پۆپۆلیزمەکەی نەوەی نوێ، لاساییکردنەوەی گۆڕانە …. کامیار سابیر

واقیعی سیاسیی کوردستانی عێراق ئەوەیە کە حیزبێکی سیاسیی نوێ، پەیدابووە و ناوی “نەوەی نوێ-نن”ە. ئەم حیزبە، نەیاری سیاسیی زۆری هەیە، بەڵام دۆستی سیاسیی، کەمە. زۆریینەی ئەو رەخنانەی لەم حیزبە گییراون، بریتیین لە عوقدەی حیزبیی و شەخصیی، یان عوقدەی ئێرەیی و هەجووکردن. لە سووکایەتییکردن و زمانی بازاڕییەوە بیگرە کە بە درێژایی هەشتا ساڵی ئەو بزوتنەوە نەتەوەییەی هەیە و بە کوردایەتیی ناوزەد بووە، درێژەی هەیە تا بە سیاسییە مۆدێرن و گەنجە رادیکاڵە سیاسییەکانی ئەم سەردەمە دەگات. تا ئێستا، رەخنەیەکی سیاسیی، کولتووریی، فیکریی، ریشەیی و جدیی لە بونیادی سیاسیی ئەم حیزبە( جوڵانەوەیە)، نەگیراوە، یان لای کەم من نەمدییوە.

زۆرتریین رەخنەی ئەو نووسەر و رۆشنبییرانەی کورد کە بەردەوام قسە لەسەر سەراپای سیاسەتی کوردیی دەکەن، لەسەر نن، بێدەنگیی و خۆلادانیان لەم واقیعە سیاسییە، هەڵبژاردووە. ئەمانەیش هۆکاری ئەو بازاڕە پۆپۆلیزمەیە کە نایانەوێ دڵی هیچ سیاسیی و حیزبێکیان، لێ بڕەنجێ. هەروەها نایانەوێ، تەلەفزیۆنی ئێن ئار تی، بۆ نمایشکردن، لەدەست بدەن. لەسەرێکی تریشەوە، ریتۆریک و غروورێکی تووڕەهاتە کە خۆیان ناهێننە ئەو ئاستەی کە لە وەهمی نەرجسییەتی خۆیاندا، ئیستیبیانیان کردووە. تەنانەت، مافیا دێریینەکانی پێشمەرگایەتیی، کۆمەڵێ لە گەنجە نوکتەچییەکانی کوردایەتیی، کۆمەڵێ شەلاتیی و چەقۆکێشیان، بەرەڵای سۆشیاڵ مێدیا کردبوو، بە نەوەی نوێیان دەگوت” طفل جدید”، لە کاتێکدا، مەعریفەی کرچوکاڵیان، بایی ئەوە نییە کە “الجیل”ی عەرەبیی و “نەسڵ”ی فارسیی، بەرامبەر بە “نەوە”، دێن.

نن و سەرۆکەکەی، یان باشتر و دەقیقتر بنووسرێ، خاوەن و سپۆنسەرەکەی( شاسوار عەبدولواحید-شعو)،دونیایەک رەخنە و سەرنجی سیاسییان لەسەرە. بە تایبەتییش لە هۆکارەکانی دەوڵەمەندبوون و بیزنسەکانی، ئەو کۆنتراکت و پرۆژانەی کە دەسەڵات( بە تایبەتیی هەندێ باڵی یەکێتیی) ئاسانکارییان بۆ کردوون. بە باوەڕی من، وێڕای ئەوەی دەیان سەرمایەداری میلیاردێری شەریک لەگەڵ دەسەڵاتدا، لە کوردستاندا هەن و پارەی رەشی دزراو لە خەڵکی کوردستان، بۆ دەسەڵات سپیی دەکەنەوە و سامانەکانیان، دەیان و بگرە صەدان جار لە “نن و شعو” زەبەلاحترن، بەڵام چونکە ئەوان راستەوخۆ دەخالەتی سیاسەت ناکەن و حیزبیان دروست نەکردووە، هیچ کەس ناویشیان ناهێنێت. لێرەدا، بە کورتیی و پوختیی، دەمەوێ ئەوە بڵێم، هەموو ئەو رەخنانەی لەسەر شعو، لەلایەن گۆڕانەوە هەیە، لە جوغزی(پرەنسیپ، روئییە، دەرک، مۆراڵ و ویژدان)ی سیاسییەوە نییە، ئەوەندەی لەوێوەیە کە بە رەقییبی خۆی دەزانێ و بازاڕی بیزنسە سیاسییەکەی( ئۆپۆزیسیۆنی پۆپۆلیست) ئەو کەمدەکاتەوە( هەروەکو کردیشی).

بە کورتییەکەی ئەگەر شعو، وەکو ساڵانی رابردوو، کەناڵەکەی بۆ خزمەتی گۆڕان، تەرخان بکردایە، ئەوە شەریفی شام دەبوو. سەبارەت بە کۆنتراکت و سەرمایەکانیشی، وێڕای ئەوەی سوودمەندبووە لە دەسەڵات و حکومەتی هەرێم، هەروەها سەرمایەکەی جێگەی گومانە، بەڵام کام سیاسیی و سەرۆکی حیزب هەیە لەوانەی لە ئاستی مەکتەب سیاسیی و هاوپلەکانیان، خاوەنی دەیان و صەدان میلیۆن دۆلاری دزراو نەبن؟ بگرە بەشێکی زۆریان خاوەنی دەیان میلیارد دۆلارن( مافیا گەورەکان و رائیدە بێسەوادەکانیان، خاوەنی صەدان میلیارد دۆلارن). کەواتە لەو شامی ناشەریفەدا، شەریف نادۆزیتەوە لە شام و خەڵکەکەی و سامانی گشتیی، دزیی نەکردبێت و لە گەندەڵییەکان سوودمەند نەبێت؟

هاوکات، کام دەوڵەمەندی شەریف هەیە لەگەڵ دەسەڵاتدا، دەستی تێکەڵ نەکردبێ و لای کەم، دەیان میلیۆن دۆلاری بۆ فڵان مافیای کوردایەتیی و فیسار چەتەی سەربەخۆیی ئابووریی، سپیی نەکردبێتەوە؟ واقیع ئەوەیە کە شەخصی نەوشیروان موصطەفایش-نم ، حیزبێک و چەندیین کۆمپانیا و صەدان میلیۆن دۆلاری، بە دۆکیومێنتی دادگا و طاپۆی رەش، بە موڵکی شەخصیی، بە سەرمایە و بە کاش، بۆ کوڕەکانی جێهێشت. لە کاتێکدا نم، لە لایەن دەنگدەرانی گۆڕانەوە، بە غاندیی، چێکیڤارا و ژۆسێ موغیکاJosé Mujica دەناسرا. گۆڕانیش، بە سیمبوڵی ئەنتی گەندەڵیی، چرای عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، باوکی هەژاران و دادپەروەریی، دەیناساند! سەرەنجامیش، لە پشت

خاکییبوونەکەی، جلوبەرگە ساکارەکانی و نانوماستاو خواردنەکانی، سەرمایەیەکی زەبەلاحی بۆ نەوەی دووەمی کوردایەتییە لیبراڵییەکە، جێهێشت و دەنگدەرانی گۆڕانیش، بە پتر لە سێ صەد هەزار دەنگ( کەم-کردن)، سزای حیزبەکەیان دا. جیاوازییەکە تەنیا ئەوەیە بەهۆی دزیی و گەندەڵیی و بیزنسی ناسیۆنالیزمەوە، نەوەی دووەمی کوردایەتییە کۆنسێرڤەتیزمەکە( بارزانیی)، خاوەنی صەدان میلیارد دۆلارن، نەوەی دووەمی کوردایەتییە ئەفەندییەکەش( تاڵەبانیی) خاوەنی دەیان میلیارد دۆلارن، بەڵام نەوەی دووەمی کوردایەتییە لیبڕاڵەکە( موصطەفا)، خاوەنی صەدان میلیۆن دۆلارن.

نن، هەلێکیان بۆ رێککەوتووە بە درێژایی یەک چەرخی تەواو( صەد ساڵ) لە سیاسەتی کوردیی( لە عێراقدا)، بۆ هیچ حیزبێک هەڵنەکەوتووە کە ئیڵیمێنتە سیاسیی و مرۆییەکانی ،زادەی فەشەلی سیاسیی و ئابووریی دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسۆن، بن. حیزبێک، کەوتووە بە سەر دونیایەک فەشەلی فرە رەهەندی ئەو مەدرەسە فاشیل و ساقیط و پڕ لە عەمالەتەی کە ناوی کوردایەتییە( بەهەرسێ باڵی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنی جارانەوە). نن، دەتوانێ ببێ بە هێزێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی گەورە، دژ بەم سیستەمە سیاسییەی دەسەڵاتی کوردیی، بەو مەرجەی خاوەنی روئییە و مانیفێستێکی نیشتمانیی بێت و خاوەنی قیادەیەکی گەنجانەی پڕ لە وزە( نەک یەک شەخص) بێت و لە بیزنس و لە گەندەڵیی ئابوورییەوە، نەگلێن! هاوکاتیش زۆر بە ئاسانیی دەتوانێ ببێ بەبەشێک لەو قەراصینانەی کە سامانی نیشتمانیی و پارەی خەڵکی کوردستان، دەدزن و سەهمی شەریکایەتیی خۆیان، بە زیادەوە دەپچڕن و داوای پشکی زیاتر دەکەن.

لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە، تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٩، لە کوردستانی عێراقدا، سێ شەپۆلی سەرەکیی لە ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکان( ناسیۆنالیزم-کوردیی و عەرەبیی- بە کاڵیی و کوڵاویی)، شیوعییەت( لە هەشتاکانیشەوە لە ڤێرژنی نوێدا، چەمکی جیهانیی- کۆمیونیزم) و ئیسلامی سیاسیی( ئیخوانیی، سەلەفیی، جیهادیی و موشتەقاتەکانیان)، هەرسێکیان خۆیان تاقیکردەوە و هەرسێ ئایدیۆلۆژیاکە فەشەلی سیاسیی، کولتووریی و فیکریی خۆیان، دەزوو بە دەزوو، بەیان کرد. ئەوەی ماوەتەوە، بەهۆی دەسەڵات و دزیینی سامانی نیشتمانیی( کوردستانی عێراق)ەوە، فاشیزمی کوردایەتییە( ئێثنۆناسیۆنالیزمی کوردیی) کە رەونەقی خۆی بە تەزویر و ساختەکاریی بێت یان بەهۆی هاوکێشە ئیقلیمیی و جیهانییەکانەوە بێت، لە دەسەڵاتدا هێشتووەتەوە.

