لەکۆتاییدا قارەمانەکە نایەوێ بمرێت! …. هیوا سەعید

ئەو پوچگەراییەی مرۆڤ نەناسراوانە لەناویدا دەژی، بە ژیانی فەلسەفەکاری و گەڕان بەدوای ڕاستیدا، هەرچەندە پوچییەکە بناسێ و بە داهێنان هەوڵی ڕزگاربون لێی بدا، گشت جارێک بە کۆتاهاتنی ژیانە داهێنەرییەکە، دەکەوێتەوە ناو یەکێتی بونێک (پانتیزم)، وەک پوچییەکی تری کوشندە.

لە شانۆگەری هەبونەبودا، ڕەجەب مرۆڤێکی ئەوەندە تەوەزەڵ و بێئاگایە، لە بن دارهەنجیرێک لەسەر پشت بە دەمکراوەیی ڕاکشاوە، لە چاوەڕوانی هەنجیرێک بەربێتەوە ناودەمی. دواتر ئەم مرۆڤە تەوەزەڵە، بەهۆی گیرۆدەبونی بە خۆشەویستی ناسکە و لەدەستچونی وەک ستەمێک، بەسەر پایەکانی هۆشیاریدا دەکەوێ و دواجار فەلسەفەکارانە، بە زانین خۆشەویستەکەی دەدۆزێتەوە و یەکدەگرنەوە.

لێرەدا گریمانەکە ئەوەیە، ڕەجەبی فەیلەسوف جارێکی تر ناسکە بزر بکاتەوە، بە شوێنیدا قۆناغەکانی زانین ببڕێتەوە و ببێتەوە بە چی، لەکاتێکدا ئەزمونی فەلسەفەکاری بۆ ئەم زانراو و بەکۆتا هاتوە، یان دور لە بڕینەوەی ئەم قۆناغە ئەزمونکراوە، لە بن دارهەنجیرەکە وەک دەستبەردارییەک لە ژیان ڕابکشێتەوە!

لە کۆتایی ڕۆمانی هاوزێدا*، قارەمانەکە بە پێچەوانەی ئۆدیب، لەبری کوشتنی باوک، بە پاساوی دەستتێکەڵاوی لەگەڵ پیاوانی دەسەڵاتدا، بە بڕیاری شۆڕش دایکی خۆی دەکوژێ. بە مانای شۆڕش و کوشتنی دایک، بەرانبەربونەوەی لۆژیک دژ بە شیعرییەت و پەشیمانبونەوەیەکی ئۆدیبیە، بۆ ئەوەی کوڕەکان لە کوڕی دایکییانەوە ببنەوە بە کوڕی باوکیان. لەبەرئەوەی کاتێک ئۆدیب باوکی خۆی دەکوژێ و دایکی لەخۆی مارە دەکاتەوە، ئەم هەست و سۆزە دایکانەیە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەخلاق و لۆژیکی باوکانەی باڵادەست، هەڵگەڕانەوەیەکی شیعرییانەی دژەباوە. بۆ ئەوەشی ئۆدیب لەم هەست و سۆزە دایکانە و شیعرییەتە، ببێتەوە کوڕی لۆژیک و باوکەکان، پێویستە پەشیمان ببێتەوە، ئەویش بە خۆکوێرکردن پەشیمانییەکە دەردەبڕێت.

بە هەمان شێوە قارەمانەکەی هاوزێ، دوای کوشتنی دایکی، بۆ درێژکردنەوەی ئەم کوشتنە و گوێڕایەڵی لە لۆژیکی باوکە شۆڕشگێرەکان و ڕاگرتنی چەک بەڕوی شیعردا، بەشداری شۆڕش دەکات. کەچی لەوێ کوشتنی بە ناڕەوای دایکی بۆ ڕون دەبێتەوە، بەوەی ئەم دەستتێکەڵییەی دایکی و پیاوانی دەسەڵات، بە فەرمانی شۆڕش بوە. بۆیە ئەمجارە کوڕەکە، هەتا لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییەی پێیگەیشت، بە لۆژیکێکی تر دژ بە لۆژیکەکەی ئەوان نەوەستێتەوە، بە بێهودەیی دەڵێ: تازە من چ بکەم، گۆڕەکە (بە نیازی زیندوکردنەوەی مردوییەک) هەڵدەمەوە، یان خۆم بکوژم!

