خاڵ لە هێڵی یاداشتدا له‌گه‌ڵ د. مارف خه‌زنه‌داردا … سەباح ڕەنجدەر

تێبینی:
• وەك مەبەست بە زمانێكی ساكار ئەم یاداشتانه‌م تۆماركردووە.
• لە هیچ نووسینێكدا بەڕێز و كاك و مامۆستا و هێژا ….. تاد، بەكارناهێنم، تەنیا ناوی خۆیان لە هەموو ئاوەڵناوێك گەورەتر و شایاندارتر دەزانم.

————————————————-

خۆم له‌ پێشه‌كی پاراستووه‌، چونكه‌ ثيمه:‌ (ڕامانی سه‌ره‌كی) نووسین ده‌كوژێ و ڕه‌زامه‌ندی خوێنه‌ری نموونه‌یی وه‌رناگرێت، ناشبێته‌ ڕووداو له‌ نووسیندا.
حوزەیرانی 1988 نامیلكەی (زێوان)م چاپ كرد، دانەیەكم پێشكێش بە: (ئیسماعیل بەرزنجی) كرد، گوتی: دوو دانەی تریشم بدەرێ، یەك بۆ كتێبخانەی: (محەمەد مەولوود مەم) و ئەوی تر بۆ: (دكتۆر مارف خەزنەدار).
پێشتر: (محەمەد مەولوود مەم)م بەهۆی: (دكتۆر ئازاد حەمە شەریف)ەوە دەناسی و پیاسەی دوور و درێژمان لە شەقامەكانی هه‌ولێر كردبوو، لە چایخانەی: (شەوانی هەولێر)یش چەند جارێك بە سێ قۆڵی دانیشتبووین و چەند جارێكیش لەماڵەوە نان و نمەكمان كردبوو، (دكتۆر ئازاد حەمە شەریف) لە ژمارە (183)ی ساڵی 2004 لە گۆڤاری (كاروان)، بابەتێكی نووسیوە بەسەر ناوی: (چۆن مەمم ناسی) باسی ئەو دانیشتنانە دەكات و بۆچوونی مەمیشی لەبارەی منەوە هێناوەتەوە و دەڵێت: (هەر لەو دانیشتنەدا گفتوگۆیەك دەربارەی چیرۆكی (دۆزینەوە) لە نێوان كاك (سەباح ڕەنجدەر) و (مەم) دروست بوو، كاك سەباح بە وردی پرسیاری لەسەر چیرۆكەكە لە (مەم) كرد و باسی لە لایەنی بەهێز و كاریگەری چیرۆكەكەی
(مەم)ی كرد. (مەم)یش لە كاك (سەباح)ی پرسی: (تەمەنت چەندە). ئەویش گوتی: (نۆزدە ساڵ). (مەم) پێی گوت: (تەمەنی ڕۆشنبیریت پێش تەمەنت كەوتووە و ئومێدی زۆرم بە لاوی وەكو ئێوە هەیە باری ئەدەبیمان بەرەو داهێنان ببەن).

لەو چل و ئه‌وه‌نده‌ ساڵەی تێكەڵ بە ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی بوویمە، پیاوی ئاوا لەخۆبووردووی وەك: (محەمەد مەولوود مەم) و (عەبدوڵڵا سەڕاج)م نەناسیوە، بەو شێوە پاك و له‌ دڵ و گیانه‌وه‌ پاڵپشتی بەهرە و لێهاتوویی لاوان بكەن و دڵ و گیانیان بە داهێنانیان خۆش بێت، دوای چەند ڕۆژێك لەگەڵ: (ئیسماعیل بەرزنجی) ڕێكەوتی یەكمان كرد و گوتی: (دكتۆر مارف خەزنەدار) دەیەوێ بتبینێت، ناونیشانی ماڵەكەی دامێ، ئەوسا هەولێر شارێكی وه‌ك ئێستا قژ ئاڵۆز نەبوو، بە ئاسانی شوێنە دەستنیشانكراوەكان دەدۆزرانەوە.
عەسرانێك زۆر بە شەرمەوە بەرەو ماڵیان بەڕێ كەوتم، دەرگای حەوشەیان كرابووەوە. بەرانبەر دەرگا لەبەر هەیوانەكەی لەسەر ئەسكەمبیلێكی تەختە دانیشتبوو، لبادێكی سپی نەخشی قاوەیی لەسەر نەخشا بوو، لەسەری ڕاخرا بوو، كۆمەڵێك گوڵدان لە دەوروبەری داندرابوون، دیاربوو تازە ئاودرابوون، لەگەڵ شەربەیەك، كە تافتەیەكی سپی بەسەر دەمی شەربەكەدا دادرابوو، ژێرەوەشی لەناو بارستێك قومی تەڕ دابوو، پیاوێكی پرچ و سەر و سمێڵ ڕەش زیاتر لە سپی شكۆدار فەرمووی لێ كردم. كتێبێكی بەدەستەوە بوو، بە قەڵەمی سوور هێڵی بە ژێر چەند بڕگەیەكی دادەهێنا. كتێبەكە هی: (حوسێن مەردان) بوو. بەناونیشانی: (الأزهار تورق داخل الصاعقة). دوای بەخێرهاتن و یەكترناسین. گوتی: (چاو و دڵم بە بەهرە و لێهاتوویی لاوان ڕوون و گه‌رمه‌). پێشتریش شاعیرانی لاوی هەولێر بەردەوام سەردانیان كردووم. وەك: (جەمیل ڕەنجبەر و عەبدوڵڵا پەشێو) و زۆری تریش.

دیار بوو (زێوان)ی خوێندبووەوە، چەند پارچە كاغەزێكی باریكیشی بڕیبوو لە نێوان لاپەڕەكانی دانابوو گوتی: له‌دایكبوونی شاعیرێكی داهێنه‌ری تێدا به‌دی ده‌كه‌م، هەرچی ڕێنماییەكی لەو دانیشتنەدا كردم. دواتر بەپێی هەڵكشانی ئەزموون هەمووی لە كات و شوێن و جێی خۆیدا ڕاست دەرچوون.
من لەسەر بەرگی زێوان نووسیبووم (چامە). ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بوو بۆ من. گوتی: زێوان چامە نییە. (ڕۆمانە شیعر)ـە، هەرچی شتێك لە هەقیقەتەوە بیڵێی زەرەرت پێناگەیەنێ. لە كەم ئەزموونی و ڕۆشنبیری ساكارم، یەكەم جار بوو دەستەواژەی ڕۆمانە شیعرم گوێ لێ بێت و ببیستم. ئەو كات من چەند ڕۆمانێكی كوردی و چەند ڕۆمانێكی وەرگێڕدراوم بۆ كوردی خوێندبووەوه‌. دیارترینیان
(شار)ی حوسێن عارف و (براكوژی) نیكۆس كازانتزاكی بوو، كە عەبدولكەریم شێخانی كردبووی بە كوردی.
ساڵی 2012 دكتۆر عەبدوڵڵا ڕەحمان كتێبێكی بەناونیشانی: (ڕۆمانە شیعر: مێژوو و سەرهەڵدان) چاپ كرد. لەم كتێبەدا (زێوان) بە یەكەم ڕۆمانە شیعری كوردی دەستنیشان كراوە.

كە لەلای هەستام و بڕۆم تا دەرگای حەوشە لەگەڵم هات و خانەدانانە بەڕێی كردم و گوتی: (دیار بە و قەتیش لە دەرگا مەدە). دوای ماوەیەكی كورت ئەو ماڵە بووە ماڵە باوك و تا كۆچی دوایی بەردەوام هاتوچووم كردووە. زووش گوتی: تۆ دووەم ئەدیبی دەبیتە كوڕی ماڵ. یەكەم كوڕی ماڵ: (دڵشاد مەریوانی)یە. ئەو كات شەهید نەكرابوو. گوتیشی: هەر كتێبێكت پێویست لە كتێبخانەكەمدا، پرسم پێ مەكە. بەس دوای گەڕانەوەی لە شوێنی خۆی دایبنێوە و جێگۆڕكێی پێ مەكە. بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لەو ماڵەدا هەموو چوارشەممان كۆڕی ئەدەبی دەبەسترا. چا و قاوە و جۆرەها شیرنەمەنیش ئامادە و پێشكێش دەكرا.

دوای خوێندنەوەی بابەتەكە ئامادەبووان گفتوگۆیان لەبارەی بابەتی پێشكێش كراو دەكرد. یەك لەو چوارشەمموانە بەخت یارم بوو، بێ ئەوەی بۆچوونی من وەربگرێت، دوای كۆڕەكە گوتی: چوارشەممەی داهاتوو سەباح دەقێك دەخوێنێتەوە. بۆ هەموو كۆڕەكانی داهاتوو، لەدوای كۆڕەكان دەیپرسی چوارشەممەی داهاتوو نۆرەی كێیە و كێ ئاماده‌یه‌، ئامادەیی ئەدیبەكەی وەردەگرت، بەڵام ئامادەیی منی وەرنەگرت و یەكسەر ڕایگەیاند چوارشەممەی داهاتوو فڵانە.