پارتیی و ماڵی بارزانیی، بۆچوونێکی دانسقەیان هەیە و دەڵێن لە شەستەکانەوە، هەرچییەک لێمان جودا بووەتەوە، سەرەنجام وەکو فەرع، بۆ سەر ئەصڵ و مەرجەع، گەڕاونەتەوە. راستییەکەی ئەوەیە نەک هەر ئەوانەی لە پارتیی جودا بوونەتەوە، بەڵكو بەهۆی پۆپۆلیزمی کوردایەتییەوە، ئەوانەی لە رەقییبە دێریینەکانی پارتییش ( حشع، یەکێتیی و چەپەکان و…تاد) جودا بوونەتەوە، لەگەڵ زۆریینەی پارادایمە ئیسلامییەکان و زۆریینەی حیزبە پرۆکسییەکانی کوردستانی ئێران کە رەدیفی پارتیین، هەموویان بۆ سەر خوانەکەی مەعاویەی کوردایەتیی( ماڵی بارزانیی) گەڕانەوە.

بە ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانیی و نم و… ئەتباعەکانیشیانەوە. تەنیا ئەوە نەبێت ئیبراهیم ئەحمەد لە ئاخیری تەمەنیدا، بەهۆی بۆچوونەکانی ئۆجەلانەوە، لە ماڵی بارزانیی و لە سیاسەتەکانیان، کەوتەوە رەخنەگرتن. ئەو لایەنگرانەی گۆڕان کە بە عەقڵیاندا ناچێت کە “نم” کە رابەرایەتیی لیبراڵیزمی کوردایەتیی دەکرد، گەڕایەوە سەر سفرەکەی مەعاویە، دەبێ بییریان بهێنرێتەوە کە لەناو مەنهۆڵەکانی کوردایەتیی( لە فاشیزمەکەی کاژیکەوە بۆ نەوەی دووەمی بارزانیی، تاڵەبانیی و موصطەفا) وەرنە دەرەوە و دونیا و پێوەندییە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان، بە رەنگاوڕەنگ ببیینن. بڕۆن سەیری گیرفانی خۆتان، ناوماڵی خۆتان و ژیانی برا و خوشک و منداڵەکانتان بکەن و بەراوردی بکەن بە ژیانی ئەو منداڵانەی کە باوکەکانیان، لە چلەکانەوە تا ئێستا، مورتەزیقەی ئیقلیمیی( پێشمەرگایەتیی) بوونە.

پێشوەخت، نم، خۆی وەلەدی شەرعیی کوردایەتییە. بە یەک دێڕیش، رەخنەی سیاسیی و فیکریی لە ناسیۆنالیزمی کوردیی و فاشیزمە سیاسیی و ئابوورییەکەی( کوردایەتیی) نەگرتووە. جگە لە کۆمەڵێ دروشمی پۆپۆلیستانە( عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، بە دامودەسگاییکردن بە نیشتمانییکردنی حکومەت و کانوونەکانی دەسەڵات، دژایەتیی گەندەڵیی…تاد)، بە حەرفیش، حەرفێکی بۆ ستراکتۆری “سیاسیی و فیکریی” گۆڕان، رۆ نەناوە. بە پێچەوانەوە، پۆپۆلیزم و شەعبەوییبوون، جەماوەرییبوون و دوای کاریزما کەوتن، کۆکردنەوەی پاتاڵی ئەکادیمیستی لەبرسامردوو، نوخبەی موهەڕیج، موبایەعەچیی و کەسانی هەلپەرست، بەرژەوەندییخواز و گیرفان قووڵ، چەپی فاشیل و ئیسلامیی پڕ لە فیاسکۆ، سەری گۆڕانیان بە فەتارەیەک دا کە هیچ حەکیمێکی سیاسیی و ثیۆریستێک، ناتوانێ چارەسەری بکات. لەسەروو هەموو ئەمانەیشەوە، ئەم شکستەی گۆڕان کە هەرگییز بەرعەکس نابێتەوە(irreversible )، خەتا سەرەکییەکەی بە تەنیا بۆ خانەی راپەڕاندن، جڤاتی گشتیی و ئەو نوخبانەی بەدەوری گۆڕانەوە بوون، ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەشێکی زۆری بۆ بێ مانیفێستیی و پەلەپەلکردنی شەخصی نم و بەرنامە سیاسیی و پرۆژە پۆپۆلیزمیی و بێ فیکرییەکەی دەگەڕێتەوە.

ئەوەی بە نۆ ساڵ بەسەر گۆڕاندا هات ، بە دڵنیاییەوە ئەگەر نن لەسەر هەمان نەهجی پۆپۆلیزمە تاقیکراوەکەی گۆڕان کار بکات ( کە رێک وا دەکات)، بە عەقڵی یەک پیاوی بیزنسمانەوە هەڵبسوڕێت کە بە نوێیی، دەستی بە سیاسەت کردووە، وێڕای ئەوەی ئیعجابێکی گەورەیشیان بە لیبراڵیزمی ئابووریی رۆژئاوا و بگرە بە سیاسەتە راستڕەوەکانی عەصابەیەکی نیۆلیبراڵیستی وەکو ترەمپیش هەیە، ئەوە بە دڵنیاییەوە داکشان و داڕمانێک بەسەر نەوەی نوێدا دێت، ئەوەی گۆڕان لە چاویدا، لاربوونەوەی یەک قاقمەی دارەڕاکەیە ، بەڵام داکشانی نن، وەکو تەزرە( تەرزە بە رەشۆکییانە- vulgar) ی بەهارێکی درەنگ، فریای توانەوەیش ناکەوێت، بەڵکو هەڵدەپڕوکێت. ئەمانەی باسکران، تا جەولەیەکی تر لە هەڵبژاردن، ئاکامەکانیان بە وردیی، دەرناکەون.

ئەم باسە، درێژەی دەبێت و لە بەشی ئاییندەدا، دەچێتە سەر ئەوەی ئایا نن، دەتوانێ بە ئاستی گۆڕانی ٥-٦ ساڵ لەمەوبەر بگات؟




ترسان لە دونیای نوێ‌، ترسان لە رەواڵەتی دونیای نوێ‌ … 1 … نەبەز گۆران

بەشی یەکەم ………

ئەو ترسەی لە دونیای نوێ‌ دروستبووە، چ جۆرە ترسێكە؟ ترسێكە بۆ سڕینەوەی كلتوور؟ یان ترسێكە بەرگری لە رابردووێكی وەستاو دەكات؟ ئایا كلتووری ئێمە هێندە لاوازە، هەمیشە كلتوورەكانی دیكە دێن دەیسڕنەوە؟ چوونە ناو دونیای نوێ و قبوڵكردنی ئەو دونیا نوێیە، بە روكەش و جەوهەرەكەیەوە ونمان دەكات؟ یان ئەمە ترسێكە بنەمایەكی نەریتی هەیە و كەسی ترساو لە دونیای نوێ‌، بروای وایە ئەم دونیا نوێیە ئێستا و رابردوو لەناو دەبات؟ كلتووری ئێمە هێندە خاڵییە كلتوورەكانی دیكە بەئاسانی ئاڵوگۆڕێكی بەسەردا دەهێنن نەناسرێتەوە؟ یان ئەوە كۆمەڵێك كلتوور نەناس و نەریتین بەم جۆرە سەیری دونیای نوێ‌ و كلتوور دەكەن؟ دونیای نوێ‌ دەرگیردەبێت لە گەڵ كلتووردا، یان پێكەوە جیاوازیی و كلتووری نوێ‌ بەرهەمدەهێنن؟

ئەم پرسیارانە دەمانبەن بۆ شوێنێك، كەشفی ئەو جۆرە لە تێگەیشتن بكەین، بەرامبەر بە كلتوور و دونیای نوێ‌ و رەواڵەتخوازی دونیای نوێ‌ هەیە. بۆ ئەوەی وەڵامێكی دروستمان دەستكەوێت، پێویستە لەسەر _دونیای نوێ‌_ كلتوور_ بەرەنگاریی و نوێبوونەوە پرسیار دروستبكەین و بۆ وەڵام بگەڕێین.
پێویست ناكات لەم سەردەمەدا باس لە گوند و شار بكەین، ئێستا گوند و شار جیهانێكی لێكئاڵاون، جیهانێكن جیاوازییەكان تێیاندا كاڵبوونەتەوە و چۆن كارەكتەرێكی شاریی لەگەڵ دونیای نوێ‌ تێكەڵبووە، بە هەمان شێوەش كارەكتەرێكی گوندو شارۆچەكانیش تێكەڵبووە. بەڵام ئەوەی دونیای نوێ دەیەوێت پێمان بناسێنێت زۆرتر دونیایەكی رەواڵەتییە، دونیایەكە بەستراوە بە _شتەكان، كاڵاكان_ بەتایبەت بۆ بەشێكی زۆری كۆمەڵگە. تەنها نوخبەیەك لەو دونیانوێیەدا بەشوێن جەوهەرێك و مانایەكدا دەگەڕێن و خەمی كلتووریان هەیە، زۆرینەی كۆمەڵگە دەستوپەنجە لەگەڵ رەواڵەتە نوێیەكان نەرمدەكات و بەپێی ئاستی تێگەیشتنی خۆشی، یان دەچێتە ناو دیمەنەكەوە، یان دژی دەبێت و پرسیارێك لە خودی دونیانوێكە و كلتووری خۆی ناكات.

