“مەسەلەى ویژدان”ى ئەحمەد موختار جاف …. کاوە جەلال

1

“مەسەلەى ویژدان” چیرۆکی ژیاننامەیی زۆراب ناوێکە، کە بەدپەیوەندییەکانى ژینگەکەی ناهێڵن ڕێگەى ژیانێکى بەویژدان بگرێتە بەر، بەڵکو دەیکەن بە دەسەڵاتخوازێکى کوێر، کە ئیدی بەو ڕێیەوە لە خۆى و مرۆڤ و جیهان نامۆ دەبێت.
زۆرابی “مەسەلەى ویژدان” لە قەزایەک دێتە جیهانەوە. ئەو هێشتا منداڵ دەبێت، کاتێک باوکى لە “شەڕى گەورە”دا دەکوژرێت. ئەم کارەساتە دایکە بێوەژنەکەى ناچار دەکات خۆى بخاتە ژێر بارى کار، تاکو کوڕە هەتیوەکەى پێبگەیەنێت، لێ هێندە ناخایەنێت کە دایکیشى دەمرێت و بەتەواوى هەتیو دەکەوێت. دواى ئەم ڕووداوە چەند خزمێکى دەیگرنە خۆیان و “لە ئینسانیەتى خۆیانەوە نان و پیازێکى” پێ ڕەوا دەبینن، لێ نایانەوێت تا سەر بەخێوی بکەن، بۆیە کاتێک تەمەنى زۆراب کەمێک پتر پێدەگات، ئیدی جارجار بەگوێدا دەدەن، کە گۆیا بووە بە “پیاو” و کاتى ئەوەى هاتووە بڕوات گوزەرانى خۆى دابین بکات. زۆراب بە ناچاری خزمەکانى جێدەهێڵێت: “بێ دایک و باوک، بێ خزم و کەس فڕێ درامە ئەم جیهانە سەختەوە بە شوێن ئەرکى نان پەیداکردندا” (لا 14).

لێ زۆراب سەرەڕای ئەوە تەنیا ناکەوێت. ئاشنایەکى دێرینی باوکى کە ژیانى نالەبارى ئەو دەبینێت و هەروەها بیستوویەتی کە ئەم کوڕە کەمێک خوێندەواریى هەیە، لاى لێ دەکاتەوە و دەیبات بۆ لاى بازرگانێک، تاکو وەک شاگرد لە کاروبارى دوکاندا یارمەتیى بدات. بەم شێوەیە ئێستا شاگردێتی بۆ زۆراب دەبێت بە دەرفەتێک تاکو جیهانی دەوری لە نزیکەوە بناسێت و ببینێت کە چە بێدادى و بێویژدانییەک لەو ژینگەیەدا تەنیونەتەوە.
وەستای زۆراب لە فرۆشیاریدا پیاوێکى فێڵبازە، لێ بەتایبەتى فێڵ لەو کشتیارە نەخوێندەوار و دواکەوتووانە دەکات کە دێن بۆ قەزا تاکو شمەکى لا بکڕن. ئەم وەستایە هێندە گرنگی بە حەڵال و شەریعەت نادات، بە بڕواى ئەو هەر شتێک گوزەران ئاسان بکات، “جائیز”ە، ئەوە بێگومان بە مەرجێک کە کوشتن و ناموسبردنى تێدا نەبێت. ئەى مەسەلەى ویژدان؟ ئەمە مەسەلە نییە.

لێ نەسازیى قووڵتر لە نێوان وەستا و شاگرددا هەیە. شاگردى خوێندەوار بە وەستاى دەبێژێت، کە دەتوانێت حساباتى لە دەفتەرێکدا بۆ ڕێکبخات، تاکو بزانێت لەتەک چە کەسانێکدا پەیوەندیى بازرگانیى هەیە، لێ وەستا لە وەڵامی پێشنیارەکەی ئەودا “دەفتەر”ى خۆى دەردەهێنێت: گڵۆڵەیەک بەنى پارچە پارچە کراو، کە هەر پارچەیەکى ڕەنگێکى هەیە و بە گرێى ورد و ناونجى و درشت بوونیادى داوە، ئەوجا دەبێژێت:
“ئەم دەفتەرە هەر یەک ڕەنگى، عەلامەتى ناوى یەک شەخسى قەرزارە، وە هەر یەک گرێى عەلامەتى میقدارى قەرزەکەیە (…). کە چاوم کەوت بە قەرزارێ یاخو شەخسێ کە حسابم لەگەڵیا بێت، دڵم خورپەى تێ ئەکەوێت” (16).

ئەمە شێوازى وەستایە لە بازرگانیدا، باوک و باپیریشى هەر ئەوها کاریان کردووە. لێ ئەم “جۆرە ئەقڵیەتە” زۆراب تووشى خەفەت دەکات:
“… لە دڵى خۆمدا زۆر موتەئەسیر بووم لەم تەقلیداتە کە ئەوەندە لە مێشکماندا جێگیر بووە کە (…) نەخوێندەوارى ى بەسەر خوێندەواریدا” لا باشترە. لێ وە نەبێت ئەم کێشەیەى “تەقالید” تەنیا نەخوێندەوارەکان بگرێتەوە، نەخێر: کەسانێکى فرە بەوە “مەشهورن” کە گۆیا خوێندەوارن، کەچی هاوشێوەی نەخوێندەوارەکان ڕەفتار دەنوێنن. (لا 16)
وەستاژنیش وەک مێردەکەى تەمبەڵ و پنتییە، هاوکات بەردەوام خەریکى لاسایى ژنانى دیکەیە: هەر پۆشاکێکی نوێ لەبەر ژنێکى دیکەدا ببینێت، ئارامی لێ هەڵدەگیرێت و یەکسەر مێردەکەى ناچار دەکات کە بۆی بە دوورین بدات. لێ وەستاژن هێندە چڵێسە کە نابینێت پێویستە ئەو پۆشاکە پڕ بە بەرى خۆى بێت: “کە وەختێ ئەیکردە بەرى، ئەوەندە درێژ بوو لە پاش و پێشەوە نیو گەزى بەناو قوڕاودا ئەخشا وە لە مودەتێکى کەمدا خراپ ئەبوو” (لا 17). جگە لەوە وەستاژن پیسوپۆخڵە و پرسی تەندروستى بە درۆ و پرۆپاگەندەى “مەکتەبلیەکان” دادەنێت؛ بە دیدی ئەو گەر کەسێک تووشى نەخۆشی ببێت، ئەوا تەنیا “دوعایەک” یان سەردانی “شەخسێک”ی گەرەکە.
زۆراب حەوسەڵەى مانەوەى لەم پەیوەندیەدا نامێنێت و دەڕوات دەبێت بە شاگردى بازرگانێکى دی. ئەمیان بە رواڵەت پیاوێکى باشە و هەرگیز نوێژ و ڕۆژوو نافەوتێنێت، لێ لە کرۆکدا پیاوێکی دەستبڕ و ساختەچییە:
“ئەو گەزە کە کوتاڵى پێ ئەفرۆشت لە گەزى خەڵکى کورت تر بوو، وە هەر وەقتێ معامەلەى توتن یان شتێکى ترى لەگەڵ فەقیرێک بکردایە، تێ ئەفکریم خەریکە بەتەواوى مەحوى بکاتەوە” (لا 19).
ئەحمەد موختار لەتەک ئەم وەستایەشدا زۆراب دەخاتە ناکۆکییەوە، بە تایبەتی لە ڕووی خوێندەوارییەوە. زۆراب هانی وەستای دەدات کە کوڕەکانى بنێرێت بۆ خوێندن، لێ ئەو وەڵامی دەداتەوە:
“هەتیو دیارە تۆیش بە واسیتەى ئەو کوێرە خەتەوە ئەحمەق بوویت. کوڕى من خوێندنى بۆ چیە؟ ئێمە کاسبین (…). بۆچى کافرى بکەم وەکو گاورەکان لە هاوینا قاچ و سەریان ڕووت بکەن؟ ئێمە هەر چلۆن بووین ئەبێ وەها بین” (لا 19).
لێ لەم کۆمەڵەی زۆرابدا تەنیا بازرگانەکان یان بەگشتى دەوڵەمەندەکان بێداد و بێویژدان و دواکەوتوو نین، بەڵکو هەژارانیش. بۆ نموونە ئەو کشتیارانە کە لە گوند لەسەر موڵکى وەستاى زۆراب یان موڵکى کەسانى دی کار دەکەن، سێیەکى ئەو تۆوە کە بۆ چاندن لە موڵکدارى وەردەگرن، بۆ خۆیان وەلاوەى دەنێن و دەیفرۆشن، واتا دەیدزن. کاتێک زۆرابى ساویلکە پێیان دەبێژێت، کە ئەو ڕەفتارەى ئەوان دەینوێنن بێویژدانیە، ئەوان لە وەڵامدا دەبێژن: “بەحسى ئینسانیەت و ویژدان (…) لێرە پارە ناکات” (لا 21). لە کۆتاییشدا بۆچوونى ئەوان ڕاست دەردەچێت، چونکە زۆراب خۆى بەم ساویلکەییەی تێوە دەگلێت و بە دزى خەرمان دادەنرێت.
زۆراب لەم ئەزموونەوە کەمێک “بێدار” دەبێتەوە و دەگات بە مەئریفەیەکی تاڵ: “سەداقەت خیانەتە و خیانەت سەعادەتە” (لا 22).

بێگومان لەم پەیوەندییانەدا بازرگانەکانیش پارەیان لێدەکێشرێتەوە. بۆ نموونە وەستاى زۆراب توتنەکەى بۆ “تەدبیرچى” لە شار دەنێرێت، لێ تەدبیرچى بە ئارەزووى خۆى پارە بۆ وەستا دەنێرێتەوە. زۆراب لەم لایەنەشدا لە پێش ئەوانەوەیە و بە وەستاى دەبێژێت، کە ئەو خۆى دەتوانێت کۆمپانیایەک پێکەوە بنێت و بەو ڕێیەوە توتنەکەى بە فرۆشتن بدات، ئەوجا مەکینە “ئیستیراد بکات” تاکو بە بەشێکى توتنەکەى جگەرە بەرهەمبهێنێت و بەمەش خۆى سوود لە قازانجەکەى وەربگرێت. لێ وەستا وەڵامى دەداتەوە:
” – عەزیزم دیارە تۆیش وەکو مەکتەبلیە شێتەکان وایتە. ئێمە باوک و باپیرمان هەر وەهایان کردووە، خۆشمان ئەبێ وا بکەین!
– قوربان عەقڵی باوک و باپیرمان بۆ زەمانى خۆیان باش بوو، بە کارى ئێستا نایەت. عەجەبەن تفەنگى قەپاغلى باشە یان موعەددەل ماووزەڕو مەترالیۆز (..)؟ سوارى کەر باشترە یاخود ئوتومبیل؟

– هەزار قسەى وەها بکەیت عەقڵى کۆن لە عەقڵى تازە باشترە!” (لا 26 بەدوواوە).
زۆراب لە سەرەنجامدا ئەم بازرگانەش جێدەهێڵێت و دەگوازێتەوە بۆ قەزایەکى دیکەى هەمان لیوا. ئەم قەزایە سروشتێکى دڵگیرى هەیە، لێ زۆر پیسە، چونکە تێیدا زبڵ بە هەموو لایەکدا ڕژاوە. زۆراب لێرە بڕیار دەدات کە سەرمایەى “کوێرە خەتەکەى” بخاتە گەڕ تاکو گوزەرانی خۆی دابین بکات، لێ قایمقام بیانووى پێدەگرێت، کە گۆیا خەتەکەى ناخۆشە و بۆیە گەر “واز لە دەستبڕین نەهێنێ”، ئەوا بە “قانونى عەشایەر” حوکمى دەدات (لا 29). زۆراب لە وەڵامى قایمقامدا دەبێژێت، کە قانونی عەشایەر تایبەتە بە شەڕى نێوان دوو عەشیرەت یان کێشەیەک کە بە “قانونى مەدەنى” چارەسەر نەکرێت، بۆیە ئەو یاسایە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوی کاسبەوە نییە. ئەم وەڵامە قایمقام تووڕە دەکات، بۆیە چەند کەسێکى بۆ بانگ دەکات تاکو تەمێى بکەن. لە کۆتاییدا بۆ زۆراب ڕووندەبێتەوە، کە خەتەکەى خۆى لەوەى قایمقام خۆشترە.

زۆراب دۆستێکى دەبێت، کە بە کەفالەت لە پۆلیسخانە بەرى دەدات. ئێستا ژیانى زۆراب بەدووى ئەم ئەزموونە و “لەتەک ئەم دۆستە”دا گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەردا دێت. ئەم پیاوە کە شارەزای پەیوەندییەکانى کۆمەڵە و دەزانێت چۆن کاروباری نێو دەوڵەتەکەیان بەڕێوەدەچن، بە زۆراب دەبێژێت، کە خەفەت و دۆشدامان هیچ سوودێکیان نیە، بەڵکو دەبێت بە “بەرتیل” و “تەشەبوس” جێی خۆی بکاتەوە. لە ڕاستیدا زۆراب پاشان دەبینێت کە چۆن بەریتل و تەشەبوس ڕێزى بۆ دابین دەکەن و لە قایمقام نزیکى دەخەنەوە. هەمان قایمقام کە پێشتر زۆرابى فڕێدایە گرتووخانەوە، فەرمان دەردەکات کە جگە لە “زۆراب ئەفەندى” هیچ کەس مافى ئەرزوحاڵنووسینى نیە. دواى ئەم فەرمانە دوو ئەرزوحاڵچى بێکار دەکەون و ئەمەش زۆراب “موتەئسیر” دەکات، لێ هاوکات مەئریفەیەکی نوێى تاڵ لەنێو هۆشیدا دەپشکوێت:
“هەموو شەخس سەعادەتى خۆى لە فەلاکەتى هاوجینس و هاوزمانى خۆیدا ئەبینێ، منیش سەرفى نەزەرم کرد لە ویژدان و ووتم: بە جەهەننەم ئەمرن لەبرسا!”؛ ئاخر بۆ ئەوەى مرۆڤ “مەسعود” بێت، دەبێت “تابعى موحيط” بێت (32)
زۆراب بە وازهێنانى لە پرسیارى ویژدان دەبینێت، کە بەردەوام دەوڵەمەندتر دەبێت، لێرەشەوە بە تەواوى بۆ دەسەڵاتى پتر دەوروژێت. لێ ئەو هێشتا نەشارەزایە و پێویستی بە ڕاوێژی دۆستەکەیەتی، بۆیە تووشبوونی خۆی بە دەردى دەسەڵات بۆ ئەو ڕوون دەکاتەوە، دۆستەکەشی دوو وەڵامى گونجاوى وەک چارەسەری ئەو دەردە هەیە: پارە، ئەوجا درۆزنى و خیانەت و پاشقول. ئەوەى یەکەمیان تا ڕادەیەک بۆ زۆراب ئاسانە، چونکە بڕێک پارەى کۆکردۆتەوە، لێ ئەوەى دووەم کەمێک بە زۆراب نامۆیە. سەرەڕاى ئەمە زۆراب تازە بڕیارى خۆى داوە، بۆیە دەست دەداتە درۆزنى و خیانەت و بەجێگەیاندنى ئەو پلانە کە دۆستەکەى بۆى دادەنێت. لێ لەبریى ئەوەى زۆراب بەم بەدڕەوشتییە بەدناو ببێت، بە پێچەوانەوە پتر ڕێز پەیدا دەکات و ئەهالی پتر بڕواى پێدەکەن!

گەرچى زۆراب دەبێت بە پیاوێکی درۆزن و دەست دەداتە خیانەت لە هاومرۆڤەکانى، هەروەها گەرچى ئەو بە ڕاستى چێژ لەو ڕێزە، واتا لەو دەسەڵاتە دەبینێت کە بە رواڵەتى فێڵبازانە بۆ خۆى چێیکردووە، لێ هێشتا هەر پرسیارە پرنسیپیەکانى نێو هۆشى سەرهەڵدەدەنەوە و دەیبزوێنن بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ لەتەک کەسانى دیکەدا، بۆ نموونە لەتەک مەلایەکی مزگەوتدا لەبارەى “زمان”، هەروەها لەبارەی ئەو پرسیارە کە داخۆ چۆن کەسانى سادە لە ئایین تێبگەن. زۆراب بەم هۆیەوە تووشى گرفتێکی کوشندە دەبێت: کاتێک مەلاى مزگەوت ئایەت و حەدیس دەخوێنێتەوە، ئەوا زۆراب هەڵدەداتێ و بە مەلا دەبێژێت، کە ئەو ئەرەبى نازانێت، بۆیە باشترە مەلا ئەو ئایەتەى قورئانى بە کوردى بۆ ڕوون بکاتەوە. زۆراب لە ئەنجامى ئەم داواکارییەدا بە “کافر” دادەنرێت و کوشتنى وەک “غەزا” دەبینرێت. لێ ئەم جارەش دۆستەکەى بە هانایەوە دێت، دەیبات بۆ لاى مەلاکە و چەند مەلایەکى دى، تاکو شایەتمانى پێبهێننەوە و پاشان لێى خۆش ببن.