ئەم بێچارەییە لە نەگەڕانەوەی ڕابردو، سەرەڕای پەشیمانی لە کوڕایەتی باوکە شۆڕشگێرەکان، نایەوێ بە دژوەستانەوەشیان ببێتەوە کوڕی دایکی. بەڵکو بۆ هەڵاتن لە تەواونەبونی ئەم ناکۆکییەی تێز و ئەنتی تێز، خۆی بخاتە نێوان هەڵبژاردنی مانەوەیەکی بێئامانج لە ژیان و خۆکوشتندا، چونکە دوابڕیار یەکەمیان لەسەر بنەمای گەیشتن بە ڕاستەقینە هەڵدەبژێرێ و چەکەکەی فڕێدەدا.
بەو مانایەی شۆڕشگێڕێک لەبەر بێزاربون، چالاکی دوبارە ئەزمونکردنەوەی یەکجۆر خەباتی شۆڕشگێڕی تێدا نییە، ڕەجەبی فەیلەسوفیش لە ئەگەری لەدەستدانەوەی، ئیتر بەشوێن هەمان ناسکەدا ناگەڕێ. هەروەها ژیانی پاش ڕونبونەوەی ڕاستەقینەیەک، بێهەوڵ بۆ ئامانجێکی تر پوچ دەبێ، ئەم مانەوەیە بە پوچییەش سزای خۆنەکوشتنەکەیە، وەکئەوەی قارەمانەکە لە دوای فڕێدانی چەکەکەیی و بەجێهێشتنی شۆڕش، کە لە ڕێگا توشی کاروانێک دێ، فەردەپیازەکەی بەرەو لوتکەی چیاکە پێ باردەکەن، بە سزادانەوەیەکی سیزیفانەی، یەکسانکردنەوەی پانتیزم بە ئەبسێرد، لێی بار بکەن.

بەڵام ئەم تیکەڵبونەوەیە بە کاروان، وەک تێکهەڵکێشی دو ئەزمون (سێنتێز)، تێکەڵبونەوەی بەئاگایەکی ڕاستیناسە (ئەنتی تێز)، بە ژیانی بێئاگایی (تێز) و ڕاکشانەوەی ڕەجەبێکە ئەمجارە بە فەیلەسوفی لە بن دار هەنجیرەکە. لە بەردەوامی ژیانیشدا، دابڕان هەر بۆ ئەوە نییە، بە هەڵگری ناوەڕۆکێکی تر، بۆ دیسان باوەشکردن بەوەی لێی هەڵگەڕاینەوە. ناکۆکی و ململانێیەکی تر سەرهەڵدەداتەوە.

کەواتە باری بە شانهەڵگرتنی ژیان، بەهیوای گەیشتنە لوتکەیەک، هەرجارێک بکەوێ و خلۆر ببێتەوە و سەرلەنوێ بار بکرێتەوە، ئەم پوچییەیان لە نائاگایی لوتکەیەکی نەبینراوە. پوچییەکەی تر، دوای گەیشتن بە لوتکەکە، بزانرێ لوتکەیەکی دیکە بۆ بینین و ناسینی ڕاستەقینەیەکی تر بونی نییە، بارەکە لەپێناو یەکسانبونەوەی پانتیزم بە ئەبسێرد، بۆ سەرخستن بە شاندا بدرێ. دەبێتە خۆکوشتن.

*ڕۆمانی هاوزێ، نوسینی دلاوەر ڕەحیمی، چاپی یەکەم ۲٠۱۸.




ده‌ چــــــــــــــامـــه‌ … عه‌دنان موحسن …. و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