باشترین دەستەواژە تا لە رێگەیەوە روانینمان بۆ ئەم دونیا رەواڵەتییە دەرخەین، كە شەیدایانی رابردووی هەراسان كردوە، ئەو دەستەواژەیە خانمێكی نمایشكەر لە دیدارێكدا دەری بڕی: “چێنچكەلەری_گۆڕین.” ئەم دەستەواژەیە كرایە دەستەواژەیەكی كۆمیدیی، بەڵام لە راستیدا ئەم دەستەواژەیە جەوهەری بنەرەتی ئەم دونیا نوێییە و مامەڵە لەگەڵ گۆریندادەكات، گۆرین لە فۆڕم و هەندێكجار لە جەوهەر. كۆمەڵگەی ئێمە دەچێتە ناو دونیایەك، یان بڵێین: دونیایەك دێتە ناو كۆمەڵگەی ئێمە، دەست بە گۆڕینی زۆر شت دەكات، بەتایبەت لەرووی فۆڕمەوە، هەر لە جوانیی و جەستەوە بیگرە، تا ناو ماڵ و تا شەقام و شوێنە گشتییەكان و شارەكان. ئەشێت ئەم پرۆسەی گۆڕینە تەنها لە فۆرمدا خۆی نەبینێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ ماهیەت. گۆرینێك روودەدات، ماناكانیش بۆ شتەكان دەگۆڕێت. دەستەواژەی_چێنچكەڵەری_ لە سیاقی ئەم دونیا نوێیەدا دەست بۆ كۆی شتەكان دەبات.

با لە رووی فۆڕمەوە تەماشا بكەین، نمونە فۆڕمی جوانی مرۆڤ. دەتوانین لەم دونیانوێیەدا بڵێین: ئیتر جوانی ئەو جوانییە نییە، تەنها لەناو چەندین كەسدا یەكێك بەری بكەوێت. دونیا نوێكە دێت دەسكاری فۆڕمی جوانی دەكات، جوانییەك هەركەسەو روخسار و جەستەی خۆی چۆن بوێت، دەتوانێت بەو جۆرە رێكی بخات. چ لە قژ، چ لە روخسار، چ لە جەستە. جوانی ئەم دونیانوێیە جوانییەكی سروشتی نابێت، جوانییە سروشتییەكە دەگۆڕێت و دەیكاتە جوانییەك بە دلخَوازی كەسەكە خۆی. دونیا نوێیەكە ناهێڵێت جوانی لەكەسێكدا كۆببێتەوە و ئەوانیتر حەسرەتی بۆ بخوازن، لەبری ئەمە فەزایەكی دروستكردوە هەركەسەو دەتوانێت ئەو جوانییەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت. ئەگەر لە رابردوودا فۆڕمی جوانی پیاو، ژن، بریتیبوبێت لە شێوازێك و كوتكرابێتەوە تەنها بۆ چەند كەسێك، لەم دونیانوێیەدا جوانییەكان بە جۆرێك ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت، هەموو كەسێك دەتوانێت فۆڕمی خۆی بە جوانترین شێوە بگۆڕێت.

گۆرینی پرچی ژنان لە رابردوودا، تەنها كەرەستەیەك بۆ ئەم گۆڕینە گیایەك بووە گیاكەش یەك شێوە رەنگی هەبووە، ئێستا چەندین كەرەستە هەن و چەندین رەنگ هەن، بۆ شوێنەكانی دیكەی روخساریش بە هەمان شێوە. گۆرینی ئەندامانی روخسار لە رابردوودا بوونی نەبووە، ئێستا گۆرینی روخسار هێندەی گۆڕینی جل و بەرگ ئاسان بوەتەوە.(لەرێگای نەشتەرگەرییەوە.) گۆرینی جەستە لە قەڵەو بۆ لاواز، لە لاواز بۆ قەڵەو زۆر كەم بووە، ئێستا سەنتەرەكانی وەرزش و جوانكاری، شوێنێكن بۆ گۆڕینی جەستە بەو جۆرەی كەسەكە خۆی بیەوێت.

ئەم گۆرینە زۆربەی كایەكانی ژیانی گرتوەتەوە، بەشێكی كارەكتەری كوردیش لەگەڵ ئەم جۆرە لە گۆڕین كە پەیوەندی بە فۆڕمەوە هەیە تێكەڵبووە و كێشەی بەشێكی زۆری ئەو كارەكتەرانەش، رازی نەبوونە لەجوانی خود و لەم سەردەمەدا بەشوێن جوانییەكدا دەگەڕێت رازیبن لێی، سەردەمەكەش بە هۆی گۆڕینی فۆڕمەكانەوە زەمینە سازی بۆ دەكات و زۆر بە ئاسانی ئەو گۆڕینە روودەدات. ئێمە لێرەدا ناپرسین بۆچی خۆمان جوان دەكەین؟ (ئەوە پرسیارێكە پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە.)

دەپرسین كلتوور بۆچی لەم گۆڕینە رەواڵەتییە بترسێت؟ ئایا كلتوور كێشەی لەگەڵ رەواڵەت هەیە، یان لەگەڵ جەوهەر؟ ئەگەر كلتوور خۆی رەواڵەتیبێت، كەوایە كلتوور نییە و دیاردەیەكە دێت و دەڕوات. كلتوور كاتێك ترسی دەكەوێتە سەر لە جەوهەرەكەی بدەیت، نەك بە رەواڵەت رووبەرووی ببیتەوە. ئەوەی ترس لە كلتوور دروستەكات ئەو بنەما كلتووری و نەریتیانەن، لەرێگەی ئایینەكان و هەژومنی كلتووری دراوسێكانەوە هاتوونەتە ناو كلتوور و، بێئەوەی قسەیان لەسەربكرێت، بەشێك لە كلتووری كۆمەڵگەیان گۆڕیوە بۆ كلتوورێكی دیكە. لە هەندێك قۆناغدا بە پێچەوانەی ئەو ترسەوە لە دونیای نوێ‌، كلتوور لە سنوورێكی لۆكاڵییەوە دەچێتە ناو جیهانەوە، سیستەمی دونیای نوێ‌ سیستەمێكی كاڵایی و رەواڵەتییە، لەناو ئەم رەواڵەتخوازییەدا لەروی جەوهەریشەوە بۆ خۆی كلتووری تایبەت بە خۆی هەیە، ئەم سیستەمە تێكەڵ بە هەموو كلتوورە جیاوازەكانی كۆمەڵگە جیاوازەكان دەبێت، خۆ پاراستن لەو كلتوورە نوێیەی سیستەمەكە لەگەڵ خۆی دەیگوازێتەوە، بە زمانی نەریتپارێزی ناكرێت و، پێویستە خوێندنەوەی رژدی بۆ بكرێت و دیوە نەینراوەكەی پیشان بدرێت.

هیچ كات هێندەی ئەم قۆناغە كلتووری ئێمە لە بەردەم پرسیاركردن لە خۆی نەبووە. ئەم كلتوورەی ئێمە كەمترین رەخنەی لێگیراوە بۆیە كەمترین ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، ئەما لەم سەردەمەدا رەخنەشی لێنەگێرێت كلتوورەكە تێكەڵ بە كلتوورێكی جیهانی دەبێت و لەم تێكەڵبوونەدا لەرووی فۆڕمەوە كۆمەڵێك دیمەن دەبینێت ئەشێت ئەو دیمەنانە بنەمای دیكەی بۆ دروستكەن، بنەماكان ببنە وێستگەیەك بۆ سەرلەنوێ‌ خۆبونیاد نانەوە نەك ترسان لە سڕینەوەو نەمانی. دژ بوون بەم گۆڕینە نابێتە وێستگەیەك بۆ پاراستنی كلتوور. گەر لەچوارچێوەی بینینێكی خێرادا بروانین دەبینین گۆڕینەكە زۆر شوێن دەگرێتەوە و بەشێك لەو شوێنانەش تەنها رەواڵەتی نین: بیناسازی و شێوازی ماڵەكان، بەشێكی دونیای كارەكتەری كوردیی، جۆرە ژیانێك بۆ جۆرێكی دیكە لە ژیان، گرنگییدان بە تەندروستی و خۆپاراستن، هەوڵدان بۆ ئاژەڵ دۆستی و سروشت خۆشویستن، كردنەوەی ئەو هەموو كافێ‌ و چێشتخانە و كتێبخانانەی شوێنی گشتین و هەردوو رەگەز دەتوانن تێدا دابنیشن و گفتوگۆبكەن، كردنەوەی زانكۆ نوێیەكان، كردنەوەی گوندە نوێكان لەناو شارەكان… هتد.

(لەبەشەكانی تردا، باس لە كاریگەری شوێن لەسەر پەروەردەی تاك و، باس لە جیاوازی چینایەتی، باس لە مۆدێلی ئاڵوگۆڕی خویندن دەكەم.) هەموو ئەمانە بەشێكن لەو دونیا نوێیەی هاتوەتە ناو دونیابینی و ژیانی ئەم كۆمەڵگەیەوە. بێگومان لەگەڵ ئەم هاتنەدا كۆمەڵێك رەواڵەتگەڕایی، توندوتیژی نوێ‌، ئەویتر قبوڵنەكردن، جیاوازی چینایەتی، بەكاڵابوونی ژیان، دێن. هەموو قۆناغێك دیوی روناك و دیوی نەبینراوی هەیە، بەڵام ترسان لەم دونیا نوێیەی گۆڕان لە ژیاندا دروستدەكات، ترسان لە خۆونكردن لەناو ئەم دونیا نوێیەدا، ترسێكی واعیزانەیە، ترسێكە خۆی لە هەموو دونیایەكی نوێدا بە غەریبە دەزانێت و، كێشەی گەورەی ئەم خۆ بەغەریب زانینەش كێشەی تەنها بینینی رەواڵەتەكان و بیرنەكردنەوەیە لە جەوهەری كلتوور و جیاوازییەكان.