زۆراب بەردەوام لەنێو “خەیاڵى گەورەیى و مەئموریەت”دا نقووم بووە، بۆ ئەم مەبەستەش – لەسەر ڕاوێژى دۆستەکەى – پەرە بەو گەمەیە دەدات کە خستوویەتیە گەڕ، واتا پەیوەندییەکانی لەتەک کاربەدەستاندا فراوانتر دەکات. زۆراب بەم شێوەیە پلەیەک بەرز دەکرێتەوە بۆ ئاستی “وەزیفەى تەحسیلدارى” (باجکۆکردنەوە)، بەدووی ئەوەشدا دەکەوێتە ڕووتاندنەوەى خەڵکى نەخوێندەوارى گوندنشین و لە ماوەیەکى کەمدا بڕێکى گونجاو پارە پێکەوەدەنێت. لێ هێندە ناخایەنێت کە زۆراب تێدەکەوێت: کاربەدەستێکى بەرز لە سەنتەرى لیواوە سەردانی ئەو قەزایە دەکات تاکو پرسە بەڕێوەبەرایەتییەکان بپشکنێت، لە میانەی ئەم لێپرسینەوەیەشدا زۆراب و چەند مووچەوەرگرێکى دی تێدەکەون و لە کار دەردەکرێن، هاوکات بڕیار دەدرێت بەهۆى خراپەیانەوە لەتەک خەڵکدا بە دادگا بدرێن، لێ کاربەدەستانى قەزاکە هەڕەشە لە دانیشتوان دەکەن کە نەچن بۆ دادگە و لە دژى هەڤاڵانیان شایەتى بدەن. بەم شێوەیە تاوانەکانیان بەسەردا ساغناکرێنەوە.

گەرچی زۆراب لە وەزیفەى باجگری دەردەکرێت، سەرەڕای ئەوە نایەوێت پلەیەک دابەزێتە خوارەوە و دەستبکاتەوە بە نووسینى ئەرزوحاڵ. ئێستا لەنێو ئەم دۆخەدا کە ئەو تێى کەوتووە، هۆشى فێڵبازانەى “پتر” بێدار دەبێتەوە: زۆراب بڕیار دەدات خۆى وەک نیشتمانپەروەر دەربخات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستێک پۆشاکى مۆدێرن دەپۆشێت و باستۆنێک (گۆچانێک) بەدەستەوە دەگرێت، هەروەها جانتایەک پڕ دەکات لە کاغەزى سپى و کتێب بەبێ ئەوەى بتوانێت زۆرینەى ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە، ئەوجا دەکەوێتە گەڕان بەنێو بازاڕ و ماڵان و قاوەخاناندا، بە کورتی بۆ هەر کوێ بڕوات، لەوێ تەنیا باسى نیشتمان و ڕزگارى، یان چێژى سەربەستى و ئازادى دەکات. زۆراب بەم ڕێیەوە ناوبانگ پەیدا دەکات و چە حکومەت و چە خەڵک وەک پیاوێکى نائاسایى دەیبینن، لێ:
“بێ خەبەر بوون کە پرۆگرامى من هەر ئەوە بوو کە تەعین بکرێم بە مەئمور و تیکرار دەست بکەمەوە بە خواردنى خوێنى میللەت، وە پارە گلێر بکەمەوە بۆ خۆم” (لا 41).
ئەم فێڵەى زۆراب سەردەگرێت. حکومەت بە “رەئیسى قەزا” دایدەمەزرێنێت، ئەویش ڕاستەوخۆ بەدووی ئەوەدا ڕوخسارى ڕاستەقینەى دەردەخات، بێگومان شێتگیرتر لە پێشوو. ئێستا زۆراب بە ڕادەیەک بەدجۆر دەبێت، کە ئیدی تەنانەت کیین لە فێرخوازى و فێرخوازانى فێرگەکان هەڵدەگرێت، چونکە وەک هاڤرکێکەرى ئایندەیی دەیان بینێت.
زۆراب لەنێو جیهانە گچکەکەى قەزادا لوتکەى دەسەڵات دەگرێت، لێ لەبەر ئەوەى ئەم قەزایە سەر بە دەوڵەتێکە بە پۆستى فەرمیی بەرزترەوە، ئەوا زۆراب لەسەر پەیژەى پۆستە فەرمییەکان ئارامى بۆ پۆستى بەرزتر لێدەبڕێت، بەڵێ تەنانەت دەیەوێت بگات بە پۆستى ئەندامى پەرلەمان یان پۆستێک لە وەزارەتێکدا وەربگرێت. جگە لەوە زۆراب هێدی هێدی لەو جیهانە گچکەیەی قەزادا توشی وەڕسی دەبێت، بۆیە بە تەنیا دەڕوات بۆ پیاسە و لە سروشتى گەشاوەی بەهاردا لە ژیانى خەڵک و ڕابواردنیان دەڕوانێت. ئێوارەیەک لە کەنارى ئاوێکدا دەروێشێک دەبینێت کە سەرنجی ڕادەکێشێت، بۆیە دەڕوات بۆ لای و لەتەکیدا دەکەوێتە گفتوگۆ. فەلسەفەى دەروێش ئەوەیە، کە تەنیا جیهان وەک خۆ ماوەیە و “پیر نابێت”، بە پێچەوانەوە مرۆڤ پیر دەبێت و لەکاردەکەوێت.

جگە لەوە گەرچى مرۆڤ لەنێو سەرجەم زیندەوەرەکاندا کە سروشت پەروەردەى کردوون، هەستى زۆرترە و هاوکات ئاوەزدارە، لێ هێشتا بڕێکى زۆر لە مرۆڤ وەک وەحشى ماوەتەوە، ئەو کەسانەش کە باوەڕ دەکەن گۆیا “تەکامولیان کردووە”، وەها نین، چونکە هەوڵ نادەن کەسانی نەزان بێدار بکەنەوە و بەرەو ڕزگارییان بەرن. سروشت بۆ دەروێش شوێنێکى کراوەى ژیانە، کە بە ویستى کردگارێکى سەرجیهانى ئافرێنراوە، هەروەها ڕوانین لە گەردوونى بێدوایەکى زۆر جوانترە لە ڕوانینى ژوورێکى داخراو کە دەشێت زۆر شتى تێدا بن و مرۆڤ زۆردارانە پەیداى کردبن.
زۆراب ئەفەندی بە دەربڕینەکانی دەروێش “مات و مەلوول” دەبێت، سەرەڕاى ئەوە کاریگەرییەکى ئەوتۆ لە ناخیدا جێناهێڵن، بە پێچەوانەوە پلانى داهاتووى ئەوە دەبێت، کە چۆن بە فێڵێکى نەخشەمەند سێ پارچە موڵکى پیاوێک داگیربکات.

ناوبانگی زۆراب ئەفەندی لەو جیهانە گچکەیەى قەزادا تەنانەت بە منداڵان دەگات. بۆ نموونە دوو منداڵ کە تازە چوونەتە فێرگە، دەکەونە گفتوگۆ لەبارەی زۆراب و یەکێکیان بە خودای دادەنێت، چونکە کەس لاریی لە ئەو و شێوەی دەسەڵاتنواندنی نییە، بەڵی تەنانەت هەموو “بە حیددەت و لوتفى” ئەو ڕازین، بۆیە کەس لەدژی ڕاناپەڕێت و مافی خەڵكی لێ بسێنێت. لێ منداڵەکەی دی لەو بڕوایەدایە کە:
– “… ئەم زۆراب ئەفەندییە مەئمورێکە لە تەرەف حکومەتى خۆیەوە تەعین کراوە، قانوونێکى دراوەتە دەست معامەلەى پێ بکات. ئەمما چونکە لە موحيطى ئێمە قانونەکە بە زوبانى خۆیان نیە، وە لە مەعناى نازانن وە یاخود خوێن لە وجوودیاندا نیە، وە لە تەڵەبى هەقى خۆیان عاجزن (بێتوانان)، هەزار زوڵم و زۆر بکات کەس دەنگ ناکات، لەبەر ئەوەتە ئەوانەى کە بێ عەقڵن بە خوداى ئەزانن. ئەگەر ئەو کابرایە کە تۆ بە خوداى ئەزانى لە بەعزێ مەملەکەتى موتەمەدیندا بێ، حەتا حەماڵیشى دەست ناکەوێت.
(…)

– بۆچى لە زۆراب ئەفەندى عالمتر لەم موحيطه دا نیە؟

– بەڵێ هەیە، لاکین ئیحتمال ئەوەى کە وا ئەو قبوڵى ئەکا، خوێندەوارەکان تەحەمولى ناکەن! ئەمما هیچ عاجزیش مەبە رۆژێک ئەبێت حەقیقەت جێگەى خۆى بدۆزێتەوە و ئەم میللەتە فەقیرە بێدار بێتەوە و ئەم نەوعە میقرۆبانە دەفع بکەن، چونکە ئەم زوڵمە کە ئەمانە کردوویانە بە پیشە، ئاخرى ئەهالى مەجبوور ئەبن بە فیکرکردنەوە بۆ پەیداکردنى رێگەیەکى نەجات، چونکە حەپس تا زیاتر ئەزیەتى بکەن زیاتر تفیکر ئەکاتەوە بۆ رێگەى وەسیلەى فیرار” (لا 53 بەدواووە).
زۆراب ئەفەندی بە ڕاستی گفتی پۆستێکى بەرزترى لە دەوڵەتدا پێ بدرێت. لێ دوا ئێپیزۆدى “مەسەلەى ویژدان” سکاڵاى دوو کیژە لە دەست کەسانیان، کە ناچاریان دەکەن بە هۆى شەڕی عەشایەرییەوە شوو بە دوو کوڕى عەشیرەتى دوژمنیان بکەن، تاکو ئەم عەشیرەتەش دوو کیژ لە خۆیان بە دوو کوڕى کوژراوەکانى عەشیرەتەکەیان بدات. لێ زۆراب ئەفەندى کە گوێی لە سکاڵای ئەو دوو کیژەیە، خۆی دێتە گۆ:
“بێ خەبەر بوون کە خودا ئەوەندە سەبرى هەیە هەزار شتى وەهاى قبووڵ کردووە و ئەیکات، وە ویژدانیش تەنیا ئیسمى هەیە و کەس بە چاو نەى دیوە! کوڕەکانى عەشیرەتى ئەو لا لەگەڵ کچەکان بیستبوویان من لەو رۆژانەدا وام لەوێ، بە هەر نەوعێک بۆیان مومکین بوو بوو، خۆیان نەجات دابوو و فیراریان کرد بۆ هاتنە لاى من. ئەوەڵەن کچێکیان کە زۆر جوان و مەحبووبە بوو پێى ووتم: “جەنابى رەئیس ئەمڕۆ زۆر بەختیارین کە جەنابى عالیتان تەشریفى هاتووە بۆ ئەم ناوە، چونکە ئومێدمان وایە و بە تەحقیق ئەزانین کە هەقى مەزڵووم لە زاڵم ئەسێنى”. (58 بەدواووە)
لێرەدا “مەسەلەى ویژدان” تەواو دەبێت!

2

“ئێمە هەر چلۆن بووین ئەبێ وەها بین” – ئەمە شێوازێکى سوننەگەرای ژیان و هزرینە و بەوە ڕەوایەتی بە خۆی دەدات کە گۆیا پابەندی بنەما ئەزەلیەکانی خودایەتییە. “ئێمە هەر چلۆن بووین ئەبێ وەها بین” – ئەمە شێوازێکى سوننەگەرای ژیان و هزرینە کە ڕیتمى باوى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر ڕێسای “ڕاهاتن” درێژە پێدەدات. لێ ئەم شێوازەى ژیان و هزرین لە کرۆکدا بۆگەنی کردووە و نوێنەرانی تەنیا بە رواڵەت جەختی لێ دەکەن، تاکو بە پیاوی یان ژنی چاک دابنرێن. بۆیە ئەم شێوازەی ژیان و هزرین مەترسییەکی گەورەیە بۆ هەر نەوەیەکى نوێ کە لەو ژینگەیەدا پێدەگات: زۆر دەشێت ویژدانی کول و ئەخلاقی بەد ببێت. ئاخر نەک تەنیا دەوڵەمەندەکان، بەڵکو هەژارانیش بێداد و بێویژدان و ساختەچین، بەڵێ خێزانەکان بەگشتی پنتی و نامەدەنی و دواکەوتوون، بۆیە لەو وڵاتەدا گوند و قەزا و شار داوەشاون. خێزانەکان کە توخمی دەوڵەتن، لە چییەتی خۆیانەوە دامەزراوەی دەوڵەتییان بنیاتناوە کە ئاشکرایە کاڵایە بەپێی باڵایان: چۆن خۆیان دواکەوتوو و ساختەچی و پاشقولگرن، بە هەمان شێوە دەوڵەتیش تەنیا بە بەرتیل و تەشەبوس، بە مەرایی و جووتکردنی پێڵاو بۆ خاوەن پۆستەکان بەڕێوە دەچێت. لێ ئەم دەوڵەتە لە ڕووى نەتەوەییەوە ناتەبایە (هێتەرۆگێنە) و تێیدا گەلێک و کولتوورەکەی بەسەر گەلێکى دیکەدا سەروەر کراون. ئاشکراترین نیشانەی ئەم سەروەرییە لەوەدایە کە زمانى یاساکان، لە پێش ئەمانیشەوە زمانى ئایین، بەسەر گەلى ژێردەستدا سەپێنراوە و لێى تێناگات. گەلی ژێردەست هەر نازانێت ئەو ئایینە چییە.

ئەحمەد موختار جاف لە “مەسەلەى ویژدان”دا سەرجەم ئەو پرسە دیارهێنراوانەی سەرەوە بە “پەڕێنراوەیى” لە دیالێکتیکى مرۆڤ و کۆمەڵەوە هەڵدەداتەوە. لێ “مەسەلەى ویژدان” لە جیهانبینییەکی ئایینییەوە داڕێژراوە کە جیاوازە لە ئیسلامى سوننی. ئەحمەد موختار ئەم جیهانبینییەی خۆی لە زاری دەروێشەوە ڕادەگەیەنێت: تەنیا گەردوونی بێدوایەکی (ناموتەناهی) سەرجەمێکە کە تایبەت نییە بە لەناوچوون، بە پێچەوانەوە تاکانی ڕەگەزەکانی نێوی، وەک تاکی مرۆڤ، تاکی ئاژەڵ و تاکی ڕووەک، تایبەتن بە لەناوچوون. مرۆڤ دێتە جیهانەوە و گەشە دەکات، پیر دەبێت و دەمرێت، لێ ڕەگەزی مرۆڤ وەک سەرجەم هەر دەمێنێتەوە. کەواتە بەردەوامیی گەردوون کاتەکیانە وەک نیشانەی ویستی خودا بۆ کۆتاییهێنان بە ژیان دیاری نەکراوە، بەڵکو گەردوون ئەبەدییە. ئەوجا گەرچى مرۆڤ لەنێو سەرجەم زیندەوەرەکاندا کە سروشت پێیگەیاندوون، هەستى زۆرترە و هاوکات ئاوەزدارە، لێ کۆمەڵگەی مرۆڤی هێشتا هەر پڕە لە بەرژەوەندیخوازانی بێویژدان (هاوشێوەی زۆراب ئەفەندی) کە تووشی دەردی دەسەڵات بوون، بۆیە ئەوپەڕی نابەختیارن و و کوێرانە هەڵپە بۆ هەر شێوەیەکی دەسەڵاتی بەرز و دیار دەکەن. ئاخر ئەو جۆرە کەسانە پۆستی باڵا و دەرکەوتن وەک مایەی بەختیاری دەبینن. یان لەنێو مرۆڤاندا کەسانی ئەوتۆ هەن، کە وای پێشان دەدەن گۆیا “تەکامولیان کردووە”، لێ ئەوان سەهوون، چونکە گەر کەسێک “تەکامولی کردبێت”، ئەوا بێهەڵوێست نامێنێتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدات کەسانی نەزان بێداربکاتەوە.

