ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی (١٩٧٥- ١٩٩٣) … ئیسماعیل تەنیا-

ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی
(١٩٧٥- ١٩٩٣)
ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر

————————————————

* باشوری کوردستان:

دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق، لە ساڵی١٩٣٤ دا، وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو لەنێو کۆمەڵگەی عێراقی بە گشتی و کوردستاندا بەتایبەتی. پێش بوونی ئەم حزبە، هەست کردن بە جیاوازی چینایەتی، جگە لەلای دەستەبژێرێک لە ڕۆشنبیرو خوێندەواران بەولاوە، بوونی نەبوو. بەهۆی خەباتی کادیرانی ئەم حزبە لەنێو چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگاو، دواتر کردنەوەی بارەگا یاخود (هەرێمی کوردستان)ی ئەم حزبە لەشارە گەورەکانی کوردستاندا، ئیدی خەڵک هوشیار بۆوەو هەستی بەوە کرد کە لەپاڵ چەوساندنەوەی نەتەوایەتی کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەرهەقیان ئەنجام دەدرێت، لەلایەن ئاغاو دەرەبەگ و خاوەن مولکە گەورەکانیش، ڕوبەڕوی جۆرە چەوساندنەوەیەکی تر دەبنەوە کە ئەویش، چەوساندنەوەی چینایەتییە. ئەوان، فیکری تازەو چمکی مۆدێرنی وەک: (یەکسانی ژن و پیاو، خەباتی کرێکاران، چەوساندنەوەی چینایەتی، مافی مرۆڤ، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، …. تاد)یان، لە کوردستاندا، بڵاوکردەوە.

هەر لەم سەرو بەندەو، هەشت نۆ ساڵێک دوای ڕاگەیاندنی ئەم حزبە، کۆمەڵێک ئەندامی چاڵاک و ڕۆشنبیری (حزبی هیوا)، کە خاوەن دیدو بۆچوونی فیکری چەپ بوون، لە (هیوا) جیابوونەوەو، لەساڵی ١٩٤٣ دا، ڕێکخراوێکیان بەناوی (کۆمەڵی میللەت)، دامەزراند، کە دەتوانین بە یەکەم ڕێکخراوی سەربەخۆی چەپی کوردی، ناوزەدی بکەین. ئەم ڕێکخراوە، هەرلەم ساڵەدا، بڵاوکراوەیەکیان بەناوی (دەنگی کورد)، بڵاوکردەوە، کە بە دەستنووس، بڵاودەکرایەوە. هەر لەهەمان ساڵدا، عەبدولسەمەد محەمەد ناسراو بە ( سەمەد مەنجەڵ)، ئەندامی ئەم ڕێکخراوە لە شاری کۆیە، بڵاوکراوەیەکی یەک لاپەڕەیی بە دەستنووس، بەناوی (بڵێسە)، بڵاو دەکردەوە. بەداخەوە، تا ئێستاکە دانەیەک لە هەردوو بڵاوکراوەکە: (دەنگی کورد) و (بڵێسە)، نەدۆزراونەتەوەو لەبەر دەستدا نین. ئەو زانیارییانەی هەشن هەر وردە زانیاری نێو یاداشت و پەراوێزی ڕوداوەکانە… هەتا ئەمەی دواییان (بڵێسە)، هەندێک دەڵێن هەر بوونی نەبووە، ( بۆ ئەم مەبەستە بڕوانە: بورهان حاتەم گۆمەتاڵی، ساڵح حەیدەری ١٩٢٢-٢٠٠١ ڕۆڵی سیاسی و ڕووناکبیریی، چاپی یەکەم، هەولێر،٢٠١٢ ، لاپەڕە ١٧٠).

ڕێکخراوی (یەکێتی تێکۆشین)ی عەرەبی، لەسێ ڕێکخراوو گروپی مارکسی لەساڵی ١٩٤٣ دا، دادەمەزرێت. لە هاوینی هەمان ساڵدا، بە مەبەستی یەکگرتن، پەیوەندی بە ڕێکخراوی (کۆمەڵی میللەت)ەوە، دەکەن. پاش گفتوگۆو دانوستاندن، هەردوولا، یەکدەگرن. مەرجی کوردەکان ئەوە بوو: کە لقێکی کوردی (وحدة آلنضال)، لە کوردستاندا بکەنەوەو ڕۆژنامەیەکیش بەزمانی کوردی بەناوی (یەکێتی تێکۆشین)، دەربکەن. یەکەم ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە، لەهاوینی ساڵی ١٩٤٤ دا، بڵاوکرایەوە کە (نافع یونس و سالح حەیدەری و عەلی عەبدوڵلا)، سەرپەرشتکارو لێپرسراوی بوون. بەشە کوردییەکەی ئەم ڕێکخراوە (یەکێتی تێکۆشین)، خۆیان هەڵوەشاندەوەو ناوی خۆیان کردە (حزبی کۆمۆنیست لە کوردستانی عێراق). لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٤ دا، ئەم حزبەش، خۆی هەڵوەشاندەوە. دەبێ ئەوەش بگوترێت کە ڕۆژنامەی (یەکێتی تێکۆشین)، یەکەمین ڕۆژنامەی چەپی کوردییە لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا. لەمە بەدواوە، کادیرو سیاسەتمەدارە کوردەکانی ناو ئەم حزبەو دەرەوەیدا، لەبواری ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردی، درێژەیان بەخەبات کردندا.

گرنگترین ئەم گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییانەی کە لەنێوان ساڵانی (١٩٤٥-١٩٧٥)دا، دەرچووینەو دەچنە خانەی مێژووی ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردییەوە، دەکرێت وا پۆلینیان بکەین:
– ڕۆژنامەی (ئازادی): ساڵی (١٩٤٥) بەنهێنی دەرچووە. لەساڵی (١٩٥٩)دا مۆڵەتی وەرگرتوەو، بە ڕەسمی و ئاشکرا، بڵاوکراوەتەوە.
– ئاڵای کارگەران: حزبی شێوعی عێراق (هەرێمی کوردستان- لقی سلێمانی)، بەنهێنی، دەریکردوە.

پاش لێکترازانە مێژووییەکەی ساڵی (١٩٦٤)، باڵی جیابۆوە (پارتی دیموکراتی کوردستان- مەکتەبی سیاسی)، کە دواتر بە (جەلالی)، ناسران، ئەندام و هەوادارانی بەشێک لەم باڵە، خەریکی زەمینەسازی بوون بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تازە. لەم پێناوەدا، لەساڵی (١٩٦٩)، ڕۆژنامەی ڕووناکی (آلنور)، بە عەرەبی و، گۆڤاری (ڕزگاری)یان بەکوردی، دەردەکرد. بڵاوکردنەوەی وتارو ڕەخنەو گفتوگۆکانی نێو ئەم دوو ڕۆژنامەو گۆڤارە، بوونە زەمینە سازییەک بۆ دروستبوونی (کۆمەڵەی مارکسی-لینینینی کوردستان)، لەساڵی ١٩٧٠ دا. دوای (آلنور)و (ڕزگاری)ش، (ئاڵای سوور- تەموزی ١٩٧٣، ئۆرگانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینینی کوردستان) و، (بیری نوێ)ی حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لەساڵی ١٩٧٢ دا، بڵاوکرانەوە.

لەدوای کارەساتی ئازاری (١٩٧٥)و، کۆتایی هاتنی شۆڕشی ئەیلول، هەر دوای ساڵێک، دووبارە خەباتی چەکداری دەستی پێکردەوەو، ئەمجارەیان لەجیاتی خەباتی تاک حزبی، زەمینەی ئەوە ڕەخسا کە کۆمەڵێک حزب و ڕێکخراوی جیا جیا دروست ببن و، درێژە بە کاروانەکە، بدەن. لەگەڵ بوونی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق و، (کۆمەڵەی مارکسی-لینینینی کوردستان)، کە دواتر ناوەکەی بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)، گۆڕدراو، باڵی قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراق، ڕیکخراوێکی تری چەپ بەناوی (بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان) لە ساڵی (١٩٧٦)دا، دامەزرا. ئیدی لەمە بەدواوە، ڕێکخراوو گروپی بچووک بچووکیتر دروستبوون و تا ساڵی (١٩٨٥)، توانییان کۆمەڵێک گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە دەربکەن، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

– ئاڵای یەکگرتن: ڕۆژنامەیەک بوو حزبی شیوعی عێراق ( باڵی قیادەی مەرکەزی)، بەزمانی کوردی، لەساڵی ١٩٧٦، لە سوید، دەریکردوە.
– ڕەنجدەر: بڵاوکراوەیەکی نهێنی بوو، ڕێکخراوی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە ساڵی (١٩٧٦)دا، دەریکردوە. ئەم ڕێکخراوە، هەر لەم ساڵەدا دامەزراوە.
– ئاڵای شۆڕش: کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان، لەساڵی (١٩٧٧)دا، دەریکردوە.
– کۆمەڵە: گۆڤارێک بوو، (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)، لەساڵی (١٩٧٨)دا، دەریکردوە.
– تێکۆشان: ڕیکخراوی (تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان)، کە شەهید (رەئوف ئاکرەیی) لێپرسراوی بوو، بە نهێنی لەشاری سلێمانی، لەساڵی (١٩٧٨)دا، دەریکردوە.
– ڕاپەڕین: کۆمەڵەی مارکسی- لینینینی کوردستان- لقی ئەوروپا، لەساڵی (١٩٧٨)دا، دەریکردوە.
– ڕێگای کوردستان: حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، دوای دەرچوونیان بۆ شاخ، لەساڵی (١٩٨٠)دا، دەریانکردوە.
– سۆسیالیست: گۆڤارێکی تیۆری بوو، (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)، لەساڵی (١٩٨١)دا، دەریانکردوە.
– ڕێگای ئازادی: ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی کوردستان بووە، لەساڵی (١٩٨١)دا، دەرچووە.
– کار: بڵاوکراوەیەک بووە لەنێوان ساڵانی (١٩٨١-١٩٨٢)دا، نزیکەی سێزدە ژمارەی لێدەرچووە.
– گۆڤاری (ڕێبازی زەحمەتکێشان)، لەنێوان ساڵانی (١٩٨٣-١٩٨٥)دا، یازدە ژمارەی لێدەرچووە.

لەساڵی (١٩٨٥)، لەهەناوی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)دا، دوو ڕێکخراوی چەپ دروستبوون کە خۆیان لە دایکە چەپەکانیان بە چەپتر دەزانی، ئەمانە بریتیبوون لە:
– ئاڵای شۆڕش: ساڵی (١٩٨٤) هەوڵیانداو لەساڵی (١٩٨٥)دا، بە ڕەسمی دروستبوونی خۆیان ڕاگەیاند. (مەلا بەختیار) ڕێبەرایەتی دەکردن.
– حزبی سۆسیالیستی کوردستان-ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، لەساڵی (١٩٨٥)، بە ڕێبەرایەتی (قادر عەزیز و عەبدولخالق زەنگەنە)، دروستبوو. ئیدی ئەمانەش بە بڵاوکردنەوەی ئۆرگان و گۆڤارەکانیان، مێژووی ڕۆژنامەگەریی چەپی کوردیان، دەوڵەمەندتر کرد. لەساڵی (١٩٨٥)ەوە تاوەکو ڕاپەڕین، کۆمەڵێک گۆڤارو بڵاوکراوەی تر، چ لەلایەن ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی سەر گۆڕەپانی خەباتی چەکداری، یان لەلایەن ڕێکخراو و دەستەو گروپی تازە دروستبوو لەنێو شارەکانی کوردستاندا، بڵاوکرانەوە، بریتیبوون لە:

– بیری نوێ: گۆڤارێک بوو، حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لەساڵی (١٩٨٥)دا، دەریکردوە.
– سۆسیالیزم یان بەربەری: بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی بووە، لە مانگی ئابی (١٩٨٥)، لە سوید دەرچووە.
– پێشکەوتن: گۆڤارێکی تیوری بوو، حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، کە دواتر بوونە (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، لەساڵی (١٩٨٦)دا،دەریانکردوە. تەنها پێنج ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
– دەنگی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، ئاڵای شۆڕش لەساڵی (١٩٨٦)دا، دەریکردوە.
– ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم: گۆڤارێک بوو لە بنچینەدا بە زمانی عەرەبی دەردەچوو. چاپە کوردییەکەی لەلایەن حزبی شیوعی عێراق- هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (١٩٨٦)، لە سوریاوە، بڵاودەکرایەوە.
– ئاڵای ئازادی: ئۆرگانی ناوەندی حزبی سۆسیالیستی کوردستان- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ بوو و لە ساڵی (١٩٨٦)ەوە، بڵاو دەکرایەوە.
– ڕابەر: گۆڤارێک بوو، (ئەڵقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)، بەنهێنی لە شاری هەولێر، بە دەستنووس ( بە کاربۆن لێی زیاد دەکرا) و بڵاو دەکرایەوە. لە ساڵی (١٩٨٧)، دەرچووە. ئەڵقەی ناوبراو، لەساڵی (١٩٨٧)، لەلایەن (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ، نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، جەمال کۆشش)، دامەزراوە.
– ئاسۆی سۆسیالیزم: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕێکخراوی (کۆمەڵەی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست- کۆتک)، لەساڵی (١٩٨٧)، دەریاندەکرد. ڕێکخراوی ناوبراو، لە ساڵی (١٩٨٧)، لەلایەن (سالار ڕەشید، ڕەحمان داود، ڕێبوار ئەحمەد)، دامەزراوە. – پەیامی کرێکاران: ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس،(گروپی عیماد ئەحمەد و ئەبوبەکر خۆشناو)، لەساڵی (١٩٨٨)دا، دەریانکردوە. ڕێکخراوی ناوبراو، لە ئاڵای شۆڕش، جیا ببوونەوەو خۆیان بە (ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس)، دەناساند.