لە بەرگی حەفتەمی: (ڕۆژگاری من) لە لاپەڕەی (212) ئاماژەی بەم كۆڕەی من داوە، لەدوای خوێندنەوەكە: (محەمەد موكری و سەڵاح شوان و فیكرەت عزەت) گفتوگۆیان لەبارەی شیعرەكەمەوە كرد، بۆچوونەكانی سەڵاح شوان لەبارەی شیعری درێژەوە قووڵ و فرە زانیاری بوون. نەك بۆ من، بەڵكو بۆ تەواوی ئامادەبووان.
هەر لەو ماڵەدا چەند ئەدیبێكم ناسی. وەكو باوكێكیش هەمیشە ڕێنمایی ئەدەبی و ژیانی كردووم و سوودمەند بوویمە لە ڕێنماییەكانی. بەشێك لە ئەدەبی كلاسیكیم به‌ چاوڕوونی ئه‌و و لە ڕێگای كتێبخانه‌ی ئەوەوە ناسی. لە ناوەڕاستی نەوەدەكان، كە گەمارۆیەكی بكوژ لەسەر خەڵكی كوردستان هەبوو، خواردنی باش لە هەموو ماڵێك دەست نەدەكەوت. ڕۆژێك مێوانداری: (پیرباڵ مەحموود) و منی كرد. خوانێكی شاهانە خەمڵابوو. من كە خواردنەكەم بینی پێم نەخورا و هاوسەر و منداڵەكانم هاتنە پێش چاوم. وەك ئەوەی هەستی شەشەمی كاری كردبێت و پێی گوتبێت مێوانەكەت لەم حاڵ و بارە لاسەنگە دایە. لەسەر خوانەكە هەستا و دوای ماوەیەكی كورت هاتەوە گوتی: سەباح بە بنیادی بۆ ماڵەوەم نارد. ئەوەی لەسەر خوانەكە بوو، بە زیادەوە بۆ منداڵەكانمی ناردبوو.

دوای نان و چا و قاوە. دیوانی: (محەمەد ساڵح دیلان)ی هێنا و گوتی: هەر یەكەمان شیعرێكی ئەو شاعیرە بلیمەتە بخوێنینەوە. پێش ئەوەی ئێمە بچین، دیاربوو شیعرەكانی ده‌ستنیشان كردبوو. بەوە زانیم لە نێوان هەر شیعرێكدا پارچە كاغەزێكی سپی دانابوو، خۆی شیعری: (سلێمانی)، پیرباڵ مەحموود شیعری: (بێخودی شاعیر). منیش شیعری (شێخ مەحموودی زیندوو).

بە پیرباڵی گوت: تۆ ئیلقات نەرم و بەهێزە، بەڵام ئەو شیعرەت له‌نگ خوێندەوە. ڕای لە خوێندنەوەكەی منیش نەبوو، هەستم كرد ڕێكخستنی ئەم دانیشتنەی بۆ ئەوە بوو توانایی دیلان بە من ئاشنا بكات. هەر لەم دانیشتنەدا بە باشی لەبارەی ئەزموونی: (ئه‌حمه‌د تاقانه ‌و ئەنوەر قادر محەمەد و فەرهاد شاكەلی) دوا، وەك شاعیر و وەك لێكۆڵەر.
بۆ نووسینی: (مێژووی ئەدەبی كوردی)یه‌كه‌ی داوای هەر دوو بەرگی چیرۆكەكانی: (محەمەد مەولوود مەم)ی لێ كردم. گوتیشی خۆم هەمە، بەڵام قوتابییەك بۆ كاری زانستی بردوونی و نەیگەڕاندووەتەوە. ڕێكەوتنەكە دەكەوتە 15/1/2001. ئەم ڕێكەوتە منداڵێكمان خودا بەخشی. بەو هۆیەوە لە بەڵێنەكەم دوا كەوتم. 18/1/2001 كتێبەكانم بۆ برد. پێش ئەوەی بەخێرهاتنم بكات و كتێبەكانم لێ وەرگرێت. گوتی: تۆ بیركردنەوە و هەڵكەوتی ئەوروپیانەت هەیە و زۆر باپەندی بە قسە و بڕیاری خۆت، بۆ دوا كەوتی. منیش واقیعەكەم پێگوت و گوتم لەدوای سێ كیژان، كوڕێكمان لە دایك بوو، ئەمەیە هۆی دواكەوتنەكەم. بزەیەكی شادمانی لە دەموچاوی گەڕا و پیرۆزبایی و سوپاسی خودای كرد. هەمان كات دایە (سەعدییە)سێ پاكەت شیرینی لە سوپەر ماركێتەكەی نزیك ماڵیان كڕی و گوتی: لە جیاتی من لە كۆڵانی خۆتان، خۆت بەسەر منداڵانی دابەش بكە. ئەمە كوڕەزای منە. خەزنەداریش گوتی: باجی دواكەوتنەكەت ئەوەیە، من ناوی لێ دەنێم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بۆچوونی خۆی زاڵ نه‌كرد، ڕه‌زامه‌ندی من و هاوسه‌ره‌كه‌می وه‌رگرت، ئینجا ناوی نا (یاد).

* * *

لە ژمارە (43)ی 18/9/1997 لە (برایەتی پاشكۆی ئەدەبی) برادەرێك نووسینێكی نووسی بەناونیشانی: (زەقبوونەوەی خود لەناو وەهمێكدا). زیاتر لە پازدە نووسینی بەكوردی و عەرەبی بەدوا داهات و ڕێكەوتنێك لە نێوانیان پەیدا ببوو، لەم نووسینانەدا سەد و حەفتا و دوو قسەی ناقۆڵا و ناشایستەیان پێگوتم. یەك لەو برادەرانە خەسڵەتی مرۆڤیشی لێ ستاندبوومەوە وەك: (ئاژەڵ) دەستنیشانی كردبووم. منیش لە ژیانی ئەدەبیم ڕێكەوتی لەوە دڵخۆشترم ڕووبەڕوونەبووەتەوە. ئاستی لەم جۆرە و نزیك لەم جۆرە، به‌رهه‌می منیان بەدڵ نەبێت. ئێستاش ئەگەر لە شەقام ڕێكەوتی ئەو برادەرە بكەم بێ ویستی خۆم، لە هێزی ئەدەبی بێگەردەوە خەندەیەكی ڕه‌زامه‌ندی دەمگرێت و دڵخۆش دەبم، ئەم ئاستانە به‌رهه‌می منیان بەدڵ نەبێت، خۆ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می منیان به‌ دڵ بێت، ده‌بێ گومان له‌ توانایی ئه‌ده‌بی خۆم بكه‌م.

ئەم ئاماژەیەم تەنیا بۆ ئەوەدا، دوای ئەوەی قوڕولیتەی ئەم گەلەكۆمەكییە نیشتەوە، 11/11/1997 خەزنەدار تەلەفۆنی بۆ كردم نیوەڕۆ وەرە لای من نانێك بخۆ. كە چووم دوو قوتابی قۆناخی دكتۆرای لا بوون، ناویان: (محەمەد) و (شنۆ) بوو. هەموو ئەو ڕۆژنامانەی لەسەر یەك كه‌ڵه‌كه‌ كردبوون، كە نووسینەكانی تێدا بڵاوكرابوونەوە. وەك بە زمانێك، زمانی فەرمان گوتی: پێڵاوه‌كانت‌ له‌ پێ مه‌كه‌ره‌‌وه ‌و بڕۆرە سەریان و بەرز ڕاوەستە، منیش زەردەخەنەیەكی شەرمنم بۆ كرد و گوتم، ببوورە، گوتی: ئاخر هەمووی گێره‌شێوێنی ئه‌ده‌بی و جوێنن بۆ تۆ و ئەدەبی تۆ. گوتم: لەپاڵ جوێنەكانی ئەوان، بابەتی نووسەرانی تری تێدا بڵاوكراوەتەوە به‌ شكۆوه‌ باسی ئەدەبی كوردی دەكەن. یەكپێ لە شوێنی خۆی هەستایەوە و دەستی لەسەر شانم دانا.