کەواتە ئەحمەد موختار جاف وای دەبینێت کە لە کۆمەڵی سەردەمەکەیدا بێدادی و بێویژدانی سەروەرییان بەسەر ماف و داد و ویژداندا سەندووە، بەڵێ تەنانەت لە زۆر نێوەنددا لەکاریانخستوون، یان تەنانەت بوون بە مایەی ساتاربوون و سەرکەوتنی کەسانی نێو سیاسەت و بازاڕ. “مەسەلەی ویژدان” پێشانی دەدات کە چۆن دەسەڵاتخوازیى کەس لەنێو ئەو جۆرە کۆمەڵەدا یان دەوڵەتێکی بەو چەشنەدا بە سەرکەوتن دەگات. کەواتە لە لایەک نەشیاوە گومان لە پرسێک بکرێت، واتا: کێ بییەوێت لەو کۆمەڵەدا پلە بە پلە بەرزبێتەوە، دەبێت “گورگ” بێت، یان ئەوەتا وەک “مەڕ” دەمێنێتەوە و دەخورێت. لێ لە لایەکی دی، سەرباری ئەم دوو دژبەرییە، توخمى ساختەچێتی و جەبانێتی کارایە، واتا توخمی “ڕێوى” کە لە هەردووکیان پڕمەترسیترە (دۆستە نێوەندیارەکەی زۆراب). ئاخر سەرکەوتن بەسەر پلەکانی دەسەڵاتدا ڕووەو پۆستی سیاسی و بەدەستهێنانی سامان و ناوبانگ، پێویستی بە دەسوێژە ئامرازیەکانى فێڵ و ساختەچێتى و خۆنەواندنە، ئەوجا بەدووی ئەمەدا دەبێت لایەنە گورگییەکەی دەسەڵاتخواز قەپ بگرێت. کەواتە ئەوە جەبانێتییە کە چە لە کایەی سیاسەت و چە لە کایەی ئابووریدا تەنیوەتەوە و جڵەوی گورگی مرۆڤی گرتووە! لێ گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەحمەد موختار جاف سەرجەم ئەو بەدپەیوەندییە ناوبراوانە وەک دژبەری “تەمەدون” دەبینێت، هاوکات “منەوەرەکان” وەک پێشڕەو و مایەی ڕزگارکردنی گەل دادەنێت.

لێ ئەحمەد موختار جافی هۆزانڤان منەوەرێک وەک کردارنوێنی (پرۆتاگۆنیستی) سەرەکیی چیرۆکەکەی نائافرێنێت، واتا سیاسەتکارێک وەک پێشڕەوی هەژاران کە لەنێو خەباتدا قاڵ بووە، نەخێر، ئەو لە گۆشەنیگاى ژیانى خاوێنى منداڵییەوە ڕوو لەو کۆمەڵە دەکات، لێرەشدا زۆراب ی “هەتیو” وەک فیگوری چیرۆکە هونەرییەکەی دەئافرێنێت و فڕێى دەداتە نێو کۆمەڵەوە. لێرەدا ئەوە هیچ بەرێکەوت نییە کە نووسەرى “مەسەلەى ویژدان” منداڵێکی هەتیو وەک کردارنوێنی سەرەکیی چیرۆکەکەی هەڵدەبژێرێت. مرۆڤى هەتیو ئازادانە لەنێو کۆمەڵدایە و پتر شیاوى ئەوەیە بکەوێتە بەردەم کۆسپەکانى داکەوتی کۆمەڵایەتی. منداڵى هەتیو بە زەروورە بزێوە و زۆر جار دەشێت ببێت بە مایەى ناڕەحەتی بۆ دەوروبەری. سەرەتا ئەم هەتیوە ژیر و بەویژدانەیە کە لەدژی بەدپەیوەندی و ڕەفتارە بۆگەنکردووەکانی کۆمەڵ هەڵوێست وەردەگرێت، ئەوجا هەر خودی ئەم کوڕە هەتیوەیە کە لە پرۆسەى کاردا هێدى هێدى لە کرۆکەوە دەشێوێت و دەبێت بە دەسەڵاتخوازێکی کوێر. ئەحمەد موختار جاف بەدووی ئەمەدا تەوەری منەوەرکان زۆر لاوەکییانە دەهێنێتە نێو چیرۆکەکەیەوە. لێ لەبەر ئەوەی ئەم تەوەرەی منەوەرەکان هاوکات هیوای سەرەکیی ئەون بۆ ڕزگارکردنی گەل لە چەوسانەوەى هێزى غەریبى دەرەکى و دامەزراندنى کۆمەڵگەیەکى مەدەنی، ئەوا لە خودی ئەم پنتەوە پرسیار لەبارەی داڕشتنی سەرجەمییانەی چیرۆکەکە سەرهەڵدەدات – کە لە خوارەوە ڕووی تێدەکەینەوە. جارێ گەرەکە خۆمان بە زۆرابی منداڵەوە خەریک بکەین.

ئەم منداڵە لە ڕووى ژیری و بوێرییەوە بۆ پرسیارى بنەمایی لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی جیادەبێتەوە. لەم پەیوەندییەدا پێویستە ئاماژە بۆ مۆرکی منداڵ بدەین: منداڵ لەتەک خۆیدا یەکە و خۆیەتییەکەی بەسەر “من” و جیهانێکی دەرەکیدا بەش نەبووە. جگە لەوە ئاشکرایە کە نوێنەرانی پێگەیاندنی منداڵ (دایک و باوک، خزم و کەس و کار، فێرگە و هتد) بەرپرسن لە شکۆفەی یان تێکچوونی منداڵی سروشتی. گەر منداڵ دەرفەتی شکۆفە و خۆپێگەیاندنی بۆ ئاوەڵا بکرێت، ئەوا پێدەگات، گەر کامڵەکان ببن بە ئاستەنگ لە بەردەم ئەوەدا کە منداڵ پرسیارە خاوە منداڵییەکانى قووڵتر بکاتەوە، ئەوا زەحمەتە بتوانێت ژیانێکى خوازراو وەک کەسێکی ڕاستگۆ، بەهەڵوێست و بەویژدان دابمەزرێنێت، بە پێچەوانەوە دەشێت بەدجۆری لێدەربچێت یان تەنانەت جەبانی و سەرکزی لە کارەکتەری ئەودا بتەنێنەوە. ئەحمەد موختار جاف ئەگەری دووەم بۆ ئاوەڵاکردنی چیرۆکەکەی هەڵدەبژێرێت، لێرەشدا بەڕێى پەیوەندییەکانى بازاڕەوە کرۆکی نەسازییەکەی نێوان زۆرابی منداڵ و ژینگەکەی دەردەخات.

زۆراب زوو لە چاوی یان کۆشی داڵدەدەری دایک و باوک بێبەش دەبێت، بەمەش منداڵییەکەی تەواو لەق دەبێت، چونکە وەک هەتیوێک بە سەرکزی دەچێتە لای خزمەکانى، ئەوانیش “لە ئینسانیەتى خۆیانەوە” لاى لێ دەکەنەوە، بێگومان نەک تا سەر، بەڵکو زۆراب هێشتا تەمەنی منداڵیی نەبڕیوە، کەچی خزمەکانى بە گوێیدا دەدەن، کە “بووە بە پیاو” و گەرەکە بڕوات گوزەرانى خۆی دابین بکات. زۆرابى هەتیو بەو وشانە فڕێ دەدرێتە نێو جیهانى سەختەوە. لێ ئەوی هەتیو لەنێو پەیوەندییەکانی بازاڕدا هەردەم بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی دەردەخات، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە بۆ هەتیو باشترە دەمى خۆی بگرێت و ئاوڕ لەو بەدگەریانە نەداتەوە کە ئەو هەموو رۆژێک دەیان بینێت. نەخێر، ئەو وەک کەسێکى بزێو تێروانینى خۆى بەرانبەریان دەردەبڕێت و لەنێو ئەزموونەکانى بازاڕدا پتر گۆڕان بە شێوەی هزرینی خۆی دەدەدات. زۆراب تەنانەت دەگات بە ئاگاییەک لەبارەی ئەوە، کە خستنەگەڕى مەکینە لە بەرهەمهێناندا رێژەى قازانج بەرز دەکاتەوە.

گەرچی زۆراب بە تەنیا فڕێ دەدرێتە نێو پەیوەندییەکانی بازاڕەوە، سەرەڕای ئەوە تەواو تەنیا ناکەوێت، بەڵکو دوو جار کەسانى دى لەنێو تەگەرەکانى جیهاندا بەهانایەوە دێن: جارێک پیاوێکى چاکەخواز، کە لاى بازرگانێک کارێکى بۆ دەدۆزێتەوە، جارێکى دی کەسێکى نێگەتیڤى چالاک کە لەنێو بەرژەوەندیەکانى ڕۆژگاردا جێگەی خۆی خۆشکردووە. زۆراب نزیکەى لەم دۆستەى دەبیستێت: برام بەسە! ئەرێ تۆ بۆ ئاوها دەکەیت؟ کاکە، وازبێنە لە چەنەبازى لەبارەى ڕاستی و داد و ویژدان! ئەم قسە قۆڕانە چین؟ بڕۆ خۆت بە زمانلووسیى لە دەسەڵاتداران نزیکبخەرەوە! بڕۆ تەشەبوس بکە! گفتت دەدەمێ کە من وەک دۆستت پشتت بەرنادەم و هەموو کارێکت بۆ میسەر دەکەم! دەزانیت چی؟ دیارى دەبەین بۆ رەئیس! برام، گەر دەتەوێت بەختیار بیت، ئەوا دەبێت خۆت بە ژینگەت بگونجێنیت! – “بەڵێ هێژام ڕاست دەبێژیت! مرۆڤ بۆ ئەوەى ،،مەسعود،، بێت، دەبێت ،،تابعى موحيط بێ!،،”
ئەو کەسە کە بە هاناى زۆرابەوە دێت، لە ڕاستیدا بیچمێکی جەبانە کە فێڵبازانە بەبێ هیچ شوناسێکی کەسی لەنێو ژینگەدا دەبزوێت و هەردەم بە خۆمەڵاسداوى چاوەڕوانى هەل یان پاشقولە. بێگومان کێشەی ئەحمەد موختار ئەوە نیە کە گۆیا ئەم بیچمە ناخی زۆراب تێکدەدات و لە پرسیارى داد و ویژدان دوورى دەخاتەوە. نەخێر، زۆراب پێشتر لە ڕەوتى ئەزموونکردنی پەیوەندییەکانی بازاڕدا “تا ڕادەیەک بێدار بۆتەوە”، واتا ئاگایی ئەو تا ڕادەیەک پشکوتووە. جگە لەوە زۆراب هاوکات لەنێو کۆمەڵێکى ئەوتۆدا دەژى کە تێیدا هیچ شتێک بەبێ دەستگرتن، هەروەها بەبێ تەشەبوس و بەرتیل بەڕێوەناڕوات. ئەو خۆی ئەزموونی ئەم دیاردانە دەکات. ئەم لایەنەی چیرۆکەکە زۆر گرنگە، بۆیە شرۆڤەى وردترى گەرەکە.

کێشەکانى زۆراب تا یەکەم کارى سەربەخۆ، واتا ئەرزوحاڵچێتى، هێندە پڕکۆسپ نین، جگە لەوە هەر جارە بازرگانێک وەستایەتى و بەوەش پاڵپشتێتى. لێ زۆراب لەتەک یەکەم کارى “سەربەخۆ”دا تەحەدا دەکرێت و بەوەش ڕادەچڵەکێنرێت. ئاخر کاتێک زۆراب تا خستنەگەڕى سەرمایەی خەتەکەى تەنیا پرسیارى ویژدان و دادپەروەرى و پێشکەوتنى دەکرد، یان لە دواکەوتوویى خەڵک دەهزری، ئەوا لەتەک یەکەم هەوڵى کارکردنى سەربەخۆدا و دوای ڕاچڵەکاندنی دەبینێت، کە خەتەکەى هێندە ئاسان گوزەرانى ئەو دابین ناکات. بەڵێ، خەتەکەی لە بنەڕەتدا گوزەرانى ئەو دابین دەکات، لێ ئەمە لەنێو ئەو کۆمەڵەدا پڕکێشەیە، چونکە دەوڵەت مزەوەرە و لە نێویدا ئەو کەسانە دەکەونە هاڤرکێى دەسەڵات، کە خاوەنى “کوێرەخەت”ن، بۆیە لە ترسدا دەست دەکەن بە بەرتیلدان و مەراییکردنی سەروەران و جووتکردنی پێڵاو بۆیان، تاکو بەو شێوەیە پشت و پەنا بۆ خۆیان بهێننە ئاراوە. کەواتە گەر زۆراب بەڕاستى بییەوێت سەرمایەی خەتەکەى لەو نێوەندەدا بخاتە گەڕ، ئەوا “ناچار دەکرێت” کە “تابعى موحيط” بێت، واتا ئەویش بەرتیل بدات، ساختەچى بێت، یان بەگشتى “ماچ و پاشقول” بکات بە دەسوێژى تەشەنەدان بە دەسەڵاتەکەى. پەڕینەوەى زۆراب ڕووەو ئەم جۆرە بەدئاکارە بەسەر پردێکى پسیکۆلۆژیانەدایە: “ئەو مەسلەکانەم زۆر لا ناخۆش بوو” (لا 33). کێشەکە لێرەدا لەخشتەبردنی زۆراب نییە کە ئیدی لای ئەو تێڕوانینى خۆویستانەى دووەم جێ بە هەڵوێستە بنەماییەکانى ویژدان و دادپەروەرى و تەقەدوم لێژ بکات و ئەوجا جێیان بگرێتەوە، بەڵکو ئەو هەڵوێستە بنەماییانە لە بەریەککەوتنی بەردەوامی ئەو و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە هێدی هێدی لەکاردەکەون، لێرەشەوە ئیدی مۆتیڤى دەسەڵاتخوازیى زۆراب هەمیشە پتر پەرە دەسێنێت و لە ڕەوتەشدا هەمیشە پتر لە خۆى و مرۆڤ و جیهان نامۆ دەبێت. ئاخر ئەوە کە زۆراب لە هەر پلەیەکى دەسەڵاتدا دەیبینێت، بریتیە لە پلەیەکى بەرزتر.

چیرۆکى “مەسەلەى ویژدان” لەچاو پرۆسەى ئێستێتیکیى سەردەمەکەیدا زۆر نوێیە. ئەمە بەوەدا دەردەکەوێت، کە ئەحمەد موختار جاف زۆرابێک دەئافرێنێت و فڕێى دەداتە نێو جیهانەوە، ئەوجا لە پەیوەندیى نێوان ئەو و ژینگەوە گۆڕانى پسیکۆلۆژیانە و ژیانى دەرەکیى ئەو فیگورە دادەڕێژێت، بەم ڕێیەشەوە دیاردە و بەدپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ژێر رەخنەوە. لێ گرنگ لەم پرسەدا ئەوەیە کە ئەو بە هیچ شێوەیەک لە فۆرماندنى چیرۆکەکەیدا ترس نایگرێت و بەو هۆیەشەوە ڕەچاوى ئەقڵیەتى ترادیسیۆنى بکات، ئەمە بۆ نموونە لەو واتایەدا کە نەوێرێت زۆر دەست لە مرۆڤێتیى زۆراب بدات، یان پاساو بۆ بێدادی و بەدپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بهێنێتەوە، “تاکو بێگانە بەو گەلە بەشەرەفە قارەمانەی خۆی خۆش نەکات”. بە پێچەوانەوە، ئەحمەد موختار جاف ئاسۆیەک بە ڕەخنە ڕیشەییەکەیەوە دەلکێنێت کە بریتیە لە ئاسۆى کۆمەڵگەیەکى مەدەنى.

سەرهەڵدانى “مەسەلەى ویژدان” دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى 1927-1928. نووسەر لە ساتێکى تایبەتیى ژیانیدا دەکەوێتە هزرینى ئێستێتیکى لە فیگورى چیرۆکێک کە وەک کوڕێکى ناسک و سەغڵەتکەر لە ترسەپرسیارى ویژدانەوە ڕوو لە ژینگەکەی دەکات و بەو رێیەوە ژینگەکەی دەناسێت، ئەوجا هەمان ئەم مرۆڤە لە کرۆکەوە تێکدەچێت و هەستى ناڕەواى دەسەڵاتخوازیى ناخى دەتەنێت.

