چ تێگەیشتنێکمان لە مێژووی کۆمۆنیزم هەیە؟ … ئاسۆ کەمال

بەشی دووەم لە زنجیرە وتاری حزب و دەوڵەت- سەبارەت بە کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم و ڕوانگەیەکی نوێ بۆ کۆمەڵگەی ئینسانی

پێش ئەوەی بچینە ناو مێژووی لێکدانەوەکان و تیۆریەکان لەسەر حزب و دەوڵەت، پێویستە تێگەیشتنێکی ماتریالیستیانەمان هەبێ بۆ خودی مێژووی کۆمۆنیزم و لێرەوە دەتوانین ئەو تیۆر و هەوڵانە لە بواری حیزب و دەوڵەتدا بناسین کە لەم مێژووەدا دەرکەوتون. بەڵام سەرەتا مێژووی ئەم کۆمۆنیزمە خۆی لە تێگەیشتنێکی میتافیزکیەوە پێچراوەتەوە و ئەم مێژووە کراوەتە مێژووی گروپ و دەستە کۆمۆنیستەکان و ڕەوتە سیاسی و ڕیکخراوەییە جیاجیاکان و مێژووی خەباتی چینایەتی کرێکاران کە بنەمای کۆمۆنیزمە لەبیربراوەتەوە و هەر گروپە مێژوی خۆی بە مێژووی کۆمۆنیزم لەقەڵەم دەدا.هەربۆیە هەر بینەرێک ناهەقی نیه توشی سەرلێشوان ببێ و بڵێ لە بەر ئەم دارستانە دار نابینرێ.

چینی کرێکار لە سەرمایەداریدا ،بەهەمان شیوەی چینی بورژوازی لە دەرەبەگایەتیدا ،خەباتێکی چینایەتی دەکا دژ بەو کۆیلایەتیەی کە کاری بەکرێ بەسەریدا سەپاندوە. ئەم چینە لەم هەوڵە بەردەوامەیدا بۆ لابردنی ئەو ڕێگریانەی لەبەردەمیدایە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە سیستەمی سەرمایەداری تیۆر و تاکتیک و شۆڕشی جۆراوجۆر و لەوانەش کۆمۆنیزمی تاقی کردۆتەوە. بەڵام ئەوە کۆمۆنیزم و سیاسەتی کۆمۆنیستی نیە کە ئەم مێژووە و شۆڕشەکان دروست دەکا، بەڵکو ئەوە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری و گەشەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە هەوڵە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان دەخاتە قاڵبێکی مێژووییەوە، کە ئەم هەوڵانە ” ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی گەشەی چینی کرێکاردا نەبێت ئەوا دەبینین چەند بێ دەسەڵاتە لەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، بە پێچەوانەشەوە چۆن لە شکان نەهاتووە، ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی بزووتنەوەی چینی کرێکاردا بێت”. *3

ئەم تێگەیشتنە ماتریالیستیە دوو شتمان بۆ رون دەکاتەوە؛

یەکەم: هەوڵە سیاسیە جۆراوجۆرەکان ناوی چینێک وەرناگرێ بەڵکو ناوی سەردەم و کەسایەتیەکان و حزبەکان و ڕەوتە سیاسیەکان وەردەگرن، بەڵام ئەمانە لەڕاستیدا خۆیان ئەنجام و پاشکۆی گەشەی مێژوویی چینی کرێکارن . هەربۆیە لە پشت ناو و مێژووی مارکس و لینین و مانیفیست و کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر و حزبە جۆراوجۆرە کۆمۆنیستیەکانەوە دەبێ ئەو گەشە مێژووییە ببینی کە چینی کرێکار لەو قۆناغە جیاوازانەی گەشەی سەرمایەداریدا پێگەیشتوە و هەوڵە سۆشیالیستەکان بەپێی پیداویستیەکانی خەباتی چینایەتی لەو قۆناغەدا شکڵیان گرتوە. ئێمە بە لێکدانەوەی چوارچیوەی ئەو قۆناغە توانای تێگەیشتمان لەو هەوڵانە هەیە . ناتوانین ئەم هەوڵە کۆمۆنیستیانە بۆ هەموو قۆناغەکان بکەینە قاڵبێک وپێوەر و دۆگمێکی چەقبەستوو و نەگۆڕ، وە بزوتنەوەی کرێکاری بەپێی ئەو قاڵبە مێژوویانە بەش بەش بکەین بەناوی مارکسیەکان ، بەلشەفیەکان ، کۆمۆنارەکان و ترۆتسکیەکان و کۆمۆنیتسە کرێکاریەکان و سۆشیال دیموکراتەکان و هتد..

ئەم جۆرە تێگەیشتنە نامێژووییە کە کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان دەخاتە جێگای خەباتی چینایەتی کرێکاران و ئەوان دەکاتە نوێنەری مێژوو و چینەکە، تێگەیشتنێکی باوە کە خۆی بەرئەنجامی پرۆسەی دابڕان و دورکەوتنەوەی بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و سیاسیەکانی چینی کرێکارە لە خودی چینەکە و خەباتی چینایەتی و بونی بە گروپی تەبلیغاتی یان حزبی نوێنەرانی چینەکانی تر.

ئەم لێکدانەوە ماتریالیستیە تەواو پیچەوانەی ئەو تێگەیشتنە میتافیزیکیەیە کە مێژووی کۆمۆنیزم وەک مێژووی گروپە جێگیرەکان و ڕوداوەکانیان دەبینێ، وە تەواو جیاوازە لەو داتاشینی جیاوازیانەی ئێستای ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کە قاڵبە مێژوویەکانی وەک مارکسیزم و بەلشەفیزم و سەندیکالیزم و ئانارشیزمیان کردۆتە قاڵبی جێگیر و پیرۆز و بەپێی ئەوانە دنیای ئێستا و خەباتی دژی سەرایەداری چینی کرێکار لێک دەدەنەوە. ئەمە وەک کاری ڕێگرەکانی سەدەی ناوەڕاست وایە کە بەپێی ئەندازەی تەختەی ئایدیۆلۆژی تایبەت بەخۆیان جەستەی ئەم بزوتنەوەیە ڕێک دەبڕنەوە و ڕێکخراو و حزبی جۆراوجۆری لێ دروست دەکەن. لە کاتێکدا مانیفیست هاواردەکا: “كۆمۆنیستەكان، حزبێكی جیاواز بەرانبەر باقی حزبەكانی چینی كرێكار پێك ناهێنن. ئەوان، هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەتی و جیاواز لە بەرژوەندی كارگەرانیان نییە. ئەوان لە خۆوە هیچ چەشنە شێوازێكی گرووپی ناهێننە كایەوە كە بزووتنەوەی كارگەری پێ بخەنە قاڵبەوە.”*4

دووەم:هەرکام لەم هەوڵە کۆمۆنیستیانە بەشێکن لە پرۆسەیەکی مێژوویی، کە هیچ کات نابنە خاڵی دەستپێکردن و جیاکردنەوە و کۆتایی مێژووی خەباتی چینایەتی، بەڵکو هەرکامەیان دەوروکاریگەری خۆی لە پرۆسەیەکی مێژوییدا دەنوێنێ ،کە بەردەوام لە گۆڕان و شکت و هەستانەوەدایە. مارکس ئەمە بە خەسڵەتی دیالەکتیکی خەباتی چینایەتی کرێکاران دادەنێ کە پێچەوانەی چینەکانی پیش خۆیەتی. ئەو دەڵێ؛ چینی کرێکار “ناتوانێ دروشمەکانی لەڕابردوو وەرگرێ بەڵکو تەنیا لە داهاتوو وەریدەگرێ. ئەو ناتوانێ ئەرکەکەی ئەنجام بدا ئەگەر هەموو ڕێزگرتنیکی ئەفساناوی ڕابردوو کۆتایی پێ نەهێنێ. شۆڕشەکانی پێشوو( بورژوایەکان) پێویستیان بە گێڕانەوەی یادەوەریەکانی ڕوداوە مێژوویەکانی جیهان بوو تاکو خۆیان هەڵخەڵەتێنن سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی شۆڕشەکەیان.بەڵام شۆڕشی سەدەی نۆزدە(کرێکاریەکان)لەسەریەتی بۆئەوەی بۆخۆی ناوەرۆکی تایبەتی شۆڕشەکە ڕۆشن بکاتەوە دەبێ لێگەڕێ مردوەکان مردوەکانیان بنێژن..ئەم شۆڕشە پرۆلیتاریانە وەک لە سەدەی نۆزدەدا ڕودەدا،ئەوانە ، بە پێچەوانەوە بەردەوام ڕەخنە لە خۆیان دەگرن، وە لەکاتی بەرەوپیشەوەچوندا بەشێوەیەکی بەردەوام خۆیان دەوەستێنن لە ڕۆشتن، وەجارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دەستیان کرد بەوەی شتێک بەدەست بهێنن تاکو سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە، وە بەشیوەیەکی بەبێ ڕەحمانە گاڵتە بکەن بە کەموکوڕیە سەرەتاییەکانیان و وە خاڵە لاوازەکانی وە هەموو پوچیەکانی.” *5 ئەمە خەسڵەتی دیالەکتیکی خەباتی چینایەتی کرێکارانە.هەربۆیە ئەنگلس دەڵێ” بزاڤی کرێکاری ئەڵمانی وارسی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانیە.”*6

بە پێچەوانەی ئەم میتۆدە دیالەکتیکیەوە ،کە پێویستە هەموو مێژووی سەدەی ١٩ و ٢٠ بداتە بەر ڕەخنەی بێ ڕەحمانە تاکو کەموکوڕیەکان و لاوازیەکانی کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر و هۆیەکانی شکستی ئەم شۆڕشانە بکاتە دەرس بۆ شۆڕشەکانی ئەم سەردەمە ، هێشتا دیدی میتافیزیکی و نامێژوویی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا ،نەک هەر چینی کرێکار بەپێی قاڵبە فکریەکان پەرت پەرت دەکا، بەڵکو کۆمۆنیزم خۆشی دەکاتە شتێکی جیاواز لە چینی کرێکار و ئەو خەباتەی ئەمرۆ لە مەیدانەکانی ئازادی لە ئارادایە. بەم شێوەیە هیچ کاتێ ئەو ناکۆکیەی لە فکری خۆیدا بۆ جیاکردنەوەی سنوری کۆمۆنیستی و ناکۆمۆنیستی دروستی کردوە، ناتوانێ چارەسەری کێشەی جیایی کۆمۆنیزمی لە کرێکار پێ بکا. پێی وایە پیویست بە کۆمۆنیزمێکی فکری خالسە و پوختە تا بتوانێ ئەم دوانە پێکەوە گرێ بداتەوە، وەک چۆن پەیڕەوانی ئاینەکان بۆ دەقەکان و ڕەفتاری پێغەمبەرەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ڕزگارکردنی دنیای ئێستا.

ئێمـە بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووی چینی کرێکار و ئەو گۆڕانکاری و جیاوازیانەی لە خەباتی فکری و سیاسی ئەم چینەدا دروست دەبێ پێویستە سەیری مێژووی بورژوازی وەک چینێکی شۆڕشگێڕ دژ بە سیستەمی دەرەبەگایەتی بکەین. دەبینین بەپێی گۆڕانکاری وگەشەی جێگە و ڕێگەی ئابوری بورژوازی لە سەردەمی ڕینیسانسەوە هەوڵی فکری و سیاسی بەردەوامی چەند سەدەی خایاند تاکو پێکهاتەکانی سیستەمی سیاسی خۆی کامڵ کرد. لە لۆتەریزمەوە دەست بە شەڕ لەگەڵ کەنیسەی کاسولیک دەکا،وەک پێکهاتەیەکی سیستەمی دەرەبەگایەتی، هەروەها لە میکاڤیللیەوە شۆڕش بەسەر فکری سیاسی دەرەبەگایەتی و کڵێسادا دەکا و زانستی سیاسەت لە دنیای واقعیدا دەهێنێتە ئارا و دواتر لەسەر دەستی هەر کام لە جان بۆدان، ئاڵتۆسیۆس،تۆماس هۆبس، جۆن لۆک،مۆنتیسکۆ،ڕۆسۆ،بنتام و ستیوارت میل و دەیان فەیلەسوف و یاساناس و سیاسی و بزوتنەوە سیاسیەکانیەوە ،کاری فکری و تێوری سەبارەت بە چەمکەکانی سەرەوەری، دەسەڵاتی یاسا، فۆرمی حوکمڕانی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی دینی لە دەسەلاتی سیاسی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و بەڕیوەبردن و دادوەری ودەوڵەت و دەستور و مافەکان فۆرمۆڵەکران و جێکەوتن. ئەم پرۆسەیەی شکڵگرتنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی سیستەمی سەرمایەداری لە ئەنجامی چەند سەدە له ململانێی فکری و سیاسی و سەربازی لە نێو چینی بورژوازیدا و دژ به فکر و بیرورای زالی ده ره به گایه تی ڕویداوە.

لەگەڵ پێداویستیەکانی سەپاندن وڕاگرتن و گەشەپێدانی دەسەلاتی ئابوری ئەم چینەدا و کاریگەری خەباتی چینایەتی بەسەریانەوە ،قاڵبی حزب و حکومەت و دەوڵەتی بورژوازی گۆڕانی بەسەرداهاتوە و شکڵی ئێستای پەرلەمانی و حکومەتی جێبەجێکردن و دەزگای دادوەری و سوپا و دەزگای ئاسایش و دەزگا نهێنیەکانی وەرگرتوە و لە ئاستی جیهانی UNوبانکی جیهانی ودەزگای جۆراوجۆری دروستکردوە.

حزب و دەوڵەت بۆ چینی کرێکاریش ڕەوتێکی ململانێی فکری و تیۆری و پراتیکی دوو سەدەیەی تێپەڕاندوە. لەهەر دەورەیەکدا چینی کرێکار کۆمەڵێک هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناوە و لە خەبات و شۆڕشی بەردەوامیدا ڕاستی و دروستی تیۆریەکان و سیاسەتەکانی تاقیکردۆتەوە و سەلماندونی، یاخود لە شکستەکانیدا ناڕۆشنی و هەڵەکانی خۆی بۆ دەرکەوتوە. ڕەوتێکی مێژوویی ئەم چینە کە لە دوو سەدەدا لە شێوازی ئەنترناسیونال و سەندیکا و شورا و یەکێتیە کرێکاریەکان حزب و شۆڕش و مانگرتن و دەوڵەتدا خۆی نمایش کردوە. ئەمانە هەمویان هەوڵی جۆراوجۆری چینێکن کە لە پێناو کۆتایی هێنان بە کۆیلایەتی بۆ سەرمایەداری دەستی بۆبردوە و لە پرۆسەیەکی مێژوویدایە بۆ خۆ ئامادەکردن وەک بەدیلی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە. پێ بەپێی ئەوەی «چینی کرێکار بەردەوام ژمارەی زیاد دەکات و بە دیسپلین دەبێت، یەکگرتوو دەبێت، ڕێکخراو دەبێت، لە ڕێگای میکانیزمە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری خۆیەوە”*7 ، له خەباتی چینایەتیدا مەسەلەی نوێ وەک حزب ، ئەنتەرناسیونال، دەوڵەت، شورا و سەندیکا و کەلتور و هتد دێتە پێشەوە.

کۆمۆنیزم لەگەڵ شۆڕشە بورژوازیەکاندا دژی دەرەبەگایەتی وەک بزوتنەوەیەکی ناڕازی کرێکارانی تازە پێگەیشتوو هاتەمەیدان و زۆر بەسادەیی خۆی لەبەرگی بەدیلی سەرمایەداریدا نیشاندا. هەرچۆن بورژوازی چەند سەدەی لە خەباتی فکری و سیاسی و ئابوری ویست تاکو لە کۆتوبەندەکانی فیۆدالی ڕزگاری بوو ، بە هەمان چەشن کرێکارانیش لە هەوڵێکی مێژوویی بەردەوامدان تا خۆیان وەک بەدیلی سەرمایەداری بسەلمێنن. ئەم چینە بە چەندین شۆڕش لە سەدەی نۆزدە و بیستدا مۆری خۆی داوە لە مێژووی تا ئێستای دنیای سەرمایەداری.