گوتی ئاوا بە گەورەیی لە ئەدەب گەیشتووی بۆیە ئەو ……………………….. ئاوا تووشی هیستریا بوونە. لەناو كتێبخانەكەیدا لەگەڵ كتێب، كەلوپەلی بەنرخ و دەگمەنی دانابوون. كووپێكی چای پێشكێش كردم، كە لە ڕووسیا لەگەڵ خۆی هێنابوویەوە و وێنەی پووشكینی لە قەدی نەخش كرابوو، زیاتر لە چل ساڵ بوو پاراستبووی، گوتی: ئەمەش یەكێكە لە ئازاردراوەكانی سەر زەوی و تۆش بەهێزبە تا دەكوژرێی و ئازادانه‌ به‌ دوای خه‌ونه‌كانتدا بڕۆ.
پاشماوەیەك كۆشیعری: (ڕووەكەكانی خواوەند)م چاپ كرد. دانەیەكم پێشكێش كرد. تەماشایەكی ورد و هەڵگێڕ و وەرگێڕی كرد و گوتی: شیعرەكان حه‌زی مرۆڤیان تێدایه‌ و كاریگه‌رن. چه‌تری شێوازی ئه‌فسوونكاری به‌سه‌ر خوێنه‌رانیان هه‌ڵده‌ده‌ن و به‌ره‌و قووڵایییان ده‌به‌ن. تۆ شه‌رم له‌ جیهانی شیعری خۆت ده‌كه‌ی، بەڵام چاپەكەی زۆر سادە و سه‌ره‌تایییه‌ و خوێنه‌ر هاننادات بۆ خوێندنه‌وه‌ی.

دوای ماوەیەك نووسینێكی نووسی بەناونیشانی: (خەونی خودایی لە كۆشیعری ڕووەكەكانی خواوەند) دا، لە ژمارە (45)ی 5/3/2000ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوی كردەوە. لەگەڵ شیعری نوێ كۆك نەبوو، لە گۆڤاری (ڕامان)، ژمارە (148)ی 5/9/2009 بابەتێكی نووسیوە بەناونیشانی: (هەندێ بیرەوەری ڕۆژنامەگەری و من و ڕامان) دان بەوە دادەنێ ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی چاوەڕوانی ئەوەیان لێ نەكردووە لەبارەی شیعری نوێوە بنووسێت، چونكە تایبەتمەندە لە شیعری كلاسیكی. لە وتارەكەیدا نووسیویەتی: (بەمجۆرە ئەو پارچە شیعرەی (سەباح ڕەنجدەر) كەوتە ناو ئەو چەند شیعرەی لاوانی سەردەم نووسیویانە و شیعرەكەم بەدڵ بوو).
* * *

سێزدە ساڵ و هەشت مانگ و یازدە ڕۆژ لە گۆڤاری (ڕامان)دا كارم كردووە. لە ژمارە (3) تا (153)، ئەو كاتەی كاركردنەم چ وەك تەمەن و چ وەك توانایی ئەدەبی دەبێتە قۆناخی گەشەی تەمەن و ئەدەب. یاداشتی ئەم ماوەیەم به‌ پڕی نووسیوە و لە نامیلكەیەكی سەربەخۆدا چاپی دەكەم. (ئازاد عەبدولواحید) سەرنووسەری گۆڤارەكە بوو، بەیانی: 10/10/2008 هاتە ژوورەكەم و گوتی: وەرە قاوەیەكم لەگەڵدا بخۆرەوە. من ئەو پیاوەم قەت ئاوا بریندار نەبینیبوو. دەموچاوی تەواو نائاسایی بوو، لەناخەوە هەژا بوو، هەستی بە پیلان و غەدرێك لە من كردبوو. نموونەی داهێنەرانی بۆ دەهێنامەوە چ تۆڕ و داوێكیان بۆ داندراوەتەوە، نموونەی: (به‌در شاكر سەییاب)ی دەهێنایەوە و دڵیشی نەدەهێنا بابەتەكەم بۆ باس بكات.
بەردەوامیش دووبارەی دەكردەوە تۆ شاعیرێكی: (وتو وریای). گوتم چی بووە پێم بڵێ خۆ پلانی كوشتن نییە. بڕێك ڕوون بووە و زانی لەسەرخۆم و بەسەرخۆم زاڵم و له‌ هێزی چاوه‌كانمدا خاوه‌نی بڕوام. گوتی: ئەوەیان كوشتنی ڕۆحە. كۆمەڵێك كاغەزیشی لەسەر مێزەكەی دانا بوو، بۆ من دەدوا و تەماشایەكی كاغەزەكانی دەكرد و دەستی ناڕەزایی لەسەر دادەنان. بە چاوێك سەیری منی دەكرد، وەك ببینێ پەرداخێك ژەهرم بۆ ئامادەكرا بێت و ئەو ڕێگری بكات نەهێڵێ بیخۆمەوە، یان ده‌رخواردم بدرێ. گوتی: مرۆڤێك، لەوانەیە برادەریشت بوو بێت، زۆر كارامەیە لە كۆمپیوتەر و ئیمێل دروستكردن.

بە هەشت ناوی جیا جیای نووسەران ئیمێلی دروست كردووە و جوێن بە خۆت و ماڵ و منداڵت دەدا و بۆ ئیمێلی گۆڤاری ڕامانی ناردووە، وای كردووە من بیبینم. گوتم: بمدەرێ با بیانخوێنمەوە. گوتی: دڵم نایە نەك خودا نەخواستە جەڵتەی دڵ لێت بدا. گوتیشی هەموو كاغەزەكانم لەبەریەكدا ڕاگرتووە، وەك ڕێنووس و شێواز و وشه ‌و فه‌رهه‌نگ و زاراوه ‌یەك كەس نووسیویەتی. خودایە دەبێ من چی بم و چیم كردبێت. مرۆڤێك، ڕه‌نگه‌ ڕۆژگارێك برادەر و هاوكاریشم بوو بێت، ڕێ بە خۆی بدا بە هەشت ئیمێلی جیا جیا جوێنم پێ بدا و بوختانم بۆ هەڵبەستێ. لە كاتێكدا لە ژیانی خۆم نەك خراپەم لەگەڵ مرۆڤێك نەكردووە، بەڵكو كشەم لە مێشێكیش نەكردووە، به‌بێ دوودڵی هه‌میشه‌ش ڕێزی نووسینی باشم گرتووه‌ و ستایشم كردووه‌.

دەبێ ڕقی ئەو مرۆڤە لە چ پلەیەكدا كوڵا بێت، خودایە یارمەتی بدە تا ئازاری كەسێكی تر نەدات. ئەنجام دوای چەند ساڵێك پێم زانی برادەرێكمە بە چاوڕوونی برادەرێكی (شاعیر)م، كە من لە ژمارە (32)ی گۆڤاری (ڕامان)ی 5/2/1999 لە مێزگردێكدا بە ناونیشانی: (كێشەی تێگەیشتن و تێنەگەیشتن لە ئەدەب و هونەردا). بە شاعیری خاوەن ڕوئیا ناوم بردووە. نامەیەكی كراوەم بۆ ئەو برادەرە شاعیرەم نووسیوە و لە نامەكەدا بەدار و بارتر بۆچوونی خۆم دەربڕیوە. پێش ئەوەی بڵاویشی بكەمەوە دەیدەم بە خۆی.
له‌ په‌ره‌گرافێكی نامه‌كه‌دا نووسیومه‌: (ئه‌ده‌بی بێگه‌رد به‌ سروشتی خۆی دوژمنی دیكتاتۆرانه‌ و ڕه‌نگ و ڕوخسار و كرۆكی واقیع ده‌ستكاری ده‌كات، به‌ڵام له‌ توانایدا نییه‌ بیگۆڕێت، به‌ڵام ده‌توانێت ڕك و كینه‌ی ئازیزان وه‌رگێڕێت بۆ خۆشه‌ویستی).
دەمزانی خەزنەدار كاریگەری بەسەر ئازاد عەبدولواحیدەوە هەیە و ڕێزی داوای یەكتری دەگرن. چوومە لای و بابەتەكەم تێگەیاند، بەڵكو كاغەزەكانم بۆ وەربگرێت. گوتی: بەناوی خواستراوەوە جوێنیان پێ داوی، گوتم بەڵێ. گوتی: هەر یەك ناوی خواستراو بۆ كاری ناڕەوا بەكاربهێنێت (نامەردە). نامەردیش خاوەن ڕەئی نییە، بۆیە داواكەت جێبەجێ ناكەم. گوتیشی داهێنەر هەڵۆیە، هەڵۆش تەماشای ڕێگا درێژەكان دەكات و ڕێبواران دەپارێزێ. هەڵۆیانی ڕێگای درێژی ئەدەبی كوردیش تۆ دەپارێزن.