– ئاڵا: ئاڵای شۆڕش- کۆنفرانس، لە ساڵی (١٩٨٨)دا، دەریدەکرد.
– خەباتی کرێکار: (کۆمەڵەی کرێکارانی یەکی ئایار)، لە ساڵی (١٩٨٩)دا، دەریانکردوە.
– ئاسۆی کرێکار: کۆمیتەی ڕێکخستنی هەولێری (ئاڵای شۆڕش)، بە نهێنی، لەناو شاری هەولێر، لە ساڵی (١٩٨٩)دا، دەریانکردوە.
– ئاڵای شۆڕش: ڕۆژنامەیەکی قەبارە گەورە (ئەی سێ ) بوو، (ئاڵای شۆڕش)، لە ساڵی (١٩٩٠)دا، دەریاندەکرد.
– نۆژەن: گۆڤارێکی تیوری بوو، (ئاڵای شۆڕش)، لە زستانی (١٩٩١)، یەک مانگ پێش ڕاپەڕین، دەریکردوە.
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری (١٩٩١)، بەهۆی بەرقەرار بوونی ئازادی و نەمانی دەسەڵاتی ڕژێم لە کوردستاندا، چەندین گروپ و ڕێکخراوی چەپی مۆدێرن دروستبوون کە ئەندام و دامەزرێنەرانی زۆربەیان بە سیاسەتمەداری چەپی فارس (مەنسووری حیکمەت ١٩٥١-٢٠٠٢)، سەرسام بوون. لەژێر ڕۆشنایی نووسین و وتارەکانی ئەودا، خەباتیان دەکرد. گرنگترین گۆڤارو بڵاوکراوەی ئەم ڕیکخراوانە، لەم قۆناغەدا، ئەمانە بوون:
– هەواڵنامەی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، (هەستەی کرێکارانی سۆسیالیست)، لە ساڵی (١٩٩١)دا، دەریاندەکرد. ڕێکخراوی ناوبراو، لە کۆتایی نیسانی (١٩٩١)دا، دامەزراوە.
– بۆ پێشەوە: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)، لەساڵی (١٩٩١)دا، دەریدەکرد. رەوتی کۆمۆنیست، لەساڵی ١٩٨٤دا، دامەزراوە.
– پەیامی کرێکار: هەڵسوڕاوی بواری خەباتی چەپ لە کوردستان، تاهیر حەسەن، لە ساڵی ١٩٩١ دا، دەریدەکرد.
– سەرنجی کرێکار: بڵاوکراوەیەک بوو، کۆڕو کۆمەڵ و ئەڵقە کرێکارییەکان لەساڵی ١٩٩١ دا، دەریاندەکرد.
– ئەدەبی کرێکاری: گۆڤارێکی ئەدەبی، خاوەن ئایدیای چەپ بوو، عەباس شوان، لەساڵی ١٩٩١ ، لە شاری سلێمانی دەریدەکرد. (٣٣) ژمارەی لێدەرچووە.
– پڕۆلیتاری: بڵاوکراوەیەک بوو، ڕەوتی کۆمۆنیست، لەساڵی ١٩٩١ دا، بڵاویدەکردەوە.
– ڕێبازی کارکەر: بڵاوکراوەیەک بوو، (کۆمەڵەی خەباتی سور)، بە کوردی (کرمانجی خواروو)، لەساڵی ١٩٩١دا، دەریاندەکرد.
– بڵێسە: بڵاوکراوەیەک بوو، (ئەڵقەی کۆمۆنیستی بڵێسە)، لەساڵی ١٩٩٢ دا، دەریاندەکرد. ئەڵقەی ناوبراو لەساڵی (١٩٨٥)دا، دروست بووە.
– دەنگی بێکاران: ڕێکخراوی یەکێتی بێکاران، لەساڵی ١٩٩٢دا، لە هەولێر دەریانکردوە. ڕێکخراوی ناوبراو، لە (٢/٦/١٩٩٢)دا، لەلایەن (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ )ەوە، دامەزراوە.
– شۆڕشی کرێکاری: بڵاوکراوەیەک بوو، (یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست)، لەساڵی ١٩٩٢دا، دەریانکردوە.
– نینا: گۆڤارێکی ئەدەبی پڕۆلیتاری بوو، لەساڵی (١٩٩٢)، لە هەولێر دەرچووە.
– هاوپشتی کرێکاری: بڵاوکراوەیەکی ئەنتەرناسیۆنالیستی کرێکاری بوو، لەساڵی ١٩٩٢دا، دەرچووە.
– دەنگی کرێکار: دەنگی ناڕەزایەتی کرێکارانی چیمەنتۆی شاری سلێمانی بوو، بەداخەوە نازاندرێ کەی دەرچووە. بەندە (نووسەری ئەم بابەتە)، ژمارە حەوتی بینیوە، بەڵام مێژووی دەرچوونی لەسەر نیە.
– کرێکارانی کۆمۆنیست: بڵاوکراوەیەک بوو، نازاندرێ کەی دەرچووە. دەڵێن سێ ژمارەی لێدەرچووە.
– زەنگ: بڵاوکراوەیەک بوو، یەک دوو ژمارەی لێدەرچووە. مێژووی دەرچوونی دیار نیە.

* ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چەمکی چەپ و کۆمۆنیستی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا، بۆ (حزبی تودەی ئێران، دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرو تێکۆشەرانی کورد، کە دواتر هاتونەتە ڕیزی (حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران)، سەرەتای خەباتی سیاسییان لە (حزبی تودە)ەوە، دەست پێکردوە. دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو و غەنی بلوریان، دوو سیاسەتمەداری دیاری کوردن و، سەرەتای کاری سیاسییان لە (حزبی تودە)وە، بووە. واتە، ئەوانە باکراوندێکی چەپ و کۆمۆنیستیان هەبووە. لە سەردەمی حوکمی (شا)دا، کۆمەڵێک گروپ و دەستەی هەڵگری ئایدیای چەپ لەساڵی (١٩٦٩)، (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمەڵە)، بە ڕەسمی ڕادەگەیەنن و درێژە بە خەباتی سیاسی، دەدەن.
پاش ئەوەی کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٧٩دا، بە ڕێبەرایەتی (خومەینی)، دەسەڵات دەگرێتە دەست، نکوڵی لە مافە نەتەوایەتیەکانی کورد دەکات، لەپاڵ (حزبی دیموکراتی کوردستان- ئێران)، کە هەڵگری بیری ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بوو، کۆمەڵێک خەڵکی تری کورد، (حزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە)، لەساڵی ١٩٨٣دا، دادەمەزرێنن و لەسەر ڕێبازی مارکسیزم- لینینیزم، لەپێناو بنبڕکردنی چەوساندنەوەی چینایەتی و بەرقەرار کردنی کۆمەڵگایەکی ئازادو بنیاتنانی سۆسیالیزم، درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.

دوای ئەم (حزب و کۆمەڵە)یە، (مەنسوری حیکمەت)، لەساڵی ١٩٩٠دا، (ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری)، دادەمەزرێنێت، کە دواتر کاریگەری کردە سەر کۆمەڵێک گەنجی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان. لەژێر ڕۆشنایی نووسینەکانی ئەودا، کۆمەڵێک دەستەو گروپ و ڕێکخراوی کۆمۆنیزمی کرێکاری، هاتنە دامەزراندن. لەلایەن ئەم کۆمەڵ و حزبە چەپانەدا، کۆمەڵێک بڵاوکراوەو گۆڤار بڵاوکرانەوە، نموونەی:
– (مردم)، یان (نامەی مردم): بڵاوکراوەیەک بوو (حزبی تودەی ئێران)، لە ساڵی ١٩٧٩، لە (تاران)دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە. ئەم بڵاوکراوەیە، چاپی فارسیشی هەبوو.
– شۆڕش: بڵاوکراوەیەک بوو، (سازمانی ئینقلابی زەحمەتکێشانی کوردستان- کۆمەڵە)، لە ساڵی ١٩٧٩دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە.
– خبرنامە: بڵاوکراوەیەک بوو، (سازمانی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە)، لەساڵی ١٩٧٩دا، بە زمانی فارسی، بڵاویدەکردەوە.
– پێشڕەو: ڕۆژنامەیەک بوو، هەمان سازمانی ناوبراو، لەساڵی ١٩٨٣دا، بە زمانی کوردی، بڵاویدەکردەوە.
– پێشەنگ: گۆڤارێکی ئەدەبی کرێکاری بوو، لە پایزی ١٩٨٥دا، بە زمانی کوردی، لەلایەن (کۆمەڵە)وە، بڵاودەکرایەوە.

* ڕۆژئاوای کوردستان:

لە ڕۆژئاوای کوردستان (سوریا)دا، هەر لەگەڵ لێکترازانی (پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا)، لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، باڵێک لەم پارتە جیابۆوەو، خۆیان بە هەڵگری بیری چەپ و سۆسیالیزم، ناساند. دوای ئەوان، کۆمەڵێک گروپ و ڕێکخراوی چەپ، چ ئەوانەی لەناو وڵات، یان ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات، خەباتیان دەکرد، دروستبوونی خۆیان ڕاگەیاند، لە نموونەی:
– گرێدانا مارکسیستێن کورد: ئەم گروپە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری (عەفرین)، گۆڤارێکی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی،یان بە ناوی (پێشەنگ)، بە زمانی کوردی، لەساڵی ١٩٧٦دا، بڵاودەکردەوە.
– هەمان ڕێکخراو، لەساڵی ١٩٧٧، لە ئەڵمانیادا، ڕۆژنامەیەکی سیاسییان بە ناوی (ڕێیا ڕاست)، بە زمانی کوردی، بڵاو دەکردەوە، کە تا ساڵی (١٩٨٠)، توانراوە دوازدە ژمارەی لێدەربکەن.
– ڕێک (آلطریق): گۆڤارێکی سیاسی و کولتوری ساڵانە بوو، (پارتیا سۆسیالیستا کورد ل سوریێ)، بە زمانی کوردی و عەرەبی، لەساڵی ١٩٧٧دا، دەریاندەکرد.
– الاشتراکی: ڕۆژنامەیەک بوو، ئۆرگانی (پارتیا سۆسیالیستا کورد ل سوریێ) بوو. لە ساڵی ١٩٧٨دا، بە زمانی عەرەبی لە سوریا، بڵاودەکرایەوە. دواتر، شوێنی دەرچوونی بۆ ئەڵمانیا گواستراوەتەوەو، لەوێ بەردەوام بووە. ژمارە (١٤٥)ی لە ئەیلولی ١٩٩٩دا، دەرچووە.
– (طریق الیسار) و (فکر الجدید)یش، بە زمانی عەرەبی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، دەرچووینە.

* باکوری کوردستان:

لەم بەشە ستراتیژییەی کوردستاندا، لە ژێر کاریگەری پارتە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانی تورکیادا، یەکەمین ڕۆژنامەی هەڵگری ئایدیای چەپ و سۆسیالیستی کوردی، لەساڵی ١٩٦٦دا، بە ناوی (ڕیبازی نوێ- یەنی ئاکیش)، لەلایەن (محەمەد عەلی ئەسڵان)ەوە بڵاوکراوەتەوە. دوای ئەوە، وردە وردە ئەو کوردە چەپانەی کە لە ڕیزەکانی (پارتی سۆسیالیستی تورکیا)دا، خەباتیان دەکرد، لەگەڵ هەندێک چەپی تورک، لەساڵی ١٩٦٩دا، لە ئەنقەرەو ئیستانبول، (یانەکانی کولتوری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات- دۆغو دەڤرمچی کولتور ئۆجاغی)، کە کورتکراوەکەی (د.د.ک.ۆ)، بوویان دامەزراند. زۆربەی هەرە زۆری ئەندامەکانی کورد بوون. هەر زوو لە شارەکانی باکوری کوردستاندا، لقیان کردەوەو لەناو خەڵکدا، دەستیان بە خەبات کرد. پاش (د.د.ک.ۆ)، هەندێک چالاکڤانی سیاسی تر، لەنێوان ساڵانی (١٩٧٤-١٩٧٥)دا، دامەزراندنی (کۆمەڵەی کولتوری دیموکراتی شۆڕشگێڕ- دەڤرمچی دەمۆکراتیک کولتورو دەرنەگلەری)یان، دامەزراند. ئیدی لەمە بەدواوە، ساڵ لەدوای ساڵ، گروپ و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و چەپ، لەلایەن کوردەکانەوە، دادەمەزران، نموونەی:
– پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا: لە دێسێمبەری ١٩٧٤، لەلایەن ( کەمال بورکای)و چەند هەڤاڵێکی ترەوە، دامەزرا.
– رێکخراوی ڕزگاری کوردستان: لەساڵی ١٩٧٦دا، زیاتر دەرکەوتن و ناسران. ئەندامەکانی، پێشتر لەچەند گروپێکی جیا جیادا، جیاببوونەوە وەک: (پارتی کرێکارانی تورکیا)، (یانەی کولتوری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات).
– ڕێکخراوی کاوە: لە ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٧)دا، دامەزراوە.
– کۆمەڵی تێکۆشین: لەساڵی ١٩٧٨دا، دروست بووە.
– پارتی کرێکارانی کوردستان، کە دواتر ناوەکەی بۆ: (پارتی پێشەنگی کارگەری کوردستان) گۆڕدرا، لەساڵی ١٩٧٨دا، دامەزرا.
– پارتی کرێکارانی کوردستان- پ.ک.ک: بە ڕێبەرایەتی (عەبدوڵلا ئۆجەلان- ئاپۆ)، لەساڵی ١٩٧٨دا، دامەزرا.
– تەڤگەری سۆسیالیستی کوردستان: جولانەوەیەکی مارکسی- لینینی بوو، باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان هەبوو. ماوەیەک لەگەڵ (پ.ک.ک)، نێوانیان خۆش بوو. هەندێک هێزی چەکدارییان هەبوو کە لەژێر ناوی (لەشکری ڕزگاری کوردستان)، خەباتیان دەکرد. ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (دەنگی وڵات)، دەردەکرد.
هەموو ئەم ڕێکخراوانە، تا کودەتای سەربازی ١٢/٩/١٩٨٠، بە نهێنی و ناوە ناوەش بە نیمچە ئاشکرا، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەیان دەردەکرد:
– ڕێیا ئازادی (ئۆزگورلوک ێۆلو): پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا، لەساڵی ١٩٧٥دا، بە زمانی تورکی و کوردی، بڵاویدەکردەوە.
– بروسک: ڕێکخراوی (مارکسیستێن- لینینیا کوردستان/باکور)، لەساڵی ١٩٧٧دا، بە زمانی کوردی و تورکی، بڵاویاندەکردەوە.
– پێشەنگ بۆ شۆڕش: پارتیا پێشەنگا کارگەریا کوردستان- تورکیا، لەساڵی ١٩٧٧دا، بڵاویان دەکردەوە.
– ئەم چی بکەین: (ڕێکخراوا مارکسیستێن شۆڕشگەرا کوردستان)، لەساڵی ١٩٧٨دا، بە زمانی کوردی و تورکی لە ئەڵمانیا، بڵاویاندەکردەوە.
– ڕۆژا وەلات: پارتیا سۆسیالیستا کوردستان- تورکیا، لەساڵی ١٩٧٧دا لە تورکیا بڵاویدەکردەوە. پاش قەدەغەکردنی، لەساڵی ١٩٧٩، لە ئەڵمانیا درێژەی بە بڵاوکردنەوەدا.
– کاڤا (کاوە): ڕیکخراوی کاوە، بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٧٨ لە تورکیا، بڵاویدەکردەوە. دواتر گواسترایەوە سویدو بەزمانی کوردی و تورکی، بڵاودەکرایەوە.
– ئاڵا ڕزگاری: ڕێکخراوی ڕزگاریا کوردستان، لەساڵی ١٩٧٩دا، بەزمانی تورکی بڵاویدەکردەوە. هەر زوو لەهەمان ساڵ بە بڕیارێکی عەسکەری، قەدەغە کرا.
– سەرخوەبوون: پارتی کرێکارانی کوردستان، بە زمانی تورکی لەساڵی ١٩٧٩، دەریدەکرد.
دوای ئەوەی کودەتاچییەکان، بە ڕێبەرایەتی جەنەراڵ (کەنعان ئێڤرین)، لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا، کودەتای سەربازییان ئەنجامداو، دەسەڵاتیان گرتە دەست، پێش هەموو شتێک کەوتنە گیانی حزب و ڕیکخراوە چەپەکان، بە تایبەتیش کوردەکان. لەنێوان ساڵانی (١٩٨٠-١٩٨٣)دا، زیاتر لە حەڤدە هەزار کوردیان، زیندانی کرد. بەدەیان سیاسەتمەداریان لە سێدارەدا. لە ساڵی ١٩٨٢یشدا، دەستورێکی تازەیان نووسیەوە. لە ماددە سێی ئەم دەستورەدا هاتووە: (جگە لە زمانی تورکی، هەموو جۆرە زمانێکی تر بۆ قسە کردن و نووسین، قەدەغەیە. دەوڵەتی تورکیا خاک و میلەتەکەی یەک قەوارەیەو دابەش نابێت و زمانەکەشی تورکییە). هەروەها لە ماددەی (٤٢)یشدا هاتووە: (هیچ بڵاوکراوەیەک رێگەی پێنادرێ ئەگەر بە زمانێک بێت کە بە قانون قەدەغە کرابێت).

