‌ربوونه‌وه‌ی ده‌نكێك له‌ گه‌ردانه‌ی هزری كاڵبوونه‌وه‌
ده‌یه‌وێت له‌ به‌ردی به‌فرینی لوتكه‌ی هیوادا بهه‌ژێت
به‌ره‌و ره‌نگی لاوێتی‌و كه‌سكبوونی به‌هاری یادگاری
وه‌لێ ده‌ستێك له‌ رێیدایه‌ , دار به‌ڕوویه‌كی سووتاوه‌
له‌ یه‌خه‌ی گیربووه‌و ده‌یه‌وێت له‌بادا راپێچی مانگی بكات
ده‌سرازه‌ی گزنگێك ئه‌و په‌ڕی ئاسۆیه‌
له‌ جه‌رگی ئه‌ودا تیشكی مناڵی ده‌ژمێرێ
هه‌مدیسان له‌ خولگه‌ی بێزاربوون ده‌رناچێ
به‌ لایلایه‌ی پۆڕه‌ژن.. سه‌رخه‌وێك ده‌شكێنێ
كوانێ هه‌ناسه‌ی گڵكۆیه‌ك له‌ جوانی
تاسه‌یه‌ك به‌ جه‌رگی زامی بدات
هه‌ناری باخچه‌یه‌ك له‌ گڕا نێڵه‌ی بێت
شه‌وانه‌ سه‌ر دڵی داخبكات
ده‌ترسێ چۆن رووتی میوانی هه‌وارگه‌ی لانكی بوو
هه‌ر ئاوهاش ده‌ستخاڵی بڕواته‌ پێشوازی سورمه‌یه‌ك
له‌ چاوی ئاسۆ گیر بووه‌و له‌ نیگای ئه‌ویشدا روانگه‌ی جوانده‌كا
حه‌سره‌تی شانێكی چیایه‌كی مه‌چه‌ك به‌فر
له‌ گۆی ده‌خات‌و له‌گه‌ڵ ره‌نگی پاكیا
گۆرانی بۆ خه‌می ته‌نیایی ده‌ڵێ
نه‌غمه‌ له‌ مێشكی ده‌ترازێ‌و
نۆته‌ی دڵی مه‌رگ چاودێری عومرێتی
ترپه‌ی له‌ ده‌نگی پێی ئه‌وو له‌ كسپه‌ی سوتانی جه‌رگی عه‌شق ده‌چێ
له‌ سه‌ره‌ڕێی شه‌مێكا فرمێسكی خۆر ده‌پێوێ
خۆزگه‌یه‌ك وه‌ك ئاونگ تیله‌ی لێڵده‌كاو
به‌ره‌و ژوور روویه‌كی نوورانی سه‌رشانی ده‌گرێت
چوون كۆترێك بۆ لانه‌ی گه‌واڵه‌ ستوونی خۆر رامووسێ
دێته‌وه‌ ته‌ماشای هه‌وارگه‌ی گوڵده‌كات
ده‌ڕوانێ‌و ده‌بینێ چرۆیه‌ك ده‌مده‌كاته‌وه‌
په‌پووله‌یه‌كی ئێشكگریش له‌سه‌ر گه‌ڵای به‌یبوونێك ده‌مرێ
له‌ به‌رامه‌ی مردووه‌كان شاڵاوی كۆچێكی وه‌بیر دێته‌وه‌
سورمه‌خان له‌ ژاڵه‌ دابڕاو
به‌ره‌و ئاسمان رووه‌و ئه‌و ده‌ستی خوا ماچده‌كه‌ن
خواش نوورێك له‌ جوانی ره‌وانه‌ی شه‌و ده‌كا
زریوه‌ی له‌ ده‌روازه‌ی ته‌مه‌نیدا ئه‌دره‌وشێته‌وه‌
كه‌ به‌رماڵی خوانی پارشێوێك كۆده‌كاته‌وه‌
دایكی به‌ جامێ خوێن‌و
داره‌كه‌ی ئه‌وپه‌ڕی گونده‌كه‌ش به‌قه‌دی رووته‌وه‌
له‌ نیشتمانی دڵیا روحێك له‌ نه‌مری ده‌ڕازێننه‌وه‌
بۆیه‌ له‌ بۆته‌ی شیعرێكا ده‌بێته‌ وشه‌یه‌كی ژیكه‌ڵه‌و
به‌ هێمنی ده‌چێته‌ پیری مردنه‌وه‌

ستار ئه‌حمه‌د




پرسی شۆڕش … کاوە جەلال … بەشی یەکەم


پرسی شۆڕش
بەشی یەکەم

———————

سەرەتا گەرەکە پرسی شۆڕش بە نموونەی کۆنکرێت ئاوەڵابکرێت، تاکو بەم ڕێیەوە ڕوونی بکەینەوە کە چۆن بەناو شۆڕشگێڕانی کورد شێوەهزرینی ئیسلامی-سوننییان لە وەرگرتنی هزرە شۆڕشگێڕییەکانی وەک مارکسیزم و وجودییەت و هتد درێژە پێ دەدەن. ئەم بەگەڕخستنەی شێوەهزرینی ئیسلامی-سوننی بێگومان لە نووسینی بابەتی ماستەر یان دکتۆراشدا باڵادەستە، بەڵێ لەو سەرەڕۆییانەشدا خۆی دەنوێنێت کە مرۆ بۆ نموونە سنگدەرپەڕیوانە ڕای دەگەیەنێت گۆیا کەڵە گۆڤاری نوێجۆر دەردەکات.

بە شێوەی بەرجەستە ببێژین: لە ئیسلامدا بەدەوییە ئارەبەکەی بیابان، سەرباری سۆسیالیزەکراوی (بەکەسکراوی)ی بەدەویانەی، یەکسەر بەدووی وەرگرتنی پەیامەکەی محەمەددا وەک سەحابە دادەنرێت، بەمەش هەڵدەزنێنرێت بۆ سەر ئاستێکی بێخەوش کە لێوەی گۆیا خۆی لە پێناوی داواکارییەکانی خودادا بەخت دەکات. کەواتە سەرجەم مۆرکی بەدەویانەی ئەو جۆرە کەسێتییە (“کەسێتی” لە ڕووی پسیکۆلۆژییەوە نەک فەلسەفەوە)، وەک شەهوانییەت، تاڵانچێتی، پیسوپۆخڵی، تۆڵەگەریی و هتد، لەتەک ئیمانهێنانی ئەو بەدەوییەدا “نامێن”ن و هاوکات ئیمانداری نوێ دەبێت بە سەحابەیەکی پیرۆز! لە بنەڕەتدا ئەم بنەمایەی لایەنیکەم ئیسلامی سوننی لە کاتی دامەزراندنی حیزبی شیۆعییەوە لە ئێراق بەرجەستە دەکرێت، کە پاشان هەروەها “کۆمەڵە” بەردەوامیی پێ دا و ئەمڕۆش بۆ نموونە مەنسوری حیکمەتییەکان سکۆلایستییانە درێژەی پێدەدەن.

ئەمە بێگومان لای بەناو وجودییەکانیش خۆی دەنوێنێت، کە بە تایبەتی دەبوو لێرە بە هەڵوێستوەرگرتنی لێرەبوونیانەی ئازاد نەفی بکرایە، لێ شێوەهزرینی سکۆلایستیی ئیسلامی لێرەش بەرجەستە دەکرێت و کوڕەی وجودی هیچ جیاوازییەکی لە مەسئولێکی دەمانچەیی نییە کە خەون بە ستایشکردنی خۆیەوە دەبینێت – ئەمە پاشان بە وردی ڕووی تێدەکەین. بە هەر حاڵ، لەم بزاوتانەشدا کوڕە یان کچە یەکسەر بەبێ هیچ ڕەخنەیەکی خۆمەئریفە، واتا بەبێ پشکنینی شیمانەکانی زانین، بەبێ ڕووکردنی ڕەخنەیی لە سۆسیالیزەکراوییە ئیسلامی-سوننیەکەی (هەروەها شیعییەکەی) خۆ، بەبێ پرسیار لە تەنینەوەی هەستی خێڵەکییانە بەنێو سەرجەم کارەکتەری خۆییدا و هتد، بەبێ پرسیاری ترس لە ئازادیی کەسی، بە کورتی مرۆ بەبێ ئەو پرسیارکردنانە یەکسەر دەبێت بە مارکسی، بە مارکسی-لێنینی و هتد، یان بە وجودی؛ هەروەها لە بواری دیکەشدا، بە تایبەتی بواری هزری و کولتووردا، یەکسەر ئەم یان ئەو فەیلەسوفی بەواتا یان کەمواتای خۆرئاوایی دەکات بە دەرووی خۆدەربڕینەکانی، ئەوجا دەست دەداتە نووسین، دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە و هتد. ئەمە ڕەوشێکە کە وەک بابەتی ڕەخنە وەریدەگرین تاکو لێوەی پرسی شۆڕش ئاوەڵا بکەین. لێ ئێمە سەرەتا بۆ ئەم مەبەستە دەرچەیەکی کۆنکرێت وەردەگرین کە بریتییە لە ئەستێرە کەریم.

ئەستێرە کەریم بە کەسێتیی خۆی هاتۆتە نێوەندی خەباتی ژنان و مرۆڤیی بە گشتی و کوردایەتییەوە. بێگومان ئەو بەبێ سۆشیال میدیا نەیدەتوانی دەنگی خۆی بە نێوەندی زۆر فراوان بگەیەنێت، جگە لەوە گەر ئەو لەنێو ڕیالێتیدا ئەوها ڕیشەیی (ڕادیکال) هەڵوێستی وەربگرتایە، ئەوا زوو لەناودەبرا. ئەمڕۆ سۆشیال میدیا نەک تەنیا بریتییە لە میدیەمی خەمۆکان و چەتوونان یان لومپۆنان و هتد، بەڵکو هەروەها میدیەمی چالاکیی شۆڕشگێڕانەی ڕۆشناییدەرە.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە دەتوانین یەکێک لە ئەکسیۆنەکانی ئەستێرە کەریم بە نموونە وەربگرین کە تێیدا “دەرپێ”ی ژنانەی هێناوەتە ڕەوشی تەمسیلکردنەوە، لێ تەمسیلکەر، واتا دەرپێکە، لە بنەڕەتدا دەرپێ نییە، بەڵکو “دێسوو”ی ژنانەی وروژێنەری سێکسی پیاوە. کاتێک ئەستێرە کەریم ئەو پارچە جلە ژنانەیەی ژێرەوە نمایش دەکات، ئەوا ناڕاستەوخۆ ترس و شەیدایی پیاو، بەڵێ پەرێشانیی پیاو بۆ “چکلێتەکەی ژن” دەهێنێتە پێشینەی هەست و بیرکردنەوەی پیاوانەوە. لێ کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان ناتوانن ئەو “چکلێت”ە بچێژن، چونکە ئەوان سێکسیستی ترسنۆکن و درۆزنانە “کوڕی باشی”ی خۆیان بۆ یەکدی، واتا نێویەکییانە، نمایش دەکەن.

ئەستێرە کەریم لەو روانگەیەوە شۆڕشگێڕە کە ئەو لە رواڵەتەوە ڕۆچووە بەرەو ڕیشەی کێشە مرۆڤی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردەکان، واتا ئەو ڕادیکالە. ئەمەیە کە سەرجەم کەسانی پابەندی ڕواڵەتی تۆقاندووە یان تەنانەت خستوونیەتە هەڵوێستی دژبەرەوە بەرانبەری. شۆڕشگێڕێتیی ڕۆشناییدەرانەیەی ئەستێرە کەریم بەوەدا دیاردەدات، کە کاتێک ئەو هەڵوێستی ڕاستەوخۆ و ڕەخنەیی بەرانبەر ڕیشەی کێشەکانی ژنان و پیاوان، هەروەها بەرانبەر نەریتی کۆمەڵی کوردی بەگشتی و دەسەڵاتدارەکانی (لە ئێراق) وەردەگرێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی ئەو پێورانە ناکات کە وەک ئەزەلی پێناسەکراون و لە دەرەوە پیاوسالارییانە سەپێنراون، بە پێچەوانەوە، ئەو دوای خۆ ئازادکردنی لەو پێورە ئۆبژێکتیڤییانە هەڵوێست وەردەگرێت، ئەویش بەوە کە شۆڕشگێڕانە ڕوو دەکاتەوە خودی پێورەکان و وەک دەسکەلای چەوساندنەوەی نێر و مێ دایاندەنێت.

لێ ئەو هاوکات، وەک مۆرکی هەڵوێستی ڕۆشناییدەرانەی، ڕوو دەکاتە خودی مرۆڤ و وەک بەرپرسیار لە خۆی و هاومرۆڤان و کۆمەڵەکەی دایدەنێت. ئیدی بەم شێوەیە، بە دەستدانی ڕۆشناییدەرانە لە مرۆڤێتیی کەس، خوویا دەبێت کە کوڕان و کچان چەند داماوان، یان چەند نامۆبوون لە خۆیان و چۆن بەو هۆیەشەوە گیرۆدەی ڕواڵەتەکان بوون. لێ ئەوان، ئەو چەوساوە چەوسێنەرانە، بەدترن لە باوکان و دایکانیان کە، سەرباری هەڵوێستی چەوسێنەری و ملکەچییان بۆ چەوسانەوە، هیچ نەبێت نەریتخوازانە کەم یان زۆر هەندێک ناوەرۆکیان پێ پیادەدەکرا و پیادەکرد. لێ هەروەها و هاوکات خوویا دەبێت کە واژەکانی وەک “گیانەکەم” و “چاوەکەم” و “ئازیزم”، یان داوکارییەکان بۆ “گەردن ئازادکردن” و هتد، هیچی دیکە نین جگە لە درۆزنی، کە مرۆڤ لە پێناوی مسۆگەرکردنی پێگەیەکی خۆیی لە جیهاندا دەریاندەبڕێت.

جگە لەوە ئەم ڕوانگەیەی ڕۆشناییدانمان لای ئەستێرە کەریم پتر بۆ ڕوون دەبێتەوە، گەر بڕوانین کە کاتێک ئەو کچان وەک ژێردەستە و دوور لە هەر ترووسکاییەکی خۆشیی ئاشکرا دەکات، هاوکات پێیان ڕادەگەیەنێت کە ئەوان گەرەکە بەرپرسیاری بۆ ژیانیان وەربگرن، ئەوەشیان پێ بەدی دێت، گەر ئەوان دەستبەرداری رواڵەت بن و ڕووبکەنە فۆرمی ژیان. ئەوان گەرەکە لە خۆیان بەئاگا بێن و ببینن کە چۆن لە مێینەبوونی خۆیان نامۆ بوون. ئاخر بەم هۆیەوەیە کە ئەوان شانازی بەوەوە دەکەن کە گۆیا “کچی عائیلەن”. “زۆرینەی هەر زۆر”ی ڕەگەزی مێینەش، هاوشێوەی “زۆرینەی هەرە زۆر”ی نێران و پیاوانی کورد، رواڵەتگەری بێشوناسە، کەواتە کچان یان ژنانیش هاوشێوەی پیاوان ناتوانن ڕۆ بچن بۆ نێو ناخیان و لەوێ گوێ بۆ ئاخ و ناڵەی ئەو ناخەیان رایەڵ بکەن.

ڕۆشناییدان لای ئەستێرە کەریم ئابڵۆقەی پرس و کێشەکانی کچان و ژنان دەدات، لێرەشەوە سەرجەم کێشەکانی کوڕان و پیاوان لەنێو سێکسیزمیاندا دیاردەهێنێت و وەک سەرچاوەی چەوساندنەوەی ژن ڕاڤەیان دەکات. ئێمە لێرەدا دەگەین بە جۆرێکی مرۆڤ کە سارتر ناوی دەنێت مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی. ڕوونکردنەوەی ئەم تێگەیەی سارتر پتر نزیکمان دەخاتەوە لە پرسی مرۆڤیی لای کوردەکان.

سارتر لە “بوون و نەبوون”دا وایدادەنێت کە مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی ناتوانێت ژیانێکی بەکەرامەت بژی، چونکە “سەر بە جیهان”ە، لێ ئەو مرۆڤە بە چەشنێک سەر بە جیهانە کە ئیدی ئەو لەنێویدا هاوشێوەی “کەڤر” سرەوتووە – چەقیوە. ئەم مرۆڤە نەک تەنیا ناتوانێت بۆ خۆی ببێت بە پەناگە، واتا بۆ لای خۆی بگەڕێتەوە، بەڵکو تەنانەت ناتوانێت جیهان جێبهێڵێت، بەڵێ تەنانەت جووڵەیەک ناکات. ئاخر نێوجیهانیبوون بۆ مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی وەک پەچەیەک وایە کە ئەوی داپۆشیوە. ئەو، مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی، ئاگایی ئازادییەکەی خۆی بە قووڵی لەنێو ناخیدا شاردۆتەوە، هەر بۆیە ئەو سەرڕاست نییە.

ئەو تەنیا تەمسیل دەکات. بۆ نموونە گەنجە تەنیا خەریکی تەمسیلی گەنجێتییە، کەواتە ناگەنجە. گەنجەی ناگەنج نێوجیهانییانە وەک کوڕێکی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت و دیارنامێنێت، سڵاو دەکات و پێشوازی لە میوانان دەکات یان ڕێزمەندانە بەڕێیان دەکات. ئەوجا ئەو ناگەنجە ڕەسەنە بۆ کیژەی دراوسێ ئاگری تێ بەربووە و لە حەمامدا خۆی ئەندێشەییانە بە ئەو ڕەحەت دەکات. گەنجەی ناگەنج هەموو هەوڵێک دەدات تا کیژەی دراوسێ دەکات بە دەزگیرانی خۆی، لێ لەبەر ئەوەی ڕەسەنی کۆمەڵایەتییە، ئەوا یەکسەر بەدوویدا لەنێو کۆڕی هەڤاڵانیدا دەیکات بە بابەتی قسە و نوکتە و پێکەنین، نەک وەک کەسێکی ئازاد هەوڵ بدات پێکەوە پەیوەندییەکەی لەتەک کیژەی دەزگیرانیدا بژێنێت. نەخێر ئەوەی پێ بەدینایەت، چونکە ئەو نێوجیهانییە. ئامانجی ئەو وەک ناسەرڕاستێک ئەوەیە کە ئەو دەخوازێت بریتی بێت لە دوائەنجام/بەرهەم (کۆنزەکڤێنس). بۆیە ئەو گەنجە ناسەرڕاستە ناگەنجێکی پیاوانەی کوڕی باوکی خۆیەتی. ئەو بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت بە ئەوانی دیکەی نێوجیهانی ڕابگەیەنێت کە ئەو کوڕ و دەستەبرای ئەوانە. لێ لەبەر ئەوەی هەموو شتێک وەک دوائەنجام دەبینێت، ئەوا بۆ ئەو هیچ پرنسیپێک نییە.

هەر بۆیە ئەو زۆر ئاگای لە دوائامانجی کردارەکانی خۆیەتی. ئاخر کوڕەی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی خۆی تەنیا وەک بەرهەمی ڕووداوەکان دەبینێت نەک وەک سەبژێکتی (بکەری) ئەو ڕووداوانە. ئەو هەرگیز ناتوانێت ببیستێت کە دەشێت ئەو خۆی سەرچاوەی ڕووداوەکان یان کەشفکەریان بێت. نەخێر. بۆ ئەو بەهاکانی نێو جیهان لە دەرەوە چەسپێنراون، ئەویش تاکە ئەرکی ئەوەیە کە پابەندی بەهاکان بێت. ئەرێ! ئەو واتای جیهان لە فاکتەکانی خودی ئەو جیهانەوە دەخوێنێتەوە. ئەو وەک سەرەنجام یان بەرهەم تەنیا کاتێک پیاوی نێو پیاوانە، گەر بتوانێت قحبەیەتیی کچێک بخاتە بەردەم ژینگەکەی.

کۆیلەتییەکەی نێر و مێ کە ئەستێرە کریم چالاکیگەرایانە (ئەکسیۆنیستانە) لە مێدیەمێکدا هێناوییەتە نێوەندی خەباتی ڕۆشناییدانەوە، تەنیا کاتێک بۆ لێڕوانەر دەبێت بە مایەی پرسیار، گەر ئەو بزانێت کە ئەستێرە کەریم ئەکسیۆنێکی نمایشکراوی بەرخستووە و تێیدا ئەو خۆیشی وەک لێڕوانەر کراوە بە مەبەست. کەواتە ئەو بینەری پاسیڤ نییە. ئەو دەبێت بزانێت، واژەی بینەر، کە هەستی هۆزانڤانیی کوردی نەفامانە چێی کردووە، جیاوازە لە لێڕوانەر کە هەڵوێستێکی چالاک (ئەکتیڤ)ی هەیە، جا ئەوە لە سینەما، تیاتەر یان پێشانگە بێت، یان بەشداریکردن بێت لە چالاکییەکی نێو سۆشیال میدیادا.

بەم ڕێیەوە ئیدی پرسێکی کرۆکی بۆ لێڕوانەر ئاشکرا دەبێت: چالاکڤان، سەرباری تەحەداکەی، سەرباری بەگەڕخستنەوەی زمانی ئۆبسوێن (ڕووت)ی خەڵک لە چالاکییەکەیدا، مرۆڤدیدییەکی پۆزەتیڤی هەیە، چونکە وای دادەنێت کە لێڕوانەران دەتوانن لە چالاکییەکەی بهزرێن. کەواتە ئەستێرە کەریم نایەوێت بەرانبەر لومپۆنەکان بووەستێت، تووڕەیی یان فیکە و قاقای پێکەنین بوروژێنێت، نەخێر، ئەو دەیەوێت بۆ هزرین لە خۆیان بییان بزوێنێت، تاکو هێدی هێدی بۆیان ڕوون بێتەوە کە ئەوان چەند داماون، بە تایبەتی بۆ قوز، کە هەرگیز ناتوانن بی چێژن، چونکە لێی دەترسن. ئاخر مرۆ لێرەدا لە خۆی دەپرسێت کە داخۆ لومپۆنەکان فۆتۆی ڕووتی کچێکی بە حساب دەزگیرانیان بۆچییە؟ ئەو هەموو کەناڵە خۆڕاییە ڕووتە لە ئینتەرنێتدا هەن و ئەوانیش دەتوانن تەماشای هەر ڤیدیۆیەک بکەن: لە ڤیدیۆی ئێرۆتیکییەوە تا پۆرنۆگرافی بە هەموو شێوەکانییەوە.

مەسەلەکە لە بنەڕەتدا نەبوونی شوناسی کوڕێتییە، ئەقڵییەتی مێگەلە: داماو تەنیا ئەو کاتە دەرک بە پیاوبوونی خۆی دەکات، گەر هەڤاڵەکانی بزانن کە ئەو پەیوەندیی لەتەک کچدا هەیە. لێ مەسەلەکە لەوە زۆرترە: ئەو وەک پیاوتر دەنوێنێت، گەر هاتوو کچەی بە حساب دەزگیران خۆی بۆ ڕووتبکاتەوە یان ڕێ بدات فۆتۆی بە ڕووتی بگرێت، کە گومانی تێدا نییە ئیدی گەنجەی ناگەنجی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی لەو ساتە بەدوواوە بە قەحبەی دادەنێت.

کاوە جەلال




بەڕێز بەرهەم ساڵەح دەست بەجێ داوای لێبوردن بكە !!!! … عەلی مەحموود محەمەد

15 ساڵی تەواوە، لە پای ئەو تاوانانەی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان لە رابردوودا ئەنجامی داوە، داوا دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق وەك رەمزی باڵای وڵات داوای لێبوردن بكات، ئەركی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی بوو، لەو مانگە سەرەتاییەی دوای روخانی سەدام بونە سەرۆك كۆماری عێراق بە پێی پیتی ناوەكانیان، دەبوایە ئەو ئەركەیان جێبەجێ بكردبایا، دواتر بەڕێز فوئاد مەعسوم، دواتر بۆ دوو خول بەڕێز تاڵەبانی سەۆك بوو، دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو رو كرایەوە، وەڵام هەر نەبوو، بەڕێز مەعسومیش هات، داواكارییەكە روو لەویش ساڵ لە دوای ساڵ هەر بەردەوامە، ئەویش هەر بێدەنگ بوو، هەموو نەیانتوانی بە ئەركی خۆیان هەڵستن و سەروەرییەك بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو تۆمار بكەن، تەنها بۆ كورد نا بەڵكە بۆ مرۆڤایەتی، ناویان لە ریزی ئەوانەدا تۆمار بكرێت لە وڵاتانی خۆیان بەو شێوە هەڵوێستە هەڵستاون،لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە كە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە، شوێنێك پنتێك نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەكان، روباری خوێن، دنیایەك هەڵە، وەحشیەت بونەتە بەشێك لە كلتوری ئێرە.

مێژوویەك ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە لە ناو خوێن و ئێسك و پروسكدا غەرق بووە، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە داد پەروەرییە، دادپەروەری و ئاشتەوایی پێكەوە گرێدراون، بە بێ یەكەم ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و هەرگیز بەدی نایات، وەك ئەوەی سیاسییەكانی كورد لەمڕۆدا دەیكەن، لێبوردەیی هەموو كات دوای دان نان بە راستییەكان و تاوانەكان و دادپەروەری دێت، تاوانبار و قوربانیەكان لە ئاوێنەی دەرخستنی هەقیقەت و راستیەكانی رابردوەوە وەك ئەوەی هەن دەردەكەون نەك وەك ئەوەی لە تاوانەكانی رابردوو بشورێنەوە، كارێكی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا لە قوربانیانی تاوانەكان بكرێت ئاشتەواویی بكەن، لە كاتێكدا هێشتا دادوەری بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستیەكان و هەقیقەتی تاوانەكان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەكرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دكۆمێنت كردنی تاوانەكان و دەرخستنی راستیەكان و نووسینەوەی روداوە تاڵەكان !!.

لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە فێر بین كە “باسكردنی سەرچاوەی تاوانەكان، دانپێنان، قەرەبووكردنەوە، دان نان بەو تاوان و كارەساتانەی لە رابردوو روویان داوە، هەندێك جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەكانی بابەتەكە، ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی كە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن كردن هەبێت بەشێوەیەكی ڕەسمی تا ناكۆكیەكان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی “كۆمسیۆنی حەقیقەت و پێكهاتنەوە لە باشووری ئافریقا” ئەوە پیشان دەدات كە قەبوڵكردنی سەرەنجامەكان تا ئەندازەیەكی زۆر زیاد دەكات، كاتێك قوربانیان ی ان كەسوكاری قوربانیەكان دانپێنانێك و داوای لێبوردنێكی شەرعییان پێ دەگات.

“پێكهاتنەوە –چارلس ڤیلا –ڤیسیستۆ”.قەرەبووكردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان كەوتوونە, بەڵكە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێكەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنكردن بێت لە قوربانیان یاخود هەردووكیان پێكەوە, نابێت لە یادمان بچێت كە بژاردن هەم قەرەبووكردنەوەیە و هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەكردنەوەی تاوانەكانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر كە روداوەكان رابردوو دوبارە نەكرێنەوە, وەك دەبینین بەردەوام لەناو بازنەكەداین, لە كاتێكدا نە قەرەبو كراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێكراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوەكان لە ژینگەیەكی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, وەك بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داهاتووشدا بۆ ناوەكانی دی, راستە ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە, وەلێ ژیان بۆ داهاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەكەن .

قەرەبووكردنەوە كەرامەتی مرۆڤایەتی و هەندێك لە زیانە مادییەكان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل كراوە, بۆیە مافی قەرەبوو مافێكی بێ ئەملاو ئەولای سازش هەڵنەگرتنی قوربانیانی كوردستانە, كەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بكات ئەگەر لە ترۆپكی دەسەڵاتیش بێت, دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم كارە هەڵبستن.

دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان كە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی كارەكانی ڕابردووی تاوانەكان هەلبَێت, عێراقی ئێستا كە داوای لێبوردن دەكات و قەربووی قوربانیان دەكاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و هەڵەكان ڕابردووی سەدام, بەڵكە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی گشتییەوە و كاركردنیەتی بۆ دووبارە تێكەڵكردنەوەی قوربانیەكان بەكۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی كەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش هێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆكەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەكانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەكان, تا ئەمانە نەكات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەكات و ساتدایەو هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە.

بە داوی لێبوردن كردن بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون , تاكە زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانكاران , دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و كاری فەرمانڕەواكانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت , بەڵكە خۆ پاككردنەوەو شۆردنەوەیە لێی , پاككردنەوەی دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە كە لەم وڵاتە رویانداوە ,ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانكاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیز م ئاپارتاید و دیكتاتۆریەت پەیرەو كرا, كوردیش چاوەڕوانی دەكات لە ئێراقی نوێ كە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆكین ببێتە پرنسبێكی دەسەڵاتدارییەتی داهاتوو .

سەرۆكی شیلی لاگۆس هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی كەسی یان داوای لێبوردنكردن بۆ سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی پێشوو بە سەركردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1996 ەوە بۆ 2008 درێژەی كێشا, كەچی خۆی و بیروباوەڕەكەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوون كە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەكردە تاوانبار, بەڵكە نامەكانی وڵاتی لە تاوانەكانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەكانی پاككردەوەو خۆشی بردە ریزی سەركردە مەزنەكانەوە, بۆیە دەبێت عێراق لە تاوانەكانی سەدام حوسێن بشۆردرێتەوە.

قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ قەرەبووی مادی, هەر یەكەیان نامەی سەرۆك كۆمار”یوهانز راو” یان پێگەیشت , كە لە نامەكەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی هیتلەر كردبوو.”تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی “, لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەكان كە زۆرینەیان لە فەرەنسا دەژێن لە مەحرەقە رزگاریان بووە هەر یەكەیان بە 2300 ئیرۆ قەرەبوو بكرێنەوە .

لە تەیموری ڕۆژهەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیركاریشی كردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوزی , نەك تەنها قەرەبووی پێشێلكارییە گەورەكان, ئەمەش بۆ كورد جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە كاری لەسەر بكرێت, لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر كراوەو سامانەكەی تاڵان كراوە.

شیراك سەرۆكی كۆچكردوی فەرەنسا داوای لێبوردنی كرد لە بەرامبەر گرتنی 13 هەزار جولەكە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی 1942 لە میانی جەنگی جیهانی دووەم و پاشان بە كۆمەڵ كوشتنیان لە لایەن هیتلەرەوە.هەرچەندە ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە ئینكار كردن وە نە داوای لێبوردن كردن, لێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە 8ی شوباتی 2018 بڕیاریدا هەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی 1954 بۆ 1962 كە لە جەزائیر دەژیان لەوكاتە قەرەبو بكرێنەوە, هەرچەندە هێشتا فەرەنسا دانی بە هەقیقەتی یاسایی تاوانەكانی خۆی لە جەزائیر نەناوە كە ملیۆن و نیوێك قوربانی لێكەوتۆتەوە.

لە سیرالیۆنیش لە ساڵی 2010 سەرۆكی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە كرد كە قوربانی ململانێ چەكدارییەكان بوون , لە كەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی كەمبۆدی بڵاو كرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێكرا, لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ەش ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورك بە شێوەی زارەكی داوای لێبوردنی كرد, داوای لێبوردنەكان پێویستە بە نوسراوبن و بڕیاری فەرمییان بۆ دەرچێت و هەڵوێستەكان دوربن لە بەرژەوەندی سیاسی, ئەگەر مامەڵە وەك تاوان دەكات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەكانیش بنێت و كۆتایی بە نكۆڵی كردن بهێنێت, كۆتایی بەو شەڕە سەختەی لەبەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی كۆمەڵكوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەرو ملكەچی حەقیقەتە مێژوییەكان بێت, تۆنی بلێر سەرەك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی كۆیلەداری و ماندێلاش داوای لێبوردنی لە قوربانیانی كردارە سەربازییەكان كرد.

لە ساڵی 1998 دا بیل كلنتۆن لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی كرد لە رواندییەكان, بەهۆی هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكاەوە لەو گەل كوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا, شینزۆ ئەبی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن, رەتی كردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبوردن لە كۆریەكان بكات, وەلێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە 15ی ئۆگستسی 1995 بە بۆنەی 50 ساڵەی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە هەموو ئەوانە كرد چ وڵاتەكەیانی داگیر كردووە وە یان وڵاتەكەی لە میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون, لە فبرایری 2008دا سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا داوای لێبوردنی كرد لە هەمبەر تاوانێك كرد كە بەرامبەر هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی 17000 لە منداڵەكانیان, لێ سەرۆك وەزیرانی نەمسا سیباستیان كۆرتز داوای لێبوردنی كرد سەبارەت بە پێشوازیكردنی وڵاتەكەی لە سوپای هیتلەر.
حكومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای 3 ساڵی دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست و دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەكە, ئەمەشیان بە داكۆكی لە كەرامەتی نیشتمانی دانا, بۆخۆی ئەمەش داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت, ئەمەو نموونەی زۆری دیكە .

ئەو قەرەبوە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشكرا كردنی ڕاستیەكان و داوای لێبوردنكردن لە لایەن دەوڵەتی بكەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەك خوێن بایی و هەوڵی كڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەكرێت لە بڕی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی , كورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە, بەڵكە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بكەری تاوان بە فەرمی لە رێگای سەرۆكەكەیەوە بە بڕیاری رەسمی داوای لێبوردنی لێ بكات, بەڕێز بەرهەم ساڵەحیش كە هەنووكە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە ئەركە لەسەری بەمكارە هەڵبستیت و وەك ئەو سەرۆكانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەك بە یەكی قوربانیانی جینۆساید لە كوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی بنێریت, ئەمە وەك تاك وەك نەتەوەش داوای لێبوردن لە كورد و توركمان و ئاشور و كلدان و شیعە و كریستان و ئێزیدی و سائیبە ….
بكرێت, هیوادارم بەم ئەركە هەڵبستێت و هەڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی و مەعسوم دوبارە نەكاتەوە.چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورە لە كوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆكەوە نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەدا, ئەوە گەورەترین پەیام و بەرزترین دڵنەوایی و چاكترین هەنگاوی پاككردنەوەی رابردووە, ئەگەر بەو ئەركە هەڵنەستن بە ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆتان هەڵنەستاون .




نادیا موراد – ئانا فرانک! … برایم فەڕشی

ئەلیزابێت شافێر براون Elizabeth Schaeffer Brown خەڵکی ئامریکا، پێشتر بەرهەمی یەخچالی دەفرۆشت و دواترفرۆشیاری تەلەفوونی دەستی کامێراداری سۆنی ئەریکسۆن بوو. نادیا موراد خەڵکی گوندێکی باشووری کوردستان زیندانی گرووپی ئیسلامی داعش بوو، کە لە مەرگ ڕزگاری هات و ئێستا بۆتە دەنگی تڕاژێدی ئیزەدییەکان. براون کە پیشەی بواری تەبلیغاتە، لە سیمای نادیا موراد، ئانا فرانک دەبینێ، ئەو کەنیشکەی کتێبی بیرەوەرییەکانی ڕۆژانەی، بوو بە بەڵگەی ڕووداوی هۆلۆکاست لە سەدی بیست.

نادیا بە پێی پرۆژەیەکی هۆمانیستی لە کوردستانەوە لە گەڵ کۆمەلێک خەڵکی شەنگاڵ و دێهاتەکان بۆ ئاڵمان گوێزرایەوە، تا گەێندرایە نەتەوە یەکگرتووەکان و بوو بە سەفیری ئەم دەزگایە و بەرنامەی دیداری لە زۆر شوێنی جیهان لە گەڵ بەرپرسانی حکوومەتی و سیاسی و دام و دەزگای ئایینی، ژنان بۆ پێکهێندرا و لە سەفەرێکی پێنج ڕۆژە بۆ ئیسرائیل داوای لە پاڕلەمانی ئەو وڵاتە کرد کە کارەساتی ئیزەدییەکان وەک ژینۆ ساید بناسرێ.

ساڵی ٢٠١٧ ناوی بۆ خەڵاتی نۆبێل تۆمار کرا، خانمی حقووقناس ئامال کلۆنی Amal Clooney بریتانیایی بە ڕەچەڵەک لوبنانی تێدەکۆشێ بۆ ئەوەی کارەساتی کووشتاری ئیزەدییەکان بەرێتە دادگای ناونەتەویی جنایەتەکانی شەڕ. کلۆنی داستانی ژیان و بەسەرهاتی نادیا موراد وەک تراژێدییەکی کەم وێنە دەبینێ!
مێنێجێر، ڕاوێژکار و دام و دەزگاکانی پاڵپشتی نادیا، دەبێژن داستانێکی تراژیکی لەو چەشنە پێویستی بە مێدیا، پرۆپاگەندە و رێکخستن هەیە بۆ ئەوەی بە جیهانی بکرێ، هەر بۆ ئەو مەبەستە کتێبی ” من دەنگی ئێوەم” بڵاوکرایەوە و بازاری چاکی پەیدا کرد. دێر شپیگل پار لە ژمارەی ٤٤ ی دا نووسی کە نادیا موراد وەک “سوپر ستار” لە وڵاتان پیشوازی لێ دەکرێ و داستانی ئەو کراوەتە بەرهەمێکی باش، هەر وەک دەگوترێ هەر بەرهەمێکی باش پێویستی بە ڕێکلام و دەنگدانەوەی باش هەیە. نادیا کراوەتە “ئیکۆن” نیشانەی بەرچاو بۆ خستنە ڕووی بارودۆخی ژیان و چۆنیەتی ڕۆژگاری ژنان بە تایبەت لە وڵاتانی پڕ لە شەڕ و ناکۆکی و دوور لە ڕەچاوکردنی مافی ئینسان، بە تایبەت ژنان! نادیا لە پارلەمانی ئیسرائیل بەسەرهاتی جوو و ئیزەدییەکان وەک یەک دەخاتە بەر چاو و دەبێژێ ئێمەی ئیزەدی دوای ٧٤ کارەسات هەر زیندووین وەک مووساییەکان.