* * *

(دكتۆر لەتیف محەمەد حەسەن) شیعری: (سروودی باران)ی بەدر شاكر سەییابی وەرگێڕا بوو، لە ژمارە (93)ی گۆڤاری كاروان، ئاداری 1992 بڵاوی كردبووەوە. زۆر سەرسام بووم بە شیعرەكە و وەرگێڕانە بێ گرێ و گۆڵەكەی. باسی ئەم وەرگێڕانەم بۆ كرد. ئەویش بە دوورودرێژی تێكەڵاوبوون و ڕۆژگاری خۆی لەگەڵ سەییاب زۆر بەتاسە و لەدڵەوە گێڕایەوە. گوتم: ئەو زانیارییانە بۆ خوێنەری كورد زۆر گرینگ و پێویستە، پێشنیاز ده‌كه‌م بیاننووسیت. گوتی: لە سەردانی داهاتووت شتێك دەبینیت. كردی بە بیركردنەوەی خۆی و به‌ شێوازێكی پڕ زانیاری، درێژه‌ به‌ بنه‌ماكانی براده‌رایه‌تی ده‌دا و بابەتێكی نووسی بەناونیشانی: (من و گۆران و سەییاب). لە ژمارە (53)ی 5/11/2000ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

* * *

22/11/2001 لە گفتوگۆیەكدا باسی: (محەمەد ساڵح دیلان)ی كرد، كە خاوەن تیۆری شیعرییە، هەم داوام لێ كرد ئەم هەست بە تیۆرە و بیركردنەوە وەك نووسینێك تۆمار بكات و ئەندازەی تیۆرەكە بە پێودانگی ئه‌ندازیاریی بگەیەنێت. تێگەیشتنی خۆی بۆ تیۆرەكە كرد بە بابەتێك بەناونیشانی: (شیعر). لە ژمارە (79)ی 5/1/2002ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

* * *

17/8/1999(حوسێن عارف و خانم)ی خێزانی مێوانی بوون، لە گفتوگۆیەكان دیار بوو، بۆ چەند ڕۆژێك دەمانەوە. باسی چیرۆك، بابەتی دانیشتنەكە بوو. منیش لێم پرسی خۆ تۆ لە قۆناخی خۆت چیرۆكنووسێكی باشی، بۆ لە لێكۆڵینەوەی چیرۆكی كوردی وەك پێویست باست ناكرێ. گوتی: لایەنی لێكۆڵینەوەم غەدری لە چیرۆكنووسیم كردووە. ئەگەر ئەوەندە بایەخم بە نووسینی لێكۆڵینەوەی زانستی نەدابوایە. ئەوە وەك چیرۆكنووس، ڕه‌نگه‌ چیرۆكنووسێكی باشیش باس دەكرام. گوتم: بۆ ئەم غەدر لەخۆكردنەت وەك بابەتێك نانووسی بۆ خوێنه‌رانی ڕوون بكه‌یته‌وه‌، بابه‌تێكی نووسی بەناونیشانی: (من و چیرۆكی كوردی). لە ژمارە (41)ی 5/11/1999ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

* * *

6/8/2006 لە ماڵی خەزنەدار (دكتۆر دڵشاد عەلی) سەرنجی لەبارەی شیعرەكانی منەوە هەبوو، كە خاڵبەندی بەكارناهێنم و بە بۆشاییەك لە ئەزموونی منی دەزانی و منیش گوتم زانینم بۆ ئەم كارەم هەیە و لە ژمارە (50)ی 5/8/2000ی گۆڤاری ڕامان قسەی خۆم لەم بارەیەوە كردووە.
(كۆمەڵێك حیكمەت و گیانی پەتی و بیر و مەودای ئێستێتیكم لە كەلەپوور و ڕۆشنبیری كوردی بۆ ماوەتەوە. نموونە: لە حەیراندا خاڵبەندی پەیڕەو نەكراوە، سەربەند و ناوبەند و كرانەوەی دوا بەند هەیە. بە گوێگرتن و هۆشیارییەكی ڕاستەقینەی ترپە و ئاواز، هەستی خاڵبەندی لای حەیرانناس دروست دەبێت. هەروەها لە شیعری میللی كوردی و شیعری كلاسیكی خاڵبەندی پەیڕەو نەكراوە. پەیڕەونەكردنی خاڵبەندی لای من نەزانین نییە. بگرە وەك مەبەست و هونەر گەڕانەوەیە بۆ هەستی سەرەتایی كوردی و ڕەسەنایەتیی كەلەپوور.
لە سپێتی كاغەز و دابەشكردنی وێنەدا، هەست و نیشانەكانی خاڵبەندی لە ئاستەكانی دەربڕین لە خەیاڵ و زەینی خوێنەری خود وریا دەستنیشان دەكەم.
نموونە: ڕستەی بۆ كوێ دەچیت. ئەم ڕستەیە، ئەگەر نیشانەی پرسیار، یان سەرسوڕمانم بۆ دانا. ئەوە بێگومان ڕستەكە دەستنیشان دەكەم. پرسیارە، یان سەرسوڕمان. ئەگەریش هیچ نیشانەیەكم بۆ دانەنا و بە كراوەیی هێشتمەوە لەم بار و بوارەدا ڕستەكە دەبێتە ڕستەیەكی ئاستدار و دۆخگۆڕ و زەینی).
خەزنەدار پارێزگاری لە بۆچوونەكەی من كرد، منیش گوتم: با بۆچوونەكانت ببنە بەڵگە و لەبەر دەستی خوێنەراندا بن: بە دوو ئەڵقە بۆچوونەكانی لەبارەی خاڵبەندییەوە تۆمار كرد.
1ـ خاڵبەندی لە شیعری كلاسیكی كوردیدا، لە ژمارە (115)ی گۆڤاری (ڕامان) 5/12/2006 بڵاوكرایەوە.
2ـ خاڵبەندی لە شیعری نوێی كوردیدا، لە ژمارە (119)ی گۆڤاری (ڕامان) 5/4/2007 بڵاوكرایەوە.

* * *

17/5/2009 ڕۆژێكی تەواو گەرم بوو، سەردانیم كرد. بینیم پێیەكانی لەناو تەشتێكی نمیچە پڕ قوم دانا بوو، گوتم: ئەوە بۆ پێیەكانت جووت كردووە و لەناو ئەو قومە گەرمە دەیانجووڵێنیت. گوتی ناوە ناوە مێروولە دەكەن. ئەمە چارەی ئەم مێروولەیەیە.
فایلەكی پەمبەی لە تەنیشت خۆی دانا بوو، دایە دەستم، چیرۆكی: (سڤێتلانە)ی تێدا بوو. گوتی: ئەم چیرۆكەم دوای چل و دوو ساڵ ئەمڕۆ لەناو دەستنووسەكانم دۆزیومەتەوە، ئەگەر بەدڵت بوو لەگەڵ خۆتی ببە. خوێندمەوە و گوتم: جوانترین چیرۆكتە. بۆچوونەكەمی پێ لە جێی خۆیدا نەبوو، گوتی تۆ، یان لە چیرۆك نازانی، یان چیرۆكی: (ئەڵه‌مان كوردی و بووكەشووشە و دڵ و نەتەوەت) نەخوێندوومەتەوە. هەستم بە ناڕەزاییەك كرد. لە ماڵی خۆی قەت دڵی مێوانی نەدەشكاند. هەستا و منی بەجێهێشت و چووە ناو كتێبخانەكەی. زانیم نیشانه‌ی ناڕازیبوونه‌‌. له‌ فایله‌كه‌دا شیعرێكی: (دكتۆر ئیحسان فوئاد)یشی تێدابوو، شیعره‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌سكه‌مبیله‌كه‌دا دانا و چیرۆكەكەم هەڵگرت و ڕۆیشتم، دڵم ده‌یگوت بووه‌ته‌ تووره‌گه‌ی بزمار. بەیانی چیرۆكەكەم بردە گۆڤاری (ڕامان). لە ژمارە (145)ی 5/6/2009 دا بڵاوكرایەوە. هەمان ڕۆژ تەلەفۆنی بۆ كردم گوتی: دایكت خواردنی تایبەتی ئامادەكردووە. وەرە ئێرە نانێك بخۆ. نانەكەم خوارد و نە ئەو دەنگ و نە من دەنگ، كە چیرۆكەكە بڵاوكرایەوە لەناو خوێنەران دەنگدانەوەیەكی تایبەتی هەبوو، بە زەردەخەنەیەكەوە گوتی: پێدەچی بۆچوونەكەت ڕاست بوو بێ.

* * *

لە 5/6/1999 كتێبی: (ئەلێكساندەر پووشكین: گەشتێك بۆ ئەرزەڕۆم)ی پێشكێش كردم. كتێبەكە هێشتان لە نێوان دەستی ئەو و مندا بوو، وەرم نەگرتبوو. بە زمانێكی نیمچە دڵه‌ڕاوكێ ئامێز لێی پرسیم: شیعر چییە. منیش گوتم: (ئەگەر دەمزانی چییە، نەمدەنووسی). كتێبەكەی دایە دەستم و گوتی: (جوانترین پێناسەیە لە هەموو زمانانی دنیا).