لەسایەی ئەم دەستورو حوکمە عەسکەرتارییەدا، ئەم دەنگە کزانەی کە جاروبار لەملاو لەولا، دەبیستران و ناوە ناوە، ڕۆژنامە، یان گۆڤارێکیان بڵاودەکردەوە، ئەمەش نەما. بەشی زۆری چالاکڤانە چەپەکان، ئەوانەی زیندانی نەکرابوون، توانیان تورکیا جێبهێلن و ڕوو لە ئەوروپا بکەن. ئەوانە، لە هەندەران، درێژەیان بە خەباتی سیاسی و کولتوری شۆڕشگێڕی خۆیاندا. چەند ڕێکخراوێکی تازەی وەک: (یەکێتیا کۆمۆنستێن کوردستان) و (پارتیا کۆمۆنستێن کوردستان- ک.ک.پ)یان، لە دەرەوەی وڵات، دامەزراند.
ئەم ڕێکخراوانەی پێش و دوای کودەتای ئەیلول، دروستبوون، چ لە ناوەوەی وڵات، چ لە هەندەران، بە گوێرەی دەرفەت و زەمینەسازی، ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەیان، بڵاوکردۆتەوە:

– دەنگێ کوردستان: پارتیا کۆمۆنستێن کوردستان (ک.ک.پ)، لەساڵی ١٩٨١دا، بەزمانی تورکی لە ئەڵمانیادا، بڵاویان کردۆتەوە.
– سەرخوەبوون: پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی ١٩٨٢، لە ئەڵمانیا، بە کوردی و تورکی، دەریکردوە.
– بەرخودان: پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی ١٩٨٣، لە سوید، بە کوردی و تورکی، دەریکردوە.
– راستیا کوردستان: یەکێتیا کۆمۆنستێن کوردستان، لەساڵی ١٩٨٧دا، بەزمانی تورکی لە ئەڵمانیادا، بڵاویانکردۆتەوە.
– ئاڵا یەکێتی: رێکخراوی کاوە، لەساڵی ١٩٨٨دا، لە ئەڵمانیا بەزمانی کوردی، بڵاویکردۆتەوە.
– تێکۆشینا سۆسیالیست: کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی (تێکۆشینا سۆسیالیست)، بەزمانی کوردی، لە وڵاتی سوید، بڵاویانکردۆتەوە.
– کوردستانلی مارکسیست: ئۆرگانی (بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان) بووە. لەساڵی ١٩٩٠، بەزمانی تورکی لە بەریتانیادا، بڵاوبۆتەوە.
– (کەندال نەزان)یش، وەک خوێندکارێکی چەپی سەربەخۆ، لەساڵی ١٩٧٦دا، گۆڤاری (ئازادی)، بەزمانی کوردی، لە فەڕەنسا (پاریس)دا، بڵاوکردۆتەوە.

ئەنجام

(١) هێنان و بڵاوکردنەوەی فیکری چەپ لە کوردستاندا، لەلایەن (حزبی شیوعی عێراق)ەوە،هاتۆتە کوردستان.
(٢) یەکەم ڕێکخراوی چەپ لەسەرانسەری کوردستاندا، ڕێکخراوی (کۆمەڵی میللەت)،بووە، کە لەساڵی ١٩٤٣دا، دروستبووە. ئەندامەکانی، پێشتر لە ڕیزی (حزبی هیوا)دا، خەباتیان کردوە.
(٣) لە نێوان ساڵانی (١٩٧٥-١٩٩٣)دا، (٦٧) ناوونیشانی: (گۆڤار، ڕۆژنامە، بڵاوکراوە)ی هەڵگری فکری چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستان و دەرەوەیدا، دەرچووینە، کە زۆرترینیان لە باشوری کوردستاندا بووەو ژمارەیان گەیشتۆتە (٤٠) ناوونیشان و، هەمووشیان بە زمانی کوردی بووینە. ئەوانی تریش: (لە باکور: ١٦، لە ڕۆژئاوا: ٦، ڕۆژهەڵات: ٥).
(٤) لەڕوی ئەو زمانانەی کە بڵاوکراوەکانیان پێ بڵاوکراوەتەوە: ئەوانەی باشور، هەمووی کوردی بووینە. ئەوانەی تر: – باکور: شەش بە کوردی و تورکی، سێ بە کوردی، پێنج بە تورکی.
– ڕۆژئاوا: سێ بە عەرەبی، دوو بە کوردی، یەک کوردی و عەرەبی بووە.
– ڕۆژهەڵات: دوو بە زمانی فارسی، دوو بە کوردی، یەک بە فارسی و کوردی بووە.
(٥) قەبارەی زۆربەی ناوونیشانەکان، قەبارەی فۆلسکاپ، بووە.
(٦) هەندێک لە بڵاوکراوەکان بەدەست نووسراونەتەوەو تیراژیان سنوردار بووە.
(٧) سێ تا چوار هەوڵی تاکە کەسییە، ئەوانەی تر لەلایەن ڕێکخراوی سیاسییەوە، بڵاوکراونەتەوە.
(٨) رۆژنامە، یان گۆڤاری (یەکێتی تێکۆشین)، بەیەکەم ڕۆژنامەی چەپی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان، دادەنرێت.




ره‌هه‌نده‌کانی ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی له‌ گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه‌ به‌ره‌و لاوازبوون …. سۆران محه‌مه‌د

تیۆری ڕه‌خنه‌یی:

ره‌هه‌نده‌کانی ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی
Structuralism
له‌ گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه‌ به‌ره‌و لاوازبوون..
سۆران محه‌مه‌د

بونیاتگه‌ریی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ فه‌لسه‌فی و زانستی و ئه‌ده‌بییه ره‌خنه‌ییه‌ بوو له‌ شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌ فه‌ره‌نسا دروست بوو، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ‌ ناو زانستی مرۆڤ (ئه‌نترۆپۆلۆژی)و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و شیكاریی ده‌روونی و بیردۆزه‌ مه‌عریفی و تیۆری مارکسیی و بونیاته‌ زمانه‌وانییه‌کان …
له‌ پێشڕه‌وانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌: رۆلان بارت، جیرار جینیت، جۆن کۆهین، تۆدۆرۆف…
ره‌وتی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بونیاتگه‌ریی ته‌ماشای هه‌ر کارێکی وێژه‌یی ده‌کات وه‌ك کۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز و یه‌که‌، و ده‌ستنیشانی به‌هاکه‌ی له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانه‌وه‌ ده‌بێت که‌ هه‌ر ئاستێك له‌کاره‌که‌ به‌ ئاسته‌کانی تره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه.

بونیاتگه‌ریی ته‌ماشای ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان ده‌کات وه‌کو یه‌که‌یه‌کی زمانه‌وانی سه‌ربه‌خۆ، به‌ جۆرێك هه‌ڵده‌ستێت به‌ لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه‌کان له‌ ڕێی زاراوه‌و رسته‌و پێکهاته‌و خوازه‌و وێنه‌ شیعریه‌کانه‌وه، له‌م ره‌خنه‌یه‌دا لایه‌نه‌ مێژوویی و کۆمه‌ڵگاو ئایدۆلۆژیاو دانه‌رو…. به‌ هێند ناگیرێت، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ هه‌ڵناستێت به‌ بڕیاردان به‌سه‌ر کاری ئه‌ده‌بیدا به‌ باشه‌و به‌ خراپه‌، به‌ڵکو شیکاری بونیاتی ده‌ق ده‌کات له‌ ڕێی خستنه‌رووی ره‌گه‌زه‌کان که‌ ده‌ق پێکدێنن، به‌و مانایه‌ی ته‌ماشاکردنی زمانه‌که‌ی و چۆنییه‌تی بونیاتنانی رسته‌و ڕێکخستن و بیرۆکه‌کان، بۆیه‌ ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ گ‌رنگی به‌ کرۆکی کاری داهێنه‌رانه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌دات.
واتا ته‌ماشکردن و بگره‌ رۆچوون به‌ نه‌خشه‌ی ناوه‌کی کاره‌ ئه‌ده‌بییه‌کاندا، واتا به‌دواداچوونی ئه‌و ره‌گه‌زه‌ سه‌ره‌کییانه‌ی هه‌ر ده‌قێك له‌ خۆی ده‌گرێت، وه‌کو سیمبوڵ و ئاماژه‌کان، به‌ جۆرێک هه‌ر ره‌گه‌زێك شوین ره‌گه‌زێکی تر ده‌که‌وێت.

رۆلان بارت که‌ یه‌کێکه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م ره‌وته‌ سه‌باره‌ت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قی ئه‌ده‌بیدا ده‌ڵێت (ئه‌وه‌ زمانه‌ که‌ ده‌ئاخفێت نه‌ك نووسه‌ر) بۆیه‌ گرنگییه‌کی زیاد ده‌ده‌ن به‌ زمان به‌وه‌ی بناغه‌ی کاری ئه‌ده‌بییه‌. ئاوهاش بونیاتگه‌ریی له‌سه‌ر دوو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی بونیاتنرا. که‌ ئه‌وانیش یه‌که‌م: ئه‌ده‌ب ده‌قێکی مادی پاڵفته‌یه‌و به‌سه‌ر خۆیدا داخراوه‌، دووه‌م: زمان ده‌ئاخفێت نه‌ك نووسه‌ر.
قوتابخانه‌ی فۆرمالیستی رووسه‌کان (1915-1930) کاریگه‌رییه‌کی زۆریان هه‌بوو به‌سه‌ر دامه‌زراندن و په‌ره‌دان به‌ ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی، فۆرمالیسته‌کان هه‌وڵی گرنگی خو‌ێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌کانیان ده‌دا له‌ ناوه‌وه‌، چونکه‌ وێژه‌ لای ئه‌وان داده‌نرێت به‌ سیسته‌می زمان، که‌ ئاماژه‌کان(سیمۆلۆژیا) له‌ خۆ ده‌گرێت بۆ {ره‌نگردنی واقیع، نه‌ك وه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ی راقیع بێت}، بۆیه‌ په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌بیان پچڕی به‌ ئایدۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌و کۆمه‌ڵگاو مێژووه‌وه‌.
جاکوبسن که‌ یه‌کێکه‌ له‌ کۆڵه‌که‌کانی فۆرمالیسته‌کان پێی وایه‌ که‌ : شیعر ده‌بێت رزگار بکرێت له‌ هه‌موو ئاراسته‌ ده‌ره‌کییه‌کانی وه‌ك فه‌لسه‌فی و هزریی وئاکاریی و… ته‌نانه‌ت وای ده‌بینێت کاری ئه‌ده‌بی : ناخی دانه‌ره‌که‌شی جێده‌هێڵێت و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو له‌ خودی خۆیدا وه‌ده‌ستدێنیت.
ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی له‌وه‌دا کارێکی وه‌سفییه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان؛ پشت به‌ دوو هه‌نگاوی ‌ گرنگ ده‌به‌ستێت، یه‌که‌م: هه‌ڵوه‌شاندن و دووه‌میش بونیاتنانه‌وه‌، وه‌ك چۆن راسته‌وخۆ بایه‌خ به‌ ناوه‌ڕۆك ناده‌ن ، به‌ڵکو گرنگی و بایه‌خیان بۆ شێوه‌ی ناوه‌ڕۆکه‌کانه‌‌و هه‌روه‌ها بونیات و ره‌گه‌زه‌کانییه‌تی‌‌‌ که‌ ده‌بێته‌ هۆی پێکهێنانی شێوازی ده‌ق، به‌ له‌خۆگرتنی رووه‌کانی‌ جیاوازی و وێکجوونه‌کانییه‌وه‌.

به‌مجۆره‌ بونیاتگه‌ریی ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ سیسته‌می ده‌ق که‌شف بکات، به‌و مانایه‌ی بونیاتی سه‌ره‌کی ده‌ق ، بۆیه‌ ره‌فزی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ئه‌رکه‌که‌یان له‌وه‌دا چڕ بکه‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌رکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ق باس بکه‌ن و له‌و خولگه‌یه‌دا بسوڕێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش وایان لێده‌کات بگه‌نه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ کرۆکی کاری وێژه‌یی شیکارییه‌ نه‌ك ڕاستکردنه‌وه‌و گوتنی باشه‌و خراپه و بڕیاردان به‌سه‌ریدا‌، به‌ڵکو زیاتر کاریان له‌و خاڵه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه‌ که‌ له‌ چۆنیه‌تی پێکهاته‌ی کاری ئه‌ده‌بی بدوێن.