نادیا دەچێتە هەر شوێنێک باسی “کۆچوو” گوندەکەیان دەکات، باسی ژیانی خۆیان، کە مریشک و مەڕیان هەبوو، کشت وکاڵیان دەکرد و دایکی بە دەستی خۆی نانی دەکرد. من نووسەری ئەم دیڕانە لە چەند ساڵی ڕابووردوو لە گەڵ کۆمەڵێک کچانی ئیزەدی هاوتەمەن و گچکەتر لە نادیا ئاشنا بووم، ئینسانگەلێکی سادە و ساکار، پڕ لە هەست و خۆشەویستی. لە ناویاندا خزم و هاوگوندی نادیا هەن کە ئەو جار بەجار سەریان لێدەدا. ڕابووردوی زۆربەیان تاڵ و ناخۆش بووە و لێرە لە کار و خوێندن و فێربوون چالاکن، هەرچەند زۆربەیان لە گوندەکانیان دەرفەتی خوێندنیان کەم بووە. لێرە بە حەزی گەڕانەوە خۆیان پێدەگەیینن.

ئەو ڕۆژەی کە تازە هەواڵی بەخشینی خەڵاتی نوبێل بڵاو کراوە، بە یەک لەو کەنیشکانەم گووت کە خزمەکەتان خەڵاتی وەرگرتووە، تێنەگەیشت، دوایە لە گەل خانمی دەرسوێژی ئینگلیسی و ئاڵمانییەکەی گووتمان ئەو خەڵاتە چییە، چاوەکانی گەش بووە و گوتی دەچمەوە بە دایکم دەلێم، لە پڕ بە دەنگی بەرز گوتی منیش دەمەوێ خەڵاتێکی وا وەرگرم. ئەو نۆزدە ساڵانە و لە گوندەکەی خۆیان هەتا کەلاسی پێنجی خوێندووە، چوار ساڵە لە ئاڵمان دەژی و ئێستا لە کەلاسی دە دەرس دەخوینێ.

نادیا کچێکی سادە و ساکارە و ژیانی کەوتۆتە ناو بازنەیەکی جیاواز و بەردەوام لەم وڵات بۆ ئەو وڵات دەچێ و هەرچی وەزەی هەیەتی لەو رێگایەوە بە کاری هێناوە. نادیا ناوی حاجی سەلمان و داعشەکانی تری لە بیر ماوە و دەیگێڕێتەوە کە چیان بە سەر هێناوە. زۆرێک لەو کەسانەی کە وەک نادیا بوون لە بەر شەرم و حەیا خۆیان کووشتووە، ئەو بەردەوام بەسەرهاتە تاڵ و دڵتەزێنەکانی خۆی و بنەماڵە و ئیزەدییەکان دەگێڕێتەوە. ئەو چوارچێوە و داب و دەستوورە داخراوەکانی ئیزەدییەکانی تێپەڕاندووە و باس لەو بڤانە دەکات، کە کەمتر ژن و کەنیشکی کورد باسیان دەکەن. بە هەزاران و سەد هەزاران کچ و ژنی کورد هەیە کە ژیانی ڕۆژانەی تەنانەت ناو خێزانەکانیان پڕ لە کارەساتە و بێدەنگن لە ئازارەکانی خۆیان. نادیای کەم خوێندەواری گوندێکی ساکار لە سەر سەکۆکانی ئەم جیهانە، لە ناو بازنەی سەرانی جیهان دەنگ هەڵدەبرێ، کارێک کە بە هەموو حزب و دەستە و گرووپ و بە سەرجەم نوخبەی کورد نەکراوە و ناکرێ.

هەمووی ئەو کارانە نادیا نەیکردووە و ئەو دام و دەزگایانە دەیکەن کە لە پشت نادیا وێستاون و پسپۆڕی بە جەهانی کردن و گەرم ڕاگرتنی داستانی نادیان. سناریۆنووس و بەرنامەڕێژ و کارگیڕانی دەزگاکانی پشت نادیا لە ئاستی هەرە بەرزدا کارەکان ڕادەپەڕێنن.
لە پارلەمانی ئیسرائیل کاتێ نادیا بەرەو ئەوە دەچێ ورد ودرشتی بەسەرهاتی زیندانی بوونی خۆی بگێڕێتەوە، ڕاوێژکارەکانی داوای لێدەکەن هەموو شت باس نەکات و هەرکەس ویستی با بچێت کتێبەکە بخوێنێتەوە، واتە کتێبەکە بکڕێ.

ژێنۆسایدی ئیزەدییەکان پێنج هەزار کووژراو، حەوت هەزار ژنی ڕفێندراو و سێ هەزار بێ سەرو شوێنی لێکەوتەوە، تا ئێستا نەبیستراوە و نە دیتراوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرانی حکوومەت و حزبەکانی لێرە و لەوێ کارێکیان کردبێ و وەشوێن مەسەلەکە کەوتبێتن. حکوومەتی ناوەندی عێراق کارەساتی ئیزەدییەکانی بە هی خۆی نەزانیوە و ئاوڕی لێ نەداوەتەوە.

خانمی شافێر براون کەسێکی سەرکەوتوو بوو لە بواری تەبلیغات، ئەو لە نیۆیۆرک لە بازنەی ئەو ژنانەدا بوو کە دەیانویست بارودۆخی ژیانی ژنانی جیهان باشتر بکەن. دواتر دوچاری قەیرانی مانایی و فکریی هات و بەرەو ئەو پیشەیە ڕۆیشت کە لە سەرەوە باس کرا. دواتر ڕێکخراوێکی جیهانی مولتی مێدیالی پێکهێنا بۆ فێرکردن و بارهێنانی ژنان لە ئەفغانستان، لە هایتی و دواتر لە پرۆژەی تر بەشداری کرد، هەتا گەیشتۆتە پرۆژەی نادیا موراد. داستانی نادیا بۆ خانمی براون تراژێدییەکی تایبەتە کە کۆتایی پێنەهاتووە و بەردەوامە. بێگوومان ئەم سناریۆیەیە دەگاتە سەر پەردەی سینەما و مولتی مێدیای سەردەم و بازاڕێکی مەزن لە خۆی دەگرێ، کە ئەوە تەنیا لایەن نییە و لایەنی سیاسی، حقووقی، ئەدەبی، ئینسانی، هونەریی، کۆمەڵایەتی، ژنان و…لە خۆ دەگرێ.

داستانی نادیا موراد، داستانی ئانا فرانک بۆ ئەلیزابێت شافێر بڕاون زیندوو دەکاتەوە، ئەو لە تەمەنی پازدە ساڵان کتێبەکەی ئانا فرانکی خوێندۆتەوە، کە بۆتە هۆی گۆڕینی تێڕوانینی ئەو نیسبەت بە جیهان. نادیا بۆ براون زیندووبوونەی ئانا فرانکە، ئەو پێیوایە نادیا هەمان هێز و وزەی ئانا فرانک دەنوێنێ. ئیلیزابێت دەڵێ گەر سیاسەتمەدارانی جیهان بە پێی پێویست لە گەڵ ئەم مەسەلەیە مامەلەش نەکەن، کارێکی گەورەی کە دەکرێ ئەوەیە کە نەسل و نەوەیەکی نوێ لە ڕێگای داستانی نادیا مورادەوە پەروەردە دەکرێن. لەم رێگایەوە ئەو شانسە بە کچان دەبەخشرێ، کە نەوەیەکی نوێ لە ژنان پەروەردە بکرێ. ئێلیزابێت بۆ هەر شوێنێک لە گەڵ نادیایە، تەنانەت بۆ ئاودەستخانە، ئەو خواردنی بۆ دەهێنێ، سەیری تەلەفوونەکە و وێنەکانی دەکات و هێدی هێدی فێری ئینگلیسی کردووە.

لە ئیسرائیل لە نادیا دەپرسن ئەو هەموو هێز و وزەیە لە کوێڕا دەهێنێ؟ کچە گوندییەکەی کوردستان دەبیژێ” ڕووحی لە دەستچووم هانم دەدا”. ئانا فرانک پاش مەرگی ناوبانگی دەرکرد، نادیا موراد ناوی ئانا فرانکەکان و بە ملیۆن ملۆین ژنانی “ڕووح ڕفێندراو”ی زیندوو کردۆتەوە.
ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە کە کچە ئیزەدییەکەی خۆم، کەی خەڵات وەردەگرێ. لای من هیچ خەڵاتێکی جیهان بایخی نییە، لای من نادیا موراد، ئانا فرانک، ئێلیزابێت شافیڕ بڕاون، ئاماڵ کلۆنی و هەزارانی وەک ئەوان نڕخیان هەیە، کە سەدەیەکی جیاواز لە سەدەکانی پێشوو بونیاد دەنێنن. ئەوان سەر دەکەون!

برایم فەڕشی




جوانترین سێرڤس!…. جەلال قادر

لەسەر خۆ تاکسی یەکەم لێدەخووڕی… لەبەردەم پارکێک ژن و مێردێکی پیروپەککەوتەم بینی ، لەسەر کورسییەک دانیشتبوون و بە شادییەوە سەیری کۆمەڵی منداڵیان دەکرد کە لەناو پارکەکە جۆلانێ یان دەکرد!.
لەدلێ خۆم وتم: لە کۆتاییدا دەبێت ژیان بە سادەیی وەرگرین…بۆچی دڵی یەکتر بشکێنین.
لەم خەیاڵەدا بووم. ژن و مێردێکیتر کە تەمەنیان نزیک پەنجا ساڵێک دەبوو. دەستیان بۆ بەرزکردمەوە.
کاتێ ماشێنەکەم وەستان…پیاوەکە بەتەنیشتمەوە دانیشت. ژنەکەش لە دواوە دانیشت.
پێم بە بەنزین ناو وتم : بۆ کوێ؟
پیاوەکە وتی : شەقامی پێنج لە گلیب!.
ژنەکە وتی : وا باشترە من دابەزم.
پیاوەکە ئاوڕێکی دواوەی دا و وتی : چیبوە دیسان؟
_ چیبووە…تۆ لەمن دەپرسیت…بۆ لە پێشەوە دانشتووی؟ بۆ نەهاتی بە تەنیشتمەوە دانیشی.
+ بمبوورە…حەزدەکەیەت تاکسییەکە ڕادەگرم و دێمە دواوە.
_ نەخێر نامەوێت بێیتە تەنیشتم دانیشت…دەبوایە یەکەمینجار ئەو کارەت بکردایە…نازانم بۆ پیاوان درەنگ بیردەکەنەوە.
لەسەر جادەی یەکەم کە تێپەڕین کچێکی شۆخ و جوانمان بینی لەگەل سەگەکەی ڕێی دەکرد.
لەناکاو ژنەکە دەستی خستە سەرشانی مێردەکەی و وتی : ئەوە چاوت ژانی نەکرد…ژنت نەبینیوە؟
+ من سەیری سەگەکەم کرد..
_ بەلێ …بەڵێ…..چەند جوانش قایش و کەمەرت بەستووە…ئەی بۆ بە منت نەوت قایش ببەستم.
+ خۆ تۆ منداڵ نیت تا پێت بلێم خۆت ببەستیتەوە.
_ تۆ هەمیشە بیر لەخۆت دەکەیتەوە…لەنان خواردن وگەڕان و سەیران..
+ ئێستا تۆ چیت لەمن دەوێت؟
_ من چیم لەتۆ دەوێت؟ تۆ خۆت چیت لەمن دەوێت…هەرکات دەلێم ئەوە مەکە دەیکەی…
لەم کاتە هەستمکرد شەڕو دەمەقالێ کەیان بێ مانایە و خەریکە گەرمتر دەبێت. بۆ هێور کردنەوەیان، وتم : ژیان ئەوە ناهێنیت دڵ یەکتر بشکێنن…
موسافرەکەی تەنیشتم بە تووڕەییەوە ڕووی دەمی لەمن کرد و وتی : تۆ بۆت نییە قسە بکەیت!.
پێکەنیم و وتم : بە خوا ئەمەش لەوەیتر کەرترە…
کە گەیشتمە بەردەم ماڵیان کرێیەکەیان داو خێرا دابەزین و لە ئاوێنەی ماشێنەکەوە بینیم ژنەکە چەند هەنگاوێک لەپێش پیاوەکەوە ڕێی دەکرد و بۆڵە بۆلی بوو.
ئەم دوو مەسافرەم بێزاریان کردم..لە داخە بەرەو جادەی (کۆلینەید ) بەدەم کەناڵەکەوە ڕۆیشتم… تا سەیری دیمەنی جوانی پارک و جۆگەلە وڕووبار بکەم.
لەپشتی زانکۆی ( کارڵتۆن) کچ و کوڕێکی لاوی جوان دەست لەناودەست …هێمایان بۆ کردم..چراخی چوارییەکەم داگیرساند و ڕاوەستام. هەردووکیان لەپشتەوە دانیشتن.
لەناو پارچە کاغەزێک ناونیشانی موتێڵێکی لەسەر بوو دایانە دەستم.
لەپاشان کەوتنە ماچکردنی یەکتر و گاڵتە وگەپ و پێکەنین.
ئینجا کچەکە خۆی هەڵدایە باوەشی کوڕەکە، کوڕەکەش دەستی بە قژیا دەهێناو ناو ناوە ماچی دەکرد.
خۆشحاڵ بوو بەم دوو موسافرە جوانەم، بەلام لەخۆشم دەپرسی : ئەگەر لەوە زیاتر لەیەکتر بئاڵێن بەپێی یاسا بۆم هەیە ڕێگەیەن لێبگرم.
لەم خەیاڵە بووم…گوێم لە هەناسەکانیان بوو…ئاوڕمدایەوە بینیم گەنجەکە بەسەر کچەکەوەیە.
لەترسی ئەوەی مۆڵەتی شوفێرییەکەم لەدەست نەدەم…جوانترین سێرڤسی پێشکەش کەم..پێم بە بەنزین ناو…تا گەیشتمە بەردەم موتێڵەکە ئاوڕی دوای خۆم نەدایەوە!.




سۆرانی هه‌ر له‌ گه‌شه‌سه‌ندندایه‌ له‌ سۆربۆن … هه‌ڵكه‌وت حه‌كیم

له‌ ڕۆژی 26ی ئابی ئه‌مساڵ وتارێك له‌ سایدی ئاوێنه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر لێدان و ڕووخاندنی سۆرانی له‌ زانكۆی ئینالكۆ له‌ پاریس http://www.awene.com/2018/08/26/99427/. هه‌روا له‌ سایدی ده‌نگه‌كان له‌ 23ی هه‌مان مانگ ئه‌و وتاره‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ https://dengekan.info/archives/8062 . به‌ پێی نووسه‌ر خه‌تاباری ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی به‌شی كوردی و مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بی سۆرانیه‌ كه‌ منم. خاوه‌ن وتار ناوی ”مامه‌د شامه‌زدی“یه‌ و دكتۆره‌ له‌ بواری میدیا و ڕٍاگه‌یاندن له‌ زانكۆی ئێكس ئه‌ن پرۆڤانسی فه‌ره‌نسا. یه‌كسه‌ر په‌یوه‌ندیم به‌ به‌شی دكتۆرای ئه‌و زانكۆیه‌وه‌ كرد. وه‌ڵامیان ڕه‌سمیان ئه‌مه‌یه‌ : كه‌س لای ئه‌وان به‌و ناوه‌ و له‌و بواره‌ دكتۆرای نه‌كردووه‌…

كه‌وابوو نهێنیی ئه‌و ناوه‌ چیه‌؟ نووسه‌ری شاراوه‌ی ئه‌و وتاره‌ كێیه‌؟

له‌و وتاره‌دا حه‌وت جار ناوی شوان جه‌عفه‌ر هاتووه‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌ ڕواڵه‌ت دوو گله‌یی لێ كراوه‌، به‌ڵام هه‌مووی كڕووزانه‌وه‌ و گریانه‌ بۆ ئه‌و ”مه‌رده‌ ده‌نگ كپكراوه‌“ كه‌ موحازیره‌، واته‌ ”وانه‌بێژی كاتی“یه‌ له‌ ئینالكۆ، له‌ به‌شی كوردی كه‌ من به‌رێِوه‌به‌ری بووم هه‌تا خانه‌نشینیم پێش چه‌ند مانگێك.
”مامه‌د یان مه‌مه‌د“ كورتكراوه‌ی ”محه‌مه‌د“ه‌ به‌ ئازه‌ری و به‌ توركی. ناوی شوان ئێستاش هه‌ر محه‌مه‌ده‌. جه‌عفه‌ری باوكی ئازه‌رییه‌ و له‌ مناڵی هه‌ر به‌ ”مه‌مه‌د“ بانگی كردووه‌. ”شامه‌زدی“ ناوی خێزانی باوكییه‌تی. له‌سه‌ر ڕووپه‌لی چرا جه‌عفه‌ری خوشكی ئه‌و ناوه‌ ئازه‌ریه‌ نووسراوه‌ و نه‌شاردراوه‌ته‌وه‌… كه‌ ته‌ماشای ڕووپه‌لی مامه‌د شامه‌زدی ده‌كه‌ی، وێنه‌ی مه‌یموونێك ده‌بینی له‌ جیاتی وێنه‌ی خۆی. به‌ڵام له‌ژێر ئه‌و وێنه‌یه‌ سێیه‌م لینك هی به‌شی ڕۆژنامه‌نووسیه‌ له‌ زانكۆی ئێكس. كه‌ ده‌یكه‌یته‌وه‌ وێنه‌یه‌كی كاك شوانت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ له‌گه‌ڵ دوو وشه‌ی سپاس بۆ مامۆستایانی ده‌وره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی.

جگه‌ له‌و خاڵانه‌، شپرزه‌یی و هه‌ست و مێشك و وشه‌ و هه‌ڵه‌ی ڕێنووسی ئه‌و وتاره‌ هی شوان جه‌عفه‌رن كه‌ سی و دوو ساڵه‌ ده‌یناسم و هه‌ژده‌ ساڵه‌ له‌ به‌شێكه‌ من به‌ڕێوه‌به‌ریم. به‌كارهێنانی هه‌ندێ شێوه‌ی ده‌ربڕینی كوردستانی ئێران ته‌نیا بۆ خۆشاردنه‌وه‌یه‌ و هێچی تر. نووسه‌ری ئه‌و وتاره‌ شوان جه‌عفه‌ره‌.
بۆچی شوان جه‌عفه‌ر، پاش سی و دوو ساڵ، وا كوتوپڕ به‌ ”خوێنم تینووه‌“ وه‌ك خۆی نووسیویه‌؟ ئه‌ی چۆن پاش ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ ته‌نیا ئێستا بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌ڵكه‌وت حه‌كیم ”گه‌نده‌ڵه‌، پاره‌ په‌رسته‌، هێرۆ خان و یه‌كێتی له‌ ساڵی 2009 پاره‌یان بۆ ڕشتووه‌، حه‌ز له‌ خه‌ڵكی سلێمانی و سنه‌ ناكا، زمانی كوردی نازانێ، فه‌رهه‌نگه‌كانی پڕن له‌ هه‌ڵه‌، له‌ سه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیه‌ و له‌ ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی، پیاوی توركیایه‌، هاوڕێی عه‌دنان موفتی و جه‌بار فه‌رمان و عادل مراد و فوئاد حسێنه‌، نایه‌وێ سه‌رپه‌رشتی دكتۆرای كورده‌كان بكا، هاوڕێی عه‌ره‌به‌، هتد…“؟ ئه‌بێ چی ڕوویدابێ له‌م مانگانه‌ی دوایی بۆ ئه‌وه‌ی شوان جه‌عفه‌ر ئه‌و هه‌موو نهێنیه‌ كۆنانه‌ تازه‌به‌تازه‌ بدۆزێته‌وه‌؟

وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ وتاره‌كه‌ خۆیدایه‌. شوان جه‌عفه‌ر له‌سه‌ر شوان جه‌عفه‌ر ده‌ڵێ : ”لێره‌دا بیرمان بۆ (شوان جافر)یش ده‌چێت، چونكه‌ له‌ ساڵی 2000ه‌وه‌ له‌ ئینالكۆ وانه‌ی كوردیی سۆرانی ده‌ڵێته‌وه‌ و هه‌میشه‌ ماستاوی بۆ حه‌كیم ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا به‌ خوێنی تینووه‌، چونكه‌ هه‌ڵكه‌وت هێچ یارمه‌تی نه‌دا و نه‌یهێشت جێگه‌كه‌ی بگرێته‌وه‌. هه‌موو كورده‌كانی پاریس به‌ شه‌رعیان ده‌زانی كه‌ شوان جافر ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام حه‌كیم كه‌سێكی دانا كه‌ مووچه‌خۆری پارتیه‌ (ئامر ئه‌حمه‌د) كه‌ ئه‌م كاندیده‌ش له‌ ژیانیدا زمانی كوردی نه‌خوێندووه‌، وه‌ سه‌رباری هه‌موو بادینانیه‌…“

به‌ش به‌حاڵی خۆم نازانم ئایا هه‌موو كورده‌كانی پاریس به‌ شه‌رعی ده‌زانن كه‌ شوان جه‌عفه‌ر شوێنی من بگرێته‌وه‌ یان نه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاگادارم ئه‌و لێژنه‌ فه‌ره‌نسیه‌ی دانرابوو بۆ هه‌ڵبژاردنی پرۆفیسۆری یاریده‌ری زمانی سۆرانی و شارستانێتیی كورد، به‌ پێی یاسای فه‌ره‌نسی، كه‌ من ئه‌ندامی نه‌بووم، شوان جه‌عفه‌ری به‌ شایسته‌ی ئه‌و پۆسته‌ نه‌زانی نه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، نه‌ دووه‌م و نه‌ سێیه‌م. ”سه‌رباری هه‌مووی“ یه‌كه‌م و سێیه‌م كوردی كرمانج بوون و دووه‌میش هۆڵه‌ندی. به‌ڵێ، ئه‌و دۆڕانه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی شوان جه‌عفه‌ر به‌ خوێنی من تینوو بێ. ناتوانێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و واقیعه‌ ناهه‌موار و دڕنده‌یه‌ بێته‌وه‌ كه‌ هه‌ژده‌ ساڵی هه‌بوو خۆی ئاماده‌ بكا له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ بۆ پۆستێكی سۆرانی، كه‌ زمانی دایكییه‌، كه‌چی دوو كرمانج و هۆڵه‌ندیه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ، هه‌روا كوردێكی ئێرانیش لێیان برده‌وه‌…

كاركردن له‌ زانكۆی فه‌ره‌نسا

له‌ فه‌ره‌نسا كه‌ پرۆفیسۆرێك كاتی خانه‌نشینیی هات، داوای لێ ده‌كه‌ن پاش خۆی پۆسته‌كه‌ی ده‌بێ چۆن بێ. ئه‌ویش پێشنیاری خۆی ده‌كا و تێبینی و ڕا و ڕه‌زامه‌ندی هاوكارانی وه‌رده‌گرێ و ئه‌نجام ده‌نێرێ بۆ لێژنه‌ی زانستی. لێژنه‌ی زانستی ڕای خۆی ده‌رده‌بڕێ و هه‌ندێ جاریش ده‌ستكاری ده‌قه‌كه‌ ده‌كا به‌ پێی سیاسه‌تی گشتیی زانكۆ. پاشان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زانكۆ ده‌نگی بۆ ده‌دا و ده‌ینێرێ بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕه‌سمیدا. ئیتر زانكۆ لێژنه‌یه‌ك له‌ شه‌ش تا ده‌ ئه‌ندام پێك دێنێ، نیوه‌ی پیاو و نیوه‌ی ژن، نیوه‌ی مامۆستای زانكۆكه‌ خۆی و نیوه‌كه‌ی تر له‌ زانكۆكانی تری فه‌ره‌نسا. مه‌به‌ستی ئه‌م جۆره‌ پێكهێنانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ پپَی توانا یه‌كێ له‌ كاندیده‌كان هه‌ڵبژێرن. ئه‌و پرۆفیسۆره‌ی كه‌ خانه‌نشین ده‌بێ بۆی نیه‌ له‌و لێژنه‌یه‌ بێ.

كه‌ پۆست له‌ ڕۆژنامه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ هه‌موو كه‌سێ له‌ هه‌ر شوێنێك بێ ده‌توانێ له‌ ماوه‌ی مانگێكدا دۆسیه‌كه‌ی خۆی بنێرێ بۆ ئه‌و زانكۆیه‌. كه‌ پۆستێكی ئه‌ده‌بی فارسی ده‌رچوو و من سه‌رۆكی لێژنه‌ بووم، یه‌كێ له‌ كاندیده‌كان له‌ تارانه‌وه‌ هاتبوو، پۆسته‌كه‌ی وه‌نه‌گرت و گه‌ڕایه‌وه‌. مه‌رجه‌كانیش ئه‌مانه‌ن: دكتۆرا، زانینی زمانی فه‌ره‌نسی، لێكۆڵینه‌وه‌ و بڵاوكراوه‌ له‌سه‌ر بواری پۆسته‌كه‌ یان بوارێكی نزیك. كاندید ده‌بێ سێڤێكه‌ی خۆی و چاپكراوه‌كانی بنێرێ بۆ زانكۆ و له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كه‌دا كه‌ تیایدا چالاكی و توانای خۆی و پڕۆژه‌كه‌ی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ڕوون بكاته‌وه‌. پاشان ئیداره‌ هه‌موو دۆسیه‌كان ده‌نێرێ بۆ سه‌رۆكی لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی مامۆستای نوێ. ئه‌ویش بۆ هه‌ر كاندیدێك دوو ئه‌ندامی لێژنه‌ هه‌ڵده‌بژێرێ. ئه‌وانیش به‌وردی دۆسیه‌ و نووسینه‌كان ده‌خوێننه‌وه‌ و ڕاپۆرتێك ده‌نووسن. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا ڕاپۆرته‌كان ده‌خوێنرێنه‌وه‌ و پاش وتووێژ ئه‌ندامان ده‌نگ ده‌ده‌ن كێ بانگ بكرێ، كێ بانگ نه‌كرێ و دۆسیه‌كه‌ی داخرێ…

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌مدا كاندیده‌كان یه‌ك له‌ دوای یه‌ك بانگ ده‌كرێن و سه‌رۆكی لێژنه‌ داوا له‌ هه‌ریه‌كه‌ ده‌كا كه‌ له‌ ماوه‌ی پانزه‌ ده‌ققه‌دا باسی خوێندن و چالاكیه‌ زانستییه‌كانی خۆی بكا و پڕۆژه‌كه‌ی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ڕوون بكاته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند پرسیارێكی لێ ده‌كرێ. له‌ كۆتاییدا ده‌بێ به‌ گفتوگۆ له‌ نێوان ئه‌ندامانی لێژنه‌ و ده‌نگ ده‌ده‌ن بۆ كاندیدی یه‌كه‌م كه‌ پۆسته‌كه‌ وه‌رده‌گرێ و هه‌روا ده‌نگ ده‌ده‌ن بۆ دووه‌م و سێیه‌م.

سۆرانی هه‌ر له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ له‌ سۆربۆن

ئینالكۆ یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین زانكۆكانی فه‌ره‌نسا و له‌ ساڵی 1795 دامه‌زراوه‌. 94 زمانی ڕۆژهه‌ڵاتی تیا ده‌وترێته‌وه‌. فارسیزان و كوردناس و سه‌فیری فه‌ره‌نسا ڕۆجێ لێسكۆ (19141975-) له‌ ساڵی 1945 چه‌ند سه‌عاتێكی بۆ وتنه‌وه‌ی كرمانجی وه‌رگرت. له‌ ساڵی 1947، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ناردی بۆ یه‌مه‌ن. ئیتر كامه‌ران به‌درخان (1978-1895) له‌و شوێنه‌ جێگیر بوو، حه‌فته‌ی چه‌ند سه‌عاتێك زمان و ئه‌ده‌بی كرمانجی ده‌وته‌وه‌. چه‌ند ساڵێك پێش خانه‌نشینی (1970) بوو به‌ یاریده‌ر. پاش ئه‌و جۆیس بلۆ ئه‌و شوێنه‌ی گرت و له‌ ساڵی 1990 بوو به‌ پرۆفیسۆر و له‌ ساڵی 2000 خانه‌نشین بوو. پاش ئه‌و بۆ كرمانجی مایكل چایه‌ت و كریستین ئه‌لیسۆن هاتن. له‌ ساڵی 2009وه‌ ئیبراهیم ئه‌یدۆگان به‌شی كرمانجی ده‌با به‌ڕێوه‌. بۆ وتنه‌وه‌ی ده‌رسی نووسین و خوێندن چه‌ند كه‌سێك ئه‌و كاره‌یان كردووه‌.

له‌ 1964ه‌وه‌ تا 1967 زۆزه‌ك ڕه‌واندووزی بۆ یه‌كه‌م جار ده‌ستی كرد به‌ سۆرانی وتنه‌وه‌. پاش ئه‌و عه‌باس شه‌ریف هه‌مان ئیشی كرد هه‌تا ساڵی 1973. پاشان ئه‌كره‌م نه‌جم شوێنی گرته‌وه‌ هه‌تا ساڵی 1976. له‌ دوای ئه‌ویش عه‌بدولره‌حمان قاسملۆ بوو به‌ یاریده‌ر بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ. كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوردستان پاش شۆڕشی ئێران ڕه‌سووڵ قادری شوێنی گرته‌وه‌ بۆ سێ مانگ و هه‌ر له‌ ساڵی 1979وه‌ من بووم به‌ یاریده‌ر.
له‌ ساڵی 1983 دكتۆرام ته‌واو كرد و ده‌ستم كرد به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسینه‌كانم. له‌ ساڵی 1984ه‌وه‌ جۆیس بلۆ، لێپرسیاری به‌شه‌كه‌، ویستی ده‌رسی سۆرانی كه‌م بكاته‌وه‌. من قبووڵم نه‌كرد و به‌رامبه‌ری وه‌ستام. له‌ ساڵی 1986ه‌وه‌ ئه‌نستیتووی كوردی پاریسیش دایه‌ پاڵ جۆیس بلۆ و بڕیاری ده‌ركردنی من له‌ زانكۆ ده‌رچوو بۆ ساڵی 1988. به‌ڵام به‌ هه‌وڵێكی به‌رده‌وام، به‌ شێوه‌ی قانوونی و پشتگیریی دوو زانای به‌رزی فه‌ره‌نسا، بڕیاری ده‌ركردنم هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، (له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ زیاتر ڕوون ده‌كه‌مه‌وه‌). له‌ ساڵی 1991 و 1992 بۆ دوو جار زانكۆ و وه‌زاره‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی فه‌ره‌نسا دوو پۆستیان دا به‌ سۆرانی. جۆیس بلۆ به‌ یارمه‌تی هاوڕێكانی توانییان ڕێگه‌ی لێ بگرن. به‌ڵام له‌ ساڵی 1993 سه‌رنه‌كه‌وت و پۆستی پرۆفیسۆری یاریده‌رم وه‌ده‌ست هێنا. یاش خانه‌شینی جۆیس بلۆ له‌ ساڵی 2000 من بووم به‌ سه‌رۆكی به‌شی كوردی و ساڵی 2010، پاش دووه‌م دكتۆرای، پله‌ی پرۆفیسۆرم وه‌رگرت.

له‌ ساڵی 2000 یه‌كه‌م بڕیارم ئه‌وه‌ بوو ده‌رسه‌كانی سۆرانی زیاد بكه‌مه‌وه‌ و بیانگه‌یێنمه‌ ئاستی كرمانحی. له‌و ڕۆژه‌وه‌ ڕێگام نه‌داوه‌ ئه‌و یه‌كسانیه‌ بگۆڕدرێ. داوام له‌ به‌ختیار ڕه‌ئووف كرد كه‌ وانه‌ی قسه‌كردن و نووسینی سۆرانی بڵێته‌وه‌. ئه‌وم هه‌ڵبژارد چونكه‌ له‌ قسه‌كردندا كوردیه‌كه‌ی ڕه‌وان بوو. یاش ساڵێ، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ خۆیه‌وه‌ هه‌بوو نه‌ك به‌ من، شوان جه‌عفه‌رم خسته‌ شوێنه‌كه‌ی. ئه‌و كات زۆر كه‌سم نه‌ده‌ناسی له‌ پاریس بتوانێ ئه‌و كاره‌ بكا. دواییش چه‌ند سه‌عاتێكم وه‌ده‌ست هێنا و سپاردم به‌ خاتو نسار حسێن كه‌ باشترین مامۆستا بووه‌ هه‌تا ئێستا. له‌ ساڵی 2007 ئیشێكی تری دۆزیه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی كاتی ده‌برد و خۆی ده‌ستی له‌ كاری زانكۆ هه‌ڵگرت و منیش وانه‌كانی ئه‌ویشم سپارد به‌ شوان جه‌عفه‌ر كه‌ هه‌تا نووسینی ئه‌م دێڕانه‌ ماوه‌ته‌وه‌.

كه‌ ئیمساڵ من نزیك بوومه‌وه‌ له‌ خانه‌نشینی داوام كرد پۆستێكی ”زمان و ئه‌ده‌بی كوردی سۆرانی“ بدرێ به‌ كوردی. لێژنه‌ی زانستیی زانكۆ گۆڕی به‌ ”زمانی سۆرانی و شارستانێتیی كورد“ و به‌و شێوه‌یه‌ بڵاوكرایه‌وه‌. لێژنه‌ی پۆستی كوردی بریتی بوو له‌ ده‌ پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریده‌ری زانكۆكانی فه‌ره‌نسا كه‌ پسپۆڕ بوون له‌م بابه‌تانه‌ : زمانی فارسی، زمانی عیبری، زمان و ئه‌ده‌بی كرمانجی، فارسی، په‌شتۆ، ڕووسی، ئه‌ده‌بی فارسی كۆن، مێژووی كورد، عوسمانی و توركیای هاوچه‌رخ.
پێنج كه‌س كاندید بوون: (میشێل لێزه‌مبوورگ) كه‌ پسپۆڕی فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌ و كوردناسه‌ و هۆڵه‌ندیه‌، هاشم ڕه‌حمانی كه‌ پسپۆڕی كۆمه‌ڵناسه‌ و كوردی ئێرانه‌، (ئامر ئه‌حمه‌د) كه‌ پسپۆڕی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی و فارسییه‌ و كوردی كرمانجه‌، شوان جه‌عفه‌ر كه‌ پسپۆڕی شانۆی كوردییه‌ و كوردی عێراقه‌، هه‌روا (ئیرگن ئۆپگن) كه‌ زمانناس و پسپۆڕی سۆرانیه‌ و كوردی توركیایه‌.

سه‌رۆكی لێژنه‌ بۆ هه‌ر كاندیدێك دوو ئه‌ندامی هه‌ڵبژارد كه‌ ڕاپۆرتی خۆیان بكه‌ن له‌سه‌ر دۆسیه‌ و نووسینه‌كانی. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا، پاش خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كان و گفتوگۆ كردن، بڕیار درا هه‌ر پێنج كاندید بانگ بكرێن بۆ لێدوان. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌مدا، هه‌موو كاندیده‌كان، یه‌ك له‌ دوای یه‌ك، چوونه‌ته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ و هه‌ریه‌كه‌ چاره‌كه‌ سه‌عاتێك قسه‌ی كردووه‌ و پرسیاری لێ كراوه‌ و ئه‌ویش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌. پاشان بووه‌ به‌ وتووێژ له‌ نێوان ئه‌ندامانی لێژنه‌ و ده‌نگدان. ئه‌نجام به‌م جۆره‌ بووه‌: یه‌كه‌م ئامر ئه‌حمه‌د، دووه‌م میشێل لێزه‌مبوورگ و سێیه‌م ئیرگن ئۆپگن. به‌م شێوه‌یه‌ ئامر ئه‌حمه‌د جێی منی گرته‌وه‌ و بوو به‌ مامۆستای سۆرانی به‌ پله‌ی پرۆفیسۆری یاریده‌ر. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی شوان جه‌عفه‌ر نووسیویه‌تی، ئامر ئه‌حمه‌د كوردی خوێندووه‌ و به‌كالۆریۆسی ئه‌ده‌ب و زمانی كوردی هه‌یه‌ له‌ زانكۆی دهۆك. سێڤێكه‌ی شوان ناتوانێ ناتوانێ دوو ده‌ققه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ئامر ئه‌حمه‌د خۆی ڕاگرێ. له‌مه‌ودوا شوان جه‌عفه‌ر ده‌بێ له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و كار بكا.

هه‌ڵاتن له‌ واقیع برینی دۆڕان ساڕێژ ناكا

من كاك شوان جه‌عفه‌ر له‌ ساڵی 1986ه‌وه‌ ده‌ناسم. ئه‌و كاته‌ داوای بورسی له‌ ئه‌نستیتووی كوردی پاریس كردبوو و به‌ پێی مه‌رجی وه‌رگرتن كه‌ من دامنابوون ئه‌و له‌ پێشه‌وه‌ یوو. به‌ڵام كه‌نداڵ نزان، سه‌رۆكی ئه‌نستیتووی كورد، یه‌كسه‌ر بورسه‌كه‌ی لێ بڕی، كه‌ بۆ ماوه‌ی پێنج شه‌ش ساڵ بوو، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی خزمه‌تی ئه‌نستیتوو ناكا. من كه‌ تاكه‌ كه‌س بووم له‌ ئه‌نستیتوو دژی ئه‌و بڕیاره‌ وه‌ستام و وتارێكم له‌سه‌ر نووسی و له‌ ئه‌نستیتوو كشامه‌وه‌. كه‌نداڵ ناچار بوو نیوچه‌ بورسێكی چه‌ند مانگی بۆ پینه‌ و په‌ڕۆ بكا. پاشان شوان ئاگاداری كردمه‌وه‌ كه‌ بورسه‌كه‌ی ئه‌و دراوه‌ به‌ خوارزایه‌كی كه‌نداڵ له‌ سویده‌وه‌ هاتبوو بۆ بزه‌نسۆن له‌ فه‌ره‌نسا.