كانوونی یه‌كه‌می 2018 هه‌ولێر




رۆمانی (بازنەی باركەوتووان) … عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ناكرێ هەموو نووسینێك لەبارەی چەوسانەوە و برسێتی و زۆرلێكردنی سێكسی و سێكس و تاوانی گەندەڵی و باوكایەتی . بە ئەدەب دابنێین، واقیعیەت هەرگیز ئەوە نییە، كە بە وردی وێنەی واقیع بگریت، بەڵكو شێوازی تەعبیركردنێكی ئەدەبییانەیە لە ناشیرینی ژیان و ناشیرینی مەرجە كۆمەڵایەتییەكان. بە مانایەكی دیكە ئەدەب تەعبیركردنێكی ناشیرینانەیە لە خودی ناشیرینی، بەرانبەر ئەوەش رووكارئامێزی و راستەوخۆی لە دەربڕیندا یەكێكە لە خەسڵەتەكانی ئەدەبی ناشیرین!

(1)

قسە لە بارەی دەسپێكی پڕ لە ئیشكالی رۆمانی (بازنەی بار كەوتووان)ی (محەمەد كەریم نانەوا) ناكەم، بەڵكو قسە لە گێڕانەوە و بنەمای گێڕانە و رووداو و زەمەن دەكەم. گێڕانەوە گرنگی بە خستنەڕووی رووداوەكان دەدات و كار لە سەر بەرەوپێشچوونی (زەمەنی رووداو) و (زەمەنی گێڕانەوە) و (زەمەنی خوێندنەوە) دەكات، بە دیوەكەی دیكە گێڕانەوە زەمەنێك رۆدەنێت، كە ئێستای دەق ئەو زەمەنەیە. هەتا ئێرە ئەو نەخشەیە و هێلی نیازخوازی نوسەر زۆر بە جوانی لە رۆمانی ناوبراودا دەبینرێت!

لەو رۆمانەدا دەشێ گێڕانەوە و گرنگی گێڕانەوە تەرجەمەی دەستەواژەی كوردانەی لە (پڕێكا بووە كوڕێك) و وەك لە دەقەكەشدا بەو شێوەیە هاتووە (بڕوخێ ئیستعمار. لە هۆرا كێشاندا بام لە هەمووان بڕی بوو، بازاڕم گەرم و بە هەڕمێن بوو، لە نەعرەتەم دەدا، دەمنەڕاند، لە دڵی خۆمدا دەمگووت: وەڵلاهی ئەو ئیستعمارە ملحیزە لە هەر كوێیەك بێ گوێی لە نەعرەتەی بەندە بێ، بێگومان بە خۆیدا دەمیزێ. ل11-12) و بەرەوپێشچوونی زەمەنی گێڕانەوەش لە (هەتا من گەنج بووم)، وەك لە دەقەكەشدا هاتووە (ئیدی ئەوەی لە شەوانی شەوكاریی بە زەبری تەڕك پەیدام كردبوو لە تاترۆخانەدا. ل89-90) هەڵبگرینەوە! بەڵام زەمەنی خوێندنەوە، زەمەنی ئەو زمانە ساتیرئامێزەیە، كە لە دەستەواژەی (پیری و هەزار عەیبە)دا خوێنەران بۆ خۆی رادەكێشێ.

بە شێوەیەكی دیكە ئەوەی لەو چەند وشەیەدا مەبەستمە، هەر تەنها دیاری كردنی چەمكی سێكسیانەی (هەڵسان/ گەیشتن/ كپ بوون) نییە. بەڵكو تەماشاكردنێكی رەشبینانە و وەبیرهێنانەوەی مێژووی شكستە گەورەكانی دەسەڵاتی كوردییە، كە نوسەر لە رووی هونەرییەوە لە رێگای گێڕانەوەی چەمكی (رابردوو) بە راناوی بزر هەوڵی بەرجەستەكردنی دەدات، واتە تەرجەمەكردنی رەشبردنەوەی مێژووی كوردی، رەشچوونەوەی واقیعی بینراویش دەگەیەنێت، بەو مانایەش تەعبیر لە خودی ناشیرینی دەكات!! بەڵام تەواوی ئەو زەمەنە كەشف نەكراوە و خەیاڵە كەشف نەكراوەش فەرامۆش دەكات و دەیخاتە دواوە، كە خەڵكانێكی جیاواز خەونی پێوە دەبینین، دەشێ لە رووی هونەرییەوە لە رێگای راناوی قسەكەر و دید و خەیاڵی جیاواز و گەشبینەوە بەرجەستەی بكەین. كەواتە نوسەر هەوڵی داوە كۆی بینراو و پانتایی ئەو رۆمانە لە سەر وەبیرهێنانەوەی مێژوویی شكستەكانی كوردی بخولێنێتەوە.

بە كورتی ئامانجی نوسەر وەبیرهێنانەوە و هەڵنانی شكستە گەورەكانی كوردییە؟! وەك دەزانین بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی سیاسی كوردی، زەمەنی شكستە گەورەكان پانتاییەكی گەورەی لە خەیاڵدانی تاكی كوردی داگیر كردووە و وەك چۆن پانتاییەكی گەورەی لەو رۆمانەدا بۆ خۆی بردووە، بەو مانایەش (زەمەنی شكستە گەورەكانی نێو رۆمانی ناوبراو) هەر تەنها دەلالەت لە زەمەنی دەسەڵاتی بینراوی سیاسی كوردی ناكات، بەڵكو تێكەڵ بە مێژووی شكستە گەورەكانی دەسەڵاتی سیاسی كوردی دەبێتەوە! ئەوەش وەك بنەمای خوێندنەوەی ئەو رۆمانە لە رەنگدانەوەی فیكرەی (قەرداری رابردوو) و (چەمكی هەنووكەیی) دەنەخشێنین و وەك هونەری نواندن دەتوانین لە سەر ئاوێتەبوونی (مێژوو) و (ساتی نوسین) هەڵیگرینەوە. بەڵام ئەگەر فیكرەی (ئێمە قەرداری رابردووین) بكەوێتە بەر رەخنەی سەردەمەوە، بەوەی كە خەڵك سۆزی بۆ گێڕانەوە گەورەكان نەماوە، وەك لای (لیوتار) دەبینرێت، ئەوە فیكرەی هەنووكەیی كە لای (هایدگەر) لە سەر تێگەیشتنی خود و خودە جیاوازەكان دامەزراوە و بەرەو گشتگیری دەبێتەوە!!

لەو خوێندنەوەیەدا دەشێ رەنگدانەوەی گوتاری فیكرەی قەرداری رابردوو وەك بنەمای گێڕانەوە بنەخشێنین و زەمەنی رووداوەكانی گێڕانەوەش لە چەمكی هەنووكەییدا بەرجەستە بكەین! دەمەوێ بڵێم نوسەر مێژووی نەتەوەیەك بیر دەخاتەوە و ئاوێتەی زەمەنی بە دوایەكداهاتووی (هەڵسان/ گەیشتن/ كپ بوون)ی رووداوە واقیعییەكانی نێو رۆمانەكەی دەكات، لەلایەكی دیكەش لە رووی هونەرییەوە بنەمای گێڕانەوە بە راناوی بزر تێكەڵ بە واقیعی بینراو دەبێتەوە. بەوەش ئاوێتەبوونی بنەمای گوتاری گێڕانەوە و زەمەنی رووداوە واقیعییەكانی گێڕانەوە وەك بڕبرەی پشتی رۆمانەكە خۆیان دەنوێنێ.
بێگومان هیچ رۆمانێك بێ كاراكتەر نییە، كاراكتەری سەرەكی محەمەد كەریم نانەوا لە پڕێكا دەبێتە كوڕێك، دەچێتە نێو خۆپێشاندانێكی دژ بە ئیستعمار هەڵدەسێ و وەك پاڵەوانێكی لەخۆ بردوو دووچاری بەندینخانە دەبێت، ئەو هەڵسان و رووداوە ئەگەرچی لە رووییەك لە رووەكان ئەكتەری بە توانا (شارلی شاپلن)مان بیر دەخاتەوە ئەو كاتەی لە هەڵاتنێكدا دەكەوێتە پێش خۆپێشاندان و دەبێتە پێشەوای ئەو خۆپێشاندانە، لەلایەكی دیكی دەمانباتەوە بۆ كاراكتەری سەرەكی رۆمانی (ژانی گەل)ی (ئیبراهیم ئەحمەد)…

(2)

بە قسەی بەشێكی زۆر لە رەخنەگرانی ئەدەبی (زەمەن) لە رۆماندا ناوەندە و بەبێ زەمەن رۆمان رۆنانرێ! واتە رۆمان ناتوانێ خۆی لە بۆشایی و چواچێوەی زەمەنی دەرباز بكات، چونكە زەمەن ئەو پەیكەرەیە كە رۆمانی لە سەر دادەمەزرێ، لە رۆمانی بازنەی بار كەوتوواندا دوو جۆر لە زەمەن دەبینرێت: زەمەنێك كە لە زنجیرە رووداوەكانی (هەڵسان/ گەیشتن/ كپ بوون) بەرجەستە دەبێت! ئەو زەمەنە هەمیشە پرسیاری ئەوەمان لا دروست دەكات، كە دواتر چی روودەدات؟ كاراكتەرەكان بە هەڵگری رووداوەكانی ئەو زەمەنە دێنە ژماردن! بەرانبەر ئەوەش زەمەنێك هەیە، كە تەواو پێگەییوو و كۆتاییدارە، زەمەنێك كە ئێمە قەرداری ئەوین! نوسەر ئاماژەكردنی زەمەنی دووەم بە مێژووی شكستەكانی كوردییەوە پەیوەست دەكات، چونكە پێیوایە زەمەنی شكستەكان رێگای دروستی نوسین بۆ نوسەر و گەیشتن بە پلەی (ناشیرینی)ی نیشانی خوێنەر دەدات، بۆیە لە داڕشتنی هەموو رەگەزەكانی گێڕانەوەدا هەمیشە خۆی بە قەرداری ئەو رابردووە دەزانێت و بە شێوەیەكی دیار (وەك گوتار) هەوڵی بەرجەستەكردنی دەدات.