ئەم کۆمۆنیزمە بەم تەجروبانەی نیشانداوە لە بواری فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و بوەتە یەکێک لەو بزوتنەوانەی کاریگەری لەسەر پێکهاتەی ئاڵۆز و قەیراناوی سیستەمی سەرمایەداریداهەیە. هەر قۆناغێکی ئەم هەوڵە فکری و سیاسیانە دەبێ وەک ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو سەردەمە و پێداویستیەکانی خەباتی ئەو دەروەیە سەیربکرێن نەک وەک قاڵبێک و دۆگمێکی کە مێژووی تیاقەتیس بکرێ و لە ئێستادا دەبێ کۆمۆنیزم وەڵامی ئەو کێشە و مەسەلانە بداتەوە کە چینی کرێکار لە خەبات و ڕیکخراوبون و شەڕی لەگەڵ بزوتنەوە بورژوازیە نیولیبراڵ و پۆپۆلیست و ناسیونالیستەکانداڕوبەڕوە، نەک شەڕێک کە مارکس لەگەڵ باکۆنین هەیبوە ، یان لینین لەگەڵ کاوتسکی ، یاخود ترۆتسکی لەگەڵ ستالین. هەرچۆن بورژوازی ناڵی بۆچونەکانی هۆبز یان ڕۆسۆ قسەی ئاخری دەوڵەت و دەستور و پەیمانی کۆمەڵایەتیە. بێگومان چینە کۆمەڵایەتیەکان لە شەڕی سیاسی دنیای واقعیدا بەناچاری یان بەپێی بەرژەوەندیەکانی چینەکەیان ئەم یاسا و دەزگایانە دەگۆڕن. هەربۆیە چینی کرێکاریش پێویستی بە بەردەوام گەشەپێدانی گۆڕینی تیڕوانین و ئامڕازەکانی خەباتی هەیە.

تێگەیشتنی ماتریالیستی لە مێژووی چینی کرێکار پێمان دەڵی کە ئەم چینە لەگەڵ دروستبون و گەشەی چینی بورژوازی وشۆڕشی پیشەسازیدا دروست بوە و هەردوو ئەم چینە سیستەمی سەرمایەداریان پێکهێناوە. ناکۆکی چینایەتی نێوان ئەم دوو چینە لەناو جەرگەی شەڕی کۆتایی هێنان بە پاشماوەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا بەرەبەرە زەق بوەتەوە و گەیشتۆتە شەڕی نێوان ئەم دوو چینە و لەهەر شەڕێکدا بۆ دیموکراسی و ئازادی زیاتر کە بورژوازی کردویەتی دژی سیستەمی پاشایەتی و فیۆدالی چینی کرێکار بەشداریکردوە وهەوڵیداوە ئەو دەستکەوتانە هەر تایبەت نەبن بە بورژوازی بەڵکو ئەویش وەک لێی بەهرەمەندبێت.

چینی کرێکاریش هاوشێوەی بورژوازی سەدەکانی ڕینیسانس و ڕۆشنگەری، ئەویش لە سەدەی ١٩و٢٠دا کۆمەڵێک شۆڕشی کردوە و پرۆسەیەکی دانەبڕاوی لە خەبات و فشار دژ بە سەرمایەداری هەبوە. ئەم چینەش بەپێی جێگەوڕیگای ئابوری و ئاستی گەشەی سەرمایەداری و ئاستی وشیاری و ڕێکخراوبونی کرێکاران تیایدا ئایدیاکانی دنیای کۆمۆنیستی و یەکسان و ئازادی سەریهەڵداوە و توێژی ڕۆشنبیر و فەیلەسوف و بیریاران و هەڵسوڕاوانی سەر بەم چینەش تەعبیریان لەم خواست و ئامانجانە کردوە. کۆمۆنیزمیش وەک بەشێک لەم هەوڵە ڕۆشنبیری وسیاسیە، پێ بەپێی تەجروبە سیاسی و پراتیکە شۆڕشگێڕانەکانی کرێکاران گەشەی دەرکرد و لە کۆمۆنیزمێکی خەیاڵیەوە گەشتە ئاستی تیۆریەکی سیاسی و ئابوری و فەلسەفی و دواتریش بەشێوەیەکی زانستی لیکدانەوەکانی لەسەرسیستەمی سەرمایەداری و ناکۆکی و قەیرانەکانی و ئامڕازەکانی گۆڕانی بە سیستەمێکی کۆمۆنیستی خستەڕوو.
چەمکی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە مێژووی ئەم ململانێ سیاسی و چینایەتیەدا سەریهەڵدا. سەرەتا گروپە کۆمۆنیستیە نهێنیەکان و ڕیکخراوە جەماوەریە ئاشکراکان پێکدەهاتن و دواتر گرنگی ڕیکخستنی یەکپارچە و سەراسەری و جیهانی ئەم چینە هاتە ئارا وئەنتەرناسیونالی یەکەم و حزبە سۆشیال دیموکراتی و کرێکاریەکان لە ئەوروپا وڕوسیاو ئەمریکادا سەریان هەڵدا.

ئەم چەمکە دوو خەسڵەتی سەرەکی هەبوو، کە یەکەمیان باسی حزب باسی ڕێکخستنی سەرجەم چینی کرێکار بوو وە مانای حزبێکی تایبەتی نەبوو لە ناو کرێکاراندا. هەربۆیە لەئەنتەرناسیونالی یەکەم و حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیادا بۆچون و ڕیبازی سیاسی جیاجیا دەبینین و سەرەڕای ململانێی سیاسی و فکری نێوانیان بەڵام وەک حزبێکی کۆمەڵایەتی وهێزێکی سیاسی ئەم مەیلانە پێکەوە کاردەکەن. مانیفیستی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگلس تەعبیر لەم قۆناغە دەکا کە دەڵێ ” کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیا لە حزبەکانی چینی کرێکار نین و ئامانجیان کۆکردنەوەی هەموو چینەکە و خستنەڕووی ئامانجی کۆتایی چینەکەیە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتیدا” ئەو پێناسەیەیە بۆ حزب کە بنەمای تێگەیشتن لە چەمکی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی نیشان دەدا.

دووەمیان ؛ ئەم حزب و ڕیکخراوانە لەگەڵ شەڕی چینی کرێکار لەسەر دەسەڵات گرتنی کرێکاران و شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەر سەرمایەداریدا تێکەڵاون. وەک تێکەڵاوی ئەنترناسیونالی یەکەم لەگەڵ کۆمۆنەی پاریس و پەیوەندی بەردەوام بە خەباتی سیاسی و ئابوری کرێکارانی ئەوروپاوە، یان حزبە سۆشیال دیموکراتەکان و خەباتی پەرلەمانی و مانگرتن و خۆپیشاندانە کرێکاریەکان و بونی سەدان هەزار ئەندامی کرێکاری لەم حزبانەدا و بەشداری لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ڕاپەڕینەکانی ئەڵمانیا و مەجەر و مانگرتنە سەراسەریەکانی ئیتالیا وبەریتانیا و نەرویج و وڵاتانی تر.

لەم ئاستە لە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی وجەماوەری وبەتایبەت لە کۆمۆنەی پاریسەوە چەمکی دەوڵەتیش دەبێتە بەشێکی سەرەکی لەم خەباتە. دواتر لە شەڕی جیهانی یەکەمدا ئەم بزوتنەوەیە دەکەوێتە بەردەم قۆناغێکی تەواو جیاوازەوە و لەبەردەم ئەرکێکی مێژووییدا قەرار دەگرێت. ئەم شەڕە جیهانیه بۆ جیهانی مۆدێرن بەمانای ڕوخانی تەواوی پایەکانی دنیای لیبرالیزم و مافی مرۆڤ و ئازادیەکانی بورژوازیە،کە لەبەرامبەریدا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی سەریهەڵدا و بزوتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی خستە بەردەم ڕوبەڕوبونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ ئەم شەڕە جیهانی وبەربەریەتەی سەرمایەداری و نیشاندانی بەدیل و ڕیگاچارەی کۆمۆنیستی بۆ کۆمەڵگەی
مرۆڤایەتی. هەربۆیە جارێکی تر مەسەلەی شۆڕشی کرێکاری دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی وگرتنە دەستی دەسەڵات و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی دەبێتە پێویستیەکی ڕۆژ.

“دەوڵەت و شۆڕش” ی لینین تەعبیر لەم قۆناغە گەشەکردوەی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار دەکا کە دەڵێ” ئامڕازەکانی دەوڵەتی بورژوازی دەبێ لەناوببرێ و دەوڵەتێک دروست ببێ کە پشتی بە چەکدارکردنی گشتی و نوێنەرانی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جوتیاران ببەستێ”.
لەم قۆناغەدا ئێمە لەگەڵ دوو مەسەلە دەرگیر دەبین یەکەم؛ جیابونەوەیەک لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا لەسەر بنەمای تاکتیک لە بەرامبەر شەڕی جیهانی و دەوڵەتی بورژوازیدا.

ڕەوتێکی ناسیونالیستی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا پشتیوانی لە لایەکی شەڕ دەکەن بەرامبەرلاکەی تر و هاوکاتیش پشتیوانی لە ریفۆرمیزم دەکەن لە بەرامبەر گۆڕینی دەسەڵات بەشێوەی شۆڕشگێڕانە.

دووەم ؛لە ڕوسیادا کە زەمینەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی تیایدا لە سەرەتای سەدەی بیستەوە لەبار دەبێت و ٣ شۆڕشی یەک لە دوای یەک ڕودەدەن و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی نمونەیەک لە شۆڕشی سۆشیالیستی و دەوڵەتی کرێکاری نیشان دەدا.

ئەم دەورەیە دەورەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەیە. هەردوو چەمکی حزب و دەوڵەت لەم دەورەیەدا دەکەونە قۆناغی پراتیکێکی کۆمەڵایەتی و گۆڕانێکی سەرتاپاگیری سیاسی و ئابوری کۆمەڵگەی ڕوسی دەگرێتەوە و کاریگەری خۆی بەسەر جیهاندا دادەنێ. سەدەی ٢٠ و تا ئێستاش مۆدیلی حزبی بەلشەفی و دەوڵەتی سۆڤیەتی وەک دوو مۆدیلی نەگۆڕ و پیرۆز سەیردەکرێن و هیچ ڕەخنەیەکی بنچینەیی لەم مۆدیلانە و نیشاندانی بەدیلی بەرامبەریان لە ئارادا نیە.
ئەم دیدە میتافیزیکی و نامێژووییە لە حزب و دەوڵەت مەسەلەی سەرمێزی ئەم لێکۆڵینەوەیەیە. لێرەوە تێڕوانینی ماتریالیستی بۆ دەور و مێژووی چینی کرێکار گرنگی حەیاتی و بنەڕەتی پەیدا دەکا، بویه دەبێ لێکدانەوەی دروست و زانستی بۆ ئەم مێژووە و واقعی ئێستا بکا و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە بونەتە گرێ کوێرە لە بەردەم چینی کرێکار و ئایندەی خەباتەکەیدا. تێڕوانین بۆ حزب و دەوڵەت ئەو دوو ئەڵقەیەیە کە ئێمە لەم لێکدانەوانەدا بەدەستیەوە دەگرین تاکو دەرگابکاتەوە بەڕووی ڕۆشنکردنەوەی گرفت و کێشەکاندا.
لێرەوە دەبێ ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر دوو چەمکی حزب و دەوڵەتدا هات بە شیوەیەکی وردتر لێک بدەینەوە تا بزانین چ جیاوازیەکی لەگەڵ بنەما سەرەکی و سادەکانی پێش ئەم دەورەیە و دنیای سەردەمداهەیە؟

3 http://www.asokamal.com/index/?p=1616*
*4https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_1848_manifesti_komonist.pdf
*5 الثامن عشر من برومیر لویس بونابرت ل ١٤٣،مارکس انجلس ،مخارات، الدار التقدم
*6https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_1888_feurbax.pdf لودفیگ فیورباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی، ل ٨١، وەرگێڕانی سالار ڕەشید
7 http://www.asokamal.com/index/?p=1616*




ئه‌گۆستۆ بوال و شانۆی شه‌قام …. ئاراز عه‌بدولڕه‌حمان

ئه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌ كردن له‌سه‌ر ئه‌گۆستۆ بوال ئه‌كرێت قسه‌ له‌سه‌ر شانۆی چه‌وساوه‌كان بكه‌ین كه‌ ئه‌زمونێكی نوێی شانۆییه‌ و ده‌رهێنه‌ری به‌رازیلی ئه‌گۆستۆ بوال دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م جۆره‌ ئه‌زمونه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ته‌رح ده‌كات و له‌گه‌ڵ بینه‌ر كه‌ ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌ كاره‌ شانۆییه‌كه‌ گفتوگۆی ته‌واوی له‌سه‌ر ده‌كرێت، پاڵپشت به‌ نمایشی كورت و گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ كه‌ بینه‌ر به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌م گفتوگۆیانه‌دا كه‌ بوال پێیوایه‌ ئه‌و جۆره‌ گفتوگۆیانه‌ دروستكه‌ری هۆشیارییه‌ له‌ هزری بینه‌ردا، هه‌روه‌ها بوال هاوشانی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چالاكوانێكی سیاسی بوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ شانۆییه‌كانیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ته‌واوی هه‌بووه‌ كه‌ هه‌وڵی داوه‌ شانۆ وه‌ك شۆڕێك به‌كاربهێنێت به‌تایبه‌ت كاتێك پێش هه‌ڵهاتنی له‌ به‌ڕازیل و له‌ ژێر حوكمی دكتاتۆری له‌و وڵاته‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی بیری چه‌پی هه‌بووه‌ بۆیه‌ زۆرینه‌ی ئه‌زمونه‌كانی كاریگه‌ربوه‌ به‌ تیۆریه‌كانی ماركس بۆ دنیای سه‌رمایه‌داری و چینی كرێكاران و چه‌وساوه‌كان بۆیه‌ ئه‌گۆستۆ بوال ئه‌ڵێت ” ئه‌گه‌ر شانۆییه‌كانم به‌مانایه‌كی ته‌واو شۆڕش نه‌بێت به‌لای كه‌مه‌وه‌ بینه‌ر هانده‌دات بۆ شۆڕش” وه‌ هه‌موو ئه‌م كاره‌ شانۆییانه‌ی بوال له‌نێو چینی چه‌وساوه‌كاندا و له‌ بازاڕو كوچه‌و كۆڵانه‌كان و له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌كاندا نمایش كراون ئه‌ویش زیاتر بۆ دروست كردنی ڕای گشتی له‌سه‌ر كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان..
كاتێك ده‌ستوه‌ردانه‌كانی وڵاته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌ كۆتایی شه‌سته‌كاندا له‌ ئه‌مریكای لاتین و پاڵپشتی سیستمه‌ دیكتاتۆریه‌كان له‌و وڵاتانه‌دا بۆ په‌ره‌دان به‌سیستمی سه‌رمایه‌داری كاریگه‌ریه‌كی زۆر له‌ هزری بوال دا دائه‌نێت كاتێك سیناتۆری ئه‌مریكی باری گوڵدوته‌ر ئه‌ڵێت “دنیایی سه‌رمایه‌داری پێویستیه‌كی زۆری به‌ هه‌ژارانه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌بێته‌ هۆی كارئاسانی سه‌باره‌ت به‌ پێدانی موچه‌كانیان و شوێنی كاركردنیان له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌وه‌ ئه‌ترسن كاره‌كانیان له‌ده‌ست بده‌ن بۆیه‌ سازشی زۆر بۆ خاوه‌ن كاره‌كانیان ده‌كه‌ن” ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بیرو بۆچون و هۆكارانه‌ی كه‌ بوال ئه‌یه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكات له‌سه‌ری و دژ به‌م سیستمه‌ كاربكات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌بێت له‌ كاره‌كانیدا بۆیه‌ شانۆ ده‌كات به‌ بڵندگۆیه‌ك بۆ ته‌رح كردنی گیروگرفتی چینی كرێكاران و چه‌وساوه‌كان وه‌ دروست كردنی ڕای گشتی سیاسی له‌ نێویاندا وه‌ پاش ناچاركردنی به‌هه‌ڵهاتن له‌ وڵات و ڕوو له‌ ئه‌وروپا ده‌كات و زیاتر په‌ره‌ به‌ ئه‌زمونه‌كه‌ی ده‌دات وه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌شی له‌ ساڵ 1986 بۆ به‌ڕازیل 19 ناوه‌ندی شانۆیی داده‌مزرێنێت و به‌شدارییه‌كی كارای ده‌بێت له‌ پرسه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا كاریگه‌ری شانۆییه‌كانی به‌جۆرێك ده‌بێت كه‌ ئه‌م گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌ره‌ به‌ره‌و ئه‌ندامێتی پارله‌مانی وڵاته‌كه‌ی له‌نێو شه‌ش ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی پارتی كرێكاراندا ئاڕاسته‌ ده‌كات ساڵی 1993 ئه‌بێت به‌ ئه‌ندامی پارله‌مان كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی كاریگه‌ری شانۆییه‌كانیه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ له‌نێو شه‌قامه‌كان و گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌كانی ڕیۆدی جانیرۆ نمایشی كردوون.