1
من شاعیرم
هه‌موو به‌هره‌كانم خۆم ده‌زانم
ناتوانم
شتێكی له‌م جۆره‌ بنووسم
كاتێك برووسكه‌ سته‌م له‌ په‌نجه‌كانی خۆی ده‌كات
تاریكی له‌ناو له‌پمدا په‌رت ده‌بێته‌وه‌
كاتێك به‌خۆی به‌ته‌نیا ده‌ڕوات
خۆم ده‌بینم بوومه‌ته‌ گۆی زه‌وی
جارێك به‌ چوارده‌وری خۆیدا ده‌خولێته‌وه‌و
چه‌ندان جاریش به‌ چوارده‌وری هه‌موواندا.
ناتوانم بڵێم
په‌نجه‌كانم هه‌ڵه‌ی زۆر ده‌كه‌ن و
لیكی ناو ده‌مم ناتوانێت بێته‌ خواره‌وه‌
قورگێكی گۆشه‌گیر له‌ ده‌ممدایه‌
یه‌ك ده‌ستم هه‌یه‌
بۆ به‌كارهێنان بشێت
دووه‌میان ته‌نیا بۆ ڕێوڕه‌سمی ماڵئاوایی به‌كارده‌هێنرێت.
ئه‌گه‌ر به‌هره‌ی پێویستم هه‌بووایه‌
چامه‌كانی خۆم بۆ چه‌ندان تارمایی ده‌خوێنده‌وه‌
به‌ چه‌ندان زمان ورته‌ ورتیان دێت
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ م
بۆیه‌ شیعره‌كانم به‌ ساكاری جله‌ شڕه‌كان ده‌نووسم
كه‌ له‌به‌رم ده‌كه‌ن
2
له‌ ئاهه‌نگێكی خۆگۆڕكێدا
ده‌بوو ڕۆڵێك ببینم كه‌ ده‌یزانم
جله‌كانی كه‌ڵه‌گامێش بۆ من ده‌ڵپن و
چه‌وگانه‌كه‌ی چارلی چاپلن حه‌یزه‌رانم بیرده‌خاته‌وه‌و
ڕیشه‌كه‌ی كارل ماركس بۆ ده‌موچاوم گه‌وره‌یه‌و
سه‌ر ڕووتییه‌كه‌ی لینین له‌گه‌ڵ لووتم ناگونجێت
بیرم له‌ قلیانه‌كه‌ی ژان پۆل سارته‌ر كرده‌وه‌
(سیمۆن)م بۆ ئه‌م ڕۆڵه‌ نه‌دۆزییه‌وه‌
له‌ ئه‌رشیفدا وێنه‌یه‌كی (ئه‌نكیدۆ)م نه‌دۆزییه‌وه‌
تا ڕۆڵی ئه‌و هاوڕێیه‌ بگێڕم كه‌ ده‌مرێت
بۆیه‌ به‌ ڕووتی چووم بۆ لایان
جگه‌ره‌یه‌كم به‌ ده‌مه‌وه‌ بوو
پێڵاوێكی دڕاویشم له‌پێ بوو
له‌گه‌ڵ خۆمدا گوتم
كاتێك باران ببارێت
ئاو له‌ژیر پێمدا گرد ده‌بێته‌وه‌
ئه‌و كات ڕۆڵی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌گێرم به‌سه‌ر ئاودا ڕێ بكات
3
ئه‌مه‌ باش ده‌زانم
ڕۆژێك
ده‌چمه‌ ناو ئینسكلۆپیدیای گینسه‌وه‌
هه‌موو ژماره‌كانم پێوانه‌یین
له‌ پزیشكیی دادوه‌ری
هه‌موو كاكیله‌كانیان به‌ ساغی و
چه‌ند خه‌ونێكیان دۆزییه‌وه‌ ئیكسپایه‌ر نه‌بووبوون
‌هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی له‌شم
بۆ به‌كارهێنان ده‌شیان
به‌رپه‌ڕی كاره‌كانم ده‌ڵێت
له‌ ساڵی فیلدا له‌دایك بووه‌
یه‌كه‌مین كه‌س كه‌ ده‌ستی به‌ لووتییه‌وه‌ دابێت
كابرایه‌ك بوو له‌ عه‌ره‌به‌ له‌ناوچووه‌كان
له‌ شاره‌ گه‌وره‌كاندا ژیابوو
له‌ شه‌قامه‌كانیاندا نووستبوو
تا یه‌ك ڕسته‌ بنووسێت
ڕسته‌كه‌یش شی نه‌كرێته‌وه‌.
4
له‌ مه‌یخانه‌كه‌دا
ڕۆژانه‌ پتر له‌ جارێك
ئاهه‌نگی له‌دایكبوونی خۆم ده‌گێڕم
ئافره‌تی خاوه‌ندی مه‌یخانه‌كه‌ ده‌مناسێت
به‌ڵام له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌موواندا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند
كه‌ كه‌ڵه‌گامیش ناناسێت
سوێندی ئه‌وتۆیشی خوارد
كه‌ ئه‌نكیدۆ
له‌ ڕۆژگاری هه‌رزه‌كاریدا
له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌دا چاوه‌ڕێی ده‌كرد