له‌ مانگی دووی ئه‌مساڵ، پێش داواكردنی پۆستی سۆرانی، بۆ شوانم ڕوون كرده‌وه‌ كه‌ من له‌ لێژنه‌ نیم، هه‌قی ئه‌وه‌م نیه‌ خۆم بخه‌مه‌ ناو كاری ئه‌ندامانی لێژنه‌وه‌ و ناتوانم پشتی كه‌س بگرم و ئه‌وانه‌ی ده‌نگ ده‌ده‌ن شاره‌زان و به‌ ئاسانی كاندیدی به‌هێز و دۆسیه‌ به‌توانا له‌ كاندیدی لاواز و دۆسیه‌ی لاواز جیا ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌روا ئاگادارم كرد كه‌ كه‌سانی تریش ده‌یانه‌وێ شوێنی من بگرنه‌وه‌ و دۆسیه‌ زانستییه‌كانیان به‌هێزن. ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌گه‌ر منیش له‌و لێژنه‌یه‌ بوومایه‌ وه‌كوو ئه‌ندامه‌كانی تر ده‌نگم بۆ لاوازترین دۆسیه‌ نه‌ده‌دا. چونكه‌، وه‌ك ئه‌ندامێك پێی وتم، دۆسیه‌كه‌ی شوان جه‌عفه‌ر ئه‌وه‌نده‌ لاواز بووه‌ كه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ ته‌نانه‌ت بانگیش نه‌كرێ بۆ گفتوگۆ. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تووشی سه‌رشۆرییه‌كی گه‌وره‌ نه‌بێت (humiliation) بانگ كراوه‌.

ئه‌و فرسه‌ته‌ی بۆ شوان جه‌عفه‌ر ڕه‌خسابوو بۆ كاندیدی تر نه‌ڕه‌خسابوو. هه‌ژده‌ ساڵ بوو له‌ هه‌مان زانكۆ بوو، ده‌یتوانی له‌و ماوه‌یه‌دا خۆی به‌ باشی ئاماده‌ بكا له‌ ڕووی زانستی و نووسینه‌وه‌. سۆرانی زمانی دایكیه‌ و پێنج ئه‌ندامی لێژنه‌كه‌ی ده‌ناسی و قسه‌ی له‌گه‌ڵیان كردبوو. به‌ڵام هیچی به‌ هیچ نه‌كرد.
ڕاسته‌ وه‌ك خۆی نووسیویه‌تی، دۆڕانی ئه‌وتۆ ئیمڕۆ و سبه‌ی له‌بیر ناچێ. برینه‌كه‌شی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌ خه‌تاباركردنی ئه‌م و ئه‌و نه‌ جنێودان ساڕێژی ده‌كه‌ن. ته‌نیا یه‌ك شت یارمه‌تی ده‌دا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ قبووڵی ئه‌وه‌ بكا كه‌ خه‌تاباری ئه‌و دۆڕانه‌ ته‌نیا خۆبه‌تی، هه‌ر وه‌ك چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وپێش له‌ زانكۆ بزه‌نسۆن بۆ پۆستێكی شانۆی ڕۆژه‌ڵات دۆڕاندی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێكی ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ و ناچار بوو زانكۆ به‌جێ بێڵێ. لاشم وایه‌ خوێنه‌رانی كورد كه‌ له‌ دووره‌وه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بینن، هه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌ی كوردێكه‌ی شوان جه‌عفه‌ر و ڕێنووسی وتاره‌كه‌ی و پله‌ی فكریی تێده‌گه‌ن كه‌ لێژنه‌كه‌ هه‌قانی بووه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سۆرانی بڕیاری خۆی داوه‌. هه‌روا تێش ده‌گه‌ن كه‌ ئه‌و نووسینه‌ی شوان جه‌عفه‌ر هی كه‌سێك نیه‌ شایه‌نی یله‌ی پرۆفیسۆری یاریده‌ر بێ له‌ زانكۆیه‌كی فه‌ره‌نسا.

له‌ یه‌كێ له‌و كۆمه‌ڵه‌ تۆمه‌تانه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ شوان جه‌عفه‌ر خستوونیه‌ پاڵ منه‌وه‌ ده‌ڵێ كه‌ كاك محه‌مه‌د سابیر، نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ پاریس له‌ ساڵانی نه‌وه‌د، پێنج هه‌زار فره‌نكی دامێ بۆ چاپكردنی یه‌كه‌م فه‌رهه‌نگی فه‌ره‌نسی­كوردیی (سۆرانی). هه‌ر ته‌نیا ئه‌و نه‌بوو چه‌ند هاوڕێیه‌كی تریش بوون بیست و یه‌ك هه‌زار فره‌نكیان كۆكرده‌وه‌ بۆ چاپكردنی ئه‌و كتێبه‌ كه‌ بیست و هه‌شت هه‌زاری تێ چوو. حه‌وته‌كه‌ی تر له‌ گیرفانی خۆم دام. چوارسه‌د دانه‌م له‌و فه‌رهه‌نگه‌ دا به‌ كاك حه‌مه‌ سابیر، نه‌ك چه‌ند دانه‌یه‌ك وه‌ك شوان جه‌عفه‌ر نووسیویه‌. ئه‌وانی تریش هه‌روا. سه‌د و په‌نجا دانه‌شم دا به‌ پارێزه‌ری ئیسماعیل بێشكچی كاك عه‌لی بووجاق كه‌ به‌داخه‌وه‌ پۆلیس بردی و تا ئێستاش نازانێ چی به‌سه‌ر هاتووه‌. دیاره‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ردی چایكردنی كتێب نه‌زانێ بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نووسه‌ر پاره‌ په‌یدا ده‌كا!

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كۆنگره‌ی مه‌ولانا خالده‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2009 له‌ سلێمانی ڕێك خرا، من نه‌وشیروان مسته‌فا داوای كردبوو په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بكه‌ن نه‌ك یه‌كێتی. وه‌ك بیستم مه‌سره‌فی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ 230000 دۆلار بووه‌ و ئه‌زانم كه‌ هێرۆ خان دای به‌ مامۆستا جه‌عفه‌ر. ده‌بێ له‌و بپرسن چی كرد به‌و پاره‌یه‌. به‌ش به‌ حاڵی خۆم سێ هه‌زار دۆلارم خه‌رج كرد بۆ ئه‌و كۆنگره‌یه‌. ڕۆژێك به‌ دوور و درێژی باسی مه‌ته‌ڵی مه‌ولانا له‌ سلێمانیی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ده‌كه‌م.

یه‌كێتی و پارتی ئه‌وه‌نده‌ ساویلكه‌ نین پاره‌ بڕێژن بۆ یه‌كێك كه‌ پێویستی پێیان نیه‌ و ده‌یان وتاری نووسیوه‌ و ئازادیی بیری خۆی تیا ده‌رخستووه‌. مووچه‌خۆرێكی ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو فه‌ره‌نسا چ پێویستیه‌كی به‌ پارتی و یه‌كێتی هه‌یه‌؟
هه‌رچی هاوڕێتیی جه‌بار فه‌رمانه‌، شوان جه‌عفه‌ر باش ده‌زانێ كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ كرد، نه‌ك بۆ به‌ژن و باڵا و چاوه‌جوانه‌كانم یان بۆ نووسینی پڕ به‌هره‌ به‌تواناكانم، به‌ڵكۆ پێویستی به‌وه‌ بوو خزمه‌تێكی سیاسیی بكه‌م. كه‌ زانی هیچی ده‌ست ناكه‌وێ به‌ دوو پیكابی پڕ له‌ پێشمه‌رگه‌ی چه‌كداره‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێ كردم. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هیچی ده‌ست نه‌كه‌وت.

به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو توانجانه‌ی شوان جه‌عفه‌ر له‌ من و له‌ كه‌سانی تری گرتووه‌، لێره‌ ئه‌گه‌ر یه‌ك به‌ یه‌ك وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌ی زۆری ده‌وێ. بۆیه‌، له‌ كۆتاییدا ته‌نیا یه‌ك پرسیار ده‌كه‌م: ئایا ده‌بێ كێ گه‌نده‌ڵ بێ، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ سه‌ره‌ڕای ده‌ پانزه‌ ساڵی بێكاری ده‌بێ به‌ خاوه‌ن چه‌ند موڵكێك له‌ ناوجه‌رگه‌ی پاریس و له‌ كوردستان، یان ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پاش چل و شه‌ش ساڵی مامۆستایه‌تی جووته‌ موڵكی قه‌ڵه‌مێكه‌ بۆ نووسین و چه‌كوشێكه‌ بۆ په‌یكه‌رتاشی؟
هه‌ڵكه‌وت حه‌كیم
پرۆفیسۆری موته‌مه‌ڕس له‌ زانكۆی پاریس




شیعرێكی (كوردی) و شیعرێكی (عه‌ره‌بی) و ئاماژه‌یه‌ك … كه‌ریم بامه‌ڕنی

كێ‌ تاڵاوی خوارد
كێ‌ تاڵاوی خو
كێ‌ تاڵاو
كێ‌ تاڵ
كێ‌ ت
ك
شیعری: نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌

***

شیعری (فازیل عه‌زاوی)

شیعره‌ كوردییه‌كه‌ وه‌ك شێواز ته‌واو له‌ شیعره‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ وه‌رگیراوه‌، لاسایكردنه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌ و ڕاسته‌. به‌ڵام وه‌كو مانا و فه‌زای شیعرییه‌ت زۆر له‌ شیعره‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ به‌هێزتر و كاریگه‌رتره‌. ئه‌ده‌بی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك زۆر ئاساییه‌ سوودی (مانا) و (شێواز) له‌ یه‌كتری وه‌ربگرن و به‌یه‌ك كاریگه‌ربن و له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ سنووری سوود وه‌رگرتن و ئاڵوگۆڕی جوانناسی دابێت. جا نازانم شاعیره‌ كورده‌كه‌ (نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ) له‌ بیری چووه‌ ئاماژه‌ به‌ وه‌رگرتنی شێوازه‌كه‌ بدات یا خۆی لێ‌ لاداوه‌.

شاعیر (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) كه‌ براده‌رێكی نزیكی شاعیر (نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌)ه‌. له‌ كتێبی چوار كتێب له‌باره‌ی شیعره‌وه‌، كه‌ ساڵی 2017 له‌ ده‌زگای سه‌رده‌م چاپكراوه‌. له‌سه‌ر ئه‌م شیعره‌ی نووسیوه‌ و بردوویه‌تییه‌ ئاسمانی دره‌وشاوه‌ی حه‌وته‌م. نازانرێ‌ به‌م وه‌رگرتنه‌ی نه‌زانیوه‌ یا چاوپۆشی لێ‌ كردووه‌.
ئه‌م ئاماژه‌یه‌ ته‌نیا وه‌ك ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كه‌ و به‌س، به‌ هیوای سوود وه‌رگرتن.




ژن …. سه‌ردار جاف

له‌و دیو وه‌رزی زستانه‌وه‌
باڵا ڕنووی به‌فر پۆشه‌
هه‌ناسه‌یه‌ك چرپه‌ی گه‌رم
به‌ گوڵزاری ئه‌رخه‌وانیم
كه‌ ده‌سپێرێ
ده‌بێته‌ قردێله‌ی لۆكه‌
له‌و دیوی كلوه‌ به‌فره‌وه‌
په‌نجه‌ ڕچیوه‌كانی شه‌ڕه‌ تۆپه‌ڵی
به‌ نێو له‌پم
ڕاده‌بوورێ
له‌و دیو كزه‌ بای ته‌زیوا
ڕچه‌شكێنێكی كۆنه‌ و شڵه‌قیوه‌
شله‌ژان سه‌راپا جه‌سته‌ی
وا پۆشیوه‌ و روحی منی لێ ته‌نیوه‌
ئا ئه‌وه‌یه‌
شمشاڵ مه‌مه‌ری نێو په‌نجه‌م
ناسكێ پڕ له‌ ئه‌وین و
هێشتا ژنه‌
خۆی بۆ ئه‌وین
نه‌گۆڕیوه‌

سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا
7 / 10 / 2018




زەنگیانەی ئاویی بەشی هەشتەم … فەتاح حەسەن

( قیروسیا )
گەر تۆ نەیەیت
بڵێی رۆژ ئاوابێ؟
بڵێی جۆگە بڕژێتە روبار و
روباریش دەریا؟؟
ئەگەر رۆژ ئاوا نەبوو
جۆگە نەڕژایە روبار و
روباریش دەریا..
دەتۆش مەیە.

( کفری عیشق )
لەژوانێکدا
بە ئەفسونی جوانی چاو ، تێر نەبێ
,لوت پڕنەبێ لەبۆنی رەشە رێحانەی پەرچەم
بە ماچ دەمولێو لە گۆ نەکەوێ
گوێ پڕنەبێ بە چرپە و ڕاز
لەسەر مەمان هەردوو دەست شل نەبێ
کفری عیشقە .. ئەو دیدارە،
ناوی بنرێت.. ژوان.

جانانە ) )
ئەوی بەمەی مەست نەبێ، دەبێ حاڵی جانانەبێ
ئەوی جانانەبێ، دەبێ لە مەیخانە وەدەربێ
لەدێر زەمانە، مەیخانە هەواری مەستانە
مزگەوت و خانەقاش، عەزیزم، لەبۆ جانانە.

( پێك )
خەمی تەنهاییە کە، خەم لە تەنیایی پێك دەخۆم.
یان
خەمی بێ تۆییە، کە مەیلی پێکی تەنها دەکەم ؟

( بەدبەختیی )
ئەو ساتانەی
مەی و پەستیی دەمگرێ
لەبەختی کەچم
یەکەمیان زوو بەرم دەیات
دوەمیان درەنگ..

( بولبول )
بولبول هەر دەخوێنێ ..
ئاوازی سەرچڵی
پڕکەری باخێکە
وەلێ ئاوازی تیابەندی ..
پڕاوپڕی جیهانێکە.

( ڕق و خۆشەویستیی )
خۆشەویستی ..
کلیلی دەرگای خۆشییەکانە
ڕقیش .. نەهامەتیی.
مرۆڤ زیاتر
پێویستی بە خۆشەویستییە
نەوەك ڕق..
تۆوی خۆشەویستی
لەسەر دڵێکی رەقتر لەبەرد
شین دەبێ
وەلێ تۆوی رق ..
لەدڵە کرمێکاندا نەبێ نابێ.

( سپڵە )
بێ تۆیی، هێندەی
تینیوێتی شکاندنی
پشیلەیەك لە روبار
جاڕسم دەکات
وانەزانی بی تۆ ناژیم .
—————

جاڕس – وەڕس ،بێتاقەت، قاڵس، بێتابوشت

فەتاح حەسەن
دانیمارك / ڤالبی
2018




شۆڕشێك له‌ مه‌ترسیدایه‌ …. نووسینی: ئێدوارد هانت


شۆڕشێك له‌ مه‌ترسیدایه‌
نووسینی: ئێدوارد هانت
و: گۆران عه‌بدوڵڵا

—————————-
شۆڕش له‌ ڕۆژئاوا له‌سه‌ر بنه‌مای دژه‌ سه‌رمایه‌داری و به‌ده‌ستهێنانی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد و ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌كانی ژنان درووست بوو، ئێستا له‌به‌رانبه‌ر ترسی له‌ ناوچووندایه‌. ڕه‌نگه‌ ئیداره‌ی ترامپ پشتی لێبكات.

————-
له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، كورده‌كان ڕابه‌رایه‌تی هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات (SDF) ده‌كه‌ن بۆ تێكشكاندنی دوواین سه‌نگه‌ره‌كانی ده‌وڵاتی ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كجاری. ئه‌م هه‌وڵه‌ به‌ ئۆپه‌راسیۆنی گه‌مارۆ ده‌ناسرێت و به‌ كۆمه‌كی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌چێته‌ ڕێوه‌.
به‌ پێی وته‌بێژی ئه‌مریكێكان، هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات هه‌ستان به‌ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی باغۆز و دەشیشه‌ له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، وه‌ ئێستاش دوواین به‌ش له‌ دۆڵه‌كانی ڕوباری فوراتی ناوه‌ڕاست پاكده‌كەنه‌وه‌.
به‌پێی وته‌كانی سین ڕایان كۆڵۆنێڵی ئه‌مریكی له‌ ١٨ی سپتامبه‌ر: “سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات له‌و ناوچانه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئیتر داعش هیچ نا‌وچه‌یه‌كی له‌به‌رده‌ستدا نەماوە‌.”

شه‌ڕڤانه‌ كورده‌كانی سوریا ناوه‌ڕۆكی سه‌ره‌كی هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات پێكده‌هێنن، وه ‌لای چه‌پی جیهانی ناسراون. له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رچاویان له‌ ڕۆژئاوادا كرد، له‌ به‌شی باكوری سوریا. تێده‌كۆشن بۆ بنیاتنانی ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمی، ناوچه‌یه‌كی دژه‌ سه‌رمایه‌داری كه‌ تێیدا كورد به‌هره‌مه‌ند بێت له‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین و تێكشكاندنی ئه‌و سیستمه‌ی كه‌له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵاواردنی جنسی دامه‌زراوه‌.
ئامانجه‌كانی شۆڕشی كورد له‌ سوریا وایان لێده‌كات دۆستێكی قبوڵكراو نه‌بن لای ئه‌مریكا. سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌رپرسه‌ ئه‌مریكێكان چه‌ندین جار ئاماژه‌یان به‌ هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات كردووه‌ وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر دژ به‌ داعش له‌ سوریا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا واشنتن دژه‌ دیدی خۆی نه‌شاردۆته‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر شۆڕشی ڕۆژئاوا.
له‌ كۆتایی ئه‌مساڵه‌دا (٢٠١٧) ئیداره‌ی ئه‌مریكا گڵۆپی سه‌وزی بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌ڵكرد بۆ تێكشكاندن و داگیركردنی عه‌فرین، یه‌كێك له‌ سێ كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوا.
له‌م ماوانه‌ی دووایشدا ئه‌مریكا فشاری بۆ سه‌ركرده‌ سه‌ربازێكانی كورد ده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌نبه‌ج چۆڵبكه‌ن، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات له‌ ٢٠١٦ له‌ هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییان پاكیانكرده‌وه‌.

ڕۆشن نییه‌ چۆن سه‌رۆك ترامپ بیر له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ستایشی كورد ده‌كات وه‌ك: ” شه‌ڕكه‌رێكی باش، خه‌ڵكێكی زۆر زۆر باش” به‌ڵام‌ پێشتر هیچ نیگەرانییه‌كی پیشان نه‌دا به‌رانبه‌ر به‌ چاره‌نووسیان.
ئه‌و قیه‌مه‌ی ترامپ به‌رجه‌سته‌ی ده‌كا‌ – سه‌رمایه‌داری ئه‌مریكا، ده‌سه‌ڵاتێكی پلۆتۆكراتیك، دژه‌ ژن – به‌دڵنیاییه‌وه‌ دژی هه‌موو قییه‌مه‌كانی ڕۆژئاوایه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌مریكا چه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌وا به‌رده‌وام ده‌بن له‌ یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات، هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگری جه‌یمس مه‌تێ له‌مانگی حوزه‌یرانی ڕابردوو به‌ڵێنیدا: “ به‌ ئاسانی ئه‌م ڕێكخراوه‌ وه‌لا نانێین، چونکە ده‌وڵه‌تی ئیسلامی تێكشكان و ڕێگره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵدانی.”
له‌ دانیشتنێكی كۆنگرێسدا له‌هه‌مان مانگدا سیناتۆری مارینلاند “كریس ڤان هۆڵه‌ن” پرسیاری له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ مایك پۆمپیۆ كرد “به‌ڵێن ده‌ده‌ی له‌وه‌ی له‌لایه‌ن توركیا و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌وه‌ نه‌كه‌ویته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌و كورده‌كانی سوریا به‌ گورگان خوارد نەده‌یت؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ ” به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستێكی ئیداری نییه‌ بۆ فڕێدانی ئۆبجێكتێكی زه‌ردی گه‌وره‌.”
هه‌روه‌ها مانگی ڕابردوو ئیداره‌ی ترامپ بڕیاره‌كه‌ی پێشووی سه‌رۆكی پێچه‌وانه‌كرده‌وه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا.

ترامپ به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕاڕاییه‌كانی و به‌وه‌ش زۆرێك له‌ چاودێران ده‌یانه‌وێت بزانن پاشتر چیده‌كات. كورده‌كان له‌ سوریا به‌رده‌وامن له‌وه‌ی نه‌ك هه‌ر پێداگرن له‌سه‌ر ئازادكردنی ناوچه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كجاری له‌ ژێر ده‌ستی داعش، به‌ڵكو بۆ به‌سه‌رنجام گه‌یاندنی شۆڕشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یان له‌ ڕۆژئاوا.
ماشێنی جه‌نگی زلهێزه‌كان كه‌ كاران له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌ دیاریده‌كه‌ن چ شانسێك كراوه‌یه‌ له‌ پێش كورده‌كانی سوریا. سه‌رۆكی سوریا به‌ڵێنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوای دا. سه‌رۆكی توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان چه‌ندین جارو به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌وا ئه‌و ئه‌زموونه‌ تووندڕه‌وه‌ی كورد ده‌ڕوخێنێت. یارمه‌تێكانی ئه‌مریكاش له‌ باشترین حاڵه‌تی خۆیدا هه‌میشه‌ مه‌رجدار بووه‌، به‌رده‌وام له‌ ترسێكی گه‌وره‌دایه‌ له‌ لایه‌ن ئیمپراتۆرییه‌تی ئه‌مریكاوه‌.

سه‌ركه‌وتنه‌كان و شكسته‌كان

ئه‌زمونی عه‌فرین و مه‌نبه‌ج ناڕاستگۆیی ئیداره‌ی ترامپیان بۆ كورده‌كان ده‌رخست.
له‌ كانونی دووه‌می ساڵی ٢٠١٧ هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریكا هێرشیان كرده‌سه‌ر عه‌فرین و ئه‌و كانتۆنه‌یان وێرانكرد تا مانگی ئازار و بوونه‌ مایه‌ی كۆچی به‌ كۆمه‌ڵ.
نزیكه‌ی پێنج سه‌د كه‌س له‌ خه‌ڵكی سیڤیل و هه‌شتسه‌د كه‌س له‌ شه‌ڕڤانانی كورد بوونه‌ قوربانی ئه‌و هێرشه‌ی توركیا.
زیاتر له‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ربه‌ده‌ر بوون و تاكۆتایی مانگی ئه‌یار ١٣٤٠٠٠ هه‌زار كه‌س به‌ ئاواره‌یی مانه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ عه‌فرین ماونەتەوه‌ ڕووبه‌ڕوی كاری دڕندانه‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ پشتیوانی ده‌كرێن.

كورده‌كانی سوریا ڕووبه‌ڕووی به‌رنگارییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌ منبه‌ج، پاش ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ به‌رده‌وامبونی هێرشه‌كانی له‌ عه‌فرینه‌وه‌ بۆ منبه‌ج. به‌رپرسه‌ ئه‌مریكێكان و توركه‌كان ڕێك كه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕڤانه‌ كورده‌كان له‌و ناوچانه‌ بكشێنه‌وه‌.
له‌جیاتی به‌رگریكردن له‌ كورده‌كانی سوریا، كه‌چی به‌رپرسه‌ ئه‌مریكێكان بڕیاری ئارام كردنه‌وه‌ ده‌ده‌ن و بڕیاره‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكاو توركیا ئێشكگری هاوبه‌شیان هه‌بێت له‌و ناوچه‌یه‌.
ڕێككه‌وتن شكستێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ شۆڕش له‌ ڕۆژئاوا. پاش ده‌ركردنی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ منبه‌ج، كورده‌كانی سوریا به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رنج ڕاكێش ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌یان كرد، ئه‌مریكێكان خۆیان ستایشی ئه‌و به‌ڕێوه‌بردنانە ده‌كەن.
پاش سه‌ردانه‌كه‌ی جۆن ڕۆد له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكاوه‌ له‌ مانگی ته‌موزدا بۆ منبه‌ج باسی له‌وه‌كرد كه‌ چۆن ئازادانه‌و بێترس به‌ ناو كۆڵانه‌كاندا سوڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ بن ده‌سه‌ڵاتی داعش دا بووە. ڕۆد له‌و باره‌وه‌ وتی: “ به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی بینیم بێ وێنه‌ بوو.”

سیناتۆری نیو هامپشیر جانی شاهین، كه‌ هه‌مان ئه‌زمونی هه‌بوو له‌ دوواین سه‌ردانیكردنی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئاگادار كردۆته‌وه‌ كه:‌ “چه‌نده‌ سه‌رسامه‌ به‌ كاره‌كانی هێزی سوریایی دیموكرات، وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ته‌واوی ئارامه‌.”

پاڵنه‌ره‌كانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا

هه‌رچه‌نده‌ ئیداره‌ی ترامپ ئاره‌زووی له‌ ناوبردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردی سوریایی ده‌كرد له‌عه‌فرین و منبه‌ج، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕیاریدا، گرنگه‌ پارێزگاری له‌ هه‌ندێك لایه‌نی هاوبه‌شیان بكات له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات.
سوپای ئه‌مریكی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات به‌ هاوبه‌شی ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریادا كه‌ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین چاڵه‌ نه‌وته‌ له‌و وڵاته‌دا. نزیكه‌ی هه‌زاران سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌ بنكه‌ سه‌ربازێكانی هه‌موو ئه‌و ناوچانەدا بڵاو بونه‌ته‌وه‌.
به‌رده‌وام به‌رپرسه‌ ئه‌مریكێكان باس له‌ گرنگی مانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازێكانیان ده‌كه‌ن له‌و ناوچه‌یه‌ بۆ دڵنیا بوونیان له‌ ڕوخانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی. به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ناوی بریت ماكگورك وتی: “ ئێمه‌ جارێك هه‌ر له‌ سوریا ده‌مێنینه‌وه‌ و چه‌ق ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر نه‌مانی داعش به‌یه‌كجاری.” پاش مانگێك جارێكی تر و به‌رپرسێكی تر به‌ ناوی جه‌یمس جه‌فری جه‌ختی له مانه‌وه‌یان‌‌ كرده‌وەو وتی:‌ “ ئێمه‌ په‌له‌مان نییه‌ له‌ جێهێشتنی سوریا.”

ئه‌مریكێكان به‌سوود وه‌رگرتن له‌و بارودۆخه‌ به‌ دوای مه‌رامی سیاسی تره‌وه‌ن. وه‌كوو سه‌ره‌تا هێزه‌ سه‌ربازێكانیان به‌كار دێنن بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر سه‌رۆكی سوریا به‌شار ئه‌سه‌د، هه‌روه‌ها ناڕه‌حه‌تی درووستكردن بۆ یارمه‌تێكانی ئێران و ڕوسیا بۆ حكومه‌تی سوری.
ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ كۆن و نوێیه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن ڕه‌نگه‌ بتوانیین ئامانجه‌كانمان له‌ سوریادا بێنینه‌ دی – گۆڕانی ده‌سه‌ڵات – وه‌كوو به‌رپرسێكی پێشوتری ئه‌مریكی به‌ناوی ئه‌نتۆنی بلینكن وتی: ” ئه‌گه‌ر بتوانن ڕوسیا له‌ سوریا دووربخه‌نه‌وه‌ كه‌ پشتیوانیكه‌رێكی زۆر مه‌حكه‌مه‌ بۆ ئه‌سه‌د، ئه‌وه‌ مەزەندە دەکرێت بەشار له‌ده‌سه‌ڵات وەلابنرێت” .
له‌ مانگی ئاب دا به‌رپرسی باڵای بنكه‌ سه‌ربازێكانی ئه‌مریكا CENTCOM جۆزێف ڤۆتێڵ وتی: ” تێوه‌گلانی ئه‌مریكا له‌ سوریا په‌یوه‌ندیه‌كی زۆری به‌ ڕوسه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش‌ به‌شێكه‌ له‌ نمایشی زلهێزه‌كان له‌ ناوچه‌كانی جێنفوزی یه‌كتر.

ئێرانیش ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا‌، وه‌ك به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌كانی‌ ئیداره‌ی ترامپ ئاماژه‌یان پێداوه‌.
له‌ مانگی حوزه‌یران ده‌یڤد ساته‌رفیڵد به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ كۆنگرێسی ڕاگه‌یاند كه‌وا “ هێزه‌سه‌ربازێكانی ئه‌مریكا، سوریا جێناهێڵن، ئه‌گه‌ر ئێران پێشتر ئه‌و وڵاته‌ جێنه‌هێڵێت. هه‌ر بڕیارێكی تایبه‌ت به‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌سه‌ربازێكانی ئه‌مریكا له‌ هه‌ر شوێنێكی سوریادا. A- ئه‌وه‌ بڕیاری سه‌رۆكایه‌تیه‌. B- ئه‌و بڕیاره‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی بڕاوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌رچونی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ سوریا.”
پاش مانگێك له‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه،‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ مایك پۆمپیۆ به‌هه‌مان شێوه‌ نامه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیداری له‌و باره‌وه‌ ئاراسته‌ی كۆنگرێس كرد و تیایدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌وا سه‌رۆك ترامپ بڕیای كۆتایی خۆیداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ سوریا، له‌وه‌ی “بونی ئێران له‌ سوریا خاڵێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ ئێمه‌، له‌گه‌ڵ ڕێزگرتن له‌ چۆنیه‌تی چوارچێوەی كاره‌كانی US له‌ سوریادا.” پۆمپیۆ ئه‌وه‌شی وتی: ” من بڕوای ته‌واوم هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ به‌مشێوه‌یه‌ی خۆی ده‌مێنێته‌وه‌.”

كه‌واته‌ یارمه‌تییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌كانی سوریایی دیموكرات له‌ باشترین حاڵه‌تدا ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌رپرسه‌ ئه‌مریكێكان ڕێگای تریان دۆزییه‌وه‌ بۆ گه‌شتن به‌ ئامانجه‌كانیان، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پشت له‌ كورد ده‌كه‌ن. پاش هه‌موو شتێك به‌رپرسه‌ ئه‌مریكێكان به‌ شێوه‌یه‌كی بڵاو پێیان وایه‌ SDF “كار بۆ ئێمه‌ ده‌كه‌ن و چاو ساغیمان ده‌كه‌ن.” ئه‌مه‌ قسه‌ی جه‌نه‌راڵ ڕیموند تۆماس بوو سه‌رۆكی هێزه‌ تایبه‌تێكانی ئه‌مریكا.

پرسیاری گه‌وره‌

سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی ترامپ له‌م كاته‌دا بڕیاری مانه‌وه‌یان داوه‌ له‌ سوریادا، پرسیاره‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ كورده‌كانی سوریا؟
بۆ چه‌ند مانگێك كۆمه‌ڵێك له‌ به‌رپرسانی ئێستا و پێشوو گفتووگۆیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌وا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورد ببرین و ته‌ركیز بخه‌یه‌نه‌وه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندێكان له‌گه‌ڵ توركیا، هاوپه‌یمان له‌ ناتۆ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی توركیا و US په‌یوه‌ندێكانیان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر تێكچووه‌ به‌تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دووایدا و به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی به‌رپرسه‌ توركه‌كان ئه‌مریكایان تاوانبار كرد به‌وه‌ی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ كوده‌تا كه‌ی ته‌موزی ٢٠١٦ دا دژ به‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆگان، بۆیه‌ ئیداره‌ی ترامپ قورسی زۆر ده‌بینێت له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندێكان. له‌ مانگی ئابیشدا ئیداره‌ی ترامپ سزای ئابوری و ته‌عریفه‌ی گومركی زیاتری خسته‌ سه‌ر توركیا، كه‌ بووه‌ هۆكاری قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌زمه‌ ئابورێكانی ئه‌و وڵاته‌.

له‌ هه‌مان كاتدا، په‌یوه‌ندییه‌ شڵه‌ژاوه‌كه‌ی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ ڕێگر نه‌بوو له‌ كاری هاوبه‌شی سه‌ربازی ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته‌. له‌ ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش كار ده‌كه‌ن له پارێزگای‌ ئه‌دله‌ب بۆ ڕێگرتن له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی سوری، كه‌ نزیكه‌ی ٣ملیۆن له‌ خه‌ڵكی سیڤیل و ٣٠ هه‌زار چه‌كداری تووندڕه‌وی دژ به‌ ئه‌سه‌د له‌و پارێزگایه‌ گه‌مارۆ دراون. له‌م ماوه‌یه‌یه‌شدا سه‌رۆك ترامپ وتی: ” توركیا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆر یارمه‌تی داین له‌م بارو دۆخه‌دا.”

له‌م دووایانه‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕیاری دامه‌ز‌راندنی دبلۆماتكاری پێشو جه‌یمس جه‌فری دا وه‌ك نوێنه‌رێكی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی سوریا، ئەمەله‌ خۆیدا هه‌ڵگری په‌یامێك بوو بۆ توركیا كه‌وا ئه‌مریكا خوازیاری كاری هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی سوریا. ساڵانی ڕابردوو جه‌فری بانگه‌وازی په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌رمتری ده‌كرد له‌گه‌ڵ توركیا. له‌ كانونی یه‌كه‌میش به‌ كۆنگرێسی ‌وت: ” په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا و توركیا بۆ ئێمه‌ بڕاوه‌یه‌.” داوای له‌‌ هاوپیشه‌كانیشی ده‌كرد: ” ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ مه‌پچڕێنن.”

هه‌روه‌ها جه‌فری ئاماژه‌ی به‌وه‌ ده‌كرد كه‌وا په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كورده‌كان، نزیكبونه‌وه‌مان له‌ تركیا قورستر ده‌كات. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ده‌كرد كه‌وا به‌رپرسه‌ توركەكان سه‌یری شۆڕش له‌ ڕۆژئاوا ده‌كه‌ن وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK كه‌ ڕێكخراوێكی كرێكاری تووندڕه‌وه و‌ ده‌یه‌یه‌كه‌ حكومه‌تی توركی شه‌ڕی ده‌كات. هه‌روه‌ها وتی: “ زۆر بۆڵه‌ بۆڵ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن توركه‌كانه‌وه‌ لەو بارەوە.”

به‌ته‌ماشاكردنی بارودۆخه‌كه‌، كورد له‌سوریا ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسێكی نادیار بۆتەوه‌، ئه‌وه‌ سه‌رباری هه‌ڕه‌شه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی تر له‌سه‌ر وجودیان. هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسه‌ ئه‌مریكێكان تا ئێستا به‌رده‌وامن له‌ یارمه‌تیدانیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ بیبینین فشاره‌كانی توركیا یان لایه‌نه‌كانی تره‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكا كه‌ وابكات چوار چێوه‌ی كاره‌كانی ئه‌مریكا بگۆڕێت.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا پشت له ‌كورده‌كان بكات، نه‌ك هه‌ر قوربانی به‌ پاڵه‌وانه‌كانی شه‌ڕی دژه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌دات، به‌ڵكو شۆڕش له‌ ڕۆژئاوا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ ئومێدترین ئه‌زمونی دیموكراتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

سەرچاوە:
https://www.jacobinmag.com/2018/10/rojava-isis-syrian-kurds-united-states-military




1194ساڵ جینۆسایدی ئێزیدیەكان و نۆبڵەكەی نادیە موراد عەلی مەحمود محەمەد

كاتێك 4 ساڵ لەمەوپێش رێكخراوەكانی ژنانی عێراقی و ئێمەش پشتیوان, دەستكرا بە هەڵمەتی نۆبَڵی ئاشتی بۆ نادیە, هەوڵەكە سادەو ساكار هاتنە پێش چاو, وەلێ هاتە دی, نایشارمەوە پێشتر 12 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ خەونم بەوەوە دەبینی خەڵاتەكە بۆ لەیلا زانا بێت و بە هەوڵەكانمان چوە پێشبڕكێكەوە” یەكەم هەوڵی كوردان بوو”, لێ ئێسستا كە بەخشرا بە نادیە زیاتر دڵ خۆش بووم, وەك خێزانە گەورە مرۆڤایەتیەكە, خەڵاتەكە وەڵام بو بە 1194 ساڵ جینۆسایدی بەردەوامی ئیزیدییەكان و 74 فەرمان لە دژیان, ئەوانەی هاواریان لێ هەڵستاوە بەهۆی ئەوەی نادیە نەیوتووە كوردم, هیچ ئەركێكی ئەخلاقیان لە ئاست 1194 ساڵ جینۆسایدی بەردەوامی ئێزیدییەكان نەنواندووە, بۆیە هاوارەكەی ئەمرۆیان بێنرخە.

لەو 72 فەرمانەی پێشوو ( پێش 2003), پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشداریان لە كۆی تاوانەكاندا كردووە, هەندەك جاریش خۆیان سەركردایەتی جێبەجێكردنی فەرمانەكانیان كردووە, لە مێژووشدا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی و قارەمانی نەتەوەیی بەمڕۆكەشەوە هەژمار كراون, پیاوە كوردە ناسیۆنالست وئیسلامییە سونیەكانیش تا ئێستا شانازییان پێوە دەكەن, هەرچەندە ئەوان لە مێژوودا تاوانبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید, لە فەرمانی 74 یشدا وەك نادیە لە یەكەم دیداریدا گێڕایەوە ” گەنجێكی تەلەعفەری و كوردێكی سۆرانی و عەرەبێكی سوری” بۆیەكەمجار لە موسڵ پەلاماریان داوە, واتا لە فەرمانی 74 یشدا كوردە سۆرانیەكەی بارگاوی بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی ئامادەیە و چالاكانە بەشدارە لە تاوان, كچێكی ئێزیدی لە لایەك كراوە بە كەنیزەك, كوڕێكی كوردی سۆرانی ئیسلامی لە لایەكی دیكەی چیرۆكەكە, قوربانی و تاوانكار كوردن, یەكیان كوردی ئێزیدی ئەوی دی كوردی ئیسلامی سونی, ئێمەش سەرزەنشتی قوربانییەكە دەكەین و داوای لێبوردن لە هەمبەر تاوانی تاوانبارەكە ناكەین.

لە دوا فەرمانی 74ی رۆژی یەك شەمە رەشەكەی 3ی ئۆگستسی ساڵی 2014 ەدا, كە بە سەركردایەتی پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب و بە بەشداری پیاوانی دەیان نەتەوەی دیكەی ئیسلامی سیاسی سونی ئەنجامدرا, لە ژێر ناوی سوپای داعش, لێ بەشی زۆری پیاوانی كورد نەك ئەمجارە پێچەوانەی جارانی پێشوو, بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكە, داگیر كەری گەلی عەلی بەگ و بەردەڕەشە نین, بگرە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێننە پێشەوە, پێچەوانەی فەرمانەكانی پێشوو, دەستە بژێرێك بەرەو روی تەواوی رابردووە رەشەكە دەبنەوەو زۆربەش شانازی بە نادیە مورادەكەیانەوە دەكەن, یەك شەمە ڕەشەكەی نادیە دەبێتە دوا فەرمان و دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان و دادگاییكردنی كۆی تاوانەكانی پێشوو , سەرجەم فەرمانەكانی رابردوو لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەكاتەوە, دەیانكات بە بەشێكی بێزلێكراو لە مێژوو , مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە , 3ی ئاب لە تاوانەوە دەگۆرێت بۆ دادگای مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو, دادگاییكردنی 72 فەرمانی رابردوو كە لە ژێر ناوی ئایندا ئەنجامدراوەو پیاوانی كوردیش لە بەشێكی تاكە قارەمان و تاكە تاوانبارن و لە بەشەكانی دیكە ماشینی تاوانەكەن, بەخشینی نۆبڵی ئاشتیش بە نادیە موراد رابردووی پڕ تراژیدی ئێزیدیەكانی كردە دادگایەكی نێو نەتەوەیی.