ئه‌و ئاستانه‌ش که‌ ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌ریی به‌ مه‌یدانی کاری خۆی ده‌زانێت له‌ هه‌ر ده‌قێکدا ئا له‌م خاڵانه‌ پێکدێت:

1-ئاسته‌کانی ده‌نگ: لێکۆڵینه‌وه‌ی پیت و وشه‌کان و ره‌مزو پێکهاته‌ مۆسیقیه‌کانه‌، له‌ رووی سه‌رواو ده‌نگ و ئاوازه‌وه‌.

2-ئاسته‌کانی سینتاکس و گۆڕینی یه‌که‌ ڕێزمانییه‌ کان و کاریان له‌ رووی پێکهاته‌ی زمانی و ئه‌ده‌بییه‌وه‌ (زانستی صرف)

3-ئاسته‌کانی فه‌رهه‌نگی: لیکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر وشه‌کان ده‌کات بۆ زانینی تایبه‌تمه‌ندییه‌ هه‌سته‌کی و داماڵراو (ئه‌بستراکت) و زینده‌گیی و ئاستی شێوه‌کانیان، به‌و مانایه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌لاله‌تی وشه‌کانی ناو زمان.

4-ئاستی ڕێزمان (نه‌حو): دیراسه‌ی دانان و رێکسخستنی رسته‌کان و چۆنیه‌تی پێکهاتنیان ده‌کات و هه‌روا تایبه‌تمه‌ندییه‌ ده‌لالی و ئیستاتیکییه‌کان، به‌و مانایه‌ی کار له‌سه‌ر به‌دواداچوونی دروستکردنی رسته‌کان ده‌کات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئایا رسته‌ی ناوه‌، یان رسته‌ی فه‌رمانی ، یان کۆلکه‌ ڕسته‌….هتد

5-ئاسته‌کانی گوتار: شیکاریی پێکهاته‌ درێژه‌کانی رسته‌؛ بۆ زانینی تایبه‌تمه‌ندییه‌ سه‌ره‌کی و لاوه‌کییه‌کان.

6-ئاسته‌کانی ئاماژه‌کان: سه‌رقاڵی شیکاریی مانا راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆکان و وێنه‌شیعرییه‌کان، که‌ په‌یوه‌ندن به‌ ڕێساکانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری زمان، وه‌ك ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندن به‌ زانسته‌کانی ده‌روون و کۆمه‌ڵایه‌تی و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاسته‌کانی ئه‌ده‌ب و شیعر.

7-ئاسته‌کانی هێما(سیمبوڵ): له‌م ئاسته‌دا هه‌موو ئاسته‌کانی پێشوو کاری دالێکی نوێ ده‌بینن و که‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌رهه‌مهێنانی مه‌دلولێکی ئه‌ده‌بی نوێ، ئه‌مه‌ش سه‌رده‌کێشێت بۆ مانایه‌کی نوێ یان مانای دووه‌م، ئه‌مه‌شه‌ ناونراوه‌ به‌ (زمان له‌ ماو زماندا).

هایدگه‌ر ده‌ڵێت: (وشه‌کان هیچ نین جگه‌ له‌ ره‌مز، نوێنه‌رایه‌تی دۆخی ده‌ره‌کی ده‌که‌ن، بۆیه‌ نابێت له‌ شیکاریی زمانی شیعردا به‌ دوای هه‌ڵبژاردنی وشه‌و وێنه‌و و ئیقاعه‌کاندا بگه‌ڕێین، به‌ڵکو ده‌بێت له‌ چۆنیه‌تییان بکۆڵینه‌وه‌ به‌وه‌ی چۆن رۆڵ ده‌بینن و شته‌کان ده‌خه‌نه‌ روو). لێره‌وه‌یه‌ ئه‌و تێگه‌شتنه‌مان بۆ دروست ده‌بێت که‌ شیکاریی بونیاتی ده‌ق دوو رووی هه‌یه‌؛ (شێوه‌ی ده‌نگ و شێوه‌ی ئاماژه‌کان)، شێوه‌ی ئاماژه‌کان بریتین له‌ شێوه‌ی ماناکان و ده‌لاله‌ته‌کان، که‌ ئه‌وانیش بونیاتی خۆیان هه‌یه. هه‌ندێکیش ئه‌و رایه‌یان هه‌یه‌ که‌ بونیاتی مانای شیعر له‌ ناو کرۆکی وێنه‌کانه‌وه‌ له‌ دایك ده‌بن.
هه‌روه‌ها دوالیزمه‌کان چه‌قێکی بنه‌ڕه‌تی شیكاریی ره‌خنه‌ی بونیاتگه‌رین بۆ ده‌قه‌کان، به ‌مه‌به‌ستی گه‌شتنه‌ بونیاتێکی پته‌وی ده‌ق، چونکه‌ ناتوانین بگه‌ینه‌ ‌حه‌قیقه‌تی ناسینی شته‌کان له‌ ڕێی ناسینی تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی شته‌کانه‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌مه‌ له‌ ناسینه‌وه‌ی دژه‌کاندا دێته‌ دی، به‌وه‌ی وشه‌ ته‌نیا له‌ خودی خۆیدا هه‌ڵگری مانا نییه‌، به‌ ڵکو ماناکه‌ی له‌ بوونی دژه‌که‌یدا ته‌واو دێته‌ دی.

‌ئه‌مه‌ش بوو وای له‌ سۆسێر کرد‌ ته‌مشای زمان بکات وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سیسته‌می جیاوازیه‌کانه‌، هه‌ر له‌م تێڕوانینه‌وه‌ش بونیاتگه‌ریی ده‌ستبه‌کار بوو، ئاوهاش ته‌ماشای گێتی ده‌که‌ن وه‌ك ( کۆمه‌ڵێك دوالیزم و تێهه‌ڵکێش و به‌رابه‌ر، که‌ تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌کان که‌شف ده‌کات، و پاشتریش ‌ پۆلێنیان ده‌کات بۆ دوالیزمه‌کان ).
لیڤی شتراوس له‌م رونگه‌یه‌وه‌ بوو ته‌ماشای ئه‌فسانه‌کانی ده‌کرد وه‌ك دووانه‌ی دژ و ته‌واوکار له‌ هه‌مان کاتدا، له‌م دیده‌وه‌یه‌ بونیاتگه‌راکان شیكاری بونیاتی کاری ئه‌ده‌بی ده‌که‌ن به‌ دابه‌ش کردنی بۆ یه‌که‌ی‌ دوالیزمه‌کان، پاشتر بۆ دووانه‌ هاودژ و هاویه‌که‌کان جیاده‌کرێنه‌وه‌ له‌ پێناوی هێنانه‌دی خوێندنه‌وه‌یه‌کی تازه‌دا.‌
بۆ روونکردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌توانین نموونه‌ی دوالیزمه‌کان بهێنینه‌وه‌ وه‌ك : داخراو و کراوه‌، وه‌ستاو و جوڵه‌دار، خودو بابه‌ت، ئه‌رێن و نه‌رێ، ژیان و مردن، واقیع و خه‌یاڵ…..هتد
ئه‌گه‌ر باس له‌ کز بوونی ره‌وتی بونیاتگه‌ریی بکه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بڵێین که‌ بونیاتگه‌ریی له‌ سه‌‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌ رادیکاله‌کانی قوتابیانی فه‌رنساوه‌ ساڵی 1968 ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و داکشان چوو، به‌ هۆی ئه‌و ره‌خنانه‌ی رووبه‌رووی ده‌بووه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ناتوانین ته‌واو ده‌ق داببڕین له‌ هه‌موو فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کییه‌کان و خودی نووسه‌ریش.

و لێره‌وه‌ش بونیاتگه‌راکان ده‌ستیان کرد به‌ پێداجوونه‌وه‌ی بۆچوونه‌کانیان و له‌م ئاکامه‌شدا چه‌ند ره‌وتێکی تر به‌رپابوون وه‌ك: شێوه‌یی، سیمائی، هه‌ڵوه‌شانگه‌رایی، زمانییه‌کان که‌ ئه‌مه‌ی داوایی داده‌نرێت به‌ کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی هه‌ر یه‌ك له‌م جوڵانه‌وه‌ ره‌خنه‌ییه‌ ئه‌ده‌بیانه‌ی دوایی.

له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ بونیتگه‌ریی به‌ره‌و داڕمان چوو، ئیتر ره‌وتی (دوای بونیاتگه‌ریی) له‌ فه‌ره‌نسا جێی گرتوه‌، که‌ هه‌ر رۆلان بارت و ژاك دریدا له‌ پێشڕه‌وانی ئه‌م بزوونتنه‌وه‌یه‌ش بوون، ئیتر بارتیش له‌ بۆچوونی وتوێژکردن له‌ گرنگی دانه‌ر له‌ دانانی ده‌قه‌وه‌ بازیهه‌ڵدا بۆ گرنگی خوێنه‌ر له‌ هێنانه‌دی مانای نوێ و بێ کۆتا، بارت له‌ کتێبی (چێژی ده‌ق) 1975 وای داده‌نێت له‌ غیابی نووسه‌ری ده‌قدا هه‌ڵه‌شه‌ییه‌کی بێ کۆتا دێته‌ ئاراوه‌ به‌ڵام چێژ به‌خش، ئه‌م چێژه‌ش له‌ توانادارێتی ده‌قه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت بۆ یاریکردن به‌ ماناکان و هێنانه‌ دی مانای جیاوازتر، به‌ڵام ئه‌مه‌ش لێکدانه‌وه‌یه‌کی بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌ی بێ کۆت و سنوور ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵکو هه‌ڵوه‌شاندن و روخاندنه‌ به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنه‌وه‌یه‌کی نوێ و خوێندنه‌وه‌یه‌کی ‌ تر، لێره‌وه‌ش خوێنه‌ر هه‌ڵده‌ستێت به‌ رۆڵی نووسینه‌وه‌ی ده‌ق، ده‌بێته‌ به‌رهه‌مهێن نه‌ك به‌کاربه‌ری ده‌ق‌، ئه‌مه‌شه‌ بنه‌ڕه‌تی ڕێبازی هه‌ڵوه‌شانگه‌رایی، که‌ دریدا په‌ره‌ی پێدا.

به‌مجۆره‌ له‌ بیروڕای : مردنی دانه‌رو سیحری دال و دابڕانی ده‌ق له‌ کارلێکه‌کان پاشگه‌زبوونه‌وه‌و جارێکی تر رۆڵیان پێدایه‌وه‌و به‌ڵکو لێکدانه‌وه‌و شیکاریه‌ ده‌روونییه‌کانیشیان بۆ ئه‌ده‌ب زیاد کرد، له‌گه‌ڵ پێشچاوگرتنی بیردۆزه‌کانی وه‌رگر و خوێندنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌کاندا (هێرمۆنتیکا).
ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ له‌ ڕاستیدا بونیاتگه‌ریی یه‌که‌م ڕێبازی ره‌خنه‌یی ئه‌ده‌بی نه‌بوو که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بونیاتی زمان دامه‌زرابێت، له‌کاتێکدا قوتابخانه‌ی (هونه‌ر بۆ هونه‌ر) به‌ پێشه‌وایه‌تی ئۆسکار وایڵدو کرۆتشه‌ زۆر زووتر ئه‌مه‌یان راگه‌یاند به‌ چڕکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌کانیان له‌ گرنگیدان به‌ ره‌هه‌نده‌کانی هونه‌ر له‌ پێناوی هونه‌رێکی شایسته‌و بڵنددا.




2 شیعرله‌‌ (فازڵ عه‌ززاوی)یه‌وه‌ و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

( 1 )
قه‌سیده‌ی ئه‌گه‌ر

خودایە
ئەگەر ئادەمزادت
بە دەستێك و سێ‌ قاچ دروست كردبا
مەیموون چییان دەگوت ؟
ئەگەر كلكی درێژت بەدواوەمان خستبا
چۆنمان لە ئاهەنگان سەما دەكرد ؟
گەر باڵت پێمان بدابووایە پێی بفڕین
پاسپۆرتەكانمان چی لێ‌ دەكرد ؟
ئەگەر بە نەدیتراویت دروست كردباین
خەفیە و جاسووس
ڕاپۆرتەكانییان دژی كێ‌ نووسیبا ؟
گەر نۆ پەنجەت پێدابواین
چۆنمان تا (دە) بژماردایە ؟
ئەگەر جەستەمانت لە پۆڵا دروست كردبووا‌
چۆن شەڕمان دەكرد ؟
گەر لووتمانت بكردبووایە دەنووك
كچانمان چۆن ماچ دەكردن ؟
ئەگەر خۆت كردبووایە حاكم بەسەرمان
بەرپرسەكانمان چی لێ‌ كردبا ؟
گەر ئەم قەسیدەیەم پێ بدابووای
چیت بۆ زیاد دەكرد ؟
ئەگەر ..
ئەگەر ..
ئەگەر خودایە!..

(2)
سۆزی (مه‌یسون)ی
ژنی خه‌لیفه‌ معاویه‌ بۆ بیابان

كراسێكی خوری و
دڵێكی بێ‌ خەمم بدێ‌ ،
تۆ بڕۆ هەموو پۆشاكە ئاوڕیشمیەكانم بەرە ..

خیوەتێكم لەناو لم بدێ‌ ، بای لێ‌ بدا
لەباتی من
بچۆرە كۆشكی بەرز . .
حوشترێكم بۆ بێنە
لە سارایان سواری بم
تۆیش بۆ كوێت بوێ‌
سواری كەژاوە زێڕینەكەم بە!

لێگەڕێ‌ سەگی میللەتەكەم
بە موسافیری بێگانە بوەڕێ‌
ئەو پشیلە تەمەڵە بەنازە
ببە ماڵی خۆت ..
پارچەنانێكی وشكم
لە گۆشەی كۆخێك پێ بدە !
تۆیش گەورەم بە تەنێ‌
كێكی میر بخۆ ..

لة ( فاضل العزاوي ـ الاعمال الشعرية ـ بةشى دووةم ـ بلآوكردنةوةى دار الجمل ـ 2007 ) كراون بة كوردى .