حه‌موورابی یاساكه‌ی خۆی داڕشت
تا ئه‌م بتوانێت مێرد به‌ ئامۆزاكه‌ی خۆی بكات
پیشتریش له‌ شه‌قامه‌كانی ڕۆمادا چاوی به‌ هاروون ڕه‌شید كه‌وتووه‌
هنری چواره‌م بڕوای به‌ ئایینزای كاسوولیكی هێنا تا خۆی له‌م نزیك بكاته‌وه‌
كۆلۆمبس هه‌ردوو ئه‌مریكای دۆزییه‌وه‌ تا به‌لای ئه‌مه‌وه‌ مه‌زن ده‌ربكه‌وێت
ناپلیۆن پۆناپرتیش هه‌موو هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ جیهاندا ده‌ست پێ كرد
تا چه‌پكێك گوڵی بۆ بكڕێت شایسته‌ی په‌نجه‌كانی بن
له‌ناو كه‌شتییه‌كه‌ی نووحیشدا
ئه‌مه‌ی دوایی گێچه‌ڵی سێكسی پێ كرد
لینین خوازبێنی كرد
به‌ هۆی ئه‌مه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ شاعیران خۆیان كوشت
پێنج ساڵ و
شه‌ش مانگ و
سێ ڕۆژ له‌ من به‌ته‌مه‌نتر بوو
به‌ڵام به‌ بچووكه‌كه‌م بانگم ده‌كات.
له‌ مه‌یخانه‌كه‌دا نیوه‌ی كاتی خۆم
له‌گه‌ڵ نه‌داره‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌ شۆڕشگێڕان خانه‌نشین كراوم
ده‌گوزه‌رێنم
هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌یش ڕاهاتوون
هه‌موو ئه‌و شتانه‌ تۆمار بكه‌ن ڕۆژگاریان به‌سه‌رچوون
هه‌ندێك جاریش
میواندارییه‌كی گه‌وره‌ بۆ له‌بیرچوونه‌وه‌
سازده‌كه‌ین.
5
نیرۆدا منیش وه‌ك تۆم
گه‌واهی ده‌ده‌م كه‌ زۆر ژیاوم
زۆر پێكه‌نیوم
زۆر گریاوم
له‌بری سێ نه‌وه‌ی دادێ جگه‌ره‌م كێشاوه‌
ئه‌وه‌نده‌یشم خواردووه‌ته‌وه‌ تا ڕۆژی هه‌ڵسانه‌وه‌ به‌ش بكات
چه‌ندان دوورگه‌ و
چه‌ندان ده‌ریا و
چه‌ندان ئۆقیانووسم بینیون
له‌ بیابانی (ڕوبعی خالی)
خه‌ریك بوو زه‌ماوه‌ند بكه‌م
ئه‌لفوبێیه‌كم بۆ نائاماده‌گی داهێنا
هێڵه‌كانیم بۆ مێرووله‌
جوان كێشا
هه‌موو نوكته‌كانی خۆم گێڕایه‌وه‌و
بۆ تارماییه‌كانیش سه‌رگوزه‌شته‌كانی خۆم له‌گه‌ڵ ئافره‌ته‌كاندا گێڕایه‌وه‌
ئه‌وه‌ی له‌ یادگه‌م مابووه‌وه‌
فڕێم دایه‌ ناو ڕووباره‌وه‌
چۆن خوا دروستی كردبووم
به‌و شێوه‌یه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ لایان
ژماره‌یه‌كی بێ شومار گوناهم كرد
هیچ هه‌ڵه‌یه‌كیش نه‌یكردم
ئه‌و هه‌ڵانه‌ نه‌بێت شیاوی كه‌سانی دیكه‌ نین.
6
دوێنێ‌
وه‌ك چۆن نووستوو له‌ خه‌وندا ده‌بینێت
خۆم له‌ پرسه‌یه‌كدا بینی
ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی خێزانه‌كه‌م بۆیان دانابووم
كه‌ مابوونه‌وه‌
دایكمم بینی
به‌ جلی بووكێنییه‌كه‌یه‌وه‌
له‌ناوه‌ڕاستی هه‌موویاندا دانیشتبوو
باوكیشم
وه‌ك چۆن ڕاهاتبوو
ئۆتۆمۆبیله‌ نوێیه‌كه‌ی ده‌شوشت
ئافره‌ته‌ دراوسێَ دڵنه‌رمه‌كه‌ی خۆمانم نه‌بینی
ئه‌وه‌م له‌ده‌ست ده‌رچوو بۆ دوایه‌مین جار گوێم له‌ جنێوه‌كانی بێت
وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ڕووداوی خنكان مردم
كه‌چی ڕووبارێكم نه‌بینی
به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌م بینی كه‌ خۆشم ویستبوون
ته‌نیا یه‌كێكیان نه‌بێت