بۆ ئه‌وه‌ی شانۆ كاریگه‌ری زیاتر و خێراتر له‌سه‌ر پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان دابنێت ئه‌گۆستۆ بوال ته‌كنیكی نوێی له‌ شانۆدا به‌كارهێنا كه‌ شانۆی له‌ شێوه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ نێو چینه‌ جیاجیاكان و له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا به‌ ته‌كینیكێكی نوێ نمایش كرد وه‌ چیتر لێنه‌گه‌ڕا بینه‌ر ده‌ورێكی نێگه‌تیڤی هه‌بێت ته‌نها بینه‌ربێت و هیچی تر، ئه‌وانی كرد به‌ ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی له‌ كاره‌ شانۆییه‌كانیدا و ده‌وری كاریگه‌ر و سه‌ره‌كی پێبه‌خشین وه‌ داینه‌میكێتی به‌شانۆییه‌كانی به‌خشی كه‌ به‌رده‌وام له‌ جوڵه‌ی نوێ و هزری نوێ و كاریگه‌ردا بێت كه‌ ئه‌ویش ئه‌زمونی فۆریوم تیاته‌ر بوو واته‌ شانۆی كردبوو به‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ گفتوگۆكردنی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ته‌واوی پرسه‌كان بۆیه‌ هه‌میشه‌ بینه‌ر به‌ بیر و هزری نوێ ئاماده‌گیه‌كی به‌رده‌وامیان له‌ كاره‌كاندا هه‌بوو، بوال پێیوایه‌ به‌پێی تیۆری ئه‌ره‌ستۆ بینه‌ر به‌ته‌واوی ته‌سلیمی كاره‌كته‌ری درامی ده‌بێت ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ درامییه‌ له‌بری ئه‌وان بیرده‌كاته‌وه‌ و له‌بری ئه‌وان بڕیار ده‌دات و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كات، وه‌ به‌پێی تیۆری برێخت به‌هه‌مان شێوه‌ بینه‌ر له‌ شانۆییه‌كاندا ته‌سلیمی كاره‌كته‌ری درامی ده‌بێت به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك ڕێگه‌ ده‌درێت بینه‌ر بیر له‌و كێشانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ته‌رح ده‌كرێن وه‌ هه‌ندێك جار بیركردنه‌وه‌ی بینه‌ر هاوته‌ریب نابێت به‌ بیركردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری درامی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا، وه‌ ئه‌مه‌ له‌ شانۆی چه‌وساوه‌كان دا به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌یه‌ بینه‌ر له‌م جۆره‌ شانۆییانه‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌ بۆ كاره‌كته‌ری درامی به‌ڵكو ڕوبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه‌ و خۆی هه‌ڵده‌سێت به‌ گێڕانی ڕۆڵی سه‌ره‌كی وه‌ زۆربه‌ی كات مه‌جرای شانۆكه‌ ده‌گۆڕێت و به‌ بۆچونی خۆی كێشه‌ درامییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌بینین ئامانجی بوال له‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بینه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئازادانه‌ به‌بێ هیچ به‌ربه‌ستێك ته‌عبیر له‌ بیرو بۆچونی خۆیان بكه‌ن كه‌ دواجار ئه‌مه‌ ده‌بێت به‌هۆكارێك بۆ دروست كردنی ڕای گشتی له‌سه‌ر پرسه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، وه‌ هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی شانۆی بوال شانۆی ده‌رمانییه‌ كه‌ دواجار لیڤی مۆرینۆ كه‌ كاریگه‌ره‌ به‌ ئه‌فكاری فرۆید ناوی لێده‌نێت سایكۆدراما كه‌ شانۆ وه‌ك چاره‌سه‌رێك به‌كارده‌هێنرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌وشی شۆكی ده‌رونی هاتون یاخود ئه‌و مناڵانه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕوی توندوتیژی بونه‌ته‌وه‌ وه‌یان ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ ئالوده‌ن به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر و چه‌ندین جۆری تری نه‌خۆشی ده‌رونی كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌كنیك و شێوازی خۆی هه‌یه‌.

ده‌كرێت ئه‌م ئه‌زمونانه‌ی بوال ببه‌ستینه‌وه‌ به‌و ئه‌زمونانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ كوردستان دا به‌شێوه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك كه‌م له‌ شانۆی شه‌قام دا به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگی به‌م بواره‌ بدرێت چونكه‌ كوردستان هه‌ڵگری چه‌ندین ده‌ردی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابورییه‌..وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ كوردستان گرنگیه‌كی تایبه‌ت به‌ شانۆی شه‌قام یاخود نمایش كردنی شانۆ له‌ پانتایی كراوه‌دا ده‌درێت ناكرێت شانۆكاران ئه‌گۆستۆ بوال و ته‌كنیكی شانۆكانی له‌به‌رچاو نه‌گرن كه‌ بێگومان ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ته‌واوی ده‌بێت له‌سه‌رخستنی كاره‌كانیان به‌ ئامانجی دروستكردنی كاریگه‌ری زیاتر له‌سه‌ر بینه‌ر چونكه‌ كاره‌كانی بوال له‌ شه‌قامه‌كان و له‌ نێو چین و توێژه‌ جیاجیاكان به‌تایبه‌ت چینی چه‌وساوه‌كاندا نمایش كراون.

————————
سه‌رچاوه‌:

• العاب للممپلین وغیر الممپلین.. أغوستو بوال.. ترجمه‌ ولید ابوبكر
• عقیده‌ الصدمه‌.. نعومی كلاین.. ترجمه‌ نادین خوری
• المسرح والتغیر الاجتماعی فی جنوب السودان (دراسه‌ فی تقنیات مسرح المقهورین).. مایكل نصر عمیره‌.. مجله‌ العلوم الانسانیه‌.. مجلد 17 (3) 2016
• ویكوبیدیا




واز لە نادییە مورات بهێنن ، بەسە هێڕشکردنە سەری …. زاهیر باهیر

17/12/2018
هەر وەکو چۆن کاتی هەلبژاردنی بۆ خەڵاتی ئاشتی بە نوسین وەسف و سەنایەکی یەکجار زۆری بۆ کرا، لە ئێستاشا بەهۆی جمووجووڵیییەوە و بینینی زۆرێك لە کەسان و سەرکردەو سەرۆكەوە هێڕشێکی یەکجار زۆری دەکرێتە سەر. هێڕشبەرەکان لە پێگەی جیاوازاوە هێڕشی دەکەنە سەر :
• نادییە جلی کوردی لەبەر ناکات.
• نادییە بە کوردی قسە ناکات .
• نادییە سوپاسگوزاریی یەپەگە و یەپەژە ناکات کە مایەی سەلامەتی زۆرینەیەك لە ئێزیدییەکان بوون .
• نادییە خۆی بە عەرەب دەزانێت.
• نادییە بە بینییی ئەم و ئەو خزمەتی دووژمنانی کورد دەکات نەك کورد و ئێزیدییەکان .
• نادییە لەگەڵ جەلادەکانیا کۆ دەبێتەوە.
• نادییە تەنانەت پشتیشی لە ئێزیدییەکان کردووە .
• نادییە …. نادییە … تا ئەو ڕادەیەی کە هیچ جۆرە شەخسیەتێکیان بۆ ئەم ئافرەتە نەهێڵاوەتەوە بەوەی کە خۆیان ویستویانە تاونباریان کردووە.
گرفتی کوردی ئێمە ئەوەیە کە دەیانەوێت هەموو کەس وەکو چۆن خۆیان حەز دەکەن دەبێت وابێت، خۆی چۆن ئارەزوو دەکەن دەبێت کەسانی بەرانبەریشی ئەوە بکەن ، ئەوە لەبەر بکەن ، ئاوا قسە بکەن ، ئاوا هەڵسوکەوت بکەن ، ئاو جل لەبەر بکەن ، تەنانەت ئاوا نان و ئاویش بخۆن .
بەداخەوە کە ئەم جۆرە لێکدانانەوە کە وردیاندەکەیتەوە دەبنیت چؤڕ چۆڕ دیکتارۆریەتی لێدەچؤڕێت. لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە کە کە ئەم قسانە لە لایەن هەندێك کەسەوە دەکرێت کە خۆشیان بە ئازایخواز دەزانن، بەڵام ئامادەنین کە ئازادی بە ئافرەتێك بدەن پاش چێشتنی ئەو هەمو نەهامەتی و قوڕبەسەییە چی دەوێت و چی بە باشدەزانێت بۆ ئێزیدییەکان بیکات .
نەگەبەتیەکە ئەوەیە کە ئەم کەسانە ئەوە تێناگەن کە نادییە ئافرەتێكی سادە و ساکارە ، ڕەنگە هەر خوێنەواریشی نەبێت ، لە سیاسەت و دیبلۆماسییەت و بازرگانی سیاسەت نازانێت، نادییە ئەندام و پاڵێوراوی هیچ حیزبێكی سیاسی نییە تاکو بە زمانی ئەوان قسە بکات و لە قاڵب و سنوری ئەوان نەیەتە دەرەوە . ئاخر نادییە دەیەوێت ئەوەی کە خۆی پێ باشە بۆ ئێزیدییەکان ئەوە بکات .
نادییە کە خێڵی بارزانی دیتووە ، یا بەرهەم ئەحمە یاخود چاوشلۆ . نەهاتووە سازشێکی گەورەتر لەو حیزبانە لەو بەرانە کەلەگەل ئێران و تورکیا و عێراق و ئەمەریکا و ڕوسیا کردویانە ئەم زیاتر بکات ، ئەم نەهاتووە بە شان وباڵی هیچ کام لەوانەدا، بێت ، تەنها و تەنها داوای یارمەتی و هاریکاری لێکردون بۆ شەنگاڵ و ئێزیدییەکان .
چی لەوە باشتر هەیە کە ئەو یەک ملیۆن دۆلاەرکەی کە وەری گروتووە دەیکاتە خەستاخانەیەك بۆ لێقەوماوان و قوربانیانی دەستی داعش ؟ خۆ دەیتوانی بیبەخشێتەوە بەسەر کەس و کاریا یا بیداتە پەپەگە و یەپەژە؟ چی لەوە باشتر هەیە کە بە چاوشلۆ و ئۆغڵۆ و مۆغڵۆ بڵێت ئەوە هەڵەیە کە ئێوە هێڕش دەکەنە سەر مەخموور و شەنگاڵ ؟ تا ئێستاش نە پارتی و نە یەکێتی و نە گۆڕان و نە بەرهەم صاڵەح و نە عێراق و نە ئیسلامی نە هیچ وڵات و سەرکردەیەکی ئەم دونیایە ئەو هەنگاوە بچوکەی نادییەیان نەناوە .
یەپەگە و یەپەژە و پەکەکە و من تۆ کە وەکو کارێكی مرۆیانە و ئەرکێكی باوەڕبوون بە مافی مرۆڤ لەسەر قەتڵ و عامی ئێزیدییەکان هەڵمانداوەتێ و بەرگرییمان لێکردون ، بۆچی دەبێت چاوەڕوانی پاداشت و مەدح سەنا بکەین ؟ من تێناگەم کەسێك کە ئەرکی خۆی بەجێدەهێنێت بۆچی دەبێت چاوەڕانی پاداشت بکات؟!!
تکایە ئازادیی لەو ئافرەتە مەسەننەوە و ئەو خۆی قوربانی دەستی سیاسەت و فاشییەتی ناوچەیی و جیهانییە ، لە هەموو کەس زیاتر پێویستی بە دەسگرۆییکردن و یارمەتیدان هەیە.




هیچ نا، به‌ڵام مه‌رگ … ده‌ق: پابلۆ نیرۆدا …. له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: سۆران محه‌مه‌د

گۆڕستانه‌ ته‌نیاکان له‌وێدان،
گۆڕه‌کان پڕن له‌ ئێسکی بێ ده‌نگ،
دڵه‌که‌ به‌ تونێله‌که‌دا ده‌ڕوا،
له‌ تاریکی خۆیدا، تاریکیی، تاریکیی،
وه‌ك پاپۆڕی تێکشکاو ده‌مرین و ده‌چینه‌وه‌ ناو ناخی خۆمان،
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ دڵماندا نغرۆ بین،
وه‌ك ئه‌وه‌ی ژیابین و له‌ ژێر پێسته‌وه‌ بکه‌وینه‌ ناو گیانه‌وه‌.
*
له‌وێدا لاشه‌ هه‌ن،
پێکان له‌ قوڕی ساردو لینج دروستبوون،
مردن وا له‌ناو ئێسکه‌کاندا،
وه‌ك وه‌ڕینێك و سه‌گیش دیار نه‌بێ،
له‌ شوێنێکه‌وه‌ له‌‌ زه‌نگه‌کانه‌وه‌‌ ده‌نگ دێ، له‌ گۆڕه‌کاندا له‌ هه‌ندێ شوێنه‌وه‌،
باڵا ده‌کا له‌ هه‌وای شێداره‌وه‌ وه‌ك فرمێسکه‌کانی باران.
*
هه‌ندێكجار کفن ده‌بینم ته‌نیا
له‌ ژێر چارۆکه‌،
سه‌رده‌که‌ون به‌ مردنێکی زه‌رده‌وه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی قژێکی مردوویان هه‌یه‌،
له‌گه‌ڵ ئه‌و نانه‌وایانه‌ی ره‌نگیان سپییه‌ وه‌ك فریشته،
و کچه‌ گه‌نجه راماوه‌‌ شووکردوه‌کان به‌ دادنووس،
سندوقه‌کانیش سه‌ره‌وژوور به‌ رووباری ستوونی مه‌رگدا ده‌ڕۆن،
رووباره‌ مۆره‌ تۆخه‌که‌،
ده‌جوڵێن به‌ره‌و ژوور له‌گه‌ڵ چارۆکه‌کان که‌ پڕ بووه‌ له‌ سه‌دای مه‌رگ،
پڕ بووه‌ له‌ ده‌نگی مه‌رگ که‌ بێده‌نگییه‌.
*
مه‌رگ ده‌گات ‌له‌ نێو هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌
وه‌ك پێڵاوێکی بێ پێ، وه‌ك چاکه‌تێك هیچ پیاوێکی تیا نه‌بێت،
دێت و له‌ده‌رگا ده‌دا، به‌ مستیله‌یه‌کی ناو بۆش، و له‌ هیچ په‌نجه‌یه‌کیشدا نییه‌،
دێت و هاوار ده‌کات بێ ده‌م‌، بێ زمان، بێ گه‌روو.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا هه‌نگاوه‌کانی ده‌بیسترێن
و پۆشاکه‌که‌ی ده‌نگێکی کپی لێوه‌دێ وه‌ك هی دره‌خته‌کان.
*
دڵنیا نیم، هه‌ر که‌مێ تێده‌گه‌م، به‌زه‌حمه‌ت ده‌بینم،
لاموابێ گۆرانیی ره‌نگی وه‌نه‌وشه‌یه‌کی شێداره‌،
له‌و وه‌نه‌وشه‌یه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌دایه‌ له‌سه‌ر زه‌وی،
چونکه‌ ره‌نگی ده‌موچاوی مه‌رگ سه‌وزه‌،
و روخساری مه‌رگیش که‌ ئه‌یبه‌خشێ هه‌ر سه‌وزه‌،
له‌گه‌ڵ فراوانبوونی شێی گه‌ڵای وه‌نه‌وشه
و ره‌نگی خه‌مینی زستانێکی تاڵ.
*
وه‌لێ مه‌رگیش تێده‌په‌ڕێت به‌ جیهانداو پۆشیویه‌تی وه‌کو گسك،
زه‌مین ده‌پێچێته‌وه‌، له‌ لاشه‌ی مردووان ده‌گه‌ڕێ،
مه‌رگ له‌ ناو گسکدایه‌،
گسك زمانی مه‌رگه‌ ‌ له‌ دوای لاشه‌کان ده‌گه‌ڕێ،
ئه‌وه‌ ده‌رزی مه‌رگه‌ به‌ دوای ده‌زوودا ده‌گه‌ڕێ.
*
مه‌رگ له‌ سه‌ر جێنووستنه‌‌ نوشتێنراوه‌‌کاندا‌یه‌:
ژینی ده‌گوزه‌رێنێ به‌ خه‌وتن له‌ سه‌ر دۆشه‌کی سست،
له‌ به‌تانییه‌ ره‌شه‌کاندا، له‌ ناکاو هه‌ناسه‌کان ده‌رده‌کا:
ده‌نگێکی خه‌مباری لێوه‌دێ و به‌رگه‌ دۆشه‌که‌کان ده‌ئاوسێنێ،
و قه‌ره‌وێڵه‌‌کان‌ رووه‌و به‌نده‌ر شه‌پۆل ده‌بڕن
له‌وێ مه‌رگ چاوه‌ڕوانه‌، پۆشاکی فه‌رمانده‌ی ده‌ریاوانی وا له‌به‌ره‌.
………………………………