دەستەواژەی (چێنچكەڵەری_گۆڕین) لە زمانی نمایشكارێكەوە، تەنها كۆمیدیاییەك نییە مرۆڤەكان لەروی زمانەوانییەوە پێی پێبكەنن. رەواڵەتگەڕا تەنها فۆرمی خۆی ناگۆڕێت تا خۆی لەناو دونیا نوێیەكەدا ببینێتەوە، رەواڵەتگەرا زمانیشی دەگۆڕێت و دەیەوێت بەو زمانە قسە بكات، زمانی سیستەمە جیهانییەكەیە. بێگومان لە رووی فۆرمەوە ئەم دەستەواژەیە زۆر كارەكتەر و زۆر شوێن دەگۆڕێت، گۆرینەكانیش هێندەی پەیوەندی بەوەوە هەیە چۆن لەرووی رەواڵەتەوە خۆت بخەیتە ناو دونیا نوێیەكە، هێندە پەیوەندی بەوەوە نییە دونیا نوێیەكە بناسیت.

من وەك خوێنەرێكی پرسیاركەر و گەڕان بەشوێن وەڵامی لۆژیكیدا بەم دەستەواژانەدا پێناكەنم، لەبری پێكەنین بۆ ئەو مۆدیڵە دەگەڕێم تەنانەت لە گۆڕینی فۆرمی كەسەكانەوە، دەچێت بۆ گۆڕینی زمان و دەسكاری زماندەكات. ئەم دەسكاریكردنەی زمان بە هاتنی دەستەواژەی غەریب بۆ ناو زمان، نامترسێنێت. چونكە زمانی پاك و پەتی بوونی نییە، هەموو زمانێك رووبەرێكی فراوانی بە وشە و دەستەواژەی غەریب تەنراوە. لەبری پێكەنین بەهاتنی وشە غەریبەكە، پرسیار لەو دونیا نوێیە و لە بەرگریكارانی كلتووری رابردوو دەكەم. لەو بەرگریكارانەی فۆڕمیان لێبوە بە كلتوور، لەو ترسەی خەون بە گەڕانەوەوە دەبینێت بۆ رابردوو ، ئامادەنییە بێتە ئێستاوە و هەموو ئێستایەك و هەموو رەواڵەتێك بە ترس دەزانێت لەسەر نەریت و رابردوو و ئاكاری خۆی. ئەو كارەكتەرەی ژیانی خۆی تەنراوە بەكاڵا و بە شاشە_شاشەی تەلەفزیۆن، مۆبایل، كۆمپیوتەر_ لەناو چەقی دونیانوێیەكەدا بووەتە مرۆڤی ئامێری و، كەچی ترسی لە دونیای نوێ هەیە لەسەر كلتوور! گرنگە لێرەدا لەو بە ئامێربووە ترساوە دەپرسین: ئایا ئەوە تۆی لە ناو دونیا نوێیەكەدایت یان كلتوور؟ ئایا كلتوور مەترسی كەوتەتە سەر، یان ژیانە ئامێری و بەكاڵابووەكەی تۆ؟ ئایا لە رێگەی وەعزەوە لە شاشەكان و بەكەرەستەكانی دونیای نوێ‌ بەرگری لە چ كلتوورێك دەكەیت و، دەتەوێت چ بەم بەرگریكردنە بخەیتە شوێنی ئەم دونیا نوێیەی كە تۆ تێیدا بارگاوی بوویت بە كاڵا و شاشە و، خەونیش دەبینیت بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە؟!

بۆئەوەی بزانین مرۆڤ لەم دونیا نوێیەدا چی لێهاتووە و بۆ لەم دونیا نوێیە دەترسێت و ترسەكەی چەند پەیوەندی بەترسی كاڵبوونەوە و نەمانی كلتوورەوە هەیە. رەنگە پاڵەوانی رۆمانەكەی _كافكا_ یارمەتیمان بدات بەراوردێكی ئاسایی بكەین و كەمێك وێنەی لەم جۆرە لە مرۆڤمان بۆ رونبكاتەوە. ئەو پاڵەوانەی بەیانییەك هەڵدەستێتەوە و گۆڕانێكی گەورە بەسەریدا روودەدات و دەبێتە قالۆنچە. ئێستا ئەو پاڵەوانە ئامادەیی هەیە، بەڵام لەبری بوون بە ڤالۆنچە، بووە بە ئامێر و كاڵا. ئامێرو كاڵا مرۆڤیان گەمارۆداوە. ئەم گەمارۆدانە بە خۆراتەكاندن و بە هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ رابردوو مرۆڤی ئامێری و كاڵایی رزگاری نابێت.

دونیا نوێ گەر وەكخۆی نەیناسیت و وەك خۆی جەوهەرەكەی نەبینیت، بێگومان یان دەكەویتە ناو رووبەرەكەیەوە و لەو رووبەری بە ئامێربوون و بە كاڵابوونەدا وندەبیت، یان دەكەویتە دۆخی دژ بونییە و بە مەترسی دەزانیت. كلتوور چونكە رەگوڕیشەی هەیە و پێویستی بە گوتارێكی رۆشنبیر و هوشیاریی و كەشفكردنە تا ئاڵوگۆڕ بەسەرخۆیدا بهێنێت، لەم رەواڵەتگەرییە ناترسێت، بەڵام مرۆڤی گەمارۆدراو بە ئامێر و كاڵا و بە دیدگا نەریتی، چونكە هیچ شوناسێكی خۆی نابینێتەوە، كێشەی نەناسینی خۆی لەناو ئەم دونیا نوێیەدا، دەكات بە كێشەی كلتووری! (چێنچكەڵەری) رەواڵەتیی مەترسی بۆ كلتوور دروستناكات، مەترسی بۆ كارەكتەرێك دروستدەكات خوێندنەوەی بۆ جەوهەری كلتوور نەبێت.ئەو مرۆڤەی بە جەوهەر نەریتییە و بە رەواڵەت بە ئامێر و كاڵا دەورە دراوە، هەر ئەو مرۆڤە بە كەرەستەكانی دونیای نوێ‌ بەرگری لە دیدگایەك دەكات، دیدگاكە رەگوڕیشەی لەناو وەستانێكدایە ئامادەنییە هیچ جوڵەیەك بە خۆی بدات و ئەم وەستانەش لەرێگای گوتاری روكەشییەوە دەكاتە خەمێكی كلتووریی و، ئەویتری گوێگریش لەگەڵ شەپۆلەكەدا بروا بەم خەمە دەكات! لەكاتێكدا خەمەكە پەیوەندی بە كلتوورەوە نییە، پەیوەندی بەو ئاكارەوە هەیە، محافزكار لەناویدا خۆی دەبینێتەوە.

لە ئێستادا پاڵەوانەكانی _كافكا_ رۆژانە بەرمان دەكەون، بەڵام بەو جۆرەنا _كافكا _لە رۆمانەكەدا وێنەی دەكێشێت، بەو جۆرەی زمانێكی نەریتی، دیدگایەكی نەریتی باركراو بە ئاكارهەیە و بە ئامێربوون و بە كاڵابوونی خۆی نابینێت و، دێت بەپێی ئەو دونیابینیەی خۆی، تەسفیر بۆ دونیای نوێ‌ و بۆ كلتوور دەكات. یانی: (هاوار بۆ رابردوو بكە، تا لە ئێستای دونیای نوێدا وننەبیت!) رەواڵەتگەری ناو (چێنچكەڵەری)یش، لە دەرەوەی خوێندنەوە بۆ دونیای نوێ‌، خۆی دەخاتە ناو دیمەنەكەوە و لەگەڵ گۆڕینی فۆڕمەكانی ژیانیدا، بەشێك لە زمانیشی دەگۆڕێت و دەبێتە ئەو كەرەستەیەی دونیای نوێ‌ كاری بۆ دەكات. یانی: (دەست لە جەوهەر مەدە، فۆڕمی خۆت بگۆڕە تا لەم دونیا نوێیەدا شوێنت هەبێت!)

درێژەی هەیە ……

نەبەز گۆران




چاوپێکەوتنێک لەگەڵ د. کوردۆ عەلی دا … بەشی دووەم و کۆتایی… هەڵۆ بەرزنجەیی

چەند پەیڤێکی پێویست:

ئەم چاوپێکەوتنە، بۆیەکمجار بەر لە زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لە گۆڤاری خوێندکاری کورد دا بڵاوکراوەتەوە. گۆڤاری ناوبراو،بەهۆی کەم دەرامەتییەوە بە تیراژێکی کەم دەردەچوو و بڵاودەکرایەوە. لەم سۆنگەیەوە باوەڕم وایە بەشێکی زۆری خوێنەری کورد و بگرە دۆستانی کاک کوردۆش چاویان پێنەکەوتووە. بۆ یادی ئەم ساڵی کۆچی دوایی گیانی پاک و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و خزمەتی وشەی کوردیی هاوبیر کوردۆ ( ١٩٥٠ ـ ٢٠١٦)، بەچاکم زانی جارێکی تر بێ هەڵە و کەمووکوڕی تایپی بکەمەوە و پێشکەش بە ئێوەی ئازیزی بکەم.
چاوپێکەوتنەکە تێروتەسەلە و لەگەلێ ڕەهەندی مێژوویی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە و تیشکێکی هەمەلایەن دەخاتە سەر کۆمەڵێ بابەت و باسی جۆراوجۆر.
هەڵۆ بەرزنجەیی ١٤/١٢/٢٠١٨ بەرلین

١٠ – ھونەری وەرگێڕان ھونەرێکی بەرز و زەحمەتە. بەڕێزتان بەوەرگێڕانی سەرکەوتووانەی کۆمەڵێک بەرھەم، کتێبخانەی ژیکەڵەی کوردیتان دەوڵەمەند کردووە. دەمانەوێت بزانین ئەو مەرجانەی پێویستە لە وەرگێڕاندا ھەبن چین؟ چۆن بابەت بۆ وەرگێڕان ھەڵدەبژێرن؟ چ ڕێچکەیەک لە وەرگێڕاندا دەگرنە بەر؟.