نووسەرى “مەسەلەى ویژدان” لە پرنسیپى “خاوێنی”یەوە دەڕوانێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان دەنرخێنێت، هاوکات وەک بنەمای داڕشتنی چیرۆکەکەى دایدەنێت (ئەمە هەمان ترادیسیۆنى خانییە). ئەحمەد موختار جاف دەبێت لە پێش و لەو کاتەدا کە “مەسەلەى ویژدان”ى نووسیوە، لە زۆرانێکى سەختدا بووبێت لەدژى ژینگەی خۆی، دەبێت موئاناتی (موئانات وەک پاڵهێزی سەرجەم ئەدەب و هونەر) ئەم کێشانە ئەوی بزواندبێت تاکو فیگورى زۆرابێک بئافرێنێت و بەڕێیەوە ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە ئەتک بکات، کە ئەو خۆى بە شێوەیەکى ڕیال دژى وەستاوەتەوە. لێرەدا لایەنێکى دیکەى گرنگ ئەوەیە کە ئەحمەد موختار لەم زۆرانبازییەدا مووچەوەرگرێکى گچکەى خوارەوەی دەوڵەت نیە، بەڵکو وەک بەگزادەیەکى منەوەر و پایەگادارى بەرزى دەوڵەت دەست دەداتە داڕشتنى چیرۆکێکى هونەرى، لێ چیرۆکێک کە ئەو بەڕێیەوە تەنیا بەدپەیوەندی و بەدڕەفتاری سەردەمەکەى هەڵناماڵێت، بەڵکو هاوکات مەبەستێک بە چیرۆکەکەوە دەلکێنێت کە ڕۆشناییدانە بە وەرگر (خوێنەر).

بزووتنەوەى ڕۆشنایى (تەنویر) بۆ دووەم جار (یەکەم جار لە گریکى ئەنتیکە لە لایەن سۆفیستەکان) لە ئەوروپاى سەدەى هەژدەیەمدا وەک پرۆگرامى پێشخستنى مرۆڤ و کۆمەڵ سەریهەڵدا و هێدى هێدى بە خۆرهەڵات گەیشت، لە خۆرهەڵاتیش بەزۆرى لە شێوەى سیاسى و لاساییدا وەرگیرا، بەبێ ئەوەى وەرگرانی خۆ بە منەوەر دانەر بیر لە ناوەرۆک و شیمانەکانى ئەنجامدانى بکەنەوە یان تەنانەت لێی تێبگەن. ئاخر لە ڕۆشناییدا وەک پرۆگرامی بێدارکردنەوەی ڕەخنەییانەی مرۆڤ وەرچەرخانێکمان هەیە: ڕۆشناییدەران لەو پەیوەندییانەوە کە بەهای ئەزەلییان پێدراوە و بەوەش ئۆبژێکتیڤییانە بەسەر مرۆڤانەوە زیت کراونەتەوە، وەردەچەرخێن ڕووەو خودی مرۆڤ و گرتنى مرۆڤێتییەکەى، لێرەشدا چیدی مرۆڤ وەک کەرتى سەرجەمێکى ئایینى و کۆمەڵایەتى دانانێن، بەڵکو وەک خودی مرۆڤ لەو سەرجەمە دەریدەکێشن. بە زمانێکی سادە و لە شێوەی پرسیاردا ببێژین: “بەڕێزم تۆ خۆت بەمە دادەنێیت، لێ سەرەتا پێم بێژە کە تۆ خۆت کێیت و چۆن گەیشتیت بەم هەڵوێستەت کە لە هەموو لایەک بانگەشەی بۆ دەکەیت؟”. ئەم پرسیارە زۆر پڕمەترسییە کە ڕۆشناییدەران دەیکەن، چونکە ئاڕاستەی کرۆکی کەس دەکرێت و پێی دەبێژرێت ڕاستیی خۆی دەربخات.

پرسیارەکە لە بنەڕەتدا هەڵوێستێکە کە تا ئەمڕۆ کەمینەیەکی زۆر پچووکی نووسەران دەوێرن توخنى بکەون. ئەحمەد موختارى جافی “مەسەلەى ویژدان” یەکێکە لەو دەگمەنە نووسەرانە، واتا هۆشى ڕۆشناییدەر بەچاکى لە چیرۆکەکەیدا دەردەکەوێت: منداڵێک کە بە تەنیا دەچێتە نێو ژینگەی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە و پەیوەندییە داکەوتییەکانی ئەو کۆمەڵە کەسێتییەکەی تێکدەدەن؛ پاشان ژیانى ناخەکیى ئەو مرۆڤە دەبینین؛ هەروەها پەیوەندیە نێومرۆڤیەکان دەردەخرێن و مرۆڤەکان وەک “بەرپرسیار” لە جۆرى هزرین و ئاکاریان دادەنرێن؛ ئەوجا کردنی زمان بە کێشە تاکو بەو ڕێیەوە ڕێنوما سەپێنراوە ئایینییەکان بخرێنە ژێر پرسیارەوە. گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەو پرسانە سەراپا لە پرنسیپی ویژدان و دادی ئەزەلییەوە ئاوەڵا دەکرێن، هەروەها لە خودی ئەو پرنسیپانەوە ئیدێى پێشکەوتن و مەدەنییەت بە نموونەی پەیوەندیەکەى نێوان تاک و کۆمەڵ دادەڕێژرێت.

لێ پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە داخۆ ئەحمەد موختار جاف مەبەستە ئەدەبییەکەى پێ بەدیهاتبێت، ئەوجا گەر پێى بەدینەهاتبێت، ئەوا هۆى چیە؟
ئەنجامدانى هونەریى “مەسەلەى ویژدان” فۆرمى ژیاننامە (بیۆگرافى)ى هەیە، کە لە زایینى زۆرابەوە سەرەتا دەگرێت و لە ئاستێکی ئاڵۆزى ژیانیدا دەپچڕێت، ئەم فۆرمە بیۆگرافییەش لە شێوەى “ئیعتیراف”ى فیگورەکەدا داڕێژراوە. لێ لەبەر ئەوەى “ئیعتیراف” هەمیشە دواى گەڕانەوە لە بەدگەرى، دوای کارەساتێکى سامناک کە بەسەر کەسدا هاتووە، یان بەزۆر بۆ نموونە لەژێر ئەشکەنجەدا و هتد دێتە ئاراوە، ئەوا نەبوونى ئەم بڕەرە ژمارەیەک پرسیار لەتەک خۆیدا دەهێنێت. جگە لەوە ئێمە پرسی تەواونەبوونى “مەسەلەى ویژدان” وەک دەربڕینێکى زۆر سادە، واتا بەبێ بناغەڕشتن، لاى قەدیمییەکان دەبینین، کە ئاشکرایە لەبەر ئەوەی بێبناغەیە، ئەوان ناتوانێت زەمینەیەکمان بۆ لەسەر وەستان پێبدات. ئێمە لەم ڕوانگەیەوە ناچارین کە تەنیا خودی بابەتە ئەدەبییەکە وەربگرین و شرۆڤە بکەین.

سەرەتا لایەنێک ئاشکرایە، کە نووسەر زۆرابە و هاوکات زۆراب نیە. ئەحمەد موختار زۆرابە، چونکە لەنێو هۆشى خۆیدا وێنەییانە ئافراندوویەتی، لێ ئەحمەد موختار هاوکات زۆراب نییە، چونکە ئەم فیگورە کردارنوێنێکی (پرۆتاگۆنیستێکی) ئەدەبییە. کاتێک نووسەر دەست دەداتە پێنووس (بەتایبەتى لەم فۆرمە هونەرییەى “مەسەلەى ویژدان”دا کە “من”- فۆرمە)، ئەوا لەتەک یەکەم ڕستەی داڕێژراوى چیرۆکە ئیعتیرافییەکەیدا لە خۆى جیادەبێتەوە: “ویلادەتم لە قەزاى ها بوو”، ئەوجا بەدوویدا ئەو زۆرابە لە پەیوەندى و دیالۆگەکانیدا دادەڕێژێت، کە لەنێو هۆشى خۆیدا پەیوەست بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە “پێشبینیی کردووە”. لێ ئەحمەد موختار تا سەرەتاکانى بەدبوونى زۆراب دەتوانێت بە گونجاوى لە خۆی جیاببێتەوە، ئەوەش بێگومان “تا رادەیەک”. چیرۆکەکەى لەو سەرەتایانە بەدواوە دەشێوێت. ئەمە بۆ نموونە لە گفتوگۆى ئەو دوو منداڵەدا دەردەکەوێت کە تازە چوونەتە فێرگە، لێ ئەوان وەک منداڵ نائاخڤێن، بەڵکو وەک دوو گەنجى پێگەیشتوو، لێرەشدا نووسەر یەکێکیان وەک ڕۆشنبیر و خەباتگێڕ دیارى دەکات. ئێمە گەرەکە وردتر ڕوو لەم کێشەیە بکەین.

نووسەرى “مەسەلەى ویژدان” لە چیرۆکەکەیدا پرنسیپى خۆویستیى مرۆڤ تیژ دەکاتەوە و دەیخاتە پەیوەندییەکى دیالێکتیکیەوە لەتەک ژینگەی دوژمنى مەدەنێتیدا، واتا ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیى ئەوتۆ، کە هەر تاکە کەسێکى نێوى چە بە خۆى و چە بە کەسانى دیکەى دەورى نامۆیە: فێڵ و ساختەچێتى لە هەموو نێوەندەکاندا دیاردەدەن، بەڵێ تەنانەت کشتیارانی فێڵلێکراو فێڵ لە ئاغاى زۆردار دەکەنەوە. هۆیەکی بێویژدانیی خەڵک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان نەخوێندەوارن، کەواتە هۆشیان ئاوەڵا نەبووە؛ جگە لەوە ئەوان لە زمانی ئایین و یاساکانی دەوڵەت تێناگەن، چونکە زمانی ئەوان نییە؛ هاوکات ئەوان ڕاڤەکاری سەرڕاستیان نییە، چونکە منەوەرەکان دەسەڵاتیان نەسەندووە و تەنانەت ژیانی خۆیان لە مەترسیدایە، بە پێچەوانەوە ڕاڤەکارانی ئەوان بە تایبەتی پیاوانی ئایینن کە بە هەوەسی خۆیان ڕاڤەی ئایینیان بۆ دەکەن، یان بۆ خاتری مسۆگەرکردنی دەسەڵات و نانی زگیان بە ئۆپیومی خورافیات بەنگ و کاسیان دەکەن، کە ئیدی لە خودای قەهار و مونتەقیم دەتۆقێن و لە ترسدا نەک لە خۆشەویستییەوە نوێژی بۆ دەکەن. لە پاڵ ئەواندا بەناو ڕۆشنبیرەکانی وەک زۆراب ئەفەندی هەن کە بۆ خاتری مەرامەکانیان بەسەر لاشەی هاوڵاتیانیاندا دەڕۆن.

ئەمانە تەنانەت بوون بە دەمڕاستی خەڵک. ئاشکرایە دانانى ئاسۆ لەم پەیوەندییە نێومرۆڤییەى نامۆبوون و بێدادییەوە بە زەروورە پرسیارى “بێداربوونەوەى خەڵک” لەتەک خۆیدا دەهێنێت. بە دیدی ئەحمەد موختار، لە لایەک ڕیالێتییەکەى خەڵک خۆیان پاڵهێزى بێداربوونەوەیە، کە بە هێزى چەوسێنەرانەى وایان لێدەکات لە ڕێگەى ڕزگاریى بهزرێن، لێ پاڵهێزەکە لە لایەکى دی ئەو منەوەرانەیە کە تەنیا خوێندەوار نین و وەک زۆراب ئەفەندى هەموو ڕێگەیەکی خۆنەواندن و بەرتیل و تەشەبوس بۆ خاتری دەسەڵات بگرنە بەر، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم منەوەرانە وەک ڕۆشناییدەر یارمەتى ئاپۆرەى فێڵباز و فێڵلێکراو دەدەن بێداربێتەوە و خەباتى ڕزگاریخوازییەکەى بە دامەزراندنى کۆمەڵگەیەکى مەدەنییەوە بلکێنێت. کەواتە لەبەر ئەوەى ئاسۆى ئەحمەد موختار جاف ڕوو دەکاتە “ڕزگارى و پێشکەوتن لەسەر بناغەى ویژدان”، هەروەها لەبەر ئەوەى زۆراب کەوتۆتە “ئیعتیراف”ى بۆگەنکردنى خۆى لە لایەن ژینگەوە، ئەوا دەبێت پرۆژەى “مەسەلەى ویژدان” بەرەو کۆتایی ببرێت.

پرسیارێک ئەوەیە، کە ئایا هۆى چییە ئەحمەد موختار لەو چەند وشە ئیرۆنیەى کۆتاییدا دەوەستێت؟ واتا: “ویژدان تەنیا هەر ئیسمى هەیە و کەس بە چاو نەى دیوە!” ئایا ئەحمەد موختار بە پێکەوەلکاندنى ڕەخنەى ڕیشەیی لە کۆمەڵی سەردەم و ئاسۆى پێشکەوتن و مەدەنییەت، کە دژبەرن و چارەسەرى هونەرى زەروور دەکەن، نەکەوتۆتە تەڵەیەکەوە کە ڕێى پێنەدات چیرۆکە هونەرییەکەى بەدیبهێنێت؟ ئێمە دەبێت ئەم پرسیارە بکەین، چونکە کێشە هونەرییەکانى “مەسەلەى ویژدان” بەتایبەتى لە کاتى بەدجۆربوونى زۆراب بەدواوە لە ئارادان و چارەسەر نەکراون. لە لایەک ئیرۆنیەکەى زۆراب، واتا “خودا ئەوەندە سەبرى هەیە هەزار شتى وەهاى قبووڵ کردووە و ئەیکات، وە ویژدانیش تەنیا هەر ئیسمى هەیە” (زۆراب لێرەدا مەئریفە ئەزمونییەکەى یەکدەخات) بە ڕەوتى داڕشتنەکە دەگونجێت، لێ لە لایەکى دى لەتەک ئەو مەئریفەیەدا پرسیار لەبارەی هۆى سەرهەڵدانى خودی مەئریفەکە، هەروەها لەبارەی ئەو “یەکاڵابوونەوە”یە دێتە ئاراوە کە ئەو بەدوویدا دەکەوێتە “ئیعتیرافەکەى”. ئێمە لە کۆتاییەوە نزیکین، تەنانەت دەتوانین ئەمە وەک “سەرەتاى کۆتایی یەکەم داڕشتنی چیرۆکەکە پێش پێداچوونەوە و چاککردن” ببینین، لێ پرسیارى بەشێکى گومبووی ئەو چیرۆکە بێهودەیە.

کرۆکیترین کێشەى هونەریى “مەسەلەى ویژدان” ئەوەیە کە داڕشتنى چیرۆکەکە دواى تەنیاکەوتنى زۆراب لە ڕووى فۆرمەوە شێواوە: ڕەوتەکەى خێرابووە. بێگومان تەشەنەى ئەزموونەکانى زۆراب سەرەنجامى تەنیاکەوتن و لێرەشەوە سەرەنجامی بزێوبوونێتى، لێ داڕشتنى ئێپیزۆدەکان بە شێوەیەک نییە کە فۆرمى خۆیان وەرگرتبێت، بەڵکو شێواوییەکى هونەرى لە ڕووى “کات”ەوە هاتۆتە ئاراوە: بازدانەکان یان پەڕینەوەکان نزیکەى شێوەى ڕیزکردنیان هەیە. لەبەر ئەوەى ئەم کێشە هونەرییە لەم بەشەى دووەمى ژیانى زۆرابدا هەیە، ئەوا گەرەکە لە پرسیاری دی بهزرێین، بۆ نموونە پرسیارى “نەبوونى دەرفەتى کارتێداکردن و پێداچوونەوە”، یان پرسیارى “ئێکسپێریمێنتى (تەجروبەی) ئەدەبى”، ئەم پرسیارەش بێگومان پەیوەست بە لایەنێکى دیکەی کرۆکییەوە کە بریتییە لە تەنگژەى کەسیی ئەحمەد موختار جاف.