بایۆگرافی شاعیر:

شاعیری چیللی پابلۆ نیرۆدا ١٢/٧/١٩٠٤ – ٢٣/٩/١٩٧٣ لەمێردمناڵیەوە بە شیعر ئاشنابووە ، دائەنرێت بە یەکێك لە شاعیرە دیارە جیهانیەکانی سەدەی بیستەم ، کاریگەریی بەسەر زۆر لە خوێنەرانەوە بووە، لە ژیانیدا زۆر چەرمەسەری بینیوەو زۆر جێ گەڕاوە، بەشداری لە شۆڕشی ئیسپانیا کردووە، زۆر کاری جۆراوجۆریشی کردووە لەوانە: کاری دبلۆماتیکی کردووە، لە ساڵی ١٩٤٨ هەڵهات بۆ ئەرجەنتین، لەساڵی ١٩٧١ خەلاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت. لە کۆتایی ژیانیدا تووشی شێرپەنجە بوو، بەڵام بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد. هه‌رچه‌نده‌ له‌مدواییانه‌دا ده‌نگوباسی ئه‌وه‌ گه‌رم بوو که‌ له‌ لایه‌ن رژێمی دیکتاتۆری ئه‌وسای چیللیه‌وه‌ ژه‌هرخوارد کرابێت.
گابریل گارسیا مارکیز، نۆڤڵ نووسی کۆلۆمبی سەبارەت نیرۆدا وتوویەتی ” گەورەترین شاعیری سەدەی بیستە لە ناو هەموو زمانەکاندا” .

سه‌رچاوه‌کان:
poets.org/poetsorg/poem/nothing-death
en.wikipedia.org/wiki/Pablo_Neruda
……………………………………………..

کۆتایی
***********************************
بۆ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌م ده‌قه‌، لێره‌دا ده‌قه‌که‌مان به‌ زمانی ئینگلیزی بۆ به‌ڕیزتان داناوه‌، گه‌ر پێویستتان بوو.

Nothing But Death
Pablo Neruda, 1904 – 1973
There are cemeteries that are lonely,
graves full of bones that do not make a sound,
the heart moving through a tunnel,
in it darkness, darkness, darkness,
like a shipwreck we die going into ourselves,
as though we were drowning inside our hearts,
as though we lived falling out of the skin into the soul.

And there are corpses,
feet made of cold and sticky clay,
death is inside the bones,
like a barking where there are no dogs,
coming out from bells somewhere, from graves somewhere,
growing in the damp air like tears of rain.

Sometimes I see alone
coffins under sail,
embarking with the pale dead, with women that have dead hair,
with bakers who are as white as angels,
and pensive young girls married to notary publics,
caskets sailing up the vertical river of the dead,
the river of dark purple,
moving upstream with sails filled out by the sound of death,
filled by the sound of death which is silence.

Death arrives among all that sound
like a shoe with no foot in it, like a suit with no man in it,
comes and knocks, using a ring with no stone in it, with no
finger in it,
comes and shouts with no mouth, with no tongue, with no
throat.
Nevertheless its steps can be heard
and its clothing makes a hushed sound, like a tree.

I’m not sure, I understand only a little, I can hardly see,
but it seems to me that its singing has the color of damp violets,
of violets that are at home in the earth,
because the face of death is green,
and the look death gives is green,
with the penetrating dampness of a violet leaf
and the somber color of embittered winter.

But death also goes through the world dressed as a broom,
lapping the floor, looking for dead bodies,
death is inside the broom,
the broom is the tongue of death looking for corpses,
it is the needle of death looking for thread.

Death is inside the folding cots:
it spends its life sleeping on the slow mattresses,
in the black blankets, and suddenly breathes out:
it blows out a mournful sound that swells the sheets,
and the beds go sailing toward a port
where death is waiting, dressed like an admiral.
………………




کتێب: ڕاپۆرت لەبارەی خۆمەوە … دڵشاد عەبدوڵڵا

شیعر


بۆ خوێندنەوەی ئەم نامیلکە شیعرییەی شاعیر دڵشاد عەبدوڵڵا کلیکی ئێرەبکەن …….




شیعره‌کانی )ده‌نگه‌کان(م خوێنده‌وه‌ …. له‌تیف بێوار

زمانی شیعر به‌وه‌ له‌ زمانی ئاسایی جیاده‌کرێته‌وه‌ که‌ وشه‌کانی تۆکمه‌یی و ده‌گمه‌نی و جوانی و فره‌مانایی له‌ خۆ ده‌گرێت، بۆ دروستکردنی ڕسته‌و کۆپله‌کان به‌س مانا له‌ پێشچاو ناگیرێت، چونکه‌ گه‌ر به‌س له‌سه‌ر واتا بووه‌ستین ئه‌وا وتارو قسه‌ی رۆژانه‌ش مانادارن، به‌ڵکو ئه‌و شێوه‌و مه‌رج و بونیاده‌ شاراوه‌یه‌یه‌‌ زنجیره‌ی ڕسته‌کان پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌کاندا هه‌ست ده‌که‌ین به‌ر زمانێکی نائاسایی ده‌که‌وین، ئه‌مه‌ش به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ هونه‌ره‌ جیاواز و فره‌کانی ره‌وانبێژی و که‌ره‌سه‌ی زۆر جیاوازی شیعریی دێته‌ دی. ئه‌مه‌ش کارێکی سه‌رپێیی نییه‌‌، گه‌ر بمانه‌ویت شیعرێکی باش و کاریگه‌ر بنووسین و پێشکه‌ش بکه‌ین.
ماڵپه‌ڕی (ده‌نگه‌کان) که‌ وابزانم چالاکترین ماڵپه‌ڕی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و فیکری کوردییه‌، به‌ڕێزو ئه‌مانه‌ته‌وه‌ به‌ ئه‌رکی خۆی هه‌ڵده‌ستێت له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان، به‌ڵام هه‌ر خاوه‌نی به‌رهه‌مه‌کان به‌رپرسن له‌ که‌موکورتی ناو به‌رهه‌مه‌کانیان، بۆیه‌ وا باشتره‌ ئاسان ته‌ماشای نووسینی شیعر نه‌که‌ین و هه‌ر خه‌یاڵێك هات به‌ مێشکماندا یه‌کسه‌ر ناوی شیعری لێ نه‌نێین و ره‌وانه‌ی ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کانی بکه‌ین، ره‌نگه‌ که‌ من لێره‌دا ئه‌م سه‌رنجانه‌ ده‌نووسم و شیعره‌کان ورد ده‌خوێنمه‌وه‌، نموونه‌ی خوێندنه‌وه‌و خوێنه‌ری وا زۆر که‌م بێت و به‌ڵکو زۆر له‌ خوێنه‌ره‌کان نه‌ك شیعره‌کان ورد ناخوێننه‌وه‌، به‌ڵکو ره‌نگه‌ هه‌ر نه‌یخوێننه‌وه‌و تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یان نه‌بێت، به‌س کاری (لایك)بزانن، ئه‌مه‌ش ماڵی شاعیر وێران ده‌کات و ده‌بێته‌ هۆی هاندانی له‌سه‌ر نووسینی شیعری خراپ، ئه‌م بۆچوونانه‌ش لێره‌دا ده‌یاننووسم ره‌نگه‌ وا نه‌بن، به‌ڵام سه‌لیقه‌ی شیعریی من ئاوها ده‌ڵێت، ئه‌م رایانه‌ش ته‌نیا له‌سه‌ر شیعره‌کانن و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ خودی شاعیره‌کانه‌وه‌ نییه‌.

1// شه‌كه‌ت تر له‌جاده‌ … سوهه‌یلا مێهه‌می:

‌سه‌باره‌ت ئه‌م شیعره‌ ده‌توانین بڵێین چه‌ندان بابه‌ت تێکه‌ڵکراوه‌، زمانێکی زبری(زبر به‌ مانای توند نا به‌ڵکو ره‌کیك و شلۆق) تیا به‌کارهاتووه‌، هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی زۆری تێدایه‌، هه‌روه‌ها بازدان هه‌یه‌ له‌ سه‌بجێکتێکه‌وه‌ بۆ سه‌بجێکتێکی تر وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا به‌ خود‌ ده‌ستپێده‌کات دوایی دێته‌ سه‌ر واقیع و خه‌مه‌کانی خۆی و پاشتر ئاوها جێکۆڕکێ به‌ زاراوه‌و مانا ده‌کات:
أ- به‌خه‌ێاڵێكدا نووستوم (خه‌یاڵ)
ب- چه‌نده‌م بێ تۆ درێژ (خود)
ج- رووناك كچێك بوو (کچێك)
د- رێگا درێژ ده‌بێته‌وه‌ (ڕێگا)
چاوم پڕ ناكات له‌ شه‌قه‌ی باڵی سپێده‌
دارستان وه‌همێكه‌
*
ببینن پاشتر دێته‌ سه‌ر ڕێگا و پاشان خۆی و دواتر دارستانه‌که‌؟ کام دارستان؟ که‌ پاشگری (که‌)ی پێوه‌لکێندراوه‌ مانای ده‌زانرێت کامه‌یه‌ به‌س خوێنه‌ر هیچ بیرۆکه‌ی نییه‌ سه‌باره‌تی، ئه‌مه‌یه‌ بازدانه‌که‌.
هـ- ژنێك به‌ عاده‌تی عه‌سره‌كانی….پاشان …. كچانی شین (ژن- کچ)
و- ئه‌نجا دێته‌وه‌ سه‌ر خۆی و ژنان: عاده‌ته‌كانمان ئاسایی ئه‌چێ (خۆی-ژنان)
ز- دوو نیوه‌دێڕی ناته‌با:
زستانه‌كانی هێلانه‌
ژماره‌ی پێڵاوه‌كانی ئه‌م ناوه……………(زستان- پێڵاو)
‌ ی – پاشان دێته‌ سه‌ر :
په‌رستیار/و خوێن /و هه‌رێمی دووکه‌ڵ /و کۆڵبه‌رو…. هتد (4 ئۆبجێکتی تێکه‌ڵ)
هه‌روه‌ها له‌م شیعره‌دا چه‌ندان هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی هه‌یه‌ وه‌ك:
1- به‌خه‌ێاڵێكدا نووستوم ………راستییه‌که‌ی: به‌ خه‌یاڵێك نووستوم
2- هه‌ر بێ شۆخی….راستییه‌که‌ی؛ هه‌ر بێ شۆخیی، چونکه‌ به‌ یه‌ك (ی) ده‌بێته‌ شۆخ.
3- یاده‌وه‌ری به‌رد باراندی…راستییه‌که‌ی: یاده‌وه‌ریی به‌ردی باراند
4- له‌ بروسكه‌ی قاقای ته‌وه‌ر…….راستیه‌که‌ی: له‌ بروسكه‌ی قاقای ته‌ور
5- عاده‌ته‌كانمان ئاسایی ئه‌چێ
لاواز به‌شێكه‌
له‌ ژیان
راستییه‌که‌ی: عاده‌ته‌كانمان ئاسایی ئه‌چن
لاوازیی به‌شێكه‌
له‌ ژیان
6- ده‌بمه‌ مرۆچه‌ كۆ ده‌كه‌مه‌وه‌
راستییه‌که‌ی: مرۆچه‌ كۆ ده‌كه‌مه‌وه.
7- مه‌مكی بێده‌نگی له‌ ده‌م
ده‌نێ خۆم و
زام هه‌ڵده‌مژێ
راستییه‌که‌ی: مه‌مكی بێده‌نگی له‌ ده‌م
ده‌نێم و
زام هه‌ڵده‌مژم
یان: مه‌مكی بێده‌نگی له‌ ده‌م
ده‌نێ و
زام هه‌ڵده‌مژێ
8- ئۆقره‌یه‌كانی لێ ون كردووم ….ئۆقره‌یی (کۆ –جمع)ناکرێته‌وه‌ که‌واته‌:
ئۆقره‌یی لێ ون كردووم
ته‌ماشای ئه‌م بازدانه‌ ناشرینانه‌ بکه‌ن له‌ 3 دێڕدا:
دڕكی ئازار چاو له‌ قاچ
داده‌گرێ……………………………(وێنه‌یه‌کی مه‌حاڵ و ناگو‌نجاو: چاو داگرتن و ئازار)
په‌نجه‌ره‌ لێڵه‌كانی ئه‌م ناوه‌
ركابه‌ری بێ به‌رامبه‌ری تراژیدیاكانن
ئه‌و شه‌به‌قدانه‌وه‌ی دووری جاده‌كان………….. وێنه‌یه‌کی تری ناکامڵی شیعریی(په‌نجه‌ره‌، رکابه‌ری تراژیدیا، شه‌به‌قدانه‌وه‌) ده‌شبوو شه‌وقدانه‌وه‌ی بنووسیایه‌. چونکه‌ شه‌به‌ق : شه‌فه‌قه‌ واته‌ سپێده‌. ره‌نگه‌ چاوی له‌ گۆرانییه‌که‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك کردبێت که‌ ئه‌ویش هۆنراوه‌ی مامۆستا پیره‌مێردی شاعیره‌و پاشتر لێی تێکه‌ڵ بووبێت که‌ ده‌ڵێت: (شه‌به‌قدانه‌وه‌) چونکه‌ خۆی (شه‌به‌ق شه‌وقه‌داته‌وه)یه‌‌.
9-چه‌نده‌م بێ تۆ درێژ… راستییه‌که‌ی: چه‌نده‌ بێ تۆییم درێژ …. یان …… بێ تۆییم چه‌نده‌ درێژه‌…
* میتافۆڕێکی ناگونجاو: بڕبڕه‌ی زه‌ردی كۆڵبه‌ری…. (ره‌نگی زه‌رد ته‌عبیرێکی هه‌ڵه‌و له‌قه‌ بۆ بڕبڕه‌) وێرای ئه‌وه‌ی که‌ بوو به‌ سیفه‌ت ئه‌وا ده‌بێته‌ (کۆڵبه‌ریی)
تێبینی: گه‌ر خوێنه‌رێك بڵێت هه‌موو ئه‌م هه‌ڵانه‌ خه‌تای ڕژێمی دیکتاتۆری ئه‌و پارچه‌یه‌ی کوردستانه‌ که‌ نه‌یهێشتووه‌ ڕێزمان و ئه‌ده‌بی کوردی له‌ قوتابخانه‌کاندا بخوێندرێت، ئه‌وا ئێمه‌ش ده‌ڵێین شاعیر ده‌بوو نه‌که‌وێته‌ ژێر ئه‌و فشارانه‌وه‌و بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خواسته‌ تۆتالیتاره‌وه‌ زۆر پته‌و و سه‌نگین بینووسیایه‌.
پاشان ئه‌م وێرانکردنه‌‌ی زمانی کوردی به‌به‌کارهێنانی زمانێکی له‌ق و شکاو؛ دانانرێت به‌ داهێنانی شکاندنی زمانی شیعر له‌‌ پیناوی نوێگه‌ریدا، به‌ڵکو هه‌ر ئه‌مه‌نده‌یه‌ توانای شاعیره‌که‌ی و به‌مه‌ش زۆر له‌ ئاستی شیعر دێته‌خوار.
————————————