بە گشتی لە زەمەنی رۆماندا پێویستە رەگەزە گرنگەكانی گێڕانەوە بەرجەستە بكرێت، دەمەوێ بڵێم دەبێ زەمەنی (گێڕانەوە) و زەمەنی (گوتار) لە یەك جیا بكرێتەوە، واتە پێویستە زەمەنی رووداوەكانی گێڕانەوە بە رێگای كردەیی و بە پێی سیستمی سروشتی دەرەكی دابڕژرێت. لە بیریشمان نەچێ زەمەنی گوتار، زەمەنی خودی رووداوەكان دەگەیەنێت. زەمەنی گوتار زەمەنێكی خەتییە، گوتار رێكخستنی بەندە بە رێكخستنێكی بە دوایەكدا هاتوو، كە یەكێك لە پاش ئەویدیكەوە دێت! بەڵام زەمەنی گێڕانەوە زەمەنێكی فرە رەهەندە.

نوسەر لە رۆمانی بازنەی بار كەوتوواندا فیكرەی قەرداری رابردوو و چەمكی هەنووكەیی ئاوێتەی یەكتر دەكات، واتە زەمەنی گێڕانەوە و زەمەنی گوتار تێكەڵ بە یەك دەبێت و ناشیرینی رابردوو و ناشیرینی هەنووكە بە یەك دەگەنەوە!
دواجار زەمەنی گێڕانەوە بە بێ رەگەزی شوێن بوونی نییە و رەنگدانەوەی نابینرێت، كەچی هەمیشە زەمەنی گوتار دەكەوێتە دەرەوەی زەمەنەوە! كەواتە زەمەنی گێڕانەوە، زەمەنی رووداوەكانی گێڕانەوەیە و لە پەیوەندی بە كەسێتیەكانەوە خۆی هەڵدەگرێتەوە، بەو مانایەش مادەی گێڕانەوە لە شێوەدا پێش گوتار دەكەوێت، بەڵام زەمەنی گوتار زەمەنی گێڕانەوەیە، كە دەكەوێتە پاش گەڕانەوەی دانەر و لەگەڵ بۆچوونی گوتاری جیاواز و لە رێگای موفارەقەی زەمەنییەوە بە پێی پاش و پێش خستنی زنجیرەی رووداوەكان رێك دەخرێت، واتە زەمەنی گوتار زەمەنی گێڕانەوەیە، دوای ئەوەی لە دووتوێی گوتاردا مەرونە دەكرێت، یان دەچەسپێنرێ. دواجاریش زەمەن و شوێن بە هەردووكیان فەزای رۆمان پێكدەهێنن.

(3)
هەڵبەتە نوسین بە پلەی یەكەم زمانییە، دەقی رۆمان خۆی لە نێوان گێڕانەوە و وەسف و دیالۆگدا دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناشێ تەنها بەو شێوە سادەیە سەیری زمان بكەین، كە هەر فیكرەیە و لە رێگای وشەوە بە ئەویدیكە دەگات، چونكە دەشێ بەبێ وشەش بڕوا بە هەندێ شت بهێنین بۆ نموونە برسێتی یان هەستكردن…
لێرەدا وەڵامی پرسیاری زمان چۆن بە واقیعەوە پەیوەست دەبێت، ئەوە نییە كە لە رێگای نواندنەوە بە ئەنجام دەگات، بەڵكو ئەوەیە كە زمان بە هۆی داهێنانەوە بە واقیعەوە دەلكێ، ئەو پەیوەستبوونەش عەقڵی داهێنەرانە بەسەر دەنگ و ئاماژەدا دەیسەپێنێ! هەر لە سەر ئەو بنەمایەش كۆدی تێگەیشتنی مانای داهێنەرانە، ئەوەیە كە فیكری داهێنەرانەی گێڕەڕەوە بۆ وشە و ئاماژە و رەمزی داهێنەرانەدا بگۆڕێت.

لە رۆمانی بازنەی بار كەوتووان سەرەڕای هەڵەی زمانەوانی و دەستەواژەی دووبارە و مانای دووبارەكراوە و هەڵەی رێنوس و خاڵبەندی. كاراكتەری سەرەكی نیازی خۆی لە زمانێكی (سوار)دا دەسەپێنێ، لەپاڵ ئەوەشدا ئەو نیازە تەقلیدییەش دەخاتە روو، كە لە وشەكان و رستەكانی نێو زمانی بەجێماو ” رابردوو”دا هەیە. بەمجۆرەش كردەیەكی نیازئامێز لە رێگای وشەی دووبارەكراو و دەستەواژەی نەریتگەرا و پەراوێزئامێزدا بە ریتمێكی سوار دادەڕژێ و كۆی ئەو تێگەیشتنە سوارەش بە پڕبوونی مێژوو بەند دەكات، سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئەوەی خوێنەر بەو رۆمانەوە دەبەستێتەوە، تەنها ریتمی سوار نییە، بەڵكو لەلایەك جۆرێكە لە زمانی تەنزئامێز، كە سەركەوتووانە كاری پێكراوە، لەلایەكی دیكەش تەعبیركردنێكی ناشیرینانەیە لە خودی ناشیرینی.

دواجار ئەو رۆمانە مەرجی تێربوونی (قەردی رابردوو) وەك گوتارێكی نیازخوازانە بە واقیعی هەنووكەیی دەفرۆشێتەوە! لێرەدا دەكەوینە نێوان دوو مەرجی تێربوونی زمان. یەكەم مەرجی تێربوونی قەردی رابردوو، دووەم مەرجی تێربوونی چەمكی هەنووكەیی. بەڵام دەقی داهێنەرانە ئەوەیە كە مەرجی تێربوونی داهێنان بەسەر مەرجەكانی تێربووندا بسەپێنێت.




ئوتێل سندباد … دڵشاد عەبدوڵڵا

هەموو ئێوارەیەک بەبەردەمی تێدەپەڕیم
هەتا ملم توانای سووڕانەوەی هەبوو ئاوڕم لێ دەداوە.
ئوتێلێک لە سەر شەقامێکی لاچەپی شارێکی بچووک،
وەک سیمرخ نیشتبوو.

چاوم دەچووە سەر پەنجەرەی ژوورەکانی
ئاسنی ژەنگاوی کەتیبە و پەردەی کۆنی خەت خەتی سووری پان،
ئاماژەن بۆ گوێنەدان بە زەوق و کەشخەیی.

گوێم هەڵدەخست بۆ بێدەنگی نیشتەنیەکانی
هەندێکیانم دەدی بە بێجامەی خەت خەتەوە، نازانم بۆ هەمیشە ڕەنگیان شین بوو!
ڕەنگی هەڵبژاردەی غەریبەکان شینە، وا تێدەگەیشتم.

نە ڕۆژێک کەسێکم بینی لە ئوتۆمبیل دابەزێ و بچێتە ژوورەوە
نە خزمەتچییەکم بینی جانتا بۆ کەسێک هەڵگرێ
ئەوەی لەوێ دەژیا، هەندێکیان نەفەری دائمی بوون
هەندێکی تر بۆ ڕۆژێک، یان دووان دەمانەوە.

ئەوانەی لەوێن دەیانناسم! لانیکەم مەزەندەم وابوو
سەرنشینی کەشتیەکی تێکشکاوی ناوەڕاستی دەریا چ پێویست بە ناسینە؟
یەکیان بەسەر تەختەیەکی بچووکەوە بەرەو کەنار دەچێ
یەکیان بە هەڵەداوان دەست ڕادەشەقانێنێ
ئەوانی تر لە شەپۆلدا نغرۆ دەبن.

دوورگەیەک بوو ئەو سندبادە لە ئاوی بێ پایانی خەونم.
شەپۆلی ساڵەکان هەتا هات دووری خستەوە
نە کەشتی گەیشت نە ئەوانەی سەفەریان کرد هاتنەوە.