پرسیارى ئێکسپێریمێنتى ئەدەبی وەڵامەکەى لەنێو خۆیدایە و دەشێت پرسیاری “نەبوونی دەرفەتی کارتێداکردن و پێداچوونەوە”ی بدەینە پاڵ. لێ پرسیارى تەنگژەى کەسیی ئەحمەد موختار دەمان بات بۆ پرسیارى دی: پرسیار لەبارەی ناکۆکیەکانى ئەو لەتەک ژینگەی دوژمنى مەدەنییەتدا، ئەوجا پرسیارى گیرانى ئەو لە لایەن شێخ محمود، پاشان پرسیارى “هۆ”ى کوژرانى ئەو و پرسیارى کەسى (؟) یان دەستەى (؟) بکوژى ئەو. تروسکەى چەند وەڵامێکى ئەم پرسیارانە دەئەنگوتێت، گەر مرۆڤ پەیوەند بە کوژرانی ئەحمەد موختار جافەوە وەک قەدیمییەکان نەکەوێتە “پاکانەى دەستى ناپاک”، بەڵکو دەستبداتە توێژینەوە لە ناکۆکییەکانى نێوان دەسەڵاتخوازانى ئەو سەردەمە: لەنێو هۆزى جاف و لە دەرەوەیدا.

سەرچاوە

ئەحمەد مەختار جاف. مەسەلەى ویژدان. پێشەکى و لێکۆڵینەوە: دکتۆر ئیسحان فۆاد. بەغدا، ساڵى 1970.
هەمان نووسەر. دیوان. ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەى: پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسووڵ. بەغدا، ساڵى 1986.

تێبینی

– ئەم نووسینە یەکێکە لە بابەتەکانی نووسەر لە کتێبی “لەتەک فێنۆمێنە ئەدەبییەکاندا”، بیر و هوشیاری، سلێمانی 2006. نووسینەکە لەم شێوەیەی بەردەستدا کاری تێداکراوەتەوە و دەرچە بنەماییەکەی تەواو گۆڕراوە.
– وەک ئەمانەتی ئەدەبی سیتاتەکان (ئیقتیباسەکان) وەک خۆیان دراونەتەوە.

ک.ج.




ئایا یەلەگ زەردەکان ئومێدی شۆڕشێکی نوێن..! …. سەروەرکەریم

گوڵ لێرەیە لێرە سەمابکە … کارڵ مارکس

لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدە ئەوروپا بەدەست پاپاو قەشەو لویس و قەیسەرو مەلیکەکانەوە نوقمی زەلکاوی گەندەڵی نەبوونی هەژاری وبرسێتی لەڕادەبەدەر بووەوە،سەرباری ئەوەی چەندین یاخی بوون و ناڕەزایەتی و شۆڕش ڕووی دابوو ،لەوێنەی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا، بەلام هەموو ئەوانەی ڕابووردوو نەیانتوانی بوو کۆتایی بەزوڵم و زۆری دەسەڵات داران بهێنن ،بەلکو زیندانەکان و ڕاوەدوونان زیاتر و زیاتری دەکرد.

ژیان و گوزەرانی خەڵکیش خراپترو خراپ تردەبوو،کۆشک وقەڵای دەسەڵات دارانیش قایمتروو پاسەوانیانی دەسەڵاتیش دڕتروهارتردەبوو بەرامبەر خەڵک و مافەکانیان.

خواستی دەسەڵات داران بۆ کەڵەکەکردنی سامان و دەسەڵاتی زیاتر لەسەرژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان ڕۆژداوی ڕۆژ زیاتروزیاتر دەبوو .شتێک بوونی نەمابوو بەناوی مافی ئینسان ،بەمانایەکی تر بێنرخترین شت لای دەسەڵات داران ئینسان و ماف و کەرامەتیان بوو . ئەودۆخە خراپە لەڕادەبەدەرە هانی زیاتری هاوڵاتیانی دەدابۆ یاخی بوون کۆتایی هێنان بەوچەوساندوە بێ ئەندازەیەی لەسەریانەو ژیانێکی کولەمەرگی دەژیان .

ئەودۆخە ناهەموارە بووهۆکاری هەلگریسانی شۆڕشی ١٨٤٨ لەفەڕەنسا،هەرچەند ئامانجەکانی ئەوشۆڕشە کەمتر ڕووخانی دەسەڵاتی لویسەکان بوو درووشمەکانیان داوای ئازادی و یەکسانی وبرایەتی دەکرد،لەکاتێک دا هەرگیزبرایەتی لەنێوان پڕۆلیتاریا وسەرمایەداری دابوونی نی یە.

هەڵگیرسانی شۆڕشی ١٨٤٨چەندین هەنگاو بزووتنەوەی کرێکاری بردەپێشەوە و ئەوروپای ڕووپەڕووی تارمای کۆمۆنیزم کردەوە.بزووتنەوەناڕەزایەتیەکان فراوانتربوو چین و توێژەکان،جگەلەکرێکاران پەیوەست بوون بیروباوەڕی سوسیالستی و خۆئامادەکردن بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی سوسیالستی ،سەرئەنجام بەهەوڵ و تێکۆشانی ڕابەرانی بووتنەوەی مارکسیستی ،کەخودی مارکس و ئەنگلس ڕابەرایەتی ئەوبزووتنەوە شۆڕشگێرانەیەی چینی کرێکاریان دەکردبۆکۆتایی هێنان بەنیزامی چەوسێنەرانی سەرمایەداری ،لەڕێگەی نووسین و ڕوونکردنەوەی ئامانجەکانی شؤڕشی سوسیالستی بووە مامانی لەدایک بوونی کۆمۆنەی پاریس.ئەوشۆڕشەی سەرلەبەری یاساکۆنەکانی هەڵوەشاندنەوە یەکسانی و ئازادی و مافەکانی ژانان و سەرجەم چینەکانی سەپان و کردیە دەستوری کۆمۆنە.

ئەو٧٢ڕۆژەی کۆمۆنارەکان دەسەڵاتیان هەبوو هەموو مۆرکەکانی چەوساندنەوەیان لەسەرئینسان کان کۆتایی پێهێناو هەموو دەستورویاساکانی کۆنیان فڕێدایەناو زبڵدانی مێژووەو یاسای ئینسانیان بەبێ جیاوازی سەپاندو کردیانە دەستوری ژیانی کۆمەڵگا.
کۆمۆنە تەواوی دنیای سەرمایەدرای هێنایەلەرزەو هەرچی پادشاوقەیسەرولویسەکانی دنیابوو یەکیانگرت بۆ کۆتایی هێنان بەکۆمۆنەو ،توانیان شکست بەیەکەمین دەسەڵاتی کرێکاری بهێنن ،بەلام نەیانتوانی خواست و ئامانجەکانی کڕیکاران و هەژاران شکست پێبهێنن،بەڵکو بزووتنەوەی کرێکاری و سوسیالستی خستبوە سەرشاڕێگای خەباتی چینایەتی و فراوان بوون پەلهاویشتنی بۆتەواوی دنیاو دروست کردنی ڕێکخراوحیزبە سوسیالستیەکان و خۆئامادەکردنیان بۆشەڕی چینایەتی و کۆتایی هێنان بە تەواوی نابەرابەری و چەوساندنەوەکانی نیزامی سەرمایەداری .

دەسەڵاتی سەرمایەداری هەرگیزنەیتوانی ،وەک پێش کۆمۆنە کرێکاران فریوبدات و سەرکوتیان بکات بەڕیفۆرمی نیوەناچڵ،هاتنەمەیدانی کرێکاران ڕۆژداوی ڕۆژ بەروپێش دەچوو،لەبەشیک لەووڵاتانی ئەوروپا دەستکرا بەبەخشینی کەمێک داخوازی بەکرێکاران و ژانان و هەژاران ،ئەوکەمەڕیفۆرمەش نەیتوانی کرێکاران لەشؤڕش خوبکاتەوەو بەدوای نزیک بەپەنجاساڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەڕوسیاسەری هەڵداو جارێکی ترولەگۆشەیەکی تری ئەوروپا دڵی سەرمایەداری و قەیسەرەکان شەقاڕشەقاڕکراو ڕووخێنرا.

شۆڕشی ئۆکتۆبەرکاریگەری لەسەرتەواوی دنیای سەرمایەداری داناو،لەبەرپێشگرتن بە ڕوودانی شۆڕش لەووڵاتانی تری ئەوروپا دەستیان دایە ڕیفۆرم دابین کردنی لایەنی کەمی داخوازیەکانی کرێکاران و ژنان و هەژاران .

گەرچی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەهۆی هێرشی بەردەوامی نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵاتە سەرمایەدارەکانی ئەوروپاوە نەی توانی تەواوی ئامانجەکانی بپێکێت و کۆمەڵگای سوسیالستی بنیادبنێت ،کۆتایی تەواوەتی بەنیزامی کاری بەکرێ بهێنێت ،لەگەڵ ئەوەی هەموویاساکۆنەکانی هەڵوەشاندەوە،بەلام نەیتوانی سوسیالیزم بنیاد بنێت ،بەناچاری لەبەشیک لەخواستەکان پاسەکشەی کردوو سەرمایەداری دەوڵەتی ژێرناوی سوسیالیزمی دامەزراند.
دیارەنامەوێت مێژووی شوڕشەکان و کەمووکوڕی و سەرکەوتن و شکستەکانی بگێڕمەوە لەم نووسینەدا،بەقەدەرئەوەی بیرهێنانەوەیەکی کورتی کاریگەری مارکیسزم لەسەرکۆی ڕاپەڕین و شؤڕشەکانی ئەوروپا بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی مانیفێست ،لەلایەن مارکس و ئەنگلس ساڵی ١٨٤٧ ،هەتادەگات بەشۆڕشی خوێندکارانی ١٩٦٨ لەفەڕەنساو بڵاوبوونەوەی ئەوشۆڕشەبەتەواوی دنیا،کەئەویش هەرلەژێرکاریگەری بیری سوسیالستی دابوو .

گاریگەری فکری مارکسی ،لەسەرکۆی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ئەوروپا ئەوڕاستیەی سەلماندووە ،کەهیچ شۆڕشێک بەبێ بوون و بەژداری کردنی کرێکاران ئەنجامێکی نابێت ،ئەوەی فەڕەنسای بەزیندووی هێشتوەتەوەو لەتەواوی ووڵاتانی ئەورپای جیاکردوەتەوەو بەزیندووی هێشتویەتەوە بوونی بززتنەوەی کرێکاری بەهیزەو بەردەوام لەهەوڵدایەبۆکۆتایی هێنان بەنیزامی چەوسێنەرانی سەرمایەداری .
بەدرێژایی زیاتر لەسەدەیەکە فەڕەنسابێ شۆڕش و ڕاپەڕین نەبوو ،هەرماوەی چەندساڵێک بزووتنەی کریکاری و هەژارەکان دێنەوە ناوشەقامەکان و دەیانەوێت کۆتایی بە نەهامەتی و نادادپەروەریەکانیان بهێنن .

نوێترین هاتنەوە شەقامی فەڕەنسیەکان یەلەگ زەردەکانن ،کەئێستاهەڵگری دروشم گەلێکی جۆراوجۆرن ،لەپێناو باشکردنی ژیان و کۆتایی هێنان بەسیاسەتی سەرمایەداری و لیبرالیزمە ،بەناوی سیاسەتی سک هەڵگوشین ،لەسەر حسابی گیان و ژیانی کرێکاران و هەژاران .داخوازی کەمکردنەوەی باجی سەرسوتەمەنی و بەرزکردنەوەی مووچەو دابەزاندنی ساڵی خانەنیشینی و پارێزگاری کردن لەمافی پەنابەران ودابین کردنی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆهەمووان و دابین کردنی سوشیال بۆهەمووان ،بەشێکن لەداخوازیەکانی یەلەگ زەردەکان .

ئەم هاتنەمەیدانی کرێکاران و پەیوەست بوونی خوێنکاران و جوتیاران زەنگێکی نوێ یە بۆ گەڕانەوە و بووژاندنەوەی کۆمۆنە ،یان ئەمیش بەدەردی کۆمۆنەدەچێت و بۆمایەکی تریش شەقام بێدەنگ دەبێت .ڕووداوەکانی ڕۆژانی داهاتوو بڕیار دەدەن شۆڕشی یەلەگ زەردەکان بەرەو رێکخستنی هۆشیارانە دەبات ئامانجەکانیان دەگۆڕن بۆکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی سەرمایەدرای فەڕەنسی یان ،بۆماوەیەکی کاتی پاشەکشەدەکەن .

هۆڵەندا




ڕۆمانی: گەشتێک بە ڕێگەی خەون … نووسینی جەلال بەرزنجی

ڕۆمانی گەشتێک بە ڕێگەی خەون، لەلایەن ماڵی وەفاییەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
لە بەڕێوبەرایەتی پەرتووکخانە گشتێکان ژمارەی ٣٢٤ی ساڵی ٢٠١٨ دراوەتێ
ئەم ڕۆمانە ٣١٨ لاپەڕەیە.
ئەم ڕۆمانە زیاتر لەسەر نۆستاڵژیا کاردەکات، لە قوڵاییەکانی غوربەتەوە دەگەڕێتەوە کۆڵآنەکانی نیشتمان، لە ڕێی پاڵەوانەوە ئێستاو ڕابردوو دەبەستێت بەیەکەوە.

ئەم کتێبە ئێستا لە ماڵی وەفایی و کتێبخانەی سیروان لە هەولێر دەست دەکەوێت.




بەسەرچووین … هاوکار موسا

دەبمە سەرنشینی کەشتییەکی گەورە
بەدیار سەوڵە ماندووەکانەوە ناجۆر دادەنیشم
سەرنشینە دەنگبەرزەکان بێزار دەکەم
تا ئۆقرەیان نامێنێ و توڕمدەدەنە دەریا
دەکەومە کڕۆکی دەریاوە، ماسییەکان بێزار دەکەم
نەهەنگێک بەساخی دەمخوا، یاری بە گەدەی دەکەم
غەمگینی خۆم دەنێو هەناویدا دەڕشێنمەوە
لەگەڵ پژمنێکدا دێمە دەرێ چەندین جۆری گەدە دەبینم
لە کۆتاییدا دەریاش هیشک دەکەم
ئای چەندە شووم و نەگبەتم.
هۆکاری ئەم شوومییەی من ئەوەیە:
بەبێ ئارەزو فڕێ داوەتە سەرزەوی.
لەخۆم هەڵدێم ،لە هەموو شتێک
لە ژیان و شوێنی سەپێندراو هەڵدێم
هەموو سنوورەکان تێک دەشکێنم.
ژیان ناڕەوایە و هیچ کەسێک بەیەکسانی لە دایک نابێ
هیچ کەسێک وەک یەک نییە و کەس لە کەسێکی دی ناچێ
هەر کەسەو بە شێوازێک ژینگە پیس دەکا
مەبەسمە بڵێم: مرۆڤەکان ژینگە پیستر دەکەن
چونکە خۆی لە بنەڕەتیشەوە پیس بووە
بۆچی لێرەم ؟ دەتانوێ چی بکەم؟
من هیچ ئەرکێک جێبەجێ ناکەم
ئەرکم نییە لەسەر زەوی و بە کەڵکی ئەم ژیانە نەزۆکە نایەم.
نە دەژیم و نە دەمرم،
دەنێوان دووڕیانێکی ترسناکدام نە دانیشتوم نە بە پێوەم.
سێبەر کە نەوازشێکی باشە بۆ بوون لە ڕاستیدا ئەویشم نییە.
چونکه هەڵە هاتم
هاتم پەنجەیەک بخەمە شوێنی پەنجەیەکی دیکە
بە چاوێکی جیاوازتر بڕوانم
هاتم خەونێک سەربڕم
هاتم کونێک دەنێو دڵی ژیان بکەمەوە.
هاتم برین بەرمەوە
هەندێک خوێن خڕکەمەوە
هاتم تنێ
هاتم
هەر هاتم تاکو هۆکاری هاتنیشم بیرچۆوە
بەڵام هەموو شتەکان دووڕیانن
ژیان و مردن
من لە بەینی ئەم دووڕیانەدا بوێرانە بیر دەکەمەوە
بیرکەرەوە هەمیشە ڕەنگە بژی.
پێویستە مرۆڤ بە خواستی خۆی لە دایک بێ
بە خواستی خوی بێتە ئەم جیهانە قێزەونە
ئەگینا زۆر شت ڕودەدەن
بۆ نموونە خۆکوشتن
بە لەنێوبردنی خۆ مەرج نییە بچیتە دۆزەخەوە
کە کۆتا ساتی مرۆڤ دەنێو سکی دایکەوە نووسرابێ
کەوابێ خۆکوشتنیش دیاری کراوە.
پرسی ژیانیان بەمن نەکرد
بۆیە بەبێ پرس دەژیم و هەر بەبێ پرسیش دەمرم!
من هی ئەم ژیانە نیم
هی ئەم ژیانە نەبووم
هی ئەم ژیانەش نابم.
لە شوێنی من دەبوایە کەسێکی دی بژیایە
کەسێک کە جێگەی منی ویستبا
ئاخۆ ئیستا چەند کەس لە دنیادا
هەمان سەودای منیان هەبێ.
چی دەبوو گەر لە شوێنی من
ئەو ڕۆحەتان بدابایەتە گەمژەیەکی تر
باسی جەستەیش هەر ناکەم
لە تابووتێک بەولاوە هیچی دی نیم.
ئای ڕۆحێکم داگیر کردووە
ڕۆحێک کە چەندین ژن و پیاوی نەزۆک
خەونی پێوە دەبینن و هەمیشە بۆی دەپاڕێنەوە.
دیسان دەیڵێمەوە
ڕۆحێکم داگیر کردووە ڕۆحێکی زیادە
بەبێ پرس و ڕاوێژ منیان فرێدایە نێو ئەم مەنفایە!
ئیدی جارێکی دی قاچەکانم پیاسە نابینن
لەسەر کاشییە شەتڕەنجەکان سەرییان ناسوڕێ
وێران بووم من ژیان بڕستی لێبڕیم
هەنگاوەکانم بیرنەماوە.
جارێکی دی چاوەکانم باخچەی ماڵەوە نابینن
کوێر بووم من
مرۆڤایەتی و گاز و ژەهر و خەردەل کوێری کردم.
جارێکی دی دەستەکانم دەستی تۆش ناگرنەوە
چونکی تۆ بووی دەستەکانت بڕیم.
جارێکی دی بەم شێوەیە ناژیم
لەو بڕوایەشدا نیم ژیانێکی دیکە دەست پێبکەمەوە
ئیدی ژیان کۆتایی هات
من هی ئەو ژیانە نەبووم کە ژیام.
من بەسەرچووم و
ڕەنگە ئێوەش بەسەرچووبن