2// مۆدێل … چرۆ زه‌ند

ئه‌م شیعره‌ کورته‌؛ هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌کی رۆژانه‌ی ئاسایی شاعیره‌ وه‌کو یاده‌وه‌رییه‌ك یان ته‌نزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌ر له‌جیاتی شێوه‌ی ستوونی کۆپله‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کی ئاسۆیی بینووسینه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێته‌ چیرۆك نه‌ك شیعر، چونکه‌ له‌ شیعرییه‌تی زمان خاڵییه‌، ئه‌و باسی دڕانی سه‌ر ئه‌ژنۆکانی کاوبۆکه‌ی ده‌کات به‌ منداڵی به‌هۆی هاروهاجی خۆیه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك به‌ ئه‌نقه‌ست سه‌رئه‌ژنۆی کاوبۆکانیان ده‌دڕێنن، چونکه‌ بووه‌ته‌ مۆدێل، ئه‌مه‌ چ ئاسته‌مییه‌کی تێدایه‌ بۆ تێگه‌شتن و نووسین؟ چه‌ندێك شاعیره‌که‌ی خۆی ماندوو کردووه‌ شتێکی تازه‌و جوان و جیاوازمان پێشکه‌ش بکات؟ من که‌ ئه‌م تێبینی و سه‌رنجانه‌ ده‌نووسم به‌س خه‌می شیعرمه‌ ئه‌گینا هیچ کام له‌م شاعیره‌ به‌ڕێزانه‌ ناناسم و وابزانم خوێنه‌رانی ئه‌مڕۆش هێنده‌ هوشیاربوونه‌ته‌وه‌ له‌ ناو و نازناو بگه‌ڕێن هه‌تا بابه‌تێك بخوێننه‌وه‌و بابه‌تیانه‌ لێی تێبگه‌ن‌، (نووسه‌ر وه‌کو که‌س چ په‌یوه‌ندی به‌ ناوه‌ڕۆکی بابه‌تێکه‌وه‌یه‌ وه‌کو نووسین) له‌ حاڵێکیشدا ئه‌گه‌ر ئه‌م نووسینه‌ بڕوای پێ هێنان و قه‌ناعه‌ته‌کانی گۆڕین ئه‌وا با هاوڕای بن، ئه‌گه‌ر نا با پشتگوێی بخه‌ن و هه‌ر له‌سه‌ر قاڵبه‌ کلاسیکی و عاده‌تیه‌کانی خۆیان به‌رده‌وام بن و شیعر بخوێننه‌وه‌.
نموونه‌ی ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ش ته‌نیا ره‌نگه‌ له‌م کۆپله‌یه‌ی شاعیردا پێشچاو بکه‌وێت و درکی پێبکرێت:
دڕانی سه‌رئه‌ژنۆكانی پاتۆڵه‌كه‌م،
چیتر نیگه‌رانی دایكم نه‌ده‌بوو
مۆدێل نوێی ئه‌مڕۆ ده‌بوو.
———————————————

3// ئوتێل سندباد … دڵشاد عەبدوڵڵا

زمانی شیعر ئه‌گه‌ر تێکه‌ڵ نه‌بێت له‌ فه‌نتازیاو ئیستاتیك و سیحری وشه‌ ده‌گمه‌نه‌کان که‌ په‌لکێشی خوێنه‌ر ده‌که‌ن بۆ قوڵایی ماناکان و ساکان و رامانی لا دروست ده‌که‌ن ده‌بێت چی بێت؟
ده‌ له‌م شیعره‌دا ده‌بینین زمانی گێڕانه‌وه‌ زاڵ بووه‌ به‌سه‌ر کۆی بارستایی شیعره‌که‌داو زۆرجاران هه‌ر زمانی رۆژانه‌یه‌ و راسته‌وخۆ ده‌ربڕینه‌کانی پێ داڕێژراون. بۆ نموونه‌ ته‌ماشا بکه‌ن چۆن زمانی گێڕانه‌وه‌و تاكلایه‌ن قه‌ڵه‌می شاعیر قۆڵبه‌ستده‌کات و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ساده‌ییه‌ش ده‌یهێڵێته‌وه‌ تا کۆتایی:
ئوتێلێک لە سەر شەقامێکی لاچەپی شارێکی بچووک،
وەک سیمرخ نیشتبوو.
چاوم دەچووە سەر پەنجەرەی ژوورەکانی
ئاسنی ژەنگاوی کەتیبە و پەردەی کۆنی خەت خەتی سووری پان
*
نە ڕۆژێک کەسێکم بینی لە ئوتۆمبیل دابەزێ و بچێتە ژوورەوە
نە خزمەتچییەکم بینی جانتا بۆ کەسێک هەڵگرێ
ئەوەی لەوێ دەژیا، هەندێکیان نەفەری دائمی بوون
*
ئه‌نجا با بێینه‌ سه‌ر تێکه‌ڵکردنه‌ دژیه‌که‌کانی وه‌سفی ئوتێله‌که‌:
جارێك ده‌یشوبهێنێت به‌ که‌شتی تێكشکاوی ناوه‌ڕاستی ده‌ر‌یا، جارێکیش به دوورگه‌ی بچووك، جارێکی تر به‌ شار، دواتریش هه‌ر به‌ ئوتێل، که‌ ناته‌بایی و ناکۆکی دروست ده‌بێت له‌ نێوان ئه‌و شوبهاندنانه‌، به‌ تایبه‌تی که‌ زنجیره‌یه‌کی ئاشکرا یان نهێنی نه‌بێت به‌یه‌کیانه‌وه‌ گرێ بداته‌وه‌.

لێره‌دا ته‌ماشای هه‌ر چوار حاڵه‌ته‌که‌ بکه‌ن:

1-
سەرنشینی کەشتیەکی تێکشکاوی ناوەڕاستی دەریا چ پێویست بە ناسینە؟
*
2-
دوورگەیەک بوو ئەو سندبادە لە ئاوی بێ پایانی خەونم.
*
3-
مێژووی شارەکان ئەو کەسانە دروستی دەکەن،
*
4-
ئوتێلێک لە سەر شەقامێکی لاچەپی شارێکی بچووک،
*
من هۆکاری ئه‌م ساده‌بوونه‌وه‌و هه‌ڵانه‌ له‌ به‌هێند وه‌رنه‌گرتنی بایه‌خ و دنیای شاعیردا ده‌بینمه‌وه‌ که‌وا هه‌ر سه‌رپێیی ده‌ست ده‌کات به‌ نووسینه‌وه‌ی شیعرو به‌س به‌ بیردا هاتنی بیرۆکه‌یه‌ك نووسینێك داده‌ڕێژێت و ره‌نگه‌ پێداچوونه‌وه‌شی بۆ نه‌کرێت و ناوی شیعری لێده‌نرێت، ده‌بێت ئه‌مه‌ چ سوودێك به‌ شیعرو شاعیرو خوێنه‌ران بگه‌یه‌نێت، جگه‌ له‌ نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی شیعرو شاعیر؟ که‌واته‌ قه‌یرانه‌کان ته‌نیا له‌ نه‌بوونی شوانێکی دڵسۆزدا نییه‌، به‌ڵکو هه‌موو لایه‌نه‌کانی تری ژیانمان هه‌ر له‌ ئابووری و به‌ڕێوه‌بردن و رامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی و وێژه‌یی و هونه‌ریی و زانستی و کشتوکاڵیی و پیشه‌سازیی و نه‌خشه‌داڕێژی و….تاد کاول بووه‌و هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نه‌ماوه‌، ئێمه‌ له‌ زۆر باردا وه‌ك ئه‌و که‌سه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ین و ده‌بینین که‌ به‌س خۆی و ئه‌و ژینگه‌ بچوکه‌ی ده‌وروبه‌ری ده‌بینێت و ده‌کاته‌ پێوه‌ر، که‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش ته‌نیا له‌و 3 شاره‌ی ئێمه‌دا هه‌ن، باوه‌ڕ ناکه‌م له‌ هیچ شوێنێکی تری سه‌ر زه‌وی ئاوها ئاستی ئه‌ده‌ب و شیعرو هونه‌ر داته‌پیبێت.‌ شاعیری فه‌ره‌نسی به‌ناوبانگ ڕامبۆ زۆر له‌و شیعرانه‌ی به‌دڵی نه‌بوون ده‌یدڕاندن و ده‌یسوتاندن، تا له‌ ئاستی شاعیرێتی و شیعره‌کانی که‌م نه‌کاته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا بوو زۆر له‌ شیعردۆستان راشیان له‌و شیعرانه‌ی بوو که‌ ده‌یسوتاندن.
—————————————–

4// بەسەرچووین … هاوکار موسا

له‌م شیعره‌دا خوێنه‌ر توشی بێزاریی ده‌بێت، به‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی هی شیعر نییه‌، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌یه‌کی کۆنی ئه‌نتۆلۆژییه‌و سه‌دان و هه‌زاران جار به‌ شێوه‌ی جیاوازترو سه‌رکه‌وتووتر له‌م شاعیره‌ ده‌ربڕینی لێکراوه‌، بۆنموونه‌ ئه‌و چه‌ندان جارو به‌ چه‌ندان جۆری جیاواز ته‌عبیر له‌ یه‌ك مانا ده‌کات که‌ ئه‌ویش بێ ئیختیاریی مرۆڤه‌ له‌ ژیندا بۆ نموونه‌ ئه‌و ئاوها دووباره‌ی ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت:
1-
بەبێ ئارەزو فڕێ داوەتە سەرزەوی.
2-
هیچ کەسێک بەیەکسانی لە دایک نابێ
3-
هەڵە هاتم
4-
پێویستە مرۆڤ بە خواستی خۆی لە دایک بێ
5-
کە کۆتا ساتی مرۆڤ دەنێو سکی دایکەوە نووسرابێ
*
ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك له‌ لایه‌کی تر هه‌ڵه‌یه‌کی تری زه‌ق که‌ ئه‌م شاعیره‌ تێی که‌وتووه‌، به‌رپه‌چ دانه‌وه‌ی خۆیه‌تی و دروستبوونی نه‌گونجاوییه‌ له‌ ناو شیعره‌که‌یدا له‌ رووی ماناوه‌، ئه‌و له‌ لایه‌ك خۆی به‌ (هیچ ) ناوده‌بات و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ خۆی به‌ (بیرکه‌ره‌وه‌و ژیانکه‌ر)ناو ده‌بات، با دیقه‌ت له‌م دوو کۆپله‌ جیاوازه‌ بده‌ین:

1-
پرسی ژیانیان بەمن نەکرد
لە تابووتێک بەولاوە هیچی دی نیم.
بەبێ پرس و ڕاوێژ منیان فرێدایە نێو ئەم مەنفایە!
*
2-
ئەرکم نییە لەسەر زەوی و بە کەڵکی ئەم ژیانە نەزۆکە نایەم
من لە بەینی ئەم دووڕیانەدا بوێرانە بیر دەکەمەوە
بیرکەرەوە هەمیشە ڕەنگە بژی.

جێی خۆیه‌تی لێره‌دا جارێکی تر بپرسمه‌وه‌ ئایا ده‌بێت نووسینی شیعر ئه‌وه‌نده‌ ساده‌و ئاسان بێت و هه‌ر که‌سێک هه‌ڵبستێت شتێك بنووسێت و ناوی شیعری به‌سه‌ردا ببڕێت؟ خۆ که‌ شیعر له‌ قاڵبه‌ کلاسیکییه‌که‌ی ئازاد کرا مانای ئه‌وه‌ نه‌بوو په‌یڕه‌وی هیچ ڕێساو مه‌رجێکی زمان و شیعری تێدا نه‌کرێت!
له‌ زۆر باردا هه‌ق وابوو خاوه‌نانی ئه‌م جۆره‌ نووسینانه‌ ‌چاو له‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و جه‌لال به‌رزنجی بکه‌ن که‌ زانییان دنیای شیعر وێران بووه‌و خوێنه‌ریشی نه‌ماوه‌و ئه‌وه‌ی پێیان بوو له‌ داهێنان له‌ لوتکه‌ی به‌خشیندا پێشکه‌شیان کرد و پاشتر ژانرێکی نوێ تاقیده‌که‌نه‌وه‌ که‌ پڕ خوێنه‌رترینه‌ و ‌روویان کرده‌ رۆمان، وه‌ك (ڕۆمانی: گەشتێک بە ڕێگەی خەون … نووسینی جەلال بەرزنجی ) ( ژنه‌ جنۆکه‌کانی شێمه‌حموو ) و زۆر شاعیری تر…..
……………………




یەمەن کارەساتی مرۆیی گەورە! نوری بەشیر:


لە یەمەن چ دەگوزەرێ؟

هەواڵ و وێنەکانی منداڵان و ڕادەی بەرزی مردن کە مانشێت و تایتڵی لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤار و میدیاکانی خودی بۆرژوازی ناچارن رای بگەیەنن، وە هوشداری دانی سەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی منداڵان و مافی مرۆڤ لە پەیوەند بە یەمەن، نیشانی دەدات چ کارەساتێکی مرۆیی دەگوزەرێ. بیستن و بینینی ئەو هەواڵانە هیچ مرۆڤێک جگە لەسەرانی حکومەت و حزبەکانی بۆرژوازی و سەرمایەدارن نەبێت ناتوانێت تەزوو بە گیانیدا نەیەت و ئازار نەبینێت. ئەگەر ئەو هەلومەرجە وا بڕوات لەئایندەیەکی نزیکدا کارەساتێکی مرۆیی وا چاوەڕوان دەکرێت کە بەوتەی زۆرێک لە میدیاکان و هەتا سەرانی زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان گەورەترین کارەسات دەبێت لە سەد ساڵی رابردودا.
ئەمەی لە یەمەن روودەدات و پشتگوێ خراوە هیچ بوارێک بۆ گاڵتەجاڕی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بۆرژوازی و سەرمایەداران و حکومەتانی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان ناهێڵێتەوە. وڵاتێک لەژێر سایەی بەرژەوەندیخوازی و چاوچنۆکی سەرمایەداران و دەوڵەتە کۆنەپەرستە سەرمایەداریە جیهانی و ناوچەییەکاندا کە ڕۆژانە تەپڵی مافی مرۆڤ لێدەدەن، بەرەو داروخانێکی بێوێنە دەڕوات.

سێ لەسەر چواری دانیشتوانی لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندان، وڵاتێک کە هاتوهاواری رۆژانەی دایک و باوکی مناڵانێک کە پەراسوەکانیان یەک بەیەک دەژمێرێن و مێشو و مەگەز تێی داون، لەبەر بێ ئاوی و بێ خۆراکی و کولێراو دەیان نەخۆشی ترو رۆژانە ئەگەر بەخت یاوەریان بێت بەبرسێتی نەمرن ئەوا لەبەردەم رەحمەتی هێرشی فڕۆکەی جەنگی و تۆپەکانی لایەنی شەڕکەرانی وڵاتانی ناوچەکەدا دەبنە قوربانی، کە لەیەمەندا جەنگێکی خوێناوی و برسێتیان هەڵگیرساندووە کە دوورو نزیک هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵکی ئەو وڵاتەوە نییە، کەچی رۆژانە دەبێ چاوەڕێی مەرگی دەیان و سەدانی منداڵەکانیان بن، کە لاشەی پەرچە پارچەی مناڵ و تێکەڵ بە خانوو و جلوبەرگ و گۆشتی ئاژەڵ بووە، ئەم تراژیدیە ئینسانیە جیا لە ترامپ و میرکل و تریزا و ئۆردوگان و مالکی و شێخ سەلمان و مەسعود و خامنەئیەکان کێ دەتوانێ لە دیمەن و هەواڵەکانی دڵگران و پەست نەبێت و لەئایندەی خۆی و مناڵەکانی لەدنیای ئەمڕۆدا نەترسێت.