بەڵێ راستە، وەرگێران کارێکی ھەروا ئاسان نییە، وەک ھەندەک تێیگەیشتوون، بەڵکە ھونەرێکی بەرز و کارێکی زەحمەتە، چونکە تۆ تەواو ئازاد نییت لە دەربڕیندا، بەڵکە پێبەندی دەقێکیت و ناتوانیت لێی دوورکەوییەوە و بە ئازادیی گوزارە لە ھەستی خۆت بکەیت.
بەبڕوای من مەرجی یەکەم بۆ وەرگێڕان توانا و مەیل و ئارەزوویەکی ئاشقانەیە، کە بەھەوڵی بەردەوام و بێ پسانەوە، بەخۆڕاھێنان، گەشە و شکۆفە دەکات و تیفتیفە دەدرێ. لەتەک ئەوەدا، زانینی تەواوی ھەردوو زمانەکە و پەیبردن بەگشت کەلێن و قوژبنەکانیان و شارەزاییەکی قووڵ لەبواری ئیدیۆم وقسەی نەستەق و پەندی پێشینانیاندا، یەکێکە لە مەرج و پێویستییە ھەرە گرنگەکان، دەنا وەرگێڕ دەکەوێتە ھەڵەی زۆر زەق و خەوشدارەوە و چێژ و پێز لە دەقەکە دەبڕێت و گەلەکجار واتاشی دەشێوێنێت.

بە قەناعەتی من ، زمان نیوەی نووسینە، بۆیە زۆر گرنگە وەرگێڕ بە زمانێکی ڕەوان و پاراو، دەقەکە وەرگێڕێت، زمانێکی شیرینی وا، کە سەرنجی خوێنەر ڕاکێشێت و بۆ خوێندنەوەی پەلکێشی کات. زمانێک بێت، خوێنەروا ھەست بکات کە ئەودەقە لە بنچینەدا ھەر بەو زمانە نوسراوە.
ھەرجار کە « داغستانی من » دەخوێنمەوە، لەبەرخۆوە دەڵێم ئەمەیان گوڵی دیوی یەکەمی فەرشەکەیە. لەخۆوە بیرم بۆ وەی دەچێت کە لە پێشدا مامۆستای ھێژا و بەھرەمەند ، کاکە عەزیز گەردی وەریگێڕابێت، ئەوجا ڕەسووڵی حەمزەتۆف نووسیبێتی. من لەو باوەڕەدام گەر حەمزاتۆف خۆی کورد بایە و بە کوردی نووسیبای، ھێندە شیرین و پڕچێژ بۆی دانەدەڕێژدرا.

ئەفسانەی چیای ئاگرین و قەڵای دمدم و شاکارەکانی دیکەی مامۆستای ھێژا شوکور مستەفا و سیاحەتنامەکەی مامۆستای دلۆڤان سەعید ناکام و شەرەفنامەکەی رەوانشاد ھەژاری موکریانی و گەلەک شاکاری دیکەمان ھەن سەرتۆپ و نموونەی ھەرەبەرزی وەرگێڕانی بەپێز وپڕچێژ و سەرکەوتووی کوردیین و کتێبخانەی قشتەڵەی ھەژارانەمان، بەوانەوە ئاوەدانن و دەبێت ھەموو خاوەن ویژدانێک شانازییان پێوە بکات.
بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکەتان، کە دەفەرموون : چۆن بابەت بۆ وەرگێڕان ھەڵدەبژێرن؟ دەبێت ڕەپ وڕاست بڵێم: من بابەتەکە ھەڵنابژێرم، بەڵکە بابەتەکە خۆی خۆی دەسەپێنێت و ھەڵمدەپێچێت بیکەمە کوردیی. ھەرچی بەھەر زمانێک دەخوێنمەوە و سوود و چێژێکی لێوەرگرم، حەزدەکەم دەمودەست تەرجەمەیکەم، تا خوێنەری تینوو و تامەزرۆی کوردیش لەو چێژ و خۆشییە بێبەش نەبێت.
شارەزایانی بواری ھونەری وەرگێڕان، چوار شێواز دەستنیشان دەکەن:

١- وەرگێڕانی وشە بە وشە
٢- وەرگێڕانی ڕستە بە ڕستە
٣- وەرگێڕانی دەقاودەق
٤- وەرگێڕانی واتا بە واتا
من لە کاری وەرگێڕانمدا ھەمیشە ھەوڵمداوە شێوازی واتا بە واتا بگرمە بەر، یانی مەبەستمە کرۆک و جەوھەری دەقەکە بۆ خوێنەر ڕاگوێزم و بەپەرۆشەوەم بە کوردییەکی پەتی و ڕەوان، بەزمانی نووسین، نەک قسەکردن، نێوەڕۆکی دەقەکە بۆ خوێنەر ڕاگوێزم. ئیدی تا چەند سەرکەوتووم و چەندە ئامانجم پێکاوە، بڕیارێکە خوێنەران و مێژوو دەیدەن.


١١- وەک نووسەرێکی خۆماندووکەر و پشت بەستوو بە چەندین سەرچاوەی جیھانیی ، بەچەند بەرھەمێک بەرپەرچی مارکسێتی و چەپی کورد دەدەنەوە، ئەمەش بۆتە مایەی دابڕانی لەقەبی ئەنتی مارکسی بەسەرتان دا.تا کوێ لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا یەکدەگرنەوە؟

وشەی ئەنتی لەزمانی کوردیدا واتایەکی دزێوی پێبڕاوە، زێتر بەواتای دوژمنایەتی لێکدەدرێتەوە نەک دژایەتی کە مانای راستەقینەی خۆیەتی ئەوەش داھێنانێکی مارکسیانەی کوردانەیە تا دژەکانیانی پێ بەچەترسێن و دەمکوتکرێن و کەس پڕکێشی ئەوەنەکات ڕەخنە لەو بیر و بزووتنەووە پیرۆزە بگرێت. دەنا دژایەتی بەقەڵەم و دەم لە سنووری ململانێیەکی ئیدیۆلۆژیی ڕەوا و ڕاستگۆیانەدا مەترسی و زیانی بۆ پەزەکانی کەس نییە تەنھا بۆ ئەوانە نەبێت کە گووتنی ڕاستی و پەردەھەڵماڵین لەسەر درۆ و دەلەسە ماڵیان کاولدەکرێت.

ئەوان دەیانویست گشت لە گشتمان بەھبەھ بۆ پاشایەکی لندۆزەری ڕووت و قووت بکەین و بڵێین نامەخوا کە پۆشتە و پەرداخە و ئای کەجلکەکانی شیک و جوانە! من بۆخۆم لە کتێبی ئاشی چی و باراشی چی؟ دا کە لە وەرامی گوتارێکی کاک بەھادین نووری دا نووسیومە ئاشکرا و ڕەپ و ڕەوان گوتوومە: دژم؛ وەلێ دوژمن نییم. بەڵێ دژی گشت جۆرە دیکتاتۆرێتی و ملھوڕی و بێدادیی و خوێنڕێژیی و چاوگەی درۆ و دەلەسەیەکم من گەر لەسەر نووسین و گوتارەکانم لەقەبی ئەنتی مارکسیم پێوە بلکێنن ئەوا بەشەرەفێکی گەورەی دەزانم و وەک میدالیای سەرسنگ و بەرۆکی (کۆنە جەنگاوەران)ی دەبینم ئەوانەی عارەب بە المحاربین القدما نێویان دەبات.

ھەر لە ڕاستیشدا کراوینەتە جەنگاوەری کۆن ئەوەتا ئێستا مارکسپەرستەکانی کورد حەپولکی ئێمەمانان نادەن ئەوەی دە پازدە ساڵێک لەمەوبەر ئێمە دەمانگووت و پێی تاوانباردەکراین و لەسەری نەفرەتمان لێدەکرا تازەبەتازە بەخیرێ خۆیان ھەستدەکەن کەزۆربەی ڕاست بووە و کەمیشمان گووتووە. یانی مەودای جوداوازی و بڕکردنی بیرمان لایەنی کەم دەپازدەساڵێکە بۆیە ھەڵپەیانە بەپەلە تۆڵەی دەپازەساڵ تەمەن و بیری قەتیسماو و جەڕاویان بکەنەوە ئەوەتا ئەوڕۆ بەتەنکە شەرمێکەوە کۆنە گوتەکانی ئێمە دەجوونەوە و بەنرخی نوێش پێمان دەفرۆشنەوە.
جگەلەوە ئەگەر ئێمە تەنھا ئەنتی مارکسی بین ئەوا ئەوان خۆیان ئەنتی ھەموو چشتێکن ئەنتی چین و ئەنتی دین و ئەنتی پاک و ئەنتی چاک و ئەنتی بیر و ئەنتی ژیر و ھەتا گەلەکجار ئەنتی خۆشیانن.
لەبەرئەوە دەربەستی ئەو جۆرە ناوونەتۆرانە نیم و بەڵکە شانازییشی پێوە دەکەم کە بەر لە دەپازەدەساڵ وەک ئەورۆی ئەمان بیرمکردۆتەوە وێراویشمە زار بکەمەوە و چی بەڕاست دەزانم بیڵێم.

١٢- گەر شەڕی سارد بە سەرکەوتنی بلۆکی خۆرھەڵات کۆتایی ھاتبا، چارەنووسی مرۆڤایەتی بە چ ئاقارێکی دیکەدا ڕەوتی دەکرد؟

ئەگەری پرسیارەکەتان ،پەندەکەم دێنێتەوە یاد کە دەڵێت : “ئەگەر پوورم ڕدێنی هەبا، پێمدەگوت خاڵە”. هیچ کات و لە هیچ ڕوویەکەوە ، هەتا لە چڵەپۆپەی هێز و دەسەڵاتیشیاندا،هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە بەو شێواز و هەست و نەست و هۆشە سیاسی و بارە ئابوورییەوە داتەپیو و دواکەوتوو و شێواوەوە،لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتان، هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بێنن. بیر و بزووتنەوەکە لە مێژ بوو پایدۆستی لە بنەما ئیدیۆلۆژییەکانی خۆی کرد بوو، دەمێک بوو پشتیوانیی و پشتیگیریی جەماوەری لەدەست دابوو، تەنها سەری نێزە و زنجیری زرێپۆش ئەو کۆسیستێمەیان ڕاگیکردبوو. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کەبوونی تەنها بلۆکێک لەو دوو بلۆکە، خۆی لە خۆیدا شکستی و زیانێکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، چونکە ترسی باڵادەستیی و فریشککەوتن و نەسڵەمینەوە و نەپرینگانەوە لە دەستدرێژی و ناخونەک و چاوزیتکردنەوە، زاڵە.