پێیان گوتم له‌ شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌یه‌
قاوه‌ی به‌سه‌ر نائاماده‌بووه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرد
هه‌ركه‌یش هه‌لی بۆ بڕه‌خسێت
هه‌ندێك له‌ ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانی منیان بۆ ده‌ژمێرێت.
7
به‌ر له‌ دوو ڕۆژ
سه‌گی ئافره‌ته‌ دراوسێ دڵنه‌رمه‌كه‌مان تۆپی
پرسه‌یه‌كی گه‌وره‌یان بۆ گێڕا شایه‌نی ئه‌و بێت
منیش له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوواندا له‌وێ‌ بووم
هه‌ر هه‌موویان ستایشی
حه‌په‌ی كۆچكردوویان ده‌كرد
ته‌نیا من نه‌بێت
له‌ سووچێكه‌وه‌ بووم
خوالێخۆشبوویه‌كم بیركه‌وته‌وه‌
مه‌به‌ستم باوكمه‌
كاتێك مرد
ته‌نیا خۆم بووم
ئه‌و قسانه‌م ده‌گوته‌وه‌
ئه‌و كاته‌ پێی گوتم ده‌ستی گرتبووم و له‌ پێشی خۆی دابووم و
بۆ فێرگه‌ی ده‌بردم
8
به‌ ئه‌زموون
شاره‌زای ئه‌وه‌ بوومه‌ كه‌ بزانم
كێ‌َ دڵێكی به‌تاڵی له‌ سینگدایه‌
جاروبار به‌ ڕێ كردنه‌كه‌یه‌وه‌
جاروبار به‌ دانیشتنه‌كه‌یه‌وه‌
كاتێك لاق له‌سه‌ر لاق داده‌نێت و
به‌وپه‌ڕی بێ گومانیی زاناوه‌
بۆ هه‌موو لایه‌ك ڕایده‌گه‌یه‌نێت
كه‌ زه‌وی ده‌خولێته‌وه‌
له‌كاتێكدا خه‌ونه‌كانی
هێشته‌ له‌سه‌ر ڕه‌فه‌كه‌ن و ناجووڵێنه‌وه‌
9
چوون دڵۆپێك له‌ناو په‌رداخێكی به‌تاڵدا
چوون هاوارێك ڕێگه‌ی قوڕگی بزركردبێت
چوون گوڵێك له‌ باخچه‌یه‌كی به‌تاڵدا
چوون ئافره‌تێك له‌ دواته‌مه‌نیدا بێزوو بكات
چوون فه‌رمانڕه‌وایه‌ك ڕقم لێ ده‌بێته‌وه‌و
چوون فه‌رمان به‌سه‌ردا كراوێك ڕقی لێم ببێته‌وه‌
چوون گۆڕستانێك شایسته‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ بێت كه‌ خۆشم ده‌وێن
چوون دڵێك شوێنی هه‌مووانی تێدا ببێته‌وه‌ ته‌نیا خاوه‌نده‌كه‌ی خۆی نه‌بێت
ئه‌وه‌ ئه‌و ته‌نیاییه‌یه‌
كه‌ گێچه‌ڵم پێ ده‌كات
هه‌ركه‌ خۆم به‌ رَێگه‌یه‌كدا ببینم
به‌ ئاراسته‌ی خۆم ناچێت
10
ئه‌مه‌ سه‌رگوزه‌شته‌ی ئه‌و كوڕه‌یه‌
كه‌ نایه‌وێت گه‌وره‌ ببێت
كاتێك ئه‌وه‌ند چاوه‌ڕێ‌ ده‌كات تا شه‌كه‌ت ده‌بێت
كاتژمێرێكی له‌كاركه‌وتوو ده‌كڕێت
هه‌ركه‌ له‌ میله‌كانی ورد ببێته‌وه‌
به‌خۆی ده‌ڵێت
هێشته‌ زۆری ماوه‌
بۆ ئه‌وه‌ی كات به‌سه‌ربچێت.
ئه‌مه‌ سه‌رگوزه‌شته‌ی ئه‌و پیاوه‌یه‌
كه‌ بۆ خودی خۆی گه‌ڕایه‌وه‌و
كه‌سی تێدا نه‌بوو
بۆیه‌ كاتژمێرێكی له‌كاركه‌وتووی كڕی
تا له‌ چاوه‌ڕوانی بێزار نه‌بێت.
ئه‌مه‌ سه‌رگوزه‌شته‌ی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ نانوێت
هه‌ندێك جار
هه‌موو خه‌ونه‌كانی له‌سه‌ر مێز داده‌نێت
تا زیانه‌كانی خۆی بژمێرێت
هه‌ندێك جار
به‌ ڕاسته‌ خه‌یاڵا پڵاوییه‌كانی خۆی ده‌پێوێت
هه‌ندێك جاریش به‌ ئافره‌تێك.
ئه‌مه‌یش سه‌رگوزه‌شته‌ی شاعیرێكی نه‌فره‌تییه‌
له‌ خوانی شاعیراندا
هاوڕێ‌ و ناسیاوی
له‌ هه‌موو سووچ و قوژبنێك هه‌یه‌
یه‌كێكیان براكه‌ی خۆیه‌تی
كه‌ مێزه‌كه‌ هه‌ڵه‌وگێڕ ده‌كاته‌وه‌.