ئەوە تەنیا هەواڵەکانی رێکخراوە ئینسانیەکانی وەک رێکخراوی مافی مرۆڤ و یونیسێف و رێکخراوەکانی منداڵان و چەندان رێکخراوی تر نییە کە خەبەری ٢٢ ملیۆن ئینسان لەیەمەندا لەکۆی ٢٨ ملیۆن کەس کە لەبەردەم ترسی مردندان بەهۆی بەدخۆراکی و نەبوونی دەرمانەوە پشت راستدەکەنەوە کە لەژێر هێڵی هەژاری و برسێتیەوە و نەخۆشیدا دەژین، ئەوە تەنیا ئەو رێکخراوە ئینسانیەکان نین ئەمە پشت راستدەکەنەوە، بەڵکو خودی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێک لەسەرانی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری کە یەمەنیان پشتگوێ خستووەو تەسلیمی وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبیان کردووە لە ناوچەکەدا بەسەرپەرشتی سعودیە، زۆربەی کوشتارەکانی یەمەن و لەبرسا مردنەکان و ئاوارەبوونەکان لەژێر سایەتی هێرشەکانی ئەو هاوپەیمانیەدا لەلایەک و لەلایەکی ترەوە حوسیەکانی هاوپەیمان و کۆمەکەکانی جمهوری ئیسلامی ئێراندا ئەنجامدەدرێت، ئەوە کارنامەکانیانە و بەڵام هەریەکە لە سعودیە و ئێرانیش بەرگی ئەوە دەکەن بەبەریدا کە یارمەتی خەڵکی یەمەن دەدەن، ئەمە هەروەک هەمان ئیدعانامەو کارنامەکانی ئەمریکاو وڵاتانی غەرب بوو لەپەیوەند بە سوریا و عێراق و ئەفغانستانەوە کە چەندە پوچ و بێناوەرۆک دەرچوون.

بەپێی راپۆرتە جیهانیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن ” ٨٥٠٠٠” هەشتاو پێنج هەزار مناڵ کە لە پێنج ساڵ بەرەوخوار بوون بوونەتە قوربانی سیاسەتی برسیکردنی شەڕی سعودیەو ئێران لە یەمەندا لە سێ ساڵی رابردوودا. هەواڵەکان ئاوارەیی سێ ملیۆن خەڵكی ئەو وڵاتە و کوشتاری دەیان هەزار کەس و برینداری بێئەژمار و دیل باس دەکەن، کە لە رێکەوتنی سویدی ئەم هەفتەیەدا بڕیاری ١٥٠٠٠ پانزە هەزار دیل رادەستی یەکتری بکەنەوە.
هەواڵی تراژیدی لەبرسا مردنی زیاتر لە دە ملیۆن ئینسان تا کۆتایی دیسەمبەری ئەمساڵ بەگوێی دنیادا دەدرێت. دەيفيد بيسلی لێپرسراوی بەرنامەی خواردنی جیهانی لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: یەمەن لەرێگای کارەساتێکی ئینسانی گەورەدەایە بەهۆی برسێتی دانیشتوانەکەی و ئەگەر بەپەلە جەنگی ئەو وڵاتە نەوەستێت، ئەوە شەرمەزاری دەبێت بۆ بەشەریەت.

ئەمانە دیوێکی کارەساتەکانە، دیوێکی تری ئەو ناوچانەی کەلەژێر سایەی حکومەتی بەناو شەرعی یەمەندایە بەسەرۆکایەتی عەبد رەبە مەنسور هادی کە سەربە سعودیە و هاوپەیمانەکانە و ئەو ناوچانەی تریش کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ” ئەنسار ئەڵادایە” واتە حوسیەکان، هەریەکەیان بەجۆرێک هەرکەس سەر بەوان و چەکداری ئەوان و لایەنگری ئەوان نەبێت ئەوا دەکوژرێت یان زیندانی دەکرێت یان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دەردەکرێت. هەواڵەکان رادەگەیەنن کە حوسیەکان لە سەپتێمبەری ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٥٠٠٠ سی پێنج هەزار کارمەندیان دەرکردوەو شوێنەکانیان بە لایەنگر و ئەندامانی خۆیان پڕکردونەتەوە.

بەدوای دەستبەراگرتنی سەنعای پایتەختی یەمەن و لەم دواییەدا شارو بەندەری حودەیدەی سەر کەناری دەریای رۆژئاوای ئەو وڵاتە کە جێگایەکی ستراتیژیە، تەنیا لە شەڕی ئەم چەند مانگەی ئەخیردا لە شاری حودەیدە زیاتر لە ١٠٠٠٠٠ سەد هەزار کەس ئاوارە بووەو هەزارەها کەس کوژراون، لەلایەک حوسیەکان ناردنی یارمەتی خواردن و دەرمان کە شارێگایەکی سەرەکیە کە لە سەدا حەفتا و پێنجی پێداویستیەکان لەوێوە دێت راگرتووە، یان سعودیە رێگا نادات ئەو یارمەتیە مرۆییەکانی دەرمان و خۆراک بڕوات بۆ ناوچەکانی کە لەژێر دەستی حوسیەکاندایە، ئەمانە کارەساتی مردن و نەخۆشی جۆراوجۆری زیاتر کردووە.

لایەنەکانی جەنگ لە یەمەندا!

جەنگێکی ماڵ وێرانکەر کە لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە واتە لە ٢٠١٤ وە لەنێوان دەوڵەتی یەمەن بە سەروکایەتی عەبد رەبە مەنسور هادی لەلایەک و حوسیەکان لەلایەکی ترەوە دەستی پێکردو بەدوای گرتنی سەنعای پایتەختدا لەلایەن حوسیەکان و راکردنی عەبد رەبە بۆ سعودیە لە ٢٠١٥ دا ئەوا گۆڕانی تەوازنی هێز لەبەرژەوەندی حوسیەکان و ئێران روویدا، جەنگ لەو وڵاتەدا پێی نایە قۆناغێکی نوێ و بەهۆی پەراوێزی یەمەنەوە ئەمریکاو غەرب سەرپەرشتی جەنگیان بە سعودیە سپارو هاوپەیمانی عەرەبیان لەدەور سازدا، وە جەنگەکە بوو بەجەنگی راستەوخۆی هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرپەرشتی سعودیە و لەولاوە کۆمەکە زۆرەکانی ئێرانیش بۆ حوسیەکان جێگاو رێگای حوسیەکانی دەبردە سەرەوەو تا ئەوەی حوسیەکان دوای سەنعا بتوانن چەند شاری تر بگرن لەوانە بەندەری حودەیدە، ئەمانە وایانکرد هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی عەرەبی زیاتر بکات بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسیەکان، کە هێندەی خەڵکی مەدەنی دەکوشت هێندە حوسیەکان بەر نەدەکەوتن، وە ئەمانە گەمارۆی سەر خەڵکی مەدەنی زیاتر دەکرد و دەبووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر و برسێتی و مردنێکی زۆر، کە یەمەن بە ترسناکترین شوێنی دنیا بۆ برسێتی و مردن وەسف دەکرێت، وە زۆرترین کوشتاری منداڵان بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ئینسانیەکان لە سێ ساڵی رابردوودا روویداوە.

بەهۆی ئەوەی جێگاو رێگای یەمەن تاسیری لەسەر سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکانی وەک روسیاو ئەمریکا نییە، جێهێڵراوە بۆ کێشەکانی نێوان سعودیەو هاوپەیمانەکان لەلایەک و لەولاوە ئێران و حوسییەکان، وە یەمەن بۆ ئەمریکا وەرەقەیەکە کە هەم لەبەرامبەر سعودیە بەکاری دەهێنێت و هەم لەبەرامبەر ئێراندا، ئەوەتا سات و سەداکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیەدا رۆشنەو لەولاشەوە “براین هوك” نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران دەڵێ:”ئەگەر بزانین ئێران هێرش دەكاتە سەر بەرژەوەندییەكانمان لەو ناوچەیەدا ئەوا هەڵوێستی بەکردەوەمان دەبێت لەبەرامبەریدا”، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت واتە ئەگەر ئێران دەست نەبات بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا، ئەوا کێشەیان نییەو ناوبەناو تاوانباری دەکەن کەیارمەتی حوسیەکان دەدات، کە بەدڵنییاییەوە بەیارمەتی ئێرانە حوسییەکان ئێستا باڵا دەستن. ئەگەر هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی بەسەرپەرشتی سعودیە نەبێت، حکومەتی بەناو شەرعی عەبد رەبە دەمێک بوو بەدوای گرتنی شاری سەنعاو راکردنی بۆ سعودیە دەکەوتە دەست حوسیەکان و گەمەکانی قاسم سلێمانی وەک لە سوریا و عێراق و کوردستان بە ئاشکرا نیشان دەدرا.

کۆبوونەوەی سوید بۆ رێکەوتنی یەمەن!

بەدوای چەندین هەوڵ بۆ ئەوەی ئاگربەست رووبدات لەنێوان دەسەڵاتی عەبد رەبەو حوسیەکان و رازی نەبوونی حوسیەکان بەوەی کە دەسەڵاتی عەبد رەبە بەرەسمی ناناسن و دانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ سعودیەدا کە سەرپەرشتی شەڕەکە دەکات بە ئەنجام نەگەیشت، توندبوونەوەی جەنگی یەمەن و بەرزبوونەوەی رێژەی مردنی منداڵان و ترسی مردنی ملیۆنی خەڵکی ئەو وڵاتە و هەموو ئەمانە جیا لەچوونە سەرەوەی خەرجیەکان لەیەمەن بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانانی، وە هەروەها هەریەکە لە سعودیەو ئێران لەبەردەم ئەزمەی ناوخۆیی خۆیاندان، بۆیە دەخالەتی ئەمریکا لەرێگای نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە هەشت مانگی رابردوودا بۆ ئەوەی رێگایەک بۆ خەرجیەکانیان دابنێن و یاریەکەیان لە یەمەن بگۆڕێت بەشێوەیەک دەستی ئێران کەمبکەنەوە، گەیشت بەوەی کە ئەمریکا کۆمەڵێک داواکاری حوسیەکان جێبەجێ بکات بۆ دانیشتنی راستەوخۆ بەسەرپەرشتی مارتین گریفیس نێردەی تایبەتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە یه‌مه‌ن.
بۆ ئەمەش لە ٦ی دیسەمبەردا بەسەرپەرشتی نەتەوە یەگرتووەکان لە سوید دانیشتن بۆ ماوەی یەک هەفتە کە ١٣ دیسەمبەر ئاخرین رۆژ بوو ئەنجام درا. پێشترو وە لەم دانیشتنەدا وەڵام بە کۆمەڵێک داواکاری حوسیەکان درایەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی بەشداری بکات و ئەوە بوو بۆ هێنانی نوێنەری حوسییەکان بۆ دانیشتنی سوید، خودی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەیەمەن مارتن گریفیس خۆی رۆشتۆتە سەنعاو وەفدی مفاوزی حوسییەکانی هێناوە بۆ سوید و هەروەها ژماریەکی زۆری بریندارەکانیان بۆ چارەسەر ناردووە بۆ عەممان.
کە بۆ ئەمریکا ئێستا لەگەڵ گەمارۆی دووەمی سەر ئێراندا، دەیانەوێت بەم رێکەوتنە حوسییەکان لە ئێران دوربخەنەوەو دەخالەتی ئێران لەیەمەن ببڕن، بەڵام جێگاو رێگای حوسیەکان دەچێتە سەرەوە. سەبارەت بە کۆتایی جەلسەکەش، ئەگەرچی حوسیەکان بە راوەستانی شەڕ ناڕازین، بەڵام ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەڵی لە رێکەوتنی یەمەن لە سوید لایەنەکانی یەمەن گەشتوون بە چەند خاڵێک و بە خۆشبینیەوە سەیری دەکات بۆ لێتێگەشتنی لایەنەکان و نزیکبوونەوەی بڕواکانیان بۆ وەستانی جەنگ لە ئایندەدا. نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی سەرپەرشتی هەندێ شوێنی وەک بەندەری حودەیدە دەکات وهاتوچۆی ئاسمانی ناوخۆ لەسەنعا دەست پێدەکات.

کام رێگا چارەی خێراو ئینسانی بۆ هەلومەرجی ئێستای یەمەن!

لەهەلومەرجێکی ئاڵۆزو پڕکێشەی ناوچەکەو جیهانیدا، باڵادەستبوونی دەوڵەتانی سەرمایەداری کۆنەپەرست و دژی ئینسانی بەهەموو ئەزمەو کێشەیەکی ناوخۆیانەوە کەهەیانە، هەریەکەیان دەیەوێت خۆی رابەری ناوچەکە بەدەستەوە بگرێت، بەهەر رێگایەک جەنگێک کە لەیەمەندا بەرێخراوە بەدژی خەڵكی مەدەنی ئەو وڵاتەو هیچ نزیکایەتی بە چارەنوسێکی باشەوە بۆ خەڵک نییە.
وەستانی شەڕ لەو وڵاتەدا لەبەرژەوەندی خەڵكدایە، کە بتوانرێت شەڕ و بەڵای تۆپباران بە سەریانەوە بوەستێت، کوشتن و لەبرسا مردنی ملیۆنی منداڵان بوەستێ، لەبەرئەوەی ئەم شەڕە شەڕی خەڵک نییە، وە خەڵک هیچ هێزو ئیرادەی نەک نییە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆی، بەڵکو لەبەردەم لەناوچوونی بەکۆمەڵی ملیۆنیدایە، وە ئەم کارەساتە بۆ شکاندنی شکۆی ئینسانی نەک تەنیا لە یەمەندا، بەڵکو لەناوچەکەدا مەترسیدارترین شت دەبێت، بۆیە وەستانی ئەم جەنگە و نەمانی بەڵای کوشتارو ئاوارەیی و برسێتی ملیۆنی زیاتر کە بەڕێوەیە دەوەستێنێت، ئەگەرچی رێکەوتنی ئێستای مەیەن کە لەسوید ئەنجامیانداوەو درێژەی دانیشتنەکە بۆ مانگی جەنیوەری ٢٠١٩ دانراوەو هەندی خاڵ رێکەوتنی لەسەر کراوە، وەک نیشاندانی سەرەتایی کۆتایی جەلسەکە پاشەکشەیەکی زۆری هاوپەیمانی عەرەبی و هەتا ئەمریکاو غەربە لەبەرامبەر حوسیەکانداو جێگاو رێگای حوسیەکان دەباتە سەرەوە، بەڵام ویستی خەڵکی یەمەن لە ئێستادا راستەوخۆ وەستانی بەڵای جەنگە بەسەر سەریانەوە، کە ئەمەش داواکاری هەموو بەرەو ئینسانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستە لەدنیادا.

ئەگەر کۆمەڵگەی بەشەری بیەوێت بەڵای یەکجاری شەڕو کوشتار بەسەریانەوە نەمێنێت، وە کارەساتەکانی سوریا، ئەفغانستان، عێراق، کوردستان و یەمەن بۆ یەکجاری کۆتایی بێت ئەوە بە رێکخراوبوونی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەت و رابەرایەتی کۆمۆنیستی لە شۆرشی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا، دەبێت.

١٤/١٢/٢٠١٨




ده‌ستخۆشی و چه‌ند ورده‌ سرنجێك … سه‌لام ناوخۆش

هه‌ردوو كتێبی ڕۆژهه‌ڵاتناسی و كۆڵۆنیالیزم و پۆست كۆڵۆنیالیزم
——————
ده‌روازه‌

ئه‌و دوو كتێبه‌ زۆر گرینگن بۆیه‌ له‌ جیهانی ڕۆژئاوا زۆر قسه‌یان له‌ سه‌ركراوه‌ ، بۆ نموونه‌
ڕۆبیرت ماكروم 2016 كه‌ ئاماژه‌ به‌ سه‌د كاریگه‌رترین كتێب ده‌كات ، كتێبه‌كه‌ی ئیدوارد ژماره‌ هه‌شت وه‌رده‌گرێت.
پیته‌ر هۆلیوم 2005 ده‌ڵێت : كتێبی كۆڵۆنیالیزم و پۆست كۆڵۆنیالیزم ئه‌و كتێبه‌یه‌ كه‌ مامۆستاكان ده‌یانه‌وێ قوتابیه‌كانیان بخوێننه‌وه.”
هه‌ردوو كتێب زۆر گرینگترن بۆ كورد ، به‌ڵام ئه‌فسووس كتێبه‌كه‌ی ئیدوارد پاش چل ساڵ 1978-2018 له‌ زمانێكی تر ته‌رجومه‌ی كوردی كرا ! هه‌رچی كتێبه‌كه‌ی لومبایه‌ له‌وه‌ی ئیدوارد كه‌متر نیه‌ ، ئه‌ویش له‌ 1998 چاپكراوه‌ ، واته‌ پاش بیست ساڵ، ئه‌ویش له‌ زمانێكی تر ته‌رجومه‌ كراوه‌ .
ئه‌وه‌ی ئیدوارد دكتۆر موحسین ئه‌حمه‌د له‌ فه‌ره‌نسیه‌وه‌ وه‌ریگێڕاوه‌ ، ماڵی وه‌فایی بۆی بڵاوكردۆته‌وه‌ ، هه‌رچی كتێبه‌كه‌ی لومبایه‌ ، عومه‌ر عه‌لی له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ وه‌ریگێڕاوه‌ و ده‌زگای ڕۆشنبیری جه‌مال عیرفان بڵاویكردۆته‌وه‌.