مێژووی شارەکان ئەو کەسانە دروستی دەکەن،
کە جانتایان لەسەر کەنتۆڕەکان بە شێوەی کاتیی داناوە!
ژیان خەونێکە لە ئوتتێلێکدا دەیبینی.




منیش حەەزم دەکرد، زۆریشم حەز دەکرد … زاهیر باهیر

لەو پۆستانەی کە لە فەیسبوك دایاندەبەزێنم سەبارەت بە کرێکاران و بزوتنەوەکەیان و هەندێك بڕگە و ڕاگەیاندنی مارکس ، زۆرێك لە هاوڕێ و برادەرکانم لەبری ئەوەی وەڵامێکی کەتوارانەم بە بەڵگەوە، نەك لە بڕگەی کتێبەکەناوە بدەنەوە ، دێن بەوەی کە خۆیان دەیانەوێت تاوانبارم دەکەن.
ئەوان ئەوە تێناگەن کە منیش وەکو ئەوان دڵسۆزی کرێکاران و چەوساوەکان و بزوتنەوەکەیانم ، بەڵام دوی واقیع کەوتوم و دەکەوم لە بینینی شتەکانا، نەك عەوداڵی حەز و خەیاڵی خۆم و بڕگەی ناو کتێبەکان . بۆ ئەمەش لێرەدا دەڵێم:
• منیش حەزم دەکرد چینی کریکاران و بزوتنەوەکەیان وەکو ئەوە وابوایە کە مارکس باسی کردون ، بەڵام بە داخەوەم کە لە واقیعدا ئەوە نابینم.
• منیش حەزم دەکرد کە ئەوە ڕاستبوایە کە کرێکاران چینێکی یەکگرتون و ئامادەگی شۆڕشیان تیادایە. چینی کرێکاران گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سەردەمی مارکس- وە بەسەردا هاتوە . لە سەردەمی ئەواندا کرێکاران چینێك، توێژاڵێکی چیانیەتی بوون ، هەل و مەرجی کارکردنیان وەك یەك بوو ، تا ڕادەیەك مووچەیان، مافەکانیشیان لە کارگەیەکد وەك یەك بوو . بەڵام ئیستا کرێکاران هەر لە خودی کۆمپانیایەکدا دابەشکراون لانی کەم بەسەر ئەم بەشانەدا: کرێکاران بەرهەمهێن، ئای تی ، پارێزگاری تەکنیکەڵی ماشینەکان، بەشی ڕێکلامە و گەڕان بەدووی بازاڕا، بەشی ساخکردنەوەی کاڵا،حەرەس و پاکەرەوەی بینا و ناو کۆمپانیاکە، بەشی مامەڵەکردن لە تەك خەڵك تەنها لە ڕێگای تەلەفونەوە، بەشی پۆست و گەیاندنی بەرهەمەکان بە شوێنی خۆیان، بەشی ئەدمین ….. هەر یەك لەمانە هەلومەرجی کارکردنیان جیاوازە هەر بەو شێوەیەش موچە و مافەکانی دیکەیان جیاوازە … لانی کەمیش دابەشبوون بەسەر 3 تا 4 نقابەدا…. ئەمانە هەمووی وایان کردووە کە کرێکارانی تەنها کۆمپانیایەکیش، شارەوانییەك [ کەلە شارەوانییەکانا کرێکاران دابەش بوون بەسەر زیاتر لە 10 بەشدا] زۆر زەحمەتە بتوانن بە یەکەوە مانگرتنێك ئەنجام بدەن من خۆم بە درێژایی 23 ساڵ جەند جارێك ئەمەم بینیوە… ئیدی لەوە گەڕێ کە کرێکارانی شارێك یا چەند کۆمپانیایەك بەیەکەوە چالاکییەك ڕێکبخەن.

• منیش حەزم دەکر کە هەموو خەڵك کرێکاران بوونایە ، بەڵام بە داخەوە کە وا نییە چونکە لە نێوانی کرێکاران و بەڕێوەبەرەکان و دەستەبژێر و پیاوانی دەوڵەتا چەندەها توێژاڵی دیکە هەن، وەکو: بێ کاران ، خانەنشینکراون ، قوتابی ، کەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەتی ، ئەوانەی لەسەر سۆشیالن، پەڕلەمانتارەکان ، دکتۆر و ڕاوێژکاری تەندروستی و پارێزەرە گەوەرەکان، کاسبکاران ، میدڵ مەنیجەر [ بەڕیوەبەرە ناوەنجییەکان ] ، ئەوانەی کە لە بۆرسەکانا کار دەکەن ، یاخود لە بانقەکانا بەڵام بە پارەیەکی باش زۆری تر کە ئەمانە ژمارەیان زۆر زیاترە لە ژمارەی کرێکاران . بۆ ئاگاداریت ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی لە بریتانیادا بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نقابەی مەرکەزی ئەمڕۆ، 12/12/18 تەنها 2.6 ملیۆن کرێکاران ، کە دەیەیەک لەمەوبەر دووقات بوون . ئەوانەی کە دەڵێن کە کرێکاران بەشی هەرە زۆرینەی کۆمەڵی وڵاتان پێكدەهێنن بێ بەڵگە و لە خۆشەویستیانەوە بۆ کرێکاران قسە دەکەن . منێکیش کە بە بەڵگەو ئامارەوە قسە دەکەم ڕقم لە کرێکارە و دووژمنی کرێکارانم و دژایەتی مارکس دەکەم….
• منیش حەزم دەکرد کە بزوتنەوەی کرێکاران لە ئان و دەقەی بنیاتنانی کۆمەڵی سۆشیالیستی دا بوایە بەڵام بە داخەوە کە دەڵێم بزوتنەوەی کرێکاران لەو پەڕی پاشەکشە و تێشکاندایە . لە سەرەتای 80 کانەوە تا ئێستا لە پاشەکشەدایە و نەك هەر نەیتوانیوە لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا شتێكی نوێ بەدەستبهێنێت بەڵکو زۆربەی ئەوانەشی کە بەدەستهاتبوو لێیان سەنرایەوە. بە واتایەکی دیکە جەنگی کرێکاران چەند دەیەیەکە، تەنها جەنگی بەرگرییە نەك هێڕشبردن.

• منیش حەزم دەکرد وەکو مارکس وتویەتی کە کرێکارن لە حیزبی خۆیانا خۆیان ڕێكبخستایە ، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێکخراوی سروشتی کرێکاران حیزب و ڕێكخراوی سیاسی نییە بەڵکو نقابەیە ، واقیع پێمان دەڵێت کە خەباتی کرێکاران خەباتی ئابووریانەیە نە سیاسیانەو نە دەسەڵات . ئەوەی کە کۆمەڵی سۆشیالیسی دەخوازێت و دەیەوێت بزوتنەوەی کرێکاران فەزای ئابووریی تێپەڕێنن و ببنە چینێکی سیاسی و دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا دروست بکەن، ئەانە توخمە چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانە لەناو کرێکارانا ، نەك خودی چینی کرێکاران.
• منیش حەزم دەەکرد کە ئەزمەکەی ئێستاو پێشتریش ئەزمەی سەرمایداریی بوایە ، بەڵام بە داخەوە ئەزمەی ئێمەیە ، خەڵکە ، جەماوەرە . من ئەمەم بە وتار و بە پۆست بە ئامارەوە ڕونکردۆتەوە.

زاهیر باهیر – لەندەن
13/12/2018




سارته‌ چوه‌ ناو مێژووی نۆبڵ…له‌وكاته‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ …. وه‌رگێر و ئامه‌ده‌كار/حـه‌مه‌ هـیوا

ژان پۆڵ سارته‌ر بوه‌ به‌نێوبانگترین ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ خه‌ڵاتی نۆبڵیان پێ به‌خشرا،به‌ڵام ڕه‌تی كرده‌وه‌ وه‌ری بگرێت.
له‌ ڕێكه‌وتی 22/10/1964 كاتێك سارته‌ر له‌ نیوه‌ڕۆدا نانی له‌ چێشتخانه‌یه‌كی نزیك ماڵی خۆیدا ده‌خوارد،ڕۆژنامه‌نووس(فرانسواز دۆ كڵۆزیه‌) كه‌ له‌ ئاژانسی فڕانسپرێس،وه‌ك ڕۆژنامه‌نوسێك كاری ده‌كرد.به‌ ژان پۆڵ سارته‌ری ڕاگه‌یاند كه‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ به‌خشراوه‌.
سارته‌ر به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌:من ئه‌و خه‌ڵاته‌ ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌،له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار كه‌ به‌ ڕۆژنامه‌كانی سویدی ڕاده‌گه‌یه‌نم.
وادیاربوو كه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ لایه‌ن لێژنه‌ی ئامه‌ده‌كاری خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌ ستۆكهۆڵم،له‌ سوید،هیچ نائاسایی نه‌بوو به‌ لای سارته‌ره‌وه‌،وه‌ هیچ هه‌ست و سۆزی نه‌جوڵاند،به‌ڵام له‌ نێو شه‌قامی فه‌ڕه‌نسادا گه‌وره‌ترین ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو،له‌به‌‌ره‌وه‌ی یه‌كه‌مین كه‌س بوو له‌ مێژوودا وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ جیهانییه‌ ڕه‌ت بكاته‌وه‌.