جگەلەوە، بانگاشەی وڵاتانی خۆرئاوا کە هەوڵی بەرقەرارکردنی سیستەمێکی نوێ و پاراستنی مافی مرۆڤ و دەستبەرکردنی ئازادیی میللەتان دەدەن، گشت لە گشتی درۆن، درۆیەکی پەتیی هەرزەخەڵەتێن، دەنا کێ دەستی گرتوون و بۆ هێشتا لەسەر داروپەردووی سیستێمە کۆنە بەدفەڕەکە هەڵکورماون و پارێزگاریی لە دەیان ڕژێمی کۆنەپەرستی، ڕەگەزپەرستی پیاوکوژی دنیا دەکەن و ڕۆژانە چاو لە صەدان و هەزاران تاوانیان دەقوچێنن و پینەوپەڕۆی دەلاقەی عەیبەشیان دەکەن. لێرە قسە نەستەقەکەی (ڕۆزفلت)م دێتەوە یاد، کە ئەوڕۆکەش پڕاوپڕ دەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی بەرژەوەنپەرستی ئەوروپادا ڕێکاوڕێک دەگونجێت. لە (ڕۆزفلت)دەپرسن:” بۆچ ئێوە پشتگیریی ئەو دیکتاتۆرە خوێنخۆرانەی ئەمەریکای خواروو دەکەن؟ ئەوانە هەموو کوڕی صەگن”. بەدەم قاقاوە دەڵێت:” ڕاستە، دەزانین کوڕی صەگن، بەڵام کوڕی صەگی خۆمانن”. دیارە هەتا ئێستەش هەر دڕندەیەک بەرژەوەندییان بپارێزێت، ئەوان بە ماڵی خۆیان و کوڕی صەگی خۆیانی دەزانن و بەوپەڕی تواناوە پشتیدەگرن.

هەڵبەت بلۆکی خۆرهەڵات بەو تەمەنە کورتەی خۆشییەوە، زەبری کوشندەی بە سەرجەمی بیر و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی جیهان گەیاند و جەزرەبەیەکی خراپی دا. چونکە درۆ و دەسبڕیی دەگەڵ کردن، بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆی هەڵیدەسووڕاندن. بەڵێنی قەبە و دوورەدەست و پاشەڕۆژێکی ڕووناک و بەختیاری پێدەدان.
چاک بوو لە شەڕی سارد دا گلا و سەرەنگرێ بوو، دەنا لە بریتی تاقە ((ستالین))ێک، (ماو)ێک و (پۆلپۆت)ێک و (چاوچیسکۆ)یەک و (خواجە)یەک و… هتد، دەیان دڕندەی دیکە، دەیان خوێنڕێژی دیکەمان دەبوو، چنگۆڵەیان لە کڕکڕاگەی مرۆڤایەتی گیردەکرد و گشت بیرێکی ئازاد و گشتدەنگێکی ئازادیان، هەر بەنێوی ئازادییەوە، یاساغ دەکرد. هەموو دنیا دەبووە (ک.گ.ب) یەکی گەورە، دەبووە (شتازی)یەکی گەورەتر دەبووە(سێکۆریتاتێکی)مەزنتر.

١٣ـ بەدوای قوڵبوونەوەیەکی باش و سەرقاڵییەکی درێژخایەن لە ئەدەب و دراساتی ڕەخنەگر لە مارکسێتی ، ئێستا بە ناو چەپی کورد لە کوێی وێڵی و وێڵبووندا دەبینن؟

جارێ بەرلەوەی وەرامی پرسیارەکەتان بدەمەوە، بە پێویستی دەزانم ئەوەتان عەرزبکەم کە زاراوەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ و گشت ئەو قسە پڕباق و بریقانە لەسایەی سەری مارکسپەرستەکانەوە، هێندە سووک و چرووک و بێتام و بێڕەونەق بوون، کە بە بیستنیان مرۆ لەشی دادەهێزرێت و نێویانی لا دەبێزرێت، چونکە تاوان بەرامبەر بەو زاراوانە کراوان و هێند سووکایەتییان پێکراوە، کەڵکیان لێبڕڕاوە و پووکێنراونەتەوە، قەت لە جێی خۆیاندا بەکارنەهێنراون و بە نای ناهەق پێچەوانەکراونەتەوە، کراونەتە خەسڵەتی شتێک کە بۆی ناشێن و دەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن.
مارکسیستی کورد ئەگەر وا زوو تێبگەن، فلیمەکە کۆتایی هات و بیرەکە ئاشبەتاڵی لێکرد، ئیدی مانای وایە نە مارکسین و نە کوردیشن. ئەوەتا ئەوەی ڕووس و دەوڵەتانی خولگەی، بەو هەموو ساڵانەی دەستەڵاتییان، بەو توانا مرۆڤی و سیاسی و ئابووری و سوپایی و ئیعلامییە زۆر و زەوەندەی بەردەستییانەوە، بۆیان نەچووەسەر و لە ژێریدا پسان و بۆڕیانخوارد، بەخێرێ بەنیازی ئەمان بۆیان هەستێننەوە و باری کەچیان بۆ ڕاستکەنەوە. مارکسپەرستی کورد، جاران بەو هەموو پشتوپەنا ماددی و مەعنەوییەیەوە، نەیانتوانی هیچ بە هیچ بکەن، ئێستەکە وەک زەڕنەقووتەی بێ باب و داک وان، دەبێت چییان لەدەست بێت و چییان پێبکرێت و چییان پێ بگۆڕدرێت؟ ئەوانەی هێشتا لەسەر ئەو بیرە ماون و توندڕەویی دەکەن، دیارە هەرزەکاری سیاسین و پەند لە هیچ نسکۆ و نەهامەتییەک وەرناگرن.

١٤ـ ماوەیەکی زۆر خۆتان لە ڕیزی پارت و ڕێکخراوی نەتەوەییدا دیوەتەوە و سەرپەرشتی کاروبارتان کردووە،ئەو ئەزموون و سەردەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مادامێکی پرسیارەکە پەیوەندی بە خۆم و دەور و ڕۆڵی خۆمەوە هەیە، حەز دەکەم بەوە دەست پێبکەم کە بۆ خۆم هەر بە هەژدەساڵی هەوای سیاسەت لە کەللەی دام و لەو دەورووبەرەی تەمەنی هەرزەکاریمدا تێکەڵی کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان بووم و دەگەڵیان تێهەڵچووم. لەوەبەر هەر لەخۆوە، بەسۆز بووبوومە کۆمەنیست، بێ ئەوەی بزانم کۆمۆنیستی چییە، خۆم بە کۆمۆنیست دەزانی. بەوەی چاک بوو کۆمۆنیستان پێیان نەزانیم و زوو دەستیان پێمدا نەگەیشتوو و دەستەمۆیان نەکردم، دەنا لەدەست دەچووم. یەکێتی قوتابیانی کوردستان، یەکەم قوتابخانە و فێرگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییم بوو، تێیدا فێری نیشتمانپەروەریی و خۆناسین و کوردناسین بووم. کاتێک بوومە ئەندامی پارت، هێشتا ڕەش و سپی سیاسەتم لێک هەڵنەدەبوارد، لێ هەستم دەکرد ڕۆژ بە ڕۆژ زێتر هۆشم بەبەردا دێتەوە و تا دێت لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتمدا هێورتر دەبم و کوردانەتر بیردەکەمەوە و بەرەو پێشکەوتن دەڕۆم.

پاشان دیتم ئاسۆی تاکتیک و ستراتیژ و ڕێباز و ڕێڕەوی سیاسی پارتی، جێگەی خەون و خەیاڵ و ئاواتە قاچاغ و قەدەغە و تامەزرۆ و بەرزەفڕەکانی منی تێدا نابێتەوە و خەریکن باڵی بیرم بکەن و هێدی هێدی کەوییمکەن. جارجارە لێرە لەوێ بە چپەوە، باسی تارماییەکی سەیرم بەنێوی (کاژیک)ەوە دەبیست، وەک شابازی چاوئەندازی، چاکنیازی فەنتازییەکانی من دەینواند. بە هەزار دەردیسەری و ئەمسەروئەوسەر دەروازەی سست و سەرکڵۆمکراوی تارماییم دۆزییەوە و قەدەرێکی چاک کوتام. ڕۆحیان کردم بە ئاو، تا بەخاوەخاو کردیانەوە. کە دەروازە قڵیشاو شەبەقی کزە ڕووناکی دڕیدا بە تاریکی، پیرە تارمایی، تراویلکە دەرچوو. ساڵانێکی زۆر هەردوکلامان (ئێمەش و کاژیکیش)خۆمان تەفرە دەدا، ئەو بە گوریشمە و نازێکەوە خۆی وا نیشان دەدا، کە گوایە حیزبە، ئێمەش گێل گێل بەدیار ئەو مەلۆتکە هەر بە مردوویی لەدایکبوەوە، هەڵتروشکابووین و وامان پێشان دەدا، کە گوایە ئەندامین.