سەرنجه‌كانم
له‌ سه‌ر كتێبی ” ڕۆژهه‌ڵاتناسی “

له‌ ئه‌و چل ساڵه‌ زۆر شت گۆڕدراون هه‌تا خودی ڕۆژهه‌ڵاتناسی و كۆڵۆنیالیزم فۆڕم و مانای تریان وه‌رگرتووه‌ . كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتناسیدا زۆر پاسیڤ و لاواز ده‌رده‌كه‌وێ ، زۆربه‌ی منه‌وه‌ره‌كانی هه‌ر به‌ شان و باڵی ڕۆژهه‌ڵاتناس و كوردناسان هه‌ڵده‌ده‌ن . له‌مه‌شدا به‌شێكی زۆر منه‌وه‌ری كورد خۆی فاكته‌رێكه‌ له‌ مانه‌وه‌ی كۆڵۆنیالیزم و ڕۆژهه‌ڵاتناسی به‌ فۆڕمی تر .
كتێبی ڕۆژهه‌ڵاتناسی بۆ فه‌ره‌نسی و عه‌ره‌بی …هتد ته‌رجومه‌ كراوه‌ ، به‌ڵام هه‌تا له‌و دوو زمانه‌ش چه‌ند چاپێك و وه‌رگێڕێك هه‌ن . دكتۆر موحسین نه‌ له‌ به‌رگ نه‌ له‌ پێشه‌كیه‌كه‌ی ئاماژه‌ به‌ وه‌رگێڕی فه‌ره‌نسی ناكات ، ته‌نیا له‌ ل12ی ئاماژه‌ به‌ ” وه‌شانی فرانسی گالیمار ” ده‌كات نه‌ك وه‌رگێڕه‌كه‌ .

كێماسی تر ، ده‌بوو دكتۆر موحسین پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ئیدوارد سه‌عید و جیهانبینی ئه‌و هه‌روه‌ها كتێبه‌كانی بخاته‌ڕوو ، چونكه‌ ئیدوارد له‌ كۆنتێكستێكی ڕۆژئاوایی زۆر ئه‌كادیمیانه‌ نه‌قدی ڕۆژهه‌ڵاتناسی و كۆڵۆنیالیزم ده‌ركه‌وته‌كانی كردووه‌ ، كاریگه‌ری ئه‌و زۆر زیاتر بووه‌ له‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات . گرینگی ئه‌و زیاتر له‌وه‌دایه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌كانی به‌ زمانی ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كانه‌ ، بۆیه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری توێژه‌ری ڕۆژئاوایش ده‌رباره‌ی كاره‌كه‌ی ئه‌و ئاگاداره‌ . دكتۆر موحسین له‌ ل8 ده‌نووسێت : ” له‌ پاریس ئیدواردی بینیوه‌ …هه‌روه‌ها له‌ ل9 له‌ ئیدوارد ده‌گوازێته‌وه‌ : ” من له‌ هه‌موو ژیانم كوردم كه‌م بینیووه‌ ، له‌ ژماره‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕن ..” ئه‌و دیتنه‌ی ئیدوارد ‌ ساڵی 1993 بووه‌ ، ئیدواردیش له‌ ساڵی 2005 مردووه‌ ، له‌و ماوه‌یه‌ دا زۆر شت گۆڕدراوه‌ ، كوردێكی زۆر له‌به‌ر صه‌دام و ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ ئه‌وڕوپا و ئه‌مریكا گیرساونه‌ته‌وه‌ ، هه‌رچ نه‌بێ تاڵه‌بانی و بارزانی له‌ ئه‌مریكا به‌ هۆی مادلین ئۆلبرایت ئاشت بوونه‌وه‌ هه‌روه‌ها بڕیاری نه‌وت به‌ خۆراك له‌ هه‌موو دنیا ده‌نگی دایه‌وه‌ ، ئایا لۆژیكه‌ ئیدوارد له‌و دوازده‌ ساڵه‌ زۆر كوردی تری نه‌بینێبێت؟؟ شادی لویس 2017 له‌ وتارێكدا به‌ ناوی
ما قول “الاستشراق” في الأكراد؟ ته‌واو ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ئیدوارد ئاگاداری دۆزی كورد بووه‌ ، وه‌ك ده‌نووسێت : ”

ففي محاضرة مشتركة مع نعوم تشومسكي، العام 1999، متعلقة بحرب الناتو على صربيا، ومع إقراره بالجرائم التي ارتكبها النظام الصربي في كوسوفو، يشير سعيد إلى الرياء الأميركي، الذي لا يصعب تبينه في تغاضي الولايات المتحدة عن مذابح الحرب الشرسة والطويلة التي تشنها تركيا ضد الأكراد.

له‌ لایه‌كی تر ، ئیدوارد زۆر ڕاستگۆ نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ هزری خۆی ، ئه‌و كۆڵۆنیاله‌ی ئه‌مریكا و جوله‌كه‌ی بۆ عه‌ره‌ب پێ قه‌بووڵ نه‌بوو ، به‌ڵام داوای كوردی له‌ عێراق به‌رامبه‌ر صه‌دام نه‌ك هه‌ر پێ قه‌بووڵه‌ و ئه‌وه‌ی كوردی بۆ شكاندنی ناسنامه‌ عه‌ره‌به‌ :

Said pointed out in the London Review of Books that the “claim that Iraq gassed its own citizens has often been repeated. At best, this is uncertain.”
Amazingly, Said’s conclusion converged with American interests in regard to muting international opinion vis-à-vis the atrocities committed against the Kurds and Shiites in Iraq.
The universality of Said’s position turned to be particularistic as he unwittingly, or intentionally, sided with Saddam Hussein’s autocratic regime that championed a virulent Arab identity.

دكتۆر موحسین دوور و نزیك هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئیدواردی دوای 1993 ناكات ، به‌ڵام له‌ ل13 ده‌نووسێت : ” ڕۆژهه‌ڵاتناسی وه‌ك دیسیپلینێكی زانستی ، له‌ ئاستی ڕۆشنگه‌ری و میللی و هی دی …..ده‌بێ تاڕاده‌یه‌ك هه‌ڵكه‌وتی پۆست رۆژهه‌ڵاتی و…پۆست كوردناسی وه‌ربگرن.” بێگومان له‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسی ، 1978 هه‌تا ڕیفراندۆمی 2017 چاوه‌ڕێی گۆڕانكاریه‌كی نه‌وعی له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی ڕۆژئاوا و كورد ڕویبدابا ، به‌ڵام تاكو ئێستاش هه‌ر فۆڕمه‌كانی كۆلۆنیالیزم و ڕۆژهه‌ڵاتناسی و كوردناسی له‌ زاكیره‌ی تاكی كورد مێوانه‌.

له‌ لایه‌كی تر له‌ چاپی نوێی ئۆرینتالیزم ، پێشه‌كی نوێی ئیدوارد هه‌یه‌ ، كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك جیایه‌ له‌وه‌ی یه‌كه‌م ، بۆ نموونه‌ له‌ چاپی
2004 كه‌ 432 لاپه‌ڕه‌یه‌ كه‌چی ئه‌وه‌ی 1978سێسه‌د و حه‌فتا و هه‌شت لاپه‌ڕه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ی دكتۆر 658 لاپه‌ڕه‌ ده‌رچووه‌. جا نازانین چاپی نوێش ته‌رجومه‌ی فه‌ره‌نسی كراوه‌ ؟
زمانی دكتۆر موحسین له‌ وه‌رگێرانه‌كه‌دا بێ گرێیه‌ ، خۆم هه‌ر كوردیه‌كه‌م خوێندۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئینگلیزیه‌كه‌ به‌راوردم نه‌كردووه‌.

كتێبی دووه‌م : كۆڵۆنیالیزم و پۆست كۆڵۆنیالیزم

ئه‌م كتێبه‌ی ئانیا لومبا ته‌واوكه‌ری كتێبه‌كه‌ی ئیدوارد سه‌عیده‌ ، عومه‌ر عه‌لی غه‌فور له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ ته‌رجومه‌ی كردووه‌ ، غه‌فور له‌ پێشه‌كیه‌كه‌ پێمان ناڵێت كام وه‌رگێرانی عه‌ره‌بی وه‌رگرتووه‌ ، چونكه‌ ئه‌وه‌ی من بینیومه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ موحه‌مه‌د عبدالغنی و باسل المسالمة ئه‌و كتێبه‌ی ئانیایان وه‌رگێڕاوه‌ بۆ عه‌ره‌بی به‌ ناونیشانی جیا ، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م به‌ ناوی ” الأستعمار و ما بعد الاستعمار الادبیه” ، ئه‌وی دووه‌میش به‌ناوی “الكولونیا و بعدها” غه‌فوور ناوی هه‌ردوو وه‌رگێڕی لاداوه‌ و له‌ دوای ناوی ئانیا لومبا یه‌كسه‌ر ناوی خۆی نووسیوه‌.
كێماسیه‌كی دی غه‌فوور ئه‌وه‌یه‌ هیچی ده‌رباره‌ی ئانیا لومبا هیچی نه‌وتوه‌ ، به‌ واته‌ی پێناسه‌ی نه‌كردووه‌ . لومبا توێژه‌رێكی هیندیه‌ به‌كالۆریوس و ماسته‌ر و ئێم فیل له‌ زانكۆی دلهی وه‌رگرتووه‌ هه‌روه‌ها دكتۆرای له‌ زانكۆی سوسێكس له‌ به‌ریتانیا وه‌رگرتووه‌ .

غه‌فوور ئینگلیزی زانه‌ و كتێبی له‌ ئینگلیزی وه‌رگێڕاوه‌ ، به‌ڵام نازانم بۆ ئه‌م كتێبه‌ی ئانیا له‌ ئینگلیزی وه‌رنه‌گێڕاوه‌ یان هه‌رچ نه‌با ته‌رجومه‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئینگلیزیه‌كه‌ به‌راورد بكردبا ، چونكه‌ به‌ ڕاستی له‌ هه‌ندێ شوێن كوردیه‌كه‌ به‌رانبه‌ر ئینگلیزیه‌كه‌ ته‌واو ورد نییه‌ .
چاپی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ له‌ 1998 بووه‌ هه‌رچی چاپی دووه‌مه‌ له‌ 2005 . وه‌رگێڕی كوردی چاپی یه‌كه‌می وه‌رگرتووه‌ ، چونكه‌ قسه‌ی هیچ كه‌سێكی تێدا نیه‌ له‌ باره‌ی كتێبه‌كه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ چاپی دووه‌م ئه‌م قسانه‌ له‌ باره‌ی كتێبه‌كه‌ی ئانیا كراون :

Colonialism/Postcolonialism is both a crystal-clear and authoritative
introduction to the field and a cogently-argued defence of the field’s
radical potential. It’s exactly the sort of book teachers want their students
to read.
Peter Hulme, Department of Literature, Film and Theatre Studies,
University of Essex
Loomba is a keen and canny critic of ever-shifting geopolitical realities,
and Colonialism/Postcolonialism remains a primer for the academic
and common reader alike.
Antoinette Burton, Department of History, University of Illinois
It is rare to come across a book that can engage both student and
specialist. Loomba simultaneously maps a field and contributes
provocatively to key debates within it. Situated comparatively across
disciplines and cultural contexts, this book is essential reading for
anyone with an interest in postcolonial studies.
Priyamvada Gopal, Faculty of English, Cambridge University
Colonialism/Postcolonialism moves adroitly between the general and
the particular, the conceptual and the contextual, the local and the
global, and between texts and material processes. Distrustful of
established and self-perpetuating assumptions, foci and canonical
texts which threaten to fossilize postcolonial studies as a discipline,
Loomba’s magisterial study raises many crucial issues pertaining to
social structure and identity; engaging with different modes of theory
and social explanation in the process. There is no doubt that this
book remains the best general introduction to the field.
Kelwyn Sole, English Department, University of Cape Town
Lucid and incisive this is a wonderful introduction to the contentious yet
vibrant field of post-colonial studies. With consummate ease Loomba
maps the field, unravels the many strands of the debate and provides a
considered critique. She shows how post colonial theory forces us to
reconsider some of our founding ideas, reorient our frames of enquiry,
and rethink the very notion of colonialism. A must-read for everyone.
Neeladri Bhattacharya, Jawaharlal Nehru University, India

خۆزیا غه‌فور چاپی دووه‌می ئه‌م كتێبه‌ی له‌ ئینگلیزی وه‌رده‌گێڕا ، نه‌ك له‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ …هه‌ر چۆنێك بێ ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌و دوو وه‌رگێڕه‌ ده‌كه‌م ، چونكه‌ ئه‌و دوو كتێبه‌ بۆ توێژه‌ری كورد له‌ بواری كۆلۆنیالیزم گرینگن .

ئه‌من وه‌ك هه‌ست به‌ به‌رپرسیاری به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ و دینه‌كه‌م له‌مێژه‌ به‌ ته‌مای نووسینێك بووم له‌ سه‌ر ڕۆژئاواناسی ، به‌ڵام هه‌ستم ده‌كرد كه‌ پێویستم به‌ كه‌ره‌سته‌ و مه‌تریال هه‌یه‌ . پاش ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای 2009 چوومه‌ به‌ریتانیا هه‌ستم كرد سورتر بم له‌ سه‌ر نووسینه‌كه‌م ، بۆیه‌ هه‌ر پاش هاتنه‌وه‌م له‌ ساڵی 2014 كتێبی ” ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ڕۆژئاواناسی” له‌ توێی 150 لاپه‌ڕه‌ نووسی .
ئه‌و دوو كتێبه‌ هانم ده‌ده‌ن له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چاپی دووه‌می ئه‌م كتێبه‌ له‌ قه‌باره‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌تردا بخه‌مه‌ به‌رده‌م خوێنه‌ری كورد. له‌ كۆتاییدا ناسینی زیاتری ڕۆژئاوا زۆر گرینگه‌ بۆ ڕزگاربوون و ئاینده‌یه‌كی باشتر .




گۆڕان لەم دۆخەدا چی لە پارتی دەوێت…؟! … موزەفەر عەبدوڵا

دوای چەند مانگ لە سیناریۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی چاوەڕێ نەکراوی پارتی لە لایەن نەیارەکانی یەوەو، هەوڵە پیلانگێرانەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ،و جێگۆرکێ لە پۆستەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ،یەکسەرهەمو لایەنەکان ،بە تایبەتی گۆڕان ،کەوتنە خۆشحاڵی دەربڕین و هەڵپەی دیدارو گفتوگۆ لەگەڵ سەرانی پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا.

جا بۆ زویر نەبونی سەرانی پارتی و بارزانی بەناوی ڕێکخەری گشتیانەوە نامەیەکیان ئاراستەی ڕیزەکانی ڕێکخستنیان و میدیاکانیان کرد کە کەس لێدوان دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانی نەدات لەم قۆناغە هەستیارەدا.

ئەگەرچی هەندێک لە گۆڕانخوازەکان گومانیان خستە سەر ڕاستی ئەم نامەیە بەڵام کۆبونەوەی شاندی سەرکردایەتی گۆڕان و پارتی و ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆبونەوەکەو ڕێکەوتنیان لەم قۆناغە لەسەر ٣ خاڵ نەک هەر ئەو گومانەی ڕەواندەوە بەڵکو مشتەکۆڵەیەکیشیاندا لەدەمی ئەو گۆڕانخوازانەی کە گومانیان خستبوە سەر نامەکە.