(ئه‌ندرێ گیفۆ) كه‌ شاره‌زایه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی سارته‌ر به‌ ئاژانسی فڕانس پرێسی فه‌ڕه‌نسی ڕاگه‌یاند: دوو هۆكار بوون كه‌ وای كردوه‌ سارته‌ر ئه‌و خه‌ڵاته‌ ڕه‌ت بكاته‌وه‌.
یه‌كه‌م:سارته‌ر له‌وه‌ ده‌ترسا كه‌ وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌ زیندوویی بخرێته‌ ژێر خۆڵه‌وه‌و له‌و پڕۆگرام و ڕێبازه‌ی خۆی لابدات و ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌ك ماچێكی مه‌رگ وابێت
دوهه‌م:وه‌رنه‌گرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ له‌ لایه‌ن سارته‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،كه‌ سارته‌ر هه‌میشه‌ دژی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ بوه‌،كه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌یان به‌خشیوه‌.
ژان پۆڵ سارته‌ر دامه‌زراوه‌كانی وه‌ك هۆكاری مردن له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا،تاوه‌وكو ئێستا وه‌رنه‌گرتنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ له‌ لایه‌ن ژان پۆڵ سارته‌ر بوه‌ به‌ مشتومڕێكی گه‌وره‌،چونكه‌ زۆر كه‌س پێیان وایه‌ وه‌رنه‌گرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ سارته‌ر له‌ ڕێباز و باوه‌ڕی خۆی لاینه‌داوه‌.
هه‌ندێكیتر پێیان وایه‌ سارته‌ر له‌به‌ر شانازی كردن به‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌،له‌ كاتێكدا گه‌وره‌ بیرمه‌ند و ئه‌دیب(ئالبێرت كامۆ)ئه‌و خه‌ڵاته‌ی وه‌رگرتوه‌ و له‌ ڕێبازی خۆیشی لاینه‌داوه‌.




جووجەڵەکانی نەنکم …. محەمەد بەرزی

ئەو ساڵەی لانە و خێزانەکەی گەیشتنە ئەمەریکا ، لانە تەمەنی حەوت ساڵان بوو . لەگەڵ ئەوەشدا کاتەکەی دوای پشوی نیوەی ساڵ بوو ، بەڵام لە پۆلی دووی بنەڕەتی وەرگیرا و لە ڕیزی پێشی پێشەوەش دانیشت . خوێندکارەکان دەیانزانی لانە زمانی ئینگلیزی نازانێت ، هەر بۆیە زۆر بە دەوروخولیا دەهاتن و زۆریش یارمەتییان دەدا و یارییان لە گەڵدا دەکرد و بە دڵیش خۆشیاندەویست . لانەش ئەوانی خۆشدەویست و هەر زوو بە زوو لەگەڵ چەند خوێندکاریکدا بوو بە هاوڕێ و لە ناو هەموو شیاندا ( لیندا ) ی زۆر خۆشدەویست و بوون بە دوو هاوڕیێ گیانی بە گیانی ، جا چونکە ماڵەکانیشیان لە یەکەوە نزیکبوو ، زوو زوو سەردانی یەکتریاندەکرد . دایکی لیندا لانەی خۆشدەویست و ژنێکی زۆر میهرەبانبوو ، سەگێکی پچکۆلەی تووکنی زەرد و پشیلەیەکی ڕەشوسپی و چوار جووجەڵەی وردی زۆر جوان و نەرمۆڵە و پاکی هەبوو ، کە دەتوت تۆپی لۆکە و ئاوریشمن . ڕۆژێکیان لانە هاتەوە بۆ ماڵەوە و زۆر لەسەرخۆ بە باوکی وت : ( باشە بابە گیان ئەوە بۆچی جووجەڵەکانی ماڵی لیندا لەگەڵ سەگ و پشیلەکەیاندا یاری دەکەن ، جار جارێکیش بە جووکە جووکەوە دەنوک لە دەمووچاو و کلکی سەگ و پشیلەکە دەگرن و لە سەر ورگیان هەڵدەپەڕن و دەچنە ناو باخەڵیانەوە ، کەچی نە سەگەکە بێزار دەبێ و نە پشیلەکەش توڕە دەبێت و نە ئازاری جووجەڵەکانیش دەدەن ؟ .

ئەی باشە ئەوە بۆچی لە سلێمانی و لە خانووەکەی ماڵی نەنکمدا پشیلەکان لە دوو ڕۆژدا هەر شەش جووجەڵەکانی نەنکمیان خوارد و من و نەنکم و هەموومانیان غەمبارکرد ؟ ) . لە وەڵامدا باوکی وتی : ( ئەی لە بیرتە تۆ و نەنکت چۆن بەردتان دەگرتە پشیلەکان و بە دارەوە ڕاوتان دەنان ؟ . ئەی لە بیرتە چەند بەرامبەریان دڵڕەق بووین و کەسمان پشیلەکانمان خۆش نەدەویست و تەنها جارێکیش پارچە نانە ڕەقێک و چۆڕە ئاوێکمان نەخستە بەردەمیان . لە سەرما و گەرماش نەماندەپاراستن ؟ . ئێمە وەک لیندا و دایکی ئەوانمان خۆش نەدەویست ، ئەوانیش ئێمەیان خۆشنەدەویست ، هەر بۆیە لە برساندا جووجەڵەکانی نەنکتیان دەخوارد ) . پاشان لانە زۆر لەسەرخۆ وتی : ( ئەی باشە خۆ تۆش ڕۆژێکیان لە بەرچاوی من بەردێکی گەورەت گرتە پشیلە سپییە چاو جوانەکە و بەر تەوقی سەری کەوت و لە تاو ئازار لە حەوشەکەی ماڵی نەنکمدا بە دەوری خۆیدا دەتلایەوە و ئەوەندەی نەمابوو بمرێت ؟! ) .

لانە ڕاستیدەکرد ، بۆیە باوکی بەم قسەیە بە تەواوی پەشۆکا و لە تەریقیدا دەنگی لێوە نەهات و نەیدەزانی چۆن چۆنی وەڵامی لانە بداتەوە . پاش تۆزێک باوکی بە شەرمەوە ڕوویکردە لانە و وتێ : ( لانە گیان تۆ ڕاستدەکەیت و لەو رەفتارەم پەشیمانم ، ئێمە لە سلێمانی هەموومان هەڵە بووین ، جا ئەگەر ئێمەش وەک لیندا و دایکی دڵنەرم و خێرخواز و خاوەن بەزەیی بین و گیانلەبەرەکانمان خۆشبوێت و نەهێڵین برسی و تینو بن و لە گەرما و سەرما بیانپارێزین و بە چاکی خزمەتیان بکەین ، ئەوا ئەوانیش ئێمەیان خۆشدەوێت و خـزمـەتـمـان دەکــەن و جـووجـەڵـەکانیشمان ناخۆن ) .
لەو ڕۆژەوە لانە بە دڵ بڕیاریدا وەک لیندا و دایکی دڵنەرم و بە بەزەیی بێت و درێخی لە هیچ گیاندارێک نەکات و دڵی مێروولەیەک لە خۆی نەڕەنجێنێ ، هەر بۆیە ئێستا لانە هەموو گیاندارێکی خۆشدەوێت و بە نەرمونیانی لە گەڵیاندا یاریی دەکات و زۆر زۆریش حەزدەکات یارمەتیان بدات .

٤ / ١٠ / ٢٠١٧




مۆدێل … چرۆ زه‌ند

كه‌ منداڵ بووم،
سه‌رئه‌ژنۆكانی پاڵنۆڵه‌ كاوبۆكه‌م به‌رده‌وام دڕابوو
یان له‌ پاسكیل ده‌كه‌وتمه‌ خوار
یان له‌ چلی داركی به‌ردار گیر ده‌بوو
سه‌رئه‌ژنۆ دڕاوه‌كانی پانتۆڵه‌كه‌م
نیكه‌رانی دایكم بوو
ئه‌گه‌ر سه‌رده‌می ئه‌مرۆ بایه‌،
دڕانی سه‌رئه‌ژنۆكانی پاتۆڵه‌كه‌م،
چیتر نیگه‌رانی دایكم نه‌ده‌بوو
مۆدێل نوێی ئه‌مڕۆ ده‌بوو.

نۆڤه‌مبه‌ر ٥\ ٢٠١٨