لە فتواكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل( ( 780-855 م ەوە , تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەیاوە (“خگیب المفسرین” شیخ الإسلام, مفتی القسگنگینیە,) كە ئێزیدییەكانی بە لە كافر كافرتر لە جوو و كریستان و …. ناو زەد كردبوو, فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەك كردنی ژنانی وەك نادیە مورادەكانی دەردەكرد, هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد, جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژوو و ویژدانەوە, ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە, بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدە و تاوانباری جینۆسایدە,و قوربانیەكەشی سومبلی ئاشتیخوازی جیهانە, سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردەچێت و پێكهاتەیەك هەوڵی سڕینەوەی لە بنەچەوە دەدرێت, ئەوەی داعش كردی, عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش بڕیاردەری بوو, بەرامبەر بە ئێزیدییەكان بە تاوانكاری زیاترەوەو دڵڕەقانەتر لەوەی ئەمڕۆ جێبەجێكرا .

قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 224ی كۆچییەوە, لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێكرد, وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 ی زاینی رەوایەتی ئاینی و پیرۆزی پێ بەخشی لە پۆششی ئایندا, ئەم فتوایە بووە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ هەموو رەشتر و دڵەڕەقتر لە 3-8-2014, چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو , سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و تاوان بوو بۆ ئێزیدییەكان , ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا عەرەب و توركەكان پێی هەڵنەستان ,لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844 دا لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەكاندان, لە موسڵیش دوای 3ی ئاب پیاوانی كورد ئەگەر بە لاوازیش بێت شوێن پێی پاشای كۆرەو بەدرخان بەگ هەڵدەگرنەوە, ئەمجارە كچۆڵەیەك دەبێتە قوربانی ترسی لە گێڕانەوەی تاوانەكە نییە و دەبێتە حكایەتخوانی, ئەو تاوانە لە پیرۆزییەوە دەكاتە ناشرینترین , حكایەتخوانی ئەمجارەمان بەشان و باڵی میرو بەگ و شا و خەلیفەكاندا هەڵنادات, بگرە لە ئاوێنەی تاوانەكانی موسڵمانە سونییە تەلەعفەری و كوردە سۆرانییە سونیەكەو عەرەبە سوریە سونەكەوە یەك مێژووی 1194 ساڵەی رابردوو دادگایی دەكات, زاكیارەكان لە ویژداندا دەژێنێتەوەو مرۆڤایەتی بەرەو روی مێژویەكی رەش دەكاتەوە, دەبێتە حكایەتخوانی زیاتر لە هەزارەیەكی پڕ لە تاوان, حكایەتێك هەزاران چیرۆكی ناو پەرتووكە پیرۆزەكانی رابردوو ناشرینە كات, حكایەتەكەی ئەو پیرۆزییەكان وردو خاش دەكات و مێژوو سەرەو واژوو دەكاتەوە, ئەو حەكایەتەی ژنانی ئەنفال نەیانتوانی ببنە سوارچاكی لەو دیو پەردەكانەوە چیرۆكەكانی خۆیان لە ترسی داب و نەرێت بە شاراوەیی و كزی گێڕایەوە.

دەبێت نۆبڵەكەی نادییە ببێتە هۆكارێك بۆ پێداچونەوە بە مێژووی 1194 ساڵەی رابردوو, بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە, راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە, وەلێ تاوان بە تاوانی دەمێنێتەوە, تاوانكار لە سزا نابێت رزگاری بێت, دەبێت پێگەی راستەقینەی خۆی پێببەخشرێتەوە لە گۆڕیشدا بێت, نابێت گۆڕەكانیان ببێتە شوێنی پیاوچاكان و دڵنەوایی نزای لێقەوماوان كە تاوانكاری ئەنجامدەری جینۆسایدە , هەموو هێماكانی گەورە نیشاندانی ئەو تاوانكارانە لە مێژوو و یاداوەری گەلدا پێویستە تێك بشكێنرێت .
دیارە نادییە ئەگەر نەفیسەی كۆهنەوەرد بۆ یەكەمجار چیرۆكەكەی بە جیهان نەناساندایە, وێڕای ئازایەتی خۆی كە یەكەم ژنە حكایەتخوانی ئێزیدی بوو, ئەوا ئەستەم بوو بتوانێت ببێتە خاوەند گەورەترین حەكایەتی تاوانلێكراو.

نادیە لە بازنەی قوربانی دەستدرێژی دەرچوو, كاتێك شووی كرد,دوای وەرگرتنی نۆبڵ ئەركی قورسترە لە جاران, خەبات بۆ داكۆكی لە مانەوەی ئێزیدی و بەرەو روبونەوەی كۆمەڵكوژی لەسەر بنچینەی ئاینی و نەتەوایەتی, خەبات بۆ كۆمەڵگایەكی ئێزیدی پێشكەوتنخوازی كراوە , بەرەو روو بونەوەی داب و نەرێتی كۆنەخوازی ئێزیدی, بەرەو روبونەوەی جینۆساید ورێزگرتن لە یاداوەری قوربانیانی جینۆساید لە جیهان بە گتشی و ئێزیدی بە تایبەتی, پشتیوانی لە مافی گەلان و كەمایەتی ئاینی و مافی ژنان وەك سومبلێكی جیهانی خەباتی ئەوی قورستر كردووە, ئەو بۆ ئەوەی گەورەتر بێت پێویستە خەڵاتەكەی ببەخشێتە قوربانیانی ژنانی ئێزیدی لە 1194 ساڵی رابردوو, مۆنمێنتێك بە ئەندازەی گەورەیی قوربانیانی 1194 ساڵ جینۆسایدی بەردەوامی پێ دروست بكات.

عەلی مەحمود محەمەد




خەڵاتی درۆ، ڕۆژاوای دووڕوو … فەرهاد شاکەلی

دوو سەعات لەمەوپێش، چاوم لە ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی کۆمیتەی نۆبێل بوو، کە خەڵاتی ئاشتیی ساڵی ٢٠١٨ دەدرێتە (دێنیز موکوێگێ)ی خەڵکی کۆنگۆ و خاتوو (نادیا موراد)ی ”ئەندامی کەمینەی یەزیدی لە باکووری عیراق”. تا دوایین چرکەی ڕاگەیاندنەکەم بینی و گوێ لێ بوو، نە خەڵاتدەرەکان و نە ئەو هەموو ڕۆژنامەوان و میدیاکارانەی لەوێ ڕاوەستابوون بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکە و هەندێ پرسیاریشیان لە خانمی پێشکەشکار کرد، بە یەک تاکە وشەیش ناوی کوردبوونی نادیا مورادیان نەهێنا و نەیانگوت خەڵکی کوردستانە.
ئەم جۆرە هەڵوێستە بۆ من شتێکی تازە نییە و دەمێکە لە میکانیزمی ڕوواڵەتکارانە و چەواشەکارانەی ئەم ڕێزلێنان و خەڵاتکردنە درۆ و ساختەکارانە تێگەیشتووم. ئەم پاییزە دەبێتە چل ساڵی ڕێک کە من لە سوێد دەژیم. لەم چل ساڵەدا سیونۆ (٣٩) جار پێشکەشکردنی خەڵاتی ئەدەبییات و چل (٤٠) جاریش خەڵاتەکانی دیکەم بینیوە و تا ڕادەیەک ئاگاداری یارییەکانی پشت پەردەی بڕیارەکانی کۆمیتەی نۆبێلیش بوومە، کە لێرە و لەوێ لە ڕێگەی هەندێ ڕۆژنامەوان و میدیاکاری چوختی و بەلەسەوە ئاشکرا دەکرێن. بۆیە وتم (٣٩) جار خەڵاتی ئەدەبییات، چونکە ئەمساڵ خەڵاتی ئەدەبییات نادرێ. ئەکادیمیای سوێدی ئاوڕووی خۆیان و خەڵاتەکەیشیان برد، کاتێ ئەوە ئاشکرا کرا کە مێردی ئەندامێکی ئەکادیمیای سوێدی، پێوەندیی سێکسیی لەگەڵ ژنی بەشێک لە ئەندامانی ئەکادیمیادا هەبووە و ئەنجامی ئەم پێوەندییانە چی بووە.

من لە دڵەوە پێم خۆشە کە خاتوو (نادیا موراد) خەڵاتەکەی وەرگرت و پیرۆزبایی لێ دەکەم. نادیا و ئازارەکانی نادیا و سەدان و هەزارانی دیکەی وەک نادیا، شایانی ئەوەن دەیان و سەدان خەڵات وەربگرن و ڕێزیان بگیرێت و خەم و خەفەت و ئازارەکانیان بۆ خەڵکی ئەم دنیایە و بۆ مرۆڤایەتی تۆمار بکرێن. بەڵام دەبێ لای مرۆڤە هۆشیارەکان و ڕووناکبیران و بڕیاردەر و سیاسەتمەدار و خەڵکانی دیکەیش ئەوە ڕوون بێت، کە خەڵاتی نۆبێل، چ هیی ئاشتی و چ هیی ئەدەبییات، بە فیلتەری سیاسەتێکی دزێو و ناشیرین و گوماناویدا تێدەپەڕێت و هیچ پێوەندییەکی بە داهێنان، یا بە چەوسانەوە و بەدبەختییەوە نییە. باسی خەڵاتەکانی دیکەی نۆبێل، فیزیا و کیمیا و پزیشکی و ئابووری، ناکەم، چونکە وەک ئەم دووەی باسم کردن، ئاگاداری ئەوانە نیم.

کۆمیتەی نۆبێل بە نادیا موراد دەڵێ ”ئەندامی کەمینەی یەزیدی لە باکووری عیراق”. ئەوان لە من و تۆ چاکتر دەزانن و ئاگادارن کە نادیا کوردە و خەڵکی کوردستانە. ئەوان زۆر چاک ئاگادارن کە نادیا و سەدانی وەک نادیا بە هەوڵ و کۆششی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕزگار کراون. بەڵام بەرژەوەندیی ڕۆژاوا ئەوەیە هەمیشە جەختی یەزیدیبوون بکات، بە کوردستانیش بگوترێ باکووری عیراق. لەم بوارەدا دەبوو خزمانی یەزیدی خۆیان، بە زمانێکی ڕوون و ئاشکرا، بە هەموو ئەوانەی باسیان دەکەن، یا قسەیان لەگەڵ دەکەن یا ڕێزیان دەگرن، بڵێن: تۆ مافی ئەوەت نییە بڕیاری ناسنامەی ئێمە بدەیت. ئێمە کوردین، ئایینەکەمان یەزیدییە و ”وەلاتێ مە کوردستانە”. کۆمیتەی نۆبێل لە کورد و کوردستانیبوونی نادیا خان خۆی گێل دەکات، کەچی لەوەدا هیچ هەڵە ناکات کە لە جێی (شەنگال) بڵێ (سنجار)، چونکە ئەمەیان ئەو شێوەیەیە کە عیراقی عەرەبی پێی خۆشە و دەیەوێ بیسەپێنێت. (داعش) دەیویست بە زۆر و بە هەڕەشە و سووکایەتی نادیا خان و هەزاران نادیای دیکە واز لە دین و ئایینی خۆیان بهێنن، ڕۆژاوایش دەیانەوێ بە خەڵاتکردن و بە بەرتیل بەرگی جوانی کوردبوونیان لە بەر دابکەنن.

هەر لەم دەرفەتەدا دەبێ ئەوەیش ڕوون بکەمەوە کە میدیاکارانی کوردستان، زۆر جار خوێنەر و بیسەر و بینەر چەواشە دەکەن، ئەوانەی کە ئینگلیزی یا زمانەکانی دیکەی ئەورۆپا نازانن، و بە شێوەیەک قسە و لێدوانی ڕێبەر و سیاسەتمەدارانی ڕۆژاوا دەگوێزنەوە کە لەگەل ڕاستیدا ناگونجێت. دەیان جار گوێم لێ بووە و بینیومە، کە کابرای ڕۆژاوایی وتوویەتی (Northern Iraq)، کەچی ئەمان بە (کوردستان) تەرجەمەی دەکەن. تەنانەی بەرانبەر سیاسەتمەدار و بەرپرسانی عەرەبیش هەر ئاوا (شەرمن و سەلار)ن. کابرای عەرەب دەڵێ (الاقلیم)، بەڵام ئەمان کە تەرجەمەی دەکەن، دەڵێن (هەرێمی کوردستان).

ئێستا کە یەکەمین جارە لە مێژوودا کوردێک خەڵاتی نۆبێل وەردەگرێت، دەبێ کورد لەوە ژیرتر و وریاتر و ڕاستگۆتر بن، کە کڵاوی زەرد و سوور و کەسکی ڕۆژاوایان بکرێتە سەر. دەبێ ڕاستوڕەوان بە ڕۆژاوا بڵێن، یەزیدی کوردن و یەزیدیخان کوردستانە. نابێ لەوە بترسن و سڵ بکەنەوە کە ”دۆستەکانیان!” لێیان زویر ببن. ڕووناکبیرانیش دەبێ ئەو ڕاستییەیان لا ڕوون بێت کە خەڵاتی نۆبێل، لە ٣٠-٣٥ ساڵی ڕابوردوودا، زۆر جار، وەک ڕێگایەک و وەک کەرەستەیەک بۆ ناوزڕاندن و دژایەتیکردنی ئیسلام بە کار دەبرێت، نەک بۆ ڕێزگرتنی داهێنانی ئەدەبی یا خەبات لە پێناوی ئاشتیدا. زۆر جار بینیومانە کە مرۆڤکوژ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی پێ بەخشراوە و کۆلکە نووسەر خەڵاتی ئەدەبییات. ڕۆژاوا ئەگەر شەڕی ئیسلام و موسڵمانان دەکات، با بچێت خۆی بیکات، نەک کورد بە کار بهێنێت و دواییش بە گورگانخواردی بدات. لە شەڕی (داعش)دا هەزاران تێکۆشەر و خەباتگێڕ و قارەمانی کورد کوژران و بریندار کران، بەڵام ڕۆژاوا پاداشتی کوردیان بەوە دایەوە کە دژی گشتپرسی ڕاوەستان و داگیرکردنی نیوەی خاکی کوردستانیان پێ ئاسایی بوو.

هەر ئەم ڕۆژاوایە و هەر ئەم کۆمیتەی نۆبێلە، ساڵی ١٩٨٨، کە هەڵەبجە ژارباران کرا و (ئەنفال)ی بەدناو ڕووی دا و هەزاران کچ و ژنی کورد دیل کران و هەرچی خراپە بەسەریان هێنرا، یەک وشەیان لە دەم دەرنەچوو، نەوەک سەددام حوسەینی دۆست و خۆشەویستیان زویر ببێت. نە ئەوسایش و نە ئێستایش نەیانهێشت ڕاستیی ئەو کارەساتانە ئاشکرا بکرێت، چونکە ئەودەم ئەوەیش ئاشکرا دەبوو کە خۆیان هاوبەش و هاوکرداری ئەو تاوانانە بوون.

نادیا خانمی بەڕێز و خۆشەویست! لە دڵەوە پیرۆزبایی لە تۆ و لە نەتەوەی کورد و لە کوردستانی نیشتمانی هەموومان دەکەم. تۆ زۆر لە خەڵاتی نۆبێل گەورەتریت و زۆر لە سیاسەتی ڕۆژاوا پیرۆزتریت. ئازارەکانی تۆ، ئازاری هەموو مرۆڤایەتین و بەشێکن لە مێژووی مەینەت و چەوسانەوە و ژێردەستیی مرۆڤ لە سەرانسەری مێژوودا. تکایشت لێ دەکەم: ئەو ئێوارەیەی کە خەڵاتەکە وەردەگریت و ئاخاوتن پێشکەش دەکەیت، بە کوردی قسە بکە و زۆر ڕوون و ئاشکرا بڵێ: ئەز کوردم و وەلاتێ من کوردستانە.
برینی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی، نە بە خەڵاتی نۆبێل و نە بە بەڵێن و دۆستایەتیی ڕۆژاوا ساڕێژ دەبێت. ئەم جارەیش، ئەم نووسینەم بە وتە جوانەکەی سۆکرات، فیلۆسۆفی گەورەی یۆنانی، دەبڕمەوە، کە فەرموویەتی: ”خۆت بناسە: Know Thyself!”.


فەرهاد شاکەلی
زانستگەی ئوپسالا
سوێد، ٥-١٠-٢٠١٨




کتێبی: ره‌خنه‌ له‌ ئیدیۆلۆژیا … سمكۆ محه‌مه‌د

ناوی كتێب : ره‌خنه‌ له‌ ئیدیۆلۆژیا. لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چه‌مكی ئیدیۆلۆژیا و رۆشنبیری
بابه‌ت : لێكۆڵینه‌وه‌
نووسه‌ر: سمكۆ محه‌مه‌د

بۆ خوێندنەوەی ءەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..

سمکۆ محەمەد




چەپکێک شیعری نیکۆڵاس کاتانۆ شاعیری ڕۆمانیی – کەنەدیی


تێبینییه‌کانی سه‌ر دیواری زیندانێک

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

—————————-

پایز

چ حەپەسانێک بوو
من و خۆر
به‌یه‌که‌وه‌ له‌هه‌مان ژووری زیندانا
دە‌مانتوانی بوونمان هه‌بێ
*
گه‌ڵا زه‌رده‌کان له‌ بێدەنگیدا ڕاده‌ماڵدرێن.
*
من ژماره نه‌وه‌د و چوارم.
*
خائینه‌کان ده‌بووایه‌ میلله‌ته‌کانیان بپارێزن و
قاره‌مانانه‌کانیش ده‌بووایه‌ بیانفه‌وتێنن.
*
باڵنده‌که‌ ئه‌گاته‌
پشت چاوه‌کانم و
ئه‌بینێ چۆڵ و هۆڵه‌.
*
گردەکانی دەوروبەر
لە ترساندا گرمۆڵە بوونە
*
گەردوون
بەردەوامی خۆی هەڵناوەشێنێتەوە
لەبەر دزێوی مرۆڤ
*
من زۆرجار
له‌ وشه‌کانم په‌شیمان ده‌بمه‌وه‌
بەڵام هه‌رگیز له‌ بێده‌نگییه‌کانم نا.
*
ئێستا تاکه‌ گه‌ڵایه‌ک به‌قه‌د داره‌که‌وه‌ نییه‌.
*
تەنها نهیلیستەکان دەیبەنەوە چونکە بە نیازی هیچن.
*
من باڵنده‌ی زیندانم.
*
بۆ ئه‌وه‌ی مه‌زن بی، ئه‌بێ بە هه‌ڵه‌ حاڵی بووبی.
*
که‌ منداڵ بووم که‌س نه‌ده‌مرد
به‌ڵام ئێستا مردن به‌رده‌وام ڕووده‌دا.
*
واقیع داهێنانی ئاره‌زوو و لە ئەندازە بەدەرمانه‌.
*
بێده‌نگی له‌تیرۆر باڵا ده‌ستتره‌.
*
گه‌ڵاکان گوێمن و
گوێم لێ دەگرن
*
هیچ ناڕەوایە لە درۆی ئەبسوردێکەوە تا بۆگەنترین تاوان.
*
من دەژێم و تاجی پاشاییشم ناوێ.
*
ئه‌وه‌ی لێره‌ مرد بێناوه‌.
*
من به‌رده‌وام هه‌ڵه‌م کرد
بۆ ئه‌وه‌ی ببم به‌خۆم.
*
شەو و ڕۆژ
زۆرانبازییە لە پێناو دەسەڵاتدا.
*
من خەریکی لابردنی جاڵجاڵۆکه‌ی مردووم له‌سه‌ر
لێوی په‌نجه‌ره‌یه‌کە.
*
چونکە مردن ناچارییەکی حاشاهەڵنەگرە
مرۆڤ چارەنووسی بە شکستە.
*
کۆتاییەکان ئەنجام نین.
*

زستان

زەمەن لە نێو بێدەنگیدا عاسی بووە.
*
قۆڵەکانم ماندوو بوون
لەوەی وەکو باڵ خۆ بنوێنن.
*
دەتوانم دڵم وەربگرمەوە؟
*
ئێرە ئەو شوێنەیە کە هەموو فێڵەکانی
خۆکوژی تیا فێر دەبی.
*
شۆڕشەکان تاجیان خستە سەر تاوانباران.
*
هیچ شتێک لە زیندان لە هوشیاری
بێ تاوانێک ناخۆشتر نییە.
*
ئامانجێکی تایبەت ببەخشە بە ژیان
ژیان یەکسەر مانای خۆی لەدەست دەدات.
*
مانگی ئاسمان وەکو ئاوێنەکە شکاوە.
*
کەس ناتوانێ خۆی بە لایەکدا بخات
چونکە هەموو کەس هەم ڕاستن و هەمیش هەڵەن.
*
چونکە هەموو فێڵ دەکەین
بۆیە لە یەکتر دەبوورین.
*
ئەگەر مردم
تۆڵەم مەکەننەوە.
*
ئەگەر ژیری لە خەوندا بوایە
چیم لە خەوتن پێدەدزرا.
*

بەهار

ئایا ڕووناکی دەرگای هەیە؟
*
گوڵ لە نێو بڵێسەی ئاگردا دەبێتە بەهار.
*
نوێژکەرەکان بۆ دۆراوەکان نزا دەکەن.
*
پەپوولەیەکی ڕەش
خۆری داپۆشی.
*
جارێک چەند جیهانێک هەبووە
لە نێوان وشەکان و نائامادەییدا.
*
لە چاوەڕوانی گوللە بارانکردن دام.
*
چ ئەلتەرناتیڤێکم هەیە،
پاش تاریکی؟
*
من لە کوێـم؟ ئایا من بێدارم؟
*
بەردەوام نیشتمانی خەونەکانم
دروست دەکەم.
*
هیچ شتێک لە بیرۆکە ترسناکتر نییە
وەختێ تەنها ئەومان هەبێ.
*
پێموابێ باخچەیەک هەیە
ناوی باخچەی خۆشەویستییە
گەر وایە،
منی تێدا نیم.
*
هەندێجار سەلامەتترە
دەست و پێ لە زنجیردا بێ
نەک ئازاد بی.
*
خەونەکانیش کێلی قەبرن.
*
بە بێ مەرگ
ڕزگاری نایەتە دی.
*
ئەگەر بە وەفا بیت بۆ ڕاستی
ئەوە ون بوویتە.
*
بوون بە قوربانی، تراژیدیایە
بوون بە مرۆڤیش تراژیدیایەکی ترە.
*

هەرگیز ناتوانم ببم بە شتێک
خۆم نەبم
نا ئومێدیشم لەوەی ببم بە خۆم.
*
خۆر دەدرەوشێتەوە
وەک ئەوەی مردن هەر نەبێ.
*
چاوەڕوانی بۆ کۆتایی هاتنی چاوەڕوانی
خۆی جۆرێکە لە چاوەڕوانی.
*
هاوین

شوێن ئەو گەورانە مەکەوە
کە چاو برسین.
*
مێشک ئەو یادەوەرییانە هەڵدەگرێ
کە دڵ ناتوانێ هەڵیان بگرێ.
*
لێرە هیچ ئەلتەرناتیڤێکی تر نییە
جگە لە خۆشەویستی یان مەرگ.
*
هیوا لە زانیاری ناتەواوەوە
پەیدا دەبێ.
*
تەنها کەسێک لەوانەیە ببێت بە شەیتان
بەڵام کۆمەلە کەسێک پێکەوە دەبن بە بەربەری.
*
گوێم لە هاوارە لاوازەکەیەتی.
*
سەرکەوتن بە بێ ئەخلاق چی دەگەێنێ؟
*
گرنگترین ڕاستی فەرمان دەرکردنە
هەموو کەسێک دەیەوێ فەرمان بدا.
*
پرسیار ئەوە نییە ئایا بڕوامان بە خوا هەیە
بەڵکو ئەوەیە ئایا خوا بڕوای بە ئێمە هەیە؟
*
سەرما لە گوڵی چیمەنتۆوە دەڕوێ.
*
مێشک قەت ڕێنمایی دڵ ناکات
بەڵام لە تاواندا دەبنە هاوڕێی یەکتر.
*
ئایا هیچ و پووچ دەتوانێ بەخشندە بێ؟
*
هەموو مرۆڤ بۆ هەتا هەتا دەژێت و
بۆ هەتا هەتا دەمرێت.
*
وەک دەریاچەیەکی مردوو
تاریکی پێچامییەوە.
*

پایز

هەورەکان مێژوویان نییە.
*
پایز لووتکەی گەڵا مردووەکان و
شکستخواردووەکانە.
*
من لێرەم
تا چەندین شکستی خوات پێبڵێم.
*
یان دەبێ یەکترمان خۆش بوێ
یان بمرین.
*
من و درەختەکان
زوو ڕووت دەبینەوە.
*
هەتاو لەسەر دیوارەکە توایەوە و
تیشکەکانی لی دەچۆڕێ.
*
گوێم لە دەنگی شوێن پێکانمە
بە بێوچان بە شوێنمەوەن.
*
ئایا دیوارەکان دەتوانن بمخۆن؟
*
تۆ بڵێی ئەمە دوایین خەونم بێ؟
*

نیکۆڵاس کاتانۆی لە ساڵی ١٩٢٦ لە ڕۆمانیا لە دایک بووە. خوێندنی پزیشکی و فەلسەفەی لە زانکۆی کلوج ناپۆکا لە ڕۆمانیا خوێندووە. لە ساڵی ١٩٦٢ دێتە کەنەدا و دوای شەش ساڵ دەبێتە هاوڵاتیی کەنەدی. لەساڵی ١٩٦٢ تا ساڵی ١٩٧٠ وەکو رادیۆلۆجیستێک(شارەزا لە بواری بەکارهێنانی تیشک) لە مۆنتریاڵ و فدریکتن کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ وە بە شێوەیەکی بەربڵاو گەشتی کردووە و ماڵی لە ئەڵمانیا و فەرەنسا داناوە. کاتانۆی بە زمانەکانی ڕۆمانی و ئەڵمانی و فەرەنسی و ئینگلیزی و ئیسپانی دەنووسێت و زیاتر لە سی کتێبی بڵاو کردۆتەوە.

نیکۆڵاس ئەندامی یانەی:پێن” و ئەندامی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی شیعرە لە بەریتانیا و ئەندامی ناشناڵ جیوگرافی ئەمریکییە و ئەندامی ئەکادیمیای شاعیرانی نێونەتەوەیی مەدرەسەی هیندییە و هەروەها ئەندامی ئەی ئێس پی ئاڕ ئۆی ڕۆمانییە.
ئەدەب و شیعری ڕۆمانی لەڕووی مێژووییەوە کۆنترین دەقیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٢١ کە بارشۆڤ نووسیویەتی. کلتووری ڕۆمانی بە چڕی لەژیر کاریگەری کەنیسەی ئۆرسەدۆکس بووە. یەکەمین کتێب لە ڕۆمانیا کە کتێبێکی ئایینی بوو لە ساڵی ١٥٠٨ چاپکراوە. پاش ئەو مێژووە ئینجیل و گەلێ کتێبی ئایینی تر چاپکران. بەڵام وەک ئەدەب یەکەمین کتێبی ئەدەبی (شیعر) لە ساڵی ١٦٧٣ چاپکراوە و بووە بە سەرەتای بزووتنەوەی شیعری ڕۆمانی.

لە سەدەی هەژدەهەم خاکی ڕۆمانیا کەوتە چنگ دەسەڵاتی عوسمانییەکان و ئەوانیش تەنها ڕێگەیان بە کلتووری یۆنانی دەدا و لێرەوە کلتووری یۆنانی هەژموونی خۆی بەسەر ئەدەبی ڕۆمانیدا زاڵ کرد و بووە هۆی گەشە و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی ڕۆمانی. دوای بڵاوبوونەوەی بیری ناسیونالیستی لە ئەوروپا، ڕۆمانییەکانیش کەوتنە خۆ و ئەو ئایدۆلۆجییەیان گرتە دەست لەپێناو دەوڵەتی خۆیاندا. لەسەرەتای سەدەی بیستەم ئەدەبی ڕۆمانی گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی کە بە قۆناغی زێڕین ناو دەبرێ. ڕۆمانیا جگە لەوەی ژانری ڕۆمان تیایدا گەشە دەکا، گەلێ بەهرەمەندی تری تیا هەڵدەکەوێ لەوانە کە ڕۆڵیان دەبێ لە بنیادنانی بزووتنەوە ئەدەبیی و هونەرییەکانی خۆرئاوا..دوای ئەم پلەیە لە گەشە ئیتر ڕۆمانیا تێکەڵ بە کلتووری خۆرئاوا دەبێ. دوای جەنگی جیهانی دووەمیش ڕۆمانیا بیروباوەری ستالینیزم و دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێ لە گەشە و سەرهەڵدانی ئەدەبی کۆمۆنیستی ڕۆمانی. ئەدەب و شیعری هاوچەرخی ڕۆمانی لە کاروانی گەشەی شیعر و ئەدەبی جیهانی دانەبراوە و شاعیران و نووسەرانیان لە داهێنان بەردەوامن.

نیکۆڵس کاتانۆی شاعیر لەم شیعرانەدا شیعر-یادەوەری یان یادەوەری شیعریی ئەزموونی ژیانی زیندان و دووبارە زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکانی سەردەمی گەنجی شاعیرە کە لە زیندانەکانی ڕۆمانیادا دەست بەسەر بووە، کە ئەو کات لەلایەن ڕوسیاوە داگیر کرابوو. سێجار بە ڕێکەوت دەیهێننەوە دەرەوە تا ئیعدامی بکەن، بەڵام کاتانۆی یەکێک بوو لەو دوو سەد زیندانییەی کە لە ئیعدامکردن ڕزگاری بوو. دوای ئازاد کردنی نیکۆڵس لە یادەوەری خۆیدا بەریەکەوتنی خۆی وەک زیندانییەکی سەدەی بیستەم هێناوەتە ئاراوە. تێکستەکان بەراوردی دوو دەنگی جیاوازن کە بە ئیقتباسی شیعری شاعیرانی تر و قسەی نەستەق خۆی پڕ دەکاتەوە. کاتانۆی ژانرە کۆنەکان تێک دەشکێنێت و داوامان لێ دەکات بە پێچەوانەوە بیان خوێنینەوە هەروەک چۆن ڕاست و ڕاست دەیخوێنینەوە، بۆ دۆزینەوەی درۆی مرۆڤایەتی لە کەلێنی کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا. وەک کاتانۆی خۆی دانی پیادا ناوە هیچ شکۆ و ڕێزێک لە زیندان وەک خۆی گوزارشتی لێکردووە، بوونی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا تێبینییەکانی سەر دیواری زیندانێک گیڕانەوەی شکۆیە بۆ ڕوحی مرۆڤ.

نیکۆڵس کاتانۆی وەک لە نامەیەکیدا بۆ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی ناردووە دەنووسێ ” تێبینییەکانی سەر دیواری زیندانێک” هەم یادەوەرییە و هەمیش شیعرە” هەروەها سینسیا مئسینجەر لە کۆتایی کتێبەکەدا کە وەک پاشەکییەک دانراوە دەنووسێت ” من پێشنیار دەکەم کە ئەم تێبینییانە وەک شیعرێکی دریژ بخوێنرێنەوە.” هەروەها دەنووسێت ” ئێستا و دوایی تێکستەکان لەگەڵ فرەیز و ڕستە ئاماژەن بۆ بێدەنگی، بێگومان بێدەنگیش یانی مەرگ”. دواجار لە میانی تێکستەکانەوە دەبینین شیعری جوان و نووسینی جوان خۆیان نمایش دەکەن. وەک سینسیا دەڵێ ” شاعیر قووڵترین مەینەتی لە جیهاندا ئەزموون کردووە و بەردەوامیشە لە گەڕان بەدوای ڕاستیدا.

تێبینییەکانی وەرگێڕ :
١- تێبینییەکانی سەر دیواری زیندانێک کتێبێکی کۆشیعرە و من تەنها ئەم چەند شیعرانەم لێ هەڵبژاردووە و وەرگێڕاوە.
٢- شیعرەکان زۆر زۆر کورتن و هەندێکیان دێرێک یان چەند وشەیەکن.

سه‌رچاوه‌کان :

1- Notes on a Prison Wall
Nicholas Catanoy
Vancouver, Canada 1994
2- http://49thshelf.com/Books/N/Notes-on-a-Prison-Wall
3- http://ronsdalepress.com/authors/nicholas-catanoy/
4- http://en.wikipedia.org/wiki/Romanian_literature




میزاج و که‌سایه‌تی … هاورێ خالید

کاتێک به‌بێ هیچ هۆکارێک که‌سێک یان که‌سایه‌تی که‌سیک په‌سند ده‌که‌یت یان ده‌که‌ویته‌ ژێر کاریگه‌ری وکه‌سایه‌تی ئه‌و یان به‌ پێچه‌وانه‌که‌ی ڕه‌فزی که‌سایه‌تییه‌که‌ی ده‌که‌یت، ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ تۆ هێشتا دۆخی سروشتی هۆبزت تێنه‌په‌ڕاندووه‌، هێشتا نمونه‌یه‌کی جۆرایه‌تی ناكاملى داروينيت، هێشتا له ئه‌شکه‌وته‌ چاوبه‌سته‌که‌ی ئه‌فلاتوندا گيرت خواردووه، هێشتا له بارى که‌سایه‌تى ئيد (ئه‌و)يكى فرؤيديت، له كۆتايیدا تؤ (داسمان)ى هايدگه‌ريت.

مرؤڤى ميزاجى ناتوانيت خاوه‌ن كه‌سايه‌تى و شوناسى خؤى بيت، هه‌ميشه كاريگه‌ر وه‌رگره و هه‌ستياره، خاوه‌نى كه‌سايه‌تيه‌كى شلؤق و ناجيگيره، چونكه حوكمه‌كانى له‌سه‌ر بنه‌ماى سۆز و هه‌ڵچوون سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، زؤر جار پێوه‌ر و ئه‌نجام و داتاكانى هه‌ڵه‌ن، گشت له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ش پێوانه ده‌كات، به‌دواى وردترين به‌شى به‌شه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، خؤى له نموونه زه‌ق و ئاشكرا و به‌رجه‌سته‌كان لاده‌دات، به‌گشتی زۆرجار كه‌سى ئايديالى و پۆزةتيڤ ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌وێوه ئه‌مه‌ش ڕوونده‌بێته‌وه كه هه‌موو كات ئه‌مانه دژه سيسته‌م و هاڕمؤنين، هه‌ميشه پشت به‌و گريمانه‌يه ده‌به‌ستن كه‌ ده‌كرێت كه‌مينه ڕاست و له‌سه‌ر حه‌ق بێت، بۆيه زۆرجار توشى فاشيزمى فيكرى و ئايديۆلۆجى دێن.

له‌ ڕوخسارو ئاكارى ڕواڵه‌تدا ڕه‌نگه نه‌رم و ڕێزدار بن، به‌ڵام هه‌ميشه ويست و حه‌زی ئه‌وه‌يان تيايه كه‌ به‌م نه‌رميه فيكرێكى ڕه‌ق و توند و وشك و تاك لايه‌نه بچه‌سپينن، زؤر جاريش ده‌كه‌ونه پارادؤكس، ته‌نانه‌ت هه‌نديك جار حه‌ساسيه‌تيان به‌ هه‌نديك وشه‌و چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ش هه‌يه، له‌سه‌ر ئاستی تیۆریدا ده‌شێت وا پیشانبده‌ن که‌ باوه‌ڕیان به‌هه‌موو پره‌نسیپه‌ ئه‌خلاقیه‌ یونیڤیرساڵ و بالاکان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ واقیعدا ویستی خۆسه‌پێنی و خۆپه‌سندییان هه‌یه‌، بۆیه‌ زۆرجار ده‌که‌ونه‌ پارادۆکس له‌گه‌ڵ خۆیاندا دووچاری کێشه‌ی لۆجیکی و ئه‌خلاقی و ده‌بل مۆڕاڵی دێن. هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ش کاریگه‌رییان به‌سه‌ر چۆنایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیانه‌وه‌ ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ ناتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا بگونجێنن و هارمۆنیه‌ک له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیاندا دروستبکه‌ن.