ـــــــــــــــــــــ
عه‌دنان موحسن شاعیرێكی عیراقییه‌ له‌ پاریس ده‌ژێت.
سه‌رچاوه‌: www.kikahmagazine.com




ســاڵـی نـوێ … شیعری حـەمـە ھـیـوا

سەرشەقامەکان پڕن لە مرۆڤ
میدیاکان لە چرکەساتێکدا
ھەزارەھا دروشم بڵاو دەکەنەوە
کوڕی سەرۆکەکان سواری ئۆتۆمبێلێکی چەند ملیۆن دۆلاری دەبن
لەگەڵ ئەوەشدا
دەیەھا سەگی قات لەبەر
لە دواوە پاسەوانیان
بۆ دەکەن
عاشقەکان
وەک ڕابردوو
بە چاوەڕوانی دیدەنێک
دەمێننەوە
منداڵێکی پێپەتی لە ناوڕاستی
شۆستەیەک سمتی لەسەر تاشە بەردێک
داناوە و گۆرەوی دەفرۆشێت
کاتێک
پیاوێک بەویادا تێدەپەڕێت
دەڵێت:مامە مامە!توخوا گۆرەویم لێ بکڕە
دایکێک
لە دوا ساتەکانی ئەمساڵدا
سوژدە دەبات و بە خودا دەڵێت:
خودایە ئەمشەو کوڕە کوژراوەکەم بێنە خەوم
دوبارە
ڕۆژی لەدایکبونەکان
دێنەوە
لە ساڵی نوێدا
ھیچ ناگۆڕێت
دەموچاوەکان
ھەمان دەموچاوی
سێ دەیەی ڕابردوون
روخسارەکان
دوبارە دەبنەوە درۆزنترین بونەوەر
سیاسیەکان
بەڵێنی تۆڵەی خوێن دەدەن
بە دەمی جەرگ سوتاوەکان
عاشقەکان
چاوەڕوانی زەنگی یارەکەیانن
وەک چۆن
عیسا پەرستەکان
چاوەڕێی زەنگی کڵیسا
دەکەن
دەمێننەوە
لە چاوەڕوانیدا دەمرن
دەمرن
دەبن بە مردویەکی بێ کفن لە نیشتیمان.
لە ساڵی نوێ
مردوەکان
چاوەڕوانی
فاتیحای زیندوەکان دەکەن
سەری ساڵ
ھەموو گرگنەکانی حیزب
بە کچە دڵپاکەکان دەڵێن:قەحبە
بەو کچانەی جەستەیان
ساختەیە دەڵێن:شازادە
سواڵکەرەکان
دوعاکانیان لای
خودا فەرامۆش دەبێت
دەبێت بڵێم
ھیچ ناگۆڕێت ھیچ
ھەرزەکارە خێر لەخۆ نەدیوەکان
لە دەریادا
دەبن بە ژەمێکی قرشە برسیەکان
نیشتیمان پەروەرەکانیش
بە حەبل خۆیان لە سێدارە دەدەن.

(حـەمـە ھـیـوا)