هونەری كۆلاژ … نەژاد عزیز سورمێ‌


مێژوو .. تەكنیك .. ئەزموون ..
( ئاماژەیەك بۆ كێڵگەیەكی ورشەدار )

(( هونەر دۆزرایەوە ، چونكە واقیع بەش ناكا.. ))
گیوم میسۆ
لە ڕۆمانی ( كیژێك لە كاغەز ) دا

—————————-

هونەر لە خۆیدا بە ئەنگیزەی ئەو ویست و ئارەزووانە هاتووە ئادەمزاد ڕوانین و وردبوونەوە و پرسیارە سادە و ئاڵۆزەكانی پێ كردووە و خۆی پێ‌ ڕازی كردووە ..
ئەمە هەر لە دێری دێرەوە خوولیای مرۆڤ بووە ، لە سەردەمی چاخە بەردینەكانەوە كە ڕەنگە تەنانەت بە ئاستی لاسایی كردنەوەیش لە ئیستاتیكا.و ڕەهەندەكانی نەگەیشتبن ، بەڵكو پێویستی ئەوان سەردەمان ڕەنگڕێژیی بەها ئیستاتیكییەكانی كردووە كە پاشان دوای دەیان و سەدان و هەزاران ساڵ لێی كۆڵراوەتەوە و هەوڵی دۆزینەوەی مەودای جوانی و پاڵنەرە ئەفسانەیی و خۆڕسكەكانی دراوە ، نموونەیش بۆ هەردوو بەر ، داهێنەر و بینەر لەو ساوە ون نەبووە ، لە هونەری سەر دیواری ئەشكەوتانەوە ڕا تا دەگاتە شارستانەتە ئۆریگناڵەكانی وێنەی شارستانەتی
( سۆمەر ) و ( دۆڵی نیل ) و ( دۆڵی سند ) .

ئەوانی دیش كە سەردەمێكی زۆر دوای ئەوان هاتن ، بەڵام بە ڕوانینێكی ڕەخنەیی و لێكدانەوەیەكی ئیستاتیكاناسیی ( لە چاوخۆی ) هاوچەرخەوە هاتوون و نەوە دوای نەوە ، لەگەڵ پێشكەوتنی مرۆڤایەتی لە ناسینی سرووشت و دەوروبەر و گۆڕانكاری لە ڕوانین و دونیابینییەكانی بەرامبەر ژیان و گیروگرفتە زاتی و بابەتییەكانیدا ..
سەرەتایش ئادەمزادی پێشین خۆی و كاردانەوەكانی لە بەرامبەر دەوروبەر بە وێنە دەربڕیوە ، كە بە پێی گەلێك لێتۆژینەوەی ئەنترۆپۆلۆژی ، هەروەها دۆزراوە ئاركیۆلۆژییەكان سەلماندوویانە زمان و خەتی نووسین و گەشەسەندنی ، لە چەند هەزار ساڵێك تێناپەڕێ‌ ، ئەمەش لە چاو هونەری نیگاركێشان ماوەیەكی زۆر نییە ، تەنانەت پاش جێگیر بوون و دۆزینەوەی كشتوكاڵ لە چاخی بەردینی نوێدا
( نیۆلۆسیك ) و پاشان سەرهەڵدانی شارستانەتی سۆمەرییەكان و هەموو ئەو لایەنانەی لە دەوڵەتۆكەكانی شاردا دەركەوتن لە ڕووی زمان و خەتی پێنووسین (خەتی بزماری) كە تا دەورو زەمانێكی یەكجار زۆر بەردەوام بوو ، سەرەڕای گۆڕانی سیستەمی سیاسی ، ئەوەی دەچێتەوە ناو هونەری شێوەكاری تا ڕادەیەك بە هەموو چەشنەكانی لە برەو نەوەستا(1).. نەك هەر ئەوەندە ، بەڵكو بوو بە بەشێك لە سرووت و ڕاز و نیازی ڕوانینە فەلسەفییەكانی ئەوسا .. دۆزراوە ئاركیۆلۆژییەكان بەڵگەن كە ئێستا لە زۆر لە مۆزەخانەكانی دونیادا پارێزراون .

بەم جۆرە هونەری شێوەكاری لە نیگاركێشانەوە تا دەگاتە دیواربەندی و هەیكەلتراشیی ( بە هەموو جۆرەكانییەوە ) بوون بە سیمایێكی دیار لە سیماكانی ئەو شارستانەتانە . لەو ساوەش هونەری شێوەكاریی لە گەشە و پێشكەوتن نەوەستاوە ، به‌وه‌ی جگە لەوەی بنیاتێكی ئیستاتیكایی ئادەمزادە لە دەربڕینی خۆی و دەوروبەری ، لە هەمان كاتدا پێویستییەكی مرۆییشە لە جوانكردنی ژیان و جێی ژیان كە دیارە ( هونەری تەلار
یان خانووسازی ) لەم بوارەدا ڕۆڵی نكۆڵیلێنەكراوی دیوە و
دەبینێ‌ . تەنانەت وام دێتە بەرچاو هونەری خانووسازی ڕەنگە ڕاستەوخۆتریش پەیوەندی بە ژیان و بە مرۆڤەوە بێ‌ ، بەوەی لە ژیانی ئاسایی و شوێنی جێبەجێكردنی ئەو سرووتانەی بە درێژایی قۆناخەكانی مێژوو ئادەمزاد بڕوای پێیان بووە ، كە لە دواییدا هەر بە پێی ئەو قۆناخ و باوەڕەوە بە ناوێك ناسراونەتەوە و ئامادەییان هەبووە .
جگە لەوەیش هونەری خانووسازی هەستی ( شوێن )یشی لای مرۆڤ بەرجەستە كردووە ، هەندێ‌ جار تا ئاستی یا نزیك لە ( هێللانە ) ی باڵداران كە باشلار بە لووتكەی تەلارسازی دەبینێ‌ و پێیوایە هەرگیز ئادەمزاد نەیتوانیووە و ناتوانێ‌ لاسایی داڕشتنی ئەتەمی هونەری چێكردنی بكاتەوە(2).

خودی تەلارسازیش دوور نەبووە لەو گۆڕانكارییانەی بەپێی سەردەم بەسەر قوتابخانەكانی هونەردا هاتوون ، لە هونەری دێرینەوە بگرە تا كلاسیك و هونەری سەردەمی بووژانەوە ( ڕێنیسانس ) و ئەوەی پێی دەگوترێ‌ كلاسیكییایەتی نوێ‌ و ئینجا ڕۆمانتیكی و كۆپیزم و ئەبستراكت و دەربڕینخوازیی و دادایی و سوریالیزم و هونەری مۆدرێن و پۆست مۆدرێرێن و ئێستاش دوای پۆست مۆدرێنیزم و…تاد. كە هەر یەك لەو قوتابخانە و ڕێڕەوە هونەریانە زادە و ڕوانین و هەڵوێست نواندن و تاڕادەیەك فەلسەفەی قۆناخەكانیانن ، بە هونەری تەلاسازیشەوە ، دیارە لە ڕووی تەكنیكی كاركردنیشەوە هونەرمەندانی سەر بەو قوتابخانانە بۆ بەرجەستەكردنی ئەو چەمكانەی لە لایەنی ئیستاتیكا و گۆڕانكارییەكانی و پەیوەستیی بە هونەرەكانی دیكەوە بەو جۆرە بووە ، هەر ئەوەش تەكنیك و ستایلی ( هونەری كۆلاژ )ی گەیاندە ئەو ئاستەی چەمكێكی هاوچەرخ وەربگرێ‌ ، سەرەتای سەدەی بیستەم .

ستایلێكی ناسك و ڕوانینپێك و بە بوار لە ئازادی كاركردن و هەمەلایەن و هەمە بابەت لە بەكارهێنانی كەرەستەی هەمەچەشن ، كە بە بەریەوەیەتی هەندێ‌ جار هەموو قوتابخانەكانی تێدا كۆ بكرێتەوە.
كۆلاژ، ئەگەرچی لە قۆناخێك لە قۆناخەكاندا لەوانەیە لەگەڵ هونەری ڕۆژنامەنووسیشدا پێڵوز كرا بێ ‌، بەڵام من وای دەبینم سەرەڕای نزیكیشی لە هونەری رۆژنامەنووسیی ، ( كۆلاژ ) هونەرێكی سەربەخۆ بێ‌و لەگەڵ هەمان ئەو جوێبارانەی هونەری شێوەكاری دەچێتەوە سەر ، تێك بكاتەوە .
جیاواز لەوەش دەركەوتنی ئەم هونەرە وەك مێژووی ڕاستینەی خۆی ، دوور لەو لێڕوانینەی لەگەڵ هونەری نوێ‌ سەیر بكرێ‌ كۆنترە لە هونەری ڕۆژنامەنووسیی بەو چەمك و ڕوانینەی ئەمڕۆ لە گۆڕێیە .
ڕەنگە نەتوانین بە پێی ڕیزبەندی و پەیدابوونی قوتابخانە هونەرییەكان ، كۆلاژ وەك قوتابخانەیەك هەژمار بكەین ، لێ بە ڕوویەكەی دی تەكنیكێكی تایبەت بە خۆی لە كارلێكردندا هەیە..

كۆلاژ ..
مێژووی پەیدا بوونی

وشەی ( كۆلاژ – Collage ) لە بنەڕەتدا لە Coller ی فەڕەنسییەوە هاتووە بە واتای چەسپاندن یا لكاندن ، لێرەوە كۆلاژ بەو مانایە دەكەوێتەوە كە لە چەسپاندن و پێكەوە لكانی شتگەلێك ئینجا وێنە بن یاخود هەر ماددەیەكی دی وەك كاغەزی ڕۆژنامە ، قوماش ، وێنەی فۆتۆگرافی ، تابلۆیەكی دیاریكراو یا بەشێكی ، هەر كانزایەك ، دار ، بەرد، ئاسن ، تەنەكە ، زێڕ ، زیو ، هەر شتێك لە ڕووپێوێكی دیاریكراودا بۆ پێكهێنانی شێوەیەك یا چەمكێكی نوێ‌ لە دەربڕیندا(3).
ڕەنگە پێویستیی چەندان بواری جیا ڕێگە خۆشكەر بوو بێت بۆ
سەرهەڵدان و برەو سەندنی ئەم تەكنیكە لەوانە بە نموونە ئەوەی پەیوەستە بە سرووتە پیرۆزەكان یان ڕازاندنەوەی پەرستگایان لە كۆندا و ڕوانینی هونەرمەندانی نوێ‌ لە پەیڕەوكردنی تەكنیكێكیتر ، بەتایبەتی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ، بەتایبەتیتریش دوای سەرهەڵدانی بزاڤی كۆپیزم و هەوڵەكانی پیكاسۆ و براك و سیزان ، كە لە پاشانیش دەبینین پەل بۆ زۆر بواری دیكە داوێ‌ و لە خۆیدا وەك تەكنیكێكی تازە ستایلی جۆراوجۆری لێ دەبێتەوە..

( كۆلاژ )یش كە دەچێتەوە پاڵ هونەری بینین ، دوور نییە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە شارستانەتەكانی هەرە دێرینیشدا هەبووبێ‌ ، بەڵام وەك مێژوو بەكارهێنانی ئەو تەكنیكە لە هونەردا مێژوونووسان بە ( داهێنانی كاغەز لای چینییەكان ) ی دەبەستنەوە ( دەوروبەری 200 پ.ز ) لەگەڵ ئەوەشدا كارلێكردنی لەو كاتەدا سنووردار بووە تاكو سەدەی (10) دەی زایینی ، كاتێ‌ خۆشنووسە ژاپۆنییەكان تیلمە كاغەزیان بەكارهێنا و كۆپلەی شیعریان لەسەر ده‌نووسی و لە پاڵ یەكیان دادەنان ، لە ئەوروپایێشدا ، سەدەكانی ناوەڕاست ( سەدەی 13ی زایینی ) تەكنیكی كۆلاژ لە كەنیسە گەورەكاندا لەو تابلۆیانە بەكارهێنرا كە گەڵای زێڕكفت و بەردی پیرۆز و هەندێ‌ كانزای گرانبەهای تێدا بەكارهێنرا لەو تابلۆیانەی بە مەبەستی ئایینەوە دەنەخشیێنران .

سەدەی 19ی زایینیش ، تەكنیكی كۆلاژ لەناو ئەوانەدا بڵاوبووەوە كاری دەستیان دەكرد ، وەك هەندێ‌ كاری یادگاری و ڕازاندنەوەی ئەلبوومی وێنە و كتێبان(4).
بەڵام دیارە ( كۆلاژ ) تاڕادەیەكی زۆر وەك هونەرێكی سەربەخۆ و بە ستایل و تەكنیكی نوێوە لەو كاتەدا هاتە ناو مێژووی هونەری شێوەكاری كە هەردوو هونەرمەند( پابلۆ پیكاسۆ) و (جۆرج براك) سەرەتای سەدەی بیستەم ( ساڵی 1912 ) كاریان تێدا كرد ، دوای ئەوانیش سریالییەكان بە فراوانتری دەستیان دایە .
بەم جۆرە كۆلاژ برەوی سەند و تەكنیكی كارلێكردنی قۆناخ بە قۆناخ گۆڕا.و وەك ستایلێك بە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەوە ، بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیشەوە ، بەڵام كەمتر ، ئەگەرچی دەسپێكی لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بوو بێ‌ !!
بە نموونە لە توركیای عوسمانیدا ، ئەم هونەرە زیاتر لە هەندێ‌ ڕووی تەلارە بەناوبانگەكانیاندا دەركەوتووە ، بەتایبەتی لەو مزگەوت و كۆشكانەی سوڵتانەكانییان بنیاتیان ناون . لە ناو عارەبانیشدا ، لەپێش هەمووان باس لە هونەرمەندێكی میسری دەكرێ‌ بەناوی ( مونیر كەنعان ) كە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا لە دایك بووە و بەپێی زۆر لە سەرچاوەكان بە یەكەمین كەس دادەنرێ‌ لەم بوارەدا(5).
لە ئێرانیشدا ئەم هونەرە زیاتر لە بواری خۆشنووسیدا بووە ، لەم بارەیەوە باس لە شوێنەوارەكانی( مەحموود خانی مەلیك ئەلشوعەرا ) دەكرێ‌ كە لە سەردەمی قاجارییەكاندا ژیاوە هەورەها لە هەندێ‌ لایەنی پەیوەست بە كاركردن لە هونەری ( میناتۆر )(6).
هەرچەندە لە ئێراندا كارێكی ناوازە لە شاری ( سێرجان ) دا هەیە ، بە بڕوای من دەچێتەوە خانەی كۆلاژ ، بەڵام ئەگەر بگونجێ‌ دەكرێ‌ بە كۆلاژی مەودادار یا بەرجەستە ناوزەدی بكەین .