هەمو ئەم ڕوداوانەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ببونە هەواڵی گەرمی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و جێگای پرس و ڕای گشتی و، لە گۆشە نیگای جیاوازەو سەرنج و ڕایان لەبارەوە دەدا.

بەڵام پرسیاری سەرەکی لە نێو هەمو ئەم ڕوداو و پرسانەدا ئەوەیە ئاخۆ گۆڕان لەم دۆخەدا چی لە پارتی دەوێت…؟!

بۆ وەڵامی کورتو ڕۆشنی ئەم پرسیارە پێویست دەکات ئاوڕێک لە ڕابردوی پێگەی گۆڕان و هەراوهوریاو قیڕەقیڕی دەیگۆڕین دەیگۆڕین کە بۆ یەکەمجار لەسەر زاری ڕابەری ڕوحیانەوە کردیانە دوروشم بۆ تەفرەدانو بەلاڕێدابردنی خواست و ناڕەزایەتی یە بەرهەقەکانی جەماوەری ناڕازی لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەکی و قەومی سەرکوتگەرو دزو گەندەڵی کوردایەتی بەسەرکردەیی پارتی و بارزانی.

دیارە هیچ گومان لەوەدانی یە کە بزوتنەوەی گۆڕان ،وەک ئاماژەمان پێدا ، بەهۆی ناڕەزایەتی قوڵی جەماوەر لە دەسەڵات کە لە شوباتی ٢٠١١ تا ڕادەی دروشمی کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی میلیشایی ڕۆییشت، بونە هێزێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەر . ئەوەش بەهۆی خۆجوتکردنیان لەگەڵ ناڕەزایەتی یەکانو هاوکات بێ بەدیلی سیاسی و کۆمەڵایەتی جەماوەرو بەرەی ئازادیخوازو یەکسانیخوازەوە .وە لە ژێڕ دروشم و خواستی دژی گەندەڵی و یەکخستنی هێزی میلیشایی ودەزگاکانی ئاساییش و ئیدارەو حکومەت و بە دامەزراوەیی کردنیان بونە بەرامبەر دەسەڵاتی پارتی و یەکیتی قوت بونەوە.

بەم شێوازە لە سیناریۆی هەڵبژاردنەکانی بەناو پەرلەمانی سێهەم و چوارەم توانیان ببنە خاوەنی ٢٤-٢٥ کورسی .یەکەمجار خۆیان وەک ئۆپۆزیسیون نیشان داو پاشان چونە ناو حکومەتی بنکە فراوانەکەی پارتی یەوەو کۆمەڵێک پۆستی پەرلەمانی حکومیان وەرگرت و هاوکات کەوتنە بەرنامە داڕشتن بۆ بەکردەوە دەرهێنانی نەخشەکانیان وەک لە بەرنامەی چاکسازییاندا هاتبو.

بەڵام سەرەرای هەراو ئاژاوەو قیڕقیرو هاویشتنی بوتڵە ئاو لەنێو پەرلەمان تا گەییشتە دەرپەڕاندنی سەرۆکی پەرلەمانەکەیان وهەمو ئەندامانو وەزیرەکانو ،تەنانەت بەڕیوەبەری یەکانیشیان لە هەولێر ،بەڵام پارتی ملی نەدا بە بەرنامە چاکسازی یەکەیان. وە ڕۆڵی راوێژکارانەیان لێوەرگرتنەوە . بەم شێوەیە هەمو دورشم و پلانەکانیان بوە بڵقی سەرئاوو .

جا بە جیا لەوەی کە گۆران خۆیان چۆن لە نەخشەو پلان و دوروشم و خواستەکانیان دەڕوانن کە گوایە لە قازانجی جەماوەری ناڕازیدا بوە. بەڵام لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا لە ڕوانگەی ئاسۆو ئامانجە چینایەتی یەکانی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازو یەکسانیخواز گۆڕان جگە لە ڕۆڵی ڕاوێژکاری بۆ پارتی وبارزانی هیچی تر نەبو. ڕاستی یەکەی هەر ئەو کات لە مانگی دوانزەی ٢٠١٢ لە نوسینێکدا بەناوی گۆڕان ڕۆڵی ڕاوێژکاری بارزانی دەبینێت لەسەر ئەو ڕۆڵ و پێگە سیاسی یەیان ڕاوبۆچونی خۆماندا.

ئێستاش دوای هەمو ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەسەر ئاستی سیاسی کوردستان و ناوچەکەو جیهان ،وقوڵبونەوەی قەیرانەکان و ،لاواز بونی پێگەی ناسیونالیزمی کورد ڕویانداوە هاوکات ڕۆڵو پێگەی سیاسی گۆڕانیش زۆر لاواز بوەوەو، تەنانەت گەییشتونەتە بنبەستی سیاسی.ئەم ڕاستی یەش بە نیسبەت گۆڕانەوە لە هەردو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عیراقدا دەرکەوت.

جا بۆیە گۆڕان لەم دۆخەی ئیستادا ئەوەی لە پارتی و بارزانی دەوێت ئەوەیە کە ئامادەیە لە ڕۆڵی ڕاوێژکاری دەسەڵات ،بە سەرکردایەتی پارتی وبارزانی ،بێتە خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی پاسەوانێکی دڵسۆزو بە ئەمەک.

هەروەها ئەم ڕاوبۆچونەش لەسەر ئەم پێگەو ڕۆڵەی گۆڕان بە ڕونی لەو ٣ خاڵەدا دیارە کە لەسەری ڕێککەوتون و داوای یەک گوتاری کوردایەتی بەرامبەر دەسەڵاتی فیدرالی و ،ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک ،و یەکخستنەوەی ناو ماڵی کوردایەتی دەکەن.دیارە هەر بۆ ترش و خوێ کردنی ئەم ٣ خاڵە ئاماژەیەکیشیان بە باش کردنی گوزەرانی خەڵکی داوە.

بۆیە ئەگەر ئەمانە بەراورد بکەین لەگەڵ هەمو ئەو هەراو هوریاو قیڕە قیڕی دەیگۆڕین دەیگۆڕین و ،پێشنیار کردنی چەندین نەخشەو پلان ،وەک لە بەرنامەو دروشمەکانی هەڵبژاردنیان، دا هاتوە ،ئەوە دەسەلمێنێت کە ئیتر گۆڕان ئەو هێزە نی یە ڕۆڵی ڕاوێژکاری دەسەڵاتی کوردایەتی ببینێتەوە ، بەڵکو جگە لە پاسەوانێکی چالاک زیاتر هیچی تری لەبارا نەماوە.

بێگومان پارتی و بارزانیش بە خۆشحاڵی یەوە ئەم داوایەی گۆڕان قەبوڵ دەکەن بە مەرجێک بە بێ هەراو هوریاو قیڕە قیڕ ئەگەر ئەم ڕۆڵە بگێڕن .

١٥-١٢-٢٠١٨

تێبینی:
ئەم بابەتە لەم بڵاوکراوەی ژمارە٤۲بۆ پێشەوە بڵاو بۆتەوە.




سیاسه‌ت له‌ سوریا وه‌ك سه‌ما له‌سه‌ر پشتی دووپشك! … عه‌بدوڵا ساڵح

له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ هاوڕیانم مشتومڕی ئه‌وه‌مان بوو هێزه‌سیاسیه‌كانی ناوخۆی سوریا بخه‌ینه‌ چ خانه‌یه‌كه‌وه‌ و چۆن وێنایان بكه‌ین ، ئه‌و ته‌عبیرێكی وه‌ك ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌كار هێنا !
هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌ردۆگان له‌ یه‌په‌گه‌ ، جارێكی كه‌ مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌وان وه‌ك‌‌ پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ( هسد ) و ئه‌مریكای خسه‌وه‌ نێو بابه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌ له‌ ئه‌مڕۆدا .
ئه‌ردۆگان پێویستی به‌ هیچ بیانویه‌ك نیه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌و په‌لاماردانی نه‌یاره‌كانی، به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی كوردزمانی توركیا ، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ تۆ توركزمان و ئیسلامی سوننه‌ی باگڕاوندی عوسمانی نه‌بی بۆ ئه‌وه‌ی بچیه‌ خانه‌ی نه‌یارانیه‌وه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بازاڕه‌ سیاسیه‌كه‌ی خۆی پێ گه‌رم كردوه‌ . هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م دوایانه‌ی ، جیا له‌ ئامانجه‌ ستراتیجیه‌كه‌ كه‌ پوچه‌ڵ كردنی خه‌ونی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی قه‌ومیه‌ له‌ كوردستانی سوریا ، چه‌ند ئامانجێكی دیكه‌شی به‌دواوه‌یه‌ ، له‌وانه‌ش یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كه‌یسی ئیدلیب كه‌ چه‌كداره‌ ئیسلامیه‌كانی پاشماوه‌ی داعش زوربه‌یان له‌وێ نیشته‌جێكراون وله‌وێ گیریانخواردوه‌ و هه‌میشه‌ له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی په‌لاماری ڕوسیا دان بۆ له‌ناوبردن ، ئه‌میش ده‌یه‌وێ به‌كاریان بێنێ وه‌ك سه‌رڕمی ئه‌و په‌لاماره‌ ، به‌وه‌ش دوو چۆله‌كه‌ به‌ یه‌ك به‌رد بپێكێ ، له‌لایه‌ك ناوچه‌یه‌كی فراوان بخاته‌ ژێر ده‌ستیان بۆ ژیان ومانه‌وه‌ وه‌ك له‌عه‌فرین ئه‌نجامی دا و له‌لایه‌كی تر په‌یوه‌ندی خۆی و ڕوسیا له‌سه‌ر ئیدلب تێكنه‌چێ ، وا دیاره‌ ڕوسیاش بۆ ئه‌و كاره‌ چرای سه‌وزی بۆ هه‌ڵكردوه‌ !.

ئامانجێكی تر پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی سعودیه‌ و ئیماراته‌ كه‌ به‌م دوایانه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو تیمی سه‌ربازیان ناردبێ بۆ حه‌سه‌كه‌ تاكو له‌ڕێی خێڵه‌ عه‌ره‌بزمانه‌ سونه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بگه‌نه‌ ( هسد )و جێ پێیه‌ك بۆخۆیان بدۆزنه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ پاڵپشتی داعش و هێزه‌ ئیسلامیه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ سوریا شكستیانخواردو نا ئومێد بوون و كشانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوای كێشه‌ی ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر . له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌ردۆگان ئه‌م په‌لاماره‌ وه‌ك كارتێكی سیاسی بۆ ناوخۆی توركیا به‌كاردێنێ ومه‌به‌ستیه‌تی هێزه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان به‌لای خۆیدا ڕا‌كێشی، دوا ئامانجیش پته‌و كردنی پێگه‌ی خۆیه‌تی له‌ سوریادا بۆ هه‌ر ئاڵ وگۆڕێكی سیاسی چاوه‌ڕوانكرا و یا نه‌كراو له‌و وڵاته‌دا . ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ترامپ به‌ناچاری هه‌ندێكی په‌ته‌كه‌ بۆ ئه‌ردۆگان شل كردوه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی كوشتنی وه‌حشیانه‌ی قاشوقچی له‌لایه‌ن دۆسته‌ نازداره‌كه‌ی ترامپ (محه‌مه‌دی كوڕی سه‌لمان) له‌ كونسڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ ئیستانبوڵ،‌ ترامپیش مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌و دۆسته‌ی له‌و زه‌لكاوه‌ ده‌ربكا به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌ردۆگان كارتی ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی لایه‌ !
ڕاسته‌ ئه‌مڕۆ هێزه‌ محه‌لیه‌كانی ناو سوریا ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌ چالاكی سیاسی و سه‌ربازیدا بێئه‌وه‌ی پاڵ نه‌ده‌ن به‌ یه‌كێك له‌ زلهێزه‌ كاراكان له‌سوریادا، ئه‌وه‌تا حكومه‌تی سوریا به‌بێ ڕوسیا نه‌یده‌توانی و ناتوانێ به‌رده‌وام بێت جا چ جای هێزه‌كانی تری نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌ له‌وانه‌ش ( هسد ) كه‌ پاڵیداوه‌ به‌ ئه‌مریكاوه‌ ،
ئه‌گه‌ر هێزه‌ سیاسیه‌ نێوخۆیه‌كانی سوریا ئه‌وه‌ حاڵیان بێ ،ئه‌وا ئه‌و زلهێزانه‌ش كه‌ قاچیان كه‌وتۆته‌ نێو ئه‌م زه‌لكاوه‌ له‌وان باشتر نین ، له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ ڕوسیا، ئه‌مجا توركیا، به‌دوای ئه‌ویشه‌وه‌ ئه‌مریكا، هه‌ریه‌كه‌یان په‌له‌قاژه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌كه‌ كه،‌ یه‌كه‌م به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی تێدا ده‌سته‌به‌ر بكا و دووه‌م به‌رژه‌وه‌ندیه‌كه‌ش به‌ بارته‌قای ئه‌و هه‌موو تێچوه‌ مالی وگیانیه‌بێ كه‌ داویه‌تی . ‌
حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ڕه‌نگه‌ له‌و هاوكێشه‌یه‌دا براوه‌ی یه‌كه‌م بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر په‌لاماره‌كه‌ی توركیا ئه‌نجام بدرێ و سه‌ركه‌وێ وه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌فرین، ئه‌وا هێزێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ( هسد) زه‌ربه‌یه‌كی توند ده‌خوا و له‌ دانو‌ستانده‌كانی دواتر به‌كارتێكی لاوازتر دێته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی سوریا ، جیا له‌وه‌ش توركیا هه‌ر به‌شێك له‌ سوریا داگیر بكات له‌ دوائه‌نجامدا وه‌ك وڵاتێكی داگیركه‌ر، ده‌بێ سوریا جێبهێڵێ ، به‌پێچه‌وانه‌ی (هسد) كه‌ مانه‌وه‌ی و كۆنترۆڵ كردنی ناوچه‌یه‌كی فراوانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا، ده‌وڵه‌تی سوریا ناچارده‌كا به‌ ڕازیبوون به‌و دیفاكتۆیه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌ناچاری مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كا. گفتوگۆی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ له‌ ڕابردودا به‌ نهێنی و به‌ ئاشكرا به‌رده‌وام بوو.
ڕاسته‌ (هسد) له‌ ئێستادا نمونه‌یه‌كی جیایان له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا پیاده‌ كردوه‌ له‌وانه‌ دانانی ده‌ستورێكی عیلمانی كه‌ تیایدا دین و ده‌وڵه‌ت لێك جیان ، ڕۆڵی ژنان و یه‌كاسانیان به‌ پیاو له‌زۆرێك له‌ مه‌یدانه‌كانی ژیاندا بوونی سیستمی هاوسه‌رۆكی پشت به‌ستو به‌هه‌ڵبژاردن و ….. به‌ڵام به‌وئه‌ندازه‌یه‌ی پشت به‌ستن به‌ هێزێكی وه‌ك ئه‌مریكا جه‌مسه‌رێكی هاوكێشه‌كه‌بێ و هه‌موو هێلكه‌كان بخرێنه‌ ئه‌و سه‌به‌ته‌یه‌وه‌ ، ئه‌وا جه‌مسه‌ره‌كه‌ی تری به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ ویست و خواستی جه‌ماوه‌ری هه‌ژارو ده‌سته‌نگی ناوچه‌كه‌ كه‌ باجێكی زۆریانداوه‌و سوته‌مه‌نی سه‌ره‌كی ئه‌م بارودۆخه‌ بوون .
ئه‌گه‌ر پاساوه‌كه‌ی (هسد)سه‌ماش بێت له‌سه‌ر پشتی دوپشك، ئه‌وا له‌دوا شیكردنه‌وه‌دا دواڕۆژی ئه‌م هێزه‌ له‌وانه‌ی كه‌ له‌ڕێڕه‌وی مێژووی نه‌چه‌ندان دووردا هه‌مان سیاسه‌تیان پیاده‌كرد، به‌ نزیكبونه‌وه‌یان له‌ ئه‌مریكا، باشتر نابێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جۆرێك له‌ده‌سه‌ڵات و حاكمیه‌تیشیان بكه‌وێته‌ ده‌ست، ئه‌م نمونانه‌ له‌ مێژوودا كه‌م نین، بارو دۆخی حوكمڕانی له‌ كوردستانی عێڕاق وه‌ك نزیكترینیان‌ .

15 / 12 / 2018