.




بیرەوەرییەکانی قوتابییەک …. نووسینی :عەلی حەمەڕەشید بةرزنجي

سۆما یەکێک بوو لەو قوتابییە زیرەک و لێھاتووانەی کە سەرنجی سەرجەم مامۆستاکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا بوو.لە ھەموو وانەکاندا نمونە بوو،بەڵام لە وانەی بیرکاری دا باشترو جیاوازتربوو ، چونکە لەگەڵ ئەوەی حەزی بە وانەکە دەکرد مامۆستای بیرکاریشی زۆر خۆشدەویست،لەگەڵ ئەوەی کە وانەی بیرکاری پێدەوتن چیرۆک و ھۆنراوەی خۆشی بۆ دەگێراِنەوە و لە بۆنەکانیشدا ئەو سەرپەرشتی ئاھەنگ و کاری شانۆیی قوتابخانەکەی دەکرد چونکە خۆیشی نوسەر بوو.بیرمە زۆر جار سۆما لێی دەپرسی :مامۆستا تۆ چۆن مامۆستا کوردی نیت؟ تۆ ھۆنراوە و چیرۆک دەنووسیت و رۆژانە گۆڤار و کتێبمان بۆ دەھێنیت و نیشانمان دەدەیت.دیارییەکانیشت بۆ ئێمە ھەر گۆڤار و کتێبە.مامۆستاش بەپێکەنینەوە پێی دەوتین ئەی ئەوە نییە بەھۆی ئەوەوە بیرکاریم لا خۆشەویست کردوون و زۆر جار ھۆنراوەشتان بۆ دەخوێنمەوە کە بۆ بیرکاریم نوسیوە.رۆژانە بۆ بیرکاری ھۆنراوەی بۆ دەخوێندینەوە .ئێستاش لە بیرمە جارێکیان ئەم ھۆنراوەیەی پێ وتین ھەموومان لەبەرمان کردبوو لەسەرەتای وانەکەدا تا ئەو رۆژ و وانە و بابەتی دەنووسی بە خەتە جوانەکەی پێکەوە دەمان وت:
وا (بیرکــاری ) مان ھەیە…..لام خــــۆشترین وانـەیـە
زۆر حەز دەکـــــەم ڕۆژانە…..بخــــوێنم یەک دوو وانە
کە مامۆستا ھــــاتە پۆل…..وریاو ئازاو گورج و گـــۆڵ
دادەنیشــم بە چـــــاکی…..تیا دەنوێنم چــــــالاکی
من ســـەرنج دەدەم ھێواش…..ھەتاکو تێ بگـــەم باش
لە ھـەرچیەکیش نەگەشتم…..لە مـامــۆستا دەپرســـم
وەڵامــــم دەداتـــــەوە…..بۆیشم ڕوون دەکــــاتەوە
ئەوساکە باش تێ دەگــەم…..منیش سوپاسی دەکـــــەم
زۆر جار لە ناوەڕاستی وانەکەشدا کاتێک کە ئێمە خەریکی نووسین بووین ئەو ھۆنراوەیەکی بۆ دەوتین:
چەندە خۆشە بیرکاری
مامۆستا وانەکەی کرد بەیاری
ھەر ھەموومان دەست و برد
بەشداریمان تیایدا کرد
ئەم ھۆنراوەیەی کاتێک دەوت کە لەگەڵ تەواو بوونیدا ئێمەش دەستمان لە نووسین ھەڵدەگرت و چاوەڕوانی ئەومان دەکرد.ئەوەی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشا بوو پرسیارەکانی( سۆما ) بوو، زۆر بە جوانی لە بیرمە مامۆستا ھەوڵی دەدا کە ئێمە زیاتر بجوڵێنێت تا چالاک بین و زانیاری زیاتر بەدەست بھێنین و پشت بەخۆمان ببەستبن و گیانی ھاوکاری و یارمەتیدان لە ناوماندا بەھێز و پتەو بکات،
جارێکیان داوای لێکردین کە بە گروپ بڵاوکراوەی سەر دیوار بۆ بیرکاری دروست بکەین.پۆلەکەی ئێمە ٣٦ قوتابی بوو کردینی بە ٩ گروپەوە.بەڵام ئەوەی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشا ئەوە بوو کە لە دروستکردنی گروپەکاندا سەلیقەیەکی جوانی بەکار ھێنابوو،چونکە نەچووبوو ھەموو قوتابییە باشەکان لە گروپێکدا دابنێت بەڵکو ھاتبوو بەپێی ئاستی زیرەکی و لێھاتوویی داینابووین.

من لەو گروپە دا دانربووم کە سۆمای تیابوو،ئای کە دڵخۆشبووم.سۆما ھەمیشە پرسیارە جوان و بەجێکانی ئامادە بوون بۆیە لە مامۆستای پرسی: باشە مامۆستا چۆن و چی بکەین بۆ بابەتەکان ؟ مامۆستاش وتی:دەتوانن ھەریەکەتان چەند بابەتێک دەربارەی بیرکاری پەیدا بکات و بەجوانی بینووسێتەوە ئەوسا ھەموو بابەتەکان کۆبکەنەوە و نیشان منی بدەن منیش بۆتان دیاری دەکەم کە کامیان باش و گونجاوە ئەوسا لە کارتۆنێکدا بەدەستی خۆتان بینووسن و ھەمووشتان بەشداربن.سۆما بەو پرسیارەوە نەوەستا چەندە خۆشبوو پرسیارەکەی دڵی منی کرد کە دڵنیام پرسیاری زۆربەی قوتابییەکانی تریش بوون.

وتی ئەی ئەگەر قوتابییەک نەیتوانی و بابەتی دەست نەکەوت؟ مامۆستا بە پێکەنینەوە وتی: ئەوە ھەر زۆر ئاسانە با بابەتەکانی ناو کتێبەکانی خۆتان بێت.ئێمە لە پۆلی شەش بووین و کتێبەکانیشمان پڕ بابەتی ھەمە جۆر بوون.قوتابییەکی تر کە ئەوە یەکەمجار بوو پرسیار بکات لە مامۆستای پرسی ئەی نابێت لە بازاڕ دروستی بکەین کە زۆر جوان و سەرنج ڕاکێش دەبێت و بە خەتێکی جوانیش بۆمان دەنووسن و وێنەی ڕەنگاوڕەنگی جوانیشمان لەگەڵدا بۆ دروست دەکەن؟خۆ پرسیارەکەی ئەویش بەجێ بوو چونکە من شتی وام بینیبوو کە بۆ وانەکانی تر دروستیان کردبوو.مامۆستا بە روویەکی خۆشەوە وتی گوڵەکەم من دەمەوێت بەری رەنج و ھەوڵەکانی ئێوەی گوڵ ببینم.ئەوەی کە خۆتان بەدەستی خۆتان دروستی دەکەن سەدان جار لەوە جوانترە کە کەسێکی تر بۆتان دروست بکات.

ھەروەھا ھەرگیز لە بیریشتان ناچێتەوە چونکە لەگەڵیدا ماندوو بوون.بەڵام ئەوەی کە تۆ دەڵێیت ماندوو بوونی تیانییە،کەمێک پارە دەدەیت و بۆت دروست دەکەن ،راستە جوانە بەڵام لای من وەک گوڵی نایلۆن وایە و ئەوەی خۆتان دروستی دەکەن وەکو گوڵی سروشتی وایە.ئای کە خۆشبوو وەڵامە بەجێکانی مامۆستا بەڕاستی زۆر حەزی دەکرد کە بەشێوەیەک پەروەردەمان بکات کە ھەمیشە پشت بەخۆمان ببەستین و لە ھەوڵداندا بین.من یەکەمجارم بوو کە بڵاوکراوەی بیرکاری بەو شێوەیەی کە مامۆستا داوای دەکرد ببینم و پێشتریش ئەو بڵاوکراوانەی کەبەسەر دیوارەکانەوە دەمان بینی بۆ وانەکانی تر بوون بەتایبەتی وەرزش و زانست و کوردی.گوێمان لە دەنگی دەگای پۆلەکەبوو مامۆستا بەھێمنی کردیەوە یەکێک بوو لە مامۆستایانی قوتابخانەکەمان..خشتەی تاقیکردنەوەی مانگانەی پێبوو کە بۆمان بنووسێت.کە تەماشای سەر تەختەکەی کرد ناوی گروپ و باسی بڵاوکراوەی بیرکاری تیابوو ،لای ئەویش بوو بە پرسیار و لە مامۆستای پرسی ئەوە داوای بڵاوکراوەی بیرکاریت لێ کردوون.مامۆستاش وتی بەڵێ دوای تاقیکردنەوەکان بۆم دەھێنن.ئەویش سەرێکی بادا وتی یاخوا وابێت،چونکە وادیار بوو بەلایەوە کارێکی قورس بێت.دوای تاقیکردەوەکان ھەر گروپە لەناو خۆیاندا کەوتنە وتو وێژ و ڕاوێژ کردن بەیەکتر و پرسیار کردن لە مامۆستا.

مامۆستا رۆژێکی دیاری کرد تابابەتەکانی بۆ بھێنین و ئەویش پێش ئەوەی ئێمە بینووسین لەسەر کارتۆنەکە بیبینێت و چی بەلاوە پەسەندە دیاری بکات..ئەوەبوو بۆ ئەو رۆژە لە نۆ فایلدا بابەتەکانمان دا بە مامۆستا..بەڵام سۆما و چەند قوتابییەکی تر سەرو فایلی جیایان دا بە مامۆستا و وتیان ئێمە جگە لەوەی کە لە گروپەکەدا بەشداری ھاوڕێکانمان دەکەین حەزیش دەکەین بەجیا بڵاوکراوەی تایبەت بۆ خۆمان بکەین.مامۆستا زۆر زۆری پێخۆشبوو ،بۆیە وتی ھەر زۆر باشە و لە ئێستاوە دەستخۆشیتان لێدەکەم.ئەم قسانە وای لە منیش کرد وەکو سۆما بکەم و بڵاوکراوەیەکی جوان و بەسوود ئامادە بکەم
.بۆیە ھەرچوومە ماڵەوە لەگەڵ سازگۆی خوشکم کە لە من گەورە تربوو کەوتینە کۆکردنەوەی بابەت و رۆژێک بردم بۆ مامۆستا ھەر بە بینینی تەماشایەکی کردم و وتی ئەی ئافەرین زۆر باشە.

منیش بە خۆشییەوە لەماوەیەکی کەمدا تەواوم کرد و نایلۆنم تێگرت و لای کەس قسەم نەکرد.بەڵام لەگەڵ گروپەکەم خەریکی نوسین و ئامادەکردنی بڵاوکراوەکەی گروپەکە بووین..ئێمە ناومان نا (یاری بیرکاری) .کە تەواومان کرد نایلۆنمان تێگرت و داماننا تا ھەر کاتێک مامۆستا داوای لێکردین بیدەینێ.ئەوە بوو رۆژێکیان مامۆستا وتی بۆ رۆژی شەممە ھەمووتان بڵاوکراوەکانتان بھێنن.چەندە خۆشبوو رۆژی شەممە بەرەو قوتابخانە بەڕێکەوتم و ئەوی خۆیشم نابووە بن دەستم کە گەیشتمە قوتابخانە ھەموو قوتابییەک پێیەتی .کە چووینە پۆلەوە مامۆستا ھات و یەکە یەکە بڵاوکراوەکانمان دایە دەستی .بێجگە لە گروپەکان زۆربەمان بەتەنیاش دروستمان کردبوو .مامۆستا یەک یەک تەماشای دەکردن و دەیخستە لاوە. بەڵام لە دانەیەکیاندا زۆر سەرنجی دا و وەستا و بە جیا داینا.

کە لە ھەموویان تەواو بوو یەکە یەکە بانگی کردین و بڵاوکراوەکانی داینەوە و وتی بەیانی ھەموویان ھەڵدەواسین.ئەوەی کە لای مابووەوە بڵاوکراوەکەی من بوو ،بەرزی کردەوە و وتی بەڕاستی ئەمەیان زۆر جیاوازە ،چونکە باسی یەک جۆر لە شێوە ئەندازەییەکان دەکات و زۆر بە ڕێک و پێکی دروستکراوە.من ھەرچەندە دەست و خەتیشم زۆر جوان نەبوو بەڵام بابەتەکەم بەلای مامۆستاوە گرنگ بوو.مامۆستا بەرزی کردەوە تا ھەمووان بیبینن.بێ ئەوەی مامۆستا قسە بکات قوتابییەکان بە چەپڵەڕێزانێک پیرۆزباییان لێکردم ،ئای کە خۆشبوو ھەرگیز لە بیرم ناچێتەوە.ئەوە بوو بۆ رۆژی دواتر بە ھاوکاری مامۆستا ھەموو بڵاوکراوەکانمان لە وانەکەی ئەودا بە دیوارەکان دا ھەڵواسی.

ئای کە دیمەنی جوان بوو،کە زەنگ لێیدا و قوتابییان لە پۆلەکانیان ھاتنە دەرەوە بەبینینی ئەو دیمەنانە زۆر دڵخۆشبوون و کەوتنە تەماشا کردن و سەرنج دان و خوێندنەوەی.بڵاوکراوەکەی من بەجیا دانرابوو تەماشام کرد قوتابیانی پۆلی چوار و پێنج و شەشیش تەماشای دەکەن چونکە بۆ ھەموویان بەسود بوو.ناوی سێگۆشە بوو کە لە ناو سێگۆشەیەکدا نووسیبووم.ئەوسا پێناسەکەی و چێوە و روبەرەکەیم نووسیبوو یاساکانیان و چۆنیەتی دۆزینەوەیان و نمونەم بۆ شیکار کردبوون ھەریەکەی بەڕەنگێک.دوای ئەوە کردبووم بە دوو بەشەوە بۆ جۆرەکانی سێگۆشە بە پێی لاکانی و بە پێی گۆشەکانی و بۆ ھەریەکەیان وێنە و پێناسەکەیم لەناودا نووسیبوو.ئەو کارەی کە پۆلەکەمان بە ھاوکاری مامۆستای بیرکاری ئەنجای دا بوو بە مایەی دڵخۆشی بۆ ئێمە و سەرنج راکێشانی قوتابیان و تەنانەت مامۆستاکانیش..