ته‌نانه‌ت له‌ ئاسته‌ بابه‌تیه‌که‌یدا ئه‌وانه‌ی که‌ خه‌ریکی کارکردنن له‌بواره‌ ئه‌کادیمی و کولتوری و ڕۆشنبیری و مرۆییه‌کاندا، له‌ كؤتايدا
ئه‌وه‌ى ده‌يزانن وه‌كو ئامراز به‌كارى دێنن يان خۆ خه‌ريكى سه‌فسه‌ته‌كردن ده‌كه‌ن، يان به‌ديار هه‌سته تايبه‌تيه‌كانى خۆیه‌وه داده‌نيشێت بۆ راوكردنى يان چنينه‌وه‌ى چه‌ند ده‌سكه شيعرێك.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش مادام مرۆڤ بوونێکی هۆشیارو ئاگامه‌نده‌ ئه‌وا له‌ دیوه‌ مه‌عنه‌وییه‌که‌یه‌وه‌ بوونێکه‌ پێکهاتووه‌ له‌ هه‌ست و نه‌ست و باری سایکۆلۆجی و غه‌ریزه‌ی سروشتی، ئه‌وا میزاجی بوون شتێکی سروشتیه‌و هه‌م حه‌تمییه‌، شێوه‌یه‌ک له‌ دیالێکتیک هه‌یه‌ پێی ده‌گوترێت دیالێکتیکی نێوان خودو بابه‌ت، به‌پێی ئه‌م دیالێکتیکه‌ بابه‌ت و ڕووداوه‌کانی ناو جیهانی ده‌ره‌وه‌ی من کار له‌سه‌ر ناخ و ده‌روونی من ده‌که‌ن وه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ من کاریگه‌ریم هه‌یه‌ له‌سه‌ر جیهانی ده‌ره‌وه،‌ چۆنم بوێت وه‌ها لێیان ده‌دوێم و ئاراسته‌یان ده‌که‌م له‌داهاتوودا، بۆ نموونه‌، کاتێک که‌ مێژوونوسێکی نه‌ته‌وه‌یی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌نووسێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ کامڵ هه‌ست و ئیحساسه‌وه‌ سه‌ر به‌هه‌مان نه‌ته‌وه‌یه‌ ئه‌وا ناتوانێت سه‌ت له‌ سه‌ت بابه‌تی بوون و بێلایه‌نی خۆی بپارێزێ، له‌و شوێنانه‌ی که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌ی نه‌بێت ڕه‌نگه‌ خۆی له‌ هه‌ندێ ڕووداو لابدات و هه‌ندیکی تر بشێوێنێت بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر نموونه‌یه‌کی تر، زانای بواری زانسته‌ سروشتییه‌کان که‌ ئیش له‌سه‌ر دیارده‌ی بێ گیان، ئاو و هه‌واو به‌ردو هتد.. ده‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ میتۆده‌که‌ی میتۆدی چه‌ندایه‌تی ڕووته‌ ئه‌وا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیالێکتیکییه‌ی نیوان (خود{زاناکه‌}/ بابه‌ت{h2o}به‌نمونه‌) که‌ پێشتر باسمانکرد له‌دۆخی سفردایه‌، واته‌ هیچ کامیان کار ناکه‌نه‌ سه‌ر ئه‌ویتریان.

ئێستا ئه‌و پرسیاره‌ی که‌ ڕووبه‌روومان ده‌بێته‌وه‌، سنوری دۆخه‌ ئاسایی و سروشتییه‌که‌ی میزاج تا کوێییه؟ ‌ تا کوێ مرۆڤ ده‌توانیت بابه‌تی و بابه‌تیبوون له‌ ده‌ست نه‌دات؟
هه‌ر کاتێک مرۆڤ توانی هۆکارو به‌ڵگه‌یه‌کی دروست و لۆجیکی بۆ په‌سندکردنی بابه‌تیک بهێنێته‌وه‌ ئه‌وکات دۆخی میزاجی تێپه‌ڕاندووه‌، بۆ نموونه‌ که‌سێک که‌ حه‌ز به‌ ڕه‌نگی سوور ده‌کات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێماو ڕه‌مزی حیزبه‌ کۆمۆنیسته‌کانه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌سێک تر که‌ خۆشی نازانێت بۆ ڕه‌نگی سوور لای خۆشه‌ویسته‌، دۆخێک که‌ هۆکاریکی هه‌یه‌ له‌بنه‌مادا خه‌سڵه‌تی بابه‌تی بوون و مه‌بده‌ئی بوونی تێدایه‌.

هاورێ خالید




مۆنیۆمێنتێك بۆ له‌بیرچوونه‌وه‌ …. نه‌ژاد عزیز سورمێ

سێبه‌ر و سێبه‌ر
به‌ دوای نیگار
به‌ دوای چاودێرانی ئاگر ..
هه‌وری ئاسندار ..
ژنانی گوێ قوڵاخ
به‌ جه‌وهه‌ری كوێری ڕاهێنراو
به‌ دوای ده‌نگی پێی
ڕه‌خشی به‌جێماو
له‌و ڕێیانه‌ی ،
شارستانه‌تی شه‌ڕ و
شه‌ڕی شارستانه‌تی
تیا به‌رپایه‌ …
*
ئاده‌میگه‌لی
ده‌ست به‌ به‌ردی ئه‌شكه‌وتان گوراو ..
چاو به‌ به‌فری كوێستان ڕشتوو ..
ئاسمان
بارانی لێ گرتنه‌وه‌
خۆیان له‌ سره‌وتنی كلۆرایی
دره‌خته‌ ڕووته‌كان و
كه‌ناری
چۆم و ڕووباره‌ نه‌قشبه‌ستووه‌كان
بینییه‌وه‌ ..

ئه‌نكیدۆ
هێشتا له‌ جه‌نگه‌ڵستانه‌ ..
ته‌خت هه‌ڵنه‌نراوه‌
گه‌لگامشی له‌سه‌ر دانیشێ ..
مه‌یخانه‌ ئاوا نه‌كراون
له‌ كونجه‌ تاره‌كانیاندا
بچێته‌ خه‌ڵوه‌تی ئاره‌زووه‌كانی ،
له‌ ناو شكارته‌ هه‌ڵچووه‌كان
ڕێ له‌ پاكیزان ده‌گرێ ..
*
بوارێكی سه‌خت
چۆله‌كه‌ شه‌كه‌ت
وه‌ك ئه‌و عاریفانه‌ی
دڕك به‌ گوڵ ده‌بینن ،
به‌ گۆڕاییه‌ به‌ردینه‌كانه‌وه‌ وه‌ربوون
به‌روبوومی ئاسمان
ببه‌نه‌وه‌ هێللانه‌ ،
وێرانه‌یێ جێنیگای
هه‌موومانی پێوه‌یه‌ ..
له‌ یاده‌وه‌ریماندا
به‌ ئێشی ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌چێ
له‌ ڕۆژێكی سڕه‌دا ..
له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خود
هه‌نگاوی یه‌كه‌می لێ هاوێشترا
یه‌كه‌مین بزه‌ی تیا پشكووت
چاوشاركێ ،
بۆ سێوێك
ژیانی هێنا و
ژیانی برد ..
سترانێكی ته‌واو نه‌كراو ..
ئه‌فسوونێكی باڵ كراوه‌ ..
به‌سه‌ر ڕه‌هایی
كاته‌ پسۆكه‌ وه‌ڕسه‌كاندا
ده‌فڕێ .. ناگه‌ڕێته‌وه‌ ..
*
هه‌ڵه‌مان كرد
له‌ نانمان زیاتر ویست
هه‌ڵه‌مان كرد پێمان گوتن
نه‌تانهێشت خۆشمان بوێن ..
هه‌ڵه‌مان كرد
بۆ مه‌وسیمی
چاوغایه‌نیی ، بێ چاندیی ، ژه‌هراوی
نووشتاینه‌وه‌ ..
هه‌ڵه‌مان كرد
نوێژمان ،
به‌ كه‌بارێكی ناوه‌خت دا ..

شه‌پۆلی نوور
قژی كیژه‌ گۆشه‌گیره‌كانی
مه‌ستتر ده‌رده‌خست
سێبه‌ری ژیارێكی به‌ره‌واژ بوو
شه‌به‌نگی به‌ ژاوه‌ژاو به‌خشی ..
ده‌نگی له‌ بێده‌نگی خواست ..
هه‌ڵه‌مان كرد
وه‌نه‌وشه‌ی ته‌لانانمان ڕاوه‌شاند ..
له‌ ئاوی لێڵمان دا ،
له‌ بڕه‌ ڕازاوه‌كان نه‌په‌ڕینه‌وه‌ ..
هه‌ڵه‌مان كرد
هه‌وڵمان دا ،
نووزه‌ی گجووله‌ به‌ره‌ڵڵاكان
تێكه‌ڵ به‌ چینكه‌ و پرووشه‌ی
چۆله‌كان بكه‌ین ..
هه‌ڵه‌مان كرد ..
*

مۆنیومێنتێك
بۆ هه‌وری ئاسندار
بۆ ژنانی گوێ قوڵاخ
بۆ خۆخواردنه‌وه‌
بۆ باران ،
له‌ پاشماوه‌ی
پێكه‌ به‌ دزی خوراوه‌كان هه‌ڵده‌نێین ..
سه‌مفۆنیای شێتایه‌تییه‌ ،
پرچی پیرۆزگریی ڕاده‌كێشین
نووزه‌ی
تووتكه‌ هه‌تیوكه‌وتووه‌كانمان
دێته‌ ده‌ست ..
ئاوریشم ،
پۆڵای پێ خوار ده‌كرێته‌وه‌ ..
ئێواره‌ به‌ شه‌تاوێكی تۆزاوی دووگیانه‌
ئاگر جه‌نازه‌ی به‌فری له‌ كۆڵ ناوه‌ ..
ڕووباره‌ كێویه‌كان
ڕێیان ،
له‌ چاوی كوژاوه‌مان گرتووه‌ ..
خوانی شه‌و
سرووتیی ڕه‌هێڵه‌ و گه‌رده‌لووله‌ ..
شه‌هدی مێژوو
به‌ ئاوێنه‌ تڵخه‌كاندا دێته‌ خوارێ
چۆله‌كه‌
گۆڕاییه‌ به‌ردینه‌كان به‌رناده‌ن !
خاكی پیر
كه‌ جه‌سته‌ی درزبردووی خوێناوی
له‌ خۆرێكی بریندار ده‌چێ
به‌ ئامێزی له‌رزۆكی
ڕه‌شه‌بای له‌ باوه‌ش گرتووه‌ ..
چۆله‌كه‌
گۆڕاییه‌ به‌ردینه‌كان جێناهێڵن !
*
ئای گۆلی نه‌دیتراو و نه‌بیستراو!
هه‌واری غه‌ریبی !
بانیژه‌ی ئه‌ستێران !
چاوت لێیه‌ .. ؟
به‌دنیهادی ده‌بینی ،
دره‌خشان
دوور له‌ دڵ
نزیك له‌ خوێنی به‌فیڕۆدراو
له‌ ودمی ون بوون
له‌ چ سره‌وتنێكی ئارامدایه‌ ؟
كۆخه‌كانی ئومێد
چۆن هه‌ڵده‌درێنه‌ خه‌ره‌نده‌كانی
نۆستالیژیا ؟
ڕووتتر ده‌بنه‌وه‌ گوڵه‌گه‌نم
چۆلتر ده‌بنه‌وه‌ خه‌رمان ؟
په‌راوێزێك ،
بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ ئێش
خۆدزینه‌وه‌ له‌و فرمێسكانه‌ی
شێوه‌ی شه‌ونم ده‌ده‌ن .. نامێنێ ؟
*
به‌ پێشبینییه‌ك ،
ته‌نیا عاشقان
په‌ی پێ ده‌به‌ن
بێده‌نگی ،
به‌ به‌نگكێشی و
خه‌وی زڕاو و
سۆزانییه‌ سه‌ربڕاوه‌كانی
كووچه‌ و شه‌قامان ده‌شكێنرێ ..
نووزه‌یه‌كی مه‌ست
به‌سه‌ر لمی كه‌ناردا كه‌وتووه‌ ..
باران
كه‌ له‌ شه‌ڕی ئاژاوه‌دا كشاوه‌ته‌وه ،‌
مۆسیقای خه‌مباری
به‌سه‌ر هه‌واری دێرین و
ئه‌و چۆله‌كانه‌ په‌خش ئه‌كا
له‌ گۆڕاییه‌ به‌ردینه‌كان
پرووشه‌ ده‌كه‌ن .

كانوونی یه‌كه‌م 2017




هاوسنعەت … پشکۆ ناکام

پەرشە : هەلەو……… .
ئینزە : بەڵێ فەرموو گوێم لێتە.. .
پەرشە : كاکە ئینزە وەکی برێی کویت..! ئەعوارت دەپرسم، ئەوە لۆ ئەوە… تەلەفۆنت لۆ دەکەم کە پیرۆز باییەکی گەرمت لێ بکەم کە بویتە پارەمانتار ، چونکە هەر وەک بەخۆت دەزانی کە ئەمن و تۆ یەک سنعاتمان هەنە کە هەوەش “گەحدە” یە ، بۆیە ئەمن پێم وایت باش لە یەک دەگەین و عورمەتمان لۆ یەکتر هەیە ، ئەرێ بە خودای..
ئینزە : مەمنون کاکە پەرشە گیان ، پیرۆزبایی لە جەنابیشت ..بەڕاستی زۆر زۆر خۆشحاڵ بووم کە جەنابیشت وەک هاو گەعدە بۆ من بوویت
بە پارلەمانتار ، خەڵک تاقەتی لە ئەهلی کتێب و سیاسەت چوە، گەر
چی لە دوو لیستی جیاوازین بەڵام ئەمە کارێک ناکاتە سەر ئێمە ، …..
دەمێک بوو ئەم میللەتە دوو هونەرمەندی وەک من و تۆی نەکردۆتە
نوێنەری خۆی تا بە گەعدە دیفاعی لێ بکەین..من و تۆ ئەتوانین کە
هەموویان بێنینە هەڵپەڕکێ..
پەرشە : هەی زارت خۆش ، ڕەعمەتی خودادت لێ بێت بە خۆی دەمێ
بوو خەلیفە فەرموو بوی ” با بۆ خۆیان هەڵپەڕن ” دیارە قەسدی
لەوەیە…
ئینزە : قوربان ئەوەشت لە بیر نەچێ ئێمە ئەتوانین یاک ڕیزی گەل لە یە
یەک ڕیزی شایەرەکانەوە دەست پێ بکەین…یەک و دوو ، دەی
بکوتە ، ئیتر خەڵک بە قاوەیی و مۆرو پرتەقاڵییەوە شان لە شانی ی
یەک ئەیەن و دواتر ئەبێ بە سێ..
پەرشە: بە قەبری ڕەعمەتی وایە.. ئەمن لۆ خۆم بەرنامەی ئەوهام دانایە
هەر بە عەیرانی کوردستان وەکی بەهەشتی لێ دەکەم، بە خودای
ئینزە : براشت بۆکێشەی کارەبا چارەسەرێکی زۆر باشم لە گیرفا…ببورە لە مێشکایە…
پەرشە : رۆعەکەم ، ئەتۆ چت دایە لە ئاو و کارەبا و مۆم و هەو تڕ و ……. تەشقەڕەیە، وەک ئەمن بەخۆت لە خزمەت عیزبەکەی خۆت بە و
بەس..کارەبا و محاش و هەو شتانە ئیشی عیزبن نەک ئەمن و تۆ ،
ئێمە لەپارلەمان کارمان دست بەرزکرنەوەیە ، برێن بە لاق لاقیش هەردەبڕین..ئەی ئەو محاشە زەریفە کو وەردەگرین..؟ کە عیزب گۆتی
ماست ڕەشە دەبێ هەموو برێین ئەشهەدو بابەکەم ئەوهایە، هێند
ڕەشە بە هەموو حالەمی سپی نابێتەوە..ئەدی کو بابی خۆم……………
ئینزە : تەواوە سەد لە سەد لە گەڵتام ، ئەی منیش حیزب نەبوایە .، چۆن ئەگەشتمە شەش ملیۆنی مانگانە ، ئەوەیە ماڵی مفت ..هاهاها
…بەسەری هەردووکمان جاری وا هەبوو لە یەک مانگا بە چوار شایی و پێنج شەش گەعدە لە پەل و پۆل ئەکەوتم و قوڕگیشم ئەنووسا ئەنجا
ئەگەر شەش حەوت وەرقەیەکم دەستکەوتایە..
پەرشە : هەو زەمانە ڕۆشت ، عالی عازر ئەمن و تۆ نوێنەری دوو عیزبین
لە پارلەمان ،،دەبێ بە یەک ڕیزیی شایەرەکان ، یەک ڕیزی هەموو
عیزبەکان نیشانی دۆست و ناعەز بدەین..
ئینزە : قسەکانت زۆر جوانە قسەی دڵی منیشە ، زۆرم پێخۆش بوو. گوێم
لە دەنگت بوو ، ئێستا ئەبێ بڕۆم ، ناسیاوێکم ژنی هێناوە بانگ کراوم
هەرچەنە قوڕگیشم تەواو نیە ،ئەچم و یەک دوو سەعاتێ مەجلیسەکە
گەرم ئەکەم…باشە شتێکی تیایە…
پەرشە : گەلەک مەمنون عەیاتم ،،وەکی برێی ئەمنیش دەبێ بڕۆم ، یارییەکی خۆش هەنە دەبێ وەک موحەلیق نەقری بکەم ،، بەس نیە عیزب ئەم هاوار هاوارەی لە کۆر کردمەوە..بڕۆ بابی خۆم تا یەکەم گەعدەی پارلەمان لە ئەمانەتی خودایا بیت………………………..




چیرۆک بۆ منداڵان.. مشکێکی زیـرەک … نووسینی: رەزا شوان

رۆژێک پشیلەیەکی زل، راوی مشکێکی نا، تا بیکرێت و بیخـوات.. مشکەکە تـوانی خـۆی لـە پشــیلەکە دەربـازبکـات.. بـەڵام لـەپـڕ مشـکەکە رووبـەڕووی مارێـکی گـەورە بـۆوە.. زانێ کە مـارەکەش دەیەوێت بیخـوات.. لە دڵی خۆیـدا وتـی: گـەر زوو نەکـەومـە خـۆم ئـەم مـارە دەمخـوات.. کوتـوپـڕ بیـرۆکەیـەکی بـاشی بـۆ هـات، تـا لـە مـارەکـەش خـۆی رزگـاربکـات.

مشکەکە: مارە گیان، دەزانـم کە برسیتە و دەتەوێ بمخـۆیت.. بەڵام من لەشـم زۆر دەخورا.. دەرمانێکی ژەهـراویم لە لەشم داوە.. ئەگەر ئێستا بمخۆێت.. بە هـۆی ئەم دەرمانەوە، ژەهـراوی دەبيت و دەمریت.. مۆڵەتم بدەری تا سبەینێ، خـۆم پاک دەشـۆرم و، دێمەوە بۆ ئێرە.. بە پـاکی بمخـۆ با ژەهـراوی نەبیت.
مارەکە: من ئێستا برسـیمە و خـۆم پێ ناگـیرێت.
مشکەکە: کەواتە باش گـوێم لێبگـرە، من نێچـیرێکی قەڵـەو و چەورت پێـشان دەدەم.. سەیـری دوای خۆتـەوە بکە، لە پـاڵ ئەو کـولانە مریشکانەدا، بێچووە کەروێشکـێکی خـرپن یـاری دەکـات.. خـێرا بـڕۆ تـا رای نەکـردووە، بیگـرە و بيخـۆ.. خوت مەسـتی گـۆشتی کەروێشـک بـکە.
( مارەکە بـڕوای بە قسەی مشکەکە کـرد.. بەرەو کولانە مریشکەکان کشا…)
مشکەکە بە چـاوتـروکانێک لەو شوێـنە دوورکەوتەوە.. لە دوورەوە دەیـڕوانی.. تا بزانێت لە نێوان مارەکە چی روودەدات.

مـارەکـە لە پـاڵ کـولانـەی مریشکـەکـاندا، رووبـەڕووی پشـیلە زلـەکە بـۆوە.
پشیلەکە و مارەکە بەرەنگاری یەکتری بوونەوە.. میاو میاو و فیشکە فیشک دەسـتی پێکـرد.. پـەلامـاری یەکـتریـان دا، بـوو بـە شـەڕی پشــیلە و مــار.
مشکەکەش لە دوورەوە، لەبەر خۆیەوە وتی: کامیان لەم شەڕەدا تیابچن، بۆ مـن مایـەی دڵخۆشـیـیە.. خـوای دەکـرد هـەردووکـیان یەکـتریـان دەکـوشت.

رەزا شـوان
کەرکوک: ١٩٨٥




په‌نابه‌رێكی كورد خه‌ڵاتێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرێت

په‌نابه‌ره‌ كورده‌كه‌ی دوورگه‌ی مانوس كه‌ ناسراوه‌ به‌ به‌هرۆز بوچانی خه‌ڵاتی (ئه‌ننا پۆلیتكۆڤسكایه‌) ی وه‌رگرت بۆ ساڵی 2018. خه‌ڵاتكردنی ئه‌م په‌نابه‌ره‌ له‌ به‌رامبه‌ر كار و چالاكییه‌كانی دێت كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌و دورگه‌یه‌ ئه‌نجامی داوه‌ و به‌به‌رده‌وامی گرفت و نه‌هامه‌تییه‌كانی په‌نابه‌رانی له‌ نوسینه‌كانیدا بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
بوچانی، له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی دوورگه‌ی مانوس ده‌ستبه‌سه‌ره‌.

په‌نابه‌رانی دوورگه‌ی ناورۆ و مانوسی پاپانیوگینیا ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ پێشتر ویستویانه‌ به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بكه‌ن و هه‌رگیز له‌ ئوسترالیا نیشته‌جێ‌ ناكرێن.
خه‌ڵاتی (ئه‌ننا پۆلیتكۆڤسكایه‌) خه‌ڵاێكی ساڵانه‌یه‌ كه‌ به‌ناوی ڕۆژنامه‌نوس ئه‌ننا پۆلیتكۆڤسكایه‌ ناونراوه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2006 دا كوژراوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بێده‌نگنه‌بوونی له‌سه‌ر كاره‌ ڕۆژنامه‌نووسییه‌كانی.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ی گاردیان

ئامادەکردنی: هەژار




شیعری مناڵان / دوو هۆنراوەی فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

پۆلی یەکەمین

منداڵی پۆلی یەکین
بۆیە ئازاو زیرەکین
هەرکەدەچینەناوپۆل
دادەنیشین گورجوگۆڵ
پەرتووکمان دەردەهێنین
چونکە وانەدەخوێنین
چاوەڕێین مامۆستامان
بەخەندە دێتەلامان
بەیاری وگفتی شیرین
دەمانخاتە پێکەنین
هیوادەبەخشێ پێمان
هەتا ڕووناکبێ ڕێمان
لەگەڵ زانیاری بەسوود
ئینجا گۆرانی وسروود۰

پێنوس وپەڕاو

بومەتە هاوڕێی پەڕاو
دەیپارێزم وەکو چاو
تیا دەنووسم ژمارە
بەم پێنووسە نازدارە
پێنووسەکەم خۆشدەوێ
لەبەرچاوم ناکەوێ
پێی دەکێشم وێنەی جوان
سەوزایی وشاخ وئاسمان
پەڕاو هاوڕێی ژینمە
پێنووس وزەو تینمە
بۆیە ئاوا چالاکم
لەنەزانین بێباکم۰

فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی




قوتابخانە ….هۆنراوە بۆ مناڵان…. ڕۆستەم خامۆش

قوتـابخانـە چـەند خـۆشـــە
ڕوونـــاکـــی بیــرو ھـۆشـــە
یــەکـەم شــوێنی فێربوونـە
جێگەی بەرەو پێش چوونـە

قوتــابـخـانـە ھـەمــوو کـات
ژیــانــمــان ڕۆشـــن دەکـات
لانــــەی ھــــەزاران ئـــاوات
ئـــایـنــدەی گــەشـــی وڵات

مــاڵــی زانــســـتــە ئــــەوێ
بـۆیـــە زۆرم خـــۆش دەوێ
لــە بـیـــرمـــە ڕۆژو شــەوێ
لــە بــــەر چـــاوم نــاکــەوێ

ڕۆستەم خامۆش




وشەکانیش بریندارن … نوێتری کتێبی شیعری گۆران ڕەئوف

ناونیشانی نوێترین کتێبی شیعریی گۆران ڕەئوف ە کە لەلایەن ماڵی وەفاییەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ئەم کتێبە کۆمەڵێک شیعر لە خۆدەگرێت، کە سەرجەمیان لەڕووی تەکنیک و زمان و فەزا و جیهانبینیی و کەرەستەی شیعرییەوە هەڵێنجراوی ئەم زەمەنەن، زەمەنێک کە بۆنی جەنگ و تەنیایی و برین و پارچە پارچەبوونی ڕۆحی مرۆڤی لێدێت..

جێی ئاماژەیە ئەم کتێبە لە بەرگێکی قەشەنگدایە و لە دووتوێی ۱۳۰ لاپەڕەدایە، هاوکات گۆران ڕەئوف جیا لەم کتێبە خاوەنی چەندین کتێبی دیکەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە وەک: ڕاستییە درۆزنەکان، ڕۆمان ۲۰۰۹. عەشق نائومێدییەکی خۆشە، شیعر، ۲۰۱۳ خانەی ڕۆنان، قەفەزێک لە ناخی باڵندەیەکدا، چیرۆک، ۲۰۱٦، چاپ و پەخشی سەردەم.




کتێبی – ناسیۆنالیزم له‌ نێوان فکر و سیاسەتدا …. سمکۆ محەمەد

ناسیۆنالیزم له‌مێژوودا ئه‌و نموونه‌یه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ئێستا له‌فۆڕمێكی دیكه‌دا خۆی ده‌نوێنێت، سه‌رباری هه‌موو ئه‌و پێناسانه‌ی كه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌ست ده‌كرێت و ره‌وایه‌تی دراوه‌ به‌ ناسیۆنالیزم و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌یه‌ك له‌ژێر ئه‌و عینوانه‌دا خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌ی بكرێت، ئێستا هه‌م چه‌مكه‌كه‌ كه‌وته‌ به‌ر ره‌خنه‌ی فكری و هه‌م به‌كارهێنانی له‌ ئاستی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و سیاسی و چه‌كداریدا مه‌ترسی تێدایه‌، دونیاش سڵ له‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ ده‌كات كه‌ نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كان خه‌ریكن كاری توندڕه‌وی پێده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك خه‌ریكن تێگه‌یشتنی نوێی مۆدێرنی بۆ درووستده‌كه‌ن و ئیستاتیكای سیاسی پێده‌ده‌ن، تاكو كێشه‌ی دیكه‌ له‌په‌نام ئه‌م چه‌مكه‌دا سه‌رهه‌ڵنه‌دات…..

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




که‌ی ئاوا نه‌بوویت؟ … ساڵح حه‌سه‌نزاده‌

ئه‌م ناوونیشانه‌؛ دوادێڕی ده‌قێکه‌ به‌ ناوی شیعره‌وه‌ له‌ ژماره‌ (106)ی هه‌فته‌نامه‌ی (ئاژانس)و له‌سه‌ر رووپه‌ڕی دوو لاپه‌ڕه‌ی (16-17)ی قه‌واره‌ گه‌وره‌ی رۆژنامه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، شاڵاو حه‌بیبه‌ له‌ ژێر ناونیشانی (ئینجیلی خۆشویستن) بابه‌تێکی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ له‌ فۆرمی شیعردا، به‌ڵام چه‌ندێك شه‌ن و که‌وم کرد هیچ تام و بۆنێکی ده‌قی شیعرییم لێنه‌کرد، ره‌نگه‌ ئه‌ویش هۆکاری خۆی هه‌بێت که‌ له‌م نووسینه‌دا حه‌ز ده‌که‌م زیاتر ئه‌و گۆشه‌ نیگایانه‌ بخه‌مه‌ روو و تاووتوێیان بکه‌م که‌ وای له‌ من کرد به‌ ڕاشکاوی ئه‌و بڕیاره‌ بده‌م.
گومانی تێدا نییه‌ که‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێکی سه‌ره‌کی ده‌قێکی ئه‌ده‌بی وه‌ك شیعر له‌ دایك ده‌بێت، له‌وانه‌ ده‌ربڕینی مه‌راقه‌ په‌نگخواردووه‌کانی ناوه‌وه‌و دامرکاندنه‌وه‌ی هه‌ڵچوونه‌کان له‌و ڕێیه‌وه‌، هه‌روه‌هاش لای هه‌ندێك بۆ ئاره‌زوو و حه‌ز وه‌ك هه‌ر خولیایه‌کی تر ده‌نووسرێت، لای به‌شێکی که‌میش وه‌ك به‌ئاکام گه‌یاندنی ئه‌فراندنێکی جودا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ڕێی کاری رۆژنامه‌گه‌ریه‌وه‌ ده‌قێکی کرچ وکاڵ بنووسرێت ئه‌وه‌ بابه‌تێکی تره‌..
لێره‌دا وه‌ك سه‌ره‌ قه‌له‌مێك حه‌ز ده‌که‌م بابه‌تی لێدوانه‌که‌م دابه‌شی چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌ك بکه‌م:

*زمانی شیعر:

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ لایه‌ن هه‌ندێك لاوه‌وه‌ ده‌قگه‌لێکی زۆر ساده‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و به‌ زمانێکی رۆژانه‌ ده‌خرێته‌ به‌ر نیگای خوێنه‌ران، ره‌نگه‌ ئاسانکاری بێت بۆ تێگه‌شتنی هه‌ندێك خوێنه‌ر، به‌س له‌ولاشه‌وه‌ نزمکردنه‌وه‌ی هه‌موو هونه‌ره‌ جۆراوجۆره‌ زمانه‌وانیه‌‌کانی شیعره و بگره‌ فه‌رامۆشکردنیشیانه‌.‌
له‌ راستیدا‌ له‌و ده‌قه‌ 170 دێڕییه‌ی شاڵاو حه‌بیبه‌دا که‌ ئاسۆیی به‌ نموونه‌ دوای نموونه‌ درێژ ده‌بێته‌وه ‌به‌ر شیعرییه‌ت نه‌که‌وتم له‌ رسته‌کاندا و هه‌ستم کرد هه‌ر قسه‌ی رۆژانه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌، جا جێی خۆیه‌تی بپرسین ئایا نووسینی شیعر ئه‌وه‌نده‌ ئاسانه‌؟
بۆ ئاماژه‌دان به‌ نموونه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌و له‌و ده‌قه‌دا ده‌ڵێت:
کاتێك به‌ هه‌زاران نامه‌ت بۆ ده‌نووسم و
به‌ قسه‌ی قۆڕ وه‌ڵامم ده‌ده‌یته‌وه
یان ده‌ڵێت:
‌ چونکه‌ پێت وایه‌ ته‌نیایت و پێشت وایه‌ ته‌نانه‌ت ده‌سپه‌ڕ ناکه‌یت
*
هێنده‌ش به‌ په‌له‌پروسکێ ئه‌م نووسیه‌نت داڕێژراوه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌چنی ڕێزمانی بۆ نه‌کراوه‌ وهه‌روا به‌و هه‌ڵانه‌وه‌ خراونه‌ته‌ به‌ر چاوی خوێنه‌ران که‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ نموونه‌یه‌کیان ده‌که‌م:
ئه‌و ده‌ڵێت:
ئه‌گه‌ر ته‌رمی گه‌ریلاو شه‌رڤانانم تۆ به‌ گه‌ڕه‌که‌کاندا رایبکێشیت
راستیه‌که‌ی ده‌بوو ئاوها بنووسرایه‌:
ئه‌گه‌ر ته‌رمی گه‌یلاو شه‌ڕڤانان به‌ گه‌ڕه‌که‌کاندا رابکێشیت

*بابه‌تی ده‌ق:

وه‌ك چۆن ئه‌و نووسینه‌ له‌ فۆرمی شیعر داماڵراو بوو وه‌کو تۆن و وشه‌سازی و ره‌وانبێژی، هه‌رواش وه‌ك بابه‌ت به‌ر زۆر خاڵی ناڕێکی گێڕه‌ره‌وه‌ی ده‌ق ده‌که‌وین.. گه‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌کانه‌وه‌ مانای تازه‌و هونه‌ری نوێ شتێکمان فێر نه‌کات، یان دڵمان فراوان وئاسوده‌ نه‌کات و چێژی ئه‌ده‌بی هه‌ست پێنه‌که‌ین ده‌پرسین کوا ئیستاتیکا، کوا جیاوازیه‌کانی ده‌ق؟ ئایا هه‌ر مه‌به‌ست لاپه‌ره‌ ڕه‌ش کردنه‌وه‌یه‌ یان دڵ ڕه‌ش کردنه‌وه‌ش؟ ده‌توانم بڵێم له‌م ده‌قه‌دا ئاکارگه‌لێکی قێزه‌ون ڕیزکراون و تێیدا له‌سه‌ر زمانی دانه‌ر دانپێدانانێکی مه‌ترسیدار ده‌بیستین که‌ هه‌موو جوانیه‌کانی پێشتر له‌ زیهنی خوێنه‌ردا بوونیان بووه‌، ره‌ش و ناشرین ده‌بن و له‌ کۆتایشدا په‌شیمان ده‌بینه‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌و کات به‌سه‌ربردن له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ نووسینانه‌دا:
وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك ئه‌مه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌که‌ له‌و ڕووه‌وه‌:‌‌
تۆم له‌به‌ر بێئه‌خلاقییه‌کانت خۆش ده‌وێت
*
چونکه‌ ده‌بینم کاته‌کانتم پێ پڕ ده‌که‌یته‌وه‌
من تۆم خۆش ده‌ویت
*
ئه‌گه‌رچی فشه‌که‌ر چه‌په‌ڵ گه‌مژه‌یت
به‌ڵام من تۆم خۆشده‌وێت
*
شه‌رمه‌زارم
که‌ هێشتا نه‌متوانیوه‌ ئه‌وه‌نده‌ سه‌خیف بم
تۆم زیاتر خۆش بوێت
*
ده‌بێت که‌متر ده‌سپه‌ڕ بکه‌م
به‌ڵام زۆرتر ده‌یکه‌م…….. و زۆر نموونه‌ی تر

* ته‌ئویله‌کانی خوێنه‌ر:

له‌ جۆری نووسینی یه‌ك دیویدا خوێنه‌ر زۆر ماندوو نابێت بگه‌ڕێت به‌ دوای داهێنان و دۆزینه‌وه‌ی هه‌ندێك خاڵی سه‌رنج ڕاکێش و گرنگ تا بۆ ئه‌وانه‌ی درکیان پینه‌کردووه‌ باس بکرێن.
ره‌نگه‌ ئه‌زموونی هه‌ر که‌سێك له‌ ئێگزایل به‌ جۆرێکی جیاواز بێت، به‌ڵام بۆ هه‌ندێك خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌تمۆسفیره‌ نوێیه‌دا جۆرێك کاره‌کته‌ری پێده‌به‌‌خشێت، به‌ تایبه‌تی له‌ ژینگه‌یه‌کی بۆگه‌نداو کارکردنیش له‌ میدیای تاکڕه‌نگ و تاکڕه‌وت ، زۆرجاریش نامۆبوون به‌ به‌ها پێشینه‌ییه‌کانی خود.
لای زۆرێك وایه‌ که‌ په‌یامی ئینجیل ملکه‌چ بوونه‌ بۆ هه‌موو سته‌م و زوڵمیك و بگره‌ چه‌پڵه‌ بۆلێدان و خۆشویستنیه‌تی، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ خۆشه‌ویستی له‌وێدا هه‌موو شتێکه‌، که‌واته‌ ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ بـه‌ر جه‌لادیش ده‌که‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌م ده‌قه‌دا باس نه‌کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر خود ببێته‌ به‌شێك له‌ سیسته‌می جه‌لادبووندا و ئاوهاش خۆ به‌ قوربانی دابنرێت! ئه‌مه‌ کاره‌ساته‌ گه‌وره‌که‌یه‌، ئه‌مه‌یه‌ خاڵی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی رۆشنبیر و جیابوونه‌وه‌ی له‌ مه‌عریفه‌تی ڕاسته‌قینه‌ ، به‌ڵام له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ دانپیانانێکی راشکاوانه‌یه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ر قۆناغێك له‌ قۆناغه‌کانی قه‌یرانه‌کاندا به‌شێك له‌ مرۆڤایه‌تیان له‌ده‌ستدا‌.
هه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێم : ده‌قی وا کرچوکاڵ په‌ڕه‌ی فه‌رهه‌نگی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانیش ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، گه‌ر شتێك مابێت بۆنی فه‌رهه‌نگی راسته‌قینه‌ی لێبێت!
هه‌ر به‌م جۆره‌ش ئه‌و‌ به‌م کۆپله‌یه‌ ده‌رگا له‌سه‌ر ئه‌و جیهانه‌ بۆگه‌نه‌ پێوه‌ده‌دات:
خۆم سه‌رخۆش ده‌که‌م و
تۆم خۆش ده‌ویت
به‌ڵام من که‌ ی ئاوا بووم؟
شاڵاو تۆ که‌ی ئاوا بوویت؟




کتێبی شیعری، جن بۆ خۆیم ده‌با … سه‌لام عومه‌ر

نووسه‌ر: سه‌لام عومه‌ر
پیت چنین: زه‌مه‌ند سه‌لام
دیزاینی به‌رگ‌و ناوه‌ڕۆك: هێرش مه‌غدید
هه‌ڵه‌چن: محه‌مه‌د چۆمانی
چاپخانه‌ی:
نرخ: 4000
تیراژ: 500 دانه‌
چاپی یه‌كه‌م 2018

له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كتێبخانه‌ گشتییه‌كان-هه‌رێمی كوردستان
ژماره‌ی سپاردنی(98)ی ساڵی 2018 پێدراوه‌

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




دۆڕان … شيعرى: سمكۆ محه‌مه‌د

(لەگوڵدانا تەنها لەشی ژن دەبینرێت)
(ئەدۆنیس)
لەكونی دەرگاكان و
لەدرزی پەنجەرەكانەوە دەمڕوانی
ژنان لەنێوان بەڕماڵی فەرمان و
مەكری كراسە پەڵە پەڵەكەیاندا
گەمەیان لەگەڵ ئیبلیس دەكرد و
بەگوێزانێك برۆی پەیكەرەكانیان دەتاشی و
لەتەبڵەكی جگارەی پیاوەكانیاندا ئارەزووی خۆیان دەبینی
بەدەستێك دەیاننوسی نوور و
بەدەستەكەی دیكه. چەقۆیان لەمانگ دەگرت
دەیانووت سەفای شەو نەبێ‌ … رۆژ ئەڵماسێكی بێحیكمەتە
شریخەیەك كە قوڕقۆشمی پێ‌ دتوێنرایەوە
ون بن لەژێر شۆرەكاتە بێ‌ شوومارەكان ده يووت ..
لەژێر پەرچەمە بەپیت لكێنراوەكان
لەنێو تاق و كەلێن و قڵشتەكان
ئێوە كە ئیشتیاقی مەلەكووت نیين
ئەو شەمعدانە كریستالیانە بۆ ناشكێنن
ئێوە كە لەخواوەندەكانەوە دوورن
لەتۆرانی تاووس بۆ دەترسن
ئێوە كە لەهەناسەی دایكتان و ترسنۆكی باوكتان نەگەیشتوون
لەنێو ئەو دیڕە ساردو سڕانەدا چی دەكەن
ئێوە كە لەدەمژمێرێكدا بەسەر دەیان قوڵنگ و تەوری رەنگاورەنگدا
باز دەدەن
مێینەیەتیتان لەژێر باڵی كام باڵندەدا
لەبەیانی كام وەرزد مۆمیا كراوە
ونبن … تاوەڕس نەبووم
لەگەمژەیی خۆم و سالاری پیاوان
گەرنورێكن ئیلاهیانە لەتیشكی ئاقیق درووست بوون
چاوبەستم كەن
گەر بڵێسەی چەخماخە شڕەكەی باپیرمن
دەمنادەمێك هەڵدێن
نەخشی توێڵم بسوتێنن
گەر لە كەشكەلانی فەلەكدا سەمادەكەن
دەمژمێرەكەم بشكێنن و وێنەكەم هەڵگرن بۆ هوودنە
ئەو هوودنەیەی زەندەقی چووە لەدۆڕان
من … كە دۆڕاوم
حەزناكەم لەسەر كراسەكانتان بنووسم
خانمەكان كە شەو هاتن بەزاری خۆتان پەیڤێك بۆ (با) بدركێنن
ئێوە كە مەخلوقێكن روحتان زوقمەو دڵتان بەستەڵەك
بۆ ئەڵێن زەمانێك بەرلەئێستا فریشتە بووین
پاشۆلێك مەرجانی سپی و
نەخشەیەك بووین لەئومێد
بۆ ئەڵێن زینەتی میوەجاتی بەهەشت و مامزگەلێكی بەناز بووین
چاوەكانمان شوشە بەندێك بوون لەئاو
دەخیلە هیچ مەڵێن
شتێك بدركێنن ساتە قۆشمەییەكانی روخسارتان گەشاوەتركا
بارۆحی منیشی پێ‌ مەحف بێت
قۆڵ هەڵمالن.. قۆڵی سپی
هەرچی سەروەتی رۆحم هەیە لێم بستێنن
هەرچی دەبەن لەسە پارچە كەمتر نەبێ‌
لەسەد دەنك
لەسەد رەنگ
لەسەد نمرە
لەسەد پەڕە
لەسەد ترپە
لەسەد گۆشە كەمتر نەبێ‌
تاڵانم كەن و بیر لەتاقانەییم مەكەنەوە
كە خەریكی (ئاو) دەیبا
نامەوێ‌ لەنووری ئێوەدا بتوێمەوە
حەزدەكەم لەسەر كراسەكانتان بنووسم
خانمەكان كە شەو هاتن توو جوانیتان شتێك بۆ ئاو بدركێنن
بۆ كلوە بەفرەكانی حیكایەت و
جامە شیرەكانی ئەفسانە
كە من نازانم كامیان بوو حەسرەتەكانمیان سووتاند
مەیلی سۆزانیەكان بوو لەئینجانەكان تۆرا
یامەیلی كیلۆ پاترا و شەهریار بوو
لەپاكەت و شوشەی سەر شۆستەكاندا گۆڕا
بیاتریس
مۆم بەدەستەكەی میهر لێم بوورە
ناتوانم وەكو ئامادەم سێوێكت لەتەكدا لەت كەم
ناتوانم شەوێك ژوورەكەت ئاوا كەم و ستیانەكەت لەتكەم
بچۆ چەرچەفەكەت بە بەڕماڵەكانەوە بئاڵێنە
هاشەی دەنگی شەیتانەكان لەگۆنات بسڕەوە
لێوانێك لەتەم پڕكە
منیش دەنووم بۆ هەمیشە ……


سمكۆ محه‌مه‌د




هەمیشە تەنها گوڵی منی … کارازان تەنها

{0}

هەموو گوڵەکانی باخەکەم
دیپۆرتی باخەکانی
تر ئەکەم
بەس تۆ بەتەنها
ببە گوڵی
من

{1}
تۆ ئه گه ر دڵی من بيت !؟
ئه ی دڵم ئيستا هی کێيه …?!
.
{2}
تۆ { دڵی } منت نه برد
بۆيه ناتوانم له { بيرت بکه م} .’
.
{3}
ئه گه ر به زيندووی له بيريان کردی
ئه وا به مردووی بيرت ده که ن …!!!!
.
{4}
.
دڵيشم ده ربهێنن نامرم چونکه يارم هێشتا ده ژی ,,,?
.
{5}
يه که م مرۆڤم که دوو دڵم هه يه !
به ڵام به بێ يه کێکيان ده مرم ?
.
{6}
هه زار دڵ له گيانم دا بێت ؟
به بێ تۆ ؛
هه ست به لێدانی هيچيان ناکه م !
.
{7}
.
خۆشه ويستی ناشرينه کانيش ! جوان ده کات …

{8}
تۆ دڵم ، بوويتايه ، سه ت ساڵ من ڕاده وه ستام …؟
تاکو . تۆ . له لێدان …. نه وه ستی ،،،،!!!
……………………………………………….
{9}
خه ڵکی . به ڕا وه ستانی دڵيان ، ده مرن .؟
منيش . به وه ستانی دلی ، تۆ . ، ده مرم !!!