دەبێت لێرەدا ڕاستییەک بۆ مێژوو و بۆ وەچەکانی داهاتوو تۆمار بکەم، بە بڕوا و باوەڕی من، بوونی کاژیک بەو شێوە سڕ و سست و شل و پەیت و بێ جووڵە و چالاکییە، بوونی ئەو مەلۆتکەیەی هەر بە مردوویی لە دایک بوو و کەس دڵی نەیهێنا، یاخود نەیپەرژا بینێژێت، مەزنترین کۆسپ و گەورەترین تەگەرەبوو لەسەرەڕێی بیر و بزوتنەوەی نەتەوەییانەی کورد دا. توندترین زەبر و گەورەتریبن سەکتەی لەو بیر و ڕێبازە وەشاند و نیوسەدە لە گۆی خست و دوای خست و سڕی کرد و هێز و پێزی لەبەربڕی، چونکە بوونی ئەو تارمایی و داهۆڵە، مانەوەی ئەو توێکڵە بێ نێوەڕۆکە، ڕێگەی ئەوەی بەسەوە بیر و بزوتنەوەیەکی نەتەوەییانەی ڕاستەقینەی کامڵ و خەمڵیی بێتە کایەوە و سەرپێی خۆی کەوێت و جڵەوی کارەکە بگرێتە دەستی خۆی. ئەوەی هەبوو، خەیاڵێکی ڕۆمانسییانە و فەنتازی بێباج و بێنیازی کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر بوو، کە مخابن هەرگیزاو هەرگیز بۆیان نەکرایە واقیع. لە دایکبوون و نێونان و مردنی مەلۆتکەکە، لەیەک کاتدا بوون، پێکەڵپێکی یەکبوون.

لە دۆنادۆنەکەی کاژیک و پاسۆکیشدا، هەرچی خەسڵەتی بەدو بێکەڵکی کاژیک هەبوون، گشت لە گشتیان زانە هەناوی پاسۆکەوە و هەر لە سەرەتاوە ئەویش بە شەپڵەلێدراوی زایەندرا. جگەلەوە، ڕاستتان دەوێت من سیما و خەسڵەتی بیرێکی نەتەوەیی کوردیی کامڵ و خەمڵیو نابینم. بیر و بزووتنەوەیەک بە چوار بەیان و سێ نامیلکە و دوو دروشمی زەقی کۆپییکراو، ناگاتە قۆناغی کەماڵ و ناتوانێت لاف و گەزافی قەبە و لەسەنگی خۆی قورستر لێبدات. ماکی یەکەمی شکست و لانەوازیی و لاوازیی ئەو ڕێبازە، کەمتوانایی و بەتەنگەوەنەهاتن و خۆخڵافاندن و خۆخەڵەتاندنی ڕێبەران و کادێران و ڕێونکەرانی خۆیەتی، دەنا هەرچی شت هەیە لە کوردستاندا ڕەواجی نەدەبوو، تەنها بیری نەتەوەیی نەبێت. هەتا جاشێتیش بەبرەو بووە، چونکە کاری بۆ کراوە. ئەوانەی تاوانی نوشوتی و بێ برەوی و کەم ڕەواجیی بیرەکەیان، بە شانی کەسان و دەستەوتاقمی دیکەدا دەسوون و قسورەخۆیی و قسرەزاتییەکە فەرامۆش دەکەن،ناڕاست و دوور لە واقیعن و هەمدیسان خۆ و جەماوەر فریودەدەنەوە.

تەجرەبەی من لە ڕیزی بیر و بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا، ئەزموونێکی تاڵ و نوچدان و نوشوستییەکی گەورەیە و هەست دەکەم ڕەنج بەبابووین و قەت قەت واقیعانە بیرمان نەکردۆتەوە و وەک پێویست کارمان بۆ بیرەکە نەکردووە، بەڵکە هەر خەریکی قسەی قەبە و سەوز و سوور و بێ باج بووین.

١٥ ـ نووسەرێکی بێگانە پێناسەی خۆی لە هەندەران ئاوها دەکات:” من درەختێکم لق و پۆپ و گەڵام شین بووە، وەلێ ڕەگ و ڕیشەم بەم خاکەوە نییە”.تۆش ساڵانێکی زۆرە پەڕیدەی هەندەران بوویت،تاراوگە بۆ تۆ چ دەبەخشێت و چ کاریگەرییەکی لەسەرت هەیە؟.

ئاڵمان لەو ڕووەوە ووشەیەکی جوانیان هەیە، دەڵێن(entwurzelt) واتە ڕیشەکێشکراوە. ئەو درەختەی ڕیشەکێش دەکرێت، ناتوانێت لەسەر تاوێری دەربەدەری ڕەگ و ڕیشە داکوتێتەوە و بەرز هەڵچێت. من هەمیشە خۆم بە ئاوارە و نامۆ و مێوان زانیوە و خەونم بەو ڕۆژەوە دیتووە کە بتوانم بگەڕێمەوە ئامێزی زێدی ئازیزم. قینت لەهەرکەس بوو، نزا و تووکی لێ بکە، پازدە، بیست ساڵ لە مەفتەنی خۆی دوور کەوێتەوە و بە ئاوارەیی بژێت. گرنگترین شتانێک کە لە پەڕیدەیی هەندەران و دەربەدەریم فێربووبم، ئەوەیە: نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆمم لە جاران زێتر و تا ڕادەی پەرستن خۆش بوێت. خوێندنم تەواو کردووە و بڕێک زانست و شتی نوێ فێربووم، کە بۆ خۆم و ڕەنگە بۆ نەتەوەکەشم سوودبەخش بن. زمانێکی جیهانیی گرنگ فێربووم، بەباشی پێی دەخوێنمەوە و لەتەک بڕێک نووسینی خۆمدا، هەندەک بەرهەمی دانسقەم پێ تەرجەمە کردووە.

١٦ـ هیچ بیرەوەری و یادگارێکی ڕۆحیت لەگەڵ یادی شەهیدانی وەک کاکە فەتاح ئاغا و فەرهاد خەفاف و مولازم حەمە شەوقی و کاکە جەلالی حاجی حسین و مولازم کەریم و کاک ئازاد مستەفادا هەیە،بتهەژێنن و بۆمان بگێڕیتەوە؟.

زامتان هێنامەوە سوێ و بەچەند کڵافەیەک ژان. دڵتان شەتەک دام. ئەو شەهیدە سەروەرانە بڕێکیان مامۆستا و برای گەورە و زێدە ئازیزم بوون، هەندێکیشیان هاوتەمەن و هاوڕێی گیانی بە گیانیم بوون، یادیان هەمیشە بە خێر و پڕ فەڕ بێت و ڕەوانی پاکیان شاد. لەگەڵ هەر هەموویان دا کۆمەڵێک یادگاری شیرینم هەن، کە گەش گەش لە بیر و هەستمدا دەچرسکێنەوە. گەر لەگەڵ هەر یەکێکیان دا یادگارێکی خۆم بگێڕمەوە، ڕەنگە باسەکە هێجگار درێژە بکێشێت و خوێنەر وەڕس بکات.
شەهیدان کاکە فەتاح مامۆستا و برای گەورە و ئازیزی هەموومان بوو، بۆیە یادگارێکی شیرین لەو ساتە خۆشانەی لە خزمەتی ئەو کەڵە مێرەدا بردوومەتە سەر، دەکەمە باقەبێنەیەک و لە بریتی گشت یادگارەکان دەیگێڕمەوە.

کاکە فەتاح لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییدا مامۆستای زمانی کوردیم بوو، یەکێک بوو لە مامۆستا هەرە خۆشەویست و سەرکەوتووەکان. بە پێشمەرگایەتیش لە هێزی خەبات هەر براگەورە و سەروەرم بوو. قەت داوایەکم لێ نەکردووە بۆی جێبەجێ نەکردبم. هەتا دڵ دەخوازێت میهرەبان و قسەخۆش بوو. ئێوارەیەک لە مەریوانەوە حەمە فرێری شۆفێری نارد بە دووی من و کاکە برایمی حەمە عەلی دا. ترساین هەڵەیەک ، سەرپێچییەکمان کرد بێت. کە گەشتینە خزمەتی، فەرمووی: تاکەی؟ بۆچ داوای پشوویەک، ئیجازەیەک ناکەن؟ عەرزمان کرد: قوربان ئێمە پێشمەرگەین، ئیجازەی چی؟ فەرمووی: چاکە، دە ئەمشەو ناهێڵم بڕۆنەوە، میوانی منن. شەو پێکڕا نانمان خوارد و یەک دوو بیرەشمان پێکەوە خواردەوە. هەر لەوێش لە ماڵی خۆیان نواندینی. بەیانی زوو زوو وەخەبەری هێناین. فەرمووی هەڵسن بچنە ئەو مزگەوتەی ئەوبەر دەست و دەموچاوتان بشۆن و زوو وەرنەوە، گیپەم بۆ کردوون. ئێمەش لە خۆشی گیپە ڕامان کرد، بە پەلە دەستودەموچاومان پشیلەشۆر کرد. کە گەڕاینەوە، سینییەکی گەورەیان هێنا، کەدایان نا، یەک دوو ژێرپیاڵەی گچکە ماستی لەسەر بوون. کاکە فەتاح (یادی بەخێر و ڕەوانی شاد) پێکەنی و فەرمووی : ئەوە گیپەی پێشمەرگەیە.

١٧ـ باری ئێستای بزووتنەوەی خوێندکاریی و پیشەیی کورد چۆن دەبینن؟

بەداخەوە، هێشتا بزووتنەوەیەکی کوتکوتی شەق و پەقکراوی لاواز دەبینم، کە ناتوانم بە بزووتنەوەی خوێندکاران و پیشەیی نێویان بەرم و بڕوا ناکەم خزمەتی چاوەڕوان کراویان پێهەڵسووڕێت، چونکە لە بریتی ئەوەی باڵوێز و نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە کەساسەکەیان بن، بوونەتە چەند کەوڵسوورێکی بەر لەشکر و برغوویەک لە ئامێری خوێناویی و ژەنگاویی شەڕی چەپەڵی کوردکوژیی حیزبەکانیان و ئارمانجی سەرەکیی لە بیرکراوە و شتەکان لنگەوقووچ کەوتوونەوە.

١٨ـ لە تاقیکردنەوەی تاراوگەتانەوە چ پێشنیازێک بۆ خوێنەران دەکەن، لە بارێکدا وەک ئاگادارین وا بۆ چەند ساڵێک دەچێت هەوڵی گەڕانەوەی هێجگاریی بۆ وڵات دەدەن؟.