کارێکی تر کە حەز دەکەم باسی بکەم ئەوەبوو ھەمیشە لە پۆلدا چەند قوتابییەکی دیاری دەکرد بۆ ئەوەی کاتێک ئەو نەھات لە جێگەی ئەو وەک مامۆستا وانە بڵێنەوە و ئێمەش ڕێزی تەواوی ئەو قوتابییەمان دەگرت ،چونکە ئەو دیاری کردبوو ،زۆر بە بێدەنگی و باش وانەکە دەچوو بەڕێوە..مامۆستا بۆیە ئەمەی دەکرد کە ئێمە زیاتر باوەڕمان بەخۆمان ببێت و کە مامۆستاشمان لانەبێت وا نەکە بڕوات بەڕێوە.ئەو یەکەمجار خۆی ماوەیەک دوا دەخست تا ئێمە ئامۆژگارییەکانی جێبەجێ بکەین و دوایی دەھات،چەندە خۆشبوو کە بەھێمنی لەدەرگای دەدا و دەھاتە ژوورەوە زۆر جاریش دەچووە جێگەی ئەو قوتابییەی کە خەریکی وانە وتنەوە بوو دادەنیشت بۆ ئەوەی گوێی لێبگرێت و ئەویش زیاتر باوەڕی بەخۆی ببێت.بیرمە جارێک مامۆستای چاودێر ھاتە ژوورەوە کاتێک یەکێک لە قوتابییەکان لە جێی مامۆستا ڕاھێنانی بۆ شیکاردەکردین و یەک یەک پرسیاری لە قوتابییەکان دەکرد،کە زانی وابێدەنگین وای دەزانی مامۆستای لێیە،بۆیە چووە وە دەرەوە و پاشان دوای کەمێک ھاتەوە چونکە ئەو رۆژە مامۆستا نەھاتبوو بۆ قوتابخانە و بەڕێوەبەر ئاگاداربوو.بۆیە دووجار ھات مامۆستای چاودێر بەلایەوە سەیر بوو کە مامۆستایشی لێ نییە و وا بێدەنگ خەریکی کاری خۆمانین.ئەوە خۆی فێری کردبووین .بیرمە ھەموو جارێک پێی دەوتین من ھەمیشە قوتابی ئازاو نەترسم خۆشدەوێت ،دەیوت ئەوە ئازایەتی نییە کە من ھاتم بێدەنگ بن ،ئازایەتی ئەوەیە کە زانیتان وانەی منتان ھەیە و نەھاتووم بەبێدەنگی دابنیشن و چاوەڕوان بکەن و یەکێکتان لەجیاتی من سەرپەرشتی وانەکە بکات.مامۆستا دەیویست لەگەڵ زانیاری زۆردا پەروەردەیەکی جوانیشمان بکات و ھەمیشە بە باوەڕ بەخۆبوونەوە بەرەو ڕووی کێشەکانمان ببینەوە.

زۆر جار لە تاقیکردنەوەی رۆژانەدا بۆ ھەر ڕیزەمان چەند پرسیارێکی دەنووسی ..کە پرسیارەکانی من لە پرسیاری ھاوڕێکەم نەدەچوو کە لەلامەوە دانیشتبوو چونکە پۆلەکەمان قوتابی زۆری تیابوو بەئاسانی و بەسەلیقەی خۆی ئەو کێشەیەی چارەسەرکردبوو،دەھات لەسەر تەختەکە دوو جۆر پرسیاری دەنووسی لە جۆرێکیان دەینووسی ( A)و لە جۆرەکەی تر دەینووسی ( B ) و ھەر ڕیزەی جۆرێکی پێدەوتین..پاش ماوەیەک کە سەرنجم دا ھەمان پرسیارن بەڵام ھاتووە لە یەکەمیاندا لە(١تا٥)ی نوسیوە و لە دووەمدا ھەمان پرسیارە بەس لە (٥تا١) نووسیوە لەجیاتی ئەوەی ٥ پرسیار بنوسێت و ھەموومان وەڵام بدەینەوە ئەو بەو شێوەیەی لێکردبوو.کە بۆ خۆی ئاسانکاری بوو بەتەواوی ئاستی قوتابییەکانی بۆ دەردەکەوت و نەماندەتوانی تەماشای یەکیش بکەین ،ھەرچەندە ئەو وای لێکردبووین کە چی دەزانین ئەوە بنووسین و وەڵام بدەینەوە وا ئەمڕۆ تەماشای ھاوڕێیەکمان کرد ئەی کە کەسی لێ نەبوو چی بکەین..مامۆستا فێری زەنگی وریاکردنەوەیشی کردبووین،لەوانەیە بپرسن زەنگی وریاکردنەوە لە پۆلدا دەبێت چی بێت؟زۆر چاک لە بیرمە دەیوت ئاگاداربن لەکاتی نوسیندا و گواستنەوەی بۆ سەر دەفتەرەکانتان ھەندێک جار بە ئەتقەست ھەڵەیەک دەکەم بزانم کێ زۆر وریایە و دەیدۆزێتەوە.سەرەتا ژمارەیەک یان وشەیەکی بە تۆخی دەنووسی و زوو دەستمان بەرز دەکردەوە و پێمان دەوت.ئیتر لە ڕۆژانی تریشدا دووبارەی دەکردەوە جارجارە ،جاری وابوو ژمارەیەکی بەتۆختر دەنووسی بەڵام راست بوو ھەڵەکە لە شوێنێکی تردا بوو،ئیتر بە ئاسایی دەینووسی و ئێمەش لەکاتی گواستنەوەی بۆ سەر دەفتەرەکانمان زۆر بەوردی بۆ ھەڵە دەگەڕاین بەڵام نووسینەکەمان زۆر بەباشی دەخوێندەوە .

ئەو مەبەستی ئەوە بوو کە باش بیخوێنینەوە و لێی تێبگەین نەگ بەس بیگوازینەوە وەک ئەوەی بەس وێنەی بگرین..ئیتر بۆمان دەرکەوت کە ئەو زەنگەی ئەو باسی دەکات بەڕاستی زەنگی وریا کردنەوەیە
ھەمیشە ھەوڵم دەدا کە بەسەرنجەوە لە کارەکانی مامۆستاکانمان بڕوانم،چونکە ئەوان خەمخۆر و دڵسۆزی ئێمە بوون و زۆر خۆیان لەگەڵماندا ماندوو دەکرد.زۆر رۆژ وانەی بیرکاری بە گروپ پێدەوتین ،کە خۆشییەکی زۆرتری دەدا بە وانەکە و باشتریش لە وانەکە دەگەیشتین.بەڵام لە ھەر وانەیەکدا لەگەڵ ئەوەی کە ناوی گروپەکەی دەگۆڕی گروپی تازەیشی دروست دەکرد،وانەبوو ھەر لە گروپێکدا بمێنینەوە.زیاتریش ئەو قوتابییانەی ھەڵدەسان لە گروپەکەدا کە پێشتر کەم بەشدارییان دەکرد لە وانەکەدا،تا وای لێھات ھەمووان وەک یەک حەزمان بە وانەکە دەکرد و بەشدایمان دەکرد.بیرمە رۆژێکیان مامۆستا پێی وتین بەیانی وانەکەمان جیاوازتر دەبێت و میوانمان دەبێت.زۆر جار مامۆستایانی تری قوتابخانەکە یان مامۆستایانی ڕاھێنەر دەھاتن بۆ بینینی وانەکەی چونکە مامۆستا ساڵانێکی زۆربوو بیرکاری دەوتەوە و وانەکەی ھەمیشە نوێکاری تێدابوو کە ھەموومان حەزمان لێی دەکرد.

بۆ رۆژی دواتر ھێندەم زانی مامۆستا خۆی کرد بە پۆلدا و وتی ئەم وانەیە لە ھۆڵەکەدا دەخوێنین و کۆمەڵێک میوانیشمان ھەیە بۆیە دەبێت ئاگاداربن و وێنەیەکی جوان بنوێنن..ئیتر کتێب و دەفتەری بیرکاریمان گرت بە دەستەوە و بە ڕیز و بەھێمنی چووین بۆ ھۆڵەکە.تەماشامان کرد لە دواوە زیاتر لە ٤٠ مامۆستا دانیشتبوون.مامۆستا ئێمەی دانا و کەوتە قسە.بەخێرھاتنی میوانەکانی کرد و وتی ئێستا وانەیەکتان پێشکەش دەکەم.ھەر لەگەڵ نوسینی وانە و رۆژ و بابەت ئێمەش ئەو ھۆنراوەیەمان وت کە خۆی پێشتر فێری کردبووین.لەگەڵ ئەو تەواو بوو ئێمەش تەواو بووین.وتی پشووبەن،ئێمەش بەھەمان شێوە ئەو دێڕە ھۆنراوەمان وت کە ھەموو جارێک لەکاتێکدا دەیوت پشووبدەن دەمان وت:مامۆستا گیان ئامادەین..کە وتی وریا بن،زتمان چاوەڕوانی تۆ دەکەین..بێدەنگ تەماشای مامۆستامان دەکرد.یەک دوو پرسیاری لە بارەی بابتی پێشووەوە لێکردین و بەجوانی وەڵاممان دایەوە..ئیتر وتی وانەی ئەمڕۆ بە شێوەی گروپ دەخوێنین.لەماوەیەکی کەمدا جیای کردینەوە و کورسییەکانمان ڕێک خست ،دەبوایە مێزیشی لێبووایە بەڵام نەبوو ،رەحلەکانمان وا ڕێکخست وەک مێز دەرچوون.

وتی ھەر گروپە و بە ڕاوێژ ناوێک لە گروپەکەی خۆی بنێت..دەگەڕا بەسەرمانەوە،لە ناوی گروپەکانی دەپرسی،سێو،پرتەفاڵ،مۆز،شوتی و دوو گروپیش ھەناریان نووسی بوو،چەندە خۆشبوو مامۆستا وتی ھەر زۆر باشە با یەکێکتان ھەناری شیرین بێت و ئەوی ترتان ھەناری مێخۆش،ئەوەم ھەرگیز بیرناچێتەوە.ئیتر کەوتە وتنەوەی وانەکە کە باسی بازتە بوو.ئەم شتانەشی وەک ھۆی ڕونکردنەوە بۆ ھێنا بووین(نان،پەنیری سێگۆشەیی کە لە پاکەتێکی خڕدا بوو دواتریش ژێر پەنیرەکان مقەبای سێگۆشەیی تێدابوو کە بە دەرزی دەیدا لەو پارچە تەپەدۆرەی کە ھەڵیواسیبوو ،پلایسێک و پارچەیک تەلی باریک،چەند وێنەیەکی بازنە بە ڕەنگاو ڕەنگی و مقەستێک)بیرمە وانەکە وەک یاری و سەیران وابوو.بەشێوەیەک باسی چێوە و ڕوبەری بازنەی بۆکردین و ڕێژەی نەگۆڕی بۆ دۆزنەوە تا ئێستاش بیرم ناچێتەوە..ھەموو شتەکان کە ھێنابووی بەکاری ھێنا ئەو وەک ئاراستەکار و ڕێنمایی کار بوو ئێمە چەقی وانەکەبووین.کە وانەکە تەواو بوو نان و پەنیرەکەی داینێ و چووین بە بێدەنگی لە باخچەی قوتابخانەکەدا خواردمان و ئەوانیش کەوتنە گفتوگۆ دەربارەی وانەکە.

مامۆستا وەکو ھاوڕێ وابوو لەگەڵمان دا و زۆرمان خۆشدەویست،چونکە دەیزانی چۆن ھەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکات .ھەرچەندە ئێمە لە ناو کۆمەڵێک خێزانی جیاوازەوە ھاتبووین و ھەریەکەشمان خاوەنی تایبەتمەندی تایبەتی خۆمان بووین،بەڵام ئەو زۆر بەباشی دەیناسین و بەو شێوەیە دەیدواندین.قوتابییەکامان لابوو لە بیرکاریدا باشبوو بەڵام لە وانەکانی تردا باش نەبوو ، بۆیە مامۆستاکانی تر گلەییان لێی ھەبوو.کە پێیان دەوت با باوکت یان دایکت بێت،ھەرجارەو شتێکی ڕێکدەخست .جارێکیان وتی دایکم نەخۆشە و لە نەخۆشخانە کەوتووە،جارێکیتر وتی باوکم لە دەرەوەی وڵاتە،جارێکیتر وتی پرسەمان ھەیە و بەو شێوەیە.بۆیە رۆژێک لێیان پرسی ماڵتان لەکوێیە؟ئەو بە ھەڵە وەڵامی دابووە ،کارگوزارێکیان ناردبوو بۆ ماڵەوەیان و نوسراوێکیان دابوویە.وای گەڕان و ماندوو بوونێکی زۆر بۆی نەدۆزرابووەوە.ئیتر ناچاربوون کە بە مامۆستا بڵێن کە چۆن ماڵەوەیان ئاگادار بکات.ئەویش رۆژیک َمنی بانگ کرد بێ ئەوەی کەس لە ھاوڕێکانم ئاگاداربن وتی تۆ ماڵیان دەزانی و نزیک ماڵی ئێوەیە ،ئەمڕۆ ھەوڵ بدە پێش ئەو بگەیتە ماڵیان و ئەم نوسراوە بدە بە باوکی یان دایکی و بڵێ با کوڕەکەتان نەزانێت بەیانی سەر لە قوتابخانە بدە.منیش وتم زۆر باشە مامۆستا گیان.ئیتر بۆ ڕۆژی دواتر باوکی ھات بۆ قوتابخانە و یەکەمجار ئاگام لێبوو کە مامۆستا پێشوازی لێکرد و بە وردی باسی منداڵەکەی بۆ کرد و بە ھێمنی ڕێگە چارەیشی پێوت،ئەوسا لەگەڵیدا رۆیشت بۆ لای مامۆستاکانی تر.