{10}
تخوا مه هێڵه دڵت . ناساغ بێت ؟؟؟
به خودا. تاقه تی . چوونم نييه …
. بۆ لای ، دکتۆر ..!!!
{11}
پێت سه ير نه بێت … که ده مبينی !، هه ڵده په ڕم ، ؟
چونکی دڵم . وه ک / ته پڵ ./ لێده دات ، که ، تۆ ، ده بينێت … !!!

karzan tanha




پاكیزه‌كه‌ی شنگال ئه‌و خوێنه‌ی كه‌كاڵ نابێته‌وه‌… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

له‌به‌ره‌به‌یانێكی زوودا، له‌گه‌ڵ هه‌ڵهاتنی یه‌كه‌م گزنگی خۆری ئه‌م به‌یانییه‌،له‌شكری جه‌هاله‌ت، له‌شكری خوێن وسه‌ربڕین، په‌لاماری شنگال ده‌ده‌ن. ئیدی چیڕۆكه‌ دڵته‌زێنه‌كه‌لێره‌وه‌ده‌ست پێده‌كات. ئه‌وان كه‌به‌درێژایی مێژوو، بۆماوه‌ی هه‌فتاو سێ جارفه‌رمانی قڕكردن و له‌نێوبردنیان دراوه‌،ئه‌مجاره‌شیان له‌سه‌رده‌ستی ڕیشداره‌كانی داعش، نه‌وه‌ی خوێن ڕێژه‌كانی دوێنێ، په‌لامارده‌درێن.ته‌نها له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وان موسڵمان نین و ئایینێكی دیكه‌ی جیاوازیان هه‌یه‌.

نه‌هامه‌تییه‌كان، تراژیدیاو كاره‌ساته‌كان، لێره‌وه‌ده‌ستپێده‌كه‌ن. لێره‌وه‌، سه‌ربڕین وئه‌تككردن، كوشتنی منداڵ و پیروپه‌ككه‌وته‌، ده‌ست پێ ئه‌كات.ئه‌وان به‌ناوی ئایین و له‌په‌راوێزی جێبه‌جێكردنی بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی ئیسلام، هه‌رچی له‌ده‌ستیان هات ده‌رهه‌ق به‌ كریڤه‌كانیان كرد. ئه‌وان وێنه‌یه‌كییان له‌ئایین نیشانی ئه‌وان و دونیاشدا كه‌مرۆڤ به‌ڕامان وگومانێكی قوڵه‌وه‌ بپرسێت به‌ڕاست ئایینی ئیسلام ئه‌مه‌یه‌؟ كه‌(دینی ئه‌وان ده‌بینیت، هه‌رچی دینی دنیا هه‌یه‌ نه‌فره‌تی لێده‌كه‌ی وله‌به‌رچاوت ده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌ قسه‌ی یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی ناوڕۆمانی(پاكیزه‌كه‌ی شنگال)ه‌.

ئه‌م ڕۆمانه‌،كه‌ له‌سه‌روبه‌ندی كاره‌ساتی جینۆساییدكردنی ئێزیدییه‌كانی شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌سه‌رده‌ستی به‌ربه‌رییه‌كانی داعش نووسراوه‌، گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوزشته‌ی هه‌مووئه‌و ڕووداوو كاره‌ساته‌ تراژیدیانه‌یه‌ كه‌له‌شنگال ڕوویانداوه‌. ڕۆمانه‌كه‌، له‌چه‌ند به‌شێكی جیاواز پێكهاتووه‌و له‌هه‌ریه‌ك له‌وبه‌شانه‌ش، له‌سه‌رده‌می كاره‌كته‌رێك كه‌بڕوام وایه‌ كه‌سایه‌تی ڕاسته‌ قینه‌ن، ڕووداوه‌كان ده‌گێڕدرێنه‌وه‌. ئیدی چیڕۆكه‌كان جیاوازن، ئازارو ژانه‌كان قووڵن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هاوبه‌شه‌ ئێزیدییه‌كانن. واته‌بۆئه‌وه‌ی داعش ڕه‌وایه‌تی سه‌ربڕینت پێبدات، به‌سه‌بۆ ئه‌وه‌ی ئێزیدی بیت.

هه‌ڵگه‌ڕاوه‌وكافر بیت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان وێنای ده‌كه‌ن.له‌ڕۆمانه‌كه‌دا، قوربانییه‌كان له‌هه‌رته‌مه‌نێك بن ته‌نانه‌ت منداڵی ساواش، هه‌رناووشوناسێكییان هه‌بێت، هه‌رچییه‌ك و هه‌رچۆنێك بن، گرنگ نییه‌، ته‌نها ئێزیدی بن به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داعش بیانكوژێت.دڵشاد كه‌یه‌كێكه‌ له‌ئێزیدییه‌ به‌زۆربه‌ موسڵمان كراوه‌كان له‌كاتێكدا(خوای گه‌وره‌ ده‌ڵێت: لااكراه‌ فی الدین)،بۆته‌ پۆلیسی به‌ناو ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت. ئه‌ركی چاودێریكردنی شوێن وبازاره‌.

ئه‌و وه‌ك هه‌موو موسڵمانێك ده‌چێته‌ نوێژه‌كانی كۆمه‌ڵ،هه‌ینییان له‌وتاری هه‌فته‌ ئاماده‌ ده‌بێت، به‌ڵام شه‌ویش له‌ماڵه‌وه‌ سرووته‌ ئایینییه‌كانی تایبه‌ت به‌ئێزیدییه‌كانی ئه‌نجام ده‌دات ونزا له‌مه‌له‌ك تاوس ده‌كات. ئه‌و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: (نیوه‌ موسڵمان و نیوه‌ ئێزیدییه‌) به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا هێشتا بیروهۆشی هه‌رله‌لای لالشه‌. مرۆڤ كه‌به‌زۆرئایینه‌كه‌ی گۆڕدرا، به‌ چ دڵ و ده‌روونێك ئایینی نوێ وه‌رده‌گرێت؟سه‌ربه‌ست به‌رله‌هاتنی داعش ئه‌ندازیاری كشتوكاڵ بووه‌، كه‌ئه‌وكاره‌ساته‌ ده‌بینێت، ڕووده‌كاته‌ چیاوژیانی گۆشه‌گیروته‌نهایی ده‌كاته‌ دوا چاره‌نووسی خۆی.كچێكی چوارده‌ ساڵانی بێ دایكی كه‌وتۆته‌ ده‌ست داعش. وه‌ك كه‌نیزه‌ك كڕین فڕۆشتنی پێده‌كه‌ن.

سه‌ربه‌ست هه‌میشه‌ له‌خه‌یاڵی هاتنه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی دایه‌، به‌ڵام ده‌شزانێت مه‌حاڵه‌.هه‌موو هه‌ینییه‌ك دوای نوێژ، ڕێوڕه‌سمێكی كوشتن به‌ناوی پیاده‌كردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام، له‌ده‌ست بڕین، سه‌رپه‌ڕاندن، فڕێدان له‌باڵه‌خانه‌ی به‌رزه‌وه‌،جه‌لده‌ لێدان، به‌ڕێوه‌ده‌چێت. كچه‌كان ڕووتده‌كه‌نه‌وه‌و به‌به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه‌ نماییش ده‌كرێن. ئه‌وان ناچار ده‌كرێن ئه‌و دیمه‌نه‌ دڵته‌زێنانه‌ ببینن ودواتریش به‌تاسه‌یه‌كی قووڵه‌وه‌ بپرسن، خودایه‌ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت؟ حاجی خان، كه‌سایه‌تی ئه‌فغانی و خوێنڕێژ،نووسراوی دیوانی خه‌لافه‌ت به‌زمانی عه‌ره‌بی بۆ هه‌مووان ده‌خوێنێته‌وه‌.ئه‌وێك كه‌هه‌زاران كیلۆمه‌تری بڕیوه‌وه‌ به‌ناوی گوایه‌ جیهاد له‌پێناو خواداوه‌ هاتووه‌، هه‌موو هه‌ینییه‌ك فه‌رمانی كوشتنی ئێزیدییه‌ك ده‌رده‌كات.عیدۆی ترلێده‌ر، كه‌یه‌كێكه‌ له‌جوانترین و سه‌رنجراكێشترین و هاوكات غه‌مگینترین كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه‌،به‌دیار دیمه‌نه‌كانی كوشتن وسه‌ربڕینی هاوشوناسه‌كانی ڕاده‌مێنێت.

ڕه‌نگه‌ ئه‌وبه‌وشێتییه‌ی خۆی پرسیاری ئه‌وه‌بكات، چۆن ده‌بێت له‌پای ئایینێكی جیاوازه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو مرۆڤه‌ سه‌رببڕدرێن و بفرۆشرێن و سوكایه‌تییان پێبكرێت؟عیدۆ هه‌رچی ڕق هه‌یه‌ له‌دڵی ده‌گرێت، تاله‌ ده‌رفه‌تێكدا به‌گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ری حاجی خانی به‌ناو موجاهیدی ئه‌فغانی وخوێنڕێژده‌كێشێت وده‌یكوژێت. دواجاریش له‌ قه‌فه‌زێكدا هه‌وڵده‌ده‌ن عیدۆبسووتێنن، وه‌لێ ڕوحی ئه‌وبه‌رز ده‌بێته‌وه‌وله‌چاون ونده‌بێت.خاڵۆعه‌ڤدال، دوای ئه‌وه‌ی ناچاری ده‌كه‌ن به‌زۆرببێته‌ موسڵمان وبه‌تێگه‌یشتنی خۆیان له‌ئێزیدییایه‌تی پاك بێته‌وه‌، ئه‌وڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ئایینی خۆی بگۆڕێت وببێته‌ موسڵمان،بۆیه‌ له‌باڵاخانه‌یه‌كی به‌رزفڕێی ده‌ده‌نه‌خواره‌وه‌وخوێنی تێكه‌ڵی خاك و خۆڵی شنگال ده‌بێت.هێڤیداردوای ئه‌وه‌ی به‌زۆرلاقه‌ده‌كرێت، خۆی ده‌كوژێت.ئه‌ونایه‌وێت منداڵێكی داعش بێنێته‌ دنیاوه‌، كه‌دواتر ڕێچكه‌ی ڕیشداره‌كانی خۆیان بگرێت. جه‌لاده‌كانی داعش هه‌رچی دڕنده‌ییه‌ ده‌یكه‌ن. ئه‌وان سه‌دان و هه‌زاران كچی وه‌ك: گورێ و نیشتمان و ئالین و نارین وچه‌ندانی تروه‌ك كاڵا ده‌فرۆشن وكڕین و فرۆشتنیان پێده‌كه‌ن.

ئه‌وان ئێزیدییه‌كان له‌سه‌رمناره‌ و باڵاخانه‌كان فڕێده‌ده‌نه‌ خواره‌وه‌، سه‌ریان ده‌تاشن و به‌ڕووتی به‌كوچه‌و كۆڵانه‌كانی شارده‌یانگێڕن.ته‌نانه‌ت منداڵه‌ بچووك و شیره‌خۆره‌كانیش ده‌خه‌سێنن، بۆئه‌وه‌ی له‌پشتییانه‌وه‌ چیدی ئێزیدییه‌كی ترنێته‌ دنیاوه‌،به‌ڵام ئازاری هه‌مووئه‌مانه‌ به‌قه‌د ئازاری ئه‌وهه‌سته‌ نابێت كه‌پێیان ده‌ڵێن كافری پیس. كافربوون له‌ڕوانگه‌ی موجاهیده‌ به‌ربه‌رییه‌كاندا، ئه‌وپاساوه‌یه‌ كه‌ڕه‌وایه‌تی ده‌داته‌ هه‌مووشتێك. ئه‌ومافه‌یان پێده‌دات كه‌هه‌رچی تاوانه‌ به‌رامبه‌ریان بكه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌بینیمان.داعش هه‌رچییه‌كی له‌ده‌ست هات به‌رامبه‌ر به‌ئێزیدییه‌كان كردی. ئه‌وان خاك و خۆڵی شنگالییان وێرانكرد. ئه‌وان شنگالییان بۆ هه‌تایه‌ ڕووخاند، به‌ڵام ناتوانن شنگالی نێودڵی عیدۆو سه‌ربه‌ست ودڵشادو عه‌ڤدال وێران بكه‌ن. ئه‌م ڕۆمانه‌ دڵۆپێكی بچووكه‌ له‌ده‌ریایه‌كی گه‌وره‌ی تاوان به‌رامبه‌ر به‌ئێزیدییه‌كان.

خوێنه‌ركه‌ئه‌و ڕۆمانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، غه‌مگینییه‌كی قووڵ دایده‌گرێت كه‌بۆچی ده‌بێ مرۆڤه‌كان به‌وشێوه‌یه‌ له‌پای ئایینێكی جیاواز ئه‌تك بكرێن. خوێنه‌ر به‌درێژایی ئه‌وڕۆمانه‌، له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كان و هه‌مووئه‌و برینانه‌ ده‌ژیت كه‌تیرۆرستانی داعش، خستیانه‌ جه‌سته‌ی كچانی ئێزیدی. وه‌ك خوێنه‌رێك كه‌ هاوسۆزی ئه‌وان وخه‌م به‌ئازاره‌كانیان ده‌خۆم له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ ئه‌وان ئێزیدین، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌مرۆڤن. ئیدی چ شوناسێكی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه‌، كێشه‌ نییه‌.

مرۆڤ شۆك ده‌یگرێت كه‌له‌ سه‌رده‌می ئه‌وهه‌موو پێشكه‌وتن و زانینه‌دا،له‌سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و گلۆبالیزمدا، هێزێكی به‌ربه‌ری وخوێنڕێژی له‌وشێوه‌یه‌و تائه‌و سنووره‌ دڕنده‌یه‌ هه‌بێت، كه‌هه‌موو خه‌ون وماناو به‌هاكانی ژیای خۆی له‌ كوشتنی هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌یدا ببینێته‌وه‌. داعش كه‌لافی ئیسلام وجێبه‌جێكردنی بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام لێده‌دات، وێنه‌یه‌كی له‌ئایین پیشانی دنیا وئێزیدییه‌كاندا، كه‌ به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ بپرسن ئه‌وه‌ چ جۆره‌ ئایینێكه‌. یاخود دواجاربگه‌نه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی بڵێن: كه‌دینی ئه‌وان ده‌بینی هه‌رچی دینی دنیاهه‌یه‌ له‌به‌رچاوت ده‌كه‌وێت. دواجار ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌بده‌م كه‌له‌خوێنه‌وه‌ی ئه‌وڕۆمانه‌ بوومه‌وه‌، ڕۆمانی(جه‌نگ هیچ ڕووخسارێكی ژنانه‌ی نییه‌)م بیركه‌وته‌وه‌.

هیوا قادركه‌وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌یه‌ له‌پێشه‌كیداده‌ڵێت: ئه‌م ڕۆمانه‌ یه‌كێكه‌ له‌خه‌ته‌رناكترین كتێب كه‌ئه‌سته‌مه‌ خوێنه‌ربتوانێ هه‌مووچیڕۆكه‌كانی بخوێنێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئازاری ئه‌وژنانه‌ بژیت. وه‌لێ كاتێ پاكیزه‌كه‌ی شنگالم خوێنده‌وه‌، تێگه‌یشتم كه‌ناوبراو، چ حوكمێكی سه‌رپێی وڕه‌های داوه‌. ئاخرهه‌رخوێنه‌رێك به‌بڕوای من پاكیزه‌كه‌ی شنگال بخوێنێته‌وه‌، ده‌گاته‌ ئه‌وده‌ره‌نجامه‌ی كه‌وائازاری ژنانی ئێزیدی هه‌زاران جارقوڵتروبه‌سوێتره‌له‌ئازاری ژنانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م كه‌له‌ڕۆمانی جه‌نگ هیچ ڕووخسارێكی ژنانه‌ی نییه‌، به‌رجه‌سته‌ كراوه‌.هیوادارم خوێنه‌ران هه‌ردووڕۆمانه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌…

*په‌راوێز/ پاكیزه‌كه‌ی شنگال/ ڕۆمان/ نووسینی(وارید بدرسالم)/ وه‌رگێڕانی( ئه‌حمه‌د محمد ئیسماعیل) بڵاوكراوه‌ی سه‌رده‌م 2018.

*له‌ ڕۆژنامه‌ی(ڕێگای كوردستان) ژماره‌(1139)ی ڕۆژی 5-9-2018بڵاوكراوه‌ته‌وه‌….




شكسپیر هه‌رده‌م نه‌مره‌ …. بەختیار محەمەد

شكسپیری مه‌زن له‌ ده‌قی شانۆیی (هاملێت) دا، له‌سه‌ر زاری كه‌سایه‌تی (هاملێت) دا، كه‌ باسی ((ئامانجی ته‌مسیلكردن)) ده‌كا، ده‌ڵێ: ((با هونه‌ر ئاوێنه‌ی ژیان بێ…)).(1) ڕه‌نگه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ قسه‌یه‌كی باو بێ‌، زۆر كه‌س له‌ پێش شكسپیر و له‌ پاش ئه‌ویشدا كردبێتیان؛ به‌ڵام، كه‌ كه‌سێكی وه‌ك شكسپیر ده‌یڵێ، ئه‌وه‌ واتا و ده‌لاله‌تی قووڵی ئه‌ده‌بی و فیكری و هونه‌ری خۆی هه‌یه‌. له‌ ڕاستیشدا شكسپیر بۆیه‌ نه‌مره‌، چونكه‌ ئه‌ده‌به‌كه‌ی (هونه‌ره‌كه‌ی) ئاوێنه‌ی ژیانه‌: ئاوێنه‌یه‌كی باڵای هونه‌ری، نه‌ك ئاوێنه‌یه‌كی شكاوی ته‌ڵخ. شكسپیر، ژیان (ڕۆحی مرۆڤ) ده‌خاته‌ ناو چوارچێوه‌ی زێڕینی ئه‌ده‌به‌وه‌ (هونه‌ره‌وه‌)، هه‌ربۆیه‌ش هه‌میشه‌ داهێنه‌رێكی نه‌مره‌.

ئێمه‌ش پێمان وایه، كه ‌هه‌میشه‌ ئه‌ده‌بی (هونه‌ری) ڕه‌سه‌ن توند ژیان له‌ باوه‌ش ده‌گرێ: هه‌ر هونه‌رێك (ئه‌ده‌بێك)، كه‌ خۆی له‌ ژیان و ڕووداوه‌ مرۆییه‌كان دوور خسته‌وه‌، ئه‌وه‌ زوو ده‌مرێ: ڕۆحی داهێنه‌ر له‌ناو جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌كانی ژیاندا له‌ دایك ده‌بێ؛ كه‌ شكسپیر ده‌خوێنیته‌وه‌، ئه‌وا له‌ چوارچێوه‌ی زمانی ئه‌ده‌بدا ڕووداوه‌ تراژیدییه‌كانی مێژووت بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌: مێژووی ژیانی سیاسی و چاره‌نووسی تراژیدیی ژیانی كه‌سایه‌تییه‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمانی‌ وه‌ك قه‌یسه‌ر و ئۆگستس و ئه‌نتۆنیۆ و… هتد؛ له‌به‌ر ڕۆشنایی دووباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه‌شدا، باسی سروشتی مرۆڤ و واقیعی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینیی سه‌رده‌مه‌كه‌ی (كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌وروپا) و هه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌كا. لای شكسپیر مرۆڤ وه‌ك خۆی ده‌رده‌كه‌وێ و نیشان ده‌درێ، نه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی حه‌ز و خه‌ونه‌ ئایدیۆلۆژییه‌كان؛ ئه‌و باسی گه‌نده‌ڵی چینی سیاسی ده‌كا و باسی ویستی شه‌ڕانگێزیی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتخوازی ده‌كا و ئه‌مه‌ به سه‌رچاوه‌یه‌كی تراژیدیای ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كان (بنه‌ماڵه‌ی پادشاكان، به‌ نموونه‌ بنه‌ماڵه‌ی هاملێت) داده‌نێ.

به‌هه‌رحاڵ كه‌م شاعیری ئێمه‌ هه‌یه‌ بایه‌خ به‌ مێژوو، سیاسه‌ت، فیكر، فه‌لسه‌فه‌… (جگه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر) بدا. شیعری (ئه‌ده‌بی) زۆربه‌ی شاعیرانی ئێمه‌ ڕیزكردنی وشه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی گوتارێكی ساده‌دا و هیچ مانا و ده‌لاله‌تێكی مرۆیی گه‌وره‌یان له‌ پشته‌وه‌ نییه‌. هه‌ندێكیان به‌رده‌وام به‌ ساده‌یی (به‌ ناوه‌ڕۆكێكی به‌تاڵ) باسی چه‌مكی ئیستاتیكا ده‌كه‌ن. شكسپیر هه‌ر له ده‌قی (هاملێت) دا له‌سه‌ر زاری پادشای مامی (هاملێت) دا ده‌ڵێ: ((وشه‌ی خاڵی له‌ فیكر و هزر هه‌رگیز ناگاته‌ ئاسمان)).(2) ئه‌م شاعیرانه‌ی (ئه‌دیبانه‌ی) ئێمه‌ بێ ئاگان له‌وه‌ی، كه‌ ئیستاتیكا (ئیستاتیكای نه‌مر = وشه‌ و ده‌ربڕین و شێواز و فۆرمی هونه‌ریی جوان)، هه‌رگیز دابڕاو نییه‌ له‌ واتا و ده‌لاله‌ته‌ قووڵ و گه‌وره‌ مرۆییه‌كان (له‌ ئه‌ده‌بدا ده‌بێ جه‌وهه‌ری مرۆڤ بدوێ، ئه‌و جه‌وهه‌ره‌ی هه‌موو ده‌مامكێكی درۆزنانه‌ تووڕ هه‌ڵده‌دا و حه‌قیقه‌تی مرۆڤ وه‌ك خۆی نیشان ده‌دا.

وه‌زیفه‌ی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌ نییه‌ شه‌رم بكا، به‌ڵكو ده‌بێ له‌ كوێ حه‌رام هه‌بێ، له‌وێدا ده‌نگی بێ شه‌رمی هه‌ڵبڕێ. داهێنان نابێ بترسێ و شه‌رم بكا، به‌ڵكو ده‌بێ وه‌ك قاچاخچییه‌ك سنووره‌ حه‌رامه‌كان ببه‌زێنێ و ببڕێ. به‌م واتایه‌ هه‌ر ئه‌ده‌بێك قاچاخچی نه‌بوو، ناتوانێ بۆ جوگرافیای نوێ گه‌شت بكا). جوانی له‌ وشه‌دا به‌ بێ مانا (مانای گه‌وره‌ و قووڵ) له‌ دایك نابێ. كێ هه‌یه‌ له‌ ده‌قه‌كانی شكسپیر وشه‌ به‌ وشه‌ تێ نه‌گا (بێ ئه‌وه‌ی هیچ گرێ و گۆڵ و ته‌م و مژێكیان هه‌بێ؛ هه‌ندێك جار ئه‌و ته‌مومژه‌ ڕه‌مزییه‌ی، كه‌ له‌ ده‌ربڕین و ڕ‌سته‌ شیعرییه‌كانیشی هه‌بێ، ئه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌ واتای جیوه‌یی فره‌وانی فره‌ڕه‌هه‌ند ده‌كا)، به‌ڵام چونكه‌ ده‌قه‌كانی – له‌گه‌ڵ ئاستی هونه‌ری به‌رزدا – واتا و ده‌ربڕینی مرۆیی قووڵیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ پێنج شه‌ش سه‌ده‌یه‌ ڕه‌خنه‌گر و ڕاڤه‌كار و شڕۆڤه‌كارانی فیكر و ئه‌ده‌بی به‌ خۆیه‌وه‌ خه‌ریك و سه‌ر‌قاڵ كردووه‌ و هه‌رده‌م و له‌ هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنێكی جوداوازی ئه‌م جیهانه‌دا، شكسپیرێكی (ئه‌ده‌بێكی شكسپیریی) تازه‌ له‌ دایك ده‌بێ.

——————————
په‌راوێز

1- وليم شيكسبير, هاملت, ت: صلاح نيازى (دار المدى للثقافة والنشر, الطبعة الاولى: 2008), ص 166.
2 – هه‌مان ژێده‌ر، ل 191

به‌ختیار محه‌مه‌د




كورته‌ چیڕۆكی…ئالووده‌. … یاسین برایم

_ بڕۆ … تا مه‌یدانی (ئیمام خومه‌ینی) مه‌وه‌سته‌) !
_ له‌وێ ، له‌ یه‌كێك له‌ بازاڕه‌كان، میوانخانه‌كان زۆرن.
ئه‌وه‌ ئاسانترین ناونیشانی بوو ، به‌ ئێمه‌ی دا..
وامانكرد…
جێگای حه‌وانه‌وه‌ و خه‌وتنمان په‌یدا كرد ، جانتاو كه‌ل و په‌لمان دانا. وه‌ختی ئێواره‌ دابه‌زیمه‌ نێو بازاڕ. كه‌ تا دره‌نگانی شه‌و جمه‌ی دێ. منیش له‌ سه‌ر ئه‌و كورسییه‌ داره‌ دانیشتم ، كه‌ له‌ سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌كه‌ داندرابوو. سه‌یری ئه‌و خه‌ڵكه‌م ده‌كرد (ده‌هات و ده‌چوون). پشیله‌یه‌كی له‌ڕو لاواز ، له‌به‌رده‌م خواردنگه‌ی به‌رامبه‌رمان، له‌ ورتكه‌ نان و پاشماوه‌ی خواردن ده‌گه‌ڕا. ماندوو و برسی و تووك پیس و به‌ چرك، ره‌نگی قاوه‌یی گرت بوو ، زوو زوو زمانی ده‌لێسیه‌وه‌ . نازانم ! بۆچی منیش ، خۆم وه‌ك ئه‌و پشیله‌یه‌ هاته‌ به‌رچاو . (ماندوو و برسی) ، حه‌زم له‌ خواردن و نانی بێخوێ نه‌ده‌كرد. بۆ ئه‌و خواردنێك هه‌بوایه‌ و ده‌می پێ بگات و بیخوات.. بۆمنیش خواردن زۆر ، حه‌زی خواردن كه‌م. هه‌رله‌و خه‌یاڵه‌دا بووم .. پیره‌مێردێكی لاواز و ڕیشدار، پشت كووڕو سه‌رو پرچ ئالۆز. كۆمه‌ڵه‌ كارتۆنێكی له‌ بن هه‌نگڵی بوو ، له‌ ته‌نیشت دوكانه‌كه‌ دانیشت. دوو خوله‌كی نه‌برد ، له‌ سه‌ركارتۆنه‌كان درێژ بوو ، پێلاوه‌كانی خسته‌ ژێر سه‌ری و خۆی وێكهێناوه‌. چاوه‌كانیش زه‌ق زه‌ق بوو ، به‌ده‌ستی ڕاستیش ، زوو زوو خۆی ده‌خوراند.
زۆری نه‌برد ، پیاوێكی درێژی ڕه‌قه‌ڵه‌ی كڵاو له‌سه‌ر و جگه‌ره‌ به‌ده‌ست.. دوو سێجار هات و چوو. ده‌یڕوانیه‌ پێش خۆی و هیچ قسه‌یه‌كیش نه‌ده‌كرد. بێهێزو خه‌مگین ، پێڵاوێكی كۆنی به‌سه‌ر پێیان وه‌كردبوو ، خشه‌خشی ده‌هات. سه‌ری به‌ سه‌ر زبڵدانه‌كه‌ی ته‌نیشت شۆسته‌كه‌ شۆركرده‌وه‌ ، خه‌یاڵم بۆ ئه‌وه‌ چوو، ئه‌ویش كارتۆن كۆبكاته‌وه‌ و وه‌كو پیره‌مێردی به‌رامبه‌رم له‌ سه‌ر پاڵبكه‌وێت. شتێكی چنگ كه‌وت و بۆده‌می برد. نه‌مزانی چ بوو خواردی و بۆ ئه‌و به‌ری جاده‌ په‌ڕیه‌وه‌…
گڕه‌گڕی ماتۆره‌كانی شه‌قام، هێڕیان كردم.
كۆچه‌ریش له‌وكاته‌ په‌یدا بوو :
_ وه‌ره‌ ، دوام بكه‌وه‌.
به‌یه‌كه‌وه‌ ڕۆیشتین ، هه‌ر ئه‌و بازاڕه‌ی ئێمه‌ی لێ بووین ، له‌ كۆڵانێكی ته‌سك، چووینه‌ ژوور. به‌ده‌ستی چه‌پ چه‌ند هه‌نگاوێكمان نا.
_ ئێره‌ مه‌یدانی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ئالووده‌ن!
له‌ دوای نانی ئێواره‌ ، لێره‌ په‌یدا ده‌بن ، تا دێت زۆرترده‌بن ، من یه‌كه‌م جار له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سه‌ تووشبووانه‌ ببینم. پێشتر ده‌مبیست یان ده‌مخوێنده‌وه‌، كه‌ ئه‌م وڵاته‌ پڕه‌ له‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ ، ئه‌مه‌م به‌ زیاده‌ڕۆیی ده‌زانی. یان به‌ درۆ و بوختانێكی سیاسییانه‌..
_ بڕوانه‌ ، ئه‌و ژنه‌ش هه‌وه‌.!!
لێره‌ خه‌ریكی كاری خۆیانن. وه‌ستاوون ، دانیشتوون… له‌ پێش ده‌رگا ، دیوار ، شۆسته‌كه‌ ، دێن و ده‌چن … دوو دوو ، سێ سێ، سه‌رده‌كه‌ن به‌ یه‌كه‌وه‌ ، ژماره‌كان زۆر ده‌بن ، كه‌م ده‌بن.. گه‌نج و پیر ، ڕه‌ش و لاواز و ڕه‌نگ مردوو ، وه‌ك مێرووله‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوڵێنه‌وه‌ . به‌ڵام هێمن و بێده‌نگ ، بێهێز و بێڕه‌نگ، برسی و تینوو ، ته‌مبه‌ڵا و ماندوو ، جلو به‌رگ پیسو چڵكن. داماو و بێكه‌ڵك ، ناشیرین لای خه‌ڵك.
بینینی ئه‌مانه‌ ، ماندوو و خه‌مباری كردم. وه‌ك بڵێی باوه‌ڕ به‌مه‌ نه‌كه‌م ، كه‌ ده‌بینم . وامده‌زانی له‌ دیار فیلمێكی سینه‌مایی ، ئه‌وانه‌ی (تارمایی و ترس ) وه‌ستاوم. چه‌ند خوله‌كێك له‌ نزیك ، له‌ دوور، سه‌یری ئه‌مانه‌م ده‌كرد. نازانم بۆچی هه‌ستم به‌ ترس و شه‌رمه‌زاریی ده‌كرد..
به‌ بێده‌نگی هه‌ردووكمان شوێنه‌كه‌مان جێهێشت.
شه‌و ، خه‌و نه‌چووه‌ چاوم . خه‌یاڵم ئاسووده‌ نه‌بوو . خۆم و پشیله‌ و ئه‌و مرۆڤه‌ ئالوودانه‌ ، له‌ به‌رچاوم ، سێگۆشه‌یه‌كی ڕه‌شی دروستده‌كرد. پرسیارێكم ده‌كرد و ده‌یان به‌رسڤ خۆی ئاماده‌ ده‌كرد. خه‌یاڵی منیش ، ئه‌وه‌نده‌ ئالووده‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ بوو ، ڕه‌ش بوو ! ڕه‌ش وه‌ك مێژووی ڕه‌شی ئه‌و پایته‌خته‌ پیرو گه‌وره‌یه‌ ، ئالووده‌ به‌ كوشتنی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان. كه‌ تێدا تاكه‌كان ، له‌ ژیانێكی گۆشه‌گیر و ده‌سته‌مۆ و شێواو و داماو ، به‌ چاویلكه‌یه‌كی ڕه‌ش، له‌ بازنێكی ڕه‌ش ، بۆ(نان و كار) ده‌سوڕێنه‌وه‌. تا دێ ژیان و ئازاری مرۆڤه‌كان زۆرتر ده‌بن و سوپای ئالووده‌كانیش گه‌وره‌تر ، ژیانیش وه‌ك مه‌ندیله‌ی گه‌وره‌ به‌رپرسانی وڵات ڕه‌شتر.
ئیدی منیش خه‌یاڵ و خه‌وم ، به‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و ئالووده‌كان سپارد.. منیش بۆ چه‌ند ساتێك بوومه‌ میوانی ئه‌وان وئالووده‌ی خه‌یاڵ بووم وخه‌یاڵم ئاڵَووده‌ بوو ، ئالووده‌یه‌كی خراپ !

12/ 8 / 2018 تاران
یاسین برایم _ ڕواندز
تێبینی : له‌ هه‌فته‌نامه‌ی (رێگای كوردستان) ، ژماره‌(1142) ، له‌ ڕێكه‌وتی 25 /9 / 2018 دابه‌زیووه‌.