ئەم كۆلاژە لە لایەن كەڕولاڵێكەوە لەسەر ڕووبەری نزیكەی 15 پازدە هەزار مەتری دووجا دروستكراوە. چیرۆكی ئەم كۆلاژە كە بە ( باخی بەردین ) بەناوبانگە لە لایەن كەسێكی كەڕولاڵی خەڵكی ( ئەفشار )ی سەر بە شاری سێرجان ( باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ) بەناوی ( هیدایەتی ئەسفەندیار پوور ) كە بە دەروێشخان ناوی ڕۆیشتووە دروستكراوە .
لێتۆژی فارس د. مورتەزا فەرهادی لەم بارەیەوە دەڵێ‌: (( دەروێشخان لە دوا دواكانی سیلسیلەی قاجارییەكانەوە ژیاوە ، هەردوو شەڕی جیهانی دیوە ، ئەوەشی دیوە چ بەسەر وڵاتەكەیدا هاتووە ))(7).

دكتۆر فەرهادی دەڵێ‌ ، دەروێشخان قارەمانێكی جوامێر و پیاوێكی ئازا و زیرەك بووە ، هەرچەندە كەڕو لاڵیش بووە ، بەڵام خەیاڵێكی بەهێز و بەهرەیەكی هونەری و دونیابینییەكی بەرزی هەبووە و بایەخی زۆری بە جوانی داوە ئەمەش لە كارەكانیدا دەردەكەوێ‌(8).
وا دیارە دەروێشخان بەشێكی زۆری موڵكەكانی لە ناوچەی سێرجان لە دەست دەدا ، لە دواییشدا خاكە بە پیت و بەروبوومەكەی بەهۆی بێ‌ ئاوییه‌وه‌ وشك دەبێ‌ .
بەم جۆرە نیگەرانی دەروێشخان بۆ زەوییەكانی دەگاتە ئاستێك ، خێوەتێك لە بیابانێكی نزیك لە یەكێك لە باخە وشكەوەبووەكانی هەڵبدا و باخێكی بە بەرد لە بنەداری وشك هەڵاتوو ، هونەرمەندانە لەباتی بەروبوومی كشتوكاڵ ، بەردی هەمەجۆر و هەمەڕەنگیان پێدا شۆڕ دەكاتەوە لە ڕووبەرێكی بەرفراوان . ( بڕوانە وێنەكان ) .
لە هەمووی سەیرتر ، وەك سەرچاوە جیاجیاكانیش باسی دەكەن لەوكاتەدا لە هەل و مەرجی ئەوان ڕۆژان ئامێری پێویست بەردەست نەبووە بۆ دووبەدەركردنی بەردە هەمەجۆرەكان بەتایبەتی بەردە قایمەكان ، لەمەشدا وا پێدەچێ‌ دەروێشخان ماندووبوونێكی زۆری دیبێ‌ لە دووبەدەر كردنیان ، تەنانەت هەندێك لەو بەردانە زۆر قورسن و هەڵواسینیان بەهۆی تێل و كانزای بەردەستی دیكە ئاسان نەبووە .
ئەم كارەی دەروێشخان كە ئێستاش قیبلەنمای گەشتوەرانە یەكێكە لە كارە ناوازەكانی مێژووی داهێنانی هونەر و) هونەری كۆلاژ( بەتایبەتی وەك لە پێشدا وتم دەشێ‌ بە كۆلاژی بەرجەستە ناوزەد بكرێ‌ .

من بەخۆم ئەم كارەی دەروێشخان ( ئینجا بەهەر هۆ و ئەنگیزەیەك بوو بێ‌ ) بە شێوەیەك لە شێوەكان بە دەقئاوێزیی زۆر لەو تێكستانە چاو لێ‌ دەكەم كە لە كاتی هەردوو شەڕی یەكەم و دووەم یاخود دوای شەڕ نووسراون و ئاڵۆزییە هەمەلایەنەكانی دەروونیی و كۆمەڵایەتی مرۆڤیان بەرجەستە كردووە .

تەكنیكی كاركردن

لە ڕووی بەكارهێنانی ماددە و شتگەلی هەمەچەشنەوە كاركردن لە كۆلاژدا كەموێنەیە ..
هەموو شتێك ئاساییە بەكاربهێنرێت لەكاغەزی هەمەجۆرەوە تا قوماش و پلاستیك و وێنەی فۆتۆگرافی و پارچەی دیاریكراو لە نیگاری كێشراو و پەڕی باڵندە و كانزای لە جۆری ئاسن و مس و هەروەها بەردی ڕەنگاو ڕەنگ…تاد.

كۆلاژكار ، ئازادییەكی ڕەها و پێكهاتەیەكی ئاهەنگداری ڕوانینخواز ، لەو تیشكانە ، ئەگەر هەر كەرەستەیەك بە تیشكێك ببینین ، ڕوناهییەكی بەهێزو سەرنجڕاكێش پەیدا بكا ، كە هەندێ جار مەبەستی بێ‌ لە هاڕمۆنیای فیگۆرەكانەوە یاخود لەگەڵ یەكهاتنەوەی كەرەستەكاندا دەبێ‌ .
زۆرجاریش لە فیگۆرە دژبەیەكەكاندا هەوڵدەدا گوزارشت لە ڕوئیاكانی بكا جگە لە دەستپێداهێنانەوەی دوایی كە لە دوا قۆناخی هەر تابلۆیەكدا بە دەسكاری خودی كۆلاژیست بەهۆی هەندێ‌ قەڵەموەشاندنەوە جێبەجێ دەكرێ‌ ، هەموو ئەو خەت و لاین و قەڵەموەشێنانەش دەگرێتەوە كه‌ تەواوكاری بە تابلۆكە دەده‌ن ، یا لە هەندێ‌ تابلۆی كۆنتراستدا دژایەتی پتر دەردەبڕن كە ئەویش هەر لە بەرژەوەندی كارەكەدا دەبێ‌ ، بەخودی ئیمزای هونەرمەند خۆیشییەوە كە بە ڕای من دەبێتە بەشێكی دانەبڕاو لە تابلۆكە و وەك فیگۆرێك خۆی دەنوێنێ‌ .
من بە خۆم تەكنیكی كاركردن لە كۆلاژدا وانابینم لە مەودای دەربڕین جیابێتەوە ، دیارە دەربڕین و شێوەكاریی و زمانی هەركارێك لە ئەنگیزەی كۆمەڵێك ڕەهەندەوە سەرچاوە دەگرن و بە پێی پاشخانی فەرهەنگی و پێویستی دەروونی بەسەر هونەرمەندیدا دەشكێنێتەوە . ئەمە لە هونەرەكانی دیشدا هەر وایە ، بەتایبەتی لە شیعر و مۆسیقادا ، كە دووەمیان دەچێتەوە ناو ئەبستراكت و لە گەلێك ڕووەوە لەگەڵ ئەو ڕیتمە ڕەنگین و پارچانەی كۆلاژدا تێكدەكاتەوە ، باوەكو هەر یەكیان سەر بە دونیای خۆیشیان بن .

ڕەنگە ئەمەش لەوەڕا هابتێ‌ هونەری كۆلاژ بە شێوەیەك لە شێوەكان دەچێتەوە سەر قوتابخانەی كۆپیزم ، كە لە لایەنی شێوەخوازییەوە بە ڕادیكاڵترین قوتابخانە دادەنرێ‌ لە سەردەمی خۆیدا بە تایبەتی بۆ هونەری شێوەكاری ، بەوەی ئەو قوتابخانەیە وازی لە چەمكە ریالیزمییەكانی بینین هێنا و لە هونەری هاوچەرخدا بەوە دەركەوتەوە ئاڵۆزی مرۆڤی هاوچەرخی لە ڕەهەند و مەودایەكی دیكەدا دەرخستەوە ..
پەرەسەندنی هونەری كۆلاژیش ( تاڕادەیەك ) بە لای دەرهاوێشتەكانی كۆپیزم و دادایەتی و لە پاشانیشدا سوریالی كەوتەوە لە پەیڕەوكردنی ئەبستراكتایەتی لە كاركردندا ، بەڵام بە ستایل و تەكنیكێكی جیاواز :

سەودا كردنی ڕوانینئامێز لە بەرابەر ڕووپێو و بۆشای و مەودادان بەو ڕوئیا و گەمە شێوەكاریانە بۆ ڕێكخستنەوەی ئاهەنگەكانی ناوەوەی كۆلاژكار خۆی ، زۆر جاریش دەقئاوێزی لەگەڵ ژانرەكانی دی هونەر ، بە نموونە شیعر لە باڵاترین تەجەللایدا ، كە جار هەیە بە لای ڕووی پاكیزەی ئیرۆتیكا و هەندێ‌ جاریش بەرەو ڕێڕەوی عیرفانیدا دەشكێتەوە و لە شیمانەیەكی وەختیدا ، دەوڵەمەند بە پاشخانی مێژوویی ( لە زەمەنی ئێستای دووبارە بووەوەدا ) و ئەزموونی كار لێ‌ كردنی وەك هەر كارێكی هونەری دەگاتە ترۆپك و تۆقەڵان .. لەوێدا لۆژیكێكی جیا لە نالۆژیكدا ، كە بەشێكە لە ویستی عارفان و ویستی شێوەخوازی ، هەروەها بەشێك لە ڕەهایی ڕوئیا و دونیابینی خۆی دەردەبڕێ‌ ..

لەبارەی ئەزموونی خۆمەوە

وێنەكێشان بۆ من یەكێك بووە لە خوولیاكانی منداڵیم .. سەرەتای چوونە بەر خوێندن ئەو بوارەم بۆ نەڕەخسا ، هەلومەرجی ئەوسا ( دەسپێكی خوێندن ) كە زۆرجار بەسەریدا دەسەپاندین لە ئەشكەوتان بخوێنین چ جای وێنەكێشان .
من تا نەهاتمە شار وانەی ئەوەی پێی دەگوترا ( ڕەسم ) وكە لە دوایدا زانیم ، نەبیستبوو..
( قەڵەمڕەنگ ) م هەر بە دوایی نەدیبوو ، بە خەڵوز جار جار ئەگەر بمانویستبوایە وێنەمان لەسەر دیوار و زەوی كۆنكریتكراو دەكێشا ، ئەو دەمە تەنیا بینا حكوومەتییەكان كۆنكریت بوون .
هێشتا لە ناوەڕاستی قۆناخی سەرەتاییدا بووم هاتمە شار ( پۆلی چوارەم یا پێنجەمی سەرەتایی ) لە خشتەی وانەكاندا ، وانەی ( الرسم )م دی ، بەڵام تا قۆناخی سەرەتایشم تەواوكرد وانەی ( وێنەكێشان- الرسم ) هەر لە خشتەی وانەكاندا مایەوە ، حەفتانە چەند وانەمان هەبوو ، یا دەكرا بە وانەی تر ، یاخود مامۆستا ئیزنی دەداین و بە ئیستیلاحی ئەودەمی دەبووە ( شاغر ) .

لە قۆناخی ناوەندیدا ( پۆلی دووەم ) بارودۆخ گۆڕا ، من گەڕامەوە
( گەڵاڵە ) شوێنی لە دایك بوونم كە ماڵیشمان هەر لەوێ‌ بوو .
ئەگەرچی گەڵاڵە دەمێك بوو ناحیە بوو ( هەر لە سەردەمی پاشایەتیدا ) هەروەها بنكەی شۆڕشی كوردستان .. لە هەمانكاتدا ئەوان ڕۆژان پێگەیەكی گرینگی بازرگانی هەموو كوردستانیش بوو ، بازاڕێكی هەبوو دووجار بە قەد ڕووپێوی خانووەكانی ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شوێنێكی تایبەت بە هونەر بە تایبەتی لە ڕووی بایەخدان و بە هەندگرتنی تێدا نەبوو ، ئەوەی هەبوو لە دوو سێ‌ هونەرمەندی خۆڕسك كە ئەڵڵاخوایی خۆیان خۆیان پێگەیاند بوو تێنەدەپەڕی .
ئەوسا ئێمە كۆمەڵێك قوتابی قۆناخی ناوەندی بووین هەستمان بەوە كرد بەتایبەتیش كە هەموومان لە ڕێكخراوی ( یەكیێتی قوتابیانی كوردستان ) دا
كارمان دەكرد ، ئەوەبوو لیژنەیەكمان بە ناوی ( لیژنەی زمان و ئەدەبی كوردی قوتابخانەی ناوەندی گەڵاڵە ) دامەزراند .
بە داخەوە بە هۆی كۆمەڵێك ئەگەر سەرەڕای بایەخدان بە لایەنەكانی دی وەك ڕۆژنامەنووسیی و مۆسیقا و گۆرانی و شانۆ ، لە بواری هونەری شێوەكاریدا ڕێك نەكەوت كارێكی وامان پێ بكرێ‌ شایانی گێڕانەوە بێ‌ .

زۆری پێنەچوو بیرمان لە بڵاوكردنەوەی گۆڤارێك كردەوە ، ئەوەبوو گۆڤاری( بەرەو ڕووناكی ) مان دەرچوواند ، بە حوكمی ئەوەی زۆربەی كارەكانی گۆڤارەكە ، بەتایبەتی سەرپەرشتی چاپ لە چاپخانەی كوردستان لە هەولێر بە من سپێردرا بوو ، پێشتریش لەگەڵ دەسپێكی قۆناخی ناوەندیدا ئەوەی پێی دەگوترێ‌( ڕۆژنامەی دیوار ) كە زیاتر دەچێتەوە ناو ( ڕۆژنامەگەریی قوتابخانە ) چەند بڵاوكراوەیەكم بە كۆششی خۆم دەرچواند بوو ، كە باسی ئەمەش دەكەم مەبەستمە بڵێم تەكنیكی كاركردن لە ڕووی دانان و دابەشكردنی بابەت و وێنە و قەبارە و شێوەی دانان و بڵاوەپێكردنی بۆشایی لەم جۆرە بڵاوكراوانەدا نزیكە لە كاركردن لە كۆلاژ .
لێرەڕا دەتوانم بڵێم من لەكاری ڕۆژنامەنووسییەوە سەروكارم لەگەڵ كۆلاژدا پەیدا كرد و تاڕادەیەك قەرەبووی ئەوەم پێكردەوە لە قوتابخانەدا بواری فێربوونیان بۆ نەڕەخساندین .
لەوساوە زۆرجار بۆ بابەتە نووسراوەكانی خۆم یا هی برادەران یاخود لە دەرهێنانی كتێبەكانمدا پەنام بۆ بردووە ، ئەگەرچی وەكو پیشانگای تایبەتی تا دوادواكانی سەدەی ڕابردوو (1995) كە یەكەمین پیشانگام تێداكردەوە
( 1/10/1995 ) هیچ پیشانگایەكم نەكردبێتەوە(9).