کارێکی تری مامۆستا کە زۆر بەلامەوە سەرنج ڕاکێش بوو بەکاری دەھێنا بۆ خۆش کردنی وانەکە و بۆ ئەوەی زووتر لە بابەتەکە بگەین و ھەرگیز لە بیرم ناچێتەوە،دروستکردنی سیناریۆ بوو کە دواتر وەک شانۆگەرییەک ئەنجاممان دەدا .ئەوە گیانی ھاوکاری و خۆشەویستی بۆ یەکتر و بۆ مامۆستا و بۆ وانەکە و بۆ قوتابخانەی زیاتر لا دروست دەکردین .ئەو وای فێر کردبووین کە بۆ پیچوونەوەی ھەموو بابەتێک ئەو شانۆگەرییە بچوکە ئەنجام بدەین.کە بە سێ ئەکتەر دەکرا ، یەکێک لە قوتابییەکان خۆی وا نیشان دەدا کە ڕۆژی پێشوو نەھاتبێت و دوو قوتابییەکەی تر لە پۆلدا بوون و ئاگاداری وانەکە بوون و ئەم دەیەوێت بۆی دووبارە بکەنەوە تا ئەویش باش تێبگات.بۆیە شانۆگەرییە بچوکەکە یان نواندنەکە بەم شێوەیە دەستی پێدەکرد.قوتابییە نەھاتووەکە لە دەرگای دەدا و دەھاتە ژوورەوە و بەیانی باشی لە دوو قوتابییەکەی تر دەکرد کە لە بەردەم تەختەکەدا پێکەوە دەدوان.بەم شێوەیە:
یەکەم:بەیانیتان باش ھاوڕێیان
دووەم:بەیانیت باش ھاوڕێ.
سێیەم:بەیانی تۆیش باش .ئەوە دوێنێ بۆ نەھاتبووی؟
یەکەم:کەمێک ناساغ بووم.
دووەم:ئەی مۆڵەتیان بۆ وەرگرتیت؟
یەکەم: بەڵێ زوو باوکم ھات و مۆڵەتی بۆ وەرگرتم.
سێیەم:زۆر باشە کەواتە ئەگەر رۆژێک نەھاتین بە ھۆی نەخۆشی یان کارێکی ترەوە دەبێت کەسێک لەخۆمان گەورەتر بێت و مۆڵەتمان بۆ وەربگرێت.
یەکەم: زۆر ڕاستە ھاوڕێیان.ئەوە دوێنێ مامۆستای بیرکاری باسی چی بۆ کردن.
دووەم:باسی کۆکردنەوە و لێدەرکردنی ژمارە دەییەکان.
یەکەم : دەی زۆر باشە بۆچی یەکی نمونەیەکەم بۆ شیکار ناکەن؟
دووەم:بەسەرچاو(نمونەیەکی لەسەر تەختەکە بۆ دەنووسێت و بە دەنگەوە بۆی شیکار دەکات)
سێیەم: (یەئەویش بەھەمان شێوە).
یەکەم: دەستتان خۆش بێت،دەی ئێوەش سەرو نمونە بۆ من بنووسن با شیکاری بکەم.
دووەم: نمونەیەکی بۆ دەنووسێت.ئەویش وەکو ئەوان شیکاری دەکات.
سێیەم: نمونەیەکی بۆ دەنووسێت.ئەویش وەکو ئەوان شیکاری دەکات.
یەکەم: زۆر سوپاسان دەکەم بەڕاستی ئێستا زۆر بەباشی تێگەیشتم.
ئەمە وای کردبوو کە خۆمان بۆ ھەموو وانەیەکی نوێ بە ئاسانی دەمانتوانی ئەو سیناریۆیە دروست بکەین .مەرجیش نەبوو بۆ ھەموو وانەیەک ئەو کارە بکەین.چونکە ئەو شێوازی وانە وتنەوەی بۆ ھەر وانەیەک و بۆ ھەر بابەتێک تایبەتمەندی خۆی ھەبوو.بۆیە ھەرگیز بێزار نەدەبووین.مامۆستا دەیزانی بیرکاری بابەتێکی زانستی تا ڕادەیەک قورسە و ھۆکاری بەکارھێنانی ئەو شێوازە جیاوازانەیش بۆ ئاسانکردن بوو.

کارێکی جیاوازی تری مامۆستا کە بووە ھۆی ئەوەی کە زیاتر خۆشمان بوێت چیرۆکە ئامۆژگاری ئامێزەکانی بوو .بیرمە جارێکیان چیرۆکێکی بۆ گێڕاینەوە و دواییش وتی ھەریەکەتان لەماڵەوە چۆن تێگەیشتووە بەو شێوەیە بۆم بنووسێتەوە.کە ئەمە بەڕاستی کارێکی مەزن بوو . بێجگە لە ناوەرۆکی چیرۆکەکە کۆمەڵێک سودی تریشمان لێی وەردەگرت .وەک خەت جوانی و بەھێزکردنی بیرکردنەوە و حەزکردن بە چیرۆک و داڕشتن و نووسین.حەزدەکەم یەکێک لەو چیرۆکە ئامۆژگاری ئامێزانە باس بکەم کە بیرم ناچێتەوە.بۆی گێڕاینەوە و وتی:(دوو قوتابی ھەبوون لە پۆلێکداپێکەوە دادەنیشتن ز یەکتریان زۆر خۆشدەویست.یەکێکیان باوکی زۆر دەوڵەمەند بوو کە ھەمیشە بەجل و بەرگی جوان و گرانبەھاوە دەمانبینی .بەڵام گوێی بە خوێندن نەدەدا .

کە پێیان دەوت بۆچی کۆشش ناکەیت ؟بەپێکەنینەوە دەیوت:باوکم زۆر دەوڵەمەندە و چیم بوێت بۆم دەکات.بەڵام ھاوڕێکەی لەگەڵ ئەوەی کە کوڕی پیاوێکی ھەژار بوو ھەمیشە خەریکی کۆششکردن بوو یەکێک بوو لە قوتابییە زیرەکەکانی پۆلەکە. ساڵ ھات و چوو کوڕە دەوڵەمەندەکە بەھۆی لەخۆ بایی بوون و دەوڵەمەندی باوکییەوە نەیتوانی خوێندن تەواو بکات،بەڵام کوڕە ھەژارەکە بەسەرکەوتوویی خوێندنی تەواو کرد.کوڕە دەوڵەمەند پارەی زۆر وخانوی باش و ئۆتۆمبێلی جوانیان ھەبوو .بەڵام ئەمانە تاسەر نابن.پاش ماوەیەک باوکی نەخۆش کەوت و پارەیەکی زۆریان دا بە پزیشک و چارەسەر بۆی سودی نەبوو لەماڵوە لەسەر جێگە کەوت.

ئەرکێکی زۆر کەوتە سەر کوڕەکە،بەڵام نەیدەتوانی وەکو پێویست بە ئەنجامیان بگەیەنێت.بۆیە ھەر خەریکی پارە بەفیڕۆ دان و بەزم و خۆشی بوو زیاتر.تەماشای کرد پارە و سامان بەرەو کەم بوونەوە دەڕوات.ناچار ئۆتۆمبێلی فرۆشت..پارەی ئەویش تەواو بوو..تا زۆربەی کەلوپەلی ماڵیشیان فرۆشت .چونکە فێری کار و ھەوڵدان نەبوو بوو نەیدەتوانی ھیچ بکات.

زۆر بێزار بوو بوو.ڕۆژێکیان لەڕۆژنامەیەکدا ئاگادارییەکی بینی بۆ دامەزراندن لە فەرمانگەیەکدا.بۆیە بەخۆشییەوە ھەوڵیدا کە بچێت .رۆژانە بە عارەبانەیەکەوە خەریکی کار بوو زۆر ماندوو دەبوو.دەبووایە بژێوی بۆ خێزانەکەی پەیدا بکات.ئەوەبوو داخوازی نووسی و چووە بەردەم پرسگەی فەرمانگەکە.کە پرسیاری کرد فەرمانبەرەکە وتی ماوەکە تەواو بووە.ئەویش زۆر ھەوڵی دا بۆیە کردیە ژوورەوە.کە چووە ژوورەوە بەڕێوەبەرەکە تەماشای رۆژنامەیەکی دەکرد دەموچاوی لای ئەمەوە دیار نەبوو.ئەمیش داخوازییەکەی خستە بەردەمی و لەسەر مێزەکەی بۆی دانا.کە سەری بەرزکردەوە ئەم تەزوویوکی سارد بە گیانیدا ھات.بەڕێوەبەریش لەشوێنی خۆی ھاتە دەرەوە و باوەشی پێدا کرد و ئەملاولای ماچ کرد و داوای چای بۆ کرد.ئەمیش بەشەرمەزارییەکی زۆرەوە لە تەنیشتییەوە دانیشت و نەیدەزانی چی بڵێت.

چونکە ئەو قوتابییە ی کە لە پۆلدا لایەوە دادەنیشت و کوڕە ھەژارێک بوو،زۆر جار ئەم گاڵتەی پێدەکرد.ئیتر کەوتە قسە لەگەڵیدا و ھەوڵی باوکی لێ پرسی.ئەویش بە دەنگێکی نزمەوە وەڵامی دایەوە و ئەویش وتی فەرموو بزانم کارەکەت چییە با بۆت جێبەجێ بکەم..کە تەماشای داخوازییەکەی کرد.وتی بەداخەوە ھاوڕێ گیان ماوەکەی بەسەرچووە بەڵام تەنھا یەک کارمان ھەیە و ئەویش دڵم نایەت پێت بڵێم .ئەویش وتی بەقوربانت بم ھەرچییەک ببێت ئامادەم بیکەم.بەڕێوەبەریش وتی کارگوزاری ژوورەکەم خانەنشین بووە دەتوانیت ئەو کارە بکەیت؟ئەویش تەماشایەکی کرد و وتی ئامادەم .ئەویش وتی باشە قسەکانی مامۆستات بیر نایەتەوە کە دەیوت ئەوەی بەرز بفڕێت نزم دەنیشێتەوە.بۆیە بوو بە کارگوزار لای ھاوڕێکەی).




دەیەم ڕۆژی پڵنگەکان … چیرۆکی : زکریا تامر —وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

یەکەم ڕۆژ

پڵنگە دیل کراوەکە زۆر لە دارستانەکان دوور خرابۆوە، بەڵام نەیئەتوانی لە بیریان بکا، بە توڕەییەوە سەیری لە کۆمەڵێک پیاو ئەکرد کەبە بێ ترس چواردەوری قەفەسەکەیان گرتبوو و چاوویشیان پڕ بوو لە گەڕان بە دوای زانیاری زیاتر و یەکێکیان بە دەنگێکی لەسەرخۆی فەرماندار ئاسا قسەی ئەکرد:
…گەر بە راستی ئەتانەوێ ئیشەکەی من فێر بن کە “ماڵی کردنە” نابێ هەرگیز ئەوەتان لەبیر بچێ کە یەکەم ئامانجتان”مەعیدە”ی ڕکابەرەکانتانە،
بۆ ئەوەی بۆتان دەرکەوێ پیشەیەکی هەم قورس و هەم ئاسانە لە یەک کاتا،
سەیرێکی ئەم پڵنگە بکەن..پڵنگێکی دڕندەی لووت بەرزی لەخۆباییە ،شانازییەکی زۆر بە ئازادی و هێز و ستەمەکەیەوە ئەکات، بەڵام ئەگۆڕێت و وەک مناڵێکی بچوک ئەبێ بە ڕۆح سووکێکی گوێ ڕایەڵ..سەیرکەن و فێربن لە نێوان ئەوەی خۆراکی هەیە و ئەوەی نیەتی چی ڕوو ئەیات..
“پیاوەکان ووتیان هەمووان قوتابیەکی دڵسۆزی پیشەی(ماڵی کردن ئەبن)..”
راهێنەرەکە لە خۆشیا زەردەخەیەک گرتی ، ئەنجا ڕووی کردە پڵنگەکە و ووتی : وەزعی میوانە ئازیزەکەمان لە چیایە..!؟ ..
– پڵنگەکە ووتی: كاتی نان خواردنمە، خواردن بێنە….
ڕاهێنەرەکە بەسەرسوڕمانێکی دروست کراوەوە ووتی : تۆ دیلی منی و ئەمرم بەسەرا ئەکەیت..! پڵنگێکی هەزەلیت..ئەبێ درک بەوە بکەیت کە تەنها
“من” لێرە ئەتوانم فەرمان دەرکەم ، ،
پڵنگەکە ووتی : كەس فەرمان بەسەر پڵنگا ناکا..
ڕاهێنەر ووتی : لە دارستان ئا ، بەڵام تۆ ئێستا پڵنگ نیت ، کەکەوتویتە قەفەس ئێستا تۆ تەنها کۆیلەیەکی دوای فەرمانەکان ئەکەوی و ئەوە ئەکەیت کە من ئەمەوێ ،،
پڵنگەکەبە تووڕەییەوە ووتی :نابم بە کۆیلەی کەس
ڕاهێنەرەکە ووتی: لەبەر ئەوەی من خۆراکم هەیە ، تۆ ناچار گوێ ڕایەڵیم بکە
پڵنگەکە ووتی : خواردنی تۆم ناوێ!! ڕاهێنەرەکەش وەڵامی یایەوە : كەواتە با برسیت بێ، زۆرت لێ ناکەم بۆ شتێک کە نەتەوێ.. و ڕووی کردە قوتابیەکانی و ووتی: ئەبینن چۆن ئەگۆڕێت ، سەری بەرز مەعیدەیەکی برسی تێر ناکات..
” ..پڵنگەکە برسی بوو ، بەخەفەتەوە ئەو ڕۆژانەی بیر کەوتەوە کە وەک(با)
بێ هیچ ڕێگرییەک نیچیرەکانی ڕاو ئەنا…. ”
“”””””””’

دووەم ڕۆژ

ڕاهێنەر و قوتابیاکانی چواردەوەری قەفەسەکەیان گرت….. ڕاهێنەر ووتی:
“برسیت نیە..؟ مسۆگەر لە برسا ئێش و ئازارت هەیە ، بڵێ برسیمە تا ئەو گۆشتەی ئەتەوێ دەستت کەوێ…..” پڵنگ هیچ وەڵامێکی نەبوو..ڕاهێنەر
ووتی : بێ ئەقڵ مەبە و چیت پێ ئەڵێم بیکە، دان بنێ بەوەی برسیتە یەکسەر
تێرت ئەکەم،،پڵنگەکە ووتی: برسیمە . ڕاهێنەر بە پێکەنینەوە بە قووتابیەکانی ووت ” ئەوەتا ، کەوتە داوێکەوە لێی دەرباز نابێ” و فەرمانی کرد
گۆشتێکی زۆر بەن بە پڵنگەکە..
“””””””’
سێیەم ڕۆژ