پێشنیاز و تکام لە گشت کوردێک ئەوەیە کە لەو هەل و دەرفەتەی ئەوروپایان سوود وەرگرن، هیچ نەبێت کەمەکێک لە ئەزموونی دێموکراسێتی و ئازایی و ئازادیی بیری ئەوروپا فێر ببن و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دا پێڕەویی بکەن و خۆیان لەو تەنگەتیلکەیی و تاقم تاقمێنە و پەرتپەرتی و لەتلەتییە دوورەپەرێز بگرن و نەبنە بەشێک لێی. بە بڕوای من، ئێمە بە هەڵە و لنگەوقووچ لە شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی گەیشتووین، پێمان وایە شۆڕشگێڕ کەسێکە کە دەکوژێت، خوێندەڕێژێت، لەش دەنێژێت، لێ لە ڕاستیدا شۆڕشگێڕیی هەڵوێستە، ڕەفتار و ئامڕاز و ئامانجە، مەبەستە. شۆڕشگێڕ ئەو کەسەیە کە بارێکی کەچ و خراپ ڕاست دەکاتەوە و گۆڕانکارییەکی بنەرەتیی و بنجیی چاکی تێدا ئەنجام دەدات. بۆیە بەلای منەوە شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بەر لە هەر شت، لە خۆیدا و ئەوجا لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکاریی چاک دەهێنێتە دی. ئەو کەسە شۆڕشگێڕە کە ڕاستگۆیانە و ئازایانە پێ لە هەڵە و پەڵەی خۆی دەنێت، ڕێز لە ڕاوبۆچوونی بەرامبەرەکەی دەگرێت و ئەوەی ڕاستە لێی دەسەلمێنێت. بەهیوام گشت کوردێک تا ئەو مەودایە و بەو پێ و دانگە شۆڕشگێڕ بێت.

١٩ ـ خوێندکاری کورد چۆن دەبینن؟

چیتان لێ بشارمەوە، ناڵێم خراپە، یا خوادانەکردە بێسوودە، بوونی چاکە و ئەویش دەنگێکە و جارجارە دەچریکێنێت، لێ ڕاستتانم دەوێت ئەوە نییە کە بە ئاواتی دەخوازم. جگەلەوە نێو و نێوەڕۆک و شێواز و مەبەستی لەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن و جووت نایەنەوە و هاوتا ناوێستنەوە. گۆڤارەکە نە خوێندکار دەریدەکات، نە گوتاری خوێندکارانەی تێدایە و نە پێوەندیی بە خوێندکارانەوە هەیە، کەچی نێویشی (خوێندکاری کورد) ە. من لەسەر وەختێکدا ژیاندمەوە و مەخابن نێوی (خوێندکاری کورد)م لێنایەوە. کە خۆم خوێندکار بووم و زۆربەی هەرە زۆری گوتارەکانی خۆم دەمنووسین. لێ ئەو دەمەش هەر بە بیر و بزووتنەوەی خوێندکارانەی کورد تا ڕادەیەکی زۆر نامۆ و نابەڵەد بوو. من تکا و پێشنیاز دەکەم نێوەکەی بگۆڕن بە نێوێکی شیاوتر و گونجاوتر، بۆ نموونە (پەیک) یاخود(پەیام) جوان و لەبارن، یەکێکیان هەبژێرن. هەوڵیش بدەن لە بابەت و نێوەڕۆکدا کەمێک ڕەنگینتر و دەوڵەمەندتر کرێت. دیارە بەشێکی ئەو ئەرکە شانی خۆشم دەگرێتەوە، هەق وایە جارجارە کۆمەکێکتان بکەم.

٢٠ـ بار و زروفی ئێستای کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ کام داهاتووتان بۆ لەبەرچاو گرتووە؟.

بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان ئەنارخیستانەیە،وڵاتی فرەکوێخایە و گشتیان پێکڕا پەندە کوردییەکە پەیڕەو دەکەن کە دەڵێت:” ئۆخەی ئۆخەی،هەرکەس بۆ خۆی”. یاسا و داب و نەریت هەڵگیراون و ترس و دڵەڕاوکە و برسێتی و خەم و دزیی و جەردەیی و بەرتیل خواردن زاڵن. کەس لە گیان و ماڵ و سەر و سامان و ژیانی خۆی دڵنیا نییە. دەبێت ئا لەو حاڵ و بارەدا چاوەڕوانی چ داهاتوویەک بکەم. ئەوەی لە کوردستانێکی نیمچە ئازاد و چکێک وابەستەدا دەکرێت، لە هەر وڵاتێکی صەدان ساڵەی پێشکەوتووشدا کرابا، لە مێژبوو بووبووە وێرانە و ئاساری بەسەر پاتارییەوە نەمابوو.

پەشێو گوتەنی، وەرە ئەو برسێتی و دوژمنایەتی و چەکە زۆرە ببەرە وڵاتێکی پێشکەتووی وەک سویسرا و سوێدەوە،جا پاش ساڵێک حاڵی میللەتەکانیان دەبینیینەوە. گیان بەوەیە لە کوردستانی ئەوڕۆدا، خەڵکە بە حورمەتە کوردپەروەرەکە، نەبوو و برسییە، دەنا گەر پێچەوانەی ئەوە بایە، وەزعەکە هێجگار شپرزەتر دەبوو. ئالەو بارودۆخەدا، دەبێت چاوەڕوانی چ پاشەڕۆژێک بکەین؟
بە دڵنیاییەوە دەڵێم: گەر بەزوویی ڕێونکەرانی بزووتنەوەی ماڵوێرانکەری کورد، تیماری دەروونی نەخۆش و پەستی خۆیان نەکەن و کۆتایی هێجگارەکی بە شەڕی خۆکوژی نەهێنن و چارەسەرێک پەیدا نەکەن،یانی حوکمی مردنی میللەتەکە لەو کوتە وێرانەدا، پەنجەمۆرە دەکەن. هەرچیش بەسەر میللەتەکە بێت، تەنها و تەنها دوو گوڕنەتەڵەکە لێیبەرپرسیارن و مێژوو بواری هیچ پاکانەیەکیان نادات.

٢١ـ بۆ یادی صەدساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی چ بەرنامە و پێشنیازێکتان هەیە؟

بۆ خۆم بەرنامە و نەخشەی فرەم هەن و توانای کەم،تایبەت نەداریی و دەست کورتییەکە پشتی من، یاخود پشتی من و زۆرکەسی دیکەشی شکاندووە. بەڵام
گیان بەوەیە هیوا و ئاواتی پەتیی و هەناسەی سارد هەڵکێشان، پووڵی تێناچێت و دەتوانم بەکامی دڵ و بێ ترس و دەستەلەرزە، دەزوو بۆ کۆلارەی خەیاڵ و ئاواتی بەرزەفڕم بەرهەڵدا بکەم. ئاواتم ئەوەیە گشت توانا بەهرەدار و گەشەکان یەکخرێن و کۆتایی بەو کوتکوتی و پەرتپەتییە بهێندرێت و بە گشت لایەک هەفتەنامەیەکی سەربەخۆی ڕێک و پێک و گۆڤارێکی مانگانەی بە پیتی پڕ سوود، سەر بکەن بە گشت ماڵە کوردێکی پەڕیدەی دەستی تەڕییدەکان و تینووی وشەی پیرۆز و بە پێزی کوردیدا.

*************************************
سەرچاوە: گۆڤاری خوێندکاری کوردی، ڕێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کوردە لە ئەوروپا ـ سۆکسە، ژمارە ٢٤ـ٢٥ ی گەڵاڕێزانی ٢٦٠٩/١٩٩٧

بۆ زیاتر شارەزابوون لە کەسایەتی کاک کوردۆ و کار و بەرهەمەکانی خوێنەر دەتوانێ تەماشای ئەم لینکەی خاورەوە بکات. بابەتێکی بەندەیە بەناوی
Gesendet mit der GMX Mail App




بەهاو هەڵەی پێشبینییەکان …. سەباح ڕەنجدەر

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




جەنگ، وەك ئامرازێک بۆ مانەوە …. ڕەها ئەبوبەکر

لە تەنیشت گەردوونەوە دانیشتووم و
بەکوڵ دەگریم،
چاویشم
چەشنی ئەستێرە دەدرەوشێتەوە.
شەڕ دەکەم لێ بەرگریکارێکی خراپم؛
وەکو ماسییەکی بە قولاب وەبووم
کە کۆتاییەکەی دەزانێ و
لەگەڵ ئەوەشدا خەریکم هیوا دەئافرێنم.
پیرێکم
لە مردنی خوا دەترسێم،
تەنیام و
بەرهەڵستی خەمۆکی دەکەم،
کە سەربازیشبووم، لەباتی گولە
گشت ڕۆژێک بە ناڵەی دایکێک بریندار دەبووم.
منم بێهیوایانە
لە بەرزەخەوە دەدوێم
منم،
هەمیشە لە جەنگدا بووم و دەبم.




تاقیکــــــــردنەوە … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ئەوا تاقیـــــکردنەوە
بۆمان ھـــاتە پێشــەوە
پێویستە ھـــەوڵ بدەین
خۆمان زۆر ماندوو بکەین
ھەتا تاجی ســـەرکەوتن
بە ھەوڵ و کــۆشش کردن
لە مامۆستا وەربگــــرین
پێی شاد و دڵخۆش ببین
قوتابی ئازا و وشـــیار
ھەوڵی خۆی خستۆتە کار
خۆی ئامادە کـــــــردووە
ئەم ماوەیە مــــــاندووە
زۆر حەز دەکات کە دەرچێت
تاجی بەرزی لەســـــەرنێت


عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

١/٤/١٩٩٩




پێنووسەکەم … ڕۆستەم خامۆش

پێنـووسـەکـەم خۆشـدەوێ
لــە بیــرمــە ڕۆژ و شــەوێ

پێی دەنووسم وشەی چاک
وشـــەی نــاخـــی دڵـی پاک

لــە هــەر شـوێـنێ بـم لامـە
بـــۆ ژیـــنــم ئـــەو چــرامـە

ئــازيـــزو خـۆشـــەویـسـتـە
بـۆ خـوێـنـدەوار پێویـسـتـە

هـەردەم لە هـزر و هـەسـتـە
بــۆیـــە وا لـــە نێـو دەسـتـە

ڕۆستەم خامۆش