لە ڕووی تەكنیكی كاركردنیشەوە ، هەوڵم داوە ستایلێكی تایبەت بەخۆمم هەبێ‌ ، هەورەها هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووم ( وێڕای پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و بەردەست بوونی ) بە دەست كار بكەم ، من لە كاركردن بەدەست خۆم ئازادتر و كارەكانم سرووشتیتر دەبینم .
پێشموایە كاركردن بە دەست ، باوەكو بە كۆمپیوتەر و فۆتۆشۆپ
بكرێت و زۆر جار بواری مەودا پێدانیشی هەبێ‌ ، بەڵام هەمیشە وام دیوە كاری دەستی لە گیان پێدان و درەوشانەوەیدا لە پێشتر بێ‌ ، لە هەمانكاتدا كاركردن بەدەست :
یەكەم: ڕاستەوخۆترە و پتر ئیحساسات و جێپەنجەی كۆلاژیستی پێوە دیار دەبێ‌ ، ئەگەرچی ماندووبوونی زیاترە .
دووەم: ئەو ڕەهەند و مەودایانەی دەتوانرێ‌ بەدەست بە كارەكە بدرێ‌ ، هەندێ جار بە كۆمپیوتەر نزیكە لە مەحاڵ ، بەتایبەتی لەكاتی بەكارهێنانی هەندێ‌ كەرەستەی وەك دارو ئاسن و كانزای دی ..
سێیەم: زۆرجار ڕێك دەكەوێ‌ ( هەرچەندە من وەكو خۆم ئەم ئەزموونەم لە پیشانگاكانمدا تاقی نەكردووەتەوە ) كۆلاژێكی زیندوو لە خودی هۆڵی نمایشكردندا پێشان بدرێ‌ ، ئەمەش بە كۆمپیوتەر ناكرێ ‌.
چوارەم: لە ڕووی ڕاپەڕاندنی كاردا ، ڕەنگە زیاتر ماندووت بكا ، بەڵام لە زۆر لایەنەوە پێویستی بە هەندێ‌ شت نابێ‌ ، لە وێنەی تەزووی كارەبا بۆ كۆمپیوتەر بە نموونە ، لەو حاڵەتانەدا كۆلاژیست دەتوانێ‌ لە كوێرەدێیەكیشدا كارەكانی بەدەست ڕایی بكا .
ئەزموونی من لە یەكەمین پیشانگامەوە تا شەشەمین پیشانگا هەمووی بەدەست بووە ، لە هیچ كارێكمدا وەك وتم تەكنیكە بەردەستەكانی كۆمپیوتەرم بەكار نەهێناوە ، من پیشانگای یەكەمم لە(1/10/1995) لە هۆڵی سەدیر لە هاوینەهەواری سەلاحەددین ) نمایش كرد، بەناوی
( پاییزی چاوەكان ) ئەو پیشانگایە زیاتر لە 70 حەفتا تابلۆ بوو ، لە هەلومەرجێكدا بوو شەڕی ماڵوێرانكەری ناوخۆ لە گۆڕێ‌ بوو ، ئەو پیشانگایە و ئەو تابلۆیانەی تێیدا نمایش كران مەنەفێستی ناڕەزایی من بوو شەڕ بوو لەگەڵ شەڕی بێئومێدكارانەی خۆكوژی ، دەقێكی ڕاشكاوانەتر بوو لە دەقی ( باوێشكەكانی مێژوو ) كە شانازی پێوە دەكەم بەوەی
( یەكەمین قەسیدەی بڵاوكراوە بوو ، مایسی 1994 دژی شەڕی ناوخۆ پێش پیشانگاكە لە دەسپێكی شەڕدا بڵاوم كردبووەوە ) لە پاشانیشدا لە ڤیستیڤاڵی خانی لە شاری دهۆك خوێندمەوە(10).
لە حەقیقەتیشدا كۆلاژ بۆ من ، وەك زایەڵەی زەنگێكی لێهات لە تاراوگەی شیعردا ، هەر لێرەشەوە كرۆكی كێشەكە دەستی پێكرد:
كۆتەڵساز ، ڕموەشێنی مەیدان ، ئاگردز .. هەموو ئەوانە تارایەكیان پێ نەهۆنرایەوە! ناڵێم وشە دەستەوەستان بوو ، بەڵام ڕەنگە نەمویستبێ‌ لە ڕۆحی زیندووی بدەم ، ئەمەش هەستێكی بە سۆزە كە مرۆڤێك دەبینی خوولانەوەی لە مەودای ئیستاتیكاوە پێ لە پێشتر بێ‌ لەوەی هیوا ستراتیژییەكانی ژیان بەرجەستە دەكەن و بە شكۆیەكی وەختی نەدا .
هەندێ‌ جار بۆ ئەوە دەچم وەك چۆن مۆسیقا و ستران بە هۆی هەست كردنی مرۆڤ بە غەریبی و نائومێدی لەو دیماهییە تراژیدییەی ژیان كۆتایی پێ‌ دێ‌ داهێنراوە ..
هونەری نیگاركێشانیش ، ئەگەر مرۆڤی سەردەمە دێرینەكانیش مەودا ئیستاتیكییەكانی پێ‌ لێك نەدرابێتەوە ، لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانییەت تێگەیشتووە لەو وەهم و خەونی نەمرییەوە سەرچاوەی گرتووە ، كە لەگەڵ كارەساتە یەك بە دوای یەكەكانی ژیانزەوتكاران ، كونجێك ، بەرهەڵێكی تێدایە لە نزمترین پلەی نەداریدا چڵێك ڕوناهیت بداتێ‌ ..
ئەوە هونەرە دونیات هەبێ‌ ، بە كۆششی خۆت نەبێ‌ ناتوانی تێی بگەی و چەشەی لێ‌ وەربگری ..
هەر لێرەوە كۆلاژ بۆ من دیوەكەی تری شیعر بوو لە زەمانێكی ئیفلیجدا ، با لەگەڵ ڕەوتی هونەری نوێش بێ‌ پەیوەندی نەبوو بێ‌ ، بەڵام هەوڵێك بوو لە ئێوارەی مێژوو و ڕۆژپەڕی جوگرافیا بۆ ناسینەوەی بەهارە سووتاوەكان و ڕۆژگارە لە دەستچووەكان .. كڵاوڕۆژنەیەك بوو لە شەختەدا ، تەكنیكی ژیان بوو بەر لەوەی تەكنیكی شێوەكارییایەتی پەتی بەشێك لەو ژیانە بێت ناومان ناوە شێوەكاری یاخود هونەری شێوەكاری .
ئەم هونەرە ڕەنگە لە كوردستاندا بۆ یەكەمجار شەرەفی كارتێداكردنی بە من بڕا بێ‌ ، دیارە لە هونەری دونیادا نوێ نییە..
نایشارمەوە من لە كۆلاژدا هەست بە ئازادییەكی ڕەهاتر دەكەم ، هەست بەو شێتایەتی و وەهمانە دەكەم كە پێموایە كەم و زۆر لە هەمووماندا هەیە.. لە كاركردنیشمدا هەرگیز لایەنی ئیستاتیكی و تەكنیكی كاكردن و ڕوانین و ڕوئیای شێوەخوازی لە مەودایەكی ڕەهاترم بە قوربانی ناوەرۆكێكی دروشمئارا و باركەوتوو نەكردووە .
لە پیشانگاكانمدا هەوڵمداوە ڕیتمی ونكراو لەناو ژاوەژاوی سەردەمدا بدۆزمەوە لە كاتێكدا هاوسەنگیمان ڕوو لە ئاوابوون بوو ..

22 /10/2017
نەژاد عزیز سورمێ‌

———————————————–

ئاماژە و پەراوێز:

(1) هونەری سۆمەری گەیشتە ئاستێك تەنانەت لە سەردەمە هاوچەرخەكانیشدا هونەرمەندان لە كارەكانیاندا بە شێوەیەك لە شێوەكان بۆی گەڕاونەوەتەوە.
ئەگەر نموونە ت ویست سەیری تاقەكەی هونەرمەند ( جەواد سەلیم ) بكە لە بەغدا كە بووە بە ئایكۆنی شارەكە و ڕۆژانە لە TVییەكان دەیبینی ، دەسكردی هونەرمەندێكی هاوچەرخی سەدەی ڕابردووە(1921-1961) .
سەلیم لەم كارە ناوازەیدا بە ئاشكرا سوودی لە ( مۆری لوولەیی ) سۆمەرییەكان وەرگرتووە ، ئەوەی ئەو كردوویەتی لە ڕووی تەكنیكەوە چاپی هەڵكەندراوی مۆری لوولەییە بەڵام بە ڕوانینێكی سەردەمیانە.
(2) گاستۆن باشلار- جمالیات المكان – چاپی بەغدا 1980، بڵاوكراوەكانی گۆڤاری (اڵاقلام).
(3) سكینە المشیخص- الكولاج یستعید قيمة الاشياء فنيا .

بڕوانە:

http://akherelakhbar.net/%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%AB%D9%82%D8%A7%D9%81%D9%87/%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%AC-%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%A5%D8%B9%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%AA%D8%AF%D9%88%D9%8A%D8%B1/

(4) نوار طه – فن الكولاج – گۆڤاری (زەیزفون) ی ئەلكترۆنی .
(5) جمال القصاص- ستە عقود من الكولاج ، ڕۆژنامەی ( الشرق الاوسط ) ژمارەی ڕۆژی
4 /2/2000.
(6) د. سیاوش قندی – تاریخچە كولاژ، ڕۆژنامەی – هنرو اندیشە – ژمارە 214- دووشەممە 12ی ئابان 1376ی هەتاوی.
(7) یادداشت د. مورته‌زای فرهادی دربارە بزرگترین كولاژ جیهان در سیرجان ،

بڕوانە :

http://mortezafarhadi.ir/archive/557/%D8%A8%D8%A7%D8%BA-%D8%B3%D9%86%DA%AF%DB%8C-%D8%B3%D9%8A%D8%B1%D8%AC%D8%A7%D9%86%D8%9B-%D8%A8%D8%B2%D8%B1%DA%AF%D8%AA%D8%B1%D9%8A%D9%86-%D9%BE%D9%8A%DA%A9%D8%B1%D9%87-%DA%A9%D9%84%D8%A7%DA%98-%D8%A7
(8) هەمان سەرچاوەی سەرەوە.
(9) لەوساوە ، واتە لە 1/10/1995وە تا ئێستا 6 شەش پیشانگای تایبەتیم كردووەتەوە و لە زۆربەی شارەكانی كوردستان نمایش كراوان ، وەكو هەولێر ، سلێمانی ، دهۆك ، سۆران ، ئاكرێ‌ ، صلاح الدین..تاد.
بێجگە لەوەش پیشانگای شەشەمم لە ئەنقەرەیش لە توركیا نمایش كرد كە بە ئامادەبوونی چەندان نووسەر و هونەرمەند و پەرلەمانتار بەڕێوە چوو و لە لایەن نووسەری ناوداری تورك دۆستی كورد مامۆستا (ئیسماعیل پێشكچی)یەوە كرایەوە هەورەها پێنج لەو پێشانگایانە لە دوو توێی 3 كتێبدا چاپ و بڵاوكراونەتەوە.
(10) ئەو ڤیستیڤاڵە لەكاتێكدا بوو زۆر نەبوو من و خانەوادەكەم ، ماڵی دایكم ، هەژاری برام ، ماڵی خوشكم لە قوربانییانی ئەو شەڕە بووین كە ئەوان بەر شاڵاوی تاڵان و فەرهود و پەراگەندەیی كەوتن و منیش كتێبخانەكەم كە خۆی لە نزیك 8 هەشت هەزار كتێب و دیكۆمێنتی ڕۆژنامەگەریی كوردی دەدا وێڕای چەندین سیایی ئامادەكراو بۆ چاپ لە پێش هەمووشیانەوە ( داستانی گەلگامش ) كە سێ‌ ساڵ بە وەرگێڕان و پەراوێز بۆ نووسینەوە
پێی خەریك بووم تیا چوون .




چیرۆک بۆ منـداڵان.. ئۆخـەی نیشـتمان … رەزا شوان

شایەکی بیابان نشین، هەر لە منداڵییەوە زۆر حەزی لە دەنگی باڵـندە بوو.. لە باخچە فـراوانەکەی كۆشکە قەشەنگەکەیـدا، لە نێو تەلبەند و قەفـەزی نایابدا، چەندین جۆرە مـەل و باڵـندەی پـەڕ ڕەنگـین و جـوان و دەنگـخۆشی هەبـوون.. خۆشەویسـترین و جوانترین و دەنگخۆشترین باڵندە بەلای شاوە، جوانی و دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی بوو.. کە لە نێو تەلەبەندێکدا، دیکۆرێکی زۆر جوانی بۆ رازاندبۆوە.. کە بریتی بوو لە شاخ و لە تاڤگە و لە گۆڵـزارێکی رەنگین و لە بەردی جوان.. شا هێندە هۆگری دەنگی باڵندەکـانی ببوو.. هێندە گوێی لێیان گرتبوو.. تا رادەیەک لە زمانی باڵندەکـانی دەزانی.

شا بەیانیان بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی لە خەو هەڵدەسا.. دەچووە دیاری و گوێی لێدەگـرت.. بەڵام شـا سەری لەوە سووڕمابوو، کە کەوەکـەی هەموو جارێک لە کۆتـایی خوێندنەکەیـدا، دەیـوت: خۆزگـەم بە نیشـتمان ! شا لەبەرخۆیـەوە وتی: جا کەوەکـە لە چیت کەمە؟! خۆشترین دان و میوە و سەوزەم لە بەردەمتدا داناوە.. جوانترین دیکۆرم بۆ رازاندوویتەوە.. قاپەکانی ئاو و دانەکەشت لە زیـو دروستکـراون.. شـوێن خـەوێکی نەرم و گەرمم بۆ رازاندوویتەوە.. پێم ناڵێیت بۆ هەموو جارێک خۆزگە بە نیشتمانەکەت دەخوازی؟! تۆ بڵێی دیمەنەکانی نیشتـمانەکەت لەم دیـکۆر و دیمـەنەی ئێرەت جوانـتر و قەشەنگـتر بن.. لەم نـاز و بەخشـینەی ئێرەت خۆشـتربن؟!
شا شەوێکیان خەونی بینی.. لە خەوەنەکەیدا بەیانی بوو، گوێی لە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکـەی گـرتبوو.. وەکو رۆژانی تر گـوێی لێبوو کە کەوەکـەی وتی: خـۆزگـەم بە نیشـتمان.

شا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کـردەوە.. بەرەڵای کرد و پێی وت: دە هەڵبـفڕە و بڕۆوە بۆ نیشـتمانەکەت.. کەوەکە بەرەو باکوور هەڵـفڕی.. شا لە خوا پاڕایەوە، کە بیکات بە باڵندەیەک، بۆ ئەوەی دوای کەوەکەی بکەوێت.. داواکەی شا هاتەدی و بوو بە باڵندەیەک.. هەڵـفڕی و قۆناغ بە قۆناغ دوای کەوەکەی کەوت.. تا بزانێت کوێیە ئەو نیشـتمانەی خۆزگـەی بۆ دەخوازێت. لە دوای فـڕینی ماوەیەکی زۆر، گەیشتنە دۆڵێکی رەنگین و فراوانی کوێستانی کوردستان، کە کەوتبووە نێوان دوو زنجیرە شاخی بەفرین و بەرزەوە.. چیاکان بە دارستانی سەوز و چـڕ پۆشرابوون.. دۆڵەکە پـڕبوو لە دار و دەوەنی سەوز و لە تاڤگەی جوان، لە کانیاوی روون و خوڕ، لە گوڵـزاری سروشتیی گوڵ هەمەڕەنگەی جوان و بۆن و بەرامە خۆش.. شـا لە هـەموو لایـەکەوە گوێی لە چریکە و لە خوێندنی جۆرەهـا مەلی دەنگخۆش بوو، کە لە ژیانیدا شوێنی وەها خۆش و ئەفسووناوی و دیمەنی قەشەنگ و دڵـڕفێنی لەو شێوەیە نەبینیبوو.. واقی وڕمـا، لەبەر خۆیەوە وتی: هەبێ ونەبێت ئێرە بەهەشـتە، کەوەکـەم ناهەقی نییە کە خـۆزگە بەم نيشـتمانە جوانەی دەخـوازێت.. بە راستی زۆر جـوانە.

کەوەکە لە لای کانییەکی ئاو روون و سارد نیشتەوە.. هەشت نۆ قوم ئاوی خواردەوە.. پشوویەکی دا.. ئینجا چووە سەر تاشەبەردێکی قوت.. بە دەنگێگی بەرز و بەسۆز و زوڵاڵ دەستی بە قاسپە قاسپ کرد.. لە کۆتاییدا سێ جار لەسەر یەکتری وتی: ئۆخـەی نیشـتمانە شـیرینەکەم، نەمـردم و پێت شـادبوومەوە.. رەوێک کەو هاتـن و لە دەوری کەوەکەدا نیشتنەوە.. دووبارە کەوەکە دەستی بە قاسپە قاسپ کـرد.. لە کۆتـاییدا وتی: ئۆخەی کە بە کەس و کارم و بە هاوڕێکانم شادبوومە.. لە دواییدا لەگەڵ ئەو کۆمەڵە کـەوەدا، دای لە شەقـەی بـاڵ و بەرەو چـیایەکی لووتـکەبەرز هەڵـفڕین.

شا لە پـڕێکدا، لە دەنگی قاسـپە قاسـپی کەوەکـەی خەبەری بۆوە و وتی: ئۆخـەی کە ئەمە خەون بوو بینیم.. شا لە پێشا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و ئازادی کرد.. کەوکە بەرەو باکـوور هەڵـفڕی و لە چـاو ونبوو.. شا هەموو باڵندەکـانی تریشی ئازادکـردن و وتی: هەر هەمووتان ئازادن و بفـڕن و بچنەوە بۆ نیشتمانەکانی خۆتان. چی قەفەز و دیکۆر و تەلبەنديشی هەبوون، هەر هەمووی شکاندن.
شا هەر ئەو رۆژە بڕیارێکی دەرکـرد، کە راوی هەموو جۆرە باڵندە و ئاژەڵێکی کێویی لە وڵاتەکـەیدا قەدەغـەکرد.. راشیگەیانـد، کە هـەر هاوڵاتییەک سەرپێچی ئەم بڕیارەی بکات، بە توندی سـزا دەدرێت.

رەزا شوان
کەرکوک: ١٩٧٥