ڕاهێنەرەکە بە پڵنگەکەی ووت : گەر ئەتەوێ خواردنی ئەمڕۆ ت دەست بکەوێ، چیت پێ ئەڵێم وا ئەکەیت ، پڵنگەکە ووتی : گوێ ڕایەڵیت ناکەم،
ڕاهێنەرەکە لە وەڵاما ووتی : پەلەمەکە داواکەم زۆر ئاسانە ، تۆ ئێستا لە قەفەسەکەتا ڕاکشاوویت ، کە ووتم ڕاوەستە ئەبێ ڕاوەستیت …………
” ..پڵنگەکە لەبەر خۆیەوە ووتی : داوایەکی هیچ و پوچە و ئەوە ناهێنێ کە کەللەڕەقبم و خۆم برسی بکەم..” ڕاهێنەر بەسەر و زمانێکی توڕەوە هاواری کرد : ڕاوەستە ، ” پڵنگەکە کەمێک لە شوێنی خۆیەوە ڕاوەستا ” ، تا ڕاهێنەر ووتی : ئافەرم ، کاتێ پڵنگ بە شپرزەییەوە کەوتە خواردن ، ڕاهێنەرەکە بە قوتابیەکانی ووت : چەن ڕۆژێکی تر ئەبێ بە پڵنگێک لە قاقەز ………….
“””””””””

چوارەم ڕۆژ

پڵنگ بە ڕاهێنەرەکەی ووت : برسیمە ، داوام لێ بکە ڕاوەستم. ڕاهێنەرەکە بە قوتابیەکانی ووت: ئەوەتا دەستی کردوە بەحەز کردن لە فەرمانەکانم..و ئەنجا ڕووی کردە پڵنگەکە و پێی ووت : گەر ئەمڕۆ لاسایی پشیلە نەکەیتەوە و نەمیاوێنی خواردن ناخۆی . توڕەییەک لە پڵنگەکە نیشت و لەبەر خۆیەوە ووتی : كات بەسەر بردنە کە لاسایی پشیلە بکەمەوە و دەستی کرد بە میاوین…
ڕاهێنەرەکە دەم و چاوی یا بە یەکا بەسەر ڕاوەشانەوە ووتی : لاسایی کردنەوەکەت خراپە تۆ قڕەقڕ بە میاوین ئەزانی!؟ پڵنگەکە جارێکی تر لاسایی میاوینی کردەوە ، بەڵام ڕاهێنەرەکە بە دەم و چاوێکی غەزەباویی و شێوەزارێکی ئیهانە کردنەوە ووتی : ” بێ دەنگ بە..بێ دەنگ بە ، لاسایی کردنەوەکەت بێ کەڵکە ، ئەمڕۆ بەجێت ئەهێڵم کە ڕاهێنان لەسەر میاوینی پشیلە بکەیت و بەیانی تاقیت ئەکەمەوە..دەرچویت خواردن هەیە دەرنەچویت خواردن نیە”
ڕاهێنەرەکە بە هەنگاوی لەسەرخۆ لە قەفەسەکە دوورکەوتەوە و قوتابیەکانیش بە چرپەچرپ و پێکنینەوە دوای کەوتن ، پڵنگەکەش کەوتە شیڕە شیڕ کردن ڕووەو دارستانەکان ، بەڵام کەس گۆێی لەو نەبوو……….
“””””””””
پێنجەم ڕۆژ

ڕاهێنەرەکە بە پڵنگەکەی ووت : دەی، گەر بە سەرکەووتویی لاسایی میاوینی پشیلەت کردەوە یەک پارچەی گەورەی تازەی گۆشت وەرئەگریت..،،،،،،،،،
پڵنگەکە دەستی کرد بە لاسایی کردنەوەی میاوینی پشیلە ، ڕاهێنەر چەپڵەیەکی لێ یا و بە دڵ خۆشییەکەوە ووتی : ئافەرم، تۆ گەورەیت ، هەر وەک پشیلەیەک لە (شوبات) ئەمیاوێنی، پارچەیەکی گەورەی گۆشتی
بۆ فڕێدا..
“”””””””””
شەشەم ڕۆژ

لەم ڕۆژەیا ، هەر کە ڕاهێنەرەکە لە قەفەسەکە نزیک بۆوە، پڵنگەکە دەستی کرد بە لاسایی کردنەوەی میاوینی پشیلە ، بەڵام ڕاهێنەر بە بێ قسە کردن دەم و چاوی یابو بەیەکا ، پڵنگەکە ووتی : ئەوەتا لاسایی میاوینی پشیلەم کردەوە،، ڕاهێنەرەکە ووتی : لاسایی(زەڕین) ی کەر بکەرەوە ، پڵنگ بە نارەزاییەکەوە ووتی ” من، پڵنگ، کە هەرچی ئاژەڵی دارستانە لێم ئەترسێت
لاسایی کەر بکەمەوە !!! “بمرم و نەک داواکەت جێ بەجێ بکەم”. بێ ئەوەی هیچ بڵێ ڕاهێنەرەکە لە قەفەسەکە دوور کەوەتەوە

“”””””””””’
حەوتەم ڕۆژ

ڕاهێنەر بە ڕوویەکی کراوەی دەم بەزەردەخەنەوە بەرەو قەفەسەکە ڕۆشت
بەپڵنگەکەی ووت :خواردنت ناوێ!؟ئەویش ووتی : با ئەمەوێ . ڕاهێنەرەکە ووتی ” ئەو گۆشتەی ئەیخۆیت باجی هەیە ، وەکو کەر بزەڕێنە تا خواردنت
دەستکەوێ..” …پڵنگ ویستی دارستانەکانی بێتەوە خەیاڵ بەڵام نەیتوانی، بە
چاوی داخراوەوە کەوتە زەڕین، ڕاهێنەرەکە ووتی : زەڕینەکەت باش نیە ، ،
بەڵام لەبەر ئەوەی بەزەییم پیاتا یەتەوە پارچەیەک گۆشتت ئەیەمێ ………
“””””””””

هەشتەم ڕۆژ

ڕاهێنەر بە پڵنگەکەی ووت:” سەرەتای خوتبەیەکم دەست پێ ئەکەم ، کە تەواو بووم ، وەک نیشانەیەکی بە دڵ بوونت چپڵەم بۆ لێ یە” ، پڵنگەکە ووتی: چەپڵە لێ ئەیەم . ڕاهێنەر دەستی کرد بە خوتبەکەی :” هاووڵاتیان ،
پێشتر و لە چەن بۆنەیەکی ترا هەڵوێستی خۆمان لەمەڕ هەموو مەسەلە چارەنووس سازەکانا ڕوون کردۆتەوە ، پیلانی لایەنە دوژمنەکان نە ئەم هەڵوێستە نەگۆڕە ئاشکرایەمان و نە بڕوابوونمان بە سەرکەوتن پێ ئەگۆڕێت”… پڵنگەکە ووتی : تێ نەگەیشتم ، ووتت چی !؟ ڕاهێنەرەکە ووتی:(هەرچییەک ئەڵێم ئەبێ سەرسام بی پێی و چەپڵە لێ بەیت..) پڵنگەکە
ووتی : “بمبورە ، لە دایکمەوە نەخوێنەوارم ، وقسەکانت جوان بوون چۆنت ئەوێ وا چەپڵە لێ ئەیەم ” و دەستی کرد بە چەپڵە لێ یان ..ڕاهێنەرەکە ووتی : دوو ڕوویی و دووڕووەکانم خۆش ناوێ ، لەمڕۆ بەدوا وەک سزایەک
خواردنت لێ ئەبڕدرێت..
“””””””””
نۆیەم ڕۆژ

ڕاهێنەر بە بارێک گژ و گیاوە هات و بۆ پڵنگەکەی فڕێ یا و ووتی : بخۆ…
پڵنگەکە ووتی : ئەمە چیە !؟ من گۆشت خۆرم ، ڕاهێنەرەکە ووتی : ” لەمەو
دوا هەر گژ و گیا ئەخۆیت” …کاتێک پڵنگەکە برسێتی زۆری بۆ هێنا ویستی گژ و گیاکە بخوات ، بەڵام بێزی لێ کردەوە و دوورکەوتەوە ، بەڵام جارێکی تر گەڕایەوە و ووردە ووردە چێژی لە خواردنەکەی وەرگرت …………………
“”””””””””’
دەیەم ڕۆژ
ڕاهێنەر و قوتابیەکانی و پڵنگ و قەفەسەکە وون بوون
پڵنگ بوو بە هاووڵاتی
و
قەفەسەکەش بە شار

دیسەمبەر 2018




له لێواری خۆشه ویستی … نوسینی: جیهان بن ڕابحی … وەڕگێڕانی: ئاری بابان

سه رم له سه ر شانت دانا
خۆر جێگایخۆی گۆری
کێبڕکێی لەگەڵ هەوردا ئەکرد
تا هێلانه یه کی بچوک دروست بکات
بەڕەنگی ئاو
ئه و کاته مردن
دەبێتە ژیان
هه موو گه ردوون
هی ئێمه بێت…..
منیش له سه ر شۆسسته ی وونبون
له گه ڵ تۆدا
خٶم ئه دۆزمه وه ئه ی باران
له گۆرانی به رده وام به
مانگ به ته نیشتمه وه
وا چوارده یه
قه له مه که م بێتوانایه
به جوانی مانگ دا
هه ڵبدات
به رده وام به له گۆرانی
په پوله کان
نایانەوێت بفڕن
شەمەندەفەرەکەش
جانتاکانی بەجێهێشت و رۆیشت
باڵندەکەش دڵخۆشە
چونکە دیلە..
دەهەستە
کەمێک دوورکەوەرەوە
تا لاوازی خۆم ببینم
ڕازیم کە خۆشەویستی نیە
درۆی نیسانە
کەمێک دوورکەوەرەوە
تا گوێم لەشەرمی هەناوی خۆم بێت
چۆن بتشارمەوە
شۆستەکان هەنگاوەکانمان
دەچنن
بارانیش
نۆتەکانی تەڕکردووەو
پیایی هەڵدەدات
دە پێمبڵێ
چۆن بتشارمەوە
لێوەکانت شەرابمەو
چاوەکانت هەستانە
چۆن بتشارمەوە
وەک کۆترێک
لە ئامێزم گرتبێت
ئه تدۆزنه وه
ئه ی باران …
به رده وام به له گۆرانی
خۆشه ویستیت فرێبده
لە ئاسۆدا خۆشەویستی
گەشە ئەکات
بۆن و بەرامەت واملێ ئەکات
له سه ر چیرۆکه کانی هه ور و
دوعای حیکایه ته کانی
خه و بمباته وه
چۆن دڵم دێت
من برۆم و
ئه و له سه ر پێخه فه کانی شه ونم
چاوه ڕوان بێت
تا له ژێر پاڵتۆکه ی دا
له ئامێزم بگرێ
باران ….باران
به رده وام به له گۆرانی
خۆشه ویستی فرێبده …
هه رچەند بیبینم
جانتاکانم فرێ ئه ده م و
ئاوێنه کانم ئه شکێنم
کە ماچی بکەم
دڵم بە پەلە لێ ئەدات
هیچ دیاریه کی ترم ناوێت و
نامه وێت




پارچه‌كانم كۆكه‌نه‌وه‌ … ستار ئه‌حمه‌د

ته‌نكه‌ی رۆحم بگرەو
گوللەیەكی تیا بچێنە
دڵم لەگڵێك خوڵقاوە
قەڵەمی تێدا سەوز نابێت
ئیتر مەكۆشە
بۆ شینبوونی
تۆوی ئەوین و تەبایی
من لەگەڵ خۆمدا لەشەڕم
لەگەڵ گیانی خۆمدا ئاشت نابمەوە
چۆن دەتەوێت ئاوێزانی جەرگمت بكەم
من نازانم خۆم چەند پارچەم
ناتوانم خۆم كۆكەمەوە
لەكەرتێكما با دەبارێ
زریان دەسووتێ
هەوار بەلادا دێ و
شووشەی دەروون دەشكێ
لەكەرتێكی ترما
مێز دەڕازێننەوە
پارە بەسەر مێدا دەكەن
كچ دەفرۆشن
خاك هەڕاج دەكرێ
نانی نەداران دەبڕن
شیر لەدەمی مناڵ دەگرنەوە
زار لەرەگەوە هەڵدەكێشن
نووسەر بەسەر بەردا رادەكێشن
كەرتەكانی لەشم بۆ ناژمێررێ
كەركوك ” كۆبانێ‌
ستجار ” دیاربەكر
بادینان ” سۆران
كویستانم یان گەرمیان
من دوو هەزار سەرو
ملیۆنێك جەستەم
بەڵام یەك رۆحم تێدا نییە
جەستەم بناسێتەوە
لەقامیشلووەوە هەتا زوممار
تەنی منەو لەدار ئەدرێ
لەخەلیفانەوە هەتا بۆكان
مێنەی منەو ئەتك ئەكرێ
جامانییەكانتان داكەنن
ئیتر بەسە
ئاڵاكانتان ریسوا مەكەن
سەرتان بووە بەداعش و
دڵتان بەئەتاتورك
دەستێكتان ژێر دەستەی خۆرئاواو
ئەوی دیكەتان خۆرهەڵات
خێراكەن كۆمكەنەوە
مەمكەن بەچیایەك
پڕم مەكەن لەباڕخانەو
سەماكەرو
خۆ كوژەكان
بمكەن بەدادگای ماف و
هەڵەبجەیەك لەناخمدا پاراو بكەن
كەركوكێكم لێ دروست كەن
ببێتە باوانی ئێزدی
مەسیحی و قەڵەم و
شیعرو گوڵ
هەتا كەی
لەپارچەكانی مندا
گوللە ببارێ
رەز بسووتێ
هەناوم ببێتە هێلانەی داڵاش و
روومەتم ردێنی خوێناوی دەربێنێ
ئەمە چ زەمەنێكە
رۆژێكم سات كوژەو
كاتێكم رووخان
دەمێكم سەربڕین
ئەمە چۆن كارەساتێكە
شەوانم پێشمەرگەو
رۆگارم داعش و
سەرمانگم قوربانی
سەر ساڵم كۆچبارو هەڵفڕین
وەرە ئیتر تەواو
لەمە زیاتر لێكم مەترازێنە
پارچەكانم وردو خاش بوون
من دڵێكم لەشووشە
بەبەفر پینە ناكرێم
جەرگێكم لەئاورێشم
بەئاگر زامەكانم ساڕێژ نابن
خۆت لەقەرەی ناخم مەدە
كەسیشم نەبێت
دەروونم دەبێتە لاقاو
ناخم خاكێكی ئاگرین
دەتسووتێنم
بەرووی تۆو
هێرشبەرا ئەتەقمەوە
دار گوێزێكم
هەموو ساتێك دەژێمەوە
دەبمە سەنگەری پێشمەرگەو
داڵدەی كوردان
دەبم بەكەركوكی گڕو
رۆح و هەناوی كوردستان

ستار ئه‌حمه‌د