پێغه‌مبه‌رى من ژنێكى ده‌ستڕه‌نگینه‌…. به‌ ئاو ئازادى ئه‌نوسێ … چنوور نامیق

شووشه‌یه‌ك رۆشناییم پێیه‌
كراسێك له‌ ره‌نگى سێبه‌ر
پیاوێك له‌ خێڵى فریشته‌كان
بۆم ئه‌گه‌ڕێ
ژنێك بیرى بارانه‌كه‌ى خه‌ڵوه‌ت ئه‌كا
ته‌زبیحێك گوناهه‌كانم ئه‌ژمێرێ و
بۆنى په‌نجه‌كانم ئه‌كات
وێسگه‌ى مه‌راقێك رامئه‌گرێ
وێنه‌ى دوو كچه‌ جوانه‌كه‌ى دوێنێ كوژران
دڵى خواى بێزار كردووه‌
ئه‌یلول ته‌رمى فریشته‌یه‌ و
جێیه‌ك
ساتێك
ئارامییه‌كى تیا نییه‌
باسى كوشتنى تیا نه‌بێ
كوشتنى نه‌سلى فریشته‌ بێكه‌سه‌كان

پیاڵیه‌ك نوورم به‌ده‌سته‌وه‌یه‌
جار جار
نیگام ئه‌خواته‌وه‌
پیاوێك له‌ خێڵى فریشته‌كان
بۆم ئه‌گه‌ڕێ
پیاوێكى ده‌ست به‌ته‌سبیحى چل دانه‌یى
هه‌ر رۆژه‌و یاسایه‌كى عه‌شق
ئه‌كاته‌ ملوانكه‌یه‌ك بۆ ته‌رمى كچێكى كوژراو
چڵێ ئازادی و
پیاڵیه‌ك له‌ نورى خودام پێیه‌ و نیازم نییه‌ راوه‌ستم
تا زه‌مینێكى دوور لێره‌
زه‌مینێك دوور له‌ كوشتارى ئاسكه‌ كچ و
وشه‌ى زامدار
من هه‌قم به‌ پێغه‌مبه‌رى ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌
ئه‌ونده‌ش ساقییه‌كى كاڵفام نیم
تا نه‌زانم
كام له‌ میوه‌كانى به‌رچنه‌كه‌ى ده‌ستى ئاده‌م خه‌تاباره‌
پێغه‌مبه‌رى من ژنێكى ده‌ستڕه‌نگینه‌
له‌ جێى پێنوس
به‌ ئاو ئازادى ئه‌نوسێ
پێغه‌مبه‌رم ساقییه‌كى‌ به‌ جێماوه‌
گوڵێك نه‌ما
میهره‌بانى له‌ ده‌ستى ئه‌و نه‌خواته‌وه‌
ئه‌و ژنێكى ده‌ست سپییه‌
ده‌ستى به‌ بڕینى گوڵه‌كان سوور نییه‌
ئه‌و ئه‌زانێت كامه‌ په‌نجه‌ بۆنى سێوى گه‌نیو ئه‌دا
كام ئازاره‌ به‌رائه‌تى مانگه‌شه‌وى لێڵ كردووه‌…
پێغه‌مبه‌رى من جیاوازه‌
روحى كچێكى كوژراوه‌
له‌ ژێر هه‌ر به‌ردێكى وڵات
ژووانگه‌یه‌ك ماچى سوورى شاردووه‌ته‌وه‌
له‌ به‌ر ده‌رگاى هه‌ر مزگه‌وتێك
راپۆرتى ده‌یان كچى كوژراوى ریز كردووه‌…
پێغه‌مبه‌رم ساقییه‌كى به‌ جێماوه‌
گوڵێك نه‌ما
میهره‌بانى له‌ ده‌ستى ئه‌و نه‌خواته‌وه‌…

1-10-2018




هەگبەی زانین…. پرۆژەیەکی فەلسەفی لەلایەن : د. ساماڵ مانیی

زانیاری پێویست سەبارەت بە نوسینی ‘هەگبەی زانین’

‘هەگبەی زانین’ پرۆژەیەکی نوسینی فەلسەفەیە بە زمانی کوردی کە لە سێ کتێب پێکهاتووە وناوەرۆکەکەی تاووتوێکردنی پرسی ‘زانینە’ لە فەلسەفەدا، نوسەری ‘هەگبەی زانین’ ژنێکی کوردە: د. ساماڵ مانیی.

کتێبی یەکەمی ‘هەگبەی زانین’، تایتڵەکەی بەم جۆرەیە: هەگبەی زانین :کتێبی یەکەم؛ پیستیمۆلۆجی کلاسیک.
ئەم کێیبە لە سەرەتای مانگی سێ وە نێردراوە بۆ چاپخانەی سەردەم لە سلەیمانی بۆ بڵاوکردنەوە.

کتێبی دووەمی ‘هەگبەی زانین’ ماوەی کەمتر لە مانگیکە نێردراوە بۆ چاپخانەی مێخەک لە ناوچەی سۆران و وا بڵاودەکرێتەوە. هەردوو کتێبی یەکەم و دووەمی هەگبەی زانین لە پێشانگای کتێب لە هەولێر دەبن، لە ١٠ ی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، واتە کەمتر لە دوو هەفتەیەکیتر.
کتێبی سێیەمی ‘هەگبەی زانین’ بەم زوانە دەنێرێت بۆ دەزگاکانی چاپ و بڵاو کردنەوە لە کوردستان و سەبارەت بە ژن و فەلسەفەیە.


هەگبەی زانین
نوسینی: د. ساماڵ مانیی

دکتۆرا لە فەلسەفەدا، پرۆگرامی فەلسەفە بەزمانی ئینگلیزی، ئەورۆپا.
بەکالۆریۆس و ماجیستێر لە فەلسەفەدا، زانکۆی لەندەن.
دووساڵ مامۆستای فەلسەفە بووە لە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستانی باشووردا.
ئەندامی هەمیشەیی کۆمەڵەی فەیلەسوفەکانە لە بەریتانیا.
ئەندامی لێکۆڵینەوەی باڵای فەلسەفەیە لە بەریتانیا.
ئەندامی کۆمەڵەی فەیلەسوفە ژنەکانە لە بەریتانیا.
تێکستە فەلسەفیەکانی بە زمانی ئینگلیزی لە ئەورۆپا بڵاودەکاتەوە.

ئەو ڕشتە فەلسەفیانەی کە لێکۆڵینەوەی تیادا کردوون و گرنگیان پێ دەدات ئەمانەن:
فەلسەفەی زانست و لۆجیک، فەلسەفەی زەین وئاگایی و مێشک، فەلسەفەی زمان و مانا، فەلسەفەی پیستیمۆلۆجی کلاسیک و سۆشیال پیستیمۆلۆجی، فەلسەفەی جێندەر و کۆمەڵایەتی.

گەرچی زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی زۆر باش دەزانێت بەڵام هەموو خوێندنی زانکۆیی و ئەکادیمی لە فەلسەفەدا بە زمانی ئینگلیزی بووە و تەنیا لە بەریتانیا و ئەورۆپا بووە. لە بەریتانیا پێشینەی فەلسەفیی لە پانتایی فەلسەفەی ئەنەلەتیکدا بووە، پاشان بەمەستی فروانکردنی زەمینەی فەلسەفی خۆی، ڕووی کردۆتە ووڵاتە جیاکانی ئەورۆپا بە گشتی و لەوێ فەلسەفەی کۆنتینانتاڵی خستە سەر زەمینەی فیکریی خۆی. هەر لەبەر ئەمەشە نوسینی ‘هەگبەی زانین’ لە هەردوو پێشینەی ئەنەلەتیک و کۆنتینانتاڵ ئاڕاستە دەکات سەبارەت بە پرسی زانین، هەروەهاش هەندێک تێۆری لە سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی دەهێنیتە سەرباس، هەموو ئەمانە پێکەوە لەسەر زانین ئاڕاستە دەکات و لە هەگبەی زانین دا تاووتوێ دەکرێن. هەر لە ١٩٩٣ وە هەتا ئێستا و بەردەوام -تەنانەت ئەو کاتانەش کە لە کوردستان مامۆستای فەلسەفە بووە- دانەبڕاوە لە بازنەی فەلسەفی و دیبەیتەکانی فەلسەفە لە ئەورۆپا بەگشتی، بەشێک بووە لە دیبەیت و باسە گرنگەکانی فەلسەفە لە کۆڕ و کۆنفرانسەکاندا لە بەریتانیا بە تایبەتی.

زانیاری لەسەر ‘هەگبەی زانین’ بە گشتی ؛ هەرسێ کتێبەکەی:

هەر سێ کتێبەکەی ‘هەگبەی زانین’ ئاراستەی چەند جۆرێک لە خوێنەری کوردە :چ لە کوردستان بن یان لە هەندەران، چ لە زانکۆ بن یان سەربەخۆ لە ماڵەوە بخوێننەوە:

(یەکەم ) ئەو ڕۆشنبیرانەی گەر لە کوردستان بن یا لە هەندەران دەخوێننەوە و تینووی تێگەیشتنن لە فەلسەفە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنیان ناگونجێت بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان یا لەبەر ئەوەی کە ئیشدەکەن و کاتیان نیە بۆ ئەوەی لە زانکۆکاندا بخوێنن، یا بەهەر هۆیەکیتر دوورخراونەتەوە و دوورکەوتوونەتەوە لە خوێندنی فەلسەفەی ئەکادیمی. ‘هەگبەی زانین’ دەکرێت وەک کۆرسێکی ئەکادیمی فەلسەفە لە ماڵەوە بخوێنرێتەوە.
(دووەم) ئەو ڕۆشنبیرە ئەکادیمیانەی کە لە کوردستان و لە هەندەران لە زانکۆکاندا لە بواری فەلسەفەدا دەخوێنن، ‘هەگبەی زانین’ وەک سەرچاوەیەکی ئەکادیمی زۆر بەسوودە لە خوێندن وتێگەیشتنیاندا.
لەبەر ئەمانەیە کە ‘هەگبەی زانین’ لەگەڵ ئەوەدا کە ڕوون و کورت و پوخت نوسراوە ئاستی بەرزی ئەکادیمی خۆی پاراستووە.
هەموو باسەکان و ئارگیومەنتەکان و سەرنجەکان لە هەرسێ کتیبەکانی ‘هەگبەی زانین’دا؛ گەرچی کورت و پوخت و ڕوون نوسراون، بەڵام ئاستی بەرزی فەلسەفەی ئەکادیمیان پاراستووە و هاوتا و سەردەمن لەگەڵ ئاستی فەلسەفەی زانکۆکانی بەریتانیا و ئەمەریکا و ئەو ووڵاتانەی کە بە ئینگلیزی دەدوێن و دەخوێنن و دیبەیت دەکەن لەسەر ڕووی زەویدا. بۆیە هەر یەک لە سێ کتێبەکەی ‘هەگبەی زانین’ دەکرێت لە ماڵەوە وەک کۆرسێکی فەلسەفە بخوێنرێت. هەرئەمەشە کە مەبەستەکە بەتەواوی دەپێکێت؛ هێنانی دیبەتەکانی ناو زانکۆ بەریتانی وئەمەریکی و کیشوەرانی ئینگلیز زمان دەگەیەنێتە ناو ماڵەکانی کوردستان و زانکۆکانی کوردستانەوە؛ کە ڕووبەرێکی گەورەی سەرزەویە و لەگەڵیدا و گرنگتر لەمە ڕووبەرێکی گرنگی بواری فەلسەفەیە.

زانیاری تایبەت بە کتێبی یەکەم و کتێبی دووەمی ‘هەگبەی زانین’ کە ئەم یەک دوو هەفتەیە پێکەوە بڵاودەکرێنەوە.

کتێبی یەکەم، تایتڵەکەی ئەمەیە: هەگبەی زانین: کتێبی یەکەم ؛ خوێندنەوەی پیستیمۆلۆجی؛ پیستیمۆلۆجی کلاسیک.
لەم کتیبی یەکەمەی ‘ هەگبەی زانین’ دا؛ ئەو ئارگیومەنتانەی کە هێناومنەتە سەر باسکردن و هەڵسەنگاندن، هەڵبژاردەیەکن لە دیبەت و سەرنج و پرسیار و باسە فەلسەفیە کلاسیکیەکەی ناو سێ بەشی فەلسەفە: پیستیمۆلۆجی ، لۆجیک و مێتۆدۆلۆجی ، فەلسەفەی زانست. زۆربەی ئەو ئارگیومەنتە فەلسەفیانەی کە پەیوەندیان بە زانینەوە هەیە لە فەلسەفەدا لەم کتێبی یەکەمەی ‘هەگبەی زانین’ەدا هێنراونەتە سەر باس . کتێبی یەکەمی ‘هەگبەی زانین’ ە ، دەچێتە خانەی پیستیمۆلۆجی کلاسیکەوە ، تایتڵەکەی واتە ناونیشانەکەی بەم جۆرەیە:

مەبەست لە ‘پیستیمۆلۆجی کلاسیک’ لەبەر ئەوە نیە ئەم کتێبە خۆی قەتیس کردبێت بە سەردەمی فەلسەفەی یۆنانی دێرینەوە کە بە فەلسەفەی کلاسیک ناودەبرێت. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، زیاتر خۆی لەگەڵ فەلسەفەی ئێستا هاوشانکردوە. هەروەهاش خۆی قەتیس نەکردوە بە یەک بەشی فەلسەفەوە بەڵکوو زەمینەکەی لە سێ بەشی فەلسەفەدایە: فەلسەفەی زانست، لۆجیک و مێتۆدۆلۆجی، پیستیمۆلۆجی پێکەوە. لەبەر ئەمانە خویندنەوەیەکی بە چێژ و ڕوون دەبێت، مەبەستی دەرخستنی ئارگیومەنتە چڕ وپڕەکانی فەلسەفەیە و تاووتوێکردنیانە سەبارەت بە ‘زانین’ لە هەگبەیەکی کورت و پوخت دا.

کتێبی دووەمی هەگبەی زانین، تایتڵەکەی ئەمەیە: هەگبەی زانین: کتێبی دووەم؛ سۆشیال پیستیمۆلۆجی.

بابەتی ئەم کتێبەیان کە کتێبی دووەمی ‘هەگبەی زانین’ە، تێڕوانینێکی جیاوازە بە بەروارد بە کتێبی یەکەمی ئەم پرۆژە نووسینەم. ‘سۆشیال پیستیمۆلۆجی’ بابەتی تێڕوانینی ئەم کتێبەیە سەبارەت بە ‘زانین’، ڕەوتێکی نوێی فەلسەفەیە بە بەراورد بە ڕەوت و بەشەکانیتری فەلسەفە، لە ڕەخنەگرتنی پیستیمۆلۆجی کلاسیک زەمینەی خۆی دروستکردوە، زۆرجاریش وەکو جێگرەوەی پیستیمۆلۆجى کلاسیک دەکەوێتە بەرچاو. کاریگەريیەکان لەسەر دروستبوونی ئەم ڕەوتە گەورە و نوێیە زۆرن، تەنها لە چەند دەیەی ڕابووردودا زەمینەی ئەم ڕەوتە هاتەکایەوە و خۆی وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی سەبارەت بە زانین و تاکی بیرکەرەوە ناساند، تاکی بیرکەرەوەی خستە ناو ژینگەی بەکۆمەڵیبوون و کۆمەڵگەی بیرکەرەوەکان.
لەم کتێبەی دووەمی ‘هەگبەی زانین’دامەبەستمە: یەکەم هەندێک ئارگیومەنت لە دەرەوەی بواری فەلسەفە، لە ئارگیومەنتەکانی ناو بوارەکانی وەکو سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی، ئەوانەیان کە پەیوەندییان بە بابەتی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە هەیە بەڵام مەسەلەی پێرسەپشن و کۆگنەتیڤی دەجوڵێنن و لەبەرئەوەی هەردوو پرسی پێرسەپشن و کۆگنەتیڤ پرسی فەلسەفیشن، دەهێنمە ناو باسەکەوە. دووەم:هەندێک لە ئارگیومەنتەکانی فەلسەفەی کۆنتینەنتاڵ ئاڕاستەدەکەم لەسەر پرسی زانین، لەبەر پەیوەندییان بە بابەتی ئەم کتێبەوە؛ کە سۆشیال پیستیمۆلۆجیە. واتە ئەم کتیبە تا ڕادەیەک هەندیک بواریتری دەرەوەی فەلسەفە لەگەڵ دوو بەری فەلسەفەدا کۆدەکاتەوە: فەلسەفەی ئەنەلەتیک و فەلسەفەی کۆنتینەنتاڵ.




شه‌كه‌تتر له‌جاده‌ …. سوهه‌یلا مێهه‌می

به‌خه‌ێاڵێكدا نووستوم و
ده‌ستم له‌ پرچی خه‌ونه‌ زیوانه‌كانته‌
قاڵاوه‌كان قامكم ده‌كرۆژن
چاوی شه‌وم قه‌ڵاپووت ده‌چن
مه‌گه‌ر زه‌رده‌په‌ڕ ناگاته‌ من؟
چه‌نده‌م بێ تۆ درێژ
ده‌ڕوا
هه‌ر بێ شۆخی
به‌م هه‌موو تاریكییه‌
چاوم چلۆن ده‌تروكێ و دڵم ناوه‌ستێ
ئه‌لزایمه‌ر
هه‌ڵده‌مژێ رووناكی
رووناك كچێك بوو
به‌شی برینه‌كانی
كورت بوو
ملپێچه‌ شینه‌كه‌ی
به‌ فه‌رشی سووری رێگاكه‌یدا
له‌ زمانی ره‌شی دیواره‌كاندا
یاده‌وه‌ری به‌رد باراندی
رێگا درێژ ده‌بێته‌وه‌
چاوم پڕ ناكات له‌ شه‌قه‌ی باڵی سپێده‌
دارستان وه‌همێكه‌
له‌ بروسكه‌ی قاقای ته‌وه‌ر
ژنێك به‌ عاده‌تی عه‌سره‌كانی
ئاواتێك ده‌دا له‌ گزنگی ئێواره‌
له‌ ناوه‌ندی وشه‌ ماندووه‌كانیدا
لۆچ ده‌خه‌نه‌ توێڵی ئاو
كچانی شین
ئاوا ده‌بێ ئاواته‌كانیان
له‌ بڕبڕه‌ی شیعره‌كانمدا
خه‌ونی رێبواران بۆ ئاسمان ده‌بات
ئوتوبووسێكی به‌رزه‌خی
له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی خوارتر له‌
مردن
عاده‌ته‌كانمان ئاسایی ئه‌چێ
لاواز به‌شێكه‌
له‌ ژیان
وه‌كوو نیش/تمان
ده‌بمه‌ مرۆچه‌ كۆ ده‌كه‌مه‌وه‌
زستانه‌كانی هێلانه‌
ژماره‌ی پێڵاوه‌كانی ئه‌م ناوه‌
چه‌نده‌م تلیقاننه‌وه‌
مه‌مكی بێده‌نگی له‌ ده‌م
ده‌نێ خۆم و
زام هه‌ڵده‌مژێ
پێستم ئه‌ستوورتر رادێ
په‌رستارێك به‌خییه‌كانی له‌ بیرده‌چێ
له‌تێك سپیایی
ون ده‌بێ له‌ حه‌وشه‌ی خوێنه‌كانمان
كه‌ تفمان كرده‌وه‌
ئێمه‌ جه‌غزی قاغه‌ی فڕینیین و
هه‌ریمی دووكه‌ڵ
بڕبڕه‌ی زه‌ردی كۆڵبه‌ری،
لاپه‌ڕه‌كانی سه‌رده‌مم
ده‌سته‌مۆی خه‌ونه‌ زڕاوه‌كان
داكه‌وتین
زیڕه‌ڤانی جوغرافیای چاوه‌ڕوانی
ئۆقره‌یه‌كانی لێ ون كردووم
دڕكی ئازار چاو له‌ قاچ
داده‌گرێ
په‌نجه‌ره‌ لێڵه‌كانی ئه‌م ناوه‌
ركابه‌ری بێ به‌رامبه‌ری تراژیدیاكانن
ئه‌و شه‌به‌قدانه‌وه‌ی دووری جاده‌كان
دڵته‌نگییه‌كه‌ هه‌رمانی
شه‌كه‌تتر له‌ جاده‌.

سوهه‌یلا مێهه‌می




جادووگەری سیاسی! …. جەلال قادر

A Taxi Driver’s Series (8)

—————————
لەبەردەم پارکی تاکسییەکانی هوتێڵێک چاوەڕوانی موسافرێکم دەکرد. زۆرم برسی بوو. ئارەزووی خواردنی سەلاتێکی بە هەنارم دەکرد. بیرم لەوەش دەکردەوە کە لەژیاندا ئاواتم بوو ببم بە چێشتلێنەر. ڕەستورانێکم هەبێت خۆشترین خواردنی تیا بفرۆشم. بە بۆچووونی من چێشتلێنانش هونەرە.
مرۆڤ ئەگەر ببێت بە پزیشک یان ئەندازیار یان سەرۆک لەدواجار حەز بەچێشتی خۆشدەکات.
بەلام لەبەرئەوەی رەستورانش کارێکی ئاسان نییە، هەردەم ترساوم خۆم لەم بزنسە بدەم.
موسافرەکەم دەرگەی کردەوە وناوی خۆی پێوتم. منیش فەرمووم لێکرد.
لە کورسییەکەی تەنیشتمەوە دانیشت. وتی : ڕۆژێکی خۆشە.
+ هەموو ڕۆژەکان خۆشن ئەگەر مرۆڤ دڵی خۆشبێت.
ئەو ناونیشانەی ئەو بۆی دەچوو هۆڵی کۆنفراسی حزبەکان بوو.
+ ئەمڕۆ کونفراسی حزبی هەیە؟
_ نەخێر…فاڵ گرتنەوەمان هەیە..
+ فاڵ دەگریتەوە..
_ بەلێ من ناو لەپی دەست دەخوێنمەوە.
دەستی ڕاستم بۆ درێژکرد و وتم فەرموو…
لەناو جانتاکەی زەڕەبینێکی دەرکرد و لایتێکی لەناو دەستم داو کەوتە خوێندنەوەی:
_ سەرەتا تۆ زۆر برسییتە…
+ بەچی دەزانیت؟
_ کە مرۆڤ برسی بێت پێستەی دەستی دەگۆڕێت، لەبەرەئەوەی پێویستی بە ڤیتامیناکان دەبێت…دواجار تۆ کەسێکی ماندووی بە ناچاری کاری تاکسی دەکەیت…بە بڕوای من تۆ دەبوو لە چێشتخانەیەک کار بکەیت….بەلام هەرگیز ئەم کارەت ئەنجام نەداوە لەبەرئەوەی چێشت لێنان و کابانیت وەک پیشەیەک هەڵنەبژاردوە. هەروات زانیوە ئەگەر ببیت بە مامۆستا باشترە لەوەی ببیت بە کابان…تۆ لە ژیانتا پێچاوپێچ و سەرلێشێوانە ژیاویت..
سەرم سووڕمابوو ئەم موسافرە چۆن دەتوانێت مێشکم بخوێنێتەوە. لێم پرسی : بەڵگەت چییە؟
_ خەتەکانی ناو دەستت خوار و پچڕپچڕن…بەلام ناتوانم هەموو نهێنییەکانی خوێندنەوەی دەستتت بۆ بدرکێنم. کەچی دەتوانم پێت بلێم لە خؤشەویستیا فەشەڵت هێناوە…لە ڕووی کۆمەلایەتیا لە پەیوەندییەکان دەترسێیت.
+ ئەوەی تۆ دەیلێیت هەمووی ڕاستە…ئایە دەتوانیت ئاییندەش بخوێنیتەوە.
زەڕەبینەکەی خستە گیرفانی چاکەتەکەی… بۆ ساتێك بێدەنگ بوو… لەبەردەم بەنزیخانەیەک تێپەڕین.
من سەیری گێچی بەنزینەکەم کرد…لە نیوە کەمتر بوو. لە دڵی خۆم وتم : ئێواران هەرزانتر دەبێت…تانکییەکەم پڕ دەکەم.
موسافرە فاڵچییەکە ئاوڕێکی لێمدایەوە و وتی : چاوەڕوانی ئێوارە نرخی بەنزین هەرزانتربێت؟
شۆکی کردم.
+ تۆ شێتم دەکەیت…چۆن ئەم هەموو زانیارییەت کۆکردۆتەوە کە مێشكی مرۆڤ بخوێنیتەوە؟
_ بەو شێوەیە قورس نییە…چاوم لێبوو، کاتێ بەنزیخانەکەت بینی، سەیری نرخی بەنزینت کرد…
تا گەیشتینە بەردەم هۆڵی کۆنفراسەکە بێدەنگ بووم. پاشان ئەم بێدەنگییەم شکاند و لێمپرسی :
ئایە دەچیت ناو لەپی بەرپرسەکان دەخوێنیتەوە؟
_ نەخێر…دەچم ڕاپۆرتی ناو لەپی دەستی تۆ بەوان دەدەم.
+ بۆ چی ناو لەپی دەستی من ئەوەندە گرنگە..
_ ئێوارە سەیری هەوالەکان بکە بزانە کاندیدەکان باسی چیدەکەن…بۆ ئەوەی تۆ بچیت دەنگیان بۆ بدەیت.
هەرچەندە من حەز بە دەنگدان و هەڵبژاردن ناکەم چونکە دەزانم بە گۆڕانی حزبێک هیچ لە بەرنامە و سیستەمی دەوڵەت ناگۆڕدرێت. بەلام لەبەرئەوەی ئەم موسافرەم وەک سحرباز بوو ناچار ئێوارە لە تەلەفزیۆنەوە گوێم بۆ هەواڵەکان گرت.
لە چاوپێکەوتنێکا یەکێ لە کاندیدەکان دەیگووت : پێویستە ..نرخی بەنزین داگرین…شوفێری تاکسییەکان شەوڕۆژ کاردەکەن بەشێکی زۆری ڕۆژانەکەیان بۆ بەنزین دەچێت. ئەگەر بەنزین هەرزان بێت شوفێرەکان دەتوانن کاژمێری کار کەمتر کەنەوە و کرێ موسافیرەکانش هەرزانتربێت.
شەو پێشئەوەی بنووم بیرم لەوە دکردەوە کە ئەمجارەیان بچم بۆ دەنگدان…بەلكو ئەمجارەیان کاندیدە نوێکان بتوانن خۆشگوزەرانمان بکەن و بەنزینش هەرزان کەن.




‎ئەرێ ئەو هەمو حەیاوحورمەتەی کە بە پێویستت دەزانی بۆ خۆت وەک سیاسی یەک بە چی فرۆشتت؟


٣٠-٩-٢٠١٨
‎موزەفەر عەبدوڵا

————————

‎گەڕانەوەی ڕیسواییانەی سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری – دکتۆر بەرهەم ساڵح – بۆ ناو ماڵە گەورەکەی مامی گەورەی ، بە دزی هەمو هاودیدەکانی یەوە، لە ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردودا بوە یەکێک لە ڕوداوە هەرە گەورەو سەرنجڕاکیش و گاڵتەجاری یەکان .ئەم ڕوداوە لە بۆتەی هەراوهوریاو بەڵێنی دۆزنانەو هەرەشەی زمان بڕین ئەوەندەی تر بو بە بەڵگە بۆ سەلماندنی دەنگدانو هەڵپژاردنی
‎.پەرلەمانەکەیان کە گاڵتەجاڕی یە.

‎ئەم هەواڵە هاودیدەکانی بەرهەم سالح و تەنانەت زۆربەی نوسەرە سیاسی و ڕۆشبنبیرەکانیش ، کە لە ڕوانگەی چینایەتیەوە ناڕوانن بۆ کۆمەڵگای کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی و کێشەو ململانێکانی، وەک هەورە تریشەی ئاسمانی ساماڵ وابوو بۆیانو توشی شۆکی کردن.
‎بە تایبەتی ئەم سەرۆکی هاوپەیمانی یە نوێ یە کە بە پیاوە لیبرالو عاقلەکەی ناو یەکێتی هەژماردەکراو، گوایە زۆر جێگای متمانەی مامی گەورەی بوو، لە قسەکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەو لە دژی قۆرغکردنی دەسەڵاتو نادیموکراسی بون و ناعەدلەتی لە دابەشکردنی سەروەتو سامانی ووڵات لە لایەن بنەماڵەوە ، هاتۆتە دەرەوەو دەیەویت لە ڕێگای پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانی یە دیموکراسی و دادپەروەریەوە ئەو ئامانجانە بەدی بێنێت.

‎وە چەندین جار لە وەڵامی چاوپێکەوتنەکان و لێدوانەکانیدا جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەو خاوەنی حەیاو حورمەتەو هەرگیر بۆ پلەوپایەو پول و سەرمایە ناگەڕێتەوە ناو یەکێتی.
‎بۆیە ئێستا دوای ئەم چاوشارکێ دۆڕاو گاڵتەجاڕی یە هەمو لایەک هەقێتی لێی بپرسین ئەرێ دکتۆر بەرهەم ئەو هەمو حەیاو حورمەتەی کە بە پێویستت دەزانی بۆ خۆت وەک سیاسی یەک بە چی فرۆشتت…؟!
‎بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارەو دانی ڕاوبۆچون و هەڵوێستمان لەسەر ئەم پرسە کە بۆتە ڕوداوێکی گەورەو گەرم وا پێویست دەکات چەند ڕاستی یەک رۆشن کەینەوە کە هۆکاری ئەم چاوشارکێ دۆڕاو گاڵتەجاڕیەیە.

‎بەڕای من بەر لەهەر شتێک هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم ڕوداوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕۆکی جوڵانەوەی کوردایەتی و دەستەوتاقمە چەتەگەری یە خێڵەکی و بنەماڵەیی یە دزو گەندەڵ و سەرکوتگەری یەکان لەم هەلومەرجەی کە سی ساڵە بەردەوامە.
‎ڕاستی یەکەی ئەوەیە کە هەمو ئەو حەیاو حورمەتەی کە سەرانی گەورەو بچوکی ئەم جوڵانەوەیەو دەستەوتاقمەکانی شانازنی پێوە دەکەن لە نزیک بە یەک سەدەی ڕابردودا بەستراوەتەوە بە پلەو پایەو پول و سەرمایەو پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانەوە.

‎ئاشتی و ململانێ و شەڕی ئەمانە هیچ کات لە پێناوی ئازادی زۆرینەی جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان و مافەکانیان نی یەو نەبوە.
‎هەر بۆیەش پەیڕەو کردنی هەر جۆرە کارو هەڵوێستێک لە دژی یەکترو ملشکاندنی یەکتروپاراستنی بەرژەوەندی یەکانیان لە ڕوی سیاسی و شەخسی یەوە بە ئاسایی دەزانن.
‎هۆکارێکی تر بەندە بەو کێشەو ململانێیانەی ناو یەکیتی یەوە کە دەمێکە هەیە. بە تایبەتی دوای مردنی مامی گەورەیان ، جەلال تالەبانی .ئەم کێشەو ململانێ یە لەسەر ئەو بەرژەوەندی یە ئابوری و سیاسی یانە گەییشتۆتە ئەو ڕادەیەیە کەسانی وەک بەرهەم ئەم چاوشارکی دۆڕاو گاڵتەجاڕی یە بکات.
‎هیچ گومان لەوەدانی یە کە یەکێتی وەکو نەوەی یەکەمی جولانەوەی کوردایەتی ،ماوەیەکە گەیشتوتە قۆناغێک تا بە تەواوی یان هەڵوەشیتەوە یان بە کردەوەو فەرمی ببێتە هێزێکی سیاسی خێڵەکی و بنەماڵەیی وەک پارتی .

‎تاڵەبانی باوک تا مرد نەیتوانی ئەم ستراتیژە یەک لا بکاتەوەو ڕاستەوخۆ بە بێ قەیدو شەرت بە کردەوەو بە فەرمی هەمو دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی ڕادەستی خێزان و کوڕو بنەماڵەکەی بکات. بۆیە کار گەییشتە ئەمرۆ دەیان باڵو سەدان لاباڵ و پەنجەی بە ئاشکرا تیا دروست بێت.
‎ئیستا ئیتر شەرە لەسەر پلەوپایەو پۆست وپول و سەرمایە.وە هێنانە پێشەوەی مامی بچوک کە قوبادە بۆ یەک لا کردنەوەی ئەو ململانی و شەڕەیە بە قازانجی باڵادەستی بنەماڵەی تاڵەبانی وەک پارتی و بارزانی .

‎خۆ ئەگەر تا بەستنی کۆنگرەکەیان نینۆکو باڵو لاباڵەکان ببڕنەوە ئەوە ئیتر ئەم شەڕە زۆر هێور دەبیتەوەو مامی بچوک لەسەر عەرشی کورسی پاشایەتی یەکەی مامی گەورە لە دەباشان دادەنیشێت.دوای ئەوە ئیترئەو کۆتا بڕیار دەدات کە کێ و کێ چی و چی هەبێت و نەبێت لە پلەوپاپەو پۆستو پول وسەرمایەیە.
‎هۆکارێکی تر ی دوای ئەمە پەیوەستە بە خودی ئەم سیاسەتمەدارە لیبرالە عەقل غەربی یە کە بەشی زۆری ژیانی لاوێتی لە ووڵاتانی رۆژئاوا، بە تایبەتی بەریتانیا و ئەمریکا بەسەر بردەوە. وەک دەڵێن سەری کردوە بەناو زۆریك لە داڵانەکانی دەزگا جاسوسی یەکانی ئەو ووڵاتانە بە تایبەتی ئەمریکا.
‎ئەم سیاسەتمەدارە خاوەن حەیاو حورمەتە هەر لەسەرەتای نەوەتەکانەوە لەگەڵ مامی گەورەیدا زۆر پێویستیان بە یەک بوو . هەر بۆیەش لە پڕێکدا لە ڕواڵەتی سیاسەتمەدارێکی لیبرال و ناوەڕۆک قەومی و خێڵەکی هاتە گۆڕەپانی سیاسی یەوە. بەڵام ئێستا دەرکەوت کە هەمو بیرو کارو کەلتوری سیاسی دونیای لیبرالیزمی لە هەلومەرجی کوردستاندا بەم چاوشارکی دۆڕاو گاڵتەجاری یەوە ببەستێتەوە.

‎هیچ گومان لەوەدا نی یە کە لە سایەی دەسەڵاتی سی ساڵەی چینی لۆمپەن بۆرژوازی و جوڵانەوە کوردایەتی یەکەی و دەستەو تاقمەکانی ناوەرۆکی ئەم سیاسەتمەدارانە کە دەیانەویت بە پروپاگەندەنی لیبرالیزم و سۆسیال دیموکراسی خەڵک تەفرە بدەن هەر دەردەکەوێت .
‎ لە ڕویەکەوە ئەمەیان لە نەزانی یەوە نی یە بەڵکو لە درک کردنیانەوەیە بە ناوەڕۆکی جوڵانەوەو دەسەڵاتی دەستەو تاقمەکانیان لەم هەلومەرجەدا .
‎چونکە هەروەک چۆن خودی هەمو چینەکە بۆتە لۆمپەن بەهەمان شێواز ڕەوتو باڵەکانی بۆتە لۆمپەن لیبرالو لۆمپەن سۆسیال دیموکرات و…هتد .تەنانەت چەپی کۆن و نەریتی – تقلیدی – سەردەمی دونیای دوجەمسەری کە دەمێکە توشی شۆک و سەرە گیژە بوە، وەک توێژێکی وردە بۆرژوا، بونەتە زوڕنا ژەن و پاشکۆی ئەم چینەو جوڵانەو باڵ و لاباڵ و دەسەڵاتە دزو گەندەڵ و میلیشایی یەکەی .

‎ئاخر کوا لە دونیای سیستەمی دیموکراسی واقعی لیبرالی و سۆسیال دیموکراسی ڕۆژئاوا لە ئەمریکاو ئەوروپاوە تا ئوسترالیا سیاسەتمەدارێک هەبو وەک ئەم سیاسەتمەدارە هەموحەیاو حورمەتی خوی وا بە ئاسانی و ئاشکرا هەڕاج فرۆش بکات تەنها بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدیک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.پۆستێک کە نەک تاقمە ئیسلامی و تایەفی و قەومی و قەبیلەی یەکانی عەرەب گاڵتەی پێ دەکەن تەنانەت هەمو خەڵکی کوردستان و خودی سەرانی قەومی کورد گاڵتەی پێدەکەن.
‎ئاخر لە سیستەمی دونیای ڕۆژئاوا کێ بینوێتی سیاسەتمەدارێکی لیبرال بە بێ ئاشکرا کردنی جیاوازی فکری و سیاسیەکانی واز لە حزبەکەی بێنێت و حزبێکی ترلە چەند هەفتەو مانگ پێکبێنێت و پاشان بچیتەوە ناو حزبی یەکەم . هاوکات پاشەقول لە هاودیدەکانیشی بگرێت.

‎ئەمە بەس لە پیاوە لیبرال و عەقڵ ڕۆژئاوایی یەکەی ناو دونیای سیاسەتی کوردایەتی ڕودەدات.
‎جا وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا ئەمە هەر ئاکامو بەرەنجامی ئەو ململانێ شوم و دواکەوتوە یەیە کە دەیان ساڵە پارتی و یەکێتی وەک باوکو کوڕی جولانەوەی کوردایەتی ئەنجامیان داوە.

‎لەوەتەی جوڵانەوەی کوردایەتی هەیە ،بە تایبەتی لەو کاتەوە دوو شەق بوە لە نیوەی پەنجاکان بەدواوە بۆتە مەلایی و جەلالی، دەیان دیاردەو گەمەی وا کۆمیدی و تراژیدیان تۆمار کردەوە کە هەمیشەش خەڵکی کرێکارو زەحمەتیکیش باجەکەیان داوە.
‎کاتێک ٦٦ و ٧٠ و ٧٥ و ٨٣ و٩٤ و ٩٦ و ٢٠١٦ دەیان و سەدان روداوی تر لەنێوان ئەم مێژوەدا هەبێت و بەشێک بێت لە مێژوی جوڵانەوەی کوردایەتی وتاقمە خێڵەکی وبنەماڵیی یەکانی ئەوە ئیتر چاوشارکێ دۆڕاوە ڕیسواو گاڵتەجاری یەکەی ئەم سیاسەتمەدارە بە حەیاو حورمەتە لیبرالەش دەبێتە ڕودواێکی ناو مێژوویی ئەم جوڵانەوەیە.
‎بۆیە خەڵکی بە گشتی ،بە تایبەتی هاودیدەکانی ئەم سیاسەتمەدارە بە حەیاو حورمەتە هەقیانە بپرسن ئەری ئەو هەمو حەیاو حورمەتەی کە بە پێویستت دەزانی بۆ خۆت وەک ئینسانێکی سیاسی بە چی فرۆشتت…؟!

‎وەڵامەکەشی ڕونو ڕاشکاو هەر ئەوەیە کە بەو کورسی یە لەرزیوەی سەرۆک کۆماری عیراق فرۆشتی کە دەمێکە لە پشتەوە خۆی بە قاچەکانی یەوە هەڵواسیوە.
‎بەڵام پێویستە ئەم سیاسەتمەدارە بە ڕواڵەت لیبرالەو هەمو سیاسەتمەدارانی تری کوردایەتی باش بزانن کە لە کۆمەڵگای چینایەتی کوردستانداو بونی بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی دا هەر زوو لە ناوەڕۆکی سیاسەتو کردەوەو بانگشەکانیان تێدەگەن وهەمیشە دەیان دەدەنە بەر ڕخنەو ناڕەزایەتی و ڕیسوایان دەکەن.
‎جا پێویستە ئەم ڕوداوە گاڵەجاڕییەش ببێتە بەڵگەو ئەزمونێكی تر تا جەماوەری ئازادیخواز بەشداری گاڵتەجاری هەڵبژاردنی بەناو پەرلەمانەکەیان نەکەن و هەمو سیاسەتو کارو کردەوەو هەڵویستەکانیان ڕیسوا
‎بکەن.
. . .

تێبینی :
ئەم نوسینە لە ژمارە ۳۷ بڵاوکراوەی بۆ پێشەوەدا
بڵاوکراوەتەوە




رۆژنامه‌گه‌ریا ده‌ڤه‌را به‌هدینان … ئاری زێندینی

زۆر جاران یان زۆر ووتار ده‌نووسرێت یان ده‌بینرێت و بینراوه‌ به‌ شێوه‌ی بابه‌تی نانووسرێت چه‌مك و په‌یامی گشتی ته‌واو نادات به‌ ده‌سته‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و باس و بابه‌تانه‌ی پڕزانیاریینه‌ و مێژوون جا بابه‌تی ئه‌ده‌ب یا رۆژنامه‌گه‌ری یا شیعر یا هونه‌ر به‌ گشتی كه‌ سووچی نووسه‌رانه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی زانیاری و فه‌رامۆشی و كاری سه‌رپێی و یانیش هه‌ندێك جار ته‌مبوڵیش رۆلی هه‌یه‌ له‌ كاره‌كانیان ! ئه‌گه‌ر نا به‌رهه‌م و بابه‌تێك هی میلله‌تی خۆت بێت نابێت پێی نه‌زانی یان فه‌رامۆشی بكه‌یت یان ته‌مبه‌ڵی بكه‌یت, نوسه‌رورۆشنبیر ده‌بێت هه‌موو كه‌لێن و قوژبنی مێژووی میلله‌تی خۆی بزانێ‌ و شاره‌زا بێت تا دوا هه‌ناسه‌ دواتر گوناحی نییه‌! چونكه‌ جار هه‌یه‌ له‌به‌ر بێ‌ ئاگایی نووسه‌ر جۆرێك له‌ بزربوون و سه‌رلێشوان و شێواندنی مێژووی میلله‌ته‌كه‌مان لای خه‌مخۆران و خوێنه‌ران و نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌بینرێت,بۆ نموونه‌ گه‌ر ئێستا باسی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی بكرێت زیاتر سترێس و لۆد له‌سه‌ر باشوری كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كه‌متر باسی كوردستانی باكور ده‌كرێت ئه‌مه‌ش به‌ بۆچوونی من له‌ به‌ر نه‌بوونی زانیاری و نا شاره‌زایی هه‌ندۆكه‌كیش له‌به‌ر ته‌مبه‌ڵی.

لێره‌دا كتێبێك به‌نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ پڕزانیاریه‌ بۆ مێژوویی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی چونكه‌ مێژوو هی یه‌ك كه‌س و هی یه‌ك سه‌رده‌م نییه‌ به‌ڵكو كه‌لتوورو مێژوویی میلله‌ته‌ ئه‌ویش كتێبی (رۆژنامه‌گه‌ریا ده‌ڤه‌را به‌ هدینان له‌ 1950 تا 2005) له‌ نووسینی ( وه‌سفی حه‌سه‌ن ڕدێنی) كه‌ له‌ ساڵی (2006) له‌ هه‌ولێر چاپكراوه‌, ئه‌م به‌رهه‌مه‌ پڕ زانیاریه‌ بۆ مێژوویی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی (115) سه‌دوپانزده‌ رۆژنامه‌وگۆڤاروبه‌لاڤۆك ده‌بینرێت و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان له‌ ( دهۆك و ئامێدی وزاخۆ و ئاكرێ‌ ) كه‌ نووسه‌ران و رۆشنبیرانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌ستێكی باڵایان بینیوه‌ بۆ خزمه‌تی بواری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی رۆشنبیری له‌م ده‌ڤه‌ره‌ بۆیه‌ پێویسته‌ نووسه‌ران ورۆشنبیران و خوێنه‌ران له‌ دوورونزیك ئاگاداری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بن بۆ زیاتر شاره‌زابوون و پڕزانیاری بۆ بابه‌ت و به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌ر چ نه‌بێت ئاگاداری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بن. هه‌ندێك نموونه‌ له‌ رۆژنامه‌وگۆڤاروبه‌لاڤۆكانه‌ی كه‌له‌م كتێبه‌ پیشاندراوه‌و بڵاوبۆته‌وه‌ وه‌ك ( ئكرێ‌ , بیاڤ , ده‌نگێ‌ كوردستان , ره‌وشه‌ن , چیا , هێڤی , لاوان , به‌هدینان , خابوور , بۆتان , خالخالۆك, نه‌ورۆز , ڕاسته‌ڕێ‌ , چه‌په‌ر , لالش , مه‌تین , په‌یڤ , په‌یڤ , ئه‌ڤرۆ , ڤینا نو , چریسك و نوو ژین , زاخۆ , چه‌ندانیتر ).




من، مانگایەکی تەنیام… کتێبێکى نوێى شاعیر و وه‌رگێڕ خاتوو شنه‌ نووری

کتێبێکى نوێى شاعیر و وه‌رگێڕ خاتوو “شنه‌ نووری”یه‌ و له‌ لایه‌ن ماڵى وه‌فاييه‌وه‌ چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.. ئه‌م کتێبه‌ کۆی ئه‌و شیعره‌ ورد و مرۆڤانانه‌ن که‌ له‌مساڵانه‌دا شنه‌ نووسیوێتى و له‌م کتێبه‌دا بڵاو کراوه‌ته‌وه…

پێشه‌كى ئه‌م كتێبه:‌ شێرزاد حه‌سه‌ن، نوسيوێتى و تيايدا ده‌رباره‌ى ئه‌م شيعرانه‌ ده‌ڵێ:

تووڕەبوونی «شنە» هەرگیز بە تەنها هی خۆی نییە، لە شیعر و داستان و ڕۆمان و چیرۆک و شانۆدا ئەوەی دەدوێت بە تەنها خودی نووسەر و شاعیر نییە، بەڵکوو ئەم نوێنەر و دەمڕاست و زمانحاڵی هاوڕەگەز و هاوتەمەن و هاودەردەکانی نەوەی خۆیەتی کە لە هەمان جوگرافیادا کۆ بوونەتەوە.
ئەم شیعرانە خەون-ئامێزن، دنەمان دەدەن و دەمانوروژێنن، پەڕەی دڵ و ڕۆح دەکڕێنن و غەمگینمان دەکەن، لەژێر پەردەیەکی تەنکەوە چەشنێک لە هاواری ئیرۆتیکییانە و سۆزیارانە لێمانەوە دیارە، کە پتر ئیرۆتێکی کوژراوە، کە بە دیوی ئەودیودا داوایەکی شەرمنانەی لە خۆ گرتووە کە ئەو ئیرۆتیکایە شایستەی زیندووکردنەوەیە، بە گشتی شیعری هەر حەوت کێشوەرەکە یان ستایشێکی ئاهەنگسازانەی ئیرۆتیکایە و هەلگوتنە بە جوانی و خۆشەویستی «ئیرۆس»، یانیش لاوانەوە و شیوەنە بۆ مەرگی ئیرۆتیکا و کوشتنی ئیرۆس و زاڵبوونی «تاناتۆس»: خوداوەندی مەرگ. سەرباری ئەم ئاوازە غەمهێنەی کە لە هەندێک لە شیعرەکانیدا گوێبیستی دەبین، هاوکاتیش شنە شاعیرێکی درەوەشاوە و رۆشن و شادومانە، پڕ لە رۆناهی و پڕشنگە و ئاهەنگساز و سروشتپەرستە و ستایشی ئەو جوانییە کێوییە دەکات کە لە چواردەوری خۆی هەستی پێدەکات، شاراوە و بزرە و کەسانێکی کەم خۆی ئاسا دەیبینن، بەڵام ئەم قرچۆک و دەستگرەوە و چاونووقاو نییە، بەڵکو تا ئەوپەڕی مەستبوون و شەیدایی بانگمان دەکات کە دەگەڵ ئەودا سەرمەست و سەرگەرمی ئەو هەموو جوانییە بین کە ئەرک و رەنجی بێهوودە وای کردووە بێباک بین و نابینا بین بەرامبەر بە جوانی پەنهان.

ئه‌م کتێبه‌ به‌م زوانه‌ له‌ماڵى وه‌فايى بڵاوده‌كرێته‌وه‌




مەرگ.. هێندە ناشیرین نیە !! … شیعر : مەولود ئیبراهیم حەسەن

بەماڵی خۆم ناکەومەوە
ئەو شەقامەی دەچیتەوە گەڕەکی ئێمە
لە سەر نەخشە نەماوە.
ژمارەی درەختی موبایلەکانم
لێ تێکەڵ بووەو
کێوی( ئیمەیل )ەکەم
ناکەوێتەوە بەرچاوم،
(پاسۆرد )ەکەم..
بەستوویەتی
هیچ ڕێگایەک
ناچیتەوە ماڵی
( فەیسبوک )ەکەم.
ئەو نامانەی دەیاننێرم
دەڵێ 🙁 تەنیا لە کاتی تەنگەتاوی دا !!)
ژیان هێندە شڵۆغە ڕێم نیە بڕۆم
کەسێ نیە بەلەد بێت !
ئەو دەنگانەی دەیانبیسم
بۆم شیناکرێنەوە.
(موو)ی هه ر(ئەسپێ )ک دەسوتێنم
هاژە ی باڵێ هاتنیان لە ئاسمانەوە نایەت .
هه ر(ئەنگوستیلە )یەک بادەدەم
گرمەی( دێو )ێک ناڵێ:لە خزمەتم !
هه ر(کڵاو)ێک لەسەر دەنێم ،
بزرنابم !!
بەماڵێ خۆم ناکەومەوە ،
گەڕەکەکان
چەند لە یەک دەچن ،
شارەکان
چەند لە یەک دەچن ،
ئەستێرەکان
چەند لە یەک دەچن !
شەو بەڕۆژ ئاوسە
ڕۆژ بە شەو.
کات..
تام و بۆن و ڕەنگی لەدەست داوە.
من کەی و لە کوێندەرەوە هاتووم ؟
بۆچی و بەرەو کوێندەر دەڕۆم ؟
ڕابردووم نەماوە
ئێستام ناناسمەوە
داهاتووم
لەوە ناچێ بێت !
شەقامەکانی ئەم ژیانە
چەند بێ هێمان
جەستەم (دارە بزمار)انە
برینم هه مووی دووبەدەرە
ئەو برینانە ئازارم نادەن
ئەو تیرانەی لەدوورەوە دێن
زۆر بە ژانن
هیچ( ئۆف )ێک
نابێ بە( کۆد)ی
کردنەوەی دەرگای هیچ ئەشکەوتێک
کە (دوڕ)ی ئومێدی تێدا پەنهانە .
چراکەی ڕۆژم ناسوتێ
شەو هه ناسەی لە ژیان بڕیوە
ئەستێرە لە سووڕ کەوتووە
ساڵ بێ وەرزە
بەری هیچ درەختێک پێ ناگات
تاریکی بە چەقۆ کووز کووزکە
زەمەن لە زەمەن بوون کەوتووە
چ سەرو سیمایەکی پەیداکردووە مرۆڤ!
گلۆپی هه موو یاساکان کوژاونەتەوە
(گۆدۆ) بە تەمای هاتن نیە
کەس نە ماوە چاوە ڕێی بکا`ت!
ئەوەی ئەستەمە
مردن نیە ،
نەمانی هێماکانی ژیانە
لە شەقامەکانی مەرگ
بوون دۆزەخە
نەبوون بە هه شت
لە نێو ئەم نە بوونی ژینە
بە هه شتێکم دۆزیوەتەوە
بەهه شت چ غەریبستانێکە
ژیان تێیدا زۆر ئەستەمە .
دەتانبێنم فریشتەکانی ئازار
هه ربەرگێک لە بەرکەن
بە هه رزمانێک بدوێن
لە هه ر دەم و
لە هه رلایەوکەوە بێن،
من بە ئازارەکانم دەتانناسمەوە .
روحم جێ قامچی ئێوەی بەسەرەوەیە
جەستەم نا ..
ئەوەی ئازارم دەدات
مردن نیە
برینەکانی جەستە نیە
ئەو تیرانەن کە بەرەو روحم دێن.
هه موو بەیانیەک من ناگەمە (زانکۆ)
هه موو ئێوارەیەک بە( ماڵ) ناکەومەوە !
چرایەکم دەست کەوتووە
ڕوناکیەکەی دەخەمە باخەڵم
لە جیاتی( گلگامش)
(گیای نەمریی) دە گەێنمە شاری (ئورووک) .
نهێنی مانەوەم دۆزیوەتەوە
مەرگی( ئەنکیدۆ)ی روحی خۆم دیوە
دەمیکە کرم لە لوتم دێتە دەرەوە
مەرگ هێندە ناشێرین نیە
کە گلگامش باسی دەکات .
جوانیەکانی ژیان
لە دەمی ژنە مە یفرۆشەکە ببیسە،
ئەوەی نەمریی بەدەست هێنا
(ماری گیاخۆر) نەبوو
ئازارەکانی من بوون.
(ئەشتار) تەواوی ژین
من لە( بندونیایێ) بەند دەکات ،
هیچ (نەورۆزو سەرەساڵ )ێکم نیە
بۆ ڕزگار بوون !
ئەو چرایە نەبوایە لە نێو دڵ
من زەمانێک بوو کوژابوومەوە،
هۆکانی نەمریی
ئازارەکانی منن
نەک گیای ژێر دەریا
ئەوە ئاوازی شمشاڵی ئەشقە
سرە بە مەڕەکان دەگرێ
بۆ سەرکەوتن بە( پەیژەی مەرگ)
(کراسی ئاسودەیی) ..منی لە بەرکردووە
ڕەشەبا دەستی پێی ناگا
من نهێنی ژیانم دۆزیەوە
ئاوی ژیان…نا
نەمریی ئەوە نەبوو
گلگامش بەدوای دا دەگەڕا،
ژیان ئەوە بوو( ژنە مەیفرۆش )ەکە باسی دەکرد .
نەمریی ئەوە بوو( میرمح)
نەچێتە سەر (گرێ هه ی هایێ)
ژیان ئەوە بوو میرمح
هه ر( سێ سێو)ە کە ببەخشێ
من تەنیا سێوێکم بەدەستەوە ماوە
ئاسودەیی ئەوەیە
ئەو سێوە ش ببەخشم .
بۆنی کەس وکارو ماڵ و شارو وڵاتی خۆم دەکەم
پێویستە بەسەر
گردی هه ی هایێ کەوم
بێ کەس وکار
بەهه شت ئیتر تامی نەما
پێویست بە خۆکوشتن ناکات
ساڵانێکە بڕیاری مەرگمان دراوە
بڕیاری جاری دووەم !
ئیتر جەستەم گوڵڵە نایبڕێ
(کراسی ئاسودەیی).. منی لە بەرکردووە .
(سیزیف) ئێستا شاخ دێنێتە ژێربەردەکە
(دۆنکیشۆت ) شەڕی با ناکات و
ڕاکشاوە سەری بە شمشێرە ئەلماسەکەی کردووە
( نیقاپۆش ) ئێستاش
کەس نیە جلەوی ئەسپەکەی بۆ بگرێ !
سەرێک هێژای تاج بێت ،
ئەوە سەری ( مەستوورە)یە .
(ئەحمەد پاشا ..)
لە (گەرماو)ە جوانەکەی ( عەبدال خان )..
دڵی پڕبوو لە ترس !!
تۆپەکانی (وەستا ڕەجەب )..
بە فرمانی پاشای گەورە
ڕوویان لە هه رچوار کەنارە،
هه وارێ کوردان دوورە ، ترک خائینە..
لە( هه ڵەبجە) ژەهر ڕشێنە
لە گەرمیان منداڵ چاندنە ..
لە( شنگال) چەقۆ بە ملان ڕاناگات ،
لە ( کۆبانی ) بەرەڤانی ..بە کەلەخانە !
لە ( سنە ) پەت خوێنی لیدەتکێ ،
لە ( ڕۆبۆسکی ) شەهید قەتارەی بەستووە .
( ئەژدیها) بەری ئاوی گرتووە لە عەفرین ،
لە دوورەوە چرایەک کز کز دەسوتێ
دەنگێک هه تا دێ نزیک دەبیتەوە
هه واڵی گەیشتنی (هه واڵ) بەڕێوەیە !!

پەراوێزی هه ندێک ناوو وشە :
– گرێ هه ی هایێ: گردی هه ی هایێ ئەوگردەیە لەنیو ئەو بە هه شتە دایە کەمیرمح پاڵەوانی گەڕان بەدوای نەمرییدا لە ئەفسانەیەکی برا ئیزەدیەکان پاش گەڕانیکی زۆر بەدەستی دێنێ و لەم بە هه شتە هه رچی دڵ بیخوازێ هه یە و دەتوانێ بیکاو بیخوا ،بەڵام تەنیا نابێ سەر ئەم گردە بکەوێ! دواجار سەر ئەم گردە دەکەوێ، گرد لە خۆوە بەرز دەبێتەوە ..هێندە بەرز دەبێتەوە ، پاش هه زاران ساڵ و لە دووری هه زاران کیلۆمەتر بۆنی کەس و کاری دەکاو ماڵ و شارو وڵاتی خۆی دەبینێ وغەریبی هه ڵدەستێ و بە هه
– شت بە جیدێلی و دەگەڕێتەو ئەو وڵات و شارو ماڵەی کە کەس نایناسێتەوە .
– موو و ئەسپ : لە زۆر لە ئەفسانە کوردیەکان لە پاداشتی چاکەیەک کە پاڵەوان لە گەڵ ئەسپی باڵداروسەر مرۆڤ دەیکات ، سێ داوە موو دەدات بە پاڵەوان و لە کاتی تەنگانە پاڵەوان مووەکان دەسوتێنێ و ئەویش دەس بەچێ دەگەنە هاواری .
-ئەنگوستیلە : ئەمەش هه ردیاری دێوە و لە کاتی پێویست پاڵەوان بایدەداو دێو یەکسەر دەگاتە لای و دەڵێ : فەرموو لە خزمەتم.
-کڵاو: ..مەبەست کڵاوی سەخرە جنە ، ئەو کڵاوە بە پیی ئەفسانەکان هه رکەسێک بیکاتە سەر کەس نایبینێ
-دارە بزماران :لەکوردەواری زۆر داری پیرۆزهه ن و بە بڕوای خەلک مرازان ئادا دەکەن ، زۆرتر کچ و کوڕی گەنج بۆ ژن هێنان و شوکردن بزماریک لە دارەکە دەکوتن و چاوڕێی کرانەوەی بەخت دەکەن، لە زۆر ناوچەی کوردستان ئەم جۆرە دارانە هه ن و بزمارڕێژکراون .
-ئۆف : لە ئەفسانەی کوردیش هه ندێک وشە هه ن هێزی کاری گەریان هه یەو لە کاتی گوتنیان کاردانەوە ڕوو دەدەن ، وەک ئەوەی پاڵەوان دەڵی : ئۆف . لە پر دێویک پەیدا دەبیت و دەڵی : ئەمرکە . هێندە هه یە ئەمە لە خۆڕا ڕوودەدات
گۆدۆ :پاڵەوانی گرنگترین شانۆگەری (سامۆئیل بێکت )ە و هێمای چاوە ڕوانی کە سێکە کە نایەت .
.گیایی نەمریی گلگامش، : ئەو گیایەبوو گلگامش لە ژێر دەریا هێنای و دەیوێست لە شاری ئۆرووک بیچێنێ و هه موو خەلکی ئۆرووک بیخون و نەمر ببن .گلگامس پاشا پاڵەوانیکی دوولە سێ بەش خوداوەندبوو لە هه زارەی سێیەمی پێش زاین حاکمی شاری ئورووک بوو.
پەیژەی مەرگ : لە چێرۆک و بەسەر هاتێکی کوردەواریداولە ئاشق بوونی کوڕە شوان بە کچی ئاغاکەی ، شوانە هونەرمەندێکی شمشاڵ ژەنی وای لیدەردەچێ ، کە دەتوانی بە شمشاڵ قسە لە گەڵ مەڕەکانی بکات و بۆ هه موو ڕادان و لە وەڕاندن و خڕکردنەوەیەک شمساڵ بەکاربێنێ . دواجار ئاغا کچەکەی نادات بە شوان و داوی لێدەکات بە شمشاڵ مەڕەکانی سەر کۆشکی چەند قاتە بخات ..شوانە بە ئەشقەوە شمشاڵ دەژەنێ و بانگی مەڕەکان دەکات بۆ سەر بان و سەر پەیژەی دار بکەون !مەڕەکان یەک یەک سەرە دەگرن و سەر پەیژەدەکەون بەرەو شوانەی ئاشق ..لەوڵاوە ئاغا پایەی چروکی لە پەیژەکە قایم کردووە هه رمەڕێک دەگاتە پەیژە چروکەکە بەردەبێتەوەو دەکەویتە بنی دۆلە کە ..کە شوانە سەیردەکات هیچ مەڕێک ناگاتە لای ئەو سەرسام دەبێت ، ئاغا پێی دەڵی نەتتوانی مەڕەکان بانگ بکەیتە لای خۆت .شوانە کە سەیردەکات مەڕەکان هه موو کەوتوونەتە نیو دۆڵەکەو مردوون..ئەوێش لە وبانە خۆ هه ڵدەدێرێ و دەمرێ کە کچە ش ئەمە دەبینێ ئەوێش خۆ هه ڵداوێتە نێو دۆڵەکەو دەگاتە شوانەی ئاشق و هونەرمەند و ئەوێش وەک ئەوان دەمرێ . ،
-ئەنکیدۆ : ئەو کێویە بوو خوداوەندانی سۆمەر بۆ نەدیمیی گلگامش ئەفراندیان و دواجار بوون بە برای گیای بە گیانی .
-ماری گیاخۆر : ئەو مارە بوو ..ئەو گیایەی خوارد کە گلگامش بە زەحمەتی زۆر لە ژێر دەریا هێنابووی ، باوەڕ وایە کە مار بە خواردنی ئەم گیایە نەمریی بەدەس هێناوە .
-ئەشتار،عەشتار : خوداوەندی ژن ودەسە ڵاتدارو ئاشق بە دەمموزی، لە داستانی –دەمموزی و ئەشتار-سۆمەریدا.
-بن دنیایێ: جیهانی ژێرەوە لە ئەفسانە سۆمەریەکان ، ئەو جیهانەیە کە دەمموزی شەش مانگ تێدا دەس بە سەرە .
-نەورۆزو سەری ساڵ :ڕۆژی هاتنە دەرەوەی دەمموزی لە جیهانی ژیرەوەو بن دنیایێ دەکاتە ڕۆژییەکەمی سەری ساڵی سۆمەری و دەکاتە ڕۆژی نەورۆزی ئێمە . هه ر ئەمەشە کە٠(مەلای جزیری ) لە شیعرێکدا دەفەرمووێ : نەورۆزو سەری سالێ دلا .
کراسی ئاسودەیی : شیعرێکی دی ئێمەیە و هه رلە فەیسبوکەکەم بڵاو بووە تەوە .
ژنە مەیفرۆش : ئەوژنەبوو کە گلگامش لە ڕێگای گەڕان بە دوای گیای نەمرییدا توشی بوو، لە مە یخانەیەکدا کاری دەکرد، کە زانی گلگامش بەدوای گیایی نەمریدا دەگەڕێ ، زانی کارێکی بێهودەدەکات کەوتە ئامۆژگاری کردنی و گوتی : گلگامش بڕۆ دەست بە سەری منداڵە کەت دابینەو دەستی ژنە خۆشەویستەکەت بگرە بەختیاری لە وێندەرە .
-سێ سێو : ئەو سێوانە بوون لە بە هه شتی پەریان دایان بە( میر مح ) بۆ ئەوەی هه تا ئەو سێوانەی لابێ نە مرێ ، بەڵام : میرمح بە سۆزی مرۆڤ بوون دواجار هه رسێ سێو دەدۆڕێنێ و دەمرێ .
-سیزیف : سیسیفۆس بە پێی ئەفسانە ئەغریقیەکان یەکێ لە پیاوە هه رە فێلبازەکان بوو، توانی خوداوەندی مردن ثاناتۆس لە خشتە بەرێ ، بەم هۆیە خوداوەندی گەورە زیوس لێی توڕە بوو ، بەوە سزای دا کە بەردێکی گەورە بگە ێینێتە سەر لوتکە ، هه موو جارێک کە بەردەکەی دەگەیاندە نزیک لوتکە بەرد غلۆردەبووەوە..بە هوی بەردەوامی ئەم هێنان و بردنە بووە هێمای عەزابدانی هه میشەیی .
– دۆنکیشۆت :پیاوێکی لەڕو لاوازی تەمەن پەنجا ساڵەیە، بە هۆی خوێندنەوەی زۆر ژنی نە هێناوە و بەزۆریش کتێبی سوارچاکان دە خوێێتەوە و دەیەوێ ڕۆژگاری ئەوان بژێنیتەوە ، لەسەدەی شانزە دا دەژێ و لە ئەسپانیا ،لەخۆی دەگۆڕێ و خودە دەکاتە سەرو زرێ دەپۆشێ و ئەسپیکی لەڕ پەیدا دەکات و کۆنە شمشیرێکی ژەنگاوی باوانی دەگرێتە دەست و دەچیتە شەڕی – ئاشی با – یان .دەیەوێ یارمەتی هه ژارو هه تیوان بدات .ئێستا ئەو پیاوە نموونەی پاڵەوانی خەیاڵ پڵاوی لە واقیع دابڕاوە .
-نیقاپۆش ؛ ژنە پاڵەوانێکی نێو ئەفسانەی کوردیەو بە دوای پیاوێکدا دەگەڕێ کە لە بەردەمی ئەشکەوت جلەوی ئەسپەکەی بۆ بگرێ و ئەویش بچێتە شەڕێ دیوان و تۆڵەی براکەی لە چل دێوان بکاتەوە .
-مەستوورە : ژنە شاعیرو مێژوونووسی کوردە مەستوورە ، ژنێکە لە ماڵباتی ئەردەلانیەکانەو زۆرێش لێهاتووە ، لە شێعرێکدا باسی خۆی دەکات ودەنووسێ : ئەو سەرەی هیژای تاجە .
– ئەحمەد پاشای عوسمانی – گەرماو –عەبدال خان :ئەحمەد پاشای عوسمانی لە ساڵی ١٦٠٥ دا سەردانی شاری بەدلیس دەکات کە عەبدال خانی کورد تێدا حاکم دەبێت ، لەو سەردانە عەبداڵ خان پیشوازیەکی شاهانە لە ئەحمەدپاشا دەکات و شارە پیشکەوتووەکەی خۆی پیشان دەدات ، یەکێ لە و پێشکەوتنانە گەرمای بەدلیس دەبیت ، ئەحمەد پاشا کە گەرماوە کە دەبینێ سەرسام دەبێت و دەست بۆ ئاسمان هه ڵدەبڕی و دپاڕیتەوە و دەڵێ : خودایە گەرماوێکی ئاوا لە ئەستە مبۆل هه بوایە چی دەبوو !!؟ دواجار ئەحمەد پاشا نە چوو گەرماوێکی ئاوا لە ئەستەمبۆڵ دروست بکات لەشکری هێنا و شارەکەی وێران کرد !!
– تۆپ – وەستا ڕەجەب : پاشای ڕەواندز پاشای گەورە کە بەتەمای دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان بوو، لەگەڵ محەمەد عەلی پاشای میسر ڕێککەوت بوو بۆئەم مەبەستە ، هه ربۆیە دەیزانی پێویستی بە لەشکری بە هێزو چەکدار دەبێت بۆ ئەم مەبەستە وەستا ڕەجەبی هێناو چەکی پی دروستکرد ..ئێستاش ئەو تۆپانە نمونەیان ماوە لە رواندزو لە بەغدا .
– هه لەبجە و شنگال وکۆبانێ و سنە: شارو دێی هه رچوار ئاڵی کوردستانن و هێمای شارو دێی غەدر لێکراوو وێرانکراون بەدست داگیر کەران و کارەساتی گەورە ی تێیاندا رووی داوە.

-ئەژدیها : لە ئەفسانە کوردیەکان زۆر جار ئەژدیها بەری ئاو لە شارێک دەگرێ و ئاو بەرنادات و هه ر ڕۆژەی دەبێ کچێکی جوان و ڕازاوە بە سنیەک خواردنی زۆرەوە ی بۆ بەرن ،..ئەوسا کەمێک ئاو بەردەدات ، تادواجار پاڵەوانی چێرۆکە ئەفسانەییەکە دەیکوژێ .

هه ولیر -٩/٢٠١٨




فیلمە سینەماییەکانی پێشبڕکێی سەرەکی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی دیاریکران


مەنسوور جیهانی

فیلمە سینەماییەکانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “سینەمای جیهان” واتە بەرهەمە نێونەوتەوەیی و نەتەوەییەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دیاریکران.

ناوی 16 فیلمی بڵندی سینەمایی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “سینەمای جیهان” واتە بەرهەمە نێونەوتەوەیی و نەتەوەییەکان لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی Slemani دیاریکران، کە بریتین لە: فیلمی سینەمایی “سە رخ” واتە “سێ سیما” Three Faces لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” Jafar Panahi لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی “بدون تاریخ، بدون امزا” واتە “بێ مێژوو، بێ واژۆ” No Date، No Sign لە دەرهێنانی “وەحید جەلیلوەند” Vahid Jalilvand لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی “گوڵ نسا” GOLNESA لە دەرهێنانی “سەتار چەمەنی گوڵ” Sattar Chamani Gol لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی “ئەوپەڕیی هەورەکان” Beyond The Clouds لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی” Majid Majidi لە وڵاتی هیندستان، فیلمی سینەمایی “دزەکانی دووکان” Shoplifters لە دەرهێنانی “هیرۆکازۆ کورئیدا” Hirokazu Kore-eda لە وڵاتی ژاپۆن، فیلمی سینەمایی “داری هەرمییە وەحشییەکە” The Wild Pear Tree لە دەرهێنانی “نووری بیلگە جەیلان” Nuri Bilge Ceylan لە وڵاتی تورکیا، فیلمی سینەمایی “ماگ” MUG لە دەرهێنانی “ماڵگورزاتا سزوموسکا” Małgorzata Szumowska لە وڵاتی پۆڵەندا، فیلمی سینەمایی “خراپی پوکی تۆکیۆ” BAD POETRY TOKYO لە دەرهێنانی “ئانشول چۆهان” Anshul Chauhan لە وڵاتی ژاپۆن، فیلمی سینەمایی “سێ چوارەم” 3/4 لە دەرهێنانی “ایلیان موتیف” Ilian Metev لە وڵاتی هەنگاریا، فیلمی سینەمایی “وەرگێڕ” THE INTERPRETER لە دەرهێنانی “ماڕتین شۆلیک” Martin Šulík بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئسلۆڤاکیا، کۆماری چێک و ئوستوڕاڵیا، فیلمی سینەمایی “هەتاو” THE SOWER لە دەرهێنانی “مارینە فرانسیس” Marine Francen لە وڵاتی فەڕەنسا، فیلمی سینەمایی “ژیانی بێوێنەی نەدا کدیک” The Chaotic Life of Nada Kadic لە دەرهێنانی “مارتا هرنایز پیدال” Marta Hernaiz Pidal لە وڵاتی ئەڵمانیا، فیلمی سینەمایی “شیری بەبر” TIGER MILK لە دەرهێنانی “ئۆتە ویلەند” Ute Wieland لە وڵاتی ئەڵمانیا، فیلمی سینەمایی “یەکیک لەم ڕۆژانە” ONE OF THESE DAYS لە دەرهێنانی “نەدیم تابێت” Nadim Tabet لە وڵاتی لوبنان، فیلمی سینەمایی “14 تێرمە” 14 July لە دەرهێنانی “هاشم ئایدەمیر” Hashim Aydemir لە وڵاتی تورکیا و هەروەها فیلمی سینەمایی “کچانی هەتاو” Girls of the Sun لە دەرهێنانی “ئێڤا هۆسۆن” Eva Husson لە وڵاتی فەڕەنسا.

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە لایەن کۆمپانیای سنەمایی “مەستی فیلم” بە بەڕێوەبەرایەتی “فوئاد جەلال” بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی،
“مەلا بەختیار” سەرۆکی بەشی پشتیوانی ئەم فێستیڤاڵە و لە کەسایەتییە بەرچاوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، “دانەر عومەر فارس” بەڕێوەبەری هونەریی و “لینا ڕەزا” بەڕێوەبەریی بەرنامەدانانی فێستیڤاڵ و هەروەها بە یارمەنی “نێچیرڤان بارزانی” سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و دایرەی گشتیی رۆشنبیری و لاوانی پاریزگای سلێمانی و بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: بەرهەمی ساڵەکانی 2017 و 2018 لە دوو بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” (نێودەوڵەتی) لەوانە: بەرهەمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکانی دیکۆمێنتاریی، ئەنیمەیشن و ئەزموونی و بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” لەوانە: بەرهەمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکانی دیکۆمێنتاریی، ئەنیمەیشن و ئەزموونی و هەروەها کردنەوەی ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانەی سینەمایی و چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانە لە رۆژانی 10 تا 16ی ئۆکتۆبەری 2018 لە 5 هۆڵی “سیتی سینەما”، سینەما “سالم” و تەلاری “هونەر” لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە 14 خەڵات، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵیندەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین سیناریۆ، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین مونتاژ و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە هەڵبژێردراوان پێشکەش دەکرێت و لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی”یشدا خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە براوەکان دەبەخشرێت. لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی “مەستی فیلم”یش خەڵاتێک بە باشترین سیناریۆ پێشکەش دەکرێت و بە بەرهەمهێنانی ئەم کۆمپانیا سینەماییە، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی داهاتوودا دەکرێتە فیلم و هەروەها 4 خەڵاتی تایبەت لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی “مەستی فیلم” بە 4 کەسایەتیی ناودار پێشکەش دەکرێت.

هەر لەم خولەی فێستیڤاڵیشدا، خەڵاتی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “تەها کەریمی” بکە لە مانگی خەرمانانی ساڵی 2013 لە شاری سلێمانی بە هۆی ڕووداوی ترۆمبێلەوە کۆچی دوایی کرد، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بە فیلمسازێک پێشکەش دەکرێت.

—————————–
بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.slemanifest.com/world-cinema/

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی.




کۆلارە …. ن. ریزان فەتاح

کۆلارە کۆلارە
بەرزە لە ئاسمان دیارە

لە کاخەز و دەزوو و داو
دروست دەکەم ناو بە ناو

هەرچەندە بەبێ باڵە
کەچی دەفڕێ وەک داڵە

بۆ منداڵ و گەورانە
مایەی خۆشی هەمووانە

دەی منداڵە جوانەکان
وردیلە و خنجیلەکان

چی کۆلارە دەفڕێنێ؟
بە ئاسمان دەیگەڕێنێ

ئەوەی بزانێ چییە
هۆنراوەم بۆی دیارییە

*********************




دوو هۆنراوە بۆ مناڵان … فەرهادئەحمەدبەرزنجی

ساڵی تازەی خوێندن

سـاڵی تازەی خوێندنە
چـاوودڵــمـان ڕۆشـنـە
ئەمساڵیش هەروەكوپار
نەغمەكەوتۆتە سەرزار
لـەهـەمـوولا خـۆشییە
ســروودوگــۆرانـیـیــە
دیاریـیە خەندەی مناڵ
بۆخوێندنی تازەی ساڵ
مامۆسـتا:ئێـمەی مـناڵ
نەمامی تـازەی ئەمساڵ
ئامـادەین بـەدڵ وگـیـان
زاخاودەی هەست وبیرمان
پێمان بـەخشی بەدیاری
چـەپـكە گـوڵی زانیـاری
تابـەڕۆشنایی خـوێـنـدن
بەدەست بێنین سەركەوتن .

—————-
پەرتووک

بەپەرتووک ڕۆشنبیرم
باشترین هاوڕێی ژینم
پڕە لەچیرۆکی خۆش
ڕووناک دەکات بیروهۆش
هاوڕێیەکی هێمنە
هەروەکو خۆر ڕۆشنە
ڕێی ڕاستم نیشان دەدات
داهاتووم ڕۆشن دەکات
ژین بە پەرتووک ڕەنگینە
هەردەم لەلام سەنگینە
بە جوانی ڕێکیان دەخەم
لەناو پەرتووکخانەکەم۰

فەرهادئەحمەدبەرزنجی




دوو هۆنراوە بۆ مناڵان بەبۆنەی ساڵی نوێی خوێندنەوە …. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ساڵی تازەی خوێندن

ئێمەی خوێندکار بەبڕواوە
ھەنگاو دەنێین بۆ سەرکەوتن
گشت وەستاوین لە پێشوازی
بۆ ساڵێکی تازەی خوێندن
…..
دەی با ھەموو بەڵێن بدەین
بۆ داھــاتوو کۆشش بکەین
بەخوێندن و بـــە زانیاری
کورستانمان پێشتر بخەین
…..
٢٠١٨/٩/١٧

…………………..

یەکەم ڕۆژی قوتابخانە

منداڵان ھەمـــــوو
ســــەر لە بەیانی
شەقامی شـــاریان
پڕ کرد لە جــوانی
…..
پۆل پۆل ڕێگایـــان
دەبڕی و تێکەڵ بوون
ھــەر لـــە پەپولە و
خونچەی گوڵ دەچوون
…..
وەک تابلۆیـــەکی
دڵگیر و شـــــیرین
دەچوون بۆ خوێندن
دەم بە پێکـــەنین

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی